لە بن تنۆکی ڤیانی ماڵۆچکەیەکی درەوشاوەدا.. هۆمەر نۆریاوی

(لە پەراوێزی پەردەلادان لە کتێبی لەدایکبوونێکی تر)

زێد،نیشتمانە گچکەی ئادەمزادە کە مرۆ لەوێوە پێی بەم جیهانە بەرفرەوانە دەکرێتەوە و دواتر دەیگوێزێتەوە بۆ ڕووبەرێکی هەراوتر.لێ لە ناخی مندا نیشتمانە گەورەکە هەمان کوردستانی دایکە کە بەدرێژایی ئەم تەمەنەم هەمیشە وەک لاولاوێک لە دەوری گیانم ئاڵاوە و لە کوێندەر بووبم،هەر خۆشەویستیی زێدە گەورەکە،پاڵنەری سەرەکی بووە بۆ بڕینی ئەم ڕێگا پڕ هەوراز و نشێوە.
57ساڵ پێش نها،هەر لێرەوە(زێدی بچووک)میهر و سۆزی نیشتمانێک لە قووڵایی گیاندا چەکەرەی کرد و تا ئێستایش بۆ چرکەساتێک نەمتوانیوە دەستبەرداری ببم. سەرەتا زمان بوو بە پەرۆشێکی هەرەقەتیم و هەر زوو بە زوویش وێژە و ئەدەب پەلکێشیان کردم و دواتر ڕووبەرێکی دیکەم تاقی کردەوە کە ناودێرە بە دنیای ڕۆژنامەگەریی و ڕاگەیاندن. کەچی ئەم سەرە سەودایییە بەرەو ژووری دیکەی بردم و بە دنیای وەرگێڕانی ئاشنا کردم. ڕۆژێکی ژیانم پێ شک نایە توانیبێتم خۆ لە خەم و پەرۆشی زمان و چاندی کوردی بدزمەوە یان بە واتایەکی ڕاستتر،بەرانبەری خەمسارد و کەمتەرخەم بووبم.
پاش گەشتێکی درێژی ئەم تەمەنە و سووڕانەوە لە بن ئەم گەزە ئاسمانەی ڕاسەردا،هاوینی ئەمساڵ(2725)یەک لە بەرهەمەکانم(لەدایکبوونێکی تر)کەوتە بەردیدەی خوێنەری زمانەکەم. هەر دوابەدوای بڵاوبوونەوەی کتێبەکە،جارێکی تر و دوای ڕۆژگارێکی درێژ درێژ گەڕامەوە یەکەم وێستگە و کۆنە هەڤاڵانی گوند کە سەردەمێک پێکەوە خەباتی چاندییمان هەر لێرەوە دەست پێکرد و تا هەنووکەیش هەر درێژەی هەیە،گەورەییان پێ بەخشیم و لە ماڵۆچکە پڕ میهرەکەی کتێبخانەی نۆریاودا مەزنایەتییان بە خۆ و چاند و زمانی کوردی بەخشییەوە. پۆلە مەلێکی شەیدا و سەوداسەری فەرهەنگ و زمانیان لە دەوری یەکدی گلێر کردەوە و هەر کەسە و بەگوێرەی دەرفەت و کاتی بەردەم،چەند گوڵوشەیەکیان بە کۆڕە نازەنینەکە بەخشی. لە ڕووناکبیر و دڵسۆزانی فەرهەنگ و زمانی کوردی لە نۆریاویش هەر چاوەڕوانی ئەوە دەکرا نەک تەنێ بۆ گوندەکەی خۆ بگرە بۆ هەر هەموو ناوچەکە و واوەتریش،گوڵاوی زمان و تۆرەی کوردی بگوێزنەوە و هەلەکە بە شیاوترین شێواز بۆ گەیاندن و گوێزتنەوەی پەیامێکی گەورەتر بقۆزنەوە.
ڕۆژی 23ی ڕەزبەری2725 (15ی ئۆکتوبەری 2025)کتێبخانەی نۆریاو بوو بە مەکۆ بۆ گلێربوونەوەی کۆمەڵە مرۆیەکی زانستوەر،نووسەر،شاعیر و تۆرەوان و داژداری کولتوور و زمانی کوردی لە دوور و نزیکەوە.
کتێبخانەکەی نۆریاو ئەمجارە بە شێوازێکی دی دەیان سیمای زانستیی و ڕووناکبیری کوردی لە نێو خۆدا بینییەوە کە ئەم پرسە مژدەبەخشی ڕووداوی گەورەتر بۆ سبەی دەبێت. ڕاستە پەردەلادان لە کتێبێک و ڕێزنان لە ڕۆڵەیەکی هەر ئەم خاکە بوو بە هۆکار بۆ ئەم جڤینە خنجیلانەیە بەڵام ڕووبەرێکی فرەوانتری لە خۆدا جێ کردەوە کە هەر هەموو زمان و چاندی کوردی دەگرێتەوە.
ئامادەبوون و ئاخاوتنی دەیان سیما و کەسایەتی ناسراوی کورد هەر وەک حەمەڕەشید ئەمینی،دوکتۆر شابەختی ڕۆستەمی،ئارام مستەوفی،دوکتۆر محەممەدباقر پیری،دوکتۆر ئارام وڵەدبەگی،کەیهان عەزیزی،داوود غەففاری،دوکتۆر سەعدی حاجی،مۆئمین نووری،دوکتۆر فەرەیدوون نووری،ئەسعەد زوهرابی،ڕێبین نووری،دوکتۆر شەهریار مەولوودی،بەکر حسێنی،نەزیر مەنووچەری،عەبدوڵڵا کاکەبرایی،دوکتۆر حەمەمین وڵەدبەگی،دوکتۆر جەهانبەخش وڵەدبەگی،مەعسووم سەفیعی،فریشتە یۆسفی،ئەنوەر وڵەدبەگی،موحسین وڵەدبەگی،نەجمەدین لوتفی و … لەسەر ئەم ڕێبوارە ئاشقەی زمان و تۆرەی کوردی،نۆریاوی وەک چەقی ڕێگا بە سنوورێکی بەرفرەوانترەوە گرێ دا.
لە ڕۆژگارێکی ئەنگوستەچاودا کە مرۆ لە پێناو دەستخستنی پارووەنانێک ژیانی بۆ مەزات دادەنێت،لێرەوە کۆمەڵە مرۆیەکی نیشتمانپەروەر،ژینیان بە کولتوور و زمانی کوردی بەخشیوە و بە بێ مز و مووچە لە دووی ڕێبوار دەگەڕێن و لە گیرفان و ژینی خۆ بە ئاشقانی ئەم بەستێنە دەبەخشن.
بەخشینی کۆڕێک بە زمان و فەرهەنگی کوردی لە هەندێک سنووردا خەمخۆری تایبەتی گەرەکە و پڕ ڕوونە لە هەموو کەسێک ناوەشێتەوە. کۆسپ و لەمپەر و گیر و گرفت و تیر و شیر،ورە و هیممەتی واڵای پێویستە کە هیچ سڵ لەو بەربەستانە نەکاتەوە و پێشەوائاسا شان وەبەر ئەو بارە گرانە بدات و لەسەر بڕینی ڕێی ئامانج مکوڕ بێت. بۆ گەلێک ساڵ دەچێت هەر لێرەوە،لە گوندی نۆریاوەوە،کۆمەڵە مرۆیەکی ورەبەرزی پەرۆشی زمان و کولتووری کوردی لە بن چەتری کتێبخانەیەکی نەخشیلانەدا لەسەر فێرکردن،بارهێنان و پەروەردەی زارۆکی کورد کار دەکەن و سەرباری هەموو کەند و لەندەکانی سەرڕێ،هەر جارە و کۆڕێکی نازەنینیش بە کورد و فەرهەنگەکەی دەبەخشن. ئەم مرۆ نازەنینانە تەمەنێکە خۆبەخشانە ژیانیان بەم بوارە هەستیارە بەخشیوە و دەرەنجامەکەیشی پێگەیاندنی نەوەیەکی بەرچاوڕوون و وشیارە کە دەیەوێت پەتە دەستکردەکان لە پێناو ئامانجێکی بەرزتردا بپسێنێت. لێرەوە ئەرگە گرانەکەی ئەم هەڤاڵانە سەد هێندە زێتر خۆ دەنوێنێت. بۆیە هەر هەموومان قەرزباری خەباتەکەیانین و ئارەقەی سارد و گەرمی نێوچاوانیان بە گوڵوشەی زمانی کوردی دەسڕینەوە.
دەوری دڵسۆزانی وەک سەنا وڵەدبەگی،پژمان وڵەدبەگی،موزەفەر وڵەدبەگی،وریا وڵەدبەگی،ناسیح مەحموودی،نەوید مەولوودی،جەمشید وڵەدبەگی و هەر هەموو ئەندامانی کتێبخانەی نۆریاو خاسما بەڕێزان باران،سەمانە،چنوور،مریەم،هەتاو،مەدینە لەم پێوەندییەدا لە کەس شاراوە نییە کە ڕۆژانێکی فرەی خۆیان بەم کۆڕەوە سەرقاڵ کرد و خۆبەخشانە کاروبارەکانیان ڕاپەڕاند.
هەمیشە وتوومە و دیسان ژی پاتەی دەکەمەوە کە تا ئەو ڕۆژەی دەستم پێنووس بگرێت،لەسەر ڕاژە و خزمەتکردنی زمان و چاندی کوردی بەردەوام دەبم چونکە وشەی کوردی،هەناسەمە.
جێی ئاماژەپێدانە کە گوندی”نۆریاو”له‌ 2کیلۆمەتری باکووری ڕۆژاوای شاری پاوه(ڕۆژهەڵاتی کوردستان)‌و بناری چیای سه‌رکه‌شی شاهۆدا هه‌ڵکه‌وتووه‌. نۆریاو،مه‌کۆیه‌کی تایبه‌ت بۆ توێژی خوێنده‌وار له‌ ئاستی ناوچه‌ی هه‌ورامان دێتە ئەژمار و ئەم گوندە ئێستا چه‌ندان ڕه‌وتی ڕۆشنبیریی تێدا به‌رچاو ده‌که‌وێت که‌ هه‌ر کامه‌ هه‌ڵگری دنیابینی تایبه‌ت به‌ خۆن. خاوەنی کتێبخانەیەکی خشپیلانەیشە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی 60ساڵ لەمەوپێش.

هۆمەر نۆریاوی




نەخوێندەواریی جاران و نەخوێندەواریی ئێستا.. نەوزاد بەندی

نەخوێندەواریی بە نەتوانینی خوێندنەوەی پیت و ووشە و ڕستەکان پێناسه کراوە.
ئەم پێناسەیه هەمووان لەسەری کۆکن و .. نەخوێندەوار بەو کەسانە دەڵێن کە ناتوانن کتێب و ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بخوێننەوە.
لە راستیدا ئەم پێناسەیه بۆ نەخوێندەواریی، پێناسێکی کلاسیکە، یاخود زوڵملێکردنێکی ئاشکرای تێدایە بەرامبەر کەسانێک ڕۆژگار و بار و دۆخی خێزانی و ئابووریی و جوگرافیا هەلی ئەوەی بۆ نەڕەخساندوون بڕۆنە فێرگەکان و لە دار و داراوە هەتا لۆگاریتم و یاساکانی نیوتن و ئانیشتاین بخوێنن.
بەڵام ئەو نەخوێندەوارەی جاران کە توانای خوێندن و نوسینی پیتەکانی نەبوو، توانای خوێندنەوەی گەلێک شتی تری هەبوو، بۆ نمونە توانای خوێندنەوەی باری دەروونیی و دڵتەنگیی هاوسێکانی هەبوو کاتێ توشی پرسەیەک دەبوون، ئەمیش تەلەفزیۆنەکەی ئەکوژاندەوە، مناڵەکانی لە ماڵەوە دادەنا و نەیدەهێشت بچنە کۆڵان و قاو قیژ و یاری و پێکەنین بڵاوبکەنەوە، تەنانەت ڕادیۆکەی ئەکوژاندەوە، چونکە توانای خوێندنەوەی دڵ و دەروونی هاوسێ کۆستکەوتووەکەی هەبوو.
هەر هەمان نەخوێندەوار، کاتێک کەسێکی بەدڕەوشت و بەدکردکار و مافیا ئەهاتە کۆڵانەکەیان، خوێندنەوەیان بۆ داهاتووی ڕەوشت و ئاکاری ماڵ و مناڵ و سومعەی کۆڵانەکەی هەبوو، هەڵدەستان بە دەرکردنی ئەو بەدڕەوشتە لە کۆڵانەکەیان، ئەمە پێی دەووترا مەزبەتە.. واتا هەموو کۆڵان کۆدەبوونەوە و بڕیاری مەزبەتە و دەرکردنی ئەو خێزانە بەدڕەوشتەیان دەدا و جێبەجێیشیان دەکرد، چونکە خوێندنەوەیان بۆ ڕەوشت و ئاکاری گشتی کۆڵانەکەیان هەبوو، بە کردار جێبەجێ و داکۆکییان لێدەکرد… خەرمانی ئاغای زاڵمیان ئەسوتاند وەک ئاگادارکردنەوەیەک بۆ دزینی سامانی گشتی و کۆیلەکردنی جوتیارەکان.
هەمان خەڵکی نەخوێندەوار کە بار و دۆخی ئابوریی و کۆمەڵایەتیی هەلی چونە فێرگە و فێربوونی دار و لۆگاریتمی پێ نەدابوون، لەگەڵ بینینی ستەمکارێک، خوێندەوارییەکی تەواویان هەبوو بۆ بارودۆخی سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی میللەتەکەیان و .. لەگەڵ سەرهەڵدانی داگیرکەرێک، ئاغایەک، هەلپەرستێکدا، شۆڕشیان هەڵدەگیرساند و چەکیان دەکردە شانیان و گیانی خۆیان بەخت دەکرد. شۆڕشی 1920 ی عێراق لە دژی ئینگڵیزەکان، زۆرینەیان ئەلف و بائیان نەخوێندبوو، بەڵام خوێندنەوەیان بۆ دزینی ماڵ وسامانی ووڵات هەبوو لەلایەن داگیرکەرانەوە، هەر بۆیه چەکیان کردە شان و نیشتمانەکەیان ئازاد کرد.
هەر هەمان مرۆگەلی نەخوێندەواری جاران، کاتێ هەژارێکیان دەبینی لە کۆڵانەکەیاندا، بارودۆخی سەختی ئەو هەژارەیان ئەخوێندەوە و .. دەستگرۆییان ئەکرد و،کاریان بۆ دابین دەکرد و لە هەژاریی ڕزگاریان دەکرد .. کاتێ کەسێکی لاواز و کەمعەقڵیان دەبینی، خوێندنەوەیان بۆی هەبوو، ماڵ و حاڵ و خێزانیان بۆ دروست ئەکرد و کاریان بۆ دابین دەکرد و ئەیانهێنایە ڕیزی خۆیان.. کاتێ دوژمنایەتییەک لە نێوان دوو بنەماڵەدا هەبوو، خوێندنەوەیان بۆ ئاسایش و ئارامیی هەردوو لا هەبوو، پێکیان دەهێنانەوە و ئاوێکیان ئەکرد بەو ئاگرەدا .. کاتێ دوو کەس شەڕی دەستەویەخەیان دەکرد، دەیان نەخوێندەوار خوێندنەوەیان بۆ ئەو بارگرژییە هەبوو، ئەکەوتنە نێوانیان و ناوبژییان دەکردن و نەیاندەهێشت زیان بە یەکتری بگەیەنن.
ئەو نەخوێندەوارانەی جاران، کاتێ مامۆستایەک یان فەرمانبەرێک ڕەوانەی گوند یان شارۆچکەکەیان ئەکرا، خوێندنەوەیان بۆ ئەو ساڵانەی خوێندنی هەبوو، خوێندنەوەیان بۆ غەریبیی و دووریی لە خێزان و بنەماڵەکەی هەبوو، ڕێزێکی زۆریان لێدەگرت و داوەت و دیاریی و هەموو شتێکیان بۆ دابین دەکرد و ..ئەگەر کچێکی ئاواییەکەیشیانی بە دڵ بووایه لێیان مارە دەکرد.

تا ئێرە، ڕوون و ئاشکرامان کرد کە مەرج نییە کەسێک نەتوانێ دار ودارا بخوێنێتەوە، ئیتر توانای خوێندنەوەی هیچ شتێکی نەبێ، به پێچەوانەوە ئەو کەسانەی کە قوربانییان بە خۆیان داوە و فێری دارا و ساین و کۆساین نەبوون، کەسانێکی خوبەختکەر و خۆنەویستن و ..تەواوی شتەکانی تر ئەخوێننەوە.
بە دیوەکەی تردا، ئەو خوێندەوار و خاوەن بڕوانامە بەرزانەی ئەمڕۆ، توانای خوێندنەوەی بار و دۆخی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابووریی گشتییان نییە.. لەبەر ئەوەی بڕوانامەیان هەیە، هیچ شتێکیان پێ عەیب نییە، پێشێلکردنی داب و نەریت و کولتوور و ئاینیان پێ ئاساییە، توانای خۆنەویستییان تێدا نییە، قوربانیدان لە فەرهەنگەکانیاندا نییە، ئەڵێن شۆڕش کردەیەکی کۆنە و بە هیچ جۆرێ بۆ ڕۆژگاری ئەمڕۆ ناگونجێ..نیشتمان و بیر و باوەڕ و ئایین و هەموو بەها کۆمەڵایەتیی و ڕەوشتییەکان ئەخەنە خزمەتی خۆیان و گیرفانی تایبەتیی خۆیان و خێزان و بنەماڵەکانیان ..
دوو بنەماڵە شەڕ بکەن، کێشەی ئەمانی خوێندەوار نییە، یان لە باشترین حاڵەتدا کەسانێکی ڕیس سپی وا پەیدا بوون بە پارە سوڵحی عەشایەریی بۆ دوو بنەماڵە یان دوو خێزان دەکەن.
کەتێ دوو کەس شەڕێکی لەناکاو ڕوو دەدا لە نێوانیانیادا، سەدان خوێندەوار و خاوەن بڕوانامە تەماشایان دەکەن و چێژ لە شکاندنی دەم و لوتەکان ئەبینن، شتێک نییە لە لایان بە ناوی ناوبژیی و پێکهێنان، چونکە لەو ڕووەوە نەخوێندەوارن.
نەخوێندەواریی ئەم خاوەن بڕوانامانە، ترسناکترین نەخوێندەوارییە، چونکە وەک کۆمەڵێ خانەی شێرپەنجەیی تەنها خانەکانی خۆیان زیاد ئەکەن و بەهێز ئەبن و ..زیانیان بۆ چواردەوریان هەیە، بە حوکمی بڕوانامە، وەک پێشەنگی کۆمەڵگا ناسراون، کاتێ پێشەنگیش ببێتە پارچەیەک لە خۆپەرستی و ترسنۆکیی و بێ وەفایی، ئیتر هەم زانست و خوێندن بێ بەها ئەبن و .. هەم خەڵکەکە نازانن گوێ لە کێ بگرن و کێ بکەن بە سەرکردە و پێشەوا..
شایانی باسه ئێستا کۆمەڵگا پڕپڕە لە خوێندەوار و پڕۆفیسۆر لە هەموو بوارەکاندا، بە بێ ئەوەی خوێندنەوەیان بۆ کۆستکەوتنی دراوسێکەیان هەبێ. . به بێ ئەوەی خوێندنەوەیان بۆ هەژاریی خزمەکانیان هەبێ.. بە بێ ئەوەی بتوانن ئەو کەمتوانایە بخوێننەوە کە لەسەر شەقام به برسێتیی، ئەنوێ ..ناتوانن گڵاسێ ئاو بکەنە ژێر درەختێک کە درەختی خۆیان نییە،چونکە بەرامبەر تینوێتی درەختی ئەوانی تر، خوێندنەوەیان نییە، نەخوێندەوارن بەرامبەر ئازاری ئەوانی تر. ناتوانن بار و دۆخی ئابووریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بخوێننەوە، ناتوانن خوێندنەوە بۆ داگیرکردنی وڵات و سامان و داهاتی نیشتمانیی و کولتووریی و ئاینیی بکەن.. لەوەیش خراپتر پۆل پۆل ئەبنە دەمڕاست و قەڵەم بە دەست و زمانحاڵی حیزبه داگیرکارە تاکڕەوە نیشتمانفرۆشەکان، بە بڕوانامەیەکی دکتۆراوە، بۆ چنگێ پارەی حەرام، داکۆکیی له دز و جەرده و مافیا دەکەن..
یان لە باشترین حاڵەتدا، ووتارێک دەنوسن پڕ پڕە له پاڕانەوە و گریان و کڕوزانەوە کە میللەت مردووە له برسا و خوا هەڵناگرێ بەو دەردەی ئەبەن.. ئەوەی فکری شۆڕش و دژایەتییە لە ناخ و زمان و قەڵەمیاندا نییە، بەو جۆرە کۆمەڵگا ئەسوتێنن، وەک چۆن دائیرەیەکی کارەبایی ئەگەر خاڵی بەرگریی تێدا نەبێ، ئەسوتێت.
کەواتە ئەتوانین بڵێین ئەو نەخوێندەوارییەی خوێندەوارەکانی ئەمڕۆ بە دەستیەوە گیرۆده بوون، سەد قاتی ئەو نەخوێندەوارییەیە کە نەخوێندەوارانی جاران گیرۆدەی بوون بوون، کە بریتی بووە لە نەتوانینی خوێندنەوەی دارا کە دوو داری دووری بینیوە.




تەنها بۆ ئەوەی بەدکتۆر بانگم بکەن.. گۆران هەڵەبجەیی

لەباشووری کوردستان لەو دەمەی یەکێتی و پارتی قۆرخی دەسەڵاتیان کردوە،هیچ کایەو بوارێک نەماوە کەدەستیان بۆ نەبردبێت و وێرانیان نەکردبێت. گەر ئەم دەستێوەردان و موداخەلەیە بە ڕووە پۆزەتیڤەکەیدا بوایە واتە بەمەبەستی خزمەت و گەشەکردن بوایە ئەوە جێگەی دەستخۆشی و پێزانین دەبوو.

گەر هەرنەتەوەیەک نەیتوانی سەکتەری خوێندن بەباشی بەرێت بەڕێوە و سەرکەوتوونەبوو تێیدا ئەوە بەدڵنیاییەوە ئایندەیەکی تاریک چاوەڕێی هەم بوارەکەو هەم وڵاتیش دەکات.
لەباشووری کوردستان بواری خوێندن لە قۆناغی بنەڕەتیەوە تا دوای زانکۆش کە ماستەرو دکتۆرایە ،لەلایەن هەردوو حیزبی دەسەڵاتدارەوە بێ بەها کراوە.
وەک پێشتر ئاماژەم پێدا خراپبوونی دۆخی سەکتەری خوێندن دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتدارانی هەردوو حیزب کە بەمەبەست کراوەو دەکرێت، ئەویش لەپێناوی ئاسانکاری بۆخۆیان بۆ وەرگرتنی شەهادەی ساختە.واتە هەموو پرۆسەکەیان کردە قوربانی چەند دکتۆرایەکی ساختە.
مەبەستیش لەوەرگرتنی شەهادەی ساختە کە بە تەکلیفێک و بڕێک پارە کەسێک وەری دەگرێت، بۆ ئەوەنیە کە پاشان خزمەتی پێ بکات ،چونکە ناتوانێت وناشخوازێت ،بەڵکو تەنها یەک مەبەستی هەیە و زۆرش گرنگە ،ئەویش تا پێی بڵێن {دکتۆر} کە لەپەنای ئەم ناوەوە خۆی لەئاستێکی باڵادا دەبینێت کەلەواقیعدا ئاستێکی ساختەیە.
ئەوەی سەیرە بوونی ئەو گشت خاوەن دکتۆرایەی نێو هەردوو حیزبە، کەس نازانێت لە چ بوارێکدا وەریان گرتوە و خۆیشیان هەرگیز باسی ناکەن ،چونکە شەرم لە باسکردنی دەکەن.
ئەم دووحیزبە جگە لە کاری باشە لەهەموو کارێکی خراپدا مونافەسەی یەکتر دەکەن ،لەم بوارەشدا هەمان شتە بەوەی گەر ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێک لەودووحیزبە دکتۆرایەکی ساختەی وەرگرتبێت، ئەوە ڕویداوە کە یەکێکی ئەولاش وەری گرتبێت.
هەر بەم هۆیەوە لەدوای ڕاپەڕینەوە تا ئێستا بواری خوێندن لەئاستێکی زۆر زۆر داتەپیو و خراپدایە،بۆنمونە دەرچوانی زانکۆ شارەزاییەکی ئەوتۆیان لەبوارەکەی خۆیاندا نیە.
یەکێک لەو لایەنانەی لە ناشیرین کردن و خراپکردنی ئاستی خوێندن بەشدارە ،هەندێک زانکۆی ئەهلین،ئەمانە بەمەبەستی چنگ کەوتنی بڕێک پارە بێ ڕەچاوکردنی پرەنسیپ ومەرج و ئسوڵیاتی بەخشینی دکتۆرا ،هەڕەمەکی دەیبەخشن.ئەوەی جێی داخە ئەو کەسانەی کە ئەوشەهادە ساختانە دەبەخشن بزانن یا نا خیانەت لە پیشەکەیان دەکەن و بێڕێزیش بە زانست.
بێ گوێدانە ئاکامە خراپەکانی کارەکانیان ئەوکەسانە ئامادەن لە پێناو بڕێک پارەو سوپاسگوزاریدا لەسەر تێکدانی ئاستی خوێندن بەردەوامبن. ئەوانە زۆر باش دەزانن کە ئەو کەسەی ماستەر یا دکتۆراکەی پێدەبەخشن لەو ئاستەدا نیەو شایستەش نیە.
ئەوەی زانراوە هەندێک لەو زانکۆ ئەهلیانەی ئەوجۆرە شەهادانە دەبەخشن سەر بە دەسەڵات و دووبنەماڵەکەن.ئەو زانکۆیانە ماستەر بە[٣ ] هەزاردۆلار و دکتۆرا بە[٥ ] هەزاردۆلار دەفرۆشن.
دەمێک بەخشینی زانست و گەشەکردنی لە وڵاتە دواکەوتوەکاندا بووە پارە ئەوە دەستی لێ بشۆ ،چونکە لەم حاڵەدا پارە دەبێتە ئامرازی سەرەکی و زانستیش دەبێتە پاشکۆ.
ئەم گەندەڵیە تەنها هەندێک لە زانکۆ ئەهلیەکانی هەرێمی نەگرتوەتەوە ،بەڵکو بڕێک زانکۆی ئەهلی گرتوەتەوە کە بارەگاکانیان لە ئەوروپایە و خاوەنەکانیان عەرەبن،ئەمانەش هەڵپەیانە تا بەشێک لەو کێکەیان بەر بکەوێت.
ئەم زانکۆیانە بەمەبەستی بەدەستهێنانی پارە چەند کەسێکی بێویژدانیان خستوەتەکار کە پێیان دەڵێن دکتۆر یا پرۆفیسۆر ، تا ئەوجۆرە شەهادانە لە هەندێک لەشارەکانی عێراق وە بەتایبەتی لەهەرێمی کوردستان ببەخشن.
یەکێک لەو زانکۆیانەی هەندەران کە لەم کارە قێزەوەنەوە تێوەگلاوە ناوی [ئەکادیمیای ئەلبۆرگ بۆزانست] ه کە خاوەنەکەی کەسێکی عێراقیە بەنێوی طلال ئەکرەم.{ ئەلبۆرگ باژێڕێکە دەکەوێتە باکووری وڵاتی دانمارکەوە}. چەند مانگێک لەمەوبەر بەناوی ئەم ئەکادمیەوە دکتۆرایان بەخشیە کەسێک کە نە بەهەقی خۆی ئامادەیی تەواو کردوە نە دەوامی زانکۆی کردوە نە ماستەری هەیە ، کەچی لەماوەی چەندکاتژمێرێکدا بەزەبری پارە کردیانە دکتۆر.
دووشتی سەیر سەرنجمیان ڕاکێشا، یەکەمیان ناوی تێزی دکتۆراکەیەتی کە جێگەی پێکەنینە [پەیوەندی سیاسی نێو دەوڵەتی و کاریگەری لەسەر بەشداری وەرزشی ] .{العلاقات السیاسیە الدولیە وە انعکاساتها علی المشارکات الریاضیە} . کەسێک دەبوو ببێتە خاوەنی ئەم تێزە کە بەلای کەمەوە[ کۆلیژی پەروەردەی وەرزشی] تەواو کردبێت یاخود شارەزایی لە چالاکیە وەرزشیەکانی جیهانیدا هەبێت ،بەتایبەتی {ئۆلۆمپیاد} ،دڵنیام ئەو شارەزایی لە هیچیاندا نیە . خاڵی دووەم ئەو کەسانەی کەسەرپەرشتی تێزەکەیان کردوە ،بڕواناکەم هیچیان شارەزاییان لە وەزش یاخود لە خولەکانی ئۆلۆمپیاتدا هەبێت کە گەورەترین و گرنگترین ڕووداوی وەرزشیە لەسەر ئاستی جیهان. کەواتە ئەمەش کەماسیەکی تری ئەو بەخشینەیە.
ئەم کارەی ئەکادیمیای تەکنەلۆجی ئەلبۆرگ بێڕێزیە بە پیرۆزترین بوار کە خوێندنە، بەم کارەی هیچ جیاوازیەکی نیە لەگەڵ ئەو زانکۆیانەی عێراق کە دکتۆرای ساختە دەبەخشن.
بۆئەم مەبەستە پەیوەندیم بە سەرۆکی ئەم ئەکادیمیایەوە کرد[دکتۆر طلال] تا لەوبارەوە ڕوونکردنەوە بدات، بەڵام نەچوەژێرباری و ئامادەنەبوو هیچ ڕوونکردنەوەیەک بدات.
سەرەتا نکولی لەوەە کرد کە بەناوی ئەکادیمیەکەیانەوە ئەو دکتۆرایە بەخشرابێت ،بەڵام دەمێک وێنەکانم نارد بۆی هیچ وەڵامێکی نەبوو،پاشان بەبەهانەی نەخۆشی و بێکاتی کۆتایی بەگفتوگۆکە هێنا ،لەڕۆژانی ئایندەدا چەندین جار هەوڵمدا پەیوەندی پێوەبکەم لێ بێسوود بوو.تەنانەت وەڵامی ئەو پرسیارانەشی نەدایەوە کە لەسەر پێشنیاری خۆی ناردمن بۆی.
هۆکاری وەڵامنەدانەوەش ئەوەیە کە ناتوانێت نکولی لەوکارەبکات کەلە سلیمانی کراوە،خۆ گەر نکولی لێ نەکات ئەودەمە لەڕووی یاساییەوە لەسەری دەکەوێت چونکە دەزانێت کە کارێکی نایاسایی و نازانستی کردوە.




بۆ 31 ـه‌مین ساڵیادی كۆچكردنی پاشای حه‌یران ره‌سوڵ بێزار گه‌ردی.. هه‌ندرێن خۆشناو

له‌م رۆژانه‌ و به‌تایبه‌تی له‌ رۆژی 17 / 10 شنه‌ بای یادی سی ساڵه‌ی ماڵئاوایی مامۆستای هونه‌رمه‌ند ره‌سوڵ بێزار گه‌ردی به‌سه‌ر كوردستان و هه‌ولێری لاوك و حه‌یران و هونه‌ر و موزیك و هۆنراوه‌ گوزه‌رده‌كات، و كه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌ندی ره‌سه‌ن مامۆستا بێزار گه‌ردیمان دێنێته‌وه‌ یاد، و ده‌نگه‌ به‌ سۆز و ئاوازه‌ دڵرفێنه‌كانی به‌ گوێمان ده‌چرپێنێت، و هه‌ستی پڕ عه‌شق و خۆشه‌ویستیمان ده‌وڕوژێنێت، و پێمان ده‌ڵێ مامۆستا (ره‌سوڵ) تان بێته‌وه‌ یاد، كه‌ سیمبول و نیشانه‌یه‌كی دیاری شاری هه‌ولێره‌، رۆحی پاكی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ مه‌زنه‌ قبوڵناكات كوچه‌ و كۆڵانه‌كانی هه‌ولێری دێرین جێبێڵێت، و وه‌ك كزه‌ بایه‌كی فێنك رۆژانه‌ به‌سه‌ریاندا تێپه‌ڕده‌بێت، هه‌ر كه‌ لاوكێك یان حه‌یرانێك یان گۆرانیه‌كی ره‌سه‌نی كوردی دێته‌ به‌ر گوێچكه‌ی رۆڵه‌ به‌وه‌فاكانی ئه‌م شاره‌.

ئه‌وڕۆ ئێوارێ له‌دوم هه‌ناردی لۆچی نه‌هاتی ..
حه‌یران ئه‌وڕۆكه‌ سێ رۆژه‌ زانیتم بازن و خڵخاڵت له‌كن وه‌ستا شه‌ریفی زێڕینگره‌، جلكی بوكێنیت له‌سه‌ر خه‌یاتی..
خزم و براده‌ر هه‌موو ده‌زانن ئه‌توو سه‌ری چه‌ند ساڵانه‌ دۆست و گراوی من بووی.. حه‌یف و سه‌د مخابنی دنیایێم
ده‌مینی شه‌و ساڵه‌كه‌ هاوینێ به‌ قسه‌ی دوژمنان و ناكه‌سان له‌گه‌ڵ من خایه‌ن ده‌رهاتی..

ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ توانی به‌ درێژایی نیو سه‌ده‌ له‌ داهێنان و خزمه‌تكردنی هونه‌ر و ئه‌ده‌ب و فۆلكلۆری كوردی بچێته‌ دڵی هه‌موو هونه‌ردۆستێك، و بچێته‌ كاروانی نه‌مران و مامۆستایان له‌م بواره‌دا، و سه‌رمه‌دیانه‌ له‌ دڵ و سۆزی خه‌ڵك بمێنێته‌وه‌. هه‌ر له‌ منداڵیه‌وه‌ خولیای هونه‌ر و كولتور و فۆلكلۆری نه‌ته‌وه‌كه‌ی بووه‌، و هه‌ر له‌ زووه‌كه‌وه‌ ده‌وروبه‌ری هه‌ستیان به‌ به‌هره‌مه‌ندی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ كردووه‌، و له‌ ده‌نگخۆشی و شاره‌زایی له‌ مه‌قام و لاوك و حه‌یران، هه‌روه‌ها له‌ شیعر هۆنینه‌وه‌ و ئاوازداناندا، كه‌ ئاوازی بۆ هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانی خۆی داناوه‌.

به‌ تۆ یار په‌یدا نابێ
په‌یداش بێ فایده‌ی نابێ
سه‌د ساڵ خونچه‌ بشكوێ
بێ بولبول به‌هار قه‌ت نابێ
بریندارم بریندارم

⃰ ئه‌م گۆرانیه‌ دوای چه‌ند ساڵێك له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند (عومه‌ر دزه‌یی) به‌ ناوی (گه‌ڕان) دووباره‌ تۆماركراوه‌ته‌وه‌، به‌ ده‌ستكاری هۆنراوه‌كه‌ی، به‌ڵام ئاوازه‌كه‌ی هه‌ر وه‌ك خۆی، كه‌ هی هونه‌رمه‌ند ره‌سوڵ بێزار گه‌ردییه‌.

ره‌سوڵ بێزار گه‌ردی له‌ چله‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو روویكردۆته‌ رادیۆ و ئێزگه‌ی كوردی، به‌ هه‌گبه‌یه‌كی پڕ له‌ داهێنان و هونه‌ری ره‌سه‌ن و شیعر و ئاواز و لاوك و حه‌یران، یه‌كه‌م كه‌س بووه‌ كه‌ حه‌یرانی كوردی له‌ رادیۆ گووتوه‌ و به‌ راسته‌خۆیی په‌خشكراوه‌، و هه‌روه‌ها یه‌كه‌م كه‌س بووه‌ كه‌ حه‌یرانی نووسیوه‌ته‌وه‌، و به‌تایبه‌تی ئه‌و حه‌یرانانه‌ی كه‌ گووتویه‌تیه‌وه‌ و بۆخۆی دایناوه‌ و دایڕشتووه‌ و له‌ دوو توێی چه‌ند كتێبێكدا تۆماریكردوون، یه‌كه‌م كه‌س بووه‌ كه‌ حه‌یرانی له‌گه‌لأ موزیكدا چڕیوه‌، بۆخۆشی شیعری بۆ زۆربه‌ی گۆرانیه‌كانی داناوه‌ و ئاوازی بۆ هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانی خۆی داناوه‌، بووه‌ یه‌كه‌م كه‌س كه‌ ئاواز بۆ سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه‌كانی خۆی دابنێت، بۆیه‌ به‌ ئاسانی جێگه‌ی خۆی كردۆته‌وه‌ له‌ نێو مامۆستا و پێشه‌نگانی هونه‌ری كوردی. مامۆستا ره‌سوڵ سیمبولی هونه‌ری ره‌سه‌نی كوردی بوو، چونكه‌ لاوك و حه‌یران هونه‌رێكی تایبه‌ت به‌ گه‌لی كوردن، و گه‌له‌كانی تر خاوه‌نی ئه‌م هونه‌ره‌ ره‌سه‌نه‌ نین، و ئه‌م هونه‌ره‌ به‌ یه‌كێك له‌ بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی ناسنامه‌ی گه‌لی كورد داده‌نرێت.
مامۆستا ره‌سوڵ بێزار گه‌ردی پێشمه‌رگه‌یه‌كی ئازا و نیشتمان په‌روه‌ر بووه‌، نه‌ك هه‌ر به‌ هونه‌ر و نووسین به‌ڵكو به‌ گیانیش خزمه‌تی كوردستانی كردووه‌، به‌شدارییه‌كی به‌رچاوی هه‌بووه‌ له‌ شۆرشی ئه‌یلولدا، و یه‌كێك بووه‌ له‌و كه‌ڵه‌ پیاوانه‌ی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاكانی دامه‌زراندنی ئێزگه‌ی ده‌نگی كوردستان به‌شداری تێداكردووه‌ به‌ گوتنی چه‌ندین سروودی له‌ یادنه‌كراو و هه‌روه‌ها دانانی چه‌ندین سروودی نیشتمانی، بۆته‌ یه‌كه‌م كه‌س كه‌ سروودی نیشتمانی و به‌رگری به‌ شێوازی حه‌یران و مه‌قام بچڕێت.

كاروانی ئێمه‌ كه‌وتۆته‌ رێگا
به‌ ئامانجی كورد هه‌ر ئه‌بێ بگا
ئه‌گه‌رچی شه‌وی خه‌باتی ژیان
گیانی زۆر لاوی وه‌ك گوڵ هه‌ڵوه‌ران
به‌ڵام هه‌ر ئه‌بێ شه‌فه‌ق ده‌ركه‌وێ
كورد له‌و هه‌ورازه‌ سه‌خته‌ سه‌ركه‌وێ

ماڵئاوایی كردنی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ مه‌زنه‌، كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی كرده‌وه‌ له‌ هونه‌ری كوردی، به‌ تایبه‌تی له‌ بواری لاوك و حه‌یراندا، كه‌ زۆر ئاشكرا هه‌ست به‌و كه‌لێنه‌ ده‌كرێت، و كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی كرده‌ سه‌ر هونه‌ری گۆرانی و موزیكی كوردی، چونكه‌ ره‌سوڵ بێزار گه‌ردی به‌مانای وشه‌ پاشای حه‌یران و حه‌یرانبێژان بوو، و رێباز و رێچكه‌یه‌كی تایبه‌تی خۆی هه‌بوو، و جێپه‌نجه‌ی له‌ هونه‌ری كوردیدا دیار و به‌رچاوه‌. ئه‌و بلیمه‌ته‌ به‌ ده‌نگه‌ خۆش و به‌سۆزه‌كه‌ی سه‌دان گۆرانی و لاوك و حه‌یران و مه‌قام و سروودی چریوه‌ و مه‌حاڵه‌ له‌ یادبكرێن، كه‌ وه‌ك گه‌نجینه‌یه‌ك بۆی به‌جێهێشتین.
مامۆستا ره‌سوڵ بێزار گه‌ردی دوایی چه‌ندین ساڵ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی دڵ، بێنازانه‌ دڵه‌ ماندووبوه‌كه‌ی له‌ 17 / 10 / 1994 توانای ترپه‌كردنی نه‌ما و كز و بێده‌نگ بوو، له‌ رۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆدا و سی ساڵ له‌مه‌وبه‌ر رۆڵه‌ به‌وه‌فاكانی هه‌ولێری دێرین له‌ ئه‌دیبان و نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان و خزم و براده‌ران، ته‌رمی پاكی ئه‌و زاته‌ مه‌زنه‌یان به‌ خاكی كوردستان سپارد، دوای ئه‌وه‌ی به‌ گشت كۆڵان و شه‌قامه‌كانی هه‌ولێردا دوایین گه‌شت و گه‌ڕانی كرد، و ماڵئاوایی و خواحافیزی له‌ هه‌موو خه‌ڵكی هه‌ولێر و كوردستان كرد. یاخوا له‌ باوه‌شی خاكدا هه‌ر شاد و سه‌ربه‌رز بیت.




چڕنووکی با.. سمکۆ ئەحمەد ڕەشید

1
دەچم دڵی درەختێک دەدەمەوە
لەو نزیکانە
ڕۆژێک هەیە سپی نییە

2
شێرپەنجەیەک
لە خوێنمایە
ئەوینی تۆ

3
لە پەنجەرەکەیەوە
گوێ لە سەمای بەفرە ڕەشەکە دەگرێت
پیاوێکی نابینا

4
دەستێکم لەرزی
سێبەریان کەوتە کۆشی تاریکی
هاوڕێکانم

5
شۆستە تەزیوەکانم خۆشدەوێن
کە دەکەوم
ئەوان هەڵمدەگرنەوە

6
گوزەرێک بە دڵما بکە
تا نەفخی سوور هەڵیاندەگرم
شوێنپێکانت
7
لە بری دڕک
خۆزگە‌ پڕ دەبوون لە چڵە نێرگز
درزی نێوان پەنجەکانم

8
لە بەرانبەر سوپای پاییز
پۆل پۆل خۆیان بە دەستەوە دەدەن
گەڵاکان.

9
ڕۆحم سەرڕێژە
تا دوا وێستگەی گەشتەکەم بەشم دەکات
توێشووی ئازار .

10
لەسەرەمەرگیا ،
فریا نەکەوتم گەرووی تەڕکەم
گیانی سپارد چۆلەکەکە

11
پەنجەرەیەکی یاخی
بە پەنجەی دڵ ناکرێتەوە
گرێ کوێرەی بەختەوەری.

12
نمایشی مەرگ
هۆڵی تەنگیی ئینفرادی ـ
هاتن بۆ هەمووانە.

13
پەنجەرەیەکی نابینا،
بێ ئاگایە لە تامی هەتاو
شەمشەمەکوێرە.

14
گۆشت و خوێن نییە،
تۆپەڵێک قوڕی دەستکردە
کۆیلە.

15
قەفەسەکەم شکاند
لێ دەریام بۆ ماڵیی نەکرا
دانپێدانانی چڵێک

16
سەری مەنهۆڵەکان هەڵمەدەنەوە
بە بۆنی مرۆڤ دەبوورێنەوە _
سیسرکەکان.

17
پەڵەیەک هەور
بەسەر پانتایی مرۆڤبوونەوە
؟؟؟؟؟؟

18
لە ڕۆژگاری کۆرۆناوە.
وازی لە نوێژەکانی هێناوە ـ
دایکم!

19
تابلۆیەکی سوریالی،
لەسەر پشتی ڕۆژەکانم بۆتە تاتۆ
چڕنووکی با
20

لەنێو دەستە قڵیشاوەکانی باوکم
سەما دەکات
پەرداخی ئاو.

21
ڕۆژگارێکی سپی،
تۆخترین دێڕی یادەوەریمە ـ
سیمای منداڵیی.
22

سوپاسگوزارم
قەرزداری هیچ درەختێک نییە
‌پشتم.




هەڵبژاردن دەبێ چی بگۆڕێ؟.. ريبوار ياسين فتاح

هەڵبژاردن هیچ واقعێکی کوردستان ناگۆڕێ، خراپتری دەکات.
هەڵبژاردن لە کوردستان چی ناگۆڕێ؟

هەمان چینی سیاسی، کە لە ١٩٩١ەوە، دەسەڵاتی لە دەستدایە دەمێنێتەوە، بەبێ بەشداریکردن، ئەم چینە هەمیشە لە هەڵبژاردندا دەیبەنەوە، پارێزراون و لەسەروو دەنگ و خواستی خەڵکەوەن. هەڵبژاردن تەنیا بۆ گۆڕینی ئەندامانی پەڕلەمانە نەك بۆ دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات. دەنگ بە هەرچ کەسێك بدەن، تەنیا دوو بنەماڵە دەردەچێ. بۆ پەڕلەمانیش کۆمەڵێك بودەڵەی حزبی دادەنرێ.

پارتی و یەکێتی هەڵبژاردن ببەنەوە و نەیبەنەوە پەڕلەمان، دەسەڵاتی دادوەری و حکومەت داگیر دەکەن. خۆ گەر لە ئاستی قانونی کەمتر دەنگیان هێنا، لەگەڵ گروپێکی دیکەی نێو پەڕلەمان، ڕێكدەکەون.

یەکێتی پابەند نابێ بە دەوڵەتۆکەی بەرزانی هەولێرەوە و خۆیان لە سلێمانی دەوڵەتۆکەی تاڵەبانی بەردەوام دەکەن.

پەڕلەمان شوشەیەکی تەماوەیە تا حوکمی داپڵۆسەر و گەندەڵی پارتی و یەکێتی جوان بکات. پارتی هەمیشە کۆنترۆڵی پەڕلەمانی کردووە، بە پووڵ، پۆست و تۆقاندن. گەر پەڕلەمان بە پلانی ئەمان نەڕۆیشت، دەرکی خڕ دادەخەن.

گریمانە: گەر یەکێك لە پارتی یان یەکێتی بە تەنیا هەموو دەنگی پەڕلەمان بهێنن، دەسەڵاتی ئەم لایەنە سنووری پۆڵاینی دێگەڵەی بۆ نابەزێ.

دەسەڵاتی دادوەری لەژێر پێی حزبدا دەبێ و دەستگای تۆقێنەری وەك دژەتیرۆر، پاراستن، زانیاری، ئاسایش، پاسەوانی ئەم و ئەو سەرکردە و هەموو هێزی چەکدار لە جێی دەسەڵاتی دادوەری کارا دەبن. دادوەر لە باشترین حاڵەتدا، فرمانبەری گچکەی حزبە، دەست لەسەر سنگ ڕاوەستاوە بۆ فەرمان، بێشکۆیە و بودەڵە. ڕفاندنی کوڕ و کچی کورد بۆ جێی نادیار و بەبێ پێڕەوەی هیچ قانونێك بەردەوام دەبێ، بەبێ ئەوەی مافی گشت یان دادوەر بێتەجواب.

پارتی و یەکێتی بەردەوام دەبن لە کۆنترۆڵی خەڵکدا بە میلیشای حزب، کە هەموو هێزی چەکداری کوردستانە؛ هەروەك بەردەوام دەبن لە تێکشکان و سوککردنی دەستگا و پۆستی دەوڵەت؛ ئامانج ئەوەیە خۆیان بە سەروەر و پیرۆز بهێڵنەوە، نەك دەوڵەت. چارەسەری هەموو کێشەیەكی خەڵك لەلای دەستڕۆشتووی حزب دەبێ، دەستگای دەوڵەت بە بێکەڵك و داڕماو درێژەی دەبێ.

وەزارەت ئازاد نابێ لە بڕیاردان و پلانداڕشتندا؛ وەزیر فرمانبەری سەرۆکی حکومەتە. مەرجەعی بڕیاری ئەمیش بنەماڵەیە، کە ڕژێمی دەرەکی کۆنتڕۆڵی دەکات. تەنانەت فەرمانی وەزارەتیش دەبێ سەرۆك ئیمزای بکات، نەك وەزیر؛ ئەم دەبێ لە تایبەتمەندی خۆیدا بەشداری داڕشتنی سیاسەتی دەوڵەت بێ، نەك لە ئۆفیسدا دابنیشێ خزمەتخوازی ببینێ. ئەمە کاری فرمانبەرێکی خوارەوەیە و سوککردنی پۆستی وەزیرە.

خەزێنەی هەرێمی کوردستان بە بەتاڵی دەمێنێتەوە و وەزیری دارایی ئاگاداری داهات و خەرجی حکومەتی هەرێم نابێ. هەرچی داهاتی هەرێمە دەچێتە لای حزب و تاریکی لە کۆکردنەوەی داهات و خەرجکردندا بەردەوام دەبێ. زنجیرە درامای “موچەی عێراق” لەگەڵ زنجیرە درامای “درۆنی تورك” درێژەیان دەبێ. هیچیان چارەسەر ناکرێن.

سەرۆکی حزبەکان لەگەڵ ئەوەی هەڵنەبژێراون و بەشداری هەڵبژاردن ناکەن، هەموو دەسەڵاتێکیان بەدەست دەبێ. جگە لە گەمەی سیاسی، هەرگیز گوێت لە سەرکردەیەك نابێ باسی خەمی خەڵك و چارەسەری کێشەیان بکات. ئەمان خەڵك بە مرۆ و موریدی خۆیان دەزانن.

هەولێر بە داگیرکراوی دەمێنێتەوە و پارتی هەر کەس و لایەنێك بە نەیار بزانێ، نایەڵی بچێتە هەولێرەوە جا با سەرۆکی پەڕلەمان، وەزیر یان ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیش بێ. پارتیش هەرگیز لە سەفارەت زیاتری لە سلێمانی نابێ، باشترین سیاسەت بۆ دابەشکردنی کوردستان و دوورخستنەوەی هەموو دەرفەتێكی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان.

هەرێمی کوردستان بە دابەشکراوی دەمینێتەوە و ئاسۆی دامەزراندنی دەسەڵاتی نێوەند و یەکێتی دانیشتوان نابینرێ. بە پێچەوانەوە، پارتی و یەکێتی کار بۆ ڕیشاڵکردنی دانیشتوانی هەرێم دەکەن، کە تەنیا ڕێی حکومڕانیانە. ئەمە سیاسەتی ڕژێمی ناوچەکە، پارتی و یەکێتی جێبەجێی دەکەن.

پارتی و یەکیتی لەژێر کۆنترۆڵی ڕژێمی تورك و فارسدا دەمێننەوە. بگرە بڕیاری سەرەکی لە هەرێمدا لە تاران و ئەنکەرەوە دەدرێ، دوو حزب تەنیا جێبەجێکارن.

هەرچ کاتێك پارتی و یەکێتی بوون بە دوو حزبی هاوچەرخ و سەرکردەیان گۆڕی و کوڕ جێی بابی نەگرتەوە و پوور و مام نەبوون بە سەرکردە، ئەوا باوەڕ بە دەستاودەستی دەسەڵات دەکەم. گەر ئەو حزبانەی دەسەڵات پێکدێنن، خاوەن میلیشیا بن و سەرکردایەتی حزب هەرگیزای هەرگیز نەگۆڕێ، بۆچی دەتوانن، هەرێمێکی سیڤڵ و دیمکرات دابمەزرێنن.

بە کورتی، هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێك گەندەڵ دەخاتە پەڕلەمانەوە، ڕووی قانونی دەدات بە دەسەڵاتی داپڵۆسەری پارتی و یەکێتی. دوای چوار ساڵ بە موچەیەکی خەیاڵی خانەنشین دەکرێن. پەڕلەمان گرفتێکی گەورەی کوردستانە، لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، هەرێم بە دیمکرات دەردەخات. هەڵبژاردن تەنیا پڕۆسەیەکە، دیمکراتیەت دەستگایە، کولتوورە، پرۆسە و پرۆسیجەرە و زۆر شتی دیکە بنەماین.

دوای هەڵبژاردن داگیرکرنی موڵکی گشت و کاولکردنی کوردستان بۆ بەرژەوەندی حزب و بنەماڵە بەردەوام دەبێ.

لەگەڵ ڕێزى
ريبوار ياسين فتاح




دانا عەسکەرو هێما هزریەکان.. ستار ئەحمەد

سەیتەرە

کەهاتمە کۆیە حەزم دەکرد لەسەیتەرەلەبری ئەوەی پێم بڵێن کاکە هەویەکەت ،
پێمبڵێن حەز بەکیهان گۆرانی خارە تایر دەکەی ؟
پلمبڵێن دەزانی حاجی قادری کۆیی لەداخی چی نیشتمانی بەجێهێشت ؟
لەهەولێر پێمبڵێن کێ عەبدولخالق مەعروفی تیرۆرکرد ؟
ئەدی لۆ لەبیرکرا ؟
کە هاتمە زاخۆ لەسەیتەرە پێمبڵێن
چایخانەی تەحسین تەها دەکەوێتە ئاوازی کام گەڕەکەوە ؟
لەسلێمانی پێمبڵێن کێ دڵی مەولانا خالیدی شکاند؟
کێ کامەران موکری و گۆرانی بەگژیەکدا کرد ؟
کە هاتمە هەڵەبجە پێمبڵێن
بۆچی لێرە خەڵک لەفڕینی کۆتریش دەترسن ؟
لەدهۆک پمبڵێن چەند ساڵە عەبدولڕەقیب یوسف نەگەڕاوەتەوە بۆ ئێره ؟
لەسنە پێمبڵێن
دەتوانی لەئاوێرەوە هادی زیائولدینی ببینی ؟
دەتوانی مەستوورەی ئەردەڵانی بخەیتە رستەیەکی مێژووییەوە بەمەرجێک دڵی کەس نەڕەنجێت ؟
ئەی بۆ لەئەدەبیاتی کوردیدا
کەس سوارەی ئێلیخانی زادە ناخەتە نێو جوملەی عاشقانەوە ؟
کە هاتمە مهاباد لەسەیتەرە پێمبڵێن
دەزانی سولەیمانی موعینی دەکەوێتە کوێی ماجەراکانی شۆڕشەوە ؟
ئەو نامەیەی ناردی بۆ پشتگوێ خرا ؟
کە گەڕامەوە بۆ کەرکوک
لەسەیتەرە دەڵێم سەبرێک بکەن
هەویەکەی ئازاد سوبحیم لەبیرچوو ..
دەچم لەدارپرتەقاڵی باخچەکەیان بۆن و بەرامەی عیشقتان بۆ دەکەمەوە،
حیکایەتی کەوتنی ئینتیماتان بۆ دەگێڕمەوە ،
تەنیایی نێو ژوورێکی ساردوسڕتانم بۆ دەهێنم .
چەند غەمگین لەژوور سەری سوبحی راکشاوە ،
تکایە ئیتر لەبری ئەوەی داوای هەویەمان لێبکەن ،
پرسیاری قودسیەتی تەختەی شانۆ و ..
رێچکە فەنتازیاکانی هەونەر و رۆشنبیریی گشتیمان لێبکەن ،
پێمانبلێن لەناو پاس بەبێ کتێب هاتووچۆ قەدەغەیە ،
لەبری گیرفانمان عەقڵمان بپشکنن ،
بەمەرجێک ئەوانەی لەسەیتەرە دەبن ،
عاقڵتر لەگەڵ کتێب و رۆشنبریی گشتیدا دۆستایەتی بکەن .
مامۆستا دانا عەسکەر لەم قەسیدە ناوازەیەدا کە ناوی “سەیتەرە”یە، بە شێوەیەکی هونەری و قووڵ، ڕەخنە لە واقیعی ڕۆژانە و تەسکبینیی بیرکردنەوە دەگرێت، بەتایبەتی لەو وێنانەی پەیوەندی بە سەیتەرەکانەوە هەیە.

تایتڵی “سەیتەرە”: گەلێک کاریگەر و گوزارشتکارە. “سەیتەرە” واتا (خاڵی پشکنین و کۆنترۆڵ)، کە لە زۆربەی شارەکانی کوردستاندا بوونی هەیە و هێمایە بۆ ڕێگریکردن، پشکنینی ڕووکەش و زۆرجار بێزاری. نووسەر بە گۆڕینی فەرمانی “پێناسەکەت” بۆ “پرسیارە کولتوورییەکان”، دەیەوێت سەرنجی خوێنەر و کۆمەڵگا بۆ گرنگیی کولتوور و ناسنامە ڕەسەنەکە ڕابکێشێت.

قەسیدەکە بە گەشتکردنێک لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر (کۆیە، هەولێر، زاخۆ، سلێمانی، هەڵەبجە، دهۆک، سنە، مهاباد، کەرکوک) داڕێژراوە. ئەم داڕشتنە جوگرافییە، هێما دەدات بە یەکێتیی خاکی کوردستان و دەوڵەمەندیی کولتووریی هەر پارچەیەکی.
تەکنیکی سەرەکیی قەسیدەکە بەکارهێنانی پرسیاری ڕەخنەگرانە و ئینتیماوییە. ئەم پرسیارانە لەبری ناسنامەی فەرمی، داوای ناسنامەی کولتووری، مێژوویی و هونەری دەکەن.
هێماکانی ناو پرسیارەکان: نووسەر بە زیرەکییەوە گەورەترین و گرنگترین ناوی هەر شارێک دەکاتە کلیل و باسی چوونەژوورەوە:
کۆیە: گۆرانی “خارە تایر” (کەی هان)، حاجی قادری کۆیی (مێژووی نیشتمانپەروەری).
هەولێر: عەبدولخالق مەعروف (پرسیار لەسەر مێژووی سیاسیی فەرامۆشکراو).
زاخۆ: تەحسین تەها (هونەر و گۆرانی).
سلێمانی: مەولانا خالیدی نەقشبەندی، کامەران موکری و گۆران (پرسیار لەسەر ناکۆکی و ئازارە ئەدەبییەکان).
هەڵەبجە: ترسی کۆتر (کیمیاباران و برینی نیشتمانی).
سنە و مهاباد: هادی زیائولدینی، مەستوورەی ئەردەڵان، سوارەی ئێلیخانی زادە، سولەیمانی موعینی (گرێدانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە جەستەی کولتووریی نەتەوەکەوە).
فەرامۆشکردن و پرسە سەرەکییەکەی تێکسەکە “ئەدی لۆ لەبیرکرا؟” و “بۆ پشتگوێ خرا؟”یە، کە گوزارشت لە خەمی فەرامۆشکردنی سیمبولەکان و بێبایەخکردنی ڕۆڵی ڕۆشنبیران دەکات لەلایەن دەسەڵات و کۆمەڵگاوە.
پەیامی کۆتایی شیعرەکە : گەڕانەوە بۆ کەرکوک و ئازاد سوبحی: کۆتایی قەسیدەکە پڕە لە سۆز و تراژیدیا. ئازاد سوبحی (کە هێمایە بۆ ڕۆشنبیر و هونەرمەندی فەرامۆشکراو و خەمگین) دەبێتە دوا وێستگە. نووسەر لێرەدا دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتا، بەڵام ئەمجارە بە بێبەشکردنی هەوییەی فەرمی، و ئینتیمای خۆی بۆ ڕووداوە کولتوورییەکان دەردەبڕێت.
خاڵی داواکاری: نووسەر بە ئاشکرا داوا دەکات کە “قودسیەتی تەختەی شانۆ”، “ڕێچکە فەنتازیاکانی هونەر و ڕۆشنبیریی گشتی” بخرێنە شوێنی “هەویە”، و دەڵێت: “لەبری گیرفانمان عەقڵمان بپشکنن”. ئەمە مانای گۆڕینی پێوەرەکانی بەهای مرۆڤە.
پوختە:
“سەیتەرە” تەنیا قەسیدەیەک نییە، بەڵکو بانگەوازێکی قووڵی ڕۆشنبیرییە بۆ ئەوەی کولتوور و مێژوو و هونەر ببنە بناغەی ناسنامە و هەستی نیشتمانی، نەک تەنیا پارچە کارتێکی فەرمی. دانا عەسکەر بە شێوازێکی جوان، شیعر دەکاتە چەکێکی ڕەخنەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بێ ڕۆحی و ڕووکەشێتیی ژیانی فەرمی.

ستار ئەحمەد