بۆچی بلاک ڕۆک، جەی پی مۆرگان و گۆڵدمان لە کاتی شەڕی بازرگانی ترەمپدا 1.4 تریلۆن دۆلاریان گواستەوە بۆ چین؟

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: نەوزاد مدحەت ( گۆران عەبدوڵڵا)

لە ساڵانی ٢٠١٨ بۆ ٢٠٢٠، جەنگی بازرگانی ترەمپ لەگەڵ چین گەشتە ترۆپکی خۆی. دانانی باج لەسەر سەدان ملیار دۆلار کاڵای چینی. سەردێڕی میدیاکان هاواری راوەستانەوەیان دەکرد بەڕووی پێکینگ دا. هەردوو پارتەکە بە توندی وتاریان دەدا دەربارەی گەڕاندنەوەی کارەکان بۆ ناو ئەمریکا. هەموو دامەزراوە سیاسییەکان یەکگرتوو بوون لە وتنی: “ئێمە لە کۆتاییدا دەجەنگین دژی چین.” لە هەمان ئەو ساڵانەدا، بڵاک ڕۆک، جەی پی مۆرگان، گۆڵدمان ساکس، و باقی وال ستریت بە نهێنی ١.٤ تریلیۆن دۆلاریان گواستەوە بۆ بازاڕەکانی چین. نەک ١٠٥ ملیار، ١.٤ تریلیۆن کە ساڵی ٢٠٢٠ لە لووتکەی جەنگی بازرگانیدا بوون.

ئێستا، لەوانەیە پێت وابێت ئەمە هەڵەیەک بووە یان کاتێکی خراپ. لەوانەیە وال ستریت غافڵگیر بووبێت بە سیاسەتەکان، ڕاست یان هەڵە ئەمە پێشبینیکراوترین جووڵە بوو لە مێژووی دارایی نوێدا. چونکە شێوازێک هەیە، شێوازێک کە زیاتر لە ٣٠٠ ساڵە دووبارە دەبێتەوە. نەخشێک ئەوەندە جێی متمانەیە، ئەوەندە وردە لە ڕووی بیرکارییەوە کە کاتێک دەیبینیت، تەواوی چیرۆکی ئەوەی کە لە ئێستادا بەسەر دەسەڵاتی ئابووری ئەمریکادا دێت، وەک بلوری ڕوون دەبێتەوە.

ئێمە لە قۆناغی سێیەمداین لە چوار قۆناغ. سیستەمی دارایی جیهانی هەڕەمەکی و بێسەرەوبەرەنییە. بە شێوەیەکی میکانیکی بە چوار قۆناغ کار دەکات کە هەموو دراوێکی یەدەگی لە مێژووی تۆمارکراودا وێران کردووە.
قۆناغی یەکەم، ئلیتی دارایی مۆنۆپۆڵی چاپکردنی پارە دەکات لە ڕێگەی بانکی ناوەندییەوە.
قۆناغی دووەم، ئەم مۆنۆپۆلییە بەکار دەهێنن بۆ دانی قەرز بە دەوڵەت. هەموو شتێک باش دەردەکەوێت. ئابووری گەشە دەکات، ئیمپراتۆرییەت گەورە دەبێت. هەموو کەس پێی وایە کەئەمجارە لە کێشەکە گەشتوون کە چۆن چارەسەر دەکرێت.
قۆناغی سێیەم، سیستەمەکە زۆر درێژ دەبێتەوە. دراو دەست دەکات بە لەدەستدانی بەها. حکومەت کۆنتڕۆڵ لەدەستدەدات، درزەکان گەورەتر دەردەکەون.
قۆناغی چووارەم: ئەمە بەشێکی گرنگە، هەموو ئەو کەسانەی ئەم سیستەمەیان دامەزراند پارەکەیان دەگوازنەوە بۆ هێزێکی نوێی تازە گەشەکردوو پێش ئەوەی ڕووخانەکە ئاشکرا بێت بۆ هەموو کەس. دانیشتووانی وڵاتیش لەگەڵ کاغەزە بێنرخەکاندا لە ماڵەکانی خۆیاندا دەمێننەوە.

ئەمەمان لە بەریتانیا، ئەڵمانیا و ئەمریکا بینیوە دوای ١٩٧١ و ئێستاش وا ڕوو دەدات.
کاتێک وال ستریت پارە دەڕژێنێتە چین، لە هەمان کاتدا واشنتن شانۆی تووندبونەوە لەگەڵ پەکین نمایش دەکات.
کاتێک بەریتانیا لە جەنگدا بوو لەگەڵ فەڕەنسا، پارەی تەواو ببوو. پیاوێک بە ناوی ویلیام پاتەرسۆن- William Patterson- چارەسەرێکی زیرەکانە دەهێنێتە پێش. دروستکردنی بانکی ئینگلتەرا. ڕێککەوتنەکە وایە بانکەکە ١.٢ ملیۆن پاوەند قەرز دەداتە حکومەت بە ڕێژەی ٨٪ سوو. بەڵام زیرەکی ڕاستەقینەکە ئەوە نییە چۆن کار دەکات. حکومەت قەرز دروست دەکات. بانکەکە ئەو قەرزە دەگۆڕێت بۆ پارە کە لە ئابووریدا دەسوڕێتەوە و بەشداربووانی دەوڵەمەند لە بانکەکە، قازانجەکانیان کۆدەکەنەوە لەسەر هەموو دابینکردنی پارەی نەتەوەکە. قۆناغی یەکەم تەواو بوو.

لە ماوەی چوار ساڵدا، قەرزی نەتەوەیی بەریتانیا لە 1.2 ملیۆن بۆ 16 ملیۆن چووەسەر. تا ساڵی ١٨١٥، دوای داراییکردنی جەنگەکانی ناپۆلیۆن بە ڕێگەی چاپکردنی پارەی بەردەوام پشتگیریکراو بە قەرزی حکومەت، قەرزەکە دەگاتە 885 ملیۆن. قەرزدەرەکان نەک تەنها قازانجیان کرد، بەڵکو خاوەندارێتی لەحکومەتی بەریتانیش دەکەن.
قۆناغی دووەم دەست پێ دەکات، بەریتانیا دەستبەجێ گەورەترین هێزی دەریایی جیهان دروست دەکات، نیوەی جیهان کۆلۆنی دەکات. پاوەند دەبێتە دراوی یەدەگی جیهانی. بازرگانی نێودەوڵەتی بە پاوەندی بەریتانی کار دەکات. حکومەتە بیانییەکان پاوەند وەک یەدەگ دەگرن. هەموو شتێک وەک ئەوەیە ڕانەوەستێت. بەریتانیا لە لووتکەی جیهاندایە.

بەڵام ئەوەی زۆر کەس نەیزانن ئەوەیە کە لە نیوەی ١٨٠٠ەکان، درزەکان دەردەکەونەوە. بەرهەمهێنانی پیشەسازی بەریتانی لە لووتکەی خۆیدا دەست دەکات بە دابەزین بەرامبەر بە ئەڵمانیا و ئەمریکا. تێچووی پاراستنی ئیمپراتۆرییەتی جیهانی زۆر زیاتر بوو لەوەی بەریتانیا بتوانێت بیپارێزێت. قەرزەکان زیاتردەبن. لێرەدا شتەکان سەرنجڕاکێش دەبن. هەمان دامەزراوە داراییەکان کە سیستەمی بەریتانیایان دروست کردبوو دەست دەکەن بە گواستنەوەی پارەکانیان بۆ ئەمریکا. سەرمایەی بەریتانی دەڕژێتە بوارە جیاوزەکانی پیشەسازی ئەمریکاوە وەکوو: رێگەی ئاسنین، پۆڵا و چەندین پیشەسازی تر. ڕۆتشیلدەکان- Rothschilds- سەرمایەیەکی زۆر دەخەنە خزمەت گەشەکردنی پیشەسازی ئەمریکاوە. کاتێک بەریتانیا لە١٩٣١بە فەرمی واز لە ستانداردی زێڕ دەهێنێت، کاتێک پاوەند ڕووخا وەک دراوی یەدەگ، دروستکەرەکان پێشتر هەمان سیستەمیان لە نیویۆرک دروست کردبووەوە. پارەکەیان گواستبووەوە پێش ڕووخانەکە.
قۆناغی چوارەم بە تەواوی جێبەجێ کرا.

نمونەی دووەم
دوای جەنگی جیهانی یەکەم پەیمانی ڤێرسای ئەڵمانیای بە ١٣٢ ملیار مارکی زێڕ قەرزاربارکرد بە هێزی هاوپەیمانان. حکومەتی ڤایمار- Vhimar- ڕووبەڕووی دوو بژاردە دەبێتەوە. باجەکان بەرز بکاتەوە بۆ پارەدان یان پارە چاپ بکات. ئەوان چاپخانە هەڵدەبژێرن. بانکی ڕایخ، بانکی ناوەندی ئەڵمانیا، دەست دەکات بە دراویکردنی قەرزی حکومەت، پارەدانی کرێکارە مانگرتووەکان، داراییکردنی بەرنامە کۆمەڵایەتییەکان، پاراستنی هاوپەیمانی سیاسی. کاتێک فەڕەنسا و بەلجیکا لە کانوونی دووەمی ١٩٢٣ ناوچەی روهەر-RUHR-ی پیشەسازی داگیر دەکەن بۆ گرتنی خەڵوز و زۆرکردن بۆ پارەدان، وەڵامی ئەڵمانیا، پارەدان بوو بە کرێکارەکانی ڕووهەر بۆ مانگرتن. پارەدانیان بە پارەی چاپکراو. چاپکردنی پارە بە شێوەیەکی سەیر زیاد دەبێت.
ئایاری ١٩٢٣، 8.6 ملیار مارک. حوزەیران، 17 ملیار. ئاب، 669 ملیار. تشرینی دووەم 400 کوینتیلیۆن. تا تشرینی دووەمی ١٩٢٣، یەک دۆلاری ئەمریکی 4.2 تریلیۆن مارکی ئەڵمانی دەکڕێت. عەربانەیەک پارە رۆژنامەیەک ناکڕێت. کرێکارەکان بە کاتژمێر پارە وەردەگرن چونکە مووچەکەیان لە کۆتایی شیفتەکەیان بێنرخ دەبێت. نرخەکان لە ماوەی کاتژمێرەکانی کارکردندا سەردەکەون. چینی ناوەڕاست تەواو دەسڕدرێتەوە. پاشەکەوتەکان لە شەوێکدا دەبن بە هەڵم.

ڕودۆلف هاڤێنشتاین- Rudolph Havenstein -، سەرۆکی بانکی ڕایخ، بە ئەنقەست دراوی بیانی بە مارک دەکڕی بە هەر نرخێک بووایە بە بێ گوێدانە هەڵاوسان. حکومەتەکە دەیوت ئەمە پێویستە بۆ پارەدانی تاوانبارکردنەکان. ڕاوێژکارە بەریتانی و فەڕەنسییەکان دەیانووت ئەمە وێرانکردنێکی ئەنقەستییە بۆ دراو. تۆمارەکانی دواتر پشتڕاستیان کردەوە. هەڵاوسانی زۆر سوودبەخش بوو. . قەرزەکانی شەڕی ناوخۆی نەهێشت. چینی ناوەڕاستی سیاسی نەویستراوی وێران کرد. کاتێک قەیرانەکە بەلووتکەی خۆی گەیشت، کاتێک ئەڵمانیا مارکی کرێی- Rentenmark لە تشرینی دووەمی ١٩٢٣ داهێنا بۆ ڕاگرتنی ئەو داچۆڕانە دراوییە، چارەسەرەکە پێویستی بە قەرزەکانی ئەمریکی هەبوو.

پلانی داوەس- Dawes- لە ١٩٢٤ وال ستریتی هێنایە ئەڵمانیا بۆ ڕێکخستنەوەی هەموو شتێک. پارەی ئەمریکی لە کۆتایی ١٩٢٠ەکاندا ڕژایە ئەڵمانیاوە. بانکە ئەمریکی و کۆمپانیاکان پێشوازییەکی بێوێنەیان لێکرا. کاتێک دوواتر ئەو سیستەمە لە سەرەتای ١٩٣٠ەکان ڕووخا، کە مەرجەکانی دروست کرد بۆ هێنانە سەرکاری نازییەکان.
هەمان دامەزراوە داراییە ئەمریکییەکان پێشتر ئامادە بوون بۆ قۆناغی داهاتوو. هەمان شێواز، سەدەی جیاواز. بانکی ناوەندی قەرز دەدات بە حکومەت. سیستەم بە هەڵاوسان گەشە دەکات، بەهای دراو هاڕەدەکات، سەرمایەی بیانی لە قەیراندا ڕێک دەخاتەوە، پاشان دەرچوون پێش کارەساتی سیاسی.

نمونەی سێیەم، ئەوەی سیستەمی ئەمڕۆی دروست کرد. لە کۆنفرانسی برێتۆن وودز، نیو هامپشایر. نوێنەرانی ٤٤ نەتەوە سیستەمێکی نوێی پارەیی دروست دەکەن. دۆلاری ئەمریکی بە زێڕ پێوەر دەکرێت بە ٣٥ دۆلار بۆ ئۆنسێک. هەموو دراوی تر بە دۆلار پێوەر دەکرێت. بانکە ناوەندییە بیانییەکان دەتوانن دۆلارەکانیان بگۆڕنەوە بۆ زێڕی ڕاستەقینە بەو ڕێژە جێگیرە. دۆلار دەبێتە دراوی یەدەگی جیهانی پشتگیرکراو بە گەورەترین یەدەگی زێڕ لە مێژوودا لە فۆرت نۆکس- Fort Knox-. بۆ دوو دەیە، کار دەکات.
ئەوروپا و ژاپۆن دووبارە دروست دەبنەوە. دۆلار لە جیهاندا دەسوڕێتەوە. سەرکردایەتی ئابووری ئەمریکی تەواوە. بەڵام دوواتر ئەمریکا دەست دەکات بە بەکارهێنانی توانای چاپکردنی دراوی یەدەگ بۆ داراییکردنی جەنگی ڤێتنام. بەرنامەکانی کۆمەڵگەی گەورە، دروستکردنی سەربازی لە جەنگی سارد، هەمووی بە بێ بەرزکردنەوەی باجەکان. بانکی فیدراڵی دابینکردنی پارە گەشە دەکات. ڕێژەی سوو نزم دەمێنێتەوە. ئابووری بەردەوام گەشە دەکات. دۆلار دەڕژێتە بانکە ناوەندییە بیانییەکانەوە، ئەمریکا توانا بازرگانێکانی گەورەتر و گەورەتر دەکات.

تا ١٩٧١، زۆر زیاتر دۆلار لە سوڕدایە لەوەی ئەمریکا زێڕی هەیە بۆ پشتگیریکردنیان. فەڕەنسا دەبینێت چی ڕوو دەدات. لە سەردەمی سەرۆک شارل دۆگۆل- Charles de Gaul -، دەست دەکەن بە داواکردنی زێڕ بۆ دۆلارەکانیان. لە ئابی ١٩٧١، سەرۆک جۆرج پۆمپیدو- George Pompidou- کەشتی جەنگییەک دەنێرێت بۆ نیویۆرک بۆ کۆکردنەوەی زێڕی فەڕەنسی. سویسرا لە ٩ی ئاب سیستەمەکە جێدەهێڵێت. لە ١١ی ئاب، بەریتانیا داوای ٣ ملیار دۆلار زێڕ دەکات کە لە فۆرت نۆکس بگوازرێتەوە بۆ نیویۆرک. پۆڵ ڤۆلکەر- Paul Vulkar -، ئەو کاتە جێگری وەزیری گەنجینە دەبێت، دواتر وتی کاتێک بەریتانیا، ئەو وڵاتەی کە سیستەمەکەی لەگەڵ ئەمریکا دامەزراند و جەنگی کرد بۆ پاراستنی دراوەکەی خۆی، دەستی کرد بە بردنی زێڕ بۆ دۆلارەکان، هەموو کەس زانیتی کۆتایی هاتووە. تا ١٥ی ئاب، تەنها ١٠,٠٠٠ تۆن مەتریک زێڕ لە یەدەگەکانی ئەمریکادا مایەوە.
١٥ی ئابی ١٩٧١، شەوی یەکشەممە، نیکسۆن دێتەسەر تەلەفزیۆن و ڕادەگەیەنێت ئەمریکا بە شێوەیەکی کاتی گۆڕینەوەی دۆلار بۆ زێڕ ڕادەگرێت. پەنجەرەی زێڕ دادەخرێت. ئەو ڕێکارە کاتییە تا ئەمڕۆش بەردەوامە. سیستەمی برێتۆن وودز- Brettonwood- ڕووخا. تا ئازاری ١٩٧٣جیهان گواستییەوە بۆ بازاڕی نرخی ئاڵڵوگۆڕی گۆڕاو واتە بەهاکەی بەپێی دابینکردن و داواکاری بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی دیاری دەکرێت، دۆلار دەبێتە دراوی تەواو کاغەزی، هێزی پشتی هیچ نییە جگە لە بەڵێنی حکومەت و هێزی سەربازی ئەمریکی لە بازاڕەکانی نەوتی جیهانی.

لەو ڕۆژەوە، دۆلار زیاتر لە ٩٨٪ی نرخی لەدەست دا بەرامبەر زێڕ. لە ١٩٧١، زێڕ ٣٥ دۆلار بوو بۆ ئۆنسێک. ئەمڕۆ، زیاتر لە ٣,٠٠٠ دۆلارە. هەمان شێواز، درێژەدان بە سیستەم، لەدەستدانی دیسیپلینی پارەیی، بێنرخکردنی بەهای دراو.

ئێستا بەراوردی بکە بەم دۆخەی ئێستا ڕوو دەدات. ٦ی تەممووزی ٢٠١٨، ترەمپ یەکەم باجەکان دادەنێت لەسەر کاڵای چینی. ٣٤ ملیار دۆلار. جەنگی بازرگانی بە فەرمی دەست پێ دەکات. ئەمریکا لە کۆتاییدا ڕووبەڕووی چین دەبێتەوە، هاوسەنگی بازرگانی دەکاتەوە، بەرهەمهێنان دەگەڕێنێتەوە. هەردوو پارت پشتیوانی دەکەن. دامەزراوەکە یەکگرتووە. بەڵام ٦ی تەممووزی ٢٠١٨ بە هۆکارێکی تر گرنگە. تەنها یەک مانگ دوای ١ی حوزەیرانی ٢٠١٨، ئەو ڕۆژەی کە کۆمپانیای MSCI کە کۆنترۆڵی پێوەرەکانی وەبەرهێنانی جیهانی دەکات، بە فەرمی دەستیکردووە بە خستنەڕووی کۆمپانیای AShares ی چینی لە پێوەرەکانی بازاڕە تازەپێگەیشتوەکانیدا. بیر لەوە بکەرەوە کە ئەمە مانای چییە، کاتێک MSCI بازاڕێک لە پێوەرەکانیدا دەخاتە ڕوو، ئەو وەبەرهێنەرە دامەزراوەییانەی کە بەدواداچوون بۆ ئەو پێوەرانە دەکەن، دەبێت پارە بخەنە ناو ئەو بازاڕەوە.. سندووقەکانی خانەنشینی، سەرمایە سیادێکانی دەوڵەت، سەرمایە پێ بەخشکراوەکانی زانکۆکان، کۆمپانیاکانی بیمە، تریلیۆنەها دۆلار تەنها بەو رێڕەوەدا دەڕۆن. کێشی چین بە پێوەری بازاڕە نوێکانی MSCI لە نزیکەی سفرەوە گەیشتە ٤٣٪ تا تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠. لە هەمان ماوەی ٢٠١٨ بۆ ٢٠٢٠، وەبەرهێنانی خەزێنەی ئەمریکی لە چین گەیشتە ١.٤ تریلیۆن.
بڵاک ڕۆک کارەکانی چینی گەشە پێدا لەم ماوەیەدا. جەی پی مۆرگان پەسەندی وەرگرت بۆ خاوەندارێتی کاری زۆرتر لە چین. گۆڵدمان ساکس بەشی خۆی لە هاوبەشی چینی زیاد کرد. ئەمانە لە ئاکامی کاری هەڵەوە نین. ئەمانە هەمان دامەزراوەی دامەزراوەیین کە لە بەریتانیا، لە ئەڵمانیا، لە ئەمریکای دوای جەنگ کارایان کرد و ئێستا قۆناغی ٤ جێبەجێ دەکەن.

با بۆکسەکان بپشکنین. قەرزی نەتەوەیی ئەمریکا ٣٦ تریلیۆن، ڕێژەی قەرز بە GDP ٩٨٪. بیلانسی بانکی فیدراڵی لە ژێر ١ تریلیۆن بوو لە ٢٠٠٨. لە کۆڤید تەقێتەوە بۆ ٩ تریلیۆن. هێشتا زیاتر لە ٧ تریلیۆن ئەمڕۆ. هەمان میکانیزم وەک هەمیشە. بانکی ناوەندی قەرزی حکومەت دراو دەکات. حکومەت زۆر زیاتر خەرج دەکات لەوەی باجەکان دەتوانن دابینی بکەن. دابینکردنی دراو زۆر زیاتر گەشە دەکات لە توانای بەرهەمهێنەری ئابووری، دامەزراوە داراییەکان کە ئەم پرۆسەیە بەڕێوە دەبەن دەست دەکەن بە گواستنەوەی سەرمایە بۆ ناوەندی هێزی داهاتوو.

قۆناغی یەکەم، یەدەگی فیدراڵی لە ساڵی ١٩١٣ دامەزرا، قۆرخکاری لەسەر دروستکردنی پارە.
قۆناغی دووەم، دەیەها ساڵ دراویکردنی قەرز، داراییکردنی جەنگەکان و بەرنامە جیهانێکان. قۆناغی سێیەم، هەڵئاوسانی سیستەمی مالی بە ڕێژەی ٩٨٪ی لەکۆی بەرهەمی ناوخۆیی و شێوانی بەهای دراو.
قۆناغی چوارەم، دامەزراوە داراییەکان سەرمایە دەگوازنەوە بۆ چین لە کاتێکدا واشنگتۆن شانۆ دەکات.
ئێمە ئێستا لەم قۆناغەداین.

ئەم شێوازە گوێ بە هەڵبژاردنە سیاسییەکانت نادات. گوێ بەوە نادات کە باوەڕت بە ئەمریکییەتی نا ئاسایی هەیە یان نا. گوێ لە تەکنۆلۆژیا ڕزگارکردنمان یان تیۆری پارەیی نوێ یان هەر چوارچێوەیەکی زیرەکانەی تر نادات کە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم جارە جیاوازە دروست کراوە.
ئەم جارە جیاواز نییە، میکانیزمەکە ماتماتیکییە. کاتێک سیستەمێکی دارایی لەسەر دروستکردنی قەرز دامەزراوە، کاتێک ئەو دامەزراوەیەی پارە دروست دەکات جیاوازە، بەڵام پەیوەستە بە باج کۆکردنەوە. کاتێک سیستەمەکە گەشە دەکات لە دەرەوەی توانای بەرهەمهێنەر، دراو بێنرخ دەبێت. کاتێک دراوەکەی بێنرخ دەبێت دراوی یەدەگی جیهانییە، دروستکەرەکانی ئەو سیستەمە سەرمایەکەیان دەگوازنەوە پێش تەواوبوونی ڕووخانەکە.

ئەوەی کەسەکان لەدەستی دەدەن ئەوەیە کە جەنگی بازرگانی شانۆ بوو بۆ شکستهێنان دروست کرابوو، یان وردتر بڵێین بۆ ئەوە دروست کرابوو کە وەک ئەوە دەربکەوێت ئەمریکا بەرگە دەگرێت لە کاتێکدا یەکگرتنی دارایی ڕاستەقینە خێراتر دەبێت. ناتوانیت بە باجەکان جەنگ لەگەڵ چین بکەیت لە کاتێکدا گەورەترین دامەزراوە داراییەکانت پارە دەگوازنەوە بۆ بازاڕەکانی چین. ناتوانیت بەرهەمهێنان بگەڕێنیتەوە ماڵەوە لە کاتێکدا دابینکەرەکانی ئیندێکس کە دابەشکردنی سەرمایەی دامەزراوە کۆنتڕۆڵ دەکەن کێشی چین لە جانتا جیهانییەکان زیاد دەکەن.
ناتوانیت هەژموونی دۆلار بپارێزیت لەکاتێکدا کورتهێنانی تریلیۆن دۆلار بەڕێوەدەبەیت کە لەلایەن چاپکردنی پارەی بانکی ناوەندییەوە دارایی دەکرێت. دژایەتییەکە ڕووداوێک نییە. میکانیزمەکەیە. دانیشتوانی بەریتانیا لە ساڵی ١٨٨٠ تێنەگەیشتن کە پایتەختەکەیان خەریکی بنیاتنانی ئەمریکایە. دانیشتوانی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩٢٩ لەوە تێنەگەیشتن کە بانکە ئەمریکییەکان خولی هەڵاوسانی زۆریان ئاسان کردووە. ئێستا دانیشتوانی ئەمریکا لەوە تێناگەن کە وۆڵ ستریت ژێرخانی دارایی چین بنیات دەنێت لە کاتێکدا واشنتۆن بەرخۆدان ئەنجام دەدات. بەڵام شێوازەکە پێویستی بە تێگەیشتنی تۆ نییە. تەنها جێبەجێ دەکات.

کەواتە چی لەم زانیارانە دەکەیت؟ تێدەگەیت کە ماشێنەکە لە جوڵەی خۆیدایە. تێدەگەیت ئەو کاتەی ئەمە ئاشکرا دەبێت بۆ ڕای گشتی، هەموو پرۆسەکە جێگیربووە. تێدەگەیت کە سیستەمی ئێستا، دۆلار وەک دراوی یەدەگ، سەرکردایەتی دارایی ئەمریکی، ڕێککەوتنی دوای برێتۆن وودز، هەمیشەیی نییە. قۆناغی سێیەمە لە شێوازێکی چوار قۆناغی و قۆناغی چوارەم ئێستا جێبەجێ دەکرێت. خۆت بەپێی ئەوە ڕێک دەخەیت.
تێدەگەیت کە گرتنی سامان بە دراوی بێنرخ هەڵبژاردنێکە بۆ بەشداربوون لە میکانیزمی گواستنەوەکە. تێدەگەیت کە هەڵاوسان کاتی نییە، گواستنەوە نییە، ئەنجامی کەمی زنجیرەی دابینکردن نییە. ئەنجامی پێشبینیکراوی گەشەی پارەیی لە دەرەوەی گەشەی بەرهەمهێنەرە. تێدەگەیت کە کاتێک پێت دەڵێن نیگەران مەبە، ئەم جارە جیاوازە، ئەندازیاری دارایی نوێ چارەسەری کێشەکانی سیستەمەکانی پێشووی کردووە. یان نەزانن لە شێوازەکە یان هاوکارن لە جێبەجێکردنیدا. تێدەگەیت کە ٥ بۆ ١٠ ساڵی داهاتوو وەک ٣٠ ساڵی ڕابردوو نابێت. میکانیزمەکە خێرا دەبێت. قەرزەکان ناتوانرێت بدرێنەوە. دراو بەردەوام بێنرخ دەبێت. ئلیتی دارایی پێشتر ئامادەیە. پرسیارەکە ئەوەیە کاتێک شێوازەکە بە ڕوونی دەیبینیت و تێدەگەیت لە کاتی ڕاستەقینەی خۆیدا ئایا بڕیارە حەتمییەکە لەبەرچاو دەگریت.

ئەمە پێشبینی نییە، ناسینەوەی شێوازە. هەمان میکانیزم کە سەرمایەی بەریتانی گواستەوە بۆ ئەمریکا لە سەدەی ١٩، هەمان میکانیزم سەرمایەی ئەمریکی گواستەوە بۆ ئەڵمانیای ڤایمار پێش ڕووخان، هەمان میکانیزم سەرمایەی لە ئەمریکا گواستەوە کاتێک برێتۆن وودز شکستی هێنا ئێستا سەرمایە دەگوازێتەوە بۆ چین. لەئێستادا سیاسەتمەداران مشتومڕ لەسەر باجەکان دەکەن، لە کاتێکدا ناوەندەکانی گەڕان مشتومڕ لەسەر ستراتیژییەکانی کۆتاییهێنانی پەیوەندێکان دەکەن، لە کاتێکدا میدیا سەرقاڵی ئەگەری جەنگی بازرگانییە، وال ستریت پێشتر بڕیاری داوە ١.٤ تریلیۆن دۆلار بگوازێتەوە، شێوازەکە هەرگیز شکستی نەهێناوە لە تەواوکردنی خۆی، سێ چارەکی جێبەجێکردنەکەی تەواو کردووە.

ئەگەر دەتەوێت تێبگەیت لە داهاتوودا چی ڕوو دەدات، ئەگەر دەتەوێت بزانی چۆن قۆناغی کۆتایی ئەم شێوازە تەواو دەبێت، ئەگەر دەتەوێت ببینیت چۆن گواستنەوەکە لە سەرکردایەتی دارایی ئەمریکی بۆ چینی کۆتایی دێت، پێویستە تێبگەیت چۆن ماشێنەکە دروست کراوە. پێویستە ژێرخانی دامەزراوەیی ببینیت کە ئەم گواستنەوەیە ئاسان دەکات. پێویستە ناسینەوە بکەیت کە هەموو بەڵگە مێژووییەکان ئاماژە بۆ هەمان ئەنجام دەکەن. دانیشتووان دراوەکە دەگرن کاتێک نزیک دەبێتەوە لە سفر. لە کاتێکدا دروستکەرەکانی سیستەمەکە پێشتر سامانەکەیان گواستووەتەوە بۆ ناوەندی هێزی داهاتوو. ئەوە شێوازەکەیە، ئەوە میکانیزمەکەیە، ئەوە ئەوەیە کە ئێستا ڕوو دەدات لە کاتێکدا هەموو کەس سەیری شانۆی سیاسی دەکات و گواستنەوەی سیستەماتیکی سامان لە پشتەوە لەدەست دەدات.

سەرچاوە:
https://www.youtube.com/watch?v=cDg7oTNbGfg




ئەوەی بۆ ئایندەی سیاسی ڕۆژئاڤا گرینگە..!.. جوتیار

ئەوەی لە ڕۆژاڤا دەگوزەرێت، بە تەنها ململانێیەکی سەربازیی دابڕاو نییە، بەڵکو بەشێکە لە نەخشەیەکی سیاسیی گەورەتر، ئێمە باشمان لەبیرە کە ڕۆژاڤا و پڕۆژە سەربازی و سیاسیەکەی لە ساتی هەڵوەشانەوەی وڵاتێکدا سەریهەڵدا کە یەکێک بوو لە نمونە بەهێزەکانی ناوەندگەرایی دەوڵەتوو نەتەوەپەرستی لە ناوچەکەدا، لەگەڵ هاتنە ناوی سوریا بۆ شەڕی ناوخۆ، کورد و گروپە ئێتنیکە جیاوازەکانی تر خۆیان ڕێکخست بۆ پێکهاتەیەکی سیاسی ئۆتۆنۆم کە دواتر بە (ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا) ناسرا. ئەو پڕۆژەیە زیاتربوو لە تەنها ڕیکخستنێکی بەڕێوەبەری، بەڵکوو هەوڵێک بوو بۆ دروستکردنی مۆدێلێکی جیاوازی سیاسی لەو ناوچەیەدا، کە بە بروای من رێک ململانێکانیش لە دوای ئەو هەنگاوەوە ڕەگەکانیان قولتربوونەوە.
خاڵی چارەنووساز بۆ کوردانی ڕۆژئاڤا تەنها شەڕو و رووبەڕوبونەوەی سەربازی نییە، بەڵکو ڕوبەڕووبونەوەی دیدگاو بیرکردنەوەیەکیشە کە ئیدولۆژیای ئیسلامی داعشییە، ئیسلامی داعشی ئەو ئایدۆلۆژیا مەترسیدارەیە کە هەوڵدەدات کۆمەڵگا بەتەواوی ملکەچ بکات بۆ نۆرمەکانی ئیسلام و خەلافەتی ڕها. دەوڵەتی سوریای بەر لە جەنگوو لاوازبوون و روخانی ئەسەدەکان، دەوڵەتێکی مۆرک ئیسلامی نەبوو ، بەڵکو نمونەی بەهێزی شۆڤێنی نەتەوەیی عەرەبی بوو، دەوڵەتێکی مەرکەزی پاوانخوازو توتالیتاری بوو ، بەڵام لە ناو هاوکێشە تازەکاندا هەردوو مۆدێلی تۆتالیتاریزمی ئایینی و شۆڤێنیەتی نەتەوەیی تاکڕەو هاوتەریبن لە دەستەڵاتوو لە حکومڕانیدا، کە هەردووکیشیان خاوەنی یەک ئامانجی هاوبەشن ئەویش قەتیسکردنوو لە قاڵبدانی ئەزموونی کوردو ڕۆژئاڤایە.
من ڕۆژاڤا وەک ئەزمونێک دەبینم کە لە بەرامبەر چەند جەمسەرێکی ئاراستەکراوی فشاردا گیری خواردوە، ئیسلامیزم کە دەیەوێت فرەچەشنی و بەها مرۆیەکان بنبڕ بکات، وە هەروەها دەسەڵاتێکی سێنتڕاڵی بە عەقلێکی شۆڤێنیانەی عەرەبی، لە لایەکی تریش شۆڤێنیزمی تورک، کە هەموویان لە پەیوەست بە داهاتوی ڕۆژئاڤا خاوەنی یەک سیساسەتوو ستراتیژی هاوبەشن.
ئەوەش ئەوەمان پێدەڵیت کە ئایین و ناسیۆنالیزم وەکوو دوو ئامراز کۆکتێلکراون لە خزمەت باڵادەستی و پاوانخوازی و داگیرکاری سیاسیدا.
ئەوەی پێی دەگوترێت دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) ڕادیکاڵترین دەرکەوتنی ئەو ئاڵوگۆڕە سیاسیە بوو لەو سەردەمەدا کاتێک ئایینیان گۆڕی لە عەقیدەی تاکەوە بۆ عەقیدەی دەوڵەتوو دەستەڵاتداری ، لەوێدا بێبەهاکردنی مرۆڤوو سەرکوتو کوشتاری بە کۆمەڵ نەک تەنیا لە ڕووی سیاسییەوە بەڵکو لە ڕووی ئایینیشەوە ڕەوایەتی پێدراو کەمینەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک جینۆساید دەکران، گۆشەگیری و ژێردەستەییان لەسەر فەرز کرا، ژنان و کچان کران بە کۆیلە و کۆمەڵگا بەپێی بنەما دۆگماتیکە ئاینیەکان دووبارە داڕێژرایەوە.
ڕۆژاڤاو هەڵکەوتە جیۆپۆلیتیکەکەی بە وردی لە نێوان ئەو سیستەمە ستەمکاریانەدا هەڵکەوتووە کە بە بەردەوامی لە ژێر فشاری دەستەڵاتی ئەحمد شەرع و گروپە ئیسلامیە جیهادیەکانی ناو سوپای عەرەبی سوریا و پێکهاتە خێڵەکیەکانی ناوچەکەو ئەکتەرە ناوچەییەکانی دیکەدایە. ئەو هەڵکەوتە جیۆگرافیە ئاڵۆزە نائەمنییەکی هەمیشەیی دروست دەکات کە تێیدا ئەزموونە سیاسییەکان بەزەحمەت دەتوانن بە شێوەیەکی بەردەوام تێیدا گەشە بکەن.
هەرێمێک کە هەوڵی دامەزراندنی مۆدێلێکی سیاسی فرەیی و تاڕادەیەک مەدەنی دەدات، بە پێکهاتەگەلێک دەورە دراوە کە یان لە ڕووی عەقیدەیی/جیهادی ئایدیۆلۆژییەوە یان پاوانخوازانەی نەتەوەیی و فاشیستیەوە ڕێگری لێدەکرێتوو دژایەتی دەکرێت،
لە هەردوو حاڵەتەکەشدا دەستەڵاتی ڕۆژئاڤا دەکرێت ڕۆڵی خۆی وەک سوبێکتێکی سیاسی لە بەرامبەر ئامانجە درێژخایەنەکەی لەدەست بدات.
بۆ کورد لە ڕۆژاڤا، ئەوە ڕووبەڕووبونەوەیەکی دوو لایەنە دەخاتە ڕوو، دەبێت لە یەک کاتدا هەم بەرگری لە ئاسایش و بوونی سیاسی خۆیان لە بەرامبەر هەڕەشە سەربازییەکاندا وهەروەها لە بەهای مۆدێلە سیاسیەکەیان لەسەر بنەمای بیروباوەڕێکی سێکولار و مرۆیی بکەن، هەرچەندە ئەو تەحەدیانە لە ژینگەیەکی ئاوها ئاڵۆزی کۆمەڵایەتی و تەژی بە دیدگا سیاسیە تاریکە جیاوەزاکان ونەتەوەییە کۆنسەرڤاتیڤەکان، سەرچاوەیەکی بەردەوامی ململانێ دەبێت بۆیان.
ئەگەر سوریا بیەوێت سەقامگیرییەکی درێژخایەن بەدەستبهێنێت، دەبێت ڕێز لە ئیرادەوهەمەجۆری ئەو ستاتۆ سیاسیە و مۆدێلە خۆ بەڕێوەبەریەی کوردی رۆژئاڤا بگرێت، ئەگەرنا هەر قۆناغێکی ئارامی و بێدەنگکردنی چەکەکان تەنها وەک پشوویەک لە نێوان ململانێ نوێیەکاندا دەمێنێتەوە، سەقامگیری ڕاستەقینە لە سوریا تەنها کاتێک مومکین دەبێت کە فرەچەشنی نەک وەک مەترسییەک، بەڵکو وەک واقیعێک بناسرێتوو قبوڵ بکرێت.
بە درێژایی چەند ساڵی ڕابردودا لە ڕۆژئاڤا، لەناو شەڕ و وێرانکاریدا، فەزایەکی سیاسی سەریهەڵدا کە جیاوازە لە بەشێکی زۆری ئەو شتانەی کە دەیان ساڵە تایبەتمەندی ناوچەکە بووە. ئەو فەزایە کە لە ژێر ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕێکخراوە، سیستەمێکی تەواو جیگیر نییە لە ڕویی ئاسایشی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە ،چونکە لەژێر فشاری زۆری سەربازیدایە، بەدەست کێشەی ئابورییەوە دەناڵێنێت و گرژیی سیاسی ناوخۆیی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو لاوازیانە، ڕێبازێک لەوێ پەرەی سەندووە کە ئومێدێک پێشکەش بە زۆر کەس دەکات.
بۆیە من پێم وایە ئەو ئومێدە بۆ کورد نابێت لە ئایدۆلۆژیایەکی سیاسیدا قەتیس بکرێتوو بمێنێتەوە، بەڵکو سەرکەوتن وگەرەنتیکردنی لە ئەگەرێکدایە، ئەگەری ڕێکخستنی کۆمەڵگا لە ئاستی کۆمەڵایەتی و سیاسی ناوخۆییدا، نەک تەنها لە سەرەوە بە سیستمێکی سەربازی کۆنتڕۆڵکراوو ئاراستە کراو.
ئەزموونی حیزبی و دەوڵەتەکان دەریاخستووە کە ئەو پەرەسەندنە چەندە دەتوانێت ببێتە ئالوگۆڕێکی ڕادیکاڵ کاتێک ئایدۆلۆژیا دەبێتە ئارگومێنتێکی ڕەهاو دەسەڵاتی سیاسی تەواو بەدەستبهێنێت.
ئەوەی کە ئێمە لە رۆژئاڤادا دەیبینین، ژنان لە ئاستێکی باڵادا تێکەڵ بە ڕۆڵی سیاسی و سەربازی کراون و خراونەتە ناو پێکهاتە و یەکە ئیدارییە جیاوازەکانەوە، بەڵام فرە حیزبی و ئازادی میدیایی لەویدا هەستی پێناکرێت، ئەوە دیموکراسییەکی کامڵ و بەدیهاتوو نییە بۆ خواستی گەلێکی ژێردەستەی چەندەها ساڵی، بەڵام هەوڵێکە بۆ بنیادی پێکهاتە مەدەنیەکان و کۆمەڵگایەکی تا ئاستێک دیموکراسی، بە تایبەت لە ناوچەیەکدا کە بە درێژایی مێژووی خۆی لە نێوان کۆمەڵیک ئاراستەی فاشیستی نەتەوەیی و و توندڕەوی عەقیدەی و جیهادی ئاینیدا گیری خواردووە.
هەر لەبەر ئەوەشە کە مۆدێلی دەستەڵاتی سیاسی لە ڕۆژاڤادا گرنگییەکی سیاسی تایبەتی هەیە، نەک لەبەر ئەوەی بێ کەموکوڕییە، یاخود لەبەر ئەوەی هەموو کێشەکانی چارەسەر کردووە، بەڵکو لەبەرئەوەی لە قۆنا‌‌غی داهاتوودا هەوڵبدات لە ڕووی دامەزراوەییەوە یەکسانی سیاسی و وپارتیزیپاسیۆن (بەشداریپێکردن)ی زیاتر لە ناو هەموو کایە جیاوازو سیاسیەکاندا بۆ هەمووان فەراهەم بکاتوو و بەرپرسیارێتی دادوەریەکی کۆمەلایەتی و سیاسی ناوخۆیی بچەسپێنێت.
من پێم وایە چڕبوونەوەی دەسەڵات لە ناو هەژموونی ئایدیۆلۆژی و پڕۆژە و یەکینە سەربازیەکان لەسەر پێکهاتە مەدەنییەکان کاڵبکرێنەوەو پیویستە ئەو بابەتانە پشتگوێ نەخرێن. کۆمەڵگای مەدەنی تەنها کاتێک دەتوانێت بوونی هەبێت کە ڕێگە بە ڕەخنە بدات و شەفافیەت دادگەری بەهێز بکات و دەسەڵات بخاتە ژێر لێپرسینەوەوە، چونکە ئایندەی ئەم پڕۆژەیە پەیوەستە بەوەی کە ئایا سەرکەوتوو دەبێت لە بەهێزکردنی دامەزراوە مەدەنییەکان و ڕێگەدان بە فرەچەشنی سیاسی و بنیاتنانی سەقامگیری ئابووری و وە
بە هەمان شێوە توانای مامەڵە کردن لە نێوان بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکیەکاندا بەبێ ئەوەی چاوگەو بناغە کۆمەڵایەتیە – سیاسیەکەی خۆی لەدەست بدات.




ئیسلامی سیاسی وەک پڕۆژەی دژ بە نەتەوە.. ئەیوب ئەحمەد قادر

بە گەڕانەوە بۆ مێژوو و مێژووی ئیسلام لەناو کورد، ئەو وێنەیەمان دەست دەکەوێت، کە کورد دوای ئەوەی کراوە بە موسلمان وردە وردە هەوڵیداوە ئەم ئایینە لەگەڵ فەزای کولتووری و نەتەوەیی خۆی بگونجێنێت. ئەو باسانەی لەبارەی ئەوەی کورد نەیتوانیوە سوود لە ئایینی ئیسلام بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆی وەربگرێت، تا ڕادەیەک ڕاستی تێدایە، بەڵام لەوبارەیەشەوە بێخەم دانەنیشتووە. واتە کورد هەوڵیداوە بیروباوەڕ و کولتوور و ناسنامەی نەتەوەیی خۆی تێکەڵ بە ئایینی ئیسلام بکات و جۆرێک لە ئیسلامی میللییانە دروست بکات. واتە بە تێگەیشتنێکی خۆماڵیانە ئەرک و واجبەکانی ئایین جێبەجێ دەکات. بۆیەیش دەبینین لە زۆر قۆناغی مێژووییدا پیاوە نەتەوەییەکانمان ویستوویانە لە دەرگای ئایینەوە بچنە ژوورەوە و خەڵک هوشیار بکەنەوە. ۆربەی گوتاری مەلاکانیش لەم خولگەیەدا بوون و لە ئاستێكی باڵاتری دینی میللی پتر ڕەوتێكی سۆفیگەری و عیرفانی بووە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا. لەبەرئەوە لە قۆناغی پێش دەرکەوتنی خوێندنی ڕەسمی، زۆربەی هەرە زۆری سیاسی و شاعیر و کەسایەتییە خوێندەوارەکانی کورد دەرچووی ئەم حوجرانە بوون کە لە مزگەوت و تەکیە و خانەقاکان هەبوون. بۆیە میراتگری دیوە ڕەسمییەکەی ئەم جۆرە نوسخەی ئیسلام لە کوردستان پتر یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامە، لە دامەزراندنییەوە تاکو ئێستا سەرۆکەکانی دەرچووی ئەم حوجرانەن، بە دەگمەن تێکەڵاوی ئیسلامی تر نین. دەبینین شێخ سەعیدی پیران، سەید ڕەزا و شێخ ئەحمەدی بارزان و چەندان ناوداری دیکە جۆرێک لەم هەوڵەیان هەبووە.
لە دوای شکستی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بە گشتی جۆرێک لە ئیسلامی دروست دەبێت، دەبێتە ئیسلامییەکی حیزبی. ئەم جۆرە ئیسلامییە بە ئیسلامی سیاسی ناو دەبرێت. ئەم ئیسلامییە گوتارێکی تەواو ئایدیۆلۆژی و جیهادی هەیە. واتە لە پشت هەر حیزبێکی ئیسلامی، یان ئیسلامییەکی سیاسی، ئامانجێکی سیاسی دیاریکراو هەیە، دەیەوێت لە ڕێگەی ئایینی ئیسلامەوە بگاتە بە کورسی دەسەڵات و یەکەم هەنگاویشی کارکردنە لەبارەی دەروون و هەستی خەڵکی ئاسایی و سادە. ئەم گرووپ و حیزبانەیش لە ڕێگای کەناڵی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن، مزگەوتەکان و سۆشیالمیدیا و کۆی ئامرازەکانی تر دەیانەوێت گوتاری خۆیان بڵاو بکەنەوە. لێرەدا تاکە بەربەست لەبەردەم پڕۆژەی ئیسلامی سیاسی بریتییە لە پرسی نەتەوە. بۆیەیش دەبینین ئەوان لە بەرانبەر هەموو ئەو کارەساتانەی بەسەر هاونەتەوەکانیان لە پارچەکانی تری کوردستان دێت بێدەنگن، یان شەرمنانە قسە دەکەن. بەڵام بەرامبەر غەزە و میانمار و… شوێنەکانی تر هاوریان لێ هەڵدەستێت. ئامانج لەوەیش جوڵاندنی هەست و دەروونی خەڵکە لە ڕووی ئایینییەوە. دەبینین زۆرینەی کۆمەڵەکانی ئیسلامی سیاسی لە دەوری بیروباوەڕێکی ئایدۆلۆژی کۆدەبنەوە، کە سنووری نەتەوە دەبەزێنێت بە ئاڕاستەی نێونەتەوەیی لەسەر بنەمای باوەڕ بە ڕاستی سەرتاپاگیر و ڕەهای ئیسلام. لێرەوەیە کە کۆمەڵە ئیسلامییەکان شوناسی نەتەوەیی ڕەتدەکەنەوە و پێیان وایە بیری نەتەوەیی نامۆ و دژ بە ڕۆحی ئیسلامە، یەکێک لە ڕۆشنبیرەکانی ئەم ڕەوتە بەم شێوەیە پاساو بۆ ئەو هەڵوێستە دەهێنێتەوە “بیری نەتەوەیی کوردی ئەگەر چی دژ بە بیری نەتەوەیی عەرەبی و تورکی و فارسییە لە ئامانجدا، بەڵام هەر لەیەک سەرچاوەوە هەڵدەقوڵێت کە بیرێکی نا ئایینیی ڕۆژئاواییە و هەمان خەسڵەتی بیر و جووڵانەوە نەتەوەییەکانی عەرەب و تورکیا و فارسە. بۆیەیش بەرامبەر هێرشی هاوئایدیۆلۆژیاکانین لە گرووپە تیرۆرستییەکانی وەک ئەحمەد شەرع (جۆلانی) بێدەنگن. هەروەها بەردەوام کار لەبارەی ئەو موسلمانە نەتەوەییانە دەکەن، کە پشتگیری نەتەوەکەیانن، بە بیانووی ئەوەی ئەو پیاوە ئایینیە نەتەوەییانە لە ڕێبازی ئیسلام لایانداوە. بۆ نموونە بەردەوام هێرشێکی توند دەکرێتە سەر بەڕێز دکتۆر مورشید خەزنەوەی، گوایە تەوقە لەگەڵ پێشکەشکارێکی ئافرەت دەکات و ئەمە بە لادان لە شەریعەت دەزانن. بۆیەیش یەکێک لە سەرکردەکانی کۆمەڵی دادگەری هیوا دەخوازێت سیستەمێکی ئیسلامی ڕاستەقینە لە سوریا دامەزرێت، کە ڕوونە مەبەستی ئیسلامی سیاسییە، چونکە تاکە ئامانجی ئەوان گەیشتنە بە دەسەڵات، بۆ ئەم ئامانجەیش ئامادەن هەموو ڕێگایەک بگرنەبەر. وەک ئەوەی ئێستا بەرامبەر ڕۆژئاوای کوردستان دەیکەن، کە فەرمانێکە و ئامانجیان قڕکردنی نەتەوەیەکە، گوایە ئەوان لادەرن و دژی ئیسلام دەجوڵێنەوە، لە کاتێکدا هەر ئەم ئەحمەد شەرعە واژووری بۆ ئیسرائیل کردووە خاکی خۆی، لەپێناو دەسەڵات داوەتە ئیسرائیل. بۆیە دەبینین ئیسلامییە سیاسییەکان دژ بە هەر جوڵانەوەیەکی نەتەوەیین، دەبینین ئامادەن خۆپیشاندان بۆ غەزە و شوێنی دیکە بکەن، بەڵام ئامادە نین بۆ ئەو هێرش و کوشتوبڕەی بەرانبەر ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێت هەڵوێست وەرگرن و تەنانەت بەشداری لە خۆپیشاندانەکان بکەن. واتە ئیسلامی سیاسی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی پڕۆژەی نەتەوە و نەتەوەسازی لەبار ببات، بۆ ئەمەش تیرۆری فیکری و فیزیکی بەکار دەهێنێت، توندوتیژی دەکاتە تاکە ڕێگا. ئەحمەد شەرع وەک تیرۆرستێک ئامادەیە بۆ عرووبە و نەتەوەی عەرەب هەموو شتێک بکات، بەڵام ئامادە نییە دان بە مافەکانی گەلی کورد لە سوریادا بنێت. بەو هۆییەوە کە درگای فتوا و بریاردانی بۆ هەموو کەسێک کردۆتەوە، بە دەیان خوێندنەوە و رێبازی نوێی تێدا درووست بووە کە بێجگە لەوەی کە هیچکامیان یەکتریان قەبووڵ نیە تەنانەت دژی یەکترن.ب ۆ نموونە ئیخوانیزم لە ئیستادا دژی هێرشی ئیسرایلە بۆ سەر غەزە بەڵام سەلەفیزم بێدەنگ و بێخەیاڵە لە ئاست هەموو ڕووداوێک. ئەمە بۆ ڕووداوەکانی کوردستانیش هەر دروستە. کەواتە دەبێت هەموو تاکێکی کورد هوشیاربێتەوە، ئیسلامی سیاسی، پڕۆژەیەکە لەسەر بنەمای تیرۆر دامەزراوە و تاکە ئامانجیان لەناوبردنی پڕۆژەی نەتەوەسازییە.

ئەیوب ئەحمەد قادر




رۆڵی ژن لە ئاینی زەردەشتیدا، ڕۆژئاوا بە نموونە.. نووسینی: پشتیوان حەمە عەلی سابیر

ئاینی زەردەشتی یەکێکە لە کۆنترین فەلسەفە ئایینییەکانی مرۆڤایەتی، نەک تەنها لە ڕووی باوەرەوە، بەڵکو لە ڕووی بیرکردنەوەی کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤیشەوە. یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە دیارەکانی ئەم ئاینە، یەکسانی و ڕێزگرتنی ژن و پیاوە. لە زەردەشتیەتدا، ژن مرۆڤێکی تەواوە؛ خاوەن ماف، بەرپرسیاری و هەڵبژاردنە، نەک مرۆڤێکی لاواز یان پاشکۆی پیاو.

فەلسەفەی زەردەشتی لە بنەڕەتدا لەسەر بیری باش، وتەی باش و کردەوەی باش دامەزراوە، و ئەم بنەما رەوشتیانە بۆ هەموو مرۆڤێکە، بێ جیاوازی نێر و مێ. لە باوەڕی زەردەشتیدا، مرۆڤ خۆی بەرپرسیارە بەرامبەر ڕێگای ژیانی خۆی؛ ژن و پیاو هەردووکیان دەتوانن ڕێگای ڕووناکی یان تاریکی هەڵبژێرن. ئەم تێگەیشتنە یەکسانخوازە، بنەمایەکی گرنگ بووە بۆ دروستکردنی وێنەی ژنێکی ئازا، خاوەن بیر و خاوەن بڕیار.

ئەم بیرکردنەوەیە بۆ چەندین سەدە لە ناو کەلتووری کوردیدا ماوەتەوە. بۆیە ژنی کورد، لە مێژوودا، هەمیشە هاوشانی پیاو بووە، نەک تەنها لە ناو خێزاندا ، بەڵکو لە ناو کۆمەڵگا، فەرمانڕەوایەتی، کار، شەڕ و بەرگریشدا. ژن لە کۆمەڵگای کوردیدا تەنها دایک و هاوسەر نەبووە، بەڵکو پارێزەری شەرف، خاک و ناسنامەیش بووە.

ئەمە وای کردووە ژنانی کورد زۆر جیاواز بن بەراورد بە ژنانی تر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؛ بۆ نموونە لە زۆر کۆمەڵگادا ژن پاشکۆ بووە ، کەچی ژن لە ناو کۆمەڵگای کوردیدا ژن پێشەنگ و پێشەوایە. ئەم پێشەنگ و پێشەوایەتیە بە شێوەیەکی بەرچاو لە مێژووی خەباتی کورد دا دەبینرێت، کە ژنان شانبەشانی پیاوان خەباتیان کردووە دژ بە داگیرکەران، بەشداری گەورەیان هەبووە، کاری رێکخستن و چەکداریانکردووە ، شەهیدبوونە و زیندانیکراون و لە سێدارە دراون..

لە سەردەمی نوێدا، ڕۆژئاوای کوردستان بووە بەرهەمێکی ڕوونی ئەم میراتە مێژووییە. لە شەڕی دژ بە داعش، بە تایبەتی لە کۆبانێ، ژنانی شەڕڤان نەک تەنها بەشدار بوون، بەڵکو بوونە هێزی سەرەکی بەرگری. کاتێک شەرەڤانێکی ئازای ژن دەبینیت بە چەکێکەوە ئەم وێنەیە تەنها هێمای شەڕکەرێک نیە و بەس؛ بەڵکو ئەمە ئەوە دەردەخات کە فەلسەفەیەک بوونی هەیە کە ژن و پیاو بە یەکسان دەبینێت و بە بیروباوەڕی یەکسان پەروەردەکردووە بۆ بەرگری لە ژیان.

لە ئێستاشدا، لە کاتێکدا تیرۆرستانی سەربە محمد جۆلانی و گرووپە توندڕەوەکان هێرش دەکەنە سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و تاوانی جینۆساید ئەنجام دەدەن، ژنانی کورد دووبارە لە پێشەوەی شەڕدا وەستاون. ئەوان تەنها بەرگری لە خاک و خاڵک ناکەن، بەڵکو بەرگری لە فەلسەفەی ژیان، یەکسانی مرۆڤ و رێزی ژن دەکەن.

بەم شێوەیە، ڕۆڵی ژن لە ئاینی زەردەشتیدا تەنها بابەتێکی مێژوویی نییە؛ ڕاستییەکی زیندووە کە لە ڕۆژئاوا و لە ژیانی ژنی کورددا بەردەوامە. ژنی کورد، بە هۆی ئەم میراتە هزری و کەلتووریەوەیە ، نەک تەنها ژنێکی ئازادە، بەڵکو ژنێکی ئازایە؛ مرۆڤێک کە دەتوانێت ژیان دروست بکات، بەرگری بکات و مێژوو بنووسێتەوە.

نووسینی: پشتیوان حەمە عەلی سابیر




دەرهەق ئەم مەزڵەمستانە، هەتە شەوقی فەنەری دڵ.. لەتیف بێوار

نابەکاری وەکــوو ئەم جووتە لەعینە لێرە
نەبووە قەت ئەمە موددێکی مەدید و دێرە

شێخ ڕەزای تاڵەبانی

سەرتان سووڕ نەمێنێت ئەگەر لای هەندێك خەڵك: ئاشتی جەنگ بێت، کۆیلایەتی ئازادی و نەزانین هێز بێت.. هەرکاتێك ئەم بۆچوون و تەبعە ناجۆرەش پەرەی سەند، ئەوا دەبێت وەك فینگشتاین دەڵێت بڵێین: ئەوەی مرۆڤ ناتوانێت باسی بکات، با لێی بێدەنگ بێت.
هەر لەم دەلاقەیەوە کاکی شاعیرو نووسەر (بەندی) درکی بەو قەیرانە خەستە کردووە کە ئاستی ڕۆشنبیرێتی و میدیای لوشداوەو دەنووسێت:
“لە زۆربەی ڕاگەیاندنەکانی کوردیی ئەمڕۆدا، تەنها ئەو نوسینانەت بۆ هەیە بیاننووسیت کە کاکی سەرنووسەر بە دڵێتیی و زمانحاڵی حیزب و ئایدیۆلۆژیاکەیەتی، واتا ئەوە ڕۆژنامە نییە، بەڵکو دیوەخانی حیزبێکی بنەماڵەییە، یان هەڵپەڕکێییەکی خزمانە بە یەك ئاڕاستە و یەك ڕیتمە و .. ئەوەی وا نەبێ، ئەبێ دەست بەربدات”.
کەواتە هەر لە بنەڕەترین پرسیارەوە کە لەفەلسەفەی دەکەین بەوەی لەم گەردوونە مەزنەدا بۆچی شتانێك هەن لەبری هیچ؟ کە وەڵام دەمی گۆ ناکات بۆ بەرسڤ، تا ئەوەی لە یەکێك دەپرسیت نیوەڕۆ چیت خواردووە؟ هەموو ئەمانە بنەمای هۆشیاریی و تێگەیشتن و مەعریفییان هەیە کە لەسەریان بنیاتنراون، پەیوەست بە ئاستی خەمەکانی پرسیارکار.. ئەی ئایا ئەگەر کەسێك دوژمنی خۆی بێت چۆن چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرێت ببێتە هاوڕێیەکی سەرڕاستی ئەوانی تر؟ بە چەشنی ئەو باڵندەیەی کە هەر لە قەفەزدا ژیا بێت، چۆن لە مانای ئازادی و باڵگرتن و هەڵفرین تێدەگات؟ هەر شۆڕشێکیش لەسەر بنەمای مەوزوعی و دروست دانەکوترابێت، ئەوا میللەت لە ستەمەوە بۆ تاریکایی دەگوێزێتەوە، ئیدی وەك گوتراوە: نەهامەتییەکە لە ستەمی ستەمکاراندا ڕاناوەستێت، بەڵکو لە بێدەنگی هەق ویستاندا زیاتر جەرگبڕە.
جان جاك ڕۆسۆ ئاسا بە بینینی ئەو هەموو ستەمە، دەبێت دڵی خۆمان بە بوونی دۆزەخ بدەینەوە بۆ ستەمکاران.
ئەم هەڵویست و ئەزموونانە زۆریان دەربارە گوتراوەو نابێت لێرەدا زیاتر دووبارەیان بکەینەوە، جگە لە بەرکەوتنی ئەو ئاکامەی بۆناپارت کە دەڵێت:”ئەوەی خیانەت لە نیشتیمانەکەی دەکات و دەیفرۆشێت، وەك ئەو کەسە وایە پارەی باوکی بدزێت و بیدات بە خواردن بۆ دزان، ئیتر نە باوکی لێی خۆش دەبێت و نە دزەکان پاداشتی دەدەنەوە”.
ئەمانە ڕاستی مێژوویین وئەوەی بەسەر ئێمەدا هاتووە لە جۆرێکی جیاوازەو جگە لە ئێمە نەبێ، وەك خۆتان لە کۆپلەیەکدا نووسیوتانە کێ ئەزموونی کردووەو تەحەمولی کردووە؟
بە بێ نان و ئاو هەر نامرێ..
سێ چوار مانگ موچەی نەدەیتێ ،
بێ خەمە و دڵی گەرد ناگرێ..
زاریشی هەیە و ناقڕێ
باڵیشی هەیە و نافڕێ
کاکە بەندی! سەیر نەبێت بەلاتانەوە ئەگەر هەرماڵپەرێکت بەدەستەوە مابێت تیایدا بنووسیت، کە لە عەقڵییەتی حیزب و خێڵ و خێزان ڕزگاری بووبێت، مەگەر نازانیت ئێستا دەزگا ڕۆشنبیرییەکانی کورد کارمەندیی موچەخۆری دەوڵەتیی بەڕێوەیان دەبات، جا ئایا موچەکەی دەگۆڕێتەوە بە وتارێکی تۆ؟ لە کاتێکدا تۆ داوای هیچ پاداشتێکیش ناکەیت، کات و هەوڵ و ئەزموون و فەرهەنگی خۆت دەکەیتە قوربانی پاشەڕۆژی ئەو میللەتە و نەك نرخیشی نازانرێت بەڵکو دەرگایان لەسەر دادەخرێت، چونکە سیاسەتی بڵاوکردنەوە چووەتە ناو سیستەم و پرۆژەی دەسەڵاتەوەو بۆ وێنە بیست ساڵ پێش ئێستا ئازادی نووسین و ڕا دەربڕین و مافەکانی مرۆڤ باشتر بوون.
مەگەر هەمیشە هزرڤانە ڕاستەقینەکان بەو جۆرە نەبوون و هەقیقەت هیچ کەسێکی لەدەوریان نەهێشتبوو؟ بەڵام لەسەر ڕێ لایان نەداو خۆیان نەچەماندەوە بۆ ئەو تەوژمە تاریکەی هەموو زەبرو زەنگێکی بەکاردەهێنا لە پێناوی سەرکوتکردنی هەقیقەت و ڕاستی دا و گرتنی بەری خۆر بە بێژنگ
مەگەر نازانیت خوێنەرانێکی زۆری بێدەنگ هەن باش دەزانن، کە تۆ و ئەو کەسەی بابەتەکەی تۆی دەچێتە بەردەست تا بڵاوی بکاتەوە زەمین و ئاسمانتان بەینە، تۆ کە ئازادی و بێ بەرانبەر دەنووسیت، کێ دەڵێت تەنانەت لە لایەنی وێژە و ڕۆشنبیریشەوە ئەو دەگاتە ئاستی ئەفراندنی خامەکەی ئێوە؟ چ جای ئەوەی جورئە بکات بڵاوی بکاتەوە؟ تۆ سی و پێنج ساڵە دەناڵێنیت لە دەرەوەی زمەن و مێژوو و جیهان و یاسا، ئەوان دەڵێن: ئێمە نەبین ئێوە نابن، خۆیان کردووە بە لازم و مەلزومی گەلی کورد، زۆریش بدوێیت بە مەنیقی شۆڕش و قەیسەر کەلەپاچەت دەکەن، هەر خۆت لەسەر زاریانەوە ئاوها لە کۆپلەیەکدا دەنووسیت : –

ئێمە لە پشت وێنەی کتێبخانەکانەوە،
نەخوێندەواریی خۆمان ئەشارینەوە..
لە پشت تابلۆی ڤان کوخ و پیکاسۆوە ،
بێ هونەریی خۆمان ئەشارینەوە..
وەکو چۆن براکوژییمان لە پێشمەرگایەتیدا چاند..
وەک چۆن لەسەر پارەی گومرک ،
خوێنی هەزارانمان ڕژاند
*
ئێمە کۆمەڵکوژیی و کۆمەڵدزیی و کۆمەڵکۆیلەییمان،
لە پشت وشەیەکی سەقەتی
پڕ لە هەڵەی چاپ و لۆژیکی
دیموکراسیدا مات داوە..
*
ئێمه کوردکوژییمان لە پشت ناوی
کوردایەتیی و ئەی ڕەقیبا، حەشارداوە

بەداخەوە ئەمڕۆ نەك بوڕکانی خرۆشان و پەرۆشینی گەل و چینی ڕۆشنبیران بۆ دادو ڕاستی کپ بووەتەوە، نەك نووسین و خوێندەواری و هەقیقەت ڕەواجی نەماوە، نەك هێندە دەنووسرێت و کەس نایخوێنێتەوەو هەڵوێست وەرناگیرێت، بەڵکو ئەم هەقیقەتانە لای خۆشیان ڕوونە و ئەوان بە حوکمی پارەی قاچاخی خوێن و نەوتی تۆ سوپایەك لە کۆیلەو بندیوارو سیخووڕ دەلەوەڕێنن و پاشەڕۆژیان پێوە گرێداون، سوپایەك لە گزیرو چەقۆ وەشێنی دوور لە هەست و سۆزی مرۆڤایەتی و کوردایەتی، نازانن ئەم شەپۆلە لە کۆتاییدا هەمووان بەرەو خنکان دەبات، وەکو ئەو سەرنشینەی لە کەشتییەکدایەو جێگەکەی خۆی کون دەکات و دەڵێت ئەوە کاری ئێوە نیە من جێگای خۆم کون دەکەم. وردە وردەو ڕۆژ بە ڕۆژیش خەڵك زیاتر زیندانی دەکرێت لە ژینگەیەکی گەورەدا کە دارو دیواری بێ تام، بووەتە کامێرای سیخووڕی و لایەنە ڕەسمییەکانیش نازانن کێ سەیریان دەکات و سەنتەرەکەی لە کوێدایە؟ وەکو ئەوەی هەموو میللەت دوژمنیان بێت، بە بیانووی پاراستنی ئاسایس لە کاتێکدا ئەوە میللەتە ئاسایسی پاراستووە. خەڵك لە ئاپارتمانە بێ بەرنامە بڵندەکاندا دەخزێنرێن و وەکو جوجەڵە دەرگایان لەسەر کڵۆم دەدرێت، هەزاران خانەوادە موچەی خوێنی ڕۆڵە کوژراوەکانیان لە جەنگەکانی ناوخۆدا وەردەگرن و مانەوەی خۆیان بە مانەوەی ئەوانەوە گرێ دەدەن. ئەوەش کە نووزەیەکی لێوە دێت تا ئەوپەڕی سنوور تەنیا داکۆکی لە مووچەو مافە داراییەکانی خۆی دەکات، وەك ئەوەی ئەوە بنەڕەت بێت و شتەکانی تر لاوەکی بن، مەگەر ئەو مووچە پاشەکەوتکردنە هەر بەرەنجامێکی بۆگەنبوونی سەری ماسییەکە نییەو ئیدی سەرجەم لاشەکەش بە دوایدا بۆگەن دەبێت؟ ئەو کەڵەکە بەردە ڕۆژێك هەر دەڕمێت بەسەرمانداو تۆش کاکە بەندی و نموونەی تۆ سەربەرزن کە خامەکەتان نەفرۆشتووە، ویژدانت زیندوو و ئاسوودەیە، ئەگەر هەر بۆ خۆشت نووسیبێتت کۆڵت نەداوە، بەڵام دڵنیابە کۆمەڵێکی زۆر لە چینی فلیقاوە هەن بە دزییەوە بابەتەکانی تۆ دەخوێننەوەو وەکو موفەڕك هەڵیدەگرن و بزەی شادی دایاندەگرێت، دڵنیابە ئەم زەمەنەش دەبوورێت و دواجارهەلهەلەی مەخلوق دەگۆڕێت بۆ وەلوەلە لە دەوری نەعشی هەموو پۆپۆلیزمێکی ستەمکاردا، دڵنیابە دەسەڵات ناکەوێتە دەستی تۆو هاوبیرەکانت چونکە بڕوات بە ستەم نییە، مانەوەی سەر ئەو کورسیەش ئەوە دەخوازێت، چونکە ئەو ڕەشوڕووتەی قوربانیان بۆ دەدەیت دواجار دەڵێن: غەشیم بوو بۆ کێی کرد؟ تا هەڵوێست و تێگەشتنی زۆرینە ئاوها بمێنێتەوە هەر دەبێت بڵێین سەد رەحمەت لە کفن دزی پێشو،پێشینان جوانیان گوتووە: مەنجەڵ سەرقاپی خۆی دەدۆزێتەوە. کەواتە گۆڕانکاری ڕاستەقینە ئا لێرەوە سەرهەڵئەدات، لە ناخەکاندا، لە بیرو هزرو دڵەکاندا جێگیر دەبێت و ئاکام هیچ بومەلەرزەیەك نایلەقێنێت.
کۆتا وشە؛ سوپاسی هەڵوێستی ئێوە لێرەدا بەیان دەکەم و خوازیارین هەموو خامە بەدەست و بەهرەمەندەکان ئەو ڕێچکەیان بگرتبایەو سەرفرازی ناوی خۆیان لەو لیستە بێنازەدا تۆمار بکردایە، کە هەر دەمێنێتەوەو دواجار دەبێتە جێی ئاماژەو شانازی.. دەبێت دوای ٣٥ ساڵ لە پاشکەوتن چی بنووسیت؟ کە محەمەد ماغووت لە ٢٠ساڵی جەوردا هەڵبەستی (خەمباری لە تیشکی مانگ)دا دەنووسێت کە لە کۆپلەیەکیدا دەبێژێت:

بیست ساڵە ئێمە دەرگایەکی ئاسنین دەكوتین
باران بەسەر پۆشاك و مناڵەکانماندا دەبارێ
هەناسەسوار، ڕەنگ پەڕیو بە کۆکە ڕەشە
خەمگین وەکو ماڵئاوایی، زەرد وەکو سیل
ڕەشەبای دەشتودەری ماڵوێرانکەر
گریەو ناڵەمان دەگەیەنێ
بە کۆڵان و نانەواخانەو سیخووڕەکان
ئێمەش وەکو ئەسپی کێوی لەسەر لاپەڕەکانی مێژوو
دەگرین و هەر هەڵدەلەرزین




بیبلۆگرافیای بیست ژمارەی گۆڤاری زمان و زار

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




ڕوداوەکانی ئێران.. عوسمانی حاجی مارف

ئێران خۆی لە بەردەم شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتی گەرمدا بینیەوە، کە لە دڵی ئابوری ڕۆژانەوە دەستی پێکرد، ناڕەزایەتیەکان بەهۆی دابەزینی بەهای دراو و بەرزبونەوەی خێرای تێچووی بژێویەوە بووە، کە ژمارەیەکی پێوانەیی شکاندووە.
ناڕەزایەتیەکان لە 28ی کانونی یەکەمی 2025، لە دوو بازاڕی گەورەی ناوەڕاستی تاران دەستیپێکردووە، ئەوەش دوای ئەوەی نرخی تمەن بەرامبەر بە دۆلار بۆ نزمترین ئاستێکی پێوانەیی دابەزی، فشارەکانی هەڵاوسانی توندتر کردووە و نرخی کەلوپەلی سەرەکی بەرزبۆەتەوە، هەروەها بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین لە سەرەتای مانگی کانونی دووەمدا بەشداری کردووە لە قووڵبونەوەی ناڕەزایەتیەکاندا.
پزیشکیان ساڵی ڕابردوو، هۆشداریدا لەوەی کە ڕەنگە بەهۆی کەمی ئاوەوە تەواوی تاران چۆڵ بکرێت، چەند مانگێکە لە یەک کاتدا بۆ چەند کاتژمێرێک کارەبا دەبڕدرێت، کەمی غازی سروشتی- کە کێشەیەکی گەورەیە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا- دەسەڵاتدارانی ناچارکردووە وێستگە پیشەسازیەکان دابخەن کە بە غاز کاردەکەن و کرێی کرێکارانی کارگەکان کەمبکەنەوە، هەروەها بەکارهێنانی نەوت لەبری غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا، پیسبونی شارەکانی هێندە خراپ کردووە، کە زۆرێک لە خوێندنگاکان ناچاربوون زیاتر لە پەنجا ڕۆژ لە ساڵێکدا دابخرێن.
ئێران لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا تووشی گورزی قەیرانی ئابوری بەرفراوان هات، داڕمانی دراوی پێش ناڕەزایەتیەکان، تەنیا ئەو پەڕۆیە بوو کە پشتی حوشترەکەی شکاند، بۆیە توڕەیی و ناڕەزایەتیەکان بەردەوام دەبن، تەنانەت ئەگەر ئەمەی ئێستا بەهەر جۆرێک لە سەرکوت و دەخالەت دامرکێتەوە، حەتمیە کە لە ئایندەدا سەرهەڵەداتەوە، کۆماری ئیسلامی شایستەی خەڵکی ئێران نەبووە و نابێت.
بودجەی دارایی ساڵی ٢٠٢٦ کە پزیشکیان پێشنیاری کردبوو، تەنیا خوێی خستۆتە سەر برینەکانی خەڵکەوە، چونکە دوای سێ ساڵ لە زیادکردنی موچە لەکاتی داڕمانی دروای ئێران، داهاتی کرێکاران بەچەند قات کەمتر لە موچەی ساڵی ٢٠٢٣ شکایەوە، لە هەمانکاتدا ترس لە بەردەوامی ناڕەزایەتیەکان، پزیشکیانی ناچارکرد جارێکی دیکە نرخی بەنزین دابەزێنێت، بەڵام هێشتا کەمتر لە سەدا ٥ی ئەو نرخانەیە کە لە وڵاتانی دراوسێدا دەبینرێن. ئێران ئێستا ساڵانە ٦ ملیار دۆلار بۆ هاوردەکردنی بەنزین خەرج دەکات، دیارە ئەو پارەیە دەتوانێت لەبری ئەوە زۆر شت بکات بۆ باشترکردنی دۆخە ترسناکەکانی کارەبا و ئاو، هەڵبەتە پێشنیارەکانی حکومەت بۆ چاکسازی لە نرخەکانی ئاڵوگۆڕدا ناتوانێت باوەڕپێکراوبن، تەنها سودی بۆ کەسانێکی دیاریکراو دەبێت لە بازاڕدا، لە هەمان کاتدا کورتکردنەوەی ئەو سندوقەیان کە بڕیار بوو قەرەبوی ئێرانیە ئاساییەکان بکاتەوە بۆ تێچووی زیاتری کاڵاکان سەرکەوتونەبو، بۆیە سەیر نییە کە شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان، تەشنە بکات و فراوانتر بێت، ڕژێمێک نەتوانێت ئاو، کارەبا، هەوای پاک، سووتەمەنی، یان کرێی باوەڕپێکراو دابین بکات، ناتوانێت پێداگری لەسەر بانگەشەی لێهاتویی بکات.
کاتێک بژێوی ژیان دەڕوخێت، زۆرەملێ دەبێتە ئامڕازی سەرەکی مانەوەی ڕژێم، بەڵام ئێستا سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی ڕوبەڕوی واقیعێک دەبنەوە کە سەرکوتکردن چیتر توانای گەڕاندنەوەی سەقامگیری دۆخەکە و قەیرانی ئابوری نیە، ئەم کێشەیە هەر بەردەوام دەبێت تا ئەگەر ناڕەزایەتیەکانی ئێستاش کۆنتڕۆڵ بکرێن، کە بە جۆرێکی زۆر مەترسیداری کوشتاری بە کۆمەڵ ناڕەزایەتیەکانیان دامرکاندۆتەوە.
دروشمەکانی نێو ناڕەزایەتیەکان لە هەندێک بواردا فراوانتر بون، داواکاریە سیاسیەکانیشی لەخۆگرتووە، چونکە فشارە ئابووریەکان هاوکاتن لەگەڵ هەستکردن بە بێهیوایی، ئەگەری ئەوە هەبو ئاراستەی ناڕەزایەتیەکان بەرەو کۆتایی ڕژێم بروات.
سیستەمی ئاسایشی ناوخۆی ئێران کە لەنگەر گرتووە لە فەیلەقی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، یەکەکانی بەسیج، یەکەی پاسەوانی تایبەت کە بەشێکە لە فەرماندەیی پۆلیسی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەروەها ئامادەکرنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی عێراق بۆ کاتی پێویست، کە ڕاستەوخۆ لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە سەرپەرشتی و پشتیوانی دەکرێن.
تا ئێستا درزی گەورە لەناو ئامێری سەرکوت و زۆرەملێدا دەرنەکەوتووە، کارمەندانی پلە باڵاکانی IRGC و بەسیج هیچ دوودڵیەکیان نیشان نەدا لە تەقەکردن بۆ کوشتن، دوای ئەوەی عەلی خامنەیی فەرمانی سەرکوتکردنی خێرای دەرکرد، کە مەزەندەی کوشتارێکی بێ شومار دەکرێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر خاوبونەوەی ناڕەزایەتیاکان داناوە.
بەڵام ئەوە ڕۆشنە کە توندکردنەوەی سەرکوت لەدۆخێکی ناڕەزایەتی زۆر فراواندا نیشاندەری لاوازیە، لە کاتێکدا پەرەسەندنی ناڕەزایەتیەکان کۆماری ئیسلامی وەها ڕاتەکاند، ڕژێم هەستی بە ناچاری کرد کە تاکتیکی قوربانی بەکۆمەڵ بەکاربهێنێت، کە هێشتا ژمارەی کوژراوەکان ئامارێکی ڕۆشنی نیە، کە باس لە چەندین هەزار و دەهەزار دەکرێت.
لە هەمانکاتدا خزمەتگوزاری ئینتەرنێت و مۆبایل و تەنانەت تەلەفۆنی زەمینیشی کردۆتە ئامانج، کۆماری ئیسلامی مێژویەکی بێوێنەی کارەساتی قیزەونی کوشتاری بەکۆمەڵی دانیشتوانی ئێرانی تۆمارکرد.
ڕژێم توانیویەتی لە قەیرانەکانی پێشوودا ڕزگاری بێت، ئەم جارەش بەو دڕندەییەی پیادەی کرد، کاریگەری دانا لە کپکردنی ناڕەزایەتیەکان، بەڵام توڕەیی خەڵک لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی وەها قووڵتر بۆتەوە و قڵشتی دروست کردووە، کە هەر ناڕەزایەتیەکی دواتر، بەبێ گیانی تۆڵە سەندنەوەی توند لە ڕژێم تێناپەڕێت.
هەر بەهانەیەک دەیهێننەوە بۆ ئەو دڕەندەییەی بەرامبەر دانیشتوان کردیان، بە ناوی دەخالەتی ئەمریکا و ئیسرائیل و هەوڵدان بۆ هەڵگیرسانی جەنگێک، ناتوانن شەرعیەتی ناوخۆیی بگەڕێننەوە، یان داڕمانی ئابووری پێچەوانە بکەنەوە، هەروەها ناتوانن ئێران لە پارچەپارچەبون و ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ بپارێزن، دانیشتوانی ئێران لێیان خۆش نابن.
هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ، ئەو سیناریۆ کارەساتبارەیە کە دۆخی سیاسی ئێران دەباتە ئاستێکی باڵاتر لە ناجێگیری و گێژاوی سیاسی، لە هەمانکاتدا بەرزبونەوەی ئاستی بەشێک لەو لایەنانەی تیا هەڵدەکەوێت، کە دەیانەوێت بە هێزی چەک و شەڕی ناوخۆ ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان بە لاڕێدا بەرن، ئەو ئاراستەیە لەنێو خۆپێشاندەراندا بینرا، کە هەندێ لایەنی نابەرپرس بەژیانی خەڵک، ڕیزەکانی خەڵکی ناڕازیان بە چەک بارگاوی کرد.
گومانی تیا نیە کە هەڕەشەکانی ترەمپ و هێرشی ئاسمانی ئەمریکا و هاوپەیمانان و لێدان لە بنکەی سەربازی و شوێنە پێشەسازیەکانی ئێران، تا هەڵگیرسانی شەڕ بۆ ڕوخانی کۆماری ئیسلامی، بەناوی فریاکەوتنی خەڵکی ناڕازی، جگە لە تێکدانی ئامادەیی بەرفراونی ناڕەزایەتیەکان و وەلانانی خەڵکی ئێران لە دیاریکردنی چارەنوسی خۆیان، نەک هیچ ئاکامێکی ئەرێنی بە قازانجی ناڕەزایەتیەکان و ڕاپەڕین ناداتەوە، بەڵکو ئەمریکا دەیەوێت دەستتێوەردان بکات بۆ بەرژەوەندی دەور و دەخالەت و نفوزی کۆنەپەرستانەی خۆی لە ناوچەکەدا، لەهەمانکاتدا هەوڵئەدات ئێران لە پەیوەند بونی بە روسیا و چینەوە داببرێت.
هەر پەیوەندیەکی دیپلۆماسی ئەمریکا لەم دۆخەدا لەگەڵ تاران بەستنەوەی ئێرانە بۆ ملکەچ بونی بە نەخشەو سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، لە هەمانکاتدا هەوڵدان بۆ باڵادەستی ئیسرائیل بەسەر ناوچەکەدا، ئەو نەخشەو سیاسەتەیە، کە وەک بەشێک لە ئاراستەی ئەمریکا دەناسرێتەوە، تا قەڵایەک بۆ ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیر بکرێت، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە نیازی ئیسرائیل پاکتاوکردنی دەوری ئێرانە لە ناوچەکەدا تا کۆتایی هێنان بەکۆماری ئیسلامی.
گوشارەکانی ئیسرائیل بۆ سەر واشنتۆن چیتر نهێنی نین، بژاردەی ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران بۆ ئیسرائیل تا ئێستا لەسەر مێزە، کە ئامانج لێی نەک تەنیا تێکدانی توانا ئەتۆمیەکانە، بەڵکو تێکشکاندنی تاران و ترسی خۆخلیسکاندن بۆ شەڕێکی نوێ هەیە، ناتانیاهۆ، داوای لە ترەمپ کردووە شەڕێکی لەو شێوەیە دەستپێبکات.
ئەمریکا پێی باشە سیستمی سیاسی ئێران بگۆڕدرێت، بەڵام لە ڕێگایەکەوە کە دووربکەوێتەوە لە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی سەربازی، لە هەمان کاتدا دەیەوێت لایەنێک دەسەڵات لە تاران بەدەستەوەبگرێت، گوێ لەمستی خۆی بێت وبگونجێ لەگەڵ دروشمی “ئەمریکا یەکەم”ە.
بۆ نمونە هەوڵەکانی واشنتۆن بۆ تێکدانی ڕژێمی ئێران بەبێ ئەوەی تێوەگلێت لە شەڕێکی سەربازی، ترەمپ باجی لەسەدا ٢٥ی بەسەر ئەو وڵاتانەدا سەپاند کە بازرگانی لەگەڵ ئێران دەکەن، وەک ڕێگەیەک بۆ دەربازبون لە بژاردەی شەڕی سەرتاسەری.
لەلایەکی ترەوە دەوڵەتانی کەنداو هەوڵ دەدەن پشتیوانی لە دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بکەن، لە ترسی ئەوەی کە ڕوخانی حکومەتی ئێران ببێتە هۆی شەڕی ناوخۆ، ئەمەش دەتوانێت ئاسایشی تەواوی ناوچەکە زیاتر بخاتە مەترسیەوە، لە ئەزمونەکانی ڕابردوودا دەرکەوتووە کە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە و دانیشوانەکەیان تەواو فەرامۆش کردووە.
لەگەڵ چڕبونەوە و خەستبونەوەی ئەو بارگرژیە لە دۆخی ئێستای ئێراندا، پێم وایە ناڕەزایەتیەکانی ئێستای شەقامی ئێران، لانیکەم لە داهاتویەکی نزیکدا، توانای ڕووخاندنی ڕژێمیان نییە، بەجیا لە کپ بونەوەی ناڕەزایەتیەکان لە ئێستادا، لە هەمانکاتدا خۆپیشاندەران دیدێکی ڕونیان بۆ سیستەمی دەوڵەتی دوای کۆماری ئیسلامی نیشان نەداوە، جگە لەوەش ئەو گروپە ئۆپۆزسیۆنانەی کە واشنتۆن پشتیوانیان دەکات، ئەوانەی پەیوەستن بە میراتی شا، نەک لە پشتیوانیەکی بەربڵاوی جەماوەری بەهرەمەند نین، بەڵکو تۆمەتبارن بە خیانەت.
دیاردەیەک، کە ئاماژەیە بۆ لاوازی ڕژێمی ئێران، هەوڵی کردنەوەی کەناڵێکی دانوستانە لەگەڵ ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکانی ئەمریکا و ڕێگریکردن لە هێرشی سەربازی ئەمریکا، کە ڕژێمی ئێران ترسی هەیە لێدانەکانی ببێتە هۆی ڕووخانی ڕژێمەکەی.
کۆتایی هێنانی ڕژیمی ئێران، گەر لە ڕێگەی ئەم شەپۆلی ناڕەزایەتیانەشەوە ئەنجام نەدرا و دواتر گەر کۆماری ئیسلامی بیەوێت بە هاوکاری ئەمریکا بمێنێتەوە، دەبێت لە بنەڕەتدا پێکهاتەی خۆی بگۆڕێت، کە لانی کەم دەبێت کەسایەتیە سەرەکیەکانی کۆماری ئیسلامی دورخاتەوە.
ڕووخانی ڕژێمی ئێران بە مانای گۆڕانکاریەکی بەرفراوان لە ناوچەکەدا، کە پێچەوانەی ئەو ساتەیە کە کۆماری ئیسلامی دامەزرا. ڕۆیشتنی ئێران لە کایەی نفوزی ئەمریکا لە دوای ڕوخانی شا لە ساڵی١٩٧٩دا، نەخشەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەی کەنداوی عەرەبی گۆڕی، لە ئەنجامدا شەڕی درێژخایەن و جۆری نوێی ململانێی سیاسی لێکەوتەوە. ئەمەش لە ڕێگەی سیاسەتی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیەوە هەوڵی هەژمونی بوو بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام دۆخی ئێستا ئەوەی پێچەوانە کردووە کە دەبێتە سنوردارکردن و شکستی گەورە لە کۆتایی هێنان بە هەژمونی ئێران لە ناوچەکەدا، کە درندەیی و کۆنەپەرستی سیاسەتی دژی مرۆڤانەی ئەمریکاو ئیسرائیل جێگەی دەگرێتەوە، ئەو درندانەی تا ئێستا حزبەکانی کوردایەتی مایەیان لەسەر داناوە.

عوسمانی حاجی مارف




ڕەسوڵ حەمزاتۆڤ.. نووسینی حه يدەر عەبدولرەحمان

ڕەسوڵ حەمزاتۆڤ:
داغستانه بجووكه كه ى خؤم
نيشانى هه موو جيهان داوه

ڕەسووڵ حەمزاتۆڤ (١٩٢٣-٢٠٠٣)، ئەو دەنگە ئەفسووناوییەی چیاكانی داغستان و ویژدانی زیندووی ئەدەبیاتی ڕووسی، تەنها شاعیرێك نەبوو كە تەنیا وشەكان لەسەر كاغەز بنەخشێنێت.
بەڵكو ئەو خاوەنی خەیاڵێكی بەرفراوان بوو كە وایكرد بەرهەمەكانی (چ شیعر و چ پەخشان) سنوری كتێبەكان ببڕن و بچنە نێو جیهانی سینەماوە.
پەیوەندی (حەمزاتۆڤ) بە سینەماوە پەیوەندییەكی ڕووكەش نەبوو، بەڵكو پەیوەندییەك بوو لە نێوان (وشەی زیندوو) و (وێنەی جوڵاو).
سینەماكاران زوو دركیان بەوە كرد كە نووسینەكانی (حەمزاتۆڤ ) پڕن لە دیمەنی سینەمایی، پڕن لە ڕەنگ، دەنگ و هەستی مرۆڤایەتی.
كاتێك باسی فڕینی قوڵنگەكان، یان دیمەنی ژنێكی داغستانی، یان چیا سەختەكان دەكات، خوێنەر ڕاستەوخۆ وێنەیەكی جیاواز دەبینێت، كە پڕە لە دراما، ئەمەش كارئاسانی بۆ دەرهێنەران دەكرد.
نووسینی سیناریۆ:
(حەمزاتۆڤ) تەنها سەرچاوەی ئیلهام نەبوو، بەڵكو خۆی بەشداری لە نووسینی سیناریۆی هەندێك لە فیلمەكاندا كردووە، یان بەوردی سەرپەرشتی كردوون تاوەكو ڕۆحییەتی دەقە ڕەسەنەكە ون نەبێت.
گۆرانی فیلمەكان:
زۆرێك لە شیعرەكانی (حەمزاتۆڤ) كراونەتە گۆرانی و لە فیلمە جەنگی و سۆزدارییەكانی یەكێتی سۆڤیەتدا بەكارهاتوون، كە بەناوبانگترینیان گۆرانی (قوڵنگەكان ) ه.

(حەمزاتۆڤ ) كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر سینەمای سۆڤیەتی و ڕووسی هەبوو، لێرەدا گرنگترین ئەو فیلمانە دەخەینە ڕوو كە لە بەرهەمەكانی ئەوەوە وەرگیراون:

١. فیلمی ( كچە چیایی (Goryanka) ١٩٧٥
ئەم فیلمە لەسەر بنەمای قەسیدەی درێژی (حەمزاتۆڤ) بەهەمان ناو بەرهەم هێنراوە.
فیلمەكە باسی كچێكی گەنجی داغستانی دەكات بە ناوی (ئاسیات).
ئەم ( ئاسیات ) ە ڕووبەڕووی كۆمەڵێ‌ دابونەریتی كۆن دەبێتەوە و بە توندی ڕەتیان دەكاتەوە، دەیانەوێ‌ ناچاری بكەن شوو بە پیاوێك بكات كە خۆشی ناوێت و لە منداڵییەوە بۆی دیاری كراوە (نەریتی بەشوو دانی بێشكە).
(ئاسیات) ئازایانە گوندەكەی بەجێ دەهێڵێت و دەچێتە شار بۆ خوێندن، ئەمەش ململانێیەكی گەورە لەنێوان دابونەریتی كۆن و ژیانی مۆدێرن دروست دەكات.
یەكێكە لە گرنگترین ئەو فیلمانەی باسی مافی ژنان دەكات لەكۆمەڵگایەكی وەك داغستان.

فیلمی (ئەفسانەیەك بۆ خۆشەویستەكەم) – ١٩٨٧
ئەم فیلمە زیاتر لەسەر بنەمای ئەفسانە و شیعرە مێژووییەكانی (حەمزاتۆڤ) دروستكراوە و باس لە ئازایەتی پاڵەوانانی داغستان دەكات بەرامبەر داگیركەران و ستەمكاران.
بەڵگەفیلمی درامی (داغستانی من)
ئەمە فیلمێكی نوێیە و شێوازێكی دۆكیۆدراما (بەڵگە فیلمی درامی)ی هەیە.
فیلمەكە گەشتێكە بەنێو ژیان و بیرەوەرییەكانی ڕەسووڵ حەمزاتۆڤدا، تێیدا تێكەڵەیەك لە ژیانی منداڵی، فەلسەفەی ئەو بۆ نیشتمان و جوانییە سروشتییەكانی داغستان دەبینرێت.
دەقەكانی كتێبی (داغستانی من) وەك مۆنۆلۆژ لە سەرتاپای فیلمەكەدا دەبیسترێن.
گۆرانی و فیلمی (قوڵنگەكان)
(قوڵنگەكان) باس لەوە دەكات سەربازە كوژراوەكان نەچوونەتە ژێر خاك، بەڵكو بوونەتە قوڵنگی سپی و دەفڕن
‌ئەم تێكستە بووە هەوێنی چەندین فیلمی جەنگی ـ كاتێك لەلایەن (مارك بێرنس)ـەوە كرایە گۆرانی، بووە بەشێك لە ناسنامەی سینەمای جەنگی لە ڕووسیا و لە چەندین فیلمدا وەك مۆسیقای دەق بەكارهاتووە بۆ بەرجەستە كردنی ئازاری جەنگ.
دەرهێنەرە دیارەكان.
حەمزاتۆڤ لەگەڵ چەندین دەرهێنەری بەتوانای سۆڤیەتی كاری كردووە، كە توانیویانە ڕۆحی نووسینەكانی بگوازنەوە بۆ سەر شاشە، لەوانە:
١. ئیرینا پۆپلاڤسكایا
ئەم خانمە دەرهێنەرە ڕۆڵێكی سەرەكی هەبوو لە ناساندنی بەرهەمەكانی حەمزاتۆڤ بە سینەما. هەر ئەو بوو كە فیلمی (كچی چیایی)ی دەرهێنا.
پۆپلاڤسكایا زۆر بەوردی كاری لەسەر وردەكارییەكانی ژیانی داغستان كردبوو، بەجۆرێك حەمزاتۆڤ خۆی زۆر سەرسام بوو بە فیلمەكە.

  1. موراد ئیبراهیمبێكۆڤ:
    یەكێكە لەو دەرهێنەرانەی كە سیناریۆی بۆ بەرهەمەكانی (حەمزاتۆڤ ) نووسیوە و كاری دەرهێنانی بۆ كردووە، بەتایبەت لە فیلمە نوێیەكاندا كە هەوڵیان داوە لایەنە فەلسەفییەكەی حەمزاتۆڤ دەربخەن.
  2. تەنگیز ئەبولادزە
    دەرهێنەری گەورەی جۆرجیا ئەگەرچی ڕاستەوخۆ هەموو كارەكانی هی حەمزاتۆڤ نین، بەڵام شێوازی ڕیالیزمی سیحری لە فیلمەكانیدا زۆر نزیك بووە لەو كەشەی حەمزاتۆڤ لە كتێبی (داغستانی من) دا دروستی كردووە.
    بە گشتی ئەو فیلمانەی لە بەرهەمەكانی حەمز اتۆڤەوە دروست كراون، چەند تایبەتمەندییەكیان هەیە:
    دوورن لە دروشمی بریقەدار، نیشاندانی ژیانی خەڵكی سادە، شوانەكان، ژنانی چیا
    لە پشت هەر چیرۆكێك پەندو عیبرەتێك هەیە، پەیوەندی بە سروشتی چیاكان، هەڵۆكان، ئەسپەكان و ڕووبارەكان بەشێكن لەكارەكتەرەكانی فیلمەكان
    پەیوەندی ڕەسووڵ حەمزاتۆڤ و سینەما، پەیوەست بوو، بەجیهانیكردنی كولتووری داغستان.
    سینەما بووە هۆی ئەوەی ئەو داغستانە بچووكەی حەمزاتۆڤ هەمیشە باسی دەكرد، ببێتە جیهانێكی گەورە و هەموو مرۆڤایەتی بیبینێت.
    ئەو سەلماندی كە دەكرێت شیعر تەنها وشە نەبێت، بەڵكو ببێتە ڕووناكی و وێنە لەسەر پەردەی سینەماكاندا.



غەیب.. هۆنراوەی: ئامانج شێروانی

بەبیرم دێ،
کە منداڵ بووم
دایکم دەیگوت
هەر خودا بۆ خۆی دەزانێ
سبەی، دووەی
چی ڕوودەدا

بەبیرم دێ،
کە زارۆ بووم
مەلای مزگەفتی گەڕەکێ
دەیقیژاند و
پێی دەگوتین
هەر ئەو بەخۆی
کەسی تر نا
دەزانێتن کۆرپەلەی نێو
سکی دایکێ
چلۆن دەبێ
چاوا دەکا سەر و سەودا

لە فێرگەشا
مامۆستاکەم
پێی دەگوتم
جگە لە خۆی
کەسێکی تر پەی پێنابا
جارێکی تر
باران لەکێندەر دادەکا

ئێستاش گەورەم،
باش دەزانم،
نە دایکم ڕاستی دەکرد و
نە مەلاکەی گەڕەکی مە و
نە مامۆستا

ئێمە کوردین،
چاک دەزانین
نەک هەر سبەی
ساڵێکی تر
چی ڕوو دەدا

عارەبێکی پێپەتییە
تورکێکی ئالی عوسمانە
فارسێکی پەهلەوییە
یا داعشێکی جۆلانە

ئەمڕۆ و سبەی
ساڵێک دووان
یەک لەدوای یەک
دێنە سەرمان
ئەمیان لالش وێران دەکا
ئەویان سەرمان دەپەڕێنێ
ئەمیان کەزییەک قوت دەکا
ئەویان منداڵ لە گۆڕ دەنێ

هەر چی کوردە
ورد و درشت
دەزانێتن هەموو ڕۆژێ
لە ئاسمانی وەلاتێ مە
«لەجێی باران
خوێن دەبارێ»

نەک هەر زانا،
منداڵی کوردیش دەزانێ،
سکی هەموو دایکێکی کورد،
منداڵێکی بەشخوراو و
تامەزرۆی ئازادی
دێنێ