‏چەپگەرایی  ژێل دۆڵۆز لە نێوان مایکرۆکۆمۆنیزم و فەلسەفەی جیهانی سێیەمدا.. ‏و. لە عەڕەبیەوە: یاسین لەتیف

نووسینی: ‏د . زهیر الخویلدي..

‏پێشەکی

‏”چەپ” لە ڕوانگەی جێل دۆلۆزەوە بە پلەی یەکەم ئاماژە نیە بۆ پارتێکی سیاسی یان ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو، بەڵکو مەبەستێکە بۆ هەڵوێستێک کە  لەسەر بنەمای  دروستکردن و دووپاتکردنەوەی جیاوازی و بەرەنگاربوونەوەی نۆرم و پێکهاتەکانی دەسەڵات دامەزراوە  . هاوکات  پەیوەستە بە کارلێکی کارێگەری چالاکانە لەگەڵ جیهاندا لە ڕێگەی پرۆسەی خوێندنەوە و لێکدانەوەی “ڕادیکاڵانە”. کە ئاڵنگاری گێڕانەوەی باڵادەست و خوڵقاندنی توانا نوێکان دەکات ، نەک گونجان لە گەڵ گوتراوەکانو سیستەمی دیاریکراوی پێشوەخت، ڕەتکردنەوەی پۆلە پێشوەختەدیاریکراوەکان:

‏چەمکی “چەپ” لای دؤلۆز  گوزارشت نییە لەخۆگونجاندن  لەگەڵ سپێکتریمی (الطیف) سیاسی تەقلیدی  ، بەڵکو ڕەخنە گردنە لە مەیلی پۆڵێنکردن و پێناسەکردنی شتەکان . بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەم پۆڵێنکردنە زۆرجار خزمەت بە بەهێزکردنی پێکهاتەکانی دەسەڵاتی ئێستا دەکات.

‏له ئامێزگرتنی جیاوازی و گۆڕانکاری . 

‏”چەپ” لای دۆلۆز لە ئامێز گردتنی جیاوازی و گۆڕانکارییە-  هەروەها پرۆسەیەکی بەردەوامی گۆاستنەوەو و گۆڕانکارییە کە بەرەنگاری چەقبەستن و یەکسانیی دەبێتەوە.

‏خوێندنەوەو شیکردنەوەی  دڕندەیی، 

‏ئەمەش بریتییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ دەق و بیرۆکەکان بە شێوەیەکی “دڕندانە” و  هەڵوەشاندنەوەیان و دوبارە کۆکردنەوەیان و دروستکردنی مانا و پەیوەندی نوێ کە ڕەنگە نووسەرە ڕەسەنەکان مەبەستیان نەبووبێت.

‏بە سیاسیکردن وەک نۆرم . 

‏دۆلۆز پێشنیاری ئەوە دەکات کە پراکتیکی سیاسیکردنی چەپ- کە بەردەوام  گومان و  ئاڵنگاریی نۆرمە دامەزراوەکان دەکات، دەتوانێت ببێتە پێوەرێک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ناکۆکییە فەلسەفییەکان و دروستکردنی ئەگەری نوێ.

‏لە دەرەوەی مۆدێرنێتە . 

‏میتۆدی دۆڵۆز  تێگەیشتنی مۆدێرنێتی چەپ تێدەپەڕێنێت ، کە زۆرجار پشت بە بیرۆکەی جێگیر و پێشکەوتنی هێڵی دەبەستێت. دیدێکی زۆر نەرمتر و دینامیکیتر بۆ واقیع بونیاد دەنێت . هاوکات گۆڕانکاری و جیاوازی بەردەوام لە جەوهەریدا ئامادەن.  بەو مانایەی ئاراستەی چەپگەرایی لای دۆلۆز بە واتای بەشداری چالاکانە لە دروستکردنی جیهانێکی کراوەتر و دینامیکیتر و هەمەچەشنتر. جیهانێک کە بەردەوام لە پەرەسەندندایە و بەرەنگاری هێزەکانی یەکسانی و کۆنترۆڵ دەبێتەوە.

‏دەقی دیالۆک ..  “چەپ” واتای چییە؟

‏وەک لە وتارەکەی پێشوودا ئاماژەم پێدا، “ئەبیسێدەر” هەرگیز وەرنەگێڕدراوەتە سەر زمانی ئینگلیزی (لانی کەم، بەپێی ئاگاداری من).لێرەدا بەشداری بچووک و نامۆی من لە کارێکی وەها گەورەدا. ئەمە کۆتایی ئەو “بابەتە”یە (جیلی  چەپگەرایی) کە تیایدا ژێل دۆلۆز لە دوو بەشدا پێناسەی “چەپبوون” دەکات کە مانای چییە. 

‏بەشی دووەم ڕوونکردنەوەیەکە بە زاراوەیەکی زۆر سادە بۆ چەمکی “بوون” کە لەگەڵ فێلیکس گواتاری لە پەرتوکی “هەزار ڕوو تەخت”  بەرهەمان هانیوە . 

‏کلێر بارنیەر: مانای “چەپ” بوون بۆ تۆ چی دەگەیەنێت؟

‏ژێل دۆلۆز:  باشە ئێستا پێت دەڵێم کە ناتوانرێت حکومەتێکی چەپ هەبێت. ئەمە بەو مانایە نییە کە جیاوازی لە نێوان حکومەتەکاندا نییە. باشترین شت کە دەتوانین هیوای بۆ بخوازین حکومەتێکە کە پاڵپشتی بەشێک لە داواکارییەکانی چەپەکان بکات، لەکاتێکدا حکومەتێکی چەپ بوونی نییە. چۆن پێناسەی “چەپ” بکەین؟ من ئەمە بە دوو شێوە دەڵێم یەکەم: کێشەی تێگەیشتنە. کێشەی تێگەیشتن واتای ئەوەیە “چەپ نییە” ئەمەش لە ناونیشانی پۆستەوە دیارە ، چەپ نەبوون واتە لە خۆم و شەقامەکەم و لە شارەکەم و لە وڵاتەکەمەوە دەست پێبکەم و دواتر لە وڵاتانی ترەوە. ئێمە لە خۆمانەوە دەست پێدەکەین و لەبەر ئەوەی ئێمە ئیمتیازمان هەیە و لە وڵاتێکی دەوڵەمەنددا دەژین، پرسیار دەکەین کە چۆن دەتوانین بە تێپەڕبوونی کات ئەم دۆخە بپارێزین. ئێمە هەست بە هەندێک مەترسی دەکەین،  ئەم دۆخە ناتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بێت، ئێمە دەڵێین “بەڵام چینییەکان زۆر دوورن، چۆن دەتوانین ئەوروپا بە تێپەڕبوونی کات بپارێزین؟” چەپ بوون بە پێچەوانەوەیە. ئەوە  درک کردنە وەک دەوترێت ژاپۆنییەکان  درکی پێ دەکەن . ئەوان وەک ئێمە هەست ناکەن، بەڵکو پێش هەموو شتێک هەست بە دەوروبەرەکەیان دەکەن دەڵێن: جیهان، کیشوەر، ئەوروپا، فەرەنسا و هتد …. ، شەقامی بیزەرتێ من. ئەمە دیاردەی  درک کردنە ، بەم شێوەیە  یەکەم جار  هەست بە ئاسۆ دەکەین. 

‏کلێر بارنیەر:  لە ڕاستیدا ژاپۆنییەکان چەپ نین! ؟ 

‏ژێل دۆلۆز: ئەمە هۆکارەکە نییە. لەم  درککردنەدا ئەوان چەپن بە واتایەکی تر چەپن.  یەکەمجار ئاسۆ دەبینیت دەزانیت زۆر ناخایەنێت مەحاڵە ملیۆنان کەس کە بە برسێتی دەمرن، هێشتا بتوانن خۆڕاگر بن بۆ ماوەی سەد ساڵ . بەڵام لە کۆتاییدا بەرگەی ئەو ستەمکاریە ڕەهایە ناگرین ئەمە کێشەیەکی ئەخلاقی نییە، بەڵکو کێشەی تێگەیشتنە. ئەگەر  بە هەموان دەست پێ بکەین ئەوا ئێمە چەپین. ئەمەش بەو مانایەیە کە دەتوانین ئەم پرسانەش چارەسەر بکرێن ، ئەمە بە هیچ شێوەیەک بەو مانایە نییە کە بڵێین دەبێت ڕێژەی لەدایک بوون کەم بکەینەوە و ….هتد. چونکە وتنی وا تەنها ئامرازێکی ترە بۆ پاراستنی ئیمتیازاتی ئەوروپا مەبەست ئەوە نییە.  لە ڕاستیدا بڕیارەکە پەیوەندی بە دۆزینەوەی ڕێکخستنە جیهانییەکانەوە هەیە کە ئەم کێشانە چارەسەر بکات. چەپ بوون واتە بزانین کە پرسەکانی جیهانی سێیەم لە ئێمە نزیکترن لە دراوسێکانمان بەڕاستی کێشەی تێگەیشتنە نەک کێشەی ڕۆحێکی جوان ئەوە جەوهەری چەپ بوونە بۆ من.

‏دووەم: چەپ بوون  بۆ من پرسی گۆڕانکارییە هەرگیز گۆڕاکاری بۆ کەمینەبوون نەوەستێت. لە ڕاستیدا چەپ هەرگیز زۆرینە نییە و بە هۆکارێکی زۆر سادەش.چونکە زۆرینە وا گریمانە دەکات تەنانەت کاتێک ئێمە دەنگ دەدەین کە زۆرترین ژمارەی خەڵک تەنها دەنگ بە شتێک نادەن… زۆرینەگریمانەی ستاندارێک دەکات .لە جیهانی ڕۆژئاوادا ئەو نۆرمەی کە هەموو زۆرینەیەک گریمانە دەکات بریتییە لە نێر، گەورەساڵ،‏هێترۆسێکسوال ئەمانە لە شاردا دەژێین . ئێزرا پاوەند و جویس شتگەلێکی لەو چەشنەیان گوت  ، بڕیارەکە ئایدیاڵە ئەمە ئەوەیە ستاندارد . بۆیە سروشتییە کە زۆرینە لە کاتی دیاریکراودا ئەم ستانداردە  بە دەست بێنێت . هەر وێنەی پیاوێک، گەورەساڵ،  هێتۆسێکسواڵ، لە شاردا دەژین  تا ئەو ڕادەیەی کە دەتوانم بڵێم زۆرینە کەس نییە ، ئەمە کەس نییە، ستانداردێکی بەتاڵە بە سادەیی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک هەن، زۆرترین ژمارەی خەڵک خۆیان درک بەوە دەکەن کە لەم ستانداردە بەتاڵەدان، بەڵام ستانداردەکە لە خودی خۆیدا بەتاڵە. کاتێک ژنان ئەژمار دەکرێن  و دەچنە نێو زۆرایەتیەوە یان كەمایەتیکی دووەمەوە بە پێوەری کۆمەڵەکەیان  سەبارەت بەم ستانداردە  ، بەڵام چیتر ؟ 

‏هەموو  بوونەکان هەن کە بە  بوونی کەمینە دادەنرێت. ‏ئەوەی مەبەستمە ژنەکان ژنگەلێکی سروشتی نیین  بەڵکو بوونیان هەیە ، ئەگەر ژنان بونیان هەبێت کەواتە پیاوانیش بوونیان هەیە ، پێشتر باسی بوونمان دەکرد وەک ئاژەڵ منداڵان بوونێکیان هەیە ئەوان بە سروشت منداڵ نین. هەموو ئەم بوونانە بوون بە کەمینە. 

‏کلێر بارنیە: کەواتە تەنها بەشەر بوونی ئینسانیان نییە، ئەمە سەختە!  

‏  ژێل دۆلۆز: ناتوانن، ئەوە نۆرمێکی زۆرینەیە. مرۆڤی پێگەیشتوو بوونێک نییە دەکرێت مرۆڤ  توانای  بوونی هەبێت ، بەم شێوەیە دەبێت بەشداری پرۆسەکانی بوون بە کەمینە بکەن ، چەپ کۆی پرۆسەکانی بوون بە کەمینەیە . بۆیە دەتوانم بە شێوەیەکی ڕستەیی بڵێم: زۆرینە کەس نییە کەمینەش هەموو کەسێکە ئەمە واتای چەپ بوونە. بزانین کە کەمینە هەموو کەسێکە و دیاردەی بوونیش لێرەدا ڕوودەدات.

‏  ” ئەبسیدەر ” لە ٢١ی حوزەیرانی ٢٠١١ بڵاوکراوەتەوە‏ چاوپێکەوتنێکە لەگەڵ ژێل دۆلۆز، کەماوەی حەوت کاتژمێر و نیو دەخایەنێت. لە ساڵی ١٩٨٨ لەلایەن کلێر بارنی خوێندکاری پێشووی و هاوڕێ نزیکەکەیەوە تەواو بووە و لە بەرهەمهێنان و دەرهێنانی پیێر ئەندرێ بوتانگ . پێموایە نایابترین پێشەکییە کە مرۆڤ خەونی پێوە ببینێت بۆ  تێگەیشتن لە فەلسەفەی ژێل دۆلۆز، چونکە  لەم ڤیدۆیەدا زمانەکەی زۆر سادەیە لەوەی لە کتێبەکانیدا بەکارهاتووە (لانی کەم لە زۆربەیاندا).  ئەم بەڵگەنامەیە بە ناوی Abécédaire ـە، کە تیایدا کلێر بارنێت و ژێل دۆلۆز کۆمەڵێک بابەت و کێشە ئاڵوگۆڕ دەکەن کە وەک یەک تەوەر  پێشنیار کراون بۆ هەر پیتێک لە پیتە  ئەبجەدیەکان . 

‏شرۆڤە

‏دۆڵۆز و مایکرۆ کۆمۆنیزم ..

‏ ئامانجی بابەتەکەم : دۆلۆز کەمێک سوورە ڕەنگە سەیر بێت فەلسەفەی دۆلۆز بە ڕەنگی کۆمۆنیزمەوە گرێ بدەین. بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا باسی من لەسەر ئەو ڕاستییەیە کە دۆلۆز یەکێک بووە لەو فەیلەسوفە ئەوروپیانەی کە  فەلسەفەی بیرۆکەی کۆمۆنیزمی داڕشتووە بە لەبەرچاوگرتنی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکان لە جیهانی سێهەمدا، پڕۆژەکەی دۆلۆز ناونرا “مایکرۆکۆمۆنیزم”  کە هەوڵیدا لە ڕێگەی ئەزموونی سیاسی شۆڕشگێڕانی غەیرە ئەوروپییەوە فەلسەفەی سیاسی لە چوارچێوەیەکدا دابڕێژێتەوە. ‏ئەم لێکۆڵینەوەیە بەو مانایە نییە کە من باس لە پەیوەندی ڕاستەوخۆی دۆلۆز لەگەڵ جیهانی سێیەم بکەم یان باس لە پێشهاتە مێژووییەکانی بکەم. جیهانی سێیەم بۆ دۆلۆز و گواتاری تەنیا زاراوەیەکی جوگرافی نییە، بەڵکو زاراوەیەکە کە ئاماژەیە بۆ ناوچەی سێیەم “کە زمان دەتوانێت لێی دەرباز بێت، ئاژەڵ دەچێتە ناو شتەکانەوە و گرداکۆ بوون تێدا  ڕۆڵ دەبینێت.

 جیهانی سێیەم لای دۆلۆز بابەتێکی جیۆپۆلەتیکی نییە بەڵکو “گەردوونێکی ئاژاوەگێڕە ” گەمەیەکە لە نێوان “مانا و بێ مانا دا” . کۆی  دونیای سەرمایەداری لە ڕێی ئیمپریالیزم و کۆڵۆنیالیزمەوە دروست بووە ، بەم مانایە جیهانی سێیەم ملکەچ نییەبەڵکو کار بۆ هەڵوەشاندنەوە و تێکدانی زمان و یاسای ڕۆژئاوایی دەکات. ناوچەکانی جیهانی سێیەم  دامەزراوە بۆ “بەکارهێنانی سنووردار یان چڕ” بۆ زمانی ئۆپزسیۆن  . “سیفاتی  چەوساوەیەی ئەم زمانە وەک سیفاتی ستەمکاریە” ئەم چەمکە لە ئەدەبیاتی سنووردار واتە “بەکارهێنانی سنووردار”ی زمان. بەو مانایە نییە “ئەدەب” بە تایبەتی کەمینە بێت ، وەک دانیال سمیس ئاماژەی پێدەکات  کەواتە “سنووردار” ئاماژەیە بۆ “مەرجی شۆڕشگێڕانەی هەموو ئەدەب”.  من دەڵێم ئەم چەمکە سنووردارە پێوەندی  بە جیهانی سێیەمەوە هەیە دەبێ وەک کلیلێک بۆ تێگەیشتن لە ڕێبازی دۆلۆز بۆ کۆمۆنیزم سەیر بکرێت.‏کۆمۆنیزم وەک دروستکردنی هەلومەرجی شۆڕشگێڕانە هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە مایکرۆکۆمۆنیزم چەندین پراکتیکی کۆمۆنیستی بەدوای خۆیدا دەهێنێت بۆ دروستکردنی هەلومەرجی شۆڕش. کەواتە دەکرێت وا تەماشای چەمکی دۆڵۆزو گواتاری بۆ جیهانی سێیەم بکەین  کە پەیوەستە بە مایکرۆ کۆمۆنیزمەوە ، بە خوێندنەوەی من شانبەشان کار دەکات لە گەڵ چەمکی ئەدەبیاتی بچوکدا کە بەکارهێنانی زمانێکی تەواو جیاواز دەگرێتەوە لە بەرامبەر نیشاندەری باڵادەستی دەوڵەتی سەرمایەداریدا . ئەم چەمکانە لەگەڵ بیرۆکەی سەرەتایی دۆلۆزدا یەکدەگرنەوە کە ‘پراکتیکی بەرز’ی تواناکانە کە لە ڕێگەیەوە ڕەخنە لە کۆکردنەوەی نوێنەرایەتی کانت دەگرێت.
دۆڵۆز وای ڕچاو کردووە کانت بەڕادەی پێویست ڕەخنەگر نەبووەو بە ڕادەی پێویستیش ئەزموونگەر نەبووە ، زۆر دوگماتیزم بووە. بەڵام  لە گەڵ ئەوەشدا دۆلۆز هەندێک  ڕەگەزی بەنرخ لە دیدگا ڕەسەنەکانی کانتدا بۆ کات و بیرۆکەکان وەک کێشە و توانا ناتەباکان دەدۆزێتەوە. ئامانجی دۆلۆز ڕەتکردنەوەی فەلسەفەی خودی کانت  نییە، بەڵکو شۆڕشکردنە لە فەلسەفەی ڕەخنەی کانتدا . بەم مانایە چەمکی جیهانی سێیەم لە فەلسەفەی دواتری دۆلۆزدا بە هاوکاری گواتاری بە پڕۆژەی فەلسەفی ڕەخنەیی بەردەوامی ئەو دادەنرێت . کە ڕەخنەیەکی بنەڕەتی پێشکەش دەکات لە سەردەمی سەرمایەداری جیهانیدا.

 ‏ئەمڕۆ چەپی ڕادیکاڵ لە پاشە کشەو بچووکبوونەوەدایە، لە کاتێکدا پۆپۆلیزمی فاشیستی سەرهەڵدەدات و خێراتر دەبێت. ‏‏لە ژێر ڕۆشنایی ئەم دیدە ڕەشبینانەیە بۆ دۆخی سیاسی ئێستا ڕادیکالیزمی دۆلۆز و گواتاری لە فەلسەفەدا لە  مانگی ئایاری ١٩٦٨ تا ئێستاش کارێگەرەکانی پەیوەستە بە ئێمەوە. جگە لەوەش هەوڵەکانیان بۆ بەستنەوەی فەلسەفەی سیاسی بە چەمکی جیهانی سێیەمەوە ئەوەندە بەهێزە  پێداویستی داهاتووی سیاسەتی چەپگەرایی  دادەڕێژێت . بۆ هەندێک زاراوەی “جیهانی سێیەم” بەسەرچووە، ئێستاش زاراوەی “باشووری جیهانی” جێگەی گرتووەتەوە. جگە لەوەش بزووتنەوەی سیاسی جیهانی سێیەم بزووتنەوەی بێلایەنەکان شکستێکی  گەورەیان بە نسیب بووە ، کۆتاییان بووە بە کێبڕکێیەکی وەسوەسەو  دڵەڕاوکێی نێوان دەوڵەتە نەتەوەییەکان بۆ “بردنەوە” لە لوتکەی سەرمایەداری جیهانیدا.   دەبێت چاوخشاندنەوەیەک بە فەلسەفەی دۆلۆز سەبارەت بە جیهانی سێیەم بە بێزاری سیاسی بەرەوڕوو بێتەوە. بە پێچەوانەی ڕەوتەکەوە، من دەڵێم  چەمکی جیهانی سێیەمیان ئامانجی ئەوەیە ئاڵنگاری ئەو نیشاندەرە بکات کە بە “کۆمۆنیزمی گەورە” دراوە، واتە پارتی کۆمۆنستی فەرەنسی و مارکسیزمە “فەرمییەکان”ی دیکە زۆرێک باسیان لەوە کردووە کە پڕۆژەی فەلسەفی دۆلۆز و گواتاری ڕاستەوخۆ لە ڕووداوەکانی مانگی ئایاری ١٩٦٨ سەریهەڵداوە، لەڕاستیدا دەتوانرێت بڵێین فەلسەفەی سیاسی ئەوان ڕۆحی بزووتنەوەی ڕادیکاڵی پاراستووە. بەڵام ئەم پێناسەیە بۆ ڕادیکالیزمەکەیان ناڕوون و دووفاقییە. پێدەچێت پڕۆژە فەلسەفیەکەیان  پەک بخات. لە کاتێکدا پێشبینی دووبارە سەیرکردنەوەی سیاسەتەکانیان دەکرێت لە ڕوانگەیەکی نانۆرماتیڤەوە، پێویستە ڕەچاوی جۆری ئەو دیدگایە بکرێت کە هەوڵیانداوە لە فەلسەفەی سیاسی خۆیاندا بیپارێزن . زاراوەی “فەلسەفەی سیاسی” بە گشتی بە مانای تیۆری حکومڕانی  دەگەیەنێت  . بەڵام زاراوەی دۆلۆز و گواتاری لە بنەڕەتدا جیاوازە لەم بەکارهێنانە باوەدا. 

هەروەها سمیس ئاماژە بەوە دەکات کە “دۆلۆز لە ڕێگەی بەکارهێنانی ناوازەی ئەم چەمکە بە ڕوونی خۆی لە ڕێبازەکانی دیکە بۆ تیۆری کۆمەڵایەتی دوور دەخاتەوە.” بۆ نموونە پشت دەبەستێت  بە تیۆری دەوڵەت (ئەفلاتون)،  یان گرێبەستی کۆمەڵایەتی (هۆبز)، یان ڕۆحی یاساکانی (مۆنتێسکیۆ)، یان لەسەر کێشەکانی “ئاشتی هەمیشەیی” (کانت) یان شەرعیەت (دورکهایم، هابەرماس) و هتد . وەک چۆن لە چەمکی “ئەدەبیاتی لاوەکی”دا، دۆلۆز لێرەدا “پراکتیکی زاڵ”ی فەلسەفەی سیاسی بۆ دروستکردنی سیاسەتی نوێ دەناسێنێت،  بەو مانایەی ئەزموونێکی فرەیی سیاسی لە بەرامبەر تیۆری سیاسی نۆرماتیڤدا. لەم ڕوانگەیەوە ئێدواردۆ ڤیڤێرۆس دی کاسترۆ،  زانای ئەنترۆپۆلۆژی بەڕازیلی بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ نەوەی ئێمە  ئاماژە بەوە دەکات:  ناوی  ژێل دوڵۆز یەکسەر ئەو گۆڕانکارییە فیکرییە دەهێنێتە بەرچاو کە ئەو قۆناغەی دەوروبەری ساڵی ١٩٦٨ی دیاری کرد . کاتێک هەندێک لە ڕەگەزە بنەڕەتییەکانی تێگەیشتنی کولتووری هاوچەرخمان دامەزراند ،  مانا و دەرئەنجام و واقیعی ئەم گۆڕانکارییە مشتومڕێکی توڕەیی لێکەوتەوە کە تا ئێستاش بەردەوامە. وەک ڤیڤێرۆس دی کاسترۆ دان بەوەدا دەنێت میراتی فەلسەفەی سیاسی دۆلۆز هێشتا جێگەی مشتومڕە. ڤیڤێرۆس دی کاسترۆ لێرەدا ئاماژە بەوە دەکات کە ناوی دۆلۆز  ئەو “گۆڕانکارییە فیکرییە”ی بیری  نەوەی خۆی دەخاتەوە کە لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٦٨دا سەریهەڵدا .
خەمی من لەگەڵ ساتەوەختی دۆلۆز و(گواتاری)ی دیدگای سیاسیدایە و ئارگیومێنتەکانم وا گریمانە دەکەن کە ئەو گۆڕانکارییەی دۆڵۆز و گواتاری هەوڵیان دەدا لە قۆناغی شۆڕشدا بیهێننە ئاراوە “کودەتا” بووە بۆ دەستێوەردانەکانیان لە فەلسەفەی ئەوروپی لە ڕوانگەی جیهانی سێیەمەوە – بەشداریکردنی تیۆری لەگەڵ نیشاندەری باڵادەستی کۆمۆنیزم . مایکرۆ کۆمۆنیزم بە واتای کۆمۆنیزمی فرەیی بە بێ حزبی ناوەندی ، گومانی تێدا نییە کە دۆلۆز و گواتاری ئیلهامیان بۆ بیرۆکەی کۆمۆنیزمی لامەرکەزی لە بزووتنەوە شۆڕشگێڕەکانی جیهانی سێهەمەوە  وەرگرتووە  . 

‏ فەلسەفەی جیهانی سێهەم

‏لە ڕاستیدا فەلسەفەی سیاسی ئەوان بەبێ بوونی جیهانی سێیەم  مانایەکی نەدەبوو کە نوێنەرایەتی  ناکرێت .  چەمکی دۆلۆز و گواتاری بۆ چەمکەکان تاکە ڕێگایە بۆ تێگەیشتن لە فەلسەفەی سیاسییان. بەم مانایە جیهانی سێیەم نوێنەرایەتی ئامادەبوونێکی ڕاستەقینە لە سیاسەتەکەیاندا ناکات، بەڵکو نوێنەرایەتی ئامادەبوونێکی مەجازییە . بۆیە فەلسەفەی جیهانی سێهەمیان لە چەمکی کەمینەیەک وەک “گەلێکی غەیاب”دایە، ئەو کەسانەی کە بە زمانی حوکمڕان یان ئایدۆلۆژیا نوێنەرایەتی ناکرێن . جگە لەوەش چەمکی جیهانی سێیەم ئاماژەیە بۆ پراکتیکی زاڵانەی زمان، واتە ڕەخنە گردن لە جەوهەری نوێنەرایەتی . ڕەنگە لێرەدا بوەستین و پرسیار لەبارەی ئەو زەمینە ئایدیۆلۆژیەوە بکەین کە دۆلۆز و گواتاری چەمکی جیهانی سێیەمیان لە گوتاری فەلسەفی خۆیاندا جێگیر کردووە  . ئیمانوێل والێرشتاین ئیدیعا دەکات کە “ناڕەزایەتی سەرەکی لە ساڵی ١٩٦٨ دژی زاڵبوونی ئەمریکا بووە بەسەر  سیستەمی جیهانیدا” . بۆیە سەیر نییە کە دۆلۆز و گواتاری گریمانەی هەژووونی ئەمریکی بکەن لە ئارکۆمێنتە سیاسی – فەلسەفییەکانیاندا، لە بابەتگەلێکی جۆراو جۆردا ڕاستەوخۆ پرۆژە سیاسییەکەیان بە دژە ئیمپریالیستی یان پۆست کۆلۆنیالیزم وەسف دەکەن . 

 ئەم ئاراستە سیاسییە لەو ڕۆژانەدا نە بەڕێکەوت بوو ، نە ناوازەش بوو  ، بەڵکو دەتوانرێت بڵێین مانگی ئایاری ساڵی ١٩٦٨ لوتکەی دۆزینەوەی چەپی ئەوروپی بوو بۆ گەلانی جیهانی سێیەم. لە سایەی ئەم دۆخەدا فەلسەفەی سیاسی دۆلۆز و گواتاری ئامانجی فەلسەفەکردنی واقیعی گەلانی جیهانی سێهەم بوو . بەڵگەیەک کە پەیوەندی نێوان دۆلۆز و وشەی سێیەم ئاشکرا دەکات ئەوەیە کە دۆلۆز (لەگەڵ گواتاری) چەمکی “گەلانی ونبوو”یان بونیادنا  بۆ ڕوونکردنەوەی پانتایی جیهانی سیاسەت . کەواتە ئەم کەسانە کێن؟ بیرۆکەی ئەو سەبارەت بە خەڵکی نەبینراوی ڕۆژئاوا، مێتافۆر نییە، بەڵکو ئەگەرێکە بۆ سیاسەتی دژە نوێنەرایەتی- داهێنانی پرۆلیتاریای جیهانی.‏‏لە ئێستادا ناتوانرێت چینێکی شۆڕشگێڕی یەکگرتوو لەناو ئەو دابەشکارییە کۆمەڵایەتییەی کە هەیە دەستنیشان بکرێت. ڕەنگە ڕووداوەکانی داهاتوو ببنە هۆی سەرهەڵدانی ئەو جۆرە کەسانە  .  من دەڵێم چەمکی کەسانی ونبوو بە تەواوی لەگەڵ ڕووداوی مێژوویی بزووتنەوەی بێ لایەنەکان لە جیهانی سێیەمدا دەنگ دەداتەوە . بەم پێیە پڕۆژەی سیاسی دۆلۆز و گواتاری لە چوارچێوەی سێ گرووپی مێژوویی چەپی فەرەنسیدا جێی نابێتەوە:
چەپی کۆماری، چەپی سۆسیالیستی و چەپی کۆمۆنیستی ، میشێل وینۆک گروپی چوارەمی  چەپ بە “چەپی  پەڕگیر ” ناودەبات ، ‏لویس ئۆگست بلانکی و ژان پۆڵ سارتەر نموونەی ئەم گروپە چوارەمەن، کە ڕەخنەیان لە دامەزراندنی ئەم جۆرە چەپەدا هەبوو و دیموکراسی نوێنەرایەتیان ڕەتکردۆتەوە . بۆ ئەوان سیستەمی هەڵبژاردن ئامرازێکی حوکمڕانی بوو بۆ گەمارۆدانی شۆڕشی گەل. بە پێچەوانەی مۆدێلی چەپی توندڕەوی وینۆک، کریستۆف کاڵتەر ئاماژە بەوە دەکات کە چەپی نوێی ڕادیکاڵ لە دوای ساڵی ١٩٥٦  بەرەو شۆڕشی چوارەم دەڕۆیشتن.ئەو دەڵێت: کۆتایی هاتنی ئیمپراتۆریەتەکانی کۆلۆنیالیزم کاریگەری لەسەر دوو بوارە بنەڕەتییەکانی خۆتێگەیشتنی چەپ هەبوو کە پۆتانسێلی گەورەی خەباتیان هەبوو: ‘شۆڕش’ و ‘ ئەنتەرناسیۆنالیزم’. گفتوگۆکان سەبارەت بە پابەندبوون بە شۆڕش و ئامرازە گونجاوەکانی گەیشتن بەو شۆڕشە بووە هۆی ناکۆکی بەردەوام لەناو چەپدا. هەروەها تیۆرو پراکتیکی ئینتەرناسیۆنالیزم بووە هۆی ناکۆکی .  چونکە داواکاری سروشتی بۆ نیشاندانی “هاودەنگی” لەگەڵ کۆلۆنیالیزمەکان زۆرجار لەگەڵ سیاسەتی چەپی فەرەنسی  بەریەککەوتنی هەبوو کە ناسیۆنالیست و لایەنگری کۆلۆنیالیزم، یان لایەنگری مۆسکۆ بوون.‏مشتومڕەکان لە دەوری خەبات و سیاسەتی چەپەکان لە چەمکی جیهانی سێیەمدا کۆدەبوونەوە.

چەمکی جیهانی سێیەم پرسیاری لەبارەی ڕۆڵی چەپی فەرەنسی لە جیهاندا وروژاند ، جگە لە پرسیارەکان سەبارەت بە “کارەکتەری شۆڕشی کۆمەڵایەتی-سیاسی و ئەکتەرەکانی و شوێن و پاڵنەرەکانی” . فرەچەشنی و لێکنزیک بوونەوەی چەپ لە دەوری هەمان چەمکی جیهانی سێیەم دەسوڕایەوە و جەختی لەوە دەکردەوە کە هاودەنگی لەگەڵ گەلانی کۆلۆنیالیزمدا بۆ شۆڕشێکی ڕیشەیی شتێکی بنەڕەتییە. گومانی تێدا نییە کە فەلسەفە سیاسییەکانی دۆلۆز و گواتاری لەگەڵ داواکارییەکانی چەپی توندڕەوی نوێدا هاوتەریب بوون.‏لەم ڕوانگەیەوە دەبێت لە پڕۆژە سیاسییەکەیان تێبگەین کە تیشک دەخاتە سەر ئارەزوو نەک دەسەڵات، وەک هەوڵێک بۆ ڕەخنەگرتن لە گوتاری کۆنی چەپ و نوێکردنەوەی گریمانەی شۆڕش . دۆلۆز و گواتاری لەسەر بنەما سیاسییەکانیان  بانگەشەکردنی مەجازی جیهانی سێیەمیان بونیادنا لە ڕێگەی  دیالۆکو باسەکانیانەوە سەبارەت بە “کەسانی ونبوو”. بیرۆکەی دۆلۆز و گواتاری بۆ سیاسەتی مەجازی، واتە سیاسەتی خەڵکی ونبوو، 

‏لەگەڵ جوانیناسی دژە نوێنەرایەتیی ئەواندا دەنگ دەداتەوە  . تێگەیشتنی دۆلۆز لە سینەما چەند بەڵگەیەک بۆ ئارگیومێنتەکەم دەخاتە ڕوو. ئەو ئەم ئارگیومێنتە پشتگیرییەی خوارەوە سەبارەت بە “خەڵکی ونبوو” لە سینەما ٢دا دەخاتە ڕوو . لە سینەمای ئەمریکی و سۆڤیەتدا خەڵک بەڕاستی بوونیان هەیە،  ڕاستەقینەن پێش ئەوەی واقیعی بن، ئایدیاڵن بەبێ ئەوەی ئەبستراکت بن . لێرەوە ئەو بیرۆکەیە هاتە ئاراوە کە سینەما وەک هونەرێکی جەماوەری دەتوانێت باڵاترین هونەری شۆڕشگێڕانە یان دیموکراسی بێت و جەماوەر بکاتە بابەتێکی ڕاستەقینە .  بەڵام زۆر فاکتەر ئەم باوەڕەیان لاواز کرد ، سەرهەڵدانی هیتلەر کە ئامانجی ئەوە بوو  لە ڕێی سینەماوە جەماوەر ملکەچکات ، نەک جەماوەر بکاتە بابەت و هەست بە بوونی خۆیان بکەن ، ستالینیزم کە کۆدەنگی گەلی گۆڕی بۆ یەکگرتوویی حزبی پاوانخوازانە ،  هەڵوەشاندنەوەی گەلی ئەمریکا، کە چیتر باوەڕیان بە خۆیان نەدەکرد کە ئەو گەلە تواوەیەی ڕابردوون ، یان تۆوی گەلێکی داهاتوون . (  ڕۆژئاوای نوێ یەکەم بوون کە ئەم هەڵوەشاندنەوەیان پیشاندا ) . بەکورتی ئەگەر سینەمایەکی سیاسی مۆدێرن هەبوایە، لەسەر ئەم بنەمایە دەبوو:  جەماوەر بوونی نەماوە، یان هێشتا نەبووە…  گەل ون بووە . زەحمەت نییە لێرەدا ببینین کە دۆلۆز بە ڕوونی باس لە سێ جەمسەری ئایدۆلۆژیای سیاسی دەکات – ستالینیزم، نازیزم و ئەمریکیزم – کە سینەما بە “هونەری جەماوەر” دەزانن،  ئامرازی شۆڕش و دیموکراسی کە خودی جەماوەری “ڕاستەقینە” بەرهەم دەهێنێت . ئەم واقیعەی جەماوەر لە ڕیالیزمی سیاسی ڕۆژئاوادا بە شێتی دادەنرێت، وەک لیبرالیزم یان ئابووری سیاسی . دۆلۆز لەگەڵ گواتاری ئاماژە بەوە دەکەن کە “سینەما توانای گرتنی جووڵەی شێتی هەیە لەبەر ئەوەی شیکاری کۆنەپەرەستانە نییە، بەڵکو بەدواداچوون بۆ بوارێکی جیهانی پێکەوەژیان دەکات”. بەم مانایە سینەما دەتوانێت چەکێکی سیاسی کاریگەر بێت بۆ بنیاتنانی ئامێری جەنگ  ، هاوکات خۆی ڕاپسکێنێت و هەڵبێت لە دەوڵەتی ناسیۆنالیزم وەک ئامرازێکی دیلکردن  . چەمکی دۆلوز بۆ جیهانی سێیەم پەیوەستە بەم “جیهانگەریەوە”کە لە دەرەوەی بازنەی دەوڵەتە نەتەوەیەکان دەستی بە دەرکەوتنی خۆی کردووە . ئەم پێکهاتەیە خاڵی لێکنزیکبوونەوەی واقیعی سینەما و مرۆڤە غیابەکانە .

 ئەوەی جێگای سەرنجە دۆلۆز ئاماژە بە “هەڵوەشاندنەوەی گەلی ئەمریکا” دەکات کە لە سەردەمی جەنگی ساردا مێژووی کۆچی فرەنەتەوەیی خۆیان لەبیر کردووە . ئەمریکا سەردەمانێک خاکی بەڵێندراوی گەلانێک بوون کە سەر بە هەرێمەکان نەبوون . ئێستا وەک لە فیلمە تازە ڕۆژئاواییەکاندا دیارە ئەمریکییەکان  دڵەڕاوکەیانە بۆ پاراستنی ناسنامەکەیان  . هەروەک دۆلۆز ڕاستەوخۆ ئاماژەی پێدەکات: گومانی تێدا نییە ئەم ڕاستییە ڕۆژئاوایش دەگرێتەوە، بەڵام زۆر کەم لە نووسەران ئاشکرایان کردووە، چونکە بە میکانیزمەکانی دەسەڵات و سیستەمی زۆرینە شاردراونەتەوە . لە لایەکی دیکەوە لە جیهانی سێیەمدا تەواو دیار بوو کە گەلانی ستەملێکراو و ئیستغلالکراو لە دۆخی کەمینە هەمیشەییەکان و  قەیرانی ناسنامەی بەکۆمەڵدا ماونەتەوە .‏‏جیهانی سێیەم و کەمینەکان  فرسەتیان بۆ نووسەرە بە تواناکان دابین کردووە  بۆ پێگەی تایبەتی خۆیان و  لە پەیوەندییان لەگەڵ نەتەوەکەیان  تاکو بڵێن: گەل ئەوەیە کە نەماوە ، ئەوەی دۆلۆز بەم ئارگیومێنتە ئاماژەی پێدەکات، پاڵنەرە شاراوەکەیەتی بۆ زیندووکردنەوەی سینەمای سیاسی. بنەمای سینەمای سیاسی ئەوەیە کە “ گەل بوونی نەماوە، یان هێشتا بوونی نییە”. چۆن بتوانرێت ڕێگا خۆش بکرێت بۆ هاتنی گەلێک کە بوونی نەماوە (یان هەرگیز بوونی نەبووە)؟ لە چەمکی دۆلۆزدا سینەمای سیاسی نوێنەرایەتی هەڵوێستە شۆڕشگێڕییەکان ناکات، بەڵکو نوێنەرایەتی دروستکردنی زۆنی سێیەم دەکات کە لە وەسف و گێڕانەوەی چیرۆک تێدەپەڕێت . چیرۆکێک کە کراوە دەبێت بەڕووی گۆڕانکارییە بێشومارەکاندا، دەربڕینی خۆی لە “هارمۆنی” خود و بابەتدا دەدۆزێتەوە . ئەم پەیوەندییە یەکسانە لەگەڵ دیاریکردنی ئەوەی کە کامێرا بە شێوەیەکی بابەتیانە چی دەبینێت و کارەکتەرەکە بە شێوەیەکی  خودی چی دەبینێت. چیرۆکەکە پێویستی بە بینەرێکی خوێندەوار نییە لە کاتێکدا نووسین بە زمانی باڵادەست مەحاڵە . کۆتا زمان، نەک زمانی ئەویتر لە بنەمایەک کەمتر نییە ،  دەبێت  هونەر  تێدا بەشدار بێت  (بەتایبەت هونەری سینەما) بۆ داهێنانی گەلێک . دۆلۆز پێداگری دەکات کە “ئەو ساتەی  ئاغا یان کۆلۆنیالیست، ڕایدەگەیەنێت، ‘هەرگیز لێرە گەلێک نەبووە گەلی ونبوو دەبێتە بوونێک و سەر لە نوێ خۆی دادەهێنێتەوە، لە شارۆچکە و کەمپەکان یان لە گەڕەکە هەژارەکاندا، لە هەلومەرجی نوێی خەباتدا کە بەپێویستی دەزانێت هونەری سیاسی بەشداری تێدا بکات”. وەک نموونەی سینەمای سیاسی نووسەرانی وەک ژان ڕۆش، پیێر پێرۆڵ و عوسمان سمبین دەهێنێتەوە ،  بە بڕوای دۆلۆز ئەم دەرهێنەرانە دۆخێکی نوێیان خوڵقاند ، کردەی قسەکردنیان گۆڕی بۆ کردەیەکی ڕۆڵی چیرۆک گێڕانەوە .  ئەم شێوازە ناڕاستەوخۆیەی گۆڕینی کردەی قسەکردن (واتە چیرۆکگێڕان) ڕەهەندی سیاسی پێکهاتنی  گەلە.

 لە ڕێگەی ئەم پرۆسەیەوە دەرهێنەر و کارەکتەرەکانیان دەبنە “کۆمەڵێک کە وردە وردە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر، لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر، لە شەفاعەتحوازێکەوە بۆ  شەفاعەتخوازێکی تر سەردەکەون.” . دۆلۆز بە ئاماژەدان بە لێدوانەکانی سێرج دانی سەبارەت بە فیلمی سیدۆی سێمبێنی، جەخت لەوە دەکاتەوە کە سینەمای ئەفریقا “سینەمایەکە کە قسە دەکات، سینەمایەکی کردەی قسەکردنە”.

 گوتاری سینەمایی بریتییە لە کردەی  گێڕانەوەی چیرۆک  هاو کات بنەمای قسەی زیندوو  دەبێتە هۆی “بەهای قسەکردنی بەکۆمەڵ”. ئەم کردارە هاوبەشە قسەکردنە دژایەتی ئەفسانەی زۆرینە دەکات و ئێستای ژیاو لە ژێر ڕووی ئەفسانەدا گۆشەگیر دەکات، “کە ڕەنگە بەرگە نەگیراو و باوەڕپێنەکراو و مەحاڵ بێت ، ئێستا لە کۆمەڵگەی ‘ئەم’دا تێیدا بژیت.”پێدەچێت دۆلۆز لە باسکردنی سینەمای سیاسیدا دەسەڵاتی شاراوەی سیاسەت نەک لە ڕۆژئاوا، بەڵکو لە جیهانی سێیەمدا بدۆزێتەوە.  ئەو کات کۆلۆنیالیزم و شەڕی سارد دوو جەمسەری چەپی فەرەنسی بوون. بیرۆکەی دۆلۆز لە چوارچێوەی مێژووییدا ناوازە نەبوو . لەو ڕۆژانەدا زۆرێک لە گروپە چەپەکان لە فەرەنسا خەباتیان دەکرد بۆ ئەوەی چەمکی کەمینەکان وەک بەدیلێک بۆ زۆرینەی چەپی فەرەنسی بخەنە ڕوو. ئەم گروپە جیاوازانە بەشدار بوون لە ڕەتکردنەوەی دیموکراسی نوێنەرایەتی و ئامێری سیاسی حزبە گەورەکانیان  . بەم شێوەیە خۆیان بە ئینتەرناسیۆنالیستی “ڕاستەقینە” و دژە فاشیزم دەزانی. چەمکی جیهانی سێیەم خۆی لە خۆیدا لە سەکۆیەکی سیاسی زیاتر نەبوو بۆ ئینتەرناسیۆنالیزمێکی نوێ و دژە فاشیزم لە بەرامبەر گەشەسەندن و کۆدەنگی ناسیۆنالیزمی باڵادەست لە هەردوو فەرەنسا و بلۆکی سۆڤیەتدا .  ئەم چەمکە ململانێکانی  هاندا لەناو چەپی فەرەنسیدا ، لە هەمان کاتدا هاوپەیمانییەکی لەگەڵ گروپەکانی “چەپی توندڕەو” فراوانتر کرد . تەرکیزکردنی دۆلۆز لە سەر جیهانی سێیەم وەک بنەمای سینەمای سیاسی لەم چوارچێوەیەدا هاتە ئاراوە . . لە بەرواری ئازاری ٢٠٢٥ ئەمە بەشێکە لە کتێبی “کۆمۆنیزم دوای دۆلۆز”ی ئەلێکس تایک-گوانگ لی، کە بەم دواییە لەلایەن بلومسبێریەوە بڵاوکراوەتەوە.

‏د . زهیر الخویلدي  – حوارالمتمن  ۱ –  ۷  – ۲۰۲٥

‏الادب والفن




کافکا له‌ نێوان نووسین و نووسه‌راندا!.. برایم فه‌رشی

I
فرانتس کافکای چل ساله‌، سوارەی ئیلخانی زادەی ٣٩ ساڵه‌، قادر دیلانی ٧١ ساڵه‌، گرێدراوی یەکترن و هەر سێ دوور له‌ زێد، دڵیان له‌ لێدان وه‌ستا. کافکای زێد نه‌دیتووی جوو، سواره‌ و دیلانی زێد به‌جێهێشتووی کورد، نوێخوازی ئه‌ده‌بیات (کافکا و سواره‌) و موسیقا (دیلان) بوون. ‌کافکا چل ساڵ و دیلان سی وحه‌وت ساڵ له شاری‌ پڕاگ ژیانیان تێپەڕی. هه‌ر سێ به‌ مردنی ئاسایی نه‌چوون. نەخۆشی و بێوازی، ناکۆکی لە تەک باوک، ژیانی کافکای داگرتبوو. ئازارەکانی ژیانی لە بەرهەمەکانیدا ڕەنگی داوەتەو، وەک سوارە که‌ لە منداڵییەوە لە گەڵ ئازاری نەخۆشی هەتا دواساتەکانی ژیان دەستەویەخە بوو.
سۆرین کیرکەگارد فەیلەسووفی ٤٢ ساڵه‌ی دانمارکی سەدەی نۆزدە، که‌ قسەی نوێی هێنایە مه‌یدان، له‌ سواره‌ و کافکا ده‌چێت و هه‌ر چوار ژیانیان دوور لە ژیانی ئاسایی بوو! کافکا ترسی توانەوە (ئاسمیلە بوونی) لێ نیشتبوو، بۆیە بە گەورەیی خۆی فێری زمانی عیبری کرد، ئه‌و دەیویست بگەڕێتەوە فەلستین. سواره‌ و کافکا له‌ سه‌رده‌می پڕ له‌ ئازاری منداڵی خۆیان دوور نه‌که‌وتنه‌وه‌. ‌ دیلان زۆرجار له‌ بیری ده‌چوو، که‌ ته‌مه‌نی له‌ شه‌ست لای داوه‌. کاتێک زستانی ساڵی ١٩٨٨ لە زانستگای کۆڵن مۆسیقای منداڵانی بەگوێی بینەران دادا، هەرچی منداڵ لە هۆڵەکە بوون لە دەوری هاڵان. دیلان چاوەکانی دەدروشایە و ڕوخساری منداڵانە دەینواند.
ئەم ساتەوەختە هەستی نامۆیی و غەریبی دیلانی دەرخست، وەک وتەی کارێکتێری چیرۆک و ڕۆمانه‌کانی کافکا، وەک ئەو هەستەی سوارە :” دڵم پڕه‌ له‌ ده‌رد و کوڵ، دەڵێم بڕۆم لە شارەکەت”. وەک هێمن، هەژار، قزڵجی، زیرەک، تۆماس مان، بڕێشت، ئارنت، وەک پشیلەکەی هێڕمان هێسە سەرگەردان لە ناو کۆڵانە نامۆکان.

II
گرفتی کافکا لە گەڵ باوکی، وێنه‌یه‌کی به‌رچاو له‌ ناو ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ ده‌رده‌خات، که‌ باوکسالار و داسەپێنەری ئاتۆڕیتەن. کافکا لە تەمەنی ٣٦ ساڵی چەند ساڵ پێش مردنی ساڵی ١٩١٩ نامەیەکی ١٠٣ لاپەڕە بۆ باوکی دەنووسێ و بۆی نانێرێ. باوکی دەبوو بڕیار لە سەر هەموو شتێکی منداڵەکانی بدات، ئەوە بە درێژایی ژیان، کافکای ئازار دا و بوو بە‌ هەوینی نووسینەکانی و خوڵقاندنی کارێکتێرەکان. کافکای پراگی و جۆرج تابووری بوداپیستی جوو، هەرکیان باس لە ئاتۆریتە دەکەن کە ڕەنگە لە ناو جووی پەرەوازی جیهان، مێتۆدێک بۆ پاراستنی خۆیان و ناسنامەیان بووبێ، ئەم باسە لە لای زیگمۆند فرۆیدی جوو، لە ویەن و بیرمه‌ند و هونه‌رمه‌ندی جوو له‌ ئورووپا بەرباس کەوتووە.

کافکا لەم نامە سەدوسێ لاپەڕەدا، ئاتۆریتە و دیکتاتۆری نیشان دەدا کە هەموو لایەنەکانی هەست و دەروون و بیرکردنەوە دەگرێتە خۆی و ئەوە دەردەخات کە چۆن لە منداڵییەوە مرۆڤ لە خۆی و خۆیبوون دوور دەخرێتەوە و دەکرێتە مرۆڤێکی دەستکرد. ئەم پرۆسەیە لە درێژایی ژیان ڕوو دەدات و ئاسایی دەبیندرێت و ئاسایی دەکرێت و کۆمەڵگایەکی تەواو تۆتالیتێر پێکدەهێنێ، بە چەشنێک ئاسایی و ڕۆژانە دەنوێنی . ژیانی ناو ئەم کۆمەڵگایانە گرێده‌درێ به‌ داب و نەریت، فەرهەنگ و ڕێوڕەسم و دین و بازنەیەکی پڕ لە ئاڵۆزی پێکدەهێنێ، کە دەربازبوون لێی هاسان نابێ.
کافکا لەم نامەیە و سەرجەم کارەکانیدا ئەم سیستەمه‌ و کارەکتەرەکانی دەناسێنێ. هەر بۆیە دەبێتە سەرچاوەی بیر وهزر و تێگەیشتنی گەلێک لە فەیلەسووفانی وەک والتێر بنیامین، تێۆدۆر ئادۆرنۆ ، هانا ئارێنت، ئاڵبێرت کامۆ و که‌سانیتر.

III
رودریگەر زانفرانسکی فیلسووفی هاوچەرخی ئاڵمان کە زیاتر لە شەست ساڵ گرێدراوی بەرهەمەکانی کافکا بووە و کتێبی لەبارەوە نووسیوە، دەبێژی: ،، نووسین بۆ کافکا گرنگتر لە ژیان و کاری ڕۆژانەی بوو.” کێشەی سەرەکی ئه‌و له‌وه‌دا بوو، خۆی ئازاد نه‌بینیوه‌، جگه‌ له‌و کاته‌ی خه‌ریکی نووسین بووه‌ . نووسین ئازادی پێبەخشیوە.

ئەو کارمەند و شاره‌زا له‌ پیشه‌که‌ی خۆی بوو، به‌ڵام خۆی ئازاد نه‌بینیوه‌. سه‌ره‌ڕای کار و نووسین، باوکی پێشنیاری سەرپەرشتی کردنی کارخانەیەکی تازە سازکراوی خۆی پێدەکات و کافکا دەگاتە ئه‌و ئاستەی بیر لە خۆکوشتن بکاتەوە. ئه‌و سه‌ره‌ڕای ئه‌وین و ئه‌وینداری، نەیتوانی خێزان پێک بێنێ. زانفرانسکی لە گفتوگۆ لە تەک گۆڤاری فەلسەفە دەبێژێ: ،، نووسین بۆ ئەو تاقیکردنەوەیەکی موتڵەق بوو‌، کاتێ ده‌که‌وته‌ نووسین لە ماوەی چەند هەفتە کۆتایی به‌ کاره‌که‌ی ده‌هێنا،،.

زانفرانسکی لە زمانی کافکاه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ که‌ ئه‌و له‌ کاتی گفتوگۆ له‌ گه‌ڵ “ماکس برۆد”، ده‌بێ، گوتبێتی:،، پاش تەواوبوون لە نووسین چەشنێک لە حاڵەتی«ئۆرگاسمووس» لەودا پێک دیت”. زانفرانسکی گەرەکی نییە ئەمە وەک حاڵەتی سێکسکردن لێکبداتەوە. بەڵام ئەوە، جێی تێڕامان و بیرکردنەوەیە ، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی مرۆڤ ته‌نیا له‌ کاتی سێکسکردن، کۆنسێنتراسیۆنی “موتڵه‌قی” هه‌یه‌. گەر مرۆڤ لە کاتی نووسین و خوڵقاندنی هونەر بە حاڵەتی «ئۆرگاسمووس» بگات، مانای ئەوەیە” خووردبوونەوە” گەیشتتووە به‌رزترین پله‌، حاڵەتێک کە تەنیا لە کاتی جووتبوونی نێر و مێ سەر دەگرێ و نۆیڕۆلۆگی ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه‌. ئەم تێگەیشتنەی کافکا لە نووسین، دەوری بیروهزر و هونەر وشە و کارتێکەریی لە سەر مرۆڤ دەردەخات، گەر کافکائاسا بڕوانیننە نووسین و هونەر.

بۆ ئەوەی لەم حاڵەتەی کافکا تێبگەین، دەبێ ژیانی ئه‌و بناسین. نووسەر و هونەرمەند به‌رده‌وام ڕووبه‌رووی ئەم پرسیارە بوونه‌ته‌وه،‌ که‌ چۆن ژیانی هاوبه‌ش و پیشه‌ی ڕۆژانه‌ی دوور له‌ نووسین و هونه‌ر، لە یەک گرێ بده‌ن. کافکا ڕشتەی حقووقی خوێندبوو، کارمەندی ئیدارەی بیمە بوو. هەرچەند ئەو مافناسێکی لێهاتوو بوو، بەڵام کارەکەی تەنیا بەهانە بوو بۆ پارە پەیداکردن. هەتا نیوەڕۆ کاری دەکرد و خۆی دەگەیاندەوە ژووره‌که‌ی و نووسین له‌ گه‌ڵ خۆی ده‌یبرد. گەلێک لە نووسەرانی بەناوبانگی جیهان، پیشەی ڕۆژانه‌یان فڕی به‌ سه‌ر نووسینه‌وه‌ نه‌بووه‌ و ژیانی هاوبه‌شیان پڕ له‌ کێشه ماوه‌ته‌وه‌ و هێندێک پیشەی ڕۆژانە و ژیانی هاوبەشیان بۆ نووسین وەلا ناوە. کە ئەمە پرسیاری قووڵی لێدەکەوێتەوە.

کافکا ئەو کاتەی “نامە بۆ باوک،، دەنووسێ لە ڕستەیەکدا ئێژێ ،، ئەم نامەیە دەبا نووسرابا، بەڵام مەرج نییە بخوێندرێتەوە,,. ئەم وتەیە لایەنێکی گرنگی نووسه‌ر و نووسین دەردەخات. نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند و بیرمه‌ند له‌ خۆ و بۆ خۆ ده‌نووسن و به‌رهه‌م ده‌هێنن، که‌ چەشنێک ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ خۆ، واتە نووسەر خۆیەتی. که‌سێکی وه‌ک موتزارت گوێی له‌ ده‌روونی خۆی بوو، دوای مه‌رگی زانرا، چی هه‌بووه‌. خاڵە نادیار و نەگوتراوی نووسەر و هونەرمەند، له‌ رێگای نووسین و بەرهەم، ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ ئاشکرا ده‌کرێ‌، که‌ دەبێتە هۆی ناسینی لایه‌نه‌ نه‌زانراوه‌کانی نووسەر به‌ خۆی، واته‌ نووسه‌ر له‌م ڕیگایه‌وه‌ زۆرتر خۆی ده‌ناسێ.

نووسه‌ری ئه‌م دێڕانه لە تەمەنی مێرمنداڵییەوە، دەبوو بەرەو نووسین و شانۆ و مۆسیقا بخزێ و ساڵانی دواتر لە دەرەوەی وڵات، بکەوێتە گفتوگۆ لە تەک خۆی.‌ ،، گفتوگۆی بارام و برایم،، بووه‌ هۆی گۆڕانی ژیانی برایم. ئه‌م گفتوگۆیه‌ نه‌ بڵاو کرایه‌وه‌، نه‌ که‌س جگه‌ له‌ نووسەر خوێندوویه‌ته‌وه‌! وەک کافکا ئێژێ، ده‌با نووسرابا. موتزارت نیازی بە خوڵقاندنی مۆسیقا بوو، جا چ بڵاوکرێته‌وه‌ یان بڵاونه‌کرێته‌وه‌، زیرەک پاش هه‌تیوکه‌وتنه‌وه‌، نیازی بە چریکاندن بوو، قالەمەڕەی منداڵ، دوای ڕاچڵه‌کین له‌ خه‌و، دەبوو لە شمشاڵ بتووڕێنێ، کافکا ده‌بوو بنووسێ، سوارە دەبوو بنووسێ، دیلان دەبوو بچریکێنێ، کیرکەگارد، نیچە، شۆپێنهاوەر، دەبوو پرسیار بکەن و بنووسن، ئەوان کە سەرسەری سەیری خۆیان و ژیان و گەردوونیان نەدەکرد.

کافکا ساڵی ١٩١٧ و ١٩١٨ لە نووسینەکانی شۆپێنهاوەر نزیک بووه‌، ئایینی مووسایی و عیسایی و باسگەلی مێتافیزیک، ژیان، مردن باسی کافکاش بوو. شوپێنهاوەر (١٧٨٨-١٨٦٠) لە باسی (Wille- ویست) مرۆڤ بەرەو بیرکردنەوە و گەڕانەوە بۆ لای (من)ی مرۆڤ دەکێشێ و پرسیار دەخوڵقێنێ. من کێم و چی من بەرەو بوون، بەرەو ژیان ڕادەکێشێ؟ ویست چ دەورێک لە ڕاکێشانی من بۆ ژیان و ئەو کارانەی من دەیکەم، ده‌گێڕێ.

کافکا کە بیری لە خۆکوشتن کردبووە، درێژە بە ژیان ده‌دا و زۆربەی وزەی خۆی بۆ نووسین تەرخان دەکا. ئەوە چ ویستێک بووه‌ کە ئەوی لە حەڤدە ساڵانەوە هەتا کۆتایی ژیان بەرەو نووسین کێشا؟ لێرەوە شۆپێنهاوەر دەگاتە کافکا و کافکا دەگاتە شۆپێنهاوەر کە لە زۆر لایەنەوە نزیکیان لە گەل یەک هەیە. ئەگەر بۆ کافکا باوک دەبێتە بابەت و سوژە، بۆ شۆپێنهاوەر دایک دەوری کەسی خاوەن ئاتۆڕیتە دەگێڕێ و سەرئەنجام دوای مردنی باوکی لە دەستی ڕادەکات و هەرچەند پڕۆفیسۆری ئەو کاتی زانستگا بوو، لە بەڕلینەوە بۆ فڕانکفۆرت دەگوازێتەوە و تا کۆتایی ژیان، دوور لە ژن و دایک دەمێنێ. ژیانی شۆپێنهاوەر گەلێک لایەنی دیکەی هەیە کە ناکرێ لێرە بە وردی باس بکرێ، بەڵام ئەویش وەک کافکا گرفتی لە تەک فەیلەسووفانی ناو بازنەی زانستگاکان هەبوو، کە چەشنێک ئاتۆریتەخواز بوون.

ئاتۆڕیتەخوازی هەر لە سەرەتای پەیدابوونی فەلسەفەوه‌ هەبوو، فەیلەسووفانی وەک پلاتۆن تەنانەت دژی فێربوونی نووسین و خوێندن بۆ گەشت کەس بوون و ئەوان باوەڕیان ئەوە بوو کە فەیلەسووف دەبێ ڕاستەوخۆ، وانە بە خوێندکارانی بڵێتەوە و خوێندکار دەبێ لە ژێر ئاتۆڕیتەی ئوستاد و وانەبێژدا بمێنێتەوە بۆ ئەوەی تێبگات. ئەمە کەسانی وەک شۆپێنهاوەری ئازار دەدا و دوای ماوەیەکی کورت وازی لە پرۆفیسۆری زانستگای بەڕلین هێنا، هەرچەند هۆی وازهێنانی تەنیا ئەمە نەبوو.
IV
مارتین بووبەر Martin Buber(١٨٧٨-١٩٦٥) فەیلەسووفی ئوتریشی- ئیسرائیلی، به‌ پێچه‌وانه‌ی کافکا باوه‌ڕی سه‌هیۆنییستی به‌رانه‌به‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌که‌ی په‌یدا کردبوو. ئینتلئه‌کتوئێلی جوو لە ڕێگای بیر و هزر، فەلسەفە، ئەدەبیات، دین تێگەیشتنیان لە خۆیان و زێدیان پەیدا کرد و ئەوجا بەرەو دامەزراندنی دەسەڵاتی سیاسی و وەرگرتنەوەی زێدیان چوون. پێشڕەوانی جوو، ڕێنسانسیان لە ناو خۆیان له‌ لایەنی ئایینی، نەتەوەیی، زمانی، ئیتنیکی پێکهێنا و لە قاوغی تێگەیشتن و ژیانی کۆنی خۆیان کە زۆرتر لە ئاوارەیی تێدەپەڕی، هاتنە دەر و ڕێگای ڕزگاری خۆیان خۆش کرد.
کافکا بە زمانی ئەدەبیات و لە ڕێگای ڕۆمان و بیرەوەری و نامەکانییەوە بە قووڵی ڕه‌خنه‌گرانه‌، چووه‌ ناو سیستەمی تێگەیشتن و دەسەڵات له‌ ناو بنەماڵەی جووه‌کان. ئه‌و لایەنەکانی ئەم ژیان و سیستەمی، تاوتۆ کرد و چەشنێک لە ئازادی تاکی نه‌خشاند. ژیانی خۆی وێنا و نموونەیەکی بەرچاو لە چێکردنی کەسایەتی و ئازادبوون و لە هەمانکات وێنەی نووسەر و بیرمەندێکی ڕەخنەگر بوو، کە ڕەخنەکان لە ماڵ و هوندری خۆیەوە دەستی پێکرد. ئەو بیری لە هەموو لایەنەکانی ژیان دەکردەوە و هەر بۆیە ساڵی ١٩١٢ تەنانەت پەڕتووکێکی لە سەر زمانەکەی خۆی نووسی، کە فێریان نەکردبوو.
جووەکان تەنیا خەونیان بە گەڕانەوە بۆ فەلستین نەدەبینی، بەڵکو بیریان لێدەکردەوە. ساڵی ١٨٩٦ ئەو کاتەی کافکا دوازدە ساڵان بوو، تئۆدۆر هەرتسل Theodor Herzl (١٨٦٠- ١٩٠٤) کتێبێکی بە ناوی(حکومەتی جوو) بڵاو کردەوە و لەو کاتەوە ئیلیت و خەڵکی جوو دەیانزانی چیان دەوێ و ٥٢ ساڵ دواتر ئەو پلانەی ئەوان جێبەجێ کرا و حکومەتێک پێکهات کە لە هەموو بوارێکدا لە ناوچە و جیهان دەور دەگێڕێ.

تئۆدۆر هرتسل ، مارتین بووبەر و ئەوانیتر، لەو ڕێگایەوە بە دژی پرۆسەی توانەوەی جوو لە وڵاتان جوڵانەوە و سەرەتا سەدەی هەژدە و نۆزدە و بیست توانیان جووەکان لە هەموو ئورووپا و ڕۆژئاوا و باقی جیهان لێک نزیک بکەنەوە. جووەکان بە شێوەی جیاواز لە هەر وڵات و شار و گوند ڕێکخران و کۆڵۆنی خۆیان لە وڵاتان پێکهێنا و خۆیان پاراست و خۆیان لە تواندنەوە و ئاسیمیلاسیۆن ڕزگار کرد.
V
کافکا هەرچەند ڕستەی وای هەیە کە ئایینی لە گوێدا دەزرینگزینەوە، بەڵام لە لایەکیتر نووسراوەکانی تەژی لە تێگەیشتنی نەئایینییە، هەر بۆیە ویستی گەڕانەوە بۆ فلەستین ،گەڕانەوە بۆ وڵاتی ئایینەکان نەبوو، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ زێد بوو. کاری ڕۆژانەی کافکا و نووسینی شەوانە، ئەوی هان دا بە ژیانێکی ساکار ڕازی بێت و بە نووسین و جێبەجێکردنی ئیدەکانییەوە، خۆی خەریک بکات. گەڕانەوە بۆ فلەستین بۆ ئه‌و خه‌ون نه‌بوو، ویست بوو، هه‌رچه‌ند مه‌رگ پێشی که‌وت.

فریدریش نیچە Friedrich Nietzsche (١٨٤٤-١٩٠٠) بە گەیشتن بەوەی ،،خودا مردووە،، ئەوەی دەرخست کە ئینسان لە‌ نەبوونی خودا، خۆی ده‌بینێته‌وه‌. ئه‌و دەتوانێ بڕیار بدات و بوونی خۆی بچەسپێنێ. نزیکی کافکا لە نیچە و فەلسەفەی ئەو، کافکای لە خۆی نزیکتر کرده‌وە.
کافکا ڕه‌خنه‌کانی ده‌گاته‌ تەوڕات و ئینجیل و ئیبراهیم، کە بە باوکی ئایینەکانی ئیبراهیمی (مووسایی، عیسایی، محەممەدی) ناسراوه‌. قوربانیکردنی ئیسحاق کوڕی ئیبراهیم بە ئەمری خودا، بۆ خودا بۆته‌ بابه‌تی‌ فه‌یله‌سووفان، له‌وانه‌، فەیلەسووفی دانمارکی سۆرین کیرکەگارد. ئه‌و ئەم کارەی ئیبراهیم وەک ،، رزگارکەری باوەڕ،، سەیر دەکات و ئاماژەیە بەوەی که‌ ئیبراهیم هێندە لە سەر باوەڕی خۆی سوور بووه‌، گه‌ره‌کی بووه‌،‌ کوڕەکەی بکاتە قوربانی خوداکەی. ئەم تێگەیشتنە لە ناو باوەڕمەندانی عیسایی و مووسایی و ئیسلام چەسپاوە. کافکا بە پێچەوانە، قوربانی نەکردنی ئیسحاق بە دەستی ئیبراهیم لە نامەیەکی ساڵی ١٨٤٣ به‌ ،،سەرپێچکردن لە ئەمری خودا، سەرپێچیکردن لە سەردانەواندن بۆ ملهوڕیی.،، به‌ حیساب ده‌هێنێ. ئیبراهیم لە نێوان،، مەرگی کوڕەکەی بۆ خودا،، ژین و ژیانی کوڕەکەی هەڵدەبژێرێ. بۆچی دەبێ ئیبراهیم بۆ خودا کە دەیپەرەستێ، کوڕەکەی فیدا بکات؟ بۆچی دەبێ خودا بە مەرگی ئینسان کە دەگوترێ، خوڵقێندراوی خۆیەتی، ڕازی بکرێ؟ ئەم ڕازیکردنە بەم شێوەیە چ پەیامێکی ئینسانی و عەقڵی و مەنتقی و ئەخلاقی بۆ ئینسان پێیە؟

کافکا کە لە ئاتۆریتە و ملهوڕی و ملکەچی دەدوێ، لێرە وێنەیەکی تەواو لە ئاتۆریتە و ملهوڕی دەداتە دەست، کە هەرچەند مەیلی ئیبراهیم دەگەیێنێ، بەڵام ملکەچی ئیبراهیم ناگەیێنێ، ئەو ملکەچییەی هەموو ئایینەکان و هەموو دەسەڵات و ملهوڕەکان، لە ئینسانیان دەوێ. ئەم تێگەیشتنەی کافکا لە ئیبراهیم ئینسانییە. ئەو لە نێوان مەرگ و ژیان، لە نێوان ملکەچی و ئازادبوون، ژیان و ئازادبوون، هەڵدە ژێرێ. ئەمە سەرپێچکردنی ،،ئادەم و حەوا،،ی خەیاڵی و سەرپێچیکردنی،، شەیتان،،ی خەیاڵیش ده‌گرێته‌وه‌!

بۆ کافکا ،،بوون،، و،،دابوون،، لە جێدا و لەکات و زەماندا سەرەکییە. هەموو شت لە بووندا مانا دەدا. گەر ،،بوون،، نەبێ چی دەمێنێتەوە؟ خوداش بە ،،بوون،،ی مرۆڤەوە، هاتۆتە ئاراوە. ئیبراهیمی (بوو و نەبوو) درێژەی ،،بوون،، مسۆگەر دەکات و کەسانی وەک کیرکەگارد کە ،،ڕزگارکردنی باوەڕ،، لەم چیرۆکەدا لایان لە ،،بوون،، گرنگتر بێ، لە ڕاستیدا تووشی خەتا دەبن، لە بەر ئەوەی باوەڕ بە بوونی “مرۆڤەوە” هەیە، نەک بە پێچەوانە.

کیرکەگارد لێرە لە تێگەیشتنی پلاتۆن و پلاتۆنیسم نزیک دەبێتەوە، کە پێیانوابوو، بوون لە ،،ئیدە،،وە دێت و لێرەوە دەگەن بە خودا کە ،،بوون،،ی مسۆگەر کردووە. کیرکەگارد، پاسکال و کەسانی دی ڕەوتی ئیکسیستنسیالیسمی عیسایی پێکدەهێنن، کە بوونی ئینسان بە بێ مانا دەزانن و مانای بوونی ئینسان لە بوونی خودادا، دەبینن، دەنا ژیان دەبێتە ،،پووچی،،. ئەم ڕەوتە لایەنی ئاتێیستیشی هەیە کە کەسانی وەک هایدیگەر، سارتر، سیمۆن دوبوار دەگرێتەوە. ئەمان تێگەیشتنیان ئەوەیە کە مرۆڤ دەبێ خۆی ،،مانا،، بە ژیانی ببخشێ. خۆی بەرپرسە لە مانابەخشین بە خۆی و بە ژیان. کافکا لە گەڕاندا مایەوە، نە بەم بار و نە بەو باردا نەکەوت.
VI
بەکارهێنانی ناوی کەسانی ناودار بۆ مەبەستی سیاسی و ناسیاسی هه‌بووه‌ و هه‌یه‌. کافکا لە ماوەی سەد ساڵی دوای مه‌رگی وای پێکراوە. کافکا کە بە زمانی ئاڵمانی دەینووسی، له‌ پراگ لە دایک بوو، ژیا و مرد. کافکای جوو کە بە گەورەیی خۆی فێری زمانی دایک کرد و بە زمانی چک و عبری نەینووسی و وەک هاووڵاتی ئوتریشی-مەجاری دەزاندرا و هاووڵاتی ئاڵمانی و ئیسرائیلی پێنەبەخشرا و بەرهەمەکانی هەتا ساڵی ٢٠٠٧ نەکرانە زمانی چەکی و ڕەنگە تا ئێستا هەموو بەرهەمەکانی نەکرابێتنە عبری، ناوێکە کە هەموو لایه‌ک بەکاری دەهێنن.

ئاڵمانی نووسینی کافکا بابەت بۆ باسی ئەم و ئەو بووە، کافکا ئاڵمانی نەبوو. هانا ئاڕینت کە ئەویش جوو و بە ڕەچەڵک ئاڵمانی نه‌بوو، دەبێژێ،، زمانی نووسینی کافکا بێگرد و ڕەوان و شیعرئاساترین زمانی ئاڵمانی سەدەیە،،. جۆرج شتاینەر دەنووسێ،، زمانێکی ڕوون و بێ گرێ وگۆڵی تاقانەیه‌،،. ئەم پرسیارە لەم پێوەندییەدا دێتە پێش کە ئایا کافکا ئاسیمیلە بووە؟

ئەو نه‌ک لە ئاڵمان، لە ناو کۆڵۆنی جوو لە پڕاگ ژیا و بە ئاڵمانی قسه‌ی ده‌کرد و ده‌ینووسی‌، بە بێ ئەوەی وەک ئاڵمانی عیسایی بووبێت، بە بێ ئەوەی تێکەڵ ئاڵمان و ئاڵمانی و فەرهەنگ و داب و نەریتی ئەوان بووبێت. ئەم بەسەرهاتە جوولەکەی وڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ئورووپاش دەگرێتەوە. ئەوەی کافکا ئاسیمیلە بووە، پرسیار دەمێنێ، بەڵام ژیانی ئەو ئەوە دەردەخات کە مێشکی کافکا خه‌ریکی ئەم پرسیارە بووە و هەر بۆیە خۆی فێری زمانی عیبری کردووه‌ و ویستی گەڕانەوەی بۆ زێدی هەبووە. کافکا ئەو مەسەلەی له‌ ناو خۆیدا یەک لا نه‌کرده‌وه‌ و بووه‌ هه‌وێنی نووسینەکانی. سەرەڕای ئەمە، کام کافکا خۆی لە زمانی ئاڵمانیدا دیته‌وه‌؟ تڕاژێدی ژیان ئه‌وه‌یه،‌ که‌ بەشێ له‌ بنەماڵەی کافکا له‌ سه‌رده‌می هیتلێر لە ئوردوگای ،، ئاوسشویتس،، لە لایەن ئاڵمانی زمانەکانەوە، له‌ ناو چوون.

کاتێک لە زمانی ڕەوان و بێ گرێ و گۆڵی کافکا دەگوترێ، مەبەست زمانێکی دوور له‌ ئیستعارە و سەبول و مانای ئینتزاعی و نآڕوونە. مەبەست زمانێکە دوور لە پێچ وپەنا. زمانی کافکا خوێنەر بەرەو بیرکردنەوە و تێگەیشتن ده‌بات، نه‌ک بەرەو خەیاڵ و خولانەوە لە ناو بازنه‌ی تەسکبینی. زمانی ئاڵمانی که‌ره‌سه‌ێکی تر بوو، بۆ به‌ جیهانیبوونی به‌رهه‌م و تێگه‌یشتنی کافکا. زمانی کافکا جیا لە جوانی ئەدەبی و شاعیرانە بوون، ڕێگای وەرگەڕاندن بۆ سەر زمانیتری خۆش کرد، لە بەر ئه‌وه‌ی زمانی کافکا، زمانێکی ڕێئاڵ و سروشتی بوو.

برایم فه‌رشی
٣٠/٦/٢٠٢٤
• ئەم بابەتە دەبوو زووتر بڵاوکرێتەوە، هۆی بڵاونەکردنەوەی لە ئەستۆی نووسەر نییە!




چیرۆک\ قیبلەنمای تراویلکە .. عومەر سەید

          

ژوورەکە پڕ دوکەڵ و بۆنی کحولە، هێشتا هەر باشە. دەستەکانم لەسەر چاوەکانم لابەرم، پڕ دەبێت لە سوێراوی فرمێسکم و دەخنکێم. قوڵپ دەدەم و نایەڵم فرمێسک بڕژێ. جگەرە بە جگەرە پێدەکەم و مەست و نیوە ئاگا لەسەر سیسەمەکە ڕاکشاوم. سیسەمێک بۆن عەزابی سەدان موسافیری بەر لە منی لێ دێت. چڵک وچڵمیان، مەراق و عەزابیان، پەڵە پەڵە بە هەموو شوێنێکی سەرین و دۆشەک و دیوارەکەوەیە! من وەک ئەوان، پاشماوەی چڵکی خۆم جێناهێڵم. ئەوان شەوێک یا دوو شەو، لێرە وەک مار کاژێکیان لە پیسی فڕێداوە و پاشان بە ئازارەکانیانەوە بۆی دەرچوون. نا، من لێرە دەرناچم، تا لە هەموویان زیاتر پیسترینی خۆم جێنەهێڵم. لێرە کۆتایی بە هەناسەکانم دێنم و ڕۆح و جەستەی کەنەفت و نەخۆشم هەر لێرە بە کۆتایی دەگەیەنم. پیسترینی خۆم جەستە و ڕۆحم، لێرە بە بۆگەنی جێدێڵم. دەگەڕێمەوە بۆ بەر لە دایک بونم. ئەو کاتانەی جەنگیزخان، هەڵمەتی دەبرد و کەللەسەری هەڵدەچنی. دەگەڕێمەوە ئەو سەردەمەی پێغەمبەرەکان، مردوویان زیندو دەکردەوە و ژنانیان وەک کەنیزەک دەبەخشییەوە. ئەو کاتی خودا، بۆ هەموو ڕووداوێک، کرداری هەبوو. بۆ سەردەمی تەیروئەبابیلە کە بێشوومار بەردیان بۆ گەڕانەوەی شکۆی خودا دادەباراند.
لەم دوا ساتانەی ژیانیشم، پیرۆت وازم لێناهێنێت و هەر دەڵێ. کوا… کوا…
دایە مەنیج وازناهێنێت و دەقیژێنێ بەسەرما: کوا… کوا… کواااا…
من هاتووم لەم ژوورە تەنیایەدا خۆم بکوژم. کەچی سەدان کەس لە ژوورەکەدا، هاوارم لێ دەکەن کوژراوەکانمان بۆ بگێڕەوە!
کوڕەکەم کوا… کچەکەم لە کوێیە… باوکم بدۆزەرەوە… مێردەکەم، ماوە یان نا… کچەکانم لە کوێن، ماون یان نەماون؟
من دەمەوێ خۆم بکوژم، ئەوان هێشتا دەیانەوێ شوێنی کەسوکارە کوژراوەکانیان بۆ بدۆزمەوە.
بیست پایزم بینیوە و بارتەقای درەختە پیرەکەی نێو حەوشەکەمان چەند گەڵای لێ وەریوە، هێندە و زیاتر خەم بۆ نێو ڕۆحم داباریوە. بۆیە بیست شووشە بیرم هێناوە. لە ساڵیادی لەدایکبوونم، لە بری مۆم، جگەرە دوای جگەرە دەکێشم و بیرە دوای بیرە دەخۆمەوە تا دوا سنوری مەستی. ئەمشەو دوا شەومە لە ژیاندا و خۆم دەکوژم. سبەی کە خۆر هەڵدێت. بۆ من نییە، من لە تاریکییەکی ئەبەدی و سارد و سڕدام.
لەم ژووری ئوتێلە لاچەپک و پیسەدا. دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ ئەو شوێنەی بەر لەدایک بوونم. نا بەر لە منداڵدانی دایکیشم. بیست هاوین، بەر بیست سەدە کەوتم! تەمەنم بیست دۆزەخە! بەردەوام هاودەمی مردووەکان بارێکی قورس بوو. هەرگیز وەک مرۆڤ نەژیام. هێندەی هەموو برینپێچەکانی جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم، تەرمم بینیوە. من لە قیبلەنمایەک زیاتر نەبووم. قیبلەنمای دۆزینەوەی بزرە مردووەکان. دەگمەنترین کەسی ڕۆژگاری خۆم بووم. هەتا بڵێی تایبەت و دەگەمەن بووم. منداڵی جووکییەک دەبێ چۆن ژیانی کردبێت؟ ئەمشەو بارگەوبنەوە دەپێچمەوە، بەڵام هەرگیز ئەو پیرە پیاوەم بیر ناچێت. وەک ئەوەی هەمیشە هاودەمم بووبێت. ئەوەتا لە یەکێک لە ئاوێنە بازنەییەکاندا، بە خیشم و قینەوە لێم دەڕوانێ. ئێستاش واهەست دەکەم لە بەردەممدایە. خەم و ئازاری ئەم پیرەپیاوە، کە هەرگیز لێمنابێتەوە، هۆکارێکی سەرەکی خۆکوشتنمە. حەوت کچ و ژنەکەی ئەنفال بوون. هەموو ڕۆژێک دەهاتە لای باوکم. هەفتەی جارێکیش باوکم لەڕێی خودا، دەیکردە ئەو ژوورە تاریکەی تەنها منی بەردەم ئاوێنەیەکی گەورەی تیادابوو، منی قەتیسکراو. هەموو هەفتەیەک جارێک، من دەبوایە بۆ کچەکانی خواڕەحم بگەڕێم.
کچەکانت ئەوەتان، دەبینی؟ لە نێو لمدا، کراسی بووکینی خۆیان دەدوورن. دەبینی، لە بیاباندا، بە دوای زاوادا دەگەڕێن! دەبینی، وەک سەحرا، کراسەکانی بەریان پڕ پوولەکەی تراویلکەیە. لەم ئاوێنەیەوە تەماشایان بکە، ئیدی بۆ ئەبەد نایانبینیتەو. بیابان یەک جار هەڵیلووشیت، ئیدی هەرگیز ناتگێڕێتەوە. ئەوەی شوو بە لم بکات، گەڕانەوەی نییە! نەمدەزانێ چۆن تێیبگەیەنم کە بیابان زاوایەکی دڵ پیس و بەدفەڕە، هەر کە کچی خۆت پێبەخشی، لە یەکەم شەوەوە و پاش زاوا بوون، ئیدی نایبینیتەوە.
ئەو پیر و کەنەفت بوو. چاوەکانی تەڵخ و نا ڕوون دەیانبینی. خێرا خێرا و پچڕ پچڕ دەیوت. “کوا هیچ نابینم؟!” بە گریانەوە دەیوت “کەمێک ئاوێنەکە پاک بکەرەوە.”
هەموو جارێک بە خاولێکەی دەستم ئاوێنەکەم بۆ پاکتر دەکردەوە. ئەو هەر نەیئەبینی. تەڵخی و لم بارینەکە لە ناو بیابانەکەدا بوو، ئەگەر نا ئاوێنەکە ساف و ڕوون بوو. دەمزانی ئەوەی من دەیبینم لە حوکمی چاوی ئەودا نەبوو. بۆ دڵدانەوەی و کەمێک هێورکردنەوەی ڕۆحە بە ئازارەکەی، بە لێهاتوترین شێوە درۆم بۆ دەکرد و وێنای زاواکانیم وەک کوڕە شوانە چوارشانەکانی گوندەکەی خۆی، وەک ئەو گەنجانەی بەدەم بلوێرەوە هارترین بەرانەکانیان ڕام دەکرد. وەک ئەو پیاوە پاکیزانەی، پێنج فەرزە، نوێژیان دەکرد. ئاوا بە درۆ وێنای شانوشەوکەتی زاوای بیابانم بۆ دەکرد.
کیژەکانیم وەک حۆرییەکانی نێو بەهەشت بۆ باسدەکرد. ئەها سەرنج بدە، چ بەژن زراف و چ جوان هەڵدەپەڕن…
کاتێکیش بە دەروونی ئارامەوە ژوورە تاریکەکەی جێدەهێشت. کەفوکوڵی گریانی من دەستی پێدەکرد. ئەوەی من دەمبینی لە ئاوێنەکەدا، جگە لە خۆم کەس بەرگەی نەدەگرت و ڕووی باسکردنی نەبوو. خواڕەحم چاوەکانی کز بوون. گەر نا یەک لەسەر هەزاری دیمەنی کیژۆڵەکانی، بەس بوو بۆ ئەوەی دەستبەجێ ڕۆحی دەربچێت.
لە تەمەنی شەش بەهاریمدا، لە بری ئەوەی بخرێمە بەر مەکتەب. باوکم، خستمێ بەر ئاوێنە! من منداڵی بەر ئاوێنەیەکی ئەفسوناوی بووم! لە نێو ژوورێکی تاریک و کەمێک تەڵخ و لێڵ بە ڕەنگی خوێن، ژوورێکی پڕ هەناسەی مەرگ و بخوڕی سوتاو، یان باشتر وایە بڵێم پڕ تەرمی بۆن کردوو. ئەو تەرمانەی گۆڕیان نەبوو، لە کون و پەسێوێکی ئەم سەرزەمینەدا، لە بیابانێکدا، لە نێو چڕە قامیشێکدا، لە کەندڕێکی قووڵی دوورە شاخێکدا، هەر بە جلوبەرگی خوێناوی خۆیانەوە حەشاردرابوون. یان لە بنی قووڵی بیرێکدا، لەگەڵ کەلاکی سەگ و پشیلە و مار و مێروودا بۆ ئەبەد فڕێدرابوون. لە ئاوێنەکەدا، ئێسکوپروسک و کەللەسەری دەم داچەقاوی ئەوانم دەبینی و لە ژوورەکەشدا، کەسوکاری چاو بە فرمێسک و دەم بە ئاه و نزای ئەوانم دەبینی. هەمیشە چاوێکم لەسەر تەرمە بزرەکانی نێو ئاوێنەکە و چاوێکیشم لەسەر دەموپلی پاڕانەوە و هاواری کەسانی نێو ژوورە تەڵخەکە بوو. باوکم بە ڕیشێکی پان و فرێودەرانەوە، بە زمانی لووس و لێزانانەوە دەژیا و پارەی کەڵەکە دەکرد. ئەو گیرفانیانی دەتەکان و منیش ڕۆحیان. ئێستاشی لەگەڵ بێت، نازانم ئەو چۆن ئەوانی فرێودەدا و بە چ ئەفسونێک لە خشتەی دەبردن! خۆیشم تا ئێستا نازانم چۆن ئەو هەموو تەرم و وێنە و شوێنە لاتەریک و چەپکانە دەهاتە نێو ئاوێنەکەی بەردەمم و من لە ژێر کاریگەری چ سیحرێکدا، ئەو هەموو دیمەنە قێزەونانەم دەبینی و بۆ قوربانییەکانی نێو ژوورەکەم دەگێڕایەوە!
زۆر جار لە بێزاری و ئازاری جەستە شەکەتەکەمدا، بۆ بینینی حەشاماتی نێو دیوەخانە هەمیشە سیخناخ لە خەڵکەکەدا، کە وەک ڕانە مەڕ لە بەردەم ویقاری باوکمدا گڕمۆڵە دەبوون. دەچووم و لە سووچێکدا گرمۆڵە دەبووم و مت و مات دەمڕوانی و گوێم لە داخوازی و ڕاز و نیازی خەڵکەکە دەگرت. هەمیشە دیوەخانەکە جمەی دەهات لە خەڵک، لە ژن و لە پیاو. دیوەخانێک، دیواری بە جاجم و بە تابلۆی ئایەت و بە زەخرەفەی ئیسلامی داپۆشرابوو. دوو دەڕۆیشت و سێی تر خۆیان دەکرد بە ژووردا. لە ناوڕاستی لای سەرەوەی دیوەخانەکەدا، باوکم بە ویقاری پاشایەک، چوارمشقی شانی دادابووە سەر سەرینی ئاوریشمی پڕ نەقش و نیگار. بەسەر فەرشی حەوت سەد شانەی حەوت سەد ڕەنگەوە، بە پەنجەی ئەستوری پڕ ئونگوستیلەی یاقوت و زومرودەوە، بە دوو چاوی زەقی نێو بازنەی قژە سەر و ڕیشی درێژەوە، بە دەوریدا، کەشێکی جادوویی پڕ تەلیسم دەباری.
پەیتا پەیتا، مرۆڤ لە بەردەمیدا کڕنۆشی دەبرد و پاشان ڕاز و نیازی خۆیان هەڵدەڕشت. خێرا خێراش باوکم هاواری دەکرد. “کاری تۆ بە جێیەو و خەمت نەبێت بە دڵی خۆت دەبێت. ” بە یەکی دەوت. “بچۆ ئێسکی باڵی پەپولەسلێمانم بۆ بێنە.”
بە یەکێکی تری دەوت. “بچۆ پێی ڕاستی پشیلەیەکم بۆ بێنە، لە ئەنیشک بە دواوە باشترە و کاری خۆی دەکات.”
ئونگوستیلەی مس و فافۆنی بە سەد قاتی پارەی خۆی پێ دەفرۆشتن. پەیتا پەیتا دەیناردنە دوکانی سەر کۆڵانەکە، ڕەشکە و هەنگوێنی بە نرخی خەیاڵی پێدەدان. ڕۆژانە قۆڵی سەدانی لە بنەوە دەبڕی…
ئەوەی هەرگیز بیرم ناچێتەوە، ئەو کوڕە گەنجە بوو کە بە پرتاو هات و لە بەردەم باوکمدا، کۆمەڵە ڕۆژنامەیەکی کۆنی هەڵڕشت و قورت قورت کەوتە گریان. هەر بە دەم گریانەوە هاواری دەکرد. “بڕوانە بورجەکەم یا شێخ، ببینە کە چی دەڵێت…”
یەک یەک ڕۆژنامەکانی هەڵدەگرت و دەگەڕا پیایدا و شتێکی دەخوێندەوە. “ئەم هەفتەیە قازانجێکی زۆر دەکەیت. ئاستی سەرمایەت بێ حەد زیاد دەکات و دەوڵەمەند دەبیت.”
لە ڕۆژنامەیەکی تردا گەڕا و چووە سەر بورجەکان، پەنجەی خستە سەر بورجی کاوڕ و بە دەم بەرنسک دانەوە کەوتە خوێندنەوەی. “لەم هەفتەیەدا، بە دڵخوازی خۆی دەگات و لە چەند ڕۆژێکدا زەماوەند دەکات.” بڕوانە لێرە بورجەکەم چی دەڵێت. “بەختت ڕوو لە بەرزییە، ژیانت بەرەو کامەرانییە، ئەو هەواڵانەی ئەم هەفتەیە پێت دەگات. هەمووی ڕوو لە خۆشییە…
یا شێخ، من کە بورجەکانم، پڕ لە خۆشییە، بڕوانە گیرفانم خاڵیە. بێ ژن و بێ حاڵ و ماڵم. بێ پارە و بێ کار و سەرگەردام…
تکایە بە خودا بڵێ، بەسە ئیتر هێندە بەختم کوێرنەکاتەوە. هاتووم پێی بڵێی، واز لە بورجی بەختم بێنێ، خۆ من کافر نییم! “
کوڕە پڕ بە دیوەخانەکە دەگریاو و هاواری لە باوکم دەکرد. “یا شێخ بە خودا بڵێ، پێی بڵێ ئیتر بەس ڕێ لە بەختم بگرێت…”
باوکم هەرچی کاری قۆڕ بوو دەیکرد. گرنگ لای ئەو کەڵەکەکردنی پارە بوو. هەزار سەر و سەودای هەبوو. کەللەسەری پڕ بوو لە فڕوفێڵ و تەڵەک، لە ئەتواری سەیر و قێزەون.
هێندە بەدفەڕ و زۆڵ بوو، لە سنوقێکدا، چەند دانە بە ناو کوزی کەمتیاری دانابوو و بە گەنج و جەحێلانی دەفرۆشت، یان بە سووڕ بۆ چەند ڕۆژێک، بە پارەیەکی زۆر پێی دەدان. وەک بزانم و ئاگاداربم، هەر بەو شتانە، سێ چوار خانوی کڕیوە! دەڵێم ئەو شتانە، چونکە ئەوانی زۆر جار بە بەرچاومەوە لە چەرمی پۆستاڵی سوری سەربازی کۆنە دروست دەکرد. پاکەفی پۆستاڵەکانی دەخستە ئاوێکی گەرمەوە، پاش قەدەرێک بە چەکوش تێیدەکەوتو بە پلایس گێڕوگەواڵی دەکردن. لێزانانە چەند پێچێکی لێ دروست دەکرد. ئەوجا بە کەتەر درزێکی دەخستە ناوڕاستی چەرمەکەوە، سیکۆتینی لێ دەسویی و تووکی نەرمی پشیلەی بەسەردا دەڕشت. چرچولۆچ و لوولپێچێکی سەیر کە لە ناوڕاستدا، قڵیشێک هەبوو.
جارێکیان لەسەر ئەو چەرمە پۆستاڵە، گەنجێک حەیا و حورمەتی بە باوکمەوە نەهێشت.
ئەو ئێوارەیە دیوخانەکە پڕ بوو لە خەڵک. گەنجێک بە پرتاو خۆی کرد بە ژووردا و لە دوورەوە هەتا هێزی تێدا بوو، چەرمە چرچەکەی هاویشتە نێوچاوی باوکم و بە خیشم و قینەوە، بە دەنگی بەرز هاواری کرد.” داوەشێی بۆ خۆت و کوزە کەمتیارت، بێنە پارەکەم بدەرەوە…”
باوکم بەرزە پێ بۆی هەستایەوە و بە توڕەییەوە پێی وت. “بێ ئەدەب، چۆن ئاوا لە حزوری ئەم مەجلیسەدا و لە ئاوها شوێنێکی پیرۆزدا، ئاوا بێ ئەدەبانە قسە دەکەیت؟! “
دیوەخانەکە چەند پاسەوانێکی هەبوو، هەمیشە لە خزمەتی باوکمدا بوون و خێرا پەلاماری گەنجەکەیان دا و پڕ شەق و بۆکسیان کرد. دیوەخان شێوا، بوو بە غەڵبەغەڵب. من هەروا تەماشام دەکرد. کوڕە بە دەم و پلی خوێناوییەوە هەڕەشەی دەکرد و هاواری دەکرد. “پارەکەم بدەرەوە، ئەم دەعبایەیە کار ناکات و درۆیە. یەک ئافرەتم بۆ ڕاوناکرێت و هەمووان لە بەرم هەڵدێن…”
باوکم توڕەتر هاواری کرد. “بە شەق بیکەنە دەرەوە. خۆی ناقۆڵاو بێ دەمودووە، خەتای من چییە…”
ڕۆژێک، کە هەر نزیکەی دوانزە زستانێکم بینیبوو. وڕکم گرت و وتم، ناچمە ژوورەوە تا پێم نەڵێت ئەو دیمەنانە چۆن دێنە نێو ئاوێنەکەوە؟! تۆ چۆن دەزانیت ئەم هەموو تەرمە، ئەم هەموو دزییە، ئەم هەموو نهێنیانە ئاشکرا بکەیت! تا پێمنەڵێت دوو پێم ناخەمە ژوورەوە…
باوکم کە هەمیشە جۆرێک لە سام و ترسی لێ دەباری و چاوەکانی قووڵ و پڕ نهێنی دەردەکەوتن. لە تەنیشت خۆیەوە داینیشاندم و زۆر ئارام و هێدی پێی وتم. “کوڕی خۆم، من بە قەد ئەستێرەکانی ئاسمان جنۆکەم هەیە. هیچ شتێک لە من پەنهان نییە. هەر شتێک، لە هەر کوێی ئەم دنیایەدا ڕووی دابێت، یان هێشتا ڕووی نەدابێت، لای من زانراوە. من خاوەنی بێ شوومار جنۆکەم لە هەموو کونجێکی ئەم دنیایەدا. من کەراماتم هەیە، کە تەنها خودا بە پێغەمبەرانی داوە. هەر ئێستا لێرەوە دەزانم کێ ڕۆحی دەکێشرێت و کێ و لە کوێی ئەم سەرزەمینەدا دێتە ژیانەوە…”
ڕۆژێک پیرەژنێک هات. خێرا خێرا، بێ وەچان دەیڕێسی. لە حەوت ژووردا، لە نێو حەوت بوخچەی پڕ گرێکوێرەدا، لە نێو سنوقێکی حەوت قفڵدا، کڵۆم دراو بە حەوت کلیلی بەر سوخمەمدا، تەنیشت مەمکی سیسەڵەی سەر دڵە نەخۆشەکەمدا، کلیلیان دزیوە و خشڵ و لیرەی عوسمانی ڕۆژی زەماوەندیان دزیوم. یا شێخ فریام بکەوە…
باوکم بە بەرچاوی منەوە، لە نێو ژاوەژاوی دەنگی نەشازی پیرێژندا، کەمێک لۆکەی سووتاند و لە ژێر لێوەوە چەند وێردێکی خوێند. پاشان لە جامە ئاوەکەی تەنیشتییەوە کە بە ڕەنگی حیبری پاندانەکەی تەڵخی کردبوو. هەندێک شڵەقاند، دواتر دوو تفی خەستی خستە ئاوە شینباوەکەوە. بۆ پیرێژنی ڕاگرت و وتی “کەمێک لەم شلەتێنە بخۆرەوە.” پیرێژن لە تاو ئازاری گەنجینە دزراوەکەی، بینی بە جامەکەوە نا. پاشان باوکم پێی وت. “دەستی ئەم تفڵە بگرە و بیبە ژوورەوە بۆ بەر ئاوێنەی جنۆکەکان. لەوێ بە چاوی خۆت دزەکە ببینە…”
لە ئاوێنەکەدا، سیمای تەڵخی پیاوێکی سمیڵ فشی کڵاوجامانە لەسەر بە ئاستەم دەرکەوت. پیرەژن، لە پڕ، پڕ بە ژوورەکە قیژاندی و بەدەم دەرپەڕینەوە هاوری دەکرد. “مەحمودی برام!”
من منداڵێکی هەمیشە نەخۆش و لەڕ و لاوازێ بەر ئاوێنە بووم، ئاوێنەی ئەفسوناوی. منداڵانی خەڵک لەبەردەم ئاوێنەی تەلەفیزۆندا، تەماشایی ئەفلامکارتۆنیان دەکرد. من تەماشای لاشەی بۆگەن و سەری بە بلۆک پانکراوەم دەکرد. نازانم ئەو هەموو خوێنەی لە ژوورە تاریکەکەی منەوە دەڕژا، چۆن دنیایی دەرەوەی نغرۆ نەدەکرد!
ئەی ئەو پیرێژنە چۆن لە بیربکەم. لە بەردەم ئاوێنەکەدا پێی وتم. “کەمێک پارەم بۆ عەمرە کۆکردۆتەوە. لە ئاوێنەکەدا تەماشاکە، منداڵەکانم لە کوێن؟ بە پارەکەم دەچمە ئەوێ. “
هیچ چارێکم نەبوو، جگە لەوەی بڵێم بچۆرە بیابانی عەرەبان، ئەو شوێنەی پارەکەت بۆ کۆکردۆتەوە.
لەگەڵ خۆمدا ئەمشەو، دە ئاوێنەی بازنەییم هێناوە، ئەوی پیرەکان لە بەردەمیدا ڕیش دەتاشن. ئەمشەو لەو ئاوێنانەوە، دەچمەوە نێو ئاوێنەی ژیانم.
یەکەم جار کە باوکم بردمییە دەرەوەی ژیانی ئاوێنە، تەمەنم سیانزە بەهار بوو. ئەو بۆ کارێک هاتبووە شار. ئەوە یەکەم جاری ژیانم بوو کە وتی، بڕۆ بگەڕێ من زۆرم پێ دەچێ…
وەک منداڵێکی گێل و نەفام، دنیا نەدیدە، وەک بێ ئاگایەک، ئەوە یەکەم جارم بوو بەر دنیا بکەوم. دنیایەکی ڕاستی، دەرەوەی دنیایی ئاوێنە. بە هەموو لایەکدا دەمڕوانی! هەموو دیمەنەکان بۆ من نوێی و سەرسامەکەر بوون. لە ناخەوە بە خۆمم دەوت. ژیان لە دەرەوەی ئاوێنەش هەیە؟!. ئۆو ژیان چ جەنجاڵە وەک خۆی! چ قەرەباڵغە وەک خۆی! کەڕ و کاس، حەپەساو و واقورماو لەو خەڵک زۆرەم دەڕوانی کە دەهاتن و دچوون! لە زەینی خۆمدا، هەر وەک مرۆڤەکانی نێو ئاوێنەکە دەهاتنە بەر چاوم. وام هەست دەکرد هەر یەکەیان بە شوێن خۆیدا دەگەڕێت. لە ئاوێنەکەمدا، ڕۆحەکان بۆ جەستەکانیان دەگەڕان. لەم بازاڕە جەنجاڵەشدا، جەستەکان بە دوای ڕۆحی خۆیاندا وێڵن!
وەک نەدیوبدییەک، لە بەردەم جامخانەی دوکانەکاندا دەوەستام و تەماشای ناو چاوی کوێرەوەبووی ئەو بوکەڵانەم دەکرد کە بە جلی کەشخەوە نمایشکرابوون. باشە ئەم جەستە باریک و بەرزانە، دەبێ ڕۆحیان لە کوێ بێت؟! دەگەڕام و وەک هەتیوچەیەک، لامدەدایە هەموو شیرینی فرۆشێک و تێر نەدەبووم لە شەربەت و چلورە و ئەزبەری، لە پاقلە و دەڵەمە و شێلمی سەر عارەبانەکان…
دڵخۆش و واقورماو بە نێو حەشاماتدا تێدەپەڕێم و گوێیەکانم پڕ پڕ بوون لە ژاوەژاو و دەنگگەلی بەقاڵەکان. یەکم جارم بوو هێندە بە کەیف و پڕ سەرسامی بم. پێشتر هەرگیز هێندە مرۆڤم ئاوا پێکەوە نەبینیبوو! واااای چ قەرەباڵغییەکی خۆشە بە گیانم! بە گوێیەکانم، بە چاوەکانم…
ئەو ڕۆژە تێگەیشتم باوکم، درۆی لەگەڵ کردووم! ئەو هەمیشە وا وێنای دەرەوەی ژوورەکەی بۆ دەکردم. هیچ ئاوەدانێەک بوونی نییە، دنیا دەشتێکی قاقڕی پڕ تەرمی بێ ناسنامەیە، دنیایەک، هەمووان هەموان دەکوژن و وەک کوپە ئاڵتوون تەرمی کوژراوەکان دەشاڕنەوە. چەندین ساڵە من پێموایە، لە دەرەوەی ژوورەکەمەدا، مڕۆڤ یا بکوژە یان کوژراو!
ئەو ڕۆژە تێگەیشتم کە دنیای زۆر لە دنیای ناو ئاوێنەکەی من گەوەرەتر هەیە. تێگەیشتم کە باوکم بۆ مەرامی گەندەڵی خۆی، نەیئەویست لە ژیان وەک خۆی، وەک ئەوەی هەیە تێبگەم.
دواجار کەوتمە بەر وێنەیەکی گەورە، سەرنجی ڕاکێشام و پەلکێشی خۆی کردم. چوومە ژورەوە. لە دەلاقەیەکەوە سەروسەکوتی پیاوێک وتی”گەر دەتەوێ فیلمەکە ببینی، دەبێ بلیت ببڕی. “
من کە کوڕی بەردەم ئاوێنە بووم و دەمویست بەر دنیای ڕاستی بکەوم. دیسانەوە کەوتمەوە بەردەم ئاوێنەیەکی گەورەتر، کە بێشوومار ڕەنگ و مرۆڤ پێکهەڵدەپژان. سینەما چ سیحرێکە! بۆ یەکەم جار لە ژیانمدا، من وەک نابینایەک، وەک نەزانێک، پیاوێک دەستی گرتم و لە تاریکییەکی پڕ دەنگدا. بە لایتەکەی دەستییەوە و لە ناو تاریکییەکی چڕدا، دەگەڕا تا شوێنێکم بۆ بدۆزێتەوە. کاری من کە هەمیشە گەڕان و دۆزینەوەی شوێنی قوربانییەکان بووە. وا خۆم وێڵم و کەسێک دەگەڕێ بە دوای شوێنمدا!
یەکەم جارە، خۆم لە بەردەم ئاوێنەیەکدام کە ئاوێنەی ژوورەکەم نییە و بە دوای وەڵامدا دەگەڕێم! ژنێک منداڵەکەی فڕێنراوە، دەگری و لە پۆلیسەکان دەپاڕێتەوە بۆی بدۆزنەوە. لە نیوەی فیلمەکەدا، زانیم کێ منداڵەکەی فڕاندووە. زانیم کە لە کوێی شاردا شاردویانەتەوە. هەستامە سەر پێی و پڕ بە هۆڵە تاریکەکە هاوارم کرد. ئەو منداڵە هەمان ئەفسەری پۆلیس لەگەڵ گروپێکدا شاردویانەتەوە. من ئەو شوێنە پێ دەزانم. پڕ بە هۆڵەکە دەمقیژاند و دەستم ڕادەوەشاند. ڕامکردە بەردەم ئاوێنە زەبەلاحەکەو و بە دەم هاوارەوە دەموت. من دەزانم، شوێنی منداڵەکە دەزانم. وەرن لە گەڵم. کۆتایی فیلمەکە لای من وەک ڕۆژی ڕووناک دیار بوو.
گۆڵمەزێکی وام لە سینەماکەداخوڵقاند، پیاوێک بە شەق و زلە فڕێیدامە دەرەوە.
دە ئاوێنەی بازنەیی، ئەوەی پیاوە پیرەکان بۆ ڕیشتاشین بەکاری دەهێنن. لەگەڵ خۆم هێناوە. لە یەک کاتدا لە دە ئاوێنەوە خۆم و خەڵک دەبینم. لە هەڵپچڕاندنی قووتووی حەوتەمی بیرەکانما. خۆم لە هەر دە ئاوێنەکەوە دەبینم. لە هەر بازنەیەکیشدا، جۆرێک دەردەکەوتم! بەڵام بە تەنها نا، هەمیشە سێبەری ڕۆحێکی وێڵ، لە تەنیشتمەوە بە سیمایەکی توڕەوە، دەرئەکەوت.
لە بیرم چوو بڵێم، لەگەڵ بیرەکان و ئاوێنەکاندا، پاکەتێک لەو موسەشم کڕی کە بەسەر بەرگەکەیەوە، جەستەی ڕەقی تیمساح، شەقار شەقار بووە.
بە دەم هەڵقوڕانی بیرەوە، خوێن لە نەرمایی مەچەکمەوە دەچۆڕێ. لە هەر دە ئاوێنەکەوە، خۆم دەبینم کە وەک وەرزەکانی ساڵ دەگۆڕێم. تاوێک زەرد وەک لیمۆ، تاوێک تەڵخ وەک دارستان لە تەمومژدا. وردە وردە هەڵدەگەڕێم بۆ سپێتی زستان. وەک تۆپەڵە بەفرێکی ژێر دەستی منداڵان خلۆردەبمەوە کە دەیانەوێت بیکەنە سەری شێرەبەفرینەیەک. هەموو تەمەنم لەسەر دڵم بووەتە گرێ. هەموو زەمەنی ئەو ماوەیی ژیانم کە دەمرم و هەرگیز نازانم بە ڕۆژ و مانگ و ساڵ چەند دەکات. چونکە من قەت ساڵنامەیەکم نەبووە و نەبینیوە! لە ژوورێکی تاریکدا، ڕوحلەبەرێکی سیسەڵەی بێ دەمودوو، لە دەرەوەی زەمەندا دەژیام. بەڵام دەزانم لە ژوورە تاریکەکەمدا، بیست جار گەرمای گەرم و سەرمای ساردم چشتووە.
لەگەڵ قومی بیرەدا کە دەڕژێتە ئاگاییمەوە! لە هەر دە ئاوێنە بازنەییەکەوە، بێشوومار مرۆڤی بێ گۆڕ و بێ ناونیشان دێنە دەرەوە.
حەڤدە پایز، حەڤدە گەڵا ڕێزانم بینیبوو کە بۆ جاری دووەم، بردمیانەوە بەردەم دکتۆر.
ڕۆژ دوای ڕۆژ بیمارتر دەبووم. ئیتر قاچم لە دووم نەئەهات. پێستی لەشم هەڵدەوەری. دوومەڵ بە ئارەزووی خۆی هەر شوێنێکی جەستەمی پێباش بوایە سەری لێدەهێنایە دەرەوە، دوومەڵی پڕ کیم و میکرۆب. خوێنبەرێکی دڵم تەسک ببووە و یەکێکی تریان فروان ببووەوە. باش هەناسەم بۆ نەئەدرا و کۆکەی وشک بەرۆکی بەرنەئەدام…
پاش پشکنین، دکتۆرەکە پێی وتم.” تۆ تاقە کەسی لەم دنیایەدا کە خڕۆکە سپییەکانی جەستەت، لەبری بەرگری پەلامارت دەدەن! ئەوان لەبری ئەوەی بتپارێزن لە تەنی نامۆ و ڤایرۆسی کوشندە و نەخۆشی، خۆیان هۆکاری نەخۆشێکانتن. لە وڵاتێک دەچیت هیچ هێزی سەربازی و بەرگری نەبێت. یان وڵاتێک، هێزە بەرگرییەکەی دەستی لەگەڵ دۆژمناندا تێکەڵ کردبێت. ئەوان لە بری ئەوەی بتپارێزن، دەرگا بە ڕووی هێرشی لەشکری دوژمندا دەکەنەوە! کوڕم دەردی تۆ بێ دەرمانە. لە ملیۆنان کەس ، کەسێک وەک تۆ موبتەلای ئەم نەخۆشییەیە. دواجار هیچ چارەسەرێک بۆ تۆ نییە و تا ئێستا دەرمانی نەدۆزراوەتەوە. تۆ بە نەخۆشی و ڕەزیلی دەمریت. ڕۆژ دوای ڕۆژ وەک تۆزی سەر باڵی پەپوولە هەڵدەوریت…”
لە تەمەنی هەژدە پاییزیدا، قاچ و قوولم ئیتر خۆیان بۆ ڕانەدگیرا و بە گاگوڵکێ دەڕۆیشتم. وەک کرم، بە ژوورەکەدا، دەخشام و بە ئاستەم دەجووڵام. بە ناچاری باوکم، کورسی عارەبانەیەکی پزیشکی بۆ کڕیم و ئیتر من ببوومە مرۆڤێکی ئیفلیجی سەر عارەبانەیەکی نێو ژووریکی تاریک و پڕ بۆنی بخورد. کەسێکی بەردەم ئاوێنەیەکی گەورەی پڕ مردووی بێ گۆڕ و بێ سۆراغ. لە ژوورێکدا، تەنها دوو جۆر خەڵکم دەبینی. ئەوانی دەهاتن تا شوێنی مردووەکانیان بۆ بدۆزمەوە. یان ئەوانی لە ڕۆژگاری دوور یان نزیک، کوژرابوون و دەهاتنە ناو ئاوێنە ئەفسونگەراکەی بەردەمم، دیانبردم بۆ شوێنی زۆر دوور و زۆر نزیک، بۆ سەر تەرمە هەڵئاوساو و تەرمە بە ئێسکبووەکانیان. لە نێوان ئەو دوو جۆر مرۆڤەدا، خۆشم نیوە مردوویەک زیاتر نەبووم. هەر بەڕاستیش وابووم. نیوەی لەشم مردبوو و تەنها نیوەیەکی کەنفت دەژیا، کە ڕۆژ دوای ڕۆژ تەرازووی لایە مردووەکەم قورس و قورستر دەبوو. تاقە ئەندام لە مندا، نەک نەدەمرد، بەڵکو ڕۆژ دوای ڕۆژ بەهێزتر دەبوو. چاوەکانم بوو، کە وەک چاوانی گورگ، یان هەڵۆ، قووڵتر و تیژتر دەیانبینی. لە نێو بیرێکی قووڵدا، لە نێو بیابانێکی فراواندا، لە نێو دەریایەکی بە شەپۆلدا، بە خێرایی تەرمی قوربانییەکانم دەدۆزییەوە و شوێنیانم ئاشکرا دەکرد.
شەوان، کاتێ ئەو حەپانەم قووتدەدا کە دکتۆرەکە بۆ هێورکردنەوەی ئازارەکانم و نووستن بۆی نوسیبووم. دەکەوتمە بارودۆخێکی بێ ئاگایی سەیرەوە! بێ ویستی خۆم، گۆڕغەریبانی نێو ئاوێنەکە، دەهاتنە دەرەوە و دەستیان دەخستە ژێر باڵمەوە و سوک و ئاسان بەرزیان دەکردمەوە و لەگەڵ خۆیاندا، دەیانبردمە نێو ئاوێنەکە و دوور دوور، قوڵ قووڵ، لەگەڵ خۆیاندا دەیانبردم. بۆ شوێنانێک کە هەرگیز بە خەونیش نەمبینیبوون! ئەوان سپی سپی، بە باڵی گەورەی پڕ شاباڵی شمشێرییەوە، بە دەنووک چوارپەلیان دەگرتم. بەرز بەرز دەیانفڕاندم و لە ژێرمەوە زەوی هەر هێندەی تۆپێکی پێ دەردەکەوت. نزم بەسەر ئۆقیانوسەکاندا دەیانفڕاندم و لە شەپۆلدا تەڕ و هەناسە سارد دەبووم. بەسەر بیابانی بێ سنور و بێ کۆتاییدا دەیانفڕاندم و لە نێو گەرداوی چڕ و لولپێچدا، وەک فڕفڕۆکە دەخولامەوە.
شەوێک یەکێک لە ڕۆحەکان، بەسەر بیابانەکەوە لە پڕمەی گریانیدا و هاوار و ناڵەی ئاوێتەی لرفە و هاژەی گەرداوی بیابانەکە بوو. بە دەم بەرهەنسکدانەوە پێی دەوتم.
“لە ژێرەوەی ئەم بیابانەدا، هێندە ئێسکوپروسکی قوربانییەکان زۆرن. گەر هەزار ساڵیش تەمەن بکەی، لە ناو ئاوێنەکەتدا و بەردەوام بۆیانبگەڕێت و یەک یەکیش بیاندۆزیتەوە، هێشتا هەموویانت بۆ نادۆزرێتەوە و ئاوێنەکەت لە بێزاری و توڕەییدا هاوار دەکات ” هل من المزید”
ئیتر لە توانامدا نەما، ئەو هەموو گۆڕ بزرە. شەوان یان ئەوان لە ئاوێنەکەوە دەهاتنە دەرەوە. یان من دەچوومە نێو ئاوێنەکەوە. هەزاران ڕۆحی نێو دەریای ئیجە، هەزاران ڕۆحی نێو بیابانەکان، هەزاران ڕۆح کە سەری بڕاوی خۆیان، لە باوشدا بوو و عەوداڵی جەستەیان بوون. دەهاتن و دەیانویست من شوێنی جەستەکانیان بۆ بدۆزمەوە.
دەهاتن و دەچوون. ژوورەکەم هەموو شەوێ، پڕ دەبوو لە ڕۆحی گۆر غەریب. هەندێ شەو لە نێو شەپۆلی باڵا و سەرسەختی دەریای ئیجەدا و لەگەڵ بێ شوومار مرۆڤی سەرگەرداندا بووم. هەندێ شەویش لەگەڵ سەدان ڕۆحی بێ ئۆقرەی نێو بیابانەکاندا بووم.
زۆر شەویش ئەوان لە ئاوێنەکەوە دەهاتنە دەرەوە و میوانی من دەبوون. ئەوان بەزەییان بەمندا دەهاتەوە. لە خۆم باشتر منیان دەناسی و دەیانپرسی. “ئەی ڕۆحی خۆت کوا؟! تۆ جەستەیەکی کەنەفت و ڕزیوی وەک جەستەی ئێمە، ئەی کوا ڕۆحت کوا؟! “
دەستی دڵنیایی و حورمەتیان بە شانمدا دەهێنا و دڵنەواییان دەکردم. ئەوان تێکڕا دەیانوت. “چۆن لە ئاوا ژورێکدا دەژێیت؟! فراوانی بیابان و قۆڵای دەریا، زۆر لێرە خۆشترە. “
ئاخۆ من ڕۆحم هەیە، یان بوومەتە قیبلەنمای تراویلکە؟ ڕۆحم کوا کە بیابان هەمیشە وەک قەشمەرێک، گاڵتەی پێکردووم. وردە ئێسکی پەنجەی منداڵانی پیشاندەدام و دەیوت؛ “ئەگەر زیرەکی، ئەم ناوکە خورمایانە، هی چ جۆرە خورمایەکە، بەڵحییە، یان برێمە، یا عەجوەیە…
کەللەسەری دەم داچەقاوی پیشاندەدام و بە لاقرتێوە دەیپرسی؛ بەر لەوەی ئەم مرۆڤە ببێتە خۆراکی من، چەند ددانی کەوتبوو؟ لە جلوبەرگی ڕزیوی ئەم کۆمەڵە زۆرە وردببەوە، بووک و زاوای یەک هەفتە کامیانە؟ گەر زانیت خەڵاتت دەکەم…”
جگە لە خۆکوشتن چ ڕێگاچارەیەک بۆ منی گاڵتەجاری بیابان ماوەتەوە؟! تەنانەت خۆکوشتنیش بۆ من گوزارشتێکی پڕ بە مانا نییە. من کوا ژیاوم، تا بمرم.
لە یارییەکی قورمیشکراوی بەر دەستی منداڵێکی چەتوون، دوای ئەوەی پاترێکەی لاواز دەبێت و تێکی دەشکێنێ، هیچی تر نیم. هەر لە بنەڕەتەوە، لە منداڵیمەوە، یارییەکی دەستی باوکم و بیابان بووم. قورمیشی دەکردم و وەک مەیمونێکی ناقۆڵا و بە پێی ویستی خۆی هەڵیدەپەڕاندم و بە کاریدەهێنام. یاری بەردەم ئاوێنەیەک کە هێندە دەستی ڕاستم هەڵبڕیبوو، تا بە پەنجەم شوێنی ئێسکوپروسکی قوربانییەکان لە ناو تراویلکەی ئاوێنەکەدا، پیشانی کەسوکاریان بدەم، وەک سکی مەڕێکی بە دان کەوتوو ئاوسابوو. وەک قۆڵی بوکەڵەی دەستی کچۆڵەیەکی لاسار، شانم ترازابوو و خەریک بوو لێدەبووەوە. بە ناچاری بۆ ڕاگرتنی دەستی چەپم دەکردە کۆڵەکەی ژێری.
کەواتە مردن، لێرە لەم تاریکییە، زۆر خۆشترە! بڕیاڕمدا و پەشیمان نیم. لەو ژوورە هەڵهاتم و وا لێرە لەم ژووری میوانخانەیەدا، کۆتایی بەم گاڵتەجاڕی وەرزانە دێنم و ئیتر نە سەوزی بەهار و نە زەردی هاوین و نە بارانی زستانم بۆ گرنگ نییە. بیست جار لە ژیانمدا، هەموو ئەو گاڵتەجاڕییە دووبارەیەم بینیوە. ئیتر دەمەوێ بچمە وەرزی پێنجەمەوە. ئەو وەرزەی تەنها لە ناو ئاوێنەکەمدا هەیە. وەرزی بێ ڕەنگی و بێ بۆنی، بێ ئازار و بێ جەستە، جێیەک لە هیچ جێیەک، بێ ئاگاییەکی چەشنی خەوی قووڵی هاوین.

عومەر سەید




فریودانی دیجیتاڵی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان: کاتێک واقیع دەبێتە درۆ لە دونیای ئۆنلاین – مەترسی و چارەسەر.. دیار سعدی

پێشەکی
مرۆڤەکان هەمیشە چەندین ڕێگا و میتۆدیی جیاوازیان تاقیکردۆتەوە لەمەڕ گەیشتن بە ئامانجەکانیان هەروەک فریودان یاخوود فێڵکردن بە نمونە. لە ڕاستیدا گەر پێناسەیی فریودان بکەین بریتیە لە شاردنەوەی ڕاستیەک و لادان لە واقع لەبەرانبەر بەدەستهێنانی ئامانجێکی دیاریکراو و هەروەها مێژوویی فریودان لە تاکتیکە سەربازییە کۆنەکانەوە دەستپێدەکات هەتاوەکوو دەگاتە توێژینەوە دەروونیە مۆدێرنەکان.

فریودانی دیجیتاڵی لە سەردەمی ئێستادا
لەم سەردەمەیی ئێستاشدا کە سەردەمی تێکنۆلۆجیایی زانیاری و زیرەکی دەستکردە و میتۆدە لاوەکیەکان چیدیکە بەشێوەیەکی ڕەهایی پشتیان پێنابەسرێت بەهۆکاریی لەکارکەوتنی میکانزمەکانی لەنێو دونیایی پێشکەوتوویی ئەمڕۆدا. هێرشبەران و وڵاتان و ڕێکخراوەکان فۆڕمێکی نوێ لە فریودانیان بەرهەمهێناوە بەناویی فریودانی دیجیتاڵی کە تێیدا هێرشبەر لەژێر هەر هاندان و هۆکارێک بۆ ئەمجاندانی تاوانێک یان کارێک هەڵدەستێت بە فریودانی کەسی قوربانی.
لێرەدا بەتەنها باس لە فریودانە دیجیتاڵیەکان (ئۆنڵاین) دەکەین سادەتر ئەو فریودانانەیی نێو دونیایی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان چونکوم لەڕاستیدا هەموو جۆرە فریودانەکان کە لەنێو دونیایی واقعدا بەرجەستەن و بەردەستن دەتوانرێ لەنێو دونیایی دیجیتاڵیدا بەکاربهێنرێت.
نمونە: کۆکردنەوە و خواردنی پارە هەتا چەند ساڵێک لەمەوبەریش لەنێو هەرێمی کوردستان و عێڕاق بووبوو بەباو. بەڵام لەدوایی پێشکەوتنی میتۆدەکان و ڕێگاکان هێرشبەران و فریودەران ڕیفۆرمێکیان لەنێو کارەکانیاندا ئەنجامدا ئەویش بەهاتنە نێو دونیایی دیجیتاڵی و ئینتەرنێت.

هۆکارەکانی ئاڵوگۆڕ بۆ دونیای دیجیتاڵی

١. شاراوەیی
هێرشبەران و فریودەران دەتوانن تا ڕادەیەک و ماوەیەکی سنوردار یاخوود ماوەیەکی درێژخایەن بە شاراوەیی بمێننەوە لەنێو دونیایی ئینتەرنێتدا لە ڕێگەیی بەکارهێنانی ئامرازیی تایبەتەوە.

٢. کەسایەتی ساختە
هێرشبەران و فریودەران لەنێو دونیایی ڕاستەقینەدا ناتوانن ناسنامەیەک و فۆڕمێکی نوێ لەخۆیان دروستبکەن چونکوم پێویستی بە پڕۆسەیەکی درێژخایەنە و هەندەکجار ئەستەمیشە. بەڵام لەنێو دونیایی دیجیتاڵیدا وەک کورد دەڵێت “زەڵاتەیە”.

٣. ئامرازیی پێویست
هێرشبەران و فریودەران بۆ گەیشتنیان بە ئامانجەکانیان و ویستەکانیان پێویستیان بە ئامرازە هەڵبەت ئامراز هەموو ئەو ئامێرانە دەگرێتەوە کە کارئاسانی دەکات بۆ بەکارهێنەرەکەیی بۆ هەر مەبەستێک. بە نمونە کلیکێک بۆ کردنەوەی دەرگایەک. لەنێو دونیایی دیجیتاڵیدا هێرشبەران و فریودەران خاوەنی ئامرازی پەیوەستن بۆ دروستکردن و بەرهەمهێنانی کەسایەتیەکی ساختە. وە ئامرازەکان ئیمەیڵ یاخوود ژمارەیەکی پەیوەندی یانیش بەرنامەیەک بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان.

ئامانجەکانی هێرشبەران و فریودەران
لێرەدا پرسیارێکی گرنگ دێتە گۆڕێ، ئایا بۆچی هێرشبەران و فریودەران ئەم کارانە ئەنجام دەدەن و دەکرێت زیانی کەسایەتی و ماددیش بەکەسی ئامانجگیراو بگەیەنن؟ وەڵامەکەیی دابەش دەبێت بۆ چەند هۆکارێکی دیاریکراو و هەندێکجار وەڵامی پرسیارەکە دابەش دەبێت بۆ سەر ئەو جۆری میکانیزم و میتۆدانەیی هێرشبەر و فریودەران لەنێو پڕۆسەیی کارکردنەکەیان بەکاریانهێناوە.

نمونەیەک:
دوو کەس هەڵدەستن بە دروستکردنی پەیجێک لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و بانگەشەیی دەوڵەمەند بوون دەکەن لە ماوەیەکی کورتدا و شێوازی پارەکەش دراوە ئەلیکترۆنیەکانن (کریپتۆ کێرسنی) و بانگەشەدەکەن بۆ بەشدارییکردن لە پڕۆگرامەکە پێویستە پێش وەختە بە بڕیی ١٠٠ دۆلار بەشداری بکرێت و پاشان ١٠٠ بەنزیکەیی بەشداریی لەم پڕۆگرام و بانگەشەیە دەکەن. دوایی چەند ڕۆژێک ئەم دووکەسە هەڵدەستن بە ڕەشکردنەوەی پەیج و هەژمارەکانیان. ئیدی لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت ئامانج و ویستی هێرشبەر و فریودەران دەستکەوتنی پارە بووە.

هۆکارەکانی گشتی:
١. تۆڵەکردنەوە
٢. ئابووریی
٣. زیان گەیاندن بە کەسایەتی
٤. بوونی کێشەیەکی دەروونی

دیاریکردنی ئەگەری سەرکەوتن
هێرشبەران و فریودەران لەنێو دونیایی دیجیتاڵیدا ژینگەیەکی لەبارتر و فراوانتریان هەیە وەک لەنێو دونیایی واقعدا چونکوم مەرج نییە هەموو تەکنیک و میتۆدەکانی فێڵکردن و فریودان کاربکەن. بەڵام لەنێو دیجیتاڵیدا ئەگەرەکانیان کەمتر نیە لە ٪٨٥ بۆ ٪٩٠.

نمونە لە دونیای واقع:
با خەیاڵ بکەین کەسێک دەیەوێت لە دونیایی واقعدا گفتوگۆ دەگەڵ ئافرەتێک بکات و پاشان بۆ مەرامێکی قێزەونی خۆیی بەکاریبهێنێت. بەڵام ئایا ئەم پڕۆسەیە ئەگەریی سەرکەوتنی هەیە لەنێو دونیایی واقعدا؟ بێگومان ئەگەر باسی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەشێک لە وڵاتانی ئاسیایی بکەین ڕێژەیەکی کەم دەبێت و لە وڵاتانی ئەوروپا ڕێژەیەکی بەرزتری دەبێت.
با ئێمە هەرێمی کوردستان و عێڕاق هەڵبژێرین بێگومان بەشێکن لەنێو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێشتان ئاین و کلتور و خێزان ڕۆڵی سەرەکی دەبینن لە کۆمەڵگادا. ئەم پڕۆسەیی هێرشبەر و فریوەدەران لەنێو دونیایی واقعی هەرێمی کوردستان و عێڕاقدا ئەگەرێکی کەمی هەیە چونکوم بەهۆیی ژینگەیەکیی ئاینی و کلتوری و خێزانی و بوونی سنورێک بۆ قسەکردنی نێوان کچان و کوڕان لەدەرەوەی ماڵەوە و خێزان کارێکی ئەستەمە.

لە دونیای دیجیتاڵیدا:
بەڵام هێرشبەران لەنێو دونیایی دیجیتاڵیدا هیچ سنورێکیان نییە. وەک دەڵێن هەموومان میوانێکی نادیار و شارەوەمان هەیە لە ماڵەوەماندا ئەوانیش مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانن، هێرشبەران لەنێو دونیایی دیجیتاڵیدا دەتوانن بەبێ لەدەرگادانی کەسی قوربانی و ڕەگەزی بەرانبەر بچنە ژوورەوە و پەیام و ویستی خۆیان بگەیەنن چونکوم ئەم مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتیانە لەلایەن دایک و باوکان و کەس و کارەوە چاودێری و چاوی لەسەر نییە. وەک جاران چۆن کەسێک لە ماڵێکدا بۆکس و دۆڵابی خۆیی هەبووە ئیدی ئێستا بەهەمان شێوازە تەنها بە فۆڕم و جۆرێکی نوێوە.

حاڵەتەکان لە هەرێمی کوردستان و عێڕاق
وە ئێستاش لە هەرێمی کوردستان و عێڕاقدا دەبینین و دەبیستین زۆربەیی هەڕەشە و گێچەڵە ئەلیکترۆنیەکان لە فۆڕم و جۆریی هەڵخەڵەتاندنی ڕەگەزیی بەرانبەرن لەپێناو مەبەستێکی دیاریکراوی خۆیان و ئەم مەبەستەش دەکرێت دەست گەیشتن بێت بە وێنەیی نەشیاو یاخوود ڤیدیۆیی نەشیاو یانیش ئەوەتا بواریی ماددی.
وە هەروەها لەنێو مەملەکەتی ئێمەدا هەردوو جۆرە لەئەرزیی واقعدا دیارن کەسێک دوایی دروستکردنی پڕۆفایل و هەژمارێکی ساختە و خۆ نزیککردنەوە لەگەڵ ڕەگەزیی بەرانبەر لەژێر دروشم و پڕوپاگەندەیی هاوسەرگیری و خۆشەویستی و پاشان دەستکەوتنی وێنە و ڤیدیۆیی نەشیاو دووبارە لەژێر دروشمی ئەوەیی خۆ تۆ هەردەبیت بەهاوسەرم ئیدی بۆچی ئارەزوویی یەکتری بەتاڵ نەکەینەوە.! ئیدی دوایی ئەوەیی هێرشبەران و فریودەران گەیشتن بە ئامانجەکانیان دەست دەکەن بە هەڕەشەکردن داواکردنی بڕێک پارە یانیش ئەوەتا دەستکەوتنی مەرامە قێزەونەکانیان بەشێوەیەکی فیزیکی.

پڕۆفایلی ساختە (کاتفیشینگ)
لێرەدا ئامانجم دوایی ئەم نوسینانەیی پێشوو تەنها بریتیبوو لەگەیشتن بە خاڵی مەبەست ئەویش “پڕۆفایلی ساختە” بوو. گەرەکم بوو پێشوەختە تێگەیشتن و هۆشیاریەک ببەخشم بەخوێنەر تاوەکوو پێشخانێکی چڕیی هەبێت لەم بابەتە بەرفراوانە کە تەنانەت چەندین توێژینەوە و وتار و کتێب هەڵدەگرێت.

پێناسە:
“کاتفیشینگ” یاخوود پڕۆفایلی ساختە بریتیە لە تەکنیکێک کەسی هێرشبەر هەڵدەستێت بە دروستکردنی پڕۆفایلێکی و ناسنامەیەکی دیجیتاڵی ساختە لەبەرانبەر گەیشتن بە مەرام و ویستەکانی. وە ئامانجەکانیش لە نوسینەکانی پێشوودا باسمان لێوەکردووە.
لە سەردەمی ئەمڕۆدا لەنێو وڵاتانی ئەوروپایی و ئاسیایی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کوردستان و عێڕاقەوە ئەم میتۆد و تەکنیکە زۆر پشتی پێ دەبەسترێت. ئەوەیی گرنگە بزانین ئەم تەکنیکە تەنها لەنێوان گەنجەکاندا بەکارنایەت بەڵکو هەندێکجار کەسانی تەمەن گەورە و پێگەیشتوو بە زوبانە سادەکە “پیر” هەڵدەستن بە ئەنجامدانی ئەم تەکنیکە بۆ گەیشتن بەمەرامێکی جەستەیی و کەسی قوربانیش بێگومان هەندێکجار تەمەنێکی هەرزەکار و گەنجی هەیە.
وەک ئاماژەمان پێداوە دونیایی دیجیتاڵی بەتەواوەتیی ژینگەیەکیی فراوانتر و ئاسانتری بۆ هێرشبەران و فریودەران ڕەخساندنەوە تاوەکوو بە ئاسانی بگەن بەوەی دەیانەوێت وەک چۆن هێشتان لەنێو کۆمەڵگەیی خۆمان دەڵێن: ئەم ئینتەرنێتە زۆر کارئاسانیی کردووە ئەوەتا ئەمریکایی بۆ هێناویتە نێو ماڵەکەت. بەڵام لێرەدا و لەم حاڵەتەدا بەکارهێنەر بە دەروون دروستی و مەبەستی وەرگرتنی سوود و زانیاریی بەکاریدەهێنیت. وە دەشبێت ئاماژە بەوە بدەین هەمان ئەم ئینتەرنێتەیی ئەمریکایی بۆ هێناویتە ماڵەکەت. چەندین تاوان و ژێرزەمینی تاوانی هێناوەتە نێو ماڵەکانمانەوە.

چالاکیەکانی دیاریکردنی هێرشبەر
بەداخەوە لەنێو ئاسایشی ئەلیکترۆنیدا هونەریی دیاریکردنی هێرشبەر پڕۆسەیەکی تەواو ئاڵۆزە بۆیە لەم سەردەمەدا وازیان لەوە هێناوە کێیە هێرشەکە یاخوود فریودانەکەیی ئەنجامداوە بەڵکو زیاتر جەخت لەسەر وەڵامدانەوەی ٤ پرسیاریی تایبەت کراوەتەوە ئەوانیش بریتین لە:
پرسیارە سەرەکیەکان:
١. بۆچی؟
٢. چۆن؟
٣. کەیی؟
٤. کێ؟
بێگومان وەڵامدانەوەیی پرسیاریی بۆچی و چۆن و کەیی تا ڕادەیەک ئاسانن بەڵام کێ؟ کە مەبەستی کەسی هێرشبەرە تا ڕادەیەک قورسە بەهۆیی زۆربوونی ئەو ئامرازانەیی هێرشبەران بەکاریدەهێنن بۆ خۆشاردنەوە و شاردنەوەیی ناسنامەکانیان. چونکوم لە ڕاستیدا مەرج نییە هێرشبەر هێڵێکی پەیوەندی بەکاربهێنێت کە لەنێو عێڕاق و هەرێمی کوردستاندا کاردەکەن بەڵکو لەوانەیە ژمارەیەکی کاتی یان ژمارەیەکی دیجیتاڵی کڕی بێت و ژمارەکە بەناوێکی ساختە و ناونیشانێکی ساختە تۆمارکرابێت.
لێرەدا وەک پسپۆڕ و توێژەرێکی ئەم بوارە ناڵێم نادۆزرێتەوە چونکوم شاراوەیی ناسنامەیی هەر کەسێک تەنها هەتا ئەوکاتەیە کە پەیوەست دەبێت بە ئینتەرنێتەوە بەڵام پێویستی بە پڕۆسە و کاتێکی زیاتر هەیە لەبەرانبەر دیاریکردن و دەستنیشانکردنی کەسی هێرشبەر و فریودەران.

چارەسەرەکان
هەتا ئێرە باسمان لە قۆناغەکان و مەترسیەکان کرد، بەڵام بێگومان خودا کاتێک دەرەدێک دەنێرێت چارەسەریشی لەگەڵ دەنێرێت. وەک کوردەواریی دەڵێت دەرد بێ دەرمان نایەت، یانیش هەموو کێشەیەک چارەسەرێکی هەیە مادام پێی دەگوترێت کێشە و بێگومان چارەسەرکردنی کێشەکانیش بەپێی ژینگەیی وڵات و خێزان و کلتور و ئاستی مەعریفی و ڕۆشنبیری کەسی قوربانی دەوردەبینێت.
لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بە چەندین خاڵ بدەم دەتوانرێت لەدوایی قەدەریی پەروەردگار ببێتە هۆکارێک بۆ سەلامەتیتان لەنێو دونیایی دیجیتاڵیدا لەنێو ئەو دونیاییەیی واقیع دەبێتە درۆ. ئەم خاڵانەش بریتین لە:

١. متمانەنەکردن بە ئاسانی
وتەیەک هەیە دەڵێت کاتێک متمانەت کرد زانیاریەکان وەکو کانیاو لێی دەڕژێن، هەر بۆیە بە ئاسانی متمانە بە هیچ کەسێک مەکە چونکوم لە ئێستادا بە ئاسانی دەنگ و وێنە و ڤیدیۆکان ساختە دەکرێن و پێویستە بشزانین قسە ئەوەندە فەقیرە هەموو کەس پێی دەوێرێت.

٢. هەموو زانیاریەکان بەشمەکە
پێویست ناکات ئەو زانیاریی و بابەتانەیی کەسین و پەیوەستن بە ژیانی خۆتەوە لەگەڵ هەموو کەسێکدا بەشی بکەیت.

٣. پڕۆفایلەکەت با قفڵ بێت
لە ئێستادا تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی وەکو فەیسبووک و انستاگرام یاخوود تیکتۆک زیادکراویی “هەژماریی تایبەت” پڕایڤت ئەکاونتی هەیە کە تێیدا تەنها ئەو کەسانەیی لایی تۆ هەن و هاوڕێتن وێنە و ڤیدیۆکانت دەبینن و ئەگەر بەڕێزت کەسێکی ناسراو یان تەمەنێکت نییە و هۆشیاریت کەمە لەنێو دونیایی دیجیتاڵیدا ئەوا با هەژمارەکەت قفڵ ببێت و پڕایڤت بێت چونکوم لە ئێستادا چەندان حاڵەت هەن کەسێک تەنها وێنەیەکی خۆی لەنێو سناپچاتدا یانیش لەنێو انستاگرامدا داناوە و وێنەکە بردراوە و نوسراویی نەشیاویی لەسەر نوسراوە و ئەمەش بۆتە دروستکردنی کێشەیی کەسی و خێزانیی و دەروونی.

٤. وەڵامی هەموو پرسیارێک مەدەرەوە
کاتێک هەر کەسێک پرسیارێکت لێ دەکات سەبارەت بەکەسێکی دیکە ئەوا وەڵامیی ئەم پرسیارانە مەدەرە چونکوم دەکرێت کەسی هێرشبەر لەڕێگەیی تۆوە کەسێکی دیکە بە ئامانج بگرێت وە ئەگەر پرسیارەکەش سەبارەت بەخۆت بوو پێویست ناکات هەموو زانیاری و هەموو وەڵامێک بدەیتەوە وەک شوێنی نیشتەجێبوون هەندەکجار تەمەن یان پێدانی ئیمەیڵەکەت (پۆستی ئەلیکترۆنی).

٥. فێڵی خۆشەویستی
ئاگاداربە هێرشبەران هەندێکجار بۆ ئەوەیی زانیاری زیاتر لەسەر تۆ یان کەسێکی دیکە بەدەست بهێنن هەندێکجار زۆر بە لێزانانە پەیوەندیەکی سۆزداریت لەگەڵ دروست دەکەن و ئەم پڕۆسەیە بەماوەیەکی درێژدا تێدەپەڕێت لە یەکتر ناسین و تا دروستکردنی متمانە هەر بەم بۆنەیەوە ئەگەر هەر کەسێک دوو قسەیی ناسک و جوانی بۆ کردیی وامەزانە ئەوە شاسواریی خەونەکانتە…
چۆنیەتیی ناسینەوەی کەسانی هێرشبەر و فریودەر و پڕۆفایلی ساختە
ئایا چۆن بتوانین کەسانی هێرشبەر و فریودەر و پڕۆفایلی ساختە بناسینەوە؟ ئەم وەڵامە دابەش دەبێت بۆسەر چەند خاڵێکی دیاریکراو، لە ڕاستیدا نیشانەکان و میتۆدەکان زۆرن بەڵام لێرەدا گرنگی و جەخت دەکەینەوە سەر چەند بابەتێکی دیاریکراو لەوانە:
١. ڕێگەنەدان بە پەیامی تەلەفۆنی و ڤیدیۆ
کەسی هێرشبەر و فریودەر ڕێگەنادات بە پەیامی تەلەفۆنی و ڤیدیۆ قسە بکەن، هەندێکجار دەکرێت بۆ دروستکردنی متمانەیەک بە پەیوەندی تەلەفۆنی لەڕێگەیی ماسنجەرەوە یان سناپچات یان انستاگرام قسەبکات بەڵام بە هیچ شێوەیەک لەڕێگەیی ڤیدیۆییەوە قسە ناکات.
٢. ئۆنڵاین نەبوون و کەمی وێنە
کەسی هێرشبەر و فریودەر هەمووکات ئۆنڵاین نییە واتا لەسەر هێڵ (خەت) نییە و ئەمەش دەکرێت ئامانجی دروستکردنی هۆگربوون بێت. وە هەروەها زۆربەیی جارەکان وێنەیی پڕۆفایلی خۆیی نییە و وێنە لەسەر پڕۆفایلەکەیی نییە. وە چەند هەژمارەیەکی (ئەکاونت) کەم بەکاردەهێنێت یان یەک دانە.
٣. کەمی هاوڕێ و فۆڵۆوەرز
کەسی هێرشبەر و فریودەر هەمیشە لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا هاوڕێ و فۆڵۆوەرزێکی (شوێنکەوتوو) کەمیان هەیە وە زیاتر کەسانی نەناسراون یان کەسانی بیانین.
٤. تازەیی هەژمار
کەسی هێرشبەر و فریودەر هەژمارەکانیان ماوەیەکی تازەیە دروستکراوە هەندەکجار دەکرێت هەفتەیەک یان دوو هەفتە یان نزیک مانگێک ببێت. ئاگاداربە هەندێک لە کەسانی هێرشبەر و فریودەران مێژوویی دروستکردنی پڕۆفایل و هەژمارەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ چەند مانگێک یان ساڵێک تاوەکوو متمانەیەکی زیاتر ببەخشن بەکەسانی دیکە و بە ئاسانی دواتر ئامانجەکانیان بەدەست بهێنن.
٥. بەکارنەهێنانی وێنە و ڤیدیۆی خۆیان
کەسی هێرشبەر و فریودەر هەرگیز وێنەیی خۆی یان ڤیدیۆیی خۆی بڵاوناکەتەوە بەڵکو زۆربەیی جارەکان وێنەکانیان یان ڤیدیۆکانیان هی کەسانی دیکەن یانیش لە ڕێگەیی زیرەکی دەستکردەوە دروستکراون یانیش لە گوگڵ و پلاتفۆڕمەکانی دیکەوە هێنراون.
٦. داواکردنی وێنە و ڤیدیۆی نەشیاو
کەسی هێرشبەر و فریودەر دوایی ماوەیەک لەیەکتر ناسین و دروستکردنی پەیوەندی داوایی وێنە و ڤیدیۆیی نەشیاو دەکەن و پاشان دەست دەکەن بەهەڕەشەکردن بۆ پەیوەندیەکی قێزەونی جەستەیی و یاخوود بڕێک پارە لەبەرانبەر ڕەشکردنەوە و بڵاونەکردنەوەی ئەم ڤیدیۆ و وێنانە.

داواکردنی هاوکاری
لێرەشدا دەمەوێت ئاماژەبدەم بەوەیی ئەگەر لەنێو خێزانێکیت تا ڕادەیەک ژینگە و دەرفەتێک هەیە بۆ قسەکردن لەگەڵ ماڵەوە سەبارەت بەم ڕووداوەیی هاتووە دەتوانیت داوایی هاوکاریی بکەیت لەلایەن کەسێکی متمانەپێکراو لەنێو خێزانەکەتدا یانیش پەیوەندی بەلایەنی یاساییەوە بکەیت تاوەکوو هاوکارتت ببن لەچارەسەرکردنی کێشەکانت.

کۆتایی
بە هیوای ئەوەی ئەم وتارە بووبێتە هۆکارێک بۆ زیادکردنی هۆشیاری و ئاگاداریی خوێنەرانی بەڕێز لە مەترسیەکانی فریودانی دیجیتاڵی و چۆنیەتیی پارێزگاری لە خۆمان و خێزانەکانمان لەنێو دونیایی ئۆنلاینەدا کە تێیدا واقیع دەبێتە درۆ.




سووراوی ژنەكان مەشكێنن!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

هیچ شتێك هێندەی ژنێتی، چێژ و جوانی و هەستی ژنانە بە ژن نادات. ئەمە بەو مانایە نا، كە ژن ئەو ژنبوونەی خۆی لە سێبەری گەورەی پیاوێكدا ببینێتەوە و پێی وابێت بۆ ئەوەی گوزارشت لەو ژنێتیەی خۆی بكات، دەبێ پیاوێك لە ژیانی هەبێت، بەڵكو بەو مانایەی ژن هەست بكات خۆیەتی و ناسنامەی خۆی وەك مرۆڤێكی سەربەخۆ، بێ پاشكۆ ببینێت، كە تەنێ ڕەنگدانەوەی بوونی خۆیەتی ئیدی نێرێك هەبێت یان نا، چونكە دواجار ئەو بەرلەوەی ژن بێت، مرۆڤە و پیاوێك هەبێت یان نا، ئەو هەر ژنە.
لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، پیاوی كورد بە گشتی زۆرینەیان نازانێت پەی بەو ژنێتییە بەرێت كە لە كەسایەتی و دنیابینی و ڕوحی ژن هەیە، بۆیە هەر لە سەرەتاوە ئەو بەركەوتنە خێزانییە دروست دەبێت، تا سەر دەكێشێت بە جیابوونەوە، لەوەشدا بەشێكی زۆری ئەو كێشانە، پەیوەندییان بە هەوڵدان بۆ بە (ئەوكردن) هەیە لە ژیانی هاوژینیدا، كە ژن دەیەوێت، پیاوەكە وەك خۆی لێ بكات و بە پێچەوانەوەش! بۆیە لە كێشەی بچووكەوە ئاریشەی خێزانی گەورە سەر هەڵئەدەن و ماڵەكە دەبێتە دۆزەخ و منداڵیش باجەكەی دەدات. ژن بە سرووشت، ڕۆمانسی و جوانە، چێژ لە هەموو ئەو شتە جوانانە وەردەگرێت، كە ڕەهەندێكی ئستاتیكیان هەیە. ژن حەزی لە ڕێكخستن و خاوێنی و ئەتەكێت و كاركردنە بە ڕێكی و زۆربەی هەرە زۆری پیاوانیش پێچەوانەی ئەو خەسڵەتە سایكۆلۆژیانەی ژنان دەجووڵێنەوە، لەكاتێكدا دەزانن ئەمە ئەوان نیگەران دەكات. پەی بردن بەو هەستی ژنێتییە لە ژیانی هاوژینیدا، زۆر گرنگە و دەتوانێت ببێتە بنەمای بەردەوامی خێزانێكی سەركەوتوو، پەروەردەیی و تەندروست، ئەمیش لە رێگەی زمانی گفتوگۆ، لە یەك گەیشتن و چوونە نێو ئەو دنیایەی ژن، كە پیاو دەتوانێت لەو پەڕی تووڕەییەوە، بە لە ئامێزگرتن و ماچێك، هێوری بكاتەوەو نیگەرانییەكەی بڕەوێنێتەوە، بەڵام پیاوان پێچەوانەی ئەو خەسڵەتانە دەجووڵێنەوە. بۆ نموونە:
ژن كاتێ بازاڕ دەكات، وەك پیاو نییە، ڕاگوزەرانە سەیری شتێك بكات و دواجار بیكڕێت، بەڵكو ژنان، قووڵتر، نیگایانەتر، دەڕواننە كەرستە و كەلوپەلەكان و هەوڵدەدەن، لە ڕووی هونەریی و جوانكارییەوە شتێك بكڕن، كە لەگەڵ ژینگەی خێزانی و ماڵ و ڕێكخستنی ئەندازەیی و هونەرییانەی ماڵەكە یەك بگرێتەوە، ئەمە وێرای ئەوەی ڕوژدیشن لە مامەڵە كردن، چونكە كەمتر دەست بڵاون، كەچی هیچ پیاوێكی كورد نییە، ڕقی لە بازاركڕدن لەگەڵ هاوسەرەكەی نەبێت، بێ ئەوەی ئەوەی بە خەیاڵی دابێت، كە چ چێژ و هەستێكی جوان و خۆشە بۆهاوسەرەكەی، قۆڵی لە قۆڵی هەڵكێشی و بە یەكەوە بژاردەی هاوبەشیان هەبێت.
بە دەگمەن پیاوێكم بینیوە ڕقی لە بازاڕكردن لەگەڵ ژنان نەبێت، كەچی هەمان ئەو پیاوانە بەلایانەوە ئاساییە دەیان كاتژمێر لەگەڵ هاوڕێكانیان لە سەر گەعدە، تاوڵە، كۆنكان، تەڵقە و دۆمینە دابنیشن، كە ئەمەش نیگەرانی لای ژنان دروست دەكات و مافی خۆشیانە ! كاتێ پیاوێك، بێ هیچ بیركردنەوە و هەڵوەستەیەك، سووراوی ژنەكەی بە هۆی لێك تێنەگەیشتنێكی بچووكەوە دەشكێنێت، دەبێ بزانێت ئەو لە ناخی ژنەكەی داوەو ڕوحی بریندار كردووە، چونكە لە ڕاستیدا ژنێتی بریندار كردووە. كەرستەكانی جوانكاری، كە بەشێكن لە سرووشتی ژنێتی و ژن چێژی لێ وەردەگرێت، پیاوان نەك دەبێ قووڵ هەستی پێ بكەن، بەڵكو بە بڕوای من دەبێ ببنە هاوبەشی ژنەكانیان و ئەوان ڕەنگی سوورا و مەكیاژ و جوانكاریەكانیان بۆ هەڵبژێرن، تا هەست بكەن ئەوان تەنها شازادەی هاوسەرەكانیانن، نەك بیانشكێنێت كە مایەی ئازار و خەم و نیگەرانییە بۆ ژن، كە لە وشەیەك زۆر زیاتر برینداری دەكات ! لە نێو خێزان و لە ژیانی هاوسەریشدا، گەرچی ژیانێكی دوانەیی و هاوبەشە، بەڵام ئەم ژیانە بەو مانایە نایەت كە ئیدی كاتێ ژنێك شوو دەكات و پیاوێك دێتە نێو ژیانی، ئیدی ژنێتی كۆتایی هاتووە، بە پێچەوانەوە ژن و گوزارشتكردن لە هەستی ژنێتی كە بەشێكە لە سرووشتی بایۆلۆژییانەی ژن، هەر دەمێنن. من زۆرجار گوێبیستی ئەوە دەبم كە بۆچی ژنێك كە منداڵ و هاوسەری هەیە، كاتێ دەچێتە بازاڕ، خۆی جوان دەكات؟ بۆ نەخۆشی دەچێت میكیاژ و سووراو دەكات؟ لە ڕاستیدا ئەو پرسیارانەی پیاوان، زۆر دوورن لە دنیای ژن، ناشتوانن وەڵامێكی لۆژیكیان بۆ هەبێت چونكە خۆیان ژن نین، ژن ئەگەر لە تەمەنی هەشتا ساڵیش بێت، هەر خۆی وەك ژن دەبینێت و چێژ لەو ژنێتییەی وەردەگرێت و ئارەزووی لە خۆڕازاندنەوە و جوانكردن و نماییشی ژنێتی هەیە، چونكە ئەمە دواجار سرووشتی ژنە و بەشێكە لە سایكۆلۆژیا و جیهانی ژنانەی ئەو، كە وەك تاكێك ئازاد و سەربەستە، لە بایەخدان بە جەستە و ڕووخساری خۆی، چونكە لە تایبەتمەندی مرۆڤەكانە. گرنگە پیاوان، قووڵ درك بە ژیانی هاوژینی و ژنێتی لە ژندا بكەن، نەك پەنا ببەنە بەركردەوەیەكی منداڵانەی وەك سووراو شكاندن، كە ڕەفتارێكی هەرزەكارانەیە. سووراوی ژنەكان هی ژنەكانە و بەشێكە لە دنیای ئەوان، بۆیە نابێ پیاو بڕوای وابێت، گەر ژنێك بووە هاوژینی، ئیدی ئەو دەبێ تا هەتایە ماڵئاوایی لە ژنێتی بكات و هەموو ژیانی لە نێو ناندین بباتە سەرو سووراو نەكات، وەك ئەوەی ئەمە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا باوە، كە ژن یەكسان دەكەن و بەناندین و ئەركەكەی تەنها لەخزمەت پیاو و خێزان دەبینن، وەك ئەوەی ژن كارەكەر بێت. كە ئەمە تێگەیشتنێكی یەكجار هەڵەیە لە ژیانی هاوژینیدا.

*سەرنج/ چەند ڕۆژێك لە مەوبەر، پیاوێك لەكەركوك، سووراوی ژنەكەی بە هۆی دەمەقاڵێیەكەوە شكاندو هاوژینەكەشی، سكاڵای لە سەر تۆمار كرد.




ئاوێزان و پەیام و ویژدان.. ستار ئەحمەد

هێندە ڕەنجاوم،
نە دڵێکم ماوە بۆ خۆشویستن و
نە خەونێک بۆ تەفسیرکردن
تەنها جانتایەکی سەفەرو جوتێک پێڵاو
تەواوی ئەم وەرزە ساردەی پێ تەی دەکەم
لێرەوە
ئاوازێکی شکاوی دەم گیتارێکی بێ خەوش و
گۆرانیەکی خەمناکی گەرووی تیترواسکەیەکم
دووایین ماڵئاواییدەکەم
وشەکانم دەسپێرم بە قەڵەمیکی نوک تیژو
با لەدوای خۆم
بە حونجەوە بۆشاییەکانم بۆ پڕکاتەوەو
خاڵێک لە کۆتایی حەزە بێ نازەکانم دابنێ و
هەنگاوە لەبارچووەکانم خەتبدا
ئیدی لێرەوە
دەفرێکم لە جودایی و
تروسکایی هیچ ئومێدێکم نەماوە
چم داوا نەکرد
جگە لەوەی
هێندەی زەردەپەڕێک تێڕامان
هێندەی تابلۆیەک ڕەنگ و
هێندەی گوڵێک خەندەو
هێندەی پەپولەیەک فڕینم پێببەخشی
ئێستا کە ڕۆیشتم
هەموو هەورەکانی ئاسمانم بۆ بگریێنی
بەشی ئاوڕدانەوەیەکم ناکەن
هەموو دونیام بۆ بژەنی
ئاوازێک نامهێنێتەوە سەما
ــــ
ئەم قەسیدەیەی “ئاوێزان نووری” دەقێکی شیعرییە، پڕە لە هەستی خەم و بێزاری، کە بە شێوازێکی نوێ و هەست بزوێن دەريبرِيوە. شیعرەکە زیاتر سەرنج دەخاتە سەر کۆتاییهاتنی ئارەزووەکان و تەواوبوونی توانای خۆڕاگری لەبەردەم ژیانێکی پڕ لە ڕەنج.
لێرەدا هەڵسەنگاندنێک بۆ قەسیدەکە دەخەمەڕوو :

: ناوەڕۆکی سەرەکی و پەیام:

پەیامی سەرەکی شیعرەکە بریتییە لە تەواوبوونی توانای دڵ بۆ خۆشویستن و پچڕانی خەونی ئایندە (“نە دڵێکم ماوە بۆ خۆشویستن و نە خەونێک بۆ تەفسیرکردن”).
“هێندە ڕەنجاوم” خاڵی دەستپێکە، کە هەموو شیعرەکە ڕووناک دەکاتەوە. شاعیر خۆی بۆ گەشتێکی بێگەڕانەوە ئامادە دەکات (“جانتایەکی سەفەرو جوتێک پێڵاو”)، کە گەشتێکە لەناو ئەم وەرزە ساردەدا (ساردیی ژیان و هەست).
شاعیر خۆی بە ئاوازێکی شکاوی دەمی گیتار و گۆرانییەکی خەمناکی تیترواسکە دەچوێنێت، کە نیشانەی ئەوەیە مۆسیقای ڕۆح و ژیانی تێکشکاوە و ئیتر ناتوانێت چێژی لێ ببینێت.
: دێڕەکانی کۆتایی پڕن لە بێئومێدی و تەواوبوونی چاوەڕوانی. تەنانەت فرمێسکی هەموو هەورەکانی ئاسمان و مۆسیقای هەموو دنیاش ناتوانێت وەک جاران ژیان و شادی بۆ شاعیر بگەڕێنێتەوە.
: شێواز و وێنەی شیعری (تەکنیکی دەربڕین):
سادەیی و ڕاستگۆیی: شیعرەکە بە زمانێکی سادە و ڕاستەوخۆ نووسراوە، بەڵام هەستێکی قووڵی تێدایە. شاعیر بێپەردە باس لە تێکشکانی دەروونیی خۆی دەکات.
وێنەی سەرنجڕاکێش: چەند وێنەیەکی جوانی تێدایە کە هەست دەورووژێنێت:
ئاوازی شکاو و گۆرانی تیترواسکەی خەمناک: بەکارهێنانی ئامرازەکانی مۆسیقا بۆ دەربڕینی هەست، نیشانەی تێکەڵبوونی ژان و هونەرە.
“هێندەی زەردەپەڕێک تێڕامان، هێندەی تابلۆیەک ڕەنگ و هێندەی گوڵێک خەندەو هێندەی پەپولەیەک فڕینم پێببەخشی” داواکارییەکی بچووک و پڕ واتایە بۆ شادییە سادەکانی ژیان، کە نەهاتە دی.
ئەو وێنەیەی کە تەنانەت فرمێسکی هەور و مۆسیقای دنیاش ناتوانن کۆتایی بە بێهیواییەکەی بهێنن، وێنەیەکی بەهێزە بۆ قووڵیی نائومێدی.
بەکارهێنانی قەڵەم و خاڵ: سپاردنی وشە بە قەڵەمێک و داواکردن لەو قەڵەمە کە بۆشاییەکان پڕبکاتەوە، نیشانەی ئەوەیە شاعیر دەیەوێت بەشێک لە ئازارەکانی لە ڕێگەی نووسین و هونەرەوە بۆ ڕابردووی بگەڕێنێتەوە یان مێژووی ژیانی دوای خۆی بنووسێتەوە.
: ڕیتم
ڕیتمی خەمناک: ڕیتم و ئاوازی شیعرەکە لەگەڵ ناوەڕۆکەکەدا دەگونجێت، کە بریتییە لە ڕیتمێکی خاو و پڕ لە هەناسەی سارد و بێئومێدی.
دووبارەبوونەوەی خاڵی کۆتایی: دێڕی “لێرەوە” دووبارە دەبێتەوە و شیعرەکە دەکاتە دوو بەشی سەرەکی: یەکەم، باس لە تێکشان و کۆچکردن دەکات. دووەم، باس لەو چاوەڕوانییە سادانە دەکات کە نەهاتنە دی، و کۆتایی بە گەڕانەوە دێنێت.
بەکورتی:
قەسیدەی “ئاوێزان نووری” دەقێکی تایبەتە لە دەربڕینی تێکشکانی ناوەکی و بێزاری لە ڕەنجی بەردەوام. شاعیر بە شێوازێکی پڕ لە سۆز و وێنەی ناسکی شیعری، گەشتێکی کۆتایی دەستپێدەکات کە تەنانەت گەورەترین هێزەکانی سروشت و هونەریش (هەور و مۆسیقا) ناتوانن ڕایبگرن یان چاکبکەنەوە. شیعرەکە بریتییە لە ماڵئاواییەکی نائومێدانە لە ژیان و حەزەکان.

ستار ئەحمەد




شۆڕشی پڕۆلیتاریا یان کارەساتێکی مەزن!.. ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ

لە چەند ساڵی ڕابووردوودا ئاڵوگۆڕی گەورەی ئابوری و سیاسی ڕوویداوە، گەیشتۆتە ئاستێک کە تەرکیزی -چڕبوونەوەی سەرمایە- بارستەیەکی هێجگار گەورەی گرتۆتەخۆ و هەژاران و پڕۆلیتاریای جیهانیش هێجگار ژمارەیان زیاتر بووە و قەیرانی ئابووریش گەیشتۆتە قووڵترین ئاستەکانی خۆی. لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا، ئایا بزووتنەوە و ئاڕاستەی ڕوولەپێشی سەرمایە لەئاستی جیهانی بەرەو کوێ دەڕوات؟! بەیەکدادانی سەربازی لەنێوان زلهێزەکانی سەرمایەدا -چین و ئەمریکا- واتە جەنگی سێهەمی جیهانی لە فراوانترین و بەرزترین ئاستی خۆکوژیدا، یان ئاستێک لە لەنگەرگرتنی سەرمایە و هەلومەرجێک کە تیایدا ئاگربەستێکی چەند ساڵە درێژەی دەبێت؟! لە هەردوو بارەکەدا جیهان دەرگیرە و دەرگیر دەبێت لە گەڵ چەندین جەنگی بە وەکالەت لەنێوان وڵاتانی “لاوازتر” یا وڵاتێکی زلهێز دژ بە وڵاتێکی لاوازتر. لەڕاستیدا جیهانی ئەمڕۆی سەرمایە و هەلومەرجی گەشەی سەرمایە بێ جەنگەکان مەیسەر نابێت. ئێستا جەنگی جیهانی سێهەم لەئاستی وڵاتە لاوازەکاندا لە ئارادایە، لە ئاسیاوە بگرە تا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریکا و …چڕبوونەوە و کەڵەکەی زیاتری سەرمایە کە گەیشتۆتە بینە قاقا، پێویستی بە لافاوی خوێنە، دروست وەک سەرهەڵدانی سیستەمەکەی پێش زیاتر لە ٢٥٠ ساڵ، بەڵام ئەمڕۆ خوێنڕشتن و جینۆساید بە تەکنەلۆژیای زیرەک و درۆن و ڕۆبۆتەکان و سێتەلایتەکان پیادە دەکرێت، کە ‌هێزی لەناوبردنیان بەراورد ناکرێت لەگەڵ سەردەمی سەرهەڵدانی سیستەمی سەرمایەدا.
کۆمەڵگای بەشەری لەسایەی سەرمایەدا، بەناچار دەرگیر دەبێت لەگەڵ جەنگی سێهەمی جیهانیدا. بزووتنەوەی سەرمایە پێویستی بە جەنگی جیهانی سێهەمە لە فراوانترین ئاستیدا لەنێوان زلهێزەکانی سەرمایەدا. ئەم ئاڕاستەیە: سەرمایە و هێزەکانی ناتوانن بەریپێبگرن، بەڵام دەتوانن دوایبخەن. لەم ڕوانگەیەوە سەرمایەی چینی و ئەمریکی ناتوانن ڕێکەوتن واژوو بکەن -کاتی و چەند کەرتێکی سەرمایە یان لەسەر گومرگەکان مەبەست نییە- و سیستەمێکی جیهانی پێکبهێنن کە ئاسایش دەستەبەربکات.
ئەوە چارەنووسی جیهانە بە دەست بزووتنەوەی سەرمایە و سیستمەکەیەوە. کرۆکی باسەکە ئەوەیە ئایا پڕۆلیتاریا بە هێزێکی نزیک چوار ملیارییەوە، خۆی دەداتە دەست ئەم چارەنووسە مەترسیدار و وێرانکەرە؟! زەنگی ئەم بزووتنەوە جیهانییە لە ئاستێکی لاوازدا لێدراوە و بەردەوامە، هیچ سەردەمێک وەک ئەمڕۆ بزووتنەوەکە لە پێناو ژیان و دژ بە بێکاری و لە پێناو کرێیەکی باشترو دژ بەگرانی بەردەوام نەبووە… بەڵام ئەم هەوڵانە نیشتمانی و ڕێفۆرمخوازن، لەکاتێکدا هیچ نیشتمان و سنورێک نەماوە و سەرمایەداری توانای ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتی لە دەستداوە -لە جووڵانەوەی سەرمایە و بازاڕدا- و جیهان یەک پارچە “نیشمانێکی جیهانییە- جیهان نیشتمانە و ڕووبەڕووی هێرشی سەرمایەی گەورەی جیهانییە”. ئەگەر بورژوازی دەتوانێت پشوو بدات و بواری ئاگربەستێکی کاتی هەیە، پڕۆلیتاریا ئەو شانسەی نییە، بەڵکو یان شۆڕش یان فەوتان، یان شۆرش یان جەنگی جیهانی، یان شۆرش یان مردن لەبرسا و ئاڵوودە بوون بە دەیان پەتای وەک کرۆنا و سارس و ئەنفلۆنزای باڵندە…. وەڵامی پڕۆلیتاریا بە بورژوازی و سیستەمەکەی، شۆڕشە: شۆڕشی چینایەتی پڕۆلیتاریا.
کۆمەڵگای بەشەری لە ئاستانەی نابووتی و جینۆسایدی جیهانی یان شۆڕشدا وەستاوە. بەڵام ماتیریالیزمەکانی مێژووی ئەم سەردەمە هێندە فراوان و پێشکەوتووە، کە هێزی زانست و تەکنۆلۆژیا، شۆڕشێکی هێجگار فراوان و گەورەی خوڵقاندووە، شۆڕشی هێزە بەرهەمهێنەرەکان. ئەم شۆڕشە لەم سەردەمەدا، دەتوانین لە گەشە و پێشکەوتنی چیپەکاندا -الرقائق/ CHIPS- کورتبکەینەوە. گەشەی تەکنۆلۆژیا لە مڕۆدا واتە بچووکردنەوەی زیاتری نانۆمیتەری چیپەکان (پێوانەی ١/ملیارێک کە بەکۆدیNM ئاماژەی پێدەکرێت). لەم بوارەدا ئەمریکا و چین لە کێبەرکێیەکی گەورە و فراواندان. گەشە و پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیای چیپەکان ڕاستەوخۆ مانای گەشەی زیرەکی دەستکرد و ڕۆبۆتەکانە کەکۆی ئابووری ئایندە و تاڕادەیەکی زۆر ئەم قۆناغەشی لەسەر بەندە. پێشکەوتنی چیپەکانیش بەندە بەگەشە و پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیای بچووکبوونەوەی نانۆمیتەرەکانیانەوە.
بێگومان کۆی سێکتەرەکانی پیشەسازی و لۆجیستیکا و خزمەتگوزاری و بازرگانی… بەندە بە پێشکەوتن و گەشەی چیپەکانەوە، بەڵام ئەم مەسەلەیە بەتەنها جیهانی ئەمڕۆ یەکلاناکاتەوە لەنێوان زلهێزەکانی سەرمایەدا، بەڵکو ژمارەیەک لەفاکتۆر -هۆکار- و بواری تر هەیە کە کاریگەری گەورەیان هەیە، وەک: زاڵبوون بەسەر گەرووە ئاوویەکاندا، واتە ڕێگاکانی بازرگانی، هێزی سەربازی و توانایی بڵاوبوونەوەی دەستبەجێ لەئاستی جیهانی، هەروەها دابینکردنی وزە بە بەردەوامی…..
بورژوازی جیهانی وەک چینی چەوسێنەر و بەجیا لە ڕێچکە و ئاڕاستە جیاوازە فکری و سیاسیەکانیان، لە لایەک لەبەردەم جەنگی جیهانی سێهەمدایە و لە لایەکی دیکەوە لەبەرانبەر خۆکۆژی خۆیدا وەستاوە. ئەم سیستەمە چارێکی نییە یان کۆمەڵگای بەشەری لەگەڵ خۆیدا نابووت دەکات، یان خۆی ڕادەستی چارەنووسی مێژوویی خۆی دەکات. لە هەردوو بارەکەدا سیستەمەکە بەرەو نابووتی دەڕوات. بەڵام سەرمایە و سیستەمەکەی چۆن دەگاتە خۆکۆژی و کۆتایی بە خۆی و چەوسانەوە دەهێنێت؟! بەپێی گەشەی ئاڕاستەی سەرمایە لەم قۆناغەدا، واتە گەشە و فراوانبوونەوە و زیاتر بەکاربردنی ژیری دەستکرد و ڕۆبۆتەکان لە کۆی سێکتەرە ئابوورییەکاندا، تا دەگات بەوەی کۆی بەکارهێنانی تەواوی کەرتە ئابوورییە جیاوازەکان دادەپۆشێت لە ئاستی جیهاندا، ئەوکات شەپۆلەکە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی جیهانی لە چوارچێوەیەکی نوێدا تازەدەکاتەوە. چوارچێوەیەک کە سیستەمی سەرمایەداری تاڕادەیەکی هێجگار زۆر پێویستی بە هێزی کار نامێنێت. ئەم ئاڕاستە مادی و مێژووییە نەک بە قازانجی سەرمایە و سیستەمەکەی نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە تێکڕایی گشتی قازانج لە ئاستی جیهاندا بەڕادەیەکی بەرز دەهێنێتە خوارەوە و بەم پێیە سیستەمەکە بەرە و خۆکوژی دەبات. قازانجی بورژوازی لە هێزی کاردایە نەک لە ڕۆبۆت و ئامێرەکاندا. سیستەمی سەرمایەداری وەک بەربەست و ڕێگری سەرەکی بەردەم گەشەی هێزە بەرهەمهێنەرەکان، دەبێتە عەقڵیەتی کۆمەڵایەتی و ڕەئی گشتی کۆمەڵگا، واتە لێدانی زەنگی شۆڕشی پڕۆلیتاریایە.

ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ
١٨.١٠.٢٠٢٥




خۆ پیشاندان.. شیعری سەلام عومەر

خۆم و هەزاران هاوڵاتی
دەچینە بەرامبەر پەرلەمان
یاداشتێكی توند دەنووسم
نایخوێنمەوە،
بەردێك بەدەستەوە دەگرم و…
نایهاوێم
درووشمەكانیش قوتدەدەم
چونكە ئەوان
هێشتا لەسووڕی متبوونان.
———

بۆ مانگرتن
یان خەبات و خۆپیشاندان
ئیدی ناچمەوە پەرلەمان
دەچمە سەر سندوقەكانی دەنگدان
پێش ئەوەی پەنجەكەم مۆر بێ‌
هەر رێك لەوێ‌
پاشەكەوت و….
موچە دزراوەكان و
لێبڕین و
جیاوازیە چیانایەتیەكان
بەبیر خەڵك دەهێنمەوە.

سەلام عومەر