خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان بەردەوامن لە ئێران.. زاهیر باهیر

خۆپیشاندان و نارەزاییەکانی ئێران پێیان نایە ڕۆژی پێنجەمەوە نزیکەی سی شار و شارۆچکەی گرتۆتەوە. هاوکاتیش جێندرمە و پاسدار بە شێوەیەکی دڕندانە ڕووبەروویان بوونەتەوە سەرکوتکردن و کوشتن و گرتن و ڕفاندنیان بەردەوامە.
تا ئێستا ئامارێکی ورد نییە و کەس نازانێت چەندێك کوژراون یاخود بریندارن و گیراون یا ڕفێنراون. بەڵام ئەوەی ئاشکرایە خەڵکەکە سنوری خۆپیشاندان و ناڕەزاییان شکاندووە بووەتە ڕاپەڕین. هەر ئاواش سنوری داخوازییە ڕۆژانەییەکانیان سەبارەت بە بەرزبوونەوەی تێچوی پێداویستییەکانی ژیانیان ، بە هاتنەخوارەوەی نرخیان بەرەو سنوری سیاسیانە هەنگاوی ناوە بۆ دروشمی ” بڕوخێ ڕژێم ” ” بۆ دەرەوە دیکتاتۆر ” ” ژن ژیان ئازادی ” و زۆری دیکەی گرتووە بەخۆوە.
لەو لاشەوە سەرۆك کۆمار ، پزیشکانی، هەوڵ دەدات بە شێوەیەکی هێمنانە کپیان بکاتەوە ، گوایە “گوێبیستی داخوازییەکانیانە ، گرفتەکانیان حەل دەکات دەیەوێت نوێنەرەکانیان ببینێت و قسەیان لەگەڵدا بکات” . بەڵام وەکو فەرهاد ناوێك کە خوێندکاری زانکۆیە وتی ” مەگەر کەسێك ساویلکە بێت باوەڕی بەوان هەبێت ، ئەوان گەر دەیانەوێت گوێمان لێبگرن ، بۆچی ئەمان کوژن لەسەر شەقامەکان ، بۆچی بەندییەکان ئازاد ناکەن ، بۆچی ژیانی خەڵکی ناگۆڕن … دەمانەوێت لەبەرچاومان گوم بن ..”
خوێندنەوە و شیکارێکی زۆر دەکرێت بۆ بارودۆخەکە کە زۆرێک لەوانە گەشبین نین تا ئەو ڕادەیەی کە دەڵێن ڕەنگە ئەنجامەکەی خراپتر بێت. پاساویشیان بۆ قسەکانیان نموونەکانن کە لەم ساڵانەی پێشتر و ئێستادا بینراون و دەبینرێن وەکو عێراق ، میسر ، لیبیا ، سوریا … یا هەندێك لە چەپەکان و مارکسییەکان پاساویان ئەوەیە” گۆڕینی حوکمێك بە حوکمێکی دیکە ژیانی کرێکاران و خەڵکانی زەحمەتکێش چارەسەر ناکات و باری گرانی خۆیان لەسەر شانی خۆیان دەمێنێتەوە” .
بێ گومان ڕاپەڕینەکان هەر وەکو چۆن دیاریکردنی ڕوودانەکەی پێشبینی ناکرێت هەر ئاواش ئەنجامەکانیان گەر بمانەوێت بە بەرنامە و ویست و ئامانجی ئێمە بێت ئەوەش ڕوونادات . ئەوەی ڕوونە ڕەوڕەوەی مێژوو بەکەس ناوەستێنرێت و گۆڕنکارییەکان ڕێچکەی خۆیان زۆربەی جار بێ ویست و ئارەزوی ئێمە دەگرن.
گەر ڕاپەڕینی ئێران سەربکەوێت بە بۆچوونی من گۆڕانکاری گەورە نەك هەر لە ئێراندا روودەدات بەڵکو ڕەنگە لە ناوچەکەشدا ڕووبدات.
یەك: دەبێتە هۆی گەڕانەوەی ئیرادە و متمانەی خەڵکی بۆ خودی خۆی کە کاتێك دەتوانن کە ڕژێمێك کە 47 ساڵە لەسە حوکمە و هەموو جومگەکانی ژیانی خەڵکی لە هەموو بوارەکاندا کۆنتۆرڵ کردووە بگۆڕن، بێ گومان دەتوانن دەسەڵاتدارانی ئایندەش ئاسانتر بگۆڕن . خەڵکی لە ئێراندا دەبنە خاوەن ئەزموونێکی گەورەتر کە دەکرێت لە هەموو جیهاندا بە تایبەت ناوچەکەدا نموونەیەك بێت و بەرچاو بگیرێت.
دوو: گۆڕانکاری لە ئێراندا بناخەی گۆڕانکاری لە عێراقدا دادەنێت چونکە وەکو زانراوە لە عێراقدا ئێران حوکم دەکات و کۆنترۆڵی هەموو شتێکی کردوە و پارەیەکی زۆری عێراقی بۆ ئێران و موالییەکانی سەر بە ئێران تەرخان کردوو.
سێ: مەترسی هێڕشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران چی تر نامێنێت ئەگەر وەختیش بێت ، بەمەش نەك هەر زەرەری گیانی و ڕۆحی لە هیچ لایەک بەم شەڕە نادرێت، بەڵكو بۆ ماوەیەكیش ئاسایش بۆ ناوچەکە دەگەڕێتەوە کە لە روودانی هەر شەڕێكدا لەگەڵ ئێراندا عێراق زەرەرمەندی سەرەکی دەبێ لە هەموو رویەکەوە، لە پلەی دووهەمیشدا وڵاتانی دەرو دراوسێ.
چوار: ئەو جەمسەر گەورەیەی شیعەو سوونە کە بەرانبەر بەیەک لە حوکمدا وەستاون یەك لە ترسی ئەوی تریان خۆی زیاتر پڕ چەک دەکات و برەو بە کۆمپانیای چەك و تەقەمەنی وڵاتانی پێشكەوتوی پەیشەسازی دەدەن، جەمسەرێکیان گەر بۆ کاتیش بێت لە حوکمدا نامێنێت . ئەمە جگە لە دروستکردنی گروپ و ڕێکخراوی چەکدارانە لە وڵاتانی دیکەدا لە بەرانبەر بەیەك کە شەڕی بەوەکالەت دەکەن. بە گۆڕانی ڕژێم لە ئێراندا تا ڕادەیەك ئەو کرژییە گەر بە کاتیش بێت نامێنێت و خاو دەبێتەوە.
پێنج: هاوکاری لۆجیستکی و ئایدۆلۆجی و سەربازی و دارایی حیزبەکانی پاشکۆی دەسەڵاتدارنی ئێران نامێنێت و بەمەش حیزبەکان لاواز دەبن .
شەش: لاوازبوون و کەنارکەوتنی حیزبە نەتەوەییەکان و حیزبە دەسەڵاتخوازەکانی دیکەی ئێران ، کە ئەمەش خاڵێکی زۆر ئیجابییە .
حەوت: ئەزموونی 47 ساڵەی ئێرانییەکان لەگەڵ ئەم ڕژێمەدا ، گریمانی کەمتر هەیە تاکو رژێمێکی دیکەی دینی دوای ئەمان دروستببێت ، لەو بارەشدا بارودۆخی ژنان لە ئێراندا لە زۆر ڕووەوە تا ڕادەیەکی زۆر بەرەو باشی دەگۆڕێت .
هەشت : ئەوە ئاشکرایە هەمیشە خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەکان لەسەر داخوازی ژیان و بەرزبوونەوەی نرخ و نەبوونی ئازادی ڕوودەدەن نەك بۆ ئامانجێکی دوورتری ئەوەی کە چەپ و مارکسییەکان دەیانەوێت کە دروستبوونی حکومەتی کرێکاری و دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتاریە. دەبێت ئەوە تێبگەین کە خەڵکی دەستەبەرکردنی نان و پیداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی دەخاتە پێش سەراپای دروشمی بریقەداری حیزب و ڕێکخراوە دەسەڵاتخوازەکانەوە. ناکرێت خەڵکی بە سکی برسییەوە ، بێ عیلاج و توانای ناردنی منداڵیان بۆ قوتابخانە چاوەڕوانی حکومەتێکی باشتر ، کرێکاری، یاخود دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیاتاری بکەن کە کەی ئەوان گەیشتنە دەسەڵات ئەو کاتە هەموو شتێكیان بۆ بەدەست دەهێنن.
بێ گومان ئەوانەی سەرەوە خاڵی سەرەکی پۆزەتیڤن لە گۆڕینی ڕژێمی مەلاکان و ئاخوندەکان لە ئێراندا خاڵی زۆری دیکەش هەن کە پێویست ناکات باسیان بکرێت.
هاوکاتیش دەکرێت کە ڕاپەڕینەکە خامۆش بکرێت چ لە ڕێگای کۆنترۆڵی حیزبەکانەوە کە گریمانێکی لاوازە ، یان لە لایەن وتووێژی دەسەڵاتدارانەوە لەگەڵ چەند کەسێک لە خۆپیشاندەران بە ناوی نوێنەرانی خۆپشیاندەرەکان کە لە دەرەوەی کۆبونەوەی جەماوەری و دیمۆکراتی راستەوخۆ وەکو نێردەیەك هەڵدەبژێرێن. مەترسییەکی دیکەی گەورەش هەیە کە دەستوەردان و کردنی پاگەندەی گەورە و بڵاوکردنەوەی ڤیدۆ و ڕاگەیاندن لە لایەن ئەمەریکا و سەرانی ئەوروپا و ڕوسیا و ئیسرائیلەوە ، کە کارایی ئەمە زۆر بە خراپ لەسەر خۆپیشاندەران دەشكێتەوە ، بە باشی و بەسوودیش بۆ حوکمرانانی ئێران دەگەڕێتەوە.

بەڕای من و ڕەنگە زۆری دیکەش، سەرکەوتنی ئەم ڕاپەڕینە زۆر پۆزەتیڤانەیە. لە کاتێکدا کە خەڵکی لە ئێراندا وەکو پێشتر وتوومە زۆر هۆشیارن و خاوەنی ئەزموونی زۆر گەورەن چۆن لە بەناو شۆڕشی 1978 و 1979 دا کرێکاران و خەڵکی خۆیان توانییان خۆیان ڕێکبخەن ، ئێستا باشتر دەتوانن و بە ئەزموونێکی زیاتری ناو خودی ئێران و ناوچەکە و جیهانیشەوە خۆیان لە ڕێگەی ئەنجومەنە ئاسۆییە ناهیراشییەکانی شوێنەکانی سەر کار و زانکۆکان و شەقامەکان و گەڕەکەکان لە ڕێگەی دیمۆکراتی ڕاستەوخۆوە بڕیارە گرنگ و زەروورییەکانیان بدەن و دەستەجەمعیانە بۆ جێ بەجێکردنی کار بکەن و بۆ ژیانیان کاری هەرەوەزییانە ڕێکبخەن .
کردنی ئەمانە زەروورییە و ژیانیش لە کردنیاندا خەڵکی فێر دەکات کە دەکرێت کۆمۆنێتی سۆشیالیستی / ئەنارکستی بچوك و گەورە دروست بێت و ببنە نموونەیەك بۆ شوێن و ناوچەکانی دیکەش .
دەی با بە هیوابین کە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران بتوانن ئەو هەنگاوانە بنێن .

زاهیر باهیر
01/01/2026




خوێندنەوەیەک بۆ بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران لە عێراق (١٩٧٠ – ١٩٨٥).. ئامادەکردن و وەرگێڕان لە عەرەبییەوە: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

زەمینەی سەرهەڵدانی شانۆی کرێکاران لە عێراق
عێراق وەک وڵاتێکی تازە دروستبوو، هەر لەسەرەتای سەدەی بیستەوە شێوازی بەرهەمهێنانی ئابووری سەرمایەداری تیایدا باڵادەست بووە. گەشەی پیشەسازی و مانیفاکتۆرە و کردنەوەی سەدەها کارگە و وەرشە و دامەزراندنی هەزاران کرێکار و کۆچی جووتیاران لەلادێوە بۆ شار و چەندین هۆکاری تر بوونە هۆی خەمڵین و هاتنەمەیدانی چینێکی کۆمەڵایەتی (چینی کرێکار) کە ئەمەش بەدەوری خۆی وایکرد مێژووی خەبات و تێکۆشانی چینایەتی لە عێراق پێ بخاتە نێو هەلومەرجێکی ئابووری تازە و ئاستێکی باڵاتر لەنمایشی چینایەتی. مێژووی خەباتی کرێکارانی عێراق، مێژوویەکە پڕ لە خەبات و قوربانی و فیداکاری لەپێناو ژیانێکی باشتر و داهاتوویەکی گەشتر. ئەم چینە کۆمەڵایەتییە وەکچۆن ئامڕاز و هۆکارەکانی خەباتی چینایەتی خۆی هەبووە، وەکچۆن ڕابەرانی عەمەلی خۆی هەبووە، وەکچۆن حیزبی سیاسی و نەقابەکانی خۆی هەبووە، ئاواش ئەدەب و هونەری خۆی بەدەستەوە گرتووە و وەک چەکێکی کاریگەر لەپێناو وشیارکردنەوە و بردنەسەری ئاگایی سیاسی کرێکاران بەکاری ‌هێناوە. هونەری شانۆ یەکێک بووە لەو هونەرانەی کە کرێکاران پەنایان بۆ بردووە و ویستوویانە لەو ڕێگەیەوە کاریگەری لەسەر ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە عێراق دابنێن. ئێمە ئەگەرچی زانیاری پێویستمان سەبارەت بە سەرەتای دروستبوون و سەرهەڵدانی شانۆی کرێکاران لە عێراق، وەک بزووتنەوەیەکی هونەری چینایەتی لەبەردەستدا نییە، بەڵام ئەو زانیارییانەی بەردەستن بریتین لە زانیاری قۆناغێکی دیاریکراوی ئەو بزووتنەوە شانۆییە کە هاوتایە لەگەڵ گرتنەدەستی دەسەڵاتی حیزبی بەعس لە عێراق. بۆیە لێرەدا سەرنجی خوێنەران ڕادەکێشم بۆ ئەوەی کەئەم نووسینە ڕەخنەییەی ئێمە تایبەتە بەو قۆناغە مێژووییە دیاریکراوە، واتە ١٩٧٠ تا ١٩٨٥. زەمینەی سەرهەڵدانی شانۆی کرێکاران لەم قۆناغە مێژووییەی عێراق دەگەڕێتەوە بۆ ئەم هۆکارانە:
یەک : سەرمایەداربوونی پرۆسەی بەرهەمهێنانی ئابووری لە عێراق کە چینێکی کۆمەڵایەتی چەوسێنەر بەرێوەی دەبرد و حیزبی بەعسی تازە هاتووی سەرکاریش نوێنەرایەتی و پشتیوانی ئەو چینە ستەمکارەی دەکرد.
دوو : بوونی مێژوو و ئەزموونێکی خەباتکارانەی چینی کرێکاری عێراق و لەمەیدانبوونی ئەو چینە کۆمەڵایەتییە و خەبات و تێکۆشانی کۆمەڵایەتی و سیاسی لەپێناو بەرگریکردن لە ئینسانییەتی خۆیان.
سێ : نەخوێندەواری و دواکەوتوویی ئابووری و کۆمەڵایەتی کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدەی شارەکانی عێراق کە شانۆ دەیتوانی وەکو ئامڕازێکی هونەری کاریگەر ئیش لەسەر ئاگایی چینایەتی بکات.
چوار : باڵادەستی ئایدیۆلۆژی سۆشیالیستی یەکێتیی سۆڤییەت و بلۆکی ڕۆژهەڵات و کاریگەری ئەو ئایدیۆلۆژییە سۆشیالیستییە لەسەر جیهان و عێراق و هەورەها و دنە و سەپۆرتی سیاسی حیزبی بەعس لەژێر دروشمە بەناو سۆشیالیستە درۆزنەکانی و هەورەها دنەی حیزبی شیوعی عێراقی کە ئەوکات ئەو دوو حیزبە لەگۆڕەپانی سیاسی عێراق لەبەرەیەکی سیاسیدا هاوپەیمانی یەکتر بوون.
پێنج : بوونی کادیری هونەری و نووسەری بواری شانۆ و ئامادەییان لەپێناو وەرێخستنی بزووتنەوەیەکی شانۆیی کە گوزارشت بێت لە خەون و خولیای کرێکاران.
شەش : نەتوانینی گوزارشتکردن لە خەون و ئومێدیان بەشێوەیەکی باش لە کۆڕ و کۆمەڵە هونەریی و فەرهەنگییەکان و ئەو نێوەندانەی کەدەبوو ئامادەییان تیایدا هەبێت، هەروەها دەرکەوتنی نیشانەکانی ناجیددیبوون لەسەر ڕووخساری بەشێک لەو بزووتنەوەیەی کە باوەڕی قووڵی نەبوو بە ئامانجی زاڵبوون بەسەر تەنگوچەڵەمەکان.
سەرهەڵدانی شانۆی کرێکاران لە عێراق بەهۆی پێویستی خێرای گەیاندنی ئەو چەمک و پێوەرە مرۆیی و یاسا و ڕێسا نوێیانە بوو کە بۆ بەرژەوەندی چینی کرێکار دەرچوون، لەوانە مافی خانەنشینی کرێکاران، ڕێگاکانی دۆزینەوەی ئەو هۆکارانەی کە ئەرکیان پاراستنی سەلامەتی گشتی بوو، باشترکردنی ڕێگاکانی بەرهەمهێنان لەڕووی چەندایەتی و چۆنایەتی، بۆیە پێویست بوو میدیا بەگشتی و میدیای چینی کرێکار بەتایبەتی، جێگەی خۆیان بگرن لە پرۆسەی کارلێککردن لەگەڵ پێشکەوتنە مۆدێرنەکان و تەکنەلۆژیای ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و باشترکردنیان لە ژیانی چینی کرێکار. (١) دۆخی سیاسی عێراقی سەردەمی پاشایەتی بەهەموو جۆرێک لەڕێی سەرکووتی سیاسییەوە بەهیچ جۆرێک بواری بە گەشە و ئەدەب و هونەری کرێکاران نەداوە. بەڵام لە ساڵی ١٩٥٨ بەدواوە، هەلومەرجی سیاسی گۆڕا و جۆرێک لە ئازادی و پشتیوانی ئەدەب و هونەری کرێکاریی هاتە ئاراوە. نەقابە کرێکارییەکان دامەزران و زۆربەی نەقابەکانیش لیژنەی ڕۆشنبیری و هونەرییان هەبوو و ئەو نەقابە کرێکارییانەش هانی کرێکاران و هونەرمەندانیان دەدا تیپی شانۆیی دامەزرێنن. بەمجۆرە لەنێو هەناوی ئاگایی چینایەتی کۆمەڵگەی عێراق، کرێکاران دەست دەبەن بۆ چەکێکی هونەری کاریگەر، ئەویش پێکهێنان و دروستکردنی تیپی هونەری شانۆی کرێکارییە. ئاوڕدانەوە لەم بزاڤە هونەرییە کە بەداخەوە ڕەخنەی ئەدەبی کوردی ئاگایەکی لێی نییە، جێی ڕەخنەی تووند و نیگەرانی مەعریفییە. ئاڵوگۆرەکانی دنیا و عێراق و کوردستان لەم چەند دەیەی ڕابردوو، بە کۆمەڵیک هۆکار کە ئێرە جێی باسکردنیان نییە،دۆخێکیان خولقاندووە کەوای کردووە ڕەخنەی ئەەبی کوردی نەتوانێت یان نەیەوێت ئاورێک لەم مەسەلە گرنگە بداتەوە.

شوناسی شانۆی کرێکاران چییە؟
شانۆی کرێکاران؛ بەو شانۆیە دەوترێت کە باس لە کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کرێکاران بکات و تیشک بخاتە سەر ئەو هەلومەرجە فەلاکەتبار و پڕ لەستەمەی ژیانی کرێکاران و ستەملێکراوانی ژێر چەوسانەوەی سیستەمی سەرمایەداری. ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی دەقە شانۆییەکان زادەی شوناسی کارە هونەرییەکانە. ئەوە جیهەتگیری چینایەتی دەقە شانۆییەکانە دەبێتە شوناسی چینایەتی دەق، نەک پێودانگ و پێوانە شکڵییەکانی تری وەکو ناو و تایتلی کرێکاری یان ئەوەی هونەرمەندەکان خۆیان کرێکار بن. لەفەرهەنگی زاراوەی دراما و شانۆدا، شانۆی کرێکاران بریتییە لە چالاکی شانۆیی کە گوزارشت لە کێشەکانی چینی کرێکار دەکات لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری.(٢) ئەو دەقە شانۆییە کرێکارییانەی کە بەزمانی عەرەبی دەنووسران و نمایش دەکران، لەسەر چەند تەوەرەیەک ئیشیان کردووە وەکو خەبات دژی ئیمپریالیزم و بەرجەستەکردنەوەی خەباتی گەلی فەلەستین و ڤێتنام تا دەگات بە کێشە کۆمەڵایەتی و ئابورییەکانی کرێکارانی عێراق کە هەندێکجار بەشێوازی کۆمیدی پێشکەشکراون. سەرجەم ئەو تەوەرانەی کارە شانۆییەکان وەک ناوەڕۆکێکی سیاسی لەچوارچێوەی ئایدیۆلۆژیای سۆشیالیستیدا پۆلینکراون بەڵام بێئەوەی سۆشیالیستیی بن. یان وردتر بڵێم بێئەوەی نزیکایەتییان لەگەڵ مارکسیزمی شۆڕشگێردا هەبێت. لێرەوە شوناسی شانۆی کرێکاری فۆرمێکی تر وەردەگرێت و دەکەوێتە بەر خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی ترەوە. ڕەخنەی ئەدەبی و هونەری مارکسیستیی دەتوانێت پەیگیرانە گرفتی شوناسی شانۆی کرێکاران لە عێراق زانستییانە و بابەتییانە ببینێت و وهەڵسەنگاندنی خۆی لەبارەوە بکات. بەواتایەکی تر پەیامی هونەری شانۆی کرێکاران لەعێراق زیاتر ئابووری بووە و لەدەوری کێشەکانی نەقابە و خانەنەشینی و هەندێکجاریش یەکی ئایار و مەسەلە کۆـەڵایەتییەکانی وەک ژنان، خوولاوەتەوە. دەسەڵاتی سەرکووتگەری بەعس لەعێراق ڕێگەی نەداوە بابەتە سیاسییە هەستیارەکان ببنە ناوەڕۆکی کارە شانۆییەکان.

کاروانی شانۆی کرێکاران لە عێراق
بەر لە سەرەتا و دەستپێکی ئەو قۆناغە تایبەتییەی بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران ١٩٧٠ – ١٩٨٥، هەندێک چالاکیی هونەری لە ئاهەنگە گشتییەکانی نەقابە و لە باخچەی یانەی هەندێک لەو نەقابانە، وەک نەقابەی میکانیک و نەقابەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و نەقابەی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان دەرکەوتن و هەندێک داهێنانی هونەری کرێکاران لە ڕێپێوان و کەرنەڤاڵەکاندا بینران وەک داهێنان لە دیزاین و دیکۆرات و پەیکەری جوان و نیشاندانیان لەسەر ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری درێژدا، کە دەستڕەنگینی هونەرمەندە نەقابەکانیان نیشان دەدا، ئەمەجگە لەو دیمەنە شانۆیانەی کە لەسەر پشتی فلاتی بارهەڵگرەکان نمایش دەکران و هەروەها دەنگی تەپڵ لێدان و ڕیتمەکانی سەما و شمشاڵ لێدان و جووڵە کاریکاتێرییەکان کە لەلایەن هەندێک کرێکاری بەهرەمەندەوە ئەنجام دەدران کە لەئاهەنگی یەکی ئایار بەناوی چینی کرێکارەوە دروشمیان دەوتەوە و لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە پەخش دەکران تا جەماوەرەی لە هەردوو دیوی شەقامەکانی بەغدا لەلایەک و خەڵکی عێراقیش لە قاوەخانە و ماڵەکانیاندا لەلایەکی ترەوە بیانبینن.(٣) بەڵام ئەمە بە سەرەتای کاروانی شانۆی کرێکاران نایەتە ئەژمار. سەرەتای ئەو کاروانە لەوێوە دەست پێدەکات کە کاتێک هەریەک لە جەلال ئیبراهیم و جاسم عەبودی لەکۆتایی دەیەی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، کە (معهد بغداد التجریبي للفنون المسرحیة) لەشاری بەغدا ماڵی شانۆی کرێکاران دادەمەزرێنن، ئیتر لەوێڕا بیرۆکەی دامەزراندنی شانۆی کرێکاریی لەلایەن ئیبراهیم جەلالەوە پێشنیار دەکرێت دواتریش دەچێتە بواری جێبەجیکردنەوە.

بیرۆکەی دروستکردنی ماڵی شانۆی کرێکاران و ئاستەنگەکانی
لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا تیپێکی شانۆیی کرێکاریی پێکهێنرا کە ناوی (ماڵی شانۆی کرێکاران) بوو. ئەم تیپە وەک یەکەم تیپی شانۆیی کرێکاران و یەکەم ئەزموون لە عێراق و جیهانی عەرەبیدا کە سەرجەم ئەندامەکانی کرێکار بوون و هونەرمەندی کۆچکردوو غازی مەجدی لەدەستەی دامەزرێنەرانی بوو و هەرخۆیشی سەرپەرشتی دەکرد. زۆرێک لە هونەرمەندە بەهرەمەند و بەتواناکانی کرێکاران، ئەوانەی کە خاوەنی توانا و بەهرەی هونەری بوون لە بوارەکانی نواندن و لە تەکنیکە شانۆییە جیاوازەکاندا وەک ڕووناکی یان هونەری دیکۆر و دزاین یان دەنگ و مۆسیقا، پەیوەست بوون بەم ماڵە هونەرییەوە.

بیرۆکەی دامەزراندنی شانۆی کرێکاران سەرەتا لەڕێگەی ئەو دۆستایەتییەی کە لەنێوان دەرهێنەری گەورەی شانۆ ئیبراهیم جەلال و غازی مەجدیدا هەبوو، هاتە ئاراوە. ئیبراهیم جەلال بەئامادەبوونی مامۆستا حەمید حەسانی بیرۆکەی دامەزراندنی شانۆی کرێکاران بۆ غازی مەجدی پێشنیار دەکات و غازی مەجدیش بیرۆکەکە پەسند دەکات. واتە خاوەنی بیرۆکەکە دەرهێنەر ئیبراهیم جەلال بوو. بۆ تۆمارکردنی ئەکتەرەکان داوایان لە نەقابەکان کرد کە ئەکتەرەکان بنێرن بۆ کۆمیتەی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن لە یەکێتیی نەقابەکانی کرێکاران و یەکخستنیان لەیەک گروپ بە ناوی ماڵی شانۆی کرێکاران کە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ لەخۆبگرێت. غازی مەجدی داوای لە ئەندامانی ماڵی شانۆی کرێکاران کرد کە ئەکتەری مێینەیان بۆ پەیدا بکەن، هەندێک خوشکەکانیان و هەندێکیش هاوسەرەکانیان و هەندێکیش کەسوکاریان هێنا. غازی مەجدی دەیویست خێزانێک پێکبهێنێت کە بەڕاستی بتوانرێت ناوی شانۆ بێت. دەستی کرد بە ئامادەکردنی هونەرمەندان بۆ ڕاهێنانی نواندن.(٤) بەڵام نابێت ئەوەشمان بیر بچێت کۆمەڵێ ئاستەنگ لەبەردەم بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران لە عێراق هەبوون وەک :
یەک : ئاستی گەشەی فەرهەنگی کۆمەڵگەی عێراق لەو سەردەمە هێندە لەخوار بوو کە کە کۆمەڵگە ناو و ناتۆرەی ناشیرینیان لە ئەکتەر و هونەرمەندەکان دەنا وەکو شایەر و دومبگچی.
دوو : نەبوونی ئەکتەری مێ و کەمی ئامادەیی ژنان لەسەر تەختەی شانۆ بەهۆی دواکەوتوویی بارودۆخی کۆمەڵایەتی ئەو سەردەمەی کۆمەڵگەی عێراق.
سێ : نەبوونی هۆڵی پێویست و پەنا بردن بۆ باخچەی یانەی نەقابە کرێکارییەکان بۆ نمایشی شانۆگەرییەکان.
چوار : نەبوونی دیدگایەکی مارکسیستی شۆڕشگێرانە لەجەرگەی ئەو بزووتنەوەیە و زاڵبوونی تێڕوانینی چینە غەیرە کرێکارییەکان بەسەر ئەو بزووتنەوەیەدا.
پێنج : فراوانتربوونەوەی هەژموونی حیزبی بەعسی فاشیست بەسەر کار و چالاکی نەقابەکان و هەڵسوڕانیان. ئەم هەژموونە لەساڵی ١٩٧٩ بەدواوە تۆختر دەرکەوت.

بەرهەمە هونەرییەکانی بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران
قۆناغی یەکەم

قۆناغی یەکەمی بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران بە شانۆنامەی (ایام العطالة) دەست پێدەکات کە لە نووسینی نووسەری عێراقی ئەدمۆن سەبری و دەرهێنانی جۆزیف فارس و نواندنی هونەرمەندان مریەم فارس و سەناء سەلیم و سوبحی عەزاوی و عیماد بەدەن و ئەوانی تر. هەورەها یەکەمین بەرهەمی ماڵی شانۆی کرێکارانیش، شانۆنامەی (البوابة) بوو کە لەنووسینی غازی مەجدی و دەرهێنانی هونەرمەند موحسین عەزاوی بوو و لەسەر شانۆی دامەزراوەی گشتی سینەما و شانۆ لە ١٢ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٧٤ نمایشکرا. پاشان شانۆگەری (رصیف الغضب) نووسینی سەباح عەتوان و دەرهێنانی وەجیە عەبدولغەنی و پێشکەشکردنی نەقابەی کرێکارانی میکانیک لەسەر تەختەی شانۆی نەتەوەیی لە کەرادە مریەم نمایشکرا. هەروەها شانۆگەری (الدغش) نووسینی هەمزە زوبەیدی درهێنانی قاسم سوبحی و پێشکەشکردنی نەقابەی کرێکارانی خزمەتگوزارییەکان. ئینجا شانۆگەری (الا‌هثون) نووسینی سەباح عەتوان و دەرهێنانی عەبدوڵا جەواد و پێشکەشکردنی نەقابەی کرێکارانی کارەبا. دواتریش شانۆگەری (خان جغان) نووسین و دەرهێنانی جۆزیف فارس و پێشکەشکردنی نەقابەی کرێکارانی پۆست و چاپخانەکان و لەسەر تەختەی شانۆی نەتەوەیی لە کەرادە مریەم نمایشکرا. پاشانیش شانۆگەری (جوکر طایف) نووسینی عەبدولمونعیم جابر و دەرهێنانی وەجیە عەبدولغەنی و لەسەر تەختەی شانۆی نەتەوەیی لە کەرادە مریەم نمایشکرا.

قۆناغی دووەم
لەم قۆناغەدا چەند کارێکی شانۆیی هاتنە نمایشکردن، کە ئەمانەن :
شانۆگەری (الغریب) ساڵی ١٩٧٧ نووسینی مالەللا فەرەج و دەرهێنای جۆزیف فارس لەسەر تەختەی شانۆی گەڕۆک نمایشکرا.
شانۆگەری (محاورات عمالیة) ساڵی ١٩٧٨ نووسین و دەرهێنانی جۆزیف فارس لەسەر تەختەی شانۆی پەیمانگای نەوتی حارسییە نمایشکرا.
شانۆگەری (درس اضافي) ساڵی ١٩٧٩ لە نووسین و دەرهێنای تالیب ڕەبیعی.
شانۆگەری (لاتنظر من ثقب الباب) ساڵی ١٩٧٩ نووسینی بورهان بولبول و دەرهێنانی دکتۆر عەونی کەرومی
شانۆگەری (رصیف الغضب) ساڵی ١٩٧٩ دوای دووبارە داڕشتنەوە و زیادکردنی دوو بەش بۆی وەک بەرنامەی هاوبەشی یەکێتیی نەقابەکانی کرێکارانی عێراق و یەکێتیی نەقابەکانی کرێکارانی سوریا نمایشکرا. لە نووسینی سەباح عەتوان و دەرهێنانی وەجیە عەبدولغەنی و پێشکەشکردنی نەقابەی کرێکارانی میکانیک لەسەر تەختەی شانۆی نەتەوەیی لە کەرادە مریەم نمایشکرا.()
هەروەها یەکەمین میهرەجانی شانۆی کرێکاران کە سەرجەم تیپە شانۆییەکانی نەقابەی کرێکارانی پارێزگاکانی بابل و دیالە و نەجەف و کەربەلا و کەرکووک و قادسیە و موسەنا و ئەنبار و هەولێر و موسڵ و بەسرە و بەغدا تیایدا بەشدار بوون کە لە پێنجی ئایاری ١٩٧٩ تا ٢٢ ی ئایاری هەمان ساڵ بەردەوام بوو.(٥)

شانۆی کرێکاران لە سەردەمی جەنگی عێراق و ئێران(١٩٨١ – ١٩٨٥)
دەیەی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، دەیەی زێڕینی شانۆی کرێکاران بوو لە عێراق. هونەرمەندە کرێکارییەکان توانیان لەڕێگەی کۆمەڵێ ئیش و بەرهەمی هونەرییەوە، بەشێک لە ژیان و خەون و ئومێدی کرێکاران بخەنە سەرشانۆ. بەڵام لە دەیەی هەشتاکاندا، واتە لە سەردەمی جەنگی عێراق و ئێران ئەو پەیوەندییە بەتەواوەتی کوێر دەبێتەوە و هونەرمەندە کرێکارییەکان یان دەبنە سەرباز و دەنێردرێنە بەرەکانی جەنگ و یانیش دەکرێنە (جەیشی شەعبی) و یانیش خەریکی کاروباری حیزبی بەعس دەبن. جەنگی عێراق و ئێران جەنگی کاولکاری و ماڵوێرانی بوو بۆ چینی کرێکاری عێراق. شانۆی کرێکاران لەسەرەتای جەنگی نەگریسی عێراق و ئێران تووشی پاشەکشە و بێئومێد بوو تا لە لە ساڵی ١٩٨١ بەبڕیاری یەکێتیی نەقابەکانی کرێکارانی عێراق لەشاری بەغدا میهرەجانی دووەمی شانۆی کرێکارانی لە دوو تا حەوتی ئایاری ١٩٨١ سازکرا، خشتەی نمایشەکانی ئەم میهرەجانە بەمجۆرە بوو:
ڕۆژی یەکەم : شانۆگەری ( السواعد)، لەلایەن یەکێتیی نەقابەکانی کرێکارانی شاری بەسرە، ئامادەکردنی عەلی ڕەحیمە و دەرهێنانی محەمەد وەهیب.
ڕۆژی دووەم : شانۆگەری (حکایە من مجالس الآیات)، لەلایەن یەکێتیی نەقابەکانی کرێکارانی شاری ئەنبار ، ئامادەکردن و دەرهێنانی حامد خەڵەف ئەلخاتر.
ڕۆژی سێیەم : شانۆگەری (اللعبة)، لەلایەن یەکێتیی نەقابەکانی کرێکارانی شاری بەغدا، نووسین و دەرهێنانی جۆزیف فارس.
ڕۆژی چوارەم : شانۆگەری (الکرسي المتحرک)، لەلایەن یەکێتیی نەقابەکانی کرێکارانی شاری سەلاحەدین، نووسین و دەرهێنانی جەواد موتشەر.
ڕۆژی پێنجەم : شانۆگەری (ایار الدامي)، لەلایەن یەکێتیی نەقابەکانی کرێکارانی شاری سلێمانی، نووسینی تاهیر مەجید عەبدوڵا.
ڕۆژی شەشەم : شانۆگەری (الغارقون)، لەلایەن یەکێتیی نەقابەکانی کرێکاران، نووسینی سەباح عەتوان و دەرهێنانی جۆزیف فارس.(٦)
ئیتر دوای ئەم میهرەجانە، بزووتنەوەی بەناو شانۆی کرێکاران لەعێراق تووشی متبوون و ساردبوونەوە دێت. ئەم کاروانەی بەناو شانۆی کرێکارانەش بە نمایشی شانۆگەری (رحلة نعمان مع طج الخرسان) کە لەنووسینی مەهدی جەبار حەسەن و دەرهێنانی جۆزیف فارس بوو، کۆتایی بە تەمەنی ئەم بزووتنەوەیە هات کە هەر لەسەرەتاوە حیزبی بەعسی فاشیست دەستی نابووە بیناقاقای و سەرەنجام بەتەواوی خنکاندی.(٧)

پوختەی باس
شانۆی کرێکاران لە عێراق زۆر لەپێش ئەو مێژووەوە لەدایکبووە کە هونەرمەندان و مێژوونووسان ئاماژەی پێدەدەن. ئەگەر هەنگاوە سەرەتاکانی ئەو کاروانەشمان لا ڕوون نەبێت، ئەوا لەدوای ساڵی ١٩٥٨ کە دۆخی سیاسی عێراق ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات، سەرەتاکانی شانۆی کرێکاریی لەڕێگەی کەرنەڤاڵ و میهرەجانەکانەوە دەرکەوتن. بەڵام بیرۆکەی بنیادنانی شانۆی کرێکاران لە عێراقی دوای ساڵی ١٩٥٨ دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی دەیەی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکان لەسەر دەستی نووسەر و دەرهێنەری شانۆیی ئیبراهیم جەلال پێشنیار کرا. ئەم بزووتنەوە شانۆییە لەڕێگەی نەقابەکانی کرێکاران و پێشکەشکردنی دەیان بەرهەمی شانۆیی کرێکاریی توانی تا ئاستێکی باش گەشە بکات و ببێتە جێی ڕەزامەندی بینەران و کرێکاران. مێژووی شانۆی کرێکاران، مێژووی نەقابەکانی کرێکارانی ژێر هەژموونی حیزبی بەعسی عێراقە، نەک ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییە سەربەخۆ و شۆڕشگێڕەکانی عێراق. ئامانجی سەرەکیش بردنەسەری ئاگایی کرێکاران نەبوو وەکو بانگەشەیان بۆ دەکرد، بەڵکو ئامانجی سیاسی بەعس لەم بزووتنەوەیە لەلایەکەوە خاڵیکردنەوەی بزووتنەوەی کرێکاری بوو لەهەر کارێکی شۆڕشگێرانە و لەلایەکی تریشەوە کەمڕەنگکردنەوەی کاریگەی حزبی شیوعی عێراق و ڕازیکردنی دڵی یەکێتیی سۆڤییەتی جاران بوو.

ئامادەکردن و وەرگێران لە عەرەبییەوە: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
کەنەدا / کۆتایی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥

سەرچاوە و پەراوێزەکان :
(١)جوزیف فارس، اضواء علی تجربة المسرح العمالي العراقي، موقع مجلة الفنون المسرحیة، https://theaterars.blogspot.com/2020/09/blog-post_30.html
(٢)یاسر غریب، المسرح العمالي ،، ساحة المصنع خشبتە، موقع العربي الجدید، ١ ایار، ٢٠١٥ https://www.alaraby.co.uk/
(٣)جوزیف فارس، اضواء علی تجربة المسرح العمالي العراقي، موقع مجلة الفنون المسرحیة، https://theaterars.blogspot.com/2020/09/blog-post_30.html
(٤) بشار طعمة، من ذاکرة المسرح العراقي، قصة المسرح العمالي،صفحة التواصل الاجتماعي فیسبوک. ١-١٠-٢٠١٢ https://www.facebook.com/story.php/?story_fbid=3458755660905395&id=78235770187
(٥)رسول سبهان،موقع مجلة الصدی الفصول، ادبیة ثقافیة، رئیس التحریر بتول الدلیمي، شباط ٢٠١٤ http://saddaalf9ool.blogspot.com/2014/02/blog-post_3146.html
(٦)جوزیف فارس، اضواء علی تجربة المسرح العمالي العراقي، موقع مجلة الفنون المسرحیة، https://theaterars.blogspot.com/2020/09/blog-post_30.html
(٧)ئەم باسە زیاتر سەبارەت بەشانۆی کرێکارانی عێراقە، لەم نێوەشدا شانۆی کرێکاران لە کوردستانی عێراق دەبێتە بەشێکی دانەبراو لەو مێژووە. ئێمە دەزانین لەم ماوەیەدا(١٩٧٠ – ١٩٨٥)لەنێو بزووتنەوەی شانۆی کوردیدا، شانۆی کرێکاران بوونی هەبووە و کەم تا زۆر ڕۆڵی مێژوویی خۆی گێراوە. شانۆگەری مانگرتن نموونەیەکی دیاری ئەو بزاوتە شانۆییە کوردییەیە. بەڵام لەبەر لەبەردەستدا نەبوونی سەرچاوەی پێویست، بەداخەوە نەمتوانی وەک پێویست ئاوڕێک لەو بزاوتە شانۆییە بدەمەوە.




فه‌ره‌یدون هوه‌یدا … گه‌واهیده‌ری هه‌ڵچوونی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و چه‌ند به‌شێكی درامای ئێرانی.. وەرگێڕانی/ ئاكۆ عەبدوڵڵا

له‌دیمه‌شق هاته‌ دنیا له‌دیپلۆماسیه‌وه‌ به‌ره‌و ئه‌ده‌ب و هزر چوو و له‌تاراوگه‌ش ‌مرد

نووسینی / امیر طاهری
وەرگێڕانی/ ئاكۆ عەبدوڵڵا

هوه‌یدا له‌پاریس یه‌كه‌م رۆمانی به‌ناوی (ژووره‌كانی نه‌خۆشخانه‌)(*) نووسی، كه‌ یه‌كه‌م رۆمانه‌ كه‌سێكی نا فه‌ره‌نسی به‌زمانی فه‌ره‌نسی نووسیبێ، تا ئه‌مڕۆش به‌یه‌ك له‌كاره‌ ره‌سه‌نه‌كانی سه‌رده‌می خۆی داده‌نرێت و بۆ خه‌ڵاتی كۆنگۆریش كاندید كرا. بابه‌تی سه‌ره‌كی ناوی بریتییه‌ له‌سه‌رنه‌كه‌وتن له‌تێگه‌یشتنی یه‌كتری له‌نێوان رۆژهه‌ڵاتی ئیسلام و رۆژئاوای عیلمانی. له‌و رۆمانه‌دا له‌كاتی ئاهه‌نگێك كه‌ ژنێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی پاریسی سازی كرد بوو، ژیانی سێ كه‌س به‌ته‌واوی ده‌گۆڕێت.
كتێبه‌كه‌ی هویدا (شه‌وه‌ ئاژاوه‌ییه‌كان) كه‌ به‌وه‌سفێكی بێهوده‌ییانه‌ی درێژی وه‌رزی پایز له‌نیویۆرك له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كی ده‌ست پێده‌كات. كه‌ له‌پڕ ده‌رك به‌وه‌ ده‌كات هیچ كامێكیان ناتوانن بزانن چی ده‌كه‌ن تا نه‌زانن ئایینده‌یان چۆن ده‌بێت. دوای پیاسه‌كه‌ هویدا چووه‌وه‌ ناو ئه‌پارتمانه‌ به‌تاڵه‌كه‌ی، دواتر زه‌نگی ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی به‌ر گوێ ده‌كه‌وێت و كه‌ بڵندی ده‌كات ده‌نگێكی گه‌وره‌ی دێته‌ به‌ر گوێ كه‌ ده‌ڵێت : ئه‌وه‌ تۆیت؟
ئه‌و پرسیاره‌ به‌درێژایی ته‌مه‌ن راوه‌دووی هوه‌یدای ده‌نا و هه‌رگیز نه‌ده‌وه‌ستا له‌پرسینی: كه‌ینوونه‌ی راسته‌قینه‌ی هه‌ر كامێكیمان چییه‌؟ دواتر پرسیاره‌كه‌ فراوان بوو و له‌چوارچیوه‌ی تایبه‌تی ده‌رچوو بۆ پشكنینی كه‌ینوونه‌ی فراوانتر: نه‌ته‌وه‌ی ئێرانی و خێزان له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و ئیسلام و ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت جیهانی سێیه‌م.
له‌هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو هوه‌یدا توانی له‌هه‌نگاو هه‌ڵنێت له‌دیپلۆماسی و رۆماننووسێكی ناسراو به‌ره‌و هزرمه‌ندێكی ره‌سه‌ن و تایبه‌ت به‌توێژینه‌وه‌ له‌شوێنی ئیسلام له‌و جیهانه‌ی كه‌ هێزی نائیسلام تێیدا فه‌رمانڕه‌وایه‌. به‌هۆی خوێندنه‌وه‌ فراوانه‌كه‌شی توانی كڕۆك له‌ده‌قه‌ نه‌ناسراوه‌ بڵاوه‌كانی ناو پێنج یان شه‌ش زمان ده‌ربهێنێ. ئه‌و جگه‌ له‌زمانی دایك (فارسی)، عه‌ره‌بی و فه‌ره‌نسی (دكتۆرای به‌فه‌ره‌نسی وه‌رگرت) و زمانی ئینگلیزی (كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ كاری دیپلۆماسی ده‌كرد) و ئه‌ڵمانی (زمانی گیسلای ژنی دووه‌می). نزیكه‌ی شاره‌زایی له‌هه‌موو ئه‌و كه‌لتوورانه‌ په‌یداكرد كه‌ پێوه‌ندییان به‌توێژینه‌وه‌كه‌ی هه‌بوو.
فه‌ره‌یدون هوه‌یدا ساڵی 1924 له‌وڵاتی سوریا هاته‌ دونیا، ئه‌وسا ئه‌و شوێنه‌ له‌ژێر ئینتدابی فه‌ره‌نسی بوو. باوكیشی (عین الملك) وه‌ك دیپلۆماسێكی ئێرانی، سه‌رۆكی باڵیۆزخانه‌ی ناڕه‌سمی به‌رجه‌سته‌كه‌ری به‌رژه‌وه‌ندی ئێران بوو له‌دیمه‌شق. باوكی هوه‌یدا، خۆی بۆخۆی پێگه‌یاند. كوڕی نانه‌وایه‌ك بوو له‌شاری شیراز، به‌ڵام به‌هۆی خوێندن و تێكۆشان توانی هه‌ڵكشێ و له‌تارانی پایته‌خت ببێت به‌فه‌رمانبه‌ر. ساڵی 1917 شازاده‌یه‌كی قاچاری ‌خوازت. حه‌وت ساڵ به‌ر له‌وه‌ی په‌هله‌ویه‌‌كان شوێنی بنه‌ماڵه‌ی قاجاری له‌ده‌سه‌ڵات بگرنه‌وه‌. نازناوی عین الملكی وه‌ك دیاری له‌هاوسه‌رگیریه‌كه‌ی له‌لایه‌ن شاوی قاچاره‌وه‌‌ پێبه‌خشرا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌بنه‌ماڵه‌ی قاچاریه‌وه‌ بۆ په‌هله‌وی ده‌گوازرێته‌وه‌، كه‌چی باوكی هوه‌یدا له‌وه‌رگرتنی پله‌ و پایه‌ی حوكمی نه‌كه‌وت. ‌ساڵی 1931 له‌وڵاتی سعودیا بوو به‌باڵوێز و چوار ساڵ له‌وێدا ماوه‌ و نازناوی (ئه‌میری حه‌ج) ی پێبه‌خشرا كه‌ هه‌موو ساڵێك سه‌رۆكایه‌تی حا‌جییه‌‌ ئێرانییه‌كانی بۆ مه‌ككه‌ ده‌كرد.
هه‌رچی هوه‌یدا و برا گه‌وره‌كه‌شیه‌تی (ئه‌میر عه‌باسی) به‌مه‌به‌ستی ته‌واوكردنی خوێندن به‌زمانی فه‌ره‌نسی له‌لای دایكیان مانه‌وه‌، سه‌ره‌تا له‌دیمه‌شق دواتریش له‌به‌یروت. ئه‌وه‌ش وه‌ك هوه‌یدا ده‌ڵێت كڵاوڕۆژنه‌یه‌ك بوو تاكو تێیدا ئه‌و درامایانه‌ ببینی كه ‌ئه‌وسا روویان ده‌دا و‌ دواتر رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستیان پێكهێنا. جولانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌خوازی و بڵاوبوونه‌وه‌ی ئاییده‌كانی وه‌ك كۆمونیستی و نازی له‌نێوان رۆشنبیرانی عه‌ره‌ب و دروستبوون ئیسرائیل له‌فه‌له‌ستین و سه‌رهه‌ڵدانی توند‌ڕه‌وی ئیسلامی، به‌تایبه‌تی ئیخوانی موسلمین و هه‌ڵكشانی گرژی له‌نێوان داگیركه‌ر و باڵاده‌ستبوونی رۆژئاوایی. هاوكات عه‌ره‌به‌كان له‌زۆر به‌شی ئیمپراتۆریه‌ته‌ دۆڕاوه‌كه‌ی عوسمانی، وڵاتی نوێ و جۆراوجۆریان پێكهێنا و هه‌وڵیاندا به‌هه‌موو توانایه‌ك ناسنامه‌ی نوێیان دابڕێژن. هوه‌یدا هه‌موو ئه‌وانه‌ی بینی.
به‌پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی هاوڕێیه‌كانی خوێندنیشی له‌دیمه‌شق و به‌یروت، هوه‌یدا بایه‌خی به‌كاری سیاسی نه‌دا، هۆیه‌كه‌شی بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕاوه‌ ئه‌و لایه‌نێكی دیكه‌ی خوشتری دۆزیبۆوه‌. ئه‌ویش سینه‌ما بوو، كه‌ به‌واقیعێكی ‌جێگره‌وه‌ی داده‌نا. له‌كاتی به‌رپابوونی جه‌نگی دووه‌می جیهانیش خانه‌واده‌كه‌یان گه‌ڕانه‌وه‌ شاری تاران و (ئه‌میر عه‌باسی) برا گه‌وره‌ی له‌ته‌مه‌نی بیست و یه‌ك ساڵی چووه‌ ریزی هێزه‌كانی سوپا، به‌ڵام هوه‌یدا له‌به‌ر ته‌مه‌ن بچووكی هه‌ر له‌به‌یروت ماوه‌ و له‌وێدا درێژه‌ی به‌خوێدندا. دوای هاتنه‌ جۆشی كورتخایه‌ن بۆ ئه‌و هه‌ڵچوونه‌ چه‌پڕه‌و و نیشتمانییه‌ی كه‌ له‌نێوان ساڵی 1950 – 1951 له‌كاتی خۆماڵیكردنی نه‌وت روویدا، بۆ ته‌واوكردنی خوێندن رووی له‌پاریس كرد. له‌وێدا پێوه‌ندی به‌تینی هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ ناودارانی وه‌ك (هه‌نری مارسی، هه‌نری كۆربن، ریمۆن ئارۆن، مه‌كسم رودنسۆن، كلود بوردی، و رۆماننووسی ئێرانی تاراوگه‌نشین، سادق هیدایه‌تی) ‌به‌ست.
دوای وه‌رگرتنی پله‌ی دكتۆرا له‌بواری ئابووری بۆ ماوه‌ی ده‌ ساڵ له‌پاریس، شاره‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ماوه‌ و له‌نووسینگه‌ی باڵوێزخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی كاری كرد. پاریس ئه‌و شوێنه‌ بوو كه‌ بۆ یه‌كه‌م جار تیشكی خسته‌سه‌ر وه‌ك دیپلۆماسكار، كاتێك كه‌ یه‌كێك بوو له‌و سێ كه‌سه‌ی شاندی ئێرانی له‌كۆنگره‌ی دامه‌زراندنی مافه‌كانی مرۆڤ. ئه‌وه‌ سه‌ره‌تای هاریكارییه‌ درێژه‌كه‌ی ئه‌و بوو له‌گه‌ڵ پرسه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤدا. ساڵی 1949 له‌ناو ئه‌و شانده‌ ئێرانییه‌ دابوو كه‌ به‌شداری كرد له‌داڕێژتنی مافه‌ سه‌رتاسه‌ریه‌كانی مرۆڤ. له‌ساڵی 1968 هوه‌یدا یه‌كێك بوو له‌نووسه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی جاڕدانی تاران، كه‌ كۆنگره‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی بوو بۆ یادی بیست ساڵه‌ی جاڕدانی یه‌كه‌م په‌یماننامه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ و ئاهه‌نگی گێڕا.
له‌و كاته‌ی هوه‌یدا له‌پاریس بوو، (توران مه‌نسوری) هاوسه‌ری یه‌كه‌می ناسی، كه‌ باوكی ئه‌و له‌ساڵانی چله‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێران بوو، به‌ڵام هه‌ر زوو ده‌ركه‌وت هاوسه‌رگیریه‌كه‌یان ئاسووده‌یی نییه‌، بۆیه‌ دوای ماوه‌یه‌كی كورت ده‌ستبه‌رداری یه‌كتری بوون، هه‌رچه‌ند ئه‌و یارمه‌تی هوه‌یدایدا بۆ بنیاتنانی پێوه‌ندی به‌هێز له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك له‌چاكسازه‌ گه‌نجه‌كان كه‌ حوسێن عه‌لی مه‌نسوری برا گه‌وره‌كه‌ی توران، سه‌ركردایه‌تی ده‌كردن، ئه‌و پیاوه‌ی ساڵی 1964 بوو به‌سه‌رۆك وه‌زیران.
هوه‌یدا له‌پاریس دوای نووسینی رۆمانی (رۆژه‌كانی نه‌خۆشخانه‌) ، چه‌ندان رۆمانی دیكه‌ی نووسی له‌وانه‌، (فڕۆكه‌خانه‌)، (له‌زه‌وی نامۆدا)، (به‌فری سیناء) كه‌ هه‌موویان له‌ده‌زگای گالیماری چاپكران. هه‌روه‌ها چه‌ندان لێكۆلێنه‌وه‌ی نووسیوه‌، له‌وانه‌ (نه‌وتی ئێرانی) كه‌ بانگه‌وازێكی به‌هێزه‌ بۆ خۆماڵیكردن و ساڵی1951 بڵاوكراوه‌، و (ئیرۆتیكیه‌تی هه‌زار و یه‌ك شه‌وه‌) و (مێژووی رۆمانه‌ پۆلیسیه‌كان). له‌ساڵانی شه‌سته‌كان توانرا هوه‌یدا رازی بكرێ ده‌ست له‌پله‌ و پایه‌ی ناو رێكخراوی (یۆنسكۆ) هه‌ڵبگرێت و بگه‌ڕێته‌وه‌ ئێران، تاكو كاری دیپلۆماسی ئه‌نجام بدات، ئه‌و ڕۆژانه‌ پڕ بوون له‌هیوا له‌گه‌ڵ‌ پێشنیاره‌كانی شا بۆ چاكسازی كه‌ به‌ (شۆڕشی سپی) ناسرا بوو، له‌ناویدا گۆڕانكاری له‌ناو نه‌وه‌كانی كاركه‌رانی ناو ده‌زگاكانی وڵات هه‌بوو. به‌وه‌ش ئه‌میر عه‌باسی برای هوه‌یدا ‌ساڵی 1965 توانی ببێته‌ به‌سه‌رۆك وه‌زیران و هوه‌یداش له‌ڕێگای كاری دیپلۆماسیدا بوو به‌بریكاری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ بۆ رێكخراوه‌ نێو ده‌وڵه‌تییه‌كان. له‌ساڵی 1971 وه‌ك باڵوێزی ئێران له‌نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ نیویۆرك ‌ناردرا. كه‌ تا ساڵی 1979 دوای دروستبوونی كۆماری ئیسلامی له‌ژێر باڵاده‌ستی ئایه‌توڵا خومه‌ینی، له‌و پایه‌یه‌ ماوه‌.
له‌ماوه‌ی كاركردنی ناو نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هوه‌یدا بره‌وی به‌سیاسه‌تی كرانه‌وه‌ی نێو ده‌وڵه‌تی له‌نێوان هێزه‌ گه‌وره‌كاندا و بۆ ماوه‌ی چوار ساڵیش سه‌رۆكایه‌تی لیژنه‌ی چه‌ك داماڵینی گرته‌ ئه‌ستۆ. ‌ساڵی 1980 كتێبی (رووخانی شا) بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ تێیدا به‌خێرایی باسی له‌شۆڕشی خومه‌ینی كردووه‌ و رق و توڕه‌یی خۆشی له‌به‌رامبه‌ر له‌سێداره‌دانی ئه‌میر عه‌باسی برای له‌نیسانی 1979 ده‌ر‌بڕیوه‌. دواتر كتێبی (ئاوێنه‌ بۆ مه‌لا) و دوای تێپه‌ڕبوونی ده ‌ساڵی دیكه‌ش كتێبی (خاچه‌ شكاوه‌كه‌ی) ی ‌نووسی. كه‌ توێژینه‌وه‌یه‌كه‌ بۆ توندوتیژی سیاسی له‌مێژووی ئیسلامی. ئه‌و كتێبه‌ یه‌كه‌م كتێبی هوه‌یدا به‌زمانی ئینگلیزی. دواتر كتێبێكی دیكه‌ی به‌و زمانه‌ به‌ناوی (شا و ئایه‌توڵا) ‌نووسی‌. تێیدا هه‌وڵی تێگه‌یشتن له‌ئێرانی نوێ ده‌دات له‌رێگه‌ی دیالۆگی نێوان ئه‌فسانه‌ فارسییه‌ كۆنه‌كان و ته‌قالیدی ئیسلامی نوێوه‌.
له‌ساڵانی هه‌شتاكانیش لایه‌نێكی دیكه‌ی به‌هره‌ی هوه‌یدا له‌ئه‌نجامدانی زنجیره‌ك نیگار و كۆلاژ به‌دیار‌كه‌وت و بووه‌‌ مایه‌ی سه‌رسامی هونه‌رمه‌ندانی هاوچه‌رخی، له‌وان ئاندی وارهۆل و شاعیر و نیگاركێشی ئه‌مه‌ریكی مانوخه‌ر یه‌كتای. هوه‌یدا‌ پاش به‌سه‌ربردنی ملمڵانێی سه‌خت له‌گه‌ڵ نه‌خۆشی شیرپه‌نجه، ساڵی 2006 له‌شاری ڤێرجه‌ینای ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان كۆچی دوایی كرد. دوای خۆی گیسلای هاوسه‌ر و هه‌ردوو كچه‌كه‌ی ماندانا و رۆكسانای جێهێشت.

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی www.asharqalawsat.com

  • مه‌به‌ستی رۆمانی (Les Quarantaines) كه‌ ساڵی 1962 بڵاویكرده‌وه‌. (وه‌رگێڕ)



کتێب\ سۆرانی مامەحەمە.. رۆژنامەنووسی راپۆرتە خوێناوێکان

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




بارزانی لە نێو پرسە ئاڵۆزەکاندا.. عوسمانی حاجی مارف

مەسعود بارزانی لەمیانەی وتارەکەیدا لە کۆڕبەندی “مەلای جزیری” وەها نیشانیدا کەجەخت لە پاڵپشتیکردنی پرۆسەی ئاشتی نێوان تورکیا و پەکەکە دەکات، ئەمەش لە هەوڵدانەکانی بارزانیە کە خۆی وەک نوێنەری سەرەکی پرسی کورد لە ناوچەکەدا بناسێنێت!.
ئەم هەنگاوەی لەم کاتەدا لە تورکیادا بۆئەوەیە کە پەیوەندیەکی کراوەتر و هاوپەیمانیەکی فراوانتر لەگەڵ تورکیادا ئەنجام بدات، ڕۆڵی خۆی لە ململانێیەکی بەرفراوانتری ناوچەیی جێگیر بکات، تا وەک سەکۆیەک بۆ بەرزکردنەوەی نفوزی خۆی بەکاریبهێنێت. ئەم هەنگاوە لە کاتێکی زۆر هەستیاردا هاتووە، تەنها دوو ڕۆژ دوای هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سلێمانی، کە لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یان موشەکەوە ئەنجامدرا، ئەمەش شۆکێکی ئابوری و ئەمنی بۆ هەرێم دروستکرد. هێرش بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر هۆشداریەکە بۆ بارزانی و تاڵەبانی کە هەوڵی بەهێزکردنی پێگەی خۆیان یان فراوانکردنی هاوپەیمانیەکەیان ئەدەن، ئەمەش تیشک دەخاتە سەر لاوازی بارزانی و تاڵەبانی بەرامبەر بەو هێزانەی کە هەوڵی تێکدانی سەقامگیری ئابووری و سیاسی ناوچەکە ئەدەن.
لەنێوان نزیکبونەوەی زیاتر و هاوپەیمانی لەگەڵ تورکیا و فشارە ئەمنیەکاندا یاریەکی ئاڵۆز هەیە، سەردانەکەی بارزانی بۆ دورگەی بۆتان ئەوە دووپاتدەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان پلانی هەیە هاوپەیمانیەکانی فراوانتر بکات، بارزانی دەیەوێت ڕۆڵی نێوەندگیری لەنێوان ئەنقەرە و بەغدا بگێڕێت، هاوکات یاریزانێکی کارا بێت لە پرۆسەی ئاشتی لە ناوچەکەدا! بەڵام گومانی تێدا نیە، هەڵوێستی فەرمی تورکیا ئەوەیە کە کوردستان و هێزە کوردیەکانی وەها دەوێت، ئامادەبن بۆ پشتیوانی لە داسەپاندنی پڕۆسەی بەناو ئاشتی لەگەڵ پەکەکەدا، کە بە ویست و نەخشەی تورکیا بە شوێنێک بگەیەنرێت، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ڕێکەوتنێکی بێدەنگە لەسەر پێگە و ڕۆڵی هەرێم، وەک سەکۆیەک بۆ نێوەندگیری یان سازدان لە پرسە ئاڵۆزەکانی ناوچەکەدا.
هێرشەکانی سەر کێڵگە گازیەکان، بوونی هێزی ناوخۆیی یان ناوچەیی ئاشکرادەکات، کە پێشوازی لەو جۆرە هەنگاوانەی بارزانی ناکەن، ئەو هێزانە ئاسایشی وزە وەک ئامرازێکی گوشار بەکاردەهێنن بۆ ناردنی پەیامێک، ڕایدەگەیەنێن هەر هەنگاوێکی سەربەخۆ یان هاوپەیمانیەکی نوێ دەبێت تێچووی سیاسی و ئابووری بەرچاوی لەگەڵدا بێت!.
نزیکبونەوەی زیاتری ئێستای هەولێر و ئەنقەرە لە کاتێکی زۆر هەستیاردایە، دوابەدوای پێشهاتەکانی سوریا و پێگەی هەسەدە و دەخالەتی ئیسرائیل و ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران و دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکەیە، کە کاریگەری لەسەر ئاسایشی تورکیا هەیە، کاریگەری لەسەر سەردانەکەی بارزانیش دەبێت، کەنەتوانێ مەبەستەکەی بهێنێتە دی!.
لەو چوارچێوەیەدا بارزانی، هەرێم وەک زەمینەیەکی ناوەند پیشاندەدات، خۆی دەخاتەناو جەرگەی پرسە بەرفراوانە بێوەڵامەکانی مەسەلەی کوردەوە. بەڵام هێرش بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر تیشک دەخاتەسەر ئەو تەحەدایەی کە ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبێتەوە، واتە بەرگرتن بە فراوانکردنی هاوپەیمانیەکانی بارزانی، لەهەمانکاتدا ڕووبەڕووی هەڕەشەی ڕاستەوخۆ دەبێتەوە بۆ سەر ژێرخانی ژیان و ئاسایشی دانیشتوانی هەرێم، بۆیە پرسیار ئەوەیە بارزانی دەتوانێ لەم دۆخە ئاڵۆزەدا چی بکات بۆ تورکیا، چۆن لە ئایندەی کوردستان دەڕوانێت؟. ئەوەی لەلایەکی ترەوە لە چاوەڕوانی بارزانیدایە، کارکردنە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ دەخالەت و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، بە تایبەتی کە ئەمریکا گەورەترین قونسڵخانەی لە هەولێر کردۆتەوە، بەڵام یاریەکە لەنێوان دەوری ووڵاتانی زلهێزی دنیاو ناوچەکەدا بە ئاسان بۆ بارزانی بەدەست نایەت.
پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری، یان بەرگری لە پرسێکی خوازراو، لە دۆخی ئێستای ناوچەکەدا، پێویستی بە ئاستی هاوسەنگیەک هەیە کە لەنێو هاوکێشە سیاسیەکان و ململانێکاندا وەک لایەنێکی سەرەکی یاری بکەیت، نەک سەر بەلایەنێک یا پشتیوانی بۆ لایەنێک بچیتەناو یاریەکەوە، ئەوەی بارزانی دەیکات پاشکۆبوونە بۆ لایەنە سەرەکیەکان و لەپێناو پاراستنی هێزەکەی بە هەرنرخێک بێت، ئایندەی ئەم ڕێبازە بە نادیاری ماوەتەوە بەهۆی هەوڵی هەولێر بۆ هاوپەیمانی نوێ و داڕشتنەوەی پێگەی ناوچەیی خۆی، بەچاوەڕوانی بۆ ئەو پێشهاتانەی کە ئەمریکا بۆ دەخالەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دایرشتووە، بۆ هێشتنەوەی ناوچەکە لە چوارچێوەی باڵادەستی ئەمریکادا و پشتیوانی و پاراستنی ئیسرائیلدا.
هەر لەو چوارچێوەیەدا سەردانەکەی بارزانی بۆ دورگەی بۆتانی تورکیا، هەنگاوێکی ستراتیجیە بەرەو بەهێزکردنی زیاتری هێزەکەی بەناوی پرسی کورد لە ناوچەکەدا و پشتیوانیکردن لە پرۆسەی ئاشتی نێوان تورکیا و پەکەکە، ئەوەی جێگای سەرنجە، ئەمە لەکاتێکدایە کە هەڕەشەی ڕاستەقینە بۆ سەر ژێرخانی ئابوری و ئاسایشی هەرێم هەیە، کە کاریگەری لەسەر نەبونی ئاسایش بۆ سەرمایەگوزاری و پێگەی هەرێم لە عێراق و ناوچەکەدا داناوە، وەک نموونەی هێرشکردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆر، کە ڕەنگدانەوەی گۆڕینی غاز و نەوتە بۆ لێدان لە نفوزی سیاسی.
هەوڵدانی بارزانی بۆ پتەوکردنی هاوپەیمانیە دەرەکیەکان و پاراستنی سەربەخۆیی سیاسی تەنها بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی ژێرخانی ئابووری و کەڵەکەی سەرمایە و ئاسایشی خۆیەتی، بۆ جێگیرکردن و بەفەرمیکردنی دەسەڵاتی بنەماڵە لە چوارچێوەی ئەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا، کە پڕە لە مەترسی و پشێوی زیاتر بۆ هەرێم، بۆیە ناتوانێ ستراتیژێکی ڕون و یەکگرتوو، بۆ کۆتایی بە ناجێگیری سیاسی لە هەرێم و لەم دۆخەدا دەستەبەر بکات، کە سیاسەت و ئاسایش و ئابووری لەبەرامبەر هەڕەشەکاندا بەیەکەوە دەبەستێت.
هێرش بۆ سەر کێڵگەی نەوتی کۆرمۆر ئەوە نیشان دەدات، کە هاوکێشەی “سەرکەوتن یا دۆڕان” لە ڕادەبەدەر ئاڵۆزە. لەکاتێکدا ڕەنگە هەندێک لایەن دەستکەوتی سیاسی یان ئابووری کورتخایەن بەدەست بهێنن، بەڵام زیانە درێژخایەنەکان کاریگەریان لەسەر هەموو لایەنەکان دەبێت و دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز دەکات، تا ئەو ئاستەی کاریگەری لەسەر هەوڵدانی ئەمریکا بۆ سەقامگیری لە ناوچەکەو عێراق دادەنێت، لەلایەکی تریشەوە ئەو دەورەی بارزانی دەیەوێت لەو ململانێیەدا یاریزانێکی باش بێت، دەكەوێتە بەر سێڵاوی ناکۆکی نەخشەو ڕێکەوتنی سیاسەتەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران و تورکیا و ووڵاتانی عەرەبی.
بەئامانجگرتنی کێڵگەی نەوتی کۆرمۆر، ڕووداوێکی زۆر بەرچاو لەچوارچێوەی ململانێ جیۆپۆلەتیکیە هاوچەرخەکاندا پێکدەهێنێت. هێرشکردنە سەر ژێرخانی وزە تەنیا لە چاویلکەی ئەمنی ڕاستەوخۆوە سەیر ناکرێت، بەڵکو هەڵگری کاریگەریە سیاسی و ئابوریەکانیش دەگرێتەوە. لەهەمانکاتدا شەڕی بەردەوامی نێوان لایەنە شیعەکانی سەربە ئێران لە حکومەتی بەغدا بەرامبەر بارزانی لە حکومەتی هەولێر دەبینرێت، بۆیە کۆمپانیەکان بەئاگان لەوەی خۆیان لە سەرمایەگوزاری لە عێراق و کوردستان بپارێزن.
دەتوانین بڵێین هێرشکردنە سەر کێڵگەی غاز، دەسەڵاتە هێرشبەرەکان هەوڵدەدەن دەستکەوتی سیاسی بەدەستبهێنن لەڕێگەی نیشاندانی توانای خۆیاندا، بۆ لێدانی ئامانجە ستراتیژیەکان و بەکارهێنانی ڕووداوەکە وەکو هێرشبەرێک لە دانوستانەکاندا، یان وەک ئامرازێک بۆ دووبارە داڕشتنەوەی هاوسەنگی هێز لەنێوان بەغدا و هەرێمدا، لایەنە میلیشیاکانی پابەندن بەدەوری ئێران لەعێراقدا، ئەو ڕووداوە دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی شەرعیەتی حکومەت تێکبدەن، یان گومان بخەنە سەر توانای پاراستنی سەرچاوەکانی ووزە و دروستکردنی نائەمنی بۆ سەرمایەگوزاری.
بێگومان بەهۆی وەستانی بەرهەمهێنان یان دابەزینی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری و بازرگانی زیانی ئابووری لێدەکەوێتەوە، ئەمە جگە لە زیانە سیاسیەکانی پەیوەست بە دۆخی عێراق، وەک ژینگەیەکی ناپارێزراو بۆ وەبەرهێنان، نادڵنیایی لە بازاڕە جیهانیەکان دروست دەکات و کاریگەری نەرێنی لەسەر سەقامگیری ناوچەکە لە دەوروبەری عێراقدا دەبێت. جگە لەوەش هێرش بۆ سەر کێڵگەی غاز دەرگا بەڕووی پەرەسەندنی نائەمنی و دەستوەردانی دەرەکی لە عێراقدا زیاتر دەکات، لەهەمانکاتدا هەولێر و بەغدا بیروڕای گشتی بە وەهمی چاکسازیەک کە هیچ بناغەیەکی نیە، لە قاڵب دەدەن.
لەم کاتەدا ڕاگەیاندنی ئەمریکا لە دانانی مارک ساڤایا وەک نێردەی تایبەت لە عێراق توخمێکی نوێی بۆ هاوکێشەکە زیادکردوە. ساڤایا ئەوە ڕادەگەیەنێت کە واشنتۆن ڕێگە بە پێکهێنانی حکومەتێکی عێراقی نادات کە ملکەچی دیکتاتۆری کوتلە چەکدارەکان یان کاریگەری دەرەکی بێت، ئاماژەی بەوەشدا کە ئەمریکا ئامادەکاری دەکات بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی سنووری ڕۆڵی ئێران لە عێراقدا، نەک لە ڕێگەی ڕوبەڕوبونەوە، بەڵکو لە ڕێگەی فشاری سیاسی، ئابووری و دیپلۆماسی، کە تائێستاش دۆخەکە رێگەی بەو پلانە نەداوە و لە ئایندەیەکی نادیاردایە.
عێراق و کوردستان، لە ماوەی تەواوی دەسەڵاتی “کوردایەتی و سونە و شیعە”دا، شاهیدی یەک ڕێکەوتنی ڕاستەقینەی نێوان نوێنەرانی خەڵک نەبون، کە بەرژەوەندی دانیشتوان لە پێشینەی بەرژەوەندیە حزبیەکان دابنێن، تەواوی ژیانی سیاسیان سەوداو مامەڵە و نائارمی بووە. شەڕی ڕاستەقینەی خەڵکی عێراق و کوردستان لەبەرامبەر تەواوی سیستمێکدایە کە پێکهاتەی نەتەوەپەرستی و تائیفی و ئیسلامیە، کە دەخالەتی ئەمریکا و ئێرانە، چەندین ساڵە لە پاراستنی خۆیدا سەرکەوتوو بووە لەسەر حسابی قوربانیەکی بێشومار لە دانیشتوان، بە نەبونی ئاسایش و ناجێگیری و ژیانێکی سەخت.
لەکۆتایدا دەتوانین بڵێین بەگشتی چەندبارە دەرگیربونی بارزانی بە تێکەڵبونی لە یاری نێوان زلهێزەکاندا و کێشە ناوخۆییەکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق و تاڵەبانی، بە ڕکابەری و مامەڵەی لەگەڵ هێزو لایەنەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لە ناوچەکەدا، نەک ناتوانێ نوێنەری کێشەو پرسی مەسەلەی کورد بێت، بەڵکو بەردەوامی بە ئایندەیکی نارۆشن لەسەر چارەنوسی کوردستان ئەدات، لەهەمانکاتدا هیچکات ناتوانێت دابینکەری ئارامی و سەقامگیری سیاسی و ئاسایش بێت لە هەرێمدا.




پەروەردەکردنی مۆدێرنی منداڵان.. رەزا شـوان

پەروەردەکـردنی منـداڵان، پـرۆسـەیـەکی سـیـسـتـماتـیکی چـاودێـريکـردنی منـداڵانە، لەدایکـبوونەوە تا هـەرزەکاری لەخـۆدەگـرێـت. چـاودێـریی جـەسـتەیی، پـشـتگـیریی سـۆزداری، رێـنمـایی پـەروەردەیی و پـراکـتـیکـییەکـانی گەشـەپـێـدانی کـۆمـەڵایـەتی کـۆدەکـاتەوە. پەروەردەکـردنی منـداڵان، بە سـادەیی، واتە تـێگەیـشـتـن لە چـۆنیەتی پەروەردەکردنی منـداڵان. بـریـتییە لە دیاریکـردنی شێوازی پەروەردەکردنی گۆنجـاو،
کە کاریگەریی لەسەر ژیانی ئەمـڕۆ و داهـاتووی منداڵان هـەیە. هـیچ قـۆناغـێک لە ژیانی مرۆڤدا، هـێندەی منداڵی گرنگ و چارەنووسساز نییە. پەروەردەکردنی منداڵان
تا رادەیەکی زۆر، بەندە بە شێواز و بە چۆنیەتی پەیـوەنـدی و بە کارلـێکی دایکان و باوکـان لەگەڵ منـداڵەکـانیان، کە رۆڵـێکی گرنگ لە دەرئەنجـامی کۆتاییـدا دەگـێڕێت.
لە ماوەی دەیان ساڵدا، شێوازی پەروەردەکردنی منـداڵان، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی و بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. کە رەنگدانەوەی گۆڕانکارییە لە نـۆرمەکانی کۆمەڵگا و
لە کـاریـگەرییـە کـولـتـوورییـەکـان و لە لـێکـۆڵـیـنەوە دەروونیـیە مـۆدێـرەکـان و لە پـێـشکەوتـووەکانی تـێگەیـشتـنی قـووڵـترمان لە گەشـەکـردنی منـداڵان. لە داهـێـنانی هـۆکاری نـوێی فـێرکـردن و پەروەردەکـردن. لە ئەمـڕۆدا پـەروەردەکـردنی منـداڵان، دینـامـیکی خـێزانی هـاوبەشـتر لەخـۆدەگـرێت. رێـگا بە ئەزمـوونی فـروانـتر دەدات.
پەروەردەکردنی دروستی منـداڵان، کارێکی ئاسان و هـه‌ڕەمەکی و بەڕێکـردن نـییە، بەڵکو لە هەموو سەردەمێکـدا ئەرکـێکی قـورس و بەرپـرسـیارێـتییەکی هـەستیار و چـارەنـووسساز بـووە. پـەروەردەی منـداڵان هـونـەر و زانـسـتـیـیە. کە بـە دڕێـژایی سەردەمەکانی مـێـژوو، پەرەسەنـدنـێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینـیوە. لە شارستانییە کۆنەکانەوە تا سەردەمی مـۆدێـرن، رێبـاز و شـێوازی پەروەردەکردنی منداڵان لەژێر کاریگەریی رەهـەنـدە کولـتووری و کـۆمـەڵایەتی و ئابـووریـیەکـانـدا بـووە.

منـداڵان کە لەدایک دەبن، رابەری شێوازی چۆنەتی پەروەردەکـردنیان لەگەڵـدا نییە. هەموو منداڵێک تایبەتە. بۆیە هـیچ یاسا و دەستوور و بنەما و رێنمایی و رێبازێکی گـشتگـیر و نمـوونەیی بۆ پەروەردەکـردنی منـداڵان نییە. بـەڵام هـەنـدێک باشـتریـن پـراکـتیزەکـردن لە پەروەردەکـردنی منـداڵانـدا هـەیە.

ئـێـمە لە سـەردەمـێکـدا دەژیـن، کە زۆرینـەی دایکان و باوکانی ئەمـڕۆ، لە هەمـوو کاتێـک زیاتـر خـوێنـەوار و رۆشـنبـیـرن. بـەڵام لەگـەڵ ئەوەشـدا، لە جـاران زۆرتـر گـومـان لە شـێوازی دروسـتی پـەروەردەکـردنی منـداڵـەکانیـان هـەیە.
پەروەردەی مۆدێـرنی منـداڵان چـیـیە؟
پەروەردەکـردنی مۆدێـرنی منـداڵان، رێبازێکی هـاوچەرخە بۆ پەروەردەکردنی منـداڵان. تـیشک دەخاتە سەر منـداڵان، وەک گڕگڕەی پـرۆسەی پەروەردەیی، بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەنـدییەکان و پێـداویـستـییە تاکـە کەسییەکان و مەیـلی سروشـتی لەسەر بنەمـای رێـزگـرتـن و گفـتوگـۆ و هـانـدان و ئازادیی بەرپرسانە دامەزراوە. ئەم رێبازە جیـاوازە لەگەڵ شـێوازی پەروەردە نەریـتییەکان. چـونکە پەروەردەی مـۆدێـرن هـەوڵـدەدات کە منـداڵان لـە رێـگەی بـیرکـردنـەوەی رەخـنەگـرانە و داهـێنان و لـێهـاتـوویی بـڕیـاردان بەهـێز بـکات. پـەروەردەی مـۆدێـرن هـەنـدێک لە ئاڵـۆزییەکانی کـۆمەڵگای ئێـستامان لەبەرچاو دەگرێـت. لەوانەش پێشکەوتنی تەکنەلـۆژیا و گۆڕینی نۆرمەکانی کولتووری
و کرانەوەی منداڵان بە رووی چەمکە نوێیەکان. لە روانگەی پەروەردەی مۆدێرنەوە، منـداڵان خـاوەنی بـڕیـارەکانی خـۆیانـن. رۆڵـی دایـکان و بـاوکـان لـە پەرەوردەکـردنی مـۆدێـرنـدا، بـریتییە لە دابـینکـردنی ژیـنگەیەکی ئاسـوودە و لە هـانـدانی منـداڵەکانیان بۆ گوزارشتکردن لە خۆیان و بەشداریکردنیان لە بڕیارەکانی رۆژانەدا، بە شێوەیەکی ئەرێنی. بە پێـدانی ئازادیی تاقـیکردنەوە و هانـدانیان بۆ پـرسیارکـردن و فـێربـوون لە هـەڵـەکانیان بەبێ تـرس و رەخـنە. بەبێ هـیچ جـۆرە کـۆنترۆڵکـردنێک یا زۆرەمـلێ و بڕیـار سەپاندنـێک. ئەمەش بەو مانایە نییە، کە هیچ سنوورێک بۆ منداڵەکانیان نییە.

ستراتـیژییەکانی پەروەردەکردنی مـۆدێـرن هـەمەچەشنەن، بەوپێـیەی هەر شێوازێک کاریگەریی جیاوازی لەسەر رەفتارەکانی منداڵان هـەیە و دەتوانرێت بە تایبەتمەندییە تایبەتییەکان دەستنیشان بکـرێت. بـۆیـە پێویـستە ئەو شـێوازە جـێـبەجێ بکـرێـت، کە لەگـەڵ کەسـایەتی هـەر منـداڵێکـدا دەگـونجـێـت. چونکە ئـەو شێوازەی بۆ منـداڵـێک دەشـێـت، لەوانەیە بـۆ منـداڵـێکی دیـکە نەشـێـت.
شێوازی پەروەردەکردنی مـۆدێرن، لەم ساڵانەی دواییـدا، جێگەی مشتومـڕێکی زۆر بـووە. شارەزاییان و دایـکان و باوکـان، هـەریەکە و بانـگەشـە بـۆ چەنـدین رێبـازی جیاواز دەکەن. لەکاتێکـدا کە هـیچ شێوازێکی پەروەردەکردنی ستانـدارد نـییە، کە بۆ پەروەردەکردنی هەمـوو منـداڵەکـانـتان گونجاوبێـت. بە گـشـتی لەوانەیە هەڵبژاردنی شێوازێکی پەروەردەکردنی گۆنجاو بۆ منداڵەکانتان بڕیارێکی قـورس بێـت. بەڵام بە تێگەیشتن لە شـێوازە جیـاوازەکان، دەتوانـن شـێوازێکی تاوتـوێکـراو و پـوختکـراو هـەڵـبـژێـرن. گـرنگ ئـەوەیە، ئـەوە بـزانـن کـە هـیچ شـێـوازێـکی پـەروەردەکـردنی نمـوونـەیی نیـیە. جـێـبەجـێکـردنی پەروەردەکـردنی مـۆدێـرنی منـداڵان، پێـویـستـیی بە پـشـوودرێـژی و بە تـێگەیشـتـنـێکی قـووڵ لە کەسـایەتی هـەر منـداڵـێک هـەیە.
پەروەردەکردنی مـۆدێـرن، گـرنگی زۆر بە تێگەیشـتن لە پـێداویـستـییە دەروونی و سـۆزداریـیەکـانی منـداڵان دەدات. ئـامـانجی بـنیـاتـنانی کەسـایـەتـیـیەکی دروسـت و هـاوسـەنگ و گەشـبـین و مـتمانە بەخـۆبـوونە. ئەمەش لە رێگەی رێـنمایی ئەرێنی و ئاراسـتەکردنێکی راست و دروسـتی پەروەردەکردنی منـداڵانـەوە، بەدەستـدەهـێـنرێـت.
پەروەردەکردنی مـۆدێـرن، پـشـت بە دانـانی سـنوورێکی روون دەبەستـێـت. لە هەمـان کاتـدا رێـز لە کەسایەتی منـداڵان دەگـرێت، را و بۆچـوونەکانیان بەهـەنـد وەردەگـیرێـن. ئەمـانەش دڵـنـیایی و شـادی و هـانـدان و مـتـمـانە بەخـۆبـوون بە منـداڵان دەبـەخـشـن.
پەروەردەکردنی مۆدێـرنی منـداڵان، پێویـستییەکی رەهـای ئەم سەردەمەیە، بۆ بنیاتنانی نەوەیـەک کـە توانـای داهـێـنان و بەرپـرسیارێـتی و بەشـداریی ئەرێـنی لـە کـۆمەلـگادا هـەبێـت. بە خۆشەویستی و رێـزگرتـن لە منداڵان و فـێرکردنی چۆنیەتی بیرکـردنەوە و گـوزارشتکـردن لە خـۆیان؛ دەرفـەتێکی راستەقـینەیـان پێـدەدەین، کە بە تەنـدروسـت و بە دروستی پـێـبگەن. بێگـومان دایکان و باوکان و پەروەردەکاران توخمێکی سەرەکین لە سـەرکەوتنی ئەم ئەرکە پـیرۆزەدا. بـۆیە وەرگـرتـنی بنەمـا و شـێوازە مـۆدێـرنەکانی پەروەردەکردنی منـداڵان، یەکەم هەنگاوە بەرەو داهـاتوویەکی دڵخـواز بۆ منداڵەکانتان.
پەروەردەکردنی منـداڵانی باش و سەرکەوتوو، لە سەدەی بـیست و یەکەمدا، لە هەموو کاتێک قورستر و ئاڵۆزترە. گەلێک بەرهەڵستی و بەرۆکگیری رووبەڕووی پەروەردی مۆدێـرنی منـداڵان دەبنەوە. چونکە پەروەردەی منـداڵان لەم سەردەمەدا، بارودۆخێکی نـاوازەی لەگـەڵ دایـە. پـێـشکەوتنە تەکـنەلـۆژییەکان و گـۆڕانکارییە کـولـتوورییەکان، شێـوازەکانی خـێرایی ژیـانی ئەم سەردەمەن. هەمـوویان رەهـەنـدی نـوێیان بۆ گرنگی ئەرکی پەروەردەکـردنی منـداڵان زیـاد کـردوون.
بۆ پەروەردەکـردنی منـداڵانی خـۆراگـر لـەم سەردەمـەدا، پێـویستە دایکان و باوکان و دادەکان و مامـۆستایانی قـۆنـاخی خوێنـدنی بنـەڕەتی، نـەرم و نیـان و میهـرەبـان بـن. منـداڵـەکـانیان بە بیـرکـردنـەوەی رەخنـەگـرانە و زیـرەکی سـۆزداری و بـیرکردنەوەی رەوشت نایابی پەروەردە بکەن. تا بتوانن لەگەڵ شەپـۆڵەکانی تەکنەلـۆژیادا دەربەرن.
منـداڵانی ئەمـڕۆ، لە ژینگەیەکدا گەورەدەبـن، کە بیرکردنەوەی مۆدێـرن رووبەڕووی نـۆرمـەکـانی نـەریـتی دەبنـەوە. رووداوە گـەورەکـانی جـیهـان کـاریـگەرییـان لەسـەر دیـدگاکـانیـان هـەیـە.
کاریگەریی تەکنەلـۆژیا لەسەر پەروەردەکـردنی منـداڵان:
تەکـنەلـۆژیای دیجـیتاڵی کاریـگەرییـەکی زۆری لەسـەر دینامـیکی خـێزانەکان هـەیە. چـونـکە تەکـنەلـۆژیـا و تـۆڕە کـۆمـەڵایـەتـیـیەکان، کـاریـگەرییـەکی زۆریـان لەسـەر گەشەکردن و پەروەردەکردنی منداڵانی ئەمـڕۆدا هـەیە. پێویسـتە دایکان و باوکان لە پـەروەردەکـردنی منـداڵەکانیـان، پێکەوە بە هەمـاهـەنگی کاربکەن. هـەنگاوی یەکەم پـێـناسەکـردنی ئەو فـەلـسەفـە پەروەردەکـردنەیـە، كە بـاوەڕیـان پـێی هـەیە. رەنـگە هـەر دایـک و بـاوکـێک، را و بـۆچـوونی جیـاوازی هـەبێـت. بـەڵام گـرنـگ ئـەوەیە، کـار بـۆ هـەمـان ئامـانج دەکـەن.
لە جیهـانی دیجـیتاڵـیی ئەمـڕۆدا، ئەستەمە کە منـداڵەکانمان، لە سـۆشیال میـدیا دوور بخەینـەوە. من پێموایە کە منـداڵەکانمان هـان بـدەین کە ئامـێرە تازەکانی تەکـنەلـۆژیا بەکاربهـێـنن. چونکە تەکـنەلـۆژیا ئامـرازێکی بەهـێزی فـێرکـردن و پەروەردەکـردنە. بـەڵام پێـویـستـیی بە رێـنـمایی و بـە سـنووردانـان هـەیە، بە تایبـەتیـش بـۆ منـداڵان.
دەبێـت هـانی منـداڵان بـدەین کە بە شێوەیەکی بەرپـرسیارێـتی و دوور لە هـەڵە و لە ئالـوودەبوون و زیادەڕۆیی لە بەکـارهـێنانی ئامـێرە تەکـنەلـۆژیاییەکان. تەکـنەلـۆژیا رێباز و شێوازی پەروەردەکردنی منـداڵانی گۆڕیـوە و رەهـەنـدی نـوێی وەرگرتـووە.
منـداڵانی ئەمـڕۆ، لە تەمـەنـێکی بچـووکەوە نـوقـمی ژیـنگەیـەکی دیـجـیـتاڵی بـوونە. شاشـە و ئامـێرە دیجـیـتاڵییەکان، بـوونە بە پێـویـستـییان و بە بەشـێکی دانەبـڕاو لە ژیانی رۆژانەیان. هاتنی مـۆبایلە زیـرەکەکان و تابـلێتەکان و ئینتەرنێـت، شۆڕشێکی گەورەیان کردووە لە چـۆنیەتی دەستگەیشتنی منـداڵان بە زانیاری. ئـەم پـلاتـفـۆرمە دیجـیتاڵییانە، ئەزموونی فـێربـوونی کەسی پێـشکەش دەکەن. کە منـداڵان دەتوانن بە خـێرایی پـێـشـبکەون و لەو بابەتـانە بکـۆڵـنەوە کە قـووڵـتر سەرنجـیان رادەکـێـشن.
هـەنـدێک لـەو مەتـرسـیانەی کە لە ئەمـڕۆدا رووبەڕوویـان دەبـینەوە، دەرئـەنجامی هـاوسـەرگـیریی تەکـنەلـۆژیـایە لەگەڵ کـولتـوورێـکی گـەنـدەڵـدا. بـەڵام تـاوانـەکە لە تەکـنەلـۆژیادا نییە. بەڵکو لـەو کەسانەیە کە بەهـەڵە و بە خـراپی بەکـاری دەهـێنن.
ژیـریی دەستکرد، چـیتر شتێک نییە دەست نەکەوێـت. لە ئەمـڕۆدا بووە بە بەشێکی دانەبـڕاو لە ژیانی رۆژانەی منـداڵان. پێویـستە دایکان و باوکان دڵـنیابـن لەوەی کە ژيریی دەستکـرد تەواوکەری گـەشـەی منـداڵانە. بـەڵام ژیـریی دەستکـرد ناتـوانـێـت جێگەی کارلێکە گرنگەکانی مرۆڤ و زیرەکیی سۆزداری و خۆشەویستی بگرێتەوە.
ئـەو جیهـانەی کـە منـداڵانی ئەمـڕۆ تێـیدا پێـدەگـەن، جیـاوازیـیەکی ریـشەیی هـەیە، لەگـەڵ ئـەو جیهـانەی کـە ئـێـمە تـێـیـدا گـەورەبـوویـن.
پـرۆسـەی پەروەردەکـردنی مۆدێرنی منـداڵان، پێویستـیی بە داڕشتنی پلانێکی تۆکمە هـەیە. پەروەردەکردنیش کارێکی کاتی نیـیە، کە لە شەو و رۆژێکـدا بێـتەدی، بەڵکو بە درێـژایی قـۆناغـەکانی منـداڵی و هـەرزەکاری، کارێکی بەردەوامە. پێـویـستـیی بە پشوودرێژی و خۆڕاگری و سنگ فـراوانی هـەیە. راسـتییەکی هـاشا هـەڵـنەگـرە، کە منـداڵانی ئەمـڕۆ، لە ئێـستاوە زیـاتر لەوەی ئـێـمە هەستی پێـدەکەیـن، لەگەڵ ژیـریی دەسـتکـردا، کارلـێک دەکـەن. ئەگەر ئـێـمە رادەکەیـن بـۆ ئـەوەی بگەیـن بە ژیـریی دەسـتکـرد دا، کەچی دەبـینـین منـداڵەکـانـمـان مـەلـەی تـێـدا دەکـەن.
ئایا پەروەردەکردنی منداڵان لە سەردەمی نوێدا، سەدەی بیست و یەکەمدا، سەردەمی تەکنەلۆژیای خێرا و جیهانی دیجیتاڵی و تۆڕە کۆمەڵایەتـییەکاندا، بۆ دایکان و باوکان قورس و ئاڵـۆزە؟ ئایا دەتوانـن رێگە لە داوا و لە خواستەکانی منـداڵەکانیـان بگـرن؟
نالی ـ تەمەن ١٢سـاڵان: باوکـە ئەمسـاڵ بـۆ یـادی ساڵـڕۆژی جـەژنی لەدایکـبوونـم، دەبێـت مـۆبـایـلـێکی نـوێ بە دیـاری پـێـشـشکەشـم بـکەیـت.
باوکی: بەسەربـردنی کاتـێکی زۆر لەبەردەم شـاشـەدا، بۆ تـۆ باش نیـیە. پـێشتریـش باسـمان لـەم بـابـەتە کـردووە.
نالی: دوو ساڵە هـەمان قـسە دووبـارە دەکـەیتـەوە! هـەمـوو هـاوڕێ قـوتابـیـیەکانـم مـۆبـایـلـیان هـەیە، مـنـیـش مـۆبـایـلـێکـم دەوێـت! مـن چـیـم لـەوان کەمـترە؟
تۆ و دایکم هەمیشە لەسەر لاپتۆپەکانتان و خەریکی مـۆبایلەکانتانن! تەنانەت مریەمی خوشکیشم بـۆ ئامادەکـردنی وانەکانی قـوتابخـانەی، سـوود لە ئینـتەرنێـت وەدەگـرێـت.
نـالی بـە تـووڕەیی و دڵـتەنگـیـیەوە چـووە دەرەوە.
نالی مافی خۆیەتی داوای مـۆبـایـل و ئینـتەرنێـت بکات، چونکە لە جیهـانی مـۆدێـرنـدا، ئامێرە تەکنەلـۆژیاییەکان بوونە بە پێویستی و بە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیـانی رۆژانەی زۆرینەی منداڵانی ئەمڕۆدا. رۆژی چەند کاتژمێرێک بە بەکارهـێنانیانەوە سەرقاڵـدەبن. تەلەڤـزیۆنی رەنگاوڕەنگ و ئینـتەرنێـت ئایپـاد و مـۆبایـلە زیرەکەکان و سۆشیال میدیا و یارییە ئـۆنلاینەکان، سەرچاوەیەکی زۆر باشـن بـۆ فـێربوون و خۆڕۆشنبیریکـردن و وەرگـرتـنی بابـەتی هـەمـەجـۆرەی زانـسـتی و پەیـوەنـدیکـردن. پەروەردەکـردنی نـوێ بـریـتی نیـیە لە رێگـرتـن لە منـداڵان لە بەکارهـێـنانی ئامـرازە داهـێـنراوە نـوێـیەکـانی جـیهـانی تەکـنەلـۆژیـای دیجـیـتـاڵی و سـۆشـیال میـدیـا. چونـکە لە ئـەمـڕۆدا ئـامـرازە دیجــیتاڵـیـیەکان، بـوونە بـە پێـویـستـیـیەکی گـرنگی پـرۆسەی فـێرکـردنی قـوتابیان لە قـوتابخانەکانـدا. بۆیە پێویـستە هەمـوو منـداڵان ئاشنای ئامـێرە تەکنەلـۆژییەکان ببن و بە پـراکـتیکی فـێربکـرێـن و رابـهـێـنرێـن، کـە چـون بـە دروسـتی بـەکـاریـان بهـێـنـن.
چەنـد رێـنـماییـەک بـۆ دایکان و باوکـان:
(ئێزیک ئێریکـسۆن) دەڵـێـت:”داهـاتـووی منـداڵ هـەمـیـشە کـاری دوو کەسـە: دایک و باوک و مامـۆسـتا”.

دایکان و باوکانی خۆشـەویـست، بۆ پەروەردەکـردنـێکی دروسـتی منـداڵەکانتـان، لەم سەردەمەدا، سەردەمی تەکـنەلـۆژیـای مـودێـرن، دەتـوانـن سـوود لەم ئامـۆژگـاری و رێنماییـانە وەربگـرن، کە هـەندێک ئارامی و ئاسوودەیی دەروونـیـتان پێـدەبەخـشـن:
١ـ ئەمـڕۆ دوێـنێ نـیـیە:
پێویستە ئێوەی دایکان و باوکان، دان بەو راستییەدا بنێن، کە لە ئەمـڕۆدا، شـێوازی پەروەردەکردنی منداڵان، جیاوازە لەگەڵ شـێوازی پەروەردەکردنی کلاسیکی و نەریتی منـداڵـیی ئێـوەدا. پێویـستە باوەڕتـان بە داهـێـنانەکان و بە شـۆڕشی پێـشکەوتـن و بە گۆڕانکارییەکان لە بوارەکانی ژیاندا هەبێـت. بە بواری پەروەردەکردنی منـداڵانیشەوە.
٢ـ چـاودێـریکـردنی ئامـێرە تەکـنەلـۆژییەکانی منـداڵەکـانتان:
یەکـێک لە سـتراتـیژییە کاریگەرییـەکان، بۆ بەڕێـوەبـردنی بـوونی منـداڵان لە جیهـانی دیجیتاڵیدا، بریتییە لە دانانی سنووری کاتی دیاریکراو بۆ بەکارهـێنانی مۆبایلی زیرەک و ئینتەرنێـت و ئایپاد. بۆ ئەوەی منداڵان ئالـوودە نەبـن و زیادەڕۆیی لە بەکارهـێنانیان نەکـەن. پێویـستە دایکان و باوکان، سنووری کات و ماوەی دیاریکـراوی بەکارهـێنانی شاشـە، بۆ منـداڵەکانیان دابـنـێن؛ تەنـانەت دەتـوانـن سـنووری کـات بـۆ ئـەپی تایـبـەت دابـنـێن. ئـەم ڕێکخـستـنانە تەنها بە ڕەزامـەنـدی ئێـوە دەگـۆڕدرێـن و دەتـوانـن لەگەڵ گەشەکـردنی منـداڵەکانتـانـدا ڕێکـیان بخـەن.
زۆرێک لە دایکان و باوکان دوودڵـن لە کـڕینی مـۆبایـل بۆ منـداڵـەکانیـان و رێـپـێـدان بە بەکارهـێـنانی ئینتەرنێـت. بەڵام مۆبایـلە زیـرەکەکان، پەروەردەکردن و فـێرکردن و وەرگـرتـن، بـۆ منـداڵان ئاسـانـتـر دەکـەن. بـە دابـیـنکـردنی پـەیـوەنـدی بـەبێ ئـەوەی پێویـستـیان بە پەیـوەنـدی وای فـای هـەبێـت. ئەمەش ڕێگە بە منـداڵەکانتان دەدات لە پەیـوەنـدیـدا بـمـێـننەوە بەبێ ئـەوەی پێـویـستیان بە هـێـڵی ئینتەرنێـتی تەواو هەبێـت.
٣ـ دانـانی سـنووری کات بۆ بەکارهـێنانی تەلـەڤـزیـۆن:
پێـویـستە دایکان و باوکان، کـات و مـاوەی سەیـرکـردنی تەلەڤـزیـۆن و بەکارهـێـنانی ئـینـتەرنێـت بەپێی تەمەنیان بۆ منـداڵاکانیان دیاری بکەن. هانیان بدەن بۆ ئەنجامدانی چالاکی (ئۆفلایین) واتا هاندانیان بۆ چالاکییە جەستەیی و دەروونی و ئەقـڵی و یاری و پەیـوەندیـیە کۆمـەڵایەتـییەکانی دەرەوەی بەکارهـێنانی ئامـێرە دیجـیتاڵـییەکان. هـانیان بـدەن بـۆ دروسـتکـردنی، هـاوسـەنـگـیـیەکـی تـەنـدروسـت لـە نـێـوان تـەکـنەلـۆژیـا و تاقیکردنەوەی جیهانی راستەقـینەدا. دەتوانن پـرۆفایـلێک بۆ هەریەک لە منداڵەکانتان دروسـت بکەن. ئەمـەش ڕێگەی ئەوەیـان پێـدەدات، کە تەنهـا دەسـتیان بە ناوەڕۆکی ئەو بابەتـانە بگـات، کە لەگـەڵ تەمەنیـانـدا گـونجـاون.
٤ـ بـلـۆککـردنی ماڵـپەر و شـوێـنە نەشـیاوەکان:
وەک دایکان و باوکان، ڕەنگە بتانەوێـت ئاگاداری جـۆرە جیاوازەکانی ئەو ماڵـپەڕانە ببن، کە منـداڵەکانتان سەردانیی دەکەن. ئەگەر سایـتێک یا سایتـانێکی نەگـونجـاوتان دۆزیـەوە، لە ڕێگەی دابینکەری خـزمەتگـوزاری ئـیـنـتەرنـێـتەکانتانەوە، یان لەسەر ئامـێرەکانی منـداڵەکـانتـان بـلـۆکـیان بـکەن.
٥ـ ئەپـەکـانی پەروەردەکـردنی منـداڵان:
زۆرێـک لە گەشـەپێـدەرانی ئەپـەکـان، خـزمـەتگـوزاری نـوێـیان بـۆ دایکان و باوکان دەستپێکـردووە. ئـەم ئەپـانە دەتـوانـن چاودێـری تـۆڕە میـدیایەکـان بکەن، فـیلـتەر بۆ نـاوەڕۆکی نەشـیاو بـۆ منـداڵان دابـنـێـن.
٦ ـ نمـوونەیـەکی باشـبن بۆ منـداڵەکانتـان:
(جۆزێف جۆبێر) دەڵێت:”منداڵان پێویستییان بە پێشەنگ هەیە، نەک بە رەخنەگرتن”.

منـداڵەکانتان لاسایی زۆرێک لە رەفـتارەکان و لە خـووەکانی ئێـوەی دایکان و باوکـان دەکەنەوە. پێویستە نموونە و پێـشەنگ و سەرمەشقی مۆدێرن و باشبن لە فێربوون و لە چـۆنیەتی بەکـارهـێنانی تەکـنەلـۆژیـادا. بە شـێوەیەکی بەرپـرسـیارانە رەفـتاربکەن. بە پاراسـتنی پەیـوەنـدیـیەکی کـراوە، تا منـداڵەکـانـتان هـەسـت بە ئـاسـوودەیی بـکەن.
٧ ـ کارلـێکی رەخـنەیی لەگـەڵ نـاوەڕۆک:
منداڵەکانتان هانبدەن، بۆ بیرکردنەوەیەکی رەخنەگـرانە، دەربارەی ئەو ناوەڕۆکانەی
لە ئیـنتەرنێـتـدا دەیانخوێـننەوە. بە راشکاوی گۆزارشـت لە بـۆچـوونەکانیـان بکەن.
٨ـ هـانـدانی رەفـتاری ئەرێنی ئـۆنـلایـن:
منـداڵـەکانتان فـێربکەن، کە چـۆن لە رێگەی ئـۆنـلایـیـنەوە رەفـتاری جـوان بـکەن.

هەریەکە لە ئێوەش ئازادن، کە کـلیلی تر بۆ ئەم رێنمایی و ئامۆژگارییانە زیادبکەن.
سەرەڕای ئەو بەرهەڵـستییانەی پێشکەوتنی تەکنەلـۆژیا دەیانخەنەڕوو، گـرنگە دان بە گـرنگی و بە سـوودە زۆرەکـانی تەکـنەلـۆژیـادا بنـێن، کاتـێک کـە بـە شـێوەیەکی دروسـت و هـاوسـەنـگ بەکـاردەهـێـنرێـن. بـەڵام ئەگـەر بە نادروسـتی و بە خـراپی بەکاربهـێنرێن زیانیشیان هەیە. ئامێرە دیجیتاڵییەکانیش گیانەوەرێکی لەدایکبوو نین. مـرۆڤ دایهـێـناون و دروسـتـیکـردوون و بەرنامـەڕێـژی کـردوون. لەژێـر رکـێف و کـۆنترۆڵی مـرۆڤ دان. سوودیان یان زیانەکانیان، لە چۆنییەتی بەکارهـێنانیان دایە.
لە جیهانێکدا کە بە خێراییەکی سەرسووڕهـێنەر دەگۆڕێت، پەروەردەی کلاسیکی و نەریـتی، بـەس نییە بـۆ بەرەنگاربـوونەوەی ئاسـتەنگـییەکانی سـەردەمی مـۆدێـرن.

لە کـۆتاییـدا، لە میانەی گـرنگـیدان بە خۆشـەویـستی و بە پەیـوەنـدییەکی دروسـت، لەنێـوان ئێوەی دایکان و باوکان و منـداڵـەکانتان. دەتـوانـن، بەسەر ئەو سەخـتی و ئاڵـۆزی و بەرهـەڵـستـیـیانەی، کە دێـنـە رێی پەروەردەی مـۆدێـرن، سـەربکەون و منـداڵەکـانتـان بـۆ داهـاتـووییـەکی گـەشـتر و شـیاوتـر پـەروەردە و ئـامـادە بکەن.

(*) تا رادەیـەک سـوودم لـە چـەنـد ماڵـپەڕێـکی ئـیـنگـلـیـزی وەرگـرتـووە.
دوبـەی: ١/١/ ٢٠٢٦