دوورگەی ئێپشتاین، وەک هێمایەک بۆشکستی مۆڕاڵی سیستەمێک.. جوتیار مەلا ڕەئوف

کاتێک لەسەر دۆسیەی جێفری ئیپشتاین دەنووسین، تەنها لەسەر تاوانبارێکی هەوەسبازی سێکسی سزادراو قسە ناکەین. دەبێت لەسەر دەسەڵات قسە بکەین، سەبارەت بە پارە، سەبارەت بە سیستەمێک کە نایەکسانییەکی زۆر بەرهەم دەهێنێت و بەمجۆرە پەرە بە وەرینی مۆڕاڵی ئینسانی دەدات، بۆیە تەنها پێویستمان بە دیدگایەک نییە، بەڵکو بە ڕەهەندێکی سیاسی قوڵ و گشتگیرتر، پێویستە بەرلە هەرشتێک پرسیاری ئەوە بکەین کە ئەم کەیسە چی لەبارەی بنەما ئەخلاقییەکانمانەوە ئاشکرا دەکات، کام ڕاستییانە لە پشتییەوە سەردەردێنوو خۆیان دەردەخەن.
ناوی ئێپشتاین بە شێوەیەکی دانەبڕاو پەیوەستە بە دوورگەیەکەوە کە پێی دەگوترێت (سەینت جەیمسی بچووک) لە دوورگەکانی ڤێرجینی ئەمریکا، . ئەو دوورگەیە تەنها وەکوو بەشێک لە دیاردە جوانەکانی سروشت نیشانی ئێمە نەدرا، بەڵکو بوو بە هێما بۆ تاوانێک کە سیستەمێک لە پشتیەوە وەستاوە، لە فەزایەکی جیاواز و تایبەت، لە دەرەوەی هەموو بەها و بنەما ئەخلاقیەکان ژیان و کاتی تێدا بەسەربردراوە، ئیپشتاین سەرمایەدارو بازرگانێکی ئەمریکی بوو کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ بازنەکانی دەستەڵاتوو پارەدارو کەسە کاریگەرەکان لە بواری سیاسەت و بازرگانی و ئەکادیمیدا هەبوو، ئیپشتاین لە ساڵی ٢٠٠٨دا لە ویلایەتی فلۆریدا دانی بە تاوانێک نابوو کە داوای لە منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی کردووە بۆ تێکەڵکردنیان بە بازرگانی لەشفرۆشی، ئەو گرێبەستەی کە لەو کاتەدا لەگەڵ داواکاری گشتی کردبووی، لە ژێرناوی (مامەڵەی داوای لێبوردن) لە ئەنجامدا تاوانکار سزایەکی نائاسایی نەرمی بەسەردا سەپێندراو بەو هۆیەشەوە ڕەخنەیەکی زۆر و بەرفراوانی لە سیستەمی دادوەری ئەمریکادا لێکەوتەوە.
لە ساڵی ٢٠١٩دا جارێکی دیکە ئیپشتاین بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە تۆمەتبار کرا. دوای ماوەیەکی کەم لە دەستگیرکردنی، لە نیویۆرک لە زینداندا گیانی لەدەستدا، مردنەکەی بە شێوەیەکی فەرمی بە خۆکوژی ناسیندرا، بەڵام بووە هۆی گفتوگۆیەکی جیهانی سەبارەت بە شکستی دەزگا ئەمنییەکان و بەرپرسیارێتی دامەزراوە یاسایەکان، گومانێکی زۆر و هەروەها فەزاحەتی بنەڕەتی و زۆر جددی لە مامەڵەکردن لەگەڵ دەسەڵات و سامان و جێبەجێکردنی یاسادا ئاشکرا کرد.
لە راستیدا ئەوەی کە ئێستا ئەو تاوانە بێزەوەرە(دورگەی سەینت جەیمسی بچووک) بۆتە رۆژەڤی میدیا جیهانیەکان، تەنها وەکوو دۆسیەیەکی تاوانکاری تجرید نابیندرێت، بەڵکو پڕیەتی لە نیشانە و گومانی سیاسی بەرچاو لە پەیوەست بە دەستەڵاتوو سیستەمو کۆمەڵگا، نموونەی نەزمێک دەهێنێتەوە بەرچاومان کە دەسەڵاتی سەرمایەو ئابووری دەتوانێت چ کاریگەریەکی کۆمەڵایەتی و یاسایی لە ڕایەڵەکانیدا دروست بکات. من لە ڕوانگەیەکی سیاسی جیاوازەوە سەیری ئەو کەیسە دەکەم، چونکە ئەو کەیسە هێڵەکانی فەزیحەی مۆڕاڵی سیستەمێک ئاشکرا دەکات کە بانگەشەی درۆینەی گەرەنتیکردنی یەکسانی مرۆڤەکان لەبەردەم یاساوکۆمەڵگادا دەکات.
ئەوەی بە تایبەتی جێگەی نیگەرانی و تێڕامانە، تەنها خودی تاوانەکە نییە، بەڵکو هەموو ئەو زەمەنەیە کە لە ژێرسایەی ئەو سیستەمەدا ئەو تاوانە نامرۆڤانەیە خرایە ژێر سایەی لێبوردەیی کۆمەڵایەتییەوە، ئیپشتاین بە ئاشکرا لە تۆڕی پەیوەندی دەستەبژێرە سیاسیەکاندا بەرخوردو هەڵسوکەوتی دەکرد، پێشوازی گەرمی لێدەکراو بەشداری لە بۆنە و ئاهەنگە شاهانەیەکان و بۆنە سیاسیەکان دەکرد، پەیوەندی لەگەڵ کەسایەتییە دیارەکاندا دەچاند و چێژوو سودێکی سایکۆپاتیانەی لە ڕادەبەدەری لەو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیانە دەبینی. لێرەدا پرسیارێک کە لە زیهنماندا دروست دەبێت، کە چۆن مرۆڤێکی سایکۆپات بەم جۆرە پاشخانەوە بۆ ماوەی ئەوهەموو ساڵە دەتوانێت بەشێک بێت لەودەستەبژێرە باڵا سیاسیە و بەو بێدەنگی و چاوپۆشیەوە بمێنێتەوە؟
لێرەوە لە شوێنپەنجەکانی ئەو تاوانەوە دەردەکەوێت کە سیستەمی سەرمایەداری لە فۆڕمە ڕاستەقینەکەی خۆیدا چ نایەکسانییەکی گەورە بەرهەم دەهێنێت، لەوە تێدەگەین کە سامان تەنها سەرمایەی ئابووری نییە، بەڵکو سەرمایەی کۆمەڵایەتی و سیاسیشە، ئەوانەی خاوەنی ملیارەها دۆلارن، دەستیان بە باشترین پارێزەر و پەیوەندییە کاریگەرەکان و پەیوەندییە گشتییە ستراتیژییەکانیش دەگات، کە ئەوەش دەبێتە مایەی ناهاوسەنگیەکی مۆڕاڵی لە سیستەمی دادوەریدا.
لێرەوە دەبینین سەرمایەداری پاداشتی سەرکەوتن و کەڵەکەکردنی سامان بە چ جۆرێک دەداتەوە بە خاوەن هێزە ئابوریەکان، پێمان دەڵێت کە ئەوە پرەنسیپە راستەقینەکەی ئەو سیستەمەیە. کاتێک ئەو شەرمەزاریانە کاریگەریی دەکەنەسەر کارکردنی دامەزراوە دیموکراسیەکان، بۆمان دەردەکەوێت کە ئازادی رەهای ئابووری دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر یەکسانی لە ناو کۆمەڵگاو لە بەردەم یاساو نۆرمەکانیدا.
ئەوەی لە ناو بۆگەناوی ئەو سیستەمەدا جیگای نیگەرانییە، ئاساییکردنەوەو بە کۆمەڵایەتیکردنی حەجمی سامانە وەک نیشانەی بەرزی کوالیتی مرۆڤەکان، زۆرجار سامان هاوتا دەکرێت لەگەڵ پاکی، لێهاتوویی، زیرەکی، یان باڵادەستی مۆڕاڵی. ئەو معیارو تێڕوانینە پەرە بە دروستبوونی دیدگایەکی کوێر دەدات لە ناو کۆمەڵگاداو کار بۆ بەهێزکردنی دەکات،بە هەمان شێوەش حەجمی قوربانیەکان بچووک دەکاتەوە، یان هەستی گومان لە بەرامبەر قوربانییەکان زیاد دەکات تا ئەو کاتەی تاوەنەکان پەردەپۆشدەکرێن و ووندەکرێن لە چاوی یاساو کۆمەڵگادا، نزیکترین نمونەش ئەو فەزاحەتە قێزەونەی دورگەکەی ئیپشتاینه.
دورگەکەی ئێپشتاین دەکرێت باشترین نمونەی تاقیکردنەوەی ئەخلاقی بێت بۆ بەهاکانی دیموکراسیەتی نیولیبڕالیزم، ئەو کەیسە پێمان دەڵێت کە سامان چەندە کاریگەری هەیە بەسەر کەمکردنەوەی هێزی یاسا و دادوەری و دەزگا ئەمنیەکان لە ناو ئەو سیستەمەدا، ئەگەر یەکسانی لەبەردەم یاسادا بنەمایەکی سەرەکی بێت، چۆن دەکرێت پشت بە باڵانسی بانکی و توانا مادیەکانی مرۆڤ ببەستێت.
ئەوەی کە بە تەنیا بەرپسیارە لەبەرامبەر ئەو هەموو تاوانە قێزەونانەی مرۆڤ، خودی سیستەمە، چونکە سیستەمێک بەوشیوەیە ڕێگە بە چڕبوونەوەی دەسەڵاتی سەرمایە بدات و پلەبەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەسەر یەکپارچەیی مۆڕاڵیدا ئەولەویەت پێبدات، هەلومەرجێک دروست دەکات کە چاودێریکردن لە ژێریدا شکست دەهێنێت، لە کۆمەڵگەیەکی کۆمەڵایەتی-مۆڕاڵیدا، کەرامەتی مرۆڤ لە پێش دەسکەوتوو سەرکەوتنە ئابوریەکاندایە، بەڵام لە سیستەمی سەرمایەداری و بە تایبەت لە فۆرمە نیولیبڕاڵەکەیدا ئەدای سەرمایە لە یەکپارچەیی ئەخلاقی بەهادارترە، سەرمایەداری تەنیا بازاڕەکان لە قاڵب نادات، بەڵکو بەهاکانی مرۆڤیش لە قاڵب دەدات، کاتێک لۆژیکی بازاڕ هەموو شتێک دەگرێتەوە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیش دەبنە ئامراز.
قسەکردن یان نوسین لەسەر ئەوتاوانە بۆ ئەوە نییە تەنها وەڵامێکی ئاسانمان دەست بکەوێت. بەڵکو دەبێت لە پێناو یەک ئامنجدا بێت، ئەویش ئەوەیە کە بروای تەوامان بەوە هەبێت بە ئاشکرا باسی دەسەڵات وهێزی پارە و بەرپرسیارێتی ئەخلاقی بکەین. کەیسی (دورگەکەی ئێپشتاین) بابەتێکی زۆر تاریکە. بەڵام دەرفەتێکە بۆ ڕەخنەگرتن و پیداچونەوە بە نۆرمو باهاکانی سیستەمێک کە مرۆڤ لە وێنە ڕاستەقینەکەی خۆیدا هیچ بەهایەکی نییە. ئەگەرئەو تاوانە تەنیا وەکوو ئابڕووچونێک ببینین، ئەوا وانە ڕاستەقینەکەی بەها ئەخلاقی و مرۆیەکان لەدەست دەدەین. هەرلەو دیدگایەشەوە پێویستە لەوە تێبگەین کە دیموکراسیەت چەندە پێویستی بە پشکنین و باڵانسگیری هەیە، بە تایبەت لەو شوێنانەی کە سەرمایە دەسەڵات دروستدەکاتوو بەهای مرۆڤی لەسەر بنایاد دەنێت.

جوتیار ملا ڕئوف




ماستەر و دکتۆرانامەکانى بوارى ئەدەبى کوردى لە تیلەچاوێکى ڕەخنەییدا-4- .. هەڵمەت بایز

بەشى چوارەم
ئیشکالیاتى تیۆرى و بۆشایی مەعریفى

لە خوێندنەوەى ئەدەبیات و توێژینەوەى ئەدەبدا، بەپاساوى ئەکادیمبوون وەک دەمڕاستى خوێندنەوە و توێژینەوەى ئەدەبی یان ئەوپەڕى سەرڕاستى و دەرخەرى حەقیقەت نییە، لەهەمانکاتدا بە پاساوى چوارچێوەبەندى ئەکادیمى و ئاستلاوازى ئەکادیمییەکان واتاى ڕەتکردنەوەى ئەکادیمیا نییە. جۆرێک لە بەریەکەوتنى ئەو جۆرە تێگەیشتنە، پەیوەندى بە ئیشکالیاتى مێـتۆدى و بۆشایی مەعریفییەوە هەیە، بە واتایەکى دیکە بەشێک لە مشتومڕى ناو گۆڕەپانى توێژنەوەى ئەدەبی کوردى مێتۆد بووە بە پاساوى بۆشایی مەعریفى، بۆشایی مەعریفیش بووە بە وەلانانى پاساوى مێتۆدى و تیۆرى ئەدەبییەوە.
پێویستە ڕاشکاوبین بەرلەوەى ئەکادیمیا کۆمەکى ئارەزووخوازان و فێرخوازانى زانکۆ بکات، پێویستە کایەى مەعریفى و خوێندنەوە وەک پێشمەرجى خوێندن و توێژینەوەى ئەدەبی ئامادەییان هەبێـت. بەشێک لە ئەرکە درێژمەوداکانى ئەدەبیاتناسى بە هەموو لقەکانى و بە کۆى ئەو ژانر و ڕەوت و قوتابخانە و تیۆرییە ڕەخنەییەکانەوە، تۆڕێکى یەک تەواوکەری و پێکهاتەیین، ولانان و حەزپێکردنى بەشێکیان بەسەر ئەوانیتریاندا لە دەرەوەى ئەو تێگەیشتنە دان. دیوێکى دیکەى مەوداى ئەدەبیات دەچێتەوە ناو کۆى کایەکانى هزرى و فەلسەفى پەیوەست بەو کۆپەیوەندییەى درێژکراوەى قۆناغەکان و دۆخى کۆمەڵایەتى و کەلتوورى و مێژووى و دەروونییەوە. ئەدەبیات لەناو ئەزموونە کەسییەکان و کۆپەیوەندییە کۆمەڵایەتى و کەلتوورى و فرە مەعریفەییەوە بگرە، تا دەگاتە ئەوەى لە دۆخێکى نامەئلوف و تێکشکاندنى زمان و نەبوونى شوناسێکى دیاریکراوى دەلالى، لە چاوەڕوانى خوێنەرێکى ئاسایدا زەحمەتە بتوانرێت بەو هەموو کەلێنانەوە، کەشفى گوتارى ئەدەبی لە ڕێى خوێندنەوەى چەند چەمکێکى ئەدەبی و گێڕانەوە و تیۆرە ئەدەبییەکانەوە بکرێت، چونکە ئەو زمینەسازییە وەک پێشمەرجى بیرکردنەوەى ڕەخنەیی و مەعریفى شۆڕبوونەوەیە بەناو دیوە شاراوەکانى دەق و دەلالەتە تیۆرى و ڕەخنەییەکانى دەقەوە.
ئەوەى جێى پرسیار و ڕەتکردنەوە و نرخاندنى هەوڵە ئەکادیمییەکانە بەشێکیان پەیوەندى بەو ئاستلاوازییە بەراییەوە هەیە، کە ناکرێت فێرخواز بەپشتبەستن بە فەزاى ناو زانکۆ وەک ئەوەى لە سێ بەشەکانى پێشتر تیشکمان خستەسەرى، دەبێت ئەو ئامادەییەى بۆ دروست بووبێت و ئەگەر لە دەرەوەى هەوڵەکانى خۆیدا خۆماندوکردنێکى پێویست و خولیایەکى پێویستى نەبووبێت و ئەستەمە بتوانێت خۆى لەقەرەى خوێندنەوە و توێژینەوەى ئەدەبی بدات. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەى بەشێک لە ئەکادیمیادا توشى ڕەخنەوە توانج دەبێتەوە، خودیى خوێندنى ئەکادیمییا نییە، ئەوەندەى پەیوەندى بەتوێژەران و خوێندکاران و هەوڵەکانیانەوە هەیە.
ئەگەرچى چوارچێوەبەندنى ئەکادیمی بەتایبەتى بۆ ئەدەبیات هەر لە زووەوە لە سەدەى نۆزدە وەک توێژینەوەى زانستە مرۆییەکان بووە جێى پرسیار، وەلێ تا ئێستاش ئەکادیمیا نەچۆتە ناو پێویستى ڕەتکردنەوەوە، لەبەرامبەر هەر دوو تێگەیشتندا ڕەوتى ئەکادیمى و ڕەوتى دەرەوەى ئەکادیمیا چ لە خوێندنەوە و چ لە نووسینى ئەدەبی شوێنپەنجەیان هەیە، ئەوەى جیایان دەکاتەوە سروشتى ئاڵۆزى و تایبەتمەندیى ئەدەبی و ڕیشاڵە بەرفراوەنەکانى مەعریفەى ناو ئەدەب و ڕایەڵەى زانستە مرۆییەکانى دیکەى ناو ئەدەبیاتە، بەمەش کردەى خوێندنەوە توێژینەوەى ئەدەبی سەخت دەکات، لەناو کڵێشەیی ئەکادیمیدا دەبێتە جێى پرسیار و هەناسەکورتى توێژینەوە لە بۆشاییە مەعریفییەوە دێتەکایەوە، کە پێویستە ڕەخنەگر و توێژەرى بوارى ئەدەبی لە باریدا هەبێت و تا ئەکادیمیاش کۆمەکییان بکات.
لە ئێستادا گرنگە و جێى پرسیارە لەسەر مێژوو و ڕەوت و دۆخ و گەشە و چەقبەستووى سەرخانى ڕۆشنبیرى کوردى لە ماوەى چل ساڵى ڕابردوو بەبەرهەمى هەزاران توێژینەوەى ئەدەبی کوردى کاریگەرییەکەى ئەوتۆى لە فیکرى ڕەخنەیی و ئاست و گەشە و گۆڕانى ئەدەبیاتى کوردى بەدی نەهاتووە. ئەکادیمیا نەیتوانیوە مێژووى ئەدەبیاتى خۆى بەدیدێکى دیکەى دەرەوەى شێوازى باو بنووسێتەوە و ڕۆڵى وەرگر و خوێنەر لە تێگەیشتنى مێژووى ئەدەبیاتى کوردیدا بەدی بێت، کە لە توێژینەوەى مێژووى ئەدەبی ئێستادا زۆر گرنگە، بەتایبەتى لە توێژینەوەى ئەدەبی بەراوردکارى، هەوڵەکانى کاریگەرى ئەدەبیاتى کوردى لەناو ئەدەبیاتى دیکەدا وەک ئەدەبێکى لاسایکەرەوە و پاشکۆ وێناکراوە، ئەو هەوڵانەى ناو توێژینەوەى بەراوردکارى لەئاستێکى سادەى خستنەڕوو و بەراوردکردن و بەرامبەرکردنى فۆرم و چەند دیوێکى دەلالین، نەیانتوانیوە لە ئاستى ئێستاتیکى و بەریەکەوتنى کەلتوورەکان قوڵبێتەوە و تێگەیشتن و ئاستێکى باشتر بە ئەدەبیاتى کوردى بدات. وەک کایەکى کەلتوورى و ناسنامەیی هاوئاستى دیکەى گەلان بڕوات. هەرچى تیۆرى ئەدەبیشە لەبارى تێدامانێکى کلاسیکییانە خەریکى ڕاڤەى چەند مێتۆدێکى کلاسیکى و چەند چەمکێکى تیۆرین، لەنا هزراندن و پێگەى مەعریفى زانکۆیدا هیچ کایەکى ئەوتۆى تیۆرى بۆ خوێندنەوەى خۆماڵییانەى دەق و توێژینەوەى ئەدەبی نەبووە بەسەرچاوە. لە بارى ئێستاتیکى ئەدەبیش وەک دیوێکى گرنگى ئەدەبی زۆر کەم و کورتبینە. بەهۆى ئەو کەلێن و نائامادەیی و خوێندنەوە و هەناسەکورتى لە توێژینەوەى زانکۆکاندا، ئاڕاستەى زۆرترین توێژینەوەکان بەدیوى ڕەخنەى ئەدەبیدا کەوتووە، هەڵەبەتە ئەو ئاڕاستەیە زیاتر وەک کارئاسانی و دەسەڵات بەسەرداشکان و چاولێکەرى دەکرێتە ئامانج لەزۆربەى کاتدا لەچوارچێوەى پاڕادایمێکى تیۆریى ڕەخنەیی یان لەبەکرابردنێکى بنەماییانەى وەسفى بەدەر لە قووڵى ئاستى مەعریفى و پاشخانى ڕۆشنبیرى هیچ گوتارێکى ڕەخنەیی بەدوا خۆیدا ناهێنێت.
زۆرجار بەسەرداهاتنەوەى توێژەرانى کوردناسی و ڕەخنەگرانى دەرەوەى ئەکادیمى کوردى باشتر وردتر لەپاناى بیربۆچوونەکانیاندا ڕوانینێکى باشترییان بۆ مێژووى ئەدەبی و ڕەخنەى ئەدەبی کوردى هەبووە، دواتر ڕێگەیان بۆ دووبارە هەڵدانەوەى لاپەڕەکانى ئەدەبیاتى کوردى خۆش کردووە. یان بەدوێکى نەرێنى دواى توێژینەوە و خوێندنەوەکانى بەرى توێژینەوە ئەکادیمییەکان بۆتە هەمان ڕێچکەى دووبارەى پێشوترى خۆى، بەمەش هەم دیسان نەیتوانیوە لەو شێوازە باوە دەربچێت، کە وەک پارادیمى ڕۆشنبیرى ئەدەبیاتناسى و ڕەخنەى مۆدە باوبووە. بۆیە ئەو پرۆسەى بەسەرداهاتنەوە ئاگایی زیاتر وردترى دەوێ، لە هەردووبارى ئەرێنى و نەرێنى مامەڵەیەکى هۆشیارانەى پێویستە. بۆ کەشفى ئەو گوتارە زاڵەى وەک بۆشایی مەعریفى و ئاستلاوازییەکانى هزرى لە خوێندنەوەى ئەدەبیاتدا لە ئێستادا پێویستیمان بە توێژیینەوەى ڕەخنەى ڕەخنە و دیدێکى وردبینانەترى ڕەخنەیی هەیە، بەتایبەتى ئەو ئەدەبیاتەى کە ئێستا وەک گۆڕەپانى مەعریفى و کەلتوورى هەیە، زۆرجار بەو چاوەڕوانییەى هەیەتى دۆخێکى گەڵاڵەکراوی چەقبەستووى هەیە، دەرفەتى تەکان و گەشەی ئەدەبیاتیش لە ڕێى توێژینەوەى زانکۆ و خوێندنەوەکانەوە لێیەوە بەرهەم نەهاتووە، بەواتایەکى دیکە ئەکادیمیا لە پەیوەندییەکانى لە دایکبوون و گەشەى ئەدەبیات و خوێندنەوە لاوازە. بەو تێگەیشتنەشەوە ڕێڕەوى گەشەى ئەدەبیاتى کوردى بە لاوازى و ناهاوڕەوتى گەشەى ئەدەبیاتى دیکەى جیهانى ڕێناکات، بۆیە بەشێوەیەکى گشتى زیاتر هەوڵە ئەکادیمیییەکان لەچوارچێوەیەکى کڵێشەسازى و توێژەرێکى مەکینەى و جوینەوەى زمان و دووبارەکردنەوەى شێوازن، یان بەمۆدەبوونى دۆخى ئەدەبی و چەمک زاراوەیەکى ئەدەبی وەک ئامانجى بڕوانامە بووەـ تا ئاواکردنەوەى ئەدەبیات وەک کایەکى مەعریفى و کەلتوورى، هەر ئەم بۆشاییەش وایکردووە میراتى لاوازى مەعریفى، وەک ناسنامەی ئێستا و ڕابردووى توێژینەوەى ئەکادیمیی دەربکەوێت.
یەکێک لەو هەڵوەستانەى پێویستە وەک دیدێکى ڕەخنەیی ڕەچاو بکرێت، ناهاوسەنگى و نابەرابەرى خوێندنەوەى ئەکادیمیى زانکۆکان و دەرەوەى زانکۆکانە. بۆ نمونە لەناو کایەى ئەکادیمیدا بەتایبەتى لە کارپێکردن و بەکاربردنى بەشێکى گرنگى تیۆرییەکانى ئێستاى خوێندنەوە و بۆ ئەدەبیات و تێکستى ئەدەبی لە زانکۆکانى کوردستان ئامادەییان هەیە وەلێ ئەوەى جێى پرسیار و سەرنجى ڕەخنەییە، لەبارى گشتیدا بەکاربردنى مێتۆد و تیۆرییەکان و پارادیمى تۆرییەکان هەڵگرى ئیشکالیەتە، لەسەروی هەموویانەوە تیۆرییە بەکارهاتووەکان بەربنەماى مۆدیەکى نوێخوازى و هەوڵى جیاوازبوونن، ئەوە تێگەیشتنە گرنگە و پێویستیشە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە بەدیدێکى ڕەخنەییەوە چاوبەسەر ئەو هەوڵانەدا بخشێندرێتەوە، لە لایەک هەوڵەکانى توێژینەوە بە پێى پارادیمى پۆزەتیڤیزمە، زۆرکەم دەبینینى پارادایمى تەفسیرى یان ڕەخنەیی لە توێژینەوەکاندا ئامادەییان هەبێت، بەتایبەتى لە دۆخى ئێستادا ئەدەبیاتى کوردى زیاتر پارادایمى تەفسیرى و ڕەخنەیی دەخوازێت. ئەو شێوە پارادایمە پۆزەتیڤیزمە زۆرتر مۆدەیەکى باوى پێشترى یەک بەدواى یەکدا هاتووى فۆرمگرتووى بێ ماندووبوونە، زۆرتر لە ئاستى هەڵڕژانى زانیارییە نەک لێکدانەوە و تەفسیرکردن و بینینى ڕەخنەییانە، بەمەش زۆرجار هاوئاستى توانستەکانى ئەکادیمیی ئێستایە، بە ئاگایی و بێئاگایی وابەستەى ئەو جۆرە فۆرمگرتنە پارادایمانەن، کە کلاسیکین و وەسفین، یان خوێندنەوەى هەر چەمکێکى کۆمەڵایەتى و کەلتوورى لەناو توێژینەوەى ئەدەبی خوێندنەوەیەکى وەسفییانە فرە گۆشەییە، یان بەپێى چەند پێناسەیەکى بەرتەسک و هەندێک بنەماى ئاسایی توێژەرانى دیکە، دوور لە هەر بەشێک لەو پارادایمە ڕەخنەییانەى پاشبونیادگەرى بەدەر لە تیۆرییەک یان چەند تیۆرییەک، بێ ئەنجامیگیرییەک وەک تێز یان کەشفکردنى گوتارێکى ڕەخنەیی و خوێندنەوەیی ئامادەیی هەبێت.
بوارى ئەدەبیاتناسى هاوڕەوتى دەرکەوتن و پەرەسەندن و توێژینەوەکانى دیکەى زانستە مرۆییەکانە. بەواتایەکى دیکە ئەدەبیات بەپێى گۆڕانى قۆناغەکانى ڕۆشنگەرى و مۆدێڕنیتە و پۆستمۆدێڕن، وەک بزاوت و کاریگەرى هزرى ئامادەیی ناو کایەى گۆڕانکارییەکان بووە هەمیشە هاوئاهەنگبووە لەگەڵ گۆڕان و گەشە و دەرکەوتە تیۆرییەکانى دیکەى ناو کایەى زانستە مرۆییەکانى ناو قۆناغە مێژوووییەکانەوە، بۆیە لە بارى تێگەیشتن لە گەشە و گۆڕانى ئەدەبی پەیوەندییەکى دیالێکتیکییانەى ناو کایەى ئەدەبی پرسێکى حەتمییە، بەدیوێکى دیکە تێگەیشتن لە هەر دۆخ و تایبەتمەندییەکى قۆناغەکان و تێگەیشتنە تیۆرییەکانى دواى سەدەى نۆزدەم بۆ کۆمەڵگا و مرۆڤ، کەم تا زۆر هەموو ئەو گەشە و گۆڕانانە دەبنە بەشێک لە هاوکێشەى دەرکەوتە و لێکەوتەى ئەدەبیاتناسی وەک کۆپەیوەندی (سیاق)یەک لەگەڵ ڕەوتى گۆڕانگارییەکانى ناو قۆناغەکانى گەشەى تیۆرى و خوێندنەوەى جۆراوجۆر و بزاوى هزرى دەخوێندرێتەوە. هەر بەهۆى ئەو تایبەتمەندییەشەوە ئەدەبیاتناسی بۆ کۆى فێرخوزانکێک دەست نادات کە لەناو ئەو کۆپەیوەندییەدا لە ئەدەبیاتناسی حاڵى نەبێت، چونکە کۆى تیۆرییەکانى ناو توێژینەوەى ئەدەبی لەو پەیوەندییە ورد و ئاڵۆز و مشتومڕهەڵرانەوە سەرچاوەى گرتووە، کە هەریەکەیان لە گۆشەیەک و ئەزموونێکى هزرى و ملمالانێ و فرە تیۆری و ڕوانینەوە لە دایک دەبن، بۆیە کۆى ئەو پاشخانەش دەبێتەوە ئەرکى توێژەر لە ڕێبەدینەبوونى ئەو ئاگاییانە ئاستى تێوژینەوە و خوێندنەوە لاواز دەبێت.
لەناو توێژینەوە ماستەرنامە و دکتۆرانامەکاندا ڕێگایەکى ئاسان هەیە لە دەرەوەى هەموو دینابینى و قوڵایی مێتۆد و تیۆرى، زیاتر زاراوەیەکى ئەدەبی یان ڕەخنەى یان شێوازى یان دۆخێکى گۆڕانکارى لە نوێخوازى ئەدەبی یان بوارێکى نیشتماپەروەرى و دڵدارى و دەروونى و کۆمەڵایەتى و سیاسی و یان بنیاتەکانى گێڕانەوەناسی…هتد بەردەوام لەناو یەک شێواز و یەک جۆر زمانى نووسیندا خۆیان دووپات دەکەنەوە. بەهۆى خۆنەبەستنەوە بەهیچ تیۆرییەک یان پارادایمێکەوە، ئەو مۆدە باوە و ئامادەییەکى مەعریفى ئەوتۆى ناوێت. توێژەر لەچوارچێوەیەکى دیارکراودا دەخولێتەوە، بەڵام ئەوەى جیاواز و جێى پرسیارى زۆرترە لە توێژینەوەى ئەدەبیاتناسی کوردیدا بەکاربردن و ئامادەیی مێـتۆد و تیۆرى تازەى ئەدەبییە. توێژەر لەلایەک لە هەلومەرجى گوێزانەوەى تیۆر لە کۆپەیوەندى مەعریفى و هەلومەرجى دەرکەوتنى تیۆرییەکە شارەزا نییە، بۆیەشە کاتێک تیۆر وەک ئامراز بەکاردێت لە ئامانجى خوێندنەوەکە دوور دەکەوێتەوە، لەلایەکى دیکەشەوە زۆربەى تیۆرە بەکارهاتووەکانى ناو توێژنەوەى ئەدەبیاتى کوردى وەک باسمان کرد پاردایم و تیۆرییەکە بزرە. بۆ نمونە کاتێک لە لەناسنامە دەکرێت، لەناو ناسنامەدا چوارچێوەى ئەو پارادیمەى ڕوون و دیار نییە لە ڕوانگەى پۆستکۆلۆنیالیزمە یان فێمینیزمە یان کەلتوورى و ئاینیییە، بۆیە لە زۆربەى باردا بەکاربردنى هەر چەمکێکى کۆمەڵایەتى و مرۆیی و کەلتوورى پێویستە ئەو چوارچێوە تێگەیشتنە ڕوون بێت، بۆئەوەى لە هەموو لایەک و گۆشەیەکى پاشاگەردانى لەچوارچێوەى پێناسەکانەوە بەناوى مێتۆدى وەسفى شکارى وەک قاوغێکى ئامادە هەموو شتێک نەئاخرێتە ناو توێژینەوەکەوە. بەدەر لەوە توێژینەوەکان سروشتێکى ئینشائی وەردەگرن، نەک خوێندنەوە، ئەوەیان سەرکیترین گرفتى ئێستاى توێژینەوەى ئەدەبیاتناسی کوردییە و نەیتوانیوە بەشێویەکى بەرچاو ئەو تێگەیشتنە تێپەڕێنێت، واتە لە ڕێى ژماردن و خاڵ و پێناسەوە بەشێوەیەکى وەسفى لەژێر کاریگەرى ئەو بنەما تیۆرییانەى کۆپی دەکرێن و دەقە ئەدەبیەکانیش لەگەڵیان دەگونجێنن، وەک ئەوەى تۆ پێوانەیەکت هەبێت، بەدواى قیاسەکەى بگەڕێى بەبەریدا بکەیت، بەبێ ئەوەى هیچ ڕاڤەیەکى ئەوتۆ یان گوتارێکى پشتى تێکستکە بۆ ئێمە کەشف بێت. هەر بەهۆى ئەو نائاگایی و فرەمەعریفییەى کە پێویستە توێژەرى ئەکادیمى هەیبێت، زۆرجار خوێندنەوەى ڕەخنەیی و توێژینەوەى ئەدەبیاتناسی لە دەرەوەى ئەکادیمیا بەبێ مێتۆدى توێژینەوەى ئەدەبی زۆر کاریگەرترە، لە بەکاربردنى مێتۆدێکى مێتۆدۆلۆژى ئەدەبی ناو زانکۆ، یان بەواتایەکى دیکە ڕووبەرى مەعریفى زاڵتر و کاریگەرترە لەناو خوێندنەوە توێژینەوەى ئەدەبیدا، لەبەرامبەر ئەوەشدا مێتۆد و تیۆر لەناو ئەکادیمیا بۆتە بۆتەیەکى ئامادەکراوى ئەو بۆشاییە مەعریفییانەى کە لاى خوێندکاران و مامۆستایانى زانکۆدا هەیە.

هەڵمەت بایز
مامۆستا لە بەشى کوردى/ فاکەڵتیی ئاداب/ زانکۆى سۆران ٢٥/١/٢٠٢٥




تۆم باراک و پیادەکردنی سیاسەتی تورکیا لە سوریا.. شاخەوان قادر شۆڕش

تورکیا بەهەموو شێوەیەک دژی ئازادی کوردانە ئەگەر لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا بێت، چونکە ڕاستەوخۆ وەکو مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیای دەبینێت. سەبارەت بە کوردەکانی سوریا بە تووندی دژی هەر جۆرە مافێکی ڕامیاریی یا مافی خۆبەڕێوەبەریی کوردەکانە، بۆیە لە ڕۆژی یەکەمی سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی و ڕاپەڕین لە دژی ڕژێمی ئەسەددا لە ساڵی ٢٠١١دا تورکیا ئەوەی چەندبارە کردۆتەوە، کەوا ڕێگەنادەن مافی ئۆتۆنۆمی بدرێتە کوردەکان یا جۆرێک لە مافی ڕامیاریی وەرگرن یا تەنانەت لە دەستوری داهاتوودا ناوی کورد بنووسرێت و دان بە بوونیان بندرێت. بەمجۆرە تورکیا دەڵێت دەبێ سەروەریی سوریا بپارێزرێت، پارچەنەکرێت، نەبێتە فیدرالی، حکومەت سەنترال بێت و هێزی چەکداریی سەر بە گروپە ئەتنیەکان نەمێنن. تورکیا هەمیشە پێیوابووە هەسەدە یا یەپەگە رێکخراوی تیرۆریستین و سەر بە پەکەکەن، دەبێ چەکەکانیان دابنێن و بچنە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتی ناوەند، ناوچەکەش بخرێتەوە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتی ناوەند. تورکیا هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوە بووە ئەم هەرێمەی ڕۆژئاڤا نەبێتە جۆرێک لە خۆبەڕێوەبەریی کوردان، بۆیە شێلگیرانە کاری بۆ لەناوبردنی ڕۆژئاڤا کردووە. لە ساڵی ٢٠١٨دا بەهۆی بوونی بەرژەوەندی هاوبەش و نزیکایەتی لە نێوان ئەردۆگان و سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپدا، ئەردۆگان دەرفەتی ئەوەی پێدرا هێرش بکاتە سەر کوردەکان، شاری عەفرین و کۆمەڵێ ناوچەی دیکە داگیربکات. ئەوسا کرێگرتە ئیسلامیەکانی دژ بە کوردەکان بەکارهێنا. تاوانی بە زۆر دەرپەڕاندن و نەهێشتنی کوردەکان لە زێدی باوباپیرانیاندا ئەنجام دران. بەڵام بەهۆی بوونی هەندێ لە دۆستانی کورد کە نزیک بوون لە ترامپ، هێرشەکە وەستێندرا و خۆبەڕیوەبەریی کوردەکان مایەوە. دوای هێنانی حەمە جۆلانی بۆ حوکم، ئەردۆگان دووبارە لەلایەن ترامپی برادەریەوە ئۆکەی بۆ کرا و ئەمجارە لە ڕێگەی جۆلانی و سوپای تیرۆریستانی سوریاوە لەژێر ناوی یەکخستنی سوریادا، هەوڵی تەواوکردنی ئەم ئەمانجەی دا کە لە ساڵی ٢٠١٨دا نەیتوانی تەواوی بکات.
ئەگەر سەرنج بدەینە لێدوانەکانی تۆم باراک نوێنەری ئەمەریکا لە سوریا، سەیر دەکەین وەکو ئەوە وایە ئەو کەسە ئەردۆگانە و لە بەرگی تۆم باراکدایە دەئاخڤی و تێگەیشتنی ڕەگەزپەرستانەی خۆی سەبارەت بە کوردەکان و چۆنیەتی خۆدانەدەستیان دەخستە ڕوو. وەکو ئەردۆگان پێی وابوو هەسەدە و یەپەگە بەشێکن لە پەکەکە، وەکو ئەردۆگان پێی وابوو دەبێ هەسەدە چەکەکانیان دابنێن و ملکەچی حکومەتی ناوەند بن، دەیگوت خۆسەری ڕۆژئاواڤا لە سوریای داهاتوودا جێگەی نابێتەوە، بەمجۆرە دەبێ هەموو ناوچەکان بخرێنەوە ژێردەستی سوریا. باراک لە سەرکوتکردن و کۆمەڵکوژیی عەلەوەیەکاندا چاوپۆشیکرد، لە هێرش بۆ سەر دروزەکان چاوپۆشی کرد، لە هێرشی سوپای چەتەکانی سوریا بۆ سەر کوردەکان، ئەو وەکو نوێنەری ئەردۆگان سەرپەرشتی تاوانکارییەکانی کرد و بە کوردەکانی گوت “چەکەکانتان دابنێن و ملکەچی سوریا بن و هیچ مافێک وەرناگرن.” وەکو ئەردۆگان لە مافی هاوڵاتیبوون بەولاوە هیچ مافێک کە پەیوەندی بە کەمینەی کوردەوە هەبێت قبووڵ نەدەکرد. وەکو ئەوەی خێر بە کورد بکات دەیگوت کوردەکان مافی قسەکردنیان بە زمانی کوردی هەیە و دەتوانن ئاهەنگی نەورۆز بگێڕن. بەڵام ئاخافتن بە زمانی کوردی ماف نییە تاکو بە سیاسی بکرێت و وەکو ماف بە کورد بفرۆشرێت، بەڵکو ئەوە زمانی دایکی کوردەکانە و مافی سروشتی خۆیانە بە زمانی خۆیان بدوێن. بەکورتی ئەوەی لە تورکیا بەسەر کوردەکاندا سەپێندراوە تۆم باراکیش کاری بۆ سەپاندنی هەمان پۆلیتیکی چەوسێنەرانە دەکرد.
کوردەکانی سوریا کە لەژێر سەرپەرشتی SDF دان، زیاتر لە دە هەزار کەسیان لە شەڕی دژ بە داعش کردە قوربانی و ئەوان هێزی سەرەکی ناوچەکە بوون کە دەولەی ئیسلامی “داعش”یان شکاند و گیراوەکانیان لە لای خۆیاندا زیندانی کرد. لە کاتێکدا زۆر لە وڵاتانی ڕۆژئاوا ئامادەنەبوون هاوڵاتیەکانی خۆیان لە زیندانەکاندا ببەنەوە و لەوێ بیاندەنە دادگا و بیانخەنە زیندان. لەکاتێکدا کە ڕێکخراوی داعش تەنها هەڕەشە نەبوو بۆ هەرێمەکە بەڵکو بۆ هەموو ڕۆژئاوا و ئەمەریکاش هەڕەشە بوو.
کوردەکان لە رۆژئاڤادا کە لە خاکی خۆیاندا دەژین و گەلێکی کراوە و ئازادیخوازن، خەبات بۆ پاراستنی سەروەری خۆیان و خوگرافیای خۆیان دەکەن و دەیانەوێ وەکو گەلانی دیکە ئازاد بن. دەیانەوێ لانی کەم لە هەرێمی خۆیاندا خۆیان بەڕێوەببەن و ئەو ئازادیەی بەدەستیان هێناوە نەخرێتە ژێر پێی حوکمی شەریعە. ئەمەریکا لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو ئارامی و سەقامگیریەن بوون کە دەسەڵاتی کوردی لە ڕۆژئاڤادا دروستیان کردبوو، کەمینەکانی وەکو ئێزدی و کرستیان و ئەوانی دی بە ئارامی لەوێ دەژیان. بەڵام بە سیاسەتی فێڵبازابەی ئەردۆگان هەڵخەڵەتان و ئەوا هەموو ناوچەکە ڕادەستی سوپای ئیسلامی سوریا دەکەن. سوپایەک کە پێکهاتووە لە کۆمەڵێ گروپی ئیسلامی دەرەکی تاوانبار لە کۆمەڵکوژیی و تاوانکاریی. ترامپ کە بانگاشەی ئەوە دەکات ٨ جەنگی ڕاگرتووە و تەنها بیر لە ئاشتی دەکاتەوە، لای ئاسایی بوو چەتە ئیسلامیەکان بێن و کوردەکان کۆمەڵکوژ بکەن و لە خاکی خۆیاندا دەریانپەڕێنن. چ داڕمانێکی مۆڕاڵە بەو شێوەیە لەگەڵ نەتەوە و هێزێکی هاوپەیمان بجووڵێیتەوە و ڕێگە بە دروستبوونی دەسەڵاتێکی ئیسلامی ڕەگەزپەرستی هاوشێوەی داعش بدەیت، هەڕەشە لەسەر هەرێمەکە و هەموو جیهان دروست بکەیتەوە!؟
سەرەڕای هەموو ئەوانە تۆم باراک داوای لە کوردەکان کرد شەڕ لە دژی حەشدی شەعبیدا بکەن، وەکو ئەوەی هەسەدە هێزێکی بەکرێگیراو بن و بۆ پارە بجەنگن. پازدە ساڵە کوردەکان بانگاشەی سیستەمی سۆسیالیستی کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەکەن و نموونەیەکی تایبەتی کرانەوە و پێکەوژیانیان پیادەکردووە، هاواری ئازادی دەکەن و خۆیان بەڕێوە دەبەن. بەڵام هەموو ئەوانە لای تۆم باراک و بەڕێوەبەریی ئێستای ئەمەریکا نرخی پولێکیان نەبوو و گرنگ نەبوون، لای ئەوان گەورە تیرۆریستێکی وەکو محمەد جۆلانی و گروپە تیرۆریستە ئیسلامیەکانی وەکو نوسرە و شام و قاعیدە و داعش گرنگتربوون، ئەوانەی کە سەری خەڵکیان بڕیووە، ژنیان وەکو سەبایا بردووە و فرۆشتوویانن و کۆمەڵکوژییان کردووە، ئەوانە لای ئەمەریکا گرنگتربوون. ئەوانەن دەتوانن سیاسەتی بێمۆڕاڵانەی ترامپ لە کوشتوبڕ جێبجێبکەن و کۆنراکتە بازرگانیەکانی بۆ مسۆگەر بکەن.
خۆشبەختانە هەڵمەتی لەناوبردنی کوردان، بە هەوڵ و کۆششی دۆستانی کورد و یەکگرتوویی سەرتاسەری کوردان وەستێندرا و کوردی ڕۆژئاڤا لە کۆمەڵکوژیی ڕزگارکران، ئەردۆگان و جۆلانی بە ئاوات نەگەیشتن، کورد لە ڕۆژئاڤا توانی هەندێ مافی گرنگ بەدەستبهێنێت و پێگەیەکی بنچینەیی خۆبەڕێوەبەریی بمێنێتەوە. ئەوە هەنگاوێکی ئەرێنیە بۆ ڕۆژئاڤا لە کاتێکدا لەژێڕ سایەی حوکمی جۆلانیدا چاوەڕوان دەکرێ لە سوریادا ڕەگەزپەرستی و حوکمی شەریعەی ئیسلامی سوننە لە داهاتوودا زاڵبێت و بچەسپێندرێت.

شاخەوان قادر شۆڕش
٣١/١/٢٠٢٦




مەرگی هیچ نووسەرێك كتێبخانەی كوردی هەتیوناكات!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

هەڵبەتە مردن، یەكێكە لەو چارەنووسە حەتمییانەی ڕووبەڕووی هەموو بوونەوەرێك دەبێتەوە، وەك ئەوەی پەروەردیگاریش لە قورئانی پیرۆزدا جەخت لەوە دەكاتەوە كەدەبێ هەموو نەفسێك بمرێت، بۆیە تا هاوكێشەی ژیان مابێت، مردنیش هەر دەبێت و ئیدی جیاوازی لە مردن بە مانا چارەنووسییەكەی لە نێوان مرۆڤەكاندا نییە و زۆر جار دەگوترێت، تاكە شتێكە دادپەروەری تێدا بێت. بێگومان نووسەران و ئەدیبانیش، وەك هەر مرۆڤێك دەبی بمرن و جیاوازی لە مردن دا نییە، ئەمە بەو مانایە نا، كە مەرگی نووسەرێكی دیار و كەسێكی ئاسایی وەك یەكبێت، بەڵكو بەو مانایەی ئیدی مردن چارەنووسی هەردووكییانە وئەمە یاساو سرووشتی ژیانە. لەو سۆنگەیەوە، چەند ڕۆژێك لەمەو بەر، بە داخەوە یەك دوو نووسەر و شاعیری گەنج بە هۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایان كردوو مەرگی ئەوان بۆ ئێمە، لە تێڕوانینێكی مرۆییانە و هاوسۆزانەدا، وەك مەرگی هەر مرۆڤێك مایەی نیگەرانییە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج و ڕەخنەیە و هاوكات بۆچوونێكی نالۆژیكیشە ئەوەیە، كە كەسانێك مەرگی ئەم نووسەرە گەنجانە، بە هەتیوكەوتنی كتێبخانەی كوردی لێك بدەنەوە، كە ئەمە یەكجار هەڵەیە و جگە لە سازش و ڕووپامایی هیچیتر نییە، چونكە كتێبخانەی كوردی هەر دەمێنێتەوە و مەرگی هیچ نووسەرێك هەتیوی ناكات. گەر كتێبخانەی كوردی، بە مەرگی خانی، مەحوی، حاجی قادر، دیلان و شێركۆ بێكەس و دڵدار هەتیو نەبووبێت، ئایا بە مەرگی شاعیرێكی ئاسایی گەنجی دوای ڕاپەڕین هەتیو دەكەوێت؟ گەر كتێبخانەی كوردی بە مردنی ( تۆفیق وەهبی، عەلائەدین سجادی، گۆران، كەمال مەزهەر و مارف خەزنەدار و دڵشاد مەریوانی ) و چەندان نووسەری دیكە، هەتیو نەكەوتبێت، ئایا مەرگی نووسەرێكی ئاسایی گەنجی دوای ڕاپەڕین هەتیوی دەكات؟ بێگومان نەخێر، من و سەدان نووسەری دیكەش دەمرین، وەلێ كتێبخانە و زمان و فەرهەنگی كوردی هەر دەمێنێتەوە. گەر مەرگی شاعیرێكی پێشرەو و نەتەوەیی و نیشتمانی وەك شێركۆ بێكەس، كە مێژووی برینداری ئێمەی لە شیعردا هەڵگَرتووە، كتێبخانەی كوردی هەتیو نەكات، ئایا مەرگی شاعیرێكی گەنجی سادە نووسی دوای ڕاپەڕین هەتیوی دەكات؟ ئەم جۆرە بۆچوونانە، زێدەگۆیین و پاساوەكەیان هەر شتێك بێت، بۆ نموونە وەك هاوڕێیەتی، هەڵەن و ناكرێ كەسانێك مردنی نووسەرێك بە نەمانی كتێبخانەی كوردی بزانن، كە ڕەنگە لە بەرانبەر نووسینەكانی چەندان پاداشتی ماددی وەرگرتبێت، لە كاتێكدا هەزاران ساڵە مێژوو، فەرهەنگ و كتێبخانەی كوردی وێرای مەرگی نووسەران و هەموو هەوڵێكیش لەلایەن دوژمنانەوە بۆ سڕینەوەیان هەر بە نەمری ماونەتەوە و ئەو كاروانە بەردەوامە و ناوەستێت.

ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی كوردستانی نوێ ژمارە ( 9588) لە 27/1/2026 بڵاوكراوەتەوە.




ئێران لە ژێر چەتری نەخشەکانی ئەمریکادا.. عوسمانی حاجی مارف

دورخستنەوەی عەلی خامنەیی لەدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، بۆ ترەمپ خاڵێکی وەرچەرخان دەبێت لە بردنە پێشەوەی سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەلای ترەمپەوە خامەنەیی پیاوێکی بەهێزە و چەقۆی ڕژێمە، بۆیە دوورخستنەوەی، جا لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسیەوە بێت یان هێرشێکی سەربازی، دەتوانێت ڕێگە زیاتر خۆش بکات بۆ دانوستان لەگەڵ حکومەتی ئێراندا.
لە لایەکی دیکەوە، هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەتوانێ ڕژیمی ئێران بخاتە ناو قەیرانێکی درێژخایەنی یەک لە دوای یەک، یان پشێوی ململانێیەکی ناوخۆیی دەسەڵات لە نێوان کوتلە ڕکابەرەکانی ناو سوپای پاسداران بخولقێنێت، دەرفەتێکیش بۆ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ناو دەسەڵات دەرەخسێنێت بۆ فراوانکردنی نفوزی خۆیان، ئەمەش پەیامێکی ڕونە بۆ ئەوانەی پشتیوانی خامەنەیی دەکەن، بەمەش ڕێگری لە بەردەوامبونی پشتیوانیان دەگرێت.
لە هەمان کاتدا، واشنتۆن بیر لە توندکردنەوەی جێبەجێکردنی سزاکان دەکاتەوە لە ڕێگەی لادانی کەشتیە نەوت هەڵگرەکان، یان بە ئامانجگرتنی چەند تێرمیناڵێکی هەناردەکردنی نەوت بەدرێژایی کەنارەکانی باشووری ئێران، کە دەتوانێت داهاتی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە.
دانوستانە پێشبینیکراوەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران تەنها لە چوارچێوەی تەقلیدی پرسی ئەتۆمیدا نابێت، بە ڵکو دەست دەخاتە سەر خودی پێکهاتەی ڕژێمی ئێران و ئاراستە ستراتیژیەکەی لە ناوچەکە و جیهاندا، ترەمپ ئەم پرۆسەیە بە دەرفەتێک دەزانێت بۆ جێبەجێکردنی گۆڕانکاریەکی قوڵی سیاسی لەناو ڕژێمی ئێراندا.
لە پشتی ئەم یاریەوە سیاسەتی ڕەچاوکردنی نێودەوڵەتی بەرفراوانتر دەبزوێ، دیارترینیان هەوڵەکانی واشنتۆنە بۆ کەمکردنەوەی نفوزی چین لە ناوخۆی ئێراندا، ئەمەش دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران دەکاتە بەشێک لە ململانێیەکی جیۆپۆلەتیکی فراوانتر.
ئەو ڕێڕەوی دانوستانەی کە ئێستا لە نێوان ئەمریکا و ئێران ئامادە دەکرێت، تەنیا بە فایلە ئەتۆمیەکە، بەرنامەی مووشەکی بالیستیک، یان تۆڕی کاریگەری ناوچەیی تاران سنووردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ باسکردنی گۆڕانکاریە قووڵترەکان کە کاریگەرییان لەسەر خودی پێکهاتەی ڕێژیمی ئێران و هاوسەنگی هێز لەناو دامەزراوەکانیدا و ئاراستەی ستراتیجیەکەی لە ناوچەکە و جیهاندا هەیە.
ترەمپ، لەسەر بنەمای ئەو قەناعەتە مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکات، کە کێشەی بنەڕەتی لەگەڵ ئێراندا تەنیا تەکنیکی یان سەربازی نییە، بەڵکو سیاسی و پێکهاتەی سستمەکەیەتی، ئەمەش سیاسەتی ڕێبازی گۆڕانکاری لە ناوەوەی ئێران ڕوون دەکاتەوە.
ئەم ڕێبازە ئەمریکیە بە ئاشکرا لەلایەن ترەمپەوە دەربڕا، کاتێک گوتی “ئێران پێویستی بە گۆڕینی سەرکردایەتیەکەی هەیە”، بە ئاماژەدان بە گۆڕانکاری لە ڕێڕەوی حوکمڕانی و سروشتی بڕیاردان لە ناو ڕژێمدا، بەبێ ئەوەی مەرج بێت ئاماژە بە ڕووخانی سەربازی بکات، لەبەرامبەردا تاران ئاگادارە کە واشنتۆن هەوڵدەدات هاوکێشەیەکی فشار بسەپێنێت لە رێگەی ئابڵوقەی سەربازی و دانوستانەوە.
سەرکردایەتی ئێران لە ئاست هەر دانوستانێک کە لە ژێر هەڕەشەی کردەی سەربازیدا ئەنجام ئەدرێت، لە ڕادەبەدەر هەستیار و دودڵن، ترسی ئەوەیان هەیە لە ئاکامدا دانوستانەکان ببنە بەرگێک بۆ کردەوەی سەربازی، یان ئامرازێک بۆ وەستان و زیاتر قەیراناویکردنی دۆخی ناوخۆ، بۆیە تاران دانوستانەکان وەک پرۆسەیەکی تەکنیکی تەماشا ناکات، بەڵکو وەک تاقیکردنەوەی ئایندەی مانەوەی خۆی بۆی دەڕوانێت.
ئەتوانین بڵێین، ئێران دانوستانی لەگەڵ ئەمریکا وەک تاقیکردنەوەی پاراستنی مانەوەی خۆی مامەڵە دەکات، نەک ڕێکەوتنێک بۆ هەڵگرتنی سزاکان یان ڕێگریکردن لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی.
واشنتۆن گرژیەکان زیاتر دەکات بۆ ئەوەی ئێران ناچار بە ملکەچی گەورەتر بکات، هەروەها تاران، ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات بەوەی کە کاردەکات بۆ پاڵنانی ئەمریکا بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی.
سەبارەت بەئایندەی پەیوەندیەکانی ڕژێمی ئێران لەگەڵ ئەمریکا، مشتومڕێکی نێوخۆیی بێوێنه لەنێو ڕابەرانی کۆماری ئیسلامیدا قسەی لەسەر دەکرێت، هەندێک پێیان وایە ئێران ناتوانێت بەرگەی شەڕێکی دیکە بگرێت و جەخت لەسەر دانوستانی هەمەلایەنە دەکەن کە بابەتی جۆراوجۆر لەخۆ بگرێت، لەوانە بەرنامەی ئەتۆمی، مووشەک، کاریگەریی ناوچەیی و تەنانەت دووبارە دابەشکردنەوەی دەسەڵات لەناو ڕژێمدا.
بەشێکی تریان پێداگری لەسەر سنووردارکردنی دانوستانەکان، تەنها لە سەر پرسی ئەتۆمی دەکەن، لە بەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆ ئابووریەکان، هەروەها ڕەتیدەکەنەوە چارەسەری ئەو پرسانەی دیکە بکەن کە تاران بە هێڵی سووری دەزانێت.
بەشێکی توندڕەو، هەر جۆرە دانوستانێکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتۆن ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن هەر ئیمتیازێک دەبێتە هۆی زنجیرەیەک ئیمتیازات کە دواجار ڕژێم لە ناوەوە لاواز دەکات.
بەڵام بەگشتی بۆچونی باو لەناو بازنەکانی بڕیاردان مەیلیان بەرەو دوورکەوتنەوە لە شەڕ دەڕوات، لەگەڵ ئەوەی ڕۆڵی عەلی لاریجانی زیاتر بەرچاو دەکەوێت لە بەڕێوەبردنی ئەو پرسەدا، لە چوارچێوەی ڕێبازێکدایە، کەهەوڵبدەن لەسەر بنەمای سازشکردن لەسەر هەندێک بنەمای بنەڕەتی بێت بۆ پاراستنی ڕژێم.
دانوستانەکان تەنها لە پرسی ئەتۆمیدا سنووردار نین، چونکە واشنتۆن پێداگری لەسەر چارەسەرکردنی فایلی مووشەکی بالیستیەکە دەکات، لە نێوان پێگەی ئەمەریکا و ئێرانیشدا تورکیا هەوڵدەدات ڕۆڵی نێوەندگیری بگێڕێت بە گەڕان بەدوای فۆرمولەیەکدا کە گەرەنتی ئەوە بکرێت کە بەکارهێنانی مووشەک سنووردار بکرێت، لە بەرامبەردا ئەمەریکا گەرەنتی ئەوە بکات کە ئێران نەکرێتە ئامانج!.
هەروەها دانوستانەکان باس لە پرسە هەستیارەکانی ناوچەکە دەکات، دیارترینیان غەززە، لوبنان و عێراق و یەمەن، لە چوارچێوەی هەماهەنگی نێوان ئەمریکا، تورکیا، قەتەر و سعودیە، ئەم هەماهەنگیە ئامانجی چەسپاندنی ئاگربەستە لە غەززە و گفتوگۆکردن لەسەر ئایندەی چەکەکانی حەماس، کە دەکرێت کاریگەری لەسەر لوبنان هەبێت سەبارەت بە چەکەکانی حزبولڵا، لە بەرامبەردا گەرەنتی ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل و دەستپێکردنی پرۆسەیەکی سیاسی ناوخۆیی بدرێت.
جگە لەوەش پێشبینی دەکرێت هەر ڕێکەوتنێکی نێوان ئەمریکا و ئێران کاریگەری لەسەر عێراق هەبێت بە پاڵنانی بەرەو یەکلایکردنەوەی سیاسی، سەبارەت بە سەرۆک وەزیران و پێکهێنانی حکومەت و ئایندەی هێزەکانی نزیک لە تاران.
مەسەلەیەک کە زۆر گرنگە بۆ واشنتۆن لە پرۆسەی دانوستان لەگەڵ تاران، بەستراوەتەوە بە کۆمەڵێک مەرجی ئاشکرانەکراوی پەیوەست بە پەیوەندی ئێران لەگەڵ چین، بەبێ ئەوەی وەک خاڵی دانوستانی ڕاستەوخۆ یان نووسراو خراتەبێتە ڕوو. ئیدارەی ئەمریکا ئەم پرسە وەک بەشێک لە دیدگای ستراتیژی فراوانتری خۆی بۆ بەڕەنگاربونەوەی کاریگەریەکانی چین، بەتایبەتی لە کەرتی وزە و ڕێڕەوی بازرگانیدا مامەڵەی لەگەڵ دەکات.
ئەم مەسەلەیە تیشک دەخاتە سەر سنووردارکردنی پشتبەستنی چین بە نەوتی ئێران و کۆنترۆڵکردنی هەناردەی وزەی ئێران بۆ پەکین بە نرخێکی ئیمتیاز لە دەرەوەی چوارچێوە ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان، بەمەش ڕێگری لە ئێران دەکرێت کە ببێتە سەرچاوەیەکی وزەی هاوتەریب لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئەمریکا.
هەروەها واشنتۆن هەوڵدەدات ڕێگری بکات لە چەسپاندنی هاوبەشیەکی ستراتیژی درێژخایەنی نێوان تاران و پەکین، لە ڕوانگەی ئەمریکاوە ئەم شەریکایەتیە چەترێکی ئابووری و سیاسی بۆ ئێران دابین دەکات کە لە سزاکانی ڕۆژئاوا دەیپارێزێت.
ئەمەریکا ئامانجی ئەوەیە، وردە وردە ئێران لەپەیوەند بە ڕۆژئاواوە، بخاتەوە ناو سیستەمی ئابووری جیهانیەوە، هەروەها تێکەڵبونی بە سیستەمی چینی کەم بکاتەوە، ئەمەش توانای پەکین سنووردار دەکات بۆ بەکارهێنانی ئێران وەک سەکۆیەک بۆ کاریگەری ستراتیجی لە کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەروەها هاوسەنگی وزە و هاوسەنگی بازرگانی ناوچەکە لە چوارچێوەی نفوزی ئەمریکادا ڕێکبخاتەوە.
ئەم دانوستانانە پەیوەستن بە دیدگای نەخشەی سیاسی فراوانتری ئەمریکا بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا، هەوڵدەدات ئێران بخاتە ناو ڕێڕەوێ سنوردانکردنی لەگەڵ چیندا، تا ڕۆڵی زیاتر بە ئەمریکا بدرێت لە کۆنترۆڵکردنی ڕۆیشتنی وزە و گاز، لەوانەش چۆنیەتی هەناردەکردنی غازی ئێران بۆ بازاڕەکانی ئاسیا.
لەم چوارچێوەیەدا، ترەمپ کار لەسەر بنیاتنانی چوارچێوەیەکی نوێی ناوچەیی دەکات کە لەسەر بنەمای لێکنزیکبوونەوەی سیاسی، ئەمنی و ئابووری بێت و ئەم ڕێگایە بە فراوانکردنی ڕێککەوتنەکان لەگەڵ ئیسرائیل دەبەستێتەوە، بەمەش گۆڕانکاری لە ڕێکخستنە تەقلیدیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکات.
لە کۆتایدا دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران وەک پرۆسەیەکی تەکنیکی تەنها بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئەتۆمی بەڕێوەناچێت، پرۆسەیەکی سیاسی هەمەلایەنەیە بە ئامانجی ڕێکخستنەوەی پێگەی ئێرانە لە ناوچەکە و جیهاندا، هێنانەدی گۆڕانکاریە لە چوارچێوەی پێکهاتە سیاسیەکەیدا، بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە شەڕ لە لایەک و سەپاندنی هاوسەنگی نوێ لە لایەکی دیکە.
هەڵبەتە ئەگەری پارچە بەبونی هێزی سەربازی ئێران هۆکارێکی چارەنوسساز دەبێت لە هەر جۆرە گواستنەوەیەک یان گۆڕینی ڕژێم لە ئێراندا، بەڵام زەحمەتە پێکهاتەی ناو سەرکردایەتی سوپای پاسداران لە دژی خامنەیی کار بکەن، چونکە ئەم پێکهاتەیە نزیکەی لەسەدا ٢٠ی دانیشتووانن کە عەقیدەیی و دڵسۆزترین لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی پێکدەهێنن.
بێجگە لە نزیکەی لەسەدا ٨٠ی ئەو ئێرانیانەی کۆماری ئیسلامیان ناوێت، بە دڵنیاییەوە نایانەوێت لەلایەن هێزێکی سەربازیی وڵاتێکی ترەوە حوکمڕانی بکرێن، یان بەگشتی بەشێکی زۆرینە لە دانیشتوانی ئێران، ئەوە ڕەت دەکەنەوە،هەرهێزکی چەکداری دور لە دەورو ئیرادە و خواست و ئومێدی دانیشتوان دەسەڵات بگرنە دەست.
خەڵکی ئیڕان ئێستا بە جیا لە سیناریۆی دانوسانەکان، لە چوارچێوەی دۆخی شەڕێکی مەترسیداردا ڕۆژانیان بەسەر دەبەن، لە چاوەڕوانی ڕودانی گەورەترین کارەساتدان، کە ئایا شەڕ دەقەومێت و وڵاتەکایان وێران دەبێت، یان بەری پێدەگیرێت، پرسیارێکە، مان و نەمانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر نەخشەکانی ئەمریکا وەڵام دەداتەوە، نەک دانوستانەکان.




جگەره و قوربانیدان و ئایین.. نەوزاد بەندی

ڕەنگبێ زۆرینە له ووتاری تاک ڕەهەندیی بێزار بووبن، کابرا دادەنیشێ دوو سێ لاپەڕە لەسەر یەک تەوەر ئەنوسێ، بۆ نمونە موچەی هەیڤی یان وەرزی یانزه و دوانزە و یەک ، ئەگەری موشەکبارانکردنی ئێران، یان جیڤری ئیپستاین .
ئەمەیش وا لە خوێنەر ئەکا تەنگەنەفەس بێ، وەک ئەوە وایە لەسەر سفرەیەک دانیشتبیت، تەنها ساوەری لەسەر بێ، نە پەرداخێ ماستاو ، نە شۆربایەک ..نە پڕ دەفرێ زەڵاتە .. هەڵبەت لەگەڵ ئەوەی کە تامی لێ نابینیت، لە قوڕگیشت ئەگیرێ و ئەبێ بەرەو تەرمۆزەی ئاوەکە وەک فیشەک تێیتەقێنیت.
هەر بۆیە لێرەدا ووتارێکی جیاواز ئەنوسین ..
هاوڕێکانم لێم ئەپرسن بۆچی جگەرەکەت وازلێهێناوە؟ ئایا وەک جارەکانی ترە و دەست پێدەکەیتەوە ؟؟
لە ڕاستیدا بڕوا ناکەم ئەمجارە بگەڕێمەوە سەر جگەرە کێشان، واتا لە پێناسەکەی جۆرج بێرنارد شۆ بۆ جگەرە دەردەچم کە دەیووت : ( وازهێنان لە جگەرە زۆر ئاسانە، سەدان جار وازم له جگەرە هێناوە ! )
چۆن ؟ یان بۆچی جارێکی تر توخنی جگەرە ناکەومەوە ؟
بە هۆی تیکتۆکەوە !!
بەڵێ، بە هۆی تیکتۆکەوە بوو ( ئەرێ ئەزانن کە ئەنوسیت تیکتۆک ئەگەر زۆر شارەزا نەبیت وشەی تر دەردەچێت چونکە تێکەڵ و پێکەڵییەکی تێدایە، وەک تیتکۆک، تکیتۆک، تۆکتیک …؟)
من کەیفم بە سەعاتی سمارت نایەت، بەڵام شەوێکیان به ڕێکەوت چومە تیکتۆک، گەنجێکی هەولێریی بەناوی حەمە پێیان ئەوت عەمە، کەل و پەلی ئەوروپی ئەفرۆشت، سەعاتێکی سمارتی هەشتا دۆلاریی بە بیست هەزار دانا، پێم هەرزان بوو، نوسیم بیست و بۆ من دەرچوو ..دوای من چەندین گلەیی لە کاکە حەمە کرا، گوایا ئەوان پێش من نرخیان نووسیوە، بەڵام کاکە حەمە وتی : بە خودای مام بەندی یەکەم کەس نوسیتی بیست.
سەعاتی سمارت گەیشت و کردمە مەچەکم و تەماشای پێکهاتەکانیم کرد، لەو کاتەدا پێکهاتەی Oxygyne rate کەوتە پێش چاوم واتا ڕێژەی ئۆکسجین لەناو خوێندا، کلیکم لەسەرکرد بزانم ئۆکسجینم چەندە، هەمان کات جگەرەیەکم بە دەستەوە بوو، قومێکم لێ دا، ئەزانن ڕێژەی ئۆکسجینی خوێنم چەندی خوێندەوە ؟؟ 83 % واتا لەکاتێ هەڵمژینی دوکەڵی جگەرەدا بەلایەنی کەمەوە پانزە پله ئۆکسجینی ناو خوێن دادەبەزێت.. ڕێژەی هەشتا و سێ ی ئۆکسجین لە کاتی کۆرۆنا و لە هەموو نەخۆشییەکی تردا، یەکسەر داخڵی نەخۆشخانەی چاودێریی وورد ICU ئەکرێت..کاتێ دوکەڵەکەم لە سییەکانم دەرهێنایەوە و هەناسەی قوڵم دا، بەرە بەرە ڕێژەی ئۆکسجینم بەرز بۆوە هەتا گەیشتەوە بە ڕێژەی ئاسایی خۆی کە 98% بوو.
لێرەدا بۆم دەرکەوت جگەرە کێشان یارییەکی زۆر ترسناکە، بریتیە لە هەوڵی یەکبینەی خۆ خنکاندن و .. گەڕانەوە لەو هەوڵە ..بریتییە لە دابەزاندنی کت و پڕی ئۆکسجینی خوێن، دوای ئەوە هەناسەدان و گەڕانەوە بۆ ئاستی ئاسایی ئۆکسجین.. لەو دابەزین و بەرزبوونەوەیەدا جۆرە چێژێک دروست ئەبێ، وەک چۆن لە شاریی یارێکان، هەندێ یاری ترسناک هەیە، هەندێ کەس چێژی لێ دەبینن، جگەرە کێشانیش بەو شێوەیەیە، بەڵام جگەرە کێشان لە هەموو یارییەکانی مەرگ ترسناکترە، چونکە بە دەر لە دابەزاندنی ڕێژەی ئۆکسجین کە ڕەنگە لە هەندێ کەسدا نەگەڕێتەوە بۆ ڕێژەی ئاسایی و توشی خوێن مەیینی مێشک ببێ، دیسان زیانی زۆر زیاتری هەیە، وەک بێبەشبوونی ژمارەیەکی زۆری خڕۆکە سوورەکان لە ئۆکسجین بە هۆی پڕ بوونی سییەکان لە دوکەڵ و داپۆشرانی دیواری سیکڵدانۆچکەکانی بە قەترانی دوکەڵ، ئەمەیش وا دەکا نیوەی خوێن مردوو بێت ..چونکە خوێن کاتێ ئۆکسی هیمۆگڵۆبین نییە و دیئۆکسی هیمۆگڵۆبینە، واتا هەڵگری ئۆکسجین نییە و هەڵگری دووەم ئۆکسیدی کاربۆنە، بە خوێنێکی مردوو ئەژمار ئەکرێت.. ڕوونتر بدوێین، هیمۆگڵۆبینی ناو خڕۆکەی سوور، گەردیلەیەک یان زیاتری دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی لە خانەکانی لەش هەڵگرتووە کە گازێکی ژەهراوییە و ئەبێ بیبات بۆ سییەکان و فڕێی بدات و سییەکانیش لە ڕێی هەناسەدانەوە دەریکەنە دەرەوە .. کەچی ئەم هیمۆگڵۆبینە دێتە سییەکان، تەماشا ئەکا بە هۆی دوکەڵ و قەترانەوە، ناتوانێ دووەم ئۆکسیدی کاربۆنەکە فڕێ بدات و .. ئۆکسجینێک بار بکات و بیگەڕێنێتەوە بۆ خانەکانی لەش، هەر بۆیە بە دووەم ئۆکسیدی کاربۆنەکەوە دێتەوە.. واتا کرداری گازگۆڕکێ ئەنجام نادرێت.. هەر بۆیە پێستە ناسکەکانی لێو و ژێر چاو و پوکی مرۆڤی جگەرەکێش ڕەنگیان بەرەو شینبوون و ڕەشبوونەوە ئەچێ، چونکە ئەو جێگا تەنکانە وەک سکرینێک ڕێژەی ئوکسجینی خوێنمان پیشان دەدەن، هەتا خوێن پڕ ئۆکسجین بێت، سوور و ئاڵ دەردەکەون.. هەتا کەم ئۆکسجین و پڕ دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بن، شین و ڕەش هەڵدەگەڕێن .. هەڵبەت شین بوونەوە نیشانەی مردنە .. جا ئیتر کەیفی خۆتانە.
ئینجا با واز لە جگەرە بێنین و بچینە سەر قوربانیدان ..قوربانیدان بەرزترین سیفەتی مرۆڤەکانە، تیایدا خوپەرستیی کۆتایی دێت و خۆنەویستیی جێگای ئەگرێتەوە.
هەر بۆیە ئەو کەسانەی کە قوربانییان بە ژیانی خۆیان داوە، ناویان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بە پیتی زێڕ نووسراوەتەوە .. بەڵام قوربانیدان و خۆکوژیی و خۆفەوتاندن سنورێکی تەنک له نێوانیاندایە و ناکرێت تێکەڵاویان بکەین..
قوربانیدەر خاوەنی هیوا وئامانجێکی گەورەیه، لەو پێناوەدا خۆی ئەکاتە قوربانیی، بۆ نمونە پێشمەرگەیەک ئامانجێکی گەورەی هەیە وەک ڕزگارکردنی خاک و نەتەوە و ڕازیکردنی خوا و خەڵک، ئەم ئامانجە گەورانە وای لێدەکەن به شانازییەوە بجەنگێ و قوربانی بە سەر و ماڵ و خۆشییەکانی ژیان بدات.
بەڵام خۆکوژیی و خۆ فەوتاندن، کاردانەوەی بێهیوایی و بێ ئامانجییە، ڕاکردنە لە خەبات و لە خەڵک و لە ئەرکی سەرشان و هەوڵ و چاکسازیی..
کاتێک ژنێک بێ ئومێد و بێ ئامانج بە دیار هاوسەرێکی قورماچیی و بەدمەست و بێ ئیشەوە هەموو تەمەنی خەسار ئەکات، ئەوە قوربانیدان نییە، ئەوە خۆکوژیی و خۆفەوتاندنە..کاتێ باوکێک هەموو تەمەن و سامانی لە گەورەکردنی چەند مناڵێکی تەمەڵ و بێ هەڵوێست و ملهوڕدا خەرج دەکات، ئەو پیاوە قوربایی نەداوە، بەڵکو زوڵمی لە خۆی کردووە و بە بێ سوود، خۆی وێرانکردووە ..میللەتێک بە دیار دەسەڵاتێکی نەخوێندەواری گەندەڵ و مافیا و ترسنۆک و بێهەڵوێست و خۆپەرستەوە ساڵەهای ساڵ دانیشێت، بە تەمای سندوقی هەڵبژاردن و چاکسازیی و پاکسازیی بێ ڕزگاری بکەن، ئەو میللەتە قوربانی نەداوە، ئەو میللەتە خۆی کوشتووە، خۆی تەفر وتونا کردووە، دنیا و قیامەتی خۆی وێرانکردووە.
هەر پێشمەرگەیەک، هەر باوکێک ، هەر دایکێک، هەر میللەتێک، هەر کەسێک لە پێناوێکدا خۆی بەخت بکات، ئەبێ ئامانجێکی گەورە ی لەو پێناوەدا هەبێ، ئەگینا کارەکەی ئەبێتە ملکەچیی و کۆیلایەتیی و خۆفرۆشیی و خۆخەڵەتاندن و گەمژەیی و خۆکوژیی و هەرچی سیفەتی ناشیرینە ..بە هیچ جۆرێک ناچێتە ناو خانەی قوربانیدانەوە..
دواجار با باسێکی خێرای ئایین بکەین.. ووڵ دێورانت لە کتێبە دوور و درێژە دانسقەکەیدا، کتێبی (چیرۆکی شارستانیی)، دەڵێت : ( لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هیچ شارستانییەک نابینین به بێ ئایین بووبێت.. هەر شارستانییەک پەرستگا و بیر و باوەڕێکی بۆ خۆی بنیاتناوە )
لێرەوە ئەپرسین ئاخۆ ئایین چۆن ئەو ئامادە بوونە ئەزەلییەی لەگەڵ مرۆڤدا هەبووە؟ چی دەداتە مرۆڤ و چی لێ وەرئەگرێت؟
لە ڕاستیدا ئایین بریتییە لە هەوڵدان بۆ دەستبەردار بوونی مرۆڤ لە خۆپەرستیی .. ئامانجی سەرەکیی لە خواپەرستیدا ئەوەیە کە مرۆڤ واز لە خۆپەرستیی بێنێت..ڕێژەی بیرو باوەڕی ئاینیی هەرکەسێک ڕاستەوانە ئەگونجێت لەگەڵ ڕێژەی وازهێنانی له خۆپەرستیی؛ هەتا مرۆڤی خۆنەویستتربێ، ئاییندارترە، هەتا مرۆڤ خوپەرستتر بێ، بێ ئایینتر یان دووڕووترە.
کاتێ خوا داوامان لێ دەکات زۆر بیر لەخوا بکەینەوە و تەسبیحات بکەین و نوێژ بکەین و بە ڕۆژوو بین، بۆ ئەوەیە کە زۆر بیر لە خۆمان نەکەینەوە و بە حەز و ئارەزووە تایبەتیەکانماندا ڕۆنەچین و نەبینە بوونەوەرێکی دڕندە..
ئایین چاوی مرۆڤەکان ئەکاتەوە بۆ ئەوەی ڕاستی شتەکان ببینێت و ..خەیاڵ فریوی نەدەن و لە ڕێگای ڕاست لاینەدەن ..
نمونەی ئاییندار و بێ ئایین، وەک شۆفێرێکی ووریا و شۆفێرێکی سەرخۆش و خەیاڵ وایه.. ڕەنگە یەکەمیان ئازار بچێژێ بەوەی کە ئەبێ بە ووردیی تەماشای ڕێگاکە بکات و ئاگاداری ستێرن و سکلێتەرەکانی وەستان و خێراییەکان بێ، بەڵام دواجار بە سەلامەتیی ڕێگاکە ئەبڕێ ..بەڵام کەسی سەرخۆش و خەیاڵ، لە ڕوکەشدا ئیسراحەتە و لە خەیاڵی خۆشدایه و ئەرکی چاودێریی ڕێگا و خێرایی و شۆفێریی ناکێشێ، بەڵام ئەوە هەتا نزیکترین پێچ و لۆفەی ڕێگا بڕ ئەکات، ئیتر لە ڕێ لادان و وەرگەڕان و ماڵوێرانیی لێ ئەکەوێتەوە ..
ئایین مرۆڤ وا لێ ئەکا خۆنەویست بێ، عیسا خەڵکی زیندوو ئەکردەوە، کەچی خۆی زیندوو نەکردەوە..موسا کە بە منداڵیی فڕێدرایه ناو ئاوی نیل، ڕازی نەبوو هیچ کەسێ بخاتە ناو ڕووبارەوە .. موحەمەد بنەماڵەگەریی و خۆپەرستی ڕەتکردەوە و دژی بنەماڵە خوانەناسەکەی خۆی کەوتە شەڕ، بە پێچەوانەی موسوڵمانی ئەمڕۆ، خۆی ئیسلامییە و براکەی بێدینە کەچی هێندەی هەموو دنیایش خۆشی ئەوێت و موو بە نێوەندیاندا ناڕوات؛ ئەمە دیینداریی نییە، دووڕویییە.
ئایین داوا ئەکات زاڵمەکان واز له زوڵم بێنن یان لەناو بچن بۆ ئەوەی مرۆڤەکان بە مافە زەوتکراوەکانیان شاد بنەوە .. ئایین دەسەڵاتدارە زاڵمەکانی ڕۆم و فارس و عەرەبی لەناو برد بۆ ئەوەی ئەو گەلانە ئازاد بژین و بە مرۆڤایەتیی شادببنەوە.
ئەمڕۆ کە چەندەها تاوان ئەدەنە پاڵ ئایین، بۆ تێکەڵکردنی وەرەقەکان و لێڵکردنی گۆمەکەیە .. ئایین بۆ کوشتنی هیچ کەسێک نەهاتووە بێجگە لە کوشتنی دەسەڵاتدارە زاڵمە خوێنڕێژە دیکتاتۆرەکانی جیهان.. ئایین نەهاتووە بۆ ڕوخاندنی ماڵی هیچ کەسێک بێجگە له ڕوخاندنی تاج و تەخت و کۆشکی دیکتاتۆرە زاڵمە خۆپەرستە گەندەڵ و ملیاردێرەکانی جیهان ..هەر بۆیە دەسەڵاتدارە داگیرکەرە دیکتاتۆرەکان، دەستە و تاقمی دینداری شێوێنراو دروست دەکەن و تاوانی جەنگیان پێ ئەنجام دەدەن هەتاکو وای لە خەڵک تێبەگەیەنن کە ئایین بۆ قەتڵ و عامکردنی خەڵکە، لە کاتێکدا ئامانجی ئایین تەنها و تەنها قەتڵ و عامکردنی دیتاتۆرە زاڵمە گەندەڵەکانی جیهانە، بۆ گەڕانەوەی مافە زەوتکراوەکانی خەڵک.
هەر بۆیە کاتێ ووڵ دیورانت ئەڵێ هیچ شارستانییەکی بێ دین نەبووە، بێ ئاگاداریی خۆی مەبەستی لەوەیش بووە هەر شارستانییەکی بێ دینیش سەری هەڵدابێ، ڕوخاوە..نەگەیشتۆتە ئەوەی وەک شارستانیی پۆڵێن بکرێت .. چونکە مرۆڤ و نەتەوەکان پێویستیان بە هۆکارێکە بەردەوام بیریان بێنێتەوە، واز لە خۆپەرستیی بێنن، تاکو نەبنە دڕندە و جانەوەر ..هەتا بمێننەوە و لەناو نەچن .. سەیرێکی چواردەوری خۆیشتان بکەن، مرۆڤە بێ ئایینەکان چەند تەمەنیان کورتە و بە دەست چەند نەخۆشییەوە گرفتارن..کەچی مرۆڤه ئاییندارەکان وەک شارستانییە ئاییندارەکان، تا ڕادەیەکی باش ماونەتەوە و نەخۆشییەکانیان کوشندە نین.