بێدەنگیی جوولەکەکان سەبارەت بە ڕۆژئاڤا.. ئازاد حەمە*

بۆ بەندە مشتومڕاویترین بابەتی سیاسیی، لەم هەلومەرجە ناساغەی ڕۆژئاڤا تێیکەوت، کە ئێمەی کوردی لە گشت شوێنێک سەرقاڵی خۆیکرد، تەنها هەڵوێستی نامەردانەی ئەمەریکایەکان نەبوو، بێدەنگیی جوولەکەکانیش بوو. ئەم بێدەنگییە گشت ئەو بێدەنگییانەی دیکەی بیرخستمەوە لە ڕابردوودا سەبارەت بە بەسەرهاتە تاریکەکانی کورد پیادەکراون(لەباربردنی سیاسییانەی کۆماری مەهاباد، تواندنەوەی شۆڕشی گوڵان، پشتگوێخستنی زەبرەکانی بەعسیزم بەرامبەر بە کورد و….. ).
پێشتر، لە کارە تێیۆرییەکانمدا، هێمام بۆ ئەوە کردووە، بێدەنگیی نە بێلایەنە و نە هەتاهەتایە؛ وەکیتر پڕیشە لە ئاماژە و گوتنی نەگوتراو. ڕاستە بێدەنگیی سوودی خۆی هەیە و بێدەنگەکانیش بەزۆری گۆشەگیرن، وەلێ ئەمە تا ئەو شوێنە تەندروستە، کە بێدەنگیی ڕەهانەبووە؛ بێدەنگیی جوولەکەکان سەبارەت بەو دۆزە سیاسییەی ڕۆژئاڤا، کە پڕە لە زیان ڕەهایی لێدەتکێ.
ئێستاشی لەگەڵ بێت، لە چاوەڕوانی ئەوەداین، تەقەلایەک بۆ گوزارەکردن، فۆرمێکی تر لە دەڕبرین لەلایەن جوولەکەکانەوە سەبارەت بە دۆزی کوردانی ڕۆژئاڤا بەڕێوەبێت. جوولەکەکان، کە خۆیان قووربانی پەلاماردان و داگیرکاریی و بەکاربردنن دەبوو بەفەرمی لەو دۆخە ناهەموارە بێنەگۆ، کە لە شارەکانی ڕۆژئاڤا دەگوزەرێت.
گومانیناوێت، بێدەنگیی نەبوونی گوتنە، ماناداریش هەردەم لە قسەنەکردندا هەبووە، بەڵام بێدەنگیی جوولەکەکان لە سەرانسەری جیهان خۆی وەک کردەیەکی پووچ و بێمانا نمایشکرد. لەبەرئەوەی نەگوتن هەڵوێستە، بۆ ئێمە بێدەنگی جوولەکەکان برینی سیاسیی لەگەڵخۆیدا هێنا.
هزرەڤان و ڕوناکبیرە گەورەکان، کە زۆرینەیان جوولەکەبوونە، هەردەم لەڕێگای تێهزرینەکانیانەوە زەمینەیان بۆ تێڕامانی قوڵ و فۆرمیتر لە بیرکردنەوە خوڵقاندووە، ئەوان بوون دەیانگوت لە کاتی غەدر و نادادییەکاندا ئاسان نییە بێدەنگیی. بۆیە لەم چرکەساتە، بۆ ئێمەی کورد، بێدەنگیی جوولەکەکان ناشرینە و وەک باشەیەک تەماشاناکرێت. ئەوەی لەمحاڵەتەدا شتەکان سەرلەبەردەگۆڕێت خودی دەنگە(گوتنە). بەڵێ دەنگی جوولەکەکان هێزە و زۆر شت لە دۆزی ڕۆژئاڤا دەگۆڕێت؛ دەنگیان مانادارییە و هیوای لەسەرهەڵدەچنرێت.
بێدەنگیی جوولەکەکان سەبارەت بە ڕۆژئاڤا وایلێکردم ڕقم لە بێدەنگیی ببێتەوە؛ وەک دیاردەیەکی چەپەڵ و ناخۆشەویستیش تەماشایکەم. بەپێچەوانەی ڕێساکانی بێدەنگییەوە، کە جوانی و شکۆی تیایە، بۆ ئەمڕۆی ئێمە چەنەبازیی و زۆربڵێی جوولەکەکان پێویستبوو. دەمانخواست جوولەکەکان بە ژاوەژاو و چەنەچەنی سیاسیی کاسمانکەن و دونیا لەو زوڵمە بەئاگابهێنن لە ژه‌نراڵ مەزڵوم دەکرێت. داخیگرانم، ژه‌نراڵ مەزڵوم تەنیا و خەمۆک کرا. هیچ شتێکیش لە خەمۆکی سیاسیی مەترسیدارتر نییە؛ ئەمەیان لەڕووی مێژووییەوە، لەدێرزەمانەوە جوولەکەکان چەشتوویانە. خەمۆکیی وا گەلۆ تەنها داڕمانی دەروونی و پەشێویی لەگەڵ خۆیدا ناهێنێت، پێش هەموو شتێک داڕمانی سیاسیی و ماڵوێرانیی نەتەوەیی لەگەڵ خۆیدا دێنێت.
کاشکێ جوولەکەکان (ژورنالیست و سیاسیی و ڕوناکبیرانیان) سەبارەت بە ڕۆژئاڤا چەنەیانلێدەدا، گرنگ قسەیاندەکرد و زیادەڕۆییان لەسەر دۆزی ڕۆژئاڤا لە گوتندا دەکرد.لەم حاڵەتەدا چەنەچەن و زۆربڵێی جوولەکەکان دەبووە دەرفەتێک بۆ جۆرێکیتر لە بیرکردنەوە، هاتنەکایەوەی گوتنی سیاسیی دیکە.
گومانم نییە، بێدەنگیی شکۆی خۆی هەیە، بەتایبەتی لەو کاتانەی گوتن، دەنگ، هیچ ناگۆڕێت. وەلێ بۆ ئەم ساتەوەختەی ئێمە شکۆداریی لە زۆر گوتندایە، بەتایبەت گوتنی ئەوانەی(جوولەکەکان بە نموونە) شتەسەرەکییەکان سەرلەبەر قڵپدەکەنەوە. لێرەدا لەگەڵ تێگەیشتنێکی نیتچەدام: ئەو ڕاستیانەی بێدەنگدەکرێن ژەهراویدەبن. بەڵێ، یەک دونیا ڕاستی لە هەردوو گەرەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە نێژران. پێویستمان بە قوڕگێکی جوولەکانە هەبوو چەنەبازیی و زۆربڵێی بەسەر راستییەکانەوە بکات، وەلێ درێغا و حەیف نەکرا.
ئەوەی بیرمەندە جوولەکە ئەوروپاییە بلیمەتەکان لە سەدەکانی رابردوودا کاریانبۆکرد داهێنانی چەمکگەلێکی وەک: یەکترقبووڵکردن، لێبووردەیی، پێکەوەژیان یان بانگەوازی ئاشتەواریی بوون، کە بەداخەوە واخەریکە تەنها دەبنە خواست و چەکی داماو و لاوازەکان نەک هێزدارەکان.
ڕاشکاوانە بێمەقسە ساڵانێکە لە سۆسیال میدیای جیهانی عەرەبی، ئێمەی کورد بەوە تاوانباردەکرێین داردەستی ئیسرائیلیەکانین لەناوچەکە. لەمەشا لە ڕقلێبوونی عەرەبەکان زیاتر هیچمانلێدەستنەکەوت. ئەوەش هەر چەواشەکاریی لە دونیای سیاسەتی ناوچەکە بۆدروستکردین، کە جار جار بەرپرسێکی سیاسیی جوولەکە دەیدایە شانوباڵمان؛ قسەیان لە ئاواز و هەڵپەرکێ و خواردنی بەتامی کوردی دەکرد.
کۆتا گوتنم لەم بارەیەوە ئەوەیە، ئەم چەند رۆژەی تێپەڕی دەبێت ئەوەی فێرکردبێتیین، کە بۆلەمەولا پێویستە زۆرترین سێمینار و کۆڕبەند و پانێل، لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان، بە بابەتی گرنگیی دەوڵەت و چۆنیەتی دروستکردنی دەوڵەتەوە تایبەتکرێت، نەک بابەتی ڕوناکبیریانەی مردارەوەبوو.

  • ئازاد حەمە
    پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی



ڕۆژاوای کوردستان لە کۆڵۆنیالیزمی فەڕەنسیەوە بۆ ئیمپریالیزمی ئەمریکی.. شوان ئەحمەد باپیر

ڕۆژاوای کوردستان، بەشێکی دانەبڕاوی خاکی کوردستانە و درێژەپێدەر و تەواوکەری هەردوو بەشی کوردستانی باکوور و باشوورە، ناوچە کوردییەکان بەدرێژایی پشتێنەی سنووری باکووری سووریا درێژ دەبێتەوە بە کەناری سوری- تورکی. کە لە پارێزگای حەسەکە فراوان دەبێت، دووبارە درێژ دەبێتەوە لە پارێزگای حەلەب، هەردوو ناوچەی کۆبانێ و سەرێ کانی و عەفرین لە خۆ دەگرێت. هەڵکەوتەی جیۆپۆلۆتیکی ناوچە کوردییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەرخەری ئەوەیە لە سەدەی بیستەمدا ببێتە ناوەندی چاوتێبڕینی وڵاتە کۆڵۆنیالیزمەکان لەسەروی هەموویانەوە بەریتانیا و فەڕەنسا، لەم نێوەندەدا دووپاتکرایەوە لەسەر بەخشینی کوردستانی سووریا، بە وڵاتی فەڕەنسا، بەگوێرەی بڕیارەکانی کۆنگرەی سان ڕیمۆ لە ٢٦ی نیسانی ١٩٢٠ بەسترا. وای لە کوردەکان کرد بە گژ ئەم هەوڵەی کۆڵۆنیاڵیزمی فەڕەنسی بچنەوە و بەرەنگاری کورد لە دژی فەڕەنسییەکان لەو کاتەوە دەستی پێکرد، کە بڕیاری دەستگرتن بەسەر حکومەتی شا فەیسەڵ درا، فەرەنسییەکان ڕووبەڕووی بەرەنگاری سوورییەکان بوونەوە، لە ساڵی ١٩٢٠دا لە جەنگی مەیسەلۆن سەرکردەی دیاری کورد (یوسف العظمة)، گیانی لەدەستدا، لە ٢٤ی ٧ی هەمان ساڵدا جەنەڕاڵ گۆرۆی فەڕەنسی چووە نێو دیمەشق. هاودەم لە کانوونی یەکەمی ١٩٢٠، لە باکووری سووریا ناوچەی جبل الکراد- جبل الزاویة، بەسەرکردایەتی (ابراهیم هەنانۆ)، فەرەنسییەکان بەسەرکردایەتی جەنەڕاڵ گراندکور، بەسەرکردایەتی ٣٠هەزار سەرباز، توانییان بزوتنەوەی جوتیاران لە تەمووزی ١٩٢١سەرکوت بکەن. کوردەکان بەشێکی دانەبڕاو ڕەسەن بوونە لە بەرەنگاری کۆڵۆنیالیزمی فەڕەنسی، کە چی لە قۆناغی سەرپێکەوتنی دەوڵەتی سووریادا مافەکانیان پشتگوێخران و تەنانەت دەلیڤەی ئەوەیان نەبوو ببن بە خودان ڕەگەزنامەی خۆیان، هەندێک لە نموونەی بەرەنگاربوونەوەی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی کورد لە سووریادا بە هۆی سەپاندنی سیاسەتی ماندێتی فەرەنسا، دەنگی نارەزایی لای گەلانی سووری بەرزبووەوە و کوردیش لەم ڕووەوە درێغی نەکردووە، دیارترین کەسایەتی کوردی جێ دەستیان لەم شۆڕشە هەبوو ئەمانەن. (علی ئاغا زلفو، حسن الخراط- ئەحمەد بەرئاڤی- نجیب البرازی- ئیبراهیم هنانوو)، چەندان کەسایەتی دیکەش.
کورد وەک کەمینەی مەسیحی و دروزەکان نەیتوانی پشتگیریی فەڕەنسییەکان بەدەستبهێنێت، بەڵام فەڕەنسییەکان هەل و مافی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییان بۆ کورد ڕەخساند، لەم چوارچێوەیەدا کورد هەوڵیدا بۆ دامەزراندنی کۆمەڵەو ڕێکخراوی سیاسی و فەرهەنگی. بۆنموونە، کوردی ڕۆژئاوا لەگەڵ ئەو کوردانەی دوای شکستی ڕاپەڕینەکەی شێخ سەعیدی پیران لە ١٩٢٥ لەدەست ستەم و زۆری تورک هەڵاتنە سووریا، پێکەوە توانییان (کۆمەڵەی خۆیبوون)، لە هاوینە هەواری بحمدون- دامەزرێنن، لە نێوان سااڵنی (1927-1946)، ڕۆڵی دیاریان لە بزافی نەتەوەیی و فەرهەنگی کورد لە سووریا بینی و ببووە هۆی ئەوەی هۆشیاری نەتەوەیی لە ڕۆژئاوای کوردستان پەرەبسێنێت و بەرهەمێکی دیکەی ئەو ڕەوشە نوێیەی لەڕووی فەرهەنگییەوە بۆ کورد هاتەپێشەوە (گۆڤاری هاوار)بوو لەلایەن (جەلادەت بەدرخان) ەوەبڵاو کرایەوە. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە هەروەک چۆن خەباتی ناسیۆنالیستی کوردانی ڕۆژئاوا لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم لاواز بوو، لە دوای کۆتایی جەنگی دووەمی جیهانی هەر بە لاوازی مایەوە. بزوتنەوەی کوردی لە ڕۆژئاوا تاڕادەیەکی زۆر کەوتبووە ژێر کاریگەری بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی لە بەشەکانی دیکەی کوردستان و سەربەخۆبوونی سووریا لە1946دا ڕەوشی کوردی بەرەو خراپتربوون برد و گورزێکی گەورەی لە ڕەوشی مافی کورد لە سووریا وەشاند، چونکە لە حکومەتی نەتەوەیی عەرەبی سوریدا بە ئاشکرا کاریان بۆ دورخستنەوەی کورد کرد لە بەشداری پێکردنی سیاسی و کارگێڕی لەوڵاتدا دەکرد، لەم چوارچێوەیەدا کۆمەڵێک بڕیار دران بۆ بەرتەسکردنەوەی چالاکییەکانی کورد. پاش ماوەیەکی کەم لەسەربەخۆبوونی سووریا ڕەوشی وڵات تێکچوو حکومەتی سووریا لەنێوخۆدا متمانەی لەدەستدا و پەرلەمان لاواز بوو، دواتر زنجیرەیەک کودەتای سەربازیی لە سووریا ڕوویدا و ڕەوشی کورد لەسایەی دەسەڵاتی سووریا تاوەکو دەهات بەرەو خراپتربوون دەچوو، چونکە سیاسەتی بە عەرەبکردن لە بوارەکانی کارگێڕیی و سەربازیی پەیڕەودەکرا.
ئەگەرچی سەرباری بەشداری کورد لە زۆرێک لە پایە گرنگەکانی دەوڵەت لە سووریادا، بەڵام دەسەڵاتدارانی سووریا، ددانیان بە مافە ڕەواکانی کورد نەدەنا، لەم چوارچێوەیەدا (پارتی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی)، کە دامەزرا لە ١٩٤٧دا، کورد درکی بەوەکرد ئەم پارتە هەڕەشەیە بۆ سەر شوناسی نەتەوەیی و بەرژەوەندییەکانی کورد لە سووریا، بۆیە لە بەرانبەردا، عبدالحمید دەروێش و عوسمان سەبری (پارتی دیموکراتی کوردی سووریا)یان دامەزراند، وەک یەکەم پارتی سیاسی کوردی لە سووریا لە ١٤ی حوزەیرانی ١٩٥٨ دا دامەزراند. ڕژێمە فەرمانڕەواکانی سووریا، هەمیشە بەرانبەر نەتەوەی کورد سیاسەتێکی ڕەگەزپەرستانەیان پێڕەوی لێکردووە، بۆ نموونە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کوردان، ساڵی ١٩٦٢ سەرژمێریەک لە حەسەکە ئەنجامدراو (١٢٠- ١٥٠)هەزار کوردیان بێ بەش کرد لە ناسنامە بە بیانوی ئەوانە کۆچەری تورکیانە و هەوڵی گۆڕینی ناوچەکەیانداوە بە کۆچپێکردنیان و نیشتەجێکردنی عەرەب لە شوێنیان. لە8ی ئاداری ساڵی1963دا پارتی بەعسی سووریا کودەتایەکی سەربازیی لە سووریا ئەنجامدا، بەهۆی ئەو کودەتا سەربازییەوە توانیان دەسەاڵت بگرنەدەست لە20ی ئاداری هەمان ساڵ حیزبی بەعس حکومەتی لە سووریا پێکهێنا و دەستوریان دانا، لەو دەستورەدا هیچ باسێکی سەبارەت بە کورد و کەمایەتییە ئیتنی و نەتەوەییەکانی لە خۆنەگرتبوو. لە ساڵى 1968دەسەڵاتدارانی سووریا هەڵمەتیکی نوێی دەستگیرکردنی کورد و سەرکردەکانی پارتە کوردییەکانی دەستیپیکرد له نێو ئەو سەرکردانەی کە دەستگیرکران “صالح بەدرەدین” ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کورد. کە باس لە ناسۆرییەکانی نێو زیندان دەکات لە لایەن بەعسییەکانەوە. لەسەردەمی حافز ئەسەددا ١٩٧١- ٢٠٠٠، سەرۆکی سووریابووە، لە چوارچێوەی دژایەتی زمان و کولتووری کوردی لە ساڵی ١٩٨٦ زمانی کوردی قەدەغەکرا لەکاتی ئیش و کاری فەرمیدا. سانسۆر خرایە سەر ڕۆژنامە و بڵاوکراوە کوردییەکان.
ئەمەو لە ساڵی ١٩٩٢دا پشتێنەی عەرەبی (الحزام العربی)، وەک سیاسەتێکی ڕەگەز پەرستانە پێڕەوکرد بەدرێژایی سنووری سووریا لەگەڵ عێراق – تورکیا. بۆ ئەوەی لەنێوان ناوچە کوردییەکان چەند ناوچەیەکی عەرەبی دروستبکرێن، ببنە ڕێگر لەبەردەم بەیەکەوە بەستنەوەی ناوچە کوردییەکان، بە قوڵایی ٥کم، کرین و فرۆشتنی زەوی یاساغ کرا. بەڵام دوای نەمانی دەسەڵاتی بەعس لە دەڤەرە کوردییەکان هێزە کوردییەکان لە سووریا کۆتاییان بەم هەوڵەی دەسەڵاتدارانی بەعس هێنا. ئەوەی لێرەدا خستمانڕوو بەرکۆڵێکی بچووک بوو لە ڕەشی کوردانی سووریا لە چەندین سەردەمی جیاجیادا، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت لەسەر گۆڕەپانی سیاسی وڵاتی سووریا لەبەرچاونەگرتنی هەوڵی نەتەوەکانی دیکەیە لە سووریا لە ئاواکردنی وڵات و نەهێشتنی ترسناکترین ڕێکخراوی توندڕەوی (ڕێکخراوی داعش) لەسەر دەستی نەتەوەی ڕەسەنی خاکی سووریا ئەوانیش کوردەکان بوون، کە
مەزڵوم کۆبانێ یاخود مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە ٢٣ی ئاداری ۲۰۱۹دا بە فەرمی کۆتاییهاتنی “خەلافەت”ی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشی لە باغۆزی سووریا ڕاگەیاند. ئەمەش دوای شەڕێکی درێژخایەن و بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هات، ئەگەرچی ئەمریکا وەک هاوبەشێک لە هێزە کوردییەکانی دەڕوانی، بەڵام ئەوەیان ستراتیژ و پلانی ئەو کاتیان بوو، بەهۆی بوونی زلهێزێکی دیکە لە سووریا ئەویش ڕووسەکان بوون، ئەوانیش لە هەوڵی جێکەوتکردنی پلانەکانی خۆیاندابوون لە ناوچەکەدا، بەڵام بە ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە ٨ی ١٢ی ٢٠٢٤دا، کە ٥٣ ساڵ بوو لە دەسەڵاتدابوون ئیتر ڕووسیا هاوپەیمانێکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێ کەمبووەوە گەرچی کوردەکان ویستیان ئەوەبوو، کە سیاسەتێکی جۆرێک لە پارسەنگی بگرنەبەر بەرانبەر ئەمریکا و ڕووسیا، بەڵام ڕووداوی داگیرکردنی عەفرین لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨دا لەلایەن داگیرکاری فاشیستی تورک و هێزە پڕۆکسییەکانی، ڕووسیا هێزەکانی خۆی لەم کانتۆنەدا کشاندەوەو هەڵوێستی ئەوتۆیان نەبوو، هاوشێوەی ئەمریکا تەنها لە نیگەرانی زیاتر چی هەوڵێکی دیکەیان نەدا بۆ بەرگرتن بەو هێرشە بەربەرییە، لەلایەکی دیکەوە ئەمریکا لە دوای هاتنەسەر کاری دۆناڵد ترەمپ بۆ جاری دووەم، مەترسی لای کوردەکان سەری هەڵدایەوە چونکە لە ماوەی فەرمانڕەوایەتی یەکەمینیدا هەریەکە لە ناوچەکانی گرێ سپی و سەرێکانی گڵۆپی سەزی بۆ تورکیا هەڵکرد و تورکیاش سەرکەوتووبوو لە دەستگرتن بەسەر ئەم دوو ناوچەیەدا، گەرجی کوردەکانی ڕۆژاوا لە هەوڵی بەردەوامیدانبوون لە هێشتنەوەی پێوەندی دۆستانەی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکراتیک و ئەمریکا، بەڵام دەبوایە کوردیش لەوە دڵنیابان کە ئەمریکا وەک ستراتیژی دوور مەودا بەڵێنی پاراستنی بەکوردان نەدابوو، بۆیەشە کوردەکان دەبوایە بە پلەی یەکەم لە هەوڵی تۆکمەکردنی ناوچە سنووریەکانی خۆیان و ناوچە کوردنشینەکاندابوونایە لە زۆربەی ڕوووەکانەوە، چونکە لەلایەکەوە لەژێر گوشاری تورکیادابوون و لەلایەکی دیکەوە هێزە پڕۆکسییەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە چاوەڕوانی دەلیڤەیەکدابوون، کە دووبارە کۆنتڕۆڵی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بکەن، ئەوەش لەدوای پاڵپشتییە زۆرەکان کە بەرهەڤبوون بۆیان لە هەریەکە لە وڵاتانی عەرەبی (قەتەر، سعوودیە)، و داینەمۆی هاندانیان بۆ بەرتەسککردنەوە و نەهێشتنی ڕۆڵی هەسەدە لە سووریای دوای بەشار ئەسەد، بریتییە لە دەوڵەتی تورکیا، کە ئارەزووی گەڕانەوەی هەژموون و پێگەی خۆیەتی بۆ ناوچە هەمەجۆرەکانی سووریا، بەڵام ڕای گشتی زۆرێک لە ناوەندەکانی بڕیاری جیهانی بەتایبەتی دۆستە کوردییەکان لە زۆرێک لە وڵاتان لە هەوڵی وەستانەوەدانە دژ بەو هێزە تیرۆرستانەی کە خاکی ڕەسەنی کوردان بە ئامانج دەگرن، ئەوەی لە ئێستادا مایەیی خۆشحاڵی کوردانە بریتییە لە دروشمی وەکه هەڤی و یەکانگیری نێوان کوردانی هەر چوار پارچە و کوردانی تاراوگە کە بە خۆپیشاندانەکانیان شەقامی ئەوروپی و جیهانیان هەژاندوە لە پێناو پاراستنی کورد و دەستکەوتەکانی لە ڕۆژاڤا، چونکە بەرخودانی کوردان نادیدە گیراوە بەجۆرێک لە جۆرەکان لە لایەن هاوپەیمانەکانەوە، لە سەروی هەمووانەوە ئەمریکا، هەروەک ڕوونە، کە ئەفسانەی تێکشکاندنی داعش لە سەر دەستی بەرخودانی کوردان هاتەجێ، کەچی لە پڕێکدا هێزە بە ناو ناڕەزاییەکانی سووریا بەربوونە گیانی کوردان و خەریکبوو کارەسات بخوڵقێنن بەرانبەر نەتەوەیەک کە ئەوانی پاراست لە هەژموونی داعش کەچی زۆر بێ ئەرزشانە لە نەتەوەیەکی سێجار جار ستەمدیدە جارێک لەسەردەستی کۆڵۆنیالیزمی فەڕەنسی و بەریتانی و کردنی بە پارچەیەک لەژێر دەستی وڵاتێکی دروستکراو بە ناوی سووریا و جاری دووەم ستەمدیدەی ژێر دەسەڵاتی حیزبی بەعسی فاشی- سووریا و جارێکیش لەژێر هەڕەشەی دەسەڵاتی داعش، هەزاران ڕۆڵی خۆیان کردە قوربانی، بەڵام ئەوەی گرنگە کورد دەبێت زۆر بە بڕشتی کار بکات بۆ دووبارە چاوخشاندنەوە بە دۆست و نەیارەکانی و زامنی بەردەوامی بەدەستهێنانەوەی متمانە و پشتگیری شەقامی کوردی بکات بە بەرجەستەکردن و فەراهەمهێنانی ژیانێکی یەکسان بۆ گشت تاکەکانی، چونکە دواجار کوردبوونە هەموومانی ڕاچڵەکاندووە بۆ ئەوەی وەک هەر گەلێکی ماف خوراو و ستەمدیدە بگەین بە ژیانێکی ئارام و شایستە بە قوربانییەکانی باب و باپیرانمان داویانە بۆ ئەم خاک و نشتیمانە.

————————————
هەندێک لە ژێدەرە سوود لێ وەرگیراوەکان:

  1. ئامانج و دەرئەنجام لە مێژووی بزاڤی نەتەوەیی کورددا، سەلاح ئەحمەد محمد ئەمین، چاپخانەی پاندا، سلێمانی، ٢٠٢٤.
  2. سیاسەتی حکومەتی سووریا بەرامبەر بە پرسی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان(1970- 2004)، ئاوات عەبدوڵڵا عەبدولقادر، زانکۆی سلێمانی، کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکان، بەشی مێژوو، ٢٠٢٢.
  3. کوردانی سووریا لەژێر دەسەڵاتی فەرەنسیدا، نێلیدا فوکارۆ، وەرگێڕانی لەئەڵمانیەوە: هەڵۆ بەرزنجی، سلێمانی، ٢٠١٢.
  4. کوردی سووریا بونێکی نکولی لێکراو، نووسینی هێریەت مۆنتگومری، و، لە ئینگلیزییەوە، مینە، پێشەوا، سلێمانی، ٢٠٠٩.

شوان ئەحمەد باپیر
. سۆران.
٢٦- ١- ٢٠٢٦.




رۆژئاڤا و پارادۆکسیزمی مۆڕاڵی زلهێزەکان.. جوتیار

ئەوەی لەڕۆژاڤا (باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا) ڕوودەدات، تەنها لە چوارچێوەی شەڕ و هاوپەیمانیەکی ناهاوسەنگدا نابینم. بەڵکوو وەک بەرهەمی یەکگرتنی دوو هێزی نامۆڕاڵ لە سیاسەتی نێودەوڵەتیی و سیستەمی سەرمایەداریی کە لە بنەڕەتدا بنەماکانی مرۆڤ و نەتەوە بە نرخ و سوود دەهەڵسەنگێنێت.
ئارگومێنتەکانی دەستپێکی شەڕ لە سوریا بەو شیوەیە بوو، (لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا(ڕۆژاڤا)، نەخشەیەک خۆی دووبارە دەکاتەوە، کارەکتەرە کوردەکان بەرپرسیارێتی مەزن دەگرنە ئەستۆ، پێکهاتەی بەڕێوەبەرایەتی سەقامگیر دادەمەزرێنن و لە ژێر بارودۆخێکی توندا کردەوەی مەیدانی و مرۆیی چالاک ئەنجام دەدەن، بە هەزاران قوربانی دەدەن و گیانبازی و ململانێ لە گەڵ قورسترین هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیاندا دەکەن، تەنها بۆ ئەوەی ئەو ستاتۆیە سیاسیە لەلایەن زلهێزە گەورەکانەوە متمانەی پێبکرێت)، بەڵام دوایین پێشهات ئەوەمان پێدەڵیت، کە ستراتیژییەتی ئەمەریکا کورد تەنها وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجێک بەکاردەهێنێت، ئەو مامەلەیە لە دنیای سیاسەتی ئەمەریکیدا پرسیارێکی ئەخلاقی بنەڕەتی دەوروژێنێت، چ جۆرە ئەخلاق یاساو ریسایەک ڕەوایەتی دەدات بەو جۆرە لە مامەڵەکردن ؟، ئەدی باجەکەی چییە کاتێک کە هاوپەیمانە ئازا کوردەکان بەهۆی هاوپەیمانییە نوێیەکانەوە لە یارییەکی قێزەونی دەسەڵاتی جیۆپۆلیتیکیدا سەرگەردان دەبن؟ ئەو دۆخە نوێیە کە لە سوریا هاتۆتە ئارا، قوڵبونەوە لەو هەڵوێستە نایەکانگیر و پارادۆکسەی ئەمریکاو هاوپەیمانان دەکاتە شتێکی پێویستوو هەڵوێست لە سەرگرتوو.
کورد لەڕۆژاڤا (باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا)دا کاریگەرییەکی بەرچاوی سیاسی و مرۆیی دروستکردووە، بەرێوەبەرایەتیەکان، پێکهاتە و یەکە ئەمنییەکان، سیستەمی تەندروستی و پەروەردە، و فریاگوزاری کارەساتەکان، ئامادەیی ئەوان بۆ هاوکاری و هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمەریکاو زلهێزەکان لەسەر بنەمای ئەو متمانەیە بوو کە سەقامگیری بۆ مافە سیاسیی و کولتوریەکانیان لە سوریای داهاتوودا گەرەنتی دەکرێت.
کاتێک هاوپەیمانان ڕوانگەی سیاسی خۆیان دەگۆڕن بە بەکارهێنانی کورد وەک ئامرازێکی بەسوود لە پرۆژەیەکی نوێ بە ناوی حکومەتی سوریا یان بە پشتیوانیکردنی دەسەڵاتێکی سێنتڕال لەژێر سەرکردایەتی کارەکتەرێکی وەک ئەحمەد شەرع دا، گومانێکی قوڵی بە ئامرازسازی سەرهەڵدەدات.
دیدگاو سیاسەتی (سەقامگیری بە هەر نرخێک) لە سوریادا، لەسەر حیسابی دوورخستنەوە یان کەمکردنەوەی مافە سیاسییە درێژخایەنەکان و کەمکردنەوەی ڕۆڵی کوردانی سوریا لە بڕیاری سیاسیدا پێچەوانەی ئەوهەموو قوربانیدانەیە کە کورد (شەرڤانان) بە درێژایی زیاتر لە دەیان ساڵ پێشکەشی کۆماڵگای نێودەوڵەتیان کرد لە پێناو سەلامەتی و پاراستنی کەرامەتی ئەواندا. ئەو سیاسەتە بەرامبەر بە کوردی ڕۆژاوا پێچەوانەی ئەو بەرپرسیارێتیە ئەخلاقیەیە کە دەبوو هاوپەیمانان و بە تایبەت ئەمەریکا لە بەرامبەر پاراستنی کوردانی ڕۆژاوا بیگرنە ئەستۆ بۆ پاراستنیان لە پەلاماری دەوڵەتی ناوەند کە بەشێکە لە دڕندەیی ئیسلامی سیاسی لە ناوچەکەدا وهەروەها پاراستنیان لە پەلاماری دەوڵەتی تورک کە نوێنەرایەتی فاشیزمێکی وێنانەکراو دەکات لە جیهانی سیاسی ئەمڕۆدا .
ئەو جۆرە بەرخوردە لە گەڵ کورد لە لایەن هاوپەیمانەکانیانەوە پرسیاری جددی سەبارەت بە ستراتیژیەتی درێژخایەن، شەفافیەت و بەردەوامی و وابەستەیی ئەخلاقی دەوروژێنێت، ئەو جۆرە مامەڵەیە متمانەی کوردەکان لە رۆژاڤادا بە پابەندبوونی هاوپەیمانان و ئەمریکا تا ئاستێکی زۆر قوڵ تێکدەدەن و لە ناودەبەن.
خوێندنەوەی من بۆ ئەو ئالانگاری و پێشهاتانە، جەختکردنەوەیە لەسەر دەستەڵاتێکی سێنتڕاڵ بۆ سوریا لە سەردەمی ئەحمەد شەرع دا لە لایەن ئەمەریکاوە، گۆڕانکاری لە مۆدێلی لامەرکەزی بۆ ناوەندگەرایی ڕەها و زیاتری دەوڵەت دەگەیەنێت، ئەو گۆڕانکارییە بۆ کورد بە ئەگەرێکی زۆرەوە بە مانای لاوازبوونی سیستەمی حوکمڕانی خۆسەر کە بەدرێژایی ساڵانێک بنیات نراوە و بە مانای هەژموونی سیاسی نوێ لەلایەن دیمەشقەوە دێت.
هەموو ڕوداوەکان وا دەردەکەون کە ئەمەریکا و هاوپەیمانان بەرگەی کۆنەپەرسترین هێز دەگرن یان تەنانەت پشتگیری ڕەهاشی دەکەن تەنها لەبەرامبەر بەهێزکردنی دەستەڵاتی ئیسلامی سیاسی سونەدا بۆ ئیحتیواکردنی هەژموونی شیعەگەرایی لە ناوچەکەدا، بە گرتنەبەری ئەو سیاسەتەش لە لایەن هاوپەیمانانەوە، دیمەنی تەناهی لە رۆژئاڤا( باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا) گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا دێت و هیچ دوریش نیە وێنە سیاسیەکە سەدەرسەد پێچەوانە ببێتەوە بەو مانایەی ئەمەریکا خۆی وەک شەریکێک لە گەڵ دەوڵەتی ناوەند دژ بە رۆژئاڤا و خۆسەریەکەی کورد کار بکات و لەبری ئەوە دەستەڵاتی ناوەند و دیمەشق وەک ئەکتەری سەرەکی ناوچەکە بەهێز بکات.
تورکیا دەتوانێت ئەم دینامیکییە بەکاربهێنێت بۆ فشارخستنە سەر یەپەگە/یەپەژە و پەرەپێدانی هەماهەنگییەکی نزیکتر لەگەڵ ئەحمد شەرع و دیمەشق دژی خۆسەری و دەستەڵاتی کورد، ئەوەش دەبێتە هۆکارێکی بەهێز بۆ تێچووی قەبارەیەکی مرۆیی گەورەتر لە قوربانیەکان و دەبێتە فاکتێک بۆ وێرانبونی ژێرخان و بارودۆخی ژیانی مەدەنی بۆ کوردانی ڕۆژئاڤا لە ڕووی جیۆپۆلەتیکییەوە، بە هاتنە ئارای ئەونەخشە تازەیە و ئەو شەرایەتە جیۆپۆلۆتیکیە، کورد ڕووبەڕووی نۆرماتیڤ(معیار) ێکی دووانەیی دەبێتەوە، بەو مانایەی هاوپەیمانەکانیان لە کاتی قەیرانەکاندا پشتیوانی ئۆتۆنۆمی بۆ ئەوان دەکەن و پاشان هەوڵی دروستکردنەوەی متمانە بۆ دەسەڵاتی ناوەندی کە وەک هەڕەشەیەک لە سەر خۆیان هەستیان پێدەکرد دەدەن، ئەم شێوازە پاڕادۆکسە لە مامەڵەی سیاسی دەبێتە هۆی لەدەستدانی باوەڕو متمانەی سیاسی بەو هاوبەشیەی کە ساڵانێکە کورد هیوای لەسەر هەڵچنیوە، کە بە داخەوە زۆربەی زۆری کاتەکان گۆڕانی هاوپەیمانییەکان بە مانای سەختبوونەوەی ڕێگاکانی بەردەم نەتەوەی کوردن لەو ناوچەیەدا، بە مانای بێئومێدی و لە دەستدانی متمانە و ئاوارەبوون و دەربەدەریەکی ترن بۆ ئیمە .
ئەوەی کە پێویستبوو ئەمەریکا و هاوپەیمانان بیکەن بۆ کوردی رۆژئاڤا، نەخشەڕێگایەک کە بە شێوەیەکی سیستماتیک ئەو مۆدێلە لە بەڕێوەبردن کە یەکەم جارە لە ناوچەکەدا ئەزموون دەکرێت بە هێزەوە پشتیوانیان کردبایە، لایەنیکەم لە ئۆتۆنۆمی کولتووری و بەشداری ئابووری و حوکمڕانی ناوخۆیی لە چوارچێوەی (سەروەری دەوڵەتدا) بەو ئارگومێنتەی کە ئێستا هاوپەیمانان بانگەشەی بۆدەکەن، دەبوایە ئەمریکا وەک نێوەندگیرێکی باوەڕپێکراو مامەڵە بکات لەگەڵ کوردانی ڕۆژئاڤا نەوەکوو وەک هاوپەیمانێکی درۆزن و هەڵخەڵەتێن.
بە داخەوە پێشهاتە تازەکان هەڵگری هیچ ئاماژەیەکی پۆزەتیڤ نین لە پەیوەست بە ئالوگۆڕی جارەنوسی کوردانی ڕۆژئاڤا، هاوبەشیە تازەکەی سوریا-ئەمریکا ئەوەمان نیشان دەدات کە چۆن لە چرکەیەکدا دەتوانرێت بنەما مۆڕاڵیەکان لە پراکتیکدا بگۆڕدرێن، کاتێک بەرژەوەندییە ئابورییە ستراتیژییەکان زاڵ دەبن. کورد لە رۆژاڤادا شایەنی ئەوە بوو کە ئەمریکا هاوبەشییەکی جێی متمانە و درێژخایەنی لەگەڵ دووپات بکاتەوە کە لەسەر بنەمای سەروەری و ئەو پەیوەندیە ئیتنیکیە/سیاسیە دروستکرابوو لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا نەوەکوو لەبەریەک هاڵوەشاندنی و جێهێشتنی ئەوان لە ناو ململانێی ئۆقیانوسی پڕ شەپۆلە هەڵچوەکانی ناوچەکەدا بە تەنها.
لە لایەکی تریشەوە ئەگەر وردبینانەتر بارودۆخەکە هەڵسەنگێنین، من پێم وایە ململانێ و توندوتیژی نێوان گروپوو پێکهاتە سیاسیەکان لە سوریا، بە شێوەیەکی تەواو جیاواز لەوەی باس دەکرێت، بەرهەمی ئەو جیهانەیە کە تێیدا نەتەوەکان و خاکەکان وەک بازاڕ بینراون و دەبیندرێن، لە سیستەمی سەرمایەداریی جیهانی دا، گرنگ نییە کێ دەمێنێت یان کێ دەکوژرێت؛ گرنگ ئەوەیە کە کام ناوچە ئارامە بۆ سەرمایە خستنەگەڕو سەرمایەگوزاری، کام شەڕ سوود و قازانجی زیاتر دروست دەکات و کام هێز دەتوانرێت بە کەمترین تێچوون بەکاربهێنرێت. من لەو چوارچێوەیەدا تەنها ئەوە دەبینم کە کورد، هەمیشە وەک هێزی هەرزان و قوربانییەکی گونجاو بۆ مامەڵە سیاسیەکان لە ناو ئەو بازاڕەدا هەڵبژێردراوە.
بێدەنگی و ئەو سکوتە سەرتاپاگیرە نێودەوڵەتیە لە بەرامبەر هێرشەکان بۆ سەر رۆژئاڤا، تەنها بڕیارو مامەڵەیەکی سیاسی نییە؛ بەڵکوو بڕیارو مامەڵەیەکی ئابووریشە. کاتێک شەڕ بەردەوام دەبێت، بازاڕی چەک، بازاڕی پاراستنی دەسکەوتەکان و بازاڕی قەیران و جارەسەرە سیاسیەکانیش بەردەوام دەبن. لەم بازاڕەدا، خوێنی خەڵکی و هاووڵاتیان هیچ نرخێکی نییە. ئەمە نامۆڕاڵی ئەو سیستەمەیە کە بە زمانی واقعی ناتوانی پێناسەیەکی تری پێبدەی.
ئەو هێزە نێودەوڵەتییانەی کە خۆیان بە پارێزەری ماف و دیموکراسی ناساندووە، لە ڕاستیدا بەشێکن لە جەوهەری ئەو سیستمە و هاوپەیمانەکانی، کاتێک قسە لە ماف و ئازادی دەکەن، ئەوە تا ئەو کاتەیە کە ئەم مافانە لەگەڵ بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەوان بەریەککەوتنیان نابێت. کاتێک ماف و بەرژەوەندی بەریەک دەکەون، ماف دەخورێت و بەرژەوەندی دەپارێزرێت، کە ئەوەش باڵاترین ئاستە لە نامۆڕاڵیی سیاسی سیستەمی سەرمایەداری نوێ.
بە تیڕوانینی من ئەمریکاو هەوپەیمانەکانی، کوردانی ڕۆژئاڤاو و پڕۆژە سیاسیەکەیان لە کوردستانی سوریا وەک هەوڵێک دەبینن بۆ تێکدانی ئەم فۆرمولە سیاسی و ئابوریەی خۆیان ، بەڵام هێشتاش تا ئاستێک باوەڕم بەوەیە کە ڕۆژئاڤا، لە هەموو قورسیی و روبەڕوبونەوەکاندا، هێشتا دەتوانێت شوێنی دروستکردنی گوتارێکی سیاسی و پێگەیەکی سەربازی بەهێز بێت بۆ ئەو بەشەی کوردستان، گوتارێک بێت دژی توندڕۆیی دینی و نەتەوەیی ، دژی هاوپەیمانی درۆینە و دژی سیاسەتێک کە ژیان و بوونی مرۆڤەکان بە ژمارە هەڵدەسەنگێنێت.




ترێند/ داهێنان (پێشكەوتن، لە سەركێشی و بوێرییدایە).. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

(ترێند) توانا و جوولەی گشتی بیركردنەوە و هەڵسوکەوت، یان سەرگەرمی و تێڕوانینی هاوبەشی نێو كۆمەڵگا، وەک فۆرمێك لە فۆرمەكانی ئازادی بەرز دەنرخێنێ. خێرایی و دووبارەبوونەوەی ترێند لەلایەك زمان و ئازادی وەک بەرپرسیارییەتی و بوێری بەرجەستە دەكات، لەلایەكی دیكە جیاوازی زمانیی داهێنانی تاکی سەركێش پەردەپۆش دەكات؟!.
بۆ بەدواداچوونی توانای ترێند كە بوێری لەخۆدا هەڵگرتووە و سەركێشی داهێنان كە چەمكی دەستپێشخەری دەنوێنێ، هەوڵدەدەم خوێندنەوەیەكی گشتی بۆ زمان لەڕێگای (ئازادی/ بەرپرسیارییەتی) و (ئازادی/ داهێنان) بكەم و خوێندنەوەیەكی تایبەت بۆ (جیاوازی زمانیی تاكی سەركێش) بكەم و لەڕێگای چەمكی جیاوازییەوە بڵێم: ئەگەرچی لەڕووییەك لەڕووەكان چیرۆكی بەرپرسیارییەتی سەردەم و خێرایی و دووبارەبوونەوەی ترێند (وەک هاوبەشی پێویستی كۆمەڵگا و توانای بوێری و هێزی میدیا و هەست و ئارەزووی مرۆڤ لە كاتە دیاریكراوەكاندا) زمانی هاوبەشی سەردەم دەپارێزێت؛ لەڕوویەكی دیكەوە (وەک یەکێک لە گرنگترین و قووڵترین پانتاییەكانی ئازادی كە هۆشیاریی ڕەخنەیی زمانی تاکی سەركێش و دەستپێشخەری هەڵگرتووە و کاریگەری قووڵی لە گۆڕانكارییەكاندا هەیە) جیاوازی داهێنان پەراوێز دەخات!.
بە كورتی (خێرایی ترێند) بە قووڵی بیر لە سەركێشی و هەنگاو هەڵگرتن و سەیرورەی گۆڕانكارییەكان ناكاتەوە، بەقەد ئەوەی بیر لە تواناى ڕووبەڕووبوونەوەی (ترسی لەدەستچوون) دەكات؛ بەقەد ئەوەی هەوڵی سەرگەرمی كاتی دەدات، ڕاكێشانی سەرنجی گشتی (چیڕۆكی بەرپرسیارێتی) وەک هێزی میدیا و تەكنۆلۆژیا لە بازاڕی ئەخلاقدا چەشنی (داهێنان) برەو پێبدات؛ بەڵام لەبەرانبەردا (هەنگاو هەڵگرتن بەرەو داهێنان) لەگەڵ گرفتە ناكۆتاییەكانی (ئازادی و جیاوازی و زمان)دا دەژی و بە قووڵی بیر لە سەیرورە و گۆڕان دەكاتەوە.
كەواتە زمانی داهێنان (وەک كردە) و بەکارهێنانی ترێند (وەک ئامراز)، یان لە خاڵی جیاوازی نێوان سەركێشی و بوێرییدا دەشێ (ئازادی زمانی جیاواز و هەنگاو هەڵگرتن بەرەو داهێنان) كۆی ئەو ڕوونکردنەوە و ڕێکخستنە نمایشخوازانەی ترێند و سەرگەرمی تێپەڕێنێ… چونكە هەمیشە داهێنان و جیاوازی شێوازێکی نوێ بۆ كردەی ئازادی زمان دەدۆزێتەوە، بەبێ ئەوەی پشت بە شێوەخوازی ڕاكێشانی سەرنجی گشتی و هاوبەشیکردن، هێزی سەرگەرمی، لایک، کۆمێنت ببەستبێت. وەک چۆن (خێرایی و توانای ترێند و ئامرازی تەكنۆلۆژی) شێوازێکی نوێ بۆ خۆنمایشكردن و چیڕۆكی بەرپرسیارێتی وەک دەرئەنجامی هاوبەشی پێویستی كۆمەڵگا، هێزی میدیا و هەست و ئارەزووی مرۆڤ لە كاتێكی دیاریكراودا دەدۆزێتەوە!.
هەڵبەتە گرفتە ناكۆتاییەكانی ئازادی زمان، لە بوێری و سەركێشی ترێند و داهێنانەوەیە؛ بەڵام یەکێک لە بنەڕە‌تترین سەركێشییەكانی ئازادی زمان جیاوازییە، نەك چیرۆكی بەرپرسیارێتی؛ جیاوازی هەمیشە تێگەیشتنێکی نوێیە بۆ دیتنی گرفتە ناكۆتاییەكانی تاك و زمان. بەو مانایە داهێنان تەنها کۆمەڵێک فۆرمی خێرا و كاتی بڵاوبوونەوەی سەردەم نییە، وەک چۆن زمان تەنها کۆمەڵێک وشە یان دەق نییە کە واتایەكی بەرپرسیارانە و ڕێكخراوی ترێندخوازی هەبێت؛ بەڵكە داهێنانی زمانیی تاکی سەركێش، گەڕانەوەیە بۆ ئازادی ئازادی… ئازادی داهێنان جیاوازییە. بوێری و سەركێشی زمانی داهێنانە و یەكێك لە ڕەگەزەكانی ئازادی بوێریی و سەركێشی زمانە، بەو مانایە پێشكەوتنی زمان هەم ناوەکییە و هەم دەرەكییە!.
بەڵام بڵاوبوونەوە و دووبارەبوونەوەی ترێند درووستكراوی تاک نییە؛ بەڵكە لە هێزی هاوبەشی كۆمەڵگا و میدیا و تەكنۆلۆژیای سەردەمدایە… هەموو ئەم تێگەیشتنە جیاوازانەش لەو بیركردنەوانەن كە توانای ترێند (خێرایی بڵاوبوونەوە) و مێژووی زمان (بەردەوامی) وەک (ئارەزووی پێشكەوتن) پرۆسیسەی دەكەن؛ بەڵام هەمیشە (جیاوازی زمانیی تاکی داهێنەر) دەیەوێت بیرۆکەی ترێندی تەكنۆلۆژی و بیرۆكەی بەردەوامی مێژوویی لە سەیرورەدا تێپەڕێنێ؛ دەیەوێت لەجیاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ترسی لەدەستچوون و لەجیاتی چیرۆكی بەرپرسیارییەتی… هەمیشە (قووڵی مەعریفی) و (دابڕانی مێژوویی) پەرە پیبدات.
بەمجۆرە (جیاوازی زمانیی تاکی سەركێش) لەڕووی ڕەخنەییەوە توانیووییە مێژووی زمان لە چوارچێوەی مێتۆدەكانی بەردەوامی و بەرپرسیارییەتی ئاڕاستەكراو و دووبارەبوونەوە ڕزگار بکات؛ جیاوازی زمانیی تاکی داهێنەر هەمیشە بەدوای بوێری- سەركێشی و ئازادییەكانی داهێنان و سەیرورەی مەعریفەی جیاوازەوەیە؛ هەمیشە لە وێنە باوەكە و خێرایی بڵاوبوونەوەی تەكنۆلۆژی سەردەم، دوور دەكەوێتەوە… جیاوازی داهێنان بەجێی ئەوەی پێشنیاری بەرپرسیارییەتی و نمایشخوازی بکات… پێیوایە دەبێ دەق و زمان لەسەر ئازادی جیاوازییەكان و سەركێشی تاک و هەنگاو هەڵگرتن بەرەو داهێنان ڕابێتەوە، هەمیشە خۆی پێوەری ساتەوەختی جیاوازیی خۆی بێت، نەک وەک ئاوێنە ڕەنگدانەوەی بیرۆکەی چەپێنراوی زمان و چەپێنراوی ناوەوەی تاک بێت، نەك خۆی لە پێویستی كۆمەڵایەتی و هێزی میدیا و سەرگەرمی و تەكنۆلۆژیای سەردەمدا بدۆزێتەوە؟!
لێرەدا سەیرورەی جیاوازیی و تاکخوازی دەبێتە خاڵی لاوازی بەرپرسیارییەتی و بەكاربردنی زمانی هاوبەش، چیرۆكی بەرپرسیارییەتی و تەكنۆلۆژیای بەكاربردن بەوە تۆمەتبار دەكات کە فۆرمخوازی سەردەم یان ترێند (هۆشیاری گشتی) لە خۆنماییكردن زێتر شتێكی دیكە نییە… بەمجۆرەش بازاڕی خۆنماییكردن چەمكی جیاوازی زمانیی تاکی سەركێش دەخاتە چوارچێوەی ناپاكییەوە، هەمیشە عەقڵییەتی باو، هۆشیاری گشتی، چیرۆكی بەرپرسیارییەتی … چەمكی جیاوازی و تاکخوازی پەراوێز و سەركوت دەكات! دەمەوێ بڵێم هەندێک جار (دەسەڵاتی زاڵ) جیاوازی و تاکخوازی وەھا پیشان دەدات، کە پێشێلكردنی پێشكەوتن و بەرپرسیارییەتییە؛ بەو مانایەش ڕامانی قووڵ لەبەرانبەر خێرایی بڵاوبوونەوە، داهێنان لەبەرانبەر سەرگەرمی، نەرێنی لەبەرانبەر ئەرێنی… بە شێواندنی ئاسایش و ئازادی لێكدەداتەوە؛ ئەگەرچی كردەی جیاوازی زمانیی تاکی سەركێش لە هەنگاو هەڵگرتن بەرەو داهێناندا هەمیشە چەمكی بەرپرسیاریەتی و ترێند وەک ئامراز دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
خاڵێکی دیکەی نەرێنی و هۆشیاری ڕەخنەیی ئەوەیە كە زمان و شێوازی نووسینی جیاواز نامۆیی دەخاتەوە؛ بێگومان زمانی نامۆ و جیاواز هاوشێوەی ژیانی خەڵك نییە، بەڵام هەڵبژاردنی مرۆڤەكان دەگۆڕێ؛ هەندێک جاریش ناكۆكی تاکگەرایی دەخاتەوە (تۆ لە یەك كاتدا ئازادی و بەرپرسیارییەتی وەک دوو بیرۆكەی دژ بەیەك هەڵدەگریت، دەشزانی هەردووكیان وەک ئەرێنی و نەرێنی یەك ئەوی دی لاواز دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕ بە هەردووكیان دەكەیت و لۆژیكی دژ بە لۆژیك بەكار دەهێنیت.) ئەمە وای کردووە چەمكی جیاوازی سەر بە ئازادی بێ و چەمكی سەرگەرمی سەر بە توانای ترێند، چەمكی داهێنان سەر بە بوێری و سەركێشی بێ و چەمكی بەرپرسیارێتی سەر بە تێڕوانینی هاوبەشی نێو كۆمەڵگا، بە پێچەوانەشەوە ڕاستە…هەر بەو مانایە پێشكەوتن لە جیاوازییدایە.
لەڕووی ناوەڕۆکیشەوە، پرسیاری گرنگ ئەوەیە: ئایا (جێ پەنجەی نامۆیی- جێ پەنجەی نەرێنی) لە وێنەی خێرای ترێنددا- لە وێنەی بەربڵاوی ئەرێنییدا بەشێوەیەکی تەواو پێشکەش کراوە؟! چەمكی پێشكەوتن لە جیاوازییدایە و هەوڵدەدات ڕوونی بکاتەوە کە ئازادی سنووری دیاریکراوی نییە؛ ئەمەش هۆکاری ئەوە بوو کە جیاوازی لە قۆناغی دواتردا بەرەو بەرپرسیارێتی بگوازێتەوە و بە جۆرێكی دیكە گرنگی بە پەیوەندی نێوان قووڵایی و خێرایی بدات! بێگومان لە هەموو ئەم ڕەخنانەشدا، ناتوانرێت گرنگی و کاریگەری زمانی جیاواز لەبەرانبەر ئازادی، سەركێشی لەبەرانبەر داهێنان، نەرێنی لەبەرانبەر ئەرێنی… بچووک بکرێتەوە؛ چونكە ئەوە سەیرورەی جیاوازییە ڕێگایەکی نوێی کردۆتەوە بۆ تێگەیشتن لە ئازادی زمان و سەركێشییەكانی تاکی داهێنەر و ڕەخنەكارییەوە، ئەگەرچی زۆر جار زمانی جیاواز و سەركێشییەكان و ڕەخنەكاریی بۆ شێواندنی ڕەهەندەکانی ئاسایش و ئازادی بەکارهاتووە؟!.
قسەی کۆتایی ئەوەیە: جیاوازی زمانیی تاکی سەركێش، تێگەیشتنێكە هەم توانای ڕووبەڕووبوونەوەی هەیە و هەم دەستپێشخەری و هەنگاو هەڵگرتن بەرەو داهێنان- سەیرورە. سەیرورەی داهێنان لە دەستپێشخەری و هەنگاو هەڵگرتندا گوزارشت لە ئازادی و بیرکردنەوەی قووڵ و زمانی تاکی جیاوازدا دەكات. لەوێوە ڕەخنەی تووند لە جوولەی گشتیی بیركردنەوە، هەڵسوکەوت یان تێڕوانینی باوی نێو كۆمەڵگا و چیرۆكی بەرپرسیارییەتی و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ترسی ناوەكی دەگرێت!. ترسی ناوەكی لەوەدایە كە لەپێناو داهێنان و چركەساتە دەرەكییەكاندا مانای ئازادی و ئاسایش و بەرپرسیارییەتی ناوەكی کەمڕەنگ دەکات؛ بەڵام لە کۆی گشتیدا (هەنگاو هەڵگرتن بەرەو داهێنان و جیاوازی) بە یەکێک لە بنەماترین تێگەیشتنەكانی ئازادی و پێشكەوتن و گۆڕانکارییەكانی سەردەم دەژمێردرێت.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
هەولێر 5/1/2026




گرێی ئۆدیپ لەنێوان تراژیدیای شانۆیی و شیكاری دەروونی.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

زۆر جاران لەبواری شانۆو شیكاری دەروونیدا باس لە (گرێی ئۆدیپ) دەكرێت، لەو كاتانەدا گەلێك پرسیار بەخەیاڵماندا دێن:
ئەرێ (ئۆدیپ) كێیە؟ چیرۆكەی چییە؟ بۆچی ئەم چیرۆكە بۆتە بەردی بناغەی دەروونناسیی مۆدێرن؟
كاتێ‌ بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارانەدا گەڕایت تێ‌ دەگەیت كە:
ئۆدیپ ـ كۆنترین و ناودارترین كارەكتەری ئەفسانەییە لەمێژوودا، كە لەلایەن فەیلەسوف و شانۆ نووسی یۆنانی (سۆفۆكلیس) لە سەدەی پێنجی پێش زایین، یان ڕوونتر بڵێین، بۆ یەكەمجار لە ساڵی ٤٣٠ـ دا بە ناوی (ئۆدیپ پاشا) لە سەردەمی زێڕینی شانۆی یۆنانیدا نمایشی كراوە..
چیرۆكەكە چۆنە؟
ئۆدیپ كوڕی (لایۆس) پاشای مەملەكەتی (تیبە) و (جۆكاستا) دایكەیەتی.
پێش لەدایكبوونی (ئۆدیپ) كاهینەكان پێشبینییەكی ترسناكیان بۆ باوكی گێڕاوەتەوە ، كە ئەم منداڵەی لەدایك دەبێت، قەدەر وای بۆ نووسیووە، لە ئاكامدا باوكی خۆی دەكوژێت و دایكی خۆی لەخۆی مارە دەكاتەوە.
(لایۆس) پاشا، كە گوێ‌ بیستی ئەو پێشهاتە ترسناكە دەبێت، توشی شۆك دەبێت، بەهەموو توانایەكی خۆیەوە هەوڵ دەدات ڕێگری لەم كارەساتە ترسناكە بكا، فەرمان دەدا هەر لەگەڵ دەستپێكی لەدایك بوونیدا، پێیەكانی منداڵەكە كون بكەن و پەت بكەنە ناوی (بۆیە ناوی (ئۆدیپ) واتە ـ پێ ئاوساو) ی لێ‌ دەنێن، پاشان لە چۆڵاییەكدا بەجێی بێڵن تا لە برسان دەمرێ‌ ، یا ئاژەڵە دڕندەكان دەیخۆن .
بەڵام قەدەر وای هێنا شوانێك بە رَێكەوت ئەم منداڵە بدۆزێتەوە، دڵی پێی دەسووتێت و پێی وا دەبێ‌ كە كۆرپەكە ڕادەستی پاشای (كۆرینپ) بكات كە منداڵیان نابێت.
ئیدی (ئۆدیپ) وەك شازادەیەكی نازدار لای ئەو پاشاو ژنە پاشایە گەورە دەبێت..
بەڵام ئەویش كە گەورە دەبێت و كا ئینەكان بەختی دەخوێننەوەو ئەوانیش پێشبینی شوومی پێ دەڵێنەوە (كە باوكی دەكوژێت و دایكی دەخوازێت).
ئۆدیپ لەترسان لە شارەكەی خۆی ( كۆرینت ) ڕادەكات، تا لەدایك و باوكە بەخێوكەرەكەی دوور بكەوێتەوەو ئەو هەقیقەتە تاڵە نەبیستن، چونكە ئۆدیپ هەر وای دەزانی ئەوان دایك و باوكی ڕاستەقینەی ئەون
لە گەشتەكەی دا بەرەو شاری ( تیبس) لە سێ‌ ڕیانێكدا لەگەڵ پیاوێكی بەتەمەن و پاسەوانەكانی ، لێیان دەبێتە دەمەقاڵی و شەڕو پێكدادان، لە ئەنجامدا (ئۆدیپ) پیرە پیاوەكەو پاسەوانەكانی دەكوژێت، بێ‌ ئەوەی ئەوە بزانێت، كە ئەو پیرە پیاوەی كوشتی، ئەوە ( لایۆس) پاشای باوكی بوو.
ئیدی دوای ئەوەی ( لایۆس ) پاشا دەكوژرێت، شاری (تیپس) بێ‌ پاشا دەمێنێتەوە، لەهەمان كاتدا بوونەوەرێكی ئەفسانەیی بە ناوی ( سڤینكس ) سەرچاوەی ئاوی شارەكەی گەمارۆ دابوو، خەڵكی شارەكە بڕیاریان دابوو، كێ‌ ئەو بوونەوەرە بكوژێ‌ و خەڵكەكە رزگار بكات، دەكرێتە پاشای مەملەكەت و شا ژنی لێ‌ مارە دەكەن.
ئەوەبوو ئۆدیپ ئاواتی خەڵكەكەی بەدەست هێناو كردیان بەپاشای شارو (جۆكاستا)ی شا ژنیان لێ‌ مارە كرد .
دوای تێپەڕ بوونی چەندین ساڵ و چوار منداڵ، هیچ لەوان نەیان دەزانی كە (ئۆدیپ) و (جۆكاستا) كوڕو دایكی یەكترن .
ئیدی دوای ئاشكرا بوونی ئەو تراژیدیا گەورەیە (جۆكاستا ) لە تاوان خۆی دەخنكێنێت و (ئۆدیپ) پاشاش چاوەكانی خۆی دەردەهێنێت، تا ئەو جیهانە نەبینێت كە ئەو تاوانەی تێدا كردووە.
گرێی ئۆدیپ لەدەروونناسیدا
سیگمۆند فرۆید، كە بەباوكی شیكاریی دەروونی دا دەندرێت، ئەم شانۆگەرییەی (سۆفۆكلیس ـ ئۆدیپ پاشا)ی وەك بنەمایەك داناوە، بۆ داڕشتنی گرنگترین تیۆری خۆی و ناوی ناوە (گرێی ئۆدیپ) (Oedipus Complex)
چەمكی گرێ‌ ی ئۆدیپ لای فرۆید چیە؟
تیۆری گرێ‌ ی ئۆدیپ ـ پڕ مشتومڕترین چەمكەكانە لە شیكاری دەروونناسیدا،كە سەرچاوەكەی لە ئەفسانەی (ئۆدیپ پاشا ) ی سۆفۆكلیسەوە وەرگرتووە.
زۆرێك لە دەروونناسانی سەردەم پێیان وایە ئەم تیۆرە زیاتر هێمایە (ڕەمزییە) بەڵام (فرۆید) پێی وابووە كە ڕووداوەكانی ئەو نمایشە تەنها چیرۆكێكی كۆن نییە، بەڵكو گوزارشتە لە ئارەزووە شاردراوەكانی مرۆڤ لەقۆناغی منداڵیدا و دەڵێت :
(سۆفۆكلیس) تەنها شاعیر نەبووە، بەڵكو وەك دەروونناسێك وابووە كە توانیویەتی دەروونی مرۆڤ بناسێت پێش ئەوەی زانستی ی شیكاری دەروونی هەبێت.
زۆرێك لە دەروونناسە مۆدێرنەكانیش ڕەخنە لەم تیۆرەی (فرۆید) دەگرن و پێیان وایە ئەمە پەیوەستە بەكۆمەڵگایەكی دیاریكراوی وەك كۆمەڵگای باوك سالاریی نەمسا لە سەدەی ١٩) و مەرج نییە بۆ هەموو كولتوورێك و هەموو منداڵێك ڕاست بێت.
بەڵام ئۆدیپ هێمایە بۆ ململانێی ئەبەدی نێوان ویستی مرۆڤ و قەدەری مرۆڤ، هەروەها نێوان (ئارەزووە شاراوەكان) و (یاساكانی كۆمەڵگا).
فرۆید توانی ئەم ئەفسانە كۆنە بكاتە كلیلی تێگەیشتن لەئاڵۆزترین باری دەروونی مرۆڤ.
بۆیە شانۆگەری (ئۆدیپ پاشا) تەنها چیرۆكێكی خەمناك نییە، بەڵكو یەكێكە لەقووڵترین دەقە فەلسەفییەكانی مێژووی مرۆڤایەتی.
سۆفۆكلیس لەم بەرهەمەدا گەلێك پرسیاری ورووژاندووە، كە تا ئەمڕۆش مرۆڤایەتی سەرقاڵ كردووە.
دەپرسێت: ئایا مرۆڤ ئازادە لەهەڵبژاردنی چارەنووسی خۆی؟ یان تەنها بووكەڵەیەكە بەدەست قەدەر؟
نا قەدەر تەڵەیەكە، مرۆڤ چەند زیاتر پەلەقاژەی بۆ بكات، توندتر دەبێتەوە.
كاتێك (ئۆدیپ) لە كۆتاییدا ڕاستییەكان دەبینێت، بە دەستی خۆی چاوەكانی خۆی كوێر دەكات. ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە ڕاستی ئەوەندە بەژانە، چاوی مرۆڤ بەرگەی بینینی ناگرێت.
(سۆفۆكلیس) دەیەوێت سنوورەكانی عەقڵی مرۆڤ نیشان بدات. ئەو دەڵێت مرۆڤ هەرچەندە زیرەك بێت، هێشتا لەبەرامبەر یاساكانی خوادا هیچ نییە.
شكستی ئۆدیپ، شكستی ئەو غوروورە بوو كە پێی وابوو دەتوانێت لە سەروی ئەو دەسەڵاتەوە بێت.
هەروا سۆفۆكلیس فەلسەفەی سزای دەرخستووە، ئەوەتە كاتێ‌ ئۆدیپ بڕوای بەوە هەیە كە تاوانی كردووە ، بەڵام خۆی ناخاتە دەرەوەی سزا، هەرچەند دەسەڵاتی خۆ شاردنەوەی هەبووە لە سزا ، ئەوەتا وەك پاڵەوانێكی ئەخلاقی خۆی سزا دەدات و چاوەكانی خۆی دەردێنێ‌ .
بۆیە كاتێك بینەر دەبینێت پاشایەكی گەورەی وەك ئۆدیپ بەو شێوەیە دەبینێ‌، هەست بە دوو شت دەكات: ترس لەوەی كە ڕەنگە ئەمە بەسەر هەر مرۆڤێكدا بێت و بەزەیی بە ئازارەكانی ئۆدیپ بێتەوە، ئەم هەستە وا لە مرۆڤ دەكات لە ڕووی دەروونییەوە خاڵی بێتەوە و هەست بە هاوسەنگی بكات.

حەیدەر عەبدولڕەحمان




ئاڵوگۆڕی کولتووری لە چ پنتێکدا بەئەنجام دەگەیەنرێ.. مەحمود چاوەش

کولتوور بەو ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتیانە دەناسرێتەوە، کە ئەندامانی گروپێك (یان هۆز و عەشیرەتێك)، نەتەوەیەك لەنێو خۆیاندا پێکیانەوە دەبەستێتەوە. داب و نەریتیش بەشێکی دانەبڕاوی خەسڵەتەکانی کولتوورن. ئەمە ڕەنگە پێناسەیەکی کۆنی کولتوور بێت، لێ جیهانگیری ئەمڕۆ تێکەڵەیەکی کولتووری ئەوتۆی پێکهێناوە، کە گروپ و ئێتنی و تەنانەت گەلەکانیشی پێکەوە گرێداوە. دیارە مەبەست و داخوازییە سیاسی و ئابورییەکان سنوری گەلەك کولتووریان بەزاندووە و جیهانیان بچوکتر (گلۆبال) کردۆتەوە. ئەمەش بە بەشێکی دانەبڕاوی ئەو ئاڵوگۆڕە کولتووریانە دەنرخێندرێت و هەمیشە بەشێکی دانەبڕاویش بووە لە مێژوودا. هێرش و جەنگەکان و داگیرکردنی خاك و گەلانی تر مەودای زیاتری بۆ ئەم ئاڵوگۆڕە کولتووریانە ڕەخساندووە، کە هەمیشە کولتوورێك (کولتووری داگیرکەر و هێرشبەر) بەسەر ئەوی تردا (کولتووری داگیرکراو و هێرشبراوەسە زاڵبووە و کولتووری خۆی بەسەردا سەپاندووە. هێرشەکانی مەغۆل، ڕۆمانەکان، عوسمانیەکان، بە فتوحاتی ئیسلامیشەوە نمونەی زیندوی ئەم ڕاستییە مێژووییەن. لە هەندێك نووسینی پێشومدا باسی ئەم ئاڵوگۆڕە کولتووریانەم کردووە و بە “سەپاندنی کولتووری” پێناسەکراون. ئەگەر مێژووی تازەی دەڤەری ئێمە، بەتایبەتی کوردستان لە ڕوانگەی ئەم ئاڵوگۆڕە کولتوریانەوە بسەنگێنین، لەوە حاڵی دەبین، کە هەمیشە ساویلکانە ڕوانیومانەتە کولتوورەکانی دەوروبەرمان. ڕەنگە زیادەڕۆیی نەبێت، ئەگەر بڵێین، کولتوورەکانی دەوروبەرمان هەمیشە توانیویانە داب و نەریتی خۆیان بەسەرماندا بسەپێنن و لە بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا سودی لێوەربگرن. هەمیشە کولتووری ئێمەیان مانیپولە (بەشێوەیەکی نێگەتیڤ دەستکاری) کردووە، نەك لەب واری سیاسی و ئابوریەوە، بەڵکو لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی و دیانەتەکانیشەوە. دەتوانین بڵێین ئاڵوگۆڕەکە تاکو ئەم ڕۆژگارەش یەکلایەنە و ناتەریبی ناهاوسەنگ بووە. ئەگەر لە ڕابردوودا بە زەبری شمشێر و سوپاکانیان کولتوورەکانیان بەسەرماندا سەپاندبێت، هەمێستا لەتەك زمانی شیرین و بە زەبری سەرمایە و پلەوپایەدا، بە توندوتیژی و پالاماردانیشەوە کولتوورەکانی خۆیان بەسەر کولتووری کوردا سەپاندووە. نمونەی هێرشەکانی بەناو سوپای سوری، کە بە پاڵپشتی ئیسلامی عەرەبی و هاوپەیمانەکانیانەوە بەئەنجام دەگەیەنرێن، شایەدحاڵی ئەم ڕاستیەن. ئەو پرسیارەی لێرەدا بەرەو ڕومان دەبێتەوە ئەوەیە، کە ئێمە لە مێژووی خۆمانەوە چی فێربووین، چ ئەزمونێکمان لەم مێژووە وەرگرتووە؟
ئایا ئێمە کۆیلەی مۆدێرمان لە تاکی کورد دروستکردۆتەوە، یان هەر بەکۆیلەیی لەدایكبووین؟ لێ ئێمە لێرەدا باس لە مێژووی کۆیلایەتی ڕەشپێستەکانی ئەمریکا ناکەین، کە لە هاوردنیانەوە بۆ ئەمریکا تاکو ئێستاش بەکۆیلە دەکرێن، بەڵکو لە کۆیلەیەك، کە زۆرجار بەدەستی خۆی لەنێو بازنەی کۆیلایەتییەوە دەخولێتەوە. تاکی کورد هێندە خۆشباوەڕ و ساویلکە پەروەردە کراوە، کە پێی وایە خۆی لە ڕابردوو ڕزگار کردووە، بەڵام کاتێك بەئاگا دێتەوە، خۆی لەنێو هەمان مێژووی باوانیدا دەبینێتەوە. ئەم ڕاستییە ئەوەمان بۆ ڕووندەکاتەوە، کە ئێمەی کورد لە مانای ئەم ئاڵوگۆڕە کولتووریانە تێنەگەیشتووین و هەمیشە کولتوورەکانی ترمان لەبەرکردووە. نمونەیەکی زیندو، کە نووسەران و دڵسۆزان زۆرجار باسیان لێوە کردووە بوونی کەسانی عەرەبە لە باشوری کوردستان. گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە بەڕاستی شۆککەرە، دیمانەی ژنێکی ڕۆژنامەوانی کوردە لەتەک گەنجێکی عەرەبی باشوردا کە بەڕێکەوت لە بازاڕدا پرسیاری لێدەکات. لەپاش ئەوەی گەنجە عەرەبەکە نازانێت بە کوردی وەڵامی ئەم ڕۆژنامەوانە بداتەوە، پێی دەڵێت پرسیارەکە با بە زمانی عەرەبی لێبکات، لێ ئەو فێری زمانی کوردی نەبووە. کاتێك ڕۆژنامەوانە ژنەکە پرسیاری ئەوەی لێدەکات، چەند ساڵە ئەو لە کوردستان دەژی، دەڵێت ١٠ ساڵە.
پاشان لەبریی ئەوەی گەنجە عەرەبەکە داوای لێبوردن بکات، ڕۆژنامەوانە ژنەکە داوای لێبوردن لەو دەکات! ئەگەر شیکارێکی زۆر ساکارانە بۆ ئەم گرتەیە بکەین، مێژوویەکی زۆر درێژخایەن شایەتحاڵێتی ئەم (باگراوند)ەیە. کورد هەمیشە خۆی بە نزمتر و بێنرختر لە گەلانی ئەو دەڤەرە دەبینێتەوە و ئەوانیش برا گەورە و خاوەنی بڕیاردانن. دیارە ئێمەی کورد لەژێر کۆمپلێکسی “خۆبەکامزانی”دا دەناڵێنین، ئاخر لە چ کولتوور و ساتەوەختێکی مێژوودا بێگانەیەك زمانی خۆی بەسەر خانەخوێدا سەپاندووە، ئەگەر ئەمە بە سەپاندنی کولتووری پێناسە نەکرێت؟ ئایا لێرەدا دەتوانین لە ئاڵوگۆڕی کولتووری بدوێین؟ ئەگەر عەرەبێك لە کوردستان بژی و زمانی کوردی نەزانێت، دیارە کێشە و هەڵەیەکی مێژوویی لە ئێمەی کوردا هەیە، عەرەبەکەش کەسێکی نەفام و جاهیلە، خۆبەزلزانە و بۆی لواوە بە زمانی خانەخوێی ناوچەکە نەدوێت. ئەگەر وردتر بڕوانینە ئەم دیاردەیە ئەوە دەتوانین باسی کۆمپلێکسی (گرێی) مێژوویی لەنێو کورداندا بکەین، کە لە هەموو کولتوورەکانی عەرەبی و فارسی و تورکیشدا هەمان سیستەم پیادە دەکرێت. من و چەندەها کەسانی دیکە باسیان لەم دیاردەی (خۆبەکەمزانینە) کردووە، وەلی ئێمەی کورد خۆمان کارمان لەم گرێکوێرە مێژووییەدا نەکردووە. دیارە کاریگەری دیانەتی ئیسلام لەسەر کوردان، بەتایبەتی لە باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەشێکی دانەبڕاوی ئەم گرێکوێرەیە دەخوڵقێنێت، کە قورئان بە زمانی عەرەبی هاتۆتە خوارەوە! ئەی کوردانی ڕۆژهەڵات و باکور چی؟ ئەمان بە هۆکاری چیەوە دەناڵێنن؟
ئەگەر باس لە شۆڤینیستی عەرەبی و فارسی و تورکی بکەین لەم پنتەدا، ڕەنگە ئەمەش هۆکارێکی مێژوویی دی بێت، چونکە لەم پەیوەستیەدا دەکرێت باس لە “لەدەستدانی ناسنامەی کولتووری”، ناکۆکی نێوان نەوەکان، وە باس لە نادادپەروەری کۆمەڵایەتی بکەین. ئاڵوگۆڕی کولتووری پڕۆسەیەکی مێژووییە، کە گۆڕانە کولتوورییەکان بە ناچاری دەبات. ئەم پڕۆسەیە لە هەر شوێنێکدا بە شێوەیەکی جیاواز ڕوودەدات و بە بارودۆخی مێژوویی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە بەستراوە. لێرەدا زۆر گرنگە باس لە ڕێز و پاراستنی فرەڕەنگی و فرەکولتووری و جیاواریەکانیان بکرێت. بەداخەوە ئەم ڕێزنانە بۆ کولتووری کوردی لەو دەڤەرەی ئێمەدا لەلایەن گەلانی ناوچەکەوە نەکراوە (دانەنراوە). ئەگەر لە ڕوانگەی ئاڵوگۆڕەوە بڕوانین، دەبێت هەموو ئەو کولتوورانە بەیەکسانی ئەم پرۆسەیە لە بەرچاو بگرن و ڕێزی دوولایەنە بە کردەوە نیشان بدەین، کە ئەم پڕۆسەیەش لە دەڤەری ئێمەدا زۆر بەکەمی ڕویداوە. گرنگە لێرەدا باس لە دەستدانی ناسنامەی کولتووری بکەین، لێ بەهۆی گۆڕانکارییە خێراکانەوە جێگای سەرسوڕمان نییە، ئەگەر کولتوورێك بە هۆی هێزە دەرەکیەکانەوە یان فشاری کۆمەڵایەتییەوە بەشێك لە تایبەتمەندییەکانی لەدەست بدات، وەك زمان، نەریت، باوەڕ، شێوازی ژیان و تەنانەت پەیوەندییە کۆمەڵایەتیاکانیش لەتەکیاندا. ڕاستە بەجیهانکردن کولتوورە گەورەکان زاڵ دەکات بەسەر کولتوورە بچکۆلەکاندا، میدیا و تەکنەلۆژیاش لەپاڵ ئەم فشارانەدا دەبنە فشاری سیاسی و ئابووری، تا دەگاتە قەدەغەکردنی زمانیش، کە ڕۆژانە لە تورکیا بەکار دەهێنرێت.
ئەمانەش دەبنە لاوازبوونی زمان و نەریتەکانی کۆمەڵگەیەك، بەتایبەتی لەنێوان گەنجەکاندا تا دەگاتە ناهاوسەنگی کۆمەڵایەتی. ئەگەر کوردان لەم ساتە مێژووییەدا ئاگاداری ئەم ئاڵوگۆڕە کولتووریانە نەبن و مامەڵەی هاوسەنگی و هاونرخی کولتووری نەسەپێنن، ڕەنگە لە پاشەڕۆژێکی نزیکدا ڕەگەکانی کولتووری دەڤەری ئێمە لە ڕیشەوە هەڵبماڵدرێن و کولتوورەکانی دی لە جێگەیاندا سەقامگیربن.
چارەسەریش پەروەردەی نەوەیەکی باوەڕبەخۆبوو و زانخوازی (فزوڵی) بۆ فێرکردن و فێرخوازینی زمان و مێژووی خۆماڵی، پاراستنی هونەر، فۆلکلۆر و نەریتەکان، بەکارهێنانی میدیا بۆ بڵاوکردنەوەی کولتووری خۆیی، ئەوەش بە پشتگیری یاسا و فەرمی بۆ پاراستنی کولتوور بەئەنجام دەگەیەنرێت.

مەحمود چاوەش
هانۆڤەر 11.01.2026




مەلا مەزهەر خۆراسانی لەدیدی ئەبوبەکر کاروانی دا.. هیوا ئەمین

سیاسەتمەدار و نوسەری کورد بەڕێز کاك ئەبوبەکر عەلی ( کاروانی ) ، نوسینێکی بەناونیشانی ( لە مەلای گەورەوە بۆ مەلا مەزهەر دەربارەی ئافرەت و چەك و ڕۆڵی لە کۆمەڵگە دا ) لە ڕۆژی ١٢.١.٢٠٢٦ دا لە ڕۆژنامەی ئاوێنە بڵاودەکاتەوە . لێرە دا دەمەوێت هەندێك باری سەرنجی خۆم بخەمە سەر هەندێك لایەنی نوسینەکەی بەڕێزیان ، هیوادارم بە سنگێکی فراوانەوە لێم وەربگرێت . ڕاستیەکەی نوسەر لە مەبەستی نوسینەکەی دا دەخوازێت ئەو تەمومژانە لەسەر ئیسلام بڕەوێنێتەوە ، کە کەسێكی وەك مەلا مەزهەر خۆراسانی خۆی دەکاتە ڕیشسپیی و خاوەنی ، بەتایبەت ، کە لەو چەند ڕۆژانە دا هێرشێکی ناشایستە و ناقۆڵای کردە سەر ئافرەتان بەگشتیی و شەڕڤانان ی ئافرەت لە ڕۆژئاوا بەتایبەتیی ، تاکو ڕادەی تەکفیری هێزەکانی هەسەدە و یەپەگە و لایەنگریی و هاوسۆزیی بۆ حکومەتە ئینتیقالیەکەی ئەبو محەمەد جۆلانیی و سوڵتانەکانی عوسمانیی ؟! کاك ئەبوبەکر زیاتر لەسەر ئەو لایەنە دەدوێت کە تیای دا مەلا مەزهەر خۆراسانی سوکایەتی بە ئافرەتان دەکات تاکو ڕادەی کۆیلایەتیی و خزمەتکاریی ئافرەتان بۆ پیاوان ، بەبێ هیچ لێدوانێك لەسەر بیری تەکفیریی مەلای ناوبراو ، بەپاساوی هەستیاریی و ترسناکیی ئەو باسە . لەڕاستیی دا نوسینەکەی نوسەر زیاتر باسەکان تەمومژاوییتر دەکات و بە ئەنقەست بێت یان نائاگا سەر لە خوێنەر و تاکی کورد دەشێوێنێت . لە ناونیشانی نوسینەکەی دا ئاماژە بە مەلای گەورە دەکات بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەکی ڕون بە دنیابینیی و هزر یان بۆچونەکانی زاتێكی گەورەی وەکو مەلای گەورە سەبارەت بە ئەرک ، ماف و ڕۆڵی ئافرەت لە کۆمەڵگەی کوردی دا ، بدات . لە بەشێکی تری نوسینەکەی دا نابەجێیانە و بەبێ هیچ هۆ و بۆنەیەك و بۆ دورخستنەوە و بەلاڕێدابردنی خوێنەر لە ئەسڵی دۆزەکە و داپۆشینی سوکایەتیەکانی مەلا مەزهەر بە کورد و کەسایەتیی کورد ، کە خۆی لە کوردانی ڕۆژئاوا و ژنانی شەڕڤان بەرجەستە دەکات ، دێت پەلاماری بیری فێمینیستیی دەدات و تاوانباریان دەکات : ( دژی ئەو ڕەوتە فێمینیستیە دژە خێزانییە توندڕەوەم ، کە بە چاوی سوك سەیری ڕۆڵی دایکایەتیی و هاوسەرێتیی و بنەڕەتبوونی ژن لە خێزاندا دەکات ، … تاد ) وەك بڵێیت ئەوەی لە دەرەوەی دیدگە و خولگەی ئایینی ئیسلام بیربکاتەوە ئەوا خاوەنی فەلسەفەیەکی ئەهریمەنیی و وێرانکاریانەیە ، کە ڕێز لە بەهاکان و حورمەتی خێزان و ڕۆڵی دایکایەتیی ناگرێت . من نامەوێت بچمە نێو وردەکاریەکانی دنیای فێمینیستیی ، بەڵام فەلسەفەی فێمینیستبوون لە بنچینە دا گەیاندنی جێگە و پێگەی ئافرەتانە بە پلەیەك ی باڵاتر لە مرۆڤبوون و بەهرەمەندبوونیان بە مافی یەکسانیی لە بەرامبەر پیاوان و بەدەستهێنانی مافی زیاتر لە کۆمەڵگە و چەسپاندنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی و دەستەبەرکردنی مافی سیاسیی و ڕۆڵگێڕانی زیاتر و کاریگەرتر لە نێو هەموو جومگەکانی کۆمەڵگە دا تاکو ڕادەی هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پیاوسالاریی و نەهێشتنی جیاکاریی ڕەگەزیی و قەدەخەکردنی بەکارهێنانی ئافرەتان وەکو کەرەستەیەكی سێکسیی بۆ دامرکاندنەوەی ئاڵۆشیە ئاژەڵیەکانی پیاوان . کاك ئەبوبەکر لە بەشێکی تری نوسینەکەی دا ئاماژە بە مەلا مەزهەر خۆراسانی وەک مامۆستایەک دەکات و دەڵێت ئیسلام پێچەوانەی ڕاکانی ئەوە : ( ئەوەی مامۆستا مەلا مەزهەر خۆراسانی دەربارەی ئیسلام و ئافرەت دەیڵێت ، تەنها نوێنەرایەتی بۆچوون و ڕاو تێگەیشتنێکی تاکەکەسی سنورداری خۆی بۆ ئەم پرسە دەکات و هیچی تر ) بەڵام کڵۆڵ و بێئاگا لەوەی ، کە مەلا مەزهەر قسەکانی نەك دەربڕی ڕاو تێگەیشتنی تاکەکەسیی خۆی نیە بە تەنیا بەڵکو ئەو بە ئایەتێكی قورئان گشتاندن بۆ کۆی هزری نەتەوەیی و دنیای ئیسلام و ویژدانی موسوڵمانی کورد دەکات و دواجار ئایەتەکە دەکاتە بەڵگەیەکی ئەخلاقیی و ئیلاهیی بۆ سوکایەتییپێکردنەکانی بە کورد و ئافرەتانی شەڕڤان ، و دواجار نوسەر لەبەرامبەر ئەو ئایەتە دا دەستەپاچە و لاواز دەبێت : ( وقرن فی بیوتکن ولا تبرجن تبرج الجاهلیة الاولی الا‌‌‌حزاب : ٣٣ ) ، هەر بۆیە نابێت پێمان سەیر بێت کە کاتێك ئیخوان و سەلەفیەکان تەکبیر لێدەدەن و بارک اللە بك بۆ مەلا مەزهەر دەنێرن ، ئەوەش ئەو مەترسیەیە لەسەر تاك و کۆی کۆمەڵگەی کورد و بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی کوردی کە کاک ئەبوبەکر لە زۆربەی نوسین و چاوپێکەوتنەکانی دا ئاماژەی پێ دەکات و بەڵام بەداخەوە نەیویستووە بە دێڕێکیش باسی لێوە بکات.
لایەنێك ی تری نوسینەکەی کاك ئەبوبەکر زیاتر لە نێو تەمومژی مێژو و ئایدۆلۆژیا دا ڕۆدەچێت و ڕاستیەکان لە خوێنەر دەشێوێنێت ، تاکو دەگات بە شوێنێك ، کە ئیتر جیاوازیەکی ئەوتۆ لە نێوان ڕا و بۆچونەکانی ئەو و مەلا مەزهەر دا نامێنێتەوە : ( پێم وایە جەنگ لە بنەڕەت دا ئەرکێكی پیاوانەیە و ڕۆڵی ئافرەت لەو ڕوەوە تەواوکارییە ) ، ئیتر بەڕێزیان ڕونی ناکاتەوە ، کە داخۆ ئەو ڕۆڵی تەواوکارییە چیە ، کە ئافرەت لەنێو کۆمەڵگە دا دەبێت بیگێڕێت ؟! ئایا ڕۆڵەکەی تەنیا لە جیهادی نیکاح و کۆیلەبوون بۆ پیاو دا کورت دەکرێتەوە یان لە ئەرك و مەیدانێكی تری مرۆڤایەتیی دا ؟!! کە دەبوایە کاک ئەبوبەکر ئاماژەیەکی بوێرانە بەو باسە هەستیارە بدات . پەنابردنی نوسەر بۆ شەرع و بۆچونی فەقیهە ئیسلامیەکان لەپێناوی سەلماندنی ڕۆڵ و بایەخی ئافرەت لە دیدی ئیسلام دا کارێكی بێبەرهەم ، تاقەتپڕوکێن ، بێسود ، ئاڵۆز و گەیشتن بە کۆڵانێكی داخراوە تاکو گەیشتن بە دنیایەکی سادەی واقیعبینیانە ، کە باوەڕناکەم نوسەر لە زەین و هزری خۆیشی دا باوەڕی بەمجۆرە مێتۆدە نەریتخوازییە هەبێت ، چونکە ئیسلام وەك هەڵگری پەیامێکی ئیلاهیی نەیتوانیوە ڕۆڵێکی گرنگتر و چالاکتر بە ئافرەت لەنێو کۆمەڵگە دا بدات ، و نوسەر لەوبارەوە نەیتوانیوە بەڵگەیەکی باشتر لە شەرع و ڕای فەقیهەکان ، یان لە مەلا مەزهەر خۆراسانی بخاتەڕوو :
( بوونی نیمچە کۆدەنگیەك لە نێوان فەقیهەکان دا لەسەر ئەوەی ، کە هەرکاتێك پەلاماری وڵاتێکی موسوڵمانان درا و پیاوان بە تەنها نەیانتوانی ڕوبەڕوی داگیرکارییەکە ببنەوە ، ئەرکی ئافرەتانی موسوڵمانە ئەو بۆشایی و لاوازییە سەربازییە پڕبکەنەوە و بەشداریی جەنگەکە بکەن ) ، بەڵام کاك ئەبوبەکر لێرە دا هیچ ئاماژەیەکی کورتیش بێت بە سەرچاوە فەقیهەکان یان ئایەتێکی قورئان نەداوە ، و پێمان ناڵێت ، داخۆ شێواز و کرۆکی ئەو بەشداریە چی و چۆنە ؟! ئایا بەڕاستیی بەشداریەکە شەڕڤانانەیە یان تەنیا جیهادی نیکاح و تێرکردنی شەهوەتی پیاوانی سەحابە و موجاهیدانە لەکاتی جەنگ دا ؟! ئەگەرچی کاک ئەبوبەکر لە کۆتایی نوسینەکەی دا بۆچونەکانی مەلا مەزهەر ڕەت دەکاتەوە و بە ناڕاستیان دەزانێت ، بەڵام لە دواجاردا پێکهاتەی بۆچونەکانی هەردولایان ، کە پاشخانێکی ئیسلامییە سەبارەت بە ڕۆڵی شەڕڤانیی ( سەربازیی ) ئافرەتی کورد حەرامکراو یان سنوردارکراوە .
کۆتایی




ڕایگشتی ئەلیكترۆنی و چەواشەكردنی میدیایی- 1- كارزان عزیز

بەشی یەكەم

لە ئێستادا لە كۆمەڵگەی كوردی و لە ناو میدیای كوردی بوون بە دیاردە، بەڵام ئەو دوو دیاردەیە وەكو چەمك دیاری نەكراون. بۆیە بە پێویستی دەزانین ئەم چەمكانە بخەینە بەرباس لە نێوان میدیای كورددا جێگەی خۆی بگرێت بەمەبەستی باشتر تێگەیشتن و ناونان لەم دوو دیاردەیە كە باس و خواستی سەردەمن. كاتێك لە رایگشتی دەدوێن مەبەستمانە، باس لە پرۆسەی پەیوەندی و كارێكی كۆمەڵایەتی بكەین، چونكە بوونی پرۆسەی گەیاندن و پەیوەندیكردن ئەو هەنگاوانەن دەمانگەیەنن بە ئاراستەكردنی رایگشتی یان گۆرین و پێكهێنانی ئەم دوو چەمكە پەیوەدی یەكی توندو تۆڵیان پێكەوە هەیە بەشێوەیەك ئەگەر پرۆسەی پەیوەندیكردن نەبێت واتە رایگشتی بوونی نابێت . مەبەست لە پرۆسەی پەوەندی بریتییە، لە هەموو جۆر و ئاست یان لێڤڵەكانی پرۆسەی گەیاندن هەر لە پەیوەندی كەسییەوە تا دە گاتە پەیوەندی جەماوەری، كە واتە رایگشتی لە تەنها و پەراوێزی و گۆشەگیریدا و بێ بەشداریكردنی تاك لە ناو گرووپەكاندا درووست نابێت. لە رووی ئاڵوگۆڕكردنی بیرو رابێت سەبارەت بە كێشە و گرفت و رووداو پرۆسەكان، یان لە رووی بەدەستهێنانی زانیارریەەوە بێت، سەبارەت بەو بابەتانەی پەیوەستن بە بەرژەوەندی هاوبەشی كۆمەڵە و گرووپەكانەوە. میدیای ئاراستە كراو وا لە جەماوەر دەكات تەنها وەرگر بێت و بیر لە هیچ نەكاتەوە، ئەمە وادەكات لە ئەنجامی وەرگرتنی پەیامەكانەوە تەنانەت بیركردنەوە و رەفتاریشەوە سەبارەت بەو بابەتانە بگۆرێت كە پێشتر لە گەڵیان دژ بوو نەك بە تەنها هاورا نەبوو. درووستكردنی كاریگەری لەسەر رایگشتی ئامانجێكی و تەوەرێكی بنەرەتییە بۆهەر چالاكییەكی میدیایی چ لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتی بێت یان رۆشنبیری و سیاسی بەتایبەت بر خاوەن دەزگاكانی میدیا كە لە پشت پەیامەكانیانەوە ئەجێندای تایبەت پەیرەوو دەكەن. ئەگەر رۆڵ و ئەركی میدیا لە سەردەمی پێش ئینتەرنێت بریتی بووبێت، لە گەیاندنی هەواڵ و زانیاری و هەواڵدان بۆ پێكهێنانی ئاراستەكانی جەماوەر یان گۆرینی، لە ڕێگەی ئامرازەكانەوە پرۆسەیەكی تاك لایەنە بوو، كە تێدا جەماوەری وەرگر، بینەر، بیسەر خوێنەر تەنها وەرگری پەیامەكان بوون و نەیان توانیوە بەشداربن لە دەربرینی راو بۆچونیان سەبارەت بەپرس و بابەتە جۆراوجۆرەكان، ئەمرۆ لەگەڵ دەركەوتنی میدیای نوێ هاوكێشەكە پێچەوانە بوەتەوە، وەرگر دەتوانێت رۆلێ كاراو كاریگەر ببینێت، لە هەمان كاتدا هەم نێرەر و هەم وەرگری پەیامەكان بێت، ئەمەش پیێ دەگوترێت پەیوەندی دوولایەنە. تەكنەلۆژیای نوێ وایكرد دەرفەت بر بەكاربەر برەخسێت كە لە ڕێَگای میدیای نوێوە لیڤڵە جیاوازەكانی پرۆسەی گەیاندن لەیەك كاتدا پەیرەو دەكەن بەكاربەر دەتوانێت لە رێگای یەكێك لە پەرەكانی سۆشیاڵ میدایادا پەیوەندی كەسی، پەیوەندی بە گرووپ و بڵاوكردنەوەی پەیامەكان ئەنجام بدات لە گەڵ بەكاربەرانی تۆرەكە. ئەم فەزایە دەرفەتی لە پێش بەكاربەران رەخساند، بە ئازادی گوزارشت لە راو بۆچوونی خۆیان بكەن لە هەمبەر پرسە هەنوكەییەكان، بەچەشنێك رۆژانە تێبینی ئەوە دەكەین كە چۆن رای گشتی ئەلیكترۆنی لە بارەی پرس و بابەتە جیاوازەكانەوە درووست دەبێت و هەندێ جار كاریگەری لەسەر بریاری سیاسی و دەسەڵات درووست دەكات، بەچەشنێك لایەنی پەیوەندار ناچاردەكات بریارەكانی بگۆرێت .

كارزان عزیز \ قوتابی زانكۆ




کورد و سەدەی بیست و یەک؟!.. برایم فەڕشی

گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتی سەر گۆی زەوین. یەک لە ڕەنگینترین و پڕسامنترین سەرزەوینی ناوچە و جیهانمان هەیە، کەوتووینەتە دەرەوەی دەسەڵات، سیاسەت و دیپلۆماسی. لە ئابووریی، سەنعەت، تەکنیک و بازاڕی جیهان بێ بەش و دابڕاوین. سەرەڕای هەبوونی زانستگا، کەمترین بەشداریمان لە زانستی جیهاندا هەیە. سەرە ڕای بوونی فەرهەنگ و زمان و هونەری پشتئەستوور بە مێژوویەکی چەند هەزار ساڵە، کەمترین دەورمان لە هونەر و فەرهەنگی جیهان و ناوچەدا هەیە!

کورد دەیتوانی و دەتوانێ ئاکتۆرێکی هەر کام لەو بوارانە بێ، بەڵام نییە. لە ناو مێشکی مرۆڤی کورد-دا چی هەیە کە کەوتۆتە دەرەوەی بازنەی دەسەڵات، سیاسەت، دیپلۆماسی، زانست، هونەر، فەرهەنگ و ئابوریی ئەم جیهانە؟!

ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە لە هەموو بوارێکدا خۆمان کۆکەینەوە و جێگای ڕاستەقینەی خۆمان مسۆگەر بکەین؟
تاقیکردنەوەی سەد و بیست ساڵ و هەزاران ساڵەی کوت کوت بوونمان، ئەوەی سەلماندووە، کە تاک تاک تێکدەشکێندرێن، گەر لە هەر بوارێکدا کوت کوت بجولێینەوە.

ئێمە پێویستمان بە بیر و هزر و فەلسەفە و سیاسەت و هونەر و ئابووریی و سەنعەت و فەرهەنگ و سەرمایە و دیپلۆماسی و دەزگا هەیە، دەزگای کوردستانی و جیهانی، کە دەور و کەسایەتی یەک نەتەوە دەربخات!

لە هەر ١٣٠ کەس خەڵکی ئەم جیهانە، یەک کەس کوردە. واتە کورد هێزە و دەتوانێ هێز بێ، گەر تێگەیشتنی گرووپی، عەشیرەیی، ناوچەیی، زمانی، دینی، حزبی، شێخایەتی، بنەماڵەیی، ڕێگر نەبێ لە سەر ڕێگای کۆڵۆنی کورد .

کورد دەبوو چەند هەزار ساڵ بەر لە ئێستا وەک یۆنانییەکان خۆی دیتبایەوە! دەبوو لە سەدەی ١٥ و ١٦ خۆی ڕزگار کردبا! دەبوو لە سەدەی نۆزدە وەک زۆربەی نەتەوەکانی باڵکان خۆی ڕزگار کردبا! دەبوو لە ئەسنای شەڕی یەکەم خۆی وەک نەتەوە دیتبا و تێکەڵ سیاسەتی جیهانی بووبایە و وەک ئاکتۆرێکی سیاسی خاوەن کیان دەرکەوتبا! دەبوو پاش شەڕی دووهەم خۆی گەیاندبایە ناو دیپلۆماسی جیهان.

بە پێچەوانە کورد لە چەند هەزار ساڵ بەر لە ئێستا تا ئەمڕۆ، نەردیوانی سەرکەوتنی ترک و عەڕەب و فارس و ئورووپی و ڕۆژئاواییەکان بووە، دوا پەردەی ئەم نەردیوانبوونە، شەڕ لە گەڵ داعش و بوون بە سپەری بەڵای ناوچەکە و ئورووپا بوو.

کورد لە پاش شەڕی یەکەم ئیتر بە تەنیا لە گەڵ چوار وڵاتی داگیرکەر ڕووبەڕوو نەبووە و وڵاتانی ئورووپا دەوری سەرەکیان لە دابەشبوونی کوردستان و پاراستنی دیکتاتۆرانی ناوچە بووە و دەوریان هەیە. ئەوان پارێزەرانی دیکتاتۆرانی ئێران و عێراق و تورکیا و سوریا بوون و هەن و هەر ئەوان ئەو وڵاتانەیان پڕ چەک کردووە و پاڵپشتی سیاسی و ئابووریی ئەوان بوون و هەن. ئەوە لە کاتێکدایە کە کورد لە ماوەی سەد و بیست ساڵی ڕابردوو، دیپلۆماسیی ڕوون و ئاشکرای لە ناوچە و جیهان نەبووە و کەوتۆتە دەرەوەی سیاسەتی ڕۆژئاوا .

ئێستاش ئەزموونێکی مەزن ڕووبەڕووی کوردە کە ئەمجارە مەیدانی ئەزموون ڕۆژئاوای کوردستانە. کوردی پەنجا ملیۆنی و زۆرتر، چۆن دەجولێتەوە و بەرنامە و ستراتێژی و دیپلۆماسی چییە؟

ئەمجارە کورد بە تەنیا لە گەڵ تورک و عەڕەب و فارس ڕووبەڕوو نییە، لە گەڵ سیاسەتی ئورووپا، ڕۆژئاوا و ناوچە ڕووبەڕووە. لە گەڵ تیرۆریستی ژێرباڵی وڵاتانی ناوچە و ڕۆژئاوا رووبوڕووە.

کورد لە بەر ئازموونێکی مەزن دایە ، بە تەنیا هێشتنەوەی ڕۆژئاوای کوردستان، یانی بەتەنیا مانەوەی ڕۆژهەڵات، باشوور، باکوور.

کورد ئەمڕۆ بە یەک سیاسەت، یەک بەرنامە و ستراتێژی، یەک هەڵوێست، یەک نەتەوەبوون و یەک دیپلۆماسی ڕوون دەتوانی خۆی بپارێزێ و سەدەی بیست و یەک بکاتە سەدەی خۆی.

درێژەی تێگەیشتنی ڕابوردوو، درێژەی کارەساتەکان و ژێر دەستە مانەوەیە. هیچ حزب و دەستە وگرووپێک لە هیچ پارچەیەکی کوردستان، بە تەنیا خۆی و بەشێک لە نەتەوەکەی ڕزگاری نابێ. ئەوە تاقیکردنەوە سەرجەم نەتەوەکان بووە و کوردیش هەر ئەو ڕێگایەی لەبەرە.

برایم فەڕشی
٢٥/١/٢٠٢٦




کورد رووبـەڕووی گەلەکـۆمەیەکی ناوچـەیی بووەتـەوە.. رەزا شـوان

ئەو هـێڕشـە دڕنـدانانەی دەکـرێنە سەر رۆژئـاڤـای کوردستان، جـێبەجێکـردنی پیلانێکی قـێزەوەنی نەخـشەکـێشراوی ناوچـەیی و نێـودەوڵەتـییە، کە دەمـێکە دایـان رشـتووە. بە تایبەتیش لەلایـەن تـورکیای رەگەزپەرست و فـاشستییەوە. کە دژی هەمـوو خواسـتێکی گەلی کوردمانە لە هـەر شـوێنێکی کوردسـتانـدا بێـت. کە زیـاتـر لە سـەد سـاڵە، تا سـەر ئـێسقان دژایەتی گەلی کوردمان دەکەن. بە هەموو هـێزێکـیانەوە بە مۆدێـرتـرین چەکی کـوشـندە، هـەوڵی کـۆمەڵکـوژی و سـڕیـنەوەی نـاسـنامـەی نەتـەوەیی کـورد دەدەن.
ئەو کوشـتن و بـڕین و ئەو تاوانانەی، کە ئەمـڕۆ لە رۆژئاڤـای کوردسـتاندا روودەدەن، پیلانـێکی داڕێـژراوی تورکی و سـووری و قەتـەری یە. کە لەلایەن ئەمـریکاوە، چـرای سەوزیـان بۆ هەڵکـراوە. ئەمەش یەکەم ناپـاکیی ئەمـریکا نیـیە بەرانبەر بە گەلی کورد. جوانەمەرگ کرنی کۆماری کوردستان، توانـدنەوەی شـۆڕشی ئەیلـوول، و داگـیرکردنی کەرکووک و ناوچە داگیرکراوەکانی تـرمان لە باشووری کوردسـتان، ئەمـریکا رۆڵـێکی گەورەی ناپـاکیی لەو شکـستـییانەی کـورد هـەبـوو.
هەمان ناپاکیی لە گەلەکەمان لە رۆژئـاڤـای کوردسـتان کـرد. ئەمە رێکەوتنێکە لە نێوان ئەمریکا و تورکیا و سووریا. رژێمی تورکیا بڕیارەکانی سووریا دەردەکات نەک ئەحمەد ناشەرع. چونکە سووریا بووە بە کـۆڵـۆنییەکی تـورکیا. ئامانجی تورکیا لەم هـێڕشانەدا، رەشەکوژی و کۆمەڵکـوژی و دەرکـردن و ئاوارەکردنی کوردە، لە زێـدی باوباپـیرانیان، لە شـارەکانی باکـووری رۆئـاڤـای کوردسـتان. بـۆ ئـەوەی زیـاتـر لە دوو ملـیـۆن و نیـو پەنـابەرە سـووریـیە عـەرەبەکـانی تـورکیا، بیـانـگەڕێـنـنەوە و لە نـاوچـە کوردییـەکانـدا نیـشتەجـێیان بکەن و زەوی و زاری کورد داگـیربکەن و بەسـەر عـەرەبە هـاوردەکانـدا دابەشیان بکەن و مـاڵ لە خـاوەن ماڵ حەرام بکەن. بە تەواویـش (پشـتێنەی عـەرەبی) کە رژێمی بەعـسی سووریا لە ساڵی (١٩٦١) بـڕیـاریان لەسەری دا، تورکیا دەیەوێـت ئەو پـرۆژە گڵاوە جـێبەجێ بکات و ناوچە کوردییەکان بە عەرەب بکەن. ئەمە ئامانجی سەرکـیی تـورکیایە، لـەم هـێڕشـانەیـدا بـۆ سـەر رۆژائـاڤـای کوردسـتان.
تورکیا رەگەزپەرست، چەنـدین جار دووپاتیان کـردەوە، کە ئەوان لە کـورد ناگەڕێـن و دژایەتی دەکەن، تەنانەت گەر لەسەر مەریخـیش دەسەڵاتێکی سەربەخـۆیـان هـەبێـت.
زۆر بە داخەوە، کە تا ئێستا نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و ویـژدانی جیهـانی و دەوڵەتە زلهـێزەکان و دەوڵەتـانی بە نـاوە ئـیسلامی، هەمـوویان لە ئاستی ئەو کۆمەڵکوژی و تاوانانەی کە بە رۆژی روونـاک لە کورد کراون و دەکـرێـن، کە هـەمـوویان تاوانی جـەنگـن و تـاوانی نێـودەوڵەتـیی دژ بە مـرۆڤـایەتـین. کـوێـرن و کەڕن و لاڵـن، هەموویان قـوڕوقـەپـیان لێکـردوون. کەمـتریـن شـت، جارێک لە جاران، پـرۆتـیسـتۆی ئـەم تاوانانەیان نەکـردوون کە لە کورد کراون و دەکرێـن. بۆیـە پێـموایە مافـەکانی مـرۆڤ و یـژدانی جیهانی و نەتەوە یەکگـرتـووەکان درۆن و هـیچی تـر نین.
بەڵکو بەرژەوەندیی وڵاتەکانیان، لە سەرووی مافەکانی مرۆڤ و یژدان و رەوشتەوەن. تا ئێستا چەنـد جارێک ئیسرائیل دووبارەی کردەوە، کە ئـەوان پـشتگـیری لە مافـەکانی کـورد دەکـەن. کـەچی دوای ئـەوەی کە ئەحـمەد ناشـەرع، بـەرزاییەکانی جـۆلان و ئەو شـوێنـە تـازانـەی کە ئیسرائیـل داگـیرکـردوون، لەسەر سـیـنییەکی زێـر پـێـشکەشی بە ئیسرائیـل کـرد. دوای ئـەوەی تورکیا و ئیسرائیـل رێـکەوتـنامەیەکیان واژۆکـرد، کە لە سـووریادا رووبـەڕووبـوونەی سەربـازی نەبـنەوە. ئیسرائیـل لەو هـێڕشـانەی لەلایەن سووریا و تورکـیاوە، دەکرێتـە سەر رۆژئاڤـای کوردسـتان، بـێـدەنگـیان هـەڵـبژاردووە. چونکە بەرژەوەندییان لە سەرووی ویـژدان و رەوشتەوەیە. بۆیە کورد نابێت پشت بە ئەمـریکا و ئیـسرائیـل و رووسـیا ببەسـتـێـت.
بەڵام خەیـاڵـیان خـاوە، هـەرگـیز کورد لەبـن نایـات و دەسـت لە خەبـات هـەڵـناگـرێت. تا کوردیش بە مافە رەواکانی خۆی نەگات، نە تورک و نە فارس و نە عەرەب، ناتوانن بە ئاشـتی و بـە ئاسـوودەیی بـژیـن. تـا رۆژێـک زووتـر کـورد مـافـە رەوا نەتـەوەییـەکانی بەدەست بهـێنێـت لە بەرژەوەنـدیی هەمـوو گەلانی رۆژهـەڵاتی ناوەڕاسـتە. زووتـریـش ئاشـتی و ئاسـوودەیی و سـەقـامگـیری، بـاڵ بەسـەر ناوچـەکـەدا دەکـێـشـن.
داوا لە هەمـوو خـوشک و برایـانی کوردمـان دەکەیـن، لە کـوردسـتان و لە هـەنـدەران، کە بێ هـیـوا نەبـن و زیـاتـر یـەکـبگـرن و یـەکـدەنـگ بـن و درێـژە بـە خـۆپـێـشـانـدانە ناڕەزاییـەکانیان بـدەن. پـرۆتـیسـتۆی هـێڕشەکانی سووریا و تورکیا بۆ سەر رۆژئاڤـای کوردسـتان بـکەن.
بـژی کـورد و کوردسـتان
مـردن و رسـوایی بـۆ داگـیرکەرانی کوردسـتان




کاژی ئیبراهیمی و جەژنەزای ئەژدیهاکان.. ستار ئەحمەد

ئەو کاژەی ئەمڕۆ ڕێککەوتنی ئیبراهیمی فڕێی دەدات، تەنیا گۆڕینی پێستێکی سیاسی نییە، بەڵکوو جەژنەزایەکی ڕەشە کە تێیدا ئەژدیهاکانی دەسەڵاتی جیهانی لەناو خوێنی گەلانی ناوچەکەدا لەدایک دەبنەوە. ئەم جەژنی لەدایکبوونە، کە بە ئاوی چەواشەکاری و مەرامی زایۆنیزم ئاودێری دەکرێت، مژدەی ئاشتی بۆ کەس ناهێنێت، جگە لەو دەستە بژێرانەی کە دەیانەوێت ڕۆژهەڵاتێکی بێدەنگ و بێ ناسنامە لەسەر جەستەی نەتەوە ڕەسەنەکان بنیاد بنێن . ئەوەی لە پەنای ئەم ڕێککەوتنانەدا دەگوزەرێت، پیلانێکی گشتگیرە بۆ ڕاماڵینی هەر ئیرادەیەک کە نەیەوێت کڕنۆش بۆ هێزی چەک و سەرمایە بەرێت.
مێژووی ناوچەکە خەریکە لاپەڕەیەکی خوێناوی و پڕ لە فێڵ هەڵدەداتەوە، کە تێیدا جەلادەکان بە ماسکی ئاشتیخواز و خاوەن ئایینەوە دەردەکەون. ئەوەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سووریادا دەگوزەرێت، تەنیا جەنگێکی ناوخۆیی و گۆڕینی سەنگەرەکان نییە، بەڵکوو دەرهاویشتەی ڕاستەوخۆی ئەو تەڵە گەورەیەیە کە لە بنەڕەتدا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو داڕێژراوە. ئامانجی سەرەکیی تەنیا ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان نییە، بەڵکوو پاکتاوکردنی هەر هێز و گرووپ و نەتەوەیەکی زیندووە، کە نەیەوێت ببێتە پاشکۆی ئەم سیستەمە نوێیە. ستراتیژییەتەکە ڕوونە: نابێت هیچ هێزێکی چەکدار یان بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بمێنێت، کە لەژێر کۆنتڕۆڵی ناوەندە جیهانییەکاندا نەبێت.
لەم پێناوەدا، دەبینین چۆن یەک لە دوای یەک ئەو گرووپانەی کە ڕۆژێک وەک هێزی کاریگەر دەبینران، تێکشکێنران یان پاشەکشەیان پێکرا. لە حوسییەکانی یەمەنەوە تا حیزبوڵڵای لوبنان و حەماسی فەلەستین، هەموویان کرانە قوربانیی ئەم نەخشە نوێیە. تەنانەت دەسەڵاتی ئێرانیش، لە ڕێگەی توندکردنی گەمارۆکان و لێدانی باڵە سەربازییەکانی، ناچار کرا کەجڵەویان بۆ شلکات و لە بازنەی ئەم ڕێککەوتنانە نزیک ببێتەوە، تەنیا بۆ ئەوەی ڕژێمەکەی خۆی لە ناوەوە بپارێزێت و دەست لە گرووپە نەیارەکان هەڵبگرێت. لێرەدا پرسیارە جەوهەرییەکە سەرهەڵدەدات: کێ ماوەتەوە کە هێشتا وەک بەربەستێکی ڕاستەقینە لە بەردەم ئەم هەژموونە جیهانییەدا وەستاوە…؟
وەڵامەکە ڕوونە؛ تەنیا هێزە کوردییەکان وەک پەکەکە و هەسەدە ماونەتەوە کە نەیانویستووە ببنە بەشێک لەم تەونە داڕێژراوە.
ئەحمەد شەرع، کە ئەمڕۆ وەک کاراکتەرێکی سەرەکی لەم جەنگەدا دەردەکەوێت، لە ڕاستیدا تەنیا دەسکەلایەکی بێ ئیرادەی دەستی هاوپەیمانیی ئەمریکا و ئیسرائیلە. ئەرکی ئەم کەسایەتییە و ئەو گرووپانەی لەژێر فەرمانی ئەودان، ئەنجامدانی ئەو جەنگە پیسەیە کە زلهێزەکان نایانەوێت ڕاستەوخۆ دەستی تێدا وەربدەن. کاتێک دەبینین هێزەکان بە وردی بەرەو ناوچە کوردییەکان ئاڕاستە دەکرێن، دەبێت تێبگەین کە ئەمە هەوڵێکە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەندە شاراوەیەی ڕێککەوتنی ئیبراهیمی، کە دەڵێت نابێت هیچ گرووپێکی چەکداریی سەربەخۆ لە ناوچەکەدا بمێنێت. فشاری سەر ڕێبەرایەتی کورد و ناچارکردنیان بۆ بژاردەی دژوار، هەمووی لەو چوارچێوەدایە کە یان دەبێت چەک دابنێن و ببنە جێبەجێکاری فەرمانەکان، یان لەناو ببرێن. ئەم پیلانە پێشتر بەرامبەر ئۆجەلان تاقیکرایەوە و ئێستا دەیانەوێت هەمان سیناریۆ بەسەر هەسەدەدا بسەپێنن.
هەسەدە، وەک هێزێکی خاوەن ئیرادە کە لەسەر خاکی خۆی و بە خوێنی ڕۆڵەکانی پارێزگاری لە کەرامەتی مرۆیی دەکات، بووەتە گەورەترین مۆتەکە بۆ ئەندازیارانی ڕێککەوتنی ئیبراهیم. بۆیە، ڕاسپاردنی ئەحمەد شەرع بۆ لێدانی کورد، پیلانێکی دارێژراوە تاوەکو بە ناوی شەڕی ناوخۆیی و ئایینییەوە، ئەو دەستکەوتە نەتەوەییانە لەناو ببەن کە کورد بە قوربانییەکی زۆر بەدەستی هێناون. ئەمە جەنگێکە کە تێیدا زایۆنیزم و وڵاتانی کەنداو و ئەمریکا، بەرژەوەندییەکانیان لەسەر لاشەی گەلی کورد یەکدەگرێتەوە. ئەوان دەیانەوێت ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی بێدەنگ دروست بکەن، بێدەنگییەک کە تێیدا تەنیا دەنگی سەرمایە و بەرژەوەندییەکانی ئەوان ببیسترێت، نەک دەنگی گەلێکی ستەمدیدە کە داوای مافی چارەی خۆنووسین دەکات.
لەبەر ئەمە، ئەرکی ئەمڕۆی کورد لە هەموو کاتێک قورستر و هەستیارترە. نابێت تەنیا وەک چاودێرێکی بێدەنگ سەیری ئەم شانۆگەرییە بکەین. دەبێت جیهان بزانێت کە ئەم جەنگە، جەنگی دیموکراسی یان ئازادی نییە، بەڵکوو جەنگی سڕینەوەی نەتەوەیەکە لە پێناو ڕێککەوتنە سیاسییەکاندا. پێویستە وەک چۆن فەلەستینییەکان دەنگی خۆیان گەیاندە ناو جەرگەی ویژدانی جیهانیی، کوردیش هەموو تواناکانی خۆی بەگەڕ بخات بۆ ڕیسواکردنی ئەم پیلانە زایۆنیستی و نێودەوڵەتییە. جیهان پێویستە بزانێت کە کورد نابێتە قوربانیی سەودایەکی سیاسی کە لە ژوورە تاریکەکانی تەلئەبیب و واشنتۆن بڕیاری لەسەر دراوە.
کاتێک جیهان لە بەرژەوەندییەکانی خۆیدا نوقم بووە، کورد تەنیا یەک ڕێگەی لەبەردەمە: یەکگرتووییەکی پۆڵایین و بەرگرییەکی بێوچان لە خاک و ناسنامە. مێژوو نیشانی داوە کە هیچ ڕێککەوتنێکی سەر کاغەز ناتوانێت ئیرادەی گەلێک بشکێنێت کە بڕیاری داوە لەسەر خاکی خۆی بە سەربەرزانە بژی. جەنگی ئەحمەد شەرع دژی مەزڵووم، لە ڕاستیدا جەنگی ستەمە دژی ماف، جەنگی پیلانە دژی ڕاستی، و ئەرکی هەموو کوردێکی بەشکۆیە، بە پیر و گەنج و ژن و پیاوەوە، کە لەم قۆناغەدا ببێتە دەنگ و قەڵغانی پاراستنی ئەم خاکە. کورد هەرگیز بەم جۆرە بە تەنها نەبووە، بەڵکوو هەر ئەم تەنیاییەشە کە دەبێت ببێتە سەرچاوەی هێز بۆ ئەوەی ڕیسوایی بۆ زایۆنیزم و هاوپەیمانەکانی لە جیهاندا ببارێنێت و نەهێڵێت جارێکیتر، خاکی پیرۆزی کوردستان ببێتە قوربانیی ڕێککەوتنە ئیبراهیمییەکان.

ستار ئەحمەد