لەژیناوە بۆ ئازادی گشتی(فیمینزمێکی نوێی ڕادیکاڵ).. ئیمان یادەوەر

هەر ساڵ کە سێپتەمبەر دێتەوە، یادی ئەو دەنگە ئازادە دەکەینەوە کە هەرگیز (کپ)ناکرێت.

مانگی (نۆ) وەرزی شۆڕش و بەرخۆدان

هەروەک ڕوونە لە مێژووە تائێستایش [جەستەی ژن] هەمیشە یەکەم قوربانی دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکان بووە. لە فاشیزم تا فەندامەنتالیزمی ئاینی، لە کۆلۆنیالیزم تا … وەک یەکەم مەیدانی ڕامکردن و سەرکوتکردن بەکار هێندراوە،

بۆ نموونە لە [[ فلیپین و ڤاتیکان ]] تا ئێستایش بەیاسایی هیچ جیابوونەوەیەکی فەرمی نییە بۆ هاوسەرگیریی، واتە ئەو دوو وڵاتە تەڵاق و جیابوونەوەیان قەدەغەکردووە. نەبوونی ئەم مافەیش ژنان ناچاری ژیانکردنێک دەکات کەخۆیان نایانەوێت
لە [[ئەفغانستان]] دیاردەیەکی تر هەیە، ئەویش فرۆشتنی منداڵی کچە. لەوێ زۆرجار بەهۆی ئەو ئەقڵیەتەی تاڵیبان و وێرانکردنی سیاسەت و ئابوری و کوشتنی هێزی ژنان کە نیوەی کۆمەڵگەن و بۆ سوودی ئابوری بەکارناهێنرێن، زۆر خێزان هەر زوو منداڵە کچەکانی خۆیان دەفرۆشن لەپێناو دەستکەوتنی پارە و بژێوی خۆیان. ئەمە هەم فرۆشتن و بەکۆیلەکردنی ژنە لەلایەک، هاوکات دەستدرێژی سێکسییە بۆ سەر منداڵی کچ کە پیاو بۆ چێژی خۆی دەیبات و ماڵەوە ئەسڵەن نازانن چی لەگەڵ کچە منداڵەکەیان دەکرێت لەلایەن پیاوەکان. وە خودی یاسای دینی وڵاتەکەیش کێشەی نییە و هیچ بەلایەوە جێگەی بایەخ نییە و بەشوودانی منداڵیش هەر ئاساییە.

وە خودی بەژداریکردنی ژنان لە سیاسەتدا بە هەموو جۆرێک قەدەغەیە لای تاڵیبان، چونکە پێیان وایە ژنان تەنیا بۆ ماڵەوە و خزمەتی مێرد و منداڵە، بەمەیش مافێکی تری ژنان دەکوژن کە بەشداریکردنە لە سیاسەت و پێگەکانی دەوڵەت.
(( زەریفە غەفاری )) یەکەم ژنە لە ئەفغانستاندا کە پێگەی سیاسی وەرگرتووە. لەپۆستی ( سەرۆکایەتی شارەوانی )ئەوکاتەی تاڵیبان لە دەسەڵاتیش نەبوو، چەندان جار هەڕەشەیان لەو کچە کردووە و هەوڵی تیرۆکردنیشیان داوە. دواتریش کە دێنە دەسەڵات، ناچار دەبێت بە نهێنی وڵاتەکەی خۆی جێبهێڵێ لە ترسی تیرۆرکردن.

بۆ بینینی ڕوداوەکانیترو ژیانی تراژیدی (زەریفە غەفاری) لەناو ئەغڤانستاندا دەتوانن سەیری دیکۆمێنتاریی{in her hads} بکەن.

لێرەدا ( کوشتنی ژینا) تەنیا لەناوبردنی [ئاگایی-ەکی] ئاسایی نییە، شۆڕشی ژینا جیاوازە لە هەر ڕووداوێکیتری تراژیدیی ئەم بزووتنەوەیە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کۆمەڵگای [ ئێران] بەتایبەت و [جیهان] بەگشتی هەبووە. ژینا و ئەو شۆڕشەی کە بە ناوی ئەوەوە دەستی پێکرد، توانیویەتی گۆڕانکارییەکی گەورە دروست بکات لە بیرکردنەوە و هەڵوێستی خەڵک.
بۆیە تەنها یادکردنەوەیەکی ساڵانە نییە، بەڵکو بەردەوامی خەباتێکەو [ ژینا ] سیمبولەکەیەتی.
[[ ژن، ژیان، ئازادی]] تەنیا دروشمێک نییە وەکوو هوتاف بگوترێتەوە بەڵکوو …
فەلسەفەیەکی شۆڕشگێڕانەی ڕێبەر ئا٭پۆ، کە تێیدا
[ژن] وەک کەسایەتییەکی تەواو و سەربەخۆ، نەک وەک سایەی پیاو یان ئۆبژەکتی چێژوەرگرتن
[ژیان] وەک ئازادی و مافی کەسی، نەک وەک پاراستن و بەرگری.
[ئازادی] وەک مافی بنەڕەتی هەموو مرۆڤێک، نەک پشتیوانی و بەخشینەوە بۆ (ژنی سەرکەوتوو و ژیرو ئازا )
مانای درێژەدان و بەردەوامی ئەم شۆڕشەیش ئەوەمان پێ دەڵێت: ژنان چیتر ڕازی نیین بەوەی کە وەک ئۆبژەکت لە چاودا ببینرێن، هەروەها جیهانی نوێ بەبێ ئازادی[ ژن ] ناکرێ و هیچ کۆمەڵگایەکیش بێ ئازادی ژن گەشەناسەنێت و پیاوانیش لەنێو زیندانی و دیلی ژناندا لە کۆت و بەندی و زنجیر بەدەر نیین.
[فیمینیزم] تەنها بابەتی ژنان نییە، بەڵکو بابەتێکی مرۆڤایەتییە، بۆیە ژینا مرد، بەڵام شۆڕشی ئەو نامرێ. لە هەر کاتێکدا کە ژنێک لە دژی زۆرداری دەوەستێ، لە هەرشوێنێک ژنەکان بۆ مافەکانیان و ئازادی بیرکردنەوەو ئەرکی خۆیان دەنگ بەرزدەکەنەوە ڕۆحی ژینایان لەگەڵدایە کە نیشانەی ئەوەیە ژن لە سەرەتاوە تا کۆتایی مێژوو، خاوەنی هێز و دەرفەت و ویست و ئیرادەیەکی زۆرە کە هیچ سیستەمێک و هیچ سەردەمێک ناتوانێ ڕای بگرێت. بەڵام ..
وەکوو فیمینزمێکی نوێ، نەک لیبڕاڵێک کە تەنیا لەسەر بنەمای چوونە پاڵ کۆمەڵ و بەرژەوندییەکانی پشتیوانی ژنان دەکات(نا) بەڵکوو فیمینستێکی (نوێ)ی ڕادیکاڵ، کە بەتەواوی دۆخی ژنانی بۆگرینگە (لەکوێ) و (چۆن) دەژین، لە چ نەتەوەیەک و چی جوگرافیاییەک و لەژێر سایەی چی سیستەم و سیاسییەک دەچەوسێنەوە و ئازار دەدرێن و دەکوژرێن، کاتێک ئەڵێین باوەڕمان بە ” ژن، ژیان، ئازادی” هەیە، دەبێت بپرسین ژیان و ئازادی مەبەستمان کام ژنانە و کام ژیان و چ ئازادییەک ؟؟
ئایە ئەو ژنە فەڵەستینییەی بەدەست جوویەکەوە ڕادەکێشرێت ژن نییە؟ ئەوەی حەماسییەک دەستدرێژی دەکاتەسەر جوویەک ژن نییە؟ یان ڕەشپێست و بورژوایەک بەهۆی ڕەنگیانەوە دەچەوسێنرێنەوە ژن نیین ؟ ئەی ئەو کچە ئیزییدیانەی ژێردەستی دائش؟ کاتێک دەڵێین ژن ژیان ئازادی، هەڵگرتنی باوەڕ بەمە زۆر گەورەترە لەوەی تەنیا لەسەر بنەمای [ڕەگەز]بێت و وەک ئایدیالیستێکی فریودراو بە ڕستەیەکی سوواو خۆمان فریوبدەین و بڵێین ، ناا ئەمە هۆکاری سروشتەو سروشتیش بۆخۆی لەسەر بنەمای نادادپەروەری و جیاوازی دروست بووە، بەڵکوو پێویستە (کێشەی ژن)وەکوو پرسێکی جیهانی و مۆرڤایەتی ببینرێت هەمیشە لەوپەڕی دونیادا ژن بۆمن هەر ژنە و وەکوو مرۆڤێکی سەربەخۆو ئازاد دەیبینم. دواجار هەرئەوەی کارل پۆپەر وتی:
[[ مارکسیزمی زانستی مرد، بەڵام دوو شت تیایدا دەبێت بە زیندوویی بمێنێتەوە:
یەکێکیان هەستکردن بە بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی، ئەوی تریان عیشقە بۆ ئازادی]]

ئیمان یادەوەر




نائەقڵانییەت لە جیهانی ئەمڕۆدا.. ئەکرەم سەعید

سەرمایەداری بە دیوێکیدا سیستەمێکی نائەقڵانییە. ئەم بڕوایە لە دوو کتێبی نوسەرانی مارکسی(جۆرج لۆکاش، بۆل باران و بۆل سویزی)ڕوونکراوەتەوە. لۆکاش لە کتێبی(لە ناوبردنی ئەقڵدا)لە ئاستی سەرخانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری(فکری فەلسەفی بۆرژوازی)نائەقڵانییەتی سەرمایەداری پیشانداوە، و باران و سویزیش لە کتێبی(مۆنۆپۆلی سەرمایەداری)نائەقڵانییەتی سەرمایەدارییان لە پەیوەندییە ئابوورییەکاندا(واتە لە ژێرخانی کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا)دەرخستووە. بەڕای زۆرێک لە سۆسیالیستەکان ئەو دوو کتێبە گرنگن بۆ تێگەیشتن لە سیستەمی سەرمایەداری کە چۆن کار دەکات.
هەڵبەتە بۆرژوازی دەسەڵاتدار بۆ زاڵکردنی نائەقڵانییەت لە جیهانی ئەمڕۆدا، تەنها بە بڵاوکردنەوەی فەلسەفەی نائەقڵانی نەوەستاوە، بەڵکو لەپاڵیدا سوودی لە بڵاوکردنەوەی شوناسی(ئایینی، تائیفی و ئیسنی، تیرۆریسم، زیندووکردنەوەی پەیوەندی هۆز و خێڵ)وەرگرتووە. بۆیە جیهانی ئەمڕۆکە لە ناکۆکییەکی زۆر دژواردا دەژی؛ چونکە لەپاڵ ئەوەی لەلاێک گەشەی زانست و تەکنۆلۆژیا زۆر ئەقڵانییە، کەچی لەلاێکی دی دیاردەی فکر و سیاسەتی نائەقڵانی و توندوتیژی و جەنگ زاڵ و باوە. بۆیە ئێمە ئەمڕۆکە دیاردەی ناکۆکی وەک(ئیلۆن ماسک)دەبینین؛ بە دیوێکدا ڕابەری تەکنەلۆژی نوێیە لە جیهاندا، و بە دیوەکەی تریدا سەرکردەێکی ئایینی ڕاستڕەوی توندڕەوە(بزووتنەوەی ماگا)، و هاوپشتی بزووتنەوە ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی ئەوروپا دەکات.
ئەما نائەقڵانیەت و ناکۆکییەکانی سیستەمی سەرمایەداری لە بەشێکیدا ڕەگوڕیشەیان بابەتییە(واتە سەرچاوەی ئەو ناکۆکییانە هەلومەرجی شێوازی بەرهەم هێنان و پەیوەندییەکانی سەرمایەدارییە).
مرۆڤ ئەمڕۆ کە سەرنج لە جیهان دەدات گەلێ دیمەنی جیاواز و دژ بەیەکی ترسناک دەبینێ: دیمەنی ڕاسیستەکان لە شەقامەکانی لەندەن کە هەڕەشە لە پەناهەندەکان دەکەن، دیمەنی جەنگ لە ئۆکراینا، مەترسی داڕمانی ئابووری جیهان، تۆقانی خەڵکی لە دڕندەیی دەسەڵاتداران، ناکۆکی نێوان: توانای مرۆڤایەتی بۆ بەرهەم هێنانی سامانی بێ شومار کەچی بڕێکی زۆری خەڵکی هەژار و برسین، گەشەی زانست و تەکنەلۆژیا کەچی زۆربەی خەڵکی ناهۆشیار و کاڵفامن(تەکنۆلۆژیای نوێ و سۆشیال میدیا و زیرەکی دەستکرد بە پلانی دەسەڵاتداران بوونەتە مایەی گەمژەکردنی زۆرێک لە خەڵکی)، دونیا لە لاێک مۆدێرن و پێشکەوتووە کەچی بڕێکی زۆری خەڵک ڕاسیست و کۆنەپەرست و دڕندەن.

مارکس ناکۆکییەکانی سەردەمی ئێمەی لەم چەند دێرەدا کورتکردۆتەوە:
{لە سەردەمی ئێمەدا پێدەچێت هەموو شتێک لەنێو خۆیدا دژەکەی لەخۆ گرتبێت. ئێمە ئامێرەکان دەبینین، کە خاوەنی هێزێکی سەرسوڕهێنەرن بۆ کورتکردنەوەی ماوەی کاری مرۆڤ و بەرهەم هێنانی زیاتر، کەچی ئەوانە برسێتی و ماندوێتی بۆ خەڵکی دەهێنن. سەرچاوەی سامانی نوێ بە کۆمەڵێک جادوی سەیر و نامەفهوم، دەگۆڕدرێن بۆ سەرچاوەی هەژاری. پێدەچێت نرخی سەرکەوتنە تاکتیکییەکان داڕمانی ئەخلاقی باجەکەی بووبێت. وادیارە مرۆڤایەتی تا زیاتر سروشت ملکەچ کات بۆ خۆی، خۆی دەبێتە کۆیلە بۆ کەسانی دی یان دەبێتە کۆیلەی بەدڕەوشتی خۆی، تەنانەت ڕووناکی پاکی زانستیش، وا دیارە، تەنیا دەتوانێت لە پشتی تاریکی نەزانیدا بدرەوشێتەوە. ئەمە وەک ئەوە وایە هەموو دۆزینەوەکانمان و هەموو پێشکەوتنەکانمان بەرەو ئەم واقیعە دەچێت، واتە هێزە ماددیەکان توانای فیکری بەدەست دەهێنن لە کاتێکدا مرۆڤایەتی لایەنی فیکری خۆی دەدۆڕێنێ و دەبێتە تەنها هێزێکی ماددی. ئەم دژایەتییەی نێوان پیشەسازی مۆدێرن و زانستی مۆدێرن لەلایەک و هەژاری مۆدێرن و داڕمانی مۆدێرن لەلایەکی دیکەوە، ئەم دژایەتییەی نێوان هێزە بەرهەمهێنەرەکان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی سەردەمی ئێمە، واقیعێکی حەتمی و هەستپێکراوی حاشاهەڵنەگرە.}

– وتارێک لە ساڵیادی ڕۆژنامەی گەل – کاڕڵ مارکس /۱۸٥٦‪-‬ Speech at anniversary of the People’s Paper l




بەکورتی 32: ئابووریناسمان بەتامی بیرمەندی ئابووریی نییە.. ئازاد حەمە

ڕۆشنبیریی ئابووریی لەناو ئێمەدا وەلانراوە

نە لە نێوەندی ئەکادێمیی نە لە دەرەوەی ئەو نێوەندە ئابووریناسمان، بەتامی بیرمەندی ئابووریی Economic thinker نییە. ڕاستە ئەم گوتنە ڕامانی قوڵ لەخۆیدا بەرجەستەدەکات، لێ پاساوی سۆزاوی بێبنەماش ناکارێت دەردی ئەم نەبوونییە تیماربکات. جا کە ئابووریناسمان، بەتامی بیرمەندی ئابووریی نەبوو دیدگای ئابووریی، یان هزریی ئابوورییشمان نییە. وایە، ئابوورییناسی ئەکادێمیمان لە زانکۆکاندا هەیە، هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆراشمان زۆرە و بگرە پرۆفیسۆری باشیشمان لەبواری ئابووریدا هەیە، بەس مخابن ئەمە ئاماژە نییە لەسەر بوونی ئابووریناس بەتامی بیرمەندی ئابووریی.
گومانی ناوێت،کە زانستی ئابووری بوارێکی هزرییە و لە زۆربەی زانکۆکانی رۆژئاواش دەچێتە خانەی زانستە کرداریی و سروشتییەکانەوە و بەشێکیشە لە مێژووی هزر و بەرهەمی تێیۆریی زۆرێکیش لە بیرمەندە ئابوورییەکان(سمیت تا دەگاتە کینز) دەچێتە خانەی ئەم مێژووەوە.
زانستی ئابووری سیستەمێکە شیکارییدەکات لەسەر بەرهەمهێنان و دابەشکردن، هەروەها بەکارهێنان و ئاڵوگۆڕی کاڵا و خزمەتگوزاری ئەمە بەو مانایە دێت، کە ئابووریی هزرێک لەخۆیدا حەشاردەدات. ئەم هزرە، بریتییە لە “”تێڕوانینی ئابووری و هەروەها بیرۆکە و دەرەنجامە ئەبستراکتەکان، لێ ئەمانە دابڕاو نیین لە واقیعە ئابوورییەکانی قۆناغێکی دیاریکراو و لەگەڵ گۆڕانی کۆمەڵگاشدا دەگۆڕدرێن””.
لەسەر بناغەی قسەکانی لایسەرەوە دەپرسین: بیرمەندی(هزرەڤانی)ئابووریی کێێە؟مێژووی هزری ئابووریی History of economic thoughtپڕ نییە لە فەیلەسوفە ئابوورییناس(ئادەم سمیت، مارکس …..)؟ئەی هزریی ئابووریی چییە؟مێژووی هزریی ئابووریی بە هزرە ئابوورییەکانەوە پابەندنییە؟کێ ئابوورییناسە؟ئابوورییناسی پسپۆرییە یان پیشەیەکی حیزبی و سیاسییە؟توێژەرە ئابوورییەکانمان لەڕووی تێیۆریەوە دۆزی ئابووری کوردستانیان بەرەو چ دۆخێک بردووە؟کێن تێیۆریزەکەرانی ئێمە لەبوارە ئابوورییەکاندا (نەوت،پیشەسازیی،کشتوکاڵی، نەخت،…)؟بەرهەمی تێیۆری سەندیکای ئابووریناسانی کورد، یان مونتەدای ئابوورییناسانی کورد بە ج تێزگەلێکی ئابووریی گەیشتوون؟ بوونیان چ سودێکی بۆ دروستکردنی هزرێکی ئابووریناسانەی کوردی هەیە؟
کەوابێت دەپرسین: بیرمەندی ئابوورێێ کێیە؟بیرمەندی ئابووری ئەو کەسەیە، کە””ڕۆڵێکی بەرچاودەگێڕێت لەلایەک لە پەرەپێدانی تیۆری و بیرۆکە ئابوورییەکان، لەلایەکی دی لە شیکردنەوەی ئابووریی و باشترکردنی سیاسەتە ئابوورییەکان””.بیرمەندی ئابووریی جگەلەوەی ئابوریناسە دەشیت کەسێکی شارەزاش بێت لە بڕیاردانی ئابووری و پێکەوەلکاندنی پەرەپێدانی تیۆری ئابووریی و فەلسەفە. بەمجۆرە بیرمەندی ئابووریی پەرە بە بابەتی تیۆری و چەمکە ئابوورییەکان دەدات و بەپێی بارودۆخی سەردەمی خۆشی شیکارییان بۆ دەکات.
سەرباریئەوە، بیرمەندیی ئابووریی لەڕووی مێژوویەوە گۆڕانی گەورەی تێیۆری بەخۆوەدیووە و خودی گۆڕانەکەش پێامندەڵێت، ئابوورییانە بیرکردنەوە و فەلسەفییانە بیرکردنەوە تەواوکەری یەکتربوونە. ئەمەش لەکۆتاییدا شتێکی بەناوی مێژووی هزریی ئابوورییەوە دروستکردوە، کە هزرەڤانی ئابووریی کردووەتە سوارچاکی ئەم بوارە.
کاتێک قسەدێتەسەر بیرۆکەی بیرمەندانی ئابووریی بۆ ئێمە ئەمە جێگای باس نییە، بەتایبەت لە نێوەندی ئەکادێمیماندا. لەبەرئەوە ئەوەی تایبەتە بە ئابووریناسی کوردییەوە دەکرێت بگوترێت، کە دەمێکە ئابووریناسانی کورد لە فەلسەفە تۆراون، یان لەبەرئەوەی زانستی ئابووریی لە نێوەندی ئەکادێمیی کوردیی تادەگاتە ناو خەڵک دابڕاوە لە فەلسەفە ئەمە وایکردووە نە ئابووریناسیی خۆی وەک بوارێکی هزریی نیشاندات نە ئابووریناسانیش وەک هزرەڤان دەرکەون.
دەشێت ئابووریناسانی کورد گشت کێشەکە بۆئەوە بگەڕێننەوە، کە سیاسەتی ئابوورییمان نییە، بۆ ئەوان ئەمە وایکردووە شتێک بەناوی شیکاریی سیاسەتی ئابوورییەوە دروستنەبێت. هاوکات بۆئەوەشدەچن ئەوەی، کە سیاسەتی ئابوورییمان نییە لەوسەرەوە ئەمە وایکردووە دیاردە ئابوورییەکان بێشیکاریی تیپەڕن. هەرلەبەرئەوە ئابووریناسانی کورد ئەمە دەکەنە هۆکار بۆلەدایکنەبوونی تیۆریی. دەرئەنجام ئەمە دەبێتە بیانوویەک، کە بڵێن: بۆیە بیرۆکە مردووە و توێژینەوە ئابوورییەکان کاریگەرییان لەسەر بڕیارە ئابوورییەکان نییە.
ئەو پاساوەی لایسەرەوەش وادەکات تێیۆریزەکەرمان لەم بوارانەدا لەئاستێکی هزریی باڵادا نەبێت: تێیۆرییەکانی گەشەپێدان، بەجیهانیبوونی ئابووری، ئابووریی سیاسی،ئابووریی شارنشینیی، ئابووری پۆستکاپیتالیزم(پاش سەرمایەداری)، ئابووریی جیهانی سێ، تێیۆری دواکەوتن، پاشکۆیەتیی ئابووریی، هەژاریی ئابووریی، هەڵئاوسانی ئابووریی، چەوساندنەوەی ئابووریی، ئابووریی نێودەوڵەتیی، ئابووری نیشتیمانیی، کەڵەکەبوونی سەرمایە، قەیرانی ئابووریی، پسپۆر لە چەمکی سەرمایە یان پاشەکەوت.
سەرباری ئەوەی گوترا، ئەم لایەنانەش: بابەتی ئابووریی تازە(ئابووریی دیجیتال،کە ئابوورییەکی بەبیرکاریکراوە)، سێستەمی ئابووریی جیهانیی، کۆمپانییا موڵتی ناسیۆنالەکان، ئابووریی لیبڕاڵ و نیولیبرالیزم، دراوگەرایی، ئابووریی کۆمەڵگەی فرەکولتوور، باڵادەستیی تەکنەلۆجیای ئابووریی نوێ، قەرز و قەرزی نێودەوڵەتی،کە پسپۆری ئابووریی شارەزا لە بیرکاریی دەوێت. وەکیتر ئابووریی هاوچەرخ لێوانلێوە لە بەبیرکارییکردنی هزریی ئابووریی،کە زۆرێک لە پسپۆرانی ئابووریمان ترسیان لە بەبیرکاریکردن هەیە.
دوا تەماشاکردنمان سەبارەت بە باسی ئابووریناسی بەتامی بیرمەندی ئابووریی، ئەوەش دەڵێین،کە گرنگترین شتێک لەم قٶناغەدا لە بەشە ئابوورییەکانی زانکۆکانی هەرێم پێویستە ئەوەیە، کە وانەکان بە زمانێکی کوردی ئابوورییناسانە بگوترێنەوە، بۆئەو مەبەستەش پێویستە مامۆستا بەڕێزەکانی ئەو بەشە کار لەسەر بەکوردیکردنی زانستی ئابووریی بکەن، چونکە هەژارییەکی ئەکادییمی و زمانەوانیی ڕووی لەو بەشە کردووە و خوێندکارانی ئەو بەشە زۆر بە زەحمەت دەتوانن بە زمانێکی ئابووریی ڕەوان گرفتێکی ئابووریی لەسەر بنەمای تێیۆرێکی ئابووریی ڕاڤەبکەن. دەبوو لە زانکۆکان ئەم لایەنە بەهەندوەرگیرایە و دەستەبژێرێکی ئابووریناسی کوردی ئەم خەمەی لەکۆڵگرتبایە.
سەرباریئەوە، نە بەشەکانی ئابووری نە نوسینە ئابووریەکانمان ئەو هۆشیارییە ئابوورییە دروستناکەن، کە ڕۆشنبیریی ئابووریی جۆرێکە لە ڕۆشنبیریی کۆمەڵایەتی. ڕۆشنبیریی ئابووریی، کە گرنگیی خۆی لە کۆمەڵگەدا هەیە لەناو ئێمەدا لە پلەی سفردایە. ئەوە ڕۆشنبیریی ئابووریی نییە تۆ رۆژانە بزانیت بەهای تمەن یان لیرەی تورکی بەرامبەر بە دینار چەنە. ڕۆشنبیریی ئابووریی وەک گشت ڕۆشنبیرییەکانیتر (هونەریی، تەندروستیی،….)ڕۆشنبیرییەکی ژیانییە و پێویستی گشت تاکێکی هاوچەرخە.
سەرنج: بۆئەوانەی لە نزیکەوە ئاشنای بواری پسپۆرییم نیین، کە دوانەییە (فەلسەفە و ئابووری)جگەلە پسپۆرییە فەلسەفییەکەم کە تا پرۆفیسۆری لە فەلسەفە بۆیرۆشتووم، باگراوندێکی ئەکادیمیشم لە ئابووری بەگشتی و ئابووریی نێودەوڵەتی بەتایبەت هەیە. سەرەتای ئەکادێمیی بەندە ئابووریی بووە و تا دکتۆرا بۆیرۆشتووم و دواتر دەستملێهەڵگرتووە بەرەو فەلسەفە چووم و لەوێش لە سفرەوە دەستمپێکردووە.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




لە ستایشی (بێكاریی)دا.. عەبدولموتەڵیب عەبدوڵلآ

ناچالاکی مرۆڤ ئازاد دەکات، فێرمان دەکات، زێدە- بەكاربردنە تاقەت پرووكێنە خێراکان بە داهێنان نەبینین، بەڵكە تەنها وەك کاردانەوە تەماشایان بكەین… ئەو قسانە ئازادی مرۆڤ لە پەیوەست نەبوون بە مەرجەكانی زێدە- كاركردن و بەكاربردنەوە دەبینێتەوە؛ هەر لەوێشەوە بە گومانەوە سەیری سوودەكانی (زێدەیی) دەکات، کە بە خێرایی بەرەو (زێدە-چالاكی) و (زێدە-سەركەوتن) و بەدەستهێنانی (زێدە-قازانج) و پێشکەشکردنی ئەدای باشترەوەیە، تاوەکوو بە (زێدەییە) یەک لە دوای یەکە نەپچڕاوەکانەوە باشترینەكان بەدەست بهێنێت.
فەیلەسووفی ئەڵمانی، بە ڕەچەڵەک کۆریای باشوور (بیۆنگ- چوول هان) هەموو ئەو حەز و زێدە-بەكاربردنەی كۆمەڵگای تەكنۆلۆژیی ڕیسوا دەكات؛ ئازادی و ڕزگاری مرۆڤ و بیركردنەوە و ڕامانی قووڵ لە ئاراستە نەكردن و ملکەچ نەبوونی مەرجەکانی کاردا دەبینێتەوە؛ داوای پەیڕەوکردنی شێوازێکی دژ بە لایكی دیجیتاڵی لە ژیانێكی هێمندا دەبینێتەوە، کە حەوسەلەی ناچالاکی و حەسانەوە و خەواڵووبوون و بێكاریی هەبێت!.
دەشێ نكۆڵیكردنی ژیانی خێرا و كاركردنی بێوچانی مرۆڤی ئەمڕۆ، نزیك بێ لە ترسە لەبننەهاتووەكەی (ئەلبیر كامۆ) بەوەی كە لە ژیاندا هەموو ڕۆژێک هەمان نائومێدی و هەمان ئازار دەچێژین، کەچی هیچ شتێک ناگۆڕێت! (بیۆنگ- چوول هان) بە هەمان شێوە ئاوڕ لە بێكاریی دەداتەوە و بەبڕوای ئەو ئەمڕۆ بێكاریی دەبێتە شکاندنی یەکدەنگی ئەرێنی و عه‌وامگه‌رایی دیجیتاڵی، یان ئەوەی هه‌مووان ده‌یانه‌وێت خێرا ده‌ركه‌ون و دەركەوتن بە پێوەری زێدە-قازانج و بەرهەمهێنان و داهێنان بژمێرن…
پرسیار ئەوەیە، میهرەبانی لە كوێی دەركەوتنی خێرا و كاركردنی بێوچاندایە؟! بە بۆچوونی نووسەر، كاركردنی بەردەوامی تاقەت پرووكێن، تواناکانی داهێنان و ڕامان و میهرەبانی، لە مرۆڤدا دەکوژێت؛ مرۆڤ وەك ئامرازێکی میکانیکی بێ ڕۆح تەماشا دەكات؛ ئەو دۆخە دیجیتاڵییە زاڵە، کۆمەڵگایەكی دابڕاو و جیاکراوەی پەرەپێداوە؛ ئەگەرچی لەڕێگای تەكنۆلۆژیاوە پەیوەندی بەیەكەوە دەكەن؛ بەڵام لەو پەیوەندییە خێرا و كورتخایەنەدا مرۆڤ تەنیایە… ئێمه‌ی مرۆڤ خۆ-ڕه‌تێنه‌رین بۆ کاركردنی زێتر و زێتر و سوودی ماددی… ئیتر پلانه‌كانی ئیش ڕایكردن و فره‌-وه‌زیفه‌ بوونه‌ته‌ شێوازە باڵاكانی ژیانمان، هەتا ئەگەر ئەو باڵایی و زێدە-قازانجە لەڕێگای فیتنە و شكۆشكاندن و لەناوبردنیش بێت…
بەو مانایە (کات)ێك بۆ حەسانەوە نییە؛ كات لە كۆمەڵگای دیجیتاڵیدا بۆ بەکارهێنانی قازانجی زیاتری ماددی نەبێ، هیچ مانایەكی دیكەی مرۆیی نییە… كات لە كۆمەڵگای دیجیتاڵیدا هەرگیز بۆ گەیشتن بە سادەیی و بەختەوەری نییە! هەمیشە بۆ گەیشتن بە بەختەوەری ڕاستەقینە، كاری تاقەت پڕووكێن بێ کەڵک دەكەوێتەوە، چوونکە لە ناخەوە هەڕەشە لە بوونی مرۆڤ و شكۆی مرۆڤایەتی دەکات؛ بۆیە دەبێت تەرخانكردنی كات بۆ ئارامی و حەسانەوە بێت و پشت بە ناچالاکی ببەستێت.
ئەمڕۆ ژیانی مرۆڤی تەكنۆلۆژی زیاتر لە مەترسیدایە، چوونكە كاركردنی خێرا و زیاد لەپێویست خەڵکی بێ حەوسەلە کردووە؛ ئەمڕۆ سیمای دیاری کۆمەڵگا مۆدێرنەکان، پەشێوی دەروونی و تەنیایی و گۆشەگیرییە… نەك ڕامانی قووڵ و بیركردنەوە، گۆڕانكاری و میهرەبانی، بەشداریكردن لە ڕێوڕەسم و نەریتە کۆمەڵییەکان… دەتوانین بڵێین كۆمەڵگای تەكنۆلۆژی پێیوایە نەریت و ڕێوڕەسمەکان دووبارەبوونەوەن… بەڵام دووبارەبوونەوەیەکی بیرۆکراسی و ئۆتۆماتیکی نین، بەڵکە هەستی چالاکی و زیندووێتی لە ناچالاكییدا دەچێنن!.
مرۆڤی دیجیتاڵی بەردەوام بەدوای ژمارە و ژمارەی نوێدا ڕادەکات؛ بەتەواوی بێئاگایە لە هونەری دووبارەبوونەوەی چێژەکان؛ لەگەڵ ژیان فەرامۆش دەكات… لە كۆمەڵگای تەكنۆلۆژیدا چه‌نده‌ چالاكتر و سەركەوتووتر بین، هێندە خێراتر ڕاوده‌نرێین و جێیه‌كیش بۆ حەسانەوە شك نابەین- هه‌ڕه‌شه‌كه‌ش ئا له‌وێدا،(له‌ ده‌ره‌وه‌دا) نییه‌، لەناوەوە- به‌ناوه‌كیكراوه‌؛ كۆمەڵگای دیجیتاڵی كۆمه‌ڵگای دیسپلینكراوی فۆكۆییە، دیكتاتۆریه‌تی ئەرێنی بەڕێوەی دەبات…
ئەو ژیانە ئەرێنی و خێرا و ساختەیەی کە سیستمی تەكنۆلۆژی بانگەشەی بۆ دەکات؛ ئەوەیە كە هەتا زیاتر و خێراتر كاربكەین و بەکاری بهێنین، ئەوەندە به‌خته‌وه‌ر و سه‌ركه‌وتووتر دەبین، ئەوەندە زێتر حەزمان بۆ ژیانكردن و چێژبردن پتر دەبێت، ئەوەندە هەڵدەكێشین و قازانج دەكەین، پڕ بەرەكەت دەبین و باشترین بەدەست دەهێنین… بەو مانایەش ئەو ژیانە ئەبستراكتە جگە لە كار و چڕکردنەوەی بەکاربردن و بەكارهێنان هیچی دیكە نییە، ئەوەش شەكەت و نه‌خۆشمان ده‌خات.
(بیۆنگ- چوول هان) لە دیمانەیەکدا لەبارەی (تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و کۆرۆنا) كە (هاوڕێ خالید) لە 27ی كانونی دووه‌م، 2022، وەریگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی، دەڵێت: چێژی دووبارەبوونەوە چڕییەكی خوازراوی هەیە؛ بۆ نموونە، من (سێباستیان باخ)م خۆشدەوێت، بە هەزاران جار پارچە جوانەکەی (گۆڵدبێرگ)م ژەنیووە و هەر جارە خۆشییەکی جیاوازم پێدەبەخشێت… هەر لە بابەتی (دیمەنەکانی بێکاری)دا دەڵێت: (بێکاری بریقەی خۆی بە ژیان دەبەخشێت، ژیانی ڕاستەقینە لەو ساتەوەختەوە دەست پێدەکات، کە گرنگی بە ژیانێكی ئارام و ڕامان و بیركردنەوە دەدەین؛ دەبێ بەدوای ژیانێکی سادەدا بگەڕێین).

خەوتن، بێدەنگی، چاوەڕوانی
(بیۆنگ- چوول هان) بایەخی ناچالاکی لەو بارودۆخە تایبەتانەدا دەبینێتەوە، کە مرۆڤ دەخەوێت، بێزار دەبێت، چاوەڕێ دەکات، بێدەنگ دەبێت… پێیوایە مرۆڤی دیجیتاڵی گرنگی و سوودەکانی ئەو بارودۆخانە وەك پێویست نازانێت…
مرۆڤ کاتێک بێکار دەبێت، كۆمەڵێ حاڵەت، بەبێ هیچ چالاکیەکی دەرەکی دەیخاتە ڕامانەوە؛ بەو مانایەش مرۆڤ لە بێكارییدا ئازاد دەبێت، دۆخی ناچالاکی دەبێتە ئازادی ڕاستەقینە… لە (خەو)دا كاتێ خەون دەبینێت، لە نائاگاییەوە یادەوەرییەکان کارا دەبن؛ بەو مانایەش خەونبینین واتە ڕوو لەخۆ كردن و دەوروبەر كردن؛ ڕوو لەو شوێنەی کە تێیدا بوونت هەیە، ڕوو لەو کاتە تایبەتەی كە دەورەی داویت… (خەوتن) دوا ئاستی حەسانەوەی جەستەیە، لە کاتێکدا (بێزاری) دوا ئاستی حەسانەوەی دەروونییە؛ بەو مانایەش لەكاتی خەوتندا ئاگایی لە بوونی خۆی دادەبڕێت و لە هەر کۆتوبەندێکی دەرەکی ئازاد دەبێت، ئەوە جگە لە چێژ و خۆشی پێش خەولێكەوتن، وەك ڕامان و خاوی و خەواڵووبوون…
بەڵام لە (چاوەڕوانی)دا کاتێک مرۆڤ چاوەڕێ دەکات… هەوڵدەدات کاتەکانی بە ڕامان و بیرکردنەوەیەكی ئارەزوومەندانە پڕ بکاتەوە؛ چاوەڕوانی ئەو بارودۆخەیە، کە ڕامان و بیركردنەوەی ناچالاکی لەخۆگرتووە؛ ڕاستییەكی تەواو جیاواز بۆ مرۆڤ ئاشکرا دەكات، کە هیچ چالاکییەک و کردارێک ناتوانێت پێی بگات… کاتێک (بێدەنگ) دەبێت، دەتوانێت شتێك لەبیر بكات، کە پێشتر کەس نەیبیستووە، هاوشێوەی ئەوەی بەسەر کەسانی داهێنەردا دێت…
بەمجۆرە خەون و خەیاڵ و چاوەڕوانی، بێدەگی و رامان و بیركردنەوە لە ژیانی وشکی بەکاربەری ڕزگارمان دەكات؛ لەوێشەوە (كات)ێك بۆ پێداویستییە سۆزداری و پراکتیکییەکان دێتە ئاراوە؛ ئارامی… ساتەکانی حەسانەوە و پشوودان… فەراهەم دەكات… (ناچالاکی فێرمان دەکات، کردارە خێراکان داهێنان نیین، تەنها کاردانەوەن.)
كەواتە ئەوەی وادەکات لە واقیعی مرۆیی بگەین، کار نییە، هەمیشە کار بە ئاراستەکراوی و سوودمەندییەوە بەندە، ئەوەی وا دەكات لە مرۆڤ و مرۆڤایەتی بگەین، کولتوورە، کە ملکەچی مەرجەکانی کار و كاردانەوە نییە، ئاراستەكانی سوودمەندی بەهەند هەڵناگرێت.

ڕێزگرتن
ڕێزگرتن: خەمڵاندنی مەودایە، لەنێوان خود و ئەویدیكە! بەڵام ئەمڕۆ لە کۆمەڵگای دیجیتاڵی تەماشاکەردا مرۆڤ ملکەچی چاوتێبڕینە! چاوتێبڕین مەوداكان لەناودەبات، چاوتێبڕین یەكێكە لە خەسڵەتەكانی كۆمەڵگای تەماعكاری تەكنۆلۆژی، چاوتێبڕین وەسفی ئه‌وه‌ ده‌كات، كە چۆنچۆنی ئەرێنی ژیان به‌ره‌و زێده‌-چالاكی و زێدە-قازانج بەرین… هیچ كه‌سێك لەڕێگای سووڕه‌كانی زێده‌-به‌رهه‌مهێنان و زێدە-بەكاربردنەوە فریای (نەخێر) ناكەوێت! چاوتێبڕین وەك کردار، وشەی (بینین)ی لێدەكەوێتەوە، ئەوەی لە بینینی مرۆڤی دیجیتاڵی باڵایە، ژمارە و ژمارەی بێكۆتایە؛ ئەوەی تێیدا ڕەچاو ناکرێ (ڕێزگرتن)ە!
(بیۆنگ- چوول هان) لە كتێبی (من داخل السرب- افاق رقمیة) وەرگێڕانی بۆ زمانی عەرەبی (بەدرەدین مستەفا) چاپی یەکەم (٢٠٢١، ل19)دا دەڵێت: تێگەیشتن لە ئەویدیكەی جیاواز پێویستی بە دیدگا و بینینێك هەیە، کە قەدری مەودا بزانێت؛ بەڵام ئەمڕۆ پەیوەندی دیجیتاڵی لەڕێگای کیبۆردەوە فەزا و بینین و مەودای لەناو بردووە؛ دەرئەنجامی سرووشتی کەمبوونەوەی مەودای نووسراو گوزارشت لە وەرینی مەودای دەروونی دەكات؛ بەو مانایەش كۆمەڵگای تەكنۆلۆژی بینین و ڕێزگرتن لەناو دەبات… كۆمەڵگای تەماشاكەر لە ئەنجامی کاریگەریی حەز و چالاکییە بێسنوورەکانی مرۆڤ و بڵاوبوونەوەی ژیانی خێرا و زێدە-بەکاربردنەوە، لەڕێگای وەرینی مەودا دەروونییەكانی مرۆڤەوە… لە ژێر ناونیشانی (لە کردارەوە بۆ بوون) پرسی (پێرفێكتبوون) بەرز دەكاتەوە!
بەڵام به‌ر له‌وه‌ی هه‌وڵی پێرفێكتبوون بده‌ین، ده‌بێت دەرفەتی ژیانكردنمان له‌گه‌ڵ مرۆڤه‌ ئاساییه‌كه‌- كه‌ خۆمانین فەراهەم كردبێ؛ بەر لەوەی لە ئەنجامی زێدە-چالاكی و كاری بەردەوام و خێرا لەپێناو قازانجی زێتردا، هەوڵی خۆله‌ناوبردن بدەین، دەبێ بیر لە ژیان بكەینەوە؛ فەزایەكی لەبار بۆ هەناسەدانێكی ئارام هەڵبنێین…
تەكنۆلۆژیا و مرۆڤی دیجیتاڵی دوای پچڕانی پەیوەندییە مەیدانییەکانی لەگەڵ خۆی و ئەوانیدیکەدا؛ دوای ئەوەی هاوسەنگییەكانی کەشوهەوای تێكدا و سنوورە جوگرافییەكانی ڕەشكردەوە؛ دوای ئەوەی هیچ گەرەنتییەكی بۆ ژیان نەهێشتەوە… پەنا بۆ چ خاکێک دەبات؟! تەنها یەك چارە ماوە، ئەویش ئەوەیە، واز لە زێدە-کاركردن و بەكاربردنی پڕووكێنەر بهێنین و بۆ ئارامی (بوون)ی ڕاستەقینە بگەڕێینەوە، بەو مانایەش (بیۆنگ- چوول هان) ئاڵای حەسانەوە و ڕێزگرتن و ڕامان، لە بێکارییدا بەرز دەكاتەوە، ژیانێکی ئازاد و ئارام دادەڕێژێتەوە، ژیانێك کە هەرگیز بە مرۆڤ نامۆ نییە.

هەولێر 31/8/2025




هەڵبژاردنی سوریا.. عوسمانی حاجی مارف

لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی گەل لە سوریا، دواخستنی هەڵبژاردنی ئەندامانی سێ پارێزگای سوریای ڕاگەیاند، لەوانە سوەیدا و ڕەقە و حەسەکە. بڕیارە لە نێوان ١٥ بۆ ٢٠ ی ئەیلولدا هەڵبژاردنی ناڕاستەوخۆ* بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێی گەل ئەنجام بدرێت، کە یەک لەسەر سێی ئەو ئەندامانە لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە دەستنیشان دەکرێن. ئەو ٢١٠ ئەندامە بەپێی ژمارەی دانیشتوان بەسەر پارێزگاکاندا دابەشکراون، هەڵبژاردنەکان لە چوارچێوەی ئەو ناوچانەدا بەڕێوەدەچن کە لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدان.
ئەو دواخستنەش لە سویدا و ڕەقە و حەسەکە بەو بیانوە ڕاگەیەندراوە کە لە ژێردەسەڵاتی دیمەشقدا نیە و گوایە ئاڵەنگاری ئەمنی هەیە، بەتایبەتی ڕەقە و حەسەکە کە لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدایە، لیژنەی باڵا بڕیاریداوە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان لە پارێزگاکانی پێشوودا دوابخرێت تاوەکو مەرجی گونجاو و کەشێکی سەلامەت بۆ پرۆسەکە لەبەردەستدا دەبێت. لەهەمانکاتدا دەڵێن کورسیە تەرخانکراوەکانیش دەمێنێتەوە تا ئەوکاتەی هەڵبژاردن لەو شوێنانە بەڕێوەدەچێت!.
بەگوێرەی ڕێنماییەکانی هەڵبژاردن، پێویستە ئەندامێکی دەستەی هەڵبژاردن لە دوای ساڵی ٢٠١١ خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری یان ئەنجوومەنی گەل کاندید نەکردبێت، مەگەر سەلمێندرابێت کە هەڵاتووە، هەروەها نابێت لایەنگری ڕژێمی پێشوو یان ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان بێت!
هۆکاری گرتنەبەری سیستمی ناڕاستەوخۆ لەبری دەنگدانی ڕاستەوخۆ، گوایە لەبەرئەوەیە زۆرێک لە خەڵکی سوریا، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی سوریا، بەهۆی ئاوارەبوون و وێرانکاری و سووتاندنی تۆمارە مەدەنیەکان لەلایەن ڕژێمی پێشووەوە، خاوەنی کارتی ناسنامە نین، ئەمەش وایکردووە میکانیزمێک دابڕێژن کە ڕێگە بە ئەنجومەنی گەل بدات سیستمەکە بکات بە ناڕاستەوخۆ.
گومان هەیە کە ئەو ١٤٠ ئەندامەی پەرلەمان کە ماونەتەوە ڕاستەوخۆ هەڵنەبژێردرێن، بەڵکو لەلایەن ئۆرگانەکانی هەڵبژاردنی ناوخۆییەوە دەستنیشان دەکرێن. لەڕاستیدا ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ لە ئێستاوە جێگەی پرسیارە، بە لەبەرچاوگرتنی لاوازیە بەرچاوەکانی دۆخی سوریا، ئەحمەد شەرع پابەندە بە وادەی هەڵبژاردن، سەرەڕای توندوتیژیەکانی ئەم دواییەی ناوچەی دروز، تاوەها نیشاندات کە سوریا بەرەو دۆخێکی ئارام هەنگاو دەنێت.هەروەها شەرع لەژێر فشاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدایە، بەهۆی توندوتیژیەکانی ئەم دواییەوە، حکومەتەکەی متمانەیەکی زۆری لەدەستداوە، شەرع دەیەوێت ئەو متمانەیە بەدەست بهێنێتەوە لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە، هەڵبەتە تەواوی هێزە میلیشیاکان لە دنیادا دەیانەوێت ئەوە نیشان بدەن کە پەرلەمانیان هەیە!.
گومانی تیا نیە کە هەڵبژاردنەکان شاهیدی بەشداریەکی شەفاف و دادپەروەرانەی گروپە نەتەوەیی و ئایینیە جۆراوجۆرەکانی سووریا نابێت، جۆری مامەڵەی سیستمی هەڵبژاردنەکە و باڵادەستی شەرع و نەبوونی متمانە بە حکومەت و نەبوونی متمانە بە تەواوی پرۆسەی هەڵبژاردن ڕێگری لەم کارە دەکات، لەهەمانکاتدا ڕەنگە لەداهاتودا نەک دواخستنی هەڵبژاردن لەو ناوچانەدا، بەڵکو دواتر ڕێگری تەواو بکات لە بەشداریکردنی خەڵکی ئەو ناوچانە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، بە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی ناخۆوە.
ئەم دواخستنەی هەڵبژاردن لە سویدا و رەقە و حەسەکە تەریککردنی دانیشتوانی ئەو ناوچانە لەم هەڵبژاردنەدا، مایەی نیگەرانی وتوڕەیی دانیشتوانەکە و لایەنە سیاسیەکانیەتی، هەربۆیە هەسەدە بەئاشکرا بەیانیکردووە کە پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان بە نادیموکراسی وەسف دەکات، چونکە ڕێگری دەکات لە خۆکاندیدکردن بۆ پۆست و بەشداریکردن لە دەنگدان، داواش دەکات دان بە هەڵبژاردنەکاندا نەنرێت.
لە بەیاننامەیەکدا، گروپە سیاسیە کوردەکانی سوریا ڕەخنەیان لە میکانیزمی هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمانی نوێی ئینتقالی گرت و جەختیان لەوە کردەوە کە ئەو میکانیزمە نادیموکراسیە، چونکە لە خۆکاندیدکردن و بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکان بێبەشیان دەکات. ئەم مامەڵەیەی شەرع مشتومڕێکی بەرفراوانی لەسەر ئایندەی پڕۆسەی سیاسی لە سوریا دروستکردوە ، کە ئەم جۆرە لە هەڵبژاردن نوێنەرایەتی هەنگاوێکە بەرەو قوڵبونەوەی قەیران و زیاتر دابەشبونی سوریا .
ئەم بڕیارە کەمتر پەیوەندی بە ئاسایشەوە هەیە وەک لە فەرمانێکی سەرۆکایەتی کە ڕێگری لە کاندیدکردنی کەسایەتی کورد، دروز، یان عەلەوی دەکات کە پێشتر هەڵوێستیان ڕاگەیاندووە و داوای جیابوونەوە و دابەشکردنی سوریایان کردوە. ئامانج، ڕێگریکردنە لە کەسایەتیە دیارەکانی سویدا و حەسەکە تا نەبنە ئەندامی ئەنجومەنی گەل.
ئەم جۆرە لە هەنگاونان بۆ هەڵبژاردن نەک هیچ پەیوەندیەکی بە دیموکراسی و جێگیری سیاسیەوە نیە، بەڵکو هەوڵی ئەحمەد شەرعە وەک هێزێکی میلیشیا و داعشی و ئەوپەری کۆنەپەرست و دڕندە، بازاڕی دیموکراتیەت دەفرۆشێتەوە، بەم شێوەیە دەیەوێت کۆنترۆڵی تەواوی سوریا بکات، ئەم هەنگاوەی شەرع نەک بە هیچ شێوەیەک گوزارشت لە دەورو ئیرادەی گەلی سوریا ناکات، بەڵکو وەستانەوەیە لەبەرامبەر ئیرادەی خەڵک و هەر لایەنێکدا کە هەڕەشەو مەترسی بێت بۆ دەسەڵاتەکەی. لەهەمانکاتدا ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەمکاتەدا لە سوریا و بە بەرنامەڕێژی شەرع، گومانی تیانیە واتای دەرکردن و دورخستنەوەی نزیکەی نیوەی خەڵکی سوریایە لەم پرۆسەیە و بێئیرادەکردنی دەوردەخالەتی خەڵکە لە دیاریکردنی ئایندەی سوریا، جا چ لەڕێگەی ئاوارەبونی زۆرەملێ یان لە ڕێگەی سیاسەتی سیستماتیکەوە بێت، بە ئامانجی ڕێگریکردنە لە بەشداریکردنی پێکهاتەکان و هێز ولایەنەکان لە داڕشتنی داهاتووی حکومرانی لە سوریا، هەروەها هەنگاوێکە بۆ جێکەوتنی دەسەڵاتی ئێستای دیمەشق بە باڵادەستی شەرع.
ئەگەرچی بەیاننامە دەستوریەکەیان سەرەڕای ئەوەی بنەمای “جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان”ی تێدابوو، بەڵام دەسەڵاتێکی نزیک بەڕەهای بەخشی بە یاسای شەریعەت، لە پێکهێنانی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەریدا، ئەمەش نیگەرانی و ڕەخنەی، لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و پێکهاتەکانی سوریاوە لێکەوتەوە، بەتایبەتی لای کوردەکان.
هەرچەندە لای دەسەڵاتدارانی دیمەشقەوە ئاماژە بەوەدراوە کەئیدارەی ناوچەی کوردەکان نائارامە، بەڵام کوردەکانی سوریا ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدایە بەئارامترین شوێن لە سوریادا وەسف دەکەن. لەهەمانکاتدا دەڵێن ئەمە پاساو هێنانەوەیە بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی تەریکخستنەوە و بەشدارینەکردنی زیاتر لە پێنج ملیۆن سوری لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەم هەڵبژاردنەدا.
ئیدارەی خۆسەری کورد کە پارێزگاکانی ڕەقە و حەسەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە، لەلایەکی ترەوە پەیوەندیەکی ئاڵۆز و ناتەندروستیان لەگەڵ دەسەڵاتی شەرعدا هەیە. سەرەڕای ئەو ڕێککەوتنەی کە لە ١٠ی ئازاردا واژۆیان کرد بۆ یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازیەکان، بەڵام تائێستا مەرجەکانی ڕێکەوتنەکە جێبەجێ نەکراون بەهۆی ناکۆکی نێوان هەردوولا. هەسەدە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە یەکگرتنەوەکە یەک بلۆکی سەربازی بێت لەناو وەزارەتێکی بەرگریدا، لەکاتێکدا دیمەشق بە پاڵپشتی ئەنکارا پێداگری لەسەر هەڵوەشانەوەی هێزەکانی هەسەدە دەکات.
ئەم مەرجانەی شەرع بۆ بەشدارینەکردنی دروزیەکان لە سوەیدا، ئاماژەیەکی ڕوونە بەوەی کە لەم دواییانەدا دروزەکان خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە و داوای چارەنووسی خۆیان کرد و ئاڵای ئیسرائیلیان هەڵکرد، هەروەها بۆ هەسەدەش کە کۆنفرانسی کەمینەکانی لە شاری حەسەکە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا سازکرد و داوای پەسەندکردنی دەستوورێکی دیموکراسیان کرد کە گەرەنتی حوکمڕانی لامەرکەزی و بەشداری کاریگەرانەی هەموو پێکهاتەکان بکات. ئەمەش دیمەشقی تووڕە کرد و وای لێکرد ئەو کۆبونەوانە هەڵبوەشێنێتەوە کە بڕیار بوو لە پاریس ئەنجام بدرێت.
پرۆسەی ئەم جۆرە هەڵبژاردنە لە سوریا نەک چارەسەری دۆخێکی ئاڵۆزی پڕگێژاوی سیاسی نیە، بەڵکو سوریا بەرەو نائارامی زیاتر کێشدەکات، بەرهەمهێنانەوەی هەمان سیاسەتە کۆنەکانە بە مەترسی زیاترەوە، لەلایەکی ترەوە ئەوەی بەهەند وەرنەگیراوە لە حساباتی تەواوی لایەنەکاندا، دەورو دەخالەتی خەڵکە وەک هاووڵاتی لەتەواوی پرۆسەی سیاسیدا، بەدور لە هەر پێناسەیەکی دینی و رەگەزی و تائیفی و نەتەوەیی، یانی زیاتر باس لە دابینکرنی بەشداری پێکهاتەکانە، تا ئەوەی ناساندنی هاووڵاتی بوون بێت. بەفەرمی ناسینی هاووڵاتیبونیش مەبنایە بۆ پرۆسەیەکی سیاسی گشتگیر کە سوریا بتوانێت بەرەو ئازادی و خۆشگوزەرانی و یەکسانی هەنگاو بنێت.

——————————————

  • دەنگدانی ناڕاستەوخۆ سیستەمێکە کە تێیدا هاوڵاتیان ڕاستەوخۆ نوێنەرەکان هەڵنابژێرن، بەڵکو کۆمەڵێک دەنگدەر هەڵدەبژێرن یان دادوەر دیاری دەکەن کە لە بەرامبەردا ئەوان سەرکردە یان نوێنەرەکان هەڵدەبژێرن. بە واتایەکی تر دەنگدەران نوێنەرایەتی کۆمەڵێک هاوڵاتی دەکەن و دواتر ئەو دەنگدەرانە نوێنەرەکان یان سەرکردەکان هەڵدەبژێرن. ئەم سیستەمە جیاوازە لە مافی دەنگدانی ڕاستەوخۆ، کە تیایدا ڕاستەوخۆ دەنگ بە کاندیدەکان دەدرێت.