چەند تێبینییەك سەبارەت بەم بارودۆخەی ئێستای ڕۆژئاوا.. زاهیر باهیر

ڕۆژئاوا و سوریا و دەوڵەتانی دراوسێ بە بارودۆخێکی ئێکجار ئاڵۆزدا دەڕۆن ، بۆ ئێمە زۆر زەحمەتە کە بتوانین بە تەواوی سەری لێدەرکەین . ئەوەی کە لە ئێستادا دەیزانین و ڕوونە لامان، بوونی ئەجەندەیەکی شاراوەیە لە لایەن ئیئسرائیل و ئەمریکاوە، یاریکەرەکانی ناوچەکە بە تورکیا و حکومەتی سوریای داعیشەوە لە یارییەکی خۆێناویدا دەردەکەون و خوێنەکەش لە جەستەی ڕۆژئاوای کوردستان دەچۆڕێت .
هەموان دەزانین کە چی ڕویداوە و هەر یەکەشمان ڕەنگە پێشبینییەکی جیا و تایبەت بە خۆمانمان هەبێت دەربارەی ئەم گەمە خوێناوییە. من لێرەدا تەنها قسە لەسەر ئەو خاڵانە دەکەم کە تێبینیم کردوون .
یەك: شەپۆلی ڕایسیزم: شەپۆلێکی فراوانی ڕایسیزم و قەومچێتی تا ڕادەیەك فەزای هەموو ناڕەزایی و خۆپیشاندان و ڕووبەری میدیا و سۆشیالمیدیای گرتۆتەوە . ئەم شەپۆلەش پشکی هەرە زۆری کوردانی باشوور بە تایبەت ئەفەنییەکانی پشتی کۆمپیوتەر و کوردچییەکان، لە ناویشیاندا زیاتر خەڵکانی شارە حەیاتەکەیە ، شاری ڕۆشنبیری و یاخیی.
بە ئاشکرا ئەمە لەو ڕووبەرانەی کە لە سەرەوە باسم کردن دیارن و لە فەیسبووك و وەتساپیشدا بە دەیەها ڤیدۆ دەنێررێت لەوانەی کە چۆن مامەڵەی کوردانی ڕۆژئاوا و جەنگاوەرانیان لە لایەن خەڵکانی غەزە و شۆڤێنیسستەکانی عەرەب و داعشەکانی جۆلانییەوە دەکرێت، یاخود پارچە هەڵبەستی ڕایستیانە و فاشیانە دەنێررێت . هاوکاتیش بە دەیەها ڤیدۆی تر هەن کە لە لایەن خەڵکانی عەرەب و تورکەوە پشتگیری ڕۆژئاوا دەکەن کەچی کەمتر بایاخیان پێدەدرێت و زۆر بەدەگمەن دەستاودەستیان پێدەکرێن .
ئەمەی کە ڕوودەدات زۆر مەترسیدارە، لە کاتێکدا ئەم مەیلە ڕایسستانە لەناو خەڵکانی ڕۆژئاوا و باکوری کوردستاندا نییە ، گەر هەش بیت هەر زۆر دەگمەنن . ئەم جۆرە بە ناو چالاکییانە شتێك نییە جگە لە بەنزین کردن بە خۆشکردنی ئاگری شەڕی کورد و عەرەبدا نەبێت.
دوو: داوای لابردنی تۆم باڕاك: زۆرن ئەو کەسانەی کەوا دەزانن کە ئەوەی ڕووی داوە لە ڕۆژئاوا و سوریادا سیاسەتی خودی تۆم باڕاك، نێردەی ئەمەریکایە. ئەوانە پێیان وایە بە جێگرتنەوەی ئەو بە کەسێکی دیکە، ئەوە لە قازانجی کورد دەبێت دۆخەکە دەگۆڕێت. ئەوە راستە کە تۆم باراك بە بنەچە عەرەبی لوبنانییە و ڕەنگە مەیلێکی کەمی بەلای عەرەبدا لە پرسە بچووکەکاندا هەبێت، بەڵام ئەو تەنها نوێنەرایەتی سیاسەتی ئیدارەی ئەمەریکی لە سوریا دەکات و سیاسەتەکانی ئەمەریکا جێ بەجێدەکات و ناتوانێت سەرپێچی بکات . بەڵگەش بۆ ئەمە: بوونی فرماندە گەورە سەربازییەکانی ئەمریکییە کە لەوێن، هەروەها کەسانی گەورەی دەزگەی سیخوڕی سی ئای ئەیە، خۆ ئەگەر تۆم باڕاك سیاسەتی ئەمەریکا پێچەوانە بکاتەوە ئەوان بێ دەنگ نابن. دوای ئەوە کە بەندیخانەکانی هەسەدە کە سیخناخ بوون لە گیراوانی داعش و خێزانیان، کاتێك کە لەلایەن سوپای داعشی سوریاوە هێڕشیان کرایە سەر هەسەدە و پاسەوانانی بەندیخانەکان هێزەکانی ئەمریکایان لێ ئاگەدارکردنەوە ، بۆچی ئەو هێزە ئەمریکییە هیچ نەهاتنە دەنگ و بەداواکەی هەسەدەوە نەچوون؟
سێ: ترامپ بزنسامانە و سیاسی نییە: زۆرێک لە ڕۆشنبیران و فەیسبووکوانی کورد سەبارەت بە خراپی هەڵوێستی ترامپ بە ڕۆژئاوا و کورد دەڵێن ترامپ بزنسمانە نەك سیاسی و کەسانی سیاسی ئاوا ئیدارە بەڕیوە نابەن . ئەم کەسانە هیچ جۆرە زانیارییەکیان نە لە سیاسەت و نە لە ئابوریش نییە. ئەمان تێناگەن کە سیساسەت و سیاسەتکردن رەنگدانەوەی ئابوورییە و بۆ بەرژەوەندی ئابووریانەیە ، وەکو ئەوەی کە سەرانی پێشوی ئەمەریکا لەسەر پەنجەی بزنسمانە گەورەکان و کۆمپانیا زەبەلاحەکان نەسوڕابێتنەوە!! .
ئیدارەی سیاسی هیچ نییە جگە لە پارێزەری ئابووری و هەیمەنەی ئابووری ، گەورەیی و هەیمەنی هەر وڵاتێك بە بەهێزی ئابوورییەکەیەوەیە، هەر لەبەر ئەوەیە کە سیاسەت و بەرنامەی پەروەردە و پێگەیاندن و هەوڵی حکومەتەکان بۆ گەشەی ئابوورییە، تەنانەت سوپاکەی لە خزمەتی ئەوەدایە. ترامپ هەم سیاسییە و و هەم بزنسمانێکی گەورەیە بڕیارە سیاسییەکانی کە دەیدات ڕەنگدانەوەی دۆخی ئابوورییە و بۆ پاراستن و سوودگەیاندنی زیاتری ئابووریانەیە بە سامانداران و کۆمپانیا گەوەرکان.
چوار: کارایی ئەم ڕووداوە لەسەر بەناو پرۆوسەی ئاشتی : بێ گومان ئەمەی کە ڕوودەدات کارایی زۆر خراپی لەسەر کوردانی باکور و پەکەکە و خودی ئۆجەلان دەبێت . هەسەدە بربڕە پشتی ڕۆژئاوا و باکوری تورکیا بوو . ئەوەندەی کە هەسەدە و ئیدارەی خۆسەریی لای ئەردۆگان و ئاکەپە گرنگ بوو بە دەیەکێکی ئەوە پەکەکە نە لایان گرنگ بوو نە مەترسیشیان لیی هەبوو . پەکەکە لە ژێر ڕکێفی دەوڵەتی تورکیادایە هەموو کاتێك حکومەتی تورکیا دەیانتوانی و دەتوانن شەڕی بکەن ، وەکو کردویانە و سێ کوردستانیشیان پیوە وێران کرد . ئەردۆگان و ئاکەپە خۆیان دەیانزانی بزوتنەوەی چەکدارانەی پەکەکە لە 2015 وە گەورەترین خزمەتی بە دەوڵەتی تورکیا کردووە و بچوکترین خزمەتی بە کورد و کوردستانەکان نەکردووە.
ئەردۆگان و ئاکەپە ڕۆژئاوایان ئەوەندە بە گرنگ و مەترسیدار بۆ سەر دەوڵەتی تورکیا زانیوە گەر لەبەر هاوپەیمانی ئەمەریکا لەگەڵ هەسەدەدا نەبوایە و ئەو هاوپشتی و پشتگیرییەی کە ڕٶژئاوا هەیبوو نەك هەر لە کوردستانەکاندا، بەڵکو لە زۆر وڵات لە جیهانیش دا، ئەوە تورکیا بە هەموو شێوەیەك لێی دەدا و کۆتایی پێدەهێنا گەر چی تا ئێسا درێغی نەکردووە هەر کات هەلی بۆ ڕێکەوتبێت گورزی گەورەی لێوەشاندووە.
بە بڕوای من ڕوودانی ئەمەی کە ڕوویداو گەر ئاوا بڕوات، کۆتایی بەو بەناو پرۆسەی ئاشتییە دەهێنێت و ئۆجەلان یا فەرامۆش دەکرێت یاخود دەبێت ئەوە بکات کە ئەوان دەیانەوێت . هەسەدە هێزێکی گەورە و پاڵپشتێکی مەعنەوی زۆر گرنگ بوو بۆ ئۆجەلان ئێستاش هەر گرنگە، هەر شکستییەك بۆ هەسەدە شکستیەکی گەورەیە بۆ ئۆجەلان و پەکەکە.
پێنج: لۆمەکردنی ئەمەریکا: هەرە زۆرینەی کورد و هەندێكیش لە چەپە سیاسییەکانی ئەوروپا وعەرەب و حکومەتەکان لۆمەی ئەمریکا دەکەن کە گوایە بێ وەفا بوو لەگەڵ کورددا و کورد ئەو هەموو قوربانییەی داوە بۆ لەناوبردنی داعش و نەهێڵانی چالاکی تیرۆریستیانەیان و پاراستنی هاووڵاتیانیان لە ئەوروپا و ئەمریکا و هەندێك وڵاتانی دیکەی دونیادا.
ئەمانەی کە خاوەنی ئەم بۆچوونانەن ئەو پرسیارە ناکەن چ گرێبەستێك هەبووە لە نێوانی هەسەدە و ئەمریکادا؟ ئەوەی کە تۆزێك بە ئاگا بێت لە بارودۆخەکە دەزانێت کە ئەمریکا هەر لە سەرەتاشەوە هیچ بەڵێنێکی بە هەسەدە و کوردانی ڕۆژئاوا نەداوە. ترامپ خۆی وتی ” کورد ئازایە و شەڕکەری باشن، هاوکاری ئێمەیان لە لەناوبردنی داعش دا کردوە ، ئێمەش هەقی خۆیانمان داونەتێ ، یارمەتیمان پێداون و پارەمان داونەتێ” تۆم باراك-یش ئەوەی دووپات کردووە بەڵام بە جۆرێکی دیکە کە وتی ” ئێمە چی تر ئێشمان بە هەسەدە نەماوە و ئێستا حکومەتێك هەیە کە هاوپەیمانمانە لە شەڕ دژ بە داعش دا”
ئەمەریکا نەك هەر ئەوەی کرد بەڵکو هات کورد و بەخۆدانی کوردانی لە ڕۆژئاوای پارچە پارچە کرد . ئەو هات تەنها پەیوەندی بە هەسەدەدوە کرد و کاری لەگەڵ ئەواندا دەکرد و دوو بەشەکەی دیکەی ڕۆژئاوای ‘ئیدارەی خۆسەریی و خودی پەیەدەی ‘ فەرامۆش کرد، ئەمە لە کاتێکدا کە هەسەدە سوپای پارێزەری ئیدارە خۆسەییەکەیە و پەیەدەش پلاندانەر و نەخشە کێشێتی .
ئەمریکا هەرگیز ئەمەی نەشاردۆتەوە کە ئەوان هاوپیمانن لەگەڵ هەسەدەدا نەك لەگەڵ پەیەدە و ئیدارەی خۆسەرییدا . ئەم سیاسەتەی ئەمریکا کە هەر سێ بەشەکەی ڕٶژئاوا هەر لە سەرەتاوە قەبوڵیان کردووە گۆڵکردنێك بوو لێیان و زۆر زۆر مەترسیدار بوو بۆیە بوو بە هۆکارێك لە ڕوودانی ئەوەی کە ئێستا رووی داوە.
زۆرێك لە ئێمە ئەوەمان زانیوە و دەزانین کە پاڵدان بەئەمریکا و وڵاتانی غەربەوە هیچ جێگای متمانە نین و ئەوان نەك هەر بەدوای بەرژەوەندی خۆیانەوەن بەڵکو زۆربەیان مێژوییەکیان نییە لە ڕزگارکردنی هیچ نەتەوە و هاوکاری هیچ بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەدا، بگرە مێژوویەکی خۆێناویشیان هەیە .
بەداخەوە ئێستا دەبینین هەمان سیناریۆی ئەفغانستان لە سوریا دووبارە دەبێتەوە . ئەو هەموو قوربانییە لە ئەفغانستان درا ، ئەو هەموو پارەیە سەرف کرا بۆ ئەوەی تالیبان لە دەسەڵات بخرێت، بەڵام ئەوە بوو هێنانیانەوە بۆ سەر حوکم ، ئەمە لە کاتێکد لە لایەن ترامپەوە لە هەڵپەی هەڵبژاردنەکەیدا بە خاڵێکی گەورەی لاوازی بایدن و ئیدارەکی دانا. ئێستاش هەمان شت لە سوریا دووبارە دەبێتەوە ، بەڵام ئەمەی سوریا زۆر زۆر مەترسیدارە کە جێنوسایدی بەدواوەیە ، ڕەنگە شەڕی عەرەب و کوردی لێبکەوێتەوە، تیشکی ئەم ئاگرە وێرانکاریەی ئەم شەڕە ڕوو لە عێراق و ڕەنگە وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش بکات.
ئەمە ئەو پلان و ئەجەندەیە کە ئەمەریکا و هەندێك لە دەوڵەتانی غەربیش بەدەستیانەوە. کاتی ئەوە هاتووە کە وانەیەکی گەورە وەرگرین مەبەستم تەنها هەر لە ڕۆژئاوا نییە. دەبێت ڕۆڵی گڵاوی حیزبایەتی و سەرکردە پەرستی و جەنگی چەکدارانە مەگەر تەنها بۆ بەرگری لە خۆمان نەبێت ، ڕەت بکەینەوە. کاتی خۆڕێکخستنی خۆمانە لە دەرەوەی حیزب و هەژموونی سەرکردە و ڕابەر و بیرمەند ، کاتی خۆهۆشیار کردنەوەمانە. با هیتاف و دروشمی بریقەداری بژی و بڕوخێ و بیرکردنەوە لە نیگای سۆزەوە لاوەخەین و بە مێشکمان ، نەك بە سۆزەوە بیربکەینەوە، سوود لە خوێندنەوەی مێژوو سەبارەت ڕۆلی خوێناوی دەسەڵاتداران و دەسەڵاتخوازان ببینین . تەنها ئەوە ڕێگەیەکە کە دەکرێت لە ئایندەدا بیگرینە بەر . هاوکاتیش لە ئێستادا دەبێت بە هەموو جۆرێك لە جۆرەکان ڕاوەستین دژ بە زوڵم و زۆر و جێنۆسایدی نەتەوەیەك ، دژ بە هێزە تاریکەکان کە دەیانەوێت ڕەوڕەوی عەجەلەی مێژوو بەدوادا لەژێر پەردە و بە ناوی دین و پوچگەرایی و شۆڤێنێت و فاشیزمەوە بگێڕنەوە، ڕێگە ڕاستەکەمان لێ هەڵە بکەن و بەو ئاراستەیەدا بمانبەن کە خۆیان دەیانەوێت.

زاهیر باهیر
22/01/2026




ئەدەبی منداڵان بە زاری گەورەكان.. سەدیق سەعید ڕواندزی

تێڕوانینێكی هەڵە لە بارەی ئەدەبی منداڵانەوە لە نێو ئێمە بوونی هەیە ئەویش ئەوەیە، كە ئەو ئەدەبە لە جیهانبینی گەورەكانەوە دەبینرێت و خوێنەوەی بۆ دەكرێت. واتا گەورەكان ڕێسا و بنەمای نووسینی ئەو ئەدەبە بۆ منداڵ دیاری دەكەن و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی كە جیهانبینی گەورەكان، زاڵ بێت بە سەر شێوە و ناوەڕۆك و چۆنیەتی نووسینی دەقی ئەدەبی بۆ منداڵان. بێگومان ئەمە بەو مانایە نییە كە گەورەكان بۆ منداڵان نەنووسن، كە لە بنەڕەتدا هەردەبێ ئەوان بینووسن، بەڵكو بەو مانایەی دەبێ جیاوازی لەگەڵ ئەدەبی گەورەكان بكەین. بە نموونە، تەكنیك و فۆڕم و ناوەڕۆكی بابەتییانەی دەقێك لە ڕووی واتایی و ڕەهەندی زمان و هزرەوە بەراورد بەو ڕەهەندە پەروەردەیی و فێركارییەی كە ڕۆڵی سەرەكی لە دروستكردن و پێ گەیاندنی كەسیەتی منداڵ هەیە بایەخێكی نییە. لە ئەدەبی منداڵاندا، تەكنیك و شێوەی نووسین گرنگ نین، ئەوەی لە پێشەوەی تەكنیك دێت، چۆنیەتی گەیاندنی ئەو پەیامە فێركاریی و پەروەردەیەیە كە دەبێ بە ئاسانترین شێوە و ڕێگای گونجاوی هزریی و سایكۆلۆژیی بگەیەنرێتە منداڵ. لە ئەدەبی منداڵاندا، تەكنیكی هاوچەرخانە، سمبول و زمانی ئاڵۆز و وێنەی نامۆ بایەخێكیان نییە، چونكە ڕووە فێركارییەكە گرنگە، هەر ئەمەشە وادەكات كە ئۆپەرێتێكی گۆران دوای هەفتا ساڵیش، یان شیعرێكی كاكەی فەلاح، دوای پەنجا ساڵیش هەر لای منداڵان وەربگیرێن و سەرچاوەی چێژ و خۆشی و هەست بزوێنی و فێركردن و پەروەردە بن. لێرەوەش دیاریكردنی هەر ڕێسایەكی نووسین، بە تێگەیشتن و تێڕوانینی گەورەكانەوە لە بارەی نووسین بۆ منداڵان هەڵەیە، چونكە تێگەیشتنی منداڵ، هاوشێوەی تێگەیشتنی گەورەیەك نییە تاكو لە پەراوێزی دەقێكەوە لە سەر تەكنیك و زمانی ئاڵۆز و وێنەی هونەریی و شیعریی بوەستێت، بەڵكو دەبێ ئامانج لە نووسینی منداڵان بەدەر لە مانە هەمووی بە پلەی یەكەم، ڕەهەندی پەروەردەیی، فێركاریی و نیشتمانی بێتن. ئەم ڕەهەندەش، بێ هەبوونی زمانێكی سادە و فۆڕمێكی ساكار لە دەربڕیندا، ناتوانرێت ڕەنگبداتەوە لە دەق. لێرەوەش هەر كلێشەسازییەك لە ڕووی تەكنیكی نووسینەوە بە مەبەستی ڕێساكاریی و پەیڕە و كاریی بۆ نووسین لە بارەی منداڵانەوە دیاریی بكرێت، بە تایبەتیش گەر بە تێڕوانینێكی هزری گەورەكانەوە نووسرا بێت، زۆر هەڵە دەكەوێتەوە، چونكە یەك ناگرێتەوە لەگەڵ توانست و جوڵە و پەیوەندی منداڵ بە نووسینەوە. بۆ نموونە: منداڵ ناتوانێت نۆڤلێتێكی درێژ بخوێنێتەوە، بەڵام دەتوانێ كورتە چیڕۆكێك بخوێنێتەوە و چێژی لێ وەربگرێت، دەتوانێت دە دێڕە شیعرێك ئەزبەر بكات، بەڵام شیعرێكی درێژ نا، بۆیە ئەوەی لە ئەدەبی منداڵان گرنگە چۆنیەتی گەیاندنی پەیامە فێركاریی و پەروەردەیەكەیە. لەو سۆنگەیەوە ( خدر ئیبراهیم خدر) لە وتارێكیدا، كە هەر لەو ڕۆژنامە سەنگینە واتا هەولێر بڵاوی كردبووەوە، باس لە شێوازی نووسین بۆ منداڵان دەكات و دەنووسێت:-( نووسین بۆ منداڵان دەبێ بەش بەش بكرێت، سوژە پێچەوانە نەبێت، پرەنسیپەكان لە خۆ بگرێت، وەڵامی پرسیاری منداڵان بداتەوە، دیالۆگ جیا بكرێتەوە، نووسینەكە یەك پاكێج بێت، زۆر شارەزایی لە هەموو ڕووەكانەوە تێدا بەدەست بهێنن، زانست و تەكنەلۆژیای سەردەم تەوزیفی نووسین بكات، ترس و گومان و دوودڵیان لا نەهێڵێت ) ئەمانە و هەروەها چەندین بنەمای دیكەی هونەریی و تەكنیكی و بابەتی دیاریكردووە، كە دەبێ نووسەرانی بواری ئەدەبی منداڵان ڕەچاوی بكەن، كە ئەگەر بەو پێوەرەی ئەو بێت، ئەوا بە ساڵێك شاعیرێكی بواری ئەدەبی منداڵان، ناتوانێت شیعرێك بۆ منداڵان بنووسێت، چونكە هەر دەبێ سەرقاڵی بیركردنەوە لە تەكنیك و تیچماو داڕشتن بێت. لە ڕاستیدا، ئەو پێوەر و مەرجانە، بە تایبەتیش لە ڕووی فۆڕمی هونەریی و گوتاری ئاڵۆزی ناوەڕۆكی ئەدەبی منداڵانەوە، لە پەراوێزدان و پێشینەیی نین، بەڵكو ئەوەی گرنگە لە بواری نووسین بۆ منداڵان، دوو ڕەهەندی هەرە دیارە، كە ئەویش پەروەردەیی و فێركاریین، بەو مانایەی دەقی منداڵان، دەبێ هەڵگڕی ناوەڕۆكێكی پەروەردەیی و فێركاریی بێت و هزری منداڵان بە ئاراستەی پەروەردەكردنێكی نموونەیی و پێگەیاندنی كەسیەتییەكی ئازاد و نیشتمانی ئاراستە بكات، ئەمەش لە ڕێگەی زمانێكی سادە و ڕەوان، بە ڕەچاوكردنی ڕیتم و شیعرییەتی گێڕانەوە و وێناكردن . منداڵ كە دەقێك دەخوێنێتەوە، یان گوێبیستی شیعرێك دەبێت، ژیری دەستكرد و تەكنیك و میتۆدی نووسینی دەقەكەی بەلاوە جێی بایەخ نییە و هەر ناشزانێت چین، ئەو تەنها ئەوە دەزانێت بخوێنێتەوە و گوێبیست ببێت و دواتر ڕاڤەی مانایی بۆ بكرێت، ئەمەش تەنها لە ڕێگەی زمانێكی سادە و فۆڕمێكی ساكارەوە دەكرێت، بۆ ئەوەی هزری منداڵ بە ئاسانی ئەو بابەتە وەربگرێت، كە ئاراستەی دەكرێت. لێرەوەش گەر سەرنج بدەینە ئەدەبی منداڵان بەگشتی، دەبینین كەمتر كار لەسەر تەكنیكی نووسین و فۆڕمی دەرخستن و وێناكردن كراوە، بەڵكو ئەوەی گرنگە ئەوەیە، كە چۆن ئەو ڕەهەندە فێركاریی و پەروەردەییەی پێویستە لە میانەی ناوەڕۆكی ئەدەبی منداڵان هەبێت، بگەیەنرێت. گەر بمانەوێت قوتابخانە لە شیعرێكی منداڵاندا بە منداڵ بناسێنین، ئەوا هەر دەبێ وێنا گشتییەكەی قوتابخانە، كە شوێنی پەروەردە و فێركردنە بكەین، ئەگینا ناكرێت هەرچی وردەكاریی نێو قوتابخانە هەیە لە شوێن و كارەكتەرەكان بە منداڵ بناسێنین، بۆیە ناكرێت هەر نووسەرە و بە تێگەیشتنی خۆی، نەخشەڕێگەیەك بۆ نووسینی ئەدەبی منداڵان دیاری بكات. دەبێ ئەم لایەنە بۆ نووسەرانی ئەو بوارە خۆیان جێبێڵین، كە بە ڕاستی ئەوانەی لە نێو ئێمەدا لە بواری ئەدەبی منداڵان دەنووسن، لە نووسەرانی جیهان بە تواناتر نەبن، كەمتر نین، ئەمە دەڵێم لە كاتێكدا دەیان دەقی وەرگێڕدراوی ئەدەبی منداڵانم بە زمانی كوردی خوێندۆتەوە وبەراوردم كردوون بە شیعر، یان چیڕۆكی نووسەرێكی كوردی بواری ئەدەبی منداڵان.

ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی هەولێرژمارە( 4478) لە 18/1/2026 بڵاوكراوەتەوە.




دۆنکیشۆتەکانی بەردەم کامێرا.. نەوزاد بەندی

ڕێبین هەردی له ڕەخنەیەکیدا بۆ دکتۆر عەلی قەرەداغیی، ئەڵێ : نەختێ بێدەنگ به، ئێمە خوێنمان لێ ئەچۆڕێ !! برا .
ئەڵێم بێ زەحمەت خوێنی چیت لێ ئەچۆڕێ ؟ چەکت کردە شان و چویت بۆ ڕۆژئاڤا و بریندار بوویت وا خوێنت لێ ئەچۆڕێ؟
دوو سێ خێزانی ئاوارەی ڕۆژئاوات هێناوەتە ماڵی خۆتان و ..نان و داڵدەت بۆ دابینکردوون و چوویت بۆ کرێکاریی بۆ دەستخستنی داهاتێک بۆ خزمەتکردنیان و ..بلۆک لەسەر شانت ترازاوە و بریندار بوویت و خوێنت لێ ئەچۆڕێ ؟؟
مانت لە خواردن گرتووە و لەبەردەم قونسوڵی وڵاتە کۆڵۆنیالیستەکاندا وەک مێخ لە ژێر بەفر و شەختەدا خۆت داکوتیوە و ڕاوەستاویت ؟ لاوانت کۆکردۆتەوە و بە پاچ و داس و خاکەناز و دار و بەردەوە ڕووە و ڕۆژئاوا بەڕێکەوتوون؟ ماڵ به ماڵی شار گەڕاویت و ..سوتەمەنیی و ئازوقەت بۆ کۆبانی و حەسەکە کۆکردۆتەوە و لەو پڕۆسەیه بریندار و شەکەت بوویت و خوێن لە قامکەکانت ئەچۆڕێ ؟؟
تۆ لە نادادیی و موچە بڕان و قەتڵ و عامیی ناوخۆی خۆماندا، بریندار نەبوویت و خوێنت لێ نەچۆڕا ..کەرکوک تەسلیمکرایەوە، نەوت و غاز بە دێلیڤەریی نێردرانەوە، بریندار نەبوویت، ئێستا چۆن وا دوور بە دوور بۆ ڕۆژئاڤا بریندار بوویت و خوێنت لێ ئەچۆڕێ؟؟

لەو لایشەوە ئەبوبەکر هەڵەدنیی لە کوردستانی ڕۆژئاواوە ڤیدیۆیەکی تۆمار کردووە، له شارێکی ئارام و پڕ سەوزایی و ڤێلای خۆش و مۆدێرن، وەک ئەوەی چوو بێت بۆ گەشت نەک بۆ پێشمەرگایەتیی، بەو جۆره ئەڵێت بەرپرسی ئەو شارەمان بینی کە غەریب حەسۆ بوو، پشتگیریی کوردستانی عێراقمان پێ ڕاگەیاندن !!

یەعنی چی پشتیوانی کوردستانمان گەیاندە غەریب حەسۆ؟ واتا چۆن چۆنیی گەیاندتان ؟ چی بوو ئەو پشتیوانییە؟ بەڕوو بوو ؟ فیشەک بوو ؟ پشتیوانیی چییە ؟ گوڵە یەخەیە ؟ لەفەی قاورمەیە ؟ چییە ؟
پشتیوانیی ئەوەیە گەنجان و لاوان به چەک ودار و بەردەوە بچن به هانایانەوە ئەگینا وشەی پشتیوانیی و ئەو جۆره شتانە، تەنها کاتیان لێ ئەکوژێ و خوێ ئەکەن بە برینەکانیانەوە ..وەک ئەوە وایە بچیت بۆ لای نەخۆشێک و وێنەی دەرمانێکی پیشان بدەیت و بڵێی ئەم دەرمانەی لەم ڕەسمەدایه زۆر باشە بۆ تۆ ..تەماشای کە، دەرمانێکی چەند چاکە !!.
بە کڵاو و جامانەی مل و ئەو شتانە نابنە پێشمەرگە، مادام گەیشتیتە ئەوێ، ئەبوو بەشداریی شەڕێکت بکردایه و وێنەی شەڕەکەت بۆ بناردینایەتەوە، نەک لەبەر چەپڵە و دەستخۆشیی، لە گۆشەیەکی ئارام و مۆدێرن و پڕ سەوزایی، وەک گەشتیارێک دەربکەویت نەک وەک پێشمەرگەیەک ..ئێوە ئەتانەوێ هیچیش نەکەن و چەپڵەیشتان بۆ لێبدەین، شەڕیش نەکەن و پێشمەرگەیش بن، نەیشکوژرێن و شەهیدیش بن ..فیرعەونانە بژین و بیلالانەیش حەق و حیسابی قیامەتتان لەگەڵدا بکرێ ..ئەوەیشتان زەحمەتە دەست بدات بۆتان.
مەوزوعەکە خورمژەکەیه ، خورماتان ئەوێ و مێوژیش.. دنیا و ئاخیرەت و دین و عەلمانیەت و بۆینباخ و ڕەشماڵ و ڕیش و لاندکرۆزەر و ڤێلا و هەموویتان تێک ترشاندووە، مەگەر خوا بزانێ ئێوە چین و چیتان ئەوێ ..




بازاڕی خوێن و خەونی سوڵتان.. ستارئەحمەد

مێژووی مرۆڤایەتی پڕە لەو کارەساتانەی تێیدا ژیان و خاکی نەتەوەکان کراونەتە قوربانی بۆ بەرژەوەندیی تاقمێکی کەم. ئەوەی ئێستا لە خاکی سووریادا و بەتایبەت لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فوڕات دەگوزەرێت، وەرچەرخانێکی یەکجار مەترسیدارە لە مێژووی پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەکاندا. پەردە لەسەر شانۆگەرییەکی تاریك لادراوە، کە تێیدا چارەنووسی گەلان لە بازاڕێکی کراوەی بازرگانیدا دەخرێتە ڕوو. ئەوەی ئێمە دەیبینین تەنیا جەنگێکی چەکداری نییە، بەڵکو گۆڕینەوەی جڵەوی خاکێکی دەوڵەمەندە لە دەستی کوردانەوە بۆ چنگی تاقمە توندڕەوەکانی جۆلانی، ئەمەش تەنیا لە پێناو تێرکردنی تەماحی دارایی و ڕامیاریی زلهێزەکاندایە. لەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا، سەرۆکی ئەمریکا وەک بازرگانێکی بێبەزەیی دەرکەوتووە، کە تەنیا زمانی ژمارە و قازانج تێدەگات. ترامپ بە چاوێکی تەماحکارانە دەڕوانێتە بیرە نەوتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە ساڵانێکی زۆرە وەک یەدەگێکی گرنگی وزە لە ناوچەکەدا هەژمار دەکرێن. پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی ئەم دواییەی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە، گەورەترین بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە کوردانی سووریا کراونەتە کاڵایەکی هەرزانی بازاڕ. تورکیا بەڵێنی داوە هەموو کێڵگە نەوتییەکان ڕادەستی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئەمریکا بکات، لە بەرامبەر ئەوەی گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵبگیرسێنرێت تا خەونە مێژووییەکانی خۆی بۆ لەناوبردنی قەوارەی کوردان جێبەجێ بکات.
ئەم ململانێیە لایەنێکی تری ترسناکی هەیە، ئەویش ململانێی ئابووریی نێوان ئەمریکا و بەریتانیایە. ڕکابەرییە کۆنەکان وای لە ترامپ کردووە بیر لە سزادانی هاوپەیمانە دێرینەکەی بکاتەوە. بەو پێیەی بەشێکی زۆری نەوت پێشتر لەژێر کۆنترۆڵی کۆمپانیا بەریتانییەکاندا بوو، ئێستا واشنتۆن دەیەوێت بە هاوکاریی تورکیا ئەو کۆمپانیایانە دەربکات و جێگەیان بگرێتەوە. تورکیا لێرەدا وەک ئەندازیاری یەکەمی هێرشەکان دەردەکەوێت، کە نەک هەر بە چەک و تەقەمەنی، بەڵکو بە زانیاریی وردی سیخوڕی پشتگیریی تاقمەکانی جۆلانی دەکات تا نەخشە نوێیەکە وەک خۆی جێبەجێ ببێت. سوپای جۆلانی لەم پێناوەدا قێزەونترین کارە ناڕەواکان ئەنجام دەدەن؛ لە کوشتنی بەکۆمەڵ و تاڵانکردنی ماڵ و سامانی خەڵکەوە تا دەگاتە وێرانکردنی ژێرخانی وڵات و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە، کە ئەمە ڕووی ڕاستەقینەی ئەو بەکرێگیراوانە نیشان دەدات کە تەنیا وەک ئامرازێکی وێرانکار لە دەستی داگیرکەردان.
خەونەکانی دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە تەنیا لە داگیرکردنی چەند ناوچەیەکی سووریادا کورت نابنەوە. ئەوان خەون بە گەڕانەوەی شکۆی ئیمپراتۆریەتێکی نوێی عوسمانییەوە دەبینن، کە تێیدا دەسەڵاتیان بەرەو ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا و باشوور پەرە بسێنێت. ئەم فراوانخوازییە مەترسییەکی یەکجار گەورەیە بۆ سەر تەواوی وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەت ئوردن و میسر کە ئێستا خۆیان لە بازنەی ئامانجە تاریكەکانی تورکیادا دەبیننەوە. ئەردۆغان بە کردەوە سەلماندوویەتی کە دارەدەست و پاشکۆی جولەکە و داگیرکەرانە و بۆ پاراستنی کورسییەکەی، ئامادەیە ببێتە کۆیلەی ئەمریکا و ئیسرائیل. تورکیا بەڵێنی بە ئەمریکا داوە کە هێزە توندڕەوەکانی جۆلانی وەک سووتەمەنیی جەنگ و هێزێکی بەکرێگیراو لە داهاتوودا دژی عێراق و لوبنانیش بەکار بهێنێت. لە ناخی هەموو ئەم ڕووداوانەدا، پیلانێکی تر بۆ زیندووکردنەوەی بیری ئیخوان موسلیمین بەدی دەکرێت. دوای ئەوەی ئەم بیرۆکەیە لە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی تووشی پاشەکشە و شکست بوو، ئێستا دەیانەوێت لە ڕێگەی سازشی ئابووری و بازرگانیی بێشوومار بۆ ترامپ، پێگەی خۆیان بەدەست بهێننەوە. هۆکاری ئەوەی ئەمریکا تا ئێستا ئامادە نییە ئیخوانەکانی سووریا و تورکیا بخاتە لیستی قەدەغەکراوەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەوان بزوێنەری سەرەکیی ئەم پلانە نوێیەن. ئەوان ئامادەن خاک و نەتەوە بدەن، تەنیا بۆ ئەوەی لەسەر کورسیی دەسەڵات بمێننەوە.
ئەنجامی کۆتایی ئەم ململانێیە بۆ ئێمە دەبێتە سەرەتایەک بۆ بەهێزکردنی ئیرادەی نەتەوەیی و پشتبەستن بەخۆ. مێژوو سەلماندوویەتی کە هەمیشە لە ناخی تاریکترین پیلانگێڕییەکاندا، تیشکی هۆشیاری و خۆڕاگری سەر هەڵدەدات. پێویستە هەمووان بزانن کە زلهێزەکان هیچ کاتێک دۆستی کورد و گەلانی چەوساوە نین. ئەزموونەکان نیشانیان داوە هەرکەس پشت بە ئەمریکا و ئیسرائیل و زلهێزەکان ببەستێت، لە کۆتاییدا دەبێتە قوربانیی بەرژەوەندییەکانی ئەوان. پێویستە میللەتان بە هیچ جۆرێک متمانە بە بەڵێنی داگیرکەران نەکەن، چونکە ئەوان تەنیا بۆ تاڵانکردنی سامانە سروشتییەکان و پارچەپارچەکردنی وڵاتان لێرەن. چاکترین هەنگاو ئەوەیە کە ئێمە متمانەمان تەنیا بە ئیرادەی خۆمان هەبێت و ڕێگە نەدەین کەسانی پاشکۆ و دارەدەستی بێگانە چارەنووسمان دیاری بکەن. لێرەدا دەبێت هۆشیار بین، ئەمە جەنگێکە تێیدا تەنیا مرۆڤە بێتاوانەکان دەبنە سووتەمەنی، بەڵام ئەو ئاگرەی کە داگیرکەران بە دەستی بەکرێگیراوەکانیان لە ناوچەکەدا کردوویانەتەوە، لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی سووتانی خەونە پووچەکانی خۆیان. سەرکەوتنی کۆتایی بۆ ئەو ئیرادە بەهێزە دەبێت کە بە گژ داگیرکەریدا دەچێتەوە و ڕێگە نادات خاکی ببێتە کاڵایەکی هەرزان لە بازاڕی خوێن و خەونی سوڵتانە پاشکۆکاندا.
“ئەم وتارە پەردە لەسەر پیلانە تاریكەکانی واشنتۆن و ئەنقەرە لادەبات؛کە چۆن خاکی نەتەوەکان کراوەتە کاڵایەکی هەرزان لە بازاڕی خوێنی زلهێزەکاندا. باس لە ڕووی ڕاستەقینەی سوپای جۆلانی و خەونە مەترسیدارەکانی ئەردۆغان، وەک داردەستی جولەکەکان دەکەین و نیشانی دەدەین بۆچی پشتبەستن بە ئەمریکا و ئیسرائیل تەنیا ماڵوێرانی لێ دەکەوێتەوە. تەنیا ڕێگەی ڕزگاری، یەکگرتوویی و پشتبەستنە بە ئیرادەی نەتەوەیی خۆمان.”




کۆمێنتێک یان یاساکانی شۆڕشگێڕیی.. نەوزاد بەندی

میللەتەکەمان بە لاڕێدا براوە و دۆستی لێ بووەتە دوژمن و ..دوژمنی لێ بووەتە دۆست..کەسی وامان هەیه بۆ تاقە دۆلارێک دنیا و ئاخیرەتی خۆی دۆڕاندووە.. تەماشای میللەتێک ئەکەیت لەبەردەم خۆیدا زوڵمێکی زۆر هەیه، کەچی چەکی بۆ ناکەنە شان و مافی خوراو ودزراوی خۆیان ناسەننەوە، بەڵام بە بێ نەخشەدان و خۆڕێکخستن و ڕاهێنان، سەدان کیلۆمەتر ئەبڕن تا بە گژ زوڵمێکی دوورە وڵاتدا بچنەوە ..ئاخر تۆ قژی خۆتت پێ شەتڵ نەکرێ، قژی ئەوانی ترت چۆن پێ شەتڵ ئەکرێتەوە ؟..
ئیتر ئەم دۆخە سەیرەیش، مرۆڤگەلێکی سەیری دروست کردووە، بۆ نمونە پەیجی فەرمی دز و مافیا دەسەڵاتدارەکانی هەرێم بچوکترین کۆمێنتی ڕەخنە و گلەییان تێدا نییە و هەمووی سوپاس و نزای تەمەندرێژیی و دەستخۆشییە، کەچی پەیجی پڕۆفیسۆر و نوسەر و هونەرمەند و بیریارەکانمان پڕ پڕن لە کۆمێنتی جنێو و سوکایەتیی و قسەی ناشیرینی وا کە هەر کورد و مرۆڤ و زمان و نوسینیشت لەبەرچاو ئەکەوێ..ئەمە پێناسەی ترسنۆکیی و خۆپەرستییە، کاتێک دەستخۆشیی لە دزێکی بە حیمایه دەوره دراو ئەکەیت، هەمان کات پڕۆفیسۆرێکی پاک و بێگەرد بەر تانە و تەشەر و جنێو دەدەیت. دۆخێکی دووفاقی وا لە زانستی دەروونزانیدا بریتیە لە پێڕشتن، واتا هێرشێک کە ناوێریت بیکەیتە سەر زاڵمێک، ئەچیت ئەیکەیتە سەر بێتاوانێک و بەوی دەڕێژیت، هەمان کات ئێرەیی وات لێدەکات دەستخۆشییەک لە نوسەرو پڕۆفیسۆرێک نەکەیت، بچیت ئەو دەستخۆشییە لە زاڵمێک بکەیت!! واتا بە کەر نەوێریت و بۆ کورتان شێر بیت.
بەڵام ..
لێرەدا ئەڵێم؛ بەڵام .. دکتۆرێکی شارەزا لە زانستی فیقهیی و شەرعیی لەم دۆخە هەستیارەدا کە خەڵک لەسەر سۆزی نەتەوایەتیی جۆشدراوە، نەدەبوو لێکدانەوەی شەرعیی و فیقهیی بۆ شەڕێکی به نەتەوایەتیکراو بکات، چونکە لەو دۆخەدا هەستی نەتەوایەتیی بەسەر هەمووهەستەکانی تردا زاڵە، تەنانەت بەسەر بەڵگەنەویستەکانیشدا زاڵە.. هەر بۆیە شەرعییەتێک هەیە پێی ئەوترێ شەرعییەتی شۆڕشگێڕیی، ئەوەیان یاسا و داب و نەریتی تایبەت بەخۆی هەیە، تیایدا ئەگەر هەست بکەیت شۆڕشێکی فەیکە و بە لاڕێدا براوە و زەبری کاریگەری بە دواوەیە له گەل و میللەت، نابێ بەشداریی بکەیت، لە هەمان کاتدا نابێ ڕەخنەیشی لێ بگریت .. لەوجۆرە بار و دۆخانەدا قورئان ئامۆژگاریی ئەوەمان دەکات کە پێویستە قسەیەکی خێر بکەین یان بێدەنگ بین (( فلیقل خیرا او لیصمت)) خەڵک جۆشدراوە و ..ڕاست و چەپی خۆی نابینێ و ئەیەوێ تۆڵەی مافە خوراوەکانی ساڵەهای ساڵی بکاتەوە، وەک بڵێی هەلێکی بۆ هەڵکەوتووە بڕوات مافی موچە خوراوەکانی و سامانی میللەت دزران و بێکارکردنی ڕۆڵەکانی و بێئومێدبوونی هەتا سەر ئێسقانی، لە ژێر تایتڵێکی تردا بکاتەوە، لێرەدا ئەو ئاگاداری هیچ ڕاستی و یاسایەکی تر نییە و نایشیەوێت ئاگاداریان بێ، تەنانەت نازانێ ئەو شارەی کە ئەچێ شەڕی بۆ ئەکا، کەوتۆتە کوێوە و زمانیان چۆنە و مێژوویان چۆنە، یەک ووشەیشی دەربارەیان نەخوێندۆتەوە، کەچی ئامادەیە بە کراس و پانتۆڵێکەوە بە بێ ئازوقە و پارە و پێخەف، لەم کەشە ساردەدا، بەناو بەفر و شاخ و پێدەشتەکاندا بە پیادە بڕوا، به بێ چەک و فیشەک، یەکسەر بۆ شەڕکردن!! ( لە ڕاستیدا ئەوەی کە دەبوو لە شارەکەی خۆیدا بیکات و ڕاپەڕێت و داوای مافە زەوتکراو و دزراوەکانی لە دەسەڵاتێکی زاڵم بکات، نەیکردووە و .. به ناڕاستەوخۆ و لە ڕێی نەستە پەنگخواردووەکانییەوە، ئەیەوێ لە شار و وڵاتێکی دووردا ئەنجامی بدات ) بە بێ ئەوەی هیچ حیسابێکی بۆ ئەو شەڕە کردبێ..به بێ ئەوەی لە هیچ چەکێ بزانێ ..به بێ هیچ بنەمایەکی لۆژیکیی، تەنها شتێک کە پاڵ بەوەوە دەنێ، مافی خوراوی ساڵەهای ساڵی خۆیەتیی ئەیەوێ لەو دەرچەی ڕۆژئاوایەوە، بیڕێژێ و حەقی خۆی بکاتەوە ..ئەمەیش ئەو گەمەیەیه کە تۆم باراک نێردەی ئەمەریکا لە پێناویدا هاتووە و جەختی لەسەر دەکاتەوە و ..چێژی لێدەبینێ.. چونکە یەک کەس زیاتر بمرێ یان گێل بکرێ ئەو بەرمیلێ نەوت زیاتر ئەباتەوە لەگەڵ خۆی بۆ ئەمەریکا ..
هەر بۆیە بێدەنگبوونی زانا و دانا لەو دۆخەدا، زۆر باشترە له قسەکردنی شەرعیی و زانستیی و لۆژیکیی ..وەک چۆن لە کاتی ئاگر کەوتنەوەی گەورەدا، ئاو ناتوانێ ئیشی خۆی بکات ..یاسای دووانەی دژ به یەکی ئاو و ئاگر تێک دەچێت و ئەبێ پەنا بۆ ئاگرکوژێنەوەیەکی تر ببەین .. ئا بەو جۆرە .




بڕوخێ تیرۆری ئیسلامی سیاسی.. بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق

پەلاماری سەربازی و کۆمەڵکوژی لە ڕۆژهەڵاتی سوریا دەبێ دەستبەجێ بوەستێندرێت
بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق

ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ڕووبەڕووی دڕندانەترین پەلاماری تیرۆریستی داعشیانە بوونەتەوە کە “سوپای عەرەبی سوریا” و میلیشیاکانی لەو ناوچانە پێی هەڵدەستن کە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)دان، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و لە یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)ی سەر بە (پارتی یەکێتی دیموکرات)ی نەتەوەیی کورد (پەیەدە) پێکهاتووە.
ئەم پەلامارە لەلایەن تیرۆریست (ئەحمەد شەرع)، سەرۆکی ڕاگوزەری حکومەتی کاتی سوریاوە بەڕێوەدەچێت، بە پشتیوانیـیەکی تەواوەتی سەربازیـیانەی حکومەتی ئیسلامی و شۆفـێـنـیستی ئەردۆگان و بە پلان داڕێژراوی لەگەڵ ڕژێمە تاوانبارەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و دامودەزگا سیخوڕییەکانی ئەو وڵاتانە.
لەم پەلامارەدا کە بەشێوەیەکی کاتی بۆ ماوەی چوار ڕۆژ ڕاگیراوە، هێزەکانی حکوومەتی (ئەحمەد شەرع) کۆنترۆڵی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات و شارەکانی (دێرەزۆر) و (ڕەققە) و چەند شارۆچکەیەکی تریان کردووە، کە بەهۆیەوە شەپۆلێکی ئاوارەبوونی بەکۆمەڵی هەزاران خێزانی ئەو ناوچانەی لێ لێکەوتۆتەوە. هەر لەو چوارچێوەیەشدا ئەو هێزانە گەمارۆیەکی خنکێنەریان سەپاندووە بەسەر شارەکانی (حەسەکە) و (قامیشلۆ) و (کۆبانێ)دا و ئاو و کارەبایان لێ بڕیوون. هەروەها لەو ناوچانەی کە دەستیان بەسەردا گرتووە، هەزاران دەستگیرکراوی داعش و خێزانەکانیان کە پێشتر لە زیندانەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی (هەسەدە)دا بوون، هەڵهاتوون.
ئەم پەلامارە بەدوای هێرشێکدا دێت کە هەمان ئەم هێزە تیرۆریستانە ماوەیەکی کەم لەمەوبەر، کردیانە سەر هەردوو گەڕەکی (ئەشرەفیە) و (شێخ مەقسود) لە شاری (حەڵەب)ی سوریا، کە تێیدا کۆمەڵکوژیـیان ئەنجامدا لە دژی خەڵکی سڤیل لە دانیشتوانی کورد زمان و هەزاران کەسیشیان لە دانیشتوانی ئەو دوو گەڕەکە بە زۆر ئاوارە کرد.
ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەتایبەتی ئەو ناوچەیەی کە بە (ڕۆژاڤا) ناسراوە لە لایەن ڕەوتی ناسیونالیستی کوردەوە، ساڵانێکە ڕووبەڕووی هێرشی هێزە تیرۆریستییەکانی داعش و میلیشیاکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا بوونەتەوە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم هێرشانە و لە جەرگەی شەڕێکی وێرانکەر و خوێناویدا، هێزەکانی (هەسەدە) توانیان لە ڕووی سەربازیـیەوە داعش تێکـبـشکـێـنن. بە درێژایی ئەو ساڵانەش پلەیەک لە ئازادی سیاسی لەم ناوچانەدا دەستەبەرکراوە، تێزەکانی (عەبدوڵڵا ئۆجالان)یش سەبارەت بە “خۆبەڕێوەبەری” و “کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک” پیادەکراون، و جۆرێک لە ئازادی ژنان و کەشێکی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان نەتەوە و تائیفە و ئایینە جیاوازەکاندا هاتۆتەدی.
ئەوەی لەپشت ئەم هێرشە سەربازیـیەی ئێستا و کۆمەڵکوژی خەڵکی سڤیلەوە وەستاوە، سەقامگیرکردنی ڕژێمێکی سیاسی کۆنەپەرستانەیە لە سوریا لە ڕێگەی چەسپاندنی فەرمانڕەوایەتی هێزە تیرۆریستیـیە ئیسلامیـیەکانەوە، کە حکومەتی (ئەحمەد شەرع) و میلیشیا تیرۆریستیـیەکانی نوێنەرایەتی دەکەن، تا بتوانێ بەرژەوەندە جیۆپۆلیتیک و جیۆئابووریـیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیان لە وڵاتانی کەنداو، دابین بکات، وە بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیژە ستەمکارەکانی ڕژێمی ئیسلامیی ئەردۆگان و دامەزراوە بۆرژوا ناسیونالیستە شۆڤێنیستەکانی فەرمانڕەوا لە تورکیا مسۆگەر بکات.
بۆیە ئەم شەڕەی کە ئێستا لە ئارادایە دژی هێزەکانی (هەسەدە) شتێک نیـیە جگە لە شەڕێکی کۆنەپەرستانەی شۆڤێنی و ستەمکارانە بەمانای تەوای وشە، کە سوپای سوریا و حکومەتی (ئەحمەد شەرع) بەرپایانکردووە؛ شەڕێک کە چەپۆکی ئیسلامی سیاسی تیرۆریستانە نەک تەنها بەسەر جەماوەری کوردستانی سوریادا بەهێز دەکات، بەڵکو ئەو چەپۆکە بەسەر جەماوەری سەرتاسەری سوریاشدا بەهێز دەکات و قەڵایەکی کۆنەپەرستانەی سیاسی لە ناوچەکەدا پتەو دەکات.
ئاشکرایە پێکهاتەی سەرەکی (هەسەدە) لە هێزە چەکداردارە نەتەوەییەکانی کورد پێکهاتووە، کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندە سیاسیـیەکانی بۆرژوا ناسیونالیستی کورد و ڕەوتە ناسیۆنالیستیـیەکەی دەکات. بۆیە فۆڕمی سیستمی سیاسی “خۆبەڕێوەبەری” ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی (هەسەدە) هیچ شتێکی بنەڕەتی ناگۆڕێت لەم ناوەڕۆکە چینایەتیـیە، وە ئەم فۆڕمە ناشی پارێزێت لەو پێشێلکاریـیانەی مافی مرۆڤ ئەگەر لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیدا ڕوویدا بێت، هەروەها پاکانەی ئەو سیاسەتە کۆنەپەرستانەشی ناکات کە درێژەدان بە نفوز و دەسەڵاتی سەربازیـیانەی خۆی بە شێوەیەکی ستڕاتیژی بەستۆتەوە بە ستراتیژی ڕژێمی ئەمریکا و هێزەکانی لە سوریا، وە بە وڵاتانی دیکەی ناوچەکەوە.
بەستنەوەی هیوا و ئاواتی جەماوەری کوردستان بۆ کۆتایـیهێنان بە ستەمی نەتەوایەتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ستراتیژی زلهێزە ئیمپریالیستەکان و هاوپەیمانەکانیانەوە، ئەو کارەیە کە ڕەوت و حزبە ناسیونالیستەکانی کورد بە گشتی پەیڕەوی لێ دەکەن لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. (پەیەدە)ش ئەم سیاسەت و ئاسۆ ناسیۆنالیستیـیەی تێنەپەڕاندووە، بەپێچەوانەوە بەرجەستەی کردۆتەوە، بەڵام ئەمە بە هیچ جۆرێک لە سروشتی تیرۆریستی و تاوانکاریی هێرشەکانی ئێستای هێزە تیرۆریستە ئیسلامیـیەکان کەم ناکاتەوە بۆ سەر ئەو ناوچانە.
پێویستە دەستبەجێ ئەم پەلامارە تیرۆریستیـیە بوەستێندرێت، بۆیە دەبێ ڕیزی بەرهەڵستی خۆمان لەبەرامبەریدا بەهێز بکەین. هەروەها پێویستیشە ڕووبەڕووی ئەو شەپۆلە بوەستینەوە لە وروژاندنی هەستونەستی نەتەوەیی کە لە هەڵکشاندایە لە هەردوو لای ئەم جەنگەوە، لایەک لە لایەن ناسیۆنالیستە عەرەب و تورکەکان لە سوریا و تورکیا و دەرەوەی وڵات، وە لە لایەکی ترەوە لە لایەن ناسیۆنالیستە کوردەکانەوە لە سوریا و وڵاتانی تر لە کوردستانی عێراق و تورکیا و ئێران. ئەم شەپۆلە جگە لە ژەهرێک شتێکی تر نیـیە کە بزووتنەوە و ڕەوتە ناسیۆنالیستەکانی بۆرژوازی دەیڕێژن بۆ قووڵکردنەوەی قەڵشتی نەتەوەیی و تێکشکاندنی خەباتی ڕزگاریخوازانەی نێونەتەوەیی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە سوریا و دەرەوەی سوریا.
(ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق) وێڕای ئەوەی ئەم پەلامارە سەربازیـیەی هێزە تیرۆریستیـیەکانی حکوومەتی (ئەحمەد شەرع) بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی (هەسەدە) و تاوانانەکانی ئەم هێزانە بە تووندی ئیدانە دەکات کە لە دژی خەڵکی سڤیل ئەنجامی دەدەن، لە هەمان کاتیشدا خەبات دەکات شانبەشانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنانی ستەملێکراو و گەنجانی ئازادیخواز لە سەرتاسەری سوریا و وڵاتانی ناوچەکە بۆ کۆتایی پێهێنان و شکست پێهێنانی.
وە شێلگیرانەش دەوەستـێـتەوە دژی بڵاوکردنەوەی دەمارگیری نەتەوەیی و تائیفی لەم کەشوهەوایەدا چ لە لایەن ڕەوتە سیاسی و فکریـیەکان و چ لە لایەن چالاکوانان و ڕۆشنبیرانی ناسیونالیستی عەرەب و کوردەوە وە چ لە لایەن تائیفەگەر و ئایینگەراکانەوە لە هەر شکڵ و ڕەنگێکدا بن.
هەروەها جەخت دەکاتەوە سەر هەنگاونانی شێلگیرانە شان بە شانی جەماوەری پرۆلیتاریای نەتەوە جۆراوجۆرەکان لە گشت ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە خەباتی نێونەتەوەیی سۆسیالیستی و ئازادیخواز و یەکگرتوویاندا لە دژی فەرمانڕەوایی سەرمایە و سیستەمی سەرمایەداری و دژی هەموو هێزە بۆرژوا فەرمانڕەواکانی نەتەوە جۆراوجۆرەکان، وە دژی تیرۆریزمی ئیسلامی داعشیانەی و میلیشیا و تیرۆریستە ڕەنگاوڕەنگەکانی.
بڕوخێ تیرۆری ئیسلامی سیاسی
وەستاندنی دەستبەجێی پەلاماری سەربازی تیرۆریستانە لە سوریا
بژی خەباتی نێونەتەوەیی و سۆشیالیستی پڕۆلیتاریا
٢٠-١-٢٠٢٦




گەمارۆی وەحشیگەریانەی سەرشاری کۆبانێ!.. تاهیر عیسا

گەمارۆدانی دڕندانەی پێنجەمین ڕۆژەی سەرشاری کۆبانێ و دەورپێچکرانی لەهەر چوارلاوە و پەلاماری بەردەوامی وەحشیانەی چەتە( صعلوك) و ڕێگرەکانی سەر بە حەمە جۆلانی و دەوڵەتی فاشیستی تورکیا، سەر باری ئاگربەستێک کە لەلایەن ئەم چەتانەو حکومەتەکەیانەوە ڕاگەیاندراوە، بەڵام لەهێرش و پەلامارەکانیان بۆ داگیرکاریی هەرچی زیاتری ناوچە کورد نشینەکان و بەتایبەتیش کۆبانێ، کە ڕەمزو سیمبولی بەرخۆدان و تێک شکاندنی ئەفسانەی خەلافەتێک بوو، کە لەتونێلە هەرەتاریکەکانی مێژوی سەدان ساڵ لەمەو بەرەوە سەریان دەرهێنابوو، کە ناویان دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق وشام بوو، بەردەوامە. دەوڵەتێک کە بەهرەبەرداری لەمێژوی سەر هەڵدانی ئایدیۆلۆجیایەک دەکرد، کە لەنیمچە درورگەی عەڕەبستاندا بەقەتل وعامی نەیارەکانی لەژێر ناوی ئەڵاو پەیامهێنی ئەڵاییدا دەستی پێکردبوو، ئایدیۆلۆجیایەک کە لەچوارچێوەی دیدگاو تێگەیشتنی خێڵەکیانەی ئەو سەردەمەوە سەرچاوەی گرتبوو، بەناوی نوێنەرایەتیکردنی ئاسمانەکانەوە، بەزۆرو شمشێرو لەڕێگای چەتەیی و هەڵکوتانە سەر کاروانە بازرگانیەکانی خێڵەکانی “مەککەو” پاکتاوکردن یان تاڵانکردنی خێڵە یەهودیەکانی “مەدینە” و تاڵان وئەنفالی مڵک و ماڵ و کوشتن و بەکۆیلەو کەنیزەککردنی ژن ومناڵیان، وەک بەنی قوڕەیزەو بەنی نەزیڕو بەنی قەینقاع، توانی بنکەو پێگە ئابووریەکانی خۆی بۆ دامه زراندنی دەوڵەتۆچکەیەک لە مەدینە(یەثریب)، بنیات بنێت.
گەمارۆی ئەمڕۆی سەر کۆبانێ و بڕینی ئاوو کارەباو هێڵی ئینتەرنێت و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە هاوکارییکردنێکی مرۆیی لەچەشنی خۆراک و داوو دەرمان بۆ ئەو شارە، بەبەرچاوی دنیای درۆزنانەی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی ئەمڕۆ، مێژوی ئابڵۆقەدانی هۆزی بەنی قوڕەیزەی سەدەی حەوتی زایینیمان بیردەهێنێتەوە، کە ئیسلام بەپیشەوایەتی محەمەد لە پێنجی ساڵی کۆچیدا، کەهاوکاتە لەگەڵ یانزەی تەموزی ٦۲۲ ی زاینی، کە لەمێژووی توڕاثی ئیسلامیدا، ڕوداوەکە بە جەنگی خەندەق(ئەحزاب)ناسراوە، وەک دەگێڕنەوە لەو جەنگەدا ئابڵوقەی هۆزی بەنی قوڕەیزەی یەهودی بۆ ماوەی نزیکەی ۲۰ بۆ ۲٥ ڕۆژ درێژەی کێشاوەو ڕێگریکراوە لە هەر جۆرە هاریکاریکردنێکی مرۆیی و دواجار لەڕێگای برسیکردن و تینوکردنیان و دابڕاندنیان لەدنیای دەرەوەی قەڵاکەیاندا، ناچار بەخۆبەدەستەوەدان کراون، دوای ئەوەش کە خۆیان بەدەستەوەداوە، لەلایەن سەعد کوڕی مەعاذ، ناوێکەوە کە پێشتر موسوڵمان بوونی خۆی ڕاگەیاندوەو لەو جەنگەدا بریندارکراوە. محەمەد بۆ دادگایکردنیان سەعدی وەک دادوەر دەستنیشانکردوە، بۆیە لەسەر بڕیاری سەعد، هەموو ئەوانەی لەوخێڵەدا لەمەیدانێک بۆ دادگاییکردن ڕاگیراون، بڕیاردراوە لە هەرزەیەکی بالغەوە هەتا پیرێک بەپێی دادگای محمدو ئەڵاو دادوەری سەعد، نزیکەی ۷۰۰ بۆ ۹۰۰ کەس وەک بەرخی قوربانی سەربڕدراون وەهەرچی ژن ومنداڵیش بووە بەکۆیلەو کەنیزەک کراون، محەمەدیش هەرلەوڕۆژەدا ڕەیحانەی کچی زەیدی وەک یەکێک لەژنە سەرنج ڕاکێشەکانی ئەو جەنگەدا بۆخۆی هەڵبژاردوەو سەرجێیی لەگەڵداکردوەو کردویەتی بەهاوسەری خۆی کە مێردو باوک وکەس وکاری خۆی تازە لەو مەیدانەدا سەربڕدرابوو، سەرچاوەکان لە ئیبن ئیسحاق و تەبەڕی و واقیدیدا پشتڕاستی ئەم ڕوداوە دەکەنەوە ..
دەستەو تاقم و حکومەتێکی داسەپاو ئەمڕۆ کە لەسەر دەستی نوێنەرانی فاشیزمی جیهانی دنیای پڕ لەقەیرانی هەمەجۆری سەرمایەداری بەڕابەرایەتی تڕامپ و ناتانیاهۆو وڵاتانی دیکەی ناتۆ، شەرعیەتی پێدرا.
فاشیزمێک کە بۆ دیزاینی سەرلەنوێی جیهانی و جەنگی ئابوریانەیان لەبەرامبەر ڕەقیبە ئابوریەکانیاندا، وەک چین و ڕوسیا و پڕۆژە ئابوریەکانیان و ململانێ لەسەر هێڵە بازرگانیەکان و وزەو بەتایبەتی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کەڵک لەدڕندانەترین دەستەو تاقمی فاشیستی خاوەن دڕندانەترین ئایدیۆلۆجیای نازیستی وفاشیستی کەڵک وەردەگرێت.
جۆلانی و دەستەو تاقمی لەچەشنی حەمزات و عەمشات و نورەدین زەنکی کە دەستیان سورە بەخوێنی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان لەسوریا، ڕێکخراوکردن ودەمجکردنیان لەناو سوپای حکومەتێکدا کە سەرکردەو ڕابەرەکانی لە نوسڕەو قاعیدەو هەتەشەدا مێژویەکی پڕ لەتاوان وجینایەتی وەحشیگەریانەیان هەیە، نیشانەیەکە لەوەی کەیسی داعش بەدەست ئەمریکاوە لەناوچەکەدا تەنیا بەمەبەستی مانەوەی بوو وەک زلهێزێک بۆ شەرعیەتدان لەمانەوەیدا.
هێنانی جۆلانی تیرۆریست لەلایەن ئەمریکاو بەریتانیاو ئیسڕائیل وتورکیاوە، نیشانەیەکی ڕون وئاشکرایە لەوەی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی لەپێناو هەژمون و باڵادەستی ئابوری وسیاسی خۆیدا، سڵ لەدەستبردن بۆ هیچ لەتاوان و وەحشیگەریەک ناکاتەوە، کەنموونەکەی لەوێرانکردنی غەزەو کوشتنی هەزاران شارنشینی بێتاوان وئاوارەکرانی ملیۆنانیان لەپێگەو ماڵی خۆیان لەوشارەدا، لەشاشەی تیڤیەکانەوە پیشانی دنیادران، کوشتاری بەکۆمەڵی شارنشینانێک لەوشارەداو دیمەنە قێزەونەکانی ئەو کوشتارگایە، زەین وهۆش و هەست ونەستی مرۆڤی ئەم سەردەمەی هاوشێوەی کارەدڕندانەییەکانی داعش وجەنگی دەرونیانەی داعش، لەسەر ڕاهێندرا.
هێرشی دڕندانەی ئەمڕۆی سەر ڕۆژئاوای کوردستان و بەتایبەت شاری کۆبانێ، هەوڵێکە بۆ بەچۆکدا هێنانی خەڵکی خەبەتکارو تێکۆشەری ئەو شارەو شەڕڤانەکانیان و هەوڵێکی دیکەی دەوڵەتی فاشیستی تورکیایە، کە لە ساڵی ۲۰۱٤ دا نەیتوانی لەڕێگای داعشی ئەو سەردەمەوە کۆبانێ داگیربکات، ئەمڕۆ دەیەوێت لەڕێگای مۆدێلی دووەمی داعشەوە خەونە گڵاوەکانی بەدیبهێنێت. شارێک کە هاوشێوەی ستالینگڕاد، شاری مردووخۆرەکان، پێداگری لەسەر مقاوەمەت وتێکۆشان هەتا مردن کرد و لەیەکی نۆڤەمبەری ساڵی ۲۰۱٤ دا، زەبرێکی توندو پڕ کاریگەریدا لەدڵی دنیای کۆنەپەرستانەی ئیسلامی سیاسی و تورکی عەڕەبی و کۆتایی بەپەلامارە هەرە دڕندانەکانی ئەم دەستەو تاقمە هەمەجیە هێندرا، کە ئەو ڕۆژە لەلایەن ئازادیخوازی جیهانیەوە، کرا بەڕۆژی جیهانی کۆبانێ.
کە داعش دواتریش کەوتنی ئاڵەکەیان لەپایتەختی خەلافەتەکەیاندا لە ڕەقەو تەبقە، هەر لەسەر دەستی کچان و کوڕانی کۆڵنەدەری ڕۆژئاواوە، خرایە ژێر پێوە، بەتایبەت کە ژنان دەوری کاریگەرو بێ هاوتایان لەتێکشکاندن و بنپێنانی هەیبەت و ئەفسانەی داعشدا هەبوو .
ئەم دەستەو باندە تیرۆریستانەی دوچاری ترس و تۆقین و گرێ کوێرەی دەروونی کردوون، ژنفۆبیایی لای ئەمانە لەکۆبانێ و تەبقەو ڕەقەوە سەری هەڵدا، هەربۆیە ڕۆژێک تەرمی ژنە شەڕڤانێک لە باڵەخانەیەک ئەخەنە خوارەوەو بێڕێزی بەتەرمەکەی دەکرێت و ڕۆژێک کەزی ژنەشەڕڤانێک دەبڕن و وەک ئەتک و بێڕێزی بەژن و بەتایبەت ژنی کورد وەک فاشیزمێکی ناو حکومەتەکەی شەرع و دەستەو تاقمە درندانەکانی دەبیندرێت، داخی زەبری شەڕڤان لەسەر دڵیان، تەنانەت لەئاستی باڵاشدا، ناچار بوون، فەتوا بۆ فەتح و داگیرکاریی کە لە ئایدیۆلۆجیا فاشیستیە دینیەکەیانەوە سەرچاوەی گرتووە هاوشێوەی سەدام حوسێنی فاشیست وەزارەتی ئەوقافەکەیان ئایەتی نۆی لەسوڕەتی ئەنفال و دوعای قنووتی بۆ جەنگاوەرەکانی لەمزگەوتەکانەوە بانگەوازکرد، بەو واتایەی کە جەیشەکەیان لەبەرامبەر نەتەوەیەکی کافردا جیهاد دەکات و ڕەوایەتدانە بۆ جارێکی دیکە بە کوشت وکوشتاری خەڵکی کوردستان و تاڵانکردنی ماڵ و حاڵیان و بەسەبایاو بەکەنیزەککردنی ژن ومناڵیان هاوشێوەی داعش لە شەنگال..
ئەوەی ئەمڕۆ لەبەرامبەر کۆبانێدا دەکرێت لەو مێژووە قێزەونەی مێژووی سەرهەڵدانی ئیسلامەوە لە مەدینەدا سەرجاوەی گرتووەو پێویستە مرۆڤی وشیاری ئەم سەردەمە لەو ڕاستیە مێژووییە تێبگات بۆ ئەوەی باشتر بتوانێت لەبەرامبەر ئەم دەستەو تاقمە جۆراو جۆرو هەمەڕەنگانەی ناو ئەم جیهادیە ئیسلامیە جۆراو جۆرانەدا بەرچاوی ڕون وڕۆشن بێت !

تاهیر عیسا /23.01.2026




کەزی سەربەستی.. ستار ئەحمەد

تۆوێکم ناشت
دار زەیتوونێک
سەری ئازادی دەرهێنا
گەڵاکانی بوونە کەزی
خۆر بۆ جوانی
هەموو ڕۆژێک دادەبەزی
دەستی سەحرا
بەشمشێری پیسی ستەم
لەڕەگەوە
چرۆی جوانیی و
سەوزیی بڕی
کۆترێکی شاباڵ بەفرین
بەرەو دەرگەی خودا فڕی
فریشتەکان کەوتنە گریان
بەئاسمانی رۆژئاوادا
تیشکی نووریان
بەسەر چیادا داباران
هەور فرمێسکی هەڵرشت و
کەوتە گریان
شەماڵ بۆنی پەرچەمی گرت
ئاو ڕەش گەڕا
لەکانی و چەم
هەرچی گەڵای دارستانە
بوونە پەرچەم
هەنار رەنگی سووریی تۆران
سێو هەناوی بووە بریان
نووح گەڕاوە
بۆ چیای زاگرۆس
بۆ یەکەم بەهەشتی پێشووی
هەشتا کوردی بەچەکەوە
کردە مێژووی
بیابانی وێرانکردو
ئاوی زەمزەمی داپۆشی
حاشای لەگڕی سەحرا کرد
شۆڕشێک نوێی بۆ پیروزیی
لەسەر زەویدا بەرپا کرد
خودا شکۆی ئەم میللەتەی
بەخشیە سەلمانی کوردی
هەتا ستەمکار نەتوانێ
کورد بکاتە پەیژەو پردی




ناسنامەی کورد یەکێتی و یەکڕیزییە.. موتەلیب سەعید عومەر

زۆرن ئەوگەلانەی ژیانی شەرەفمەندانەو کۆڵنەدان هەڵدەبژێرن بۆ پاراستنی وڵات و بەرگریکردن لە کەرامەت و مرۆڤبوونیان وەلێ لەڕابووردوو لە ئێستاش خەباتی گەلی کورد لەباکوورو ڕۆژ ئاوا لەگەڵ دڕندەترین فاشیزم ڕوو بەڕوو بونەتەوە ، فاشیزمێک نەک داگیرکەرو وێرانکارە بەڵکو هەموو بەهاو ئاین و ئایدۆلۆژیاو دونیا بینییەک ڕەتدەکاتەوە ، فاشیزم ئەو دڕندە تۆقێنەرەیە نەک کار لەسەر کۆمەڵکوژی وێرانکاری دەکات بەڵکو لەهەر کۆێیەک ژیان و ژیارو مرۆڤبوون هەبێ لەوێ کۆمەڵکوژی و سەر بڕین بەرجەستە دەکات ، هەر بەناوی ئایینەوە فەتوای کوشتن و بڕین دەدات ، حکومەتە نوێیەکەی ئەحمەد شەرع یەکێکە لەهەڵگری ئەو نۆرمە لەفاشیزم لەڕێی هێزە بەناو نیزامیەکەی بەهاوکاری گروپە تێرۆرستییەکان بەئەقڵییەتی مێنتاڵی عەرەبی بەر بونەتە کوشتن و تۆقاندن و سیناریۆی جیاوازی سوکایەتی بەگیراوەکان دەکات ، ئەمێستا خەباتی شەڕڤانان و خەڵکی کۆڵنەدەری ڕۆژئاوا تۆمارێک لەخۆبووردویی و گیانبازی وێنا دەکات ، پاش درێژە کێشانێ ئەو شەڕە لە ڕۆژئاوا دروست لەم دوو هەفتەی دوایی شەڕڤانانی کورد (هەسەدە ) لەسەخترین بارودۆخدان ، شەڕی ئیرادەو ململانێ و دووچار بوون بە قەدەرێکی یەکلایکردنەوەی دۆزێکی ڕەوا کەکورد بوونە پێش هەموو شتێک ، کورد بوون مەسەلەو مۆراڵ و حەقیقەتێکی شۆڕشگێڕییە ، ئەگەر لەڕابووردوودا مەسەلەی کورد مەسەلەیەکی سیاسی و مەسەلەیەکی نەتەوەیی بووە هەنوکە کێشەی کورد مەسەلەیەکی فرە ڕەهەندی مرۆیی ، نەتەوەیی ، ئەخلاقیی و ئینسانیە لەسەر ئاستی هەرێمی و نێو دەوڵەتی ، لە دەیەکانی کۆتایی سەددەی بیستەم لەکاتی ڕاپەڕین وڵاتانی ئەوروپا پشتگیرییان کردووە . ئەگەرچی گەلی کورد لەباشوور ڕووبەڕووی چەندین کێشەی سیاسی و گەمارۆی ئابووری وشەڕی ناوخۆ بووەوە بەڵام ئازادی ئەم بەشەی باشوور وێنە و ئاماژەیەک بووە بۆ ناساندنی مەسەلەی کورد بەڕووی جیهان ، شەڕی ناوخۆی سووریا و بەرخودانەکانی ژنان لەباکوور و ڕۆژئاوا بوونە داینەمۆی گۆڕانکاری و وەرچەرخانێکی تر بەرامبەر بە هێرشەکانی داعش و فراوانخوازییەکانی لەعێراق و شام ، لە شەڕەکانی کۆبانێ و عەفرین شەڕڤانان سەرمەشقی بەرخودان و بەرهەڵستی چەتەکانی داعش بوونەوە و مێژوویەکی نوێیان لە قوربانی وسەروەری تۆمارکرد ، ئەمڕۆ شەڕو چارەنووسی کورد هەر بەهێزو ورەی شەڕڤانان و خەڵکە تێکۆشەرەکەی حەسەکە ، ڕەقەو قامیشلو ، داستانێک بە خوێن تۆمار دەکات ، وەک بینیمان بەدەنگی زوڵاڵی کیژانی کورد هێز و سوپای داگیرکاری سوریا شکست دێنێت .

ساڵی 2026 گۆڕانکاری لەناوچەکە
لەهەلومەرجێکدا کەگەلی کورد لەڕۆژئاوا بەقۆناغێکی سەختی سیاسی و سەربازیدا تێدەپەڕێت ، لەئێرانیش نەتەوەی کورد لەقۆناغێکی چارەنووسسازدا یە بەرەو گۆڕانکاری و ڕزگار بوون دەڕوات لەستەم وسێدارە وگرتن ، بۆیە ڕام وایە پێشهاتەکان بەرەو ئەوە دەچێت ساڵی 2026 گۆڕانکارییەکی نوێ بێتە کایەوە ،کورد لەهاوکێشەی ئقلیمی ناجێگیری سیاسی بەرە و قۆناغێکی نوێتر هەنگاو دەنێ و بەرەو ئامانجێکی ڕوون دەڕوات ، ئامانج وخەونێک کەلەمێژە کورد چاوەڕێیەتی ، یەکێک لە گرنگترین هەوڵەکان لەداینەمۆی شۆڕش بۆ ئازادی یەکڕیزی و یەکگوتاری کوردە لەم هەلومەرجە سەختەدا یەک ڕیزی و یەک گوتاری کورد لەباشوور و ڕۆژئاوا ، ڕۆژهەڵات ، ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم لەباشوور و سەرکردایەتی سیاسی حیزبەکان لەبەشە جیاوازەکان هاوبەش و هاوبیر بەرژەوەندی نەتەوەیی پێکەوە بنێن بەدڵنیایی ئەزموونێکی بەهێز لەکوردستانی گەورە پێک دێت ئەوەش دەرفەتێک دەبێت بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی بێگومان بەپاشخانێکی ئابووری بەهێزو سنوورو سوپایەکی بەهێز .




بیبلۆگرافیای ٢٠ ژمارەی گۆڤاری زمانناسی زمان و زار

بیبلۆگرافیای ٢٠ ژمارەی گۆڤاری زمانناسی زمان و زار، کەوتە بەردەستی خوێنەران و کتێبخانەی ئەرشیفییەوە، سپاس بۆ بەڕێز دکتور تەها ڕەسووڵ کە پاڵپشتی دارایی لە چاپدانی ئەم کتێبەی کردووە.

سپاسی تایبەتیش بۆ کاک سۆران تاودەری دیزاینەر.




کورد کورد نەبووە؟.. زانا ڕەزاق

کوردبوون هەلسەنگاندنی لەسەر بیروباوەڕێکی دیاریکراو نیە بەلکو لەسەر کردار و ڕەفتارە ،کوردبوون واتە خاکی خۆت خۆش بوێت دژی ستەم و ستەمکاری بیت ،کوردبوون واتە بەرگری لەهەموو شتێکی کورد بکەیت تەنانەت بەرگری لەو مرۆڤانەش بکەیت لەسەر خاکی کورد دەژیت ، کوردبوون واتە ژینگە بپارێزی،کوردبوون واتە دوورە لەنەژادپەرستی و شۆفێنی ، کوردبوون واتە پێکەوە ژیانی ئاینی لەسەر ئەو خاکەی تێدا دەژین ئەویش کوردستانە،ئەگەر باسی کوردبوون بکەین بێگومان بێ هەژمارەو کۆتایی نایێت

لێرە دەچینە سەر ئەو ڕایەی کە کورد بۆچی کورد نەبووە؟

بێگومان کورد پێویستە دوو شت لێکجیابکاتەوە ئەویش ململانێی سیاسی و ئایدۆلۆژیایە لەگەل بەرگری کردن لەخاک ،بەرگری کردن خاک ئەرکی هەموومانە، بەلام بەرگی کردن ، ململانێ لە ئایدۆلۆژیاکان لەناو خاکدا مرۆڤەکان ئەرکی ئەو کەسانەیە لەگەل ئایدۆلۆژیاکاندان ،ئێستا هەندێ دەنگ هەیە دژی ئایدۆلۆژیاکانە ئەمە هی ململانێی ناخۆییە بۆیە پێویستە ئەمە بۆ کاتی ململانێی ناخۆیی هەلبگرین چونکە دوژمنان بەدوای خالی لاوازی کورد دەگەڕێن، بۆیە پێویستە هەموومان هەر یەکەی لەلایەی خۆیەوە چارەسەر بۆ خالە لاوازەکان بدۆزیتەوە،کاتێک تۆ لەکاتی بەرگری کردن لەخاک دێیتە سەر هەندێک شت کە پەیوەندی بە ململانێ ئایدۆلۆژیاکانەوەیە ئەوە دەبێ خالی لاوازی کورد بۆیە پێویستە ئەمە هەلبگری بۆ ململانێی ناخۆیی، ئەمیش هەرچی دەکەین بە شێوەیەکی ئاشتیانە و بیروڕایانە ئەو کات مافی خۆتە بۆیە پێویستە کاتێک بەرگرییە هەموو ئایدۆلۆیاکان و کورد و نەتەوەی تری لەکوردستانن بەرگری بکەین،کاتی ململانێش ململانێ بکەین

جا ئێمەی کورد بەسەر چوار وولات دابەش بووینە ئەوانیش ئێراق و سوریا و ئێران و تورکیایە ،ئەو پارچەیەی ئێراق باشورە ئەوەی تورکیا باکورە ئەوەی ئێران ڕۆژهەلاتە ئەوەی سوریا ڕۆژئاوایە .

لە ئێستادا کورد لەڕۆژئاوا تووشی زولم و ستەم و شەڕ بوونە دژی ئەو هێزە داگیرکارییەی حکومەتی سوریا بۆیە پێویستە هەموومان بەرگری لێبکەین بۆ ئەوەی کوردبوون و سەربەخۆ بوونی بپارێزین،پاشان کاتی ململانی ئایدۆژیاکان ململانێ بکەین ،بێگومان ئەمەش بۆ هەمووان ڕەوایە ،من بەرگری لەهەمووان دەکەم

زانا ڕەزاق
23 1 2026