ڕۆژئاوا باشوور نییە.. رۆمان ئامینە

لەنێو کەتواری سیاسی و کۆمەاڵیەتی کوردیدا ڕوانینێکی زاڵ هەیە، کە تێیدا لە پرسی هەر شکست و لەمپەڕێکدا، دێن و لە چاویلکەی سەقامگیری ڕێژەیی ئەزموونی باشوورەوە چاو لە بەشەکانی دیکەی کوردستان، بە تایبەت ڕۆژئاوا دەکەن.
وەختێ لەوێ گرفتێک دێتە پێش،، خێرا دەستەیەک قوت دەبنەوە و دەڵێن دەبوو چاو لە ئەزموونی باشوور بکەن و بۆ وەک باشووریان پێنەکرا. لە ڕاستیدا خودی ئەم بەراوردە بە ئەنقەست بێت یاخود لە ڕوانگەی نائاگاییەوە گرفتە و پێویستە تێپەڕێنرێت.
باشووری کوردستان کە نزیکەی سەدەیەکە بووەتە مەکۆ و چەقی جوڵانەوەی سیاسی کورد و ستاتۆکەشی کە زیاتر لە سێ دەیەیە ڕەوایەتی هەرێمی و نێودەوڵەتی وەرگرتووە، هەرگیز ناکرێت بەراورد بکرێت بە ڕۆژئاوای کوردستان کە لە چوارچێوەی جیۆپۆلەتیکی جوڵاوی سوریادا تا ئێستا دەرفەت نەبووە سەقامگیر ببێت و ڕۆڵی نەرێنی تورکیا و سعودیە و قەتەر و ئەمریکا و ئیسرائیل و فەرەنسا لەلایەک و ڕووسیا و ئێرانیش لە لایەکی دی جۆرێک لە ئاڵۆزی و گرێکوێرەی درووست کردووە کە وادەکات داهاتووی ئەم ستاتۆیە بە نادیاری بهێڵێتەوە.
لە ڕاستیدا زلهێزان تا ئێستا لەسەر ئەو کڵێشە کۆنە دەڕۆن کە پرسی کورد بە بچوککراوی بهێڵنەوە و ڕێگری بکەن لەوەی کە دۆزەکە لەوە زیاتر گەورە ببێت و بە ناچاری نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بۆ هەموار بکەنەوە، بۆیە تا ئێستا لەو نێوەندەدا ماونەتەوە و نە دەتوانن ستاتۆی ڕۆژئاوا لەناوبەرن کە یەک دنیا سەروەری تیا تۆمارکراوە و ئەفسانەی داعشی بەزاندووە، نە دەتوانن دانی پێدابنێن و مۆری ئازادی دووەم پارچەی کوردستان دەستەبەر بکەن، چونکە نایانەوێ سەروەری دەوڵەت نەتەوەکان تێکبدەن و چوار وڵات ڕووبەڕووی ناسەقامگیری درێژخایەن بکەنەوە، بۆیە بە گوێرەی ستراتیژێکی دوور دەمێکە لەسەر ئەوە ساغ بووەنەتەوە کە ئەگەربێتوو ڕۆژگارێک زۆریان بۆبێت و دۆزی کورد بە ڕوویاندا بتەقێتەوە، ئەوا دەوڵەتۆچکەیەکی بچوک لە چوارچێوەی عێراقدا بۆ کورد چێ بکەن، ئەوەی ئێستا لە ستاتۆی باشووری کوردستاندا دەینینین لە ڕاستیدا زادەی ئەو ڕوانین و کارکردەی سیستمی جیهانییە.
مەبەستەکە لێرەدا ئەوەیە ئەمەی لەم پارچەیەدا بەدەستهاتووە لەخۆوە نییە و سا بە تەنهاش زادەی خەباتی کورد نییە لەو بەشەدا، بەڵکو زادەی کۆمەڵێ هەلومەرجی مێژوویی و جیۆپۆلەتیکیە، کە ئەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و هیچ بەشێکی دیکەی کوردستان لەگۆڕێ نییە و ئەستەمە ئەو پێدراوانەی سیستم بە ئاسانی لە ڕۆژئاوادا جێ بکەون، ئەگەرچی ڕۆژئاوا دنیایەک ڕەنج و قوربانی بۆ دراوە و لە هەگبەیدا بێشومار مانا و بەهای لە خۆیدا گلداوەتەوە. هەروەکو وتمان ئەوەی لە باشووردا بەدەستهاتووە زادەی کۆمەڵێ هەلومەرجی مێژوویی و جیۆپۆلەتیکیە کە تەنها شمولی ئەم بەشەی کوردستان دەکات، نە پەیوەندی بە کارامەیی و تێکۆشانی ئەم بەشەوە هەیە بە تەنها، نە ئەوەی لە ڕۆژئاواشدا دەگوزەرێ پەیوەندی بە ناکارامەیی و نەزانی ئەو بەشەوە هەیە. بەم جۆرە هەلومەرجەکانی پێکهاتنی ستاتۆی دانپێدانراوی باشووری کوردستان ڕوون دەکەینەوە:
١- واقیعی جوگرافی و ملمالنێی زلهێزەکان
دوای جەنگی جیهانی یەکەم و ڕێککەوتنی “سایکس-پیکۆ”، ویلایەتی موسڵ کە باشووری کوردستانی ئێستایە بوو بە خاڵی ملمالنێی توند لە نێوان بەریتانیا و تورکیا. بەریتانیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە نەوت و ڕێگریکردن لە هەژموونی تورکیا، ناچار بوو جۆرێک لە مامەڵە لەگەڵ ناسنامەی کوردی بکات لەم ناوچەیەدا.
ئەمەش وای کرد دۆزی کورد لە عێراقدا زووتر بچێتە ناو تێکستە (نێودەوڵەتەکانەوە )وەک بڕیارەکانی کۆمەڵەی گەلان.

٢- ئەزموونە سیاسییە یەک لە دوای یەکەکان

  • ئەزموونەکەی شێخی نەمر : یەکەم هەوڵی جدی بوو بۆ دامەزراندنی قەوارەیەکی دەوڵەتگەرایی شانشینی کوردستان بەریتانییەکانی ناچار کرد دان بە بوونی “کێشەیەک “دا بنێن.
  • شۆڕشی ئەیلوول : بەهۆی سەرکردایەتی مەال مستەفای بارزانی و بارودۆخی جەنگی سارد، دۆزی کورد لە باشوور بوو بەکارتی فشار لە کێبڕکێی نێوان بلۆکی ڕۆژهەاڵت و ڕۆژئاوا و ملمالنێی ئێران و عێراق.

•دەستپێکردنەوەی شۆڕش دوای ئاشبەتاڵی ١٩٧٥ و پێکهاتنی ناوچەی دژەفڕین (١٩٩١):
ئەمە گەورەترین وەرچەرخانی مێژوویی بوو. لێرەدا سیستمی جیهانی (بە سەرۆکایەتی ئەمریکا) بڕیارێکی ڕاستەوخۆی دا بۆ پاراستنی ئەم پارچەیە، کە دواتر بوو بە بناغەی هەرێمی کوردستان.

با هۆکاری ئەو بە چەقبوونەی باشووری کوردستان وردتر بکەینەوە:
١- بەیاننامەی هاوبەشی بەریتانیا و فەرەنسا ١٩١٨ و پەیمانی سیڤەر ١٩٢٠
ئەمە یەکەمین بەڵگەی فەرمیی نێودەوڵەتییە کە باس لە مافی چارەی خۆنووسینی گەلانی ژێر دەستی عوسمانی دەکات. لە پەیمانی سیڤەردا ماددەکانی ٦٢، ٦٣ و ٦٤ بە ڕوونی باس لە دروستکردنی قەوارەیەکی کوردی کرا لەو ناوچانەی کە کوردی تێدا نیشتەجێیە . هەرچەندە سیڤەر هەموو کوردستانی دەگرتەوە، بەڵام کاتێک کەمالیستەکان لە تورکیا بەهێز بوون، بەریتانیا ستراتیژی خۆی گۆڕی و تەنها لە ویلایەتی موسڵدا جەختی لەسەر “ناسنامەی کوردی” کردەوە بۆ ئەوەی بڕیارەکەی کۆمەڵەی گەلان لە بەرژەوەندی عێراق (کە لەژێر ئینتیدابی خۆیدا بوو) بشکێتەوە.

٢- بەیاننامەی ١٩٢٢ی بەریتانیا و مەلیک فەیسەڵ
بەریتانیا و حکومەتی عێراق بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دەرکرد کە تێیدا دانیان بە مافی کورددا نا لە دامەزراندنی حکومەتێکی کوردی لە سنووری عێراقدا. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە لە تورکیا بەپێی پەیمانی لۆزان و لە ئێراندا، نەک هەر باس لە ماف نەدەکرا، بەڵکو بوونی نەتەوەی کورد ئینکار دەکرا. بەریتانیا ویستی بەم کارتە گوشار بخاتە سەر تورکیا و سۆزی کوردەکانی ویلایەتی موسڵ بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.

٣- ڕاپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوەی “کۆمەڵەی گەلان ١٩٢٥
کاتێک کێشەی موسڵ گەیشتە کۆمەڵەی گەلان ، لیژنەیەک هاتنە ناوچەکە کە لە سێ ئەندامی نێودەوڵەتی (سویدی، هەنگاری، بەلجیکی) پێکهاتبوون. ئەو سێ ڕاسپێردراوەی لیژنەکە، ڕاپۆرتێکیان ئامادەکرد و لە ڕاپۆرتەکەیاندا مەرجی ئەوەیان دانا کە ئەگەر ویلایەتی موسڵ بخرێتە سەر عێراق، دەبێت کارگێڕیی ناوچەکە بە دەستی کوردەوە بێت، چونکە کورد زۆرینەی ئەو ناوچانەیە و نا یانەوێت ببێت بە بەشێک لە دەوڵەتی تورکیا .

  • زمانی کوردی زمانی فەرمی بێت
  • دادوەر و فەرمانبەرەکان کورد بن.
    ئەم دۆکیۆمێنتە باشووری کوردستانی کردە خاوەن پێگەیەکی یاسایی نێودەوڵەتی کە هیچ پارچەیەکی تر نەیبوو.

    ٤- سیاسەتی “جیاکردنەوەی ناڕاستەوخۆ ” لەلایەن بەریتانیاوە
    بەریتانیا لە ڕێگەی ئەفسەرە سیاسییەکانی وەک (مێجەر سۆن و ئیدمۆندس)ەوە هانی جۆرێک لە “خۆسەریی کلتووری-نەتەوەیی”یان دەدا لە سلێمانی و دەوروبەری. مەبەستیان ئەوە بوو باشوور بکەنە “قەڵغانێکی مرۆیی و سیاسی” لە دژی هەژموونی تورکیا و یەکێتی سۆڤیەت. ئەم بوارە کەمەی بەریتانیا ڕەخساندی، وای کرد یەکەمین قوتابخانە، ڕۆژنامە و چاپەمەنی کوردی لە باشوور گەشە بکات، کە دواتر بوو بە هەوێنی شۆڕشەکانی شێخ مەحمود و مەلا مستەفای بارزانی، بەڵام بەریتانیا ئەوەی بۆ باکوری کوردستان نەکرد، هەرچەندە لەوێشدا جوڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردی لاواز نەبوو، بەم هۆکارانە:
    ١- گۆڕانی هاوسەنگی هێز: لە “سێڤر”ەوە بۆ “لۆزان
    لە ساڵی ١٩٢٠ پەیمانی سیڤەر، بەریتانیا دەیویست تورکیای عوسمانی پارچەپارچە بکات، بۆیە باسی دەوڵەتی کوردی کرد لە باکوور. بەڵام کاتێک مستەفا کەمال ئەتاتورک هات و جەنگی سەربەخۆیی بردەوە، هاوکێشەکە گۆڕا. هێزی سەربازی: سوپای تورکیا بەهێز بوو، بەریتانیاش دوای جەنگی جیهانی یەکەم تاقەتی جەنگێکی تری گەورەی نەمابوو .

مەترسی سۆڤیەت: بەریتانیا دەترسا ئەگەر زۆر فشار بخاتە سەر تورکیا و ئەتاتورک خۆی باوێژێتە باوشی “یەکێتی سۆڤیەت” کە ئەو کات دوژمنی سەرسەختی ڕۆژئاوا بوو. بۆیە بڕیاری دا تورکیا ڕازی بکات و لە پەیمانی لۆزان ١٩٢٣ دەستبەرداری مافی کوردانی باکوور بوو.

“٢- ویلایەتی موسڵ : کێشەی “نەوت” و “سنوور
بەریتانیا لە باکوور پاشەکشەی کرد، بەڵام لە باشوور (ویلایەتی موسڵ) قاچی خۆی توند کرد. هۆکارەکەی سێ خاڵ بوو:

  • کەرکوک و نەوت:
    بەریتانیا دەیزانی پاشەڕۆژی ئابووری ئیمپراتۆریەتەکەی لە نەوتی کەرکوکدایە. نەیدەویست ئەم ناوچەیە بگەڕێتەوە ژێر دەستی تورکیا.
  • کورد وەک “زمانحاڵ “:
    بۆ ئەوەی لە بەردەم “کۆمەڵەی گەلان”دا بسەلمێنێت کە موسڵ نابێت بدرێتەوە بە تورکیا، بەریتانیا دەستی کرد بە بەکارهێنانی بەڵگەی نەتەوەیی. دەیگوت: “دانیشتوانی ئەم ناوچەیە کوردن، نەک تورک، و ئەوان نایانەوێت بگەڕێنەوە ژێر دەسەاڵتی ئەنقەرە.
  • پشتیوانیی کورد بۆ عێراق:
    بەریتانیا جۆرێک لە “خۆسەریی” و “مافی کلتووری” بە کوردانی باشوور دا )وەک بەیاننامەی ١٩٢٢(دا هاتووە، تەنها بۆ ئەوەی کوردەکان ڕازیبن ببنە بەشێک لە دەوڵەتی نوێی عێراق و نەڵێن دەمانەوێت بچینەوە سەر تورکیا.

٣- بۆچی باکووری نەکردە “کارتی گوشار”؟
لە ڕاستیدا بەریتانیا بۆ ماوەیەکی کورت ویستی ئەمە بکات )بۆ نموونە پەیوەندی بە هەندێک سەرۆک هۆزی باکوورەوە کرد(، بەڵام زوو تێگەیشت کە ئەمە “یارییەکی مەترسیدارە.

ترس لە پەرشوبڵاوی:
ئەگەر بەریتانیا پشتگیری شۆڕشی کوردانی باکووری بکردایە، تورکیاش دەستی دەکرد بە تێکدانی بارودۆخی عێراق و سووریا.

پاراستنی دەوڵەت -نەتەوە:
بەریتانیا دەیویست تورکیایەکی سەقامگیر هەبێت کە سنوورەکانی دیار بێت و ببێتە بەربەست لە بەردەم ڕووسیای قەیسەری ودواتر سۆڤیەت.
دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردی لە باکوور بە واتای هەڵوەشانەوەی تورکیا و ئێران دەهات، ئەمەش ناوچەکەی دەخستە ناو گێژاوێکەوە کە بەریتانیا نەیدەتوانی کۆنترۆڵی بکات.
ئەوەی ئێستاش هەیە لە ڕۆژئاوا، زادەی هەمان کارکردی سیستمە، کە نایەوێت پرسی کورد لە چوار دەوڵەتدا باڵ بکێشێت و سنووری دەوڵەت نەتەوەکان بسڕدرێتەوە. دەنا بە هەموو پێوەرێک ئەزموونی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە کورد نوێنەرایەتی دەکەن لە ڕووی دامەزراوەیی و پێکهاتە و بەهاوە نەک هەر بەراورد ناکرێت بە داعشە نوێیەکانی ڤێرسیۆنی جۆلانی، بەڵکو شان لە ئەزموونی دەوڵەتانی ئەوروپیش دەدات بەو ئیمکانیەتە کەمەوە. سا وەک لە لێدوانەکانی تۆم باراکی نوێنەری ترامپ بۆ کاروباری سوریادا هات، ئەوان ڕێگریان کرد لە پارچەبوونی دەوڵەت کە ناوچەکەی دەخستە گێژاوێکی گەورەوە!

رۆمان ئامینە




داگیرکردنی هۆش.. جوتیار مەلا ڕەئوف

کاتێک باسی داگیرکردن( کۆلۆنیالیزەکردن) ی هۆش(زیهن) لە مێژوودا دەکەین، ناتوانین کۆمەڵگای کوردی وەکوو یەکێک لە سەرکوتکراوترین و بەردەوامترین قوربانییەکانی ئەو پرۆسەیە پشتگوێ بخەین، ئەگەر یەک کۆمەڵگا هەبێت کە لە سەدەی رابردوودا بە توندترین شێوە هەست بە کاریگەرییەکانی جۆری ئەو کۆلۆنیالیزمە بکات کە لە فۆرمی فاشیزم و ئامرازکردنی سیاسی ئایینە، ئەوە بە دڵنیایەوە کۆمەڵگای کوردیە.
بوونی ئێمە لە ناوەندی ئەو ململانێیەدا ڕێکەوت نییە، ئێمە لە سەنتەری ئەو هەژمون و روبەڕوبونەوەیەداین، چونکە خاوەن پێناس، زمان و بینینێکی سیاسی جیاوازین لە پەیوەست بە بوون و ژیانی کۆمەلایەتی، ئێمە نوێنەرایەتی خواستێکی جیاوازی سیاسی و ژیاری دەکەین؛ بینینێک بۆ ژیانێکی شارستانی، بۆ سەربەخۆییەکی پڕ لە کەرامەت و خۆڕاگریەکی مرۆیی سەرپێکەتوو و هاوچەرخ، ئەو بینینەش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دژ بەو مۆدێلەیە کە لە ناو دیدگای فاشیزمی نەتەوەیی وهەروەها لەناو دیدگای ئیسلامی سیاسیەوە سەرچاوە دەگرێت، نمونەی مۆدێلی دەوڵەتی (یەکپێناسەیی، یەکزمانی و یەک‌ عەقیدەیی).
مێژووی فاشیزمی نەتەوەیی و ئیسلامی سیاسی بەرامبەر بە کورد، دیدگایەک نییە لە مێژوودا بۆ یەکبوون و یەکگرتنێکی دیموکراتیک و ئارەزومەندانە، بەڵکوو مێژووی ئینکارییە بەرامبەر بە بوونی مرۆڤی کورد، سەدان ساڵە مرۆڤی کورد لەناو ئەو دیدگایەدا دەکوژرێتوو ناسنامەکەی بە فەرمی نکۆڵی لێدەکرێتوو ڕەتدەکرێتەوە، هەموو مێتۆدێکی سەرکوتکردن و لە ناو بردنو و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی، زمانی قەدەغە کراوە، ناو و شوێن و مێژووی گۆڕدراوە، سیاسەتی ئاسیمیلاسیون(لەناوبردن و توانەوەی ناسنامەی کولتوری لەناو کولتورێکی تر) وتا ئاستی لە ناوبردنی نەژادی (جینۆساید) لە بەرامبەردیدا بەکارهێندراوە.
بەڵام ئەوڕۆ ستراتیژییەکە ئاڵۆزترە، سەرکوتکردنی ئاشکرا بە ڕێگاو میتۆدی جیاواز پەیڕەو دەکرێت، کە پەیوەندی بە داگیرکاریەکی ترەوە هەیە، پەیوەندی بە دووبارە داڕشتنی نەخشەی ئایدیۆلۆژیا و دینگەرایی سیاسیەوە هەیە، ئێستا داگیرکاری تەنیا خاکو جیۆگرافیا نییە، کاریگەرتر لەوە داگیرکردنی زیهن(هۆشە). کۆلۆنیالیزمی فاشیزمی ئایدیۆلۆژی و عەقیدەیی ئەوەیە کە ناسنامەی نەتەوەیەک بە هێواشی بخاتە ناو چوارچێوەیەکی دیکەوە.
ئەوەش جۆرێکە لە کۆلۆنیالیزمی ئایدیۆلۆژی مۆدێرن، ئیسلامی سیاسی وەک ئامرازێک بۆ بێلایەنکردنی چارەنوسی سیاسی کۆمەڵگای کوردی وکوو مییللەتێک کە بەشیکە لە مێژووی کۆنترین نەتەوەکانی ئەو ناوچەیە پلان دادەنێتوو بێبڕست تێدەکۆشێت، لێرەدا فاشیزمی نەتەوەیی و ئیسلامی سیاسی لە پەیوەست بەو بابەتەوە دەبنە پرسێکی هەستیار و جێگەی بیرکردنەوە، ئێمە ئەوە هەست پێدەکەین کە زۆرێک لە خەڵک لە کۆمەڵگای کوردیدا ئیسلامن وەکوو ئاین، ئەوە واقیعێکە و دەبێت وەکوو بەشێک لە ناسنامەی خوداپەرستییان ببیندرێت، بەڵام کاتێک ئایین لە ڕووی سیاسییەوە لە بەرامبەر کورددا بە ئامراز دەکرێتوو دەتوانرێت بۆ لاوازکردنی چارەنووسی سیاسی و نەتەوەییان بەکاربهێنرێت، دەکرێت عەواقیب و باجەکەی، قوربانییەکی سەرتاپاگیری زیهنی مانیپۆلکراوبێت بۆ هەمیشە.
فاشیزم و ئیسلامی سیاسی کە هاوتەریبن لە ناو یەک دیدگاو ئایدۆلۆژیەتدا سەبارەت بە بوونی کورد، دین و عەقیدەگەرایی وەکوو هێزی سڕینەوەی پێناسی ئەو نەتەوە بە ئامراز دەگرن و کاری لەسەر دەکەن.
من مەترسی ئەو هێزە عقیدەییە لە بەکارهێنانی ئاین و خوداپەرستی بۆ کۆلۆنیالیزەکردنی زیهنیەتی مرۆڤی کورد وەکوو فاکتێکی کاریگەر دەبینم لە دابەزینی مۆڕاڵ و ئینتیما و دیدگا مرۆیەکان و داواکارییە نیشتیمانی و سیاسییەکان، کاتێک لە ناسنامەی نەتەوەییدا بەهێزتر جەخت لەسەر پەیوەستبوون بە ئایین و عەقیدەگەرایی دەکرێتەوە لە لایەن هەندێک کەس و گروپوو حیزبی ئیسلامی و تا ئاستێک لەسەر ئاستی گشتیش لە ناو گۆمەڵگادا، کاتێک ئەوە دەبێتە ڕەهەندو بیرکردنەوەیەکی جێگیر لەلایەن کۆمەڵگاو خەڵکەوە، ئەوکات مەترسیە ڕاستەقینەکە دەبێتە واقیعێکی فەرزبوو کە بڕوا بەوە بێنین هەموومان یەک ناسنامەمان هەیە ئەویش موسڵمانبونە، هەموومان خاوەنی یەک دینین، ئەو کات یەکگرتوویی (ئومەت) دەبێتە ئامانج و لە خواستی راسەقینە کە مرۆڤبوون و کیانی نیشتیمانیمانە لە لامان گرنگترو پیرۆزتر دەبیت.
لیرەدا ئاین بە تەنها کێشەکە نییە، بەڵکوو بە ئامرازکردنە سیاسییەکەی، بۆ لاوازکردنی ئەو دیدگایە کێشە گەورەکەیە، ئەو ئارگیومێنتە لە ڕووی ستراتیجییەوە دەتوانێ خزمەت بە تێکدانی بانگەشە راستەقینەکەمان بکات کە دەرچونە لە ژێر داگیرکاری و چەوساندنەوە و نادادگەری کۆمەڵایەتی.
بۆیە ئێمە دەبێت بەر لەهەر شتێک لەوە تێبگەین کە کورد تەنیا لەژێر فشاری داگیرکردنی خاکەکەیدا نییە، لە ژێر قرکردنی جەستەییدا نییە، بەڵکوو لە ناو پرۆسەی کۆلۆنیالیزەکردنێکی زیهنی فاشیزمی نەتەوەیی و ئایدیۆلۆژی سیاسی ئیسلامیش دایە.
ئەگەر کۆمەڵگای کوردی ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆی لە بەرژەوەندی ئەو گوتارە عەقیدەیی و فاشیستیە دینگەراییە ڕێژەیی و مینیماڵ بکاتەوە، ئەوا مەترسیی خۆهەڵوەشاندنەوەی نەتەوەبوون و کۆمەڵگاکەی بە ئاستێکی زۆرمەترسیدار گەشەدەکات.
ئەگەر ئێمە دەست بکەین بە باوەڕبوون بەوەی کە زمانەکەمان لاوەکییە، ئەگەربڕوا بەوە بێنین و بزانین چارەنووسی سەربەخۆیی و و مرۆڤبونمان ململانێیەکی ناپێویستە، ئەگەر ناچار بین دڵسۆزی بۆ ئاین یان دەوڵەتی سەردەستە لە پێشینەی ناسنامەی کولتووری خۆمان دابنێین، کەواتە دەبێت لەوە تێبگەین کە پرۆسەی کۆلۆنیالیزەکردن لە ریگای فاشیزمی نەتەوەیی و ئیسلامی عەقیدەییەوە چی کاریگەریەکی لە ناخ و هەستوو هۆشماندا جیگیر کردووە و سەرکەوتوو بووە.
هەر بۆیە کۆمەڵگای ئیمە بەر لە هەر روبەڕوبونەوەیەک لە بەرامبەرئەو هێزە کاریگەرو ترسناکە پێویستی بە ئامادەیەکی معریفی- سیاسی هەیە، پێویستی بە هۆشیاریەکی ئینسانی هەیە ، پیویستی بە دەزگای تایبەتمەندو پێویستی بە هاتنە دەستی دەزگا یاسایەکان هەیە، پێویستی بە پەروەردەیەکی تەندروستی نیشتیمانی هەیە، پێویستی بە میدیای ئازادو ڕەخنەگرانە هەیە بۆ دەرخستنی حەقیقەتی ئەو هیزە خەتەرناکە، پێویستی بە پێکهاتە بەهێزەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەیە، ئەوەش نەک وەکوو کاردانەوەیەک بۆ بنیادنانی کینەو حیقدی نەتەوەپەرستی لە ناخی تاکەکانیدا، بەڵکوو بۆ پاراستنی ناسنامە راسەقینەکەی و بۆ ئەوەی زیهنیەتی کۆمەڵگاکەی لە ژێر کاریگەری فاشیزمی دینگەرایی و نەتەوەیی هەژموونخواز داگیر نەکرێت، چونکە فاشیزم لە دەرەوەڕا هێرش دەکات، بەڵام ئیسلامی سیاسی دەتوانێت لە ناوەوەی بیرکردنەوەی مرۆڤدا بۆشایی دروست بکات، کە ئەوەش هاوشێوەو هاوبەشییەکی زۆر مەترسیدارە.
ئەگەر ئەو پرۆسەیە (کۆلۆنیالیزەکردنی زیهنی) گەشە بکاتوو بەهێز بێت لە ناو کۆمەڵگای کوردیدا و ڕێگەی لێنەگیرێت، ئەو کات چیتر هەست بە بوونی داگیرکاریی خاکو وڵاتیش ناکەین، چونکە زیهنمان بە پلان و لە رێگای شەڕێکی بێ خوێنڕشتنەوە داگیردەکرێت.




ڕۆڵی وەرگێڕان و کاریگەری بەسەر زمانی پێوەری کوردیدا.. فەرەیدوون سامان

وەرگێڕان لە کایەکانی کەلتووری و پەروەردەییدا ھۆکارێکی گرنگە بە خزمەتکردنی زمانی پێوەر-ستاندارداردی کوردی، ساڵانە و مانگانە تەنانەت ھەفتانەش، چەندان کتێبی وەرگێردراو لە زمانە بیانییەکانەوە بۆ زمانی کوردی بەرچڤە دەکرێن، بێگومان ھەیانە شایستەی پەسن و پێزانینن، لێ ھەشیانە شیاوی ئەوە نین نەک ھەر بخوێنرێنەوە، بەڵکو تەماشاش بکرێن، چونکە ھیچ مەرج و رێساو یاسایەک و پێوەرێکی وەرگێران لەخۆ ناگرن، ھەر بۆیەش پرسیارەکە لێرەدا خۆی قوت دەکاتەوە، ئایا مەرجە وەرگێڕ لەکاتی وەرگێڕانی ھەر دەقێکدا ناوەڕۆک و واتای دەقە ئەسڵییەکە بگەیەنێت، یانیش بۆی ھەیە بەپێی خواست و مەزاجی خۆی ئەو وەرگێڕانەی کە بۆ خۆی دەیەوێ ‌ دەستکاری دەقەکە بکات، وەک کورتکردنەوە یان ئیختیزالکردن، کەوایە ئەدی مەبەست چییە لەوەی کە دەگوترێ وەرگێڕ دەبێ شێوازی دەربڕینی نووسەر بپارێزێت؟.
لە کاتێکدا ئێمە دەزانین ھەر زمانێک تایبەتمەندێتی خۆی ھەیە لە ڕووی سینتاکس- ڕستەسازیی و ئیدیۆم و فۆرمۆلۆژیدا لە زمانەکەی دیکەدا جوێی دەکاتەوە، وەرگێڕ دەتوانێ زمانێکی گونجاو لەگەڵ دەقە ئەسڵییەکە بدۆزێتەوە، کە خوێنەر لەکاتی خوێندنەوەی بابەتە وەرگێردراوەکە دووچاری گرێ و گۆڵە و تاسە نەیەت، یان لەکاتی ھەڵبژاردنی وشە و دەستەواژەی دروست ‌و خۆشئاوازدا ئەرکی وەرگێڕی شارەزا چییە، داخۆ بۆی ھەیە وەرگێر پەنا بباتە بەر قامووسی وشە و زاراوەی ناوچە و دەڤەرە جیاوازەکان یان دەقە وەرگێردراوەکە پڕ بکات لە وشەو زاراوەی بیانی، کە لە ئێستاکەدا ھەندێک لە وەرگێرەکانمان لەبەر کەم شارەزاییان ئەم شێوازە بەکار دێنن، جا بۆ نموونە گەر ئاوڕێک لەو کتێبە چاپکراوانەی وەزارەتی پەروەردە بدەینەوە بەتایبەت کتێبە پیشەییەکان بە ڕاستی هەڵەی زۆری زمانی کوردی لەو وەرگێڕانە سەقەتانە دەبینین، هەرچەندە لە بنەرەتدا وشەو زاراوەی پیشەیی کەمتر لەو میتۆدە پەروەردەییانە لە داوو دەزگا حکومییەکاندا کاری پێکراوە و جێگیر بووە، سەرباری ئەوەش زۆرینەی زۆری وەرگێری ئەو کتیبانە مامۆستاکانی ئەو خوێندنگایانەن، کە ساڵانی ساڵ ئەو کتیبانە بە زمانی عەرەبی خویندراون نەک زمانی کوردی.
باشە دەزگاکانی بڵاوکردنەوەی تایبەت بە وەرگێران ڕۆڵ ‌و ئەرکیان چییە لە جوێکردنەوەی بابەتێکی وەرگێردراوی باش لە بابەتێکی وەرگێردراوی خراپدا؟ وەرگێری باش و کارامە چۆن دەکارێ لە وەرگێڕانەکەیدا بنەماو ڕێزمانی نووسەرەکە لەبەرچاو بگرێت، لەوانەش کورتی یان درێژدادڕیی نووسینەکە چۆن ڕەچاو دەکات، جا چونکە زۆرینەی نووسەرانی ئێمە لە نووسیندا کێشەی خاڵبەندییان ھەیە، ئەدی دەبێ وەرگێڕ چۆن بایەخێک بە خاڵبەندی بدات، و چ جۆرە وەرگێڕانێک چێژی دەقە ئەسییەڵەکە دەپارێزێ‌ و خوێنەریش ماندوو ناکات..
زۆر لە وەرگێڕەکان پەنا دەبەنە بەر فەرھەنگی وشەو زاراوەکان، ئێستا کاری وەرگێڕان بووەتە بەشێک لە بازرگانیکردن نەک بەرپرسیاریەتی، کەواتە وەرگێران نەبۆتە پرۆسەیەکی کەلتووری و مەعریفی لە ناو ئێمەدا، لە کاتێکدا توانستی ماددی و مانەوی لە ساڵانی ڕابردوو بۆ ئەم پرۆسەیەش دابینکرابوو.
ئەمە یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی وەرگێران لە کوردستاندا، کتێبێکی بە ژمارە زۆر و بۆر تەرجەمەی زمانی کوردی دەکرێن، کەچی لە ڕووی چۆنیەتییەوە خراپن. ئەز پێم وایە ئەم دیاردەیە زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی وەرگێری شارەزا و لێھاتوو و پسپۆڕ لە بواری وەرگێڕاندا، چونکە لە زانستی وەرگێراندا بە تەنیا زانین ھەردوو زمان بەس نییە بۆ پرۆسەی وەرگێران، وەرگێڕ دەبێ شارەزای ھەردوو کولتووری زمانەکەش بێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە وەرگێڕ دەبێت لە تەکنیکی وەرگێڕاندا کارامە بێت، لە کاتێکدا کە ڕستەیەکی ئاڵۆزی دێتە پێش نابێت وەرگێرانی حەرفی بۆ بکات، پێویستە بە ڕادەیەک لە وەرگێران شارەزا بێت تا بتوانێت بەرامبەرەکەی لە زمانی ئامانج بدۆزێتەوە. لەلایەکی دیکەوە وەرگێر دەبێت لێھاتوو بێت لە گواستنەوەی شێوازی نووسینی زمانی سەرچاوە بۆ زمانی ئامانج، نەک ھەر گواستنەوەی واتا بەبێ شێوازەکەی، بە تایبەتی لە وەرگێڕانی دەقێکی ئەدەبیدا.
بایەخی وەرگێڕان لە دانانی میتۆدە پەروەردەییەکان لە ھەرێمی کوردستاندا لەوەدا‌یە کە لە ڕێگەی خوێندنەوەی بەرھەمی فەرھەنگیی، زانستی، کولتوری و مێژووی نەتەوەکان دەناسین و کەڵک لە ‌ئەزموونەکانیان وەردەگرین، بەداخەوە ھەر لە بنەڕەتدا کتیبەکانی خوێندنی پەروەردەیی لە کوردستاندا دەقی وەرگێڕاو بوون نەک نووسین، کە ڕاستەوخۆ لە زمانی عەرەبییەوە بۆ کوردی تەرجەمەکراون، بۆیەش دەبینین لەو میانەدا دووچاری کۆمەڵێک ھەڵەی زمانەوانی ھاتوون.
دیارە لە ھەموو سەردەمێکدا وەرگێڕان ڕۆڵی مێژوویی خۆی گێڕاوە بۆ سازکردنی میکانیزمی خەبات لە پێناو زمانی نەتەوەدا و کاریگەریی مەزنی ھەبووە، بەڵام لەبەر نەبوونی زمانێکی پێوەرو ستانداردی کوردی. مخابن ھەندێک لە وەرگێڕکاران زمانێکی ناوچەیی لە ‌وەرگێڕانەکانیاندا بەکار دەھێنن، ئەمەش کەمتر چێژ بە خوێنەران دەدات، ڕاستە کوردی زمانێکی فرەزارە، شێوەزاری ناوچەیەک لەگەڵ ناوچەیەکی دیکەدا جیاوازە، بەڵام دیسان زمانی کوردی یەکێک لە ‌زمانە دەوڵەمەندەکانی جیھانە. پێموابێت ئەگەر نووسەرێک، شاعیرێک، توێژەرەوەیەک ئەگەر بۆ وشە یان دەستەواژەیەک دابمێنێت و کەمێک خۆی ماندوو بکات، دەتوانێت لە دوورە دێیەکی گەرمیان یان کوێستان، لە ‌زاری پیرمێردێک، لە دەق و کتێبێکی کۆنی ناوچەیەکی ئەم کوردستانە پان و بەرینەیدا جوانترین وشە ‌و زاراوە پەیدا بکات و بەشێوەیەکی سادەو ساکار، لە ‌ھەمانکاتدا ڕەوان، بیترنجێنێتە ناو بەرھەمەکەیەوە، ئەوسا خوێنەر کەمەندکێش دەکات و چێژێکی بێھاوتای پێدەبەخشێت. وەلێ کورد لە سایەی داگیرکاریی و دابەشبوونی بە ‌سەر دەوڵەتانی ناوچەکەدا، تەنانەت ئاشنایی لەگەڵ زمانەکەی خۆیشیدا نەبووە.
بەداخەوە ئەمڕۆ کێشەی گەورەمان لە تێگەیشتنی زارەکانی هەورامی و کرمانجی ژووروودا ھەیە ‌و خەریکە بە ‌زمانێکی دی لەقەڵەم دەدرێت. بۆیە ئەگەر ئێمە بتوانین لە ‌زمانی ئەدەبی و لە ڕاگەیاندنەکاندا خوێنەرو بیسەر بەو زار و شێوەزارانە ئاشنا بکەین، ئەوە خزمەتێکی باش بە ‌زمانەکەمان دەکەین و ئەرکێکی پیرۆز بەجێ دەھێنین. پاشان بەرھەمێک دەخەینە بەردەست خوێنەران، لە ناوچە جیاجیاکانی دیکەی کوردستانیشدا بخوێندرێتەوە ‌و لێی حاڵی بن، وەرگێڕی سەرکەوتوو پێویستیی بە زانینی زمانە بە شێوەیەکی ئەکادیمی، ئاخافتن بەیەکێ لە زمانە بیانییەکان وەرگێڕ دروست ناکات. ھەروەک پێشتر ئاماژەم پێکرد لەویش گرینگتر زمانی دایکە، مرۆڤ گەر شارەزاییەکی باشی لە زمانی دایکیدا (بە زار و شێوەزارە جۆراوجۆرەکانییەوە) نەبێت ناتوانێت ببێت بە ‌وەرگێڕێکی سەرکەوتوو، لەپاڵ ئەمیشەوە زانینی چەند زمانێک وەرگێڕ دەوڵەمەندتر دەکات.
لەو ساڵانەی دواییدا و پاش کۆچی گەلێک لە نووسەران و ڕۆشنبیران بۆ دەرەوەی وڵات، ھەندێک بەرھەمی کوردی وەرگێڕدرانە سەر زمانە ئەوروپاییەکان، بەڵام ژمارەیان کەمن و لەو ئاستەدا نەبوون، کە بەرھەمی ئەدەبی کوردی بەخوێنەری بیانی بناسێنن. دیارە ھۆیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نەشارەزایی تەواو لەو زمانانەدا، وەکو لەسەرەتادا ئاماژەم پێدا وەرگێڕان پێویستی بە شارەزاییەکی گەلێک فرەتر لە قسەکردن و خوێندنەوە بە زمانێکی تر ھەیە، چونکە ھەڵبژاردنی دەقی شایستە، زەوقی ئەدەبی وەرگێڕ بە خوێنەرەکەی دەناسێنێت، وەرگێڕی جددی بەتەنێ کار بۆ ئەوە ناکات ھەرچییەکی بەردەست بکەوێ بیکوردێنێت، بەڵکو دەبێت بەھەڵبژاردنەکەی ئامانجێک بە خوێنەر بگەیەنێت و تینوێتی خوێنەر بە بەرھەمە ناوازە نەناسراوەکانی نەتەوەکانی دی. باشترین پێشنیار و ڕاسپاردەم ئەوەیە گەرەکە دەزگایەکی تایبەت لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان هەبێت و لە شارەزاییان و پسپۆرانی زارەکانی زمانی کوردی و هەروەها زمانە بیانییەکان پێکهاتبێت تا بتوانن بە میتۆدێکی زانستی و ئەکادیمی کتێبەکان بۆ زمانی کوردی وەربگێڕن، لەهەمانکاتیشدا بە هەماهەنگی لەگەڵ ناوەند و بنکە و دەزگە کەلتوورییەکانی وەک دەزگەکانی سەردەم و موکریانی و بنکەی ژین و جەمال عیرفان، پرۆژەیەکی ساڵانەی هاوبەشیان هەبێت بۆ وەرگێڕانی شاکارە کەلتووری و وێژەییەکانی زمانی کوردی بۆ سەر زمانە بیانییەکان.




دەربارەی ستەمی نەتەوایەتی و هەڵچونی نەتەوایەتی.. عەبدوڵا ساڵح

ڕووداوەکانی ئەم دواییەی کوردستانی سوریا و ئەو کوشتار و ڕاگواستن و ئەشکەنجەدان و کۆمەڵکوژییەی کە جەماوەر لەوێدا ڕووبەڕووی بوونەوە لەسەر دەستی میلیشیاکانی (ئەبو محەمەد جۆلانی – ئەحمەد شەرع)ی داعشی، لەژێر ناوی “هێزەکانی حکومەتی سووریا” و بە پاڵپشتی تەواوی میلیشیاکانی لایەنگری حکومەتی فاشستی تورکیا و بە گڵۆپی سەوزی ئەمریکا و یارمەتی تەواوی حکومەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە و لە سەروویانەوە قەتەر و سعودیە، لە هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندنی بینراو و بیستراو و لاپەڕەکانی سۆشیاڵ میدیا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و هەرێمی کوردستانی عێراق بە تایبەتی ڕەنگی دایەوە.
ئاشکرایە کە گەیشتنی (ئەحمەد شەرع) بە دەسەڵات بە هەماهەنگییەکی تۆکمەی تورکی- ئیقلیمی بووە، ئەمەش وای کردووە بڕیارەکانی (شەرع) وابەستە بن بە ڕەزامەندی و لە چوارچێوەی بەرژەوەندی ئەو لایەنانە دابن، یەکێک لەو بڕیارانەش پەنابردن بۆ هێز بەمەبەستی وەدەرنانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕۆژئاوای فورات، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ویستی تورکیا کە بوونی (هەسەدە) لە ناوچەی حەلەب بە هەڕەشە بۆ سەر “ئاسایشی نەتەوەیی” خۆی دەبینێت. ئەم دەسەڵاتە کاتیـیەی سوریا، هەر ناوێک هەڵبگرێت، لە دوا شیکردنەوەدا دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرییە بە بەرگێکی ئایینی/نەتەوەیی.
ئەم ڕووداوانە شەپۆلێکی خرۆشانی “نەتەوەیی کوردی”یان لەگەڵدا بوو کە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق و هەندێک شاری کوردستانی تورکیا و کوردستانی ئێرانی گرتەوە، ئەمە جگە لە ئەنجامدانی خۆپیشاندانی بەرفراوان لە زۆربەی شارە گەورەکانی ئەوروپا، کە تێیدا دروشمی ئیدانەکردنی ئەو ڕووداوانە و هەندێکی تریان داوای “یەکڕیزی و تەبایی نەتەوەیی دژی دومنان”یان دەکرد. هاوکات لەگەڵ ئەم هەژانە، کەمپەینی بەرفراوان بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری دارایی و خۆراکی و کەلوپەل بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوانی ئەو ناوچانە ڕێکخران.
بێگومان ئەو چەوسانەوەیەی کە جەماوەر لە کوردستانی سوریا ڕووبەڕووی بوونەتەوە مێژوویەکی دێرینی هەیە؛ چونکە بە درێژایی دەیان ساڵ و لەژێر دەسەڵاتی پارتی بەعسی فاشستدا، لە جیاکاریی یاسایی، سەرکوتکردنی کولتوور و زمانی کوردی، پەراوێزخستنی ئابووری و بێبەشکردن لە مافی بڕیاردانی چارەنووس ستەمیان لێکراوە و ناڵاندوویانە. ئەم ستەمە مێژوویـیە، کە تێیدا دەسەڵاتدارانی سوریا ئەو جەماوەرەیان بە “خەڵکی بیانی یان کۆچبەر” وەسف دەکرد، بەو جۆرە بێبەشیان دەکردن لە هەر ناسنامەیەکی “نەتەوەیی یان نیشتمانی” و مافی ڕەگەزنامەیان لێ زەوت دەکردن، ئەمە جگە لە گۆڕینی دیمۆگرافی و پەراوێزخستنی سیاسی تەواو. ئەم سیاسەتانە تەنانەت دوای ڕووداوەکانی ساڵی (٢٠١١) و لەسەر دەستی ئۆپۆزسیۆنی سووریاش بەردەوام بوون، دروشمی (گەلی سووریا یەکە) و کورتکردنەوەی سووریا لە یەک ناسنامەی نەتەوەییدا کە لە ناونانی وڵاتەکە بە “کۆماری عەرەبی سووریا” ڕەنگی دایەوە، ئەو ناوەی کە تا ئێستاش بە فەرمی بە وڵاتی سووریا دەوترێت. سەبارەت بە حکومەتی ئێستای داعشیـیانەش، ئەوا هەوڵ دەدات لەسەر هەمان ڕێچکە بەردەوام بێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی دڵنیایی پاڵپشتی هێزە ئیمپریالیستەکان و لە سەروویانەوە ئەمریکا و هەروەها وڵاتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکەی بەدەستهێنا.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بە ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ ماوەی نزیکەی پانزە ساڵ بکەین، ئەو ئەزمونەی کە خۆی لە دەرکردن و پەیڕەوکردنی کۆمەڵە یاسایەک کە جەخت لە جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت، یەکسانی نێوان ژن و پیاو و بەشدارییان لە بەڕێوەبردنی وڵات و هەڵگرتنی چەک، و یەکسانی لە ماف و ئەرکەکان لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی ئەو ناوچەیەدا دەبینێتەوە. ئەگەرچی ئەم ئەزمونە بێکەمکوڕی نەبوە و لادان و سەرپێچیش لە جێبەجێکردنیدا هەبووە کە لێرەدا جێگەی ئەم باسەی ئێمە نییە، بەڵام ئەزموونێکە بەوەی لە کوردستانی عێراقدا هەیە بەراورد ناکرێت، ئەمەش وای لە ڕەوتە چەپە ناسیونالستەکان کردووە کە وەک ئۆلگۆیەک و نمونەیەکی سەرکەوتوو سەیری بکەن و هەوڵی پەیڕەوکردنی ئەو ئەزموونە لە خەباتی ئایندەیاندا بدەن. کۆی هەموو ئەم هۆکارانە بەشداربوون لە هەڵگیرسانی ئەم شەپۆلەدا.
گومانی تێدا نییە کە ستەمی نەتەوەیی تەنها هەستکردن بە زوڵم نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی پتەوی ناهاوسەنگیـیە لە نێوان نەتەوەیەکی باڵادەست و نەتەوەیەکی تری ژێردەست، کە خۆی لە شکۆدارکردنی نەتەوەی باڵادەست و وروژاندنی هەستی نەتەوەیی وەک ئامرازێک بۆ هاندان دژی نەتەوە چەوساوە ژێردەستەکان و پاساودان بۆ ئەم چەوسانەوەیە بە ناوی “بەرگریکردن لە یەکپارچەیی وڵات و ڕێگریکردن لە جیابوونەوە” یا “هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەیی” و “سەرکوتی ناوخۆیی بە بیانووی مەترسی دەرەکی” دەبینێتەوە. بە کورتی: چەوسانەوەیەکی بێ پەردە و سیستماتیک!
گێڕانەوەی ئەم پاشخانە مێژووییە بە مەبەستی پاساودانی پەرچەکرداری ئەم شەپۆلە وروژاندنە نەتەوەییە نییە کە باسمان کرد، بەڵکو ڕوونکردنەوەی ڕاستیـیە مێژوویـیەکانە کە باس لە چەندین بەشی سەرکوت و چەوسانەوەی نەتەوەیی سیستماتیک دەکەن، کە لای خۆیەوە ئەرکی کۆمۆنیست و ئازادیخوازانە ئەم دۆسیەیە بگرنە ئەستۆ و خەبات بکەن بۆ چارەسەرکردنی و هەڵگرتنی ئەم ستەمە، لەو سۆنگەیەوە کە ئەمە بەربەستێکە لە بەردەم خەباتی چینایەتی پرۆلیتاریادا ڕوەو هەنگاونان بەرەو سۆسیالیزم.
بێگومان ئەم هەژانە نەتەوەییە لێکەوتەی زۆر و جۆراوجۆری هەبوو. لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەم شەپۆلە و ئەم هەڵچونە نەتەوەییە وەک فریادڕەسێکی کاتی بوو بۆ حکومەتی هەرێم . لە کاتی ئەم خڕۆشانە جەماوەرییەدا، لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەر بە حزبەکانی ئەم دەسەڵاتە، پڕوپاگەندەی سیستماتیک کرا کە هەندێکیان دەکرێ بخرێنە خانەی “شۆفێنیزمی نەتەوەیی”یەوە، ئەمەش بە ئامانجی سەرقاڵکردنی جەماوەر و ناچارکردنیان بە لەبیرکردنی نەهامەتی و ئازارەکانیان کە بەردەوام بەهۆی دەسەڵاتی پارتە بۆرژوا باڵادەستەکانەوە دەیچێژن، بە بیانووی ئەوەی “بەرژەوەندییە باڵا نەتەوەییەکان” لە مەترسیدان. کەناڵە ئاسمانییەکانی سەر بەو پارتانە ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبوو لە جۆشدانی ئەو هەستانە، بۆیە دەکرێ بوترێت کە بۆ ماوەیەک جەماوەری ناچار کرد سیاسەتە سەرکوتکگەرییەکانی ئەم دەسەڵاتە لەبیر بکەن لە ناو شەپۆلێک لە “سۆزە و مەیل وعاتیفەی نەتەوەیی هەمەلایەنە”دا.
نابێ ئەوەش لە بیر بکەین کە ئەم هەژانە، لە کاتێکدا بە شێوەیەک لە شێوەکان بەشداربوون لە پاڵپشتیکردنی جەماوەر لە کوردستانی سووریا و کەمکردنەوەی ئازارەکانیان، لە هەمان کاتدا بەشداربوو لە دووبارە پتەوکردن و قایمکردنی پایە نەتەوەییەکانی حزبە ناسیونالستەکان بەگشتی و دەسەڵاتدارانی هەرێم بەتایبەتی و شەرعیەتدان بە شانخاڵیکردنی ئەم دەسەڵاتە لە دابینکردنی سادەترین پێداویستییەکانی ژیان و گوزەرانی خەڵک. هەربۆیە کاتێک ئەم جۆش و خرۆشە هێور بووەوە، جەماوەر لە هەرێمدا دووبارە دەستیان دایەوە ناڕەزایەتی دەربڕین، بەجۆرێک مامۆستایان مانگرتنیان ڕاگەیاند و دەرگای قوتابخانەکانیان داخست و داوای مووچە نەدراوەکانی چەند مانگی خۆیان کرد.
دیاردەیەکی دیکە کە هاوشانی ئەم شەپۆلە بەدیکرا، هەڵوێستی چەپی نەتەوەیی بوو، ئەوانەی کە ئیدعای مارکسیزمیش دەکەن، بینیمان کاتێک “ئاوازە نەتەوەییەکە” بەم جۆش و خرۆشە لێدرا و دروشمەکانی بەرزکرانەوە، هەستە نەتەوەییەکانیان دووبارە بە ئاشکرا سەریان وەدەرنا و خزانە نێو ئەم شەپۆلە هەڵچوونە، لەم پێناوەشدا هەوڵیان دا هەندێک پاساوی تیۆری بدۆزنەوە کە پاڵپشتی هەڵوێستە ئاماژەپێکراوەکەیان بێت.
داواکاری گەلی کورد لە سوریا بۆ دابینکردنی مافی چارەنوس، مافێکی بێ ئەملاو ئەولایە و پێویستە لەسەر کۆمۆنیستەکان پشتگیری بکەن و تەنانەت لەوخەباتەدا پێشەنگ بن، بەڵام نەک لە سەنگەری نەتەوەپەرستەکانەوە، بەڵکو لە سەنگەری چینایەتی پڕۆلیتاریای شۆڕشگێڕەوە.
دوا وتە سەبارەت بە شێوە و سروشتی دەوڵەتی داهاتووش لە سوریای ئەمڕۆدا، دەبێ بڵێین ئەمەبەستراوەتەوە بە ئیرادەی ئازادی جەماوەر لەوێ بۆ هەڵبژاردنی شێوازی حوکمڕانی، نەک حوکمڕانیەکی داسەپاو لەژێر فشاری هێزە نێودەوڵەتییەکان وەک ئەوەی ئێستا هەیە.
١٢-٢-٢٠٢٦




مێگەلی ژێر پلەی سفر.. نەوزاد بەندی

ناچین ..
ئێمە لەمەودوا
بۆ هیچ جێگایەک ناچین ..
گەر جێگایەکیش خۆی هات
ئەڵێین زەحمەتت کێشا،
هەنگاوێک هەڵناهێنین
ئێمە بێ دەست و قاچین

٭ ٭ ٭

ناڵێین ..
ئیتر هیچ ناڵێین ..
ئەگەر ووشەیەکی حەق
بایەک هێنای بۆ لامان ،
پێی ئەڵێین ئێمە لاڵین ،
لە حەوشەی فەرماندەدا،
سەگ و تانجی و گەماڵین
بەلای قسەدا ناچین ..
بەڵام بە هۆ و بە بێ هۆ
یەکتری دائەپاچین ..

٭ ٭ ٭

نافڕین ..
ئیتر هەڵنافڕین ..
نایشزانین لە کوێ هاتین ..
باڵەکانمان دیکۆرن ..
مریشکی ئومەهاتین ..
سێ چارەکمان بە حیساب،
چلەکێشی خەلیفە و ..
چارەکێکیشمان هێشتا ،
چەکوش و داس و پاچین ..
کەچی لە لای فەرماندە،
وەکو پێڕی فیلەکەی
خاوەن شکۆ، گۆج ئەبین ..
وەک پوش وەختە بە با چین ..

٭ ٭ ٭

خەونمان نەما ..
لەمەو دوا ،
ئیتر خەونیش نابینین ..
پێچی مێزەرە دنیا،
چی بکەین لە سەید قوتب و
چیڤارا و عومەر موختار ..
گوڵسورخی و گۆرکی و لینین ؟
حیساب کە سەر لەبەرمان
چوارمێخەمان کێشراوە و
داکوتراوی سەر خاچین ..
بە هەزار و یەک دانتی
بە تەما نین بستێکیش
لەم سەر ڕێبازە لاچین ..

٭ ٭ ٭

ناخوێنینەوە .. ئێمە ..
ئیتر ناخوێنینەوە ..
هەرچییەکمان لێ بکەن،
هەروا ئەمێنینەوە..
هیچ لێکدانەوەی ناوێ ..
یاسایه، تاجی سەرە
هیچ تێکدانەوەی ناوێ ..
گەر دوپشک و ماریش بێ،
دەنگدان، ئەیچێنینەوە ..
گەر شەق لێمان زویر بێ،
خۆمان ئەیهێنینەوە ..
قەینا با بە قوڕا چین ..




ئەمڕۆ.. شیعری عیماد خۆراسانی.. وەرگێڕانی لە فارسییەوە شەهلا نوری

ئەمڕۆ چەندە جوان و شۆخ و شەنگ و دڵ ئارا بووی
ونبووی دڵی ئێمە بووی، وەک مانگی شەو پەیدا بووی

شمشادێکی لاو، نیلۆفەرێ تەڕ و گەشی باخ
تەواو جۆش و خرۆش و شەوقی تەمەننا بووی

سێحری بەیان و نەشئەی مەی و عەتری گوڵ؟ نا..
شتێکی تر، تۆ لەوان زۆر خۆشتر و بێ‌هاوتا بووی

بەو دەنگە بەسۆزە و بە کەراسی سوور و ئاڵ
بۆ دەردی دڵ و ساڕێژی برینم، دەوا بووی

بەو نیگا گەرمە و بەو دوو چاوە مەست و ڕەشانە
مەیخانەی سەد شەیدای وەک منی ڕیسوا بووی

خەیامت بۆ دەخوێندم، غافڵ لەوەی کە خۆت
لە لوتفی شیعر و غەزەل، حافز و مەلا بووی

هەمیشە ڕووی تۆ قیبلەی ڕاز و نیگای من بوو
ئەمڕۆ سەروویەک و سەد باخی تەماشا بووی

گوتم، دڵ دەپارێزم لەو چاوە بازانە بەڵام بێ سوود
بۆ تاڵانی دڵم، وەک کاروانێ ڕەها بووی
سەراپای بوونت داوی ڕاوکردنی دڵ بوو،
هەرچەندە بە ڕاز و ڕوخسار هەر خەریکی حاشا بووی

ئەوەی بۆم نووسیوی بەسە، یان دیسان بڵێمەوە؟
کە تۆ شیعر و گوڵ و هەرا و غەوغا بووی

سەرەتا ڕێگری دڵ بووی و دواتر بە شێت و مەستی
بۆ دەردی دڵان، هەم حەکیم و زانا بووی

ئەی مانگ. گەر مەرامت لە بردنی دڵی ڕەندان نەبوو!
ئەی بۆچی ئەمڕۆ ئاوا بێوێنە و دڵڕەبا بووی؟

وەک شیعری “عیماد” لە خەمی تەنیایی و بێبەشی
بۆ جەرگی سووتاوم هەم سەفا و هەم جەفا بووی

وەرگێڕانی لە فارسییەوە شەهلا نوری
شاعیر عیماد خۆراسانی
غەزەل ئەمڕۆ