نوخبەی شیعر بەرەو کوێ؟.. سۆران محەمەد

پێشەکی:
لە هەموو دەورو زەمانێکدا شیعری باش و خراپ بوونی بووە، ئەوەی باش بووە مانەوەی بۆ خۆی مسۆگەر کردووە، ئەوەش خراپ بووە هەر زوو لە سەردەمی نووسیارەکەیدا لە بیرچووەتەوە، لەم نێوەندەشدا شاعیری کەم بەهرە لە ژیانیاندا زیاتر دەناسرێن، چونکە دەچنە هەموو کونێكەوەو سەربە هەموو کونێکدا دەکەن بۆ ناسین، کە لێرەدا خۆیان دەبنە هۆکاری ناساندنی خۆیان وەكو شاعیر، نەك بەرهەمەکانیان ناسنامەی شاعیرێتیان پێبدات، بەڵام بە مردنیان لە بیر دەچنەوە، بە پێچەوانەی شاعیری ڕاستەقینە کە زۆرجار لە ژیانیاندا ناناسرێن و وەك پێویست بایەخیان پێنادرێت و بگرە ستەمیان لیدەکرێت و دەنگیان کپ دەکرێتەوەو دژیان دەجەنگن، بەڵام لە دوای مردنیان باس دەکرێن.
فريدريك هۆڵدرلينی ئەڵمانی (١٨٤٣ – ١٧٧٠)و شیلی ئینگلیزییش (١٧٩٢-١٨٢٢) لە ژیانیاندا وەك شاعیر سەیرنەکران، بەڵام دوای خۆیان و ئێستاشی لەگەڵدا بێت کارەکانیان جێی لێوردبوونەوەیەو کاریگەرییان بەسەر شاعیرانی ناوداری دوای خۆیانەوە جێهێشتووە، بە نموونەی ڤان کوخی هۆڵەندی(١٨٥٣-١٨٩٠) کە لە ژیانیدا تەنیا یەك تابلۆی فرۆشت و کەچی ئێستا تابلۆکانی بەهەموو ڕێگایەك هەوڵی دزینی دەدرێت لە لایەن دزە موحتەریفەکانەوە لەبەر بەها هونەریی و ماددیەکانیان.
ئەمە ئەوە ناگەیەنێت ئەم پێوانەیە بۆ هەمووان ڕاست بێت، شاعیری واش هەیە کە بەخت یاوەری دەبێت و لە ژیانی خۆیاندا بەهرەکانیان کەشف بووەو ناسراون و شاعیرە سادە نووسەکانیش لە قۆناغێك لە قۆناغەکانی نووسینیاندا هەرخۆیان ساردبوونەتەوەو وازیان هێناوەو بەرۆکی شیعریان بەرداوە، ئەوانەش کە ڕۆژێك لە ڕۆژان چەپڵەیان بۆ لێداون شتێکی ئەوتۆیان لە شیعر نەزانیوەو تەنیا دەربڕینیان لە هەستی ساتەکی خۆیان کردووە بەرانبەر ئەو شیعرە.


شیعری باش وخراپ:
لە کۆن و نوێدا زۆر باسی پێناسەی شیعر کراوەو لەگەڵ ئەوەشدا لە هەر زەمانێکدا تەرزێکی جیاواز لە شیعر ڕەواجی بووەو دواتر بە پێی پێشکەوتنی ژیان و عەقڵ و تێگەشتن و چەشەی مرۆڤ و گۆڕانکارییە هەمەکییەکان، شیعرو ستایڵ و زمانی شیعریش گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، تەنانەت زمانیش لەبەکارهێنانی ڕۆژانەیدا لەم گۆڕانکارییانەدا پشکی خۆی بەردەکەوێت.
بەڵام بۆ ئەوەی بە دەقێك بوترێت شيعر، کە قسەمان لێرەدا لەسەر (شیعری ئازاد)ه دەبێت کە چەند بنەماو خاسییەتێکی شیعر هەیە تێیدا بوونی هەبێت، تا پێی بگوترێت شیعر، لەوانە ڕەچاوکردنی زمانی شیعر کە لە زمانی ئاسایی و قسەکردن باڵاترو چڕترو مۆسیقیتره، ناکرێت لە ژێر ناوی شیعری ئازاددا هەرچییەك بنووسرێت بە شیعر ناوببرێت، بەو واتایەی خۆداماڵین لەهەموو مەرجبوونێكی شیعر و شیعرێتی بەناوی داهێنانەوە، چونکە شیعر خۆی لە خۆیدا دەربڕینێکی هونەرییە نەك ئاسایی، بۆ نموونە گەر دەقێکی دانائامێز لەسەر شێوازی ستوونی بەرهەم بهێنرێت دەکرێت ناوببرێت بە دانائامیزیی یان فەلسەفی یان هزریی یان ڕامیاری بەڵام ناکرێت ناوببرێت بە شیعر، شیعر سەلیقەو کارکردن و خرۆشاندن و تییمەو وێناندنی ئەندێشەیی پێویستە، دوور لەم جوانکارییە زمانەوانییانە خاڵی دەبێتەوە لە ڕەگەزەکانی جیاکاریی و داهێنانی شیعریی، وەك بەداخەوە لە زۆر دەقی بڵاوکراوەی ئەمڕۆدا بەرچاو دەکەون و خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەیاندا بەر هیچ جیاوازیی و داهێنان و خۆ ماندووکردنی شاعیرەکەی ناکەوێت، ڕاستە بەهرە هەموو شتێك نییە، بەڵام شاعیری بێ بەهرە ناتوانێت شیعر بنووسێت، کە لێرەدا بونیادو تیمەی شیعر دەکرێت بە (لێشاوی بەهرە) بناسرێت کە دەرگای چوونە ناو نووسینی دەقێکی شیعرییە و ئیتر کارکردنی شاعیرەکە ڕۆڵ دەبینێت لە بەئەنجام گەیاندن و تەواوکردنی شیعرەکەداو شەونخونی بە چنین و ڕازاندنەوەی زمانەکەی و ڕەگەزە بەشداربووەکانی ناو شیعرەکە.
لە لایەکی تریشەوە دووبارەکردنەوەی کۆنەکان بە ناوی نوێخوازییەوە خوێنەری بەئاگا توشی سەرەگێژە دەکات، بۆ نموونە گەر شارل بۆدلێر یان مالارمێ بە باوکی روحی سیمبوڵییەت بناسرێت و ئارتۆر ڕامبۆ بە باوکی روحی سوریالیەت ناوزەد بکرێت، ئەوا چ هونەرێکی تێدایە ئێستا شاعرێك بێت و سیفاتی سەگانە بکاتە ناونیشانی شیعرێکی یان دیوانێكی؟ ئەوەتا ڕامبۆ لە شیعری (دیموکراتی)دا دەنوسێت:” ڕابواردنی زیاتری سەگانە ” یاخود ڕۆڵان بارت لە لاپەڕەکانی سەرەتای ڕەخنەو حەقیقەتدا سەبارەت ئەو هێرشانەی کرانە سەری لە لایەن ڕەخنەنووسی پێشین (بیکار)و هەندێکی ترەوە دەنووسێت: “دەکرێ ڕەخنەی نوێ لە ژێر ئیمپراتۆری دووەمدا دادگایی بکرێت: کە ئاوەز بریندار نەکات بە وەستان دژە ڕێسا سەرەتاییەکانی فیکری زانستی و گۆکراو، لانی کەم بەر ئاکاری گشتی نەکەوێت، لە هەموو بۆنەیەکدا تاوانبار نەکرێت بە بزواندنی هەستی جنسی، بەر ئاوەڵاو سەگیی…ئایا ئەمە مەترسیدار نییە گەر بەرانبەر ئەقڵ و هونەر و هەموو بیرێکی پێچەوانە بخرێتە گەڕ، ئەمە ترسە لە نوێبوونەوە “
دەزانم ئەم قسانە جێی ڕەزامەندی زۆر لە هەوداران و سادەنووسانی شیعر نییە، بەڵام وەکو عەلی وەردی دەڵێت: ڕۆژێك بە دراوسێکەمانم گوت: دەنگی کەڵەشێرەکەتان چیدی نایەت؟ لە وەڵامدا وتی: دراوسێکەمان دەیگوت بەیانیان دەخوێنێت بێزارمان دەکات؛ منیش سەرم بڕی..لەو کاتەوە زانیم ئەوانەی خەڵك هوشیار دەکەنەوە چارەنووسیان ئاوها دەبێت.
ڕەخنەگر دۆستی شاعیرەو لە بەرژەوەندی ئەو دەنووسێت و ماندوو دەبێت، بەڵام لای ئێمە پلاری تێ دەگیرێت و دژی دەجەگن، گەر ڕەخنە نەبێت ئەدەبی باشیش بوونی نابێت، لەبری ئەوەی کاکی شاعیر بچێت بۆ لای ڕۆژنامەوانێك تا لەسەر شیعرەکانی بنووسێت کە زۆربەی موجامەلەی بێ بنەمای زانستییە، بۆچی ناچێت بۆ لای ڕەخنەگرێك، تا پێش بڵاوبوونەوەی بەرهەمەکانی بە دەقەکاندا بچێتەوە؟ مەگەر ئەو بەرهەمانە نابنە موڵکی و لەسەری حساب ناکرێت؟
من وەك خوێنەرو موتابەعەکارێك مافی ئەوەم هەیە سەلیقەم تێك نەدرێت بە دەقی خوارو خێچ، تۆش کە شیعر دەنووسێت دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بکەیت کە شیعرەکەت بە چەشەی هەمووان ناخوات و گەدەی شیعریی هەمووان ڕەنگە پێیان هەرس نەکرێت، لە هەموو حاڵەتەکاندا ئەمە دیاردەیەکی تەندروستەو دەبێتە هۆی بەرپابوونی ئارگیومێنتی بونیاتنەرانە، مادام لە دەق بترازێت باس لە هیچ شتێکی دەرەکی و کەسێتی شاعیرەکە ناکرێت.


جەماوەری سۆشیال میدیاو جەماوەری دەقی باش:
بەرکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە پێی پێویست و لە پێناو سوود وەرگرتنی مەعریفیدا دادەنرێت بە خاڵێکی ئیجابی، بەڵکە پێداویستییەکی سەردەمیانەیە کە ئاسانکاریی بۆ بەڕێوەچوونی کاروباری مرۆڤ لەم سەردەمە خێرایەدا دەکات، بەڵام بە پێچەوانەوە گەر بۆ کات کوشتن و خۆ مەشغوڵکردنی (کاتەکانی بێ ئیشیی) بێت، ئەوا سەردەکێشێت بۆ زیانگەیاندن بە خۆو بە کەسانی تر، هەرواش زۆربەی ئەوانەی خەریکی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانەن خوێنەری سەرپێیی و خێران، بە پێچەوانەی جیهانی پڕ ڕامان و هێمن و قووڵی شیعرەوە کە پێویستی بە هەزمکردن و لێوردبوونەوەیە، من جارێك تەماشای شیعرێکی ئەو تۆڕانەم کرد بینیم ١٦ لایکی بۆ دانرابوو، کە کلیکم کرد تا دەقەکە بخوێنمەوە بینیم ١٢ جار ئەو شیعرە خوێندراوەتەوە بە منەوە! ئەمە ئەگەر بەڵگەی هەر شتێك بێت سەرەتا جەختکردنەوەی ئەو ڕاستییەی سەرەوەیە، پاشان لەوەش خراپتر؛ هەیە تەنانەت پۆستەکەش ناخوێنێتەوە لایكی دەکات و دەستخۆشی دەنووسێت، کە ئەمە لە ڕاستیدا سەرلێشێوانی شاعیرو بەلاڕێدابردنییەتی، چونکە شاعیر بەم لایك و کۆمێنت و دەستخۆشییانە هەڵدەخەڵەتێت و پێی دەخلیسکێت و وادەزانێت باشترین شاعیرەو کەچی لەولاوە گەر پیشانی کەسێکی شارەزای بدات سەیر دەکات شیعرەکەی پڕ لە هەڵەو کەموکوڕیی و کاڵوکرچییە، لێرەوە هۆکاری ئەوە دەردەکەوێت بۆچی شیعری باش کەمترین لایکی بۆ دەکرێت؟ هۆکارەکەش ئەوەیە کە ئەوە شوێنی ئەو شیعرانە نییە، چونکە خوێنەری ئەو شیعرانە لەوێدا نابینرێن، چونکە ئەوان خەریکی کات کوشتن نین بەو تۆڕە کۆمەڵایەتیانەی هەندێك کەس موعتادی بوون کە تا ئێستاش لە ئەدەب و هونەرو مەعریفە هیچ فێر نەبوون. جەماوەری هەر بابەتێك شوێن و کاتی خۆی هەیە، بۆیە گرنگە کاتێك شاعیر شیعر دەنووسێت بزانێت خوێنەرەکانی کێن؟ ئەو کاتە دەزانێت ئاستی شیعرەکەی لە کوێدایە، ڕۆژێك برادەرێك گوتی: باشترین فرۆشی کتێبی شیعر؛ شیعری مۆبایلە. باسی کتێبێکی لەو بابەتە کرد کە چۆن ٢٠ هەزار نوسخەی لێ چاپکراوەو لە بازاڕدا نەماوە، کتێبی جددیش لە ساڵێکدا ڕەنگە چەند دانەیەکی لێ بفرۆشرێت. ئەوە باسمان لەوە نییە کە بەراوردی لایکی مۆدێلەکان یان یاریچی تۆپانێ بەو شاعیرەی ١٦ لایکی بۆ کراوە بکەین و لەگەڵ ئەمەشدا کە هەمووشیان شیعرەکەیان نەخوێندووەتەوە. چ کارەساتێك هەست پێدەکەین کاتێك ببینین مۆدیلەکە سەدان هەزار لایکی بۆ بکرێت! ئەمە دیاردەیەکی کوشندەی کۆمەڵایەتییەو پێویستی بە لێکۆڵینەوەی سۆسیۆلۆژی ئەکادیمی و قووڵ هەیە کە بەرەنجامەکەی زەنگی مەترسی لێدەدات بۆ کۆتایی هاتنی سەردەمی ڕەسەنایەتی و شیعری جددی و چینی نوخبەی خوێنەران، لەو لێشاوە کوێرانەیەدا بەها ژێر پێ دەکەوێت و چی دی نابێتە جێی بایەخ، لەم دووڕیانەدا مردنی ڕاستەقینەی میللەت ڕوودەدات، بە شکستی بەرهەمی باش و دەرکەوتن و برەوی شتی خراپ. لێرەدا گرنگە مرۆڤ شوێنگەی ڕاستەقینەی خۆی بدۆزێتەوە تا نەسووتێت بە دەرد و پەتای ئەو شەپۆلە.


ئایا شیعر بە تەنیا مەعنایە؟
شاعیری ئینگلیزی تۆماس گرەی ١٧١٦-١٧٧١ لە وەسفێکی چڕی شیعردا دەڵێت:
“Poetry is thoughts that breathe, and words that burn.”
مانای: شیعر هەناسەدانی بیرۆکەکان و سووتانی وشەکانە.
وەکو زانراوەو گوتراویشە: شیعر سۆزو ئەندێشەیە، ئاماژەو نیشانەیە، چڕبوونەوەی دەلالەتە، یان تەقینەوەی چڕی هەست و نەستەکانە، کەواتە لێرەوە دەردەکەوێت کە زاراوە و زمان ڕۆڵێکی بەرچاودەگێڕێت لە سنعەتی هۆنینەوەی ئەو هەستە ناخەکیانە کە لە هیچ ژانرێکی تری وێژەییدا جێی نابێتەوەو یەکسەر لەگەڵ گیاندا یەکانگیر دەبێت کە خوێنەر پێی دەگات، جادوی خۆی لەسەری دەڕێژێت. لەم نێوەندەشدا وشەسازی و پشت بەستن بە بەش و زانستەکانی ڕەوانبێژی ڕۆڵێکی باش دەگێڕێت تا شیعر لە قسەی ڕۆژانە جیا بکاتەوەو ئەو وێنە مەجازییە شیعرییانە بكێشرێت کە بەهیچ جۆرێك کۆپی ڕاستەوخۆی واقیع نییە، بەڵکو پێکهاتەیەکی تێکەڵەو بە دەزوویەکی باریك شاعیر لەگەڵ واقیعدا گرێی دەدات و سەلیقەی داهێنان و مەیدانی کارکردنی لێرەدا دەردەکەوێت، کە تا چەندێك تازەن و چاولێکەریی و دووباەکردنەوە نین.
هەیە بۆ نموونە لە ژێر ناوی رەخنەی ڕادیکاڵی و بە تەنیا بینینی گوتارو تییمەی دەقدا هیچ لە پێکهاتە سەرەکییەکانی شیعر نابینێت و دەیەوێت ڕەخنە لە دەقێك بگرێت، هەر وەکو ئەوەی ڕەخنە لە هەڵوێست یان گوتارێکی سیاسی بگرێت، بێ ئەوەی بزانێت شاعیر تا چەند وردەکارانە، جوانییە فەرامۆشکراوەکانی ژیان دەکاتە دەقێك و دەمانهەژێنێت، ئەو دەقە پێش ئەوەی لەگەڵ ئاوەزدا بدوێ، لەگەڵ دڵ و سۆزو هەستەکانماندا دەئاخفێ.
ئەگەر بڵێین بەشێك لە پێکهاتەی هەموو زاراوەیەك مانایەو بە خستنە پاڵ یەکتری، شاعیر ڕێگای نوێ دەدۆزێتەوە بۆ دەربڕین کە پێش ئەو ئەنجام نەدراوەو لەو میانەیەدا شتێکی نوێمان بە زمانی ناڕاستەوخۆو پڕ کۆدی چڕی شیعر پێشکەش دەکات، کەواتە مانا و پەیامی پشت وشەکان بەشێكی شیعرن نەك هەموو، ئەویش دەکرێت ڕاستەخۆو ئاشکرابن یان شاراوەو ناواخندار، یان زیاد لە مانایەك لە دووتوێیاندا خۆی وەشاردبێت. بەڵام هەرگیز شیعر شەرح و ڕوونکردنەوەو درێژدادڕیی نییە، کاتێك زمانی شیعر گەیشتە ئاستی قسەی ڕۆژانە ئەوا لە هونەرکاریی خۆی دادەماڵێ و خواحافیزی لێ بکە.
ئەگەر نا، ئەوا وتاریش کە هەڵگری چەمکی مانایە، دەبوو وەك شیعر تەماشا بکرێت، یاخود پەخشان و نامەو ڕێپۆرتاژو ..تاد، بەڵام ئەوەی شیعر لەمانە جیا دەکاتەوە لە میانەی مانادا، چڕی و خەستییەکەیەتی لە شیعردا، کە ڕەنگە هەر بە ئاماژەیەك دەربڕینی لێ بکرێت، ئەمەش دەبێت لە فۆرم و ستایڵی تایبەتی شیعردا بێت نەك شتێکی تر، ئەمانە ڕاستییەکن هەر لە سەرەتای قۆناغی زارەکی فۆلکلۆری و لاواندنەوەکانەوەو تا دەگاتە کلاسیك و ڕۆمانتیك و سیمبوڵیزم و ڕیالیزم و مۆدێرن ئەو بنەما سەرەکییانەی پێشوو باسمان کردن کەم تا زۆر پەیڕەوکراون، بەڵام لە هەر قۆناغێکدا چەند لایەنێك زاڵبووە بەسەر ستایڵە شیعرییەکاندا، بۆ نموونە گەر لە قۆناغی کلاسیکدا کێش و سەرواو وەزنەکان و مەنتیق بەمەرجی سەرەکی دانرابن، بەڵام لە هەمان کاتدا هەست و هەژان و سۆزو هونەرەکانی مەجازو ڕەوانبێژی تیایاندا بوونی بووە، بەهەمان شێوەش کاتێك لێشاوی شیعری ڕۆمانتیك و شیعری ئازاد پشتی لە کێش و سەرواکردو شیعری لە هەندێك مەرج ئازادکرد کە بەکۆتی بەردەم داهێنان دەیانبینییەوە، بەڵام نەیتوانی خۆی لە مۆسیقاو ئیقاع و ڕەوانبێژی و چڕبوونەوەو وێنە ڕزگار بکات. کەواتە ئەوەی ناوەڕۆکی شیعرو هونەرەکانی تر لەیەکتر جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە لە شیعردا هزرو هەست و سۆز بەمانایەکی تر بوارەکانی(ئاوەز، دڵ، دەروون) تیایاندا ڕۆڵ دەگێڕێت لە بەرهەمهێنانیدا و هیچ یەكێکیش لەوانە نییە بە تەنیا، بۆیە لێرەوە دەتوانین بڵێین ئەستەمە پێناسەیەکی دیاریکراو بۆ شیعر دابڕێژین کە پڕاوپڕی خۆی بێت و لە چەند وشەیەکدا کورتی بکەینەوە. هەرچەندە زۆر لەم بارەوە گوتراوەو نووسراوەو هەرکەسە لە دیدو تێڕوانین و سەلیقەو تێگەیشتنی خۆیەوە تەماشای شیعری کردووە. ڕەنگە ئەمە بێت وای لە شاعیری ئەمەریکی بەناوبانگ ڕۆبەرت فرۆست کردبێت بڵێت: “شیعر ئەو هەستانەیە کە بیرۆکەی خۆیان دۆزیوەتەوە، و بیرۆکەکانیش وشەکانیان دۆزیوەتەوە”.
مەخابن ڕەنگە لەمڕۆدا نووسینی شیعری ئازاد زۆر ئاسان تەماشا بکرێت، بۆیە نووسیارانی هێند زۆربوون و شیعری کاڵوکرچ لە برەودایە، دەبوو بزانرایە بە تەنیا زانین و زانیاری بەس نییە بۆ شیعر نووسین، بەڵکو بەهرەو سەلیقەو کارکردنی لەگەڵدایە، چونکە شیعر کیمیاو فیزیا و جوگرافیاو میژوو نییە تا لەبەربکرێت و بۆ نموونە خاوەنەکەی ببێتە مێژوونووس. ئەمە بۆ ڕەخنەش هەر ڕاستە، بەوەی کەسێك لە بونیادی کەسایەتیدا وردبینی و سەلیقەی شیعریی نەبێت ناتوانێت تەنیا بە زانین ببێتە ڕەخنەگر، بەڵام لە ڕێگەی خوێندنەوەو موتابەعەکردنەوە بەهرەو تواناکانی پەرە پێدەدات.


ئێستای شیعری کوردی:
قسەم لەو لێشاوە بەربڵاوەی نووسینی شیعر نییە، بەڵام با پەنجە بۆ خیانەتکردن لە شیعر درێژ بکەین لە لایەن ئەوانەی خۆیان بە شاعیرو ڕۆشنبیرو کارمەندی دەزگاو جاپەمەنییە ئەدەبییەکان دەزانن، کاتێك دەقێکی شیعری باش دەچێتە بەردەستیان و لەبەر هەر هۆیەكی نابابەتی ڕەفزی دەکەن و لە بەرانبەردا بە چەندان هۆکار شیعری کەم ئاست دادەبەزێنن، قسەم لەوەش نییە هێشتا خۆی وەك شاعیر نەبینراوە، دەڵێت چیرۆکنووسیشم، ڕەنگە بتوانرێت گۆڤارێك بە داواکاریی وتەکلیفکردن لەم ولەو تژی لە بابەتی وەرگێڕان بکرێت و چاپ ببێت، بەڵام هەرگیز ناتوانرێت بگەیەنرێتە ئەو ئاستەی دوو شیعری کوردی داهێنەرانەو دوو ڕەخنەو لێکۆلێنەوەی موعتەبەری خۆماڵی تێدا بڵاوبکرێتەوە، لاپەڕە ڕەش کردنەوە ئاسانەو داهێنان و تازەگەریی و جیاوازنووسین لە دنیای شیعردا زۆر گرانە، هەروەها قسەمان لەوانە نییە وا دەزانن تازەگەریی لە بە بابەتکردنی شتی سەیرو سەمەرەو کەم بایەخدا چڕ دەبێتەوە، وەکو شیعر لەسەر جۆرە جیاوازەکانی مووی جەستە، یان لەویش خراپتر گوو…ببورن کە ئەو وشەیەم نووسی… شاعیرانی پێشوو هێندە شیعریان لا بەرز بووە، هەرگیز نەیانویستووە سومعەی شیعریان وا دابەزێنن و بگاتە ئەو ئاستە نزمە، گەر ویستبێتیان پلارێکیش بگرن هێند هونەریی و وەستایانەو زمانزانانە هۆنیویانەتەوە تەنانەت پلار لێگیراویش چێژی لە خوێندنەوەی بینیوە، نەك ئازار بە چەشەی خوێنەرانی شیعر بگەیەنن.
ئەگەر لای هەندێك بە تەنیا مەعنای شیعر هەموو پێوەرو شتێك بێت، ئەوا بابەتی زاڵی شەپۆلە گشتییەکە هەر سیمای ڕۆژگارەکەمانە، کە غەمباری و تەنیاییە و دەگمەنن ئەوانەی بە جیاوازی خۆیانی لێ دەدەن گەر بریار بێت خۆیانی لێ بدەن! وێڕای ئەوەی زۆرجار دەبینین یەکێتی بابەت پشتگوێ دەخرێت وهەر لە شیعرێکدا لەبابەتەوە بۆ بابەت بازبازێن دەکرێت و ئەستەمە خوێنەر بتوانێت بێ سەرەگێژە دوای ئەو هەموو بازدانانە بکەوێت و ملی نەشکێت، ئەی بۆ باسی ئەو هەموو وێنە نامەعقولە شیعرییە ناکەیت بە ناوی سوریالییەوە کە هیچ ڕایەڵێك خوازەی لێكچوو بە لەوچوو نابەستێتەوە وپاشان بە ناونیشان و تییمەی دەق، هەروا نەبوونی دنیابینی لە شیعرداو نەبوونی شێوازی شیعریی کە بیرکردنەوەو کارکردنی شاعیرەکەی دەردەخات یەکێکە لە کێشەکانی دی، ئەمانە بەڵگەن لەسەر کاری بەپەلەو بێ پێداچوونەوەی شاعیرەکەی، لە لایەکی ترەوە ڕەنگە زەمینەکە لەبار بێت بۆ ئەو جۆرە بەرهەمە لە ڕووی بوونی سیستەمی گەڕەلاوژەو جەماوەرو خوێنەری سادەو کارکردن لە واقیعێکی وا پەرپووتدا کە دەقی وای لێ شین ببێت. خاڵێکی تر لەو سیما دیارو لاوازانەی شیعری ئەمڕۆ چڕبوونەوەی مانای زاتییبوونە؛ بە پلەیەك دابڕان لەگەڵ خوینەران کە خوێنەر خۆی یان بەشێك لە خۆی لەو دەقەدا نادۆزێتەوە، بەڵی زۆربەی دەق لاوازیی تێدا هەیەو ڕەنگە لایەنی ئەرێنی و دڵخۆشکەریشی تێدا بێت، بەس گرنگە لاوازیی و هەڵەو کەموکورتییەکان زاڵ نەبێت بەسەر کۆی جەستەی کارە شیعرییەکەدا، ئەمڕۆ لێشاوی کارە بینراوەکان تەنگی بە کارە زیهنی و هەستەکییەکان هەڵچنیوە کە هۆکەی دەگەڕیتەوە بۆ برەودان بە شەپۆلی پووچی و نادانیی، وەك چۆن هێندەی لە گۆرانییەکانی ئەمڕۆدا گرنگی بە نمایش دەدرێت وەك لە دەنگ و ئاوازی ڕەسەن. هەرواش بڵاوکراوەکان وێنەیەکی گەورەو جوانی شاعیر پێش دانانی شیعرەکە دەخەن وەك ئەوەی ئەوە پێوەر بێت.


شتێك لەبارەی وێنەی شیعرییەوە:
وێنە لە فەرهەنگدا بە مانای شێوە دێت، بەڵام وێنەی شیعریی بریتییە: لە ڕێگای تایبەتی دەربڕینی شاعیرو بونیاتی زمانەوانی کە لە ڕێی دونیابینییەوە دادەڕێژرێت، لە شێوە باوەکەیەوە وێنە دەگۆڕدرێت بۆ شێوەیەکی ناباوی نوێ، ئەمەش کارلێکردنی کرداری درککردن و زمانە پێکەوە، کە ئەندێشە دروستی دەکات و هاوچوونیی و جیاوازیی تێدا هەیە لەگەڵ واقیعدا و لە پێناو دەربڕینی ئەزموونی شاعیردا بە وشە دەکێشرێت. بۆ ئەوەی ئەم باسە زیاتر ڕوون بکەینەوە، دەبیت بزانین وێنە دوو جۆری هەیە: ١- وێنەی زەینی ٢- بەرجەستە. وێنەی شیعریی زەینی ئاماژەدارە و نابەرجەستەیە. جێی باسە ئەم بابەتە کۆنەو لە مێژە شاعیران پەنایان بۆ وێنەی شیعریی بردووە، بۆ نموونە جاحیز ٧٧٦ – ٨٦٨ز، لە کتێبی (حيوان)دا دەڵێت: شیعر سنعەت و چنین و ڕەگەزی وێناندنە. ئەمەش کاری ئەندێشەکردنە. کە لای ڕۆمانتیکیەکان هەست سەرچاوەیەتی و لای سوریالی و سیمبوڵیستەکان شوێنی سەرەکی نەستە. ئەمە لەسەر بنەمای خوازەو میتافۆر بەهەم دێت و وێنەیەکی تێکەڵەمان دەداتێ کە هەڵقوڵاوی توانای ئەندێشەکردن و سۆزو دنیابینی شاعیرە.
کەواتە کرداری کێشانی وێنەی شیعریی زیهنییەو زۆرجار خواستنی سیفەتێکی دیاریکراوی شتێکەو خستنە پاڵی شتێکی ترە کە لە نێوانیاندا هاوبەشییەك هەیە، ئەمیش لە چوار ڕەگەز پێکدێت: ١-لێكچوو، ٢-لەوچوو، ٣-ئامرازی لێكچوون، ٤-ڕووی لێكچوون. هەندێكجار هەردوو ئامرازی لێكچوون و ڕووی لێكچوون لادەبرێت و بەس لێكچوو و لەوچوو دەمێنێتەوەو ئەو کاتە وریایی خوێنەر درك بەم کرداری لابردنە دەکات و میتافۆڕەکە بەهێزتر دەکات و پەی بە مانای دروستکراو دەبات، بۆ نموونە وەك ئەوەی بگوترێت (بریسکانەوەی چاوی) لە بری (چاوی وەك ئەستێرە دەبریسکێتەوە).
لێرەدا باپێكەوە دیقەتی ئەم وێنە شیعرییانە بدەین و ئەو یاسایەی پێشووی بەسەردا جێبەجێ بکەین:

نموونەی یەك/

(وەك گۆچانێك
لە کافێیەك دەڕشێمەوە)

وەك: ئامرازی لێكچوون
گۆچان: لێكچوو
ڕشانەوە: ڕووی لێكچوون
لەوچوو: ڕاناوی ـ م ـ ی من، لە (دەڕشێمەوە)دا

  • تێبینی: سەبارەت ڕووی لێكچوون: لێرەدا ناڕوونە.
    منی خوێنەر لێرەدا دەپرسم ئایا ئەم وێنەیە هی هەستە یان نەست؟ دەبێت هی نەست بێت چونکە لە ڕووی قبوڵکردن و ماقووڵبوونی وێنەکەوە دەبێ بپرسین: ئایا چ ڕایەڵێکی پەیوەندیی و خاڵی هاوبەش هەیە لە نێوان گۆچان و ڕشانەوەدا، کە لێرەدا دەمانباتە سەر لێكچوونێکی زۆر دوورتر، کە لێرەدا ناچارین و دەبێت ڕێ بە خۆ بدەین بۆ ڕاڤەکردن، بڵێین گۆچان کە دەسکەکەی چەماوەتەوە نیشانەی چەمانەوەی پشتە، ئەویش نیشانەی پیر بوونە، پاشان مرۆڤێکی پیر بهێنینە پێشچاو کە دەڕشێتەوە، چ لەبەر نەخۆشی بێت یان لەبەر پێنەکەوتنی ئەو خورادن و خواردنەوەیەی کە لە کافێدا گەدە بۆی هەرس نەکراوە. ئیتر بڕیاری شیعرێتی و بەهێزیی وێنەکە لای وەرگر جێ دەمێنێت، کە ئەزموون و سەلیقەی بڕیاری پێدەدەن.
    ……
    نموونەی دوو/

(زەمینی هەور ئێرە نییە
بۆشاییەکی کزو ساردە
چونکە خەمباریی پەنجەرەیەکی پیرە
ژیان لە دەستەکانی گەمارۆبوونی ساردبۆتەوە
لە بیردەکەم کاتژمێرەکە بشکێنم
ڕەنگە هێشتا
چنینی قوماشێك لە خەڵوز
لە ئەگەری هاتنی تۆفان
هیوایەکی باش بێت).

وێناندن لەم کۆپلەیەدا ئاوێتەیە، واتا زیاد لە وێنەیەكی تێدایەو لێتێگەشتنی کۆپلەکەو هەناسە شیعرییەکە ئاڵۆز دەکات، یەکەم دێڕ لە وێنەیەکی واقیعییەوە دەست پێدەکات: (زەمین و هەور و ئێرە) هەرسێك بەرجەستەن، پاشان دەکرێت بپرسین ئایا هەور یان ئێرە کامییان بۆشاییەکی ساردە؟ ناڵێم کز، چونکە کز بۆ تینی ڕووناکی و گەرمی بەکاردێت، گەر بگوترایە (کزە) ئەوا دەمانزانی مەبەستی لە بای ساردە.
پاشان دێینە سەر خوازە/میتافۆڕی خەمباریی؛ کە شاعیر بە پەنجەرەیەکی پیر دەیچووێنێت، دەزانین پەنجەرە ئاماژەی دیدگایە، ئیتر لە دێڕی دواتردا خوێنەر توشی ئاڵۆسکان دەبێت لە کاتی لێکدانی مانا لێکدراوەکانی (ژیان لە گەمارۆبوونی دەستەکانی ساردبۆتەوە) ئایا گەمارۆبوونی چی؟ و ئاماژەیە بە کێ؟ هەروا دەستەکانی کێ؟ پاشان گەر بگەڕێینەوە بۆ سێ دێڕەکەی پێشوو کە باسی هەورو پەنجەرە بوو. ئەم بازدانە بۆ ژیان و تەواونەکردنی ئەو دوو وێنەیەی پێشوو چ نهێنییەکی لە پشتەوەیە؟
پاشتر دێڕە شیعری (لە بیردەکەم کاتژمێرەکە بشکێنم) دێت، کە دوو مانای هەیە: بەرجەستە و ئەندێشە، بەرجەستەکە ڕوونە کە شکاندنی هەر کاتژمێرێکە، بەڵام شاعیر دیارە لەبری گوتنی زەمەن سیمبوڵی کاتژمێری بەکارهێناوە (وەك گوتمان هەردووك ئامرازی لێكچوون و ڕووی لێكچوون لابردراوە).
دواتر بەر وێنەیەکی تری سوریالی دەکەوین، کە لە قووڵایی دنیای خەون و سوریالیزمدا سەرهەڵدەدات، ئەویش چنینە لە خەڵوز، چونکە وەك زانراوە کاتێك شاعیر خوازەی دنیای هەستی بەکارهێنا و دوو زاراوەی لێکدا بۆ دروستکردنی وێنەیەکی تازەی شیعریی، دەبێت ڕووی لێكچوون لە نێوان ئەو دوو زاراوەدا هەبێت، دەزانین خەڵوز سیفەتی ڕەشێتی لێرەدا لێوەرگیراوە وەکو ڕەشبینی و دەربڕینی باری خەمناکیی، بەڵام رووی لێكچوونی لەگەڵ چنیندا نییە، چونکە لە ڕەگەزی قوماش و پێستەو هەموو ئەو شتانە نییە کە بواری چنینیان هەبێت. بەڵام خوێنەر دەتوانێت مانای ئەم دیدگایە تەواو بکات لە ڕووی ناوەڕۆك و پەیامی دەقەوە، کە شاعیر پێشبینی هاتنی خراپتر دەکات و بە تۆفان دەیچوێنێت، کەواتە هێشتا ڕەشبینی وەکو هیوایەکی باشە بە بەراورد بە ژیان لەناو ئەو تۆفان و ئاژاوەو کارەساتانەی بەڕێوەیەو شاعیر پێشبینی دەکات کە لە ئاکامی گومڕایی و لەخۆباییبوونی مرۆڤ بەرپا دەبێت.

وێنەی سێ/

(زەرفێک بارانی فێنکی حەشاردا بوو،
بێز لە دەنگی خۆی، نا
ژیان، با!
دەکردەوە).
…………..
شاعیر لێرەدا دالی (زەرف) بەکاردەبات وەکو سیمبوڵ، هەروا وەك هەوڵ و دەستپێشکەرییەك لە بەکارهێنانی ئەو زاراوانەی شاعیرانی پێش خۆی بەکاریان نەهێناوە، بەڵام بەکارنەهێنانی ئەم دالەش لە لایەن شاعیرانی پێشترەوە ڕەنگە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە بە زاراوەیەکی شیعرییان دانەنابێت! ڕەنگە ئەمە دیمەنێکی ڕاگوزەر بێت شاعیر لەسەر ڕێدا بینیبێت و لێرەدا لە وێنەیەکی شیعرییدا جێی کردووەتەوە. شایانی ئاماژەیە کە لە بەشێكی ڕۆژهەڵات بە زەرف دەڵێن دڵق، لێرەدا گرنگ نییە گەر زەرفی کاغەز بێت یان نایلۆن، بەڵام بەوەدا توانای لە خۆگرتنی بارانی هەیە ڕەنگە هی نایلۆن بێت، ئەم وێنەیە حسی و بەرجەستەی واقیعە، شاعیر سەرنجی داوە کە چۆن لە کاتی باران باریندا ئەو زەرفە دڵۆپە ئاوی لەخۆ گرتووە، کاتێك هەوا لێی دەدات دەنگێك دروست دەکات، ئەو دەنگە بەراورد دەکات بە دەنگی ژیان کە هەموو هارمۆنیەتییەکی لەم سەردەمەدا لەدەستداوە، ئیدی بڕیار دەدات دەنگی ئەو زەرفە بەرەندە بکات و لای پەسەندتر بێت وەك لە دەنگە فریودەرەکان، وەك ژاوەژاو و ئەو سەدایانەی لە کەناڵەکانی تیڤییەوە بڵند دەبن، کە ئەمڕۆ هروژمەکانی پروپاگەندەو بەلاڕێدابردن زاڵن بەسەر هەقیقەتدا لە کۆمەڵگاکاندا. پرسیارو خرۆشانی خوێنەر سەبارەت (زەرف) لەوەدایە کە چلۆن ئەو بابەتە کەمبایەخەی فڕێ دەدرێت بە بەراورد بە ژیانی هاوچەرخ، پەسەندترە بە بەراورد بە دەنگەکانی تری ژیان؟ ئەمەش درێژکردنەوەی ئەو دنیابینییە پڕ نائومێدیی و ڕەشانەی پێشووی شاعیرە بۆ ژیان کە لە کۆپلەکانی تردا فۆرمی تریان پێدرا بۆ دەربڕین لە هەمان دیدگا.
لێرەدا ئەو بەیتەی مەحویمان یاد دێتەوە کە چلۆن ئەویش لە وێنەیەکی شیعریدا خوازەی (سوراحی) ئەکتیڤ دەکات کە قێزی دێتەوە و یەع دەکات کاتێك ملی شۆڕ دەکاتەوەو ئاو دەکاتە پەرداخ بۆ هەندێك لە کەسەکان کە دەڵێت: (قەی کردنی سوراحی ئەوی تێبگات دەڵێت: دڵ تێکەڵهاتنە لەگەڵ ئەم خەڵکە تێکەڵی)..
کەواتە بەپێی تێڕوانینی بونیادگەرایی، مانا لەم کۆپلەیەدا ئەم فۆرمە گشتییە وەردەگرێت:
بچووکی مانادار………پەسەندترە……..لە گەورەی بێ مانا

نموونەی چوار/

(لە نێو شوشەیەکی دڕاودا،
پشکۆی زەمەن کۆبکەرەوە).
………
چوار دال و پنتی سەرەکی لەم کۆپلەدا هەن کە وێنە شیعرییەکەیان دروست کردووە، (شوشە، دڕاو، پشکۆی زەمەن، کۆکردنەوە). ئەمەش وێنەیەکی نەستییە، بەحوكمی ئەوەی شوشە دەشکێت، بەڵام لە تاقیگەی شاعیردا دەدڕێت؟ بەڵام بۆچی؟ گەر هەندێك بە ناتەبایی وێناندنەکەی لێكبدەنەوە، ئەوا مەبەست لە سینەی شاعیردا پەنهانەو ڕەنگە وەڵامی خۆی هەبێت بۆ ئەم گۆڕینە.
گەر وردتر سەرنج بدەین لەم کۆپلەیەدا هەموو شتەکان لە حاڵەتی نەرێنیدان، هەم دڕان یان شکانی شوشە، هەم بە خۆڵەمێش بوون کە قۆناغی دوای بڕینی درەخت و سوتان و بە پشكۆ بوونە، هەرچەندە کۆکردنەوە حاڵەتێکی ئەرێنییە، بەڵام لە کۆکردنەوەی پشكۆدا خوێنەر نیشانەی پرسیارو سڵەمینەوەی لا دروست دەبێت و دەکرێت بە ڕووەکەی تردا لێکدانەوەی بۆ بکات، وەك دەڵێن: پشكۆی شۆڕش، بەڵام لێرەدا پشكۆی زەمەنە، گەر زەمەنیش زیاتر ورد بکەینەوە کە شوێن لەخۆ دەگرێت و مێژوویەکی پێ ببەخشێن، ئەوا دەکرێت لێکدانەوەی ئەزموونی ژیانیشی بۆ بکرێت، کە ئەمەش مانا دوورەکەی وێناندنەکەیە.

پێنج/
(بوومەتە کۆیلەی بێزاریی.
لەکەلاوەی زەمەن، چرایەکی زامدارم.
هێشتانەکینێ تەنیاییەکەم، لە ئێوەدا دەنێژم)
….
لەم کۆپلەیەدا بەر چەند ئاماژەو ڕەگەزێك دەکەوین، نەك تەنیا وێنەی شیعریی، بەڵکو یەکەم دێڕ ڕەنگە هەندێك وای ببینن کە ئاخاوتنی ڕۆژانەیە، دەکرێت هەر یەکەمان وا بڵێین: (زۆر بێزارم) بەڵام کاتێك دالی (کۆیلە) بخەینە پاڵ بێزاریی ئەوا مانایەکی چڕترمان لە بێزاریی پێدەدات، لە دیوەکەی تریدا ئاماژەشە بە زۆربونی کۆیلە، چونکە شتێك لە ژینگەی شاعیردا نەبێت ئاسان نییە بەکاریبهێنێت و پەی پێ ببات و لە دەرگای شیعری بدات، مەگەر زۆر ئەندێشە بکات و بە تەواوی لە دنیای واقیع و بەرجەستەدا بچێتە دەرەوە لە کاتی نووسینی بەرهەمە شیعرییەکەیدا.
لە دێڕی دوودا جارێکی تر دەگەڕێتەوە بۆ زەمەن و ئەمجارە لەجیاتی پشکۆ، کەلاوە دەخاتە پاڵ زەمەن، تا بڵێت: لەوخەراباتە بێ ڕووناکی و تاریکەدا من وەکو ڕۆشناییەکی ئازار چەشتوو هەناسە دەدەم، چونکە وەك دەزانین چرا بریندار نابێت ( لە دنیای بەرجەستەدا برینداربوون وەسفە بۆ مرۆڤ و گیانلەبەران بەکاردێت و شکان بۆ چرا بەکاردێت) بەڵام لەبەر ئەوەی لێرەدا مانایەکی مەجازی لە پشت ئەو دەربڕینە شیعرییەوەیە بۆیە خۆی وەك چرا شوبهاندووەو بە بریندار وەسفی دەکات، بەڵام ڕەنگە ئەم مانایە پێکدادان بەرپا بکات لەگەڵ ماناکەی پێشوودا کە چۆن لەوێ بێزارو لێرەش ڕووناکی! بۆیە دەبێت شاعیر زۆر وریا بێت لە دانانی هەر وشەیەك لە شیعردا کە جێی تەواوی خۆی بێ زیادو کەم بگرێت، پاش نووسینیش چەندان جار بەسەریاندا بچێتەوە، گەر خۆی کە دانەری شیعرەکەیە درکیان پێ نەکات، دەتوانێت پیشانی کەسانی تری بدات بۆ وەرگرتنی ڕاو بۆچوونیان، پێش ئەوەی پەخشی بکات و ببێتە موڵکی و بەهەموو جوانی و ناشیرینیەکانیەوە لەسەری هەژمار بکرێت.
لە دوا دێڕدا ئەوە دەفامینەوە کە تەنیایی مەرگە، بۆیە لێرەدا ئاوها دەنێژرێت، بەڵام ناشتن لەناو خاکدا نییە بەڵکو لەناو ئەوانی مرۆڤ و قەرەباڵغييەکانیاندایە کە بەگۆڕ چووێنراون، واتا شاعیر تەنیا نییە، یان گەر تەنیاییەکەی بە جەستە بچوێنین و لەگەڵ ئەواندا بگوزەرێنێ، ئەوا ڕوحی بە دڵنیاییەوە بێزارەو هەست بە تەنیایی دەکات. ڕەنگە هەندێك بڵێت شاعیر دەیتوانی دێڕەکە پوختر بکات بە کورتبڕی زیاتروکارکردنی زیاتر لەسەری، لەبری ئەوەی بڕگەی وشەکان درێژ بکاتەوەو قورس بن لەسەر زمان و نامۆسیقی بن، بۆ نموونە دەیتوانی لە بری (هێشتانەکینێ تەنیاییەکەم، لە ئێوەدا دەنێژم) شاعیرانەتر دەبوو بڵێت (ئاوهاش تەنیاییم، تیاتان دەنێژم)، ئەمە هەربۆچوونە بۆ ڕوونکردنەوە، نەك فرمان بە گۆڕین بەم شێوەیە!

شەش/
(لە ئێسک و پروسکی گۆرانییەکی تەنیا؛
پەیکەری باڵندەی هەڵفڕیوی خۆزگەکان:
ئەو خۆزگانەی لە نێو گۆڕی فەرامۆشی
وەرزێکی تر لە مردن دەست پێدەکەنەوەو
دڵتەنگی گەمارۆی داون، بنیات دەنێنەوە)
……………..
نموونەی ئەم دواکۆپلەیەم لەبەرئەوە نەهێنایەوە، کە کەرەسەکانی وەك تەنیا، گۆڕ، دڵتەنگی ..کە هەمان دەربڕینی ناسۆری بارە دەروونییەکانی پێشترن و دووبارەن، هەروەها نیشاندەری شێوازی ڕۆچوونی شاعیرە بە دنیای سایکۆلۆژی و ئاشنا بوونی خوێنەریشە بە تییمەو بابەتی شیعریی و تەنانەت شێوازی لێکدانی وێنە مەجازییە شیعرییەکانی شاعیر، بەڵکو مەبەستی من لێرەدا ئەوەیە لێکدانی چەند وێنەیەکی شیعریی و تێکەڵ کردنیان چ ئاستەنگێك بۆ خوێنەر دروست دەکات لە هەرسکردنی وێنەکان لە چیكڵدانەی شیعرییداو چەند گران دەبێت سیفەتی ئیستاتیکی دەق بپارێزێت.
لە سەرەتا دێڕدا خۆمان لەبەردەم وێنەیەکی مەجازی دەبینینەوە کە بەخشینی سیفەتی (جەستە)یە بە (گۆرانی تەنیا)، ئەو جەستەش لە ئێسك و پروسك پێکدێت، واتا کۆتایی هاتووەو مردووەو بە تەنیا چوارچێوەکەی ماوەتەوە، پاشان وێنەیەکی هاوشێوەی ئەمەمان بۆ دەنەخشێنێت لە دێڕی دوودا، کە (پەیکەری باڵندەن) ئەم بەشەی بەرجەستەیە، بەڵام کە (خۆزگە) دەلکێنێت بە باڵندەوە دەبێتە مەجاز. کەواتە منی وەرگر وای لێدەفاممەوە، باڵندەی خۆزگەکان هەم هەڵفڕیوەو هەم مردووە، یان زۆر لاواز بووە (وەکو کورد وتەنی: هەر پێست و ئێسقانەکەی ماوەتەوە) چونکە هەر پەیکەرەکەی ماوەتەوە. پاشان لە دێڕی سێدا وێنەیەکی تری شیعریی زیاد دەکات بۆ هەمان مانای ئەو کۆپلەیە کە وەسفی شوێنگەی خۆزگەکانە و شوێنیان (گۆڕی فەرامۆشییە)، هەموو ئەو بێهیواییەو تەنیایی و خەمبارییە شوێنیان گۆڕی فەرامۆشی و لەیادچوونە، هەموو ئەو وێناندنانەی پێشووش لە دێڕی چواردا بەردەوامییان پێ دەدرێت و وەسفی خۆزگەکان دەکرێت کە نەمردوون، بەڵام وەرزێکی تریش دابێت هەر مردنە بۆ خۆزگەکان و بێتاقەتن، ئەوا ئەکشن لێرەدا ئەوەیە: پەیکەری هەڵفریوی خۆزگەکان لە ئێسک و پروسکی گۆرانییەکی تەنیا پەیکەری خۆزگەکان بنیات دەنێتەوە.
ئەمە ڕێگای تێگەیشتنی خوێنەرە بۆ ئەم کۆپلە ئاوێتەیەو بەرەنجامەکەشی ئاڵۆسکاندنی وێنەی شیعرییە، بەڵام ڕەنگە لە دڵی شاعیردا مانایەك هەبێت و بەمجۆرە توانیویەتی بیشیعرێنێت، کە ڕەنگە شاعیرێکی تر بەشێوەیەکی جیاوازترو کورتبڕانەتر بتوانێت هەمان وەسفی دۆخی ناوەکی خۆی مانا لێ بکات و دەرببڕێت. ئەمەش بواری ئازادی دنیای نووسینی شیعرو جیاوازی پەنجە مۆری مرۆڤەکانە، لەهەمان کاتیشدا شتێکی سەیر نییە چونکە تەنانەت عەبدوڵڵا گۆرانی شاعیریش جارانێك بە تەواوی نەیتوانیوە ئەندێشەو هزری جێ بکاتەوە لەناو دەقێکی شیعریی بەرهەمهێن و لەمبارەشداو لە (هەڵبەستی دەروون) دا دەڵێت:
هەرچەند ئەکەم ئەو خەیاڵەی پێی مەستم
بۆم ناخرێتە ناو چوارچێوەی هەڵبەستم
لێکدانەوەی دەروون، قســـــەی زمانم
بۆچی وەها دوورن لەیەك ؟ نازانــــم!

————————————

سەرچاوەکان:

1-Understanding Poetry. 4th edition. by: Brooks, Cleanth, Robert Warren, Wadsworth Publishing.
2- Percy Bysshe Shelley, By Bloom, Harold,
Broomall, PA : Chelsea House.2001
٣- النقد والبلاغة. شكري عياد، دار المعارف الطبعة الاولی، ١٩٩٤.
٤- ماڵپەڕی شیعریی (تەم) چەند دەقێك، نەهرۆ جەرجیس، ساڵ٢٠٢٤ .




مرۆڤی بێ پارێزبەندی*.. و. لە عەرەبیەوە: یاسین لەتیف

‏لە دەرەوەی شوورەکانی شار: مرۆڤی (بێ پارێزبەندی- Homo sacer) یان حەڵاڵکراو لە پەیکەری سەروەریدا ، لە هەوڵێکدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆدی سیاسەتی ڕۆژئاوا، ڕەنگە دەستبەجێ وێنەی “پەیماننامەی کۆمەڵایەتی” و سندوقەکانی دەنگدان و مافەکانی هاوڵاتیبوون بە مێشکماندا بێت، بەڵام ئەو هەڵکۆڵینە فکرییانەی کە جۆرجیۆ ئاگامبین لە کتێبە دامەزرێنەرەکەیدا ئەنجامیان دەدات، پەردە لەسەر کۆمەڵێک بناغەی زۆر خوێناویتر و تۆقێنەرتر لادەدا. سیاسەتی مۆدێرن -وەک چۆن ئاگامبین وێنای دەکات- تەنها مەیدانێک نییە بۆ دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات، بەڵکو زیاتر لە “ئامێرێکی ئەنسرۆپۆلۆژی” دەچێت کە بە بێدەنگی کار دەکات بۆ بەرهەمهێنانی جەستەگەلێکی ڕووت کراوە لە ماف، کە بە ناوی خودی یاساوە شایانی پێشێلکردنن. کەچی ئەم وێنە دیموکراسییەی دەوڵەتی مۆدێرن، هەر کە دەیخەینە ژێر “مایکرۆسکۆپی مێژوو”ـەوە، خێرا دەڕەوێتەوە، لێرەدا دەسەڵات ڕووت دەکرێتەوە بۆ ئاشکراکردنی ناوکە ڕەقەکەی، بەتایبەتیش لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ چەمکە ڕۆمانییە لێڵەکە: “مرۆڤی پیرۆز” (Homo Sacer). ئەم چەمکە لە هەناویدا پارادۆکسێکی بوونگەرایی تۆقێنەر هەڵدەگرێت . ‏چونکە ئاماژەیە بۆ ژیانێک کە لە تەرازووی ئیلاهیات و بیروباوەڕە ئاینییەکاندا هیچ بەهایەکی نییە (ناکرێت بکرێتە قوربانی بۆ خوداوەندەکان)، لە تەرازووی یاساشدا هیچ سەنگێکی نییە (ئەو کەسە سزا نادرێت کە دەیکوژێت).
ئەو بوونەوەرێکی گیرخواردووە لە “ناوچەی قەدەغەکراو”دا، بەجۆرێک کە تاکە تێکەڵبوونی لە کۆمەڵگەدا، لە ڕێگەی “دوورخستنەوەی”ـەوەیە لێی. بەو مانایەی دورخستنەوەیان لە کۆمەڵگا ،‏لێرەدا ئاگامبین ئامێرەکانی پزیشکی نەشتەرگەری دەگرێتە دەست بۆ توێکاریی پەیکەری سەروەری و ، دەریدەخات کە ئەم شێوازە کۆنەی دوورخستنەوە تەنها پارچە شوێنەوارێکی مۆزەخانەیی نییە، بەڵکو ئەو مۆدێلە شاراوەیەیە کە لە جیهانی هاوچەرخماندا حوکمی سیاسەتی ژیان (Biopolitics) دەکات.

جدەلی(دیالێکتیکی) “زۆی” و “بیۆس”:
بەسیاسیکردنی جەستەی ڕووت ، ئەو قەیرانەی کتێبەکە چاودێری دەکات، لەگەڵ وردبوونەوە لە داڕمانی کارەساتباری سنوورە جیاکەرەوەکانی نێوان دوو چەمکی یۆنانی بۆ ژیان، قووڵتر دەبێتەوە: “زۆی” (Zoē)، کە بریتییە لە ژیانی بایۆلۆژیی سروشتیی هاوبەش لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا، و “بیۆس” (Bios)، کە بریتییە لەو ژیانە سیاسییە شیاوەی هاوڵاتی لە شاردا پیادەی دەکات. ‏ئاگامبین پێی وایە کارەساتە گەورەکەی مۆدێرنیتە لەوەدایە کە دەسەڵات چیتر تەنها بە حوکم کردنی “بیۆس”ەوە ناوەستێت، بەڵکو کشاوە بۆ ئەوەی “زۆی”یش قوت بدات. ئیتر ژیانی بایۆلۆژیی ڕووت بووەتە گرەوی سەرەکی لە گەمەی سیاسیدا؛ چونکە دەوڵەتی مۆدێرن گرنگی بە تەندروستیی دانیشتووان، ڕێژەی لەدایکبوون، جینەکان و مردنی سەرێری دەدات، ئەمەش بەو مانایەیە کە جەستەمان وەک بوونەوەری زیندوو، ڕاستەوخۆ کەوتووەتە چنگی دەسەڵاتی سەروەرەوە. بەپێی ئاگامبین، و بە ئیلهام وەرگرتن لە تێزەکانی کارل شمیت سەبارەت بە “دۆخی نائاسایی”، یان دۆخی ئاوەرتە ئەو شوێنەی کە ئەم ڕاستییەی بە دزێوترین شێوە تێدا بەرجەستە دەبێت، “شار” یان “پەرلەمان” نییە، بەڵکو “ئۆردوگا” (The Camp)ـیە. ئەم ئۆردوگایە جا چ ئۆردوگایەکی دەستبەسەرکردنی نازی بێت یان ناوچەیەکی مۆدێرنی ڕاگرتنی پەنابەران ئەو فەزایەیە کە تێیدا یاسا بە شێوەیەکی هەمیشەیی هەڵدەپەسێردرێت و “دۆخی نائاسایی” تێیدا دەبێتە بنەما. لەم فەزایەدا، مرۆڤ لە هەموو سیفەتە یاساییەکانی دادەماڵرێت تا دەبێتە تەنها “ژیانێکی ڕووت” (Bare Life)، واتە پارچە گۆشتێکی زیندوو کە بەتەواوی ملکەچی دەسەڵاتی ڕەهای سەروەرە بەبێ هیچ نێوەندگیرییەکی یاسایی. ئۆردوگا ئەو شوێنەیە کە تێیدا “مرۆڤی پیرۆز” بە شێوەیەکی پیشەسازی و سیستماتیک دروست دەکرێت. ‏لەکۆتاییدا، ئەم شیکارییە ڕەچەڵەکناسییەی دەسەڵات بەرەو ڕاستییەکی ترسناک دەمانبات، ئەویش ئەوەیە کە دیموکراسییە ڕۆژاواییە مۆدێرنەکان نەک هەر دژی تۆتالیتاریزم (شمولیەت) نین، بەڵکو تۆوەکانی ئەو لە ناخی خۆیاندا هەڵدەگرن. کەلێنی نێوان هاووڵاتیی خاوەن‌ماف و “مرۆڤی بێ پارێزبەندی” یان خوێن حەڵاڵکراو (وەک پەنابەرێکی “نایاسایی”، یان نەخۆشێک لە بێهۆشییەکی درێژخایەندا، یان دەستبەسەرکراوێک لە گوانتانامۆ) کەلێنێکی زۆر لاواز و تەنکە. لەکاتێکدا دەوڵەتان لە سەمای دەستووریی خۆیان و بەباڵاداهەڵدانی مافەکانی مرۆڤ بەردەوامن، چەمکی “مرۆڤی پیرۆز” وەک ئەو سێبەرە قورسە دەمێنێتەوە کە بەدوامانەوەیە؛ ئەوەمان بیردەخاتەوە کە یاسا هەمیشە خاوەنی “دەرگایەکی پشتەوە”یە، کە ڕێگەی پێ دەدات پەلاماری “ژیانی ڕووت” بدات و، ئێمە هەموومان لە ساتی ڕاگەیاندنی باری نائاساییدا، پاڵێوراوین بۆ ئەوەی ببین بەو جەستە بێ پارێزبەندە خوێن حەڵاڵکراوەی کە بە تەنیا و بە ڕووتی لەبەردەم هەژموونی سەروەریدا ڕاوەستاوین .

——————————————
‏‏*((جەمیل سالم، لە دەرەوەی شوورەکانی شار: مرۆڤی بێ پارێزبەندی لە پەیکەری سەروەریدا، کتێبی (Homo Sacer)ی نووسەر جۆرجیۆ ئاگامبن، ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥))




جیریكو و كەڵەكی مێدوسا.. ئاكۆ عه‌بدوڵڵا

ساڵی 1816 كاتێك لەكەنارەكانی رۆژئاوای ئەفریقا كەشتییە ناودارەكەی (مێدوسا) تێكشكا نغرۆ بوو، كاپتن و ئەفسەر و كەسە دیارەكانی سەری به‌به‌له‌می فریاگوزاری، خۆیان دەرباز كرد، كە لەناویاندا حاكمی سەنیگالی داگیركراو هەبوو، بەڵام خەڵكە ئاساییەكەیان لەناو گێژاوی زەریا جێهێشت. دوای گەڕانەوەشیان هیچ باسێكی ئەوانیان نەكرد. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ له‌ناو ده‌ریا‌‌ پانزە كەس لەوانەی بەجێهێشترابوون، بەپارچە تەختە پەرت و بڵاوه‌كانی كەشتییە تێكشاوەكە كەڵەكێكیان دروست كرد و دوای نزیكەی دوو هەفتە مانەوەی ناو زەریا كە ئازاری زۆریان لەدەست برسێتی و تێنویەتی و مەترسی شەپۆڵەكان چێژت و هەندێكیشیان مردن. ئینجا بەڕێكەوت بەكەشتییەك گەیشتن و رزگاریان ده‌بێت. كاتێكیش ده‌گەڕێنەوە فەرەنسا. ئەو هەواڵە وەك بۆمبی ئابڕۆبەر هەموو ئەوروپای هەژاند. ئەوسا جیریكوی نیگاركێش ویستی ئەو رووداوە بەجۆرێك بەرجەستە بكات ببێت به‌په‌یامی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ره‌خنەش له‌‌به‌رپرسیاریه‌تی لادان بگرێت و سه‌ركۆنه‌ی ناعه‌داله‌تیش بكات. ماوه‌ی ساڵێك جۆره‌ها لێكدانه‌وه‌ و تاقیكردنه‌وه‌ی كرد. بۆ ئەو مەبەستەش سەردانی كەسانی رزگاربووی كارەساتەكەی كرد. هەروەها سەردانی نەخۆشخانەیەكی كرد تاكو تێیدا تەرمی مرۆڤی مردوو ببینێ. ئەمەو داوای لەدارتاشێكیش كرد نموونەی كەڵەكێكی بۆ دابڕێژێ. لەئەنجامدا شاكاره‌كه‌ی (كەڵەكی مێدوسا Le Radeau de La Méduse) ی كیشا و ساڵی 1819 لەپیشانگەی ساڵانەی سالۆنی پاریس هەڵواسی كە تێیدا له‌درامای كاره‌ساته‌كه‌، ئه‌و ساته‌ی هه‌ڵبژاردووە كه‌ سه‌رنشینی كه‌ڵه‌كه‌كه‌ له‌دووره‌وه‌ كه‌شتییه‌كی فریاگوزار ده‌بینن و زۆربەیان بەتاسەی كەم ئومێدانە هەوڵی ئاگادار كردنەوەی دەدەن.
تابلۆكه‌ كە شێوەیەكی هەڕەمی وەرگرتووە، پڕە لەهەڵچوون. تێیدا مرۆڤی مردوو و زیندوو و هی وه‌هاش ده‌بینرێن كه ‌له‌سه‌ره‌مه‌رگدان. لەپێناو مانه‌وەشدا‌، لەنێوانیان هه‌ست بەپاڵنان و جۆرێك له‌شه‌ڕ ده‌كرێت. هەروەها لەدیمەنەكەدا كۆمه‌ڵێك ورده‌كاری دیكە هەیە چاوی بینه‌ر كێش ده‌كه‌ن، له‌وانه‌ ئه‌و پیاوه‌ ئه‌سمه‌ره‌ی كه‌ له‌پێشه‌وه‌ی كه‌ڵه‌كه‌كه‌ په‌ڕۆیه‌ك راده‌ته‌كێنێت بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌ی كه‌شتییه‌كه‌. ئه‌و به‌شه‌ی تابلۆكه‌ لوتكه‌ی شكۆی دیمه‌نه‌كه‌ و هێزه‌ درامیكیه‌كەیتی. لێرەدا جێگەی ئاماژە بۆ كردنە جیریكو پێداگرانە ویستویەتی تابلۆكه‌ی وێنه‌ی مرۆڤێكی ئه‌فریقی تێدابێت تاكو ببێت به‌هێما بۆ یه‌ك هیوایی هه‌موو مرۆڤ به‌بێ جیاوازی. ئه‌و كاره‌ش بۆ ئه‌وسا ئاسایی نه‌بوو. له‌لایه‌كی دیكه‌ی دیمەنەكە پیاوێكی پیر ده‌بینرێت كه‌ لاشه‌ی كوڕه‌ مردووه‌كه‌ی گرتووه‌. ئه‌مانه‌ و بەشێوەیەكی گشتی لەو كارەدا جیریكو له‌به‌كارهێنانی كاریگه‌رییه‌كانی رووناكی و تاریكی گه‌یشتۆته‌ ئه‌وپه‌ڕی و سه‌رشێتی سرووشتیشی وه‌ها ده‌رخستووه‌ كه‌ هێشتا دانه‌مركابێته‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ ده‌ڵێن هه‌موو كه‌سێك ناتوانێت به‌دیار ئه‌و شاكاره‌‌ بوه‌ستێت. بەوپەڕی ژیری كێشاویەتی تەنانەت ئەو كەشتییەی كە فریاگوزارە، لەدوور تەنیا ئالاكەی دەركەوتووە، ئەوەش بەلای ئەوانەی كە دەیانەوێت فریایان بكەون، ئەوپەڕی سەختی و كەم ئومێدییه.
ئەو شاكارە بەیه‌ك له‌كاره‌ هونه‌رییه‌ ناودار و كاریگه‌ره‌كانی چاخی رۆمانسی دادەنرێ‌. شوێنێكی گرنگیشی هه‌یه‌ لەمێژووی هونه‌ری نوێ. دوای ئەو بەرهەمە دەیان رۆمان لەبارەی چیرۆكی ئەو رووداوە نووسرا. ئەوسا مشتومڕی سیاسی لێكەوتەوە، ئەوەش هێندەی دیكە ڕقی رەخنەگران و مامۆستایانی ئەكادیمیای جولاند و جیریكویان تۆمەتبار كرد بەوەی هونەری كلاسیكی و رێسا رەسەنەكانی هونەری بەزاندووە، نەك هەر ئەوەندە بەلكو شاڵاوی توندیان كردە سەریو جیریكویان دووچاری بارێكی خراپی دەروونیی كرد، ناچار بوو ساڵی دواتر سەر هەڵبگرێ و بەرەو وڵاتی ئینگلتەرا بچێت.

نیگاركێش له‌چه‌ند ستوونێكدا:

  • جان لویس ئەندریا تیۆدۆر جیریكو ناسراو بە تیۆدۆر جیریكو Théodore Géricault ساڵی 1791 لەخێزانێكی دەوڵەمەند و بۆرجوازی شاری روانی هەرێمی نۆرماندی هاتە دونیا. ساڵی 1824 لەشاری پاریس كۆچی دوایی كرد.
  • له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی كورت بوو كه‌چی له‌بواره‌كانی نیگار و پەیكەر و دیزاینەری نەخشە بەیەك لەپێشەنگەكانی هونەری نوێ و رێبەرە بوێرەكەی قوتابخانە نوێیەكەی (رۆمانسی) ئەوسا لەفەرەنسا دادەنرێت.
  • هونەرەكەی جیریكو هەموو ئەو رەشبینییەی بەرجەستە كردووە كە لەدوای شۆڕشی فەرەنسی لەو وڵاتە هاتەئارا. لەناویشیدا راستەوخۆ رەخنەی لەڕژێمی پادشایەتی و بۆچوونی عەقڵگەرایی ئەوسا گرتووە.
  • یه‌ك له‌و نیگاركێشانه‌یه‌ كه‌زۆر شه‌یدای كێشانی دیمه‌نی ئه‌سپ بوو، زۆر حەزیشی لەتاودانی بوو، تا رۆژێك لەسەری هەڵدێرا به‌هۆیه‌وه‌ مرد.
  • جگه‌ له‌و شاكاره‌كه‌ی لێكادنه‌وه‌مان بۆی كرد كۆمه‌ڵێك تابلۆی دیكه‌ی ناوداری هه‌یه‌له‌وانه‌ (ناپلیۆن لەگۆڕەپانی شه‌ڕ، ئەفسەری نیشانە شكێنى سوارەی گاردی ئیمپراتۆری، ئەسپی خۆڵەمێشی عەرەبی، ئەسپەكان لەله‌وه‌ڕگه‌).



خاتوو محەممەدی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دەستگیرکرا.. شورش عزیز سورمێ

دەرگای زیندانەکان بۆ نەرگس محەممەدی چالاکوانی خاوەن خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ئێران کرایەوە: بە نمایشکردنی قژی ڕەشی جیاوازەوە بۆ سەرپێچیکردن لە ڕژێمی ئایەتوڵڵاکان، ئەو گەنجە تەمەن ٥٣ ساڵە گەڕایەوە بۆ قسەکردن لەگەڵ جەماوەر لە میانی ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە پارێزەرێکی مافی مرۆڤ کە لە ژێر بارودۆخێکی ناڕوون گیانی لەدەستدا. پۆلیس ناڕازی بوون و دوای لێدانی ئەو کچە دەستگیریان کرد.
ئەو پارێزەرە ناوی خوسرەو عەلیکۆردی، داکۆکیکارێکی دیار بوو بۆ چالاکوانانی زیندانیکراو و بنەماڵەی ئەو کەسانەی لە سەردەمی ڕاپەڕینەکەی ساڵی ٢٠٢٢دا کوژراون و دەستبەسەرکراون، کە دوای مردنی لە دەستبەسەری مەحسا ئەمینی سەریهەڵدا، کە بەهۆی پۆشینی حیجابەوە بە شێوەیەک کە لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە بە نابەجێی زانیبوو، دەستگیرکرا. ئەو پارێزەرە تەمەن 45 ساڵە لە نووسینگەی خۆی لە شاری مەشهەد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە بە مردوویی دۆزرایەوە، کە دەوترێت جەڵتەی دڵ بووە بەڵام لە هەلومەرجێکدا کە وایکردووە 81 پارێزەر لە نێویاندا نەسرین سۆتودە داوا لە بەرپرسان بکەن دۆخەکە ڕوون بکەنەوە. ڕێکخراوی ناحکومی مافی مرۆڤی ئێران کە بنکەکەی لە نۆروێژە دەڵێت “گومانی جددی”یان هەیە کە ئەمە “کوشتنێکی دەوڵەتی” بووە. عەلیکۆردی چەند جارێک بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی دەوڵەت” دەستگیرکرابوو و سزای زیندانیکردن و قەدەغەکردنی کارەکانی یاسایی و تەنانەت دەربەدەریشی بەسەردا سەپێنرابوو.
لە مەشهەد، لە یادی ئەو پارێزەرەدا، حەوت ڕۆژ دوای مردنی، محەمەدی مایکرۆفۆنەکەی گرت و دەستی کرد بە وتنەوەی ناوی مەجیدرەزا ڕەهنەوارد، ئەو ناڕازییە تەمەن ٢٣ ساڵەی دژە حکومەت کە لە ١٢ی کانوونی دووەم، سێ ساڵ لەمەوبەر، هەروەها لە شاری مەشهەد بە ئاشکرا لە سێدارەدرا، دوای دادگاییکردنێکی مشتومڕاوی کە تێیدا بە کوشتنی دوو بەسیج سزا درا ئەفسەران، هێزی نیمچە سەربازیی ئێران لە پێشەنگی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان، لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا. پاشان خۆپیشاندەران دەستیان کرد بە دروشمی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر”، واتە ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی و شەڕ و پێکدادان لە گۆڕەپانەکەدا سەریهەڵدا: هێزە تایبەتەکان بە جلوبەرگی ئاژاوەگێڕییەوە، سواری ماتۆڕسکیلە ڕەشە جیاواز و هەڕەشەئامێزەکانیان بوون، هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران و بە زۆر ڕێگەیان بەناو جەماوەرەکەدا برد و “بە توندوتیژی” براوەی خەڵاتی نۆبڵیان دەستگیرکرد. یەکێک لە براکانی بەناوی حەمید، لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت: “ئەو کچە لە قاچەکانی کەوتووە و بە قژی گرتووە و کێشراوەتە سەر زەوی”. هەروەها هەشت کەسی دیکەش دەستبەسەر کران: لەنێویاندا سێپیدە غولیان، ئەو ڕۆژنامەنووسەی کە بە کتێبەکەی “یانەی نانەواکانی ئەڤین” – ڕێچکەی خۆراک بۆ “مانەوەی لە زیندان”دا گاڵتە بە ڕژیم دەکات و ئەشکەنجە و خراپ بەکارهێنان لە زیندانەکانی ئێران و هەروەها هاستی عامری، پووران نازمی و عەلیە مۆتەلەبزادە ئیدانە دەکات. دەوترێت ئێستا هەموویان لە ناوەندێکی دەستبەسەرکردندا ڕاگیراون کە پەیوەندی بە ئیتلاعاتی پاسدارانەوە هەیە لە مەشهەد.
محەممەدی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی ٢٠٢٣ کە لەلایەن کچە دووانەکانی تەمەن ١٧ ساڵەوە کێشرایەوە، چونکە ئەو کاتە لە زیندانی ئەڤین بوو، مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوو ئاشکرای کرد کە لەلایەن “بریکارەکانی ڕژێم”ەوە هەڕەشەی کوشتنی لێ کراوە. بەڵام ئەمە ڕێگری لێنەکرد: دواجار لە ٥ی کانوونی دووەمدا، ئەو ڕۆژەی مردنی عەلیکۆردی ڕاگەیەندرا، ئەو چالاکوانە بابەتێکی ئاگرینی نووسی کە لەلایەن تایمەوە بڵاوکرایەوە. ئەو چالاکوانە بە وەبیرهێنانەوەی چوار دەیەی ناڕەزایەتی دژە حکومەت کە بە خوێنی هەزاران خۆپیشاندەر سەرکوتکراون، نووسیویەتی “گەلی ئێران ئازایەتی خۆیان نیشانداوە، بەرگەی زیندان و سانسۆر و چاودێری و فیشەک و لەدەستدانی منداڵەکانیان گرتووە، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامن لە شەڕکردن”. ڕژێم “لە شەڕدایە دژی گەلەکەی”، بەڵام ناتوانێت شەڕی “کۆتاییهێنان بە دیسپۆتیزمی ئایینی و یارمەتیدانی سەرکردایەتیکردنی گواستنەوە لە پاوانخوازییەوە بۆ دیموکراسی” بوەستێنێت، محەمەدی ڕەشەبای وت.

شورش عزیز سورمێ




هێزو لایەنە شیعەکان لە دەورانێکی هەستیاردا!.. عوسمانی حاجی مارف

گروپە ئیسلامیە شیعەکان لە ساڵی ١٩٧٩وە وەک ئەکتەری سیاسی و ئایدیۆلۆژی کاریگەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەریان هەڵداوە.
پێش چوار دەیە، بەدوای سەرکەوتنی بزوتنەوەی ئیسلامی شیعە بە ڕابەری خومەینی لە ساڵی ١٩٧٩دا، گرووپە ئیسلامیە شیعەکان پێشوەخت وەک ئەکتەری سیاسی و ئایدیۆلۆژی کاریگەر لە ئێران، دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیان دامەزراند، دواتر لە پرۆسەیەکدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەریان هەڵداو تەشەنەیان کرد، ئیتر بوونی ئەوان تەنیا لە کایەی عەقیدەیی و تائیفی و داکۆکیکردن قەتیس نەمایەوە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ پڕۆژەیەکی سیاسی لە بەزاندنی سنورەکاندا، کە ئێران وەک دەوڵەتێکی ناوەندی بەهێز پاڵپشتی دەکات، کۆماری ئیسلامی ئێران، کە پرەنسیپی “هەناردەکردنی ئیسلامی و شیعەگەرا”ی وەک بەردی بناغەی ئایدیۆلۆژیای سیاسی خۆی گرتۆتەبەر، لەوێشەوە نەخشەی نفوزی گروپەکان شێوەیان گرت و خۆیان ناساند، لە تارانەوە تا بەغدا درێژ دەبێتەوە و بە دیمەشق و بەیروتدا تێدەپەڕێت، لە چوارچێوەی ئەوەی لە ئەدەبیاتی سیاسیدا بە “هیلالی شیعە” ناسراوە.
گروپە ئیسلامیە شیعەکان لە پێکهاتە و ڕێکخراو و ئەرکە سیاسیەکانیاندا جیاوازن، لە عێراق پارتە شیعەکانی وەک پارتی دەعوە و ئەنجومەنی باڵا و ڕەوتی سەدری و رێکخراوی بەدر بڕبڕەی پشتی سیستمی سیاسی لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ پێکدەهێنن، لە لوبنان حزبوڵڵا نوێنەرایەتی یەکگرتوترین مۆدێلی گروپە ئیسلامیە شیعەکان دەکات، کە عەقیدەی ئایینی و بەرگری و سیاسەت تێکەڵ دەکەن و دەبنە دەوڵەتێک لەناو دەوڵەتێکدا، لە یەمەن، بزووتنەوەی ئەنسار الله (حوسییەکان) بە سود وەرگرتن لە لاوازی دەوڵەتی یەمەن و پارچەبونی هێزە ناوخۆییەکان، بۆئەوەی ببێتە دیارترین باڵی ئێران لە نیمچە دوورگەی عەرەبیدا، لە بەرامبەر بەحرەین و کوەیت و سعودیەدا.
لەدوای داگیرکاری ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣، هێزە شیعەکان بوونە کاریگەرترین هێز لە پڕۆسەی سیاسیدا و خۆیان بینیەوە لەبەردەم پرسیارێکی بنەڕەتی سەبارەت بە ئایندەی حوکمڕانی لە عێراقدا. عێراق هەرگیز دەوڵەتێکی سەربەخۆی ڕاستەقینە نەبووە، دوور لە دەستێوەردانی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەیدا، بەڵکو وەک گۆڕەپانێکی کراوە بۆ پڕۆژە ناوچەیی و نێودەوڵەتیە تێکەڵاوەکان ماوەتەوە، کە زلهێزەکان هەوڵدەدەن داهاتووەکەی بەپێی حیساباتی ستراتیژی خۆیان لە قاڵب بدەن. ئەو فیدرالیزمەی وەک بژاردەیەکی سیاسی ناوخۆیی پێشنیار کراوە، تەنها بەرهەمی دیدگای لایەن و هێزە سیاسیە عێراقیەکان نییە، بەڵکو پەیوەستە بە پڕۆژە نێودەوڵەتی و هەرێمیەکان کە هەوڵی دووبارە داڕشتنەوەی سیستەمی سیاسی بەغدا دەدەن، بۆئەوەی لەگەڵ بەرژەوەندیەکانیاندا بگونجێت. ئەمریکا و ئێران و ئیسرائیل هەموویان وەک ئامرازێک مامەڵەیان لەگەڵ فیدراڵیزمی عێراق دەکرد بۆ خزمەتکردنی ئەجێنداکانیان. پرسیار لە ناوەندە گەورەکانی بڕیاردان ئەوە نەبوو کە ئایا فیدرالیزم ڕوودەدات یان نا، بەڵکو ئەوە بوو کە کەی و چۆن و کێ زۆرترین سوود لە داڕشتنی نەخشەی سیاسی عێراق وەردەگرێت، کە زیاتر بووە دەستکەوت بۆ کۆنترۆڵی دەسەڵات لە بەغدا و باشوری عێراق لەلایەن هێزە میلیشیا شیعەکان و کۆماری ئیسلامی ئێران.
لەڕووی ئابووریەوە باشوری عێراق بڕبڕە پشتی ئابوری عێراقە و زیاتر لە ٪٨٠ ی یەدەگی نەوتی عێراقی تێدایە و خاوەنی کێڵگە ستراتیژیەکانی وەک ڕومەیلە لە بەسرە و مەجنون لە میسان و ئەلغەرەف و ناسریە لە زیقار، هەربۆیە لایەنە شیعەکان زۆر جەختیان لەسەر کۆنترۆڵکردنی چاڵەنەوتەکانی باشور کرد، توانیان پشکی شێری داهاتی نەوت کۆنتڕۆڵ بکەن.
ناوچەی پارێزگاکانی باشوری بەغدا، بابل، کەربەلا، نەجەف، قادسیە، موسەننا، واست، میسان، و بەسرە لەخۆدەگرێت، بەمەش ئەو شریتە دەگرێتەوە کە لە بەغدای پایتەختەوە تا کەنداوی عەرەبی درێژدەبێتەوە. ئەم ناوچەیە ناوەندی سیاسی و ئابووری و ئایینی شیعەگەری لە عێراقدا دەگرێتەوە، لەوانە مەزارگە ئاینیە گەورەکان، دامەزراوە سەروەریەکان لە بەغدا و دەروازە سەرەکیە نەوتیەکان لە بەسرە، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی عێراق، هەروەها نوێنەرایەتی هێزێکی دیمۆگرافی بەرچاو دەکات، کە دانیشتوانەکەی لە ٢٠ ملیۆن کەس تێدەپەڕێنێت، کە زۆرینەی ڕەهایان شیعەن، کەمینە سوننە و مەسیحی، بەتایبەت لە بەغدا. ئەمەش کاریگەری لەسەر توانای حکومەت هەیە بۆ دابینکردنی بودجە، جگە لەوەش، کۆنتڕۆڵکردنی بەندەرەکانی دەریایی بەتایبەتی لە بەسرە، دەبێتە ناوەندێکی سەرەکی بۆ هاوردە و هەناردەکردن، ئەمەش ئەگەری کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە داناوەو بووە دەستکەوتێکی گەورە بۆ هێزە شیعەکان و ئێران.
بەڵام ئەم باڵادەستی و فراوانبونە، ئێستا لەبەر ڕۆشنایی گۆڕانی خێرای دیمەنی جیۆپۆلەتیکی ناوچەی عەرەبیدا ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی سەخت بۆتەوە، وەک گۆڕانکاری لە هاوپەیمانیە ناوچەییەکان، کەمبوونەوەی ناوەندگەرایی ململانێی ئەمریکا و ئێران، گۆڕانی ئەولەویەتەکانی دەوڵەتانی کەنداو، شەری ئیسرائیل و ئێران، قەیرانی ئابوری ،هەموویان هۆکارن بۆ سنوردارکردنی نەخشەی کاریگەری شیعە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، جگە لەوەش، گۆڕانکاریەکانی ناو وڵاتانی عەرەبی، دوای زیاتر لە دوو دەیە ئەزمونی ڕۆڵی نەرێنی ئیسلامی لە حوکمڕانیدا سەلماند، هەروەها سنورداربونی ئاستی واقعی بێتوانایی ئایدۆلۆژیەکانی بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەرخست، کە سەلماندیان بەرژەوەندیە ئابوریەکانیان لە پێش هەر دروشم و بانگەوازێکی ئایدیۆلۆژی ئاینیەوەیە.
هەروەها ئەو گروپە ئیسلامیانەی دوای ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەرەبی هاتنە سەر دەسەڵات، یان بەشداریان لە حکومەتدا کرد، و هیچ پەیوەندیەکیان بە ئیسلامی شیعەوە نەبوو، مۆدێلێکی دیکەی شکستهێنانیان لە پڕۆژەی ئایدۆلۆژی ئایینی خۆیان لە حوکمڕانیدا خستەڕوو.
لە میسر، دەسەڵاتی ئیخوان ئەلموسلمین تەنها ساڵێکی خایاند (٢٠١٢ – ٢٠١٣) پێشئەوەی لە کودەتایەکی سەربازیدا بڕوخێنرێن، لەهەمانکاتدا پڕۆژەکەیان لەگەڵ بۆچونیان بۆ پێکهێنانی دەوڵەت و واقعیەتی خواستی خەڵکدا بەریەککەوتن. لە تونسیشدا بزووتنەوەی هەستانەوە (النهظة) ڕووبەڕووی تەحەددای هاوشێوە بووەوە، چونکە ناچار بوو لە زۆرێک لە ویستە ئایدۆلۆژیەکانی پاشەکشە بکات بۆ خۆپاراستن لە ناسەقامگیری سیاسی.
شکستی مۆدێلی عێراق کە هاوپەیمانی هێزە شیعەکانە، لە ساڵی ٢٠٠٣وە تائێستا سەرکردایەتی عێراق دەکەن، دۆخی سەختی ئیسلامی سیاسی شیعە بەڕوونترین شێوە خۆی ئاشکرا دەکات. دوای زیاتر لە دوو دەیە لە دەسەڵات، حکومەتە یەک لە دوا یەکەکان شکستیان هێنا لە بنیاتنانی دەوڵەتێک کە توانای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە و ئارامی سیاسی و بەڕەنگاربونەوەی گەندەڵی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و گەیشتن بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی هەبێت، بەجیا لەوەش سیستمەکە جەختی لەسەر ڕێکخستنێکی تائیفی کردەوە بۆ دابەشکردنی دەسەڵات، کە هێزە شیعە و کورد و سوننەکان غەنیمەتە سیاسی و ئابوریەکانیان دابەشکرد، لەکاتێکدا متمانەی هاوڵاتی عێراقی بە تەواوی لەبەرامبەر دەسەڵاتداراندا، بەو لایەنانەشەوە کە پاڵپشتی “بەهێزکردنی شیعە”یان دەکرد، زۆر دابەزی، دووبارەبوونەوەی ڕاپەڕینە جەماوەریەکان لە بەغدا و بەسرە و شارەکانی باشور، کە زۆرینەی شیعە بون، لە جەوهەردا ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینێک بوو لە دژی ئەم سیستمە میلیشیا تائیفی و نەتەوەپەرستیە.
لە لوبنان حزبولڵا هەرچەندە خۆی وەک هێزێکی بەرگری لە دژی ئیسرائیل نیشاندا، بەڵام خۆی ئاشکراکرد کە تێوەگلاوە لە ململانێ ناوخۆیی و دەرەکیەکاندا، لە چوارچێوەی ژینگەی لوبناندا خۆی قەتیس کردبو، دەخالەتی لە سوریا و عێراق و یەمەن هەبوو، بارگرانی لەسەر داڕمانی ئابووری و دابەشبوونی تائیفی بەرجەستە کردبووەوە، بو بە بەشێک لەو دەسەڵاتەی کە ئێستا جەماوەری لوبنان دژایەتی دەکات، چەکەکانی بونە بارگرانیەکی سیاسی و ئابووری لەسەر دەوڵەت و کۆمەڵگا.
لەکاتێکدا حزبولڵا ڕوبەڕوی قەیرانی ناسنامەی ناوخۆیی دەبێتەوە لەنێوان “بەرگری و دەسەڵات”دا، بەتایبەتی دوای ئەوەی بەشێکی زۆری کاریگەریەکانی لەدەست دەدات، کە بە شەڕێکی خوێناوی لەگەڵ ئیسرائیل بە تیرۆرکردنی سەرکردە باڵاکان و فەرماندە باڵاکانی مەیدان کۆتاییهات. لە ژێر ڕۆشنایی ئەم هۆکارانەدا پرسیارێکی بنەڕەتی دێتەپێشەوە، ئایا ئێمە شاهیدی کۆتاییهاتنی گروپە ئیسلامیە شیعەکانین.؟
پێوەرەکان ئەوە پیشان دەدەن ئێران سەرەڕای گوشارەکان و گەمارۆکان و دابەزینی ئاستی هاوسەنگی لە ناوچەکەدا، هێشتا خاوەنی ئامرازی کاریگەرە لە نفوز و چەک، تا ئابووری نافەرمی. بەڵام ئەو بنکە جەماوەریە ئایدۆلۆژیەی کە سەردەمانێک پاڵپشتی شیعەی ئێران و لایەنە شیعەکانیان دەکرد، بەهۆی گەندەڵی و هەژاری و تێکشکان و کورتهێنان و پوچەڵبونەوەی دروشمەکانیان لەبەرامبەر جەنگدا، دەستی بە وەرچەرخان کرد، کە چیتر ئەو لایەنانە وەک بەرجەستەی ناڕەزایەتی و بەرگریکار و دڵسۆز بۆ ئاینەکەیان نابینن، بەڵکو وەک بەشێک لە سیستمێکی شکستخواردو دەبیننەوە و لەبەرامبەریاندا ڕادەوەستن.
هەڵبەتە ئەو لایەنە ئیسلامی و تائیفیانە و کۆماری ئیسلامی ئێران دوای دوو دەیە لە ڕاگەیاندنی خەیاڵاتی ئایدۆلۆژی بۆ بنەمای بەرژەوەندی سیاسیان، دوای ئەوەی دروشمە ئاینیەکانیان، لە پانتاییەکی بەرفراوندا ڕەواجی نەما، گەرکۆتایی بەدەسەڵاتشیان نەیەت، ناچار دەبن بگەڕێنەوە بۆ شێوازێکی تر لە پێکهێنانی دەوڵەت، گەر بۆیان گونجاوبێت لە ژێر ناوی “مەدەنیەتیشدا”! نمایشێک دەکەن.
پێموایە ڕێڕەوی ئەم پرۆسەیە گەر هاتنە مەیدانی کرێکاران و جەماوەری ناڕازی وەک هێزێکی کاریگەرو بەتوانا و یەکگرتو لە مەیداندا نەبێت، ئیسلامی سیاسی شیعە لە گۆڕەپانەکەدا لە ئاستێکدا خۆی ڕادەگرێت و دەمێنێتەوە، هەوڵدەدات ڕۆڵی خۆی لە جیهانێکی عەرەبی گۆڕاودا پێناسە بکاتەوە، هەڵبەتە ململانێ و سیاسەتی ئەمریکاش لە ناوچەکەدا کۆتاییهێنان نیە بە ئیسلامی سیاسی شیعە.
لە دوا شیکردنەوەدا لۆژیکی هەر دەوڵەت و دەسەڵات و ڕابەر و هێزێکی سیاسی، کاتێك ئایدۆلۆژیەکەی بە شکست و بنبەست دەگات، بۆ ئەوەی دانەڕمێ ناچارە واقعی گۆڕانێک لە خۆیدا پیادە بکات، چونکە گەر لەسەر هەمان بنەمای ئایدۆلۆژی و دروشمە سیاسیەکانی پێداگری بکات، ناتوانێ رابەرییەکەی یا دەسەڵاتەکەی بپارێزێت.




باوک.. نەوزاد بەندی

هەرچەندە فەیلەسوفی هاوچەرخی فەڕەنسا، ژان پۆڵ سارتەر ئەڵێ : ( مردنی باوکم زۆر بە سوود بوو بۆم ! ) ئەم پێناسە ترسناکەی باوک لە لایەن سارتەرەوە، لە خواستی ئازادی ڕەهاوە سەرچاوەی گرتووە، ئەو حەزی بە ئازادییەکی بێ سنوور و بێ سانسۆر بوو، دەسەڵاتی باوکی بە گەورەترین ڕێگر دادەنا، بۆیە مەرگی باوک وەک دەسکەوتێکی گەورە تەماشا دەکا.. بەڵام ئەگەر یاسایەکی دادپەروەرانە هەبووایە، ئەکرا لێپێچینەوە لەگەڵ ئەم کەسەدا بکرێ، کە تەنانەت پێگەی فەلسەفیی خۆی خراپ به کاردێنا و..لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە خانماندا پەیوەندیی سۆزداریی هەبوو، ئەکرا به تاوانی شکاندنی داب و نەریت و سنووری ئەوانی تر و خراپ بەکارهێنانی پێگەی فیکریی، دادگایی بکرێت هەروەک چۆن هاونیشتمانەکەی، گۆستاف فلۆبیر لەسەر چەند هەڵوێستێک لەڕۆمانی مەدام بۆڤاریدا و به تایبەت لەسەر سێکشنی ناو عەرەبانەکە، دادگاییەکی دوور و درێژ کرا، بەڵام سارتەر دادگایی نەکرا.

باوک لە ڕووی زمانەوانییەوە ووشەیەکی سادەیە بەڵام لە ڕووی مانا و تێرم و ڕەهەندەوە، ڕەنگە بڵێم درێژترین زاراوەیە.. باوک واتا هەیبەت و ڕێباز و ڕەشماڵ و سۆز و بەزەیی و داڵدە و ڕێنمایی و بەرنامە و ئامۆژگاریی و پەروەردە و دەستگرۆیی و بەرگریی و سیاسەت و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و ڕاگر و سەرپەرشت و جەنگاوەر و .. زۆر شتی تر.
ئەوانەی باوکیان نییە، پێیان ئەڵێن هەتیو..ئەو وشەیە خەمگینترین ووشەیە کە تەنانەت وەک جنێویش بەکارئەهێنرێت..وەک شکاندنی کەسێک، کە بێ خاوەن و سەرپەرشت و بێ پشت و پەنایە، بەکار ئەهێنرێت.
هەر بۆیە ئەبینین ئەوانەی بێ باوک هاتوونەتە دنیاوە، کەسانیکی ئاساییان لێ دەرناچێ، چونکە لە پێگەیەکی ئاساییدا ژیانیان تێ ناپەڕێت، بەڵکو سەختی و لەڕێلادان و ئەشکەنجە و موعاناتی جۆرا و جۆر بەرۆکیان پێدەگرێ، بەو جۆرە کەسانی ترسناکی وەک ئەدۆلڤ هیتلەر یان کەسانی مەزنی وەک پێغەمبەران و داهێنەری وەک ئەدیسۆنیان لێ پەیدا ئەبێت، ئەوەیش ڕەنگە بڵێم سەرکێشییەکی گەورەیە، وەک ئەوە وایە منداڵێک فڕێ بدەیتە ناو دەریایەکەوە، زۆربەیان ئەخنکێن و کەمێکیان ئەبنە مەلەوان و دەریاوانی بەتوانا.
لەسەر ئاستی میللەتانیش، میللەتە بێباوکەکان سەرلێشێواو و بێ داهاتوون، لە ڕووی گوزەران و پەروەردە و کۆمەڵایەتییەوە داڕوخاون، داهاتوویان نادیارە و بچوکترین گۆڕانکاریی ئابووریی و تەندروستیی و سیاسیی و سەربازیی و کەش و هەوا، وێرانیان ئەکا.
بڕوانە بۆ ووڵاتانی ئەمەریکای لاتین و ئەفریقیا و ئاسیا به گشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست به تایبەتی، کە من بە ووڵاتە بێباوکەکان پێناسەیان ئەکەم، بزانە لە چ بارودۆخێکی سەخت و ئازار بەخشدا ئەژین..ساڵانە هەزارانیان لە هەوڵی سەرهەڵگرتندا لە دەریاکاندا ئەخنکێن.. ملیۆنانیشیان بێ ئیش و کار ئەسوڕێنەوە و .. ئەمەیش وا دەکات مل بدەن بۆ براکوژیی و تاوان و لەش فرۆشیی و مادە سڕکەرەکان.. لێکترازانی کۆمەڵایەتیی و هەڵوەشانەوەی خێزان و بڵاوبوونەوەی نەخوێندەواریی و کاڵبوونەوەی ڕێز و بەها بەرزەکان، بەشێکن لە دەرئەنجامی میللەتە بێ باوکەکان..ئەم ووڵاتانە لەلایەن کۆمەڵێک باوە پیارەی دڵڕەق و ناڕەسەنەوە بەڕێوە دەبرێن کە وەک بریکاری هێزە داگیرکەرە جیهانییەکان کار دەکەن و لەسەر کورسێکانیان ئەهێڵرێنەوە.. هەندێک ووڵاتی وەک باشووری ئەفەریقیا و ڕواندا و مالیزیا، دوای ئەوەی ساڵەهای ساڵ لە گێژاوی دەسەڵاتی تۆتالیتاریی و باوە پیارەییدا، تلانەوە و بوونە مۆڵگەی زوڵم و چەوسانەوە و شەڕی ناوخۆ و برسێتیی و نەزانی و دواکەوتن، بەڵام لە پڕێکدا باوکانێکی میهرەبانی وەک پاوڵ کاگامی و ماندێلا و مەهاتیر محەمەدیان تێدا پەیدا بوو، میللەتەکانیان خستە ژێر باڵی سۆز و وەفاوە، دادپەروەریی و ئازادیی و پێشکەوتنی زۆر گەورەیان بە خۆیانەوە بینی و چوونە ڕیزی ووڵاتە تەکنەلۆژیی و مۆدێرنە بەرهەمهێنەکانەوە .. هەر بۆیە لە ئاییندا ڕۆژێک لە ژیانی فەرمانڕەوایەکی دادپەروەردا بەرامبەر عیبادەتی حەفتا ساڵە..
تەماشا بکەن کارەساتێکی چەند گەورەی مرۆیی ڕوودەدات کاتێ میللەت بێ باوک ئەبێ.. کاتێ سەرخان و ژێرخانی ووڵات لەلایەن زڕ باوکەکانەوە تاڵان ئەکرێ.. کاتێ باوەپیارەکان ئەبنە خاوەنی ڕەهای خاک و خەڵکەکە و بە ئارەزووی خۆیان برسی و هەژار و بێکار و بێ داهاتوو و وێرانیان ئەکەن.
جیهان ساداتی خێزانی ئەنوەر ساداتی سەرۆکی پێشووتری ووڵاتی میسر، لە کتێبی یادەوەرییەکانیدا ئەڵێ : دوای ئەوەی سادات ڕێککەتننامەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئیمزا کرد، ڕۆژێکیان لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ ماڵەوە، زۆر بێزار بوو، نانی بۆ نەخورا و بە تەنیا چووە ژوورەکەی. لێم پرسی : چی ڕووی داوە ؟
ووتی : من وازم لە هەموو بەها مێژوویی و ئاینییەکان هێنا و پەیماننامەی ئاشتیم لەگەڵ ئیسڕائیلدا ئیمزا کرد، لە پێناوی تێر بوون و فێربوون و ئاسودەیی و پێشخستنی میللەتی میسردا، کەچی ئەمڕۆ کونسوڵی ووڵاتانی ئەوروپا هاتوون بۆ لام، ئەڵێن ئەم ڕێککەوتنە هیچ پەیوەندییەکی دارایی و پەروەردەیی ستراتیجی بەسەر گەلانی میسرەوە نییە و تەنها پەیماننامەیەکی سیاسیە، واتا ئەبێ گەلانی میسر هەر برسی و بێکار و نەخوێندەوار و نائومێد بن. منیش پێم وتن ئەم پەیماننامەیەم بۆ خۆشگوزەرانیی و پێشخستنی میسرییەکان کردووە، مکوڕیشم لەسەر ئەوە .
ئەڵێ : کونسوڵەکانی ئەوروپا بە زاری هەڕەشەوە بە جێیان هێشتم، دڵنیام کۆتاییم نزیکە..
دوای ئەوە ئەنوەر سادات لە کاتی ئامادەبوونی لە مانۆڕێکی سەربازیدا، تیرۆر کرا.
شایانی باسە لەم چەند ساڵەی دواییدا سەردانێکی میسرم کرد، هەر میسرییەکم ئەدواند، ڕەحمەتی بۆ گۆڕی سادات ئەنارد و ئەیووت تەنها باوکی دڵسۆزی میسرییەکان، ئەنوەر سادات بوو.. تەنها لەو ماوە کورتەی فەرمانڕەوایی ئەو باوکەدا، میسرییەکان تێر بوون و هەلی کار بۆ هەمووان هەبوو، شەقامەکان پاک بوون و خەڵک ڕوو لە خۆشگوزەرانیی و گەشانەوە بوو.
بەو جۆرە وەک چۆن لە خێزانە بێ باوکەکاندا، مناڵەکان خوێندنیان ئەفەوتێ و ماڵ بە جێدێڵن و توشی ژیانێکی سەخت ئەبن و تەمەن کورت یان ئاوارە یان کەمئەندام ئەبن بە هەمان شێوە میللەتە بێ باوکەکان، سەرلێشێواو و بێ بەرنامە و بێ داهاتوو ، کارەساتبار ئەبن..زاناکانی سەری خۆیان هەڵدەگرن و نەزانەکانیشی بۆ پارووە نانێک ئەبنە جەلاد و کۆیلە و سیخوڕی باوەپیارەکان.. ئەگینا بۆچی زوها حەدید عێراق جێدێڵێت و لە ئەوروپا ئەبێتە گەورەترین ئەندازیاری تەلارسازیی جیهان ؟ بۆچی کۆچەر بیرکار کوردستان جێدێڵێ و لە ئەوروپا ئەبێتە گەورەترین زانای ماتماتیک؟ بۆچی ئەحمەد زوێل میسر جێدێڵێ و له بەریتانیا ئەبێتە گەورەترین زانای کیمیا ؟ بۆچی ستیف جۆبس لە باوکێکی سوریی ئاوارەی ئەوروپا، لە دایک ئەبێ؟ بۆچی ئیبراهیم ئەمین باڵداری دانەری ئەلف و بێی نوێ، لە تاراوگە ئەمرێ … !؟؟