نەیزکەکەی ١٨٨٨ی سلێمانی لەئەرشیفی عوسمانییەکاندا.. نووسینی: یوسف عزەدین

( بەسەرهاتی ئەو ئاگربارانەی لە جێشانەوە تا گوڵعەمبەر بەئاسماندا کشا)

هەرچەند شیعر، لەسەردەمی نالی-یەوە تا سەرەتاکانی سەدەی بیست-یش، تاڕادەیەکی بەرچاو، بەشێک لەڕووداو و بەسەرهات و ناوی کەسایەتییە مێژووییەکانی لەدووتوێی خۆیدا جێ کردۆتەوە. هەر بۆیە، لەکاتی نەبوونی سەرچاوەی دیکەدا؛ بەناچاری توێژەران؛ وەک چاووگ بۆی گەڕاونەتەوە.
بەڵام؛ ئەی بۆ دەبێت، ڕووداوێکی فەلەکی زۆر گرنگ و ناوازە، لەناوچەیەکی پڕ جموجۆڵی وەک سلێمانی- دا ڕووبدات، کەچی نەچێتە نێو شیعر و موناجاتی ئیلاهی و نامەو نووسراوێکی کوردییەوە، یان چۆن دەبێت، لەپەراوێزی دەستنووسێکدا؛ مەلا و کەسانێکی ئایینی، یان خوێنەوارانی ئەو سەردەمەو ئەوانەی دواتریش، تۆماریان نەکردبێت!؟
یان دەشێت هەبووبێت و دواتر فەوتا بێت؟ یان لەشوێنێکدا ئاماژەی پێدرابێت و ڕاگوزەرانە خوێنرابێتەوەو نەزانرابێت مەبەست لەچییە!
ئەی تۆ بڵێیت، کاتێک ئینگلیزەکان کتێبخانەی مزگەوتی گەورەی سلێمانی-یان سووتاند؛ ئاماژە بەڵگەیەکی تایبەت بەو ڕووداوە فەلەکییە، لەنێو دەستنووسەکاندا نەبووبێت!؟ هەموو ئەمانەو زۆری دیکەش پرسیارن و گەڕان بۆ وەڵامەکانی؛ کاری هەموو ئەوانەیە، بەمەراقەوە بەدووی بەڵگەمێژوویی و دەستنووسە ئەرشیفییەکاندا دەگەڕێن!
دۆزینەوەی ئەم ڕووداوە فەلەکەییە لەڕێی هەوڵەکانی سێ کەسی ئەکادیمییەوە؛ یەکەمیان زانای (هۆڵەندی-ئەمریکی) پرۆفیسۆر؛ پیتەر جینیسکینز ، دووانەکەی تریش، پرۆفیسۆر؛ ئۆزان ئۆنساڵان و ئاڵتای بایاتڵی، دۆزرایەوە. لەڕاستیدا ئەوان، بەشێوەیەکی گشتی، بۆ ئەرشیفی دیاردە سروشتییە فەلەکییەکانی سەردەمی عوسمانییەکان دەگەڕان، بەڵام بەڕێکەوت و بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، ئاسمان و خاکی بەشێکی نێو شاری سلێمانی و دەورووبەری بووە مەیدانی هەڵسووڕان و جموجۆڵێکی فەلەکی ناوازە.
سەرچاوەی سەرەکی بابەتەکەشمان، وتارە سەرەکیەکەی ئەوانەو لەکۆتایی وتارەکەشدا لینکەکەیمان داناوە. بەپێی ئەو سەرچاوەیە؛ سێ دەستنووس لەبەردەستدایە، بەپێی زنجیرەی دەسەڵاتەکان لەبنەوەڕا بۆ سەرەوە، بەرزکراوەتەوە. ناوەڕۆکی هەواڵەکەو زانیارییەکان هەر یەکن و لەخودی وتارە سەرەکییەکەی هەر سێ کەسایەتییە ئەکادیمییەکەدا، وەرگێڕان؛ لەشێوەزار و شێوەنووسینی عوسمانییەوە، بۆ سەر شێوەزار و شێوەنووسینی تورکی لاتینی، هەروەها ئینگلیزی کراوەو هەرچەند زۆر دڵسۆزانە، وەرگێڕ یان وەرگێڕەکانی ئەو چەند دەستنووسە فەرمییە گرنگە، مەبەستیان بووە، تەواوی زانیاری و ناوەکان؛ بەڕاست و دروستی بخەنەڕوو، بەڵام هەوڵەکەشیان بێ کەموکوڕی نەبووە؟! ئەمەش ئاساییە، تا ئەو شوێنەی ناتوانیت، ناوی شوێنێک وەک خۆی بنووسیتەوەو لێت دەبێتە ناوێکی تری نەبوو و نەزانراو؟!. ئاشکرایە لەگەیاندنی ناوی شوێنەکان، لەدیاردەیەکی فەلەکی گرنگی لەو چەشنەدا، بەهەڵە ناوبردنی شوێنێک، یان نەدۆزینەوەی شوێنێک، بەناچاری بەرەو شوێنێکی ترمان دەبات، جیاواز لەوەی خودی دەستنووسەکان مەبەستیان بووە؛ وەک مێژوو بۆ ئێمەی بگوێزنەوە.
هەر بۆیە، نەدۆزینەوەی ناوی یەکێک لەڕاگوزەر-شوێن-ە گرنگەکانی ڕووداوە فەلەکییەکەی سلێمانی و دیارینەکردنی شوێنجێگەکەی؛ ئاست و بەهای لێکۆڵینەوە زانستییەکەیان لاسەنگ دەکات!
لەهەمووشی ناخۆشتر لەبەرواری ٢٢ ئێپرڵی ٢٠٢٠ ەوە ئەم بابەتە بڵاوکراوەتەوەو لەنێو ئەو هەموو کەسایەتییە خودان بڕوانامانەی لای خۆمان، کەپسپۆڕییەکەیان نزیکە لەیەکێک لەبابەتە تێکەڵەکانی لێکۆڵینەکەوە، بەتایبەتیش ئەوانەی خەڵکی سلێمانی- ن؛ ئاخۆ بۆ کەس و کەسانێکیان تێدا پەیدا نەبوو؛ بەجدی بچنە نێو قووڵایی ئەو بابەتە گرنگەوە، یان هەر هیچ نەبێت داوا لەکەسانێکی بەڵەدی تورکی زان و شارەزا لەخوێندنەوەی شێوەنووسینی عوسمانی بکەن، تا جارێکی تر بەوەرگێڕانی ئەو دەستنووسانەدا بچنەوەو هەر کەموکوڕییەکی تێدا بێت، خاسی بکەنەوە.
لەڕێی خوێندنەوەی دەستنووسەکانەوە، ئاشکرا دەبێت کەناوی خورماڵ-ی ئێستا، لەو سەردەمانەدا ( خورڵمار) بووە؛ گوندێکیش بووە، سەر بەناحیەی گوڵعەمبەر.
هەروەها ئەو گوندە نەدۆزراوەی کەلەڕێی بەهەڵە وەرگێڕانەوە بۆتە (دلاوەر- دلاڤەر)، ناوە؛ ڕاست و دروستەکەی ( وێڵەدەر)ە، خۆشبەختانەش یەکێکە لەو گوندانەی کەلەبەر هەر هۆکارێک بووبێت؛ شاڵاوی ئەنفال و ڕاگواستن نەیگرتەوە.
لێرەدا یەکێک لەدەستنووسەکانم وەرگێڕاوەتە سەر(شێوەزاری سۆرانی)، کەدەبێتە نمونەیەکی تێرو تەسەلی سەرجەم بابەتەکە، وەک لەسەرەتاشدا ئاماژەمان پێدا؛ هەمان زانیاری لەدوو دەستنووسەکەی تریشدا دووبارە دەبێتەوە.

ئەمەش دەقی وەرگێڕدراوی دەستنووسە، بەرزکراوەکەی والی موسڵ-ە:
{ ویلایەتی موسڵ
نامەی نووسراو
ژمارە ٨١
بۆ/ وەزارەتی ناوخۆی پایەدار
جەنابی پایەدار
دەوڵەتدار، حەزرەتی خودان مەزنایەتی

١٠-ی ئۆگستۆس، ڕۆژی ٥ شەممە، دەوروبەری کاژێر هەشت و نیو، لەڕۆژئاوای ناحیەی سەرچنار، لەکۆتایی کلکەی گوندی جێشانە، گڕێک هاوکات تێکەڵ لەماتەڕیاڵی خۆڵ و بەرد، بەر لوتکەی گردێکی شێوە ئەهرام کەوت، لەگەڵ سووتانی، بەهەوادا بەرزبۆوەو بەرەو ئاڕاستەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی، بۆ لای گوندی (وێڵەدەر) کشاو لەبەر ئەوەی بەر تەپۆڵکەیەک کەوت، لەژێر تەپۆڵکەکەشدا دوو کەس هەبوون، زیاتر کاری کردە سەر یەکێکیان و تەلەف بوو؟! “١”
ئەویتریشیان تا ئێستا لەجێگەدا کەوتووە.
هەروەها لەگوندی ( خورڵمار- خورماڵ)ی سەر بەقەزای گوڵعەمبەر، بەچەشنی باران بارین، بەدەوروبەر و چوار دەوریدا، ١٠ خولەک، ڕێژەیەک لە بەرد باری.
شوکور هیچ زیانێک بەر دانیشتووانەکەی نەکەوتووە، بەڵام ئەو بەردانە تەسادوفی هەر بێستان و مەزرایەکی کردبێت، خەسارەتی تەواوی لێ داوە.
جێگەی سپاسە وەک نمونەیەک پارچە بەردێک لەلایەن پارێزگار( موتەسەڕیف)ی سلێمانی-یەوە نێردراوە، وا نمونەکەمان بۆ بەردەم مەنزووری عالی، وەزارەتی پەناگەتان”٢” پێشکەش و تەسلیم بە پۆستە کردووەو لەهەر حاڵ و کارێکدا ئەمر و فەرمانی حەزرەتیان، دەگاتە شوێنی پەیوەستدار”٣”
٧ی موحەڕەم
١ی ئەیلولی ١٣٠٦
والی موسڵ
فایق مستەفا }.

لێرەدا دەبێت بڵێم، جارێکیان؛ گوێبیستی گێڕانەوەیەک بووم، دەما و دەم گەیشتبووە، کەسی گێڕەڕەوە، کەخۆی خەڵکی گوندی وێڵەدەرە، بەپێی گێڕانەوەی ئەم کەسایەتییە ڕێزدارە؛
باس لەجۆرە ڕووداوێکی سروشتی ساڵانی دوای سەدەی نۆزدە دەکات، کە بۆیان گێڕاوەتەوە، گوایە جۆرێک لەهەورەبروسکەو باو و بۆران، بۆتە هۆکاری دەرکەوتنی کوپەڵە زێڕێک؛ لەدرز و کەلێنی گردێکی نزیک گوندی (وێڵەدەر)دا. یان بەجۆرێکی تریش دەوترێت؛ گوایە پاش وەیشوومەو باو بۆران، لافاو ئەو کوپەڵەزێڕەی پێشخۆی داوە، تا دەست کەسێکی ئاسایی گوندەکە کەوتووەو بۆتە خاوەنی، بەڵام پاش ماوەیەک هەواڵ دەگاتە شوێن مەبەست و کاربەدەستێکی کوردی دەست ڕۆیشتووی پلەداری سەربازی ئەو دەمە؛ دەستبەسەر کوپەڵە زێڕەکەدا دەگرێت! ئیدی پاش ئەمە گێڕانەوەکە، ماجەرایەکی دوور و درێژ، بەدووی خۆیدا کێش دەکات و لێرەدا گێڕانەوەی بەپێویست نازانین و پێناچێت هیچ زیاد و کەمێک بخاتە سەر ئەوەی ئێمە بەدوویدا وێڵین!
ئەگەر بگەڕێینەوە سەر بابەتی گێرانەوەکە و کەمێک ڕابمێنین، دەبینین باس لەدیاردەیەکی سروشتی جیاواز دەکات. هەر لەنزیک و دەوروبەری (وێڵەدەر)دا، پێش سەدەی بیست و لەکۆتایی سەدەی نۆزدەدا ڕوویداوە؟ بەپێی زنجیرەی کەسایەتییە یەک لەدوای یەکەکانی گێڕانەوەکەو مەزەندەکردنی تەمەنی هەر یەکێکیشیان، دەزانرێت کەساڵەکەشی هەمان، یان نزیک ساڵی ڕووداوە فەلەکیەکەیە!؟
باشە ئەگەر بۆ ماوەی ١٠ خولەک وەک لەدەستنووسەکەدا ئاماژەی پێدراوە، لە(خورماڵ- خورڵمار) بەچەشنی باران بارین، بەرد باریبێت، ڕێی تێدەچێت؛ لەدەوروبەری گوندی وێڵەدەر-یش پاش ئاگر بارانی تەپۆڵکەکەو مردنی کەسێک و زامداربوونی ئەویتریان، دوای ئەو ئاڵوگۆڕە لەئەتمۆسفێر و کەش و هەوای ناوچەکە، بارانێکی بەخوڕی بێ ئامان، بووبێتە لافاو، سێڵاو و هۆکاری دەرکەوتنی ئەو کوپەڵە زێڕە!؟
هەرچییەک و هەرچۆنێک بێت، کاری ئێمە، گەڕانی بەردەوامە؛ هیواخوازم لەمیانی ئەم وتارەمەوە توانیبێتم، دەلاقەیەک بخەمە سەر بابەتێکی هەستیاری هێجگار گرنگ، کەبێگومان دەرکە بۆ هەوڵدان و لێکۆڵینەوەو گەڕانی دیکەی توێژەران دەخاتە سەر پشت.

سەرچاوەی سەرەکی بابەتەکەمان
https://onlinelibrary.wiley.com/doi/full/10.1111/maps.13469

“١” ڕاستەوخۆ لەدەستنووسەکەدا نەوتراوە، کەسەکە، مەبەستمان کەسی یەکەمە، کەزیاتر زیانی پێدەگات؛ مردووە؟! لەڕاستیدا وتوویەتی: ( وەک ئەوەی تەلەف بووبێت؟!)، مەبەستی ئەوەیە : ( وەک ئەوەی تەلەف بووبێت؛ تەلەف بووە) کەواتە مەبەستی لەوەیە کەیەکسەر لاشەی کەسی یەکەم، بەسووتانەکە داڕزاوە، هەڵوەشاوە.. وەک کورد دەڵێت؛ هەلا هەلا بووە! هەرچەند تەلەف بوون، زیاتر بۆ مرداربوونەوەو لەناوچوونی ئاژەڵان بەکار دێت، بەڵام لەو سەردەمانەدا بەو شێوەیەش بەکارهێنراوە. مایەی ئاماژەپێدانە و بەڕای خاکەڕاییانەی خۆم، دەشێت لەبەر کتوپڕی و سامناکی و گەورەیی ڕووداوە فەلەکیەکە؛ هەروەها هەوڵدانی خێرای کاربەدەستی سەرەکی ئەو دەمی سلێمانی، بۆ گەیاندنی هەواڵەکە، پەلەکردنێک کرابێت، ناشێت بەشێنەیی، هەموو شتێک و کۆی ڕووداوەکەو کاریگەرییەکانی وەک خۆی گەیەندرابێت!؟

“٢” لەتورکییە عوسمانییەکەیدا نووسراوە:( مەنزووری عالی، نەزاڕەتی پەناهلەری)، مەبەست لەوەیە کە نووسراوە نێردراوەکە، دەگاتە ئاست خوێندنەوەی باڵاو وردبوونەوەی ئەو وەزارەتەی کەوەک پەناگەیەک پەنای بۆ براوە( دەستنووسەکەی بۆ نێردراوە). لەزمانی ئەدبیات و نووسینی تورکی-عوسمانیدا، هەمیشە ڕووبەڕووی وشەگەل و دەستەواژەی ڕێزگرتن، قەبەکردن و گەورەکردنی بەرانبەر دەبیتەوە؛ ئەمەش بەشێک بووە لەکلتوور و ئەتەکیەتی ئۆروستۆکراتیانەی عوسمانییەکان.

“٣” مەبەست لەوەیە هەر ئەمر و فەرمانێک سەرووتر بیفەرمووێت؛ جێ بەجێ دەکرێت.




شاری چوارلاقان.. نووسینی: ئامانج شێروانی

لەم کۆباسەدا، باس لە شاری مرۆڤان دەکەم، باس لە شارێک دەکەم کە بۆ مرۆڤ دروستکرابێت و مرۆڤ تیایدا گرنگترین پێکهاتەی بێت. شارێک کە تڕومبێل و باڵەخانە و نەخۆشخانە و چایخانە و ئاودەستخانەکانیشی لە پێناو ئاسانتر کردنی ژیانی مرۆڤەکان دروست کرابێت.

ماوەیەک بەر لە ئێستا، لە هەولێر بووم. دەبوایە خۆم بگەیەنمە بەڕێوەبەرایەتیی ئاساییشی ئەو گەڕەکەی کە لێی بووم. پیاو ڕاست بڵێت، زۆر شارەزای ئەم ناوە نەبووم، بۆیە لە یەکێکم پرسی تا پێم بڵێت چۆن بگەمە ئەوێ. وەڵامی دامەوە: «ئەم تەکسییە بگرە، هەر بستە ڕێیەک دوورە، بە پێنج خولەکێک دەگەیێ!» پێیم گوت، باشە ئەوە زۆر دوور نییە، خۆ دەتوانم هەر بە پێیان بچم، وا نییە؟ بەم جۆرە هەم وەرزشی خۆم و هەم کارەکەشم دەکەم. سەیرێکی کردم، وەک ئەوەی پێم بڵێت خۆ شێت نەبوویتە! کاکۆ لەم شارەدا کێ هەیە دوو هەنگاوان بهاوێژێت؟

نانی بەیانی؟ سواری لاندکڕۆزەرەکەت ببە و بڕۆ نانەواخانەکەی ئەمسەر، ئەو نانەواخانەی کە هەر سێ دەرگایەک لە ماڵەکەت دوورە. کەرەستەی دۆڵمە دەکڕیت؟ سواری پیکابەکەت ببە و تیژ تیژ، لەسەر سەدی باژۆ بۆ دوکانەکەی کۆڵانی پشتەوەتان. مرۆڤی دوو لاق لە هەولێرێ وا لە قڕانە، خەڵکی هەموو چوار لاقیان هەیە، خەڵکی هەموو چەرخەدارن، چوارچەرخەدارن.

بەیانی زوو زوو بوو، هێشتا کەڵەشێر لە خەو هەڵنەستابوو، لەم بەری کۆڵانە دوومەترییەکەمانەوە دەپەڕیمەوە ئەو بەر، سیکەی ئیستاپی ئۆبامایەکە وێنەیی جووتە ئەبرۆی حەبیبەی نالی لەسەر قیڕتاوی شەقامەکە کێشا و دوو سانتیمەتر لەولاتری من ڕاوەستا. سەری لە پەنجەرە دەرهێنا و جوێنبارانی کردم! ئاخر چۆن وێرام سی چرکە درەنگی بخەم!

نووسینی: ئامانج شێروانی




هادۆنفیڵد شارۆچکەیەک لەژێر سێبەری ترسدا(وتاری یەکەم).. باکۆ رێبوار

(ئاگاداربە سپۆیڵی تێدایە) زنجیرە فیلمی “هاڵۆوین” (Halloween) تەنها زنجیرە فیلمێکی ترسناک نییە، بەڵکو دیاردەیەکی کولتووری و پایەیەکی بنەڕەتییە لە مێژووی سینەمای ژانەری ترسدا، بەتایبەتی لە داڕشتنی بنەماکانی ژانەری “سلاشەر” (slasher)، پێش هاڵۆوین فیلمی وەک “Psycho” (١٩٦٠)ی هیچکۆک بە ناساندنی بکوژە دەروونییەکان و “Black Christmas” (١٩٧٤) بە پیشاندانی کوشتاری گەنجان لە شوێنێکی داخراودا، زەمینەیان بۆ ئەم ژانەرە خۆش کردبوو، بەڵام “هاڵۆوین”ی جۆن کارپێنتەر بوو، فۆرمۆلە سەرکەوتووەکەی داڕشت: بکوژێکی دەمامکداری نزیک لە نەمر، کۆمەڵێک هەرزەکار بەهۆی هەڵسوکەوتە “نادروستەکانیانەوە” (وەک سێکس و خواردنەوە) دەکرێنە ئامانج و “کچی کۆتایی” (final girl) زیرەک و پاکیزە لە کۆتاییدا ڕووبەڕووی بکوژەکە دەبێتەوە و ڕزگاری دەبێت،
ئەم زنجیرەیە، لە ساڵی ١٩٧٨ بە فیلمێکی سەربەخۆی کەم بودجەوە دەستی پێکرد، نەک هەر بە کردەوە ئەم ژانەرەی دامەزراند، بەڵکو بووە بەشێک لە یادەوەریی کۆمەڵایەتی و کابوسێکی هاوبەش بۆ چەندین نەوە لە سەرانسەری جیهاندا، چیرۆکی سادە و لە هەمان کاتدا ترسناکی مایکڵ مایەرز، ئەو بکوژە دەمامکدارەی لە تاریکی شەوانی هاڵۆویندا دەردەکەوێتەوە و بە بێدەنگی و ساردی قوربانییەکانی ڕاودەنێت، بووەتە ئایکۆنێکی نەمر لە جیهانی ترسدا، کاریگەریی “هاڵۆوین” سنووری شاشەی سینەمای تێپەڕاندووە و بووەتە بابەتی لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی لەبوارەکانی دەروونناسی، کۆمەڵناسی و فەلسەفەدا، ئەم زنجیرەیە پرسیارگەلێکی قووڵ و بنەڕەتی دەوروژێنێت: سروشتی شەڕ چییە؟ ئایا شەڕ هێزێکی دەرەکییە یان لە ناخی مرۆڤ خۆیدا بوونی هەیە؟ ترسی مرۆڤ لە چییە، لە تاریکی، لە نەزانراو، یان لەو ڕاستییەی ڕوخساری مرۆڤ دەتوانێت دڕندەییەکی بێ وێنەی لە پشتەوە حەشار دابێت؟ لە دڵی ئەم چیرۆکەدا، کارەکتەری لۆری سترۆد وەک “کچی کۆتایی” دەدرەوشێتەوە، لە کچێکی هەرزەکاری ترساوەوە دەگۆڕێت بۆ سیمبولی بەرەنگاربوونەوە، خۆڕاگری و ڕزگاربوون لە بەرامبەر زوڵم و توندوتیژییەکی کوێرانەدا، ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان لۆری و مایکڵ لە فیلمە جیاوازەکاندا تەنها پێکدادانێکی فیزیکی نییە، بەڵکو ململانێی نێوان ئیرادەی ژیان و غەریزەی مردنە،

چیرۆکی دروستبوونی زنجیرەفیلمی “هاڵۆوین” چیرۆکی داهێنانە لەژێر فشاری کەمیی بودجەدا، کاتێک بەرهەمهێنەر ئیروین یابلانس پەیوەندی بە جۆن کارپێنتەرەوە کرد، داوای فیلمێکی لەسەر “کوشتاری دایەنەکان” لێکرد، کارپێنتەر و دێبرا هیڵ لە ماوەی تەنها دە ڕۆژدا سیناریۆکەیان نووسی، هیڵ، بەهۆی ئەزموونی پێشووی وەک دایەن، توانی دیالۆگەکانی نێوان کچە هەرزەکارەکان بە شێوەیەکی زۆر سروشتی بنووسێت، وایکرد بینەر بە ئاسانی پەیوەندییان لەگەڵدا دروست بکات، لە بەرامبەردا، کارپێنتەر سەرنجی لەسەر بنیاتنانی ئەفسانەی مایکڵ مایەرز بوو وەک هێزێکی شەڕانگێزیی پەتی، هەڵبژاردنی جەیمی لی کێرتس بۆ ڕۆڵی لۆری سترۆد بلیمەتانە بوو؛ وەک کچی جانێت لی، ئەستێرەی فیلمی “Psycho”، بەشێوەیەکی نافەرمی نازناوی “شاژنی قیژە” (Scream Queen)ی بۆ مایەوە و پەیوەندییەکی ناڕاستەوخۆی لەنێوان دوو شاکارە ترسناکەکەدا دروست کرد،

بودجەی فیلمی یەکەم تەنها ٣٢٥,٠٠٠ دۆلار بوو، ئەمەش وای لە تیمەکە کرد تا ئەوپەڕی داهێنەر بن، بۆ نموونە، جلوبەرگی ئەکتەرەکان زۆربەی هی خۆیان بوو و بۆ ئەوەی هەستی وەرزی پایز دروست بکەن لەکاتێکدا وێنەگرتن لە بەهاردا دەکرا، ناچاربوون گەڵای دارەکان ڕەنگ بکەن و دواتر کۆیان بکەنەوە بۆ بەکارهێنانەوە، دەمامکی بەناوبانگی مایکڵ، لەلایەن تۆمی لی واڵاسەوە دیزاین کرا، دەمامکێکی کاپتن کێرکی زنجیرەی “Star Trek” بوو بە ١.٩٨ دۆلار کڕدرابوو، قژەکەی لێکرایەوە، کونەکانی چاوی گەورەتر کران و بە سپرا ڕەنگی سپی کرا، ئەنجامەکەی ڕوخسارێکی بێ هەست و سۆز و ترسناک بوو، خودی کارپێنتەر جەختی لەوە دەکردەوە مایکڵ هیچ هۆکارێکی نییە، ئەو “شەڕی پەتی”یە، بۆیە لە سیناریۆکەدا بە “شێوەکە” (The Shape) ئاماژەی پێکراوە، بۆ جەختکردنەوە لەسەر سروشتە نامرۆییەکەی،

یەکێک لە گرنگترین فاکتەرەکانی سەرکەوتنی فیلمەکە، مۆسیقاکەیەتی، کارپێنتەر، خۆی ئاوازدانەرێکی بەهرەمەندبوو، تەنها لە ماوەی سێ ڕۆژدا بە بەکارهێنانی سینتیسایزەرێکی سادە، یەکێک لە ناسراوترین تێماکانی مێژووی سینەمای ئامادەکرد، ئەو ڕیتمە ناسروشتییەی ٥/٤ بۆ تێمای سەرەکی بەکاریهێنا، هەستێکی نائارامی و دڵەڕاوکێی بەردەوام بە بینەر دەبەخشێت و بووەتە واژۆی دەنگی ترس، سەرکەوتنی فیلمەکە لە بۆکس ئۆفیسدا ئەفسانەیی بوو؛ نزیکەی ٧٠ ملیۆن دۆلاری لە سەرانسەری جیهاندا کۆکردەوە، ئەم سەرکەوتنە دەرگای بۆ زنجیرەیەک فیلمی تر کردەوە:

بودجە و داهات:
“Halloween II” (1981): بودجە ٢.٥ ملیۆن، داهات ٢٥.٥ ملیۆن دۆلار
“Halloween III: Season of the Witch” (1982): بودجە ٢.٥ ملیۆن، داهات ١٤.٤ ملیۆن دۆلار (شکستێکی بازرگانی بوو)
“Halloween 4: The Return of Michael Myers” (1988): بودجە ٥ ملیۆن، داهات ١٧.٨ ملیۆن دۆلار
“Halloween 5: The Revenge of Michael Myers” (1989): داهات ١١.٦ ملیۆن دۆلار
“Halloween: The Curse of Michael Myers” (1995): داهات ١٥.١ ملیۆن دۆلار
“Halloween H20: 20 Years Later” (1998): بودجە ١٧ ملیۆن، داهات زیاتر لە ٧٥ ملیۆن دۆلار (بووژانەوەیەکی گەورە)
“Halloween: Resurrection” (2002): بودجە ١٣ ملیۆن، داهات ٣٧.٦ ملیۆن دۆلار
ڕیمەیکەکانی ڕۆب زۆمبی: “Halloween” (2007) ٨٠.٤ ملیۆن و “Halloween II” (2009) ٣٩.٤ ملیۆن دۆلار
سێبەری نوێی دەیڤد گۆردن گرین: “Halloween” (2018) بە بودجەی ١٠ ملیۆن، زیاتر لە ٢٥٥ ملیۆن دۆلاری کۆکردەوە، کردییە سەرکەوتووترین فیلمی سلاشەر لە مێژوودا
“Halloween Kills” (2021): داهات ١٣١.٦ ملیۆن
“Halloween Ends” (2022): داهات ١٠٤.٣ ملیۆن دۆلار بە گشتی، تەواوی زنجیرەی هاڵۆوین زیاتر لە ٨٥٠ ملیۆن دۆلاری کۆکردۆتەوە، گەواهی دەدات لەسەر هێز و کاریگەریی بەردەوامی ئەم ئایکۆنە ترسناکە

گەشتێک بەناو زنجیرەکەدا
گەشتی خوێناوی زنجیرەفیلمی “هاڵۆوین” بە شاکارەکەی جۆن کارپێنتەر لە ١٩٧٨ دەست پێدەکات، فیلمەکە بە دیمەنێکی درێژی یەکگرتوو لە ڕوانگەی چاوی مایکڵ مایەرزی شەش ساڵانەوە دەست پێدەکات، خوشکە گەورەکەی دەکوژێت، ئەم دیمەنە بینەر دەخاتە شوێنی بکوژەکەوە و دیمەنی شەڕێکی بێ هۆکار دادەڕێژێت، پاش ١٥ ساڵ، مایکڵ (نیک کاسڵ ڕۆڵی دەگێڕێت) لە نەخۆشخانەی دەروونی هەڵدێت، کارپێنتەر بە شێوەیەکی بلیمەتانە کامێرای پانەفلیژنی بەکارهێناوە بۆ دروستکردنی ترس لە بۆشاییەکانی چوارچێوەی وێنەکەدا؛ زۆرجار مایکڵ وەک شێوەیەکی تاریک لە گۆشەیەکدا دەردەکەوێت، ئەمەش هەستی چاودێریکردنێکی بەردەوام دروست دەکات، کۆتایی فیلمەکە، کاتێک دکتۆر لوومیس (دۆناڵد پڵیزنس) شەش فیشەک بە مایکڵەوە دەنێت و ئەویش دواتر دیار نامێنێت، جەخت لەوە دەکاتەوە مایکڵ تەنها مرۆڤ نییە، بەڵکو بەرجەستەبوونی “شەڕ” ە،

Halloween II (١٩٨١)
ڕاستەوخۆ لەدوای ڕووداوەکانی فیلمی یەکەمەوە دەست پێدەکات، لۆری بۆ نەخۆشخانەی هادۆنفیڵد دەگوازرێتەوە، ئەم فیلمە زۆر خوێناویترە و نەخۆشخانەکە وەک شوێنی چارەسەرکردن دەشێوێنێت و دەیکاتە گۆڕەپانێکی کوشتار، ئاشکراکردنی ئەوەی لۆری خوشکی مایکڵە، هۆکارێک دەدات بە ڕاوکردنەکەی، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەو ترسە پوختەی لە بێ هۆکاربوونی شەڕەکەی مایکڵەوە سەرچاوەی گرتبوو، کەم دەکاتەوە، فیلمەکە بە تەقینەوەیەکی گەورە کۆتایی دێت، وەک هەوڵێکی نائومێدانەی دکتۆر لوومیس بۆ کۆتاییهێنان بەم کابوسە،

Halloween III: Season of the Witch (١٩٨٢)
هەوڵێکی بوێرانە بوو بۆ گۆڕینی زنجیرەکە بۆ ئەنتۆلۆژیایەک، فیلمەکە باس لە پیلانێکی کۆمپانیایەکی دروستکردنی دەمامک دەکات دەیەوێت منداڵان بکوژێت، فیلمەکە وەک ڕەخنەیەک لە کۆمەڵگەی بەکاربەر و تێکەڵکردنی تەکنەلۆژیای مۆدێرن لەگەڵ جادووی کۆندا لێکدەدرێتەوە، هەرچەندە لە کاتی خۆیدا سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام دواتر وەک فیلمێکی “کەڵت” (cult classic) پێگەی خۆی دۆزییەوە،

Halloween 4: The Return of Michael Myers (١٩٨٨)
دوای دە ساڵ لە کۆما، مایکڵ بەهۆش دێتەوە کاتێک دەبیستێت خوشکەزایەکی هەیە بە ناوی جەیمی لۆید (دانیێل هاریس)، کۆتایی فیلمەکە شۆکهێنەرە؛ کاتێک جەیمی دەمامکێکی گاڵتەجاڕی لەبەردەکات و بە مقەستێک هێرش دەکاتە سەر دایکی ( ئەو دایەنەی هەڵیگرتبوەوە)، هاوشێوەی تاوانەکەی مایکڵ لە منداڵیدا، ئاماژەیە بۆ ئەوەی ڕەنگە شەڕی مایکڵ گوازرابێتەوە بۆ نەوەی دواتر،

Halloween 5: The Revenge of Michael Myers (١٩٨٩)
یەک ساڵ دواتر ڕوودەدات، مایکڵ زیندووە و جەیمی لە نەخۆشخانەیەکی دەروونی منداڵاندایە و پەیوەندییەکی تەلەپاتی لەگەڵ مایکڵدا هەیە، فیلمەکە پیاوێکی نامۆی ڕەشپۆش دەناسێنێت بەدوای مایکڵەوەیە، ئەم فیلمە بە گشتی وەک پاشەکشەیەک لەچاو بەشی چوارەمدا دەبینرێت و نەیتوانی چیرۆکەکە بە شێوەیەکی سەرکەوتوو پەرە پێبدات،

Halloween: The Curse of Michael Myers (١٩٩٥)
هەوڵدەدات نهێنیی پیاوە ڕەشپۆشەکە و هێزە سەرووسروشتییەکەی مایکل ئاشکرا بکات، فیلمەکە باس لە “نەفرەتی سۆرن” دەکات، نەفرەتێکی کۆنی درویدییە و لەلایەن سکتێکەوە کۆنترۆڵ کراوە، ئەم فیلمە دوو وەشانی زۆر جیاوازی هەیە (Theatrical vs. Producer’s Cut)، وەشانی دووەمیان ڕوونتر چیرۆکە ئاڵۆزەکە دەگێڕێتەوە، بەڵام بە گشتی وەک هەوڵێکی شکستخواردوو بۆ زیادکردنی میتۆلۆژیایەکی ناپێویست بۆ کارەکتەرە سادەکە سەیر دەکرێت،

Halloween 20 Years Later (١٩٩٨)
هەموو فیلمەکانی دوای بەشی دووەم پشتگوێ دەخات، فیلمەکە سوودی لە سەرکەوتنی فیلمی “Scream” وەرگرت و ژانەری سلاشەری بۆ نەوەیەکی نوێ زیندوو کردەوە، لۆری سترۆد (بە گەڕانەوەی جەیمی لی کێرتس) مردنی خۆی ساختە کردووە و بە ناوی کێری تەیتەوە دەژی، فیلمەکە جەخت لەسەر ترۆمای درێژخایەنی لۆری و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانی دەکاتەوە، دیمەنی کۆتایی فیلمەکە تێیدا لۆری سەری مایکڵ بە تەورێک دەبڕێت، وەک ساتێکی بەهێزی بەدەسەڵاتکردنی ژنان و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕابردوو لێکدەدرێتەوە،

Halloween: Resurrection (٢٠٠٢)
بە شێوەیەکی مشتومڕاوی مردنەکەی مایکڵ هەڵدەوەشێنێتەوە، لە سەرەتای فیلمەکەدا، مایکڵ لۆری سترۆد دەکوژێت، ئەمەش وەک سوکایەتییەک بە کارەکتەرە ئایکۆنییەکە بینرا، پاشان چیرۆکەکە دەچێتە سەر گروپێک خوێندکار بەشداری لە ڕیالیتی شۆیەکی ئینتەرنێتیدا دەکەن، فیلمەکە بەهۆی چیرۆکە لاوازەکەی و دیمەنی شەڕی کاراتێی نێوان بوستا ڕایمز و مایکڵەوە، بە شێوەیەکی بەرفراوان ڕەخنەی لێگیرا،

Halloween (٢٠٠٧)
لە ٢٠٠٧، دەرهێنەر ڕۆب زۆمبی ڕیمەیکێکی بۆ فیلمی یەکەم دروستکرد، “Halloween” (٢٠٠٧) هەوڵدەدات قووڵتر بچێتە ناو ژیانی منداڵی مایکل مایرس و نیشانی دەدات چۆن لە خێزانێکی توندوتیژدا گەورە بووە، ئەمە پێچەوانەی دیدەکەی کارپێنتەرە، مایکڵ وەک “شەڕی پەتی” و بێ هۆکار دەبینی، فیلمی ڕۆب دڕندانەتر و خوێناویترە،

Halloween II (٢٠٠٩)
تەنانەت زیاتر دابەشکەر بوو، تیشکی خستە سەر خەون و وەهمەکانی مایکڵ و پەیوەندییە دەروونییەکەی لەگەڵ دایکی مردووی،

Halloween (٢٠١٨)
لە ٢٠١٨، سێبەری نوێ بە فیلمی “Halloween” دەستی پێکرد، هەموو بەشەکانی پێشووی جگە لە فیلمی ١٩٧٨ی پشتگوێ خست، لۆری سترۆد ٤٠ ساڵە خۆی بۆ گەڕانەوەی مایکڵ ئامادە دەکات، فیلمەکە باس لە ترۆمای نەوەکان دەکات؛ ترۆمای لۆری کاریگەری لەسەر کچەکەی کارین و نەوەکەی ئالیسن داناوە، دیمەنی کۆتایی تێیدا سێ ژنەکە پێکەوە مایکل لە ژێرزەمینێکدا گیردەخەن و ئاگری تێبەردەدەن، وەک سیمبولێکی بەهێزی یەکگرتنیان دژی ستەمکاریی نێرینە لێکدەدرێتەوە،

Halloween Kills (٢٠٢١)
ڕاستەوخۆ دوای فیلمی ٢٠١٨ دەست پێدەکات، مایکڵ لە ئاگرەکە ڕزگاری دەبێت و دەست دەکات بە کوشتارێکی دڕندانەتر، فیلمەکە جەخت لەسەر توڕەیی و ترس و کاریگەریی مایکڵ لەسەر هەموو شارۆچکەی هادۆنفیڵد دەکاتەوە، دانیشتوانی شارۆچکەکە هەوڵدەدەن خۆیان دادپەروەری بەدەست بهێنن، بەڵام ئەمە دەبێتە هۆی ئاژاوەیەکی کوێرانە، نیشانی دەدات چۆن ترس دەتوانێت کۆمەڵگەیەک لەناو ببات و خەڵکی ئاسایی بکاتە دڕندە، لە کۆتاییدا، مایکڵ کچەکەی لۆری، کارین، دەکوژێت،

Halloween Ends (٢٠٢٢)
چوار ساڵ دواتر ڕوودەدات و هەوڵدەدات کۆتاییەکی یەکلاکەرەوە بۆ ئەم داستانە بنووسێت، فیلمەکە کارەکتەرێکی نوێ بە ناوی کۆری کەنینگهام دەناسێنێت، گەنجێک بەهەڵە منداڵێک دەکوژێت و لەلایەن شارۆچکەکەوە پەراوێز دەخرێت، ئەمەش وا دەکات بکەوێتە ژێر کاریگەریی مایکڵەوە، فیلمەکە لەسەر ئەم بیرۆکەیە کار دەکات شەڕ تەنها یەک کەس نییە، بەڵکو دەتوانێت وەک ڤایرۆسێک بڵاوببێتەوە، کۆری دەبێتە بکوژێکی نوێ و دەمامکەکەی مایکڵ دەدزێت، لە کۆتاییدا، لۆری و ئالیسن ڕووبەڕووی مایکڵ دەبنەوە و بۆ دواجار دەیکوژن، بۆ ئەوەی دڵنیابنەوە جارێکی تر ناگەڕێتەوە، تەرمەکەی بەناو شاردا دەبەن و لەناو ئامێرێکی وردکەری ئاسندا لەناویدەبەن، وەک ڕێوڕەسمێک بۆ پاککردنەوەی شارۆچکەکە لەو شەڕەی بۆ دەیان ساڵ ئازاری دابوون، ئەم کۆتاییە، گەشتی درێژی ترس و بەرەنگاریی لۆری سترۆدی بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە کۆتایی پێهێنا.




گاستۆن باشلار و زانیاری زانستی دەرونشیکاری.. ‏و. لە عەرەبیەوە(یاسین لەتیف)

‏((گاستۆن باشلار و زانیاری زانستی دەرونشیکاری: لە نێوان دابڕانی زانستی و پراکتیکی عەقڵانیزم ، ڕێبازێکی زانستی مێژوویی)) .
‏و. لە عەرەبیەوە(یاسین لەتیف)

‏پێشەکی
‏گاستۆن باشلارد (١٨٨٤-١٩٦٢)، فەیلەسوفی فەرەنسی، بە یەکێک لە بیرمەندە دیارەکانی سەدەی بیستەم دادەنرێت لە بواری فەلسەفەی زانستی و ئەبستمۆلۆژیا . لە ڕێگەی بەرهەمەکانی وەک پێکهێنانی عەقڵی زانستی (١٩٣٨) و پراکتیکی عەقڵانیزم (١٩٤٩) ، باشلار دیدگایەکی داهێنەرانەی پێشکەش کرد بۆ تێگەیشتن لە پەرەپێدانی زانیاری زانستی لە ڕێگەی چەمکەکانی “دابڕانی ئەبستمۆلۆژیا” و ” زانیاڕی زانستی دەرونشیکاری “. ڕێبازی مەعریفەی مێژوویی کە شیکاری گۆڕانکاری مێژووی زانستی و ڕەخنەی ئاستەنگە سایکۆلۆژی و ڕۆشنبیریەکان کە ڕێگری لە پێشکەوتن دەکەن کۆ دەکاتەوە . باشلار پێیوایە عەقڵی زانستی لە ڕێگەی دابڕانی ڕیشەیی لەگەڵ زانستی پێشوودا گەشە دەکات و ،پشتیوانی دەکرێت لەلایەن پراکتیکی عەقڵانیزمەوە هاوکات گرنگی بە ئەزموون و داهێنان دەدات . ئەم توێژینەوەیە ئامانجی شیکردنەوەی بەشداریەکانی باشلارە لە زانیاری زانستی دەرونشیکاری و، دابڕانی ئەبستمۆلۆژی و ، و پراکتیکی عەقڵانیزم . گرنگیدان بە ڕێبازی مەعریفی مێژوویی و ڕۆڵی لە بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگە مەعریفیەکان ، وە بەستنەوەی بە دیالێکتیکی هێز و لاوازی لە چوارچێوەی زانستی و کۆمەڵایەتیدا . باشلار چۆن مێژووی زانستی بە خەیاڵدا هات ؟ وە چ دیدگایەکی شۆڕشگێڕانەی هێنایە سەر ڕێگای مەعریفەی زانستی؟ .

‏(زانیاری زانستی دەروونشیکی )
‏باشلار لە پێکهێنانی عەقڵی زانستیدا چەمکی “زانیاری زانستی دەروونشیکاریی” وەک ئامرازێک بۆ تێگەیشتن لەو ئاستەنگە دەروونی و کولتوریانەی کە ڕێگری لە پێشکەوتنی زانست دەکەن، پێشنیار دەکات . ئەو عەقڵی مرۆڤ بەو شێوەیە دەبینێت کە لە ژێر کاریگەری وێنەی خەیاڵی و بیروباوەڕی بەڵگە نەویستی “کۆسپی ئەبستمۆلۆژی” پێکدەهێنن . وەک پشت بەستن بە ئینتێزی (بەڵگە نەویست)یان شیکردنەوەی ئەنسرۆبۆمۆرفیەکان (دەستنیشانکردن) یان خێرا تێگەیشتن بۆ دیاردە سروشتییەکان . باشلار داوای شیکاری بۆ ئەم ئاستەنگانە دەکات بە مەبەستی پاککردنەوەی عەقڵی زانستی و بەرەوپێش بردنی بابەتیانە …

‏(دابڕانی ئەبستمۆلۆژی )
‏چەمکی دابڕانی ئەبستمۆلۆژی جەوهەری فەلسەفەی باشلارە ، ئەو پێیوایە پێشکەوتنی زانستی بە شێوەیەکی کەڵەکەبوو ڕوونادات، بەڵکو لە ڕێگەی پچڕانی ڕیشەیی لەگەڵ زانیاری پێشوودا ڕوودەدات . لە کتێبی پێکهێنانی عەقڵی زانستی (The Formation of the Scientific And)دا ڕوونی دەکاتەوە کە زانستی مۆدێرن پێویستی بە وازهێنانە لە چەمکە کۆنەکان کە پشت بە ئینتێزی یان (ڕوونکردنەوە نەریتیەکان) دەبەستن، وەک گواستنەوە لە فیزیای ئەرستۆوە بۆ فیزیای نیوتن . ئەم دابڕانە نوێنەرایەتی گۆڕانکاری لە پێکهاتە دەروونیەکان دەکات کە بیرکردنەوەی زانستی و عەقڵانیزمی پراکتیکی بە ڕێوەیدەبات ،

‏( پراکتیکی عەقڵانیزم)
‏ باشلار لە پەرتوکی پراکتیکی عەقڵانیزم چەمکێک پێشکەش دەکات بۆ پێکەوە کۆکردنەوەی نێوان تیۆرو ئەزمون ، ئەو پێیوایە عەقڵی زانستی تەنها پراکتیک کردنی لۆژیکی تیۆری نییە ، بەڵکو پرۆسەیەکی داهێنەرانەیە کە پشت بە ئەزموون و تەکنەلۆژیا دەبەستێت ، جەخت لەوە دەکاتەوە کە زانستی مۆدێرن پێویستی بە هاوکاری نێوان عەقڵی تیۆری و پراکتیکی کردەیی هەیە بۆ ڕێگەدان بە بنیاتنانی زانیاری دینامیکی کە توانای گونجاندنی هەبێت لەگەڵ ئاڵانگاریە نوێکاندا .

‏(ڕێبازی مێژووی مەعریفە ) .
‏ڕێبازی مێژووی مەعریفەی باشلار بە درێژایی مێژوو شیکاری گەشەسەندنی زانست لە گەڵ ڕەخنەیەک لە هۆکارە دەروونی و کولتورییەکان کە کاریگەرییان لەسەر ئەم گەشەسەندنە هەیە کۆ دەکاتەوە . ئەو پێیوایە تێگەیشتن لە مەعریفەی زانستی پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکە لەو زەمینە مێژوویانەی کە عەقڵی زانستی پێکدێنن، هاوکات لە گەڵ گرنگیدان بەو دابڕانانەی کە پێشکەوتنی زانستی لە مەعریفەی تەقلیدی جیا دەکەنەوە .

‏( مەعریفەی زانستی دەرونشیکاری) .
‏لە کتێبی (دروستبونی عەقڵی زانستی)دا، باشلار چەمکی مەعریفەی زانستی دەرونشیکاری وەک ئامرازێک بۆ ئاشکراکردنی ئەو بەربەستە ئەبستمۆلۆژیانەی کە ڕێگری لە پێشکەوتنی زانست دەکەن دەخاتە ڕوو . ئەو پێیوایە عەقڵی مرۆڤ لە ژێر کاریگەری وێنەی خەیاڵی و بیروباوەڕی ئاشکرایە کە ئاستەنگ لە بەردەم بابەتبوونی زانستی پێکدەهێنن ، بەربەستەکان بریتین لە ئێنتێز (بەڵگە نەویست)ڕاستەوخۆ: – پشت بەستن بە ئەزمونی هەستیاری بەبێ شیکاری ڕەخنەگرانە ، وەک باوەڕبوون بەوەی کە خۆر بە دەوری زەویدا دەسوڕێتەوە لەسەر تێبینی چاودێریەکی سادە .
‏ گشتاندنێکی لە ڕادەبەدەر :- دەرئەنجامی یاسا گشتیەکان لە تێبینیە سنووردارەکانەوە، وەک گشتاندنی تایبەتمەندیەکانی مادەیەک بۆ هەموو مادەکانی تر .
‏لێکدانەوە ئەنترۆپۆمۆرفیکەکان : – داڕماندنی تایبەتمەندیەکانی مرۆڤ لەسەر دیاردە سروشتیەکان، وەک وەسفکردنی ئاگر وەکو “زیندوو” یان “تووڕە”.
‏بەربەستی زارەکی : – پشتبەستن بە زمانێکی ناڕوون یان شیعری کە ڕێگری لە وردبینی زانستی دەکات، وەک بەکارهێنانی زاراوەی دیارینەکراو لە وەسفکردنی دیاردەکاندا… باشلار بانگەشە دەکات بۆ ” پاککردنەوەی دەروون ” لە عەقڵانیزمی زانستی لە ڕێکەی شیکارکردنی ئەو ئاستەنگانەو وازهێنان لێیان . بۆ نموونە ئەوەمان بۆ شیکار دەکات کە چۆن بیرۆکەی “جەوهەر” لە کیمیای کۆندا ڕێگری کردووە لە پێشکەوتنی زانست تا ئەو کاتەی لە کیمیای مۆدێرندا چەمکی وردتر جێگەی گرتەوە . ئەم دەروونشیکاریە ڕەنگدانەوەی ڕێبازێکی مەعریفی مێژووییە کە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن عەقڵی زانستی بە درێژایی مێژوو پێکهاتووە .

‏(ڕوداوەکانی دابڕانی ئەبستمۆلۆژی)
‏چەمکی دابڕانی ئبستمۆلۆژی یەکێکە لە گرنگترین بەشداریەکانی باشلار، چونکە ئەو دەڵێت پێشکەوتنی زانست لە ڕێگەی دابڕانی ڕیشەیی لەگەڵ زانیاری پێشوودا ڕوودەدات ، نەک لە ڕێگەی کەڵەکە بوونی لە سەرخۆوە . ‏باشلار ڕوونی دەکاتەوە کە زانستی مۆدێرن پێویستی بە وازهێنانە لە چەمکە کۆنەکان کە پشت بە ئینتێزیۆم (بەڵگە نەویست)یان ڕوونکردنەوە نەریتیەکان دەبەستن. بۆ نموونە لە فیزیادا : – گواستنەوە لە فیزیای ئەرستۆوە (کە پێیوابوو تەنەکان بە پشتبەستن بە کێشیان بە خێرایی جیاواز دەکەونە خوارەوە ) بۆ فیزیای نیوتنی (کە سەلماندی تەنەکان بە خێرایی یەکسان دەکەونە خوارەوە) ئەمە نمونەیەکە لە دابڕانی ئەپستمۆلۆژی .
‏لە کیمیادا : – گۆڕینی تیۆری فلۆجیستۆن (ڕوونی دەکاتەوە سوتاندن بە هۆی بوونی مادەیەکی خەیاڵیە ) بە تیۆری ئۆکسجینی لاڤۆیزەر . ئەمەش دابڕانێکی ئەبستمۆلۆژی دیکەیە . …. باشلار جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم درزانە پێویستیان بە گۆڕانکاریە لە پێکهاتەی عەقڵی زانایاندا ، ئەمەش ڕێگە بە بنیاتنانی زانیاری وردتر و بابەتیانە دەدات . دەڵێت ” دەبێت عەقڵی زانستی لە وەهمەکان ڕزگار بکرێت لە ڕێکەی دابڕانی لە ڕابردوو ، ئەم چەمکە ڕەنگدانەوەی ڕێبازێکی مەعریفی مێژوویە کە تیشک دەخاتە سەر گۆڕانکاریە ڕادیکاڵەکان (ڕیشەیەکان) لە مێژووی زانستدا .
‏(پشتبەستن بە پراکتیک کردنی عەقڵانیزم) .
‏لە کتێبی ( پراکتیک کردنی عەقڵانیزم)دا، باشلار دیدگایەک بۆ عەقڵانیەت دەخاتە ڕوو کە تیۆر و ئەزموون پێکەوە کۆ دەکاتەوە . ئەو پێیوایە عەقڵی زانستی مۆدێرن پەیوەستە بە کارلێکی نێوان عەقڵی تیۆری و پراکتیکی کردەیی . تەکنەلۆژیا ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەگێڕێت لە بنیاتنانی زانستدا. بۆ نموونە ئاماژە بەوە دەکات کە پەرەپێدانی ئامێری وردی پێوانەکردن وەک مایکرۆسکۆپ یان خێراکەری گەردیلەیی ، ڕێگەیدا تیۆریە زانستیەکان تاقیبکرێنەوە و پەرەیان پێبدرێت .
‏دەڵێ: “ پراکتیکی عەقڵانیزم عەقڵانیەتێکە کە کاردەکات و ،بەرهەم دەهێنێت و ، داهێنان دەکات.” ئەم عەقڵانیزمە جیاوازە لە عەقڵانیزمی تەقلیدی (وەک عەقڵانیزمی دیکارت) کە تەنها تەرکیز دەکاتە سەر لۆژیکی تیۆری . باشلار دووپاتی دەکاتەوە کە زانستی مۆدێرن پێویستی بە داهێنان و گونجاندنی بەردەوام هەیە لەگەڵ ئاڵانگاریە نوێکاندا ، کە پراکتیکی عەقڵانیزم دەکاتە ئامرازێکی دینامیکی بۆ پێشکەوتنی زانستی .

‏(ئاڵانگاریەکان و ئەنجامەکانی ڕێبازی مێژووی مەعریفە) .
‏ ڕێبازی باشلار سەرەڕای داهێنانەکەی، ڕووبەڕووی ئاڵانگاری بویەوە: ڕەخنەی ئەکادیمیەکان لە باشلار، چەمکی دابڕانی ئیپیستمۆلۆژی مشتومڕی لێکەوتەوە، بەو پێیەی هەندێک لە فەیلەسوفەکان وەک تۆماس کوهن پێیان وایە پێشکەوتنی زانستی لە ڕێگەی شۆڕشی زانستیەوە ڕوودەدات و مەرج نییە دابڕانی ڕیشەیی بێت . هەروەها هەندێک ڕەخنەیان لە باشلار گرد گوایە گرنکیداوە بە بەربەستە دەروونییەکان لەسەر حیسابی ئەو هۆکارە کۆمەڵایەتی و ئابووریانەی کە کاریگەریان لەسەر زانست هەیە . ئاڵانگاریەکانی پراکتیکی: بەکارهێنانی دەرونشیکاری بۆ زانیاری زانستی پێویستی بە هۆشیاریەکی قووڵ هەیە لە بەربەستە زانستیەکان ، ئەم فەرمانە قورسە کە لە چوارچێوەی پەروەردەیی فۆرمی تەقلیدی هەژموونی بە سەردا دەسەپێنێت .
‏تۆمەتبارکردنی بە ئایدیالیزم: هەندێک لە ڕەخنەگران دەڵێن، گرنگیدانی باشلار بە زانستی خەیاڵی و دەروونشیکاری جۆرێکە لە دەرکەوتنی ئایدیالیزم کە دوورە لە واقیعی پراکتیکی و زانستی مۆدێرن . سەرەڕای ئەوەش، ڕێبازی باشلار بەرهەمەکانی ئەنجامێکی بەرجەستەی بەدەستهێنا ، بە تایبەت (دروستبونی عەقڵی زانستی) ، ئاماژەیەکی بنەڕەتیە لە فەلسەفەی زانستەکان و ئەبستمۆلۆژیا ، بیرۆکەکانی ئیلهامبەخش بوون بۆ فەیلەسوفەکانی وەک لویس ئاڵتۆسەر و میشێل فۆکۆ ، کە پەرەیاندا بە چەمکی دابڕانی ئەبستمۆلۆژی لە جوارچێوە جێوازەکاندا .؟هەروەها لە چوارچێوەی دیالێکتیکی هێزو و لاوازیدا، ڕێبازی باشلار ئامرازێکی بۆ زانایان و کۆمەڵگاکان پێشکەش کرد (لاوازەکان لە بەرامبەر بەربەستە مەعریفیەکاندا) بۆ بەرزکردنەوەی هێزی مەعریفی خۆیان لە ڕێگەی پاککردنەوەی دەرونی و دابڕانی ئەبستمۆلۆژیاوە .

‏(ئەنجام ) .
‏گاستۆن باشلار پێشەنگێکە لە فەلسەفەی زانستیدا لە ڕێگەی ڕێبازە زانستیە مێژوویەکەیەوە کە زانستی درونشیکاری و ، پچڕانی ئەبستمۆلۆژی و ، پراکتیکی عەقڵانیزم پێکەوە کۆ دەکاتەوە . ئەم ڕێبازە دیدێکی گشتگیر پێشکەش دەکات بۆ تێگەیشتن لە گەشەسەندنی عەقڵی زانستی بە درێژایی مێژوو، لەگەڵ گرنگیدان بە بەرەنگاربوونەوەی ئەو بەربەستە دەروونی و کولتووریانەی کە ڕێگرن لە پێشکەوتنی مەعریفە . لە ڕێگەی بەرخۆدانی فیکریەوە بەرامبەر بە بەڵگە نەویست و بەدیهی و زانستی و کەڵەکەبوونی نەریتی و کۆمەڵایەتی بەرامبەر بە هەژموونی کولتووری . باشلار بەشداری کرد لە بەهێزکردنی هێزی مەعریفی زانایان و کۆمەڵگاکان لە بەرامبەر ئەو لاوازییەی کە لە ئەنجامی چەقبەستویی فیکریەوە سەریهەڵدا . دیدگای ئەو نوێنەرایەتی بانگەوازێکی ئیلهامبەخش دەکات بۆ دووبارە داڕشتنەوەی زانست وەک پرۆسەیەکی دینامیکی و داهێنەرانە . ئەو بوو بە مۆدێلی بیرمەندێک کە پابەندە بە پرسەکانی مەعریفەوە لە سەردەمی مۆدێرندا کە چۆن هەڵایسانی شۆڕشی سەردەمی هاوچەرخ ، زانستی دەرونشیکاری و، دابڕانی ئەبستمۆلۆژیاو ، پراکتیکی عەقڵانیزمی پێکەوە گرێدا ؟.

‏سەرچاوەو پێداچونەوەکان
‏باشلار گاستۆن. (١٩٣٨). پێکهاتنی عەقڵی زانستی. پاریس: فرانسا.
‏باشلار گاستۆن. (١٩٤٩). عەقڵانیزمی پراکتیکی . پاریس: چاپی زانکۆی فەرەنسی.
‏کوهن، تۆماس (١٩٦٢). پێکهاتەی شۆڕشە زانستیەکان. چاپخانەی زانکۆی شیکاگۆ.
‏لویس ئاڵتۆسێر. (١٩٧٤). فەلسەفە و مێژووی زانست. پاریس: زانکۆی فەرەنسا
‏
‏حوار المتمدن – العدد – ( ٨٤٦٩) لە ١٨/ ٩/ 2025
‏د . زهیر الخویدی
‏




زەوی سەخت و ئاسمانی دوور.. حه يدەر عەبدولڕەحمان

فیلمی (زەوی سەخت و ئاسمانی دوور) ی دەرهێنەر هەوراز محەمەد ) م لە سینەمای هەولێر بینی .
فیلمەکە دوای نمایشکردنی لە سلێمانی، دەنگۆیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناو پروپاگەندەیەکی زۆری لە سۆشیال میدیاوە بۆ کرا.
بۆیە زۆر بەتاسەی بینینی بووم.
فیلمەکە چیرۆکێکی سەرنج ڕاکێشی هەیە، باس لە پیاوێک بەناو هاڕون دەکات، کە لەدەرەنجامی کۆمەڵێ کارەسات، و تاوان ، دەکەوێتە گۆشەیەکی تەسکی تەنیایی و دووچاری کۆمەڵێ نەخۆشی کوشندەی دەروونی دەبێتەوە، ، بە بەردەوامی خەونی ترسناک دەبینێ. ئارامی لێ هەڵدەگیرێ.
سەرەتا پێشنیاری ئەوەی بۆ دەکەن ، گوێ لەمۆسیقا بگرێ و هاوڕێکەی دەیباتە کۆڕی تەمبوور ژەنانی یارسان و گوێ لە موزیک دەگرێ، بەڵام، مۆسیقا نابێتە چارەسەری کێشە دەروونییەکانی ئەو.
ئیدی بەدرێژایی فیلمەکە بەدوای چارەسەری دا دەگەڕێ،
پێشنیاری ئەوەی بۆ دەکەن ، بچێتە لای پیرەژنێک بەناو مریەم لە کوێستانێ، بۆ ئەوەی خوێنە پیسەکەی دەستی بە خاڵ کۆڵین بگۆڕێ و دەستی تاوانکاری پاک بێتەوە ، لەو کاتەدا هاڕون تەواوی نهێنی و سەربوردەی ژیانی خۆی بۆ مریەم خان دەگێڕێتەوە ، لەکۆتاییدا دەردەکەوێ کە ئەو هاڕوونە نەخۆشە زۆر بێ ڕەحمانە کوڕە ئاشق و تاقانەکەی، مریەمی بەناو ( ئازاد) ی کوشتووەو لە دەشتێکی بەفران بار لەژێر کۆمەڵێ بەردو دار دا تەرمەکەی شاردۆتەوە.
دواتر کە تاوانەکە ئاشکرا دەبێت، مریەمی دایک و هاڕوونی تاوانبار دەچنە شوێنی گۆڕەکەو تەرمەکە دەگەڕێننەوە ئاوایی،
کە شیرینی دەزگیرانی ئازاد تەرمە گەڕاوەکە دەبینێ، بەدەم هەلهەلە لێدانەوە جلی بووکینی دەپۆشێ وئەو ئاواتەی خۆی بەدی دێنێ، زەماوەندی خۆی لەبەردەم تەرمی دەزگیرانە شەهیدەکەی دەگێڕێ، کە لە شەڕێکی براکوژیدا شەهید دەبێ.
پاش هەموو ئەو کارەساتە سیناریۆ نووس سپرایزێک بۆ بینەر دروست دەکات و لە بری نزا کردن لەخوا بۆ تۆڵە لێ سەندنەوە، لە دوا ساتدا دەگەڕێتەوە لای هاڕونی بکوژی کوڕە تاانەکەی ئەوپەڕی میهرەبانی دەنوێنێ و دەست دەکات بە تەواو کردنی نەخشانی خاڵ بۆ هاڕوون ، بە نموونەیەکی جوانی لێبوردەیی، ببە،هاڕوون دەڵێ : دوعا دەکەم خوا لە سزای تاوانەکانت بە دوورت بگرێ، بەقەد دووری ئەرزو ئاسمان
بەم هەڵوێستە ، ئەم دایکە دڵ گەورەیە ،نموونەیەکی هەرە جوان لە لێبوردەیی نیشان دەدات
فیلمەکە لە ناوەرۆکدا فیلمێکی فەلسەفی، سایکۆلۆژیە، دەیەوێ بڵێت ئەو مرۆڤانەی لە ڕەچەڵەکدا ویژدان پاکن و زەمەن ڕوو بە ڕووی گوناهو تاوانیان دەکاتەوە،، هەرگیز ویژدانیان ئارام نابێتەوە، شتێ نیە پاکیان بکاتەوە، مەگەر تەنیا وەک مریەم گوتەنی خودا ڕەحمیان پئ بکاو لە سزاکانی خۆی بەدووریان بگرێ.
دەرهێنەر بۆ گەیاندنی پەیامەکەی خۆی چەند فۆرمێکی جیا جیا بەکار دێنێ، هەندێ جار ئەو فۆرمانە لەچوارچیوە واقیعیەکەی دەر دەچن، بۆ ئەمڕۆی ئێمە، وەک ئەفسانەیان لێ دێ، بەڵام ڕەنگە ئەفسانە نەبن و لە مێژوویەکی کۆنی کوردی وەک سەردەمی مزۆبۆتامیا بوونیان هەبوو بێت، وەک دیمەنی چارەسەرکردنی نەخۆشی دەروونی ، یا چارەسەر کردنی نەمانی دەنگ و چالاکی مرۆڤ، لە ڕێگەی چاڵ هەڵکەندن و کوتانی جەستە.. وەک دیمەنی چاکردنەوەی دەنگی ئەو گۆرانی بێژەی لەژێر ئەشکەنجەو ئازار دەنگی نەمابوو، کەچی پیرە ژنەکە دەنگ و جەستەی دەگەڕێنێتەوە حاڵەتی ئاسایی خۆی.
هەندێ لەو ڕووداوانە ئەگەر وەک کولتوورو کەلەبووریش جاران لە بواری نوژداریدا بەکار هاتبن. ئەوە بەکارهێنانیان لەو سەردەمەدا ناوازە دەردەچێت.
تەنانەت لە ڕووی چارەسەرکردنی نەخۆشی دەروونیش، هەرگیز مۆسیقا لە کۆمەڵگای کوردی دا ، لەسەردەمی کۆن و نوێ دا وەک چارەسەری نەخۆشی بەکار نەهاتووە، وەک لە دیمەنی سەردانی هاڕوونی تاوانبار بۆ کۆڕی تەمبوور ژەنانی یارسان، بەڵام ئەم چارەسەرییە لەکۆمەڵگا ئەوروپیەکان کارێکی ئاسایی بووە.
دەرهێنەر ئامانجە سەرەکیەکەی تەنیا ئەوەندەیە کە بەشێک لە فیلمەکەی بۆ دەرخستنی لایەنی کولتووری چەشنی فۆرمێکی دیکۆمێنتاری لە فیلمەکەدا بەرجەستە بکات، لەو ڕێگەیەوە، بینەر ئاشنا بەو تیپە تەبوور ژەنانەی یارسان بکات لە ئێران و چەند لەچالاکییە کولتووری و فۆلکلۆریەکانیان نمایش بکات، بەمەش کەمێک لە ئەتمۆسفیرو کەش و هەوای هێڵی سەرەکی دراماکە دوور کەوتۆتەوەو بینەری بردۆتە عالەمێکی تر.
ئاراستەیەکی دیکەی فیلمەکە..ڕەهەندی خۆشەویستی یە، کە دوای هەردوو ڕەهەندی سایکۆلۆژی و کەلەپوورو فۆلکلۆر بە ڕەهەندی سێیەم دێت.
دەرهێنەر ڕووداوەکانی ئەو ڕەهەندەی خستۆتە سەر سنووری عیراق و ئێران ،لەوێ دوو ئامانج پێکەوە دەپێکێنێ:
لە یەکەمدا ژیانی پڕ لە کوڵەمەرگی کۆڵبەرەکان نیشان دەدات لەناو بەفرو ناوچە شاخاویەکان کەچۆن ژیان بەڕێ دەکەن بۆ نان پەیدا کردن.
دووهەمیان ژیانی ڕەوەندەکان کە هەمیشە بەدوای ژینگەیەکدا دەگەڕێن ژیانیان تێدا بگوزەری، دەرهێنەر ڕەهەندی خۆشەویستی لە نێوان کچێکی ڕەوەند کە چاخانەیەک دروست دەکات و دەیکات بە وێستگەیەک بۆ حەسانەوەی کۆڵبەرەکان.
دەرهێنەرئەو کچە ڕەوەندەو ( ئازاد) ی کوێستانی دەکات بە ئاشقی یەکتر.
دواتر لەو ئەشقە گەورەیە تراژییایەک دروست دەکات، کە کەمتر نەبێت لە تراژیدیای مەم و زین و شیرین و فەرهاد.
پێگەی سینەمای ئێرانی لەهەموو جیهاندا پێگەیەكی دیارو بەرچاوەو ئێستا ڕكابەری لەگەڵ زلهێزترین بەرهەم هێنەرانی سینەما دەكات لەجیهاندا.
ڕاستە كە ئەمریكاو ئەوروپا خاوەنی تەكنەلۆژیایەكی پێشكەوتوون لەسینەمادا، بەڵام ناتوانن وەك ئێران ئەو ڕۆڵە بونیاتنەرە ببینن كە پێویستە بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی، لە ڕووی ئایدۆلۆژیا، پەروەردە، كۆمەڵایەتی،كولتوور ..
كورد لەئێراندا بۆتە پارچەیەك لەواقیعی سینەمادا، ئەو پێشكەوتنەی بەر ئێران دەكەوێت، هەمان پێشكەوتن كوردەكانیش دەگرێتەوە، چونكە ئەوانیش بەشدارن لەو پێشكەوتنە، بەڵام كۆمەڵێ‌ هەلو مەرجی سیاسی ، ئابووری، وایان كردووە كوردەكان مخابن نەتوانن وێڕای ئەو هەموو دەسەڵاتە زۆرەی لە هونەری سینەمادا هەیانە ، وەك پێویست ببن بەخاوەنی سینەمایەكی تایبەت بەخۆیان بەناوی سینەمای كوردی، بەڵكو زۆرینەی بەرهەمەكانیان فارسین، بە دەگمەن نەبێت .
تێكەڵ بوونی كوردەكان لەگەڵ هەژموونی سینەمای ئێرانی، هەمیشە ڕێگا خۆشكەر بووە بۆ سوود وەرگرتن لەو هەژموونە زەبەللاحەی ئێرانیەكان هەیانە، لە بارەی سینەماو ڕەهەندەكانی سینەما، بەتایبەت لە ڕووی پیشەگەری سینەماو دروست بوونی كادیری سینەمایی پێشكەوتوو، لە بواری نووسینی سیناریۆ، دەرهێنان، كامیرەمانی، ڕووناكی، موزیك، نواندن و تێكڕای ڕەهەندە هونەریەكانی تر.
ئەو هونەرەی كوردەكان لەگەڵ سینەمای ئێرانی فێری دەبن، لەئەنجامدا بۆ خزمەتی سینەمای ئێرانی تەوزیف دەكرێن.
ئەوەتا كوردەكان لەچەندین فیستیڤاڵی جیهانیدا خەڵاتی گەورە وەر دەگرن، بەڵام بەناوی هونەرمەندی كورد نا، بەناوی سینەمای ئێرانی.
بۆیە كوردەكان لەهەر كوێیەك كار بكەن وەك دەرهێنەر، سیناریست، ئەكتەر، وێنەگر، یا هەر ڕەهەندێكی تر، بە شێوەیەكی سروشتی هەمان مۆرك و ستایل و فۆرمی سینەمای ئێرانیان هەگرتووە و لێیان جیا نابێتەوە،
ئەوان دەتوانن بابەتی كوردی، ئەتمۆسفیری كوردی، كولتووری كوردی بۆ سینەمای كوردی تەوزیف بكەن، بەڵام بە هونەرو توانست و كارامەیی ئێرانی .
بۆیە زۆر لەو فیلمانەی دەرهێنەرانی كورد لە كوردستانی باشووردا بە هاوكاری ستافی هونەری ئێرانی بەرهەمی دێنن، مۆركی ستایلی فیلمی ئێرانیان پێوە دیارە .
بەرهەم هێنەرانی فیلم لە كوردستاندا، لەئەنجامی ئەو قەیرانەی لەبواری كادیری خاوەن ئەزموون لەبواری پیشەسازی سینەمادا ڕوو بەڕوویان دەبێتەوە، پەنا دەبەنە بەر كادیرە ئێرانیەكان ، بە تایبەت لەوێنەگرتن ، دەنگ , موزیك ، مۆنتاژ و هەموو ئەو كارە ڕەگەزیانەی لە پرۆسەی دروست كردنی فیلمسازی دا گرنگن .
بۆیە ئێستا زۆرێك لەو دراماو فیلمانەی لەكوردستاندا ناوی لێ دەندرێت درامای كوردی، یا سینەمای كوردی، لەكۆمپانیای بازرگانی بە قۆنتەرات دەگیرین، بۆ دروست كردنی دراما، یا فیلم، تەنیا ئەو بەرهەمانە لەسەر كورد هەژمار دەكرێن، كە بەهەموو دەست كورتی و نەداری خۆیانەوە بەكادیری كورد بەرهەم دەهێندرێن
ئەوڕۆ كوردستان پرسی سینەما وەك پرسێكی بازرگانی دەبینێ، ئێستا وەك جاران بەرهەمهێنانی دراماو فیلم چەق بەستوو نیە بەیارمەتی وەزارەت و حكومەت، بەڵكو گەیشتۆتە ئاستێك كەسانی پارەدار فیلم بەرهەم دێنن، ئەو بەرهەم هێنەرانە پرسی نیشتمانی و نەتەوەیی بەگرنگتر نازانن لە پرسی بازرگانی، بۆ قازانجی خۆیان بەدوای باشرین ئەو فاكتەرانە دا دەگڕێن، كە باشترین داهات بە دەست دێنێ، لەوانەش بەشداری پێكردنی ئەكتەرە كوردەكانی ئێران ، كە لە ئاستێكی بەرزی ناوداریەتین لە سینەماداو خاوەنی چەندین خەڵاتی گرانبەهان .
بەمە هەم دەتوانین بۆشاییەكی گەورە لە بواری گرفتی ئەكتەری سینەمایی خاوەن ئەزموون پڕ كەنەوە، هەم بە بەشداری ئەو ئەكتەرانە ئاستی فیلمەكان بەرز دەكەنەوە لە بازاڕدا.
گرنگتر لەوە ئەوەیە زۆر جاران سینەما دەبێتە خاڵی بە یەك گەیشتنی ئەكتەرەكان لە دەوری فیلمێكدا، كە هەر ئەكتەرەو لە پارچەیەكی كوردستاندا بێت ، بەئامانجی دروست كردنی داهێنانێكی هاوبەشی سینەمایەكی یەكگرتوو لە ژێر شوناسێكی كوردستانی .
بەڵام وێڕای ئەو چەند خاڵە ئەرێنیەی كارە هاوبەشەكان لە گەڵ ستافە ئێرانیەكان و بەشداری پێكردنی ئەكتەرە كوردە خاوەن ئەزموونەكان ، ئەم حالەتە دەبێتە كێشە بۆ دراماو سینەمای كوردی,
كێشەكە لەوەدا خۆی دەنوێنێ‌ كە ئەم پرۆسەیەی پشت بەستن بە ستافی ئێرانی دەبێتە تەقلیدێكی گشتی و دیاردەیەكی خەتەرناك بۆ ئایندەی دراماو سینەمای كوردی.
چونكە تا ستافی ئامادەكراو هەبێت لە دەرەوەی كوردستان هاوردە بكرێن ، كەس هەوڵی دروست كردنی ئەو ستافە هونەریانە نادا و بۆشاییەكانی دراماو سینەمای كوردی هەر وەك خۆیان دەمێننەوە.




تکایە، خاسی مەکەن، با خراپتر نەبێت! /6.. ئاکۆ مارانی

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن..




نواندن، یان نواندنەوە/presentation or representation.. پ.ی.د. عومەر ئەحمەد عەزیز

زاراوەی نواندن بەرانبەر بە/presentation دەوەستێت، کانێک پێشگری /re/ بۆ زیاد دەکەین، دەبێتە Representation ، کە کوتومت بەرانبەر بە /نواندنەوە، دەوەستێت، تا ئێستا ئێمە لە توێژینەوە زمانەوانییەکاندا، هەر زاراوەی نواندن بەرانبەر بە representationبەکاردەهێنین، لەکاتێکدا پێشگری /re/ لە زمانی ئینگلیزیدا، بە واتای (دووبارە، گەڕانەوە) دێت، واتە دوبارە کردنەوەی شتێک، وەکو لە وشەی rebuild، ، کە بەواتای دوبارە بونیاتنانەوە ، یان لە وشەی /return دا واتای گەڕانەوە بۆ خاڵی پێشووتر، هاتووە، بەمپێیە بێت، هەموو داڕێژراوێکی سینتاکسیی، پێشتر خاوەن نواندنی خۆیان بوون لە ئاوەزدا، دواتر، کە دەبن بە خاوەن فۆرمی فۆنەتیکی و بەرجەستە دەکرێن، ئێمە بەپێی پارامێتەری زمانەکەمان دەینوێنینەوە، کە نواندنەوەکە، لەسەر بنەمای نواندنی پێشووی ئاوەزە، بەو جیاوازییانەی کە ڕودەدەن لە دروستەی ڕوکەشدا، وەکو یاساکانی گوێزانەوە، جێبەجێبوونی پارامێتەری زمانی کوردیی و یاسا فۆنۆلۆجییەکان.
ئەم زاراوەیە لە سینتاکسدا، بەتایبەت لە ڕێزمانی بەرهەمهێنانی چۆمسکیدا، ئاماژەیە بۆ نواندنەوەی ئەو کەرەستانەی، کە لە سینتاکسدا بەرهەمهاتوون، وەکو فرێز و ڕستەکان، یان ئەو یەکە فەرهەنگییانەی کە لە فەرهەنگدان، واتە تا ئێستا هەموویان لە مێشکدان و لە ئاوەزی مرۆڤدان، پاشان لە دروستەی ڕوکەشدا، ئێمە لەڕێگەی هێڵکاریی درەختییەوە، یان کەوانەوە کە ڕێگەیەکن بۆ نواندنەوەی ئەو یەکانە، کە خۆیان هەن و خاوەن نواندنی ئاوەزییانەی خۆیانن، لە دروستەی ڕوکەشدا، بەکورتیی، ئەو کەرەستانە لە ئاوەزدا خۆیان نواندیان هەیە، ئێمە دێین دوبارە دەیانوێنینەوە، واتە نواندنەوە/representation ، کە نواندنەوەش بریتییە لە نیشاندانی پەیوەنییە ڕێزمانییەکانی نێو کەرەستەکانی ڕستە، چۆن لە ڕستەیەکی وەکو ( کوڕەکە نانەکەی خوارد) دەزانیین، کوڕەکە فرێزێکی ناوییە/دیارخەرییە، بەڵام (نانەکەی خوارد) بەیەکەوە فرێزێکی کرداریین، یان بەشەکردارن، پاشان بەشێوەی دووپەلکی لە( فرێزێکی ناویی/ دیارخەریی و سەری فرێزێی کرداری پێکدێن) بەپێی یاساکانی فرێزپێکهێنان، بۆ ڕونبونەوەی زیاتری ئەو خستنەڕووەی سەرەوە ئەم هێڵکارییە یارمەتیمان دەدات، تێبگەین لەوەی کە چۆن ئەو فرێزانە لە پەیوەندییەکی ڕێزمانیدان و خاوەن نواندنی خۆیانن لە دروستەی قوڵدا، بەڵام ئێمە بەشێوەی درەختی و لەسەر بنەمای پارامێتەری زمانی کوردیی نواندنەوەیان بۆ دەکەین:
کوڕەکە نانەکەی خوارد

لێرەدا ئەوەی گرنگە بوترێت ئەوەیە، کە ئەو زمانەوانانەی زاراوەی نواندنیان داناوە، کارێکی زانستییان کردووە، ئەگینا ئەبوایە ئێستا ئێمە مشتومڕمان لەسەر ئەوە بوایە،ئایا(پیشاندان، دەرخستن، خستنەڕوو، خستنەپێشچاو،…تاد) کامیان بەرانبەر بە زاراوە ئینگلیزییەکە دەوەستن، کە بەداخەوە لەگەڵ ئەوەی بە دەیان زاراوەی زانستیی، چەندین ساڵە بەکاردەهێنرێن، کەچی هەندێک توێژەر و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تازەبەتازە زاراوەی نوێ دادەنێن، ئەمەش هۆکارەکەی ئەوەیە ئاگاداری ئەو کارانە نیین، کە لەبواری زمانەوانیدا کراون لە باشوری کوردستان، بەڵام ئەوەی سەرنجی منە زاراوەی نواندن، بەرانبەر بە representation/ ی ئینگلیزیی ناوەستێت، بەپێی لێکدانەوە و ئاستی زمانزانینیی ئێمە وەکو توێژەرێکی بوارەکە، بەڵکو نواندنەوە پڕاوپڕ بەرانبەرێتی، ئەوەی ماوە بیڵێین ئەوەیە، کە هەندێک جار ئێمە بەرانبەر بە presentation/ سیمینار بەکاردەهێنین، هەرچەندە لە مۆرفۆلۆژیدا، ئاساییە وشەی زمانێکی تر بەرانبەر بە واتایەکی تر بەکاربهێنیت وەکو ڕێگایەکی دەوڵەمەندکردنی زمانەکەت، بەڵام سیمینار و پرزێنتەیشن جیاوازن لەیەکتر، بەو پێیەی پرزینتەیشن بۆ پرۆژەیەکە، کە تۆی توێژەر دەیخەیتەڕوو، بۆ نمونە توێژینەوەیەکت ئەنجامداوە، دێیت بۆ گوێگرانی باسدەکەیت، بەڵام سیمینار کەمتر ڕەسمییە، بەڵکو جۆرێکە لە ڕاگۆڕینەوەی نێوان گروپێک، یان مامۆستایەک لەگەڵ خوێندکارەکانیدا لەبارەی بابەتێکەوە، زۆرجار ئەتوانیت پرسیار بکەیت بۆ ئەوەی بابەتەکەت بۆ ڕونبکرێتەوە.
هەروەها نواندن، بەرانبەر بە performance، یش بەکاردێت، کە ئاماژەیە بۆ کاری نواندنی سەر شانۆ، یان ئەکتەرێک لە درامایەک، فیلمێکی سینەماییدا، کە دیسانەوە ئەمەش دیاردەیەکی ئاساییە، وشەیەکی ئاسایی ڕۆژانە، ببێتە زاراوەیەکی زانستیی بوارێک، چونکە وەکو دەوترێت، هەموو زاراوەیەک وشەیە، بەڵام مەرج نییە هەموو وشەیەک زاراوە بێت، لێرەدا نواندن، وەکو وشەیەک بووە بە زاراوە.

پ.ی.د. عومەر ئەحمەد عەزیز
زانکۆی گەرمیان، بەشی کوردیی