نووسەران لە نێو ڕایەڵەیەکی نادیاردا.. ئەحمەد ڕەسوڵ

نووسەران، ئەو گرۆیە لە مرۆڤن، کە جیهانێکی تایبەتی و ناوەکیی خۆیان هەیە، جیهانێک تایبەت بە هەر یەکێک لەوان و تاکەکەسیی، لە هەمان کاتدا هاوبەش و گرێدراو بە ئەوانیدیکەوە. نووسەران، جیاواز لە هەموو توێژەکانی دیکەی نێو کۆمەڵگای مرۆیی، بەجێی فەزای کۆمەڵایەتیی و کاری پێکەوەیی و کۆمەڵیی، دنیایەکی تایبەت و تاکەکەسیی سەرلەبەری خوێندنەوە، بیرکردنەوە و کاری نووسینی ئەوان پێکدەهێنێت. خوێندنەوە و نووسین، جیاواز لە هەر کارێکی دیکەی مرۆڤ، بە پلەی ئیمتیاز کارێکی تاکەکەسیی و تایبەتە. بەڵام ڕەنگبێ زێدەڕۆیی تێدا نەبێت ئەگەر بڵێم گرێدراوترین و کارلێککارترین کایەیەک لە نێو هەموو کایەکاندا، کایەی نووسین و ڕوناکبیرییە.
نووسەران سەرباری دنیای تایبەتی خۆیان و فەزای کارکردنی خۆیان و ئەو پانتاییانەی خوێندنەوە و نووسین کە بۆ هەر یەکێکیان، بوارێک و کایەیەک تایبەت و جێگای بایەخە و لەپێشترینە، بەڵام هێشتا تۆڕێکی نەبینراو و ناڕاستەوخۆ، هەمووان پێکەوە گرێدەدات و هەستی نزیکایەتیی بە هەر یەکێکیان لەگەڵ ئەوانی دی، دەبەخشێت.
فەزای خوێندنەوە و نووسین لەلای نووسەران، تایبەتمەندییە ناوازەکەی لەوەدایە، کە هەریەکێک لەوان هێندەی وەکو ئەوە وەهایە کە بە تەواوی دابڕاو و سەربەخۆ لەو کایەیە و لە نووسەرانی دیکە بێت، بەڵام هاوکات، لە ڕەهەند و ڕوانگەی دیکەوە دەبینین کە هێندە پێکەوە گرێدراو و نزیک لە یەکدین، وەکو ئەوەی هەمووان لە پەیوەندییەکی تایبەتی و نزیکدا بن لەگەڵ یەکتری.
لەوانەیە نهێنێییەکە ئەمەبێت کە وادەکات ڕۆشنبیرێک (بەختیار عەلی لە چاوپێکەوتنێکدا) بڵێت: نووسەرێک هەرچەندە خراپ و حزبییش بێت، بەروارد بە هەر سیاسییەک، سەد هێندە بە باشتر دەزانم و نزیکتر لە خۆمەوەی دەبینم.
نووسەران، سەرباری دوورییان لە یەکدی و تەنانەت یەکتر نەناسینیان، کاریگەرییان هەیە لە ڕەگڕێژکردنی جیهانی تایبەتی یەکدی و شێوە وەرگرتنی بیرکردنەوە و ڕوانگەی یەکدی.
تەنانەت کاتێک دوو نووسەر یان زیاتر لە نێوانیاندا ناکۆکیی و مشتومڕ لەبارەی بابەتێک یان زیاتر دروست دەبێت و بیرکردنەوە و ڕوانگەیان بۆ بابەتەکە یان پرسەکە نەوەکو تەنها جیاواز و پێکدژە، بەڵکو ئاسمان و ڕێسمانە و ئەمەش ناکۆکیی قووڵیی فیکریی و ئەدەبیی لەنێوانیادا دێنێتە ئاراوە، بەڵام هێشتا لە نێو ئەو ڕایەڵە نەبینراو و ناڕاستەوخۆیەی فەزای ڕوناکبیرییدا، نزیک لە یەکتری و پێکەوە گرێدراون.
لێرەدا چەمکی نووسەر، بەهیچ شێوەیەک ئەوانە ناگرێتەوە کە خزمەتکاری عەقڵییەتی ئاپۆڕایین و بیرکردنەوە و تێگەیشتنی کۆیی پەرەپێدەدەن و خزمەتدەکەن، جا با تەنانەت خاوەنی زۆرترین ژمارەی پەڕتوک و درێژترین نووسین و چەندین وتار و چاوپێکەوتنیش بێت.
لێرەدا، نووسەر و ڕۆشنبیر، ئەوانە دەگرێتەوە کە لە چەندین ڕەهەندی جیاوازەوە، جیاوازییەکی قووڵ و ڕیشەیی لە بیرکردنەوە و تێگەیشتنی گشتیی کۆمەڵگا بۆ پرسێک یان بابەتێک لە بوارێک یان کایەیەکی دیاریکراودا، پێسکەشدەکەن. چەمکی نووسەر، لێرەدا ئەو کەسە دەگرێتەوە کە سەرقاڵی بیرکردنەوەیە و جیهانی بیرکردنەوە و نووسین بە جدی دەگرێت و وزەی بیرکردنەوە و نووسینی خۆی لە ڕەخنەکردنی ئەو بیرکردنەوە و تێگەیشتنە کۆییەدا “تفکیر و تفهیم جماعی” ئاڕاستە دەکات.
نووسەر و ڕۆشنبیر لێرەدا، تەنها ئاماژە نییە بۆ کەسێک کە سەروکاری لەگەڵ کتێب و نووسیندا هەبێت، بەڵکو تایبەتمەندیی لە بیرکردنەوە و نووسیندا هاوتای جیابوونەوە لە عەقڵی ئاپۆڕایی و ڕەخنەکردنی، بنەمایەکی سادەی نێو فەزای ڕوناکنبیریی و هەموو ئەوانەیە کە لەو کایەیەدا کاردەکەن.

ئەم نووسینە لە پەیوەند بە کۆچی دوایی نووسەر و ڕۆشنبیر، خەلات عومەر، نووسراوە.
خەڵات عومەر یەکێک لە دەنگە تایبەتی و ناوازەکانی نێو کایەی نووسین و ڕوناکبیریی کۆمەڵگای ئیمە، هەمیشە لە ڕوانگەیەکی جیاوازەوە لەبارەی هەر پرس و بابەتێکەوە دەینووسی.
سەرباری ئەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ لەگەڵ ناوەڕۆک و ماناکانی ئەو وتارانەی “بە تایبەتی وتارە سیاسیی-فیکرییەکانی” کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ دەینووسین ناکۆکیی و سەرنجی زۆرم هەبوو، بەڵام هێشتا ڕوانگەی تایبەت و ناوازەیان تێدابوو کە تایبەت ڤێرژنی خەڵات عومەر خۆی بوون.
من هیچ پەیوەندیی و نزیکایەتیی و یەکترناسینێکم نەبوو لەگەڵ کاک خەڵات، تەنها لێرە لە فەیسبووک هاوڕی “فرێند” بووین بەڵام هەروەکو چۆن بۆ هەموو نووسەران و ئەدیبان بە بڕ و ئاستی جیاواز هەمە، هەستی پەیوەندییەکی تایبەت و نزیکایەتیی و یەکترناسینم بۆ خەڵات عومەریش هەبوو.
تەنها یەک جار، دوای دەستخۆشیی سەرنجێکی کورتی لەسەر یەکێک لە بابەتەکانم دەربڕیی و کورتە گفتوگۆیەکی لە نێوانماندا دروستکرد.
کۆچی دوایی کاک خەڵات، نیگەران و غەمباری کردم.
ڕۆحت بۆ هەمیشە لە ئاشتیی و ئارامییدا.
ناو و یادت، هەمیشەیی و درەوشاوە.
….
تێبینی: لە کاتی ئەم نووسینەدا ئەو ڕستەیەی نێو چاوپێکەوتنێکی بەختیار عەلیم هاتەوە یاد و بە تەواوی لە یادم نەماوە چاوپێکەوتنەکە کەی و لە کام شوێندا خوێدوومەتەوە هەروەها شێوازی داڕشتنەکەی دڵنیا نیم بە تەواوی وەکو خۆیەتی یان نا، بەڵام هەمان ناوەڕۆک و مانایە.




جیاوازی چییە لەنێوان مێیینەیەکی موسڵمانی کورد و مێینەیەکی موسڵمانی ئیسلامی سیاسیی کورددا ؟.. بەختیاری شەمەیی

ئەمە نووسینێکە بە زمانێکی سادەوساکار سەبارەت بە ( پێوەندیی جلوبەرگ بە رەوشتەوە )

مێیینەی موسڵمانی کورد و مێینەی موسڵمانی ئیسلامی سیاسیی کورد

با لێرەوە داوە تیشکێک بخەینە سەر جیاوازییەکان، مێیینەی موسڵمانی ئیسلامیی کورد خودی خۆی بە ئابڕوو/شەرەفی نێرینەکانی خێزانەکەیی و بە شەرەفی نێرینەکانی کەسوکارەکەی دەزانێت، ئیتر بەم هۆکارە جەستەی خۆی بە لەچک و باڵاپۆش یان بە رووپۆش/نیقابی هاوردەکراوی ئیسلامی سیاسی دەپۆشێت بۆ ئەوەی پێی بڵێن مێیینەیەکی بەشەرەفە یان پێی بڵێن مێیینەیەکی بڕوادار و لەخواترسە، بەڵام مێیینەی موسڵمانی نائیسلامیی کورد خۆی بە شەرەفی نێرینەکانی خێزانەکەیی و نێرینەکانی کەسوکارەکەی نازانێت، بەڵکو مرۆڤێکی ئاساییە و خاوەنی خودی خۆیەتی، خۆی خاوەنی جەستەی خۆیەتی و بڕوای بەخۆیەتی و رێزلەخۆگرتووە، خۆی چ جۆرە جلوبەرگێکی پێ باش و پێ جوان بێت، ئەوە دەپۆشێت.
مێیینەی موسڵمانی نائیسلامیی کورد، شکۆمەندی و باوەڕبەخۆبوون و رێزی بوونی خۆی بەوە دەردەبڕێت کە بە ئاگا و هۆشیارە لە ئازادیی خۆی و لە زانینی ئەرک و مافە رەواکانی خۆیدا، دەزانێت سنووری ئازادی و ئەرک و مافەکانی چین، لەهەمان کاتیشدا رێزی نێرینەکانی خێزانەکەی خۆی و کەسوکارەکەی دەگرێت نێرینەکانی خێزانەکەیی و نێرینەکانی کەسوکارەکەیشی ئەمیان پەسەندە وەک ئەوەی کە خۆی دەیەوێت و وەک ئەوەی کە هەیە پەسەنیان کردووە و رێزی لێدەگرن، بەڵام مێیینەی موسڵمانی ئیسلامی سیاسی پێبەندە بە بڕواداریی و خواستی نێرینەکانی خێزانەکەیی و نێرینەکانی کەسوکارەکەیەوە، هەردەم لە هەوڵی ئەوەدایە کە لە هەموو روویەکەوە بەدڵی نێرینەکانی خێزانەکەیی و نێرینەکانی کەسوکارەکەی بێت، خۆی هیچ شکۆمەندی و خواست و بڕوابەخۆبوونێکی نییە، بێبەرییە لە خاوەندارێتیی خودی خۆی، بێبەرییە لە ئازادیی تاکەکەسیی خۆی، جلوبەرگە هاوردەکراوە ئیسلامییەکانی لەلایەن نێرینەکانی خێزانەکەیەوە، باوک و برا و مام و خاڵ و کوڕە مام و کوڕە خاڵەکانیاوە بۆی دەستنیشان کراوە و بەسەریدا سەپێبراوە، هیچ خواستێکی تاکەکەسیی خۆی تێدا نییە، خۆ ئەگەر مێیینەیەکی موسڵمانی ئیسلامیی کورد بە خواستی خودی خۆیشی ئەو جلوبەرگە هاوردەکراوە ئیسلامییانە بپۆشێت، ئەوە هەر ئەوە دەگەیەنێت کە وەک مرۆڤێک و وەک مێیینەیەک قوربانیی پەروەردەیەکی دواکەوتووانە و کۆنەپەرستانەی ئیسلامییانەی خێزانەکەیی و کەسوکارەکەیەتی کە ئەو جۆرە جلوبەرگە هاوردەکراوە دواکەوتووە ئیسلامییانەیان لەلای ئاسایی کردووە و لێیان کردووە بە هێمای بەشەرەف بوون و بڕوادار بوونی و لەناو خێزانەکەیدا بەسەریدا سەپێنراوە و دەبێت بیانپۆشێت. جا ئەگەری ئەوەش هەیە کە رەنگە خودی خۆی پۆشینی ئەو جۆرە جلوبەرگە ئیسلامییە هاوردەکراوانەی پێ جوان و باش بێت و بەهۆی پۆشینی ئەو جلوبەرگە ئیسلامییەوە چێژ لەوە ببینێت کە پێی بڵێن کەسێکی بڕوادار و پۆشتە و بەشەرەف و لەخواترسە، ئیتر بەم شێوەیە لەچک و باڵاپۆش و نیقابی ئیسلامیی ئیخوانی و مۆدێلەکانی جلوبەرگی مێینە موسڵمانەکانی تورکیا و میسر و سعودییە و قەتەر و میرنشینەکانی تری کەنداو دەپۆشێت و لاسایی ئەوان دەکاتەوە، خۆ ئەگەر مێیینەی موسڵمانی ئیسلامیی کورد لەلای خۆیەوە و لە دڵیشەوە جلوبەرگی رەسەن و جوان و رازاوە و شارستانییەکانی کوردی و کوردەواریشی بەدڵ بن و پێی جوان و باش و پەسەندبن، بەڵام بەهۆی پێبەند بوونییەوە بە یاسا و رێساکانی ئیسلامی عەرەبەوە، هەروەها بەهۆی پێبەندبوون یان ترسانییەوە لە نێرینەکانی خێزان و کەسوکارەکەیەوە، ملکەچ و ناچاری بڕیارەکان و خواستەکان و ناچارکردنەکانی نێرینەکان دەبێت و بە لەچک و باڵاپۆش و هەندێکیشیان بە نیقاب، جەستەیان دەپێچنەوە و بەبێ خواستی خۆیان، وەک مرۆڤێک و وەک مێیینەیەک بێبەرییان دەکەن و مێیینەکان خۆیشیان بە ناچاری خودی خۆیان لە پۆشینی جلوبەرگی رەسەن و جوان و رازاوە و شارستانییانەی میللەتەکەی خۆیان بێبەری دەکەن.
با بپرسین: یانی ئیتر هەر مێیینەیەکی موسڵمان کە لەچکی لەسەر کرد و باڵاپۆشی لەبەرکرد و نیقابی پۆشی، ئیتر ئەوە نیشانەی چاکی و باشی و رەوشتبەرزی و ئابڕوومەندییەتی؟
لەڕاستیدا مەرج نییە هەر کچ و ژنێکی موسڵمانی ئیسلامیی کورد لەچکی لەسەر کرد و باڵاپۆشی لەبەر کرد و نیقابی پۆشی، ئیتر بێبەری بێت لە کاروکردەوەی نەشیاو و نائاسایی یان ئیتر پارێزراو بێت لە دەستدرێژیی نێرینە خۆپەرست و چاوچنۆک و داوێنپیسەکانی ناو کۆمەڵگە.
هەموومان ئەو چیرۆک و بەسەرهات و رووداوانەی هەندێک لە کچان و ژنانی لەچکبەسەر و باڵاپۆشلەبەر و نیقابپۆشەکانمان بیستوون کە چ مامەڵە و بازرگانی و بەکارهێنانێک لەنێوانیاندا هەیە و چ کاروکردەوەیەکی نائاسایی و نەشیاو و ناشایستە لەژێر لەچک و باڵاپۆش و نیقابدا ئەنجام دەدرێن.
لەناو کۆمەڵگە رۆژهەڵاتییە موسڵمانەکاندا مێیینەکانیان لەترسی نێریینەکانیان خۆیان بە جلوبەرگی دەستنیشانکراوی عەرەبی و ئیسلامی دەپێچنەوە بەڵام لەناو کۆمەڵگە ناموسڵمانەکان یان لەناو کۆمەڵگە ئەوروپییەکاندا مێیینەکانیان هیچ ترسێکیان لە نێرینەکانیان نییە، لەبەرئەوە ناچار نین خۆیان بە جلوبەرگێکی دەستنیشانکراوی ئایینی بپۆشن و سەرتاپای خۆیان بپێچنەوە.
شایانی باسە کە مێینەی موسڵمانی نائیسلامیی کورد، مرۆڤێکی ئازاد و مێیینەیەکی خاوەن ئازادییە لە جلوبەرگ پۆشیندا، هەرکاتێک پێی خۆش بێت یان بۆ بۆنەکان پێویست بێت، بە خواستی خۆیی و بە ئەوپەڕی شانازی و سەربڵندییەوە جلوبەرگی رەسەن و جوان و رازاوە و شارستانییانەی میللەتەکەی خۆی دەپۆشێت و جوانترین نماییشتی خۆیی و شکۆمەندی و خواست و ئازادیی خۆی پێوە دەکات، بەڵام بەپێچەوانەوە مێیینەی موسڵمانی ئیسلامی سیاسیی کورد، جلوبەرگی کوردی ناپۆشێت و بێبەرییە لەو جوانی و رازاوەیی و چێژ و خۆشی و شانازییە نەتەوەیی و نیشتمانییە، هەربۆیە مێیینەی موسڵمانی ئیسلامی سیاسیی کورد، ناچارکراو و کۆیلەیە و بەبێ خواستی خۆی وەک بووکەڵە پۆشتەکراوە و پێچراوەتەوە.
لێره‌وه‌ ئاماژەیەک بە سیمای جلوبەرگی کۆمەڵایەتی و کوردەواریی کۆمەڵگەی باشووری کوردستانی ساڵانی هەشتاکان دەدەین و دەڵێین هەتا ئەوکاتەی گروپە ئیسلامییە سیاسییەکان لە باشووری کوردستان دروستنەکرا بوون و سەریان هەڵنەدا بوو و هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر کۆمەڵگەی باشووری کوردستان نەبوو، ئەوکاتە بەدەگمەن مێیینەیەکی موسڵمانی کوردی باشوور هەبووە کە لەچک و باڵاپۆش و نیقابی هاوردەکراوی وه‌هابييه‌کان سه‌له‌فييه‌کان و ئیخوانییەکان و میرنشینەکانی کەنداو و عەرەبستانی سعودییە و قه‌ته‌ری پۆشیبێت. بێگومان دوای سەرهەڵدان و پەرەسەندن و بەهێزبوونی گروپە ئیسلامییە سیاسییە دروستکراو و نۆکەر و بەکرێگیراوەکان، سیمای کوردەواری و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی باشووری کوردستان گۆڕا بە هاوشێوەی وڵاتانی میسر و تورکیا و ئێران و میرنشینەکانی کەندا و عەرەبستانی سعودی، مێیینەکانی موسڵمانە کوردە ئیسلامییە سیاسییەکان کەوتنە لاسایی کردنەوە و پۆشینی لەچک و باڵاپۆش و نیقابی هاوردەکراوی ئەم وڵاتانەی ناومان هێناون.
هەتا ساڵانی نەوەدەکانیش لەچک و باڵاپۆش و نیقابی ئیسلامی لەناو کچان و ژنانی باشووری کوردستاندا نەبوون و نەبینراون، بەڵام ئەمڕۆ بە هەزاران هەزارن، بە دەیان دوکان و فرۆشگەی پیشاندان و فرۆشتنی لەچک و باڵاپۆش و نیقابی ئیسلامییان لە شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستاندا کردوونەتەوە و فرۆش و برەویان پێداون.
سەرنج بدەن مێیینەیەکی موسڵمانی کوردی ئیسلامی نییە کە جلوبەرگی کوردی بپۆشێت. مێیینەیەکی ئیسلامی سیاسی کورد نییە کە شانازی بە جلوبەرگی رەسەنی میللەتەکەی خۆیەوە بکات، جگە لەمەش، مێیینەی ئیسلامی سیاسیی کورد، جلوبەرگی رەسەنی کوردیی کچان و ژنانی کورد بە ناجاییز و دژی ئایینی ئیسلام دەزانێت و بە لادان لەو رەوشتەی دەزانێت کە خۆی پێی وایە ئەوە رەوشتی ئیسلامییە و دەبێت هەموو کچان و ژنانی کورد وەک ئەو بن و پێڕەوی لەو رەوشتە ئیسلامییەی ئەو بکەن.
ئەمڕۆ سیمای جلوبەرگی مێیینە موسڵمانە ئیسلامییە سیاسییەکانی کۆمەڵگەی باشووری کوردستان گۆڕاوە بۆ جلوبەرگی هاوردەکراو و سەپێنراوی وه‌هابی و سه‌له‌فی و ئیخوانی و تورکی و عەرەبی و ئێرانیی ئیسلامیی دواکه‌وتوو و کۆنه‌په‌رست و ناشارستانیانە و ناسەردەمییانەی ئەو وڵاتە ئیسلامییانە. هەر له‌ سايه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و باند و گروپه‌ ئيسلاميیه‌ سياسييانه‌ و هه‌بوونی هه‌زاران مه‌لای ئيسلاميی سياسی و بانگخوازی ئيسلاميی سياسییه،کۆمەڵگەی باشووری کوردستان بەشێوەیەکی وا نائاسایی و خراپ گۆڕاوە کە لە شوێنە گشتییەکاندا بە شێوازی پۆشینی جلوبەرگی هاوردەکراوی ئیسلامیی سیاسی، ناتوانیت مێیینەیەکی موسڵمانی کورد لە مێیینەیەکی موسڵمانی ئیسلامیی عەرەبی نیشتەجێبووی باشووری کوردستان یان لە مێیینەیەکی موسڵمانی ئیسلامیی گەشتیاری عەرەب و تورک جیابکەیتەوە. ئا بەم شێوەیە گروپە ئیسلامییە سیاسییە دروسکراوەکان، بە هاوردەکردنی ئەجندای ئامادەکراوی دەرەوەی کوردستان، دژایەتی و دوژمنایەتیی فەرهەنگ و دابونەریتی رەسەنی مێژوويی و دێرينی جوان و شارستانييانه‌ و سه‌رده‌مييانه‌ کورد و کوردەواری دەکەن، ئا بەم شێوە و شێوازە ئیسلامییە عەرەبی و تورکییانە، باند و گروپه‌ ئیسلامییە سیاسییەکان دابونەریتی رەسەن و باش و جوان و پەسەندکراوی دێرینە و مێژوویی کورد و کوردەواری دەسڕنەوە، بە لەچک و باڵاپۆش و نیقابی هاوردەکراوی ئیسلامی سیاسی، ململانێی جلوبەرگی رەسەن و جوان و رازاوە و شارستانییانەی کورد و کوردەواری دەکەن و لە هەوڵی سڕینەوە و نەهێشتن و نەمانیدان.
لێرەدا پێویستە باسی ئەوەش بکەین کە هەر لە کۆنەوە کچان و ژنانی کورد سەروپێچی جوانی کوردەوارییان لەسەر کردووە و کراس و کەوای دامێندرێژی کوردییان لەبەرکردووە و چەفتەیان داوە بەشانیاندا و جلوبەرگی جوان و رازاوەی کوردەوارییان پۆشیوە بەبێ ئەوەی ئەمە هیچ پێوەندییەکی بە ئایین و ئایینداری و بە ناچارکردنەوە هەبوو بێت.
بەکورتییەکەی مەرج نییە ئەوەی لەچکی لەسەردا بێت و باڵاپۆشی لەبەردا بێت و نیقابی پۆشی بێت ئیتر ئەوە نیشانەی ئەوە بێت ئەو کەسە ئاییندار بێت یان کەسێکی چاک و باش و رەوشت بەرز بێت، پێچەوانەکەیشی هەر راستە.
راستییەکی دیکەش هەیە، لە رابووردوودا و لە ئەمڕۆشدا بە هەزاران لە کچان و ژنانی کورد لەچکیان لەسەر کردووە و لەچک لەسەر دەکەن بەبێ ئەوەی دەستی دەرەکی و سیاسیی گوماناویی لەپشتەوە بووبێت و ببێت، بێگومان ئەمە ئازادیی تاکەکەسییە و هیچ پێوەندییەکی بە سیاسەت و بە خواستی گروپە ئیسلامییە سیاسییەکانەوە نەبووە نییە. لەهەمان کاتیشدا ئەو جۆرە لەچکپۆشییە هیچ کاتێک زیانی بۆ هیچ بوونەورێک نەبووە و نییە.
بێگومان هەموو مێیینەیەک دەبێت ئازاد بێت لە پۆشینی ئەو جۆرە جلوبەرگەی کە خۆی بە خواستی تاکەکەسیی و تایبەتیی خۆی دەیەوێت بیپۆشێت.

مێیینەی فێمینیست و سیکولاریستی ئازادبیر

پێویستە ئاماژە بە جۆرێکی تریش لە رەگەزی مێیینەی کۆمەڵگەکەمان بدەین ئەویش ئەو مێیینە ئازادبیر و فێمینیست و سیکولاریستانەی ئەمڕۆی کوردستانن کە خۆیان خاوەنی خۆیانن، خاوەنی جەستەی خۆیانن، خاوەنی بیرکردنەوە و تێگەیشتن و هەڵوێستی خۆیانن، ئەم جۆرە لە مێیینەی کۆمەڵگەی کوردەواری و کوردستان، ئەو مرۆڤە رۆشنبیر و رێزلەخۆگرتوو و بەهەڵوێستانەن کە بیردەکەنەوە و تێگەیشتن و بەرهەمی هزری و رۆشنبیری و فەرهەنگیی تایبەت بە خۆیان هەیە، به‌هره‌وه‌ر و توێژه‌ر و کاران و کاريگه‌ريی ئه‌رێنييان له‌سه‌ر نه‌وه‌ی نوێ به‌تايبه‌تی و کۆمه‌ڵگه‌ به‌ گشتی هه‌يه‌. ئەوانە ئەمڕۆ بە هەزاران لە مامۆستایانی فێرگەکان و زانکۆکان و ئامۆژگاکانن، بە هەزاران لە رۆشنبیران و چالاکوانان و رەخنەگران و وەرگێڕان و هونەرمەندان و موزیکژەنان و گۆرانیبێژان و شانۆکاران و شێوەکاران و کۆمەڵناسان و دەروونناسان و فێمینستان و سیکولارستەکانی کۆمەڵگەکەمانن کە سیمایەکی هەرە جوان و هەرە پێشکەوتووانە و هەرە شارستانییانەیان بە کۆمەڵگەی کوردستان بەخشیوە و مایەی سەربەرزی و شانازی و سوپاسگوزاریی گشت هاونیشتمانییەکی پاک و دڵسۆز و تێکۆشەر و نیشتمانپەروەرن. کۆمەڵگەی کوردستان بەم خانمە بەڕێز و دڵسۆز و تێکۆشەر و کۆڵنەدەرانەوە جوانتر و سەربەرزتر و گەشاوەتر بووە. ئەم جۆرە مێیینانەی کوردستان لە هەموو چین و توێژ و نەتەوە و کەمەنەتەوەییەکانی دانیشتووانی کوردستانن.
با ئەوەشمان بیرنەچێت کە لەم جۆرە خانمانەی کۆمەڵگەکەمان ئێستا بە هەزاران هەزارانیان لە دەرەوەی کوردستانن و دانیشتووی هەندەرانن وەک خانمانی بیرکەرەوە و رۆشنبیر و زمانزان و چه‌ندين زمان ده‌زانن و مامۆستای زانکۆن و ئه‌ندامی پارته‌ سياسييه‌کانی ئه‌وروپان و سياسه‌توان و ئه‌ندام په‌رله‌مانن و خاوەنکار و فەرمانبەر و شێفی گەورەی فەرمانگە و کۆمپانیا و بانکەکانن و چالاکوان و کارا و بەرهەمدار و کاریگەرن، هەڵگری بڕوانامەی دوکتۆران لە گشت بوارەکانی زانست و زانستە کۆمەڵایەتییەکان و تەکنەلۆجیا و هونەر و موزیکدا و جێپەنجەیان بەسەر کوردان و کوردستانیانی هەندەراننشین و تەنانەت ئەو کۆمەڵگەیانەشەوە دیارە کە تێیدا دەژین.

نەوەی نوێی ئەمڕۆی کۆمەڵگەکەمان

هەر بەم بۆنەیەوە ئەگەرچی زۆر بەکورتیش بێت، پێویستە ئاماژەیەک بە نەوەی نوێی ئەمڕۆی کۆمەڵگەکەمان بدەین، ئەمڕۆ بە هەزاران هەزار لە کچان و لە کوڕانی باشووری کوردستان کە نەوەی نوێن و نەوەی ئەم سەردەمە پێشکەوتووەی مرۆڤایەتین، نەوەیەکن لە خێزانە تێگەیشتوو رۆشنبیرەکانن و لە شار و شارۆچکە و گوندەکانەوە ئینتەرنێت بەکاردەهێنن و زۆربەی هەرە زۆریان ئینگلیزی يان زمانێکی ديکه‌ی جيهانیباش دەزانن، خوێندکارن و خوێندکاری زانکۆن یان دەرچووی زانکۆن، ئاگاداری پێشکەوتنەکان و گۆڕانکارییەکانی جیهانن. گەلێکیان گەشتی وڵاتانی پێشکەوتوویان کردووە و بە پێشکەوتن و شارستانێتیی میللەتانی تر ئاشنا بوون. خۆشبەختانە ئەم نەوە نوێیەی کۆمەڵگەکەمان نەوەیەکی بیرکەرەوە و هۆشیار و چاوکراوەن و لە راستیی ژیان تێگەیشتوون و ژیاندۆستن و نەکەوتوونەتە ژێر کاریگەریی خراپی ئیسلامی سیاسی و مەلا و بانگخوازە مووچەخۆرەکانیانەوە. خۆیان بەشوێن زانیاری راست و دروستدا دەگەڕێن و سوود لە زانستەکانی مرۆڤایەتی وەردەگرن بەڵێن و پاداشتی درۆزنانەی بەهەشت و ترس و ئازاریئاگری دۆزەخی خەیاڵی هیچ کاریگەریەکیان لەسەر بیرکردنەوە و ژیانیاندا نییە. کاتی زێڕینی خۆیان بە ئایینەوە ناکوژن و بڕوایان بە خورافیات و خورافیاتپەرستی نییە. نەوەیەکی بیرکەرەوە و هۆشیار و زانستدۆستن و هیوا و ئومێدی ئێستا و داهاتووی کۆمەڵگەکەمانن.

جۆرەکانی جلوبەرگ

پێویستە هێڵێکی جیاکەرەوە لەنێوان ئەو جلوبەرگەی کە کەسەکە بە ئازادانە و بە خواستی خۆی دەیپۆشێن و ئەو جۆرە جلوبەرگەی کە بۆ کەسەکە دەستنیشان دەکرێت، دابنێین. بەکورتییەکەی جلوبەرگی مێیینەی ئیسلامی سیاسیی کورد، دەستێکی دەرەکی و سیاسی و گوماناوی لەپشتەوەیە و بەرنامەبۆداڕێژراوە و لە دەرەوەی کوردستان دەستنیشانکراو و ئامادەکراو و هاوردەکراوە و بەزەبری پارە یان ترساندن و هەڵخەڵەتاندن و فریودان، سەپێنراوە بەسەر مێینە موسڵمانە ئیسلامییە سیاسییەکانی باشووری کوردستاندا، هەر لەبنەڕەتەوە بۆ دژایەتی کردن و دوژمنایەتی کردنی جلوبەرگی رەسەن و شارستانیانە و جوان و رازاوەی کوردییە. بۆ نموونە گروپە ئیسلامیییە سیاسییەکان فیستڤاڵی لەچک پۆشی و باڵاپۆشی لە شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستاندا رێک دەخەن و بە یەک جار لە هۆڵێکدا و لەکاتێکی دیاریکراودا هەزاران کچ و ژنی کورد (بەتایبەتی کچانی گەنج)، یەک لەچکپۆش و یەک باڵاپۆش دەکەن، لە هەمووی سەیروسەمەرەتر ئەو فیستڤاڵەیان ناوناوە: (فیستڤاڵی تاجی زێڕین) کە لەڕاستیدا ئەوە فیستڤاڵی خۆتێکه‌ڵ کردن و ده‌ستدرێژی کردنه‌ بۆسه‌ر خواستی تايبه‌تيی و که‌سايه‌تی و شکۆمه‌نديی تاکه‌که‌سی و تاتبه‌تييان. کۆتوبەندکردن و بەکۆیلەکردنی کچان و ژنانی کوردە. سەپاندنی ئەو جلوبەرگە یەکپۆشییە ئیسلامییە، جلوبەرگی سیاسی و ئیسلامییە، لاسایی کردنەوەی جلوبەرگی ئیسلامییە کۆنه‌په‌رست و دواکه‌وتووه و ناشارستانی و ناسەردەمییەکانی ئیخوانەکانی تورکیا و میسر و سعودییە و قەتەرە، لەهەمان کاتیشدا بە ئیسلامی کردنی کۆمەڵگەی باشووری کوردستانە، بەپاشکۆکردنی باشووری کوردستانە بە وڵاتانی تورکیا و سعودییە و قەتەر و میسرەوە. به‌و شێوه‌يه گروپە ئیسلامییە سیاسییە دروستکراو و نۆکەر و بەکرێگیراوەکانی باشووری کوردستان، بە زەبری پارە و سەرمایە و کۆمەک و پشتیوانیی دەرەکی، هەزاران لە کچان و ژنانی خێزانە هەژارەکان و گوندنشینەکانی کوردی باشووریان ناچار کردووە کە لەچکی ئیسلامی مۆدێلی وه‌هابی و سه‌له‌فی و ئیخوانی لەسەر بکەن و باڵاپۆشی و چارشێو پۆشيی رەشی عه‌ره‌بی و ئیسلامیی توندڕەو بپۆشن. ئیسلامییە سیاسییەکان بەم شێوەیە ئازادی و مافداری و شکۆمەندی و کەسایەتیی تایبەتی لەو کچانەی کورد دەسێننەوە.
هیچ گومانێکی تێدا نییە کە لەو کۆمەڵگە نائیسلامییانەدا پۆشینی جلوبەرگ پێوەندیی بە کەسەکان خۆیانەوە هەیە، چونکە هەڵبژاردن و پۆشینی جۆری جلوبەرگ، ئازادیی تاکەکەسیی مرۆڤەکانە. لە کۆمەڵگەیەکدا کە یاسا سەروەر بێت و ئازادییە دیموکراسییەکان و ئازادییە کەسییەکان دەستەبەر بن، هەموو هاونیشتمانییەک ئازادە لە پۆشینی جۆری ئەو جلوبەرگانەدا کە دڵخواز و خواستی تاکەکەسی و تایبەتیی خۆیەتی، هیچ کەسێک و هیچ لایەنێک و تەنانەت هیچ دەوڵەتێکیش بۆیان نییە جۆری جلوبەرگ و جلوبەرگێکی تایبەتی و دەستنیشانکراو بەسەر هاونیشتمانیاندا بسەپێنن.

پڕۆژەکانی ئیسلامییە سیاسییەکان

با ئاماژە بەوەش بدەین کە گروپە ئیسلامییە سیاسییەکانی باشووری کوردستان بە پارە و سەرمایەی دەوڵەتانی قەتەر و سعودییە و ئێران و تورکیا و هەندێک رێکخراو و دامەزراوەی ئیسلامیی جیهانی لە ساڵانی رابووردووەوە بە سەدان کۆرسی لەبەرکردنی قورئانیان بۆ منداڵان و مێرمنداڵانی کورد کردووەتەوە و مێشکی ئەو منداڵە بێ گوناهانەیان بە ئایینی ئیسلامی عەرەبی بارگاوی کردووە و بەم شێوەیە ئەو منداڵ و مێرمنداڵە کوردانەیان له‌ ژيانی پڕ له‌ ياری و چێژ و خۆشيی منداڵی و مێرمنداڵيی خۆيان دوور خستوونه‌ته‌وه‌ و له‌ هه‌مان کاتيشدا بۆ داهاتوو هه‌ست و گيان و بير و هۆشی‌ سروشتيي نەتەوەپەروەری و نیشتمانپەروەری و کوردایەتییان سڕ ده‌که‌ن.
سڕینەوەی فەرهەنگی رەسەن و مێژوویی و دێرینەی کورد، دوژمنایەتی کردن و باونەهێشتنی جلوبەرگی رەسەن و جوان و شارستانییانەی مێیینەی کورد پڕۆژەیەکە کە دوژمنانی کورد و داگیرکەرانی کوردستان زۆر لەمێژە کاریان لەسەر کردووە و بەردەوام کاری لەسەر دەکەن و سەرمایەی تۆکمەیان بۆ تەرخان کردووە، هیچ گومانێکی تێدا نییە و روون و ئاشکرایە کە جێبەجێ کردنی ئەم پڕۆژە گڵاوەیان لەناو کۆمەڵگەی کوردستاندا بە ئیسلامییە سیاسییەکان و مەلا و بانگخوازە مووچەخۆرەکانیان سپاردووە.
ئیسلامییە سیاسییەکان هەر بەوەوە نەوەستاون کە بە لەچک و باڵاپۆش و رووپۆشی عه‌ره‌بی و ئیسلامی، کچان و ژنانی کورد کۆت و بەند دەکەن و بە کۆیلەیان دەکەن، بەڵکو ئەو کۆت و بەند کردن و بەکۆیلە کردنە، تەنانەت کچانی منداڵی ٦تا١٧ ساڵانیشی گرتووەتەوە و ئەو کچە منداڵ و کچە هەرزەکارانەشیان تێوەگلاندووە و بە کۆیلەی جلوبەرگی عەرەبی و ئیسلامی و ئیخوانی و وەهابی و سه‌له‌فیان کردوون. ئەمەش بەوە دەکەن کە دەرفەت لە هەژاری و نەخوێندەواری داماویی خێزانی ئەو کچە منداڵ و کچە هەرزەکارانە دەهێین و بە زەبری پاداشت و پارە و مووچە بۆ بڕینەوە دووچاری کۆت و بەند و بەکۆیلە بوونیان دەکەن، خۆشیی تەمەن و ژیانی منداڵانە و هەرزەکارییانە لەو کچە منداڵ و کچە هەرزەکارانە دەشێوێنن و لەو هەست و چێژ و خۆشییەی ئەو تەمەنە هەستیارەیان بێبەرییان دەکەن. هەموو ئەو دیاردە دواکەوتوو و ناشارستانی و خراپ و ترسناکانە، کە هەڕەشەن لەسەر ئاساییشی نەتەوەیی کورد و نیشتمانیی کوردستان، بە ئاشکرا و بە ئازادانە بەبەرچاوی سەرانی پارتی و یەکێتی و سەرانی دەسەڵاتدارانی خۆماڵییەوە گوزەراون و دەگوزەرێن.
هاوردەکردنی ئەو جۆرە جلوبەرگە ئیسلامییە سیاسییانە بۆناو کۆمەڵگەی کوردستان، جگە لە کۆتوبەند کردن و بە کۆیلە کردنی مێینەکانی کوردستانە، لە هەمان کاتیشدا بازرگانی کردنە بە جەستەی مێینەکانەوە و سەرانی ئیسلامییە سیاسییەکان پارەی پێ پەیدا دەکەن و خۆیانی پێ دەوڵەمەندتر دەکەن.

جلوبەرگ و رەوشت

جلوبەرگێکی تایبەتی هەستێکی تایبەتی بە کەسەکە دەبەخشێت کە پۆشیویەتی، بۆ نموونە جلوبەرگی پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ و ئاساییش و پاسەوانی فەڕمی هێمایەکە بۆ بەرپرسیارێتی و فەرمانبەری و دەسەڵاتدارییەکی سنووردار، ئەم جۆرە جلوبەرگانە لە رووی دەروونییەوە جۆرە هەستێکی تایبەتی و دەسەڵاتداریی بە کەسەکە دەبەخشن، بەڵام ئەم جۆرە جلوبەرگانە ناکرێت هێمایەک بن بۆ چاکی یان خراپی و رەوشتبەرزی یان رەوشتنزمیی ئەو کەسانەی کە ئەو جۆرە جلوبەرگە فەڕمیانە دەپۆشن. بۆ نموونە کەسێک کە مێزەرێک یان کڵاوێک یان جامانەیەک لەسەر دەکات، ئەمە هەرگیز نابێتە نیشانەی رەوشبەرزی و رەوشتچاکی و رەوشجوانی و ئازایەتیی کەسەکە، رەوشتی چاک، بەڵکو رەوشتی جوان، رەوشتی بەرز یان پێچەوانەکەی، راستەوخۆ پێوەندیدارە بە جۆری بیرکردنەوە و پەروەردە و هەڵسوکەوتی کەسەکەوە.
هەر نەتەوەیەکیش خاوەنی جلوبەرگی میللیی تایبەت بەخۆیەتی، جلوبەرگی میللی رەنگ لە پێداویستی ژینگەی ژیان و دەستڕەنگینی و هونەری میللی دەدەنەوە. بۆ نموونە جلوبەرگی هەندێک نەتەوە جۆراوجۆر و رەنگاوڕەنگ و کراوەن کە گەشبینی و سروشتدۆستی و ژیاندۆستیی زۆرتر تێدایە، بەڵام دیسان جلوبەرگی میللی، بابەتێکی مێژوویی و نەریتییە و هیچ پێوەندییەکی بە باشی و خراپی و رەوشتبەرزی و رەوشتنزمییەوە نییە.
مەبەست و مانای پۆشینی هەر جۆرە جلوبەرگێک یان پۆشینی جلوبەرگێکی تایبەتی، بابەتێکی رێژەییە، لە نەتەوەیەکەوە بۆ نەتەوەیەک و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکتر جیاوازن، مەرج نییە جلوبەرگ رەنگ لە ناخی کەسەکە بداتەوە، کەسێک کە جلوبەرگی تاریک یان رەش دەپۆشێت، مەرج نییە ئەوە نیشانەی ئەوە بێت کە کەسەکە کەسێکی رەشبین و نائومێدە و دڵی بە جوانی و بە ژیان خۆش نییە، دەکرێت پێچەوانەکەیشی راست بێت.
هیچ پێوەندییەکی لۆژیکی لەنێوان جلوبەرگ و جۆری بیرکردنەوە و ئابڕوو و رەوشتی بەرزدا نییە. دەکرێت کەسێک جلوبەرگی پۆلیسی لەبەردا بێت و پۆلیسیش نەبێت، بۆ نموونە کەسێکی ساختەچی و رێگر و دز بێت، یان مێیینەیەک جلوبەرگێکی دابونەریتیی ئایینیی لەبەردا بێت، بەڵام ئاییندار نەبێت و خەریکی مامەڵەی نایاسایی و کاری نەشیاو و ناشایستە بێت.
ئەگەر مێیینەیەک بە هەر هۆکارێک بێت شوێنێکی جەستەی بەدەرەوە بێت، ئەوە هەرگیز نیشانەی ئەوە نییە کە ئەو مێیینەیە کەسێکی باش نەبێت و کەسێکی خراپ بێت یان لەڕووی رەوشتەوە کەموکوڕیی هەبێت، ئەمە بەهیچ شێوەیەک وا نییە و راست نییە.
لەڕاستدا پۆشینی جۆرە جلوبەرگێکی تایبەتی جۆرە هەستێکی تایبەتی بە کەسەکە دەبەخشێت، بەڵام ئەمە هەستە نەک رەوشت، جلوبەرگ هەر جۆرە جلوبەرگێک بێت پێوەر نییە بۆ رەوشتی چاک و جوان و بەرزی مرۆڤەکان.
هەندێک جلوبەرگ هەن کە رەنگ لە کار و پیشەیەک دەدەنەوە، وەک جلوبەرگی فەڕمیی پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ و هێزە چەکدارەکان و کارگە و چێشتخانە و هۆتێل و شوێنە گشتییە فرۆشیارییەکان، ئەمە پێداویستیی ئیش و کارە، ئەمەش بە هیچ شێوەیەک پێوەر نییە بۆ جۆری بیرکردنەوە و ئابڕوو و و رەوشتی مرۆڤەکان.
جلوبەرگ دەکرێت نیشەنەی پیشەیەک و پلەوپایەیەکی کۆمەڵایەتی بێت، وەک جلوبەرگی هەندێک لە شوێنە فرۆشیارییەکان و چێشتخانە و کارگەکان، یان جلوبەرگی شیک و گرانبەهای دەوڵەمەندەکان. بۆ نموونە لە کۆمەڵگەی کۆنی چینییەکاندا دەسەڵاتدارانی دەوڵەت جۆرە جلوبەرگێکی تایبەتییان هەبووە، بەهەمان شێوە خێزان و بنەماڵە خانەدانەکان جلوبەرگی تایبەت بە خۆیان لەبەرکردووه‌کە خەڵکە هەژارەکان و کۆیلەکان بۆیان نەبوو هەمان ئەو جۆرە جلوبەرگانەی خێزانە دەوڵەمەندەکان و بنەماڵە خانەدان لەبەربکەن. هەژارەکان و کۆیلەکانیش دەبووایە جلوبەرگی هەژارانە و کۆیلانەی تایبەت بەخۆیان لەبەربکەن.
هەندێک جلوبەرگیش هەن رەنگ لە ئامانجێکی تایبەتیی ژیان دەدەنەوە وەکو ئەو جۆرە جلوبەرگە ئایینییانەی کە مێیینە کریستیانە دێرنشینەکان دەیپۆشن، ئەوانە خۆیان بۆ ئەوە هەڵگرتووە کە لە داهاتوودا هاوسەرگیری لەگەڵ عیسای مەسیح دا بکەن. هەروەها ئەو جۆرە جلوبەرگە نارنجییانەی کە پەرستگەنشینەکانی ئایینی بودایی دەیپۆشن کە نیشانەی ئەوەیە ئەو ئاییندارانە خۆیان بۆ خزمەتی بودا و ئایینی بوداییزم تەرخان کردووە.
شایانی باسە لە هەموو کۆمەڵگەکاندا ئەم جیاوازیی جۆری جلوبەرگە لەنێوان چینە هەژار و دەوڵەمەندکاندا هەبووە و لە سەردەمی ئێستایشدا ئەم رەوشە هەر بەردەوامە. لە کوردەواریی خۆیشماندا لە گوندەکاندا جلوبەرگی دەرەبەگەکان و زەویدارە دەوڵەمەندەکان، لە جلوبەرگی جووتیارەکان و پاڵە و سەپان و شوانەکان جیاواز بووە. لە مێژوودا هەروا بووە، دەوڵەمەندەکان شیکپۆش و گرانبەهاپۆش بوون و هەژارەکانیش شڕپۆش و هەرزانبەهاپۆش بوون.
هه‌ر وه‌ک ئاماژه‌مان پێدا که‌ جلوبه‌رگ يان هه‌ر جۆره‌ جلوبه‌رگێکی تايبه‌تيي، پێوه‌ر نييه‌ بۆ باشی يان خراپی، ره‌وشتبه‌رزی يان ره‌وشتنزميی مرۆڤه‌کان، هەر بۆ نموونە بە میلیۆنان مێیینەی ئەوروپایی کە بۆ باشیی تەندروستییان لە کەناری دەریا و رووبارەکاندا خۆیان رووت دەکەنەوە تا تیشکی خۆر لە جەستەیان بدات، یان بە رووتی و نیوە رووتی لە کەنار دەریا و رووبارەکاندا مەلەدەکەن و یاری دەکەن یان پشوو دەدەن، ئایا ئەو مێیینە ئەوروپییانە خراپن، رەوشت نزمن، ئایا ئەوانە بێ ئابڕوون؟ بێگومان وەڵامەکەی نا و نەخێرە.
لێرەوە پێویستە چەند راستییەک دووباره‌ بکه‌ينه‌وه‌، ئه‌ويش ئه‌مه‌يه‌ که‌ جلوبەرگ هەرگیز نيشانه و هێما و پێوەر نەبووە و نییە بۆ چاکی و خراپیی هیچ مرۆڤێک، هەر بۆ نموونە هۆزە ئەمازۆننشینەکانی بەرازیل و هەندێک لە هۆزەکانی ئەفەریقا بەگشتی رووتن، بەڵام ئەوە جۆری ژیانی تایبەتیی خۆیانە، هیچ هێما و نیشانەیەک نییە بۆ خراپییان یان بۆ رەوشت نزمییان.
هەموومان ئەم راستییە دەزانین کە جلوبەرگ پێداویستییەکی ژیانە، بۆ خۆپارستنە لە سەرما و لە گەرما، هەروەها لەهەمان کاتیشدا بۆ جوانکاری و خۆڕازاندنەوە و شیکپۆشیشە، بۆ جوانی و دڵخۆشی و چێژ بینینشە. جلوبەرگ هیچ پێوەندییەکی بە ئابڕوومەندی و رەوشت بەرزیی مرۆڤەوە نییە.

پێوه‌ندييه‌کانی کچان و کوڕان

پرسیارێکیتر هەر لەم بوارەدا: ئایا هەموو ئەو کچ و کوڕە ئەوروپییانەی کە لە تەمەنی سەرو هەژدە ساڵاییەوە، لە دەرەوەی پڕۆسەی هاوسەرگیرییەوە پێکەوە دەژین و پێکەوە دەخەون، ئایا ئەو هەموو میلیۆنان کچ و کوڕانە خراپن، بێ ئابڕوون، رەوشت نزمن؟ لەناو ئەو کچان و کوڕانەدا کە پێکەوە دەژین، پێکەوە مەلە دەکەن، پێکەوە گەشت دەکەن، پێکەوە دەخەون، بە هەزارانیان دەرچووی زانکۆ هەرە پێشکەوتووەکانی جیهانن، چەند زمانێک دەزانن، پزیشکن، ئەندازیارن، تەلارسازن، لێکۆڵەرەوەن، گەردوونناسن، ئابووریزانن، سیاسەتزانن، شوێنەوارناسن، نووسەرن، وەرگێڕن، کۆمەڵناسن، دەروونناسن، فرمانبەری پلە بەرزی بانکەکانن و هتد. بێگومان ئەو جۆری پێوەندییەییەی کچان و کوڕانی ئەوروپی هیچ پێوەندییەکی بە رەوشت و ئاکارەوە نییە، لەبەرئەوەی کۆمەڵگە ئەوروپییەکان پێش کۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەکان چەند هەنگاوێکی ژیانی کۆمەڵایەتی و فه‌رهه‌نگی و رۆشنبیری و ئابووری و سیاسییان لە مێژوودا ناوە و ئێستا ئەمە بەشێکی جۆری پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە ئەوروپییەکانە و به‌ سروشتی و بە ئاسایی وەرگیراوە و پەسەند کراوە.
راستە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا جارێ ئەم دیاردەیە نییە، بەڵام دەگونجێت لە داهاتوودا لای ئێمەش ئەو دیاردەیە سەرهەڵبدا و لەلامان ئاسایی و پەسەندکراو بێت. کۆمەڵگە و ژیان بەردەوام لە گۆڕانکاریدان. بێگومان ئەوروپاش پێشتر وەکو ئێستا نەبووە، ساڵانی ٦٠کان پێوەندییەکۆمەڵایەتییەکان لەناو کۆمەڵگە ئەوروپییەکانیشدا وەکو ئەمڕۆ نەبووە.
لەلای خۆمان بەهۆی پابەبد بوونی زۆرینەی خەڵک بە ئایینی ئیسلام و دابونەریتی عەرەبەوە، جارێ ئەو دیاردەیە نییە و زۆریشی دەوێت تا وەکو ئەوروپامان لێ بێت.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هەمووان ئەو باش دەزانین کە ئەمڕۆ لەشارە گەورەکاندا چی دەگوزەرێت، تا ئەندازەکیش پەسەندکراوە و وەک کێشەیەکی گەورە وەرنەگیراوە.
هەر بەم بۆنەیەوە پێویستە باسی دیاردەیەکی هەرە خراپی نێو هەندێک لە خێزانە ئیسلامییە سیاسییەکان و هەندێک لە خێزانە نائیسلامییەکان بەڵام خێزانی ئایینداری زۆر تودندڕەو و ئەوپەڕگیر بۆ پرسی ئایینی بکەین، هەندێک لەو خێزانە ئیسلامییە سیاسییەکان و ئاییندارە توندڕەوەکان و ئەوپەڕگیرەکان کە مێیینەکانی خۆیان بە هەڕەشە و ترساندن و بە بەکارهێنانی شێوازی پڕ لە زەبروزەنگ ناچاردەکەن تا لەچک و باڵاپۆش و پەچە و رووپۆش بپۆشن، ئەو خێزانانە بارودۆخێکی خێزانی و کۆمەڵایەتیی نائاساییان هەیە و خێزانێکن کە لە کەشوهەوایەکی خێزانی و کۆمەڵایەتیی زۆر ناجێگیر و زۆر نائارام و پڕ لە کێشەی دەروونی و رەوشتیدا ژیان بەسەر دەبەن. پێوەندییەکانی نێوان نێر و مێیینەکانی ئەم جۆرە خێزانانە لەسەر بنچینەی رێز و خۆشەویستی و سۆزداریی بەرامبەریی خێزانی نییە و مێیینەکانیان لە ناخۆشترین بارودۆخی خێزانی و دەروونی و کۆمەڵایەتدا دەژین کە هەندێک جار ناگوێڕایەڵی و یاخی بوونی ئەو مێیینانەی لێدەکەوێتەوە و دواجار ئەو مێینانە جگە لە چەوساندنەوە و ئازاری دەروونی، رووبەڕووی چەوساندنەوە و بەندکردن و لێدان و ئازاردانی جەستەییش دەبنەوە و هەندێک جار سووتاندن و خنکاندن و کوشتوکوشتاریشی لێدەکەوێتەوە. نموونە زۆرن، وەک ئەو خێزانە موسڵمانە توندڕەو و ئەوپەڕگیرانەی کە لە ئەوروپا دەژین و مێیینەکانیان لەناو خێزان و پێوەندییە کۆمەڵایەتییە ناوخۆییەکانیاندا جۆرێکن و لە دەرەوەی خێزان و لە دەرەوەی پێوەندییە کۆمەڵایەتییە ناوخۆییەکانیاندا جۆرێکی ترن و جۆرە جلوبەرگێکی تر دەپۆشن و جۆرە هەڵسوکەوتێکی دیکەی جیاوازیان هەیە، بەتایبەتی ئەو کچە گەنجانەی کە دەخوێنن و تێکەڵی کچ و کوڕە ئەوروپییەکان و کچ و کوڕە ناموسڵمانەکانی میللەتانی تر بوون و ئەمانیش چاو لەوان دەکەن و دەیانەوێت وەکو ئەوان بن و ئەمانیش وەکو هاوڕێ و هاوپۆلەکانیان بن و وەکو ئەوان ئازادانە جلوبەرگ لەبەربکەن و وەکو ئەوان ئازادانە هەڵسوکەوت بکەن و وەکو ئەوان پێوەندییەکانیان لەگەڵ کچان و کوڕانی تردا رێکبخەن.
دەبێت ئەمەش بڵێین کە لەم نووسینە بواری ئەوە نییە بچینە ناو وردەکارییەکانی کێشە تاکەکەسی و خێزانی و کۆمەڵاتییەکانی ئەو مێیینانەی کە لە ناو خێزانی موسڵمانی ئیسلامی سیاسی و لەناو خێزانی موسڵمانی ئایینداری توندڕەو و ئەوپەڕگیردا کە لە ئەوروپا دەژین، کێشەکان زۆر زۆرن و جۆراوجۆرن، بەشێکی زۆری ئەو کێشەنانە دەچنە ناو میدیاکانی وڵاتە ئەوروپییەکانەوە و کاردانەوەی فرە زۆر و جۆراوجۆری کەسایەتییەکان و فێمینیستەکان و رێکخراوە فێمینیستییەکانی داکۆکیکار لە مافە مرۆییە مێیینەکانی لێدەکەوێتەوە.
بەڵێ راستە لە ئەوروپا ئازادی و دیموکراسی هەیە و پێڕەو دەکرێن، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا تا ئەندازەیەکی پێویست پۆشینی هەندێک جۆرە جلوبەرگی نائاسایی رێگەپێنەدراوە، لە زۆربەی زۆری وڵاتە ئەوروپییەکاندا، لەبەر پاراستنی باری ئاساییش و ژیانی ئاسایی هاونیشتمانیان، بە فەڕمی، پۆشینی پەچە و رووپۆش و لە هەنێک لە خوێندنگە و فەرمانگە دەوڵەتییەکاندا تەنانەت لەچک و باڵاپۆشی ئیسلامیش بە یاسا یاساخ کراون.

کۆمەڵگەی ئەمڕۆی ژاپۆنی

هەر لەم بارەیەوە سەرنجێک لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆی ژاپۆنی بدەن کە یەکێکە لە پێشکەوتووترین و ژینگەپارێزترین و رەوشتبەرزترین کۆمەڵگەکانی جیهان، راستییەکە ئەمەیە کە ئەمڕۆ زۆرینەی هەرە زۆری ژاپۆنییەکان یان بێ ئایینن، یان هیچ پێوەندارییەکیان بە جێبەجێ کردنی ئەرک و فەرمانە ئایینییەکانەوە نییە، هەروەها زۆرینەیەکی زۆری ژاپۆنییەکان کاتی خۆیان بە پرسی بوون و نەبوونی خوایەکەوە بەخەرج نادەن، بەڵام ئایا ژاپۆنییەکان بەم هۆکارە و لەبەرئەوەی ئاییندار یان موسڵمان یان خواناس نیین، ئیتر مرۆڤی باش نین و خراپن یان رەوشت نزمن؟ هەروەک ئاماژەدانێک بەو پێشکەوتنە زۆرەی کە ژاپۆنییەکان لە گشت بوارەکانی پێشکەوتنی ژیانی ماددیدا پێی گەیشتوون، ئەمڕۆ لە هەموو کۆمەڵگە موسڵمان و ئیسلامییەکاندا ماڵێک یان کارگەیەک و فەرمانگەیەک و نەخۆشخانەیەک و خوێندنگەیەک و سەربازگەیەکی ئەو کۆمەڵگە موسڵمان و ئیسلامییانە نییە کە داهێنانێک و دروستکراوێکی بەرهەمی بیر و هزر و کاری ژاپۆنییەکانی تێدا نەبێت و لێی سوودمەند نەبووبن و نەبن. بەپێچەوانەی ئەمەشەوە هیچ ماڵێک یان کارگەیەک و فەرمانگەیەک و سەربازگەیەک و نەخۆشخانەیەکی ژاپۆنی نەبووە نییە کە داهێنانێک و دروستکراوێکی بیر و هزر و کار و به‌رهه‌می موسڵمانێک هه‌بوو بێت و هه‌بێت کە ژاپۆنییەک بەکاری هێنابێت و بەکاری بهێنێت و لێی سوودمەند بووبێت و لێی سوودمەند بێت.

ئایین و رەوشت

پرسیارەکە ئەمەیە کە ئایین چۆن و بۆچی سەرچاوەی رەوشت بێت لەکاتێکدا کە هەموو ئایینەکان لەلایەن پیاوانەوە داهێنراون، هەموو پەیامبەرانی ئایینەکان لە رەگەزی پیاو بوون.
تەنانەت خواپەرستی و ئایینداری یان پێچەوانەکەی، نیشانە و پێوەر نین بۆ چاکی و خراپی یان رەوشتبەرزی و رەوشتنزمی مرۆڤه‌کان.
سەرباری ئەمەش (جگە لە ئایینی زەردەشتی کە ئایینێکی ئاسمانی نییە و داهێنراوی زەردەشتی بیرمەند و فەیلەسوف و چاکەخوازە)، ئیدی ئایینەکانی تر بەچاوێکی کەم لە رەگەزی مێیینەیان روانیوە، لە ئایینە ئاسمانییەکاندا کە گوایە پەیامی خوان، بێ رێزی و سووکایەتی بە رەگەزی مێ کراوە، رەگەزی مێ بە بوونەوەرێکی کەمتر لە رەگەزی نێر پێناسە کراوە، مێ بە پاشکۆ و خزمەتکاری نێر دانراوە، ئەمە لەگەڵ دادپەروەری و رەوشتی بەرز و ویژدانی مرۆڤایەتیدا یەکناگرێتەوە. هەربۆیە ئایین هەرگیز ناتوانێت سەرچاوەی رەوشتی چاک و جوان و بەرزی مرۆڤایەتی بێت.
دەبێت ئاماژە بەم راستییەش بدەین کە لەناو هەموو پەڕتووکە ئاینییە ئاسمانییەکاندا تێکستی جوان و چاکەخوازانە هەن، بۆ نموونە فەرمان بە چاکە و نەکردنی خراپە، رێزگرتن و یارمەتیدانی دایکان و باوکان، سۆز و خۆشەویستی و میهرەبانی هەبوون بۆ منداڵانی بێ دایک و بێ باوک، ئەمانە هەموویان بیرۆکەی باشن، بەڵام ئەم بیرۆکانە پێش پەیدابوونی ئایینەکانیش هەر هەبوون، پێش پەیدابوونی ئایینەکان مرۆڤەکان ئەم ئەرک و فەرمانانەیان هەر بەجێهێناوە، یارمەتیی یەکتریان هەر داوە، نەوەکان بە سروشتی، رێزی دایک و باوکی خۆیان هەر گرتووە، خەڵک بەگشتی سۆز و خۆشەویستی و میهرەبانیان بۆ منداڵانی بێ دایک و بێ باوک هەر هەبووە، بێ هه‌بوونی ئايين و بێ ئايينداريش، رێز و سۆز و خۆشەویستی و میهرەبانی یارمەتیدان لەنێوان مرۆڤەکاندا هەر هەبووە و هەر هەیە و هەر دەبێت.
ئەگەر ئایینەکان لەناو چوارچێوەی چەمکی باشە بکە و خراپە مەکە و وەکو ئامۆژگاریی باش و چاک و مرۆڤدۆستانە بمانایەنەوە و خۆیان تێکەڵی ژیانی تایبەتیی مرۆڤەکان نەکردنایە و نەبوونایەتە سەرچاوەی یاسا و دەسەڵات و دەسەڵاتدارێتی و فەرمانکردن، سوپا و هێزی چەکداریان بۆ خۆیان دروست نەکردایە و لێبگەڕانایە کە مرۆڤەکان ئازاد بوونایە لە پەسەندکردن و پێڕەوکردنی خۆبەخشانەی هەر ئایینێکی دڵخوازی خۆیان، ژیان باشتر و خۆشتر دەبوو، ئایینداران بێ ئاژاوە و بێ شەڕ و جەنگ و بێ داگیرکاری و تاڵانکاری و کوشتوکوشتار، بە خۆشی و ئاشتی و ئارامی و ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی پێکەوە دەژیان.
جا وەک چۆن یاساکان بۆ سەردەمی خۆیان نووسراون و بۆ ئەو سەردەمە کارا و گونجاو و بەسوود بوون، بە تێپەڕبوونی رۆژگار و بە هۆکاری گۆڕانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و رۆشنبیری و فەرهەنگیی کۆمەڵگەکان، یاساکانیش کۆن دەبن و سەردەمەکەیان بەسەر دەچێت و پێویستە بگۆڕێن و دەشگۆڕێن و یاسای نوێ و سەردەمییانە و گونجاو، شوێنی یاسا کۆنبوو و بەسەرچووەکان دەگرنەوە. بەهەمان شێوە پێویستە و دەبێت هەموو ئايين و بيروباوەڕێك بەردەوام بەشێوەیەك چاكسازی گۆڕانكاريیان تێدا بكرێت كە ناوەڕۆكەكەی لەگەڵ راستيی ژيانی مرۆڤايەتيی سەردەمدا بگوجێت. پێویستە و دەبێت چاكسازی و گۆڕانکاری لە لە گشت ئەو یاسا و فەرمان و بڕگانەی ئایینەکاندا بکرێت و یاسا و فەرمانە کۆنبووە زیانبەخشەکان و بڕگە توندوتیژەکان سڕ بکرێن و چیتر کاریان پێنەکرێت. ئایینێك كه نيوەی كۆمەڵگە بە كۆيلەی نيوەكەی ديكەی بكات، دەبێت ياسا و فەرمان و بڕگە كۆنبووە زيانبەخشەكانى پێڕەو نەكرێن و بخرێنە ناو ئەرشيفی مێژووەوه.
ئايين ئامڕازه‌، ئامانج نييه‌‌. ده‌بێت ئايين له‌ خزمه‌تی مرۆڤدا بێت نه‌ک مرۆڤ له‌ خزمه‌تی ئاييندا بێت.
پێویستە ئەم راستییە هزری و فەلسەفییە لەبیرنەکەین کە تاکە پێوەر بۆ چاکی و باشی و رەوشبەرزی و مرۆڤدۆستی و ژياندۆستیی مرۆڤەکان، ئەم سێ چەمکە فەلسەفییە، جەوهەرییە، هەتاهەتاییەی مرۆڤایەتییە کە بریتییە لە:
(بیری چاک، وتەی چاک، کرداری چاک).

کۆتایی

بۆئەوەی ئەم نووسینە لەمە درێژتر نەبێتەوە، لەکۆتاییدا دەڵێین: بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی باشووری کوردستان لە داهاتوودا بە هەمان ئەزموونی کارەساتباری تاڵیبان و ئەلقاعیدەی ئەفغانستاندا نەڕوات و هەمان پاشکەوتن و چەوساندنەوە و گرتن و ئەشکەنجەدان و ماڵوێرانی و کوشتوکوشتار و بەکۆیلەکردنی کچان و ژنانی کوردستانی لێنەکەوێتەوە، داوا لە دەسەڵاتدارانی دەسەڵاتی باشووری کوردستان دەکەین یان سنوورێک بۆ رەوتی ئیسلامی سیاسی دابنێن، یان ئەگەر لەتوانایاندایە و ئازایەتی و بوێریی ئەوەیان هەیە، هەوڵ بدەن بە زووترین کاتی گونجاو بە یاسا هەموو باند و گروپە ئیسلامییە سیاسییەکانی باشووری کوردستان هەڵبوەشێننەوە و هەموو جۆرە کار و چالاکییەکی رەوتی ئیسلامی سیاسی لەناو کۆمەڵگەی باشووری کوردستاندا یاساخ بکەن. جگە لەمەش پێویستە و دەبێت لایەنە پێوەندیدارەکان کۆنتڕۆڵی وتاردانی مەلاکان و بانگخوازە ئیسلامییە سیاسییەکان بکەن و رێگە نەدەن ئەو مەلا و بانگخوازانە لەسەر سەکۆی مزگەوتەکان و لە بۆنەکاندا و لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە خواستی دوژمنانی کورد و داگیرکەرانی کوردستان و هەروەها بە ئارەزووی خۆیان چی بەسەر دەمیاندا بێت بیڵێن و چییان بوێت بینووسن و بڵاوی بکەنەوە، هه‌ڕه‌شه‌ له‌ کچان و ژنان و رۆشنبيران و نووسه‌ران و رەخنه‌گران بکه‌ن، فه‌توای کوشتن و وڵاتبه‌ده‌رکردنيان بده‌ن، بە ئارەزووی خۆیان چییان بوێت، بیکەن و بۆيان بچێته‌سه‌ر؟.


چەند پەیڤێکی پێوەندیدار بەم بابەتەوە لە پەڕتووکی (روانگەکان)ەوە :

١

تۆڵەی شەرەف
چەمكی نامۆ و نەفرەتی و ترسناكی ‌(تۆڵەی شەرەف)، یەكێ لە كارەساتبارترین چەمكە هاوردەكراوەكانی ناو عەرەب و ئیسلامه بۆ كوردستان كە بەردەوام كچان و ژنان – خوشكان و دایكانمان باجەكەی دەدەن.

٢

جەستەی مرۆڤ

  • هەموو مرۆڤێك، خۆی خاوەنی جەستەی خۆيەتی.
  • جەستەی گشت بوونەوەرانی گۆی زەوی، نە شەرمە، نە شانازيه، خوا، سروشت، يان رێكەو‌ت، بەو شێوەيە ئافەريدەی كردوون. ئيتر هيچ بڕوادار و دەسەڵاتدارێك، بەناوی خۆيان و خوا و ئايين و ئايينزا‌وە، ئەو مافەيان نييە، خواستی تايبەتيی خۆيان بەسەر شێوازی نيشاندانی ئەو جەستەيەدا بسەپێنن.
  • هەموو مرۆڤێك بە رووتی لەدایك دەبێت، ئەگەر جەستە شەرم بووایە، خوا مرۆڤی بە پۆشتەیی دروست دەکرد.
  • ئەگەر دەركەوتنی جەستەی مرۆڤ نەنگی بێت، كەواتە خوا بە نەنگییەوه مرۆڤی دروست كردووە.
  • پرچی مێیینە هیچ جۆرە پێوەنددارییەکی بە رەوشتەوە نییە.
  • ئابڕوومەنديی مرۆڤ، لە خۆپێچانەوە و شاردنەوەی جەستە‌یدا نييە، بەڵكو لە بيری چاك و وتەی چاك و كرداری چاكی دايە‌.

٣

هۆكارە سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی رەوتی ئیسلامی سیاسی
١- رووخانی خیلافەتی ئیسلامیی تورکە عوسمانییەكان.
٢- سەرنەکەوتنی رەوتی ناسیۆنالیزمی عەرەبی: ناسریزم و بەعسیزم.
٣- رووخانی دەسەڵاتی بنەماڵەی پەهلەوی و سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی لە ئێران.
٤- ململانێی نێوان هەردوو ئۆردوگای سەرمایەداری و سۆسیالیزم: ئەمەریکا و ئەوروپای رۆژئاوا و یەکێتیی سۆڤێت و وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات.
٥- هێرشی سوپای سووری سۆڤێتی بۆسەر ئەفغانستان.
٦- رووخانی یەكێتیی سۆڤێت و سەرنەكەوتنی سیستمی سۆسیالیزم و كۆمۆنیزم.
٧- شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق.
٨- رووخانی دەوڵەتی عێراق و دروستبوونی كەشوهەوایەكی ئازادانە و دیمۆكراسییانە لە عێراق و باشووری كوردستاندا بۆ گەشەكردنی رەوتی ئیسلامی سیاسی.
٩- دژایەتی و دوژمنایەتی و شەڕی یەكتر كوشتنی پارتی و یەكێتی كە باند و گروپە ئیسلامییە سیاسییەکانی باشووری کوردستان زۆر لێی سوودمەند بوون.

٤

ئيسلامی سياسی لە باشووری كوردستاندا بەرهەمی سێ هۆكارە
يەكەم: دوژمنانی كورد و داگيركەرانی كوردستان بۆ دوژمنايەتی كردنی كورد و بزووتنەوەی ئازاديخوازی كوردايەتی و رێگەگرتن لە دروست بوونی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان و بەعەرەبكردن و تواندنەوەى كورد، دروستیان كردوون.
دووهەم: بە هۆی شەڕی ناوخۆی كوردستانە‌وە گەشەيان كردووە و بەهێز بوون، پارتی دژی يەكێتی كۆمەكی هەندێكيانی كرد و يەكێتی دژی پارتی كۆمەكی هەندێكی ديكەيانی ‌كرد. ئيسلامييە سياسييەكان توانيان زۆر سوود لە دژایەتی و دوژمنایەتی و شەڕی يەكتر كوشتنی پارتی و يەكێتی وەربگرن. ئيسلامييه سياسييەكان ئەو ئاژاوە ناوخۆییەیان بۆ‌ بەرژەوەندييەكانی خۆيان بەكار هێنا و ئێستايش ئەو سوود وەرگرتن و بەكارهێنانە هەر بەردەوامه.
سێهەم: بەهۆی ئەو پاشاگەردانييەی كە ناونراوە ئازاديی بيروڕا و ئازادیی چالاكيی سياسی و بەهۆی ئەو سيستمە ديمۆكراسييە ناتەندروستەوە كە لە باشووری كوردستاندا بە هەڵە جێبەجێ كراوە و دەكرێت، ئيسلامييە سياسييەكان تێیدا گەشەيان كرد و توانيان لەو بارودۆخە پاشاگەردانييەدا زۆرترين جەماوەر بۆ خۆيان دروست بكەن و ئەم رەوتە ناسروشتييە ئێستايش هەر بەردەوامه.
ئیسلامییە سیاسییەکانی كورد لە هەر شوێنێك بن، بەرژەوەندییەكانی دوژمنانی كورد و داگیركەرانی كوردستان، لەو شوێنەدا پارێزراوە.

٥

هەر ئیسلامییەکی سیاسی، داعشێکی خۆمەڵاسداوە بۆ کاژێری سفر .
ساڵانی هه‌شتاکان ئه‌وکاته‌ی که‌ ورده‌ ورده‌ گروپ و که‌سانی ئيسلاميی سياسی به‌ کۆمه‌ک و پشتيوانيی ئيتڵاعاتی ئێران و ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بييه‌ شۆفێنيسته‌کانی ناوچه‌که‌ و تورکه‌ تۆرانييه‌کان، ده‌نگ و ره‌نگی ئيسلاميی سياسيی په‌يدا ده‌بوو، هێشتا زۆر به‌‌هێز نه‌بوون و په‌ره‌يان نه‌سه‌ندبوو، ئه‌و کاته‌ هاوبيرانی نه‌ته‌وه‌يی هاواريان له پارتی و يه‌کێتی ده‌کرد و به‌ زمانێکی ساده‌ و پڕ خه‌مخۆری و پاڕانه‌وه‌ پێيان ده‌گوتن، تکايه‌ و ده‌ستمان به‌ دامێنتان، مه‌هێڵن ئه‌و‌ گروپ و که‌سه‌ ئيسلامييه‌ سياسييانه‌ گه‌شه ‌بکه‌ن و به‌هێزبن، مه‌هێڵن ئه‌مانه‌ هێزی چه‌کداريان‌ له‌ کوردستاندا هه‌بێت، مه‌هێڵن ئه‌وا‌‌نه‌ به‌ئاره‌زووی دوژمنانی کورد و ده‌وڵه‌ته‌ داگيرکه‌ره‌کانی کوردستان، چالاکی بکه‌ن و پێوه‌نديی به‌م ده‌وڵه‌ت و به‌و ده‌وڵه‌ته‌وه‌ بکه‌ن، مه‌هێڵن ئه‌و‌ ميکرۆب و ڤايرۆسانه‌ له‌ جه‌سته‌ی کورد و بزووتنه‌وه‌ی کوردايه‌تيدا بڵاوببنه‌وه‌ و خۆيان به‌هێز بکه‌ن، مه‌هێڵن ئه‌و‌ ده‌سته‌ ره‌شه‌ دروستکراوانه لاوان و خه‌ڵکه‌ هه‌ژار و ساده‌ و ساکاره‌که‌ی کوردستان بخه‌ڵه‌تێن و فريويان بده‌ن و به‌لای خۆياندا رايانبکێشن، مه‌هێڵن به‌ ناوی ئاينی ئيسلاميی عه‌ره‌بييه‌وه‌ کوردستان و فه‌رهه‌نگی ره‌سه‌نی کورده‌واری ئه‌نفال بکه‌ن و عه‌ره‌بچێتی و ته‌عريبچێتی و ئيسلامچێتی بکه‌ن، بەڵام به‌داخه‌وه‌ که‌س گوێی له‌ هاوار و پاڕانه‌وه‌ی دڵسۆزانه‌ی هاوبيرانی نه‌ته‌وه‌يی نه‌گرت تا وای لێهات له‌ هه‌ورامان کچان و ژنان له‌ ماڵه‌کانی خۆيشياندا نه‌يانده‌توانی بێ له‌چک و بێ باڵاپۆشی ناشارستانييانه‌ی ئيسلاميی عه‌رەبی به‌سه‌ربه‌ستی بژين. لێره‌دا ده‌بێ بڵێين ماڵی سوپا به‌هێزه‌که‌ی ئه‌مه‌ريکا ئاوا بێت که‌ توانی به‌ زه‌بری سه‌ربازييانه هه‌ر له‌ ئاسمانه‌وه‌ کۆتاييان پێبهێنيت. بێگومان ئه‌گه‌ر ئه‌و هێرش و هه‌ڵمه‌ته‌ سه‌ربازييانه‌ی ئه‌مه‌ريکييه‌کان نه‌بووايه‌، ئێستا ئيسلامييه‌کان له‌ هه‌ورامان و ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ريدا هه‌ر باڵاده‌ست بوون و به‌ره‌و شاری سلێمانيش هێرشيان د‌ه‌هێنا. راستییەکە ئەوەیە کە ئێران به‌ هه‌موو شێوه‌يه‌ک بۆ شێواندی باشووری کوردستان، هه‌موو کۆمه‌ک و پشتيوانييه‌کی ده‌کردن. هه‌زاران جار ماڵی ئه‌مه‌ريکييه‌کان ئاوابێت و زۆر سوپاس بۆ ئه‌وان که‌ ئه‌و گورزه‌ کوشندانه‌يان لێوه‌شاندن و له‌ هه‌ورامان کۆتاييان پێهێنان.
هاوبيرانی نه‌ته‌وه‌يی هاواريان ده‌کرد و ده‌پاڕانه‌وه‌ و‌ ده‌يانوت بيکه‌ن به‌ خاتری کورد و کوردستان، بيکه‌ن به‌خارتی خوا و ويژدانی مرۆڤايه‌تی، کۆمه‌کی ئه‌و‌ گروپ و که‌سه‌ ئيسلاميييه‌ سياسييانه‌ مه‌که‌ن. هاوبیران ده‌يانوت ئه‌و‌ ئيسلامييه‌ سياسييانه‌ له‌ سه‌ددام و به‌عسييه‌ فاشيسته‌کان و ده‌وڵه‌تی داگيرکه‌ری ئێراق مه‌ترسيدارترن بۆ سه‌ر ئاساييشی نه‌ته‌وه‌يی و نيشتمانيی کورد و کوردستان، ئه‌مانه‌ زۆر به‌ئاسانی له‌ رێگای ئايينی ئيسلامی عه‌ره‌بييه‌وه‌ ده‌توانن خه‌‌ڵکه‌ ساده‌ و ساکار و نه‌خوێنه‌واره‌که‌ی کوردستان فريوبده‌ن و هه‌ڵيان بخه‌ڵه‌تێنن و بيانکه‌ن به‌ دوژمنی کوردايه‌تی، بيان که‌ن به‌ دوژمنی که‌لوپه‌لی ره‌سه‌ن و جوانی کورده‌واری، بيانکه‌ن به‌ دوژمنی مارشی نه‌ته‌وه‌يی و نيشتمانيی کوردستان، بیانکەن به‌ دوژمنی ئه‌ی ره‌قيب، بيانکەن به‌ دوژمنی بيروباو‌ڕی پيرۆزی کوردايه‌تی، بيانکه‌ن به‌ دوژمی هه‌موو شتێکی کورد کوردايه‌تی. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ که‌س گوێی له‌ هاوبيرانی نه‌ته‌وه‌يی نه‌گرت، بەداخەوە يه‌کێتی و پارتی له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌نديی ته‌سکی خۆياندا دژی يه‌کتر هه‌ر يه‌که‌يان کۆمه‌ک و پشتيوانييان له ‌يه‌کێک يان چه‌ند لايه‌نێکی ئيسلاميی سايسيی ده‌کرد، پاره‌يه‌کی زۆر و بێئه‌ندازه‌يان به‌سه‌ردا هه‌ڵده‌ڕشتن، ئه‌مڕۆش له‌ بوودجه‌ی هه‌ژارانی کورد و کردستان، چه‌ندين که‌ناڵی ته‌له‌فيزيۆنی و راديۆ و گۆڤار و رۆژنامه‌يان بۆ دامه‌زراندوون، مانگانه به‌ناوی بودجه‌ی حيزبييه‌وه‌ پاره‌يه‌کی زۆريان ده‌ده‌نێ و به‌ هه‌زاران که‌سی ئيسلاميی سياسييان هه‌ر له‌سه‌ر بوودجه‌ی خه‌ڵکی کوردستان خانه‌نشين کردوون و مووچه‌ی موفتيان ده‌ده‌نێ. هه‌ر به‌ پاره‌ و کۆمه‌ک و کارئاسانی کردنی ده‌سه‌ڵاتی باشووری کوردستان، ئه‌م گروپه‌ ئيسلامييه‌ سياسييه‌ به‌کرێگيراوانه‌ی ره‌گه‌زپه‌رسته‌کانی تورک و عه‌ره‌ب و فارس، به‌ سه‌دان ماڵپه‌ڕ و بڵاوکراوه‌ی جۆراوجۆيان دامه‌زراندوه و له‌م رێگايانه‌وه‌ و به‌هۆی ئه‌م ده‌ستاوێژانه‌وه‌ پڕوپاگه‌نده‌ بۆ ئيسلامچێتی و بۆ به‌رژه‌وه‌ندييه‌ گڵاو و ناڕه‌واکانی دوژمنانی کورد و داگيرکه‌رانی کوردستان ده‌که‌ن.

٦

ئيسلامی سياسی و عروبه
بە گريمانەيەك، ئەگەر سەدام زيندوو ببێتەوە و بەعسييەكان ديسانەوە دەسەڵات بگرنەوە دەست، ئەمجارەيان بۆ بەعەرەب كردن، يان لەناوبردنی كوردی باشوور، زەبروزەنگ و باروت و ئاسن و كيميايی بەكار ناهێنن و سوپا و هێزه چەكدارەكانی جارانيان نانێرنەوە بۆ داگيركردنەوەی كوردستان، بەڵكو ئەم شتانە دەكەن: چەند باند و گروپێكی ديكەی ئيسلامی سياسيی كوردى دورست دەكەن و ئەو خەرجييانەی كە پێشتر لە كورد و كوردستاندا بە كاريان دە‌هێنا، ئەمجارەيان بەشێكی مزگەوتی زۆرتری پێ دروست دەكەن و بەشەكەی تريشی دەدەن بە ئيسلامييە سياسييەكان، بەم شێوە‌يە بەبێ ئەوەی خۆيان ماندوو بكەن و كات و وزە و توانای خۆيان بەكار بهێنن و يان يەك بەعسی و يەك سەربازی عەرەب بەكوشت بدەن،‌ بە ئامانجە ناڕەواكانيان دەگەن و هەموو كوردی باشوور دەكەنە‌ موسڵمانی خزمەتكاری عەرەب و عروبە.

٧

باشووری كوردستان، سەيرانگە و تەمەڵخانەی ئيسلامييە سياسييەكانە.
ئيسلامييە سياسييەكان لە بزووتنەوەی رزگاريخوازی كوردستاندا خاوەنی هيچ خەبات و رابووردوو و شانازييەك نە بوون و نين. ئەوانە هاتوونەتە سەر سفرەی ئامادەكراو و لە بارودۆخی ئازادی و دیمۆكراسيی باشووری كوردستاندا، ئەمان سوودمەنترين و بەختەوەرينن و ژێربەژێريش بەرنامەی دوژمنانی كورد و داگيركەرانی كوردستان جێبەجێ دەكەن و بە هاوكاری و كۆمەكى ئەوان، كار بۆ پاشكەوتن و گەوجاندن و بە ئیسلام کردن و بەعەرەبكردنى كۆمەڵگەی كوردەواری دەكەن.
باشووری كوردستان بۆ باند و گروپە ئيسلامييە سياسييەكان و مەلا و بانگخواز و ئەندام و لايەنگرە مووچەخۆرەكانيان بووە بە سەیرانگە و تەمەڵخانە. نە كار دەكەن، نە ماندوو دەبن، نە هيچ بەرهەميێكان بۆ كۆمەڵگە هەيە، بەڵام لەلايەن دەسەڵاتی كورتبينی كوردييەوە، بوودجەيەكی زۆريان بۆ بڕاوەتەوە و خاوەنی چەندين كەناڵی تی ڤی و راديۆ و بنە و بارەگا و گۆڤار و رۆژنامە و ماڵپەڕی ئەلەكترۆنين، كە هەموو ئەم ئامڕاز و دەستاوێژانە بۆ ئيسلامچێتی و ئيخوانچێتی و تۆرانيچێتی و تەعريبچێتی و گەوجاندی كۆمەڵگەی كوردستان بەكار دە‌هێنن.
هەتا ئێستا ئيسلامييە سياسييانەكان نە چەكدارێكيان، نە ئەندامێكيان نە بەرپرسێكيان، بەرەكانی شەڕی دژ بە لەشكری داعشی ئيسلامييان بە خەويش نەبينوە، تەنانەت، يەك دڵۆپ فرمێسك و خوێنيان بۆ كورد و كوردستان لێنەڕژاوە. بەڕاستی خوا بۆی داون، لەسەر بوودجەی هەژارانی ميللەت بوون بەخاوەنی هەموو شتێكی خۆيان، هەر دەخۆن و دەخۆنەوە و لە پشووی ژيان و خۆشگوزەرانيدا، بێ خەم و بێ باك، پاڵی هەميشەييان لێداوەتەوه.
ئەرێ بەراست بۆ هيچ كەس و هيچ لايەنێك له دەسەڵاتی سياسيی كوردی و له ‌سەرانی پارتی و يەكێتی و گۆڕان ناپرسن: بوونی ئەو کەس و باند و گروپه ئيسلامييە سياسييە دروستكراو و بەكرێگيراوانە جگە لە مشەخۆری و زيانداری و دواخستنی كورد و كوردستان، چ سوودێكيان هەيه!؟
بەرەو ياساخ كردنی رەوتی ئيسلامی سياسی لە باشووری كوردستان .

٨

بورقا و نیقاب
بورقا و نیقاب، ئەم مۆدێله‌ جلوبەرگه ئيسلامييە سياسييە كاره‌ساتاوییانه‌، به‌ڕێوه‌ن بۆ باشووری كوردستان، هیچ پێتان سه‌یر نه‌بێت و به‌ گاڵه‌ته‌ش وه‌ریمه‌گرن، مۆدێلی بورقا و نیقابی تاڵیبان، له‌مێژه‌ له‌لایه‌ن ئیسلامییه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ بانگهێشتن كراوه‌ و كاری بۆ ده‌كرێت، به‌ڵام جارێ كاتی نه‌هاتووه‌ و تا ئێستا بۆیان نه‌لواوه‌ بیسه‌پێنن

٩

بیری چاك، وتەی چاك، کرداری چاك.
زەردەشت

رزگار كردنی ژيانی مرۆڤێك بەنرخترە لە دروست كردنی پەرستگايەك.
كۆنفوشيۆس

هەموو پەيامبەرە چەكدارەكان سەركەوتنيان بەدەستهێناوە، پە‌يامبەره بێ چەکەكان، دووچاری تێکشكان بوونەتەوە.
نيكۆڵۆ مەكياڤيللی

من پێويستم بەوە نييە كە بە هۆی هەڕەشەی دۆزەخەوە بەڕەوشت بم.
بێرتراند رەسەڵ

پیاوانی سیاسی به‌ به‌ڵێنی خۆشکردنی ژیانی ئێره‌ و پیاوانی ئاینیش به‌ به‌ڵێنی ژیانی ئه‌ولا، گه‌وره‌ترین جه‌هه‌ننه‌میان بۆ خوڵقاندوین.
مه‌سعوود محه‌مه‌د

ئەگەر ئافرەتێك بە ڕوتی بەسەر شەقامێكدا رابكات، شارێك لە پیاوان دوای دەكەون، بەڵام ئەگەر پێیان بڵێی وا شارێك دەسوتێت، هەموویان پاساوێك دەهێننەوە كە توانای راكردنیان نیە!
ئۆریانا فالاچی

ئەگەر لە عەرەبستان لەدایك بوویت، دەبیت بە موسڵمان!
ئەگەر لە هیندستان لەدایك بوویت، دەبيت بە هیندوسى!
ئەگەر لە ئەمریكا لەدایك بوویت، دەبيت بە مەسیحی!
دینی ئێوە، بەس جەبری جوگرافیای لەدایك بوونتانە و شوێنی لەدایك بوونتان ئایینتان دیاری دەكات نەك بیركردنەوە و لێكۆڵینەوە لەسەر ئایینەكان!
زانای زیندەوەرزانی و گیانداران و شارەزا لەئايینەكان :
ریچارد داوكینز


تێبینی: بۆ نووسینی ئەم نووسراوە نەگەڕاومەتەوە بۆ سەرچاوەکان و تێکستەکانی پێوەندیدار بەم بپرسەوە، بەڵکو تەنها پشتم بە تێگەیشتن و سەرنج و بۆچوونەکانی خۆم بەستووە.

  • هەموو کەس و لایەنێک و پێگەیەکی میدیایی دڵسۆزی کوردایەتی و خەمخۆری ئازادییە دیموکراسییەکان و مافە مرۆییە رەواکانی مێیینەکان، دەتوانن ئەم نووسینە بەبێ دەستکاری و وەکو خۆی، بڵاوی بکەنەوە.

25-12-2025




به‌ختی ڕه‌ش یـا كـۆمه‌ڵی چه‌وت*-2-.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

              

چه‌ند وێستگه‌یه‌كی كورت له‌ ڕۆژگاره‌كانی دوای كۆربوونه‌وه‌ی (ئاگردان)ێـكی دی

نه‌ژاد عزیز سورمێ
به‌شی دووه‌م

ڕوونـكردنه‌وه‌
ویستم خوێنه‌ر له‌وه‌ باخه‌به‌ر بكه‌م كه‌ ئه‌م نووسینه‌ نه‌ بیره‌وه‌ریه‌ و نه‌ یادداشتنامه‌، به‌و مانایه‌ی‌ ده‌خوازێ له‌م دوو ژانره‌دا هه‌بن ..
ته‌نیا نووسینێكه‌ به‌ داوا و جه‌ختی چه‌ند جاره‌ی هه‌ر دوو دۆستم (نیعمه‌ت عه‌بدوڵا و تاریق جامباز)وه‌ ‌ بۆ پرۆژه‌یه‌ك نووسراوه تایبه‌ت به‌‌ تۆماركردن و دیكۆمێنتـكردنی نه‌فیكراوانی كوردستان دوای نسكۆی ساڵی 1975 كه‌ له‌ دووتوێی كتێبێـكدا به‌م دواییه‌ به‌شی یه‌كه‌مییان لێ بڵاو كرده‌وه‌.
هیوادارم له‌م قاوخه‌دا بخوێنرێته‌وه‌.
له‌باره‌ی تایتڵی سه‌ره‌كی نووسینه‌كه‌یشه‌وه‌(به‌ختی ڕه‌ش یا كۆمه‌ڵی چه‌وت)
وه‌ك له‌ په‌راوێزیشدا ئاماژه‌ی پێدراوه‌، ئه‌وه‌ ناوونیشانی یادداشتنامه‌ی
باوكم بووكه‌ نزیكه‌ی 900 و قسوور لاپه‌ڕه‌ی فۆڵسكابی ده‌ستنووس ده‌بوو
به‌ داخه‌وه‌ به‌ هۆی بۆمبابارانی خانوو و ماڵمان(ناوه‌ڕاستی ساڵی 1974 )
به‌ فڕۆكه‌كانی سوپای عیراق له‌ گه‌ڵاڵه‌ تیاچوو.

زۆری نه‌برد ئاوا ماوه‌ی حه‌فته‌یه‌ك یان ده‌ ڕۆژ ئێمه‌ كه‌ ڕۆژانه‌ ده‌هاتینه‌ كه‌ربه‌لا و له‌چایخانه‌ له‌گه‌ڵ براده‌رانی دانیشتووی ناو شار داده‌نیشتین و چه‌ندین جار چووینه‌ ئه‌و شووقه‌یه‌ی نیعمه‌ت عه‌بدوڵڵا و ئه‌وانی لێ بوو، وای لێهات خه‌ڵكی دیكه‌شمان دیته‌وه‌، له‌وانه‌ دۆستی دێرینم هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن گه‌رمیانی كه‌ مامۆستا بوو له‌ئاماده‌یی كشتوكاڵ و هه‌روه‌ها سه‌ید داوود كه‌ ده‌رچووی كۆلیژی قانوون بوو و هه‌روه‌ها نزار ڕه‌حمه‌توڵڵا كه‌ ئه‌فسه‌ر بوو و نه‌قلی وه‌زیفه‌یه‌كی مه‌ده‌نی كرابوو چه‌ندانی دیكه‌ی خه‌ڵكی سلێمانی و هه‌ولێر و كه‌ركووك كه‌ بۆ جاری یه‌كه‌م ناسیمانن و غه‌ریبایه‌تی ورده‌ ورده‌ لێكی نزیك كردینه‌وه‌.
خۆی ڕاسته‌ شتی به‌زۆر و قه‌ول شكاندن و درۆ له‌گه‌ڵ كردن ناخۆش بوو ، كه‌ ئێمه‌ی هه‌ڵدایه‌ ئه‌و شوێنه‌ و هی تریش بۆ شاره‌كانی دی ، به‌ڵام نای شارمه‌وه‌ له‌دوایدا پاش چه‌ندان ساڵ كه‌ مه‌ینه‌تی خراپتر و وێرانتر به‌سه‌ر نیشتمان و گه‌له‌كه‌ماندا هات له‌ئه‌نفال كردن و به‌كیماوی لێدان و پاشان كاره‌ساته‌ تراژیكومییدیه‌كانی دوای ڕاپه‌ڕین…. ئێمه‌ ئه‌وسا كه‌ هێشتا ئومێدمان به‌ ئاینده‌ هه‌بوو به‌به‌راورد، له‌نیمچه‌ به‌هه‌شتێكدا بووین…
ده‌ ڕۆژی نه‌برد پاش پڕكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر هه‌موومان هه‌ر یه‌كه‌مانیان له‌فه‌رمانگه‌یه‌ك دامه‌زراند، من كه‌ ئه‌وسا ده‌رچووی سێی ناوه‌ندی بووم ( چونكه‌ خوێندی ئێرانێم بۆ حساب نه‌كرا ده‌نا من به‌ حه‌قیقی له‌وێ گه‌یشتبوومه‌ پۆلی پێنجه‌می ئاماده‌یی ) ، به‌(كرێكاری ناشاره‌زا – عامل غیر ماهر) له‌گه‌راجی (مه‌سڵه‌حه‌ی نه‌قلی ڕووكاب) دامه‌زرام .
ڕاستی به‌هۆی شایه‌دنامه‌كه‌مه‌وه‌ ته‌نیا من به‌كرێكار دامه‌زرام ، براده‌رانی له‌گه‌ڵم بوون ، هه‌موویان به‌فه‌رمانبه‌ر ، ئه‌وه‌ی عه‌سكه‌ریش بووایه‌ ده‌یانهێنایه‌ سه‌ر میلاكی مه‌ده‌نی و به‌فه‌رمانبه‌ر دایانده‌مه‌زراند، وه‌ك به‌نموونه‌ ملازم شوان (عبدولئیلاه‌ احمد) كه‌ ده‌رچووی كۆلیژی سه‌ربازی بوو هێنایانه‌ سه‌ر میلاكی مه‌ده‌نی… من له‌فه‌رمانه‌كه‌مدا وه‌ك كرێكار زۆر ماندوویان ده‌كردم له‌و شوێنه‌ ڕۆژانه‌ پێنج تا شه‌ش ئامانه‌ (پاس)ی گه‌وره‌یان پێ ده‌شووشتم و پاك ده‌كرده‌وه‌ ، ده‌وامێكی زۆر، معاشێكی كه‌م ته‌واو هیلاكیان كردم ، به‌رپرسی گه‌راج تا بڵێی كابرایه‌كی تڕوهات و خۆبه‌زلزانی توند بوو نه‌ك هه‌ر له‌گه‌ڵ من به‌ته‌نیا ، له‌گه‌ڵ هه‌موو كرێكاره‌كان وابوو.
باره‌كه‌ وا ڕۆیشت ، ئێواران كه‌ ده‌گه‌ڕامه‌وه‌ ئوتێل ، چونكه‌ ئێمه‌ پاش دامه‌زراندن ڕێگه‌یان پێداین بێینه‌ ناو شار، هه‌بوون چوونه‌ شووقه‌ هه‌شبوو چووه‌ ئوتێل ، من له‌ئوتێلی (شه‌یبانی) بووم” ئوتێلێكی بێ پله‌ بوو له‌لاكۆڵانێك ، هه‌ندێ كوردی تریشی لێ بوو، ئێواران به‌جه‌سته‌یه‌كی ماندوو ده‌گه‌ڕامه‌وه‌ نانێكی هاكه‌زایم له‌چێشتخانه‌یه‌كی نزیك ئوتێل ده‌خوارد و ده‌چوومه‌وه‌ ئوتێل ، ئیتر تا وه‌ختی خه‌وتن لای من باس هه‌ر باسی ئه‌و كابرای به‌رپرسی گه‌راجی پاسان بوو ، كه‌ چۆن ڕێگه‌چاره‌یه‌ك بدۆزمه‌وه‌ نه‌قلی شوێنێكی ترم بكه‌ن…
ئیتر كرێكاری ناشاره‌زای ئه‌وسا ، خۆی چی و به‌نه‌قل چی له‌مه‌سه‌له‌كه‌ ده‌گۆڕێ ، به‌ڵام من هه‌میشه‌ وام لێك ده‌دایه‌وه‌ بچمه‌ هه‌ر شوێنێك باوه‌ڕ ناكه‌م به‌رپرسه‌كه‌ی وه‌ك به‌رپرسی گه‌راجی (ئامانان‌) پاسان بێ ، ئه‌وه‌ها دڵڕه‌ق و خۆپه‌رست و خۆبه‌زلزان و تڕوهات. به‌و جۆره‌ مامه‌وه‌ ڕۆژانه‌ به‌تایبه‌تی به‌ نیعمه‌ت و ملازم شوانم ده‌گوت ، چ ده‌بێ ئه‌گه‌ر ده‌وام نه‌كه‌م ، ئه‌وانیش هه‌موو جارێ به‌وه‌ ساردیان ده‌كردمه‌وه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كی دی سه‌بر بگرم تا بزانین به‌ڵكو ده‌روویه‌ك بكرێته‌وه‌ و بمان گه‌ڕێننه‌وه‌ كوردستان.
منیش ده‌مگوت وایه‌ (ئه‌گه‌ر له‌من نه‌ده‌ن له‌حه‌مه‌دی برا بده‌ن ، له‌من وایه‌ له‌جه‌واڵی كایێ ده‌ده‌ن) ، ئه‌وان جێیان له‌چاو جێی من خۆش بوو، چاره‌كی منیش ماندوو نه‌بوون به‌پاس شوشتنێ ، به‌و جۆره‌ هه‌فته‌ و مانگ تێپه‌ڕین تا ڕۆژێ وه‌ك خدری زینده‌ پارێزگارمان لێ په‌یدا بوو ، هه‌مان پارێزگار كه‌منی له‌گه‌ڵ د.سه‌عدی بینی بوو ئه‌وه‌ی وه‌ك ده‌ڵێن له‌خانووه‌ قوڕه‌كانی عوتێشی به‌سه‌ردانی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی فه‌رمانگه‌كان هاتبوو…
ئێمه‌، كرێكاره‌كانیان كۆكرده‌وه ‌، هه‌موومان جلوبه‌رگی كارمان له‌به‌ر بوو كه‌ بریتی بوو له‌به‌دله‌یه‌كی مۆر، جزمه‌یه‌كی لاستیقی تا چۆكان ، پارێزگار دایه‌ره‌كه‌ی هه‌موو به‌سه‌ر كرده‌وه‌ ، كابرای به‌رپرس له‌پێش پارێزگار نه‌وعێكی تر بوو، ئه‌وه‌ نه‌بوو كه‌ غه‌دری له‌ ئێمه‌ ده‌كرد و ڕۆژانه‌ هه‌ركرێكارێكی لانی كه‌م چوار پاسی پێ ده‌شووشت، پارێزگار زۆر نه‌مایه‌وه ‌، خۆی هه‌ر دایه‌ره‌كه‌ش گه‌راجی پاسی مه‌سڵه‌حه‌ هه‌ر بایی ئه‌وه‌نده‌ بوو ، من هه‌ر له‌فكری خۆمدا بووم ، پێی بلێم پێی نه‌ڵێم ، دواجار جورئه‌تم دایه‌ به‌رخۆم و كۆنه‌ هه‌وییه‌كی ڕۆژنامه‌ی (التاخی)م پێ بوو ده‌رم هێنا و له‌ده‌ستم گرت و به‌ره‌و ڕووی پارێزگار كه‌ تازه‌ خه‌ریك بوو خواحافیزی ده‌كرد بڕوا وتم ( ئوستاز … العفو) مامۆستا ببوورن…ئاوڕی دایه‌وه‌ پێشه‌كی به‌بیرم هێنایه‌وه‌ كه‌ من له‌گه‌ڵ جه‌ماعه‌تی د. سه‌عدی غه‌ریبین ( من الاكراد العائدین) ئه‌وه‌ ناوه‌ ڕسمییه‌كه‌مان بوو ، یه‌كسه‌ر وتی (تفه‌زه‌ڵ ئیبنی) فه‌رموو ڕۆڵه‌ ، وتم ئوستاز ڕاستی من كاتی خۆی ڕۆژنامه‌نووس بووم له‌ ڕۆژنامه‌ی (التاخی) ئێستاش پێمخۆشه‌ جه‌نابت لوتف بكه‌ن به‌ڵكو لێره‌ نه‌قلم بكه‌ن ، یه‌كسه‌ر وتی باشه‌ ، ئه‌و ڕۆژه‌ پێنج شه‌ممه‌یه‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ وه‌ره‌ پارێزگا ، وتم ئه‌گه‌ر وه‌رقه‌یه‌كم بده‌نێ نه‌بادا‌ نه‌هێڵن. به‌كه‌سێكی كه‌ له‌گه‌ڵی بوو وت وه‌رقه‌یه‌كی بده‌یێ وابزانم سكرتێری بوو… ئه‌ویش ده‌ست به‌جێ وه‌رقه‌ی بۆ نووسیم پاش ئه‌وه‌ی ناوی سێینه‌ی لێ پرسیم.
پارێزگار ڕۆیشت، ئینجا ما كابرای كه‌لله‌ بۆره ‌، به‌رپرسی گه‌راج لێم ده‌ر بووه‌وه‌، تۆ چۆن به‌بێ پرسی من قسه‌ له‌گه‌ڵ سه‌یدولمحافیز ده‌كه‌ی و شتی له‌و بابه‌ته‌ ، ئێواره‌ پاش ده‌وام براده‌رانم بینی و مه‌سه‌له‌كه‌م بۆ گێڕانه‌وه‌ و ڕاوێژم پێ كردن كه‌ دوو سبه‌ی شه‌ممه‌ چی بكه‌م و چی بڵێم باشه ‌، به‌هه‌ر حاڵ شه‌ممه‌ چوومه‌ پرسگه‌ی پارێزگار و كاغه‌زه‌كه‌م پیشاندان یه‌كسه‌ر منیان نارده‌ لای یاریده‌ری پارێزگار…
هه‌ر لای سكرتێره‌كه‌ی ئه‌وه‌ی لێ پرسیم كه‌ تا چه‌ندت خوێندووه‌ ، كه‌ی له‌ئێران گه‌ڕایته‌وه‌ و شتی له‌و بابه‌ته‌، من ئه‌وسا وه‌ك وتم سێی ناوه‌ندیم ته‌واو كردبوو، بوو بووم به‌چواری ئاماده‌یی كابرای سكرتێری یاریده‌ری پارێزگا بۆ كاروباری ناوخۆ كه‌ ئه‌وسا ئیداره‌ی محه‌لییان پێ ده‌گوت و گه‌راجه‌كه‌ی پاسانیش سه‌ر به‌وێ بوو.
سكرتێر چووه‌ ژووره‌وه‌ پاش ئاوا چاره‌گێك بیست ده‌قه‌ هاته‌وه‌ جێی خۆی و وه‌ره‌قه‌یه‌كی دامێ و وتی بیبه‌ بۆ زاتیه‌ ، لێی نووسرا بوو (بناء علی امر السید المحافیز یعین نژاد عزیز قادر من الاكراد العائدین فی الادارة المحلیة‌ حسب الاصول والقوانین)، ئیمزا وابزانم یاریده‌ری پارێزگا كردبووی ، ئیتر له‌و ڕۆژه‌وه‌ من بووم به‌فه‌رمانبه‌ر له‌ ئیداره‌ی محلی كه‌ربه‌لا به‌ناونیشانی (كاتب) .
ڕاستی سه‌ره‌تا زۆرم كه‌یف به‌خۆ هات كه‌ مێز و كورسییه‌كی ئاسنیان پێدام ، له‌گه‌ڵ دوو كه‌سی دی كه‌ یه‌كێكیان دیار بوو شیوعی بوو ، ئاخر ئه‌وسا هێشتا جه‌بهه‌ی شیوعی و به‌عسی به‌رقه‌رار بوو ، زۆر جاران ڕۆژنامه‌ی (طریق الشعب)ی ڕۆژانه‌ی ده‌هێنا تا ئه‌و كاته‌ش هه‌ر (جه‌بهه‌ی وه‌ته‌نی و قومی ته‌قه‌دومی) بوون له‌گه‌ڵ به‌عسیان، ئه‌وی تر فه‌رمانبه‌رێكی بێ وه‌ی بوو ته‌نیا خه‌ریكی ئیش و كاری خۆی بوو…
كه‌ منیان له‌وێ دانا له‌لایه‌ن به‌رپرسی خۆیه‌تییه‌وه‌ پێی وتن ( ئه‌وه‌ فڵانی كوڕی فڵانه‌ من ئیخواننا ئه‌لئه‌كراد ئه‌لعائدونه‌ معه‌ین جدید راح یشارككم الغورفه‌) ئه‌وانیش یه‌كسه‌ر به‌خێریان هێنام و دوای ئه‌وه‌ی به‌رپرسی خۆیه‌تی ڕۆیی به‌خوا چا و ئاویشیان بۆ داواكردم…
ئه‌و ڕۆژه‌ درۆ چا نییه‌ خۆم نه‌ختێك له ‌به‌ره‌ژێری پاشایه‌كی سه‌ر ته‌ختیدا ده‌دی ، حه‌زم نه‌ده‌كرد ده‌وام ته‌واو بێ هه‌نده‌م لێ خۆش هاتبوو ، ئێواره‌ كه‌ براده‌رانم بینی بۆم گێڕانه‌وه‌ زۆریان پێ خۆش بوو ، هه‌ر ئه‌و ئێواره‌یه‌ش هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن گه‌رمیانی دۆستی دێرینم بینی ، هه‌روه‌ها دووسێ كه‌سی تازه‌ی تر یه‌كێكیان سه‌ید داوود كه‌ پارێزه‌ر بوو خه‌ڵكی هه‌ولێر بوو ، چه‌ند كه‌سێكی خه‌ڵكی سلێمانیشم بینی ڕاستی ناوه‌كانیانم بیر نه‌ماوه‌ وابزانم یه‌كێكیان ناوی دلێر بوو..
من زیاتر له‌شه‌ش مانگ بوو ‌ گه‌ڕابوومه‌وه‌ خه‌به‌ری ماڵیم نه‌دابوو ، حه‌زم نه‌ده‌كرد، چونكه‌ له‌خۆمان دڵنیا نه‌بووین ، ئه‌وان دووچاری مه‌ترسییه‌ك ببنه‌وه‌ ، به‌تایبه‌تی كه‌ ماڵیشمان ده‌مزانی هێشتا له‌گه‌ڵاڵه‌یه ‌، كه‌ ئه‌وێش چاودێرییه‌كی وه‌ك بیستبووم زۆری له‌سه‌ر بوو به‌حوكمی مێژوو و جواغرافیای شوێنه‌كه‌ ..
به‌و جۆره‌ به‌رده‌وام بووم له‌ده‌وام ، ته‌نانه‌ت له‌به‌ر خۆمه‌وه‌ ده‌مگوت ئای كه‌ ‌ وه‌زیفه‌ی (كاتب)یه‌تیش خۆشه ، ڕاستی ئه‌گه‌ر ڕۆژێ چه‌ند نووسراوێكی فه‌رمیم نووسیبا یاخود بمنووسیبایه‌وه ‌، كارێكی له‌و چه‌شنه‌ زه‌حمه‌ته‌م نه‌بوو له‌چاو گه‌راجه‌كه‌ ته‌واو وه‌ك پاشای سه‌ر ته‌خت وا بووم.
ڕۆژگارێكی ته‌واومان به‌سه‌ر برد به‌و شێوه‌یه‌ ، من هه‌ر وه‌كو جاران ئێواران له‌گه‌ڵ براده‌ران شه‌ویش له‌ ئوتێلی ( ئه‌لشه‌یبانی)، هه‌ندێ له‌براده‌ران چووبوونه‌ ئوتێلی دی كه‌ له‌مه‌رقه‌دی ئیمام عه‌باسه‌وه‌ نزیك بوو به‌ناوی (ئوتێل ڕافدێن) ڕاسته‌ نرخی گرانتر بوو نه‌ختێ ، به‌ڵام به‌هۆی براده‌رانه‌وه‌ حه‌زم لێ بوو منیش بچم بۆ ئه‌وێ، ئه‌وه‌ بوو شته‌كانی خۆم ده‌ جانتای هاوێشت، هاتمه‌ به‌رده‌م خاوه‌ن ئوتێل كه‌ به‌خۆی له‌سه‌ر مێزی ده‌خیله‌ داده‌نیشت، وتم: ببووره‌ حیسابی من چه‌نده‌؟
وتی: خێر بۆ ده‌ڕۆی؟
وتم: به‌ڵێ ده‌چمه‌ لای چه‌ند براده‌رێك ، به‌ڵام نه‌مووت بۆ ئوتێل ڕافیدین…
وتی: كاكه‌ ئێمه‌ له‌ئه‌منه‌وه‌ ئاگاداركراینه‌وه‌ كه‌ قه‌ده‌غه‌یه‌ بێ ئیجازه‌ی ئه‌وان له‌م ئوتێله‌ بڕۆی.
كابرا له‌نیازپاكی خۆی نووسراوه‌كه‌ی پیشاندام ، منیش پێم وت باشه‌ ئه‌و نووسراوه‌م بد‌ێ تا مراجه‌عه‌ی پێ بكه‌م و ئیجازه‌كه‌ وه‌ربگرم ، خوا هه‌ڵناگرێ پێی دام ، كه‌ ئێستاش نووسراوه‌كه‌م پاراستووه‌ (نووسخه‌یه‌كی له‌به‌رگیراوی له‌گه‌ڵ ئه‌و نووسینه‌ دایه‌).
به‌هه‌ر حاڵ مه‌سه‌له‌كه‌م بۆ براده‌ران گێڕایه‌وه‌ و یه‌كیان وتی له‌بیرم نه‌ماوه‌ كێ بوو، بۆ به‌ ئه‌وانه‌ی دایه‌ره‌ ناڵێی كه‌ له‌ ژووره‌وه‌ له‌گه‌ڵتن ، به‌ڵكو ئه‌وان كه‌سێك بناسن، به‌یانی زوو له‌گه‌ڵ ده‌وام به‌و دوو كه‌سه‌م وت. كه‌ وتم یه‌كێكیان دیار بوو شیوعی بوو… ئه‌وی دی به‌حیساب بێ ده‌خل بوو، یه‌كسه‌ر هه‌ڵیدایێ وتی : (ئانی ئه‌دبرلك كاكه‌…تده‌لل)، من بۆت جێبه‌جێ ده‌كه‌م كاكه‌ . تۆ ئه‌مر ده‌كه‌ی.. خوا هه‌لناگرێ دوو سێ ڕۆژی پێ نه‌چوو، كابرای خاوه‌ن ئوتێل هاته‌ لام و پێی وتم (به‌لله‌غونا) واته‌ ئاگاداریان كردینه‌وه‌ ئێستا ده‌توانی بڕۆی كاكه‌) له‌گه‌ڵ كۆڵێك داوای لێبووردنه‌وه‌ به‌ده‌ست من نه‌بووه‌ و ئه‌مر بووه‌..تاد.
ئیتر له‌و ڕۆژه‌وه‌ پاره‌ی له‌سه‌رم بوو له‌ ئوتێل (ئه‌لشه‌یبانی) دام و گواستمه‌وه‌ ئوتێل ڕافدین ، له‌چاو ئوتێل ئه‌لشه‌یبانی پاك و ته‌میزتر و به‌خزمه‌تر بوو… له‌سه‌ر شه‌قامی سه‌ره‌كیش بوو نزیك مه‌رقه‌دی ئیمام عه‌باسی بوو ، كه‌ هه‌میشه‌ زیاره‌تكاری بۆ ده‌هاتن… زۆر له‌براده‌رانیش له‌و ئوتێله‌ گیرسابوونه‌وه‌ ، ژیانمان ببووه‌ له‌ده‌وامه‌وه‌ بۆ ئوتێل و چێشتخانه‌ و ئوتێل و نووستن و ده‌وام…
جار نا جار بێ ئیجازه‌ سه‌رمان له‌به‌غدا ده‌دا و ده‌گه‌ڕاینه‌وه‌. ئێستاش له‌بیرم نه‌چووه‌ شه‌وێك من و ملازم شوان و د.سه‌عدی و مارف ژاژڵه‌یی چووبووینه‌ توێریج له‌یانه‌یه‌كی توێریج كه‌ برایانی ئێزیدی به‌ڕێوه‌یان ده‌برد. دره‌نگیش بوو زوو نه‌بوو، به‌یانیش ده‌واممان هه‌بوو، وتیان با سه‌رێكی به‌غدا بده‌ین ، من وتم كوڕه‌ باوكتان چا، دایكتان چا به‌یانی ده‌واممان هه‌یه ‌، ئه‌وان وتیان هه‌ر ده‌چین له‌به‌غداوه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ كه‌ربه‌لا… وه‌ك عادل ئیمام ده‌ڵێ (أسروا الحاحا) چووین، گه‌یشتینه‌ به‌غدا زۆربه‌مان خه‌ومان ده‌هات ، بڕیارماندا بچینه‌ ئوتێل ، پێم وتن براینه‌ ئاخر من هیچ هه‌ویه‌ و ئیجازه‌ و ئه‌مانه‌م پێ نییه ‌، ئه‌وان هه‌ر یه‌ك كۆنه‌ هه‌ویه‌كی پێ بوو، منیش كۆنه‌ هه‌ویه‌كی نوێ نه‌كراوه‌ی ڕۆژنامه‌ی (التاخی)یم هه‌بوو ، به‌ڵام له‌لایه‌ك نوێ نه‌كرابووه‌وه‌‌ پێشم نه‌بوو له‌جانتاكه‌مم دانابوو له‌كه‌ربه‌لا…..
د.سه‌عدی كه‌ خاوه‌ن ئوتێله‌كه‌ ‌داوای ناسنامه‌ی لێكردین ، یه‌كسه‌ر وتی : ( انی د.سعدی عمید كلیه‌ الزراعة‌) من د،سه‌عدیم ڕاگری كۆلیژی كشتوكاڵ ، هه‌ویه‌ی خۆی دایێ و ئینجا وتی ئه‌مه‌ش كوڕمه‌ (واته‌ من) ئیتر كابرا قسه‌ی نه‌كرد.
شه‌و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی به‌به‌ره‌وه‌ مابوو نه‌ختێك نووستین و خێرا بێ تێشت به‌ره‌و گه‌راجی عه‌لاوی و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كه‌ربه‌لا.. كارێكی عه‌به‌سی بوو كردمان ، پاشان ماوه‌یه‌كی زۆر بوو ڕه‌خنه‌مان له‌خۆمان و ئه‌و براده‌رانه‌ گرت كه‌ (ألحوا اسرارا) بۆ چووین ، تا وای لێهات، ئه‌گه‌ر ڕۆژێك یه‌كێك پێشنیازی چوونه‌ توێریجی بكردابووایه‌ من ده‌مگوت به‌و مه‌رجه‌ی دێم پاشان به‌غدای له‌گه‌ڵ نه‌بێ….
تا ده‌هات ناوه‌ ناوه‌ كوردمان ده‌دیتن ، تازه‌ هاتوو و كۆن ، ناسیاو و نه‌ناس ، كار و ژیان به‌و ڕه‌نگه‌ به‌رێوه‌ ده‌چوو، تا ڕۆژێك (ئه‌مر ئیداری)یه‌كیان بۆ هێنام منیان به‌ته‌نیا نه‌قڵی (كتێبخانه‌ی گشتی) پارێزگای نه‌جه‌ف كردبوو ، ئه‌وسا كتێبخانه‌ گشتییه‌كان هه‌موویان سه‌ر به‌ئیداره‌ی محه‌لی بوون ، وه‌ك بڵێی خۆڵ و دۆم به‌سه‌ردا كرابێ، پاش ئه‌وه‌ی هه‌وڵێكی زۆرم دا بێ سوود بوو، ناچار (ئینفكاكیان) پێ كردم و ئێواره‌ براده‌رانم بینی له‌وانه‌ ملازم شوان و نیعمه‌ت عه‌بدوڵڵا و حه‌سه‌ن گه‌رمیانی و حاكم تۆفیق و صادق و نزار ڕه‌حمه‌تووڵڵا و شێرزاد جوبرائیل كه‌ هه‌موویان له‌چایخانه‌یه‌كدا بوون ، ئه‌وانیش كه‌ خه‌به‌ره‌كه‌یان بیست پێیان ناخۆش بوو لێك داده‌بڕێن ، به‌ڵام چاره‌یه‌كی دی نه‌بوو ، ڕاستی ملازم شوان ته‌كلیفی له‌ د.سه‌عدی كرد به‌و سیفه‌ته‌ی كاتی خۆی مامۆستای پارێزگار بووه ‌، به‌ڵام د. سه‌عدی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زۆریشی پێ ناخۆش بوو كه‌ نه‌قڵ كراوم ، به‌ڵام وتی بێ سووده‌ و نایكه‌م ، به‌و جۆره‌ خوا حافیزیم لێ كردن ، بۆ به‌یانی كه‌ من هه‌ستام ئه‌وان چووبوونه‌ ده‌وام ،…
كه‌لوپه‌لی خۆم خڕكرده‌وه‌ به‌ره‌و گه‌راج سواری پاسێكی دارین بووم ، هه‌ر خۆم حه‌زم كرد ده‌نا (18) نه‌فه‌رییه‌كانیش هه‌بوون” ئه‌و پاسانه‌ (ده‌گ ئه‌لنجه‌ف)یان پێ ده‌گوت، دونیایه‌كی سه‌یره‌ له‌ناوه‌وه‌، تا گه‌یشتینه‌ نیوه‌ی ڕێ، كه‌ هه‌م پێیان ده‌گوت (خان النص) و هه‌میش ناوه‌ ڕه‌سمییه‌كه‌ی (ناحیه‌ الحیدریة‌) بوو ، هه‌ر ئه‌وێش بوو له‌هه‌رای ئه‌و ساڵی شیعه‌كان دووچاری بۆردوومانی تۆپ و فڕۆكه‌ هات ، به‌هه‌ر حاڵ لای چێشتخانه‌یه‌ك وه‌ستاین كه‌ تككه‌ و كه‌باب و ئه‌وانه‌ی هه‌بوو من جگه‌ له‌وه‌ی تێشتم نه‌خواردبوو ، هه‌موو هه‌ناویشم له‌گه‌ڵ تاسه‌ی پاسه‌كه‌دا هاتبووه‌ خوار، برسیم بوو، نه‌فه‌رێك كه‌بایی مسته‌حه‌قم خوارد پاشان چایه‌كیشم كرد به‌سه‌را به‌جگه‌ره‌یه‌كه‌وه‌، پاس زۆری پێ نه‌چوو ڕێگه‌ی گرته‌وه‌ به‌ر ، ئا‌وا دوای (خان النص) نیو سه‌عاتێكی پێچوو گه‌یشتینه‌ نه‌جه‌ف.
نه‌جه‌ف وه‌ك كه‌ربه‌لا نه‌بوو، شارێكی پاك بێ شه‌قامه‌كانی نه‌جه‌ف بێسه‌ر و به‌ر ده‌هاتنه‌ به‌رچاو ، هه‌روه‌ها ئوتێـله‌كانی نه‌جه‌ف ، جگه‌ له‌وه‌ش به‌هۆی گۆڕستانه‌ گه‌وره‌كه‌یان كه‌ ڕه‌نگه‌ ئێستا ڕووبه‌ری به‌قه‌د شارێكی كوردستان بێ ، شارێكی كه‌ئیب بوو ، دانیشتووانیشی هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ ڕووی فه‌رهه‌نگییه‌وه‌ به‌تایبه‌تی فه‌رهه‌نگی ئیسلامی و به‌تایبه‌ت فه‌رهه‌نگی شیعه‌ مه‌ززه‌به‌كان ، هه‌رچه‌ند له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ دواكه‌وتنی به‌ئاشكرا پێوه‌ ده‌بیندرا ، به‌ده‌گمه‌ن ئافره‌تی سفووری لێ ده‌بیندرا ، له‌به‌رابه‌ردا چه‌ندین چاپخانه‌ی تێدا بوو ، كۆلیژی (فیقیه‌)ش كه‌ شایه‌دنامه‌ی به‌كالۆریۆسی ده‌دایه‌ ده‌رچووانی…
من به‌خۆم كۆشیعری یه‌كه‌مم له‌نه‌جه‌ف له‌چاپخانه‌ی (النعمان) چاپكرد ،
هه‌رچه‌نده‌ چاپخانه‌یه‌كی دواكه‌وتوو بوو ، به‌ڵام بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ خراپ نه‌بوو ، جگه‌ له‌وه‌ی نرخی چاپكردنیشی تێدا له‌چاو چاپخانه‌كانی به‌غدا هه‌رزانتر بوو…
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش من به‌هۆی هاتوچووم بۆ ئه‌و چاپخانه‌یه‌، زۆر شاعیر و نووسه‌رم ناسین ، له‌وانه‌ خوالێخۆشبوو (مسته‌فا جه‌ماله‌ددین) خاوه‌نی دیوانی (عیناك واللحن القدیم) كه‌ مامۆستاش بوو له‌كۆلیژی فیقه ، هه‌ر به‌بۆنه‌ی چاپكردنی یه‌كه‌مین كۆشیعرم له‌ ساڵی 1977دا له‌و چاپخانه‌یه‌ ڕۆژێ خاوه‌نی چاپخانه‌كه‌ ، ژوورێكی پیشاندام سه‌رتاپای كتێبی گه‌وره‌ی به‌رگ نه‌كراو بوو ، وتی كاكه‌ ئه‌وه‌ هه‌زار كتێبی شه‌رفنامه‌یه‌‌‌ به‌كوردی كاتی خۆی بۆ(كۆڕی زانیاری كورد)م له‌چاپداوه‌ ئه‌وه‌نده‌ی لێ ماوه‌ته‌وه‌ تا ئێستاش نه‌هاتوون وه‌ریبگرنه‌وه‌ ، پاره‌شیان نه‌داوه ‌، ده‌توانی كارێك بكه‌ی خه‌به‌رێكیان بده‌یێ ، منیش قه‌ولم پێدا له‌یه‌كه‌مین سه‌ردانم بۆ به‌غدا پێیان ده‌ڵێم ، وتی بۆ ته‌له‌فۆنیان بۆ ناكه‌ی ، وتم باوه‌ڕ بكه‌ ته‌له‌فۆنیان نازانم چه‌نده ‌، وتی ئه‌گه‌ر كه‌سێك بناسی من بۆت په‌یدا ده‌كه‌م ، وتم باشه‌ ژماره‌ی به‌دداله‌كه‌م بۆ په‌یدا بكه‌، من ڕاسته‌وخۆ ته‌له‌فۆن بۆ سه‌رۆكی كۆڕ ده‌كه‌م ، یان ڕاستر سه‌رۆكی ده‌سته‌ی كورد له‌ كۆڕی زانیاری عێراق ، كه‌ ئه‌و كاته‌ وای لێهاتبوو، ئه‌و ده‌میش مامۆستا مه‌سعوود محه‌مه‌د بوو.
من ڕۆژانه‌ بۆ چاپكردنی كۆشیعریه‌كه‌م سه‌ردانم ده‌كرد بۆ هه‌ڵه‌چنی و ئه‌وانه‌، به‌یانی كه‌ چووم ژماره‌ی به‌دداله‌ی كۆڕی په‌یدا كردبوو..
به‌ته‌له‌فۆنی چاپخانه‌ ژماره‌كه‌م لێدا ، دیار بوو به‌دداله‌ به‌عه‌ره‌بی جوابی دامه‌وه‌، وتم ئه‌گه‌ر بكرێ ده‌مه‌وێ قسه‌ له‌گه‌ڵ ئوستاز مه‌سعوود سه‌رۆكی هه‌یئه‌ی كوردی بكه‌م، من فڵانم له‌نه‌جه‌فه‌وه‌ قسه‌ ده‌كه‌م و كاره‌كه‌ش په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ده‌سته‌ی كوردی كۆڕ‌…كه‌ وام وت یه‌كسه‌ر ته‌حویلی كردم، مامۆستا مه‌سعوود خۆی وه‌ڵامی دایه‌وه‌، یه‌كسه‌ر به‌كوردی وتی فه‌رموو، وتم مامۆستا من ناوم نه‌ژاده‌‌ حاڵ و حیكایه‌تی ئه‌وه‌نده‌ دانه‌ بێ به‌رگه‌ی شه‌رفنامه‌ی مام هه‌ژار له‌چاپخانه‌ی (النعمان) له‌نه‌جه‌ف كه‌وتووه‌، وا دیاره‌ پاره‌ی نه‌دراوه‌ ، بۆیه‌ به‌رگیشی تێ نه‌گیراوه ‌، به‌پێویستم زانی ئاگاداری جه‌نابت بكه‌مه‌وه‌ ، پاشان وتم ئه‌گه‌ر ده‌كرێ خۆتان قسه‌ له‌گه‌ڵ خاوه‌نی چاپخانه‌ بكه‌ن ، ئه‌وه‌تا له‌ته‌نیشتمه‌ له‌گه‌ڵی ببڕێننه‌وه‌، چونكه‌ زۆر ئیلحاحی له‌من كرد، ژماره‌ی به‌دداله‌ی كۆڕیش هه‌ر خۆی بۆ په‌یدا كردم ، ئیتر من گووشی ته‌له‌فۆنه‌كه‌م دایه‌ ده‌ست ئه‌بو نازانم چی ، بیرم نه‌ماوه‌ ، واته‌ خاوه‌نی چاپخانه‌ چونكه‌ بیرم نه‌ماوه‌، پێم وت ئه‌وه‌ ئوستاز مه‌سعووده‌ ڕه‌ئیسی هه‌یئه‌ی كوردی مجمع.
وا دیار بوو پاشان به‌ماوه‌یه‌كی كورت لێژنه‌یه‌ك هاتبوون كتێبه‌ بێ به‌رگه‌كانیان باركردبوو و حه‌قی كابرای چاپخانه‌شیان دابوو، خوا هه‌ڵناگرێ له‌چاكه‌ی ئه‌وه‌ خاوه‌نی چاپخانه‌ له‌چاپكردنی كۆشیعری یه‌كه‌مم خاترێكی چاكی گرتم .
ڕاستی له‌چاپدانی كۆشیعری یه‌كه‌مم له‌ چاپخانه‌ی (النعمان) له ‌نه‌جه‌ف حیكایه‌تۆكه‌یه‌كیشی له‌ پشته‌ ، چوون له‌ هه‌مان وه‌خت بوو پێم باش بوو
به‌سه‌ریدا تێـنه‌په‌ڕم .
ئه‌و كاته‌ی ئێمه‌ بۆ ناوه‌ڕاست و باشووری عیڕاق نه‌فی كرا بووین ، به‌ هۆی ئه‌وه‌ی مووچه‌یه‌كی دیاریكراومان هه‌بوو ، به‌حاڵ به‌شی بخۆوبڕۆی ده‌كرد به‌ تایبه‌تی بۆ من كه‌ به‌ شایه‌دنامه‌ی سێی ناوه‌ندی دامه‌زرا بووم ، چ جای ئه‌وه‌ی بیر له‌ چاپكردنی كتێبان بكه‌ینه‌وه‌..
له‌و كاته‌دا بیرم بۆ ئه‌وه‌ چوو (كۆری زانیاری كورد) وه‌ك ده‌زگایه‌كی كوردی
كه‌ دوو سێ چاپكراویم له‌و شێوه‌یه‌دا بینی بوو پێشكێشی ئه‌وێی بكه‌م .
له‌و ده‌مه‌دا كۆڕ به‌ دوو بژارده‌ یارمه‌تی نووسه‌رانی ده‌دا ، یه‌كیان چاپكرن بوو
وه‌ك بڵاوكراوه‌ی خۆیان ، ئه‌وی دیكه‌یان ده‌سگیرۆیی ( تعضید) بوو ..
منیش به‌ پێی ئه‌و یاسا و ڕێسایانه‌ی كۆڕ كاری پێ ده‌كردن بردم و پێشكه‌شم
كردن ، پاش ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌ كۆشیعره‌كه‌م به‌ هه‌ر جۆرێك بێ خستبووه‌‌ ژێر چاپ دوای بێ هیوا بوون له‌ وه‌ڵام كه‌ دوایی وه‌ڵامیان به‌ نه‌رێنی دامه‌وه‌، به‌و مانایه‌ی ‌ نه‌ده‌توانن چاپی بكه‌ن و نه‌ یارمه‌تی له‌چاپدانی بده‌ن ..
ئه‌وه‌ له‌ وه‌خێكدا وه‌كات هه‌ر له‌ كۆشیعر دوو كۆشیعری دی چاپكرابوون كه‌ له‌و ئاسته‌شدا نه‌بوون له‌ ده‌زگایه‌كی وه‌ك كۆڕ ، كه‌ هه‌میشه‌ شایه‌دی باشی له‌م باره‌یه‌وه‌ بۆ دراوه‌ و ده‌درێ چاپ بكرێن ، هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو ئه‌نگیزه‌ی ئه‌وه‌ی بیر له‌وه‌ بكه‌مه‌وه‌.
له‌و ڕاسته‌شدا كه‌ بێ هیوا بووم له‌ لایه‌ك هه‌وڵم دا قسه‌ له‌گه‌ڵ خاوه‌نی ئه‌و چاپخانه‌یه‌ بكه‌م كه‌ پێشتر به‌ هۆی چه‌ند براده‌رێكه‌وه‌ بینیبووم ، به‌وه‌ی چابخانه‌یه‌كی ئه‌گه‌رچی دواكه‌وتوو بوو به‌ڵام زۆر هه‌رزانتر بوو له‌ چاپخانه‌كانی به‌غدا ، بۆ من یه‌كاویه‌ك بوو
له‌ لایه‌كی دی له‌به‌ر كشامه‌وه‌ نامه‌یه‌كی ئاماڵـگله‌ییم ڕاسته‌وخۆ بۆ سه‌رۆكی كۆڕ مامۆستا مه‌سعود محه‌مه‌د نووسی ، كه‌ تا ئه‌و كاته‌ نه‌مدیبوو ته‌نیا له‌ ڕێگه‌ی كتێب و نووسینه‌كانییه‌وه‌ ناسیبووم .
پاش ئه‌وه‌ی كۆشیعرم ( كه‌ یه‌كه‌م كۆشیعرمه‌) له‌ چاب بوو ، منیش قسه‌م له‌سه‌ر داوای خاوه‌نی چاپخانه‌ به‌ ته‌له‌فۆن وه‌ك كوردێكی جنووب له‌گه‌ڵ مامۆستا كردبوو له‌باره‌ی ئه‌و هه‌زار و هه‌نده‌ نووسخه‌ به‌رگنه‌كراوه‌ حه‌قنه‌دراوه‌ی (شه‌ره‌فنامه‌)ی
مام هه‌ژار ، كه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ش وای له‌ خاوه‌نی چاپخانه‌ كرد له‌ نرخی له‌ چاپدانی كۆشیعره‌كه‌م خاترێكی چاكم بگرێ ، چونكه‌ بۆ ئه‌و كه‌ به‌ حه‌قی خۆی گه‌یشتبوو وه‌ك ئه‌وه‌ وا بوو پاره‌كه‌ی له‌ نه‌بوونه‌وه‌ بۆ هاتبێـته‌وه‌ ، سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌ كۆڵ داكردنی ئه‌و حه‌مكه‌ نووسخه‌یه‌ش بووه‌وه‌ كه‌ بۆ نزیكی دوو ساڵ بوو جێیه‌كی زۆریان له‌ چاپخانه‌دا گرتبوو.
نامه‌كه‌م بۆ سه‌رۆكی كۆڕ نووسی .. ماوه‌یه‌كی تا ڕاده‌یه‌ك زۆری به‌سه‌ردا چوو ڕۆژێ وه‌ختی ده‌وام به‌ پۆسته‌ نامه‌یه‌كم له‌باره‌ی له‌چاپنه‌دانی كۆشیعره‌كه‌مه‌وه‌ له‌ خودی سه‌رۆكی كۆڕ م. مه‌سعوود محه‌مه‌ده‌وه‌ پێگه‌یشت ..

ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی نامه‌كه‌یه‌(*):
(( مێژوو : 20 \ 2 \ 1977
برای به‌ڕێز كاكه‌ نه‌ژاد
دوای سڵاو
به‌ینۆڵكێكه‌ نامه‌ی مێژوودارت ، 22 \ 1 \ 1977 ، م پێ گه‌یشتوه‌ .. هه‌ڵم گرتبوو بۆ هه‌لێكی خۆشتر له‌وه‌ی كه‌ به‌ عاده‌ت بۆم ڕێك ده‌كه‌وێت، تاكو له‌ بارێكی نه‌فسی
ئارامدا وه‌رامه‌كه‌ی بده‌مه‌وه‌ و بۆتی بنێرم .. تا ئیمڕۆ له‌گه‌ڵ چه‌ند براده‌رێكی خۆشه‌ویست و قه‌دری قه‌درزاندا دوباره‌ بۆ خۆم و ، یه‌كمجاریش بۆ ئه‌وانم خوێنده‌وه‌
چی له‌و نامه‌یه‌دا نۆسراوه جێی خۆیه‌تی .. هه‌مومان مافی گله‌ییمان پێ دایت..
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ده‌مه‌وێ دڵنیات بكه‌م ، بڕیاری كۆڕ له‌به‌ر هیچ نیازێكی تایبه‌تی
وه‌یا تێ بینی لاوه‌كی نه‌هاتۆته‌ به‌رهه‌م : بڕیارێكه‌ و وه‌ك هه‌زارانی تری ئه‌م جیهانه‌ پان و به‌رینه‌ ده‌رده‌چن به‌و جۆره‌ی كه‌ ده‌یزانیت..
براده‌رانی كه‌ نامه‌كه‌تم بۆ خوێندنه‌وه‌ كۆڵێك بۆت هه‌سته‌وه‌ر بون و تا بشڵێی رایان
له‌ نووسینه‌كه‌ت بو ، ته‌نانه‌ت گوترا تۆ نوسه‌ری پتر له‌وه‌ی بوێژ بیت..
به‌هه‌رحاڵ و به‌ پێی هه‌ندێ قسه‌ی ناو نامه‌كه‌ت، ئێمه‌ی ئه‌م به‌ره‌ی دولایه‌نی وتووێژ كه‌ خۆت لایه‌نه‌كه‌ی تری ، وامان زانی كه‌ بارمته‌یه‌كی ئێمه‌ بتوانین پێشكه‌شی بكه‌ین به‌شێكی گرنگی ئه‌ركی له‌ چاپدانی ‌ شیعره‌كانت كه‌م ده‌كاته‌وه‌ .. من خۆم (10) دینارم به‌به‌ر خۆم خست ، د. عبدلره‌حمانی حاجی مارفیش (10) دیناری بۆخۆی ناوهێنا ، براده‌رانی تریشس ئاماده‌ی یارمه‌تین .. سه‌ره‌رای ئه‌مه‌، له‌ پاشماوه‌ی هه‌ندێ مامڵه‌تی لێره‌ به‌ پێشه‌وه‌ش میقدارێك كاغه‌زمان لا ماوه‌ته‌وه‌
به‌به‌ریه‌وه‌ هه‌یه‌ ، وه‌یه‌كی تر‌ له‌ سه‌ختی كاره‌كه‌ت ببڕێ ، جا ئه‌گه‌ر له‌ برایه‌تی خۆت راده‌بینیت ئه‌م خزمه‌ته‌ بچوكه‌ له‌ براكانت قبوڵ بكه‌یت ، تكایه‌ ، خه‌به‌رم پێ
بده‌وه‌ تاكو خزمه‌ته‌كه‌ پێشكه‌ش بكه‌ین.. ره‌نگه‌ له‌حاڵی قبوڵ كردنتدا پێویست بێت خۆت یاخود باوه‌ڕ پێ كراوێكت بێته‌ لامان بۆ بزافتنه‌وه‌ی كاره‌كه‌ .. تا ئه‌و رۆژه‌ی نامه‌ی قبوڵكارانه‌ و برایانه‌ت پێم ده‌گاته‌وه‌ به‌ خوات ده‌سپێرم ئاواته‌خوازی خۆشی و به‌ره‌وپێش چۆنتم ..
دڵسۆزت
مسعود محمد )

(*) ده‌قی ده‌ستختی نامه‌كه‌ له‌گه‌ڵ دیكۆمێنته‌كان داندراوه‌.

له‌وساوه‌ پاش نامه‌یه‌كی دیكه‌ی من له‌ وه‌ڵامی ئه‌م نامه‌یه‌ كه‌ به‌و مانایه‌م نووسیبوو:
( جه‌نابی مامۆستا سوپاسی هه‌ڵوێستی به‌ڕێزتان و هه‌موو ئه‌و مامۆستا به‌ڕێزانه‌ ده‌كه‌م .. به‌ڕێزتان به‌و نامه‌یه‌ لوتفتان بۆ به‌نده‌ نواند ، به‌ڵام مامۆستا به‌ داوای لێبووردنه‌وه‌ من‌ سواڵم نه‌كردووه‌ ، من داوام له‌ ده‌زگایه‌كی كوردی كردووه‌ كه‌ به‌ مافی خۆمم زانیوه‌ داوای لێ بكه‌م …)
هیوام زۆره‌ ئه‌م نامه‌یه له‌ ئارشیفی كۆڕ یا هی مامۆستا (ئه‌گه‌ر هه‌یبووبێ) مابێ ..
له‌وێ ڕۆژێوه‌ دوای ئه‌وه‌ی له‌ باره‌گای كۆڕ به‌ دیداری مامۆستا شاد بووم تا وه‌فاتیشی هه‌میشه‌ سه‌ردانیم ده‌كرد ، ته‌نانه‌ت كه‌ له‌ به‌غدایش له‌ زانكۆ ده‌مخوێند
له‌ ماڵێشیان سه‌ردانم ده‌كرد ، ته‌نانه‌ت پێشنیازی دامه‌زراندنه‌وه‌ی كۆڕی زانیاریش پاش ڕاپه‌ڕین كه‌ سه‌رۆك مسعود بارزانی زۆری له‌سه‌ر سوور بوو و هه‌موو ئاماده‌ییه‌كی ده‌ربڕیبوو بۆ دامه‌زراندنه‌وه‌ی و فه‌راهه‌م كردنی پێداویستی و هێنانی خه‌ڵكی شاره‌زا له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان هه‌روه‌ها له‌ ناو هه‌نده‌راننشینان( كاك محه‌مه‌دی كوڕیان ئاگاداره‌) به‌ من سپێررا به‌ جه‌نابی ڕابگه‌یێنم ..
به‌ڵام پاش تێپه‌ڕبوونی نزیكی چوار مانگ ، بۆ سۆراخی پرۆژه‌كه‌ له‌ ماڵی م. ئه‌مجه‌دی خزمیان بوو له‌ هه‌ولێر به‌تایبه‌تی چووم به‌ بیرم هێنایه‌وه‌ ، به‌ داخه‌وه‌ به‌ هۆی كۆمه‌ڵێك ئه‌گه‌ر ، كه‌ ئێره‌ جێی باسكردنی نییه‌ وه‌ڵامێكی ئه‌رێنی له‌وباره‌یه‌وه‌ نه‌دایه‌‌وه‌.
به‌ هه‌ر حاڵ له‌نه‌جه‌ف ئوتێلێـكم هه‌ڵبژارد له‌سه‌ر شه‌قامی سه‌ره‌كی بوو، له‌ده‌ره‌وه‌دا خاوێن دیار بوو، هه‌ر چه‌ند له‌ناوه‌وه‌ به‌و جۆره‌ نه‌بوو، نرخی مانه‌وه‌ی تا ڕاده‌یه‌ك بۆ ئه‌وسای من كه‌ مووچه‌كه‌م مانگێ له‌به‌ینی سی و پێنج دینار بوو له‌بار بوو، وابزانم ئوتێله‌كه‌ ناوی (الغدیر) بوو ، ئه‌وه‌ی باش بوو ژووره‌كان بالكۆنیان هه‌بوو به‌سه‌ر شه‌قامدا ده‌یانڕوانی ، ئێواران تا دره‌نگانی شه‌و نیمده‌رێـكم ڕاده‌خست داده‌نیشتم، ڕووناك بوو ، ده‌متوانی به‌شه‌وقی دارتێله‌كانی شه‌قامیش بخوێنمه‌وه ‌، ئێمه‌ و مانان چیترمان هه‌بوو له‌غه‌یری خوێندنه‌وه ‌، دوای ده‌وام وه‌ختی پێ بڕوێنین، هه‌رچه‌نده‌ خوێندنه‌وه‌ ده‌مێك بوو بۆ من ببوو به‌ خوو..
له‌براده‌ره‌كانم دووركه‌وتمه‌وه ‌، كه‌ ئێواران له‌چایخانه‌دا كۆده‌بووینه‌وه‌، ئه‌و شه‌وه‌ به‌خه‌یاڵ و خه‌یاڵپڵاوی زۆر خه‌وتم.
به‌یانی زوو هه‌ستام و نان و چایه‌كی به‌په‌له‌م له‌چایخانه‌یه‌كی ته‌نیشت ئوتێل خوارد، هه‌ر دوێنێ ناونیشانی (كتێبخانه‌ی گشتی نه‌جه‌ف)م وه‌رگرتبوو، دوور نه‌بوو به‌پێیان چووم ، گه‌یشتمه‌ كتێبخانه‌ و به‌ڕێوه‌به‌ری كتێبخانه‌ نووسراوی نه‌قڵی لێ وه‌رگرتم و ده‌ست به‌جێ (موباشه‌ره‌)ی به‌نووسراوێك بۆ نووسیم و خوا هه‌ڵناگرێ به‌ڕێزه‌وه‌ كه‌ زانی كوردم پێشوازی لێ كردم ، زۆر له‌من گه‌وره‌تر بوو به‌باوكم تۆ بڵێ به‌باپیرم ده‌شا ، من ئه‌وسا ته‌مه‌نم ده‌وری 20 ساڵ ده‌بوو…
كتێبخانه‌ی گشتی نه‌جه‌ف هه‌زاری به‌ر‌هه‌زاری بوو ، چه‌ند (كاتب)ێكی دیكه‌ی وه‌ك من بێجگه‌ له‌به‌ڕێوه‌به‌ر كاریان تێدا ده‌كرد ، به‌ڕێوه‌به‌ر هه‌رچی چۆنێك بوو جێیه‌كی له‌قوژبنێك بۆ كردمه‌وه‌ و مێز و كورسییه‌كی ئاسنیان بۆ دانام ، وا دیار بوو به‌یه‌كێك له‌كاتبه‌كانی وت ئیش و كاری ئێره‌ی فێر بكه ‌، له ڕووی داخڵكردنی كتێب و خواستن و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ شوێنی خۆی چۆن داده‌نرێنه‌وه‌. هه‌روه‌ها تۆماركردن و ژماره‌ بۆ دانان به‌پێی ناوه‌رۆك و دانه‌ری كتێبه‌كه‌ ، ماوه‌ی شه‌ش مانگێك له‌وێ مامه‌وه‌، له‌هه‌موو ئه‌و ماوه‌یه‌دا ژیانێكی ڕۆتینیم به‌سه‌ر برد بۆیه‌ شتێك نییه‌ شایه‌نی گێڕانه‌وه‌ بێ له‌وه‌ی به‌ده‌ر خه‌ڵكی (نه‌جه‌ف )م زۆر بێسه‌روبه‌ر ده‌دی له‌ ڕووی په‌یوه‌ندی و شیرازه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ، له‌ لایه‌ك ئیدعای دینیان ده‌كرد وه‌كی دی ده‌مبینی له‌ هه‌ڵسوكه‌وت و بازاڕ و گرانفرۆشی و و نیفاق و هه‌رچی خوا پێی ناخۆش بوو ئه‌وه‌یان ده‌كرد ، ته‌نانه‌ت له‌ گۆڕستانیش كه‌ بۆ یه‌كه‌م جارم بوو ببینم نووسینگه‌ی ناشتن (مكاتب الدفن) وه‌كو نووسینگه‌ی عه‌قارات هه‌بێ ، ده‌مبینی ده‌سنوێژیان به‌ په‌رداخێك ئاو هه‌ڵده‌گرت ، تا جارێ به‌ یه‌كیانم وت ئێوه‌ چۆن به‌ په‌رداخێك پاك ده‌بنه‌وه‌ ، باوه‌ڕ بكه‌ن گاڵته‌ی به‌ قسه‌كه‌م هات !! به‌ڵام له‌و ماوه‌یه‌دا به‌قه‌د سێ چوار ساڵ كتێبم خوێندنه‌وه‌، كه‌ كۆشیعره‌كه‌شم ده‌رچوو دونیایه‌ك كه‌یفم خۆش بوو. هه‌رچه‌نده‌ كه‌ بڵاو بووه‌وه‌ بایه‌خی زۆریشی به‌هه‌ردوو دیو له‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌ كوردییه‌كانی ئه‌وسا پێدرا ، به‌ڵام دوای چه‌ند ساڵێك هه‌ستم كرد په‌له‌م كردووه‌ له‌چاپكردن…
به‌هه‌ر حاڵ دوای چه‌ند مانگێك ده‌نگۆی ئه‌وه‌ بڵاو بووه‌وه‌ كه‌ كتێبخانه‌ له‌ (ناحییه‌ی عه‌بباسیه‌‌) بیناكه‌ی ته‌واو بووه‌ و كتێبیشی بۆ ده‌ست نیشان كراون‌ و پێویستی به‌به‌ڕێوه‌به‌ر و كاتبێـك و فه‌ڕاشێك و پاسه‌وانێك هه‌یه‌، وا دیار بوو، به‌ڕێوه‌به‌ریان ڕازی كردبوو (كاتب) من بنێرێ ، كاتبێكی دی لێ بوو به‌ناونیشانی به‌ڕێوه‌به‌ر، كه‌ ناوی (صادق) بوو، پاسه‌وانیش شیعه‌یه‌كی خه‌ڵكی وێ بوو، ناوی (ماجد) بوو. پیشه‌وه‌رێكیش به‌ناوی محمد خۆشناو ئه‌ویش هه‌ر كوردی عائیدون بوو .
هه‌رچه‌نده‌ من هه‌وڵێكم دا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر له‌وێ بمێنمه‌وه ‌، ئه‌گه‌ر نه‌جه‌فم به‌ دڵیش نه‌بێ لانی كه‌م شار بوو ، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌ر نه‌یسه‌لماند ، منیش له‌دڵی خۆما وتم ده‌با یچم عه‌بباسیه‌ش تاقی بكه‌مه‌وه‌ ، ئێمه‌ بووین به‌ كێڵگه‌ی تاقیكردنه‌وه‌.
ڕۆژی چوونیان بۆ دیاری كردین ، پاش ئه‌وه‌ی ئه‌وان له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری تازه‌ دانراوی كتێبخانه‌ی تازه‌ی عه‌بباسیه‌ كتێبه‌كانیان دامه‌زراند بوو ، وا دیار بوو به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كتێبخانه‌ی نه‌جه‌ف خۆیشی سه‌ردانی كردبوو ، پێش ئه‌وه‌ی من بچم ، كه‌ چووم هه‌موو شتێك دانرا بوو ، كتێبخانه‌یه‌كی خنجیلانه‌ی تازه‌ له‌سه‌ر شه‌قامی گشتیی ناحیه ‌، بچووك به‌ڵام تا ڕاده‌یه‌ك بۆ ناحیه‌یه‌كی وه‌ك عه‌بباسیه‌ كه‌ هه‌ر پێویست نه‌بوو ، چونكه‌ له‌هه‌موو ئه‌و ماوه‌یه‌ی له‌وێ بووم ، نزیكه‌ی ساڵێك ده‌بوو بیست كه‌س نه‌هاتن كتێب بخوێننه‌وه‌ یان بخوازن.
عه‌بباسیه‌ ناحیه‌كی په‌رش و بڵاو بوو ، خانوو و باخچه‌ی له‌قه‌د خۆی زیاتری تێدا بوو، ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ڕووباری فورات هه‌ر به‌و هۆیه‌وه‌ش هه‌وایه‌كی مامناوه‌ندی هه‌بوو، له‌چاو نه‌جه‌ف و كووفه‌ (كه‌ ناحییه‌كه‌ سه‌ر به‌ كووفه‌ بوو) تاڕاده‌یه‌ك هاوینان هه‌ستت ده‌كرد چه‌ند پله‌یه‌ك فێنكتره‌، به‌ڵام چونكه‌ گه‌رمایه‌كه‌ی به‌هۆی فوراته‌وه‌ شێدار بوو ، زۆرجار به‌تایبه‌تی كه‌ پله‌ی گه‌رما به‌رز ده‌بووه‌وه‌ به‌تایبه‌تی بۆ یه‌كێكی وه‌ك من كه‌ نیوه‌ی ته‌مه‌نم لهناوچه‌ی شاخاویدا به‌سه‌ر بردبوو ‌، گه‌رماكه‌ی به‌هۆی (شێ) وه‌ هه‌ناسه‌ی ته‌نگ ده‌كردم ، دانیشتووانی عه‌بباسیه‌ زۆربه‌ی زۆری ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی ئه‌وێ نه‌بن وه‌كو من ، عه‌ره‌بی شیعه‌ مه‌ززه‌به‌كان ته‌بعیان له‌چاو خه‌ڵكی كه‌ربه‌لا نه‌ك نه‌جه‌ف ، هه‌ستم نه‌كرد بیانه‌وێ یارمه‌تی من وه‌ك نه‌فیكراوێك بده‌ن ، ته‌نانه‌ت جاروبار گوێم له‌هه‌ندێ ناڕازبوونیش ده‌بوو له‌به‌رامبه‌ر حكوومه‌ت كه‌ ئه‌وانه‌ چین به‌سه‌ر ئێمه‌یان وه‌ركردوون ، مه‌به‌ستیان ئێمه‌ بوو كه‌ به‌ڕه‌سمی پێیان ده‌گوتین (ئه‌لئه‌كراد ئه‌لعائیدوون).
من كه‌ چوومه‌ كتێبخانه‌ و ده‌سبه‌كاریی خۆم نووسی ، به‌ڕێوه‌به‌ری كتێبخانه‌م ده‌ناسی، چونكه‌ وه‌ك وتم هه‌ردووكمان له‌كتێبخانه‌ی نه‌جه‌ف ناونیشانمان (كاتب) بوو ، ناوی باوكیم بیر نه‌ماوه ‌، پیاوێكی كورته‌ باڵا له‌من به‌ته‌مه‌نتر بوو ، به‌ڵام هه‌میشه‌ حه‌زی ده‌كرد پۆز لێ بدا وه‌كو به‌ڕێوه‌به‌ر خۆی بنوێنێ (موباره‌كه‌) من بیر له‌چی ده‌كه‌مه‌وه‌، ئه‌و خه‌ریكی چی ، هاتبوو مێزه‌كه‌ی خۆی لای سه‌ره‌وه‌ به‌كورسی زیاده‌وه‌ له‌م سه‌رو ئه‌وسه‌ر دانابوو، هی منیشی له‌خواره‌وه‌ی خواره‌وه‌ له‌قوژبنه‌كه‌ی لای ده‌رگا…
ئه‌وانه‌ هیچی جێی سه‌رنجی من نه‌بوون ، چوون هه‌ر له‌نه‌جه‌ف وه‌ختی كاتبایه‌تی كابرام خوێندبووه‌وه ‌، گرینگ لای من شوێنی مانه‌وه‌م بوو، به‌ڕێوه‌به‌ر به‌خۆی ماڵی له‌نه‌جه‌ف بوو، هاتوچووی ده‌كرد و به‌كه‌یفی خۆی بوو ، كه‌چی به‌منی ده‌گوت (لازم نلتزم بالدوام كاكه‌) واته‌ پێویسته‌ ئیلتزام به‌ده‌وامه‌وه‌ بكه‌ین ، له‌كاتێكدا ئه‌وه‌ی ئیش بوو نه‌مانبوو ، نه‌ كه‌س ده‌هات كتێبێك بخوێنێته‌وه‌ نه‌ كه‌س كتێبێكی ده‌خواست. ئێستاش تێنه‌گه‌یشتم ئه‌و كتێبخانه‌یان بۆ له‌وێدا كردبووه‌وه‌ ، منیش پێم وت سه‌ید صادق ئه‌ی له‌كوێ نیشته‌جێ بم ، وتی بڕۆ له‌كووفه‌ له‌ئوتێل به، نزیكه‌ و تێمسیش هه‌رده‌م هه‌یه‌ به‌ینی ئێره‌ و كووفه‌ واته‌ عه‌بباسیه‌ و كووفه‌ ، وتم مووچه‌كه‌م ئه‌وه‌نده‌ نییه‌ خۆت ده‌زانی بایی ئوتێل و خواردن و هاتوچوو بكا… وتی ده‌ كه‌واته‌ بڕۆ موراجه‌عه‌ی ناحیه‌ (نه‌شی گوت به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌) وتی ناحیه بكه‌‌ ، وتم ئینجا ناحیه‌ چیم بۆ ده‌كا ، وتی نووسخه‌یه‌كی نه‌قلی تۆیان پێداون بزانه‌ چیت بۆ ده‌كه‌ن ، له‌و ئان و ساته‌دا بووم هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌ بچمه‌ ناحیه ‌، ناحیه‌ به‌ به‌ینێـك له‌سه‌ره‌وه‌ی كتێبخانه‌ بوو ، به‌جاده‌دا ده‌ڕۆیشتم ، ناكاو وه‌ك ئه‌وه‌ی خه‌ون بێ تووشی قادر بووم ، ئه‌دی ناڵێم وه‌ك خه‌ون وابوو، قادر مه‌جید قشووری هاوڕێ و هاوپۆلم له‌به‌شێكی سه‌ره‌تایی و هه‌موو ناوه‌ندی تا سێیه‌می ناوه‌ندیمان له‌دوا ناوه‌ندی گه‌ڵاڵه‌ی تێكه‌ڵاو ته‌واو كرد بوو ، ئه‌و زوو ژنی هێنا بوو منداڵیشی هه‌بوون بێجگه‌ له‌ باوك و دایك و خوشكێـكی، هه‌ر ‌ بانگم كردن و نه‌كردن باوه‌ش به‌یه‌كداگرتنمان تێكی كرده‌وه‌ ، ناحیه‌م هه‌ر له‌بیر چووه‌وه ‌، چوینه‌ چایخانۆكه‌یه‌ك ، كه‌ به‌حیساب له‌ناو بازاڕ بوو ، بازاڕه‌كه‌ له‌خۆیدا له‌سێ چوار دوكان زیاتر نه‌بوو ، ئه‌و حیكایه‌تی خۆی ، من حیكایه‌تی خۆمم به‌دوور و درێژی گێڕایه‌وه‌، بۆم ده‌ركه‌وت ماڵی له‌عه‌بباسیه‌ به‌رامبه‌ر كتێبخانه‌ ئه‌ویش له‌یه‌كێك له‌فه‌رمانگه‌كاندا دامه‌زرا بوو ، وا دیار بوو كه‌ هه‌م خێزاندار بوو هه‌م ژماره‌ی خێزانه‌كه‌شیان زۆر بوو ، خانوویه‌كیان پێدا بوو ، ماڵی ده‌وێدا بوو، ئه‌وه‌نده‌ پێكه‌وه‌ له‌وێ دانیشتین كه‌ڵكی ناحیه‌ی نه‌ما و ده‌وام ته‌واو بوو ، وتی ئه‌مشه‌و لای من به‌ خوا كه‌ریمه‌ بۆ سبه‌ینێ.
قادر مه‌جید قشووری، به‌ئه‌سڵ كوردی باكووره‌ ، ده‌یان ساڵه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ باشوور ، ئێستا دوكتۆرای له‌شه‌ریعه‌ت هه‌یه‌ و مامۆستایه‌ له‌یه‌كێك له‌كۆلیژه‌كانی زانكۆی سه‌لاحه‌ددین له‌هه‌ولێر، ئه‌و هه‌ر كه‌ ماڵیان له‌عه‌بباسیه‌ بوو كۆلیژی فیقهی له‌نه‌جه‌ف ته‌واو كرد و پاشان دیراسه‌ی باڵای ته‌واو كردوو و شایه‌دنامه‌ی دوكتۆرای هێنایه‌وه ‌، ئه‌و شه‌وه‌ له‌ماڵی قادری مامه‌وه‌ ، ماڵه‌وه‌شیان باوكی ڕه‌حمه‌تی كه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌وێ كۆچی دوایی كرد به‌ناچاری له‌گۆڕستانی شیعان (وادی السلام) به‌خاكمان سپارد، هه‌روه‌ها دایكی و خێزانه‌كه‌یشی منیان پێشتر ده‌ناسی ، ماڵێكی به‌ڕێز بوون هه‌میشه‌ له‌و ماوه‌ی له‌وێ بووم زۆر یارمه‌تی به‌تایبه‌تی یارمه‌تی مه‌عنه‌وی و دڵدانه‌وه‌ ، زۆرجارانیش به‌زۆر ته‌كلیفی نان خواردن و ئه‌مانه‌ی لێ ده‌كردم ، نموونه‌ی هاوڕێ و هاوپۆلێكی به‌وه‌فا و قه‌دری براده‌رزان…
ئه‌و شه‌وه‌ تا به‌ره‌به‌یان له‌گه‌ڵ قادر دانیشتین یاده‌وه‌ره‌كانمان ده‌گێڕانه‌‌وه‌ بۆ به‌یانی سه‌عاتی نۆی سه‌رله‌به‌یانی تێشتم له‌ماڵی ئه‌وان خوارد سه‌عات بۆ ده‌ی به‌یانی ده‌هات، پێكه‌وه‌ به‌ره‌و ناحیه‌ چووین ، من داوام لێكرد له‌گه‌ڵم بێت ، چونكه‌ پێشی من له‌وێ بوو، هه‌ندێ له‌فه‌رمانبه‌رانی ناحیه‌شی ده‌ناسی ، پێشتر چووینه‌ لای كاتبی ناحیه ‌، قادر منی پێ ناساند، كه‌ فه‌رمانبه‌ری كتێبخانه‌ی گشتیم و تازه‌ له‌نه‌جه‌فه‌وه‌ گواستراومه‌‌ته‌وه‌ عه‌بباسیه‌ ، كاتب ناحیه‌ یه‌كسه‌ر وتی ده‌زانین ، چونكه‌ نووسخه‌یه‌ك له‌نووسراوی گواستنه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ش هاتووه‌ ، پاشان وتی: كاكه‌ ئێمه‌ ئاگادار كراوینه‌ته‌وه‌ كه‌ پێویست ده‌كا هه‌موو ئێواره‌یه‌ك له‌ناحیه‌ خۆت بناسێنی و ئیمزا بكه‌ی. منیش وتم یانی چۆن؟ وتی ئه‌وه‌ ته‌علیماته‌ له‌ئه‌منی نه‌جه‌فه‌وه‌ بۆمان هاتووه‌ ، وتم بۆچی به‌ڕێز من حه‌پسم ، وتی نا نا به‌ڵام ئه‌وه‌ ئه‌مره‌ پێویسته‌ ئێواران خۆت لای ( السید سامر) بناسێنی كه‌ لێره‌ی…
منیش وتم ئینجا به‌ڕێز من بێ شوێن و جێم به‌ڕێوه‌به‌ری كتێبخانه‌ش كه‌ پێم وت بارگه‌م له‌كوێ ده‌بێ پێی وتم ده‌توانیت یا له‌كووفه‌ یاخود نه‌جه‌ف له‌ ئوتێل بی، منیش ڕۆژانه‌ ئه‌و هاتوچووه‌م پێ ناكرێ… وتی باشه‌ بزانم ئێستا قسه‌ له‌گه‌ڵ (السید مدیر الناحیة‌) ده‌كه‌م ، قادریش نه‌ختێك به‌رگری لێ كردم..كاتب ناحیه‌ وتی بڕۆ ده‌وری سه‌عاتی دوازده‌ وه‌ره‌وه‌..كه‌چوومه‌وه‌ وتی (ابشر) واته‌ مژده‌ (السید مدیر ناحیه‌) ئه‌مری كرد له‌قه‌سابخانه‌ی نه‌جه‌ف كه‌ له ‌عه‌بباسه‌ بوو ژوورێكی ئیداره‌ هه‌یه‌، به‌شێوه‌یه‌كی كاتی له‌وێ بمێنه‌وه ‌، پاشان بزانین چۆن ده‌بێ..
ئه‌و ژووره‌ی كلیله‌كه‌یان پێدام له‌ ده‌ره‌ی عه‌بباسیه‌ بوو ژوورێكی چوارگۆشه‌یی 5-7م ده‌بوو ، مێز و كورسیه‌كی لێ بوو ، په‌نجه‌ره‌یه‌كی بچووك ، ‌ناو قه‌سابخانه‌كه‌ نزیكه‌ی هه‌زار مه‌تر ده‌بوو ، به‌زنجیره‌ قه‌ناره‌ی بۆ ئاژه‌ڵان تێدا بوو، قه‌سابخانه‌ خۆی له‌ده‌ره‌وه‌ی ناحیه‌ بوو، شوێنێكی چۆلی بێ سه‌بر، جگه‌ له‌وه‌ش ، سه‌ره‌ڕایی شووشتنی ڕۆژانه‌ بۆنی خوێن و پاشماوه‌ی ئاژه‌ڵی سه‌ربڕاو ڕۆژه‌ ڕێیه‌ك ده‌ڕۆیی، شه‌وێك، دووان ، هه‌فته‌یه‌كی پێچوو ئیتر ئارامم له‌به‌ر بڕا نه‌متوانی چیتر به‌رده‌وام بم ، هه‌موو ئێوارانیش كه‌ ده‌چووم لای‌ (سامر) ناوه‌كه ئیمزا بكه‌م ، پێم ده‌گوت به‌ڕێز وه‌ڵڵاهی وه‌زعم له‌و ژووره‌ زۆر خراپه‌ و حاڵ و حیكایه‌تم له‌گه‌ڵ قه‌‌سابخانه‌ ئه‌وه‌یه ‌، كه‌ به‌ره‌به‌یان سه‌عاتی سێی شه‌و ده‌رگا گه‌وره‌ دووده‌ریه‌كه‌ی قه‌سابخانه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، من كه‌ تازه‌ وه‌نه‌وز بردمێـتییه‌وه‌‌ به‌ناچاری خه‌به‌رم ده‌بێته‌وه‌ ناتوانم بنوومه‌وه‌، ده‌بێ چاوه‌ڕێ بم تا ڕووناك دادێ به‌و به‌یانییه‌ زووه‌ بچمه‌ ده‌وام ، من بچم ماجدی پاسه‌وان له‌خه‌و هه‌ستێنم تا ده‌رگام بۆ بكاته‌وه ‌، ئه‌ویش هه‌موو جارێ ده‌یگوت (الله كریم) به‌خوای نزیكه‌ی دوو هه‌فته‌ی تریشم به‌ ( الله كریم) به‌ڕێ كرد، به‌ڵام چی له‌و ماوه‌یه‌دا له‌ بێخه‌وی و بێ ئاوده‌نگی و به‌ته‌نیایه‌كی وه‌ڕسكه‌ره‌وه‌ چه‌ندین كیلۆم كه‌م كردبوو به‌جۆرێك بنیسا بووم هه‌رچی بیدیبام ده‌یگوت له‌ گۆڕستان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.
ئه‌و جاره‌ به‌ڕاوێژ له‌گه‌ڵ قادر عه‌رزی حاڵێكم ڕاسته‌وخۆ بۆ به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ نووسی، مه‌گه‌ر به‌ده‌ستی خۆتی بنووسی ئه‌وه‌نده‌ جوانم نووسیبوو به‌ڵكو چاره‌یه‌كم لێ بكا، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ ناوی (ابراهیم مسته‌فا جمالدین) بوو ، له‌سه‌ری نووسیبوو (للحفز)، واته‌ بۆ هه‌ڵگرتن !!! به‌هۆی هاتوچووی چاپخانه‌ی (النعمان) له‌نه‌جه‌ف كه‌ باوكی ئه‌و ئیبراهیمه‌یش مامۆستا مسته‌فا جه‌مال الدین هاتوچووی ده‌كرد و منیان پێ ناساند بوو ئه‌و مامۆستا‌ بوو له‌ (كلیه‌ی فیقهه) له‌نه‌جه‌ف شاعیریش بوو ، كۆ شیعرێكی جوانی پاشان بڵاوكرده‌وه‌ به‌ناوی (عیناك واللحن القدیم) وتم به‌ڵكو به‌و بڵێم…
نه‌جه‌ف خۆت بگره‌ و چاپخانه‌ی ( النعمان ) كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی زۆر ڕێزی ده‌گرتم، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو كتێبیه‌ به‌رگ نه‌كراوه‌ حه‌ق نه‌دراوانه‌ی شه‌رفنامه‌م له‌كۆڵ كرده‌وه‌، پێم وت جه‌ناب حاڵ و حیكایه‌تم ئه‌وه‌یه ‌، ئوستاز خۆ من عائیدونم كافر نیم ، به‌ڵكو وابكه‌ی م. مسته‌فای باوكی به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ ببینم چاره‌سه‌رێكم بكا ، خوا هه‌ڵناگرێ خۆی به‌ئۆتۆمبێلی خۆی بردمیه‌ ماڵی م، مسته‌فای باوكی به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌…
بەخێری هێناین ، خاوه‌نی چاپخانه‌ وتی كاكه‌ت له‌بیره ‌، دیار بوو ناسیمیه‌وه‌ ، ئینجا حاڵ و مه‌سه‌له‌كه‌م به‌درێژی بۆ باس كرد ، جارێ تاوێك داما پاشان دوو جار وتی ( لاحول و ولا قوه‌ الا بالله‌) ئینجا ڕووی له‌من كرد و وتی : (شوف كاكة هذا كلب بن كلب هذا بعثى ماكو جاره ويا) بزانه‌ ببینه‌ كاكه‌ ئه‌و سه‌گی كوڕی سه‌گه‌ به‌عسیه‌ به‌و مانایه‌ی به‌قسه‌ی ناكا.
منیش بۆ موجامه‌له‌ وتم : نا مامۆستا حاشا له‌ جه‌نابت ..
وتی : نا نه‌خێر منیش لێی ڕازی نیم.
به‌هه‌ر حاڵ ، هه‌م به‌ هۆی ئه‌و و هه‌روه‌ها به‌ هۆی خاوه‌نی چاپخانه‌ی (النعمان)ـه‌وه‌ كه‌ شه‌فاعه‌تییان بۆ لای به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كتێبخانه‌ گشتییه‌كانی نه‌جه‌ف بۆ كردم كه‌ كتێبخانه‌ی عه‌بباسییه‌ش سه‌ر به‌ ئه‌وێ بوو تا ڕازی بكه‌ن به‌وه‌ی له‌ بینای كتێبخانه‌كه خۆی بمێنمه‌وه‌ ، ئه‌وه‌ بوو به‌ ته‌له‌فۆن به‌ به‌ڕێوه‌به‌ری كتێبخانه‌ی عه‌بباسییه‌ی وت با كاكه‌ له‌ كتێبخانه‌ بمێنێته‌وه‌ ، بزانه‌ هه‌وڵ بده‌ شوێنێكی بۆ دیاری بكه‌ له‌وێ .
به‌م جۆره‌ هه‌وارم گواسته‌وه‌ كتێبخانه‌ و له‌ قه‌سابخانه‌ ڕزگارم بوو و نه‌خته‌ئاهێكم هاته‌وه‌به‌ر ، به‌ڵام پاشی چی ، دوای ئه‌وه‌ی سێ مانگ و نیو پێستم بردرایه‌ ده‌بباغخانه‌ و له‌بارودۆخێكی ده‌روونی وادا بووم كه‌ به‌ ڕاستیش به‌ قسه‌ بۆم ناگێڕدرێته‌وه‌ ..
كتێبخانه‌ی گشتیی عه‌بباسییه‌ ( ناوه‌كه‌ی وا بوو ) له‌سه‌ر شه‌قامی سه‌ره‌كیدا بوو ، له‌ لایه‌كی دی نزیك بوو له‌ ماڵی قادری هاوڕێ و هاوپۆلی چه‌ندان ساڵی ته‌مه‌نم له‌ قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی و دواناوه‌ندی گه‌ڵاڵه‌ ی تێكه‌ڵاو كه‌ له‌و ئان و ساتیدا بۆم بوو به‌ خدری زینده‌ به‌تایبه‌تی كه‌ ئه‌و به‌ ماڵ و منداڵه‌وه‌ له‌وێ بوو.
بینای كتێبخانه‌ چونكه‌ بینایه‌كی نوێ بوو له‌ بابه‌تی ئه‌سبابی ته‌ندروستی پاك و ته‌میز بوو ، هه‌ر به‌وه‌شڕا ده‌ركه‌وت كه‌ هه‌ر پاش چه‌ند ڕۆژێكی كه‌م هێزم هاته‌وه‌به‌ر و كه‌وتمه‌وه‌ سه‌ر خوێندنه‌وه‌ و نووسین ، ئێوارانیش زۆرجار له‌گه‌ڵ قادر بووایه‌ یا به‌ته‌نێ پیاسه‌یه‌كم به‌ سه‌ر پرده‌كه‌ له‌ كه‌ناری زێی (فوورات)یدا ده‌كرد ، یا له‌ چایخانه‌ بچووكه‌كه‌ی ناحییه‌ كه‌ كه‌بابخانه‌ تاقانه‌كه‌ی ناحییه‌شی به‌ ته‌كه‌وه‌ بوو داده‌نیشتم ئینجا به‌ره‌به‌ری ئێواره‌ ده‌چوومه‌ ناحییه‌ لای سامر ئه‌فه‌ندی ئیمزام ده‌كرد كه‌ به‌ڵێ من لێره‌م و به‌هیچ لایه‌كدا نه‌چووم ..
ئه‌و باره‌ش ماوه‌ی چه‌ند مانگێكی خایاند ، پاشان چارم نه‌ما بیرم له‌ پلانێك كرده‌وه‌ ، نه‌ده‌كرا وه‌ك حه‌پس وابم و نه‌توانم به‌ سه‌فه‌ریش به‌هیچ لایه‌كدا بچم ، به‌ قادرم وت بڕیارم داوه‌ خۆم نه‌خۆش بكه‌م له‌م باره‌یه‌وه‌ به‌ڵكو یارمه‌تیم بده‌ی ، به‌م جۆره‌ به‌تانییه‌كم له‌خۆم لوول ده‌دا و قادریش ده‌ستی ده‌گرتم و ده‌یبردمه‌ ناحییه‌ و له‌وێش نووسراوی حه‌واڵه‌ كردنی نه‌خۆشخانه‌ی كووفه‌یان بۆ ده‌كردم .
جاری یه‌كه‌م به‌ دكتۆرم وت كه‌ عه‌ره‌ب بوو : به‌ڵكو چه‌ند ڕۆژێك ئیجازه‌م بۆ بنووسی بچم له‌ به‌غدا چاره‌سه‌ری خۆم بكه‌م ، خوا هه‌ڵناگرێ بۆی كردم ..
پاشان له‌ جاری دووه‌مدا به‌ ڕێكه‌وت دكتۆرێكی كوردم دیته‌وه‌ له‌ هه‌مان نه‌خۆشخانه‌ كاری ده‌كرد ، خه‌ڵكی زاخۆ بوو ، به‌ داخه‌وه‌ ناوه‌كه‌ییم به‌بیر نه‌ماوه‌ ، وه‌زع و حاڵی خۆمم تێگه‌یاند وتم به‌ڵكو وا بكه‌ی ناوه‌ ناوه‌ ئیجازه‌م بۆ بنووسی ، ڕاستیی مه‌ردانه‌ هاته‌پێش ، به‌م جۆره‌ كه‌ ده‌چوومه‌ به‌غدایش ده‌چوومه‌ لای هه‌ر سێ ڕه‌وانشاد ، م. عه‌زیز گه‌ردی و كاردۆ گه‌ڵاڵی و حه‌كیم كاكه‌وه‌یس كه‌ له‌ حه‌یده‌رخانه‌ – شه‌قامی ڕه‌شید خانووییان گرتبوو ، ئه‌وی ڕاستییه‌ كاك حه‌كیمم له‌وێ ناسی ئه‌و ده‌مه‌ له‌ به‌شی كۆمپیۆته‌ری وه‌زاره‌تی پلاندانی عیراقی كاری ده‌كرد ، به‌ڵام م. عه‌زیز و كاردۆ دۆستی زووترم بوون .
به‌و حاڵه‌ چه‌ند مانگێكم له‌ به‌ینی ده‌وام و ناوه‌ ناوه‌ی ئیجازه‌ بۆ به‌غدا به‌ڕێ كرد.. زۆر جار براده‌رانی تریشم ده‌دیتن ، كه‌ هه‌بوون له‌ به‌غدا ده‌ژیان ، هه‌شبوون وه‌ك خۆم هه‌ر یه‌ك به‌لایه‌كدا كه‌وتبوون ، شێركۆ بێكه‌س كه‌ له‌ (به‌غدادیه‌)ی شاری ڕوومادی ده‌ژیا ، هه‌روه‌ها حه‌سه‌ن ڕه‌مه‌زان (حاكم حه‌سه‌ن) یش هه‌ر له‌و ناوه‌ بوو ، وابزانم ئازاد جندیانیش هه‌ر له‌و ده‌وروبه‌ره‌ بوو .
زۆر جار ڕێكده‌كه‌وت له‌ براده‌رانی هه‌ولێریش كه‌ ده‌هاتنه‌ به‌غدایێ ڕێكه‌وتی یه‌كدیمان ده‌كرد له‌ چایخانه‌ بووایه‌ یا له‌سه‌ر شه‌قام .

به‌غدا شارێكه‌ له‌ قبووڵ كردنی غه‌ریبان له‌ هه‌ولێر ده‌چێ ئه‌گه‌ر له‌پێشتر نه‌بێ ، بۆیه‌ هه‌موو جارێ كه‌ ده‌هاتمه‌ به‌غدا ، ئاهێكم ده‌هاته‌وه‌به‌ر ، ئه‌وسا له‌و شه‌قامی ڕه‌شید و جمهووری و سه‌عدوونه‌ به‌ ده‌یان كوردت به‌ جل وبه‌رگی كوردییه‌وه‌ ده‌دی ، جگه‌ له‌وه‌ش به‌غدا وه‌ك ئه‌وه‌ی بنكه‌ی فه‌رهه‌نگی عه‌ره‌بی بوو له‌ هه‌موو ئه‌و ڕۆژنامه‌ و گۆڤارانه‌ی لێی بڵاوده‌كرانه‌وه‌ و ئه‌وانه‌ی له‌ دونیای عه‌ره‌بستانێ و ده‌ره‌وه‌یدا بۆی ده‌هاتن ، بنكه‌ی كولتوور و ڕۆشنبیری كوردیش بوو به‌وه‌ی زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم هه‌موو ڕۆژنامه‌ و گۆڤار و كتێبانه‌ی به‌ كوردی بڵاوده‌كرانه‌وه‌ له‌ به‌غدایێ بوون ، مه‌گه‌ر یه‌ك دوو چاپخانه‌ی دواكه‌وتوو له‌ هه‌ولێر و سلێمانی ئه‌ویدی چاپخانه‌ پێشكه‌وتووه‌كان له‌ به‌غدایێ بوون ، ته‌نانه‌ت كرێكاری چاپخانه‌كان زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆریان كه‌ له‌و ڕۆژنامه‌ و گۆڤارانه‌ و هه‌روه‌ها كتێب تایپكردن تا ماوه‌یه‌كی زۆر عه‌ره‌ب بوون و ده‌بووایه‌ نووسینی كوردییان به‌ هێڵی لاری وشه‌ لێكدابڕاندنه‌وه‌ بچێته‌ به‌ر ده‌ست تا تێكه‌ڵی نه‌كه‌ن چونكه‌ تێی نه‌ده‌گه‌یشتن و كوردییان نه‌ده‌زانی .
به‌م دواییه‌ وابزانم ده‌وروبه‌ری ساڵی 1972 یا 1973 چاپخانه‌یه‌كی پێشكه‌وتوو له‌ هه‌ولێر دامه‌زرا كه‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عیراقی بوو (چاپخانه‌ی په‌روه‌رده‌ ژماره‌ 2 ) كه‌ ئه‌ویش تایبه‌ت بوو به‌ چاپكردنی كتێبی قوتابخانه‌ و ئه‌میری بوو كتێبی دی چاپ نه‌ده‌كردن .
بێجگه‌ له‌وه‌ی كۆڕی زانیاری كورد ، كه‌ پاشان دوای هه‌رای 1975 كرا به‌ ده‌سته‌ی كورد له‌ كۆڕی زانیاری عیراق و كۆمه‌ڵه‌ی ڕۆشنبیری كوردی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خوێندنی كوردی و ڕادیۆی كوردی به‌غدا و ده‌زگای هاوكاری كه‌ له‌ دوایدا بوو به‌ ده‌زگای ڕۆشنبیری و بڵاوكردنه‌وه‌ی كوردی و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ خوێندكارانی كورد له‌ زانكۆكانی به‌غدا كه‌ به‌رچاو بوون و هه‌ست به‌ جموجۆڵ و چالاكیان ده‌كرا هه‌میشه‌ له‌و كۆڕ و سیمینارانه‌ كه‌ له‌ باره‌گای كۆمه‌ڵی ڕۆشنبیری كوردی له‌ گه‌ڕه‌كی وه‌زیریه‌ پێشكێش ده‌كران ئاماده‌ ده‌بوون و به‌شداری كارایان تێدا ده‌كرد.
به‌هه‌ر حاڵ تا حه‌وت هه‌شت مانگی دی هه‌ر وا مامه‌وه‌ ، هه‌موو ئێوارانیش ده‌بووایه‌ له‌ ناحییه‌ ( ئیسپاتی وجوود بكه‌م ) له‌و ماوه‌یه‌ش كه‌ له‌ كتێبخانه‌ ده‌مامه‌وه‌ و ده‌وام و نووستنم هه‌ر له‌وێ بوو كابرای پاسه‌وانیش كه‌ ناوی (ماجد) بوو هه‌ندێ جار هه‌ر به‌دوایی نه‌ده‌هات ئه‌گه‌ر جارجاریش بهاتبووایه‌ ته‌نیا یه‌ك دوو سه‌عات ده‌مایه‌وه‌ و ده‌ڕۆیشت به‌و حسابه‌ی من به‌رده‌وام له‌وێ ده‌بووم پاسه‌وانییه‌كه‌یشی به‌من ‌سپارد بوو!!
سۆپایه‌كی عه‌لاوه‌ددین (علاءالدین)ی لێ بوو چێشت و چام پێ ئاماده‌ ده‌كرد وه‌كی دی شه‌وانه‌ زۆربه‌ی كاتم به‌ خوێندنه‌وه‌ به‌سه‌ر ده‌برد ، گڵۆپه‌كانم هیچی نه‌ده‌كوژانده‌وه‌ ، هه‌میشه‌ هه‌ڵ بوون ، به‌وه‌ش هه‌ست به‌ ته‌نیایی كردنم سووكتر ده‌بوو وه‌ك داریوش ده‌ڵێ ( له‌ هه‌ر كوێدا چرا هه‌ڵبێ له‌ ترسی ته‌نیایی بوونه‌ ) كه‌ خودی گۆرانییه‌كانی داریۆش خۆیشی به‌شێكی دی بوون له‌ دڵنه‌وایی و سه‌بری ئه‌و ڕۆژگاره‌ زینده‌به‌تاڵانه‌ ..
هه‌ندێ جاریش به‌ڕۆژ دوای ده‌وام چه‌ند سه‌عاتێك ده‌چوومه‌ كووفه‌ و له‌وێ ئه‌گه‌ر زه‌خیره ‌و سه‌وزه‌یه‌كم پێویست بووایه‌ ده‌مهێنا ، جاریش هه‌بوو هه‌ر له‌ عه‌بباسیه‌ ده‌مامه‌وه‌ لای قادر له‌ ماڵیان یاخود پێكه‌وه‌ پیاسه‌یه‌كمان به‌ كه‌ناره‌كانی فوورات دا ده‌كرد یا ده‌چووینه‌ چایخانه‌كه‌ ..
ورده‌ ورده‌ هه‌ندێ براده‌ری عه‌ره‌بیشم بۆ په‌یدا بوون ، له‌وانه‌ یه‌كێك به‌ناوی (حه‌لیم) كه‌ كوڕی شێخێكی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ بوو ، ئه‌و ده‌م له‌ پۆلی شه‌شه‌می ئاماده‌یی له‌ نه‌جه‌ف ده‌یخوێند دوای چه‌ندان ساڵ به‌ ئه‌فسه‌ری پله‌ نه‌قیب له‌ هه‌ولێر بینیمه‌وه‌ وا دیار بوو له‌ سه‌ربازگه‌ی هه‌ولێر ده‌وامی ده‌كرد .
ئه‌م حاڵ و باره‌ وا تێده‌په‌ڕی و ژیانی ئێمه‌ش به‌و شێوه‌ وه‌ڕسكه‌ره‌ ، نه‌شمانده‌زانی تا كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێ و ده‌گه‌ینه‌ كوێ و چیمان لێ دێ ..
جاروبار كه‌ ئیجازه‌یان پێ بدابوومایه‌ ده‌چوومه‌ لای براده‌رانی كه‌ربه‌لا و چه‌ند شه‌وێك ده‌مامه‌وه‌ ، زۆرجاریش پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ د. سعدی و ملازم شوان و حه‌سه‌ن گه‌رمیانی له‌و به‌ینه‌ ده‌هاتینه‌ ( توێریج) كه‌ وه‌ك وتم یانه‌ی لێ بوو ، چونكه‌ نه‌ كه‌ربه‌لا و نه‌ نه‌جه‌ف یانه‌یان لێ نه‌بوو .
به‌م جۆره‌ له‌ عه‌بباسیه‌ به‌رده‌وام بووم ، تا ڕۆژێ له‌ ڕۆژنامه‌ خوێندمانه‌وه‌ كه‌ (به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ده‌زگای ڕۆشنبیری و بڵاوكردنه‌وه‌ی كوردی )یان كووشتوه‌ ، ڕاستیی من دوور و نزیك ئه‌و پیاوه‌م نه‌دی بوو نه‌ ناسیبوو ، به‌ڵام ده‌یانگوت خه‌ڵكی سلێمانییه‌ و یه‌كه‌مین به‌یانی كوده‌تای به‌عس له‌ 1968 ئه‌و له‌ ڕادیۆدا خوێندویه‌تییه‌وه‌ ، ده‌یانگوت به‌ ده‌ستی ئه‌نقه‌ست و به‌ پلان دژی زمان و كولتووری كوردی بووه‌ و قه‌ت به‌ كوردی قسه‌ی نه‌كردووه‌ و ئه‌وه‌یشی نووسیویه‌تی بۆیان كردووه‌ به‌ كوردی كه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی (هاوكاری) بڵاوی ده‌كرده‌وه‌ ، ڕاستیی له‌ زه‌مانی ئه‌ودا زۆر له‌ نووسه‌رانی كورد له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانییان خۆیان له‌ بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگا ده‌پاراست ، كه‌ یه‌كێكیان من خۆم بووم .
هه‌ر دوو ڕۆژ پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵه‌ له‌ ڕۆژنامه‌كانی عیراق ، له‌ كتێبخانه‌ بووم كه‌ پیاوانی‮ ‬ئه‌منی‮ ‬عه‌بباسییه‌ هاتن یه‌كه‌م جار به‌ ئاسایی پێیان وتم له‌ ئه‌منی نه‌جه‌ف داوات ده‌كه‌ن ، منیش وام زانی هه‌ر بۆ مه‌سه‌له‌ی مانه‌وه‌ له‌ كتێبخانه‌ یا شتێكی له‌و بابه‌ته‌ بێ بۆیه‌ به‌ ئاساییم وه‌رگرت له‌گه‌ڵیان چووم ، به‌ ڕێككه‌وت برابچووكی قادر له‌به‌ر ده‌رگای ماڵه‌وه‌یان بوو ( بۆ ئاگادار كردنه‌وه‌ی قادر) پێم وت مسته‌فا ئه‌گه‌ر قادر هاته‌وه‌ بڵێ نه‌ژادیان برد ، وتم با هه‌ر بزانێ ، ده‌نا بیرم له‌وه‌ نه‌ده‌كرده‌وه‌ یا شتێكم به‌ خۆم شك نه‌ده‌هات ، ئه‌و كاته‌ تا ڕاپه‌ڕینیش من له‌ هیچ حزبێك یا ڕێكخستنێك نه‌بووم ، به‌هه‌ر حاڵ منیان برد بۆ ئه‌منی‮ ‬نه‌جه‌ف ، كه‌گه‌یشتینه‌ ئه‌وێ ،‮ ‬هه‌ر به‌گه‌یشتنمان ،‮ ‬منیان برده‌ ژوورێك دوو كه‌سی‮ ‬لێ بوون به‌جلوبه‌رگی‮ ‬مه‌ده‌نی‮ . ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
پاش ئه‌وه‌ی‮ ‬ناو و ناونیشانییان لێ پرسیم من هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م گوت‮ ( استاذ ‬اگدر اعرف أنی‮ ‬لیش هنا‮) ئوستاز ‬ئایا ده‌توانم بزانم من بۆ لێره‌م؟ هه‌ر كه‌ ئه‌وه‌م گوت،‮ ‬یه‌كێكیان كه‌‮ به‌ پێوه‌ بوو ،‮ ‬زڕته‌ بۆزیك بوو‮ ‬ڕه‌شتاڵه‌ ته‌مه‌نی‮ ‬له‌به‌ینی‮ ‮ ‬04 تا 54 ‬ساڵ ده‌بوو چه‌ند زلله‌یه‌كی ‮ ‬لێدام له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵیك جوینی‮ ‬ناشیرین به‌وه‌ی‮ ‬وای‮ ‬پیشان دا كه‌من چۆن نازانم بۆ لێره‌م‮ . ‬هه‌رچه‌ندی‮ ‬ وه‌ڵڵا و بیلام زۆر بۆ هێنایه‌وه‌‮ ‬ سوودی‮ دوای‮ ‬ئه‌وه‌ بانگی‮ ‬كرد منیان برده‌ ده‌ره‌وه ‌،‮ ‬گه‌راجێكی‮ ‬لێ بوو له‌ژێر زه‌مین ده‌چوو،‮ ‬منیان له‌و گه‌راجه‌ دانا‮. ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
‬پاش دوو سه‌عات زیاتر.. كه‌متر،‮ ‬دووكه‌س هاتن سواری‮ ئۆتۆمبیلێكی‮ ‬پیكابی‮ ‬گه‌وره‌ی‮ ‬شۆفرلێتیان كردم و هاتینه‌ ده‌ره‌وه‌‮. ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
‬سه‌ره‌تا نه‌مزانی‮ ‬بۆ كوێم ده‌به‌ن ،‮ ‬ڕاستی‮ ‬نه‌شموێرا چیتر پرسیار بكه‌م‮..‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
پاش كه‌میك‮ ‬ڕۆیشتن ،‮ ‬زانیم به‌ره‌و‮ ‬ڕێگای‮ ‬شاری‮ (‬حیله‌‮)‬یه‌‮ ، ‬له‌و ده‌مه‌دا نه‌ختیك ترسام به‌ڵام به‌سه‌رخۆم نه‌هێنا ،‮ ‬له‌هه‌مانكاتدا زۆرم تینو بوو ،‮ ‬چونكه‌ هه‌م گه‌رمابوو،‮ ‬هه‌میش له‌به‌یانییه‌وه‌ ئاوم نه‌خواردبووه‌وه‌‮..‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
به‌م جۆره‌ ،‮ ‬ئۆتۆمبیله‌كه‌‌ زۆر به‌خێرای‮ ‬ده‌ڕۆیشت و له‌ هیچ سه‌یته‌ره‌ و بازگه‌یه‌كیش نه‌ده‌وه‌ستا‮ ‬یه‌كسه‌ر تێده‌په‌ڕی‮. ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
گه‌یشتینه‌‮ (‬حیله‌‮)‬،‮ ‬وام زانی‮ ‬له‌وی ده‌مهیڵنه‌وه‌‮..‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
نه‌خیر له‌‮ (‬حیله‌)یش‮ ‬ڕه‌ت بووین كه‌ له‌‮ (‬حیله‌‮) ‬ڕه‌ت بووین ترسم زیاتر بوو جورئه‌تم دایه‌ به‌رخۆم و له‌كابرای‮ له‌گه‌ڵم بوو پرسی‮ (‬اگدر اعرف وین نروح‮) ‬ده‌كرێ بزانم بۆ كوێ ده‌چین‮..‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
ئه‌و بێ ئه‌وه‌ی‮ ‬ته‌ماشام بكا ته‌نیا گوتی‮ (‬بعدین‮) ‬واته‌ پاشان‮.. ‬به‌هه‌رحاڵ ئۆتۆمبیل ده‌ڕۆیشت،‮ ‬ورده‌ ورده‌ له‌گه‌ڵ بڕینی‮ ‬ڕێگادا زانیم ده‌چینه‌ به‌غدا به‌ڵام تا ئه‌و كاته‌ش كه‌ نزیك بووینه‌وه‌ له‌به‌غدا ئه‌وه‌نده‌ی‮ ‬بیرم ده‌كرده‌وه‌ نه‌مده‌زانی‮ ‬بۆچی‮ ‬گیراوم‮.‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
ده‌وروبه‌ری‮ ‬سه‌عاتی‮ ‬ 2 دووی ‬پاش نیوه‌ڕۆ گه‌یشتنه‌ به‌غدا ئۆتۆمبیله‌كه‌ به‌ره‌و ساحه‌ی‮ ‬ئه‌نده‌لووسی‮ ‬نزیك‮ (‬قصر الابیض‮) ‬ڕۆیی‮..‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
چووه‌ كۆڵانیك ،‮ ‬خۆی‮ ‬له‌ كۆڵانیكی‮ ‬ئاسایی‮ ‬ده‌چوو ،‮ ‬پاشان له‌به‌ر ده‌رگای‮ ‬خانوویه‌ك وه‌ستا‮ ، ‬خانووه‌كانی‮ ‬ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ زۆربه‌یان خانووی‮ ‬تاڕاده‌یه‌ك گه‌وره‌ بوون‮..‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
منیان هێنایه‌ خواره‌وه ‌و بردمیانه‌ ژووره‌وه‌ له‌وێ له‌ناو خانووه‌كه‌ بردمیانه‌ ژوورێك كابرایه‌كی‮ ‬لێ‮ ‬ڕاكشابوو له‌سه‌ر قه‌ره‌وێله‌یه‌ك وادیاره‌ بوو ئه‌فسه‌ری‮ ‬ئه‌من بێت چونكه‌ ژووره‌كه‌ مێز و كورسیشی‮ ‬تێدابوو ، ‬كابرا به‌عه‌ره‌بی‮ ‬به‌كابرای‮ ‬ڕاكشاوی‮ ‬گوت‮: (‬سیدی‮ ‬هذا نزاد،‮ ‬جبنا من النجف‮) ‬واته‌ گه‌وره‌م ئه‌وه‌ نه‌ژاده‌ كه‌ ئه‌و به‌‮ (‬نزاد‮) ‬ناوی‮ ‬بردم و له‌نه‌جه‌ف هیناومانه‌‮. ‬كابرا‮ ‬یه‌كسه‌ر هه‌ستایه‌وه‌ وه‌ك بڵێی تاوانبارێكی بزربووی چه‌ند ساڵه‌یان دۆزیبێته‌وه‌ وتی‮: (‬ئی‮ ‬ئی‮..) ‬پاشان ته‌ماشایه‌كی‮ ‬منی‮ ‬كرد به‌نه‌وعێك و
كابرا به‌پێشه‌خۆی‮ ‬دام‮..‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
كه‌ هاتینه‌ ده‌ره‌وه‌،‮ ‬یه‌كسه‌ر چاویان به‌ستم و ده‌ستیان گرتم نزیكه‌ی‮ ئاوا سێسه‌ت مه‌تریك‮ ، كه‌متر زیاتر ‬ڕۆیشتین وا دیاربوو له‌و خانووه‌ دووركه‌وتبووینه‌وه‌‮. ‬وه‌ختیك چاویان كردمه‌وه‌ له‌شوێنیكی‮ ‬تر بووین ،‮ ‬له‌وێ بردمیانه‌ ژێرزه‌مینێك كه‌ به‌ په‌یژه‌ بۆی‮ ‬چووین بنمیچی ‬زۆر نزم بوو ،‮ ‬دوای‮ ‬ئه‌وه‌ی‮ ‬كابرا به‌ر و باخه‌ڵی ‮ پشكنیم پاكه‌ت و شخاته‌م پێ بوو ،‮ ‬شخاته‌كه‌ی‮ ‬لێ ستاندم و پاكه‌ته‌كه‌ی‮ ‬دامه‌وه‌ و وتی‮ ‬هه‌ر وه‌ختیك
كه‌ ده‌رگا داخرا سه‌یریكی‮ ‬ده‌وروبه‌ری‮ ‬خۆمم كرد له‌و ژێر زه‌مینه ‌،‮ ‬ڕاستی‮ ‬جگه‌ له‌ هه‌ست به‌ته‌نیایی‮ ‬كردن ترسایشم و ئیتر وام لێكدایه‌وه‌ ده‌بی ئیخباریه‌كی‮ ‬زۆر گه‌وره‌م لێ كرابی‮..‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
ژێرزه‌مینه‌كه‌ مرۆڤ نه‌یده‌توانی‮ ‬به‌ڕاوه‌ستان تێیدا‮ ‬ڕابوه‌ستێ به‌هۆی‮ ‬ئه‌وه‌ی‮ ‬بنمیچی ‬زۆر نزم بوو‮. ‬زۆریش پیس بوو، ‬ته‌نانه‌ت پاشماوه‌ی‮ ‬پیسایشی‮ ‬تێدابوو، ‬دیواره‌كانی‮ ‬هه‌ندێ نووسینی‮ ‬به‌سه‌ره‌وه‌ بوو ،‮ ‬هه‌ندێكیان ناو و‮ ‬ڕۆژی‮ ‬گرتن و به‌ڕه‌ڵڵابوونی‮ ‬خۆی‮
كه‌هه‌ندێكیانم دیت ،‮ ‬ڕاستی‮ ‬زۆر په‌شۆكام كه‌ هه‌بوو دوو تا سێ مانگ له‌و ژێر زه‌مینه‌دا ماوه‌ته‌وه ‌،‮ ‬به‌تایبه‌تی‮ ‬كه‌ ژێرزه‌مینه‌كه‌ هیچ‮ ‬ڕووناكیه‌كی‮ ‬تێدا نه‌بوو‮.‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
به‌ڵام ده‌نگه‌ ده‌نگی‮ ‬خه‌ڵكی‮ ئاسایی (‬ڕێبواران) له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌هات دوو په‌نجه‌ره‌ی‮ ‬درێژووكانی‮ ‬بچووكی‮ ‬له‌لای‮ ‬سه‌ره‌وه‌ هه‌بوو‮. ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
به‌هه‌رحاڵ ،‮ ‬من داوای‮ ‬ئاگرم نه‌كرده‌وه‌ پاكه‌تیكی‮ ‬به‌غدام پێ بوو،‮ ‬جگه‌ره‌م به‌جگه‌ره‌ داده‌گیرساند‮..‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
تینیوویه‌تی‮ ‬هێـزی‮ ‬له‌به‌ر بڕیبووم قورگم وشك ببوو پێكه‌وه‌ نووسابوو ،‮ ‬نه‌مده‌زانی‮ ‬چی‮ ‬بكه‌م ،‮ ‬تۆ حساب بكه‌ له‌به‌یانییه‌وه‌ كه‌ ئێستا ئێواره‌یه‌كی‮ ‬دره‌نگه ‌و به‌و‮ ‬ڕۆژه‌ درێژانه‌ی‮ ‬هاوین و به‌م گه‌رمایه‌ی به‌غدا ئاوم نه‌خواردبووه‌وه‌‮.‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
دونیا تاریك داهات ،‮ ‬ژێرزه‌مینه‌كه‌ زۆر تاریك بوو ،‮ ‬تاریكی‮ ‬له‌و ئان و ساتانه‌دا ده‌یان خه‌یاڵت بۆ دێنێ‮..‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
ده‌وری‮ ‬سه‌عاتی‮ ‬9ی‮ ‬شه‌و،‮ ‬ده‌نگی‮ ‬پێم هاته‌ به‌رگوێ به‌ره‌ولای‮ ‬ده‌رگاكه‌ به‌ په‌یژه‌كه‌وه‌ ده‌هاتنه‌ خوار به‌پێی‮ ‬ئه‌و زانیاریانه‌ی‮ ‬هه‌مبوو و له‌زیندانیانم‮ بیستبوو ،‮ ‬یه‌كسه‌ر خه‌یاڵم بۆ شتی‮ ‬خراپ چوو ،‮ ‬له‌دڵی‮ ‬خۆمدا وتم ده‌مبه‌ن ده‌مكوژن ،‮ ‬له‌هه‌مان كاتیشدا بیرم له‌وه‌ ده‌كرده‌وه ‌،‮ ‬تۆ بڵیی‮ ‬من له‌سه‌ر چی‮ ‬گیرابم ،‮ ‬كی ئیخباری‮ ‬لێ كردبم و شتی‮ من له‌و فیكر و خه‌یاڵانه‌دا بووم كه‌ ده‌رگایان كرده‌وه‌ ،‮ ‬دوو كه‌س بوون ،‮ ‬یه‌كیان وتی‮ (‬گوم)واته‌‮ (‬هه‌سته‌‮) ‬ ،‮ ‬ئیتر به‌ پیشه‌خۆیان‮ ‬دام به‌ره‌وسه‌ره‌وه‌‮..‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
بۆ‮ ‬یه‌كه‌م جار پاش چه‌ندین سه‌عات،‮ ‬چاوم به‌ ئاوه‌دانی‮ ‬ڕوون بووه‌وه‌ ،‮ ‬به‌ڵام زۆرم تینوو بوو‮. ‬به‌یه‌كێكیانم گوت زۆرم تینووه‌،‮ ‬وتی :(‬بعدین‮) ‬واته‌ دوایی‮..‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
منیان برد له‌پیش ژوورێكیان دانام وتیان‮ (‬ئینته‌زیر‮) ‬واته‌ چاوه‌ڕێ به‌‮..‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
كابرا چووه‌ ژووره‌وه‌،‮ ‬ماوه‌یه‌كی‮ ‬كورت له‌ژووره‌وه‌ بوو هاته‌ ده‌ره‌وه ‌،‮ ‬پێی‮ ‬وتم وه‌ره‌‮! پێش خۆی‮ ‬دام بۆ ژووره‌وه‌‮.‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
ژووره‌كه‌ مێز و كورسی‮ ‬و قه‌نه‌فه‌ی‮ ‬لێ بوو ،‮ ‬له‌ژووری‮ ‬ئه‌فسه‌ر ده‌چوو،‮ ‬دوو كه‌سی‮ ‬لێ بوو‮ن ‬یه‌كێكیان له‌پشتی‮ ‬مێزه‌كه‌وه‌ به‌ كه‌ماڵی سه‌نته‌نه‌ته‌وه‌ دانیشتبوو ،‮ ‬ئه‌وه‌ی‮ ‬دیكه‌یان له‌ته‌نیشت مێزه‌كه‌ چه‌ند وه‌ره‌قه‌یه‌كی‮ ‬سپی‮ ‬له‌به‌رده‌م بوو قه‌ڵه‌مێكی‮ ‬له‌سه‌ر

(*) ( به‌ختی ڕه‌ش یـا كـۆمه‌ڵی چه‌وت) له‌ ئه‌سڵدا ئه‌مه‌ ناوونیشانی یادداشته‌كانی باوكم بوو كه‌ نزیكه‌ی نۆ سه‌ت و قسوور لاپه‌ڕه‌ی فۆڵسكاب (A4)ی ده‌ستخه‌ت بوو ، بێجگه‌ له‌ چه‌ندان وێنه‌ و دیكۆمێنتی گرینگ كه‌ به‌ داخێكی زۆره‌وه‌ به‌ بۆردمانی فڕۆكه له‌گه‌ڵ خانوو و ماڵێمان ساڵی 1974 له‌ گه‌ڵاڵه‌ تـیاچوو .




ناوی زانكۆ: خانەنشین!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

                      

یاسایەكی ئابووری هەیە، پەیوەندی بە خستنەڕوو، داواكارییەوە هەیە و هەر كاتێك كاڵایەك لە بازاڕدا زۆربوو، بەهای دێتە خوار تا ئەو ئاستەی هیچ نرخێكی نامێنێت، گەر لە ڕووی كواڵیتی و پێكهاتەشەوە جیاواز بن لە یەكتری، بەڵام چونكە خستنە ڕووی زۆرە هەر ناتوانرێت بەهای بەرزبێتەوە. لەو سۆنگەیەوە، لەگەڵ زۆربۆنی زانكۆكان لە هەرێمی كوردستان، كە دەرەنجامی ململانێی سیاسی هەردووحزب و زۆنی حزبی بوو، نەك پێویستییەكی زانستی و پیشەیی و مەعریفی وای لێ هات لە هەر قەزایەك زانكۆیەك كرایەوە، ئیدی لە دەرەنجامی ئەم دۆخەوە، واقیعێك هاتە ئارا كە كوردستان پڕ بوو لە هەزاران ئەوكەسانەی بە كۆلاژكردنی نووسین، بەكارهێنانی سەدان سەرچاوە، وەرگرتنی تایبەتەوە، بوونە خاوەن ماستەر و دكتۆرا كە ئێستا نزیك بەوەیە هەموو كەس هەڵگڕی ئەو بڕوانامانە بێت، بێ ئەوەی لە ڕووی زانستی و ئەكادیمییەوە زانیارییەكی قووڵ و ئەوتۆی لە پسپۆڕیەكەدا هەبێت. هەیانە نەگەیشتۆتە سی ساڵە كەچی دكتۆرای لە یاسا، ئەدەب، زمان، ماف و مێژوو، جوگرافیا هێناوە ! لە كاتێكدا لە زانستی سایكۆلۆژیدا، مرۆڤ لە سەرووی سی ساڵییەوە ئەو كات توانستی هزریی و كەسی و كۆمەڵایەتی پێ دەگات.
هەیە، هەر لە بیستەكانی تەمەنییەتی، كەچی پسپۆڕی نەشتەرگەرییە، ئەم دەركەوتانە نیشانەی پێشكەوتنی زانستییانەی خوێندن بە گشتی و خوێندی باڵا نین، بەڵكو ئاماژەن بۆ نەمانی هیچ جۆرە سنوور و پسپۆڕایەتی و تێگەیشتنی زانستییانە لە نێوان كەسەكاندا، بۆیە دەبینین وێرای ئەوەی لە هەرێمی كوردستاندا نزیك بە دوو ملیۆن قوتابی هەیە، بە هەزاران ماستەرو دكتۆرا لە پسپۆڕییە جیاوازەكان هەن، كەچی ئەوە ئاستی پێشكەوتنی هزری كۆمەڵگەی ئێمە و توانستی هوشیاریی تاكەكانە كە دەیبینین ! لەو ڕۆژانەدا، هەواڵی تاوتوێكردنی نامەیەكی ماستەری كەسێكم بینی، كە تیایدا لیژنەی تاوتوێكردن و هەڵسەنگاندنی لە چەند ئەندامێك پێكهاتبوو. ئەوەی سەرنجی ڕاكێشام، لە میانەی ناساندن و دەرخستنی ناونیشانی زانستی و پیشەیی لیژنەی سەرپارشتیاری نامەكە ئەوەبوو، لە بەرانبەر ناوی یەكێكیان نووسرابوو: ( ناوی زانكۆ: خانەنشین) .
بە ڕاستی سەیرم پێ هات ! ئاخر نازانم زانكۆ چۆن خانەنشین دەبێت؟ ئایا ئەویش لە شەست و سێ ساڵیدا خانەنیش دەبێت؟ دەبێ مووچەكەی چەند بێت؟ چەند ساڵ خزمەتی كردبێت؟ بە ڕاستی ئەم جۆرە ناساندنە، نیشانەی هەژارییە لە زمان ونووسین و دەربڕین، دەنا ئەوەی خانەنشین دەبێت مامۆستای زانكۆیە نەك زانكۆ ! ئەوانەی تایتلی ئەو تاوتوێكردنەیان داناوە، وایان زانیوە جیاوازی لە نێوان مامۆستای (خانەنشینی زانكۆ) لەگەڵ (زانكۆی خانەشین) نییە! چی تێدایە، حەسەن كەچەڵ بێت، یان كەچەڵ حەسەن !

*ئەم بابەتە لە هەفتەنامەی ڕێگای كوردستان ژمارە (1479) لە 13/1/2025 بڵاوكراوەتەزە.




ترامپ و سیاسەتەکانی.. زاهیر باهیر

دۆناڵد ترامپ ئەو گەمژەیە نییە کە زۆرینەی میدیاکان و سۆشیال میدیاکانی جیهان پێمان دەڵێن. ڕاستە پێشبینکردن لە بڕیار و ڕەفتارەکان و سیاسەتەکانی زۆر گرانە بەڵام ئەو وەکو بزنسمانێك و سیاسییەك ئەو قسەیەی کە دەیکات زۆربەی کات دەیگەیەنێتە جێ، ئەو بڕیارەی کە دەیدات دەیخاتە مەیدانی کردنەوە، کابرایەكە زۆر وەخت یەك ڕووە و ئەوەی لە دڵیدا بێت دەیخات سەر لێوانی.
جیاوازی ئەم لەگەڵ سەرۆکەکانی پێش خۆیدا ئەم وەکو ئەوان ئەجەندەی شاراوەی نییە. ئەوان کەمتر بزنسمان و زیاتر گۆێگر لە کۆمپانیاکان و بزنسامانەکان بوون. ئەم، بزنسامانە و گوێ کەمتر لە کۆمپانیا و بزنسمانەکان دەگرێت. بەڕای من سیاسەتەکانی سەبارەت بەم سیستەمە و بەردەوامیدان پێی تا ڕادەیەك دروستە و خزمەتی بەرژەوەندی گەورە کۆمپانییەکانی ئەمەریکا و جیهان دەکات و بە دروستکردنی جەنگ و پشێوییەکان، سەرقاڵکردنی خەڵکی و میدیا و وەشاندنی زەربەی گەورەی لە بزوتنەوەی کرێکاران و چەوساوەکان دەدات. ئەو دەزانێت کە ڕێکخراو و دامەزراوەکانی وەکو یو و ئێن و ناتۆ ڕۆڵیکی ئەو تۆیان نەماوە و ئەو هۆکار و زەمانەی کە لە پێناویدا دروست بوون تێپەریون و تەنها پارەیەکی زۆر لەسەر ئەمەریکا دەکەوێت .
ئۆکرانیا و سیاسەتی ئەو:
گەر تەماشای سیاسەتی ئەو بکەیت سەبارەت بە ئۆکرانیا واقیعانە دەڕوانێتە بارودۆخەکە ئۆکرانیا شەڕەکەی دۆڕاندووە و حکومەتی بەزیویش ناتوانێت هیچ مەرج و بەندێك بەسەر حکومەتی براوەدا بسەپێنێت، لەبەر ئەوە هەتا زووتر سوڵحی لەگەڵدا بکات ئۆکرانیا سوودمەندتر دەبێت. ترامپ دەزانێت کە ناتۆ ناتوانێت بە ڕاستەوخۆیی بکەوێتە شەڕەکەوە، دەشزانێت وڵاتانی ئەوروپا و حیزبەکانی کە دەسەڵاتیان لە دەستدایە لاوازن زۆر جاریش دیل و چاو لەدوای دەنگدانی کۆمەڵ و کۆمۆنێتی ئیسلامییەکانن.
چین و ڕوسیا:
ترامپ دەزانێت کە چین لە ململانێی و شەڕێکی نەبڕاوەدایە بۆ هەیمەنەکردنی بەسەر جیهاندا و گرتنەوەی جێگەی ئەمریکا، ئەوەش دەزانێت کە ئەمەریکا هەرچییەك بکات ئەم جەنگە ئابووریی و باڵادەستەی ئایندە لە چین ناباتەوە ، بەڵام دەزانێت و دەتوانێت دوای بخات.
ترامپ زیرەکانە پەنجەی خستۆتە سەر ئەو هۆکار و خاڵانەی کە دەتوانێت بۆ ماوەیەکی کەم پێشڕەوێتی چین و خاوکردنەوەی کێبڕکییەکە ڕابگرێت یاخود گرفتی گەورە و قوڵی بۆ دروست بکات. ئەو دەزانێت کە ئەمریکا پێویستی بە نەوت نییە نە لە ئێستا و نە لە ئایندەشدا، هاوکاتیش دەرك بەوە دەکات کە چین پێویستی بە نەوتێکی زۆرە، کە ئەوە وزەی سەرەکییەتی بۆ بەهێزکردنی ئابوورییەکەی ، بە واتایەکی دیکە بۆ لاوازکردنی ئابوری ئەمەریکا .
ڕوسیاش وەکو ئەمریکا پیویستی بە نەوت و غاز نییە بەڵام نەوت و غاز سەرچاوەیەکی گەورەی ئابوورین و چەکێکیشن بۆ بردنەوەی شەڕەکانی و لە وابەستە کردنی هەندێك وڵات بەخۆیەوە مانەوەیان لەژێر ڕەحمەتی پوتین دا ، کە نەوتیان دەوێت بەڵام بە نرخێکی هەرزان .

ڤێنزویلا:
ترامپ بەوەی کە کردی لە ڤێنزویلا و دەستبەسەرگرتنی کێڵگە نەوتییەکانی بوو بۆ خستنە بازاڕی ڕۆژانەی چەند ملیۆن بەرمیلێك نەوت. کردنی ئەمە لە بازاڕدا زەربەیەکی گەورە دەدات لە ڕوسیا بە دابەزینی نرخەکەی، واتە خراپکردنی بارودۆخی دارایی و ئابوورییەکەی. ئەو کاتە ڕوسیا بۆ پڕکردنەوەی ئەو زەرەرەی کە لە فرۆشتنی نەوتدا دەیکات باجەکەی دەخاتە سەر مییللەتەکەی، بە بڕینی تێچووەکانی دامەزاراوە و شوێنە خزمەتگوزارییەکانی، بە بەرزکردنەوەی نرخی پێداویسییەکایی ژیانی خەڵك ، بە بڕینی یاخود کەمکردنەوەی هاوکارییەکانی ئەو کەسانەی لە ڕوسیادا پێویستیان بە یارمەتی دارایی هەیە، هەڵئاوسانی دراو و بەرزکردنەوەی بڕی سوو لەسەر قەرزی خەڵک و کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان و گرانبوونی هاوردەکردنی هەر کەرەسە و کوتاڵ و شمەکێك بۆ ناو ڕوسیا. ئەمانە و زۆری تر کارایی زۆر خراپ و جددیان لەسەر ئابوری دەبێت و بە ڕاستەخۆش لەسەر سیاسەتی دەوڵەت و بەڕێوبردنەکەی .
سەبارەت بە چینیش بێ گومان چینیش زەرەرمەند دەبێت و کارایی خۆی دادەنێت لە سەر کێبڕکێی لەگەڵ ئەمەریکا و هەیمەنەی ئابووری لەسەر ئەو وڵاتانەی کە وەبەرهێنانی تێدا دەکات.
ئەوەی کە ترامپ کردنی لە ڤێنزویلا هەر ئەوە نییە کە باسم کرد کە هەندێك لە میدیای ناوچەکە و جیهانی باسی دەکات . ترامپ دەزانێت کە ڤێزویلا نەك هەر دڵ و خۆێنبەرەکانە لە جەستەی هەندێك لە وڵاتانی دەرودراوسێ و وڵاتانی دیکەشدا، بەڵکو ڤێنزویلا وەکو سێنتەرێکی کۆمەککار و هاوکار و ژیانەوەی هەندێك وڵاتە کە لەوانە کوبایە کە لە سەدا 95 وزەی لە ڤینزویلا وەردەگرێت، کۆڵۆمبیایە وڵاتانی دیکەیە تەنانەت وڵاتانی کاریبیان وەکو توباگۆ و ترینداد کە مامەڵەی بازرگانی سەرەکییان لەگەڵ ڤێنزویلادا هەیە .
ئەمە جگە لەوەی کە ترامپ کردی، سیستەمی BRIC)) ‘ بریكBrazil, Russa, India ، China’ ، کە لە ێستادا 11 وڵات ئەندامن بەڵام ڤێزویلا ئەندام نییە گەرچی داوای کرد کە ببێتە ئەندام بەرازیل ڤیتۆی کرد لەبەر ئەوەی وەرگرتنی ئەندامانی نوێ دەبێت هەر هەموو ئەندامان ڕازی بن. سیستەمی وڵاتانی’ بریک’ لێدان و خستەکاری دراوێکە کە ئەو 11 دەوڵەتەی لەناو ئەو سیستەمەدا دەتوانن بازرگانی و لە ڕوی دیکەشەوە بەکاری بهێنن ، ئەمەش دەبێتە لاوازی بەهای دۆلار و داشکانی بەهاکەی و کەمکردنەوەی ڕەواجی لە جیهاندا. گەر بارودۆخەکە بە گوێرەی ویست و پلانی ترامپ بڕوات وڵاتانی ‘بریک’ بە هەبوونی سیستەمی دراوی کە هەمویان پێوەی پەیوەست دەبنەوە گەر هەڵنەوەشێنێتەوە ئەوە زۆر لاوازی دەکات و دوای دەخات .
ترامپ، حسابی بۆ بکەین یا نەیکەین، هەرچۆن ڕاو بۆچونمان هەبێت ، خۆشمان بوێت یا نا ، بەڕای من کابرایەکی زۆر زیرەکە و دەزانێت چی دەکات . ئەو دەیەوێت ئەمەریکا وەکو پێشتری بمێنێتەوە، دەیەوێت ئابووری ئەمەریکا و پێگە و پایەکەی هەر وەك جاران بمێنیتەوە ، دەیەوێت گەشەی ئابووری ئەمریکا لەسەر هاووڵاتیانی بە ڕادەیەکی کەم و لەسەر کۆمپانیا گەورەکان و سامانداران بە جۆرێکی زۆر ڕەنگبداتەوە ، دەیەوێت کۆمپانیا ئەمریکییەکان و ساماندارانی هەر ئاوا بە باڵادەستی بمێننەوە .

ڤەنزوێلا و کوبا و کۆڵۆمبیا و ئەمەریکا:
ڤەنزوێلا لە مێژوودا بەپێی ڕێککەوتنە دوولایەنە درێژخایەنەکان، دابینکەری سەرەکی نەوت و سووتەمەنی کوبا بووە، زۆرجار لە بەرامبەر خزمەتگوزارییەکانی وەک پشتگیری پزیشکی و هاوکاری تەکنیکی. بەپێی داتاکانی بازرگانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کوبا لە ساڵی 2022 بە بەهای نزیکەی 161 ملیۆن دۆلار کاڵای ڤەنزوێلای هاوردە کردووە و نەوتی خاو و بەرهەمە سووتەمەنیەکان لە پۆلی باڵادەستن.
ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ڤێنزوێلا و کۆڵۆمبیا لە ساڵی 2022 وە جارێکی دیکە گەشەی کردۆتەوە: ئامارەکانی ساڵی 2024 لە نێوان مانگەکانی یەکەم و تەمموزی 2024، بازرگانی دوولایەنە گەیشتە نزیکەی 607 ملیۆن دۆلار، کە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2023 بە ڕێژەی 36.5% زیادیکردووە. ئامارەکانی ساڵی 2025 لە مانگی یەک تا حوزەیرانی 2025، کۆی گشتی بازرگانی نزیکەی 564 ملیۆن دۆلار بووە، کە بە نزیکەیی 13 % لە چاو ساڵی ڕابردوودا زیادیکردووە. لە مانگی یەکەوە تا ئەیلوولی 2025 قەبارەی بازرگانی بەرزبووەتەوە بۆ نزیکەی 863 ملیۆن دۆلار، کە نزیکەی 8.3 % زیادیکردووە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2024.
زۆربەی ئەو فراوانبوونە لە هەناردەکردنی کۆڵۆمبیا بۆ ڤێنزوێلا وەک خۆراک، کەلوپەلی بەکاربەر، ماددە کیمیاییەکان و پلاستیکەکانەوە سەرچاوە دەگرێت. هەناردەی ڤێنزوێلا بۆ کۆڵۆمبیا زۆر بچووکتر دەمێنێتەوە و کاڵاکانی وەک بەرهەمی ئاسن و پۆڵا، ئەلەمنیۆم و هەندێک سووتەمەنی لەخۆدەگرێت. بەکورتی کۆی بەهای بازرگانی لەگەڵ کۆڵۆمبیا ئێستا بە سەدان ملیۆن دۆلارە لە ساڵێکدا، هاوسەنگییەکە بە شێوەیەکی زۆر بەرەو هەناردەکردنی کۆڵۆمبیا ملی ناوە. بازرگانی دوولایەنە لە بەرزبوونەوەدایە لەگەڵ بوژانەوەی یەکگرتنی ئابووری سنووربەزێن لە دوای ساڵی 2022.

ڤێنزویلا و وڵاتانی کاریبیان
ڤێنزوێلا لە مێژوودا ڕۆڵێکی بەرچاوی ئابووری و سیاسی لەو وڵاتانەدا هەبووە، بە تایبەت لە ڕێگەی بەرنامەکانی وزەی ئیمتیازاتی وەک پترۆکاریبەوە. پیترۆکاریب ڕێککەوتنێک بوو کە ڕێگەی بە دەوڵەتانی کاریبی دەدا نەوتی ڤێنزوێلا بە مەرجی لەبار بکڕن (درێژمەدای قەرز و دواخستنی پارە) و بۆ زیاتر لە دە ساڵ بزوێنەرێکی سەرەکی بازرگانی ناوچەیی بوو. بەڵام ئەم بەرنامەیە بەهۆی سنوورداربوونی بەرهەمهێنانی ڤێنزوێلا و پرسە ئابوورییە فراوانترەکانەوە تا ڕادەیەکی زۆر ڕاگیراوە.
لە حەوت مانگی یەکەمی ساڵی 2024 دا، هەناردەی ڤێنزوێلا بۆ ئاروبا و کوراساو نزیکەی شەش ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بووە.
پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ وڵاتی ترینداد و تۆباگۆ لەژێر کاریگەری هەردوو ئاسۆی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاوکاری وزەدا بووە، هەروەها تەحەددای دیپلۆماسی و لۆجستیکی ئەم دواییە.
ترینداد و تۆباگۆ بەدوای پەرەپێدانی هاوبەشی گازی سروشتی لەگەڵ ڤەنزوێلادا بوون (بۆ نموونە، هاوبەشی کێڵگەی غازی هاوبەشیی)، ئەمەش ڕەنگدانەوەی بازرگانی پەیوەندیدار بوو بە وزە لە داهاتوودا، هەرچەندە ئەم جۆرە پڕۆژانە ڕووبەڕووی پاشەکشەی ڕێکخراوەیی و سیاسی بوونەتەوە. بە گشتی بازرگانی لەگەڵ ترینداداد و تۆباگۆ لە ڕووی ناوچەییەوە بەرچاوە بەڵام لە ئاستەکانی ڕابردوو کەمترە و لەم دواییانەدا سنووردار بووە.
گایەنا لە ساڵی 2019 (نوێترین ئاماری ورد لەبەردەستدایە)، ڤێنزوێلا نزیکەی 9 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی کاڵای هەناردەی گایەنا کردووە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی بەرهەمە نەوتییە پاڵاوتەکانە. لە هەمان ساڵدا گایەنا نزیکەی بەهای 74 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی هەناردەی ڤێنزوێلا کردووە و برنجیش وەکو بەرهەمی سەرەکی.

ترامپ و گرینلاند
ترمپ ئەوەندە گەمژە نییە وابزانێت کە چین یا ڕوسیا دێن ئەو دوورگەیە داگیر دەکەن و مەترسی بۆ سەر ئەمەریکا دروست دەکەن . بێ گومان ئەمە باش دەزانێت ، بەڵام ئەو دەیەوێت گەر لە داهاتوودا پێویستی کرد ئەو ڕێگایە لە پاپۆڕەکانی چین و روسیا بگرێت هاوکاتیش گێچەڵێك بە ئەوروپا و سەرکردەکانیشی بکات .
ئەو زۆر زیرەکانە کات و تاکتیکەکانی هەڵدەبژێرێت تاکو مەبەستەکانی پێ بپێکێت. هەموان دەزانن کە ترامپ دوو شتی دەوێت یەك سوکایەتیکردن بە ئەوروپا و سەرکردەکانی و ملکەچکردنیان بۆ باڵادەستی ئەمەریکا ، باشترین تاکتیکیش کە بەکاری هێنا زیادکردنی ڕێژەی گومرگ بوو لەسەر هاوردەی وڵاتانی ئەوروپا بە کردنی سازشێکەوە کە هێشتا بە قازانجی ئەمەریکا و کەسایەتی خودی ترامپ گەرایەوە .
ئەوی تر بایاخدانە بە ڕوسیا و خۆشکردنی پەیوەندییە لەگەڵیدا ، ئا لەم بارەدا دەیەوێت هەرچۆن هەبێت شەڕی نێوانی ڕوسیا و ئۆکرانیا بوەستێنێت ، ڕێکەوتنێك بکات لە نێوانییاندا کە بە بەرژەوەندی ڕوسیا و ئەمریکاش بگەڕێتەوە .
هەوڵی زۆری دا بەڵام سەرکردە شەڕخوازەکانی ئەوروپا بە تایبەت بریتانیا و ئەڵمانیا هێشتا پێداگری لەسەر ڕێکەوتنێك دەکەن کە بە قازانج و براوەی ئۆکرانیا و خۆیان بگەڕێتەوە ، خودی ترامپ-یش هیچ چارێکی بۆ نەماوەتەوە جگە لەوەی کە ڕووداوەکان کاتێک بخولقێنێت تاکو ئەوان بخاتە هەڵوێست و پێگەیەکی زۆر ناسك و لاوازەوە کە ڕازی ببن بەوەی کە دەیەوێت و دەیکات کە ڕێکەوتنی ڕوسیا و ئۆکرانیایە بەو جۆرەی کە خۆی دەیەوێت، هەروەها خاوەندارێتییە لە گرینلاند . لەم حاڵەتەشدا یا دەبێت ویستەکانی ترامپ بەدەست بێت یاخود ترامپ لە شەڕو ڕێکەوتنی ئۆکرانیا و روسیادا دەکشێتەوە ، گەر ئەمەش ڕووبدات ئەوروپا هیچ توانایەکی نابێت کە هاوکاری زیاتری ئۆکرانیا بکات و ئۆکرانیا بەسەرکەوتن بگەیەنێت، ئیدی ڕوسیا وردە وردە شوێنی زیاتر لە ئۆکرانیا داگیر دەکات ڕێکەوتنی دواتری هەردوو وڵات گرانتر دەبێت لە ڕێکەوتنیشایاند سیاسییەکانی ئەوروپا ئەو سوکایەتییە قەبوڵ دەکەن و شەرمەزار دەبن .
پرسیارەکە لێرەدا ئەمەیە ئایا ئەوانە بۆ ترامپ دەچێتە سەر و دەتوانێت جێگە بۆ چین و هەژموونی چین چۆڵ نەکات؟ ئەم پرسیارە وەڵامەکەی داهاتوویەکی نزیك دەیداتەوە.

زاهیر باهیر
16/01/2026




کۆمەڵگا بەبێ ژن.. مەحمود عەبدوڵڵا

لەگەڵ هێرشی تیرۆریستان بۆ گەڕەکەکانی شێغ مەقسود و ئەشڕەفییە جەدەلێک کۆمەڵگەی کوردی ، لەباشور کرد بەدوو بەشەوە. بەشێکی لەگەڵ ئەو گوتارە نێرسالاریەی هەندێک مەلا بون کە پێیان وایە شوێنی ژن ماڵەوەیە،بەشێکیش لەدژی ئەم گوتارە وەستانەوەو بەگوتارێکی دژە ژن و دواکەوتو ودونیابینی تیرۆریستانی دەزانن. لەم نێوەندەدا گوتارێکی خۆڵەمێشیش هەیە کە لەنێوان هەردوو گوتاری لایەنگرو دژە ئازادی ژن یاریدەکات .
ئەوانەی لایەنگری زهنیەتی نێرسالارین پێیان وایە ئازادی ژن پێچەوانەی شەریعەتە و ڕاستیشن چونکە لەڕاستیدا ئازادی ژن بەرهەمی مۆدێرنەو گوتاری ڕۆشنگەرییە نەک ئاین.ئەوانەشی کە لایەنگری ئازادی ژنن ،پێیانوایە ژن پێویستی بەوەنییە بگەڕێتەوە بۆ گوتاری دینی دەربارەی بون و پێگەی لەکۆمەڵگادا، ئەوە ژن خۆیەتی بڕیاردەدات چی بێت و چی نەبێت. هەرچی گروپی سێهەمە دەیهەوێت جوانکاری بۆ دەقەکان بکات و ئاین لەگەڵ گۆڕانکاریەکانی دونیا دا بگونجێنێت و لەوڕێگەیەوە خۆی لە دونیابینی تیرۆریستانن جودابکاتەوە.بەخوێندنەوەو تەفسیری نوێ. لەڕاستیدا پێویستە ئێمە چیتر نکۆڵی لەوە نەکەین کە دەقە دینیەکان گیرۆدەی کات و شوێنن ،بۆیە ئێمە یان دەبێ دونیا بگێڕینەوە بۆدواوە بۆئەوەی لەگەڵ دەقەکان بگونجێت وەک ئەوەی تاڵیبان لەئەفغانستان ئەنامیاندا.یان دەبێ ددانی پێدابنێین کە دەقەدینیەکان دژە ئازادین و لەگەڵ دونیابینی و هۆشیاری و پێداویستی ئەم سەردەمە ی ژندا ناکۆکن.
یەکەمین بەریەککەوتنی دەقە ئاینیەکان ،دژایەتییە لەگەڵ جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ ،چونکە بەگوێرەی جاڕنامەی مافەکان ژن و پیاو یەکسانن،بەڵام دەقە دینیەکان بەڕوونی دژی ئازادی و یەکسانین لەنێوان ژن و پیاودا. ئەگەر بەگوێرەی دەقە ئاینیەکان بێت نەک هەرژن ئازاد نییە،بەڵکو پیاویش ئازاد نییە،وەک بونێکی ڕەسەن بیربکاتەوەو بژیت. دوەمین بەریەککەوتن و دژایەتی دەقەکان دەربارەی ژن ،ناکۆکی و پارادۆکسە لەگەڵ فەلسەفە،چونکە بیرکردنەوەی فەلسەفی پێمان دەڵێت:
بونی ڕەسەن بونێکە کە خۆی بڕیار لە چارەنوسی خۆی دەدات،سێیەم بەرکەوتن و دژیەکی دین بەریەککەوتنە لەگەڵ گوتاری ڕۆشنگەری ،چونکە ڕۆشنگەری بریتییە لەتوانای تێگەیشتن و بیرکردنەوە بێ گەڕانەوە بۆ ئەویتر.بەڵام ئاین کۆمەڵێک بکە و مەکە، چاکەو خراپەی دیاریکردووە و هەرکەس پێچەوانە بجوڵێتەوە ئەوە بەسەرپێچی دادەنێت. دواجار بەرکەوتنی ئاشکرای ئاین بەرکەوتنە لەگەڵ واقیع ،ئێمە لەواقیعێکدا دەژین کە زۆر جودایە لەگەڵ ئەو واقیع و ژینگەیەی دەقەکانی بەرهەم هێناون و لۆژیکی ئاین ناتوانێت کەس ئیقناع بکات چونکە هێزی لۆژیکی لەدەستداوە،تەنیا لەڕێگەی لۆژیکی هێزەوە مومکینە ژنان بەگوێرەی خواست و ئارەزوی پیاو بژین. وەک جۆن ستیوارت میل دەڵێت:” تەنیا یاسای قێزەونی هێزە،کە ئازادی ژن زەوت دەکات نەک لۆژیک” دەبێ ئێمە ئەوڕاستیە بزانین ئەو زهنیەتەی بەکۆیلەکردنی ژنان سەرچاوەکەی یاسای قێزەونی هێزە!نەک خواوەند . ئەوانەی دژە ئازادی ژنن دەبێ ئەوڕاستییە بزانن کە دژی خودی ئازادی کۆمەڵگەشن،چونکە ئەوە سەلمێندراوە کە لەهەموکات و شوێنێک ئازادی کۆمەڵگە و ئارادی ژن پێکەوە دێنە بون و هاتونە بون ،هەروەها پێشکەوتن و ئازادی ژن دوڕووی دراوێکن ،کەس ناتوانێت لەسەر گۆی زەوی سیستەم و حوکمڕانی و شارستانیەتێکمان پیشان بدات،کە پێشکەوتو و دژە ژن،ئازاد و دژە ژن بێت!بۆیە ئەوانەی دژی ئازادی ژنن لەبنەڕتدا دژی ئازادی و پێشکەوتنن بۆخودی کۆمەڵگە ،کاتێک ئێمە بانگەشە بۆ ئازادی ژن دەکەین،لەوڕوانگەیەوەیە کە کۆمەڵگە بەبێ ئازادی ژن کۆمەڵگەیەکی دواکەوتووە لەلایەک،لەلایەکیتر دەکەوێتە ژێر حوکمی ئیستیبداد،ئەوەیە کۆمەڵگە بەبێ ژن! ئازادی ژن ئازادی و پێشکەوتنی خودی پیاوانیشە. بۆیە دروشمی ژن ژیان ئازادی ،لەخۆڕا نەوتراوە،بەڵگەی مێژویی و فەلسەفی و ئەقڵانی لەپشتە.بۆیە ئەوانەی دژی ئازادی ژنن،لەگەڵ تیرۆریستان یەک دونیا بینیان هەیە لەبنەڕەتدا مرۆڤگەلێکن ئارەزوی ستەمکاری و کۆیلایەتی و جێگیری دونیا دەکەن، لەترسی گۆڕانی جیهان و لاوازی توانای خۆگونجاندن پەنا بۆ سەرکوتکردنی ژنان دەبەن.

مەحمود عەبدوڵڵا




کاکم، گا بە گونان دەناسێتەوە.. فەریق مەحمود کاکەبرا

ئەدۆنیس لە گوتەیەکی بە نرخدا دەبێژێت: کاتێك کۆیلە بگاتە دەسەڵات، هەموو شتێك دەکەن بە کۆیلایەتی و کۆیلەو کۆیلەکردن. دەسەڵاتداری راستەقینە کەسانی ئازادن و تا سەرئێسقان دژی کۆیلایەتین.
چۆمسکیش دەنووسێت: رۆڵی ڕۆشنبیر بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتە، نەك خزمەتکردنی، ئەوانەش بە خزمەتکردنی دەسەڵات هەڵدەستن دانانرێن بە ڕۆشنبیری راستەقینە، بەڵکو کەسانی هەلپەرستن.
لە لایەکی ترەوە ئەلبیرکامۆ تەماشای ڕۆشنبیر دەکات بەوەی کە یەکەم کەسی بەرپرسیارە لەو دۆخە خراپانەی کۆمەڵگاکانی تێدەگەوێت، ئەگەر ئەوان خاوەن درك بن بەو واقیعە نالەبارانەی تێیدا دەژین، دەبنە پێسەنگ و خاوەنی هەڵوێست.
بەڵام بە داخەوە وەك لە کۆمەڵگا پاشکەوتووەکاندا هەیە گەر ڕۆڵی رۆشنبیر هەر لە کارمەندێکی میرییدا کورتبهێنێت کەواتە دەبێت چاوەروانی چ توێژێك بیت دۆخەکان بەرەو گۆڕانکاری بەرێت و وڵات پێشبخات؟
نکۆڵی لێ ناکرێت هەموو سیاسەتێك بریتیە لە زۆرانبازی لە پێناوی بەدەستهێنانی دەسەڵاتدا، لێرەوە دەسەڵات هەموو جۆرە ڕێگایەکی توندوتیژی و نامۆڕاڵی بەکاردێنیت بۆ مانەوەی لە هێزدا و بەکارهێنانی هەموو ڕێگاو تواناکانی بۆ قەڵەمڕەوی زیاتر و پێشلکردنی مافەکانی ئەوانی دی، کە لە دەرەوەی سنووری بازنەی حیزب و دەسەڵاتدان.
لێتان ناشارمەوە وەکو چاودیرێکی رووپەڕی میدیای کوردی شۆك دایگرتم کاتێك وتاری(لووسکەنووسەرە خۆڵەمێشیەکان)م لە ماڵپەڕێکدا خوێندەوە، نووسەری بابەتەکە، کە خۆی ناوێکی تازەی سۆشیال میدیایەو دادەنرێت بە نەوەی دووەمی میراتی خەباتی شۆڕشی چەکداری کورد، وەك نووسەری سێبەر پلار دەگرێتە ئەو نووسەرە ئازادانەی دژی گەندەڵییەکانی دەسەڵاتی مافیاڕەفتار دەنووسن و چەندان ناوەناتۆرەیان بۆ دادەڕێژێت، کە ئەو وشانە کاتی خۆی هەر لە چەورەی بەر سینەماکان دەبیستران هێندە بە وشەی ئازاد قەڵسە کە نایەوێت هیچ وشەیەك لە دەرەوەی ئینتمای خۆی ببیستێت، تەنانەت ئەگەر لەسەر پانتایی سۆشیال میدیاش بێت، ئەو لە سەرەتای وتارەکەیدا ناسنامەی خۆی دیار دەخات و سەبارەت ئەو نووسەرە ئازادانەی بە لوسکە ناویاندەبات دەنووسێت: ” بەربوونەتە هەموو ئەو شتانەی وەک رەمز و سیمبولی نیشتیمانی و نەتەوەیی ساڵەهایە ئەم گەلە خێرلەخۆ نەدیوەی بە زیندوویی و یەکگرتوویی هێشتۆتەوە “.
سەیر لەوەدایە؛ وان کە خاوەنی داهاتی بنخان و سەرخانی کوردستانن، بەهەواو ئاویشیەوە، خاوەنی ئەو هەموو سیخووڕو بندیوارو چەکدارو داهاتە خەیاڵییەن، لە لایەکی ترەوە خاوەنی ئەو هەموو دەزگا زەبەلاحە میدیایی و کەناڵی سەتەلایت و دەزگای چاپەمەنی و ماڵپەڕو ڕۆژنامەو گۆڤارو دەزگاو بە ناو بنکە رۆشنبیرییەن ، جگە لە سوپایەك لە قەڵەمبەدەستی کۆپلە… بۆچی سەغڵەت دەبن بەو وتانەی کە نەوەی نوێی ئەم میللەتە خێرلەخۆ نەدیوە وەکو مافێکی ڕەوای تەعبیرکردن ، کە ٣٤ ساڵە بە دەسەت نادادییەکانی ئەو دوو بنەماڵەی دەسەڵاتەوە دەناڵێنن؟
کاکی کۆلکە نووسەر ئەوانەی بە دڵی ئەو نانووسن بە لووسکە ناودەبات، ئاست نزم و نانووسەرو نەفام و کارتۆنی و زیانبەخش و ناشرین ونابەجێ و شەڕەنگێز و توندوتیژو کاڵوکرچ و لاساییکارو چەندان وشەی سواو و نامۆڕاڵ، بە وێنەی جەللادێكی دەمپیسی پیاوانی دەسەڵات پیایاندا دێتە خوارەوە، چەشنی دووبارە کردنەوەی وێنەی ئەو شەقەی لە مامۆستای بە تەمەنی خۆپیشاندەر درا.
کاکی کۆلکە نووسەر دان بەوەدا دەنیت کە ئەو لوسکە نووسەرانە ئێستا بوونەتە زۆرینەو دەنووسێت:” تادێت هەژمونیان بەسەر رووبەری دونیای نووسیندا زیاتر دەردەکەوێ و لەهەموو پەیج و سەکۆو ماڵپەڕێکی مەجازی دەیانبینیەوە “. دەبوو بەر لەوەی ئەم راستییەی بنووسیایە، ئەو پرسیارەی لە خۆی بکردایە: بۆچی دەنگی ناڕازیی ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زیادبوون و هەڵکشاندایە؟ وەك خۆی نووسیویەتی و بەگێرەشێوێن ناویان دەبات، ئایا لە بەربوونی دادپەوەریی و یەکسانی و دابینکردنی مافە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیاندایە؟ یان بە پێچەەوانەوە؟
ئەم زۆرانە حەتمییەتێکی مێژووییەو هەر لە کۆنەوە وابووە، هەرچەندە گوریسی ستەم لە ئەستووریدا دەپچڕێت، یاسای گەردوونیش پێمان دەڵێت: هەموو دەسەڵاتێك سەرەتاو کۆتایی هەیە، بەڵام کۆتاییەك جیاوازە میللەت ئاخی بۆ هەڵبکێشێت و کۆتاییەکیش میللەت نەفرینی لێ بکات، سیناریۆکانی (بینۆشێ و چاوچیسکۆو قەزافی و سەدام و بن عەلیش…) دوا وشەی ڕۆمانێکن کە ویستی گەلانی ئازادیخواز و هۆشیاری ئەم سەردەمە نووسیانەوە، کاتێك میللەت هەست بە بوونی هیچ جیاوازییەك نەکات لە نێوان ئەو ژیانە کولەمەرگییەی دەژی و مردندا.