پیشەسازیی وەهمەکان.. نووسینی: کەریم جدی.. و: یاسین لەتیف

‏‏١
‏ئایا وەهمەکان بە مرۆڤەوە نووساون؟ ئایا دروستکردنی وەهم لە ژیانی مرۆڤایەتی و لە ڕۆژگاری ئێستاماندا پێویستییە؟
‏ئایا دڵخۆش دەبیت یان غەمبار، ئەگەر وەهمێکت لەدەست دا؟
‏٢
‏ناتوانین باسی وەهم بکەین بەبێ باسی خەیاڵ و خەون. جگە لەوەی بیرمەندان و فەیلەسوفان مرۆڤ بە “گیانلەبەرە باڵاکە” و “گیانلەبەری قسەکەر” ناودەبەن، سیفەتی تریشیان خستۆتە پاڵی وەک “گیانلەبەری بیرکەرەوە” و “ئەو گیانلەبەرەی خەون دەبینێت”. ‏خەیاڵ لە چوارچێوەی چالاکییە هزرییەکانی مرۆڤدایە. خەیاڵ ئازاد و بێ سنوورە، هەرچەندە پەیوەندی بە دەوروبەر و ئاستی بیرکردنەوەوە هەیە، بەڵام سیفەتی فڕین، کراوەیی، نەرمی و ڕۆشتنی بەرەو دوورترین و نامۆترین شوێنەکانی هەیە. هەر بۆیە، ئەگەر بکرێت جەستەی مرۆڤ لە ڕووی جوڵە و شوێنەوە سنووردار بکرێت، خەیاڵەکەی سنووردار ناکرێت. بگرە سەلمێنراوە کە هەرچی شوێنی مرۆڤ تەسکتر بێتەوە، زیاتر پەنا بۆ ئازادکردنی خەیاڵ دەبات؛ وەک ئەوەی لەگەڵ زیندانییەکاندا ڕوودەدات. بەڵام دەبێت ئاگادار بین کە پشتگیریکردنی ئەم مەسەلەیە وەک ئامانج، جۆرێکە لە “تراژیکۆمیدیا”، چونکە ئێمە هانی زیندان نادەین بەڵکو هانی باخچە دەدەین. ئێمە لەگەڵ فەزا و ئاسۆی ئازاد و ئەو ڕۆحەداین کە پێویستی بە فراوانی هەیە، چونکە بەبێ فراوانی خەیاڵ کز دەبێت و وشک دەبێت.
‏٣
‏خەون پەیوەندییەکی توندوتۆڵی بە خەیاڵەوە هەیە. دەکرێت خەون بەوە پێناسە بکرێت کە خەیاڵێکە بەرەو ئامانجێک هەنگاو دەنێت؛ ئاواتێکە کە تەماح و ئارەزووی تێدایە بۆ تێپەڕاندنی ئەوەی هەیە بەرەو شتێکی تر. ‏سەیر نییە کە خەون بە یەکێک لە نیشانەکانی ژیان دابنرێت. بگرە داهێنان وا مرۆڤ دادەنێت کە بەبێ خەون مردووە، وەک لە فیلمێکدا دەڵێت:
‏(بەبێ خەون، تۆ مردوویت – Without dream you are dead) ئەوەی خەون نەبینێت، بێدەنگ و بێجوڵە دەبێت. بێدەنگی بەم مانایە نەمانی چالاکییە، و بنەمای چالاکیش پەیوەستە بە ژیانەوە. هەندێک کەس ئەگەر لە خەون بینین بوەستن، پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن.
‏٤
‏ڕەخنەگر و ڕۆماننووسی لوبنانی ئیلیاس خووری دەڵێت: شاعیر یەکەم کەسە دەشکێت ئەگەر خەونەکەی بشکێت، هەروەها یەکەم کەسیشە دەشکێت کاتێک خەونەکەی دێتە دی. بەشی یەکەمی ڕستەکە بە ئاسانی قبوڵ دەکرێت. لای شاعیر خاوەن هەستێکی ناسکە و خەونەکانی تا ئاستی عەشق خۆش دەوێت. خەون بۆ ئەو مەسەلەی “بنەما” و “ستراتیژیی ستراتیژییەکانە”. بۆیە سەیر نییە شاعیر بشکێت ئەگەر خەونەکەی لەدەست بدات. بەڵام ئەوەی کە ئایا شاعیر دوای ئەوە هەڵدەستێتەوە یان نا، بابەتێکی ئەگەرییە و پەیوەستە بە واقیع و خودی شاعیرەکەوە. بەڵام بۆچی و چۆن شاعیر دەشکێت کاتێک خەونەکەی دێتە دی؟ مەگەر شاعیر خەبات بۆ هێنانەدی خەونەکەی ناکات؟ لێرەدا کێشەی خەون و دژایەتییەکەی دەردەکەوێت. ‏خەون وەک خۆراک و وزەیە، پاڵت پێوە دەنێت بۆ بەردەوامی و بەرەو پێشەوە و قووڵتربوونەوە. خەون هەمیشە سەرقاڵت دەکات، بەڵام هەر کە هاتە دی، هەست بە جۆرێک لە بۆشایی و لەدەستدان دەکەیت. چارەسەری ئەم کێشەیە ئەوەیە کە مرۆڤ هەمیشە پێویستی بە خەونی نوێ هەیە، و ژیانیش ئەگەر بە باشی لێی بڕوانین، خەونی زیاترمان پێ دەبەخشێت.
‏پەیوەندی شاعیر بە خەونەوە دەکرێت بۆ هەموو داهێنەران و مرۆڤ بە گشتی گشتگیر بکرێت.
‏٥
‏لە نێوان خەون و وەهمدا داوێکی زۆر تەنک هەیە. جۆرە جۆلانەیەک هەیە کە خەون دەباتە شوێنی وەهم، و وەهم دەباتە شوێنی خەون. وەهم خەونێکی درۆینەیە، عەشقێکە کە خیانەت ئاشکرا دەکات. ئەوەی وەهمی هەڵگرتووە نازانێت کە وەهمە، بەڵکو وەک خەون و تەماح و هەوڵێکی ڕەوا دەیبینێت، دوای ئەوە ئاشکرابوون و دڵنیابوونەوە دێت. کاتێک خەونێک دێتە دی، شادییەکی زۆر دامان دەگرێت (هەرچەندە خەمێکی کەمی لەدەستدانیشمان بۆ دروست بێت)، بەڵام کاتێک خەونەکە دەبێت بە وەهم (واتە زانستی و ڕاست نەبێت)، نائومێدییەکی گەورە دەمانپێکێت.
‏٦
‏لە نیشانەکانی بەدبەختی و بەدبەختەکان ئەوەیە کە وەهم پۆشاکی خەون دەپۆشێت. مرۆڤ ناتوانێت بە ئەنقەست وەهم بۆ خۆی دروست بکات، چونکە وەهم زیان و قسەی پووچە. هەندێک وەهم هەن کە لە نەخۆشییە دەروونییەکانەوە سەرچاوە دەگرن، هەندێکی تریش بەهۆی زیادەڕەویکردن لە هەڵسەنگاندن و بیرکردنەوەدا دروست دەبن. بەڵام ئێمە باسی ئەم جۆرە ناکەین. ئێمە باسی بەرهەمهێنانی وەهم دەکەین بە شێوەیەکی بە ئەنقەست، کاتێک ئەوانی تر وەهمت بۆ دروست دەکەن یان تۆ بۆ ئەوانی دروست دەکەیت. تۆڕێک دەخرێتە خوارەوە، تەڵەکە وەهمە، نێچیرەکەش ماسی نییە بەڵکو ئەو مرۆڤانەن کە هۆشیاری و بەختەوەرییان کەمە. بەرهەمهێنان و کڕین و فرۆشتنی وەهمەکان لە سەردەمی ئێستاماندا لە بوارەکانی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووریدا بازاڕی زۆر گەرمە. سیستەمەکان، دەوڵەتەکان، دامەزراوەکان و تاکەکان ئەم کارە دەکەن. پیشەسازیی وەهم کارێکی سادە نییە، بگرە لە تاقیکردنەوە تاقیگەییەکان ئاڵۆزترە و ئەنجامی چەندین ڕەگەزە کە تۆڕێک پێک دەهێنن. ئەو پرۆسە عەقڵییانەی لە پشت ئەمەوەن دەکرێت ناوی بنێین (سیستەمی فیکری) .
٧
‏ئێمە خەونەکانمان خۆش دەوێت و خەمبار دەبین ئەگەر خەونێک لەدەست بدەین، بەڵام هەندێک کەس هەڵدەستنەوە و بەردەوام دەبن و خۆیان نوێ دەکەنەوە، هەندێکی تریش دەکشێنەوە و گۆشەگیر دەبن. شاعیر مەحموود دەروێش دەڵێت:
‏”خەونێکی جوانم لەدەستدا ‏سۆزی گوڵە لۆتۆسەکانم (زەنبەق) لەدەست دا
‏شەوم درێژ بوو
‏لەسەر پەرژینی باخچەکان
‏بەڵام ڕێگاکەم (ئامانجەکەم) لەدەست نەدا
‏٨
‏ئەدۆلف هێتلەر کاتێک خەونەکەی بوو بە وەهم، خۆی کوشت. ئەو کچەی خەون بە گەنجێکی بێ کەموکوڕییەوە دەبینێت و هەموو ڕۆژێک مەرجێکی نوێ زیاد دەکات، لە کۆتاییدا بە تەنیا و قەیرەیی دەمێنێتەوە. ئەو کەسانەی چاوەڕێن ڕووبارەکە بە پەڕەشووت لە ئاسمانەوە بۆیان بێتە خوارەوە بەبێ ئەوەی هۆکارەکانی سەرکەوتن دابین بکەن، هەمیشە لەناو شکستی و ژێردەستەییدا دەمێننەوە. ئایدیۆلۆژیاش، هەر ئایدیۆلۆژیایەک بێت، کە بیەوێت لە هەموو کات و شوێنێکدا بێت و هەمیشە مەدالیای زێڕ بباتەوە بەبێ لەبەرچاوگرتنی شوێن و کات، ئایدیۆلۆژیایەکی پووچەڵە.
‏٩
‏هەندێک کەس دڵخۆش دەبن کاتێک وەهمەکانیان بۆ دەردەکەوێت، کاتێک هەست دەکەن وەهمێکیان لەدەست داوە یان شتێکیان بردووەتەوە. ‏بەڵام هەندێکی تر تووشی شۆک دەبن، ئومێدی گەورەیان لەسەر هەڵچنیبوو، دەیانویست وەهمەکە هەر بە وەهمی بمێنێتەوە بەبێ ئەوەی بزانن وەهمە. ئای وەهمە ئازیزەکەم!

سەرچاوە:
‏( لە لاپەڕەی فەرمی کەریم جدی وەرگیراوە)





ئایا ئێمە وۆرك شۆپی شانۆییمان هەیە؟.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

وۆرك شۆپی شانۆیی خێراترین رێگەیەكە بۆ راهێنانی شانۆكاران و و ئەكتیفترین فۆرمێكی پراكتیكیە لەم بوارەدا.
لەرێگەی وۆرك شۆپەوە دەتوانین ئامادەكارییەكی زانستی و ئەكادیمی دروست بكەین و ئاستی تواناو دەسەڵاتی شانۆكارانمان بەگشتی بۆ ئاستێكی خوازراو بەرز كەینەوە، بەتایبەت لەڕووی جەستەو ئەداو ئیلقای ئەكتەرو تەقاندنەوەی توانا شاراوەكانی، كەوێرای لایەنە پراكتیكییەكان لایەنی تیۆری و جەستەیی ئەكتەر هاوكوف بەیەكتر دەكات.
ئیدی هەر لەئامادەكردنی تێكستەوە،تا دەگاتە پرۆسەی دەرهێنان و ئەدای ئەكتەرو ئیلقاو ریتمی دەنگ وفۆرمە لێك جیاوازەكانی نمایش، كەچی ئەوەتا لەزۆر لەو پەیمانگاو ئەكادیمییانەی لە مەڕ خۆماندا بەدەگمەن كەسانی شارەزاو پسپۆر شارەزاییان لەبواری شانۆدا كەمە، لەوانەی پەنا بۆ ئەنجامدانی وۆرك شۆپ دەبەن، بۆ ئەوەی پێویستیەكانی ئەكتەرو دەرهێنەریان پێ‌ پڕبكرێتەوە، یان زانیارییەكی زێتر دەربارەی ئەزموونی شانۆیی بخەنە سەر ئەزموونەكانی خۆیان.
زۆر لەو وۆرك شۆپانە دەگەڕێنەوە سەر ئەو رێباز و شێوازانەی كە بلیمەتەكانی شانۆی وەك برێخت، ستانسلافیسكی، كرۆتۆفسكی و مایرهۆل، بیتەر برۆك و زۆرانی دیكە، بۆ راهێنان و ئامادەكردنی ئەكتەر، چ بۆ ئەكتەرە باوەڕپێكراوەكان كە پێویستیان بەئەزموونی هەمیشە هەیە بۆ پەرەپێدانی توانایان، چ بۆ ئەكتەرە بەهرەمەندەكان بۆ پێگەیاندنی تواناكانیان بەشێوازێكی ئەكادیمی و زانستی .
هەمیشە ئەكتەر پێویستی بە هەمەڕەنگی هەیە لەنواندندا ، چونكە سنورێك نیە بۆ داهێنان، لەهەمان كاتیشدا لەڕێگەی ئەو وۆرك شۆپانە دەكرێت ئەكتەر خاڵە لاوازەكانی خۆی بدۆزێتەوەو هەوڵی چارەسەركردنی بۆ بدات.
لای ئێمە وۆرك شۆپی شانۆیی بەدەگمەنەو رەنگە ساڵی جارێ‌ وۆرك شۆپێك ساز نەكرێت ، ئەمەش هیچ كاریگەریەكی نابێت بەسەر ئەكتەر و تواناو دەسەڵاتی نواندنی ئەكتەر، ئەگەر ئەو وۆرك شۆپانە بەردەوام نەبن و بەرنامەڕێژییان بۆ نەكرێت و قۆناغ بە قۆناغ پراكتیك نەكرێن.
جگە لەوەی وۆرك شۆب ، سەرچاوەی سەرەكی هوشیاریی و مەعریفی شانۆكارە بۆ گەشە پێدانی توانستە تیۆریەكانی .
بەڵام لەو نێوەندەدا پرسیارێك دروست دەبێت ئەویش ئەوەیە، كێن ئەو لایەنانەی كە بەرپرسن لەكردنەوەی وۆرك شۆپی شانۆیی؟
بێگومان هەر شوێنێك كە ئەكتەری تێدا كاربكات، بۆی هەیە وۆرك شۆپ بۆ راهێنان و پێگەیاندنی ئەكتەرەكانی دروست بكات، هەر لە زانكۆكان و پەیمانگاو ئەكادیمیەكانەوە بگرە تادەگاتە تیپ و گروپە شانۆییەكانەوە.
بەتایبەت ئەو لایەنانەی كە پسپۆڕن بەكاری شانۆیی، وەك بەڕێوەبەرایەتی شانۆ ، یان بەشی شانۆ لە كولێژو ئەكادیمیاو پەیمانگا هونەرییەكاندا، گرنگە ئەگەر لابووری هەمیشەییان هەبێت بۆ گەشە پێدانی توانستی جەستەیی و دەنگ و ئیلقاو ئەدای شانۆیی .
دەرهێنەرانی خۆمان تەنها لەكاتی خۆئامادەكردن بۆ پێشكەشكردنی شانۆگەریەك كاری راهێنان تەنها بۆ بەرهەمەكانی خۆیان دەكەن، نەك بۆ ئامادەكردنی هەمیشەیی ئەكتەر، بەشی زۆری ئەو راهێنانانەش راهێنانی تەقلیدی و سواون، چونكە تێهەڵكێش نەكراون بە هیچ میتۆدێكی جیهانی و ئەزموونی نوێ بۆ ئامادەكردنی ئەكتەر.
لەلایەنەكی دیكەوە من دڵنیام هیچ لەو دەرهێنەرە تەقلیدیانە ئاشنانین بەهیچ ستایلێكی زانستی و ئەكایمی جیهانی كە ئەكتەرانی جیهان بۆ ئامادەكردنی ئەكتەر پیادەی دەكەن،
لەوانەش ستایلە هاوچاخەكانی شانۆ..
دەرهێنەرە لاوەكانیشمان بەهەمان شێوە سەرچاوەیەكیان نیە بۆ خۆڕاهێنان بەو مەنهەجە جیهانییانە، بۆیە زۆر جاران پشت بەئەزموونی تایبەتی خۆیان دەبەستن.
تا ئێًستا زۆرینەی دەرهێنەرانی ئێمە دەڵێن ئێمە بەستایلی ستانسلافسكی یان برێخت كار دەكەین، بەڵام كام لەوانە وۆرك شۆپێكی جیهانی بینیوە لەسەر ئەو قوتابخانانە؟!
لەكوێوە ئەو ئەزمونانەیان وەرگرتووە تا لێرە لە كوردستان پیادەی بكەن؟
كامەیان ئاشنا بەرێبازی مایرهۆڵدو جاك لۆك و كرۆتۆفسكی و پیتەر برۆك و ئەوانی دیكەن؟ بەشدارییان لەچ وۆرك شۆپێكی تایبەت بەسینۆگرافیاو دەرهێنان و هونەری نووسینی تێكست و چەندین پێكهاتەی دیكەی شانۆیی كردووە بۆ ئەوەی لەو قالبە چەسپاوەی خۆیان دەربێن و تەكانێك بەو جەستەو هزرە سواوەی خۆیان بدەن؟
لە هەموو ئەوانەی تا ئێستا لەبواری وۆرك شۆپدا شوێن پەنجەیان دیارە، د. فازڵ جاف- ە كە تا ئێستا چەندین وۆرك شۆپی لەوڵاتانی ئەوروپاو لە وڵاتانی كەنداوو هەندێ‌ وڵاتی دیكەی عەرەبی ئەنجام داوە، وێڕای چەند وۆرك شۆپی دیكە لە كوردستان،
بەڵام ئەوەندەی ئەو كار بۆ مەغریب و تونس مەراكیش و كویت دەكات خۆزگە نیو ئەوەندەی بۆ شانۆكارە لاوەكانی خۆمان بكردایە كە ئەمڕۆ تا ئەوپەڕی ئێسقان پێویستییان بەشارەزای وەك ئەو هەیە، بەڵام ئەویش پاساوی خۆی هەیەو دەڵێت :
من خۆم بێ‌ ئەوەی داوام لێ‌ بكرێت، یان بانگهێشت بكرێم داوام كردووە كە زەمینە خۆش بكەن بۆ ئەوەی وۆرك شۆپیان بۆ ساز بكەم، كەچی ئەوان ئەوەیان بەلاوە مەبەست نییە و كۆمەڵێ‌ گیروگرفتی ئاوات بۆ دەنێنەوە كەتۆ دەست لەو بیركردنەوەیە هەڵگریت! دەتوانم ئەمەت بە بەڵگە بەنووسراوی فەرمی بۆ بسەلمێنم!
هەردوو هونەرمەندی بەتوانا (نیگار حەسیب قەرەداغی) و (شەماڵ عومەر) كە خاوەنی لابوری لالشن لەوڵاتی ڤیەننا و لەسەر ئاستی جیهان وەك دوو مامۆستاو شارەزای دیاری سازكردنی وۆرك شۆپ ناسراون، بەڵام بەگشتی ئەو وۆرك شۆپانە تا ئێستا كاریگەرییەكی ئەوتۆیان بەسەر شانۆكارانی كورد بەجێ‌ نەهێشتووە، یان بەشێوەیەكی دیكە دەتوانین بڵێین رەنگە ئەو ئەزموونەی ئەوان بۆ گەلانی دیكە خێری زێتری بووە وەك بۆ ئێمە، رەنگە ئەمەشیان گەلێك هۆكاری هەبێت.
من سەرم لەو هاوكێشەیە دەرناچێ‌، بۆچی دەبێ‌ نیگار حەسیب قەرەداغی و شەماڵ عومەر ، وۆرك شۆپ لە ژاپۆن و ئێران و بۆسناو چەندین وڵاتی دیكەی جیهان ساز بكەن كەچی وڵاتی خۆمان ئەو پرسە بەهەند هەڵناگرێ‌ و ئەو شارەزاییانە بانگهێشت ناكات بۆ ئەوەی ئەزموونەكانیان بەخزمەتی وڵاتی خۆیان بەرجەستە بكەن؟
رەنگە ئێمە بۆ سازدانی وۆرك شۆپی شانۆیی پێویستیمان بەشارەزایانی جیهانیش هەبێت،
بەڵام گرنگتر ئەوەیە كە ئێمە لەشارەزاكانی خۆمانەوە دەست پێ بكەین و سوودئەزموونەكانی ئەوان وەربگرین لەو هەلو مەرجەدا بۆ ئەمڕۆی شانۆی كوردی لە بارتر بێت . .
بەلای منەوە گەرم و گوڕی باری شانۆیی هەر تەنها بۆ خۆخستنە سەر شانۆ نابێت،بەبێ‌ گوێدانە ئاستی بەرهەم و هاوكێشەی بەرهەم،بەڵكو گرنگتر لەوە ئەوەیە كە ئێمە هەوڵی گۆڕینی خوێنی شانۆییمان بدەین،شانۆكارە لاوەكانی خۆمان بەشێوازێكی ئەكادیمی و زانستی پەروەردە بكەین،لابوور و وۆرك شۆپی بەردەوام بكەینەوە بۆ دروستبوون و پێگەیاندنیان، هەمیشە لەنەخشەو پلانی كاركردنماندا،مەودایەكە بەرفراوان بەجێبهێڵین بۆ وۆرك شۆپو پێشكەشكردنی محازەراتی شانۆیی دەربارەی پێكهاتە شانۆییەكان و چۆنیەتی بەپراكتیك كردنیان لەسەر شانۆ، بەپشت بەستن بەجەستەی ئەكتەرو دەرهاوێشتەكانی جەستەی ئەكتەر.
لەوڵاتی ئێمەدا دەرهێنەر لەكاتی ئامادە كردنی شانۆ پەنا بۆ پرۆڤە دەبات بۆ راپەڕاندنی بەرهەمەكەی خۆی، بەڵام كار ناكەین بۆ دروست كردنی ئەكتەرو بەرجەستە كردنی جەستەو مەعریفەی شانۆیی لای ئەكتەر بە شێوەیەكی هەمیشەیی، بۆیە لە زۆربەی بەرهەمە شانۆییەكاندا توانستی ئەكتەر لای دەرهێنەرێك بۆ ئەوی تر دەگۆڕێت .
لە هەندێ‌ حاڵەتدا پێویستیمان بە لابوری شانۆیی دەبێت كە رەنگە هەندێ‌ خەسڵەت لای دەرهێنەرێك دەست نەكەون تەنها لە لابوور نەبێت، بۆ نموونە ئەكتەرێكی وەك (لۆرانس ئۆلیفیە) بۆ ماوەی شەش مانگ لە لابورە بەریتانیەكان كاری كردووە بۆ فێر بوونی ئیلقا لەشانۆگەری ئۆتیللۆی شكسسپیر .
نەك هەر تەنها بۆ ئەو ئەكتەرانەی هەوڵی پەرە پێدانی توانستی خۆیان دەدەن، بەڵكو بۆ دروست كردنی نەوە شانۆییەكانمان بەشێوەیەكی ئەكادیمی و پیشەیی، هەمیشە پێویستیمان بە لابوری شانۆیی دەبێت،بەتایبەت بۆ دروست كردنی ئەكتەرو دەرهێنەرو سینۆگرافكارو نەخشەساز كە ئێمە لە سەردەمی ئێستاكەدا بە گشتی لە زۆربەیاندا بێبەشین.

حەیدەر عەبدولڕەحمان




ئەهلی كتێب بە كەڵكی هیچ شتێك نایەت كتێب نەبێت!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

         
                                                        

سێ كاتژمێری ڕێك، لە نێو بازاڕی سەرەكی شاری سۆران، لە چاوەڕوانی هاتنی پزیشك بووم بۆ نۆرینگەكەی، تاكو پشكنین بۆ دایكم بكات . لە ماوەی ئەو سێ كاتژمێرەدا، بە سەدان كچی جوان و بەژن زراڤ، كە بۆنەكانیان مەستی دەكردم، بە بەردەمم دا ڕەت بوون، بە سەدان ئوتومبێلی جوان و دوا مۆدێلم بینی، دەیان باڵەخانەی گەورە و بەرز و بە دیزایینی هونەری جۆراو جۆرم بینی، هەزاران كەسی پۆشتە و پەرداخ بە بەردەممدا ڕەت بوون، كەچی من سەرنجم نەكەوتە سەر ئەمانە هیچیان و لەو كاتەدا، بە نیگەرانی و تاسەوە لە بەرخۆمەوە گوتم:( من ئەگەر ئەو سێ كاتژمێرە لە ماڵ بوومایە، ئێستا سەدو پەنجا لاپەڕەم لە كتێبێك دەخوێندەوە ! ) ئەمە چییە وا لە مرۆڤ دەكات ئەو تێڕوانینەی بۆ كتێب هەبێت؟ بێگومان ژیانێكە كە بۆ كتێب و لە پێناو كتێب و خوێنەوەدایە و هەر تەنها بۆ خوێندنەوەش دەژیت. ئەوانەی بە ڕاستەقینەیی ئەهلی كتێب و خوێندنەوەن، ئەوانەی لە بایەخی كتێب و خوێندنەوە گەیشتوون و ژیانیان بە كتێب بەخشیوە، بێگومان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە هەموو شتەكانی ژیان، دەبێ لە پەراوێزی كتێب دابن . جارێكیان دیمانەی نووسەرێكیم خوێندەوە، دەڵێت هاوسەرەكەم پێی گوتم:( لە نێوان من و كتێبدا دەبێ یەكیان هەڵبژێری، منیش بێ بیركردنەوە و دوودڵی گوتم كتێب هەڵدەبژێرم ) و سەرەنجام جیابووینەوە. ئەهلی كتێب كەسێكە، خەیاڵی لای كچی جوان و ڕاوی ژنان ( لەگەڵ ئەو پەڕی ڕێزم بۆ ژنان كە مەبەستم پیاوانە ) نییە، ئەهلی كتێب خەیاڵی لای لگسس و ئومبێلی گران بەها و كارگە و كۆمپانیاو پەیداكردنی پارە و قازانج نییە، ئەهلی كتێب، خەمی گەڕان و سەیران بە وڵاتان و سێلڤی و وێنەگرتنی نییە، ئەهلی كتێب ئەهلی ڕابواردن لەگەڵ هاوڕێكانی و دانیشتنی سەر مێز و گەعدە نییە، ئەهلی كتێب، كەسێك نییە ڕۆژانە بە سەدان ماسكی جۆراو جۆر، لە پەیوەندی بە ئەوانیتر دابێت ئەوانەی بە ڕاستەقینەیی ئەهلی كتێبن، شانازیی بە ڕەچەڵەكی خوێن و خێل ناكەن و شانازیی بە هەبوونی عەشیرەت و دیوەخان و ئەقڵیەتی خێلەكی و پەتریاكییانە ناكەن، ئەهلی كتێب كەسێك نییە لەگەڵ عامێ بچێتە شامێ، بەڵكو ئەو هەست دەكات جیاواز لە هەمووان دەژیت و بەهانەی مانەوە و ژیانیشی تەنها و تەنهان كتێب و خوێندنەوەیە. بۆ من (هەڵبەتە من مەبەستم خۆم نییە لە ئەهلی ڕاستەقینەی كتێب، چونكە تەنها خوێنەرێكی زۆر ئاساییم) كتێب نەك تەنها شایەنی ئەوەیە ستاییشی بكەم و شانازیی پێوە بكەم، بەڵكو بەو پەڕی ڕاستگۆیی و ڕاشكاوییەوە ئەوە دەڵێم كە من لە كتێبەكانەوە فێربووم و گەورەبووم و پەروەردە بووم، نەك خێزانە نەخوێندەوارو میللییەكەم. من لەو جۆرە ڕۆشنبیرە خێڵەكییانە نیم، كە تەنها لە سۆنگەی ئەوەی لە نۆڕمە باوەكانی كۆمەڵگە لا نادەن، دێن لە ڕاستی لا دەدەن نە بادا كۆمەڵگە فڕێیان بداتە دەرەوەی بازنەی دواكەوتووی كۆمەڵایەتییانەی خۆیان. نەخێر، من هەر لە منداڵییەوە كەسێكی دڵشكاو، پشتگوێ خراو بوومە و ئێستاش نەك هەر نامەوێ منداڵیم بیر بكەوێتەوە. بەڵكو كە بیری لێ دەكەمەوە، سام و ترس و فۆبیای ئەو كاتانەم دێتەوە بیر. مرۆڤ سەرەتا دەبێ لەگەڵ بوونی خۆی ڕاستگۆ بێت، ئەو كات دەتوانێت لەگەڵ بەرانبەرەكەی ! بۆیە من چەند لە ستاییشی كتێب و خوێندنەوە بدوێم، هێشتا ناتوانم گەردێك لەو بەخششە گەورەیەی كتێب بدەمەوە كە لە سەر بوون و ژیانم هەیەتی، ئاخر من لە كتێبەكانەوە فێری هەموو شت بووم و هەركتێبیش ئەو هەستەی لا دروست كردم كە بتوانم تا ڕادەیەكی زۆر بێ هەمووان بژیم. زۆرجار هەست دەكەم لە نێو ماڵەكەم، شارەكەم، گەڕەكەكەم هیچ كەس نییە، جگە لە من و كتێب نەبێت. بێگومان دەزانم كە نەخۆشكەوتم، كە پیر بووم، كتێب بە هانام نایەت، بەڵام ناتوانم لەو ڕاستییە لابدەم، كە ئەمە واقیعی ژیانی منە و نەك لەگەڵی ئاسوودەم، بگرە شانازییەكی زۆریشی پێوە دەكەم. زۆرجار باوكم پێم دەڵێت:( تۆ ناتوانی مریشكێك سەربڕی، بەلوعەیەكی ئاو چاكەیتەوە، سویچێكی كارەبا ببەستی، بەرمیلێكی قوپاو ڕاستكەیتەوە، دوو كاتژمێر لای میوانێك دانیشی، گەڕان بە وڵاتان و سەیران و خۆشی بكەیت، پێم ناڵێی تۆ چیت هەیە؟) لە وەڵامدا دەڵێم:
تەنها كتێب و خوێندنەوە، من تەنها بوونەوەری نێو كتێبەكانم و ئەوە ژیانی ڕاستەقینەی منە. كەسێك بۆ كتێب و خوێنەوە بژیت، دەبێ زۆر بە ئاسانی دەستبەرداریی زۆرشت لە ژیان بێت و باكی بەوە نەبێت، چۆن لێكدانەوە بۆ ئەو تێگەیشتنەی دەكەن. نابێ خەیاڵی لای ئوتومبێل، ژن و ماڵ و مۆبیلیات و كەیف و سەفا و دانیشتن و ڕابواردن بێت، خەیاڵی لای ماستەر و دكتۆرای بێ مانا بێت، كە لای ئێمە وەقەی بە فلسێكە. یان تۆ نابیتە ئەهلی ڕاستەقینەی كتێب، یان دەبێ ئەم ژیانە قبول بكەیت، كە تەنها بۆ كتێب و لە پێناو كتێب بژیت. كەم نین ئەوانەی خۆیان پێ نووسەر و ڕۆشنبیرە، كەچی ساڵانە دە كتێب ناكڕن، بەڵام بەلایانەوە ئاساییە پێنچ دەفتەر بە ئوتومبێل بدەن، كەم نین ئەوانەی گوایا خوێنەر و ئەهلی كتێبن، كەچی خەیاڵیان لای ئەوەیە چۆن پارەی زیاتر كۆبكەنەوە، كەی ژنی دووەم بێنن، چۆن پەیوەندی لەگەڵ كچێكی جوان ببەستن، چۆن لە كەنار دەریایەك دەربكەون و خۆیان نماییش بكەن. ئەهڵی ڕاستەقینەی كتێب، هەموو مەودای بوون و ژیانی خۆی تەنها لە نێو ڕووبەرەكانی كتێب دەبینێتەوە و لاتەریكانە و دوورە پەرێزانە، سەرقاڵی خوێندنەوە و نووسین و داهێنانی خۆیەتی ! ئەم ژیانە، بە ئاسانی قبول ناكرێت، تانە و تەشەرەی لێ دەدرێت، دەبێ قوربانی بە زۆر شت بدەیت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، كتێب دەتوانێت قەرەبووی ئەو هەموو شتانەت بۆ بكاتەوە. دیستۆفسكی دەڵێت:( تەنیایی گەر دۆزەخیش بێت، هێشتا خۆشترە لەو هەموو دەمامكانەی مرۆڤەكان) دروست ئێمە لە سەردمێكی وا ئەژین، تاكو مرۆڤێكی وەك یاقووت جوان و پاك و مرۆڤدۆست دەبینینەوە، دەبێ بچینە قووڵایی دەریا.
دواجار دەڵێم كتێب خوێندنەوە هیچ بەهایەكی نییە، گەر مرۆڤ لە ڕیشەوە نەگۆڕێت. كاتێ سەرنووسەری گۆڤارێك بە نموونە بەڵێنی ئەوەت پێ دەدا ئەم ژمارەیە وتارەكەت بڵاو بكاتەوە، بەڵام بەڵێنەكەی خۆی دەشكێنێت، ئەوا گەر لە بری كتێبێك سەد كتێبیشی نووسیبێت، لای من هیچ بەهایەكی نییە، چونكە ئەو ڕاستگۆ نییە لەگەڵ خۆی، پاشان هاوڕێكانی، كە ئەمەش دوورە لە خەسڵەتی كەسانێك كە ناویان نووسەران و ڕۆشنبیرانە. كاتێ نووسەرێك ڕێز لە كات ناگرێت، ئەوا هیچ جیاوازییەكی نییە لەگەڵ خەڵكی عەوام. كاتێ بە ناو ڕۆشنبیرێك و هونەرمەندێك، گەندەڵی و بێ یاسایی و درۆ دەكات، ئەوا مەحاڵە ڕۆشنبیر و هونەرمەند بێت، چونكە یان نابێ ڕۆشنبیر و نووسەر بێت، یان نابێ درۆ بكەیت، چونكە وەك ونستن چەرچەل وتەنی هەرگیز دووكەس لە گۆڕێك ناشاردرێنەوە. ئەمە تێگەیشتن و بڕوای منە بۆ دنیای خوێندنەوە و كتێب، تا ئەو چڕكە ساتە، ئیدی چۆن لێكدانەوەی بۆ دەكرێت، بەو پەڕی ڕێزەوە وەریدەگرم.
كتێب دەبێ مرۆڤ لە ڕەگەوە بگۆڕێت و بیكاتە كەسێكی جیاواز لەوانیتر. ئەمەش ناوی ئەو كتێبانەیە، كە لە ماوەی ئەمساڵەدا خوێندوومنەتەوە، كە چەند ساڵێكە كردوومە بە نەریت، ناوی هەموو ئەو كتێبانە دەنووسم، كە لە ماوەی ئەو ساڵەدا خوێندوومنەتەوە:
1_ ئەدەب و مۆدێرنە / ڕەخنە/ كۆمەڵێك نووسەر/ 320 ل.
2_حەشری ئاشقان/ ڕۆمان / زەردەشت نوورەدین / 400 ل.
3_میوانێك لە سەر زەمینی دوورەوە / شانۆنامە/ بەختیار عەلی/ 234 ل.
4_بۆ دۆزەخ ئەی بێ گوناهان/ شانۆنامە/ بەختیار عەلی /150 ل.
4_ ڕێبەری یاسای باری كەسیەتی / یاسایی / عزەدین عەبدوڵا/78 ل.
5_- بیرەوەرییەكانی بەنگلادیشییەك/ تەنز / زیرەك كەمال / 254 ل.
6_ڕەنگدانەوەی لەیلی و مەجنوون لە ئەدەبی كوردیدا/ لێكۆڵینەوە/ خانزاد عەلی قادر/ 232ل.
7_ چەمكی داهێنان لە تێڕوانینی شاعیرانی كورددا / لێكۆڵینەوە/ دیلمان قادر ئەحمەد/ 397 ل.
8_تیۆری بونیاتی شاراوە/ لێكۆڵینەوە/ نەجات حەمید ئەحمەد/ 790 ل.
9_پێت وانەبێ تەنیای/ یاداشت/ ئەلیف شەفەق/ و _ سولێمان ابراهیم زادە/ 251 ل.
10_ دواتر تۆ هاتیت/ یاداشت/ ئیبراهیم دالفیدان/ و _ سیما تەها/ 160 ل.
11_ كتێبی برینی من/ گێڕانەوە/ داستان بارزان/ 127 ل.
12_ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر/ لێكۆڵینەوە/ ناڵە حەسەن/ 312. ل.
13_هونەری ڕەفتاركردن لەگەڵ ژنان/ هزری/ شۆپنهاوەر/ و _ محمود هۆمەر باوزێی/ 106 ل.
14_كۆتای گەمە/ شانۆنامە/ سامۆئیل بیكت/ و هونەر شاهۆ/ 102 ل. 15ژن و جەنگ/ دیمانە/ و _ ڕێزان حەسەن/ 88 ل.
16_سێبەری قەلەبەرد/ بیرەوەری/ مەلەكە سولتانی/ 525 ل.
17_ژانی گەل/ ڕۆمان/ برایم ئەحمەد/ 215 ل.
18_ماركسیزم و ڕەخنەی ئەدەبی/ تێری ئیگلتۆن/ عەبدولخالق یەعقوبی/ 135 ل.
19_پەتی سێدارە بە كاتی بانگی بەیانی/ ڕۆمان/ محمەد رەئوف مورادی/ و _ شوانە عەبدوڵا/ 155 ل.
20_ شاعیر وشەناسی شتناسە/ لێكۆڵینەوە/غازی حەسەن/ 142 ل.
21حەسەن سوورمە/ ڕۆمان/ بەكر ئاڵەیی/ 160 ل.
22_ ئارابخوێن/ ڕۆمان/ محمود نەجمەدین/ 315 ل.
23_داهێنان سەربەكەشفكردن و خەون و دنیابینییە/ دیمانە/ عەبدولموتەڵیب عەبدوڵا/ 208 ل.
24_سێگۆشەی سنوور/ ڕۆمان/ سەلام عەبدوڵا /250 ل.
25_ زمانی حەیزەران/ وتار/ فەرهاد پیرباڵ/ 208 ل.
26_ پرسی كورد لە فیلەمەكانی یەلماز گۆنەیدا/ سینەما/ پێشەوا حەمە / 52ل.
27_مرڤە خۆڵەمێشیەكان/ شانۆنامە/ دانا ڕەئووف/ 117 ل.
28_هەیئە/ ڕۆمان/ سەلام عەبدوڵا / 160 ل.
29_ مۆنۆدۆلۆژی دەق/ لێكۆڵینەوە/ حەمەی كەریمی / 116 ل.
30_پشكۆكانی نێو زمان و شیعر/ لێكۆڵینەوە/ پێشەوا كاكەیی / 189ل.
31_ نامەی دڵ/ شیعر و پەخشان/ دكتۆر كوردستان موكریانی/ 61 ل.
32_خۆشەویستی لە نێوان وەهم و واقیعدا/ توێژینەوە/ سەروەر عومەر/ 158 ل.
33_ هێماكانی دنیای ڕۆمان/ دیمانە/ نەبەز گۆران/ 183 ل.
34_كۆمەڵناسی ئابووری/ كۆمەڵناسی / كارزان عوسمان شێخ وەتمان/ 120ل.
35_ ئەنفال/ شانۆنامە/ ڕاجی عەبدوڵا/ و –یاسین قادر بەرزنجی/ 78 ل.
26_لە پەیوەندییەوە بۆ خۆشەویستی/ مرۆیی/ ڕێوار سیوەیلی/270 ل.
27_ وێژان/ دیمانەی ئەدەبی/ ئارام حاجی/ 610ل.
38_ خوێندنەوە دەردو دەرمان/ خوێندنەوە/ بەڕێز عەباس/ 154 ل.
39_ گۆشتەكەی بۆ ئێوە ئێسقانەكانی بۆ من/ پەروەردەیی / شێرزاد حەسەن/ 206 ل.
40_ئاوەزنامە/ پەروەردەیی/ ئارۆن گاندی/ و شەفیقی حاجی خدر/ 315 ل. 41 بیست و چوار كاتژمێر لە ژیانی ژنێك/ ڕۆمان/ تشیڤان سڤیك/ و بەهزاد حەوێزی / 168 ل. 42 سینەما و شوناس/ سینەما/ هەوراز محمەد/ 250 ل.
43_ ڕووەكی/ ڕۆمان/ هانك كانگ / و _ هەژار عوسمان/ 308 ل.
44_ وردە گەڵای بەر هەتاو/ بیرەوەری/ حەمە عەباس/ 448 ل.
45_ تاقانەترین كچی خودا/ ڕۆمان/ ڤینۆس فایەق/ 155 ل.
46_ زمان و ئەدەبی كوردی/ زمانەوانی/ د – ئەحمەد قەرەنی /230 ل.
47_ ناوی خۆیان بیر نەماوە/ ڕۆمان/ ئارام محمەد/ 235 ل.
48_ مێتەنلێتی خێڵ/ كۆمەڵناسی/ حەمە فەریق حەسەن / 390 ل.
49_ دیوەكەی تری شۆڕش/ بیرەوەری/ جوتیار قادر/ 174 ل.
50_ خاڵبەندی/ زمانەوانی/ كیومەرس نیكڕەفتار/ 104 ل.
51_ئەدەب لە مەترسیدا/ لێكۆڵینەوە/ زەردەشت نورەدین/ 180 ل.
52_ كچی ناو وێنەكە/كۆمەڵە چیڕۆك/ شەهلا فەیزوڵا/ 170 ل.
53_دایە ڕابی/ شیعر/ حوسێن مستەفا/ 320 ل.
54_شتێك لە مندا ونە/ شیعر/ دڵشاد حوسێن/180 ل.
55_ جەمال حەیدەری/مێژوویی/ بارزان محمەد/ 350 ل.
56_حەسرەت/ شیعر/ ئاراس عەزیز / 110 ل.
57_شەقامی شاعیران/ لێكۆڵێنەوە/ بۆتان جەلال/ 220 ل.
58_ شێت/ ڕۆمان/ زرار سەرتاش/ 110 ل.
59_یەكەم بەردی سەنگەر/ بیرەوەری/ هیوا سەید سەلیم/ 315 ل.
60_ لە تاریكییەوە بۆ ڕۆشنایی/ یاداشت/ ڕۆشنا ئیبراهیم/ 112 ل.
61_ فەرهەنگی حاجی قادری كۆیی/ فەرهەنگ/ پێشرەو سەید برایم/ 450ل.
62_ پەیامی گیڤاڕا بۆ گەنجان/ هزری/ گیڤاڕا/ و _ محمەد سەلام/ 346 ل.
63_بنەماكانی شاخەوانی/ وەرزش/ ئەنوەر عەلی محمەد/ 205 ل.
64_هەردوو كتێبی پیرۆزی ئێزیدیان/ ئایینی/ ماكسیمیلیان بیتنەر/ و دحەمید عەزیز/ 40 ل.
65_ڕێگای ڕاستی ژیان/ ئایینی/ مەسیح/ و _ …../ 24 ل.
66_ پرۆسەی ئەنفال و ڕەنگدانەوەی لە ئەدەبی كوردیدا/ توێژینەوە/ مەهدی فاتح عومەر / 275 ل.
67_ لێ گەڕێن مرۆڤ بژی/ شانۆنامە/ پێیر لاگەركڤیست/ و _ خەبات عارف/ 64 ل.
68_ چوارینەكانی بابەتاهیری هەمەدانی/ شیعر/ ئەحمەد تاقانە/ 72 ل.
69_چوارینەكانی بابەتاهیری هەمەدانی/ شیعر/ دڵزار/ 72 ل.
70 سەما/ ڕۆمان/ هارۆكی مۆرۆكامی/ و موكەرەم رەشید تالەبانی/ 463 ل.
71_ڕۆڵی تیپی پاشای گەورە/ هونەری / هێلین یاسین/ 85 ل.
72_ زیوەر/ لێكۆڵینەوە/ نەوزاد كەلهور/ 216 ل.
73 _ نامە بۆ میلینا/ نامە/ كافكا/ و _ ڕەئوف بێگەرد/ 315 ل.
74 _ مەم و زین/ داستان/ خانی/ و – هەژار موكریانی/ 515 ل.
75-گرەوەی چاوەكانی ئەو/ ڕۆمان/ ئەحلام مەنسووڕ/200 ل.
76_زایەلەی دەق/ ڕەخنەی ئەدەبی/ موڕاد ئەعزەمی/ 305 ل.
77_جەمیل سائیب / لێكۆڵینەوە / ئازاد حەمە شەریف / 240 ل.
78_ناتوانین بۆت بگرین / كۆ وتار / ئیسماعیل تەنیا / 366 ل.
79_ڕۆمانی ژیاننامەیی / لێكۆڵینەوە/ كەمال سەعدی/ / 88 ل.
80_ چەپكێ گڕ / لێكۆڵینەوە / عەبدولرحمان ئەحمەد / 115 ل.
81_بەرەو جیهانی شیعری چەند شاعیرێك / لێكۆڵینەوە / كەمال غەمبار / 214 ل.
82_لە بارەی شیعرەوە / لێكۆڵینەوە / كۆمەڵێك نووسەر / و تاهیر عوسمان/ 96 ل. 83تێكۆشانی نیشتمانی / سیاسی / كاوە محمود / 592 ل.
84_ حاجی قادری كۆیی / لێكۆڵینەوە / محمەدی مەلا كەریم/ 180 ل.
85 _ دەنكە هەنارەكانی ناخ / شیعر / سەلام نەورۆز / 118 ل.
86_گێڕانەوەی مۆدێرنی كوردی/ لێكۆڵینەوە/ فەرهاد شاكەلی/ و محمەد ئەعزەمی 176 ل. 87فەلسەفەی شیعر و شیعری فەلسەفی/ لێكۆڵینەوە / سەنگەر قادر محمەد / 376 ل.
88_ناسیۆنالیزم و سەفەر/ / هزری/ مەریوان قانح / 234 ل.
89_قانوونناسی/ یاسایی / د – كەمال میراودەلی/ 266 ل.
90_ڕۆمان و ناسنامە/ لێكۆڵینەوە / حەمە سەعید حەسەن/ 176 ل.
91_نیشتمانی سارا / ڕۆمان/ میران ئەبراهام /448 ل.
92_سایكۆلۆژیای عەقلی كوردی/ دەروونناسی / محمەد تەها حوسێن/ 364 ل.
93_گوڵخاتر/ ڕۆمان/ هەمزە گوڵانی / 238 ل.
94_ ز / ڕۆمان/ سینا خەلیلی/ 62 ل.
95_چیڕۆك بۆ كوڕەكەم/ چیڕۆك / یەڵماز گۆنەی/ و _ سەلاحەددین بایەزیدی / 80 ل.
96_سەربار لە بنبار گرانتر/ زمانەوانی/ جەواد نەورۆز/ 218 ل.
97_بنەماكانی شیعری ئاڵۆز/ لێكۆڵینەوە / نەبەز محمەد/ 80 ل.
98_ شۆربای پێلاو/ ڕۆمان/ تانیا میرزا/ 118 ل.
99_قاچار قۆچار/ ڕۆمان/ ڤیڤیك شانبهاگ / و جەبار سابیر/ 138 ل. 100ئاوێنەی نامەكان/ نامە/ پشكۆ نەجمەدین/ 167 ل.
101_سەرجەم چیڕۆكەكانی ڕەئوف حسن/ كۆ چیڕۆك/ ڕەئوف حسن/ 384 ل.
102_ كەڕەنا/ ڕۆمان/ محمەد ئەلسەفەر/ و سەباح ئیسماعیل/ 214 ل. 103 گوتاری شەوڕۆ / لێكۆلینەوەی ئەدەبی/ فازل شەوڕۆ/ 540 ل.
104_ چۆن ڕووبەڕووی مەرگ و ژیان ببینەوە / كۆمەڵایەتی/ گوهدار شوكر/ 339 ل.
105_ئەزموونی پەروەردەیی / پەروەردە/ فازڵ شەوڕۆ / 327 ل.
106_تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان/ میدیا/ فریاد ئیروانی/ 104 ل.
107_گابۆڕ / ڕۆمان / سەید قادر هیدایەتی / 230 ل.
108_ كوردو ژیانێكی پڕ لە ئەندێشە/ بیرەوەری/ پاكیزە رەفیق حیلمی/ 435 ل،
109_گفتوگۆیەك لە بەردەم ئاوێنەدا / زانستی / توانا ئەمین/ 198 ل.
110_ئافرەتە تێكۆشەرەكانی كورد/ مێژوویی/ دهۆك بەڕۆژی/ 360 ل.
111_ وتەكانی دیستۆ فیسكی/ وتە/ و _ زانا خەلیل / 291 ل.
112_ناسنامە / هزری / فۆكۆ / و _ دلشاد میران/ 380 ل.
113_سلێمانی لە شیعری شاعیراندا/لێكۆڵینەوە/ د ئاراس محمد ساڵح/ 60 ل. 114دووژن لە ژنێكدا / ڕۆمان / نەوال سەعداوی / و _ لەنجە ستار/175 ل.
115_نهێنییە گەورەكانی ژیان / پەرەپێدانی مرۆیی/ واین دایر/ و _ بانۆ عمر/ 346 ل.
116_هەڵاتنی كچەكان/ ڕۆمان / گۆران سەباح / 234ل.
117_یاداشت / بیرەوەری/ ڕەفیق حیلمی/ 690 ل.
118_ لەوێ مەمرە/ ڕۆمان/ ڕەزا عەلی پوور/ 285 ل.
119_ سێیەم چیا كە لێمەوە نزیكە/ چیڕۆك/ حەسەن هەندرێنی/ 124 ل
120_ شیرینی و تاڵییەكانی ژیان/ بیرەوەری / زرار قادر كەریم، 350 ل.
121_ ئەو پیاوەی پێ دەكەنێ / ڕۆمان/ فیكتۆر هۆگۆ / و _ سەعد عەبدوڵا/ 390ل.
122_ ڕۆڵی بگێڕەوە لە ڕۆمانەكانی حیسام بەرزنجیدا/ لێكۆڵینەوە/ د –یوسف حەسەن / 400 ل.
123_ دەروازەیەكی ڕەخنەیی بۆ كۆمەڵناسی/ كۆمەڵناسی/ ئەنتۆنی گیدز/ و _ ئارام ئەمین شوانی / 398 ل.
124_ مێژووی هاوچەرخ و بیری كورد/ مێژوویی/كەمال میراودەلی / 440 ل.
125_ ڕۆمان و واقیع/ لێكۆڵینەوە/ لوسیان گۆڵدمان/ و _ سەلاح عومەر / 120 ل.
126_كاكە ڕەش / ڕۆمان / حازم كوتەك/ 695 ل.
127_ نەخۆشی مەرگ/ ڕۆمان/ مارگرێت دۆڕاس/ و _ كەریم تاقانە / 60 ل.
128_ لاپەڕە پەرشەكان / كۆمەلێك نووسەر/ فیكری، و _ ئازاد بەرزنجی/ 390 ل.
129_ ژیان كورتە/ رشۆمان/ یۆستینگاردەر/و _ ڕێبوار سیوەیلی. 126 ل.

بێگومان، بەشێكی زۆر لەو كتێبانە، خوێندنەوە و ڕانانم بۆ كردوون، بە خوێنەرانم ناساندوون، هەندێكیشیان لە بارەیانەوە نووسیومە، بەڵام وتارەكانم بڵاو نەكردۆتەوە. دواجار دەڵێم خوێنەربوون، لە پێشەوەی نووسەربوونە، شتێك نییە بە ناوی نووسەر و ڕۆشنبیر، بێ خوێنەربوونێكی ڕاستەقینەی نێو دنیای كتێب و خوێندنەوە.

ڕواندز _ 30/12/2025




گەشتکردن لەناو ماڵدا؛ هونەری دۆزینەوەی ئارامی.. وریا مەعروف

ڕۆژانە لە دەرەوەی ماڵەکانمان، لەناو ژاوەژاوی شەقام و لێشاوی هەواڵە نەرێنییەکاندا، تووشی جۆرێک لە شەکەتیی ڕۆحی دەبین. زۆرجار وادەزانین بۆ ڕزگاربوون لەم دڵەڕاوکێیە، دەبێت جانتاکانمان بپێچینەوە و بەرەو شوێنێکی دوور گەشت بکەین. بەڵام ئەوەی فەرامۆشمان کردووە ئەوەیە کە ماڵ وەک یەکەمین پەناگە، دەکرێت ببێتە گەورەترین مەیدانی گەشتکردن و ئارامبوونەوە. دۆزینەوەی ساتێکی بێدەنگی لە سووچێکی ژوورەکەدا یان چێژوەرگرتن لە کوپێک چای گەرم، تەنها کردارێکی سادە نین، بەڵکو گەڕانەوەن بۆ لای خۆمان. کاتی ئەوە هاتووە لەوە تێبگەین کە ئارامی دۆزینەوەیە، نەک کڕین.
بۆ ئارامیت، پێویستت بە ڤیزا نییە بۆ ئەوەی پیاسەیەک لە شەقامە باراناوییەکانی لەندەندا بکەیت؛ تەنها پێویستت بە کتێبێکە. کتێبخانەی ماڵەکەت وەک فڕۆکەخانەیەکە کە هەزاران گەشتی بێ پلیت و بێ ماندوێتی تێدایە. کاتێک کتێبێک بەدەستەوە دەگریت، تۆ تەنها لاپەڕە هەڵ نادەیتەوە، بەڵکو دەچیتە ناو بیرکردنەوەی مرۆڤێکی تر و لە جیهانێکی تردا دەژیت. ئەمە ناوی بنێ “گەشتكردن بە خەیاڵ” ئەو جۆرە گەشتەی کە ڕۆحت نوێ دەکاتەوە بەبێ ئەوەی یەک هەنگاو لە جێگەکەی خۆت بجوڵێیت.
لە فەلسەفەی “ژیانی هێمن”دا، ئامادەکردنی قاوەی بەیانییان یان چایەک تەنها خواردنەوەیەک نییە، بەڵکو ڕێوڕەسمێکی پیرۆزە. سەرنجدان لە قڵپەقڵپی ئاوەکە، بۆنی دارچین یان هێل، و ئەو گەرمییەی کە کوپەکە دەدات بە دەستەکانت، گەشتێکی “ئیستاتیکییە” بۆ ناو هەستەکان. ئەمە ئەو ساتەیە کە تیایدا فێری “ئێستا و لێرە” دەبیت؛ شوێنێک کە تێیدا نە خەمی ڕابردوو هەیە و نە دڵەڕاوکێی داهاتوو، تەنها چێژبینینە لەو ساتە سادەیەی کە هەتە.
هەر ماڵێک مۆزەخانەیەکی تایبەتی تێدایە کە ڕەنگە ساڵانێک بێت لێی ورد نەبووبینەوە. وێنەیەکی کۆن کە کەمێک ڕەنگی زەرد بووە، دیارییەک لە هاوڕێیەکی دێرین، یان تەنانەت ئەو ڕادیۆ کۆنەی سووچی ژوورەکە. گەشتکردن بەناو ئەم شتانەدا، گەشتە بەناو زەمەندا. هەر یەکێکیان چیرۆکێکیان هەیە کە دەتوانێت زەردەخەنەیەک بخاتە سەر لێوت و بیرت بخاتەوە کە ژیان پڕ بووە لە وێستگەی جوان کە شایەنی ئەوەن جارێکی تر یادیان بکەیتەوە.
زۆرجار خەڵک وا دەزانن گەشبینی و دانیشتن لە ماڵدا جۆرێکە لە هەڵاتن لە واقیع، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە “گەیشتنە بە واقیع”. جیهانی مۆدێرن فێری کردووین کە “بەختەوەری لە شوێنێکی ترە”، بەڵام ژیانی هێمن پێمان دەڵێت: “بەختەوەری لێرەیە، ئەگەر بتوانیت بیبینیت”. ئەمە جۆرێکە لە شۆڕش دژی ئەو خێراییە دەستکردەی کە سۆشیاڵ میدیا بەسەرماندا دەسەپێنێت؛ شۆڕشێک بۆ گەڕانەوە بۆ لای خۆمان.
زۆرجار کاتێک باس لە “ژیانی هێمن” دەکرێت، ڕەخنەگرەکان وا دەزانن ئەمە جۆرێکە لە هەڵاتن لە بەرپرسیارێتی یان تەمبەڵی، بەڵام ڕاستییەکە تەواو پێچەوانەیە. ژیانی هێمن بە واتای ئەوە نایەت کە تۆ هیچ نەکەیت، بەڵکو بە واتای ئەوە دێت کە “بە ئاگاییەوە” هەموو شتێک بکەیت. ئەمە هەڵاتن نییە لە ژیان، بەڵکو گەیشتنە بە قووڵایی ساتەکان.
لە ژیانی خێرای ئەمڕۆدا، ئێمە زۆرجار بە پێوە یان لە کاتی سەیری کردنی مۆبایلەکانماندا ژەمەكان دەخۆین؛ لێرەدا ئێمە خواردن ناخۆین، بەڵکو تەنها گەدەمان پڕ دەکەین. بەڵام لە “ژیانی هێمن”دا، تۆ دە خولەک تەرخان دەکەیت، سەیری ڕەنگی خواردنەكانی سەر سفرەكە دەکەیت، تامی پار پارەی نانەکە دەچێژیت و هەست بەو وزەیە دەکەیت کە دەچێتە جەستەتەوە. ئەمە وادەکات مێشکت لە دڵەڕاوکێی “چی بکەم؟”ەوە بگۆڕێت بۆ چێژی “ئێستا چی دەگوزەرێت؟”.
یاخود دەشێ بڵێین ئێمە وەک بزوێنەرێکمان لێ هاتووە کە نابێت بوەستێت. کاتێک بۆ ماوەی كاتژمێرێک مۆبایلەکەت دەخەیتە لایەک و تەنها سەیری دڵۆپە بارانەکانی سەر شووشەی پەنجەرەکە دەکەیت، تۆ کاتت بەفیڕۆ نەداوە، بەڵکو “ڕۆحت بارگاوی کردووەتەوە”. ئەمە جۆرێکە لە خۆشەویستی بۆ خود، کە تێیدا ڕێگە بە مێشکت دەدەیت لە ژاوەژاوی سۆشیاڵ میدیا پاک ببێتەوە.
جیهانی مۆدێرن فێری کردووین کە هەمیشە دەبێت “بەرهەمدار” بین، تەنانەت لە کاتی پشووشدا دەبێت وێنەی پشووەکە بگرین تا بیسەلمێنین کە دڵخۆشین! ژیانی هێمن دێت و ئەم دەمامکە لادەبات، پێمان دەڵێت کە سادەترین جۆری دڵخۆشی ئەوەیە کە بتوانیت بەبێ هیچ هۆکارێکی گەورە، تەنها بەبوونی خۆت و ئارامیی ماڵەکەت، هەست بە دەوڵەمەندی بکەیت. ئەمە ئەو شوێنەیە کە تێیدا مرۆڤ لە “ڕاکردن بەدوای بەختەوەری” دەوەستێت و لەناو “خودی بەختەوەری”دا نیشتەجێ دەبێت.
ماڵ تەنها شوێنێک نییە بۆ خۆشاردنەوە لە باران و سەرما، بەڵکو گەورەترین مۆزەخانەی تایبەتی تۆیە. پێش ئەوەی بەدوای سەرکێشیدا لە وڵاتانی تر بگەڕێیت، جارێکی تر بە وردی و بە چاوێکی نوێوە سەیری گۆشەکانی ژوورەکەت بکەرەوە، ڕەنگە گەورەترین دۆزینەوەی ژیانت لەوێدا بێت، لەناو ئەو سادەییەی کە هەموو ڕۆژ دەیبینیت و تێپەڕ دەبیت، بەبێ ئەوەی بزانیت چەندە سەرسوڕهێنەرە.




لە ساڵی نوێدا.. سەلام عومەر

کێ سەرم دەدۆزێ و ئەسپێ‌ كۆنەكان دەكوژێ‌؟

کێچەکانی ساڵی نوێ‌ كێ‌ راویاندەنێ؟

 هەموان لە چاوەروانی هاتنی ساڵی نوێدان، بێئەوەی بزانن داخۆ لە ئایندەدا چی روودەدات؟ یان ساڵی نوێ چی پێیە؟  تەنیا من نەبێ دەگەڕێمەوە ساڵانی رابردوو، ئەو ساڵانەی بەخۆشی و ناخۆشیەکانەوە جێمانهێشت و دەزانم چی داینێ و چیشی لێبردین، بەدوای جێپێکانی منداڵیم دەکەوم سوپاسی ئەو شیشۆقانە دەکەم خوێنیان لە بنی پێمەوە هێنا و وانەی ئازاری پێخاوسیان فێرکردم، نەفرەتیش لەو کەسانە دەکەم پلان بۆ چاندنی مین لە رۆژەکانی ساڵی نوێدا لە بنپێمان دادەنێن.

دەگەڕێمەوە نێو کۆشی دایە، تا سەرم بدۆزێ و لە ئەسپێیەکانی ئەمڕۆی پاککاتەوە، نوێنەکەم بخاتە بەرتاو تا کێچەکانی ساڵی نوێ راونێ، هەندێ جاریش گوڵەبەڕۆژەم بۆ دەنککا، وەک ئەو دەنکە مرواریانەی لە تەمەنم بوونە و ئەوانیدی خواردیان.

لەساڵی نوێ دەترسم چونکە لە کۆتاییم نزیک دەکاتەوە، دەچمەوە نزیک ئاگردانەکان و بەرکوڵێک لە چێشتی سەرداران دەخۆم، چاو لە دەستی دایکم دەکەم کاتێک شوشەی فانۆسەکە بەهەڵمی هەناسەی پاک دەکاتەوە، ئەو هەناسە ساردانەی تەنیا بۆ روناكی گەرم بوون، بەشداری هەڵپەڕینەکان و یاریە ئاگرینەکانی ساڵی نوێ ناکەم، دەچم ڕۆژانەکەم لە بابم وەردەگرم و لەلای دوکانەکەی مام مەحمود رادەوەستم، نازانم نوقڵی مینۆی پێبکڕم یان پسکیتی ویتانا؟ نەعنەع یان بنێشتی سەهم؟ دواجار نیومەتر تێلی قاپان دەکڕم و شەوێ دەیسوتێنم و لەنێو کۆڵان بایدەدەم و پروشکە ئاور بەهەوایدا بڵاودەکەمەوە، جوانتر لەو یاریە ئاگرینانەی هەموومانیان کردۆتە رۆبۆت.

لە ساڵی نوێ دەترسم چونکە نوچە و موچەکان غەممان دەدەنێ، ئاوڕمان پێ لەساڵانی گرانیەکان دەدەنەوە، ئەو ساڵانەی لەسەر خوانەکان قەوان لە نان زیاتر بوو، ترس ئاشتی راودەنا.

دەترسم ساڵی نوێ هیچی نوێی پێنەبێ جگە لە بەستنەوەمان بە تەکنەلۆژیاوە، بۆیە بادەدەمەوە منداڵی و دەچمەوە سەربانە گڵەکان و کۆلارەی منداڵیم هەڵدەدەم، توند داوەکە دەگرم و نایەڵم بەڕەڵا بێ، چوون دەزانم داوەکە بپسێ یان با لەدەستم بڕفێنێ، منداڵیم لەگەڵ خۆی دەبا و وەک ئێستا بەخەیاڵ نەبێ نامداتەوە.

دایکم نەماوە سەرم بدۆزێ، بابیشم مرد، ئیدی رۆژانەکەم لەکێ وەرگرم؟




کوللەی خۆماڵی.. کەنعان مدحەت

لە خەلە و خەرمانێ دەچم

کوللەی خۆماڵی لە شاڵاو هێنەر

زیاتر

تێم بەربووبێ

ئەمە درمە

یا شەڕفرۆشی ڕیشەیی

حەسرەت بە وردە هاڕاوی

دەمی مەکینەی هاڕین بخوازم؟

ئەڵێی تاوە بارانی بەهارە

لە پڕ و بە پەلە

بە پێپلکەی سەرەولێژما

شاڵاو دێنێ و

وادەزانی منی هەمو

ئێمەی ژەنگی پاشەکەوت و

بڕینی دو و سێ مانگەی هەرس کردوو

تەنیای دەست بە یەخەوەیم




هیچ فەرقم نەکردووە.. شیعری نەوزاد بەندی

هیچ فەرقم نەکردووە، ئازیز ..!
باشت کرد کە بەجێت هێشتم ..
هەر قەفەزە بێ دڵەکەم
هەر ئینجانە بێ گوڵەکەم ..
باش بوو دەستی خۆتت وەشاند،
لە پڕ بەجێت هێشتم، ئازیز!

٭ ٭ ٭

هیچ فەرقێکم نەکردووە ..
کاتێ ئەگەمە ناو بازاڕ،
جا بیرم ئەکەوێتەوە،
مۆبایلەکەم لەسەر قۆڵی
قەنەفەکە له بیر چووە ..
نیوەی شەو دێتەوە بیرم،
حەبی چەوریم نەخواردووە ..
هیچ فەرقێکم نەکردووە،
هێشتا به تەنیا گەشت ئەکەم،
لە تێرمیناڵ،
قەت لە گەشتیار نەچووم ، ئازیز ..
ئەڵێن سەرت هەڵگرتووە ؟
هەر ئینجانە بێ گوڵەکەم
هەر قەفەزە بێ دڵەکەم ..

  • * *

نوسینیەکانم وەک جاران،
بێ خوێنەرن
یان خوێنەرێ
یان دوو خوێنەر ..
لەگەڵ کۆمەڵێ جنێودەر ..
پێش کەشتییەکە،
کەشتییەوانەکە کون بووە ..
نوقوم بووە یان وون بووە ..
باشت کرد زوو بەجێت هێشتم،
هەر ئینجانە بێ گڵەکەم ..
هەر قەفەزه بێ گوڵەکەم ،
گەر بڵێی فەرقت کردووە،
هیچ فەرقێکم نەکردووە ..

٭ ٭ ٭

لەناو ئاپۆڕەی خەڵکیدا،
وەک تارمایی، لە کەس ناچم ..
هەر وەک جاران،
لە کۆڵانێکی کۆنە دێ ..
تازه شارا ، دێم و ئەچم ..
پەشیمانم لەوەی چوومەتە فڵان شوێن ..
پەشیمانم فڵانە کەسم بینیوە ..
پەشیمان لەوەی شتێکم کڕیوە ..
حەز ئەکەم هەر لە ڕێ دەستم
بخەمە گیرفانم ، هەستکەم
ئەو شتەی کڕیم ، وون بووە ..
کەشتیەوان لە پێش کەشتێکە،
کون کون بووە ..
دەلیل پێش وونبوو ، وون بووە ..
باش بوو ڕۆیشتیت ..
هیچ فەرقێکم نەکردووە ..

نەوزاد بەندی