چەمکی دەوڵەتی تورك، حکومەتی تورك، پۆلیسی تورك، میتی تورك ، جێندرمەی تورك.. زاهیر باهیر
ئەو چەمکانەی سەرەوە هەر هەموویان چەمکێکی ڕایسستانەیە زۆرێكیش لەوانەی کە بەکاریدەهێنن لەبێ ئاگاییانەوەیە یا لە نەزانینی زمانەوەیە . بێ گومان کەمایەتییەکی زۆر کەمیش هەیە زۆر بە باشی ماناکەی دەزانن و بە لێکدانەوەی مەبەستی خۆیان بەکاریان دەهێنن.
من لە مانگی یەکی 2016 بە وتارێك سەبارەت بەم زمانە ڕایسستیانە و هەڵەکانی پەکەکە زیاتر لە 12 لاپەڕەم نوسیوە. هاوکاتیش ئەوەشم ڕوونکردۆتەوە کە ئەم زمانە هەر زمانی پەکەکەیە نەك ڕۆژئاوا، میدیای ڕۆژئاوای کوردستان بەم زمانە ڕایسستیانە نە قسە دەکات و نەدەنوسێت و نە بانگەشە دەکات .
باشە ئێمە دەزانیین کە سەرکردەکانی پەکەکە کوردیی سۆرانی بەحاڵ دەزانن بەڵام خۆ نوسەران و ڕۆشنبیران و زۆرێك لە فەیسبوکوانانی کوردی سۆرانی زمان، ڕەنگە ماناکەی بزانن ، کەچی هەر بەکاری دەهێنن، یاخود لەبەر ئەوەی کە سەرکردەکانی پەکەکە یا میدیای پەکەکە ئەم زمانە بەکاردەهێنێت ئیتر ئەمانیش دەبێت دوای کەون.
بۆچی بەکارهێنانی ئەو چەمکانە ڕایسستانەیە؟
یەك: گەرچی ئامارێکم لە دەستدا نییە بەڵام وەکو دەیزانین و مێژوی کۆمەڵگەی تورکیا دەزانین خودی میللەتی تورك لەوێ ئەگەر کەمایەتیش نەبن ئەوە نیوەی میللەتانی تورکیان. کەواتە دەوڵەت ، بە تەنها دەوڵەتی تورک نییە هی هەموانە ، زۆرێك لەو کەمایەتییانە دەنگیان بەو حکومەتە داوە و دروستیان کردوە.
دوو: دەم پارتی کە بەشدارە لە پەڕلەمان و حکومەتدا هەرە زۆرینەیان کوردن ، نەك تورك ، خۆ ئەگەر هیچ نین پەڕلەمان هی ئەوانیش نییە، ئەی خێرە لەوێن؟
سێ: دڵنیام کە زۆرێك کە لە پایە گەورەکانی حکومەتدا یا دەوڵەتدا کار بەدەستن کوردن وەکو هاکان فیدان کە دوژمنی سەر سەرختی کوردە ، وەکو عومەر چلێک کە قسەکەری فەرمی ئاکەپەیە وەکو زۆرێكی دیکەیان کە پێویست ناکات لێرەدا ناویان بهێنم . ئەمە جگە لەوەی خۆ خودی ئەردۆگان تورك نییە، نەك هەر ئەوە بەڵکو ئەو 3 کەسەکەی دیکە کە خۆیان کاندید کرد لەگەڵ ئەردۆگان بۆ سەرۆک کۆمار هیچیان تورک نەبوون .
چوار: هاووڵاتیانی تورکیا هەر نەتەوە و کەمایەتییەك بن دەبێت خزمەتی زۆرەملێی سەربازی بکەن ، هەروەها لە بەشەکانی وەکو پۆلیس و دەزگە سیخوڕییە هەستایارەکاندا کارمەندن، یاخود لە بەشەکانی خزمەتگوزاریدا ، لە دادگە و پەروەردە و تەندروستی و وەرزش تد کورد هەیە . کەواتە تۆ بتەوێت و نەتەوێت ئەوانە لە خزمەتی دەوڵەتی تورکیادان بەو جۆرەی کە پێویست دەکات .
پێنج : تۆ چۆن دەزانیت ئەو پۆلیسەی ، ئەو سەربازەی ، ئەو سیخوڕەی میت کە کوژراوە تورکە ؟ تەماشای پێناسەکەیت کردووە؟ کونییەکەیت بینیوە؟
شەش : ئەی هەر ئێوە نین کە دەڵێن 20 ملیۆن کورد لە تورکیادا هەیە ؟ ئەی ئەم 20 ملیۆنە، با بڵێین 14 ملیۆنیان هێشتا لەناو توکیادان، بە چی دەژین ؟ پارە لەکوێ وەردەگرن و دەیگۆڕنەوە باج بە کێ دەدەن ؟ قازانج بە کێ دەگەیەنن ؟ پاسپۆرت و پێناسە لە کێ وەردەگرن؟ خزمەتی پۆلیسی بۆ کێ دەکەن ؟ غەیر هەمووی بۆ ئەو دەوڵەتەیە !! کەواتە تۆش بەشێکی لەو تورکانەی ، ئازەریانەیت ، ئەو عەرەبانەی کە لە تورکیا دەژین حکومەت و دەوڵتتان ڕاگرتووە !! کەواتە وەکو ڕاگرتن ئەرکەکەی هەر تورک نایکات بەڵکو هەموو هاووڵاتیەکی تورکیا ، هەموو پێکهاتەکانی کە میللەتی تورکیایان پێكهێناوە ، دەیکەن .
حەوت : کە تۆ دەڵێیت دەوڵەتی تورك، وجود بۆ خۆت دانانێت ، بوونی خۆت لەوێ ڕەت دەکەیتەوە ، ئاخر چۆن خاكێك دەبێت بێ میللەتێك؟ گەر حکومەت یا دەوڵەت بە تەنها تورکە تۆ بەشدار نیت و وجودت نییە لە تورکیا و لە پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی تورکیادا نییە ، ئیتر بە چ هەقێك تۆ هەڵدەکوتیتە سەری و شەری لەگەڵدا دەکەیت ؟
هەشت: ئەگەر وەڵامیشت بۆ ئەم خاڵانە ئەوەیە کە کورد لەوێ تەتریك کراون، واتە کراون بە تورك ، کەواتە تۆش دەستورەکەی دەوڵەتی تورکیا پشتڕاست دەکەیتەوە کە کورد نییە لەوێ!!
بێ گومان خاڵی دیکەش هەیە ، بەڵام ئەمانە سەرەکییەکانن لای من. تکایە بوەستە لە بەکارهێنانی زمانی ڕایسستی ، تکایە پێش ئەوەی وتار بنوسیت و ڕاگەیاندن بڵاوبکەیتەوە و ببیتە ڕۆژنامەنووس بڕۆ فێری زمانی کوردی ببە ؟ یا هەر مەبەست ئەوەیە تۆوی ڕایسستی بچێنیت وەک چۆن تورکە ، عەرەبە ڕایسستەکان هەمان شت دژ بە تۆ دەکەن.
زاهیر باهیر
28/01/2026
دۆخی سوریا و ناڕەزایەتی سەدان هەزاری.. عوسمانی حاجی مارف
هەسەدە نەچووە ژێر باری ئەوەی دیمەشق بانگەوازی کرد، کە دەبێت خۆیان ڕادەستی ڕێکەوتن لە گەڵ حکومەتی ئەحمەد شەرعدا بکەن، واتە پێش واژۆکردنی مەرجەکانی ڕێکەوتن، هەسەدە پێداچونەوەی کرد و پاشگەز بوەوە و ڕێکەوتنەکەیان قەبوڵ نەکرد.
ئاشکرایە ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد گۆڕانێکی جدی بەسەر سوریادا هێنا و کاریگەری لەسەر گۆڕانی دەور و پێگەی هەسەدەش کرد، نەک لەبەرئەوەی هەسەدە ڕێکەوتنێکی لەگەڵ ڕژێمی پێشووی سوریادا هەبو کە دۆخەکە رابگرن، بەڵکو لەبەر ئەوەی دوای ڕوخانی ئەسەد چۆن دەکرێ و دەتوانێ دۆخی ئێستا بەڕێوە بەرێت، بە تایبەتی دوای ئەوەی حکومەتی سوریا ڕادەستی هێزەکانی ئەحمەد شەرع کرا.
دیمان دۆخەکە وردە وردە گۆڕدرا، ململانێکانی ناوخۆی سوریا، لە پەیوەند بە دۆخی گشتی ناوچەکە و دەخالەت و هەوڵەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نەخشەو سیاسەتەکانی، ئالوگۆڕو یاریکردنێکی تازەی بەخۆوە نیشاندا، کە هێزێکی وەک هەسەدە لەو نەخشەو سیاسەتانەدا جێگە و دەورێکی نامێنێت، دوای داعش و ڕوخانی ئەسەد، ترەمپ پێداگری لەسەر یەکگرتویی سوریا بە باڵادەست بونی شەرعەوە دەکات، بە جێگیر بونی حکومەتی ناوەندی لە دمەشق و هەڵوەشانەوەی تەواوی ئەو هێزو لایەنانەی لە ژێر هێژمۆنی دیمەشقدا نین، ئاراستەیەکە بە جێگیر بونی حکومەتێک کە سەرچاوەو پاشخانە ئاشکراکەی داعشیە.
هەر پێشنیار و بانگەشەیەک شەرع دەیکات بۆ ڕێکەوتن، جگە لە هەوڵی دامەزراندنی سیستمێکی سیاسی بۆ هەژمونی دیمەشق بەسەر ناوچەکانی تردا، هیچ نەخشەیەکی سیاسی تری لێ بەرهەم نایەت، جگە لەسەپاندنی ئیسلامی سیاسی بەسەر تەواوی سوریادا، لەم بارەشەوە ترەمپ نەک کێشەی نییە، پشتیوانی جدیش لە شەرع دەکات.
مادەی چوارەمی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازاری ٢٠٢٥ی نێوان شەرع و مەزلوم عەبدی، ناڕون و کراوە بوو بۆ چەندین لێکدانەوە، لەداوای یەکخستنی هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازیەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ ئیدارەی دەوڵەتی سوریا، هەروەها داوای بۆ هەژمونی بەسەر دەروازە سنووریەکان و فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتیەکان و گازیەکاندا. لەم هەلومەرجەدا حەتمی بوو، کە لە هەر ساتێکدا ئەو ململانێیە بە شەڕێک بگات، کە شەڕەکە ڕویدا.
پشتبەستنی ڕژێمی سوریا بە ئەمریکا ئەم شەرەی هەڵگیرساند، چونکە شاراوە نیە کە ئەمریکا لە ئاڵوگۆرەکانی دۆخی ئێستا، کۆتایی بە هاوپەیمانی لەگەڵ هەسەدە هێناو سوکانەکەی گۆڕی بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ شەرعدا، لە ئێستادا بۆ ئەمریکا هاوپەیمانی بۆ شەرع زۆر گرنگترە لە هاوپەیمانیەکەی لەگەڵ هەسەدەدا.
پریشکی شەڕەکە لە ٦ی جانیوەریدا هەڵگیرسا، دوای فراوان بونەوەی شەڕەکە، کە ئامانج لێی دەرکردنی یەکجارەکی هەسەدەیە و کۆنترۆڵ کردنی ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی باکورە، پێدەچوو ئەم هەنگاوە پێشەکیەک بێت بۆ فراوانبونی زیاتری شەڕەکە بەرەو ڕۆژهەڵات بۆ پارێزگاکانی حەسەکە و دێرەزۆر.
لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا، هێڵەکانی پێشەوەی هەسەدە پاشەکشەیان کرد، دەرئەنجامەکەی سوپای سوریا دەستی گرت بەسەر کێڵگە نەوتیەکانی سۆفیان و ثورە لە نزیک شاری تەبقە لە پارێزگای ڕەقە، هەروەها گرتنی شاری تەبقە و بەنداوی فورات.
دوای کشانەوەی هێزەکانی هەسەدە لە کێڵگەی نەوتی ئەلعومەر و گرتنی کەمپی ئەلهۆڵ، ڕێکەوتنێکی نوێ لەنێوان حکومەتی سوریا و هەسەدەدا کرا، کە تیایدا یەکخستنی هێزە چەکدارەکان و هێزە ئەمنیەکانی هەسەدە بێت لە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆدا، ڕادەستکردنی پارێزگاکانی دێرەزۆر و ڕەققە لەلایەن خۆبەڕێوەبەری خەڵکی ئەو ناوچەیە بە حکومەت، بەڵام دواتر، هەسەدە لەو ڕێکەوتنە پاشگەز بووەوە و ئیدیعای کرد کە دیمەشق دەیەوێت هەسەدە خۆی بە تەواوی ڕادەست بکات.
لەگەڵ کشانەوەی هەسەدە لەو ڕێکەوتنە، پێشهاتێکی سیاسی بەرچاو ڕوویدا، کە لە ئەمریکاوە سەرچاوەی گرتبوو، تۆم باراک، جەختی لەوە کردەوە کە “گەورەترین دەرفەت لەبەردەستی کوردەکاندایە، کە لە سوریا لە ژێر سایەی سێبەری دەسەڵاتی حکومەتی نوێدابن، ئەو سوریایەی ئەحمەد شەرع سەرۆکایەتی دەکات”، هەر لە هەمان ڕۆژدا ترەمپ، ئەحمەد شەرعی، بە “پیاوێکی بەهێز و توند و ماندوونەناس” وەسفکرد.
ئەم لێدوانانە پاڵپشتی گشتی ئەمریکایان بۆ دەوڵەتی سوریا لەسەر حیسابی هەسەدە پێکهێنا، کە هێنایانە سەر مێزی دانوستان بۆ ئاگر بەستێک کە چەند ڕۆژێک بخایەنێت، دواتر پانزە ڕۆژ دەێژکرایەوە، بەڵام لە باری عەمەلیەوە هێرشەکانی حکومەتی سوریا نەوەستاون.
بەناوی سوریایەکی بەهێز و یەکگرتوو، ترەمپ دەیەوێت ئیمتیازێکی ستراتیژی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ببخشێتە ئەحمەد شەرع، شەرعێک کە بۆخۆی گەورەترین سەرچاوەی ناجێگیر و نا ئەمنیە بۆ دانیشتوانی سوریا.
گومانی تیا نیە ڕێگای سەقامگیری لە سوریا دەبێت لەسەر بنەمای مافی هاوڵاتیبونی یەکسان بۆ هەموان بێت.
ئەوەی شایانی باسە کاتێک ڕیزی سەدان هەزار کەسی دەڕژێنە سەر شەقام و بە دەنگی بەرز دەڵێن نا بۆ ترەمپ و جۆلانی و ئۆردگان..، ئازادی بۆ کوردستان، تەنها پەیامێک نیە پەیوست بێت بە هەوڵدان بۆ پاراستنی کوردانی دانیشتوی سوریا، پەیامێکە بۆ چارەسەری کێشەی خەڵکی کوردستان لە ناوچەکەدا، پەیامێکە دژ بە کۆنەپەرستی لە بەرامبەر زاڵمی و دڕندەیی تەواوی ئەو دەسەڵاتدارەی مافەکانی دانیشتوانی سوریا بە فەرمی ناناسێت، پەیامی ئیرادەی هاتنە مەیدانی جەماوەری ناڕازیە بۆ گەیشتن بەدەسەڵاتی خەڵک، هەوڵدانە بۆ وەلانانی ئەو هێزو لایەنانەی کە لە سەرو ئیرادەو پێگەی خەڵکیەوەیە، گوندەیی و کەڵەگایی بەسەر خەڵکیەوە دەکەن، دژ بە دەسەڵاتێکە کە بە ویست و ئارەزوی کەمایەتیەک خۆیان دادەمەزرێنن، ئەو کەمایەتیەی گۆشەگیرکردنی ئیرادەی خەڵکی و شکاندنی شکۆی خەڵک گەورەترین ئامانج و دەستکەوتی سیاسیانە، تا بتوانن قۆرخی سەروەت و سامانی وڵات کەن و داگیری کەن.
ئەم ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانە گەورە و فروانەی تەواوی کوردستان و بەشێکی جیهانی گرتۆتەوە، پەیامێکە دژ بە یاری کردن بە ژیان و گوزەرانی خەڵک، پەیامێکە لەبەرامبەر یاریکردنی چەندین ساڵە بە مەسەلەی کورد.
ئەوەی ئەمڕۆ لە تەواوی شارەکانی کوردستاندا دەبینرێت بە جیا لە خرۆشان و توڕەیی و ناڕەزایەتی، بەشداریەکی بەرفروانی جەماوەریە لە کۆکردنەوەی جۆرەها کۆمەک و ناردنی بۆ ئاوارەکانی ڕۆژئاوا، ئەمە مانۆری مرۆڤ دۆستی و ڕیفراندۆمێکی مەزنی جەماوەریە دژ بە بەربەریەتی نەخشەو سیاسەتەکانی ئەمریکا و ترەمپ لە ناوچەکەدا، ئەو ترەمپەی کە خەریکە دەوڵتی داعش لە سوریا بەهێز دەکات و ژیان و کێشەکانی خەڵکی کوردستان دەکاتە قوربانی.
ئەوەی ئەمرۆ ئامادەبونی ڕیزی سەدان هەزاری بۆ بەرگری لە رۆژئاوا نمایشکرا، سەلماندی کە هاوچارهنوسی مرۆڤەکان سنوور ناناسێت. بۆیە پێویستە ئەم توانا و وزە جەماوەریە ببێتە هەوێنی یەکڕیزی خەباتی جەماوەری بۆ گۆڕانکاری ڕیشەیی، گۆڕانکاریەک دابینی بەرژەوەندیەکانی ژیان و پێداویستی و ئاسایش و خواستەکانی خەڵک بکات، ئازادی و مافە سەرەتاییەکان بەدەست بێنێت و جێگیری کات، کۆتایی بەهێزی میلیشیای ئیسلامی و قەومی بهێنێت، شەڕی قەومی و تائیفی و نایەکسانی ژنان و پیاون لە ناوچەکەدا بسڕێتەوە.
پشتیوانیمان لە خەڵکی ڕۆژئاوا تەنها لەبەر ئەوە نییە کە کوردن، بەڵکو لەبەر ئەوەیە نوێنەرایەتی ژیانێکی ئازاد و پێشکەوتنخوازی و شارستانی دەکەن، یاساو رێسایەک بەرێوە دەچێت کە تێیدا حیجاب بەزۆر نییە، ژنان پلە دوو و کاڵا نین، جیاکاری زمان و نەتەوەو دین و تائیفی و کەمایەتی ناناسن. گومانی تیا نیە تێکەڵ بون لەگەڵ حکومەتی ئێستای سوریا، تەواوی ئەوانە دەسرێتەوە!.
لە بازاڕی هاوپەیمانیەکاندا، کورد وەکوو قوربانیەکی هەمیشەیی.. جوتیار
بە بڕوای من پێشهاتەکانی ئێستای سوریا بە ڕوونی ئەوە نیشان دەدەن کە کورد جارێکی تر وەک ئەکتەرێکی سیاسی، بە یەکسانی مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت، بەڵکو وەک فاکتەری تێکدەر لە پێکهاتەکانی دەسەڵاتی ناوچەییدا تەماشا و مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. ململانێی ئێستا کە لە نێوان دەستەڵاتی ناوەند کە لە ژێرهەژموون و کاریگەری ئیسلامی-داعشی و دەستەڵاتی تورکیای فاشیستوو و کوردانی رۆژئاڤادایە، کێشەیەکی کاتیی ئەمنی نییە، بەڵکو دەربڕین و نێشاندانی ئیرادەیەکی سیاسی قوڵتر و درێژخایەنترە بۆ ڕێگریکردن لە چارەنووسی کورد بۆ هەمیشە لەو جیوگرافیایەدا.
بە تێگەیشتنی من سیاسەتی تورکیا بەرامبەر بە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نەک وەک ستراتیژێکی ئەمنیی بەرگریکارانە، بەڵکو وەک پرۆژەیەکی بەردەوام بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەر ئۆتۆنۆمییەکی کورد، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە چ جۆر ستراکچەرێکی سیاسی هەیە، عەلمانی، ئیسلامی، دیموکراسی، یان فرەیی، هەرجۆرێک بێت، پاڵپشتی میلیشیا ئیسلامییەکان و دەسەڵاتی ئەحمد شەرع لە لایەن تورکیاوە لەدژی کوردانی ڕۆژائاڤا وەک ئامرازێک تەنهاو تەنها لە پێناو ئەو ئامنجە دورمەودایە دایە.
لە هەمان کاتدا هەڵوێستی گروپە ئیسلامیە-داعشییە باڵادەستەکان لە سوریا کێشەیەکی زۆر قووڵە، قوڵتر لەوەی کە ئێمە بیری لێدەکەینەوە، ڕیتۆریکی(خطابە)ی ئەوان بۆ یەکێتی دەوڵەت و یەکگرتوویی و سەروەری خاک، لە پراکتیکدا، بە هیچ شێوەیەک مانای دانپێدانان نییە بە هیچ مافێک بۆ گەلی کورد، بەڵکو بە مانای بێدەسەڵاتکردن و زەلیلکردنی ستاتوی سیاسی کوردییە لە ڕۆژئاڤا.
پەیامەکە بە زمانێکی کوردی سادە، ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە دامودەزگا کوردییەکان لە ناوچەی خۆسەر نابێ هیچیتر لە پرۆسەی خۆڕێکخستن و بەڕێوەبەرایەتیەکی ناوخۆییدا بەردەوام بن، بەڵکو دەبێ بخرێنە ناو سیستەمێک کە دەستەڵاتی ناوەند بە هەژموونی ئیدۆلۆژی ئیسلامی و سێنتڕالیەتی عەقلیەتی عەرەبی قەومی، هاوچەشن و چاودیری و سیستماتیک بکرێن. ئەوان ئۆتۆنۆمی رۆژئاڤا بە هیچ جۆرێک وەک مافێکی دیموکراسی تێناگەن، بەڵکو وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر دەسەڵاتی ئایینی و ئیدۆلۆژیەتی دەوڵەت دەزانن.
ئەوەی لە ئێستادا زۆر گرینگە، کە کورد سەرەڕای بەشدارییە چارەنووسسازەکەی لە شکستی داعشدا، بەردەوام بێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پێشهاتوو گۆڕانکاریانەدا وەک ئەمری واقیع، لانی کەمی لە پێناو ریگریکردن لە کارەساتە مرۆیەکان و کەمکردنەوەی هەڕەشە ناوخۆی و هەرێمایەتیەکان، چونکە لە کۆتایەکەیدا ئەکتەرو هێزە نێودەوڵەتییەکان بە شێوەیەکی کاریگەر بەڵێن و پەیمانێکی سیاسی قبوڵ دەکەن کە تێیدا ئاسایش و ماف و ئاسۆی داهاتووی کورد ملکەچی حیساباتی دەسەڵاتی ناوچەیی ببێت. هەر چەند کە ئەو ئاراستەیەش هەر جۆرە ئیعتبارێکی قسەکردن سەبارەت بە سەقامگیری و بە دیموکراسیکردنی پرۆسەی سیاسی لەو ناوچەیەدا دەخاتە ژێر گومان و سەر شانۆی گاڵتەجاڕیەکی کۆتا نەهاتوو کە لەلایەن هاوپەیمانان و ئەمەریکاوە قسەی لێدەکرێت.
من پێموایە کە نەزمێکی پاوانخوازانەی دوای ئەو جەنگە لە سوریادا سەرهەڵدەدات، کە تێیدا مۆدێلی (کۆمەڵگای دیموکراسی) لە خۆسەری ڕۆژئاڤادا بە شێوەیەکی سیستماتیک سەرکوت دەکاتوو کۆتایی پێدێنێت، کە ئەوەش ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت کە ئەلتەرناتیڤی ناسیۆنالیزم و ئیسلامیزم و ناوەندگەرایی تاکوو ئێستا لەو ناوچەیەدا بوونێکی بەهێزوو پشتیوانیەکی نا مۆڕاڵی ئامادەکراوی هەیە لە لایەن ئەو سیستەمە نایەکانگیرە سیاسی و ئابوریەی دنیادا، کە ئەوەش بۆ هەموو کورد و نەتەوە ژێردەستەکانی تریش جێگای نیگەرانیەکی زۆر قوڵ و لەدەستدانی متمانەیە.
ئەوەی بە کورتی دەمەوێت بیڵێم، تێکەڵبوونی هەسەدە بە دەستەڵاتی ناوەند، ئەگەر ڕوو بدات، بە هەموو پێوانەکان، تەنها وەکوو کردارێکی پووچ دەمێنێتەوە، چونکە ئەو ئاکسیۆنە و سیاسەتەکانی ئێستای دەوڵەتی بێ سایەو سەروەری سوریا ناتوانێت هیچ ئاشتیەک بەرهەم بهێنێت، بەڵکو ستەمێکی زیاتر لە ژێر سێبەری هەردوو فاشیزمی دینی و نەتەوەیی سەقامگیر دەکاتوو و کۆمەڵگای سوریا زیاتر لە داهاتوویەکی دادپەروەر و گشتگیر دوور دەخاتەوە.
ئێدگار ئالان پۆ… نووسین لە لێواری شێتیدا!.. نووسینی /هاشم ساڵح.. وهرگێڕانی/ ئاكۆ عهبدوڵڵا
ئێدگار ئالان پۆ یەکێک بوو لەگەورەترین نووسەره ئەمریکییهكانی سەدەی نۆزدە و ڕەنگە هی هەموو سەردەمێکیش. بەنووسینی کورتە چیرۆکی نائاسایی، ناوبانگی دەرکردووە. یەکەم کەسیش بوو لەئەدەبی ئەمریکی و نێودەوڵەتیدا ڕۆمانی پۆلیسی نووسیبێ، ڕۆمانی ترسناک و تهشویق و وروژاندنیانه. شاعیرێکی ناوازە و دیار ڕەخنەگرێکی ئەدەبی بەرزیش بوو. تیۆرداڕێژهری شیعر و پهخشانیش بوو. ئەو بەدبەختە کێیە، کە دواتر بوو بەئەفسانە؟
ئێدگار ئالان پۆ ساڵی 1809 لەشاری بۆستن هاتهدونیا. ساڵی 1849 لەشاری بالتیمۆر کۆچی دوایی کردووە. تەمەنی تەنها چل ساڵ بووه. كهچی جیهانی پڕ کرد و خەڵکیشی سهرقاڵکرد. وهك زانراویشە بۆدلێری شاعیری بەناوبانگی فەرەنسی بەیەکێک لەگەورەترین نووسەران دانابوو، تەنیاش سوێندی بەناوی ئهو دهخوارد، ژیانیشی بەوەرگێڕانی بەرهەمەکانی بۆ زمانی فەرەنسی بەسەر بردووە. تا ئێستاش وەرگێڕانەکەی بەکاردێت و پشتی پێدهبهسترێت كه یەکێکە لەجوانترین و گەورەترین وەرگێڕانە ئەدەبییهكان. شاعیرێکی بلیمهت شاعیرێکی بلیمهتی دیكه وەردهگێڕێ! بۆدلێر لای سهیربوو و بهدڵی نهبوو، تەنانەت ناڕازیش بوو لهوهی زۆربەی ڕۆشنبیرانی فەرەنسی ئێدگاریان نهدهناسی یان ناویان نهبیستبوو. کاتێک دەچووە ناو کافێیەک لهکەسێکی دەیپرسی: ڕات چییە لەسەر ئێدگار ئالان پۆ؟ ئەویش وەڵامی دەداوە: “ئەو کەسە کێیە؟ لەژیانمدا ناویم نەبیستووە”. بەهۆیهوە توڕە دەبوو و هێندهی نهدهما هەڕەشەی لێبکات یان بەدارێک لێیبدات.
ئێدگار پۆ ساڵێک یان دوو ساڵ دوای هاتنهدونیا، دایکی و باوکی لەدەستدا. بۆیە هەتیوی دایک و باوک بوو و هیچیشی لەخێزانەکەی بهبیرنهدههات. لەو ڕووەوە به جان جینێه دەچێت، کە ئهویش هەموو ژیانی بەگەڕان بەدوای دایکە خزمەتکارە سادەکەیدا بەسەر برد، کە لهو كاتهی لەنەخۆشخانەیەکدا داینا لەژیاندا ون بوو. چیرۆکێکی نایابی ئەفسانەییه. بیهێنە بەرچاوت ئەگەر تەنها جارێکیش دایکی بینیبا! تەنانەت پێنج خولەک پێش مردنی كه چاوەڕێی دەکرد. ههرچی باوكیشی بوو بۆ یەک ساتیش بەدوایدا نەگەڕا، نە لەنزیکەوە و نە لەدوورەوەش بهلایهوه گرنگی نهبوو. بەڵام ئەوەیان شتێکی دیكهیه.
با بگەڕێینەوە بۆ لای هاوڕێکەمان. لەلایەن خێزانێکی دەوڵەمەندی ئەمهریکی بەخێوکرا، کە بەزەییان پێدا هاتەوە و لهنزیک شەقامەکە هەڵیانگرتهوه. لەباشترین قوتابخانەکانی ئەمهریکا خوێندی، و وەک دەوترێت هەر لە منداڵیشهوه گرنگی بهئەدەب دا. بەڵام باوکی (بەخێوکەرەکەی) بەهۆی ئهوهی شانازی بهخۆی و كهسایهتییه بەهێزەکەی دهكرد، دههات لێی بێزاردهبێ. جگە لەوەش دەیویست بیکات بهبازرگان، كهچی ئهو تەنها بیری لەشیعر و ئەدەب دەکردەوە. بەو شێوەیە ناکۆکی لەنێوانیاندا سهریههڵدا. لەلوتکەی دهمهقاڵێدا پێی وت: “بەخوا دەستبەرداری پیشەی ئەدەب نابم تەنانەت ئەگەر هەموو ئاڵتونەکانی کالیفۆرنیاشم پێ بدەن! دەستبەرداری بەرزترین و بهشەرەفترین پیشەی جیهان نابم. پەیوەندی نێوان بزنس و ئەدەب چییە؟ جیاوازی نێوان ئاسمان و زەوییه”. عەرەبهكان دەیانگوت دهركی بهپیشەی ئەدەب كرد: واتە كۆتایی هات و بووه هەژار و برسی. جا ئایا ئەدەب نان دابین دەکات؟ ئەو گهوجییه چییە؟ ئەبو حەیان تهوحیدی لهكوێیه کە لەکۆتایی تەمەنیدا کتێبەکانی دڕاند، چونکە لەبرسێتی مرد؟ یەکێک لەگەورەترین پهخشان نووسانی عەرەبی هەموو سەردەمهكان، پاروویهك نانی نهدۆزیەوە. جیهانێکی گزیكهرانه. جیهانى دێوانه. کەینێ دونیا لەتاریکییەوە دهردهچێ بۆ ڕووناکی؟ لەو ساتانەشدا جیهان خەریکە شێت دەبێت. بەڵام با بگەڕێینەوە بۆ هاوڕێ داماوهكهمان. ئهو هەر لەمنداڵییەوە دووچاری بەدبەختی و بەڵا ببوو. براکەی مرد و خوشکەکەشی پهكیكهوت. هەموو ئهوانهی لهدەوروبەریشی بوون دەڕوخان و دادهڕمان… هەژاری و برسێتی… لەهەمان کاتیشدا دەزگیرانەکەی ڕەتیکردەوە، دوای ئەوەی باوکی قەناعەتی پێکرد هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکی دەوڵەمەند بکات نەک سەرگەردانێکی هەژار کە هیچ داهاتوویەکی نەبێ. بهو جۆره پێی گوت: “بەخوا تۆ شێتی! کێ شوو بەشاعیر دەکات؟ مانای شیعر چییە؟ ئەو هەموو قسە بێمانا و گاڵتهجاریانه واتایان چییە؟” بەو شێوەیە دەرگاکان بهڕوویدا داخران و بەدبەختییەکان لەهەموو لایهكهوه بەسەر سەری نووسەری گەورەی داهاتوومان ههڵیانكرد. ههر ئهوهشه کە دەیکاتە گەورەترین نووسەری سەردەمهكهی خۆی. سوپاس بۆ بەدبەختی و بهڵایهكان! خهریکە بڵێم سوپاس بۆ بەڵا و کارەساتهکان! ئەوان نهبان نووسراوه بلیمهتهكان نهدهبوون و ئهوان غهمباریش نەدەبوو. ئەمە نەک تەنها تاکەکان، لهسهر گەلانیش پیاده دهبێت. ئەو گەلانەی کە زیاتر لەگهلانی دیكه ئازار و مهینهتی دهچێژن، دەگۆڕێن بۆ زهبربهدهست و هەر ئەوانیشن مێژوو دروست دهكهن و دواتریش سەرکردایەتی جیهان دەکەن. هاوشێوەی وتاری شاخ (عظة الجبل) () ی بەناوبانگی عیسا مەسیح، دەتوانین بڵێین: “بهختهوهرن چەوساوە غەمبارەکان ئەوانەی پارچە پارچە بوون، چونکە مهلهكوتی ئاسمانهكان هی ئەوانە”. ساڵی 1827 یەکەم کۆمەڵە شیعرهكانی بڵاوکردەوە. ئەو کاتە تەمەنی تەنها هەژدە ساڵ بوو. بەڵام تەنها پەنجا دانەی چاپ کرا. بەناوی تایبەتی خۆشی بڵاوینەکردەوە، بەڵکو بەناوێکی نهناسراو (کەسێکی خەڵکی بۆستن). کەسیش گرنگی بهوه نەدا. ئەمەش لەواقیعدا بەسەر زۆرێک لەبلیمهتهكاندا دادێت. لەسەرەتاوە خهڵكی بەدەگمەن پهی بەهای ئهوانه دهبهن. ئهوان بهر لهكاتی خۆیان دێن. دوای مردنیشیان فیستیڤاڵیان بۆ سازدهكهین و كۆتهڵیان بۆ دادەڕێژین. تەنانەت تابلۆکانیشیان بەسەدان ملیۆن دۆلار دەکڕین، وەک ئەوەی بۆ ئەو شێتە گەورەیەی دیكهدا دهبینرێ: ڤینسێنت ڤان كۆخ! ئایا دەزانن ئەو یەکەم کۆمەڵە شیعرەی ئێدگار ئالان پۆ بەو دواییانە لەنیویۆرک بە 662 هەزار دۆلار فرۆشرا؟ ئەی شیعره بەناوبانگترهكهی (قهڵهڕهش)؟ ئەی دەقە بلیمهتییهكانی دیكهی؟ ئەگەر لەژیانیدا پێی بدرابا، بەدرێژایی تەمەنی لەو پهڕی لێواری هەژاریی نەدەژیا. ئێدگار ئالان پۆ بۆته سیمبوڵی شاعیری نەفرەت لێکراو، یاخود شاعیری نهگبهت، یان دۆزراوه، چۆنت دهوێ وهها ناوی لێبنێ… هەر بۆیە بۆدلێر زۆر سەرسام بوو پێی، چونکە خۆی لەناویدا دەبینی. ئاشكراشه بۆدلێریش یەکێک بووە لەگەورەترین پەراوێزخراوەکانی سهرگهردانی شەقامەکانی پاریس. لەو سەرگەردانییە بێکۆتاییانەشدا گەورەترین شیعری فەرەنسی سەریهەڵدا. ئەویش لەلێواری ههڵدێر دەژیا. پاشان ئێدگار ئالان پۆ وتارێکی زۆر گرنگی لەبارهی (بنەمای شیعر) یان (هونەری شیعر) ی پێشکەش کرد. لەبەردەم ئامادەبووانێکی گهوره کە هەزار کەس دهبوو! ئهوسا بلیمهتییهكهی دهركهوت و درەوشاوە. لهو كارهیدا تیۆرییه گشتییهكهی خۆی سەبارەت بەشیعر چڕكردۆتهوه. ئاشكراشه ئەویش وەک هەموو شاعیرێکی گەورە، ڕەخنەگرێکی گەورەش بووە، واتە فەیلەسوفێک (فەلسەفەی شیعر، كڕۆكی شیعر!). سەیری بۆدلێر، ریلکە، ڕامبۆ، ڕێنیه شار و ئهوانی دیكه بکە. بهو جۆره دەیگوت: “ئامۆژگاری ئەخلاقی شتێکە و داهێنانی شیعریش شتێکی دیكهی تەواو جیاواز. ئەمەش ئهوهیه کە الاصعمی سەدان ساڵ پێش تر وتوویهتی: “الشعر نكد بابه الشر، فإذا دخل في باب الخير فسد”. ئهوه دهستهواژهیهكی یهكلاكهرهوهیه و ناتوانرێت گفتوگۆی لهسهر بکرێت و ڕەت بکرێتەوە. عەرەب سەرچاوەی ڕەخنەی ئەدەبی و بلیمهتی شیعری و هزرییه. دواتر شاعیره گهورهكهی ئەمریکی ئەو وشە گرنگانەی وت: “هەموو گەردوون بریتییه لهچامهیهكی خوداوهندی بەدەستڕەنگی و جوانی دروستكراوه. بەڵام لهبهر ئهوهی مرۆڤ نابینایه لهبینینی دروستکراوی سەرسوڕهێنەری خودا، بۆیه شاعیر بەژیرییه بههێزهكهی و خەیاڵی داهێنەرانەی خۆی، بەرپرسیارە لەناساندنی مرۆڤایەتی بەجوانییەکانی ئەو چامه گەردوونییە”. یەکێک لەو شتانەی کە بهڵگهیه بۆ گەورەیی ئێدگار ئالان پۆ ئەوەیە کە بەکۆچی دوایی هاوسەرەکەی (ڤێرجینیا) کە تەمەنی تەنها بیست و چوار ساڵ بوو، زۆر غهمباربوو. زیاتر لەجارێک گرتیان کە دوای نیوەشەو لە تەنیشت گۆڕەکەی دانیشتبوو. هیچ شتێک نەبوو بۆ مردنی ئهو دڵنەوایی بدات. دهیپرسی: “ئایا لەجیهانهكهی دیكه پێیدهگاتهوه؟ دوای مردن ژیانێکی دیكه هەیە؟ بۆ پوری نووسی (بەرگەی خەمی ئهو ناگرم. ئەوە لەتوانای من بهدهره. نامەوێت دوای ئەو کاتژمێرێکی دیكه بژیم). لەوانەیە بڵێن: لەوەدا چی سەیرە؟ کەسێک ماتەمینی بۆ ژنەکەی دەگێڕێت. منیش وەڵامیان دەدەمەوە: کەسانێک دەناسم لەڕادەبەدەر دڵخۆش بوون (بێگومان لەناخهوه) ئهو کاتهی ژنەکانیان دهمرد، تاكو بتوانن دواتر بهپهله هاوسەرگیری بکەنهوه. لەکۆتاییدا کاریگەریی ئێدگار ئالان پۆ لەسەر ئەدەبی جیهانی زۆر بوو، بەتایبەتی لەسەر ئەدەبی فەرەنسی و ڕووسی، باسی ئەدەبی ئەمریکی و ئینگلیزی ناکەم. بۆدلێر و مالارمێ دانیان بەکاریگەربوونیاندا ناوه، هەروەک چۆن دۆستۆیڤسکی و زۆر کەسی دیکەش. واهاش دیار بوو لەلێواری ههڵدێر، لەلێواری شێتیدا دەینووسی. جا ئایا جیاوازی هەیە لەنێوان بلیمهتی و شێتی؟ ئایا هەموو دونیا شێت نییە؟ ئێستا کێ دەتوانێ دەقێکی سرووشتبهزێن بنووسێت كه بەرزبێتەوە بۆ ئاستی شێتی جیهانی؟! () بهواتای The Sermon on the Mount دێت كه كۆمهڵێك قسهیه دهدرێنه پاڵ مهسیح (سڵاوی خودای لێبێت) كه لهسهر شاخێك بۆ ئامادهبووانی خوێندۆتهوه. (وهرگێڕ)
وهرگێڕانی/ ئاكۆ عهبدوڵڵا
سهرچاوه:
https://aawsat.com/
13/11/2023