هۆکارە دەرەکیی و ناوخۆییەکانی پاشەکشەکانی ڕۆژاڤا.. شێرکۆ کرمانج

سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین کە بۆ دەستنیشان کردنی تەواوی هۆکارەکان کات و وردبوونەوەی زیاتری دەوێت، بۆیە ئەوەی لێرە گفتوگۆ دەکرێت و دەخرێتە ڕوو سەرەداوی سەرەتایین کە زادەی چاودێریکردنی ساڵانێکە لە دۆخی ڕۆژاڤا لەگەڵ ئەو پێشهات و گۆڕانکارییانەی ئەم چەند ڕۆژە.
من ناوم لەمە ناوە “پاشەکشە” نەک “شکست” یان “ئاشبەتاڵ”، چونکە پێم وایە کورد لە پێشڕەفتەییەکانی لە دە ساڵی ڕابردوودا لە ڕۆژاڤا لەم چەند ڕۆژە پاشەکشەی کردووە نەک ئەوەی کە بزووتنەوەکە یان ئەزموونەکە شکستی هێنابێت یان ئاشبەتاڵی کرد بێت. پاشەکشە زادەی فشاری زۆرە، واتە هۆکاری دەرەکی ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت. بەڵام شکست و ئاشبەتاڵ زیاتر هۆکاری ناوخۆیی کاریگەرن.
هیچ پرسێک، ڕووداوێک، دۆخێک، شکستێک، پاشەکشەیەک، سەرکەوتنێک، هتد، یەک هۆکار یان دووی نین بەڵکوو چەندین هۆکاری لە پشتە. ئەو کەس و لایەنانەی کە یەک هۆکار دەبینن، ئەوە شرۆڤە ناکەن، بەڵکوو دەیانەوێت خاڵێکی سیاسی زەق بکەنەوە یان تۆمار بکەن. بۆ نموونە، ئەگەر ئەم پاشەکشەیە لە پڕۆژەی دیموکراتی و پێکەوژیانی گەلان وەک کۆڵەگەیەکی ئایدیۆلۆجی ئەبجەلان و پەک (هەر دوو ناو بە ئانقەست شێوێنراوە لەبەر سانسۆر) کورت بکەینەوە ئەوە لە ڕاستیدا هەم کورت دێنێت، هەم بۆ خۆی کە ڕەخنەیەکی ئایدیۆلۆجییە کەچی خۆی هەڵقوڵاوی ئایدیۆلۆجییە.
لە دۆخێکی وەک ئەمڕۆدا کە ئەو پاشەکشەیە بە چاوی خۆمان دەبینین، ئەوا سۆز یان توڕەیی یان نائومێدی زاڵ دەبێت بەسەر تێگەیشتن و دەربڕینەکانمان. لێرە هەوڵم داوە ئەمانە ئاراستەم نەکەن.

هۆکارە دەرەکیی و سەپێنراوەکان
یەکەم، پیلانی نێوەدەوڵەتیی، پیلانێکی نێودەوڵەتی گەورە ماوەیەکە بۆ بنکۆڵکردنی ئەزموونی خۆسەری لە ڕۆژاڤا (باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا) ئیش دەکات. تورکیا و قەتەر و سووریای ئەحمەد شەرع یارییکەری سەرەکین لەو پیلانە، کە بە پشتیوانی سعودیە، لە بێدەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل، لەم ڕۆژانە جێبەجێ کرا. تورکیا دژی دووبارەبوونەوەی ئەزموونی باشووری کوردستانە، بەتایبەتی ئەزموونێک کە نەیارە سەرسەختەکەی، پەک، بکەری سەرەکی بێت. قەتەر هەموو توانی خۆی خستەگەڕ کە دوا ئەزموونی ئیسلامیی لە وڵاتانی عەرەبی، سووریا، شکست نەهێنێت، ئەوە بێجگە لەوەی کە قەتەری ئێستا نوێنەرایەتی ناسیونالیزمی عەرەبی ڕەنگڕێژکراو بە ئیسلامی سیاسی دەکات و دژی هەر جۆرە دابەشبوونێکی وڵاتانی عەرەبییە، تەنانەت بە فیدراڵبوون و لامەرکەزیشەوە. سعودیە نایەوێت ئێران، یان هەر لایەنێک کە لە ئێران نزیک بوو بێت، ئێستا یان کاتی خۆی، لە سووریا پێگەی هەبێت، یان پێگە دروست بکات و ببێتە مایەی سەرئێشە بۆیان یان زیندووکردنەوەی حیزبوڵا. بۆیە بە خەستی لە پشت دەسەڵاتی سوننەگەرای شەرع ڕاوەستاوە، ئەگەرچی نیگەرانە لە نەفەسە ئیسلامییەکەی. لە خوارەوە قسە لەسەر بێدەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەم.
دووەم، هەڵە تێگەیشتنێک لە ڕۆڵی بکەری دەوڵەتی و نادەوڵەتی. لە مێژە لە نێو کورد دا هەڵە تێگەیشتنێک هەیە گوایە ئەمریکا شەریکە یان هاوپەیمانە. لە پەیوەند بەم پرسە گرنگە ئەوە بزانین کە لە دە ساڵی ڕابردوودا، ئەمریکا پشتیوانی لە کورد کردووە لە شەڕی دژ بە داعش نەک بۆ دروستکردنی کیان یان دەوڵەتی سەربەخۆیی. دەبێت ئەوەش بزانین کە ئەمریکا لە دژی بکەرێکی نادەوڵەتی، واتە داعش، نەک بکەرێکی دەوڵەتی، واتە سووریا، پشتیوانی لە کورد دەکرد. کاتێک بکەرە نادەوڵەتییەکە گۆڕا بۆ بکەرێکی دەوڵەتی هاوکێشەکان و تێگەیشتنەکان گۆڕان. ئەمە بۆ باشوور و ئەزموونی ڕیفراندۆم و ١٦ ی ئۆکتۆبەریش هەر ڕاستە. ئەم هەڵە تێگەیشتنە لە باشوور و لە ڕۆژاڤا کوردی تووشی جۆرێک لە غرور کرد کە حیسابی بۆ زۆر هۆکاری دیکە نەدەکرد، وەک ڕۆڵی تورکیا و سعودیە لە هاوکێشەکان. لانی کەم کورد پشتیوانی ئەمریکای بە ئەزەلی وەرگرت بوو.
سێیەم، دۆناڵد ترەمپ و تۆم باراک، ڕۆڵی تاکەکەس. لەگەڵ بە کاندیدبوونەوەی ترەمپ، خەمخۆرانی ڕۆژاڤا، یەکێک لەوانە من، هەمیشە ترسی ئەوەمان هەبوو کە ترەمپ بێتەوە سەر حوکم و ڕۆژاڤا بکاتە قوربانی سەفقەیەک لە سەفقەکانی وەک جاری یەکەم لە ٢٠١٨-٢٠١٩دا لە سەرێ کانی و گرێ سپی کردی، یان هەر لەبەر بێئەخلاقبوونی پشت لە ڕۆژاڤا بکات. کاتێکیش کە ترەمپ بزنیسمانێکی وەک تۆم بارکی کردە نێردەی خۆی هێندەی دیکە ترسەکان گەورەتر بوون چونکە باراک بێجگە لەوەی کە دژەکورد بوو، پڕۆتورکیش بوو. هاوکات، هەموو تێگەیشتنەکانی هەڵقوڵاوی دیدی دەوڵەتێکی مەرکەزی بوو، کە دژایەتی لەگەڵ خەون و ئامانجەکانی کورد دەکرد و لەگەڵ شەرع و سوورییەکان یەکدی دەگرتەوە. لە پەیوەند بە پێشهاتەکانی ئەم چەند ڕۆژە، بە ڕەهایی نا، بەڵام من بە جددی پێم وایە ئەگەر ترەمپ نەبا هەر کەسێکی دیکە لە ئەمریکا (کۆمارییەکان یان دیموکراتەکان) حاکم بایە هێندە بێئەخلاق نەدەبوو بەرانبەر بە کورد و ئەگەری هەبوو ئەگەر دەستبەرداری کوردیش بان بەڵام بەم ئاست و ڕادەیە نەدەبوو.
چوارەم، شەرع و سوننە و پچڕاندنی هیلالی شیعی. لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدامی بەعس و هاتنی شیعەکان بۆ سەر حوکمی عێراق، کۆریدۆرێک دروست بوو لە تاران بۆ بەغدا، لەوێشەوە بۆ دیمەشق و باشووری لوبنان، کە بە هیلالی شیعی ناسرا. ئەم پێکەوە گرێدان و وابەستەبوونەی ئەم ناوچە و پایتەختانە هەڕەشەی گەورە بوون لەسەر ئیسرائیل، ئەگەر نەڵێم تاکە هەڕەشە بوو کە ئیسرائیلی نیگەران کردبوو. ساڵێک لەمەوبەر، کە شەرع و ئیسلامییەکان لە دیمەشق هاتنە سەر حوکم، یەکێک لە گرنگترین دەرکەوتەکانی ئەم گۆڕانکارییە پچڕاندنی هیلالی شیعە بوو. شەرع و هاوپەیمانەکانی کارێکیان کرد لە پچڕانی حیزبوڵا و ئێران، بێجگە لە لەگۆڕنانی ڕژێمەکەی ئەسەد، کە دەکرێت بڵێین بە کورد نەدەکرا. ئەمەش دیدی ئەمریکا و ئیسرائیلی بەرانبەر بە شەرع و سووریا گۆڕی بەتایبەتی دوای ڕێککەوتنی پاریس لە نێوان ئیسرائیل و سووریا و ملکەچبوونی شەرع بۆ ئیسرائیل. بۆ سووریا و شەرع، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، گەنم و جۆی ڕۆژاڤا و نەوتی دێرەزوور و فورات و بەنداوی تشرین ئێجگار زۆر گرینگتربوون لە بەرزاییەکانی جۆلان. من و چەندین ئەکادیمی و نووسەری دیکە پێش ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد داوامان لە هەسەدە کرد، بە ئاشکرا بە نووسین، بە دزی لەڕێگەی پەیوەندییەکانمەوە، کە هەسەدە ڕۆڵی پچڕانەکە ببینێت، ئەویش بە کۆنتڕۆڵکردنی ئەلبوکەمال و درێژکردنەوەی قەڵەمڕەوییەکانی بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دروزەکان لە نزیک سنووری ئیسرائیل، بەڵام داواکانمان سەدای نەبوو، هۆکار چی بوو، ئەڵاهو یەعلەم.
پێنجەم، فاکتەری جوگرافیی. لە پاڵ هۆکارە دەرەکییەکان فاکتەری جوگرافیا دژی کورد بوو، کە نازانم بە هۆکاری ناوخۆیی دابنێم یان دەرەکی، بەڵام لەبەرئەوەی زیاتر هۆکارێکی سەپێنراوە ئەوە بە ناوخۆییم دانەنا. جوگرافیا لە دوو لاوە غەدری لە ڕۆژاڤا و ئەزموونەکەی کردووە. یەکەمیان لەبەرئەوەی ڕۆژاڤا هەرێمێکی/کیانێکی داخراوە، واتە سنووری دەریایی نییە، لەوەش ترسناکتر بە دوژمنی سەرسەخت دەوردراوە. ئەمە بۆ هەموو کوردستانیش هەر ڕاستە و لە دەرەوەی ئیرادەی کوردە. هاوکات، جوگرافیای ڕۆژاڤا پێکهاتووە لە پێنج پارچەی بەیەکەوە نەبەستراو: عەفرین (کە تورکیا وێرانی کرد)، کۆبانێ (کە داعش و تورکیا خاپووریان کرد)، قامیشلۆ، گەڕەکەکانی حەلەب، لەگەڵ گەڕەکەکانی دیمەشق. ئەم دابەشبوونە و هەوڵەکانی تورکیا بۆ قووڵترکردن و بەرینترکردنی دابەشبوونەکە، بە تایبەتی بە داگیرکردنی عەفرین و سەرێ کانی و گرێ سپی، تا دەگاتە عزاز و تەلڕەفعەت و مەنبەج، تواناکانی کوردی لە بوونی قوڵایی ستراتیجی و بەرگریی و هاوکاریی یەکدی ئێجگار کەم کردەوە. هەرێم و پارتی درەنگ لە گرنگی ستراتیجی ڕۆژاڤا گەیشتن نەک هەر بۆ کورد تەنانەت بۆ پارتیش، بەڵام تازە کار لە کار ترازاوە. ئەوەش کێشەیەکی دیکەی کوردە کە تا سەری لە بەردی ئەلحەد نەدا بە خەبەر نایەت.

هۆکارە ناوخۆییەکان
یەکەم، وەهم لەبەرانبەر واقیعییبوون. ئەبجەلان، بیرمەند و دامەزرێنەری پەک، لە دوای گرتن و زیندانیکردنی لەلایەن دەوڵەتی تورکیا، کۆمەڵێک تێز و تێگەیشتن و شرۆڤەی کردووە، کە هەر شوێنی بەرهەمهێنانی تێزەکانی جێگەی پرسیاری جددین، بەڵام با واز لەوە بێنین. لە ڕاستییدا تێگەیشتنەکانی ئەبجەلان زیاتر لە وەهم و خەیاڵ دەچن لەوەی پڕۆژەی نەتەوەیەکی داگیرکراو و بێمافکراو بن. کۆمەڵگەی دیموکراتیک و پێکەوەژیانی گەلان لە ڕەشهەڵاتی ناوەڕاست کە فاشیزم و شۆڤێنیزم و داگیرکاریی و ڕق و قینە لە کورد ئاراستەی دەکات کوا جێگەی بیرۆکەی وای دەبێتەوە، بەتایبەتی بۆ هێزێک لە دەرەوەی دەسەڵات. ئەگەر لە دەسەڵات بیت و دەوڵەت خۆت بەڕێوەی ببەی ئەوە دەکرێت قسەیەکی لێ بکرێت. دەرکەوتە هەر خراپەکەی ئەم تێگەیشتنە لە دۆخی ڕۆژاڤا لەوەدا بوو کە هەسەدە پێی وابوو دەتوانێت هێزێک دروست بکات لەسەر ئەو بنەمایە، کەچی دەرچوو عەرەبەکان، نەک عەرەبچە و ئیسلامییەکانیان، بەڵکوو ئەوانەش کە سەری ڕەزامەندیان بۆ دید و دەسەڵاتی هەسەدە دەلەقاند، لە دەرچەیەک دەگەڕان کە دژی کورد، نەک هەر هەسەدە، هەڵگەڕێنەوە. ئەمە ڕامان دەكێشێت بۆ پەیوەندی نێوان کورد و ئەوانی دیکە (تەماشای خوارەوە بکە).
دووەم، پراگماتیزم لە بەرانبەر ئایدیۆلۆگبوون، سیاسەتوان بەتایبەتی لە قۆناغی ئیدارەدانی کیان و ئەزموون و دەوڵەت دەبێت پراگماتیست بێت پێش ئایدیۆلۆگبوون. ئایدیۆلۆجیا کورت دێنێت لە شرۆڤە و تێگەیشتن لە دۆخەکان و هاوکێشەکان. ئایدیۆلۆگ بەرژەوەندی بیرمەند و حیزب دەبینێت و ئاراستەی دەکات، کەچی پراگماتیست و دەوڵەتدار بەرژەوەندی باڵای نەتەوە دەبینێت و ستراتیجی دوورمەودا دادەڕێژێت و تاکتیکی ڕۆژانە دەخاتەگەڕ بۆ گەیشتن پێیان. واپێدەچیت ئەحمەد شەرعی ئیسلامیی و جیهادی، بەڕاوێژی تورکیا لە سەرکردە کوردەکان پراگماتیزتر بوو. شەرع ئامادە بوو لە دژی کورد و بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕۆژاڤا دەست لەگەڵ شەیتانیش تێکەڵ بکات، کورد نەک هەر ئایدیۆلۆجیا ڕێگری لێ کرد بەڵکوو شەرمی سیاسی وای کرد کە نەتوانێت ڕاشکاوانە وەک دروزەکان داوای یارمەتی لە ئیسرئیل بکات. کورد نەک هەر داوای یارمەتی نەکرد، بەڵکوو شرۆڤەکان و قسەکانی ئەبجەلان ئەوەی لێ دەخوێندرایەوە کە ئەوان دەیانەوێت ڕێگری بکەن لەو پڕۆژە و نەخشەی کە ئیسرائیل بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی داڕشتووە. ئەمە قسەی گیرفانی من نییە، بەڵکوو هەموو چاودێرێکی سیاسی هەستی بە نەفەسێکی لەم شێوەیەی نەک هەر لە قسەکانی ئەبجەلان دەکرد بەڵکوو لە بەرپرسەکانی دیکەی “پەک”یش دەبیستران. بێجگە لەمە، ئایدیۆلۆجیا ڕۆژاڤای کردە ناوچەیەکی داخراو بەڕووی وەبەرهێنان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان. ڕاستە ڕۆژاڤا لە دروستکردنی ئینسانێکی خۆڕاگر و پشت بەخۆ بەستوو تاڕادەیەک سەرکەوتوو بوو، بەڵام ئەوە کافی نییە بۆ وەدەستهێنانی پشتیوانیی دەرەکی. کیان و دەوڵەت لەسەر بنەمای سۆشیالیزم و کاری هەرەوەزی دانامەزرێت بەڵکوو کرانەوە بەڕووی وەبەرهێنان، دیارە لێرە مەبەستم گەندەڵ و گەندەڵکاریی نییە، بەڵام داخرانی ئابووری، ڕۆژاڤای لاواز کردبوو.
سێیەم، پەیوەندی نێوان کورد و ئەوانی دیکە پەیوەندی داگیرکەر و داگیرکراوە. لە پێش شەڕی دووەمی جیهانی، هەموو ڕاپەڕین و حیزب و لایەنە کوردییەکان لە شێخ عوبەیدوڵای نەهری تا دەگاتە قازی محەمەد، پەیوەندی کورد و ئەوانی دیکەیان وەک پەیوەندی نێوان داگیرکەر و داگیرکراو دەبینی و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرد، بۆیە سەربەخۆیی کوردستان دوا ئامانجیان بوو. لەدوای ڕووخانی کۆماری کوردستان، ئەبجەلان و پەک، یەکەمین گەورەهێز بوون کە هەوڵیان دا، لانی کەم لە ڕووی تیوری و تێگەیشتن و گوتارەوە دروشمی خودموختاری بۆ کوردستان و دیموکراسی بۆ تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا تێکبشکێنن و سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستانیی بکەن بە ئامانج، واتە دەرخستنی کوردستان وەک وڵات و نەتەوەیەکی داگیرکراو. بەڵام لە چەند دەیەی ڕابردوودا ئەبجەلان و پەک و هێزە نزیکەکان لەم خەتە، بە هەموو شێوازێک دژی دەرخستنی پەیوەندی کورد و ئەوانی دیکە بوون وەک پەیوەندی داگیرکەر و داگیرکراو. لەپاڵ ئەو ڕاستییە، وەک لە چەندین دەرفەتی دیکەدا باسم کردووە، هاوکێشەی کورد لەگەڵ داگیرکەرانی هاوکێشەی هێزە بووە و هاوکێشەی هێز دەبێت تا ڕزگاربوونی. لەم هاوکێشە و پەیوەندییە تێنەگەین ناتوانین هەنگاوی دروست بهاوێین. لە دۆخی ڕۆژاڤا، کوردان لەوێ لەوە تێنەدەگەیشتن کە داگیرکەر هیچ کاتێک قەبوڵ ناکات داگیرکراو حاکم بێت بەسەرییەوە. بۆیە، سەرەڕای ئەوەی کە شەڕڤانان لە ڕۆژاڤا، لە ڕەقە، لە مەنبەج، لە دێرەزوور، لە هەموو باکووری سووریا، هەزاران شەهیدیان دا بۆ ڕزگارکردنی عەرەبەکانی ئەم دەڤەرە و پاراستنیان بەڵام کە هاوکێشەکان گۆڕان، ئامادە نەبوون و ئامادە نین نەک هەر لەژیر سایەی دروشمی برایەتی گەلان یەکسانانە لەگەڵ کورد بژین، بەڵکوو یەکسەر هەوڵی ژێردەستەکردنەوەی کورد دەدەن. پرسەکە ئەوەیە کە داگیرکەر نەک هەر دەسەڵاتی داگیرکراو قەبوڵ ناکات، بەڵکوو نایەوێت یەکسانیش بێت بە داگیرکراو. کورد دەبێت لەم هاوکێشەیە بگات. لە پاڵ ئەمە، ئەگەر کورد لە ڕۆژاڤا باوەڕی بە دامەزراندنی دەوڵەت هەبا، ئەوە لەوانەیە لە چەند دەرفەتێک کە بۆی ڕەخسا، بۆ نموونە لە ئانوساتی شکستخواردنی دەوڵەتی سووریا لەژێر سایەی بەشار ئەسەد، یان لە کاتی ڕووخانی ئەسەد و پێش جێگیربوونی دەسەڵاتی شەرع، بەیانی دامەزراندنی دەوڵەتی کردبا، یان هیچ نەبێت خۆی وەک هەرێمێکی فیدراڵی یان کۆنفیدراڵی ناساندابا.
بە کورتی، ئەوەی لە ڕۆژاڤا ڕوو دەدات نە بە شکست نە بە ئاشبەتاڵ نابینم، بەڵکوو پێم وایە کە پیلانەکان و جێبەجێکاری پیلانەکان زۆر لە کورد بە تواناتر و بەهێزتر بوون بۆیە پاشەکشەیان بە ئەزموونی ڕۆژاڤا کرد. هاوکات، پێم وایە کورد باش لە هاوکێشە ئیقلیمییەکان نەگەیشتبوو و خۆی خستبووە یارییەکەوە کە دەبوایە یان نەیکات، مەبەستم فراوانکردنی قەڵەمڕەوییەکانیی بۆ ناوچە عەرەبنشینەکان، یان دەبوو سەرکێشی زیاتر بکات، ئەویش بەوەی ببووایە بە هێزی پچڕێنەری هیلالی شیعی و بەیەکەوە بەستنی کورد و دروزەکان و خۆبەهاوسێکردنی ئیسرائیل. هاوکات، کورد دەبێت بەخۆداچوونەوەیەکی جددی بە تێز و تێگەیشتن و ئایدیۆلۆجیاکانی بکاتەوە و بزانیت کە چەپبوون و ئانارشیستبوون دادی نادات بەڵکوو دەبێت کوردبوون و کوردستانییبوون بکات بە چەقی بیرکردنەوە و تێگەیشتنەکان.
هەر چۆنێک بێت، لەم لەحزەیە گرنگە هەموومان پشتیوانی ڕۆژاڤا بین، داوا لە سەرکردەکانی ئەوێ بکەن کە ئەگەر دێرەزوور و ڕەقەش بەتەواوی ڕادەستی دیمەشق بکەن ئەوە تەواوی حەسەکە بپارێزن، ئەگەر پێویست بکات شەڕ بکەن، چونکە خاکت نەبێت بوونت نییە.




ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو کوێ هەنگاوی پێدەنرێت؟.. حەسەن ڕازانی

هەندێک فاکت و ڕاستیی….

با خۆمان لە واقیعەکەو لە ڕاستیی مێژوویی لانەدین…مێژووی دوێنێی ناوچەکە نیشانی دەدا کە گۆڕانکارییە سیاسیی و سەربازییەکان چۆن ڕوویان داوە لە ناوچەکەو چۆنیش درێژەیان پێدراوە! هەر لەسەر ئەو مەبنایەش گۆڕانکاری سبەینێ ڕوودەدەن!
گلەیی و ڕەخنە سوودێکی نابێت ئەگەر بەدیلی ڕاسترو درووستر نەخەیتە پێش.. چونکە
کورد دەمێکە گوتوویەتی:”بێڵە قوڕ بەدەست خەڵکەوە سووکە!
لەبەر مەبنای ئەو فاکت و ڕاستیانە، کە بە بڕوای من مێژوو نیشانی داوە، کە بوونەتە فاکت و ڕاستیی، کە لەو نووسینەمدا هەوڵدەدەم هەندێکیان نیشانبدەم، ئێمە دەتوانین بزانین کە سیاسەتی ئەو ناوچەیە چۆن داڕێژراوەو چۆنیش درێژەی پێدراوەو بەرەو کوێش هەنگاوی پێدەنرێت!..
دەبێ هەموومان ئەو ڕاستییە، هەرچەندە زۆر تاڵیشە، بزانین کە تەنها بەرژەوەندی دەوام دەکا. سیاسەتی ئەو ناوچەیەش لە سەر مەبنای بەرژەوەندی داڕێژراوەو هەر لەسەرئەو مەبنایەش درێژەی پێدەردرێت!
خەڵک بە خۆی و بە ئامڕازە مێژوییەکانی خۆیەوە لە وێنەی ڕەگەز، ئایین ، مەزەب، کەلتوورو زمان و چەندین شتی تریش تەنها ئامڕازەو بە کاردەهێنرێت بۆ داڕشتنی سیاسەت و سیاسەتیش لە سەر مەبنای بەرژەوەندییە!
دەوڵەتانی ئەو ناوچەیە زۆرینەیان دەرەوەی خۆیان درووستی کردوون و دیسان زۆرینەشیان تەنها بۆخۆیان خۆیان وەک دەوڵەتی نەتوەیی عاڕەبی ناوزەد کردووەو هەر هەمووشیان وەک وەڵات و نەتەوەو ڕەگەزێکی موسڵمان بۆخۆیان خۆیان خستۆتە سەر نەخشەی سیاسیی. لەو نێوشەدا تەنها مەبەست بەژەوەندی بووە کە ئامڕازەکەشی هێزو زەبروزەنگ و تووندوتیژیی بووە کە ڕۆڵی بینیوە. جا با لە هەر وەڵاتێکیشدا چەندین نەتەوەو ئایین و مەزەبیش بوونیان هەبێ کە موسڵمان نەبن یان عاڕەب نەبن!
جوولەکە لە ناوجەرگەی ئەو ناوچەیەدا مێژووییەو هەبووەو دەشمێنێت. لاوازیان کردووە، لە هەندێک شوێن بەرەو لە ناوچوونی کۆتایی براوە، بەڵام لە هەندێک ناوچەی ترماوەو لە گەشەدایە.
کێشەیەکی مێژوویی ئایینیش بوونی هەبووە لە نێوانی ئیسلام و جولەکەدا. ئەودوانە قەت بە یەکەوە بە شێوەیەکی تەواو ئاشتیانە هەڵیان نەکردووەو نەگونجاون.کێشەکە کە ئایینیە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرهەڵدانی ئیسلام لە نیوە دوورگەی عاڕەبدا. ئەو کات ئەو نیوە دورگەیە بە ڕێژەیەکی زۆر جولەکەی تێدابووە بەڵام ئێستا بە چراو شەدایانیش ئەگەر لە سعودیە لە جولەکەیەک بگەڕێیت لەوانەیە نەیدۆزیتەوە لە کاتێکدا پێش ئیسلام زۆرینەی یەسریب، مەدینەی ئێستا، جولەکەنشین بووە.
پێکهاتەی سیاسیی و سەربازیی ئەو ناوچەیە درووستکراوە لە لایەن یەکێک یان هەندێک لە دەوڵەتانی ناتۆ بەسەرکردایەتی ئەمەریکا. خۆیان خۆیان درووست نەکردووەو ئێستاشی لەگەڵدا بێت کۆڵەکەی مانەوەیان هەر ناتۆیە. کەچی ئێستا خۆیان کردۆتە کەڵەگا بەسەر هەندێک نەتەوەو ڕەگەزی مێژوویی ڕەسەنی ناوچەکە بۆنموونە بە سەرنەتەوەی کوردەوە.
نەتەوەی عاڕەب کە خۆی بە خاوەنی یەکەمی ئایینی ئیسلام دەزانێت، ئیسلامی وەک ئامڕازی مانەوەو بە سوڵتان بوونی خۆی بەکارهێناوەو بۆ دەرەوەی خۆشی شیعاری : هەموومان موسڵمانین و براین.
سیستەمی سیاسیی و سەربازیی نەتەوەی عاڕەب هەرکاتێک کە دەزانێت لە تەنگژەدایەو لاوازەو پێویستی بە هاوکاریی هەیە یەکسەر بابەتی ئیسلام و هەموومان موسڵمانین دێنێتە پێش و تەواوی جیهانی ئیسلامی دێنێتە پاڵخۆی بۆ ئەوەی بەرەنگاریی لە ئایینەکەیان بکەن بەڵام لە ڕاستیدا ئەو بەرگرییە دەچێتە سەبەتەی نەتەوەی عاڕەبەوە. چونکە سیستەمی سیاسیی و سەربازیی نەتەوەی عاڕەب بە ئاشکرا ئیسلام بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاردێنێت. هەروەها بە پێچەوانەشەوە، کە مێژوو پیشانی ئیمە دەدات، هەر کاتێک کە سیستەمی سیاسیی و سەربازیی نەتەوەی عاڕەب پێویستیان بە هاوکاریی نەبێت و خاوەنی هێز بن، ئەوا دەست دەدەنە فتوحات و پاوانخوازیی و زەبروزەنگ و قەلاچۆپیکردنی نەتەوەکانی تر بۆ نموونە نەتەوەی کورد. ئەو کاتە سیستەمی سیاسیی و سەربازیی نەتەوەی عاڕەب شیعاری : “امە عربیة واحدة ذات رسالة خالدة” بەرز دەکاتەوە. کە ئەو شیعارە سەرەتا هی حیزبی بەعس بوو!
کەم تا زۆر نەتەوەکانی تریش ئایینی ئیسلامیان وەک ئامڕازی مانەوەو بەهێزبوون و فراوانخوازیی خۆیان بەکارهێناوە. بەڵام نەتەوەی کورد بە پێچەوانەوە لە جیاتی ئەوەی ئیسلام وەک ئامڕازی مانەوەو بەهێزبوونی خۆی بەکاربێنیت هاتووە بەدەستی خۆی خۆی کردۆتە ئامڕازو سووتەمەنی بۆ گەشەو بەهێزبوون و بەسوڵتان بوونی ئایینی ئیسلام. بە وردی تەماشا بکەن ئەودیمەنە سیاسییەو سەربازییەتان بە ئاشکرا بۆ دەردەکەوێت!
ئێستا دیقەتێ بدەنە جولەکە کە دەوڵەتیێکی بەهێزی وای هەیە کە لە ناوچەکەدا لەوبارەوە کەم وێنەیە. خۆی بە سیستەمێکی سێکیولار نیشانداوەو چەندین نەتەوەو ئایین و مەزەبیشی تێدایەو بە ئاشتیانە دەژین. کەسییان گلەیی نیە. بۆ نموونە چەندین ملیۆن عارەبی موسڵمان و مەسیحی و کوردزمانی تێدایە.
دەوڵەتی ئیسڕائیل لە ڕووی مێژووییەوە دەتوانرێت بگوترێت کە بەرەی پێشەوەی دەوڵەتانی ناتۆیە، دیارە بەسەرکردایەتی ئەمەریکا، لەو ناوچەیەدا. بۆیە هەر شکەستێک بۆ ئیسڕائیل شکەستی ناتۆیە. لە ڕووی مێژووییشەوە دەرکەوتووە کە هەر لایەن و حیزب و دەوڵەت و سەرۆکێکی دەوڵەتێک ئەگەر چ بە ئاشکراو چ بە نهێنی دژایەتی دەوڵەتی ئیسرائیلی کردبێت هەر ماوەیەک ماوەتەوە و ئیتر لەبەرچاوان هون بووە! یان بە تەواوەتی کێشەی بۆدرووستکراوەو لە ڕووی سیاسیی و سەربازییەوە بەرەو تەواو لاوازیی براوە. تکایە جوان و بە وردی مێژووبخوێننەوەو دیقەتێ بدەنە ڕووداوە مێژووییەکان لەو ناوچەیەدا!
نەتەوەی کورد: کورد نەتەوەیەکی ڕەسەنی ناوچەکەیەو بە زەبری هێز خاک و ئاویان دابەشکردووە بەسەر سێ نەتەوەدا کە پێیان وایە برای موسڵمانی کوردن. سیستەمی سیاسیی و سەربازیی ئەو سێ نەتەوە باڵا دەستە ئەوەی کە پێیان کراوە لە دژی برا موسڵمانەکەیان کە نەتەوەی کوردە کردوویانە و ئێستاش بەردەوامن. ئەو سێ نەتەوە باڵادەستە ئەوەی بۆخۆیان پێیان باشەو لە بەرژەوەندیی نەتەوەی خۆیاندایە دەیکەن و دەیشەڕعێنن و لە گەڵ ئیسلامدا دەیگونجێنن و بە ڕەوای دەزانن بۆخۆیان.
سیستەمی سیاسیی و سەربازیی نەتەوە موسڵمانەکانی وەک عاڕەب و تورک و فارس بۆ خۆیان بە ئاشکرا پەیوەندیان لەگەڵ ئیسڕائیلدا هەیەو و هات و چۆ و مامەڵە لە گەڵ ئیسڕائیلدا دەکەن. کەچی هەر نزیکبوونەوەیەکی کورد لە جولەکە عاسمانێ بەسەر کوردا دەڕوخێنن و یەکسەر سوڕەتی الفتح و انفال لە دژی کورد بەکاردێنن. کورد لەو نێوەدا بووەتە قوربانی.
ڕەوە دەوڵەتێکی موسڵمانی عاڕەب و ناعاڕەب هەن کەچی بێدەنگن لەبەرامبەر مەزڵومییەتی کورد بەدەستی براموسڵمانەکانیان. لە کاتێکدا کورد خۆی لە هەموو نەتەوە موسڵمانەکانی وەک عاڕەب و تورک و فارس بە موسڵمانتر دەزانێ و لە مەیدانی کاریشدا ئەمەی سەلماندووە.. کەچی بە چەکی ئایینی ئیسلام لە کورد دەدرێت و بەرەو لەناوچوون دەبرێت. ئەمە بەرژەوەندی و سیاستە نەک برایی و موسڵمانبوون. برا موسڵمانەکانی کورد لە تورک و عاڕەب و لە فارس تەنانەت بەدوا ئەو فەرموودەیەی پێغەمەرەکەشیان ناکەون کە دەفەرموێت: المسلم من سلم المسلمون من لسانە و یدە. یان ئایەتەکانی قورئان لە وێنەی : لکم دینکم و لي دین، یان لا اکراە في الدین….

بلۆکبەندیی: لە جیهانی سەرمایەداریی جیهانییدا بلۆکبەندیی لە وێنەی بەرەی ڕوسیاو ئێستا چینیشی هاتۆتە پاڵ هەروەها بەرەی ناتۆ بە سەرکاردایەتی ئەمەریکا دەمێکە ئەو بلۆکبەندییە بوونی هەیە. نێوانی ئەو دوو بلۆکە قەت خۆش نەبووە، هەمیشە پاشقول لێکگرتن بووە، بەینێک نێوانیان گەرم و شەڕبووە، بەینێک نێوانیان ساردو سۆڵبووە بەڵام هەمیشە لەبەرامبەر یەکتردا ناپاک و شەڕانیی بوون. هەموو ئەو گرژیی و ناپاکییەی نێوانیشیان لە سەر حسابی پڕۆکسەکانیان بووە لە ناوچەکەدا. بەهاری عاڕەبی بەنموونە . هەرچی بە حساب و بە ڕواڵەت لە سەر بلۆکی ڕوسیا تەماشادەکران لەبەرچاوان ون بوون!
بلۆکبەندییە جیهانییەکەش هەر لەسەر مەبنای بەژەوەندییە. شەڕەکان لەسەر بەژەوەندیین، ئاشتییش هەر بۆ مەبەستی بەرژەوەندییە. هیچی لەبەر چاوی جوان و پاراستن و ئەخلاق نیە. بەزەیی پێداهاتنەوە بوونی نیە. ئەگەر مافی مڕۆڤ و ئەخلاق و برایی و هەموومان نەوەی ئادەمین و ئادەمیش لە خۆڵە ڕاستبووایە مێژوو ئەم هەموو خوێڕێژییەی تۆمارنەدەکرد لە نێوانی براکاندا. یان ئەم هەموو چەکە تۆقێنەرو وێرانکەرە کە لە ماوەی یەک دوو چرکەدا گۆی زەوی وێران دەکەن بوونی نەدەبوو. کەواتە تەنها بەرژەوەندی ماکی ڕووداوەکانە.
ئێران و سیستەمی ئاخوندە شیعەگەراییەکان: ئێمە هەروەک چۆن لە پێشوودا فاکت و ڕاستتییەکمان نیشاندا کە دۆستایەتیی لەگەڵ ئیسڕائیل بە مانای مانەوەو سەلامەتییەو پێچەوانەکەشی سەری خۆخواردنە. لەو بارەوە نموونەی بەرجەستەی مێژوویی زۆرن . تەماشا مێژووی ناوچەکە بکەن!
خومەینی ڕابەرو دامەزرینەری سیستەمی ئاخوندیی لە ئێران بە ئاشکرا گوتی: پاراستنی کۆماری ئیسلامی لە نوێژو رۆژو فەرزترە. بە بڕوای من، سیستەمی ئاخوندەکان هەموو کارێک دەکەن بۆ مانەوەی خۆیان. وەک چۆن تاڵیبان لە ئەفغانستان هاتنەوە سەر کورسی دەسەڵات ئەو کاتەی کە بوونە دۆست و بوکەڵەی ئەمەریکا. ئەگەرئاخوندەکانیش جا چ ژێر بە ژێر بێ یان بە ئاشکرا بێت دۆستایەتی خۆیان بۆ ئیسڕائیل لە ناوچەکەدا ڕابگەێنن وە یان هیچ نەبێ هیچ نەبێ دوژمنایەوتیەکەیان کەمی بکەنەوە.. بە بڕوای من ئەوکاتە دەمێننەوەو درێژە بە ژیانی خۆیان دەدەن.
ناوچەکە پێک هاتووە لە سوننەو لە شیعەو چەندین ئایین و مەزەب و نەتەوەوەو ڕەگەزی جیا. بە زەبری هێزهەندیکیان خستوونەتە ژێردەستی هەندێکی تریان.
شیعەو سوننە دوژمنایەتیەکی مێژوویان هەیەو دەبێ هەرواش بمێننەوەو نابێ هیچ کامیان بەتەواوەتی بێهێزببێت و ناشبێ هیچ کامیشیان بە تەواوەتی باڵادەستبێت و نابێ دۆستایەتیش بە تەواوەتی لە نێوانیاندا هەبێ. چونکە بەرژەوەندی ناتۆو ئەمەریکا، بەرژەوەندی دەرەوەو ناوخۆی خۆشیان هەر ئەوەی گەرەکە.
پوختە:
ناتۆو ئەمەریکا بە تایبەتی بەریتانیاو فەرەنسا سەدان ساڵ لێرەوپێش بە شێوەیەک پێکهاتەی سیاسیی وسەربازیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان داڕشتووەو دابەشکردووە کە هەمیشە دەبێ کێشەیەک هەبێ. نابێ ناوچەکە بێکێشە بمێنێتەوە. ئەگەر بێت و کێشەی ئایینی چارەسەر بکرێت کێشەی مەزەبی سەرهەڵدەدات، ئەگەر کێشەی مەزەبی چارەسەر بکرێت کێشەی نەتەوەیی و ڕەگەزی سەردەردێنێت! ناوچەکە پڕە لە بەهانەی مێژوویی بۆ شەڕو پێکدادان و ئاڵۆزیی. کێشەی کورد لەگەڵ برا موسڵمانەکانیان لە وێنەی تورک و عاڕەب و فارس بە نموونە. یان کێشەی عاڕەبی فەلەستین لەگەڵ جولەکە. برا موسڵمانەکانی کورد کە سەدان ساڵە باڵادەستکراون بەسەر کوردەوە بانێکەو دووهەوا سیاسەتیان لەگەڵ کوردا بەرێوە دەبەن. چەکی ئایین لەدژی کورد بەکار دێنن لە کاتێکدا کە کورد لەوان خۆی بە موسڵمانتر دەزانێت. ئەوی کە بۆخۆیان بەڕەوای دەزانن بۆ کوردی بە کوفرو ئیلحاد دەزانن. هەر نزیکبوونەوەیەکی کورد لە ئیسڕائیل تەواوی جیهانی ئیسلامی لێی وەخۆ دەکەوێت لە پێش هەموویانەوە موسڵمانەکوردەکانی نێوخۆ کە سەر بە رێکخراوی سیاسی جۆراوجۆرن و لە لایەن یەکێک لە دەوڵەتە عاڕەبیەکانەوە هاوکاریی دەکرێن یان لە بنچینەدا لە لایەن ئەوانەوە درووستکراون.کوردیش لە نێوخۆیدا یەک نیەو هەر لایەک دەهۆڵ بۆ برا موسڵمانێکی تری لێدەدا. هەر وەک دکتۆر عەلی شەریعتی دەڵێت:” ئاری برا وا ڕابرا…” ئاهوا هاتووە کاکە گیان.




پرسی دەسەڵات لە سوریا، ڕۆژئاڤا لە نێوان ڕێکەوتن و ڕیسکدا.. جوتیار

کێشەی کورد لە ڕۆژئاڤا/كوردستانی داگیرکراوی سوریا، کێشەیەکی نوێ نییە، بەڵکو بەشێکە لە درێژەی مێژوویەکی قووڵ، کە تێیدا کورد هەمیشە لە نێوان ڕەتکردنەوە، لەبیرکردن و بەکارهێنانی کارتی سیاسی لە نێوان ووڵاتانی زلهێزو هەرێمایەتیدا، لە ماوەی دەیان ساڵی رابردودا گەمەی پێدەکرێت. کوردی سوریا نە بە نەتەوە ناسراوە، نە بە مافدار، نە بە هاوبەشێکی تەواوی وڵاتوو دەوڵەت لە سوریادا. زمان، ناسنامە، خاک و مافە سیاسییەکان، هەموویان لە ژێر سیاسەتی ڕەتکردنەوە و ناڕوونی سیاسیدا بوون. ئەم دۆخە، پێش ئەوەی شەڕ دەست پێ بکات، بنەمای بێ‌ متمانەیی قووڵی نێوان کورد و دەوڵەتی ناوەندی سوریای دانا.

کاتێک شەڕی سوریا هەڵگیرسا، کورد لە ڕۆژئاڤا هەوڵی ئەوەیان دا خۆپاراستن و تێکەڵنەبوون بە شەڕێکی نەتەوەیی هەڵبژێرن. ئەنجامی ئەم هەوڵە، دروستبوونی شێوەیەکی خۆبەڕێوەبەرایەتی بوو کە لە هەمان کاتدا هەم وەڵامی بۆ مەترسییە سەربازییەکان پێبوو، هەم هەوڵێک بۆ پاراستنی ژیانی خەڵک بە کوردو نەتەوەکانی تریشەوە. بۆ زۆرێک لە کوردانی رۆژاڤا، ئەم ئەزموونە یەکەم جار بوو کە هەستیان بەوە کرد بتوانن لەسەر خاکی خۆیان، بە زمان و ڕێکخستنی خۆیان، ژیانێکی ئارامتر ببینن و ئەزموون بکەن ، هەرچەندە ئەم ئارامییە هەمیشە لە ژێر سایەی مەترسیەکی دەرەکی و ناوخۆییدا لە ژێر هەرەشەدا بوو بە ئێستاشەوە.
لەو ڕوانگەیەوە، هەر هەنگاوێکی سیاسی، کە کوردی لە سوریا وەک لایەنێکی نەتەوەیی ناساندووە، بۆ زۆرینەی کورد ماناو رەهەندێکی زۆر گەورەی هەیە، تەنانەت ئەگەر لە ڕووی یاسایی یان ستراتیژییەوە سنووردار بێت. ڕێکەوتنەکەی نێوان مزلوم عبدی و ئەحمەد شەرع، بە پشتگیری (بارزانی) و ئامادەیی نیردەی تایبەتی ترامپ (تۆم باراک)، لەو شوێنەدا بۆ کوردێک، زیاتر لە یەک ڕێکەوتنی سیاسییە؛ هەوڵێکە بۆ ئەوەی بڵێت کورد لە سوریا “بابەتێکی کاتی” نییە، بەڵکو خاوەن خاک، مێژوو، و مافە.
بۆ کوردێکی ڕۆژئاڤا، گرنگی ئەم هەنگاوە لەوەدا نییە کە چی واژوو کراوە، بەڵکو لەوەدایە کە بۆ یەکەم جار بە شێوەیەکی ئاشکرا، گفتوگۆ لە نێوان نوێنەرێکی کوردی و نوێنەرێکی دەوڵەتی (عەرەبی سونی) سوری دەکرێت، نە لەسەر بنەمای فەرمان و فشاری سەربازی، بەڵکو لەسەر بنەمای دانپێدانانی بوونی یەکتر. ئەمە بۆ نەتەوەیەک کە زۆرجار تەنها وەک کێشە، یان وەک مەترسی، ناسراوە، هەنگاوێکی گرنگی دەروونی و سیاسییە.
بەڵام هاوسۆزی بۆ کەیسی کوردانی رۆژاڤا واتا کوێری نییە. کوردی هۆشیار دەزانێت کە ڕێکەوتنێک لەسەر کاغەز، ئەگەر نەگۆڕدرێت بۆ گەرەنتییەکی ڕوون بۆ مافە نەتەوەییەکان، دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی ناڕەزایی نوێ. ترسی گەورەی زۆری کورد بە خودی بارزانی شەوە ئەوەیە، کە دووبارە، لە کاتی دابەشکردنی دەسەڵات لە سوریا، کێشەی کورد بخرێتە دواوە، یان بگۆڕدرێت بۆ کارتێکی سیاسی بۆ مامەڵەکردن لە نێوان هێزە گەورەکان. مێژوو ئەوەی فێری کورد کردووە کە هیوای بێ‌ گەرەنتی زۆرجار بە ناکامی کۆتایی هاتووە، هەرچەندە نەبۆتە مایەی ئەزمونوو دەرسی مێژوو بۆی.
ئەگەر لە ڕوانگەی مرۆیی/ سیاسی دیدگایەک بخەیتە سەر ئەو ئاڵانگاریە جیوسیاسیانە، کوردی ڕۆژئاڤا داوای شتێکی زۆر نائاسایی ناکات، ناسینی ناسنامەو، ماف، زمان، پاراستنی خاکو بەشداریکردن لە بڕیاردانی ئایندەی وڵاتێک کە خۆی پێی وایە دەبێت. ئەگەر ئەم ڕێکەوتنە بتوانێت ببێتە دەستپێکی پرۆسەیەک کە ئەم داواکارییانە لە چوارچێوەی سوریایەکی یەکگرتوو و فیدراڵ یان لانیکەم دەسەڵاتێکی ‌دابەشکراو جێبەجێ بکات، ئەوا لە دیدی کوردانی رۆژئاڤادا، هەنگاوێکی مێژوویی دەبێت. ئەگەر نا، ئەوا ترسی ئەوە هەیە کە ببێتە هێمایەکی تر لە زنجیرەی هێڵبەستە درێژو بێمەوداکانی نادادپەروەری لە ژێر سایەی نەتەوەی سەردەستوو دەوڵەتێکی دیدگا فاشیزمدا.
بە کورتی، لە ڕوانگەی منەوە وەکوو کوردێکی هاوسۆز بەو بەشەی کوردستان، ئەم ڕێکەوتنە لە نێوان هیوای هۆشیاری و ترسی مێژووییدا ڕاوەستاوە. هیوای ئەوەی کورد لە سوریا جارێکی تر لە دەرەوەی مێژوو نەنرێت و ترسی ئەوەی کە دووبارە لە کاتێکی گونجاودا، کورد بە قوربانیێکی سیاسی بگۆڕدرێت. لە نێوان ئەم دوو هەستەدا، کورد داوای شتێکی سادە دەکات، قسەکان لە دەمەوە بگۆڕدرێن بۆ مافێکی نوسراو لە دەستوردا و ، و ماف بگۆڕدرێت بۆ مومارەسەکردنی ژیانکی ئینسانیانەتر لە ژێر سایەی دەستەڵاتێکی نا سێنتراڵ و نا عەسکەرتاردا.

جوتیار




با نەهێڵێن گوڵی ئەم شۆڕشە بژاکێت!.. شیعری عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

خوێن با تێکەڵ بە شەپۆڵی دەنگی یاخیبووی شەقام بێ
دەبا هاوار زریانێک بێ و ژێر دەستەیی ڕابماڵێ
با بانگەواز بۆ ڕزگاربوون لە کۆیلەتی
سەر بکا بە گشت کارگەکان، بچێتە نێو هەموو ماڵێ
دەبا گرمەی هەوری تێکۆشانی کارگەر و زەحمەتکێش
گوێی منارەی جەهل و ستەم بلەرزێنێ
دەبا گۆرانی سەرکەوتن گوللەیەک بێ و
بۆرژوازی و چەوسێنەران لە خوێنی خۆی بگەوزێنێ.
**
هۆ کارگەرانی ئێرانی برینداری لەخوێن گەوزاو
هۆ کارگەرانی ژێر پەتی سێدارەی کۆماری جەهل؛ دەی ڕۆژیەتی
ئەم کاروانە پڕ شکۆیەت بەڕێوەیە و دەی هەستەوە
وەک زنجیری دەست و پێی شەکەتدراوی زیندانییەکان
ڕێگای ڕووناکی و ئامانجی سۆشیالیزم، بەیەکەوە ببەستەوە
**
تۆ ئەمڕۆکە پشت لە ڕۆژە تاریکەکانی خۆت دەکەیت، ڕێگای دوور بۆ هەتاو دەبڕی
مێژوویەکەت بەکۆڵەوە، پڕە لە قوربانی و خەبات
پڕە لە کوشتن و برین،پڕە لە مەرگ
دەی ئەمجارە جیا لەجاران هەنگاوەکان پتەوتر کە
دژ بە حوکمی دەسەڵاتی نا ئینسانی سێدارە و جەنگ.
**
گەر ئەمجارە کەسێک ویستی سواری پشتی خەمی تۆ بێ، بیگلێنە.
گەر ئەمجارە دەنگێکت بیست
گۆرانی بۆ پچرانی کۆتی کۆیلەتی تۆ دەچڕێ، تووند بیگرە خۆ و
بیپارێزە وەک گلێنە
گەر ئەمجارە هەرکەسێ هات وتی ئازادیم خۆش دەوێ
دوای مەکەوە و ورد بەرەوە
گەر ئەمجارە هەرکەس ویستی ببێت بە ئاستەنگی خەبات بۆ ڕزگاری یەکجارەکی
خۆت لابدە و تەکان بدە بۆ سەرەوە.
**
ڕۆژێکی زێڕێنە ئەمڕۆ؛ شۆڕش لە سەدەی بیست و یەک
گەر دەتەوێ هەتاو ببێ بەشوناسی ژیانی خێرلەخۆ نەدیو
گەر دەتەوێ بەختەوەری ببێ بە پەنجەرەی دواڕۆژی ئاواتی بەشمەینەتان
بڕۆ بۆ نێو شەقامەکان
بڕۆ بۆ نێو گوند و مەزرا و کارخانەکان
بڕۆ بۆ نێو دڵ و هەناسەی شارەکان
ببە بە خۆت، ببە بە دەنگی سووری خۆت
ببە بە چاوی گەش و ڕوون بۆ پچرانی زنجیر و کۆت.
**
هۆ هەناسە تاساو و کەنەفتەکانی نێو سینەی زەحمەتکێشانی تارانی بڕست لێبراو
هۆ باڵندە خەونەکانی ئاسمانی سەر عەبادان و ئازرباینجانی خۆرئاوا
هۆ برینی سارێژنەبووی دڵی هیوای بلوجستان
هۆ بڵێسەی تێکۆشانی شەقامەکانی کوردستان
با گوڵی ئەمجارەی شۆڕش نەژاکێت و
نەخرێتە نێو ئینجانەی کۆنەپەرستان
با گوڵی ئەمجارەی شۆڕش گەش گەش گەش بێ و
بدرێ لە یەخەی لەشکری ستەمدیدە و
بەرۆکی گشت خۆشەویستان.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
١٤ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦




ڕۆڵی لایەنە شیعەکان لە سیستمی دوای ٢٠٠٣وە.. عوسمانی حاجی مارف

ئەو سیستەمەی لە دوای ٢٠٠٣ وە لە عێراقدا دامەزرا، بەناوی بنەمای مۆدێلی دیموکراسی، هێزی میلیشیایی نەتەوەیی و تائیفی و ئیسلامی، دەسەڵاتی بڕیاردانیان هاوبەش بوو. ئەم ڕەوتە دەستی بە جۆرێک لە هەڵکشان کرد، لەکاتێکدا هێزو لایەن و فراکسیۆنە شیعەکان، وردە وردە دەسەڵاتی دەوڵەتیان لە سەر حسابی گروپە نەتەوەیی و تایەفەگەریەکانی تر چەسپاند و فراوانتر بون، بە بیانوی بەهێزکردنی سەروەری عێراق و ڕێکخستنی کاروباری دەوڵەت. هاوکات ڕۆڵی ئێران لە داڕشتنی کایە سیاسی و ئەمنیەکانی عێراق، بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەی کرد.
پرۆسەیەک دەگوزەرا کە ڕاستەوخۆ لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرا، لەهەمانکاتدا هاوکات بوو لەگەڵ دابەزینی نفوزی ئەمریکا و کردنەوەی دەرگا بۆ نفوزی ئێران، دواتر هاوکاتی ئەو ئاڵۆگۆڕانەی لە ناوچەکەدا پێشهات، ئاکامی توندبونەوەی ململانێی نێوان ئەمریکاو ئێران بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی کۆدەنگی هێزو لایەنی”عەرەب و کورد، شیعە و سونە” وە، ململانێی بەردەوام و ناجێگیری لە چۆنیەتی ئیدارەکردنی دەوڵەتدا.
لە ساڵی ٢٠٠٣ وە عێراق نەیتوانیوە دامەزراوەی بەهێز بنیات بنێت، کە توانای داڕشتن و جێبەجێکردنی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی هەبێت بەبێ دەستێوەردانی دەرەکی. دەوڵەت تائێستا دیدێکی هەمەلایەنە و پلانێکی درێژخایەن و یەکگرتوو و ستراتیژی نییە، بۆ ڕێنمایکردنی کردار و سیاسەت و شێوەی گەشەپێدان، لەم چوارچێوەیەدا، کابینەی لایەنەکانی شیعە بەپێی دەستوور بەهێزترین دامەزراوەی جێبەجێکاریە لە عێراقدا، بە ئاشکرا ئاراستەی سیاسی دەوڵەتیان لە قاڵبداوە و سیاسەتێکی یەکگرتوی لەسەر بنەمای دید و ئایدۆلۆژیای کەسایەتیە باڵادەستەکان یان هێزە باڵادەستەکانی شیعە جێبەجێکردووە، بۆ نموونە ئیبراهیم جەعفەری یەکەم سەرۆک وەزیران، لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە، دیدگایەکی ئیسلامی گرتەبەر و مەیلی بەدواداچوونی جۆرێک لە هاوسەنگی پراگماتیکی هەبوو، دواتر لە هەلومەرجی سەربازی و سیاسی ئەمەریکادا، مالیکی دووەم سەرۆک وەزیرانە، تا ئێستاش کەسایەتیەکی دیارە لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا، مەیلی هاوئاهەنگی لەگەڵ ئێران و گرێدانی عێراقە، بە چارەنوسی کۆماری ئیسلامیەوە.
حەیدەر عەبادی جێنشینی مالیکی، لەبەرامبەر هەڕەشەی تیرۆر و ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، هەوڵیدا هاوسەنگیەکی گونجاو لەنێوان دەستەبەرکردنی پشتیوانی ئەمریکا و هاوکاری لەگەڵ میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران دروست بکات.
ئەم ڕێبازە له سەردەمی عادل عەبدولمەهدی و مستەفا کازمی، هەڵوێستی زیاتری لایەنگری ئەمریکایان گرتەبەڕ و مامەڵەیان لەگەڵ ئێران و دەخالەتی له عێراقدا کرد. لە کۆتایدا محەمەد شیاع سودانی، بەدوای ناڕەزایەتی ڕاپەرینەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٣وە، کە سەرەتا کاندیدکرا و لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگیەوە پاڵپشتی کرا، بەڕوونی ڕایگەیاند کە سیاسەتی ئیدارەکەی لەسەر بنەمای بێلایەنی و پاراستنی هاوسەنگیەکی گونجاو لە نێوان بەرژەوەندیە ناوخۆییەکان و پاڵپشتی ئێران و فشارەکانی ئەمریکادایە، بەڵام ئەوەی لەم نێوەدا شایانی باسە لەبەر ئەوەی باڵادەستی ئێران بەسەر عێراقدا زیاتر سایەی کردوە، ڕاگرتنی ئەو هاوسەنگیەی نێوان ئەمریکا و ئێراندایە بۆ هیچ لایەنێکیان ئاسان نەبوو.
ڕەوتی سەدریش بە یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی دامەزراوەی سیاسی لایەنەکانی شیعەی عێراق هەژمار دەکرێت، موقتەدا سەدر خۆی وەک کەسایەتیەکی ئایینی و سیاسی دژە دامەزراوەکان نیشان دەدات، کە کێبڕکێ لەگەڵ کوتلە لایەنگرەکانی ئێران دەکات، بە بایکۆتکردن و ڕێکخستتنی خۆپیشاندانی جەماوەری و گردبونەوە لە شەقامەکاندا، ئەمەش چەندینجار ماڵی هێزو لایەنی شیعەکانی وەک یەک بەرە لاواز کردووە.
دەنگهێنانەوەی لیستی سودانیش ئەوە دەردەخات، بەشێک لە دەنگدەرانی شیعەی عێراق خوازیاری پاراستنی ئەو هێڵە سیاسیەی ئێستان کە سودانی نوێنەرایەتی دەکات، سودانی لەژێر دروشمی “عێراق یەکەم” خۆی بۆ هەڵبژاردن کاندید کردوە و تاڕادەیەک خۆی لە هەڵوێستە تائیفیە ئاشکراکان بەدوور گرتوە و پەیامێکی گەیاند کە دابەشبونە نەتەوەیی و تائیفیەکانی تێپەڕاندووە. بەمپێیە بەرنامەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی لەسەر گەیشتن بە ئاوەدانکردنەوەی بەردەوام و بەهێزکردنی ئابووری و بەڕەنگاربونەوەی گەندەڵی و چەسپاندنی سەقامگیری و ئاسایش بوو. بۆ ئەم بەرنامانە بە پێویستی دەزانن کە ژینگەیەکی سەقامگیر و پارێزراو لە عێراقدا بپارێزن!.
لەو چوارچێوەیەشدا یەکێک لە دەستکەوتەکانی حکومەتی پێشووی سودانی توانای ئەوەی بوو کە عێراق نەکێشێتە ناو ڕوبەڕوبونەوەی سەربازی نێوان ئیسرائیل و ئێران، بەو پێیەی زۆرێک ترسیان لەوە هەبوو کە کردەوە و هەڵوێستی میلیشیاکانی لایەنگری ئێران، عێراق بکاتە ئامانجی داهاتوی ئیسرائیل. هەروەها ئەوە دەردەکەوێت بەشێک لە دەنگدەرانی شیعە کەسایەتی تەکنۆکراتیان پێ باشترە کە سەرنجی لەسەر خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاریە گشتیەکان بێت، وە توانای هەبێت بەرامبەر ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان داخوازی ناوخۆیی بۆ سەروەری و داخوازیە نێودەوڵەتیەکان بۆ خۆگرتن لە نفوزی ئێران، وە یەکلایکردنەوەی ستراتیجی بەدوادا بێت.
لەبەرامبەردا لایەنەکانی تری”چوارچێوەی هەماهەنگی” ئێران، وەک سپۆنسەری سەرەکی ڕەهەندی سیاسی، ئەمنی و سەربازی شیعەگەری، لە عێراقدا دەڕوانن. هەروەها عەلی خامنەیی بە ئاماژەیەکی سەرەکی، خۆیان بە نەریت و ڕێبەری ڕەهای ئیسلامی شیعەی جیهانی دەزانن.
ئەوەی شایانی باسە، هێز و لایەنە سیاسیە سوننەکان نەیانتوانیوە دیدێکی سیاسی ڕون و یەکگرتوو، بۆ پرۆسەی سیاسی فراوانتر لە عێراقدا بخەنەڕوو، پەیامی سیاسی سوننە، تیشکیان خستۆتە سەر گرژی نێوان خۆیان و لایەنە کوردیەکان، لایەنە کوردیەکانیش بەتایبەتی بارزانی لە هەمان سەرچاوەی پشتیوانی ناوچەی سونە سودمەندە کە تورکیا و دەوڵەتانی کەنداوی عەرەبیە.
زۆرێک لە هێزی سوننەکان پێیانوایە لە ئاکامدا زلهێزە ئیقلیمیەکان، هەوڵی لاوازکردنی لایەنە کوردیەکان دەدەن لە عێراقدا، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی پرسی کورد و ناوچەکە و خواستی دەوڵەتانی عەرەبی کەنداو و تورکیا بۆ بەهێزکردنی سوننەکان لە عێراقدا لەسەر حیسابی کورد.
بارزانی و تاڵەبانی تاڕادەیەک گرژیەکانی قۆناغی دوای ڕیفراندۆمیان تێپەڕاندووە و بە تەواوی، تێکەڵ بە پڕۆسەی سیاسی عێراق بون وچارەنوسی خۆیان گرێداوە بە بەغداوە، لایەنە کوردیەکان و شیعەکان، وەک دوو لایەنی ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی سەدام، دوای داگیرکاری ئەمریکا و وێرانکردنی عێراق، ڕۆڵی سەرەکیان بوو لە بنیاتنانی حکومەت عێراقدا، لە دوای ٢٠٠٣وە بەشداریان کردوە لە پێکهێنانی ناوەندی سیستەمی سیاسی و حوکمڕانی لە ڕێگەی ڕێکخستنی دابەشکردنی دەسەڵاتەوە، لەسەر بنەمای مەزهەبی و تائیفی و قەومی، بەڵام ئەم پەیوندیه ورده ورده دەستی به تێکچوون کرد، ئەم تێکچونە لەژێر کاریگەری نالەباری و ئاڵوگۆڕ لە دۆخی سیاسی ناوچەکە و گۆڕینی ئاستی هاوسەنگی لایەنەکان و شەڕو ناکۆکی لەسەر بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکان و فراوانکردنی نفوزیان، عێراق و کوردستانیان لە گێژاو و نائارامی سیاسی و نەبونی ئاسایشدا ڕاگرت.
سەرهەڵدانی ڕژێمێکی سوننە لە سوریا بە پشتیوانی تورکیا و دەوڵەتانی عەرەبی کەنداو و سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ، دواتر لاوازی جیۆستراتیژی تاران، لەدوای لە شەڕی دوانزە ڕۆژەدا، کەشێکی ناجێگیری بۆ زۆرێک لە لایەنە شیعەکانی عێراق دروستکردوە و لەلایەکی ترەوە فشاری هەڵوەشانەوەی هێزە میلیشیاکانیان لەسەرە، لایەنە شیعەکانیش دۆخێکی ئاڵۆز و نائارام بەسەر دەبەن، وەک دەبینین قەیرانێک بە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی ئێستای بەغداوە دیارە، لەهەمانکاتدا دەتوانین بڵێین بەهەر هەوڵێک بگەنە پێکهێنانی حکومەت، نالەبارترین و نەگونجاوترین حکومەت دەبێت لە تەواوی دەورانی دەسەڵاتی ئەو حکومەتانەی لە ٢٠٠٣وە تا ئەمڕۆ پێکهێنراون.
گومانی تیانیە کە حکومەتی داھاتوی دوای ئەم هەڵبژاردنەی ١١سێپتەمبەری ٢٠٢٥، ڕوبەڕوی دۆخێکی یەکجار سەخت دەبێتەوە بۆ ڕاگرتنی ھاوسەنگیەک لە نێوان ڕازیکردنی ئەو گروپە شیعانە و ڕازیکردنی جەماوەری ناڕازی کە بە گشتی ڕەتیان دەکەنەوە. لەهەمانکاتدا، بەجیا لە کێشەکانی نێوان خۆیان واتە چوارچێوەی هەماهەنگی، ناچار دەبن لەگەڵ فشاری ئەمریکیەکان و نێودەوڵەتیەکان، تەنانەت ناوچەییەکانیش، بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گروپە چەکدارانەی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا ململانێ دەکەن. هەر لەم پەێوەندیەدا، ڕۆژانی داهاتوو ڕادەی کاریگەری سیاسی ئەم گروپانە لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی نوێ و کاریگەریەکانیان لەسەر هەڵبژاردنی پۆستە سەرەکیەکانی سەرکردایەتی کە ئێستا لەژێر گفتوگۆدان ئاشکرا دەبن.
لەلایەکی تریشەوە بارگرژی دۆخی کۆماری ئیسلامی ئێران، کاریگەری زیاتر لەسەر ئایندەی دەسەڵاتی تەواوی لایەنەکانی شیعە و دەسەڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگی بەو ئاراستەیە دادەنێت، کە عێراق دەخاتە سەر لێواری دەورانێکی تازە لە گێژاوی سیاسی و فەراهەمهێنانی ململانێیەک کە هاوسەنگی لایەن و هێزە سیاسیەکان لە ئیدارەی حکومەتدا دەگۆڕێت.
بەهاتنەناوەوەی کۆمپانیا نەوتیە ئەمریکیەکان پەیوەندی نێوان بەغدا و واشنتۆن لە ساڵی ٢٠٢٥دا بەتەواوی گۆڕا، دیارترینیان کۆمپانیای( شیڤرۆن)، بۆ ناو دڵی کێڵگە نەوتیەکانی عێراق لەڕێگەی گرێبەستی بەرفراوانەوە. ڕەنگە ئەم وەبەرهێنانانە وەک دەرفەتێک دەرکەون بۆ بوژاندنەوەی ئابووری، بەڵام ڕێڕەوێکە ناچاری وابەستەیی بە ئەمریکاوە بەرجەستە دەکات.
واشنتۆن بەردەوامە لە مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی سوپای عێراقیەکان و پێشکەشکردنی پاڵپشتی لۆجستیکی، بەڵام لێرەدا ئەو پرسیارە دەکرێت، ئایا ئەم هاوکاریە تواناکانی دەوڵەت بەهێز دەکات؟، یان وابەستەیی بە زلهێزە دەرەکییەکان بەردەوام دەکات؟ عێراق هێشتا لە مەترسی ئەوەدایە ببێتە گۆڕەپانێک بۆ ململانێ و یەکلایکردنەوەی پرسەکان، نەک دامەزراندنی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری.




کاتی ئەوە هاتووە پەنجە بخەینە سەر برینەکانمان.. زاهیر باهیر

کاتی ئەوە هاتووە پەنجە بخەینە سەر برینەکانمان و هەوڵی ساڕێژکردنیان بدەین پێێش ئەوەی توشی نەزیفی خوێن ببین .
ئایا دەکرێت بزنی نێر بدۆشرێت؟ ڕەنگە!! بەڵام ناکرێت متمانە بە ئاشتی و بەدیهێنانی ئەو دروشمانە بکەیت کە لە لایەن پەکەکە و لە ڕۆژئاوادا هەڵکراوە ئەوەندەی ئەردۆگان و حیزبەکەی لەسەر حوکم بن .
دەوڵەتی فاشی تورکیا و هاوکارانی نەك هەر ڕێگە لە دروستبوونی ئاشتی و ئاشتەوایی دەگرن لە تورکیادا، بەڵکو نابێت حکومەتی داعشی سوریاش لە قسە و پلانی تورکیا سەبارەت بە پرسی کورد بە گشتی و دەسەڵاتی هەسەدە و خۆسەریی بەتایبەتی، دەرچیت .
ئەوەی دەبینرێت هەر لە سەرەتای ئەم مانگەوە سوپای حکومەتی داعشی سوریا وردە وردە بە هاوکاری تورکیا و بێ دەنگبوونی ئەمریکا و ئەوەی پێی دەوترێت کۆمۆنێتی نێو دەوڵەتی لە هێڕشی بەردەوامدان دژ بە هەسەدە و پاکردنەوەی ئەو شوێن و ناوچانەی کە لەژێر قەڵەمڕەوییاندایە .
بە گوێرەی دوا هەواڵی بی بی سی ئەمڕۆ سەعەت 5 ی بەیانی زوو و ڕۆژنامەی گاردیان سوپای سوریا دەستیان بە سەر ئەو شوێنانەدا گرتۆتەوە کە لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا بوون ، بەنداوی مەسروورییەت [ لام وایە ئەوە ناوەکەیەتی] و کێڵگەی نەوتی ڕەسافە و سوفیانیان خستۆتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆیان. هاوکاتیش خێڵە عەرەبەکانی ئەو دوو شوێنە ڕایان گەیاندووە کە چاوەڕوانی ئۆکەی لە حکومەتی سوریاوە دەکەن بۆ شەڕکردن دژ بە هێزەکانی هەسەدە.
بەداخەوە کە بارودۆخەکە زۆر زۆر مەترسیدارە و لەوە دەکات کە هەسەدە قوربانییەکی زۆر بدات گەر بەردەوام بێت لە شەرەکە. بەڕای من بۆ ئەوەی کە کورد تۆزێك کیانی بۆ بمێنتەوە و کەمترین کوشتار و قوربانیدان رووبدات، دەبێت لە هەموو شوێنە عەرەب نشینەکان بێ تەقە بکشێتەوە ، پێش ئەوەی دەریان بکەن بە قوربانییەکی زۆرەوە.
نکوڵی ناکرێت لە ئازایەتی و قوربانیدانی جەنگاوەرانی هەسەدە، بەڵام دەبێت تێ بگەن کە شەڕی ئێستای داعش جیاوازە لە شەڕی پێش دوو ساڵ لەمەوبەریان ، ئێستا داعش خاوەنی تانک و درۆن و فڕۆکەی جەنگی و هاوپشتی ڕاستەوخۆو ئاشکرای تورکیایە بە ئۆکەی یا لانی کەم هەڵبژاردنی بێ دەنگی ئەمەریکا. ئەمە جگە لەوەی کە خێڵە عەرەبەکان چی تر لەگەڵ هەسەدەدا نامێنن و دەبنە دوژمنیان.
لە کۆندا هیچ وانەیەك وەرنەگیراوە هەر کەسیش قسەیەکی واقیعیانەی کردبێت یا تاوانبار کراوە بە پارتی یا دۆستی ئەردۆگان . سەبارەت بەوانەشی وەکو من و کەسانی دیکە کە دۆستی نزیکی ڕۆژئاوا بوین ڕا و بۆچوونەکمان بە هەڵە وەرگیراوە جارو باریش قسەی بێ سەرروبەرەمان بەرانبەر کراوە و فەرامۆش کراوین.
بۆ نموونە من خۆم لە ساڵی 2018 و پێشتریش ئەمانەم وتووە :
هەڵەیە هێزی بەرگری بکرێت بە هێزی هێڕشبەر .
هەڵە بوو کە یەپەژە و یەپەگە لە هێزی بەرگریی خۆبەخشەوە و کرایە هێزی نیزامی ژێر سەرکردایەتی پەیەدەو ببێت بە بەشێکی هێزی ئەمەریکی .
هەڵەیە کە ئەمەریکا تەنها پەیمانێکی سەربازی لەگەك هەسەدەدا هەیە بەڵام هیچ ناسینێکی بۆ ئیدارەی خۆسەیی و پەیەدە نییە.
هەڵە بوو کە شەڕەکەیان فراوان کرد بەرە و خاك و شار و شارۆچکەکانی عەرەبیان برد و داوایان لێبکەن ئەوەی خۆیان دەیانویست ئەوانیش ئەوە بکەن. دەبوایە هەسەدە وازیان لە عەرەبەکان بهێنایە خۆیان ئەو شارانە بگرن ، گەر پێویستیشیان بە هەسەدە هەبوو ئەو کاتە هەسەدە یارمەتییان بدات .
هەڵە بوو شەڕ بۆ ڕزگارکردنی رەقە و تەبقە بکەن چونکە دەبوایە وەکو من وتم بزانن مانەوەی هەسەدە و ڕۆژئاوا بە مانەوەی داعشەوەیە ، کە داعش نەما ڕۆژئاواش بە هیچ کیانێکییەوە نامێنێت .
من لە 2018 و 2019 دەدا وتومە کە لە دوا قۆاناخدا تەنها ئەوەی کە کورد دەستی دەکەوێت لە ڕۆژئاوادا مافی ڕۆشنبیری و خۆێندن و پەروەردە و مافی کولتوری و دەستکەوتنی هەندێك پلە و پایەی ئیداری دەوڵەتییە .
هەڤاڵانی پەکەکە کە لێمەوە نزیكبوون هەموویان ئەم ڕاستیانە دەزانن و پێچەوانەم وەڵامیان داومەتەوە. من بۆ ڕاستی و دوستی قسەکانم دەکرێت تەماشای پۆستەکان و وتاررەکانم بکەن . تەنانەتە من بە نامە گۆڕینەوە لە گەڵ دوو سەرکردەی پەکەکە کە بەداخەوە یەکێکیان بوو بە قوربانی هێڕشی درۆنی تورکیا ئەمانەم باس کردووە .
من هەمیشە پێداگریم لەسەر ئەوە کردوە کە لە بری دانی ئەم هەموو قوربانییە، زەروورە گەر هەتا لە ناوچەیەکی زۆر بچوکیشدا بێت، ئەوەی کە لە ڕۆژئاوادا بانگەشەی بۆ دەکرێت وەکو هەرەوەزییەکان، فێمەنیزم و ژینگە و ئیکۆلۆجی دەبێت کاری لەسەر بکرێت و ببێتە نموونەیەك بۆ شوێنەکانی دیکە ، نەك بە فراوانکردنی دەسەڵات و شوێنگرتنی زیاتر و کارکردن لەسەر کاڵبوونەوەی ئەو دروشمانە.
ئەوەی ماوەیەوە بیڵێم ئایا لێرەوە کورد دەرس وەردەگرێت لە هەڵەکانی ؟ خودی خۆم باوەڕم پێی نییە.

زاهیر باهیر
18/01/2026




فەلسەفەی شیعر و ژیان.. ستار ئەحمەد

مێژووی مرۆڤایەتی هەمیشە گۆڕەپانی ململانێی نێوان دوو جەمسەری دژبەیەک بووە: جەمسەرێک کە دەیەوێت مرۆڤ لە نێو ترس، تاریکی و دەقە مردووەکاندا کۆت بکات، و جەمسەرێکی تر کە شیعر و فەلسەفە نوێنەرایەتی دەکەن و دەیانەوێت ڕۆحی مرۆڤ بەرەو ئاسۆی ئازادی و تێڕامان بەرن. ژیان لە جەوهەری خۆیدا دەقێکی ناتەواوە و شیعر دێت تا ئەم ناتەواوییە پڕ بکاتەوە؛ ئەگەر ژیان تەنیا ڕووداوە فیزیکییەکان و تێپەڕبوونی کات بێت، ئەوا مرۆڤ تەنیا دەبێتە تێپەڕێکی بێدەنگ، بەڵام شیعر ئەو زمانەیە کە بێدەنگیی مرۆڤ دەشکێنێت و دەیکاتە هاوارێکی مانادار لە نێو گەردووندا. کاتێک ئایدیۆلۆژیای چەقبەستوو دەیەوێت کۆمەڵگە لە نێو بازنەی تەسکی گوێڕایەڵیدا بهێڵێتەوە، بێگومان شیعر وەک دوژمنی یەکەم دەبینێت، چونکە شیعر “عەقڵی ئازاد” و “ڕۆحی یاخی” دروست دەکات. ئەمە ئەو خاڵەیە کە بازرگانانی ئایین و مێشکە داخراوەکانی لێ دەترسن، چونکە شیعر ناهێڵێت مرۆڤ ببێتە کەرەستەیەکی خاو لە دەستی ئەواندا بۆ تێرکردنی ئارەزووە سیاسی و دەسەڵاتخوازییەکانیان.
فەلسەفەی شیعر لەوەدا نییە تەنیا وشەکان بڕازێنێتەوە، بەڵکو لەوەدایە ڕاستییە شاراوەکانی پشت پەردەی بینینمان بۆ دەربخات. کاتێک مرۆڤ ڕووبەڕووی مەرگ، عەشق، یان تەنیایی دەبێتەوە، زمانە ئاساییەکە دەستەوەستان دەبێت و لێرەوە شیعر وەک پردێک لە نێوان “ئەوەی هەیە” و “ئەوەی دەبێت هەبێت” سەرهەڵدەدات. ئەوانەی بە چاوێکی سوکەوە سەیری شیعر دەکەن یان بە ناوی “حەرام” و “بێهودەیی” دژایەتی دەکەن، لە ڕاستیدا لە وشە ناترسن، بەڵکو لەو “بەئاگاهاتنەوەیە” دەترسن کە شیعر لە نێو ناخی تاکی جەماوەردا دەیکاتە کڵپە. شیعر تەنیا کایەیەکی زمانەوانی نییە، بەڵکو گەورەترین چەکی مەعریفییە بۆ تێکشکاندنی ئەو بتە زێڕینانەی بە ناوی پیرۆزییەوە دروستیان کردووە. ئەوەی شیعر بە مەترسی دەزانێت، دەزانێت شاعیر ڕاوچی درۆکانە و ناهێڵێت عەقڵی مرۆڤ بە چیرۆکی ئەفسانەیی و ترس لە غەیب تەسلیم ببێت، چونکە شیعر خۆی جۆرێکە لە ئیلهامی ئینسانی کە لە جەرگەی ئازار و ئەزموونی ڕاستەقینەوە هەڵدەقوڵێت.
پەیوەندی نێوان شیعر و ژیان پەیوەندییەکی ئاوێنەیی نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی خوڵقێنەرە. شیعر تەنیا باس لە ژیان ناکات، بەڵکو ژیانێکی نوێ لە نێو وشەکاندا دادەتاشێت. مرۆڤی شاعیر ئەو کەسەیە لە ناو جەرگەی ئازارەکاندا، مانایەک بۆ ژیان دەدۆزێتەوە کە فەلسەفە بەو هەموو مەنتیقەی خۆیەوە ناتوانێت دەستی پێ بگات. ئەگەر فەلسەفە بە دوای “بۆچی”دا بگەڕێت، شیعر بە دوای “چۆنێتی”دا دەگەڕێت؛ چۆن دەکرێت ئازار ببێتە جوانی؟ چۆن دەکرێت مەرگ ببێتە سروودێک بۆ مانەوە؟ فەلسەفەی ژیان لە دیدی شیعرەوە، فەلسەفەی جوانی و بەها باڵاکانە، نەک فەلسەفەی مەرگدۆستی و چاوەڕوانی بۆ جیهانێکی تر بە نرخی وێرانکردنی ئەم ژیانە. ئەو دەنگانەی شیعر بە “قسەی بێهودە” ناوزەد دەکەن، دەیانەوێت مرۆڤ لە مانا گەورەکانی بوون داببڕن و بیکەنە کۆیلەیەکی گوێڕایەڵ کە تەنیا بۆ تێرکردنی خۆرسکەکانی و ترسەکانی بژی. بەڵام شیعر دێت و دەڵێت ژیان لەوە گەورەترە لە چەند دەقێکی وشکدا کورت بکرێتەوە. شیعر ئەو هەقیقەتەیە مەلاکانی درۆ و دەستکەلای دەسەڵات ناتوانن بەرگەی بگرن، چونکە شیعر ڕاستەوخۆ دەچێتە نێو قووڵایی ویژدان و پەردە لەسەر ئەو دووڕووییە لادەبات ئەوان وەک پیرۆزی دەیفرۆشنەوە.
لەو شوێنەی ئایینی سیاسی دەبێتە ئامرازێک بۆ چەوساندنەوە، شیعر دەبێتە ئایینی ئازادی؛ لەو شوێنەی درۆ دەبێتە زمانی فەرمی، شیعر دەبێتە هاواری حەقیقەت. شاعیر ئەو ڕێپیشاندەرە ڕۆشنبیرەیە بەبێ ئەوەی هەڕەشەی دۆزەخ بکات، مرۆڤ بەرەو بەهەشتی مەعریفە و خۆشەویستی ڕێنوێنی دەکات. ئەمە هۆکاری ئەوەیە هەمیشە تاریکپەرستان لە شیعر تۆقیون، چونکە شیعر مرۆڤەکان وەک یەک دەبینێت و هیچ دیوارێکی مەزهەبی ناناسێت، تەنیا دیواری نێوان “مرۆڤی ئازاد” و “کۆیلەی فیکری” دەناسێت. ئەگەر سەیری جەوهەری بوون بکەین، دەبینین ژیان بەبێ شیعرییەت دەبێتە بیابانێکی بێ ڕۆح. شیعر ئەو تیشکەیە دەخشرێتە نێو تاریکترین سوچەکانی مێشک بۆ ئەوەی ڕووناکی بکاتەوە. ئەوانەی شیعر بە حەرام دەزانن، لە ڕاستیدا دەیانەوێت “جوانی” حەرام بکەن، چونکە جوانی مرۆڤ دەباتە ئاستێک چیتر ناتوانرێت بە ترس بەڕێوە ببرێت.
مرۆڤێک لە نێو دێرینەناسی و میتۆدی شیعردا پەروەردە بووبێت، هەرگیز نابێتە ئامرازێک بۆ بڵاوکردنەوەی ڕق، هەرگیز نابێتە بکوژ، و هەرگیز نابێتە بەشێک لەو مێگەلە توندڕەوەی بە ئاماژەیەک دەخرێنە گەڕ. فەلسەفەی شیعر و ژیان ئەوەمان پێ دەڵێت حەقیقەت لە کتێبە داخراوەکاندا نییە، بەڵکو لە لێدانەکانی دڵی مرۆڤێکدایە بۆ دادپەروەری و عەشق لێ دەدات. لێرەوەیە شیعر دەبێتە بەرەیەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو هێزە کۆنەپەرستانەی دەیانەوێت ژیان بکەنە گۆڕستانێکی گەورە. شیعر زیندوێتییە، بەردەوامییە، و نیشانەی ئەوەیە مرۆڤ هێشتا دەتوانێت لە نێو هەموو جەنگ و وێرانییەکاندا، مانیفێستی مانەوەی خۆی بنووسێتەوە. بۆیە ئەو سوکایەتییەی بەرامبەر شیعر دەکرێت، لە ڕاستیدا سوکایەتییە بە گەورەیی مرۆڤ و عەقڵ. شیعر دواین پەناگەی مرۆڤە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت ژیان، سەرەڕای هەموو تاڵییەکانی، هێشتا شایەنی ئەوەیە بە جوانی لێی ورد ببینەوە و بە ئازادی تێیدا بژین.
“…وەڵامی شاعیرانیش بۆ نەیارانی جوانی تەنیا یەک شتە: نووسینی تێکستگەلێک کە شکۆی مرۆڤبوون وەک بەڵگەی ڕاستگۆیی دەیانپارێزێت، لە کاتێکدا ناوی دوژمنانی ژیان لە نێو تەمی فەنابوون و لەبیرچوونەوەدا ون دەبێت.”




سەعاتێکی بێدەنگ.. شیعری نەوزاد بەندی

مانەوەم لێره،
وەک کەوتنە خوارەوەی قەڵەمێک بوو ، بۆ پشت کەوانتەرەکە ..

  • + +

بە تەنیشت ڕۆژەکاندا،
ژیانم بەسەر برد ..
تۆ بڵێی خوا محاسەبەم بکا ؟

  • + +

منداڵیی زۆربەمان،
بە ڕیش و سمێڵەوەیە..
باوکی زۆرینەمان،
باڵاندۆری هەبوو،
لە شەق تێهەڵدانمان..

  • + +

عەسرێکی باراناویی،
هەستمکرد هەناسه ساردم..
ئەو لەرزەی چووە دڵمەوە،
بە پەنجا ساڵ نەهاتە دەر ..
ئێرە جێگای ڕیسایکلینی شاعیر و هونەرمەندانە ..

  • + +

کە تۆ به ئوتومبیلەکەت تێپەڕیت،
من لەسەر تەنەکەی خۆڵەکە دانیشتبووم ..
کە سەدام ڕوخا و ئوتومبیلێکی علوجم کڕی،
تۆ لە هۆڵندا، لە بازاڕی گوڵ بووی..

  • + +

هەموو شەوێ،
کەناڵی بازرگانە موڕتاحەکان،
نێرینەکان ئەخەسێننەوە و
مێینەکان لاقە ئەکەنەوە ..

  • + +

نازانم ئەو خەڵکە بە دیار چییەوە دانیشتوون ؟
وەک ئاردە داری دارتاشخانە،
لە بەر پێی چەند عەیبدارێکا،
کەڵەکە بوون ..

  • + +

جاران لە دژی نادادیی،
کورد ئەچوونە شاخ ..
ئێستا لە دژی نادادیی،
کورد ئەڕۆن بۆ عەمرە ..

  • + +

تەمەن تەواو ئەبێ و
هێشتا
لە فرۆشگایەکی دەستی دوو
ڕێکەوتم نەکردی ..
ووڵات پڕ بووە لە لەگزس و عەرەبانە ..

  • + +

تێرمیناڵێکی خۆڵاویی ..
کۆمەڵێ گەشتیاری بێتاقەت ..
هەندێکیان
بۆ کەبابخواردن هاتوون و .
هەندێکیان بۆ کەباب فرۆشتن ..
هەندێکیان بۆ دۆلار دیار نەمان ..
هەندێکیان بۆ قەل خواردن ڕۆشتن ..

  • + +

زەوی ڕوکن بۆیه گرانە،
لە دراوسێیەک قوتارت ئەکا ..

  • + +

ئەو خەڵکە چەند حەزیان له دابڕانە،
دوو ئەوەندە حەزیان لە قەڵەباڵغییە ..

  • + +

ژیان ئەوەندە بێ قیمەت بووە،
لەوە ئەچێ دنیا
تەنها دۆناڵد تڕەمپی تیا بژی.

  • + +

تازه ناتوانم پیاسه بکەم ..
بە شیعر شەقامێکت بۆ ئەنێرم ..
لەگەڵ کۆمەڵێ هەنگاو ..
بۆ خۆت شتێکیان لێ دروستکە ..

  • + +

ژیان تارماییە ،
هەر بۆیە جوانترین شت،
ئەو شتانەن کە دەستمان نەکەوتوون ..
ئازیزترین کەس ئەوانەن
قەت هەنگاوێکمان لەگەڵدا نەناون ..
قەت نانێکمان لەگەڵدا نەخواردوون ..