وەحشێتی و نەهامەتیەکانی نیولیبرالیزم و مەترسییەکانی لەسەر گەلانی لاواز و کۆمەڵگا وابەستەکراوەکان.. ‏و . لە عەرەبیەوە(یاسین لەتیف)

وەحشێتی و نەهامەتیەکانی نیولیبرالیزم و مەترسییەکانی لەسەر گەلانی لاواز و کۆمەڵگا وابەستەکراوەکان و
ڕێگاکانی بەرەنگاری لە ڕوانگەی پۆستکۆلۆنیالیزمەوە.

‏‏پێشەکی
‏” سەرهەڵدانی بزوتنەوەی دژە نیولیبرالیزم وەک بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی ئامانجی ئیدانەکردنی زیادەڕەوی و شکستە هەستپێکراوەکانی جیهانگیری ئابووری بوو”. لە جیهانێکدا کە دونیا بەرەو جیهانگیری خێراتر دەڕوات ، نیولیبرالیزم وەک ئایدۆلۆژیای باڵادەست سەریهەڵدا ، هاوکات بانگەشەی کرد بۆ بازاڕی ئازاد و ، بە تایبەتیکردن و کەمکردنەوەی ڕۆڵی دەوڵەت ، لە کەڵ ئەوانەش بەڵێنیدا لە بە دیهێنانی خۆشگوزەرانی و ئازادی بۆ تاک . بەڵام لە پشت ئەم بەڵێنەیەوە واقعێکی تاریکترو نەهامەتی هێنایە کایەوە کە بریتی بوو لە خراپتربوونی نایەکسانی و پەراوێزخستنی گەلانی لاواز و درێژەدان بە هەژموونی کۆلۆنیالیزم بە شێوازی نوێ . لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوەوە، لەگەڵ سەرهەڵدانی سیاسەتەکانی مارگرێت تاچەر و ڕۆناڵد ڕیگان، دامەزراوە جیهانییەکانی وەک سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی ئەم مۆدێلەیان گرتۆتەبەر . هاوکات سەپاندنی سیاسەتی سکهەڵگوشین و بەرنامەی ڕێکخستنەوەی پێکهاتە بەسەر کۆمەڵگە وابەستەکراوەکاندا . ئەمانە بوون بە هۆی تێکچوونی باری ئابووری و کۆمەڵایەتی لە زۆربەی وڵاتانی باشووری جیهان . بۆیە ئەم لێکۆڵینەوەیە هەوڵدەدات بۆ شیکردنەوەی “دڕندەیی و وەحشێتی” نیولیبرالیزم ، کە لە ئیستغلالکردنی سەرچاوە مرۆیی و سروشتیەکانیدا دەردەکەوێت و “نەهامەتیەکانیش” کە لە توندبوونەوەی هەژاری و پەراوێزخستندا ڕەنگ دەداتەوە . توێژینەوەکە لە ڕێگەی ڕێبازێکی پۆستکۆلۆنیالیزمەوە دەکۆڵێتەوە کە چۆن نیولیبرالیزم پەیوەندییە کۆلۆنیالیزمەکانی بەرهەمهێنایەوە ، هاوکات گرنگیدان بە کاریگەریەکانی لەسەر گەلانی لاواز و کۆمەڵگاکانی وابەستە . پرسیاری توێژینەوەکەم لە دەوری ئەمانەدەسوڕێتەوە: نیولیبرالیزم چۆن بەشداری کردووە لە قوڵکردنەوەی بۆشایی نێوان مەرکەزو پەراوێز ؟ . چۆن تیۆریەکانی دوای کۆلۆنیالیزم دەتوانن ئەم داینامیکیانە هەڵبوەشێننەوە ؟ . توێژینەوەکە لەسەر بنەمای میتۆدێکی شیکاری ڕەخنەگرانە دامەزراوە ، سوود لە چەمکەکانی ئێدوار سەعید (ڕۆژهەڵاتبون)، گایاتری سپیڤاک (دەنگی پەراوێزخراو) و هۆمی بابا هیبریدیەت (تێکەڵاو بوون) وەردەگرێت ، لەگەڵ توێژینەوە لە کەیسی (پۆلۆڤیا) لە ئەمریکای لاتین . هەروەها ئامانجی توێژینەوەکە بریتیە لە :
١- شیکردنەوەی میکانیزمەکانی نیولیبرالیزم .
٢ – هەڵسەنگاندنی کاریگەریەکانی لەسەر کۆمەڵگا پەراوێزخراوەکان .
٣ – پێشکەشکردنی ڕەخنەی دوای کۆلۆنیالیزم کە بەردەوامی هەژمونی کۆلۆنیالیزم ئاشکرا دەکات .
٤ – چارەسەرکردنی ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی ئەم دڕندەییەی لیبرالیزمی نوێ .

نیولیبرالیزم: پێناسە و تایبەتمەندی
‏نیولیبرالیزم، وەک دەیڤید هارڤی پێناسەی دەکات، “پڕۆژەیەکی سیاسیە بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و ئابووریەکان بۆ بەرژەوەندی سەرمایەداری جیهانی “لە چوارچێوەی قەیرانە ئابووریەکانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردودا سەریهەڵدا . لیبرالیزمی نوێ هەوڵیدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی کۆمەڵایەتی و بەرەوپێشبردنی بازاڕی ئازاد . هەروەها تایبەتمەندیە سەرەکیەکانی بریتین لە بە تایبەتکردن و ، ئازادکردنی بازرگانی و ، کەمکردنەوەی خەرجیە گشتیەکان . بەڵام، وەک (نائۆمی کلاین) لە پەرتوکەکەیدا (عەقیدەی شۆک)ئاماژەی پێدەکات ئەم سیاسەتانە زۆرجار لە ڕێگەی “شۆک”ەوە دەسەپێنرێن ، وەک قەیرانی ئابووری یان کارەساتی سروشتی، بۆ ئاسانکاری بە مەبەستی ئیستغلالکردنی کۆمەڵگالاوازەکان .

پۆست کۆلۆنیالیزم: ئامرازی شیکاری
‏ڕێبازی دوای کۆلۆنیالیزم چوارچێوەیەک دابین دەکات بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی بەردەوامبونی هەژمونی کۆلۆنیالیزم لە فۆرمە ئابووری و کولتوریە مۆدێرنەکاندا . ئێدوار سەعید چەمکی “ڕۆژهەڵاتبوون” پێشکەشدەکات کە باس لەوە دەکات کە چۆن گەلانی غەیرە ڕۆژئاوایی وەک دواکەوتوو وێنا دەکرێن بۆ ئەوەی پاساو بۆ دەستێوەردانەکانی بیانی بهێننەوە. لە بەرامبەردا گایاتری سپیڤاک سەرنجی لەسەر “دەنگی پەراوێزخراو”ە، ئاماژە بە مەحاڵبوونی نوێنەرایەتیکردنی گەلانی ژێردەستە دەکات لە گوتارە
باڵادەستەکاندا.هۆمی بابا چەمکی هیبریدیتی ” تێکەڵاو بوون” دەناسێنێت بۆ شیکردنەوەی کارلێکە کولتوریەکانی نێوان ناوەند و پەراوێز لە چوارچێوەی جیهانگیریدا .

تیۆری سیستەمی جیهانی
‏ئیمانوێل والێرشتاین چوارچێوەیەک بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندیە نایەکسانەکانی نێوان ناوەند (وڵاتانی پێشکەوتوو) و پەراوێز (وڵاتانی وابەستە) دابین دەکات . والرشتاین پێیوایە سەرمایەداری جیهانی پشت بە ئیستغلالکردنی پەراوێز دەبەستێت بۆ بەرژەوەندی ناوەند ، ئەمەش ئەوەیە کە نیولیبرالیزم لە ڕێگەی سیاسەتەکانی جیهانگیریەوە بەهێزی دەکات. ‏ئامرازە نوێکانی لیبرالیزم
‏((سیاسەتەکانی خۆپارێزی و ڕێکخستنی پێکهاتەی دەوڵەت)) . دامەزراوەکانی وەک سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتی پشتیان بە بەرنامەکانی دەستکاریکردنی پێکهاتەیی دەوڵەت بەستووە بۆ سەپاندنی چاکسازی ئابووری بەسەر وڵاتانی تازەپێگەیشتودا. ئەم بەرنامانە کە بریتی بوون لە کەمکردنەوەی خەرجیە گشتیەکان و هەڵگرتنی یارمەتیەکان لەسەر کاڵا سەرەتایەکان ،کە ئەوەش هەژاری و بێکاریان زیاتر کرد . بۆ نمونە لە میسر لە ماوەی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، مەرجەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بووە هۆی بە تایبەتکردنی کەرتی گشتی، ئەمەش وای کرد هەلی کار کەم بێتەوەو هەژاریش زیاد بکات . (ئەگەر کوردستانیش وەکو نمونەی میسر وەرگرین کە سیاسەتی ئابووری دڕندانەو وەحشی نیولیبرازیم تێیدا پیادە دەکرێت و ، هێدی هێدی هەموو دامەزراوە خزمەتگوزاریە گشتیەکانی دەوڵەت دەکرێنە کەرتی تایبەتی و ، هەژاریەکی کوشندەو بێکاریەکی لە ڕادەبەر و نەبونی هەلیکار بەرۆکی خەڵکی گردوەو گەنجانێکی یەکجەر زۆر بێکارو نائومێد بە تایبەتی دەرچوانی زاکۆکان و پەیمانگاکان کەوتونەتە سەر شەقامەکان ، کە ڕێک شوێنی پڕولیتاریاکەی مارکسیان گردۆتەوە ، لە عانوساتی تەقینەوەی کۆمەڵایەتیدایەو ئەگەر رووبدات تەڕوو وشک پێکەوە دەسوتێت . و.ک)

جیهانگیری کولتووری
‏نیولیبرالیزم بەشداری کردنی نیولیبرالیزم لە بڵاوکردنەوەی مۆدێلێکی کولتووری ڕۆژئاوایی کە شوناسە ناوخۆیەکان پەراوێز دەخات ، لە ڕێگەی میدیا و کۆمپانیا فرەناسنامەکانەوە . تەرویجدان بەشێوازێکی بەکاربەر کە لەگەڵ بەها نەریتیەکان ناکۆکە ، ئەوەش بووەتە هۆی پەراوێزخستنی کولتورە ناوخۆیەکان لە کۆمەڵگا وابەستەکراوەکاندا . ‏( ئستغلال کردنی سەرچاوەکان) .
‏کومپانیا فرەڕەگەزەکان کار دەکەن بۆ پشتیوانی و هاوکاری سیاسەتی لیبرالیزم لە ڕێگەی ئیستغلال کردنی سەرچاوە سروشیەکانی وڵاتە لاوازەکان . بۆ نموونە لە ئەفریقا گرێبەستی دەرهێنانی کانزاکان بوو بە هۆی نابوت بوونی ژینگە و ئاوارەبوونی کۆمەڵگا ناوخۆیەکان بەبێ ئەوەی گەشەسەندنی ڕاستەقینە بەدیبهێنرێت . (کاریگەری نیولیبرالیزم لەسەر گەلانی لاواز زیاد بوونی هەژاری و بێکاری) .
‏سیاسەتی بە تایبەتیکردن و خۆپارێزی بووەتە هۆی تێکچونی بارودۆخی ژیان لە زۆرێک لە وڵاتانی وابەستە و جیهانی تازەپێگەیشتو ، بۆ نموونە چاکسازیەکانی بازاڕی ئازاد بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری لە نێو گەنجاندا، کە ئەوەش سەریکێشاوە بۆ چەندین شۆڕش و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی ،

تێکچونی خزمەتگوزاریە گشتیەکان
‏نیولیبرالیزم خەرجیەکانی پەروەردە و تەندروستی کەم کردۆتەوە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر گروپە لاوازەکان دروستکردووە ، لە میسر بە تایبەتیکردنی کەرتی تەندروستی، جیاوازیی لە نێوان دەوڵەمەند و هەژار دروست کردووە بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریەکان . ‏(ڕێک ئەو ئەزموونە لە هەرێمی کوردستان پیادە کراوە لە لایەن نیولیبرالیزم و کومپانیا حزبیەکان کە هی کۆمەڵێک سیاسی چاوچنۆکو چەتەو دز بە ڕێوە دەبرێن، بە تەواوی دەستیان گردووە بە نابود کردنی کەرتی تەندروستی و پەروەردە و ، دروست کردنی نەخۆشخانە و قوتابخانە تایبەتیەکان کە نرخەکانیان لە توانای چینی هەژارو تەنانەت ناوەندیشدا نییە نەشتەرگەریبکەن لەو نەخۆشخانانە لە دۆخی نەخۆشکەوتن ، تەنانەت خەریکی شێواندنی زمانی کوردیشن لە قوتابخانە ئەهلیەکان ، هەروەها خەریکی بە تایبەتیکردنی کەرتی ئاوو کارەباشن و نرخێکی خەیاڵیان بۆ داناوە ڕەنگە فەرمانبەرێکی حکومەت مووچەی مانگێکی بەشی نرخی بەکار هێنانی یەک مانگی کارەبا نەکات ، لێرەدا پرسارەکە ئەوەیە ئەی فەرمانبەرێک یان مرۆڤێکی ئاسایی و بێکار بۆ ئەو پێداویستەکانی تری ژیان چیبکات چۆن بتوانێت ئەو نرخە دابین بکات ؟! . و. ک ) .

پەراوێز خستنی ناسنامە ناوخۆیەکان
‏نیولیبرالیزم بە سەپاندنی مۆدێلێکی کولتوری جیهانی، بەشداری کردووە لە سڕینەوەی ناسنامە ناوخۆیەکان. بۆ نمونە گەلانی ڕەسەن لە ئەمریکای لاتین لە ڕووی کولتووری و ئابووریەوە لە ئەنجامی سیاسەتەکانی بازاڕی ئازاد پەراوێزخراون .

‏ڕەخنە لە پۆستکۆلۆنیالیزم, بەردەوامبونی هەژمونی ئیمپریالیزم

‏لە ڕوانگەی پۆستکۆلۆنیالیزمەوە دەتوانرێت نیولیبرالیزم وەک درێژکراوەی کۆلۆنیالیزمی نەریتی سەیر بکرێت. هەروەک چۆن ڕۆژهەڵاتناسی بۆ پاساوهێنانەوە و دەستێوەردانەکانی کۆلۆنیالیزم بەکارهات، هاوکات نیولیبرالیزمیش لە ڕیتۆریکی “گەشەپێدان” و “پێشکەوتن” بۆ سەپاندنی سیاسەتی ئابووری کە خزمەت بە ناوەند دەکات بەکاردەهێنێت ، ئیدوار سەعید ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم گوتارە وا گەلانی لاواز پیشان دەدات وەک ئەوەی بێ توانا بن لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانیان ، بەمەش ڕەوایەتی دەدات بەدەستێوەردانی دەرەکی .

‏پەراوێز خستنی دەنگی پەراوێزخراو
‏سپیڤاک جەخت لەوە دەکاتەوە کە گەلانی ژێردەستە زۆرجار بێبەش دەکرێن لە توانای دەربڕینی بەرژەوەندیەکانیان ، لە چوارچێوەی نیولیبرالیزم پشتگوێخستنی پێداویستەکانی کۆمەڵگا ناوخۆیەکان بۆ بەرژەوەندی ئەجێندای دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان ، ئەمەش وابەستە بوون و تەبەعیەت بە هێز دەکات .
‏(بەرەنگاری کۆمەڵگا پراوێزخراوەکان) .
‏سەرەڕای هەژمونەکان بەرەنگاری بزووتنەوەکانی دژی نیولیبرالیزم سەریان هەڵداوە ، لە بۆلیڤیا ساڵی ٢٠٠٠ “جەنگی ئاو” بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی بە تایبەتیکردنی ئاو دوای ناڕەزایەتی جەماوەری، کاردانەوەی توانای کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکان بوو بە هۆی بەرەنگار بوونەوەی هەژموون.

‏توێژینەوەی کەیس 1. بۆلیڤیا: شەڕی ئاو

‏ساڵی ٢٠٠٠ لە شاری کوتشابامبا نەڕەزایەتیەکی بەرفرەوان دروست بوو دژ بە بە تایبەتیکردنی ئاو و بەرز بوونەوەی نرخەکان ، هاوکات بزووتنەوە جەماوەریەکان سەرکەوتوو بوون لە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکان لەگەڵ کۆمپانیا فرەڕەگەزیەکان، ئەمەش توانای بەرخۆدانی ناوخۆیی پیشاندا .

‏بەرەنگاری گەلانی لاواز و کۆمەڵگە ژێردەستەکان لە دژی نیولیبرالیزم: شیکارکردنی پۆستکۆلۆنیالیزم

‏سەرەڕای ئەو باڵادەستیە ئابووری و کولتووریەی کە نیولیبرالیزم بەسەر گەلانی لاواز و کۆمەڵگا وابەستەکراوەکاندا سەپاندویە ، بزووتنەوەی بەرەنگاری جۆراوجۆر سەریان هەڵداوە، کە ڕەنگدانەوەی توانای ئەم کۆمەڵگایانەن بۆ ئاڵانگاری سیاسەتە نیولیبراڵییەکان و دووبارە داڕشتنی گوتارەکانیان . ئەم بزووتنەوانە کە لە نێوان ناڕەزایەتی جەماوەری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان ڕێکخراوە دەست پێدەکات تا دەگاتە پراکتیزە کردنی کولتوریە بەدیلەکان ، هاوکات ڕەتکردنەوەی ئەو هەژمونە ئابووری و کولتوریە دەردەبڕێت کە جیهانگیری لیبڕاڵیزم لە ڕوانگەی پۆستکۆلۆنیالیزمەوە سەپاندویەتی . ئەم بەرەنگاریە هەوڵێکە بۆ گەڕانەوەی ئەو “دەنگە پەراوێزخراوە” کە گایاتری سپیڤاک باسی دەکرد ، هەروەها دووبارە بنیاتنانەوەی ناسنامەی ناوخۆیی لە بەرامبەر ئەو تێکەڵاویە زۆرەملێیەی کە سیستەمی جیهانی سەپاندویەتی ، ئەم بەشەی بریتیە لە دینامیکی بەرەنگاری دژ بە نیولیبرالیزم لە ڕێگەی توێژینەوەی جۆرەکانی و پاڵنەرەکانیو کارێگەریەکانی . شیکردنەوەکە تەرکیز دەکاتە سەر سێ تەوەر : ١ – فۆرمەکانی بەرەنگاری باو . ٢- بەرخۆدانی کولتوری و فیکری . ٣ – ئاڵانگاریەکانی بەردەم ئەم بزوتنەوەیانە بە هاوکاریکردنی شیکردنەوەی توێژینەوەکان دەکرێت لە کەیسی زیادە لە ئەمریکای لاتین و ئەفریقال لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر چوارچێوەی تیۆری پۆست کۆلۆنیالیزم .

فۆرمەکانی بەرخۆدانی باو
‏بەرخۆدانی جەماوەری لە بەرامبەر نیولیبرالیزمدا چەندین شێوەی هەیە، لە ناڕەزایەتیە خۆبەخۆکانەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە بزووتنەوە کۆمەڵایەتیە ڕێکخراوەکان . زۆرجار ئەم بزووتنەوانە لە کاردانەوەی سیاسەتەکانی خۆپارێزی و بە تایبەتیکردن و ئیستغلالکردنی سەرچاوەکان لە ڕوانگەی پۆستکۆڵۆنیالیزمەوە سەرهەڵدەدەن . ئەم ناڕەزایەتیانە ڕەنگدانەوەی هەوڵێکە بۆ گەڕاندنەوەی سەروەری جەماوەری لە بەرامبەر ئەو گوتارەی “گەشەپێدان” کە لەلایەن دامەزراوە نێودەوڵەتیەکانەوە تەرویجی پێدەدرێت .

‏”ناڕەزایەتەکانی شەڕی ئاو لە بۆلیڤیا لە ساڵی (٢٠٠٠)”

‏لە شاری کوتشامبا ناڕەزایەتیەکی بەرفرەوان بەرپا بوو دژ بە تایبەتیکردنی ئاو کە نرخەکەی بەرز کردەوەو بە شێوەیەک ژیانی توێژی هەژارانی خستە مەترسیەوە ، ئەم بزووتنەوەیە لەلایەن هاوپەیمانیە هەمەچەشنەکانی جووتیاران و کرێکاران و گەلانی ڕەسەنەوەسەرکردایەتی دەکرا ، کە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی بە تایبەتیکردن لەگەڵ کۆمپانیای “باختێل”ی ئەمریکی . ئەم نموونەیە تیشک دەخاتە سەر توانای کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکان بۆ ئاڵانگاری باڵادەستی ئابووری ، ئەمەش ڕەنگدانەوەی چەمکی ‘تێکەڵاوبوون’ی هۆمی بابایە . ‏
‏کە شوناسە ناوخۆیەکان لەگەڵ ستراتیژیەکانی بەرخۆدانی جیهانی تێکەڵ بوون بۆ پێکهێنانی گوتارێکی نوێی بەرەنگاری .
‏(بزووتنەوەی جوتیاران لە هندستان) .
‏لە ساڵانی ڕابردوودا لە هیندستان شایەتحاڵی ناڕەزایەتیەکی بەرفراوانی جووتیاران بووین دژ بە یاسا کشتوکاڵیەکان کە ئامانجیان ئازادکردنی بازاڕی کشتوکاڵی بوو ، جووتیارەکان دەیانبینی ئەمە خزمەت بە کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان دەکات لەسەر حیسابی جوتیارانی بچووک . ئەم بزاڤانە بە سەرکردایەتی سەندیکاکانی جوتیاران لە ساڵانی ٢٠٢٠-٢٠٢١ سەرکەوتوو بوون لە ناچارکردنی حکومەت بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاساکان . لە ڕوانگەی پۆستکۆلۆنیالیزمەوە، ڕەنکدانەوەی ئەم بەرخۆدانە ڕەفزکردنی ئەو وێنایەیە بوو کە گوایە جوتیاران “دواکەوتون” (وەک لە گوتاری ڕۆژهەڵاتناسی ئیدوار سەعیددا) هاتووە ، هاوکات جەختکردنەوەیە لەسەر گرنگی شوناسە ناوخۆییەکان لە بەرامبەر جیهانگیری ئابووریدا .

بەرخۆدانی کولتووری و فیکری
‏شانبەشانی ناڕەزایەتیە جەماوەرییەکان فۆرمەکانی بەرخۆدانی کولتووری و فیکری سەریان هەڵداوە کە هەوڵدەدەن شوناسی ناوخۆیی لە بەرامبەر جیهانگیری کولتوریدا کە لەلایەن نیولیبرالیزمەوە تەرویجی پێدەدرێت دووبارە دابڕێژنەوە . ئەم بەرەنگاریە تێدەکۆشێت بۆ زیندوکردنەوەی نەریتە ناوخۆیەکان و، بەرهەمهێنانی دژە دیسکۆرسی و ، گەڕاندنەوەی متمانە بۆ معاریفی ڕەسەنایەتی .

بوژاندنەوەی زانیاری ڕەسەن لە ئەمریکای لاتین
‏لە ئەمریکای لاتین بزووتنەوە ڕەسەنەکانی وەک زاپاتیستەکان لە مەکسیک، بەشداریان کردووە لە بەرەنگاربوونەوەی مۆدێلی ئابووری لیبڕاڵ لە ڕێگەی بوژاندنەوەی زانستی نەریتی ، ئەم بزووتنەوەیانە ڕێککەوتنی بازرگانی ئازادی ئەمریکای باکووریان ڕەتکردەوە، چونکە هەڕەشە لە کشتوکاڵی نەریتی دەکات ، مۆدێلێکی بەدیلیان خستەڕوو کە لەسەر بنەمای ئابووریی هاودەنگی و خۆبەڕێوەبردن دامەزراوە لە ڕوانگەی دوای کۆڵۆنیالیزم . ئەم میتۆدە ڕەنگدانەوەی هەوڵێکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەژموونی کولتووری ڕۆژئاوا و وەرگرتنەوەی دەنگی ڕەسەن.. .

‏دژە گوتار لە جیهانی عەرەبیدا
‏لە جیهانی عەرەبیدا بزووتنەوە فیکریەکان سەریان هەڵداوە و هەستاون بە ڕەخنە گردن لە نیولیبرالیزم لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی گوتاری ئەڵتەرناتیڤ ، بۆ نموونە بیرمەندانی وەک سەمیر ئەمین(سەمیر ئەمین لە لە ساڵی٢٠١٨ کۆچی دوایی کردووە و. ک) ڕەخنەیان لە سەرمایەداری جیهانی گردووە و دەڵێن نیولیبرالیزم فۆرمێکی نوێی کۆلۆنیالیزمە . ئەم گوتارانە هەوڵدەدەن چەمکی گەشەپێدان دووبارە دابڕێژنەوە و لە جیاتی بازاڕی ئازاد سەرنجیان دەخەنە سەر دادپەروەری کۆمەڵایەتی .

‏هونەر وەکو ئامرازی بەرەنگاری
‏کۆمەڵگا پەراوێزخراوەکان هونەریان وەک ئامرازێک بۆ بەرخۆدانی کولتووری بەکارهێناوە ، بۆ نموونە لە دورگەی باشوری ئەفریقا هونەرمەندەکانی وەک فێلا کوتی مۆسیقاری نەیجیریایان بە کار هێناوە بۆ ڕەخنەگرتن لە سیاسەتی نیولیبرالیزم و کاریگەریەکانیان لەسەر کۆمەڵگا ناوخۆیەکان . ئەم فۆرمە هونەریانە ڕێگە بە کەسانی پەراوێزخراو دەدەن گوزارشت لە ئەزمونەکانی خۆیان بکەن ، کە ئەمەش بونیان بە هێزتر دەکات لە بەرامبەر گوتاری باڵادەستدا .

‏ئەو ئاڵانکاریانەی ڕووبەڕووی بەرەنکاری دەبنەوە
‏سەرەڕای بەهێزی بزووتنەوەکانی بەرخۆدان ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو دەبنەوە لەوانە:سەرکوتی حکومی و نێودەوڵەتی ، زۆرجار بزووتنەوە جەماوەریەکان ڕووبەڕووی سەرکوت دەبنەوە لەلایەن ئەو حکومەتانەی کە لەلایەن دامەزراوە نێودەوڵەتیەکانەوە پشتیوانی دەکرێن ، بۆ نموونە لە ساڵانی ٢٠٠٠ لە میسر ناڕەزایەتیەکان دژی بە تایبەتیکردن بە توندوتیژیی حکومەت سەرکوت کران ئەمە ڕەنگدانەوەی هاوپەیمانی نوخبە ناوخۆیەکانە لەگەڵ سەرمایەداری جیهانی .

‏پارچە پارجە بوون و دابەش بوونی ناوخۆی
‏هەندێک لە بزووتنەوەکان بەهۆی جیاوازی ئەولەویەت و ئایدۆلۆژیایانەوە بەدەست دابەشبوونی ناوخۆوە دەناڵێنن ، بۆ نمونە لە تونس دوبەرەکی لە نێوان بزووتنەوە کرێکاریەکان و ڕەوتە ئیسلامیەکان بەرەی بەرەنگاری لە بەرامبەر سیاسەتەکانی خۆپارێزی لاواز کردووە .

‏ڕاگردنی بەرەنگاری
‏نیولیبرالیزم ستراتیژییەکان بەکار دێنێت بۆ ڕاکردنی بەرخۆدان وەک تێکەڵکردنی هەندێک بزووتنەوە بە سیستەمی ئابووری جیهانی لە ڕێگەی بەرنامەکانی “گەشەپێدانی بەردەوام”ەوە . ئەم ستراتیژانە ئامانجیان داماڵینی دیمەنی شۆڕشە لە بزووتنەوەکان، بەمەش کاریگەریەکانیان سنووردار دەکرێن .

شیکاریەکی دوای کۆلۆنیالیزم بۆ بەرخۆدان
‏لە ڕوانگەی پۆستکۆلۆنیالیزمەوە دەتوانرێت بەرخۆدان وەک هەوڵێک بۆهەڵوەشاندنەوەی گوتاری “ڕۆژهەڵاتگەرایی” تێبگەین و وێنایەک نیشان دەدەن کە گەلانی لاواز وەک بێتوانا بن لە بەڕێوەبردنی کاروباری خۆیاندا . ئەم بزووتنەوەیانە تیشک دەخەنە سەر توانای کۆمەڵگا پەراوێزخراوەکان بۆ بەرهەمهێنانی دژە گوتار . ‏وەک ئیدوار
سەعید لە شیکاریەکانی دژە گوتاردا ئاماژە بەوە دەکات کە تەحەدای هەژموونی کولتووری دەکەن ، هەروەها گایاتری سپیڤاک جەخت لەسەر گرنگی ڕێگەدان بە دەنگە پەراوێزخراوەکان دەکاتەوە بۆ گوزارشت کردن لە خۆیان ، ئەمەش لە بزووتنەوەکانی وەک زاپاتیستەکاندا دیارە کە هەوڵدەدەن گەشەپێدان دوور لە مۆدێلە ڕۆژئاوایەکان پێناسە بکەنەوە . لە کۆتایدا چەمکی ‘هیبریدیتی’ هۆمی بابا دەبێژێت ئەم بزووتنەوەیانە لە توانیاندا هەیە توخمە ناوخۆیی و جیهانییەکان تێکەڵ بکەن بۆ دروستکردنی فۆڕمی نوێی بەرخۆدان .

ئەنجام
‏ئەم لێکۆڵینەوەیە وەحشێتی و “دڕندەیی” نیولیبرالیزم ئاشکرا دەکات لە نەهامەتی و ئیستغلالکردنی گەلانی لاوازو قووڵکردنەوەی هەژاری و پەراوێزخستنیان لە ڕێگەی ڕێبازی پۆستکۆلۆنیالیزمەوە ، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە نیولیبرالیزم تەنها ئایدۆلۆژیایەکی ئابووری نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی هەژمونی کۆلۆنیالیزم . بەڵام وەک لە توێژینەوەی کەیسەکاندا دەرکەوتووە کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکان توانای بەرەنگاربوونەوەیان هەیە ، بەڵام توێژینەوەکە پێشنیاری بەهێزکردنی سیاسەتە ناوخۆیەکان دەکات کە گرنگی بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و پشتیوانی بکەن لە بزوتنەوە جەماوەریەکان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی هەژمونی جیهانی . بەرەنگاری بزووتنەوەکانی دژە نیولیبرالیزم نیشان دەدەن کە گەلانی لاواز و پێکهاتە ژێردەستەکان تەنها قوربانی نین، بەڵکو کارەکتەرێکی چالاکن کە توانای ئاڵانگاری هەژمونی ئابووری و کولتوریان هەیە لە ڕێگەی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان و بوژاندنەوەی زانستی ناوخۆیی و گوتاری دژە فیکریەوە ، ئەم بزووتنەوەیانە چەمکی سەروەری و دادپەروەری دادەڕێژنەوە ، بەڵام لە ئەوەشدا ئەم بزووتنەوەیانە ڕووبەڕووی ئاڵانگاری بەرچاو دەبنەوە کە پێویستیان بە ستراتیژی نوێ هەیە بۆ پەرەپێدانی هاودەنگی لە نێوان کۆمەڵگا پەراوێزخراوەکان . لە ڕوانگەی پۆستکۆلۆنیالیزمەوە، ئەم بەرەنگاریە هەنگاوێکە بەرەو هەڵوەشاندنەوەی هەژموون و وەرگرتنەوەی دەنگی پەراوێزخراوەکان کە ڕێگا بۆ خەیاڵکردنی بەدیلەکانی گەشەپێدان دەکاتەوە کە سەرنجیان دەخاتە سەر سەروەری ناوخۆیی و دادپەروەری . ئایا ئەم بەرەنگاریە دەتوانێت لەم وەحشی و دڕندەیە جیهانیە ڕزگاری ببێت و مافە دزراوەکان بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێنێتەوە؟ .

‏د . زهیرالخویلدی – حوارالمتمدن
‏ ١٥ – ٨ – ٢٠٢٥ المجتمع المدنی
‏و . لە عەرەبیەوە(یاسین لەتیف)




ڕاپەڕین و شۆڕش و گۆڕینی کۆمەڵگە.. ئەکرەم سەعید

سەرنجێک لەسەر ڕاپەڕینەکانی سەردەمی ئێمە

بۆ لاوان و چینی کرێکاران گرنگە بزانن ناوەڕۆکی ڕاپەڕین و شۆڕش چییە و جیاوازیان چییە؟. شۆڕش گۆڕانی ڕیشەییە لە پایەکانی سیاسی و ئابووری کۆمەڵگە؛ یانی گۆڕینی دەسەڵاتی چینی بۆرژوازییە بۆ دەسەڵاتی چینی کرێکاران – گۆڕینی شێوازی بەرهەم هێنان و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییە بۆ سۆسیالیستی، ئەما ڕاپەڕین لە باشترین حاڵەتیدا گۆڕینی سیستەمی سیاسییە(گۆڕینی حکومەت و ستافی دەسەڵات و هەندێ دەستکەوتی مافی مەدەنی و ئابوورییە)، بەم پێیە ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان دژی گەندەڵی و سەرکوت ناتوانێ پایەکانی ئابووری سەرمایەداری کۆمەڵگە بگۆڕێ. ڕاپەڕین بە تەنها دژی گەندەڵی و سەرکوت هێشتا دیموکراسی و لیبڕالیسمە، بۆیە لە سنووری گۆڕینی ستافێک بۆ ستافێکی دی دەوڵەتی بۆرژوازی زیاتر ناڕوات، و ناتوانێ دەست بۆ گۆڕینی پایەی ئابووری کۆمەڵگەی سەرمایەداری بەرێ، بە دەربڕینێکی دی ڕاپەڕین دەسەڵات لە ئیستبدادییەوە دەگۆڕێ بۆ دیموکراسی، ستافی دەوڵەتێکی گەندەڵی بێ پەردە دەگۆڕێ بۆ دەوڵەتی خاوەن یاسا و دەزگای خاوەن بودجەی شەفاف،، هتد.
دەشێ ڕاپەڕین و شۆڕش لە کرداری تندوتیژی خێرادا هاوشێوە بن، چونکە ئەگەری هەیە زیاتر تەقینەوەێکی مەزنی کتوپڕی بەهێز بن، پێداکێشانی دوو هێز یان زیاتری دژ بەیەک بن: هێزی دەسەڵاتی کۆن کە بەرگری لە بۆ مانەوە خۆی دەکات، وە هێزی جەماوەری ناڕازی کە دەیەوێت دەسەڵات و سیستەم بڕوخێنێ. بەم مانایە ڕاپەڕین و شۆڕش ململانێی سیاسی دوو ئیرادەیە کە جەنگیانە لەسەر دەسەڵات.
تا ئێرە ئێمە پێناسەی ڕاپەڕین و شۆڕش دەکەین وەک هێز و ئامانجێکی دیار و بینراو، وەک گۆڕینی بواری سیاسی و تەنها لە ڕەهەندی سیاسییەوە چاویان لێ دەکەین. ئەما شۆڕش جگە لەم دیمەنە بینراوە، جگە لە بوار و ڕەهەندی سیاسی، دیمەنی شاراوەو هێزێکی مێژووی نادیار لە پشتەوە ماتۆڕی ئیرادە و گۆڕانیەتی؛ یانی شۆڕش بە دیوە شاراوەکەیدا بواری کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندی چینایەتی و ئامانج و ڕەهەندی ئابووری گەورەتر و گۆڕانی ڕیشەیی شێوازی ئابووری کۆمەڵگەی هەیە.
بۆ سۆسیالیستەکان شۆڕش یانی ئالۆگۆڕی سیاسی و ئابوورییە، ئامانج لە شۆڕش گۆڕینی دەسەڵاتی چینی بۆرژوازییە بۆ دەسەڵاتی چینی کرێکاران، گۆڕینی شێوازی بەرهەمهێنان و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییە، کۆتایی هێنانە بە دابەشبوونی چینایەتی کۆمەڵگە، کۆتایی هێنانە بە جیاوازی نێوان شار و لادێ، کۆتایی هێنانە بە جیاوازی نێوان کاری جەستەیی و کاری فکری، ئەما بۆ لیبڕالیسمەکان شۆڕش تەنها مانای گۆڕانی بواری سیاسی و بە دەستهێنانی ئازادی تاکەکەس و بە دیموکراسی کردنی دەوڵەتە.

شۆڕش بە ڕای ئەلێکسیس دی تۆکڤیل و مارکس
شۆڕش دیاردەێکی ئاڵۆزە، کێشەی سەرەکی لە توێژینەوەی ئەم دیاردەیە، ناسینی پەیوەندی نێوان ڕۆڵی هێزی هۆشیار و ئیرادەی ئینسانەکانە لەتەک ڕۆڵی هێزی ڕەوتی مێژووییە کە بابەتییە لە پشتی ئینسانەکانەوە کاری خۆی دەکات، و لە دوا ئەنجامدا وەک بڵێی شۆڕش کارێکە ئینسانەکان کردوویانە یان شتەهاێکیان گۆڕیوە کە جێبەجێکردنی زەرورەتی ڕەوتی مێژوو بووە. ئەم کێشەیە(پەیوەندی نێوان ئیرادەی ئینسانەکان و ستروکتور/ ڕەوتی مێژوو)، کێشەی سەرەکی چەندجار دووبارە بووەی نێو دەقەکانی”ئەلێکسیس دی تۆکڤیل و مارکس”ە.
گرنگتر لەم کێشەیە لە ڕاڤەی شۆڕش، دیاریکردنی مەیدانەکانی گۆڕانە لە شۆڕشدا. هەر دوو دی تۆکڤیل و مارکس بڕوایان بەوە بووە کە شۆڕش گۆڕانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە. شۆڕش تەنها دەوڵەتی کۆن ناڕوخێنێ و بەس، بەڵکە پایەی ئابووری و پەیوەندی چینایەتی کۆمەڵگەش دەگۆڕێ. بۆ نموونە: شۆڕشی فەرەنسی تەنها دەسەڵاتی پاشایەتی و کەنیسەی کۆتایی پێ نەهێناوە، بەڵکە ئابووری دەرەبەگایەتی گۆڕی بۆ ئابووری سەرمایەداری. کەواتە شۆڕش لە دوو بوار و مەیداندا کاری گۆڕین دەکات: گۆڕینی سیاسی دەوڵەت و گۆڕینی پایەی ئابووری کۆمەڵگە، ئەمەی دوایی بە ڕای مارکس یانی گۆڕینی پەیوەندی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و کۆتایی هێنان بە دابەشبوونی چینایەتی کۆمەڵگە، یانی گۆڕینی پێکهاتی ئابووری و سیاسی سەرمایەداری بەرەو پێکهاتی ئابووری سیاسی سۆسیالیسم.

جیاوازی نێوان ڕیفۆرم و شۆڕش
(هەر هەوڵێک بدرێ بۆ گۆڕینی پێکهاتی سەرخانی یاسایی و سیاسی دەوڵەت، گەرچی هەلومەرجی ئابووریش لەتەکیدا بگۆڕێ، هێشتا بە کارێکی ئیسڵاحی پێناسە دەکرێ، مادام لە چینی خاوەن فەرمانڕەوای سیاسی و ئابووری کۆمەڵگەوە سەرچاوەی وەرگرتووە. بە پێچەوانەوەی ئەوە، ئەو کردەوانە بۆ گۆڕانکاری بە شۆڕش پێناسە دەکرێ، کاتێ لە چینێکەوە کە لە ڕووی ئابووری و سیاسیەوە چەوساوەتەوە، و ئەمڕۆکە دەسەڵاتی سیاسی دەگرێتە دەست، و لە بەرژەوەندیایەتی بە خێرایی ئاڵۆگۆڕی سیاسی و ئابووری بکات ،،.)- شۆڕشی کۆمەڵایەتی/ کارڵ کاوتسکی.
کەواتە: بە پێی ڕای کاوتسکی”شۆڕشی سیاسی نابێ بە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی هەتا چینی ژێردەستە پێی هەڵنەستێ بۆ بەرژەوەندی چینایەتی خۆی”. لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا چینی کرێکاران چینی چەوساوەن، بێگومان کاتێ ئەو چینە شۆڕش دەکات تەنها بە گۆڕانی دەسەڵات ڕاناوەستێ، بەڵکە پەیوەندی بەرهەمێنان و بوونی چینایەتی سەرمایەداری دەگۆڕێت(یانی پێکهاتی ئابووری سەرمایەداری دەگۆڕێت بۆ سۆسیالیسم)، ئەوکات دەتوانین بڵێن شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی ڕویداوەو سەرکوتوو بووە. کاتێ لە ئەنجامی شەڕو پێکدادانی زبری باڵەکانی چینی بۆرژوازی، تەنها ئاڵوگۆڕ لە سەرخانی سیاسی(ئازادی زیاتر بوو، یان مافی مەدەنی باشتر بوو، مافی ژنان ڕێزی لێ گیرا، گەندەڵکاران سزادران،، هتد)، ئیدی ئەوە ڕاپەڕینی(دیموکراسی)سیاسی بۆرژوازییە.
بە کورتی: ڕاپەڕین گۆڕینی سەرخانی کۆمەڵگەیە، گۆڕینی سەرپۆشە نەک بنەما، ئەما شۆڕش گۆڕینی سەرخان و ژێرخانی کۆمەڵگەیە؛ بەم مانایە ڕاپەڕین گۆڕانێکی سنووردار و ناتەواوە، واتە گۆڕانی بەشێکی یان مەیدانێکی پێکهاتی کۆمەڵگەیە بەتایبەتی دامەزراوە سەر بە پێکهاتەکانی(سیاسی، یاسایی، ئایینی). لەسەر ئەو بنەمایە ڕاپەڕین”بچوکترە”لە شۆڕش لە ڕووی پانتایی و جۆری گۆڕان لە کۆمەڵگەدا. شۆڕش گۆڕینی بارودۆخی بوونی ئینسانەکانە لە ڕووی(ئابووری و سیاسی و فکری)یەوە. شۆڕش کردەوەیەکی سیاسی تندوتیژە بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی چینێکی کۆمەڵایەتی، بۆ گۆڕینی قۆناغێکی مێژوویی کۆمەڵگە.
لێرەوە کەمێ تێفکرین و لە خۆمان بپرسین: ئایا بەناو شۆڕشەکانی سەردەمی ئێمە؛ لە بەناو شۆڕشی مەجەری ساڵی ۱۹٥۹، لە شۆڕشی بەناو پۆرتوقاڵی لە ئۆکراینا، و شۆڕشی بەهاری عەرەبی،، هتد، بە چ بیروباوەڕێک و بەرژەوەندێک بەو دیاردەو ڕووداوانە دەگوترێ شۆڕش؟ ئایا سۆسیالیستەکان بڕوایان وایە ئەوانە شۆڕش بوون؟!.

خەونەکانی جەماوەری ناڕازی
بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە وڵاتانی باشووری ئاسیا، بووە هۆکاری گۆڕینی هەندێ حکومەت، بۆ نموونە: لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢، سەرۆکی سریلانکا “گۆتابایا ڕاجاپاکسا”دەستی لەکارکێشایەوە، پاشان لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا”شێخ حەسینە”سەرۆکوەزیرانی بەنگلادیش لە دەسەڵات دوورخرایەوە، و لەم هەفتەیەدا لە نیپاڵ سەرۆکوەزیران”پی شارما ئۆلی”دەستی لەکارکێشایەوە. داواکاری ڕەوای ئەو جەماوەرە ناڕازییە(ئازادی و نان)ە، لێرەوە ئەمەریکا بۆ لاوازکردنی پێگەی وڵاتی چین، هەوڵدەدات ناڕازایەتییەکانی جەماوەری باشووری ئاسیا بە(خەونی ئەمەریکا)وە ببەستێتەوە.
نەک تەنها لەو چەند وڵاتەی باشووری ئاسیا، بەڵکو لە(چین، ڤێتنام، ئێران،، هتد، لەو وڵاتانەی بە حیساب دەوڵەتەکەیان دژی مۆدێلی فکر و سیاسی غەربە)، کەچی مۆدێلی ژیانی ئەمەریکی ئاواتی زۆربەی خەڵکە؛ یانی مەیلی پڕۆئەمەریکی/پڕۆغەربی لە نێو جەماوەردا بەهێزە.
لەڕاستیدا(خەونی ئەمریکی)بەڵێنی بەختەوەری و دەوڵەمەندبوون لە ڕێگەی کارکردنەوە، هەرگیز ئەو خەونە جگە لە بڕێک لە تاکەکەس، دەنا بۆ هەمووان بەدەست نەهاتووە. کاتێک”جەیمس ترونسلۆ ئادەمز”لە ساڵی ١٩٣١دا ئەم زاراوەیەی داهێنا، بەم جۆرە وەسفی کرد:”بۆ هەموو هاوڵاتییەک بەبێ گوێدانە بارودۆخی لە دایکبوونی یان پێگەی کۆمەڵایەتی”، بەڵام بۆ چینی کرێکاران و هەژارانی خەڵکی ئەمەریکا ئەو خەونە ئەفسانەێک بوو، و ئەمڕۆکە ژمارەێکی زۆری لاوان و کرێکارانی ئەمەریکا بەهۆی بێکاری و قەرزەوە ژیانیان دۆزەخە، و خەون بە مۆدێلێک لە دەوڵەت و کۆمەڵگە دەبینن کە(ئازادی و خۆشگوزەرانی و ئاسایشیان)بۆ دابین بکات، خەون بە دەوڵەتی خۆشگوزەرانی دەبینن، و ئاواتیان دەوڵەتێکە(خزمەتگوزاری خەستەخانە بۆ هەمووان، بیمەی بێکاری، خزمەتی پیران و بێ ماڵ و حاڵەکان)پێشکەش بکات. بۆیە خەونەکانی زۆربەی جەماوەر لە ئاسیا پێچەوانەی خەونەکانی زۆربەی جەماوەرە لە غەرب.
بۆ خەڵکی هۆشیار کاتێ دەبینێ دۆزەخی مۆدێلی ژیان و سیستەمی ئەمەریکا بۆتە ئاوات و خەونی جەماوەری ئاسیا، دەگەنە ئەو قەناعەتەی کە ئەو جەماوەرە ناهۆشیارە، چونکە دۆزەخی لێ بۆەتە بەهەشت، ئەوەش ئاکامی ئەوەیە کە ئەو خەڵکە لە هەلومەرجێکی خراپدا دەژین، و خەون بە مۆدێلێکەوە دەبینن کە دیوی دووەمی هەمان شێوازی بەرهەم هێنانی سەرمایەدارییە.

کازاخستان؛ ڕاپەرینی جەماوەر دژی گرانی و هەژاری –
ڕۆڵی فاکتەری دەرەکی لەسەر ململانێی چینایەتی و بزووتنەوە جەماوەریەکان لە سەردەمی ئێمەدا:
لە ٢ی بانەمەڕ ساڵی ٢٠٢٢ دوابەدوای بەرزبوونەوەی کتوپڕی نرخی غاز، کە حکومەتی کازاخستان بە وتەی خۆی بەهۆی زیادبوونی خواست و جێگیرکردنی نرخەوە بووە، خۆپیشاندان لە کازاخستان سەریهەڵدا. کازاخستان نموونەێکی نوێ و زیندووە کە چۆن ململانێی بلۆکەکانی سەرمایەداری پاڵ بە ململانێی چینایەتی نێوخۆی وڵاتێکەوە دەنێ بۆ دواوەو دایدەپۆشێ – ١.
ئەمڕۆکە کەم چەپ و سۆسیالیست هەیە لە دونیادا بەوەی دەگوزەرێ لە کازاخستاندا ناو بنێ شۆڕش، لەتەک ئەوەی کە جەماوەر دژی گرانی و هەژاری توانی حکومەت برۆخێنێ و پەلاماری دەسەڵاتی دەوڵەت بدات. هۆکاری ناو نەنانی شۆڕش بۆ ڕاپەڕینی جەماوەری کازاخستان کۆبوونەی چەندەها ئەزموونی لەوەوپێشە لە ڕوداوەکانی هاوشێوە لە(ئۆکراینا، تونس، میسر، سوریا، سودان و،، هتد.).
سۆسیالیستەکان ناچارن بۆ تێگەیشتنی زانستی لە دیاردەکانی جیهانی ئەمڕۆ، دراسەی ئەو بزووتنەوە جەماوەریانە دژی گرانی و هەژاری بکەن، کە چۆن فاکتەری دەرەکی و دەستێوەردانی بلۆکەکانی سەرمایەداری، دەبێتە هۆکاری گۆڕینی ئاقار و ئامانجی بزووتنەوە جەماوەرییەکان و بە ناکام گەیشتنیان.
بە تەنها باسکردن لە ململانێی چینایەتی نێوخۆی وڵاتێک، وە بە تەنها بەژماردنی ململانێی چینایەتی نێوخۆی وڵاتێک وەک فاکتەری سەرەکی لە گۆڕانی دەسەڵات، وەک تیۆری مارکسیسمی کلاسیکی مەزەندەی دەکات، دەکەوینە هەڵەی تیۆری و تێگەیشتنێکی نادروست لە بزووتنەوە جەماوەریەکانی سەردەمی ئێمە. گرنگی ڕۆڵی فاکتەری دەرەکی، گرنگی فاکتەری ململانێی دەوڵەتە سەرمایەدارەکان لەسەر بزووتنەوە جەماوەریەکانی سەردەمی ئێمە چارەنووسازە، و گەر لە ململانێی چینایەتی نێوخۆیی کاریگەرتر نەبێ ئەوا لەو کەمتر نییە. بە تایبەتی لە نەبوونی حیزبێکی سۆسیالیستی بە توانا لە نێو بزووتنەوە جەماوەریەکاندا، هێندەی دی جەماوەر گەرچی داواکاری ڕەوای هەیە دژی دەسەڵاتی سەرمایەداری، بەڵام بەلاڕێدا دەبرێ و دەکەوێتە پاشکۆی ململانێی باڵەکان و لایەنەکانی ناوخۆو دەرەکی سەرمایەدارانەوە.
هه‌موو ڕاپەڕینێک پێمان دەڵێ جه‌ماوه‌ر خه‌ون به‌ چییه‌وه‌ ده‌بینێ و جه‌ماوه‌ر چی ده‌وێت، چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تی هاتنه‌دی خه‌و‌نه‌کانی جه‌ماوه‌ر به‌نده‌ به‌ ئاستی هۆشیاری چینایه‌تی جه‌ماوه‌ری شۆڕشگێره‌وه‌. بۆیە کاتێ جەماوەری ناڕازی بێ هۆشیاری سۆسیالیستی ڕاپەڕین دەکات، ئەنجامەکەی لە گۆڕینی دەسەڵات لە نێوان مۆدێلەکانی دەوڵەتی بۆرژوازی زیاتر، دەنا هیچی دی بەرهەمی نابێ، لێرەوە دەتوانین ئەو جۆرە ڕاپەڕینانە بە(قسەکردن و ڕۆشتن لە کاتی خەو)ی ئینسانێک بشوبهێنین کە لە ڕاستیدا هیچ بەهای نییە چی دەڵێ یان بۆ کوێ دەچێت. بۆیە بەشێکی ڕاپەڕینەکانی جەماوەر لە سەردەمی ئێمەدا(بەهاری عەرەبی بە نموونە)، بەهۆی زاڵ بوونی کۆنەپەرستەکان بەسەر ڕاپەڕینەکاندا ئاکامی کۆنەپەرستی و بەدژی داواکاری و خواستی(نان و دادپەروەری و ئازادی)خەڵکی بووە(نموونە: تونس و میسر ). بە ماناێکی دی کرێکاران و خەڵکی ناڕازی چەندەها ڕاپەڕینیان دژی سیستەمی سەرمایەداری کردووە، بەڵام ئەنجامەکەی لەو دیمەنە دەچێ کە خەڵکی بەردیان هاویشتبێتە کۆشکی دەسەڵاتداران، کەچی بەردەکان گەڕابێتنەوەو بەر سەری خۆیان کەوتووە.
جیهانی ئێمه‌ سیریالیه؛ چونکه‌ له‌یه‌ک کاتدا به ‌چه‌نده‌ها شێوه ‌و دیمەنی جیاواز خۆی ده‌رده‌خات، واقعیه‌تی خۆی له‌ چه‌نده‌ها فۆڕمدا به ‌مرونه‌تێکی گه‌وره‌وه‌ به‌رهه‌م و دوو‌باره‌ به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه‌، و به‌هۆی ژماره‌ێکی زۆری مۆدێلی جیاواز جه‌وهه‌ری گه‌لێ ته‌موومژاوییه‌، بۆیه‌ به‌بێ تیۆریکی زانستی و پراکتیکی شۆڕشگێڕانه‌ کە ئامانجی دامەزراندنی کۆمەڵگەێکی(ئازاد و دادپەروەر و خۆشگوزەران)بێ، مه‌حاڵه‌ هیچ ڕاپەڕین و شۆڕشێک ڕێگای ده‌ربازبوون بێت له‌م دۆزه‌خه‌.

………………………………………………..

١- ڕوسیا هێزی سەربازی نارد بۆ هاوکاری دەوڵەتی کازاخستان بۆ سەرکوتی جەماوەر بە ناوی دژە تیرۆر و فەوزا، ئەمەش جۆرێکە لە فاکتەری دەرەکی کە ململانێی بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتە سەرمایەداریەکان فەرزی کردووە.




نمایشی سەربازی چین*.. عوسمانی حاجی مارف

شی جین پینگ، سەرۆکی چین لە بەردەم زیاتر لە پەنجا هەزار بینەر لە گۆڕەپانی تیانامین، وتی ئەمڕۆ مرۆڤایەتی لەبەردەم هەڵبژاردندایە لەنێوان ئاشتی و شەڕدا! کە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٣ ی ئابی ٢٠٢٥، سێ لە سەرکردە دیارەکانی جیهان- شی جین پینگ، ڤلادیمێر پوتین و کیم جۆنگ ئون- لە گۆڕەپانی تیانامین لە پەکین هەنگاویان نایە سەر شانۆ و زیاتر لە ٢٠ سەرکردەی دیکەی جیهانیان بردە سەر شانۆ بۆ بینینی نمایشی ڕۆژی سەرکەوتن، بۆ یادی ٨٠ ساڵەی کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم.
شی جین پینگ پێش نمایشەکە بە چاکەتێکی ستایلی ماو تسیتۆنگەوە لەسەر فەرشی سور سڵاوی لە زیاتر لە بیست و پێنج سەرکردەی ووڵاتەکان کرد، شی جین پینگ لەسەر شانۆی سەرەکی لەنێوان ڤلادیمێر پوتین و کیم جۆنگ ئون دانیشتبوو، کە هەزاران سەرباز و سەدان ئامێر بەلای ئەواندا تێدەپەڕین، یەکەکانی سوپا نمایشی نوێترین ئامێرەکانی سەربازیان کرد، لە مووشەکی هایپەرسۆنیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ژێر ئاوەوە تا چەکێکی نوێ کە ناوی لێنراوە ئۆتۆمبێلی شەڕکەری “گورگی ڕۆبۆتیک”. بۆ ماوەی ٧٠ خولەک کۆپتەرەکان لافیتە زەبەلاحەکانیان ڕاکێشا و فڕۆکە جەنگیەکانیش بە پێکهاتەی ورد ڕیز بوون، دواتر نمایشەکە بە ئازادکردنی هەشتا هەزار کۆتری ئاشتی کۆتایی پێهات. لەکاتێکدا کۆترە سپیەکان ئازاد دەکران بۆ ئاسمان، لە هەمانکاتدا پەیامی ڕاستەقینە بە پێکهاتەکانی مووشەک و تانک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش ڕادەگەیەنرا کە بە گۆڕەپانەکەدا تێپەڕدەبون.
هەڵبەتە ڕۆژئاوا ئەم دیمەنی مانۆڕەی چین وەها لێکدەدەنەوە کە زیاتر وەک ڕاگەیاندنی ناسینی ڕوونی پێگەی نوێی چینە، کە وەک زلهێزێک نایەوێت تەنها وەک وڵاتێکی سەرمایەداری گەشەسەندوی ئابوری باڵای پێشکەوتو بناسرێت، بەڵکو هەوڵدەدات وەک یاریزانێکی تەکنەلۆژی و سەربازیش خۆی جێگیر بکات، کە توانای دووبارە داڕشتنەوەی هاوسەنگی هێزی جەمسەرە جیهانیەکانی هەیە.
چین ئێستا “داهێنەر و پێشەنگی تەکنەلۆژیایە لە بواری ڕۆبۆتیک، ئۆتۆمبێلی کارەبایی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، وزەی خۆر و زیرەکی دەستکرد”، تەکنەلۆژیای سەربازیشی بۆ ئەم لیستە زیادکردووە، هاوکاتی پەردەلادانەکە فڕۆکەی جەنگی کە لەسەر بنەمای فڕۆکە هەڵگرەکان بوون، چوار مۆدێلی نوێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سیستەمی مووشەکی پێشتر نەبینراو و ژێردەریایی بێ سەرنشین و تۆرپیدۆی پێشکەوتووی لەخۆگرتبوو.
هەروەها ڕۆژئاوا پێیانوایە نمایشکردنی چەکی پێشکەوتوو لە پەکین، ناسینی چینە وەک داهێنەرێکی پێشەنگ لە بوارەکانی ڕۆبۆتیک، ئۆتۆمبێلی کارەبایی، وزەی ئەتۆمی و خۆر، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، شەمەندەفەری خێرا و تەنانەت زیرەکی دەستکردیشی ئاشکرا کرد. لەوەش گرنگتر، پەکین پەردەی لەسەر تەکنەلۆژیای سەربازی پێشکەوتوو لادا، پەیامێک کە لەلایەن هەندێک لە شرۆڤەکارانی ڕۆژئاواییەوە لێکدراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە هاوسەنگی هێزی ناوچەیی کە دەیان ساڵە مەیل بەرەو ئەمریکا و هاوبەشەکانی بووە، ئیتر ئەگەری ئەوە هەیە چین بتوانێت ئەو مەیل و سەقامگیریەی ئەمریکا بشێوێنێت.!
کەواتە، ئایا ڕوداوەکانی پەکین نیشانەی ڕاستەقینەی لەدایکبونی دەورەیەکی نوێیە کە چین سەرکردایەتی دەکات، یان تەنها زیادەڕەویەکی لێکدانەوەی ڕۆژئاوایەکانە، کە هەموو ڕیزبەندیەک لە دەرەوەی ئۆردوگای خۆیان وەک هەڕەشەیەکی وجودی لێکدەدەنەوە تا بتوانن ڕوبەڕوی ببنەوە؟
تیشک خستنە سەر وێنەی شی جینپینگ و ڤلادیمێر پوتین و کیم جۆنگ ئون لە گۆڕەپانی تیانامین، کە ئەم وێنەیە تەنها چەند ساڵێک لەمەوبەر بیری لێنەدەکرایەوە، ئێستا ئەتوانین بڵێین ئەم کۆبونەوەیە ڕەنگدانەوەی گۆڕانکاریە بنەڕەتیەکانی هاوسەنگی هێزی جەمسەرە جیهانیەکانی ئەم دەورەیەی ململانێ و پەیوەندیەکانی وڵاتانی سەرمایەداریە.
هەرچەندە پەکین ئاواتەخوازی خۆی بۆ بنیاتنانی سەربازیەکی ئاست بەرزی جیهانی تا ناوەڕاستی ئەم سەدەیە ڕادەگەیەنێت، بەڵام زۆربەی پێوەرەکان ئەوە نیشان ئەدەن کە گرنگیە سەرەکیەکەی هێشتا ناوچەیی دەمێنێتەوە.
سوپای چین لە زۆر بواردا بازدانی چۆنایەتی بەخۆیەوە بینیوە، هەرچەندە ئەدای شەڕکردنی زیاتر لە چوار دەیەیە بەبێ تاقیکردنەوە ماوەتەوە، لە هەمانکاتدا خەرجیە فەرمیەکانی بەرگری تا ساڵی ٢٠٢٥ بۆ نزیکەی ٢٤٧ ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە، ئەمەش ڕێگە بە فراوانکردنی وەبەرهێنان لە ئامێر و ڕاهێنان و کارمەندان دەدات، تاڕادەیەک جیاوازی لەگەڵ ئەمریکادا کەمکردووەتەوە، بەڵام هێشتا ئەمریکا وەک هێزی باڵادەست دەمێنێتەوە لە ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمندا، هەورەها پەکین چەند هێندە لە هەردوو ژاپۆن و کۆریای باشوور زیاتر خەرج دەکات، ئەمەش تاڕادەیەک هاوسەنگی هێز لە بەرژەوەندی چین نیشان ئەدات.
ئەم فراوانبونەی چین بە ڕونی لە توانا دەریاییەکانیدا ڕەنگدانەوەی هەبووە، بەوپێیەی چین گۆڕاوە بۆ “هێزێکی ئاوی شین” کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە هاوتا ئەمریکیەکەی تێپەڕاندووە، بەتایبەتی لە گەروی تایوان ئەم پێشهاتانە بەشێوەیەکی ڕیشەیی هاوسەنگی هێزیان گۆڕیوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی شی جین پینگ فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد کە خۆیان بۆ ئەگەری داگیرکردنی دوورگەکە تا ساڵی ٢٠٢٧ ئامادە بکەن.
جگە لەوەش، کۆگای ئەتۆمی چین بۆ ٦٠٠ سەری ئەتۆمی گەشەی کردووە، پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٣٥ بگاتە ١٥٠٠ سەری ئەتۆمی، بەمەش لە ئاستی ئەمریکا و ڕووسیا نزیکتر دەبێتەوە. هاوکات هێزی مووشەکی چین ئێستا خاوەنی گەورەترین جبەخانەی مووشەکی ئاسایی و دووەم بەکارهێنە لە جیهاندا. لە بەرەی بۆشایی ئاسمانیش، پەکین هەڵدانی مانگە دەستکردە سەربازیەکان و دوو بەکارهێنانەکانی چڕتر کردووەتەوە بۆ پاڵپشتیکردنی سیستەمی پەیوەندیەکان، هەواڵگری و کەشتیوانی. لەهەمانکاتدا قەبارەی هێزی زەمینی کەمکراوەتەوە لە بەرژەوەندی بەهێزکردنی توانای ئاسمانی و دەریایی، لەکاتێکدا گەندەڵی وەک تەحەدای پێکهاتەیی لەناو سەربازیدا دەمێنێتەوە سەرەڕای هەڵمەتە چڕەکانی شی جین پینگ بۆ بەرەنگاربوونەوەی.
جگە لە کۆبوونەوەی نێوان شی و پوتین و کیم، کۆبوونەوەی سەرکردەکانی زیاتر لە بیست وڵات لە پەکین بەڕێوەچوو، مانای دەرکەوتنی واقیعێکی نوێی جیۆپۆلەتیکی بوو کە دەیەوێت شێوەی خۆی بگرێت و دامەزرێنێت، لە ململانێ و بەرامبەرکێی نێوان زلهێزەکانی دنیادا.
لە هەمانکاتدا پەکین ئەم مانۆر و کۆبونەوەیە وەک بەڵگەیەک تەماشا دەکات و بەیانی دەکات کە چین بووەتە “هێزێکی جیهانی و سەرچاوەی سەقامگیری”، لەکاتێکدا سەرچاوەی ئەو گێژاوەی ئەمڕۆ وەک ئەمریکا وێنا دەکرێت، کە شەڕی بازرگانی لەگەڵ هەمووان ئەنجام دەدات و تۆڕەکانی هاوپەیمانیە ئەمنیەکانی لاواز دەکات. ڕەنگە ئامادەبوونی کەسایەتیەکانی وەک ڤلادیمێر پوتین، مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران و ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی بیلاڕوسیا، جگە لە کیم جۆنگ ئون، شتێکی سەرسوڕهێنەر نەبێت، بەڵام لە هەمووی ورووژێنەرتر ئامادەبوونی سەرکردەکانی ئەو وڵاتانەن کە بەشێوەیەکی نەریتی لایەنگری ڕۆژئاوان، وەک تورکیا و میسر و ڤێتنام و لە هەمووی سەرنجراکێشتر بەشداری سەرۆکی هیندستان بوو، ئەستەمە بتوانرێت کۆبوونەوەیەکی ‌هندستان و چین بەم شێوەیە لە خەیاڵدا بێت، بەدوای چەندین ساڵ لە پێکدادانی خوێناوی سنوری و گرژیە سەربازییەکانیان بەدرێژایی هیمالایا.
شی جین پینگ، ڕۆڵی ئەمریکا بە سەرچاوەیەکی سەرەکی ناسەقامگیری جیهانی وەسف دەکات، گوایە شەڕی بازرگانی لەگەڵ لایەنە جیاجیاکاندا دەوروژێنێت و هاوپەیمانیە ئەمنیەکان تێکدەدات، بەتایبەتی دۆناڵد ترەمپ دیارترین بەرجەستەی ئەم ڕێبازەیە. قسەکردنی ترامپ دەربارەی سەپاندنی باجی پێوانەیی بەسەر تەنانەت نزیکترین هاوپەیمانەکانیدا، لەهەمانکاتدا پەیوەندی بە نەیارەکانیانەوە دەکات، وایکردووە زۆرێک لە سەرکردەکان بە ڕێبازەکەیاندا بچنەوە و ڕوو لە ڕۆژهەڵات بکەن بەرەو پەکین.!
بۆ نموونە ترەمپ باجی سزای بەسەر هیندستاندا سەپاند لەکاتێکدا ستایشی ڕکابەرە تەقلیدیەکەی پاکستانی کرد، ئەمەش وایکرد سەرۆکوەزیرانی هیندستان خۆی بەرەو چین جێگیر بکاتەوە. ئەتوانین بڵێین ئەم کۆبوونەوەیە بەشێکی وەڵامێک بوو بۆ توڕەیی گومرگی ترەمپ. هیندستان دان بەوەدا دەنێت کە توانای سەربازیی نییە بۆ ئەوەی بەمتمانەوە ڕووبەڕووی چین ببێتەوە، لە جیهانێکی سیاسەت و نەخشەکانی ترامپدا ڕەنگە نیودەلهی هاوپەیمانێکی دەرەکی متمانەپێکراو پەیدا نەکات، بۆیە هەوڵدەدات پەیوەندیەکی ئارامتر لەگەڵ پەکین دابین بکات.
هندستان بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ چیندا دەستکەوتێکی زیاتری هەیە، زۆربەی پلانەکانی نارێندرا مودی سەرۆکی هندستان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی هندستان پشت بە کەرەستەی خاو و توخمە زەوییە دەگمەنەکان دەبەستێت کە لە چینەوە سەرچاوەیان گرتووە، لەکاتێکدا پەکین دەتوانێت لەڕوی ئابورییەوە سوودمەند بێت بە دەستڕاگەیشتن بە بازاڕی هیندستان.
ئەوەی شایانی باسە بەرەی” جیهانی غەیرە ڕۆژئاوایی تائێستا نەیتوانوە بەرەیەکی یەکگرتوو بێت لە پشت چین یا ڕوسیاوە، بەڵکو بەپلەی یەکەم ئامانجیان کەمکردنەوەی پشتبەستنە بە ڕۆژئاوا، بەبێ ئەوەی بگۆڕێت بۆ هاوپەیمانیەکی یەکگرتوو هاوشێوەی ناتۆ. تەنانەت دوو هاوبەشی نزیکی وەک ڕووسیا و چین، پەیمانی بەرگری فەرمیان نییە و پەیوەندی نێوانیان زیاتر هاوبەشی بەرژەوەندیەکانە نەک هاوپەیمانیەکی سەربازی تۆکمە، بۆ نموونە پەکین سەرەڕای پاڵپشتی سیاسی و ئابووری بۆ مۆسکۆ، وریا بووە کە ڕاستەوخۆ بەشداری شەڕی ئۆکرانیا نەکات.
کۆریای باکوور سەرەڕای پشتبەستنی ئابوریی نزیکەی تەواو بە چین، هەمیشە لە ڕێگەی تاقیکردنەوە ئەتۆمی و موشەکیەکانی پەراوێزی و سەربەخۆیی خۆی راگرتووە، ئەم پەیوەندیەی کۆریا و روسیا وچین نەک وەک هاوپەیمانیەکی یەکگرتو و یەکلایەنە، بەڵکو وەک هاوبەشییەکی دینامیکی و پەرەسەندو کە بەهۆی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان دەجوڵێنەوە.
لەکاتێکدا هەر سێ وڵاتی چین و ڕوسیا و کۆریا خواستێکی هاوبەشیان هەیە بۆ بەڕەنگاربوونەوەی کاریگەریەکانی ئەمریکا و دووبارە داڕشتنی نەزمی نێودەوڵەتی، بەڵام ڕەنگە پاڵنەر و ئەولەویەتەکانی هەر لایەنێکیان جیاواز بێت، کە مەرج نییە ئەو بلۆکە نوێیانەی لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا دروست دەبن، یەکسان بن، چونکە ئاڵۆزی ناوخۆیی و ململانێی جیهانی و پاڵنەرە جیاوازەکان چۆنیەتی ئەو پەیوەندیانە دەجوڵێنن. تەنانەت وڵاتە گەورەکانیش کە بەشداری نمایشە سەربازیەکەی پەکینیان کرد، وەک هیندستان و تورکیا، پەیوەندیەکی نزیکیان لەگەڵ ڕۆژئاوا هەیە کە بە ئاسانی بەدەر ناکرێن، هیندستان ئەندامی دیالۆگی ئاسایشی “Quad”* لەگەڵ ئەمریکا و ژاپۆن و ئوسترالیا بۆ بەرپەرچدانەوەی نفوزی چین لە ئاسیا، تورکیاش ئەندامی ناتۆیە سەرەڕای هەوڵەکانی بۆ مانۆڕکردنی نێوان مۆسکۆ و واشنتۆن.
چیتر بەس نییە بڵێین سوپای چین، خەریکە دەچێتە پێشەوە یان دیزاینی ئامێرە سەربازیە بیانیەکان کۆپی دەکات. چین ئێستا داهێنان دەکات، و پێشەنگایەتی دەکات. لە پرۆسەکەدا، ئەو هاوسەنگیە سەربازیە ناوچەییەی کە بۆ دەیان ساڵە لە بەرژەوەندی ئەمریکا و هاوبەشەکانیدایە، بە شێوەیەکی بەردەوام دەگۆڕدرێت. گەورەترین نمایشی سەربازی لە مێژووی چیندا بە هێزێکی پیادەی ڕێپێوان دەستیپێکرد و زیاتر لە ١٠ هەزار کارمەند بەشدارییان تێدا کرد، پەکین خاوەنی گەورەترین سوپای جێگیر و فەرمیە کە بە نزیکەی دوو ملیۆن سەرباز مەزەندە دەکرێت، هەرچەندە هێشتا تواناکانی سەنگەرەکانی تاقی نەکراونەتەوە. پێکهاتە بەشداربووەکان بریتی بون لە هێزی فەزای ئەلیکترۆنی و هێزی ئاسمانی کە دوو لقی نوێی سوپای چینن کە لە ساڵی ٢٠٢٤ دامەزراون.
چین وەك وڵاتێکی زلهێزی دنیای سەرمایەداری بە ڕوونی خواستی خۆی بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی سەربازی – پیشەسازی تەواو ناوخۆیی نیشان ئەدات. سەرکردایەتی چین بە ئاشکرا ئاواتەکانی خۆی بۆ بنیاتنانی سەربازیەکی ئاستبەرزی جیهانی تا ناوەڕاستی سەدە ڕاگەیاندووە. بێگومان ئەمەش پێویستی زیاتر لە تەکنەلۆژیا بۆ سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان و کۆنترۆڵی بازاڕی کاڵاکان هەیە، پاکتاوکردنی ئەم دواییەی ئەفسەرە باڵاکان ئاماژەیە بۆ گەندەڵی و کێشەی ئەدای جددی لەناو سوپاکەیدا، لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانەوە دەستی بە مۆدێرنکردنی خۆی کردووە و لەو کاتەوە خێراترین گۆڕانکاری تەکنەلۆژی لە هەموو هێزێکی سەربازی لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ئەزموون کردووە، دۆزینەوە نوێیەکان لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ەوە ئەم ڕەوتە بەهێز دەکەن.
چین خەریکە هێزێک دروست دەکات کە ڕاستەوخۆ تەحەددای ئەمریکا بەتایبەتی و ڕۆژئاوا بەگشتی دەکات، تاهاوسەنگیەکی سەربازی جیهانی بە قازانجی خۆی بگۆڕێت، ئایا ئەمە پێشبینی دەکرێت، یاجەنگێکی جیهانی وێرانکاری بەدوای خۆیدا دەهێنێت!؟

—————————

*بۆ ئەم وتارە بۆ هەندێ زانیاری سود لە راپۆرتێکی “عربي بوست” وەرگیراوە بە ناونیشانی (بكين تتحدى واشنطن.. دليل الأسلحة الصينية الجديدة التي كشف النقاب عنها في أضخم عرض عسكري بتاريخ البلاد).
*Quad پێکهاتەی کۆڕێکی ستراتیژیە کە لە چوار وڵات پێکهاتووە: ئەمریکا، ژاپۆن، هیندستان و ئوسترالیا. ئامانجی QUAD کە هاوبەشیەکی پشتگیریکردنە لە هیند- ئاسیای هێمن و سەقامگیر و ئاوەدان، کە گشتگیر و خۆڕاگر بێت لە بەرەوپێشبردنی ئاسایشی ناوچەکە و هاوکاری ئابووری.




(دیارخەر /Determiner و دیاریکەر/Specefier).. عومەر ئەحمەد

زاراوەی دیارخەر، لە کۆنەوە لە کایەی زمانەوانیی کوردیدا بەکارهاتووە، ئەم زاراوەیە بەرانبەر بە /Determiner ی ئینگلیزییە، کە واتای دەستنیشانکردن، خستنەڕوو و دیاریکردنی لایەنی شتێک دەگەیەنێت و زاراوە کوردییەکە زۆر گونجاوە بەرانبەری، لە زمانی عەرەبیدا، (الصفة و الموصوف) هەیە، کە مەوسوف دەبێتە دیارخەری سیفە، بەرانبەر بە دیارخەری کوردیی دەوەستێت، دیارخەر ئەو وشانەن لە فرێزدا، کە لایەنێکی وشەکەی پێش خۆیان دیاردەخەن، وەکو باوکی من، من دەبێتە دیارخەری باوک، باوک دەبێتە دیارخراو، لە فارسیشدا بەهەمان شێوەیە، ئەمەی وترا زیاتر لەسەر بنەمای ڕێزمانی دیرین، یان کلاسیکە، بەڵام دواتر دیارخەر/Derterminer بوو بە زاراوەیەک و بەرانبەر بەو کەرەستە زمانییانە بەکارهات، کە لەگەڵ فرێزە ناوییەکاندا دێن، وەکو نیشانەی (ناسراویی، نەناسراویی، ئامرازی نیشانە، ئامرازی خستنەسەر، ڕادە، هەندێک وشەی تری وەکو هەر، تەنها…تاد) ئەمە لە هەموو زمانەکاندا تاڕادەیەک وەکو یەکە، لە ڕێزمانی بەرهەمهێناندا هەر پێیان دەوترێت دیارخەر، ئینجا دواتر دیارخەری پێشەوەی سەری فرێز/pre head و پاشەوە/post head جیاکرانەوە، هەندێک لەو کەرەستانەی خستمانەڕوو لە پێشەوە و پاشاوەش دێن، بەڵام زاراوەکانیان جیاوازە لە زمانی ئینگلیزیدا، بەوانەی پێشەوە دەوترێت Specefier و بەوانەی پاشەوەەوترێت/Modefier چونکە ئەوانەی پێشەوە تەنها لایەنێکی ناوەکە دیاریدەکەن، بەڵام ئەوانەی پاشەوە کاریگەرییان لەسەر ناوەکەش دەبێت و دەستکاریی لایەنێکی دەکەن، بۆ نمونە لە فرێزی خستنەپاڵیی/ئیزافە دا، ناوی دووەم ، تەنها ئەرکی دیارخەر نابینێت، بەڵکو دەبێتە خاوەنی ناوی یەکەم و لەگەڵ ئامرازەکەدا دۆخی خاوەنداریی دەدەن بە ناوی یەکەم.
ئەمەی خستمانەڕوو بۆ ئەوە بوو بڵێین، ئێمە بەرانەر بە/ Determiner زاراوەی دیارخەرمان هەیە، بەرانبەر بە /specefier یش زاراوەی دیاریکەرمان هەیە، کە زۆر گونجاوە بەرانبەر بە زاراوە ئینگلیزییەکە، چونکە واتای دیاریکردن، دانی زانیاریی زیاتر و تایبەتمەندی شتێک دەگەیەنێت، هەندێکجار ئەم دوو زاراوەیە بە تێکەڵی بەکاردەهێنرێن، یان هەندێک نازانێت ئەم زاراوانە هەن، دەچێت ئینگلیزییەکە بەکاردەهێنێتەوە، یان دیارخەر بەرانبەر هەر دووکیان بەکاردەهێنێت، چونکە ئەم دوو زاراوەیە دوو شتی جیاوازن و ئەرکیان جیایە لە سینتاکسدا، بۆیە ئەم ڕونکردنەوەمان بە گرنگ زانی، هەندێک جار زاراوەی دیارخەر تەنها بەرانبەر/ەکە، ێک/ بەکاردەهێنرێت، ئەمانە ئاڕتیکڵیشیان پێ دەوترێت، دیارە /Article ئاڕتیکڵەکان بەشێکن لە دیارخەرەکان، واتە جۆرێکی دیارخەرن هاوکات لەگەڵ ئامرازی نیشانە و ڕادە و …تاد.
لە ڕێزمانی بەرهەمهێناندا ئەم دوو زاراوەیە زۆر بەکاردێن بۆ ڕێکخستنی دروستەی هەرەمیی فرێز و ڕستەکان، لە ئێستا بە تەواویی ئەو کەرەستانەی دەکەونە پێش سەری فرێزێکەوە، پێیان دەوترێت دیاریکەر/Specefier ئیتر پێویست ناکات بەوانە بڵێین دیارخەر.
لە قۆناغەکانی دواتری ڕێزمانی بەرهەمهێناندا، کە بڵاوترین ڕێزمانە لە بواری سینتاکسدا، زاراوەی دیاریکەر ڕۆڵی زیاتر دەبێت و دیارخەر بەکارناهێنرێت، چونکە هەر یەک لە (دیاریکەر، سەر، تەواوکەر)، دەبنە تاکە پێشنیاز بۆ دروستەی هەموو فرێزێک، لە هەموو زمانەکاندا، S-H-C، کە کورتکراوەی Specefier-Head-Complemnet ە، تەنانەت دروستەی فرێزە ئەرکییەکانیش هەر هەمان ڕۆنانیان هەیە، لێرە بە دواوە لەم ڕێزمانەدا هەر وشەیەک لە پێشەوە هات دیاریکەرە، ئەوانەی لە دواوە دێن دەبن بە تەواوکەر، واتە تا ڕادەیەکی زۆر زاراوەی تەواوکەر، جێگەی دیارخەری گرتەوە، ئەمە وەکو وتمان لە ڕێزمانی بەرهەمهێنان و بەتایبەتیش لە قۆناغەکانی کۆتاییدا، ئەگینا لە ڕێزماندا زاراوەی دیارخەر هەر دەمێنێتەوە لە شیکردنەوەی ڕستە و فرێزەکاندا بەکاردەهێنرێت.




شۆڵان.. نووسینی: ئامانج شێروانی

لە زۆرینەی شارەکانی جیهان، بەتایبەتی ئەم شارانەی کە بۆ مرۆڤەکان دروست کراون، شەقام هەیە. شەقامەکان بەردی بناغەی شارەکانن. ڕێگە دوورەکان نزیک دەکەنەوە، شارەکان بە یەکتری دەبەستنەوە. شەقامەکان خوێنبەر و خوێنهێنەری شارەکانن. تڕێڵە و بارهەڵگرەکان خۆراک و شتومەکەکان لە ڕێگەی شەقامەکانەوە دەگەینن بە شارەکان. شەقامەکان لە دەرەوەی شارن، شەقامەکان بشیان کوژیت نایەنە نێوجەرگەی شارەکان.

شارەکان، جگە لە شەقام، کۆڵانیشیان هەیە، کۆڵانەکان لەنێو گەڕەکەکانن، لەنێو جەرگەی شارن، لەنێو بازاڕ و باخچە و پاڕکەکانن. کۆڵانەکان گەڕەکەکان بە یەکتر دەبەستنەوە، ماڵی ئێمە بە نانەواخانەی گەڕەکەکەمان دەبەستێتەوە، ماڵی باپیریشم بە نەخۆشخانەی گەڕەک. پیادەکان خاوەنی کۆڵانەکانن. کۆڵانەکان بۆ مرۆڤەکان دروستکراون، نەوەک بۆ تڕومبێل و بارهەڵگرەکان.

لە کۆڵانەکان تڕافیکلایت و پۆلیسی هاتوچۆ نابیندرێن. لە کۆڵانەکان تڕومبێلەکان لەسەرخۆنە، سی کیلۆمەترێک لە کاژێرێک دەبڕن. لە کۆڵانەکان، کاتێک مرۆڤێک دەپەڕێتەوە، تڕومبێلەکان لەسەری ڕادەوەستن و هیچ هەڕەشەی لێ ناکەن. شەقامەکان ئاوا نین، تڕافیکلایتیان تێدایە، پۆلیسی هاتوچۆیان تێدایە، تڕومبێلەکانیش تیژڕەون.

بەداخەوە، هەولێرەکەی خۆمان، جگە لەم دووانە، شتێکی تری هەیە، کە نە کۆڵانە و نە شەقام، بەڵکوو دەتوانین پێی بڵێین شۆڵان، نە کۆڵانییەتی خۆی بەتەواوی دەکات، نە شەقامیەتی خۆی. نموونەیەکی زەقی ئەم شۆڵانانە بریتییە لە شۆڵانی شێست مەتری. ئەم شۆڵانە پان و بەرینە، لەنێو جەرگەی شارە، لەنێو گەڕەکەکانە، گەڕەکی ئیسکان لە کۆڵانی ئیسکان جیا دەکاتەوە، گەڕەکی ئازادی لە زانیاری جیا دەکاتەوە، تەیراوەش لە مستەوفی. بەڵام، بە پانوپۆڕییەکەی ڕێک وەک شەقامێک وایە، تڕومبێلەکان تێیدا تیژڕەون.

بیهێنە پێش چاوی خۆت، منداڵەکەت ئەگەر بییەوێت لە مزگەوتی حەیدەراغا لە گەڕەکی مستەوفی بپەڕێتەوە ئەوبەری شۆڵانی شێستی تا دەسکە توورێک بکڕێت، دەبێت ئەم شۆڵانە ببڕێت! ڕێگەی مەرگیش ئاوا ترسناک نییە. دایک ناچارە، بۆ ئەم بستە ڕێیە سواری تڕومبێلەکەی ببێت و لەم شۆڵانە بپەڕێتەوە!

جارێکیان لە ئیسکانی نوێوە دەمویست لە شۆڵانی شێستی بپەڕمەوە تا دوو لەتە سەموونی بکڕم. سەموونخانە سەد مەتر لە من دوور نەبوو. بەڵام، چ سەد مەترێک، دەتگوت ڕێی مەرگە. تڕومبێل لە دوای تڕومبێل، بە خێرایی بروسک ئەم شۆڵانەیان لەت لەت دەکرد. دوای ئەوەی دە خولەک لەسەر شوێنی پەڕینەوە ڕاوەستام و بستێک چییە لە شوێنی خۆم نەموێرا بچمە پێشەوە، ناچار کیلۆمەترێک بەرەو ئەولاتر چووم هەتا بگەمە چوارڕیانی ڕووناکی، تاوەکوو بپەڕمەوە ئەوبەری و دیسان کیلۆمەترێک بڕۆم تا بگەمە سەموونخانەکە، لەگەڕانەوەش کیلۆمەترێک ئەمسەر و کیلۆمەترێکیتریش ئەوسەر. واتە لەباتیی دوو سەد مەتران، چوار کیلۆمەتر و دوو سەد مەترم بڕی. لەباتیی پێنج خولەکان نیو کاژێرم پێچوو!.

نووسینی: ئامانج شێروانی




منداڵ و ئینتەرنێت.. محەمەد بەرزی

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئینتەرنێت لایەنی زۆر باش و بە سوود و کارای هەیە وەک : بەردەوامبوونی پەیوەندی لەگەڵ هاوڕیی و ئە ندامانی خێزان . ئامرازێکی زۆر بێ هاوتایە بۆ پەروردە و کات بەسەربردن ، پڕە لە یاری و بابەتی هەمەچەشنە و زانیاری بێ ئەندازەی جیاواز ، بەڵام هەرگیز بۆ منداڵان جێگایەکی باش و سەلامەت و ئەرێنی نییە ، چونکە ڕێگا بۆ توندوتیژی خۆش دەکات ، لێوان لێوە لە دیاردەی دزێو و بابەتی ڕووت و سێکسی . ڕێگا لە خەوتن دەگرێت و کات بە فیڕۆ دەدات . پڕیشە لە کەسانی نیازخراپی درۆزن و دەم لووس و فێڵباز ، کە بۆ منداڵان جێگای مەترسین و دەتوانن بە ئاسانی لە خشتەیان بەرن و مێشکیان پڕکەن لە ژەنگ و ژار . هەر بۆیە پێویستە منداڵان لە زیانەکانی دووربخرێنەوە و بپارێزرێن و یارمەتیان بدرێن بە چ شێوازێک بەکاری بهێنن ، تا تووشی ئاستەنگ و مەترسی نەبن و گەورەترین سود لە لایەنە باشەکانی وەربگرن ، کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئەو تەکنەلۆژیا ئەلکتۆنییە پێشکەوتووە پیشکەشی جیهانی دەکات .
ئەوەی شایانی باسە دایکان و باوکان دەبێ چاک ئەو ڕاستییە بزانن ، منداڵانی ئەمڕۆ لە جیهانی ئینتەرنێتدا دەژین و گەورە دەبن ، زۆر جار لە دایک و باوک و گەورەکان زیاتر ئاشنای بەرنامە و بابەتە نویێ کانن ، لە وانیش زیاتر بەکاری دەهێنن ، هەر بۆیە مەحاڵە لە ئینتەرنێت دووربخرێنەوە . بەڵام دەکرێت سەلامەتییان بپارێزن و لە مەترسییەکانیش دووربخرێنەوە . بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە پەیوەندی باشیان لەگەڵ منداڵدا هەبێ و بە جوانی باسی مەترسییەکانییان بۆ بکەن ، چونکە سەلامەتی بەکارهێنانی کۆمپیتەر ، پەیوەندی بە زمانی شیرین و هێمنی و دانانی یاسا و ڕێنماییەکانەوە هەیە ، هەر بۆیە لێرەدا بە کورتی ئاماژە بۆ چەند ئامۆژگارییەک دەکەین ، کە بۆ دایکان و باوکان و گەورەکان گرنگن :
١ – دڵنیابن تەمەنی منداڵەکەتان گەیشتۆتە ئاستێک کە دەتوانێ بچێتە سەر ئینتەرنێت . ئاشکرایە منداڵانی ئەمڕۆ بە بەراورد بە ڕابوردوو زیاتر دەستییان بە تەکنەلۆژیا و ئینتەرنێت دەگات ، خۆ بڵاوبوونەوەی مۆبایلە زیرەکەکان ، کە ئینتەرنیتییان لەگەڵدایە پڕن لە یاری و بابەتی سەرنج ڕاکێش ، کارێک دەکەن منداڵان بتوانن لەگەڵ کەسانی سەرتاسەری جیهاندا چەند کاتێک بەسەربەرن . هەر بۆیە زۆر پێویستە دایکان و باوکان تەمەنی ڕێگاپێدراوی بەکارهێنانی ئینتەرنێت بزانن و لە هەندێک ماڵپەڕی وەک ئێنستگرام و تیکتۆک دووریان بخەنەوە . بێگومان ئەمڕۆ لە وڵاتێکی وەک ئەمریکادا ، کەمترین تەمەنی منداڵ بۆ بەکارهێنانی ئینتەرنێت بریتییە لە ( ١٣ ) ساڵ . زۆرجار منداڵ و خێزانەکان ئەو تەمەنە یاساییە پشتگویێ دەخەن . بۆیە گرنگە دایکان و باوکان و مامۆستاکان پابەندی تەمەن بن و ئەو بەرنامانە بەکارنەهێنن ، کە مەرجی تەمەن ناگرنە خۆیان .
٢ – ئینتەرنێت لایەنی زۆر چاکی بۆ منداڵان هەیە ، دەتوانن بەکاری بهێنن بۆ ڕاپۆرتەکانی قوتابخانە و پەیوەندی کردن لەگەڵ مامۆستا و هاوڕێ و خێزانەکانیان . بەڵام بەکارهێنانیشی مەترسیی لەگەڵدایە . وەک بابەتی نەگونجاو و کەسانی خراپ ، کە خۆیان وەک منداڵ ، یان هەرزەکارێک نیشاندەدەن و بە فیڵ و درۆ بە دوای هاوڕێی نوێدا دەگەڕێن . لەوانەیە داوای زانیاری کەسیی لە منداڵەکە بکەن ، وەک ناونیشان و ژمارەی تەلەفون . هانییان بدەن پەیوەندییان پێوە بکەن و سواری ئەقڵیان بن . هەر بۆیە پێویستە دایک و باوک ئاگاداری ئەوەبن منداڵەکانیان لە ڕێگای ئۆن لاینەوە چی دەبینن و چی دەبیستن ، کێ دەناسن و چیش لە بارەی خۆیانەوە باس دەکەن . لەم حاڵەتانەدا پێویستە ئامرازەکانی پاراستنیان بۆ بەکاربهێنرێن ، چاکتریش وایە بەردەوام چاوکراوە و چاودێری چالاکییەکانیان بن .
٣ – بەرنامەی بۆ دابنێن سەبارەت بە کات و چۆنییەتی بەکارهێنانی ئامێرەکان . پاشان بە دەم و لەبزی شیرینەوە ڕاستەوخۆ گفتوگۆی لەگەڵدا بکەن و بزانن لەگەڵ کێدا پەیوەندی دەکات و باسی چی دەکەن و چ جۆرە بابەتێک بڵاودەکەنەوە .
٤ – هاوکاری بکەن چۆن زانیارییە تایبەتییەکانی خۆی بە چاکی بپارێزێت ، چونکە ئەگەر نەتوانێ بیپارێزێت ، لە لایەن کەسانی ترەوە دەبینرێن و لەوانەیە خراپ بەکاربهێنرێن و بە گران لەسەریان بکەوێتەوە .
٥ – کات و کەشێکی لەبار بۆ منداڵەکەتان دروست بکەن ، تا تەنها پەیوەندی لەگەڵ هاوڕیێ و ئەندامانی خێزان و خۆتاندا هەبێت . یارمەتی بدەن زانیارییە خراپەکان بناسێتەوە و لێیان دووربکەوێتەوە . ئاشنای یارییەکان و سایت و زانیارییە متمانەپێکراوەکانی بن ، پاشان کاتی خۆتانی بۆ تەرخان بکەن بۆ دەستنیشانکردنی ئەو ماڵپەڕە خراپ و زیانبەخشانەی منداڵ بە لاڕێدا دەبەن .
٦ – ئەرکی دایکان و باوکانە ڕێگای گونجاو بۆ پاراستنی منداڵ بگرنەبەر ، وەک سڕ ( بلۆک ) کردنی ئەو بەرنامانەی بۆ منداڵ ناگونجێن و هیچ بەرهەمێکی باشیان لێ هەڵناوەرێ ، پاشان دانانی وشەی نهێنێ بۆ کڵومکردن و نەکردنەوەیان . بەمەش خێزان و ئامێرەکان پارێزراودەبن و بە دووریش دەبن لە ڤایرۆس و بەرنامەی زیانبەخشی نەگونجاو .
٧ – کاتێک منداڵەکەتان دەستدەکات بە بەکارهێنانی ئینتەرنێت ، قسەی لەگەڵدا بکەن دەربارەی ئەو بابەتانەی دەیخوێنێتەوە و تەماشایان دەکات . بزانن بە پێی تەمەنی و لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە لەگەڵ کێدا بە بەردەوامی پەیوەندی هەیە و لەگەڵ کیشدا گفتوگۆ دەکات . لێی بپرسن سەردانی چ ماڵپەڕێک دەکات . پاشان لیستێکی بۆ دروست بکەن و پێکەوە سەیری بکەن . گویێ لە منداڵكەکەتان بگرن و بگەنە ڕێککەوتن لەسەرئەوەی چ بەرنامە و بابەتێک بۆ خێزانەکەتان گونجاوە . ئاگاداریشی بکەنەوە وریا بێت لە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵکیدا و شوێنی خۆی بە نهێنی بهێڵێتەوە . پێویستیشە بەردەوام ئەوەشی بۆ دووبارەبکرێتەوە ، کە ئینتەرنێت گشتییە و تایبەت نییە تەنها بۆ خێزانەکەیان .
٨ – پێویستە شاشەی ئامێرەکان لەبەرچاو بێت ، تا بتوانن چاودێری بەکارهێنانی ئینتەرنێتی منداڵەکەتان بن ، بە تایبەتیش منداڵی بچووک . پاشان زۆر پێویستە کۆمپیتەرەکەی لە ناوەندێکی کراوەی ماڵەکەدابێت ، وەک هۆڵی دانیشتن ، تا بە ئاسانی چاودێری منداڵەکەتان بکەن سەیری چ شتێک دەکات . پاشان بۆ ئەوەی نەشتوانێ موبایلەکەی بە ئینتەرنێتەوە ببەستێتەوە ، کارێک بکەن ژمارەی نهێنی تۆڕی ئینتەرنێتەکە نەزانێت . تا نەتوانێ بێ ئاگاداریتان پەیوەندی بە ئینتەرنێتەوە بکات . سەرباری ئەمانەش ڕێگا مەدەن ئامێرەکان لە ژووری نووستنی منداڵدا دابنرێت .
٩ – لە ماڵپەڕەکانی یاری و سۆشیال میدیادا ، هەندێک کەس تەنها بۆ هەراسانکردن و گاڵتەپێکردنی کەسانی تر دەچنە سەرئینتەرنێت . پێویستە ڕێگری لەو کەسانە بکرێن کە بێزاریان دەکەن و ئەو هێرشبەرانەش سڕبکرێن . منداڵەکەشتان فێربکەن لەو جۆرە کەسانە ئاگادارتان بکەنەوە و هەموو پەیوەندییەکی نەخوازراویش کڵۆم بکات ، تا تووشی زیان نەبێ .
١٠– ئینتەرنێت ڕێگا دەدا منداڵان ئاشنای بابەتەکانی گەورە ساڵان بن . پێویستە ڕێگریی لەمە بکرێت . دەکرێت هەندێک بەرنامە بەکاربێت بۆ ڕێگرتن لە چوونە ژوورەوەی منداڵ بۆ ئەو جۆرە ماڵپەڕانە .
١١ – فێڵبازەکان وەک ماری سڕ خۆیان مەڵاس داوە ، دەزانن منداڵان بە دوای یاری و گۆرانی و مۆسیقای بێ بەرامبەدا دەگەڕێن . جا ئەگەر منداڵەکەت کلیک لەسەر یەکێک لەو بەستەرانە بکات ، لەوانەیە ڤایرۆسێک دابەزنێت و توانای کۆمپیتەرەکە ڕووبەڕووی مەترسی بکاتەوە . باشترین چارەسەریش بۆ ئەم دۆخانە بەکارهێنانی دژە ڤایرۆسە ، کە ڕێگا لە بەرنامە زیانبەخشەکان دەگرێت .
١٢ – لەگەڵ ئەوەشدا ئینتەرنێت هۆکارێکی زۆر باشە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و پەروردە و کات بەسەربردن ، بەڵام سایتە مەترسیدارەکان ، مەترسی لەسەر منداڵ دروستدەکەن . بۆیە پێویستە ڕێگاکانی سەلامەتی بگرنەبەر وەک : ڕێگانەدان بە بەکارهێنانی ئەو ماڵپەڕانەی دایک و باوک و گەورەکان بەکاریان دەهێنن . چاودێریکردنی ئەو ماڵپەڕانەشی منداڵەکە بەکاریان دەهێنێ . پاشان بە پێی تەمەنی منداڵەکە ماوەی بەکارهێنانی ئینتەرنێتی بۆ دیاری بکەن . ئەمڕۆ شارەزایان پێشنیاری ئەوە دەکەن منداڵانی تەمەنی ( ٥ بۆ ١٧ ) ساڵ ، نابێت لە ڕۆژێکدا دوو کاژمێر زیاتر لەسەر شاشەکان بن . هەربۆیە زۆر گرنگە چاودێریان بکرێن تا خوویان خراپ نەبێ ، بە تایبەتی منداڵانی پچکۆلە . گرنگیشە منداڵەکەتان ڕازی بکەن پابەندی کاتی بەکارهێنانی ئینتەرنێت بێ . بۆ نموونە هەرجارێک تەنها نیوکاژمێر لەسەر شاشەکان بێ و کاتی کوژاندنەوەشییان بـۆ دیاری بـکەن . پاشان زۆر پێویستە لە کاتی دیاریکراودا و پێش نووستن ( وای فای ) ماڵەکەتان بکوژێننەوە ، تا هەمووان پشووبدەن و کەسیش نەتوانێ ئینتەرنێت بەکاربهێنێ . سەرباری ئەمانەش دەکرێت هەندێک ڕۆژ بۆ پشوو دیاری بکرێت و ئینتەرنێتی تێدا بەکارنەهێنرێت ، هەمووان کاتەکانی خۆیان بە شتی ترەوە خەریک بکەن . ئاگاداریش بن دەهری و تووڕە نەبن و نیگەرانی و ترس و دڵەڕاوکێ نەخەنە دڵیانەوە و ڕێگریی لە بەها زۆرەکان و لایەنە باشەکانی ئینتەرنێت نەکەن ، کە ئەمڕۆ پێشکەشی منداڵانی دەکات .
١٣– ئاگاداری منداڵەکەتان بکەنەوە لە مەترسی و زیانەکانی بڵاوکردنەوەی وێنە و زانیارییە کەسییەکانی وەک : ( ناو ، ژمارەی تەلەفون ، ناونیشانی ماڵ ، ئیمێڵ و ناوی قوتابخانەکەی ) . خۆ ئەگەر منداڵەکە ویستی وێنەیەک ، یان زانیارییەک بڵاوبکاتەوە ، وا باشترە پیش بڵاوکردنەوەی ئێوەی لێ ئاگاداربکاتەوە . فێری بکەن تەنها پەیوەندی لەگەڵ ئەو کەسانەشدا بکات ، کە ناسیاون و متمانەتان پێیانە . ئاگاداری بکەرەوە ئەوەی لە ئینتەرنێتدا بڵاودەکرێتەوە هەمیشە دەمێنێتەوە ( هەندێکجار دەکرێت پیش ئەوەی کەسانێک بیبینن بسڕێتەوە ، بەڵام زۆرجار پیش سڕینەوەیان بینراون ) . هەر بۆیە پێویستە منداڵ بۆ پاراستنی وێنەو زانیارییەکانیان بەردەوام وریابکرێنەوە . پاشان بۆ ئەوەی بزانن منداڵەکەتان لەلایەن کەسانی فێڵبازەوە کراوە بە ئامانج ، ئەوا پێویستە ئاگاداری ئەم خاڵانە بن :
١ – بەسەربردنی کاتی زۆری منداڵەکە لەسەر ئینتەرنێت ، بە تایبەتی لە شەودا .
٢ – تەلەفوونکردنی کەسانی نەناسراو بۆی .
٣ – دیاری نەخوازراو لە ڕێگای پۆستەوە .
لە دواجاردا ئەوەماوە بڵێم : زۆر پێویستە دایکان و باوکان بە باشی گویێ لە منداڵەکانیان بگرن و نیشانیان بدەن دڵسۆزن بۆیان و گرنگی بە هەموولایەکی ژیانیان دەدەن . کارێک بکەن لەهەموو کێشە و گرفتێکدا بگەڕێنەوە بۆ لاتان . تا بزانن هەرچییەک ڕووبدات پەناوپشتن بۆیان . ئەوەی زۆریش گرنگە : پێویستە خۆشتان نموونەیەکی جوان و پاک و بێگەردبن و بەباشی ئینتەرنێت بەکاربهێنن ، لا لە وێنە و ڤیدیۆی ڕووت و ماڵپەڕە سێکسییەکان و زمانی پیس و کوشتن و توندوتیژی و ماددەی هۆشبەر و کحولییەکان نەکەنەوە ، تا منداڵەکانتان چاوتان لێ نەکەن .


تێبینی : بۆ ئەم بابەتە سوود لە چەند سایتێکی ئینگلیزیی وەرگیراوە .