ڕۆژی جیهانیی فەلسەفە چییمان بیردەخاتەوە؟.. ئازاد حەمە

ئەم ساڵ رۆژی جیهانیی فەلسەفە ڕێکەوتی20/11/2025 دەکات، کە سێهەمین پێنجشەمەی ئەم مانگەیە.

دەستپێک: جیهانی پر کارەساتباری ئێستامان دەکرێت بێ فەلسەفە بێت؟

ڕۆژی جیهانیی فەلسەفە چییمان بیردەخاتەوە؟ ئەم ڕۆژە لە ڕووی مێژووییەوە هەردەم سەرەتاتکێیەکی هزرییمان لەگەڵدا دەکات؛ پێماندەلێت فەلسەفە لە هەناوى مرۆڤبوونی ئێمەوە سەریدەرهێناوە، ئەوەی لەوەدا زیاتر لە هەموو شتێک شایانترە بۆ گوتن ئەوەیەکە، فەلسەفە هەردەم موسافرێکی ئۆقرەنەگرتووە، سەرسەخت و دڕدۆنگانە(بەگومانەوە) دەمانخاتەناو دۆخگەلێکی پڕتێڕامانەوە. هەرلێرەدا بەدڵێکی خەمگینەوە دەبێژین: دەبوو فەلسەفە بۆ کورد سەروی گشت زانینێکبایە، سەرمەشقی سیاسەت و هونەر و زانستیشبایە، لێ حەیف فەلسەفە لە پەراوێزی زانکۆ و نێوەندی ڕوناکبیریی و سیاسییشماندایە. لە پەروەردەگەڕێ، کە چەند لە فەلسەفە بێئاگایە، خۆشەویستیش هەروەک پەروەردە و هزری سیاسییمان بە فەلسەفە نامۆ و غەوارە.
لەبەرئەوە جیهانی پر کارەساتباری ئێستامان ناکرێت بێ فەلسەفە بێت. فەلسەفە بۆ ئەم جیهانەی ئێستا، بۆ ئەو فۆڕمەی ئەم جیهانە وەریگرتووە، پێویستییە. لێ ناشێت فەلسەفە لەناو جیهانی ناوبراودا بەهەمان ئامرازی فەلسەفیی شارستانی یۆنانی کۆن و رۆمانی و سەدەکانی ناوەڕاست و سەدەی ڕۆشنگەریی کاریخۆی بکات.

لای خوارەوە بەچەند هەنگاوێک هێمابۆئەوەدەکەم،کە ڕۆژی جیهانیی فەلسەفە دەشێت چییمان بیربخاتەوە:
بۆدەبێت ڕووبەری فەلسەفەکردن فڕاوانبکرێتت؟
لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانیی فەلسەفەدا دەخوازم هێما بۆ ئەوە بکەم، کە لە جیهانی ئێستاماندا گوماندەکەم بەئاسانی هەل و مەرجی فڕاوانکردنی ڕووبەری فەلسەفەکردن بێتەئاراوە، کار لەسەر پرسە سەرەکییە هاوچەرخەکان بکرێت، فەلسەفە بکرێت بە بابەتی گفتوگۆی نێوان کولتوورەکان. ئەم گومانەم بەری تەسکبوونەوەی پرسیار و خودی گومانیشە لەم چرکەساتە ئاستەنگاوییەی حەزی بە چارەی فەلسەفە نییە. حەیف لە ئێستایەکدا دەژین ڕق لە فەلسەفە ئامادەیە. بەڵام گرنگە ئەوەش بزانین، کە فراوانکردنی ڕووبەری فەلسەفەکردن پێویستییەکی ڕۆشنگەریی نیشتیمانیی و جیهانییە. ئەمە دەستپێکی گۆڕانیشە لە پەروەردە و فێربوون، ئەو دەستپێکەی سەرزەوی هەمووی تێکڕا زۆرترین پێویستی پێیەتی. فێربوونی فەلسەفە و وتنەوەی فەلسەفە بەرپرسیارییەکی گشتی مرۆڤە و سەرەتاشە بۆ پێکەوە ڕووبەڕووبوونەوەی پرسە بنەڕەتییە سەردەمییەکان و بۆ تێگەیشتنێکی باشتریش لە جیهان.
ڕووبەری فەلسەفەکردن فراواننابێت تا ڕووبەری ئازادی فراواننەبێت. لەو شوێنەش، کە ئازادی بوونی نییە فەلسەفە بێ شوێنە. ئەو فەلسەفەیەی لە کۆمەڵگەی نائازاد و گەندەڵ دا هەیە نافەلسەفەیە. ئێستا نافەلسەفە لە زۆر جێگا جێگایەکی بۆخۆی دابینکردووە. باشە بۆ دەبێت جێگایەک لە کۆمەڵگە، لەناو ژیان، بۆ فەلسەفە هەبێت؟ لەبەرئەوەی لەڕێگای فەلسەفەوە دەشێت کار لەسەر تەشەنەسەندن و نەشونمای شیکردنەوە و توێژینەوەی پرسیارە چارەنوسسازەکان بکرێت. فەلسەفە دەکارێت ئەمە بکات، چونکە کاری لێخوردبوونەوەیە لە تاک و کۆ، لە بوون و کەتواری ئەم تاک و کۆیە.
داواکان لە فەلسەفە زۆرن. داواکان، کە هیوان هەموو دەخوازن فەلسەفە ئەم داوایانە بهێنێتەکایەوە. هەموو دەخوازن فەلسەفە سەرلەبەری گۆی زەوی بەرەو باشە بگۆڕێت. باشەی لەم جۆرە، کە یەکسانی، ئازادی و ماف لەخۆدەگرێت هەر هەموو ئەمانە هێزی خۆیان لە فەلسەفەوە وەردەگرن. بەڵام هێنانەدی ئەم داوایانە، هیوایانە، کاری بەردەوام و هاوبەشی دەوێت.

فەلسەفە چی پێدەکرێت؟
زۆرێک دەپرسن: فەلسەفە چی پێدەکرێت؟ لێ ئێمە دەپرسین : فەلسەفە چی پێبکرێت؟ ئەو شتە چییە فەلسەفە دەبێت بیکات؟ وەکیتریش فەلسەفە چیپێدەکرێت و چیپێبکرێت هەر لەسەر ئەوە وەستاوە، کە فەلسەفە کێیە تا ئەم داوایەی لێبکرێت؟ فەلسەفە خۆمانین، ئەوانەنن، کە بیردەکەنەوە. فەلسەفە ئەو شێوازەیە، کە بۆ بیرکردنەوە دەگیرێتەبەر. ئەڵبەتە فەلسەفە لە هەرە شێوازە دیار و دانسقەکانی بیرکردنەوەشە. بەهۆی فەلسەفەوە دەگەین بەو زانینەی نییمانە. ئەم زانینە چیپێدەکرێت؟ دەمانبات بەرەو تێگەیشتن. تێگەیشتن لەوەی تا هەنووکە لێیتێنەگەیشتووین. ئەم تێگەیشتنەش خاڵی وەرچەرخانی ئێمەیە لە شتێک هێشتا نییە، کە دەشکرێت ئەوە ڕۆشنگەرییبێت، کە دواتر لەمیانە بیرکردنەوەکانەوە دێتەکایەوە.
ڕۆشنگەریی چرکەی لەدایکبوونی عەقڵە لای تاک/ لای گشت منێک. لێرەوە دەشێت بپرسین: لە ئێستادا شیاویی لەبەردەم ئاڵوگۆڕی میراتی فەلسەفیدا ماوە؟ مرۆڤەکان باوەڕیان بەم پرینسیپە مرۆییە ماوە؟ ئەم شیاویی و باوەڕە پێویستە مابێت. بیرکردنەوە لە جیهان، ئەمە دەبێت کۆمانبکاتەوە. پاش ئەم بیرکردنەوەیە ئەدی کاری سەرەکی فەلسەفە چییە؟ ڕەنگە یەک لەو کارانە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری گشتی بێت. ئەمە ئەرکی یەک کۆمەڵگە و یەک کولتوور یان شارستانی نییە، ئەمە بەرپرسیارییەکی ڕەوشتی مرۆیی گشت سەرزەوییە.
سەرباری ئەوە، شوێنی فەلسەفە تەنیا هۆڵی زانکۆکان نییە، پرسیارە فەلسەفییەکان هەر لەنێو مامۆستا و خوێندکاران نەشونما ناکات. فەلسەفە، کە مافی هەموانی بەسەرەوەیە بەهۆیەوە دەکارین ئەو کێشانە بخەینە ژێر پرسیارەوە، کە ئەمڕۆ جیهان ڕووبەڕووی دەبێتەوە، ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی، فەلسەفە بەشدارە لە پەرەپێدانی تێگەیشتن لەو بنەما و بەهایانەی ڕێنمایی کردار و بڕیارەکانمان دەکەن.

خەمی ئێستای فەلسەفە چییە؟
خەمی ئێستای فەلسەفە ئەو پرسانەیە، کە ڕووبەڕووی جیهانی هاوچەرخ دەبنەوە. ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕووی جیهان دەبێتەوە کێشەگەلێکی کۆن و هاوچەرخیشن. وەکیتریش لە وشەدانی فەلسەفەدا خۆمان لەناو زۆرێک واتای فەلسەفییدا (ڕاستیی، ڕەوشت، هاوڵاتیببون، لێبووردن، ڕێزلەیەکترگرتن، دادپەروەریی،….) دەبینینەوە، کە گرنگن بۆ هەڵکشانی ئاستی تێگەیشتنی ڕۆژانەی ئێمە لە خۆمان و دەورووبەرمان.
فەلسەفە تەنیا دیاردەیەکی ڕوناکبیریی یان ڕۆشنگەریی نییە دیسیپلینیشە، ئەمەو فەلسەفە تەقەلایەکی پراکتیکی ڕۆژانەشە، کە دەکارێت کۆمەڵگاکان بگۆڕێت و کولتوورەکان لەیەکتر نزیکبکاتەوە. واتە، فەلسەفە یارمەتیدەرە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئاسوودەتر و ڕێزدارتر. بەم شێوەیە فەلسەفە وا دەکات بتوانرێت لە بەربەست و ئاستەنگە گەورەکانی هاوچەرخ تێبگەین و بە دروستکردنی هەلومەرجی هزریی بۆ گۆڕانکاری وەڵامیان بدرێتەوە.
لەو پرسانەی، کە ڕووبەڕووی جیهانی هاوچەرخ دەبنەوە بابەتی ڕەوشتە، کە دەتوانێت بابەتگەلێکی تریش لەخۆبگرێت، وەک: ڕێز، ئاکار، تێرۆر، گەندەڵی، ماف. بۆ ئەوەی ئەمە بکرێت پێویستمان بەوەیە، کە زوو زوو پێناسەی فەلسەفە بکرێتەوە. ئەوەش ڕوونبکرێتەوە، کە ئەرک و ئامانجی بنەڕەتی فەلسەفە چییە و دەخوازێتیش چی بۆ مرۆڤ بکات. ئەمەش بە پلەی یەکەم پێویستە بۆ مناڵان و دواتر بۆ لاوان بکرێت. لاوان، کە کەوتوونەتە ژێر فشاری کۆمەڵگەیەکی بەرخۆری دژە بەها و جیهانگیرییەکی پەرت و بۆشەوە پێویستییەکی زۆریان بە خوێندنەوەی فەلسەفەی کلاسیک و هاوچەرخ هەیە.
سەرئەنجام، ئەو پرسانەی، کە ڕووبەڕووی جیهانی هاوچەرخ دەبنەوە خەمی ئێستای فەلسەفەن و گرنگە وا لە فەلسەفە بکەن خۆی لە عەوام نزیکبکاتەوە. ئەمە ڕێگایەکیشە بۆ لە بەدەستەبژێرخستنی فەلسەفە و تیشک خستنە سەر گرنگی دیدگا ڕەخنەییەکانیشی.

لە هەنووکەدا چۆن فەلسەفە سەرقاڵی بیرکردنەوە بکرێت؟
فەلسەفە واتە بیرکردنەوە لە هەنووکە. فەلسەفە هەنووکەی خۆی هەیە. لەو کاتەی، یان سەردەمەی، فەلسەفە ئامادەیە ئەو کاتە، یان سەردەمە، هەنووکەی فەلسەفەیە. فەلسەفە، کە لە هەنووکەی خۆی دورکەوتەوە فەلسەفە نییە. فەلسەفە چاودێرە بەسەر هەنووکەی خۆیەوە. هەنووکە ناشێت لە ژێرکۆنترۆڵی فەلسەفە دەرچێت. ئەو دەمەی فەلسەفە بە ڕاڤەی هەنووکە ناوێرێت ئەوە نەک هەر فەلسەفە نییە، بگرە بیریش لەو هەنووکەیەدا بوونی نییە. هەنووکەکان جۆراوجۆرن، لێ فەلسەفە هەمانە. فەلسەفە لە دەمی دەرکەوتنیەوە دیارە ئامانج و ئەرکی چییە، هەنووکەش، کە دەگۆڕدرێت فەلسەفە لەم گۆڕانە حاڵییە.
گشت ئەوەی لای سەرەوە وترا، بەرەو ئەو تەماشاکردنەمان دەبات، کە نزیکبوونەوەی فەلسەفە لە هەنووکە مەرجە. ئەمە بە ئاسانی نایەتە دی. بیرکردنەوە لە کردارەکانمان سەرەتای گۆڕینی بیرکردنەوەکانمانە بۆ کردار. گشت هەنووکەیەک لەژێر کاریگەریی کردارەکانە. هەنووکە بۆی هەیە کردارەکانمان بخاتەژێرپرسیارەوە. خودی هەنووکەش گومانیلێدەکرێت بەرهەمی کاتی خۆی نەبێت.

تێگەیشتنی قوڵ داوای فەلسەفەیە؟
فەلسەفە وادەکات تێگەیشتنی قوڵت هەبێت. ئەو دەمەی فەلسەفەکردن لە کەسێکدا چرۆدەکات تێگەیشتنی قوڵ زاڵدەبێت. تێگەیشتنی قوڵ لەگەڵ تێگەیشتنی سادە و لاواز دا یەکناگرێتەوە. تێگەیشتنی قوڵ پێویستی بە بیرکردنەوەی زۆر و بەردەوامە. بیرکردنەوەش مەشق و ڕاهێنانی جۆراوجۆری پێویستە. لە تێگەیشتنی قوڵ دا ئاسۆکانی تێڕامان بەرین و کراوەن. لەوێندەرێ فەلسەفە توانای تێپەڕاندن و بڕینی سنورەکانی لەنێوان زانستە جیاوازەکانیش دا هەیە. ئەوەی فەلسەفە لەتەک یەک زانست(دیسیپلین)دا یەکانگیرنابێت ئەمە یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی فەلسەفە. فەلسەفە بە چییەتی بیرکردنەوە دەستپێدەکات و بە پەروەردەکردنی تێگەیشتن کۆتاییدێت.
زۆر جار بۆ زۆرێک پرسیارەکانی فەلسەفە خۆیان لە ناسادەیی دەدەن. ئەمە ڕاستە و بەشێکیشە لە سروشتی فەلسەفە. بەپێی ئەوەی پرسیارەکانی فەلسەفە سەرساممان دەکەن بیرکردنەوەی وروژێنەریش دەسازێنن. بوون بە فەیلەسوف، نزیکبوونەوە لە فەلسەفە، ڕۆڵی فەلسەفە لە خۆشگوزەرانی مرۆیی و لە هێنانەدی ئاشتیخوازی و….، گشت ئەمانە و گەلێک بیرکردنەوەی تریش وروژاندنێک لەخۆدا بەرجەستەدەکەن، کە ئەوەمان پێدەڵێن هزر و تێگەیشتنی مرۆڤ و ڕۆشنبیرییەکەی لەتەک دەرکەوتنی فەلسەفەدا نەشونمایکردووە.

چۆن فەلسەفە لەگەڵ خێرایی ئەلێکترۆنی مامەڵەبکات؟
فەلسەفە بەئاگایە لە گەشەی ئەلێکترۆنی. لەبەرئەوە فەلسەفە لە سەردەمی خێرایی ئەلێکترۆنی دا لەژێرپرسیاردایە. دەمی هەنووکەمان دەمی زێدەڕۆییە لە خێرایی. رەچەڵەکی خێرایی، کە بۆ شۆرشە زانستییەکان دەگەڕێتەوە بەم ڕۆژەیان گەیاندین. واتە، ئەوەی ئەم خێراییەی هێنایەکایەوە مەکینە هایدرۆلی و میکانیکی و ئەلکترۆنییەکان بوو. ئەم خێراییە ڕەفتارەکانی مرۆڤی ئەم دەمەی بەجۆرێک گۆڕیووە، کە رووداوەکان، دیاردەکان خێرا تێپەڕن. جیهانی تازە لە هەناویدا هەڵاوگۆڕان و ڕیکخستنێکی بەردەوام لە خۆدەگرێت و ئەمەش ئەو خێراییە دروستدەکات مرۆڤایەتی کاریپێدەکات. ئەم جیهانە دژی وەستان و سستییە، لە گۆڕان و گەیاندن و گوازتنەوەی بەردەوامی خێرادایە. ئەمە وایکردووە جوڵە وەک جاران نەبێت.
جوڵەی ئێمە لەژێر فشاری خێرایی بووتە بەشێک لە ئێمە. جوڵەکانمان نۆرماڵ نییە. لە گشت جێگایەک ئەم جۆرە جوڵەیە ئامادەیە و مەحکومیشیکراوین بە جوڵە: لە بانق، لە ژوری نوستن، لە کاتی خۆشتن، لەناو شەمەندەفەر، لە…. . هاوکات ئەم جوڵەیەی ئێستا هەیە، کە بەرهەمی خێراییە، خێرایی دیگیتاڵی و سابیریانیCyber جوڵەیەکی سانا و بێ لایەن نییە. تەماشا سێبەری خێرایی لەناو گشت چالاکییەکانماندا بوونی هەیە: هاوڕێیەتی، وەرزش، خوێندن و فێربوون، سێکس، سەما، نانخوادن و….. هتد. هەر ئەم جوڵەیە ئەوەشمان پێدەڵێت، کە ئەو شتەی خێرا دەگۆڕێت لە جێگەی خۆی نامێنێت و چییەتیشی دەگۆڕدرێت. خێرایی دیدی ئێمەی بۆ جیهان گۆڕیوە و کاریگەریشی لەسەر پەروەردە، ئابوری، جیۆسیاسی و ژینگە بەجێهێشتووە.
سەرئەنجام، فەلسەفە لەناو ئەم خێراییەدا سست تێدەپەڕێت و فریای خستنەژێرپرسیار و گومانی دیاردە سایبیریانییەکان (فێمینیزمی سایبیریانیCyberfeminism، تاوان و دزی سایبیریانیCybercrime، سێکس و ئەوینداری سایبیریانی،……)ناکەوێت. فەلسەفە، کە شوێنێکی شیاو و گونجاوە بۆ بیرکردنەوە لە تەنگوچەڵەمە ڕەوشتیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان، پێویستی بەسەرلەنوێ چالاککردنەوە و وەگەڕخستنەوەیە بۆ شیکارکردن و ڕوونکردنەوەی چەمکە سەرەکییە فەلسەفییەکان(ڕاستی، ڕێزلەیەکترگرتن، وەفاداریی، ئەمەک، ئاکار،….).

فەلسەفە لەگەڵکاتدا دەروونشیکاری ناخاتەژێر ڕکێفی خۆیەوە؟
زەفەربردنی فەلسەفە بە دەروونشیکاریی لە دوورمەودادا دەرئەنجامی پۆزەتیڤی دەبێت. فەلسەفە بە بیرکردنەوە(تێهزرین) یەکسانە نەک شیکارکردنی ڕەفتار، بیرکردنەوەش لەسەر بیرکردنەوە گەشە بە بوونی فەلسەفە دەدات. بیرکردنەوە لە چییەتی فەلسەفە بیرکردنەوەشە لە چییەتی ئێمەی بەرهەمهێنەری فەلسەفە. ئەمە، کە بە دەروونشیکاریی ناکرێت ناسنامەیەکی هزریی لەناو دیسیپلینەکانی تر بۆ فەلسەفە دادەتاشیت.
سەرباری ئەوە، دوا کارکردنەکانی پۆلێک لە بیریارانی فەڕەنسی لەم چەند ساڵەی دواییدا بەرەو ئەو تێزەی بردوون، کە کاتی ئەوە هاتووە فەلسەفە دەسەڵاتی شیکاریی لە دەروونناسی وەربگرێتەوە. دەروونناسی ئەم دەسەڵاتەی بە خراپ بەکاربرد: خەمۆکی، بێزاریی، تەنیایی، دابڕان لە خودی خۆ و دواتر لە ئەویتریش وەک خۆیان ماونەتەوە و کەچی دەروونشیکاریی پێیوایە هەر بەردەوام و سەرکەوتووە. بەم تێزەی بیریارانی فەڕەنسی دەگەینە ئەو تێگەیشتنە، کە دەروونناسی پاشەکشەی پێبکرێت لە چارەسەرکردنی مرۆڤ.
هەندێك واتا هەن (سۆزداریی، هاوڕێیەتی، بەختەوەریی، خودگەرایی، خۆشەویستیی و…) تایبەتمەندی گەردووناوی خۆیان هەیە. ئەم تایبەتمەندییە فەلسەفە بەشێوازی خۆی كاری لەسەر دەكات. وەکیتر، هەر ئەوەشە وادەکات فەلسەفە زەفەر بە دەسەڵاتی شیکاریی دەروونناسی بەرێت. دووبارە شیکردنەوەی فەلسەفییانەی ئەم واتایەنەش هیوایەک بەوانە دەبەخشیت قوربانی دەستی دەروونناسی هاوچەرخن
زۆربەمان دەزانین، کە لەگەڵ تاڵیس، یەکەم هزرەڤانی یۆنانی لە سەدەی شەشی پێش زایین، فەلسەفە بووە دەروازەی پاراستنی ڕۆحی ڕوناکبیریی مرۆڤ. هەر لەو دەمەوە لەو شتانەی لە چییەتی فەلسەفەدا پەنهانکرا قسەکردن بوو لە واتاگەلێکی وەک: ڕاستی، هاوڕێیەتی، ئاشتی. وەک بەرپرسیارییەکی فەلسەفیی، لێ دیسیپلینەکانی تر( بەتایبەت دەروونناسی و دواتر سیاسەت، کۆمەڵناسی) بەشێک لەم واتایانەیان خستەژێرڕکێڤی خۆیانەوە و بە شێوازی خۆیان تێۆریزەیان بەسەرەوەکرد.

مەرگی فەلسەفە شیاوە؟
لە ڕۆژی جیهانیی فەلسەفەدا مەرگی فەلسەفە جارێکیتر مایەپووچدەبێتەوە. لەم ڕۆژەدا مەرگی فەلسەفە سەرلەنوێ دەبێتەوە بە بابەت. خودی ڕۆژەکە وەبیرهێنانەوەی گرنگیی فەلسەفەیە، پرسیاریشە لەسەر ڕەچەڵەکی فەلسەفە و دانپێدانان بە ئایدیای بەرەوپێشبردنی لێبوردەیی و ئاشتی، کە داوای توانامان لێدەکەن لە فەلسەفە. بۆیە مەرگی فەلسەفە یەکناگرێتەوە لەگەڵ دۆزی ڕەوشتیی و مرۆیی سەردەم و مەرگی شتێکیشە لە خۆمان پێکهاتووە. فەلسەفە تا بەم جۆرەی ئێستا دروستبووە زۆرێک سەدە و دەڤەر و کولتوور و فەیلەسوف کارییان بۆکردووە. بۆیە فەلسەفە هەر ئێرەیی نییە، ئەوێیشە و خەڵکی گشت جێگا و شارستانییەتێکیشە.
لەبەرئەوە لەناوچوونی فەلسەفە لەناوچوونی ئەو شتەیە، کە هاوبەشە. شتە هاوبەشەکان بە ئاسانی لەناوناچن. نەک هەر لەبەرئەوەی لەخۆڕا دروستنەبوون، لەبەرئەوەش، کە فاکتەری بنچینەیی کاری لە دروستبوون و پەرەسەندنییاندا کردووە. وەکیتریش ئەو شتە هاوبەشانەی هۆکاری دروستبوونی فەلسەفەن تا هەنووکە هەن: جەنگ، ڕەوشت، ماف، ئەوین، دادپەروەریی، سەرباری ئەوانە مرۆڤ. ڕەگەزی مرۆڤ، کە تا هەنووکە ماوە پێویستی بە فەلسەفەیە وەک بیر. ئەم مرۆڤە ڕۆژانە بەریەککەوتنی هەیە لەتەک شەڕ، درۆ، هەڵە، گەندەڵیی، بێ وەفایی، نیگەرانیی و….. بۆیە مرۆڤ بێ فەلسەفە ناشێت هەڵبکات و مەرگی فەلسەفەش لە ئێستای مرۆڤایەتییەوە دوورە.

خوێندنی فەلسەفە لە گشت قۆناغەکانی پەروەردە و زانکۆ پێویست نییە؟
خوێندنی فەلسەفە لە گشت قۆناغەکان پێویستییە. فەلسەفە بنەچەی خۆی هەیە، دێرینترین زانینە و زانینی زانینەکانیشە، کە فەیلەسوفەکان هەر زوو جەختیان لە دەگمەنی ئەم بنەچەیە کردووەتەوە. شوێنی فەلسەفە لە پەروەردەدا بە خوێندنی فەلسەفە لە گشت قۆناغەکانی خوێندن جێگا بۆ خۆی دابیندەکات. خوێندنی فەلسەفە و شوێنی فەلسەفە لە پەروەردەدا جگەلەوەی دەرفەتێکی ناوازەیە بۆ چرۆکردنی تێگەیشتن لە فرە کولتوری، هاوڵاتیبوون و ئازادی بریتیشە لە خوێندنی بیر و هیوایەکیشە لەبەردەم سەرلەنوێ بوژاندنەوەی فەلسەفەدا.
خوێندنی فەلسەفە مەشقکردنیشە لەسەر بوونی فەلسەفە بە بابەتی چارەسەر بۆ کێشە و کەموکوڕییەکان. فەلسەفە، کە قوتارماندەکات لە بیرنەکردنەوە، لێهاتوومان دەکات لە زاڵبوون بەسەر نیگارانی و کاتە قەیراناوییەکاندا. خوێندنی بیر لە گشت قۆناغەکانی خوێندن سەرەتای حاڵیبوونی خودە (قوتابییە) لە خودی خۆی، لە کردار و گشت ئاکارەکانی. ئەمە تەنیا ئەو کاتە دەکرێت، کە فەلسەفە دەبێت بە یەکێک لە مادەکانی قۆناغی بنەڕەتی. خوێندنی فەلسەفە پێش قۆناغی زانکۆ سەرەتای زاڵبوونی قوتابییە بەسەر تەحەدیات و ئەستەمەکان.
خوێندن و فێربوون لە بنەڕەتی بێ فەلسەفە بنەڕەتی دەکات بە شوێنێک بۆ بیرنەکردنەوە، شوێنێک کە زانین تیایدا ناخرێتەژێرپرسیارەوە. فەلسەفە لە قۆناغی بنەڕەتی دا هەر پەیوەندی نێوان زانین و پسپۆرییەکان ڕێکناخات، خودی زانینیش تۆکمە و پرسیارئامێزدەکات، لێ بەبازاڕیکردنی پەروەردە زیانێکی زۆر لە فەلسەفەی خوێندن دەدات. فێربوونی فەلسەفەش لەناو کێبڕکێیەکانی بازاڕ لەگەڵ پەروەردە خودی کردەی فیربوون دوچاری گرفتی گەورەی ڕەوشتی دەکات. هاوکات ئاشناکردنی مناڵ بە فەلسەفە ئاشنابوونیەتی بە پرسیار و وەڵام، بەس ئەمە هەرگیز نایەتەدی تا فەلسەفە نەخرێتە ناو پرۆگرامی خوێندنی دایەنگە، باخچەی مناڵان و بنەڕەتییەوە.

فەلسەفە لە کوێی ڕوناکبیری ئێمەدایە؟
فەلسەفە لە وشەدانی فەلسەفیی ئێمەدا كارەساتبارە. ڕوو نییە لە ڕوناکبیریی ئێمەدا فەلسەفە لە چاوەنواڕی چیبدایە. ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی، کە فەلسەفە لە نێوەندی سیاسیی و ئەکادێمیی ئێمە ونە. لە ئێستادا دۆزینەوەی فەلسەفە لەو سێ نێوەندە گرنگەدا خۆی لە ئەستەمیی دەدات. ئەوەی دەبینرێتەوە زۆر شتە، لێ فەلسەفە نییە. واتە ڕوناکبیریی هەیە، لێ بێ فەلسەفەیە. نێوەندی سیاسیی و ئەکادێمیی هەیە، کەچی زۆر نا فەلسەفییە، دوورە لە فەلسەفە، خۆی لە فەلسەفە دەدزێتەوە. وەکیتر فەلسەفە لەناو خەڵکی و سۆسیال میدیاش نادیار و ناکاریگەرە.
سەرئەنجام، فەلسەفە ونە، ئەمەش ترۆپکی گومانی ئێمەیە لە وتاربێژیی و بڵندگۆیی رۆمان و شیعری سەردەمی نوێ کوردیمان. فەلسەفە پێویستە لەناو ئێمەدا بدۆزرێتەوە. ونبوونی فەلسەفە، هەڵاوێشتن و توڕدانی فەلسەفە بە زیانی گشت مرۆڤایەتی دەکەوێتەوە، نەک هەر ئێمە. چونکە چەکەرەکردنی فەلسەفە لە گشت نێوەندەکانی ژیانی مرۆڤی سەردەم ،قوتارمان دەکات لە بنەبڕکردنی نەفامی. تەنیا بە فەلسەفە، بە فەلسەفەیەکی کراوە و نەترس، نەفامی و هاوشێوەکانی، بێدادی و تێرۆر، گەندەڵی، بنەبڕدەکرێت.
بەشێك لە ئێمە پێویستە بپرسێت دوای ئەو تێكشكانانەی، کە هاتەسەر كۆمۆنیزم و ناسیۆنالیزم، ئێستاش کە ئەو دوو ئیزمism ە بە ئیسلامی سیاسیی پڕدەکرێتەوە هەمان تێكشكان بەرهەم نایەتەوە؟ ئاییندەی فەلسەفە ئەو دەمە دەبێت چۆن بێت؟

کۆتا گوتن: فەلسەفە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی ناسازێنێت؟
گرنگی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی. فەلسەفە بۆ دامرکاندنەوەی نیگارانییەکان نییە. بەپێچەوانەوە فەلسەفە نیگارانییەکانی مرۆڤ وەک کێشە دەبینێت و بەدوای چارەسەریانەوەیە. ئەمەشە جەوهەری جیاکردنەوەی فەلسەفە لە دەروونشیکاریی. فەلسەفە بەدوای داناییەوەیە، لێ جیهانی ئێستا لەژێر زەبری هەژاری، نەداری، نایەکسانی خەریکە دانایی خۆی لەدەستدەدات، خەریکە گاڵتە بە دانایی و وشەدانی ئەم واتایەش دەکات. لەبەرئەوە دروستکردنی ژینگەی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لە زۆر ڕوەوە کاتیهاتووە.
باشە لە هەل و مەرجێکی وادا چی لە نیگەرانییەکانی زانست بکەین؟ فەلسەفە چی لەو بارەیەوە پێیە بۆ وتن؟ فەلسەفە چاودێری ڕەوشتییە بەسەر زانستەوە. پشتگیریی لە زانست دەکات تا ئەو شوێنەی مرۆیی و ئاکارییە. فەلسەفە لە خودی خۆیدا بریتییە لە ئارەزومەندیەکی خۆییانە و تاکییانە، نەک زۆرەملێیانە. فەلسەفە دوژمنی زۆرەمڵێیی و ستەمە. بۆیە تا ئێستا بابەتی ئاشتی هەمیشەیی بابەتێکی هەستیارە بۆ گفتوگۆکردنێکی فەلسەفییانەی بەردەوام.
بەم جۆرە “فەلسەفە وەک دیسیپلینێک هاندەری بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و سەربەخۆیە و دەتوانێت بەشداری بکات لە تێگەیشتنێکی باشتر لە جیهان و چەسپاندنی بناغە ڕاستەقینەکانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و لێبوردەیی”. ئەمە دروشم نییە، بەڵکو ماهیەتی ڕاستەقینەی فەلسەفەیە. جیهانی پر کارەساتباری ئێستامان پێویستیەکی زۆری بە فەلسەفەیە، بەو شتەی فێربوونی ژیان دێنێتەدی. داخ و جه‌خار کردەی فەلسەفەکردن و فەلسەفاندن لە دەڤەری ئێمە بە ئاسانی نایەتە سەرپێ. لەم شوێنە ناپسپۆڕ لە فەلسەفە داگیرکەری بواری فەلسەفەیە! پشتکردنی کۆلێجەکان لە فەلسەفەوتنەوە زیانی لە گەیاندنی فەلسەفە بۆ زۆرینە داوە. وەکیتر، لە زانکۆکانی هەرێم غەدرێکی زۆر لە فەلسەفە دەکرێت و ناپسپۆر لە فەلسەفە وانەی فەلسەفە دەڵێتەوە و ئەمەش هزر و تێگەیشتنی فەلسەفیی لەو شوێنەدا خستووەتە گیانەڵاوە. بۆیە ڕۆژی جیهانیی فەلسەفە لە وەها دەڤەرێک وەک گشت ڕۆژێک تەماشادەکرێت.

سەرنج: یۆنسکۆ لە ساڵی 2002 وە رۆژێکی بۆ فەلسەفە تەرخانکردووە، کە دەکەوێتە سێهەمین پێنجشەمەی مانگی نۆڤەمبەرەوە(مانگی یانزە).
ئەم ساڵ رۆژی جیهانیی فەلسەفە ڕێکەوتی20/11/2025 دەکات، کە سێهەمین پێنجشەمەی ئەم مانگەیە.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




لە نەبوونی دەوڵەت‌ـدا، زمان و نەتەوە لەناودەچن، کەیسی کورد.. شێرکۆ کرمانج

دامەزراوەکانی دەوڵەت پێویستیی حەتمین بۆ پاراستنی زمان و نەتەوە

پاراستنی زمان و کولتوور و مێژوو و کۆیاد، کە وەک کۆڵەگە سەرەکییەکانی نەتەوە لە بەشی دووەم و سێیەمی ئەم بابەتەدا ناسێنران، ئێجگار گرنگن بۆ مانەوەی هەر نەتەوەیەک. لەم بڕگەیە گفتوگۆی پێویستییەکانی مانەوەی نەتەوە دەکەین، بە واتایەکی دیکە بۆ پاراستن و مانەوەی نەتەوەی چی گرنگن و چی پێویستن. گرنگی زیاتر بە زمان دەدرێت چونکە لە کەیسی کورد دا لەوانەیە زمان گرنگترین بەهای نەتەوە بێت. کورد بە زمانەکەی لە هەموو شتەکانی دیکە زیاتر لە نەتەوەکانی دەوروبەری جیا دەکرێتەوە، هەر بۆیەشە لە هەموو کۆڵەگەکانی دیکەی نەتەوە، زمان، بەر هێرش و یاساغکردن کەوتووە لە هەر چوار پارچەی کوردستان‌دا.

گرنگی زمان بۆ نەتەوە
زمان توخمێکی سەرەکییە لە پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و کولتووریی. لە هەندێک دۆخدا، بۆ نموونە کورد، ڕەنگە تاکە نیشانە بێت بۆ بوونی نەتەوە، یان گرووپێکی ئیتنی ڕەسەن. وەک ڕۆدۆڵفۆ ستاڤينهەیگن، کۆمەڵناسی مەکسیکی، دەڵێت: گرووپەکان لە ڕێگەی زمانەکانیانەوە، گوزارشت لە کولتووری خۆیان دەکەن، ناسنامەی کۆمەڵایەتی خۆیان دەردەخەن. زمانەکان پەیوەندیان بە پرۆسەی بیرکردنەوە و بە شێوازی تێگەیشتنی ئەندامانی گرووپە زمانییەکانەوە هەیە لە سروشت و گەردوون و دەوروبەر و کۆمەڵگە ((Stavenhagen 1996. گرنگی زمان ڕەنگە لە ژێر ڕووناکی تیۆرەکەی بێنیدیکت ئەندرسن بۆ دروستبوونی نەتەوە زیاتر دەرکەوێت کە بە “سەرمایەداریی چاپ” (print capitalism) ناسراوە. تێڕوانینەکەی ئەندرسن کە نەتەوە وەک کۆمەڵگەیەکی وێناکراو دەناسێنێت بنەمای لەسەر زمانێکی هاوبەش داناوە، کە لە ڕێگەی چاپ (میدیا) دەبێت بە زمانی فەرمی و ستانداردی نەتەوە و زەمینەی هۆشیاریی نەتەوەیی دێنێتە گۆڕێ و ئاسانکاری بۆ دەکات (Anderson 1991: 39-49).
هەر لەمەڕ گرنگی زمان بۆ بەهێزکردن و بنیاتنانی ناسنامەی نەتەوەیی، کلێیەر گرامش، زمانناس لە زانکۆی کالیفۆرنیا، دبێژت “زمان بریتییە لە سیستەمێک لە ئاماژە کە لە خودی خۆیدا بەهای کولتووری تێدایە، ئەو کەسانەی بە زمانێکی هاوبەش قسە دەکەن جیاوازی لە نێوان خۆیان و ئەوانی دیکە نیشان دەدەن، زمان وەکوو سیمبولی ناسنامەی خۆیان تەماشا دەکەن” (Kramsch 1998: 3). عەلالی ئەلفاسی، سەرکردەی ڕزگاریخوازی مەغریبییەکان، جەخت لەسەر ڕۆڵی زمان دەکات و یێژت هیچ نەتەوەیەک لەسەر ڕووی زەوی ڕازی نییە زمانەکەی، کە جەوهەری بوونی خۆیەتی، ببێتە قوربانی و بە زمانێکی دیکە ئاخافتن بکات، مەگەر لە ڕێگەی هێز سەپێنرابێتە سەری. ئەو دەڵێت مەعریفەیەک بە زمانی خۆت بەدەستی بهێنیت، ئەوە مەعریفەکە بەدەست دەهێنیت، خۆ ئەگەر بە زمانێکی دیکە بەدەستی بهێنیت، ئەوە مەعریفەکە تۆ بەدەست دێنێت (الفاسي ١٩٥٢: ٣٣٤). کانگاس و بیوجاک، لە پەیوەند بە پرسی کورد و زمانەکەی لە تورکیا، دەڵێن بۆ لەناوبردنی زمانێک، یان دەبێت هەموو ئەندامانی گرووپە زمانییەکە بکوژیت یان دەبێت لە ڕێگەی سیاسەت و بەرنامەی سیستەماتیک و فشاری جیاواز هەوڵی گۆڕینی زمانی دایکیان بدەیت (Kangas & Bucak 1994: 362). لەبەر ئەوەی، ئەوەی یەکەم زۆر سەختە، بەتایبەتی بۆ نەتەوەیەکی وەک کورد کە ژمارەکەی، بۆ نموونە، لە تورکیا دەیان ملیۆنە، بۆیە دەوڵەت تەبەنی بژاردەی دووەمی کردووە، کە دواجار هەر سڕینەوەی کوردی وەک نەتەوە لێ دەکەوێتەوە بەڵام لەڕێگەی هێزی نەرم نەک ڕەق. بەکورتی، هەر چوار دەوڵەت-نەتەوەکە بۆ لەناوبردنی کورد پێش هەموو شتێک زمانەکەیان یاساغ کردووە، زمانی نەتەوەی زاڵیان سەپاندووە، کولتووری کوردییان شێواندووە، مێژوویان ژێر خاک خستووە. هەموو ئەمانە بۆ لاوازکردن و دواجار گۆڕینی ناسنامەی کورد، ئەویش پێش هەموو شتێک لەڕێگەی لاوازکردن و لەناوبردنی ئەو زمانەی کە کورد جیاوازی خۆی پێ دەسەلمێنێت.
پرسیاری گرنگ ئەوەیە، ئەگەر زمان هێندە گرنگ بێت بۆ دروستبوون و مانەوەی نەتەوە، ئەی بۆ مانەوەی زمان چ جۆرە دامەزراوەیەک و سیاسەتێک و ستراتیجێك و میکانیزمێک پێویستن. لەم بڕگەیە گفتوگۆی پێویستییە سەرەکییەکانی مانەوە و گەشەی زمان دەکەین.
ئێمە پێمان وایە لە دنیای مۆدێرن، دنیای دەوڵەت-نەتەوە، هەر زمانێک زمانی خوێندن و فێرکردن و پەروەردە نەبێت؛ زمانی زانست و مەعریفە نەبێت؛ زمانی ئەدەب و هونەر نەبێت؛ زمانی کار و بازاڕ نەبێت، ئەوە ڕۆژ بە ڕۆژ بەکارهێنانی کەم دەبێتەوە؛ ساڵ بە ساڵ لەبیردەچێتەوە و دەپووکێتەوە، لە دوورمەوداش لەناودەچێت.
لە دنیای مۆدێرن زمانەکان لە گەشەیەکی ئێجگار خێرا و فراواندان، خێزان ئەو یەکە و دامەزراوەیە نییە کە ئیستیعاب و ئیدارەی ئەو گەشەیە بکات، ئەوە دەوڵەت و دامەزراوەکانییەتی کە ئەو تونایەیان تێدایە. ئەو گەشەیەی کە زمانەکان بەخۆیانەوە دەیبینن دەبێت سیستەماتیکانە لە ڕێگەی پەروەردەی بەکۆمەڵ (وەک: قوتابخانە) و دامەزراوەی ئەکادیمی (وەک: کۆڕ و ئەکادیمیای زمان) و دەزگەی زانستی (وەک: زانکۆکان)، میدیای بەرپرس (وەک: تەلەفزیۆن و ڕادیۆی کەرتی گشتی) ئەندامانی نەتەوەی پێ ئاشنا و پابەند بکرێت.

بەسێنتەرکردنی زمانی نەتەوە
لە هەر دەوڵەتێک، ئەو زمانەی کە دەکرێت بە زمانی خوێندن و فێرکردن و پەروەردە لە هەموو ئاستەکان، هەر لە دایەنگە و باخچەی ساوایانەوە بگرە تا دەگاتە زانکۆ، دواجار بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەشبێت بە زمانی زانست و مەعریفە و ئەدەب و هونەریش. منداڵان و گەورەساڵان، بگرە کۆمەڵگە بەگشتی، گرنگی بەو زمانە دەدەن کە زمانی خوێندن و پەروەردەیە (وەک: تورکی لە تورکیا و فارسی لە ئێران). زمانێک نەتوانێت کتێبەکانی پڕۆگرامەکانی خوێندنی لە قۆناغی سەرتایی و ئامادەیی پێ بخوێنیتەوە؛ زمانێک (وەک کوردی لە تورکیا و ئێران) نەتوانێت لەمیانییەوە دەستت بە زانکۆ ڕابگات چ پێویست دەکات فێری بیت، ئەگەر فێریشی بیت هیچ گەشەیەک ناکات چونکە وشە و زاراوە و چەمکە زانستی و فکری و فەلەسەفییەکانی نە لە قۆناغی سەرەتایی و ئامادەیی، نە لە زانکۆ، ناخوێندرێت و ناگوترێتەوە. بە دەربڕێنێکی دیکە، کوردەکانی ئێران و تورکیا هیچ گرنگییەک لە فێربوونی زمانی دایکیان نابینن چونکە کاتێک دەچن بۆ قوتابخانە و لەوێشەوە بۆ زانکۆ هیچ پێویستیان بەو زمانە نییە کە لە ماڵەوە لە دایکیان فێری بوون تەنیا لەبەرئەوەی زمانی کوردی لەو دوو وڵاتە زمانی زانست و مەعریفە نییە. کێشەکە هەر ئەوە نییە کە بایەخ و بەهای زمانەکە کەم دەبێتەوە کاتێک زمانەکە زمانی خوێندن و فێربوون و پەروەردە نییە بەڵکوو لەوەش دایە کە زمانەکە گەشە ناکات، وشە و زاراوە و چەمکی نوێی بۆ دروست نابێت.
لەوانەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە زمانێک زمانی بازاڕ و کار نەبێت، ڕێک وەک ئەوەی زمانی کوردی لە تورکیا و ئێران. لە ڕاستیدا، سەرەڕای بوونی دامەزراوەی نیمچە-دەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان لە عێراق، لە ٣٣ ساڵی ڕابردوودا، کەچی لانی کەم لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا، ڕۆژ بە ڕۆژ، لە هەرێم خەریکە عەرەبی گرنگتر دەبێت لە کوردی. هۆکارەکانی ئەم دیاردەیە لە دەرەوەی چوارچێوەکانی ئەم بابەتەیە بەڵام بوونی عەرەبێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان لە ئاکامی شەڕی ناوخۆی شیعە-سوننە (٢٠٠٣-٢٠١٠) و شەڕی داعش (٢٠١٤-٢٠١٧)، هاوکات، هەستی خۆ بەکەمزانی لە ئاکامی سەدان ساڵ لە داگیرکاریی و بوونی وەبەرهێنێکی زۆر و کۆنتڕۆڵکردنی هەندێک گەڕەک و بازاڕ وایان کردووە کە زمانی عەرەبی شان لە شانی زمانی کوردی بدات وەک زمانی بازاڕ و کار. هەر چۆنێک بێت، دواجار هەر زمانێک زمانی بازاڕ و کار نەبێت و هۆکارێک نەبێت بۆ پەیداکردن و دۆزینەوەی کار بایەخ و بەهایەکی ئابووری و بازرگانیی و دارایی نابێت و ئەندامانی کۆمەڵگە ئەگەر دووریش نەکەونەوە لە فێربوونی، ئەوە هەوڵی فێربوونی زمانێکی دیکە دەدەن، کە بۆ کورد بەگشتی تورکی، فارسی یان عەرەبییە.
زمانی کوردی، عێراقی لێ دەرچێت، چونکە دەیان ساڵە کوردیی تا ڕادەیەک زمانی خوێندن و فێرکردن و پەروەردەیە، لە تورکیا و ئێران و سووریا نەبۆتە زمانی ئەدەب و هونەریش. بۆیە، دەبینین باشترین ڕۆماننووسە کوردەکان (وەک: یەشار کەمال، عەلی ‌ئەشرەف دەروێشیان و سەلیم بەرەکات) لەو سێ وڵاتە بە زمانی دایک نانووسن. هۆکارەکەی تەنیا بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە کە زمانی کوردی لەو وڵاتانە بەفەرمی نەناسراوە یان یاساغ کراوە، بەڵکوو هۆکاری سەرەکی پشت نووسین بە زمانێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، کە لە ژینگەیەک، زمانێک زمانی خوێندن و فێرکردن و پەروەردە و زانست و مەعریفە نەبێت، ئەوا ئەو زمانە ناتوانێت دەرەقەتی ئەوە بێت کە ڕۆمانی پێ بنووسرێت، مەگەر چیرۆکێکی فۆلکلۆری یان ڕۆمانێکی سەدەکانی ناوەڕاستی پێ بنووسرێت کە تەنیا زمانێکی ڕۆژانەی سادەی پێویست بێت.
بێجگە لەوە، وەک تیوری “بژاردەی عەقڵانی” (rational choice)، پێداگری لەسەر دەکات، مرۆڤەکان ئەو شتە لە ژیانیان هەڵدەبژێرن کە قازانجی هەیە. لەژێر تیشکی ئەو تیورە نووسینێک کە نە خوێنەری هەبێت نە بازاڕ بۆچی بنووسرێت. بە دەربڕینێکی دیکە، لەبەر ئەوەی کوردانی تورکیا و ئێران و سووریا بەشی هەرە زۆریان بە کوردی نەیانخوێندوە و زمانەکەیان نەگەیشتۆتە ئاستێک کە بەسەر خوێندنەوەی ڕۆمان و شانۆدا بشکێت، بۆیە، ڕۆماننووسە کوردەکان لەو سێ وڵاتە توانای نووسینی کوردیشیان هەبێت هەر بە زمانە فەرمییەکەی دەوڵەت، بەو زمانەی کە زمانی پەروەردەی فەرمی و بەکۆمەڵە، دەنووسن. وەک گوتم هەم لەبەر ئەوەی تونای نووسینیان لەو زمانە بەرزترە هەم خوێنەریش بەو زمانە هەیە و ئەگەری فرۆشتنی کتێبەکانیان زیاترە.
بەڵام ئەوە کێیە دەتوانێت کە وا لە زمان بکات ببێت بە زمانی فێرکردن و خوێندن و پەروەردەی گشتی و زانست و مەعریفە و بازاڕ و کار؟ بە دڵنیاییەوە، دەوڵەت (وەک: تورکیا و ئێران)، یان لانی کەم یەکەیەکی سیاسی، فیدرالی یان کۆنفێدراڵی (وەک: حکومەتی هەرێمی کوردستان لە عێراق، یان ئیدارەی خۆسەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا). بەسێنتەرکردنی زمان لە دەسەڵاتی دەوڵەت و کردەیەکی دامەزراوەکانی دەوڵەتە، یان ئەوەی ئێمە ناوماننا دەوڵەتئاسا، ستاتۆیەکی فیدرالی یان کۆنفێدرالی. بەڵام نابێت ئەوە لەبیربکەین کە هەر یەکەیەکی سیاسی (فیدرالی یان کۆنفێدرالی) ئەگەر تاڕادەیەکی باش سەروەر نەبێت و سەربەخۆ نەبێت و لە ڕووی ئابووری و دارایی پشتبەستوو بە خۆی نەبێت، ئەوە ناتوانێت ئەو زەمینە بەهێزە بڕەخسێنێت کە نەتەوە و زمانی کیانە فیدرلییەکە، کۆنفێدرالییەکە، نەکەوێتە ژێر هەڕەشەی نەتەوە و زمانە فەرمییە سەرەکییەکەی دەوڵەتەکە. بۆ نموونە، ویلایەتی کیوبێک لە کەنەدا، لەبەر بەهێزی پێگەی ویلایەتەکە و ئەو میکانیزمە یاسایی و دەستووریانە کە خراونەتە بەر بۆ پارستنی ویلایەت و نەتەوەی کیوبێک و زمانی فەرەنسی، ئەوا ئەگەری پارستنی نەتەوە و زمانەکەیان هەیە.

بەسێنتەرکردنی کولتوور و مێژووی نەتەوە
لەپاڵ بە سێنتەرکردنی زمان بۆ مانەوەی نەتەوە، گرنگی دەوڵەت، یان دەوڵەتئاسا، لە بەسێنتەرکردنی کولتوور و مێژوو و کۆیاد بایەخی خۆی هەیە. وەک لە بڕگەکانی پێشووتر ئاماژەی پێ کرا، وەک زمان، کولتوور و مێژوو و کۆیاد، بەها و ئەستوونی گرنگن بۆ کۆکردنەوەی نەتەوە لەسەر هاوبەشەکان، تاڵ یان شیرین بن. چوار دەوڵەتەکەی کە کوردستانیان دابەش کردووە، بەئاشکرا یان لە پشت پەردەوە، نەک هەر کولتوور و هونەر و مۆسیقای کوردی، پەراوێز و پشتگوێ دەخەن، بەڵکوو خۆیان بە خاوەنی، بەشێک یان تەواوی، کولتوور و مێژووی کورد کردووە. لە تورکیا، لە سەد ساڵی ڕابردوودا هەزاران میلۆدی و گۆرانی فۆلکلۆری کوردی بەتورکی کروان و تورک وەک خاوەنی ئەسڵی ئەم میلۆدییانە دەناسێنن یان وەک نەناسراو (anonymous) ناوزەدیان دەکەن، وەک ئەوەی فۆلکلۆری کوردی بێخاوەن بێت. لەڕاستیدا بێدەوڵەتی نەتەوە بەرەو بێخاوەنداریی دەبات.
وێنەیەکی دیکە لەوانەیە باشتر مەبەستەکە ڕوون بکاتەوە. هەر کەسێک تەماشایەکی مێژووی فەرمی دەوڵەتی تورکیا، عێراق، ئێران یان سووریا بکات، بەتایبەتی ئەوەی لە کتێبەکانی مێژووی قوتابخانەکان دەخوێندرێن، ئەوە دەبینێت کە بە هیچ شێوەیەک هەست ناکات کورد لەو وڵاتانە بوونیان هەیە. لە تورکیا و ئێران، مێژووی کورد کراوە بە مێژووی تورکی یان ئێرانی؛ لە عێراق و سووریا کراوە بە مێژووی عەرەبی-ئیسلامیی. بۆ نموونە، لە هیچ کام لەم وڵاتانە سەلاحەدینی ئەیوبی وەک کورد نەناسێنراوە. لە عێراق وەک سەرکردەیەکی عەرەبی کە پارێزگاری لە خاک و نیشتیمانی عەرەب کردووە وێناکراوە (وزارة التربیة ١٩٩٠: ١٩-٢٢). تا چەند ساڵێک پێش ئێستا، لە عێراق، تورکیا و سووریا، یادکردنەوەی نەورۆز قەدەغە بوو. مەبەست لەم قسانە، وەک ئەوانی پێشووتر ئەوەیە کە ئەوە دەوڵەتە، یان دەوڵەتئاسا، کە بڕیار دەدات چ مێژووییەک مێژووی تۆیە (بۆ نموونە: سەلجوقییەکان یان ئەیوبییەکان)، یان کێ سەرکردەتە ( بۆ نموونە: ئەتاتورک یان شێخ سەعیدی پیران).
ڕوونتر بڵێین، لە غیابی دامودەزگا و دامەزراوەگەلی وا کە بتوانن مێژوو و کولتوور و کۆیاد دروست بکەن و بپارێزن و بسەپێنن، نەتەوە نە مێژوو، نە کولتوور، نە یادەورەی هاوبەشی دەبێت، هەشی بێت ناتوانێت خاوەندارێتی لێ بکات. لە مێژووی نوێی تورکیا، کورد تەنیا و یەکجار وەک چەند “عەشیرەتێک لە ڕۆژهەڵاتی تورکیا”، نەک کوردستان، بوونیان هەبووە کە بەشداریان لە بزووتنەوەی ڕزگاری نیشتیمانیی تورکیا لە ١٩١٩-١٩٢٣ کردووە، لەوە زیاتر هەر مێژوویەک بۆ تورکیا نووسرابێتەوە نەک ناوی کورد، بۆنی کوردیشی لێ نایەت.

بەسێنتەرکردنی ئابووری نەتەوە
بەسێنتەرکردنی ئابووری هاوشێوەی پێداویستییەکانی دیکە بۆ مانەوەی نەتەوە گرنگی خۆی هەیە. مەبەست لە بەسێنتەرکردنی ئابووی ئەوەیە کە گەشە و ئابووری وڵات چۆن دەکرێت لە خزمەت نەتەوەیەک یان لە دژی نەتەوەیەک بێت لەناو هەمان وڵاتدا. بۆ نموونە، هەر چوار وڵاتەکە بەشێوەیەکی سیستەماتیک لە ڕووی ئابوورییەوە کوردستانیان پشتگوێ خستووە. ئەمەش وای کردووە کە ‏گەشەیەکی ناهاوسەنگ (‏uneven development‏) لەنێوان ناوچە کوردستانییەکان‌ بە بەراورد بە ناوچەکانی نەتەوەی باڵادەست (تورک، فارس و عەرەب) ڕووبدات. بێجگە لە بەدواکەوتوویی مانەوەی هەر چوار پارچەکەی کوردستان وەک ئاکامێکی ئەم سیاسەتە بەئانقەست و سیستەماتیکە، کۆچی بە کۆمەڵی کوردی لە ناوچەکانی خۆیان بۆ شارە گەورەکانی وەک تاران، تەورێز، بەغدا، ‏ئەستەمبوڵ، ئەزمیر، دیمەشق و حەلەبی لێکەوتۆتەوە کە پڕۆسەی توانەوەی کورد ئاسانتر کردووە.
ژمارەی ‏کورد لە ئەستەمبوڵ کە سەنتەرێکی ئابووری و پێشەسازی تورکیایە نزیک بە سێ ملیۆنە کە بەشی هەرە زۆریان لە ئاکامی ‏بەئەنقەست پشتگوێخستنی باکووری کوردستان، یان بەشەڕگەبوونی کوردستان، کۆچیان کردووە. لە عێراق، بەهەمانشێوە، تا هەشتاکان چاڵە گەورە دۆزراوەکانی ‏نەوت لە عێراق زۆربەیان لە باشووری کوردستان بوون کەچی لەو نۆ پاڵاوگە نەوتییەی کە تا ٢٠٠٣ لە عێراق دروستکرا بوون ‏تەنیا یەک دانەی لە کوردستان بوو. لەڕاستیدا، ئەو دانەیەش زیاتر بۆ تەعریبکردنی کەرکووک کەڵکی لێ وەردەگیرا لەلایەن حکومەت، ئەویش بەهێنانی کارمەند و کرێکاری عەرەب بۆ پاڵاوگەکە. لە ‏ئێران، سیاسەتی ناگەشە (de-development) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کوردی کردووە بە دەستی کاری کاتیی و هەرزان لە شارە ناکوردییەکانی ئێران. بۆ نموونە، کوردێکی زۆر لە ئێران لە کورەکان کاردەکەن یان کۆڵبەری ‏دەکەن، کە هەم ژیانیان بەردەوام لە مەترسیدایە، هەم پێگەی ئابووری و کۆمەڵایەتییان نزم ڕادەگرێ.
بە کورتی، بۆ مانەوەی نەتەوە و زمان، مەرجە کە یاسا و ستراتیج و میکانیزمی تۆکمە بسەپێنرێت و پەیڕەو بکرێت کە خۆی لە بەسێنتەرکردنی زمان، واتە زمانی نەتەوەکە بکرێت بە زمانی خوێندن و نووسین و فێرکردن و پەروەردەی گشتی و زانست و مەعریفە و بازاڕ و کار. بۆ ئەم ستراتیجییەتە گرنگە و ئامانجە مەزنە‏، دامودەزگا و دامەزراوەی حکومی (بۆ جێبەجێکردن و سەپاندن)، پەرلەمانی (بۆ ڕێگەپێدان و یاسادانان)، واتە دەوڵەت یان دەوڵەتئاسا، زەرورەتێکی حەیاتییە. لە غیابی ئەمانە نەتەوە و زمان ئەگەرەکانی پووکانەوەی دێتەگۆڕێ و لەناودەچێت.

بەرئەنجامی هەر چوار بەشەکە
ئەم بابەتە تەرخان کرابوو بۆ وەڵامدانەوەی دوو پرسیاری سەرەکی، کورد وەک گرووپێکی ئیتنی سەدان ساڵ لەژێر سێبەری ئیمپراتۆرییەتەکان بوون کەچی زمانەکەیان لە دەست نەداوە؟ ئەدی بۆ وەک گرووپێکی نەتەوەیی لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەت-نەتەوەدا ئەگەری ونبوون و نەمانی هەیە؟ سەرەتا، سروشت و دۆخ و ژینگەی ئیمپراتۆرییەت بەراورد کرا بە هی دەوڵەت-نەتەوە. لەژێر ڕووناکیی بەراوردکارییەکە بەو ئاکامە گەیشتین کە هۆکاری هەرە سەرەکی مانەوەی کورد لەناو قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆرییەتەکان (هەر لە ئەمەوی و عەباسییەکانەوە بگرە تا دەگاتە عوسمانی و سەفەوییەکان) بوونی فرەجەمسەریی و قەبوڵکردنی فرەیی بووە لە ئیمپراتۆرییەتەکان کە ژینگەیەک تێیاندا ڕەخسابوو کورد و زمانەکەی هەڕەشەی وجودییان لەسەر نەبووە. هاوکات، ڕۆڵی خێزان لە گەیاندن و گواستنەوەی زمان و کولتوور و ناسنامە لەنێو ئیمپراتۆرییەتەکان بەراورد کرا بە ڕۆڵی لەنێو دەوڵەت-نەتەوەدا. لەوێش بەو بەرئەنجامە گەیشتین کە خێزان یەکەیەک و دامەزراوەیەک بووە لەوەی یەکەم کە تاڕادەیەکی ئێجگار زۆر سەربەخۆییانە کاری کردووە و توانیویەتی زمان و کولتوور و ناسنامە بپارێزت، بەڵام لە دەوڵەت-نەتەوە ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕۆڵی خێزان بەرتەسککراوەتەوە و دەوڵەت وەک دامەزراوەیەکی هەژموونگەرا بەسەر خوێندن و فێرکردن و پەروەردە پێگەی خێزانی لاواز کردووە و ڕۆڵی گەیاندن و فێرکردنی زمان و کولتوور و ناسنامەی تاڕادەیەک لێ ئەستاندووە. لە ئاکامدا، بەو ئەنجامە گەیشتین کە ئەگەر خێزان پارێزەری زمان و کولتوور و ناسنامەی کورد بوو بێت لەنێو ئیمپراتۆرییەتەکان، ئەوە بەو هۆکارەی کە خێزان لاواز بووە و بەو هۆکارەش کە دامەزراوەکانی دەوڵەت نەک هەر پارێزەری زمان و کولتوور و ناسنامەی کورد نەبوون، بەڵکوو تەواوی توانای خۆیان وەگەڕخستووە بۆ هاڕین و لەناوبردنی، بۆیە ئەگەرەکانی پووکانەوەی زمانی کوردی، دواجاریش، لە دوورمەودا، لەناوچوونی کورد هاتۆتە گۆڕێ.
ئەمانە و ئەو هۆکارانەی دیکە کە لە بابەتەکە گفتوگۆ کراون بوونەتە مایەی مانەوەی گرووپە ئیتنییەکان لەژێر سایەی ئیمپراتۆرییەتەکان و پووکانەوە لەژێر نیری دەوڵەت-نەتەوەکان. دامەزراوەکانی دەوڵەت-نەتەوە لەبەرئەوەی ئەختەبووتیانە دەستوەردان لە هەموو شتێک دەکەن و وەک ماشێنێک جیاوازییەکان دەهاڕن و لە ڕێگەی سیستەمی خوێندن و ناوەندگەرایی جیاوازییەکان دەکوژن. مەزەندە دەکرێت لە سەد ساڵی ڕابردوو لانیکەم دە ملیۆن کورد وەک بوون نا بەڵکوو وەک زمان و کولتوور و ناسنامە لەناوبردرابن، بەهێزی ڕەق و بە هێزی نەرم. دەوڵەت لە هەر شوێنێک بێت نەتەوەی زاڵ ‌و سەردەست‌، کولتووری زاڵ‌ و سەردەست، زمانی زاڵ ‌و سەردەستی دەبێت، دیموکراسی بێت یان دیکتاتۆری، بە خۆشی بێت یان بە زۆر، لە ماشێن ‌و دەستاڕی دەوڵەت جیاوازییەکان دەهاڕدرێن ‌و یەکبوون و ستاندارد دروست دەبێت. بۆیە کورد دەوڵەتی نەبێت ئەمڕۆ نا سبەی لە ماشێنی دەوڵەتی نەتەوەی سەردەست دەهاڕدرێت.

سەرچاوەکان
الفاسي، علال. (١٩٥٢). النقد الذاتي. القاهرة: المطبعة العالمیة.
وزارة التربیة (١٩٩٠) المطالعة التوجیهیة للصف السادس الادبی، بغداد: وزارة التربیة – الجمهوریة العراقیة.
Anderson, Benedict (1991). Imagined Communities: Reflections on the Origin and Spread of Nationalism, London: Verso.
Kramsch, Claire (1998). Language and Culture. Oxford: Oxford University Press.
Skutnabb-Kangas, Tove & Bucak, Sertaç (1994). “Killing a mother tongue, how the Kurds are deprived of linguistic human rights”. In Skutnabb-Kangas, Tove & Phillipson, Robert (Eds.), Linguistic Human Rights. Overcoming Linguistic Discrimination. Berlin: Mouton de Gruyter, pp. 347-370.
Stavenhagen, Rodolfo (1996). Ethnic Conflicts and the Nation-State. New York: Palgrave Macmillan.




میرزا حه‌سه‌ن كوردستانی، نووسه‌ره‌ ونه‌كه‌ی ڕواندزێ.. یاسین برایم

ئه‌و نووسه‌ره‌، له‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كانی ساڵانی بیستی سه‌ده‌ی بیسته‌م، ناوی هه‌یه‌، به‌ڵام له‌نێو ڕا و بۆچوونی توێژه‌ران و نووسه‌ران، ون كراوه‌؛ كه‌سێكی چالاك و ڕۆشنبیر و كوردپه‌روه‌ر و باوه‌ڕپێكراو و نووسه‌ری تایبه‌تی سه‌ید ته‌ها بووه‌ له‌ ڕواندز. ئه‌و له‌ نێو شۆڕش و بزوتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیزمی كوردی، نازناوی كوردستانی هه‌ڵده‌گرێت و شانازی پێوه‌ ده‌كات و به‌و ناوه‌ش نووسینی بڵاوكردۆته‌وه‌.

حه‌سه‌ن كوردستانی: ناوی ڕاسته‌قینه‌ی میرزا حه‌سه‌ن عه‌بدولقادر گه‌یلانییه‌. ئه‌و میرزایه‌1، له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشه‌كه‌ی سمكۆ شكاك، له‌ زێدی خۆی نامینێت، له‌ ڕواندز نیشته‌جێ ده‌بێت. ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ كچێكی شكاك پێكهێناوه‌، خێزانی ناوی (مه‌میخان ئه‌حمه‌د شاهین 1/7/1903_12/11/1986)، له‌ هۆزی شكاك بووه‌، له‌ ڕواندز ژنێكی به‌ناوبانگ بوو. میرزا حه‌سه‌ن، له‌گه‌ڵ سه‌ید ته‌ها بووه‌، خێزانی دووه‌می سه‌ید ته‌هاش، ناوی گولیزارخان2بووه،‌ كچی جه‌عفه‌ر ئاغای شكاك، برای سمكۆ شكاك. ئه‌و ژنه‌ش له‌و خێزانه‌ بووه‌، شكاك بووینه‌. میرزا حه‌سه‌ن له‌ ڕێگه‌ی ژنیه‌وه‌، تێكه‌ڵی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ ده‌بێت، كه‌ خزمی ماڵی سه‌ید ته‌ها، قائیمقامی ڕواندز (1923_1928) و (سه‌ید عه‌بدوڵڵای شه‌مزینی) به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی هه‌ریر بووه‌. كاتێ سه‌ید ته‌ها ده‌بێته‌ قائیمقامی ڕواندز، ئه‌و ده‌بێته‌ نووسه‌ری ئه‌و. ڕۆح به‌ ڕۆح بووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و، هه‌موو پرس و ڕایه‌كانی به‌ ئه‌و كردووه‌، له‌سه‌رده‌می خۆی زۆر چالاك بووه‌. زمانی توركی و عه‌ره‌بی و فارسی باش زانیووه‌، شتی نووسیوه‌، شاعیر و وه‌رگێڕ بووه‌، خوێنده‌وارێكی باشی هه‌بووه‌، پیاوێكی به‌دین و ئه‌هلی مزگه‌وت بووه‌.
ده‌ربا‌ره‌ی ساڵی له‌دایكبوون و مردنی، نه‌وه‌یێكی ئه‌و ده‌ڵێت: “باپیرم تاقانه‌بووه‌ به‌ جاحێلی ژنی هێناوه‌، باوكم به‌ ڕه‌حمه‌ت بی ده‌یگوت، ئه‌وكاته‌ی باوكم مرد، ته‌مه‌نم حه‌وت ساڵان بوو، ئه‌ویش تاقانه‌بوو، له‌ ڕواندز، كچیكی هه‌بووه‌ به‌ناوی نه‌جیبه‌، هاوسه‌ری محه‌مه‌د قودسی بووه‌ له‌ ڕواندز مردووه‌ و له‌ گۆڕستانی گه‌رده‌گه‌رد نێژراوه‌3. هه‌ر ئه‌و كوڕ و كچه‌ی هه‌بووه‌، داپیره‌م له‌سه‌ر ئه‌و دوو منداڵه‌ دانیشتوه‌و زۆر به‌جوانی به‌خێوی كردوون. باوكم حوسێن كه‌ به‌ حوسینی مه‌می خانێ ڕواندزی4 ناسراوه‌، له‌ ساڵی 1924 له‌ ڕواندز له‌ دایكبووه‌، ساڵیك یا دوو ساڵ له‌ خوشكی خۆی نه‌جیبه‌ گه‌وره‌تر بووه‌، براگه‌وره‌ بووه‌و له‌ ڕواندز ده‌چنه‌ به‌رخوێندن”1.
ده‌رباره‌ی مردنی میرزا حه‌سه‌ن، به‌ڵگه‌ و سه‌رچاوه‌یه‌كی نووسراوم ده‌ستنه‌كه‌وت، ئه‌وه‌ی له‌ نه‌وه‌كه‌ی میرزا حه‌سه‌ن پێم گه‌یشتووه‌ :”له‌ هه‌ولێر مردووه‌، له‌ناو بازاڕی هه‌ولێر پیاوچاكێك هه‌یه‌ له‌وی نێژرابوو، به‌س گۆڕه‌كه‌ی به‌ر شه‌قامی گشتیی كه‌وتووه‌ و نه‌ماوه‌”2 پێده‌چێت سه‌ره‌تای ساڵی سییه‌كان مردبێت، چونكه‌ به‌ پێی ته‌مه‌نی له‌ دایكبووی حوسێنی كوڕی، كه‌ وتویه‌تی ئه‌و ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵ بووه‌ كه‌ باوكی مردووه‌، ئه‌ویش له‌ ساڵی 1924 له‌دایكبووه‌. ڕه‌نگ بێ له‌ 1890 به‌سه‌ره‌وه‌ تا سه‌ره‌تایی سه‌ده‌ی بیسته‌م، كه‌ نێزیكه‌ له‌ته‌مه‌نی هاوسه‌ره‌كه‌ش، له‌دایكبووبوونی نێزیك بێت، له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واریش، وا باوه‌ منداڵی تاقانه‌، زوو ژنی بۆدێنن. ڕه‌نگه‌ ته‌مه‌نی (35_40) ساڵێك بووبێت. زۆر سۆراغی زانینی مێژووی له‌ دایكبوون و مردنم كرد، چ به‌ڵگه‌یه‌كی وام ده‌ستنه‌كه‌وت. ئه‌و كتێبانه‌ی له‌سه‌ر ڕواندزیش نوسراون، به‌داخه‌وه‌ چی وام به‌رچاو نه‌كه‌وت. زیاتر باس له‌ ڕۆشنبیری و كوردپه‌روه‌ری كوڕه‌كه‌ی ده‌كه‌ن و بنه‌ماڵه‌كه‌یان له‌ ڕواندز ناسراون. “میرزا حه‌سه‌ن، پیاویكی كوردپه‌روه‌ر و شۆڕشگێڕبووه‌، یه‌كێك بووه‌ له‌ كه‌سه‌ ناسراوه‌كانی سمكۆ شكاك و به‌رانبه‌ر داگیركه‌رانی ئه‌وسای ئێران جه‌نگاوه‌و به‌شداری شۆڕشه‌كه‌ی ئه‌وی كردووه‌‌؛ هه‌روه‌ها میرزا حه‌سه‌ن سه‌ركرده‌یه‌كی سه‌ربازیی بووه‌ له‌ هاوكاریكردن و به‌رگیریكردنی له‌ چیاكانی ڕواندز و كورده‌كانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ و باوه‌ڕپێكراو و پشتیوانی گه‌وره‌ی هێزه‌كه‌ی سه‌ید ته‌ها بووه‌ له‌ناوچه‌كه، له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌ید ته‌ها له‌ بنه‌ماڵه‌یێكی دینی بووه‌، بۆ كێشه‌ی هۆز و عه‌شیره‌ته‌كانی ناوچه‌كه، سوودی له‌ پێگه‌ ئایینی و سیاسییه‌كه‌ی وه‌رده‌گرت له‌ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی ڕوو‌یان ده‌دا، میرزا حه‌سه‌ن له‌م بواره‌ ڕۆڵی ده‌گێڕا‌‌ و ڕێزیان لێده‌گرت و به‌و ئیشانه‌ی سه‌یه‌ ته‌ها هه‌ڵده‌ستا و كێشه‌ی خه‌ڵكی چاره‌سه‌ر ده‌كردن”3.
نه‌وشیروان مسته‌فا، له‌باره‌ی ئه‌م ڕۆشنبیره، ده‌ڵێت: “ئه‌بێ نازناوی یه‌كێ له‌ ڕۆشنبیره‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بێ”4 هه‌روه‌ها له‌ به‌رگی یه‌كه‌می ڕۆژنامه‌ی ژیان، له‌ باسكردنی ناوی نووسه‌ران و شاعیرانی ئه‌و ڕۆژنامه‌یه‌ ناوی دێ، به‌ڵام زانیارییه‌كان ئامانجی خۆیان ناپێكن و ته‌نها هه‌ر گومان و ڕا و بۆچوونه‌. به‌م شێوه‌یه‌ ئاماژه‌ی بۆ كراوه ‌”دوور نییه‌، ئه‌گه‌ر ڕاست ڕه‌واندزی بووبێ، ناوی خواستراوی (ئه‌مین ڕواندزییه‌)ی نیشتمانپه‌روه‌ری كوردی بی، كه‌ ئه‌وكات ئه‌فسه‌ری سوپا بووه‌، به‌ ناوی مه‌لا حه‌سه‌نی باوكی نووسیبێتی. (وه‌طه‌نمیلله‌ت، وه‌طه‌نی، میلله‌ت) ئه‌ی ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌ ژماره‌ (16)ی (دیاری كوردستان)یش بڵاوبویته‌وه‌، ئه‌گه‌ر واشنه‌بێ، له‌وانه‌یه‌ یه‌كێ تر بێ بۆ شوێنونی ونه‌ناسرانه‌وه‌، كه‌ جێ و ڕێ و ناوی خۆی گوڕیبێ”5. به‌ دووری ئه‌زانم ئه‌وه‌ ناوه‌ ڕاسته‌قینه‌ بێ، ڕه‌واندزی ناوه‌ندی ساڵانی بیست كه‌سی ناسراویان به‌و ناوه‌ تێدا نه‌بوه‌. بۆیه‌ زۆرتر پێئه‌چێ خواستراو بێ، به‌ گومانه‌وه‌ بیرم بۆ “حوسێن حوزنی موكریانی” چووه‌. برای نووسه‌ر به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا زه‌نگه‌نه 21/1/2001 پشت به‌ستوو به‌ چه‌ند به‌ڵگه‌ و شیكردنه‌وه‌یه‌ك جه‌ختی كرد كه‌ ئه‌وه‌ “سه‌ید ته‌های نه‌هری”یه‌. حه‌سه‌ن كوردستانی له‌ “ژیانه‌وه‌” و “ژیان” و (زاری كرمانجی)شدا نووسینی بڵاوكردۆته‌وه‌.6 “حه‌سه‌ن كوردستانی” له‌ وتاری “چه‌ند خۆشه‌ ئینسان چشتی كه‌ له‌ دڵیایه‌ به‌ ئه‌زمانی ماده‌رزادی خۆی به‌یانی بكا” دا جه‌ختی كردووه‌ كه‌ “مه‌كاتب و مه‌عاریفمان زۆر لازمه‌ چونكه‌ مه‌داری حه‌یات، ئه‌م نه‌خته‌ ماڵ و مه‌ڕ و جووت نییه‌. كورد به‌ عمومی موحتاجی عیلم و مه‌عاریف وته‌ربیه‌یه‌ تاكه‌ ئه‌قللا ئه‌ولاد و ئه‌حفادمان قه‌دری دین و قیمه‌تی وه‌طه‌نی خۆیان بزانن”. له‌ وتاری “وه‌طه‌ن، میلله‌توه‌طه‌نی میلله‌ت”یشدا به‌و په‌ری حه‌سره‌ته‌وه‌ وتوویه‌”خوڵاصه‌ هه‌ر شتێ به‌ قه‌ده‌ر زه‌ڕڕه‌یێ نه‌فه‌ع و ته‌رقی میلله‌ت و مه‌مله‌كه‌نی تێدا بێ: زراعه‌ت، تیجاره‌ت، صه‌ناعه‌ت و … هه‌موو موقه‌د‌ده‌ساتن و هه‌مووشیان فه‌رعن له‌ بۆ مه‌عاریف، چونكه‌ عموومه‌ن به‌ واسیطه‌ی سه‌عی و مه‌عاریف مومكین ده‌بن. بێ مه‌عاریف مه‌عریفه‌ت نابێ، تا مه‌عریفه‌ش نه‌بێت ڕێ به‌ مه‌نزڵ بردن و مه‌قسه‌د گه‌یشتن هیچ مومكین نییه‌. به‌س مه‌علووم بوو نه‌جاتمان به‌ مه‌عاریفه‌، حه‌یاتمان به‌ مه‌عاریفه‌ بێ مه‌عاریف كارمان زه‌حمه‌ته‌ (ئاخ بۆ مه‌عاریف)، مه‌عاریف بۆچی فه‌قه‌ط له‌ وڵات و مه‌مله‌كه‌تی ئێمه‌دا حوكمی عه‌نقا و صووره‌تی كیمیات هه‌یه‌”.7
میرزا حه‌سه‌ن، كه‌سێكی ڕۆشنبیر و تێگه‌یشتوو و ئاگاداربووه‌ له‌ بارودۆخی سیاسیی و ڕۆشنبیری سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی، له‌ ساڵانی بیستی سه‌ده‌ی ڕابردوو،‌ دێته‌ مه‌یدان و قه‌ڵه‌مه‌‌كه‌ی ده‌خاته‌ خزمه‌تی گه‌ل و نیشتمان، نووسین له‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كانی ئه‌وكات بڵاوده‌كاته‌وه‌. ئه‌گه‌ر ئاوڕێك بۆ هه‌ندێك نووسینی ئه‌م ڕۆشنبیره‌ بده‌ینه‌وه‌، گه‌وره‌ی ئه‌و مرۆڤه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، له‌ ڕۆژنامه‌ی ژیان، بابه‌تی (شه‌رم و عار زۆر عه‌زیزن، له‌وانیش عه‌زیتر غیره‌ت و عیبره‌ته‌) ژماره‌ (3) و له ژماره‌‌ (16) و (17) بابه‌تی (وه‌طه‌ن، میلله‌ت، وه‌طه‌نی، میلله‌ت) به‌ دووجار دابه‌زیوه‌. له‌ (گۆڤاری دیاری كوردستان)، سێ بابه‌تی به‌رچاو ده‌كه‌ون. وه‌ك (چه‌ند خۆشه‌ ئینسان چشتی كه‌ له‌ دڵیایه‌ به‌ ئه‌زمانی ماده‌رزادی خۆی به‌یانی كا)، له‌ ژماره‌ (7)ی 18ی حوزه‌یرانی 1925 بڵاوكردۆته‌وه‌و گۆڤاره‌كه‌ش له‌ژێر هه‌مان بابه‌ت وه‌ڵامیكی جوان و ده‌ستخۆشیان بۆ حه‌سه‌ن كوردستانی نووسیوه‌. هه‌ر له‌و ژماره‌یه‌‌، بابه‌تێكی سه‌ید عه‌بدوڵڵای شه‌مزینی هه‌یه‌؛ ڕێی تێده‌چێت پێكه‌وه‌ ئه‌و بابه‌تانه‌یان بۆ ئه‌و گۆڤاره‌ نووسی بێـت، چونكه‌ ئه‌م كه‌سایه‌تییه‌، دۆستیكی نێزیكی ئه‌و بووه‌. له‌ ژماره‌ (16)ی دوو بابه‌تی ئه‌وی به‌ناوی (وه‌طه‌ن، میلله‌ت_ وه‌طه‌نی، میلله‌ت)، (له‌ حه‌قی نووسینی تازه‌)8 هه‌یه‌. هه‌روه‌ها له‌ ژیانه‌وه‌ و زاری كرمانجی وتاری ده‌بینین.
له‌سه‌رده‌می سه‌ید ته‌های شه‌مزینی، ماڵی میرزا حه‌سه‌ن له‌ ڕواندز بووه‌، حوزنی موكریانیش دۆستی ئه‌و و میرزا بووه‌، بابه‌تی له‌ گۆڤاری زاری كرمانجی به‌رچاو ده‌كه‌وێت، له‌وانه‌: (التی دیفاعیه‌مان گازانده‌یه)9، (مقام انسان زور بلنده‌ (ما انسان))10، هه‌روه‌ها بابه‌تێكی دیكه‌ به‌ پیت نوسراوه‌ (م. ح) به‌ناوی ردیه‌ بو وكیلیكی …. ملت)11 پێدچێ ئه‌مه‌ ناوی كورتكراوی میرزا حه‌سه‌ن بێت! له‌ ڕووی شێوازه‌وه‌ له‌ نووسینی ئه‌و نێزیكه‌. هه‌روه‌ها له‌ ژماره‌ی دواتر به‌ هه‌مان ناونیشان، گۆڤاره‌كه‌، بابه‌تێكی ڕۆژنامه‌ی (الاوقات البغدادیة‌)، ژماره‌ (4247)، بۆ خوێنه‌رانی گۆڤاره‌كه‌ كردووه‌ به‌ كوردی.
ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ گرینگه‌ و هیچ گومانێكیش هه‌ڵناگرێ، ناساندنی به‌رهه‌می میرزا حه‌سه‌ن كوردستانییه له‌ گوڤاری زاری كرمانجی‌. دوو ڕیكلام بۆ دوو كتێب كراوه‌ له‌ یه‌ك لاپه‌ڕه‌، وه‌ك مژده‌یه‌كی خۆش به‌ خوێنه‌ران دراوه‌، به‌ بایه‌خه‌وه‌ باسی سووده‌كه‌ی ده‌كات. گۆڤاره‌كه‌ ده‌ڵێت: “كتیبانیكی كه‌ بو چاپ كردن حاضر كراون:
(ترازن)
(له‌ سر لهجه‌ی شمالیه‌، سد و پازده‌ سربهوردی واقعی یه‌ نه‌ك خیالی، به‌ مناسبتی هر سربهورده‌ی رسمیكی تیدایه‌، بو لاوانی مكتب زور به‌ كه‌لك و باشه‌، له‌ نشریاتی زار كرمانجی یه‌).

(خیوی رازان)
(كتیبیكی سد و چل حكایتی خیالی یه‌ نه‌ك واقعی، له‌ سر لهجه‌ی جنوبه‌، به‌ مناسبتی هر حكایته‌ی رسمیكی تیدایه‌، له‌ طرف حضرت غبور, فاضلی محترم (میرزا حسن كوردستانی)یه‌وه‌ ترجمه‌ و ریكخراوه‌، اثريكی گه‌لیك چاك و به‌ قازانجه‌ بو لاوانی ریزی چواره‌م و پینجه‌م. له‌ مزره‌كه‌ی زار كرمانجی دا به‌و زوانه‌ ده‌ست به‌ كلیشه‌ كولان و دامزراندنی ده‌كریت.)12
ئه‌گه‌ر له‌م دوو ناونیشانه‌ و وردبینه‌وه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌مه‌ دوو كتێبی جیاوازن، كه‌چی له‌ ڕووی ناونیشانه‌كه‌، نێزیكایه‌تیان هه‌یه‌، یه‌كه‌م (ترازن) و دووه‌م (رازان)، هیچ گومانی تێدانییه‌، ئه‌مه‌ هی یه‌ك نووسه‌ره‌، ئه‌ویش میرزا حه‌سه‌نه‌. من نازانم (د. كوردستان موكریانی) له‌سه‌ر ئه‌م هه‌واڵه،‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ ده‌داته‌ پاڵ كه‌سێكی دیكه‌، كه‌ ناوی له‌ هه‌واڵه‌كه‌‌ نه‌هاتووه‌. له‌ پێشه‌كی گۆڤاری زار كرمانجی ده‌بێژێت “ته‌رازن یادگاری سه‌ید طه‌هایه‌”13سه‌ید ته‌ها پیاویكی ڕۆشنبیر بووه‌ و به‌ڵام نووسه‌ر نه‌بووه‌! “هه‌موو شته‌كانی ئه‌و پارێزرابوون و نووسین و شته‌كانی، به‌داخه‌وه‌ له‌ ساڵی 1974 له‌ ڕواندز ئێمه‌ ئاواره‌ی ئێران بووین و هه‌موو شته‌كان فه‌وتان و ماڵ و خانوومان ڕوخا و سووتا. ئه‌و شتانه‌ی هه‌یبوو هیچی ده‌رنه‌چوو، نه‌ك هی باپیرم به‌ڵكو هی باوكیشم، كه‌ ژیاننامه‌ی خۆی و شیعریشی هه‌موو له‌ناو چوو. له‌سه‌رده‌می خۆی شتی نووسیوه‌. باوكم ئه‌و شتانه‌ی خۆشده‌ویستن، نه‌یده‌هێشت لێیان نێزیك بكه‌وینه‌وه‌”14
ڕێبین سه‌عید مه‌لا، له‌ ماسته‌رنامه‌كه‌ی خۆیدا له‌سه‌ر (سه‌ید ته‌های نه‌هری)، زۆر به‌جوانی ئاماژه‌ی به‌ ڕۆڵی سه‌ید ته‌ها داوه‌ له‌ بواری ڕۆشنبیری؛ له سه‌ر نووسینیش، ده‌ڵێت: “به‌شێك له‌ نووسه‌ران پێیان وایه‌ سه‌ید ته‌ها ده‌ستی نووسینی به‌هێزی هه‌بووه‌، له‌ چه‌ندین ڕۆژنامه‌ و گۆڤاردا بابه‌تی هه‌مه‌ڕه‌نگی به‌ناوی خواستراو بڵاوكردۆته‌وه”‌15، هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی نه‌خستۆته‌ ڕوو، كه‌ ده‌ڵیت (چه‌ندین یا ده‌ستی نووسینی به‌هێزی)هه‌بوو، ده‌كرا ئاماژه‌ی به‌ یه‌ك نووسین بكردبوایه؛ ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ سه‌ر ڕای نووسه‌رێكی دیاركراو، ئه‌ویش به‌ڵگه‌كانی باوه‌ڕپێكراو نین. بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ڕایه‌كه‌ی عه‌بدوڵڵا زه‌نگه‌نه‌، له‌سه‌ر زاری ئه‌و ده‌ڵێت :”ده‌مێك بوو به‌ دوای كه‌سێتی (حه‌سه‌ن كوردستانی) وێل بووم، ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ چه‌ندین نووسین و بابه‌تی هه‌مه‌ڕه‌نگی له‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كانی كوردی بڵاوكردۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ی سه‌رنجی زیاتری منی ڕاكیشا ئه‌وه‌ بوو، كه‌ نه‌ژادی عه‌بدوڵڵای عه‌زیز بابه‌تێكی له‌ ژماره‌ی 23ی گۆڤاری گولانی عه‌ره‌بی بڵاوكردبۆوه‌. له‌ ژماره‌ (55) ژیانه‌وه‌ بابه‌تێك به‌ناونیشانی (مهاجرام انصار) له‌ نووسینی حه‌سه‌ن كوردستانی بڵاوكرایته‌وه، نووسه‌ر پێی وایه‌ حه‌سه‌ن كوردستانی ناوی خواستراوی ڕۆژنامه‌نووس و مێژوونووس حوسێن حوزنیی خاوه‌نی زاری كرمانجییه‌. به‌ڵام عه‌بدوڵڵا زه‌نگه‌نه‌ به‌ پشتبه‌ستن به‌ چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌ك پێی وایه‌ ئه‌و حه‌سه‌ن كوردستانییه‌ سه‌ید ته‌های نه‌هرییه‌، له‌سه‌ر‌ هه‌مان بابه‌ت عه‌بدوڵڵا زه‌نگه‌نه‌ به‌ڵگه‌كان له‌گه‌ڵ نووسه‌ر تاوتوێ ده‌كات پاشان ئه‌ویش به‌ڵگه‌كانی پێ ماقوول بووه‌، كه‌ حه‌سه‌ن كوردستانی سه‌ید ته‌هایه‌”16.
‌ دوای ڕۆیشتنی سه‌ید ته‌های شه‌مزینی له‌ ساڵی 1928 بۆ ئێران، شه‌هیدكردنی سمكۆ شكاك له‌ ساڵی 1930، ئه‌مانه‌ كاریگه‌ری خراپ ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ژیانی میرزا حه‌سه‌ن، وه‌لی ئه‌و له‌گه‌ڵ سه‌ید ته‌ها ناچێت و له‌ ڕواندز ده‌مێنێته‌وه‌. ئیدی له‌ دوای ئه‌و ڕووداوانه‌ بارودۆخ و گوزه‌رانی به‌ره‌و خراپی ده‌چێت، دواتر به‌ هۆی نه‌خۆشی له‌ هه‌ولێر ده‌مرێت، ئه‌مه‌ سه‌ره‌تایی سییه‌كانه‌ و ئیدی نووسینی ئه‌ویش نامینێت، خێزانه‌كه‌شی له‌سه‌ر دوو منداڵه‌كه‌ی داده‌نیشێت. ده‌رباره‌ی شیعره‌كانی چم ده‌ستنه‌كه‌وت، ته‌نها له‌ پارچه‌ نووسینێك، چوارینه‌یه‌كی به‌كارهێناوه‌، پێده‌چێت ئه‌مه‌ هی خۆی بێت!
بو حه‌یات و ژین و شخصی كم بكوشه‌ ئه‌ی رزیل
تا به‌ چنك اغیار خو نخوارت نبی خوار و زه‌لیل
توامنده‌ زلتت دی چاوی عبرت هل بره‌
شرمه‌ بی شرمی هتا كی بسیه‌ اماره‌ و ده‌لیل17
له‌ ئه‌نجامی ئه‌و نووسینه‌، ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه‌، هه‌موو ئه‌و نووسینانه‌ی باسی حه‌سه‌ن كوردستانی ده‌كه‌ن و ده‌یده‌نه‌ پاڵ نووسه‌ری دیكه‌، دوورن له‌ ڕاستیی، پاش مردنی كوڕه‌كه‌ی بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ و یان كوڕه‌كه‌ی نه‌یبینوون، بۆ ئه‌وه‌ی ڕاستییه‌كانیان بۆ ده‌ربخات. زۆر له‌ وێنه‌كانی سه‌ید ته‌های شه‌مزینی و بنه‌ماڵه‌كه‌یم ڕوانی، وێنه‌ی ئه‌وه‌م ده‌ستنه‌كه‌وت، كه‌سێكی دیكه‌ به‌ ناوی (فه‌قێ حه‌سه‌ن گه‌یلانی)، كه‌ ئه‌ویش له‌گه‌ڵ سه‌ید ته‌ها بووه‌، بوونی هه‌یه‌. ڕه‌نگه‌ هه‌ر ئه‌م ناوه‌ش بێت وایكردبیت ناوی خۆی میرزا حه‌سه‌ن عه‌بدولقادر گه‌یلانی، كردبێته‌ حه‌سه‌ن كوردستانی، بۆ جیاكردنه‌وه‌ له‌ حه‌سه‌نه‌كه‌ی دیكه! به‌داخه‌وه‌ ئه‌گه‌ر هاتبوایه‌، له‌ ساڵانی هه‌شتاو به‌ر له‌ مردنی (مه‌میخان)ی هاوسه‌ری و كوڕه‌كه‌ی فریای ئه‌وه‌ كه‌وتباینه‌و چه‌ندین ڕاستیی دیكه‌مان له‌سه‌ر ئه‌و مرۆڤه‌ مه‌زنه‌ بۆ به‌دیار ده‌كه‌وت.

سه‌رچاوه‌ و په‌ڕاوێز
*1 كاتی خۆی یه‌كێك زۆر خوێنده‌وار بوایه‌ ئه‌فه‌ندیان پێ ده‌وت یا میرزا، له‌ ڕواندز و ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی میرزا به‌كارناهێت، بۆیه‌ زوو گومانم له‌ ڕواندزبوونی ئه‌و نووسه‌ره‌ هه‌بوو، تا نیشتمان خان نه‌وه‌ی میرزا حه‌سه‌ن ددانی پیدانا و وتی به‌ڕه‌چه‌ك باپیرم خه‌ڵكی پێنجوین بووه‌، ئێمه‌ دایك و باوكمان و خوشك وبرایه‌كان له‌ ڕواندز له‌ دایكبووین و شانازی به‌ شاری خۆمان ده‌كه‌ین و هه‌تا ده‌مرین ڕواندزین و بنه‌ماڵه‌كه‌شمان به‌ حه‌سه‌نی مه‌میخانی ڕواندزی ناسراون.
*2 گولیزارخان كچی جه‌عفه‌ر ئاغای شكاك، له‌ گوندی (جارێ)ی ڕۆژهه‌ڵات له‌ دایكبووه‌، ژنێكی به‌ناوبانگ و ناسراو بوو له‌ ڕواندز و ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی، به‌ ده‌ستهه‌ڵات و خاوه‌ن پێگه‌ی گه‌وره‌ بوو؛ زمانی توركی و فارسی و عه‌ره‌بی زانیوه‌ و ژنێكی خێرخوازو هه‌ژاردۆست بووه. سێ كوڕی له‌ سه‌ید ته‌های هه‌بوون، له‌وانه:‌ (سه‌ید عیزه‌ددین (چه‌یتۆ)، سه‌ید ئه‌حمه‌د‌ (هه‌كۆ)، سه‌ید ساڵح (دارۆجان). له‌ ساڵی 1975 مردووه‌. ڕێبین سه‌عید مه‌لا، (سه‌ید ته‌های نه‌هری)، ل61_65؛ عه‌قیله‌ ڕواندزی، (یاد و ئافه‌رین)، 2005، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 22_23.
*3 نه‌جیبه‌ میرزا حه‌سه‌ن: كچێكی تاقانه‌ و جوان و وشیاربووه‌، (1926!1944) له‌ ڕواندز له‌ دایك بووه‌، هاوسه‌ری محه‌مه‌د قودسی بووه‌. یه‌كه‌مین كچ بووه‌ كه‌ ساڵی 1934 چووه‌ قوتابخانه‌ و خوێندوویه‌، تا پۆلی شه‌شه‌می سه‌ره‌تایی ته‌واو كردووه، پا‌شان بووه‌ به‌ مامۆستا له‌ ڕواندز. كچێكی ڕۆشنبیر و زیره‌ك بووه‌. له‌ ژماره‌ (8)ی ساڵی 1944 گۆڤاری گه‌ڵاوێژ، بابه‌تیكی ئه‌و ده‌بیندرێت، به‌ناوی (اوریكی پاشه‌وه‌). ساڵی 1943 محه‌مه‌د قودسی پله‌كه‌ی به‌رز ده‌كرێته‌وه‌ به‌ ئه‌فسه‌ری سه‌ربازگرتن (ته‌جنید)، پاش شه‌ش مانگ هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ نه‌جیبه‌خان پێكده‌هێنێ. به‌ڵام ته‌مه‌نی ئه‌و هاوسه‌رگیرییه‌، كه‌م و خه‌مناك ده‌بێت. نه‌جیبه‌ خان به‌ منداڵبوونه‌وه‌ ده‌مرێت. له‌ گۆڕستانی گه‌رده‌گه‌رد، خۆی منداڵه‌كه‌ی ده‌نێژرێن، له‌و شوێنه‌ی كه‌ مه‌زارگه‌ی كوردۆی باویل ئاغای لێیه‌. به‌داخه‌وه‌ زۆر گه‌ڕاین، گۆڕه‌كه‌مان نه‌دۆزیه‌وه‌، گوایه‌ به‌ر شه‌قام كه‌وتووه‌. له‌ به‌ڵگه‌نامه‌ی (عقد زواج)ی محه‌مه‌د و نه‌جیبه‌خان، كه‌ له‌ دادگای ڕواندز كراوه‌ له‌ 20/3/1943، به‌ بڕی ماره‌یی پێشه‌كیی (60) دینار و بڕی ماره‌یی دواخراو (40) مسقاڵ زێڕه‌. محه‌مه‌د قودسی، له‌ جوانترین نامه‌ی ئه‌ڤینداریدا، كه‌ بۆ نه‌جیبه‌ خان نوسیویه‌تی. له‌ گۆڤاری گه‌ڵاویژ به‌ناوی (گه‌ڵاڕێزانه‌)، له‌ كۆتاییه‌كه‌ی ده‌ڵێت: “تۆ ڕۆیشتیت خه‌م و خه‌فه‌تت بۆ منی قور به‌سه‌ر به‌جێ هێشت.. ئاه له‌م ساڵه‌ چه‌ند شومه‌… چه‌ند ناخۆشه‌.. به‌ڕاستی گه‌ڵاڕیزانه‌.. كه‌وابوو بنو گیانه‌كه‌م.. نوستنیكی ئه‌به‌دی. بنو..” بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م نامه‌یه‌ بگه‌ڕێوه‌ بۆ گۆڤاری (گه‌ڵاوێژ)، ژ‌ (8)ی ساڵی1944، ل43-46. *4 حاجی حوسین میرزا حه‌سه‌ن (حوسێنه‌ فه‌ندیحوسینی مه‌می خانێ) له‌ 1/7 /1924 له‌ ڕواندز له‌ دایكبووه‌و 1943 ژیانی هاوسه‌ری پێكده‌هێنێت. له‌ ساڵی 1945 ده‌بێته‌ فه‌رمانبه‌ری پۆسته‌ له‌ سیده‌كان. له‌ حیزبی هیوا كاری كردووه‌، ساڵی 1947 به‌ هۆی كاری سیاسییه‌وه‌ ده‌زگیر ده‌كرێت بۆ ماوه‌ی ساڵێك و سێ مانگ له‌ كه‌ركووك ده‌مینێته‌وه‌. دواتر 1957 ده‌بێته‌ فه‌رمانبه‌ری ته‌ندروستی له‌ شه‌قڵاوه‌. له‌ ساڵی 1961 له‌ وه‌زیفه‌ ده‌رده‌كرێت، جاری سێیه‌م له‌ شاره‌وانی ڕواندز بۆ ماوه‌ی ده‌ ساڵ خزمه‌ت ده‌كات. دواتر ئاواره‌ی ئێران ده‌بێت. ساڵی 1976 ده‌یگوازنه‌وه‌ بۆ ناوه‌ڕاستی عێراق له‌ شاری هیت نیشته‌جێ ده‌بێت و ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌بێت. تا ساڵی 1985 له‌و ماوه‌یه‌ له‌ شاره‌وانی هیت ده‌بێته‌ فه‌رمانبه‌ر. دووجار سه‌ردانی ماڵی خوای كردووه‌. كابرایه‌كی كوردپه‌روه‌ و ڕۆشنبیر و به‌دین بووه‌، شێوه‌كارێكی ده‌سترڕه‌نگین و لێهاتوو بووه‌. ساڵی 1985 گه‌ڕایه‌وه‌ هه‌ولێر و ساڵی 1989 خۆی خانه‌نشین ده‌كات. له‌ به‌ره‌به‌یانی 7/6/ 2004 به‌ شێوه‌یه‌كی كتوپر گیانی ده‌سپێرێت و له‌ هه‌ولێر ده‌نێژرێت. منداڵه‌كانی (نه‌ریمان، دڵشاد، دلاوه‌ر، لوقمان، خه‌سره‌و، نیشتمان، كوردستان، نازه‌نین، نه‌سرین).

  1. نیشتمان حاجی حوسێن میرزا حه‌سه‌ن،1967، ڕواندز، دیمانه‌، دانیشتووی هه‌ولێر. 2024.
  2. دیمانه‌، نیشتمان.
  3. خه‌سره‌وه‌ حاجی حوسێن میرزا حه‌سه‌ن، 1971، ڕواندز، دووشه‌ممه‌ /17/3/ 2025، نامه‌ی تایبه‌ت‌، دانیشتووی سوید.
  4. ژیان به‌ته‌مه‌نترین ڕۆژنامه‌ی كوردی 1926_1938، نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی ، 2002، ل18.
  5. ڕۆژنامه‌ی ژیان، ئا: ڕه‌فیق ساڵح و لێكۆڵینه‌وه‌: سه‌دیق ساڵح، بنكه‌ی ژین، سلێمانی، به‌رگی یه‌كه‌م، 2002، ل11،
  6. گۆڤاری دیاری كوردستان (1925_1926) ئاماده‌كردنی ڕه‌فیق ساڵح و لێكۆڵینه‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین، سه‌دیق ساڵح، ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م، سلێمانی، 2001، ل42.
  7. سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل49.
  8. گۆڤاری دیاری كوردستان، ژ (16)ی مایسی 1926.
  9. زار كرمانجی، ژ (2)، 1926، ل3_4.
  10. زار كرمانجی، ژ (3)، 1926، 4-5.
  11. زار كرمانجی، ژ (9)، 1927، ل22_23.
  12. زار كرمانجی، ژ (12)، 25/1/ 1928، ل16.
  13. زار كرمانجی، ئاماده‌كردن و پێشه‌كی، د. كوردستان موكریانی، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2020، ل 54.
  14. دیمانه‌، نیشتمان.
  15. ڕێبین سه‌عید مه‌لا، سه‌ید ته‌های نه‌هری، هه‌ولێر، 2016، ل249.
  16. سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل249_250.
  17. گۆڤاری دیاری كوردستان.

    تێبینی : له‌ گۆڤاری ئاژین، زانكۆی سۆران. ژماره‌ (8)، به‌هار و هاوینی 2025بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.




من کاندیدم، دەتپەرستم ئەی پەرلەمان.. ئەحمەد ڕەسوڵ

من کاندیدم، دەنووشتێمەوە بۆ پۆست و پارە. سوژدەت بۆ دەبەم، ئەی کورسیی پەرلەمان. دەتپەرستم، ئەی مووچەی خەیاڵی. کڕنووشت بۆ دەبەم ئەی ژیانی ڤی ئای پی.

ئەگەر دەربچم، سوپاستان دەکەم.
ئەگەر دەرنەچم، ئێوە تەنها شایان بە دەسەڵاتی دوو بنەماڵەن

تەنها من دەرچم، ئیدی هەموو شتێک بە جەهەننەم.

هەر کاندیدێک، هەرچەندە لیستەکەی یان حزبەکەی دۆڕابێت یان پاشەکشەی کردبێت، بەڵام خۆی دەرچووبێت، دەڵێت پیرۆزە ئەم سەرکەوتنە.

ڕاستە ململانێی لایەنە گەورەکان لە گۆڕێیە، بەڵام لە بنەمادا یارییەکە بە تەواوی بەرژەوەندیی تایبەتیی و کەسییە.

هیچ کاندیدێک نییە، بە ووردیی پلان و بەرنامەی بۆ مووچە و ئیمتیازاتە ماددیەکانی دوای دەرچوونی دانەنابێت. هەر کەسێکیان لە خەمی دەستڕاگەیشتن بەو مووچە خەیاڵیی و سەرمایە مەعنەوی و ڕەمزییەی پەرلەمانە بۆ شەخسی خۆیان.

ئەم قسانە مانای ئەوە ناگەیەنن کە فڵان کاندید دوای دەرچوونی هەندێک قسە لە پەرلەمان ناکات و هەندێ هەڵوێستی میدیایی و گشتی نابێت لە بارەی مووچەی گورگانخواردوو کراوی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، یان لە هەندێک ڕێپێوان و خۆپیشاندان بەشدار نابێت یان بە مۆبایلەکەی هەندێک موداخەلەی خۆی لە پەرلەمان تۆمار ناکات و بڵاوی بکاتەوە.

بەڵێ ئەشێت هەموو ئەوانە بکات، بەڵام لە بنەمادا ئەوانە بۆ ئەو هەڵوێستی ئیختیاریین و هیچی تر نا. واتا دەکرێت هەموویان بکات، دەکرێت هەندێکیان بکات، یان دەکرێت کەمترینیان ئەنجام بدات و دواجار هیچ کەسێکیش ناتوانێت یەخەی بگرێت و بڵێت تۆ بێ هەڵوێست بوویت و داکۆکیکار نەبوویت لە بەرژەوەندی خەڵک. لیست و حزب و ئەم هەموو دەنگەی خەڵکت بۆ بەرژەوەندیی کەسیی خۆت بەکارهێنا و هەموویت کرد بە بەردەبازی پەڕینەوە و گەیشتن بە ژیانێکی باش بۆ خۆت و خانەوادەکەت و هیچی تر نا.

پلە و پۆستە باڵا و تایبەتییەکانی حکومەت و دەزگا قەزاییەکان و ئەندامێتی لە پەرلەمان و هاوتاکانیان لە نێو دەزگا دەوڵەتییەکانی دیکە، لە هەرێمی کوردستان و عێراق، بە هۆکاری مووچەی قەبە و ئیمتیازاتەکانیانەوە، سەرباری ئەوەی بوونەتە بارگرانییەکی کەمەرشکێن لەسەر داهاتی گشتیی و کۆمەڵگا، هەروەها بوونەتە ئەو شوێنەی بوون و بەهای مرۆیی لە ئینسانەکان پایەماڵ دەکەن.

واتا ئەو هەموو قیژە قیژەی بەناوی داکۆکیی لە خەڵک و شەڕی گەندەڵیی، مووچەی مووچەخۆران و … هتد لە ماوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا دنیای لێ پڕ دەکەن، چەند کاتژمێرێکی کەم لە دوای تەواو بوونی دەنگدان و دەرکەوتنی ئەنجامەکان و دڵنیابوونی هەندێک لە بەربژێرەکان لە دەرچوونیان، هێواش و لەسەرخۆ بەهەڵمبوونیان دەسپێدەکەن و ئەوەی جێگیر دەبیت لە شوێنی ئەو هەموو بەڵێنە سواوەی کاندیدان و سەرۆک حزبەکان، تەنها مووچە و ئیمتیازاتی پەرلەمانتار و پۆستە وەزاریی و سیادییەکان و ڕێککەوتنە سیاسییەکانن، ئەمە ئەگەر سەفەقاتە ژێربەژیرەکان و لیست گۆڕین و سەنگەر گواستنەوەکانیش فەرامۆش بکەین.
لە یەک قسەدا کارەساتە گەورەکەی کوردستان و عێراق جگە لە وەزارەتخانە و پەرلەمان و دەزگا سیادیی و پلە تایبەت و باڵاکان و پەرلەمان، هیچی دیکە نییە.

ئەم نووسینە پێش دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن نووسراوە بەڵام لەبەر لێکنەدانەوەی نووسینەکە و هەڵوێستەکە وەکو بانگەشە بۆ بایکۆت لەلایەن ئەوانەی ناویان ئۆپۆزیسیۆنە و بە هەمان عەقڵییەتی کادێرە مێدیایی و حزبییەکانی دوو حزبخێڵەکە ئاسان و خێرا دەکەونە تۆمەت بەخشینەوە، بڵاونەکراوەتەوە.

ئەم هەستی خۆبەشتزانین و ئیگۆ هەڵئاوساوەی کادێرە حزبییەکان و پەرلەمانتار و وەزیر و پلەدارە باڵاکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق کە جگە لە قاوغێکی بەتاڵ و بێناوەڕۆک چیدیکە نین، کارەساتی ڕاستەقینەی ئەم مەملەکەتەن. تەنها لێرە لە کوردستان و عێراق شتی سەیری وەها دەبینرێت.

لە تەواوی دەوڵەتانی ئەسکەندناڤی و ئەوروپیی و … هتد، پەرلەمانتار و وەزیر و … هتد جگە لە هاونیشتمانی سادە و ئاسایی پتر هیچیدی نین تەنها بە بڕێکی زۆر کەم مووچەی زیاترەوە و بەبێ هیچ ئیمتیازاتێک و بەبێ خانەنشینبوون. بەبێ ئوتومبیل و شۆفێر و پاسەوان و خانوو و ڤیللا و مینحە و … هتد.

لێرە، کوردستان و عێراق، چوار ساڵ جارێک کەڕنەڤاڵی کارەساتبارترکردنی کۆمەڵگا و داماڵینی زیاتری سیاسەت لە مانا ڕاستەقینەکانی و کەوتنی زیاتری ئینسانییەت و بە خوداکردنی زیاتری پلە و پۆست و پارە، بەڕێوەدەچێت.

هەتا چوار ساڵی دیکەی داهێنانی چەمک و دەستەواژە وروژێنەرەکانی چەواشەکردن و لەخشتەبردنی خەڵک، هەتا چوار ساڵی دیکە و تا کەڕنەڤاڵێکی دیکەی کردنی کۆمەڵگا بە چەند بەشێک لە ڕانە مرۆڤ و ڕەوە ئینسان و ئاپۆڕای ژمارەیی و زیاتر نا، دانیشن بەخێر.

ئەحمەد ڕەسوڵ




كێ رێزلێنانی بۆ كرا لە پرۆسەی ئەنفالی 3 دا.. عەلی مەحمود محەمەد

پرۆسەی ئەنفالی سێ بە ئەنفالی گەرمیان یان ئەنفالی ڕەش ناسراوە, لە رۆژی پێنج شەممە رێكەوتی 7-4-1988 بۆ رۆژی چوارشەممە رێكەوتی 20-4-1988 بەردەوام بووە, دوو هەفتەی خایاند, یەكێك لە قورسترین و بە زیانترین پرۆسەكانی ئەنفال بووە.
بە سەركردایەتی لیوا ڕوكن سوڵتان هاشم فەرماندەی فەیلەقی یەكی سوپای عێراق و لیوا ڕوكن كامل ساجت عزیز جەنابی فەرماندەی فەیلەقی دوو وە بە سەرپەرشتی راستەوخۆی وەزیری بەرگری عێراق فەریق روكن عەدنان خەیرواللە و عەلی حەسەن مەجید بەرپرسی بیرۆی باكووری پارتی بەعس و بە بەشداری بارق عەبدوڵا حاجی حەنتە جەلادی گەرمیانیەكان ” فەرماندەی هێزەكانی پارێزگاری نەوت لە كەركوك ” ئەنجامدرا.
سوڵتان هاشم لە پرۆسەی دادگاییكردنەكەیدا لەسەر پرۆسەی ئەنفالی سێ دانی بەوەدا نا كە ئەم قۆناغەی ئەنفال, فەیلەقی 1 و 2 سەرپەرشتیان كردووە, واتا لە لایەن سوپاوە سەركردایەتی كراوە.
لەم ئۆپەراسیۆنە پان و بەرینە دەیان یەكەی سەربازی و هێزی تایبەتی و دەیان فەوجی جاش و چەندین مەفرەزە خاسە بەشدارییان كردووە.
ئەنفالی سێ ناوچەكانی چەمچەماڵ، سەنگاو، سەگرمە, كفری، كەلار، قادركەرەم، دوز، پێباز و تیلەكۆ و لەیلان و قەرەحەسەن و قەرەهەنجیر و جەباری و نەوجول و كەركوكی گرتەوە, بە پانتایی زیاتر لە 6000 كیلۆمەتر چوارگۆشە مەزەندە دەكرێت, لە 18 قۆڵەوە پەلاماری هەڵەت و پێدەشتە كاكی بە كاكییەكانی ناوچەكە درا.
پرۆسەی ئەنفالی سێ لە رۆژی پێنج شەممە رێكەوتی ١٤ی نیسانی ١٩٨٨ گەیشتە لوتكە, تەنها لەو ڕۆژەدا ڕژێمی بەعس ژمارەیەكی زۆر منداڵ و ژن و پیاوی لە هەردوو گوندی كوڵەجۆ و ملە سوورەی گەرمیان كۆكردەوە، كە بەڕێوەبەری ناحیەی ئۆردوگای رزگاری و جاشەكان لە خشتەیانیان بردبوو, پێشتریش لە رێكەوتی 10 و 11 ی مانگ لە قادر كەرەم لە لایەن موستەشارەكان و موختارو مەلای قادر كەرەمەوە بەناوی لێبوردنی گشتییەوە بە هەمان دەرد بردران, گوایە لێبوردن هەیە, لە ئۆردوگا نیشتەجێ دەكرێن. دواتر بە ئیڤای سەربازی و تراكتۆرەكان خۆیان لە ملە سورەوە گواستیانیانەوە بۆ قۆڕەتووی نزیك كەلار” قەڵای قۆرەتوو بارەگای فیرقەی پیادەی 21ی تێدابوو, قەڵایەكی سامناك, بەلای كەمەوە نزیك دە هەزار كەس لە ئەنفالكراوانی تێدا كۆكرابوەوە”.
لە ناوچەی داوێ هێرشەكان فڕۆكەی كۆپتەریشی لە گەلدا بووە بۆ گواستنەوەی ئەنفالكراوان بۆ دوز ” سەنتەری لاوان و دوا ناوەندی رەشید “و قۆناغی دواتر شاری تكریت” كامپی سوپای میلی لە تكریت “, ئەنفالكراوە پیرەكانی تكریت و تۆپزاوە یەكسەر گواسترانەوە بۆ قەڵای سەربازی نگرە سەلمان , ئەوانەی لە تەمەنی نێوان 50 بۆ 110 ساڵ بوون, لە سەنتەری لاوان نزیك 2000 كەس كۆكراونەتەوە, لێ نزیك 500 كەسیان خۆیان رزگار كردووە.
سەرەتا گوندنشینەكانیان لە ملە سورەو قولیجانی ئەمین قارەمان و خۆرنەوازان و تاوێركەوەوە ڕەوانەی قەڵا سەربازیەكەی ناحیەی قۆرەتوو و دوز و لەیلان و چەمچەماڵ و قادر كەرەم و كەلار…كران, دواتر بۆ سەربازگەی تۆبزاوەو دوبزو تكریت گواسترانەوە, لەوێشەوە بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان یان قەڵای نگرە سەلمان د دووبز: میدل ئیست ۆچ ملە سورەو فەقێ مستەفاو مەیدان و ئالیاوەو لەیلانی بە سەنتەری كۆكردنەوەی ئەنفالكراوانی ئەنفالی سێ دیاریكردووە.
بەڵام بە پێی وردبینی ئێمە جگە لەو جێگایانەی میدل ئیست دیاریكردووە لە باوە شاسوار لە سنووری گوندی سەرقەڵای سەنگاو, هەزاران كەس كۆكرانەوە لەناو جێگایەك بە شۆفەڵ ساتری لە دەور دروست كرابوو لە بەر باران بۆ ماوەی تا 5 رۆژ خەڵكەكە ماونەتەوە , لە قادر كەرەمیش چەند رۆژێك راگیراون, ئێرەش ناوەندێكی كۆكردنەوەی سەرەتایی ئەنفالكراوان بووە. لە باوە شاسوارەوە بە ئۆتۆمۆبیلی هەمە جۆر گواستراونەتەوە بۆ قایمقامیەتی چەمچەماڵ , دوای دوو رۆژ بە ئۆتۆمۆبیلی داخراو گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەی تۆبزاوە.
لە لەیلانیش بە پێی هەندێك سەرچاوە سەدان گەنجی نێرینەیان یەكسەر بۆ تیرباران بردووە, ئەوانەی كرابونە نا تەلبەندەكەوە, هەرچەندە شایەدحاڵێك كە دوای كاروانی بردنەكەیان كەوتووە بینیویەتی براونەتە ناو سەربازگەی سوپای میللی تۆبزاوەی نزیك سەربازگەی خالید.
لە رۆژی دووشەممە 11-4 بە كاروانێكی گەورەی ئۆتۆمۆبیل ژن و منداڵ و پیری سنوری سەنگاو گەرمیانی گواستەوە بۆ چەمچەماڵ, هەمان رۆژ برانە تۆبزاوە. حەڤدەی مانگیش كاروانەكەی قۆڕەتوو گەیشتونەتەوە تۆبزاوە.
هەرچەندە ئاماری فەرمیمان نییە بۆ ژمارەی ئەنفالكراوانی ئەم پرۆسەیە, وەلێ ئاماری نافەرمی دەڵێت 45777خێزان ئەنفال و ئاوارە كران. ژمارەی ئەنفالكراوان لە سنوری چەمچەماڵ 5645كەس, قادر كەرەم 14863, كەلار 4567, سەنگاو 4922, تیلەكۆ 3680, پێباز 442 كەسن. بە پێی ئاماری سی دی ئی ڤەی ئار كە ئامارێكی نا فەرمی ئەنفالكراوانی كردووە, لە ناوچەكانی ” تیلەكۆ, كەلار, سەنگاو, قادر كەرەم, چەمچەماڵ, دەربەندیخان”, بە پێی ئامارەكەی ئەوان لە شاڵاوەكەدا 43,204 كەس بێسەرو شوێنكراون, 48,45%ی كۆی ژمارەی دانیشتووان ناوچەكە پێك دەهێنن جگە لە ناوەندی قەزاكان, بەلام ئەم ئامارە بە ژمارەی ورد پشت راست نەكراوەتەوە, بە بۆچوونی من ژمارەی ئەنفالكراوانی پرۆسەی ئەنفالی 3 خۆی لە 15 بۆ 20 هەزار هاوولاتی دەدات.
لە پرۆسەی ئەنفالی سێ زیاتر لە 515 گوند و چوار ناوەندی ناحیە” قادر كەرەم, نەوجول,سەنگاو , تیلەكۆ” وێران كران, 430 مزگەوت و 340 قوتابخانە ,17200 ئۆتۆمۆبیل و تراكتۆر و ئامێری جۆراوجۆری هاووڵاتیان وێڕای مەڕو ماڵات و ماڵەكانیان و هەرچی لە گیرفانیان بوو تاڵانی كرا.
ئەنفالی سێ وەك ئۆپەراسیۆنەكانی دیكەی ئەنفال بە لێدانی كیمیاوی دەستی پێنەكرد, تەنها یەكجار لە شەڕی گوندی تازە شاری سەر رێگای دوز – قادر كەرەم لە رێكەوتی 9ی ئەپرێل واتا سێیەم رۆژی پرۆسەكە بەرامبەر بە بەرگری پێشمەرگەكانی حیزبی شیوعی و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەكار هاتووە”لێرەش جێگای پرسیارە”, تیایدا 22 پێشمەرگە پاش شەڕێكی مێژویی بێ نموونە بوونە قوربانی.
عەلی حەسەن مەجید لە رێكەوتی 13-4-1988 رێنوێنی ژمارە 434ی دەركرد, بە پێی رێنوێنییەكە ئەوانەی خۆیان بە دەستەوە دەدەن, ئەگەر دانیشتووی ناوچەكانی دەرەوەی پرۆسەی ئەنفالی 1 و 2 و 3 بن, ئەوا لای ئەو هێزەی خۆیان تەسلیمی كردووە دەمێننەوە, لێ ئەوانەی خەڵكی ناوچەكانی ئەنفالی 1 و 2 و 3 ن, بە پێی رێنمایی ژمارە 429 ی رۆژی 12ی نیسان مامەڵەیان لە گەڵدا دەكرێت, دەنێردرێن بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئەمن. ئەوانەشی دەنێردران بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئەمن, ناونووس دەكران دەبردران بۆ تۆبزاوا, یان راستەوخۆ بۆ تۆبزاوە, چونكە هەموو ئەم ناوەندانە ئەمن بەڕێوەی دەبردن.
ئەم رێنوێنییە بۆ مانفیستۆی مامەڵە لەگەڵ ئەنفالكراوان و دەرگای جهەنەمی بۆ گیراوانی ئەنفالی خستە سەر پشت, بڕیاری یەكلا كەرەوەی چارەنووس بوو.
لە 19ی مانگ ناوچەكانی ئەنفالی 3 بەتەواوی كۆنترۆڵ كرا, لە 20ی مانگ پرۆسەكە كۆتایی پێ هێنرا, ئەم ناوچە بەرفراوانە لە مرۆڤ و شوێنەواری ئاوەدانی پاككرایەوە, لا دیوارێك بە پێوە نەما, ئەوەشی نەڕوخابوو رۆژانی داهاتوو روخێنران.

لەم پرۆسەیە بەهۆی رۆڵیان لە قڕكردنی هاوولاتیانی سڤیلی ناوچەكە, كۆمەڵێك تاوانبار نیشانەی ئازایەتیان وەرگرت, لە خوارەوە ئەوەی دەستمان كەوتووە دایدەنێین بۆتان.
بە بڕیاری كۆماری ژمارە 808 لە رێكەوتی نۆی ئۆگستی 1988 بە واژۆی صەدام حوسێن سەرۆك كۆماری عێراق, بەهۆی بەشداری ئازایانەیان لەپرۆسەی ئەنفالی سێ لە سنووری فەیلەقی یەك دژ بە سوپای ئێرانی, نیشانەی ئازایەتی بەخشرا بەم 106 كەسەی كە لە خوارەوە ناویان هاتووە:
1- لیوا روكن رەمزی مەحمود عەبدوڵا قائد فق 33
2- عەمید روكن (ق خ ) بارق عەبدوڵا الحاج حنتە قائد قوات حمایە نفگ
3- عەمید الركن سەعد شەمسەدین خالص قائد ق جح د و -1 وكالە
4- عەقید عەلی شانی عودە مدرسە مدم و مستخدم فی مقر قیادە عملیە الانفال
5- عەقید عەلی عەبد غەزال امر مدم فق-23
6- عەقید الركن( ق خ ) امر ل 65 ق خ
7- عەقید ئەمجەد فەتحی حەسەن ش أ د فل 1
8- عەقید مەروان محەمەد عەبدوڵا امر لمش أ -46
9- عەقید الركن باسل عومەر صاڵح چ ر 2 ح ف ح النفگ
10- عەقید ئەكرەم دحام ئەحمەد امر قاگع 1 اژار
11- عقید خچر علی مگر امر قاگع الانتصار
12- عەقید حوسێن محەمەد حەسەن المقر المسیگر المدم ف ق جح د و -1
13- عەقید ( ق خ ) صباح نعیم غچیب امر ل ق خ-66
14- مقەدەم ئیحسان عەبدالڕەزاق جدوع امر ك مع النصر
15- مقەدەم صاڵح خەلیل ئیبراهیم امر لمش -443
16- مقدم (ق خ ) عصمت حمودی علی امر ف 2 ق خ ل -66
17- مقدم ( ق خ ) هادی حسن شهاب امر ف 1 ق خ ل -66
18- مقەدەم خچر محمود مزبان چ ت س الاقدم
19- مقەدەم هاشم كامل محمود چ ر 2 ا س ق ق ح ن
20- مقدم الركن جاسم محمد صاڵح چ ر2أس ق ق ح ن
21- مقەدەم نزهان خیرو عپمان ك مدرعات صلاحدین
22- مقەدەم محەمەد حوسێن شراد س الواجبات الخاصە فل 1
23- رائید وەلید صاڵح مصتەفا ف 1 ل أ-46
24- رائد ( ق خ ) مجید حوسین حمد امر ف 3 ل ق خ-65
25- رائد ( ق خ ) فاچل خلف رحیم امر ف2 ل ق خ-65
26- رائید (ق خ ) اسماعیل مخلف عبد امر ف 1 ل ق خ-65
27- رائد گیار فریق محمد علوان ج گ ج-1 س4
28- رائد گیار عادل عبداڵلە عبید ج گ ج-1 س4
29- رائد گیار عقیل ابراهیم ادهم ج گ ج-1 س4
30- رائد كامل فوزی وسمی ص ر ه ف ق ح ن
31- رائد احمد علاوی احمد امر ف 2 لمش أ-46
32- رائد لگیف مجید محمد امر ك د ب بن الهیپم
33- رائد محمد خلف حرج ف مغ فق-4
34- رائد محسن كرجی رجا صاڵح امر ك د ب -51
35- نقیب (ق خ ) ابا بكر عبداللە اسماعیل ف1 ل ق خ -66
36- نقیب الگیار ایاد عەبدالرزاق عەبدالگیف ج گ ج-1س-30
37- نقیب ( ق خ ) عبدالحمید سلێَمان عبداڵَلە ف 3 ل ق خ-65
38- نقیب حسین حمودی عبد ك مدرعات صلاحدین
39- ملازم اول گیار عبدالكریم جدعان علی ج گ ج -1س-41
40- ملازم اول گیار احمد ابراهیم احمد ج گ ج -1س-2
41- ملازم اول گیار شجاع یاس رومی ج گ ج -1س-2
42- ملازم اول عماد سعید محمد ف 1 مغ فق-4
43- ملازم علی عبدالحسین عگیە ك م م -10
44- ملازم عادل عزیز جاسم بگ خ-982
45- ملازم گیار مخلف سلیمان خلف ج گ ج -1 س- 30
46- مستەشار ئیبراهیم عەلی حاج عەلۆ فەوج 20
47- مستەشار مەدحەت تۆفیق مەنصور فەوج 47
48- مستەشار موعتەصەم عەبدالكەریم حەسەن فەوج 64
49- مستەشار رەفعەت محەمەد عەلی فەوج 25
50- مستەشار رەشید حەمەئەمین عەزیز فەوج 78
51- مستەشار هەڵگورد عەبدالكەریم كەسنەزانی فەوج 83
52- مستەشار محەمەد تاهیر زیناوە فەوج 107
53- مستەشار تەحسین شاوەیس سەعید فەوج 172
54- مستەشار تەیب شێخ محەمەد بەرزنجی فەوج 203
55- مستەشار محەمەد سەلیم قادر عوسمان فەوج 17
56- مستەشار مامند حمد مولود فەوج 51
57- مستەشار زیوك تاهیر سەعید فەوج 58
58- مستەشار سوعاد فەیزوڵا فەوج 60
59- مستەشار تاهیر عەلی عەبدالڕەحمان فەوج99
60- مستەشار خەلیل عەبدوڵا ئیبراهیم فەوج 109
61- مستەشار حەمە رەشید عەبدالڕەحمان فەوج 200
62- مستەشار رەزا تەها محێدین فەوج 211
63- عەدنان عەبدوڵا نەجم فەوج 212
64- ن چ براد جوی هاشم اسماعیل احمد ج گ ج-1س-4
65- ن ع خالید جبار مەحمود فص ح قائد ق ح ن
66- ج اول مپنی علی محمود فص ح قائد ق ح ن
67- جاش شەعبان محەمەد تەها فەوج 20
68- جاش محمد علی البداوی فەوج 20
69- جاش عەبدوڵا زكری فەوج 20
70- جاش هارون تقی فەوج 47
71- جاش عادل حەسەن ئەمین فەوج 47
72- جاش سنكور عەزیز قادر فەوج 64
73- جاش رەحیم محەمەد ئەمین فەوج 64
74- جاش فاتیح عەزیز حەسەن فەوج 25
75- جاش فرعۆ رەشید حەمەئەمین فەوج 78
76- جاش حەمە صاڵح شەریف فەوج 83
77- جاش حاجی رەشید حەمە فەوج 107
78- جاش هادی شاوەیس سەعید فەوج 172
79- جاش محمد گوڵ رەشید محەمەد فەوج 172
80- جاش سیروان ئیبراهیم محەمەد فەوج 203
81- جاش عەبدوڵا عەلی نادر فەوج 203
82- جاش عەبدالكەریم محەمەد سەلیم قادر فەوج 17
83- جاش رەشید مەحمود یاسین فەوج 17
84- جاش عەبدالڕەحیم سەلیم عەبدالقادر فەوج 17
85- جاش عزەت محەمەد صاڵح تۆفیق فەوج 17
86- جاش ئازاد حەسەن ئەحمەد فەوج 51
87- جاش سەعید دیوالی سەعید الدرزكی فەوج 58
88- جاش مەهدی حوسێن سەعید فەوج 58
89- جاش عبدالامیر غەفور وەلی فەوج 60
90- جاش ئەنوەر محەمەد سەعید فەوج 60
91- جاش حەمید رەشید فەوج 60
92- جاش سیود ئەحمەد خورشید فەوج 60
93- جاش السید فازڵ جابر حەسەن فەوج 99
94- جاش رەشید عەبدوڵا ئیبراهیم فەوج 109
95- جاش عەلی رەحیم حەمە خان فەوج 200
96- جاش دارا حەمە رەشید عەبدالڕەحمان فەوج 200
97- جاش سالار ئەحمەد خان فەوج 211
98- جاش كازم فائیق ئەمین فەوج 211
99- جاش صەڵاح محەمەد غەریب فەوج 212
100- جاشی كوژراو عەبدالڕەحمان عیسا عەزیز فەوج 47
101- جاشی كوژراو جەلال كەریم صاڵەح فەوج 47
102- جاشی كوژراو كەماڵ سلێمان جمعە فەوج 47
103- جاشی كوژراو محەمەد رەشید فەوج 47
104- جاشی كوژراو جبار عباس منصور فەوج 47
105- جاش وەهاب ئەحمەد محەمەد فەوج 211
106- “هاووڵاتی سڤیل” عەبدالكەریم ئەحمەد عەلی فەوج 172
( تاكە كەسی سڤیلە لە پرۆسەی ئەنفالی 3 و یەك و دوو چواریش نیشانەی ئازایەتی لە پرۆسەی ئەنفال وەربگرێت).
هەروەها بە بڕیاری كۆماری ژمارە 810 لە رێكەوتی 9-8-1988 بە واژۆی صەدام حوسێن, نیشانەی ئازایەتی بەخشرا بە 3 لە فەرماندەكانی سوپای عێراقی بەهۆی سەركردایەتیكردنیان لە پرۆسەی ئەنفالی 3 كە ئەوانیش بریتین لە ( لیوا روكن رمزی محمود عبداڵلە قائد فرقە 33, عمید الڕكن (ق خ ) بارق عبداڵلە حاج حنتە قائد قوات حمایە النفگ, لیوا ركن (ق خ ) سعد شمس الدین خالص قائد ق جح د و -1 وكالە.
هەروەها ملازم اول امن محمد عباڵلە ناصر لە بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی سلێمانی لە رێكەوتی 20-10-1988 رێزی لێگیرا, بەپێی نووسراوی بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی سلێمانی لە رێكەوتی 28-11-1988 ژمارە 966 كارگێڕی, بەهۆی بەشداری دیاری لە پرۆسەی ئەنفالی سێدا” پێی دەچێت هەمان ئەو ملازم محەمەدە بێت زۆر ناوی دێتە پێشەوە لە پرۆسەی ئەنفال لە ئەمنی سلێمانی).
هەروەها بە پێی بڕیاری كۆماری ژمارە 1014 لە رێكەوتی 3-10-1988 بە واژۆی صەدام حوسێن , ئەمانەی خوارەوە نیشانەی ئازایەتیان پێ بەخشراوە, بەهۆی بەشداری دیاریان لە پرۆسەی ئەنفالی سێ دا:
1- عەقید الركن سامی محمد عیسی امر لمش 444
2- العمید فتاح كەریم فەتاح جاف مستەشاری فەوجی 35
3- العقید الركن فوئاد ئیبراهیم محەمەد ف 18 الی لمع 70
4- العقید الگیار حمید كاگع السعد مستشار گ ح ف 7
5- المقدم الگیار حامد عگیە خوین
6- المقدم خمیس حسن جاسم ف2 ل 444
7- المقدم محمد كاڤم حسن الدراجی ف م 1 فق 1 خ
8- الرائد باسل تركی عبداللە ف1 لمش 1 خ
9- الرائد منژر ابراهیم یاسین ف مغ 1 فق 1 خ
10- الملازم الاول محمد عبالزهرە علی ف 1 لمش 444
11- الملازم الاول عدنان سلمان مصلح ف 1 مخ ف 1 خ
12- الملازم الاول الامن احمد عبداڵلە ناصر امن محافڤە السلیمانیە
13- الملازم الاول سعید حمید خچیر ف 18 لمغ 70
14- الملازم الاول احمد مصگفی شریف ك د ب الكرامە
15- الملازم كریم جاسم شریف ف مغ 1 فق 2 خ
16- الملازم شهاب عزیز حمزە ف مغ 1 فق 2 خ
17- مستەشار ئیبراهیم نەسرەدین عەزیز بەرزنجی
18- مستەشار محەمەد عیسا پیروەیس عیسا جاف
19- مستەشار كسرا محەمەد سەعید جاف
20- مستەشار محەمەد سەعید احمد محەمەد هارۆنی
21- جێگیری مستەشار عەتا عیسا پیروەیس عیسا جاف
22- جیگیری مستەشار عەلی ئەحمەد محەمەد هارۆنی
23- جاش صەباح عەبدالڕەحمان فتاح جاف
هەروەها بە پێی بڕیاری كۆماری ژمارە 1002 لە رێكەوتی 27-9-1988 بە واژۆی صەدام حوسێن نیشانەی ئازایەتی بەهۆی بەشداریكردنیان لە پرۆسەی ئەنفالی 3 بەخشرا بەم 28 كەسەی لە خوارەوە ناویان هاتووە:
1- نەقیب عبد عواد حمدان
2- ملازم مزحام بدیوی محمد
3- ر ع سعد فرید حوسێن
4- العریف جبار جیاد حمزە
5- العریف عباس موسی حسین
6- ن ع رسن خیبر عبود
7- ج م صلاح عبتالحسین علی
8- ج م مسلم حسین علی
9- ج م منعم جواد جاسم
10- ج م هاشم جاسم محمد
11- ج م سامی احمد حسن
12- ج م عبداڵلە رسن داود
13- ج م حسن خلیفە درویش
14- ج م هادی عبداڵلە محمد
15- ج م حسن هادی رجب
16- ج م عبدالحمید عباس جاسم
17- ج م عدنان عبالحسین
18- جاش علی خزعل جبار
19- جاش كریم احمد فتاح
20- جاش خلیل محمد یاوس
21- جاش شێرزاد حەمە صاڵح حەمەئەمین
22- جاش ئەسعەد عەلی حەمە ئەمین
23- جاش صاڵح فتاح كاكە ئەحمەد
24- جاش محەمەد عەلی محمد تاڵب
25- جاش محمد رەئوف سەعید
26- جاش محەمەد عەزیز محەمەدد
27- جاش صفر اسد ابراهیم الجاف
28- جاش خەلیل حەمید عەبدوڵا
هەروەها لە رێكەوتی 3-10-1988 بە فەرمانی 1013 بە واژۆی صەدام حوسێن نیشانەی ئازایەتی بەخشراوە بە العمید الركن عبدالالە حامد العناز قائید فق مش21 بەهۆی رۆڵی لە پرۆسەی ئەنفالی 3دا.
ئەوەی جیایە لە پرۆسەی رێزلێنان لە ئەنفالی سێ, لە پرۆسەكانی ئەنفالی یەك و دوو ئەوەیە, لەم پرۆسەیە كەسێكی سڤیل و دوو ئەفسەری ئەمن رێزلێنانیان بۆ كراوە, هەرچەندە ئەم لیستانەی من بڵاویان دەكەمەوە, تەنها ئەوانەن من دەستم پێیان گەیشتووە, دەشێت لیستی دیكەش هەبن.




دابەشکارییەکی زاراوەی مۆرفیم و جۆرەکانی لە زمانی کوردیدا.. عومەر ئەحمەد عەزیز

زمانی کوردی لە بواری زاراوەسازیی زمانەوانیدا، تا ڕادەیەک کاریتێداکراوە، بەڵام تا ئێستاش تێکەڵی و بگرە ناڕونی لە بەکارهێنان و ناسینەوەی هەندێک زاراوەدا هەیە، ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەم تێکەڵییە تەنانەت لای زمانەوانەکانیشدا هەیە، یەکێک لە هۆکارەکانی فرە زاراوەییە، بۆ یەک زاراوەی زمانەوانی، ئێمە دو، بۆ سێ زاراوەی کوردیمان داناوە، کە بەداخەوە هۆکاری ناوچەگەرێتی و ئایدۆلۆژی تێکەڵبووە، کە من نامەوێ لێی وردببمەوە، ئەمەش بەشێکە لە کۆی سیستەمی کوردبون، کە دژە بە کاری دەزگایی و پابەندێتی بە ناوەندێکەوە بۆ پاراستنی زمانەکە لەم تێکەڵیی و سەرلێشێواوییە، بەهەرحاڵ وتاری ئەمجارەمان لەسەر چەند زاراوەیەکە لە بواری مۆرفۆلۆجیدا، کە ڕەنگە بۆ هەندێک کەس، زۆر ڕون بن و بۆ هەندێکی تر و خۆشم تۆزێک تێکەڵی هەبێت لە بەکارهێنانیدا.

لە مۆرفۆلۆجیدا، مۆرفیمەکان دابەشدەبنە سەر مۆرفیمی بەند/Bound و مۆرفیمی ئازاد/سەربەست/Free
مۆرفیمە بەندەکان دو جۆرن ئەوانەی، کە ڕێزمانین/Inflectional، کە زاراوەی شکێنەرەوەمان لەلایەن( د. محەمەد مەحوی) بەکارهێنراوە و تاڕادەیەک بەکاردەهێنرێت، مۆرفیمی ڕێزمانی یان شکێنەرەوە گشتییە و دەچنە سەر ناو، ئاوەڵناو، کردار، بەڵام ئەوانەی تەنها دەچنەسەر کردار وەکو ئەسپێکت، مود، بەردەوامی…تاد پێیان دەوترێت/ Conjugation، کە دیسانەوە( د. محەمەد مەحوی) زاراوەی چەمێنەرەوەی بەرانبەر بەکارهێناوە، جۆرەکەی تری مۆرفیمی بەند، وشەداڕێژە/ Derivation کە هەڵگوێزەریشی پێدەوترێت، ئەمە بەشێوەیەکی گشتی، بەڵام بەرانبەر ئەو مۆرفیمە بەندانە،چەند زاراوەیەکمان هەیە وەکو:
لاگر و گیرەک، کە هەردوکیان بەرانبەر بە /Affix ی ئینگلیزی دەوەستن، هەر دو جۆری شکێنەرەوە و هەڵگوێزەر دەگرێتەوە، بەڵام بەپێی شوێنی هاتنیان ئەم مۆرفیمە بەندانە، بە تایبەت هەڵگوێزەرەکان ناویان هەیە، لە زمانی ئینگلیزیدا ئەم سێ جۆرەمان هەیە:
Prefix/پێشگر
Suffix/پاشگر
Infix/ناوگر
تا ئێستاش کێشەیەکی وامان نییە، زۆرینە ڕێککەوتوون لەسەر ئەم زاراوانە، بەڵام مۆرفیممان هەیە، لەکاتێکدا بەکاردێن، کە دەربڕین ئاسان بکەن وەکو:
دەرنەبڕدرا/د/ (دەربڕین) ، چاوگە و کە دەکرێتە بکەرنادیار، دەبێت ڕەگ وەربگیرێت، کاتێک ڕەگەکە کۆتایی بە/ڕ/ دێت و مۆرفیمی بکەر نادیاریش /ر/ ئەم دو مۆرفیمە لەبەر ئەوەی فۆنیمیشن، لەڕوی فۆنەتیکەوە، شوێنی دروستبون و شێوازی گۆکردنیان یەکە، بۆ دەربڕین قورسە، لەوێدا ئەو/د/ دروست دەبێت بۆ ئاسانی دەربڕینەکە. ئەمە بۆ هاتوینەتەوە، کردومانەتەوە، خواردرا…تاد یش، هەر ڕاستە.
باشە بەم مۆرفیمانە بڵێین چی: ئەمانە لەڕوی مۆرفۆلۆژیەوە هەڵگری ئەرک نین بۆیە هەڵەشە بڵێین مۆرفیمن، لە زمانی ئینگلیزیدا پێیان دەوترێت/epenthetic کە لە زمانی کوردیدا ناوبڕ بەکارهاتووە، بەڵام وەکو جۆرێکی مۆرفیم لێکدراوەتەوە.

جۆرێکی تری مۆرفیممان هەیە، کە وشەداڕێژە/ هەڵگوێزەرە، وشەی نوێ دروستدەکات، شوێنەکەی لە نێوان دو مۆرفیمی ئازادە وەکو:
هێلکەوڕۆن/و/ شانبەشان/بە/ ، ئایا بەمانە دەوترێت چی؟
ئەوەی هەیە تا ئێستا پێیان دەوترێت ناوبەند، کە لە ئینگلیزیدا، زۆر بەکەمی هەیە. یان نییە و پێی دەوترێت /interfix، جۆرێکی تر لە مۆرفیمە وشەداڕێژەکان، هەن، کە وشەی لێکدراو دروستدەکەن و بەهەمان شێوەی ناوبەندەکان دەکەونە نێوان هەردو بەشی وشە لێکدراوەکە، ئەمانە هەر Interfix ن، واتە وشەهەڵگوێزەرن، لە کوردیدا پێیان دەوترێت، مۆرفێمی بەستێنەر، کە وشەی لێکدراوی بەستراو دروستدەکەن، ئەم زاراوەیە، د. محەمە مەعروف بەکارهێناوە، وەکو /و/ لە. تەپاوتل، یاڵەویاڵ، گەنموجۆ، شلەوبرنج، تەپوتۆز، بەڵام لەبەرئەوەی ئەمانەش هەر ئەرکیان داڕشتنی وشەی نوێیە، باشترە، مۆرفیمی بەستێنەر بەکار نەهێنرێت.
هەروەها ئەگەر مۆرفیمەکە ئەرکی بەستنەوەی دو فرێز، دو پارچە/cluse ، یان ڕستە بوو، دو جۆرن ئەوانیش مۆرفیمی (لێکدەر و مۆرفیمی گەیەنەر)ن، کە بەرانبەر بە /Coordinating Conjunctions
و Subordinating Conjunctions دەوەستن،
زاراوەیەکی ترمان هەیە، کە ئەویش مۆرفیمی نێوانگرە، کە بەڕای ئێمە هەر، ناوبەندەکەیە، ئەگەریش مەبەست لێی ناوبڕ بێت، ئەوا دەبێت یەکێکیان بەکاربهێنین، هەر لەبارەی مۆرفیمی بەندەوە، جۆرێکی ترمان هەیە، کە پێیان دەوترێت نوسەک/ Clitic، ئەم مۆرفیمانە لە زمانی ئینگلیزیدا بۆ خاوەندارییەتی بەکاردەهێنرێن و زۆرجار بەهۆی ئەو کۆما بچوکە دەناسرێتەوە، کە پێی دەوترێت ئەپۆسترۆفی، ئەمانە ئەرکیان دەربڕینی خاوەندارێتی و گەیاندنی دو وشەیە بەیەکتر، بەڵام هەر وەکو دو وشەیە سەربەخۆ دەمێننەوە، وەکو:
John’s book
She’s happy”
n’t. not
“doesn’t,” “can’t,” “won’t”
‘ll (will
“I’ll go,” “they’ll come”
‘m, ‘re, ‘ve (am, are, have
“I’m tired”
“We’re ready”
“I’ve finished”
لە زمانی کوردیدا، جێناوی لکاوی کۆمەڵەی( م-مان ) بەم ئەرکە هەڵدەستن، بۆیە زۆرجار پێیان دەوترێت جێناوی خاوەندارێتی، بۆیە زمانەوانەکان بەم کۆمەڵەیە ئەڵێن نوسەک:
باوکم، خانوەکەمان…تاد.
کە ئەگەر پڕاوپڕ بەرانبەر بە جیاکارییەکەی زمانی ئینگلیزیش نەوەستێت، لانی کەم لەگەڵ خاڵی یەکەمدا دەگونجێت کە دەربڕینی خاوەندارییە.
دو جۆری تری مۆرفیم هەیە، کە ئەوانیش مۆرفیمی سفر/Zero و مۆرفیمی بۆش، بەتاڵ/Empty morpheme ، یەکەمیان دەرناکەوێت بەڵام ئەرکەکەی هەستیپێدەکرێت، دووەمیان واتە مۆرفیمی بۆش دەردەکەوێت، بەڵام هیچ ئەرکێکی نییە و دەکرێت لاببرێت، هەرچەند ئەمەش دژ بە بیرۆکەی مۆرفیمە، کە مۆرفیم بە بچوکترین، دانەی زمانی ناودەبات، خاوەن ئەرک و واتایە وەکو:
ئەو هات. ( مۆرفیمی بەندی ڕێزمانی ڕێککەوتنی کەسی سێیەمی تاک دەرنەکەوتووە، بەڵام هەست بەبوونی دەکرێت).
لە شێوەزاری سلێمانیدا دەوترێت : هاتنەوە/ هاتمەوانێ/وانێ/ هیچ ئەرکێکی نییە.

لە مۆرفیمە ئازادەکان دا چەند زاراوەیەکی ترمان هەیە لەوانە:
Base/ بناغە
root/ڕەگ
steam/قەد
ڕەگ، بریتییە لەو مۆرفیمەی، کە هەڵگری واتای سەرەکییە، بەبێ هیچ مۆرفیمێکی بەند، وەکو زمان، شاخ، ئاو …تاد
قەد، دوای لابردنی هەموو مۆرفیمە شکێنەرەوەکان دەمێنێتەوە وەکو :
کوڕەکە: کوڕ
بناغە، بریتییە لە ڕەگ و مۆرفیمی هەڵگوێزەر، کە دەبێتە بنەما و بناغە بۆ وشەی نوێ:
(ئاشەوان)بناغەیە بۆ ( ئاشەوانی)
کەواتە ئێستا ئێمە ئەم زاراوانەمان هەیە:

لاگر، گیرەک/Affix
ئازاد، سەربەست/Free
بەند/Bound
پێشگر/prefix
پاشگر/suffixie
ناوگر/infix
ناوبەند/interfix
ناوبڕ/epenthetic
شکێنەرەوە/inflection
چەمێنەرەوە/conjugation
نوسەک/Clitic
سفر/Zero
بۆش، بەتاڵ/Empty
بناغە/Base
ڕەگ/Root
قەد/Steam
لێکدەر/Coordinating
گەیەنەر/Subordinating

پ. ی. د. عومەر ئەحمەد عەزیز
زانکۆی گەرمیان/ کۆلێجی پەروەردە
بەشی کوردی