“ئێوارەیەک، جوانیم لەسەر ئەژنۆم دانا – بینیم تاڵ بوو. – جنێومپێیدا”.. ئازاد حەمە

ناشرینییناسیەک لەم دەڕبڕینە سەرسوڕهێنەرەی شاعیری نوێخوازی یاخی و ڕێچکەشکێنی فەرەنسی رامبۆ Rimbaud پەنهانە، کە دواتر بەرەو تێڕامانمان دەبات لە جوانیناسییەک، کە لە هەناوی ناشرینییدا خۆیمەڵاسداوە. بۆیە دەخوازین بپرسین: ئەوەی شایانی تێهزرینە لەو دێڕە شیعرییە وێنە شیعرییەکەیە یان ئەو دیدگایانەیە پێشتر لەسەر جوانیی هەمانبووە و، ئەم دەربڕینە شیعرییە پوچەڵیدەکاتەوە؟ ئەوەی لە دووتۆیی ئەم دەربڕینە شیعرییەی رامبۆی تاقانە پەپیپێدەبەین بینینی دیوی ناوەوەی جوانییە،کە لێدانە لە جەوهەری جوانیی، کە ئەوەش کۆششێکە بۆ تێکشکاندنی ڕێساکان(لەوانە:ڕێسای جوانیناسی جوانیی)سەبارەت بە دیتنی جوانیی. ئەم تێکشکاندنە تەنها ڕووی زمانەوانیی و دواتر ڕووی جوانکاریی نییە، بەڵکو ڕووی رەوشتیشی هەیە. دێڕەکەی رامبۆ تەقەلایەکی ناهێمنانەیە، سوکایەتیکردنە بە جوانیی، بۆ بیرخستنەوەی جوانیناسی ناشیرینیش؛ ئەمەو لێدانێکی ڕادیکالانەی ڕێسای شیعری کلاسیکیشە،کە هەردەم مشەخۆربووە لەسەر چەمکی جوانیی. بەمجۆرەبێت جوانیی ئەوە نییە،کە خۆیمان نیشاندەدات؛ لە ناواخنڕا ناشایان و ناشیرینە(زەقنەبووتە).
بۆ گەیشتن بە نەزانراو لە شیعردا، کە ئەوەش کارێکی ئاسان نییە، لێرەوە دەپرسین: شیعر ڕووبەرێکە بۆ بەرهەمهێنانی دیدگاکان، بەتایبەت دیدگا نەزانراوەکان؟واپێویستدەکات شیعر بەدواداچوون بۆ نادیارەکان (نەزانراوەکان)بکات، جا ئەوە چ لەناو ئاییندەدا بێت وەک هاوڕێیەتی، تەنیایی،چ ئەوەی جارێ گۆنەکراوە سەبارەت بەوەی دێت لە دواتردا. مەبەست، هێشتا ئابرووچونەکان، کە جوانیی دەتوانێت بۆمانیبهێنێت، بۆ زۆرێکمان ئاشکرا نیین. گشت ئەوانەش پەیوەندییان بە زەبری جوانیەوە هەیە. بەشێک لەو زەبرە تەنها بە لێدانی جوانیی یان ئاشکراکردنی ڕووی دزێوی جوانیی دەرناکەوێت،بەڵکو بە گەڕانەوەی دەسەڵات بۆ ناشرینییش دەردەکەوێت. لێرەوە دەکرێت قسەلەسەر تاڵی جوانیی و شیرینی ناشرینیی بێتەپێش. ناشرینیی دەمێکە ژێردەستەی جوانییە و لەو بەینەشدا مرۆڤایەتی قووربانییەکی زۆری داوە.
شیعر ڕێگەمان پێدەدات بە وشەسازیی شیعریی چەمکگەلێکی وەک بێدەنگی، نەبینراوەکان بگۆڕین بۆ دەنگ و بینراو. بۆنموونە،چەمکی جوانیی لەم گوزارە شیعرییەی رامبۆ(“”ئێوارەیەکیان،جوانیم خستەسەر ئەژنۆم– تەماشامکرد تاڵ بوو.–سوکایەتیمپێکرد””)ئەو جۆرەیە لە چەمکە نادیار و شۆکهێرەکان،کە گاڵتەجاڕی لە هەناویاندا بەرجەستەیە. نەبینراو و نەگوتراو لەو دێڕە شیعرییە دیدگایەک لەسەر جوانیی دەوروژێنێت،کە ئاماژەیە لەسەر گۆڕینی سەیرکردن بۆ کیمیای جوانیی. ئەم کیمیا نوێیە خۆی لەسەر سەلیقەیی لە گاڵتەکردن بە جوانیی و نادڵنیابوون لە جوانیی بونیاددەنێت. جوانیی لێرە زاڵمە و ئامانی بۆنییە.
رامبۆ لەو دێڕەدا هیچ لە جوانیڕا ڕانابینێت. لەوە ترسناکتر ئەوەیە،کە جوانیی گشت ئێمە بەخۆیەوە گرفتاردەکات و تامیشی تاڵە. بەمجۆرە سەرکۆنەکردنی جوانیی تەنها کارێکی جوانیناسییانە نییە لەسەر چەمکی جوانیی بەڵکو ئەرکێکی رەوشتیشە.ئەو ئەرکە رەوشتییە دەرفەت دەرەخسێنێت لە بنچەی جوانیی حاڵیبین و لەو فریودانەش(هەڵخەڵەتاندنەش) بەئاگابین،کە جوانیی دەتوانێت لەگەڵ خۆی بیهێنێت.
لەسەر بنەمای ئەو دیتنەی لای سەرەوەمانبێت،جوانیی لە گەرووی ئەم دێڕە شیعرییەی رامبۆ تراویلکەیە(سەرابە)، دەستکارییکردنی جیهانبینی شیعرە بۆ خودی چاوەڕوانییەکان لە جوانیی. گەر جوانی ئەوە بێت خودی جوانی ڕایهێناوین لەسەر ئەزموونکردنی خۆی، ئەوا جوانیی بەس نییە. هیچ نەبێت لەبەرئەوەی ڕەچەڵەکی جوانیی ناشرینییە. جوانیی،کە بەرگەی ناشرینیی ناگرێت شێلگیرانە کاری خۆیدەکات؛ کار بۆ ئەوە دەکات هەر خۆی هەبێت و بەس. جوانیی غەدارە، هێرشبەر و داگیرکەرە.
پرسی جوانیی لەم دێڕە شیعرییەی رامبۆ پێکۆڵییە( پێداگرییە)لە تاڵی تامی جوانیی. چونکە جوانیی لە بنڕا خاکەڕا و سادە نییە. جوانیی تابڵێت پەژارەییهێنەر و شۆکهێنەرە بۆ ئەوانەی لە چاوەڕوانی ئەوەدان جوانیی شتێکی زۆریان پێببەخشێت. هاوکات گومانی ناوێت ئەم گوزارە شیعرییە شاکارگەلە؛ زەوییەکی بەپیتە بۆ بینینی دیوە شارەوەکانی جوانیناسی جوانیی، دانهێنانیشە بە شتگەلێک لە جوانییدا پەنهانە؛ وەک تاڵیەکەی، فریودەرییەکەی. بۆیە بۆ رامبۆ سوکایەتیکردن بە(جنێودان بە)جوانیی تۆمەت نییە، تەقەلایەکە بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندی ناساکارانەی نێوان جوانیی و ناشرینیی.
بەهۆی ئەم دەستەواژە شیعرییەی رامبۆوە دوا قسەمان سەبارەتدەکەین بەو دۆخشێواوییەی شیعری هاوچەرخی کوردی لەڕووی جوانکارییەوە دووچاریبووە، کە بۆ زۆرێکیش ڕوون نییە بۆ شیعری هاوچەرخی کوردی لەڕووی جوانیناسیەوە بەو دەردەبراوە؟ واتە بۆ خەڵەتاوە بە جوانیی/ ئەوە دەرئەنجامی هەوڵ بۆ پێشەنگبوون بووە یان بێئاگاییبوون لەو گۆڕانکارییانەی بەسەر جوانییدا هاتووە؟
چۆن شیعری هاوچەرخی کوردی لەڕووی جوانیناسییەوە خۆی بێت؟ ئەم خۆبوونە ناشێت لەوێوە دەستپێکات ئەو هەموو ناجوانییانە یبینێت، کە بەردەوام ڕۆژانە دەیژێت؟ کەوابێت بۆدەبێت ئەو هەموو جوانییە درۆیینانە لەناو شیعرەکانیدا هەبن؟گەرووی شیعری نوێی کوردی ،زۆر بەدەگمەن نەبێت،خۆی نییە، لە خۆی نامۆیە و بوێرنییە لە بینینی ناشرینیەکان. دەستەواژە شیعرییە نوێکانمان لەگەڵ لۆژیکی ئەو دونیا ناشرینەی شاعیر بەردەوام دەیژێت یەکناگرێتەوە. چەمکە مۆدێرنەکانی ناو دەقی شیعریی ئێستامان تاڕادەیەک هەرهەموو کۆیلەی جوانیین و ترسنۆکن لە بینینی دیوی ترسناک و هەڵخەڵەتێنەری جوانیی سەردەم.
سەرئەنجام ئەوە دەڵێین،کە شیعری هەنووکەی نوێمان مژدەی تێگەیشتنێکی نوێی بۆ ناشرینیی پێنییە؛ بۆ ئەو جوانییەش پێنییە،کە داگیرکار و چەوسێنەری ناشرینییە. بۆیە هیوام بەو شیعرە کوردییانە نییە بانگەواز بۆ جوانییەک دەکەن لێوانلێوە لە درۆ. هەر ئەم درۆیەشە ڕێگانادات تێگەیشتنی ڕەخنەیی سەرهەڵدات سەبارەت بە ڕەچەڵەکی جوانیی و ئەو غەدرەی جوانیی لەڕووی مێژوویەوە لە ناشرینیی کردوویەتی. ئەم خواستەی ئێمە هۆشیارییەکی فراوانتری دەوێت لەوەی ئێستا سەبارەت بە جوانیی لای شاعیران و ڕەخنەگرانی ئەدەبی کورد لەئارادان….. .بەداخەوە، ناشرینیناسی هەواڵێکە و جارێ نەگەیشتووە بە شاعیرەنوێخوازەکانی هەنووکەمان.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی

—————————–

سەرنج: ئەم گوزارە شیعرییە دێڕێکی شیعری شاعیری فەرەنسی رامبۆ Arthur Rimbaudیە لە”وەرزێک لە دۆزەخدا”، کە بەمجۆرەیە:
Un soir, j’ai assis la Beauté sur mes genoux – Et je l’ai trouvée amère. – Et je l’ai injuriée.
.




چێژ له‌ ئه‌ده‌بدا.. به‌ختیار محه‌مه‌د

هه‌ر ئه‌ده‌بێك (جا هه‌ر ژانرێك بێ)، چێژمان پێ ببه‌خشێ، ئه‌وه‌ ئه‌ده‌بێكی باشه‌. واته‌ پێوه‌رێك بۆ ئه‌ده‌بی باش چێژه‌ (به‌ڵكو پێوه‌رێكی بنه‌ڕه‌تیی و سه‌ره‌كی ئه‌ده‌بی سه‌ركه‌وتووه‌‌)؛ چونكه‌ ئه‌ده‌ب خۆی له‌ خۆیدا چێژه‌؛ له‌پاڵ په‌یامی مه‌عریفه‌دا. ئه‌مه‌ش هۆكار و خه‌سڵه‌تێكی به‌های چێژی (جوانی) كایه‌ی ئه‌ده‌به‌. ئێمه‌ زۆر جار مه‌رج نییه‌ له‌ واتای شیعرێك تێبگه‌ین، به‌ڵام له‌ خوێندنه‌وه‌یدا چێژی لێ ده‌بینین؛ هه‌روه‌كو چۆن چێژ له‌ پارچه‌ مۆسیقا و ئاوازێك وه‌رده‌گرین.
ڕه‌نگه‌ ژانره‌كانی دیكه‌ی ئه‌ده‌ب كه‌متر ئه‌م به‌خته‌ی شیعریان هه‌بێ له‌ نێوان چێژ و (جوانی و) ڕه‌مزییه‌ت و ته‌مومژییدا. چیرۆك و ڕۆمان و شانۆ هه‌رچه‌نده‌ ڕوون و قووڵ بن، هێنده‌ش‌‌ چێژ به‌ خوێنه‌ر ده‌به‌خشن. خۆ شیعریش له‌م خه‌سڵه‌ته‌ به‌ده‌ر نییه‌، به‌ڵام چونكه‌ شیعر زمانی مۆسیقا و خوازه‌ و ڕه‌مز به‌كار ده‌هێنێ، بۆیه‌ ده‌شێ شیعری قورس (ڕه‌مزییش) هه‌بێ به‌بێ ئه‌وه‌ی باش له‌ واتایه‌كه‌ی (مه‌فهوومه‌كه‌ی) تێبگه‌ین، به‌ڵام له‌ خوێندنه‌وه‌یدا چێژێكی زۆرمان پێ ببه‌خشێ. ئه‌م چێژه‌ له‌ ئیستاتیكای (واته‌ له‌ فۆرمی جوانی) شیعره‌كه‌وه‌ دێ:‌‌ مۆسیقا و ئیقاعی نێوان وشه‌ و دێڕ و ڕسته‌كان. لێره‌وه‌ شیعر له‌ هارمۆنیای جوانی ڕه‌نگه‌كانی تابلۆیه‌كی شێوه‌كاری ده‌چێ. له‌ هه‌ردووكیاندا هارمۆنیا له‌ ناو زمان و له‌ ناو ڕه‌نگدا هه‌یه‌. ئه‌مه‌ش لایه‌نه‌ هونه‌رییه‌كه‌ی هه‌ردوو هونه‌ره‌. واته‌ هونه‌ری شیعر و هونه‌ری نیگاركێشان.
ئه‌ده‌ب و هونه‌ر به‌وه‌ جیا ده‌كرێنه‌وه‌، كه‌ ده‌بێ چێژمان پێ ببه‌خشن. خوێنه‌ر بۆیه‌ ئه‌ده‌ب ده‌خوێنێته‌وه‌، تا چێژی پێ ببه‌خشێ. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م چێژه‌ له‌ واتا و ده‌لاله‌تی مه‌عریفیی به‌ده‌ر نییه‌. زه‌حمه‌ته‌ ئه‌ده‌بێكی ساده‌ بتوانێ چێژمان پێ ببه‌خشێ. ئه‌ده‌ب هه‌ر جوانیی نییه‌، به‌ڵكو فكریشه‌. له‌ ئه‌ده‌بدا هه‌رده‌م جوانیی (فۆرم) توێكڵێ بابه‌تی فیكره‌ (ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن تیمه‌ و ناوه‌رۆك). پێده‌چێ ئه‌م چێژه‌ش حاڵه‌تێكی ڕێژه‌یی بێ. واته‌ له‌ خوێنه‌رێكه‌وه‌ بۆ خوێنه‌رێكی دیكه‌ بگۆڕێ: ده‌شێ خوێنه‌رێكی ساده‌ چێژ له‌ ئه‌ده‌بێكی ساده‌ بكا، خوێنه‌رێكی قووڵیش چێژ له‌ ئه‌ده‌بێكی قووڵ بكا. ته‌نانه‌ت له‌ نێوان خوێنه‌ره‌ قووڵه‌كانیش ئه‌م باره‌ ڕێژه‌ییه‌ هه‌یه‌. به‌نموونه‌: من ئه‌م ڕۆمانه‌م پێ خۆشه‌، به‌ڵام فڵانه‌ كه‌س پێی خۆش نییه‌ و چێژی لێ نابینێ و ڕه‌خنه‌ی سه‌لبی لێ هه‌یه‌. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ چێژ بارێكی ڕه‌های نییه‌. واته‌ هه‌موو به‌رهه‌مه‌ باشه‌كانیش بارێكی ڕه‌های چێژیان نییه‌ و لای هه‌موو خوێنه‌ره‌ به‌ ئاگاكانیش هه‌مان ئاست و به‌های چێژی خوێندنه‌وه‌یان نییه‌؛ به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌و واتایه‌ نییه‌، كه‌ هه‌موو ئه‌ده‌بێكی باش چێژمان پێ ده‌به‌خشێ. لێره‌ ده‌بێ بزانین، چێژیش به‌هایه‌كی مه‌عریفییه‌ و به‌نده‌ به‌ درك و هۆشیاریی خوێنه‌ره‌وه‌. به‌واتای ئێمه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌و به‌رهه‌مه‌ تێبگه‌ین، هێنده‌ش چێژی لێ وه‌رده‌گرین.

به‌ختیار محه‌مه‌د




یاریەکانی ئەمریکا لە ئێران و ناوچەکەدا!.. عوسمانی حاجی مارف

دوای هەشت مانگ لە شەڕی ١٢ ڕۆژە، کە ئەمریکا و ئیسرائیل بەناوی هەوڵدان بۆ لێدانی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکیەکانی ئێران بەرێیانخست، ئێستا واشنتۆن جارێکی تر لە لێواری شەڕ لەگەڵ تاران وەستاوەتەوە. وەستانی شەری ١٢ رۆژە مانای کۆتایی گرژیەکان و وەستانی نەخشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل نەبوو لە ناوچەکە بەگشتی و ئێران بە تایبەتی، هەربۆیە ئێستا دەبینین گەورەترین گردبونەوەی سەربازی ئەمریکا لەڕێگەی ئاسمانی و دەریاییەوە بۆ فشارخستنە سەر ئێران، بە ئاشکرا نمایشێکی مەترسیدارتر نیشان ئەدات.

بە ئاماژەدان بە ئاستی دڵەڕاوکێی ڕژێمی ئێران لەبەرامبەر کردەوەی سەربازی ئەمریکادا، کۆماری ئیسلامی ئامادەیی دانوستانیان نیشانداوە، بەبێئەوەی دیاربێت کە ئاستی دانوستانەکان بەچی دەگات و دواتر چی ڕووئەدات!

هەڵبەتە بەردەوام چاوەڕوانی ئەوە دەکرا که له مانگەکانی داهاتوودا خولێکی دیکەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەست پێبکاتەوە، وەها نیشان ئەدرێت ئامانجی ئیسرائیل زیاتر بۆ لاوازکردنی توانا موشەکیەکانی ئێران بێت. جگە لەوەش، چاوەڕوان دەکرا ئەگەری هەر لێدانێک بەهەوڵی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بێت، کە ئامانجی فراوانتری بەدواوەیە، بەتایبەتی بۆ ملکەچکردنی ئێران و ئاڵوگۆڕێک لەڕژێمی ئێڕان بە قازانجی ئەمریکا و ئیسرائیل تەواو ببێت، بەڵام وەک لە حوزەیرانی ٢٠٢٥دا، ترامپ ڕێگایەکی دیپلۆماسی بۆ دەربازبون خستەڕوو، بەهەمانشێوە ئەمریکا پێشنیاری ئەوە دەکات، تاران دەتوانێت خۆی لە لێدانەکان بەدوور بگرێت، ئەویش بەمەرجی قەبوڵکردنی تەواوی خواستەکانی ئەمریکا.

لە تەواوی ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، پەیوەندی دیپلۆماسی هەردوولایان، هەمیشە پڕ بووە لە ئاستەنگی و سەختیی ڕێکەوتن، ئەو پرسانەی کە لە کارنامەی دانوستانەکاندا هاتووە، وەک بەرگرتن بە بەرنامەی ئەتۆمی و بەرنامەی مووشەکی، سنوردارکردنی دەخالەتی ئێران لە ناوچەکە و پشتیوانیکردنی لە میلیشیاکان و گروپە تیرۆریستیەکان، بۆ دەیان ساڵە لە بەرنامەی کاردا ماونەتەوە و بە ئەنجامێکی عەمەلی نەگەیشتون. هەڵبەتە گومانی تیا نیە گەر ئێران لەوانەش زیاتر بخاتە بەرنامەی کاری سیاسیەوە، بە مەرجێک، پەیوەند بە پاراستنی دەور و نفوز، دەخالەت و باڵادەستی ئەمریکاوە جێبەجێیان بکات، بەمانایەک وەک هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا هەنگاوەکانی بنێت، بەدوور بوەستێت لە پەیوەندی بە بەرژەوەندیەکانی روسیا و چینەوە، هاوکێشەی سیاسی ناوچەکە دەوراێنكی تر لە باڵادەستی ئەمریکای بەسەر ناوچەکەدا بەرجەستەکرێتەوە، ئەوا ئەمریکا کێشەیەکی نابێت لەگەڵ ئێراندا.

بەمانایەک ئەو پرسانەی دەخرێتە ناو دانوستانەکانەوە بۆ ڕێکەوتن دەربارەی ئەتۆمی و موشەک و هەربابەتێکی تر، ناوەڕۆکی کێشەکانی ئەمریکا و ئێران نیە، دەکرێت ئەو پرسانە هەبن و هۆکارێک بن لە بارگرژی دانوستانەکانی ئێستا، بەڵام گەر ئێران وەرچەرخانێک بەرامبەر هاوپەیمانی لەگەڵ روسیا و چین نیشان بدات، وەک هاوپەیمانی ئەمریکا پێناسەی خۆی کاتەوە، تەواوی هاوکێشەکە گۆڕانی جدی بەسەردا دێت. ئەوەی شایانی باسە ئەم کێشمەکێشە کە مەسەلەیەکی بنەمایی و جدیە لە ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی لە خاڵەکانی نێو دانوستانەکاندا پێنەدراوە، یان ئاشکرا ناکرێت!، ئەتوانین بڵێین کێشەی بنەڕەتی ئەمریکا بەهەر شێوەیەک بۆی بگونجێت لێدانە لە دەورو نفوزی روسیا و چین لە ناوچەکەدا، کە ئێستا فۆکسی لەسەر ئێران داناوە.

گەر بڕوانینە ئەم دۆخەی ئێستای گەمارۆدانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، بەڕواڵەت دوو بژاردە بۆ ترەمپ لەئارادایە، “لێدانی سەربازی یان مامەڵەیەکی گەورە”، لە ڕاستیدا ئەم دوو بژاردەیە ناتوانێت نیگەرانیەکانی واشنتۆن چارەسەر بکات، بەتایبەتی کە جۆری پەرچەکرداری ئێران، توانیویەتی ئاستەنگی بۆ بژاردەکانی ترامپ پێکبهێنێت، بۆیە پێناچێت هیچ کام لەو دوو بژاردەیە یەکلایی کەرەوەبن و نەخەشەکانی ئەمریکا بە سەرکەوتن بگەیەنێت! ئیدارەی ئەمریکا بەتەواوی دڵنیا نیە لەوەی کە بە هێرشی ئاسمانی و هێرشی مووشەکی ئەتوانێت ئامانجەکانی بەدی بهێنێت، چونکە ئاسان نیە بەو ڕێگایە بتوانێت کۆنترۆڵی تەواو بەسەر ئێراندا بەدەست بهێنێت.

لەلایەکی ترەوە سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی، کە بەشێکی زۆری یۆرانیۆمی ئێران پیتێنراوە و لەژێر داروبەردا نێژراوە و بە سەلامەتی لە تونێلە قەڵادارەکاندا شاردراوەتەوە، بۆیە ئەمریکا پێویستی بە هێزی زەمینی، پشکنەر، یان لایەنی سێیەم دەبێت بۆ چوونە ناو ئەو شوێنانە، ئەمەش لەباری عەمەلیەوە مانای ئەوەیە کە پێوست دەکات ئەمریکا هێرشی سەرزەمینی و سەربازی بکات، هەڵبەتە کارێکی لەم چەشنە بۆ وڵاتێکی گەورەو بەرفراونی وەک ئێران، ئەو فرسەتە نادات بە ئەمریکا بتوانێت نەخەشەیەکی لەو چەشنە داڕێژێت، چونکە حەتمیە کە توشی شکستێکی گەورە دەبێت. جگە لەوەش، ئەمریکا ناتوانێت دڵنیابێت لەوەی چ جۆرە لێدانێکی سەربازی دیاری بکات، کە ئایندەی دەوڵەت و دۆخی سیاسی ناوخۆی ئێران، چیان بەسەر دێت و تاچەند هێرشە سەربازیەکانی سودی دەبێت بۆ نەخشەو سیاسەتەکانی لە ناوچەکەدا. ئەگەری ئەوەش هەیە، ئەو لێدانە ببێتە هۆی گۆڕینی ڕژێم و ئێران پارچە پارچە بکات، یان حکومەتێکی نوێ بەرهەم بهێنێت، بەڵام وەڵامدەرەوەی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا نابێت، بۆیە ترەمپ زیاتر لەهەوڵی دانوستان و رێکەوتنێکدایە، بۆ ملکەچکردنی دەسەڵاتی ئێستای کۆماری ئیسلامی، کە دیار نیە نەخشەکانی ئەمریکا لە مەیدانی ئەم ململانێیەدا ئاراستەی دۆخەکە بەرەو کوێ دەبات.

لەهەمان کاتدا “سەودا و مامەڵەیەکی گەورە” ئەرکێکی زۆر قورسترە بۆ ئەمریکا، لە داواکردنی ئەوەی کە ڕژێمی ئێران دەستبەرداری توانا موشەکیەکانی و بەرنامە ئەتۆمیەکەی بێت، یان بە یەکجاری دەستبەرداری هاوپەیمانی  روسیا و چین ببێت.

ئەگەری ئەوە هەیە سیاسەتی گۆڕینی ڕواڵەتی ڕژێمی ئێران گەر سەربگرێت، شوێنێک بۆ بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا بکاتەوە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە لەم دۆخە ئاڵۆزەدا، ئایا بە دەخالەتی ئەمریکا  و کاریگەریەکانی لەسەر ناوچەکە، دەتوانێت خزمەت بە بەرژەوەندیە درێژخایەنەکانی ئەمریکا بکات؟ بەبەبێ پلانێکی بژاردەیی بۆ بەرجەستەکردنەوەی “گۆڕینی ڕژێم”، بەبێ دابینکردنی ئەڵتەرنەتیفێکی بەتوانا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا، سیاسەتێک دەبێت بۆ ئەمریکا و ترامپ، لە بەرامبەر ئەزمونێکی تر لە شکستەکانیان بەرەو ڕوو دەبنەوە و کارەساتی تر لە ناوچەکە بەرهەم دەهێنێتەوە.

 ئەو سیناریۆ جۆراوجۆرانەی کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی ئەمریکا پێشنیارکراون، یان لە چوارچێوەی سیاسەتی ئێستای ئەمریکادا خەریکە بەڕێوە دەبرێت، کە تیشک خستنە سەر لەشکرکێشیەکی تەواوە، گومانی تیا نیە ناواقیعیە، یان لەڕادەبەدەر کات بەفیڕۆدەر دەردەکەون، نمونەی فشاری ناسەربازی بۆ سەر ڕژێم و بانگەوازی ساختە بۆ پشتیوانی ڕاپەرینەکانی خەڵکی ناڕازی ئێران، کارەساتی کوشتنی بەکۆمەڵی لێکەوتەوە و دۆخەکەی ئاڵۆزترکرد.

ئەگەر ئەمریکا بەم شێوەیە بەدوای ئامانجی دیاریکراوی گۆڕینی ڕژێمەوە بەردەوام بێت، ئەنجامەکانی دەکرێت پێچەوانەی ئەوە دەرچێت کە ئەمریکا مەبەستیەتی. لەوانەیە ڕژیمی ئێران سەرکوتی خۆپیشاندەران و کوشتنی بە کۆمەڵ زیاترکات، مووشەک و بریکارەکانی بەهێزتر کات و تەنانەت ڕەنگە بەدوای چەکی ئەتۆمیدا بگەڕێت بۆ ئەوەی لە لەناوچون خۆی بیپارێزێت.

لەکاتێکدا ترەمپ لەلایەک بە ئاشکرا ئەگەری “سڕینەوەی ئێران لەسەر ڕووی زەوی” دەخاتە ڕوو، ئەگەر ئێران پابەند نەبێت بە مەرجەکانی ئەمریکا، لەلایەکی تریشەوە دەرگاکە بە کراوەیی دەهێڵێتەوە بۆ “مامەڵەیەک”، لە دانوستانێکەوە بۆ دانوستانێکی تر.

هەڵبەتە ئەم هەوڵە سەربازیە مەبەست لێی هێرشێکی خێرا نییە، بەڵکو بۆ دامەزراندنی واقیعێکی سەربازی درێژخایەن و زۆرەملێیە کە ئامانج لێی ناچارکردنی ئێرانە مەرجەکانی واشنتۆن لە پێگەی لاوازییەوە قەبوڵ بکات.

پێشبینیەکان وەها نیشان ئەدەن، ئێران لەبەردەم ئەگەری هەڵمەتێکی فشاری سەربازی گشتگیردایە، کە درێژخایەنتر و فراونترە لە ڕووی پانتاییەوە و بە توانایەکی تەواو بەرزی ئەمریکاوە بەڕێدەکەوێت، گەر لە کۆتایدا مامەڵەکەیان شکستی هێنا.

ئەم گۆڕانکاریە  ئاڵۆزتر دەبێت بەهۆی جێگیرکردنی بەرفراوانی هێزی دەریاییەوە، کۆکردنەوەی ئەم هێزەش کە لە ناوەڕاستی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ دەستیپێکرد، ئاسمان و دەریای بەیەکەوە گرێداوە، لە دوای جەنگی کەنداوەوە، ئەمە گەورەترین شانۆی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا. ئەم یاریکردنە بە ئایندەی ناوچەکە، ڕێرەوی بەردەوامی ئەو کارەساتانەیە کە چەندین دەیەیە دانشتوانی ناوچەکە بەدەستیەوە دەناڵێنێت، لەمەش قێزەوەنتر، دەوری ئەو هێزو لایەنە سیاسیانەیە کە بەرژەوەندی سیاسی و پێگەی خۆیان بەتەواوی گرێداوە بە ئاکامەکانی ئەم یاریانەوە.




مۆزەی كەڵبە و ڕنۆك.. سەدیق سەعید ڕواندزی

                        
                                              

گەلانی دنیا، بۆ ئەوەی پاشماوە و كەرستە و شوێنەوارە دێرین و مێژووییەكانی خۆیان لە نەمان بپارێزن، هاوكات بە ئەوانیتریان بناسێنن، دێن هەر شتێكی دیرۆكی و شوێنەواری گرنگ هەیە، لە مۆزەخانەدا هەڵیدەگرن. ئەو شوێنەی هەم ئاماژەیەكی مێژوویی، هەمیش كولتووریی و مرۆیی و ئاسەواریی هەیە. مۆزەخانەكان، گوزارشت لە ڕۆژگارێكی مێژوویی كۆنی ژیانی مرۆڤەكان و سرووشت و كەرستەو دروستكراوەكان دەكەن، كە تیایدا سەرەتاكانی شێوەی ژیان و ژیانكردن و پەیوەندی لەگەڵ سرووشت و دەوروبەر دەردەخەن. بێگومان مرۆڤە سەرەتاییەكان، كە وەك ئێستا ژیان پێشكەوتوو نەبووە، هەوڵیانداوە بە كەرستەی سادە و دروستكراو، كارەكانی ژیانی خۆیان ڕایی بكەن و دەستەوەستان نەوەستن. ئیدی ئەو كەرستانە، لەگەڵ پێشكەوتنەكانی ژیان و گەشەی كۆمەڵایەتی و ژیاریی نەتەوەكان، بە سەر چوون و نەماون، مەگەر پارچەیەك، كە دەلالەت لەو قۆناغە بكات. مۆزەخانەكان، گرنگی و بەهایەكی هونەریی یەكجار گەورەیان هەیە و كەرستەكانی ناوی، لە شتە هەرە گران بەهاكانن، كە نرخ و بەهاكانییان، تەنانەت بە هیچ شتێك پێوانە ناكرێت. بۆیە دەبینین مامەڵەكردن بە كەرستە و پاشماوە شوێنەوارییەكان، وەك تاوان سەیر دەكرێت و سزای لەسەرە، چونكە ئەو پاشماوانە، گوزارشت لە مێژوو، بەهای فەرهەنگی ئەو نەتەوەیە دەكات. چەند ساڵێك لەمەوبەر، كاتێ خۆپیشاندانێكی گەورە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەرپا بوو، حكومەتی ئەو وڵاتە، بەر لە هەموو شوێنێك مشووری مۆزەخانەی لۆڤەری خوارد، چونكە شتە مێژوویی و ئاسەوارییەكان، گەر لە نێو چوون و بزبوون، جارێكی دیكە نادۆزرێنەوە. وڵاتان بە بایەخەوە دەڕواننە مۆزەخانە و ساڵانە گەشتیارەكان ڕووی تێ دەكەن. مەرج نییە مۆزەخانە هەر تەنها ئاماژەیەكی كولتووریی بگەیەنێت، زۆر جار دەبنە شوێنی نیشاندانی پاشماوەی كارەسات و ڕووداوە سیاسی و تراژیدییەكان. ئێستاش ساڵانە خەڵكێكی زۆر بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ سەردەمی مێژووی خوێناوی هیتلەر و ئەو كارەساتەی بە سەر جولەكەكان لە جینۆسایدكردن هات، سەردانی پاشماوەی كەمپی ئاوشفیتز لە پۆلۆنیا دەكەن و كوورە و پاشماوەی ئەو شەمەندەفەر و وێستگانە دەبینن، كە جولەكەكانی تیادا دەتوێنرانەوە و دەكرانە سابوون. یاخود زۆر جار، مۆزەخانە كەرستەو پاشماوەی شۆڕشگێڕێك، سیمبولێكی نەتەوەیی، ئازادیخوازێكی تێدا نمایش دەكرێت. لە نێو ئێمەدا، ئەگەر مۆزەخانەیەك بكەینەوە دەبێ چی تێدا هەڵبگرین بۆ ئەوەی پیشانی ئەوانیتری بدەین، جگە لە مێژووێك خوێن و ستەم و چەوسانەوە نەبێت. دوژمنانی كورد، وەك چۆن هەوڵی لە نێوبردنی كەسیەتی و جوگرافیاو مێژووی ئێمەیان داوە، بەو شێوەیەش هەوڵی سڕینەوەی فەرهەنگ و كولتوور و شوێنەوار و پاشماوە دێرینەكانی ئێمەشیان داوە، بەداخەوە مێژووی ئێمە، هەمیشە لە پاڵ قوربانیدان و خەبات و تێكۆشان، هاوكات مێژووێكیش بووە، لە خوێن و چەوسانەوە و لە نێوبردن، بۆیە لە مۆزەخانەدا، دەبێ لایەك بۆ ئەو چڕنۆك و كەڵبانە تەرخان بكەین، كە هەمیشە لە جەستەی نەتەوەیی ئێمە گیروجیڕكراون. پەشێو لە شیعری (مۆزێ)دا، باسی مۆزەخانەیەكی جیاوازمان بۆ دەكات. مۆزەخانەیەك كە لە بری ئەوەی شوێنی هەڵگرتنی كەرستە و پاشماوەی دێرین بێت، بە پێچەوانەوە جێگەی نیشاندانی قەمە و كەڵبە و ڕنۆكە، وەك هێمایەك بۆ ئەو ستەمەی بە درێژایی مێژوو لە ئێمە كراوە، هاوكات ئاماژەیەكیش بۆ مێژووی مرۆڤایەتی بە گشتی، كە بە داخەوە ئەوەندەی مێژووی خوێن و كوشتنە، مێژووی داهێنان و جوانی نییە. لەو شیعرەدا، شاعیر مێژووی مرۆڤایەتی دەگێڕێتەوە بۆ دوو قۆناغ كە ئەوانیش چاخی بەر و دوای مێژووە. لێرەدا، مەبەست لە چاخی بەر لە دیرۆك ئەو چاخەیە، كە هێشتا مرۆڤایەتی لە قۆناغی سەرەتایی دەژیا و پێشكەوتنەكانی سەردەم، نەبووبوونە مایەی نەهامەتی و مرۆڤ بەو ئەندازەیە دڕندە و ترسناك نەبوو، كە ببێتە بكەری هەڵگیرسانی دەیەها شەر، كە بە هۆیەوە خوێنی مرۆڤی تێدا بڕژێت، بەڵكو ژیانێكی سادەی نێو سرووشت و دواكەوتوو، بەڵام پاك و ساكار دەژیا. چاخی بەر لە دیرۆك، ئەو چاخەیە كە هێشتا هیچ ڕووداوێكی گەورەی مێژوویی ڕووینەداوە. ئەو چاخەیە كە هێشتا مرۆڤ نەبۆتە دڕندەیەك و دەستی نەچۆتە نێو خوێنی هاوشوناسەكەی. ئەو چاخەیە، كە هێشتا شەڕ و كوشتارو ئەتۆم و تیرۆر و ڕەگەزپەرستی و فاشییەت و ڕەنگەكان لە یەكتری جیا نەكراونەتەوە و مرۆڤەكان پۆڵین نەكراون. پەشێو لە مۆزەخانەكەیدا، هۆڵێكی تایبەت و گەورە بۆ ئەو چاخەی بەرلە دیرۆك تەرخان دەكات، بەڵام هیچی نییە تا تیایدا هەڵگرێت، هەر وەك لە شیعرەكەی باسی دەكات و ناوی هیچ كەرستەیەكی نێو ئەو هۆڵە ناهێنێت، جیاواز لە هۆڵەكانی دیكەی دوای سەرهەڵدانی دیرۆك، كە ناپڕژێتە سەر ئەوەی تەنها هۆڵێكی بۆ دابین بكات. پەشێو لە شیعرەكەیدا دەڵێت:_
لە كوردستانی دوا ڕۆژدا
گەورەترین مۆزێی دنیا دروست دەكەم
بۆ هەرچاخێك هۆڵێكی زل
هۆڵی یەكەم ناوی لێ دەنێم
هۆڵی چاخی بەر لە دیرۆك
هۆڵەكانی تر هەموویان
هۆڵی سونگی و كەڵبە و ڕنۆك

هەڵبەتە، دیاریكردنی كوردستان وەك وڵاتی شاعیر بۆ دروستكردنی ئەو مۆزەیە، دەلالەتە لەوەی كە كورد وەك نەتەوەیەك، چەند ڕووبەڕووی كارەسات و نەهامەتی بۆتەوە و چۆن جێی ڕنۆكی دوژمنانی بە جەستەیەوە دیارە. ئەو مۆزێیە، نیشانەیە بۆ مێژووی سیاسی و نەتەوەیی ئێمە، كە مێژووی ڕابردووی خوێنینی ئێمە نیشان دەدات، بەڵام دیوێكی ئەو مۆزێیە، دیوێكی جیهانی و مرۆڤایەتییە و پەیوەندی بە قۆناغەكانی بەر و دوای سەرهەڵدانی دیرۆك هەیە. بەو مانایەی تا قۆناغی بەر لە دیرۆك، مرۆڤایەتی هەڵگڕی مێژووی كەڵبە و ڕنۆك نەبووە، بۆیە هۆڵی یەكەم تەنها ناوی هەیە و شاعیر ئاماژەی بۆ كەرستە و كەلوپەلەكانی نێوی نەكردووە، چونكە شتێك نییە وەك شوێنەوار تیایدا هەڵبگیرێت، هۆڵەكە تەنها ناوێكی مێژوویی هەیە، بەڵام كۆی هۆڵەكانی دیكە، تەرخان دەكرێن بۆ سونگی و كەڵبە و ڕنۆك، كە ئەمەش قۆناغی دوای دیرۆكە، كە مرۆڤایەتی زیاتر گەشە دەكات و لە پەراوێزی ئەو گەشەكردنەشەوە، گۆڕانكاری بە سەر كۆمەڵ دادێت و بە داخەوە شەڕو خوێن دەبنە سیمای دیاری ئەو قۆناغە، كە ئەوەندە زۆرە دەبێ هەموو هۆڵەكانی دیكەی بۆ تەرخان بكەیت. ڕووبەرێكی گەورەش لەو ستەم و خوێنە، بەر ئێمە وەك كورد دەكەوێت، هەر ئەمەشە هۆكاری ئەوەی كە پەشێو كوردستانی داهاتوو، بۆ شوێنی ئەو مۆزێیە لە بری هەر شوێنێكی دیكەی جیهان دیاری بكات. مێژووی مرۆڤایەتی، لە دوای گەشەسەندن و گواستنەوەی لە چاخی بەردین و بەر لە مێژووەوە بۆ چاخی نوێ، مێژووی هەزاران ڕووداوی سیاسی و كۆمەڵایەتییە. مێژووێكە تیایدا مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی كارەسات و نەهامەتی بە ئێستاشەوە دەبێتەوە، مێژووی چەوسانەوە و بێ مافی گەلان و ستەم و بێدادی سیاسییە. ئەم مێژووە هێندە گەورەیە، دەبێ هەموو هۆڵەكانی مۆزەخانەی بۆ تەرخان بكرێت. پەشێو لە شیعرەكەیدا، كەرستە و شوێنەوارێكی دێرین، لەو هۆڵانە هەڵناگرێت، پاشماوە و شوێنەواری جێی پێ مرۆڤایەتی لە قۆناغی دوای دیرۆك لەو هەموو هۆڵانە هەڵناگرێت، بە پێچەوانەوە هۆڵەكان تەرخان دەكات، بۆ كەڵبە و قەمە، وەك ئاماژەیەك بۆ كوشتن و شەڕ و لە نێوبردنی مرۆڤ، بە هەر پاساوێكەوە بێت. كوردستان لە دوا ڕۆژدا، دەبێتە شوێنی گەورەترین مۆزەی دنیا، وەلێ مۆزەخانەیەك لە بری ئەوەی ئاماژەیەكی شوێنەواریی و دیرۆكی هەبێت، ئەوا ئاماژەیەكی سیاسی و خوێن و چەوسانەوەی بە تایبەتیش بەرانبەر نەتەوەی كورد دەبێت، كە ئێستاش كەڵبە و ڕنۆك دەوریان داوە!

سەدیق سەعید ڕواندزی

————————–

*ئەم بابەتە لە ژمارە(70)ی گۆڤاری چیا، كانونی یەكەمی 2024 بڵاوكراوەتەوە. ئەم گۆڤارە، لەلایەن كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستانەوە دەردەكرێت.




ترپەی ڕەش.. شیعری سمکۆ ئەحمەد ڕەشید

1
دڵتان ڕاخەن،
خۆشەویستی ئەستێرەیەکی دوورە دەست نییە
ڕاستگۆیی باڵندەیەکی ماڵییە
حەز ناکەم دڵتان بە تاریکی بمێنێتەوە
حەز ناکەم نێو لەپتان چۆڵ بێت
ئاخر کێ تۆوی پلاستیکی چاندووە و سێبەری چنیوەتەوە
کێ دڕکی لاواندۆتەوە و
لاولاو بە بەژنی ژیانیدا هەڵگەڕاوە
کێ چەند ڕوخسارێکی پۆشیووە و
هەیوانی جوانیی ناسیووە!

2
هەندێک نهێنییم هەیە
دەمەوێت، لە باخەڵی چەند ڕستەیەکدا بیانشارمەوە
نامەوێ کەس بزانێت چەند کۆترم هەیە
ئۆتومبێلەکەم لە دایکبووی ساڵی چەندە
منداڵەکانم ناویان چییە
ڕۆژی چەند جار دەچمە بەر ئاوێنە
نامەوێ کەس بزانێ تەنیاییم چەند گیرفانی هەیە
لە هەر گیرفانێکیدا چەند دەنک شادی هەیە
شوێنە بڵندەکان باش نین
من شادییەکانی خۆم نابەمە شوێنە بڵندەکان
سادەیی ڕێگەیەکە دەتباتەوە سەر پیسایی گوفەکەکان
ناهێڵم هیچ دەنکە شادییەکم بکەوێتە تەڵەی چاوە نەخۆشەکان
سادەیی کراسێکە بەبەر ئەم زەمەنە ناکات
سادەیی بۆ ڕۆژگارێک باش بوو
درەختەکان یەک ڕوویان هەبوو
مرۆڤەکان لە دوورەوە
دڵیان وەک پارچەیەک کریستاڵ دەبریسکایەوە

3
پێم ناخۆشە مێروولەیەک درەنگ بگاتە ماڵەوە و
تاریکیی بەسەردابێت
پێم خۆش نییە حەماڵێک
دڵی وەک عەرەبانەکەی وەرگەڕێت و
خەونەکانی بەگۆڕێ وەربن
بۆچی باشم
ئەگەر پەنجەکانم وەک چرا دانەگیرسێنم
ئەگەر بەردەکان فڕێ نەدەمە
ئەوبەری ئاوەدانی

4
بەم پەڵە ڕەشانەوە
نوێژەکانت ناگەنە ئاسمان
خۆت بدەرە بەر بارانی پەیڤەکانم
دڵت بەهەڵمی هەناسە سپییەکانی بەفر بشۆ
ئەوین دەستێکی خاوێنە
گوێ لە هیچ ترپەیەکی ڕەش ناگرێ




نەمانزانی.. شیعری نەوزاد بەندی

ئەو ڕۆژەی وەک هەموو ڕۆژێ ،
بە چاکەتی تۆخی نیلی و
کراسی سپی و پانتۆڵی
خۆڵەمێشیی،
چووینە هۆڵی وانەخوێندن..
نەمانزانی ئەو جارە دواهەمین جارە ..
ئیتر قەت وانە ناخوێنین ..!

٭ ٭ ٭

ئەو بەهارەی
کوڕی گەڕەک کۆبووینەوە و
چووین بۆ مەزرای فەریکە نۆک
لە دەباشان ..
بۆ لای دارتوو ..کانیاوەکان ..
نەمانزانی ئەو بەهارە،
دوا بەهارە ..
ئیتر نە مەزرا ئەمێنێ و
نە نۆک لەو دۆڵانە ئەڕوێ ..
هەمووی ئەکرێ،
بە باڵەخانەی چیمەنتۆ ..
بە کۆشک و بە حەرەمسەرا ..
بە چەکدار و لاندکرۆزەر ..
بە چڕە دوکەڵی کەباب ..
کانی و دارتوو،
لیست لهما محل في الاعراب

٭ ٭ ٭

لە خەزانی مناڵیدا،
ئەو ئێوارەیەی کە وەکو
هەموو ئێوارەکانی تر
یارییەکەمان ڕێکخستەوە..
نەمانزانی ئەو یارییە ،
دوا یارییە ..
ئیدی مناڵیی ئەژاکێ و ..
کۆتایی دێ ..
ئیتر بۆ هەتاهەتایە،
تەنها دێڕێ یادگارییە ..

٭ ٭ ٭

ئەو بەیانییەی
هەروەکو
سەدان بەیانی پێشووتر،
لە ماڵی باوکمان نانمان خوارد ..
دایکمان بەرچایی دانابوو
باوکمان سەمونی کڕیبوو ..
نەمانزانی ئەوە دوایین بەیانییە ..
قەت دووبارە نابێتەوە ..
ئەکەوێتە ژێرزەمینی بیرەوەریی و ..
قەت دەرگای بۆ ناکرێتەوە ..

٭ ٭ ٭

ئای! کاتێ مامۆستای کوردی
دواهەمین وانەی
ئەلف و بێی
ئەمین باڵداری پێ ووتین ..
ووشە بە ووشەی ئەوت و
ئێمەیش وەک کۆرس
بە هەموو دەنگمان، لە دوای ئەو
ووشەکانمان ئەووتەوە ..
نەمانزانی،
ئەوە دوا کۆرسی ووشەیە و
ئەوە دوا پێشانگای ڕەنگە و
ئیتر دارا ئەبێ بە خەو ..
لەگەڵ دوو دار ..
ئیتر کتێبێکمان نابێ
لێی نوسرابێ
ئیبراهیمی ئەمین باڵدار ..

٭ ٭ ٭
ئەی تۆیش ئەی یار ..
ئەو عەسرەی
وەک زۆربەی عەسران
بە ماکسییەکی گوڵ وورد و
کتێبێک هاتیتە سەربان ..
نەمانزانی
ئەوە دوا عەسرە .. دواجارە
کتێب و دووریی و من و تۆ ،
کۆکاتەوە..
جارێکی تر ئەو تابلۆیە،
هیچ عەسرێ نیشانی نادا ..
تۆ تۆپی ئێران ئەتکوژێ و..
کەسێ نییە
لەو خەمە پەنهانەم بگا
سەرخۆشییەکم لێ بکا ..
یان تۆزێ دڵم باتەوە ..

٭ ٭ ٭

ئەو مانگەی بە کش و ماتیی ،
بێ هاش وهوشی هەواڵ و ..
دەهۆڵ و زوڕنای میدیاکان ..
فەرمانبەر موچەیان وەرگرت ..
نەیانزانی ،
ئەوە دوا موچەی بێدەنگە ..
ئەوە دوا مانگە سی ڕۆژ بێ..
ئیتر موچە،
ئەبێ به سیل و شێرپەنجە،
هەزار و یەک ووتەبێژ و
سەرۆک و وزیر و
گزیر ..باسی ئەکەن ..
مانگ ئەبێتە پەنجا و حەفتا ..
هەواڵ ئەبێ بە باسی مافیاو
گەندەڵیی و ..تێکەڵ ئەکرێ
لەگەڵ نەوتا ..
ڕۆژی هەزار جار جاڕ ئەدڕێ؛
میللەت فەوتا ..