‏لە ڕۆشنگەری کانتەوە بۆ ڕۆشنگەری ژمارەیی “دیجیتاڵی” نوێ.. ‏ و . لە عەرەبیەوە: یاسین لەتیف

‏(لە ڕۆشنگەری کانتەوە بۆ ڕۆشنگەری ژمارەیی “دیجیتاڵی” نوێ: دیدگایەکی شیکاری ڕەخنەیی لەسەر ڕەهەندە فەلسەفی و کۆمەڵایەتیە هاوچەرخەکانی زیرەکی دەستکرد .)

‏ئەگەر ڕۆشنگەریی تەقلیدی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و جیهانی سروشتی دووبارە داڕشتبێتەوە، ئەوا ڕۆشنگەریی ژمارەیی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و خودی خۆی دووبارە دادەڕێژێتەوە. ئەگەر پرۆسەی ڕۆشنگەریی نەریتی پێشوو بە ئامانجی ئازادکردنی مرۆڤ بووبێت لە چنگی ئەفسانە و دەسەڵاتی ڕەها لە ڕێگەی گەڕانەوەی سەروەری بۆ عەقڵ ، ئەوا ڕۆشنگەریی دیجیتاڵی ڕووبەڕووی کێشەی ئازادبوون لە دەسەڵات و زاڵبوونی مۆدێلە ژمێریاریەکان دەبێتەوە کە کۆنترۆڵی بەسەردا نییە. ڕۆشنگەریی دیجیتاڵی تەنیا پشت بە عەقڵی تاکەکەسی نابەستێت، بەڵکو پشت بە عەقڵی بەکۆمەڵ دەبەستێت کە ئەلگۆریتمەکان دروستی دەکەن، ئەمەش پرسیارێکی فەلسەفی لەبارەی ناسنامە و سنوورەکانی عەقڵی مرۆڤەوە دروست دەکات.
پوختەی ئەم توێژینەوەیە ئامانجی شیکردنەوەی ڕۆڵی زیرەکی دەستکردە وەک دیاردەیەکی فرە ڕەهەند کە تێپەڕ دەبێت لەوەی تەنها گەشەسەندنێکی تەکنیکی بێت ، هاوکات دەبێتە هێزێکی مەعریفی، کۆمەڵایەتی، ئەخلاقی، سیاسی و، ئابووری کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر داهاتووی مرۆڤ و کۆمەڵگەکان هەیە.
وتارەکە پشتی بە میتۆدی شیکاری و ڕەخنەیی بەستووە کە تێیدا چوار تەوەری سەرەکی ژیریی دەستکرد هەڵدەوەشێنێتەوە: ڕەهەندی فەلسەفی و مەعریفی، ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و کلتووری، ڕەهەندی ئەخلاقی و سیاسی و ، ڕەهەندی ئابووری و تەکنیکی، هەروەها کاریگەریەکانی هەموو تەوەرەکان شیدەکاتەوە لەسەر ئاستی تاک و کۆمەڵگە و دەوڵەت . توێژینەوەکە دەگاتە چەندین ئەنجامی سەرەکی یەکەم، زیرەکی دەستکرد وەک درێژکراوەیەکی عەقڵی مرۆڤ دەردەکەوێت، توانای هەیە سنوورەکانی زانین فراوانتر بکات و تێگەیشتن قووڵتر بکات بە شێوەیەک ڕەنگدانەوەی ڕۆحی ڕۆشنگەریە، بەڵام مرۆڤ دەخاتە بەردەم ئاستەنگێکی بەردەوام بۆ پاراستنی سەربەخۆیی بیرکردنەوە.
دووەم، لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و کلتووری، زیرەکی دەستکرد شمشێرێکی دوو دەمەیە: دەتوانێت دەستڕاگەیشتن بە زانین و کارلێکی کلتووری بەهێزتر بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا پێکهاتە دەسەڵاتیەکان و کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی دووبارە بەرهەم دەهێنێتەوە ئەگەر بە خراپی بەکاربهێنرێت. سێیەم، لە ڕوانگەی ئەخلاقی و سیاسییەوە، زیرەکی دەستکرد وەک فاکتەرێک دەردەکەوێت کە توانای هەیە دادپەروەری و شەفافیەت بەهێزتر بکات یان کۆنترۆڵ و جیاکاری دووبارە بەرهەم بهێنێتەوە، ئەمەش پێویستی بە چوارچێوەی ئەخلاقی و یاسایی ڕوون هەیە کە ئیلهامی لە چەمکەکانی ڕۆشنگەری کانت و هابرماس وەردەگرێت. چوارەم، لە ڕەهەندی ئابووری و تەکنیکیدا زیرەکی دەستکرد هەلی بێ وێنە بۆ گەشە و داهێنان دەڕەخسێنێت، بەڵام ئاستەنگ لەسەر بازاڕی کار، دابەشکردنی سەرچاوەکان و ، ئاسایشی دیجیتاڵی دروست دەکات، ئەمەش پێویستی بە سیاسەتێکی هاوسەنگ هەیە بۆ بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام ‏بە پشتبەستن بەم ئەنجامانە.
توێژینەوەکە چەند پێشنیارێکی بنیادنەرانە دەخاتەڕوو بۆ دڵنیابوون لە ئاراستەکردنی زیرەکی دەستکرد بەرەو خزمەتکردنی مرۆڤایەتی ، ئەمانەش بریتین لە بەهێزکردنی ڕۆشنگەریی مەعریفی لەڕێگەی پەروەردەی دیجیتاڵی و توێژینەوەی زانستیەوە دانانی چوارچێوەیەکی ئەخلاقی و سیاسی توند بۆ دڵنیابوون لە دادپەروەری و لێپرسینەوە، ئەوەش پەرەپێدانی ستراتیژییەتی ئابووری و تەکنیکی هاوسەنگ کە بازاڕی کار بپارێزێت و داهێنانی بەردەوام بەهێز بکات. هەروەها توێژینەوەکە جەخت لەسەر گرنگیی کلتووری کۆمەڵایەتی هۆشیار دەکاتەوە کە سەیری زیرەکی دەستکرد دەکات وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرتر، زاناتر، و خۆشگوزەرانتر. بە کورتی زیرەکی دەستکرد وەک دەرفەتێکی مێژوویی دەردەکەوێت بۆ فراوانکردنی ئازادی و زانینی مرۆڤ، بەڵام لە هەمان کاتدا تاقیکردنەوەیەکە بۆ داهاتووی بەها مرۆییەکان.
‏سەرکەوتنی ئەم ئاراستەیە پشت بە بەڕێوەبردنێکی یەکگرتوو و بەرپرسیارانە دەبەستێت، کە مەعریفەو، ئەخلاق و، سیاسەت و ، ئابووری پێکەوە کۆ دەکاتەوە ، بۆ ئەوەی دڵنیا بێت لەوەی کە سەردەمی ڕۆشنگەری نوێ بەڕاستی بەدی دێت و دواجار زیرەکی دەستکرد دەبێتە ئامرازێک بۆ ئازادی نەک باڵادەستی و هەژموون . پێشەکی: لە سەردەمێکدا کە گۆڕانکاریە تەکنیکی و کۆمەڵایەتیەکان بە خێرایی ڕوو دەدەن زیرەکی دەستکرد نەک تەنها وەک ئامرازێکی داهێنەرانە، بەڵکو وەک دیاردەیەکی گشتگیر دەردەکەوێت کە پێناسەی زانین و دەسەڵات و داهێنانی مرۆڤایەتی دووبارە دەکاتەوە.
قسەکردن لەسەر زیرەکی دەستکرد چیتر تەنیا لە مەڕ توانای باشترکردنی بەرهەمهێنان یان ئۆتۆماتیک کردنی پرۆسەکان سنووردار ناکرێت، بەڵکو پرسیارە قووڵەکانی تایبەت بە سروشتی زانین و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و لێپرسینەوەی ئەخلاقی و، سیاسەتە ئابوورییەکانی داهاتووش دەگرێتەوە. ئەم تێکەڵاویەی نێوان تەکنەلۆجیا و مرۆڤایەتی وایکردووە زیرەکی دەستکرد ببێتە بابەتێکی زۆر ئاڵۆز و گرنگ، کە پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی فرەڕەهەند هەیە ، شیکاری فەلسەفی، ڕەخنەی کۆمەڵایەتی، ڕێبازە ئەخلاقی و سیاسییەکان، هەروەها هەڵسەنگاندنی ئابووری و تەکنیکی کۆبکاتەوە.ئەم توێژینەوەیە پشت بە میتۆدێکی شیکاری و ڕەخنەیی دەبەستێت کە ئامانجی شیکردنەوەی چوار ڕەهەندی سەرەکی ژیری دەستکردە: ڕەهەندی فەلسەفی و مەعریفی، کە مامەڵە لەگەڵ پەیوەندی نێوان عەقڵی مرۆڤ و زانستی دەستکرد دەکات.
ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و کلتووری، کە کاریگەریی زیرەکی دەستکرد لەسەر کارلێکی مرۆڤایەتی و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان تاوتوێ دەکات. ڕەهەندی ئەخلاقی و سیاسی، کە لە دادپەروەری و کۆنترۆڵ و بەرپرسیارێتی دەکۆڵێتەوە. ڕەهەندی ئابووری و تەکنیکی کە کاریگەریی زیرەکی دەستکرد لەسەر بەرهەمهێنان و ، داهێنان و ، بازاڕی کار هەڵدەسەنگێنێت.‏گرنگیی ئەم توێژینەوەیە لە خستنەڕووی ئاستەنگ و دەرفەتە تێکەڵەکانی زیرەکی دەستکرددایە، لە ڕێگەی نزیکبوونەوەیەکی گشتگیرەوە کە پشت بە بەڵگە زانستیەکان و سەرچاوە ئەکادیمیە متمانەپێکراوەکان دەبەستێت لەگەڵ شیکردنەوەیەکی ڕەخنەیی کە هاوسەنگیەک لە نێوان تواناکانی زۆری ئەم تەکنەلۆجیایە و مەترسیە ئەگەریەکانیدا ڕادەگرێت. هەروەها توێژینەوەکە هەوڵدەدات دیدکی واقعیانە بۆ داهاتوو بخاتە ڕوو ، کە چۆنیەتی ئاراستەکردنی زیرەکی دەستکرد وەک ئامرازێک بۆ ڕۆشنگەری و ئازادیی مرۆڤایەتی بخاتەڕوو، نەک وەک ئامرازێک بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی هەژموون و کۆنترۆڵکردن . لەم چوارچێوەیەدا توێژینەوەکە ئاسۆیەکی مەعریفی گشتگیر بۆ تێگەیشتن لە زیرەکی دەستکرد وەک فاکتەرێکی کاریگەر لە بنیاتنانی داهاتوودا دەکاتەوە، جەخت دەکاتەوە کە تێگەیشتن لە چوار ڕەهەندەکەی و پێشبینیکردنی کاریگەریەکانی ڕێگەیە بۆ دڵنیابوون لەوەی مرۆڤ لە ناوەندی زانین و بڕیارداندا بمێنێتەوە لەگەڵ بەدیهێنانی هاوسەنگی لە نێوان پێشکەوتنی تەکنەلۆجی و بەها مرۆییەکاندا.

‏یەکەم- ڕەهەندی فەلسەفی و مەعریفی زیرەکی دەستکرد:
چەمکی عەقڵ پێگەیەکی ناوەندی لە مێژووی فەلسەفەدا داگیرکردووە. لە فەلسەفەی یۆنانەوە عەقڵ پەیوەست بووە بە توانای هەستکردن لە گشتیەکان و بنیاتنانی بەڵگە ، ئەمەش وایکرد ئەرستۆ مرۆڤ وەک ‘ئاژەڵێکی عاقڵ” وەسف بکات. لەسەردەمی مۆدێرندا ڕۆشنگەری هات بۆ ئەوەی عەقڵ پێگەیەکی ستاندارد بدات لە تێگەیشتن لە جیهان و ڕێکخستنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی. ئیمانوێل کانت (١٧٢٤-١٨٠٤) کڕۆکی ئەم پڕۆژەیەی لە وتارەکەیدا بە ناوی “ڕۆشنگەری چییە؟” پوختکردەوە کاتێک وتی: “ڕۆشنگەری بریتیە لە دەرچوونی مرۆڤ لەو کورت بینینەی کە لە مافی خۆیدا ئەنجامیداوە .
کورت بینین لێرەدا بریتیە لە بێتوانایی بەکارهێنانی عەقڵ بەبێ ڕێنمایی کەسێکی تر. ئەم تێڕوانینە سەربەخۆیی و ئازادی بە عەقڵ بەخشی و ئاسۆیەکی نوێی لەبەردەم مرۆڤدا کردەوە بۆ ئەوەی خۆی وەک بوونەوەرێکی بیرکەرەوە وەسف بکات کە توانای بڕیاردانی لەسەر چارەنووسی خۆی هەیە. ‏بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ جیهان بەهۆی زیرەکی دەستکردەوە بەخۆیەوە دەیبینێت، لەم تێڕوانینە کانتیە تێدەپەڕێت چونکە چیتر بابەتەکە تەنیا بریتی نییە لە ئازادکردنی عەقڵی مرۆڤ لە بەربەستە دەرەکیەکان، بەڵکو پەیوەندی بە دووبارە پێناسەکردنی خودی “عەقڵ”ەوە هەیە. زیرەکی دەستکرد تەنیا وەک ئامرازێکی یارمەتیدەر بۆ عەقڵی مرۆڤ زیاد ناکرێت، بەڵکو شێوازێکی نوێی عەقڵانیەت دروست دەکات کە پشت بە توانای فێربوونی خودی ئەلگۆریتمەکان و پڕۆسێسکردنی داتاکان لەسەر ئاستێکی بێ کۆتایی و ، دەرهێنانی شێوازە مەعریفیەکان دەبەستێت کە مرۆڤ توانای تێگەیشتنیانی نەبوو. ماکس تیگمارک (١٩٦٧ – ) ئەم گۆڕانکاریە کوالیتیە دەردەبڕێت کاتێک دەڵێت ئێمە چووینەتە قۆناغی “ژیان “، واتە قۆناغێک کە تێدا پەرەسەندن تەنها بە بایۆلۆجی یان کلتوور ناوەستێت، بەڵکو بە زیرەکی دەستکرد کە شێوازە نوێیەکانی ژیان و زانین دروست دەکات.

‏أ – ژیان 1.0 بریتیە لە ژیانی بایۆلۆجی سادە وەک بەکتریا کە تێیدا هەردوو ‘ڕەقەکاڵا’ (جەستە) و ‘نەرمەکاڵا’ (هەڵسوکەوت) تا ڕادەیەک جێگیرن و تەنها لە ڕێگەی پەرەسەندنی بۆماوەیی خاوەوە دەگۆڕێن.
‏ب – ژیان 2.0 ژیانی مرۆڤایەتیە کە تێیدا ڕەقەکاڵای بایۆلۆجی بە شێوەیەکی ڕێژەیی بە جێگیری دەمێنێتەوە، بەڵام مرۆڤ دەتوانێت “نەرمەکاڵاکانی” بگۆڕێت لە ڕێگەی فێربوون و، کلتوورو ، زمانەوە، واتە دەتوانێت خۆی لە ڕووی مەعریفیەوە دووبارە پڕۆگرام بکاتەوە.
‏ج – ژیان 3.0، کە جێگەی مشتومڕترین خاڵە نوێنەرایەتی ئەو بوونەوەرانە دەکات کە توانای دووبارە دیزاینکردنی هەردوو ڕەقەکاڵا و نەرمەکاڵایان پێکەوە هەیە. ئەمەش دەرگا دەکاتەوە بۆ زیرەکی دەستکرد کە توانای پەرەسەندنی خێرای هەیە لە دەرەوەی سنوورە بایۆلۆجیەکان،و داڕشتنی شێوازگەلی نوێی بوون و زانین.. لە ڕاستیدا ئەم گواستنەوەیە کێشەی فەلسەفی گەورە دروست دەکات. یەکەم ئەوەیە کە زیرەکی دەستکرد هەڕەشە لە جیاکردنەوەی نەریتی نێوان “ئامراز” و “عەقڵ” دەکات. بۆ نموونە ئەگەر چاپەمەنی ئامرازێک بوو بێت بۆ بڵاوکردنەوەی بیرۆکەکان، ئەوا سروشتی بنەڕەتی عەقڵی مرۆڤی نەگۆڕی. بەڵام زیرەکی دەستکرد پێدەچێت لە گەڵ عەقڵی مرۆڤدا بەشداری لە کارە سەرەکیەکەیدا بکات کە بریتیە لە بەرهەمهێنانی واتاو زانیاری. بەو شێوەیە لوسیانۆ فلۆریدی فەیلەسوفی ئیتاڵی (١٩٦٤- )، ئەم گۆڕانکاریە بە هەنگاو نان بۆ سەردەمی “بریکاری زانیاری” وەسف دەکات کە تێیدا زیرەکی دەستکرد تەنها بەرنامە یان ئامێرێک نییە، بەڵکو دەبێتە ئەکتەرێکی مەعریفی نوێ لە ژینگەی مرۆڤدا کە توانای بڕیاردان و بەشداریکردنی هەیە لە دیاریکردنی ئەوەی کە بە حەقیقەت یان زانیاری دادەنرێت.
ئەم گۆڕانکاریە مشتومڕە فەلسەفیە کۆنەکان دەربارەی سنوورەکانی مرۆڤ زیندوو دەکاتەوە: ئەگەر دیکارت “من بیر دەکەمەوە”ی وەک بنەمایەکی یەقینی مەعریفی دانا، ئایا ئەمڕۆ دەتوانین بانگەشە بکەین کە “خوارزمیەکان ( ئەلگوریتمەکان ) بیر دەکەنەوە؟ . ‏ئەم خاڵە تایبەتە مشتومڕێکی فراوانی لێ دەکەوێتەوە بە تایبەتی لە کارەکانی نیک بۆسترۆم فەیلەسوفی سویدی (١٩٧٣- )، لە کتێبەکەیدا دەربارەی “زیرەکی سەروو مرۆیی – ڕێچکەکان و مەترسییەکان و ستراتیژییەکان” لە ساڵی ٢٠١٤دا ناوبراو هۆشداری دەدات کە زیرەکی دەستکرد تواناکانی مرۆڤ تێدەپەڕێنێت ، لەوانەیە عەقڵێکی نوێ بەرهەم بهێنێت کە سەربەخۆ بێت لە مرۆڤ و ڕەنگە لەگەڵ بەرژەوەندیەکانیدا ناکۆک بێت.
ئەم ئەگەرە ئێمە دەخاتە بەردەم پارادۆکسێکی مەعریفی لە کاتێکدا کانت پێی وابوو کە ڕۆشنگەری واتای ڕزگاربوونی عەقڵی مرۆڤ لە ژێردەستی دەرەکی، زیرەکی دەستکرد لەوانەیە خودی عەقڵی مرۆڤ بخاتە ژێر دەسەڵاتی عەقڵێکی تر کە بەهێزتر و خێراترەوە . ‏بەڵام هەموو فەیلەسوفەکان ئەم بۆچوون و نیگەرانیە پەیڕەو ناکەن. هەندێکیان پێیان وایە کە زیرەکی دەستکرد هەڕەشە نییە بۆ سەر عەقڵی مرۆڤ، بەڵکو درێژکراوەیەکە بۆ عەقڵی مرۆڤ.
شۆشانا زوبۆف ژنە فەیلەسوف و دەروونناسی کۆمەڵایەتی (١٩٥١- )، سەرەڕای هۆشداریەکانی دەربارەی “سەرمایەداریی چاودێری”، دانی بەوەدا ناوە کە ژیریی دەستکرد شێوازگەلی نوێی زانین و پەیوەندیکردن فەراهەم دەکات. ئەمەش دەمانباتەوە بۆ لێکچواندنێکی مێژوویی گرنگ هەروەک چۆن چاپ لە سەدەی پازدەهەمدا بە سەرەتای سەردەمێکی نوێی ڕۆشنگەری دادەنرا، زیرەکی دەستکردیش لەوانەیە چاپی سەردەمی دیجیتاڵی ئێمە بێت، چونکە تواناکانمان بۆ بەرهەمهێنان و تێگەیشتن لە زانین دوو هێندە دەکات.بەڵام جیاوازیەکە ئەوەیە کە چاپەمەنی ئامرازێک بوو بۆ بڵاوکردنەوەی ئەوەی کە عەقڵی مرۆڤ بەرهەمی دەهێنا، لە کاتێکدا زیرەکی دەستکرد خۆی ناوەڕۆکی مەعریفی نوێ بەرهەم دەهێنێت. ئەمە پرسیارێکی بوونناسیمان (ئەنتۆلۆژیمان) بۆ دەوروژێنێت: ئایا زیرەکی دەستکرد بەڕاستی “بیر دەکاتەوە” یان لاسایی بیرکردنەوە دەکاتەوە؟ فەیلەسوفە شیکاریەکان وەک جۆن سیرل، فەیلەسوفی زمان (١٩٣٢- ) مشتومڕیەتی و دەڵێت کۆمپیوتەر خاوەنی مەبەست و هۆشیاری نییە، بەڵکو تەنها هێماکان بەپێی ڕێساکان پڕۆسێس دەکات. بەڵام داکۆکیکارانی زیرەکی دەستکرد ئاماژە بەوە دەکەن کە توانای فێربوونی خودکار و خۆگونجاندن لەگەڵ داتاکان ئێمە دەخاتە بەردەم شێوازێکی نوێی عەقڵانیەتی پراکتیکی، تەنانەت ئەگەر بێ خودهۆشیاریش بێت. لێرەدا جیاوازی نێوان “عەقڵ وەک هۆشیاری” و “عەقڵ وەک توانای چارەسەرکردن” دەردەکەوێت، کە ئەمەش جیاوازیەک بوو لە سەردەمی ڕۆشنگەری کلاسیکیدا بوونی نەبوو.
‏لە گۆشەیەکی ترەوە زیرەکی دەستکرد چەمکی ڕاستی دووبارە دادەڕێژێتەوە. لە سەردەمی ڕۆشنگەریدا ڕاستی پەیوەست بوو بە میتۆدی زانستیەوە کە لەسەر بەڵگە و ئەزموون دامەزرا بوو. بەڵام ئەمڕۆ ڕاستی لە ڕێگەی ئەلگۆریتمەکانەوە دووبارە بنیات دەنرێتەوە کە توانای دۆزینەوەی شێوە و نەخشەکانیان هەیە لە داتا گەورەکاندا ، ئەمەش ئاسۆیەکی مەعریفی نوێ دەکاتەوە بەڵام لە هەمان کاتدا نیگەرانیەکان سەبارەت بە “هەژموونی ئەلگۆریتم” لەسەر پڕۆسەی داڕشتنی خودی ڕاستی دروست دەکات. ئەگەر عەقڵی مرۆڤ هەڵە بکات و دوچاری تەفرەدان بێت، ئەوا ئەلگۆریتمەکە لەوانەیە جۆرێک لە حەتمیەت بەسەر زانیندا بسەپێنێت و بیگۆڕێت لە بواری گفتوگۆی ئازادەوە بۆ بواری پابەندبوونی ئۆتۆماتیکی. بۆیە دەتوانرێت بوترێت کە ڕەهەندی فەلسەفی و مەعریفی زیرەکی دەستکرد لە نێوان دوو دیدگای ناکۆکدا دەجووڵێتەوە: دیدگایەک کە بە درێژکراوەی پڕۆژەی ڕۆشنگەری دایدەنێت لە ڕێگەی فراوانکردنی عەقڵی مرۆڤ و ئازادکردنی لە سنوورداربوونی بایۆلۆجی. دیدگایەکی تر کە بە مەترسیەک بۆ سەر خودی ڕۆشنگەری دایدەنێت، چونکە لەوانەیە سەربەخۆیی عەقڵی مرۆڤ بکۆڕێت بۆ ژێردەستی و سەرپەرەشتی عەقڵێکی دەستکرد .
‏لەناو ئەم گرژییەدا ناوازەیی ساتەوەختی ئێستا حەشاردراوە؛ ئەمە دووبارەکردنەوەی ڕۆشنگەری ئەوروپی نییە بەڵکو ساتێکی نوێیە کە پێویستی بە دووبارە بیرکردنەوە هەیە لە واتای عەقڵ و زانین لەسەردەمێکدا کە سنوورەکانی نێوان مرۆڤ و ئامێر تێکەڵاو بوون.
‏دووەم – ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و کلتووری زیرەکی دەستکرد . دیاردەی زیرەکی دەستکرد چیتر تەنها تەکنەلۆژیایەک نییە کە لە تاقیگەکان یان پیشەسازیەکاندا قەتیس کرابێت، بەڵکو بووەتە هۆکارێکی کاریگەر لەسەر پێکهاتەی خودی کۆمەڵگە مرۆیەکان. ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات تەنها ئۆتۆماتیک کردنی پڕۆسەی نەریتیەکان نیە، بەڵکو داڕشتنەوەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و کلتووریەکانە بە شێوازێک کە ڕۆڵی تاکەکان و دامەزراوەکان و کۆمەڵگە بە گشتی دەخاتەوە ژێر پرسیار و پێداچونەوە .
توانای پرۆسیسکردنی داتا زۆرەکان، پێشبینیکردنی ڕەفتاری مرۆڤ و ، تایبەتمەندکردنی ناوەڕۆکی کلتووری و ڕاگەیاندن پرسیاری سەرەکی دەوروژێنێت دەربارەی ئەوەی کێ خاوەنی زانیاریە و کێ ئاراستەی دەکات و چۆن دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی بەڕێوە دەبرێت. لەم چوارچێوەیەدا زوبۆف جەخت دەکاتەوە کە زیرەکی دەستکرد کاتێک لە چوارچێوەی “سەرمایەداریی چاودێری”دا بەکاردەهێنرێت، تەنها کار بۆ ئاسانکاری خزمەتگوزاریەکان یان باشترکردنی کارایی ناکات، بەڵکو میکانیزمگەلی نوێ بۆ باڵادەستی و کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی دروست دەکات لە ڕێگەی چاودێریکردنی ڕەفتارەکان و پێشبینیکردنیان و گۆڕینیان بە شێوازێک کە خزمەت بە بەرژەوەندیەکانی لایەنە زاڵەکان بکات.‏بە واتایەکی تر زیرەکی دەستکرد لە ڕووی کلتووری یان کۆمەڵایەتیەوە بێلایەن نییە، بەڵکو هەمیشە هەڵگری گریمانە ئەخلاقی و سیاسیەکانەو پەیوەندیە کۆمەڵایەیەکان بە شێوازێکی نوێ بەرهەم دەهێنێتەوە.‏لەلایەکی ترەوە زیرەکی دەستکرد دەتوانێت کارلێکی کۆمەڵایەتی و کلتووری بە شێوازی بێوێنە بەهێزتر بکات.‏ئێستا گەیشتن بە سەرچاوە زانستیە جۆراوجۆرەکان بە خێرایەکی بێوێنە مومکین بووە، و کارلێککردن لەگەڵ ناوەڕۆکی کلتووری جۆراوجۆر دەرفەتی فراوانتر دەدات بە تاکەکان و کۆمەڵگەکان بۆ تێگەیشتن لە جیهان و ئاڵوگۆڕکردنی بیرۆکەکان.
تیگمارک ڕوونیدەکاتەوە کە زیرەکی دەستکرد دەتوانێت چەند هێندەی توانای عەقڵی مرۆڤ بێت لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و کلتووری ئەگەر ئاراستە بکرێت بۆ بەهێزکردنی هاوکاری و زانینی هاوبەش، نەک تەنها سەرنج خستنە سەر کۆنترۆڵی ئابووری یان سیاسی. ‏ئەم جیاوازییە لە ئەنجامە کۆمەڵایەتی و کلتووریەکاندا، ڕەنگدانەوەی مشتومڕێکی بنەڕەتی هەیە، چونکە زیرەکی دەستکرد ئامرازێک نییە کە ئەنجامە دیاریکراوەکانی هەبێت، بەڵکو پلاتفۆرمێکی ئەگەریە بۆ گۆڕینی پێکهاتە کۆمەڵایەتی و کلتووریەکان بەپێی ئەو هەڵبژاردن و سیاسەتانەی کە دەگیرێنەبەر. بۆ نموونە لە بواری پەروەردەدا زیرەکی دەستکرد بووەتە خاوەنی توانای پێشکەشکردنی شێوازەکانی فێربوونی تاکەکەسی کە پشت بە تواناکانی هەر فێرخوازێک دەبەستێت، ئەمەش ئاسۆیەکی نوێ بۆ دابەشکردنەوەی هەلی خوێندن دەکاتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا مەترسیەکانی جیاوازی کۆمەڵایەتی دروست دەکات ئەگەر دادپەروەری لە بەردەستبوونی ئەم ئامرازانەدا نەبێت. سەرەڕای ئەمانە نیک بۆسترۆم ئاماژە بەوە دەکات کە زیرەکی دەستکرد لەوانەیە جۆرێکی نوێی جیاوازی دروست بکات لە نێوان کۆمەڵگەپێشکەوتووە تەکنەلۆژیەکان و ئەوانەی کە دواکەوتوون لە بواری پیشەسازیدا، ئەمەش نایەکسانی کۆمەڵایەتی و کلتووری قووڵتر دەکاتەوە و شێوازگەلێکی نوێی باڵادەستی ئابووری و سیاسی بەرهەم دەهێنێتەوە. ئەم مەترسیانە هۆشداریەکانی فەیلەسوفانی کۆمەڵناسی دەربارەی تەکنەلۆژیا زیندوو دەکەنەوە، چونکە پێشکەوتنی تەکنیکی بە تەنها گەرەنتی پێشکەوتنی مرۆڤ ناکات، بەڵکو پشت بەوە دەبەستێت کە چۆن ئەم ئامرازانە لە چوارچێوەی کۆمەڵایەتی دادپەروەرانە و یەکساندا بەکاردەهێنرێن .
‏لە ڕەهەندی کلتووریشدا زیرەکی دەستکرد پێناسەی بەرهەمهێنانی کلتووری خۆی دووبارە دەکاتەوە. ئەلگۆریتمەکان توانای دروستکردنی دەق و وێنە و مۆسیقایان هەیە، ئەمەش مرۆڤ دەخاتە بەردەم پرسیارێک دەربارەی واتای داهێنان و کلتوور. ئایا ناوەڕۆکی دروستکراوی ئامێر بەشێکە لە کولتووری مرۆڤایەتی یان بەرهەمێکی لاوەکیە کە تەنها پشت بە چوارچێوەی کولتووری مرۆڤ دەبەستێت؟ ئەم ئاڵنگاریە مشتومڕێکی فەلسەفی کولتووریی نوێ دەوروژێنێت و ڕەنگدانەوەی ئەوەیە کە چۆن زیرەکی دەستکرد چیتر تەنها ئامرازێک نییە بۆ ئاسانکاری بەرهەمهێنان، بەڵکو بووەتە هاوبەشێک لە داڕشتنی خودی کولتووردا، لەگەڵ ئەو دەرئەنجامە کۆمەڵایەتیانەی کە لەسەر بەها و پراکتیکە کولتووریەکان دروست دەبن. لێرەوە ڕوون دەبێتەوە کە ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و کلتووری زیرەکی دەستکرد کۆکەرەوەی نێوان تواناکانی ڕۆشنگەری نوێیە واتە فراوانکردنی زانین و تواناکانی مرۆڤ و مەترسیەکانی باڵادەستیی نوێ ، جا لەسەر ئاستی دەسەڵات بێت یان بەها کلتووریەکان. ئەمەش وای لێدەکات ئەم ڕەهەندە زۆر گرنگ بێت لە تێگەیشتن لە زیرەکی دەستکرد وەک دیاردەیەک کە لە سنووری تەکنەلۆژیا تێدەپەڕێت بۆ ئەوەی ببێتە ئەزموونێکی کۆمەڵایەتی و کلتووری کە جیهانی دەوروبەرمان دووبارە دادەڕێژیتەوە.
‏‏سێیەم – ڕەهەندی ئەخلاقی و سیاسی زیرەکی دەستکرد ‏یەکێکە لەو تەوەرانەی کە زۆرترین مشتومڕی لەسەرە لە گفتوگۆ هاوچەرخەکاندا دەربارەی تەکنەلۆژیا و گۆڕانکاریە کۆمەڵایەتیەکان. توانای ئەلگۆریتمیەکان بۆ کۆکردنەوەی داتا گەورەکان و شیکارکردنی ڕەفتارەکانی تاک و ، پێشبینیکردنی بڕیارەکان وا دەکات زیرەکی دەستکرد ببێتە ئامرازێک کە خاوەنی هێزێکی زۆرە و کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی تاکەکان و کۆمەڵگەکان دەبێت . لەم چوارچێوەیەدا پرسەکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی سەرهەڵدەدەن چونکە ئەلگۆریتمەکان دەتوانن جیاکاری کۆمەڵایەتی یان ڕەگەزی دووبارە بەرهەم بهێننەوە، یان کەلێنە ئابووری و سیاسییە بەردەستەکان قووڵتر بکەنەوە. ئەو داتا مێژوویانەی کە دەخرێتە ناو مۆدێلەکانی زیرەکی دەستکردەوە، بێلایەن نین، بەڵکو لایەنگریەکیان تێدایە کە ڕەنگە ببێتە هۆی ئەنجامی نادادپەروەرانە، ئەمەش هەڕەشەیەکی ئەخلاقی بنەڕەتی پێکدێنێت . لە هەمان کاتدا ئەم ڕەهەندە سیاسییە پرسیار دەربارەی کۆنترۆڵکردن دەوروژێنیت:
کێ توانای دیزاینکردنی ئەلگۆریتمەکانی هەیەو کێ بڕیار لە سەر ئەولەویەتەکانیان دەدات؟
بۆسترۆم ئاماژە بەوە دەکات کە زیرەکی سەروو مرۆیی لەوانەیە ببێتە ئامرازێک بۆ باڵادەستی ئەگەر چوارچێوەی ڕێکخستنی توند نەسەپێنرێت، چونکە ئەو قەوارانەی کە توانای پەرەپێدانی ئەم زیرەکیەیان هەیە دەتوانن کاریگەریەکی بێوێنە لەسەر ئابووری و سیاسەتی جیهانی پێکبهێنن. لێرەدا زیرەکی دەستکرد دەبێتە زیاتر لە تەنها ئامرازێکی تەکنۆلۆژی، هاوکات دەبێتە هێزێکی سیاسی پۆتانسێڵ کە توانای داڕشتنەوەی پێکهاتە نەریتیەکانی دەسەڵاتی هەیە. بەڵام زیرەکی دەستکرد توانای ئازادبوون و زانینیشی هەیە ئەگەر بە هۆشیاری و ئەخلاقی بەکاربهێنرێت. هەروەها دەتوانێت کۆمەڵگەکان بە هێز بکات بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیاری دروست و شیکردنەوەی داتاکان بە شێوازێک کە دادپەروەری و یەکسانی بەهێزتر بکات، وەک لە بوارەکانی پەروەردە و تەندروستی و بەڕێوەبردن و کارگێڕی گشتیدا دەبینرێت .
لەم چوارچێوەیەدا ماکس تیگمارک ئاماژە بەوە دەکات کە زیرەکی دەستکرد دەتوانێت تواناکانی عەقڵی مرۆڤ بۆ کارلێکی کۆمەڵایەتی و مەعریفی چەندبارە بکاتەوە بە مەرجێک سیاسەتێکی ڕوون دابنرێت کە پێشینەی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی دیاری بکات. لە ڕوانگەیەکی فەلسەفی ڕەخنەگرانەوە، دەکرێت ئەم ئاڵنگاریانە بەراورد بکرێن بەوەی کانت دەربارەی ڕۆشنگەری خستبوویەڕوو، کانت ڕۆشنگەری بە ئازادکردنی مرۆڤ لە ژێردەستی دەرەکی و توانای بەکارهێنانی عەقڵی خۆی بە شێوەیەکی سەربەخۆ دادەنا. بەڵام زیرەکی دەستکرد پرسیارەکە بە شێوازێکی نوێ دەخاتەوە ڕوو: ئایا مرۆڤ توانای سەربەخۆیی بیرکردنەوەی هەیە ئەگەر بڕیار و زانین بەشێکی بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی سیستەمی ژیرە ناهۆشیارەکانەوە ؟ لێرەدا دیدگای کانت لەگەڵ ڕەخنەکانی هابرماس فەیلەسوفی ڕەخنەگر (١٩٢٩- ) دەپچڕێت ، کە پێی وابوو ڕۆشنگەری ڕاستەقینە تەنها لە چوارچێوەیەکی گشتی کارلێککاردا بەدیدێت کە تێیدا گفتوگۆی ئازاد و لێپرسینەوەی بەکۆمەڵی تێدا ئەنجام دەدرێت، نەک لە گۆشەگیری تاک یان لە چوارچێوەی هێزێکی تاکلایەنەدا. ‏لەم ڕوانگەیەوە دەکرێت بوترێت کە زیرەکی دەستکرد تاقیکردنەوەیەکە بۆ خودی چەمکی ڕۆشنگەری: یان تواناکانی مرۆڤ بۆ بیرکردنەوەی ئازاد و ڕزگاربوون بەهێز دەکات، یان دەبێتە میکانیزمێکی نوێ بۆ زاڵبوون و کۆنترۆڵکردن ئەگەر کۆنترۆڵی ئەخلاقی و سیاسی نەبێت. بەو شێوەیە ڕەهەندی ئەخلاقی و سیاسی وەک گۆڕەپانێکی مشتومڕاوی دەردەکەوێت، کە کۆکەرەوەی نێوان ئەو دەرفەتانەیە کە زیرەکیی دەستکرد پێشکەشی دەکات بۆ بەهێزکردنی دادپەروەری و ئازادی و مەترسییەکانی پەیوەست بە کۆنترۆڵکردن و جیاکاری و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی پێکهاتە دەسەڵاتداریەکان.‏ئەمەش وادەکات بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و فەلسەفی پێویست بێت بۆ ئاراستەکردنی ئەم گۆڕانکاریە تەکنیکیە بە شێوازێک کە لەگەڵ بەها مرۆیە بنەڕەتیەکاندا بگونجێت و بە ڕۆحی ڕۆشنگەریەوە ڕووناک بکرێتەوە، بەڵام ئاگاداری ئەو ئاڵنگاریە نوێیانە بێت کە سەدەی هەژدەهەم نەیبینیون..
‏چوارەم – ڕەهەندی ئابووری و تەکنەلۆژی زیرەکی دەستکرد . ژیریی دەستکرد چیتر تەنها ئامرازێکی تەکنیکی نییە، بەڵکو بووەتە ڕەگەزێکی سەرەکی لە داڕشتنەوەی ئابووری جیهانی و پێکهاتە تەکنیکیەکانی کە لەسەری دامەزراوە. تواناکانی بۆ شیکردنەوەی داتا گەورەکان و پێشبینیکردنی خواست، باشترکردنی بەرهەمهێنان و، ئۆتۆماتیککردنی پڕۆسە ئاڵۆزەکان، بووەتە هۆی گۆڕانکاری قوڵ لە بازاڕی کار، لە مۆدێلەکانی بازرگانی و، لە پرۆسەی بڕیاردانی دامەزراوەیی و کومپاایەکان . زیرەکی دەستکرد سەرچاوە مرۆیی و مادیەکان دووبارە دابەش دەکاتەوەو چەمکی کارایی و بەرهەمهێنان دەگۆڕێت، چونکە سەرکەوتنی ئابووری چیتر تەنها پەیوەست نییە بە سەرچاوە نەریتیەکانەوە، بەڵکو پەیوەستە بە توانای خاوەندارێتی و بەکارهێنانی سیستەمی زیرەکی کاراوە.
‏لەلایەنی بازاڕی کارەوە کاریگەریەکان دوو لایەنەن؛ لە لایەکەوە زیرەکی دەستکرد دەتوانێت بەرهەمهێنان زیاد بکات و دەرفەتی کاری نوێ لە بوارەکانی توێژینەوە، دیزاین و، چاککردنەوەی تەکنیکیدا دروست بکات؛ لە لایەکی ترەوە دەبێتە هۆی خۆکارکردن یان ئۆتۆماتیککردنی کارە ڕۆتینیەکان و فشار لەسەر ئەو کارامەیانە زیاد دەکات کە پێویستن، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی کەلێنی ئابووری لە نێوان وڵاتانی پێشکەوتوو و تازەپێگەیشتووەکان و لە نێوان ئەو کەسانەی کە شارەزایی بەرزیان هەیە و ئەوانەی کە شارەزایی لاوازیان هەیە. ئەم گۆڕانکاریە بڕیار بەدەستانی ئابووری ناچار دەکات بیر لە ستراتیژیەتێک بکەنەوە بۆ دووبارە پەروردە کردنەوەی هێزی کار و پەرەپێدانی سیستەمەکانی پەروەردە کە لەگەڵ سەردەمی زێرەکی دەستکردا بگونجێن. لەسەر ئاستی تەکنیکیش زیرەکی دەستکرد بە شێوەیەکی بێوێنە بەشداری دەکات لە خێراکردنی داهێنانی تەکنەلۆژی.
‏ئەلگۆریتمەکان کە توانای فێربوونی خودکار و باشترکردنی کارایی خۆیان هەیە بە تێپەڕبوونی کات گەشەپێدانی نەرمەکاڵا و بەرهەمەکان خێراتر و وردتر دەکەن. ئەمەش ژینگەیەکی ئابووری دروست دەکات کە زیاتر پشت بە توانای کێبڕکێ لە تەکنەلۆژیا ژیرەکاندا دەبەستێت و ، خاوەندارێتی فیکری و توانای پەرەپێدانی ئەلگۆریتمەکان دەکاتە هۆکاری سەرەکی بۆ باڵادەستی ئابووری. بەڵام ئەم هێزە تەکنیکیە بێ مەترسی نییە. ژێرخانی دیجیتاڵی و پشت بەستنی ئابووریەکان بە سیستەمە زیرەکەکان، وایان لێدەکات زیاتر بەرەوڕووی هێرشی ئەلیکترۆنی و شکستی تەکنیکی ببنەوە ، ئەمەش پرسیار دەربارەی ئاسایشی ئابووری و تەکنیکی دروست دەکات و ، پێویستی بە پەرەپێدانی ستانداردی توند هەیە بۆ بەڕێوەبردنی مەترسیەکان و پاراستنی داتاو زانیاریە هەستیارەکان . سەرەڕای ئەمانەش توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن کە زیرەکی دەستکرد خەریکە خودی چەمکی بەهای ئابووری خۆی دەگۆڕێت. داتا بووەتە سەرچاوەیەکی بنەڕەتی و ، مافی گەیشتن بەو داتایە کێبڕکێی ئابووری کۆنترۆڵ دەکات لە کاتێکدا ئەلگۆریتمەکان چۆنیەتی لێکدانەوە و بەکارهێنانی ئەم داتایە کۆنترۆڵ دەکەن. ئەمەش شێوازی نوێی کۆنترۆڵی ئابووری لە نێوان کۆمپانیا گەورەکان و ئەو وڵاتانەی کە توانای وەبەرهێنانیان لە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوودا هەیە بەرهەم دەهێنێتەوەو ، ئاڵنگاری دادپەروەری ئابووری لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دروست دەکات.‏لە ڕێگەی ئەم شیکاریەوە ڕوون دەبێتەوە کە ڕەهەندی ئابووری و تەکنیکی زیرەکی دەستکرد بە تێکەڵبوون لە نێوان دەرفەتەکان و مەترسیەکاندا تایبەتمەندن ، دەرفەتی بێوێنە بۆ گەشە و داهێنان دەڕەخسێنێت، بەڵام لە هەمان کاتدا فشار لەسەر بازاڕی کار دروست دەکات و ، دەسەڵاتی ئابووری بە شێوازێک دادەڕێژێتەوە کە پێویستی بە سیاسەتی ژیرانە هەیە بۆ دڵنیابوون لە هاوسەنگی نێوان پێشکەوتنی ئابووری و سەقامگیری کۆمەڵایەتی. تێگەیشتن لەم ڕەهەندە بنەمایەکی سەرەکیە بۆ هەر گفتوگۆیەکی گشتگیر دەربارەی داهاتووی زیرەکی دەستکرد و ڕۆڵی لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و بەردەوام.
‏- کۆتایی شیکاری (زیرەکی دەستکرد لە نێوان ڕۆشنگەری و گۆڕانکاریەکانی داهاتوودا): لێکۆڵینەوە لە چوار تەوەرەی زیرەکی دەستکرد ئەوەی دەرخست کە ئەم دیاردەیە تەنها شۆڕشێکی تەکنیکی نییە، بەڵکو نوێنەرایەتی سەردەمێکی نوێی ڕۆشنگەری مەعریفی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی دەکات.
‏لە ڕەهەندی فەلسەفی و مەعریفیەوە، زیرەکی دەستکرد وەک درێژکراوەیەکی عەقڵی مرۆڤ دەردەکەوێت توانای پێناسەکردنەوەی سنوورەکانی زانین و توانای فێربوونی هەیە، هەروەک ماکس تیگمارک لە ڕێگەی تێڕوانینی ژیان 3.0 ڕوونی کردەوە ئەم بازدانە مەعریفیە ڕۆحی ڕۆشنگەری ئەوروپی دەهێنێتەوە یاد، بەڵام پرسیارێکی بنەڕەتیمان دەخاتە بەردەم: ئایا عەقڵی مرۆڤ سەربەخۆ دەمێنێتەوە، یان عەقڵی دەستکرد دەبێتە هاوبەش یان باڵاتر لە بەرهەمهێنانی زانیندا؟ .
لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و کلتووری زیرەکی دەستکرد خەریکە پەیوەندیەکانی نێوان تاکەکان و دامەزراوەکان دووبارە دادەڕێژێتەوە، هەروەها تواناکانی گەیشتن بە زانین و پراکتیکە کلتووریەکان فراوانتر دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا پێکهاتە دەسەڵاتداریەکان دووبارە بەرهەم دەهێنێتەوە ئەگەر خراپ بەکاربهێنرێت. ئەم هاوسەنگیە لە نێوان ڕۆشنگەری و کۆنترۆڵکردندا نوێنەرایەتی ناوەڕۆکی ئاڵنگاریە کۆمەڵایەتیەکەی زیرەکی دەستکرد دەکات، کە تێیدا کاریگەری ڕاستەقینە لە چۆنیەتی ئاراستەکردنی تەکنەلۆژیادا بۆ بەهێزکردنی دادپەروەری و زانیاری هەمەلایەنە .
لەلایەکی ترەوە ڕەهەندی ئەخلاقی و سیاسی سەرنج دەخاتە سەر مەترسیەکان و دەرفەتەکان کە زیرەکی دەستکرد لە بواری دەسەڵات و بەرپرسیارێتیدا دروستی دەکات. ئەلگۆریتمەکان کاتێک بەبێ چوارچێوەی ئەخلاقی و سیاسی ڕوون دیزاین دەکرێن، دەتوانن ببنە ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردن و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی کەلێنە کۆمەڵایەتی و سیاسیە بەردەستەکان، لە بەرامبەردا دەتوانرێت زیرەکی دەستکرد بەکاربهێنرێت بۆ بەهێزکردنی دادپەروەری و شەفافیەت و لێپرسینەوە لە پڕۆسەی دامەزراوەیی و کۆمەڵایەتیدا. ئەمەش ڕەنگدانەوەی ناوەڕۆکی چەمکی ڕۆشنگەریە لای کانت و هابرماس ، لەگەڵ پێویستی نوێکردنەوەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاریە هاوچەرخەکان. لەلایەکی ترەوە دەبینین کە ڕەهەندی ئابووری و تەکنیکی توانای زیرەکی دەستکرد ڕەنگدەداتەوە لەسەر دابەشکردنەوەی هێزی ئابووری، بەهێزکردنی داهێنان و ، بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاڵنگاریگەلێک دەخاتە ڕوو کە پەیوەندیان بە بازاڕی کار، دابەشکردنی سەرچاوەکان و ، ئاسایشی تەکنیکیەوە هەیە. لێرەدا زیرەکی دەستکرد وەک فاکتەرێکی سەرەکی دەردەکەوێت لە داڕشتنەوەی سیستەمە ئابووریەکاندا، بە شێوەیەک کە سەرکەوتنی ئابووری تەنها پشت بە سەرچاوە نەریتیەکان نابەستێت، بەڵکو بە توانای بەڕێوەبردنی داتا و ئەلگۆریتمەکان بە شێوەیەکی کاریگەر . لە دەرەنجامی ئەم شیکاریە گشتگیرەدا دەتوانرێت ئەمە هەڵجێنێن کە زیرەکی دەستکرد نوێنەرایەتی دەرفەتێک دەکات بۆ ڕۆشنگەری نوێ، ئەگەر بە هۆشیاری و بەرپرسیارێتیەوە بەکاربهێنرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا نوێنەرایەتی تاقیکردنەوەیەکیش دەکات بۆ مرۆڤایەتی: ئایا دەتوانین سەربەخۆیی عەقڵ، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، بەها ئەخلاقییەکان و، هاوسەنگی ئابووری بپارێزین لە بەرامبەر هێزێکی تەکنیکی باڵادا؟.داهاتوو پێشوەخت دیارینەکراوە، بەڵکو پشت بەوە دەبەستێت کە تا چەندە توانامان هەیە سیاسەتێکی یەکگرتوو و چوارچێوەیەکی ئەخلاقی و ڕێکخراوەیی دابڕێژین، کە زیرەکی دەستکرد بکاتە ئامرازێک بۆ ئازادی مرۆڤایەتی و پێشکەوتنی هەمەلایەنە نەک ئامرازێک بۆ باڵادەستی و کۆنترۆڵکردن.

‏- پێشنیارەکان (تێڕوانینی داهاتوو):
بە لەبەرچاوگرتنی شیکاری یەکگرتووی چوار تەوەرەکە، پێدەچێت ڕوون بێت کە زیرەکی دەستکرد بەردەوام دەبێت لە ڕۆڵ گێڕانی سەرەکی لە داڕشتنی داهاتووی مرۆڤایەتیدا لەسەر ئاستی مەعریفی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری . لە ڕوانگەی داهاتووشەوە دەتوانرێت سێ ڕەهەندی سەرەکی بۆ گەشەپێدانی بەردەوامی زیرەکی دەستکرد وێنا بکرێت، کە ئەمانەن: –
‏١- برەودان بە ڕۆشنگەریی مەعریفی لە ڕێگەی ئاڕاستەکردنی زیرەکی دەستکردەوە بۆ قووڵکردنەوەی توانای مرۆڤ لە تێگەیشتن و بڕیاردانی سەربەخۆدا، ئەمەش لە ڕێگەی ئاوێتەکردنی تەکنیکەکانی فێربوونی خودی و کارلێکی مەعریفیەوە، بە جۆرێک کە توانای شیکردنەوەی زانیاریەکان و بڕیاردانی ڕۆشنبینانە بەهێز بکات. ئەمەش پەرەپێدانی ئامرازە فێرکاریە دیجیتاڵیە پێشکەوتووەکان و ناوەندەکانی توێژینەوە دەگرێتەوە کە پشت بە زیرەکیی دەستکرد دەبەستن، بۆ ئاسانکردنی دەستگەیشتن بە مەعریفەی زانستی و ڕۆشنبیری بە شێوەیەکی بەرفراوانتر.

‏٢- بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و کولتووری و سیاسی، کە تێیدا پێویستە چوارچێوەی ئەخلاقی و یاسایی توند دابنرێت بۆ ڕێکخستنی دیزاین و بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد، ئەمەش لەپێناو مسۆگەرکردنی شەفافییەت، کەمکردنەوەی جیاکاری و پاراستنی مافە تاکەکەسی و گشتیەکان. هەروەها سیاسەتە ڕێکخراویەکان دەتوانن بەشداریی هاووڵاتیان لە بڕیاردانی تایبەت بە ئەلگۆریتمەکان بەهێز بکەن، ئەمەش لە ڕێگەی ئەنجومەنی چاودێریی سەربەخۆ و میکانیزمی ڕوونی لێپرسینەوە.

‏٣- بەدیهێنانی گەشەپێدانی ئابووری بەردەوام و هاوسەنگی تەکنیکی؛ بۆیە پێویستە وەبەرهێنان لە زیرەکی دەستکردا بکرێت بۆ برەودان بە داهێنان وباشترکردنی بەرهەمهێنان و دابەشکردنەوەی سەرچاوە ئابووریەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، لەگەڵ دانانی بەرنامە بۆ شیاندنەوەی هێزی کار و پەرەپێدانی لێهاتوویە دیجیتاڵیەکان، بۆ دڵنیابون لەوەی کەلێنی نێوان تاکەکان و وڵاتان خراپتر نەبێت . “هەروەها پێویستە جەخت لەسەر ئاسایشی دیجیتاڵی و پاراستنی ژێرخانی هەستیار لە هەڕەشە تەکنیکیەکان بکرێتەوە، بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوامی گەشەی ئابووری بەبێ زیانگەیاندن بە سەقامگیری کۆمەڵایەتی. جێبەجێکردنی ئەم دیدگا ئایندەیە پێویستی بە ڕێبازێکی فرە ڕەهەند هەیە کە پەروەردە و ڕاهێنان و چوارچێوە یاسایی و ئەخلاقیەکان و وەبەرهێنانی ئابووریی بەردەوام کۆبکاتەوە. ‏‏پێویستە کلتوورێکی کۆمەڵایەتی هۆشیار سەبارەت بە گرنگی زیرەکی دەستکرد بونی هەبێت، کە تێیدا نەک تەنها وەک ئامرازێکی تەکنیکی، بەڵکو وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرتر و داهێنەرتر و گەشەسەندووتر سەیر بکرێت. لە کۆتایدا دەکرێت بگوترێت زیرەکیی دەستکرد هەڵگری بەڵێنێکی یەکجار گرنگە؛ یا ئەوەتا دەبێتە ئامرازێک بۆ فراوانکردنی ئازادیی مرۆڤ و مەعریفەکەی و بەدیهێنانی دادپەروەری، یان دەبێتە هۆکارێک بۆ بەرهەمهێنانەوەی باڵادەستی و کۆنترۆڵکردن، ئەگەر بێت و پێوەرە ئەخلاقی و سیاسییەکان لە ئارادا نەبن. بەرپرسیارێتیی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لەوەدایە کە ئەم هێزە بە شێوەیەکی ستراتیژی ئاڕاستە بکات، بە جۆرێک کە مسۆگەریی ئەوە بکات سەردەمی ڕۆشنگەریی نوێ بە کردار بێتە دی، نەک تەنها پێشکەوتنێکی تەکنیکیی بێلایەن بێت.

نووسینی: د . حسام الدین فیاض – انفاس نت – من اجل الثقافة العلمانیة وانسان ۱٦ تشرین الثاني نوفمبر ٢٠٢٥
‏ و . لە عەرەبیەوە (یاسین لەتیف)




تاوانبارێكی گرنگی تاوانی جینۆسایدی بارزانیەكان و ئەنفال مرد.. عەلی مەحمود محەمەد

فارس نیعمە حوسێن محیاوی Neama Hussain AL-mihiwai Faris ناسراو بە ئەبو ریم, لەدایكبووی 03-07-1940 , سەر بە خێڵی محێیە كە لە شاری یوسفیەی خوارووی بەغداو ناو شاری بەغدا جێگیرن, لە شیعەو سونە پێك هاتوون, فارس لە باڵە شیعەكەیەتی.
فارس نیعمە دەرچووی خولی 36 ی كۆلێژی سەربازی بووە لە ساڵی 1960, بەشداری كودەتای سەربازی بەعسییەكانی كردووە لە 8ی شوباتی 1958, رۆژی 9ی شوبات سوكایەتی بە جەستەی عەبدالكەریم قاسم كردووە , لە بەردەم كەناڵی راگەیاندن جەستە ساردو سڕەكەی بە قژ رایكێشاوە, هەرچەندە سەرباز بووە, لێ لە ئەشكەنجەدانی سەلام عادیل بەشداری كردووە, دەرچووی خولی 35ی كۆلێجی ئەركانە لە ساڵی 1970.
زۆر پۆستی گرنگی لە سلكی سەربازی عێراقی وەرگرتووە, لەوانە ڕاگری كۆلێژی ئەركان لە ساڵی 1982، جێگری سەرۆكی ئەركانی سوپا بۆ كاروباری راهێنان، سەرۆكی زانكۆی البكر بۆ خوێندنی باڵای سەربازی , لە ساڵی 1983 بووە بە فەرماندەی فەیلەقی 1 , لە ساڵی 1988 بە وەكالەت فەرماندەی فەیلەقی 5 بووە.
عەقید نیعمە فارس محیاوی كە ئەوكاتەی فەرماندەی لیوای 6ی زرێپۆش بوو, فەرماندەیی سەركوتكردنی راپەڕینی سەفەری شیعەكانی كردووە لە لە رێكەوتی 8 و 9ی شوباتی ساڵی 1977, كە بەعس رێگری كرد ئەو ساڵە شیعەكان ئەربەعینییە بكەن, ئەو تاوانە لە مێژوودا بە روداوی خان نص بەناو بانگە( خان ئەلحەماد (خان نص) یەكێكە لە گرنگترین شوێنە مێژووییەكانی قەزای ئەلحەیدەرییە لە پارێزگای نەجەف).
لیواكەی محیاوی لە نزیك شاری موسەیب جێگیر ببوو, نزیكەی 40 كیلۆمەتر لە كەربەلاوە دوور بوو، نزیكترین پێكهاتەی سەربازی بووە لە شوێنی راپەڕینەكەوە. لیوای زرێپۆشی شەشەم بە هەر سێ كەتیبەكەی و فەوجی پیادەی میكانیكیەكەیەوە رۆڵی سەرەكییان گێڕا لە سەركوتكردنی راپەڕینەكە, راپەڕینەكە تاكو رێكەوتی 12ی شوبات بە تەواوی دامركاندەوە, لەو روداوەدا دەیان كەس كوژران و سەدان كەسیش لە راپەڕیوانان دەستگیر كران.
فارس نیعمە لە رێكەوتی 1ی فیبریوەری ساڵی 1976 پلەی سەربازی فەریق روكنی بۆ صەدام حوسێن بەست, لە گەڵ بەخشینی ماجستێر لە بواری زانستی سەربازی, لە كاتێك رۆژێك سەربازی نەكردبوو, لە رێكەوتی 17-7-1979 پلەی موهیب روكن لە لایەن ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆرشەوە پێ بەخشرا, پۆستێك وێنەی لە جیهاندا نەبووە .
بە پێی بەڵگەنامەی كۆمیسیۆنی باڵای نیشتمانی بۆ ریشەكێشكردنی بەعس – بەشی زانیاری، ژمارە 1، ڕیكەوتی 2-1-2005، سەبارەت بە لیوا ڕوكن نیعمە فارس محیاوی هاتووە (لیوا ڕوكن ، ئەفسەری پێشووی هێزە چەكدارەكان، لە ڕیزەكانی سەربازیی بەرز بوەوە تاكو گەیشتە پلەی لیوا روكن، وە لە ڕیزەكانی پارتی بەعسی لە ناوچوو (بیرۆی سەربازی) سەركەوت تا گەیشتە تا بوو بە ئەندامی مەكتەبی سەربازی (سكرتێری لقی سەربازی حوتەین و یەرموك)، پاشان وەك باڵیۆز لە یەكێك لە وڵاتان دامەزرا، یەكێكە لە تاوانبارانی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق، كە سەرۆكایەتی لیژنەكانی لە سێدارەدانی كردووە لە كەرتی چوارەم لە پارێزگای میسان و كەرتی فەیلەقی دوو لە پارێزگای دیالە دادەنرێت, بە یەكێك لە چەقۆكێشانی ڕژێمی پێشوو دادەنرێت, دەبێت لەسەر تاوانەكانی لە كاتی شەڕی ساڵانی نێوان 1980 تاكو 1988 ( شەڕی ئێران-عێراق) دادگایی بكرێت.
فارس نیعمە محیاوی دووا خزمەتی بۆ بەعس وەرگرتنی پۆستی باڵوێزی عێراق لە فلپین و نەمسا بوو, وە یەكێك بوو لەوانەی كاری بازرگانی بۆ عودەی دەكرد, دوای روخانی صەدامیش بەردەوام بوو بۆ كاركردن بۆ پاشماوەی بەعس, لە شاری ڤیەنا هێلانەیەكی سیخوڕی بۆ درووست كردبوون, دووا پۆستیشی دوای روخانی صەدام خانەنشینكردنی بوو بە پۆستی فەریق رووكن تا مردنی لە 28ی ئۆگستستی 2025 بەردەوام بوو, لە كاتێكدا ناوی لە لیستی تۆمەتبارانی ئەنفال هەبوو وە داواكراوی ەیسی تاوانی ئەنفال بوو.

بەشداریكردنی لە سەركوتكردنی گەلی كورد

زانیاری وردمان لەسەر كارەكانی نییە دژ بە گەلی كورد, هەرچەندە بە پێی وتەی عەلی حەسەن مەجید خزمەتی سەربازی بە پلەی ئەفسەری زۆر بووە لە كوردستان, كە لەو كاتەوەی ئەو كۆلێجی سەربازی تەواو كردووەو پلەی جیاجیای سەربازی هەبووە, لەو ماوەیە 26 ساڵی جەنگ بەردەوام بووە, ئەوەی بۆ ئێمە زانراوە بە بەڵگەی تاوانبارییەوە, لە پۆستی باڵاوە بەشداری هەردوو تاوانی جینۆسایدی بارزانی و جینۆسایدی ئەنفالی كردووە.
لە ساڵی 1983 ئەو پۆستی فەرماندەی فەیلەقی 1 وەردەگرێت, لەو كاتەی جەنگێك هاتە پێشەوە بە ناوی فەجری دوو بە كوردییەكەی بەناوی شەڕی حاجی ئۆمەران بە ناو بانگە, بارزانیش لە یاداشتەكانی خۆیدا ئاوا ئاماژەی پێ دەدات ” هێزەكانی ئێران لە لایەن شیرازی و موحسین ڕەزاییەوە فەرماندەیی دەكران, هێزەكانی عێراقیش لە لایەن فەریق ڕوكن, نەعمە حوسێن فارس ئەلمحیاوی, فەرماندەی فەیلەقی پێنجەوە سەرپەرشتیی دەكران. سەددام خۆیشی سەردانی دیانای كردبوو, لەم شەڕە عێراق چەكی كیمیایی بەكار هێنا-بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد – بەرگی چوارەم 1975-1990 شۆڕشی گوڵان- ل 205. “.
لەو كاتە ئەو فەرماندەی فەیەقی یەك بوو نەك پێنج” فەیلەقی پێنج ئەوكات هێشتا پێك نەهێنرابوو”, لەو جەنگە ئەو شكستی هێنا بەشێك زۆر لە خاك و چیاكانی لە دەست دا, لیوای 65ی قوات خاصە بە هاوكاری جاشەكان گردمەندیان گرتەوە.
محیاوی لە پەلاماردانی بارزانییە سڤیلەكانی ناوچەی دیانا و شوێن بزركردنیان بڕیار دەربووە, وەك لە بەڵگەنامەی نهێنی و كەسی سەركردایەتی فەیلەقی یەكی پێشەنگ, ئەركانی گشتی , ئەمن ژمارە امن-11-1 لە رێكەوتی 25-8-1983 بۆ العمید الركن احسان كامل شبیب , بابەت پێكهێنانی لێژنە بە واژۆی اللوا الركن نعمە فارس حسین قائد الفیلق الاول ,وە پرۆفیسۆر عەلی تەتەر ئاماژەی پێ دەدات حكومەتی عێراق پاش ئەم تاوانە، لە ئابی 1983، بە فەرمانی سەركردەی فەیلەقی یەكی سوپای عێراق، لیوای ڕوكن نەعمەت فارس حوسێن بە هەماهەنگی لە گەڵ لقی باكووری لەشكری حزبی بەعس لیژنەیەكیان، بە سەرۆكایەتیی عەمیدی ڕوكن ئیحسان كامل شەبیب پێكهێنا بوو، كە كارەكەیان بریتی بوو، لە ئەنجامدانی ئامارێكی ئەمنی لە سەر هەموو نیشتەجێبووانی قەزای سۆران و ناحیەی دیانا و گوندەكانی دەوروبەر، بۆ ڕێوشوێنی پێویست بۆ دانانی ڕاددەیەك بۆ بزاڤی)خائین و بەكرێگیراوان (بە پێی دەربڕینی ئەوان و دۆزینەوەی جێگایەك، كە یەكەكانی لەشكری و ئیداری عێراق بۆی بگوازرێتەوە كە ئاسانتر بتوانن بیانپارێزین. هەروەها بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر كردەوەیەكی نائاسایی، لە 9ی ئابی 1983 هێزێكی تەواویان پێكهێنا بوو، و پیلانێكی ئەمنییان دانابوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر پێشهاتێك. بەم شێوەیە حكومەتی عێراق لاپەڕەیەكی نوێی لە سەر تاوانەكانی دژ بە مرۆڤایەتی و گەلی كورد لە بێدەنگی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی تۆمار كرد كە تا ئێستاش شوێنەوارەكانی بەسەر كومەڵگای كوردیدا ماوە. بەلام دوای ئازادكردنی عێراق، لەسەر كۆمەڵكوژی بارزانییەكان، هەر یەك لە عەلی حەسەن ئەلمەجید، تارق عەزیز عیسا، سەعدون شاكر مەحموود، سەفیان ماهرحەسەن، وەتبان ئیبراهیم حەسەن، حامد یوسف حەمادی و حكمەت مزبان ئیبراهیم لەلایەن دادگای بالای تاوانەكانی عێراق بە تاوانی كۆمەڵكوژی دادگایی كران -حكومەتی عێراق و جینۆسایدی بارزانییەكان پرۆفیسۆری هاریكار دكتور عەلی تەتەر-تایبەت بۆ گولان نوسیویەتی- كۆمەڵكوژی بارزانیەكان و بێدەنگی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێگەی بۆ ئەنفالی گەرمیان و كیمیاباران خۆشكرد سیاسی ژمارە (940) 05-08-2013. رۆژی دووای دەستنیشانكردن و ئاگاداركردنەوەكەی 9ی ئاب, گرتن و بێسەروشوێنكردنی بارزانییەكانی قەزای سۆران دەستی پێكرد.
تەنانەت ئەو راپۆرتانەی ئیستخباراتی سەربازی دابوویان كە گوایە پارتی ئەفسەری پلە باڵای ئێرانی هێناوەتە ناو عێراقەوە بۆ نەخشە كێشان بۆ هێرشەكەی 23ی یۆلی 1983 ی حاجی ئۆمەران , رۆڵی محیاوی وەك فەرماندەی فەیلەق و بەرزترین بەرپرسی بەعسی سەربازی كوردستانی تێدا بووە, كەچی بە رووكەشیش بێت ناوی لە دۆسیەی بارزانییەكان نەهاتە پێشەوە.
سەبارەت بە كەیسی دووەم كە تاوانی جینۆسایدی ئەنفالە, فەریق ركن (نعمە فارس حسین) یەكێكە لە داواكراوانی كەیسی ئەنفال لە لیستی تۆمەتبارانی دادگای بالای تاوانەكانی عێراقی, وە یەكێكە لەو 24 تۆمەتبارە سەرەكییە داواكراوەی خولی یەكەمی دادگا, لە داوا نامەی دادگای باڵای تاوانەكاندا ناوی 24 تاوانبار هاتووە بە پێی نووسراوی ژمارە ف2، 1445 لە ڕێكەوتی 18-12-2005 ی دادگای باڵای تاوانەكان, ژمارەی فایل 9101 و 9102 لە كۆی 9302 فایلی ئامادەكراو بۆ دادگا لە كەیسی تاوانی ئەنفال, بڕیاری گرتن بۆ 24 تاوانبار دەرچووە لەسەر داوای دادوەری لێكۆڵینەوە, لەو داوا نامەیەدا نیعمە فارس ژمارە 13ەیە, (ناوی لە لیستی 423 تۆمەتباری ئەنفال هاتووە بە ژمارە 86 -الفریق الركن (نعمە فارس حسین) معاون ڕئیس اركان الجیش للتدریب).
لیوا ڕوكن فارس حوسێن محیاوی لە پاڵ كەماڵ ساجت و سوڵتان هاشم سەركردایەتی پرۆسەی ئەنفالی یەكی كردووە (23-02-1988 بۆ 19-03-1988)، لە دانپێدانانەكانی سولتان هاشمدا ناوی هاتووە 8147 بۆ 8179.
ئەو سەرپەرشتی قۆڵی مەرگە -بنگرد-كانی توی كردووە لە هێرشی پەلاماری ئەنفالی یەكدا, كە سەرەتای پرۆسەی ئەنفالی 1 لەو قۆڵەوە درزی تێكەوت, هێزەكەی ئەو كە فرقەی 24ی سەر بە فەیلەقی 5 بوو, لە كاتژمێر شەش و نیوی بەیانی رێكەوتی 5ی ئازاری 1988 گەیشتۆتە كانی تو, ناو قوڵایی ناوچەكە, بە بەشداری ئەم فەوجە جاشانە( 1,26,82,98,112,114,148,175,66,91,140,147,110,17,59,126,22).
” بە پێی وتەی سكاڵاكەرانی دادگای باڵای تاوانەكان هەرچی 80 بۆ 90 ئەنفالكراوەكەی گووندی سێدەرە كە لە رێكەوتی 5-3-1988 ئەنفالكراون, بردراون بۆ رانییە دەوروبەری 10 رۆژ ماونەتەوە(لە بارەگای فرقەی 24), دواتر بردراون بۆ هەولێر نزیك 40 رۆژ لەوێ ماونەتەوە, ئەوجا رەوانی سەربازگەی تۆبزاوە كراون, لەوێ 3 رۆژ ماونەتەوە, دواتر پیرەكانیان بردووە بۆ سەربازگەی نگرە سەلمان و گەنجەكانیان روفاتیات لە گۆڕە بە كۆمەڵەكان حەزەر دۆزراونەتەوە”.
“بەڵام بە پێی نووسراوی بێ ژمارەی بەڕێوەبەرایەتی حەرەكاتی سەربازی لە 2ی ئازار 43 پیاو و 39 منداڵ, 17 ژن لە سنووری مەرگە دەستگیركراون , وەك خێزانی تێكدەران ناسێنراون, وە 43 تێكدەر كوژراوە, 283 ش بریندار كراون”.
“لێ ئەوانەی بە لێبوردنە درۆینەكە گەڕاونەتەوە, وەك خۆیان دەگێڕنەوە لە پرۆسەی دادگایی ئەنفال, لە رۆژانی 28-3 و 7-4 لە گوندی سونێ و گوندەكانی تەنیشت سەنگەسەرەوە, لە رێگای جاشەكانەوە خۆیان داوە بە دەستەوە, لە سونێوە گواستراونەتەوە بۆ فرقەی چوارقوڕنە(فرقەی 24ی سەر بە فەیلەقی 5), رۆژێك لە مودیریەی ئەمنی هەولێر, بردراون بۆ سەربازگەیەك لە نێوان موسڵ و هەولێر 4 رۆژ لەوی ماونەتەوە, پێی دەچێت بارەگای فەیلەق بووبێت, چوار قاعە بووە, ژن و پیاو جیاكراونەتەوە, هەندێكی دیكە لە سونێوە بۆ چارقوڕنەو ئەوجا بۆ هەولێر مانگێك لەوێ ماونەتەوە, دواتر نێردراون بۆ زیندانی سەربازگەی تۆبزاوە”.
محیاوی لە بەرامبەر رۆڵی لە سەركردایەتیكردنی قۆڵێكی سەرەكی ئەنفالی یەك دووجار خەڵات كراوە, لە نووسراوێكی سەركردایەتی گشتی هێزە چەكدارەكان ,پێشنیار دەكرێت رێزلێنان بۆ كۆمەڵێك فەرماندەی سەربازی باڵا بكرێت كە محیاوی یەكەمیانە, نووسراوەكە بە واژۆ ی الفریق الركن علا‌والدین كاڤم حماد امین السر القیادە العامە للقوات المسلحە یە, لە رێكەوتی 8-11-1988 دەرچووە.
ناوەكان بریتین لە هەر یەكە: فریق روكن نعمە فارس حسین محیاوی جێگیری فەرماندەی فەیلەقی 5 ,بەخشینی نیشانەی ئازایەتی پێی, بەهۆی بەشداریكردنی لە پرۆسەی ئەنفالی یەك.
بە پێی نووسراوێكی دیكە, سەرۆكایەتی كۆمار – نووسینگەی سكرتاریەتی گشتی فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكان, بە واژۆی الفریق الركن علا‌والدین كاڤم حماد امین السر القیادە العامە للقوات المسلحە, بە نووسراوی ژمارە 1-18-5812, لە رێكەوتی 10-11-1988, كە بۆ دیوانی سەرۆكایەتی كۆمار نێردراوە, لە ژێر سەردێری بابەت رێزلێنان, رەزامەندی سەرۆك كۆمار فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان وەرگیراوە بۆ بەخشینی نیشانەی ئازایەتی بەمانەی لە خوارەوە ناو لە گەڵ پۆستەكانیان دیاریكراوە كە ناوبراو لە سەرتۆپی فەرماندەكانە: “فریق ركن نعمە فارس حسین جێگیری فەرماندەی فەیلەقی 5, خەڵات بكرێت بە نیشانەی ئازایەتی بەهۆی بەشداریكردنی لە ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی یەك”.
بە وتەی عەلی كیمیاوی بێت محیاوی لە كوردستان لە ماوەی 23 ساڵی جەنگدا خزمەتی زۆر بووە, هاوكات دوودڵ نەبووە لە پشتیوانی جینۆسایدكردنی خەڵكی كوردستان لە تاوانی ئەنفال و خاپوور كردنی لادێكان و كوشت و بڕی خەڵكە سڤیلەكەی( كۆبوونەوەی مەكتەبی باكوور بۆ پێداچوونەوەی پەلامارەكانی ساڵانی 1987 و 1988. نەوارەكە مێژووی لە سەر نییە، بەڵام لە ناو كۆمەڵێكدایە بە رۆژانی 21 و 22ی كانوونی دووەمی 1989 دیاریكراون.
” ترسناكترین قۆناخی هەڕەشەكردن لە عێراق، لە نێوان ئابی 1987 و نیسانی 1988دا بوو. بارودۆخێكی زۆر خەتەرناك بوو، ئێمە لە 18ی شوباتەوە تا 4ی ئەیلوولی 1988 لە بەرەی سەربازیدا كارێكی جیددیمان دەستپێكردبوو، تەواوی فەرماندە یەك لە دوای یەكەكانی فەیلەقی یەك و فەیلەقی پێنج: فەریق نزار (الخزرجی) و سوڵتان هاشمی فەیلەقی یەك و تاڵع الدوری و شەهید محمد الحدیسی و نعمە فارس و ئەیادی فەیلەقی پێنج .. هەموو ئەو پیاوانەی كە ناوم هێنان لەو فەرماندانەن كەوا لە پلەی مولازمییەوە لە باكووری عێراقدا خزمەتیان كردووە، یەكەم كەس لە ناو ئەمانەدا كە هاتبێتە ناو حیزبی بەعسەوە تاڵع الدوری بوو. كاتێ كە بڕیارماندا گوندەكان بڕووخێنین و كۆیان بكەینەوە و هێڵی جیاكەرەوەمان بۆ كێشا (ئەوەی كە بە هێڵی سوور ناودەبرێت) لە نێوان ئێمە و تێكدەراندا، یەكەم كەس كە دوودڵی و گومانی بۆ من دەربڕی لە بەردەم سەرۆكدا تاڵع الدوری بوو، یەكەم كەس كە ئاگاداری كردمەوە تالع الدوری بوو، تا ئەمڕۆش كاریگەریی تالع بە ئاشكرا دیارە. هەموو ئەو گوندانەی نەڕووخاند كە من داوام لێكردبوو، بە لای خۆشیەوە كۆنترین ئەندامی حیزبی بەعسە، ئەی كەوابوو دەبێ خەڵكی تر چۆن بن؟ چۆن قەناعەتمان پێبكردنایە كە كێشەی كورد چارەسەر دەكەین و تێكدەرانیش لە ناو دەبەین؟
بەمجۆرە بە تەلەفزیۆن كەوتینە پیشاندانی (ئەو تێكدەرانەی) خۆیان بەدەستەوە دابوو، بۆ ئەم فەرماندە پایە بەرزانە، باشە دەكرا من ئەمانە هەروا بە سەلامەتی بهێڵمەوە؟ ئەی كەواتە چیم لەم بزنانە بكردایە؟ من پەیامێكم لە پیاوە مەزنەكەوە، لە باوكەوە (واتە سەددام حوسێن) پێگەیشت و پێمڕادەگەیەنێت چاوت لە خێزانی تێكدەرانەوە بێت و ئەمە و ئەوە. فەرماندەی گشتیی ئەمەی بۆ ناردووم و منیش نامەكەم خستە سەرسەرم، بەڵام چاوم لەمانەوە بێت؟ نەخێر، من بە بلدۆزەر دەیانكەمە ژێر خۆڵەوە، پاشان داوای ناوی هەموو گیراوەكانم لێدەكەن بۆ بڵاوكردنەوەیان، منیش وتم: “باشە ئێوە قەناعەتتان نیە بەوەی كەوا لە سەر تەلەفزیۆن بینیوتانن و لە ڕۆژنامەدا خوێندووتانەوە؟” ئەی من ئەم خەڵكە لە ئەژمار نەهاتووە لەكوێ دابنێم؟ بۆیە كەوتمە دابەشكردنیان بە سەر پارێزگاكاندا، ئەوكاتەش دەبوو بلدۆزەرەكان بەملا و بەوڵادا بڵاوە پێبكەم…… ).
لەمانەی خوێندمانەوە, لە زمانی بەڵگەنامەكانەوە, بێ دوودڵی بۆمان دەردەكەوێت محیاوی دوژمنێكی كۆنی سەرسەختی گەلەكەمان بووە.

سكاڵا تۆماردن

لە رێكەوتی 19ی یۆنی ساڵی 2007 ەوە لە لایەن چەند ئەندامێكی ڕێكخراوی چاودێری كوردۆساید چاك و دەرەوەی ئەو رێكخراوەوە, وەك تۆمەتبارێكی ئەنفال سكاڵای یاسایی لەسەر تۆمار كرا لە لای پۆیسی نەمساوی, لە ڕێكەوتی 11-09-2007 سكالای سكاڵاكەران گەیشتبووە دەست دەزگاكانی نەمسا و لەو رێكەوتە وەڵامیان داینەوە, لە رێكەوتی 2-2-2009 داواكاری گشتی نەمسا وەلامیان داینەوە كە دۆسییەكە لە بەردەستیانەو چاوەڕوانی وەرگرتنی زانیارین لە عێراقەوە, وە شاندیان ناردبوو بۆ عێراق بۆ كۆكردنەوی زانیاری لیچ دەست بەتاڵ گەڕانەوە, ئەوانەی بەشدارییان كرد لە پرۆسەی سكالاكە: خوالێخشبوو ناجی عەقراوی, و ف هاوولاتییەكی عەرەب لە نەمسا زانیاری تایبەت بە ناوی فەرمی و ناونیشانی تاوانباری كۆكردەوە, وە كاك ڕەزا حەمەی شاعیر خۆبەخشانە چەند بەڵگەنامەیەك لەسەر تاوانباری ناوبراوی وەرگێڕایە سەر زمانی ئەڵمانی, هەروەها بەڕێزان شاخەوان شۆڕش, گۆران هەڵەبجەیی, هیشام ئاكرەیی,دەرسیم دیبەگەیی, قادر نادر, روناك شوانی و عەلی مەحمود سكاڵایان تۆمار كرد, نابێت ئەوە لە یاد بكەین تا مردنی كاك شاخەوان شۆرش بەردەوام نامەكانی بە ئینگلیزی نووسیووە بۆ لایەنەكان.
بە هۆی گەڕانەوەی من بۆ كوردستان و پچڕِانی پەیوەندییەكان, پشتگوێ خستنەوە لە لایەن دادگای بالای تاوانەكانی عێراقەوە كە هاوكاری داواكاری گشتی نەمسایان نەكرد, وە چەندین جار بانگەوازمان كرد كەس دەستی هاوكاری بۆ درێژ نەكردین, چەند هەوڵمان دا پارێزەرێك بگرین سەركەوتوو نەبووین, تەنانەت لەو كاتە بەڕێز عوسمانی حاجی مەحمود ئامادەیی ئەوەی دەربڕی خەرجی گرتنی پارێزەر بگرێتە ئەستۆ, هەروەها دەست نەگەیشتنمان بە بەڵگەنامە لەسەر ناوبراو, وە پەیوەندییەكانمان لە گەڵ رێكخراوە تایبەتمەندەكان وەك ئێستا نەبوو, بۆیە سەركەوتوو نەبووین ,هەرچەندە ماوەیەك پێش مردنی هەنگاوی باشمان نا بۆ زیندوو كردنەوەی دۆسیەكە كە بەڵگەی چاكمان دەست كەوتبوو, وەلێ كار لە كار ترازا.
هەرچەندە لە 11ی ئۆگستی 2022 لە رێگای پزیشكێكی ئازیزەوە بەناوی ه س بە نامەو ئیمەیل پەیوەندیمان كردەوە بە داواكاری گشتی نەمساوە بەڵام بێ وەڵامبوو, كێشەی كورد ئەوەیە زۆر كەس دڵسۆزەو نەتەوەییە وەلێ كە دەگاتە پرسی دادگایی تاوانباران ستاپ دەكات.
ئەو لە 28ی ئابی 2025 مرد و رزگاری بوو, كوردێك پرسەی گەرمی بۆ دانا, ئەویش تاوانبارێكی ئەنفالی دانیشتووی نەمسایە, نووسەر و رۆژنامەنووسەو ئەندامی ئەمنستی ئەنتەرناسیۆنال, راوێژكاری فەوجی 79ی جاشە سوكەكانی پێشووجەلال چەرمەگا بوو( https://algardenia.com/2014-04-04-19-52-20/qosqsah/68758-2025-08-29-15-11-02.html ),پرسەی ئەو لە نەمساو بەغدا گەرم بوو, لە حكوومەتی نوێی عێراقیش وەك فەریق روكنێكی خانەنشین مرد, لەو وڵاتە سەیرە قوربانی و جەلاد هەموو پێكەوە خانەنشینن, جیاوازییەكانیان ئەوەیە موچەی خانەنشینی زیاترەو پۆستەكانیان باڵاترە.
لەم چەند ساڵە محیاوی چوارەم تاوانباری جینۆسایدی كوردە لە دەرەوەی وڵات دەمرێت لە دوای تاریق رەمەزان, وەفیق سامەڕائی و مەلا عوزێرەوە, مردنی ئەوان بۆ دڵسۆزانی كەیسی جینۆساید ئازارەكەی بە ئەندازەی مەرگی باوكە, چونكە بێ دادگایی و سزا دەڕۆن و رزگاریان دەبێت, دەبێت دووعا بكەین تاوانبارانمان بۆ بهێڵیت بەڵكە رۆژێك غیرەت پەیدا بێت دادگایی بكرێن.




تاوانباری تاوانی گەلکوژیی نعمە فارس محیاوی لە نەمسا مرد و هەرگیز نەدرایە دادگا.. شاخەوان قادر شۆرش

گەورە تاوانبارێکی دیکەی تاوانی گەلکوژیی فەریقی روکن نعمە فارس محیاوی تاوانبار لە کۆمەڵکوژیی بارزانیەکان لە ساڵی ١٩٨٣ و تاوانی ئەنفال لە ساڵی ١٩٨٨دا، داواکراو لە دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراقدا لە ڕۆژی ٢٨/٨/٢٠٢٥دا مرد و نەدرایە دادگا. ئەم تاوانبارە لە وڵاتی نەمسا دەژیا، لەلای حکومەتی ئیراق و حکومەتی هەرێم شاراوە نەبوو، بەڵام نە حکومەتی ئێراق و نە حکومەتی هەرێم ڕۆژێک لە ڕۆژان هەوڵی گرتن و ڕادەستکردنی ئەو تاوانبارەیان نەدا، خۆیان لە ئاستیدا بێدەنگ کرد. ئیسرائیل دوای ٨٠ ساڵ دەچێ پاسەوانێکی سادەی زیندان دەدۆزێتەوە و لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا دەیداتە دادگا، بەڵام لای حکومەتی ئێراق و هەرێم ژەنەڕالێکی تاوانبار ئەو گرنگییەی نەبوو و حەزیشیان بە هەڵدانەوەی کەیسەکەی هەر نەکرد.
تاوانباری تاوانی گەلکوژیی نعمە فارس محیاوی کێ بوو:

  • نعمە فارس محیاوی دەرچوی کۆلێژی سەربازیی لە ساڵی ١٩٦٠ و کۆلێژی ئەرکان لە ساڵی ١٩٧٠، یەکێک بوو لە سەرکردە بەناوبانگەکانی ئەنجومەنی سەربازییی و هاوڕێی نزیكی سەدام حوسێن و ژمارەیەكی دی لە گەنجەکانی حزب بەعس کە لە کودەتای 9ی شوبات 1963دا لە گوللەبارانکردنەکە یا سوکایەتی بە تەرمەکەی سەرۆک وەزیرانی ئەوسای ئێراق عبدالكەریم قاسم بەشداریی هەبووە. ئەم زانیارییە وابڵاوکراوەتەوە، بەڵام هیچ سەرچاوەیەکم لەبەردەستدا نییە کە پشتڕاستی ئەوە بکاتەوە. بەهۆی خزمەتی سەربازییەکەی وەک ئەفسەر لە تۆپخانەی نیشتیمانی، بە پێی پلەی سەربازی بەرزبۆتەوە تا گەیشتۆتە پلەی فەریقی ڕوکن. گەیشتۆتە پلەی ئەمین سڕ لە لقی حطین و یەرموک. ئەو تۆمەتبار بوو بە تاوانی جەنگ کە لە کاتی جەنگی عێراق و ئێراندا ئەنجامدراون، چونکە یەکێک بوو لەو کەسانەی سەرکردەی تاقمی بکوژان لە کەرتی چوارەم لە پارێزگای ميسان و کەرتی فەیلەقی دووەم لە دیالەدا. ئەو یەکێک بوو لە دڵسۆزانی ڕژیمی پێشوو و بە ئەنجامدانی تاوانەکانی جەنگ لە نێوان ساڵانی 1980 تا 1988 تۆمەتبار دەکرێت. ئەوەش لە بڕیاری ژمارە ١ بە ڕێککەوتی ٢/١/٢٠٠٥ لەلایەن فەرمانگەی زانیاری سەربە لیژنەی باڵای نیشتیمانی بۆ هەڵوەشانەوەی بەعس دەرچووە.
  • سەرۆکی فەیلەقی یەکەم بوو لە ساڵی 1983 دا لە کاتی جەنگی عێراق و ئێراندا. ئەو وەکو سەرۆکی فەیلەق لە گرتنی مێرمنداڵ و پیاوانی بارزانیەکان لە هاوینی ساڵی 1983 بەشداری هەبووە. بەپێی بڕیارێکی نهێنی و تایبەت بە ڕێککەوتی ٢٥/٨/١٩٨٣ فەرمان بە جەرد و مەسحی هەموو قەزای سدیق و ناحیەی دیانە دەکات و داوا دەکات هێزێکی ناکایی پێکبهێندرێت بۆ هەر ئەگەرێک. وەکو لەژێر فەرمانی ئەودا یەکەکانی فەیلەقی یەک دەوری ئۆردوگاکانی دیانا، حەریر و بەحرکە و قوشتەپەی گرت. هەموو پیاوان و هەروەها کوڕانی سەرووی 12 ساڵیان لەو شوێنانە دەستگیرکرد و ڕادەستی دائیرەی ئەمنیان کردن. بە هەزاران کەس دەستگیرکران و بەکۆمەڵ کوژران.
  • بەرامبەر بەشداریی گرنگی ئەو وەکو جێگری سەرۆکی فەیلەقی پێنج لە ئەنفالی یەکدا مەدالیای ئازایەتی لەلایەن سەدام حوسێن سەرکردایەتی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێراقەوە،لە 8ی تشرینی دوومی 1988 پێدەدرێت. هێزەکانی فەیلەقی پێنج بە سەرپەرشتی نعمە فارس هاوکاریی سوڵتان هاشمیان لە هێرشی ئەنفالی یەکدا بۆ سەر دۆڵی جافایەتی کردووە. هێزەکەی ئەو لە هێکێ بنگرد و کانی توودا بەشداری کردووە و لەوێدا خەڵک گیراون و ئەنفال کراون.
  • نعمە فارس سەرۆکی زانکۆی بەکر بوو لە ساڵانی ٩٠ کاندا و دوای ئەوە دەبێتە باڵوێزی ئێراق لە ڤیەنای پایتەختی نەمسا، هەر لەوێش داوای پەنابەرێتی دەکات. تاڕووخانی حکومەتی بەعس لە ٩/٤/٢٠٠٣دا پەیوەندی لەگەڵ ڕژێمی بەعسدا هەبووە.
    لە ڕێککەوتی ٨/١٢/٢٠٠٥ دا دادوەری لێکۆڵینەوە فەرمانی گرتنی ٢٤ کەس لە ئەفسەرە پلە باڵاکان و هەندێ سەرۆک جاش دەردەکات، لە ژمارە ١٣دا ناوی نعمە فارس نووسراوە. هەر لە ٨/١٢/٢٠٠٥دا دادوەری لێکۆڵینەوە فەرمانی دەست بەسەرداگرتنی مولک و ماڵی تۆمەتبارەکان دەردەکات. فەرمانەکە لە ٢٧/١٢/٢٠٠٥دا دووبارە دەکرێتەوە. لە لایەن دادوەری لێکۆڵینەوەدا لە ڕێککەوتی ٢٩/١٢/٢٠٠٥ دا داوای زانیاری لەسەر ٨ ئەفسەر دەکرێت کە ناوی نعمە فارس دووەم ناوە و لە دوای ناوی نەزار خەزرەجیەوە هاتووە. ئەو فەرمانە لە ١٨/١/٢٠٠٦دا سێبارە دەکرێتەوە. دادگای باڵای تاوانەکان فەرمانی تایبەت بۆ دەستگیرکردنی نعمە فارس محیاوی وەکو سەرۆکی فەیلەقی یەک بەپێی تاوانی ماددەی ١٢ لە یاسای دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقدا دەردەکات. لە بروسکەیەکی دیکەی فەرمانی گرتندا ئاماژە بە شوێنی دانیشتنی کە وڵاتی نەمسایە دەکرێت.
    هەرچەندە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی نعمە فارس مەحیاوی دەرکرد و لە بەشداریی لە تاوانی ئەنفال تۆمەتبارکرا، ناوی ئەو لە ١١ بەڵگەنامەی دادگا هەبوو و ئاماژەی بۆ کراوە، بەڵام ئەم تۆمەتبارکردنە و داواکردنە هەر وەک نووسینی سەر کاغەز مایەوە و هیچ هەوڵێ بۆ دەستگیرکردنی نەدرا.
    لە هەر وڵاتێکدا دادوەریی هەبێت دەبێت تاوانبارانی تاوانی گەلکوژیی یا تاوانی جەنگ یا تاوان دژ بە مرۆڤایەتی دەستگیربکرێن و بدرێنە دادگا. کاتێ دادگا بڕیاری گرتنی تۆمەتباران دەردەکات، لەسەر دەسەڵاتی جێبەجێککردنی وڵاتە ئەو تاوانبارانەی دادگا داوای کردوون بگیرێن و بدرێنە دادگا، ئەگەر کەسی تۆمەتبار لە دەرەوەی وڵات بوو، ئەوا داواکاریی دەستگیرکردن دەدرێتە ئەو وڵاتەی کە کەسەی تۆمەبتارەی لێیە و بە هاوکاریی ئەو وڵاتە کەسی تۆمەبتار دەستگیر دەکرێت، ئەوە ئەگەر ئەم وڵاتە هاوکاریی بکات.
    لە ئێراقدا بڕیار و فەمانی دادگا کاتێ بڕ دەکات ئەگەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن گرتن و دادگایی ئەو کەسەی لەبەرژەوەنددا بێت، بەڵام ئەگەر بڕیاری سیاسی دەوڵەت دژی گرتن و دادگاییکردن بێت، ئەوا فەرمانی دادگا تەنها نووسراوێکی سەر کاغەزە و کاری پێ ناکرێت. لە کەیسی تاوانی گەلکوژیی ئەنفال و بارزانی و ئەوانی دیکەدا، چەند تۆمەتبارێک هێندران و درانە دادگا، ئەوانیش: لە کەیسی ئەنفالدا عەلی حەسەن، سوڵتان هاشم، فەرحان موتلەگ، سابیر عەزیز، حوسێن ڕەشید و تاهیر تۆفیق هێندرانە دادگا، لە کەیسی بارزانیەکان تاوانباران تاریق عەزیز، وەتبان ئیبراهیم، حەمید یوسف، سەعدون شاکر، حیکمەت مەزبان و سۆفیان ماهیر هێندرانە دادگا، چاوپۆشی لە گرتنی سەدان و بگرە هەزاران تۆمەتبار کرا کە بەپێی بەڵگەنامەکانی بەعس ناو و پلەوپایە و جۆری بەشدارییان تۆمارکراوە. بەڵام هەموو ئەوانە بە ئازادی دەسووڕێنەوە و کەس پێیان ناڵێت چ کارەن. نعمە فارس یەکێ لە ئەفسەرە هەرکۆنەکان و هاوڕێی نزیکی سەدام، بەبەڵگەوە بەشداری لە تاوانی گەلکوژیی ئەنفال و بارزانیەکاندا هەبووە، تەنانەت مەدالیای ئازایەتی لەسەر بەشدارییەکەی وەرگرتووە. واتە ژەنەڕالێکی سەردەمی بەعس کە بەبەڵگەوە بەشداریی ئەو لە تاوانەکاندا ئاماژەی بۆ دەکرێت، سەربازێکی سادەی فیرقەیەکی سوپا نەبوو، یا پاسەوانێکی زیندانەکان نەبوو، بەڵکو سەرکردەیەکی تاوانەکە بوو، بەڵام نە دەسەڵاتی ئێراقی و نە دەسەڵاتی هەرێم هیچیان نەکرد. کاتێ دەسەڵاتی دادوەریی نەمسا داوای هاوکاریی لە ساڵی ٢٠٠٩دا لە دەسەڵاتی ئێراقی دەکات، ڕەتی هاوکاریی دەکەنەوە. ئەوە کاتێک ڕوویدا کە لە ڕێگەی ناوەندی چاکەوە و چەند کەسێکی دیکەش سکاڵایان لە دژی ئەم تاوانبارە لە ساڵی ٢٠٠٧دا تۆمارکرد، پۆلیسی نەمسا وەڵامی داواکەی دایەوە و نوێنەریان بۆ بەغدا بۆ بەدەستهێنانی هاوکاریی بۆ کردنەوەی کەیس لەسەر تۆمەتبار نعمە فارس محیاوی، بەڵام هاوکارییان نەکرا و ئەوانیش کەیسەکەیان داخست، بۆ ئەوان بیانوێکی باش بوو کە خۆیان لە سەریەشەی دادگایکردن دەربازکرد.
    بەڵام چۆن ئەوان کەیس لەسەر کەسێکی ئەوها گرنگ دادەخەن، ئەگەرچی ئێراق ڕەتی هاوکاریش بکاتەوە. دەکرێ بڵێن کە بەڵگەنامەکان لە دژی نعمە فارس لاوازبوون و ئێراقیش هاوکاریی نەکردن بۆیە کەیسەکەیان داخست. بێگومان نەمسا دەیتوانی لێکۆڵینەوەی زیاتر بکات، پەیوەندی بە لایەنە پەیوەستدارەکان بکات و بەڵگەنامەکان بەدەستبهێنێت و کەیس لەسەر تاوانبار نعمە فارس بکاتەوە، بەڵام ئەوەیان نەکرد. ئەگەر لە لایەن جوولەکەکانەوە سکاڵا لە بوونی تاوانبارێکی بچووکی نازیی لە نەمسا بکرابایە، ئایا نەمسا دەیتوانی لێی بێدەنگ بێت؟ بێگومان نەخێر، چونکە حکومەتی ئیسرائیل و لۆبی جوولەکان هەمووی دەهاتنە دەنگ و بابەتەکە لە ڕاگەیاندنەکاندا دەتەقیەوە و لایەن سیاسیەکانیش دەهاتنە دەنگ. ئەوەی بە گەلی جوو و حکومەتی ئیسرائیل دەکرێت و دەیکەن، ئاستێکە کورد زۆری ماوە خۆی لێ بدات. جوولەکان گەلێکی هوشیار و زیندوون هەرچی کوردی باشوورە گەلێکی بێئاگا و نووستووە. حکومەتی هەرێم لەجیاتی گرتن و ڕاوەدوونانی تاوانباران، پەنای تاوانباران دەدات یا بۆ دەرەوە ڕزگاریان دەکات. واپێدەچێ ویستی کردنەوەی کەیس لەسەر ئەم تاوانبارەی تاوانی گەلکوژیی لەسەرەتاوە لای نەمسا لاواز بووە، کە دەکرێ یەکەم بڵێن ئێراق خۆی بێدەنگ بێت بۆ ئەوان لەم کەیسە بکۆڵنەوە، دووەم بێدەنگی ڕاگەیاندنی نەمسا لە ئاست بوونی تاوانبارێکی ئەوها گەورە لە وڵاتدا، دووهەم نەبوونی پشتگیری ڕامیاریی ناوخۆیی نەمسا بۆ کەیسەکە ، سێهەم خۆ دوورخستنەوە لە دەستپێکردنی کەیسێک کە قووڵبوونەوە و لێکۆڵینەوەی گەرەک بوو، ئەوەش بێگومان خەرجی دەوێت. کاتێ تاوانبار نعمە فارس لە نەمسا ژیاوە، زیرەکانە خۆی پەناداوە، دەرنەکەوتووە و دیدار و چاوپێکەوتنی نەبووە. بەمجۆرە خۆی لە ڕاگەیاندن بەدوورگرتووە و خۆی تێکەڵی هیچ چاڵاکیەکەی ئاشکرا نەکردووە.
    ئەگەر ڕەخنە لە لایەنی کوردی کە مەبەستم چاڵاکوان و خەباتگێرانی مافەکانی مرۆڤە نەک پارتەکان و لایەنگرانی سەر بە دەسەڵاتدارانی هەرێم، دەکرێ گونجاو بێت بپرسین جگە لە سکاڵا چیتر لە نەمسا کرا؟ کاتێ دەسەڵاتی دادوەریی وڵات چاوپۆشی یا ساردیی لە دەستپێکردنی کردنەوەی کەیس لەسەر تۆمەتبارێکی تاوانی گەلکوژیی دەکات، پێویستە پەنا ببردرێتە بەر میدیای ئەو وڵاتە، لەو لایەنەوە بوون و شوێنی ژیانی ئەو کەسە تاوانبارە ئاشکرا بکرێت، هەروەها پەیوەندی بە پارتەکانی دۆست و بەرەی ئۆپۆزیسیۆنەوە بکرێت و بابەتەکە بجووڵێندرێت. چونکە کاتێ ئەو کەسە ئاشکرا بوو و میدیا لەسەریان نووسی سەختە بۆ دەسەڵاتی دداوەریی وڵات بێدەنگی لە کەیسەکە بکات. ئەوەندەی من لێی ئاگادار بم لەم لایەنەوە کارێکی ئەوتۆ نەکراوە و نەمزانیووە ناوی نعمە فارس وەکو تاوانباری تاوانی گەلکوژیی لە هیچ ڕۆژنامەیەکی نەمسادا هاتبێت. هەرچۆنی بێت ئەم تاوانبارەش مرد و سزای ڕەوای خۆی لەسەر تاوانەکانی وەرنەگرت.

    بەداخەوە زۆر لە تاوانباران دەمرن و نادرێنە دادگا لەوانە شێخ جەعفەر، عامر ڕەشید، ئەرشەد زێباریی، مەلا عوزێر، وەفیق سامەڕایی، حەمید شەعبان، عزەت دوریی، تارق ڕەمەزان و زۆریتر لە ئەفسەرانی کۆنی بەعس دەمرن و سزای داوەرانەی خۆیان وەرناگرن، ئەوەش خۆی لە خۆیدا قووڵبوونەی ئازاری کەسوکاری قوربانیانە و درێژەی زیاتری ئەم تاوان و ناڕەواییەیە کە تاوانی ئەنفال و تاوانەکانی دی دروستیان کرد. بێگومان ئاگادارم کە زۆر لەو ئەفسەرە ئێراقیانەی بەشداری تاوانی گەلکوژیی ئەنفالیان کردووە ئێستا لە کوردستاندا پەنادراوان و ڕیزیان دەگیرێت، دەسەڵاتداران پسولەی بێتاوانی بۆ تاوانباران دەبەخشنەوە و دەیانپارێزن، بەڵام ئەو هەوڵە حزبیی و ناوچییە هیچ لە تاوانباریی ئەوان ناگۆڕێت. تەنها دادگایەکی سەربەخۆ دەتوانێ تاوانباریی و بێتاوانیی ئەوان یەکلابکاتەوە. هەموو ئەوەشمان بینی کاتێ تەرمی تاوانباران گەیشتەوە کوردستان کۆڕ و ماتەمینیان بۆ گیرا، پرسە لەبەر بەرپرسان و سەرمایەدارەکان بەر نەدەکەوت. ئەم بارەی باشووری کوردستان بەداخەوە وێنای داڕمانی مۆڕال و پرەنسیپەکانی دادوەریی لە کۆمەڵگەدا لەژێر سایەی دەسەڵاتی نانیشتیماندا دەکات کە زۆر نائاساییە و وێنەی لە هیچ شوێنێکی جیهاندا نییە، هەر بۆیە گرنگە بێدەنگی لە تاوانباران نەکرێت و ڕێچکە یاسایی و دادوەرییەکان وەبیربهێندرێنەوە. پێویستە دژ بە هەژموونی بێدادی و ناڕەوایی ڕاستییەکان بخرێنەڕوو و شێلگیرانە بەرگریی لە مافی کەسوکاری قوربانیانی تاوانی گەلکوژیی بکرێت.

شاخەوان قادر شۆرش
٢٠/١١/٢٠٢٥




زارا.. برایم فەڕشی

خۆش ڕابواردن بە دڵی پاکە- ئەوەی دڵی پاکە، بێ باکە، چاکە
هەموو دەوڵەتی دنیات دەسکەوێ- خۆشی نابینی کە دڵ نەسرەوێ

زارا شیعری منداڵانەی دەخوێندەوە، وشەی کوردی جوانی بە زاردا دەهات. ئەو جیاواز بوو لە هەموو منداڵانی گەڕەک، هەر کات ئێمە وشەی ناحەزمان لە زار دەهاتە دەر، دەیگوت:
ئەگەر تۆ زانایت، نەزانێک فێرکە- گەر دەوڵەمەندی هەژارێک تێرکە

بەیەکەوە فێری کوردی نووسین و خوێندنەوە دەبووین. باوکی پێیگوتبووین، ئیجازەمان نییە لای خەڵک باسی ئەو کتێبە کوردیانە بکەین. ئێمەش لای کەس باسمان نەدەکرد. بیستبوومان ساواک خەڵک لە سەر کتێبی کوردی دەگرێ. مەلای مزگەوتی بازاڕ لە سەر کتێبی کوردی بۆ ساواک بانگ کرابوو، باوکی زارا بانگ کرابوو، هەڕەشەیان لێکردبوو، بۆچی کوردی ئەو دیو، دێنە دووکانەکەت! ئێمە فێرببووین بەیەکەوە بین و هیچ شتێک نەدرکێنین.

ئەو هاوینەی پۆلی نۆمان تەواو کردبوو، باوکی گەزیزە بە ماشێنەکەی هەموومانی برد بۆ باخی میراوا. دوای نانی نیوەڕۆ خاڵی زارا بە ئەسپ و تانجی گوێ قوتەوە، پەیدا بوو، پرسی کێ دێت بۆ ڕاوە کەوە؟ هەموو سەیری یەکتریان کرد و گوتمان ئێمە. باوکەکان لە گەڵمان هاتن و دایکەکان مانەوە، هەتا ئێمە بگەڕێینەوە. خاڵی زارا سووتێکی لێدا، دوو کەس، چوار ئەسپی تریان هێنا و هەرکام لە ئێمە لە پشت سەری باوکمان سواری ئەسپ بووین و وەڕێ کەوتین، بۆ کوێ، نەماندەزانی.

پێشتر بە ئێمەیان گوتبوو کەوشی وەرزشی لە پێ بکەین، نەیانگوتبوو دوای میراوا بۆ کوێ دەچین ! کە گەیشتینە ناو گوندی تەرەغە، زانیمان چ باسە. لەوێ ئەسپەکانیان بردە ماڵێک و خاوەن ماڵ لەگەڵمان کەوت و گوتی لە بەر منداڵەکان بە ڕێگایەکی خۆشدا دەچینە سەرێ. لە بەر قەدی کێو سەیری سەرێمان کرد، باوکی گەزیزە گوتی کڵاوەکانتان بەرنەبێتەوە. ئەوە قسەی ناو خەڵک بوو، کە دەیانگوت” هەر کەس لە خوارەوە سەیری تەرەغە بکات، کڵاو لە سەری بەردەبێتەوە. ئێمە هەموو ڕۆژێ لە پەنجەرە و سەر سەربانەوە، لوتکەی ئەو کێوە قیت و جوانەمان دەبینی و هیوامان دەخواست ڕۆژێ بگەینە سەر ئەو لوتکەیە. یەک کەیف خۆشێک بووین، نەبێتەوە. پاش ئارەق ڕژاندنی زۆر و ماندوو بوون، گەیشتینە سەر لوتکە و هەناسەیەکی قووڵمان هەڵکێشا و خۆمان دا بەعەرزدا. لە ناکاو باوکی گەزیزە تێیچریکاند:

تەرەغە خۆشی سەرت هەر بەرزە- لێک جیابوونەوەمان چەند وەرزە؟
هەر لەلاتن! دەمەوێ سەیری بکەم- سەنگەری سارمی خوێنڕێژی عەجەم
دێننەوە بیر کوڕی کورد مەرگی ئەوێ- ئەو سەرەی ناوێ بە حیزی بنەوێ
کارگ و ڕێواسە بەهارانە بەرت- وەکو جاران کوڕ و کچ دێنە سەرت!

لێرە هەموو بەیەکەوە دەیڵێنەوە: وەکو جاران کوڕ و کچ دێنە سەرت؟ کچکەکان هاوار دەکەن ودەڵێن، دێن، دێن! زارا کە فرمیسک بە لاچاویدا دەهاتە خوارێ، گوتی: نەمدەزانی ئەو وڵاتەی ئێمە هێندە جوانە! سروە قسەی ئەوی درێژە دا و گوتی: حەز دەکەم، یەک بە خۆم هاوار بکەم، گەزیزە هاتە پێش، دەستی ئێمەی گرت و دەسرەی دەرهێنا و کەوتە سەرچۆپێ کێشان و بە هەوای ڕۆینە دەستی کرد بە گۆرانی و باوکی بۆ دەگێڕایەوە:

وەکوو ڕۆژ و شەوە فەرقی گودازی شەمع و سووتانم
کە ئەو هەر شەو دەسووتێ، من هەموو دەم؛ گەرچی ئینسانم
بە تەخمین وەسفی فیردەوس و جەهەننەم بۆچ دەکا واعیز
لە سایەی وەسڵ و هیجرانت بە خۆم دیتوومە دەیزانم
لە سیڕڕی حیکمەتی چاوت گەیشتم باعیسی ڕووحە
تەبەسسوم ماوە تێناگەم لە فەهمی ڕەمزی حەیرانم
کزەی جەرگم دەخیلت بم فیراقم کرد ئەوا مردم
دەسا دەی بێرە لام ساتێ نەماوە تابی هیجرانم

گەڕی هەڵپەڕکێ گەورە بۆوە و دەنگ دەنگی دەداوە. هەڵپەڕکێ هێندێ شل بۆوە و گەزیزە دەستی ئێمەی گرت و گوتی وەرن، هەر چوارمان قوڵ لە قوڵی یەک، بە دەوری خۆماندا دەسووڕیانەوە و دەمانگوت :
وەتەن قوربانی کەژ و چیا و بەند و دەربەنددت بم- قوربانی ئاسمان و دەشت و پێدەشتت بم.

سروە: تەرەغە، کێوی لەمێژینەی کورد – کۆنە هاوڕازی «سەفین»و «هەڵگورد»
گەزیزە: کورد هەزاران و هەزاران ساڵە- سایە پەروەردە ئەژین لەو ماڵە

لە ناکاو باوکی زارا گوتی، دانیشن بێدەنگ بن. هەموو بێ ئیختیار دانیشتین. باوکی زارا بە دوربین تەماشای خوارێی دەکرد و گوتی، ماشینی ژاندارم بەرەو دێ دێت، ئاها، دوو ژاندارم و پاتۆڵ لەبەرێک دابەزین و خەریکن بەرەو سەرێ دێن، ئەها پاتۆڵ لەبەر حەمەساڵە جەوانمەردی شایە. زوو شتومەک کۆکەنەوە ، مەجبوورین لە بەری پشتەوەڕا بڕۆینە خوار، هەرچەند توزێک ناخۆشە.

خۆمان کۆکردەوە و بەرەو خوارەوە چووین، لە کاتی چوونە خوار چەند جار قاچمان هەڵخزا، جارێک سروە لاقی لە بەردێک درا، بەرد خزی و ئەگەر باوکی نەیگرتبایەوە، سروە بەردەبۆوە. لە تەختایی نزیک بووینەوە و لە پشت ماڵانەوە، خۆمان گەیاندە ماڵەکە و سواری ئەسپ بووین و بە جیا لە دێ دوور کەوتینەوە، هەتا ئەوان لە سەر شاخەکەوە بە یەکەوە نەمانبینن. خاڵی زارا هەر لە دێ لە ئێمە جیا بۆوە و لە پشتەوەڕا خۆی گواستەوە بۆ ئەو بەری کێو و بەرەو گوندەکەی خۆیان ملی ئەسپی وەرسووڕاند، ئێمەش خۆمان گەیاندەوە سەر جادە و نزیک ئێوارە گەیشتینەوە میراوا و سواری ماشێن بووین و گەڕاینەوە ماڵ.

باوکی زارا دووکاندار بوو، شوێنی کارەکەی مەکۆی هاتوچۆی کوردی ئەو دیو بوو. ئەوان بە ناوی ئاڵوێرچی لە گوندێکی بێورانەوە ئاودیوی ئەم لا دەبوون و لە ڕێگای گەورکایەتییەوە خۆیان دەگەیاندە شارەکەی ئێمە و لای باوکی زارا.

قسەکردنی زارا هەر لە منداڵییەوە پاک و خاوێنتر لە ئاخاڤتنی ئێمە بوو، لە قسەکردنی ئەودا بە دەگمەن وشەی بێگانە هەبوو، خۆی دەیگوت وشەی فارسی و عەڕەبی وشەی بێگانەن. لە ماڵێ کتێب و گۆڤاری کوردیان هەبوو، ئیزنمان نەبوو بە قەرز لێیوەرگرین، بەیەکەوە دەمانخوێندەوە. ئێمە لەو ماڵە فێریی نووسین و خوێندنی کوردی بووین. ئێمە نەماندەزانی ئەو کەسانەی شەوانی پاییز و زستان لە گەڵ باوکی زارا دەهاتنەوە ماڵێ، خەڵکی ئەو دیوی کوردستانن و لە ڕاستیشدا نە ئاڵوێرچی بوون و نە قاچاخچی، ئەوان کەسانی ناو شۆڕشی ئەو دیو بوون، لە ناو سەنندوقی چایی و تایەی پڕ لە خەنە، کتێب و گۆڤاری کوردیان دەهێنا.
ئێمە نەماندەزانی باوکی زارا بۆچی چەند جار بانگهێشتی ساواکی سابڵاخ کراوە، نەماندەزانی خاڵی زارا، پێشمەرگەی سەردەمی کۆمار بووە و خراوەتە زیندان. دواتر زانیمان باوکی گەزیزە و خاڵی زارا دۆستی نزیک بوون و زۆرجار کە باوکی شەوانە نەدەهاتەوە و ئێمە دەچووینە ماڵیان، لە ڕاستیدا خاڵی زارا و باوکی گەزیزە بە بیانووی بارهێنان بە ماشێن، دەچوونە سەردەشت بۆ دیتنی ئەو کەسانەی لەو دیوڕا دەهاتن، جا چ وەک خزم و کەس، چ وەک دۆستی خۆیان. زارا هەموو ئەو شتانەی دەزانی و مەتەقی لێوە نەدەهات و بە ئێمەی نەدەگوت، هەر بۆیە جیاواز لە ئێمە بوو.

ئەو ساڵەی لە کێوی حاجی کیمی شەڕی نێوان کورد و ژاندارم و جەوانمەردی سەر بە شا ڕووی دا، کەڵاکی ژاندارم دەهێندرایەوە شار و ئێمە لە نزیک مزگەوتی بازاڕ لە ناو ماشێنی ژاندارمەری دەمانبینی، زۆرجار بۆنیان دەهات. ئەو پێشمەرگانەی چیای حاجی کیمی، دۆستی باوکی گەلاوێژ و خاڵی زارا بوون. دوایە زانیمان کە باوک و دایکی گەزیزە، چۆن لە ناوچەی ئەردەڵانەوە گەیشتوونەتە موکریان.

ساڵی ١٩٧٥ پێشمەرگەی ئەو دیومان لە شارەکەی خۆمان دەبینی کە بەرەو شارەکانی عەجەم گوێزرانەوە. زارا لە دووکانی باوکی دیتبووی کە چۆن بەشێ لەو پێشمەرگانە قسەیان بە شا گوتبوو، چۆن بەشێکی دی، پووڵی تازە چاپکراویان بە باقە لە گیرفان دەردێنا. ئەو ساڵەی دوو پێشمەرگە لە سەر قوولە، گولەباران کران، گەزیز و زارا روخساری هەرکیان نەقاشی کردبوو. ئەو دوو برایە جلوبەرگی کوردیان لە بەر بوو. دوای چەند ساڵ زارا نووسراوەیەکی خاڵی نیشان داین کە باسی ئەو دوو برایە بوو.

تازە دیپلۆمان وەرگرتبوو، چەند کەس چووبووینە پارکی سەقز و لەوێ زارا گوتی، من بۆ خوێندن ناچمە شاری عەجەمان، یان دەچمە سنەو کرماشان یان ورمێ. دەیگوت نامەوێ لە شارەکانی ئەوان گووم و گۆڕ بم، دەمەوێ شارەکانی خۆمان بناسم و لە خەڵکی خۆمان نزیکتر ببمەوە. سروە و گەزیزە دەستیان بەچەپڵە لێدان کرد.

گەزیزە و دایکی هێشتا نەڕۆیشتبوون و خەریکی ماڵ کۆکردنەوە بوون و ئێمەش یارمەتیمان دەدان، لە پڕ زارا هاتە ژوورێ و گوتی مزگێنی مزگێنی، هەموو گوێگوڵاخ بووین، گوتی لە زانستگای کرماشان وەرگیراوم و دەبم بە هاوسای ئێوە و زوو بە زوو دێم بۆلاتان، گەزیزە خۆی هاویشتە باوەشی وگوتی، ئۆخەیش ئیتر بە تەنیا نابم. هەی لە کێمە و لە کێمە، لە گوڵە زارای خۆمە. هەموو دامان لە قاقای پێکەنین.

زارا ئەو شەوە لە ماڵی گەزیزە گوتی، ئەمشەو دەمەوێ خۆمتان پێناسێنم، گەزیز بە تەوسەوە گوتی، نەبابە! دای لە قاقای پێکەنین. زارا گوتی، بە ڕاستیمە و زۆر شت هەیە کە من باسم نەکردووە و ڕەنگە ئێوە هەستتان پێکردبێ، کێ دەزانێ ئێمە کەی یەکتر دەبینیینەوە!؟
سروە ڕوو لە زارا دەکات و دەڵێ، ئێمە هیچمان لە یەکتر نەشاردۆتەوە و لە دواڕۆژیش ئەو کارە ناکەین، زارا دەڵێ، ڕاستە. جیاوازی ئێمە ئەوە بووە کە کارەکانی ئێوە بە تایبەت سروە و هێندێک لە کارە هونەرییەکانی هەر سێکتان کاری ئاشکرا بوون و توانیوتانە بە ئاشکرا بیکەن، جگە لە کارەکانی نووسینی گەزیزە کە نەیدەتوانی ئاشکرا بیانکات. کاری من جیاواز بوو.

سەیر کەن هەر کام لە ئێمە دوازدە ساڵ لە فێرگە بووین، ئایا ڕۆژێک بەرپرسێک دەرسوێژێک لە گەڵ ئێمە بە کوردی قسەی کرد؟ ئایا هێشتیان ڕۆژێک بە جلوبەرگی خۆمانەوە بچینە حەسار و ژووری فێرگە؟ لە کاتێکدا هەموو فێرکار و ئێمە کورد بووین. فڵان ڕەییسی مەدرەسە بەرپرسی حزبی میللەتی ئێران، فڵان کەس بە شانازییەوە وانەی شاپەرەستی فێر دەکردین و ئەویتر بەرپرسی حزبی پانئیرانیست و ئەوی دی بەرپرسی حزبی ڕەستاخیز و ئەویدی بڵیندگۆی دەوڵەت بوو. کامیان وشەیەکیان لە سەر خۆمان فێرکردین، هەر ئەوان ئێمەیان بەرەو خۆتواندنەوە دەکێشا. زۆربەی هەرە زۆری ئێمە، هەستمان بەوە نەدەکرد وبنەماڵەکانیشمان بۆیان گرنگ نەبوو، یان ناحاڵی بوون، چی بە سەر منداڵەکانیان دەهێندرێ. من دەمەوێ بگەڕێمەو بۆ لای خۆم. ئێمە هەموومان دەبێ لە ڕێگای کارەکانی خۆمانەوە بگەڕێنەوە بۆلای خۆمان. دەشتوانین لە ڕێگای زانست، هونەر، ئەدەبیات و سیاسەت ئەو کارە بکەین. دەزانم ئەو کارە زۆر چەتوونترە لە چەک لە شان کردن و چوونە شاخ. ئێوە ڕێگای خۆتان هەڵبژاردووە، ڕێگای منیش زانست و سیاسەتە.

سروە ڕوو لە زارا دەڵێ، زاراگیان لەبیرتە چەند ساڵ بەر لە ئێستا بەیەکەوە کتێبێکی فەلسەفەمان بۆ یەکەمجار خوێندەوە، لە بیرتە تەقە لە سەرمانەوە دەهات و گوتمان ئەگەر لە دنیا حاڵی نەبین، ژیانی ڕۆژانەشمان نابێ، ئێستا هەر کام دەتوانین بەرەو ئەو داهاتووە بچین و خۆمان بناسین و بە جیهانی بناسێنین. گەزیزە دەڵێ، منیش ئەو باوەڕەم هەیە. لە دوای مردنی باوکم کە زۆر شتی فێرکردم، زانیم دەبێ دەرکەوم، وەک خۆم دەرکەوم، شانۆ ئەو دەرگایەی بۆ کردمەوە، ئێستا نووسین ئەو ئیمکانەی پێبەخشیوم کە دەنگ هەڵبڕم، بۆ ئەوەش یەک دنیا سپاسی تۆ و باوکت و دایکت دەکەم، کە زۆر شتتان فێری ئێمە کرد، بە تایبەت خوێندن و نووسینی زمانی دایک و خوێندنەوەی ئەو کتێبانەی کە باوکت دوور لە چاوی ساواک دەگەیاندە دەست ئێمە و تۆ بۆت دەخوێندینەوە. هەموو ئەوانە بوو بە بۆ هۆی ڕۆشەنبوونی ڕێگامان، لە ڕاستیدا ئێمە یەک گیان و یەک پەیکەر بووین، ئامێزی دەکاتەوە بۆ ئەوەی هەموو یەکتر لە باوش کەن.

زارا ڕوو لە گەزیزە، گەزیزە گیان، ئێمە لە ڕابوردوو، زۆرمان هەڵە کردووە، پێشینیانی ئێمە، سەرەڕای شانازییەکانیان، هەڵە و نەزانی زۆریان هەبووە. ئێمە نابێ ئەو هەڵانە دووبارە کەینەوە. گەزیزە لە وڵامی زارا دا دەلێ، ڕاستە، ئەوە گرنگە بزانی هەڵەت کردووە و چەقبەستوو نەمێنێ و لە ناو جەغزەکاندا نەخولێیەوە. هەڵە کردن دەتوانێ ببێتە ڕۆشنایی ڕێگا، گەر بزانین هەڵەمان کردووە. لە نەزانییدا هەڵەکان دووبارە دەبنەوە، بە هەڵا هەڵا ناگەینە ئامانج، بە ژیریی و تێگەیشتن ڕێگامان ڕوون دەبێ. شانازیش لەوە دایە مرۆڤی سەردەم بین و سەردەمیانە خۆمان ببینین و بناسێنین و سوور بین لە سەر ئامانجی ڕاستەقینەمان، وەک یەک پەیکەر و یەک دڵ و گیان.

ساڵێک و چەند مانگ دواتر، ڕۆژێک لە دەرگای ماڵی ئارژین و ئارتۆس-م دا لە شەقامی خەیامی کرماشان، ئارژین دەرگای کردەوە، دەستی کرد بە هەرا هەرا، لە ناکاو زارا دەرکەوت و هاواری کرد و هەرکیان لە ئامێزیان گرتم. من لەو هەرا و هوریایە و لەوەی زارا لەوێ چ دەکات، سەرم سووڕما بوو.

پاڵیان پێوەنام و چووینە ژوورێ، ئارتوس لە دیوەکە دەهات و دەچوو، پرسیم ئەوە چییەتی، ئارژین گوتی، دیسان لە کەلەی داوە و ئیدەی تازەی بۆ هاتووە، ڕەنگە چەند سەعاتی تر بزێ و کورپەیەکی نوێ بۆ شانۆ بکەوێتە باخەڵییەوە. وەبیر ئەو ساڵە کەوتمە کە چووە ژوورەکە و دەرگای لە سەر خۆی داخست و دوای حەوت سەعات، درگای کردەوە و گوتی خەلاس. ئەو کات شانۆنامەی ” ئەو پیاوەی…” تەواو کردبوو، ئێستاش هەمان بەزم بوو. ئەمە دوا دیداری من لە گەڵ زارا و ئارژین و ئاریۆس و کرماشان بوو.

برایم فەڕشی
پاییزی ٢٠٢٥




دوو و دوو دەکاتە پێنج!.. فەرهاد مەحموود ئیبراهیم

جۆرج ئۆرۆیل دەڵێت: گەر کۆی میللەت هێزی ڕاستەقینەی خۆیان بزانیایە هیچ حەوجیی پلانڕێزیی نەدەبوو، تەنیا ئەوەی پێویست دەبوو: ڕابوونایە وەکو ئەسپ کە چۆن مێشوولە لە خۆی دوور دەخاتەوە.
شەکەسپیریش دەڵێت: ئەوەی ئێمە تێیدا دەژین هەڵبژاردنی خۆمانە کە دەمانەوێت وا بێت، نەك ئەوەی بەسەرماندا بچەسپێنرێت.
کەواتە سەرکوتکردنی ڕای خەڵك لە ڕێگەی تاكڕەوی و ستەم و چەوساندنەوەوە مانای وایە کەمینەیەك ڕێی پێدراوە کە جڵەو بگرێتە دەست و زۆرینە لە مافە سەرەتاییەکانیان بێبەش دەکرێن، ئەمە لە کاتێکدایە هەرگیز فەراهەمهێنانی ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە ڕێگەی تۆقاندن و ترسەوە نایەتەدی، بەڵکو ئەمە ڕەوتی برەو و پێشکەوتنی ڕاستەقینە ڕادەگرێت. لە حاڵێکدا بەشداری میللەت لە بڕیاردان و هەڵبژاردنی شێوازی بەڕیوەبردندا دەبێتە هێنانەدی حوکمی دەسەڵاتێکی تەندروست کە لەسەر بناغەی پەیوەندی پتەوی نێوان دەسەڵات و نەتەوە بنیات دەنرێت و خوارییەکان ڕاست دەکاتەوە گەر لە پێشدا بوونی هەبووبێت.
ئازادی و سەرەوەری تاك و یەکسانیان بەرانبەر یاساو بوونی ڕێكخراوی کارای سەربەخۆو مەدەنی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە سیماکانی کۆمەڵگاو دەسەڵاتی تەبا دێنە هەژمارکردن و دیتن.
دیسپۆتیزم و قۆرخکردنی دەسەڵات دەردێکی کوشندەیەو لە دۆخی ناتەندروستدا سەرهەڵدەدات و دەبێتە هۆی قووڵکردنەوەی قەیرانەکان، بۆیە هەمیشە دیکتاتۆریی و تۆتالیتاریزم لە هەر شوێنێکدا بوونی هەبێت هەوڵ دەدات لە ڕێی دەسەڵاتی سیاسییەوە قۆرخی کۆمەڵگا بکات، کە بەم پێنج سیفاتە دەناسرێتەوەو جیا دەکرێتەوە:
١-شێوازی دەوڵەت لە پەیڕەوکردنی یاساوە دەگۆڕدرێت بۆ پەیڕەوکردنی شێوازی پۆلیسی.
٢-لە دەوڵەتی ئازادییەکانەوە بۆ سەرکوتکردن.
٣-دەسەڵاتگرتنە دەستی تاکە حیزب لە کاروبارەکاندا.
٤-دەسەڵات هەوڵی سەرکوتکردنی میللەت ونەهێشتنی فرەیی دەدات.
٥-دەسەڵاتی خۆسەپێن پەنا بۆ ترس و تۆقاندن دەبات وسەرجەم داهاتی ناشەفاف ژێرباری ئەو مەبەستە دەخات.
بەمجۆرە لە دەوڵەتی سەرکوتکاریدا پەیوەندی خەڵك و حاکم و خەڵك و خەڵك لەسەربنەمای دواکەوتن و چەوساندنەوە و ناسەقامگیری و نائامادەیی گشت ڕەنگەکاندا بەرجەستە دەبێت، تێیدا ڕووداوی توندوتیژی زیاد دەکات و حاڵەتەکانی کوشتن زیاترو ئاسایی دەبنەوە، تێیدا سەرکوتی دەنگی ناڕازی دەکرێت و ژمارەی پۆلیسی نهێنی زیاد دەبێت و تەنانەت سەرکوتی نەیاران دەکرێت لە ڕێی پەنابردن و بەکارهێنانی یاساوە، چونکە هیچ سیستەمێکی ژیانی مەدەنی لە ڕژێمی تۆتالیری سەرکوتکاردا بوونی نامێنێت و تەنیا ناوو شێوەکەی دەمێنێتەوەو لە ناوەڕۆکدا خاڵی دەبن لە مەبەستەکانیان، تەنانەت ڕێكخراوە کارا مەدەنییەکانیش ژێر بەژێر دەخرێنە ژێر ڕكێفی دەسەڵاتی دیسپۆتیزمەوە.
بەشێوەیەکی گشتی وەکو ئیبن خەلدون لە پێشەکییەکەیدا نووسیویە: دەسەڵات و مۆراڵ زۆرجار بەریەك کەوتنیان لەگەڵ یەکدا دەبێت، بەحوكمی ئەوەی سروشتی دەسەڵات لە پێناوی مانەوەیدا ئەوە دەخوازێت و میکافیللیش ڕەنگە لەبەر ئەو هۆکارە بێت ئەو دووانەی لێك جیاکردۆتەوە: ئاکاری سیاسی و ئاکاری گشتی، بەڵام ئایا دەبێت دەسەڵاتی ڕاستەقینە ئاوها بێت؟ پاشان بۆمان هەیە بپرسین ئایا تا چەند دەسەڵات بۆی هەیە بەردەوام ئەو پێشێلکارییانە لەمافە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیاندا بکات؟ ئایا دەبێ ئەو پێشێلکاریانە تا چەند پێویست بن؟ ئەی ئایا لە ئاکامدا بە کوێ دەگات ئەو هەموو هەنگاوانەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو خراپ و خراپترو بەکارهێنانی شێوازی تازەی ناڕەواو دڕندانەتر دەچێت؟ ئایا تا سەر دەسەڵات دەتوانێت بەو شێوازانە مانەوەی خۆی مسۆگەر بکات بۆ هەتا هەتایە؟ یان مانای حاكم و مەحكومی تەندروست تەواو لە شوێنێکی ترەو ئەوەی ئێمە لێی دەدوێین بارودۆخی وڵاتان و ناوچەکانی جیهانی سێیەمە بە تەنیا کە نەخوێندەوارەکان دەکرێنە داردەستی تۆقاندن و خوێندەوارەکانیش لە پێناو لە دەستنەدانی ئیمتیازاتەکانیان قوڕوقەپی لێدەکەن.
ئەوەی مەبەستمە لێرەدا خاڵێکی زۆر مەترسیدارە کە ڕەنگە لای زۆر لە خوێنەران ئاشکرا نەبێت و نەزانن ئەوەی ئێستا لە دەوروبەریان دەگوزەرێت زۆر کوشندەیەو ڕەنگە ڕۆژێك ئەویش ڕووبوڕوی بێتەوەو پێی بکرێتە ئامانج و کە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بێتام زیاد بووەو تەشەنەی کردووە.
هەمیشە هۆکارێکی ڕژێمە تۆتالیتارە سەرکوتکارەکان بریتییە لە پەرەدان بە دەزگاکانی سیخوڕی و چاودێریکردن و زیادکردنی جۆرو ژمارەی سیخوڕان، بەمەبەستی مسۆگەرکردنی مانەوەی دەسەڵاتی ناتەندروستی خۆیان، بەڵام لەولاوە بەخێوکردن و پەروەردەکردن و ژێربارخستنی ئەو لەشکرە لە سیخوڕو کاڵفامان و نەخوێندەواران بۆ پاراستنی بەرژەوەندی کورسی چەند کەسانێك، لەهەموو دام ودەزگاو کۆڵان و بازاڕو مۆڵ و مزگەوت و ناو یانەو ڕێكخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا بڵاوکراونەتەوەو داهاتی ناشەفافی میللەتیان پێ دەدرێت، قێزەونترین ڕێگا لەو پێناوەدا بەکاردەهێنن و گوێ لە پەیوەندییەکان دەگرن و تۆڕی ئینتەرنێتیش دەکەنە مەیدانی بەدواداچوونیان، هەر ئەمانەش سبەی دەبنە بارێکی گران و ناقۆڵا لەسەرشانی کۆمەڵگا، چونکە ئەو هونەرە بەدفەڕییەی کە فێری بوون بە سیخوڕیکردن بەسەر هاوڵاتییانەوە دەبێتە خوویان و هەرگیز بۆیان تەرك ناکرێت، ئەمە جگە لەوەی بە پێی دابونەرێت و ئایین و یاساکانی مافی مرۆڤ دادەنرێت بە تاوانێکی قێزەون و ناڕەواو دژی هەموو پرەنسیپە مرۆییەکانە.
ئیدی بەڕادەیەك ئەو دیاردەیەش ئاسایی دەبێتەوەو تا ئەو ئاستەی ئەو دەزگایانە پەنا بۆ بەکارهێنانی کەسانی خوار تەمەنی هەژدە ساڵ دەبەن بۆ ئەو کارە و جۆرەها شێوازی تەکنەلۆژی و چاودێرییان دەخەنە بەردەست لەو پێناوەدا، ئەمەش جگە لە کۆمەڵێك دەستەو دایەرەی نزیکی دەسەڵاتی دیسپۆتیزم، کەسی تر ئاگاداری کاری ئەو بازنەیە نابێت، تەنانەت کاری سیخوڕیی بەسەر ئەندامانی هەمان حیزبیشەوە دەکرێت و چیدی کەس متمانەی بە کەس نامێنێت، بگرە بابای سیخوڕ ئەگەر هیچ کەسی دەست نەکەوێت دەکەوێتە چاودێریکردنی کەس وکارەکەی خۆی، چونکە ناتوانێت دەستبەرداری ئەو خووە بێتن کە بە میرات وەکو خەڵات لەدەسەڵاتی مافیاو گەندەڵەوە بۆی ماوەتەوەو فێرکراوە، ئەمەیە بەرهەمی دەسەڵاتی پۆلیسیی خۆسەپێن و دوور لە ژیانی مەدەنی، کە لەسەر بنەمای ترس و تۆقاندن و پاکتاوکردنی کەسانی نەیاران دەمێنێتەوە، ئەم دیاردەیە بە جۆرێك زەق بووەتەوە تەنانەت کەسی چاودێریکراو بێ پەردە ئەو لەشکرە دەبینێت کە دوای ئەکەون و وێنەی ئەگرن و چاودێری دەکەن؛ بێ ئەوەی سیخوڕەکان شەرم لە خۆ بکەن و تەریق ببنەوەو بەخۆدا بچنەوەو بستێك واز لە کۆیلایەتی بهێنن، خەریکی هەراسانکردنی کەسانی دەرەوەی بازنەی حیزب و دەسەڵاتن و تەدەخول لە تایبەتمەندییەکانی ژیانیاندا دەکەن و بگرە توهمەتیان بۆ دەهۆننەوەو تاوانیان دەخەنە پاڵ. ئەمانە زەنگی مەترسییەکی جددین کە ڕەنگە سبەی ڕووبەڕووی زۆرینە ببێتەوە، ئاگات لە خۆ نییە و کەسانێك گاڵتە بە نهێنییەکانی ژیانی تایبەتی تۆ دەکەن، ئەمانە گەر بەڵگەی هەر شتێك بن سەرەتا ئەوە دەردەخەن کە ئەو دەسەڵاتانە چۆن بەرەو لوتکەی بێ متمانەیی خەڵك دەچن و هەموو ساتێك لە ئاماداباشیدان بۆ چارەنووسی حەتمی خۆیان؛ ئیدی وای لێدێت بێزاریی لە سیمای شارو خەڵکەکەیدا بە ئاشکرا دەربکەوێت و خەڵکانی ئازادیخواز بیر لە هەڵهاتن لەو زیندانە بەرتەسکە بکەنەوە بەرەو تاراوگە و سەری خۆیان هەڵگرن، دوای ئەوەی بێ هیوا دەبن لە هەموو چاکسازییەك و لەبەرانبەریشدا ڕۆژ بە ڕۆژ ئازادییە تاکە کەسییەکان بەرتەسك دەبنەوەو زەبرو زۆر تا قوڕقوڕاوگەی میللەت دێت، کە هەرگیز ناتوانرێت پەردەپۆش بکرێت بە داهێنانی نازناو و پاشناو بۆ شوێنەکان، نە شاری ڕۆشنبیریی و نە شاریی نموونەیی و نە گوندی ئەوروپی و…… ناتوانێت ئەو تاڵاوە لە قوڕقوڕاگەکاندا بڕەوێنێتەوە کە ڕۆژانە بە شێوەی نالەبارو نوێ خەڵکی ڕەش و ڕووت دەیچێژن و پێوەی دەتلێنەوەو دەناڵێنن، کاتێك خۆیان دەبیننەوە نیشتیمانپەروەرن و خۆیان نەفرۆشتووە بە کەس و هیچ لایەنێك و نە بندیوارن و نە بەرژەوەندیان لەگەڵ هیچ حیزبێکدا هەیە وهەمیشە بە گومانی نەیاریی بێبەش دەکرێن و دەچەوسێنرێنەوە و پلانیان دژ دەگێڕدرێت؛ تا ئەو ئاستەی جڵەوی بێ لەمپەر بە جۆرێك بۆ ئەم جۆرە کۆکوژییە لەسەرخۆیە بەڕەڵڵا دەکرێت کە دەبێت وەکو ڕۆمانی (١٩٨٤)ی جۆرج ئۆریۆڵ لە کۆتاییدا هەمووان لە ژێر فشارەکاندا ناچار بکرێن بڵێن: بەڵێ دوو و دوو دەکاتە پێنج!

فەرهاد مەحموود ئیبراهیم