مێژووچەی پڕۆسەی سیاسی پارتە ڕیفۆرمیستیە ماویەکان و ستالینیەکان لە نیپاڵ، وبەلاڕێدابردنی خەباتی پڕۆلیتاریا.. سابیر محەمەد

بەشی کۆتایی

سەرتای ئاشنابوونی نیپاڵ بە باسە کۆمۆنیستیەکان ئەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی 1930 بەدواوە، ئەویش پاش بڵاوبوونەوەی نوسراوە کۆمۆنیستیەکان لەلایەن کادێرانێکی سەرکی وەک ( جانجالا شریستا-Gengalal Shrestha [٦] و ( داشرات تشاند – Dashrath Chand Thakuri )، کە ئیلهامی سیاسیان لە بزووتنەوەی سەربەخۆبوونی هندستان و گۆنگرەی میللی هندستان وەرگرتبوو، وە لە درێژەی ئەم خەباتەدا لە ساڵی 1941 لەگەڵ دوو هاوڕێیانی تریان لە سێدارە دران .
بێگومان وەک پێشتریش ئاماژەمان بەوە کردووە کە بەرنامەی سیاسی پارتە ماویەکانی نیپاڵ و ناوچەکە، لەسەر بنەمای ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی نیشتمانی دژ بە ڕوکاری ڕوکەشی فەرمانڕەوایەتی ڕژێمی پاشایەتی دامەزراوە، کە خۆی لە گۆڕینی سەرانی حاکمڕەواکان و شێوەی حوکمڕانیدا ئەبینیەوە.
ئەوەی شایانی باسە خەباتی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی، خەباتێک نیە دژ بە بنەمای ئابووری و سیاسی ڕژێمی سەرمایەداری، بەڵکە جۆرێکە لە ڕیفۆرمیزمی میللی .

لەسەر ڕۆشنایی ئەم بنەما سیاسیانە، ئەوەبوو لە ساڵی1950 ( پارتی کۆنگرەی نیپاڵ – NC ) ، لە ئەنجامی یەکگرتنی ( پارتی دیمۆکراتی نیپاڵ – NDC ) وە ( کۆنگرەی میللی نیپاڵ- NNC ) پێکهات .
وە ئامانجی سەرەکی تەواوی ئەوبزووتنەوە ڕەوتە سیاسیانەی کە ناڕەزایەتی و هەڵچوونە جەماوەیەکانیان ڕابەرایەتی کردووە، کۆتایی هێنان بووە بە دەسەڵاتداریەتی ڕەهای بنەماڵەی پاشایەتی ( ڕانا – Rana Dynasty ) یەکان بووە، کە لە نێوان ساڵەکانی نێوان ( 1846- 1951) دەسەڵاتی سیاسی وڵاتی نیپاڵیان بەدەستەوە بووە.
گەرچی دوای کۆتاییهاتنی قۆناغی دەسەڵاتداریەتی ڕەهای بنەماڵەی ( ڕانا – Rana Dynsty )، خودی ڕژێمی سیاسی پاشایەتی کۆتایی نەهات و تا ساڵی 2008 ئەم ڕژێمە سیاسیەی پاشایەتی هەربەردەوام بووە، وێڕای هەندێک گۆڕانکاری لاوەکی تیایدا .
لە درێژەی ئەم هەلومەرجەدا و بە نهێنی لە 22. 9. 1949، دا پارتی کۆمۆنیستی نیپاڵ(CPN) لە لایەن (پوشبا لال شیریستها – Pushpa Lal Shrestha و چەندین لە هاوڕێانی تری دروستکرا، ئەوەش دوای لە سێدارە دانی برا گەورەکەی بەناوی (جانجالال شریستا – Gengalal Shrestha ) لەگەڵ چەند هاوڕێەکی تری کە پێشتر ئەندامی بزووتنەوەی ( نیپاڵ براجا باریشاد) بوون، کە خەباتیان ئەکرد لە پێناو کۆتایی هێنان بە ڕژێمی پاشایەتی و ئەو سیستەمەی کە لەوکاتانەدا لە ئارادا بوو بەناوی سیستەمی
( پانشایات-Panchayat ). )
بەڵام بەهۆی دروست بوونی جیاوازی بیروبۆچوونی فکری لە ماوەی نێوان ساڵەکانی نێوان ( 1960- تا 1990)، سەبارەت بە هەڵوێستگرتن لەبەرامبەر ڕژێمی پاشایاتی و هەروەها چۆنیەتی چوونە ناو کوالیسیۆن و یەکگرتن لە ناو پارتەکانی تردا ، بۆ نموونە لە ساڵی 1962 دا جیاوازیەکانیان سەبارەت بە هەڵوێستگرتن لەبەرامبەر ( پارتی کۆنگرەی میللی نیپاڵ )و لە ئەنجامدا جیابوونەوە ڕوویدا و دابەشبوون بەسەر دوو لایەندا ، لایەنێک لایەنگری چین و ماو تسی تۆنگ بوون، لاکەی تریشیان لایەنگری یەکێتی شوورەوی و کۆمێنتێرنی ستالین بوون، هەر بەم هۆیەوە لە ساڵی 1974 دا فراکسیۆنێک بە ناوی ( سەنتەری ناوەندی ) لە ناو پارتەکەدا دروست بوو، کە دژایەتی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان و ڕیفڕاندۆمێک بوو کە پاشا ڕایگەیاند .
وە دواتر لە ساڵی 1978 دا پارتی کۆمۆنیستی ( مارکسی – لێنینی ) بەسەرکردایەتی ( شارما ئۆلی ومان موهان ئەدیکاری ) دروست بوو، کەسەر بە جهانبینی سیاسی ستالین و شوورەوی بوو.
بەڵام لە پاش ساڵی 1990 و بەشداریکردن و یەکگرتنی چەندین گروپ و تاقمی کۆمۆنیستی لەگەڵ پارتی کۆنگرەی میللی نیپاڵدا ، کە بەیەکەوە لە بزووتنەوەیەکی جەماوەریدا کە بە (بزوووتنەوەی گەل – Jana Andolan) ناسرابوو ، وە توانیان کۆتایی بە ڕژێمی ڕەهای پاشایەتی بهێنن و لە شوێنیدا ڕژێمێکی پاشایانەی “دەستووری و دیمۆکراتی فرە حیزبی” دامەزرێنن .
لە درێژەی ئەم ململانێەدا لەساڵی 1991 دا پارتی کۆمۆنیستی ( مارکسی – لێنینی ) ، لەگەڵ دەستەیەکی دیاریکراو بەناوی ( ناوەندی سۆسیالیستی ) توانیان یەکبگرن و بەمجۆرە پارتی کۆمۆنیستی ( یەکگرتووی مارکسی – لێنینی ) ( CPN UML ) دامەزراند.
لە پاش ئەم یەکگرتنەدا ئەوەبوو ( پارتی یەکگرتووی مارکسی- لێنینی- CPN UML ) سەرکەوتنێکی گەورەیان لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکانی ساڵی 1994 دا بەدەستهێنا، وە بەهۆی زۆرینەی دەنگەکانیانەوە لە پەرلەماندا توانیان یەکەمین حوکومەتی بەناو کۆمۆنیستی لە نیپاڵدا ڕابگەیەنن.
بەهۆی ئەم گۆڕانکاری و ڕووداوانە و جیاوازی فکری نێوان پارتە سیاسیەکان لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی حوکومەت شەڕێکی ناوخۆیی هەڵگیرسا لە سەرەتای ساڵەکانی 1995 تا – 2006 دا درێژەی خایاند.
سەرەتای دەسپێکی شەڕی ناوخۆیی لەوێوە دەستی پێکرد، کە کۆمەڵێک لە ئەندامانی پارتی کۆمۆنیستی یەکگرتووی مارکسی- لێنینی CPN UML، بەسەرۆکایەتی ( پاشاشا پڕاچاندا) جیابوونەوە لە حیزب وئەو ڕژێمە سیاسی و حوکومەتە دروستکراو نوێیەیان بە بەکرێگیراوی وڵاتانی ئیمپریالیستی ناساند و، لە سەرەتای ساڵی 1995 دا پارتێکی نوێان بەناوی ( پارتی کۆمۆنیستی نیپاڵی – ماویست – CPN- Maoist) دروستکردو لە 13 .2. 1996 دا بانگەوازی دەستپێکردنی ( شەڕی میللی )یان خەباتی چەکداری ڕاگەیاند، چونکە ئەوان پێیان وابوو لەسەر ڕۆشنایی باسەکانی ماوتسی تۆنگەوە ئەتوانن لە ڕێگەی شەڕی چەکداریەوە ( کۆماری میللی نیپاڵ ) دابمەزرێنن، وە لە گوندەکانەوە هێرش بکەنە سەر شارەکان ودواتر کۆمارێکی دیمۆکراتیک دامەزرێنن.
دواتر لەساڵی 2003 دانوساندن و ڕێکەوتنێکیان ئیمزا کرد کە هێرشە چەکداریەکانیان لەبەرامبەر حوکومەتدا بوەستێنن بۆ ماوەی ساڵێک، بەڵام ئەم ڕێکەوتنە چەند مانگێکی خایاند و هەڵوەشایەوە، وبەمجۆرە درێژەیان بە قۆناغێکیتر لە شەڕو خەباتی چەکداریداو ئەم هەلومەرجە خوێناویەیان بەسەر چینە چەوساوەکانی نیپاڵدا سەپاند کە نزیکەی (10 ساڵ)ی خایاند و نزیکەی 17000 هەزار لە خەڵکی گوند و شارەکانیان بە کوشتدا و سەدەها هەزار کەسی تریان لە دانیشتوانی گوندەکان ئاوارەو دەربەدەرکرد .
ئەوەبوو لەساڵی 2006 لەسەر وەختی دووەمین بزووتنەوەی خرۆشان و ناڕەزایەتی گشتی خەڵک لە نیپاڵ، کە بەسەرۆکایەتی هەر حەوت پارتە سیاسیەکانی ناو وڵاتدا بەڕێوە ئەچوو، وە پارتی کۆمۆنیستی نیپاڵ – ماویستەکانیش بەشێک بوون لەم جووڵە جەماوەریە ، توانیان بەیەکجاری ڕژێمی پاشایاتی بڕوخێنن و بەمجۆرە ( ماویەکان) توانیان ڕێکەوتنامەیەکی بەرفراوانی ئاشتی لەگەڵ سەرانی حوکومەتدا ئیمزا بکەن و هێزەچەکداریەکان تێکەڵ بە سوپای فەرمی نیپاڵ کرد و وە بوون بە بەشێک لە سیستەمی حوکومڕانی وڵات، بەڵام سەرباری بوونی ئەم هەلومەرجە شۆڕشگێڕانەیە و گۆڕینی ڕژێمی پاشایەتی، هەلومەرجی خۆیی( ذاتی) کرێکاران و چینە چەوساوەکان و سیاسەتی کۆمۆنیستی پڕۆلیتاریای شۆڕشگێڕ ئامادە نە بوو بۆ ڕووخاندنی یەکجارەکی سەرمایەداری لە نیپاڵ، کە بە ئەڵقەیەکی گرنگی بەستنەوەی سەرمایەداری لە چین و هندستان دائەنرێت، لە لایەکی ترەوە جیهانبینی دیمۆکراتیزمی بۆرژوایی و ڕیفۆرمیستە ماوی و ستالینیەکان بەتەواوی لەسەر ئاستی ناوچەکەو جیهان ڕیسوابوون وڕیزبەندی سیاسی و فکری خۆیان دژ بە خەباتی چینایەتی کرێکاران و چەوساوەکان ئاشکرا کرد .
بەڵام دوای ئەوە لە ساڵی 2009 دا ماویەکان ناوی پارتەکەیان گۆڕی بە ( پارتی کۆمۆنیستی نیپاڵ – ناوەندی ماویستەکان-(CPN ( Maoist Centre.
دوای ئەم گۆڕانکاریانە قۆناغێکی تازەی یەکگرتن و هاوپەیمانیەتی لە نێوان ئەو دوو پارتە گەورەیەدا هاتە پێش و ئەوکاتە لە ساڵی 2018 دا پارتی ( CPN (UML بەسەرۆکایەتی ک. پ. آولی، و پارتی (CPN ( Maoist Centre بە سەرۆکایەتی پراشاندا، وە لە ئەنجامی ئەم هاوپەیمانی و یەکگرتنەدا توانیان لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکانی وڵاتدا سەرکەوتن بەدەستبهێنن، و بەیەکەوە پارتێکی نوێ لەژێر ناوی ( پارتی کۆمۆنیستی یەکگرتووی نیپاڵ -(CPN (Unified بنیات بنێن بەمەبەستی کۆتایی هێنان بە دووبەرەکی سیاسی و پێکهێنانی پارتێکی سیاسی یەکگرتووی خاوەن توانا.
بەڵام هێندەی نەخایاند ئەوبوو لە ساڵی 2021 دا، بەهۆی کێشەی دابەشکردنی پۆستە حوکومیەکان وە قەوارەی دەسەڵاتیان بە پێچەوانەی ئەو بڕیاڕانەی کە پێشتر لەسەری ڕێکەوتبوون، ئەم یەکگرتنەی نێوان دوو پارتەکە هەڵوەشایەوەو، جارێکیتر هەریەک لە آوڵی و پڕاشاندا پارتە سەرەتایەکەی خۆیان بەهەمان ناوەکانی پێشووی خۆیان سەرلەنوێ زیندوکردەوە.

خەباتی چەکداری و پارلەمانتاریزم
وە تا ئێستاش ئەم دوو پارتە گەورەو سەرەکیە لە نیپاڵ لە بازنەیەکی داخراوی ململانێ و یەکگرتنەوەو هاوپەیمانیەتی وجیهانبینی خەباتی چەکداری و سازش و دانوساندن و بەشداریکردن لە دەسەڵاتی پارلەمانتاریزمی بۆرژوازیانەدا ئەژین و ماونەتەوە، چ لە نێوان خۆیاندا چ لەگەڵ ( پارتی کۆنگرەی میللی ) ، کە خۆی لە خۆیدا بوونەتە هێشتنەوەی ئاسۆیەکی ئاڵۆزو نادیار و پڕ لە ئاشوبی سیاسی لە و وڵاتەدا، وە بوونەتە مایەی چەواشە کاری و بەلاڕێدابردنی خەباتی دروستی چینایەتی لەو ناوچەیەدا.
بازنەی داخراوی سیستەمی هەڵبژارنی بۆرژوازیی پارلەمانی، هێشتا گەورەترین کۆڵەکە و ئامرازی خۆشباوەڕی وسیاسەتی چەواشەکارانەی بزووتنەوە سیاسیەکانی چەپی ڕیفۆرمیست و پۆپۆلیستیە شەعبەویەکانی سەر بە ئۆردوگای ماوتسی تۆنگ و ستالینییەکان وهەروەها چەپە ڕیفۆرمیستیە کرێکاریەکانی تر کە سەر بە ئۆردوگای سۆسیال دیمۆکراسی وڵاتانی ڕۆژئاوان، هەر هەموویان بوونەتە کۆسپ وتەگەرەو ئامرازی فریودان و بەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتیە کرێکاری و جەماوەریەکان لە نیپاڵ و وڵاتانی دراوسێ و بگرە جیهانیش، وە ئەم جارەش دیمۆکراتیزمی بۆرژوایی و چەپی ڕیفۆرمیستی ئەم پارتانە لە نیپاڵ شکستی خۆیان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا سەلماند ، وە دەریانخست کە هیچکاتێک ئەوان دۆستی چینە چەوساوەکان نین وناتوانن وەک ئاڵتەرناتیڤی ڕاستەقینەی حاکمیەتی سیاسی چینی کرێکارو چەوساوەکانی نیپاڵ و ناوچەکە ڕۆڵ بگێڕن.
هەروەها سیاسەتی خەباتی چریکی و گەریلایی جوتیارانی ماویەکان وە جیڤارایستیەکان کە لەسەر بنەمای تێڕوانینی ڕزگارکردنی بۆرژوازی نیشتمانی و ئازادی کەڵەکەو جووڵەی سەرمایەی خۆماڵی، کە لە ژێر ناوی ( خەباتی ڕزگاری نیشتمانی ) دا بەڕێوە چوەوە درێژەی هەیە هەمیشە قازانجی بۆرژوازی نیشتمانی و پاڕلەمانتاریزمی بۆرژوایی بە پێشمەرجی سەرەکی وەرگرتووە، وە بزووتنەوەی کرێکاران وجوتیارانیان بە شێوەی جۆراو جۆر سەرکوت وفریودراون وە خەباتی ئەوانیان بەلاڕێدا بردوە، بۆ نموونە سەندیکای کۆنفێدرالیەی سەندیکای مەزنی ANTUFE- R سەر بە پارتی ( CPN-M) ماویەکانە ، وهەمیشە لە ژێر هەڕەشەو بڕیاڕەکانی ئەواندا کاریان کردووەو کرێکارانیان لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی خۆیاندا شەتەکداوە، کە لە دوا ئەنجامدا سیاسەتەکانیان بەدژی بەرژەوەندی خەباتی چینایەتی کرێکاران وە جوتیارانی چەوساوە و هەژارانی گوندەکان شکاوەتەوە، وە هەر هەموو ئەم سیاسەتە سازشاکارانەیەش لە ژێر ناوی پاراستنی یەک ڕیزی خەباتی نیشتمانی بردۆتە پێشەوە.
پارتە ماویەکان بەهەمان چەشنی ئەو وتەیەی مارکس کە ئەڵێت ( جوتیار تەنها سنووری دەوروپشتی لووتی خۆی ئەبینێت ، لە کاتی کێڵانی زەویەکەیدا) ! ، ئەوانیش سنووری نێونەتەوەیی خەباتی چینایەتی پڕۆلیتاریا نابینن و لە چوارچێوەیەکی تەسکی ڕیفۆرمیستی بۆرژوازیانەدا، کە لە سنووری دامێنی چیاکانی نیپاڵ وە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی حوکومەتی وڵاتی نیپاڵدا تێناپەڕێت.

ئەنجامگیریەکان وئاڕاستەی خەباتی چینایەتی بزاڤە جۆر بەجۆرەکانی ( نەوەیZ)
ڕووداەکانی ئەم دوایانەی نیپاڵ، وەک سەرەتایەک و بەشێک لە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی دژ بە گەندەڵی و بێکاری و چاوچنۆکی حاکمان و کاربەدەستانی دەوڵەت و چاوچنۆکی سەرمایەدارانی ناوخۆیی و گرانی و ڕیسوابوونی سیاسەتی ڕیفۆرمیستانەی پارت و ڕێکخراوە کۆمۆنیست و چەپە جۆر بەجۆرەکان لەسەر ئاستێکی بەرفراوانی ناوخۆیی و جیهانی، پاڵنەرێکی سەرەکی بوون بۆهەڵسانێکی شۆڕشگێڕانەی لەم چەشنە.
نەوەی ( Z) سەرقافڵەی ئەم خرۆشانە شۆڕشگێڕانەیە بووە ، نەک لە نیپاڵ بەتەنها بەڵکە لە بنگلادش و سریلانکا و کینیاو مەغریب و پێشتریش لە عێراق، بێگومان ئەم خرۆشانە جەماوەریە شۆڕشگێڕانە بەتەنها لە چوارچێوەی ئەم و ئەو وڵاتاندا نامێننەوە و درێژەشی ئەبێت بەهۆی قەیرانی ئابوری وسیاسەتی سەرکوتگەرانەو داگیرکاری ئیمپریالیستی و بەکرێگیراوی بۆرژوا خۆماڵیەکان و هەڵپەی کەڵەکەی سەرمایەو چەوساندنەوەی هەرچی زیاتری جەماوەرێکی ملیۆنی لە کرێکاران و توێژە چەوساوەکانی تر.
کۆپیکردنەوەی ئەمجۆرە لە خەباتێک کە پشت بە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و بەرنامە دیجیتاڵیەکانی تری وەک دیسکۆرد و جۆرەکانی تر، بوونەتە دەروازەیەکی نوێی و سیمایەکی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان وئامرازێکی ڕێکخستنی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی سەردەمی گڵۆباڵیزمی سەرمایەداری لەسەر ئاستی جیهان .
بێگومان بەرنامە دیجیتاڵیەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وەک ئامرازێکی بەرهەمهێنان و سەرکوتگەری سەرمایەداری نوێ، لە ژێر کۆنتڕۆڵ و چاودێری و کۆنتڕۆڵی خودی ئیمپریالیستەکان و بورژوا ناوخۆییەکاندایە، هەر بۆیە خاڵی وەرچەرخانی سەرەکی کە پێویستە بەسەر ئەم شۆڕشانەدا بێت، ئەوەیە کە جەماوەری ڕاپەڕیوی لاوان و چینە چەوساوەکان، پێویستە بگەڕێنەوە بۆ سەر بنەما واقیعیەکانی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی خۆیان لەسەر زەوی وە کۆڕو کۆمەڵ وڕێکخراوە خۆجێەکانی خۆیان لەسەر بەرپاکردنی شۆڕش تاوتوێ بکەن، نەک بەتەنها لەناو بەرنامە دیجیتاڵی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا، وە ئامادەسازی بۆ پێکهێنانی پارتی سیاسی شۆڕشگێڕی چینایەتی پڕۆلیتاریا لەسەر ڕۆشنایی میتۆدی دیالێکتیکیانەی مارکس وبەسوود وەرگرتن لە ئەزموونی خەباتی فکری و سیاسی لێنین.
شۆڕشی تەکنۆلۆجیای سەردەم هێندەی تر مرۆڤی کارگەر و تێکۆشەرانی لە جیهانی واقیعی و زیندووی خۆیان دابڕیوەو، توشی نامۆبوونێکی بێوێنەی کردون.
ئەوان ئەگەر لە چوارچێوەی ڕێکخراوبوونێکی کاتی و ڕووکەشیدا هەڵسوکەوت بکەن لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە، بە واتای ئەوە دێت کە مامەڵە لە گەڵ جیهانێکی گریمانەیی ( ئیفتراضی ) ئەکەن، کە ناتوانێت جێگیر بێت ودرێژەی هەبێت، بەمجۆرە شۆڕشی دیجیتاڵیزم وەک هەر ئامرازێکی تری سەرکوتگەرانە کار لەسەر هێشتنەوەی ناڕەزایەتیەکان ئەکەن کە لە مەودایەکی دیاریکراوو داخراودا نەچن بەولاوە، کە خودی بۆرژوازی جیهانی لە پێناو بەتاڵکردنەوەی ئەو هەلومەرجە شۆڕشگێڕانەیە سوودیان لێئەبینێت، وەک بەشێک لە بردنە پێشەوەی سیاسەتی چەواشەکارانەی لێبڕاڵیزمی جیهانی کە بریتیە لە ئەفسانەی درۆزنانەی ( ئازادی بیرو ڕاو ڕەخنەگرتن ) ! کە لە چوارچێوەی یاسا و ڕێسای دەسەڵاتداریەتی سیستەمی سەرمایەداری جیهانیدا ئەیانهێڵێتەوە.
تێکشکانی دامودەزگاکانی دەوڵەت و سوتاندنی پارلەمانە سەرکوتگەرو بەدناوەکەی دەسەڵاتدارانی بۆرژوازی لە نیپاڵ و شوێنەکانی تر، وە ناچارکردنی دەستکێشانەوەی سەرۆک وەزیران و کاربەدەستانی ترلە کارەکانیان، هەنگاوێکی گرنگی مەشخەڵی چوونە پێشەوەی ئامادەیی پرۆلیتاریای شۆڕشگێڕی نیپاڵ و سریلانکا و بەنگلادش و شوێنەکانی ترە، بەرەو ڕووخاندنی تەواوی بنەماکانی دەسەڵاتداریەتی سەرمایەداری.
بەڵام ئەمە تەنها هەنگاوێکە لە ڕاستای شۆڕشێکی مەزنتردا، وە ناکرێت بە کەم بگیرێت بەتایبەت لە شوێنێکی وەک نیپاڵ و سریلانکاو بنگلادش کە ڕەنگە بەدوای خۆیدا پڕۆلیتاریای هندستان و چین و پاکستان بهێنێتە سەر سکەی ئامادەکاری پێکهێنانی پارتی مارکسیستی پڕۆلیتاری لەو ناوچانەدا، هەروەک لێنین ئەڵێت:( هەرکەسێک چاوەڕوانی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی “پاک” بێت، هەرگیز بۆ بینینی ناژی، کەسێکی ئاوا کە باسی شۆڕش دەکات لەوە تێناگات کە شۆڕش چییە.) [٧]

بزاڤی تەشرینی (نەوەی Z) ی ساڵی 2019 لە عێراق
لە پەیوەند بە عێراق وهەرێمەوە، یەکێکی تر لە نمونەو جۆری ئەو خەباتەی کە لاوانی (نەوەیZ ) لە نیپاڵ و شوێنەکانی تری جیهان کە پێی هەستاون، بریتیە لە ڕاپەڕینی تەشرینی ساڵی 2019 لە بەغداو شارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق، کە ئەو کاتە ئەزموونێکی شۆڕشگێڕانەی لەم چەشنەیان نمایش کرد، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارتی پێشڕەوی شۆڕشگێڕی ئەم قۆناغەی سەرمایەداری، وە زاڵبوونی مەیلی ڕیفۆرمیستانەو لێبڕاڵی و مەزهەبی و میللی نیشتمانپەروەری لەناو ڕیزەکانیاندا، نەتوانرا ئاڕاستەی ئەم ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانەیە بەرەو ڕوخاندنی سیستەمی سەرمایەداری و دەسەڵاتداریەتی بۆرژواکان لە عئێراق و ناوچەکە.
تێکۆشەرانی سەربەخۆی مارکسیستی لە بەغداو ناوچەکانی تری عێراق، نابێت چیتر بێدەربەستی و خۆشباوەڕیەک نیشانبدەن لەبەرامبەر هەلومەرجێکی لەو چەشنەدا کە کرێکاران و چەوساوەکانی عێراق و لەوانەش هەرێم پێویستیان بە ئامرازی سیاسی شۆڕشگێڕانەی خۆیان هەیە، لە پێناو دژایەتی و ڕیسواکردنی مێژووی حاکمیەتی دەسەڵاتداریەتی لە عێراق وە هەرێم وحیزبە قەومی و لێبڕالی و ئیسلامیەکان و میلیشیا شیعەکان و تەواوی پاکێجی سیاسی چەپە ڕیفۆرمیستە جۆر بەجۆرەکانی ئەو ناوچەیە.
یەکێک لە دەستەخوشکەکانی پارتە کۆمۆنیستیەکانی نیپاڵ، بریتیە لە حیزبی شیوعی عێراقی لەروی مەیلی ڕیفۆرمیستی شەعبەوییەوە، کە هەمیشە سات و سەودای لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق کردوەو بگرە بەشێکیش بوون لەم دەسەڵاتە کۆنەپەرستانەیە وە گەندەڵی خۆیان لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقیدا هەر لە سەرەتای دروستبوونیانەوە وەک مەیلێکی ڕیفۆرمیستی شەعبەوی کۆمنتێرنی ستالینی نیشانداوە.
هەروەها تەواوی ئەو تاقم و ڕێکخراوە وردەبۆرژوازیانەی تر کە بەناوی پارتەکانی ( کۆمۆنیزمی کرێکاری) یەوە کار ئەکەن وەک نمایەندەی مەیلێکی ڕیفۆرمیستی کرێکاری سەر بە ئۆردوگای سۆسیال دیمۆکراسی وڵاتانی ڕۆژئاوا.
گەشەی سەرمایەداری و پەرەسەندنی خەباتی پڕۆلیتاریا لە هەرێم و ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، ناوەرۆکی ووردەبۆرژوازیانەی هەموو ئەم پارت و ڕێکخراوانەی خستەڕوو، وە شانبەشانی ( ح.ش) ڕیزبەندی چینایەتی خۆیان لە گەڵ بەرژەوەندیەکانی بۆرژوا-کۆمبرادۆرەکانی عێراق و هەڵبژاردنەکانی پارلەمانی عێراق نیشانداوە، بەتایبەت ئەودوو بەشەی کە پەیوەندیان بە کوردستان وعێراقەوە هەیە.
چونکە بەرنامەی فکری وسیاسی هەردووئەم مەیلە ڕیفۆرمیستیە وئەم جۆرە لە ( کۆمۆنیزم) بریتیە لە کۆمۆنیزمێکی بۆرژوازیانە و ڕیفۆرمستانە، ئیتر چ مەیلی شەعبەوی کۆمێنتێرنی ستالینی بێت ، یان مەیلی ڕیفۆرمیستی کرێکاری بێت، کە هەردووکیان باوەڕیان بە بنیاتنانی سۆسیالیزمێکی بۆرژوازیانە هەیە لە ژێر چاودێری مۆدێرنیزمی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک ڕێکخراوەیەکی ئیمپریالیستی جیهانی.
پارلەمان و پاڕلەمانتاریزم لانەو قەڵای نیشتمان پەروەری بۆرژواکانە بەشداریکردن لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی پارلەمانی 2025 دا، خۆی لە خۆیدا نیشاندەری ئاشکرا بونی ناوەرۆکی چینایەتی وردەبۆرژوازیانەی ئەم جۆرە حیزبانەیە لەسەر ئاستێکی فراوانتردا، وە بوون بە ئامرازێکی تەواوکەری سووکایەتی بە ژنان وکچان کە لە ناو دەسەڵاتداریەتی پارلەمانی عێراقیدا وەک عورف و یاسای جەعفەریە مەزهەبیەکان پیادەئەکرێن.
ژنان و کچانێک کە بەشداری لەم هەڵبژاردنانەدا ئەکەن وخۆیان کاندید کردووە لەپێناو ئیمتیازاتی شەخسی خۆیان، هیچی تر نین بێجگە لە کەسانێکی گومڕاو وسەرلێشواو و بوون بە پاشکۆی دەسەڵاتداریەتی پیاوسالاری کەلە ناو پەرلەمان و یاساکانی عێراق و هەرێمدا پیادەئەکرێن،و هەرچی زیاتر زنجیرەکانی کۆیلیەتی وسووکایەتی بە کچان و ژنان پتەوتر ئەکەن.
هەروەها بەشداریکردن لە هەڵبژاردنێکی لەم جۆرەدا لە ژێر ناوی ( مارکسیست) بوونەوە، جۆرێکە لە ئۆپۆرتۆنیزمی بێشەرمانەی خیانەتکارانەی جیهانی وردەبۆرژواکان کە پێشتریش هەمیشە بەناوی (سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمەوە) لە شوێنەکانی تری جیهان یپیادەکراوە.
هەر بیانوویەک بۆ بەشداریکردن لەم هەڵبژاردنەدا لە هەلومەرجێکی وەک ئێستای خەباتی ڕێکخراوی پڕۆلیتاریا کە لە دەرەوەی پەرلەمانی بۆرژواکاندا لە ئارادا نیە ، جۆرێکە لە هەڵوێستێکی خیانەتکارانەو وکوڕنوشێک وسەردانەواندنێکی موریدانەی بۆرژوا ئاساییانەیە، کە دژ بە بەرژەوەندی چینایەتی کرێکاران و چەوساوەکانە، هەروەها بەراوردکرنی هەلومەرجی پارتی بەڵشەفی و تێزەکانی لێنین سەبارەت بە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی بۆرژوازیدا ، لەگەڵ هەلومەرجێکی ئابووری و سیاسی و بەتایبەت بەراوردکرنی مەیلێکی ڕیفۆرمیستی شەعبەوی ستالینی یان مەیلێکی ڕیفۆرمیستی کرێکاری لەگەڵ پارتێکی شۆڕشگێڕی بەڵشەفی بەسەرۆکایەتی لێنین، کارێکی بێهودەو بیانوویەکی شەرمێونانەیە بۆ داخزانی یەکجارەکی وعەمەلی ئەوانە بۆ ناو دامودەزگایەکی سەرکوتگەری چینە چەوساوەکانی عێراق و پەرلەمانە کۆنەپەرستەکەیان، ئەویش تەنها و تەنها لەبەر پاراستنی ئارامی ژیان و چالاکی سیاسی وردەبۆرژوازیانەی خۆیانە لەناوچوار چێوەی ئەم سیستەم ودەسەڵاتە نەگریسە قەومی و میللی و مەزهەبیە سەرتاپا کۆنەپەرستانەیدا، وە ئەوان بەمجۆرە و بە کردەوە ڕایانگەیاند و سەلماندیان کە لەشکری دژە شۆڕشی پڕۆلیتاریان کە ڕەنگە لە داهاتوویەکی تردا جێگە بە دەسەڵاتداریەتی بۆرژوازی لە عێراق و ناوچەکە لەق بکات.
وە بوون بە نموونەیەکی نوێی تر لە ڕیزی ئەو پارت و چەپە ڕیفۆرمیست و گەندەڵ و دژ بە شۆڕشەی کە لە نیپاڵ وڵاتانی تردا بوونیان هەیە، کە بەدرێژایی چەندین ساڵە وەک جەللادی پرۆلیتاریا بەرپرسیاریەتی گەورەیان لە چەواشەکارن و بەلاڕێدابردنی خەباتی پڕۆلیتاریا لە ئەستۆ گرتووە .

صابر.م
٥ / ١١ / ٢٠٢٥

————————————————————-

[٦] https://en.wikipedia.org/wiki/Gangalal_Shrestha

[٧] https://www.marxists.org/archive/lenin/works/1916/jul/x01.htm




لە ستایشی (نەمنی)دا.. عەبدولموتەڵیب عەبدوڵلآ

(ئەوی دەیبینن.. من نیم)

کاتێک کەسێک زۆر بیر لە خۆی دەکاتەوە، بیر لە خۆی ناكاتەوە بەو مانایەی كە ئیگۆیەکی گەورەی هەیە، بەڵكە دەشێ وەك (ئەویدیكە) بیر لەخۆی بكاتەوە! چوونكە مەرج نییە هەمیشە ئیگۆ وێنەیەکی خۆ بەگەورەزان و نێرگزی هەڵگرتبێ… دەشێ (نەمنی) بێ، یان بەشە چەپێنراو و خۆشەویستەكەی ئیگۆ ئەویدیكەی جیاواز بێ (من ئەویدیكەم وەك خۆم، خۆش دەوێ)…
بیرکردنەوە لە پرسی ئەویدیكە (الغیریة) دەمانباتەوە بۆ قسەکردن لەسەر خود (الذات)ی خۆنەویست؛ بەو قسانەش كۆی ئەو گفتوگۆیانە فەرامۆش دەكەم، كە لە بارەی (من) وەك: (كەس، ئیگۆیزم، سوبێكت) و (ڕۆح، عەقڵ، فیكر) و (زمان) كراون و تەنها ئەوە دەڵێم، كە جیاوازی نێوان (من) و (خود) ئەوەیە: کاتێک كە (من) بەپێی دیدگا ئازادەکانی خۆی (نەك غەریزەكانی مێگەل) شوێنی خۆی بونیاد دەنێت، ئەوە پێی دەڵێن (خود)ی هۆشیار! خودی بناس بە هاوکاریی ئەویدیكەی جیاواز، ژیان دادەهێنێ… ئەگەرچی پەیوەندی نێوان من و ئەویدیكە پەیوەندییەکی ئاڵۆز و فرەلایەنە و پێویستی بەشیکردنەوە و وردەکاری زۆر هەیە، بەڵام ئەمڕۆ لەسەردەمی تەكنۆلۆژیادا سوبێكت دووچاری شلۆكی ئازادی بووە…
لە شیعری (نەمنی)دا (مەولود ئیبراهیم حەسەن)ی شاعیر چەمکی نەمنی وەک نوێنەرێكی خۆنەویست و ئازادی تاکگەرا بەکارهێناوە؛ لەوێشەوە هەموو شتێکی بۆ (خودی هۆشیاری- دیكارتی) و دەرکەوتنی ماهیەتی- ئەویدیكە گەڕاندۆتەوە! شاعیر چەمکی نەمنی وەك ڕێبەری خۆنەویستی و بەرپرسیاری ئازادی بەكارهێناوە، کە ئامانجی یارمەتیدانی ئەویدیكەیە بۆ ڕزگاربوون لەو وەهمانەی کە ئیگۆی خۆبەگەورەزان درووستی دەکات؛ چەمكی نەمنی وەك گەیشتن بە حاڵەتێک لە ئاشتی ناوەوە و هۆشیاری ڕاستەقینە بەكارهێناوە؛ چوونكە بەرپرسیارێتی هەڵبژاردنی ئازادی ڕاستەقینە و ئاشتبوونەوە لەگەڵ ناخ کاتێک دەست پێدەکات، کە تێدەگەیت ئیگۆ تەنها تۆ نیت؛ بەڵكە ئەویدیكەیە!
كەواتە ئاشتەوایی و سەربەخۆیی ئەو سیستمەیە کە (مەولود ئیبراهیم حەسەن) داهێنانەكانی ڕووداوی بوونی نەمنی لەڕێگای زمانەوە لەسەر بونیادناوە؛ (زمان) لە ڕووداوی بوونی نەمنیدا وەک چرکەساتی سەرهەڵدانی گوتارێکی (وجودی) جێگیر و تۆکمە خۆی دەنوێنێ… بەڕای من ئەوەی ڕێگا بۆ شاعیر خۆش دەکات دەروازەیەکی نوێ لەبەردەم زانستی مۆدێرنی زماندا بکاتەوە، درككردنی هەوڵە پێشینەکانی شیكاری دەروونی (زیگمۆند فرۆید)ە، لەبارەی چارەكردنی نەخۆش لەڕێگای دەربڕینی ناخ بە ئازادییەوە … بەو مانایەش وەك شاعیرێك، پەنا بۆ یاساکانی دەروونشیكاری فرۆید دەبات و لە درككردنی ئەو ڕێگایەوە وادەكات (نەمنی) بە ئازادی قسەی خۆی بکات، بەو مانایە نەمنی شیعری، لەلایەك بە ئازادی خۆی دەردەبڕێ و لەلایەكی دیكە بەشێوەی واتای بوونی (هایدگەریی) بوونی شاراوە دەکاتە بینراو و نهێنییەكان ئاشکرا دەکات… لەوێشەوە (من و کێشەكانی منـی چەپێنراو) لە ڕووداوێكی بوونگەرییانەدا (نەمنی) وەك کردنەوەی (شوێنی خودی بناس) و (بنەماكانی زمان) وەك شیعر لە دەروونشیكاری تێدەپەڕێنێ و لە گوتارێكی تۆكمەی ئازادانەی شیعریدا خۆی بەیان دەكات، وەك ڕووداوێکی بوونگەرانە دەڵێت:-
بێ دەنگیم
دەمامکێکە
شیتێم دەشارێتەوە
شێتیم
دەمامکێکە
تاوانباریم دەشارێتەوە
تاوانباریم
کرمێکە جەرگم دەخوا
ئەوی دەیبینن.. من نیم .

منی شلۆك
شێوازی شلۆك (السیولة) چەمكێكی كۆمەڵناسی پۆڵەندی (زیگمۆنت باومەن)ە؛ شێوازی شلۆك: بارێکە لە بەرەنجامی گۆڕانکارییە خێراكانی سەردەمی گلۆبالیزم و شۆڕشی ئەلیکترۆنییەوە ڕوو دەدەن؛ ڕۆشنبیریی شلۆكیش هەموو شێوە و ماناکانی ڕۆشنبیریی تۆكمە و چەسپاو دەگۆڕێت؛ لە ڕۆشنبیرییی شلۆكدا، دەشێ لە هەموو چرکەساتێکدا بەها و باوەڕ و پێوەرە کۆمەڵایەتییەکان و ئەخلاق و ڕەفتاری تاک بگۆڕدرێن! لێرەوە لەو نووسینەدا دەمەوێ (ڕۆشنبیریی تۆكمە) و (سوبێكت) لە ڕووداوی (نەمنی)ی شاعیر و (نەمنی)ی شاعیریش لە (منی شلۆك) گەڵاڵە بكەم و لەسەر ئاستی شێوازە شلۆكەكانی (زیگمۆنت باومەن) وەك توانەوەی شێوە و ماناکانی (من) و لەڕێگای گۆڕانكاری بەردەوامەوە، کە هیچ سنوورێك ناس ناكات و هیچ ئامانجێکی دیاریكراویشی لەخۆ نەگرتووە، هەوڵی خوێندنەوەی ڕووداوی بوونی (نەمنی) شاعیر بدەم!
كەواتە ئەوەی دەتوانین وەك شیكاری دەروونی لەڕێگای دەربڕینی ئازادانە بیبینین، جیابووەتەوە یان دابڕاوە لەوەی كە دەبێت وەك ڕووداوی بوونی شیعری بیخوێنینەوە؛ لە هەموو ئەو بەدواچوونەشدا (زیگمۆنت باومەن) لە كتێبی (مۆدێرنەی شلۆك) وای دەبینێت كە: بەرخۆری لە كاڵای ماددییەوە هەنگاوی بەرەو بەرخۆری لە ھەست و سۆز و پەیوەندییە مرۆیی و تەكنۆلۆژییەكان ناوە؛ بەو مانایەش ڕۆشنبیریی تۆكمە و چەسپاو هەنگاوی بەرەو ڕۆشنبیریی شلۆك ناوە؛ قسەكردنی ئازادانەی فرۆیدی هەنگاوی بەرەو ڕووداوی بوونگەرایی هایدگەر ناوە…
هەڵبەتە لە ڕۆشنبیریی شلۆكدا (خۆشەویستی و کەوتنە داوی خۆشەویستی) بۆتە ئەزموون و توانست، ئەزموونەکانیش بوونەتە ڕاهێنان! دەمەوێ بڵێم بەو مانایە (منی شلۆك) دەتوانێت هەمان ڕستە (ئەوەی دەیبینن.. من نیم) وەك ئەزموون بە گۆڕانكاری جۆراوجۆرەوە بەکار بهێنێت، یان بێ بەرنامە لە دەرگای (تاقیکردنەوەی خۆشەویستی) ڕۆشنبیریی تۆكمە و چەسپاو بدات و بەردەوام ئەزموونێکی دیکە لە کەسێکی دیکەدا بە مەبەستی جیاوازی و لوتکەی چێژ و خۆشی بەسەربردن… تاقیبکاتەوە!
لە کۆمەڵگای بەکاربەردا کاڵاکان زوو بەرهەمدەهێنرێن و زوو تەواو دەبن؛ واتە سوبێكت هەمیشە لە خاڵی سفردایە! لە خاڵی سفری ئازادیدا، زانیاری پێش کۆکردنەوەی زانیاریی دەكەوێت؛ خێرایی پێش کاردانەوە و وەڵامدانەوە؛ ڕۆشنبیریی شلۆك پێش ڕۆشنبیریی تۆكمە و چەسپاو؛ ئازادی تەكنۆلۆژی پێش بوونی ڕەسەن… لێرەوە لە خوێندنەوەی ڕووداوی (نەمنی) شاعیردا دەمەوێ نەمنی و منی شلۆك بەهۆی شۆڕشی زانیارییەكان و گۆڕانكاری خێرای كۆمەڵگای تەكنۆلۆژی و پلەی سفری ئازادی و پەیوەندییە دیجیتاڵییەكانەوە، لەیەكنزیك بكەمەوە؛ بەو سیفەتانەی كە (نەمنی) شیعری و (منی شلۆك)ی تەكنۆلۆژی هەڵیانگرتووە.
ئیگۆ لە كۆمەڵگای تەكنۆلۆژیدا گەورەترین وەهمی ئازادییە، ئیگۆ ناسنامەی ڕاستەقینە نییە! تەنها پێکهاتەیەکی دەروونییە کە لەسەر بنەمای ترس، ئارەزوو و پابەندبوون و پلەی سفری ئازادی دامەزراوە! بەڵام ئیگۆ هەرچەندە هۆشیار بیت، کەمتر پێویستی بە بەرگریکردن دەبێت؛ ڕاستی پێویستی بە سەلماندن نییە، پێویستی بە ئازادی ڕاستەقینەیە، پێویستی بە سەلماندنی بوونە لەلایەن ئەویدیكەی جیاوازەوە… بۆیە لە شیعری (نەمنی)دا دەتوانین بڵێین هەمیشە ئازادی لە خستنەڕووی چەپێنراوەكانی ناوەوە دەرفەتێكی دیكە بۆ تێپەڕاندنی سنوورەکانی (نەمنی) تاقی دەکاتەوە: (ئەوەی دەیبینن.. من نیم.) ئەوەش وەك گوتمان هەر خۆنەویستی نییە، دەشێ قسەكردن بێ لە جیاوازی بوونی ئەویدیکە، بەڵام نەك بەو مانایەی كە ئەویدیكە ڕەنگدانەوەی من بێ، بەڵکوو بەو مانایەیەی كە ئەویدیكە نهێنییەکە و من ناتوانم خاوەندارێتی بوونی بکەم…
(ئیمانوێل لێڤیناس) لە كتێبی (کات و ئەویدیکە) پێیوایە کە ئەویدیکە بوونەوەرێک نییە، بەو شێوەیەی من دەمەوێت، بەکاری بهێنم یان لێکیبدەمەوە یان پرۆجێکتی بکەم، بەڵکوو بوونێکی ئازادە کە ڕووخساری داوایەکی ئەخلاقیی لێ دەکات؛ هەر بەو مانایەش منی ئازادی شاعیر لە ڕووداوی بوونی (نەمنی)دا گوزارشت لە ئەویدیكە دەكات؛ هەر بەو مانایەش هەڵبژاردنی ئازادی (نەمنی) بە پەیوەندی لەگەڵ بوونی ئەویدیکە دەپێورێت! پاش (ئەوەی دەیبینن..) ئیتر گەڕانەوەی منی خۆنەویست (منی شاراوە) بۆ (نەمنی)ی شیعری، وەك حاڵەتێكی دەروونی نا، بەڵكە وەك پرسیارێكی بوونگەرانەی شیعری باسی جیهانی منی شلۆك دەكات…

جیهانی شلۆك
ئایا پرسیاری بوونگەرانەی (نەمنی) ڕەنگدانەوەی جیهانی (منی شلۆكە)ە، یان نهێنییەکە ناتوانم (وەك ڕووداو) خاوەندارێتی بکەم؟! دەشێ لەنێوان كردەی (خاوەندارێتی نەكردن) و چەمكی (منی شلۆك)دا هاوتاییەك هەبێ، یان هاوتایەك لەنێوان کاری شیعری وەك بابەتێكی جوان (كە چێژ تێیدا دەردەكەوێت) و ڕووداوی شیعری (كە بوون تێیدا دەردەكەوێت) هەبێ، بەڵام حاڵەتی دەروونی نەبێ…
لەوێوە دەڵێم جیهانی (منی شلۆك) نزیكە لە تەكنۆلۆژیا و ڕۆشنبیریی شلۆك و چێژ؛ بەڵام ڕووداوی (نەمنی) شیعری شوێنێكە لە ڕۆشنبیریی تۆكمە و ئەویدیكەی جیاواز و بوونگەرایی؛ واتە نەمنی شاعیر بە پەیوەندی لەگەڵ بوونی ئەویدیکە دەپێورێت؛ نەك چێژی تەكنۆلۆژی؛ بە پەیوەندی لەگەڵ مرۆڤایەتی دیاری دەكرێت، نەك سوپەرمانی نیچەیی؛ بە پەیوەندی لەگەڵ ڕووداوی بوون شوێنێك بونیاد دەنێت، نەك لەگەڵ ڕازاندنەوەی زمانی شیعری…
کاتێک شاعیر من لە خۆی دەردەهێنێ، ئەویدیکە دەبینێ؛ بەرپرسیارێتی منی شاعیر بەرانبەر بوونی ئەویدیکە سەرچاوەكانی لە هۆشیارییەوەیە، بەرپرسیارییەتی منی شاعیر بەرانبەر ڕووداوەكانی نەمنی سەرچاوەكانی لە هەڵبژاردنی ئازادییەدایە… بەكورتی ئازادی من شوێنی بوونی ئەویدیكەی جیاوازە، كە وەك شیعر ناتوانم لە ڕووداوی (نەمنی) تێیپەڕێنم؛ بەو مانایەش ئەوەی دەیبینن.. من نیم، بەڵكە منی خۆنەویستە؛ شوێنی نەمنی ڕووداوی شیعری لە داخوازییە مرۆڤایەتییەكانەوە سەرچاوە دەگرێت؛ بەڵام ئەوەی ئەو جیهانە درووستکراوە ڕەخسێنراوەی ڕووداوی نەمنی بە منی شلۆك دەبەستێتەوە، لە داخوازییەكانی چێژ و هێزی سوپەرماندایە! چوونكە داخوازییەكانی ڕووداوی (نەمنی) خۆشەویستیی مرۆییە؛ داخوازییەكانی (منی شلۆك) خۆشەویستی تەكنۆلۆژییە؛ خۆشەویستی مرۆیی پەیوەندی بە بەخشینەوە دەكات؛ خۆشەویستی تەكنۆلۆژی پەیوەندی بە چەمكی زێدەییەكانەوە هەیە!
بە كورتی لێرەوە دەتوانم بڵێم پەیوەندی نێوان تەكنۆلۆژیا و منی شلۆك لە (پلەی سفری ئازادی، یان ئازادی وەك كەرستە) درووست دەبێت؛ نەك وەك دیاریكردنی پەیوەندی خۆشەویستی… (زیگمۆنت باومەن) لە كتێبی (خۆشەویستی شلۆك)دا پەیوەندی نێوان تەكنۆلۆژیا و منی شلۆك ناو دەنێت (خۆشەویستی کەرەستەیی)؛ بەو مانایەش لە جیهانی تەكنۆلۆژیادا پەیوەندی خۆشەویستی بۆ بوونی ئەویدیكەی جیاواز لە پەیوەندییەوە بۆتە ئەزموون و توانست، ئەزموونەکان ژمارە و زێدە ژمارەن؛ ژمارەكان بوونەتە کاڵا؛ پەیوەندییەكان بوونەتە پەیوەندی بەرژەوەندیخوازانە و کاتی؛ بەو مانایەش دیاریكردنی پەیوەندی خۆشەویستی تەكنۆلۆژی بە لۆژیکی (ئابووری و بازرگانی) دەپێورێن، لەسەر بنەمای (زیان و قازانج)؛ یان ئەو خۆشەویستییە وەك (تاقیکردنەوەی خۆشەویستی) تەماشا دەكرێت! كەواتە ئەوەی لە پلەی سفری ئازادیدا دەیبینن، من نیم، بەڵكە ئەزموونێکی دیکەی منی شلۆكە و کەسێکی دیکە تاقیدەکاتەوە؛ واتە گۆڕینی بە کەسێکی دیکە!.
جیهانی منی شلۆك، جیهانی زێدە تاقیكردنەوەیە، جیهانی زێدە قازانج… جیهانی منی شلۆك لەسەر بنەمای ئابووری تەكنۆلۆژی وەستاوە… بەڵام شوێنی نەمنی، شوێنی بەخشین و ڕێزگرتن… شوێنی ڕووداوەكانی نەمنی وێنە و بوونی ئەو بەخشینە ڕاستەقینەیە دەكێشێ كە (جۆرج باتاى) لەسەر بنه‌مای–ئابوورى هەتاوی- باسی دەكات؛ واتە: بەخشینێكى تاكلایەنانەى وزەی هەتاو بە بوونی ئەویدیكەی جیاواز؛ بەخشینى ئەو شتەى كە خۆت بە خاوەنى نازانیت، پشت بە مامەڵەكردن نابەستێت؛ هەتاو دەسووتێت و هێدی هێدی لە وزە (خۆشەویستە) بێڕادەكەیدا (مەستمان) دەكات، (ژیانمان پێدەبەخشێت)… بڕوانە: كتێبی (تیۆری ئایین) و: هاوار محەمەد، دەزگای ئایدیا، 2017، چ حەمدی- سلێمانی، ل122-123.
دەمەوێ بڵێم بوونی خۆشەویستی مرۆییانە وەك (تیشكى هەتاو) پشت بە مامەڵەكردن نابەستێ؛ پشتبەستن بە مامەڵەكردن، دەكەوێتە سەر سووكایەتیپێكردن (زیاتر قەرزبار كردن)! لەبەرانبەریشدا (تاقیكردنەوەی خۆشەویستی) تەكنۆلۆژی پەیوەندی بە زێدە قازانج و زێدە مامەڵەكردندایە…
بێگوومان ئامادەیى بوونی خۆشەویستى لەسەر بنەمای (ئابوورى هەتاوی) دەلالەت لە بەخشینى وزەی دەروونی و بەخشینى (خۆشەویستى) بێ‌ بەرانبەر دەكات… ئامادەیى خۆشەویستى لەسەر بنەمای (ئابووری تەكنۆلۆژی) كاڵایە، قازانجە… یەكەمیان، بەردەوام بیر لە نرخ و شكۆی بوونی ئەویدیكەی جیاواز دەكاتەوە؛ دووەمیان، بیر له‌ زێدە سوود و ئاڵوگۆڕ و زێدە به‌رهه‌مهێنان و هەبوونی زێدە ده‌ستكه‌وت دەكاتەوە… یەكەمیان، هەمیشە خۆشەویستی وەك خاڵی سەرەتایی دەبینێ؛ دووەمیان، خۆشەویستی وەك كاڵا سەرف دەکات و لە پلەی سفردا (زێدە- خۆشەویستی) تاقی دەكاتەوە؛ (ئالان بادیۆ) لە كتێبی (لە ستایشی خۆشەویستی)دا، دار التنوير، 2014، ترجمة: غادة الحلواني- لە بەشى (خۆشەویستى لە ژێر هەڕەشەدایە)؛ بە ناوى (خۆشەویستی ئازادانە)ى سەردەمى بەكاربردنى خۆشەویستى… دەڵێت: من پابەند نیم، من پابەند نیم، واتە: خۆشەویستی لە پلەی سفردا! بەو مانایە دووەمیان، پلەی سفری خۆشەویستییە… كەواتە (ئەوەی دەیبینن.. من نیم) واتە دوور لە پلەی سفری خۆشەویستی دەلالەت لە بونیادنانی خۆشەویستی دەكات.

مۆدێرنەی شلۆك
لە دیدی (زیگمۆنت باومەن) كۆمەڵگای تەكنۆلۆژی دەلالەت لە توانەوەی پێکهاتە کۆمەڵایەتییە چەسپاوەکان و دامەزراوە تۆکمەکان دەكات؛ بە مانایەكی دیكە كۆمەڵگای تەكنۆلۆژی مۆدێرنەی شلۆكە و لەڕێگای گوزارەی تاکگەرایی و مەسرەفگەرایی جێگای بە گوزارەی هاوڵاتیبوون و ڕووداوەكانی بوونی ئەویدیكە، چۆل كردووە؛ لەڕێگای پەیوەندی هاوبەندییەوە جێگای بە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان تەنگ كردووە… لەوێشەوە (زیگمۆنت باومەن) ئاماژە بە لەرزۆکی و کەمخایەنی پەیوەندییە مرۆییەکان دەدات و دەڵێ پەیوەندییە مرۆییەکان، تا دێت زیاتر شلۆک و کەمخایەن و زوو تێپەڕ دەبن؛ شلۆکی پەیوەندییە مرۆییەکان، هەستی تاوانباربوونمان بۆ درووست دەکەن، هەرچۆنێک ئەو هەستە بخەینەڕوو، هەست بە تاوان دەکەین، هەرگیز ئەو پەیوەندییە هەستی بەکۆمەڵبوون درووست ناكات، بەڵکە وەك هاوبەندی ئەو کاتە کۆتایی دێت کە داواکاری و ئارەزووەکانی ئێمە جێبەجێ ناکات، ڕێک وەک کاڵایە… لە کۆمەڵگای بەکاربەردا کاڵاکان زوو بەرهەمدەهێنرێن و زوو زوو تەواو دەبن؛ لە کۆمەڵگای بەکاربەردا چێژ بۆتە بەشێک لە بەکاڵابردنی سوبێكت، چێژ بۆتە هۆکاری سەرەکی درووستکردنی پەیوەندیەکان…
تاوانباریم
کرمێکە جەرگم دەخوا
دەشێ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەكان و هاوبەندی تەكنۆلۆژی لەنێوان منی خۆنەویست و کێشەكانی منـی چەپێنراو لەو پرسیارە (نالۆژیكی/ لۆژیكی)یانەدا هەڵگرینەوە و بڵێین: خۆزگە (تاوانباریم) وەك كرمێك بە ئازادی جەرگی خواردم، لە دەرەوەی ئامێری بێ هەستی تەكنۆلۆژیاوە؛ ئەی (بێدەنگیم) كرمی نەبینراوی جەرگم بوو… چی بوو؟! ئەی چی دەبێت بەبێ دەنگی لەلایەكی جەرگم ڕێبکەم، یان گوێم لەدەنگی تاوانە شاراوەكانم بێ… بەڵام لە هەموو ئەوانەشدا ئەی چی دەبێت ئەگەر زەنگی چەێنراوەكانم لەبری زەنگی تەكنۆلۆژیا، سڵاوی ڕووداوەكانی بوونی (نەمنی)ی بە پلەی سفری ئازادی (منی شلۆك) بگۆڕێتەوە؟!.
دەمەوێ بڵێم ئەو لێکۆڵینەوە قووڵەی (زیگمۆنت باومەن) لە بارەی مرۆڤ لە سەردەمی مۆدێرنیتە شلەکاندا پێشکەشی كردووە، ترسەکانی چیتر لە مەترسییە کۆنکرێتییەکان و کۆنتڕۆڵکراوەکاندا قەتیس نین، بەڵکە گۆڕاون بۆ دۆخێکی بەردەوامی دڵەڕاوکێ و نادڵنیایی… لەو قەسیدەیەشدا وەك ڕوونمانكردەوە (ترسی ڕووداوەكانی- نەمنی) چیتر لە هەڕەشەیەکی دیاریکراو و دوورەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکە لە ناسکییەکی بێ مەودا و نزیكەوە هەڵقوڵاوە، کە خۆیان لە تایبەتمەندی دیجیتاڵی و مامەڵەی تەكنۆلۆژی و مەترسییە ئابووری و ژینگەییەکانەوە تا ناسکی چاودێریكردنی ئەمنیی و دڵەڕاوکێ و نادڵنیایی هەڵدەگرنەوە… هەموو ئەوانەش وەك كۆمەڵێ زانیاری كەڵەكەكراو و زیرەكی/ ژیری دەستكرد و ڕەفتاری بەکۆمەڵ لە قاڵب دراو شلتر دەردەكەوێت و لەوێوە هەموو سنوورەکانی مرۆڤایەتی بەزاندووە و لە هەموو شوێنێ بەشێوەی سوپەرمانی نیچەیی بڵاودەبێتەوە و بەردەوام دەگۆڕێت…
ئیتر ئەوە شوێنی كۆمەڵگای تۆكمە و چەسپاوە، كە جیهانی كۆمەڵگای ئەلكترۆنی بەرهەمهێناوە؛ ئەوە هاوبەندی تەكنۆلۆژییە، كە مۆدێرنیتە شلەکانی لێكەوتۆتەوە… کۆمەڵگایەکی بەرهەمهێناوە، کە لە ناسکی بەردەوامی ئامێرە بێ هەستەكاندا بژی… ئیتر پەیوەندی كۆمەڵایەتی ڕاستەقینە و دامەزراوەی سەقامگیر و دڵنیایی تۆکمە و دەروونشیكاری… ڕۆژیان ئاوابوو؛ ئیتر تاکەکان ڕووبەڕووی ترسی هەمیشە گۆڕاو دەبنەوە! (زیگمۆنت باومەن) لە كتێبی (الخوف السائل)، ترجمة: حجاج أبو جبر- ط1، بیروت-2017. دەڵێت: مەترسییەکان چیتر تەنیا لە کارەساتە تەقلیدییەکاندا سنووردار ناكرێن، بەڵکە بوونەتە بێکاری شلۆك و داڕمانی بازاڕ و پیسبوونی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا… جگە لە هەموو ئەوانەش (ترسی خەیاڵی) ترسی شەوە تاریكەكانی نادڵنیایی کە لەلایەن میدیا و سیاسەتەوە وەک ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردن بەردەوام تووند و تووندتر دەکرێت؛ یان لەسەر بنەمای تاریكی نادڵنیایی كۆنتڕۆڵی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان دەكات و کۆمەڵگا دەخاتە دڵەڕاوکێی بەردەوامەوە.

عەبدولموتەڵیب عەبدوڵلآ
هەولێر 29/9/2025




تێكدانی زمانی كوردی لە پڕۆگرامەكانی خوێندندا.. سەدیق سەعید ڕواندزی

              
      

پڕۆگرامەكانی خوێندن، وەك نێوەندێكی بنەڕەتی فێركاری، ڕۆڵێكی هەرە گرنگ و كاریگەریان هەیە لە ڕێكخستنی زمان و بە ستانداربوونی، چونكە ئامرازیی فێركردنی نەوەكانن. لەو سۆنگەیەوە پڕۆگرامەكان لە ڕووی زمان و ڕێنووسەوە، دەبێ یەك شێوە بن و بە وردی پەیڕەو لە خاڵبەندی و لایەنی ڕێنووسی زمانەوە بكەن و زمانێكی ڕاست و دروست و بێ هەڵەیان تێدا بێت، كەچی بەداخەوە لە هەرێمی كوردستاندا، پڕۆگرامەكانی خوێندن لە بری ئەوەی ڕۆڵی بە ستانداربوونی زمان ببینن، بە جۆرێك لە جۆرەكان لە ڕێگەی ئەو گۆڕانكارییە نا فەرهەنگی و نا دەستووریانەی زمان كە ساڵانە بە ناوی نوێكردنەوە ئەنجام دەدرێن، ئەوەندەی تر زمانی كوردی دەشێوێنن و پەرتەوازەتری دەكەن. بۆ ئەمساڵی خوێندن، لە پڕۆگرامەكاندا پیتی (وو ) بزوێنی درێژیان لاداوە. بێگومان ئەم پیتە، پیتێكی سەربەخۆیە و لە ڕێزبەندی هەفت پیتە بزوێنەكەیە و ئەو وشانەی ئەم پیتەیان تێدایە، بۆ نموونە: وەك (بوون، چوون، هەمووان، سەركەوتوو، شاتوو، دووربین، مووچە، ڕوون، ڕوو، ڕووگە، هاتووچۆ ) و گەلێك وشەی دیكەش، خۆیان لە بنچینەدا هەڵگڕی ئەو پیتەن و پیتەكە بەشێكە لە سرووشتی بوونی زمانییانەی وشەكە، نەك ئەوەی پیتێكی زیادكراو بێت، تاكو بتوانرێت لاببردرێت یان گۆڕانكاری تێدا بكرێت. گەر هەمان ئەم وشانە بە شێوەی (بو، چو، ڕو، شاتو هەموان) بە نموونە بنووسین، دەبینین لەلایەكەوە لە ڕووی فۆڕمی نووسینەوە چەندە ناڕێزمانی و نا ئستاتیكی دەردەكەون، لەلایەكی دیكەشەوە لە ڕووی دەربڕینیشەوە چەند لەنگییان پێوە دیارە، چونكە كە دەڵێین (ڕوو) ئەوا ( وو) دەردەبڕین نەك (و) . یاخود گەر لە بری (ڕوون) كە بە مانای ساف دێت بنووسین (ڕون) ئەوا دەبینین ئاسمان و ڕێسمان لە ڕووی ماناوە جیاواز دەكەونەوە، چونكە ئەوەی دوایان، پێداویستییەكی ئامادەكردنی خواردنە. ئەوانەی ئەو گۆڕانكاریەیان لەو پیتەدا كردووە، لە ڕاستیدا بای ئەوەندە ئاگایان لە زمانی كوردی نەبووە، كە زمانی كوردی نووسین و گۆكردنی وەك یەكە و جیاوازە لە زمانەكانی دیكەی وەك عەرەبی و ئینگلیزی و هەموو زمانەكانی دیكەی دنیا، كە زۆرجار وشەیەك لە ڕووی نووسینەوە هەڵگری پیتێكە، بەڵام خوێندنەوەی جیاوازە، ئەمە لە زمانی كوردی نییە. كاتێ دەڵێین (هاوڕێ) ئەوا دەبێ بنووسرێت (هاوڕێ) كاتێ دەڵێین (گورگ) ئەوا دەبێ بنووسین (گورگ). هەموو وشەیەك لە زمانی كوردیدا دەبێ وەكو خۆی بنووسرێت، چونكە تاكە زمانە نووسین و گۆكردنی هاوشێوەن. دواجار دەڵێم گۆڕانكاریی لە پڕۆگرامەكانی خوێندن لە ڕووی زمانەوە ئەركی بەڕێوەبەرایەتییەك و چەند لیژنەیەك و زمانزانێك نییە، كە ڕەنگە تیایان دابێت ساڵانە دە كتێب لە سەر زمان نەخوێنێتەوە، بەڵكو ئەمە دەبێ بە ڕاوێژكردنی زانستییانە و فەرهەنگییانە و پلانی پەروەردەیی و میتۆدی بێت، بە مەرجێك گەر پێویست بوو گۆڕانكارییەكە بكرێت، نەك ئەوەی كەسانێك وا بزانن (و) و (وو) هەریەكن وەك ئەوەی تێی گەیشتوون !

ئەم بابەتە لە ئەدەب و هونەری كوردستانی نوێ ژمارە(1393) ڕۆژی 23/10/2025 بڵاوكراوەتەوە.




گەزیزە.. برایم فەڕشی

لە حەوشی ماڵی خۆیان ڕووت و قووت دەخولایەوە و گۆرانی دەگوت. منی بینی و دای له‌ قاقای پێکەنین. کاتێک دایکی لە بەر ترومپا دەیشووشت، ئەو یەک بە خۆی دەینەڕاند، دەنگی قیژە و هەرای گەڕەکی دادەگرت. ڕۆژێک پێخاوس، پاپەتی هاتبووە ناو کۆڵان، دەنگی گریانی بەرز بۆوە، ئێمە خۆمان گەیاندێ، دیتمان پۆنیز بە لاقیدا چووە و خوێنی لێدەتکێ، من پڕم بە لاقیدا کرد، هەڵمهێنا و دەمم بە پۆنیز داکرد و تفم کردەوە. گەزیزە خۆی پێدا کێشام ماچم بکات، کەوتم و سەرم بە بەردێکدا کەوت و هەڵتۆقی. ژانی زۆر بوو، نەگریام. لە سبەی ئەو ڕۆژەوە گەزیزە بە کەوشێکی سوورەوە دەهاتە دەر.

لە شارەکەی ئێمە کۆڵان و شەقام ئەسفاڵت نەبوون، جگە لە لای سینەما و دوخانیات. منداڵ دەچوون لەوێ شێلاقە و مه‌زراق و شاتیان دەخولاندەوە و ئێمەش دەچووین. ڕۆژێک لە ناکاو گەزیزە نەڕاندی، ئای حەسەن زیرەک، حەسەن زیرەک. ئەوەی گوت و شوێنی کەوت، ئێمەش بە دوایدا. لە نزیک شیرکەتی نەوت کە هێندەی نەدەما بۆ دەرەوەی شار ، خۆی کرد بە ماڵێکدا، کە چووینە بەر دەرگا، دیتمان شایی و زەماوندە و خەڵک هەڵدەپەڕن. گەزیزە خۆی کرد بە ژوورەوەدا و یەکسەر چووە گاوانی . وەها خۆی بادەدا، نەبێتەوە. زۆربەی خەڵک چاویان تێبڕیبوو. حەسەن زیرەک کە کاتی هاوارکردنی ئه‌و، لە بەر دوخانیات ئاوڕی دابۆوە و پێکەنیبوو، زانی ئەوە کچه‌ کەوش سوورە. لێی نزیک بۆووە و پرسی کچۆڵه‌ ناوت چییە، وتی گەزیزە. زیرەک یەکسەر تێیچریکاند:

ئەی لە کێم و لە کێمە
لە گەزیزە و لە خۆمە
لە ماڵ زاوا و بوکێمە
کەوش سووری هاوڕێمە
کچە کوردی بۆکانی
زێڕ و زێوەی ئازیزی.

خەڵکی ناو حەوش و حەسار و سەربان و بەر دەرگا، دەستیان کرد بە چەپڵە لێدان و چەند ژن چوون، گەزیزەیان لە باوەش گرت و ئەولاو ئەو لایان ماچ کرد و چەند کەس وێنەیان لە گەزیزە و زیرک گرت.کە هاتینە دەرێ گەزیزە هەتا ماڵی خۆیان بە سەما وهەڵبەز هەڵبەز، بە ڕێگادا دەچوو. کە گەیشتینەوەوە نزیک ماڵی خۆیان، بە دەنگی بەرز چریکاندنی، کچە کوردی بۆکانی، زێڕ و زێوی ئازیزی.

باوکی گەزیزە شۆفری ماشێن بوو. ئەو شەوانەی باوکی نەدەهاتەوە، دایکی بە منی دەگوت، بچم لە ماڵیان بخەوم. دایکی گەزیزە، کاتی چێشتلێنان لە بەر خۆیەوە گۆرانی دەگوت و دەنگی لە فەتانەی وەلیدی هاوشاریی ده‌چوو، چۆن گەیشتبوونە ئێرە، نەماندەزانی. گوڵدۆزی دەکرد و گۆرەوی و کراسی ده‌چنی و گەزیزە بە دەستکردی ئه‌و ده‌ڕازاندرایه‌وه‌، هاوسا و جیران دەهاتنە لای بۆ ئەوەی گۆرەوی و دەستکێش و شاڵی ملیان بۆ بچنێ و گوڵدۆزی دەسرەی سەر تاقەیان بۆ بکات. ئەو جگە لە فڕنی و مەشکەفی و هەڵوا و غوڕابی، شەربەتی خۆشی ساز دەکرد.

تازە کەوتبووینە پۆلی چوار، دوای فێرگه‌، هەتا ئێوارە لە دەرێ ده‌ماینه‌وه‌. ئەو ڕۆژە گەزیزه‌ نەهات. بە هەڵاتن چووینە بەر دەرگای ماڵەکەیان، لە سەر پێپلیکانەکان مات دانیشتبوو، چووینە ناو حەسار، هەرچەند هەستی بە هاتنی ئێمە کردبوو، سەری هەڵنەهێنا. لە تەنیشتی دانیشتین، ڕووی وەرنەگێڕا. زارا پرسی، گەزیزە چ بووە؟ سەری خستە سەر شانی و بێدەنگ مایه‌وه‌. دەزانی، باوکم لە ڕێگای میاندوا تەسادوفی کردووە! بردوویانە بۆ ورمێ! دایکم و جیرانەکەمان چوون بۆ لای. زارا گوتی، که‌ وایه‌ دەچین بۆ ماڵی ئێمە. گوتم نا، هەموومان لێرە دەبین و دەچین خەبەر دەدەین بە ماڵێ و دێینەوە.

ئەو شەوە تا بەیانی لە حاڵی نیگەرانی و دوو دڵی و چاوەڕوانیدا بووین، ڕۆژی دوایە نەچووینە فێرگە و لای گەزیزە ماینەوە. ئێوارە، شار شڵەقا و دەنگە دەنگ لە کۆڵانەوە ده‌هات و خەڵک بۆ لای دەرەوی شار هەڵدەهاتن، ئێمەش لە گەڵیان کەوتین و لە نزیک بێنزینخانە و ئەو ماڵەی شاییەکەی تێدا گەڕا بوو، چاومان بە ماشێنی نەخۆشخانە کەوت.

دایکی گەزیزە لە پێشەوە دانیشتبوو. گەزیزە ڕایکرد، دایکی ئەوی بینی، پەڕییە خوارێ و باوەشی پێدا کرد. گەزیزە دەینەڕاند کوا باوە، کوا باوە! دایکی پەشۆکابوو، فرمێسک بە لا چاویدا شۆڕ ببووە، خەڵک هەموو وێستابوون، چەند ژن بە لکی دەسماڵ چاوی خۆیان دەسڕی. گەزیزە دەینەڕاند، کوا باوە، کوا باوە. ژنێکی بە ساڵاچوو، لێی نزیک بۆوە و لە ئامێزی گرت و دەستی بە سەرییدا هێنا، چەند ژنی دی ناو خەڵک، چوون و قۆڵیان لە ناو قۆڵی گەزیزە و دایکی خست و هێدی هێدی بەرەو مزگەوتی بازاڕ وه‌ڕێ که‌وتن. زۆربەی خەڵک هاتبوونە بەر دووکان و ماڵەکان و خەمناک ڕاوستابوون و سەریان بەردابووە. هەر ئەو ئێوارە بە بەشداری خەڵکی شار، باوکی گەزیزە ناشترا. ئەو شەوە و ڕۆژانی دواتر، جیران نەیانهێشت گەزیزە و دایکی بە تەنیا بن و بە یەکەوە پرسە و سەرەخۆشیان بەڕێوە برد و هەتا درانگانی شەو خەڵک دەهاتن و دەچوون.

زیاتر لە هەفتەیەکی کێشا هەتا گەزیزە هێندێک ئارام بۆوە، خەڵکی گەڕەک و خاوەن ماشێن، یارمەتی دایکی گەزیزەیان دا و کارگەیەکی جوان، بۆ چنین و دروین و گوڵدۆزی سازکرا و چەند ژنی هاوسا، فێری چنین و گۆڵدۆزی کران و بەرهەم و ناوبانگی کارگای گەزیزە شار و شار ڕۆیشت.

ساڵ هاتو چوو، هەتا ئەوەی گرووپی شانۆ ساز کرا و گەزیزە لە گەڵیان کەوت. ئەو کات گەزیزە پۆلی دەی دەبیرستان بوو.
کزەی سەرما دەستی پێکردبوو، هۆڵی شانۆ پڕ لە حەشیمەت، دەنگ لە کەسەوە نەدەهات، پەردە هێدی هێدی لا درا، دەنگێکی خۆش هۆڵەکەی داگرت:
ئەی یاری نازادرم
ئەی شۆخی عەیارم
هەر تۆ بە تەنیا
بوڵبوڵی گوڵزاری منی
هەر تو بەتەنیا
یاری منی دڵداری منی

ئەوە یەک لەو گۆرانیانە بوو کە دایکی لە کاتی چێشت لێنان لە بەر خۆیەوە دەیگوتەوە، ئێستا لە ڕیزی پێشەوە دانیشتووە و چاوی بڕیوەتە سەر سەکۆ و نائارام هەر دوو دەستی لە ناو یەک ناوە و خۆی کۆ کردۆتەوە، وەک ئەوەی کەوتبێتە ناو خەیاڵ. گەزیزە جلی کوردی سوور لە بەر و کەوشی سوور لە پێ، لە قووڵایی سەکۆوە نەرم نەرم دەهات، لە پڕ بینەران هەڵستانە سەر پێ و دەستیان کرد بە‌ چەپڵەلێدان. گەزیزه‌، گەیشتە بەر لێواری سەکۆ ، چووە‌ سەر چۆک و ڕوو لە شوێنێکی نادیار، ئاوا هاتە دەنگ:

ژیان، دەفتەری نووسراو، چیرۆک و ڕۆمان نییە!
حەکایەتی ئاسمان، گفتی شاعیر و ئاوازەخوان نییە!
چرکەیە! هەناسەیە، دێ و نایا!
هەست و بیر و هزرە، هەتە و نیتە!
ژیان، من و تۆین!
بەیەکەوە هەین و بێ یەک نین!

هەڵستایە سەر پێ، پێخاوس، پشت لە بینەر، بەرەو قووڵای سەکۆ گەڕایەوە و لە تەک دەنگی نەرمی تەموورە، دەنگێک هاتە گوێ: ژیان…… دەفتەری نووسراو…. چیرۆک و ڕۆمان… حەکایەتی ئاسمان…. گفتی شاعیر….ئاوازەخوان…نییە…!

شانۆ پاش دوو سەعات بەم ڕستەیەی منداڵێک کۆتایی پێهات.
منداڵ: کە گەڕامەوە گوێبیستی چیرۆکی ژیانم بە، گەر نەگەڕامەوە، بزانە ژیانی من، دەفتەر و چیرۆک و ڕۆمان نەبووە.

چرا هەڵکرایەوە، بینەر لە بێدەنگی خۆیدا، یەک یەک و دوو دوو، هۆڵی شانۆیان بەجێهێشت، هەرکام نوقمی بیر و خەیاڵ بوو. گەزیزە لە پشت پەردە هاتە دەر و بەرەوڕووی دایکی هات و پرسی، بۆ دەگری؟ گەزە گیان، ئەوە چ بوو، چ داستان و چیرۆک و بەسەرهاتێک بوو؟ منت گەڕاندەوە بۆ قووڵایی ژیانم، بۆ ڕۆژانی لە بیرکراو. نەمدەزانی تۆ ئاگاداری ژیان و بەسەرهاتی منی، نەمدەزانی ڕۆڵەکەم، نووسەر و حەکایەتخوانی! دایە زێڕێنەکەم، تەنیا ئاگاداری ژیانی تۆ نیم، لە پاش مەرگی باوکم کەوتمە گەڕان بۆ ئەوەی خۆم ببینمەوە. لە نەبوونی باوکدا لە خۆم گەڕام، ئەوجا گەیشتم بە تۆ، لە تۆوە گەیشتم بە بنەماڵە و بنەچەکی خۆمان. گووم بووەکانی خۆم، دزراوەکانی خۆمان، دۆزییەوە. ئێستا دزەکانیش دەناسم. ئەوانەی ئێمەیان بە گوومکردنی خۆمان دابوو، بۆ ئەوەی ببین بە وان و خۆمان لە بیر بچێتەوە. دایە گیان، هەموومان گووم کراو و دزراوین. ئێستا دەزانم من و تۆ و ئەو خەڵکەی لێرە بوون ،کێین. ئەم خەڵکەت بینی لە بێدەنگی خۆیاندا هۆڵەکەیان بە جێهێشت؟ ئەوان سەریان پڕ لە پرسیاری بێوڵام کراوە. ڕۆڵەکەم، سەری منیشتان پڕ لە پرسیار کرد.

گەزیزە دوای ئەو شەوە ، نووسراوەکانی دەدا بە ئێمە بیخوێنیننەوە. لە ڕێگای باوکی زاراوە، کە دووکانی هەبوو، کوردی ئەودیو هاتوچۆیان دەکرد و چای عێراقیان دەهێنا و کوتاڵیان دەبردەوە، نووسراوەکانی گەزیزە دەگەیشتە ڕادیۆ کوردی بەغدا و گۆڤارەکانی ئەو دیو، زۆر جار لە بەرنامەی ڕۆژێک لە ڕۆژان لە ژێر ناوی ز. زێڕینە، بڵاو دەکرانەوە. چەند جار لە ڕێگای یەکێک لە فێرکارانی دەبیرستان، کە دۆستی کاکە سوار بوو، نووسراوکانی دەگەیشتنە دەست ئەو و لە ژێر ناوی ز. زێڕینە، خەڵکی سولەیمانی لە بەرنامەی تاپۆوبومەلێڵ بڵاو دەکرانەوە و تاکە کەس دەیانزانی ز. زێڕینە کێیە. دوو ساڵ دواتر، پاش وەگرتنی دیپلۆم، دایکی گەزیزە گەڕایەوە زێدەکەی خۆی و گەزەش بە تەمای خوێندن، ڕۆیشت.

ڕۆژێک لە شاری کۆڵن میوانی دۆستێکی شاعیر و شانۆکار بووم کە لە تارانەوە یەکترمان دەناسی، گوتی کاتێکی چاک گەیشتووی، ئەمشەو لە لیتراتور هاوس، ماڵی ئەدەبیات، بەرنامەیەکی ئەدەبی و هونەری هەیە. دە خولەک درانگ گەیشتین و بەرنامە دەستی پێکردبوو، نووسەرێکی ئاڵمانی خەریکی خوێندنەوەی چیرۆک بوو، لە تەنیشت ئەو خانمێکی چاویلکە ڕەش دانیشبوو، دیار بوو پێشتر هەموویان ناسێندرا بوون.
پاش کابرا نۆرەی ئەو خانمە هات و میکڕۆفۆن کێشرایە بەر دەمی، وەرگێڕدراوی ناوی چیرۆکەکەی دەبووە زەنگیانە، کە دەستی بە خوێندنەوە کرد، دەنگیم ناسییوە، خۆم بۆ ڕانەگیرا و بە کوردی گوتم، زەنگیانە! سەری هەڵهێنا. ئەو کەسانەی لە هۆڵەکە دانیشتبوون ڕوویان بۆ لای من وەرگێڕا و خانمی نووسەر هەستایە سەر پێی، چاویلکەی لە چاو دەرهێنا، هەرکمان بێ ئەوەی بە خۆمان بزانین، بەرەوپیری یەکتر هاتین و ڕوو بە ڕووی یەکتر وەستاین.
پرسی، تۆ لێرە چ دەکەی؟ هاتووم پۆنیز لە ناو پێت دەرکێشم.
خۆی هاویشتە ناو باوەشم و وەخت بوو بە سەر ئەو خەڵکەدا بکەوم. دەستی ڕاکێشام و چوو میکرۆفۆنی وەرگرت و گوتی، ئەو کەسە، یەکێک لە کەسایەتییەکانی ناو چیرۆکەکانی منە. منی لە سەر کورسییەک ڕووبەڕووی خۆی دانا و گەڕایەوە سەر جێگاکەی و داستانی زەنگیانەی خوێندەوە و منی گەڕاندەوە ناو چەقی ڕووداوەکان.چیرۆکی زەنگیانە بە مەرگی زێڕینە خانم، دایکی گەزیزە کۆتایی پێدێت، کە لە نێوان سەڵەواتاوا و سنە تووشی کارەساتی ماشێن دەبێ.

پاش بەرنامەکە، سێ کەسی لە گەڵ ناسر چووینە کافەیەکی نزیک ئیزگەی قەتار کە زۆرتر شوێنی نووسەر و هونەرمەندان بوو. گەزیزە دەبوو سەعات یازدەی شەو بە قەتار بگەڕێتەوە شاری بازل لە سویس. دەیگوت حەزم لە تەیارە نییە و زۆرتر بە قەتار هاتوچۆ دەکەم و بێزارم لە ماشێن. گوتی جارێ هیچت بۆ ناگێرمەوە کە چیم کردووە و چیم بە سەر هاتووە، دەبێ بێی بۆ بازل و ئەو جا چیرۆکی یازدە ساڵەم دەبیستی. سەعات یازدەی شەوی ڕۆژی شەممە یازدەی ئۆکتۆبر، پاییزی ساڵی ١٩٨٦ یەکترمان لە ئامێز گرت، بەو هیوایەی لە بازل شاری کارنەواڵ، یەکتر ببینینەوە.

هاوینی ساڵی دواتر لە سەر وبەندی کارنەواڵ لە شاری گیسنەوە چوومە فڕانکفۆرت و بە قەتار بەرەو بازل وەڕێ کەوتم و نزیک نیوەڕۆ گەیشتم. لە قەتار دابەزیم و هەرچی چاوم گێڕا، خەبەرێک لە گەزیزە نەبوو. لام ئاسایی بوو، ئەو لە شارۆچکەی بیل دەژیا و دەبوو بەشێک لە ڕێگا بە پاپۆڕ بێت و دوایە سواری قەتار بێت و ڕەنگە وەدرانگی کەوتبێت.

ئەو شارۆچکەی ئەو لێی دەژیا و ناوچەکە بۆ نووسەرانی وەک فردریش دوڕنمات و ڕووداوی ناو ڕۆمانەکان، شوێنێکی گونجاو بوو. بۆ وێنە ڕووداوەکانی ڕۆمانی قازی و جەلادەکەی ڕێک لەم شارۆچکەیە ڕوو دەدەن. ناوچەکە هەم دار ودرخت و بەرزایی و پێچ وپەنای هەیە، هەم زێ و ئاو و لە هەمان کات بەندەری بەلەم و پاپۆڕ و شوێنی هاتوچۆی گەڕیدەی بیانی و خەڵکی ناوچە و شوێنی ژیانی گەلێک دەوڵەمەند و زەنگینەکانی جیهان و نووسەر و هونەرمەندە و نزیک شاری بازل لە قەراخ چۆمی ڕاین هەڵکەوتووە، کە شاری هونەر و کارنەواڵ و مۆزەیە و هەموو دەوەرەکە بۆ چیرۆک و ڕۆمان و فیلم دەست دەدا. هەر بۆیە حەزم دەکرد لە گەڵ گەزیزە هەموو ئەو شوێنانە جارێکی دیکە بەسەر بکەمەوە.

چاوەڕوانی من درێژەی کێشا و گەزیزە نەگەیشت، چووم سەیری تابڵۆی قەتارەکانم کرد، هیچم دەست نەکەوت، لە بەشی ڕاگەیاندن و زانیاری پرسیارم کرد، گوتیان ئەو قەتارە سەعاتێک و بیست خولەک پێشتر گەیشتووە و بەرەو زوریخ چووە. پرسیم لە کوێڕا دەتوانم تەلەفوون بکەم؟ ئەو خانمە لە شوێنەکەی هەستا و دەستی بۆ دەرگایەک ڕاکێشا و گوتی دەرگات لێدەکەمەوە، وەرە ژوور. خۆی لە گەڵم هات و تەلەفوونی نیشان دام، ژمارەکەم گرت و نزیک چەند خولەک وێستام هیچ دەنگ نەبوو. ژنە ئاگای لێ بوو، گوتم نازانم چ بکەم، من لە ئاڵمانەوە هاتووم و بڕیار بوو لێرە یەکتر ببینین.

ژنە پرسی گەرەکتە پۆلیسی ناو ئیزگەی قەتار ئاگادار کەم، تێدا مابووم، چ بڵێم لە ناچاری گوتم بەڵێ. چەند خولەک دواتر ژن و پیاوێکی پۆلیس هاتن و داوایان کرد ناو و ئادرەسیان بدەمێ، هەرکە ناوی گەزیزەم هێنا، هەرسێ واقیان وڕما و گوتیان، خانم گەزیزە …! ئەو یەکێک لە بەناوبانگترین و خۆشەویسترین نووسەری ئەم وڵاتەیە و ڕۆمانەکانی هەر کەس دەیخوێنێتەوە. پۆلیسی ژن، تەلەفوون بۆ ناوەندی پۆلیس دەکات و ئەوان پێوەندی لە گەڵ پۆلیسی بیل دەگرن. ئێمە گوێمان لە دەنگی ئەو بەری تەلەفوون نەبوو، بەڵام دەماندی کە ڕوخساری پۆلیس گۆڕا و زۆرتر و زۆرتر بەرەو تێکچوون چوو. ئێمە مات سەیری ئەومان دەکرد. قامکی بە دوگمەی تەلەفوونەکەوە نا، سەرتەیەکی لە بن گوێچکەی کارمەندی دەفتەری قەتار کرد و ڕوو لە من پرسی خانم گەزیزە چی تۆیە، گوتم منداڵی یەک گەڕەکین و هەموو ژیانی منداڵی و لاوەتیمان هەتا کۆتایی خوێندن بەیەکەوە بووە و پاش چەند ساڵ بە هەڵکەوت یەکترمان دیتۆتەوە.

پۆلیس دەستی لە سەر شانم دانا و گوتی بچین. پرسیم چی بووە، گوتی با بچین بۆ لای دۆستەکەت. سواری ماشێنیان کردم و بەرەو بیل وەڕێ کەوتین. لەوێ لە بەر دەرگای نەخۆشخانە ڕایانگرت. هەر سێ چووینە ژوور. لەوێ دوو دوکتور هاتن بەرەو پیرمان و دەستیان لە گەڵ لێداینەوە، دیار بوو ئاگادار کرابوون. یەک لە دەکتورەکان گوتی ماوەی سێ سەعاتە لە ژووری نەشتەرگەرییە و دوکتورەکان خەریکن، دەبێ چاوڕوان بین. پرسیم چی بووە؟
خانم دوکتور گوتی، وەرن لە ژووری خۆم باستان بۆ دەکەم، لەو دەمەدا دوو پۆلیسی دیکە هاتن و پاش خۆ ناساندن بە هاوکارەکانیان، گوتیان ئێمە لێرە دەبین. دوو پۆلیسەکەی کە لە گەڵم هاتبوون، گوتیان ئەو هاوکارانە ئاگاداری هەموو ڕووداوەکەن و بۆت باس دەکەن، ئێمە دەبێ بگەڕێینەوە بازل. تۆقەیان کرد و چوون و دوو پۆلیس و خانم دوکتور چووینە ژوورەکەی.
یەک لە پۆلیسەکان پاش ناساندنی خۆی گوتی، “سەعات نۆی بەیانی ئاگاداریان کردین کە کارەساتێک ڕووی داوە کە چووینە شوێنەکە دووچەرخەیەک لە قەراخ جادە کەوتبوو، ماشێنێک خۆی لە دارچرابەرقی تەنیشت شەقام وەشاندبوو، چەند بەرگ سپی نەخۆشخانە خەریکی گواستنەوی ژنێکی بێهۆش کەوتوو بۆ ناو ئامبولانس بوون. بە ێپێ پرسوجۆ ی ئێمە، گەزیزە خانم وەک هەر ڕۆژ لە ماڵ دێتە دەر، سواری دووچەرخەکەی دەبێت بۆ ئەوەی خۆی بگەێنێتە پاپۆڕ، بەڵام کە دەگاتە سەر جادەی سەرەکی، ماشێنێک کە تاکە کەسێکی تێدا دەبێ، بە خێرایی دێت و ماشێنی بۆ ڕاناگیرێ و خۆی بە دووچەرخە دادە.”
لێرە خانم دوکتور دێتە دەنگ و دەڵێ، پشکنینی ئێمە دەریخستووە کە گەزیزە خانم تووشی خوێنڕژی مێشک بووە، هیوادارین لە کارەکەماندا سەرکەوین..! هێشتا قسەکەی تەواو نەکردبوو لە دەرگایان دا . پۆلیسەکان زوو ڕابوونە سەر پێ، خانم دوکتور چووە دەرێ و کە هاتەوە ژوور ، بێدەنگ بوو. دەستێکی لە سەر شانم دانا و گوتی، ببوورە، نەمانتوانی…! نەیتوانی درێژە بە قسەکانی بدات.

منیان بردەوە ماڵی گەزیزە، کلیلی ماڵەکە و هەموو ئەو شتانەی لە گیرفان و کیفە دەستییەکەیدا بوو، دایان بە من وگوتیان ئاگادارت دەکەینەوە. کە لە دەرگای ماڵەکەی چوومە ژوور، وەک ئەوە دەچوو، سەرم بە موزەخانەدا کردبێ. وێنەکانی خۆی و دایکی و باوکی، وێنەی گەڕەک و دەیان وێنەی ئێمە و وێنەکانی شار ، هەڵواسرابوون. زۆربەی کارەکانی دایکی وەک کڵاو، دەسرە، دەستکەش، ڕوو مێز و ڕوو تەختی و دەسرەی سەر تاقە، جووتێ کەوشی سووری منداڵانە و ئەو کراسە سوورەی کە لە سەر سەکۆی شانۆ لە بەری کردبوو، لە ناوەڕاستی ژوورەکە هەڵواسرابوو. سەر مێز پڕ بوو لە کتێب و دەفتەری نووسراو، لە گۆشەیەکی وەتاخ ماشێنی نووسین و تایپ کردن داندرا بوو، ئەوە هەمان ماشێن بوو کە بە ساڵان هەرکمان پێمان دەنووسی.
ڕۆژی بەخاک سپاردن، گۆڕستان پڕ لە خەڵک بوو، لە ناویاندا نووسەر و شاعیر و هونەرمەند و سیاسەتمەداری ئەو وڵاتە دەبیندران. من تەنیا بیانی ناویان بووم. لە گەڕانەوە بۆ ئاڵمان، ئەم ڕستەیە بەردەوام لە گوێمدا دەزرینگایەوە: ،، کە گەڕامەوە، گوێبیستی چیرۆکی ژیانم بە، گەر نەگەڕامەوە، بزانە ژیانی من، دەفتەر و چیرۆک و ڕۆمان نەبووە.،،

برایم فەڕشی
ڕۆژێک لە ڕۆژان




عێراق لە گێژاوی هەڵبژاردندا.. عوسمانی حاجی مارف

هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی عێراق ژینگەیەکە تەواو جیاوازی هەیە لەچاو خولەکانی پێشوودا، ئەم هەڵبژاردنە لەکاتێکدایە کە موقتەدا سەدر، داوای لە لایەنگرانی کردووە بەتەواوی بایکۆتی بکەن، ئەمەش هەنگاوێکە کاریگەری بێوێنەی لەسەر دیمەنی سیاسی عێراق دەبێت.
بانگەوازی ئەمجارەی موقتەدا سەدر بۆ بایکۆت فراوانترە، لەبەرئەوەی بانگەشەی قەدەغەکردنی نمایشی لافیتەی بانگەشەی کاندیدەکانی لە شاری سەدر (مەدینە ئەلسەورە) کردووە، کە بارەگای سەرەکی بزووتنەوەکەی لێیە. لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی پێشوودا ئەم دیمەنە نەبینراوە، تەنانەت لە گرژترین قۆناغەکانیشدا.
بایکۆتکردنی ڕەوتی سەدر، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کاریگەریە جەماوەریەی کە نوێنەرایەتی دەکات، گورزێکی گەورە لە رەوتی بەرێوەبردنی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دەدات، کە تەنیا هەڵوێستێکی “سیاسی هەلومەرجی” نییە، بەڵکو نوێنەرایەتی ستراتیژیەکی ڕوون دەکات کە ڕەنگدانەوەی بەرزترین ئاستەکانی ناڕەزایەتیە لە نێو ململانێی هێزە سیاسیەکانی شانۆی سیاسی ئێستای عیراقدا، بەرامبەر بە پرۆسەی سیاسی و پێكهێنانی حکومەتی دوای هەڵبژاردن.
ئەم هەڵبژاردنە دۆخێکی ناوازەی هەیە، نەک تەنها لەسەر ئاستی ناوخۆیی، بەڵکو لەچوارچێوەیەکی ناوچەیدا کە شاهیدی پەرەسەندنی گرژی و ململانێ جیۆپۆلەتیکیە و ئەگەری ئەوە هەیە عێراق تیادا پارێزراو نەبێت.!
بەهۆی دەخالەتی زلهێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکانەوە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا، لەهەمان کاتدا ئاستی چۆنیەتی ململانێی لایەنەکان لەم هەڵبژاردنەدا، پرۆسەی هەڵبژاردن وەک ناچاری و مەرجێکی دەستووری مامەڵەی دەکرێت، وەک ئامرازێک بۆ نیشاندانی ڕۆتینی گۆڕینی شێوازی دەسەڵات. بەڵام پارتە سیاسیەکان ترسیان لەوە هەیە کە ئەگەر هەڵبژاردن نەتوانێ دەسەڵاتێکی سیاسی بەهێز یان نوێنەرایەتیەکی هاوسەنگ بەرهەم بهێنێی، ئەوا رەنگە کوتلە چەکدارەکان ئەم بۆشاییە بە دەرفەتێک بزانن بۆ فراوانکردنی کاریگەری خۆیان و باڵا دەستیان بەسەر حکومەتی عێراقدا. ئەوان ترسیان هەیە سیناریۆی ئاژاوە یان ململانێ و شەری ناوخۆیی دروست بێتەوە، کە ڕەنگە دۆخی سیاسی عێراق لە پرسە هەستیارەکاندا وەک شەری ناوخۆ و شەرێک لە ناوچەکەدا لە قاڵب بداتەوە، بەتایبەتی سەبارەت بەو کوتلە چەکدارانەی کە بەجۆرێک پەیوەستن بە ئێرانەوە.
پێشوەخت لایەنە سیاسیەکان هۆشداری ئەوەیان داوە کە دواخستن یان هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردن، دەکرێت دەرگای بۆشایی دەستوری بکاتەوە و ئەگەری ئەوە هەیە ئاژاوەی سیاسی و ئەمنی زیاتر بکات، بۆیە بەگشتی هەموویان جەختیان لەسەر ئەوەکرد کە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت. بۆیە هەر لەو چوارچێوەیەدا نوری مالیکی جەختی لەوەکردەوە کە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا پێویستییەکی “نیشتمانیە بۆ پاراستنی سەقامگیری و پاراستنی پرۆسەی دیموکراسی وڵات”!، لەهەمانکاتدا ئەوەی جێگای پرسیارە کەدوای هەڵبژاردن هیچ گەرەنتیەک نیە بۆ ڕوونەدانی ئاژاوەو ناجێگیری سیاسی و پێکهێنەهاتنی حکومەت.
هەڵبەتە بەشداری ئەو گروپانەی لەئاستی نێودەوڵەتیدا وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی دەستنیشان کراون، قەیرانی پرۆسەی هەڵبژاردنەکە گەورەتر دەکات، ئەمەش وا دەکات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە حەزەرەوە مامەڵە لەگەڵ ئەنجامی هەڵبژاردن بکات، کە لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبیەوە بە چەک کۆنتڕۆڵ دەکرێن. بەمشێوەیە هەڵبژاردنی ئەمساڵ ئەگەر لەوادەی دیاریکراویشدا ئەنجام بدرێت، دەکرێت دەستپێکی قۆناغێکی نوێی ململانێی سیاسی و کۆمەڵایەتی بێت لە عێراقدا، کە پرۆسەی هەڵبژاردن و حکومەتەکەی لەژێر چاودێری و پرسیاردا دەهێڵێتەوە.
لەڕاستیدا گۆڕەپانی سیاسی عێراق شاهیدی زیادبوونی گرژیەکانە لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەی هەڵبژاردن، بەجیا لەبایکۆتی سەدر، لەهەمانکاتدا دابەشبوون و ململانێی توند لەناو هاوپەیمانیە تەقلیدیەکانی وەک “چوارچێوەی هەماهەنگی” دا پێشهاتووە، کە بە باڵادەستی هێزی حەشدی شەعبی و بوونی لایەنەکان هەوڵدەدەن توندوتیژی سیاسی بقۆزنەوە وەک ئامرازێک لەدووبارە کردنەوەی نەخشەی کاریگەر بۆ باڵادەستی لایەنە شیعەکانی سەربە ئێران.
ئەو لایەنە سیاسیە ئیسلامیانەی وەک هێزی شیعەکان هاتنەوە ناو عێراق و حکومەتیان پێکهێنا، هاوکات بوو لەگەڵ لەشکرکێشی ئەمریکا، بەشێک لە سەرکردەکانی هیوایان خواست سەرکردایەتی ئەو گۆڕانکاریە نەخوازراوە بکەن کە بە لەشکرکێشی ئەمریکا ئەنجام درا، بۆیە هیچ بژاردەیەکیان نەبوو جگە لە دابەشکردنی دەسەڵات و کاریگەریان لەڕێگەی بەرجەستەکردنی پشکی تائیفی و نەتەوەییەوە.
ئەم سیستەمە لە دابەشکردنی دەسەڵاتی سێ سەرۆکایەتی سەرەکی و سەروەریەوە دەستپێدەکات، تا دەگاتە کێبڕکێکردن بۆ پۆستەکانی تر، ئەمەش ئەگەری هەیە، ململانێیەکی خوێناوی لەنێوان باڵەکانی کوتلە چەکدارەکاندا بەدوای خۆیدا بهێنێ.
ئیستغلالکردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت و دەستبەسەراگرتنی تەواوی جومگە ئابوریەکان و بەکارهێنانی دەسەڵاتی سیاسی و نەبوونی یاسا، هەموو ئەو هۆکارانەن کە قەیرانی پێکنەهێنانی حکومەت و رەسمیەتدان بە حکومەت قووڵتر و سەختترکردوە، لەدوای ئەم هەڵبژاردنەدا زۆر زیاتر ئەو کێشانەیان بەرەوڕو دەبێتەوە.
لەبەرئەوەی هێزە میلیشیاکان، باڵادەستی سەربازی و سیاسیان بەدەستهێناوە، ئەستەمە بەئاسانی کۆتاییان پێبهێنرێت. هەڵوەشاندنەوەی ئەوان بەبێ بونی بەدیلێکی بە‌هێز و ڕوون و دەورو دەخالەتی ڕاستەخۆی خەڵک و جەماوەری ناڕازی، دەتوانێت بۆشاییەک بەجێبهێڵێت کە هەڕەشەی جدی لە سەقامگیری دەکات و عێراق دەخاتەناو گێژاوی زریانێکی ترەوە.
لەم چوارچێوەیەدا کە “هێزی میلیشیاو پرسی چەک” بۆتە یەکێک لە کێشە هەستیارەکانی دۆخی سیاسی ئێستای عێراق و کاریگەری لەسەر ئەم هەڵبژاردنە داناوە، دوای ئەم هەڵبژاردنە گەر مامەڵەیەکی ژیرانە نەکرێت، ئەگەری خولقاندنی کارەساتی هەیە.
بەردەوامبوونی ئەو کەسایەتیانەی ئێستا حکومەتی عێراق بەڕێوەدەبەن، هەوڵدەدەن لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە خۆیان بەرهەمبهێننەوە و هیچ ئاماژەیەکیش بە گۆڕانکاری نادەن، جگە لەوەی بەربەستێکی گەورە لە بەردەم ئاڵوگۆڕ بۆ سەقامگیری و هەر چاکسازیەک پێکدەهێنن، لەهەمانکاتدا پرسیاری جدی دەخاتە بەردەم ئایندەی عێراق لەدوای ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنە، چونکە ئیستغلالکردنی نفوزی هێزی میلیشیا و بوونی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، هۆکارێکن کە بوونەتە هۆی وەرینی دەوڵەت.
پێگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە گرنگترین پۆست دادەنرێت بۆ شیعەکان، ئەوانیش پاساو بۆ ئەوە دەهێننەوە بەئاماژەدان بەوەی کە گەورەترین ژمارەن لە عێراقدا، دەبێت پۆستی باڵای جێبەجێکردنی (تنفیذی) وڵات (سەرۆک وەزیران) بۆ شیعەکان بێت.
وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا گۆڕەپانی سیاسی عێراق شاهیدی زیادبوونی گرژیەکانە لەنێو بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، ئەمەش لەکاتێکدایە کە بە دابەشبونێکی توند لەناو خودی چوارچێوەی هەماهەنگیدا دەرکەوتووە.
لەگەڵ ئەوەی بڕیارە لە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥دا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام لەکاتێکدایە کە گرژی سیاسی و بێهیوایی و فەرامۆشی و بەربڵاوی گشتی زاڵە بەسەر پرۆسەی ئەم هەڵبژاردنەدا. سەرەڕای ئەوەی شەقامەکان بە پۆستەری هەڵمەتی هەڵبژاردن ڕازێنراونەتەوە، بەڵام حەماسەتی گشتی کەم بووە و پێشبینی دەکرێت بەشێکی زۆر لە عێراقیەکان لە ماڵەوە بمێننەوە. هەڵبژاردنی ئەمجارە بەڕۆشنی وەک فۆرماڵیەك دەبینرێت، کە بەئاشکراو بێپەردە تیشک خراوەتەسەر دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان نوخبە سیاسیەکاندا.
“پێکهاتەی هاوپەیمانی عێراق” لە دوای یەکەم هەڵبژاردنی دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە، وەک هێزێک بەرزبونەوەی ئاستی هاوسەنگی بەرچاوی نیشاندا، وەک هاوپەیمانی یەکگرتوی عێراقی کە هەموو گروپە شیعەکانی لەخۆگرتبوو بە پاڵپشتی عەلی سیستانی، هەروەها لیستی تەوافوق کە نوێنەرایەتی هەندێک عەرەبی سوننەیان دەکرد، لیستی هاوپەیمانی نیشتمانی عێراق بو بە سەرۆکایەتی ئەیاد عەللاوی بوو. ئەمڕۆ ئەم بلۆکانە پارچەپارچە بوون، دەیان لیست و حزبی سەربەخۆ کێبڕکێیان لەسەرە، هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٥ نزیکەی ٣١ هاوپەیمانی و ٣٨ حزب و ٧٥ کاندیدی سەربەخۆ لەخۆدەگرێت.
لە هاوپەیمانی عێراقی یەکگرتووەوە ململانێ و کێبرکێی کوتلە شیعەکان سەریانهەڵدا، دیارترینیان هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بوو، بە سەرۆکایەتی سودانی، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی، هاوپەیمانی صادقون بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی، لیواکانی بەدر بە سەرۆکایەتی هادی عامری، هاوپەیمانی هێزە نیشتمانیەکان بە سەرۆکایەتی عەمار ئەلحەکیم، بەشێک لەو فراکسیۆنانە پەیوەندی مێژوویی و سیاسیان بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەیە.
ئەم لایەنانە کە پێکەوە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە پێکدەهێنن، پاڵپشتی پێکهێنانی حکومەت دەکەن و پۆستەکانی جێبەجێکردن دیاریدەکەن، سەرەڕای ئەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا بەجیا خۆیان کاندید دەکەن، هاوکات موقتەدا سەدر سەرکردایەتی بزووتنەوەی بایکۆت دەکات، ئەمەش ئەگەری بەشداریکردنی بەشێکی زۆری دەنگدەرانی شیعە کەمدەکاتەوە، کە بنکەیەکی فراوانی هەڵبژاردن پێکدەهێنن.
لایەنەکانی حزبە کوردەکانیش دابەشبون بەسەر کۆمەڵێک حزبی جیاوازدا و بە لیستی جیاوازەوە بەشداریدەکەن، ڕۆشن نین لەوەی لەم هەڵبژاردنەدا ڕۆڵیان چۆن دەبێت و نەخشەیان چییە، بەتایبەتی کە تائێستا بۆ خۆشیان نەیانتوانیوە حکومەتی هەرێم پێکبهێنن.
سیستەمی هەڵبژاردنی عێراق لەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە زۆر ئاڵۆزە لەڕووی تیۆریەوە ڕێگە بە هاووڵاتیان دەدات ٣٢٩ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێرن، کە دواتر سەرۆککۆمار و پاشان سەرۆکوەزیران کاندید دەکات. بەڵام لە پراکتیکدا پێکهێنانی حکومەت پشت بە دانوستانێکی درێژخایەن و ڕێکەوتن لەنێوان لایەنەکاندا دەبەستێت، کورسیە بەدەستهێنراوەکان دەبنە ئامرازێک بۆ دیاریکردنی پۆستە وزاریەکان و پۆستە جێبەجێکاریەکانی دیکە، ئەم سیستمە ئاشکرایە لەم هەڵبژاردنەدا، کێشەکانی جێبەجێکردنی پێکهێانی حکومەت ئاڵۆزتر دەکات.
واقیعی سیاسی عێراق بەستراوەتەوە بە چوارچێوەی باڵادەستی ناسنامەی هێزە تائیفی و قەومیەکانەوە، شیعەکان بەشێوەیەکی ئاسایی دەنگ بە پارتەکانیان دەدەن، سوننە بە پارتەکانی خۆیان و کوردەکان دەنگ بە پارتەکانیان دەدەن. ڕێککەوتنێکی نافەرمی لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە هاوسەنگی لەنێوان پۆستە باڵاکاندا دەپارێزێت، سەرۆکوەزیران شیعەیە، سەرۆککۆمار کوردە، سەرۆکی پەرلەمانیش سوننەیە، ئەم هەڵبژاردەیە بۆ ئەو سێ سەرۆکایەتیە، ئاشکرایە دوای ئەم هەڵبژاردنە کێشەی گەورە بەداوی خۆیدا دەهێنێت.




قۆناغی گەشەكردن و راگەیاندنی تایبەتمەند.. کارزان عزیز

ئەگەر بەشێوەیەكی گشتی راگەیاندن بریتیی بێت لە گواستنەوەی هەواڵ و زانیاری و بیروبۆچوون بۆ جەماوەر، ئەوا راگەیاندنی تایبەتمەند، بریتییە لە گواستنەوەی زانیارییەكان و بیروبۆچوونەكان لە بوارێكی دیاریكراودا بۆ جەماوەرێكی دیاریكراو. بە واتایەكیتر، راگەیاندنی تایبەتمەند، گوزارشتێكی تایبەتە لە بوارێكی زانیاری و رەنگدانەوەی دابەشبوونی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەیە.
لە ئێستادا بەهۆی پێشكەوتنەكانی تەكنەلۆژیا و زانستی نوێ و فراوانبوونی پانتایی زانیاریی لە تەواوی بوارەكانی ژیاندا، هەروەها دابەشبوونی بوارەكان بۆ بەشی وردتر و بوونی خواستەكان لەسەر زیاتر وردی لە بابەتەكان، تایبەتمەندبوونی كردووەتە پێویستیی قۆناغەكە بە تایبەت لەراگەیاندندا.
راگەیاندنی تایبەتمەند بۆچی؟
فراوانبوونی بازنە رۆشنبیرییەكان و زیاتربوونی پانتایی زانست و كرانەوە بەردەوامەكانی كۆمەڵگە جیاوازەكان بە رووی بوارە جۆراوجۆرەكانی زانیاریدا، شارەزابوونی كۆمەڵگەی بەدواداهات لە زانست و زانیارییە گشتییەكاندا، ئێستا بەهۆی بوونی هۆكارە زۆر و زەوەندەكانی گەیاندنی زانیاریی، هەموو تاكێكی كۆمەڵگە پڕە لە زانیاریی جۆراوجۆر، بە جۆرێك وایلێهاتووە وەرگر بە هەموو زانیارییەك رەزامەند نابێت و خواستی زانیاریی زیاتر و وردتر دەكات.
وەرگری ئێستا بایەخ بەتایبەتمەندیی دەدات، سەرقاڵبوونی تاكەكان و جەنجاڵبوونی ژیان وایكردووە بابەتە گشتی و درێژدادڕەكان خواستیان لەسەر كەم بێتەوە، جەختكردنەوە لە بوارێكی دیاركراودا و وردبوونەوە لەوبوارەدا خواستی زیاتر لەسەربووە و راگەیاندنی تایبەتمەندی بەرهەمهێناوە.
تایبەتمەندیی راگەیاندنی تایبەتمەند
سەرباری ئەوەی راگەیاندنی تایبەتمەند، تایبەتمەندیی راگەیاندنی گشتی هەیە، لە هەمان كاتیشدا چەند تایبەتمەنییەكی تایبەت بەخۆی هەیە، لەوانە: راگەیاندنی تایبەتمەند بە جۆرێكی وردی راگەیاندن دادەنرێت، چونكە زانیاریی ورد و تایبەت پێشكەش بە وەرگرەكانی دەكات، لەگۆشەنیگای جیاوازەوە رەهەندەكانی ئەو بابەتە شی دەكاتەوە و دەچێتە قوڵاییەوە، ئەمەش وادەكات جەماوەرێكی زیاتری لەدەور كۆ ببێتەوە، مینبەرێك بێت بۆ كۆكردنەوەی زۆرترین هزر و بیرە جیاوازەكان، كاتێكیش بیروهزرەكان گەشە دەكەن دەبنە هۆی بەرهەمهێنانی كۆ زانیاریی و داهێنان، دواتریش پانتایی نەزانین بەرتەسك دەبێتەوە و كۆمەڵگە لە قۆناغی تینوێتی زانینەوە بۆ قۆناغی گەشەكردن دەگوازێتەوە، كۆمەڵگەش قۆناغی گەشەكردنی كلاسیك جێدەهێڵێت و بەرەو قۆناغی پێشكەوتن هەنگاودەنێت و پەیدابوونی پسپۆڕی لەسەرجەم بوارەكان دێتە ئاراوە.
وەرگری راگەیاندنی تایبەتمەند
وەرگری راگەیاندنی تایبەتمەند دەكرێت وەرگرێكی گشتی بێت، لە هەمان كاتدا راگەیاندنی تایبەتمەند لەهەر بوارێكی دیاریكراودا وەرگری تایبەت بە خۆی هەیە، كۆمەڵە وەرگرێكی دیاریكراون لەناو وەرگری گشتیدا بایەخ بە بوارێكی تایبەت دەدەن، بۆ نموونە هەروەك مەرج نییە هەموو كەسێك وەرگری بواری وەرزشیی بێت، بەڵام وەرگری بابەتی وەرزش تایبەتمەندن بە بوارەكەوە، بایەخ بە وەرزش دەدەن و رەنگە بابەتی ئەدەبیاتیان بۆ گرنگ نەبێت، یان بە پێچەوانەوە.
دەتوانین بڵێین وەرگری تایبەتمەند، كۆمەڵە كەسانێكن لەپانتاییەكی تەسكی جواگرافیای وەرگردا، زۆركات ناسراون لەلایەن دەزگا و دامەزراوەكانی راگەیاندندا كە پەیامیان ئاڕاستە دەكەن و بابەتەكانیان بۆ تەرخان كردوون، خاوەن باكگراوندێكی بەرزی زانیارین لە بوارەكەیاندا، رەخنەگرێكی باشن و بە زانیاریی كەم و رووكەش رازی نابن، دەزگای راگەیاندن ناچار دەكەن لە قوڵاییدا هەوڵی كاركردن بدەن.
ماوەتەوە بڵێین، لەم رۆژگارەدا كە كاری راگەیاندن جۆرێكیتری جیاوازی لە قۆناغەكانی پێش خۆی بەخۆوە بینیوە، پانتایی زانین رۆژ بە رۆژ لە فراوانبووندایە، دامەزراوەكانی راگەیاندن بۆ ئەوەی جێی خۆیان لای وەرگر بكەنەوە، پێویستە زیاتر بچنە قوڵایی بابەتەكانەوە و وردتر كار بكەن، بە جۆرێك ببنە جێی بایەخی وەرگر، بەتایبەت راگەیاندنی تایبەتمەند، هەروەها پێویستە رەچاوی داب و نەریتە كۆمەڵایەتییە باوەكانی كۆمەڵگە بكەن و نەبێتە هۆكاری لەبەریەك هەڵوەشاندنەوەی خێزان و تێكدانی بەها كۆمەڵایەتییەكان، هەروەها پابەندبن بەبنەماكانی بەهای راگەیاندنەوە و بەرپرسیارانە و بێ لایەنانە و راستگۆییانە مامەڵە بكەن، چونكە وەرگر لە ئاستێكی بەرزی زانیارییدایە و بە ئاسانی ناكەوێتە ژێر كاریگەریی پەیامە میدیاییەكانەوە، لەكاتێكدا ئێستا ژمارەی دامەزراوە میدیاییەكان لەهەڵكشاندان و هەروەها شەپۆلی تەكنەلۆژیا و میدیای نوێ وایكردووە وەرگرێكی دوو جەمسەر دروست ببێت.




مشتێک لە خەرمانێک.. شیعری نەوزاد بەندی

ئەوانەی ڕابوردوویەکی ناخۆشیان هەبوو ،بەختەوەرن ..
یادگارییەکی جوانیان نییە ،
دڵیان بۆی توند بێ ،
بۆی بگرین ..

جاران شەقام بانگی ئەکردین،
بۆ پیاسه و
خواردنەوەی چایەک و
بینینی ئەو ..
کڕینی ڕۆژنامەیەکی هاوکاری ..
گۆڤارێکی کاروان .. بەیان ..
ڕۆشنبیری نوێ ..
نووسەری کورد ….
بزمارڕێژکردنی پێڵاو،
بۆ بەرەنگاربوونەوەی لێزمە بارانی پاییز،
کەڵەکە بەفری زستان ..
بۆ بینینی ئوتومبیلێکی ڤۆڵگسن واگۆنی تاقانە، پێمان ئەوت بۆقیی،
کە دەرمانسازێکی سوورفل،
بە دوو چاویلکەی خڕەوە بە هێواشیی پارکی ئەکرد..وا بزانم ناوی سورکێو بوو..
بۆ بینینی سێ چوار مامۆستای بۆینباخ لە مل،
لەبەردەم چایخانەی شەعب،
باسی ڕاپۆرتێکی ڕادیۆی مۆنتیکارلۆیان ئەکرد،
سەبارەت بە دۆزی کورد ..
ئەمڕۆ، شەقام ڕاوم ئەنێ ..
لە تێکڕژانی ئوتومبیل ..ماتۆڕ سکیل ..
لە گەواڵە دوکەڵی تاریک ..
لە حەشاماتی گەنجی بێ ئیش ..
لە ڕشانەوەی نێرگەلە ..
لە پرسەی هەمیشەیی باران..
لە کۆچی دوایی گۆڤار ..
لە تیرۆرکردنی ڕۆژنامە ..
لە ئاڵودە بوونی ووشە و
کۆپلە و
ئیلهام، بە حەبی میبرۆبامێت..
لە ئایفۆن بە دەستی خەواڵوو ..
لە سوپای لوتبڕاو و.. لێو ئاوساو و ..دێراوی قژی وەک کڵاو ..
لە فرۆشیاریی نائومێد ..
لە کڕیاری هەڵخەڵەتاو ..
لە نادادیی ..
لە وێنەی گەورەی ئەوانەی
نانیان سەرنگون کرد ..
ئاویان ڕەدوو خست ..
پێکەنینیان بە یاساکانی تیرۆر، ڕاپێچ کرد ..
مەمکەکانی نیشتمانیان فرۆشت ..
خوێنی مێژوویان پڕ کرد لە جەڵتە ..
جنێویان لەسەر فیشەک موتوربە کرڕ
فیشەک و تفیان لە یەکتری پێوەن کرد..
کۆڕەو و تاراوگەیان لە یەکتر مارە کرد ..
جوانکارییان بۆ جاش و مستەشار کرد ..
سەنتەری توێژینەوەیان بۆ جڕت دامەزراند ..
درەختیان خستە ژێر ئابڵوقەی ئاوەوە ..
پۆستی باڵایان دا بە مشار و ..
ڕێزلێنانیان بۆ، سن و کیسەڵە و کولە و
دوو پشک و ئەژدیها کرد ..
هەنگ و گوڵ و تریفەی مانگ و
کانییان بێ بەها کرد ..

ئەوەی کورد نەبێ، بەختەوەرە..
چەندین کۆڕەو، بە بێ ڤیزه،
بە بێ فڕۆکە و ئوتومبیل،
به پێی پەتی و لە نیوەشەوا،
لەبەر باران،
ڕاپێچی سنوورەکانی نەکردووە ..
براکوژیی چەندین خولی پاڵەوانێتیی بۆ نەکردۆتەوە ..
ڕق و دووبەرەکیی،
لێ نەبۆتە بیر و باوەڕی سەرەکی..
لە شەیتانی نەبردۆتەوە..
لوتبەرزیی و تەمەڵیی و حەرامخواردن ..
قڕە قڕ و یەکتر شکاندن ..
وڵاتی بێ موچە و
بێ ئامانە و
بێ تراموای و
بێ میترۆ و
بێ کارەبا و
بێ ئاو و
بێ بارانی نەدیوە ..
به مێژوویەکا تێنەپەڕیوە،
کرێکارەکانی برسی بن و
بێکارەکانی ملیاردێر ..
گەمژەکانی بەرپرسی باڵا بن و
زاناکانی لە زیندان و
لە چایخانە کۆنەکانا،
ببنە گاڵتەجاڕی خەڵک و
پڕ کردنەوەی بۆشاییەکانی پەیج و
پرسیارە بێ تامەکانی
ڕۆژنامەنوس و پەیامنێر ..
لە پاریس سەرکردەکانی تیرۆر نەکراوە ..
فەرماندەکانی له زیندانا دانەڕزاوە ..
لە ڕابوردووی پەشیمان نییە..
بۆ داهاتووی بێ ئاوات و دەستەوسان نییە..
دەیان جار نەیوتووە ئەم پەنجەیەم ئەبڕم و گەر جارێکی تر
بیخەمە ناو مرەکەبە شینەکەوە..
ئەوەی کورد نەبێ، بەختەوەره،
هەر هیچ نەبێ لە خۆیەوە
ڕقی دنیای لە دراوسێکەی نییە ..
ئێرەیی به براکەی نابا..
چاودێری ژمارەی دینارەکانی
گیرفانی هاوڕێکەی ناکا..
هەوڵ نادا نوسەرێکی بەناوبانگی خۆیان سوک و ڕیسوا کا ..
جنێو به ناودارەکانی نادا ..
هەوڵ نادا داستانێکی لەشفرۆشیی
لەسەر کچە بێژەرێ بنوسێ ..
بە ئەکتەرەکانی ناڵێ هیچ و پوچ..
هەوڵ نادا وێنەی سێڵفی
لەگەڵ خوێن ڕێژێ بگرێ ..
حەزی لە بوختان و
لە غەیبەت و
لە درۆ و
لە ترس و
لە ئوتومبیلی کیلۆمەتر سفر و
لە موچەی بندیوار نییە..
نازانێ خوله چەخماخە و کەمال و مارف کێن ..
وشەی پاراڵێل و قبول خاس و سیمیپڕایڤەیتی نەبیستووە ..
کۆڵانە تازەکانی
بەناوی شار و وڵاتانی ئەوروپاوە نییە ..
سەد جۆر کۆمۆنیست و
سەد جۆر ئیسلامی تیا نییە ..
پەتپەتێن و سەنگەر گواستنەوە ..
شەڕی نێوان شاعیرەکان
شەڕی نێوان بێژەرەکان ..
شەڕی نێوان ماستفرۆشەکان ..
شەڕی نێوان ئەوانەی باڵی برژاوی مریشک ئەفرۆشن ..
شەڕی شیعردز و شیعردزراو
ڕۆماندز و ڕۆماندزراو ..
تابلۆ دز و تابلۆ دزراو ..
شەڕی قۆڵبڕ و قۆڵبڕراو ..ی نەدیوە ..
ئەوەی کورد نەبێ، بەختەوەرە ..
هەر هیچ نەبێ لە وڵاتە یەکگرتووەکان، ئاڵایەکی هەیه ..
هەر هیچ نەبێ لە مافیاکانی ،
مافی سکاڵایەکی هەیە ..

ئەوەی بە ساوایی بێ کەس بوو،
بەختەوەره ..
لەگەڵ تەنیاییدا ڕادێ و
دایک و باوکێ وەک دوو بەردی دەستاڕ نایهاڕن ..
نایکەن بە کۆپییەک له خۆیان ..
له بێژنگ نادرێ هەزار جار ..
نابێ به بوونەوەرێکی خاڵیی لە خۆی ..
دوای ئەوە بۆ مەرگی جەلادەکانی ،
قوڕ ناپێوێ ..
بە مەرگی جەلادەکانی ،
ژیانی ناشێوێ ..
ئەتوانێ گۆڕانکاریی بکا، چونکە خۆیەتی ..
عەقڵ عەقڵی خۆی ..
چاو ، چاوی خۆی ..
خوێن خوێنی خۆیەتی، ئەیڕژێنێ ..
لە ترسی جەلادەکانی،
خۆی ناخەسێنێ ..
….. هەتا دوایی .. هتد …




یـادی (٣٦) ەمـینی رۆژی جیهـانیی ئـازادی.. رەزا شــوان

هەموو ساڵێک لە رۆژی (٩/ نۆڤـەمبەر) دا، لە زۆر شوێنی جیهانـدا، قوتابیان و لاوان و رێـکخـراوە ئازادیـخـوازەکان، بە بـۆنـەی (رۆژی جیهـانیی ئـازادی) یـەوە، ئاهـەنگی شایستە سازدەکەن و جەخـت لەسەر ئازادی و ئازادیی دەربـڕیـن لە جیهانـدا دەکەنەوە. رۆژی جیهـانیی ئـازادی، یـادی رووخـادنی (دیـواری بەرلـین) ه، لە ساڵی (١٩٨٩) دا. بەشێک لە سەرکـردەکانی ئەڵمانیـای رۆژئـاوا، ناویـان نابـوو (دیـواری شەرمـەزاری).
لە رۆژی (١٣/ سێپتەمبەر/١٩٦١) دا، ئەڵمانیای رۆژهـەڵات، دەستی بە دروستکـردنی دیواری بەرلین کرد. دیوارەکە لە ناوەڕاستی شاری بەرلیندا دروستکرا، درێژی (١٥٥) کیلـۆمەتـر بـوو، بەرزییـەکەی (٣،٦) مەتـر بـوو، پانیشی (١،٥) مەتـر بـوو. تێچـووی دروستکـردنی (٤٠٠) ملیـۆن مـارک بـوو. دروسـتکـردنی ئـەم دیـوارە، بـوو بە هـێمای (شەڕی سارد) لەنێوان یەکێتی سۆڤیەت و وڵاتانی رۆژئاوادا. دیوارەکە بۆ جیاکردنەوەی ئەڵمـانیـای رۆژهـەڵات (کـۆماری دیموکـراتی ئەڵمانیـا) و ئەڵمـانیـای رۆژئـاوا (کـۆماری فـیدراڵی ئەڵمانیا) بوو. دیوارێکی کۆنکریتی سەخت بوو. بووە هۆی لێکدابـڕانی خێزانە ئەڵمانییـەکان. بۆ ئەوەی خەڵـکی نەتـوانـن لـێی بپـەڕننەوە، تـەلی دڕکـاوی و شـوورەی تـەزووی کارەبـایی و سـەگی دڕ و چـەکی ئـۆتـۆمـاتیکی و کـێڵگەی مـینڕێـژکـراویان بە دەوریــدا دانـا. بە سەدان قـولەی چاودێـریشـیان بۆ دانـا. بـۆ ماوەی (٢٨) ساڵ هـەروا مایەوە. پێش دروستکردنی دیـوارەکە، زیـاتر لە ملـیـۆن و نیـوێک خەڵکی، لە ئەڵـمانیا رۆژهەڵاتەوە کۆچیان بۆ ئەڵمانیای رۆژئاوا کرد. دوای دروستکـردنی دیوارکە (٥٠٠٠) هـەزار کەس، لە ئەڵـمانیای رۆژهـەڵاتـەوە، بەسەر ئەم دیـوارەدا تێپەڕیـن و چـوون بـۆ لای کەسـوکـاریـان و بـۆ ئـێـشکـردن. بـە زۆری گـەنجـان و کـریکاران و پیشەوەرەکان بـوون. نـزیـکەی (٣٠٠) کەسیـش لەکـاتی پەڕینـەوە بەسـەر دیـوارەکـەدا کـوژران، بە سەدان کەسیش برینداربوون. بۆیە دیواری بەرلین بە (هـێڵی مەرگ) یش ناویان دەبرد.
گەلێ چیرۆکی سەیر و دڵتەزێنیش هەیە، کە لە کاتی پەڕینەوە بەسەر دیوارەکە و بەناو تونێـلەکاندا روویـان داون. بە کـورتی ئـەوە دەڵـێـین، کە رۆحی مـرۆڤایـەتی و ئەویـنی ئـازادی، هەرگـیز بە هـیچ دەسەڵاتێکی زۆردار و ستەمکار و دیکتاتـۆر کپ ناکـرێـت و هـیچ دیوارێکیش، ئەگەر لە پۆڵاش دروستکرابێت، ناتوانێت لەبەردەم راپەڕینی گەلانی ئازادیخـوازدا خـۆی بگـرێت. بۆیـە لەبەردەم ئـیرادە و ویـستی یەکگـرتنەوەی هـەردوو ئەڵمانیا و تسۆنامی هـێڕشی گەلی ئەڵمانیادا، لە هەردوو لاوە، ئەو هەموو بەربەست و دیـوارە زەبـەلاحـەش خـۆی نەگـرت و بە چەکـوش و مێکـوت و تالـیبەر رووخـانـدیان. هـاواریان دەکرد (دەرگا کرایەوە). باوەشیان لە یەکـتری دەدا و پیرۆزباییان لە یەکتری دەکـرد. بە درێـژایی دیـواری بەرلـین، لە هەردوو لاوە، دەستکـرا بە ئاهـەنگی خۆشی وگـۆرانی و هـەڵـپەڕکی. لە زۆربـەی وڵاتـانی جیهـانیـشـدا، بـەم بـۆنـەیەوە ئـاهـەنگی خـۆشییان گـێڕا.
لە (٣/ ئـۆکتـۆبەر/١٩٩٠) دا، هـەردردوو ئەڵـمـانیـا یەکیـان گـرتـەوە. لە ئـێسـتادا بە (کـۆماری ئەڵـمانیـای دیـمـوکـرات) نـاودەبـرێـت و پـایتـەخـتـەکەی شاری (بەرلیـن) ە.
رۆژی رووخـانـدنی دیـواری بـەرلـیـن، رۆژێـکی مـێـژوویـیـە و سـیـمبـولی ئـازادیـیە. بـوو بـە (رۆژی جیهـانـیی ئـازادی) لە جـیهـانـدا. کـۆتـاییـش بـە شـەڕی سـارد هـات.
بـۆ بیـرەوەری، بەشــێکـیان لـە دیـوارەکـەی بـەرلـین، بـە درێـژایـی (١٣٠٠) مـەتـر نەڕووخـانـد. لە ئێستادا، لە (١٣) وڵاتی جـیهـان (١٢٠) هـونەرمەنـدی وێـنەکـێـشی ناوداری جیهانی، تابـلـۆیان لەسەر ئەم بەشە دیـوارەدا کـێشاوە. ساڵانە چوار ملیـۆن گەشـتـیار سـەردانی ئـەم دیـوارە دەکـەن و وێـنـەی دیـوارەکە و تـابـلـۆکـان دەگـرن.
ئەگەرچی ئازادیی بیـروڕا و گوزارشتکردن و بڕیـاردان و گەشتکـردن و لەبەرکـردنی جۆری جلوبەرگ، لە ماف و پێویستییە سەرەکییەکانی هـەر کەسێکـن. بەڵام بەداخەوە تا ئەمـڕۆش، لە سایەی رژێـمە خۆسەپـێـنە دیکتـاتـۆرییەکـان و زورداران و لە لایـەن هەڵگـرانی ئایـدۆلـۆژیـای بـۆگەن و تووشـبووانی ڤـایـرۆسی رەگـەزپـەرستی، کە دژی ئازادیـن، ئـازادی و دیمـوکـراسی لەژێـر هەڕەشـەدایە. زیـاتر لە دوو ملیـارو کـەس لە جیهاندا، ئازادییان نییە و بە ترس و نا ئارامییەوە دەژین. ستەمکاران و دیکتاتـۆرەکان بە ئاشکرا پێشـێلی ئازادی و دیموکراسی و مافـەکانی مـرۆڤ و مافـەکانی گەلان دەکەن و گـوێ بە یاسا و رێسا نێـودەوڵەتییەکان نادەن و خۆیـان لە سەرووی یاساوە دەزانـن. بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە و بێبەزەییانە، دەمکوت و سەرکوتی ئازادیخوازان و گەلانی مـافـخـراو و نیشـتمان داگـیرکـراو دەکەن و بە هەمـوو شـێوەیەک دەیـانچـەوسێننەوە و
دەیـانگـرن و دەیـاکـوژن و مافی ئـازادی و ژیـانیـان پێ رەوا نـابیـنن.

بێگـومان گەلی کوردمـان، گەورەتـریـن گەلە لە جیهـانـدا، کە مافـەکانی زەوتکـراوە و کوردستانی نیشـتمانمان داگیرکـراوە. داگـیرکەرانی کوردستان، لەسەر خاکی خۆمـاندا،
نە ئازادی و نە هـیچ مافـێکـمان پێ رەوانـابـیـنـن. بە دڕنـدەتـریـن شـێوە، دەیانەوێـت، ناسنامەی کورد بـسـڕنەوە. بەڵام هەرگـیز ئەم نیـازە گڵاوەیـان نایەتەدی، چونکە ئەوە ئەستەمە کە بتـوانـن هـێـڵی راسـت و چـەپ، بەسەر نـزیکەی (٧٠) ملـیـۆن کـورد لە کوردستاندا بهـێنن. ئێمەی کوردیش ئازادی و ژیانمان دەوێـت. هەمیشە ئازادیخـواز و رزگـاریخـواز و ئاشتـیخـواز بـووینـە و دەبـین، تا هـیوا و ئامـانج و مافـە رەواکـانمان نەینـەدی، ئـەسـتەمـە کە دەسـت لە خـەبـات و بەرگـری و قـوربـانـیـدان هـەڵـبگـریـن.
رۆژی ئـازادیـیــــە نـــەک زەبـــونـــیـیـە
ئەی منـیش وەک گەلان مافـم بـۆ نـیـیـە
بـۆچـی تـاوانـە گـەر دیـلی کـەس نـەبــم
یـا پـلـیـشــاوەی ژێـــر هـــەرەس نـەبــم

ئازادی رزگاربوونە لە کۆت و زنجـیر و پێوەنـد، کە توانای بەرهەمهـێنانی مـرۆڤـیان پێـوەنـدکـردوون. ئـازادی بـریتیـیە لە رزگاربـوونی کەسان و گەلان لە کۆیـەلایەتی و ژێـردەستی. (جان جاک رۆسۆ) دەڵـێت:”مـرۆڤ بە ئـازادی لەدایک دەبێـت، بەڵام لە هەمـوو شـوێـنێکـدا، زنجـیری کـۆیـلایەتی بەکـێـش دەکـات”.

شایـەنی باسـە و شانـازییە بـۆ هـەمـوو کوردێـک، کە پەڕلـەمـانی ئەوروپـا، (خـەڵاتی ساخارۆف) بۆ ئازادیی بیرکردنەوە، ساڵ (٢٠٢٣)ی بەخشی بە شەهیدی جوانەمەرگ (ژینا ئەمـینی) و بە بزووتنەوەی (ژن، ژیـان، ئـازادی). ئەم خەڵاتەش ساڵانە دەدرێت، بـەو کەسە یا گـروپـانـەی، کـە دژی سـتەمکـاری دەوەسـتـنەوە و بەرگـری لـە ئـازادی رادەربـڕیـن و بیـرکـردنـەوە دەکـەن.
نەرویـج: ٢٠٢٥