دیاردەی فرەزاری و فرەزمانی.. فەرەیدوون سامان*

زمانەکان کە پایەی سەرەکی میراتی مرۆڤایەتین، نوێنەرایەتی ناسنامەی مرۆڤەکان دەکەن و ئامرازێکی پێویستن بۆ دامەزراندنی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و کۆمەڵگەکەیان، زمانناسان پێیانوایە زمان بنەمای بیرکردنەوە و دەربڕینی جەوهەری مرۆڤە، زمان وەک ئامرازێک بۆ دەرخستنی جیهانبینی خۆیان دەزانن و دواجار پێیانوایە کە گوزارشت لە ئاوەزی ئاڵۆز و ناسنامەی مرۆڤەکان دەکەن، لە ڕاستیشدا زمان یەکێکە لەو توانایانەی کە جۆری مرۆڤ لە بوونەوەرەکانی دیکە جیا دەکاتەوە و پەیوەندی بە تایبەتمەندییەکانی وەک زانین و ژیری و کۆمەڵایەتی و ناسنامەی کولتووری مرۆڤەوە هەیە. مرۆڤ بە کەڵک وەرگرتن لە سیستەمێکی کۆد کە پێی دەوترێت “زمان”، چەمکە خوازراوەکانی خۆی دەگوازێتەوە بۆ کەسانی دیکە، پەیوەندی لەگەڵ کەسانی دیکەدا دەکات و بە ئاسانی باسی ڕووداو و خەون و ئارەزوو و هەستەکانی دەکات (ئۆرتێگا، ٢٠٠٩: ١).
بە بەکارهێنانی زمان دەخوێننەوە و دەنووسن؛ زانست بەدەست دەهێنن و دەیگوازنەوە بۆ کەسانی دیکە، بۆیە کاتێک منداڵ لەدایک دەبێت هەوڵی پەیوەندی کردن لەگەڵ دەوروبەریدا دەدات، سەرەتاش بە پشتبەستن بە ژینگەی ژیانی فێری زمانێک دەبێت، کە زمانی دایک یان زگماکی خۆیەتی، ڕەنگە لە تەمەنی منداڵیدا یان لە تەمەنی گەورەییدا بە هۆی هەلومەرج و پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکانەوە، زمانێکی دیکە فێربێت، لێرەدا دیاردەی “دوو زمانی یان فرە زمانی” بەم شێوەیە ڕوودەدات.
بۆ پێناسەکردنی فرەزمانی، لە یەکەم نیگادا، بە ئاسانی دەردەکەوێت، کاتێک هەوڵ دەدەین بگەینە پێناسەیەکی هەمەلایەنە و بێلایەن کە هەموو ڕەهەند و ئاستەکانی لەخۆ بگرێت و سنوورەکانی دیار بکات، تێدەگەین کە ئەمە ئاسان نییە و کێشەی تایبەتی خۆی هەیە.
لە دنیای ئەمڕۆدا فرەزمانی دیاردەیەکی باوە و لە زۆرێک لە ناوچەکانی جیهاندا بەرچاو دەکەوێت، و بەشێک بووە لە ژیانی ڕۆژانەی ئاخێوەران لە زۆرێک لە کولتوور و کۆمەڵگە و ناوچەکاندا، فرەزمانەکان ئەو کەسانەن کە توانای پەیوەندی کردنیان هەیە بە دوو زمان یان پتر، لەم بابەتەدا هەوڵ دەدرێت پەیوەندی نێوان فرەزمانی مرۆڤ و لێهاتوویی مەعریفی، لەوانەش ژیری و تێگەیشتن و داهێنان ڕوون بکرێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوەی ئەو توێژینەوەیە دەکرێت، کە لەم بوارەدا ئەنجام دەدرێن.
لەسەر بنەمای ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوانە، وەڵامی ئەو پرسیارە دەدرێتەوە: “ئایا فرەزمانی کارامەییەکانی وەک ژیری، تێگەیشتن و داهێنان زیاد دەکات؟”
فرەزمانی دیاردەیەکە کە هەرچەندە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، بەڵام ڕەوتی گەشەسەندنی لە سەدەی ڕابردوودا وای کردووە ئەم دیاردەیە ببێتە یەکێک لە ئاڵنگارییە سەرەکییەکانی سیاسەتی پەروەردەیی وڵاتان، زۆر کەس لە جیهاندا دوو زمانن یان فرەزمانن، جگە لە فێربوونی زمانی زگماکی خۆیان، ناچارن زمانی فەرمی وڵاتەکەیان یان زمانێکی نێودەوڵەتی فێرببن، پرسی جیهانگیری پێویستیی ئەم دیاردەیەی زیاتر کردووە، ئەوەندە زۆرجار خۆیان بە پێویستی فێربوونی زمانی زیاتر دەزانن بۆ ئەوەی بتوانن لە پەیوەندی و خوێندن و بازرگانی و ژیانێکی باشتردا سەرکەوتوو بن.
پێناسەکانی فرەزمانی کە دراون لە چڕی و لاوازی و ئاستی دوو زمانیدا جیاوازن و پێیان دەوترێت “جیاواز”. بۆ نموونە بە پێی فەرهەنگی وێبستەر (1961) کەسی دوو زمانە کەسێکە کە بتوانێت بە دوو زمان بەشێوەیەکی ڕەوان قسە بکات، وەک ئاخێوەرێکی ڕەسەن، بەپێی ئەم پێناسەیە دوو زمانی یەکسانە بە توانای قسەکردن بە دوو زمان بە شێوەیەکی ڕەوان و تەواو.
پەیوەندی نێوان توانا مەعریفییەکان و دوو زمانی بە نموونە یەکێک بووە لە بابەتە سەرنجڕاکێش و مشتومڕاوییەکانی دوو زمانی و بیروباوەڕی پسپۆڕان و تەنانەت ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە لەم بوارەدا جیاوازن.
با بگەڕێینەوە سەر ئەسڵی مەبەست، زۆرجار لێرەو لەوێ ھەندێک کەس لە دڵڕەشی و کینەوە یان لە نەزانینی خۆیانەوە دەپرسن: بۆچی ھەندێک خەڵکی ناوچە کوردییەکان بە زەحمەت لە زاری یەکتر تێدەگەن؟ ھەندێکی تریش ئەم جیاوازییە دەکەنە بڕوبیانوو بۆ گومان خستنە سەر نەبوونی زمانێکی یەکگرتووی کوردی و هەروەها نەبوونی یەکێتی نەتەوەییمان، جا بە مەبەستی نکۆڵیکردن لە بوونی نەتەوەی کورد، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە زمان یەکێکە لە پایە ھەرە گرنگەکانی نەتەوە و نەتەوەسازی، گەر نکۆڵی لە بوونی ئەو زمانە بکەن، بەو ھۆیەوە نکۆڵی لە بوونی نەتەوەش دەکەن! ئەم جۆرە خەڵکە دەڵێن: کورد بە زۆر زمانان قسە دەکەن، نەک تەنھا یەک زمان! بانگەشەی ئەوەش دەکەن کە یەک زمانی کوردی نییە، تا یەکیان بخات! بە دڵنیایی ئەمە بەڵگەی بێ ئاگایی ئەوانە لە زمانی کوردیدا، بەڵگەیەک بۆ ئەوەی کە جیاوازی لە نێوان زمان و زارێکدا ناکەن! وەڵامەکەی ئەوەیە: ئەگەر ھەندێک کەس لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بە زەحمەت لە وشەو زاراوەی یەکتری تێبگەن، با بڵێین وەک خەڵکی هەولێر و ئامەد هەورامان بۆ نموونە، یان لە نێوان کوردێکی لەکستان و کوردێکی ناوچەی سلێمانی و دەوروبەری، یان ھەر ناوچەیەکی دیکە، ئەوا ئەمە شتێکی زۆر سروشتییە و بە ھیچ شێوەیەک بەو مانایە نییە کە کورد بە زمانێکی جیاواز قسە بکات و یەک زمانی ھاوبەشیان نییە، ئەم دیاردەیە لای ئاخێوەرانی وڵاتێکی گەورە و پێشکەوتووی وەک ئەلمانیا و بەریتانیاش هەیە، ھەندێک لە ناسیۆنالیستە توندڕەوەکانی تورک و عەرەب و فارس بانگەشەی بۆ دەکەن. بەڵام لەبەر ئەوەی زمانی کوردی زمانێکی بەھێزە و دەوڵەمەندە بە وشەسازی، زۆر سروشتییە مرۆڤی کورد ھەموو ئەو وشەسازییەی زمانی کوردی نەزانێت، کە لە ھەموو ناوچە بەرفراوانەکانی کوردستان لە باشوور و باکوور، لە ڕۆژهەلات و ڕۆژاواو تەنانەت لە ناوچە کوردنشینەکانی خۆراسان و مازەندەران تا دەگات بە کوردانی قافقاس و ئەوانی تردا قسەی پێدەکرێت.
سەرەڕای ئەوەی کە کورد تا ئێستا دەوڵەتی سەربەخۆی نییە، لێرەدا ھێزی زمانی کوردی بەدەر دەکەوێت و خۆشبەختانە خاوەنی زەخیرەیەکی مەزنی فەرهەنگی وشە و زاراوەکانە، کوردی زمانێکی دەوڵەمەندە بە زار و شێوەزار و وشەسازی و ئەم بڕە زۆرە وشەسازییە بەسەر ھەموو ناوچەکانی کوردستاندا بەشکراوە، کە دەکاتە نزیکەی ملیۆنێک وشە و ئەمانەش ئەو وشانەن کە تەنێ لە زارەکانی کورمانجی ژوورو و ژێری وەرگیراون و ئەو زارە زۆرانەی دیکەی کوردی وەک لەک و لوڕ و هەورامی تێدا نییە. ئەمە فاکتەرێکی زۆر گرنگە بۆ پاراستنی زمانی کوردی و ھەموو شێوەزارەکانی و وشەکانی لە ونبوون و لەناوچوون، سەرەڕای ئەو شەڕە سەختانەی دەسەڵاتە داگیرکەرەکان، لە دژی زمانی کوردی و نەیانھێشتووە تاکی کورد فێری خوێندنەوە و نووسین بێت، بەڵام ھێشتا زمانەکەی بەھێزترە لە زۆرێک لە زمانەکان کە لە ناوچەکە و جیھاندا ھەن.
کۆمەڵگەی کوردستان بە حوکمە گۆڕانکارییە دیمۆگرافی و مێژووییەکانی، کە تێکەڵەیەکە لە نەتەوەکانی غەیرەکوردی وەک عەرەب و تورک و فارس و ئەرمەن و کلدان و ئاشووری، زمان و کەلتووری ئەم نەتەوانە کەم و زۆر کاریگەرییان بەسەر یەکترەوە هەبووە، چۆن بە ناهەق جوگرافیای کوردستانی گەورە بەسەر دەوڵەت نەتەوەکانیان دابەشکراوە، بۆیە بە دەگمەن نەبێت تاکێکی کورد نابینین، جگە لە زمانی دایکی کە زمانی کوردییە، لە وڵاتەکەی خۆیدا زمانی دووەم یان سێیەمی نەزانێت، هەر بۆ نموونە کوردەکانی ڕۆژاوا و باشووری کوردستان زۆرینەیان زمانی دووەم کە زمانی عەرەبی و زمانی فەرمی دەوڵەتی سووریا و عیراقە دەیزانن، لە باکووری کوردستانیش هەروایە، بە دەگمەن نەبێت کوردێک نابینیت زمانی تورکی نەزانێت، تەنانەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بەتایبەت لە ناوچەی موکریاندا زۆرینەیان وێڕای زمانی فەرمی دەوڵەت کە فارسییە، هاوکات بەحوکمی هاوشارییان لەگەڵ تورکە ئازەرییەکاندا زۆرینەیان زمانی تورکیش دەزانن.
لەو ساڵانەی دواییش لە هەرێمی کوردستاندا بە حوکمی هەبوونی خویندنگە ئەهلی و تایبەتەکان تا ڕادەیەک زمانی ئینگلیزیشی هاتەسەر، نەوەیەک درووست بووە بەتایبەت نەوەی دوای ساڵی ٢٠٠٣ زۆرینەیان ئینگلیزیزان و ئاخێوەرن.

*سەرنووسەری گۆڤاری زمان و زار.




لەبری پرۆلیتاریا، دەڵێن مێگەل!.. جەمال کۆشش

ساڵی خەونە موژدە بەخشەکان! ساڵی بەهێزبوونەوەی کۆمۆنیستەکان!

سلاڤۆی ژیژەک کتێبێکی بەناوی “ساڵی خەونە ترسناکەکان” هەیە، وەرگێڕی کارامەی بواری هزر و فەلسەفە، ئەرسەلان ئەفراسیاو بۆ کوردی وەریگێڕاوە. بەکارهێنانی ئەم دەستە واژەیە وەک میتافۆرێکی ئاوەژوو، تەنها بۆ چڕکردنەوەی مەبەست بووە بۆ دەرکەوتنەوەی شەبەنگێکی سور. کتێبەکە پتر لەدەیەیەکە نوسراوە، ساڵی بەهێزبوونی ڕاستی پۆپۆلیستی توندڕەو، پوکانەوەی عەقلانیەت و جەنگ.
کیژان ئیسپه هانگیزی، مامۆستای زانکۆی زوریخ لە نوێترین چاوپێکەوتنی لەگەڵ ڕۆژنامەی دێر بوند (بەڵێ، بەڕاستی ئێمە لە سەردەمی لەدایکبونی نەزمێکی نوێێ جیهانیدا دەژین کە بەرەیەکی خراپەکار لەئۆتۆکراتەکان شەڕیان لە دژی کۆمەڵگای ئازاد و دیموکراسیەکەی ئێمە ڕاگەیاندووە. ئێمە لە نێو ئاڵوگۆڕێکی ئابوری و هەیکەلەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن گیرمان خواردووە، ڕێگای دەرچوون زۆر مەترسیدارە).١
سیاسەت و ئایدیۆلۆژیای ڕەوتێکی بە هەژمون و هەیبەتی بۆرژوازی، پاراستنی کەمایەتیـیە نەتەوەیی و ڕەگەزییەکان، ڕێزگرتنی کلتورەکان و مافی گروپەکان و دایەلۆگی نێوان ئاینەکان و بەرگری لە کۆمەڵەی پەلکە زێرینەکان و پەراوێزخراوەکان و فێمێـنیستی جێندەری و مافەکانی پەنابەران و کرێکارانی کۆچکردوو،…پاشەکشەی لەبەرامبەر کۆنسێرفەتیفە ڕاستڕەوەکان و ئیسلامفۆبیا و بزووتنەوە نیو-فاشیستەکاندا کردووە. ئەم دەورانە بە کۆتایی ڤۆکیزم و پۆلیتەکەڵ کۆڕێکتنێس دەناسرێت، بەڵام بۆ ئەمانە پەیدا بوون؟
لەڕاستیدا، خۆی ئەمە پرۆسەیەکی یەکجار ئاڵۆزە لە کۆمەڵگای ئەمڕۆی سەرمایەدا و لە نێو دەورانی سیستەمەکەدایە. ڕێکخستنەوەی بازاڕی کار و سەرمایە و جیۆپۆلیتیکی نوێ لە ئاستی جیهاندا، بەتایبەت پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان لەبواری دجیتاڵ و زیرەکی دەستکردا، شەڕی غەززە و ئۆکرانیا، …هتد.
بەڵام ئەوەی تایبەتیـیەکی بنچینەیی تر لەم جێگۆڕکـێـیە، هەر ئەو ڕەوتەی بۆرژوازی بوو، کە کۆمۆنیزمی چینی کرێکاری وەک کوشندەترین دەرد و بەڵا لە کۆمەڵگا ڕاو دەنا. هەر لە بەنگلادیش و ئەندەنوسیاوە بگرە تا ئەمەریکای لاتین و تا ئەفگانستان و پاکستان و ئێران، بە کودەتای ڕاستەوخۆ و دامەزراندنی حکومەتە پرۆکسیسەکان، یان بەهێزکردنی تاوانبارترین بزووتنەوە سیاسیـیە مافیاییەکان ، یان هەردوکیان وەک ئێستای عێراق. هیچ بوارێک و هیچ شوێنێک نەما، بۆنی کۆمۆنیزمی لێهاتبا و هەر چەند بچوکیش بێت، هەر چەند ڕەمزییش بێت، دەبوا هاوتا بکرێت بەنازیزم و فاشیزم و توندتر هەوڵی لەنێوبردنی بدەن. تەنانەت لەبێلایەنترین زانکۆشدا. دیقەتتان دا، کارزان عەزیز لە کۆتایی نۆڤەمبەری ئەمساڵ، لە لاپەڕەی فەیسبوکی خۆی، نوسینێکی بەناوی “ئایدیولۆژیای بەعسیزم چیە؟” بڵاوکردەوە، لەوێدا لە یەکێک لە زانکۆکانی بەریتانیا لە کۆرسی ماستەرەکەیدا کە تایبەت بوو بە نازیزم، مامۆستاکەی ناچاریکردووە و لە دەرەوەی ئارەزووی خۆی کۆمۆنیزم لە تەنیشتی فاشیزم و نازیزمدا دەبوو بەکاربهێنێت. یۆڤال نۆح هەراری درەوشاوەترین ئەستێرەی بیرمەندی لیبراڵی ئەمڕۆیە. تەنها کتێبی “نوکسێس” کە لە (٢٠٢٤) بڵاوبوەوە، (٤٥) ملێۆن دانەی لێفرۆشراوە و بۆ سەر (٦٥) زمان وەرگێڕدراوە. وەرگێڕانە کوردییەکەی، بەڕێز شاهۆ عوسمان لە ئەڵمانیەوەیە، ، لە لاپەڕە (٢٧)دا، پەرەگرافێک لە مانفێستی کۆمۆنیست دەهێنێتەوە (مێژووی هەموو کۆمەڵگایەک تا ئێستا مێژووی ململانێی چینایەتییە، ئازاد و کۆیلە، ئەشراف و عەوام…). دواتر دەنوسێت، ئەم لێکدانەوە دووانەییە بۆ مێژوو، هەموو کارلێکێکی مرۆیی وەک ململانێی دەسەڵات لەنێوان ستەمکار و ستەملێکراو دەبینێت، کەواتە بۆ هەر وتەیەک نابێت بپرسین ( چی دەوترێت؟ ئایا ڕاستە؟)، بەڵکو دەبێت بپرسین (کێ ئەمە دەڵێت؟ ئەمە خزمەتی ئیمتیازاتی کێ دەکات؟).
یۆڤال هەراری کاتێک ئەم تێزە بەناوی “زانیاری” دەهێنێتەوە، کە لە لاپەڕەکانی پێشوویدا زۆر گێڕانەوەی هەڵبەستراوی زانیاری ناڕاستی دۆزیوەتەوە. هەمان نیەتی هەیە کاتێک لە دیدگای مارکس بۆ خەباتی چیانەیەتی دەکۆڵێتەوە. کتێبێکی تر کە لە لیستی پێشنیارکراوی (٢٠) باشترین کتێبی پایزەی دەوری ڕۆژنامەی (ئین زیت زیت) بوو، نوسەرەکەی (ئوڤا وتستۆک)ە، بەناوی (کارل مارکس لە جەزائیر، ژیان و دواین گەشتی شۆڕشگێڕێک)، بەزمانی ئەڵمانی، کتێبەکە بەنیازی ژیاننامەی مارکس لە (٢٧-٤-١٨٨٢)، یانزە مانگ پێش کۆچی دوایی، وە تایبەتی تر ئەو دە هەفتەیەی مارکس لە جەزائیر بوو، بەڵام بەشێوەیەک بۆ تەواوی ژیانی دەگەڕێتەوە و لەوێوە وێنەیەکی شێواو لە بۆچوونە بونیادییەکانی مارکس دەدات. (بۆ ئەمە ڕوون نیـیە، ئایا مارکس بڕوای بە تێزە بنەڕەتیەکەی خۆی هەبوو، چەقی هەڵوسێنەری مێژوو، ململانێێ نیوان چینەکانە، کە ئەمە ئایا دەتوانرێت بەڕاستی و
قەناعەتهێنەر بێت و ئەزمون بکرێت و بەداتا بسەلمێنرێت، یان ئەم تێزە لەچاوی مارکسدا تەنها لێکدانەوەیەکی تایبەتی (سۆبێیەکتی) بووە لە سەردەمە مێژووییەکان)، چەند دێری دواتر دەنوسێت: “مێژوو پرۆسەیەکی گەورەی ئاڵۆزە کە لە ژمارەیەکی بێسنوری ڕەوتە کۆمەڵایەتیەکان، تاکیەکان، ژینگەییەکان، کلتورییەکان و فاکتۆرەکانی تر کاریگەرییان هەیە، ئەم فاکتۆرانە کە بە بەردەوامی دەگۆڕێن و کاریگەرییان لەسەر یەک هەیە و بۆیە ناتوانین تەنها بۆ یاسا ئابورییەکان بگەڕێێنەوە ، لاپەڕە١١٠)٢. یەکجار زۆرن بەهەموو زمانێک و لە تەواوی جیهان، دژایەتی مارکسیەت و تێۆری خەباتی چینایەتی.
ساڵی (٢٠٢٦) و ساڵانی داهاتوو، موژدە بەخشن، بۆ یەکەمجارە لە مێژوی سویسرا، گەورەترین خۆپیشاندانی کرێکاران و کارمەندانی کانتۆنی فات دەستیان بەمانگرتن و خۆپیشاندان کردووە. گەورەترین خۆپیشاندان لەدژی ڕاسیستەکان لە ئەڵمانیا، گەورەترین خۆپیشاندانی جەماوەری لە بەریتانیا بۆ کێشەی فەلەستین. بزووتنەوە کۆمۆنستیـیەکان لەسەراسەری ئەوروپا و ئەمەریکا و کەنەدا بەهەنگاوی گەورە بەرەو حزبیەت و بەرەو هەڵسوراوە کرێکارییەکان دەڕۆن.
شۆڕش بە چ مانایەک دێت؟
بۆرژوازی لە کوردستان، لە لاوازترین کاتەکانی خۆیدا، غافڵ نەدەبوو لە سەرکوتکردن و تیرۆر و ڕێگری لە چالاکی ڕاستەوخۆی کۆمۆنیستەکان. هێڕش بۆ سەر بارەگاکانی (ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست) لە ساڵانی (١٩٩١ و ١٩٩٢) لە هەولێر و هەڵەبجە و ڕانیە و دهۆک و ئاکرێ، هێرش بۆ سەر شوراکان. وە دواتر کرۆنۆلۆژی خوێناوی درێژەی کێشا بۆ تیرۆری نەزیرعومەر (١٩٩٣)، شاپور و قابیل (١٩٩٨) و کوشتاری بە کۆمەڵی ناو شاری سڵیمانی لە (١٤)ی تەمووزی (٢٠٠٠)دا.
ڕۆشنبیران، بەتایبەت گروپی ڕەهەندییەکان، زمانیان بەخشی بەدەمی سەرکردەکانی شاخ کەتازە بەربوونە تاڵانی شار. لیبڕاڵیەتێکی بێ بەهایان بۆ کورد دامەزراند و شوناسێکی فەردیان دا بەناوی تاکی کورد. خۆ کرێکار لە کوردستان نیـیە، ئیدی مارکس و کۆمۆنیزم بۆ دەبێت لێرە هەبن، بۆ ئەوەی ئەم تێۆرە دابهێننن، دەبوا مارکس و بیروباوەڕە مارکسیـیەکان، لە فکر و ڕۆشنبیری کۆمەڵگا دەربکەن. بەڵێ لە زۆر چاوپێکەوتن و ڕاڤە و کتێبەکانیاندا، چەمکەکانی بەعسیزم و فاشیزم و سۆشیالیزم و تەنانەت مارکسیسزم و کۆمۆنیزمش، وەک یەک ئایدیۆلۆژیا تاوانبارکراون و و بەنەفرەتکراون. فاکتەرێکی گرنگی دواکەوتویی فەرهەنگی و تەشەنەسەندی سەلەفیەت و داعشیەت و نیولیبراڵیزم. دورخستنەوەی بەتایبەت لاوان بوو لە مارکسیەت.
کەسانێک هەن و ڕەنگە بەخۆشیان بڵێن کۆمۆنیست:–
لەبری گەڕانەوە بۆ مارکس، دەگەڕێنەوە بۆ نیتچە؟ لەبری لێکدانەوەی مادییانە، میتافیزیکییانە دەڕواننە گەردون.
لەبری پرۆلیتاریا، دەڵێن، مێگەل!
ڕاپەڕین و هەڵسانە جەماوەرییەکان نابینن، دەڵێن کۆیلەی فکری!
لەبری خەباتی کۆمۆنستی، لە نێو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، ڕیکلام بۆ کاندیدی کۆتای مەسیحی، لەسەر لیستی حزبی شیوعی کوردستان دەکەن؟
لەبری لێکدانەوەی ماتریالیزمی مێژوویی بۆ ئاژاوە و کێشەکانی نێوان ئینسانەکان لەسەر شوناسە جیاوازە کلتورییەکان، دێن ئینسانەکان بەپێی لۆجیکی فیدرالیەتی سیاسی پەرلەمانی سەرژمێرییان دەکەن ولەڕادیکالترین شێوەیدا دیدگای کارل پۆپەرییەکان بۆ کۆمەڵگای کراوە، لەبری خەباتی هاوبەشی چینایەتی.
لە نێو کارەساتێکی سروشتیدا، لەبری قوڕبارانکردنی دەسەڵاتداران و ڕاونانیان بەهوتافی تاوانبار و بکوژ، ناچارکردنیان بەدەستکێشانەوە، وەک ئەوەی لە ڤالانسیای ئیسپانیادا بوو. کۆمۆنیستەکان دەبێت لە ڕێکخراوە خێرخوازییەکاندا لەنزیک خەڵکەوە بن!
شۆڕشی کۆمۆنیستی، قۆناخبەندی نییە، زەمینەسازییە. پراتیکی کۆمۆنیستی ڕێژەی لەسەدای نییە. شۆڕشە بۆ ئازادی هێزی کار لە سیستەمی چەوسانەوە. “کاڵای ئەبستراکت” نییە، تێۆرییەکی گشتی ئەنتەرناسیۆنالیستیە و کۆمۆنیستەکان ئەم تێۆرییە لە خەباتی چینایەتی نێوکۆمەڵگادا زیندوانە لە وڵاتەکان و لە کێشەکانیاندا بەرەوپێشەوە دەبەن. وردەبۆرژوازی، هیچ کاتێکی گونجاو نادۆزنەوە بۆ ئەم خەباتە و بۆرژوازیش بەتەواوی لەدژایەتی وەستاوەتەوە.

٢٠-١٢ی – ٢٠٢٥
1-kijan Espahangizi .der Bund 15.Dezember.2025
2-Uwe Wittstock , Karl Marx in Algier page(109-110)




جیاوازی جولەکە و ئیسرائیل چییە؟.. شورش عزیز سورمێ

زۆربەی هاوڵاتیانی ئیسرائیل (نزیکەی ٨٠%) جوولەکەن، بەڵام هەموو جولەکەکان ئیسرائیل نین، چونکە نزیکەی نیوەی لە ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و ئەرجەنتین نیشتەجێن. هاوڵاتیبوون و ئایینی مێژوویی-ئاینی دوو شتی زۆر جیاوازن.
ڕەنگە زۆرجار وشەی “جوولەکەکان” و “ئیسرائیلییەکان” و هەروەها “ئیسرائیل” و “دەوڵەتی جولەکەکان”تان بیستبێت. لە کاتێکدا ئەمانە هەموویان وشە و پێناسەن کە ڕەنگە مانای هاوشێوەیان هەبێت، بەڵام بە تەواوی سەریەک ناکەون و گرنگە لە جیاوازییەکان تێبگەین. ئەمەش یارمەتیت دەدات هەم باشتر لەو هەواڵانە تێبگەیت کە لە هەواڵە تەلەفزیۆنییەکان دەیخوێنیتەوە و دەیبیستیت و هەم بە هۆشیارییەکی زیاترەوە مێژوو بخوێنیتەوە، بەتایبەتی سەدەی بیستەم.
جولەکەکان کێن؟
ڕەنگە پرسیارت کردبێت کە جولەکەکان کێن: گروپێکی ئایینی، پاڵەوانەکانی کتێبی پیرۆز، یان قوربانیانی هۆلۆکۆست؟ لە واقیعدا ئەم وشەیە کەسانێک کۆدەکاتەوە کە مێژوو و کولتوور و ئایینێکی زۆر کۆنیان هاوبەشە. کەمێک وەک ئەوە وایە بڵێین ئەوان بەشێکن لە هەمان “خێزان” کە ماوەیەکی زۆر درێژە بوونی هەیە. ئەوان نەتەوە نین و ڕەگەز نین (وەک ئەوەی لە کاتی ئەو گۆشەگیرییانەی کە لە جەنگی جیهانی دووەمدا ڕوویانداوە بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە بانگەشەی بۆ دەکرا). گرنگ نییە لە کوێی جیهاندا دەژین (دەتوانن لە ئیتاڵیا، ئەمریکا، فەرەنسا، یان هەر شوێنێکی تر بن)، ئەگەر جولەکە بن، ئەوا ئەم ڕەگ و ڕیشە هاوبەشانەیان هەیە. بۆیە دەتوانرێت وەک گروپێکی ئیتنۆئاینی پێناسە بکرێت، کە سەرچاوەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ گەلی ئیسرائیل لە کۆندا.
سەرچاوەی ناوی “جوولەکەکان” نادیارە، و لە ڕێگەی ئەدەبیاتی هێلینیستییەوە هاتە ناو بەکارهێنانی باو بۆ دیاریکردنی ئەو کۆمەڵە هۆزە لە ڕۆژهەڵاتی نزیک کۆن کە لە هەزارەی دووەمی پێش زایین لە فەلەستین دەرکەوتن. دەستەواژەی “جوولەکە” بە درێژایی مێژوو بەکارهاتووە بۆ ناسینەوەی ئەو کەسانەی کە ئایینی جولەکە پەیڕەو دەکەن، بەمەش لە شوێنکەوتوانی ئایینەکانی دیکە جیا دەکرێنەوە. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە جولەکەیەکی زۆر ئایینی هەیە کە هەموو ڕێساکانی ئایینەکەیان پەیڕەو دەکەن، هەندێکی تریش کەمترن بەڵام هێشتا هەست بە بەشێک لەم کولتوور و مێژووە دەکەن.
ئیسرائیلییەکان کێن؟
ئیسرائیلییەکان دانیشتووانی دەوڵەتی ئیسرائیلن کە لە ساڵی ١٩٤٨ دوای جەنگی جیهانی دووەم دامەزراوە. گروپە ئیتنۆ-ئاینییە جیاوازەکان لەناو خاکی ئیسرائیلدا پێکەوە دەژین: جولەکەکان، کە نزیکەی 80%ی دانیشتووان پێکدەهێنن، بەڵام عەرەبیش (کە موسڵمانن یان مەسیحین)، دروز و ئەوانی دیکەش هەن.
جیاوازی نێوان جولەکە و ئیسرائیلییەکان
ئەمڕۆ، بە سادەییتر، دەتوانیت “ئیسرائیلی” بەکاربهێنیت بۆ پێناسەکردنی هاوڵاتییەکی دەوڵەتی ئیسرائیلی مۆدێرن، لەکاتێکدا “جوولەکە” زاراوەیەکە کە واتایەکی ئایینی و کولتووری هەیە و خەڵک لە هەموو جیهانەوە یەکدەخات. مرۆڤ دەتوانێت جولەکە بێت بەبێ ئەوەی ئیسرائیل بێت و بە پێچەوانەشەوە؛ لە ڕاستیدا نزیکەی ٢٠%ی دانیشتوانی ئیسرائیل جولەکە نین. لە سەرانسەری جیهاندا کەمێک زیاتر لە ١٥ ملیۆن جولەکە هەن: ٧ ملیۆنیان لە ئیسرائیل و ٦.٤ ملیۆنیان لە ئەمریکای باکوور (بە پلەی یەکەم نیویۆرک، نیوارک و جێرسی سیتی). ٢ ملیۆنەکەی دیکە بە شێوەیەکی سەرەکی لە فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و ئەرجەنتین (بەتایبەت لە پایتەختەکانی پاریس، بوینس ئایرێس و لەندەن) چڕبوونەتەوە.
هەموو جولەکەکان لە ئیسرائیل ناژین. زۆرێک لە جولەکەکان لە وڵاتانی دیکەی جیهان دەژین.
هەموو ئیسرائیلییەکان جولەکە نین. هەروەها ئەو کەسانەی کە بە ئازادی ئیعتیراف بە ئایینەکانی دیکە دەکەن لە ئیسرائیل دەژین.
زۆرێک لە جولەکەکان بڕیاریان داوە لە ئیسرائیل بژین، چونکە شوێنێکی تایبەتە بۆ ئەوان، پەیوەستە بە مێژوو و ئایینەکەیانەوە –




فەنزویلا و ئیمپراتۆریەتە ناجێگیرەکەی ترامپ.. ئاسۆ کەمال

ڕفاندنی مادۆرۆ یەکێکی تر لەو سەپرایزانە بوو کە ترامپ دنیای ئەمڕۆی پێ ڕاچلەکاند تا بزانن سیستمی نوێی ترامپ بۆ جیهان چیە؟!
ئەم دنیایەی ئێستا بۆ بورژوازی ئەمریکا کۆن بوە و چیتر ئەمریکا بەپێی ئەو پێوەرانەی وەک “سەروەری وڵاتان و ڕێکەوتنامەی نەتەوەیەکگرتوەکان”، ناتوانێ سەروەری جیهان بێت. “ماگا و مەزن کردنەوەی ئەمریکا” سیستمێکی نوێی پێویستە کە هەموو جیهان و یاساکانی و ژیانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەدەوری خۆری سەرەوەری دەوڵەتی سەرمایەداری ئەمریکا دا بسوڕێتەوە.

گەمژەییە ئەگەر کەسێک دوای ئەم دوو ساڵەی تاقیکردنەوەکانی ئەم سیستمە نوێیەی ترامپ بکەوێتە تەڵەی ئەوەی لابردنی “دیکتاتۆری فەنزویلا” و “مەلاکانی ئێران” و “ئەسەد” و “حەماس” و “حزب اللە” و “حەشدی شەعبی” زەمینە بۆ خەبات و شۆڕشی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و سۆشیالیستەکان خۆش دەکا.

دەوڵەتی ئەمریکای ترامپ لە پێشبڕکێی ئابوری و سیاسی لەگەڵ چین و ڕوسیادا پێویستی بە دروستکردنی مۆدیلی دیکتاتۆرەکانی وەک خۆیەتی، لە چەشنی ناتانیاهۆ و شەرع و بن سەلمان و ڕەزا شا و نیولیبراڵەکانی ئەمریکای لاتین ( حافێر میلی ئەرجەنتین، جۆزێ کاستی چیلی، نایب بوکیلی سلڤادۆر و بۆسۆنارۆی بەرازیل) و ڕاستڕەوەکانی ئەوروپا. ئەمە پێداویستیەکانی ئیمپریالیزمی ئەمریکایە لە شەڕ و پێشبڕکێی داگیرکاری بازاڕی جیهانی و ناوچەکانی دەسەڵاتدا کە کەڵەکەی سەرمایە پێویستیەتی. هاتنە خوارەوەی توانای ئابوری ئەمریکا و گەشەی چین، بورژوازی ئەمریکای خستۆتە بەردەم مۆتەکەی ڕوخانی ئیمپراتۆریەتەکەی و ترامپ وەک سەرکردەی جەنگی هێزی سەربازی ئەمریکای کردۆتە سەرەکی ترین ئامڕازێک بۆ بەرگرتن بەم چارەنوسی شکستە چاوەڕوانکراوە لە مەیدانی شەڕی ئابوریدا.

خستنە ژێر ڕکێفی فەنزویلا و نەوتەکەی هەنگاوێکن بۆ جێبەجێکردنی بۆ پلانی “ترمپ کۆرۆلاری” کە دەیەوێت هەموو کیشوەری ئەمریکا، “ڕۆژائاوای هەمسفێر” ، بخاتە ژێر کۆنترۆڵی ئابوری و سیاسی و سەربازی دەوڵەتی ئەمریکاوە. هەر بۆیە گێچەڵی داهاتوو مەکسیکە و ئەگەر ئەم دوو وڵاتە، فەنزویلا و مەکسیک، تەسلیم ببن ئەوا باقی وڵاتانی ئەمریکای لاتین دەکرێنە ئامانج. بەم شێوەیە ئەم ستراتیژەی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا و جیهان نائارامیەکی درێژخایەنی هەڵگرتوە.

ئەمڕۆ پێویستە گۆڕانکاری بکرێت لە ڕوبوڕوبونەوەی ئەم هەژمونیە میلیستاریستی و سیاسیەی ئەمریکادا. دەرسێکی گرنگ لەم ڕوداوانە بۆ ناڕەزایەتی هەموو خەلکی ئەو ولاتانەی دەکەونە بەردەم ئەم هەڕەشە و شەڕانەی ئەمریکا، بەتایبەت لە ئەمریکای ناوەڕاست و لاتیندا، ئەوەیە کە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکیش چیتر ناتوانن لە سایەی دەولەتی دیکتاتۆریە سەربازیەکاندا، وەک مادۆرۆدا، بپارێزرێن و چیتر بزوتنەوەی دژی ئیمپریالیستی ئەمریکای لاتین ناتوانێ پشت بە دەوڵەتانی سەرکوتگەر و کۆنەپەرستی وەک ئێران و ڕوسیا ببەستێ بۆ ڕوبەڕوبونەوەی مەترسیەکانی هێڕشی حکومەتی ترەمپ، چونکە ئەم دەوڵەتانە خۆیان بەشێکن لە بەربەریەتی جیهانی سەرمایەداری ئەمڕۆ، هەربۆیە ستراتیژی شۆڕشگێڕانەی ئەم بزوتنەوە جەماوەریانە دەبێ ڕوبکاتە پەیداکردنی هاوئاهەنگی و هاوپشتی لەگەڵ سەرجەم بزوتنەوە دژی کاپیتالیستیەکانی جیهاندا، کە نمونەکانی لە بەرەی دژی شەڕی غەزە و فەنزویلا و ئۆکرانیاو دژی سیاسەتە ئابوریەکانی بانکی نێودەوڵەتی و جی حەوت و خۆپیشاندانەکاندا دەبینینەوە.

خەڵکی ئەمریکای لاتین لە نیوسەدەی ڕابردوودا پیشەنگی بزوتنەوەی دژی ئیمپریالیستی ئەمریکا بوون. شکست پێهێنانی ئیمپراتۆریەتە مۆلەقەکەی ترامپ و نەخشەکانی “کۆرۆلاری” لەسەر دەستی ئەم بزوتنەوەیە دەتوانێ بەدی بێت ، کاتێک هەم لە ئاستی وڵاتانی ئەمریکای لاتیندا یەکگرتوو بێت و هەم وەک غەزە پشتیوانی جیهانی لێ بکرێت. ئەمە ئەو هێزە چینایەتیەیە کە چارێکی نیە جگە لە چونە شەڕی بەربەریەتی سەرمایە لە هەموو شوینێک و لەئاستی هەردوو نیوە و هەمسفێری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات.




ئایا {گرۆنلاند}یش ماددەی هۆشبەر بەرهەم دێنێت؟.. گۆران هەڵەبجەیی

دەمێک دەسەڵاتێک سەرقاڵی ئەنجامدانی کارێکی نایاسایی،نا شەرعی،نا ئینسانی دەبێتت،کەدەشێت لەشێوەی ڕووخاندنی حکومەتێک،ڕفاندنی بەرپرسێکی باڵا،تەرۆرکردنی کەسایەتیەکی سیاسی،درووستکردنی پشێوی لە وڵاتێکی نەیاردا بێت،لەوکاتەدا ئەو دەسەڵاتە پێویستی بە بەهانە،پاساو،هۆکاردەبێت بۆ بەجێگەیاندنی پلانەکەی ،جادەشێت ئەم پاساوە لەکاتی جێبەجێکردندا یاخود پاش ئەنجامدانی بخرێتەڕوو.
دیارە بەهانە هێنانەوە بۆ ئەو جۆرە کارانە ئاسانە ،چونکە گەر دەسەڵاتێک هێندە بەتوانابێت کارێکی وا مەترسیدار ئەنجامبدات کەواتە هۆنینەوەی پاساویش ئاسانە.

دەستگیرکردنی سەرۆکی فەنزویلا {مادۆرۆ}.
پاساوی ترامپ بۆدەستگیرکردنی مادۆرۆ گوایە بەهۆی ناردنی مادەی هۆشبەرەوەیە لە فەنزویلاوە بۆ ئەمریکا ،لەگەڵ هەندێک وردەتۆمەتی دیکە.ئەوەەی کەمێک شارەزایی لەدونیای سیاسەتدا هەبێت و لە {لۆژیکی هێز}ی ئەمەریکا تێبگات کە وەک زلهێزێکی جیهانی بۆ گەییشتن بە ئامانجەکانی پەیڕەوی دەکات ،تێدەگات کە پاساوەکان زۆر دوورن لە واقیعەوە.
سەیر لەوەدایە بێ ئەوەی ترامپ هەست بەخۆی بکات هەر خودی خۆی بەدرۆخستەوە ،دەمێک گووتی کۆمپانیا نەوتیەکانمان ئامادەن بۆ کارکردن لە فەنزویلا ،کەواتە مەسەلەکە پەیوەندی بە مادەی هۆشبەرەوە نیە چونکە ترامپ باش دەزانێت سەرچاوەی هەناردەکردنی مادەی هۆشبەر چ وڵاتێکەو چ جۆرە باندێکی لەپشتە .
بەڵکو مەسەلەکە نەوتی ڤەنزوێلایە کە دەرکەوتووە خاوەنی[٣٠٣] ملیارد بەرمیلە کە بەیەکەم یەدەک هەژماردەکرێت لەجیهاندا.
هەر پەیوەست بەم باسەوە مۆدۆرۆ بەرلەدەستگیرکردنی گووتی ئەمەریکا چاوی بڕیوەتە نەوتەکەمان کە بەشی سەدساڵ دەکات.
گەر ترامپ هێندە جددیە بۆبەگژاچوونی سەرچاوەکانی مادەی هۆشبەر کە وەک خۆی گووتی ساڵانە [٣٠٠] هەزار گەنجی ئەمریکی دەکووژێت، بۆچی [ خوان ئۆرلاندۆ] سەرۆکی پێشوی هندۆراسی ئازادکرد کە بەتۆمەتی تێوەگلان بەبازرگانی کۆکاینەوە ساڵی [٢٠٢٢] لە لایەن حکومەتی هندۆراسەوە بەهەمان تۆمەت ڕادەستی ئەمەریکا کرا؟کەواتە ئەو بەهانە یا پاساوەی مادۆرۆی لەسەر فڕێنراوە هیچ بنەمایەکی ڕاستی نیە .

[گرۆنلاند]بۆ؟
ترامپ ناتوانێت ئامانجەخراپەکانی خۆی بشارێتەوە ،ئەوەبوو هەر لەمیانەی قسەکردنی دەربارەی مادۆرۆ لەدەمی دەرچوو یا بەئەنقەست بوو وەک پەیامێک بۆ دانمارکیەکان ،گووتی [گرۆنلاند]یش بەدەست دێنین،دیارە بەدەستهێنانیش تەنها لەڕێگەی داگیرکردنەوە دەبێت.
خۆ ئەو دوورگەیە ماددەی هۆشبەری لێ نیە،ئیدی بۆچی ترامپ دەخوازێت داگیری بکات؟کەواتە لێرەدا مەبەستەکە باشتر ڕووندەبێتەوە کە زۆر دوورە لە مادەی هۆشبەر،بەڵکو مەسەلەکە دیسان نەوت و شتی ترە.
ساڵی پار ترامپ دووسێ جار داوای کڕینی ئەو دوورگەیەی کرد،دانمارکیەکان سەرەتا واتێگەشتن کەترامپ شۆخی دەکات ،بەڵام دەمێک تێگەشتن کە ترامپ بەجدیەتی ئەوجا کەوتنە خۆیان،هەردوو دەسەڵاتی دانمارک و دوورگەکەش گووتیان[وڵاتەکەمان بۆ فرۆشتن نیە].
بەڵام دیارە ترامپ سوورە لەسەر بردنی ئەو دوورگەیە ،بەهەرجۆرێک بێت ،کە من هیوادارم هەرگیز ڕوونەدات.

لەوانەیە بپرسن ئەی بۆچی ترامپ چاوی بڕیوەتە ئەم دوورگەیە؟
ساڵانێک لەمەوبەر پاش کنەوپشکنین دەرکەوت کە نەوتێکی زۆر لە دوورگەکەدا هەیە ،پێدەچێت ئەم هەواڵە گەشتبێتە لای ترەمپ.
هۆکاری دووەم پێگەی ستراتیچی دوورگەکەیە لە ڕووی سیخوڕی و سەربازیەوە.لەدەمی [جەنگی سارد]دا چەندین وێستگەی سیخوری و ڕاداری ئەمریکی و ناتۆ جێگیرکرابوون،مەزنترینیان بنکەی ئەمریکی [توولە]بوو ، دانمارک بۆ ئەم بنکانەکرێی وەردەگرت.
بەڵام پاش نەمانی بلۆکی سۆشیالست و کۆتایی جانگی سارد ئەو بنکانەش پێویستیان نەماو هەڵگیران.
جا ئێستا ترامپ دەیەوێت ئەو بنکە سیخوڕیانە دژبە ڕوسیا دابمەزرێنێتەوە،چونکە ئەو دوو هێزە هەرگیز متمانەیان بەیەکتر نیەو نابێت.

هەڵوێستی حکومەتی دانمارک چیە؟
دانمارک وڵاتێکی گچکەیە تواناکانیان سنووردارە بەتایبەتی لەڕووی سوپاوە،وەک بزانم جگەلە پۆلیس هیچ هێزێکی دانمارک لەسەر ئەو دوورگەیە بوونی نیە.کەواتە بەهیچ جۆرێک شەڕی ئەمریکای پێ ناکرێت، وێرای ئەمە هەردوو وڵات ئەندامی ناتۆن کەبۆیان نیە دژبەیەک بجەنگن .
سەرۆک وەزیرانی دانمارک[ میتە فرەدریکسن] و بەرپرسانی دیکەی حکومەت زۆربەجددی قسەکانی ترەمپ وەردەگرن، شڵەژانیان پێوەدیارە تا ئێستا تەنها هەڵوێستیان نەرمە ڕەخنەیە لەترامپ و داوای وەستانی ئەوجۆرە لێدوانانەدەکەن لێی.

گرۆنلاند بە فاکت
بەر پتر لە هەزارساڵ کە [ڤیکینگەکان] تا ڕادەیەک کۆنترۆڵی دەریاکانیان کردبوو ،بەردەوام بەدووی شوێنی نوێدا دەگەڕان ،جا لە یەکێک لەو گەڕانانەدا دانمارکیە ڤیکینگەکان ئەو دوورگەیان دۆزیەوەو ناویان نا [گرۆن لاند] واتە وڵاتی سەوزایی ،کەوانیە و بەردەوام بەستەڵەکە ،ئیدی لەوساتەوە بووەتە بەشێک لەدانمارک.

———————–

[گرۆنلاند] گەورەترین دوورگەی جیهانە کە پانتاییەکەی [٢،١]ملیۆن چوارگۆشەیە،لەدانمارکەوە بۆ گەشتن بەو دوورگەیە بەفڕۆکە [٧] کاتژمێر دەخایەنێت.ئیسلاند و کەنەدا نزیکترین دراوڕسێی ئەو دوورگەیەن .دانیشتوانەکەی نێوان [٥٠-٦٠]هەزارکەسە.
جۆرێک لەسەربەخۆییان هەیە و خاوەنی پەرلەمان و ئەحزابن.لەڕووی ئابووریەوە دانمارک بەخێویان دەکات چونکە دوورگەیەکی سپیی پۆشە و خاوەن کەشێکی ساردە،خەڵکەکەی توانای بەرهەم هێنانی دەسکێک کەوەریان نیە.




پانۆرامای چالاكییەكانی یەكێتیی نووسەرانی كورد- لقی هەولێر بۆ ساڵی 2025

یەكێتیی نووسەرانی كورد- لقی هەولێر، كە چالاكترین دەزگای ڕۆشنبیری و كولتوورییە لە كوردستان و سەرجەم عیراقیش، ئەویش بە كار و بەرهەمە جۆراوجۆرەكانی كە هەر هەموویان لە ئاستێكی بەرزی ڕۆشنبیریدا بووین، كۆڕ و سیمینارە ناوازەكانی بە بەردەوامی بوونەتە جێی گفتوگۆ و وتووێژی ئەدەبی و ڕووناكبیریی هەمەلایەنە، بۆیە بە بەردەوامییش زۆربەی بیرمەند و نووسەر و ڕۆشنبیران و ئەدەبدۆستان و نووسەر و خوێنەری سەرجەم لایەن و فیكرە جیاوازەكان، لە زۆربەی شارەكانی كوردستانی گەورە و عیراق و دەرەوەی وڵاتیش، بۆ كار و بەرهەمەكانیان، ڕوویان لەم دەزگا كولتوورییە گەورەیە كردووە و هەمیشە ئەوێیان بە ماڵی ڕاستەقینەی خۆیان زانیوە «ماڵی نووسەران». ئەم لقەی یەكێتیی نووسەرانی كورد، بە توانایەكی یەكجار كەمی ماددی، بەڵام بە بەخشندەیی و دڵسۆزیی سەرۆک و سکرتێری ڕۆشنبیری و دەستەی کارگێڕی، هەمیشە سەربەرزانە و لێبڕاوانە خزمەتی زمان و ئەدەب و فیكر و ڕۆشنبیریی كوردیی بەتایبەتی و ڕۆشنبیریی جیهانیی بە گشتی كردووە، بێ گوێدانە هەوڵی كۆسپ و لەمپەر دانان لەبەردەم ڕێڕەو و كارەكانی. سەرباری ئەوەیش هەمیشە لە كۆڕ و سیمینارەكاندا، نووسەر و بیرمەند و ئەدیبە ناودارەكانی نەتەوەكانی كوردستانیش لە توركمان و سریان و كلدان و ئاشوور، میوانداری کراون و لە خزمەتیاندا بووین، بەرهەمەكانی خۆیان لەم دەزگایە پێشكەش كردووە. هەروەها ئەم لقە لە بابەتی كۆڕ و سیمینارەكانیدا، ئاوڕی لە ئەدەبییاتی گەلانی جیهانیش داوەتەوە. كۆڕ و كۆبوونەوە و سیمینارەكانی ئەم لقە جگە لە ئەدەب كە ئەركە سەرەكییەكەی خۆیەتی، لە شیعر، چیڕۆك، ڕۆمان، ڕەخنەی ئەدەبی، دراما و شانۆنامە، ئەدەبی منداڵان؛ بایەخی زۆریشی بە چالاكییەكانی فیكر و فەلسەفە، بیرەوەریی كەسایەتییەكان، یادكردنەوەی نەمران بە بەرهەمەكانیان، هونەرە جوانەکان بە هەموو جۆرەكانیەوە، كۆمەڵناسی، زمان و زمانناسی، مێژوو، دەروونناسی، گەشتیاری، ئەدەبی فۆلكلۆری، ناساندنی گۆڤاری جۆراوجۆر، هونەری وەرگێڕان و زانستەكان داوە، بێگومان بەرهەمی بیری ئافرەتان و ژنان و گەنجانی كوردستان هەمیشە جێی بایەخی ئێمە بووە و بەردەوام لە چالاكییەكانماندا ئامادەیییان هەبووە.

لێرەدا ڕایدەگەیەنین كە سەرجەم ئەو كۆڕ و سیمینارانەی لە ساڵی ڕابردوو 2025، لقی هەولێری یەكێتیی نووسەرانی كورد، بە سەركەوتوویی بەڕێوەی بردوون، بریتین لە 96 كۆڕ و سیمینار لەو جۆر و لایەنانەی باسمان لێوە كردن. ئەمەیش بۆ یەك ساڵ ژمارەیەكی زۆرە و دەكاتە هەفتانە دوو كۆڕ و سیمینار. وا لە خوارەوەیش وەك بەڵگەنامەیەك سەرجەمیان تۆمار دەكەین.

لقەكەمان هێشتا بە گەرموگوڕیی زیاتریشەوە بەوپەڕی بێلایەنی لە خزمەتی وشە و زمان و ئەدەب و ڕۆشنبیریی كوردی، بەردەوام دەبێت.

داوا لە هەموو ئازیزان و میوانە بەردەوامەکانی لقەکەمان دەکەین لە پاڵپشتی و دڵسۆزییان زیاتر مکوڕ بن.

1- د. فەرهاد بەرزنجی- لەدایكبوونی عیسای مەسیح لە ڕوانگەی جینی و بۆماوەیییەوە.
2- ئەكرەم خامۆش- كۆڕی شیعری و بڵاوكردنەوەی دیوانی شیعر.
3- سمكۆ محەمەد- بڵاوكردنەوەی كتێبی گوناح و ئیمان.
4- عەبدولقادر سەعید- كۆڕێك لەبارەی ڕۆمانی باستیلی بچووك.
5- سەباح سابیر خۆشناو- ماركسیزم لە تەرازووی ژیری و زانستدا.
6- هیڤا پەناهی- ئەخلاق بەپێی فەلسەفەی ئەرستۆ.
7- عەدنان جومعە و سەلوا حوسێن عەلی- فی سماء الادب النسوی الكردی.
8- ئارام بامۆكی- (نامەكانی ئەوین)ی ستیڤان شەمزینی.
9- سەڵاح شێخ شەرەف- دەماری كوردایەتی لە شیعر و هەڵوێستی شێخ ڕەزای تاڵەبانی.
10- حەمەساڵح فەرهادی- بڵاوكردنەوەی فەرهەنگی هەوری.
11- فایزە سوڵتان- كۆڕی شیعر و بڵاوكردنەوەی دیوانی (لەسەر ئەم زەوییە میوانم).
12- شێرزاد قادر هەینی- بڵاوكردنەوەی كتێبی 100 وشە و 100 وێنە.
13- 55ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نووسەرانی كورد- ڕێزلێنان و یادكردنەوە.
14- محەمەد كەساس- كۆڕی شیعری و بڵاوكردنەوەی دیوانەكەی.
15- عەبدولخالیق یاقووبی- خوێندنەوە بۆ چیڕۆكی گۆران سەمەد (ڕووداوی گێڕانەوە).
16- سیمینارێك لەبارەی زمانی دایك بۆ فەرەیدوون سامان و نەوزاد پۆڵس.
17- حەمە عەباس- بڵاوكردنەوەی بیرەوەریی (وردەگەڵای بەر هەتاو).
18- د. عوسمان یاسین- هزر و هونەر و سۆفیگەری.
19- پەخشان كاكەوەیس- ئاوەزدروستیی ژنان و كاریگەریی لەسەر خێزان و كۆمەڵگە.
20- مەهداوی ئەحمەد داود- بڵاوكردنەوەی كتێبی (مێژووی كۆمەڵناسی و قۆناغەكانی).
21- د. محەمەد خدر مەولوود- ڕێوڕەسمی بڵاوكردنەوەی گۆڤاری ئەفراندن.
22- شەفیقی حاجی خدر- ناساندن و بڵاوكردنەوەی كتێبی (ئاوەزنامە).
23- سەباح هورمز- كتێبێك بە زمانی عەرەبی لەبارەی ڕۆمانی كوردی (جبل المراتی).
24- نەجمەدین عەزیز سمایل- بڵاوكردنەوەی بەرگی 12ی (خۆم و ئەستێرە گەشەكان).
25- عەدنان حەسەن- كۆڕێكی شیعری بە زمانی عەرەبی و پێشكەشكردنی دوو دیوانی شیعری.
26- ناساندنی دوو كتێبی ماڵی ڕۆشنگەریی كەمال سەعدی و ڕێزلێنان لە عەباس عەبدوڵڵا یووسف.
27- سەڵاح جەلال- لێدوان پێشكەشكردنی ڕۆمانی تابووتی پەیمانی خودا.
28- عەبدوڵڵا سلێمان مەشخەڵ- لێدوان و بڵاوكردنەوەی سێ كتێبی تازەی.
29- عەدنان بەرزنجی- لەبارەی گەشەی كەسایەتی و ستیگمە.
30- غەفوور مەخمووری- ڕێوڕەسمی بڵاوكردنەوەی نۆ كتێبی تازە چاپكراوی.
31- ئامانج غازی- گوێزانەوە و وەرگرتن و دزینەكانی میلۆدیی گۆرانی لەنێو گەلاندا.
32- د. ئیسماعیل شەمس- بووژانەوەی كورد لە سەدەكانی چوارەم و پێنجەمی كۆچی دا.
33- جەلال دەباغ- بڵاوكردنەوە و لێدوان لەبارەی حەوت كتێبی تازە چاپكراوی.
34- ڕێوڕەسمی بڵاوكردنەوە و لێدوان لە گۆڤاری (دنیای چیڕۆك)ی ماڵی ڕۆشنگەریی كەمال سەعدی.
35- محەمەد ساڵح پێندرۆیی- بۆچی منداڵ درۆ دەكات؟
36- هاوكار عەبدوڵڵا- سەلام ناوخۆش قەڵەمێك بە باڵای منارەوە.
37- باهۆز مستەفا- ناساندن و بڵاوكردنەوەی (شەڕی ناو كتێبخانەكەم).
38- شیرین كافی- كۆڕی شیعر خوێندنەوە.
39- زیاد ڕەشاد قادر- بڵاوكردنەوەی كتێبی (نامەی ئەدەبی).
40- یاسین رابیعە- بڵاوكردنەوە و ناساندنی (سەختییەكانی منداڵیم).
41- د. كەمال بێوار- كۆڕی شیعری و پێشكەشكردنی دیوانی شیعری.
42- فوئاد كەریمی- دەموچاوی داگیركەر، دەموچاوی داگیركراو- نووسینی: سارتەر.
43- فەتحی مەلا عەلی مودەریس- بڵاوكردنەوەی كتێبی (براسۆز) لەبارەی ڕوونەسەكان.
44- ئاوات مەلا ڕەسوول- خوێندنەوە و ناساندنی نۆڤلێتی (یاسەمین).
45- ڕێوڕەسمی بڵاوكردنەوەی گۆڤاری (دەنگارە).
46- سەعید مەموزینی- بیری چەپ لە كوردستان.
47- عەباس عەبدوڵڵا یووسف و سمكۆ محەمەد- كتێبی جیاوازییەكان.
48- ئازاد مەولوود- وەرگێڕانی شیعری جیهانی (ترۆپكی سروودەكان).
49- د. ئەحمەد شەریف- باسێك لەبارەی ڕەوانشاد جەوهەر غەمگین.
50- بەهرە موفتی- كۆڕی شیعری و پێشكەشكردنی دیوانی شیعری.
51- سالار كۆیی- مێژووی دێرینی كۆیە.
52- سەلام عومەر- كۆڕی شیعری و پێشكەشكردنی دیوانی (دەڕژێمە منداڵیمەوە).
53- ئێوارە كۆڕێكی شیعر و مۆسیقا بۆ شاعیرغەریب پشدەری.
54- د. نەجم ئەڵوەنی- باسێك لە ڕۆمانی (تارمایی و مێروولە سوورەكانی دایكم).
55- ڕێوڕەسمی بڵاوكردنەوەی گۆڤاری فۆلكلۆریی (ماڵی ڕەسەن).
56- نەسرین تەنیا- ڕاكشان لەپاڵ ئاگردا- بەسەرهات و چیڕۆكی ڕاستەقینە.
57- ڕێباز ئارام عەبدولڕەحمان- لەگەڵ ڕەگەزی بەرانبەر.
58- جوان عوسمان- كۆڕی شیعری و پێشكەشكردنی دیوانی شیعری.
59- نادر ڕۆستی- گەڕان بەناو شارستانییەتێكی ون لە كوردستان.
60- شوعەیب میرزایی_ ئێوارە كۆڕی شیعری.
61- نزار حنا الدیرانی- الوزن الشعری والحاقات المفقودە من سومر الی السریان، العرب، العبری، الكردی.
62- ئەحمەد گلی- بێدەنگی- بڵاوكردنەوەی كتێبێك لەمبارەیەوە.
63- ئیلیان جافەر كوردی- یەزدانییەت- بڵاوكردنەوەی كتێبێك لەمبارەیەوە.
64- نەجمەدین عەزیز سمایل- بڵاوكردنەوەی بەرگی 13 (خۆم و ئەستێرە گەشەكان).
65- ڕزگار ئەژی گۆران- كۆڕی شیعری و بڵاوكردنەوەی كۆمەڵە شیعری چاپكراوی.
66- ئازاد حەسەن گەناوی- گەنجینە- بڵاوكردنەوەی كۆبەرهەم.
67- ڕێكار ئەحمەد- زمانی پێوەر وەك پێداویستیی قۆناغەكە.
68- هەدیە عەلی عابد فەتاح- سیاوچەمانە و بونیادی كۆمەڵایەتیی هەورامان.
69- فایزە سوڵتان- ڕێوڕەسمی بڵاوكردنەوە كتێبی ( ئازابە و شیعر بنووسە)
70- ڤیان مەحموود زامدار- كۆڕی شیعری و پێشكەشكردنی كۆمەڵە شیعری خۆی.
71- هەورامان عەلی تۆفیق- ڕێوڕەسمی بڵاوكردنەوەی دوو كتێبی تازە چاپكراو.
72- نەسرین عەباس ئبیراهیم- ئێوارە كۆڕی شیعری و ناساندنی دیوانێكی تازەی.
73- شۆخ جەناب ڕەمزی- جەرگە گیان- نووسین و بابەتی كۆمەڵایەتی.
74- یووسف ڕەشید دەلۆیی- مێژووی شێوە جیاوازەكانی نووسین لە زمانی كوردیدا.
75- ئاشنا عومەر حەمە- ڕەهەندەكانی گۆڕانی چێژی ئیستاتیكی لە گۆرانیی كوردیدا.
76- ئەمیر شیت چەڵەبی- ڕووناكی یەكەم گۆڤاری شاری هەولێر.
77- عەلی عوسمان یاقووب- ڕۆمان و ئاڵنگارییەكانی بەردەم ڕۆمانی مێژوویی.
78- یادێكی شاعیری ڕەوانشاد سەعدوڵڵا پەرۆش.
79- ئەحمەدی مەلا- شێخ ڕەزای تاڵەبانی، ڕوانینم لە درزی قاپییەوە.
80- سەباح ڕەنجدەر- ئێوارە كۆڕی شیعر خوێندنەوە.
81- مودریك ژاڵی- كۆڕی شیعری و پێشكەشكردنی دیوانی شیعری.
82- محەمەد تەها حوسێن و سمكۆ محەمەد- بڵاوكردنەوەی كتێبی جیاوازییەكان.
83- نەسرەدین مەحموود ئەحمەد- بەرپرسیارێتیی مەدەنیی بەڕێوەبەری باركردن و گواستنەوە.
84- دڵشاد كاوانی- بڵاوكردنەوەی سێ كتێبی تازە چاپكراوی خۆی.
85- سەباح پیرباڵ قەساب- كۆڕی شیعری و بڵاوكردنەوەی دیوانی تازە چاپكراوی.
86- باڵوێز ئەلبێرت عیسا- موزیك پەیامی خۆشەویستی، موزیكی كوردی بە ئامێری عوود.
87- شێركۆ كرمانج- دیزاین و شارسازی و ژێرخان و پرسی نەتەوە و نیشتمانسازی.
88- سارا پەنایی- كۆڕی شیعری و بڵاوكردنەوەی دیوانی تازە چاپكراوی.
89- چاپووك سەید عومەر- سەمای مەرگ- بەسەرهاتی ڕاستەقینەی پێشمەرگایەتی.
90- داستان بەرزان- كۆڕی شیعری و بڵاوكردنەوەی كتێبی (قاوەی سووتاو).
91- جەمشید حەیدەری- سەردەمی نوێ و ڕۆژنامەگەریی كوردی.
92- دانا سەڵاحەدین شەریف- تەكنیكە زانستییەكانی هونەری سیرامیك.
93- ئازا حەسیب قەرەداخی- كۆڕی شیعر و مۆسیقا و بڵاوكردنەوەی دیوانی شیعری.
94- قەهار شێخانی- كۆڕی شیعر و مۆسیقا و بڵاوكردنەوەی كۆمەڵە شیعر.
95- ئازاد هیدایەت دەلۆ- ناساندن و بڵاوكردنەوەی ڕۆمانی (سەنگین).
96- دڵشاد تاقانە- بڵاوكردنەوەی كۆمەڵە شیعری (شیعردوێ).
یەكێتیی نووسەرانی كورد- لقی هەولێر

1-1-2026