ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو کوێ هەنگاوی پێدەنرێت!-2- حەسەن ڕازانی

هەندیک فاکت و ڕاستیی..

بەشی دووەم:
کورد کراوەتە ئامانج و لە ناوجەرگەی ململانێکاندایە!

با خۆمان لە واقیعەکەو لە ڕاستیی مێژوویی لانەدەین، چونکە مێژووی ئەو ناوچەیە نیشانی دەدا کە گۆڕانکارییە سیاسیی و سەربازییەکان جۆن ڕوویان داوە لەو ناوچەیەداو چۆنیش درێژەیان پێدراوە! هەر لەسەر ئەو مەبنایەش گۆڕانکاریی سبەینی ڕوودەدەن ئەگەر دیدگای کورد لە ڕووی ئایینی و سیاسیی و نەتەوەییەوە گۆڕانی بەسەردا نەیەت!
جا مادام کورد لە نێو چەندین نەتەوەو کەلتوورو بیرکەدنەوەی جیاوازدا ژیان بەسەردەباو بەسەریاندا دابەشکراوە، نابێت پێناسی نەتەوەییبوونی خۆی و کەلتوورو زمان و خاک و ئاوی بکاتە قوربانی بەرژەوەندیەکانی کەلتورو زمان و شوناسی نەتەوەو ڕەگەزەکانی تر لە ناوچەکەدا. دەبێ کورد فێری نەخەیر ببێ و( نا)یەکەی مەزڵوم عەبدی بە ڕووی دوژمنانی کوردا بکاتە چەقی پاراستنی شوناس و نەتەوەییبوونی خۆی! چونکە کورد بە بەراورد بە ڕەگەزو زمان و نەتەوەکانی تری ناوچەکە لە هەموویان ئەگەر ڕەسەنتر و مێژوویی تر نەبێ لە ناوچەکەدا کەمنتر نیە.
دژایەتی ڕۆژئاواو ئیستیعماری رۆژئاوایی و جولەکەو ئیسڕائیل لە لایەکەوەو نزیکایەتیش لە بەرەی ڕوسیاو بەرەی پێشکەوتنخوازی عاڕەبەکان و خەمی زۆرییش بۆ کێشەی فەلەستین و فەلەستینیەکان، کوردی لە هەردووک بەران کردووە و وای لێهاتووە ئەو بەرەیەی کە کورد لە پێناویدا قوربانیی بۆ داوە، وا ئێستا هەر بەدەست ئەو بەرەیەوە دەناڵێنێت.
شەقامی کوردیی خەتای نەبوون بە دەوڵەت دەخاتە ئەستۆی دەوڵەتانی زلهێزی رۆژئاوایی بە گشتی و لە نێویاندا ئەمەریکاو بەریتانیاو فەرەنسایە.
بەڵگەی شەقامی کورد بۆ ئەو بۆچوونە بریتیە لە چەندین جار فێڵ و پاشقولی ئەو دەوڵەتانەیە لە کوردو ئیتیفاقیەی ژێر بە ژێریانە لە گەڵ دەوڵەتە داگیرکەرەکانی تورکیاو ئێران و عێڕاق و سوریا. ئەو ئیتیفاقیانەو فێڵ و تەڵەکانەی ئەو زلهێزانە بە دڵنیاییەوە کاریگەریی نێگەتیڤانەی بە ڕاستەوخۆیی لە سەر کورد هەبووە، بەڵام، بە بڕوای من، ئەمەیان نەک هەر وەک بەهانە وایە، بەڵک و ڕاکردن و شانی خۆ خاڵیکردنەوەشە لە بەرپرسیاریەتی مێژوویی! ڕاکردنە لەو ڕۆڵە مێژووییەی کە کورد خۆی هەیبووە !
تورک نەتەوەییبوونی خۆی گەیاندە لوتکەی سەڵتەنەت و دەسەڵات بەهۆی ئایینی ئیسلامەوە!
تورکەکان لە بواری بەکارهێنانی ئیسلام لە بەرژەوەندی نەتەوەیی تورک دا زۆر لێزان و کارامە بوون. تورکەکان بە هۆی بە کارهێنانی ئیسلام لەبۆ بەرژەوەندی خۆیان، توانییان لە ژێر ناوی خەلافەتی عوسمانی دا تەواوی ناوچەی ڕۆژەهەڵات و باکوری ئەفریقاش، بێجگە لە مەغریب، بۆ ماوەی زیاتر لە شەش سەد ساڵ بخەنە ژێر هەژموونی خۆیانەوە، هەر بەوەندەشەوە نەوەستان بەڵکو لە دەوروبەری ساڵی ١٣٤٥ز دا لە لای بەڵقانەوە خۆیان کرد بە ناو ئەوروپادا. جا ئەگەر تورکەکان ڕووبەڕووی بەرەنگاریی سوپای هەنگاریاو سیربیەکان نەبووبانایەتەوەو تووشی شکەست و پاشەکشە نەکرابانایە، ئەوا ئێستا دوور نەبوو کە تەواوی ئەوروپیەکان هەر وەکو وەک و کوردەکان کە لە ژێر دەستی تورکەکاندا بوونایە . ئینجا عوسمانیەکان ڕوویان کردەوە لایەکی تری ئەوروپاو لە ساڵی ١٤٥٣ ز دا بە تەواوی دەستیا گرت بە سەر شاری کۆنستەنتینپۆڵ، ئەستەمبوڵی ئێستا، کە ئەو شارە بۆ ئەوروپا وەک شادەمار وابوو. تورک وازی لە داگیرکردنی ئەوروپا نەهێناو ئەوجارەیان لە لای ڤێنناوە سوپایەکی زەبەلاحی بە سەرپەرشی قەرە موستەفا لە ساڵی ١٥٢٩ی ز ناردە سەر ڤێنناو گەمارۆی دا و ڤێننا لە ژێر گەمارۆی تورکە عوسمانیەکاندا مایەوە تاکو ساڵی١٦٨٣ی ز. دوای ئەو هەموو ماوەیە ئینجا لە ساڵی ١٦٨٣ز ئەڵمانیاو پۆڵۆنیا و نەمسا بە هێزیکی سەربازیەوە هێرشیان کردە سەر سوپاکەی خەلافەتی عوسمانی و ناچار بە پاشەکشەیان کرد. جا تۆ وەرە دیقەتێ بدەرێ کە تورک بە ژمارە ئەو کات نیوەی ژمارەی دانیشتوانی کورد نەدەبوون. بەڵام بە بەکارهێنانی ئایینی ئیسلام لە بەرژەوەندی خۆیان دا نەک هەر دەوڵەتیان دامەزراند بۆ نەتەوەکەیان بەڵک و لەوەش زیاتر واوەتر ڕۆییشتن. کورد بوونە خزمەتکاری ئایینی ئیسلام و پەرەیان بەئایینەکەداو لە ژێر سەڵتەنەتی تورکەکاندا خۆیان و نەتەوەکەیان کردە قوربانی دەسەڵاتی تورکەکان لە ناوچەکەدا. کورد لە بۆ سەفەویە فارسەکانیش درێغی نەکرد. موسڵمانبوونی کورد لەو بوارەدا پێچەوانەی تورک و عەڕەب و فارس بووە.
تورکەکان لە ژێر ناوی خەلافەتی سوڵتانەکانی تورکە عوسمانیەکاندا هەر لە زووەوە دەستیان لە دابەشکردنی کوردو خاکەکەی نەپاراستووە. ئەوەتە ئەوان لە گەڵ سەفەویەکاندا لە ساڵی ١٥٥٥ی ز دا موعاهەدەیەکیان بەست بە ناوی موعاهەدەی ئەماسیا . هەر لەو ساڵەدا دەستیان کرد بە دابەشکردنی کورد بە خاک و ئاوییەوە لە نێوانی خۆیاندا…واتە دابەشکردن و جەزرەبەدانی کورد لەوڕۆوە دەستی پێنەکردووەو بەریتانیاو فەرەنسا یەکەم کەس نەبوون کە کوردیان دابەشکردبێت بەڵک و ئەوە یەکەم جار برا موسڵمانەکانی کورد خۆیان بوون ئاهوایان لە کوردە موسڵمانەکەی بە ناو برایان کردووە.
خەلافەتی عوسمانی بەرەو لاوازیی براو نەخۆش کەوت. تا وای لێهات لە ساڵی ١٩٢٢ دا بە تەواوی فاتیحایان بۆ خوێند.
دوای نەمانی ئەو خەلافەتە تورکەکان لە ساڵی ١٩٢٣ دا دەستبەجێ دەوڵەتێکی بەناو سیکولاریان بۆ خۆیان درووستکردەوە، خێڵە عارەبەکانی ناوچەکەش هەر یەکەیان دەوڵەتێکی لە لایەن ئنگلیزەوە یان لە لایەن فەرەنسیەکانەوە بۆ درووستکرا. بەڵام کورد، کە ئەویش هەر لە چوارچێوەی خێڵ دا بوو ، لە جیاتی ئەوەی وەک خێڵە عاڕەبەکان بن و خەمی نەتەوەکەی خۆیان هەبێت، هاتن وەک خزمەتکارێکی گوێلەمستی تورکەکان شەڕیان لە دژی ئینگلیز لە ناوچەکەدا ڕاگەیاندو خۆیان لەبیرچووەوە لە بەر ئەوەی هۆشی کورد لە لای ئەوەبوو کە تورکەکان موسڵمانن و ئینگلیزەکانیش کافر. ئیتر کورد لە بەرژەوەندی خەلافەتی تورکەکان شەڕی لە دژی ئینگلیز دەستپێکرد. ئەو دژایەتی کردنەی ئینگلیز کوردەکانی تووشی دەردێک کردن کە ئیستاو ئێستاشی لە گەڵدا بێت پێیەوە دتلێنەوە. دیقەتێ بدەنە خێڵە عەڕەبەکان چونکە ئەوان ثێچەوانەی خێڵە کوردەکان سیاسەتیان کرد بۆیە لە ئەنجامدا هەر خێڵەی کرایە دەوڵەتێک و کراش بە پاسەوانی چەندین بیرە نەوتیش لە ناوچەکەدا.

بابەتی ئایدیۆلۆجیاو بەرەی ڕووسیاو دژایەتی ئیستیعماری رۆژئاوایی و دەوڵەتی جولەکە.

هەرچی بزووتنەوەی کوردایەتی هەبووە جا با سەرۆک خێڵێک یان مەلایەکیش دای مەزراندبی بۆنێکی چەپ و کۆمۆنیستیی هەر لێهاتووە. یان مەیل و وەفادارییەکیان بۆ بەرەی ڕوسیا هەر هەبووە، یان بە جۆرێک لە جۆرەکان ئاشناو نزیکبوون لە بەرەی عاڕەبەکان لە دژی ئیستیعماری ڕۆژئاوایی یان بە جۆرێک لە جۆرەکان دژایەتییان نیشانداوە بۆ جولەکەو ئیسڕائیلیەکان. هەموو ئەو لایەنگریی و دژایەتی نیشاندانەی کوردیش بۆ ڕۆژئاواو ئیستیعمارو ئیسڕائیل و دۆستایەتییش بۆ بەرەی ڕوسیاو کێشەی فەلەستین و بەرەی پێشکەوتنخوازی عاڕەبەکان و برا موسڵمانەکانیان جا با کورد بەڕاستیشی نەبووبی و وەک تاکیک بەکاری هێنابی، ئەوا بەرەی ڕۆژئاواو ئیسڕائیل بە ڕاستی وەریان گرتووەو لە دژی کورد کاریان لەسەر کردووە. لە لایەکی تریش بەرەی ڕووسیاو بەرەی برا موسڵمانەکانی کورد و بەرەی پێشکەوتنخوازی عاڕەبی و فەلەستینیەکانیش باوەڕیان بە کورد نەکردووەو لە هیچ تەنگانەیەکدا فریای کورد نەکەوتوون و ئەوەتە کورد هەر بەدەست ئەوانەوە گیری خواردووە! واتە کورد لەو نێوەدا لە هەردووک دینان بووە.
عاڕەبەکان و تورکەکان و فارسەکان ئاییی ئیسلام وەک چەکێکی زۆر کوشندە لە دژی کورد بەکار دەهێنن.
کورد لەو رۆژەوەی کە کراوەتە موسڵمان، ئیتر موسڵمانەتیی خۆی زۆر لە تورک و عاڕەب و فارسەکان باشتر بەڕێوە بردووە. چەندین زانای ئایینی تیدا هەڵکەوتووە، لە هەر شارو گوندێکدا بە دەیان مزگەت و شوێنی خودا پەرستی لە سە ڕیبازی شەریعەتی ئیسلام دروستکراوە. کورد بە بەراورد بە تورک و عاڕەب و فارسەکان سەلماندوویەتی کە موسڵمانەتیەکەی زۆر لە هی ئەوان باشتر و لە پێشترو بە شێوەیەکی درووست تریش یاساکانی ئیسلام بەڕێوە دەبات.
سەرباری ئەوەی کە کورد هێندە موسڵمانە کەچی تورک و عاڕەب و فارس ئایینی ئیسلام وەک چەک لە دژی کوردان بەکاردێنن. ئەنفالی دەکەن ، کچ و ژنی بە سەبایەو کەنێزەک دەبەن و خوێنی کورد حەڵاڵ دەکەن و داگیرکردنی خاک و ئاوی بە حەڵاڵ دەزانن و نایەڵن هەناسەی ئازادیی هەڵمژێت!
جولەکە لەلای موسڵمانان و لە نێو جیهانی ئیسلامیی دا بە گشتی و جیهانی عاڕەبیدا بە تایبەتی بوغزاوەو زۆر جێگەی ناکەنەوە. بەڵام لە لای عاڕەبەکان دووقات وایەو ڕقیان لە جولەکە دووقات دەبێتەوە. کێشەو دوژمنایەتی عاڕەب و جولەکە زۆر کۆنەو دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێغەمبەری ئیسلام لە مەدینە. هەروەها عاڕەبەکان پێیان وایە کە جولەکە خاک و ئاوی عاڕەبەکانیان داگیرکردووە کە ئێستا لە ژێر ناوی کێشەی فەلەستیندا لە نێو ناواندایە.

عاڕەبەکانیش ئیسلام بەکار دێن بۆ بەرژەوەندی خۆیان.
هەر لە دوای کۆچی دوایی پێغەمبەری ئیسلام و لە سەردەمی خەلیفەکانی ڕاشدین دەستکرا بە غەزەوات و فتوحات لە دەرەوەی نیوەدوورگەی عاڕابی و عاڕەبەکان پەلیان هاویشت بۆ وەڵاتانی تریش. ئێستا زۆر شوێن هەن کە عاڕەب نەبوون لە پێش ئیسلامدا بەڵام ئێستا وەڵاتی عاڕەبین. بۆ نموونە وەڵاتی شام و باکووری ئەفریقاو هەندێک وەڵاتی تریش، هەندێک نەتەوەو زمان و ڕەگەزیش هەر خەریکن تێدا بچن و بتوێنەوە لە نێو جیهانی عاڕەبی و ئیسلامیدا. ئەوەتە هەموو ئەو شوێنانە هەمووی بە کۆماری عاڕەبی و شانشینی عاڕەبی و وەڵاتی عاڕەبی ناویان دەهێنرێت هەرچەندە چەندین نەتەوەو ڕەگەزی مێژوویی تریش هەن لەو شوێنانەدا.
بۆ کێشەی فەلەستین هەموو جیهانی عاڕەبی و ئیسلامیی وەخۆدەکەوێت و هاوکاریانە بەڵام بۆ کێشەی کورد هەر ئەو دەوڵەت و نەتەوەو ئەندامانەی نێو جیهانی ئیسلامیی و عاڕەبی یە کە کوردیان گەیاندۆتە ئەو دۆخەی ئێستا.
ئەوەتە تورکیاو سوریاو عێڕاق و ئێران کە لە نێو جیهانی ئیسلامی و عاڕەبیدان و ڕۆڵی کاریگەرو بەرچاویان هەیە لەوبوارەدا کەچی ئەوانە هەر خۆیانن کە نایەڵن کورد ئازاد ببێت و هەر ئەوانەن کە کوردان ئەنفال دەکەن و خاک و ئاویان لێ داگیرکردووە. نەک هەر هاوکاریی کورد ناکەن بەڵک و زیاتر هەوڵی لە ناوبردنی دەدەن.
سعودیەو قەتەڕو لە ژێرەوەش یەک دوێکی تر بە توندی لە دژی ئەمەریکا ڕاوەستان تاکو لە ئێران نەدات و نەیڕوخێنێت!
ئاخوندەکان کە زانییان ئەمەریکا بە جیدیەتی و لە گەڵ ئیسڕائیل دەیانەوێت دیسان لە ئێران بدەنەوەو لە ناوی بەرن ئەوانیش شەڕی مان و نەمانیان پیشانی دەوڵەتانی کەنداو و هاوپەیمانە دڵسۆزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە دا. لە لایەکی ترەوە ئاخوندەکان وەرەقەی ئیعتیراف کردنیان بە ئیسرائیل نیشانی سعودیەو قەتەرو هەندێک وەڵاتی تردا بۆ نموونە تورکیا. ئینجا ئاخوندەکان گوتیان ئەگەر ئەوجارە لە ئێران بدەنەوە ئەوا ئەوان ئیعتیراف بە ئیسرائیل دەکەن و لە لایەکی تریشەوە تەواوی تورکیاو سعودیەو قەتەر دەکەونە بەر ئامانجی ڕاستەوخۆی ئێران. ئەو وەڵاتانەش نەیانویست بە ڕاستەوخۆیی بکەونە نێو شەڕەوە لەگەڵ ئێران و کاتەکەشیان بە باش لەبەرژەوەندی خۆیان نەدەبینی. بۆیە داوایان لە ئەمەریکا کرد ئەو کارە ڕابگرێت. ئیستا لەوە دەچێت ڕێگای تر بگرنە بەر بۆ نموونە درووستکردنەوەی داعش لە دژی ئێران و ئەوەتە کێشەی داگیرکردنەوەی ڕۆژئاواش لە گۆڕێدایە.
جا کوردیش وەرەقەی دەست تێکەڵاوکردنی ئاشکرای هەبوو بە ڕاستەوخۆیی لە گەڵ ئیسڕائیلدا کە لە دژی ئەحمەد شەڕع و تورکیاو ئێران و عێڕاق بە کاری بهێنێت. بۆچی بۆ ئەوان ڕەوا بێت و بۆ کورد نزیک بوونەوە لە ئیسڕائیل بڤە بێت؟ بۆچی دوژمنانی کورد هاوپەیمانیی لەگەڵ شەیتاندا دەکەن بۆ لە ناوبردنی کورد بەڵام کورد لەلای بڤەیە لە ئیسڕائیل نزیک ببێتەوە؟ دوژمنانی کورد سیاسەت دەکەن و کوردیش برایەتیی دوژمنەکانی گەرەکە!
ئاری برا …برای ئارییم…….من دەمێکە کایەو یارییم!

حەسەن ڕازانی




چینە چەوساوەکانی کورد لە نیوان بەرداش و مەنگەنەی سەرانی کوردو ئیمپریالیزمی جیهانی و وڵاتانی ناوچەکە.. وەستا سابیر

پێشەکیەکی کورت
قۆناغی ئێستای مێژووی گەشەی سەرمایەداری
قۆناغی ئێستای گەشەسەندنی سەرمایەداری لە جهانگیری سەرمایەوە
( گڵۆباڵیزمی سەرمایەوە ) تێپەڕیوە و چووەتە قۆناغێکی تازەی چڕبوونەوەو چەق بەستنی سەرمایە؛
لەم قۆناغەدا، هەموو بۆرژوازیە نیشتمانیەکانیەکان ڕۆڵی سەربەخۆو شۆڕشگێڕانەی خۆیان بەتەواوەتی لەدەستداوەو، بوون بەبەشێک لە سیستەمی سەرمایەداری جیهانی.
بۆیە خەبات لە دژی ئیمپریالیزمی ئەمریکا، بۆتە بەشێکی دانەبڕاو لە خەباتی گشتی دژ بە سەرمایەداری جیهانی.
لەم ڕوانگەیەوە، وەهم و هیوای پەیوەست بە ” مافی چارەنووسی خۆنووسین ” کە لەلایەن چەپی هەلپەرستەوە دەرخواردی جەماوەر ئەدرێت، ناتوانێت ببێتە ڕێگای ڕاستەقینەی ڕزگاری.
ڕێگای ڕاستەقینە تەنها لە ڕێگەی سازماندانی سیاسی و جیهانبینیەکی شۆڕشگێڕانەی سەربەخۆی چینە چەوساوەکانەوە دژ بە دەسەڵاتدارانی ناوخۆو هەروەها دژ بە ئیمپریالیزمی جیهانی فەراهەم ئەبێت.
بەشی یەکەم
پیلانی ڕوخاندنی دەسەڵاتی ئەسەد، و هێنانە سەرکاری ئەحمەد الشەرع( جۆلانی) بۆ سەر حوکم لە سوریا
هێرشەکانی ئەم دوایانەی سوپای سوریا بۆ سەر ئەو گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی شاری حەڵەب، وەک دەسپێکی هەڵمەتێکی فراوانتر بۆ سەر ناوچەکانی تری ژێردەسەڵاتی (هەسەدە) بەڕێوە چوون، ئەم هێرشانە تەنها ڕووداوێکی سەربازی نەبوون، بەڵکو بەشێکن لە جێبەجێکردنی ستراتیژیەتی هاوبەشی ئەمریکا، تورکیا، و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، وەک ئەڵێن شەڕ درێژەی سیاسەتە .
لە دوای گۆڕینی ڕژێمی ئەسەد و هێنانە سەرکاری ئەحمەد الشەرع( جولانی)، ئەمریکا بە کردەوە ستراتیژی و سیاسەتی خۆی گۆڕی و پشتیوانی خۆی بۆ تورکیاو هێزە جێگرەکانی ڕژێمی نوێ ڕاگەیاند.
لەم چوارچێوەیەدا، چیتر پێویستی بە ستراتیژیەتی مانەوەی هێزەکانی ( هەسەدە) نەما، کە وەک پسوڵەیەکی سیاسی کاتی پێشوەخت بەکاری هێنابوون، و بە شێوەیەکی فریودەرانەو لێزانانە بۆ پاراستنی نێوبانگی خۆی، کەوتە جێبەجێکردنی ئامانجی پاشەکشە لە پشتیوانیە مادی وسەربازیەکانی خۆی.
لەهەمان کاتدا، ئەمریکا نەخشەیەکی سیاسی بۆ ( هەسەدە) داناوە، لە ڕێگەی ڕێکەوتن نامەیەکەوە، کە هێزەکانیان ببن بە ئەندامی سوپای سەربازی سوریا، نەک وەک قەوارەیەکئ سەربازی، بەڵکە بە تاک نەک بە کۆمەڵ، وە چیتر نابێت وەک قەوارەیەکی سەربازی و سیاسی لەدەرەوەی چوارچێوەی دەسەڵاتی مەرکەزی حوکومەتی سوریه دا بمێننەوە.
مەبەست لەم نەخشە جەههەننەمیەی ئەمریکا ئەوەیە، کە ئۆتۆریتەی فیکری و سیاسی ئەوان، وەک “داکۆکی خواز لە مافی کوردان” لەناو کۆمەڵگای کوردیدا بپارێزێت ،وە نیشانی بدات کە نە ئەمریکا، نە تورکیا و نە ئیسرائیل ، نە حوکومەتی سوریا دژ، بە ( مەسەلەی کوردەکان) نین.
شانبەشانی ئەوەش ئەوە نیشان بدات کە سەرۆکایەتی بزووتنەوە چەکداریەکانی کورد وهەروەها حیزبە دەسەڵاتدارەکانیان پشتو و پەناو، دۆستی گەلی کوردن، ئەمەش وەک پاداشتێک لەلایەن ئەوانەوە پێشکەش بە سەرانی بۆرژوازی- کۆمبرادۆری کورد ئەکرێت، لەبەرامبەر ئەو بەکرێگیراوی و گوێ ڕایەڵ بوونەیان بۆ سیاسەتەکانی خودی دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان و دەوڵەتانی ناوچەکە.
بەم شێوەیە، جارێکی تر ئەزموونی بزووتنەوەی چەکداری ناسیۆنالیستی کوردان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، وەک ئەزموونێکی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیانە، سیاسەتی ناسیۆنال- ڕیفۆرمیستانەو فریودەرانەی کوردایەتی پڕاگماتیزمی سازشکارانەی ( پەکەکە) ، ڕووی ڕاستەقینەو وابەستەیی و بەکرێگیراوی خۆیان بۆ جەماوەری کرێکارو جوتیارانی هەژاری کورد ئاشکرا دەکەن.
ئەم جەماوەرە ستەمدیدەیەو بێچارەیە، لەدرێژەی ئەم ستراتیژیەتەو گەمە سیاسیانەدا، کراون بە قوربانی سیاسەتی فریودەرانەی هاوبەشی نێوان ئیمپریالیزمی ئەمریکا، تورکیا و ئیسرائیل، بەهەمان شێوەی ئەزموونی بزوەتنەوەی چەکداری بارزانیەکان ، کە لە ساڵی ١٩٧٥ دا ئاشبەتاڵیان پێکرا، لە لایەن دەسەڵاتی ئەمریکیەوە.

بەشی دووەم
وابەستەیی بۆرژوای- کۆمبرادۆری نیشتمانی بە سەرمایەداری جیهانی
بۆرژوا- کۆمبرادۆری ناوخۆ وە بۆرژوا ئیمپریالیستەکان ، لە ڕاستیدا پێکهاتەی گیانی سەرمایەداری جیهانین، لە دوو جەستەدا.
ئەم دوو لایەنە لەناو سیستەمی سەرمایەداری جیهانیدا تێکەڵ بەیەکتر بوون، وە بە هاوئاهەنگی یەکتر بەرژەوەندی سەرمایەی جیهانی ئەپارێزن، لەبەرامبەر پشکێکی دیاریکراو لە ئیمتیازات و داهاتێک کە لە نێوان خۆیاندا دابەشی ئەکەن، وە لەم ڕاستایەدا ئەرکی گەمژاندن ، فریودان وسەرکوتکردنی ناڕەزایەتیەکانی جەماوەری کرێکار و چەوساوەکانیان لە ئەستۆ گرتووە.
لەم چوارچێوەیەدا، ئەم بۆرژوازیە ناوخۆییانە هەمیشە چاوساغ و سووری بەر لەشکری سوپای وڵاتانی وەک تورکیا، ئێران ، وسوریا بوون، وە ڕۆڵی سەرەکی ئەوان ئەوە بووە کە بەرژەوەندیەکانی ئیمپریالیزمی ئەمریکاو وڵاتە زلهێزەکانی ناوچەکە بپارێزن.
ئەم ڕۆڵە وای لێکردوون بەکردەوە سیاسەتێکی دوو فاقیانە پیادەبکەن؛ لەلایەک خۆیان وەک دۆست و دڵسۆزی جەماوەری چەوساوەی کورد پیشان بدەن، لە لایەکی ترەوە بە شێوەیەکی ملکەچیانە و بێ مەرج، سیاسەت و ستراتیژیەتی ئەمریکاو هێزە ئیمپریالیستەکان بەرەو پێش ئەبەن، بگرە سەرخەتی یاساکان و بەیاننامەو ڕێکەوتننامەکانیش بە ئامادەکراوی ئەخرێنە بەردەستیان بۆ ئیمزاکردن و جێبەجێکردنیان.
لەهەمان کاتدا، بیروبۆچونی بەرتەسکی ناسیۆنالیستانە، و شۆڤێنیستانە و دژایەتی نەتەوایەتی، لە ڕێگەی مێدیاکانیانەوە، و دامەزراوە جۆر بەجۆرە ئاینیەکانیانەوە پیادەبکەن و پەرەیان پێبدەن، تا بتوانن هەرچی زیاتر ناکۆکی و کەلێنی نێوان چینە چەوساوەکان زیاتر بکەن، وە ڕێگە لە یەکێتی و هاوخەباتی ئەوان بگرن.
بەشی سێیەم
هێرش و پەلاماری سەرکوتگەرانەی سوپای سوریا بۆ سەر ناوچە کوردی و عەلەوی و دورزیەکان
هێرشە خوێناوییەکانی ئەم دواییانەی سوپای سوریا بۆ سەر گەڕەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی حەڵەب، هەروەها ناوچەکانی تر، بە شێوەیەکی ڕوون ڕەفتاری سەرکوتگەرانە و بەربەریانەی دەسەڵاتی نوێی سوریان پیشان دا. ئەم ڕەفتارانە هیچ جیاوازییان نییە لە کوشتن و سەرکوتکردنی بێتاوانانی ناوچە عەلەوی نشین و دورزی نشینەکانی تر، و بەشێکن لە بەربەریەتی نیزامی سەرمایەداری و ستراتیژیەتی هاوبەشی ئەمریکا، تورکیا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا.
مەبەست لەم هێرش و پەلاماردانە چاوڕوانکراونە ئەوەبوو، کە هێزەکانی ( هەسەدە) بەهۆی فشاری سەربازیەوە، لە بنبەستی چاوەڕوانی و کات بەفیڕۆدان، بێننە دەروەو، وەک هەنگاوێکی عەمەلی و تاکتیکی پێویست و چارەهەڵنەگر و جێبەجێکردنی ڕێکەوتننامەی ١٠ ئازار ساڵی ٢٠٢٥، کە تیایدا هەم هێزەکانی ئەحمەد شەرع و هەم (هەسەدە ) لەسەری ڕێکەوتوون، کە ئەویش یەکێتی و یەکپارچەیی خاکی سوریایە، لەسەر بنەمای ستراتیژیەتی ئەجیندای ئەمریکا، تەرکیا، و ئیسرائیل .
لە هەمان کاتدا، ئەم هێرشانە هەنگاوی سەرەتایی و دەسپێکی سەپاندنی زەبرو زەنگ و چەوساندنەوەیەکی ئەتنیکی و میللی و چینایەتی بەرفراوانە، بۆ سەر تەواوی چینی کرێکارو چەوساوەکانی تەواوی سوریا بە کوردو عەرەب و دورزی و عەلەویەوە، وە زەمینە فەراهەم کردن بۆ لێدانی هەر بزووتنەوەیەکی چینایەتی ، وە هەوڵێکە بۆ تۆقاندن و سەپاندنی کەش و هەوای ئیستبدادی سیاسی، لە ڕێگەی ڕەشەکوژی و ئاوارەیی و ماڵوێرانی کە پشکی سەرەکی بەر چینە چەوساوەکان ئەکەوێت .

بەشی چوارەم
ڕێکەوتنە نافەرمیەکان، و ڕۆڵی ئیسرائیل و دروستکردنی هاوکێشە ڕەگەزپەرستانەکان
لە م دواییاندا، ڕێکەوتنە نافەرمیەکان و هاوئاهەنگی سیاسی–ئەمنی نێوان حوکومەتی ئەحمەد الشەرع و دەوڵەتی ئیسرائیل، بە ئاشکرا دەریخست کە ئیسرائیلش وەک فاکتەرێکی هاوکار بەشدارە لە بەرقەرارکردنی سیاسەتی یەکپارچەکردنی سوریا لە ژێر سایەی دەسەڵاتی ناوەندیدا. ئەم هاوئاهەنگییە، لە هەمان کاتدا، بەشێک بوون لە هەڵمەتی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنانەی ١٠ ئازار، کە ئیسڕائیلیش هاوبەش بێت لەو بڕیاڕانەی کە ئەدرێن بۆ سەپاندنی مەرکەزیەتی حوکومەتی ئەحمەد الشەرع .
ناکۆکیە ناوخۆییەکانی نێوان حوکومەتی ئەلشەرع و تورکیا لەگەڵ ئیسرائیل لەلایەکەوەو، لە نێوان بۆچوونەکانئ ئیسرائیل و ئەمریکا لەلایەکی ترەوە، هۆیەکی سەرەکی ئەم دانوساندنانە بوون کە لەنێوان حوکومەتەکەی الشەرع و ئیسرائیلدا ئەنجام دراون.
هەوڵی فریودەرانەی ئیسرائیلیش بۆ پشتیوانی لە بەناو( سەربەخۆیی کوردان)! ، خۆی لە خۆیدا فاکتەرێکی ڕێگر بوو لەبەردەم ڕازی بوونی سەرانی هەسەدە و ئەندامەکانی بە خودی بەیاننامەی ١٠ ئازار، لەلایەکی ترەوە کاڵفام کردنی زۆربەی هەرە زۆری کوردان ، کە ئیسڕائیل (دۆستی کوردە)! و جێگیرکردنی ئەفسانەیەکی خەیاڵی لە مێشکی جەماوری کوردا، کە ئەوان یارمەتیدەر ئەبن بۆ دروستکردنی (دەوڵەتی کوردی)!
ئەویش بۆ خۆی هۆکارێکی گرنگی فریودانی جەماوەری چەوساوەی کوردە ، کە پێویستە شکۆئ ( کوردایەتی) بپارێزرێت و نەشکێنرێت، و ئەفیونێکی بەردەوامی کاریگەر بێیت لە ناوچەکەدا، وێڕای تەسلیم بوون و ئاشکرا بونی ڕۆڵی بەکرێگیراوانەی (هەسەدە )، وە هاوئاهەنگیان لەگەڵ حوکومەتی الشەرعدا ، وەک سیاسەتێکی بەرفراوانی دژ بە کۆمۆنیزم لە ناوچەکەدا، و هێشتنەوەی جەماوەری ستسەمدیدەیە لە گێژاوی هزری ناسیۆنالیستی و متمانە بە بۆرژوا- کۆمبرادۆرە کوردەکان.
هەروەها فاکتەرێکە بۆ گەشەدان بە وتاری نەتەوە پەرەستی و ڕەگەزپورستی نێوان کوردو عەرەب و نەتەوەکانئ تربووە ، وە پەردەپۆشکردنی مەسەلە بنەڕەتیە چینایەتیەکان ، کە جەماوەری ستەمدیدەی کوردستان ئاوڕ لە ژیانی ڕاستەقینەی ئابووری و سیاسی خۆی نەداتەوەو، هەمیشە سەرقاڵی خوڵانەوە بێت لە بازنەی داخراوی ( کوردایەتی) دا.، کە خۆی لە خۆیدا خودی سەرکردایەتی هەسەدەیش سوود مەندە لەم سیاسەتە .
ڕێکەوتنە نافەرمیەکانی حوکومەتی ئێستای سوریا لە گەڵ ئیسڕائیل، لە پێناو کەمکردنەوەە نەهێشتنی ئەم جۆرە پشتیوانیە ئیعلامی و مێدیایەیە ، کە ئەبنە ڕێگر لەبەردەم بەدی هێنانی یەکپارچەیی سوریا و بنیات نانی دەوڵەتێکی مەرکەزی ئیستبدادی لە سوریا.

بەشی پێنجەم
دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان وەک ئامرازێکی بەرژەوەندی ئەمریکا و ڕۆژئاوا
لە ماوەی ساڵانی دەسەڵاتداریەتی، دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بە ئاشکرا وەک بەشێک لە پڕۆژەی سیاسی–ئەمنی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا کاریان کردووە.
ئەم دەسەڵاتە بەشوێن جێبەجێکردنی ستراتیژیەتی ئەمریکاوە بوون، لەسەر خاکی کوردستانی عێراق ، ئەو بەرپرسیاریەتەیان لە ئەستۆ گرتووە، و بوونەتە ئامرازێک بۆ پیادەکردنی بەرژەوەندیەکانی سەرمایەی جیهانی لە ناوچەکەو عێراقدا.
لە پێناوی پاراستنی ئەم بەرژەوەندیانە دا ماف و داواکاریە سیاسی و ئابووریەکانئ جەماوەری کرێکار و چەوساوەی ناوخۆ بە شێوەیەکی بەردەوام پێشێل کردووە.
لە هەمان کاتدا، هاوکاری و هاوئاهەنگی نزیک لەگەڵ تورکیا لە بوارە سەربازی و ئابووریەکاندا، ڕێگەی بە قووڵبوونەوەی وابەستەیی ئابووری و سیاسی و ئەمنی لەگەڵ تورکیا دروست کردووە، وە لە پشت سیاسەتەکانی تورکیاوە بووە بۆ سەرکوتی جەماوەری چەوساوەی شارو گوندە کورد نشینەکانی تورکیا، وە هاوکاری ئەمنی و سەربازی کراون بۆ لێدانی هێزەکانی پەکەکە و تاڵانکردنی سامانە سروشتیەکانی ئەو ناوچانە.
ئەم بارودۆخە بەگشتی چ لە هەرێم یان لە عێراق وس تەواوی ناوچەکە ، بە قازانجی سیاسەتی تائیفی و دینی و میلیشیایی ، وە سەرگەردانی سیاسی و بڵاوبوونەوەی فەسادی ئابووری و سیاسی و ئەمنی لە ناوچەکەو ، قۆناغی لێبڕاڵیزمی نوێی سەرمایەداری ، هەرچی زیاتر قەڵشتی چینایەتی و نوقوم بوونی جەماوەری کرێکارو چەوساوەی نەتەوەکانی ئەو ناوچەیەیە، لەناو هزری ئاینی ، قەومی، عەشائیری ، وە هەڵپەی کەڵکەی سەرمایە کە لەکۆمەڵگادا بەرچاو ئەکەوێت، هێندەی تر ئەوانئ بەرەو نامۆبوون و بێئاسۆیی و ڕەشبینی بردووە، تەنانەت هێزە چەپە ڕیفۆرمیستە بۆرژوازیەکانیشی بەتەواوەتی بەرەو سەنگەری ناسیۆنالیزم و بە قازانجی بەرژەوەندیەکانی حیزبە حاکمەکان بردووە، وە لە کۆتاییدا بەرەو سیاسەتی سازان و دەست تێکەڵکردن لەگەڵ سیاسەتەکانی بۆرژوا ناسیۆنالیستەکان هەنگاو بنێن .

بەشی شەشەم
لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی ئەمریکادا بۆ ناوچەکە ، ئەم چەند خاڵە لەبەر چاو ئەگیرێت
● – حوکومەتی ئەلشەرع سیاسەتی سەربازی لێرەو لەوێ پیادە ئەکات ، بۆ دەست بەسەراگرتنی تەواوی ناوچەکانی تری ژێر چاودێری ( هەسەدە) لە گوندو ناوچەکانی ( ڕۆژهەڵاتی باکوری سوریا ) وەک ” ريف حلب” ، منبج ، کۆبانی ، دیر الزور، هەروەها حەسەکە ش ، بەردەوام ئەبن و دووبارە ئەبنەوە بەمەبەستی و سەپاندنی هەژموونی خۆیان بەسەر بیرە نەوتیەکان و تەواوی سوریادا .
● – هێزەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی پڕاگماتیکانە و بە شێنەیی پاشەکشە لە تەواوی ئەو پڕۆژەیە ئەکەن، کە پێشتر بۆ ڕاگرتنی توازناتی سیاسی خۆی لە ناوچەکەدا ، لە ڕێگەی پڕ چەککردنی هێزەکانی ( هەسەدە) گرتبویانە بەر، بەجۆرێک کە ناوی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا نەزڕێت . واز هێنان و ڕاگرتنی کۆمەکی ماڵی بۆئەو ڕێکخراوانەی کۆمەڵگای مەدەنی کە پێشتر ئەرکی ئامادەکردنی خواردن و کەلو پەلی پێویست بۆ کەمپەکان و دانیشتوانەکەیان، ڕاگرتووە، وە بەسەروکاری دۆزینەوەی چارەسەرن بۆ گێڕانەوەی نزیکەی ( ١٦) هەزار لە کەس و کاری داعشیە عێراقیەکان، بە هاوکاری حوکومەتی بەغداو هەرێم ، بەدوور لە چاوی کامێراکان.

● – هەڵوەشاندنەوەی (هەسەدە) وەک قەوارەیکی سەربازی ، وە تێکەڵکردنی ئەو تاکە کەسانەی کە سوودیان ئەبێت بۆ حوکومەتئ الشەرع ، تواندنەوەی لەناو سوپای حوکومەتی سوریادا، لە ڕێگەی ڕێکەوتنێکی سیاسیەوە.

● – پێکهێنانی بەڕێوەبەرایەتیەکی خۆجێی ئیداری ، نەک سەربەخۆیی سیاسی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە لە مەسەلەی مافە فەرهەنگیەکانی وەک زمان و کولتورو و خزمەتگوزاریەکان تێناپەڕێت,هەروەک لە دەقی ڕێکەوتننامەی ئاگربەستی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی دا هاتووە(١)

● – تراژیدیایەکی مرۆیی و سیاسی و سەربازی لە کوشتارو ماڵوێرانی و دەربەدەری چاوەڕوانی خەڵکی کرێکارو چەوساوەی کوردەکان ئەکات لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ، وە ئەو خەونە وەنەوشەییانەی کە چاوەڕوانیان ئەکرد، بۆ هێنانەدی دەسەڵاتێکی سەربەخۆ، لەژێر دەسەڵاتی بۆرژوازی – کۆمپرادۆری کوردو هێزەکانی وەک ( هەسەدە) یان گەریللا، دەرکەوت کە هیچی تر نەبووە، بێجگە لە فریو دان و کاڵفامکردنی هزری ملیۆنەها مرۆڤی چەوساوەو کارگەری کورد لەو ناوچانەدا، کە ئاکامەکەی داڕمانێکی مەعنەوی و سیاسی و فیکری ئەو جەماوەرە ستەمدیدەیەو، دەستی خیانەتکارانەی سەرانی ( هەسەدە) ش بۆ جەماوەر ئاشکرابوو.

بەشی حەوتەم
خاڵە هاوبەشەکانی ئۆپۆرتۆنیزمی چەپ
یەکەم- هاوکاری و بە ڕەوا بینینی پشتیوانی و هاودەنگی لە گەڵ بۆرژوازی نیشتمانی و ئۆپۆزیسیۆنە چەکداریە بۆرژوازیەکانی، لە ژێر ناوی داکۆکی لە (مافی چارەی خۆنووسین) و شاردنەوەی پێکهاتەی چینایەتی سیاسەتە دژ بە کۆمۆنیزم و بزووتنەوە کرێکاریەکانی ئەم بزووتنەوە چەکداریانە.
دووەم- چاوپۆشیکردن لە ڕۆڵی وابەستەیی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیانەی کورد و دورزیەکان و عەلەویەکان، بۆ سیاسەتەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل و تورکیا ، وبەشداریکردن و هاوپشتی سیاسی و سەربازی بۆ ئەم بزووتنەوانە ،هیچی تر نیە بێجگە لە سیاسەتی ناسیۆنالیزمی چەپ.
سێیەم – چەواشەکردنی جەماوەری ستەمدیدەی کوردو نەتەوەکانی تر، کە توانای بە فەرمیکردنی ئەو دەسەڵاتەی کە ئێستا هەیانە وەک واقعێکی دیفاکتۆ ، ئەویش لە ژێر چەترو وە لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی ئەمریکا لەم ناوچانەدا، هەروەها ڕەواج دان بە ئەفسانەی ئەوەی کە دروستکردنی هێزەکانی ( هسد) لەلایەن ئەمریکیەکانەوە لە پێناو سەربەخۆیی کوردان و مافەکانی ئەوان هاتوونەتە دی .
چوارەم – بێدەربەستی و بەهەند وەرنەگرتنی ئەو کۆمەڵکوژی و تاوانانەی کە دژ بەم جەماوەرە سیڤیلەو چەوساوەکان ئەکرێت، وە چ ماڵوێرانی و دەربەدەریەک کە بەسەریان دێت، وە خۆ پاراستن لە باسە چینایەتیە بنەڕەتیەکان ، بەبێ پێداگرتن لە ستراتیژی خەبات و نیشاندانی ئاسۆی خەباتێکی شۆڕشگێڕانە، دژ بە هەڵسوڕێنەران و داڕێژەرانی ئەو سیاسەتەی کە لە سوریا و ناوچەکە ئەگوزەرێت ، هەموو ئەمانە هیچیتر نین، بێجگە لە لووتبەرزی و ڕاڕایی ڕۆشەنبیرانێکی ووردەبۆرژوازی و ڕێکخراوە بەناو چەپ و کۆمۆنیستەکانیانە .
هەربۆیە لە دوا ئاکامدا ئەم تاکتیک و سیاسەتە ئۆپۆرتۆنیستیانە، بە قازانجی باوەشێنی سیاسەتی فریودەرانەی ناسیۆنالیزمی بۆرژوا-کۆمپرادۆرە لۆکاڵیەکان ئەشکێنەوە، لە پێناو سازان و بردنە پێشەوەی ئەجیندای بەرنامە ڕیفۆریستیەکانیان .

بەشی کۆتایی
ئەنجامگیریەکان

هەڵوێستی سیاسی پڕۆلیتاریای شۆڕشگێڕ سەبارەت بە جەنگ و سیاسەتی شۆڤێنیستانەی وڵاتانی ئەمریکاو و تورکیا و ئیسرائیل و سەرۆکە بەکرێگیراوەکەیان ئەحمەد الشەرع ، سیاسەتێکی چینایەتیە، پشت بە بنەمای سیاسەتی وردەبۆرژوازیانەی ناسیۆناڵ چەپەکان نابەستێت، بەڵکە پشت بە بنەمای سیاسەتێکی چینایەتی نێوەنەتەوەییانە ئەبەستێت، کە پێداگری لە ئەوە ئەکات، کە لەهیچ شوێنێکی جیهاندا ( بۆرژوازی نیشتمانی وسیاسەتە بەرگریە نیشتمانیەکەی )، ناتوانرێت شۆڕشگێڕانەو پێشکەوتوخوازانە بێت.
هەروەها پێداگری لە سازماندانی سیاسەتێکی شۆڕشگێڕانەی سەربەخۆی چینایەتی کرێکاران و چەوساوەکان ئەکات ، کە خەباتی چینەکە تێکەڵ بە بە سیاسەتی بۆرژوا – کۆمباردۆرە نیشتمانیەکان نەکرێت و خەباتی چینایەتئ نەکرێتە قوربانی خەباتی ناسیۆنالیستانەی میللی .
بەڵام ئەم ئاسۆیەو ئەم سیاسەتە سەربەخۆیە ئەوە ناگەیەنێت کە دژ بە پاکتاوکردنی دەسەڵاتی نەتەوەو ڕەگەزە ئاینیەکان و کەمایەتیەکانی تر، نەوەستنەوە، وە دژ بە سەندنەوەی ئیرادەی هەر یەکێک لەم نەتەوەو کەمایەتیانەیە ڕانەوەستن ،کە بەشێوەیەکی وەحشیگەریانەو سەرکوتگەرانە بە بەرچاوی جیهانەوە بەڕێوە ئەچێت .
ئەم دژایەتی و هەڵوێستە شۆڕشگێڕانەیە پێویستە بە ڕێچکەو خەباتی سیاسی و فیکری چینایەتی خۆیدا تێپەڕ بێت، و ڕاگوزەر بکات کە تەواو جیاوازە لەگەڵ ئەو بەرگری و هەڵوێستە نمایشکارانەی کە بۆرژوا میللی و ناسیۆنالیستە چەپەکان پێی هەڵئەستن.
پڕۆلیتاریای شۆڕشگێڕ لە سۆنگەی تێکۆشان و خۆئامادەکاری بۆ سەربەخۆیی ئیرادەی سیاسی چینایەتی کرێکاران و چەوساوەکان، جهانبینی خەباتی خۆی دائەڕێژێت؛
لەلایەک دژ بە سیاسەتی شۆڤێنیستی ودژ بە ئازادی و سەربەخۆی میللەتان و ژنان و لاوان و سەرکوتی ناڕەزایەتیەکان ئەوەستێتەوە؛
لە لایەکی تریشەوە دژ بە هەر سیاسەتێکی ئۆپۆرتۆنیستانە ئەوەستێتەوە، کەلە لایەن چەپی ڕیفۆرمیست و بۆرژوا ئاسا، خەباتی چینایەتی ئەکات بە پاشکۆی بەرژەوەندیەکانی بۆرژوا- کۆمبرادۆرەکان، و قۆناغ بەندی شۆڕشی سۆسیالیستیان کردووە بە بڕبڕەپشتی سیاسەتەکانی خۆیان، وە ڕزگاری میللەتان بە پێشمەرجی شۆڕشی سۆسیالیستی دائەنێن، لە کاتێکدا ئەو هێزانەی کە بەناوی میللەتەوە ئەجەنگن، خۆیان بەشێکن لە سیاسەتی داگیرکاری وئیمپریالیستانەی سەرمایەداری جهانی و لۆکاڵی.
دژایەتی کردنی سیاسەتە سازشکارو پڕاگماتیکانەی بەرگری نیشتمانی بۆرژواکان ، وە هەوڵدان بۆ سەرپێخستنی سیاسەتێکی سەربەخۆی پڕۆلێتێری ، دژ ئۆپۆرتۆنیزمی چەپی بۆرژوازی ، بەمانای پشتیوانی لە سیاسەتە سەرکوتگەرەکانی وڵاتانی وەک ئەمریکاو ئیسرائیڵ و تورکیا وەدواتر داردەستەکەیان سوریا نیە.
ئەو ئەزموونەی کە ناویان ناوە ( ئەزموونی ڕۆژئاوا ) ڕۆژبەڕۆژ بۆ جەماوەرێکی بەرفراوانی کرێکاران و چەوساوەکانی کورد ڕۆشن بۆتەوەو جار بۆ جار باشتر ڕۆشنتر ئەبێتەوە ، کە ڕزگاری ئەوان پەیوەست نیە ، نە بە پەکەکە، پارتی، یەکێتی نە بە هیچ پارت و بزووتنەوەیەکی ناو گۆڕەپانی سیاسی لە شارە کورد نشینەکانی وەک ئێرانیش، بەڵکە ڕزگاری ئێجگاری چەوساوەکانی کورد لە هەرجۆرە چەوسانەوەیەکی میللی و چینایەتی وابەستەیە بە شۆڕشێک و ئاڵوگۆڕێکی چینایەتی گەورە لە ناوچەکەدا، کەلە ڕێگەی هاوپشتی خەباتی چەوساوەکانی تەواوی ناوچەکەدژ بە بنەماو ڕیشەکانی چەوساندنەوەی میللی و چینایەتی، کە ئەویش خودی ڕژێمە بۆرژوا ناوخۆیی و دەرەکیەکانە.
وە بۆرژوازی – کۆمبراۆدری کورد لە هەر چوار پارچەکە وەک ئەڵێن لە ئاست ئەم گۆڕانکاری و ڕزگاربوونە ئێجگاریەدا نین ، وە هەمیشە خیانەتیان لە شۆڕشگێڕان و خەباتی چینایەتی چەوساوەکان و تێکۆشەرانی ناوچەکە کردووەو سەرکوتی کردوون، وە بە قازانجی بەرژەوەندیەکانی خۆیان ئەوانیان سازمانداوەو پڕچەک کردووە.

و.سابیر
٢٠/ ١/ ٢٠٢٦
——————
(١). ده‌قی رێككه‌وتنی ئاگربه‌ستی نێوان ئه‌حمه‌د شه‌رع و مه‌زڵوم عه‌بدی

.




هێزە کوردییەکان لە کەمپێکی دەستگیرکراوانی داعش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کشانەوە.. و: گۆران

نووسینی: William Christou in Beirut and Dan Sabbagh

ئەمریکا دەڵێت چی دیکە پشتگیری( هێزەکانی سووریای دیموکرات -هەسەدە) ناکات، کە لە کەمپەکە کشانەوە لەکاتێکدا بەشێکی زۆری خاکەکەیان لە سەر دەستی حکوومەتی ناوەندی لەدەستدەدەن.

هێزەکانی سەرکردایەتی کورد لە سووریا ڕایانگەیاندووە کە لە کەمپێکی دەستگیرکراوانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کشاونەتەوە کە دەیان هەزار کەسی پەیوەندیدار بە داعشی تێیدایە، لەکاتێکدا ئەمریکا ڕایگەیاندووە چی دیکە پشتگیرییان ناکات.

چارەنووسی کەمپی ئەلهۆل، کە لە نێویاندا ژنە بیانییە توندڕەوەکان کە گومان دەکرێت ئەندامی داعش بووبن و خێزانەکانیانیش هەن، نیگەرانی زۆری وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروست کردووە.

ئەم وڵاتانە ساڵانێکە هۆشدارییان داوە کە کەمپەکە ناوەندێکی توندڕەوییە و ئەگەر هەر هەڵهاتنێکی زیندانییەکان ڕووبدات، دەکرێت شپرزەیی دروست بکات. بەڵام لە سێشەممەی ڕابردوودا ئەمریکا ڕایگەیاند کە پێی وایە دەتوانێت لەگەڵ حکوومەتی سووریا کار بکات دژی داعش.

کەمپی ئەلهۆل نزیکەی ٢٤,٠٠٠ کەسی تێدایە، زۆرینەیان سووری و عێراقی، بەڵام ١٠,٠٠٠ کەسیش لە وڵاتانی دیکەن و نادیارە چی ڕوودەدات لەکاتێکدا هێزەکانی حکوومەتی سووریا دەچنە ناوچەکە.

گوتەبێژێکی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە لەلایەن کوردەوە رابەرایەتی دەکرێت گوتی: «هێزەکانمان ناچار بوون لە کەمپی ئەلهۆڵ بکشێنەوە و لە نزیک شارەکانی باکووری سووریا جێگیر بکرێنەوە کە مەترسی و هەڕەشەیان بەرەو زیادبوونە. »ئەوانە ئەم کشانەوەیەیان خستە ئەستۆی «شکستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. »

ژمارەیەکی کەمتری دەستگیرکراوانی ژن – نزیکەی ٢,٤٠٠ کەس، لە نێویاندا شەمیمە بێگەم کە هاووڵاتی بوونی بەریتانی لێ سەندراوەتەوە – لە کەمپی ئەلڕۆژ کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتە و هێشتا لە ژێر کۆنترۆڵی کوردەکاندایە، دەستگیرکراون.

حکوومەتی سووریا ڕایگەیاند کە کۆنترۆڵی کەمپی ئەلهۆل دەگرێتە دەست و لە هەسەدە تۆمەتبارکرد کە بە بێ پاسەوان جێی هێشتووە و ڕێگەی هەڵهاتنی دەستگیرکراوانیان داوە. هەروەها وتی کە هەمان کاریان لە زیندانی ڕەققە کردووە کە ١٢٠ زیندانی لێی هەڵهاتوون، بەڵام هەسەدە ئەمە ڕەت دەکاتەوە.

ئەم کشانەوەیە لەکاتێکدا ڕوویدا کە هێزەکانی حکوومەتی سووریا بە خێرایی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا پێشڕەوییان کردووە و بەشێکی زۆری خاکی هەسەدە یان لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا گرتووەتەوە. هەسەدە لە یەکشەممەدا ڕەققە و دێرەلزووری لە دەست دا، چونکە هەندێک لەهۆزە عەرەبەکان لە هێزە کوردەکە جیا بوونەتەوە و ناچاريان کرد لە ناوچە عەرەبییەکان بکشێنەوە.

پێشڕەویی خێرای هێزەکانی دیمەشق و هەڵوەشاندنەوەی بەشێک لە هەسەدە لە ماوەی شەوێکدا شۆک بوو: هێزە کوردێکە لە ساڵی ٢٠١٩ەوە نزیکەی سێیەکی وڵاتەکەیان کۆنترۆڵ کردبوو، بە پشتگیری ئەمریکا. ئەمە گەورەترین گۆڕانکاری لە هێڵەکانی پێشەوە بوو لەپاش کەوتنی سەرۆک کۆماری پێشووی سووریا بەشار ئەسەد لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ەوە.

تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا، لە سێشەممەی ئێوارەدا گوتی ئەمریکا چی دیکە پشتگیری هەسەدە لە شەڕی دژی داعش ناکات. ئەمەش لەبەر ئەوەی هەسەدە «باشترین هاوبەشی زەمینی بوو لە تێکشکاندنی خەلافەتی داعش لە ساڵی ٢٠١٩»، بەڵام ئەوە بوو چونکە «هیچ دەوڵەتێکی ناوەندی کارا لە سووریا نەبوو».

دیبلۆماتە ئەمریکییەکە گوتی دۆخەکە بەشێوەیەکی«بنەڕەتی گۆڕاوە» لەگەڵ کەوتنی ئەسەد و جێگرتنەوەی بە ئەحمەد ئەلشەرع. «ئێستا سووریا حکوومەتێکی ناوەندی قبووڵکراوی هەیە کە پەیوەندی بە هاوپەیمانی جیهانی دژی داعشەوە کردووە»، لەسەر X نووسی، واتە «مەبەستی سەرەتایی هەسەدە وەک هێزی سەرەکی دژی داعش لە زەویدا بە زۆری کۆتایی هاتووە».

ڕێککەوتنێکی ئاگربەستەی ١٤ خاڵی کە لە یەکشەممەدا لە نێوان سەرۆک ئەلشەرع و سەرۆکی هەسەدە مەزلوم عەبدی واژۆ کرا، بەیانی دواتر لە دوای کۆبوونەوەیەکی ناکام لە دیمەشق هەڵوەشایەوە.

بەڵام شەوی سێشەممە کۆشکی سەرۆکایەتی سووریا ڕایگەیاند ئاگربەستێکی چوار ڕۆژە لەگەڵ هەسەدە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە ١٤ خاڵییەکە. گوتی ئەگەر هەرڕێککەوتنێک بکرێت ئەوە حکوومەتی سووریا ناچێتە ناو شارە کوردنشینەکان وەک حەسەکە و قامیشلۆ و هێزە ئەمنییەکان لە خەڵکی ناوخۆیی دابین دەکرێن.

هەروەها گوتی عەبدی کاندیدێک لە هەسەدە دیاری دەکات بۆ جێگری وەزیری بەرگری، پەرلەمانتار بۆ پەرلەمانی نیشتمانی و لیستی کەسەکان بۆ دامەزراندن لە کەرتی گشتی سووریا.

ئەم ڕاگەیەنراوە وادیارە شەڕی دەستبەجێی زیاتر لە نێوان لایەنەکان ڕاگرتووە و دڵنیایی بە فەرماندە کوردەکان داوە کە مافەکانیان ڕێز لێ دەگیرێت.

سەرچاوەکانی حکوومەتی سووریا پێشتر عەبدییان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە هەوڵ دەدات جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە ١٤ خاڵییەکە دوابخات، کە زۆرینەی دامەزراوە و بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی کوردەکان دەداتە دیمەشق. ئیلھام ئەحمەد، یەکێک لە سەرکردە باڵاکانی دەسەڵاتی کورد، گوتی عەبدی داوای ماوەیەکی پێنج ڕۆژەی کردووە بۆ جێبەجێکردن، کە سەرەتا لەلایەن دیمەشقەوە ڕەت کرایەوە.

« ئیلهام ئەحمەد ئەمڕۆ سێشەممە وتی: “ئەوان دەیانویست ڕاستەوخۆ هەموو شتێک ڕادەستی دیمەشق بکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەم کۆبوونەوەیە یان بەبێ ئەم کۆبوونەوەیە دەیانویست بچنە شەڕەوە … ئێستاش پلانەکەیان کۆمەڵکوژکردنی کوردە”.
دوای کۆبوونەوەکە، فەرماندە کوردەکان، لە نێویاندا عەبدی، داوای کۆبوونەوەی گشتییان کرد لە ناوچە کوردنشینەکان و بەرخۆدان لە پێشڕەویی دیمەشق بۆ سەر خاکەکەیان. میدیای هەسەدە وێنەی خەڵک، گەنج و پیریان بڵاو کردەوە کە چەکیان بەدەستەوەیەوە اامادەی بەرخۆدانن.

شەڕ لە نێوان لایەنەکان لە سێشەممەدا بەردەوام بوو، لەگەڵ بۆمبارانی کۆبانی کە ناوچەیەکی کوردنشینە لە سنووری تورکیا و هاتنە ناو حەسەکەی هێزەکانی حکوومەت.

ئەو ناوچانەی تا ئێستا دەست دیمەشق کەوتوون ناوچە عەرەبییەکان بوون، کە زۆرێک لە دانیشتووانەکەیان کێشەی کۆنیان لەگەڵ هەسەدە هەبووە. وادیارە هەسەدە لە ناوچەکانی نزیک سنووری عێراق و تورکیا جێگیر بووە، کە زۆرینەی دانیشتووانی کوردن.

ئەگەر ئاگربەستی چوار ڕۆژە سەرکەوتوو نەبێت و هێزەکانی دیمەشق بچنە ناوچە کوردنشینەکان، شەڕەکە دەکرێت خوێناوی تربێت لە ڕۆژەکانی پێشوو. لەو ناوچانەدا ئەوان ژێرخانی سەربازییان هەیە، لە نێویاندا تۆپی قورس، درۆن و تونێڵی ژێر زەوی.

دانیشتووانی کورد شەڕەکە وەک شەڕێکی بوونی دەبینن و ئاماژە بە کوشتاری بە کۆمەڵ دەکەن کە هێزەکانی حکوومەت لە پارێزگای سوەیدا و کەناری سووریا لە ساڵی ڕابردوودا ئەنجامیان دا وەک نموونەیەک بۆ ئەوەی دەکرێت بەسەریان بێت ئەگەر هێزەکانی حکوومەت ناوچەکە بگرنەوە.

حکوومەتی سووریا لە ڕاگەیەنراوێکدا لە سێشەممەدا گوتی ناچنە ناوچە کوردنشینەکان و ئامانجی سوپا «گەڕاندنەوەی سەقامگیری و پاراستنی دامەزراوە حکوومییەکانە».

هەسەدە بۆ ساڵانێک گەورەترین هاوبەشی ئەمریکا بوو لە سووریا و پێکەوە خەلافەتی داعشیان لە ٢٠١٩دا تێکشکاند. ئەمە باڵی سەربازییەکی دەوڵەتی کوردییە کە خۆسەری بووە، دامەزراوە و حکوومەتی خۆی هەبووە. لە نێو شتەکانی دیکەدا، مافەکانی کوردی پاراستووە، کە ساڵانێک لەلایەن ئەسەد و باوکیەوە پێشێلکرابوون.

کە ئەسەد کەوت، هەسەدە و دیمەشق هاتنە سەر مێزی گفتوگۆ، هەسەدە دەیویست خۆسەرییەکەی بپارێزێت و دیمەشق دەیویست کۆنترۆڵی تەواوی وڵات بکات. سەرەڕای واژۆکردنی ڕێککەوتنێک لە ١٠ی ئازاری ساڵی ڕابردوو بۆ تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپای سووریا، لایەنەکان هەر لە ناکۆکیدا بوون و بە کەم و زۆر شەڕیان کردووە.

لە کۆتایی هەفتەدا، ئەمریکا داوای لە حکوومەتی سووریا کرد پێشڕەوییەکەی لە هێڵی ڕووباری فوراتدا بوەستێنێت، بەڵام هێزەکانی حکوومەت بەردەوام بوون. لەو کاتەوە بێدەنگ بووە لەکاتێکدا حکوومەتەکەی شەرع لە هێرشەکەی دژی هەسەدە بەردەوامە.

پێشڕەویی دیمەشق لە هەفتەی ڕابردوودا یارمەتی دا زۆرینەی وڵات کۆنترۆڵ بکات، لەوەش گرنگتر، گەورەترین کێڵگە نەوت و گازەکان، هەروەها بەنداوە سەرەکییەکان.

سەرچاوە:
رۆژنامەی گاردیان رۆژی ٢٠ی کانونی دووەم ٢٠٢٦

https://www.theguardian.com/world/2026/jan/20/kurdish-forces-withdraw-from-is-detention-camp-in-north-east-syria




پشتوانی بێ مەرج؛ کوشتنی مرۆڤ بە زمانی گوتار.. جوتیار

لە پەراوێزی هەڵوێستەکەی علی قەرەداغیدا

لە روانگەی منەوە ئەو هەڵوێستەی عەلی قەرەداغی وەکوو ڕاگەیاندنێکی سادەی سیاسی نابیندرێت، بەڵکوو وەک نیشانەی کێشەیەکی قووڵتر لە بیرکردنەوەی ئەخلاقی و سیاسیی ئەودا تەماشا دەکەم. کاتێک کەسێکی عەقیدەیی- فکری ـ ئاینی بە شێوەیەکی ڕەها ڕایدەگەیەنێت کە پشتوانی بڕیارەکانی ئەحمد شەرع دەکات لە دژی کوردانی ڕۆژئاڤا، لەوەدا تەنها جیاوازی ڕای سیاسی نابینم؛ بەڵکو شکاندنی ئەو سنوورە دەبینم کە دەبێت لە نێوان بیرکردنەوە لە پیرۆزی (عەقیدە)و دەستەڵاتی (مۆڕاڵ) هەبێت.
من سیاسەت تەنها وەکوو یاریی هێز نابینم، سیاسەت، پێش هەموو شتێک، بڕیار لەسەر ژیانی مرۆڤەکانە، بۆیە کاتێک هەڵوێستێک بە شێوەیەکی ڕەها نیشان دەدرێت یان پشتگیری لایەنێک دەکات کە لە کرداردا ئەگەری خوڵقاندنی توندوتیژی، ئاوارەبوون و شکاندنی کەرامەتوو ژیانی مرۆڤی تێدایە، ئەو پرسیارەی دێتە پێشەوە پەیوەندی تەنها بە هاوسۆزی نەتەوەیەوە نییە، بەڵام دکتۆر قەرەداغی دەکریت لە خۆی ببپرسێت بەو هەڵوێستەی ژیانی کام مرۆڤی پاراستووە؟
لە دیدگای منەوە، کێشەکە تەنها کێشەی کوردبوون نییە، کێشەی کۆمەڵگایەکە لە ناوچەیەکدا کە هەمیشە مرۆڤ وەک ئامراز سەیر کراوە، نەوەکوو وەک ئامانج، هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، هەرچەند وەکوو هەر پڕۆژەیەکی سیاسی ـ سەربازی دیکە، دەکرێت خاوەنی هەڵە و کەموو کوڕی و سنوورداربون بن، بەڵام لە کاتی قەیران و شەڕو ئاڵۆزیەکانی ئەو ناوچەیەدا بوونەتە پەناگەی هەزاران مرۆڤ؛ ژن، منداڵ و کەسانێک کە هیچ دەنگێکیان نەبیستراوە. هیچ کەسێک ناتوانێت ئەم ڕاستییە مرۆڤایەتییە پشتگوێ بخا لە پێناوی تەنها ئەوەی تەنها پارێزگاری لە هەڵوێستێکی سیاسی “ڕەها” بکات.
ئەوەی من هەستی پێدەکەم کێشەی سەرەکی لێرەدا، ئەو کولتوورەیە کە هێشتا ووشەی “بەرژەوەندی” بەسەر مۆڕاڵی مرۆڤبوندا سەرکەوتووە. کاتێک دەوترێت بۆ بەرژەوەندیەکی گشتی، بۆ ئامانجێکی گەورەتر، یان بۆ یەکگرتنێکی فراوان، دەبێت چاو لە زیانیە تاکەکەسی و مرۆیەکان یان نەتەوەیەکان ببەستین.
هەڵوێستەکەی عەلی قەرەداغی من توڕە ناکات تەنها وەک کوردێک؛ بەر لە هەرشتێک من توڕە دەکات وەک مرۆڤێک، چونکە من لەوەدا ئەو هەستە دەبینم کە ژیانی هەندێک مرۆڤ دەتوانرێت لە پێناوی گوتارێکی عەقیدەیی- پیرۆزو گشتیدا ببێتە قوربانی، بە بڕوای من ئەو هەڵوێستە، نە عەقیدەگەرایی پیرۆز لە پێناو خوداو نە بیرکردنەوەیەکی مۆڕاڵی- مرۆیی سیاسییە.
هەڵوێستی فکری، یان عەقیدەیی- سیاسی، لە سەردەمە قەیراناویەکانیشدا، دەبێت سنووری هەبێت؛ سنووری مرۆڤایەتی. هیچ ئایینێک، هیچ پڕۆژەیەکی سیاسی و هیچ بەرژەوەندیەکی ستراتیژی نابێت ئەو سنوورە تێپەڕێنێت، کاتێک ئەو سنوورە تێدەپەڕێندرێت، من وەکوو تاکێک، وەکوو مرۆڤێک کە مۆڕاڵی ئینسانیبوون سنورمە، مافی ئەوەم هەیە ئەو هەلویستە بە تونترین شێوە ڕەخنە بکەم، نەوەکوو بۆ دروستکردنی دژایەتی تاکەکەسی، بەڵکو بۆ پاراستنی ئەو شتەی هەموومان بەیەکەوە پێویستمان پێیەتی کە ئەویش کەرامەتی مرۆڤە.
بۆچوونی من لەسەر سیاسەت لەو شوێنەدا دەست پێدەکات، کە ئەگەرهەڵویستوو سیاسەت لە بنچینەدا بڕیارێک لەسەر ژیان و مردن، سەلامەتی و ناڕەحەتی و کەرامەتی مرۆڤ نەبێت، ئەوە تەنها یاری هێزەکانە، نەوەکوو بیرکردنەوەیەکی مۆڕاڵی لە پێناو ژیانێکی شایستە بۆ مرۆڤەکان.
لە دیدگای منەوە، ئەو هەڵوێستانەی کە پشتوانی بێ مەرج دەدەن بە پڕۆژە یان لایەنێک، بێ ئەوەی بپرسن ئەم پڕۆژەیە لەسەر ژیانی مرۆڤەکان چی دەکاتوو کاریگەریەکەی چی دەبێت، هەڵوێست نییە؛ ئەوە ڕەهاکردنی ئەخلاقە بە شیوە ئەبستراکتەکەی. من دژی ئەو لۆژیکەم کە مرۆڤ دەکاتە ئامراز بۆ ئامانجێکی “گەورەتر”، چونکە لەو ساتەوە سیاسەت کەرامەتی خۆی لەدەست دەدات.
من باوەڕم وایە هیچ بەرژەوەندیەک، هەرچەند بە زمانێکی پیرۆز، ستراتیژی، یان ئاینی قسەی لێ بکرێت، ناتوانێت ئەو ڕەوایەتیە بدات کە ژیانی تاکە کەسێک، یان ژیانی کۆمەڵێک مرۆڤ، وەک قوربانییەکی “قبوڵکراو” سەیر بکرێت. ئەگەرهەڵوێست چی لە پێناو خوداو دەستەڵاتەکەی و چ لە پێناو دەستەڵاتوو سیاسەتەکەی بۆ ئەو ئاستە دابەزێت، کەواتە بوونی مرۆڤ لە ژێر بێبەهاترین بیرکردنەوەدایە.
هەڵوێستی دروست ئەوەیە کە مرۆڤ لە کاتی قەیرانەکانیشدا، هێزو مۆڕاڵی مرۆڤایەتی خۆی پارێزگاری لێبکات، نەوەکوو ڕەوایی دان بە هەڵوێستێک کە قەیرانی ماڵوێرانکەرو زیانێکی زۆربۆ کۆمەڵگا دروست بکات. من ناتوانم هەڵوێستێک قبوڵ بکەم کە دەڵێت “ئەم زیانە پێویستە”، چونکە لە دیدگای منەوە، ووشەی “پێویست”ە ئەو ساتە دەستپێدەکات کە مرۆڤ لە بیردەچێت شوینێکی نەماوە لە یادوەری مۆڕاڵی مرۆییدا.
سیاسەت، ئەگەر لە سنووری مرۆڤایەتی دەرچێت، ئەوە ئیتر بڕیار نییە، تاوانە و من وەک تاکێکی کۆمەڵگای کوردی، وەک مرۆڤێکی سەرئەو زەمینە، وەک کەسێک کە باوەڕی بە کەرامەتی ژیان هەیە، مافی ئەوەم هەیە و بە بەرپرسیارێتییەکی گەورەشی دەبینم کە ئەم جۆرە هەڵوێستانە بە تونترین شیوە شەرمەزار بکەم ، نەوەکوو لە پێناو دیدگاو بۆچونی کەسیی خۆمدا کە ڕەهایە، بەڵکو بۆ ئەوەی مرۆڤ لە ناو سیاسەتدا وون نەبێت وهەڵوێستەکانیشمان لە مۆڕاڵی مرۆیی دانەشورێن.

جوتیار




گرێی ئۆدیبی و ئاماژەی هاودژەكان.. عەلی شێخ عومەر

لێكۆڵینەوە

ڕۆمانی «مۆزەخانەی کوڕە قژدرێژ»ی کاروان عومەر کاکەسوور

گۆشەنیگای هەر خوێنەرێكی ڕاستەقینە، بە شێوەیەك لە شێوەكان، بە پێی ئەزموون و پاشخانەكانی تێگەیشتنی دنیایی ئەدەب، جیاوازییەك دەخاتە سەرخوێندنەوەی دەقی بەرهەمهاتوو، دەق بە گوێرەی ئاستی یەك خوێنەر نەنووسراوە، لەنێو تاك ماناییدا داهێنانی تێدا بكوژێت، دەق ئەوە نییە چی بخوێنیتەوە ڕێك هەر هەمان مانای هەبێت، غەدركردن لە دەق ئەوەیە، خوێنەر هیچ خستنسەرێكی پێنەبێت، دەق چیی دەڵێت، چۆنی دەڵێت، لێرەوە دەقی زیندوو،دەكرێ بە ژمارەی خوێنەرەكانی، چەندین مانا و ڕەهەند لەخۆبگرێ، بەم پێیە كونادڕی زەمەنە جیاوازەكانیش دەكات، جۆرایەتی پرسیار دەوورژێنێ،بە گشتی ڕۆمانەكانی كاروان عومەر كاكەسوور بە ئاسانی خۆی بەدەستەوە نادات، بەردەوام لەنێو درزەكانی دەقدا بە لێزانانە گەمەی خۆی لەپێشو پاشخستنی ڕووداوەكاندا دەكات، لە ڕێگای بەكارهێنانی كۆد و بەرجەستەكردنی هاودژەكان،كێشەی دیوێكی دیكەی پرسیار دەخاتەڕوو،ڕۆمانی”مۆزەخانەی كوڕەقژدرێژ”1، وەك بیرۆكە، لەتەك ئەو تێزەی هیگڵدا یەكنایەتەوە كە دەڵێت “ئەوەی واقیعیەعەقڵانییە”2، واتا بوارێك نییە بۆ ناعەقڵانییەت و ناڕێكی، كاروان عومەر كاكەسوور لە ڕێچكەی ئاستەكانی كارەكتەرەوە، دەتوانێ پشت ببەستێ بە بیرۆكەیەك، خەیاڵ ئاوێتەی واقیعێ دەروونیبكات، لەوئاڵۆزییەی بگات كە لەپشت ڕووداوەكانەوەچاودەكەنەوە، پتر دەرخەی بابەتێكن، كە ڕاڤەو شێكردنەوەی ئەدەبی پێشەوایەتی دەكات، نەك شقڵی پێكهاتەی ئەدەبی، لەسەر ئەم بنەمایە ڕۆمانەكە خۆی لە ڕۆمانی، ڕیالیزمی ئەفسووناییدا دەبینێ، لە ڕەوتی ڕووداوەكانەوە، نووسەر لە پەیوەندییەكدا دەمانگەیەنێتەدنیایی خەون و خەیاڵ، كەشفكردنی دنیایەك، یەكسانە بە دنیایی ئەوینداری، جێكەوتی ئەو لێكەوتانە چین! لە یەكەم پەیوەندی سۆزداریدا دەیخاتە ڕووبەرووبوونەوەیدەسەڵات، كەسێك بەنێوی كوڕەقژدرێژ، نەیتوانی گرێی ڕابردوو، قۆناغی منداڵی تێپەڕێنێ، بە ڕایەڵەكانی هەستی خۆشەویستیی و گوناهەوە گیرە، بەوەی دوانەی خۆشەویستی و گوناە خۆی لەخۆیدا، هەوێنی كردەیەكی ناعەقڵانی دەگرێتەوە، كاردانەوەكانیشی لە مانایەكی سەیردا، ناعەقڵانیی دەبێت، چەمكی تێگەیشتنی باو دەشكێنێ، لە گەڕان و كەناركەوتنینێو خوددا بۆ وەڵامێك دەگەڕێت، ناسنامەی خۆی تێدا بدۆزێتەوە، پرسیاری ناماقوڵ لەدوی خۆی جێنەهێڵێت،وەهمبكات بە هەقیقەت، لە یاخیبووندا، خەون بە هاوسەنگییەوە دەبینێ، لەگرتن و دەرچوونی بەندیخانەی واقیع و دەسەڵاتدا، ناتوانێ لە بەندیخانەی دەروون دەرچێت، كە جومگەكانی ڕۆمانەكەی لەسەر بنیادنراوە، لە دنیایی داخراوی ناوەكیدا، دابڕانێكلەتەك لێكچوونی دنیایی دەرەوەدا دەكات، گێڕانەوە ئازادو بەركەماڵە، پەنجەمۆری ڕۆماننووس تێدا بزرە،ئەگەری پێشبینیەكانی وەرگر دەخاتە گومانەوە،نازانی هەنگاوی دواتر، ڕووداو لە چ ئاراستەیەك دادەگیرسێتەوە، ڕستەكان كورت و بنبرو ئاماژەدارن،ڕستە لەسەر ئاماژە ئیشدەكات، لە گواستنەوەی چیرۆكی كوڕەكچەڵەوە، شتێ جیاواز، لە چیرۆكی كوڕەقژدرێژ دا، دەخاتەڕوو، ئەم دوانە، واتا كوڕەكەچەڵ دەشتەكییە، كوڕە قژدرێژ شارستانییە، ئەم لە كوڕەقژدرێژ بە نیوە قیمەت شت لە كوڕەقژدرێژ دەكڕێت، قازانجدەكات، دەوڵەمەند دەبێت، ئەویش بە نیوە قیمەت دەیفرۆشێت تا هەژار بێت، كوڕەكەچەڵ بە سامان قەرەبووی ئەو هەست بەكەمبوونەی دەكات،گەورە دەبێت، كوڕە قژدرێژ لە كۆتاییدا، بە زۆرە ملێ كەچەڵی دەكەن، تێدەگات، لە دووفاقی زەمەنە جیاوازەكاندا، مانای شوێنێك لە ژیانی ئاسییدا نامێنێتەو، بە جیاوازی چیرۆكەكانەوە، هەردوو لایان باوك و دایكیان كوژراوە، ئەویان لە پێناوی دڵپیسی و تۆڵەی پەیوەندی ئەوینداری، باوك و دایكی كوڕەقژدرێژ لەنێوان ڕێكخراوێكی چەپ و دەسەڵاتدا لە پێناو بەرژەوەندی و سامان كوژران، لە سۆنگەی جیاوازی چینایەتییەوە كێشەو كوشتن ڕوودەدات، هیچ سامانێك بۆ كوڕەكەچەڵ نامێنی، لە دوایی دەبێتە برجواز، كوڕەقژدرێژ لە باوكێكی كۆنە ماركسییەوە سامانی بۆ ماوەتەوە، برجوازی ڕەتدەكاتەوە، كارێكتەرەهاوبەشەكانی ئەم ڕۆمانە، لە واقێعكدا جێگیرنیین،كاروكاردانەوەیان نادیارە، یان نیمچە نادیارە، وەك گووتمان ئاماژەن، لە چربوونەوەیەكی ئاڵۆزدا ڕووخساریان لەنێو تەمە نەزانراوەكانی دەقدا دەتوێتەوە، ئەم ناجێگیرییە پارادۆكسێ لەتەك جێگیربوونی ناسنامەدا دروستدەكات، كە ڕۆمانووس دەنگی خۆی لەنێو دەقدا بزربێ، ئیتر چۆن دەتوانێ،ناوو ناسنامەبدات بە كارێكتەرەكانی، یەك ناو لەم ڕۆمانەدا نابینی، تەنیا بە خەسڵەت، ئاماژەیان بۆدەكات، وەك كوڕەقژدرێژ، كوڕەكەچەڵ، ژنی ژێرزەمین، ژنی ساڵۆن ..هتد، لە ڕاستیدا چوونە نێو دنیا شاراوەكەی ڕۆمان، دەرچوون و دووركەوتنەوە نییە، لە دنیا داخراوەكەی كوڕەقژدرێژ، یەكەم كرانەوە،داگەڕانی ئێمە، خستنەڕووی ئەو دنیا شاراوەیەیە كە لە شوێنە داخراوەكانی ڕیالیستدا، لە ڕەنگدانەوەیەكیفانتازی دا خۆی نمایشدەكات، ئەو پاڵنەرە دەروونییە چییە، منداڵ هاندەدات شتی سەیرو فانتازی ئەنجامبدات، چیی لە فاكتەكانی بەردەست كەمبوو، تا دنیایی خەیاڵ و فانتازیایی پی تەژیبكات، بۆشایی ئەو یاخیبوونە چییە بە سزاو توورەبوون نەبی پڕناكرێتەوە،لە دەرووی كەڕنەڤاڵێكدا تڕاژیدیا تێیدا گەشەدەكات،لە دەرچەی پووچگەراییەكدا كۆتایی پێدێ،

ڕەهەندەكانی گرێی ئۆدیبی لە كەسایەتی كوڕەقژدرێژدا

هاودەم، لە دوای داگەڕانی وورد، لە ناوكۆی دەقدا، بە پێی ئاستەكانی گێڕانەوە و لێكەوتەكانی ڕووداودا، لەپەیوەندییەكی ڕاستەوخۆدا، پرسیاری لە لاملێیەتی، لە چامەی كەسایەتی كوڕەقژدرێژ دا دروستبووە، خدێی ڕەفتارەكانی خۆی لە جوغزی لادەردا دەبینێ، هەڵبەت،ئەمەش دەبێ ڤێگەری دەروونی لەدوا بێت، خود ئاراستەی ئۆبژەی دەكات، لێرەوە، دەكرێ لە یەكەم گەشتەكەمانەوە، لە گرێی ئۆدیبییەوە پێداگری لەوە بكەین، چۆن كوڕەقژدرێژ پەیوەستە بە خودەوە، بەوەی مرۆڤی ئۆدیبی، جگە لە خود هیچ ژێدەرێك، لە دنیادا شك نابات تا بە سروشتی بژی، سووربوونی كوڕەقژدرێژ لە پیادەكردنی خەونەكانیدا، بەڵگەی دووەمی ماهییەتی دەمارپشێویەتی، ئاماژەكردن بەبابەتی سۆزو خۆشەویستی بەشێكی تری بنەما سەرەكییەكانی گرێی ئۆدیبی دیاریدەكات، بۆ نموونە،خۆشەویستی ژنی ساڵۆن و ژنی ژێرزەوی، ئەم پەیوەندییە ئەویندارییە، لەنێو دوو كیژدا، نە لە چەمكی ڕۆژئاوا، نە لە ڕۆژهەڵاتدا، لە دڵێكدا كۆناكرێتەوە، ئەوەی دیارە خۆشەویستییەكی سایكۆباتییە، لە یەك كاتدا دوو كیژی خۆشدەوێت، ئەمە بێجگە لەوەی لە قۆناغی هەرزەكاری دا، لە پەیوەندییەكی سێكسیدا، ژنی گێتارژەنەكەی دەبردە سەرەوە، لێوی بۆ دەمژی، بێ بەشبوون، دووركەوتنەوە لە هەستی خۆشەویستی،لەدوای قۆناغی هەرزەكارییەوە بۆ تەمەنی شست ساڵی، هیچ ئەزموونێكی دڵداری نەكردووە، ئەمەش بە جۆرێك لە جۆرەكان، دەكرێ بە بوونەوەرێك،هەژماربكرێ، خەسڵەتی هیچ ڕەگەزێ هەڵنەگرێ،هەر لە قۆناغی منداڵیدا، ماوەتەوە، هەستی پێنەكردووە،ئەو هەستانە لە یەكەم تێڕوانین و پەیوەندی دڵدارییدا،كیژانێك دەتوانن بیخوێننەوە كە دنیا بە جۆرێكی تردەبینن، چۆن بە قژبڕین ستایلی ڕووخسار جواندەكەن، بەهەمان شێوەش، هاوپێچ، بە ژیاندابڕانێك لەگەڵ تێڕوانین و هەستی بەرامبەردا دروستدەكەن، زیندووكردنەوەی ئەم هەستە لە لایەن ژنی ساڵۆنەوە، وەك هەبوونێك مووچركەیەكی نێرایەتی تێدا دەبزوێنێ، ئومێدێكی پێدەبەخشێت، یەكنایەتەوە لەتەك ئومێدی خۆشەویستی، دایك بۆ كورەكەی، لە ئاستێكی شاراوەدا، كوڕەقژدرێژ لە بەرامبەر دایكی كۆچكردوودا، هەست بە گوناە و تاوانێك دەكات،نایەوێت ژنی ساڵۆن ئاوێنەیەك بێت، جێگرەوەی دایكی تێدا ببینێ كە لە كۆیادیدا مایەی ئازاربووە، پەیوەندی لەتەك ژنی ساڵۆن، لە پەیوەندییەكی بێگەردی عوزریدا،ئاشتبوونەوەی لە تەك دنیایی سزادا، لەگەڵ چەمكی یاخیبووندا، پارادۆكسێ ئەنجامدەدات، دەبینین ژنی ساڵۆنی خۆشدەوێت، كەچی لەپڕ بێ هیچ داكۆكییەك ڕادەستی ژنی ژێرزەوی دەبێت،هاوسەرگیری لەتەكدا دەكات، هەر لێرەوەش بنەمای ئەو پەیوەندییە ڕۆمانسییە، هەڵدەوەشێنێتەوە، سەد كاسكێتەكە نابات بۆ ژنی ساڵۆن تا یەكێكیان هەڵبژێرێت، خەونەكەی ناباتەسەر، لادان لە بردنەسەری پەیمان، گووتاری ڕۆمان، گووتاری ڕۆماننووس تێدەپەڕێنێ، دەیخاتە سەر تەختەی فاكتێكی سایكلۆجییەوە كە لەگەڵ گرێی ئۆدیبدا دەست و پەنجە نەرمدەكات، مردنی دایكی دیوێكی تری مردنی ژنی ساڵۆنە، لە ژیانی كوڕەقژدرێژدا مردنی ژنی ساڵۆن،دیاردەیە، ژیانەوەی ژنی ژێرزەوییە،زیندووكردنەوەی ناوەڕۆكە، هەرچەندە پەیوەندی كوڕەقژدرێژ بە ڕەگەزی مێینەوە خاكەڕایی سادەو خێرایە، وەلێ ئاڵۆزییەكی شاردووەتەوە، پێدەچێ هەردوو ژنی ساڵۆن و ژێرزەمین، زۆر شت دەربارەی كوڕەقژدرێژ دەزانن،هەرسێكیان یاخی و داواكراوی دەسەڵاتن، لە گرتەیەكی خۆنزیكبوونەوە دا، ژنی ساڵۆن، بە كوڕەقژدرێژ دەڵێت “تۆ لە خەودا زۆر جوانی” ڕۆمان لا 108، واتا لە بێئاگاییدا، جوانی بە دیوێكی تر خۆشەویستی خەون و دیاردەیە، جیاكارییەك لەتەك هاوسەرگیرییدا دەكات، هەوێنی گومانێك لەگەڵناوەڕۆك و واقیعدا دەكات، بە دیوێكی تر لە زیندووكردنەوەی خەون و خەیاڵی منداڵیدا، لە نەبوونی شوێنێك یان ماڵێك بۆ دەرخستنی سۆزو خۆشەویستی دایك و باوك، كە یەكێك لە پێداویستی ئەم بوو، گیانی سزاو یاخیبوونێك، بەخەبەردێنێ، دیاردەی ئەو خەونە تێكدەشكێنێ، دەچێتە بەرەی ناوەڕۆك، هاوسەرگیری لەتەك ژنی ژێرزەمیندا دەكات، پیادەكردنی پەیوەندیسییانەی ئەوینداری بەڵگە نییە بۆ داهات وتوانایی خۆشەویستی، بە پێچەوانەوە، لەسەرخستنی پەیوەندی ئەوینداریدا سستی و سڕبوون و شكستییە،ئاشتبوونەوەی لەتەك ڕەگەزی مێینە، تێنەگەیشتنە لە سۆزی ڕاستەقینەی ئافرەت، گومانە، كوڕەقژدرێژ ڕانەهاتووە، فێری كردەی خۆشەویستی ڕۆمانسی نەبووە، كە لە ژنی ساڵۆندا خۆی نمایشدەكات، بەوەی دەتوانێ هەموو نهێنییەك لە ڕووخساریدا بخوێنێتەوە،وەك دیاردەییەك هەست بە ناوەڕۆكی دەكات، دەزانێدەروونی چیی تێدا دەگوزرێ، یەكەم كاتێ بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ وەك دڵدارێ بەپێیی پرەنسیپێ ئۆدیبی خۆشەویستی دەسڕێتەوە، ژنی ساڵۆن بە تەنیا دەهێڵێتەوە، دەیكاتە بەر ئەوەی لەنێو سەد كاسكێت دا،بە تەنیا بێت، بەبێ بەشداربوونی خۆی یەكیان هەڵبژێرێت، ئەمەش بەو مانایە دێت، ئەم هەر لە سەرەتاوە مۆرك و ئاسەواری زەوق وجوانی خۆی لەوی بەرامبەردا، جیادەكاتەوە، پەنجەمۆری جوانی ئەو پەیوەندییە، لەسەر ڕووخساری ئەوی بەرامبەردا،هەڵدەگرێت، دووەم دڵسۆزی و پەیمانی ئەوینداری بە كارەساتی سروشتی ترس ومحاڵەوە دەبەستێ، زیادەڕۆیی وەك نووقسانییە “بەڵێ، بۆتیان دەهێنم، ئەگەر لایەكی ئەم شارە لافاوبردبێتی، یان بوومەلەرزە نغرۆی كردبێت..” رۆمان لا 111 و لا 120، كاروان عومەركاكەسوور لەبەر گرنگی ئاماژەكانی ئەم پەڕگرافەی دووجار دووبارەی كردووەتەوە، لە ئاستێكدا گەر كوڕەقژدرێژ بە ئەبستراكەت لە مانای خۆشەویستی بگەیشتایە، ئەو زیادەڕۆی نەدەكردو نەی دەلكاند بە كارەساتی سروشتی، بەشتی مەحاڵەوە، لە ئاستێكی تردا، گەر وەك بەشێك لە خۆیدا سەیری بكردایە، هەڵبەت ڕەنگدانەوەی دیارییەكەی لەنێو ئەوی دیدا تەواودەكرد، ژنی ساڵۆن زوو لێیتێدەگات، بڕوای پێناكات، دەزانێ لە كردەی ژوان و قسەكردنیدا هەست بە جیابوونەوەیەكی هەڵهاتوودەكات، وەك دیاردەحەزدەكات بگەڕێتەوە داوای لێبووردنی لێبكات، بەڵام لە سۆنگەی فڕۆشتنی كاسكێتەكاندا، دەسكەوتنی پارەوە ناگەڕێتەوە، لەنێو دوودڵییەكدا، لەنێوان پارەو ئەوین،دەگەڕێتەوە لای خاوەن كاسكێت، دێتەوە، ژنیژێرزەمین دەخوازێت، دیاردەی ئەم هاوسەرگیرییە،قۆناغی گواستنەوەیە لە لێو مژینەوە، بازادانە لە ژنی ساڵۆنەوە بۆ ژنی ژێرزەمین، جومگەكانی ئەم بازدانە لە نهێنی لەزەتی سێكسی یەكەمەوەیە بۆ لەزەتی تێكشكاندنی دوا نهێنی هاوسەرگیرییە، دیارنەبوون پچڕانی هێڵی پەیوەندی ئەو دوو قۆناغە، لەنەبوون و پچڕانی بنەماكانی سۆزو خۆشەویستی دایكەوە شەقڵی گرتووە، دایكی مامۆستای دوو دەوامبوو،نەپەرژاوە خۆشەویستی دایكانە، پیادەبكات، ئەم ژنێك هەڵدەبژێرێت، پێچەوانەی دایكی بێت، خۆی ئاسابێت، ڕادەستی دەسەڵات نەبووبێت، نەك وەك باوكیبێت، لەپاڵ دەسەڵاتدا ملكەچی بەرژەوەندییەكانی بێت، ئاگای لەم نەمێنێت، لە دوای كوژرانی باوك و دایكیدا هیچ گرتەیەك نابینین، گریانی كوڕەقژدرێژبەرجەستەبكات، یان پەژیوانی دەربڕێت،فەرامۆشكردنی دەنەی قینێ شاراوە گیانی سزایەكئاشكرادەكات، لە ساتەكانی پێش مردنی باوكیدا، بە سزادانی باوكی، تینوویەتی مەراقێ دەشكێنێت، لەوشەش ئامۆژگارییە نەیهێشت باوكی پێنج ئامۆژگارییەكەی دیكەی پێبڵێت، نە شەرمی لێكرد، نەگوێی لێگرت، گەر پێنج ئامۆژگارییەكەی تری بزانیایە زووتر پەلانی لەنێو بردنی ئەو نەخشەیەیبەدیدەهێنا، كە باوكی لە جوگرافیایی ژیانیدا دەیویست بینەخشێنێ، باوكێ پەرجەمانتی، كۆنە ماركسی، دڵڕەق، دایكێ بێدەسەڵات، هیچ كاتێكی بۆ ئەم نەبووە، باوكی هەر خەریكی بازرگانی وسەفربووە،بەر لەوەی گەورەبوون بە خۆیەوە ببینێ، كوژران،سەروەت وسامان وایكرد كەمترین شتی لە بارەیەوە بزانن، ئەم لەیكتێنەگەیشتنە پرسیاری ڕقێك كزر دەكاتەوە، گەر تا ئێستا بمایە، ئایا بەرگەی دەگرت،هاتنەوەی قژی بەو خێرایی وناشرینییە، نیشانەی نەفرەتێیەكە، داپاچین و سفركردنی گەڕانەویەكی تری نەفرەتییە، ترس وئازاردانی بۆلیس، دەكاتە دەروازەیەك لە دوو قۆناغدا سزای خۆی پێدەدات، لەقۆناغی منداڵیدا، دەیویست بێتە شوێن سرنج وسۆزو بەزیی باوك و دایكی، گرەوی خۆشەویستیان بەرێتەوە، لەقۆناغی دووەمدا لە گەورەییدا، سزای خۆیدەدات، لە هەردوو قۆناغدا بەندیخانە دیاردەیەكە ناوەڕۆكی تووشی دابەشبووندەكات، بێسزاو بەندیخانە ناتوانێ بژێت، زوو كوژرانی باوك و دایكی، هەلی ئەو ئارەزوویەیی لێسەند، دواتر وەك هەستێكی گوناە یەخەی دەگرێت، لە سزادانی خۆی سیستەمەكە زیاتر هیچی بە دەستەوە نامێنێ، مەگەر لە ڕێچكەی گوناهەوە نییە زیان بە خۆی دەگەیەنێت بە جۆرێك لەجۆرەكان كردەی خۆكوشتنێكە، ڕاسكۆلینكۆف شاكەسی ڕۆمانی تاوان وسزای دۆستۆفسكی لە شوێنێكدا دەڵێت ” من خۆمم كوشت نەك ئەو پیرێژنە، بە یەك گورز بۆ ئەبەد خۆم لەنێوبرد”3، لە گۆشەی ئەم لەنێو بردنەوە، دژ بە ئامۆژگارییەكەی باوكیدەجوڵێتەوە، ناماقوڵی داكەوتەكان، پووچگەرایی پێشهاتەكان، خراپی بارودۆخی قژی ناچاریدەكات،خۆی بدزێتەوە لە لەبیركدنی ماڵەوە خۆی لە كتێبخوێندنەوەدا دەدۆزێتەوە، باوكی چۆن سامانی بۆ بەجێهێشت، خەم و نەفرەتیشی بۆ بەجێهێشت، ئەو پەروەردە سەقەتەی باوكی، دەبێ قوربانییەك لە ناوەڕۆكدا، یاخییبوونێك لە دیاردە دا، لەدووی خۆی بەجێبهێڵێت، ئایا باوكی لە پێناو خۆشی كوڕەكەی،خۆی بەكوشتدا، یان كوڕەكەی بووە قوربانیسامانەكەی، ئەم خۆخواردنەوەیە هاندەری تراژیدیایەكەلە ماڵ و دنیای ئەمدا ڕەنگدەداتەوە، لێكدانەوەیەكە، لە دەسەڵاتدا تینووی تۆڵەو سزایە، بە گشتی، باوك بە تایبەتی بە پێچەوانەی ئەوان دەیجولێنێتەوە،هەستكردن بە گوناهێكی چپكراو، لە ناخودئاگاییدا،گرتنی بەردەوام لە لایەن پۆلیس و ئەمنەوە،شوێنگرەویەكی ڕەمزی سزایەكن، دەبێ وەك گریمانەیەك لەنێو ئەو هەستە ناپاكانە دا، ڕەنگبداتەوە،لە نادیاردا كاردانەوەیەكی توندی ئەو عەشقەیە كە بە شێوەیەكی نەرێنی، لە سیستەمی دەسەڵاتی باوكسالاریدا یەقدەداتەوە، دوژمنێ بێ ڕەكابەری عەشقە، لە تێڕوانینێكی فراوانتردا، دامەزراوەكانی سیستەمی دەسەڵاتی ئۆدیبی لەسەر بنیادنراوە،ئەمەش لەتەك تێزەكەی ماركۆزدا یەكدێتەوە، دەڵێت”گەڕانەوە بۆ عەشق ڕەهەندێكی دژە سیستەمی هەیە”4 ئەم درككردنە پڕ لە گوناهە، لە شێكردنەوەی دەروونیدا، بە گرێی ئۆدیبی دەناسڕێتەوە، ئەمە بێجگە لە ترسی ئەو سزا وەهمییەی، كە كوڕی ئۆدیبی هەستدەكات، باوك دەیسەپێنێتە سەری، سەرجەم گرتن و ئازاردانێك لەنێوان دایك و ژندا، لە گۆڕنراوە، ئەوەی دیارە، لە غیابی خۆشەویستی دایكدا ناتوانێت، یان ترسی داغبوونی خۆشەویستی ئافرەتێ تری هەیە،ناتوانێ لە بارودۆخێك ئاودیوبێت، كە نەبێ خودئاگایی و خودنائاگای، بوون و نەبوون، لە كۆتاییدا لە سۆنگەی ئەوەی دایك ناتوانرێ وەك ژن خۆشتبوێ، یان هاوڕێیەتی بكەیت، ڕێگا بۆ دایك ڕێگوزەر، نییە، لە چاووگی دایكەوە، لە ناسینی یەكەم ئافرەتەوە، ناتوانێ هەریەك لە ژنی ساڵۆن و ژنی ژێرزەوی بە هاوڕێ تەماشابكات، ئەوە ئەو نییە تەگەرە دەخاتە نێوان پەیوەندی كوڕوكچەوە، ئەوە چپاندن و ترسی گۆڕینی هاوڕێیەتییە بۆ خۆشەویستیی، ترسی ڕەنگڕێژكردنی خۆشەویستییە، لەنێوان ئاوو ئاگردا نەبوونی متمانەیە بە ڕق وسزا.

ئاماژەی نهێنیەكان و شەڕی ناسنامە

تراژیدیای كوڕەقژدرێژ، ئەزموونێ سەختە، لەبەرئەوەی ئەوی دی بە كەسێكی نائاسایی، نامۆ، بە دنیاییدەناسێنن، وەك كاردانەوەش ئەركێكی قورستری خستۆتە پێشچاو، خۆی لە دابڕانی ئەوانی تردا دەبینێ، ئازاردان لەناوەو، لە دەرەوە دا، لە كردەیەكی ناڕاستەخۆی خودكوژییەك دەچێت، بۆ بە تەنیا وەك قوربانییەك لە سیستەمێكی ئەستەمدا، جێیانهێشت، بۆ دەبێ لە داكۆكیكردنی ناسنامەدا، بەگژ چاڕەنووسێنادیاربێتەوە، لە جێكەوتی ڕابردوویەكی سەیردادەركەوێت، ئایا لەو سەردەمەدا، درێژبوونی قژو و زووهاتنەوەی مایەیی بێزاركردنی ئەوانی دین،هەڕەشەیە لەسەر ستایشی نەتەوایەتی، یان لادانە لە واقیع وبرینداركردنی دۆگمابوونی دەسەڵاتە، ئایا قژدرێژی دەرچوونە لەو پێوەر باوانە، لەسەر شتێ،دەستكردی ئەم نییە، كەچی بەر بە سزاو نەفرەتبوونی گشتی دەكەوێت، لە یاساو ڕیسایەكی دژ بە پەیوەندی ئەوینداری لە باوكێكدا ئیشدەكات، لە كوڕی تاقانەدا ڕەنگدەداتەوە، دەیخاتە نێو چوارچێوەی دەمارپشێوییەك، كە لەتەك دەسەڵاتدا بەركەوتن دەكات،سەرجەم حەزەكانی دەكوژرێن، ناتوانێ بیگۆڕێت،گۆڕینی سیستەم و واقیع لە گۆڕینی خۆیەوە دەستپێدەكات، واقیع چەند ئاڵۆز و ناجێگیربێت، ڕێگا بۆ ئەدەب پتر خۆشدەكات، لە ڕێگای چەمكی فانتازیاوە، پەیامەكەی بگەیەنێت، بە دیوی ناواقیعی و خەیاڵی، مانایەك بە پێدراوەكانی واقیع بدات، كاروان عومەر كاكەسوور، لە ڕێگای فانتازیاو خەیاڵەوە، نهێنی ئەو جیهانە ئۆدیبیە، لە دیوە شاراوەكەی دەقدائاشكرادەكات، لە پڕاكتیزەكردنی گرێی ئۆدیبیەوە،پیادەكردنی سیستەمێكی واقعی گشتگیرەوە، ئاماژە بە پەرتبوونی مرۆڤی تەنیا و بێكەس دەكات، جگە لە بێدەنگی، دواندنی خەیاڵ هەمیشە لە خولگەی یەك پرسیاردا، لە شەقامی یەك نهێنیدا، ناتوانێ بگات بە خۆی، كۆمەڵگای ئۆدیبی، شتی جیاواز قەبووڵناكات،ماكی ئەم قژدرێژبوونە، جگە لە باوكی لەتەك كۆمەڵگاشدا، كەوتووەتە ململانێ و كێشە، گەر خەسڵەت نەبێ، ناتوانێ خۆی لە ناسنامەی ناوێكدا،ببینێ، نهێنییەكە، دایكیشی درۆی لەگەڵدا كردووە، بە كوڕەقژكورت بانگیدەكرد، باوكی كوڕەقژدرێژ تا مابوووەك بازرگانێكی شارەزاو بەشێكی سیستەم، خۆی سەنتەری بازاربوو، ئەو شتانەی دەیهێنا، پێداویستی سیستەمبوو، لە دوای كوژرانی باوكدا، دەبینین،ڕەهەندەكانی گێڕانەوە، بە چەمكی فانتازیا، ئاماژە بە بارگاویبوونی دەقدەكات، لە شێواندنی جوگرافیاییخێزانەوە منداڵێ تا شەشی سەرەتایی، خوێندوویەتی،بە تەنیا لەنێو كردەی نامۆبوونی باوكی كوژراودا، بە پێچەوانەی تاقە ئامۆژگارییەكەی باوكی، لە شێواندنی پێداویستییەكانی بازاردا، وەك نامۆیەك دەردەكەوێت،نامۆبوونی خۆی، لە نامۆبوونی بازاردا ساغدەكاتەوە،كوژرانی باوك لە سزای بازار جیاناكاتەوە، دەبێتە ئامرازێك بۆ ڕەتكردنەوەو گۆڕینی كەرەستەی پێویستبۆ ناپێویست، وەك ڕەتكردنەوەی ئامۆژگاری پێویست بۆ نا پێویست، شتێك ناكات، خەڵك پێویستی پێبێ، نە لە شقڵ، نە لە پیشەی بازرگانیدا، ڕەنگ و خووی باوكیهەڵنەگرتووە، لە سیستەمی هێنان و فڕۆشتنی كەرەستەكان دا، هاودژییەك لەنێوان داواكردن و خستنەڕوودا، فەراهەمدەكات، ئایا لە هێنانی ئەم كەرەستە بێ سوودانە، سزای سامانی باوكی دەدات،كە هۆكاری كوژرانی باوك و دایكی، گیانی خۆشەویستی لەمی مێردمنداڵیشدا كوشت، یان ترس ئەوەی هەیە، ئەم خۆیشی بە دەردی باوكی سامان بیدا بە كوشتدا، یان دەیەوێت بە كوژرانی باوكی بازاربكوژێت، خۆیشی مایپووچبكات، یەكمجار لە شوێنێكی گەرمەسێردا، بە بازرگانێك دەڵێت دوو ملیونبەفرماڵی بۆ بێنێ، لە دووەمجار بێ ئەوەی پڵنگ لەو دەڤەرەدا هەبێ، چوار ملیون تەڵەی پڵنگ “تایگەر ترامپ” لە ئەفریقاوە دەهێنێ، سییەمجار تازە تەمەنی بووە بە پانزە ساڵ، بێ ئەوەی دەریایەك لەوێ هەبێ، دەچێ لە ژاپۆنەوە، هەشت ملیون ئامێری “پایزیڤزیڤام” دەكڕێ، كە لە ژێر دەریا دا بەكاردێت،بە مەبەستی پلەكردن لە زیانەكان، لەگەڵ هەر جارێكدا، ژمارەی كەرەستەی هێنراوەكان زیاتردەكات،بێ ئەوەی دانەیەكیان لێبفڕۆشێ، لە سەرجەم جارەكاندا، لە سایەیی كوڕەكچەڵەوە كە بازرگانە،پلانەكەی شكستدێنێ، جگە لەم كەسی تر نییە لێیبكڕی، هەرباشە بە نیوە قیمەت دەیفڕۆشێ،بەكارهێنانی ئەم كەرەستانە لە سیستەمی دەسەڵاتدا،بۆ بەیانی، دەبێتە یاسا،جگە لەخۆی، شار هەموو بەكاریدەهێنن، لە پەیوەندییەكی ڕاستەوانەدا، لەگەڵهێنانی هەر جارێكدا، لە بەكارنەهێنان، سزاكەی زیاتر دەبێ، لەیەكەم جاردا، لەدوای تێهەڵدان، بڕین و داپاچینی قژیدا، پانزە ڕۆژ لە پۆلیسخانە، بەنددەكرێ،لە جاری دووەمدا، لەدوای ئەوەی بیستجار قژی بۆ دەبڕن، لیدانەكەشی قورستر دەبێ، شەش مانگ لە بەندیخانەی گشتی پۆلیس دەمێنێ، لە سێیەمجاردا،لەدوای بردنی بۆ سێ چوار بنكەی بۆلیسدەیگوێزنەوە بۆ ئەمن، زۆربەی تەمەنی لە گرتن وسزا،قژبڕینی زۆرە ملێ، تێهەڵداندا بەسەر دەبات،دەسەڵات چەند برەو بە ئازاردان دەكات، پتر لە بەندیخانەو ئەمن دا دەیهێڵنەوە، ئەم پێچەوانەی ئەوان كەرەستە زیاتر دێنێ، زیان زیاتردەكات، بەسەرێك دەسەڵات لەم نهێنیە تێناگات، لە كاتێكدا، پیشەی سەرەكی پۆلیس و ئەمن كەشفكردنی نهێنییە، خولیایی ئەم كەشفكردنە وایان لێدەكات زیاتر بە دوایدا ڕاكەن، منەیبكەن، بەسەرێكی تر، كوڕەقژدرێژش لە نهێنی ئەو هیچگەراییە ناگات، ئەو كەرەستە بیكەڵكانە، پێویست نین، دەبنە مۆدێل و یاسایەك، سیستەم بە زۆرەملێدایدەسەپێنێ، ئەمیش وەك ڕەكابەرێ ملكەچ نابێ،ئەوەی جێی پرسیارو سەرسوورمانە، درێژبوونی سروشتی قژی قەبووڵناكەن، كەچی بیستو حەوتجار كەرەستەی نەخوازراوو نامۆ، قەبوڵدەكەن، بە كۆگیری،كاژاوەی فیل قەبووڵدەكەن، وەك بازرگانێ چیرۆكیواقیعی ئەم قەبووڵناكەن، باوك و دایكی دیارن، چۆن كوژران، كەچی كابرا سەیرەكە، كوڕەكەچەڵەكە قەبووڵدەكەن، كاتێ پێیدەڵێت لە لایەن دایكەوە كێشەم نییە، بەڵام لە لایەن باوكەوە نازانم، كوڕی گام یان هی مرۆڤ، ئایا داوێنی دەسەڵات گای كردووە بە مرۆڤ،یان مرۆڤ دەكات بە گا، ئەفسانەی چیرۆكی كوڕەكەچەڵ قەبووڵدەكەن باوكی لەتاو دڵپیسی لەگایەك گوایە كۆنە دۆستی دایكی بووە، گۆڕاوە بەگا،لەبەرچاوی گایەكەو كوڕەكەچەڵەكە، لە ژنەكەی دەدات، دیكوژێت، گایەكەش گەرماوگەرم، باوكیكوڕەكەچەڵ دەكوژێت، هەردووكیان كوڕەقژدرێژ وكوڕەكەچەڵ، لە هاوكێشەی كوشتنی باوك و دایكدا، لە گرێی ئۆدیبیدا دووڕووی پولێكن تەواوكەری یەكن،یەكەمیان باوك و دایكی دیارە لە زەنگینییەوە ئێستا هەژارە، زۆربەی كات لە بەندیخانەیە، دووەمیان تۆڵە لە هەژاری دەكاتەوە، زۆڵە گومان لە بوونی باوكی دەكات ئایا گایە یان مرۆڤە، ئێستا زەنگین و ئازادە، بێدەنگ،لەتێنگەیشتنی دەسەڵات لە نەدۆزینەوەی نهێنی،قبوڵدەكات دووجار لە بنكەی پۆلیس، بیست و پێنجار لە ئەمن، بگیرێت، ئازاربدرێت، لە دوای تەمەنی شەست ساڵیەوە و مایەپووچ و بێپارە بێت، كریكاری و دەستفڕۆشی بكات، كەچی كورەكەچەڵ بۆ جارێكش بەندیخانەی نەبینیووە، بە مەرجێ ئەم كەرەستە بێكەڵكەكانی بە دەسەڵات فڕۆشتووە، ئەمە دەبێ چ نهێنییەكی لەدوا بێت، تا ئێستا بە دوای دۆزینەوەی نهێنی باوكیدا وێڵە، نازانێ گابوو یان مرۆڤ،كەرەستەكان بێكەڵك بوون، یان پێویست، زیان بوو، یان دەسكەوتی دوو هێندەی سامان بوو، لەسەرجەم هاوكێشەی ئەم هاودژەوابوونەوەی ئاماژەكاندا،دكتاتۆری، یان ئازادی و دیموكراسی بوو، گەر نائاشكراكردنی ئاماژەكانی هیچگەرایی، نهێنی بێمانایی بوو، ئەوی لە دەقدا گرنگە، كرانەوەی ئاماژەكانە، ڕێكخستن و گونجاندنیانە لەگەڵ یەكتر،كردنەوەی دیوێكی تری ئاماژەكانە، خستنەڕوو و كرانەوەی كۆدە هاودژەكانە، داگەڕانی دیوێكی تری ڕۆمانەكەیە، وەك پێدزییەك، لەنێو پێدراوەكانی دەقی گێڕانەوەدا، بە شێوەیەكی ڕیالیزمانە، ئاماژەمان بە گرێی ئۆدیبی كرد، بەشێكی نادیاری دەقی بەرهمهاتووە، تەنیا لێرە مەبەستمان هەڵدانەوەی نهێنییەكی ترە، پاژێكی تر لە واقعی ڕۆمانەكە ئاشكرادەكەین، چونكە وەك بەختیار عەلی لە شوێنێكدا دەڵێت “واقیعیەت و چێوەكانی، تەنیا ئەو ژێرخانە گشتیانەن كە هەستەكانمان پێویستی پێیەتی تا لە شتە ناواقیعیەكان بگەین “5، قژ بنەمایەكە سەرجەم گرێچنی ڕۆمانەكە لە هاوكێشەیەكدا بەیەكەوە گرێدەدات، هەر جارێ بە جۆرێك لە هاودژەبوونێكدا،تێزی خوێندنەوەیەكی نوێ لە واقیعەوە دەگوازێتەوە بۆ خەیاڵێك، هەستەكانمان لە تێرمێكی فانتازیدا،بەركەوتن لەتەك كارەكتەرەكاندا دەكات، لە تەلیسمی پەیوەندی دنیایەكی سەیرو سەمەردا، كاروان عومەركاكەسوور، لە گێڕانەوەی ناوكۆی دەقدا تووشیشۆكماندەكات، یەكەم كوڕەقژدرێژ، ژنی ژێرزەمین نهێنی جوانیی قژی بۆ ئاشكرادەكات، پێیدەڵێت تۆ بە قژتەوە دەنازیت، كەواتە سەرجەم بڕین و داپاچینی قژی، لە ناشرینی بەتاڵدەكات، دووەم فڕۆشتنی ئەو بابەتانەی پەیوەندی بە قژەوە هەیە، وەك شانە، تۆقەو شامپۆ، گرنگی و جوانی قژ پشتڕاستدەكاتەوە، بە دەرخستنی ئەم جوانییە خاڵێكی ئۆدیبی دەسڕێتەوە،خاڵێكی نەرسیسی بیردەخاتەوە، سییەم بڕینی قژ، لە ستایلدا لێسەندنەوەی خەسڵەتە، جیاكاری بەرهەمدێنێ، بە مێگەلكردنە، گۆڕینی ناسنامەیە،لەنێوبردنی تایبەتمەندیی كەسایەتییە، دایك و باوكیهەر زوو مەبەستیانبوو، جیاوازی و تایبتمەندی بسڕنەوە، بیگێڕنەوە بۆ لۆكاڵ، ڕیزی هاووڵاتیبوون، بە كوڕەقژكورت بانگیان دەكرد، چوارەم هاتنەوەی قژجۆرێكە لە پێداگری سروشت، ڕادەستنەبوونە بەدەسكردەی سیستەمی باو، لەگەڵ هاتنەوەی قژدا سزا لە داكۆكیكردنی ناسنامەدا یەقدەداتەوە، هەر لە منداڵیەوە لەتەك بۆلیس و ئەمندا، تووشی چورتم و ئەشكەنجەو گرتنبووە، بە دیوێكی تر بڕینی و داپاچینی قژ، كەچەڵبوونی سەر لەنێوبردنی خەسڵەتی جوانییە، لە فۆرمدا هاوشێوەبوونە، هیچ تەوالێت و قژداهێنانی ستایلێكی تێدا نییە، لەیەك شێوەبووندا كوشتنە، ئەمەش لەتەك ڕۆحی نەرسیسی و هەستكردنی ئۆدیبیدا یەكنایەتەوە، پێنجەم ئەوەی كوڕەقژدرێژ دەبەستێ بە ژنی ساڵۆنەوە جیاوازی دەردەخات، ژنی ساڵۆن لە ستایلدا قژ ڕێكدەخات،جوانیدەكات و دەیڕازێنێتەوە، واتا بە جۆرێك لە جۆرەكان، لەتەك كەچەڵبووندا یەكنایەتەوە، ئەم جوانی قژ زیندوودەكاتەوە، لە كاتێكدا كوڕەقژدرێژ، بە تاوانی قژدرێژی جوانی تێدا دەكوژن، شەشەم ڕوویەكی تری خۆشەویستی كوڕەقژدرێژ، ژنی ژێرزەمینە، دیسانەوە پەیوەندی بە قژەوە هەیە، گەرچی ژنی ساڵۆن جوانی قژ دەردەخات، ئەوا ئەم بەكاسكێت دروستكردن جوانی قژدەشارێتەوە، دایدەپۆشێ، لە چوارچێوەی پارادۆكسێكدا لەگەڵ كوڕەقژدرێژدا یەكدێتەوە، نە كوڕەقژدرێژ ئەو كەرەستانە بەكاردەهێنێ، نە ژنی ژێرزەوی ئەو كاسكێتانە بەكاردەهێنی، كە دەخرانە بازارەوە، لەڕووی شوێنەوە كوڕەقژدرێژ لەسەرشەقام كاردەكات، بە ئاشكرا شەوی لە شوێنێك دا دەخەوێت،ژنی ساڵۆن شوێنی دیارە بەنهێنی لە ساڵۆن دەخەوێت، ژنی ژێرزەمین لە ژێرزەوی بە نهێنی كارەكەی خۆی دەكات، بازار ئەم سییانە كۆدەكاتەوە،لەدوای گرتنیان بەندیخانە ئاشكرایاندەكات كە داواكراوی ڕژێمن، گەرچی ژنی ساڵۆن بە ئاشكرا، بە سادەیی خۆشەویستی خۆی بۆ كوڕەقژدرێژ ئاشكراكرد، ئەوە ژنی ژێرزەمینە بەنهێنی، لەكاتیپێویستدا ئەوەی كرد، نەبادا كوڕەقژدرێژی لەكیس بچێت، ئاشكرایكرد، هاوسەرگیری لەتەكدا كرد،پیشەی بۆلیس و ئەمن وەك پیشەی ژنی ساڵۆن و ژنی ژێرزەوییە، ئەوەی دەیەوێت دەسەڵات لەنێو سیستەمدا،جوانبكات، ئەمن ناسنامەی نادیارە، جوانی و دەسەڵات لەژێر كاسكێتدا دەشارێتەوە، كچی ساڵۆن بە دیقەتە، لە سۆسەكردنی كوڕە قژدرێژ، ژنی ژێرزەمین ناسنامەی نەتەوایەتی جیاوازە، پێدەچێ عەرەب بێت،فێری زمانی كوردی بووە، لە ژێرزەوییەوە دەزانێ چۆنلەبنەوە كاری خۆیدەكات، مەبەست دەپێكی و گرێیدەدات بە ئابورییەوە، بە پارە ئەوی مەبەستییەتی بە پارە چاوشۆڕیدەكات، ڕایدەكێشێت، ئەوەی لە دیڕۆكدا دەیەوێت بەدەستی دێنێ، هاوسەرگیری لەتەكدا دەكات، لە كۆتاییدا كوڕەقژدرێژ لەو ساتەی لەبەردەم مۆزەخانە دەوەستێت، خۆی لە ڕێگایەكی داخراودا دەبینێ، لە دنیایەكی تردا، دنیا لەو دووڕووییە بەتاڵنەبووە، بەرگەی ئەو دووفاقیە دیڕۆكەی مێژوو ناگرێت، لە شكستبوونێكدا، یاخی دەبێت، خۆی لە پووچگەرای هەرەسی سیستەمێك دا، دەبینێ چۆن چەمكی تێگەیشتن لە سەردەمێكەوە بۆ سەردەمێكی تردەگۆڕێت، چۆن ئەوەی لە سەردەمێكدا نامۆو یاساغبوو، لە ئێستادا نەك نۆرماڵە، بەڵكو جیی شانازییە، ناسنامەی مێژووی وڵاتێكە، مێژوو هیچ نییە جگە لە درامایەك كە پووچگەرایی تێدانمایشدەكرێ، ئەكتەركانیش لە گۆڕینی چەمكەكاندا گەمەی تراژیدیایەك دەكەن، لە دواجاردا دەبێتە شوێنی گێڕانەوەو شانازیكردنی دەرهێنەرەكەی، هەرچەندە دەسەڵات لە دواجاردا بە دەرمانی كیمیایی وایانكرد قژی نەیەتەوە،كەچەڵ بێت، كەچی هێشتا بە كوڕە قژدرێژ بانگیدەكەن، گەرچی ڕووخساری گۆڕاوە،بەڵام وەك ئۆدیبییەك ناوەڕۆكی نەگۆڕاوە، نە باكی بە ژنە، نە بە گۆڕینی سەردەم، نە بە پەیامی مۆزەخانە، جارێكی تر یاخیدەبێت، پەلەماری ئەوكەرستانە دەدات، كە لەسەردەمانێكدا خۆی هاوردەیكردبوو، دیەوێت بیانشكێنی، پۆلیسەكان دەیگرن و دەیبنە بەندیخانە،ژنی ژێرزەمینی هاوسەری بە تەنیا بانگیدەكاتكوڕەقژدرێژ، ئەویش وەك ئێستای كورد لە دنیا دادەبڕێت ماڵباتیان لە پێناو ماڵ و حاڵ، بەرژەوەندی تایبەت، كوڕەقژدرێژ وئێمەی خوێنەریان، كردە قوربانی بەندیخانەی جیهانی، بە ئەستەم گەر بتوانێ جارێكی تر لە شوێنێكی تر دڵداری لەتەك پووچگەراییدا بكات.

                                                     ڕێبەندانی 2023 كەركوك

ژێدەرەكان

1ـ كاروان عومەر كاكەسوور ـ مۆزەخانەی كوڕەقژدرێژڕۆمان ـ ناوەندی ڕۆشنبیری ئاشتی ـ شوێنی چاپ تاران ـ چاپی یەكەم ـ ساڵ 2021

2ـ بەختیار عەلی ـ جوانییەكانی ناڕێكی ـ ناوەندی ڕۆشنبیری وهونەریی ئەندێشە ـ شوێنی چاپ تاران ـ چاپی یەكەم ـ ساڵ 2015 ـ لاپەڕە 29

3 ـ بەختیار عەلی ـ ئاوڕكەی ئۆرفیۆس ـ ناوەندی ڕۆشنبیری وهونەریی ئەندێشە ـ شوێنی چاپ تاران ـچاپخانەی رەجایی ـ چاپی یەكەم ـ ساڵ 2014 ـ لاپەڕە 168

4 ـ هەمان سەرچاوەی ژمارە ـ 2 ـ لاپەڕە 122

5 ـ هەمان سەرچاوەی ژمارە ـ 3 ـ لاپەڕە 74




كورد کوشتن بە سورەت.. شیعر\ نەوزاد بەندی

بێجگە له کورد
هەموو گەلێ
بۆی هەیە سورەتی ئەنفال،
بە زەوقی خۆی
جێبەجێ کا ..
بۆی هەیە مافی مرۆڤ و
میساقی یو ئێن له پێ کا ..
تەپلە لەسەر بێ یان خوزە ..
بۆینباخ لە مل یان ملپێچ ..
عەمامە بەسەر یان مێزەر ..
ڕیش گەز و نیویی یان کۆسە ..
سیکیولاربێ،
یان کیسرا و لویس وقەیسەر ..
بەڵشەفیک و
شێخ و سوڵتان ..
نەتەوەیی بێ .. خێڵەکیی و
گڵۆباڵیست و
کۆماریی و شاهەنشا و
میر و میانڕەو ،
یان تیرۆریست ..
یان عائیدون لە تیرۆر و
زانا و گەمژەی بێ ناونیشان ..

٭ ٭ ٭

هەر کەسێ بی، ڕێپێدراوە
بۆ هەڵکێشانی شمشێر و
ئاوەڵا کردنی قورئان ..
گەیشتنە سورەتی ئەنفال و
کار بە ئایەت به ئایەتیی،
دژی ئەوەی به ئەستەمیش
لێی بێ بۆنی کوردایەتیی

٭ ٭ ٭
عەگاڵ بەسەر بی ،
یان شەپقە ..
کافر بیت یان سۆشیالیستیی ،
مونافیق بی ،
حافیز قورئان بی .. یان چەتە و
تەکنۆکرات بی یان قەلەندەر ..
ئەهلی مزگەوت بی ،
یان نادیی ..
هاوڕەگەز خواز بی،
یان ڕەبەن ..
وەک دالی سەر بە قوتابخانەی
سوریالیی بی ..
یان وەک پیکاسۆ، تەکعیبیی ..
دادائیی بی،
یان کلاسیک ..
ئایدیالیست بی،
یان ڕۆمانتیک ..
سەر بە فیزیای کۆنی ئیسحاق نیوتن بی،
یان تۆبەکاری ڕێژەیی ئانیشتاین و
تێسلا و ئەوان ..
دڵخوازی ڕیاڵ مەدرید بی،
یان هی بارشا..
زانا بی یان نەخوێندەوار ..
بێ شەرەف بی ،
لەشفرۆش بی ..
ئاڵودەی مادەی هۆشبەر بی،
یان پیاوێکی ساغ و سالار ..
دەمت بۆنی سیواک بدا
یان بۆنی شامپانیا و ویکسی ..
هاڵاوی ڤۆدگات لێ هەستێ
یان شەرابی سووری پاریس ..
بۆنی حەشیشە و هێرۆیین
یان ڤایپ و نێرگەلە و سیگار
یاخود بۆنی سەگی تۆپیو ..
گرنگ نییە،
بۆت هەیە کار بە سورەتی ئەنفال بکەی
لە دژی کوردی خێر نەدیو ..
٭ ٭ ٭
سوور بی وەک سەگی ئەمریکیی ..
سپی بی وەک گورگی ڕوسیی ..
ڕەش بی وەکو وشتراڵۆک ..
یان وەکو کێکی هەڵئاوساو ..
یان ڕەش و چرچ بی
وەک پێڵاو ..
گرنگ نییە ..
ئەتوانی هەر کات بتەوێ،
ئەنفالەکە بکەیتەوە و
چاڵەکانیش هەڵدەیتەوە و
بە کۆمەڵ هاووڵاتی کورد
بدەیتە دەستی زیندەچاڵ..
بێ گوێدانە
خوا و پێغەمبەر ..
یو ئێن و خۆپیشاندان و
هاش و هوشی پایتەختە تێر و پڕەکان ..
چونکە کورد دروستکراوە،
بۆ نیشانەی تاپڕەکان ..
٭ ٭ ٭
گرنگ نییە لە بیابان مارمێلکە بخۆی،
یان لە مانهاتن کافیار و شەراب هەڵدەی ..
لە دەریادا بی یان لە شاخ ..
یان لە دارستان، ڕاو بکەی ..
گرنگ نییە ..
گرنگ ئەوەیە هەر کاتێ بێتاقەت بووی،
بۆت هەیە سورەتی ئەنفال،
جێ بە جێکەی، پیت بە پیتی ..
لە دژی کورد ..
چونکە نەوەی
سەڵاحەدینن ئەوانە،
ترسناکن لەسەر گێتی ..

٭ ٭ ٭

گرنگ نییە هەر چۆنێ بی،
هەر چییەک بی ..
گرنگ ئەوەیه بۆت هەیە
بە دەسنوێژ و
بێ دەسنوێژیش ..
ئەنفالەکە هەڵدەیتەوە و
دەستکەی بە ئیش ..

لەشت پیس بێ ،
یان بە ئیحرام،
بۆت هەیە دەست بەیتە قورئان،
بچیتە سورەتی ئەنفال،
دێڕ – دێڕ
ئایەت بە ئایەتیی،
لەسەر کورد جێ بە جێ بکەی..
ئەوەیە لوتکەی ئیمان و
مۆدێرنە و مرۆڤایەتیی..

٭ ٭ ٭

هەرچی کەناڵیی ئازاد و
ڕاگەیاندنی جیهانە،
کە بۆ زامدار بوونی سەگێ،
لە چەندین شار عەوداڵ ئەبن ..
لە ئاست کۆمەڵکوژیی کوردا،
کەڕ ئەبن ..
کوێر و لاڵ ئەبن
الجزیرة
CNN
FOX NEWS
BBC
RT
F24
….. هتد ..




گومان.. شیعری کەنعان مدحەت

خۆمم کردە باخچەی هەزار و یەک شەوا
هەر گوڵە مەمک بوو
گوڵە سمت
گوڵە ناوگەڵ بوو، گوڵە ناوگەڵ
نەقشە لاپەڕەی مێژو و
کەلەپوور..
ئەو ڕواڵەتە
ئەو هەمو گەڵاڕێزانە
کەللە سەرە لە لەش جیاکراوە بەردەوامانە
ڕۆژیان بە ڕۆژەوە دەهۆنی
نەبا ناوبڕ لە ناکاو
هێرش
بەسەر بەرەبەیانی شەهریارا بەرێ و
شەهرەزاد
تەشریف بێنێ

وا ئەم داستانە
لەژێر پەردە و ناونیشانی یەک لە یەک
قیزەوەن و زەقترا
لێرە و لەوێ
لە هەر سوچ و پارچەیەکی
دڵە بە چوار دابەشکراوەکەمدا
سەرهەڵدێنێ

ئیتر چۆن ئەو پەلکەڕەنگینە هەڵواسراوەی
بە ناو دیاریی ئاسمان
ختۆکەم با و
پێی خەنی ببمەوە

کەنعان مدحەت




هه‌ڵمانی شه‌ونمێ.. ده‌ق سیروان ناشاد

بوو به‌ هه‌ڵم له‌گه‌ڵ گیزه‌ی ئاوی سه‌ر ئاگری ده‌روونم
چووه‌ ئاسمان له‌گه‌ڵ نوزه‌ی
قوڵپه‌ قوڵپی رووحم …..
تووایه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌نگی دوا هاواری
سوتانم …..
بوو به‌ هه‌ڵم و دوا بزماری خۆی داكوتی
له‌ تابووتی خه‌ونه‌كانم
بوو به‌ هه‌ڵم .. چیتر نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر ره‌چه‌ڵه‌كی خۆی
كه‌ ئاوه‌ ..
بوو به‌ هه‌ڵم و نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و كانییه‌ی
دوای رۆیشتنی تاساوه‌ ……
بووبه‌ هه‌ڵم و نه‌هاته‌وه‌ ماڵی كانی
هه‌ڵماو رۆیی و ئێمه‌ی سپارده‌ بێكه‌سی و
دونیای ئێشی چاوه‌ڕوانی
بگه‌ڕێوه‌
چیت داوه‌ له‌ حیكایه‌تی باخچه‌ بێ بۆنه‌كانی
غوربه‌ت
بگه‌ڕێوه‌
دامه‌نیشه‌ به‌ دیار چیرۆکی نەبڕاوەی زه‌ریا
كه‌ خۆت له‌توخمی كانیله‌ی
وه‌ڕس نه‌بووی به‌ دیار
ئاژه‌ڵه‌ ده‌سته‌مۆكانی دارستان ؟
كه‌ خۆت له‌ جنسی كاریله‌ی
ده‌ بگه‌ڕێوه‌ ….
بوخچه‌یه‌كم له‌ شه‌ونمه‌ مه‌یوه‌كانی
سه‌ر رێحانان كۆ كردووه‌ته‌وه‌ …. تا لێوی ئاینده‌ی
پێ ته‌ڕبكه‌ی ……. بگه‌ڕێوه‌
ئه‌وێ جگه‌ له‌ بۆنی زستانی تووش و
شه‌وی درێژ ته‌نیایی چیتر نییه‌
به‌رامه‌ی پیره‌ خه‌ڵه‌فاوه‌كانی ئه‌وێ
نه‌داد ده‌دات .. نه‌ ئارامی و سه‌بوورییه‌…
ئاخر تۆ تژیت له‌ئیشق و ئاوه‌دانی
پڕیت له‌ ژیان ، له‌ سه‌وزایی و زنه‌ و كانی
خۆ تۆ لێوان لێویت له‌هه‌نجیره‌ وشكه‌ی
شه‌وانی نیشتمان
چیت داوه‌ له‌ گه‌ڕه‌كی سڕ و بێ ناونیشان ؟
بگه‌ڕێوه‌
به‌م هه‌موو سوێ و ژانه‌مه‌وه‌
به‌ڕیشی سپی و قامه‌تی وه‌ك گۆچانمه‌وه‌
ده‌بمه‌ حه‌وشه‌ی ئاسوده‌ییت
ده‌بمه‌ هیوای بێ ئومێدیت
ده‌بمه‌ كانی وه‌ك ئاوێنه‌ خۆت ببینیت
ده‌بمه‌ رێگا …. ده‌بمه‌ راز و بوخچه‌ و
حه‌شارگه‌ و نهێنیت
ئاخر گوڵم گوێسه‌بانه‌ی ماڵی چۆڵم به‌ ستوویه‌تی
دره‌ختی حه‌وشه‌ی ده‌روونم له‌ سه‌رمانا تاڵ تاڵی ریشی رچیوه‌
بگه‌ڕێوه‌ ئه‌و مەندە مه‌ودای دوورییه‌
هه‌رچی ژین وهەرچی بوونمه‌ كوشتوویه‌تی
وه‌ره‌ ….. باوان
وه‌ره‌ یارۆ …. وه‌ره‌وه‌ حه‌یران
رووكارم شێوه‌ی دووكه‌ڵی بخوری گرتووه‌و
ماتیم له‌ خامۆشی گۆڕستان ده‌چێ
چه‌قاوه‌سوویه‌كی كپم ….
بگه‌ڕێوه‌و رێگام بده‌ .. دوا گۆرانی بڵێمه‌وه‌
به‌سه‌ر گه‌ڵای ته‌مه‌نی بابردووم
به‌سه‌ر جه‌سته‌ی كفت و ماندووم
گۆرانیه‌ك هه‌رچی ئاهی نێوانمانه‌
هه‌رچی ئێشی زامی قووڵه‌ بێنێته‌ گۆ
گۆرانیه‌ك به‌سه‌ر شه‌وانی درێژی لێو بووی سوتان
به‌سه‌ر دوورایی نێوانمان
ئاخر یارۆ
ئاخر حه‌یران … ئاخر باوان
من ده‌ترسم
له‌ گشت تەرمیناڵه‌كانی دنیا
له‌وێستگه‌ی شه‌مه‌نه‌فه‌ر ولە ئوتوبانه‌ پانه‌كان
له‌وێستگه‌ی فڕۆكه‌ و له‌ گشت هێمای رۆیشتنێ
له‌ گڵۆپی سه‌وزی ترافیكه‌كان
ده‌ترسم
داده‌چڵه‌كێم
داده‌خورپێم
داده‌گیرسێم
كه‌ رێبوارێك به‌ جانتاكه‌یه‌وه‌ ده‌بینم
تك تك ده‌تكێم
دوكانی جانتا فرۆشه‌كانیشم خۆش ناوێ
به‌رامه‌ی جیایان لێدێ
ئاخر یارۆ ئاخر باوان ئاخر حه‌یران
ئه‌وانه‌ یانی رۆیشتن یانی سه‌فه‌ر یانی جیایی
یانی رۆژانی ته‌نیایی
یانی ئیتر ناتبینمه‌وه‌
بگه‌ڕێوه‌ ……
ئاگردانێ له‌ ناخمدا داگیرساوه‌
به‌ تنۆكه‌ شه‌ونمێكی چاوه‌كانت
سارد ده‌بتەوە
كۆشێ حه‌سره‌تی وشكه‌ڵاتووی ساڵانێكی شه‌قارم پێیه‌
به‌ بارانی فرمێسكه‌كانت ته‌ڕ ده‌بنه‌وه‌
ده‌ببارێ به‌سه‌ر رۆحما …. ده‌ بڕژێ
به‌سه‌ر شەکەتیی دڵ و گیانما
كه‌ تۆ پڕیت له‌سه‌خاوه‌تی جوانی
له‌ سه‌خاوه‌تی ئیشق
له‌ سه‌خاوه‌تی ماچ …. ده‌ببارێ
وه‌ره‌وه‌
چیت داوه‌ له‌ ئیشقی غه‌واره‌یه‌ك
پۆلوی ئه‌وین نه‌یسوتاندووه‌
كه‌ به‌فری كێوی ته‌زین نه‌یبه‌ستووه‌
كه‌ ئێشی له‌ته‌ شیعرێك نه‌ یڕچیوه‌
ئیتر چۆن كوانگێكی پڕ ژیله‌ مۆت
له‌ شه‌وی زستانی ئه‌وێ بۆ رێكده‌خا
چۆن ده‌توانی كۆشێ نۆته‌ی سۆزی
ئه‌وینت بداتێ
چۆن ده‌تكاته‌ بوكی جوانی
چۆن ده‌تكاته‌ گه‌ردانه‌ی كامه‌رانی
چۆن ده‌تكاته‌ ئه‌ستێره‌یه‌ك بۆ شه‌وانی تریفەمەند
چۆن ده‌بیته‌ داستانێكی جاویدانی
ئاخر یارۆ ئاخر باوان
كچێ حه‌یران
هه‌ر تۆ ده‌تگوت به‌یانی باشێ له‌ تۆوه‌ نه‌بیستم
من نیم
رۆژێ له‌ نێو نامه‌كاندا نه‌تبینم …. من نیم
نه‌فره‌تت له‌ دیكارت ده‌كرد كه‌ ده‌یگوت
( بیرده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌واته‌ هه‌م )
تۆ ده‌تگوت من هه‌م كه‌ تۆ هه‌ی
كه‌ تۆ نه‌بی بە دڵنیایی منیش نیم
هه‌میشه‌ ئه‌و لاوكه‌ت ده‌گوته‌وه‌
تۆ بوون و ژیان و حاڵمی
تۆ سات و رۆژ و ساڵمی
تۆ خۆشی و ژینی تاڵمی
كه‌چی حه‌یران
نیوه‌ شه‌وێ سه‌ربازێكی غه‌واره‌ی پیر
له‌ ده‌رگای دایت و باوه‌شی ئه‌وینت كرده‌وه‌
گوتت ئێستا ئه‌تۆ گه‌وره‌و خاون ماڵی
ئاخر یارۆ ئاخر باوان
كچی حه‌یران
خۆت ده‌تزانی … من خاكی تۆم
ره‌گه‌كانت له‌ زه‌وی رۆحی مندا نه‌بێ ناڕوێ
من ده‌نگی تۆم ئازاره‌كانت له‌ هه‌ناسه‌ی مندا نه‌بێ نادوێ
من ئه‌ستێره‌ی شه‌وانی تۆم
من ئاڵووده‌و ئارمبه‌خش و حه‌رفی ساده‌ی لێوانی تۆم
ئیتر حه‌یران ….
باوه‌شی هیچ غه‌واره‌یه‌ك
وه‌ك دڵی من پڕ سوکنایی و ئەوین نییە
ئامێزی هیچ رێبوارێك وه‌ك سینه‌ی من
له‌ ئارامی تژی نییه‌
چوون من نۆته‌ی ئاوازی تۆم ..
من تۆم …
بگه‌ڕێوه‌
دنیا ته‌مه‌ و چاوه‌كانم هه‌نگاوه‌كانم نابینن
هه‌ر ده‌ڕۆم و به‌رو مه‌جهول
ئاینده‌یه‌ك … هیچ دوارۆژێك بوونی نییه‌
شه‌وه‌و نوزه‌یه‌كم تیا نه‌ماوه‌
سه‌یوانێ بۆ سه‌بوری شك نابه‌م
زامێكی چه‌ندین ساڵه‌م و
خۆم به‌ كۆڵی خۆمدا داوه‌
ساكێكم له‌ پشت كردووه‌ له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ بۆ كۆتایی
ساكێك تێشووی رێگای دووری هه‌تاییمه‌و
پڕاو پڕه‌ له‌ ته‌نیایی
هه‌ڵماو رۆیی ….. شه‌ونمێ
نه‌هاته‌وه‌ ماڵی خۆی
كه‌ ئاوه‌
هه‌ڵماو رۆیی شه‌ونمێ ….
نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر ئه‌سڵی خۆی
كه‌ كانییه‌
ساكێكم له‌ كۆڵ كردوه‌ له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ بۆ كۆتایی
ساكێك تێشووی رێگای هه‌تاییمه‌و
پڕاو پڕه‌ له‌ته‌نیایی
بوو به‌ هه‌ڵم و
ئێمه‌ی سپارد بێكه‌سی و دونیای ئێشی چاوه‌ڕوانی
هه‌ڵماو رۆیی …. شه‌ونمێ
هه‌ڵماو رۆیی …..
هه‌ڵماو رۆیی
شه‌ونمێ

سیروان ناشاد