جوانى مێژوو لە (وەرزەکانى بەرنگاری)دا.. یوسف محەمەد بەرزنجى

تێچاندن
ئەمڕۆ سۆشیال میدیا بەهەموو جۆرو ڕەنگێک بەشێکى زۆرى بەرفراوانى بۆتە خاشاکى ڕۆژگارو جوانییەکانى ژیان و مێژوویان شێواندووە، کۆمەڵێک خەڵکى نێو میدیا بەگشتيى زۆرێک کاریگەرى بەرچاویان هەیە لەشێواندنەکانداو تێکدانى هزرى بەشێکى کەسانى نێو کۆمەڵگەو کاریگەرى بەرچاویان وەک تارمایى بەسەر گەنجان وخۆشباوەڕانى نێو کایە ڕۆشنبیرى وکۆمەڵایەتى و سیاسییەکانەوە هەیە،زۆرێک لەو کەسانەهەر ڕۆژێک لەسەر فاک وفیکێک و بالۆریەکن و مەبەستیان تەنیا تێکدانى ئارامى و ئاسودەیی خەڵک و دەستکەوتنى بڕێک ماددەیەو هیچ بەهاو سودێک لە مەبەستەکانیاندا نیەو هیچ بیروباوەڕو هزرێک لە بەهاى مرۆڤایەتیاندا نییە!! ئەوان لە ناو میدیادا بە ئاراستەو شێوەیەک کاردەکەن و نێوەندەکە قۆرخدەکەن کە بەلایانەوە گرنگ نییە کۆمەڵگەو نەوەکان بەکام ئاقارو ئاراستەدا دەڕۆن و بەرئەنجامم بەچیدا دەکەوێتەوەو خەڵک توشى چ دۆزەخ و کارەسات و سەرگەردانیەک دەچێت و بەمەش دەیانەوێت ڕەوتى مێژوو ڕووداوەکان سەرەو بن بکەن و بەهۆکارى مەبەستدار لە بەر چاوى نەوەو گەنجانى بخەن و خەڵک وخۆشیانى پێوە ناشیرین بکەن.

(وەرزەکانى بەرەنگارى)
ئەم کتێبە بیرەوەرى بەڕێز(شۆڕش ئیسماعیل) پێشمەرگەو تێکۆشەرێکى دێرینە، خاوەنى ئەزمۆن و شارەزاى چیاو لوتکەو دۆڵو گوندودەشتەکانى گەرمیان وکوێستانە،بیرەوەرییەکانى(٧٦٣)لاپەڕەى قەبارە گەورەى وەزیریییە،(مێژووى ڕووداوبەسەرهاتەکانى تەمەنى خەبات وپێشمەرگایەتیم تاساڵى ١٩٨٥ـــ بەرگى یەکەم) کتێبەکە لە چاپخانەى کارۆى سلێمانى ساڵى ٢٠٢٥ بەشێوەیەکى جوان چاپکراوە، شایانیی ئەوەیە خوێنەران ئەوانەى حەزیان بەمێژووى زارەکى و گێرانەوەیە بیخوێنەوە، کتێبەکە پشتى بەیادگەو خەیاڵى گێڕانەوە لە تۆمارکردنى ڕوداو قەوماوەکان وەک مێژووى دەڤەرو ناوچەکە بەستووە، ئەم مێژووەش دەتوانین لە ساڵى ١٩٥٠ــ ١٩٨٥وەک بەرگى یەکەم سەیرو دیارى بکەین.

ژیان لە شاردا
بەڕێزشۆڕش ئیسماعیل، دەسپێکى مناڵى وگەنجى لە شارى سلێمانى وگەڕەگى مەڵکەندى و گۆیژەو پیرمەنسور حاجى حان وشێخ محێددین، بەڕێکردووە یان گوزەراندووە، ساڵى ١٩٧٤ بۆتە پێشمەرگە،پلەکانى پێشمەرگایەتى تا سەرتیپ و ئەندامى مەکتەبى عەسکەرى و لیێپرسراوى مەڵبەندو مەکتەب وتا وەزیرى پێشمەرگە بڕیووە،برایەک و باوکى بەدەستى بەعسییەکان شەهیدکراون، ئەوان خێزانێکى مام ناوەندو خوێنەوار بوون، زۆرێک لەخەڵکى سلێمانى دەیان ناسێت،زۆرێکمان ئەوانەى حەزیان لەمێژوو خوندنەوەیە،زۆرێک لە ياداشتيى هونەرمەندان و شاعیران ونووسەران و کەساتییە سیاسیى و ڕۆشنبیرو کۆمەڵایەتییەکانمان بینیوەو خوێندۆتەوە جا ناوخۆیى یان جیهانى بێت.هەر لە بیرەوەرییەکانى وەفایى،ڕەفیق حلمى،ئەحمەدتەقى،ئەحمەد خواجە، … تابیرەوەرییەکانى زۆرێک لەپێشمەرگەو کەسەیەتییە جۆربەجۆرەکانى دیکەش، زۆرێک خۆیان بەقارەمانى ناو ڕووداو کارەساتەکان دەنرخێنن، زۆرێکى تر لە پەرواز و دورەپەرێزی و بێلایەندا خۆیان خستۆتە ناو مێژووى کارەسات وقەوماوەکانەوە، لەبیرەوەرییەکاندا هەندێکیش خاوەن بڕیاو سەرکردەو کاربەدەست بوون، دەبنە فریشتەو وەک پەڵە هەورێکى خەیاڵ ئامێزى ناو چیرۆک و ڕوداوەکان دەردەکەون، وەک نەبایان دیبێت نەباران، بیرەوەرى و مێژووى زارەکى بەلاى گەلان و میللەتانەوە زۆر گرنگ وپڕبایەخن، دەبێت کارەسات و ڕووداو قەوماوەکان بێ ڕوتوش و پێدا گوتن و قەبەکردن و وشە فڕێدان، وەک خۆیان بە تێڕوانینى واقیعبینانە بگێڕدرێتەوەو تۆمار بکرێت، نابێت مافى کارەکتەرو بەشداربوانى نێو ڕووداوەکان و قەوماوەکان فەرامۆش بکرێت، یاخود لەپەراوێزدا لێیان بدوێین، تۆمارکرکردنى بیرەوەرى و یاداشت گەر لەهەلومەرج وکاتى خۆیدا هەنێ سەرە قەڵەمى لێتۆمار،یان یاداشت بکرێت، وەک مێژوو زۆر پێویست و گرنگ وبەسوودە، گەر پشت بەیادگەوبەڵگەنامەو کاتى دواتر ببەسترێت دەبێت بەویژدانەوە بابەتەکان تۆمار بکرێت ومافى گشتى وتاک فەرامۆش و خۆلە گێل کردنى تێیدا کەمبێت، دیارە پاشان مێژوو لەلێکۆڵینەوەو بەدواداچوونەکانى رەحم بەخاوەنى یاداشت وبیرەوەرییەکان ناکات و بە کۆرەبابایدا دەچێتە خوارەوەو دەیخاتە ناو دادگاو ترازووى مێژووى ئایندەوەوتوێژینەوەو لێکۆڵینەوەو هەڵسەنگاندنى وردى بۆ دەکات.

ئەم بیرەوەرییانە
ئەم بیرەوەریانەى بەڕێز شۆڕش ئیسماعیل، وەزیرى پێشمەرگەو، هاوڕێکانى ئەو وەک مێژووى زارەکى ویاداشت و بیرەوەرى کە چاپکراون و دیتومانن، زۆر پێویست و گرنگ وبەکەڵکن، چونکە ئەم بیرەوەریانەو ئەوانى دیکەش قۆناغ و هەلومەرجى سیاسیى و کۆمەڵایەتى و ئابوورى ئەوێ ڕۆژانى ساڵ و وەرزە جیاوەزەکانى گەلەکەمان دەخەنە ڕوو وێنە ئەو ڕۆژە سەختانەى گەل و نیشتمانەکەمان پێدا گوزەرى کردووە، وەک مێژوو بەرچاو ڕونی وڕێنمایمان دەکات، نەوەکانى ئێستاو ئایندەش کە بەو دۆخ ومێژووەدا گوزەریان نەکردووە، دەتوانرێت بەهۆى بیرەوەرییەکانەوە ئاشنابن، تێبگەن ئازارو نەهامەتى و ڕۆژە سەخت ودژوارەکان چین، برسێتى و کاولکردنى گوندو شارۆچکەو دروستکردنى ئۆردوگا زۆرەملێکان و سوتماککردن نیشتمان لەکام مێژوو سەدەدایە، ئەنفال و کیمیاباران و گواستنەوەو وێرانکردن لەکام مێژوو قۆناغدا دەکەونە نێوەندى مێژووى گەلەکەمانەوە.

وەرزکانى بەرەنگارى
ئەم کتێبە زمانێکى سادەو جوانى گێڕانەوەى هەیە، نووسەر پێشمەرگەى ناو ڕوداو قەوماوەکانە، لە شارو گوندەکاندا،تا ئەم تەمەنەى خۆى قوربانى گەورەى بۆ نیشتمان داوە، بەزمانى شارو گوند، دۆخى ئەوێ ڕۆژێمان بۆ دەگێڕتەوە،لە ساڵى ١٩٧٤ــ ١٩٧٥ کەوتۆتە ناو ڕوداوەکانەوە خۆى شایەتى مێژوو قۆناغەکانە تا ساڵى ١٩٨٥، خۆى فەرماندەو هاوڕێى سەرکردەکانە، بەزمانى سادەو ساکار دەدوێت و پلار و ناشیرین کردن ناگرێتە بەرو، بەرانبەر بەهاوڕێ و سەرکردەکانى بەجوانى شیتەڵى ژیان وگوزەران لەگوندەکان و شارەکان دەکات، مافى داوە بەخەڵکى گوندو ژیان وگوزەران و موعانات وخەم و ئازارو شەونخونیانى بەهەندو بەڕێزەوە باس دەکات، هاوکارییەکانیان بۆپێشمەرگە بەوەفاوە دەنرخێنێت، بەوردى باسى ئەو خێزان وکەسایەتیانەى گوندەکان دەکات کە لە چایەکەوە لەدەمى خۆیان گرتۆتەوە تا جل وبەرگ و جۆرها یارمەتى ماددى ومەعنەوى تر کەپێشکەشى ڕۆڵەکانیان کردووە، هەمیشە پێشمەرگەو خەڵک لەئامێزى میهرەبانى یەکترا بوون بێ یەکترى نەبوون و نەژیاون، ئەو جوانى ومیهرەبانى خەڵک وگوندو چیاو ڕووبارەکان وەک تابلۆیەکى ڕەنگین باس دەکات و بەقەڵەمەکەى وێنەى کێشاوە، ئەو وهاوڕێکانى خۆیان بەقەرزاربارو میهرەبانى خەڵکى گوندەکان دەزانن، مێژووى ئەڕۆژگارەمان بەجوانى بۆ دەگێڕێتەوەو باسدەکات و پێی وایە ئەو مێژووە بەڕەنگاو ڕەنگى وجوانى دەمێنێتەوەو کەس بە ناشیرنکردن وشێواندنى قازانج ناکات.

سەردەمێکى دژوارو سەخت
لەم بیرەوەریانەدا زۆر بەجوانى وسەنگینى وەک فۆتۆگرافەرێک وێنەى ڕوداو کارەسات و سەختییەکانى ئەو ڕۆژگارەى چرکاندووەو بۆى تۆمارکردووین، هەر لەدڵڕەقى بەعس و هاو ئاوازەکانى کە جاش و جاسوسەکانن وهاوکارەکانیان چ ئازارێکیان هەر لەماڵ وێرانکردنەوە تا قەڵاچۆکردنى خەڵک و بێپاساوهێنانەوە وێنە گرتووەو خستونیەتە بەردەم مێژوو خوێنەرو لە پەرەگراف ودەستە واژەکاندا ڕەنگى داوەتەوەو بەڕاستگۆیانە لێی دواو ڕوداو کارەسات و قەوماو فرمێسک وخوێنى لە یاد نەکردووە کە بە سەر ڕۆڵەکانى گەلەکەیدا هاتووە، کەواتە خۆى نەکردۆتە پاڵەوان و خەڵک بەسەربازى بەردەمى، بەڵکو بەڕاستگۆییەوە ڕوداوەکان و شەڕەکان وخیانەت و تەسلیمبوونەوەو ملکەچى زۆرێکى وەک مێژوو خستۆتە بەردیدەو وەک گوێزى پاکراو لەمێژووەکە وەک خۆى لێی دواوە. بابەتەکانیشى قەبە نەکردووە، بەڵکو گێڕانەوەکان واقیعین.

مێژووى هاوڕێکانى
چۆن لەبیرەوەرییەکانیدا باسى گوند و خەڵکى شارى گێڕاوەتەوەو لەژیان و گوزەران و هەلومەرجى ئەوێ ڕۆژان دواوە، ئاواش زۆر بە بایەخ وڕێزو نەوازشەوە لەپێشمەرگەو فە رماندەو هاوڕێکانى تواناو ژیان و گوزەرانیان بەشداریان لەدۆخ و شەڕو ئازارو نەبوونى و کەمیین وهەڵوێستیان لەبەرانبەر دوژمن و سەربازو پیاوخراپ وجاشەکاندا وەک هەستکردن بە لیپرسراوێتى وئەرکى مرۆڤ دوستانەى خستۆتەڕو تەنانەت لەبەرانبەر خیانەت وتەسلیم بونەوەوزمانێکى جاش وسەربازەکاندا،بە زمانێکى سادەو ساکارو نەرم ڕووداو بەسەرهات و شەڕەکان دەگێڕێتەوە، تەنانەت وشەى ناشیرین وبێزراو لەکاتى ناخۆشى وشەڕو وێرانکردن وسوتانى گوندەکاندا لە دۆخى شەڕەکاندا بەکار ناهێنێت، ئەمەش سۆزو خۆشەویستى وسادەییى نوسەرو پێشمەرگە و فەرماندەى ڕاستەقینە پیشاندەدات و دەیخاتە ڕوو، هەندێ شەڕو ڕوداو چۆن باسکراوە ئاواش گێڕانەوەى بەسەرهات وقسەى پێکەنین ئامێزو کەسانى قسەخۆشى تێهەڵکێشى بابەتەکان کردووەو تەشویق و خۆشى بۆ خوێنەر فەرامۆش نەکردووە و لەبێزارى ڕووداوەکان دوریان ئەخاتەوە.

سەرنج وتێبینى بۆ ئەم بیرەوەرییانە
سەرنج وتێبینى نەک لە سەر کتێب بەڵکو لە سەر بابەتێکى ئاسای گرنگە و بۆ دەوڵەمەندکردن وڕاستکردنەوەو گرنگى پێدانە، بەڵام تەشەرلێدان و بچوکردنەوەى نوسەرو بابەتەکەو بەهەند وەرنەگرتنى و دەرچوون لە ڕەخنەى واقیعى بێپرنسیب وتەندروست و لە سنور تێپەڕین کارێکى خراپەو لە گرنگى نوسەرو ڕەخنەگر کەم دەکاتەوە، من لە خوێندنەوەى کتێبەکەدا هەندى بارى سەرنجم لادروست بوو بەهیوام، لە خزمەتى کتێبەکەو نوسەردابێت وسودى گشتى تێدابێت.
یەکەم: ڕێزبەندى بۆ گێڕانەوەى مێژووى زارەکى پێویستە، بۆیە ڕێزبەندى و قۆناغە مێژووییەکان لەم بیرەوەریانەدا کەمەو تێکەڵاوە یان زۆر کەم ئاماژەى پێدراوە.
دووەم:زۆرترین بیرەوەرییەکان ساڵانى ١٩٧٦،١٩٧٧،١٩٧٨…ى لەخۆ گرتووە، کە کەمترین ڕوداو هێزو تواناى پێشمەرگە لە وساڵانەدا دەردەکەون، بەڵام ساڵانى هەشتاکان تا هەشتاوپێنج کە زۆرترین ڕوداوى تێدایە ڕووى داوە کەمتر باسکراوە.
سێیەم:باسى ڕوداوێک کارەساتێک دەکات،یان کەسایەتییەک پێشمەرگەیەک،فەرماندەیەک ناوى شاردۆتەوە یان خۆى لێبواردووەو فەرامۆشى کردووە، جگەلەوەى ڕوداوەکە زیاتر لەچل ساڵ بەسەریدا گوزەراوە.
چوارەمین:باسى ڕێکخستنی شارەکانى زۆر بەکەمى کردووە زۆر گرنگى پێنەداوە، لەکاتێکدا ئەرکى ڕێکخستنى شارەکان و تێکۆشەرەکانى هیچى کەمتر نییە لەخەبات وتێکۆشانى پێشمەرگە، جگەلەوە خەباتى نهێنى زۆر سەخترە لەخەباتى پێشمەرگەو ئاشکرا، پێشمەرگە لە ناوچەى ئازادو شاخدا بوون.
پێنجەمین:کەرتى ژنان لەڕێکخستنەکاندا بەتایبەتى دواى ساڵى هەشتاکان برەوى پێدراوەو دامەزراوە،بەنمونە کەرتى شەهید(لەیلا) بەڵام ئەو لەلاپەڕەى سەرەتادا لێى دواوەو گرنگى پێداوە.
شەشەمین:هیچ نامە،بەڵگەنامە وبروسکەو بەیاننامەو نوسراوێک،پشت پێبەستن بۆتۆکمەیی بیرەوەرییەکان بەکار نەهاتووە ئەمەش لاوازى لەگێڕانەوەدا دەخاتە ڕوو،کەواتە پشتبەستن بەبەڵگەنامەى نوسراو زۆر گرنگە بۆ هەموو مێژووە نووسراوەکان.
حەوتەمین:وردەکارى کۆبوونەوە، هێرش وپەلاماردان، بۆسەنانەوە، هاتنە ناوشار، گەلێک ڕووداو پێویستى بەکەشفکردنى وردەکارى و پشتەوەى بابەتەکەو نهێنییەکانى هەیە تا خوێنەر مێژوو نهێنییەکانى بزانێ، چونکە بۆخوێنەر گرنگە، نەک ڕووکەشى بابەتەکە.
هەشتەمین،گێڕەرەوە هەر پشت بەمەدح وسەناوپێدا گوتن وپێداهەڵدان دەبەستێت،ڕەخنە دەستنیشانکردنى کە موکورتییەکان وکێشەکان لەگوندو ناوپێشمەرگەدا ناخاتە ڕوو،تەنانەت کێشە سیاسییەکان، کۆمەڵاتییەکان وەک کەلتوورو دابوونەریتیش….


١٤ى ئەیلول _٩_٢٠٢٥



ریلکە… شیعر و مێرده‌زمه‌كانی منداڵی.. نووسینی / هاشم ساڵح.. وه‌رگێڕانی/ ئاكۆ عه‌بدوڵڵا

بەو پێیەی هەموو ژیانم دێوه‌زمه‌ییه‌ (تەنانەت پێش کۆرۆناش!)، هۆگری ئه‌و نووسەرانه‌م کە ژیانی مێرده‌مانه‌ییان بەسەر بردووە، بەتایبەتی لەسەرەتای منداڵییاندا، وەک کافکا، بۆدلێر، دۆستۆیڤسکی، ریلکە هتد… بەڵام با ئێستا واز لەدێوه‌زمه‌كان بێنین و باسی شتی دیكه‌ بکەین. خۆزگە دەمزانی بۆچوونی ریلکە لەباره‌ی پرسی کار چی بوو، بۆ نموونە ئەو کە لەهەموو ژیانیدا یەک ڕۆژ کاری نەکردووه‌، مه‌گه‌ر ئه‌وه ‌له‌به‌رچاوبگرین سووڕانه‌وه‌ له‌شەقامەکانی میونخ یان پیاسەکردن لەباوەشی سروشتدا لەگەڵ كچێكی نه‌شمیل، کاری سەخت و ماندووکه‌رانەبێت.
ئەو ریلکەیه‌ کێیە؟ ئایا دەزانی بیست هەزار نامەی بۆ یه‌ك ژن نووسیوە کە ژنی خۆی نەبووە، هه‌تا ئه‌گه‌ر ژنیشی بووبێ؟ لەو ڕۆژانەشدا ئینتەرنێت و ئیمەیڵه‌كان نەبوو کە بەخێرایی ڕەشەبا ده‌گاته‌ لای خاوه‌نه‌كه‌ی. خەڵکی نامەکانیان بەدەست دەنووسی و چێژی زۆریشیان لێ دەبینی، بەتایبەتی ئەگەر نامەکە بۆ ژنێک نووسرابا.
ڕێنیه‌ ماریا ریلکە ساڵی ١٨٧٥ لە خێزانێکی پڕ لەناکۆکی و هات و هاواری شاری پراگ لەدایک بووە. خێزانێکی ناكۆك‌ كه‌ بەدەست چەندین کێشە دەیناڵاند. زۆرجار شەڕی سه‌خت لەنێوان دایکی و باوکی سەریهەڵدا كه‌ ریلكه‌، ئه‌و کوڕە بچووک و نازداره‌ی دەترساند. ئەوەش لەسەر دەروونه‌ ناته‌واوه‌كه‌ شوێنەواری نەسڕاوەی بەجێهێشت. دەکرێ بڵێین دێوه‌زمه‌ ترسناکەکەی منداڵی تا مردیش له‌گه‌ڵیدابوو. بەردەوام بەدوای دا بوو و راوی ده‌نا. وه‌ك ئه‌وه‌ی دەروونناسی دەیڵێت: (کەس لەمنداڵه‌تی خۆ‌ی‌ رزگاری نابێت). بەدرێژایی ژیانی لەدژی ئەو دێوه‌زمه‌ ترسناکە تێده‌كۆشا.
به‌هه‌رحاڵ ریلكه‌ هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ ژیان نەگونجا. تا کۆتایش بەو شێوەیە ماوە. دواتر ئەوە لەشیعر و په‌خشانه‌كانی دا ڕەنگیداوە. زانراوەیشه‌ دەروونی پڕ بووە لەدڵەڕاوکێی گەورە و ترسی ناڕوونی ناخ. له‌وانه‌یه‌ ئه‌وه‌ش ئەو سووتەمەنییە بووبێت کە بەردەوام وزه‌ی بەشیعره‌كه‌ی دەدا. جا ئەگەر لەدڵەڕاوکێی بوون ڕزگاری بوایە، ده‌یتوانی لەنووسینی شیعر بەردەوام بێ؟
بەهۆی کێشەكانی و گرفته‌ دەروونییەکه‌ی، ریلکە ژیانێکی گۆشەگیرانه‌ و پڕ لەتەنیایی و تێڕامان و پشكنینی ناخی به‌سه‌ربرد. تا ئەوپەڕی حه‌زی له‌تەنیایی بوو. بەگەرمی دەیپەرست. لەو ڕووەوە به‌کیرکێگاردی فەیلەسوفی دانیمارکی، یا نێتشەی فەیلەسوفی ئەڵمانی، یاخود هۆلده‌رلینی شاعیری گەورە دەچوو. هەموویان بەشێوه‌یه‌ك یان جۆری دیكه‌ شێتبوون. هەموویان لەگەڵ سەردەم نه‌ده‌گونجان، بەتایبەتیش لەگەڵ خۆیان دا. هەموویان مازۆشی بوون، ڕۆژانە ملیۆنێک جار له‌خۆیان دەدا.
گرنگترین دیدار لەژیانی ریلکە دا چی بوو؟ لەبەرلین ڕوویدا، ساڵی ١٨٩٧. ئه‌و كاته‌ی شاعیرەکەمان بۆ یەکەمجار چاوی بەو ئه‌دیبه‌ جوانە کەوت کە پێشتر هۆشی خه‌ڵكانی دیكه‌ی بردبوو ئه‌ویش (لو ئەندریا سالۆمی) بوو. وه‌ك زانراوە دە ساڵ پێش ئەو كاته‌ نێتشه‌ی ناسیبوو، ئەویش خۆشی ویست و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕەتیکردەوە، خه‌ریكبوو لەپێناویدا خۆی بکوژێت. بەڵام لەڕاستیدا کەسێکی دیكه‌ی هاوڕێی نێتشە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا ئه‌ویش پۆڵ رەی فەیلەسوف بوو. لەلوتکەی شاخەکانی سویسرا خۆی فڕێدا. ڕەنگە کەسانی دیکەش هەبن کە لەپێناو ئەودا خۆیان کوشتبێت، بەڵام مێژوو ناوەکانیانی نەپاراستووە.
تا کۆتایی ژیانی بەردەوام بوو لەیادکردنەوە و نامەنووسین بۆی، تەنانەت دوای ئەوەی ساڵانێکی زۆر بوو پەیوەندی سۆزداری نێوانیان بەتەواوی کۆتایی هاتبوو. ئەو خاتوونه‌ ڕزگارکەر و پارێزەری بوو، لەڕووی دەروونی و لەژیانیدا. ریلكه‌ نزیکەی لەبارەی هەموو شتێکەوە ڕاوێژی پێدەکرد. لەگەڵیدا گەشتی ڕۆمانسی و مرۆییانه‌ كرد بۆ ئیتاڵیا و رووسیا. لەڕووسیا سەردانی تۆلستۆییان کرد، کە ئه‌ویان له‌به‌ر چه‌ندان هۆ بەخراپی پێشوازیی لێکردن، لەوانە له‌به‌ر ئه‌و ناکۆکییە تونده‌ی لەگەڵ هاوسەرەکەیدا هەبووە، ڕەنگە لەگەڵ خۆشیدا. ئەویش شێتێكی گه‌وره‌ بوو.
ده‌ڵێن ریلکە نزیکەی بیست هەزار نامەی بۆ لو ئەندریا سالۆمی نووسیوە! شتێکی ترسناک، شتێکه‌ کە عەقڵ بەزەحمەت باوەڕى پێدەکات… ئەو ژنه‌ تاکە کەس بوو کە بەڕاشکاوی و بەبێ هیچ پێچ و پەنا بۆی بنووسێ. ئەو پەناگە گەورەكه‌ی ئەو بوو کە له‌ئازارە نهێنییەکانی یان دڵەڕاوکێ کوشندەکەی سووك دەکرد.
ڕیلکە لەدیوانێكی بەناوی (کتێبی هەژاری و مردن) ئەو دێڕانه‌ی نووسیوه‌:
پەروەردگار، هەر کەسێک مردنی خۆی پێببەخشە،
مردنێک به‌ڕاستی ده‌ره‌نجامی ژیانی بێت،
کە خۆشەویستی و واتا و ئازاری تێدا بدۆزێتەوە.
ئێمە هیچ نین جگە لەتوێکڵ، جگە لەگەڵا
به‌ڵام ئه‌و به‌ره‌ی له‌سه‌نته‌ری‌ هەموو شتێکە
ئه‌وه‌ مردنە گەورەكه‌یه‌ کە هەریەکەمان لەناو خۆماندا هەڵمانگرتووه‌
جا به‌لای كه‌مه‌وه‌ شایەنی مردنێک نین هاوشێوەمان بێ، ئەگەر شایەنی ژیان نەبین؟ ئایا لەدایک دەبین تەنها بۆ ئەوەی لەکۆتاییدا بمرین؟ ئایا مردن به‌ر نییە، حەقیقەتی جەوهەری، تاکە حەقیقەت؟ جا له‌به‌رچی ڕقمان لێیبێت ئەگەر ناچارییانه‌ بەرەو ڕووی بڕۆین تاكو ڕۆژێک لەئامێزی بگرین؟ بۆچی ئاهەنگی بۆ نه‌گێڕین و بەهاوڕێیەکی دێرینی دانه‌نێین کە دواجار پێیده‌گه‌ینه‌وه‌؟ بەڵام لۆمەی دەکەین ئەگەر بەشێوەیەک بمرین کە لەئێمە نەچێت، شایانی ئێمە نەبێ. ئەوە تاکە شتێکە کە ئێمە مافی ئەوەمان هەیه‌ گله‌یی لێ بکەین.
ساڵی ١٩٠٢ به‌ره‌و پاریس چوو بۆ ئەوەی به‌ڕۆدانی هونەرمەندی بەناوبانگ بگات، بەمەبەستی نووسینی تێزێكی زانکۆیی لەسەری. بەڵام سه‌ره‌تا پاریسی نه‌كه‌وته‌ به‌ر دڵ و هەستی به‌بێزاری و بەناڕەحەتی کرد، بۆیە بۆ ئیتاڵیا چوو. لەوێ دا ئیلهامی شیعری بۆ هات و لەیەک هەفتەدا بەشی سێیەمی کتێبی كاتژمێره‌كانی نووسی کە بریتییە لەکتێبی (هەژاری و مردن) (). وه‌ك ئاشكراشه‌ بەدرێژایی ژیانی لەڕادەبەدەر هەژارانه‌ ژیاوە. خۆزگە لانیکەم خەڵاتی نۆبڵیان پێ بدایە؟ ئایا دەزانن بۆ یەکەم جار ساڵی ١٩٠١ خەڵاته‌كه‌یان بەکێ به‌خشی؟ بهشاعیرێکی فەرەنسی (سولی پرۆدۆم). دەزانن کێیە؟ تەحەداتان دەکەم ئەگەر پێشتر ئه‌و ناوه‌تان بیستبێ. ئەو به‌سه‌ر تۆلستۆی سه‌ركه‌وت! ئه‌وسا ئه‌دیبه‌ سویدییه‌كان هەستیان بەشەرمەزاری زۆر کرد و نامەیان بۆ نووسەری گەورەی ڕووسی نارد و تێیدا داوای لێبوردنیان کرد لەسەر ئەو هەڵە قێزەونه‌ كه شایانی لێبووردن نییه‌‌ و په‌ككه‌وتووه‌کانی لێژنه‌ی نۆبڵ ئەنجامیان دا، ئه‌وانه‌ی هیچ شتێک لەئەدەب تێنەده‌گەیشتن. تۆلستۆیش بەنامەیەکی بلیمه‌تییانه‌ وەڵامی دانەوە و بەو شێوەیە دەستی پێکرد: “هاوڕێیانی ئازیز، زۆر دڵخۆشم کە خەڵاتی نۆبڵ بەمن نەبەخشرا. من چی له‌نۆبڵ بكه‌م؟ پەیوەندی من لەگەڵ نۆبڵ‌ دا چییە؟” پاشان ریلکە له‌سەرگەردانی و گه‌ڕانی لەهەموو شوێنێک به‌رده‌وام بوو. ئایا ژیانێکی جوانتر هەیە؟ ئایا ژیانێکی دیكه‌ هەیە شایەنی شاعیر بێت؟ شاعیر بۆ گه‌ڕیده‌یی لەو جیهانە دا دروست بووە. کەسێکە سەرگەردان و بێ هیچ مەبەستێکی دیاریکراو و بێ هیچ ئامانجێک. ناشزانێت بۆچی دەڕوات؟ به‌ره‌و کوێ؟ بەهیچ شێوەیەکیش نایەوێت بگات. بەڵام ئه‌و هەمیشە دەگەڕاوە بۆ پاریس. لەوێشدا کتێبه‌ په‌خشانه‌ ناوبانگه‌كه‌ی (دەفتەرەکانی مالتی لوریدز بریگ) نووسی. واتە بیرەوەرییەکانی گەنجێک كه‌ زۆر هاوشێوەی خۆیه‌تی‌. ساڵی ١٩١٠ تەواوی کردووە دوای ئەوەی نزیکەی دە ساڵ پێوه‌ی سه‌رقاڵبوو. دوای به‌كۆتا گه‌یاندنی ئەو کتێبەی کە زۆر پێوه‌ی ماندوو بوو و به‌ته‌واوی كوشی، ریلکە چووە حاڵەتی تێکچوونی دەمارەی مه‌ترسیدار. ئه‌وسا بیری کردەوە بچێته‌ لای دەروونشیکارێک بۆ ئەوەی بزانێت هۆکاری دڵەڕاوکێی ناوەوەی و ئەو دێوه‌زمانه‌ی هێرشی ده‌که‌نه‌ سەری چییه‌. بەڵام لەدوایین سات دا لەژێر کاریگەری (به‌تاڵكردنه‌وەکەی) ئەندریا سالۆمی پاشەکشەی کرد، کە پێی وت: “ئامان ئەوە مەکە، ئەگەر گرێیه‌ (کۆمپلێکسه)‌ دەروونییه‌كانت هەڵبوەشێتەوە، بلیمه‌تی شیعریت لەدەست دەدەیت. ئه‌وه‌ تاکە گەنجینەی تۆیە”. دواجار ساڵی ١٩٢٥ لەکاتی چنینی دەستە گوڵێک تاكو وەک دیاری پێشکەش بەژنێکی بۆرژوازی یان ئەرستۆکراتی بکات، گوڵێکی سوور برینداری كرد. گوڵ شاعیر زامدار ده‌كات: شتێکی خۆشه‌. گوڵ پێشكه‌ش بەژن، یان با بڵێین گوڵ پێشكه‌ش بەگوڵ بكرێت. شتێکی شیرینتره‌. ئه‌وسا پزیشکەکان بۆیان دەرکەوت تووشی شێرپەنجەی خوێن بووە، ئەمەش له‌کۆتایی ساڵی ١٩٢٦ لەتەمەنی پەنجا ساڵیدا بووە هۆی مردنی. وه‌ك زانرایشه‌ ئه‌و زۆر شه‌یدای گوڵی سوور بوو، لەشیعرەکانیشیدا زۆر باسی کردووە. بەو شێوەیەش ئەو گوڵەی کە له‌دونیادا زۆر خۆشی دەویست کوشتی. بۆچی شه‌یدای گوڵی سوور ده‌بین؟ ڕیلکە لەچامه‌ی (ڕۆژێکی پاییزی) نووسیویه‌تی؛ ئای پەروەردگار وادە نزیک بۆتەوە، هاوین زۆر نایاب بوو سێبەرەکەت، بخە سەر کاتژمێرەکان و سەر ئه‌و ده‌شتانه‌ی با ده‌یان له‌رێنێته‌وه‌ فەرمان بۆ پێگەیشتنی دوا به‌ر‌ ده‌ربکە دوو ڕۆژی دیکەشی پێ بدە تا زیاتر سه‌نگین بێت پەلەش بکە له‌تەواو بوونی، و شەربەتەکەشی بكوشه‌ لەناو گۆزه‌ قورسەکانی مه‌ی دا ئەوەی خانووی نه‌بێ‌، له‌و ڕۆژوه‌ خانوو دروست ناکات ئەوەی تەنیایە، بەدرێژایی تەمەنی بەتەنیا دەمێنێتەوە. نامەکانی دەخوێنێتەوە و شه‌ونحونییه‌كانیشی درێژ دەبێت، وەک نامۆیەکی ونبوو، لێرە و لەوێ دەڕوات یان لەو رێڕه‌وانه‌ی کە گەڵاکانی پاییزیان لێ داده‌بارێ و باش بڵاویان ده‌كاته‌وه‌…

سه‌رچاوه‌ : https://aawsat.com/ 5 /1/ 2021 () (كتێبی هه‌ژاری و مردن Das Buch von der Armut und vom Tode) له‌ساڵی 1903 بڵاویكرده‌وه‌. كه‌دوا به‌شی (كتێبی كاتژمێره‌كان Das Stunden-Buch) ـه‌. (وه‌رگێڕ)
.




مایکڵ مایەرز وەک بۆشاییەکی مانا..(وتاری دووەم).. باکۆ رێبوار

ئاگاداربە سپۆیڵی تێدایە( چیرۆکی هادۆنفیڵد وەک مۆنۆمێنتێکی نەمر خۆی دەنوێنێت، لە ڕواڵەتدا تەنها چیرۆکی بکوژێکی دەمامکدارە، بەاڵم لە بنەڕەتدا ئاوێنەیەکی بااڵنوێنی دڵەڕاوکێ و پرسیارە قووڵەکانی) سەردەمی دوای مۆدێرنەیە، ئەم زنجیرە فیلمە، بە تایبەت بەرهەمە ئۆریجیناڵەکەی جۆن کارپێنتەر لە ساڵی ،١٩٧٨ بە ئاگایی یان نا، بووە دەقێکی دەوڵەمەند بۆ لێکدانەوەی فەلسەفی، چونکە لەجیاتیی پێشکەشکردنی وەاڵمی ئامادەکراو و ڕوونکردنەوەی عەقاڵنی، بینەر بەرەوڕووی بۆشاییەک لە مانا، هەڵوەشانەوەی گێڕانەوە گەورەکان، و ناسەقامگیریی ناسنامە دەکاتەوە، شیکردنەوەی تەواوی ئەم کارە بە
هەموو بەش و زنجیرە الوەکی و دووبارە بەرهەمهێنانەوەکانیەوە، لە ڕوانگەی فەلسەفەی سەدەی بیستەمەوە، دەرگایەک بە ڕووی تێگەیشتن لەچۆنیەتیی گوزارشتکردنی هونەری سینەما لە ڕۆحی سەردەمێک، دەکاتەوە، بە “دۆخی دوای مۆدێرنە” ناسراوە، دۆخێک گومان لە هەموو شتێکی چەسپاو و ڕەها دەکات بەپێی بۆچوونی ژان-فرانسوا لیۆتار، (metanarratives towards incredulity” (یەکێک لە گرنگترین تێگەیشتنە فکرییەکان ئەم زنجیرەیە کاری لەسەر دەکات، بریتییە لە “ڕووخاندنی گێڕانەوە گەورەکان گێڕانەوە گەورەکان ئەو چیرۆکە گشتگیرانەن، کۆمەڵگاکان بۆ ڕەواییدان بە خۆیان و تێگەیشتن لە جیهان بەکاریان دەهێنن، وەک ئایین، پێشکەوتنی زانستی، و ڕووناکبیری، سینەمای کالسیکی ترس، زۆرجار لەسەر بنەمای ئەم گێڕانەوە گەورە و ئاشنایانە کار دەکات: شەڕی نێوان خێر و شەڕ، ڕووناکیی و تاریکی، ئاساییبوون و نائاساییبوون، بەاڵم ئەم بەرهەمە سینەماییە ئەم دوالیزمە سادەیە تێکدەشکێنێت، مایکڵ مایەرز، کەسایەتیی سەرەکیی شەڕانگێز، تەنها خراپەکارێکی ئاسایی نییە؛ ئەو جەستەبەندیی پووچی و بۆشاییە، ئەو هیچ پاڵنەرێکی دەروونیی ڕوون و ئاشکرای نییە، لە فیلمی یەکەمدا، دکتۆر لوومس، evil simply and purely” ((نوێنەرایەتیی هزری مۆدێرن و زانستیی دەروونشیکاری دەکات، بە شێوەیەکی بێهوودە هەوڵ دەدات مایکڵ بخاتە چوارچێوەی شرۆڤەیەکی عەقاڵنییەوە، ئەو بە “شەڕی پەتی ناوی دەبات، بەاڵم ئەمەش دانپێدانانە بە شکست، چونکە ناتوانێت ئەم “شەڕە” پێناسە بکات یان ڕیشەکەی بدۆزێتەوە، ئەم کەسایەتییە لە دەرەوەی سیستەمی لۆژیکی مۆدێرنەوەیە، ئەو نە جنۆکەیەکی خاوەن ئامانجی دیاریکراوە و نە نەخۆشێکی دەروونییە بتوانرێت بە تەواوی تێیبگەین، ئەم بێ-پاڵنەرییە ڕووخاندنێکی ڕاستەوخۆی ئەو گێڕانەوە گەورەیەیە پێی وایە هەر دیاردەیەک، تەنانەت شەڕانگێزترینیشیان، دەبێت هۆکار و، ڕیشەیەکی لۆژیکیی هەبێتی جولیا کریستیڤا ببەستین، ئابجێکت بریتییە لەو شتەی بە توندی لە سیستەمی سیمبولی و کۆمەاڵیەتی فڕێ دەدرێتە دەرەوە، بەاڵم بەردەوام(Abject” (بۆ قووڵبوونەوەی زیاتر، دەتوانین پشت بە تیۆریی “ئابجێکت وەک تارماییەک دەگەڕێتەوە و هەڕەشەی لێ دەکات، ئابجێکت ئەو شتەیە سنووری نێوان “خۆ” و “ئەوی تر”، پاک و پیس، ژیان و مردن تێکدەدات، مایکڵ مایەرز نموونەی بەرجەستەی ئابجێکتە، ئەو لە ماڵەوە، لەناو خێزاندا، یەکەم تاوانی ئەنجام دەدات و بەمەش پیرۆزترین یەکەی کۆمەاڵیەتی هەڵدەوەشێنێتەوە، دواتر، لە نەخۆشخانەی دەروونی دادەنرێت، شوێنێک کۆمەڵگا “نائاساییەکان”ی تێدا دادەبڕێنێت، بەاڵم ئەو لەم سیستەمەش هەڵدێت و دەگەڕێتەوە بۆ هادۆنفیڵد، بۆ ئەو شوێنەی لێی دەرکراوە، گەڕانەوەی ئەو گەڕانەوەی سەرکوتکراوەکەیە، ئەو ترسە سەرەتاییەیە کە سیستەمی سیمبولی ناتوانێت کۆنترۆڵی بکات، بێدەنگییەکەی، ڕۆیشتنە خاوەکەی، دەمامکە سپییە بێ هەستەکەی، هەمووی ئاماژەن بۆ “نەبوون” نەک “بوون”، دەمامکەکەی بە تایبەتی گرنگە، چونکە هەموو تایبەتمەندییەکی مرۆیی دەسڕێتەوە و دەیکات بەئەمەش ،(signifier empty an (نەک مرۆڤ، نیشانەیەک، نیشانە بۆ هیچ شتێکی دیاریکراو ناگێڕێتەوە ،(Shape The” (ڕووکارێکی بەتاڵ بینەر ترسەکانی خۆی تێدا دەبینێتەوە، ئەو دەبێتە “شێوە، جەوهەری تێڕوانینی هەڵوەشێنەرانەیە لەبری گەڕان بەدوای مانایەکی قووڵ و شاراوەدا، سەرنج دەخاتە سەر ڕووکار و یاریی نیشانەکان ڕەهەندێکی دیکەی گرنگی فکری لەم زنجیرەیەدا، پرسی “پارچەپارچەبوونی گێڕانەوە” و فرەیی ڕاستییەکانە، مێژووی خودی ئەم زنجیرەیە باشترین نموونەی ئەم دیاردەیەیە، بە پێچەوانەی زۆربەی زنجیرە timeline) ) فیلمەکان، هەوڵ دەدەن هێڵێکی کاتیی یەکگرتوو و لۆژیکی بپارێزن،چیرۆکی مایکڵ مایەرز بەشێوەیەکی بەردەوام خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و دووبارە بنیاتی دەنێتەوە، ئێمە النیکەم چوار هێڵی کاتییجیاوازمان هەیە، ئەم فرەیی گێڕانەوانە تەنها سەرلێشێواوییەکی بازرگانی نییە، بەڵکو دەکرێت وەک ڕەنگدانەوەی گومان لە بوونی “ڕاستییەکی تاک” یان “مێژوویەکی فەرمی” سەیر بکرێت، هیچ “چیرۆکێکی ڕاستەقینە”ی شەڕانگێزی هادۆنفیڵد و لۆری سترۆد بوونی نییە، هەر هێڵێکی کاتی، وەشانی خۆی لە ڕاستی پێشکەش دەکات و ئەوانی تر دەسڕێتەوە، ئەمە هاوشێوەی چەمکی شیکاریی هەڵوەشێنەرانەی جاک دێریدایە، تێیدا هیچ دەقێک خاوەنی مانایەکی چەسپاو و کۆتایی نییە و بەردەوام کراوەیە بۆ لێکدانەوەی نوێ، هەر سێکۆڵێک یان ڕیبوتێک دەبێتە لێکدانەوەیەکی نوێ بۆ دەقە (deconstruction) ئۆریجیناڵەکە، بەاڵم لە هەمان کاتدا بانگەشەی ئەوە دەکات، ئەوە لێکدانەوە ڕاستەقینەکەیە، ئەم دیاردەیە وا دەکات بینەر نەتوانێت پشت بە هیچ گێڕانەوەیەکیان ببەستێت و ناچار دەبێت مامەڵە لەگەڵ فرەیی و دژبەیەکییەکدا بکات، ئەمەش یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی ژیانی سەردەمی نوێ لە فیلمی ١٩٧٨دا، لۆری تا ڕادەیەکی زۆر ڕەگەزەکانی کەسایەتیی کچی ،(girl final” (لەم نێوەندەدا، کەسایەتیی لۆری سترۆد، پاڵەوانی سەرەکی، خۆی دەبێتە کایەیەکی شیکاری بۆ چەمکی “کچی کۆتایی.

کۆتایی کالسیکی تێدایە: زیرەک، پاکیزە )بە بەراورد بە هاوڕێکانی(، خاوەن ئاگاییەکی بەرز، ئەو نوێنەرایەتیی سیستەمێکی ئەخالقیی دیاریکراو دەکات لەکۆتاییدا سەردەکەوێت، بەاڵم لە هێڵە کاتییەکانی دواتردا، ١٩٩٨(دا، لۆری دەبینین بەدەست کاریگەریی دەروونیی ئەو شەوە ترسناکەوە دەناڵێنێت، ئەو چیتر ئەو کچە بێگەردە نییە، بەڵکو کەسێکی پارانۆید) “20H “ئەم وێنە کالسیکییە بە تەواوی هەڵدەوەشێتەوە، لە فیلمی و خەمۆکە، ناسنامەکەی بەهۆی ڕووداوەکەوە شکستی هێناوە، لێرەدا، ناسنامە وەک شتێکی شل و ناسەقامگیر نیشان دەدرێت نەک جەوهەرێکی چەسپاو، بەاڵم لووتکەی ئەم هەڵوەشاندنەوەیە لە سێینەی بلۆمهاوسدایە، لۆری سترۆد لێرەدا دەگۆڕێت بۆ جەنگاوەرێکی ڕاهێنراو، ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ چاوەڕوانیی گەڕانەوەی دوژمنەکەی، ئەو چیتر قوربانییەکی پاسیڤ نییە، بەڵکو بووەتە ڕاوچی، سنووری
نێوان پاڵەوان و دژەپاڵەوان، قوربانی و جەلالد، لێڵ دەبێت، لۆری هێندە لە مایکڵ دەچێت لە ڕوانگەی تەرکیزکردن و ئامانجەوە، خودی خۆی دەبێتە وێنەیەکی ئاوێنەیی بۆ ئەو، ئەم گۆڕانە قووڵە لە کەسایەتییەکەیدا پرسیار لەسەر جەوهەری ناسنامە دروست دەکات، ئایا ناسنامەی ئێمە لە ناخمانەوە سەرچاوە دەگرێت، یان بەرهەمی ئەو ڕووداو و تراومایانەیە بەسەرمان دێت؟ لۆریی نوێ وەاڵمی دووەمیانە؛ ئەو بەرهەمی ترس و چاوەڕوانییە، ناسنامەیەکی پارچەپارچەبوو و دووبارە بنیاتنراوە، ئەو چیتر نوێنەری “ئاساییبوون” نییە لە بەرامبەر “نائاساییبوون”ی مایکڵدا، بەڵکو خودی ئەویش بووەتە بەشێک لەو نائاساییبوونە، لە فیلمی کەسێک ،(scapegoat” (دا، ئەمە زیاتر دەردەکەوێت کاتێک بەشێک لە خەڵکی شارۆچکەکە لۆری بە هۆکاری بەردەوامیی توندوتیژییەکان دەزانن، ئەو دەبێتە “بەر نەفرەت کەوتوو”Ends Halloween”
تاوان و ترسی کۆمەڵگای لەسەر بار دەکرێت، جەنگی کۆتایی ئەو تەنها لەگەڵ جەستەی مایکڵ نییە، بەڵکو لەگەڵ ئەو سیمبول و بیرۆکەیەیە ژیانی داگیرکردووە؛ هەوڵێکە بۆ کۆتاییهێنان بەو گێڕانەوەیەی تێیدا، قەتیس ماوەی ژان بۆدریارەوە بخوێنرێتەوە، هادۆنفیڵد لە ڕواڵەتدا نموونەی شارۆچکەیەکی(hyperreality” (جیهانی ئەم زنجیرەیە، بە تایبەتی شارۆچکەی هادۆنفیڵد، دەتوانرێت لە ڕێگەی چەمکی “واقیعی سەروو-واقیع لە واقیع، ترس لەو کەسایەتییە واقیعیتر دەبێت لە خودی واقیع، لە فیلمەکانی دواتردا، بە تایبەتی لە (simulation” (ئارامی ئەمریکییە، بەاڵم هاتنی مایکڵ مایەرز ئەم واقیعە ئارامە دەگۆڕێت بۆ “نموونەیەک سێینەی بلۆمهاوس، دەبینین هادۆنفیڵد چیتر ناتوانێت لە سێبەری ئەو شەوەی ١٩٧٨ ڕزگاری بێت، جەژنی پیرۆزباییەکە، خۆی لە خۆیدا بۆنەیەکی پڕ لە نواندن و دەمامک و الساییکردنەوەی ترسە، دەبێتە
شانۆیەک تێیدا سنووری نێوان ترسی ڕاستەقینە و ترسی نواندن نامێنێت، مندااڵن دەمامکی مایکڵ لەبەردەکەن، چیرۆکی ئەو وەک ئەفسانەیەکی لۆکاڵی دەگێڕنەوە، و میدیاکان بەردەوام وێنەی ئەو دووبارە بەرهەم کۆپییەک ئیدی ئەسڵی نییە، ترسی خەڵکی هادۆنفیڵد لە وێنە و بیرەوەریی ئەو کەسایەتییەیە، هێندەی ئەوەی – (simulacrum” (دەهێننەوە، لێرەدا، مایکڵ لە کەسێکەوە دەگۆڕێت بۆ ئایکۆنێک، بۆ “سیموالکرۆمدا، ئەم دیاردەیە دەگاتە لووتکە کاتێک خەڵکی شارۆچکەکە بەهۆی هیستریای بەکۆمەڵەوە هێرش دەکەنە سەر کەسێکی بێتاوان پێیان وایە مایکڵە، ئەوان مامەڵە”Kills Halloween “لە خودی ئەو بێت، لە فیلمی لەگەڵ وێنەی ئەو دەکەن، نەک خودی ئەو، ئەمە جەوهەری هزری بۆدریارە: ئێمە لە جیهانێکدا دەژین پڕ بووە لە وێنە و نیشانە، تا ئەو ڕادەیەی کە چیتر ناتوانین لە نێوان واقیعی ئەسڵ و کۆپییەکانیدا جیاوازی
،بکەین، هادۆنفیڵد دەبێتە مایکرۆکۆزمێک بۆ ئەم دۆخە، شارێک لەناو بیرەوەری و ئەفسانەی خۆیدا نوقم بووە
کار دەکات لە ڕێگەی دامەزراوەکانییەوە )پۆلیس، (society disciplinary” (هەروەها، دەتوانین لە ڕوانگەی فەلسەفەی میشێل فۆکۆوە سەیری هادۆنفیڵد بکەین، شارۆچکەکە وەک “کۆمەڵگایەکی دیسپلینکراو قوتابخانە، نەخۆشخانەی دەروونی( هەوڵی کۆنترۆڵکردن و چاودێریکردنی تاکەکانی دەدات بۆ پاراستنی “ئاساییبوون”، نەخۆشخانەی سمیس گرۆڤ شوێنێکە بۆ جیاکردنەوە و چارەسەرکردنی ئەوانەی لەم نۆرمە الدەدەن، بەاڵم مایکڵ ئەو توخمەیە سیستەمەکە ناتوانێت کۆنترۆڵی بکات، هەاڵتنی ئەو لەو دامەزراوەیە و گەڕانەوەی بۆ کۆمەڵگا، شکستی ئەو لۆژیکە مۆدێرنەیە پێی وایە هەموو شتێک دەتوانرێت لە ڕێگەی زانست و دامەزراوەوە چارەسەر بکرێت، مایکڵ مایەرز الوازی و فشەڵی ئەو دەسەاڵتە ئاشکرا دەکات کە کۆمەڵگا بۆ پاراستنی خۆی بەکاری دەهێنێت، پۆلیسەکان هەمیشە یەک هەنگاو لەدوای ئەوەوەن و دکتۆرلوومس، نوێنەری دەسەاڵتی پزیشکی، تەنها دەتوانێت هۆشداری بدات و قسەی گەورە بکات بەبێ ئەوەی بتوانێت هیچ بکات، ئەمە ڕەخنەیەکە لەو باوەڕەی کە دامەزراوەکان دەتوانن ئاسایش و ڕێکخستن بەرقەرار، بکەن.

فیلمی یەکەم خۆی لە خۆیدا پاستیشێکە، واتە الساییکردنەوەیەکی ڕێزدارانەی ستایل و تەکنیکەکانی (intertextuality” (و “تێکدەق (pastiche” (زیاتر لەوەش، دەتوانین ئاماژە بە چەمکی “پاستیشی هیچکۆک، لە مۆسیقای ترسناکەوە بگرە تا گۆشەی کامێرا و بنیاتنانی ساسپێنس، کارپێنتەر بە ئاشکرا دان بە قەرزاریی خۆی بە سینەمای کالسیکدا دەنێت، لەگەڵ”Psycho “پێش خۆیەتی، بە تایبەتی فیلمی دەرچوونی بەشەکانی دواتر و سەرهەڵدانی چەشنی “سالشەر”، زنجیرەکە دەستی کرد بە ئاماژەدان بە خۆی و بە فیلمەکانی تری هەمان چەشن، بینەری فیلمی سالشەر ئیدی تەنها بینەرێکی ساویلکە نییە؛ ئەوئاگاداری “یاساکان”ە، فیلمەکانی دواتر یاری لەگەڵ ئەم چاوەڕوانییەی بینەردا دەکەن، هەندێک جار یاساکان دەشکێنن و هەندێک جار بە شێوەیەکی چاوەڕوانکراو پەیڕەویان دەکەن، ئەم خۆ-ئاگاییەو یارییە تێکدەقییە تایبەتمەندییەکی بەرچاوی هونەری دوای مۆدێرنەیە، فیلمەکان دەزانن فیلمن و بینەرانیش دەزانن سەیری فیلم دەکەن، ئەمە ئەو جدییەتە مۆدێرنیستییە تێکدەشکێنێت، (awareness-self(،هونەر دەبوو ئاوێنەی ڕاستەقینەی واقیع بێت، لێرەدا، هونەر ئاوێنەی هونەرەکانیترە تۆمار کراوە، یەکێکە لە بەناوبانگترین (POV person-first (شێوازی سینەمایی خودی فیلمی یەکەم بنەماکانی تێڕوانینی بینەر هەڵدەوەشێنێتەوە، دیمەنی کردنەوەی فیلمەکە، لە گۆشەنیگای مایکڵی منداڵەوە دیمەنەکان لە مێژووی سینەمادا، لەم دیمەنەدا، بینەر ناچار دەکرێت لە چاوی بکوژەکەوە جیهان ببینێت، ئێمە لەگەڵیدا بە ماڵەکەدا دەڕۆین، چەقۆکە هەڵدەگرین، و خوشکەکەی دەکوژین، ئەم تەکنیکە سنووری ئەخالقیی نێوان “ئێمە” )بینەری بێتاوان( و “ئەو” )بکوژی شەڕانگێز( لێڵ دەکات، بۆ چەند خولەکێک، ئێمە دەبینە بکوژ، ئەمە تێکشکاندنی ئەو دڵنیاییەیە سینەمای کالسیک دەیدا بە بینەر، “هاڵۆوین” بە شێوەیەکی، و ڕۆڵی بینەر لە پرۆسەی چێژوەرگرتنی سینەماییدا (gaze the” (چاالکانە بینەر تێوەدەگلێنێت لە تاوانەکەدا و پرسیاری ئەوەی لێ دەکات چێژ لە بینینی توندوتیژی وەردەگرێت، ئەمە پرسیارکردنە لە “نیگا
تەنانەت هەڵوەشاندنەوەی جەستەی خودی مایکڵ مایەرزیش جێگەی سەرنجە، لە کۆتایی زۆربەی فیلمەکاندا، ئەو بە شێوەیەک دەکوژرێت دەبێت مردنی مسۆگەر بێت: گوللـەباران دەکرێت، دەکەوێتە خوارەوە، لێکبدرێتەوە، لە جیهانێکی دوای مۆدێرندا، (closure narrative” (دەسووتێنرێت، بەاڵم هەمیشە دەگەڕێتەوە، ئەم گەڕانەوە بەردەوامە دەتوانرێت وەک ڕەخنەیەک لە چەمکی “کۆتایی” و “داخستنی گێڕانەوەهیچ شتێک بەڕاستی کۆتایی نایەت؛ هەموو شتێک کراوەیە بۆ دووبارەبوونەوە و سێکۆڵ، مایکڵ خودی ئەم نەمرێتیی گێڕانەوەیە، ئەم نەفرەتەی دووبارەبوونەوەیە، ئەو وەک ڤایرۆسێکە ناتوانرێت بە تەواوی هەوڵێکی سەرنجڕاکێش بوو بۆ شکاندنی ئەم بازنەیە، بە ناساندنی کەسایەتیی کۆری بۆماوەیەک “Ends Halloween “لەناوببرێت، چونکە ئەو تەنها کەسێک نییە، بەڵکو بیرۆکەیەکە، نیشانەیەکە، فیلمی دەمامکەکە و ڕۆڵی مایکڵ وەردەگرێت، ئەمەش زیاتر ئەو بیرۆکەیە دەچەسپێنێت “شەڕانگێزییەکەی مایکڵ” چیتر تایبەت نییە بە تاکەکەسێک، بەڵکو ڕۆڵێکە، چەمکێکە، “شەڕێکە”دەتوانێت لە کەسێکی تردا جەستە ببێتەوە، ئەمە گواستنەوەی شەڕە لە جەستەیەکی دیاریکراوەوە بۆ چەمکێکی باڵو، دیسانەوە زۆر لەگەڵ ڕۆحی سەردەمدا دەگونجێت، ئەو شەڕە وەک نەخۆشییەکی کۆمەاڵیەتی نیشان دەدرێت کە لە ڕێگەی ترس و، پەراوێزخستنەوە باڵودەبێتەوە لە کۆتاییدا، ئەم زنجیرە فیلمە لە سەرەتایەوە تا کۆتا بەرهەمی، گەشتێکی دوور و درێژە بەناو دڵەڕاوکێکانی دۆخی فکریی سەردەمدا، لە ڕێگەی کەسایەتیی مایکڵ مایەرزەوە، گێڕانەوەی گەورەی شەڕ و پاڵنەرهەڵدەوەشێنێتەوە و بۆشایی و ئابجێکتێک نمایش دەکات، عەقڵی مۆدێرن ناتوانێت لێی تێبگات یان کۆنترۆڵی بکات، لە ڕێگەی فرەیی هێڵە کاتییەکانیەوە، چەمکی “ڕاستییەکی تاک” و “مێژوویەکی یەکگرتوو”دەخاتە ژێر پرسیارەوە، لە ڕێگەی کەسایەتیی گۆڕاوی لۆری سترۆدەوە، ناسەقامگیری ناسنامەی مرۆڤ لە سەردەمێکدا پیشان دەدات کە تراوما و بیرەوەری دەتوانن جەوهەری ئێمە لە بنەڕەتەوە بگۆڕن، شارۆچکەی هادۆنفیڵد وەک نموونەیەکی بچووککراوەی جیهانی سەروو-واقیع و کۆمەڵگایەکی دیسپلینکراوی شکستخواردوو کار دەکات، تەنانەت لە ڕووی ستایل و تەکنیکیشەوە، زنجیرەکە بەردەوام یاری بە چاوەڕوانییەکانی بینەر دەکات و خۆی وەک بەشێک لە مێژوویەکی سینەمایی گەورەتر نمایش دەکات، ئەم بەرهەمە تەنها چیرۆکی بکوژێک نییە لە شەوی جەژنێکدا دەردەکەوێت؛ بەڵکو چیرۆکی سەردەمێکە چیترباوەڕی بە پاڵەوانی ڕەها، شەڕانگێزی ڕوون، گێڕانەوەی یەکگرتوو، مانایەکی چەسپاو نییە، ئەو ترسەی “شێوەکە” دروستی دەکات، ترسی ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ ئەو ئەگەرەی لە پشتی دەمامکی ژیانەوە، هیچ شتێکی مانادار بوونی نییە، تەنها بۆشاییەکی سارد و بێدەنگ نەبێت، ئەمەش ترسی هەرە قووڵی مرۆڤی سەردەمی نوێیە.




ژین و ژان و دە ورتەی کورت.. شوان عەباس بەدری

1
تەمەن دەڕوات و
کفن دوورە ڕەشپۆشەکان
خەونە سپییەکانمان کفن دەکەن و
لەسەر شانی حەسرەت و
لەناو تابووتی ئارەزووە بەباچووەکان
لە قووڵترین مەنزڵگەی پیری
دەیاننێژن !
2
لەناو کتێبە پیرۆزەکان و
لە سەر دڵی زەمین و
لە دوورترین خاڵی گەردوون و
لەسەر باڵی باڵندەکان
وا نووسرابوو کە
ژیان واتە چێژ و ئارامی
بەڵام ئێمە
نە لەناو کتێبە پیرۆزەکانی ناو خاکەکەمان و
نە لە دوورترین خاڵی گەردوون و
نە لەسەر باڵی باڵندە بریندارەکانی ئاسمانی وڵاتەکەمان
نە چێژمان بینی و نە ئارامی
ئەوەی هەبوو تەنها
جەنگ و ئاوارەیی و خوێن و دابڕان و دووبەرەکی بوو!
3
دەڵێن هەناسە بۆ بەردەوامی ژیانە
بەڵام من ئاشنای سەرزەمینێکم
خەڵکەکەی بە هەناسەدانیان
بەردەوامی بە مەرگی خۆیان دەدەن
نەک ژیانیان !
4
ئارەزوو واتە
بینینی مەمکەکانت لەناو رووبارێکی بەخووڕی ئازاد
لەکاتی مەلەدا بە ڕووتی
حەسرەت واتە
تەلبەند کردنی خاک و دەشت و شاخ و دۆڵ و رووبارەکانی وڵات و
کووشتنی شکاندنی تاسەی ئەو بینینە!
5
باڵندەکانی جیهان هەموویان ئازادن و
لە دارستان و شاخ و دۆڵ و دەشت و شارەکان ئازادانە دەفڕن و باڵ دەگرن
بەڵام باڵندەکانی وڵاتی من
پێش فڕینیان
لەترسی کووشتن و سەربڕین
بەرگێکی سەوز یان خود زەرد یان خود ئایینی
لەبەر دەکەن و جا دەفڕن!
6
من لێرەوە
لەناو دڵی ئەم تاریکستانە
ماتەمێک ئەبینم
کە هەر چەند درێژەوەخت و سامناکیش بێت
هەر کۆتایی دێ !
7
مشتی گرێدراو خوێن ڕادەکێشێت و
دەمی بەستراویش هاوار
مەچەکی کەلەبچە کراویش چەک و خەنجەر
دیکتاتۆرەکان چەند سادەن
مێژوو پێمان دەڵێت:
گەل تاهەتایە بەبارمتە ناگیرێت و
خاکیش بۆهەمیشە تاپۆی ئایدۆلۆژیای حاکم نابێت !
8
لەو سەرزەمینە دوورە ئەسیرە
دواجار مانگەشەو بەڕووی ئازادیدا
زەردەخەنەی کرد !
9
گەوهەرێکم هەبوو
ناوازە و گرانبەها
لە غەفڵەتێکا لێیان دزیم
لە غەفڵەتێکا لێیان دزین
ئەو گەوهەرە نیشتمانەکەم بوو
ئەو گەوهەرە نیشتمانەکەمان بوو !
10
دڵم بۆ گرتنی چادرە ڕەشەکەی دایکم تەنگ بووە
دایکم نیشتمانی یەکەممەو
خاکەکەشم نیشتمانی دووەم
دایکم ئارامی بەخش و خەمڕەوێنمە و
خاکەکەشم بست بە بستی وەیشوومەیە و
فیرعەونستان !

کیشوەری پیر / ئەیلولی 2025
شوان عەباس بەدری




چـیـرۆک بـۆ منـداڵان/ دارقـۆخە بەخـشـنـدەکە.. رەزا شـوان

لە ناوەڕاستی گوندێکی قـەشنگی کوردستانـدا، دارقـۆخـێکی گەورە و جـوان هەبـوو. خەڵکی گونـدەکە دارقـۆخەکەیان زۆر خۆشـدەویست. هـاوینان لەسێبەرە فـێنکەکەیـدا دادەنـیشـتـن و لە قـۆخـە خـۆشـەکـەیـان دەخـوارد. منـداڵانی گـونـدەکـەش رۆژانـە لە دەوروبەری دارقـۆخەکەدا، یارییان دەکرد و رایان دەکرد و هەڵـدەپەڕین و گـۆرانی و سروودی کوردیی خۆشیان دەچـڕی. بە لـقە گەورەکانـیشیدا، گوریسیان هەڵـدەواسی، بۆ ئەوەی جـۆلانـێـیان پـێـبکەن.

هەموو خەڵکی گـونـدەکە بە بـوونی ئـەو دارقـۆخە جـوانـە زۆر شاد و دڵخـۆشبوون، تەنیا شـابـاز نەبێـت، کە پـیـاوێـکی چـاوچـنۆک و تـێرنـەخـۆر بـوو.

بەیانییەک شاباز بۆ باخەکەی دەچوو، کە دارقـۆخە جوانەکەی بینی، قـۆخـێکی زۆری پێـوەیە. شاباز وتی: پێویستە ئەم دارقـۆخە تەنیا بۆ من بێـت، نەک بۆ هـیچ کەسێکی تـری گونـدەکە.

کە شەو داهـات، شاباز پاچـە گەورەکەی هـەڵگـرت و چوو بـۆ لای دارقـۆخەکە، تا لە رەگـەوە هـەڵـیـبکـێـشـێـت و بـیـبات لە باخەکەی خـوێـدا بـیـڕوێـنـێـت.
شاباز بە هەمـوو هـێـزییەوە پاچـێکی، کـێشا بە رەگـێکی ئەستووری دارقـۆخەکەکەدا. دارقـۆخەکە لەرییەوە و هەندێک لە قۆخەکانی بۆ بەردایە خوارەوە. شاباز دووبارە بە پاچەکەی کێشایەوە بە رەگە ئەستوورەکەدا. دارقـۆخەکەش هـەنـدێک قـۆخی تری بـۆ بەردایـەوە.
شاباز سەری سووڕما، پاچەکەی دانا و بە سەرسامییەوە، لەبن دارقـۆخەکەدا دانیشت. وتی: ئەم دارقـۆخە سەیرە، من بە پاچ لـێـیـدەدەم، ئەو بەشێک لە قـۆخەکانیـم دەداتێ!

شاباز بڕیاری دا، واز لە دارقـۆخەکە بهـێنێـت. ناوکی قـۆخەکانی بن دارەکە دەربکات و لە باخەکەیـدا بـیان روێـنـێـت. قـۆخەکـانی بـن دارقـۆخەکەی کۆکـردەوە و گەڕایەوە بـۆ مـاڵـەوە. بێ ئـەوەی کـەس بـیـبـيـنـێـت.

لە بەهـاری ساڵی دوای ئەو ساڵەدا، شاباز لە باخەکەیـدا بە ریـزەوە چاڵی هـەڵکەنـد و نـاوکە قـۆخەکـانی روانـد، هـەمـوو رۆژێـک ئـاوی دەدان. نـاوکـەکـان شـیـن بـوون و بـوون بـە نەمـام. نەمـامـەکان گـەورە بـوون و بـوون بـە دارقـۆخ، کـە کـوتـومـت لە دارقـۆخە جـوانەکە دەچـوون، کە دەیویست لە رەگەوە دەریـبکات. دارەکان قـۆخێکی زۆریان گرت. شاباز بـوو بە خاوەنی باخـێکی جـوان. قـۆخەکانی ئـەو دارانە، بـوونە مایـەی بـژیـوی و خـۆشگـوزەرانیی ژیـانی خـێزانـەکەی و بـۆ خـەڵـکی گـونـدەکـەش.
شاباز لە دارقۆخە جوانەکەوە پەندی وەرگرت، بوو بە پیاوێکی بەرچاوتێر و بەخشندە.
شابـاز ئێـواران بە دڵخـۆشیـیەوە، لەبـن دارقـۆخـەکەدا دادەنیـشت. چـیرۆکی خۆشی بۆ منـداڵانی گونـدەکەیان دەگـێڕایەوە. پێیانی دەوت: منداڵە جـوان و خۆشەویستەکان، کە گـەورە بـوون، وەکـو دارە بـەردارەکـان بـن، خـەڵـکێ بـەردیـان تـێـدەگـرن، ئەوانیـش مـیـوەکـانـیـان بـۆیـان بـەردەدەنـەوە.




چوار سەد بە چوارسەد.. نەوزاد بەندی

ئەمڕۆ هەواڵی دانوستانی هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم و عێراق بڵاوکرایەوە لەسەر ئەوەی چوارسەد خوێندکاری پارێزگاکانی ناوەند و باشوور بێن له زانکۆکانی هەرێمدا بخوێنن، له بەرامبەردا چوارسەد خوێندکاری کوردستانیش لە زانکۆکانی ناوەند و باشووری عێراق بخوێنن ..
لە ڕاستیدا لە هەموو جیهاندا ، بیرۆکەی دابینکردنی کورسی خوێندن لە دەرەوەی هەر ووڵات و هەرێمێکدا بە هۆی نەبوونی ئەو کورسیانەیە لەو هەرێم و وڵاتەدا، ناچار تەلەبەکان لە پێناوی ئەو زانست و خوێندنەی لە ووڵاتەکەی خۆیاندا نییە، قوربانیی دەدەن بە خۆیان و کەس و کاریان و بۆ خوێندن ئەڕۆنە غەریبیی .. بەڵام ئەوەی لێره ئەگوزەرێ زۆر سەیرە، من چوارسەد کورسیت بۆ دابین دەکەم تۆیش چوارسەد کورسیم بۆ دابین بکە !!! ئێ کە تۆ چوارسەد کورسی خوێندنت هەیە، بۆچی نایدەیت بە بە تەلەبەکانی خۆت؟ ئەی ئەگەر ئەو کورسیانەیشت لێ زیادە، بۆچی داوای چوار سەد کورسی خوێندن لەوان دەکەیتەوە ؟
ئەم دۆخە لە هیچ ئان و زەمانێکدا ڕووی نەداوە .
ئەبێ وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم ئەوە بزانێت کە زۆرینەی تەلەبەکانی کوردستان سەر به خێزانە موچە خۆر و کاسبکارە مام ناوەندەکانن و قەیرانی موچە، ڕێگای ئەوەیان پێنادات بچن لە دەرەوەی هەرێم بخوێنن ..خۆ مناڵی بازرگان و سیاسییەکان ناخوێنن، ئەگەر بیشخوێنن، لە ئەوروپا یان لە زانکۆی ئەمەریکیی ئەخوێنن ..
دڵنیام ئەم ووشانەی من ڕیزم کردوون، هیچ سودێکیان نییەو هیچ کەس و بەرپرسێ گوێی لێنگرێ، هەربۆیه وەک نوکتەیەک ئەیگێڕمەوە، نوکتەیەک کە لە حوکمەتی پەنجا بە پەنجاوە سەرچاوەی گرتووە و گەیشتووە بە چوار سەد بە چوارسەد کورسی خوێندن بە بێ گوێدانە لۆژیک و باری ئابووریی خێزانەکان.
جا ڕەنگە بەغا چوار سەد تەلەبە کوردەکە وەرنەگرێ، بڵێ هەتا ئێوە لە هەرێم چوار سەدەکەی ئێمە وەرنەگرن، ئێمە چوار سەدەکەی ئێوە وەرناگرین ..ئینجا وەفد دێت و وەفد ئەڕوا، بڕیار دەدەەن ئەملا سەد کورسی به نان و بەشی ناوخۆییەوە دابین بکەن، به مەرجێ ئەولا دوو سەد کورسی بە برسێتیی و لەسەر جادە تەرتیب بکەن ، جا ئەولا ئەڵێن ئێمە مانگانە موچە ئەدین بەوانەی ئێوە، قبوڵ ناکەین ئێوە سێ مانگ جارێ بیاندەنێ ، ئەمانیش ئەڵێن ئێمە هەفتەی جارێ ئەوانە ئێوە سواری شنگڵبانە ئەکەین، ئەوانەی ئێمە لەو سەحرایەی ئێوەدا کوللە خواردوونی …….. هتد .. شتی تریش.




کۆڕێک بۆ د. ئازاد حەمە لە گەلەری ئارام

داهاتووی فەلسەفە بەپێی نیچە و دادوەریی فەلسەفیی نیچە بەسەر نیچەوە.

وانەی چواردەهەمی زنجیرەکۆری((پێویستمان بە فێربوونی نیچەیە)) بەهاوبەشی لەگەڵ (گەلەری ئارام)، ئەم دوو تەوەرە لەخۆدەگرێت:
/1داهاتووی فەلسەفە بەپێی نیچە /2 دادوەریی فەلسەفیی نیچە بەسەر نیچەوە
کات : چوارشەمە 25/9/2025 ، 7 ی ئێوارە
شوێن: گەلەری ئارام: عەقاری، دوو کۆڵان خوار ئەمنە سوورەکە