کتێب\ ئیسلام و عەلمانییەت.. د. محەمەد ئارکۆن.. و: نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد
ئێستێتیکی فریدریش شیلەر- بەشی دووەم- کاوە جەلال
(2)
-2 کلاسیکی ڤایمار
ئەدەبی کلاسیکیی ئەڵمانی لە ڕووی مێژووییەوە دەخرێتە نێوان ساڵی گەشتەکەی گوێتە بۆ ئیتالیا (1786) و مردنی (1832)، هەروەها ناودەنرێت کلاسیکی ڤایمار، چونکە زۆرینەی نووسەرانی لەو شارە نیشتەجێ بوون و گرنگترینیان بریتی بوون لە: یۆهان ڤۆڵفگانگ فۆن گوێتە، فریدریش شیلەر (ئەم لە یێنا دەژیا کە بیست کیلۆمەتر لە ڤایمارەوە دوورە)، یۆهان گۆتفرید فۆن هێردەر و کریستۆف مارتین ڤیلاند. وەلێ گوێتە و شیلەر دیارترین نووسەری ئەدەبی کلاسیکیی ئەڵمانین.
تێگەی کلاسیک لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ „کلاسیکوس“ی لاتینی کە واتاکەی بریتییە لە: باڵاترین توێژی (کڵاسی) جڤاک. ئەم توێژە لە دەوڵەتی ڕۆمدا کەسانی دەوڵەمەند و نموونەیی لە خۆ دەگرت کە هاوکات لە باڵاترین ئاستی زەریبەداندا دانرابوون. واتای دیکەی تێگەکە، بەتایبەتی پەیوەند بە ئەدەب و هونەرەوە، بریتییە لە: نموونەیی، هەردەم هەنووکەیی. بێگومان گەرەکە جارێ لەم جێیەدا ئاماژە بۆ ئەوە بدەین، کە گرێدانی ئاوەڵناوی „کلاسیکی“ بە کارەکانی نووسەرانی ڤایمارەوە ناگەڕێتەوە بۆ ئەوان خۆیان، بەڵکو سەدەی نۆزدەیەم لە ڕەوتی „بزاوتی نەتەوەیی“ ئەڵمانی و شکۆفەی گێرمانیستیکدا (زانستی زمان و ئەدەبی گێرمانی) سەریهەڵدا. توێژەرانی گێرمانیستیک ویستیان قۆناغی کارکردنی نووسەرانی ڤایمار، بەتایبەتی گویتە و شیلەر، دیاری بکەن، لێرەشدا بۆ بەرهەمەکانی ئەوان ناوی کلاسیکیان هەڵبژارد، واتا: ئەو بەرهەمانە هەردەم هەنووکەیین، کۆننەبوون. بێگومان گەرەکە لێرەدا هەروەها ببێژین، کە خودی گوێتە و شیلەر کلاسیسیستن، چونکە ئەوان ئەدەب و هونەری هارمۆنیانە داڕێژراوی ئەنتیکە وەک نموونەی ئیدیالی داڕشتنی هونەرییان وەردەگرن.
ئێمە گەرەکە بۆ تێگەیشتن لە تایبەتمەندیی ئەدەبی کلاسیکیی ئەڵمانی سێ توخم دیاری بکەین: 1) ئەدەبی „هێرش و پاڵنان“ (1765-1790)، 2) بزاوتی ڕۆشنایی (1720-1790) و 3) شۆڕشی فەڕەنسی (1789).
1) دراماکەی فریدریش ماکسیمیلیان کلینگەر بە ناونیشانی „هێرش و پاڵنان“(1) کە ساڵی 1777 بڵاوکرایەوە، بوو بە ناوی ئەو قۆناغە ئەدەبییە ناوبراوە. کلینگەر لەو کارەیدا وەک نووسەرێکی یاخی دیاردەدات کە سۆزمەندانە جیهانی هەستەکانی خۆی دادەڕێژێت و دەنگ هەڵدەبڕێت بۆ یاخیبوونی تاکەکەس لە نەریتە جڤاکییەکان. تاکەکەس گەرەکە لە پێوارە چەسپێنراوەکان لابدات و بۆ ئازادی و خودبەدیهێنان تێبکۆشێت. وەلێ کلینگەر بە هەڵوێستی جەختکردن لە هەستەکێتی هاوکات یاخی دەبێت لە بزاوتی ڕۆشنایی کە هەست و سۆزی لەژێر سەروەریی ئاوەزدا دادەنا. بەگشتی بڕوانین، ئەوە یاخیبوونی هەڵبەستڤانانی گەنج بوو لە نەوەکانی ڕابوردوو، ئەم گەنجانە ئێستا بەگوێرەی تێگەیشتنیان بۆ ئەدەب و هونەر دەیانەوێت «… وازبهێنن لە ڕێسا باوەکان کە بەتایبەتی لە فەڕەنسا هێشتا هەر ڕێزیان لێدەنرا»(2)، ئەوان ئێستا دەخوازن »ئۆتۆنۆمییەکی ئێستێتیکی بە سەردەم بدرێتەوە کە بەهۆی سەروەریی کولتووریانەی فەڕەنساوە لەدەستچووبوو (…)، هەر بەگوێرەی ئەوەش دروشمە نوێکان لە هەژانی ئاگامەنددا بەرانبەر تێگە دێرینە ڕێنوماییەکان دانرابوون: ئێستا ژێنی (بلیمەت) وەک لەبریی بۆ ئەو ڕێسا بەندکارانە دادەنرێت کە دەبوو سەرەتا هەڵبەستڤانێکی چاک فێریان ببێت«؛ کەواتە ئێستا کەسێتییەک وەک بنەڕەتی ئافراندن وەردەگیرێت کە »… لە سروشتەوە دەزانێت وروژێنەرانە بهۆنێتەوە، بەو هۆیەشەوە مافی هەیە سەربەخۆ سەرپێچیی نەریتەکان بکات«(3). لەم ڕوانگەیەوە بلیمەت هێزی ئافراندنی خۆی، هەروەها ڕەسەنێتی و ئینتوئیسیۆن (حەدەس، نەزەری ڕوون و ئاشکرا، ئیلهام) بەهەند وەردەگرێت نەک پابەند بێت بە ڕێسای چەسپێنراوی ئەدەبی یان هونەرییەوە؛ ئەو هەروەها هەست دەخاتە سەرووی ئاوەزەوە و جەخت لە سروشتێتی و ئاوەڵابوونی سەبژێکتیڤی دەکات.
یاخیبوونی گەنجان لە ڕێنوماکانی کردار و هۆنینەوەی ئەدەبی، لە „ژۆرنالی گەشتەکانم“ی یۆهان گۆتفرید هێردەردا (ساڵی 1769) ئاشکرا دەبێت:
«من بەدڵی خۆم نەبووم، نە وەک کەسی جڤاکی لەو نێوەندەدا کە من تێیدا بووم و نە لە خۆداخستندا کە بە خۆمم دابوو؛ من وەک مامۆستای فێرگە بەدڵی خۆم نەبووم، کایەکە بۆ من زۆر تەنگ بوو، زۆر نامۆ بوو، زۆر نەگونجاو بوو، من خۆیشم بۆ ئەو کایەیە زۆر دوور و نامۆ و سەرقاڵ بووم؛ من وەک بیورگەر (بۆرژوا) بەدڵی خۆم نەبووم، چونکە جۆری ژیانی خانەوادەییم سوودی جددیی کەم بوو و ئارامییەکی تەمەڵ و زۆر جار قێزەوەنی هەبوو؛ لە کۆتاییدا من زۆر کەمتر وەک نووسەر بەدڵی خۆم بووم، ئەوە کاتێک من باسوخواسێکی ئەوتۆم وروژاندبوو کە چە بۆ ستاندەکەم زیانبەخش بوو و چە بۆ کەسی خۆم هەستیار بوو. کەواتە من هیچم بەدڵ نەبوو. وەلێ من بوێری و هێزم نەبوو تا هەموو ئەم دۆخە نالەبارانە تێکبشکێنم و ڕێژینێکی دیکە بگرمە بەر«(4).
2) بڕوای بزاوتی ڕۆشنایی بەگشتی ئەوە بوو کە مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی سروشتی دەتوانێت بە توانستی ئاوەز باڵاترین فۆرم بەدیبهێنێت، وەلێ هاوکات بۆ ئەم مەبەستە پەروەردەی کولتووری و ئێستێتیکی بە پێویست دادەنێت. ئەدەبی کلاسیکیی ئەڵمانی پابەند دەمێنێتەوە بە ئیدیالەکانی بزاوتی ڕۆشناییەوە، وەلێ هاوکات پەرەی پێدەدات، ئەویش بە پێکەوەگرێدانی ئاوەز و هەست، کەواتە ئیدێکانی بزاوتی ڕۆشنایی و ئەدەبی هێرش و پاڵنان تێکهەڵکێش دەکات. بەڵێ، تەنانەت خودی گوێتە و شیلەر، هەردوو هەڵبەستڤانە مەزنەکەی کلاسیکی ڤایمار، لە گەنجێتییاندا سەر بە ئەدەبی هێرش و پاڵنان بوون. بۆ نموونە ڕۆمانەکەی گوێتە بە ناونیشانی „موئاناتەکانی ڤێتەری لاو“، هەروەها درامای „جەردەکان“ی شیلەر، سەر بەم ئاڕاستە ئەدەبییەن. ئەوان هێدی هێدی لە خۆیەتیی سۆزمەندەوە کە مۆرکی هێرش و پاڵنان بوو، وەرچەرخان ڕووەو پرنسیپەکانی ڕۆشناییەکان کە بریتی بوون لە ئاوەز، لێبوردەیی، هومانیزم و کۆشش بۆ پەروەردە، بێگومان بەبێ ئەوەی دەستبەرداری هەستەکێتی ببن. بۆ ئەوان جوانێتی، واتا ئەدەب و هونەر، دەبن بە دەستوێژی پەروەردەی مرۆڤ (کە لە خوارەوە بەڕوونی لای شیلەر دەیبینین). لەم ڕوانگەیەوە نووسەرانی کلاسیکی داوا دەکەن کە پێویستە نووسەر “وەک نووسەر” بەرپرسیاریی مۆرالی و سۆسیال وەربگرێت، ئاخر لەبەر ئەوەی مرۆڤ لە سروشتەوە بەتوانایە بۆ فێربوون، ئەوا گەرەکە نووسەران و هونەرمەندان ببن بە مامۆستای خەڵک، ئەمەش بەواتای، ئەوان هونەر و جوانی وەک دەستوێژی پەروەردەکردنی مرۆڤان دادەنێن تاکو بییانگەیەنن بە مرۆڤپەروەری. وەلێ ئەم هەڵویستەی نووسەران ئەنگاژمۆ (ئیلتیزام) نییە، بەڵکو ئەوان شۆڕشی ئێستێتیکی دەهێننە پێشخانی بەرپرسیاریی نووسەر و هونەرمەندەوە. ئێمە بۆ تێگەیشتن لەم هەڵوێستە ئێستێتیکییەی نووسەرانی کلاسیکی گەرەکە ڕووبکەینە کاریگەرییەکی دەرەکی لەسەر ئەوان کە شۆڕشی فەڕەنسییە.
3) شۆڕشی فەڕەنسی کۆتایی هێنا بە شانشینیی ئەبسۆلوتیستی، وەلێ بەدوویدا ناسەقامگیریی سیاسی هات و لەژێر دەسەڵاتی تێرۆری ژاکۆبییەکانی ڕۆبسپیار و سان ژەستدا گەیشت بە لوتکە، لە کۆتاییشدا بە کایزەرێتیی ناپۆلیۆن بۆناپارت کەوتەوە. ئازادی و یەکسانی و برایەتی، کە ئیدیالی شۆڕشی فەڕەنسی بوون، وەک ئیدێ واتای ڕێنوماییان بۆ ئەو سەردەمە وەرگرت. وەلێ نووسەرانی کلاسیکی ڤایمار دەسەڵاتی تێرۆری ژاکۆبییەکانیان بە پاشەکشە لەو ئیدێیانە دانا. بۆ نموونە شیلەر دەستبەرداری ئیدێکانی شۆڕشی فەڕەنسی نابێت، هەروەها دەوڵەتی ئاوەز کە ئیدیالی ئەو شۆڕشە بوو، هەر ئیدیالی ئەو دەمێنێتەوە، وەلێ لەژێر کاریگەریی ڕوداوە خوێناوییەکانی شۆڕشدا دەگات بەو باوەڕە کە دەبێت بۆ ئەو مەبەستە ڕێگەیەکی دیکە بگیرێتە بەر: پەروەردەی ئێستێتیکیی مرۆڤ، واتا ئەو مرۆڤە کە لە خۆی نامۆبووە، ئەمەش لای شیلەر بەواتای: مرۆڤ دابەشیوە بەسەر ڕەمەک و ئاوەزدا. یەکخستنەوەی مرۆڤ، یان ئاشتکردنەوەی مرۆڤ لەتەک کرۆکی سروشتییانەی خۆیدا کە بەئاشکرا کاریگەریی ڕوسۆیە لەسەر ئەو، گەرەکە لە هونەردا و هەروەها بەڕێی هونەرەوە بهێنرێتەوە دی، بەوەش هارمۆنی لە نێوان تاکەکەس و جڤاکدا چێبکرێت. لە کاری هونەریدا گەرەکە کەتوارێکی دیکەی جیاواز لە کەتواری بەرجەستەی جیهان بسازێنرێت، شۆڕش گەرەکە ئێستێتیکی بێت لەدژی چێژی خەڵک بەگشتی.
ئەو سێ توخمە دیاریکراوەی سەرەوە بنەڕەت و پاڵهێزی یاخیبوونی نووسەران بوون. وەلێ ئەوان هاوکات ئەدەب و هونەری ئەنتیکە (لە ڕووی مێژووییەوە دەکەوێتە نێوان 800 پێش زایین و 600 پاش زایین) وەک نموونە بۆ ئافراندنی خۆییان وەردەگرن. مۆرکی سەرەکیی کارە هونەرییەکانی ئەنتیکە بریتی بوو لە „سەرجەمێتی“ یان „داخراوی“، جوانییەکەشیان لە هارمۆنی و سادەیەتی و مەزنیی خامۆشدا دەردەکەوت. هەر پابەند بەم نموونە بنەڕەتییەوە نووسەرانی کلاسیکی دەخوازن هارمۆنی لە نێوان هەست و ئاوەزدا بهێننە گۆڕێ پێکەوە لەتەک کۆششدا بۆ هومانێتی و کامیلێتی. بێگومان نووسەران نایانەوێت لاسایی ئەو هونەرە بکەنەوە، بەڵکو „پەرەپێدانی مۆدێرن“ی هونەرەکە دەبێت بە ئامانجیان. هونەری ئەنتیکە بۆ ئەوان بەتایبەتی بەڵگەیە بۆ ڕەسەنێتیی فۆڕم، وەلێ ئێستا دەبێت پابەند بە مەرجەکانی سەردەمی خۆیانەوە واتای دیکەی پێبدرێت. بە تێڕوانینی ئەوان، بێگومان لە ئاگاییانەوە بۆ فۆرم کە لە باڵاترین ڕادەدا گۆڕانی پێدەدەن، هونەر ئۆتۆنۆمە و بۆ خۆی گەردوونێکی ئۆتۆنۆم چێدەکات کە هاوکات کردەکێتییەکی (ئەکتوالێتییەکی) خۆیی هەیە و دەتوانێت بەو ڕێیەوە کاریگەری لەسەر مرۆڤان بنوێنێت.
بەکورتی: مۆرکەکانی کلاسیکی ڤایمار بریتین لە: هارمۆنی، ئازادیی خوددیاریکردن (ئۆتۆنۆمی)، مرۆڤپەروەری و جوانی. ئیدیالی „مرۆڤی جوان“، یان کامیلبوونی مۆرالی و ئێستێتیکیانەی تاکەکەس، گەرەکە بە پەروەردە و کولتوور بەدیبهێنرێت، وەلێ ئەوە تەنیا ژێنییە (بلیمەتە) کە لەتوانایدایە هونەری ڕاستینە بئافرێنێت، لێرەشدا سروشت، وەک ئەوبەرەکەی ژیاری، دەبێت بە سیمبۆلی ئازادیی نێوەکی و دەرەکی. وەلێ ئێمە لێرە وێنەدانەوەی یان لاساییکردنەوەی سروشتمان نییە وەک لە ناتورالیزمدا کە بۆ نموونە شیلەر بەتوندی ڕەتی دەکاتەوە. دانانی ئەدەب و هونەر لەژێر ڕکێفی یاساکانی سروشتدا ئەو واتایە دەگەیەنێت کە ئەوە هونەرمەندە بڕیار دەدات داخۆ چی جوان بێت. شیلەر لەتەک کانتدا هاوڕایە کە خودی ژێنی سروشتە و نائیفانە (سروشتییانە) دەئافرێنێت: «هۆنەری نائیف (Naiv) خۆی سروشتە و لاسایی سروشت دەکاتەوە. ئەو ڕاستەوخۆ یەکگرتۆوەیە لەتەک ئەو کردەکێتییەدا کە خۆی دەیەوێت دایبڕێژێت، بۆیە ئەو بەگوێرەی یاساگەلی ئاگالێنەهاتوو (کەواتە نەک ئاگامەندانە – ن)، وەلێ هەردەم ئۆبژێکتیڤی، کاردەکات. ئەوە خودی بابەتە داڕێژراوەکانن کە ڕەوتی داڕشتن بۆ ئەو دیاری دەکەن (…)، هەروەها ئەوە ئیدێکانی ئاوەزن کە بەڕێیانەوە جۆری داڕشتن وەک ڕێنوما دادەنرێت، کە ئیدی هۆنەر کەمتر کردەکێتی، بەڵکو پتر ئیدیال دادەڕێژێت«(5). جوانیی هونەر لەم ڕوانگەیەی کارایی ژێنییەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئینتوئیسیۆن وەک بەهرەیەکی سروشتی، بەمەش کاری هونەری هاوکات دەبێت بە بەرهەمی سروشت.
کەواتە نووسەرانی کلاسیکی لەو سەردەمە شێواوەی شۆڕش و ناکۆکیی تەنییەوەی جڤاکیدا هارمۆنی بە تاکە مەرهەمی دەروون دادەنێن، لێرەشدا ئێمە دەبینین کە بۆچی نوسەرانی ئەنتیکە دەبن بە نموونەی داڕشتنیان: تەنیا ئەوان کاتی خۆی بەڕاستی زانیبوویان هارمۆنی دابڕێژن. ئەوە کە بە بەردیدی کلاسیکییەکانەوەیە، مرۆڤی ئیدیالە کە تەواو جیاوازە لە مرۆڤی کەتوار، واتا لەو مرۆڤە کە بە تێڕوانینی شیلەر یان لەژێڕ ڕکێفی هەست و سۆزدایە و بەوەش وەحشییە، یاخود پابەندی ئاوەزە و بەوەش بەڕبەڕە. وەلێ کاتێک مرۆڤ (خوێنەر، لێڕوانەر) لە داڕێژراوە ئەدەبی و هونەرییەکاندا ئەزموونی جوانێتی و کامیلێتی دەکات، ئیدی بە ئارامیی دەروون دەگات و کەتواری شێواوی لەبیردەچێتەوە. بۆیە دەشێت نووسەر وەک وەرگری بەرپرسیاری ببێت بە پاڵهێزی گەیشتنی خوێنەران و لێڕوانەران بە مرۆڤپەروەری. ئێستا جوانی، ئەدەب و هونەر، دەبێت بە نێوەندیاری ڕاستی، وەلێ ئەوە جوانێتییەکە کە پابەندی ئیدیالەکانە. هەروەها داڕشتنی ئەم جوانێتییە تەنیا کاتێک سەردەگرێت، گەر وازبهێنرێت لە هەر ئەنگاژمۆیەکی (ئیلتیزامی) سیاسی. ئاخر ئەنگاژمۆ هەڵوێستێکی لایەنگرانەیە، „لایەن“گریش وازهێنانە لە هەمەکێتی (تۆتالێتی). لەم ڕوانگەیەوە ئەدەب و هونەر خۆیان مەبەستن نەک مەبەستی دەرەکییان هەبێت.
(تێبینیی نووسەر: لەتەک بڵاوبوونەوەی دوا بەشدا پەراوێزەکانی دیکە و لیستی سەرچاوەکان دادەنرێن)
رۆمانی كاتێك ئەتڵەس شانهكانی ههڵتهكاند.. ئاكۆ عهبدوڵڵا
جیهانێك بۆ ململانێی لهپێناو گهشهپێدان و چهقبهستوویی
ئاین راندی رۆماننووس و سیناریۆنووس و فهیلهسوف و شانۆنووس، بهناودارترین تیۆرداڕێژهری هزری (بابهتگهری) دادهنرێت. وهك رۆمانووسێكی سهنگینیش خاوهن ستایلی رهوان و ئهندێشهی سهركێش بوو. ساڵی 1957رۆمانی (كاتێك ئەتڵەس شانهكانی ههڵتهكاند Atlas Shrugged) بڵاوكردهوه كه ناوهرۆكهكهی لهشێوهی ئهندێشهی زانستی و نهێنی و ڕۆمانسی و چهشهی فەلسەفییانهیه. درێژترین ڕۆمانیشیهتی. رهنگدانهوهی تهنگژه ئابوورییهكان و گرفتی دۆزی وزهیه. هاوكات رۆمانێكی تهشویقییه و رازی تاوانی كوشتنیشه، كوشتنی گیانی مرۆڤ لهسهر دهستی رۆشنبیری بهكۆمهڵ. مانگرتنی خاوهن كارگهكان و بهگهڕخهره سهرهكییهكانی كۆمهڵگهیه. وێنهیهكی ئاڵۆز و كێشندهی گهندهڵی و ئابووری و سیاسی و ئهخلاقییه كه له (تهبایی) نێوان حكومهت و بزنسمانهكان دێته ئارا. تێیدا ئاین راند وێنهی شاره خوازراوهكهی (یۆتۆبیا)ی لهدۆڵی گالت كێشاوه وهك (كۆمهڵهیهكی خۆبهخشی لهنێوان خهڵكی كه تهنیا بهرژهوهندی تایبهتییان بهیهكهوه كۆیان دهكاتهوه، بهبێ هیچ رێكخستنێكی فهرمی). ههروهها تێیدا بهرگری لهتاكبوونی مرۆڤ و سهربهخۆبوون و بیرۆكهی بهرههمهێنان كردووه كه بهردهوامبوون و پێشكهوتن بهكۆمهڵگه دهبهخشی. واتا تهنیابوونی مرۆڤ و سهربهست بوونی ئهو ئایدیایه بهدهستهاتووهی كه بهردهوامی و پێشكهوتن بهكۆمهڵگه دهبهخشێ. لهناو رووداوهكانیشدا ئهوهی سهلماندووه پێشكهوتن و بهرههمهێنانی ناو كۆمهڵ پێویستی بهعهقڵیهتییهكی بابهتییانه و بهها بۆداڕێژراو و نموونهیهكی دوور لهدهسهڵاتی سهپێنراوهی نهزانانه ههیه. ئهوهش بهدیاردهخات لهخۆبردوویی سهرهتا دهبێته هۆی داڕمانی مرڤ و دواتر كۆمهڵگه. تێیدا جیهانێك دهبینین بهرههمهێنهرهكانی لهبهرههم دهوهستن و ماندهگرن لهكاردا بۆ ئهوهی لهههموو شوێنێك ئاژاوه سهرههڵبدات و خهڵكیش هۆشیان لهدهستبدهن بهوهش راكه راكهی خهڵكی بۆ بهرژهوهندییهكانیان خێراتر دهبێت. هەرچەندە ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە لەشاری نیویۆرکه، بەڵام نووسهر کاتی بۆ دیاری نەکردووە، بۆ ئەوەی جەخت لەسەر ئەو بیرۆکەیە بکاتەوە پەیوەندی بەقۆناغێکی دیاریکراو نییە. تێیدا دهبینین لهشوێن کۆنگرێس (دەسەڵاتی یاسادانانی نیشتمانی) و لەبری سەرۆکیش (گهورهی دەوڵەت) هەیە. خاوەن کارە تایبەتییەکان بەدەست یاسای ئارەزوومەندانە و ڕێسای خنکێنەر دەناڵێنن. كارهكتهرهكانی دوو گروپی تهواو جیای ناو كۆمهڵگهن. گروپی یهكهم كهسانی هۆشدار و بهرههمهێنی لایهنه جۆراوجۆرهكانی ژیانن كه. گروپهكهی دیكه ئهو كهسانهن كه تانه لهخاوهن هۆش و داهێنهران دهگرن، ئهوانهی لهبهردهم رهوڕهوهی پێشكهوتن وگهشانهوهی ژیان لهمپهرن. لەنێویاندا داگنێ تاگارتی بەڕێوەبەری هێڵی شهمهندهفهر ههیه كه هێلهكهی لهباوك و باپیریهوه بۆ جێماوه و بهردهوامیش ههوڵی گهشهپێدانی دهدات. هانک ڕیاردنیی سهرمایهداریش ههوڵی داهێنانی پێكهاتهیهكی نوێ بۆ ئاسنی جۆش دهدات تاكو بهتایبهتمهندییهكانی ركهبهری بهرههمهێنراوی هاوشێوهی ناو بازاڕ بكات. ئهوان خەبات دەکەن بۆ بەرگریکردن لەسەرمایەکەیان لەبەرامبەر دزەکان کە هەوڵدەدەن بەرهەمی کارەکانیان تاڵان بکەن. هاوكات بارودۆخی ئابووری ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خراپتر دەبێت. دواتر تێدەگەن کە کەسێكی نهێنی هەیە بەناوی جۆن گالت کە خاوەن سەرمایەکان هاندەدات بۆ وازهێنان لەکۆمپانیا و وەبەرهێنانەکانیان كه ئهوه هەوڵه بۆ لێدانی تاکە بەرهەمدارەکان لەکار و دژایەتیکردنی دزهكان. جۆن گالتی سهركرده و قسهكهر بهناوی بابهتگهری و دهستهكهی، رادهكهن بۆ ئهوهی لهدهرهوهی دهسهڵاتی حكومهت ئۆردوگایهك دامهزرێنن كه ئازادی تێدا ههبێ بۆ داڕێژتنی یاسا تایبهتییهكانیان. گالت ئهوه رهتدهكاتهوه هیچ ئهركێكی بهرامبهر ئهوانی دیكه ههبێت و پێشبینی هیچ ئهركێكی ئهوانیش لهبهرامبهر خۆی ناكات. لهكۆتایی رووداوهكان بیرمهندان سهردهكهون دوای ئهوهی تهواو پابهندی ئهوه دهبن لهپێناو نهیارهكانیان نهژین. شایهنی باسه ناوهرۆكی ئهو رۆمانه تا ئێستا فیلمێكی سێ بهشی لێداڕێژراوه كه جون بوتش دهریهێناوه.
ئەتڵەس لەئەفسانەی یۆنانیدا، بۆ ههتاههتایه سزای هەڵگرتنی قوبە ئاسمانییەکەی بۆ دەرچووە. لێرەوە ڕۆمانەکە پرسیاری ئەوە دەکات، ئەگەر ئەتڵەس بڕیار بدات شانەکانی هەڵبکێشێت و ئاسمان بکەوێتە خوارەوە، چی ڕوودەدات؟ کەواتە چی ڕوودەدات کاتێک ئەندامانی بەرهەمهێنی کۆمەڵگا دەستبەرداربن و دەست لەڕۆڵی خۆیان هەڵبگرن؟ بهجۆرێكی دیكه پێمان دهڵێت چۆن پێویستیمان بهمیتۆدێكی فهلسهفی سهخت ههیه تاكو گیان لهنوێ بێتهوه بوون و بونیاتی جیهان بكهینهوه.
لهو بهرههمهیدا ئاین راند پشتیوانی خۆی بۆ عەقڵانییەت و تاکگەرایی و سەرمایەداری بازاڕی ئازاد و پێشبڕكێیهكان دەربڕی و دووپاتیشی كردهوه گەشەکردن و بەرهەمهێنان لەکۆمەڵگادا پێویستی بەعەقڵانییەتی بابەتی ههیه. شایانی باسه كاریگهری ئهو رۆمانه بهسهر كۆمهڵگهی ئهمهریكی هێنده فراوانه دهڵێن گهوره كۆمپانیاكان ئهندامییهتی هیچ كهسێك قبوڵ ناكهن گهر پێشتر ئهو رۆمانهی نهخوێندبێتهوه. لهڕاپرسییهكی كتێبخانهی كۆنگرێسی ئهمهریكیش، دوای ئینجیل بهپلهی دووهم هات وهك كتێبێك كه زۆرترین كاریگهری بهسهر خوێنهرانی ئهمهریكی ههبێت.
ئاكۆ عهبدوڵڵا
———————————-
نووسهر لهچهند دێڕیكدا:
- ئهلیسا زینۆڤیڤنا رۆزنباوم، ناسراو بهئاین راند رۆژی 2 ی شوباتی ساڵی 1905 لهشاری سانت پیتهرسبورگی رووسیای قهیسهری ئهوسا هاته دنیا.
- لهكاتی شۆڕشی ئۆكتۆبهری ساڵی 1917 خێزانهكهی ئازاری زۆریان چێژت. بۆلشهفییهكان دهستیان بهسهر دهرمانخانهكهی باوكیدا گرت و ناچاربوون بۆ قرم (ئۆكرانیا) رابكهن.
- ساڵی 1921 لهگهڵ خێزانهكهی گهڕاوه شاری سانت پیتهرسبورگ و چووه زانكۆ.
- ساڵی 1924 له (پهیمانگهی هونهری سینهمایی) خوێندی.
- 1926 لهولایهته یهكگرتووهكانی ئهمهریكا نیشتهجێ بوو. ئهمهو ئارهزووی نووسین لهبواری سینهما بهرهو هۆلیود كێشی كرد و كۆمهڵێك سیناریۆی بۆ فلیم داڕێژت.
- رۆمانهكانی (ئێمه زیندووین)، (سروود)، (كانی) و چهندان كتێبی دیكهی نووسیوه لهوانه: (فهزیلهتی خۆپهرستی)، (بۆ رۆشنبیری نوێ)، (سهرمایهداری: ئایدیای نهناسراو)، (مانیفێستی رۆمانسییهت)، (چهپی نوێ: شۆڕش دژی پیشهسازی )، (پێشهكی بۆ زانستناسی بابهتی)، (فهلسهفه: كێ پێویستی پێیه).
- ساڵی 1982 بهنهخۆشی شێرپهنجه كۆچی دوایی كرد.
برایەتی گەلان بوو یاخود چی؟.. رۆمان ئامینە
لای بەشێک لە کوردستانیان ئەو ئاڵنگاریانەی ڕووبەڕووی ستاتۆی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بوونەوە بەهۆی چیەتی چەمکی برایەتی گەلانەوە بوو کە بووە هۆی کەڵکئاوەژۆی گرووپ و خێڵە عەرەبیەکان و هەڵگەڕانەوەیان. لای خێڵە عەرەبەکانی ڕەقە و دێرەزووریش کە بوونیادێکی کۆمەڵایەتی ئەبستراکت و دواکەوتوویان هەیە، بوونی ئەنجومەنە مەدەنیە عەرەبیەکانی ئەو ناوچانە شتێکی کارتۆنی بوون و بڕیار لە دەستی سەرانی کوردی حەسەکە-قەندیلدابوو. سا لە ڕاستیدا هەردوو بۆچوونەکە ڕواڵەتی و کورتبینانەیە و ناتوانێت وەڵامدەری ئەو پرسە بێت. لە ڕاستیدا ئەو ئاڵنگاری و پاشەکشانە بەهۆی ناوەڕۆکی ئەو پڕۆژەیەوە نەبوو کە خۆی لە برایەتی گەلاندا مانەفێست دەکرد، چونکە هەر لە بنەڕەتەوە کورد دەبوو لەژێر باندۆری بانگەشەیەکی تاکتیکیدا حوکمی ئەو ناوچانە بکات کە خۆی لە بانگەشەی برایەتیدا دەبینێتەوە. بە تایبەت کە سیستمی جیهانی بە هیچ جۆرێ ڕێگە نادات کە کورد لەژێر بەیداخی ناسیۆنالیستیدا بێتە مەیدان و خەبات بکات، چونکە ئەو سیستمە لای وایە کە ناوچەکانی کوردستان بە تەنها کوردیان تێدا ناژی و ئەوە سەردەکێشێت بۆ ئاڵۆزی و پشێوی کە زەرەری گەورە لە کۆی سیستمەکە دەدات، لێرەدا شوێنی نییە زیاتر لەم بابەتە بدوێین. سا پرسی ئەو ئاڵەنگاریانەی کە ڕووبەڕووی ستاتۆی بارۆس بووەوە خۆی لە چەندین هۆکار و ئەنگێزەدا دەبینێتەوە کە ئەمانەن:.
یەکەم: هۆزە عەرەبەکانی ئەو ناوچانە هەستیان دەکرد پەراوێز خراون و ناوچەکانیان وەکو پێویست ئاوڕیان لێنادرێتەوە و داهاتی نەوتی ئەو ناوچانە بۆ خودی ئەو ناوچانە خەرج ناکرێن. ئەگەرچی ئەو ناوچانە دەوڵەمەندنترین ناوچەی نەوتین، سا لە دێر زەمانەوە و لە سەردەمی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکاندا تامپۆیەکی جێهێڵراون و لە سەرەتاترین خزمەتگوزاریەکان بێبەشن، ئەو ماوەیەش کە کورد باڵادەست بوو تێیاندا، ئەمریکا بەشێکی بەرچاوی نەوتەکەی دەبرد، لە چوارچێوەی قەرەبووکردنەوەی ئەو تێچوانەی کە بۆ شەڕی داعش و لاوازکردنی ڕژێمی سوریا خەرجی کردبوو، ئەوەشی بۆ بارۆس دەگەڕایەوە زیاتر لە بواری سەربازی و تونێل لێداندا خەرج دەدرا.
دووەم: سیستەمی پەروەردەی مۆدێڕن و گۆڕینی پرۆگرامەکانی خوێندن بەپێی مێتۆدەکانی “نەتەوەی دیموکراتیک” لای زۆرێک لە هۆزە پارێزگارەکان وەک هەوڵێک بۆ سڕینەوەی ناسنامەی عەرەبی و ئیسلامی بینراوە. لەلایەکی ترەوە هەرچەندە دروشمی “پێکەوەژیانی ئاشتیانەی گەلان” زۆر جوان بوو، بەڵام جێبەجێکردنی لەسەر ئەرزێکی واقیعی کە ساڵانێکی زۆرە بە بیری نەتەوەیی و ئایینی توندڕەو پەروەردە کراوە، کارێکی ئاسان نەبوو. گونجاندنی سیستەمێکی مۆدێرن و پێشکەوتنخواز لەگەڵ پێکهاتە عەشایەری و کۆنەپارێزەکان لە هەندێک ناوچەدا، جۆرێک لە لێکتێنەگەیشتنی دروست کرد. ئەم ئایدۆلۆژیایە بۆ کۆمەڵگەیەکی خێڵەکی وەک دێرەزوور و ڕەقە نامۆ بوو”. هۆزەکان لەسەر بنەمای ئینتیمای خوێن و سەرۆکایەتی کلاسیکی ڕاهاتوون، نەک کۆمۆن و ئەنجومەنی دیموکراتیک. هەسەدە دەیویست مۆدێلێکی “ئایدیالیستی و مرۆیی” لە ناوچەیەکی “ماکیاڤێلیستی و جەنگەڵیدا” جێبەجێ بکات. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کاتێک تۆ باس لە مافی ژن و دیموکراسیی ڕاستەقینە دەکەیت، تەنها ڕووبەڕووی دەوڵەتەکان نابیتەوە، بەڵکو ڕووبەڕووی سیستەمێکی کۆنی چەند هەزار ساڵەش دەبیتەوە. عەشیرەتەکان دەترسان لەوەی کچان و ژنانیان وەک ناوچە کوردیەکان ئازادانە بەشداری ژیانی گشتی بکەن و بەوە بوونیادی عەشیرەتگەرایی تێکبچێت کە هەزاران ساڵە هۆکاری مانەوەیانە لە دەوریدا، بۆیە هەر لە سەرەتاوە مووی لەشیان بەم پرانسیپانە گرژ ببوو.
سێیەم: ناچاری سەپاندنی کەشی سەربازی، لەناوچەکانی ڕەقە و دێرەزووردا، بەهۆی زاڵێتی کەلتووری خێڵەکی و یاخێتیەوە. هەسەدە ناچاربوو بە چڕی کەشی سەربازی بچەسپێنێت، چونکە ئەو ناوچانە هەمیشە وەک بۆمبی تەوقیتکراو وابوون و ئەگەری تەقینەوەیان هەبوو، چونکە بوونیادی کۆمەڵایەتی ئەو ناوچانە بە ڕادەیەک خێڵەکیانەیە کە لە هیچ کوێی دنیادا وێنەی نییە. خێڵ هەمیشە جێی دەسەڵاتی گرتووەتەوە، پێکدادانەکانی ساڵانی ٢٠٢٢- ٢٠٢٣ و خۆپیشاندانەکان و تەراتێنی دەزگا هەواڵگریەکانی ناوچەکە، دۆخی ئەو ناوچانەی بە ناجێگیری هێشتبووەوە، بە تایبەت کاتێک هەسەدە ئەحمەد خەبیل ناسراو بە “ئەبوو خەولە”ی سەرۆکی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوری دەستگیرکرد، عەشیرەتە عەرەبەکان ئەوەیان وەک لێدان لە شکۆی ئەوان بینی و ئەوە بووە هۆی ڕاپەڕین و چەخماخەی پێکدادانی چڕ و پڕ کە تا ئەم دواییانەش خۆش نەبووەوە و هەزاران ماڵ ئاوارە بوون.
چوارەم: ڕۆڵی وڵاتانی ناوچەکە و گەمەی دەزگا هەواڵگریەکانیان: عەشیرەتە عەرەبەکانی ڕەقە و دێرەزور بنکە و پێگەی خزمایەتیان لە دیمەشق و زۆر جێگەی تری وڵاتانی عەرەبیدا هەن، بەهۆی ژن و ژنخوازییەوە. بۆیە پێش ڕووخانی ئەسەد، ئێران و ڕژێمی ئەسەد ئەو هۆزانەیان هان دەدا کە هەوڵ بدەن ئەمریکا لەناوچەکانیان دەرپەڕێنن، یاخود بەلایەنی کەمەوە ببنە سەرچاوەی هەراسانی بۆیان، لەو پێناوەدا هەموو شتێکیان پێشکەش دەکردن.. وەک ئەو یارمەتیانەی پێشکەشی ئیبراهیم هەلفەل و هاوەڵانی دەکرا کە خۆی دەدا لە ملیۆنان دۆلار.
هەرچی ڕۆڵی سعودیە و قەتەرە، چ لە ماوەی پێش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و دوای ڕوخانیشیدا کاریگەر بووە. سعودیە خۆی وەک دایکی دنیای عەرەب دەبینێت، بۆیە لە سەرانسەری دنیای عەرەبدا هەمیشە ڕۆڵی خۆی بە شێوەیەکی ئاسۆیی بەگەڕخستووە و چووەتە نێو سیاسەتی ناوخۆی وڵاتانی ناوچەکە، بە تایبەت سوریا. لە پێش ڕووخانی ڕژێمدا دیپلۆماتەکانی لە ڕێی ئەمریکیەکانەوە دەناردە لای هۆزەکان بەتایبەت هۆزەکانی “عەگیدات و شەمرات” و پارەداری دەکردن بۆ ئەوەی ڕێگری لە نفوزی ئێران بگرن لە ناوچەکانیاندا و وەلایان بکڕێتەوە. لە دوای ڕووخانی ئەسەدیش دیسان بە هاوبەشی لەگەڵ قەتەر و تورکیادا رۆڵی کاریگەری هەبووە، چونکە سعودیە وایدەبینێت سیاسەتی کوردی دەبێتە هۆی داماڵینی ناوچە عەرەبیەکان لە ڕەمزە ئییسلامی و عەرەبیەکان و کورداندنی ئەو ناوچانە. هەرچی قەتەریشە بە هەمان ئامانج سەدان ملیۆن دۆلاری خستووەتە بەردەم هۆزە عەرەبەکانی ناوچەکە بۆ ئەوەی بتوانێت هەم بە گژ پڕۆژەی کوردیدا بچێتەوە، هەمیش ڕێڕەوی سوتەمەنی خۆی قایم بکات و درێژیکاتەوە بەرەو تورکیا و لە تورکیاوە بەرەو ئەوروپا.
پێنجەم: ڕۆڵی ئەمریکا. ئەمریکا بەشێوەی فرەکارت و فرەئامانج لە گۆڕەپانەکەدا گەمەی خۆی دەکات و کردووە، لەلایەک پێویستی بە هاوئاهەنگی کورد بوو لە سەردەمی داعشدا و بۆ ئەوەی لە ڕێی ئەوانەوە نفوزی خۆی بسەپێنێت و کوردیش بکات بە کارتێکی کاریگەر بەدەست خۆیەوە. لەلایەکی دیش نەیدەویست کە کورد بە ئەندازەیەک پەل بهاوێت و گەورە ببێت کە جڵەوی لەدەستی دەرچێت بۆیە لاری نەبوو لەو ئاڵنگاریانەی تورکیا و قەتەر و سعودیە ڕووبەڕووی کوردیان دەکردەوە بە تایبەت سەردەمی ئیدارەی بازرگانە بێمۆڕاڵەکە “ترامپ” و نێردەکەی “ تۆم باراک”.بە تایبەتی لەم دوایانەدا و لە پرسی ڕێکەوتنی پاریسدا، ئەو ئاسانکاریانەی تورکیا-سعودیە-قەتەر بۆ ئیسرائیلی کوڕی ئەمریکایان کرد و باشووری سوریایان پێشکەش کرد، وایکرد ئەمریکا نەرمی زیاتر بنوێنێت، بە تایبەت کە ئەو هێڵە سوننەیە تا ئێستا هاوئاهەنگ لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و نەیاریکردنی دوژمنەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل کە ئێرانە هەنگاوی ناوە.
وە ڕەهەندێکی دیکەی ئەم پرسە ئەوەیە ئەگەربێتوو هێڵی سوتەمەنی قەتەری بە سوریادا بگاتە تورکیا و لەوێوە بۆ ئەوروپا، ئەوا دەبێتە هۆی بێبایەخکردنی سوتەمەنی ڕووسیا بۆ ئەوروپا و بەوە ڕووسیا گورزێکی کاریگەر دەخوات. بۆیە ئەم پێناوانە بوونە هۆی ئەوەی ئەمریکا چاوپۆشی لە گەلەکۆمەی سەر کوردان بکات. پێشتریش ئەمریکا ڕێی بە دیپلۆماتکارە قەتەری و سعودییەکان دەدا بە ئاشکرا تەراتێنی ڕەقە و دێرەزور بکەن و پەیوەندی لەگەڵ هۆزە عەرەبەکان قایم بکەن، هەرکاتێکیش هەسەدە ڕێگری لێدەکردن، ئەمریکا پاساوی دەهێنایەوە بەوەی کە باش نییە دژایەتی پڕۆژە ئاسۆییەکانی سعودیە لە ناوچەکە بکەن، بە تایبەت ئەوەی کە بەناوی پڕۆژەی هاوکاری و ئاوەدانکردنەوەوە دەهاتنە ناوچەکە. چونکە ئەمریکا بۆ خۆی نەوتی ئەو ناوچانەی دەبرد و هیچی لێنەدەهێشتەوە، لەو چوارچێوەیەدا لاری نەبوو کە سعودیە و قەتەر ناوچەکە ببوژێننەوە و ڕێگری لە نفوزی ئێرانیش بکەن.
ئێمە چۆن زمان بەكار دێنین؟!.. سەدیق سەعید ڕواندزی
هەموو زمانێكی شیعری، هەڵگری بونیادێكی واتاییە، بەو مانایەی زمان لە دەقی شیعریدا، ئەگەر لە ئاستی دەربڕین و فۆڕمیشدا مانایەكی دیاریكراوی هەبێت، ئەوا هەمان ئەو زمانە دەشێ لە چەندین دەلالەتی دیكەی زمانەوانی بیخوێنینەوە.بێگومان هەموو دەقێك هەڵگری مانایەكە، بۆیەشە لە ڕێی زمانەوە ئەو مانایە دەگەیەنرێت.زمان لە دەقی ئەدەبیدا، هەمان ئەو زمانە میللییە نییە، كە دەشێ بە ئاسانی لە ماناكەی بگەین، بەڵكو دەتوانین هەمان ئەو زمانە بە چەندین مانا بارگاویی بكەین. یەكێك لە ئەركە بنچینیەیەكانی زمان گەیاندنە، بگرە زمان خۆی، وەك ئامرازێك بۆ پەیوەندی و گۆڕینەوەی بیروڕا، ئامانج لێی گەیاندنی پەیام و گوتارێكە بۆ ئەویتر. لێرەوەش گەر لە ڕووبەرە كۆمەڵایەتییەكەی زماندا، تەنێ گەیاندنەكە مەبەست بێت، ئەوا لە زمانی نووسیندا، شێوە و چییەتی و چۆنیەتی ئەو گەیاندنەش لە فۆڕمە دیارەكانی زمانە، چونكە زمانی دەق، زمانێكی مانایی، هونەریی و ئستاتیكییە و نابێ بە هەمان فۆڕمی كۆمەڵایەتییانەی زمان، لە میانەی پەیوەندی ئاسایی كۆمەڵایەتی بەكاربێت، هەر ئەمەشە نووسین لە زمانی ئاسایی جیا دەكاتەوە، چونكە نووسین بە مانای داڕشتن و ڕێكخستن و بەواتاییكردنی زمان. لەو ڕوانگەیەوە، گەر سەرنج لە زمانی نووسینی بەشێكی زۆر لە نووسەران بدەین، دەبینین ڕەچاویی ئەو ڕێكخستنە هونەریی و مانایەی زمان ناكەن و تەنها لە ڕووكاری دەرەوەدا، سەرنجی زمان دەدەن، كە ئەمەش هەڵەیە و جۆرێكە لە درك نەكردن بە هونەری بەرجەستەكردنی زمان لە دەقدا. بۆ نموونە: هاوڕێیەكەم، كۆمەڵە شیعرێكی بە ناوی (لێرە ڕۆژ بێ تام درێژە ) بڵاوكردۆتەوە. ئەم ناونیشانە لە ئاستی فۆڕمی زماندا دیارە مەبەستەكەی ڕوونە، بەڵام گەر بپرسین تامی ڕۆژ چۆنە؟! ئەوا بێگومان ئەم ناونیشانە ناتوانێت، دەلالەتی واتایانەی خۆی لە ڕووی ناوەڕۆكەوە بگەیەنێت، چونكە لە بنەڕەتدا ڕۆژ تامی نییە و تامكردن پەیوەندی بە هەستەكانەوە هەیە و هەستەكانیش دەبێ ئەزموون بكرێن، ئەوكات دەردەكەوێت پەیوەندی ئێمە بە شتەكانەوە لە ڕووی هەستییەوە چۆنە. هەڵبەتە زمانی شیعری، زمانی سمبولی و مەجازییە، بەڵام دواجار ئەوەی لە دەق بە گشتی و شیعریش بە تایبەتی بوونی هەیە مانایە، بەو پێیەی خوێنەر لە پاڵ چێژ و جوانی زمان، مانای بەلاوە مەبەستە، لێرەوەش ئەم ناونیشانە شیعرییانە ناكەوێتەوە. گەر لە بری تام وشەی (بێ ئەندازە، یان بێ سنوور درێژە) بەكارهاتبا، ئەوا مانای شیعرییانەی خۆی دەگەیاند، بەو پێیەی ڕۆژ دوانزە كاتژمێرە و ئەو ڕۆژەی شاعیریش وەسفی كردووە، لە دوانزە كاتژمێر زیاترە، بەمەش پێوانەی زەمەن و پێوانەكردنی كات لە ڕووی واتاییەوە هاوواتا دەبوو لەگەڵ ناونیشانە شیعرییەكە، پێچەوانەی تام، چونكە زەمەن پێوانە دەكرێت و چوارچێوەیەكی فیزیكی و مێژوویی هەیە و ئەمە لە كرداری هەستی تامكردندا بوونی نییە. گریمان گەر لە بری ڕۆژ، ڕۆگاریش بەكارهاتبا، ناونیشانەكە زۆر جوانتر و پڕ ماناتر دەبوو، چونكە زۆرجار دەگوترێت، ڕۆژگارێكی تفت و تاڵمان بە سەر برد، بەڵام هەرگیز ناڵێین، ڕۆژێكی تفت و تاڵمان بە سەر برد، چونكە لە ڕۆژگاردا زەمەن كراوەیە، بەڵام لە ڕۆژدا دیاریكراوە و داخراوە، چونكە دوانزە كاتژمێرە، بەو پێیەی شەو و ڕۆژ بەسەر یەكەوە بیست وچوار كاتژمێرە.
*ئەم بابەتە لە هزروهونەری ڕۆژنامەی خەبات ژمارە(244) لە 19/2/2026 بلاچوكراوەتەوە.
هەسەدە و شەرع لە رێکەوتنێکی ئاڵۆزدا.. عوسمانی حاجی مارف
هەوڵی حکومەتی ئەحمەد شەرع بۆ ڕێکەوتنی لەگەڵ هەسەدە، وەک خاڵی هاتنە ژوورەوە بەئارامی بۆ گەڕاندنەوەی سەروەری و یەکخستنی هێزە چەکدارەکانی لە تەواوی سوریادا دەبینێت، هەسەدەش وەک چوارچێوەیەک لە دامەزراندنی پێگەی سیاسی خۆی لەناو دەوڵەتی سوریادا مامەڵە دەکات.
کۆبوونەوەی نێوان تۆم باراک و مەزڵوم عەبدی، تەنیا بە چەسپاندنی ئاگربەست لەسەر زەوی سنووردار نەبوو، بەڵکو دەرگای بەڕووی گفتوگۆیەکی سیاسی فراوانتردا کردەوە سەبارەت بە پەیوەندیەکانی داهاتووی نێوان هەسەدە و دەوڵەتی سوریا، هەرچەندە ئاگربەست ڕاگەیاندراوە، بەڵام سیاسەتی ڕێکەوتنی ترەمپ و ئۆرگان و شەرع، نەگۆڕدراوە!.
هەنگاوەکانی دەوروبەری درێژکردنەوەی ئاگربەست، بەحساب هەوڵدانێکە بۆ گۆڕانکاری چۆنایەتیەک کە بەبەراورد بە هەوڵەکانی پێشوو، هەوڵێکە بۆ کەمکردنەوەی پەرەسەندنی شەڕی ناوخۆ، گوایە ئەمجارە لە هەنگاوی دانوستانەکاندا، ڕێڕەوی بەڕێوەبردنی ململانێکان بۆ گەڕان بەدوای سروشتی پەیوەندی سیاسی و دامەزراوەیی نێوان هەسەدە و دیمەشق دەبات، کە زیاتر بەرەو سنوردارکردنی پێگەی هەسەدەیە لە سوریا.
بەڵام ئەو ڕێکەوتنەی کە لە ١٨ی کانونی دوەمدا واژۆ کرا، چوارچێوەی ئەم گۆڕانکاریەی پێکهێنا، کە شەرع وەک پێشەکیەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی سەربازی هەسەدە سەیری دەکرد، لەکاتێکدا چاوەڕوانی هەسەدە بەوشێوەیە دەردەکەوت کە هێزەکەی وەک بەشێکی سەربەخۆ لەناو دەوڵەتدا بە فەرمی بناسرێت.
لەلایەکەوە هەسەدە هەوڵدەدات خۆی وەک هاوبەشێک پیشان بدات کە ئامادەیە بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، لە لایەکی دیکەوە، ئامانجی هەسەدە دەستەبەرکردنی پێگەیەکە لەناو ناوەندەکانی بڕیاردانی ناوەندیدا، کە پێیانوایە، بەم شێوەیەش دەتوانن کاریگەری سیاسی و ئەمنی خۆیان لە قۆناغی دوای یەکگرتندا بپارێزن.
پارێزگای حەسەکە وەک هەستیارترین خاڵ لەم پرۆسەیەدا دیارە، کە ناوەندی کێشکردنی جوگرافی و سیاسیە بۆ ئەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدایە، هەر دامەزراندنێک لە حەسەکە ناتوانرێت لە هاوسەنگیە ئاڵۆزە ئەمنیەکان و خێڵەکی و ئابووریەکان جیا بکرێتەوە، ئەمەش وادەکات کاندیدکردنی پارێزگارێک لەلایەن هەسەدەوە، یان ئاماژەیەکە بۆ هاوبەشیەکی درێژخایەن لەگەڵ دەوڵەت، یان دەستپێکی دانوستانە سەختەکانە، لەسەر ئەوەی کێ دەسەڵاتی ڕاستەقینەی لە ناوچەی جەزیرەی سوریا بەگشتی و لە حەسەکە بەتایبەتی بەدەستەوە دەبێت؟.
واشنتۆن پاڵ بە یەکلایکردنەوەیەکی وردەوە دەنێت، کە گەرەنتی یەکگرتنی هێزەکانی هەسەدە لە دەوڵەتی سوریادا جێبکاتەوە، بەڵام دەیەوێت لەژێر هەلومەرجێکدا ئەم یەکگرتنە پێکبێت، کە ڕێگری نەبێت لە دەوری نەخشەو سیاسەتەکانی ئەمریکا، لەم چوارچێوەیەدا پێداگری ئەمریکا، لەسەر بە کراوە هێشتنەوەی دەرگای ئاگربەست و دابینکردنی بەرگێکی سیاسی دەبێت، تا ڕێگە بە گواستنەوەی وردە وردە لە بەرەکانی جەنگەوە بۆ مێزی دانوستان هەنگاو بنرێت.
گومانی تیانیە کە دیمەشق بە وریاییەوە لە پرسی درێژکردنەوەی ئاگربەست نزیک دەبێتەوە، ڕەتیدەکاتەوە بیکاتە ڕێکارێکی سادە و ئۆتۆماتیکی و بێمەرج، سەرچاوەیەکی حکومی لە لێدوانی تایبەتدا ڕایگەیاندووە، کە هۆکاری سەرەکی ڕازی نەبوون بە درێژکردنەوەکە، پێگەی بەرزی ئێستای سوپای سوریایە، گوایە تێڕوانینی شەرع پێگەی دەوڵەتی سوریا چ لە ڕووی سەربازی و چ لە ڕووی سیاسیەوە بەهێزتر دەیبینێت.
کۆبونەوەی ئەم دواییەی هەولێری نێوان نوێنەرانی واشنتۆن و هەسەدە لە چوارچێوەیەکی سەربازی نائاسایدا ڕووی نەدا، بەڵکو لە چوارچێوەیەکی سیاسی ناسکدا پێشهات، کە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدوای بەڕێوەبردنی دۆخێکی ئاڵۆزترن، هەوڵدانێکە لە قۆناغێکی ڕاگوزەری ناوچەکە بەرەو سەقامگیری بۆ ئەمنیەتی سەرمایەگوزای، نەک تەنها ئاگربەست. درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوان دیمەشق و هەسەدە، ڕەنگدانەوەی هەوڵێکە بۆ ڕێکخستنەوەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی فورات، لەنێوان گۆڕانی هاوسەنگیە ناوچەییەکان و زیادبونی فشارە نێودەوڵەتیەکان، کە بەدوای سوریایەکی یەکگرتوەوەن لە پرۆسەی بەهێزکردنی دەسەڵاتی شەرعەوە. بۆیە هەر درێژکردنەوەیەکی ئاگربەست دەبێت مەرجی ڕوونی هەبێت، بەپلەی یەکەم بونی گەرەنتی پابەندبونی هەسەدەیە، کەجێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ١٨ی کانونی دووەمی ٢٠٢٦ مسۆگەر بکات!.
هەڵبەتە بونی گەریلاکانی پەکەکە لە نێو هەسەدەدا، کاریگەری لەسەر ڕێکەوتنەکان و ئاگربەست دەبێت، بەتایبەتی پەکەکە بەشێوەیەکی وەها کاریگەر لەنێو هەسەدەدا هەیە، کە دەتوانێ بڕیاردان لەناو هێزەکانی هەسەدەدا کۆنترۆڵ بکات، ئەمەش ئەو ئاراستەیە بۆ هەسەدە پێشبینی دەکرێت، ئاگربەست دەرفەتێکی پێئەدات، خۆی بۆ پێکدادانێکی درێژخایەن لەدژی سوپای سوریا ئامادە بکات!.
پێشتر لە ڕاگەیەندراوێکی حکومەتی سوریا ڕونکرایەوە، هێزەکانی سوریا ناچنە ناو سەنتەری شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ، بەڵکو لە پەراوێزی شارەکانیان دەمێننەوە ئەگەر ڕێککەوتنەکە یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام دواتر باسی هێڵی کاتی و وردەکاری یەکگرتنی ئاشتیانەی پارێزگای حەسەکە بە شاری قامیشلۆشەوە دەکرا، لەهەمانکاتدا هێزەکانی سوریا چونە ناو حەسەکە و کۆبانی و قامشلۆ، گوایە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لەوی دەمێننەوە.
سەرچاوە سەربازیەکانی سوریا ئاماژە بەوە دەکەن، هێشتا چانسی ڕێکەوتن دەتوانێت بەردەوام بێت، بە مەرجێ هەسەدە پابەند بێت بە دوو خاڵی سەرەکیەوە، یەکەم پێشکەشکردنی لیستی کەسایەتیە بێلایەنەکان بۆ پۆستە سەربازی و ئیداری و پەرلەمانیەکان، دووەم هەنگاوی جددی بنێت بۆ بێلایەنکردنی کادرەکانی سەر بە پەکەکە، بەتایبەت کەسە بیانیەکان.
دەوترێت، مەزڵوم عەبدی ئامادەیە پابەند بێت بەڕێکەوتنەکە! بەڵام ڕوبەڕوی ڕەوتێکی توندڕەوە لەناو هەسەدەدا، کە پەیوەندی هەرێمی و نێودەوڵەتیان هەیە، ڕەنگە ئاستەنگی لەبەردەم جێبەجێکردنیدا دروست بکات، بەتایبەتی سەبارەت بەو لیستانەی بڕیارە پێشکەشی ئەحمەد شەرع بکرێن، لەوانەیە ئەو ناوانە لەخۆ بگرن، کە لەئاستی ناوچەییدا ڕەت دەکرێنەوە، بەتایبەتی لەلایەن تورکیا و سعودیەوە، ئەمەش دەرگا بەڕووی فشارە مەیدانیەکاندا دەکاتەوە کە ئاگربەستەکە نەتوانێ بەردەوام بێت.
هەرەوەها کۆبانی وەک بەربەستێکی هەرە بەرچاو لەم پرۆسەیەدا دەمێنێتەوە، وەزارەتی بەرگری سوریا وەک کانتۆنێکی جیا لەو کەرتە سنووریەی حەسەکە لەژێر دەستی هەسەدە دایە دەڕوانێت، پێیوایە کە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە ئێستا زۆر گرنگە، هەروەها دیمەشق چارەنوسی کۆبانی بە چارەنووسی قامیشلیەوە دەبەستێتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی سیمبۆلیزمی سیاسی و نەتەوەیی ئەوان، کە هەر چارەسەرێک، چ ئاشتیانە بێت یان سەربازی، دەگاتە چارەسەرێکی هاوبەش.
لەبەرامبەردا دیمەشق و ئەنقەرە گومانیان هەیە لە نیازەکانی هەسەدە، پێیانوایە هەوڵی کڕینی کات دەدات بۆ سود وەرگرتن لەئاگربەست، هاوکات هەڵمەتی میدیایی خۆی بۆ کۆکردنەوەی دانیشتوانی کورد لەسەر ئاستی ناوچەیی پەرەپێدەدەن بە ناسینی سوپای سوریا بە هەوڵی بۆ ئەنجامدانی پاکتاوی نەتەوەیی، هەرچەندە پێدەچێت ڕێکەوتنەکە بۆ ئێستا بەردەوام بێت، بەڵام ناتوانرێت پێشێلکاریەکان ڕەت بکرێتەوە، بەتایبەتی سەبارەت بە چونە ژوورەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە.
بەجیا لە هەر دەورێک کە ململانێ و نەخشەو سیاسەتەکانی ئەمریکا بنەمای کاریگەری دەبینێت لەسەر ناوچەکە، پێدەچێت لە کورتخایەندا، دانوستانەکانی نێوان دیمەشق و هەسەدە بە درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەیەک بەردەوام بێت، هەنگاوی ڕەمزی بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکە گیراوەتەبەر، بەڵام یەکگرتنی هەمەلایەنە، ناڕۆشن و ڕاگیراو دەمێنێتەوە، چونکە ئەوە نەزانراو نیە کە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، دۆخێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی تەواو جیاوازە لەبەرامبەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریادا، سادەترینیان، واقعیەتی هێزە سەربازیەکانی سوریا ئیمکانی نیە قەبوڵی کەن، بۆنمونە بوونی ژنان لە ڕیزەکانی هێزی سەربازیدا، جگە لە زۆرلایەنی تر لە جیاوازی سکولاری و ئازادی و شارستانیەت و مافەکانی ژنان، کە ناکۆکە لە بەرامبەر دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسیدا. ئەو دۆخەی بۆ شەرع هەزم ناکرێ، واقعیەتی پێکهاتەی دەسەڵاتەکەیەتی، کە هۆکار و زەمینەیەکی واقعیە، ئەو رێکەوتن و ئاگربەستە تووشی شکست دەهێنێتەوە، دووبارە کێشە و هێرشەکانی بۆ سەر رۆژئاوا وەها دەست پێدەکاتەوە، ئایندەی سیاسی ناوچە کوردنیشینەکان و سوریا روبەرووی بارگرژی و کارەساتی زیاتر دەکاتەوە.
لەپیرمام.. یەكەمین فیستیڤاڵی شانۆی سەرشەقام بەرێوە چوو.. كامەران حاجی ئەلیاس
ئەگەر ئاوڕێك لە مێژووی هونەری شانۆ لە پیرمام بدەینەوە چەندین كاری ناوەزە لەم شارەپێشكەش كراوەن بەهۆی بوونی كۆمەڵەی هونەر و وێژەی كوردی لقی پیرمام بە تایبەتی لە هەشتاییەكانی سەدەی رابردوو بۆ نموونە چەندین شانۆگەری پێشكەش كراوە وەكو شانۆگەری (فەیلەسووفی ئاخر زەمان) لە نووسینی و دەرهێنانی یوسف برادۆستی، شانۆگەری (هاورێكی تاساو) نووسینی جەلیل زەنگەنە دەرهێنانی یوسف برادۆستی، شانۆگەری (شاری ئەوین) نووسنی تەڵعەت سامان و دەرهێنانی یوسف برادۆستی،شانۆگەری (مەلەف) نووسینی تاهیری دەرهێنانی یوسف برادۆستی….. لەگەڵ چەندین ئەكتەر و دەرهێنەری بە توانا لەم شارەدا بوونیان هەبووە ئێستاش بەردەوامن..
شانۆی شەقام ئەو شانۆگەریانە لە خۆدەگرێت كە لە دەرەوەی هۆڵەكان نمایش دەكرێن واتە لە شوێنە گشتییەكان وەكو بازار و پارك و نەخۆشخانەكان لە وێستگەكانی میترۆ و شەمەندەفەر نمایش دەكرێن ئەم شێوازە چەندین مەرجی تایبەت بەخۆی هەیە بۆنموونە بینەران بانگشت ناكرێت بۆ بینی نمایش بەڵكو جەماوەر خۆیان ئامادە دەبن بۆ بینی نمایشەكان زۆر جاریش دەقی ئامادەكراو نییە واتە مەرج نییە تێكستێك ئامادە كرابێت و چەند رۆژێك پرۆڤەی لەسەر كرابێت بەڵكو بەشێوەی راگوزەر (ئیرتجال) نمایش دەكرێن لە هەمان كاتدا بابەتەكان بابەتی هەنووكەیین.بە شێوەیەكی گشتی ئەكتەر دەبێتە كۆڵگەی سەرەكی شانۆگەرییەكان.. نمایشەكانیش كورت دەبن سەما و موزیك و جل وبەرەگی رەنگاو رەنگی سەیرو سەمەرەو سەرنج راكێش لەم جۆرە نمایشانە گرنگی زیاتری پێدەرێت خاڵێكی تر بەشداربوونی ئامادەبووان لە نمایشەكانە لەگەڵ ئەكتەرەكاندا ئاوێتەی یەكتری دەبن لێرەدا توانستی ئەكتەر دەردەكەوێت بەوەی تاچەند دەتوانێت ئامادەباشی هەبێت بۆئەوەی بەشێوەیەكی سەركەوتووانە هەڵسووكەوتیان لەگەڵدا بكات چ لە رووی دیالۆگ بێت یاخود هەركردارێك كاتێ بینەر بەرامبەرئەكتەر كارو كاردانەوەی دەبێت.
لە كوردستان بەشێوەیەك لە شێوەكان شانۆی شەقام لە كۆنەوە هەبووە بەڵام لە ژێر ناوی شانۆی شەقام نەبووە بۆ نموونە یاری( بووكە بەبارانێ ) بەڵام شانۆی شەقام زیاتر لە دوای راپەرینی بەرهای 1991 سەری هەڵدا واتەچەندین شانۆگەری بە ناوی شانۆی شەقام نمایش كران هەرچەندە تائێستا لە زۆرێك لەسەرچاوەكان باس لەوە دەكەن كە هونەرمەند(ئەسوەد فائق) یەكێك لەوەی كە ئەو یەكەم كەس بووە شانۆی شەقامی لە شاری كەركووك نمایش كردووە لە دوای راپەرنیش لە ساڵی 1991 هونەرمەند رزگار ئەمین لە شاری هەڵبجە كاری لە شانۆی شەقام كردووە لە ساڵی 1995 هونەرمەند نیهاد جامی كاری لە شانۆی شەقام كردووە لە ئێستادا لە كوردستان گرنگی زۆر بە شانۆی شەقام دەدرێت لە چەندین شاری فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی ساڵانە تایبەت بە شانۆی شەقام سازدەكرێن وەكو فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقامی كركووك ،فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقامی سنە، فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقامی مەریوان فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقامی دەربەندیخان فیستیڤاڵی شانۆی شەقامی سۆران – رواندز….
لە 16ی 2ی2026 لەلایەن بەرێوەبەرایەتی پەروەدەی پیرمام –چالاكی قوتابخانەكان بەئامادەبوونی جەماوەرێكی زۆر كە هەموو چین و تێوژەكانی ناوچەكەی لە خۆ دەگرت لەپیرمام یەكەمین فیستڤاڵی شانۆی سەر شەقام بەرێوەچوو.لە فیستیڤاڵەكەدا 11 قوتابخانە بەشداری فیستیڤاڵەكەیان كردبوو كە بریتی بوون لە:
- قوتابخانەی ئامادەیی دوینی كچان بە شانۆیی(پەنجەریەك روو لە تاریكی) ئامادەكردنی سایە حسێن ساڵح .بەرێوەبەر سیابۆ سەرباز رەشید ئەكتەرەكان (بێریڤان دڵدار موتەلیب، هەیفا تیلی فەتاح،هەژان رەوند رەشید،راز سەمیر كەرخی، نیڤیبن سیامەند تەها، ڕەیان مخسوود رەسول).
- قوتابخانەی هێدی بنەڕەتی تێكەڵاو بە شانۆیی(هێز لە یەكگرتن دایە) ئامادەكردن و سەرپەرشتی كردنی ساكار عومەر فەتاح بەرێوەبەر ئەكرەم ئەحمەد حەمد ئەكتەرەكان (ڕوومانگ سەعدی عەبدولعەزیز، ڕووماس سەعدی عەبدولعەزیز، محەمەد سلێمان حاجی ئیبراهیم،رەنا سلێمان حاجی ئیبراهیم ،سینامەحموود گەنج خلیل،ڤارین عوسمان كاكە زیاد، سەعد ئەرسەلان حەیدەر،موبین محەمەد سەعید،سیما مەحمەد كاكە جەنگ،ڕۆمان فەرمان سەلمان،مەسرور كاهین عەبدولرەحیم).
- قوتابخانەی یارانی بنەرەتی كچان بە شانۆیی( ئێمە بووین بەرەگ) ئامادەكردنی سایەحسێن ساڵح سەرپەرشتی سەیران تەحسین حسێن بەرێوەبەر سازان فواد ئەحمەد ئەكتەرەكان( ڕۆیا بارزان هاشم، شەرمین شێركۆ شەهاب، شادین رێباز محەمەد، زینە ئارام عوسمان، ژیما دڵشاد عودی، مهتاب خورشید محەمەد ئەمین،ڕۆنیا مەهدی حسێن، ڕەها شاخەوان عەوێز، هۆنیا هێرش رەشید).
- قوتابخانەی هەواری بنەڕەتی تێكەڵاو بە شانۆیی(كوردستان یەك پارچەیە نابێت بە چوار) ئامادەكردنی شوكریە جەوهەر سەرپەرشتی ئازاد كازم حەسن بەرێوەبەر شوكریە جەوهەر قادر ئەكتەرەكان(دێچین سەرباز حسێن،حسێن سەرباز حسێن، ئەسیل ئەیاس عوسمان،میلینا رائب خورشید،بینا نزار ساڵح ،یارا نزار ساڵح ،هەژین دلاوەر بابەكر).
- قوتابخانەی كۆمەڵگای پەروەردەی ئاگای ناحكومی بە شانۆیی (یەك بەڵێن و یەك پەیام) ئامادەكردنی دەرهێنانی ئەیوب كەمال سەرپەرشتی زیاد محەمەد بەرێوەبەر ڕێزان بەرەكات .ئەكتەرەكان (كارین ئەبدال حوسێن، تەلار زەكەریا حامید،محمەد وەلب خۆشەوی،میر نەورۆز دلێر،تانیا زەكەریا حامید، داڤین مەهدی چیچۆ،دێنیز غەریب سەدیق،مەهسا ستار تەها،كیان عەبدوڵا، سەفا زاتی تەقیەدی،شادی دلێر مەجید، تاهر ئەهیام تاهر،هەڤراس كۆڤان عەباس ،ڕەهێل فیلەر ئەحمەد، ئیلینا سەعدی زێرۆ، رامیار جەدیع باقی، پەریسا سەیدەوان عەبدوڵا).
-قوتابخانەی كۆرٍێی بنەڕەتی تێكەڵاو بە شانۆیی(ئێمە نەتەوەی كوردین) ئامادەكردنی پەرێز نەوزاد ئەحمەد .سەرپەرشتیار پەنا نەحمەدین شاكر.بەرێوەبەر رێدوان جەمال فەتحوڵا.ئەكتەرەكان ( ئیلیاس ئیسماعیل عەبدوڵا،لارا بارزان غازی، سۆما حاتم ماهر، سیدرا سەنگەر عوبێد، نڤار نائف محمەد، سەهەند محەمەد ئومێد، لانە فەرهاد خدر، یارا بەختیار محسن). - قوتابخانەی هەڵانی بنەڕەتی تێكەڵاو بە شانۆیی (سۆزیك بۆ نیشتیمان) ئامادەكردنی بنار سەعید وە ئەژین كاكل. سەرپەرشتی ناسكە عومەر، بەرێوەبەر نەسرین یزدین سلێمان.ئەكتەرەكان (نالین هەندێن، نازێ سابیر، بیتا هەژار، لینا نزار، سەناریا شكور،تاڤگە بەرۆژ، ڕۆنیا شێروان،شەهڤین رەجەب، دڵڤین حسێن،نەورۆز سیامەند،جەننت بژار،ڕۆما سامان ن شاجوان شكور،سینا حسێن،سیدرا عوزێر،لەنیا تەحسین،شیفا سەربەست).
- قوتابخانەی ڕەهەندی ناحكومەی بەشانۆیی (تەكنەلۆژیا) ئامادەكردنی شەیما عەبدولڕەزاق.سەرپەرشتی ڕابەر ئەبوبەكر .ئەكتەرەكان ( تانیا كەریم دسكۆ، دانا مەحیەدین حاجی عومەر، سلێمان زاهیر خالد، كارین كاروان جەودەت، عامر نەزهەت محەمەد، بنامین ئازاد).
-ئامادەیی سەربەنی كچان بە شانۆیی (ئێرە كوردستانە) ئامادەكردنی ئارەزوو عەبدولقادر ساڵح.بەرێوەبەر شۆخان شەفیع ئەحمەد ئەكتەران( گوڵشین مەلك،رۆنیا ئازاد،روەیدا هادی ،زەكەریا حاتم،سەنا دلۆڤان، سەلوا یوسف، فەرەیدون حەسن). - قوتابخانەی شەهید شیفای بنەڕەتی كچان بە شانۆیی(ئازادی)بەشادربوو ئامادەركیدنی سایە حسێن ساڵح سەرپەرشتیار و بیرۆكەی چراخان غەفور ساڵح بەرێوەبەر دلچین محەمەد ئەمین ئاودل.
ئەكتەرەكان (رۆژین نەژادرەفیق، ڕوەیدە محمەد عەبدوڵا، نەرمین نادر). - قوتابخانەی غاندی بنەرٍەتی تێكەڵاو بە شانۆیی 0باجدانی گەلێكی بێ تاوان).بەشداری فیستیڤاڵەكەی كردبوو لە ئامادەكردنی كویًستان حەستن حمەد و چنار حەمید مەجید
سەرپەرشتی رولێخا میرزا خورشید.بەرێوەبەر هزرت وەسمان ئەحمەد ئەكتەرەكان(ئیڤا ساڵح، دلڤان گەیلان،روهان شیمال،لاڤی بریندار، سدنا كاوە،ریڤان محەمەد،دادیار باوەری، فەرزاد فاخر، ئومێد ئیبراهیم،یارا جاسم،وارڤین برهان،بریار بەشدار،دونیا ئومێدنئەحمەد سەلام،میرزا،حەیدەر،محەمەد جەلیل ،راهیی ئەردەوان،كارین هێرش،ئیحسان،حسێن یاد جاسم،دارین غازی،كوفان،ئایلا شێروان محەمەد شوان،زانیار حەسن، هیڤی نیعمەت).
لە كۆتایی فیستیڤاڵ باشتریینەكان لەلایەن لیژنەی دادوەری دەستنیشان كران بەڵام بەمەبستی هاندان و دەست خۆشی بۆ بەشداری كردنی قوتابخانەكان خەڵاتی بەشدار بوو بەسەر سەرجەم بەشداربوون دابەش كرا.
بەرێوەربەری فیستیڤاڵ- نعیمە زبێر محەمەد
لێژنەی هەڵسەنگاندنی شانۆییەكان بریتی بوون لە هونەرمەندان (كامەران حاجی ئەلیاس، دارا مەحمود عەبدولعەزیز،رازكەمال حسێن).
لیژنەی سەرپەرشتیاری فیستیڤاڵ (بەڕوو مستەفا ڕئووف، دڵگەش عومەر تەها،مەریوان مەغدیدعەوڵا،خۆشەوی حەسن حەكیم،جوتیار ڕەفعەت عەبد،سایە حسێن ساڵك نڕێبەر عەبدوڵا).
لیژنەی هونەری فیستیڤاڵ (جوتیار ڕەفعەت عەبد،سایە حسێن ساڵح، محەمەد كەمال سەعدی).
لیژنەی پێشوازی(لیلێ عەبدولڕەحمان محەمەد،نەجلا ئەسعد میرزا، غەریبە غایب یزیدین،جریدە شینۆ سلێمان، سەیران بایزدین، جەمیل محەمەد عەلی،كەریم نوعمان).
ئەگەر ماوەی فیستیڤاڵەكە ماوەی یەك رۆژ بوو كە (11) شانۆگەری نمایش نمایشەكان لەهەموو ئاستێكی تیا بوو نمایش هەبوو لە رووی بیرۆكەوە زۆر باش هەبوولە رووی دەرهێنان زۆر باش بوو ئەوەی زۆر گرنگ بوو بەهرەی زۆر بە توانا لە ئەكتەرەكان بەدی دەكرا هەرچەند بەشی زۆریان یەكەم جاریان بوو نواندن بكەن هەندێ لە نمایشەكان لەرووی تەكنیك زۆر باش بوو .
پیشناری دەكەم ئەگەر هاتووئەم فیستڤاڵە بەردەوام بوو واتە فیستڤاڵەك بكرێتە نەریتێكی ساڵانە دەبَ خوولێك بۆ مامۆستای پسپۆری هونەری بكرێتەوە بۆ زیاتر ئاشنا بن بە شانۆی شەقام چونكە زۆرێك لەوشانۆگەریانەی لە فیستیڤاڵەكە نمایش كرا لە نێو هۆڵی شانۆش نمایش كرابان زۆر ئاسایی…
ئەوەی زۆر دڵخۆشی كردم بوونی سپۆنسەر بوو بۆ فیستیڤاڵەك ماییەی دەست خۆشییەلەوانە دەزگاری خێرخوازی حاجی ئیدریس سورچی خاوەنی ستۆدیۆ( JSN) هونەرمەند جوتیار ڕەفعەت وە زۆر ێك لە قوتابخانە ناحكومییەكان هاوكاری باشی فیستیڤاڵ بوون.
هەر چۆنێك سازكردنی ئەو جۆرە فیستیڤاڵانە لەلایەن بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی پیرمام كارێكی زۆر باشە دووبارە دەست خۆشی لە هەموولایەك دەكەم.


هەرێمی كوردستان دەبوو لە ساڵی 1992 خاوەن دەستووری خۆی بێت.. د. نووری تاڵەبانی
دەستوور بۆ هەرێمی كوردستان وەكو بەشێك لە عێراق لە ڕووی دەستووریەوە نەدەكرا چونكە ئەو سیستمە دەستووریەی كە شێوەی حوكمڕانی لە عێراق دیاریكردبوو لە پاش لكاندنی باشووری كوردستان بە دەوڵەتی عێراق لەسەرەتاوە لەسەر بنەمای سەنترالیزم بووە. هەموو دەستوورەكانی عێراق، بە تایبەتی دەستووری ساڵی 1925 كە یەكەم دەستووری عێراق بووە وەزارەتی كۆلۆنیالی بریتانیا ئامادەی كردبوو، هەروەها ئەو دەستوورە كاتییانەی لە پاش ساڵی 1958 پەسندكرابوون لەسەر ئەو بنەمایە داڕێژرابوون، بەشی هەرە زۆری دەسەڵاتەكان بە دەزگاكانی ناوەند درابوون. لە پاش ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 و كۆچڕەوە مەزنەكەی كە بووە هۆی دامەزراندنی ناوچەیەكی ئارام لە بەشێك لە باشووری كوردستان، ڕژێمی عێراق دەزگاكانی لەو ناوچانە كێشایەوە، بڕیاری سازدانی هەڵبژاردن لەلایەن “بەرەی كوردستانی”یەوە درا تا ئەنجوومەنێكی نیشتمانی/پەرلەمان هەڵبژێردرێ ئەركی سەرەكی دیاریكردنی حكومەتێك بێت بۆ بەڕێوەبردنی كاروبار لەو ناوچەیە. لە 4/10/1992 پەرلەمانی هەرێمی كوردستانی هەڵبژێردرا و سیستمی فیدڕاڵی بۆ پاشەڕۆژی عێراق پەسندكرا، ئەو بڕیارە ڕێگای خۆشكرد بۆ دامەزراندنی قەوارەیەكی سیاسیی دێ فاكتۆ لەو ناوچەیە، حكومەتی هەرێم دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی كاروباری ناوخۆیی و دەسەڵاتی پێوەندیكردن بە دەرەوەی هەرێم هەبوو، لەگەڵ داكۆكیكردن لە سنووری ئەو بەشە ڕزگاركراوەی كوردستان، واتە هەموو دەسەڵاتەكانی دەوڵەتیی. ئەو بڕیارە گرنگەی پەرلەمان دەبوو بڕیارێكی دیكەی بەدوادابێت، كە پەسەندكردنی دەستوور بوو بۆ هەرێمی كوردستان، لەو دەستوورەدا دەسەڵاتەكانی دەزگاكانی هەرێم و ماف و ئەركەكانی هاوڵاتیان بە ڕوونی دیاری بكرێن.
كۆمەڵێك قانوونناسان لە ساڵی 1991 داوای دانانی دەستوورمان دەكرد، هەتا ئەگەر دەستوورێكی كاتیش بێت، چونكە دەستوور سەرچاوەی هەموو قانوونەكانە لەوێدا شێوەی حوكمڕانی و چۆنیەتی دابەشكردنی دەسەڵاتەكان و ڕێكخستنیان دیاری دەكرێت. ئەو داواكارییە پشتگیریی لێدەكرا لەلایەن خەڵكی كوردستان لەناوەوە لە دەرەوەدا.
لە ناوەڕاستی 1992 پڕۆژەی دەستوورێكم بەزمانی عەرەبی بۆ هەرێمی كوردستان ئامادەكرد، سەرەتا بە ئۆفسێت لە چاپخانەی زانكۆی سەلاحەدین چاپكرا، پاشان لەو چاپخانەیە 500 دانەی لێ چاپكرایەوە بە هاوكاری د. فازل قەفتان، مامۆستا و بەڕێوەبەری ئەو چاپخانەیە. پڕۆژەكە دابەشكرا بەسەر ئەندامانی پەرلەمان و هەموو لایەنە سیاسیەكان و میدیا و كۆمەڵێك لە قانوونناسانی كوردستان، بە ئومێدی ئەوەی ڕِاوسەرنجی خۆیان دەربڕن. بۆچوونی بەشێك لە قانوونناسان پڕۆژەكەی دەوڵەمەندتركرد، پاشان خرایە بەردەست دەزگایەكی قانوونی فەرمی كە ئەندام بووم تێیدا بەناوی دەستەی قانوونی باڵا. پاش لێكۆڵینەوەیەكی ورد ئەو دەستە قانوونییە پڕۆژەكەی پەسندكرد بە فەرمی ناردی بۆ حكومەت و پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، بە ئومێدی تەماشاكردنی لەلایەن پەرلەمانەوە.
لە ڕووی سیاسیەوە باری سیاسی لە عێراق و ناوچەكە لەودەمە ئاڵۆزبوو، هێزەكانی ڕژێم ئابڵوقەی سەربازی و ئابوورییان لەسەر ناوچەی ژێردەسەڵاتی كورد دانابوو هەڕەشەی داگیركردنەوەیان دەكرد. ئەمریكا و بریتانیا كە فڕۆكە جەنگیەكانیان لە توركیاوە ئاگادارییان لە ئاسمانی ناوچەكە دەكرد لە ئەگەری دەستدرێژیكردنی ڕژێم، پشتگیرییان لە دامەزراندنی قەوارەێكی سییاسی بۆ كورد نەدەكرد. وەزیرانی دەرەوەی دەوڵەتانی ناوچەكە ناوناوە كۆدەبوونەوە بۆ خنكاندنی ئەو كۆرپە ساوایە لە باشووری كوردستان. ئەو هۆیە دەرەكییانە و چەند هۆیەكی ناوەكی پەیوەندییان بە ناكۆكی نێوان هەردوو حیزبی دەسەڵاتدارەوە هەبوو بوونە هۆی دواخستنی پەسەندكردنی ئەو پڕۆژە دەستوورە، بەڵام لەو ماوەدا ژمارەیەكی زۆر لە ڕِووناكبیران لە كوردستان و دەرەوە بە بەردەوامی داوای دانانی دەستووریان دەكرد بۆ ئەو بەشەی كوردستان.
پاش ڕووخانی ڕژێم لە نیسانی ساڵی 2003، قانوونی كاتی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق TAL كە لە ساڵی 2004 ئەنجومەنی حوكم لە عێراق پەسندی كرد و وەكو دەستوورێكی كاتیی تەماشادەكرا، ئەو پڕۆژە دەستوورەی كوردستان كە لە مانگی تشرینی دووەمی 2002 پەسندكرابوو وەكو (پڕۆژە)، دەبوو جارێكی تر تەماشا بكرێتەوە تا بەندەكانی لەگەڵ بارودۆخی تازەی عێراق بگونجێن. لە یاداشتنامەیەكدا پاش گەڕانەوەم بۆ كوردستان لە مانگی ئەیلولی 2003 پێشكەشم كردبوو بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان و حكومەت و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، پێشنیازم كردبوو جارێكی دی بەو پڕۆژەدا بچینەوە. بە پشتگیری كاك نێچیروان بارزانی، كە ئەودەمە سەرۆكی حكومەت بوو لە هەولێر، لە مانگی تشرینی یەكەمی 2003 كۆبوونەوەیەك ڕێكخرا، ئەندامانی لیژنەی قانوونی لە پەرلەمانی كوردستان و سكرتێری پەرلەمان ئامادەی ئەو كۆبوونەوە بوون، كە بڕیاردرا جارێكی دی پێداچوونەوە بە بەندەكانی ئەو پڕۆژەی پێشتر ئامادەكرابوو بكرێتەوە. لەپاش چەندین كۆبوونەوە لە بارەگای لیژنەی قانوونی لە پەرلەمان، سەرەڕای ئەوەی سكرتێری پەرلەمان نەیدەویست دەستكاریی لە پڕۆژە كۆنەكە بكرێت، لە 22ی كانوونی یەكەمی ساڵی 2003 پڕۆژەیەكی نوێ ئامادەكرا و خرایە بەردەست سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەڵام بەداخەوە هیچ بڕیارێكی لەسەر نەدرا، وەكو پڕۆژە مایەوە لە ئەرشیفی پەرلەماندا.
قانوونی كاتی بەڕێوەبردنی دەولەتی عێراق TAL لە ماددەی 53 دا سیستمی فیدراڵی بۆ عێراق پەسندكردبوو و دانیشی بە هەرێمی كوردستاندا نابوو لە چوارچێوەی ئەو سنوورە ئیداریەی لە 19ی ئاداری 2003 لە ژێردەسەڵاتی حكومەتی هەرێم بوو. لە بەندی 54ی هەمان ئەو قانوونەدا دان بەو دامەزراوانەدا نرابوو كە پێشتر هەبوون، بۆیە پەرلەمانی هەرێم وەكو دەزگای قانووندانەر دەیتوانی دەستكاری لە قانوونەكانی هەرێم بكات تا ئەو ڕۆژەی دەستوورێكی هەمیشەیی بۆ عێراق پەسنددەكرا. پەرلەمانی كوردستان لەو ماوەدا چەند قانوونێكی تازەی پەسندكردبوو و دەستكاریشی لە چەند قانوونێكی تر كردبوو دەزگاكانی هەرێم جێبەجێیان دەكردن. قانوونی كاتی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق چەند مەرجێكی دانابوو كە دەبوو پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ڕەچاویان بكات، لە بەندی 25 و پەرەگرافی (د)ی بەندی 43ی ئەو قانوونە دیاری كرابوون. ئەو دوو بەندە تایبەت بوون بە دەسەڵاتی حكومەتی ناوەند لە بوواری سیاسەتی دەرەوە و داكۆكیكردن لە عێراق و دامەزراندنی هێزی چەكدار. بەپێی ئەو دوو بەندە، دەسەڵاتی داڕشتنی سیاسەتی گشتیی دارایی و دەركردنی دراو، لەگەڵ ڕێكخستنی گومرك و بازرگانی دەرەوە بە حكومەتی ناوەند درابوون. دانانی بودجەی گشتی بۆ عێراق و كاروباری بانكی ناوەندی و ڕێكخستنی (مەقاییس و ئەوزان) لە دەسەڵاتی حكومەتی ناوەند بوون. هەرچەندە موڵكداریەتی سامانی سروشتی بە هەرێمەكان درابوو، بەڵام دەرهێنانیانی دەبوو بە هاوكاری و سەرپەرشتیكردنی دەزگاكانی حكومەتی ناوەند بكرێن. كاروباری پەیوندیدار بە دەوڵەتنامە/جنسیە و بێگانە و پەناهەندە لە دەسەڵاتی حكومەتی ناوەند بوون. لە پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان ئەو هەموو دەسەڵاتانە بە حكومەتی ناوەند درابوون، بەڵام دەسەڵاتەكانی دیكە بە دەزگاكانی هەریمی كوردستان درابوون، لەگەڵ ڕێكخستن و شێوەی بەكارهێنانیان. كەواتە پەسەندكردنی دەستوور بۆ هەرێمی كوردستان لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە لە دەسەڵاتی ئەو پەرلەمانە بوو بەپێی قانوونی كاتی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق. پەرلەمانی كوردستان دەیتوانی قانوون پەسند بكات هەتا ئەو ڕۆژەی دەستووری هەمیشەیی عێراق پەسند دەكرێت، بە مەرجێك ئەو قانوونانە بە پێچەوانەی بەندی 25 و پەرەگرافی (د)ی بەندی 43 نەبن.
دەستنیشانكردنی مافەكانی گەلی كوردستان لە دەستوورێكی تایبەت بە هەرێم دەبووە هۆی بەهێزكردنی ئەو دەزگا كوردستایانەی داكۆكیان لە مافەكانی خەڵكی كوردستان دەكرد لە بەغدا، گرووپی كوردستانی لەناو ئەنجومەنی نیشتمانی عێراقی و ئەندامانی ئەو گرووپە دەیانتوانی جەخت لەسەر چەسپاندنی ئەو مافانەی گەلی كوردستان بكەنەوە و داوای چەسپاندنیان بكەن لە دەستووری عێراقدا وەكو داواكاریی گەلی كوردستان، چونكە لە دەستووری هەرێمدا چەسپێندرابوون.
بۆچوونێكی تر هەبوو دەیگوت پەسەندكردنی دەستوور بۆ هەرێمی كوردستان دەبێ دوابخرێت بۆ پاش پەسندكردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق. هۆی ئەم بۆچوونە سیاسیی بوو نەك قانوونی، بە بۆچوونی ئەوان باری سیاسی لە عێراق و ناوچەكە شێواو بوو، پەسندكردنی دەستوور بۆ هەرێم لەو بارودۆخەدا بە “جوداخوازی” دەدرایە قەڵەم! بەپێی ئەو بۆچوونە، دەبوو چاوەڕێی دەستووری عێراق بكرێت تا بزانین لەوێدا چی بە كورد دەدرێ و چی قبووڵ ناكرێت! بەمشێوەیە هەموو سەنگی كورد دەخرایە ناو یەك سەبەتەوە، كە ئەنجومەنی نیشتمانی عێراقی بوو، ئەگەر لەوێدا كارەكان لە بەرژەوەندی كورد یەكلایی نەكرێنەوە لەو “شەڕە” دەستووریە بە دۆڕاوی دەهاتینە دەرەوە. بە بۆچوونی ئێمە چاكتربوو كورد لە چەند بەرەیەكدا ئەو “شەڕە” دەستووریە بكات و پەرلەمانی كوردستان ڕۆڵی هەبیت وەكو نوێنەری شەرعی خەڵكی كوردستان بۆ داواكردنی مافەكانی گەلەكەمان. ئەگەر ئەو داواكارییانە پێشتر لە دەستووری هەرێم بچەسپێندرابان، لە دەستووری عێراقدا ئاسانتربوو هەوڵی چەسپاندنیان بكرێت. دەبێ ئەوەش لە بیر نەكرێت كە سەنگی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە خولی دووەمی قورستربوو، چونكە ئەو خولەی پەرلەمان وەكو دەزگایەكی شەرعی تەماشادەكرا لەبەرئەوەی لە ئاكامی هەڵبژاردنێكی شەرعییەوە دیاری كرابوو. هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی هەرێم بەپێی قانوونێكی عێراقی ئەنجامدرابوو لەژێر چاودێری دەزگایەكی عێراقی — نێودەوڵەتی، بۆیە حكومەتی عێراق و دەوڵەتان و دەزگا نێودەوڵەتیەكان نەیاندەتوانی گوێ لە داخوازیەكانی ئەو خولەی پەرلەمان نەگرن.
دەستووری هەرێم كە داواكاریەكانی گەلی كوردستانی تێدا دیاری دەكرێن دەبووە شیرێكی تیژ بە دەست لایەنەكانی كوردستان لە ناو ئەنجومەنی نیشتمانی عێراقی. لە بڕگەی (ج)ی بەندی 61 ی قانوونی كاتی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق TAL ڕێگە بە دانیشتوانی دوو لەسەر سێی پارێزگاكانی عێراق دراوە لە كاتی دەستكاریكردنی دەستووری عێراق، ئەگەر سێ پارێزگا دەنگ بۆ ئەو دەستكاریە نەدات، ئەو پێشنیازەی بۆ دەستكاری كردنی دەستوور كراوە ڕەد دەكرێتەوە. پەرلەمانی هەرێمی كوردستان نوێنەرایەتی سێ پارێزگای دەكرد دەیتوانی ئەو پڕۆژە دەستوورەی بۆ عێراق ئامادە دەكرێت و مافەكانی گەلی كوردستانی تێدا دەستنیشان ناكراێت، ڕەد بكاتەوە. گرووپی كوردستانی لەناو ئەنجومەنی نیشتمانی عێراقی دەیتوانی ئەو چەكە بخاتە بەرچاو ئەو لایەنانەی قایل نەدەبوون كە مافەكانی گەلی كوردستان لەو دەستوورە بچەسپێن. كورد دەبوو “شەڕی” دەستووری لەسەر هەموو بەرەكان بكات، لە ناو پەرلەمانی عێراق و لە پەرلەمانی هەرێم، هەروەها بە هاوكاریی بزوتنەوەی ڕیفراندۆم و ڕێكخراوە سیاسی و مەدەنییەكانی كوردستان، جگە لە پشتگیری دۆستانی كورد لە دەرەوە. ئەو “شەڕە” دەستووریە ڕِەواتر دەبوو ئەگەر كورد لە هەموو بەرەكانەوە كاری لەسەر بكردبا و سەركەوتنی بەدەست دەهێنا و هەموو مافەكانی، بە مافی دیاریكردنی چارەنووسەوە لە دەستووری هەرێم و لە دەستووری عێراق دەچەسپێنران. كورد ئەگەر هەموو سەنگی لەسەر پرنسیپی “تەوافوق” بێت، ناگاتە ئەو ئامانجانەی ساڵەهای ساڵە خەباتی بۆ كردووە و خوێنێكی زۆری بۆ ڕشتووە، پێویستە ئەو هەموو فاكتەرانە بخرێنە گەڕِ تا لەو “شەڕە” دەستووریە سەربكەوێن.
پێش ئەوەی شاندێك لە هەرێمی كوردستان بچێت بۆ بەغدا بۆ بەشداریكردن لە داڕشتنی پڕۆژەی دەستووری عێراق، 57 پەرلەمانتار لە هەموو لایەنەكانی ناو خولی دووەمی پەرلەمان بە نووسین داوایان لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد ئەو پڕۆژە دەستوورەی هەرێم كە چاككرابوو بخرێتە بەردەم پەرلەمان تا تاوتوێ بكات پاشان پەسندی بكات، بەڵام ئەو داواكارییە لەگەڵ پڕۆژەكە لە ئەرشیفی پەرلەمان مایەوە، ئەوەش بە پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بوو.
پاش پەسندكردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق، پەرلەمانی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی دەستووری هەرێمی لە 24ی حوزەیرانی 2009 بە زۆرینە دەنگ پەسندكرد، هەنگاوی دووەم دەبوو دەنگدەران لە هەرێمی كوردستان لە مانگی تەموزی ئەو ساڵە دەنگی لەسەر بدەن.
پێویستە لێرە ڕووناكی بخەمە سەر چەند خاڵێك كە پێشتر ئاماژەیان بۆ نەكراوە. ئەو پڕۆژە دەستوورەی لە ساڵی 2006 بە زمانی عەرەبی ئامادەكرابوو، كە پاشان لە 24ی حوزەیرانی 2009 بە زۆرینە دەنگ پەسندكرا، لە كاتی خۆیدا ئەركی وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی كوردی لەلایەن لیژنەی دەستووری لە هەرێمی كوردستان بە بەندە سپێررا. لە كاتی پشووی هاوینی ساڵی 2006 لە لەندەن دەقی ئەو پڕۆژەیەم وەرگێرایە سەر زمانی كوردی و لەسەر (CD)، لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی 2006 ڕادەستی سەرۆكی لیژنەی دەستووریم كرد لە پەرلەمان. لەو ماوەی خەریكی وەرگێڕانی ئەو پڕۆژەیە بووم، بەبێ ئاگاداری نزیكەی سێ یەكی ئەندامانی ئەو لیژنەیە كۆبوونەوەیەكی بەناو نائاسایی لە 20ی ئابی 2006 سازكرابوو، تێیدا دەستكاری (22) ماددە و بڕگە لەو پڕۆژەدا كرابوون. لە ڕووی قانوونییەوە كۆبوونەوەی نائاسایی تایبەتە بە پەرلەمان نەك بە لیژنەكانی، ماددەی (6) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان مەرجی سازدانی كۆبوونەوەی نائاسایی دیاری كردووە، بەڵام ئاماژەی تێدا نەكراوە بۆ كۆبوونەوەی نائاسایی لیژنەكان، (قیاس)یش لەنێو ئەو دوو حاڵەتەدا ناكرێـت. لە یەكەم كۆبوونەوەی لیژنەی دەستووری كە لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی 2006 بەسترابوو ڕەخنەم لەو كۆبوونەوە بەناو نائاساییەی لیژنەی دەستووری گرت، بەڵام گوێ لە ڕەخنەكەم نەگیرا. پڕۆژەی دەستووری هەرێم بەو دەستكاریانەی لە 21ی ئەیلوولی 2006 ئەنجامدرابوون بڵاوكرایەوە، داواكرابوو لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان ڕِاوسەرنجی خۆیان بۆ لیژنەكە بنێرن. ژمارەیەكی زۆر لە ڕێكخراوی سییاسی و مەدەنی و كەسانی پسپۆر و شارەزا تێبینی خۆیان بۆ لیژنەكە ناردبوو بۆ دەوڵەمەندكردنی پڕۆژەكە. ئەركی لیژنەكە ئەوەبوو كۆبێتەوە بۆ تەماشاكردنی ئەو تێبینییانە، بەڵام بە بڕیارێكی دەستەی سەرۆكایەتی لیژنەكە، بەشێك لەو تێبینیانەی تەماشانەكران بە پاساوی ئەوەی بێ سوودن، بەشەكەی دی لە ژوورێكی نزیك لە ژووری سەرۆكی لیژنەكە دانرابوون، داوا لە ئەندامانی لیژنەكە كرابوو بچنە ئەو ژوورە لەوێ تەماشایان بكەن!
لیژنەی دەستووری لە پەرلەمانی هەرێم كۆنەبووەوە تا دەستپێكردنی پشووی هاوینی پەرلەمان لە مانگی تەموزی 2008. لە یەكی تەموزی ئەو ساڵەدا دەستی بە كۆبوونەوە كرد، لە 7ی تەموزی ئەو ساڵە جارێكی دی كۆبوونەوەیەكی بەناو نائاسایی ئەنجامدا، تێیدا جارێكی دی دەستكاریی بنەڕەتیی لە پڕۆژەكەدا كرابوو. بەندە بەشداریم لەو كۆبوونەوە بەناو نائاساییە نەكرد لەبەرئەوەی بە ناشەرعیم دەزانی. لەو كۆبوونەوەدا جاریكی دی دەستكاری لە پڕۆژەكەدا كرابوو، بەو دەستكاریانەوە لە 24ی حوزەیرانی 2009 پڕۆژەكە خرایە بەردەم پەرلەمانی هەرێم بە زۆرینە پەسندكرا. ئەو دەنگدانە پاش هەمواركردنەوەی قانوونی پەسندكردنی پڕۆژەی دەستووری هەرێم ژمارە (16)ی ساڵی 2008 كرا.
پڕۆژەی دەستووری هەرێم تا ئێستا هەر پڕۆژەیە، چونكە دەنگدەران لە هەرێمی كوردستان دەنگیان لەسەر نەداوە. ئەگەر پەسند بكرێت دەبێتە یەكەم دەستوور لە مێژووی گەلی كورد، كە پێویستە بە باشترین شێوە ئامادە بكرێت و ماددەكانی بە زمانێكی قانوونی ڕەوان دابڕێژرێن. قانوونی ژمارە (16)ی ساڵی 2008ی هەمواركراو تایبەت بە پەسندكردنی پڕۆژەی دەستووری هەرێم ڕێگای لە ئەندامانی پەرلەمانی هەرێم گرتووە گفتوگۆ لەسەر ناوەرۆكی پڕۆژەكە بكەن، بە پاساوی ئەوەی پەرلەمانی هیچ وڵاتێك گفتوگۆی لەسەر ناوەرۆكی پڕۆژە دەستووری وڵاتی خۆی نەكردووە، لە كاتێكدا پڕۆژەی دەستووری عێراقی ساڵی 2025 پاش گفتوگۆكردن ئەوجا پەسندكراوە. لە ڕاستیدا یەكەم پڕۆژە دەستووری عێراق لە ساڵی 1924 ئامادەكرابوو، ئەنجومەنی دامەزرێنەر/ الجمعیە التاسیسیە)، پێش دەنگدان لەسەری دەستكاری تێداكردبوو، پاشان لە ساڵی 1925 پەسندی كردبوو.
چەندین كەسانی پسپۆڕ و شارەزا دەمێكە داوای هەمواركردنەوەی پڕۆژەی دەستووری هەرێم دەكەن بە مەرجێك كەموكوڕییەكانی چاكبكرێن. بەشێك لەو شارەزایانە پێشنیازی دامەزراندنی لیژنەیەكی تازە دەكەن، دەڵێن باشترە ئەندامانی ئەو لیژنەیە تازەیە كەسانی پسپۆر و شارەزا بن، بە ڕێككەوتن لەنێو فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی هەرێم دەستنیشان بكرێن.
پەلەكردن لە پەسندكردنی پڕۆژەی دەستوور بۆ هەرێمی كوردستان داواكاریی زۆرینەی خەڵك و لایەن و كەسانی شارەزایە. بەشی زۆری ئەو گرفت و كێشانەی بەرەوڕووی هەرێمی كوردستان بوونەتەوە هۆیەكەی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دەستوورە لە هەرێم، كە دەبوو لە ساڵی 1992 هەرێمی كوردستان خاوەن دەستووری خۆی بێت.
پەسندكردنی دەستوورێكی مۆدێرنی گونجاو بۆ هەرێمی كوردستان لەم بارودۆخە سیاسیەی كوردستان و عێراق و ناوچەكە پێیدا تێدەپەڕێت دەبێتە هۆی گوێ گرتن لە داواكارییەكانی هەرێم و دەوڵەتان و لایەنە نێودەوڵەتییەكان زیاتر حیساب بۆ هەرێمێكی خاوەن شەرعییەتی دەستووری دەكەن، نەك هەرێمێك تا ئێستا دەستووری خۆی نەبێت.
هەولێر
17/2/2026
پێنج خشتەکی لەسەر دەردەدڵێکی فایق بێکەس.. نەوزاد بەندی
قەت مەڵێن خوایه هەتا کەی ئەم کوردە دێوانەیه .
تانە لە دنیا و گەلانیش، هەر تەنها بەهانەیە ..
وا سی و پێنج ساڵ زیاترە کورد خۆی کێش و کێشانەیە ..
کورد ئەبەد ناگاتە مەقسەد نۆکەری بێگانەیە
دوو دڵن پیسن لەگەڵ یەک بۆیە وا بێ لانەیە
٭ ٭ ٭
تۆ تەماشای کورد لەگەڵ کورد چۆن یەکتر ئەکەن بە پەن ..
کار گەیشتۆتە ئەو سنوورەی دەست بۆ موچەی خەڵک ئەبەن ..
دەنگدرا، ساڵ تێپەڕی،حوکمەت نەبوو، چاڵیان هەڵکەن
میللەتێکن بۆ نەمانی یەکتری هەر هەوڵ ئەدەن
داخەکەم وورد ودرشتی شێت و شەیدای ئانەیە .
٭ ٭ ٭
زانا و دانا و داهێنەریان، بێ ڕێزە و ناوی نییە..
ئەوەی دڵسۆز و چاوساغە، لای ئەوان چاوی نییە..
سووکە لایان ئەو کەسەی کە چەکدار و داوی نییە ..
سەنعەت و عیلم و مەعاریف زەڕڕەیەک باوی نییە ..
پیاوەتی لایان بە تەنیا چەفتە و جامانەیە ..
٭ ٭ ٭
سەد کەناڵ و سەد ڕۆژنامە و سەد ڕادیۆ پێک هەڵئەدەن ..
بە پارەی ئەو خەڵکە جۆشی ، ئاگر و دوکەڵ ئەدەن ..
هەر کەسێکیش لاریی هەبێ،
ئەیکوژن ..تێی هەڵئەدەن
بۆ قسەی زل بێ قسوورن باسی کوردییەت ئەکەن
کوردییەت خورمایە بۆچی یان قسەی شێتانەیە..
٭ ٭ ٭
بۆ بێگانە و لەشفرۆشیی خستیانە سەر پشت دەرگا ..
نە دینیان هێشت نە کەلەپوور، لە خەڵک بوون بە کەڵەگا..
میللەتیان ئەوەندە سوک کرد، ئەگۆڕان لەگەڵ سەگا ..
میللەتی بێ عیلم و ئەخلاق چۆن به ئیستیقلال ئەگا
واسیتەی بەرز و تەرەققی هیممەتی مەردانەیه