بەرەو سیلەى هەموو ڕووگەکان.. ئاوات محەمەد ئەمین

لەبارەى ئەزموونى شیعریی (نەژاد عەزیز سورمێ) وە..

بەرایی
دەیەى هەشتاکانى سەدەى رابردوو هەڵگرى چەند خەسڵەتێکى تایبەت بوو پەیوەست بە شیعرى نوێى کوردییەوە(بەجیاوازى ناو وناونیشانەوە) چ لەڕووى ئینتیما بۆ رەوتێکى ئەدەبى جیاواز وچ لەڕووى قۆناغبەندىیەوە. لەگەڵ ئاوابوونى خۆرى (روانگە) لە کۆتایی دەیەى حەفتاکاندا، کە چەقى چالاکی وبرەوى کەوتبووەوە شارى سلێمانییەوە، هەولێر وەك شارێکى زیندوو و دەبێتە درێژەپێدەر و مەڵبەندى بوژاندنەوەى شیعر ونوێگەرى. بە بۆچوونى من دوو هۆکار لەپشت ئەو ئاڵوگۆڕ یا جێگۆڕکێیەوە بوون، یەکەمیان لەو فەزا ئەدەبییە تا رادەیەك سەربەخۆیەدا دەردەکەوت کە نووسەر وئەدیبى ئەو شارە خۆیان تیا نمایش دەکرد و دووەمیشیان ئەو هەلومەرجە سیاسى و ئابوورییەى لەدواى نسکۆى ساڵى ١٩٧٥ه‌وە هاتەپێش کە لەو ساڵانەدا، بزاوتى هونەرى وئەدەبى روو لە گەشەکردن بوو پێ بەپێ لەگەڵ دەرچوونى چەندین گۆڤارو رۆژنامەى ئەدەبى و هونەرى و بەچاپ گەیاندن وبڵاوکردنەوەى بەرهەمێکى زۆرى ئەدەبى.
ئەگەرچى دەیەى هەشتاکان پڕ کارەساترین وئاڵۆزترین ساڵانێك بوو لە مێژووى هاوچەرخى سیاسیماندا، لە هەمان کاتدا درەوشاوەترین سەردەمى دەرکەوتن وداهێنان بوو لەبوارە جیاجیاکانى بەرهەمى ئەدەبی و هونەریدا بەتایبەتى شیعر و چیرۆک و شانۆ. لەو ماوەیەدا و هەر لە شارى هەولێر، دوو رەوتى ئەدەبى دەرکەوتن، یەکەمیا بەناوى پێشەنگییەکان (طليعي) بە رابەرایەتى مەحمود زامدار و نووسەرانى وەک جەلال بەرزنجى وکەریم دەشتى وهاشم سەراج وسەلاح عومەر و محەمەد باوەکر و ئیسماعیل بەرزنجى و چەندانى تر. رەوتى دووەمیشیان لەژێر ناوى (رۆمانسی)یەکان بوو کە هەریە ك لە سەڵاح شوان ونەوزاد رفعەت و سەعدوڵا پەرۆش و چەندانى ترى لەخۆ گرتبوو.
لەم نێوەندەدا، شاعیرانى وەک نەژاد عەزیز سورمێ و عەباس عەبدوڵا یوسف و ئەنوەر مەسیفى لە دەرەوەى رەوت و دەستەگەرییانەدا وەك دەنگى ئازاد وسەربەخۆ درێژەیان بە چالاکى ئەدەبى و نووسین دا. ئه‌گەرچى ئەنوەر مەسیفى هەوڵى دا ستایلێکى تایبەت بە خۆى لە شیعردا بخاتەڕوو، بەتایبەتى لەدواى هەردوو کۆمەڵە شیعرى (خۆرباران) لەژێر ناوى (فۆرمى گران) ودواتریش تێکشاندنى بونیادى رێزمان، بەڵام ئەوە تەنیا لە چێوارچێوەى هەوڵێکدا مایەوە.
سەبارەت بە نەژاد عەزیز سورمێ، کە لە ناوەڕاستى حەفتاکانەوە زیاتر دەستى بە بڵاوکردنەوەى شیعر وبەرهەمى ئەدەبى کردووە، دەتوانم بڵێم؛ ئەگەر نەیتوانى بێت رچکەشکێنى یاخود تازەگەرییەك لە دونیاى شیعرى نەوەى خۆیدا بکات، بەڵام وەک ئەزموونێکى شیعریی بەردەوام بووە و لە فۆرم وستایلێکى جێگیر و باودا نەماوەتەوە. نەژاد لە پرۆسەیەکى بەردەوامى تازەگەریدا بووە لە روئیا ودونیابینى خۆیدا و سەرکەوتووانە لە شیعرەکانیدا تەوزیفى کردوون لەسەر هەموو ئاستەکان وەک فۆرم وزمان وئیستاتیك و مانا.
ئەم نووسینەى من هەوڵێکە بۆ ناساندن وخوێندنەوەیەکى گشتییە بۆ ئەزموونى شیعریى نەژاد لەدوو توێى کۆبەرهەمە شیعرییەکەى (بەو رێیانەدا تێپەڕیم) کە لە ساڵى ٢٠٢٣ لەلایەن (دەزگاى فام)ـەوە چاپکراوە.

سەرەتاى ئاشنایەتیم لەگەڵ شیعرى نەژاددا
تا ساڵى یەکەمى خوێندنى زانکۆم کە هێشتا لە تەمەنى هەژدە ساڵیدا بووم، كةمتر تامەزرۆى شیعرى نوێ بووم وزیاتر هەڵوەداى شیعرى کلاسیکى کوردى بووم ئەگەرچى هەندێك شاعیرى نوێخوازى عەرەبم لا پەسەندبوون وەک سەیاب ونازك الملائکة وحسین مردان ومحمود درویش. تا ئەو ساڵە جگە لە کۆمەڵە شیعرێکى شێرکۆ بێکەس بەناوى (من تینوێتیم بەگڕ دەشکێ) و کۆمەڵە شیعرى (خواو شارە بچکۆلەکەمان)ى لەتیف هەڵمەت و(شەونامەى شاعیرێکى تینوو)ى عەبدوڵا پەشێو هیچ کتێبێکى لەو چەشنەم نەبوو.
هێشتا قوتابى خوێندنى ئامادەیی بووم، لە کتێبخانەیەکى شار چاوم بە کتێبێکى هۆنراوەى قەبارە بچووك کەوت بەناوى (ئەو شەوانەى خەوم نایێ) ی نەژاد عەزیز سورمێ. جگە لەوەى ناونیشانەکە سەرنجى راکێشام، نرخەکەشى لە تواناى گیرفانى مندا بوو، بۆیە دانەیەکم لێ کڕى. لەوێوە بۆ یەکەم جار ناوى نەژادم بیست. ئەو کۆمەڵە شیعرە نزیکەى بیست دەقى لەخۆگرتبوو کە زۆربەیان کورت بوون، بەڵام بەگشتى لە تەوەرى خۆشەویستى وئازارى غەریبى وخەمى نیشتماندا بوون. دیوێکى ترى ئەو کۆمەڵە شیعرە کە جێى سەرنجم بوو بریتى بوو لەو هەموو شوێنەى هۆنراوەکانی تیا نووسرابوون لە ماوەى تەنیا سێ ساڵدا (١٩٧٣-١٩٧٦) کە لە کوردستانى باشوورەوە (هەولێر، گەڵاڵە) دەپەڕێتەوە بۆ ئەودیوى سنوور (زێوە و مەرگەوەڕ و رەشت) تا لە باشوورى عیراق دەگیرسێتەوە لەشارەکانى نەجەف وکەربەلا و دواتریش بەغدا.
ئەم جێگۆڕکێیە لەشوێندا دەرەنجامى گەشت وسەفەر نەبووە بەڵکو لەژێر زەبرى رۆژگار و پەیوەستبوونى شاعیرەوە بووە بە شۆڕش وخەبات بۆ ئازادى تا لە کۆتاییدا وە ك هەزاران کوردى دواى نسکۆى ١٩٧٥ بۆ شارەکانى باشوورى عیراق دوور دەخرێتەوە لەکاتێکا هێشتا لە هەڕەتى لاویدا بووە. بۆیە لەڕووى دەلالەتى زەمەنییەوە شیعرەکان ناوەڕۆکى رەنگدانەوەى رووداوەکانى ئەو چەند ساڵە سەختەى ژیانى شاعیرن. ئەو دەقانەى لە ئاوارەیی و تاراوگەدا نووسراون لێوانلێون لە تاسەى دوورى وژانى غەریبى وتەنیایی لەکاتێکا زۆربەى ئەو دەقانەى لە باوەشى سرووشتى کوردستان وزێد وشارى خۆیدا نووسیویەتى رەنگڕێژن بە رۆمانسییەت وعەشق وجوانى. ئەگەرچى زۆربەى هۆنراوەکان لەڕووى فۆرم وداڕشتنەوە سادە وبێ گرێن، بەڵام بۆ کەسێك لە بوارى لێکۆڵینەوەى ئەدەبیدا بنووسێت پێویستە وەك سەرەتایەك بۆ ئەزموونى بەردەوامى شاعیر بۆ نیوە سەدەى دواتر و تا ئەمڕۆ سوودییان لێ ببینێت.
هەروە ك چۆن لە کۆمەڵە شیعرى دووەمیدا (تاڤگەى مەند – ١٩٨٧) بەڕوونى گۆڕانێکى بەرچاو دەبینرێت لە ئاستى هونەرى شیعریی و زمان وداڕشتن وبابەتەکاندا. ئەم خۆنوێکردنەوە وئەزموونگەرییە لە شیعرى نەژاد لە کۆمەڵە شیعرى (بەو رێیانەدا تێپەڕیم….لەو کانییانەم خوارەدەوە- ٢٠١٠) دەگاتە ئاستێك لە تواناى دەربڕین و قووڵى زمان وشارەزایی لە هونەرەکانى شیعر وئیستاتیك کە دەتوانم بڵێم لەوێوە نەژاد لەسەر ستایلێکى تایبەت بەخۆى دەگیرسێتەوە.

ئاشنایەتیم لەگەڵ شاعیردا
ئەو دەمەى من لە بەشى ئینگلیزى کۆلێژى ئەدەبیاتى زانکۆى بەغدا (١٩٨٠-١٩٨٤) دەمخوێند، نەژاد دواى دابڕانێکى زۆر لە هەمان کۆلێژ لە بەشى شوێنەوارناسى وەرگیرابوو. بەڕاستى بۆ من مایەى خۆشى بوو کە لە نزیکەوە ئەو شاعیرە بناسم کە پێش دوو سێ ساڵ کۆمەڵە شیعرییەکەیم خوێندبووەوە وتاڕادەیەك پێى سەرسام بووم. ئەو بەتەمەن لە من گەورەترە، بەڵام لە مامەڵەکردنى لەتەکەمدا قەت هەستم بەو جیاوازییە نەدەکرد چونکە ئەوەى کۆى دەکردینەوە دونیاى شیعر وئەدەب وکۆمەڵێك خەون وخەمى هاوبەش بوو. زۆرجار بەدەنگى خۆى دەقە شیعرییەکانى خۆى بۆ دەخوێندمەوە، دەنگێکى کەمێك گڕ بەڵام تۆنێکى نزم بەشێوەیەك وام هەست دەکرد وشە ودێرەکان لەگەڵ دووکەڵى جگەرەکەیدا لە سییەکانییەوە دەردەچن.
ئەڵبەت رەوتى ژیانى هەر کەسێك بەچەندین قۆناغ و پلە وپۆست وبەرزى و نزمیدا دەروات، بەڵام لە کۆتاییدا هەر کەس بەیەك وشە پێناسەدەکرێت، بەنیسبەت نەژادەوە ئەو لە کۆتاییدا هەر بە شاعیرى دەمێنێتەوە، چونکە وەك جەیمس جۆیس دەڵێت “….ئەو خۆى بۆ هونەرە باڵاکان تەرخان کرد”.
نەژاد لە هونەرى کۆلاژدا خاوەن بەهرە وسەلیقەیەکى جوانە. چەندین پێشانگاى لەوبوارەدا کردووەتەوە کە خۆم یەکێکیانم بینى بەناونیشانى (پاییزی چاوەکان) کە دواتر لە نامیلکەیەکدا چاپى کرد.
هەروەها لە بوارى وەرگێڕانى ئەدەبى و هونەریدا خاوەن قەڵەمێکى بەبڕشتە و چەندین بەرهەمى بەچاپ گەیاندووە کە بەلاى منەوە کتێبى (سەرەتایەک بۆ تێگەیشتنى هونەرى شێوه‌كاری) یەکێکە لە بەرهەمە ناوازەکان لە بوارى ئەو هونەرەدا.
کەسێکى هێمن، رێکپۆش وخوێنەوارێکى باش بە رادەى وەرگێڕانى چەندین دەق وبەرهەمى ئەدەبى لە هەردوو زمانى فارسى وعەرەبییەوە بۆ کوردى. هاوڕێیەتییەکى بەردەوام و دانەبڕاو کە رایەڵەکەى بریتییە لە باسى شیعر و کۆمەڵێك هیوا وخەمى هاوبەش. لەم رووەوە ئەو مافە بەخۆم ئەدەم کە بەپێى ئەو ئاشنایەتى وشارەزاییەى لەگەڵ نەژاد و بەرهەمە ئەدەبى وهونەرییەکانى هەمە (بەتایبەتى شیعر) قسە لەسەر ئەزموونى شیعریی ئەو بکەم.

رەهەند و مەوداکانى زمان لە شیعرى نەژاد دا

زمان وەک بونیادى سەرەکى لە پێکهاتەى دەقدا هەڵگرى چەندین رەهەند و مەودایە کە ناکرێت تەنیا لە داڕشتنى شێوەدا کورت بکرێتەوە هەروەك فۆرمگەراکان لە چوارچێوەى پەیوەندىیە ناوخۆییەکانى نێوان وشە و ئاماژە و ئاماژەپێکراو (الدال والمدلول) و وێنە شیعرییەکاندا پێناسەى دەکەن، بەڵکو دەپەڕێتەوە بۆ رەهەندى دوورتر و قووڵتر چ لەسەر ئاستى بونیادى سەرخانى دەق وچ لەسەر ئاستى ژێرخانى دەق کە لە مانا و دەلالەتە شاراوەکانى وشەدا دەردەکەون پەیوەست بە ئەندێشە وبیروەرى و یادگەى نووسەرەوە، بۆ نموونە رەهەندە دەلالییەکانى وشەى (لم) لاى کوێستانییەك هەمان ئەو دەلالەتە نییە کە لاى کەسێکى بیابانشین هەیە.
زمانى شیعریى نەژاد
لەتەک زمانى دایکەوە وەک ماکى بیرکردنەوە و ئاخاوتن، زمانێکى ترى تایبەت بە خود گەشە دەکات. زمانێک پێ بەپێى ئاستى هۆشیارى و زانین و تێرامان لەسەر هەردوو ئاستى ستوونى و ئاسۆیی گەشە دەکات. مەبەست لە ئاسۆیی شارەزاییە لە شێوەزار و ئاخاوتنە جیاجیاکانى زمانێکى دیاریکراو لەکاتێکا گەشەى ستوونى قووڵبونەوە و تایبەتمەندییە لە زمان وشێوەزارێکى تایبەتدا. بۆیە کە باس دێتەسەر نووسین بە کوردى، بەتایبەتى لە بوارى شیعردا، پرسەکە لەوێدا تەواو نابێت کە تا چەند پابەندبوون بە رێنووس و رێزمان و پاراوییەوە رەچاوکراوە، بەڵکو کۆمەڵێک رەگەزى تر هەن کە پەیوەندییان بە خودى بەرهەمهێنەرى دەقەوە هەیە وەک بەشێکى دیار لە ناساندن وشوناسى ئەو دەردەکەون، لەوانە میتافۆر و سیحرى وشە ومۆسیقاى ناوەکى و هارمۆنى لە دەنگ وشێوەىدا لە چوارچێوەى کۆنتێکستدا.
یەکێک لە خەسڵەتە دیارەکانى زمانى شیعرى نەژاد ئەو شارەزاییە فراوانەیە کە لە زمانى کوردیدا هەیەتى، ئەو دەسەڵاتە زمانەوانییەیە کە لە دەقەکانیدا رەنگ دەداتەوە. زمانێک کە رەگى لە رۆحى مێژوو و کلتوورى کوردەواریدا رۆچووە و بەپانتایی مەوداکانى دەربڕیندا ئازادانە دێت ودەچێت. لە زمانى ستانداردەوە تا وشە وزاراوە لۆکاڵییەکانى باڵەکایەتى تا موکریان وکرمانجی. لەهەمان کاتدا شارەزایی ئەو لە زمانەکانى عەرەبى وفارسى، فەرهەنگى وشەدانى ئەوى زیاتر دەوڵەمەند کردووە و لە زۆر جێگەى دەقەکانیدا بەجوانى نمایشى کردووە.

جێگۆڕکێى وشە لە خولگەکانى دەربڕیندا
ئاشکرایە کە هەر وشە و زاراوەیەک لەڕووى پۆلێنبەندییەوە دەچێتە فەرهەنگێکى تایبەتەوە، نموونەى فەرهەنگى سیاسى وراگەیاندن، زانست وتەکنەلۆجیا، مێژوو وئاسەوار…..هتد. بەو مانایەى هەر وشە وزاراوەیەک لە خولگەیەکى زماندایە (مدارات الکلمة). ئەوەى لە دەقە شیعرییەکانى نەژاددا دەبینرێت، بەکارهێنانێکى ئازادانەى وشەیە بەپێى ئەو جێگە وخولگەیەى بە حوکمى دەق بۆى دیاری دەکات. بۆ نموونە چۆن زاراوەیەکى دیپلۆماسى یا سەربازى لە خولگەیەکى شیعرییدا جێگیر دەکات ولە کۆنتێکستى دەقدا وێنەیەکى شیعریی جوانیان پێ درووست دەکات، نموونەى ئەم کۆپلە ودێڕانەى لاى خوارەوە؛
ناونیشانى یەکێک لە شیعرەکانى ناو کۆبەرهەمەکەى بریتییە لە (دەست لەکارکێشانەوەى ئەستێران) و لە کۆپلەیەکیدا دەڵێت:
ئەو ژنە حسابێک بۆ کەس ناکا
نە بۆ هێزى هاوپەیمانان،
نە ئەنجومەنى حوکم….
بە نیلۆفەرى چاوى
هەموو هۆیەکانى ژیانى لە شار بڕیوە…
ئەستێرەى لە ئاسمان خانەگومان کردووە
دەستى پێ لە کار کێشاونەتەوە…..
(کۆبەرهەم – ل ١٤٣)
تێبینى ئەکەین کە چەندین زاراوەى لە فەرهەنگى دیپلۆماسى و راگەیاندنەوە هێناوە و لە سیاقى رستەى شیعریدا ماناى نوێى پێ بەخشیون و تێکەڵ بە نەزم و وئیقاعى میوزیکى دەقەکەى کردووە. ئەڵبەت زۆر نموونەى ترى لەو جۆرە لە کۆبەرهەمەکەدا هەیە کە خوێنەر دەتوانێت بە ئاسانى دەرکیان پێ بکات.

بەکارهێنانە جیاواز و شاراوەکانى راناو
ئەوەى لە (من)ى نەژاددا دێتەگۆ دەنگى رۆحێکى سەراسیمە وسەرگەشتەیە، حزوورێکى نیگەرانە یا دەنگدانەوەى زەمەنێکى سەختە لە مێژووى شەخسییدا. لە هەندێک جێدا، جۆرێک لە دابران و دووانەکى لە گوتارى شاعیردا دەبینین، کاتێک خودێکى نادیار موخاتەبەى نەژاد دەکات بەشێوەیەک نازانین کامیان دەنگى شاعیرەکەیە.
نەژاد! خود لە بارێکدا نییە
رەهایی دەربڕێ….
ئیتر نەما،
دیدار ئاخر بوون، جێی سەرنج بێ….
بەسەرچوون
ئەو رۆژگارەى ماسک و رووبەند
هەر لە دوورڕا دەردەکەوتن.
(کۆبەرهەم- ل ١٧٠)

لە دەقێکى تردا دەڵێت؛
نەژاد سەیرکە!
دەفژەن
بە چ روانین وجیهانبینییەک
لە مەوداى کەشف و یەقیندا گیرساوەنه‌تەوە،
کە لە من و تۆ ونە!
(کۆبەرهەم- ل ١٨٤)
بەهەمان شێوە سەبارەت بە راناوى کەسى یەکەمى کۆ (ئێمە) کاتێک وەک دەنگى قسەکەرى سەرەکى نێو دەق دەردەکەوێت، لە یەک کاتدا زمانى ویژدانى دەستەجەمعى ودەربڕى ئینتیمایەکى قووڵى شاعیرە بۆ کۆمەڵەکەى. دەتوانم بڵێم لە زۆربەى ئەو دەقانەدا خەمێکى جڤاکى یا کۆجیتۆیەکى رەگ داکوتاو لە مێژووى کارەستبارى گەلێکدا هەست پێدەکەین. جۆرێک نیگەرانى و وێنەیەک لە بێهیوایی لە زۆربەى ئەو دەقانەدا بەدى دەکرێن کە تیایاندا بە زمانى کەسى یەکەمى کۆ دەنووسێت.
لە دەقى (چەند کۆتەڵێکى جەنازەیی) دا هاتووە؛
هەر چیمان کرد
بەشى ئارەزووى
شازادە تەنپەروەرەکانى نەکرد.
هەرچیمان کرد بۆ (سبەى)
(ئەمڕۆ) لەسەر شەقامە خوارەکانى سەدەى بیستەم
وەک چۆلەکەیەکى سڕ یارى پێدەکەن….
وەرە با پەیمانێک لەگەڵ ئەشکەوتە کوێرەکان مۆر بکەین
وەرە با لە کۆتەڵى بێ تاراى ئەبەدییەتدا بنووین.
(کۆبەرهەم- ل ٩٩)
دەقى (ئەوەى لە دواخوانى برایاندا نەگوترابوو) کە لە ٢١ پارچە شیعر پێکهاتووە زیاتر لە هەر دەقیکى تر سەرنجى راکێشام بەتایبەتى لەڕووى زمانى دەربڕین وئاخاوتنى دەق و بەکارهێنانى راناوەوە. هەروەها لەڕووى بونیاد یا داڕشتنەوە، کارى لەسەر کەرتکردنى رستە کردووە (تقطيع الجملة) لە کۆپلەى سەرەتاى هەر پارچە شیعرێکدا ئەوەش وەک هێمایەک بۆ هەڵبزرکاوى خەون ئاساى دیمەن ورستەکان.
/ بە/ دڵى/ بەدمەستم/گوت:/
/کە/ لە/ ئاهەنگى/ مەعشووقدا/ دەفڕى
/رووناهى/
/ هەمووى/ لە/ تۆدا/ هەڵدەبێ/
/ لێ/گەڕێ/ جێیەکمان/ لە/ کونجێکى/
/ خەراباتا/ بەرکەوێ./
(کۆبەرهەم- ل ٣٠٨)
لەم دەقەدا دەتوانم بڵێم کە زۆربەى راناوەکانى بەکارهێناوە. سەرەتا بەزمانى خودەوە وەک قسەکەر دەدوێت و روو لە (تۆ) دەکات، پاشان دەپەڕێتەوە بۆ کەسى یەکەمى کۆ و جارێکى تر خودى قسەکەر دەدوێت. دەقێک باس لە سرووتەکانى عەشق و ترس و نیگەرانییەکانى سەردەم دەکات. هەستێکى بێگەردى مرۆڤدۆستى، حەسرەتێکى قووڵ بۆ رۆژگارێکى لەدەست چوو.
لە دونیاى فانى ئێمەدا،
چەند هاتن، چەند چوون
تامى عەشقیان نەکرد…
چەند فرمێسک
لەڕێی مەیخانەدا رژان..
چەند بەژنى تاریک،
بە باڵاى نووردا بڕان..
تۆ وەرە گەورەم!
بڕوانە شارى عاشقان
بە بێى تۆ
چەند چۆل و وێرانە.
(کۆبەرهەم- ل ٣١٥)

جوانى لە وێنەى پارادۆکسدا
بەدەر لە بنەما جێگیر و بۆماوەییەکانى رێبازى کلاسیک کە لایەنە ئیستاتیکییەکانى شیعریان لەژێر ناونیشانى بەلاغە یا رەوانبێژیدا کۆکردووەتەوە، نەژاد وێنەیەکى زەینیمان بۆ دەکێشێت کە جوانى لە پەرادۆکسى پێناسەى شتەکاندا دەردەخات، بۆ نموونە لەکاتێکا دۆزەخ لە سزاى گوناهەکاندایە بەڵام دەرخستنى گوناهەکان بەشێوەیەکى جوان لەبەر رووناکى ئاگردا وەزیفەى دۆزەخ پەک دەخات؛ بەهەمان شێوە بۆ چەمکى بەهەشت کاتێ لەبەر تاریكیدا پاکیزەیی حەشاردەدات؛
تۆ لە یەک کاتدا نهێنى چۆلپەرستى و
دڵڕەقى شارستانییەتی..
تۆ..
چراى بەر ئاستانەى پەرستگاى
هەردەمەو لە دەستى کاهینێکداى
تۆ رووناکى دۆزەخى
گوناهەکان جوانتر دەردەخەى..
تۆ تاریکایی بەهەشتى
پاکیزەیی و باشییەکان حەشار ئەدەى….
(کۆبەرهەم – ل ٩٧)

(شوێن) لە نێوان ئینتیما و نامۆییدا
چەمکى شوێن، بەهەردوو مانا و رەهەندى گشتى وتایبەتییەوە، لە زۆربەى دەقەکاندا وەک هەڵگرى چەندین ئاماژە و هێما دەردەکەون. مامەڵەکردن لەگەڵ شوێن لاى نەژاد لە سرووشتەوە دەستپیدەکات لە روانینێکى رۆمانتیكی شاعیرانەوە تا سەرلەنوێ پێناسەکردنى دیمەن ودیاردەکان، لە گوێسوانەى دیوارێکى گڵەوە بۆ نیشتمانێکى هەڵکێشراو لە قەیران ومەترسى بەردەوام تا دەگاتە جیهانى جەنجاڵ و بێ ئامانى سیستمى وەحشیگەرایی و دەسەڵاتى سایبەر و زیرەکى دەستکرد.
سەرەتا لە دەقى (ئاواییە خەمبارەکەم) ـەوە دەست پێدەکات وەك بچووکترین سنوورى ژیانى بەکۆمەڵ کە تیایدا هەستى غەریبى ودەلالەتى کارەساتبارى ئەو شوێنە دەردەخات کە زێدى خۆیەتى، ئەڵبەت ئەم شیعرە لە شارى نەجەف نووسراوە ئەو دەمەى وەك دوورخراوەیەك لەوێ دەژیا؛
ئەى ئاواییە خەمبارەکەم!
من غەریب نیم؟
یا تۆ نەفرەت لە غەریب دەکەى؟!!
من عاشق نیم؟
یا تۆ عاشق لە باوەشى خۆت ناگری؟
من چۆلەکەى باڵکراو نیم؟
یا هێلانەى ژێر سواندەى مزگەوتەکەت
پەڕەندەى بێ باڵ داڵدە نادا؟
ئاواییە خەمبارەکەم؟!
(کۆ بەرهەم – ل ١٣)
پاشان شار دەبێتە رووگەى ئەندێشە وسەرلەنوێ داڕشتنەوەى ئەفسانەى نامۆیی کاتێک جیاوازییەکانى نێوان دوو زەمەن کاڵ دەبنەوە. زەمەنى ژێردەستى وترس وقڕکردن و زەمەنى ئازادى وبانگەشەى ئاوەدانى.
لە نووسینەوەى مێژووى شاردا
هەمیشە گەڕەکەکانى مەرگ
کووچە وکۆڵانەکانى لەبیردەکرێن و
نایەنەوە بەرچاو..
ئەدى (خۆر)تان چى لێکرد؟
کە بە ڕووتى
وەک شێتێکى راوەدوونراو
بەناو شاردا را دەکا؟
(کۆبەرهەم – ل ٢٢٦)
وێناکردنى نیشتمان لە دەقە شیعرییەکانى نەژاددا رەهەندێکى وجودى هەیە، بەو مانایەى وەک بەشێکى دانەبڕاو وزیندوو لە بوونى خود وێنەى دەکات. لە کاتێدا زێد وسەرچاوەى مانەوە وبەردەوامى ژیانە لە هەمان کاتدا لە چەندین وێنەى زەینى ومەجازیدا دەردەکەوێت جارێک وەک دایکێکى بەسۆز وجارێک وەک خۆشەویستێک وهەندیک جاریش رەهەندێکى ئەفسانەیی پێ دەبەخشێت کە مەوداکانى بە پانتایی مێژوو و جوگرافیایەکدا دەکشێن لە کۆێستانە دوورەکانى باکوورەوە تا پێدەشتەکانى ئوور لە باشوور. یاخود ئەو دەمەى نیشتمان دەبێتە بەشێک لە برینێکى کۆن لە رۆحى شاعیردا بەڵام بۆ نیشنتنەوەى ئازارەکانى هەر رووى تێدەکات.
ئاى نیشتمان
وتى شاراوە
هەکەوتەى دیوارى لەرزۆک و
بڵێسەى کوژاوە…
ئاى نیشتمان
نەغمەى گۆشەگیرى
رووبارى لە هاژە کەوتوو
باڵات سێبەرى پێوە نەماوە
لێم گەڕێ لە حەرەمى نهێنییەکانت
سەرخەوێ بشکێنم…
(کۆبەرهەم- ل ٤٣٣)
ئەوەى تێبینیم کردبێت لە زۆربەى دەقەکانى دواى ساڵى ٢٠٠٣وە، پێ بەپێ لەگەڵ رووداوە گەورە و وکاریگەرەکانى قۆناغى دواى رووخانى دیکتاتۆرییەت لە عیراق و ئاڵوگۆڕە خێراکان لەسەر ئاستى جیهان بەگشتى، بەتایبەتى ئەوەى پەیوەندى بە شێوازى ژیان وبیرکرنەوە و ئایندەى مرۆڤەکانەوە هەیە، دونیابینى نەژادیش دەچێتە بازنەیەکى فراوانتر ودیدگایەکى دوور مەوداوە. سیما دیارەکانى ئەو دونیابینییە لە دەقە شیعرییەکانیدا لەو نیگەرانییە قووڵ وپرسیارە بێ وەڵامەکانیدا دەردەکەون بەزمانێک کە هەڵگرى چەندین وشە و زاراوە و دەستەواژەى جیهانى ئەمڕۆى تەکنەلۆجیا و نەزمى بەناو نوێی جیهانن بۆ گوزراشتکردن لە تراژیدیا بەردەوامەکانى کۆمەڵگەى مرۆیی.
ئێمەى ئادەمزاد،
چ دەکەین لێرە
لەسەر ئەم زەمینە،
کە هەر دڕکى تیا دەناسین؟
لەژێر ئاسمانى پێکەوەلکاودا،
ئێمە تا دێ
لە رۆحى سەردەم دوور دەکەوینەوە..
لە سەدەى ئەفسانەکان لەدایک بووین
خوێنى تەکنۆلۆژیامان تیا دەگەڕێ!
(کۆبەرهەم- ل ٣٦٦)

تەوزیفکردنى مێژوو لە دەقدا
بەوپێیەى نەژاد خۆێندنى ئەکادیمى لە بەشى شوێنەوارناسى کۆلێژى ئەدەبییات لە زانکۆى بەغداد تەواوکردووە، زانین وشارەزاییەکى باشى لەو بوارەدا پەیداکردووە. ئەو لە بنەڕتدا خوێنەرێکى ئاسایی نەبووە و ئاشنایەتى لەگەڵ فەرهەنگ وئەدەبى زیاتر لە زمانێک هەبووە، بۆیە زانستى شوێنەوارناسى وەک بەشێک لە مێژوو ئاسۆى مەعریفى ومەوداى بیرکردنەوەى قووڵتر وفراوانتر کردووە. بەوپێیەش کە شیعر خولیا وجێ بایەخى یەکەمى بووە، بۆیە لە چەندین دەقدا سوودى لە ناو وهێما ودەلالەتە مێژوویەکان بینیوە بەتایەبتى لە میزۆپۆتەیمیا (وڵاتى نێوان دوو رووبار) بەڵام زیاتر ئاماژەى بۆ هێماکانى سەرزەمینى سۆمەر کردووە، بەزانینى ئەو راستییەى کە سۆمەرییەکان گەلێکى غەیرە سامى یا وردتر وەک هەندێک لە مێژووناسان پێیان وایە کە لە هۆزە کۆچکردووەکانى چیاکانى زاگرۆسەوە بەرەو پێدەشتەکانى ناوەڕاست وخوارووى عیراقى ئەمڕۆ هاتوون.

لە گۆڕستانى (ئوور) ڕا چیام خۆشویستن
ئه‌گەر ئازاى.
مرۆڤ لە بەرامبەر مرۆڤ بوەستین
لە بیرت نەچێ،
هەور هەمیشە روویان لە چیایە.
(کۆبەرهەم- ل ٢١٦)
ئەنکیدۆ
هێشتا لە جەنگەڵستانە…
تەخت هەڵنەنراوە
گەلگامشى لەسەر دانیشێ..
مەیخانە ئاوا نەکراون
لە کونجە تارەکانیاندا
بچێتە خەڵوەتى ئارەزووەکانی،
لە ناو شکارتە هەڵچووەکان
رێ لە پاکیزان دەگرێ..
(کۆبەرهەم- ل ٤٠٦)
لە رۆژهەڵاتەوە
بۆ رۆژهەڵات…
سۆمەرییە سەرڕەشەکان
لە دونیاى شەودا
خاکى رەنگینیان
لە ناخى خۆیاندا دەدى..
ئایندەیان دەخوێندەوە
پێشبینى کەش وهەوایان دەکرد و
لە زەماوەندى،
شەپۆل و رووبارەکان بەشدار دەبوون.
(کۆبەرهەم- ل ٣٠٥)

عەشق، رووگەى هەمیشە داگیرساوى شاعیر
زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێم چەندین جار ئەو پرسیارەم لا درووست بووە؛ کە ئاخۆ نەژاد شاعیرێکى عاشقە یان عاشقێکى شاعیرە، بەڵام ئەوەى لێى دڵنیام چ لەڕێگەى بەرهەمە شیعرى وهونەرییەکانى و چ لە رێگەى هاوڕێیەتییەوە، ئەوەیە کە عەشق لاى ئەو هەمیشە حزوورێکى باڵاى هەیە. جۆرێکە لە تەجەللاى جوانى وپاکیزەیی و رووناکى کە هەر جارەو لە بەرگ و شێوە و ئیحساسێکدا خۆى نمایش دەکات. لە کرۆنۆلۆجى دەقەکانى نەژاددا، ئەو پەیوەندییە ئینسانییە سەرەتا لە شێوەى دڵدارییەکى تافى لاویدا دەردەکەوێت سەرشار لە کەف وکوڵى حەز وتاسەى دڵیکى بێ ئۆقرەوە دەست پێدەکات؛
لێت نابمەوە..
چەندە دوور بم..
……………….
بم بە سپێدە،
لە باوەشى ساماڵى تۆ ئارام دەگرم..
بم بە سێبەر
حۆم بە بنارەکانى تۆدا هەڵدەواسم..
……….
لێت نابمەوە ….
من هەر بۆ لاى تۆ دێمەوە…

سەبارەت بەو بابەتە، ئەوەى تێبینیم کرد، زۆربەى دەقە شیعرییە سەرەتاکان لە ناوەڕۆکدا دەربڕین وداڕشتنەوەى هەمان ئیحساس وهەڵچوونى دەروونی وتاسەن کە دەرخەرى ئەزموونێکى سۆزداریى بەئاکام نەگەیشتوون.
لەگەڵ تێپەڕبوونى ساڵەکان وچوونەناو تەمەن و کاڵ بوونەوەى بەشێک لە یادەوەرییەکانى رۆژگارى لاوى، ماکى ئەو ئیحساس ودەروونە پڕ لە جۆش و شەوقە زیندووتر لە جاران خۆى نمایش دەکات. کاتێک خودى چەمکى عەشق یا خۆشەویستى فەزایەکى فراوانتر و قووڵتر لە ناخى شاعیردا داگیردەکات. فەزایەک بە چەندین مەوداوە کە رەهایی و رەگەزەکانى جوانى و سرووشت وئیحساس تێکەڵ بە حاڵەتێک لە مرۆڤدۆستى ویەکانەگى دەبن لە بۆتەى عەشقدا.

خەمى تۆ زرێبارێکە
لەچاوى لە خەو تۆراوى هەژارانە..
چیاى سەختى خۆشەویستى
مێژووى نهێنى وحیکمەتى داگیرسانە…
تۆ لە دڵى ئەو دنیایەى کە ناویان ناوە هۆنراوە
چیرۆکێکى تەواو نەبووى…
تەواو نابى..
…………..
باران لە کوێوە دەبارێ؟
گوڵ لە کوێدا چرۆ دەکا؟
خۆشەویستى ئێمە نەبێ
چیا لەسەر چى خۆى رادەگرێ
رووبار بەسەر چیدا دەروا؟
(کۆبەرهەم؛- ل ٣٦)
یەکێک لەو دەقە شیعرییانەى کە پێم وایە نەژاد تیایدا گەیشتووەتە ئاستێک لە زمانى دەربڕین و وێنەسازى شیعریی و نزیکبوونەوە لە کورتکردنەوەى مێژووی کارەسات وخۆشنوودی بریتییه‌ لە دەقی (ئایندەى پاییز). بێ دوودڵى دەتوانم بڵێم ئەگەر وەک ئیستیعارەیەك لە فەرهەنگى شیعرى کلاسیکیمانەوە تەماشاى بکەین، ئەوا کەس وەك نەژاد وشەى (حوسن)ى لە دەقێکى ئازاددا بەو شیوە فرە مەودایە تەوزیف نەکرددوە. (کەمالى) شاعیر لە هۆنراوەیەکیدا دەڵێت:
لە دنیادا هەموو شت قابیلى تەغییر و گۆڕانە
بەتەنیا حوسنى تۆ و عەشقى منە نەیدیوە تەغییرێ
نەژادیش لەو دەقەدا حوسن وجوانى وەک تەجەللاى نوورێک دەردەخات کە هەڵگرى چەندین مانا و پەیامە؛
چرایەک لە حوسنى تۆ هەڵبووە
وێنەى رێژنەى گریانى جودایی…
وەک خەمى نیشتمان دوور…
سێبەرى کز.. .مۆسیقاى ناخ
بێدارى هەمیشە بێدار
دەڵێى سێوە دێرینەکانى باپیرمن
بەسەر کەلارى مێژوودا،
بەو تاڵە قژانە نووساون
بە شەوبا دەلەرێنەوە…
…………
چرایەک لە حوسنى تۆ هەڵبووە
خەم نزیک و نیشتمان دوور…
تەم لە دڵاوایى رێگا
بەرەو دۆزەخى تاریکى،
یا فیردەوسى نوور بچێ؟
(کۆبەرهەم- ل ١٢٦)
بەشى دوایی کۆبەرهەم – وەرگێڕان
هەر لە دووتوێى کۆبەرهەمى نەژاد عەزیز سورمێ دا کە لە دوو بەش پێک هاتووە، بەشى دووەمى تەرخان کراوە بۆ ئەو دەقە شیعرییانەى لە نێوان ساڵانى (١٩٩٥-٢٠٠٦) بە زمانى عەرەبى بڵاوى کردوونەتەوە، کە بریتین لە ١٠٩ دەق و لەلایەن رەوانشاد نەجات حەمیدەوە کراون بە کوردى. لەڕاستیدا من نەمویست لەبارەى ئەو دەقانەوە بدوێم چونکە لە بنەڕتدا بە عەرەبى نووسراوون و لە وەرگێڕاندا بۆ کوردى زۆر لە جێ پەنجە و شێواز و تایبەتمەندى سەلیقە وستایلى دەربڕینى شاعیر نامێنن یا دەگۆڕێن، بۆیە بە پێویستم نه‌زانی لەم نووسینەمدا لەسەریان رابوەستم.
لە کۆتاییدا دەڵێم، چ وەک مێژووى ئەدەبى و چ وەک بنەماکانى هونەرى شیعر، ئێمەى کورد لە ئەحمەدى خانى ومەلاى جزیرى و نالییەوە تا ئەمڕۆی شیعرى کوردیمان، هیچمان لە گەلانى تر کەمتر نییە. فەرهەنگى زمان و ئەدەبیمان تا بڵێى دەوڵەمەندە و رەوتى کاروانى ئەدەبیمان هەمیشە بەردەوام ومایەى شانازیمان بووە. ئەگەر ئەدەبى کلاسیکمان گەواهى بۆ باڵایی ودەوڵمەندى هونەرى شیعرییمان بدات، ئەوا بێ دوودڵى دەڵێم کە ئەمڕۆى شیعرى کوردیمان هیچى لە پێشوو کەمتر نییە. چەندین دەنگ و ئەزموونى شیعرییمان هەیە کە لەسەر ئاستى جیهان هیچیان کەمتر نیە لە شاعیرانى بەناوبانگ هێما ئەدەبییەکانى نەتەوەکانى تر. لێرەدا نامەویت ناوى کەس بهێنم بەڵام لاى من نەژاد یەکێکە لەو دەنگانە.

ئاوات محەمەد ئەمین




بەکورتی40: سێبەر.. تارماییەک لەناخی هەریەکێکماندا خۆیمەڵاسداوە.. ئازاد حەمە

ڕاستە واتای سێبەرShadowدیاردەیەکی فیزیکییە، بەڵام لە ژیانی مرۆڤدا پڕە لە ناڕوونی. سێبەر، کە شتێکە لەنێوان ڕووناکی و ڕووکاریی ئاماژەشە بۆ دیوە شاراوەکانی ژیانی مرۆڤ، وەک: کەوتنە زۆنی سێبەرەوە، خۆشاردنەوە، نادیاربوون و…. . هەروەها سێبەرکردن یاخود کەوتنە بەر سێبەرەوە مانەوەیە لە تارمایی Ghost و بوونیشە لە تاریکییدا. لەناو سێبەردا ڕووناکی ئاوابووە و ژیان لێڵ و نادیارە. کەواتە،کە سێبەر هەبوو وێنەیەکی ڕوون بۆبینیین بوونی نییە. ئەوانەی دەکەونە ناو سێبەرەوە کەسانێکی تارماویی، نادیار و فانتۆم Phantomن. ئەمە بۆ ئێمە مانای ئەوەیە، لەئیستادا کەتووینەتە ناو سەردەم و کاتێکەوە پرە لە شەبەح و تارمایی؛ ئەوەتا هەموو لە تارماییدا پەرە بە بوونی خۆیان دەدەن، چەترێک، سێبەرێک ڕایگرتوون؛ ئارەزووی زۆنی تارکیدەکەن، چونکە لە تاریکیدا هەست بە بوونی خۆیاندەکەن.

وێڕایئەوە، لەناو تاریکییDarknessدا هەردەم ترسێک زیندووە، سێبەریش تاریکییئاسا بێبەری نییە لەو ترسە. ئەوانەی لە سێبەردا دەژین هەمیشە تارماییەک ڕاویاندەنێت. دەرکەوتن لە سێبەردا ئاماژەیە بۆ نادیاریی، بۆ ونبوونی جەستە و مانەوە لەناو تاریکییدا. لەبەرئەوە کەوتنە ناو سێبەرەوە دەرنەکەوتنی جەستەیە، توانای ئامادەنەبوونە بە ئاشکرا.

ناوچەی تاریک ئەو شوێنەیە ڕووناکی نایگاتێ و ناوچەیەکی تارماییدارە. بۆئەوەی سێبەر هەبێت پێویستە ڕووناکی نەبێت، یان ڕێگرێک لە دروستکردنی ڕۆشنایی هەبێت. ئەوانەی پێویستییان بە تاریکییە دوژمنی ڕۆشنایین، چونکە تارمایی تاکە داڵدەیانە.

لێرەدا پۆلێک پرسیار تایبەت بەوەی لای سەرەوە باسکرا دەخەینەڕوو: سێبەر چییە؟ سێبەر دژە جەمسەری ڕووناکییە یان بەشێکە لە ڕووناکی؟ سێبەر یان تارمایی ڕەهەندی خۆی نییە؟ مانەوە لە سێبەردا نێگەتیڤە؟ ژیانی لێڵ یان ژیانی تاریک چ جۆرە ژیانێکە؟ باشە گفتوگۆی سێبەر نامانباتەوە ناو گفتوگۆی تاریکیی؟ تاکەی مانەوە لە تارماییدا؟بۆچی بۆزۆرێک تارمایی ژیانە؟ ئەوە وێنە یاخود جەستە نییە سێبەری خۆی دروستدەکات؟ گەر بەڵێ،کەواتە بۆ ترس لە سێبەر؟بۆ لە سێبەردا دیدگاکانمان بەخێوکەین؟چ جۆرە هەڕەشە و نیگەرانییەک لەپشت مانەوەمانە لە سێبەردا؟چیبکەین تا مۆم و چراکانی ناو ناخمان بۆهەمیشە ڕووناکیی بەخشبن؟

سێبەر چییە؟ کاتێک دەپرسین سێبەر چییە دەکەوینە ناو پرسیارێکی دیکەوە، ئەی ڕووناکی(ڕۆشنایی)چییە؟ هەروەها ئەوەش، کە چۆن سێبەر پێکدێت چییە؟ لە گفتوگۆی سێبەردا زانستی فیزیا دیارترین زانستە کە، لەو بارەیەوە گفتوگۆی تۆکمە و بەرین دێنێتەگۆڕێ. دەبینین لە زانستی فیزیادا لە باسی سێبەر دەکەوینە ناو باسی ڕووناکییەوە؛ هەروەها سێبەری تەواو و نیوەسێبەر. دەکرێت واش لە سێبەر تێبگەین، کە شێوە، فانتۆم، هەڕەشە و نیگەرانیشە.

ئەدی تارمایی چییە؟ تارمایی بریتییە لە ناوچەیەکی تاریک. ئەوکاتە دێتەدروستکردن کە ڕێگرییەک دێتەبەرپێی ڕووناکیی. ڕوونتر بێینەگۆ: سێبەر شتێکی سەرەکیمان بیردەخاتەوە، کە زۆر پەیوەندیدارە بە ڕووناکییەوە، کە دژە جەمسەری سێبەرە، ئەوەش ئاوابوونی خۆرە.

ئاوابوونی خۆر هاتنی تارکیی و لێڵیە. کەوتنە ناو سێبەریشەوە، یان مانەوە لە سێبەر هەر ئەو مانایەی هەیە لای سەرەوە هێمایبۆکرا، کە سێبەر نیشانەیە لەسەر نەدیتن، خۆشاردنەوە و خۆمەڵاسدان لە پەناگەیەک. چونکە ئەوەی لە سێبەردا، لە تاریکییدا، دەکرێت لەبەرڕۆشنایدا ناکرێت. بۆیە سێبەر بینین و دیار Visible دەخاتە ژێرپرسیارەوە.

سەرباریئەوە، کە ڕۆشنایی نەما سێبەر یان تاریکیی دەستپێدەکات. بۆزۆرێک ڕووناکی سەرچاوەی گشت خۆشییەکانە، لێ بۆ هەندێک سێبەر پەناگەیە، داڵدەیە بۆ خۆشاردنەوە. بیرماننەچێت، “لە سێبەردا نائاگایی چالاکە، سەرکوتکراوەکانیش لە سێبەردا” خۆیانبەخێودەکەن و پەناگەی تازە بۆ خۆنمایشکردن دەدۆزنەوە. بۆیە ئامانجی تێگەیشتن لە سێبەر بۆ ئەوانەی هەمیشە لەناو ڕووناکیدا بوونە سانا نییە.

بەپێی مێژووکردی رۆمانی ڤیکتۆر ستۆیچیتا Victor Stoichita، لە کتێبی مێژووی سێبەر Brève histoire de l’ombre ،کە لە تێگەیشتنی ئەفلاتوونەوە بۆ ئەشکەوت دەڕوانێتە سێبەر و ڕووناکی دەبینیین ئاماژە بۆئەوەدەکات، کە ئەفلاتوون پێیوایە مرۆڤ دیلی ئەشکەوتە؛ تەنها لەناو بەدیخانەکەیەوە، کە ئەشکەوتەکەیە، ئەم مرۆڤە دەڕوانێتە جیهانی دەرەوە. تەنها ئەوکاتە بە ڕاستیی جیهانی دەرەکی ئاشنادەبێت، کە ڕووناکیی بەردەکەوێت. ڕووناکیش کە ڕاستییەکەیە لە دەرەوەی ئەشکەوتەکە بوونی هەیە. ئەمەش کەم ئاگایی و کەم ئاسۆیی لە بینین و بیرکردنەوە دەگەیێنێت. سەیرەکە لەوەدایە، کە بۆ مرۆڤی ناو ئەشکەوتەکە ئەوەی لە ئەشکەوتەکەدایە ڕاستییە، کە لەخۆیدا وڕێنە و تارماییە.

خۆر یان مۆم کە سێبەری خۆی دروستدەکات توانای بینینیش دەستنیشاندەکات. کەواتە سێبەرکردن لەگەڵ ڕۆشناییکردندا دێت. هاوکات کاتێک خۆر هەڵدێت ڕووبەری سێبەر تەسکدەبێتەوە، هەرکە خۆریش ئاوابوو ڕووبەری سێبەر فراواندەبێت. بەمجۆرە یاریکردن بە ڕووناکی و سێبەر یاریکردنە بە خودی خۆ. بۆیە لە تاریکییەکاندا، یان لەناو تارماییەکاندا دەکرێت بڵێێن: غەدرەکان، ناپاکییەکان لەدایکدەبن. بەڵام لە ڕووناکییدا لەلایەک شتەکانی دەوروبەرمان دەبینین و لەلایەکی دیکە یاریکردن بە تارمایی کەمدەبێتەوە.

کۆتا گوتنمان لەمەڕ سێبەر ئەو تارماییەیە، کە لە ناخی هەریەکێکماندا پەنهانە. ئەڵبەتە  تارمەیەکانمان لەیەک ناچن. تارماییەکانمان،کە بەرهەمی جۆرە ڵێڵییەکن ئازاربەخشن؛ تا قەبارەی تارمایەکانمان زیادکەن مۆمەکانی ناخمان زووتر دەکوژێنەوە، نیگەرانیی و پەشێوییەکانمان باڵاتردەبن. سەرچاوەی ڕۆشناییەکانی ناخمان بە شڵەژان و پەشێوییەکانمان کز و کزتردەبن. ئەمە وادەکات بێژیین: قایلبوون بە مانەوە لە تارمایی زۆر سەمەرەیە تا ئەو جێگایەی لە کەسایەتی مرۆڤ حاڵینیین. هەرکە لە کەسێتیی مرۆڤ تێگەیشتین ئەوکات تێدەگەین، کە تارمایی یان کەوتنەتارماییەوە بەشێکە لە ژیانی تاک.  

لەبەرئەوە دەپرسیین:”بۆچی تارمایی گرنگە؟ تارماییەکان یارمەتیمان دەدەن لەوە تێبگەین،کە ڕووناکی چۆن کاردەکات. بە سەیرکردنی تارماییەکان دەتوانین بزانین چۆن ڕووناکی و تاریکی یاری بەیەکەوە دەکەن. هەروەها “تارمایی دەتوانێت یارمەتی ئاژەڵەکان بدات بۆ خۆشاردنەوە. زۆرێک لە ئاژەڵەکان تارمایی بۆ خۆدزینەوە لە نێچیرەکان بەکاردەهێنن “، بێگومان ئەوە بۆ مرۆڤیش ڕاستە.

ئازاد حەمە

پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




دەوری ئەمریکا لە پێکهێنانی حکومەتی عێراقدا.. عوسمانی حاجی مارف

واقعی سیاسی ناوخۆی عێراق دوای هەڵبژاردن، بۆتە ئاوێنەیەکی ململانێی قوڵتری نێو دەسەڵات، ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە، بوار بە هیچ لایەنێک نابەخشێت بەتەنها دەسەڵات یەکلایی بکاتەوە، بەبێ هاوپەیمانی لەگەڵ چەند بلۆکی دیکەدا، ئەمەش فرسەتی زیاتری کردۆتەوە بۆ ئەو هێزو گروپانەی حەشدی شەعبین و سەر بەئێرانن هاوبەش بن لە حکومەتدا، کە لەم هەڵبژاردنەدا رێژەیەکی زیاتر لە هەڵبژاردنەکانی رابردو دەنگیان هێناوە، بۆتە ناچاریەک بۆ بەشداری پێکردنیان لە هاوپەیمانی بلۆکەکاندا، لەکاتێکدا خواست و فشاری ئەوەیان لەسەر دەبێت، هەڵوەشێنەوە یان نابێت بەشداری لە پێکهێنانی حکومەتدا بکەن، ئەمەش ناکۆکیەکە، قەیرانی لە پێکهێنانی حکومەتدا دروست کردووە.
لەسەر واقعیەتی ئێستای دوای هەڵبژاردن و کێشەکانی پێکهێنانی حکومەت لە عێراق، ئاستی دابەزینی هاوسەنگی زۆربەی هێزو لایەنەکان، دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە، پێدەچێت هۆکار بێت تا کۆشکی سپی مەیلی پاراستنی دۆخی ئێستای عێراقی هەبێت، لەهەمانکاتدا وردە وردە هەوڵبدات نفوزی ئێران سنووردار بکات، یان ناچار بە رێکەوتنی جۆرێک لە هاوسەنگی بێت لە گەڵ ئێراندا.
ئەمریکا لە هەوڵەکانی بۆ فشارخستنە سەر بەغدا دەیەوێت ڕێگەیەک پەیدا بکات، بۆ ئەوەی میلیشیاکانی لایەنگری ئێران، لەخۆبگرێت و بیانخاتە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی ناوەندیەوە!. لەهەمانکاتدا ئاشکرایە سزا و ڕێوشوێنی سەپاندووە تا تۆڕەکانی پشتیوانی لە هێزە میلیشیاکان بکاتە ئامانج، هەوڵی بەرزکردنەوەی بەهای تێچوی بەردەوامبونی ئەم گروپانە دەدات، لە کۆنترۆڵکردنی بڕیاردان و ڕای گشتیدا. تەنانەت دۆخەکە گەیشتوەتە ئەو ئاستەی کە مارک ساڤایا، نێردەی ترەمپ، زنجیرەیەک ئاگاداری لەبارەی هەوڵی میلیشیاکان، بۆ کۆنترۆڵکردنی بڕیاردانی سیاسی لە عێراق بڵاوکردۆەتەوە. لە دوایین پۆستی مارک ساڤایادا لەسەر ئەوە جەختی کردوە گوایە هیچ ئابووریەک ناتوانێت گەشە بکات، هیچ هاوبەشیەکی نێودەوڵەتیش ناتوانێت سەرکەوتوو بێت، عێراق لە ژینگەیەکدا قەتیس بووە، دەخالەت و سیاسەتی میلیشیاکانی ئێران، تەواو لەگەڵ سەرچاوە نافەرمیەکانی دەسەڵاتدا تێکەڵ بووە. بۆیە ساڤایا ئەم پرسیارە دەخاتە ڕو، بژاردەکانی ئەمریکا لە دەخالەتی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی ئێستای عێراقدا چین؟، ئایا دەتوانێت فشاری ئابووری زیاتر بکات؟، دەتوانرێت چالاکی و توانای میلیشیاکان تێکبدات؟ یان بژاردەی تر هەیە، وەک ڕێگەدان بە ئیسرائیل، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ میلیشیا عێراقیەکان بەو شێوەیەی کە بە گونجاو دەزانرێت، وەک ئەوەی تەلئەبیب لە زیاتر لە بۆنەیەکدا هەڕەشەی لێکردون؟.
لەنێو ئەم جەنجاڵیە، ئەو پرسیارانەی لەمرۆدا بۆ دۆخی سیاسی عێراق دێنەپێشەوە، بەتایبەتی لە دەور و دەخالەتی ئەمریکا بۆ جەختی باڵادەستی بەسەر عێراق و ناوچەکەدا، ئایا دەستێوەردانی سەربازی سنووردار یان بەرفراوان، وەڵام بە چارەسەری کێشەکانی عێراق و پێکهێنانی حکومەت ئەداتەوە؟، لەبەرژەوەندی ئەمریکا بێت؟، یان بەردەوامی بە پەرەسەندنی گەمارۆ ئابووریەکان بدات؟ یان قبوڵکردن و بەردەوامبونی دۆخی ئێستا لەگەڵ کوتلە چەکدارەکان کە نفوزی خۆیان دەپارێزن سازش بکات؟، بەڵام بەشێوەیەک کە کەمتر زیان بە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بگەیەنێت!.
هەڵبەتە هەر بژاردەیەکی ئەمریکا بۆ چۆنیەتی دەخالەت و هەوڵەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی حکومەتی عێراق، کاردانەوەی جیۆپۆلەتیکی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ئاڵۆزی بەرچاوی دەبێت، کە بە ناچاری بە جۆرێک عێراق لەنێو شانۆی سیاسی ململانێی ئەمریکاو ئێراندا دەهێڵێتەوە و کاریگەری نەرێنی زیاتر لەسەر ناجێگیری سیاسی عێراق و ژینگە ناوچەییەکەی دەبێت.
ئەو سزا نێودەوڵەتیانەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەیسەپێنن بەسەر عێراقدا، تەنیا بەربەستی ڕەمزی نین، بەڵکو ئابووری عێراق پەکدەخەن، ئەگەر کەرتی وزە، یان کۆمپانیا بیانیەکانی نەوت کە لە عێراق کاردەکەن بکەنە ئامانج، ئەم جۆرە سزایە دەتوانێت کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق هەبێت، بەمشێوەیەش مەترسی لەسەر داهاتی دەوڵەت دروست دەکات، کە نزیکەی٩٠٪ ی داهاتی ئێستای عێراق، پشت بە نەوت دەبەستێت. جگە لەوەش پێشنیارکردنی ئەو سزایانەی، کە لەلایەن ئەمریکاوە پێش هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ١١ ی ئەم مانگە دواخرا، پێشبینی دەکرێت سیستمی ئابووری عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو ئیفلیج بکات، ئەمەش مەترسی ئاڵۆزبونی دۆخەکە زیاتر دەکات، ناتوانێت بژاردەیەکی سەرکەوتوبێت لە هەوڵی ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی سیاسی عێراق، یان پێکهێنانی حکومەتێک پاشکۆی تەواوی ئەمریکا بێت.
ئەوەی شایانی باسە، گومانی تیا نیە لەبەرامبەردا، دەسەڵاتی سیاسی ئێستای عێراق، بە تایبەتی لە پێکهاتەی هێزە میلیشیاکانی سەر بە ئێران، بێدەنگ نابن و بەناچاری لەگەڵ قەیرانە ئابوریەکاندا دەجەنگن، پارێزگاری لە پاراستی دەسەڵاتەکەیان و جەردەیی و تاڵانی و کەڵەکەی سەرمایە بۆ هێزەکانیان دەکەن، کە لەڕێگەی پاوانخوازی تەواو بەسەر دەسەڵاتدا، توانیویانە دەستبگرن بەسەر سەرەوت سامانێكی بێشوماردا، بەردەوام بەهۆی داهاتی زۆری نەوتەوە کوتلەکان هاوپەیمانی پێکدەهێنن. عێراق لەئێستادا رۆژانە نزیکەی چوار ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، ئەمە جگە لە هەناردەکردن و ئۆپەراسیۆنی قاچاخچێتی، کە لەلایەن حزب و هێزەکانی ناو حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم و سیاسەتمەداران و سەرکردەکانی میلیشیاکانەوە، لەڕێگەی ڕێڕەوی قاچاخی جۆراوجۆرەوە ئەنجام دەدرێن، هەندێکیان لەڕێگای دەریاوە، هەندێکی دیکەشیان لەرێگای وشکانیەوە، زۆرینەی ئەو هەناردەکردنانە لە داهاتی خەزێنەی عێراقدا نین.
هەر دابەزینێکی نرخی نەوت یان پچڕانی گرێبەستی کارکردن لە کێڵگە نەوتیە گەورەکاندا دەستبەجێ کاریگەری دەبێت لەسەر توانای حکومەتی عێراق بۆ پێدانی موچەی فەرمانبەران و دابینکردنی بودجەی خزمەتگوزاریە گشتیەکان.
لەلایەکی ترەوە تێبینی ئەوە دەکرێت کە بژاردەی سەربازی ئەمریکا، بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی، ئەو هێزانەی ئەمریکا قەبوڵ ناکەن، ئەمەش بژاردەیەکی قورسە و دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات، تەنانەت هێرشێکی ئامانجداریش بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە کێشەی میلیشیاکان و دەورو دەخالەتی فراوانبونی ئێران، لە چوارچێوەی عێراقدا چارەسەر ناکات، بە پێچەوانەوە، ڕەنگە متمانە بە بانگەشەی میلیشیاکان بدات کە بڵێن پیلانێکە لەسەر عێراق و بەرگری دەکەین، پەنا بۆ دوا بژارەدی مانەوەی خۆیان ببەن، ئەمەش کارەساتی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
هەڵبەتە ئەو بژاردەیەی ئەمریکا، گەر بیەوێت جەخت لە سەر پاراستنی دۆخی ئێستا بکات، دەبێت هێزەکانی حەشدی شەعبی لە پێکهاتەی حکومەتدا قبوڵ بکات، لەلایەکی تریشەوە ڕێوشوێنی کەمکردنەوەی نفوزی میلیشیاکان پەرەپێبدرێت، دواجار ئامانجی کەمکردنەوەی بازنەی کاریگەریەکانی ئێران بەسەر عێراقدا هەبێت، کە بۆ ئەمریکا گرنگیەکی هەیە. ئەوەی ئەمریکا لەئێستادا دەیەوێت، کەمکردنەوەی گرژیه نێوخۆییەکانه بۆ مسۆگەرکردنی کارکردن بهشێوەی پێکهێنانی حکومەتێک، که دەبێت لە دواجاردا ئەرکی هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان و چالاکیەکیەکان و چەسپاندنی چەک لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا بگرێته ئەستۆ. بەشێکی زۆری هێزەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی” شیعە پێیانوایە ئەمە مومکینە، بەڵام دەبێت وردە وردە جێبەجێ بکرێت، نەک لەناکاو و بە زۆر، بەڵام ئەم بژاردەیە چەند دەخایەنێت و تاچەند سەرکەوتن مسۆگەر دەکات، وەڵامێکی ڕۆشنی نیە!.
کێشەکە لەوەدایە کە بەدوای بۆردومانکردنی کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سلێمانی، بەشێوەیەکی بەرچاو “چوارچێوەی شیعە”ی تێکداوە، هەرچەندە هێزەکانی “چوارچێوە” ڕایانگەیاندووە کە میلیشیاکان هیچ پەیوەندیەکیان بەو هێرشەوە نەبووە، بەڵام بەڵگە هەیە کە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە گروپێکی سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبی بەرپرسیار بووە، هەروەها ئەم گروپە فەرمانی ڕاستەوخۆی لە هێزە ناوخۆییەکان وەرگرتووە، کە پەیوەندیەکی بەهێزیان لەگەڵ ئێراندا هەیە. ڕەنگە ئەم بۆردومانە واشنتۆن بخاتە سەر بژاردەکانی تر، بەتایبەتی کە کۆمپانیا ئەمریکیەکان لە کێڵگە نەوتیەکان و گازیەکان دەستیان بە کارەکانیان کردووە، بۆیە بۆردومانکردنی کێڵگەی غازی سلێمانی وەک پەیامێکی ئاگرین کاریگەربوو، کە توانای ئەو میلیشیایانە بۆ ئیفلیجکردنی کارەکانی کۆمپانیاکان، ئەوە نیشان ئەدات، ئەگەری ئەوە هەیە فشاری زیاتر بکەن.
دەتوانین دەربارەی هەوڵدانی بژاردەکانی ئەمریکا، بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی سیاسی عیراق ئەوە بڵێین، نەک بە ئاراستەی ئایندەیەکی رۆشن و ئارام و دابینکردنی ئاسایش هەنگاو نانێت، بەڵکو دەخالەتی ئەمریکا بەردەوامی هەمان ئەو ڕێڕەوەیە کە لەجەنگی کەنداوەوە عێراقی وێرانکرد.
لایەنێکی گرنگی ئەم دۆخە ئەوەیە پێشبینی ئەوەش دەکرێت، توڕەیی و ناڕەزایەتی خەڵک دۆخەکە بگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی ناڕەزایەتیەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ و بەشێوەیەکی فروانتر، کە حکومەتی عێراق بە فەرمی و نافەرمی دەخاتە نێو چاڵی قەیرانێکی قوڵترەوە، لەهەمانکاتدا دەوری ئەمریکاش بۆ کۆنترۆڵکردنی عێراق دەباتە دواوە، هەر بۆیە دەکەوێتە بەر بژاردەی ئاڵۆز و پێچیدە ترەوە، بۆ دەورو دەخالەتی لە عێراقدا.




تەنیایی.. شیعری سمکۆ ئەحمەد ڕەشید

شەوە باراناوییەکانی کانون سارد نین
بەفرە ئەستوورەکان سارد نین
گوێم لە پیاوێک بوو
کە سەرما ئێسکەکانی گەستبوو دەیگوت
شەختە هیچ گوناهێکی نییە
مرۆڤ کە لە شەقامە سووتاوەکاندا
شەوی بەسەر دادێ و
ماڵێکی نییە بۆی بگەڕێتەوە
سەرمای دەبێ
مرۆڤ کە سێوێکی کرماند و
نەیکرد بە دوو کەرتەوە
سەرمای دەبێ
مرۆڤ کە لە گۆڕێکی یەک نەفەریدا
ڕۆژ و شەوەکانی ژمارد
سەرمای دەبێ
مرۆڤ کە سەرمای دەبێ
گوناهی هیچ وەرزێک نییە
ئەوەی ئێسک و
ڕۆحی مرۆڤ دەتەزێنێ وەرزەکان نین
تەنیاییە،
تەنیایی




بۆچی سوپاسی خوا ناکەیت؟.. نەوزاد بەندی

نەوزاد بەندی

ئەگەر نەبووتایەتە خاوەنی دانەوێڵە و .. باڵندەکان حەزیان لە خواردنی دانەوێڵە نەبووایه، چۆن چۆنی چاکەت ئەکەت؟ چۆن باڵندەکانت تێر ئەکرد؟ چۆن ویژدانی خۆت ئاسوودە دەکرد ؟ ..ئەگەر پشیلە و سەگ حەزیان لە پاشماوەی خواردنەکانت نەبووایە، حەزیان لەو قوتوکراوانە نەبووایە کە تۆ زۆر بە ئاسانی ئەتوانیت بیانکڕیت، چۆن چاکەت ئەکرد؟ چۆن دڵی سەگ و پشیلەی بێ لانەت ئەدایەوە؟ چۆن بە ئاسودەیی سەرت ئەخستە سەر سەرین ؟
سوپاسی خوا بکە، کە ئەو شتانەی هەتە، گیاندار گەلێک حەزیان لێیە و خەونی پێوە ئەبینن، بەو جۆرەیش نەبێ، تۆ چۆن دڵی خۆت ئاسودە ئەکەیت؟ چۆن چاکە ئەکەیت؟ هەموویان وەک مار و شێر بوونایە، خۆیان خواردنی خۆیان دابین بکردایە و چاوەڕێی هیچ بەخشندەییەکی تۆیان نەکردایە، تۆ چۆن چاکەت ئەکرد؟ .. دوو تانکی ئاو لەسەربانەکەتە و.. گوڵێک لەبەردەرگاکەتان ڕوواوە، ئەگەر نەڕوایە، چۆن چاکەت ئەکرد؟ ئەگەر پێویستی بە گڵاسێک ئاوی تۆ نەبووایە، چۆن هەستت بە ئاسودەیی ویژدان ئەکرد؟ .. کاتێ چەند دەنکە دانەوێڵەیەک لە نزیک شارە مێروولەیەکەوە دادەنێیت، چەند پارچە نانێک هەڵدەدەیتە ناو حەوزێک ئاوی پڕ لە ماسییەوە ، بڕوانە بۆ هێرشی مێروولە و ماسییەکان بۆ دانەوێڵە و پارچە نانەکان، چەند هەستێکی جوانە، تۆ چاکە و ئارامیی و ئاسودەیی دڵ ودەروونت دەست دەکەوێ، ئەوانیش تێریی و چالاکیی و هەرەوەزیی بە دەست دێنن ..
ئەگەر مێروولە و ماسییەکان گڵ و بەردیان بخواردایە، چیمان بکردایە ، ئێمە ؟
خوا دانەوێڵەی بە فەردە داوە بە تۆ، بۆ ئەوەی بە دەنک یان بە چنگ بەشی ئەوانی تری لێ بدەیت، بەوەیش پاداشتی حەفتا ئەوەندە و زیاترت بداتەوە، ئەمە چ پاداشت و قازانج و تەواو کارییەکە ؟
ئەگەر گیاندار و ڕووەکەکان پێویستیان بە ئێمە نەبووایه، ئێمەیش پێویستمان بە یەکتری نەبووایە، چی ڕووی دەدا؟
لە ژیانتا باڵندەیەکت نەدەبینی .. پشیلەیەکت نەدەبینی.. ڕووەکێکت نەدەبینی لە ئینجانە و حەوشەکەتا سەوز بێ،مێروولەیەکت نەدەبینی، هەمووان جیهانی تایبەتیی خۆیان دەبوو، هیچ پێویستیان بە جیهانەکەی تۆ نەدەبوو، لێت نزیک نەدەکەوتنەوە، وەک چۆن جیهانی شەمشەمە کوێرە نابینیت مەگەر له کورتە فیلمی زانستیی دۆکیومێنتاریدا، وەک چۆن جیهانی شێر و پڵنگ نابینی مەگەر لە فیلم و بە دەستەمۆکراویی لە باخچەی ئاژەڵاندا، ئەوەیش کارەساتێکی گەورە و تەنیاییەکی گەورەیە، کاتێ بە هەموو تەمەنت هیچ زیندەوەر و بوونەوەرێک توخنت ناکەون و .. هەلی چاکەکردنێکت بۆ ناڕەخسێنن، ئەوسا تۆ و شتەکانت، بە کاری چی دێن؟
لەوەیش زیاتر بۆچی سوپاسی خوا ناکەیت کە خەڵکێکی هەژار دێنەسەر ڕێگاکەت و داوای یارمەتیت لێ دەکەن؟ ئەگەر وا نەبووایە، ڕێگای چاکەکردنت لە کوێ ئەدۆزێوە؟ سوپاسی خوا بکەن کە بە دێلیڤەری، هەژار و برسیی و تینوو و بێ داڵدەکان ئەنێرێتە بەردەرگا و سەرە ڕێگاکانتان بۆ ئەوەی چاکە له گەڵیاندا بکەن و .. حەفتا ئەوەندە و زیاتر پاداشتتان بداتەوە ؟ بۆ ئەوەی ئاسودەیی ویژدان و ئارامیی دەروون لەو ڕێگایەوە وەربگرن و .. دڵە ڕەقەکانتان خاو بێتەوە و .. ببێ بە باخچەی پڕ لە گوڵ و چیمەن و قەڵبەزەی ئاو و پەپولە و جوانیی ؟؟
بۆچی سوپاسی خوا ناکەن ، گەلۆ ؟
بەرنارشۆ ئەڵێ ئاقڵترین مرۆڤ بێجگە له دڵخۆشکردنی ئەوانی تر، هیچ شتێک دڵی خۆش ناکات ..
لەوە گرنگتر ئەوەیە، خوا کەسان و گیانداران و ڕووەکگەلێکی لە دەور کۆکردووینەتەوە کە پێویستیان بە یارمەتیی و چاکەکردنەکانی ئێمەیە، گەر وا نەبووایه، چ قوڕبەسەرییەک ئەبوو، نەمانزانیوە چاکە لەگەڵ کێدا بکەین و.. هیچ کەس و گیانەوەرێک پێویستی بە چاکەی ئێمە نەبووایە ؟
ئینجا بزانن چەند بەختەوەرن ئێوە کە دەیان مرۆڤ و گیاندار و زیندەوەر لە چواردەورتاندان و بێدەنگ چاوەڕێی چاکەیەکن لەلایەن ئێوەوە بۆ ئەوەی لە دنیا و قیامەتدا ئاسوودەیی بە دەست بێنن ..
زۆر مەچۆرە ژێری .. سوپاسی خوا بکە کە زۆر لە پێداویستی خۆت زیاتری داویتەتێ و .. ژمارەیەکی زۆر لە بوونەوەری له چواردەورت پەرش و بڵاو کردۆتەوە کە پێویستیان بە پارچە نانێک، بە دەنکە گەنمێک یان پارچە ئێسقانێکی سەر سفرەکەتە، بەوەیش هیچت لێ کەم نابێتەوە و پاداشتی زۆر گەورە وەرئەگریت، ئەوەندە گەورە کە بە بینینیان شاگەشگە ئەبیت.
Reply




زووبێت یا درەنگ دەوڵـەتی کوردستان لەدایک دەبێت.. رەزا شـوان

کوردستان واتا خاک و نـیـشـتـمانی کـوردان، شـوێنی نـيشتەجـێبـوونی هەزاران هەزار ساڵەی نەتەوەی کوردە. کوردستان دەکەوێـتە باشووری رۆژئاوای کـێشوەری ئاسیاوە.
هـاوسنوورە لەگەڵ ئەم دەوڵەتانەدا: لە باکوورەوە، ئازەربایجان و ئەرمـینیا و تورکـیا. لـە باشـوورەوە، ئـێران و کەنـداوی عـەرەبی. لە رۆژهـەڵاتـەوە ئـێران. لە رۆژئـاواوە، عـێراق و سـووریا. پـانـتـایی رووبـەری کوردسـتانی گـەورە، نـزیـکەی (٦٠٠) هـەزار کـیلۆمەتـری دووجـایە. زیاتـر لە نیـوەی تـۆپـۆگرافـیای کوردستان، لە چـیا پـێکهـاتووە. کوردستان شـوێنێکی ستراتـیژی گرنگی لە ئاسیادا هـەیە. ژمارەی کورد لە کوردستان و لە وڵاتانی جیهاندا بەپێی تازەترین خەمڵاندن، زیاتر لە (٧٥) ملیون کوردە. زیادەڕرۆیی لەم ژمارەیەدا نیـیە. هەمـیشە نەیارانی کورد، بە ئەنقـەسـت ژمارەی کورد و رووبـەری کوردستانیان، زۆر کەمـتر لە ژمارەی راستـیی کورد و لە رووبـەری راستیی کوردستان دانـاون و هـەوڵی چـەواشـەکـردنی مێـژووی کوردسـتانیان داون. هـەمـیـشە کوردیان بە کەمایەتییەکی نەتـەوەیی ناوبـردوون. ئەمەش لە رەگەزپەرستـییان و لە رقی رەشیانەوە بەرجەستە بـووە. بەڵام بەری تیشکی خـۆر بە بێـژنگ ناگـیرێـت و ناتـوانـن راستییەکان پەردەپـۆش بکەن. لە ئێستادا کورد چـوارەم نەتـەوەی گـەورەی رۆژهـەڵاتی ناوەڕاستە. هـەمـوو بنـەماکانی نەتەوەیی هـەیە و تایبـەتـمەنـدی نەتـەوەیی خـۆشی هـەیە.
بەڵگەکان و پاشماوە دێـرینە مـێژووییەکان و تـوێـژینەوە بێ لایەنەکان، سەلـماندوویانە کە کورد رەسەنترین و کۆنترین نەتەوەی رۆژهـەڵاتی ناوەڕاستە. کوردستانیش لانکەی یەکەمین و رەسەنترین شارستانییە لە هەمـوو جیهانـدا. کورد بـڕبـڕە پشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکـدەهـێنێت. ئێمەی کورد خاکی خۆمان هەیە و خاوەنی زمان و کولتوور و داب و نـەریـتی رەسـەن و هـونـەر و نـاسـنامـەی نـەتـەوەیی خـۆمـانـین. مـێـژوویـەکی دوورودرێـژی دەوڵەمەنـدی پـڕ لە خەبات و لە شکـۆداری و لە قـوربانیـدانـیمان هـەیە. هـەزاران هـەزار سـاڵ لەپـێـش زایـنییەوە لەسەر خاکی کوردستانی نیـشـتـمانی خۆمـان ژیـاون و دەژیـن و هـیچـمـان لە گـەلانی تـر کەمـتر نـیـیە.

لە ماوەی هـەزاران ساڵـدا، چەندیـن نەتەوەی جیاواز، لە شوێـنەکانی خۆیانەوە کۆچـیان کـردووە و نیـشتەجـێی ناوچـەکانی کوردستان بـوونە. لەوانە: تـورک، فـارس، عـەرەب، ئەرمەن، ئاشـوری، چـیچانی، ئـازەری. هـەنـدێک لەم نەتـەوانە لەسەر خاکی کوردستان دەوڵـەتیـان دروسـت کـردووە. بە واتـا داگـیرکەری کوردستانـن.
کوردستان لەبەر گرنگی و ستراتیژی شـوێنەکەی و دەوڵەمەنـدیی خاکەکەی لە کۆنەوە، تا ئەمـڕۆش بووە بە گۆڕەپـانی مـلمـلانی و رووبـەڕووبـوونـەوەی سەخـتی نەتـەوەیی. کورد لیستێکی درێژی داگیرکەرانی بینی. بەڵام قارەمانانە و سەرسەختانە رووبەڕووی هـێڕشەکانی، فـارسە کـۆنەکان و ئەسکەنـدەری گەورە و عـەرەبی مـوسڵـمان و تورکە سەلجوقیەکان و هۆلاکۆ و مەنگۆلییەکان و عوسمانییەکان بووەتەوە. لەپێاوی مانەوەی و پاراستـنی ناسـنامـەی نەتـەوەیی و پـاراستـنی کوردسـتانی نـیـشـتـمانی دا. هـەمـیـشە خۆڕاگربـووە و سەرسەخـتانە و گیانبەخشانە، بەرگـریی کـردووە و قـوربانییەکی زۆری مـانـەوەی داوە و دەدات. سەرسـەخـتانە بـۆ رزگـاری و ئـازادی خەبـات دەکـات.
لە سەرهەڵـدانی ئیسلامەوە، تا بەرەبەیانی ناسیـۆنالـیزم، یەک لە دوای یەکی دەوڵەتانی بەناوە ئیـسلام، بە گەلەکۆمەیی، بە شـێوەیەکی دڕنـدانە و نامەردانە و رەگەزپەرستانە، رەشەکوژی و کۆمەڵکوژی و ژینۆسایدی کوردیان کردووە و دەکەن، هەر لەبەر ئەوەی کە کـوردیـن. لە ئەمـڕۆشـدا کوردسـتان بـە سـتەمـێکی مـێژوویی دەوڵـەتە زلهـێـزەکـان، دابەشکراوە بەسەر چـوار دەوڵەتی نەتەوەیی رەگـەزپەرسـتـدا، بەسەر تـورکـیا، ئێـران، عـێراق، سووریادا. کە تا ئێستا چەنـدیـن جار، بە گەلەکـۆمەیی و بە مـودێـرتریـن چەکی کوشندەی قەدەغـەکراوی نێـودەوڵەتی و بە دڕندەتـریـن شێوەی نامەردی و نامـرۆییـانە، بە رۆژی روونـاک و بە بەرچـاوی نەتـەوەیەکگـرتـووەکان و رێکخـراوەکـانی مافـەکانی مـرۆڤ و ویـژدانی جیهـانـییەوە، کـۆمەڵکـوژیـیان لە کورد کـردوون و سیاسەتی (زەوی سـووتـماک) یان لە کوردستانـدا جـێبەجێ کـردوون. زلـهـێزەکانیش لەبەر بەرژەوەنـدیی خـۆیـان، لە ئاستی ئەم هەمـوو تاوانانە بێـدەنگـن. بەڵکو بە چەکی کوشـندەی ئەوانیش، ژینۆسایـدی کورد کـرا و دەکـرێـت و کوردسـتان وێـران کـرا.
کـورد لە ئەمـرۆدا، گـەورەتـریـن نەتـەوەی جیهـانە، کە خـاوەنی دەوڵـەتی سـەربـەخـۆ (دەوڵـەتی کوردستان) نـیـیە. لە دوای رووخـانـدنی ئیـمـپراتـۆریەی مـادی کـوردیـیەوە
(٧٠٠ ـ ٥٥٠) لە پـێـش زایـیندا، کە لەلایەن (دیـاکـۆ) وە دامەزرا، کە یەکەم دەوڵەتی یەکگرتـووی کـوردییە لـە مێـژوودا. لە پـەرتـووکی (هـیـرۆدۆت) دا، لە زۆر شـوێـنـدا باسی دیاکۆ و ماد کراوە. لەوەدوا چەند میرنـشینێکی کوردی تا رادەیەک سەبەخۆییان لە سەردەمی دەوڵەتی عـوسـمانی و فـارسـیدا هـەبـووە. بەڵام دەسـەڵاتـێکی نـاوچـەیی بەرتەسکـیان هـەبـووە، نەیانتـوانیـوە رووبـەری دەسەڵات و باڵادەستی و حوکمڕانیان فـراونـتر بـکەن و بە فـەرمی سەربەخـۆییـان رابگەیەنـن و بتـوانـن لەژێـر چەتـرێکی نەتـەوەیی کـوردیـدا یەکـبگـرن و لەشکـرێکی گـەورەی کـوردی پـێکـبهـێـنـن.
بـۆچـی لە دوای جەنـگی جیهـانی یەکـەم و شکـستهـێـنانی دەوڵـەتی عـوسـمانی، کورد نەبوو بە دەوڵەت؟ رێکەوتنامەی (سایکس بیکـۆ) کە لە (١٠/ ئـاب/ ١٩١٦) لە نێوان بەریتـانیا و فەرەنسادا واژۆکـرا، هەریەکەش لە رووسیا و ئـیتالـیا پشـتیوانیان لـێکـرد. میراتی دەوڵەتی عوسمانی بە کوردستانیشەوە دابەشیان کرد، کوردستان بەسەر تورکیا و ئێران و عێراق و سووریادا دابەشکرا. لە (پەیمانی سیڤەر) کە لە (١٠/ ئاب/١٩٢٠) لە نێوان (بەریتانیا، فەرەنـسا، تورکیا، ئیتالیا. ژاپـۆن، ئەرمەنستان، بەلچـیکا، پۆڵەنـدا، رۆمانیا، یۆنان، پورتوگال، یۆگۆسلاڤیا و سلۆانیا و چیکۆسلۆڤاکیا) بە چاودێری ولایەتە یەکگـرتووەکانی ئەمـریکا، لە شاری ( سـیـڤـەر) لە فـەرەنـسا واژۆکـرا. وەک نـوێنەری کوردیـش، بـوار بە (شەریـف پاشـا) درا و بەشـداری کـرد. لە بەشی سێـیەم، لە مـادەی (٦٤،٦٣،٦٢) ی پەیـمانی سیـڤەر، دەربـارەی ناوچـە کوردسـتانـییەکـان. ئامـاژەیان بە مافی چارەنـووسی کورد لە نیشـتمانی خۆیـدا کردوون. مەرجـیان داناوە، کە گەلی کورد لە مـاوەی یـەک سـاڵـدا، لە بەشـێکی کوردسـتانـدا، سـەربـەخـۆیـی بەدەسـتـبهـێـنـێـت و دەوڵـەتی سـەربـەخـۆی کـوردی رابـگەیـەنـێـت. بەداخـەوە، لەگـەڵ هـەڵـوەشـانـدنەوە و دابەشکـردنی میـراتی دەوڵەتی عـوسمانی و سەرهـەڵـدانی دەوڵەتی تورکیا، حکوومەتی نـوێی تـورکـیا بە سەرۆکایەتی مستەفـا کەمال ئەتاتـورک، کە تا سەر ئـێـسقـان دوژمنی کورد بـوو. ئامـادە نەبـوون کە رێ بە سەربـەخـۆیی کـورد بـدەن. لە پەیـمـانی شـوومی (لـۆزان) کە لە رۆژی (٢٤/ تەمـوز/ ١٩٢٣) دا، لە نێوان (بەریتانیا، فەرەنسا، ئـیتالیا، ژاپـۆن، رۆمـانیا، سـربیا، کـرواتـیا، سلـۆنیا، تـورکـیا) لە کـۆشکی (روومـین) لە شاری (لـۆزان) ی سویسرا واژۆکـرا. لە پەیمانی لۆزان لە هـیچ بەندێکیدا، دەربارەی دەوڵەتی کوردی و مافەکانی کوردی تـێـدا نییە و بە هـیچ شـێوەیەکیس نـاوی کورد و کوردسـتان تـێـیدا نەهـاتـوون. بە تەواوی کوردیان سـڕییەوە و بێ هـیوامانیان کرد. پەیمانی لـۆزان گەورەترین ناپاکی و تاوانی مێژووییە کە لە کورد کرا. دواتر ئەتا تورکی رەگەزپەرست، بە شـێویەکی زۆر دڕنـدانە و نامـرۆییانە، بە گەورەتـرین لەشکـر و بە تازەتـرین چەکی کۆمەڵکوژی، هـێڕشی کردە سەر باکووری کوردستان. بە سەدان گـوندیان تـاڵان کـرد و سـووتـانـدیـان و سیاسەتەی زەوی سـووتاویـان لە کوردستانـدا،ـجـێـبەجێ کـرد. کەوتنە کوشتن و گرتن و ژینۆسایـدکردن و راگواستنەوەی زۆرەمـلێی کورد، لە زێـدی هەزاران ساڵەی بـاوک و باپیـرانیـانـدا. زمـانی کوردییان قـەدەغـەکـرد و بـڕیـاری قەدەغـەکـردنی نـاوی (کـورد) و (کوردسـتان) یان لە رۆژنـامە و لە پەرتـووکەکان راگەیـانـد. سیاسەتی بەتـورکـردنی ناوچە کوردستانییەکان و گـۆڕینی دیمـۆگـرافـیای شارە کوردستانییەکانیان جـێبەجیکـرد. زۆریـش بێ رەوشتانە ناوی کوردیان نا، تـورکە شاخاوییەکان. بەڵام کورد چـۆکی دانـەدا و مـلکـەچـیان نەبـوون و لە پـێـناوی پاراستـنی شـونـاسنامەی نەتـەوەیی کوردیـدا، قـوربـانـییەکی زۆری دا. سـەلـمانـدیـان کە کـورد لە مـردنـیـش بەهـێزتـرە.

کورد چـەنـد شۆڕشێکی نەتەوەیی بەرپاکـرد، لە پێـناوی بەدەستهـێـنانی مافـەکانی کورد و سەربەخـۆیی کوردستان. لەوانەش (شۆڕشی شکاک ـ سمکـۆ) لە (١٩١٩ـ ١٩٢١). (شـۆڕشی دیـاربـەکـرـ ١٩٢٥ـ شـێخ سەعـیـدی پـیران)، (شـۆڕشی دەرسـیـم ـ ١٩٣٧ـ ١٩٣٨ـ سەیـد رەزای دەرسـیـم)، (شـۆڕشی ئـاگـری داغ ـ ئـارارات ـ ژەنـەڕاڵ ئـیحسان نوری پاشا) لە (١٩٢٧ـ ١٩٣٢) لە (٢٨/ ئۆکتۆبەر/ ١٩٢٧) سەربەخـۆیی کوردسـتان و دامـەزرانـدنی (کـۆمـاری ئـارارات) یان راگەیـانـد. پایتـەخـتەکەی گـونـدی (کـورداڤـا) بـوو. ئـاڵای کوردسـتانیـان لەسـەر لـووتـکەی (چـیای ئـاگـری ـ کە بـەرزتـریـن چـیـای کوردسـتانە) هـەڵکـرد و حکـوومەتـێکی کوردیـیان پـێکهـێنا. ژەنـەراڵ ئیحـسان نـوری، بە سـەرۆک کـۆمـار هـەڵـبـژێـرا، ئیـبراهـیم هـەسکی (ئیـبراهـیم پاشـا) کـرایە جـێگـری. تورکیا و ئـێران و رووسیا، بە گەلەکـۆمەیی و بە زەبەلاحـترین سـوپا و بە فـڕۆکە و بە تۆپـاران، بە دڕنـدەتـرین شێوە، کۆتاییان بە کۆماری ئارارات هـێنا. بە هـەزاران کوردی سـڤـیلیان ژینۆساید کرد. بە سەدان گونـدیان تـاڵان کرد و سووتانـدیانن و خەڵکەکەشیان لە زسـتانـێکی سـەختـدا، لە زێـدی خۆیـان دەریـانیان کـردن و گۆستـیاننەوە. زۆربەیـان، لەبـرسا و لە سـەرمـا لە رێـگادا مـردن. نیـازی گـڵاوی تـورکیا ئەوەبـوو، ئـەو تاوانـەی لە ئـەرمـەنییەکانیـان کـرد، بە هـەمـان شـێوە، کـورد قـڕانـیـش بـکەن.
(شۆڕشی پـشـتکـۆ ـ قـەدەمخـێری فـەیـلی: ١٩٢٧ ـ ١٩٣٣) لە ناوچـەی لـوڕستان لە
رۆژهـەڵاتی کوردسـتان. وابـزانـم ئـەم دێـڕە هـۆنـراوەیـە، هـی کـامـەران مـوکـری یـە:
(قـەدەمخـێـرد ئـەی خـوشکی پـۆڵایـیـن …. کـۆشـکی پـەهــلـەویـت هـێـنایـە لەرزیـن).

(شـۆڕشی یەکـەمی بـارزان: ١٩٣١ـ ١٩٣٢: شـێخ ئەحـمـەد بـارزانی) و ( شـۆڕشی دووەمـی بـارزان: ١٩٤٣ـ ١٩٤٥: مـەلا مـستـەفـا بـارزانی) هـەردوو شـۆڕشـەکە لە نـاوچـەی بـارزان لـە باشـووری کوردسـتان بـوون. بـە زەبـری هـێـز سـەرکـوتکـران. (شـۆڕشی ئەیـلـوول: ١٩٦١ـ ١٩٧٥) لە باشـووری کوردستان. (شـۆڕشی باکـووری کوردستان ـ پارتی کـرێکارانی کوردستان) بە سەرۆکـایەتی (عـەبـدوڵڵا ئـۆجـەلان) لە (١٩٧٨ـ ) دێژترین شۆڕشی کوردستانە. نزیکەی نیو سەدەیە. دەستپێشخەریان کرد
بۆ دانـانی چـەک و گەیـشتن بە ئاشـتییەکی هـەمـیشەیی. بەڵام هـێـشتا روون نییە، کە بەچی دەگات. چونکە تورکـیا تا ئێستا بە فەرمی و بە کرداری هـیچ هەنگاوێ نەنـاوە. شۆڕشی رزگاریخـوازیش لە رۆژهـەڵات و لە رۆژئـاوای کوردستان درێـژەیان هـەیە.
لە باشوری کوردستانیش شێخ مەحەمـودی نەمر، لە رۆژی (١٧/ نۆڤەمبەر/ ١٩١٩) دا، حکومداری کوردستانی راگەیانـد. خۆی بـوو بە یەکەم مەلـیکی کوردستان و شاری سلـێمانی پایتەختی حکوومەتەکەی بوو. بەڵام ئینگـلـیزەکان بە هـێـزێکی زۆرەوە و بە پاڵپشتی فـرۆکەی جەنگی، پەلاماری سـلـێمانییان دا و بە بـۆمب بۆردوومانیان کرد. لە شەڕی دەستەویەخەی قارەمانانەی (دەربەندی بازیان) شێخ مەحمود بە برینداری گیرا. ئینگـلیزەکان دووریـانخـسـتەوە بـۆ هـيندسـتان. بـەڵام لەژێـر فـشار و ناڕەزایی خەڵکی کوردستانـدا، گەڕانـدیانەوە بـۆ عـێراق و لە شاری بەغـدا دەسـتـبەسەر بـوو.
شۆڕشی نـوێ و راپەڕینی گەلەکەمان لە ساڵی (١٩٩١) دا. لە باشووری کوردستانـدا، فـیـدراڵـیی بەدەسـتهـێـنا. پـەرلـەمـان و حکـوومـەتی کوردستان بـە فـەرمی دامـەزران. ئـاڵای کوردسـتان بـە فـەرمی لە باشـووری کوردسـتانـدا هـەڵکـرا.
لە رۆژهـەڵاتی کوردستانیـش، لە دوای جـەنـگی جیهـانی دووەم، لە ساڵی (١٩٤٦) دا، یەکـەم (کـۆمـاری کوردسـتان) دامـەزرا، کـە پـایـتـەخـتـەکـەی شـاری (مەهـابـاد) بـوو. پـێـشەوا (قـازی محـەمـەد) بـە سـەرۆک کـۆمـاری کـوردسـتان هـەڵـبـژێـرا. بـۆ یەکـەم جاریـش ئـاڵای کوردستان هـەڵکـرا. ئەنجـوومەنی وەزیـران دامـەزرا. بەڵام بە داخەوە کە تەمەنی کۆماری کوردستان لە ساڵێک کەمتر بـوو. بە فـشاری ئەمـریکا و رۆژئاوا، سوپای یەکـێتی سۆڤیەت لە باکووری ئێران کشایەوە. چـرای سەوزیان بـۆ گـۆڕبەگـۆڕ حەمەرەزا شای بەهـلەوی هـەڵکـرد، کە بە سـوپـایەکی زەبەلاحەوە، پەلامـاری شاری مەهـابـادی دا و کۆمـاری کوردستانیان جـوانەمەرگ کرد. لە (٣١/ ئـادار/ ١٩٤٧) دا، پـێـشەوا قـازی محەمـەد و سـەدری قـازی و سەیـفی قـازییـان، لە گـۆڕەپانی چـوارچرا لە مەهـابـاد لە سـێـدارەیـان دان.
لە رۆژئـاوای کوردستانیشدا، لە رۆژی (٢١/ یانـوار/ ٢٠١٤) دا، لە شاری (قـامیشلو) (بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر) راگەیاندرا. ژەنەڕاڵ (مەزڵوم عەبدی) بە فەرماندەی گشتی هـێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هەڵبژێرا. خاتوو (ئیلهـام ئەحمەد) یش وەک هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، هەڵبژێـرا. تورکـیا و حکـوومـەتـە تـازەکـەی سووریا. چاویـان بـەم حـوکـمـڕانـیـیە دیـمـوکـراتـیـیە سەرکەوتـووەی کورد لە رۆژئـاوای کوردستان هەڵـنایـات. بەردەوام دژایـەتی دەکـەن و پیـلان لە لە دژی دەگێڕن و هەڕەشەی بەکارهـێنانی هـێزی لێدەکەن. کـۆنترۆڵی ئەحمەد شەرعی سەرۆکی سـووریا، بە دەستی تورکـیاوەیە و فـەرمان لە تـورکـیا وەردەگـرێـت. تورکیا پـلانی دژایـەتی کوردی بۆ دادەنـێن. بە پـارەی قەتـەر و سعـوودییە دەوڵەتەکەی بەڕێـوەدەچـێت. چاوەڕێی ئەوەن کە ئەمریکا جارێکی تر، چرای سەوزیان بۆ هەڵبکات و سوپای سووریا و تورکیا، هـێڕش بکەنە سەر رۆژئـاوای کوردستان، بۆ لەباربـردنی ئەزمـوونی سەرکەوتـووی حـوکـمڕانـیی رۆژئـاوای کوردستان.
دەامەزرانـدنی دەوڵـەتی کوردستان، تەنهـا خـەون نـیـیە، بەڵکو سـەد ساڵ زیـاتـرە، کە هـیوا و ئامـانجی سـەرەکی هـەمـوو کـوردێکە. دەوڵـەتی کوردستان نابـێـتە مەتـرسی و هەڕەشە بۆ سەر هـیچ نەتەوە و دەوڵەتێک، بەڵکـو دەبێتە هـۆی سەقامگیری و ئاشتی و ئاسـوودەیی بـۆ هـەمـوو رۆژهـەڵاتی ناوەڕاسـت. دەوڵـەتە داگـیرکەرانـی کوردسـتان، لە خۆڕایی تووشی کوردفـۆبیا بوونە. بەردەوام زوڕنای ئەوە لێدەدەن، کە دامەزراندنی دەوڵـەتی کوردسـتان، دەبـێـتـة هـۆی هـەڕەشـە بۆیان و مەتـرسـیـیە بۆ سـەر ئاسایـشی نەتـەوەییـان. بەڵام ئـەم تـومەتـانە زۆر دوورن لە راسـتییەوە، بـیانـوویـەکە بـۆ ئـەوەی گەلەکـۆمەیی لە ئـێـمەی کورد بکەن و سەرکـوتـمان بـکەن. بە قـێـزەوەنـتریـن شـێواز، هـەوڵی سـڕیـنەوەی ناسـنامەی نەتەوەیـیمان دەدەن. ئەوەتـا (ئەحـمـەد شەرع) یـشـیان فـێری ژەنینی هـەمان زۆڕنا و مەبەسـت گڵاو کردووە، گوایە بەڕێوەبەرایەتـیی خۆسـەر و هـێزەکـانی هـەسـەدە لە رۆژئـاوای کوردستان، مەترسییە بـۆ سەر ئاسایشی تورکیا و عـێراق. بـەڵام لە راسـتـیدا، ئـەوەی ئاسـوودەیی و ئاشـتی و سەقـامگـیریی رۆژهـەڵاتی ناوەڕاسـتی تـێکـداوە گـەلی کـورد نـیـیە، بـەڵکـو دەوڵـەتە داگـیرکەرەکانی کوردسـتانـن. چـونکە درێــژە بە کـۆمەڵکـوژی کـورد دەدەن و دان بە نەتەوەی کوردا نانـێن. بەڵام با داگـیرکەرانی کوردستان باش بـزانـن تا کوردێک بـمێـنێـت، ئەستەمە کە دەست لە مافـە نەتەوەییەکانـمان هەڵبگـریـن. ئـەوەی ئێـوە بە خـۆتـانی رەوا دەبیـنن، بـۆچی بـۆ کـورد ناڕەوایە؟! بۆ ئێوە دەوڵەتی نەتەوەییتان هەبێـت، کورد نەیـبێـت؟ بانـێکە و دوو هـەوا؟
بە کورتی باس لە را و بـۆچـوونەکانـم دەکەم، کە بـۆچی تا ئـێستا دەوڵەتی کوردستانمان دانەمەزراندووە. ئەو بەرهەڵستی و بەرۆکگیرییانە چین کە هۆکاربوونە بۆ نەهـێنانەدیی ئەم هـیوا و ئامانجەی ئێمەی کوردی تینوی ئازادی و رزگاری و ئاشتی و سەقامگـیری؟ لەم خـاڵانەدا، بە کـورتی و بە چـڕی، گوزارشــت لە دیـد و لە رای تایبـەتی خـۆم دەکەم. چەنـد هـۆکـارێـکی نەبـوونـمان بـە دەوڵـەتی کوردستانی سـەربـەخـۆ دەخـەمـە روو:
١ـ نەبـوونی سەرکـردەیـەکی کاریـزمـای نەتـەوەیی کورد: ناڵـێم سەرکـردەی شۆڕشگـێڕ و ئـازا و گـیانـبەخـش و دڵـسـۆزمـان لـێـهـەڵـنەکـەوتـووە، بـەڵام لە دوای دیـاکـۆ پاشای دامـەزرێـنەی ئـیمـپراتـۆرییەتی مـادەوە، تا ئێـستا سەرکـردەیەکی کاریـزمـای نەتـەوەیی کوردمان لـێهـەڵـنەکەوتـووە، کە تـوانیبێـتی، لەژێـر چەتـری کوردایـەتـیدا زۆربەی گەلی کوردمان لە شۆڕشێکی رزگاریخوازی گشتی نەتەوەییدا یەکبخات و دەوڵەتی کوردستانی یەکگـرتـوو رابـگەیـەنـێـت. سـەرکـردەی کـاریـزمـای نەتـەوەیی ئـازا، نـابـێـت چـاوەڕێی هـەل بـکات، پێـویـستە خـۆێ هـەل دروسـت بـکات.
٢ـ نەبوونی پلانێکی تـۆکـمەی داڕێـژراو و نە نەخـشەڕێگایەکی ستراتیژی و کۆنکـریتی نەتەوەیی کوردی: تا ئەمڕۆش نە پلان و نەنەخشەڕێگایەکی ستراتیـژیی یەکگـرتـوومان نیـیە. بە کـۆنکـرێـتـیش داوا نەتـەوەییـەکانمان نەکـراون بە پـرۆگرام و بە بەرنامـەیەکی نەتـەوەیی ئـامـادەکـراو، تـا لـە دانـووسـانـەکـان و لـە گـفـتوگـۆکـانـدا لەگـەڵ دەوڵـەتـانی دەستبەسەراگرتـووی کوردستان، بە راشکاوی و بـێـترس و شەرم، پێیان بڵـێـین ئەمانە داواکان و مافـەکانی گەلەکەمانـن. زۆر جـار بە مـافـێکی لاوەکـیـیەوە سەرقـاڵ بـوویـنە.
٣ـ گەلەکـۆمەی بەردەوامی دەوڵـەتـانی داگـیرکەرانی کوردسـتان: لە دژی خەبـاتی کورد بۆ بەدەستهـێنانی مافـەکانمان. ئـەو هەمـوو هـاوپەیمـانییەی کە دەوڵەتانی داگـیرکەرانی کوردستان پێکیان هـێنا، هەموویان لە دژی نەتەوەی کورد بوون. وەک: پەیمانی لۆزان لـە (١٩٢٣) و پـەیـمـانی سـەعــد ئابـاد لە (١٩٣٧) و پـەیـمـانی بەغـدا لە (١٩٥٥) و پەیمـانی جەزائـیر لە (١٩٧٥). ئامـانجی سـەرەکی ئـەم پەمانـانە، دژایەتیکـردنی مـافە رەواکـانی کـورد و رێـگـریکـردن بـوون، لـە سـەرهـەڵـدانی دەوڵـەتی کوردسـتان.
٤ـ ناهـاوسـەنـگی لە ژمـارەی هــێـز و لە چـەکـدا: دوژمنانی کورد، هـەمـوو جارێک بە زەبەلاحـترین سـوپـا و بە مـۆدێـرتـری چـەکی کـوشـنـدە، پەلامـاری کـوردیـان داوە و بە شێوەیەکی دڕندانە و نامەردانە رەشەکوژی و کۆمەڵکوژیی خەڵکی سڤـیلی کوردستانیان کـردوون و سـیاسـەتی زەویی سـووتـاویـان لـە کـوردسـتانـدا پەیـڕەوی کـردوون. بـەڵام زۆرتـریـن ژمـارەی پـێـشـمەرگـەی کوردسـتان، لە (١٥٠) هـەزار تـێـنەپـەڕیـوە. چـەکی سەرەکی پێـشمەرگەش، تـفـەنگ و کڵاشـینکـۆف بـووە، بەرانبەر بە مـۆدێـرتـریـن تـۆپ و تانک و فـرۆکە، تا دەگاتە راجـیمە و رۆکـیتی بالـیستی دوورهـاوێـژ و درۆنی خۆکـژی و چەکی کـیـمـیاوی و فـسـفـۆری. خۆ ئەگەر دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان، چەکی ئەتـۆميـش بەدەسـتبهـێـنن، لـێـیانـدەوەشـێـتەوە کە لە کوشتنی کورد دا، تاقی بکەنەوە.
٥ـ نەبـوونی ژێـرخانێکی دارایی: بۆ دابینکردنی بژێـوی ژیان و کڕینی پێداویستییەکانی درێـژەدان بە شـۆرش و بە خەبـات. ئەگـەرچی کوردسـتان لەسـەر دەریـایەکی نـەوت و گـاز دایە، ئەمـڕۆشی لەگەڵـدا بێت، کـورد خـێری لە نەوتـەکەی نەبـیـنیوە، تەنیا بـۆن و دووکەڵەکەی بۆ کورد بـووە. داگیرکەرانی کوردستان، هەر بە پارەی نەوتی کوردستان، کوشندەتـرین چەکـیان کـڕیـوە و کوردیان پێیان ژینۆسایـد کردووە و کوردستانیان پێیان وێـران کـردوون. ئەوەتا رژێـمی تـازەی عـێراق ناردنی مووچەی باشووری کوردسـتان وەک چەکـێکی بـرسیکـردنی گەلی کوردمان و فـشارێـکی سیاسی و دژی سەربـەخـۆیی ئابـووریی کوردسـتان بەکاردەهـێن، بۆ ئەوەی نـەوت و گاز و داهـاتەکانی کوردستانیان رادەست بـکەن. تا کورد و کوردستان، نەبێـت بە خاوەنی ژێـرخانێکی ئابـووریی خـۆی.
نـزیکترین تاوان دژ بە سامان و ژێـرخانی کوردستان، بۆردمان کـردن و ئاگـرتێبەردانی گازی(کۆرمۆر) بوو لە ناحیەی قادرکەرەم ـ پارێزگای سلێمانی لە باشووری کوردستان.
٦ـ گەمـاروو خـسـتـنە سـەر کـوردسـتان: هـەمـوو جـارێـک داگـیرکـەرانی کـوردسـتان، وەک چەکـێک بـۆ بـرسیکـردنی خەڵکی کوردسـتان و سەرقـاڵکـردنمان بە دابینکـردنی بژێوی ژیان، یان بە مەبەستی لاوازکردنی شۆڕشەکانی کوردستان. گەمارۆی ئابووریی گـشتـییان خـستووەتە سـەر کوردستان، کە ببوونە هـۆی گرانی و سەخـتی ژیـان و کەم دەرمـانی و بـێ کـاری و هـەژاری و کاری قـاچـاغی. بـۆ نمـوونە لە سـەردەمی رژێـمی بەعـسی شۆڤـێنی عەرەبیدا، لە بازگەی نێوان کەرکووک چەمچەماڵ، لەسەر گاڵـۆنـێک نـەوت. کە ژنێکی بە تەمەنی کـورد لە کەرکووکەوە هاردبووی، نەوتـەکەیان بە گـیانی ژنـەکەدا پـرژانـد و ئـاگـریـان تـێـبەردا. لە بـازگـەی نێـوان (کـەرکـووک ـ شـوان) یـش، لەسەر دوو کـیلـۆ چـای، پیـاوێکی گـونـدی حەسـاری گـەورەی سـەر نـاوچـەی شـوان، لـەسەر ئەو دوو کـیلـۆ چـایە لە سێـدارەیـان دا.
لە ئەمڕۆشدا لە رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژی لاوێکی کۆڵبەر یا زیاتر، بە دەستڕێـژی پاسداران و سوپـای دڕنـدەی رژێـمی کۆنەپەرستی، کـۆمـاری پـەت و سـێـداری ئێرانی ئـیـسلامی، جـوانـەمـەرگ دەکـرێـن.
٧ـ زۆربـەی سەرکـردەکـانی کـورد، گەمـەکەرێـکی سـیاسی زیـرەک نەبـوون: سـیاسەت هـونـەری فـڕوفـێـڵ و هـەڵخـەڵـەتـانـدنە. ئەگـەر مـن نەتـوانـم تـۆ هـەڵـبخـەڵـەتـێـنـم، تـۆ دەتـوانیت من هـەڵـبخەڵـەتـێنیـت. سەرکـردەکانی کوردمـان نەیانتوانیـوە بە وردی نـاخ و نیـازی سەرکردەکانی نەیـارانی کورد بخـوێـننەوە. سوود و پەنـد و وانەشیـان لە مـێژوو و لە بەسـەرهـات و لە نەهـامـەتـیـیەکـانی گەلـەکەمـان وەرنـەگـرتـوون و چەنـدیـن جـار کەوتـوونـەتە داوی نەیـارانی کوردەوە. هەمیـشە لە سـیاسـەت و لە دانـووسانـدنەکان و لە گفـتۆگۆکانـدا، هـەڵخـەڵـەتاون و بـڕوایـان بە زەردەخـەنـە ژەهـراویـیەکانی سەرکردە نەیارەکانی کورد کردوون. ئەو دستکەوتانەی کە بە گیانبەخـشینی هـەزاران پێـشمەرگە و بە دەریایەکی خوێن و بە رووبارێکی فرمێسک هـێنایانمانەدی، کەچی سەرکردەکانی کوردمان، بە کەفـرکونـێک، لەسەر مـێزی گفـتوگۆدا دۆڕاندوویانـن. چونکە زۆربەیان کەسی نەشیاون لە شـوێنی شیاودا و لە سیاسەت و لە هـونەری تاکتیک و گـڤـتوکـۆدا، نابەڵـدن. گەلی کوردمان باجـێکی زۆری نەزانـین و هەڵـەکانی سەرکردەکانی کوردیـان داونەتەوە و دەدەنەوە. ئایە ئەوە دۆڕاندن نییە، که پارێـزگای کەرکووک و خانەقـین و ناوچـە داگیرکراوەکانی تـرمان، کە بەشێکـن لە کوردستان و زۆربەیان کـوردن. رازی ببـن بە راپـرسی؟! کە دەزانـن هـیچ گومانـێکی تێـدا نییە و کەرکـووک لە بـوونـییەوە، بەشـێکە بـووە لە کوردستان، بـۆچی بە راپرسی رازیبـوون؟ رازی بوونتان دۆڕانـدنی کەرکووکە. ئـێمەی کورد خۆمان دەڵـێین: بەردێک نەزان بـیخاتە ناو گـۆمێکی ئاوەوە، بە هەزاران زانا دەرنایات. ئێستاش بە عەرەبکردنی ئەو ناوچانەمان، تۆخـتر لەپێشتر درێـژەی هـەیە. کەچی لـێی بێدەنگـن. کـوا دڵی کوردستان و قـودسی کوردسـتان؟؟ بە قـسـەی زل و بە دروشمی بـریقـەدار کەرکـووکتان بۆ رزگار ناکـرێـت. ئەی نەتانـوت: کەرکووک هـێڵی سوورمانە؟؟ کەچی لە ئێستادا، نە سەرکردەکان و نە پەرلەمانتارانی کورد، نـاوی جـێبەجـێکردنی مـادەی “١٤٠” ناهـێـنن. کـورد لە کەرکـووکـدا رۆژانە، باجێکی زۆری ئەم هەڵەیە و دۆڕاندنەتان دەدەنەوە. تاکەی لەسەر پۆست و باڵادەستی حیزبایەتی، لە کەرکـووک و لـە نـاوچـە داگـیرکـراوەکـانی تـرمان، حـیزبـایـەتی دەکـەن و پـشـتان لـە کـوردایـەتی کـرووە؟ بـۆ بـیـر نـاکـەنـەوە؟ بـۆ بەخـۆتـانـدا نـاچـنەوە؟!
٨ـ مـلمـلانێ و ناکـۆکـیی بەردەوامی نێـوان حـیزبە کوردستانییەکـان: فـرە کوێخـایی و نەبـوونی یەکـێـتی و یەکهـەڵـوێـستی و یـەک وتـاری نەتـەوەیی کـوردی، گـەورەتـریـن زیانیان بە پـرسی کورد گەیانـدوون. لە ئەمـڕۆدا لە هەمـوو کوردستاندا، زیاتر لە سەد حـیزبی سیاسی و رێکخـراوی کوردیمان هـەیە. هـیچـیان لەگەڵ یەکـتریـدا تەبا و رێک نـین. دۆژمنانی کورد و کوردستانیش ئـەم خاڵە نەرێنییەیان قـۆسـتوونەتەوە، بەنـزیـن دەکەنە ژێـریان و ئاگـرەکە خۆشتر دەکەن. تا ئەمڕۆش سـیاسەتی ” پەرتکە و زاڵـبە” وەک چەکێک لە دژی کورد بەکاری دەهـێنن. بەداخەوە کە زۆر جار ئەم ملـملانـێیەتان، شەڕی بـراگـوژیی لـێکەوتـووتەوە و بە دەیان پـێـشمەرگەی بێتاوانتان کردە قـوربـانیی بـێـباکـیـتان. بەداخـەوە تا ئـێـستاش پەنـدتـان لـەم هـەڵانـەتـان وەرنەگـرتـوون!

کاتی خۆی (سەدام حوسێن)ی گۆڕبەگۆڕ، لە دانووسانێکـدا لەگەڵ شاندێکی گڤـتوگۆی کـوردیـدا لە بەغـدا، بە تەوسـەوە، بە شانـدە کوردییـەکەی وت: باشـە کە دەتانـەوێـت کەرکـووک بگـەڕێتەوە بۆ سـەر کوردستان، دەتانەوێـت بگەڕێتـەوە بۆ سەر هـەولـێر یان بـۆ سـەر سـلـێـمـانی؟
٩ـ تا ئەمـڕۆش نەبـووینە بە خـاوەنی سـوپایەکی یەکگـرتووی نیشـتـمانی کوردسـتان: بە راستی ئێمەی کورد جیاوازین؟ دوو سەرکردە و دوو هـێـزی پـێـشـمەرگەمان هـەیە. هـێزی حەفـتا و هـێزی هـەشـتا. بـێجگە لەوەی هـەر حـیزبـێک چـەکـداران و پارسـتن و ئاسـایـشی تایـبەتی خـۆی هـەیە. هـەر سـەرۆک هـۆزێـک کـۆمەڵـێک چەکـداری هـەیە. حـیزبـەکـان وایـان کـردووە، کـە پـێـشـمەرگە هـاوبەسـتەبـوونیـان بـۆ حـیزبەکـانیـان هـەبـێـت. ئەمـەش خـاڵـێکی نـەرێـنی و لاوازە و زیـانـێکی زۆری بـە بـزووتنـەوەی رزگـاریخـوازی کـورد گـەیـانـدووە و دەگـەیەنـێـت.
١٠ـ ناپـاکی و جـاشـایەتی و پـێـشکەوتـنی لەشکـری دوژمـنانی کـورد و کوردســتان: زیـانێکی زۆریان لە هەمـوو شـۆرشەکانی کوردستان داون. بەڵکو هـۆیەکی سەرەکـیی شکـستهـێـنانی شـۆرشەکـانی کوردسـتان بـوونە. بەداخـەوە کە جاشـایـەتی و ناپـاکی و خـۆفـرۆشـتن و نـۆکـەری لەنـاو کوردا بـنـبـڕ نەبـوونە.
(ناپـلـيۆن) دەڵـێـت:” نـەمتـوانی ئـیـسـپانیـا بـگـرم، چـونـکە جـاشـیان نەبـوو”
١١ـ تا ئەمـڕۆش چـالاکی دیـپلـۆمـاتی کـورد لە دەرەوەی کوردستانـدا لاوازە: تا ئەمـڕۆ لـۆبییەکی کوردمان نییە، کە بتوانێـت تاوانەکانی کۆمەڵکـوژی و ئەنفـال و کـیمـیابارانی کورد، وەک تاوانی دژ بە مـرۆڤـایەتی و تاوانی نێـودەوڵەتی، بـیانـقـۆزینـەوە و بتوانـین کاریان لەسەر بکەیـن و کاریگەری لەسەر لەسەر حکـوومەت و پەرلەمانەکانی جیهـان دروست بکەین و پاڵپشتیان بۆ پـرسی کـورد و سەربەخۆیی کوردستان بەدەستبهـێـنین.
١٢ـ تا ئەمـڕۆش دەوڵـەتە زلهـێـزەکـان، کە کـاریگەرییان لەسـەر بـڕیارەکـاندا هـەیە: دووفـاقـین و بـە فـەرمی پشـتگـیری لە سەرهـەڵـدانی دەوڵـەتی کوردسـتان نـاکـەن. تا ئیشیان پێمان هـەبێـت دەمناسن، دوایی پـشـتمان تێـدەکەن و بەرژەوەنـدییەکانی خۆیان لەبەرچاودەگرن. بە چەکی مـۆدێرنی دەوڵەتە زلهـێزەکانیش بوو، کورد ژینـۆساید کرا.
١٣ـ تا ئێستا چەند جاریک هەلی راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان بۆ کورد هەڵکەوتووە: بەڵام بە هـۆی ئامادە نەبوونمان و پەرتەوازەییمان و نەبوونی سەرکـردایەتییەکی بوێر، ئـەو هـەلانەمـان لەدەست داون. لە دوای راپەڕیـن و دوای رووخـانی سـەدام و حـیزبی بەعـس لە (٢٠٠٣) دا. دەبـوایە کورد لە باشووری کوردستانـدا، بڕیـاری سەربەخۆیی بـدایە، گەر بەرگـریـشمان بکـردایە. بەقـەد شـەڕەکانی بـراکـوژی، قـوربانـیمان نـەدەدا.
١٤ـ کـێـشەی کـورد، کـێـشەیـەکی سـۆزداری و بـەزەیی نـیـیە: کـێـشەیـەکی نـەتـەوەیی سیاسییە، کێشەی کوردی ماف زەوتکـراو و کوردستان داگیرکراوە. کێشەی رێگرییە لە بەدەستهێنانی مافەکانمان و لە مافی چارەنووسینمان و راگەیانـدنی دەوڵەتی کوردستان.
١٥ـ میـدیـاکـانی کوردسـتان لاوازن: بە داخـەوە کە مـیـدیـاکانـمان بە تـرس و لـەرزەوە ناوی سەربەخـۆیی کوردستان دەهـێنـن. زۆربەشیان میـدیای سـنوورداری حـیزبەکانـن. پێویستیمان بە میـدیای ئازاد هەیە، کە بە راشکاوی باس لە دەوڵەتی کوردستان بکەن.
١٦ـ نەبـوونی دەروازەیەکی کوردستان لەسەر دەریـا: کە ناتوانین راستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ وڵاتـاندا بکەین ـ ئەگـەرچی لکـێکی نەخـشەی کوردستان لەسەر دەریـای سـپیی ناوەڕاسـت و لکـێکی کەشی لەسەر کەنـداوی عـەرەبە ـ بەڵام داگـیرکەرانی کوردستان، ئەو دەروازانەیان لێـداگیرکردوویـن و لە دەریا دایانبڕیـویـن. پێـموایە ئەمە هـۆکارێکی سەرەکـییە، لە دانەمەزرانـدنی دەوڵـەتی کوردسـتان. بـێگـومان یەکـێک لە ئامانجەکانی هـێـڕشکـردنی تـورکـیا بۆ سـەر رۆژئـاوای کوردسـتان و داگـیرکردنی شاری ئەفـریـن، بـۆ ئـەوەیە، کـە نەهـێـڵـن کـورد بگـاتە سـەر دەریـای سـپی نـاوەڕاسـت.
ئـەو هـۆکـار و فـاکـتەرانە و چەنـدیـن هـۆکـار و بەرۆکـگـیـریی دیـکەش هـەن، کـە تا ئەمـڕۆ بەربەستـن لەرێی دامـەزرانـدنی دەوڵەتی کوردسـتان و لە هـێـنانـەدی خەون و هـیوای حـەفـتا و پـێـنج مـلـیـۆن کـورد لە سـەرانـسەری جـیهـانـدا.
ئەو تاوانانە تـراژیـدییانەی کە داگـیرکەرانی کوردستان لە دژی کورد ئەنجـامیان داون، هەمـوویان تاوانی نێودەوڵەتـین و تاوانی جەنگی دژ بە مـرۆڤایەتین. بەداخەوە نەتەوە یەکگرتـووەکان و رێکخراوەکانی مافەکانی مـرۆڤ و هـیومان رایـتـس ۆوچ، لە ئاستی ئەم تاوانانەی کە لە کورد کراون و دەکـرێـن: کوێـرن و کـەڕن و لاڵـن و قـوڕوقـەپـیان لێکردووە. چونکە بەرژەوەنـدییەکانی وڵاتـەکانیـان، لەسەری مـرۆڤـایەتی و ویـژدان و رەوشـتەوەیـە. ئەمەش پەڵـەیەکی رەشە بە نیـوچـەوانی نەتـەوە یەکگـرتووەکانەوە.
بـەڵام هـەرگـیز رەشـبـین و بێ هـیـوا نیـن. لـە ئەمـڕۆدا دەوڵـەتی کوردسـتان لە نـاخی هەمـوو کوردێکی دڵسۆز و گەشبیندا دروست بـووە. زووبێت یا درەنگ بێت، دوژمنان پێـیان خۆشبێـت یان پێـیان ناخۆشبێـت، لە داهاتوودا دەوڵـەتی کوردستان رادەگەیەنین. هـیچ داگـیرکەرێک و هـیچ هـێـزێک، ناتوانـن چـرای هـیوامـان بکـوژێنـنەوە. باشترین بەڵگەش ریـفـرانـدۆمەکەی (٢٥/ سێپتەمبەر/ ٢٠١٧) یە، لە باشـووری کوردستانـدا ـ ئەگەرچی کاتەکەی گونجاو نەبـوو ـ پاڵـپشتی نێـودەوڵەتیـمان لەگەڵـدا نەبوو ـ بەڵام لە (٩٢%) ی خەڵکی کوردستان دەنگـیان بۆ سەربەخـۆیی کوردستان دا، بۆ جیهـانـدیان سەلمـانـد کە دامەزرانـدنی دەوڵـەتی کوردستان خواستی هەمـوو کوردێـکە. دیـسان بە گەلەکۆمەیەکی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردسـتان، کە لەلایـەن هـێـزەکانی ئەمـریکاوە چـرای سـەوزیان بۆ هـەڵکـرا. بە چـەکی قـورس و بە شـێوەیـەکی دڕنـدانـە پـەلامـاری کوردیـان دا و کەرکـووک و ناوچـەکانی تری کوردستانیان داگـیرکـردەوە. تا ئەمـڕۆش ئەم ناوچانەمان سـەقـامگـیرییان تێـدا نیـیە و لە تـرس و دڵەڕاوکـێـدان. چونکە لەژێـر دەسەڵاتی سوپـای عـەرەبیـدان و بـووە بە ناوچـەیەکی سەربـازیی داگـیرکـراو. رۆژانە گـێـچـەڵ بە کـوردانی ئـەم نـاوچـەیە دەکـەن، کـە زێـدی هـەزاران ساڵـەمـانە. کەسـانی نامـۆیان بۆ هـێـناون، دیانـەوێـت بە زەبـری هـێز و بە هەڕەشە و تـرسانـدن، کـۆچ بە کـورد بکەن و دیمـۆگـرافـیای ناوچەکە، لـە بەرژەوەنـدی نەتـەوەی عـەرەب بگـۆڕن و رێـژەی کورد کەم بکەنەوە و دەست بەسەر زەوییەکانی جووتیارانی کوردمان بگرن و بیاندەن بە عـەرەبی هـاوردە. ئەم سیاسەتەش تـازە نییە، نیـازی گڵاوی یەک لە دوای یەکی حکوومەتە شۆڤێنییەکانی عـێراق بووە، بە حکوومەتەکەی عـێراقی ئێستاشەوە. لە عـومـەری کـوڕی خەتـابەوە تا ئەمـڕۆ هـەر هـەمـان نیـازی داگـیرکـارییـە.
من پیـموایە لە دوای دانان بە (دەوڵەتی فەلەستین) دا، پرسی کورد و کوردستان زیاتر دەورووژێـت و دەبـێـتە کـێـشەی سەرەکـیی چارەسەرنەکـراوی رۆژهـەڵاتی ناوەڕاست. بۆیە پێویستە سەرکـردەکانی کورد، لە هەموو کوردستاندا، ئامادە و هـۆشیاربن و پلان
و نەخـشەیان هەبێـت و هـەوڵبدەن بە وردی گریمانە و ئەگەرەکان بخـوێـننەوە. بتوانن سـوود لە هـەل و لە گـۆڕانکارییەکان و لە دۆخەکانی ئەمـڕۆی رۆژهـەڵاتی ناوەڕاسـت وەربگـرن. کە تا رادەیـەک لە بەرژەوەنـدی کورد دان. بۆ ئەم مەبەستەش پێـویستە لە زووتـرین کاتـدا، کۆنگـرەیەکی گـشتی نیـشـتمانی نەتەوەیی کورد ببەستن، کە نوێنەری هەمـوو بەشەکانی کوردستانی تێـدا بێـت. بەبێ تـرس و بە ئازادی باس لە ئەمڕۆ و لە داهـاتـووی کوردسـتان بـکەن. دەرئـەنجـام یـەک وتـاری سـیاسی و نەتـەوەیی و یـەک هەڵـوێـستبن. کارنامەی سەرەکی کۆنگرەکە، دامەزرانـدنی (دەوڵەتی کوردستان) بێـت. بە دەنگی زۆرینە، بڕیارەکانی کۆنگـرە پەسەند بکەن و هەموو لایەنەکان، پابەندبن بە بـڕیـارەکانییەوە. پێـویـستە ئـەوە باش بـزانـن، کە چـارەنـووسی هـەمـوو کـورد، یـەک چـارەنـووسـە. بـۆیـە دەبـێـت بەرژەوەنـدیی بـاڵای گەلـەکەمـان، لە سـەرووی هـەمـوو بەرژەوەنـدیـیـەکـەوە بـێـت. داهـاتـوویـەکی باشـتر بـۆ کـورد و کوردسـتان، لە دەسـتی سەرکـردەکانی ئەمـڕۆمان دایە، ئەمەش بەرپـرسیارێتییەکی نەتەوەی چارەنـووسسازە. هـەر کەمتەرخەمی و سازشکـردن و هـەڵـەیەکی سـتراتیـژی بکەن. یان ناپـاکی بکەن، خـەون و هـیوای حەفـتا و پـێـنج مـلیـۆن کورد لەدەست دەدەن. گـەر ناپـاکی بـکەن نە مێژوو و نە نەوەی داهاتـوومان لـێیان نابوورن و رۆژانەش نەفـرەت بارانیان دەکەن.

راسـتە کە راگەیانـدنی دەوڵـەتی کوردستان، لەنێـو دوورگەیـەکی نەیـاران و ناحـەزانی کورددا، بڕیارێکی ئاسان نییە. بەڵام هەر خۆمان دەڵێین “ئەوی بترسێت ناخەلەسێت”. تا لەژێردەستی داگیرکەراندا بمێنینەوە، هیچ بە هیچ ناکەین و زیاتر دەمانچەوسێننەوە.
لە کـۆتـاییدا، دووبـارەی دەکەمەوە، ئەگەر ئـێـمەی کـورد، یەکگـرتـوو و یەکـدەنـگ و یەکهەڵـوێـست و یەکـوتار بین. دەتوانین گەورترین داگیرکەران و نەیارانی کوردستان بە چـۆکـبهـێـنـین و بـڕیـاری دامـەزرانـدنی دەوڵـەتی کوردسـتان بـدەیـن.
پێـویـستە لۆبـیـیەکی بەهـێز و چالاکی دیـپلـۆمـاتی کوردی، لە دەرەوەی کوردستان، لە نوێنەری هەموو بەشەکانی کوردستان پێکـبهـێـنین و کە ناسراوبـن و زمانـزانێ باشی ئینگـلیزی بن. ئاستێکی نەتـەوەیی و شارەزایی باڵایان هـەبێـت. بانـگەشە بۆ دەوڵـەت کوردستان بکەن و بتـوانن فـشار بخەنە سەر پەرلەمان و حکـوومەتەکانی جیهـان. بە تایبەتـیش وڵاتـانی زلهـێـز. پاڵپشـت و لایەنگـران بۆ راگەیانـدنی دەوڵـەتی کوردسـتان. دەبـێـت خـۆمـان هـەوڵـبدەیـن و بـۆ ئـەم هـیـوا و ئامـانجـە رەوا و پـیرۆزە کـاربکەین.

لـەبـەردەم ویـسـت و ئـیـرادەیـەکی پـۆڵایـن و بـریـارێـکـی تـوکـمـە و سـەرسـەخـتـیی خـەبـات و تـێکۆشـانـدا، شـتێک نـییە کە نـاوی ئەسـتەم بێـت. زەبـەلاحـتریـن سـوپای داگـیرکـەر و دڕنـدەتـریـن دیـکـتـاتـۆر و سـەخـتریـن قـەڵا و شـوورە و مـۆدێـرتـریـن چـەکی کـوشـندەدا، ناتـوانـن لە بـەردەم، تـەوژمی شەپـۆڵەکانی تـسـۆنامی ئێـراردەی پـۆڵایـین و رق و تـووڕەیی راپـەڕینی گـەلـێکی ســتەمـلـێکـراوی مـاف زەوتکـراو و نـیـشـتـمـان داگـیرکـراودا، بـتـوانـن خـۆیـان بـگـرن.

(*) بۆ ئەم نووسـینەم، تا رادەیەک سـوودم لە زیاتر لە (٣٥) ماڵـپەڕی ئینگـلیزی و کـوردی و عـەرەبی و سـەرچـاوەی تـر ر وەرگـرتـووە.

دوبـەی: ٢٠٢٥




شانۆگەریی شیعری.. کەنعان مدحەت

(١)
تولە سەگێ
ڕوو لە گەماڵێ دەکا و دەپرسێ
گەر تۆ دایکمی،
باوکم کێیە و چ ڕەگەیە
سەر بە چ بنەماڵە و تایەفە و لقە زمانێکە.. دایە؟
گەماڵە سەگ،
بۆ وەڵامێکی باوەڕ پێکراو
چاو بە حەشاماتە خوێڕیی دەورووبەرا دێنێ و
لە بێ دڵنیایی
شەرمەزار و سەرشۆڕ
بە حەپەیەکی لە چپە چوو، کۆتا بە
شانۆگەریی سەددە
دێنێ

(٢)
چی ڕیش سپی شارە؛ پەمو لە گوێ
دەسەڵاتدار؛ تینو و
برسیی،
ئاونگی سەر لێو و
نەرمە سەرموهری دوو توێیە.
منی نیگەرانیش؛
لە کونی کلیلی دەرگاوە
پیتی هۆنراوە سەروقنگ هەڵواسراوەکانی
بە تەڵە و داوەوەم
لە ئەلفوبێی،
پێ بە کۆت و زنجیرەوە
بۆسەر زمانێکی کێویی دەستکاری نەکراو
دەگۆڕمەوە
ڕاتەکانێ
لە ڕێی شیعری ئازادەوە
لادێ بە شارەوە
گرێ بدات