لە غیابی زمانی پێوەری کوردیدا.. فەرەیدوون سامان

             

لەو ڕۆژانەی ڕابردوو لەسەر کێشەی یەک واو یان دوو واو، لەسەر کتێبێکی خوێندنی کوردی لە کەناڵەکانی سۆشیالمیدیا، لەلایەن هاووڵاتیان و ڕۆشنبیران، تەنانەت زمانناسانەوە ڕەخنەیەک زۆر گیرا، کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە چاپ و بڵاوکرابوویەوە، بەڵام ئایا کێشەی زمانی کوردی لە هەرێمی کوردستاندا هەر تەنها کێشەی یەک واو و دوو واوە، یان کێشەکان زۆر لەوە قوڵترن، بۆ نموونە ئایا پشتکردنە زمانی پێوەر و ستاندارد و خوێندن بە هەردوو زاری بادینی و سۆرانی لەو هەرێمەدا کێشە نییە؟ ئایا نەبوونی ئەکادیمیایەکی زمانی کوردی کە تایبەت بێت بە چەتری کۆوەکردنی هەرچی شارەزا و پسپۆری زمانی کوردییە بە هەموو زار و بنزارە کوردییەکانەوە کێشە نییە؟
داخۆ بۆ سەلماندنی ناسنامەی نەتەوەیەک بوونی یەک زمانی ستاندارد بەسە، یان جووتستانداردی باشە(کە لەواقیعدا بوونی هەیە) و لە غیابی زمانی ستاندارد، زارەکان ڕۆڵی زمانی ستاندارد دەگێڕن هەروەک ئەزموونی زاری کورمانجی ژووروو بۆ کوردانی ڕۆژاوا و زاری کورمانجی ژێری- سۆرانی باشووری کوردستان لەبەرچاوە.
زمانی کوردی ساڵانێکە لەسەر خاکی نیشتمانی خۆیدا بە جۆرەها شێوازی ڕەگەزپەرستانە دژایەتی دەکرێت، جاڕێک بە ناوی جیاوازی ئایین و ئایینزاوە و جارێکی تریش بەناوی حاشاکردن لە ناسنامەی نەتەوەیەک، نکۆڵی لە بوونی دەکرێت و بە پلان و بەرنامەی تایبەت ڕووبەڕووی جینۆسایدی کولتووری دەبێتەوە.
زمانى كوردى له‌ نێوان ئه‌م زار و بنزار و دەڤۆکانە، ئه‌و ناوچه‌ و ئه‌م دەڤەرە. هه‌م پێدانى پایه‌یه‌كى به‌رزتر دەبێت به‌ زمانى كوردى، به‌ تایبه‌ت له ‌هه‌لومەرجێکدا کە‌ هه‌ڕه‌شه‌كان نه‌ك هه‌ر له‌سه‌ر زمانن، به‌ڵكو كۆمه‌ڵگه‌ و نه‌ته‌وه‌كه‌مانى خستۆته‌ ترس و دڵه‌ڕاوكێیه‌كى نائومێده‌وه، جا چی زمان به خانه‌ی هه‌ستیی بزانین یان به ئامرازی پێوه‌ندیی نێوان مرۆڤه‌کان، چی به دیارده‌یه‌کی مێژوویی دابنێین، یان وه‌کو سیستەمێک له نیشانه‌کان بیبینین و به شێوه‌یه‌کی هه‌نووکه‌یی سه‌یری بکه‌ین، ناتوانین خۆمان له‌و ڕاستییه ڕەهایە بشارینه‌وه که زمان و هزر‌ی مرۆڤ به شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ گرێدراوی یه‌کدین، به واتایه‌کی‌ دی، زمان ئامرازی هزرکردنه و هزریش بنه‌مای زمانه.
به‌م پێیه گه‌رچی ئێستاکه زمانی کوردی له خه‌می مه‌رگ ڕه‌خساوه، به‌ڵام سه‌رلێشیواوی و فره‌مه‌رجه‌عیی و پاشاگه‌ردانییه‌کی له ڕادەبه‌ده‌ری پێوه دیاره، ئه‌م دۆخه قه‌یراناوییه بووه به ئاوێنه‌ی باڵانوێنی ژیانی ئاخێوه‌ره‌کانی‌، هه‌روه‌ها بیر به‌رهه‌م هێنراوه‌که‌شی.
دواڕۆژی زمانی کوردی بەم ھەموو زارەکانەوە، بەتایبەتیش ھەردوو زاری کرمانجی ژووروو و کرمانجی ژێری، ئەگەر لە داھاتوویەکی نزیکدا کاری جددی و دڵسۆزانەی بۆ بە یەکگرتووکردنی بۆ نەکرێت و لەسەر ئاستی کەسانی شارەزاو پسپۆر و دوور لە دەمارگیری ناوچەگەریی چی دەبێت و بە کوێ دەگات؟

دیاردەی دوو زمانی، یان فرە زمانی
زمانەکان پایەی سەرەکی میراتی مرۆڤایەتین، نوێنەرایەتی ناسنامەی مرۆڤ دەکەن و ئامرازێکی پێویستن بۆ دامەزراندنی پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان، زمانناسان پێیان وایە زمان بنەمای بیرکردنەوە و دەربڕینی جەوهەری مرۆڤە، زمان وەک ئامرازێک بۆ دەرخستنی جیهان دەزانن و پێیان وایە کە گوزارشت لە ئاوەزی ئاڵۆز و ناسنامەی مرۆڤ دەکات، لە ڕاستیدا زمان یەکێکە لەو توانایانەی کە جۆری مرۆڤ لە بوونەوەرەکانی دیکە جیا دەکاتەوە و پەیوەندی بە تایبەتمەندییەکانی وەک زانین و ژیری و کۆمەڵایەتی و ناسنامەی کولتووری مرۆڤەوە هەیە.
دوو زمانی دیاردەیەکی باوە لە جیهانی ئەمڕۆدا لەناو گەلاندا و لە زۆر شوێنی جیهاندا بەدی دەکرێت، بەشێک بووە لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک لە زۆرێک لە کولتوور و کۆمەڵگەکاندا، دوو زمانەکان ئەو کەسانەن کە توانای پەیوەندی کردنیان هەیە بە دوو زمان یان زیاتر، لەم نووسینەدا هەوڵ دەدرێت پەیوەندی نێوان دوو زمانی مرۆڤ و لێهاتوویی مەعریفی، لەوانەش ژیری و تێگەیشتن و داهێنان ڕوون بکرێتەوە، لەسەر بنەمای ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیانە، وەڵامی ئەو پرسیارە دەدرێتەوە: “ئایا دوو زمانی کارامەییەکانی وەک ژیری، تێگەیشتن و داهێنان زیاد دەکات؟”
مرۆڤ سیستەمێکی کۆدکراو بەکار دەهێنێت کە پێی دەگوترێت “زمان” بۆ گەیاندنی چەمکە مەبەستدارەکانی بە کەسانی دیکە و پەیوەندی کردن لەگەڵ کەسانی دیکە و بە ئاسانی باس لە ڕووداو و خەون و ئارەزوو و هەستەکانی دەکات (ئۆرتێگا، ٢٠٠٩: ١). بە کەڵک وەرگرتن لە زمان، دەخوێننەوە و دەنووسن؛ بە دەستهێنانی زانیاری و گواستنەوەی بۆ کەسانی تر.
دوو زمانی دیاردەیەکە کە هەرچەندە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، بەڵام ڕەوتی گەشەسەندنی لە سەدەی ڕابردوودا وای کردووە کە ببێتە یەکێک لە ئاڵنگارییە سەرەکییەکانی سیاسەتی پەروەردەیی وڵاتان، زۆر کەس لە جیهاندا دوو زمانە یان فرە زمانن و جگە لە فێربوونی زمانی زگماکی و ناوخۆیی خۆیان، ناچارن زمانی فەرمی وڵاتەکەیان یان زمانێکی نێونەتەوەیی فێربن.
پرسی جیهانگیریی، پێویستیی ئەم دیاردەیەی زیاتر کردووە. ئەوەندە کە زۆرجار خۆیان بە پێویستی فێربوونی زمانی زیاتر دەزانن بۆ ئەوەی بتوانن لە پەیوەندی کردن و خوێندن و بازرگانی و ژیانێکی باشتردا سەرکەوتوو بن.
کاتێک منداڵ لەدایک دەبێت هەوڵی پەیوەندی کردن دەدات، سەرەتا بە پشتبەستن بە ژینگەی ژیانی فێری زمانێک دەبێت کە زمانی زگماکی خۆیەتی. هەروەها ڕەنگە لە تافی منداڵیدا یان لە تەمەنی گەورەییدا بە هۆی هەلومەرج و پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکانەوە زمان یان زمانێکی دیکە فێربێت و دیاردەی “دوو زمانی” بەم شێوەیە ڕوودەدات.
پێناسەکردنی دوو زمانی، لە یەکەم نیگادا، ئاسان دەردەکەوێت، بەڵام کاتێک هەوڵ دەدەین بگەینە پێناسەیەکی هەمەلایەنە و بێلایەن کە هەموو ڕەهەند و ئاستەکانی لەخۆ بگرێت و سنوور و سنوورەکانی دیار بکات، تێدەگەین کە ئەمە ئاسان نییە و کێشەی تایبەتی خۆی هەیە.
پێناسەکانی دوو زمانی کە دراون لە چڕی و لاوازی و ئاستی دوو زمانەوانیدا جیاوازن و پێیان دەگوترێت “جیاواز”. بۆ نموونە بەپێی فەرهەنگی وێبستەر (١٩٦١)، کەسێکی دوو زمانە، کەسێکە کە بتوانێت بە دوو زمان بە شێوەیەکی ڕەوان قسە بکات، وەک قسەکەرێکی ڕەسەن، بەپێی ئەم پێناسەیە دوو زمانی یەکسانە بە توانای قسەکردن بە دوو زمان بە شێوەیەکی ڕەوان و تەواو.
دیاردەی دوو زمانی یان فرە زمان لەناو کۆمەڵگەی کوردستاندا بە زەقی بەدی دەکرێت، لەبەر ئەوەی کۆمەڵگەی کوردستانیش وەک هەموو کۆمەڵگەکانی تری سەر زەوی، فرە ئیتنیک و فرە پێکهاتەی نەتەوەیی و کەلتوورییە، بۆنموونە کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئیراندا زمانی دووەمیان فارسییە، کە زمانی فەرمی دەوڵەتە، هاوکات دەبینین ئەو ناوچە کوردییانەی کە تێکەڵەیەکن لە تورکی ئازەری لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا، هەروەها ئەو کوردانەی خۆراسان فرەزمانن بە حوکمی تێکەڵبوونیان لەگەڵ گەلانی فارس و تورکە مەغۆڵەکان، تەنانەت لە هەندێ ناوچەی ئوستانی خوزستانیش ژمارەیەکی زۆر کورد عەرەبی زانن، ئەم دیاردەیە لە باکووری کوردستان و تورکیاشدا بە ئاشکرا بەدی دەکرێت، تەنانەت لە ناوەندی شارە گەورەکاندا زۆرجار زمانی تورکی زمانی یەکەمەو زمانی کوردی بۆتە زمانی دووەم، لە باشوورو ڕۆژاوای کوردستاندا دەبینین چونکە زمانی فەرمی دەولەتی عیراق و سوریا عەرەبی بووە، هەر بۆیەش زۆر بەدەگمەن کورد هەیە جگە لە زمانی دایکی کە زمانی کوردییە، زمانی دووەم نەزانێت کە زمانی عەرەبییە. کەواتە پەیوەندی نێوان توانا مەعریفیەکان و دوو زمانی یەکێک بووە لە بابەتە سەرنجڕاکێش و مشتومڕاوییەکانی دوو زمانی و بیروباوەڕی پسپۆڕان و تەنانەت ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە لەم بوارەدا جیاوازن.

فەرەیدوون سامان




كورتە چیرۆك/ گۆڕان.. سەلام عومەر

( بارانێكی بەخوڕ گڵكۆی دوو گۆڕی شل كردبۆوە، ئەو گڵكۆیانە بەجۆرێك رژابوونە نێو یەكتری وەك ئەوەی بەعەمدەن ئاوێتەی یەكتری كرابن، هیچ نێوانێك بۆ كچێكی تەنیا نەمابۆوە تا فرمێسك بۆ براو دەستەخوشكەكەی بڕێژێ و چوار كێلیش تەواو لێكدوور كەوتبوونەوە و دوو گڵكۆش ببوونە یەك)

هەر كە گەیشتمە تەمەنی هەرزەكاری تێگەیشتم كەسێكی سەرەرۆم و جگە لە خێزانەكەم جیرانەكان و مامۆستاكان و تەنانەت حكومەتیش لێم بێزارە، ئاخر تەمەنم حەوت ساڵ بوو كە ئاگرم لە ماڵی جیرانەكەمان بەرداو بابم هات و بەدەستی خۆی بۆ پۆلیسخانەی بردم و چەند كاتژمێرێك بەند كرام، دواتر لە پۆلی دووی سەرەتایی بووم بەدارلاستیق سەری مامۆستایەكم شكاند و جگە لەوەی لێدانێكی باشم خوارد لە قوتابخانەش دەریانكردم، بزر بوونی پارەكانی ناو ئەنگوچكی دایكم من دەمبردن، هەندێجار بەزۆر رۆژانەی خوشكەكەشم خەرج دەكرد، هێندەم كەتن كردبوون ئی ئەوانیدیش بەسەرمندادەهات، پەنجەرە و سەری هەر منداڵێك شكابا بەردەرگای ئێمەیان دەگرت، داك و بابەكان نەیاندەهێشت منداڵەكانیان لەگەڵ من یاری بكەن یان برادەرایەتیم بكەن، بۆیە جگە لەوەی لەماڵەوە تەنیا بووم، لە دەرەوەش یەك برادەرم نەبوو و كەس نەیدەوێرا توخنم كەوێ، لە ماڵێش هێندەیان لێدەدام ئەگەر رۆژێك كەتنێكم نەكردبا و لێدانم نەخواردبا ئەو شەوە خەوم لێنەدەكەوت، بۆخۆشم نەمدەزانی بۆچی وا شەڕانگێزم ؟ ئاخر بەوە هار دەبووم كاتێك دەمدی لە كۆڵانێ منداڵەكان بەیەكەوە یاری دەكەن و كە منیش دەچوومە ناویان جۆبڵاویان لێدەكرد، تەنیا كچێك نەبێ كە دەستەخوشكی خوشكم بوو، ئەو نەلێمدەترسا نە لەبەرم رایدەكرد، تەنانەت كە بەلاشی تێپەڕیبام خۆی شلوێ نەدەكرد، سەرنجی دەدامێ و دیاربوو ئەو شەللاتی بوونەی من لەلای كارێكی ئاسایی بوو، بۆیە تاكە منداڵی جیرانەكان بوو لێمنەدەدا، ئەوەندەنا خوشكەكەشم بەهۆی ئەوەوە پارێزرابوو، خۆ خۆشمنەدەویست و هەر نەمدەزانی عیشق چییە، كەچی نازانم بۆ ئەو لەلای من جیاواز و منیش لای ئەو جیاواز، هەر بەراستیش جیاواز بوو ژن و پیاویش خۆیان لێلادەدام كەچی ئەو نا نەترسانە كەمنی دەدی هەر حسابی بۆ نەدەكردم.
سەرتان نەیەشێنم زۆر سەرەرۆبووم لە قوتابخانە كەس برادەرایەتی نەدەكردم و تەنانەت مامۆستاكانیش بۆ یەك وانەش هەڵیان نەدەستاندم، هێندە تەنیابووم ناچاری ئەوە بووم تا باسم بكەن و ناوم بهێنن دەبوو كەتنێك بكەم، ئەوەی لەلای من گرنگ بوو ناوهێنانم بوو، خۆ كە گەیشتمە تەمەنی هەرزەیش هەر ئەو كەسە شەڕانگێزە بووم كە وەك میرات لەمنداڵیەوە بۆم مابۆوە، یەك كەس و یەك خزم و یەك جیرانیش قسەیەكی خۆشیان لەگەڵ نەدەكردم، بۆیە هەر بە عەنتەری گەیشتمە پۆلی دووی ناوەندی و یەك مامۆستاش نەیدەوێرا دەرمنەچوێنێ، چونكە یان شەڕم پێدەفرۆشتن یان تەواوی ریحلەی پۆلێكم دەشكاند، پێموانییە لەو جیهانەدا تەنانەت هیتلەر و تەواوی دیكتاتۆرەكان بەقەت من چێژیان لە ئازاردانی ئەوانیدی وەرگرتبێ.
كۆتا كەتنم جارێكیان لەنێو ژووری مدیری دزیم كرد و كردمە شەڕێكیش ئەوسەری دیار نەبێ، پۆلیس هات و منیان دەستگیر كرد، شەش مانگی رەبەق لە بەندیخانە بووم، لەوێ فێری زۆر شت بووم، لەوانە تریاك خواردن و تاكتیكی شەڕ و كەتەر وەشاندن و تەنانەت دزی گەورەش، شەش مانگ لە بەندیخانە بووم، یەك لە كەسەكانم و جیران سەردانیان نەكردم، هەفتانە هەندێك لە بەندیەكان لەماڵەوە خواردنیان بۆ دەهات، كەچی بۆ من هیچ نەهات و كەسیش قاپێك خواردنی بۆ نەهێنام، بەمهۆكارەوە ئەوانەی لەوێ كە وەكویەك بووین و ببوونە برادەرم بانگی سەر خوانەكەی خۆیان دەكردم و منیش هەموو هەفتەیەك چاوبەرەژێریان دەبووم، یەكجار نەبێ لە پۆلیسێكەوە دەسڕەیەكی چنراو و هەندێ پارەم بەدەست گەیشت، بەندیخانە زۆر ناخۆش بوو بەڵام ئەوەی لەوێ دۆزیمەوە كەسانی وەك خۆم سەرەرۆ بوو تەمەنیان لەمن گەورەتر بوو، ئەوانە یەكەم برادەرم بوون كە شەو و رۆژ بەیەكەوە بووین، پێشتر نەمدەزانی برادەرایەتی هەر مانای چییە؟ بەڵام لەوێ هیچ هیچم دەستنەكەوتبێ گونجان بوو لەگەڵ ئەوانیدی، بەرگریمان لە كارە خراپەكانی خۆمان دەكرد و بەڵێنمان دابوو ئازاد بین تۆڵە لەهەموو ئەوانە بكەینەوە كە هەڵیانداینە بەندیخانە، ئەوەی جێگەی تێڕامانم بوو یەك لە بەندیەكان زوو خۆی لێنزیك كردمەوەو هەر ئەویش فێرە تریاك خواردنی كردم، بە بەلاش دەیدامێ و پێموابێ هەر بەبەلاشیش بۆی دەهاتە ژوورێ، ئەوەندە نا لەنێو بەندیخانە سۆزم بۆ برادەرەكانم دەجوڵا كاتێك كەسێك غەدری لێكردبان بەرگریم لێدەكردن و ئەوانیش هەروا، بۆیە لەوێ لەپاڵ فێربوونی زۆر كردەوەی خراپ هاوڕێیەتی و خۆشەویستیم دۆزیەوە، گوێم لەوانیدی دەگرت و گوێیان لێدەگرتم، تێگەیشتم ژیانی بەكۆمەڵ خۆشترە و ناكرێ هەر بەتەنیابم و پێویستم بە پشتە كەسە و گوێگرتنە.

دوای شەش مانگ ئازاد كرام، كە هاتمە دەرێ چاوم لەبەر تیشكی خۆر هەڵنەدەهات، بەشێك لە بەندیەكان بەگەرمی بەڕێیان كردم و هەندێكیشیان بۆمگریان، ئەو بەڕێكردنەو دڵسۆزیەی هاوڕێیانی بەندیخانە، دواتر رەگداكوتانی خۆشەویستی یەكتری گۆڕانێكی لەناخیدا چاندم، دووری شەش مانگ لەماڵەوە سۆزی كەسەكانی جوڵاندم، كەچی لە دەرەوە یەك كەسیش لە پێشوازیم نەبوو، بەتاقی تەنێ رووم لە ماڵەوە كرد، غەمێكی زۆرم خوارد، لەلایەك لە بەندیخانە برادەرەكانم جێهێشت كە قەت برادەرم نەبوو، لەلایەك لە دەرەوەی بەندیخانە بەتەنیا مامەوە و جیرانێك خزمێك ئامۆزا و براو تەنانەت سێبەرەكەی خۆشم خۆی لێدەشاردمەوە، كە گەیشتمەوە گەڕەكەكەی خۆمان دەرگای ماڵەوەمان كرابۆوە بۆیە بەبێ لە دەرگادان چوومە ژوورێ، ماڵێكی بێدەنگ و ئارام كەوتە نێو دیدەمەوە، هەستمكرد لەلایەك كەسێكی شەڕانگێز و هەڵگری تۆڵە هاتۆتەوە و لەلایەكی دیكەوە كەسێك بە هەگبەیەك خۆشەویستیەوە دەگەڕێتەوە شوێنی لەدایك بوونی.
یەكەم كەس كەمنی دی دایكم بوو، لە دوورەوە ئێستێكی كرد و گوتی: كوڕم لە بەندیخانە سپی سپی بوویەتیەوە، رۆڵەكەم ئیشائڵڵا ناخیشت ئاوا سپی بۆتەوە، ئەو گوتی: دەوەرە كوڕم وەرە با تێر لە باوەشت بكەم بەڵكو بگۆڕێی و گۆڕابی، دایكم زۆر بەسۆزەوە باوەشی لێدام تامی شیری منداڵی چۆڕایە نێو دەمم كە ئەو دایبوومێ، سینگێكی گەرم بۆنی مێخەك و سۆزێك كە دەمێك بوو نەمدیبوو منی منداڵ كردەوە، هەر لەو ئانوساتەدا خۆشەویستیەك كە لەبەندیخانە دۆزیبوومەوە زیندوو بۆوە.
راستیەكەی ئەوەندە توڕە بووم دامنابوو هەر ئەورۆژە كەتنێكی گەورە بكەم و بچمەوە لای برادەرە بەندیەكانم، كەچی كە دایكم باوەشی لێدام بۆنێكی خۆش سینگێكی نەرم و ماچێكی تەڕی لێكردم، گۆڕانێكی خێرا بەجەستەمدا تێپەڕی، بۆیەكەمجارم بوو دوای ئەوەندە ساڵ كەسێك لە باوەشم كا، ماچمكا و خۆشەویستیم داتێ، بۆیەكەمجارم بوو كەسێك خۆم بەقوربان كا و پێمبڵێ سپی و جوان بووی، دەستێكی میهرەبانانەم بەسەردا بێنێ و لە شوێنێك دامنیشێنێ و پیمبڵێ حەزت لەچییە بۆت لێنیم؟
ئەمن زۆر خاو بوومەوە بۆیە گیانی خۆشەویستی خۆی كوتایە گیانمەوە، دانیشتم و دەستم بەگریان كرد، گریانێك بەكەس ژیر نەدەبوومەوە، لەنێو ئەو گریانەدا بێئاگا رقی كەسەكانمی خاو دەكردەوە، فرمێسكەكانم سۆزی دەجوڵاندن و لاوازبوونم خوێنی دەكوڵاندن، بۆیە خوشك و براكانم هاتن هەموویان بەترسەوە پێشوازیان لێكردم بەڵام كەمێك سارد بوون وەكو دایكم نەبوون، ئەوانیش ناهەقیان نەبوو هێندەم لێدابوون هێشتا پەڵەی شینی جێشەقی من بە جەستەیانەوە بوو، بەڵام لە چاویانڕا سۆزم دەخوێندەوە، لە كوڵمەیانڕا هاوخوێنیم دەدیت، ئەوەندە نا بەهۆی گریانەكەی من و رشتنی ئەو هەموو فرمێسكە ئەوانیش سۆزیان بزووت و ترسیان نەما، ئەورۆژە پێش كاتی نانخواردن خوان رازایەوە، دایكم چی خواردنی خۆشە لەسەر خوانەكەی دانابوو، راستیەكەی زۆر زۆرم حەز لە خواردنی دایكم بوو، چونكە شەش مانگ بوو نەمخواردبوو، بۆیە هەر كە فەرموویان لێكردم چوومە سەر خوانەكە و دایكم كۆمەڵێك لە گۆشت و شلە و ئەو شتە خۆشانەی بۆدانام و منیش زۆر بەئیشتیاوە دەستم بۆ برد، خوشكەكەشم كە ئەو نەرم و نیانیەی منی دی یەك دۆلكە ئاوی هێناو بۆیەكەمجار بەبێ ترس لە تەنیشت من دانیشت بۆ نانخواردن و دەستیشی ماچكردم، منیش سەریم ماچ كرد، برایەكەم ئەوەی هێشتا مۆراتی لێدانی من بە جەستەیەوە بوو، ئەویش سۆزی برایانەی جوڵا و بەشە گۆشتی خۆی بۆمن دانا، یەكەم پارووم هەڵگرت بۆ دەممی ببەم بابم بەسەردا هاتەوە و ئاگر لەنێوچەوانی دەباری و گوتی: ئەو ناكەس بەچەیە چ دەكات لێرە؟ ئەوە بەناخێری دیسان بەرەڵایان كردووە؟
راستە پێشتر زۆر سەرەرۆ بووم، گەلێ بابم و كەسەكانم و تەواوی شارەكەم عەزێت دابوو، وەلێ سەرەتایەكی باش بوو بۆ گۆڕانم چوونكە بۆنی سینگی دایكم و خواردنەكەی و پێشوازیەكەی خەریك بوو نەك گەدەم مێشكیشم تێركات، بۆنی خوشكەكەم كە لەتەنیشتم بوو لەگەڵ برایەكەم كە سەرەرای ئەوهەموو لێدانەی لێمداوە بەشی خۆی دا بەمن، ئەوانە منیان تەریق كردبۆوە.
پاروەكەم لەدەست بەربۆوە و بەو برسیەتیە هەستام بڕۆم چەندی دایكم گریا و پاڕایەوە، چەندێك خوشكەكەم دەستی ماچ كردم و تكای لێكردم، برایەكەم هەردوو لاقی گرتبووم و ئەویش بۆیەكەمجار سەرزەنشتی بابمی دەكرد، لە كەشێكدا منیش بۆ یەكەمجار بوو بەرگریم لێبكرێ و دژی بابم بوەستنەوە كەچی بابم لەسەر رایەكەی خۆی نەهاتە خوارێ و گوتی: ملی بشكێ با ئەو بەڵایە لەكوێ هاتووە با بچێتەوە وێ.
بەبرسیەتێكی زۆرەوە لەماڵێ دەرچووم، هێشتا بۆنی خواردنەكەی دایكم و نووزانەوەی خوشكم و هات و هاواری بابم گوێ لێبوو، كە گەیشتمە كۆڵان، چاوەڕێ بووم بەدوومكەون و بمگەڕێننەوە كەچی بابم نەیهێشت، هەستم كرد دایكم هەتا ئەودیوی دەرگای كۆڵان هات بابم رایكێشایەوە ژوورێ، گوێم لە دەنگی گریانی خوشكەكەم بوو و هەروا برایەكەشم خوانەكەی تێكەلوپێكەڵ كردو نەیهێشتبوو یەك كەس ئەو نیوەڕۆیە نان بخوا.
تا لەكۆڵانی خۆشمان ئاودیو بووم هەر چاوەڕێ بووم بەدوومكەون و بمگەڕێننەوە، چونكە لەلایەك برسیم بوو لەلایەكەی دیشەوە بۆیەكەمجار هەستم بە پاڵپشتیەكی بەهێز دەكرد لەنێو خێزانەكەمان، دەرۆِیشتم و یەك شوێن نەبوو رووی تێكەم و یەك دیناریشم لە بەركی نەبوو، لەناكاو گوێم لە دەنگی برایەكەم بوو بەغاردان بەدووم دەكەوت، لەگەڵ ئاوڕدانەوەم گەیشتە من و یەك سەفتە پارەی دامێ و گوتی: ها كاكە ئەوە ئی دایكمە، كە برایەكەم بەو سۆزەوە دیت و رەحمی دایكم و هەواڵی تیكوپێكدانی خوانەكە لەلایەن براكەمەوە، پارەكەم وەرگرت و بۆیەكەمجار برایەكەم لەباوەش كرد و لەسەر شەقام لەبەرچاوی چەند دۆستێك دەستمان بەگریانێك كرد، فرمێسكی حەفدە ساڵی تەمەنم وەراندە سەرخاك، بۆ یەكەمجارم بوو خۆشەویستی سۆزی خێزان و برایەتی ئاگر لەناخم بەردا، برایەكەم توند دەستی گرتبووم و نەیدەتوانی بەریدا، منیش لەنێو كۆڵانی خۆمان بەنامۆیی دەهاتمە بەرچاو، بەكەسێك كە ژیانی دۆڕاندبێ و مردنی بردبێتەوە، مرۆڤایەتی لێكەوتبێ كەس نەبێ بۆی هەڵگرێتەوە، خۆشەویستی دۆزیبێتەوە و لێی بستێننەوە، بۆیەكەمجار شەڕانگێزی بیرچوبێتەوەو بیری بێننەوە، بەو بێكەسانە دەچووم كە وەك دەلوو بەشەقامەكاندا دەهاتن و دەچوون، پێشتر پڵنگ بووم و نێچیرەكان لەبەرم هەڵدەهاتن، ئێستا خۆم وەك نێچیر دەهاتە پێش چاو، چما كەس هەبوو لە ماڵێ بتوانێ دەرمكا كەچی ئێستا پارووم لەدەست بەردەدەنەوەوە و ناتوانم هیچ بكەم .
برایەكەم لێمبۆوەو منیش بەسیمای پڕ لە فرمێسكەوە پێش ئەوەی لە یەكەم كۆڵان پێچكەمەوە هێشتا چاوەڕێ بووم كەسێك بێت و بمباتەوە ماڵێ ئاوڕمدایەوە، دیتم برایەكەم زۆر بە نامۆیی دەڕواو دەستەخوشكی خوشكەكەشم تەماشام دەكات و دیار بوو هەموو دیمەنەكەی بەچاوی خۆی دیبوو.
بەسەر خۆم نەهێناو بەدڵتەنگیەوە چوومە بازاڕی شار و لە چایخانەیەك بەتەنێ و لەسەر مێزێك تەنیا بیرم دەكردەوە، بیركردنەوە لەوەی بچم بەوپارەیە تریاك بكڕم و بابم وەبەر كەتەران دەم و هەڵیدەمە نەخۆشخانە، دەبەیەك نەوت ببەم و قوتابخانەكە بە مامۆستاو قوتابیانەوە بسوتێنم، نا دەچم چەند پیاوێكی حكومەت بەچەقۆ پارچە پارچە دەكەم و تفەنگەكانیشیان دەڕفێنم و تا گوللەم مابێ خەڵك دەكوژم، بەتەنیا لەسەر مێزی چایخانەیەك بەسكی برسی، كە دەڵێن برسیەتی هاری بەدواوەیە هار ببووم، بیر لە ئەنجامدانی تاوانی گەورە دەكەمەوە، تاوانی كوشتن و ئەوەی لەدەستمبێ بیكەم و بابم شەرمەزار بكەم و بەگرتی دەم، تا بزانێ بەندیخانە چەند ناخۆشە، تابزانێ ئەو قوتابیانەی لە بەندیخانە دەردەچن دەبنە بكوژ، چونكە لەنێو بكوژاندان، بەتەنیا لەسەر مێزێكم و ئەوەی بەوێدا رادەبوورێ لێمدەترسێ و هیچكامیان ئاگایان لە هەڵوەشانەوەی ناخم نییە، نازانن لەنێو ناخی ئارامبوەوەم چ شەڕانگێزیەك خەریكە دەمكاتە بكوژ و دۆودۆشاو تێكەڵكەم، لێوم وشك وشك ببۆوە لە برسان، ئارەزووم بوو هەموو شار، نا هەموو دنیا بڕوخێنم، رێك لەو بیركردنەوانەدابووم ئەوەندەمزانی خوشكم و دەستەخوشكەكەی لەبەردەمم قیت بوونەوە، ئارەقەی رەش و شینیان دەردابوو، پرێسكەیەكیان بەدەستەوە بوو بۆنی هەمان خواردنی ماڵەوەی لێدەهات، بەڵام نەخشی سەر پرێسكەكە هەمان ئەو نەخشە بوو كە لە بەندیخانە بە هەندێك پارەوە گەیشتە دەستم، بۆیە رێك تێگەیشتم ئەو دیاریەی بەندیخانە ئی كچەكەی جیرانمانە، هەر كە بۆنەكەم بۆهات ئیشتیام بۆوە و نازانم لەبرسان بوو یان خۆشەویستی بۆ خوشكم هەستام و خوشكم لەباوەش كرد و منی براگەورە دەستیم ماچ كرد، ئەوەندەنا بەدزیەوە بەسەر زولفەكانیشیدا گریام، ویستیان پرێسكە خواردنەكە بكەنەوە نەمهێشت و گوتم: بۆ بابمی بەرنەوە با ئەو بیخوا، هەر كە ئەو قسەیە لە دەمم دەرچوو دەستە خوشكەكەی خوشكم شتێكی لەنێو دەستم هاویشت و گوتی: گیانەكەم لەبەرخاتری من بیخۆ.
تەزویەكی خۆشەویستی و سۆز لەبنی پێمەوە هات و لە تەپڵی سەرم دەرچوو، گیانەكەم و گوتەیەكی كچانە ئەمنی وەها نەرم كردەوە وەك ئەوەی هەرگیز مێرولەیەكم ئەزیەت نەدابێ، گیانەكەم ئەو بیركردنەوانەی لێ رەش كردمەوە كە خەریك بوو شارێك بسوتێنم، دەست لەكەس نەپارێزم و شەقام نوقمی خوێن كەم، ئەوجارەشیان بۆ یەكەمجارم بوو كچێك بمدوێنێ و نامەم لەدەستی هاوێ، تومەز هەر لە رێگا خوشكەكەم باسی هەموو شتێكی بۆ كردبوو، بۆیە گۆڕانێكی خێرا بەنێو دەمارەكانمدا رەتبوون و خاو خاو بوومەوە.
ئێستا لەنێو بۆنی خواردنێكی خۆش و پاڕانەوەی خوشكێكی میهرەبان و گیان و نامەی كچێك بوومە پەشمەك و بەدەستی خۆم پرێسكەكەم كردەوە و لەو كاتەدا خوشكەكەم دوور كەوتەوەو دەستە خوشكەكەشی نیگایەكی ئاگرینی تێگرتم و بەرەو ماڵ لەچاوان بزر بوون، منیش زۆر بەئیشتیا و دڵخۆشیەوە نانم دەخوارد، وەكو هەمان ئەو نانەی دایكم درووستی كردبوو، هەمان ئەو بۆنەی لەماڵێ كردم، ئەوەی لەنێو پرێسكەكە بوو خواردم، كەس هەقی بەسەرمەوە نەبوو منیش هێندە برسی بووم سەیری یەك كەسم نەدەكرد، تەنیا لەبیركردنەوەی خوشك و براو دایكمدا بووم، نامەكەم هێشتا نەخوێندبوەوە، شاگردی چایخانەكە هات و چایەك و ماستاوێكی تەزی لەبەردەم دانام، بەبێ ئەوەی داوام كردبێ، خواردمنەوەو دواتر سێ چایان هێناو لەسەر مێزەكەیان دانا، ئەوە سەیرترین شت بوو لەژیانم بمدیبێ، بۆیە ئاوڕم لە دواوە دایەوە برایەكەم و بابم چاودێریان دەكردم و هاتن و پێش ئەوەی لە تەنیشتم دانیشن بابم دەستی لە ملی كردم و وەكو داكم ماچێكی تەڕی لێكردم، دانیشتن و لەگەڵ من دەستیان بەچاخواردنەوە كرد، ئەوەندە نا بابم پاكەتێك جگەرەشی دامێ، دوای لێبووردنی بابم و نزیك بوونەوەی تاقە برایەكەم منیش ئەوەی رویدا كردم بەرابردوو، پارەی چایخانەكەیانداو منیان بردەوە ماڵێ، بەڵام پێش ئەوەی بگەینەوە بەردەرگای خۆمان برایەكەم لە دەرگایەكی داو دەستە خوشكەكەی خوشكم هاتە دەرێ و پێش ئەوەی پرێسكەكەی لێوەرگرێ دووەم نیگای لەمندا و چۆوە ژوورێ، ئەوە هێشتا نازانم لەنێو نامەكەیدا چ نووسراوە، خۆ كە خۆشمان بەژوورێدا كرد دایكم و خوشكم بەجۆرێك پێشوازیان لێكردم وەك ئەوەی لە مردن گەڕابمەوە، ئەوەندەنا ئەورۆژە تا شەوێ نووستم كەبەخەبەریان هێنام بابم هەموو كەسەكانی كۆكردبۆوە، تا نیوەشەوێ ئامۆژگاریان كردم و ئەوەندەنا بابم بەڵێنیدا تەنیا یەك مانگ لە دووكانێ لەگەڵ من دەبێ و كلیلەكەی دەداتە من و دەمكاتە گەورەی ماڵێ، هەموو ئەو روداوانە رویاندا و هێشتا نامەكەم نەخوێندۆتەوە، بۆنی خواردنەكەی دایكم و نیگای كچێك و نەرمی باب و برایەكەم ئاگری شەڕانگێزیان كوژاندمەوە، ئەو شەپۆلە توڕەیەی منداڵی لوولدەدام و هەرزەیی وێران كردبووم ببوونە دەریایەكی هێمن وەك ئەوەی هەرگیز پێلم نەبێ و پێشم لە مێرولەیەك نەنابێ.

سبەی كە لەخەو هەستام هێشتا وامدەزانی لە بەندیخانەم، كاتێك هاتمەوە سەرخۆ دیتم بابم نەچۆتە دوكانەكەی و خوانیش ئامادەیە و لەسەرمن راوەستاون تا بەیەكەوە نان بخۆین، منیش وەك ئەوەی هیچ روینەدابێ هەستام چوومە حەمام و چڵكی شەش مانگم رژاندە سەرزەوی و كە هاتمە دەرێ بابم لەتەنیش خۆی داینام و لەگەڵ دایكم هێندەیان ئامۆژگاری كردم بایی هەموو ژیانم سوودم وەرگرت، دواتر پێش ئەوەی بۆ یەكەمجار بچمە دوكانەكەی بابم و هاوكاری بم، یەكەم كارم ئەوە بوو نامەكە بخوێنمەوە، كردمەوەو تەنیا یەك دێڕ نووسرابوو: ( بە شەللاتیەتیش خۆشمدەوێی، سەرسەریش بی هەردەمەوێی، چوونكە تۆ هەموو شتێكت لێجوانە گیانەكەم).
قەت لەو باوەڕەدا نەبووم كەس منی خۆش بوێ كەچی ئەوە نامەی خۆشەویستی لە جوانترین كچەوە بەمن دەگا، رەنگم سوور سوور بۆوە هەموو دەمارەكانم كرانەوە، لەزەتێك گیانی داگیر كردم و بەڵێنمدا تەنیا بۆ ئەم نامەیە بژیم، ئەو دێڕەم بۆ دەیانجار خوێندەوە، لەجێی خۆم جوڵەم بۆ نەدەكرا و هەستمكرد ئەو گوتانە و گیانەكەمی دوێنێی ئەو كچە خوێنی گۆڕیم، هەستەكانی نەرم كردمەوەو بۆ جاری دووەم خۆشەویستی هاویشتە ناومەوە.

هێشتا چەند مانگێكم لە دوكانەكەی بابم بەڕێنەكردبوو كە بابم منی بەتەنیا جێهێشت و بەڵام لە رێگەی خوشكەكەمەوە پەیوەندیم لەگەڵ كچی جیرانەكەمان زۆر بەهێز بوو، تا ئاستی عاشق بوون و بەجۆرێك منی گۆڕی بوومە كەسێكی جیاواز و وردە وردە بەهۆی مامەڵە باشەكانم لەگەڵ جیران و مشتەری و تەنانەت پیاوە بەتەمەنەكانیش برادەر و كەسی باش لەدەورم كۆبوونەوەو هەر هەموویان ئامۆژگاریان دەكردم و رێگە راستەكەیان پیشان دەدام.
ساڵێك بەسەر ئەو ئارامبوونەوەی من و شار تێنەپەڕی كە دەستەخوشكەكەی خۆشكم ئەوەی ناوەندی دڵی داگیر كردبووم بۆیان خواستم و ماڵی سەربەخۆشیان بۆدانام، ئیدی خۆم هەستم بەخۆم دەكرد، كە پێشتر چ دڕندەیەك بووم و ئێستاش چۆن گۆڕاوم، بەڕاستی ئاسوودە بووم و لەباوەشی ئەو كچەدا ژیانم زۆر خۆشدەویست، بەجۆرێك ئەوەی لە رابردوو رویدا بوو نەمدەوێرا بیریشی لێبكەمەوە، لەباوەشی ئەودا ئایندەیەكی گەشم دەدی و خەڵكی بەنموونە باسیان لێوەدەكردم، لەبری ئەوەی خەڵك لەبەرم هەڵبێن دەهاتن و برادەرایەتیان دەكردم، ماڵە خەزوورانم سوێندیان بەسەرم دەخوارد و خەزوورم لەتەنیش خۆی دادەنام، پەشیمان بوومەوە لەهەموو ئەو كارە خراپانەی كردبوومن، بۆ خوێندن چوومەوە قوتابخانەی شەوێ و جارێكیش چوومە قوتابخانەكەی پێشتر و دەستی بەڕێوەبەرم ماچ كردو داوای لێبووردنم لێكرد، بۆ بەندیەكانی بەندیخانەش چەندین جار خواردنم بۆ بردن و سەردانم دەكردن.
وەلێ ئەو ژیانە خۆش و ئارامە زۆری نەخایاند و هێشتا ساڵێك لەو لەزەتەی ژیاندا نەبووم كە هاوژینەكەم ئەوەی منی لە دڕندەوە گۆڕی بۆ مرۆیەكی ئاسایی و خاوەن ویژدان، بەسەر منداڵەوە رۆیشت و جارێكی دی تەنیای كردم، غەمێكی قورس داگیری كردم شەو و رۆژ دەگریام، ئەو خۆرەی منی روناك كردەوە بۆ هەمیشە كوژایەوە، هەرچەندی دایكم و خەسووم و كەسەكانم لە دەورم كۆدەبوونەوە كەچی هەر وامدەزانی تەنیام، شەو و رۆژ لە گۆڕستان بووم، بابم هەر ساڵێك بوو پشووی دابوو جارێكی دی لەگەڵ برایەكەم چۆوە دووكان، چونكە بەمن بەڕێوە نەدەچوو، تەواو روخابووم، ئاخر هەموو حەزەكانم لە ژن و ئەو منداڵەدا كۆكردبۆوە كە لەگەڵ دایكی رۆی، بەتەنیا مامەوەو شەوانەش لە ماڵێكی تەنیا تا بەیانی دەگریام، خۆ دەهاتنە لام و ئامۆژگاریان دەكردم و تەنانەت خەزوورم رێگەی ژیانێكی نوێشی پیشاندام كە كچێكی دی ماوە دەمتاتێ، كەچی چاوم گیانم هەستەكانم لەو بترازێ كەسی دی نەدەویست، بەدەست خۆم نەبوو بەقەت هەموو دنیا خۆشمدەویست و كەچی جێی هێشتم.
دەمەو ئێوارەیەك كە چەند شەوێك بوو نەنووستبووم و ریشیشم بەردابۆوە، یەك لە برادەرەكانی بەندیخانەم دیت و كەمێك تریاكی دامێ، منیش لە دڵیخۆمدا گوتم دیارە ژیان منی بەئارامی ناوێ بەبێ دوودڵی خواردم و ئەو شەوە تابەیانی نووستم، سبەی هەستام وەك جاران ماڵی بابم زۆر دوور نەبوو چووم لەوێ نانم خوارد و چوومەوە گۆڕستان، بۆ ئێوارەكەی چەندێك لەو برادەرە گەڕام بۆ ئەوەی تۆزێك لەو دەرمانەم داتێ نەمدۆزیەوە، هەموو خوێنم داوای دەكرد، چونكە بەبێ ئەو دەرمانە خەوم لێنەدەكەوت، بەناچاری چوومە ئەو شوێنەی لەبەندیخانە فێریان كردم، لەوێ كەسێكم دیتەوەو هەندێك لەو دەرمانەی دامێ و هەر لەوێ دانەیەكم هاویشتە ژێر زمانم، كەمتر لە نیو كاتژمێر و هێشتا نەگەیشتبوومەوە ماڵێ كۆمەڵێك چەكدار بە دەرمان و بێهۆشیەوە دەستگیریان كردم، هیچ بیانوێكم نەبوو، چونكە ئەوەی كەلەپچەكەی لەدەست كردم هەمان ئەو كەسەبوو كە دوێنێ دەرمانەكەی دامێ و لە بەندیخانەش فێری كردم، تێگەیشتم كە چ پلانێكم لێكراوە، بێئاگاش لەوەی ئەو شوێنە لەژێر چاودێریدایە و حكومەت یەك یەك بەدووی تریاك خۆرەكانەوەیە، پیاوی خۆشیان هەر لەوێن.
دەی جارێكی دی منیان هەڵدایەوە نێو بكوژ و تریاك خۆران، هێندە شەرمم لەخۆم دەكرد، پێشتر كە لەوێ پلانم بۆ كوشتنی هەموو ئەوانە دادەنا كە خۆشمنەدەویستن، ئێستا تەنێ پلان بۆ ئەوە دادەنێم لەگەڵ ئازاد بوونم یەكەم كارم ئەوە بێ ئەو كەسە بكوژم كەفێرە تریاكی كردم و بەگرتیشی دام، دواتر خۆم بكوژم، چونكە رووم نەدەهات بچمەوە بەردەم كەسەكانم بەتایبەت باب و خەزوورم، دەمویست كۆتایی بەو ژیانە بهێنم كە منی ناوێ و لە كەسێكی سەرسەریەوە كچێك منی گۆڕی و كەچی لێیان ستاندمەوە، بۆیە حەزم لەمردن بوو تا هەر لەتەنیشت هاوژین و منداڵەكەم بمنێژن.
ئێستا لەنێو بەندیخانەدام و برادەرایەتی یەك كەس ناكەم، وەك جاران تەنیام، ئەگەر ئازاد بووم پلانەكەی خۆم وەك خۆی جێبەجێ دەكەم، ئەگەرنا زۆر نابا دەچمەوە تەنیشت هاوژینەكەم.




ڕانانێكی كورت بۆ كـتێبی چریكه‌ی میتاگێڕانه‌وه‌..

(چریكه‌ی میتاگێڕانه‌وه‌) ناونیشانی كتێبێكه،‌ ڕه‌خنه‌دۆزعه‌لی شێخ عومه‌ر هه‌وڵیداوه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌ییله‌‌ سێ رۆمانی عه‌بدوڵا سه‌رج دا بكات، له ده‌رچه‌ینووسینه‌كانییه‌وه،‌‌ له‌سه‌ر بنه‌مای تێڕوانینیمیتاگێرانه‌وه‌، ئه‌ده‌بی پۆستمۆدرنه‌ شێوازه‌كانیكاركردنی ئه‌م ڕۆمانووسه‌ ئاشكرا بكات، بێگومانعه‌بدوڵا سه‌رج جگه‌ له‌وه‌ی چیرۆكنووسێكی دیاره‌،ڕۆمانووسێكی كارایه‌،‌ به‌ده‌ر له‌ یه‌كه‌م ڕۆمانی ( هه‌ڵكشان به‌ره‌و لووتكه)، سه‌رجه‌م رۆمانه‌كانی دیكه‌یبه‌ چه‌مكی میتاگێڕانه‌وه‌ نووسیووه‌، ‌یه‌كه‌م نووسه‌ره‌ له‌ كوردستان دا بۆ یه‌كه‌مجار وه‌ك ده‌نگێكی دیار له‌ تێپه‌ڕاندنی ڕۆمانی سوونه‌تی، به‌ ڕۆمانی (كاولاش)توانی خوێنه‌ری كورد ئاشنا به‌ چه‌مكی پۆستمۆدرنه‌‌ بكات، ده‌رگایه‌كی نوێی بۆ كاری ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیبكاته‌وه،‌ شێوازی نووسینی تا ڕاده‌یه‌كی به‌رچاوجیاوازی له‌ته‌ك ئه‌وه‌ی پێش خۆی فه‌راهه‌مبكات،ئه‌زموونی عه‌بدوڵا سه‌رج ته‌ژییه‌ به‌ فه‌لسه‌فه‌، بیرۆكه،‌ژیان و سه‌رده‌می گه‌نجێنی، غه‌ریبی دووره‌ وڵات و نۆستالۆجیا، گه‌ڕانه‌وه‌و ده‌رچوون‌ له‌نێو زه‌مه‌نیئێستای گێڕانه‌وه‌دا یه‌قده‌داته‌وه‌ له‌ ئاست بنیادیزمانه‌وه‌، ده‌توانێ به‌ شێوه‌یه‌كی تۆكمه‌ به‌ لێزانییه‌وه‌ ته‌كنیكی هاوچه‌رخ به‌كاربهێنێت، هه‌ر له‌ لابردن،قرتاندن، فلاشباك، فلاشفۆرد، مۆنۆلۆج و تیكشكاندنیگێڕانه‌وه‌ی كۆرنۆلۆجی و ڕه‌چاوكردنی فره‌ده‌نگیفره‌ڕنگی.. تاد.

به‌ دیوێكی تر ڕۆمانه‌كانی فه‌رهه‌نگێكه‌ له‌ ڕووداوه‌كانی مێژووی ئازارو خه‌مه‌كانی تاكی كورد، هه‌ندێجار له‌ گه‌یاندنی مه‌به‌ست و زۆركردنی مانادائاویزانی ئه‌فسانه‌مان ده‌كات، عه‌لی شێخ عومه‌ر بۆپشتراستكردنه‌وه‌ی بۆچوونه‌كانی، له‌ سێ گوتاردا وه‌كسامپڵ سێ ڕۆمانی هه‌ڵبژاردووه‌ كه‌ بریتین له‌ ڕۆمانی( په‌رته‌وازه‌ی ئێره و ئه‌وێكانی ڕه‌وان)،‌(ئه‌فسانه‌ی ڕه‌نگستان) و (چۆن بوومه‌ تیترواسك)، له‌ یه‌كه‌مدا فانتازیاو تێكشكاندنی ده‌قه،‌ له‌ دووه‌مدا دژه‌ ڕۆمانی به‌كاهێناوه،‌ له‌ سێیه‌مدا كۆمه‌كی به‌ داكشانیشه‌پۆڵی هۆش كردووه. ‌




ڕاگەیەنراوێك سەبارەت بەمەترسی كۆمەڵكوژی لەسەر گەلی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان، ..

ڕاگەیەنراوێك سەبارەت بەمەترسی كۆمەڵكوژی لەسەر گەلی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان، لە گەڕەكەكانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسودی حەلەب

ئێمەی رێكخراوەكانی بواری جینۆساید و نووسەران و چالاكوانانی بواری جینۆساید و تاوانە نێودەوڵەتییەكان، بەوپەڕی دڵگرانییەوە دەڕوانینە ئەو بارودۆخەی لە سوریا هاتۆتە پێش، لە ململانێی چەكداری و بە ئامانج گرتنی پێكهاتەكان و خەڵكی مەدەنی لەلایەن سوپای حكومەتی كاتی سوریا.
پێدراوە مەیدانییەكان لە رووداوەكانی چەند رۆژی هەردوو گەڕەكی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە و ڕاپۆرتی ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ دەریدەخەن دۆخەكە بە ئاڕاستەی دروستبوونی مەترسی و دڵەڕاوكێی ڕاستەقینەیە، لە پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامە نێودەوڵەتیەكانی قەدەغە و نەهێشتنی مەترسییەكانی كۆمەڵكوژیی.
بەئامانج گرتنی خەڵكی سڤیل و گەڕەك و شوێنی نیشتەجێ بوون و جێگا خزمەتگوزارییە مرۆییەكان(نەخۆشخانەكان) و پەلاماردانی هەڕەمەكی پێشێلكاریەكی ئاشكرای ڕێكەوتنامەی جنێفی ساڵی ١٩٤٩ و پەیماننامەی قەدەغەكردنی تاوانی كۆمەڵكوژی ساڵی١٩٤٨ ی نەتەوە یەكگرتوەكانە.
دەربەدەركردن و هەڵكەندنی خەڵكی مەدەنی گەڕەكەكانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە و دوورخستنەوەیان لە جێی خۆیان بە مەبەستی گۆڕینی ناسنامە و دیمۆگرافیا یا هەر مەرامێكی تری سیاسی بەتاوان ئەژمار دەكرێت و، بەپێی یاسای نێودەوڵەتی ئەنجامدەرانیان لێپێچینەوەی یاساییان لێدەكرێت.
لە دۆخێكی وادا كە حكومەتی كاتی سوریا تەرەفە و گروپەكانی سەر بەحكومەت هەڕەشەی ڕاستەوخۆن، پێویست دەكات لایەنی سێیەم كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتییە بەخێرایی بچێتە مەیدانەكە و داواكارین بە زووترین كات ئەو مەترسیانە بڕەوێننەوە، سەرەتا بە ڕاوەستاندنی شەڕ و پەلامار بۆ سەر خەڵك و دواتر ڕێوشوێنی پارێزگاری ئەنجام بدرێت بۆ نەهێشتنی هەڕەشە و مەترسیدارەكانی ئەنجامدانی تاوانی كۆمەڵكوژی و لێكۆڵینەوە لە هەموو ئەو پێشێلكارییانە بكرێت بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانیان لە سزای یاسایی دەربازیان نەبێت.
ئەوەی ڕوودەدات زەنگی ئاگاداركردنەوەی پێشوەختەیە و ، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەخاتە بەردەم بەرپرسیارییەتیەكی یاسایی و ئەخلاقی و مرۆیی و ئەركداری دەكات بۆ ئەوەی رێگری لە تاوانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بكات.
گەلی كورد لە سوریا ساڵانێكی زۆرە هەڕەشەی مەترسیداریان لەسەرە، چ پێشتر لەلایەن ڕرژێمی بەعس و دواتریش لەلایەن گروپە تیرۆریستیەكانی وەك داعش و بەرەی نوسرە و ئێستاش بەهۆی ناكۆكیەوە حكومەتی كاتی سوریا دەیەوێت بە شەڕ و كوشتن ناكۆكیەكان چارەسەر بكات, ئەم كردەوەیەش پێچەوانەی بنەمای بەڕێوەبردنی یاسایی و عورفی نێودەوڵەتییە.
بەداخەوە چەند میدیایەكی عەرەبی گوتاری كەراهیەت و دوژمنكارانە و هاندان بۆ تاوان پەخش دەكەن، ئەمەش لەلایەكی ترەوە مەترسیەكانی ئەنجامدانی تاوان زیاتر دەكەن.
داواكارین بە خێرایی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەتایبەتی نەتەوە یەكگرتوەكان و یەكێتی ئەوروپا و كۆمكاری عەرەبی و رێكخراوەكانی جیهانی ئیسلامی بێنە سەرخەت بۆ راوەستاندنی هەڕەشەكانی حكومەتی كاتی سوریا بۆ سەر هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینیەكانی سوریا، دەتوانرێت ناكۆكی و كێشە و ململانێكان بە گرتنەبەری ڕێگای ئاشتی و دیالۆگ و بە بەشداری پێكردنی سەرجەم پێكهاتەكان لە بەڕێوەبردنی ووڵات و سەقامگیری دیموكراسی و …. چارەسەر بكرێت، نەك بژاردەی شەڕ و هەوڵی سڕینەوە و ئەنجامدانی تاوانە نێودەوڵەتییەكان.
ناوەكان:-
1- سالار مەحمود نووسەرو لێكۆڵەری بواری جینۆساید و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانیكوردستان.
2- جبار احمد شمس الدین توێژەر لەبواری جینۆساید
3- رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید
4- رێكخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان
5- قاسم كازم چالاكوانی بواری جینۆساید
6- بەختیار هەڵەبجەیی هونەرمەند
7- بەختیار مستەفا چالاكوان و رۆژنامەنوس
8- بەختیار ڕەئوف كوڕە ئەنفال و چالاك وانی جینۆساید
9- هەدار زوبێر بارزانی پارێزەری كەیسی ئەنفال و جینۆسایدی بارزانیەكان لە دادگای باڵای تاوانی و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراقی
10- دیاری نامیق زەنگەنە: نوسەرو توێژەر (كوڕی ئەنفالكراو)
11- حازم بلەیی نووسەرو چالاكوانی بواری جینۆساید
12-ڕۆژان شەهید حەمەڕەش ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان
13-نەسرینی مەلا حەكیم نووسەرو چالاكوانی بواری جینۆساید
14-شێرزاد خورشید كەس وكاری ئەنفال
15-گەردە مامە حەمە چالاكوانی جینۆساید و بنەماڵەی ئەنفال و شەهید
16-ئەحمەد مەجید چالاكوانی بواری جینۆسایدوكەسوكاری قوربانیان
17- رێكخراوی چاودێری كوردۆساید-چاك كوردستان
18-حمە زرنگ زیندانی سیاسی وخاوەن شهید چالاكوانی بواری جینۆساید
19-ناوەندی داكۆكی پشدەر بۆ قوربانیان وجینۆساید كراوان
20-پارێزە ر /ایاد اسماعیل كاكە یی سە رۆكی لقی هە ولێر – ساندیكای پارێزە رانی كوردستان
21-شاخەوان قادر شۆڕش توێژەر لە بواری جینۆساید
22-نازدار ئە سعە د چالاكوان وكەس وكاری جینوسایدكراوان
23-گۆڤاری تۆبزاوە
24- رۆژنامەی نگرە سەلمان
25-عەبدالعەزیز موحسن بارزانی كەسوكارێن جینۆسایدكرێن
26-پەرژین جەعفەر رۆستەم مامۆستای زانكۆ و خوشكی شەهید و ئەنفل
27-د.شۆرش حاجی توێژەر لە بواری جینۆساید و ئەندامی خولی پێشوی پەرلەمانی عێراق
28-ئەنوەر عومەر سەعید شارەزا لە پرسی هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان
29- لەتیف فاتیح فەرەج توێژەر لە بواری جینۆساید
30- هیوا سەید سەلیم كوڕە شەهید و چالاكوانی جینۆساید
31-فوئاد عوسمان رۆژنامەنوس و چالاكوانی جینۆساید
32-رێكخراوی بەرگری لە قوربانییەكانی گۆڕە بە كۆمەڵەكان.
33- فارس حوسێن مەیاس چالاكی بواری جینۆساید
34-دلێر كەریم محەمەد نوسەری بواری جینۆساید
35-هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان
36-بایەزید كەریم چالاكوانی جینۆساید و برای شەهید
37- كۆچەر رەشاد كوڕی شەهید و سكرتێری رێكخراوی بەرگری لە قوربانییەكانی گۆڕە بە كۆمەڵەكان
38_ حسێن عەزیز رۆژنامەنووس
39_ رەشید عەلی سەعید،لە یەكێتی نوسەرانی جینۆسایدی كوردستان
40_ بەیان عەسكەری نوسەری بواری جینۆساید شایەتحاڵی كیمیاباران.
41-ئارام نوری یارە كوری شەهید ، شارەزا و ئێسك ناس لەپرسی گۆرەبەكۆمەڵەكان
42-هێمن حەسیب نوسەرو چالاكوانی بواری جینۆساید
43-زەیتۆ ئیسماعیل چالاكوان و كەسوكاری شەهید
44-فەرهاد خالد مامۆستای زانكۆ و چالاكوانی بواری جینۆساید
45-محمدنوری زۆراب ، نوسەر،ئەندامی یەكێتی نوسەرانی جینۆساید
46-پشتیوان محمود قادر، توێژەر لەبواری جینۆساید.
47-مەلاشاخی نووسەر لەبواری جینۆساید
48- ڕێكخراوی كۆژان بۆ داكۆكی لە پرسی ئەنفال
49- پشتیوان سدیق حمد/ دەربازبووی ئەنفال و چالاكوانی بواری تاوانی ئەنفال/ سەرۆكی ڕێكخراوی كۆژان بۆ پرسی ئەنفال
50- ۆمەڵەی داكۆكی لەپرسی ئەنفال
51- هاوڕێ پێشڕەو پ.م دێرین و كەسوكاری ئەنفال و چالاكوانی بواری جینۆساید
52-سیروان مستەفا چالاكوانی مەدەنی
53-سالار حمحەمەد ئەمین حەمەد پاریچزەرو چاودێری سیاسی
54-علی دەروێش چالاکوانی بواری جینۆساید
55-عەلی مەحمود محەمەد چالاكوانی بواری جینۆساید