“ئێوارەیەک، جوانیم لەسەر ئەژنۆم دانا – بینیم تاڵ بوو. – جنێومپێیدا”.. ئازاد حەمە

ناشرینییناسیەک لەم دەڕبڕینە سەرسوڕهێنەرەی شاعیری نوێخوازی یاخی و ڕێچکەشکێنی فەرەنسی رامبۆ Rimbaud پەنهانە، کە دواتر بەرەو تێڕامانمان دەبات لە جوانیناسییەک، کە لە هەناوی ناشرینییدا خۆیمەڵاسداوە. بۆیە دەخوازین بپرسین: ئەوەی شایانی تێهزرینە لەو دێڕە شیعرییە وێنە شیعرییەکەیە یان ئەو دیدگایانەیە پێشتر لەسەر جوانیی هەمانبووە و، ئەم دەربڕینە شیعرییە پوچەڵیدەکاتەوە؟ ئەوەی لە دووتۆیی ئەم دەربڕینە شیعرییەی رامبۆی تاقانە پەپیپێدەبەین بینینی دیوی ناوەوەی جوانییە،کە لێدانە لە جەوهەری جوانیی، کە ئەوەش کۆششێکە بۆ تێکشکاندنی ڕێساکان(لەوانە:ڕێسای جوانیناسی جوانیی)سەبارەت بە دیتنی جوانیی. ئەم تێکشکاندنە تەنها ڕووی زمانەوانیی و دواتر ڕووی جوانکاریی نییە، بەڵکو ڕووی رەوشتیشی هەیە. دێڕەکەی رامبۆ تەقەلایەکی ناهێمنانەیە، سوکایەتیکردنە بە جوانیی، بۆ بیرخستنەوەی جوانیناسی ناشیرینیش؛ ئەمەو لێدانێکی ڕادیکالانەی ڕێسای شیعری کلاسیکیشە،کە هەردەم مشەخۆربووە لەسەر چەمکی جوانیی. بەمجۆرەبێت جوانیی ئەوە نییە،کە خۆیمان نیشاندەدات؛ لە ناواخنڕا ناشایان و ناشیرینە(زەقنەبووتە).
بۆ گەیشتن بە نەزانراو لە شیعردا، کە ئەوەش کارێکی ئاسان نییە، لێرەوە دەپرسین: شیعر ڕووبەرێکە بۆ بەرهەمهێنانی دیدگاکان، بەتایبەت دیدگا نەزانراوەکان؟واپێویستدەکات شیعر بەدواداچوون بۆ نادیارەکان (نەزانراوەکان)بکات، جا ئەوە چ لەناو ئاییندەدا بێت وەک هاوڕێیەتی، تەنیایی،چ ئەوەی جارێ گۆنەکراوە سەبارەت بەوەی دێت لە دواتردا. مەبەست، هێشتا ئابرووچونەکان، کە جوانیی دەتوانێت بۆمانیبهێنێت، بۆ زۆرێکمان ئاشکرا نیین. گشت ئەوانەش پەیوەندییان بە زەبری جوانیەوە هەیە. بەشێک لەو زەبرە تەنها بە لێدانی جوانیی یان ئاشکراکردنی ڕووی دزێوی جوانیی دەرناکەوێت،بەڵکو بە گەڕانەوەی دەسەڵات بۆ ناشرینییش دەردەکەوێت. لێرەوە دەکرێت قسەلەسەر تاڵی جوانیی و شیرینی ناشرینیی بێتەپێش. ناشرینیی دەمێکە ژێردەستەی جوانییە و لەو بەینەشدا مرۆڤایەتی قووربانییەکی زۆری داوە.
شیعر ڕێگەمان پێدەدات بە وشەسازیی شیعریی چەمکگەلێکی وەک بێدەنگی، نەبینراوەکان بگۆڕین بۆ دەنگ و بینراو. بۆنموونە،چەمکی جوانیی لەم گوزارە شیعرییەی رامبۆ(“”ئێوارەیەکیان،جوانیم خستەسەر ئەژنۆم– تەماشامکرد تاڵ بوو.–سوکایەتیمپێکرد””)ئەو جۆرەیە لە چەمکە نادیار و شۆکهێرەکان،کە گاڵتەجاڕی لە هەناویاندا بەرجەستەیە. نەبینراو و نەگوتراو لەو دێڕە شیعرییە دیدگایەک لەسەر جوانیی دەوروژێنێت،کە ئاماژەیە لەسەر گۆڕینی سەیرکردن بۆ کیمیای جوانیی. ئەم کیمیا نوێیە خۆی لەسەر سەلیقەیی لە گاڵتەکردن بە جوانیی و نادڵنیابوون لە جوانیی بونیاددەنێت. جوانیی لێرە زاڵمە و ئامانی بۆنییە.
رامبۆ لەو دێڕەدا هیچ لە جوانیڕا ڕانابینێت. لەوە ترسناکتر ئەوەیە،کە جوانیی گشت ئێمە بەخۆیەوە گرفتاردەکات و تامیشی تاڵە. بەمجۆرە سەرکۆنەکردنی جوانیی تەنها کارێکی جوانیناسییانە نییە لەسەر چەمکی جوانیی بەڵکو ئەرکێکی رەوشتیشە.ئەو ئەرکە رەوشتییە دەرفەت دەرەخسێنێت لە بنچەی جوانیی حاڵیبین و لەو فریودانەش(هەڵخەڵەتاندنەش) بەئاگابین،کە جوانیی دەتوانێت لەگەڵ خۆی بیهێنێت.
لەسەر بنەمای ئەو دیتنەی لای سەرەوەمانبێت،جوانیی لە گەرووی ئەم دێڕە شیعرییەی رامبۆ تراویلکەیە(سەرابە)، دەستکارییکردنی جیهانبینی شیعرە بۆ خودی چاوەڕوانییەکان لە جوانیی. گەر جوانی ئەوە بێت خودی جوانی ڕایهێناوین لەسەر ئەزموونکردنی خۆی، ئەوا جوانیی بەس نییە. هیچ نەبێت لەبەرئەوەی ڕەچەڵەکی جوانیی ناشرینییە. جوانیی،کە بەرگەی ناشرینیی ناگرێت شێلگیرانە کاری خۆیدەکات؛ کار بۆ ئەوە دەکات هەر خۆی هەبێت و بەس. جوانیی غەدارە، هێرشبەر و داگیرکەرە.
پرسی جوانیی لەم دێڕە شیعرییەی رامبۆ پێکۆڵییە( پێداگرییە)لە تاڵی تامی جوانیی. چونکە جوانیی لە بنڕا خاکەڕا و سادە نییە. جوانیی تابڵێت پەژارەییهێنەر و شۆکهێنەرە بۆ ئەوانەی لە چاوەڕوانی ئەوەدان جوانیی شتێکی زۆریان پێببەخشێت. هاوکات گومانی ناوێت ئەم گوزارە شیعرییە شاکارگەلە؛ زەوییەکی بەپیتە بۆ بینینی دیوە شارەوەکانی جوانیناسی جوانیی، دانهێنانیشە بە شتگەلێک لە جوانییدا پەنهانە؛ وەک تاڵیەکەی، فریودەرییەکەی. بۆیە بۆ رامبۆ سوکایەتیکردن بە(جنێودان بە)جوانیی تۆمەت نییە، تەقەلایەکە بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندی ناساکارانەی نێوان جوانیی و ناشرینیی.
بەهۆی ئەم دەستەواژە شیعرییەی رامبۆوە دوا قسەمان سەبارەتدەکەین بەو دۆخشێواوییەی شیعری هاوچەرخی کوردی لەڕووی جوانکارییەوە دووچاریبووە، کە بۆ زۆرێکیش ڕوون نییە بۆ شیعری هاوچەرخی کوردی لەڕووی جوانیناسیەوە بەو دەردەبراوە؟ واتە بۆ خەڵەتاوە بە جوانیی/ ئەوە دەرئەنجامی هەوڵ بۆ پێشەنگبوون بووە یان بێئاگاییبوون لەو گۆڕانکارییانەی بەسەر جوانییدا هاتووە؟
چۆن شیعری هاوچەرخی کوردی لەڕووی جوانیناسییەوە خۆی بێت؟ ئەم خۆبوونە ناشێت لەوێوە دەستپێکات ئەو هەموو ناجوانییانە یبینێت، کە بەردەوام ڕۆژانە دەیژێت؟ کەوابێت بۆدەبێت ئەو هەموو جوانییە درۆیینانە لەناو شیعرەکانیدا هەبن؟گەرووی شیعری نوێی کوردی ،زۆر بەدەگمەن نەبێت،خۆی نییە، لە خۆی نامۆیە و بوێرنییە لە بینینی ناشرینیەکان. دەستەواژە شیعرییە نوێکانمان لەگەڵ لۆژیکی ئەو دونیا ناشرینەی شاعیر بەردەوام دەیژێت یەکناگرێتەوە. چەمکە مۆدێرنەکانی ناو دەقی شیعریی ئێستامان تاڕادەیەک هەرهەموو کۆیلەی جوانیین و ترسنۆکن لە بینینی دیوی ترسناک و هەڵخەڵەتێنەری جوانیی سەردەم.
سەرئەنجام ئەوە دەڵێین،کە شیعری هەنووکەی نوێمان مژدەی تێگەیشتنێکی نوێی بۆ ناشرینیی پێنییە؛ بۆ ئەو جوانییەش پێنییە،کە داگیرکار و چەوسێنەری ناشرینییە. بۆیە هیوام بەو شیعرە کوردییانە نییە بانگەواز بۆ جوانییەک دەکەن لێوانلێوە لە درۆ. هەر ئەم درۆیەشە ڕێگانادات تێگەیشتنی ڕەخنەیی سەرهەڵدات سەبارەت بە ڕەچەڵەکی جوانیی و ئەو غەدرەی جوانیی لەڕووی مێژوویەوە لە ناشرینیی کردوویەتی. ئەم خواستەی ئێمە هۆشیارییەکی فراوانتری دەوێت لەوەی ئێستا سەبارەت بە جوانیی لای شاعیران و ڕەخنەگرانی ئەدەبی کورد لەئارادان….. .بەداخەوە، ناشرینیناسی هەواڵێکە و جارێ نەگەیشتووە بە شاعیرەنوێخوازەکانی هەنووکەمان.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی

—————————–

سەرنج: ئەم گوزارە شیعرییە دێڕێکی شیعری شاعیری فەرەنسی رامبۆ Arthur Rimbaudیە لە”وەرزێک لە دۆزەخدا”، کە بەمجۆرەیە:
Un soir, j’ai assis la Beauté sur mes genoux – Et je l’ai trouvée amère. – Et je l’ai injuriée.
.




چێژ له‌ ئه‌ده‌بدا.. به‌ختیار محه‌مه‌د

هه‌ر ئه‌ده‌بێك (جا هه‌ر ژانرێك بێ)، چێژمان پێ ببه‌خشێ، ئه‌وه‌ ئه‌ده‌بێكی باشه‌. واته‌ پێوه‌رێك بۆ ئه‌ده‌بی باش چێژه‌ (به‌ڵكو پێوه‌رێكی بنه‌ڕه‌تیی و سه‌ره‌كی ئه‌ده‌بی سه‌ركه‌وتووه‌‌)؛ چونكه‌ ئه‌ده‌ب خۆی له‌ خۆیدا چێژه‌؛ له‌پاڵ په‌یامی مه‌عریفه‌دا. ئه‌مه‌ش هۆكار و خه‌سڵه‌تێكی به‌های چێژی (جوانی) كایه‌ی ئه‌ده‌به‌. ئێمه‌ زۆر جار مه‌رج نییه‌ له‌ واتای شیعرێك تێبگه‌ین، به‌ڵام له‌ خوێندنه‌وه‌یدا چێژی لێ ده‌بینین؛ هه‌روه‌كو چۆن چێژ له‌ پارچه‌ مۆسیقا و ئاوازێك وه‌رده‌گرین.
ڕه‌نگه‌ ژانره‌كانی دیكه‌ی ئه‌ده‌ب كه‌متر ئه‌م به‌خته‌ی شیعریان هه‌بێ له‌ نێوان چێژ و (جوانی و) ڕه‌مزییه‌ت و ته‌مومژییدا. چیرۆك و ڕۆمان و شانۆ هه‌رچه‌نده‌ ڕوون و قووڵ بن، هێنده‌ش‌‌ چێژ به‌ خوێنه‌ر ده‌به‌خشن. خۆ شیعریش له‌م خه‌سڵه‌ته‌ به‌ده‌ر نییه‌، به‌ڵام چونكه‌ شیعر زمانی مۆسیقا و خوازه‌ و ڕه‌مز به‌كار ده‌هێنێ، بۆیه‌ ده‌شێ شیعری قورس (ڕه‌مزییش) هه‌بێ به‌بێ ئه‌وه‌ی باش له‌ واتایه‌كه‌ی (مه‌فهوومه‌كه‌ی) تێبگه‌ین، به‌ڵام له‌ خوێندنه‌وه‌یدا چێژێكی زۆرمان پێ ببه‌خشێ. ئه‌م چێژه‌ له‌ ئیستاتیكای (واته‌ له‌ فۆرمی جوانی) شیعره‌كه‌وه‌ دێ:‌‌ مۆسیقا و ئیقاعی نێوان وشه‌ و دێڕ و ڕسته‌كان. لێره‌وه‌ شیعر له‌ هارمۆنیای جوانی ڕه‌نگه‌كانی تابلۆیه‌كی شێوه‌كاری ده‌چێ. له‌ هه‌ردووكیاندا هارمۆنیا له‌ ناو زمان و له‌ ناو ڕه‌نگدا هه‌یه‌. ئه‌مه‌ش لایه‌نه‌ هونه‌رییه‌كه‌ی هه‌ردوو هونه‌ره‌. واته‌ هونه‌ری شیعر و هونه‌ری نیگاركێشان.
ئه‌ده‌ب و هونه‌ر به‌وه‌ جیا ده‌كرێنه‌وه‌، كه‌ ده‌بێ چێژمان پێ ببه‌خشن. خوێنه‌ر بۆیه‌ ئه‌ده‌ب ده‌خوێنێته‌وه‌، تا چێژی پێ ببه‌خشێ. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م چێژه‌ له‌ واتا و ده‌لاله‌تی مه‌عریفیی به‌ده‌ر نییه‌. زه‌حمه‌ته‌ ئه‌ده‌بێكی ساده‌ بتوانێ چێژمان پێ ببه‌خشێ. ئه‌ده‌ب هه‌ر جوانیی نییه‌، به‌ڵكو فكریشه‌. له‌ ئه‌ده‌بدا هه‌رده‌م جوانیی (فۆرم) توێكڵێ بابه‌تی فیكره‌ (ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن تیمه‌ و ناوه‌رۆك). پێده‌چێ ئه‌م چێژه‌ش حاڵه‌تێكی ڕێژه‌یی بێ. واته‌ له‌ خوێنه‌رێكه‌وه‌ بۆ خوێنه‌رێكی دیكه‌ بگۆڕێ: ده‌شێ خوێنه‌رێكی ساده‌ چێژ له‌ ئه‌ده‌بێكی ساده‌ بكا، خوێنه‌رێكی قووڵیش چێژ له‌ ئه‌ده‌بێكی قووڵ بكا. ته‌نانه‌ت له‌ نێوان خوێنه‌ره‌ قووڵه‌كانیش ئه‌م باره‌ ڕێژه‌ییه‌ هه‌یه‌. به‌نموونه‌: من ئه‌م ڕۆمانه‌م پێ خۆشه‌، به‌ڵام فڵانه‌ كه‌س پێی خۆش نییه‌ و چێژی لێ نابینێ و ڕه‌خنه‌ی سه‌لبی لێ هه‌یه‌. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ چێژ بارێكی ڕه‌های نییه‌. واته‌ هه‌موو به‌رهه‌مه‌ باشه‌كانیش بارێكی ڕه‌های چێژیان نییه‌ و لای هه‌موو خوێنه‌ره‌ به‌ ئاگاكانیش هه‌مان ئاست و به‌های چێژی خوێندنه‌وه‌یان نییه‌؛ به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌و واتایه‌ نییه‌، كه‌ هه‌موو ئه‌ده‌بێكی باش چێژمان پێ ده‌به‌خشێ. لێره‌ ده‌بێ بزانین، چێژیش به‌هایه‌كی مه‌عریفییه‌ و به‌نده‌ به‌ درك و هۆشیاریی خوێنه‌ره‌وه‌. به‌واتای ئێمه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌و به‌رهه‌مه‌ تێبگه‌ین، هێنده‌ش چێژی لێ وه‌رده‌گرین.

به‌ختیار محه‌مه‌د




یاریەکانی ئەمریکا لە ئێران و ناوچەکەدا!.. عوسمانی حاجی مارف

دوای هەشت مانگ لە شەڕی ١٢ ڕۆژە، کە ئەمریکا و ئیسرائیل بەناوی هەوڵدان بۆ لێدانی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکیەکانی ئێران بەرێیانخست، ئێستا واشنتۆن جارێکی تر لە لێواری شەڕ لەگەڵ تاران وەستاوەتەوە. وەستانی شەری ١٢ رۆژە مانای کۆتایی گرژیەکان و وەستانی نەخشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل نەبوو لە ناوچەکە بەگشتی و ئێران بە تایبەتی، هەربۆیە ئێستا دەبینین گەورەترین گردبونەوەی سەربازی ئەمریکا لەڕێگەی ئاسمانی و دەریاییەوە بۆ فشارخستنە سەر ئێران، بە ئاشکرا نمایشێکی مەترسیدارتر نیشان ئەدات.

بە ئاماژەدان بە ئاستی دڵەڕاوکێی ڕژێمی ئێران لەبەرامبەر کردەوەی سەربازی ئەمریکادا، کۆماری ئیسلامی ئامادەیی دانوستانیان نیشانداوە، بەبێئەوەی دیاربێت کە ئاستی دانوستانەکان بەچی دەگات و دواتر چی ڕووئەدات!

هەڵبەتە بەردەوام چاوەڕوانی ئەوە دەکرا که له مانگەکانی داهاتوودا خولێکی دیکەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەست پێبکاتەوە، وەها نیشان ئەدرێت ئامانجی ئیسرائیل زیاتر بۆ لاوازکردنی توانا موشەکیەکانی ئێران بێت. جگە لەوەش، چاوەڕوان دەکرا ئەگەری هەر لێدانێک بەهەوڵی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بێت، کە ئامانجی فراوانتری بەدواوەیە، بەتایبەتی بۆ ملکەچکردنی ئێران و ئاڵوگۆڕێک لەڕژێمی ئێڕان بە قازانجی ئەمریکا و ئیسرائیل تەواو ببێت، بەڵام وەک لە حوزەیرانی ٢٠٢٥دا، ترامپ ڕێگایەکی دیپلۆماسی بۆ دەربازبون خستەڕوو، بەهەمانشێوە ئەمریکا پێشنیاری ئەوە دەکات، تاران دەتوانێت خۆی لە لێدانەکان بەدوور بگرێت، ئەویش بەمەرجی قەبوڵکردنی تەواوی خواستەکانی ئەمریکا.

لە تەواوی ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، پەیوەندی دیپلۆماسی هەردوولایان، هەمیشە پڕ بووە لە ئاستەنگی و سەختیی ڕێکەوتن، ئەو پرسانەی کە لە کارنامەی دانوستانەکاندا هاتووە، وەک بەرگرتن بە بەرنامەی ئەتۆمی و بەرنامەی مووشەکی، سنوردارکردنی دەخالەتی ئێران لە ناوچەکە و پشتیوانیکردنی لە میلیشیاکان و گروپە تیرۆریستیەکان، بۆ دەیان ساڵە لە بەرنامەی کاردا ماونەتەوە و بە ئەنجامێکی عەمەلی نەگەیشتون. هەڵبەتە گومانی تیا نیە گەر ئێران لەوانەش زیاتر بخاتە بەرنامەی کاری سیاسیەوە، بە مەرجێک، پەیوەند بە پاراستنی دەور و نفوز، دەخالەت و باڵادەستی ئەمریکاوە جێبەجێیان بکات، بەمانایەک وەک هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا هەنگاوەکانی بنێت، بەدوور بوەستێت لە پەیوەندی بە بەرژەوەندیەکانی روسیا و چینەوە، هاوکێشەی سیاسی ناوچەکە دەوراێنكی تر لە باڵادەستی ئەمریکای بەسەر ناوچەکەدا بەرجەستەکرێتەوە، ئەوا ئەمریکا کێشەیەکی نابێت لەگەڵ ئێراندا.

بەمانایەک ئەو پرسانەی دەخرێتە ناو دانوستانەکانەوە بۆ ڕێکەوتن دەربارەی ئەتۆمی و موشەک و هەربابەتێکی تر، ناوەڕۆکی کێشەکانی ئەمریکا و ئێران نیە، دەکرێت ئەو پرسانە هەبن و هۆکارێک بن لە بارگرژی دانوستانەکانی ئێستا، بەڵام گەر ئێران وەرچەرخانێک بەرامبەر هاوپەیمانی لەگەڵ روسیا و چین نیشان بدات، وەک هاوپەیمانی ئەمریکا پێناسەی خۆی کاتەوە، تەواوی هاوکێشەکە گۆڕانی جدی بەسەردا دێت. ئەوەی شایانی باسە ئەم کێشمەکێشە کە مەسەلەیەکی بنەمایی و جدیە لە ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی لە خاڵەکانی نێو دانوستانەکاندا پێنەدراوە، یان ئاشکرا ناکرێت!، ئەتوانین بڵێین کێشەی بنەڕەتی ئەمریکا بەهەر شێوەیەک بۆی بگونجێت لێدانە لە دەورو نفوزی روسیا و چین لە ناوچەکەدا، کە ئێستا فۆکسی لەسەر ئێران داناوە.

گەر بڕوانینە ئەم دۆخەی ئێستای گەمارۆدانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، بەڕواڵەت دوو بژاردە بۆ ترەمپ لەئارادایە، “لێدانی سەربازی یان مامەڵەیەکی گەورە”، لە ڕاستیدا ئەم دوو بژاردەیە ناتوانێت نیگەرانیەکانی واشنتۆن چارەسەر بکات، بەتایبەتی کە جۆری پەرچەکرداری ئێران، توانیویەتی ئاستەنگی بۆ بژاردەکانی ترامپ پێکبهێنێت، بۆیە پێناچێت هیچ کام لەو دوو بژاردەیە یەکلایی کەرەوەبن و نەخەشەکانی ئەمریکا بە سەرکەوتن بگەیەنێت! ئیدارەی ئەمریکا بەتەواوی دڵنیا نیە لەوەی کە بە هێرشی ئاسمانی و هێرشی مووشەکی ئەتوانێت ئامانجەکانی بەدی بهێنێت، چونکە ئاسان نیە بەو ڕێگایە بتوانێت کۆنترۆڵی تەواو بەسەر ئێراندا بەدەست بهێنێت.

لەلایەکی ترەوە سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی، کە بەشێکی زۆری یۆرانیۆمی ئێران پیتێنراوە و لەژێر داروبەردا نێژراوە و بە سەلامەتی لە تونێلە قەڵادارەکاندا شاردراوەتەوە، بۆیە ئەمریکا پێویستی بە هێزی زەمینی، پشکنەر، یان لایەنی سێیەم دەبێت بۆ چوونە ناو ئەو شوێنانە، ئەمەش لەباری عەمەلیەوە مانای ئەوەیە کە پێوست دەکات ئەمریکا هێرشی سەرزەمینی و سەربازی بکات، هەڵبەتە کارێکی لەم چەشنە بۆ وڵاتێکی گەورەو بەرفراونی وەک ئێران، ئەو فرسەتە نادات بە ئەمریکا بتوانێت نەخەشەیەکی لەو چەشنە داڕێژێت، چونکە حەتمیە کە توشی شکستێکی گەورە دەبێت. جگە لەوەش، ئەمریکا ناتوانێت دڵنیابێت لەوەی چ جۆرە لێدانێکی سەربازی دیاری بکات، کە ئایندەی دەوڵەت و دۆخی سیاسی ناوخۆی ئێران، چیان بەسەر دێت و تاچەند هێرشە سەربازیەکانی سودی دەبێت بۆ نەخشەو سیاسەتەکانی لە ناوچەکەدا. ئەگەری ئەوەش هەیە، ئەو لێدانە ببێتە هۆی گۆڕینی ڕژێم و ئێران پارچە پارچە بکات، یان حکومەتێکی نوێ بەرهەم بهێنێت، بەڵام وەڵامدەرەوەی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا نابێت، بۆیە ترەمپ زیاتر لەهەوڵی دانوستان و رێکەوتنێکدایە، بۆ ملکەچکردنی دەسەڵاتی ئێستای کۆماری ئیسلامی، کە دیار نیە نەخشەکانی ئەمریکا لە مەیدانی ئەم ململانێیەدا ئاراستەی دۆخەکە بەرەو کوێ دەبات.

لەهەمان کاتدا “سەودا و مامەڵەیەکی گەورە” ئەرکێکی زۆر قورسترە بۆ ئەمریکا، لە داواکردنی ئەوەی کە ڕژێمی ئێران دەستبەرداری توانا موشەکیەکانی و بەرنامە ئەتۆمیەکەی بێت، یان بە یەکجاری دەستبەرداری هاوپەیمانی  روسیا و چین ببێت.

ئەگەری ئەوە هەیە سیاسەتی گۆڕینی ڕواڵەتی ڕژێمی ئێران گەر سەربگرێت، شوێنێک بۆ بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا بکاتەوە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە لەم دۆخە ئاڵۆزەدا، ئایا بە دەخالەتی ئەمریکا  و کاریگەریەکانی لەسەر ناوچەکە، دەتوانێت خزمەت بە بەرژەوەندیە درێژخایەنەکانی ئەمریکا بکات؟ بەبەبێ پلانێکی بژاردەیی بۆ بەرجەستەکردنەوەی “گۆڕینی ڕژێم”، بەبێ دابینکردنی ئەڵتەرنەتیفێکی بەتوانا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا، سیاسەتێک دەبێت بۆ ئەمریکا و ترامپ، لە بەرامبەر ئەزمونێکی تر لە شکستەکانیان بەرەو ڕوو دەبنەوە و کارەساتی تر لە ناوچەکە بەرهەم دەهێنێتەوە.

 ئەو سیناریۆ جۆراوجۆرانەی کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی ئەمریکا پێشنیارکراون، یان لە چوارچێوەی سیاسەتی ئێستای ئەمریکادا خەریکە بەڕێوە دەبرێت، کە تیشک خستنە سەر لەشکرکێشیەکی تەواوە، گومانی تیا نیە ناواقیعیە، یان لەڕادەبەدەر کات بەفیڕۆدەر دەردەکەون، نمونەی فشاری ناسەربازی بۆ سەر ڕژێم و بانگەوازی ساختە بۆ پشتیوانی ڕاپەرینەکانی خەڵکی ناڕازی ئێران، کارەساتی کوشتنی بەکۆمەڵی لێکەوتەوە و دۆخەکەی ئاڵۆزترکرد.

ئەگەر ئەمریکا بەم شێوەیە بەدوای ئامانجی دیاریکراوی گۆڕینی ڕژێمەوە بەردەوام بێت، ئەنجامەکانی دەکرێت پێچەوانەی ئەوە دەرچێت کە ئەمریکا مەبەستیەتی. لەوانەیە ڕژیمی ئێران سەرکوتی خۆپیشاندەران و کوشتنی بە کۆمەڵ زیاترکات، مووشەک و بریکارەکانی بەهێزتر کات و تەنانەت ڕەنگە بەدوای چەکی ئەتۆمیدا بگەڕێت بۆ ئەوەی لە لەناوچون خۆی بیپارێزێت.

لەکاتێکدا ترەمپ لەلایەک بە ئاشکرا ئەگەری “سڕینەوەی ئێران لەسەر ڕووی زەوی” دەخاتە ڕوو، ئەگەر ئێران پابەند نەبێت بە مەرجەکانی ئەمریکا، لەلایەکی تریشەوە دەرگاکە بە کراوەیی دەهێڵێتەوە بۆ “مامەڵەیەک”، لە دانوستانێکەوە بۆ دانوستانێکی تر.

هەڵبەتە ئەم هەوڵە سەربازیە مەبەست لێی هێرشێکی خێرا نییە، بەڵکو بۆ دامەزراندنی واقیعێکی سەربازی درێژخایەن و زۆرەملێیە کە ئامانج لێی ناچارکردنی ئێرانە مەرجەکانی واشنتۆن لە پێگەی لاوازییەوە قەبوڵ بکات.

پێشبینیەکان وەها نیشان ئەدەن، ئێران لەبەردەم ئەگەری هەڵمەتێکی فشاری سەربازی گشتگیردایە، کە درێژخایەنتر و فراونترە لە ڕووی پانتاییەوە و بە توانایەکی تەواو بەرزی ئەمریکاوە بەڕێدەکەوێت، گەر لە کۆتایدا مامەڵەکەیان شکستی هێنا.

ئەم گۆڕانکاریە  ئاڵۆزتر دەبێت بەهۆی جێگیرکردنی بەرفراوانی هێزی دەریاییەوە، کۆکردنەوەی ئەم هێزەش کە لە ناوەڕاستی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ دەستیپێکرد، ئاسمان و دەریای بەیەکەوە گرێداوە، لە دوای جەنگی کەنداوەوە، ئەمە گەورەترین شانۆی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا. ئەم یاریکردنە بە ئایندەی ناوچەکە، ڕێرەوی بەردەوامی ئەو کارەساتانەیە کە چەندین دەیەیە دانشتوانی ناوچەکە بەدەستیەوە دەناڵێنێت، لەمەش قێزەوەنتر، دەوری ئەو هێزو لایەنە سیاسیانەیە کە بەرژەوەندی سیاسی و پێگەی خۆیان بەتەواوی گرێداوە بە ئاکامەکانی ئەم یاریانەوە.




مۆزەی كەڵبە و ڕنۆك.. سەدیق سەعید ڕواندزی

                        
                                              

گەلانی دنیا، بۆ ئەوەی پاشماوە و كەرستە و شوێنەوارە دێرین و مێژووییەكانی خۆیان لە نەمان بپارێزن، هاوكات بە ئەوانیتریان بناسێنن، دێن هەر شتێكی دیرۆكی و شوێنەواری گرنگ هەیە، لە مۆزەخانەدا هەڵیدەگرن. ئەو شوێنەی هەم ئاماژەیەكی مێژوویی، هەمیش كولتووریی و مرۆیی و ئاسەواریی هەیە. مۆزەخانەكان، گوزارشت لە ڕۆژگارێكی مێژوویی كۆنی ژیانی مرۆڤەكان و سرووشت و كەرستەو دروستكراوەكان دەكەن، كە تیایدا سەرەتاكانی شێوەی ژیان و ژیانكردن و پەیوەندی لەگەڵ سرووشت و دەوروبەر دەردەخەن. بێگومان مرۆڤە سەرەتاییەكان، كە وەك ئێستا ژیان پێشكەوتوو نەبووە، هەوڵیانداوە بە كەرستەی سادە و دروستكراو، كارەكانی ژیانی خۆیان ڕایی بكەن و دەستەوەستان نەوەستن. ئیدی ئەو كەرستانە، لەگەڵ پێشكەوتنەكانی ژیان و گەشەی كۆمەڵایەتی و ژیاریی نەتەوەكان، بە سەر چوون و نەماون، مەگەر پارچەیەك، كە دەلالەت لەو قۆناغە بكات. مۆزەخانەكان، گرنگی و بەهایەكی هونەریی یەكجار گەورەیان هەیە و كەرستەكانی ناوی، لە شتە هەرە گران بەهاكانن، كە نرخ و بەهاكانییان، تەنانەت بە هیچ شتێك پێوانە ناكرێت. بۆیە دەبینین مامەڵەكردن بە كەرستە و پاشماوە شوێنەوارییەكان، وەك تاوان سەیر دەكرێت و سزای لەسەرە، چونكە ئەو پاشماوانە، گوزارشت لە مێژوو، بەهای فەرهەنگی ئەو نەتەوەیە دەكات. چەند ساڵێك لەمەوبەر، كاتێ خۆپیشاندانێكی گەورە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەرپا بوو، حكومەتی ئەو وڵاتە، بەر لە هەموو شوێنێك مشووری مۆزەخانەی لۆڤەری خوارد، چونكە شتە مێژوویی و ئاسەوارییەكان، گەر لە نێو چوون و بزبوون، جارێكی دیكە نادۆزرێنەوە. وڵاتان بە بایەخەوە دەڕواننە مۆزەخانە و ساڵانە گەشتیارەكان ڕووی تێ دەكەن. مەرج نییە مۆزەخانە هەر تەنها ئاماژەیەكی كولتووریی بگەیەنێت، زۆر جار دەبنە شوێنی نیشاندانی پاشماوەی كارەسات و ڕووداوە سیاسی و تراژیدییەكان. ئێستاش ساڵانە خەڵكێكی زۆر بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ سەردەمی مێژووی خوێناوی هیتلەر و ئەو كارەساتەی بە سەر جولەكەكان لە جینۆسایدكردن هات، سەردانی پاشماوەی كەمپی ئاوشفیتز لە پۆلۆنیا دەكەن و كوورە و پاشماوەی ئەو شەمەندەفەر و وێستگانە دەبینن، كە جولەكەكانی تیادا دەتوێنرانەوە و دەكرانە سابوون. یاخود زۆر جار، مۆزەخانە كەرستەو پاشماوەی شۆڕشگێڕێك، سیمبولێكی نەتەوەیی، ئازادیخوازێكی تێدا نمایش دەكرێت. لە نێو ئێمەدا، ئەگەر مۆزەخانەیەك بكەینەوە دەبێ چی تێدا هەڵبگرین بۆ ئەوەی پیشانی ئەوانیتری بدەین، جگە لە مێژووێك خوێن و ستەم و چەوسانەوە نەبێت. دوژمنانی كورد، وەك چۆن هەوڵی لە نێوبردنی كەسیەتی و جوگرافیاو مێژووی ئێمەیان داوە، بەو شێوەیەش هەوڵی سڕینەوەی فەرهەنگ و كولتوور و شوێنەوار و پاشماوە دێرینەكانی ئێمەشیان داوە، بەداخەوە مێژووی ئێمە، هەمیشە لە پاڵ قوربانیدان و خەبات و تێكۆشان، هاوكات مێژووێكیش بووە، لە خوێن و چەوسانەوە و لە نێوبردن، بۆیە لە مۆزەخانەدا، دەبێ لایەك بۆ ئەو چڕنۆك و كەڵبانە تەرخان بكەین، كە هەمیشە لە جەستەی نەتەوەیی ئێمە گیروجیڕكراون. پەشێو لە شیعری (مۆزێ)دا، باسی مۆزەخانەیەكی جیاوازمان بۆ دەكات. مۆزەخانەیەك كە لە بری ئەوەی شوێنی هەڵگرتنی كەرستە و پاشماوەی دێرین بێت، بە پێچەوانەوە جێگەی نیشاندانی قەمە و كەڵبە و ڕنۆكە، وەك هێمایەك بۆ ئەو ستەمەی بە درێژایی مێژوو لە ئێمە كراوە، هاوكات ئاماژەیەكیش بۆ مێژووی مرۆڤایەتی بە گشتی، كە بە داخەوە ئەوەندەی مێژووی خوێن و كوشتنە، مێژووی داهێنان و جوانی نییە. لەو شیعرەدا، شاعیر مێژووی مرۆڤایەتی دەگێڕێتەوە بۆ دوو قۆناغ كە ئەوانیش چاخی بەر و دوای مێژووە. لێرەدا، مەبەست لە چاخی بەر لە دیرۆك ئەو چاخەیە، كە هێشتا مرۆڤایەتی لە قۆناغی سەرەتایی دەژیا و پێشكەوتنەكانی سەردەم، نەبووبوونە مایەی نەهامەتی و مرۆڤ بەو ئەندازەیە دڕندە و ترسناك نەبوو، كە ببێتە بكەری هەڵگیرسانی دەیەها شەر، كە بە هۆیەوە خوێنی مرۆڤی تێدا بڕژێت، بەڵكو ژیانێكی سادەی نێو سرووشت و دواكەوتوو، بەڵام پاك و ساكار دەژیا. چاخی بەر لە دیرۆك، ئەو چاخەیە كە هێشتا هیچ ڕووداوێكی گەورەی مێژوویی ڕووینەداوە. ئەو چاخەیە كە هێشتا مرۆڤ نەبۆتە دڕندەیەك و دەستی نەچۆتە نێو خوێنی هاوشوناسەكەی. ئەو چاخەیە، كە هێشتا شەڕ و كوشتارو ئەتۆم و تیرۆر و ڕەگەزپەرستی و فاشییەت و ڕەنگەكان لە یەكتری جیا نەكراونەتەوە و مرۆڤەكان پۆڵین نەكراون. پەشێو لە مۆزەخانەكەیدا، هۆڵێكی تایبەت و گەورە بۆ ئەو چاخەی بەرلە دیرۆك تەرخان دەكات، بەڵام هیچی نییە تا تیایدا هەڵگرێت، هەر وەك لە شیعرەكەی باسی دەكات و ناوی هیچ كەرستەیەكی نێو ئەو هۆڵە ناهێنێت، جیاواز لە هۆڵەكانی دیكەی دوای سەرهەڵدانی دیرۆك، كە ناپڕژێتە سەر ئەوەی تەنها هۆڵێكی بۆ دابین بكات. پەشێو لە شیعرەكەیدا دەڵێت:_
لە كوردستانی دوا ڕۆژدا
گەورەترین مۆزێی دنیا دروست دەكەم
بۆ هەرچاخێك هۆڵێكی زل
هۆڵی یەكەم ناوی لێ دەنێم
هۆڵی چاخی بەر لە دیرۆك
هۆڵەكانی تر هەموویان
هۆڵی سونگی و كەڵبە و ڕنۆك

هەڵبەتە، دیاریكردنی كوردستان وەك وڵاتی شاعیر بۆ دروستكردنی ئەو مۆزەیە، دەلالەتە لەوەی كە كورد وەك نەتەوەیەك، چەند ڕووبەڕووی كارەسات و نەهامەتی بۆتەوە و چۆن جێی ڕنۆكی دوژمنانی بە جەستەیەوە دیارە. ئەو مۆزێیە، نیشانەیە بۆ مێژووی سیاسی و نەتەوەیی ئێمە، كە مێژووی ڕابردووی خوێنینی ئێمە نیشان دەدات، بەڵام دیوێكی ئەو مۆزێیە، دیوێكی جیهانی و مرۆڤایەتییە و پەیوەندی بە قۆناغەكانی بەر و دوای سەرهەڵدانی دیرۆك هەیە. بەو مانایەی تا قۆناغی بەر لە دیرۆك، مرۆڤایەتی هەڵگڕی مێژووی كەڵبە و ڕنۆك نەبووە، بۆیە هۆڵی یەكەم تەنها ناوی هەیە و شاعیر ئاماژەی بۆ كەرستە و كەلوپەلەكانی نێوی نەكردووە، چونكە شتێك نییە وەك شوێنەوار تیایدا هەڵبگیرێت، هۆڵەكە تەنها ناوێكی مێژوویی هەیە، بەڵام كۆی هۆڵەكانی دیكە، تەرخان دەكرێن بۆ سونگی و كەڵبە و ڕنۆك، كە ئەمەش قۆناغی دوای دیرۆكە، كە مرۆڤایەتی زیاتر گەشە دەكات و لە پەراوێزی ئەو گەشەكردنەشەوە، گۆڕانكاری بە سەر كۆمەڵ دادێت و بە داخەوە شەڕو خوێن دەبنە سیمای دیاری ئەو قۆناغە، كە ئەوەندە زۆرە دەبێ هەموو هۆڵەكانی دیكەی بۆ تەرخان بكەیت. ڕووبەرێكی گەورەش لەو ستەم و خوێنە، بەر ئێمە وەك كورد دەكەوێت، هەر ئەمەشە هۆكاری ئەوەی كە پەشێو كوردستانی داهاتوو، بۆ شوێنی ئەو مۆزێیە لە بری هەر شوێنێكی دیكەی جیهان دیاری بكات. مێژووی مرۆڤایەتی، لە دوای گەشەسەندن و گواستنەوەی لە چاخی بەردین و بەر لە مێژووەوە بۆ چاخی نوێ، مێژووی هەزاران ڕووداوی سیاسی و كۆمەڵایەتییە. مێژووێكە تیایدا مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی كارەسات و نەهامەتی بە ئێستاشەوە دەبێتەوە، مێژووی چەوسانەوە و بێ مافی گەلان و ستەم و بێدادی سیاسییە. ئەم مێژووە هێندە گەورەیە، دەبێ هەموو هۆڵەكانی مۆزەخانەی بۆ تەرخان بكرێت. پەشێو لە شیعرەكەیدا، كەرستە و شوێنەوارێكی دێرین، لەو هۆڵانە هەڵناگرێت، پاشماوە و شوێنەواری جێی پێ مرۆڤایەتی لە قۆناغی دوای دیرۆك لەو هەموو هۆڵانە هەڵناگرێت، بە پێچەوانەوە هۆڵەكان تەرخان دەكات، بۆ كەڵبە و قەمە، وەك ئاماژەیەك بۆ كوشتن و شەڕ و لە نێوبردنی مرۆڤ، بە هەر پاساوێكەوە بێت. كوردستان لە دوا ڕۆژدا، دەبێتە شوێنی گەورەترین مۆزەی دنیا، وەلێ مۆزەخانەیەك لە بری ئەوەی ئاماژەیەكی شوێنەواریی و دیرۆكی هەبێت، ئەوا ئاماژەیەكی سیاسی و خوێن و چەوسانەوەی بە تایبەتیش بەرانبەر نەتەوەی كورد دەبێت، كە ئێستاش كەڵبە و ڕنۆك دەوریان داوە!

سەدیق سەعید ڕواندزی

————————–

*ئەم بابەتە لە ژمارە(70)ی گۆڤاری چیا، كانونی یەكەمی 2024 بڵاوكراوەتەوە. ئەم گۆڤارە، لەلایەن كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستانەوە دەردەكرێت.




ترپەی ڕەش.. شیعری سمکۆ ئەحمەد ڕەشید

1
دڵتان ڕاخەن،
خۆشەویستی ئەستێرەیەکی دوورە دەست نییە
ڕاستگۆیی باڵندەیەکی ماڵییە
حەز ناکەم دڵتان بە تاریکی بمێنێتەوە
حەز ناکەم نێو لەپتان چۆڵ بێت
ئاخر کێ تۆوی پلاستیکی چاندووە و سێبەری چنیوەتەوە
کێ دڕکی لاواندۆتەوە و
لاولاو بە بەژنی ژیانیدا هەڵگەڕاوە
کێ چەند ڕوخسارێکی پۆشیووە و
هەیوانی جوانیی ناسیووە!

2
هەندێک نهێنییم هەیە
دەمەوێت، لە باخەڵی چەند ڕستەیەکدا بیانشارمەوە
نامەوێ کەس بزانێت چەند کۆترم هەیە
ئۆتومبێلەکەم لە دایکبووی ساڵی چەندە
منداڵەکانم ناویان چییە
ڕۆژی چەند جار دەچمە بەر ئاوێنە
نامەوێ کەس بزانێ تەنیاییم چەند گیرفانی هەیە
لە هەر گیرفانێکیدا چەند دەنک شادی هەیە
شوێنە بڵندەکان باش نین
من شادییەکانی خۆم نابەمە شوێنە بڵندەکان
سادەیی ڕێگەیەکە دەتباتەوە سەر پیسایی گوفەکەکان
ناهێڵم هیچ دەنکە شادییەکم بکەوێتە تەڵەی چاوە نەخۆشەکان
سادەیی کراسێکە بەبەر ئەم زەمەنە ناکات
سادەیی بۆ ڕۆژگارێک باش بوو
درەختەکان یەک ڕوویان هەبوو
مرۆڤەکان لە دوورەوە
دڵیان وەک پارچەیەک کریستاڵ دەبریسکایەوە

3
پێم ناخۆشە مێروولەیەک درەنگ بگاتە ماڵەوە و
تاریکیی بەسەردابێت
پێم خۆش نییە حەماڵێک
دڵی وەک عەرەبانەکەی وەرگەڕێت و
خەونەکانی بەگۆڕێ وەربن
بۆچی باشم
ئەگەر پەنجەکانم وەک چرا دانەگیرسێنم
ئەگەر بەردەکان فڕێ نەدەمە
ئەوبەری ئاوەدانی

4
بەم پەڵە ڕەشانەوە
نوێژەکانت ناگەنە ئاسمان
خۆت بدەرە بەر بارانی پەیڤەکانم
دڵت بەهەڵمی هەناسە سپییەکانی بەفر بشۆ
ئەوین دەستێکی خاوێنە
گوێ لە هیچ ترپەیەکی ڕەش ناگرێ




نەمانزانی.. شیعری نەوزاد بەندی

ئەو ڕۆژەی وەک هەموو ڕۆژێ ،
بە چاکەتی تۆخی نیلی و
کراسی سپی و پانتۆڵی
خۆڵەمێشیی،
چووینە هۆڵی وانەخوێندن..
نەمانزانی ئەو جارە دواهەمین جارە ..
ئیتر قەت وانە ناخوێنین ..!

٭ ٭ ٭

ئەو بەهارەی
کوڕی گەڕەک کۆبووینەوە و
چووین بۆ مەزرای فەریکە نۆک
لە دەباشان ..
بۆ لای دارتوو ..کانیاوەکان ..
نەمانزانی ئەو بەهارە،
دوا بەهارە ..
ئیتر نە مەزرا ئەمێنێ و
نە نۆک لەو دۆڵانە ئەڕوێ ..
هەمووی ئەکرێ،
بە باڵەخانەی چیمەنتۆ ..
بە کۆشک و بە حەرەمسەرا ..
بە چەکدار و لاندکرۆزەر ..
بە چڕە دوکەڵی کەباب ..
کانی و دارتوو،
لیست لهما محل في الاعراب

٭ ٭ ٭

لە خەزانی مناڵیدا،
ئەو ئێوارەیەی کە وەکو
هەموو ئێوارەکانی تر
یارییەکەمان ڕێکخستەوە..
نەمانزانی ئەو یارییە ،
دوا یارییە ..
ئیدی مناڵیی ئەژاکێ و ..
کۆتایی دێ ..
ئیتر بۆ هەتاهەتایە،
تەنها دێڕێ یادگارییە ..

٭ ٭ ٭

ئەو بەیانییەی
هەروەکو
سەدان بەیانی پێشووتر،
لە ماڵی باوکمان نانمان خوارد ..
دایکمان بەرچایی دانابوو
باوکمان سەمونی کڕیبوو ..
نەمانزانی ئەوە دوایین بەیانییە ..
قەت دووبارە نابێتەوە ..
ئەکەوێتە ژێرزەمینی بیرەوەریی و ..
قەت دەرگای بۆ ناکرێتەوە ..

٭ ٭ ٭

ئای! کاتێ مامۆستای کوردی
دواهەمین وانەی
ئەلف و بێی
ئەمین باڵداری پێ ووتین ..
ووشە بە ووشەی ئەوت و
ئێمەیش وەک کۆرس
بە هەموو دەنگمان، لە دوای ئەو
ووشەکانمان ئەووتەوە ..
نەمانزانی،
ئەوە دوا کۆرسی ووشەیە و
ئەوە دوا پێشانگای ڕەنگە و
ئیتر دارا ئەبێ بە خەو ..
لەگەڵ دوو دار ..
ئیتر کتێبێکمان نابێ
لێی نوسرابێ
ئیبراهیمی ئەمین باڵدار ..

٭ ٭ ٭
ئەی تۆیش ئەی یار ..
ئەو عەسرەی
وەک زۆربەی عەسران
بە ماکسییەکی گوڵ وورد و
کتێبێک هاتیتە سەربان ..
نەمانزانی
ئەوە دوا عەسرە .. دواجارە
کتێب و دووریی و من و تۆ ،
کۆکاتەوە..
جارێکی تر ئەو تابلۆیە،
هیچ عەسرێ نیشانی نادا ..
تۆ تۆپی ئێران ئەتکوژێ و..
کەسێ نییە
لەو خەمە پەنهانەم بگا
سەرخۆشییەکم لێ بکا ..
یان تۆزێ دڵم باتەوە ..

٭ ٭ ٭

ئەو مانگەی بە کش و ماتیی ،
بێ هاش وهوشی هەواڵ و ..
دەهۆڵ و زوڕنای میدیاکان ..
فەرمانبەر موچەیان وەرگرت ..
نەیانزانی ،
ئەوە دوا موچەی بێدەنگە ..
ئەوە دوا مانگە سی ڕۆژ بێ..
ئیتر موچە،
ئەبێ به سیل و شێرپەنجە،
هەزار و یەک ووتەبێژ و
سەرۆک و وزیر و
گزیر ..باسی ئەکەن ..
مانگ ئەبێتە پەنجا و حەفتا ..
هەواڵ ئەبێ بە باسی مافیاو
گەندەڵیی و ..تێکەڵ ئەکرێ
لەگەڵ نەوتا ..
ڕۆژی هەزار جار جاڕ ئەدڕێ؛
میللەت فەوتا ..




دیداری ژنێڤ، فیناڵی قۆناغێک لە ململانێ.. جوتیار مەلا رەئوف

سبەی٢٦.٢ نوێنەرانی ئەمریکا و ئێران لە ژنێڤ کۆدەبنەوە، لە یەکەم نیگادا پێدەچێت تەنها وەکوو هەر کۆبوونەوەیەکی دیپلۆماسی تر کە لە نێوان زۆر وڵاتی تردا ڕودەدا ببیندرێت، بەڵام لە واقیعدا ئەو کۆبوونەوەیە لە ساتێکدا بەڕێوەدەچێت کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە خاڵێکی هاوسەنگی زۆر هەستیار و ناسکیدایە، گرژیەکان لە هەڵکشان و گەرمبووندان، هاوپەیمانییەکان لە گۆڕاندان، فشارە ئابوورییەکان لە زیادبووندان و هەر جووڵەیەک کە لەلایەن زلهێزەکانەوە بە تایبەتی ئەمریکاوە دەکرێت، شەپۆلێکی زۆر ترسو نادڵنیایی بۆ ناوچەکەمان دەنێرێت.
ئەو کۆبوونەوەیە ساتێک نییە لە بەیەکگەیشتنێکی ئاسایی، لە پەیوەندیەکی دڕیژخایەنی ئەو دوو ووڵاتە، بەڵکو هەوڵێکی هۆشیارانەیە بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنێکی مەترسیدار، ئەو کۆبونەوەیەی واشنتۆن و تاران لەبەر ئەوە نییە کە متمانەیان بە یەکتری هەیە، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە هەردووکیان درک بەوە دەکەن کە هیچیان توانای لەدەستدانی کۆنترۆڵیان نییە.
ئەوەی کە جنێڤ وەک شوێنەکە هەڵبژێردراوە، بەڕێکەوت نییە، شارەکە لە ناو قوڵایی بێلایەنی و دیپلۆماسییەکی جیهانیدا جێگیرە، لەو شارەدا ڕکابەرەکان دەتوانن قسە بکەن بەبێ ئەوەی مەترسی لەدەستدانی ڕووخساریان لەسەر بێت، بە بێئەوەی هیچ لایەنێک هەست بە فشاری بەرامبەرەکەی بکات، جنێڤ شوێنی هێماسازی نییە، بەڵکو شوێنی قسەکردنێکی کراوەیە، کە ئەوەش بە تەواوی ڕەنگدانەوەی سروشتی ئەو کۆبوونەوەیە.
هەرچەندە ئیمە ئاگاداری وردەکارییە فەرمییەکان نین بە شیوەیەکی گشتی ، بەڵام خاڵە مشتومڕاویەکان ساڵانێکە وەک خۆیان ماونەتەوە لە نیوان ئەو دوو وڵاتەدا، بەرنامەی ئەتۆمی ئێران وەک خاڵی ناوەندی ململانێکان دەمێنێتەوە، بۆ ئەمریکا بابەتی ئاسایشی جیهانی و سەقامگیری، ستراتیژو ئەولەویەتە، بۆ ئێران بابەتی سەروەری نەتەوەیی و ڕێگریکردنە لە هەژموونی ئەمەریکا، لە پشت ئەو مشتومڕە تەکنیکییەوە واقیعێکی قووڵتر هەیە کە هەردوو وڵات ئاسایش بە شێوازی تەواو جیاواز لە یەکتری پێناسە دەکەن،
ئەو پێناسەیەش کاریگەریی ناوچەیی ئێران لە عێراق، سوریا، لوبنان و یەمەن زیاد دەکات، کە ئەوەش بۆ واشنتۆن ئامادەبوونێکە کە ناسەقامگیریەکی بەرداوام بۆ بەرژەوەندیەکانی واشنتۆن لە ناوچەکەدا دروست دەکات، لە کاتێکدا تاران لە دیدگای ئاسایشی نەتەوەیی خۆیەوە وەک خۆپارێزی لە بەرامبەر هەڕەشە دەرەکییەکان دەیبینێت، جیاوازی نێوان ئەو دوو ڕوانگەیە، جیاوازییەکی بچووک نییە، بەڵکو بۆشاییەکی زۆر گەورەو ستراتیژیییە.
پرسی سزاکان بە هەمان شێوە فشارێکی کوشندەیە بۆ گەلانی ئێران، مەبەستیان لێی دروستکردنی فەزایەکی سەختی ئابووری و ناڕەحەتیەکی کۆمەڵایەتییە، کە بۆ ئەمریکا وەکوو باشترین ئامرازی فشار دەبیندرێن، بەڵام مێژوو ئەوە نیشان دەدات کە فشاری ئابووری بە دەگمەن دەتوانێت سیستەمی سیاسی بگۆڕێت؛ نمونەی ووڵاتانی وەکوو کوبا و کۆریای باکورو هەتا عراقیش لە دوای شەڕی دووەمی کەنداو، بە پێجەوانەوە زۆرجار ئەو دەستەڵاتانە بەهێزتر دەکات کە زۆرترین مەیلیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە هەیە.
کەواتە ئەو کۆبوونەوەیە بە شێوەیەکی واقیعی دەتوانێت چی بەدەستبهێنێت؟
ڕەنگە ڕێککەوتنێکی مێژوویی بەرپا نەکات، ڕەنگە پێشکەوتنێکی گەورە نەبێت لە دوبارە بونیادی ئەمنیەتی سیاسی ناوچەکە، بەڵام ڕەنگە شتێکی بە هەمان شێوە گرنگ بێت بۆ کەمبوونەوەی گرژییەکان، بۆ بوژانەوەی کەناڵەکانی پەیوەندی و ئاماژەیەک کە ڕیگاکانی دیالۆگوو دیپلۆماسی هێشتا مومکینن.
بۆ هەرێمی کوردستان ئەو بەریەککەوتنە ئەبستراکت نییە، هەر لێکنزیکبوونەوەیەک یان ڕووبەڕووبوونەوەیەک لە نێوان واشنتۆن و تاران دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی بۆ ئاسایشی ئێمە و ئابووریمان و داهاتووی سیاسیمان هەیە، کاتێک گرژییەکان کەم دەبنەوە، فشارەکانی سەر ناوچە جێناکۆکەکان لە عێراق و سوریاش کەم دەبنەوە، بۆ هەرێمی کوردستان واتا سەقامگیری و توندوتیژی کەمتر، ئازادیی زیاتر لە جوڵەی سیاسی و و ئاسۆی ئابوورییەکی باشترو گەشەکردووتر.
بەڵام ئێمە بە ئەزموون لەوە تێگەیشتوین کە ڕێککەوتنە جیۆپۆلیتیکییەکان بە دەگمەن بەرژەوەندیی گەلانی بچووکتر دەکەنە پێشینە ، بڕیارەکان لەسەر مێزە گەورەکان دەدرێن، لە کاتێکدا دەرئەنجامەکانیان لە شار و گوندو لە ناو ماڵ و سەر شەقامەکانی ئێمەدا هەست پێدەکرێت، لەو روانگەیەوە هاوسەنگییەکی نوێی هەرێمایەتی دەتوانێت دەرفەتەکان لە بەردەممان بکاتەوە، یان جارێکی دیکە مەودای کارو ژیانمان قورستر و تەسکتر دەکاتەوە.
من پێم وایە گەورەترین بەربەستی نێوان ئەمەریکا و ئێران، بێمتمانەیی قووڵی نێوانیانە کە بە جیگیری دەمێنێتەوە، واشنتۆن تاران وەک هەڕەشەیەکی ستراتیژی دەبینێت، تاران واشنتۆن وەک زلهێزێک دەبینێت کە دەیەوێت هەژموونی سیاسی خۆی فەرزو بەرفراوان بکات لە ناوچەکەدا، بۆیە ئومێدبەخشین بەو دوو دیدگایە زۆر مایەی دڵخۆشی نییە.
بەڵام ئەگەر ڕێگەیەک یان ئومێدێک بۆ پێشەوەچوون هەبێت، هەردوولا دەبێ دان بەوەدا بنێن کە ڕووبەڕووبوونەوەی درێژخایەن تەنیا ناسەقامگیری لێدەکەوێتەوە، ئەمریکا دەبێ لەوە تێبگات کە سیاسەتی زۆرترین فشار نابێتە هۆی کرانەوەی سیاسی بۆ ئێران، ئێران لە بەرامبەردا دەبێت دان بەوەدا بنێت کە پەرەسەندنی ناوچەیی گۆشەگیریی خۆی قووڵتر دەکاتەوە و ڕێگری لە بوژانەوەی ئابووری دەکات و گەلانی ئیرانیش لە کۆتایەکەیدا باجەکەی بە قورسی دەدەن.
پێدەچێت کۆبوونەوەکەی جنێڤ ئاشتی دروست نەکات، بەڵام لە ناوچەیەکدا کە زۆرجار بە شەڕ پێناسە دەکرێت، تەنانەت گفتوگۆی سنوورداریش دەتوانێت کردەوەیەکی عەقڵانی بێت.
بۆ ئێمە، زۆربەی ڕوداو و پێشهاتەکان هەروا چارەنووسساز بووون، کە ئەوەش فێری کردووین هەمیشە لە نێوان هێڵەکانی سیاسەتی جیهانیدا بژین، ئێمە دەزانین و باش لەوە تێگەیشتوین کە زلهێزەکان دێن و دەڕۆن تا ئێمە لێرە بمێنینەوە.
هەر بۆیە من دانیشتنەکەی ژنێف نەک تەنها وەک ڕووداوێکی دیپلۆماسی، بەڵکو وەک خاڵی وەرچەرخانێکی ئەگەری، وەکوو فیناڵی ململانییەک بۆ هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەماندا سەیر دەکەم، ڕەنگە نەبێتە هۆکار بۆ چارەسەرو ئارامیەکی هەمیشەیی، بەڵام ڕەنگە ڕێگری لە کارەساتێکی مرۆیی گەورە لە داهاتوودا بکات.

جوتیار مەلا رەئوف




ژیری دەستكرد لەدرامای كوردی دا.. حه يده رعه بدولره حمان

ژیری دەستكرد، وەك داهێنانێكی گەورەی جیهانی، لەو ماوەیەدا خەریكە سەراپای جیهان داگیر دەكات و كۆشكی مرۆڤایەتی دەهەژێنێ‌، خەریكە هەموو دەسەڵاتێك لەمرۆڤ زەوت دەكات و دەیەوێت ببێتە ئەلتەرناتیف بۆ مێشك و توانستی فیكری و زانستی و هونەری و ئایدۆلۆژی، بەو ئامانجەی لە كۆتاییدا مرۆڤ بەرامبەر بە ئامێر چۆك بداو دەستەئەژنۆ بە دیار داهێنانە سەیرو سەمەرەكانی ژیری دەستكردا دووش دامێنێ‌ .
ئەو داهێنانە نوێ‌ یە گوایە بۆ یارمەتی دانی مرۆڤ هاتۆتە كایەوە، رێگا سەختەكانی بۆ ئاسان بكاتەوە، بەڵام لەڕەسەندا مرۆڤ لەپەلوپۆ دەخات و نانی دەبڕێ‌ و شا دەمارەكانی جەستەی دەشڵەژێنێ‌ .
ئەوەتا خەریكە كوردیش وردە وردە بەر تەوژمی ئەو تەكنەلۆژیایە بكەوێ‌ و ببێتە بەشێك لە ئامێرو تەكنەلۆژیای دیجیتاڵی، لەوانەش بە ئەسپایی دەخزێتە نێو جومگەكانی دراماو سینەما.
كە ویستت شتێ‌ لەو تەكنەلۆژیا سیحرییە بگەیت، هەست دەكەیت بەقەد قوڵایی دەریا قوڵەو لە دنیای ئەو داهێنانەدا تووشی شۆك دەبیت.
ئەگەر زۆرتریش تێیدا قوڵ بیتەوە، تووشی ناكامی و بێ‌ ئومێدی دەبیت لە ئایندەی مرۆڤایەتی .
بۆیە دەرهێنەرانی ئێمەش لە بواری درامادا، هەوڵ دەدەن دەرفەتەكە بۆ بەرژەوەندی خۆیان قۆرخ بكەن و حۆیان لەقەیرانەكانی دراما بە ژیری دەستكرد ڕزگار بكەن، لەوانەش قەیرانی نووسینی سیناریۆو داڕشتنی دیالۆگ و دروست كردنی لوكێشن و زۆر ڕەهەندی تر، بەو ئامانجەی بەرهەمی كوردی، لەو حاڵەتە چەق بەستووە دەربێنن، كە ئاستەنگێكی خەستی بۆ بەرهەم هێنانی دراما دروست كردووە.
چونكە دیارە درامای كوردی جگە لە قەیرانی دەق و سیناریۆ، بەردەوام ڕوو بەڕووی ئاستەنگی نەبوونی سپۆنسەرو بەرهەم هێنان بۆتەوە..
بۆیە هەندێ‌ لە دراماكاران ژیری دەستكرد، بەفریادرەس دەزانن بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانیان ، بەدەر لە ئاكامە نەرێنیەكانی بەسەر هونەری رەسەنی كوردی .
ئەوەتا كاتێ‌ دەرهێنەرێك سوود لەژیری دەستكرد دەبینێ‌، هیچ پێویست ناكات ئەو ڕاستیە لە بینەر بشارێتەوە كە ژیری دەستكرد لەماوەیەكی كورت دا سیناریۆو دەقی زنجیرەیەكی درێژی بۆ ئامادە كردووە، لە بری ئاشكرا كردنی ئەو ڕاستیە بۆ بینەر، ناوی خۆی وەك سیناریۆ نووس دەخاتە سەر دەقەكە و لە بری ژیری دەست كردیش پاداشتەكە دەخاتە گیرفانی خۆی .
پێم وایە لەو ماوەیەدا درامای كوردی خەریكە دەچێتە نێو ئەو گەمە تەكنەلۆژیەو لە سەرەتاشدا لە گەڵ هەردوو زنجیرە درامای ( ئادیابین ) ی د ەرهێنەر (حەسەن عەلی خان )لە بەشی سێیەم و (گەوهەرو خوشكەكانی) لە دەرهێنانی (كارۆخ ئیبراهیم) دەست پێدەكات.
ئەمەش سەرەتایەكی پڕ لە نیگەرانیە، بۆ ئایندەی درامای كوردی و ئامانجەكانی، چونكە ئەگەرچی ژیری دەستكرد زۆر دەروازەی نوێمان بۆ دەكاتەوە، بەڵام زۆر لەبەها ڕەسەنە مرۆییەكانمان لەدەست دەدات .
من جارێ‌ قسە لەسەر بەرهەمەكان ناكەم، كە پێم وایە بە گۆڕانكارییەكی ئەرێنی خۆیان پێشكەش دەكەن ، ڕەنگە دواتر قسەی خۆم هەبێ‌، بەڵام لەپەراوێزی ئەو بەكارهێنانەدا دەمەوێ‌ ئاماژە بە دیاردەی ژیری دەستكرد بكەم كە دەرهێنەرەكان بەزموونێكی نوێ‌ ی دەزانن لەدرامای كوردی دا.
دەمەوێت بپرسم ئایا ئەم تاقیكردنەوە نوێیەی لە تایتڵی بەرهەمەكاندا بینیمان، تاقیكردنەوەیەكی سەركەوتوو بوو، یان شكست خواردوو؟
ئایا بینەری كورد كاتێ‌ تایتڵی ئەو بەرهەمانە، بە تایتڵی بەرهەمە درامیەكانی ڕابووردوو بەراورد دەكات، هەست بە چی دەكات ؟ یان تا چەند چێژیان لێ‌ دەبینی؟
مخابن هەردوو بەرهەم تایتڵەكانیان بەژیری دەستكرد دروست كراون و وێنەكانیان لە فیلمی ئەنیمێشن، یان كارتۆن دەچن، بەفۆمێكی دروست كراوی بێ‌ گیان، بەپێچەوانەی تایتلی دراماكانی ڕابووردوو، كە بەوێنەی كاریگەرو گۆرانی بەجۆش بینەریان دەهەژاند.
من هەست دەكەم هەردوو بەرهەم بەو تایتلە مردووانە غەدرێكی زۆریان لەبەرهەمەكانی خۆیان كردووە.
بێ‌ شك مردنی پارچەیەكی زیندووش لەجەستەی دراماكە، كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر كرۆكی بەرهەمەكە بە گشتی.
تایتڵ ناسنامەی درامایە
تایتڵی زنجیرە دراماكان تەنها چەند خولەكێكی سەرەتای فیلمەكان نین، بەڵكو شوناسی بەرهەمە دراماییەكانن
لەجیهانی درامادا، تایتڵ بووەتە هونەرێكی سەربەخۆ كە دەتوانێت سەركەوتنی زنجیرەیەك مسۆگەر بكات یان شكستی پێ بهێنێت.
هەروا یەكەمین پەیوەندییە لەنێوان بینەر و چیرۆكەكاندا.
لە ڕووی هونەرییەوە:
دیاریكردنی ریتمی دراما ، وێنە، كەش و هەوا ، هەروا شێوازی وێنەگرتنەكە بە بینەر دەڵێن كە ئایا ئەم درامایە كۆمیدیایە، تراژیدیایە، یان پۆلیسییە.
زۆر جار لە تایتڵەكاندا (هێما ـ ڕەمز) بەكاردێت كە كورتەی كۆتایی زنجیرەكە یان ململانێ سەرەكییەكان نیشان دەدات بەبێ ئەوەی چیرۆكەكە ئاشكرا بكات.
موزیك و گۆرانی وەك ئارم.
لەهە ندێ‌ درامای كوردی دا، وەك موزیك و گۆرانی درامای (ژاڵە ـ گەردەلوول ـ مەمی ئالان ، كۆلارە هتد) تایتڵەكانیان بوونەتە ئارمی ئەو زنجیرانەو ئاوازەكانیان هەرگیز لە زەهنی بینەردا كاڵ نابنەوە و بەهای تایبەتی خۆیان هەیە لەمێژووی درامای كوردی.
كاتێك موزیكی ئەو زنجیرانە دەبیستیت، دەست بەجێ مێشكت دەچێتە ناو جیهانی ئەو درامایە. ئەمە پێی دەوترێت كارت تێكردنی دەروونی لەسەر بینەرو موزیكەكە دەبێتە ئامادەكارییەكی دەروونیی بۆ ئەو ڕووداوانەی بڕیارە لەو ئەڵقەیەدا ڕووبدەن.
ئەوەتا لە كۆریای باشوور، زۆرجار گۆرانیبێژە بەناوبانگەكان بەتایبەت گۆرانی بۆ دراماكان دەڵێن، ئەم گۆرانییانە بە جیا ئەلبووم و سیدی تایبەتیان بۆ چاپ دەكرێن و لە پلاتفۆرمەكان ملیۆنان دۆلار داهاتیان هەیە، هەندێك جاریش گۆرانیی تایتڵێك لە خودی دراماكە بەناوبانگتر دەبێت.
كاتێك بینەر سیدی موزیكەكە دەكڕێت، دەیەوێت ئەو هەستە سۆزدارییەی لە دراماكەدا هەیبوو، لەگەڵ خۆی بیباتە ناو ئۆتۆمبێلەكەی یان ماڵەكەی.
بۆیە كوشتنی تایتڵ لەدەست دانی هەلێكی ستراتیژی بەهادارە كە بە ئەلتەرناتیفێكی دروست كراوی بێ‌ گیان ناگۆڕدرێتەوە.




چـیرۆک بۆ منـداڵان .. ئـازادیخـوازێـک .. نووسیـنی: رەزا شـوان

سـروودێکی نیـشـتمانیم نووسی، بـۆ ئازادی و بۆ ئاشتی، دژی ستەمکاری و زۆرداری. لە وەرزی بەهـار، لەناو باخچەیەکی گـشتیی شار، کە پـڕبوو لە گـوڵ و لە پەپـوولە، لە بولـبوول و لە چـۆلەکە. لەسەرخـۆم، بە دەنگێکی بەرز سروودەکەم خوێـندەوە. هەموو گـوڵەکـان و پەپـوولەکـان و چـۆلەکەکـان و بولـبوولەکـان، گـوێیان لە سروودەکەم گرت. کە تەواوم کرد دەستخۆشییان لـێمکرد. داوای دووبارە کردنەوەیان کرد. بۆیانـم دووبارە کـردەوە. بـولـبوولـێکی زیـرەک، دەقـی سـروودەکـەمی لەبـەرکـرد. ئـاوازێـکی خـۆش و بەجۆشی بۆی دانا. بە دەنگە زوڵاڵەکەی بۆمانی چـڕی. چەپـڵەیەکی درێژمان بۆی لێدا.
سـروودەکەم لەسەر زاری ئەو بولبـوولەوە، کەوتە سـەر زاری بە سـەدان بـولـبوول و بە هەزاران چۆلەکە و کەو و باڵـندەی تر. کەوتە سەر زاری بە هەزاران منداڵ و لاو و گەورەساڵان. لە دەیان شار و شارۆچکە و گونـدا بڵاوبـووەوە. گەیـشتە ئەو شارەی کە پاشای ستەمکار و زۆرداری لـێبوو. لەوێش کەوتە سەر زاری هەموو خەڵکی شارەکە.
رۆژێـک پاشا و سەرۆکی وەزیـران و سـەرۆکی پاسەوانەکانی و تـیـپـێکی ئەسپسواری پاسەوانەکانی، بەنـاو شەقامەکانی شارەکەدا گەڕان. روویان لە هـەر شوێـنێک دەکـرد، گـوێیان لە سـروودەکەی مـن بـوو. پاشا بە تـووڕەییـەوە بەسـەر سـەرۆکی وەزیـرانـدا هـاواریکـرد.
پاشـا: جەنـابی سـەرۆکی وەزیـران. بـۆ هـێـشتان ئـەم سـروودە لە شاردا بـڵاوبـێـتەوە؟
سـەرۆکی وەزیـران: پاشـای گـەورەم، دەمی کێ بـگـریـن. منـداڵان و لاوان و گەورەی شارەکەمان، ئـەم سـروودە دەچـڕن.. چی بـولبـوول و چـۆلەکە و کـەو و باڵـندە هـەیە، ئـەم سـروودە دەچـڕن! دەمی کـێـیان بگـریـن؟
پاشا: دەبێت هەر ئەمـڕۆ، بە دوای نووسەری سروودەکە و ئاوازدانەرەکەیدا بگەڕێـن
و بیـان دۆزنـەوە و بیـانگـرن. بە دەست بەستراوی بیـانهـێـنن بـۆ کـۆشکەکـەم. خـۆم دەزانـم کە چـۆن فـەلاقـەیـان دەکـەم و چ سـزایـەکی قـورسـیان دەدەم.
سـەرۆک وەزیـران: پاشـای مـەزنـمـان، کـێ بگـریـن؟ دەڵـێـن بـولـبوولـێک ئـاوازی سـروودەکەی دانـاوە. لە ئـێـستادا بە سەدان بـولـبوول دەیچـڕن.. چـۆن بـزانـین کام بـولـبـوولە و لە کـوێ دایـە؟ چـۆن بـیگـریـن؟! دەشـڵـێـن ئـەو هـۆنـراوەنـووسەی کە ئەم سروودەی داناوە، نـاوی راستیی خـۆی نەنـووسیوە، تەنهـا لەژێـر سروودەکەیـدا نووسیوێتی (ئازادیخـوازێک) ئێمە چـۆن بـزانین ناوی راستیی دانەرەکـەی چـییە و لە کوێـدا دەژی؟ هەمـوو خەڵکی وڵاتەکەشـمان ئازادیخـوازن. کێ بگـرین؟ یان کێ ناڵـێت سـرووددانەرەکە، لە تـرسی گـرتـن و بەنـدکـردن، سەری خـۆی هـەڵـنەگـرتـووە و ئەم وڵاتـەی بەجـێـنەهـێـشـتووە؟
پاشـا: بێـدەنـگـبە و لـەمـە زیـاتـر مـەڕێــسە، ئـەم قـسانە بە گـوێـمـدا ناچـن. لە هـەر شـوێـنـێکی دنیـادا بـن، بیـانگـرن و بیـانهـێـنـن.. ئەگـیـنا سـزای قـورسـتان دەدەم.
لەو رۆژەوە تا ئەمـڕۆ، بە دوای منی سـرووددانەر و بە دوای بـولـبوولی ئاوازدانەری سـروودەکـەمـدا، دەگـەڕێـن و .. دەگـەڕێـن.. بـەڵام نامـانـدۆزنـەوە و.. نامـانـدۆزنـەوە.
دوبـەی: ٢٠٢٦




ئۆجەلان و باکۆنین: گفتوگۆیەکی تەواونەکراو.. کارڵۆس پازمینیۆ.. و: گۆران عەبدوڵڵا

ئەم نووسینە گفتوگۆیەکە لەسەر تەکنیکی شۆڕشگێڕانەو لایەنە هاوبەش و جیاوازییە تیۆرێکانی بنچەی دەوڵەت لە نێوان عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕابەری پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK ) و بزووتنەوەی رزگاری کورد لەگەڵ میخائیل باکۆنیین، یەکێک لە گرنگترین تیۆریستەکانی ئەنارکیزم و رابەرانی چەپ لە سەدەی نۆزدە.

هاوبەشی و جیاوازی ئەو باوەڕانەی کە لەم رۆژگارەدا دەخرێنە بەرچاومان زۆر گرنگن بۆ تێگەشتن لە دەوڵەت، تاکتیکی شۆڕشگێڕانە دژ بە دەوڵەت، ناوەندە سیاسێکان و رۆڵی شۆڕشگێڕانە، لەگەڵ پێداگری لەسەر ئازادی ژن. بۆیە ئەم بەشداریکردنە پرسیاری گرنگ دێنێتە ئاراوە کە بەشێکی زۆری لە بیرکرابوون یان لاوەکییانە لێیان دەڕوانرێت لە لایەن بزووتنەوەی چەپ و تیۆریستەکانیەوە بۆ بیرکردنەوە لە شۆڕش لە سەدەی ٢١ دا.(Pazmino 2017a).

وەک دەزانرێت باکۆنین لە بیر کرا پاش دەرکردنی لە کۆنگرەی یەکەمی ئەنجومەنی نێودەوڵەتی کرێکاران (IWMA)، هەروەها خۆیی و باوەڕەکەی بە توندی سەرکۆنەکرا وەک باوەڕێکی (تەواو ئایدیلۆژی). بەهەرحاڵ، پێشتر و پاش روخانی یەکێتی سۆڤییەت، ڕەخنەکانی باکۆنیین ناوە ناوە سەریان هەڵدەدایەوەو جار لە دوای جار رەخنەکانی دووبارە دەکرانەوە لەسەر بنچەکانی دەوڵەت و دەوڵەتداری مارکسیستی. پێشبینییەکانی پشتڕاستکرانەوە لە کۆمۆنەی پاریسەوە تا شۆڕشی روسیا کە دەوڵەتی سۆشیالیستی چارەسەر نییە بۆ فەراهەمکردنی کۆمەڵگەیەکی دیموکرات و ئازاد (price 2012 [2007].

ئۆجەلان، پێش ئەوەی گەشە بدات بە پەرەدایمەکەی لە مارکسیست لینینیستیەوە بۆ کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی، بەهەمان شێوەی باکۆنیین توشی رەخنە بوەوە سەبارەت بەدەوڵەت ( Pazmino 2017b). باکۆنین و ئۆجەلان (2016a)، لە دوو زەمەنی جیاوازدا هاوشێوەی یەکتر گەشەیان بەتیۆری بنچەی دەوڵەت دا، بیانویان ئەوەیە کە بنچەی دەوڵەت ئابوری نەبووە، بەڵکوو ` ئایدیۆلۆجی` بووە، هەروەها دەوڵەت `دەزگایەکی ئاینی`ە، سەرکوتگەر، خۆسەپێن و باوکسالارە. بەهەرحاڵ، ئۆجەلان زۆر واوەتر رۆشت لە باکۆنین و گفتوگۆیەکی هێنایە ئاراوە سەبارەت بە بنچەی دەوڵەت لە ژێر هەژمونی ژنان دا، بەم شێوەیە دەتوانرێت بووترێت رێبەری کورد تیۆری دەوڵەت لای باکۆنین کامڵ دەکات و تێیدەپەڕێنێت (Pazmino 2017b).

شیکارێکانی ئۆجەلان بوونە هۆکاری گەشەیەکی تەکنیکی نوێ، ئەویش  کۆنفیدراڵییەتی دیموکراتییە ( ئۆجەلان ٢٠١٦ب). لەو سەین و بەینەدا مارکسێکان بانگەوازی دەستبەسەرداگرتنی دەوڵەت دەکەن و ئەنارکیستەکانیش کار بۆ هەڵوەشانەوەی دەکەن، ئۆجەلان بانگەوازی هەڵوەشانەوەی دەکات هەنگاو بە هەنگاو تا بەتەواوی دەسەڵات دەکەوێتە دەستی کۆمەڵگەی رێکخراو. بابەتی شۆڕش، پرۆلیتاریا نییە، بەڵکو ژنانە کە ئامادە نیین ` رۆڵیان هەبێت لە شۆڕش` ئەوان شۆڕشن ( Bi Battista 2016 ). وەک دەبینین ئۆجەلان کۆتایی بەو گفتوگۆیە گەورەیە هێنا سەبارەت بە بنچەی دەوڵەت و تەکتیکاتی شۆڕشگێڕانە پاش ١٥٠ ساڵ لە دامەزراندنی پەیوەندی نێودەوڵەتی کرێکاران.

دەوڵەت دەزگایەکی ئاینییە.

باکۆنیین پێی وایە دەوڵەت کاتێک دەردەکەوێت لە ` کۆمەڵگە سەرەتاییەکان ` ئەو کاتانەی ساحیرەکان و ` پیاوانی خودا` کاریەگەری دەخەنە سەر کۆمەڵگە لە رێی ئەفاسانەکان و شیکردنەوەی دیاردە نادیارەکان، لێرەوە ` هاوپشتییە سروشتییەکان` تێکدەشکێنرێت لە ژیانی کۆمەڵگەدا. ` رۆحی بەرزەفڕی` ئینسان دەیەوێت لە دیاردە سروشتێکان تێبگات و هەر لێرەشەوە شوناسێکی خوداییان بەبەردا دەکات. لێرەوە ساحیرەکان رۆڵی خوداوەندی لەسەر زەوی وەردەگرن، وردە وردە دەبنە ئەندازیاری کۆمەڵگە، چوونکە ئەوان کەناڵی پەیوەندیین لەگەڵ خودادا.

لەم رێگایەوە دەوڵەت خۆی رێکدەخات وەک قوربانی دەرێک لە پێناو ژیانی کۆمەڵگەدا، نکۆڵی لە ئازادی، چەوسانەوەو سەرکوتکردنی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای ئەو شوناسە ئاسمانییەی بە خۆی بەخشیوە: هێزی رەهای دەوڵەت بەسەر کۆمەڵگەدا وا خۆی نمایش دەکات کە ` پارێزەری کۆمەڵگەیە`. لەگەڵ ئاڵۆزبوونی زیاتری پەیوەندییە کۆمەڵایەتێکان لە رەوتی مێژوودا، بڕوابوون بەدەوڵەت و گرنگێکەی زیاتر بووە تەنانەت لە بڕوای ` پیاوەکانی خودا` لە چەرخە کۆنەکان.

پرۆژە تیۆرێکەی ئۆجەلان زۆر واوەتر دەچێت لە باکۆنین، هەرچەندە رێبەری کورد بەشدارە لە ئایدییەی بنچەی ئاینی دەوڵەت، بەڵام رەگەزێکی تری بۆ زیاد دەکات، ئەویش باڵادەستی پیاوانە بەسەر ژنان دا لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژی ئاینی.[1]

بەتەنها دەرکەوتنی ` کۆمەڵگەی ئاینی` نییە کە وادەکات دەوڵەت دەرکەوێت، بەڵکوو کەمکردنەوەی رۆڵی ژنانە لەکۆمەڵگەدا، هەر بۆیە، دەوڵەت دامەزراوەیەکی باوک سالارییە. بەبێ گومان ئەمە گرنگترین بەشداری ئۆجەلانە لەگەڵ رێزدا بۆ باکۆنیین، ئۆجەلان سەیری بابەتی سەرهەڵدانی دەوڵەت دەکات – ژنان – هەموو کۆمەڵگە نیین وەک ئەوەی باکۆنیین دەڵێت. ئۆجەلان پێی وایە کۆمەڵگە باڵادەست دەبێت و دەچەوسێنێتەوە، وەک ئەوەی ئۆجەلان پێی وایە ژنان سەرەتا باڵادەست بوون دوواتر چەوسانەوە، ئەمە وایکردووە ژنان دژ بە دەوڵەتبن وەک دوواتر دەبینین.

دژە دەوڵەت و ژیلەمۆی شۆڕش: ئازادی ژنان

لە نەریتی سۆشیالیستە کلاسیکەکان، هەر لە باکۆنین ەوە تا مارکس، تەنانەت سەردەمی مارکسیستە ئەرسەدۆکسەکان وەکوو عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) بابەتی شۆڕش بۆیان پرۆلیتاریا بووە. سەبارەت بە نووسەرانی کلاسیک بە شێوەیەکی گشتی لەسەر ئەم بابەتە کۆک بوون کەوا ناکۆکی و پێکدادانەکان پەیوەستە بە چینی بەرهەمهێنەری سەرمایەدارییەوە، واتە خەباتی ئابورییان خستە سەروی بوارەکانی تری خەباتەوە. پێیان وابوو بە جیهانیبونی سەرمایەداری دەبێتە هۆکاری بە جیهانیبونی پرۆلیتاریا لە هەموو وڵاتانی جیهان[2]؛ بەهەر حاڵ،  سەرمایەداری بە شێوەیەکی یەکسان وەبەرهێنان ناکات لە جیهاندا، وەکوو پرۆلیتاریا. پرۆلیتاریای ناجێگیر بەشێوەیەکی زۆر وەک هێزێکی جیهانی لە خۆیدا هێزی خۆی لەدەستداوە، لە هەمان کاتدا دەرکەوت ئەم بابەتە شۆڕشگێرانەیە کێشەی تیۆری گرنگی هەیە. لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم کە تیۆری باکۆنین و مارکس بۆ ئەم چینە توانایی و گرنگی خۆی بە هیچ شێوەیەک لەدەست نەداوە، دەبێت تێکەڵاوی ` دونیای کار` بیت بۆ تێگەشتن لە چینەکەو گرفتەکانی، وە تێبگەیت لە سیستمە ئاڵۆزەکانی نێوان کاری فەرمی و نافەرمی، ئایدیۆلۆژی، ئابوری و جێندەر، تاد.، رەنگە دژواربێت لەم کاتەیا جیهانیبین لە پەیوەند بە هۆکاری شوناسی تاک و کۆمەڵ.

لایەنێکی گرنگ لەوەی ئۆجەلان ئەوەیە کە بەشێوەیەکی تایبەت بڕوای وایە کە ژنان لە رۆژگارێکی زووەوە ناکۆکی و دژەکانی کۆمەڵگەی رێکخراویان سەبارەت بە توندوو تیژی و چەوسانەوە و باڵادەستی بەرجەستە کردووە. بەرای ئۆجەلان باڵادەستبوون بەسەر ژناندا تەنها چارەڕەشی نەبوو بۆ ژنان، بەڵکوو بەدبەختی بوو بۆ هەموو بەشەریەت، لێرەوەیە ئۆجەلان توانایەکی گەورەتر بۆ پرۆلیتاریا دەگەڕێنێتەوە.

لەم کاتەیا دەمەوێت قسە لەسەر سێ خاڵی هزری گرنگ بکەم سەبارەت بە تیۆری ئۆجەلان.

یەکەم، ئۆجەلان بزانێت یان نەزانێت، تیۆرییەکی لە دێدگای ژنانەوە درووستکردووە سەبارەت بە چۆنیەتی دەرکەوتنی دەوڵەت.

دووەم، باڵا دەستبوون بەسەر ژناندا مایەی درووستبونی دەوڵەتە.

سێیەم، لە رەهەندە تاکتیکییەکانی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتییدا، کە هەوڵدان و گەڕانە بە دوای ئازادی ژناندا وەک پێداویستییەکی کۆمەڵگە، ناکرێت گرەوە لەسەر درووستبونی دەوڵەتێکی نوێ بکات، کە لە خۆیدا لە رووی ئایدیۆلۆژی و تەکنیکییەوە پێچەوانەیە. کەواتە، کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی دەتوانرێت پۆلین بکرێت وەک نمونەیەکی عەمەلی و تەکنیکی و هەروەها ژنانە.

بەمشێوەیە، ئۆجەلان نەک هەر ئەڵتەرناتیڤێک[3] لە رووە مێژوییەکەیەوە دەخاتە بەر دەستی چەپ بۆ گفتوگۆ، بەڵکوو ئەو باوک سالاریەش دەخاتە بەرباس کە بەردەوامە لەگەڵ مێژوی بزوتنەوەی چەپدا کەوایکردووە ئازادی ژنان بخرێتە دوواوە.

پارتی شۆڕشگێڕ یان بزووتنەوەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی؟

بە پێچەوانەی مارکسیزمی کلاسیکەوە، باکۆنیین پێی وایە پارتی شۆڕشگێڕ رۆڵی ` مامانی شۆڕشگێڕ` دەبینێت. بەڕای باکۆنیین حیزب رۆڵی شۆڕشکردن ناگێڕێت بەڵکوو لەگەڵ خەڵکدایە کە ئاکتەری سەرەکی شۆڕشن. بەڵام لە مارکسیزمدا ئەوە حیزبە رابەرایەتی دەکات و لە هەمان کاتیشدا دەوڵەتۆتکەیەکی بچوکیشە، هەر کاتێکیش دەستی دەگاتە دەسەڵات بۆخۆی بەرپرسیارەتی دەوڵەتی پرۆلیتاریایی دەگرێتە دەست.

گۆڕانی فیکری ئۆجەلان و PKK، بە رێزگرتن لە ستراکچەری حیزب، چوونە وتووێژی فکرییەوە لەگەڵ ئایدیاکانی باکۆنین دا. PKK وەک پارتێکی مارکسی لینینی کلاسیک توانی خۆی بگۆڕێت بۆ بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بۆ دەرەوەی خۆی و سنوورەکانیش ببەزێنێت[4]، سەرباری مانەوەی ستراکچەرە سیاسییەکەی، ئەو توانایەی لە خۆی نیشانداوە ببێتە بزووتنەوەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی خاوەن رەهەندێکی فراوان. بە گرەونەکردن لەسەر پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی PKK توانیتی ئەو نمونە کلاسیکییە مارکسیە لینینیە بەجێبێڵێت و ببێت بەوەی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدان. کاتێک هەزاران کورد لە تورکیا دەڕژێنە سەر جادە و هاوار دەکەن ` PKK خەڵکەو، خەڵک وا لێرەیە،` لێرەوە دەتوانیت باشتر لەو دیاردەیە تێبگەیت.

وەک ئەوەی تێبینی دەکرێت، لێکچون و جیاوازێکانی نێوان باکۆنین و ئۆجەلان گرنگن، دەست دەبەن بۆ بۆ ئەو بابەتانەی دونیای چەپ کە بە بێ چارەسەری ماونەتەوە. پرۆژەی ئۆجەلان سەبارەت بە دەوڵەت و ئازادی ژن و رۆڵی حیزب، ئەمانە رەگەز گەلێکی گرنگن بۆ بیرکردنەوە لە شۆڕش و تیۆری شۆڕشگێڕانە لە سەدەی بیست و یەکەمدا. خوێندنەوەکانیان دەبێت لایەنی تیۆری و چەکداریش لە خۆی بگرێت.

————————-

Carlos Pazmiño

کارڵۆس پازمینۆ توێژەرە لە بواری کورد لە ڕوانگەی ئەمریکای لاتینەوە. نامەی ماستەرەکەی بە ناونیشانی (هەڵوەشانەوەی دەوڵەت) بوو لەگەڵ چۆنیەتی تێگەشتن لە گۆرینی نەزەری و عەمەلی فیکری عەبدوڵڵا ئۆجەلان و PKK. پازمینۆ یەکەمین کەسە لە ئەمریکای لاتین کە ئەم بابەتە دەداتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. پازمینۆ وەک خەباتکارێکی مەیدانی لە چەند بوارێکی میللی کاردەکات، پەیوەندی هەیە لەگەڵ سەندیکا کرێکاریەکان و خەباتکردنە ناوچەییەکانەوە، هەروەها سەبارەت بە ئەمریکای لاتین و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت دەنووسێت.

سەرچاوە:

https://www.academia.edu/34570216/%C3%96calan_and_Bakunin_an_incomplete_discussion#:~:text=Pazmi%C3%B1o%2C%20Carlos.%202017a.%20Abdullah%20%C3%96calan%3A,siglo%20XXI.%20http%3A%2F%2Fkurdistanamericalatina.org%2Fabdullah%2Docalan%2Duna%2Dcontribucion%2D%20para%2Dpensar%2Dla%2Drevolucion%2Den%2Del%2Dsiglo%2Dxxi%2F%20__________2017b.


[1]  رەخنە لە ئۆجەلان دەگیرێت بەوەی کە رۆڵی بەرچاوی داوە بە ژنان لە چاخی بەردینی نوێدا لەو کۆمەڵگەیانەی کە نیشتەجێی ` رۆژهەڵانی ناوین – Fertile Crescent` بون، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم رۆڵە پێشتر وەک کەلتورێک دەرکەوتووە لە دانیشتوانی چیای ئەندیز لە ( ئەمریکای خواروو) پێش داگیرکارییەکانی ئینکا و ئسپانییەکان. بۆیە دەکرێت ئایدییەکانی ئۆجەلان گرنگ بن بۆ تێگەشتن لە دەرکەوتنی دەوڵەت وەک دەزگایەک لە هەندێک ناوچەی ئەندیز و لە هەندێ ناوچەی تر ئەو پرۆسەیە تەواو نەبووە وەکو پیرۆی ئێستا، دەوڵتی ئینکا و فراوان بوونەوەکەی نمونەیەکە لەوە.

[2]  گفتوگۆکردن سەبارەت بە گرنگی رۆڵی پرۆلیتاریا وەکو بابەتێکی شۆڕشگێڕانە بە قەیرانێکی بەرچاودا تێدەپەڕێت ئەگەر وادابنرێت ` ئەم چینە کرێکاری سەنعەتیین` بە بێ لەبەرچاوگرتنی چینی کرێکار لە ناوچەکانی پۆستکۆلۆنیالیزم و `گرێدراوەکان` وەکوو کوردستان  یان ئەمریکایلاتین. سەرمایەداری لە سەردەمی نیو لیبراڵیزمدا قەیرانەکانی زیاتر بووە کە کاریگەری هەیە لەسەر وڵاتە ناوەندەکان و چینی کرێکارەکەی، ناچاربونە بە گەڕانەوەی ` کارگەکان و سەرمایەکەیان` بۆ ئەو وڵاتانەی لێوەی هاتوون.

[3]  رەخنەکانی ئۆجەلان، ژنانی لیبراڵی رۆژئاوایی و تێگەیشتنە پاسفیستی و بەرژەوەندخوازێکانیانیش دەگرێتەوە، پێشنیارێکە کە دەبێت بزووتنەوەی ژنان ستراکچەر و رێکخراوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی تایبەت بە خۆی بنیاتبنێت. ئۆجەلان داوا لە ژنان دەکات بەشێوەیەکی کرداری و کاریگەر لەسەر زەمینی واقعی خەباتبکەن. بەم هۆیەوە ناکرێت ئازادی ژن کورتبکرێتەوە تەنها بۆ ئۆجەلان، لە ئێستادا ژنانی کورد ئەو ئایدییەیان نەک هەر گونجاندووە لە خەباتی خۆیاندا بەڵکوو بە شێوەیەکی باشیش چوارچێوەی ئایدیاکەی رێبەریان تێپەڕاندووە و بونەتە پاڵەوانی سیاسەتی کوردی بە مانای وشەکە.

[4]  بۆ ئەوەی ئەمە روبدات بە بڕوای من سێ رەگەز گرنگە. ١- کامڵ بوونی فیکری ئۆجەلان. ٢- گرتنەکەی، پاڵی بە بزووتنەوەی رزگاری کوردەوە نا لە غیابی ڕێبەرەکەیدا دووبارە بیربکاتەوە لە هەموو روداوەکان. ٣- دەرکەوتنی زیاتری کەسایەتی ژنان.




لە گریمانی هاتنی ڕەزا شا بۆسەر حوکم.. زاهیر باهیر

لە گریمانی هەرەسهێنانی حوکمی ئاخوندەکانی ئێران زۆربەی خەڵك و هەندێکیش لە چەپەکان نیگەرانن و بێ هیوان لە باشبوونی بارودۆخەکە لە سای حکومەتی نوێدا، بە تایبەتیش ئەگەر ڕەزا شا بێت. بە گوێرەی ئەزموونەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی لە عێراق و ئەفغابستان و لیبیا و تازەکیش سوریا، نیگەرانییەکان جێگەی خۆیەتی.
بەرای من گەر چی نیگەرانبوون لە گریمانی هاتنی ڕەزا شا دروستە، بەڵام ئەم خراپتر نییە و نابێت لە حوکمی ئاخوندەکان. ئەمەش مانای ئەوە نییە کە من خوازیاری شەڕ بم و لەگەڵ هێڕشی ئەمریکادا بم بۆسەر ئێران. بەڵام حەقیقەتێکیش هەیە ئەویش ئەوەیە لەم سەردەمەدا کە حکومەتێك لە بەڕێکردنی سیاسەتی فاشیانەی خۆی بە کوشتنی سەدان هەزار کەس سڵناکاتەوە، ئەوە دەگەیەنێت کە زۆر زەحمەتە لە ڕێگەی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەوە حکومەتەکە بڕوخێنریت.
بۆچی هاتنی شا خراپتر نییە لە مانەوەی ڕژێمی ئێستا؟
یەك: لە سای حوکمڕانی ئاخوندەکاندا بارودۆخی ئێران وەکو هەموان دەزانن زۆر زۆر خراپ بووە ، کوشتن و بڕین و لە سێدارەدان بوەتە چالاکی ڕۆژانەی ئەو ڕژێمە. ئازادییەکانی ژنان بە تەواوی تەسککراونەتەوە تا ئەو ڕادەیەی کە خودی ژنان چی تر ئەوەیان پێ قەبوڵ ناکرێت و لە هاوپشتیان کەمتر چاوەڕوانی لایەن و کەسانی دیکە دەکەن.
دوو: ڕوخانی ڕژێم ، فەزای هەناسە هەڵکێشانێکی ئازادانە گەر بۆ کاتییش بێت دەخولقێنێت. حکومەتی نوێ ئاوا بەو ئاسانییە و بەو کوتوپڕییە ناتوانێت سەقامگیر بێت بۆیە دەرفەتێك بۆ خەڵکی دەڕەخسێت کە خۆیان ڕێکبخەن لە ڕێکخراوی جەماوەرییانە و نقابەکان و یەکێتی و یەککەوتنی ژنان و دروستکردنی دەیەها گروپی دیکە لە بواری ژینگە، ئابوری ، ئازادی و مافی مرۆڤ، کاروباری کۆمەڵایەتی و دژایەتیکردنی زوڵم و زۆر و برسێتی و گرانی و گەندەڵی. ڕوودانی خۆپیشاندان و گرتنی کۆڕ و سمینیاریش دەستکەوتێکی دیکەیە، دەرگای ئازادی ڕٶژنامەوانی و نوسین و چاپخانە و بڵاکراوەگەلێکی بێ شومار دەخاتە سەرپشت .
سێ: گەڕانەوەی متمانە و باوەڕ بەخۆبوون لە هەڵتەکاندنی ڕژێمێکی 47 ساڵەدا کە گەر ڕژێمی نوێ هەمان ڕێگای ڕژێمە کۆنەکە بگرێتە بەر هەر وا بە ئاسانی بەسەریدا تێناپەڕێت.
چوار: ڕۆیشتنی ڕژێمی ئێران کۆتاییهێنانە بە گروپە تیرۆریستەکانی دیکەی سەر بە ئێران لە وڵاتانی دراوسێی و عەرەبی دا. وەستانی تیرۆرکردنی کەسانی نەیارە بە ڕژێم لەناو خودی ئێران و دەرەوەی ئێراندا. هاوکاتیش کاتێك کە ئەم قەڵاو قوتبی شیعەیە تێدەشکێت، قوتب و قەڵای سوونە کە سعودییە ئەو بەها گەورە و بنکە سەربازییەی چی تر پێویست نییە . لەگەڵ ئەمەدا بازاڕی کڕینی چەك و تەقەمەنی و کەرەسەکانی دیکەی جەنگ تا ڕادەیەك ئەو بایاخەی جارانی بۆ سعوودیە و ئیسرائیلیش نامێنێت و سست دەبێت ، واتە کێشمە کێشەکانی ناوچەکە تا ڕادەیەك دەڕەوێتەوە.
پێنج: ڕوخانی ئێران هاوکارییەکی گەورە دەکات لە ڕۆیشتنی ڕژێمی عێراق دا، یا هەر هیچ نەبێت ئەوەندە لاوازی دەکات کە چی تر ناتوانێت ئەوەی کە ئێستا دەیکات بەردەوام بێت لەسەری .
شەش: بارودۆخی تورکیا گرفتاوی دەبێت ، خۆ ئەگەر لە هێڕشی ئەمریکا بۆسەر ئێران ، ئێران بە مووشەکەکانی بتوانێت بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە تورکیادا زیانی گەورەی پێبگەیەنێت، پشێویەکی گەورە لە تورکیادا دەنێتەوە، کە ڕەنگە ببێتە خاڵی تەقینەوەی هاتنە سەر شەقامی خەڵکی، کە ئەمەش لە قازانجی نەك تورکیا و کوردە بەڵکو بەشێکی زۆری ناوچەکەشە کە ڕژێمی ئاکەپە بەرەو لاوازکردن دەبات.
حەوت: نەك رەنگە ببێتە هۆی باشبوونی بارودۆخی کورد لە ئێراندا، بەڵکو کارایی باشیش لەسەر هەرێمی کوردستان و کوردانی باشوور دادەنێت ، هەر هیج نەبێت مەترسی بۆمباردکردن و تیرۆرکردنی نەیارانی ڕژێمی ئاخوندەکان لەو پارچەیەی کوردستاندا نامێنێت ئەو کاتە ڕژێمی نوێش لەو زێدەڕەویانەی کە کراون بە هاتنە ناو خاکی باشووری کوردستانەوە دەکشێتەوە خاڵی پێش هاتنی ئاخوندەکان بۆ سەر حوکم و گوندنشینەکانی سەر سنوریش ئاسایشی بۆ دەگەڕێتەوە..
هەشت : ڕەنگە ڕوخانی ڕژێمی دینی و مەزهەبی ئێستا بە هۆی ئەو ئەزموونە خوێناوییەی کە هەیبووە و ئەو کارەساتانەی کە بەسەر هاووڵاتانی ئێرانیدا هێناوێتی، ڕێگر بێت لەوەی کە جارێکی دیکە ڕژێمی ئاینی و مەزهەبی لە ئێراندا دروست ببێتەوە .
بە بۆچوونی من ئەوانەی سەرەوە تا ڕادەیەکی زۆر خەباتی کرێکاران و چەوساوانی ئێران دەباتە پێشەوە، ڕێگە خۆشکەرێك دەبێت بۆ روودانی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و لە ڕیشە دەرهێنانی زوڵم و زۆر و برسێتی و نادادوەری کۆمەڵایەتی.

زاهیر باهیر
22/02/2026




فـێربوون بەهـێزترین چەکـی گۆڕانکارییە.. رەزا شـوان

هەمووتان وتە بەهـێزەکەی (نيلسۆن مانـدێلا) دەزانن، کە دەڵێت” فێرکردن بەهـێزترین چـەکە، دەتـوانیـت بـۆ گـۆڕیـنی جیهـان بەکـاری بـهـێنـیـت”. لـێرەدا گـۆڕینی جیهـان بە مانایەکی ئاسایی نییە. بەڵکو گەشەکـردن و گـۆڕانکارییە لە هەمـوو لایـەنەکانی ژیـان. فـێرکـردن پـرۆسـەیـەکی تەواوی ژیـانە. گـواسـتـنەوەیە لە تاریـکـیـیەوە بـۆ روونـاکی.

(ماڵکـۆم ئـێکـس) دەڵـێـت:”فـێربـوون پاسپـۆرتێکە بـۆ داهـاتـوو، چونکە سـبەی هـی ئـەو کەسانەیە کە ئەمـڕۆ خـۆیـان بـۆ ئامـادە دەکـەن”.
(جۆرج واشنتۆن) دەڵێت:”فـێربوون کـلیـلی کردنەوەی دەرگا زێـڕینەنەکانی ئازادییە”.
فـێربـوون پـرۆسـەیـەکە لەنـاو لانـکەوە بـۆ مـردن. بەشـێکی دانـەبـڕاوە لە ژیـانـمـان. هەرگـیز مێـشکـمان ماندوو ناکات. مـرۆڤ تا زیاتر کـنجکـاوی بێـت و زیاتر فـێربـێـت، زانست و زانیاری و لـێهـاتوویی زیاتر بەدەسـت دەهـێـنـێـت. فـێربـوون لە کەسـێکەوە بۆ کەسێکی تر، لە گەلێکەوە بۆ گەلێکی تر جیاوازی هـەیە. دەکرێت تۆ بە ماوەیەکی کەم شـتێک فـێربیـت، لەوانەیە کەسێکی تر ماوەیەکی زیـاتـری بـوێـت بۆ فـێربـوونی هەمـان شـت. ئەمـەش هـۆکـاری خـۆی هـەیە.
تا ئێستا پەروەردەکاران و زانایان، کۆک نین لەسەر پێناسەیەکی ستانـدارد و گـشتگـیر بـۆ چـەمکی فـێربـوون. بە تێکـڕایی فـێربـوون واتـە شارەزابـوون لە شـتێک، هەمـوو ئەو زانست و زانیارییانە دەگرێتەوە، کە مرۆڤ وەریان دەگرێـت. فـێربوون بـریتییە لە خوێندنی بابەتگەلـێکی جۆراوجۆر، بۆ بەدەستهـێنانی زانیاری و تێگەیشتنێکی قـووڵتر لـێـیان و جـێـبەجـێکـردنیـان لـە ژیـانی رۆژانـەدا. فـێربـوون بـریـتـیـیە لە ئەنجـامـدانی گۆڕانکاری و پێشکەوتـن لە رەفـتارەکانی مـرۆڤ لە رێگەی راهـێنان و شارەزاییەوە. شـتـێک کە هـەمـووان لەسـەری کـۆکـن، گـرنگـییەکـانی فـێربـوونە.
فـێربوون بە زانیاری تيۆری لە پەرتـووکەکان و خوێنـدن لە قوتابخانەکاندا سنووردار نییە. بەڵکو دەتوانـرێت لە رێگەی ئەزمـوونە پـراکـتیکـییەکانی دەرەوەی پەرتووک و قـوتـابخانە بەدەست بهـێنرێـت. چـەمکی فـێربـوون و فـێرکردن و خوێـندن جیـاوازان، بەڵام پەیـوەنـدییان بە یەکـەوە هـەیە.
فـێربـوون بـۆ منـداڵان زۆر گـرنـگە، چـونـکە منـداڵان نـەوەی ئەمـرۆ و داهـاتـوون. چارەنووسی داهاتـووی جیهـان لە دەسـتی منـداڵانی ئەمـڕۆ دایـە. بـۆیـە زۆرێـک لە وڵاتـان، بە لەبەرچاوگـرتنی گـرنگی فـێربـوون بۆ منـداڵان، بـودجـەیەکی زیاتـریان بۆ پـەروەردە و فـێرکـردن و راهـێنان و ئامـادەکـردنی منـداڵـەکـانیان تەرخـان کـردوون.
فـێرکـردنی منـداڵانـیش تەنهـا بەرپـرسیارێـتی دایـکان و باوکان و باخچـەی منـداڵان و قوتابخانە نییە، بەڵکو ئەرکـێکی پیرۆز و پێویستی هەموو لایەکمانە. دەبێت دایکان و باوکان و دادەکان و مامۆستایان بە کرداری ببن بە پێشەنگ و نموونە و سەرمەشـقی نایاب لە کار و لە رەفتارەکانیاندا، تا منداڵەکانیان و قوتابییەکانیان چاویان لێیانبکەن و بە کرداری لـێیانەوە فـێربن. (لیندۆن جۆنسۆن) دەڵێت:”بە قسەکردن هـیچ فێرنابیت”.
کە بـاوکـێک لەبـەردەم منـداڵـەکەیـدا، جگـەرە دەکـێـشێ و مـەی دەخـواتـەوە، بـە چی روویەکەوە رێـنـمایی منـداڵەکەی دەکات و دەڵـێت:”کـوڕەکەم فـێـری جگەرەکـێشان و مـەی خـواردنەوە مـەبە، زیـانـێکی زۆریـان بـۆ تەنـدروسـتـیـت دەبـێـت”.
فـێربـوون مـرۆڤ بەرەوپـێشەوە دەبات. کـلـیـلی نەهـێـشـتنی نایەکـسانی جـێـنـدەری و کەمکـردنەوەی بـێکاری و خـۆپاراستـنە لە نەخۆشـییەکان و رێگـرییە لە زوو مـردن.
دەگـێڕنەوە رۆژێـک ماسیگـرێـک، ماسییەک بە هـەژارێکی بـێکار دەدات. هـەژارەکە وەرینـاگـرێـت و پـێی دەڵـێت: ماسیـیەکـم مـەدەرێ، فـێرم بـکە کە چـۆن ماسی بگـرم.
فـێربـوونی گـرووپی یان هـەرەوەزی، شـێوازێکی سەرکەوتووی فـێـربـوونە، بـێجگە لەوەی کە قوتابیان فـێری بابەتگەلـێکی دیاریکـراو دەکات. لە هـەمان کاتـیشدا فـێری رۆحی هـاوکـاری و هـەمـاهـەنـگی و یـارمـەتیـان دەکـات.
کە لە قـوتـابخـانەیەکی بنەڕەتـیی نەرویـج، مامـۆسـتای زمـانی دایک (کـوردی) بـووم، رۆژێکـیان چـوومە وانەیەکی زانیـاری ـ پـۆلی پـێـنج ـ بابـەتـەکە دەربـارەی “ژیـان لە ژینـگەی ئـاویـدا” بـوو. حـەزم کـرد کە شـێـوازی وتـنـەوەی وانـەکە بـزانـم.
مامۆستای زانیاری لە دوای کورتە باسێک لەسەر ژینگەی ئاوی، کاسێتێکی خـستە ناو ڤـیدیۆیەک و لە تەلەڤـزیۆنە گەورە رەنگاوڕەنگەکەی سەر دیواری پێشەوەی پۆلەکەدا، فـیلـمـێکی دەربـارەی ژینگەی ئـاوی نمایـش کرد. دوایی دەرگـای پـرسیار و گـڤـتوگـۆی لەگەڵ قوتابییەکانیدا کردەوە. دواتر پـۆلـەکەی کـرد بە سێ گـرووپەوە، هەر گرووپێکی حەوت قـوتـابی بـوون. سێ فایـلـی گەورە و بـۆیەی داری و ئاویی خـستە بـەردەم هـەر گرووپێک. داوای لێکـردن کە سێ ژیـنگەی ئاویی جیـاواز بکـێـشن. ئەو گـرووپەی کە مـن لـێـیانەوە نزیک بووم، بە رووخـۆشی و خەنـدەوە، وێنەی گـۆلە ئاوێکی گەورەیان کێشا. هەر قوتابییەک وێنەی شتێکی دەکێشا، یەکێک و ینەی دار و سەوزیی بە دەوری گۆلەکەدا کـێـشا، یەکـێکی تـریان وێنـەی چەنـد ماسییەکی لەناو گـۆلە ئـاوەکـەدا کـێـشا، کە دیاربوون، قوتابییەکی تـر وێنەی چەنـد بۆقـێکی لەنـاو گـۆلـەکەدا کـێشا. یەکـێکی تر وێنـەی دوو مـراوی و دوو قـازی کـێـشا، دەوری گـۆلەکەشـیان بە گـوڵی رەنـگاوڕەنگ رازانـدەوە، لە ئـاسـمانی گۆلەکەشدا وێنەی چـەنـد نەورەسـێکـیان کـێشا. بە هەرەوەزی تابلۆیەکی جـوانیان رازانـدەوە. دوو گـرووپەکەی کـەش بە هـەمـان شـێوە دوو ژینگەی ئـاوی جیـاوازی تـریـان کـێـشا. دوای تەوابـوونیـان، مـامـۆسـتا هـەرسێ تـابـلـۆکەیـانی نـیـشانـدا، بە گـەرمی دەسـتخـۆشـیی و ئـافـەرینی لـێیان کـرد و چـەپـڵەی بـۆیـان لـێـدا.
گرنگە ئاماژە بەوەش بکەین، کە فـێربوون تەنها لە خوێندنی فەرمیدا سنووردار نیـیە. هەروەهـا ئەزمـوونەکانی ژیـان و خوێنـدنەوە و خۆشەویستی بۆ گەڕان و دۆزینـەوە و داهـێـنان و ئافـرانـدن لەخـۆدەگرێـت. ئـەم پەنـدە بخـەنە بـواری جـێـبەجـێکـردنەوە، بە بەدواداچـوون بـۆ زانـیاری و هـاوبـەشکـردنی بـیـرۆکە و بەکـارهـێـنانی فـێربـوون بـۆ دروسـتکـردنی گـۆڕانکاری ئەرێـنی بکەن. فـێربـوون دەرگـاکـان دەکاتەوە و ئاسـۆکان فـراوانـتر دەکـات و کەسـایەتیـتان دەوڵـەمـەنـدتـر دەکـات.
(بۆسکاگـلیا) دەڵێت:”گۆڕانکاری ئەنجامی کۆتایی هەموو فـێربوونێکی راستەقینەیە”.
ئەرکی ئـێـمەی مامـۆستایان و نووسەران و هـونەرمەندانی کوردیش، تەنیا فـێـرکـردن نـییە، بەلکو پەروەردەکردنی دروسـت و ئامادەکـردنی منـداڵانی کوردمـانە، بـۆ ئـەوەی چاو لە داهاتوو ببڕن و شانازی بە کوردبوون و بە کوردستانی بوونی خۆیانەوە بکەن.
پـەروەردە و فـێرکـردنـیش دوانـەن و لـێک دانـابـڕێـن و تەواکـەری یەکـتریـن.

دوبـەی: ٢٠٢٦




زمان بنەڕەتی مرۆڤبوونە.. ستار ئەحمەد

ئەگەر بمانەوێت مێژووی ڕاستەقینەی مرۆڤایەتی بنووسینەوە، دەبێت لەو چرکەساتەوە دەست پێبکەین، کە یەکەمین هەوڵی ئاخاوتن لە گەرووی مرۆڤێکی سەرەتایییەوە هاتە دەرێ. پێش دۆزینەوەی ئاگر و پێش دروستکردنی یەکەمین ئامرازی ڕاوکردن، دۆزینەوەی زمان گەورەترین وەرچەرخانی ژیان بوو. زمان تەنها کۆمەڵە دەنگێکی بێواتا نییە، بەڵکو ئەو بنچینە پتەوەیە ،کە هەموو شارستانییەتەکانی لەسەر بنیات نراوە. گەڕان بەدوای یەکەمین چەرخی ئاخاوتنی مرۆڤدا، وەک گەڕان وایە بەدوای سەرچاوەی ڕووناکیدا لەناو تاریکییەکی قووڵی مێژووییدا. زمان تەنها ئامرازێک نییە بۆ تێگەیشتن، بەڵکو گەورەترین ناسنامەی بوونەوەرە بەرەو قۆناغی مرۆڤبوون. پێش ئەو ساتە، جیهان تەنها دەنگی سروشت و هاژەی ئاو و نەعرەتەی ئاژەڵان بوو، بەڵام کاتێک مرۆڤ توانی دەنگەکان ڕێکبخات و مانیان پێ ببەخشێت، گەردوون ڕەهەندێکی نوێی تێدا خوڵقا. ئەمە ساتەوەختێکی پیرۆزە لە مێژوودا، چونکە لێرەوە مرۆڤ لە بوونەوەرێکی بێدەنگ و ڕاوکەرەوە بوو بە بوونەوەرێکی بیرکەرەوە و خاوەن شکۆ.
زۆرێک لە بیرمەندان لەو بڕوایەدان دەسپێکی زمان لەگەڵ یەکەمین هەوڵەکانی مرۆڤ بۆ کارکردنی بەکۆمەڵ و ڕاوکردنی پێکەوەیی بووە. کاتێک مرۆڤەکان پێویستیان بەوە بوو ئاگاداری یەکتری بکەنەوە یان پلانێک دابنێن بۆ بەرگریکردن لە خۆیان، دەستیان کرد بە بەکارهێنانی ئاماژە و دەنگە جیاوازەکان. ئەم دەنگانە لە سەرەتادا تەنها لاساییکردنەوەی دەنگی سروشت بوون، وەک دەنگی با یان گریانی ئاژەڵە بریندارەکان، بەڵام هێدی هێدی مێشکی مرۆڤ گەشەی کرد و توانی ئەم دەنگانە بکاتە هێمایەک بۆ شتەکان. لێرەوە ناونان دەستی پێکرد؛ ناولێنان یەکەمین هەنگاوی مرۆڤ بوو بۆ زاڵبوون بەسەر ترسەکانیدا. کاتێک مرۆڤ توانی ناوی ئاگر یان ناوی مردن یان ناوی نێچیرێک بنێت، ئیدی ئەو شتە لە مێشکی ئەودا بوو بە ناسراو و توانی مامەڵەی لەگەڵدا بکات.
ئەگەر سەیری ڕەگی زمانەکان بکەین، دەبینین هەر وشەیەک ئەمڕۆ ئێمە بەکاری دەهێنین، مێژوویەکی هەزاران ساڵەی لەپشتە. زمان وەک دارێکی گەورە وایە ڕەگەکانی لەناو قووڵایی خاک و مێژوودا چەقیون و لقەکانی بەرەو ئاسمان بەرز دەبنەوە. هەر نەتەوەیەک بەپێی ئەو ژینگەیەی تێیدا ژیاوە، ڕەنگ و بۆنی تایبەتی بە زمانەکەی بەخشیوە. ئەوانەی لەناو کەژ و کێوەکاندا ژیاون، وشەکانیان وەک تاشەبەردەکان قورس و پتەون، ئەوانەیشی لە لێواری دەریا و ڕووبارەکاندا بوون، ئاخاوتنێکی نەرم و پڕ لە شەپۆلیان هەیە. ئەمە نیشانەی ئەوەیە زمان تەنها دەنگ نییە، بەڵکو ئاوێنەی ژینگە و شێوازی ژیانی مرۆڤەکانە. هەر وشەیەک لە گەروویەک دێتە دەرێ، هەڵگری هەموو ئەو ئازار و خۆشی و ئەزموونانەیە پێشینانی ئێمە چەشتوویانە.
لە ڕووی فەلسەفییەوە، زمان تەنها گواستنەوەی زانیاری نییە، بەڵکو خولقاندنی جیهانە. فەیلەسوفەکان پێمان دەڵێن ئێمە لەناو زماندا دەژین نەک لەناو جیهاندا. جیهانی دەرەوە تەنها وێنەیەکی خاوە، تەنها کاتێک وشەمان بۆی دۆزییەوە، مانای تێدا دروست دەبێت. کاتێک بێدەنگی دەشکێنین، خەریکی ڕێکخستنی گەردوونین لەناو مێشکماندا. ئەگەر زمان نەبوایە، ئەقڵی مرۆڤ وەک زیندانێکی تاریک دەبوو هیچ چرایەکی تێدا دانەدەگیرسا. زمان دەسەڵاتی بە مرۆڤ بەخشی تێگەیشتنەکانی لە بازنەی جەستەی خۆی بباتە دەرێ و بیگەیەنێتە بەرامبەرەکەی. ئەمە گەورەترین پەرجووە لە مێژووی ژیاندا ڕووی دابێت، چونکە لێرەوە من و تۆ تێگەیشتنێکی هاوبەشمان بۆ ئێمە دروست کرد.
دوای قۆناغی دەسپێکی ئاخاوتن، مرۆڤ هەنگاوێکی تری هاویشت بەرەو نەمری، ئەویش داهێنانی نووسین بوو. ئەگەر زمان دەنگی گواستبێتەوە بۆ گوێی هاوچەرخەکان، ئەوا نووسین مێژووی گواستەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو. یەکەمین نیشانەکان لەسەر دیوارەکان و دواتر لەسەر تابلۆ قوڕەکان، تەنها وێنە نەبوون، بەڵکو هەوڵێک بوون بۆ ڕاگرتنی کات. مرۆڤ نەیدەویست زانیارییەکان بمرن؛ دەیویست ئەوەی لە مێشکیدایە وەک میراتێکی هەمیشەیی بمێنێتەوە. لێرەوە شارستانییەتە گەورەکان دروست بوون. یاسا و شیعر و فەلسەفە لە ڕێگەی نووسینەوە بوونە بناغەی ژیانی کۆمەڵایەتی. زمان لەم قۆناغەدا لە ئامرازێکی سادەی پەیوەندییەوە بوو بە پارێزەری گەورەترین دەستکەوتەکانی مرۆڤایەتی.
لە سەردەمی نوێدا، زمان بووەتە هێزێکی گەورەتر لە جاران. ئێستا زمان تەنها بۆ قسەکردن نییە، بەڵکو ئامرازێکی سیاسی، ئابووری و زانستییە. ئەو نەتەوانەی زمانی خۆیان پشتگوێ دەخەن، لە ڕاستیدا هۆشیاریی خۆیان بۆ داهاتوو لەدەست دەدەن. لەم سەردەمی تەکنەلۆژیایەدا، ئامادەبوونی زمان لەناو فەزای دیجیتاڵیدا، گەرەنتی مانەوەی ئەو زمانەیە. فێربوونی زمانە بێگانەکان پێویستە بۆ گەیشتن بە زانست، بەڵام پێویستە ئەمە نەبێتە هۆی لاوازکردنی زمانی دایک. مرۆڤی سەردەم پێویستە وەک چۆن هەوڵی نوێکردنەوەی ژیانی دەدات، ئاواش هەوڵی دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی وشەکانی بدات تا بتوانێت گوزارش لەو هەستە ئاڵۆزانە بکات لەناو جیهانی مۆدێرندا دروست دەبن.
لە ڕاستیدا پاراستنی زمان ئەرکێکی ئاکاریی و نەتەوەییە. لەم سەردەمەدا جیهانگیری هەموو شتێکی تێکەڵ کردووە، زمانە ڕەسەنەکان کەوتوونەتە ژێر هەڕەشەیەکی گەورەوە. کاتێک وشەیەکی ڕەسەن لەناو دەچێت و وشەیەکی بێگانە جێگەی دەگرێتەوە، تەنها دەنگێک ناگۆڕێت، بەڵکو پارچەیەک لە ناسنامە و مێژووی ئێمە دەسڕێتەوە. زمان ماڵە گەورەکەی مرۆڤە و هەموو نەتەوەیەک لەناو زمانی خۆیدا هەست بە ئارامی و بوونی خۆی دەکات. بۆیە پێویستە لە نووسین و ئاخاوتنی ڕۆژانەماندا، بەوپەڕی وەفادارییەوە مامەڵە لەگەڵ وشەکاندا بکەین و ڕێگە نەدەین ڕەسەنایەتییان لەدەست بدەن. زمانی زیندوو، ئەو زمانەیە بەردەوام توانای نوێبوونەوەی هەبێت بێئەوەی ڕابردووی خۆی فەرامۆش بکات.
لەکۆتاییدا دەبێت بڵێین زمانیش وەک مرۆڤە؛ لەدایک دەبێت، گەورە دەبێت، گەشە دەکات و ئەگەر خاوەنی نەبێت، بێهێز دەبێت و دەمرێت. دەسپێکی زمان، جەژنی سەرکەوتنی مرۆڤە بەسەر بێدەنگی و نەزانیندا. ئەمە ئەو کلیلە بوو دەرگای هەموو زانستەکان و هونەرەکانی بۆ کردینەوە. هەر وشەیەک دەینووسین یان دەیڵێین، وەک ئەوە وایە مۆمێک لەناو تاریکییەکانی مێژوودا دابگیرسێنین. با پارێزەری ئەو ڕووناکییە بین و نەهێڵین باهۆزی زەمانە و تێکەڵبوونی بێسەروبەری زمانەکان، شکۆ و جوانیی ئاخاوتنی ڕەسەنەکەمان بشێوێنێت.




کتێب\ ئیسلام و گڵۆباڵیزم.. د. محەمەد ئارکۆن.. وەرگێڕانی: نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




کتێب\ ئیسلام و عەلمانییەت.. د. محەمەد ئارکۆن.. و: نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




ئێستێتیکی فریدریش شیلەر- بەشی دووەم- کاوە جەلال

(2)

-2 کلاسیکی ڤایمار

ئەدەبی کلاسیکیی ئەڵمانی لە ڕووی مێژووییەوە دەخرێتە نێوان ساڵی گەشتەکەی گوێتە بۆ ئیتالیا (1786) و مردنی (1832)، هەروەها ناودەنرێت کلاسیکی ڤایمار، چونکە زۆرینەی نووسەرانی لەو شارە نیشتەجێ بوون و گرنگترینیان بریتی بوون لە: یۆهان ڤۆڵفگانگ فۆن گوێتە، فریدریش شیلەر (ئەم لە یێنا دەژیا کە بیست کیلۆمەتر لە ڤایمارەوە دوورە)، یۆهان گۆتفرید فۆن هێردەر و کریستۆف مارتین ڤیلاند. وەلێ گوێتە و شیلەر دیارترین نووسەری ئەدەبی کلاسیکیی ئەڵمانین.
تێگەی کلاسیک لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ „کلاسیکوس“ی لاتینی کە واتاکەی بریتییە لە: باڵاترین توێژی (کڵاسی) جڤاک. ئەم توێژە لە دەوڵەتی ڕۆمدا کەسانی دەوڵەمەند و نموونەیی لە خۆ دەگرت کە هاوکات لە باڵاترین ئاستی زەریبەداندا دانرابوون. واتای دیکەی تێگەکە، بەتایبەتی پەیوەند بە ئەدەب و هونەرەوە، بریتییە لە: نموونەیی، هەردەم هەنووکەیی. بێگومان گەرەکە جارێ لەم جێیەدا ئاماژە بۆ ئەوە بدەین، کە گرێدانی ئاوەڵناوی „کلاسیکی“ بە کارەکانی نووسەرانی ڤایمارەوە ناگەڕێتەوە بۆ ئەوان خۆیان، بەڵکو سەدەی نۆزدەیەم لە ڕەوتی „بزاوتی نەتەوەیی“ ئەڵمانی و شکۆفەی گێرمانیستیکدا (زانستی زمان و ئەدەبی گێرمانی) سەریهەڵدا. توێژەرانی گێرمانیستیک ویستیان قۆناغی کارکردنی نووسەرانی ڤایمار، بەتایبەتی گویتە و شیلەر، دیاری بکەن، لێرەشدا بۆ بەرهەمەکانی ئەوان ناوی کلاسیکیان هەڵبژارد، واتا: ئەو بەرهەمانە هەردەم هەنووکەیین، کۆننەبوون. بێگومان گەرەکە لێرەدا هەروەها ببێژین، کە خودی گوێتە و شیلەر کلاسیسیستن، چونکە ئەوان ئەدەب و هونەری هارمۆنیانە داڕێژراوی ئەنتیکە وەک نموونەی ئیدیالی داڕشتنی هونەرییان وەردەگرن.
ئێمە گەرەکە بۆ تێگەیشتن لە تایبەتمەندیی ئەدەبی کلاسیکیی ئەڵمانی سێ توخم دیاری بکەین: 1) ئەدەبی „هێرش و پاڵنان“ (1765-1790)، 2) بزاوتی ڕۆشنایی (1720-1790) و 3) شۆڕشی فەڕەنسی (1789).
1) دراماکەی فریدریش ماکسیمیلیان کلینگەر بە ناونیشانی „هێرش و پاڵنان“(1) کە ساڵی 1777 بڵاوکرایەوە، بوو بە ناوی ئەو قۆناغە ئەدەبییە ناوبراوە. کلینگەر لەو کارەیدا وەک نووسەرێکی یاخی دیاردەدات کە سۆزمەندانە جیهانی هەستەکانی خۆی دادەڕێژێت و دەنگ هەڵدەبڕێت بۆ یاخیبوونی تاکەکەس لە نەریتە جڤاکییەکان. تاکەکەس گەرەکە لە پێوارە چەسپێنراوەکان لابدات و بۆ ئازادی و خودبەدیهێنان تێبکۆشێت. وەلێ کلینگەر بە هەڵوێستی جەختکردن لە هەستەکێتی هاوکات یاخی دەبێت لە بزاوتی ڕۆشنایی کە هەست و سۆزی لەژێر سەروەریی ئاوەزدا دادەنا. بەگشتی بڕوانین، ئەوە یاخیبوونی هەڵبەستڤانانی گەنج بوو لە نەوەکانی ڕابوردوو، ئەم گەنجانە ئێستا بەگوێرەی تێگەیشتنیان بۆ ئەدەب و هونەر دەیانەوێت «… وازبهێنن لە ڕێسا باوەکان کە بەتایبەتی لە فەڕەنسا هێشتا هەر ڕێزیان لێدەنرا»(2)، ئەوان ئێستا دەخوازن »ئۆتۆنۆمییەکی ئێستێتیکی بە سەردەم بدرێتەوە کە بەهۆی سەروەریی کولتووریانەی فەڕەنساوە لەدەستچووبوو (…)، هەر بەگوێرەی ئەوەش دروشمە نوێکان لە هەژانی ئاگامەنددا بەرانبەر تێگە دێرینە ڕێنوماییەکان دانرابوون: ئێستا ژێنی (بلیمەت) وەک لەبریی بۆ ئەو ڕێسا بەندکارانە دادەنرێت کە دەبوو سەرەتا هەڵبەستڤانێکی چاک فێریان ببێت«؛ کەواتە ئێستا کەسێتییەک وەک بنەڕەتی ئافراندن وەردەگیرێت کە »… لە سروشتەوە دەزانێت وروژێنەرانە بهۆنێتەوە، بەو هۆیەشەوە مافی هەیە سەربەخۆ سەرپێچیی نەریتەکان بکات«(3). لەم ڕوانگەیەوە بلیمەت هێزی ئافراندنی خۆی، هەروەها ڕەسەنێتی و ئینتوئیسیۆن (حەدەس، نەزەری ڕوون و ئاشکرا، ئیلهام) بەهەند وەردەگرێت نەک پابەند بێت بە ڕێسای چەسپێنراوی ئەدەبی یان هونەرییەوە؛ ئەو هەروەها هەست دەخاتە سەرووی ئاوەزەوە و جەخت لە سروشتێتی و ئاوەڵابوونی سەبژێکتیڤی دەکات.
یاخیبوونی گەنجان لە ڕێنوماکانی کردار و هۆنینەوەی ئەدەبی، لە „ژۆرنالی گەشتەکانم“ی یۆهان گۆتفرید ‌هێردەردا (ساڵی 1769) ئاشکرا دەبێت:
«من بەدڵی خۆم نەبووم، نە وەک کەسی جڤاکی لەو نێوەندەدا کە من تێیدا بووم و نە لە خۆداخستندا کە بە خۆمم دابوو؛ من وەک مامۆستای فێرگە بەدڵی خۆم نەبووم، کایەکە بۆ من زۆر تەنگ بوو، زۆر نامۆ بوو، زۆر نەگونجاو بوو، من خۆیشم بۆ ئەو کایەیە زۆر دوور و نامۆ و سەرقاڵ بووم؛ من وەک بیورگەر (بۆرژوا) بەدڵی خۆم نەبووم، چونکە جۆری ژیانی خانەوادەییم سوودی جددیی کەم بوو و ئارامییەکی تەمەڵ و زۆر جار قێزەوەنی هەبوو؛ لە کۆتاییدا من زۆر کەمتر وەک نووسەر بەدڵی خۆم بووم، ئەوە کاتێک من باسوخواسێکی ئەوتۆم وروژاندبوو کە چە بۆ ستاندەکەم زیانبەخش بوو و چە بۆ کەسی خۆم هەستیار بوو. کەواتە من هیچم بەدڵ نەبوو. وەلێ من بوێری و هێزم نەبوو تا هەموو ئەم دۆخە نالەبارانە تێکبشکێنم و ڕێژینێکی دیکە بگرمە بەر«(4).
2) بڕوای بزاوتی ڕۆشنایی بەگشتی ئەوە بوو کە مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی سروشتی دەتوانێت بە توانستی ئاوەز باڵاترین فۆرم بەدیبهێنێت، وەلێ هاوکات بۆ ئەم مەبەستە پەروەردەی کولتووری و ئێستێتیکی بە پێویست دادەنێت. ئەدەبی کلاسیکیی ئەڵمانی پابەند دەمێنێتەوە بە ئیدیالەکانی بزاوتی ڕۆشناییەوە، وەلێ هاوکات پەرەی پێدەدات، ئەویش بە پێکەوەگرێدانی ئاوەز و هەست، کەواتە ئیدێکانی بزاوتی ڕۆشنایی و ئەدەبی هێرش و پاڵنان تێکهەڵکێش دەکات. بەڵێ، تەنانەت خودی گوێتە و شیلەر، هەردوو هەڵبەستڤانە مەزنەکەی کلاسیکی ڤایمار، لە گەنجێتییاندا سەر بە ئەدەبی هێرش و پاڵنان بوون. بۆ نموونە ڕۆمانەکەی گوێتە بە ناونیشانی „موئاناتەکانی ڤێتەری لاو“، هەروەها درامای „جەردەکان“ی شیلەر، سەر بەم ئاڕاستە ئەدەبییەن. ئەوان هێدی هێدی لە خۆیەتیی سۆزمەندەوە کە مۆرکی هێرش و پاڵنان بوو، وەرچەرخان ڕووەو پرنسیپەکانی ڕۆشناییەکان کە بریتی بوون لە ئاوەز، لێبوردەیی، هومانیزم و کۆشش بۆ پەروەردە، بێگومان بەبێ ئەوەی دەستبەرداری هەستەکێتی ببن. بۆ ئەوان جوانێتی، واتا ئەدەب و هونەر، دەبن بە دەستوێژی پەروەردەی مرۆڤ (کە لە خوارەوە بەڕوونی لای شیلەر دەیبینین). لەم ڕوانگەیەوە نووسەرانی کلاسیکی داوا دەکەن کە پێویستە نووسەر “وەک نووسەر” بەرپرسیاریی مۆرالی و سۆسیال وەربگرێت، ئاخر لەبەر ئەوەی مرۆڤ لە سروشتەوە بەتوانایە بۆ فێربوون، ئەوا گەرەکە نووسەران و هونەرمەندان ببن بە مامۆستای خەڵک، ئەمەش بەواتای، ئەوان هونەر و جوانی وەک دەستوێژی پەروەردەکردنی مرۆڤان دادەنێن تاکو بییانگەیەنن بە مرۆڤپەروەری. وەلێ ئەم هەڵویستەی نووسەران ئەنگاژمۆ (ئیلتیزام) نییە، بەڵکو ئەوان شۆڕشی ئێستێتیکی دەهێننە پێشخانی بەرپرسیاریی نووسەر و هونەرمەندەوە. ئێمە بۆ تێگەیشتن لەم هەڵوێستە ئێستێتیکییەی نووسەرانی کلاسیکی گەرەکە ڕووبکەینە کاریگەرییەکی دەرەکی لەسەر ئەوان کە شۆڕشی فەڕەنسییە.
3) شۆڕشی فەڕەنسی کۆتایی هێنا بە شانشینیی ئەبسۆلوتیستی، وەلێ بەدوویدا ناسەقامگیریی سیاسی هات و لەژێر دەسەڵاتی تێرۆری ژاکۆبییەکانی ڕۆبسپیار و سان ژەستدا گەیشت بە لوتکە، لە کۆتاییشدا بە کایزەرێتیی ناپۆلیۆن بۆناپارت کەوتەوە. ئازادی و یەکسانی و برایەتی، کە ئیدیالی شۆڕشی فەڕەنسی بوون، وەک ئیدێ واتای ڕێنوماییان بۆ ئەو سەردەمە وەرگرت. وەلێ نووسەرانی کلاسیکی ڤایمار دەسەڵاتی تێرۆری ژاکۆبییەکانیان بە پاشەکشە لەو ئیدێیانە دانا. بۆ نموونە شیلەر دەستبەرداری ئیدێکانی شۆڕشی فەڕەنسی نابێت، هەروەها دەوڵەتی ئاوەز کە ئیدیالی ئەو شۆڕشە بوو، هەر ئیدیالی ئەو دەمێنێتەوە، وەلێ لەژێر کاریگەریی ڕوداوە خوێناوییەکانی شۆڕشدا دەگات بەو باوەڕە کە دەبێت بۆ ئەو مەبەستە ڕێگەیەکی دیکە بگیرێتە بەر: پەروەردەی ئێستێتیکیی مرۆڤ، واتا ئەو مرۆڤە کە لە خۆی نامۆبووە، ئەمەش لای شیلەر بەواتای: مرۆڤ دابەشیوە بەسەر ڕەمەک و ئاوەزدا. یەکخستنەوەی مرۆڤ، یان ئاشتکردنەوەی مرۆڤ لەتەک کرۆکی سروشتییانەی خۆیدا کە بەئاشکرا کاریگەریی ڕوسۆیە لەسەر ئەو، گەرەکە لە هونەردا و هەروەها بەڕێی هونەرەوە بهێنرێتەوە دی، بەوەش هارمۆنی لە نێوان تاکەکەس و جڤاکدا چێبکرێت. لە کاری هونەریدا گەرەکە کەتوارێکی دیکەی جیاواز لە کەتواری بەرجەستەی جیهان بسازێنرێت، شۆڕش گەرەکە ئێستێتیکی بێت لەدژی چێژی خەڵک بەگشتی.
ئەو سێ توخمە دیاریکراوەی سەرەوە بنەڕەت و پاڵهێزی یاخیبوونی نووسەران بوون. وەلێ ئەوان هاوکات ئەدەب و هونەری ئەنتیکە (لە ڕووی مێژووییەوە دەکەوێتە نێوان 800 پێش زایین و 600 پاش زایین) وەک نموونە بۆ ئافراندنی خۆییان وەردەگرن. مۆرکی سەرەکیی کارە هونەرییەکانی ئەنتیکە بریتی بوو لە „سەرجەمێتی“ یان „داخراوی“، جوانییەکەشیان لە هارمۆنی و سادەیەتی و مەزنیی خامۆشدا دەردەکەوت. هەر پابەند بەم نموونە بنەڕەتییەوە نووسەرانی کلاسیکی دەخوازن هارمۆنی لە نێوان هەست و ئاوەزدا بهێننە گۆڕێ پێکەوە لەتەک کۆششدا بۆ هومانێتی و کامیلێتی. بێگومان نووسەران نایانەوێت لاسایی ئەو هونەرە بکەنەوە، بەڵکو „پەرەپێدانی مۆدێرن“ی هونەرەکە دەبێت بە ئامانجیان. هونەری ئەنتیکە بۆ ئەوان بەتایبەتی بەڵگەیە بۆ ڕەسەنێتیی فۆڕم، وەلێ ئێستا دەبێت پابەند بە مەرجەکانی سەردەمی خۆیانەوە واتای دیکەی پێبدرێت. بە تێڕوانینی ئەوان، بێگومان لە ئاگاییانەوە بۆ فۆرم کە لە باڵاترین ڕادەدا گۆڕانی پێدەدەن، هونەر ئۆتۆنۆمە و بۆ خۆی گەردوونێکی ئۆتۆنۆم چێدەکات کە هاوکات کردەکێتییەکی (ئەکتوالێتییەکی) خۆیی هەیە و دەتوانێت بەو ڕێیەوە کاریگەری لەسەر مرۆڤان بنوێنێت.
بەکورتی: مۆرکەکانی کلاسیکی ڤایمار بریتین لە: هارمۆنی، ئازادیی خوددیاریکردن (ئۆتۆنۆمی)، مرۆڤپەروەری و جوانی. ئیدیالی „مرۆڤی جوان“، یان کامیلبوونی مۆرالی و ئێستێتیکیانەی تاکەکەس، گەرەکە بە پەروەردە و کولتوور بەدیبهێنرێت، وەلێ ئەوە تەنیا ژێنییە (بلیمەتە) کە لەتوانایدایە هونەری ڕاستینە بئافرێنێت، لێرەشدا سروشت، وەک ئەوبەرەکەی ژیاری، دەبێت بە سیمبۆلی ئازادیی نێوەکی و دەرەکی. وەلێ ئێمە لێرە وێنەدانەوەی یان لاساییکردنەوەی سروشتمان نییە وەک لە ناتورالیزمدا کە بۆ نموونە شیلەر بەتوندی ڕەتی دەکاتەوە. دانانی ئەدەب و هونەر لەژێر ڕکێفی یاساکانی سروشتدا ئەو واتایە دەگەیەنێت کە ئەوە هونەرمەندە بڕیار دەدات داخۆ چی جوان بێت. شیلەر لەتەک کانتدا هاوڕایە کە خودی ژێنی سروشتە و نائیفانە (سروشتییانە) دەئافرێنێت: «هۆنەری نائیف (Naiv) خۆی سروشتە و لاسایی سروشت دەکاتەوە. ئەو ڕاستەوخۆ یەکگرتۆوەیە لەتەک ئەو کردەکێتییەدا کە خۆی دەیەوێت دایبڕێژێت، بۆیە ئەو بەگوێرەی یاساگەلی ئاگالێنەهاتوو (کەواتە نەک ئاگامەندانە – ن)، وەلێ هەردەم ئۆبژێکتیڤی، کاردەکات. ئەوە خودی بابەتە داڕێژراوەکانن کە ڕەوتی داڕشتن بۆ ئەو دیاری دەکەن (…)، هەروەها ئەوە ئیدێکانی ئاوەزن کە بەڕێیانەوە جۆری داڕشتن وەک ڕێنوما دادەنرێت، کە ئیدی هۆنەر کەمتر کردەکێتی، بەڵکو پتر ئیدیال دادەڕێژێت«(5). جوانیی هونەر لەم ڕوانگەیەی کارایی ژێنییەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئینتوئیسیۆن وەک بەهرەیەکی سروشتی، بەمەش کاری هونەری هاوکات دەبێت بە بەرهەمی سروشت.
کەواتە نووسەرانی کلاسیکی لەو سەردەمە شێواوەی شۆڕش و ناکۆکیی تەنییەوەی جڤاکیدا هارمۆنی بە تاکە مەرهەمی دەروون دادەنێن، لێرەشدا ئێمە دەبینین کە بۆچی نوسەرانی ئەنتیکە دەبن بە نموونەی داڕشتنیان: تەنیا ئەوان کاتی خۆی بەڕاستی زانیبوویان هارمۆنی دابڕێژن. ئەوە کە بە بەردیدی کلاسیکییەکانەوەیە، مرۆڤی ئیدیالە کە تەواو جیاوازە لە مرۆڤی کەتوار، واتا لەو مرۆڤە کە بە تێڕوانینی شیلەر یان لەژێڕ ڕکێفی هەست و سۆزدایە و بەوەش وەحشییە، یاخود پابەندی ئاوەزە و بەوەش بەڕبەڕە. وەلێ کاتێک مرۆڤ (خوێنەر، لێڕوانەر) لە داڕێژراوە ئەدەبی و هونەرییەکاندا ئەزموونی جوانێتی و کامیلێتی دەکات، ئیدی بە ئارامیی دەروون دەگات و کەتواری شێواوی لەبیردەچێتەوە. بۆیە دەشێت نووسەر وەک وەرگری بەرپرسیاری ببێت بە پاڵهێزی گەیشتنی خوێنەران و لێڕوانەران بە مرۆڤپەروەری. ئێستا جوانی، ئەدەب و هونەر، دەبێت بە نێوەندیاری ڕاستی، وەلێ ئەوە جوانێتییەکە کە پابەندی ئیدیالەکانە. هەروەها داڕشتنی ئەم جوانێتییە تەنیا کاتێک سەردەگرێت، گەر وازبهێنرێت لە هەر ئەنگاژمۆیەکی (ئیلتیزامی) سیاسی. ئاخر ئەنگاژمۆ هەڵوێستێکی لایەنگرانەیە، „لایەن“گریش وازهێنانە لە هەمەکێتی (تۆتالێتی). لەم ڕوانگەیەوە ئەدەب و هونەر خۆیان مەبەستن نەک مەبەستی دەرەکییان هەبێت.

(تێبینیی نووسەر: لەتەک بڵاوبوونەوەی دوا بەشدا پەراوێزەکانی دیکە و لیستی سەرچاوەکان دادەنرێن)




رۆمانی كاتێك‌ ئەتڵەس شانه‌كانی هه‌ڵته‌كاند.. ئاكۆ عه‌بدوڵڵا

جیهانێك بۆ ململانێی له‌پێناو گه‌شه‌پێدان و چه‌قبه‌ستوویی‌

ئاین راندی رۆماننووس و سیناریۆنووس و فه‌یله‌سوف و شانۆنووس، به‌ناودارترین تیۆرداڕێژه‌ری هزری (بابه‌تگه‌ری) داده‌نرێت. وه‌ك رۆمانووسێكی سه‌نگینیش خاوه‌ن ستایلی ره‌وان و ئه‌ندێشه‌ی سه‌ركێش بوو. ساڵی 1957رۆمانی (كاتێك ‌ئەتڵەس شانه‌كانی هه‌ڵته‌كاند‌ Atlas Shrugged) بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ناوه‌رۆكه‌كه‌ی له‌شێوه‌ی ئه‌ندێشه‌ی زانستی و نهێنی و ڕۆمانسی و چه‌شه‌ی فەلسەفییانه‌یه. درێژترین ڕۆمانیشیه‌تی. ره‌نگدانه‌وه‌ی ته‌نگژه‌ ئابوورییه‌كان و گرفتی دۆزی وزه‌یه‌‌. هاوكات رۆمانێكی ته‌شویقییه‌ و رازی تاوانی كوشتنیشه‌، كوشتنی گیانی مرۆڤ له‌سه‌ر ده‌ستی رۆشنبیری به‌كۆمه‌ڵ. مانگرتنی خاوه‌ن كارگه‌كان و به‌گه‌ڕخه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌. وێنه‌یه‌كی ئاڵۆز و كێشنده‌ی گه‌نده‌ڵی و ئابووری و سیاسی و ئه‌خلاقییه‌ كه ‌له (ته‌بایی) نێوان حكومه‌ت و بزنسمانه‌كان دێته‌ ئارا. تێیدا ئاین راند وێنه‌ی شاره‌ خوازراوه‌كه‌ی (یۆتۆبیا)ی له‌دۆڵی گالت كێشاوه‌ وه‌ك (كۆمه‌ڵه‌یه‌كی خۆبه‌خشی له‌نێوان خه‌ڵكی كه‌ ته‌نیا به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تییان به‌یه‌كه‌وه‌ كۆیان ده‌كاته‌وه، به‌بێ هیچ رێكخستنێكی فه‌رمی‌). هه‌روه‌ها تێیدا به‌رگری له‌تاكبوونی مرۆڤ و سه‌ربه‌خۆبوون و بیرۆكه‌ی به‌رهه‌مهێنان كردووه‌ كه‌ به‌رده‌وامبوون و پێشكه‌وتن به‌كۆمه‌ڵگه‌ ده‌به‌خشی. واتا ته‌نیابوونی مرۆڤ و سه‌ربه‌ست بوونی ئه‌و ئایدیایه‌ به‌ده‌ستهاتووه‌ی كه‌ به‌رده‌وامی و پێشكه‌وتن به‌كۆمه‌ڵگه‌ ده‌به‌خشێ. له‌ناو رووداوه‌كانیشدا ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه‌ پێشكه‌وتن و به‌رهه‌مهێنانی ناو كۆمه‌ڵ پێویستی به‌عه‌قڵیه‌تییه‌كی بابه‌تییانه‌ و به‌ها بۆداڕێژراو و نموونه‌یه‌كی دوور له‌ده‌سه‌ڵاتی سه‌پێنراوه‌ی نه‌زانانه‌ هه‌یه‌. ئه‌وه‌ش به‌دیارده‌خات له‌خۆبردوویی سه‌ره‌تا ده‌بێته‌ هۆی داڕمانی مرڤ و دواتر كۆمه‌ڵگه‌. تێیدا ‌جیهانێك ده‌بینین به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كانی له‌به‌رهه‌م ده‌وه‌ستن و مانده‌گرن له‌كاردا بۆ ئه‌وه‌ی له‌هه‌موو شوێنێك ئاژاوه‌ سه‌رهه‌ڵبدات و خه‌ڵكیش هۆشیان له‌ده‌ستبده‌ن به‌وه‌ش راكه‌ راكه‌ی خه‌ڵكی بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان خێراتر ده‌بێت. هەرچەندە ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە لەشاری نیویۆرکه‌، بەڵام نووسه‌ر کاتی بۆ دیاری نەکردووە، بۆ ئەوەی جەخت لەسەر ئەو بیرۆکەیە بکاتەوە پەیوەندی بەقۆناغێکی دیاریکراو نییە. تێیدا ده‌بینین له‌شوێن کۆنگرێس (دەسەڵاتی یاسادانانی نیشتمانی) و لەبری سەرۆکیش (گه‌وره‌ی دەوڵەت) هەیە. خاوەن کارە تایبەتییەکان بەدەست یاسای ئارەزوومەندانە و ڕێسای خنکێنەر دەناڵێنن. كاره‌كته‌ره‌كانی دوو گروپی ته‌واو جیای ناو كۆمه‌ڵگه‌ن. گروپی یه‌كه‌م كه‌سانی هۆشدار و به‌رهه‌مهێنی لایه‌نه‌ جۆراوجۆره‌كانی ژیانن كه‌. گروپه‌كه‌ی دیكه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ تانه‌ له‌خاوه‌ن هۆش و داهێنه‌ران ده‌گرن، ئه‌وانه‌ی له‌به‌رده‌م ره‌وڕه‌وه‌ی پێشكه‌وتن وگه‌شانه‌وه‌ی ژیان له‌مپه‌رن. لەنێویاندا داگنێ تاگارتی بەڕێوەبەری هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر هه‌یه‌ كه‌ هێله‌كه‌ی له‌باوك و باپیریه‌وه‌ بۆ جێماوه‌ و به‌رده‌وامیش هه‌وڵی گه‌شه‌پێدانی ده‌دات. هانک ڕیاردنیی سه‌رمایه‌داریش هه‌وڵی داهێنانی پێكهاته‌یه‌كی نوێ بۆ ئاسنی جۆش ده‌دات تاكو به‌تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ركه‌به‌ری به‌رهه‌مهێنراوی هاوشێوه‌ی ناو بازاڕ بكات. ئه‌وان‌ خەبات دەکەن بۆ بەرگریکردن لەسەرمایەکەیان لەبەرامبەر دزەکان کە هەوڵدەدەن بەرهەمی کارەکانیان تاڵان بکەن. هاوكات بارودۆخی ئابووری ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خراپتر دەبێت. دواتر تێدەگەن کە کەسێكی نهێنی هەیە بەناوی جۆن گالت کە خاوەن سەرمایەکان هاندەدات بۆ وازهێنان لەکۆمپانیا و وەبەرهێنانەکانیان كه‌ ئه‌وه‌ هەوڵه‌ بۆ لێدانی تاکە بەرهەمدارەکان لەکار و دژایەتیکردنی دزه‌كان. جۆن گالتی سه‌ركرده و قسه‌كه‌ر به‌ناوی بابه‌تگه‌ری و ده‌سته‌كه‌ی، راده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ت ئۆردوگایه‌ك دامه‌زرێنن كه‌ ئازادی تێدا هه‌بێ بۆ داڕێژتنی یاسا تایبه‌تییه‌كانیان. گالت ئه‌وه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ هیچ ئه‌ركێكی به‌رامبه‌ر ئه‌وانی دیكه‌ هه‌بێت و پێشبینی هیچ ئه‌ركێكی ئه‌وانیش له‌به‌رامبه‌ر خۆی ناكات. له‌كۆتایی رووداوه‌كان بیرمه‌ندان سه‌رده‌كه‌ون دوای ئه‌وه‌ی ته‌واو پابه‌ندی ئه‌وه‌ ده‌بن له‌پێناو نه‌یاره‌كانیان نه‌ژین. شایه‌نی باسه‌ ناوه‌رۆكی ئه‌و رۆمانه‌ تا ئێستا فیلمێكی سێ به‌شی لێداڕێژراوه‌ كه‌ جون بوتش ده‌ریهێناوه‌.
ئەتڵەس لەئەفسانەی یۆنانیدا، بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ سزای هەڵگرتنی قوبە ئاسمانییەکەی بۆ دەرچووە. لێرەوە ڕۆمانەکە پرسیاری ئەوە دەکات، ئەگەر ئەتڵەس بڕیار بدات شانەکانی هەڵبکێشێت و ئاسمان بکەوێتە خوارەوە، چی ڕوودەدات؟ کەواتە چی ڕوودەدات کاتێک ئەندامانی بەرهەمهێنی کۆمەڵگا دەستبەرداربن و دەست لەڕۆڵی خۆیان هەڵبگرن؟ به‌جۆرێكی دیكه‌ پێمان ده‌ڵێت چۆن پێویستیمان به‌میتۆدێكی فه‌لسه‌فی سه‌خت هه‌یه‌ تاكو گیان له‌نوێ بێته‌وه‌ بوون و بونیاتی جیهان بكه‌ینه‌وه‌.
له‌و به‌رهه‌مه‌یدا ئاین راند پشتیوانی خۆی بۆ عەقڵانییەت و تاکگەرایی و سەرمایەداری بازاڕی ئازاد و پێشبڕكێیه‌كان دەربڕی و دووپاتیشی كرده‌وه‌ گەشەکردن و بەرهەمهێنان لەکۆمەڵگادا پێویستی بەعەقڵانییەتی بابەتی هه‌یه‌. شایانی باسه‌ كاریگه‌ری ئه‌و رۆمانه‌ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مه‌ریكی هێنده‌ فراوانه‌ ده‌ڵێن گه‌وره‌ كۆمپانیاكان ئه‌ندامییه‌تی هیچ كه‌سێك قبوڵ ناكه‌ن گه‌ر پێشتر ئه‌و رۆمانه‌ی نه‌خوێندبێته‌وه‌. له‌ڕاپرسییه‌كی كتێبخانه‌ی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكیش، دوای ئینجیل به‌پله‌ی دووه‌م هات وه‌ك كتێبێك كه‌ زۆرترین كاریگه‌ری به‌سه‌ر خوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكی هه‌بێت.

ئاكۆ عه‌بدوڵڵا
———————————-

نووسه‌ر له‌چه‌ند دێڕیكدا:

  • ئه‌لیسا زینۆڤیڤنا رۆزنباوم، ناسراو به‌ئاین راند رۆژی 2 ی شوباتی ساڵی 1905 له‌شاری سانت پیته‌رسبورگی رووسیای قه‌یسه‌ری ئه‌وسا هاته‌ دنیا.
  • له‌كاتی شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 1917 خێزانه‌كه‌ی ئازاری زۆریان چێژت. بۆلشه‌فییه‌كان ده‌ستیان به‌سه‌ر ده‌رمانخانه‌كه‌ی باوكیدا گرت و ناچاربوون بۆ قرم (ئۆكرانیا) رابكه‌ن.
  • ساڵی 1921 له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی گه‌ڕاوه‌ شاری سانت پیته‌رسبورگ و چووه‌ زانكۆ.
  • ساڵی 1924 له‌ (په‌یمانگه‌ی هونه‌ری سینه‌مایی) خوێندی.
  • 1926 له‌ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا نیشته‌جێ بوو. ئه‌مه‌و ئاره‌زووی نووسین له‌بواری سینه‌ما به‌ره‌و هۆلیود كێشی كرد و كۆمه‌ڵێك سیناریۆی بۆ فلیم داڕێژت.
  • رۆمانه‌كانی (ئێمه‌ زیندووین)، (سروود)، (كانی) و چه‌ندان كتێبی دیكه‌ی نووسیوه‌ له‌وانه‌: (فه‌زیله‌تی خۆپه‌رستی)، (بۆ رۆشنبیری نوێ)، (سه‌رمایه‌داری: ئایدیای نه‌ناسراو)، (مانیفێستی رۆمانسییه‌ت)، (چه‌پی نوێ: شۆڕش دژی‌ پیشه‌سازی )، (پێشه‌كی بۆ زانستناسی بابه‌تی)، (فه‌لسه‌فه‌: كێ پێویستی پێیه‌).
  • ساڵی 1982 به‌نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ كۆچی دوایی كرد.



برایەتی گەلان بوو یاخود چی؟.. رۆمان ئامینە

لای بەشێک لە کوردستانیان ئەو ئاڵنگاریانەی ڕووبەڕووی ستاتۆی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بوونەوە بەهۆی چیەتی چەمکی برایەتی گەلانەوە بوو کە بووە هۆی کەڵکئاوەژۆی گرووپ و خێڵە عەرەبیەکان و هەڵگەڕانەوەیان. لای خێڵە عەرەبەکانی ڕەقە و دێرەزووریش کە بوونیادێکی کۆمەڵایەتی ئەبستراکت و دواکەوتوویان هەیە، بوونی ئەنجومەنە مەدەنیە عەرەبیەکانی ئەو ناوچانە شتێکی کارتۆنی بوون و بڕیار لە دەستی سەرانی کوردی حەسەکە-قەندیلدابوو. سا لە ڕاستیدا هەردوو بۆچوونەکە ڕواڵەتی و کورتبینانەیە و ناتوانێت وەڵامدەری ئەو پرسە بێت. لە ڕاستیدا ئەو ئاڵنگاری و پاشەکشانە بەهۆی ناوەڕۆکی ئەو پڕۆژەیەوە نەبوو کە خۆی لە برایەتی گەلاندا مانەفێست دەکرد، چونکە هەر لە بنەڕەتەوە کورد دەبوو لەژێر باندۆری بانگەشەیەکی تاکتیکیدا حوکمی ئەو ناوچانە بکات کە خۆی لە بانگەشەی برایەتیدا دەبینێتەوە. بە تایبەت کە سیستمی جیهانی بە هیچ جۆرێ ڕێگە نادات کە کورد لەژێر بەیداخی ناسیۆنالیستیدا بێتە مەیدان و خەبات بکات، چونکە ئەو سیستمە لای وایە کە ناوچەکانی کوردستان بە تەنها کوردیان تێدا ناژی و ئەوە سەردەکێشێت بۆ ئاڵۆزی و پشێوی کە زەرەری گەورە لە کۆی سیستمەکە دەدات، لێرەدا شوێنی نییە زیاتر لەم بابەتە بدوێین. سا پرسی ئەو ئاڵەنگاریانەی کە ڕووبەڕووی ستاتۆی بارۆس بووەوە خۆی لە چەندین هۆکار و ئەنگێزەدا دەبینێتەوە کە ئەمانەن:.

یەکەم: هۆزە عەرەبەکانی ئەو ناوچانە هەستیان دەکرد پەراوێز خراون و ناوچەکانیان وەکو پێویست ئاوڕیان لێنادرێتەوە و داهاتی نەوتی ئەو ناوچانە بۆ خودی ئەو ناوچانە خەرج ناکرێن. ئەگەرچی ئەو ناوچانە دەوڵەمەندنترین ناوچەی نەوتین، سا لە دێر زەمانەوە و لە سەردەمی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکاندا تامپۆیەکی جێهێڵراون و لە سەرەتاترین خزمەتگوزاریەکان بێبەشن، ئەو ماوەیەش کە کورد باڵادەست بوو تێیاندا، ئەمریکا بەشێکی بەرچاوی نەوتەکەی دەبرد، لە چوارچێوەی قەرەبووکردنەوەی ئەو تێچوانەی کە بۆ شەڕی داعش و لاوازکردنی ڕژێمی سوریا خەرجی کردبوو، ئەوەشی بۆ بارۆس دەگەڕایەوە زیاتر لە بواری سەربازی و تونێل لێداندا خەرج دەدرا.

دووەم: سیستەمی پەروەردەی مۆدێڕن و گۆڕینی پرۆگرامەکانی خوێندن بەپێی مێتۆدەکانی “نەتەوەی دیموکراتیک” لای زۆرێک لە هۆزە پارێزگارەکان وەک هەوڵێک بۆ سڕینەوەی ناسنامەی عەرەبی و ئیسلامی بینراوە. لەلایەکی ترەوە هەرچەندە دروشمی “پێکەوەژیانی ئاشتیانەی گەلان” زۆر جوان بوو، بەڵام جێبەجێکردنی لەسەر ئەرزێکی واقیعی کە ساڵانێکی زۆرە بە بیری نەتەوەیی و ئایینی توندڕەو پەروەردە کراوە، کارێکی ئاسان نەبوو. گونجاندنی سیستەمێکی مۆدێرن و پێشکەوتنخواز لەگەڵ پێکهاتە عەشایەری و کۆنەپارێزەکان لە هەندێک ناوچەدا، جۆرێک لە لێکتێنەگەیشتنی دروست کرد. ئەم ئایدۆلۆژیایە بۆ کۆمەڵگەیەکی خێڵەکی وەک دێرەزوور و ڕەقە نامۆ بوو”. هۆزەکان لەسەر بنەمای ئینتیمای خوێن و سەرۆکایەتی کلاسیکی ڕاهاتوون، نەک کۆمۆن و ئەنجومەنی دیموکراتیک. هەسەدە دەیویست مۆدێلێکی “ئایدیالیستی و مرۆیی” لە ناوچەیەکی “ماکیاڤێلیستی و جەنگەڵیدا” جێبەجێ بکات. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کاتێک تۆ باس لە مافی ژن و دیموکراسیی ڕاستەقینە دەکەیت، تەنها ڕووبەڕووی دەوڵەتەکان نابیتەوە، بەڵکو ڕووبەڕووی سیستەمێکی کۆنی چەند هەزار ساڵەش دەبیتەوە. عەشیرەتەکان دەترسان لەوەی کچان و ژنانیان وەک ناوچە کوردیەکان ئازادانە بەشداری ژیانی گشتی بکەن و بەوە بوونیادی عەشیرەتگەرایی تێکبچێت کە هەزاران ساڵە هۆکاری مانەوەیانە لە دەوریدا، بۆیە هەر لە سەرەتاوە مووی لەشیان بەم پرانسیپانە گرژ ببوو.

سێیەم: ناچاری سەپاندنی کەشی سەربازی، لەناوچەکانی ڕەقە و دێرەزووردا، بەهۆی زاڵێتی کەلتووری خێڵەکی و یاخێتیەوە. هەسەدە ناچاربوو بە چڕی کەشی سەربازی بچەسپێنێت، چونکە ئەو ناوچانە هەمیشە وەک بۆمبی تەوقیتکراو وابوون و ئەگەری تەقینەوەیان هەبوو، چونکە بوونیادی کۆمەڵایەتی ئەو ناوچانە بە ڕادەیەک خێڵەکیانەیە کە لە هیچ کوێی دنیادا وێنەی نییە. خێڵ هەمیشە جێی دەسەڵاتی گرتووەتەوە، پێکدادانەکانی ساڵانی ٢٠٢٢- ٢٠٢٣ و خۆپیشاندانەکان و تەراتێنی دەزگا هەواڵگریەکانی ناوچەکە، دۆخی ئەو ناوچانەی بە ناجێگیری هێشتبووەوە، بە تایبەت کاتێک هەسەدە ئەحمەد خەبیل ناسراو بە “ئەبوو خەولە”ی سەرۆکی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوری دەستگیرکرد، عەشیرەتە عەرەبەکان ئەوەیان وەک لێدان لە شکۆی ئەوان بینی و ئەوە بووە هۆی ڕاپەڕین و چەخماخەی پێکدادانی چڕ و پڕ کە تا ئەم دواییانەش خۆش نەبووەوە و هەزاران ماڵ ئاوارە بوون.

چوارەم: ڕۆڵی وڵاتانی ناوچەکە و گەمەی دەزگا هەواڵگریەکانیان: عەشیرەتە عەرەبەکانی ڕەقە و دێرەزور بنکە و پێگەی خزمایەتیان لە دیمەشق و زۆر جێگەی تری وڵاتانی عەرەبیدا هەن، بەهۆی ژن و ژنخوازییەوە. بۆیە پێش ڕووخانی ئەسەد، ئێران و ڕژێمی ئەسەد ئەو هۆزانەیان هان دەدا کە هەوڵ بدەن ئەمریکا لەناوچەکانیان دەرپەڕێنن، یاخود بەلایەنی کەمەوە ببنە سەرچاوەی هەراسانی بۆیان، لەو پێناوەدا هەموو شتێکیان پێشکەش دەکردن.. وەک ئەو یارمەتیانەی پێشکەشی ئیبراهیم هەلفەل و هاوەڵانی دەکرا کە خۆی دەدا لە ملیۆنان دۆلار.

هەرچی ڕۆڵی سعودیە و قەتەرە، چ لە ماوەی پێش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و دوای ڕوخانیشیدا کاریگەر بووە. سعودیە خۆی وەک دایکی دنیای عەرەب دەبینێت، بۆیە لە سەرانسەری دنیای عەرەبدا هەمیشە ڕۆڵی خۆی بە شێوەیەکی ئاسۆیی بەگەڕخستووە و چووەتە نێو سیاسەتی ناوخۆی وڵاتانی ناوچەکە، بە تایبەت سوریا. لە پێش ڕووخانی ڕژێمدا دیپلۆماتەکانی لە ڕێی ئەمریکیەکانەوە دەناردە لای هۆزەکان بەتایبەت هۆزەکانی “عەگیدات و شەمرات” و پارەداری دەکردن بۆ ئەوەی ڕێگری لە نفوزی ئێران بگرن لە ناوچەکانیاندا و وەلایان بکڕێتەوە. لە دوای ڕووخانی ئەسەدیش دیسان بە هاوبەشی لەگەڵ قەتەر و تورکیادا رۆڵی کاریگەری هەبووە، چونکە سعودیە وایدەبینێت سیاسەتی کوردی دەبێتە هۆی داماڵینی ناوچە عەرەبیەکان لە ڕەمزە ئییسلامی و عەرەبیەکان و کورداندنی ئەو ناوچانە. هەرچی قەتەریشە بە هەمان ئامانج سەدان ملیۆن دۆلاری خستووەتە بەردەم هۆزە عەرەبەکانی ناوچەکە بۆ ئەوەی بتوانێت هەم بە گژ پڕۆژەی کوردیدا بچێتەوە، هەمیش ڕێڕەوی سوتەمەنی خۆی قایم بکات و درێژیکاتەوە بەرەو تورکیا و لە تورکیاوە بەرەو ئەوروپا.

پێنجەم: ڕۆڵی ئەمریکا. ئەمریکا بەشێوەی فرەکارت و فرەئامانج لە گۆڕەپانەکەدا گەمەی خۆی دەکات و کردووە، لەلایەک پێویستی بە هاوئاهەنگی کورد بوو لە سەردەمی داعشدا و بۆ ئەوەی لە ڕێی ئەوانەوە نفوزی خۆی بسەپێنێت و کوردیش بکات بە کارتێکی کاریگەر بەدەست خۆیەوە. لەلایەکی دیش نەیدەویست کە کورد بە ئەندازەیەک پەل بهاوێت و گەورە ببێت کە جڵەوی لەدەستی دەرچێت بۆیە لاری نەبوو لەو ئاڵنگاریانەی تورکیا و قەتەر و سعودیە ڕووبەڕووی کوردیان دەکردەوە بە تایبەت سەردەمی ئیدارەی بازرگانە بێمۆڕاڵەکە “ترامپ” و نێردەکەی “ تۆم باراک”.بە تایبەتی لەم دوایانەدا و لە پرسی ڕێکەوتنی پاریسدا، ئەو ئاسانکاریانەی تورکیا-سعودیە-قەتەر بۆ ئیسرائیلی کوڕی ئەمریکایان کرد و باشووری سوریایان پێشکەش کرد، وایکرد ئەمریکا نەرمی زیاتر بنوێنێت، بە تایبەت کە ئەو هێڵە سوننەیە تا ئێستا هاوئاهەنگ لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و نەیاریکردنی دوژمنەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل کە ئێرانە هەنگاوی ناوە.
وە ڕەهەندێکی دیکەی ئەم پرسە ئەوەیە ئەگەربێتوو هێڵی سوتەمەنی قەتەری بە سوریادا بگاتە تورکیا و لەوێوە بۆ ئەوروپا، ئەوا دەبێتە هۆی بێبایەخکردنی سوتەمەنی ڕووسیا بۆ ئەوروپا و بەوە ڕووسیا گورزێکی کاریگەر دەخوات. بۆیە ئەم پێناوانە بوونە هۆی ئەوەی ئەمریکا چاوپۆشی لە گەلەکۆمەی سەر کوردان بکات. پێشتریش ئەمریکا ڕێی بە دیپلۆماتکارە قەتەری و سعودییەکان دەدا بە ئاشکرا تەراتێنی ڕەقە و دێرەزور بکەن و پەیوەندی لەگەڵ هۆزە عەرەبەکان قایم بکەن، هەرکاتێکیش هەسەدە ڕێگری لێدەکردن، ئەمریکا پاساوی دەهێنایەوە بەوەی کە باش نییە دژایەتی پڕۆژە ئاسۆییەکانی سعودیە لە ناوچەکە بکەن، بە تایبەت ئەوەی کە بەناوی پڕۆژەی هاوکاری و ئاوەدانکردنەوەوە دەهاتنە ناوچەکە. چونکە ئەمریکا بۆ خۆی نەوتی ئەو ناوچانەی دەبرد و هیچی لێنەدەهێشتەوە، لەو چوارچێوەیەدا لاری نەبوو کە سعودیە و قەتەر ناوچەکە ببوژێننەوە و ڕێگری لە نفوزی ئێرانیش بکەن.




ئێمە چۆن زمان بەكار دێنین؟!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

                               
                                                       

هەموو زمانێكی شیعری، هەڵگری بونیادێكی واتاییە، بەو مانایەی زمان لە دەقی شیعریدا، ئەگەر لە ئاستی دەربڕین و فۆڕمیشدا مانایەكی دیاریكراوی هەبێت، ئەوا هەمان ئەو زمانە دەشێ لە چەندین دەلالەتی دیكەی زمانەوانی بیخوێنینەوە.بێگومان هەموو دەقێك هەڵگری مانایەكە، بۆیەشە لە ڕێی زمانەوە ئەو مانایە دەگەیەنرێت.زمان لە دەقی ئەدەبیدا، هەمان ئەو زمانە میللییە نییە، كە دەشێ بە ئاسانی لە ماناكەی بگەین، بەڵكو دەتوانین هەمان ئەو زمانە بە چەندین مانا بارگاویی بكەین. یەكێك لە ئەركە بنچینیەیەكانی زمان گەیاندنە، بگرە زمان خۆی، وەك ئامرازێك بۆ پەیوەندی و گۆڕینەوەی بیروڕا، ئامانج لێی گەیاندنی پەیام و گوتارێكە بۆ ئەویتر. لێرەوەش گەر لە ڕووبەرە كۆمەڵایەتییەكەی زماندا، تەنێ گەیاندنەكە مەبەست بێت، ئەوا لە زمانی نووسیندا، شێوە و چییەتی و چۆنیەتی ئەو گەیاندنەش لە فۆڕمە دیارەكانی زمانە، چونكە زمانی دەق، زمانێكی مانایی، هونەریی و ئستاتیكییە و نابێ بە هەمان فۆڕمی كۆمەڵایەتییانەی زمان، لە میانەی پەیوەندی ئاسایی كۆمەڵایەتی بەكاربێت، هەر ئەمەشە نووسین لە زمانی ئاسایی جیا دەكاتەوە، چونكە نووسین بە مانای داڕشتن و ڕێكخستن و بەواتاییكردنی زمان. لەو ڕوانگەیەوە، گەر سەرنج لە زمانی نووسینی بەشێكی زۆر لە نووسەران بدەین، دەبینین ڕەچاویی ئەو ڕێكخستنە هونەریی و مانایەی زمان ناكەن و تەنها لە ڕووكاری دەرەوەدا، سەرنجی زمان دەدەن، كە ئەمەش هەڵەیە و جۆرێكە لە درك نەكردن بە هونەری بەرجەستەكردنی زمان لە دەقدا. بۆ نموونە: هاوڕێیەكەم، كۆمەڵە شیعرێكی بە ناوی (لێرە ڕۆژ بێ تام درێژە ) بڵاوكردۆتەوە. ئەم ناونیشانە لە ئاستی فۆڕمی زماندا دیارە مەبەستەكەی ڕوونە، بەڵام گەر بپرسین تامی ڕۆژ چۆنە؟! ئەوا بێگومان ئەم ناونیشانە ناتوانێت، دەلالەتی واتایانەی خۆی لە ڕووی ناوەڕۆكەوە بگەیەنێت، چونكە لە بنەڕەتدا ڕۆژ تامی نییە و تامكردن پەیوەندی بە هەستەكانەوە هەیە و هەستەكانیش دەبێ ئەزموون بكرێن، ئەوكات دەردەكەوێت پەیوەندی ئێمە بە شتەكانەوە لە ڕووی هەستییەوە چۆنە. هەڵبەتە زمانی شیعری، زمانی سمبولی و مەجازییە، بەڵام دواجار ئەوەی لە دەق بە گشتی و شیعریش بە تایبەتی بوونی هەیە مانایە، بەو پێیەی خوێنەر لە پاڵ چێژ و جوانی زمان، مانای بەلاوە مەبەستە، لێرەوەش ئەم ناونیشانە شیعرییانە ناكەوێتەوە. گەر لە بری تام وشەی (بێ ئەندازە، یان بێ سنوور درێژە) بەكارهاتبا، ئەوا مانای شیعرییانەی خۆی دەگەیاند، بەو پێیەی ڕۆژ دوانزە كاتژمێرە و ئەو ڕۆژەی شاعیریش وەسفی كردووە، لە دوانزە كاتژمێر زیاترە، بەمەش پێوانەی زەمەن و پێوانەكردنی كات لە ڕووی واتاییەوە هاوواتا دەبوو لەگەڵ ناونیشانە شیعرییەكە، پێچەوانەی تام، چونكە زەمەن پێوانە دەكرێت و چوارچێوەیەكی فیزیكی و مێژوویی هەیە و ئەمە لە كرداری هەستی تامكردندا بوونی نییە. گریمان گەر لە بری ڕۆژ، ڕۆگاریش بەكارهاتبا، ناونیشانەكە زۆر جوانتر و پڕ ماناتر دەبوو، چونكە زۆرجار دەگوترێت، ڕۆژگارێكی تفت و تاڵمان بە سەر برد، بەڵام هەرگیز ناڵێین، ڕۆژێكی تفت و تاڵمان بە سەر برد، چونكە لە ڕۆژگاردا زەمەن كراوەیە، بەڵام لە ڕۆژدا دیاریكراوە و داخراوە، چونكە دوانزە كاتژمێرە، بەو پێیەی شەو و ڕۆژ بەسەر یەكەوە بیست وچوار كاتژمێرە.

*ئەم بابەتە لە هزروهونەری ڕۆژنامەی خەبات ژمارە(244) لە 19/2/2026 بلاچوكراوەتەوە.




هەسەدە و شەرع لە رێکەوتنێکی ئاڵۆزدا.. عوسمانی حاجی مارف

هەوڵی حکومەتی ئەحمەد شەرع بۆ ڕێکەوتنی لەگەڵ هەسەدە، وەک خاڵی هاتنە ژوورەوە بەئارامی بۆ گەڕاندنەوەی سەروەری و یەکخستنی هێزە چەکدارەکانی لە تەواوی سوریادا دەبینێت، هەسەدەش وەک چوارچێوەیەک لە دامەزراندنی پێگەی سیاسی خۆی لەناو دەوڵەتی سوریادا مامەڵە دەکات.
کۆبوونەوەی نێوان تۆم باراک و مەزڵوم عەبدی، تەنیا بە چەسپاندنی ئاگربەست لەسەر زەوی سنووردار نەبوو، بەڵکو دەرگای بەڕووی گفتوگۆیەکی سیاسی فراوانتردا کردەوە سەبارەت بە پەیوەندیەکانی داهاتووی نێوان هەسەدە و دەوڵەتی سوریا، هەرچەندە ئاگربەست ڕاگەیاندراوە، بەڵام سیاسەتی ڕێکەوتنی ترەمپ و ئۆرگان و شەرع، نەگۆڕدراوە!.
هەنگاوەکانی دەوروبەری درێژکردنەوەی ئاگربەست، بەحساب هەوڵدانێکە بۆ گۆڕانکاری چۆنایەتیەک کە بەبەراورد بە هەوڵەکانی پێشوو، هەوڵێکە بۆ کەمکردنەوەی پەرەسەندنی شەڕی ناوخۆ، گوایە ئەمجارە لە هەنگاوی دانوستانەکاندا، ڕێڕەوی بەڕێوەبردنی ململانێکان بۆ گەڕان بەدوای سروشتی پەیوەندی سیاسی و دامەزراوەیی نێوان هەسەدە و دیمەشق دەبات، کە زیاتر بەرەو سنوردارکردنی پێگەی هەسەدەیە لە سوریا.
بەڵام ئەو ڕێکەوتنەی کە لە ١٨ی کانونی دوەمدا واژۆ کرا، چوارچێوەی ئەم گۆڕانکاریەی پێکهێنا، کە شەرع وەک پێشەکیەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی سەربازی هەسەدە سەیری دەکرد، لەکاتێکدا چاوەڕوانی هەسەدە بەوشێوەیە دەردەکەوت کە هێزەکەی وەک بەشێکی سەربەخۆ لەناو دەوڵەتدا بە فەرمی بناسرێت.
لەلایەکەوە هەسەدە هەوڵدەدات خۆی وەک هاوبەشێک پیشان بدات کە ئامادەیە بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، لە لایەکی دیکەوە، ئامانجی هەسەدە دەستەبەرکردنی پێگەیەکە لەناو ناوەندەکانی بڕیاردانی ناوەندیدا، کە پێیانوایە، بەم شێوەیەش دەتوانن کاریگەری سیاسی و ئەمنی خۆیان لە قۆناغی دوای یەکگرتندا بپارێزن.
پارێزگای حەسەکە وەک هەستیارترین خاڵ لەم پرۆسەیەدا دیارە، کە ناوەندی کێشکردنی جوگرافی و سیاسیە بۆ ئەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدایە، هەر دامەزراندنێک لە حەسەکە ناتوانرێت لە هاوسەنگیە ئاڵۆزە ئەمنیەکان و خێڵەکی و ئابووریەکان جیا بکرێتەوە، ئەمەش وادەکات کاندیدکردنی پارێزگارێک لەلایەن هەسەدەوە، یان ئاماژەیەکە بۆ هاوبەشیەکی درێژخایەن لەگەڵ دەوڵەت، یان دەستپێکی دانوستانە سەختەکانە، لەسەر ئەوەی کێ دەسەڵاتی ڕاستەقینەی لە ناوچەی جەزیرەی سوریا بەگشتی و لە حەسەکە بەتایبەتی بەدەستەوە دەبێت؟.
واشنتۆن پاڵ بە یەکلایکردنەوەیەکی وردەوە دەنێت، کە گەرەنتی یەکگرتنی هێزەکانی هەسەدە لە دەوڵەتی سوریادا جێبکاتەوە، بەڵام دەیەوێت لەژێر هەلومەرجێکدا ئەم یەکگرتنە پێکبێت، کە ڕێگری نەبێت لە دەوری نەخشەو سیاسەتەکانی ئەمریکا، لەم چوارچێوەیەدا پێداگری ئەمریکا، لەسەر بە کراوە هێشتنەوەی دەرگای ئاگربەست و دابینکردنی بەرگێکی سیاسی دەبێت، تا ڕێگە بە گواستنەوەی وردە وردە لە بەرەکانی جەنگەوە بۆ مێزی دانوستان هەنگاو بنرێت.
گومانی تیانیە کە دیمەشق بە وریاییەوە لە پرسی درێژکردنەوەی ئاگربەست نزیک دەبێتەوە، ڕەتیدەکاتەوە بیکاتە ڕێکارێکی سادە و ئۆتۆماتیکی و بێمەرج، سەرچاوەیەکی حکومی لە لێدوانی تایبەتدا ڕایگەیاندووە، کە هۆکاری سەرەکی ڕازی نەبوون بە درێژکردنەوەکە، پێگەی بەرزی ئێستای سوپای سوریایە، گوایە تێڕوانینی شەرع پێگەی دەوڵەتی سوریا چ لە ڕووی سەربازی و چ لە ڕووی سیاسیەوە بەهێزتر دەیبینێت.
کۆبونەوەی ئەم دواییەی هەولێری نێوان نوێنەرانی واشنتۆن و هەسەدە لە چوارچێوەیەکی سەربازی نائاسایدا ڕووی نەدا، بەڵکو لە چوارچێوەیەکی سیاسی ناسکدا پێشهات، کە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدوای بەڕێوەبردنی دۆخێکی ئاڵۆزترن، هەوڵدانێکە لە قۆناغێکی ڕاگوزەری ناوچەکە بەرەو سەقامگیری بۆ ئەمنیەتی سەرمایەگوزای، نەک تەنها ئاگربەست. درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوان دیمەشق و هەسەدە، ڕەنگدانەوەی هەوڵێکە بۆ ڕێکخستنەوەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی فورات، لەنێوان گۆڕانی هاوسەنگیە ناوچەییەکان و زیادبونی فشارە نێودەوڵەتیەکان، کە بەدوای سوریایەکی یەکگرتوەوەن لە پرۆسەی بەهێزکردنی دەسەڵاتی شەرعەوە. بۆیە هەر درێژکردنەوەیەکی ئاگربەست دەبێت مەرجی ڕوونی هەبێت، بەپلەی یەکەم بونی گەرەنتی پابەندبونی هەسەدەیە، کەجێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ١٨ی کانونی دووەمی ٢٠٢٦ مسۆگەر بکات!.
هەڵبەتە بونی گەریلاکانی پەکەکە لە نێو هەسەدەدا، کاریگەری لەسەر ڕێکەوتنەکان و ئاگربەست دەبێت، بەتایبەتی پەکەکە بەشێوەیەکی وەها کاریگەر لەنێو هەسەدەدا هەیە، کە دەتوانێ بڕیاردان لەناو هێزەکانی هەسەدەدا کۆنترۆڵ بکات، ئەمەش ئەو ئاراستەیە بۆ هەسەدە پێشبینی دەکرێت، ئاگربەست دەرفەتێکی پێئەدات، خۆی بۆ پێکدادانێکی درێژخایەن لەدژی سوپای سوریا ئامادە بکات!.
پێشتر لە ڕاگەیەندراوێکی حکومەتی سوریا ڕونکرایەوە، هێزەکانی سوریا ناچنە ناو سەنتەری شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ، بەڵکو لە پەراوێزی شارەکانیان دەمێننەوە ئەگەر ڕێککەوتنەکە یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام دواتر باسی هێڵی کاتی و وردەکاری یەکگرتنی ئاشتیانەی پارێزگای حەسەکە بە شاری قامیشلۆشەوە دەکرا، لەهەمانکاتدا هێزەکانی سوریا چونە ناو حەسەکە و کۆبانی و قامشلۆ، گوایە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لەوی دەمێننەوە.
سەرچاوە سەربازیەکانی سوریا ئاماژە بەوە دەکەن، هێشتا چانسی ڕێکەوتن دەتوانێت بەردەوام بێت، بە مەرجێ هەسەدە پابەند بێت بە دوو خاڵی سەرەکیەوە، یەکەم پێشکەشکردنی لیستی کەسایەتیە بێلایەنەکان بۆ پۆستە سەربازی و ئیداری و پەرلەمانیەکان، دووەم هەنگاوی جددی بنێت بۆ بێلایەنکردنی کادرەکانی سەر بە پەکەکە، بەتایبەت کەسە بیانیەکان.
دەوترێت، مەزڵوم عەبدی ئامادەیە پابەند بێت بەڕێکەوتنەکە! بەڵام ڕوبەڕوی ڕەوتێکی توندڕەوە لەناو هەسەدەدا، کە پەیوەندی هەرێمی و نێودەوڵەتیان هەیە، ڕەنگە ئاستەنگی لەبەردەم جێبەجێکردنیدا دروست بکات، بەتایبەتی سەبارەت بەو لیستانەی بڕیارە پێشکەشی ئەحمەد شەرع بکرێن، لەوانەیە ئەو ناوانە لەخۆ بگرن، کە لەئاستی ناوچەییدا ڕەت دەکرێنەوە، بەتایبەتی لەلایەن تورکیا و سعودیەوە، ئەمەش دەرگا بەڕووی فشارە مەیدانیەکاندا دەکاتەوە کە ئاگربەستەکە نەتوانێ بەردەوام بێت.
هەرەوەها کۆبانی وەک بەربەستێکی هەرە بەرچاو لەم پرۆسەیەدا دەمێنێتەوە، وەزارەتی بەرگری سوریا وەک کانتۆنێکی جیا لەو کەرتە سنووریەی حەسەکە لەژێر دەستی هەسەدە دایە دەڕوانێت، پێیوایە کە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە ئێستا زۆر گرنگە، هەروەها دیمەشق چارەنوسی کۆبانی بە چارەنووسی قامیشلیەوە دەبەستێتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی سیمبۆلیزمی سیاسی و نەتەوەیی ئەوان، کە هەر چارەسەرێک، چ ئاشتیانە بێت یان سەربازی، دەگاتە چارەسەرێکی هاوبەش.
لەبەرامبەردا دیمەشق و ئەنقەرە گومانیان هەیە لە نیازەکانی هەسەدە، پێیانوایە هەوڵی کڕینی کات دەدات بۆ سود وەرگرتن لەئاگربەست، هاوکات هەڵمەتی میدیایی خۆی بۆ کۆکردنەوەی دانیشتوانی کورد لەسەر ئاستی ناوچەیی پەرەپێدەدەن بە ناسینی سوپای سوریا بە هەوڵی بۆ ئەنجامدانی پاکتاوی نەتەوەیی، هەرچەندە پێدەچێت ڕێکەوتنەکە بۆ ئێستا بەردەوام بێت، بەڵام ناتوانرێت پێشێلکاریەکان ڕەت بکرێتەوە، بەتایبەتی سەبارەت بە چونە ژوورەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە.
بەجیا لە هەر دەورێک کە ململانێ و نەخشەو سیاسەتەکانی ئەمریکا بنەمای کاریگەری دەبینێت لەسەر ناوچەکە، پێدەچێت لە کورتخایەندا، دانوستانەکانی نێوان دیمەشق و هەسەدە بە درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەیەک بەردەوام بێت، هەنگاوی ڕەمزی بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکە گیراوەتەبەر، بەڵام یەکگرتنی هەمەلایەنە، ناڕۆشن و ڕاگیراو دەمێنێتەوە، چونکە ئەوە نەزانراو نیە کە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، دۆخێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی تەواو جیاوازە لەبەرامبەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریادا، سادەترینیان، واقعیەتی هێزە سەربازیەکانی سوریا ئیمکانی نیە قەبوڵی کەن، بۆنمونە بوونی ژنان لە ڕیزەکانی هێزی سەربازیدا، جگە لە زۆرلایەنی تر لە جیاوازی سکولاری و ئازادی و شارستانیەت و مافەکانی ژنان، کە ناکۆکە لە بەرامبەر دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسیدا. ئەو دۆخەی بۆ شەرع هەزم ناکرێ، واقعیەتی پێکهاتەی دەسەڵاتەکەیەتی، کە هۆکار و زەمینەیەکی واقعیە، ئەو رێکەوتن و ئاگربەستە تووشی شکست دەهێنێتەوە، دووبارە کێشە و هێرشەکانی بۆ سەر رۆژئاوا وەها دەست پێدەکاتەوە، ئایندەی سیاسی ناوچە کوردنیشینەکان و سوریا روبەرووی بارگرژی و کارەساتی زیاتر دەکاتەوە.




لەپیرمام.. یەكەمین فیستیڤاڵی شانۆی سەرشەقام بەرێوە چوو.. كامەران حاجی ئەلیاس

ئەگەر ئاوڕێك لە مێژووی هونەری شانۆ لە پیرمام بدەینەوە چەندین كاری ناوەزە لەم شارەپێشكەش كراوەن بەهۆی بوونی كۆمەڵەی هونەر و وێژەی كوردی لقی پیرمام بە تایبەتی لە هەشتاییەكانی سەدەی رابردوو بۆ نموونە چەندین شانۆگەری پێشكەش كراوە وەكو شانۆگەری (فەیلەسووفی ئاخر زەمان) لە نووسینی و دەرهێنانی یوسف برادۆستی، شانۆگەری (هاورێكی تاساو) نووسینی جەلیل زەنگەنە دەرهێنانی یوسف برادۆستی، شانۆگەری (شاری ئەوین) نووسنی تەڵعەت سامان و دەرهێنانی یوسف برادۆستی،شانۆگەری (مەلەف) نووسینی تاهیری دەرهێنانی یوسف برادۆستی….. لەگەڵ چەندین ئەكتەر و دەرهێنەری بە توانا لەم شارەدا بوونیان هەبووە ئێستاش بەردەوامن..
شانۆی شەقام ئەو شانۆگەریانە لە خۆدەگرێت كە لە دەرەوەی هۆڵەكان نمایش دەكرێن واتە لە شوێنە گشتییەكان وەكو بازار و پارك و نەخۆشخانەكان لە وێستگەكانی میترۆ و شەمەندەفەر نمایش دەكرێن ئەم شێوازە چەندین مەرجی تایبەت بەخۆی هەیە بۆنموونە بینەران بانگشت ناكرێت بۆ بینی نمایش بەڵكو جەماوەر خۆیان ئامادە دەبن بۆ بینی نمایشەكان زۆر جاریش دەقی ئامادەكراو نییە واتە مەرج نییە تێكستێك ئامادە كرابێت و چەند رۆژێك پرۆڤەی لەسەر كرابێت بەڵكو بەشێوەی راگوزەر (ئیرتجال) نمایش دەكرێن لە هەمان كاتدا بابەتەكان بابەتی هەنووكەیین.بە شێوەیەكی گشتی ئەكتەر دەبێتە كۆڵگەی سەرەكی شانۆگەرییەكان.. نمایشەكانیش كورت دەبن سەما و موزیك و جل وبەرەگی رەنگاو رەنگی سەیرو سەمەرەو سەرنج راكێش لەم جۆرە نمایشانە گرنگی زیاتری پێدەرێت خاڵێكی تر بەشداربوونی ئامادەبووان لە نمایشەكانە لەگەڵ ئەكتەرەكاندا ئاوێتەی یەكتری دەبن لێرەدا توانستی ئەكتەر دەردەكەوێت بەوەی تاچەند دەتوانێت ئامادەباشی هەبێت بۆئەوەی بەشێوەیەكی سەركەوتووانە هەڵسووكەوتیان لەگەڵدا بكات چ لە رووی دیالۆگ بێت یاخود هەركردارێك كاتێ بینەر بەرامبەرئەكتەر كارو كاردانەوەی دەبێت.
لە كوردستان بەشێوەیەك لە شێوەكان شانۆی شەقام لە كۆنەوە هەبووە بەڵام لە ژێر ناوی شانۆی شەقام نەبووە بۆ نموونە یاری( بووكە بەبارانێ ) بەڵام شانۆی شەقام زیاتر لە دوای راپەرینی بەرهای 1991 سەری هەڵدا واتەچەندین شانۆگەری بە ناوی شانۆی شەقام نمایش كران هەرچەندە تائێستا لە زۆرێك لەسەرچاوەكان باس لەوە دەكەن كە هونەرمەند(ئەسوەد فائق) یەكێك لەوەی كە ئەو یەكەم كەس بووە شانۆی شەقامی لە شاری كەركووك نمایش كردووە لە دوای راپەرنیش لە ساڵی 1991 هونەرمەند رزگار ئەمین لە شاری هەڵبجە كاری لە شانۆی شەقام كردووە لە ساڵی 1995 هونەرمەند نیهاد جامی كاری لە شانۆی شەقام كردووە لە ئێستادا لە كوردستان گرنگی زۆر بە شانۆی شەقام دەدرێت لە چەندین شاری فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی ساڵانە تایبەت بە شانۆی شەقام سازدەكرێن وەكو فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقامی كركووك ،فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقامی سنە، فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقامی مەریوان فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقامی دەربەندیخان فیستیڤاڵی شانۆی شەقامی سۆران – رواندز….
لە 16ی 2ی2026 لەلایەن بەرێوەبەرایەتی پەروەدەی پیرمام –چالاكی قوتابخانەكان بەئامادەبوونی جەماوەرێكی زۆر كە هەموو چین و تێوژەكانی ناوچەكەی لە خۆ دەگرت لەپیرمام یەكەمین فیستڤاڵی شانۆی سەر شەقام بەرێوەچوو.لە فیستیڤاڵەكەدا 11 قوتابخانە بەشداری فیستیڤاڵەكەیان كردبوو كە بریتی بوون لە:

  • قوتابخانەی ئامادەیی دوینی كچان بە شانۆیی(پەنجەریەك روو لە تاریكی) ئامادەكردنی سایە حسێن ساڵح .بەرێوەبەر سیابۆ سەرباز رەشید ئەكتەرەكان (بێریڤان دڵدار موتەلیب، هەیفا تیلی فەتاح،هەژان رەوند رەشید،راز سەمیر كەرخی، نیڤیبن سیامەند تەها، ڕەیان مخسوود رەسول).
  • قوتابخانەی هێدی بنەڕەتی تێكەڵاو بە شانۆیی(هێز لە یەكگرتن دایە) ئامادەكردن و سەرپەرشتی كردنی ساكار عومەر فەتاح بەرێوەبەر ئەكرەم ئەحمەد حەمد ئەكتەرەكان (ڕوومانگ سەعدی عەبدولعەزیز، ڕووماس سەعدی عەبدولعەزیز، محەمەد سلێمان حاجی ئیبراهیم،رەنا سلێمان حاجی ئیبراهیم ،سینامەحموود گەنج خلیل،ڤارین عوسمان كاكە زیاد، سەعد ئەرسەلان حەیدەر،موبین محەمەد سەعید،سیما مەحمەد كاكە جەنگ،ڕۆمان فەرمان سەلمان،مەسرور كاهین عەبدولرەحیم).
  • قوتابخانەی یارانی بنەرەتی كچان بە شانۆیی( ئێمە بووین بەرەگ) ئامادەكردنی سایەحسێن ساڵح سەرپەرشتی سەیران تەحسین حسێن بەرێوەبەر سازان فواد ئەحمەد ئەكتەرەكان( ڕۆیا بارزان هاشم، شەرمین شێركۆ شەهاب، شادین رێباز محەمەد، زینە ئارام عوسمان، ژیما دڵشاد عودی، مهتاب خورشید محەمەد ئەمین،ڕۆنیا مەهدی حسێن، ڕەها شاخەوان عەوێز، هۆنیا هێرش رەشید).
  • قوتابخانەی هەواری بنەڕەتی تێكەڵاو بە شانۆیی(كوردستان یەك پارچەیە نابێت بە چوار) ئامادەكردنی شوكریە جەوهەر سەرپەرشتی ئازاد كازم حەسن بەرێوەبەر شوكریە جەوهەر قادر ئەكتەرەكان(دێچین سەرباز حسێن،حسێن سەرباز حسێن، ئەسیل ئەیاس عوسمان،میلینا رائب خورشید،بینا نزار ساڵح ،یارا نزار ساڵح ،هەژین دلاوەر بابەكر).
  • قوتابخانەی كۆمەڵگای پەروەردەی ئاگای ناحكومی بە شانۆیی (یەك بەڵێن و یەك پەیام) ئامادەكردنی دەرهێنانی ئەیوب كەمال سەرپەرشتی زیاد محەمەد بەرێوەبەر ڕێزان بەرەكات .ئەكتەرەكان (كارین ئەبدال حوسێن، تەلار زەكەریا حامید،محمەد وەلب خۆشەوی،میر نەورۆز دلێر،تانیا زەكەریا حامید، داڤین مەهدی چیچۆ،دێنیز غەریب سەدیق،مەهسا ستار تەها،كیان عەبدوڵا، سەفا زاتی تەقیەدی،شادی دلێر مەجید، تاهر ئەهیام تاهر،هەڤراس كۆڤان عەباس ،ڕەهێل فیلەر ئەحمەد، ئیلینا سەعدی زێرۆ، رامیار جەدیع باقی، پەریسا سەیدەوان عەبدوڵا).
    -قوتابخانەی كۆرٍێی بنەڕەتی تێكەڵاو بە شانۆیی(ئێمە نەتەوەی كوردین) ئامادەكردنی پەرێز نەوزاد ئەحمەد .سەرپەرشتیار پەنا نەحمەدین شاكر.بەرێوەبەر رێدوان جەمال فەتحوڵا.ئەكتەرەكان ( ئیلیاس ئیسماعیل عەبدوڵا،لارا بارزان غازی، سۆما حاتم ماهر، سیدرا سەنگەر عوبێد، نڤار نائف محمەد، سەهەند محەمەد ئومێد، لانە فەرهاد خدر، یارا بەختیار محسن).
  • قوتابخانەی هەڵانی بنەڕەتی تێكەڵاو بە شانۆیی (سۆزیك بۆ نیشتیمان) ئامادەكردنی بنار سەعید وە ئەژین كاكل. سەرپەرشتی ناسكە عومەر، بەرێوەبەر نەسرین یزدین سلێمان.ئەكتەرەكان (نالین هەندێن، نازێ سابیر، بیتا هەژار، لینا نزار، سەناریا شكور،تاڤگە بەرۆژ، ڕۆنیا شێروان،شەهڤین رەجەب، دڵڤین حسێن،نەورۆز سیامەند،جەننت بژار،ڕۆما سامان ن شاجوان شكور،سینا حسێن،سیدرا عوزێر،لەنیا تەحسین،شیفا سەربەست).
  • قوتابخانەی ڕەهەندی ناحكومەی بەشانۆیی (تەكنەلۆژیا) ئامادەكردنی شەیما عەبدولڕەزاق.سەرپەرشتی ڕابەر ئەبوبەكر .ئەكتەرەكان ( تانیا كەریم دسكۆ، دانا مەحیەدین حاجی عومەر، سلێمان زاهیر خالد، كارین كاروان جەودەت، عامر نەزهەت محەمەد، بنامین ئازاد).
    -ئامادەیی سەربەنی كچان بە شانۆیی (ئێرە كوردستانە) ئامادەكردنی ئارەزوو عەبدولقادر ساڵح.بەرێوەبەر شۆخان شەفیع ئەحمەد ئەكتەران( گوڵشین مەلك،رۆنیا ئازاد،روەیدا هادی ،زەكەریا حاتم،سەنا دلۆڤان، سەلوا یوسف، فەرەیدون حەسن).
  • قوتابخانەی شەهید شیفای بنەڕەتی كچان بە شانۆیی(ئازادی)بەشادربوو ئامادەركیدنی سایە حسێن ساڵح سەرپەرشتیار و بیرۆكەی چراخان غەفور ساڵح بەرێوەبەر دلچین محەمەد ئەمین ئاودل.
    ئەكتەرەكان (رۆژین نەژادرەفیق، ڕوەیدە محمەد عەبدوڵا، نەرمین نادر).
  • قوتابخانەی غاندی بنەرٍەتی تێكەڵاو بە شانۆیی 0باجدانی گەلێكی بێ تاوان).بەشداری فیستیڤاڵەكەی كردبوو لە ئامادەكردنی كویًستان حەستن حمەد و چنار حەمید مەجید
    سەرپەرشتی رولێخا میرزا خورشید.بەرێوەبەر هزرت وەسمان ئەحمەد ئەكتەرەكان(ئیڤا ساڵح، دلڤان گەیلان،روهان شیمال،لاڤی بریندار، سدنا كاوە،ریڤان محەمەد،دادیار باوەری، فەرزاد فاخر، ئومێد ئیبراهیم،یارا جاسم،وارڤین برهان،بریار بەشدار،دونیا ئومێدنئەحمەد سەلام،میرزا،حەیدەر،محەمەد جەلیل ،راهیی ئەردەوان،كارین هێرش،ئیحسان،حسێن یاد جاسم،دارین غازی،كوفان،ئایلا شێروان محەمەد شوان،زانیار حەسن، هیڤی نیعمەت).
    لە كۆتایی فیستیڤاڵ باشتریینەكان لەلایەن لیژنەی دادوەری دەستنیشان كران بەڵام بەمەبستی هاندان و دەست خۆشی بۆ بەشداری كردنی قوتابخانەكان خەڵاتی بەشدار بوو بەسەر سەرجەم بەشداربوون دابەش كرا.
    بەرێوەربەری فیستیڤاڵ- نعیمە زبێر محەمەد
    لێژنەی هەڵسەنگاندنی شانۆییەكان بریتی بوون لە هونەرمەندان (كامەران حاجی ئەلیاس، دارا مەحمود عەبدولعەزیز،رازكەمال حسێن).
    لیژنەی سەرپەرشتیاری فیستیڤاڵ (بەڕوو مستەفا ڕئووف، دڵگەش عومەر تەها،مەریوان مەغدیدعەوڵا،خۆشەوی حەسن حەكیم،جوتیار ڕەفعەت عەبد،سایە حسێن ساڵك نڕێبەر عەبدوڵا).
    لیژنەی هونەری فیستیڤاڵ (جوتیار ڕەفعەت عەبد،سایە حسێن ساڵح، محەمەد كەمال سەعدی).
    لیژنەی پێشوازی(لیلێ عەبدولڕەحمان محەمەد،نەجلا ئەسعد میرزا، غەریبە غایب یزیدین،جریدە شینۆ سلێمان، سەیران بایزدین، جەمیل محەمەد عەلی،كەریم نوعمان).
    ئەگەر ماوەی فیستیڤاڵەكە ماوەی یەك رۆژ بوو كە (11) شانۆگەری نمایش نمایشەكان لەهەموو ئاستێكی تیا بوو نمایش هەبوو لە رووی بیرۆكەوە زۆر باش هەبوولە رووی دەرهێنان زۆر باش بوو ئەوەی زۆر گرنگ بوو بەهرەی زۆر بە توانا لە ئەكتەرەكان بەدی دەكرا هەرچەند بەشی زۆریان یەكەم جاریان بوو نواندن بكەن هەندێ لە نمایشەكان لەرووی تەكنیك زۆر باش بوو .
    پیشناری دەكەم ئەگەر هاتووئەم فیستڤاڵە بەردەوام بوو واتە فیستڤاڵەك بكرێتە نەریتێكی ساڵانە دەبَ خوولێك بۆ مامۆستای پسپۆری هونەری بكرێتەوە بۆ زیاتر ئاشنا بن بە شانۆی شەقام چونكە زۆرێك لەوشانۆگەریانەی لە فیستیڤاڵەكە نمایش كرا لە نێو هۆڵی شانۆش نمایش كرابان زۆر ئاسایی…
    ئەوەی زۆر دڵخۆشی كردم بوونی سپۆنسەر بوو بۆ فیستیڤاڵەك ماییەی دەست خۆشییەلەوانە دەزگاری خێرخوازی حاجی ئیدریس سورچی خاوەنی ستۆدیۆ( JSN) هونەرمەند جوتیار ڕەفعەت وە زۆر ێك لە قوتابخانە ناحكومییەكان هاوكاری باشی فیستیڤاڵ بوون.
    هەر چۆنێك سازكردنی ئەو جۆرە فیستیڤاڵانە لەلایەن بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی پیرمام كارێكی زۆر باشە دووبارە دەست خۆشی لە هەموولایەك دەكەم.



هەرێمی كوردستان دەبوو لە ساڵی 1992 خاوەن دەستووری خۆی بێت.. د. نووری تاڵەبانی

دەستوور بۆ هەرێمی كوردستان وەكو بەشێك لە عێراق لە ڕووی دەستووریەوە نەدەكرا چونكە ئەو سیستمە دەستووریەی كە شێوەی حوكمڕانی لە عێراق دیاریكردبوو لە پاش لكاندنی باشووری كوردستان بە دەوڵەتی عێراق لەسەرەتاوە لەسەر بنەمای سەنترالیزم بووە. هەموو دەستوورەكانی عێراق، بە تایبەتی دەستووری ساڵی 1925 كە یەكەم دەستووری عێراق بووە وەزارەتی كۆلۆنیالی بریتانیا ئامادەی كردبوو، هەروەها ئەو دەستوورە كاتییانەی لە پاش ساڵی 1958 پەسندكرابوون لەسەر ئەو بنەمایە داڕێژرابوون، بەشی هەرە زۆری دەسەڵاتەكان بە دەزگاكانی ناوەند درابوون. لە پاش ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 و كۆچڕەوە مەزنەكەی كە بووە هۆی دامەزراندنی ناوچەیەكی ئارام لە بەشێك لە باشووری كوردستان، ڕژێمی عێراق دەزگاكانی لەو ناوچانە كێشایەوە، بڕیاری سازدانی هەڵبژاردن لەلایەن “بەرەی كوردستانی”یەوە درا تا ئەنجوومەنێكی نیشتمانی/پەرلەمان هەڵبژێردرێ ئەركی سەرەكی دیاریكردنی حكومەتێك بێت بۆ بەڕێوەبردنی كاروبار لەو ناوچەیە. لە 4/10/1992 پەرلەمانی هەرێمی كوردستانی هەڵبژێردرا و سیستمی فیدڕاڵی بۆ پاشەڕۆژی عێراق پەسندكرا، ئەو بڕیارە ڕێگای خۆشكرد بۆ دامەزراندنی قەوارەیەكی سیاسیی دێ فاكتۆ لەو ناوچەیە، حكومەتی هەرێم دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی كاروباری ناوخۆیی و دەسەڵاتی پێوەندیكردن بە دەرەوەی هەرێم هەبوو، لەگەڵ داكۆكیكردن لە سنووری ئەو بەشە ڕزگاركراوەی كوردستان، واتە هەموو دەسەڵاتەكانی دەوڵەتیی. ئەو بڕیارە گرنگەی پەرلەمان دەبوو بڕیارێكی دیكەی بەدوادابێت، كە پەسەندكردنی دەستوور بوو بۆ هەرێمی كوردستان، لەو دەستوورەدا دەسەڵاتەكانی دەزگاكانی هەرێم و ماف و ئەركەكانی هاوڵاتیان بە ڕوونی دیاری بكرێن.
كۆمەڵێك قانوونناسان لە ساڵی 1991 داوای دانانی دەستوورمان دەكرد، هەتا ئەگەر دەستوورێكی كاتیش بێت، چونكە دەستوور سەرچاوەی هەموو قانوونەكانە لەوێدا شێوەی حوكمڕانی و چۆنیەتی دابەشكردنی دەسەڵاتەكان و ڕێكخستنیان دیاری دەكرێت. ئەو داواكارییە پشتگیریی لێدەكرا لەلایەن خەڵكی كوردستان لەناوەوە لە دەرەوەدا.
لە ناوەڕاستی 1992 پڕۆژەی دەستوورێكم بەزمانی عەرەبی بۆ هەرێمی كوردستان ئامادەكرد، سەرەتا بە ئۆفسێت لە چاپخانەی زانكۆی سەلاحەدین چاپكرا، پاشان لەو چاپخانەیە 500 دانەی لێ چاپكرایەوە بە هاوكاری د. فازل قەفتان، مامۆستا و بەڕێوەبەری ئەو چاپخانەیە. پڕۆژەكە دابەشكرا بەسەر ئەندامانی پەرلەمان و هەموو لایەنە سیاسیەكان و میدیا و كۆمەڵێك لە قانوونناسانی كوردستان، بە ئومێدی ئەوەی ڕِاوسەرنجی خۆیان دەربڕن. بۆچوونی بەشێك لە قانوونناسان پڕۆژەكەی دەوڵەمەندتركرد، پاشان خرایە بەردەست دەزگایەكی قانوونی فەرمی كە ئەندام بووم تێیدا بەناوی دەستەی قانوونی باڵا. پاش لێكۆڵینەوەیەكی ورد ئەو دەستە قانوونییە پڕۆژەكەی پەسندكرد بە فەرمی ناردی بۆ حكومەت و پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، بە ئومێدی تەماشاكردنی لەلایەن پەرلەمانەوە.
لە ڕووی سیاسیەوە باری سیاسی لە عێراق و ناوچەكە لەودەمە ئاڵۆزبوو، هێزەكانی ڕژێم ئابڵوقەی سەربازی و ئابوورییان لەسەر ناوچەی ژێردەسەڵاتی كورد دانابوو هەڕەشەی داگیركردنەوەیان دەكرد. ئەمریكا و بریتانیا كە فڕۆكە جەنگیەكانیان لە توركیاوە ئاگادارییان لە ئاسمانی ناوچەكە دەكرد لە ئەگەری دەستدرێژیكردنی ڕژێم، پشتگیرییان لە دامەزراندنی قەوارەێكی سییاسی بۆ كورد نەدەكرد. وەزیرانی دەرەوەی دەوڵەتانی ناوچەكە ناوناوە كۆدەبوونەوە بۆ خنكاندنی ئەو كۆرپە ساوایە لە باشووری كوردستان. ئەو هۆیە دەرەكییانە و چەند هۆیەكی ناوەكی پەیوەندییان بە ناكۆكی نێوان هەردوو حیزبی دەسەڵاتدارەوە هەبوو بوونە هۆی دواخستنی پەسەندكردنی ئەو پڕۆژە دەستوورە، بەڵام لەو ماوەدا ژمارەیەكی زۆر لە ڕِووناكبیران لە كوردستان و دەرەوە بە بەردەوامی داوای دانانی دەستووریان دەكرد بۆ ئەو بەشەی كوردستان.
پاش ڕووخانی ڕژێم لە نیسانی ساڵی 2003، قانوونی كاتی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق TAL كە لە ساڵی 2004 ئەنجومەنی حوكم لە عێراق پەسندی كرد و وەكو دەستوورێكی كاتیی تەماشادەكرا، ئەو پڕۆژە دەستوورەی كوردستان كە لە مانگی تشرینی دووەمی 2002 پەسندكرابوو وەكو (پڕۆژە)، دەبوو جارێكی تر تەماشا بكرێتەوە تا بەندەكانی لەگەڵ بارودۆخی تازەی عێراق بگونجێن. لە یاداشتنامەیەكدا پاش گەڕانەوەم بۆ كوردستان لە مانگی ئەیلولی 2003 پێشكەشم كردبوو بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان و حكومەت و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، پێشنیازم كردبوو جارێكی دی بەو پڕۆژەدا بچینەوە. بە پشتگیری كاك نێچیروان بارزانی، كە ئەودەمە سەرۆكی حكومەت بوو لە هەولێر، لە مانگی تشرینی یەكەمی 2003 كۆبوونەوەیەك ڕێكخرا، ئەندامانی لیژنەی قانوونی لە پەرلەمانی كوردستان و سكرتێری پەرلەمان ئامادەی ئەو كۆبوونەوە بوون، كە بڕیاردرا جارێكی دی پێداچوونەوە بە بەندەكانی ئەو پڕۆژەی پێشتر ئامادەكرابوو بكرێتەوە. لەپاش چەندین كۆبوونەوە لە بارەگای لیژنەی قانوونی لە پەرلەمان، سەرەڕای ئەوەی سكرتێری پەرلەمان نەیدەویست دەستكاریی لە پڕۆژە كۆنەكە بكرێت، لە 22ی كانوونی یەكەمی ساڵی 2003 پڕۆژەیەكی نوێ ئامادەكرا و خرایە بەردەست سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەڵام بەداخەوە هیچ بڕیارێكی لەسەر نەدرا، وەكو پڕۆژە مایەوە لە ئەرشیفی پەرلەماندا.
قانوونی كاتی بەڕێوەبردنی دەولەتی عێراق TAL لە ماددەی 53 دا سیستمی فیدراڵی بۆ عێراق پەسندكردبوو و دانیشی بە هەرێمی كوردستاندا نابوو لە چوارچێوەی ئەو سنوورە ئیداریەی لە 19ی ئاداری 2003 لە ژێردەسەڵاتی حكومەتی هەرێم بوو. لە بەندی 54ی هەمان ئەو قانوونەدا دان بەو دامەزراوانەدا نرابوو كە پێشتر هەبوون، بۆیە پەرلەمانی هەرێم وەكو دەزگای قانووندانەر دەیتوانی دەستكاری لە قانوونەكانی هەرێم بكات تا ئەو ڕۆژەی دەستوورێكی هەمیشەیی بۆ عێراق پەسنددەكرا. پەرلەمانی كوردستان لەو ماوەدا چەند قانوونێكی تازەی پەسندكردبوو و دەستكاریشی لە چەند قانوونێكی تر كردبوو دەزگاكانی هەرێم جێبەجێیان دەكردن. قانوونی كاتی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق چەند مەرجێكی دانابوو كە دەبوو پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ڕەچاویان بكات، لە بەندی 25 و پەرەگرافی (د)ی بەندی 43ی ئەو قانوونە دیاری كرابوون. ئەو دوو بەندە تایبەت بوون بە دەسەڵاتی حكومەتی ناوەند لە بوواری سیاسەتی دەرەوە و داكۆكیكردن لە عێراق و دامەزراندنی هێزی چەكدار. بەپێی ئەو دوو بەندە، دەسەڵاتی داڕشتنی سیاسەتی گشتیی دارایی و دەركردنی دراو، لەگەڵ ڕێكخستنی گومرك و بازرگانی دەرەوە بە حكومەتی ناوەند درابوون. دانانی بودجەی گشتی بۆ عێراق و كاروباری بانكی ناوەندی و ڕێكخستنی (مەقاییس و ئەوزان) لە دەسەڵاتی حكومەتی ناوەند بوون. هەرچەندە موڵكداریەتی سامانی سروشتی بە هەرێمەكان درابوو، بەڵام دەرهێنانیانی دەبوو بە هاوكاری و سەرپەرشتیكردنی دەزگاكانی حكومەتی ناوەند بكرێن. كاروباری پەیوندیدار بە دەوڵەتنامە/جنسیە و بێگانە و پەناهەندە لە دەسەڵاتی حكومەتی ناوەند بوون. لە پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان ئەو هەموو دەسەڵاتانە بە حكومەتی ناوەند درابوون، بەڵام دەسەڵاتەكانی دیكە بە دەزگاكانی هەریمی كوردستان درابوون، لەگەڵ ڕێكخستن و شێوەی بەكارهێنانیان. كەواتە پەسەندكردنی دەستوور بۆ هەرێمی كوردستان لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە لە دەسەڵاتی ئەو پەرلەمانە بوو بەپێی قانوونی كاتی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق. پەرلەمانی كوردستان دەیتوانی قانوون پەسند بكات هەتا ئەو ڕۆژەی دەستووری هەمیشەیی عێراق پەسند دەكرێت، بە مەرجێك ئەو قانوونانە بە پێچەوانەی بەندی 25 و پەرەگرافی (د)ی بەندی 43 نەبن.
دەستنیشانكردنی مافەكانی گەلی كوردستان لە دەستوورێكی تایبەت بە هەرێم دەبووە هۆی بەهێزكردنی ئەو دەزگا كوردستایانەی داكۆكیان لە مافەكانی خەڵكی كوردستان دەكرد لە بەغدا، گرووپی كوردستانی لەناو ئەنجومەنی نیشتمانی عێراقی و ئەندامانی ئەو گرووپە دەیانتوانی جەخت لەسەر چەسپاندنی ئەو مافانەی گەلی كوردستان بكەنەوە و داوای چەسپاندنیان بكەن لە دەستووری عێراقدا وەكو داواكاریی گەلی كوردستان، چونكە لە دەستووری هەرێمدا چەسپێندرابوون.
بۆچوونێكی تر هەبوو دەیگوت پەسەندكردنی دەستوور بۆ هەرێمی كوردستان دەبێ دوابخرێت بۆ پاش پەسندكردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق. هۆی ئەم بۆچوونە سیاسیی بوو نەك قانوونی، بە بۆچوونی ئەوان باری سیاسی لە عێراق و ناوچەكە شێواو بوو، پەسندكردنی دەستوور بۆ هەرێم لەو بارودۆخەدا بە “جوداخوازی” دەدرایە قەڵەم! بەپێی ئەو بۆچوونە، دەبوو چاوەڕێی دەستووری عێراق بكرێت تا بزانین لەوێدا چی بە كورد دەدرێ و چی قبووڵ ناكرێت! بەمشێوەیە هەموو سەنگی كورد دەخرایە ناو یەك سەبەتەوە، كە ئەنجومەنی نیشتمانی عێراقی بوو، ئەگەر لەوێدا كارەكان لە بەرژەوەندی كورد یەكلایی نەكرێنەوە لەو “شەڕە” دەستووریە بە دۆڕاوی دەهاتینە دەرەوە. بە بۆچوونی ئێمە چاكتربوو كورد لە چەند بەرەیەكدا ئەو “شەڕە” دەستووریە بكات و پەرلەمانی كوردستان ڕۆڵی هەبیت وەكو نوێنەری شەرعی خەڵكی كوردستان بۆ داواكردنی مافەكانی گەلەكەمان. ئەگەر ئەو داواكارییانە پێشتر لە دەستووری هەرێم بچەسپێندرابان، لە دەستووری عێراقدا ئاسانتربوو هەوڵی چەسپاندنیان بكرێت. دەبێ ئەوەش لە بیر نەكرێت كە سەنگی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە خولی دووەمی قورستربوو، چونكە ئەو خولەی پەرلەمان وەكو دەزگایەكی شەرعی تەماشادەكرا لەبەرئەوەی لە ئاكامی هەڵبژاردنێكی شەرعییەوە دیاری كرابوو. هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی هەرێم بەپێی قانوونێكی عێراقی ئەنجامدرابوو لەژێر چاودێری دەزگایەكی عێراقی — نێودەوڵەتی، بۆیە حكومەتی عێراق و دەوڵەتان و دەزگا نێودەوڵەتیەكان نەیاندەتوانی گوێ لە داخوازیەكانی ئەو خولەی پەرلەمان نەگرن.
دەستووری هەرێم كە داواكاریەكانی گەلی كوردستانی تێدا دیاری دەكرێن دەبووە شیرێكی تیژ بە دەست لایەنەكانی كوردستان لە ناو ئەنجومەنی نیشتمانی عێراقی. لە بڕگەی (ج)ی بەندی 61 ی قانوونی كاتی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق TAL ڕێگە بە دانیشتوانی دوو لەسەر سێی پارێزگاكانی عێراق دراوە لە كاتی دەستكاریكردنی دەستووری عێراق، ئەگەر سێ پارێزگا دەنگ بۆ ئەو دەستكاریە نەدات، ئەو پێشنیازەی بۆ دەستكاری كردنی دەستوور كراوە ڕەد دەكرێتەوە. پەرلەمانی هەرێمی كوردستان نوێنەرایەتی سێ پارێزگای دەكرد دەیتوانی ئەو پڕۆژە دەستوورەی بۆ عێراق ئامادە دەكرێت و مافەكانی گەلی كوردستانی تێدا دەستنیشان ناكراێت، ڕەد بكاتەوە. گرووپی كوردستانی لەناو ئەنجومەنی نیشتمانی عێراقی دەیتوانی ئەو چەكە بخاتە بەرچاو ئەو لایەنانەی قایل نەدەبوون كە مافەكانی گەلی كوردستان لەو دەستوورە بچەسپێن. كورد دەبوو “شەڕی” دەستووری لەسەر هەموو بەرەكان بكات، لە ناو پەرلەمانی عێراق و لە پەرلەمانی هەرێم، هەروەها بە هاوكاریی بزوتنەوەی ڕیفراندۆم و ڕێكخراوە سیاسی و مەدەنییەكانی كوردستان، جگە لە پشتگیری دۆستانی كورد لە دەرەوە. ئەو “شەڕە” دەستووریە ڕِەواتر دەبوو ئەگەر كورد لە هەموو بەرەكانەوە كاری لەسەر بكردبا و سەركەوتنی بەدەست دەهێنا و هەموو مافەكانی، بە مافی دیاریكردنی چارەنووسەوە لە دەستووری هەرێم و لە دەستووری عێراق دەچەسپێنران. كورد ئەگەر هەموو سەنگی لەسەر پرنسیپی “تەوافوق” بێت، ناگاتە ئەو ئامانجانەی ساڵەهای ساڵە خەباتی بۆ كردووە و خوێنێكی زۆری بۆ ڕشتووە، پێویستە ئەو هەموو فاكتەرانە بخرێنە گەڕِ تا لەو “شەڕە” دەستووریە سەربكەوێن.
پێش ئەوەی شاندێك لە هەرێمی كوردستان بچێت بۆ بەغدا بۆ بەشداریكردن لە داڕشتنی پڕۆژەی دەستووری عێراق، 57 پەرلەمانتار لە هەموو لایەنەكانی ناو خولی دووەمی پەرلەمان بە نووسین داوایان لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد ئەو پڕۆژە دەستوورەی هەرێم كە چاككرابوو بخرێتە بەردەم پەرلەمان تا تاوتوێ بكات پاشان پەسندی بكات، بەڵام ئەو داواكارییە لەگەڵ پڕۆژەكە لە ئەرشیفی پەرلەمان مایەوە، ئەوەش بە پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بوو.
پاش پەسندكردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق، پەرلەمانی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی دەستووری هەرێمی لە 24ی حوزەیرانی 2009 بە زۆرینە دەنگ پەسندكرد، هەنگاوی دووەم دەبوو دەنگدەران لە هەرێمی كوردستان لە مانگی تەموزی ئەو ساڵە دەنگی لەسەر بدەن.
پێویستە لێرە ڕووناكی بخەمە سەر چەند خاڵێك كە پێشتر ئاماژەیان بۆ نەكراوە. ئەو پڕۆژە دەستوورەی لە ساڵی 2006 بە زمانی عەرەبی ئامادەكرابوو، كە پاشان لە 24ی حوزەیرانی 2009 بە زۆرینە دەنگ پەسندكرا، لە كاتی خۆیدا ئەركی وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی كوردی لەلایەن لیژنەی دەستووری لە هەرێمی كوردستان بە بەندە سپێررا. لە كاتی پشووی هاوینی ساڵی 2006 لە لەندەن دەقی ئەو پڕۆژەیەم وەرگێرایە سەر زمانی كوردی و لەسەر (CD)، لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی 2006 ڕادەستی سەرۆكی لیژنەی دەستووریم كرد لە پەرلەمان. لەو ماوەی خەریكی وەرگێڕانی ئەو پڕۆژەیە بووم، بەبێ ئاگاداری نزیكەی سێ یەكی ئەندامانی ئەو لیژنەیە كۆبوونەوەیەكی بەناو نائاسایی لە 20ی ئابی 2006 سازكرابوو، تێیدا دەستكاری (22) ماددە و بڕگە لەو پڕۆژەدا كرابوون. لە ڕووی قانوونییەوە كۆبوونەوەی نائاسایی تایبەتە بە پەرلەمان نەك بە لیژنەكانی، ماددەی (6) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان مەرجی سازدانی كۆبوونەوەی نائاسایی دیاری كردووە، بەڵام ئاماژەی تێدا نەكراوە بۆ كۆبوونەوەی نائاسایی لیژنەكان، (قیاس)یش لەنێو ئەو دوو حاڵەتەدا ناكرێـت. لە یەكەم كۆبوونەوەی لیژنەی دەستووری كە لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی 2006 بەسترابوو ڕەخنەم لەو كۆبوونەوە بەناو نائاساییەی لیژنەی دەستووری گرت، بەڵام گوێ لە ڕەخنەكەم نەگیرا. پڕۆژەی دەستووری هەرێم بەو دەستكاریانەی لە 21ی ئەیلوولی 2006 ئەنجامدرابوون بڵاوكرایەوە، داواكرابوو لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان ڕِاوسەرنجی خۆیان بۆ لیژنەكە بنێرن. ژمارەیەكی زۆر لە ڕێكخراوی سییاسی و مەدەنی و كەسانی پسپۆر و شارەزا تێبینی خۆیان بۆ لیژنەكە ناردبوو بۆ دەوڵەمەندكردنی پڕۆژەكە. ئەركی لیژنەكە ئەوەبوو كۆبێتەوە بۆ تەماشاكردنی ئەو تێبینییانە، بەڵام بە بڕیارێكی دەستەی سەرۆكایەتی لیژنەكە، بەشێك لەو تێبینیانەی تەماشانەكران بە پاساوی ئەوەی بێ سوودن، بەشەكەی دی لە ژوورێكی نزیك لە ژووری سەرۆكی لیژنەكە دانرابوون، داوا لە ئەندامانی لیژنەكە كرابوو بچنە ئەو ژوورە لەوێ تەماشایان بكەن!
لیژنەی دەستووری لە پەرلەمانی هەرێم كۆنەبووەوە تا دەستپێكردنی پشووی هاوینی پەرلەمان لە مانگی تەموزی 2008. لە یەكی تەموزی ئەو ساڵەدا دەستی بە كۆبوونەوە كرد، لە 7ی تەموزی ئەو ساڵە جارێكی دی كۆبوونەوەیەكی بەناو نائاسایی ئەنجامدا، تێیدا جارێكی دی دەستكاریی بنەڕەتیی لە پڕۆژەكەدا كرابوو. بەندە بەشداریم لەو كۆبوونەوە بەناو نائاساییە نەكرد لەبەرئەوەی بە ناشەرعیم دەزانی. لەو كۆبوونەوەدا جاریكی دی دەستكاری لە پڕۆژەكەدا كرابوو، بەو دەستكاریانەوە لە 24ی حوزەیرانی 2009 پڕۆژەكە خرایە بەردەم پەرلەمانی هەرێم بە زۆرینە پەسندكرا. ئەو دەنگدانە پاش هەمواركردنەوەی قانوونی پەسندكردنی پڕۆژەی دەستووری هەرێم ژمارە (16)ی ساڵی 2008 كرا.
پڕۆژەی دەستووری هەرێم تا ئێستا هەر پڕۆژەیە، چونكە دەنگدەران لە هەرێمی كوردستان دەنگیان لەسەر نەداوە. ئەگەر پەسند بكرێت دەبێتە یەكەم دەستوور لە مێژووی گەلی كورد، كە پێویستە بە باشترین شێوە ئامادە بكرێت و ماددەكانی بە زمانێكی قانوونی ڕەوان دابڕێژرێن. قانوونی ژمارە (16)ی ساڵی 2008ی هەمواركراو تایبەت بە پەسندكردنی پڕۆژەی دەستووری هەرێم ڕێگای لە ئەندامانی پەرلەمانی هەرێم گرتووە گفتوگۆ لەسەر ناوەرۆكی پڕۆژەكە بكەن، بە پاساوی ئەوەی پەرلەمانی هیچ وڵاتێك گفتوگۆی لەسەر ناوەرۆكی پڕۆژە دەستووری وڵاتی خۆی نەكردووە، لە كاتێكدا پڕۆژەی دەستووری عێراقی ساڵی 2025 پاش گفتوگۆكردن ئەوجا پەسندكراوە. لە ڕاستیدا یەكەم پڕۆژە دەستووری عێراق لە ساڵی 1924 ئامادەكرابوو، ئەنجومەنی دامەزرێنەر/ الجمعیە التاسیسیە)، پێش دەنگدان لەسەری دەستكاری تێداكردبوو، پاشان لە ساڵی 1925 پەسندی كردبوو.
چەندین كەسانی پسپۆڕ و شارەزا دەمێكە داوای هەمواركردنەوەی پڕۆژەی دەستووری هەرێم دەكەن بە مەرجێك كەموكوڕییەكانی چاكبكرێن. بەشێك لەو شارەزایانە پێشنیازی دامەزراندنی لیژنەیەكی تازە دەكەن، دەڵێن باشترە ئەندامانی ئەو لیژنەیە تازەیە كەسانی پسپۆر و شارەزا بن، بە ڕێككەوتن لەنێو فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی هەرێم دەستنیشان بكرێن.
پەلەكردن لە پەسندكردنی پڕۆژەی دەستوور بۆ هەرێمی كوردستان داواكاریی زۆرینەی خەڵك و لایەن و كەسانی شارەزایە. بەشی زۆری ئەو گرفت و كێشانەی بەرەوڕووی هەرێمی كوردستان بوونەتەوە هۆیەكەی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دەستوورە لە هەرێم، كە دەبوو لە ساڵی 1992 هەرێمی كوردستان خاوەن دەستووری خۆی بێت.
پەسندكردنی دەستوورێكی مۆدێرنی گونجاو بۆ هەرێمی كوردستان لەم بارودۆخە سیاسیەی كوردستان و عێراق و ناوچەكە پێیدا تێدەپەڕێت دەبێتە هۆی گوێ گرتن لە داواكارییەكانی هەرێم و دەوڵەتان و لایەنە نێودەوڵەتییەكان زیاتر حیساب بۆ هەرێمێكی خاوەن شەرعییەتی دەستووری دەكەن، نەك هەرێمێك تا ئێستا دەستووری خۆی نەبێت.
هەولێر
17/2/2026




پێنج خشتەکی لەسەر دەردەدڵێکی فایق بێکەس.. نەوزاد بەندی

قەت مەڵێن خوایه هەتا کەی ئەم کوردە دێوانەیه .
تانە لە دنیا و گەلانیش، هەر تەنها بەهانەیە ..
وا سی و پێنج ساڵ زیاترە کورد خۆی کێش و کێشانەیە ..
کورد ئەبەد ناگاتە مەقسەد نۆکەری بێگانەیە
دوو دڵن پیسن لەگەڵ یەک بۆیە وا بێ لانەیە
٭ ٭ ٭

تۆ تەماشای کورد لەگەڵ کورد چۆن یەکتر ئەکەن بە پەن ..
کار گەیشتۆتە ئەو سنوورەی دەست بۆ موچەی خەڵک ئەبەن ..
دەنگدرا، ساڵ تێپەڕی،حوکمەت نەبوو، چاڵیان هەڵکەن
میللەتێکن بۆ نەمانی یەکتری هەر هەوڵ ئەدەن
داخەکەم وورد ودرشتی شێت و شەیدای ئانەیە .

٭ ٭ ٭

زانا و دانا و داهێنەریان، بێ ڕێزە و ناوی نییە..
ئەوەی دڵسۆز و چاوساغە، لای ئەوان چاوی نییە..
سووکە لایان ئەو کەسەی کە چەکدار و داوی نییە ..
سەنعەت و عیلم و مەعاریف زەڕڕەیەک باوی نییە ..
پیاوەتی لایان بە تەنیا چەفتە و جامانەیە ..

٭ ٭ ٭

سەد کەناڵ و سەد ڕۆژنامە و سەد ڕادیۆ پێک هەڵئەدەن ..
بە پارەی ئەو خەڵکە جۆشی ، ئاگر و دوکەڵ ئەدەن ..
هەر کەسێکیش لاریی هەبێ،
ئەیکوژن ..تێی هەڵئەدەن
بۆ قسەی زل بێ قسوورن باسی کوردییەت ئەکەن
کوردییەت خورمایە بۆچی یان قسەی شێتانەیە..

٭ ٭ ٭

بۆ بێگانە و لەشفرۆشیی خستیانە سەر پشت دەرگا ..
نە دینیان هێشت نە کەلەپوور، لە خەڵک بوون بە کەڵەگا..
میللەتیان ئەوەندە سوک کرد، ئەگۆڕان لەگەڵ سەگا ..
میللەتی بێ عیلم و ئەخلاق چۆن به ئیستیقلال ئەگا
واسیتەی بەرز و تەرەققی هیممەتی مەردانەیه




ڕۆژئاوا باشوور نییە.. رۆمان ئامینە

لەنێو کەتواری سیاسی و کۆمەاڵیەتی کوردیدا ڕوانینێکی زاڵ هەیە، کە تێیدا لە پرسی هەر شکست و لەمپەڕێکدا، دێن و لە چاویلکەی سەقامگیری ڕێژەیی ئەزموونی باشوورەوە چاو لە بەشەکانی دیکەی کوردستان، بە تایبەت ڕۆژئاوا دەکەن.
وەختێ لەوێ گرفتێک دێتە پێش،، خێرا دەستەیەک قوت دەبنەوە و دەڵێن دەبوو چاو لە ئەزموونی باشوور بکەن و بۆ وەک باشووریان پێنەکرا. لە ڕاستیدا خودی ئەم بەراوردە بە ئەنقەست بێت یاخود لە ڕوانگەی نائاگاییەوە گرفتە و پێویستە تێپەڕێنرێت.
باشووری کوردستان کە نزیکەی سەدەیەکە بووەتە مەکۆ و چەقی جوڵانەوەی سیاسی کورد و ستاتۆکەشی کە زیاتر لە سێ دەیەیە ڕەوایەتی هەرێمی و نێودەوڵەتی وەرگرتووە، هەرگیز ناکرێت بەراورد بکرێت بە ڕۆژئاوای کوردستان کە لە چوارچێوەی جیۆپۆلەتیکی جوڵاوی سوریادا تا ئێستا دەرفەت نەبووە سەقامگیر ببێت و ڕۆڵی نەرێنی تورکیا و سعودیە و قەتەر و ئەمریکا و ئیسرائیل و فەرەنسا لەلایەک و ڕووسیا و ئێرانیش لە لایەکی دی جۆرێک لە ئاڵۆزی و گرێکوێرەی درووست کردووە کە وادەکات داهاتووی ئەم ستاتۆیە بە نادیاری بهێڵێتەوە.
لە ڕاستیدا زلهێزان تا ئێستا لەسەر ئەو کڵێشە کۆنە دەڕۆن کە پرسی کورد بە بچوککراوی بهێڵنەوە و ڕێگری بکەن لەوەی کە دۆزەکە لەوە زیاتر گەورە ببێت و بە ناچاری نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بۆ هەموار بکەنەوە، بۆیە تا ئێستا لەو نێوەندەدا ماونەتەوە و نە دەتوانن ستاتۆی ڕۆژئاوا لەناوبەرن کە یەک دنیا سەروەری تیا تۆمارکراوە و ئەفسانەی داعشی بەزاندووە، نە دەتوانن دانی پێدابنێن و مۆری ئازادی دووەم پارچەی کوردستان دەستەبەر بکەن، چونکە نایانەوێ سەروەری دەوڵەت نەتەوەکان تێکبدەن و چوار وڵات ڕووبەڕووی ناسەقامگیری درێژخایەن بکەنەوە، بۆیە بە گوێرەی ستراتیژێکی دوور دەمێکە لەسەر ئەوە ساغ بووەنەتەوە کە ئەگەربێتوو ڕۆژگارێک زۆریان بۆبێت و دۆزی کورد بە ڕوویاندا بتەقێتەوە، ئەوا دەوڵەتۆچکەیەکی بچوک لە چوارچێوەی عێراقدا بۆ کورد چێ بکەن، ئەوەی ئێستا لە ستاتۆی باشووری کوردستاندا دەینینین لە ڕاستیدا زادەی ئەو ڕوانین و کارکردەی سیستمی جیهانییە.
مەبەستەکە لێرەدا ئەوەیە ئەمەی لەم پارچەیەدا بەدەستهاتووە لەخۆوە نییە و سا بە تەنهاش زادەی خەباتی کورد نییە لەو بەشەدا، بەڵکو زادەی کۆمەڵێ هەلومەرجی مێژوویی و جیۆپۆلەتیکیە، کە ئەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و هیچ بەشێکی دیکەی کوردستان لەگۆڕێ نییە و ئەستەمە ئەو پێدراوانەی سیستم بە ئاسانی لە ڕۆژئاوادا جێ بکەون، ئەگەرچی ڕۆژئاوا دنیایەک ڕەنج و قوربانی بۆ دراوە و لە هەگبەیدا بێشومار مانا و بەهای لە خۆیدا گلداوەتەوە. هەروەکو وتمان ئەوەی لە باشووردا بەدەستهاتووە زادەی کۆمەڵێ هەلومەرجی مێژوویی و جیۆپۆلەتیکیە کە تەنها شمولی ئەم بەشەی کوردستان دەکات، نە پەیوەندی بە کارامەیی و تێکۆشانی ئەم بەشەوە هەیە بە تەنها، نە ئەوەی لە ڕۆژئاواشدا دەگوزەرێ پەیوەندی بە ناکارامەیی و نەزانی ئەو بەشەوە هەیە. بەم جۆرە هەلومەرجەکانی پێکهاتنی ستاتۆی دانپێدانراوی باشووری کوردستان ڕوون دەکەینەوە:
١- واقیعی جوگرافی و ملمالنێی زلهێزەکان
دوای جەنگی جیهانی یەکەم و ڕێککەوتنی “سایکس-پیکۆ”، ویلایەتی موسڵ کە باشووری کوردستانی ئێستایە بوو بە خاڵی ملمالنێی توند لە نێوان بەریتانیا و تورکیا. بەریتانیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە نەوت و ڕێگریکردن لە هەژموونی تورکیا، ناچار بوو جۆرێک لە مامەڵە لەگەڵ ناسنامەی کوردی بکات لەم ناوچەیەدا.
ئەمەش وای کرد دۆزی کورد لە عێراقدا زووتر بچێتە ناو تێکستە (نێودەوڵەتەکانەوە )وەک بڕیارەکانی کۆمەڵەی گەلان.

٢- ئەزموونە سیاسییە یەک لە دوای یەکەکان

  • ئەزموونەکەی شێخی نەمر : یەکەم هەوڵی جدی بوو بۆ دامەزراندنی قەوارەیەکی دەوڵەتگەرایی شانشینی کوردستان بەریتانییەکانی ناچار کرد دان بە بوونی “کێشەیەک “دا بنێن.
  • شۆڕشی ئەیلوول : بەهۆی سەرکردایەتی مەال مستەفای بارزانی و بارودۆخی جەنگی سارد، دۆزی کورد لە باشوور بوو بەکارتی فشار لە کێبڕکێی نێوان بلۆکی ڕۆژهەاڵت و ڕۆژئاوا و ملمالنێی ئێران و عێراق.

•دەستپێکردنەوەی شۆڕش دوای ئاشبەتاڵی ١٩٧٥ و پێکهاتنی ناوچەی دژەفڕین (١٩٩١):
ئەمە گەورەترین وەرچەرخانی مێژوویی بوو. لێرەدا سیستمی جیهانی (بە سەرۆکایەتی ئەمریکا) بڕیارێکی ڕاستەوخۆی دا بۆ پاراستنی ئەم پارچەیە، کە دواتر بوو بە بناغەی هەرێمی کوردستان.

با هۆکاری ئەو بە چەقبوونەی باشووری کوردستان وردتر بکەینەوە:
١- بەیاننامەی هاوبەشی بەریتانیا و فەرەنسا ١٩١٨ و پەیمانی سیڤەر ١٩٢٠
ئەمە یەکەمین بەڵگەی فەرمیی نێودەوڵەتییە کە باس لە مافی چارەی خۆنووسینی گەلانی ژێر دەستی عوسمانی دەکات. لە پەیمانی سیڤەردا ماددەکانی ٦٢، ٦٣ و ٦٤ بە ڕوونی باس لە دروستکردنی قەوارەیەکی کوردی کرا لەو ناوچانەی کە کوردی تێدا نیشتەجێیە . هەرچەندە سیڤەر هەموو کوردستانی دەگرتەوە، بەڵام کاتێک کەمالیستەکان لە تورکیا بەهێز بوون، بەریتانیا ستراتیژی خۆی گۆڕی و تەنها لە ویلایەتی موسڵدا جەختی لەسەر “ناسنامەی کوردی” کردەوە بۆ ئەوەی بڕیارەکەی کۆمەڵەی گەلان لە بەرژەوەندی عێراق (کە لەژێر ئینتیدابی خۆیدا بوو) بشکێتەوە.

٢- بەیاننامەی ١٩٢٢ی بەریتانیا و مەلیک فەیسەڵ
بەریتانیا و حکومەتی عێراق بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دەرکرد کە تێیدا دانیان بە مافی کورددا نا لە دامەزراندنی حکومەتێکی کوردی لە سنووری عێراقدا. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە لە تورکیا بەپێی پەیمانی لۆزان و لە ئێراندا، نەک هەر باس لە ماف نەدەکرا، بەڵکو بوونی نەتەوەی کورد ئینکار دەکرا. بەریتانیا ویستی بەم کارتە گوشار بخاتە سەر تورکیا و سۆزی کوردەکانی ویلایەتی موسڵ بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.

٣- ڕاپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوەی “کۆمەڵەی گەلان ١٩٢٥
کاتێک کێشەی موسڵ گەیشتە کۆمەڵەی گەلان ، لیژنەیەک هاتنە ناوچەکە کە لە سێ ئەندامی نێودەوڵەتی (سویدی، هەنگاری، بەلجیکی) پێکهاتبوون. ئەو سێ ڕاسپێردراوەی لیژنەکە، ڕاپۆرتێکیان ئامادەکرد و لە ڕاپۆرتەکەیاندا مەرجی ئەوەیان دانا کە ئەگەر ویلایەتی موسڵ بخرێتە سەر عێراق، دەبێت کارگێڕیی ناوچەکە بە دەستی کوردەوە بێت، چونکە کورد زۆرینەی ئەو ناوچانەیە و نا یانەوێت ببێت بە بەشێک لە دەوڵەتی تورکیا .

  • زمانی کوردی زمانی فەرمی بێت
  • دادوەر و فەرمانبەرەکان کورد بن.
    ئەم دۆکیۆمێنتە باشووری کوردستانی کردە خاوەن پێگەیەکی یاسایی نێودەوڵەتی کە هیچ پارچەیەکی تر نەیبوو.

    ٤- سیاسەتی “جیاکردنەوەی ناڕاستەوخۆ ” لەلایەن بەریتانیاوە
    بەریتانیا لە ڕێگەی ئەفسەرە سیاسییەکانی وەک (مێجەر سۆن و ئیدمۆندس)ەوە هانی جۆرێک لە “خۆسەریی کلتووری-نەتەوەیی”یان دەدا لە سلێمانی و دەوروبەری. مەبەستیان ئەوە بوو باشوور بکەنە “قەڵغانێکی مرۆیی و سیاسی” لە دژی هەژموونی تورکیا و یەکێتی سۆڤیەت. ئەم بوارە کەمەی بەریتانیا ڕەخساندی، وای کرد یەکەمین قوتابخانە، ڕۆژنامە و چاپەمەنی کوردی لە باشوور گەشە بکات، کە دواتر بوو بە هەوێنی شۆڕشەکانی شێخ مەحمود و مەلا مستەفای بارزانی، بەڵام بەریتانیا ئەوەی بۆ باکوری کوردستان نەکرد، هەرچەندە لەوێشدا جوڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردی لاواز نەبوو، بەم هۆکارانە:
    ١- گۆڕانی هاوسەنگی هێز: لە “سێڤر”ەوە بۆ “لۆزان
    لە ساڵی ١٩٢٠ پەیمانی سیڤەر، بەریتانیا دەیویست تورکیای عوسمانی پارچەپارچە بکات، بۆیە باسی دەوڵەتی کوردی کرد لە باکوور. بەڵام کاتێک مستەفا کەمال ئەتاتورک هات و جەنگی سەربەخۆیی بردەوە، هاوکێشەکە گۆڕا. هێزی سەربازی: سوپای تورکیا بەهێز بوو، بەریتانیاش دوای جەنگی جیهانی یەکەم تاقەتی جەنگێکی تری گەورەی نەمابوو .

مەترسی سۆڤیەت: بەریتانیا دەترسا ئەگەر زۆر فشار بخاتە سەر تورکیا و ئەتاتورک خۆی باوێژێتە باوشی “یەکێتی سۆڤیەت” کە ئەو کات دوژمنی سەرسەختی ڕۆژئاوا بوو. بۆیە بڕیاری دا تورکیا ڕازی بکات و لە پەیمانی لۆزان ١٩٢٣ دەستبەرداری مافی کوردانی باکوور بوو.

“٢- ویلایەتی موسڵ : کێشەی “نەوت” و “سنوور
بەریتانیا لە باکوور پاشەکشەی کرد، بەڵام لە باشوور (ویلایەتی موسڵ) قاچی خۆی توند کرد. هۆکارەکەی سێ خاڵ بوو:

  • کەرکوک و نەوت:
    بەریتانیا دەیزانی پاشەڕۆژی ئابووری ئیمپراتۆریەتەکەی لە نەوتی کەرکوکدایە. نەیدەویست ئەم ناوچەیە بگەڕێتەوە ژێر دەستی تورکیا.
  • کورد وەک “زمانحاڵ “:
    بۆ ئەوەی لە بەردەم “کۆمەڵەی گەلان”دا بسەلمێنێت کە موسڵ نابێت بدرێتەوە بە تورکیا، بەریتانیا دەستی کرد بە بەکارهێنانی بەڵگەی نەتەوەیی. دەیگوت: “دانیشتوانی ئەم ناوچەیە کوردن، نەک تورک، و ئەوان نایانەوێت بگەڕێنەوە ژێر دەسەاڵتی ئەنقەرە.
  • پشتیوانیی کورد بۆ عێراق:
    بەریتانیا جۆرێک لە “خۆسەریی” و “مافی کلتووری” بە کوردانی باشوور دا )وەک بەیاننامەی ١٩٢٢(دا هاتووە، تەنها بۆ ئەوەی کوردەکان ڕازیبن ببنە بەشێک لە دەوڵەتی نوێی عێراق و نەڵێن دەمانەوێت بچینەوە سەر تورکیا.

٣- بۆچی باکووری نەکردە “کارتی گوشار”؟
لە ڕاستیدا بەریتانیا بۆ ماوەیەکی کورت ویستی ئەمە بکات )بۆ نموونە پەیوەندی بە هەندێک سەرۆک هۆزی باکوورەوە کرد(، بەڵام زوو تێگەیشت کە ئەمە “یارییەکی مەترسیدارە.

ترس لە پەرشوبڵاوی:
ئەگەر بەریتانیا پشتگیری شۆڕشی کوردانی باکووری بکردایە، تورکیاش دەستی دەکرد بە تێکدانی بارودۆخی عێراق و سووریا.

پاراستنی دەوڵەت -نەتەوە:
بەریتانیا دەیویست تورکیایەکی سەقامگیر هەبێت کە سنوورەکانی دیار بێت و ببێتە بەربەست لە بەردەم ڕووسیای قەیسەری ودواتر سۆڤیەت.
دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردی لە باکوور بە واتای هەڵوەشانەوەی تورکیا و ئێران دەهات، ئەمەش ناوچەکەی دەخستە ناو گێژاوێکەوە کە بەریتانیا نەیدەتوانی کۆنترۆڵی بکات.
ئەوەی ئێستاش هەیە لە ڕۆژئاوا، زادەی هەمان کارکردی سیستمە، کە نایەوێت پرسی کورد لە چوار دەوڵەتدا باڵ بکێشێت و سنووری دەوڵەت نەتەوەکان بسڕدرێتەوە. دەنا بە هەموو پێوەرێک ئەزموونی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە کورد نوێنەرایەتی دەکەن لە ڕووی دامەزراوەیی و پێکهاتە و بەهاوە نەک هەر بەراورد ناکرێت بە داعشە نوێیەکانی ڤێرسیۆنی جۆلانی، بەڵکو شان لە ئەزموونی دەوڵەتانی ئەوروپیش دەدات بەو ئیمکانیەتە کەمەوە. سا وەک لە لێدوانەکانی تۆم باراکی نوێنەری ترامپ بۆ کاروباری سوریادا هات، ئەوان ڕێگریان کرد لە پارچەبوونی دەوڵەت کە ناوچەکەی دەخستە گێژاوێکی گەورەوە!

رۆمان ئامینە




داگیرکردنی هۆش.. جوتیار مەلا ڕەئوف

کاتێک باسی داگیرکردن( کۆلۆنیالیزەکردن) ی هۆش(زیهن) لە مێژوودا دەکەین، ناتوانین کۆمەڵگای کوردی وەکوو یەکێک لە سەرکوتکراوترین و بەردەوامترین قوربانییەکانی ئەو پرۆسەیە پشتگوێ بخەین، ئەگەر یەک کۆمەڵگا هەبێت کە لە سەدەی رابردوودا بە توندترین شێوە هەست بە کاریگەرییەکانی جۆری ئەو کۆلۆنیالیزمە بکات کە لە فۆرمی فاشیزم و ئامرازکردنی سیاسی ئایینە، ئەوە بە دڵنیایەوە کۆمەڵگای کوردیە.
بوونی ئێمە لە ناوەندی ئەو ململانێیەدا ڕێکەوت نییە، ئێمە لە سەنتەری ئەو هەژمون و روبەڕوبونەوەیەداین، چونکە خاوەن پێناس، زمان و بینینێکی سیاسی جیاوازین لە پەیوەست بە بوون و ژیانی کۆمەلایەتی، ئێمە نوێنەرایەتی خواستێکی جیاوازی سیاسی و ژیاری دەکەین؛ بینینێک بۆ ژیانێکی شارستانی، بۆ سەربەخۆییەکی پڕ لە کەرامەت و خۆڕاگریەکی مرۆیی سەرپێکەتوو و هاوچەرخ، ئەو بینینەش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دژ بەو مۆدێلەیە کە لە ناو دیدگای فاشیزمی نەتەوەیی وهەروەها لەناو دیدگای ئیسلامی سیاسیەوە سەرچاوە دەگرێت، نمونەی مۆدێلی دەوڵەتی (یەکپێناسەیی، یەکزمانی و یەک‌ عەقیدەیی).
مێژووی فاشیزمی نەتەوەیی و ئیسلامی سیاسی بەرامبەر بە کورد، دیدگایەک نییە لە مێژوودا بۆ یەکبوون و یەکگرتنێکی دیموکراتیک و ئارەزومەندانە، بەڵکوو مێژووی ئینکارییە بەرامبەر بە بوونی مرۆڤی کورد، سەدان ساڵە مرۆڤی کورد لەناو ئەو دیدگایەدا دەکوژرێتوو ناسنامەکەی بە فەرمی نکۆڵی لێدەکرێتوو ڕەتدەکرێتەوە، هەموو مێتۆدێکی سەرکوتکردن و لە ناو بردنو و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی، زمانی قەدەغە کراوە، ناو و شوێن و مێژووی گۆڕدراوە، سیاسەتی ئاسیمیلاسیون(لەناوبردن و توانەوەی ناسنامەی کولتوری لەناو کولتورێکی تر) وتا ئاستی لە ناوبردنی نەژادی (جینۆساید) لە بەرامبەردیدا بەکارهێندراوە.
بەڵام ئەوڕۆ ستراتیژییەکە ئاڵۆزترە، سەرکوتکردنی ئاشکرا بە ڕێگاو میتۆدی جیاواز پەیڕەو دەکرێت، کە پەیوەندی بە داگیرکاریەکی ترەوە هەیە، پەیوەندی بە دووبارە داڕشتنی نەخشەی ئایدیۆلۆژیا و دینگەرایی سیاسیەوە هەیە، ئێستا داگیرکاری تەنیا خاکو جیۆگرافیا نییە، کاریگەرتر لەوە داگیرکردنی زیهن(هۆشە). کۆلۆنیالیزمی فاشیزمی ئایدیۆلۆژی و عەقیدەیی ئەوەیە کە ناسنامەی نەتەوەیەک بە هێواشی بخاتە ناو چوارچێوەیەکی دیکەوە.
ئەوەش جۆرێکە لە کۆلۆنیالیزمی ئایدیۆلۆژی مۆدێرن، ئیسلامی سیاسی وەک ئامرازێک بۆ بێلایەنکردنی چارەنوسی سیاسی کۆمەڵگای کوردی وکوو مییللەتێک کە بەشیکە لە مێژووی کۆنترین نەتەوەکانی ئەو ناوچەیە پلان دادەنێتوو بێبڕست تێدەکۆشێت، لێرەدا فاشیزمی نەتەوەیی و ئیسلامی سیاسی لە پەیوەست بەو بابەتەوە دەبنە پرسێکی هەستیار و جێگەی بیرکردنەوە، ئێمە ئەوە هەست پێدەکەین کە زۆرێک لە خەڵک لە کۆمەڵگای کوردیدا ئیسلامن وەکوو ئاین، ئەوە واقیعێکە و دەبێت وەکوو بەشێک لە ناسنامەی خوداپەرستییان ببیندرێت، بەڵام کاتێک ئایین لە ڕووی سیاسییەوە لە بەرامبەر کورددا بە ئامراز دەکرێتوو دەتوانرێت بۆ لاوازکردنی چارەنووسی سیاسی و نەتەوەییان بەکاربهێنرێت، دەکرێت عەواقیب و باجەکەی، قوربانییەکی سەرتاپاگیری زیهنی مانیپۆلکراوبێت بۆ هەمیشە.
فاشیزم و ئیسلامی سیاسی کە هاوتەریبن لە ناو یەک دیدگاو ئایدۆلۆژیەتدا سەبارەت بە بوونی کورد، دین و عەقیدەگەرایی وەکوو هێزی سڕینەوەی پێناسی ئەو نەتەوە بە ئامراز دەگرن و کاری لەسەر دەکەن.
من مەترسی ئەو هێزە عقیدەییە لە بەکارهێنانی ئاین و خوداپەرستی بۆ کۆلۆنیالیزەکردنی زیهنیەتی مرۆڤی کورد وەکوو فاکتێکی کاریگەر دەبینم لە دابەزینی مۆڕاڵ و ئینتیما و دیدگا مرۆیەکان و داواکارییە نیشتیمانی و سیاسییەکان، کاتێک لە ناسنامەی نەتەوەییدا بەهێزتر جەخت لەسەر پەیوەستبوون بە ئایین و عەقیدەگەرایی دەکرێتەوە لە لایەن هەندێک کەس و گروپوو حیزبی ئیسلامی و تا ئاستێک لەسەر ئاستی گشتیش لە ناو گۆمەڵگادا، کاتێک ئەوە دەبێتە ڕەهەندو بیرکردنەوەیەکی جێگیر لەلایەن کۆمەڵگاو خەڵکەوە، ئەوکات مەترسیە ڕاستەقینەکە دەبێتە واقیعێکی فەرزبوو کە بڕوا بەوە بێنین هەموومان یەک ناسنامەمان هەیە ئەویش موسڵمانبونە، هەموومان خاوەنی یەک دینین، ئەو کات یەکگرتوویی (ئومەت) دەبێتە ئامانج و لە خواستی راسەقینە کە مرۆڤبوون و کیانی نیشتیمانیمانە لە لامان گرنگترو پیرۆزتر دەبیت.
لیرەدا ئاین بە تەنها کێشەکە نییە، بەڵکوو بە ئامرازکردنە سیاسییەکەی، بۆ لاوازکردنی ئەو دیدگایە کێشە گەورەکەیە، ئەو ئارگیومێنتە لە ڕووی ستراتیجییەوە دەتوانێ خزمەت بە تێکدانی بانگەشە راستەقینەکەمان بکات کە دەرچونە لە ژێر داگیرکاری و چەوساندنەوە و نادادگەری کۆمەڵایەتی.
بۆیە ئێمە دەبێت بەر لەهەر شتێک لەوە تێبگەین کە کورد تەنیا لەژێر فشاری داگیرکردنی خاکەکەیدا نییە، لە ژێر قرکردنی جەستەییدا نییە، بەڵکوو لە ناو پرۆسەی کۆلۆنیالیزەکردنێکی زیهنی فاشیزمی نەتەوەیی و ئایدیۆلۆژی سیاسی ئیسلامیش دایە.
ئەگەر کۆمەڵگای کوردی ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆی لە بەرژەوەندی ئەو گوتارە عەقیدەیی و فاشیستیە دینگەراییە ڕێژەیی و مینیماڵ بکاتەوە، ئەوا مەترسیی خۆهەڵوەشاندنەوەی نەتەوەبوون و کۆمەڵگاکەی بە ئاستێکی زۆرمەترسیدار گەشەدەکات.
ئەگەر ئێمە دەست بکەین بە باوەڕبوون بەوەی کە زمانەکەمان لاوەکییە، ئەگەربڕوا بەوە بێنین و بزانین چارەنووسی سەربەخۆیی و و مرۆڤبونمان ململانێیەکی ناپێویستە، ئەگەر ناچار بین دڵسۆزی بۆ ئاین یان دەوڵەتی سەردەستە لە پێشینەی ناسنامەی کولتووری خۆمان دابنێین، کەواتە دەبێت لەوە تێبگەین کە پرۆسەی کۆلۆنیالیزەکردن لە ریگای فاشیزمی نەتەوەیی و ئیسلامی عەقیدەییەوە چی کاریگەریەکی لە ناخ و هەستوو هۆشماندا جیگیر کردووە و سەرکەوتوو بووە.
هەر بۆیە کۆمەڵگای ئیمە بەر لە هەر روبەڕوبونەوەیەک لە بەرامبەرئەو هێزە کاریگەرو ترسناکە پێویستی بە ئامادەیەکی معریفی- سیاسی هەیە، پێویستی بە هۆشیاریەکی ئینسانی هەیە ، پیویستی بە دەزگای تایبەتمەندو پێویستی بە هاتنە دەستی دەزگا یاسایەکان هەیە، پێویستی بە پەروەردەیەکی تەندروستی نیشتیمانی هەیە، پێویستی بە میدیای ئازادو ڕەخنەگرانە هەیە بۆ دەرخستنی حەقیقەتی ئەو هیزە خەتەرناکە، پێویستی بە پێکهاتە بەهێزەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەیە، ئەوەش نەک وەکوو کاردانەوەیەک بۆ بنیادنانی کینەو حیقدی نەتەوەپەرستی لە ناخی تاکەکانیدا، بەڵکوو بۆ پاراستنی ناسنامە راسەقینەکەی و بۆ ئەوەی زیهنیەتی کۆمەڵگاکەی لە ژێر کاریگەری فاشیزمی دینگەرایی و نەتەوەیی هەژموونخواز داگیر نەکرێت، چونکە فاشیزم لە دەرەوەڕا هێرش دەکات، بەڵام ئیسلامی سیاسی دەتوانێت لە ناوەوەی بیرکردنەوەی مرۆڤدا بۆشایی دروست بکات، کە ئەوەش هاوشێوەو هاوبەشییەکی زۆر مەترسیدارە.
ئەگەر ئەو پرۆسەیە (کۆلۆنیالیزەکردنی زیهنی) گەشە بکاتوو بەهێز بێت لە ناو کۆمەڵگای کوردیدا و ڕێگەی لێنەگیرێت، ئەو کات چیتر هەست بە بوونی داگیرکاریی خاکو وڵاتیش ناکەین، چونکە زیهنمان بە پلان و لە رێگای شەڕێکی بێ خوێنڕشتنەوە داگیردەکرێت.




ڕۆڵی وەرگێڕان و کاریگەری بەسەر زمانی پێوەری کوردیدا.. فەرەیدوون سامان

وەرگێڕان لە کایەکانی کەلتووری و پەروەردەییدا ھۆکارێکی گرنگە بە خزمەتکردنی زمانی پێوەر-ستاندارداردی کوردی، ساڵانە و مانگانە تەنانەت ھەفتانەش، چەندان کتێبی وەرگێردراو لە زمانە بیانییەکانەوە بۆ زمانی کوردی بەرچڤە دەکرێن، بێگومان ھەیانە شایستەی پەسن و پێزانینن، لێ ھەشیانە شیاوی ئەوە نین نەک ھەر بخوێنرێنەوە، بەڵکو تەماشاش بکرێن، چونکە ھیچ مەرج و رێساو یاسایەک و پێوەرێکی وەرگێران لەخۆ ناگرن، ھەر بۆیەش پرسیارەکە لێرەدا خۆی قوت دەکاتەوە، ئایا مەرجە وەرگێڕ لەکاتی وەرگێڕانی ھەر دەقێکدا ناوەڕۆک و واتای دەقە ئەسڵییەکە بگەیەنێت، یانیش بۆی ھەیە بەپێی خواست و مەزاجی خۆی ئەو وەرگێڕانەی کە بۆ خۆی دەیەوێ ‌ دەستکاری دەقەکە بکات، وەک کورتکردنەوە یان ئیختیزالکردن، کەوایە ئەدی مەبەست چییە لەوەی کە دەگوترێ وەرگێڕ دەبێ شێوازی دەربڕینی نووسەر بپارێزێت؟.
لە کاتێکدا ئێمە دەزانین ھەر زمانێک تایبەتمەندێتی خۆی ھەیە لە ڕووی سینتاکس- ڕستەسازیی و ئیدیۆم و فۆرمۆلۆژیدا لە زمانەکەی دیکەدا جوێی دەکاتەوە، وەرگێڕ دەتوانێ زمانێکی گونجاو لەگەڵ دەقە ئەسڵییەکە بدۆزێتەوە، کە خوێنەر لەکاتی خوێندنەوەی بابەتە وەرگێردراوەکە دووچاری گرێ و گۆڵە و تاسە نەیەت، یان لەکاتی ھەڵبژاردنی وشە و دەستەواژەی دروست ‌و خۆشئاوازدا ئەرکی وەرگێڕی شارەزا چییە، داخۆ بۆی ھەیە وەرگێر پەنا بباتە بەر قامووسی وشە و زاراوەی ناوچە و دەڤەرە جیاوازەکان یان دەقە وەرگێردراوەکە پڕ بکات لە وشەو زاراوەی بیانی، کە لە ئێستاکەدا ھەندێک لە وەرگێرەکانمان لەبەر کەم شارەزاییان ئەم شێوازە بەکار دێنن، جا بۆ نموونە گەر ئاوڕێک لەو کتێبە چاپکراوانەی وەزارەتی پەروەردە بدەینەوە بەتایبەت کتێبە پیشەییەکان بە ڕاستی هەڵەی زۆری زمانی کوردی لەو وەرگێڕانە سەقەتانە دەبینین، هەرچەندە لە بنەرەتدا وشەو زاراوەی پیشەیی کەمتر لەو میتۆدە پەروەردەییانە لە داوو دەزگا حکومییەکاندا کاری پێکراوە و جێگیر بووە، سەرباری ئەوەش زۆرینەی زۆری وەرگێری ئەو کتیبانە مامۆستاکانی ئەو خوێندنگایانەن، کە ساڵانی ساڵ ئەو کتیبانە بە زمانی عەرەبی خویندراون نەک زمانی کوردی.
باشە دەزگاکانی بڵاوکردنەوەی تایبەت بە وەرگێران ڕۆڵ ‌و ئەرکیان چییە لە جوێکردنەوەی بابەتێکی وەرگێردراوی باش لە بابەتێکی وەرگێردراوی خراپدا؟ وەرگێری باش و کارامە چۆن دەکارێ لە وەرگێڕانەکەیدا بنەماو ڕێزمانی نووسەرەکە لەبەرچاو بگرێت، لەوانەش کورتی یان درێژدادڕیی نووسینەکە چۆن ڕەچاو دەکات، جا چونکە زۆرینەی نووسەرانی ئێمە لە نووسیندا کێشەی خاڵبەندییان ھەیە، ئەدی دەبێ وەرگێڕ چۆن بایەخێک بە خاڵبەندی بدات، و چ جۆرە وەرگێڕانێک چێژی دەقە ئەسییەڵەکە دەپارێزێ‌ و خوێنەریش ماندوو ناکات..
زۆر لە وەرگێڕەکان پەنا دەبەنە بەر فەرھەنگی وشەو زاراوەکان، ئێستا کاری وەرگێڕان بووەتە بەشێک لە بازرگانیکردن نەک بەرپرسیاریەتی، کەواتە وەرگێران نەبۆتە پرۆسەیەکی کەلتووری و مەعریفی لە ناو ئێمەدا، لە کاتێکدا توانستی ماددی و مانەوی لە ساڵانی ڕابردوو بۆ ئەم پرۆسەیەش دابینکرابوو.
ئەمە یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی وەرگێران لە کوردستاندا، کتێبێکی بە ژمارە زۆر و بۆر تەرجەمەی زمانی کوردی دەکرێن، کەچی لە ڕووی چۆنیەتییەوە خراپن. ئەز پێم وایە ئەم دیاردەیە زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی وەرگێری شارەزا و لێھاتوو و پسپۆڕ لە بواری وەرگێڕاندا، چونکە لە زانستی وەرگێراندا بە تەنیا زانین ھەردوو زمان بەس نییە بۆ پرۆسەی وەرگێران، وەرگێڕ دەبێ شارەزای ھەردوو کولتووری زمانەکەش بێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە وەرگێڕ دەبێت لە تەکنیکی وەرگێڕاندا کارامە بێت، لە کاتێکدا کە ڕستەیەکی ئاڵۆزی دێتە پێش نابێت وەرگێرانی حەرفی بۆ بکات، پێویستە بە ڕادەیەک لە وەرگێران شارەزا بێت تا بتوانێت بەرامبەرەکەی لە زمانی ئامانج بدۆزێتەوە. لەلایەکی دیکەوە وەرگێر دەبێت لێھاتوو بێت لە گواستنەوەی شێوازی نووسینی زمانی سەرچاوە بۆ زمانی ئامانج، نەک ھەر گواستنەوەی واتا بەبێ شێوازەکەی، بە تایبەتی لە وەرگێڕانی دەقێکی ئەدەبیدا.
بایەخی وەرگێڕان لە دانانی میتۆدە پەروەردەییەکان لە ھەرێمی کوردستاندا لەوەدا‌یە کە لە ڕێگەی خوێندنەوەی بەرھەمی فەرھەنگیی، زانستی، کولتوری و مێژووی نەتەوەکان دەناسین و کەڵک لە ‌ئەزموونەکانیان وەردەگرین، بەداخەوە ھەر لە بنەڕەتدا کتیبەکانی خوێندنی پەروەردەیی لە کوردستاندا دەقی وەرگێڕاو بوون نەک نووسین، کە ڕاستەوخۆ لە زمانی عەرەبییەوە بۆ کوردی تەرجەمەکراون، بۆیەش دەبینین لەو میانەدا دووچاری کۆمەڵێک ھەڵەی زمانەوانی ھاتوون.
دیارە لە ھەموو سەردەمێکدا وەرگێڕان ڕۆڵی مێژوویی خۆی گێڕاوە بۆ سازکردنی میکانیزمی خەبات لە پێناو زمانی نەتەوەدا و کاریگەریی مەزنی ھەبووە، بەڵام لەبەر نەبوونی زمانێکی پێوەرو ستانداردی کوردی. مخابن ھەندێک لە وەرگێڕکاران زمانێکی ناوچەیی لە ‌وەرگێڕانەکانیاندا بەکار دەھێنن، ئەمەش کەمتر چێژ بە خوێنەران دەدات، ڕاستە کوردی زمانێکی فرەزارە، شێوەزاری ناوچەیەک لەگەڵ ناوچەیەکی دیکەدا جیاوازە، بەڵام دیسان زمانی کوردی یەکێک لە ‌زمانە دەوڵەمەندەکانی جیھانە. پێموابێت ئەگەر نووسەرێک، شاعیرێک، توێژەرەوەیەک ئەگەر بۆ وشە یان دەستەواژەیەک دابمێنێت و کەمێک خۆی ماندوو بکات، دەتوانێت لە دوورە دێیەکی گەرمیان یان کوێستان، لە ‌زاری پیرمێردێک، لە دەق و کتێبێکی کۆنی ناوچەیەکی ئەم کوردستانە پان و بەرینەیدا جوانترین وشە ‌و زاراوە پەیدا بکات و بەشێوەیەکی سادەو ساکار، لە ‌ھەمانکاتدا ڕەوان، بیترنجێنێتە ناو بەرھەمەکەیەوە، ئەوسا خوێنەر کەمەندکێش دەکات و چێژێکی بێھاوتای پێدەبەخشێت. وەلێ کورد لە سایەی داگیرکاریی و دابەشبوونی بە ‌سەر دەوڵەتانی ناوچەکەدا، تەنانەت ئاشنایی لەگەڵ زمانەکەی خۆیشیدا نەبووە.
بەداخەوە ئەمڕۆ کێشەی گەورەمان لە تێگەیشتنی زارەکانی هەورامی و کرمانجی ژووروودا ھەیە ‌و خەریکە بە ‌زمانێکی دی لەقەڵەم دەدرێت. بۆیە ئەگەر ئێمە بتوانین لە ‌زمانی ئەدەبی و لە ڕاگەیاندنەکاندا خوێنەرو بیسەر بەو زار و شێوەزارانە ئاشنا بکەین، ئەوە خزمەتێکی باش بە ‌زمانەکەمان دەکەین و ئەرکێکی پیرۆز بەجێ دەھێنین. پاشان بەرھەمێک دەخەینە بەردەست خوێنەران، لە ناوچە جیاجیاکانی دیکەی کوردستانیشدا بخوێندرێتەوە ‌و لێی حاڵی بن، وەرگێڕی سەرکەوتوو پێویستیی بە زانینی زمانە بە شێوەیەکی ئەکادیمی، ئاخافتن بەیەکێ لە زمانە بیانییەکان وەرگێڕ دروست ناکات. ھەروەک پێشتر ئاماژەم پێکرد لەویش گرینگتر زمانی دایکە، مرۆڤ گەر شارەزاییەکی باشی لە زمانی دایکیدا (بە زار و شێوەزارە جۆراوجۆرەکانییەوە) نەبێت ناتوانێت ببێت بە ‌وەرگێڕێکی سەرکەوتوو، لەپاڵ ئەمیشەوە زانینی چەند زمانێک وەرگێڕ دەوڵەمەندتر دەکات.
لەو ساڵانەی دواییدا و پاش کۆچی گەلێک لە نووسەران و ڕۆشنبیران بۆ دەرەوەی وڵات، ھەندێک بەرھەمی کوردی وەرگێڕدرانە سەر زمانە ئەوروپاییەکان، بەڵام ژمارەیان کەمن و لەو ئاستەدا نەبوون، کە بەرھەمی ئەدەبی کوردی بەخوێنەری بیانی بناسێنن. دیارە ھۆیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نەشارەزایی تەواو لەو زمانانەدا، وەکو لەسەرەتادا ئاماژەم پێدا وەرگێڕان پێویستی بە شارەزاییەکی گەلێک فرەتر لە قسەکردن و خوێندنەوە بە زمانێکی تر ھەیە، چونکە ھەڵبژاردنی دەقی شایستە، زەوقی ئەدەبی وەرگێڕ بە خوێنەرەکەی دەناسێنێت، وەرگێڕی جددی بەتەنێ کار بۆ ئەوە ناکات ھەرچییەکی بەردەست بکەوێ بیکوردێنێت، بەڵکو دەبێت بەھەڵبژاردنەکەی ئامانجێک بە خوێنەر بگەیەنێت و تینوێتی خوێنەر بە بەرھەمە ناوازە نەناسراوەکانی نەتەوەکانی دی. باشترین پێشنیار و ڕاسپاردەم ئەوەیە گەرەکە دەزگایەکی تایبەت لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان هەبێت و لە شارەزاییان و پسپۆرانی زارەکانی زمانی کوردی و هەروەها زمانە بیانییەکان پێکهاتبێت تا بتوانن بە میتۆدێکی زانستی و ئەکادیمی کتێبەکان بۆ زمانی کوردی وەربگێڕن، لەهەمانکاتیشدا بە هەماهەنگی لەگەڵ ناوەند و بنکە و دەزگە کەلتوورییەکانی وەک دەزگەکانی سەردەم و موکریانی و بنکەی ژین و جەمال عیرفان، پرۆژەیەکی ساڵانەی هاوبەشیان هەبێت بۆ وەرگێڕانی شاکارە کەلتووری و وێژەییەکانی زمانی کوردی بۆ سەر زمانە بیانییەکان.




دەربارەی ستەمی نەتەوایەتی و هەڵچونی نەتەوایەتی.. عەبدوڵا ساڵح

ڕووداوەکانی ئەم دواییەی کوردستانی سوریا و ئەو کوشتار و ڕاگواستن و ئەشکەنجەدان و کۆمەڵکوژییەی کە جەماوەر لەوێدا ڕووبەڕووی بوونەوە لەسەر دەستی میلیشیاکانی (ئەبو محەمەد جۆلانی – ئەحمەد شەرع)ی داعشی، لەژێر ناوی “هێزەکانی حکومەتی سووریا” و بە پاڵپشتی تەواوی میلیشیاکانی لایەنگری حکومەتی فاشستی تورکیا و بە گڵۆپی سەوزی ئەمریکا و یارمەتی تەواوی حکومەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە و لە سەروویانەوە قەتەر و سعودیە، لە هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندنی بینراو و بیستراو و لاپەڕەکانی سۆشیاڵ میدیا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و هەرێمی کوردستانی عێراق بە تایبەتی ڕەنگی دایەوە.
ئاشکرایە کە گەیشتنی (ئەحمەد شەرع) بە دەسەڵات بە هەماهەنگییەکی تۆکمەی تورکی- ئیقلیمی بووە، ئەمەش وای کردووە بڕیارەکانی (شەرع) وابەستە بن بە ڕەزامەندی و لە چوارچێوەی بەرژەوەندی ئەو لایەنانە دابن، یەکێک لەو بڕیارانەش پەنابردن بۆ هێز بەمەبەستی وەدەرنانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕۆژئاوای فورات، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ویستی تورکیا کە بوونی (هەسەدە) لە ناوچەی حەلەب بە هەڕەشە بۆ سەر “ئاسایشی نەتەوەیی” خۆی دەبینێت. ئەم دەسەڵاتە کاتیـیەی سوریا، هەر ناوێک هەڵبگرێت، لە دوا شیکردنەوەدا دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرییە بە بەرگێکی ئایینی/نەتەوەیی.
ئەم ڕووداوانە شەپۆلێکی خرۆشانی “نەتەوەیی کوردی”یان لەگەڵدا بوو کە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق و هەندێک شاری کوردستانی تورکیا و کوردستانی ئێرانی گرتەوە، ئەمە جگە لە ئەنجامدانی خۆپیشاندانی بەرفراوان لە زۆربەی شارە گەورەکانی ئەوروپا، کە تێیدا دروشمی ئیدانەکردنی ئەو ڕووداوانە و هەندێکی تریان داوای “یەکڕیزی و تەبایی نەتەوەیی دژی دومنان”یان دەکرد. هاوکات لەگەڵ ئەم هەژانە، کەمپەینی بەرفراوان بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری دارایی و خۆراکی و کەلوپەل بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوانی ئەو ناوچانە ڕێکخران.
بێگومان ئەو چەوسانەوەیەی کە جەماوەر لە کوردستانی سوریا ڕووبەڕووی بوونەتەوە مێژوویەکی دێرینی هەیە؛ چونکە بە درێژایی دەیان ساڵ و لەژێر دەسەڵاتی پارتی بەعسی فاشستدا، لە جیاکاریی یاسایی، سەرکوتکردنی کولتوور و زمانی کوردی، پەراوێزخستنی ئابووری و بێبەشکردن لە مافی بڕیاردانی چارەنووس ستەمیان لێکراوە و ناڵاندوویانە. ئەم ستەمە مێژوویـیە، کە تێیدا دەسەڵاتدارانی سوریا ئەو جەماوەرەیان بە “خەڵکی بیانی یان کۆچبەر” وەسف دەکرد، بەو جۆرە بێبەشیان دەکردن لە هەر ناسنامەیەکی “نەتەوەیی یان نیشتمانی” و مافی ڕەگەزنامەیان لێ زەوت دەکردن، ئەمە جگە لە گۆڕینی دیمۆگرافی و پەراوێزخستنی سیاسی تەواو. ئەم سیاسەتانە تەنانەت دوای ڕووداوەکانی ساڵی (٢٠١١) و لەسەر دەستی ئۆپۆزسیۆنی سووریاش بەردەوام بوون، دروشمی (گەلی سووریا یەکە) و کورتکردنەوەی سووریا لە یەک ناسنامەی نەتەوەییدا کە لە ناونانی وڵاتەکە بە “کۆماری عەرەبی سووریا” ڕەنگی دایەوە، ئەو ناوەی کە تا ئێستاش بە فەرمی بە وڵاتی سووریا دەوترێت. سەبارەت بە حکومەتی ئێستای داعشیـیانەش، ئەوا هەوڵ دەدات لەسەر هەمان ڕێچکە بەردەوام بێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی دڵنیایی پاڵپشتی هێزە ئیمپریالیستەکان و لە سەروویانەوە ئەمریکا و هەروەها وڵاتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکەی بەدەستهێنا.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بە ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ ماوەی نزیکەی پانزە ساڵ بکەین، ئەو ئەزمونەی کە خۆی لە دەرکردن و پەیڕەوکردنی کۆمەڵە یاسایەک کە جەخت لە جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت، یەکسانی نێوان ژن و پیاو و بەشدارییان لە بەڕێوەبردنی وڵات و هەڵگرتنی چەک، و یەکسانی لە ماف و ئەرکەکان لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی ئەو ناوچەیەدا دەبینێتەوە. ئەگەرچی ئەم ئەزمونە بێکەمکوڕی نەبوە و لادان و سەرپێچیش لە جێبەجێکردنیدا هەبووە کە لێرەدا جێگەی ئەم باسەی ئێمە نییە، بەڵام ئەزموونێکە بەوەی لە کوردستانی عێراقدا هەیە بەراورد ناکرێت، ئەمەش وای لە ڕەوتە چەپە ناسیونالستەکان کردووە کە وەک ئۆلگۆیەک و نمونەیەکی سەرکەوتوو سەیری بکەن و هەوڵی پەیڕەوکردنی ئەو ئەزموونە لە خەباتی ئایندەیاندا بدەن. کۆی هەموو ئەم هۆکارانە بەشداربوون لە هەڵگیرسانی ئەم شەپۆلەدا.
گومانی تێدا نییە کە ستەمی نەتەوەیی تەنها هەستکردن بە زوڵم نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی پتەوی ناهاوسەنگیـیە لە نێوان نەتەوەیەکی باڵادەست و نەتەوەیەکی تری ژێردەست، کە خۆی لە شکۆدارکردنی نەتەوەی باڵادەست و وروژاندنی هەستی نەتەوەیی وەک ئامرازێک بۆ هاندان دژی نەتەوە چەوساوە ژێردەستەکان و پاساودان بۆ ئەم چەوسانەوەیە بە ناوی “بەرگریکردن لە یەکپارچەیی وڵات و ڕێگریکردن لە جیابوونەوە” یا “هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەیی” و “سەرکوتی ناوخۆیی بە بیانووی مەترسی دەرەکی” دەبینێتەوە. بە کورتی: چەوسانەوەیەکی بێ پەردە و سیستماتیک!
گێڕانەوەی ئەم پاشخانە مێژووییە بە مەبەستی پاساودانی پەرچەکرداری ئەم شەپۆلە وروژاندنە نەتەوەییە نییە کە باسمان کرد، بەڵکو ڕوونکردنەوەی ڕاستیـیە مێژوویـیەکانە کە باس لە چەندین بەشی سەرکوت و چەوسانەوەی نەتەوەیی سیستماتیک دەکەن، کە لای خۆیەوە ئەرکی کۆمۆنیست و ئازادیخوازانە ئەم دۆسیەیە بگرنە ئەستۆ و خەبات بکەن بۆ چارەسەرکردنی و هەڵگرتنی ئەم ستەمە، لەو سۆنگەیەوە کە ئەمە بەربەستێکە لە بەردەم خەباتی چینایەتی پرۆلیتاریادا ڕوەو هەنگاونان بەرەو سۆسیالیزم.
بێگومان ئەم هەژانە نەتەوەییە لێکەوتەی زۆر و جۆراوجۆری هەبوو. لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەم شەپۆلە و ئەم هەڵچونە نەتەوەییە وەک فریادڕەسێکی کاتی بوو بۆ حکومەتی هەرێم . لە کاتی ئەم خڕۆشانە جەماوەرییەدا، لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەر بە حزبەکانی ئەم دەسەڵاتە، پڕوپاگەندەی سیستماتیک کرا کە هەندێکیان دەکرێ بخرێنە خانەی “شۆفێنیزمی نەتەوەیی”یەوە، ئەمەش بە ئامانجی سەرقاڵکردنی جەماوەر و ناچارکردنیان بە لەبیرکردنی نەهامەتی و ئازارەکانیان کە بەردەوام بەهۆی دەسەڵاتی پارتە بۆرژوا باڵادەستەکانەوە دەیچێژن، بە بیانووی ئەوەی “بەرژەوەندییە باڵا نەتەوەییەکان” لە مەترسیدان. کەناڵە ئاسمانییەکانی سەر بەو پارتانە ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبوو لە جۆشدانی ئەو هەستانە، بۆیە دەکرێ بوترێت کە بۆ ماوەیەک جەماوەری ناچار کرد سیاسەتە سەرکوتکگەرییەکانی ئەم دەسەڵاتە لەبیر بکەن لە ناو شەپۆلێک لە “سۆزە و مەیل وعاتیفەی نەتەوەیی هەمەلایەنە”دا.
نابێ ئەوەش لە بیر بکەین کە ئەم هەژانە، لە کاتێکدا بە شێوەیەک لە شێوەکان بەشداربوون لە پاڵپشتیکردنی جەماوەر لە کوردستانی سووریا و کەمکردنەوەی ئازارەکانیان، لە هەمان کاتدا بەشداربوو لە دووبارە پتەوکردن و قایمکردنی پایە نەتەوەییەکانی حزبە ناسیونالستەکان بەگشتی و دەسەڵاتدارانی هەرێم بەتایبەتی و شەرعیەتدان بە شانخاڵیکردنی ئەم دەسەڵاتە لە دابینکردنی سادەترین پێداویستییەکانی ژیان و گوزەرانی خەڵک. هەربۆیە کاتێک ئەم جۆش و خرۆشە هێور بووەوە، جەماوەر لە هەرێمدا دووبارە دەستیان دایەوە ناڕەزایەتی دەربڕین، بەجۆرێک مامۆستایان مانگرتنیان ڕاگەیاند و دەرگای قوتابخانەکانیان داخست و داوای مووچە نەدراوەکانی چەند مانگی خۆیان کرد.
دیاردەیەکی دیکە کە هاوشانی ئەم شەپۆلە بەدیکرا، هەڵوێستی چەپی نەتەوەیی بوو، ئەوانەی کە ئیدعای مارکسیزمیش دەکەن، بینیمان کاتێک “ئاوازە نەتەوەییەکە” بەم جۆش و خرۆشە لێدرا و دروشمەکانی بەرزکرانەوە، هەستە نەتەوەییەکانیان دووبارە بە ئاشکرا سەریان وەدەرنا و خزانە نێو ئەم شەپۆلە هەڵچوونە، لەم پێناوەشدا هەوڵیان دا هەندێک پاساوی تیۆری بدۆزنەوە کە پاڵپشتی هەڵوێستە ئاماژەپێکراوەکەیان بێت.
داواکاری گەلی کورد لە سوریا بۆ دابینکردنی مافی چارەنوس، مافێکی بێ ئەملاو ئەولایە و پێویستە لەسەر کۆمۆنیستەکان پشتگیری بکەن و تەنانەت لەوخەباتەدا پێشەنگ بن، بەڵام نەک لە سەنگەری نەتەوەپەرستەکانەوە، بەڵکو لە سەنگەری چینایەتی پڕۆلیتاریای شۆڕشگێڕەوە.
دوا وتە سەبارەت بە شێوە و سروشتی دەوڵەتی داهاتووش لە سوریای ئەمڕۆدا، دەبێ بڵێین ئەمەبەستراوەتەوە بە ئیرادەی ئازادی جەماوەر لەوێ بۆ هەڵبژاردنی شێوازی حوکمڕانی، نەک حوکمڕانیەکی داسەپاو لەژێر فشاری هێزە نێودەوڵەتییەکان وەک ئەوەی ئێستا هەیە.
١٢-٢-٢٠٢٦




مێگەلی ژێر پلەی سفر.. نەوزاد بەندی

ناچین ..
ئێمە لەمەودوا
بۆ هیچ جێگایەک ناچین ..
گەر جێگایەکیش خۆی هات
ئەڵێین زەحمەتت کێشا،
هەنگاوێک هەڵناهێنین
ئێمە بێ دەست و قاچین

٭ ٭ ٭

ناڵێین ..
ئیتر هیچ ناڵێین ..
ئەگەر ووشەیەکی حەق
بایەک هێنای بۆ لامان ،
پێی ئەڵێین ئێمە لاڵین ،
لە حەوشەی فەرماندەدا،
سەگ و تانجی و گەماڵین
بەلای قسەدا ناچین ..
بەڵام بە هۆ و بە بێ هۆ
یەکتری دائەپاچین ..

٭ ٭ ٭

نافڕین ..
ئیتر هەڵنافڕین ..
نایشزانین لە کوێ هاتین ..
باڵەکانمان دیکۆرن ..
مریشکی ئومەهاتین ..
سێ چارەکمان بە حیساب،
چلەکێشی خەلیفە و ..
چارەکێکیشمان هێشتا ،
چەکوش و داس و پاچین ..
کەچی لە لای فەرماندە،
وەکو پێڕی فیلەکەی
خاوەن شکۆ، گۆج ئەبین ..
وەک پوش وەختە بە با چین ..

٭ ٭ ٭

خەونمان نەما ..
لەمەو دوا ،
ئیتر خەونیش نابینین ..
پێچی مێزەرە دنیا،
چی بکەین لە سەید قوتب و
چیڤارا و عومەر موختار ..
گوڵسورخی و گۆرکی و لینین ؟
حیساب کە سەر لەبەرمان
چوارمێخەمان کێشراوە و
داکوتراوی سەر خاچین ..
بە هەزار و یەک دانتی
بە تەما نین بستێکیش
لەم سەر ڕێبازە لاچین ..

٭ ٭ ٭

ناخوێنینەوە .. ئێمە ..
ئیتر ناخوێنینەوە ..
هەرچییەکمان لێ بکەن،
هەروا ئەمێنینەوە..
هیچ لێکدانەوەی ناوێ ..
یاسایه، تاجی سەرە
هیچ تێکدانەوەی ناوێ ..
گەر دوپشک و ماریش بێ،
دەنگدان، ئەیچێنینەوە ..
گەر شەق لێمان زویر بێ،
خۆمان ئەیهێنینەوە ..
قەینا با بە قوڕا چین ..




ئەمڕۆ.. شیعری عیماد خۆراسانی.. وەرگێڕانی لە فارسییەوە شەهلا نوری

ئەمڕۆ چەندە جوان و شۆخ و شەنگ و دڵ ئارا بووی
ونبووی دڵی ئێمە بووی، وەک مانگی شەو پەیدا بووی

شمشادێکی لاو، نیلۆفەرێ تەڕ و گەشی باخ
تەواو جۆش و خرۆش و شەوقی تەمەننا بووی

سێحری بەیان و نەشئەی مەی و عەتری گوڵ؟ نا..
شتێکی تر، تۆ لەوان زۆر خۆشتر و بێ‌هاوتا بووی

بەو دەنگە بەسۆزە و بە کەراسی سوور و ئاڵ
بۆ دەردی دڵ و ساڕێژی برینم، دەوا بووی

بەو نیگا گەرمە و بەو دوو چاوە مەست و ڕەشانە
مەیخانەی سەد شەیدای وەک منی ڕیسوا بووی

خەیامت بۆ دەخوێندم، غافڵ لەوەی کە خۆت
لە لوتفی شیعر و غەزەل، حافز و مەلا بووی

هەمیشە ڕووی تۆ قیبلەی ڕاز و نیگای من بوو
ئەمڕۆ سەروویەک و سەد باخی تەماشا بووی

گوتم، دڵ دەپارێزم لەو چاوە بازانە بەڵام بێ سوود
بۆ تاڵانی دڵم، وەک کاروانێ ڕەها بووی
سەراپای بوونت داوی ڕاوکردنی دڵ بوو،
هەرچەندە بە ڕاز و ڕوخسار هەر خەریکی حاشا بووی

ئەوەی بۆم نووسیوی بەسە، یان دیسان بڵێمەوە؟
کە تۆ شیعر و گوڵ و هەرا و غەوغا بووی

سەرەتا ڕێگری دڵ بووی و دواتر بە شێت و مەستی
بۆ دەردی دڵان، هەم حەکیم و زانا بووی

ئەی مانگ. گەر مەرامت لە بردنی دڵی ڕەندان نەبوو!
ئەی بۆچی ئەمڕۆ ئاوا بێوێنە و دڵڕەبا بووی؟

وەک شیعری “عیماد” لە خەمی تەنیایی و بێبەشی
بۆ جەرگی سووتاوم هەم سەفا و هەم جەفا بووی

وەرگێڕانی لە فارسییەوە شەهلا نوری
شاعیر عیماد خۆراسانی
غەزەل ئەمڕۆ




“بە چەتەکان دەڵێم: کاروانێک بەڕێوەیە، بارەکەی زەردەخەنەیە!”.. ئازاد حەمە

“بە چەتەکان دەڵێم: کاروانێک بەڕێوەیە، بارەکەی زەردەخەنەیە!”
سهراب سپهری

بە لەبەرچاوگرتنی سێبەری فەلسەفیی نێو دەقە شیعرییەکانی سهراپ سپهری، پێمانوایە، سەمەرەییەکە لە شیعری (ئەو) دا لەوەدایە، کە نەگوتراوەکانی ناو شیعرەکانی هەروەک نەگوتراو دەمێننەوە. ئەمە، کە لە دەقە شیعرییە جیهانییەکاندا مایەی سەرنجی زۆرە لای (ئەو)یش نامۆ نییە. بەڵام تیشک خستنە سەر نەگوتراوەکانی ناو شیعر هەر ئەو لایەنە ناگرێتەوە، ئەوەش، کە وشەی ڕۆژانە و وشەی شیعریی دژبەرن. بۆیە دەپرسین: شیعر لە ڕوانگەی چییەوە لەبەرچاو بگیرێت؟ بەپێی ئەوەی ئەم گوزارە شیعرییەی سهراپ ڕێگە بە لێکدانەوەی دیکە دەدات؛ ئەوی لەم نووسینە کورتە دەگوترێت پەیپردنە بەو دیکەیە.
بەپێی ئەو گۆشەنیگایەی سەرەوە، زەردەخەنە لە گوزارە شیعرییەکەدا هەڵقوڵاوی ڕٶچوونەناو جۆرێکە لە جوانکاریی، کە بەردەوامیی هەیە. وەکیتر،زەردەخەنە ئاماژەیە لەسەر گومان، جا پەژراندنی (پەسەندکردنی) گومان بارێکە بە هەموو کەس هەڵناگیرێت. پەژرێنراویشە( سەلمێنراوە)، کە زەردەخەنە بارستایی نییە، لێ پڕ پڕیشە لە قووڵایی.
لەم سەرەتایەوە، دەخوازین بزانیین شیعرنووسین لە چی دەچێت؟ لە نووسینەوەی مەرگ؟ بۆ نا! لێ بۆن و بەرامی مەرگ لەناو شیعردا پەیبردنە بە نەگوتراوەکانی ناو خودی ژیان. بۆیە شیعر و نەگوتراوەکان مەرگ یەکیان دەخات، لەوە بگەڕێتەوە بێدەنگیی کۆیاندەکاتەوە. ئەوەی لەو دەربڕینە شیعرییەی سهراب سپهری دا(“بە چەتەکان دەڵێم: کاروانێک بەڕێوەیە، بارەکەی زەردەخەنەیە!”) بەدیدەکەین ئەوە نییە، کە “شیعر بناغەدانەری بوونە لە ڕێگەی وشەوە”؟ ئەمە بەو مانایە دێت زمان تێڕامانی فەلسەفیی دەگوازێتەوە ناو بوونمان.
سهراپ سپهری ئەو دێڕە شیعرییە بەجۆرێک دەنووسێت، وەک بڵێێت: شیعر هەرخۆی جەوهەر essence ی خۆیەتی. گشت ئەوەی لای سەرەوەش گوترا زادەی ئەوە بوو، کە لەمیانەی ئەم گوزارە شیعرییەوە سهراپ سپهری مەتەڵێک دەگێڕێتەوە کە تا ئەوپەڕی سەرسامئامێزە: باری کاروانێک دەبێتە زەردەخەنە. بەڵێ ئەمە بۆ شیعر ڕەوایە. ئەی بۆ ژیان؟ ژیان والە شیعر دەکات ئاوارەبێت؛ شیعر شتێک بڵێت و ژیان شتێکی دی.
شیعر هەردەم لە دەربەدەرییدایە؛ کۆچەرە، ئێستا لێرەیە تاوێکی دی لەوێیە. ئەو بارگرانییەی شیعر دەیژیێت بەس خۆی تێیدەگات، کەم شت لەم گەردوونە وەک شیعر سەختییەکان دەژیت، کاتەکانی تەمومژاویانە بەسەردەبات؛ گەر وانەبێت چۆن ئەو دێڕەی سهراب سپهری لەدایکدەبێت.
شیعر لە گەڕانە بەدوای خاڵی وەرچەرخاندا؟ گەر بەڵێ، کەواتە شیعر دەزانێت چیدەکات!! شیعر کە زانی چیدەکات کەوابێت شیعر تەقەلایە بۆ وەرچەرخان. نەخێر وانییە. کاتێک سهراپ دەڵێت: “بە چەتەکان دەڵێم: کاروانێک بەڕێوەیە، بارەکەی زەردەخەنەیە!”لەو چرکەساتەدا شیعر بۆ سهراپ ڕووداوێکە؛ بیرکردنەوەیە. کەواتە شیعر دەکارێت ببێتە چەمکێکی فەلسەفیی. بەڵێ شیعر بیرکردنەوەیە، ڕاوی جەوهەری خۆی بەدەستی خۆی دەکات. ئەمە وادەکات بڵێین: شیعرنووسین داوای جۆرێک لە روناکبیریی لە شاعیر دەکات؛ ئەو روناکبیرییەی والە شاعیر دەکات لە ڕەچەڵەکی بەفر، ئاسمان، مێژووی هەناسە و ڕەنگ بەئاگابێت. باشە بۆ؟ چونکە شیعر شوێنی ڕاستەقینەی شاردنەوەی نهێنییەکانی جیهانە.
ناتوانین سەبارەت بە چییەتی شیعر هەردەم یەکدەنگ بین. لێ هەردەم هاوکۆکین سەبارەت بەوەی شیعر بەردەوامیی هەیە، هیچ نەبێت لەبەر جەوهەرە شیعرییەکەی. لەبەرئەوە هەق بە پۆل دۆمانە Paul de Man کە”تێڕامانی ئۆنتۆلۆژی”دەکاتە بناغە بۆ بابەتە ئەدەبییەکان. لێرەوە ئەوەش دەڵێێن،کە دووڕیانەکانی شیعرگەرایی سهراپ ،لەو تێگەیشتنە شیعرییەی هێمایبۆکراوە، بەرەو شوێنێکمان دەبات هێجگار دوورە، لێ هیچ کات دوورتر نییە لە خۆمان؛ لە بێدەنگیی و تارماییەکانمان. شیعرەکانی سهراپ خۆمانن لە جۆری وشە، شوێنکەوتەی ئەو نەریتەن کە باش باش شارەزان لە دڵته‌زین، چەشتنی دەردەسەری، هەڵماڵینی نهێنیی سروشت و ڕەچەڵەکی ڕەنگ.
لەسەر ئەو بناغەیەی لایسەرەوە بێت، شیعر بێگەرد و بێوەیە و هەر لەناو ئەو بێگەردیی و بێوەییەی خۆیشیدا دەمێنێتەوە؛ بۆیە ڕاستەقینەیە. کەم شتیش هێندەی شیعر ڕاستەقینەیە. شیعر، کە لەنێوان بوون و هیچبووندا هەردەم لە جەنگێکی بەردەوامدایە،هەرئەوەش چییەتی(ماهیەتیessence) یەکەی پێکدێنێت.
سەرئەنجام، شیعری سهراپ ڕێگایەکە بۆ دەربازبوون لە گوناهێک، کە چییەتیی خۆی بە جوانکاریی دەچوێنێت. چونکە تێگەیشتنی شیعریی سهراپ زادەی ئەوەیە بێکۆتایی و مەحاڵ لە دەوروخولماندان. سهراپ لەمیانەی ئەو گوزارە شیعرییەیەوە لە هەوڵی ئەوەدایە لە ڕێگەی شیعرەوە بێدەنگییمان، بنەما و توخمەکانی شیعرنووسین دەستکاریکات.
کۆتا گوتن ئاڕاستەی شیعرنووسینی ئێستای کوردیماندەکەم. گەر ئەوە وابێت،کە“دەبێت لە جەوهەری شیعرەوە لە جەوهەری زمان تێبگەین”لەم حاڵەتەدا چۆن دەکرێت دادوەریی بەسەر شیعری هاوچەرخمانەوە بکەین؟ بەداخەوە شیعری هاوچەرخی کوردی لە دۆخێکی نالەباردایە. شیعر وەک ناشیعر خۆینمایشدەکات و بەدەریشە لە هزر. وەکیتریش، شیعر بیرناکاتەوە، بۆیە زۆرێک لە دەقە شیعرییە هاوچەرخەکانمان لە ڕووی زمانەوانیی و جوانکارییەوە ناکاریگەرن.
ڕوون نییە شیعری هاوچەرخی کوردی زەمینەسازی بۆ چ شتێک دەکات! شیعریش لە ئێستای ئێمەدا هەروەک سیاسەت و شتەکانیترمان کارەستبارە؛ بەشدارە لە کارەساتباریی، لەکاتێکا شیعری کوردی دەبوو پرسی چییەتی شیعر و چییەتی زمان یەکخات. بۆیە شیعری ئێستامان”شیعرێکە هێشتا نییە”(نەهاتووەتە پێکهێنان). شیعری لەم جۆرە ناشیعرە؛ جارێ ماویەتی ببێتە شیعر. گەر کۆپلە شیعرێک، یان دێڕە شیعرێک لێرە یان لەوێ بەرچاوکەن شیعربوونیان تیابێت؛ هزر بەرهەمهێنەربن، ئەمە بەو مانایە نییە، شیعری هەنووکەی کوردی هەژاریی شیعریی ئێمەی بنەبڕکردووە. شیعری کوردی ئەمڕۆمان،ئەوەی ناوی شیعری هاوچەرخی لێدەنرێت، نەک هەر بێ هزرە، لەڕووی جوانکاریشەوە دەستکورتە.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




چەپو کۆمۆنیزم، دوو بزووتنەوەی چینایەتی جیاواز!.. سامان کەریم

لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا، دوو چین هەیە: بورژوایی و پڕۆلیتاریا. کۆمۆنیزم بزوتنەوەی یەکگرتوو ڕێکخراوی پڕۆلیتاریایە بۆ داڕمانی سستەمی سەرمایەداریو بنیاتنانی سۆشیالیزم. ڕاستوچەپ بزووتنەوەو ئەحزابو ڕێکخراوە سیاسیەکانی چینی بورژواین. چەپو ڕاست هاوچینو بەم پێیە هاوئامانجن، جیاوازییان لە بەڕێوەبردنی سستەمی سەرمایەدایە. چەپ مردووە، بەڵام هەمیشە دەخوێنینەوەو دەبیستین کە ” چەبو کۆمۆنیزم”وەک دوانەیەکی چینایەتی بەکاردەبرێن لە حالێکدا دژ بەیەکن. ئەم تێڕوانینە لە نێو چەپەکانی هەموو دونیا دەبینین، و بەشێکیزۆری کۆمۆنیستەکانیش ئەو خۆشباوەڕییەیان هەیە. چەپمردووە زیندوو نابێتەوە، بەڵام پێویستە ڕۆشنبێت کە چەپ هەمان ڕاستە لە بەرگی ڕادیکاڵو ‌هەڵخەڵەتاندنی پرۆلیتاریادا. بورژوایچەپ ڕیگرێکی گەورەی بەردەم خەباتی پڕۆلیتاریا بووە لەماوەی لە١٢٥ساڵی ڕابووردوودا.

بە کورت، چەپو ڕاستی پێشزاین!
پێشزاینو تا دوای شۆڕشی فەرەنسا چەپوو ڕاست دوو چەمکی سیاسینەبوون. یەکسانخوازیو ئازادی خواستێکی دێرینەو بەپێی ئەو خواستە ڕاستو چەپ لە مێژووی چینایەتی دێرینەوە ئاماژەی پێکراوە، نەک وەک ئاڕاستەی سیاسی بەڵکو وەک ئاماژەو میتافۆرمێک بە دوولایەنی-دوالیزم – جیاواز ولەهەمانکاتدا پێکەوە بەستراو، وەک شێروخەتی دراوێک: خێرو شەڕ، شەو ڕۆژ، ژیانو مردن، تاریکیو ڕووناکی، نیرڤانا “بەختەوەری ڕەها”و ئازارو ناخۆشی ” Suffering “/ ژن و پیاو کە پیاو ڕاستو ژن چەپە، یان دەستی ڕاستو چەپ، لایڕاستی سوڵتانەکان هەمیشە پێگەی بەرزتربووە لە لایچەپ. لەمبارەوە”کریس ماکمانۆس “دەنوسێت:”دابەشبوونی ڕاستو چەپ لە جەستەوە دەستیپێکرد، پاشان لەنێو ئاینو ئەفسانەدا سەرهەڵدەداو دواتر لە سیاسەتدا بەکارهێنرا”( Right Hand, Left Hand/2002 ). لێرەدا ئەمباسەم وەک پاشخانێکی مێژوویی باسکردووە بۆ ئەوەی تێبگەین کە دانیشتنی لای چەپو ڕاستی ئەنجومەنی نیشتمانی فەرەنسا لە دوای شۆرشەوە لایەنیکەم مێژوویەکی هەبووە ئەگەرچی زارەکیبێت.
وتمان تا شۆرشی فەرەنسا ڕاستو چەپ وەک هوشیاری زارەکی بەکارهاتووە. دواتر لە شۆڕشەوە تا کۆتایی سەدەی نۆزدە، ڕاستوچەپ دەبێتە شەبەنگێکی فراوانی سیاسیو دواتر جیهانی. دوو بەڵگەی نەنوسراو لە ئەزموونەکانی مێژوو دەبینین، یەکەم:ڕاستو چەپ لە دامەزراوەیەکدا تێکەڵدەبنوو دتوێنەوە، سەرەڕای جیاوازیان یەکتری تەواودەکەنوو بێیەکترنابن، دامەزراوەی چینی چەوسێنەرن. ڕاست بێچەپ نابێت، بە پێچەوانەشەوە ڕاستە. لە یۆیانی کۆنو ئاینە تاکخودایەکاندا هەر وابووە. لە ئیسلامدا ڕاستواتە: ڕێگای ڕاستو چاکەو بەرەکەت، و چەپواتە: ڕێچکەی ناڕاستو هەڵە. ڕاستو چەپ لە مێژووی دێرینەوە دوو باڵی جیاوازی نێو چینی چەوسێنەر بوون، خاوەن کۆیلە و زەویوزارو دەسەڵاتیان لە بەرانبەر کۆیلە و جوتیارو کرێکاراندا. ئێستاش چەپوو ڕاستی سەرمایەداری دژی پڕۆلیتاریا. دووەم: وەک ئەمسەردەمە هەمیشە باڵی چەپ، ئاراستەیەکی قێزوەنوو ناڕاستو هەڵە بووە لە ڕوانگەی چینی دەسەڵاتدارەوە. لەمبارەوە ماکمانۆس دەنوسێت:”لە هەر سەردەمێکی مێژوویدا مرۆڤ سەیری هەر کیشوەرو کلتورێک بکات ڕاستو چەپ هێمای تایبەت بەخۆیان هەیە، ڕاست هەمیشە باشەو چەپ خراپە”.(هەمان سەرچاوە)
وەک ئەزمونێکی مێژوویی دەتوانین ڕیفۆرمەکانی”ئۆرۆکاجینا” بە چەپ پێناسە بکەین”دەسەڵاتداری شاری لەکش/سۆمەر/ لەساڵی ٢٣٥٠ پ-ز / لەکش لە شاری ناسریەی ئێراقەوە ٤٨کم دورەو ئێستا ناوی –تل هبة-یە “. لەمشارەدا ململانێو خەباتی هەژارو جوتیارو کرێکارو کۆیلەکان دژبەسستەمی ئابوریکۆشک”قەسر/پاڵاس-Palace Economy “سەریهەڵداوە، بەپێی دەقە نوسراوەکان بۆ یەکمجار لە مێژوودا بزوتنەوەیەکی ڕیفۆرمیستی دەردەکەوێت. هەژارەکانی ئەو ناڕەزایەتییە ئورۆکاجینا- Uru-inim-gina- ” پارێزگاری ئەم سەردەمە” ڕابەریاندەبێت. ئەم بزوتنەوە چەپە” لەبەرانبەر دەسەڵاتی دەوڵەتدا وەستاوەو داوای لابردنی باجو کەمکردنەوەی چەوساندنەوەیانکردووە کە پەرستگا سەپاندویەتی بەسەر بێوەژنو منداڵانی بێسەرپەرشتدا(من الواح سومر/ صاموئیل کریمر/و: طە باقر/لا:١٠٥/بەدەستکاریەوە). بەهەمان شێوە لە یۆنانی کۆندا لە یاساکانی سۆلۆن – Lois de Solon-شاعیرو حەکیمی ئەو سەردەمەی ئەسینا(594 – 572 پ.ز) هەنگاوێکی ڕیفۆرمیستی فراوان پیادەدەکرێت. دەبینین ئەم چەپە میتافۆرمە لە نێو چینی دەسەڵاتداردا دەرکەوتووە، سەرەڕای ئەوەی کە بزووتنەوەو هەنگاوەکان بناغەیەکی چینایەتیان بووە، واتە خواستی فراوانی هەژارانو پڕۆلیتاریای ئەو سەردەمە بووە، بەڵام باڵی “چەپی” دەسەڵاتدار توانیویەتی خواستی بزوتنەوەکە لە ئاڕاستەیخۆیدا ڕێکبخاتەوە.
ئەو پێشەکییە، پاشخانی مێژوویی دابەشبوونی ئەندامانی ئەنجومەنی نیشتمانی فەرەنسایە بەسەر لایچەپو ڕاستی مەلیکدا، لە کۆبوونەوەکانی ساڵی ١٧٨٩ی دوای سەرکەوتنی شۆرشی بورژوایی. لایڕاست قەشەکانو خاوەنزەویوزارە گەورەکانبوون، خواستی مانەوەی پاشایەتیانبووە، لایچەپ شۆڕشگێرەکانو ئەوانەی خوازیاری ئاڵوگۆڕی زیاتر بوون. ئەگەر سەرنجبدەین لێرەشدا چەپو ڕاست، کۆنو نوێ، شۆرشگێر و کۆنەپارێز لە چوارچێوەی چینی دەسەڵاتداردابوون، واتە شۆرشگێرەکانی بورژوایی کە سەرکەوتوون بەسەر سیستەمی فیودالیدا، لەگەڵ چینە کۆنەکەی پێشوو کە هەوڵیانداوە مانەوەی خۆیانبە جۆرێک بپارێزن. لە دوایهاتنەمەیدانی چینی پرۆلیتاریا وەک چینێکی شۆرشگێر و یەکگرتوو بەتایبەت دوای شۆڕشی کۆمۆنارەکان، بورژوایی لە ئەوروپا بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتەکەیو وەڵامدانەوە بە کۆمەڵگا پێویستیبە ڕیفۆرمبووە، چەپی بورژوایی وەڵامبە خواستی چینەکەی دەداتەوە وئامانجی پڕۆلیتاریا لە چوارچێوەی کۆمەڵگای بورژوای دادەڕێژێتەوە. دواتر لە ئاستی چەمکو بزوتنەوەو ڕێکخراو ئەحزابو مانشێتی جیاوازی ڕیفۆرمخوایی و کۆمۆنیزم و سۆشیالدیموکراسی و دواتر دژی ئیمپریالیو هەروەها نیشمانپەروەریو مافی چارەیخۆنوسینو دەزگای جیهانی جیاوازدا، خۆی نمایشدەکاتو دەیەوێت نیشانیبدات سەرمایەداری لایەنگرو پارێزەری خۆشبژیەتیو مافەکانی مرۆڤی پڕۆلیتاریایە. لەمنێوەدا ئینتەرناسیونالی دووەمو دواتر شۆرشی ئۆکتۆبەرو ئاکامەکانیو ئینتەرناسیوناڵی سێ، کاریگەری جیهانی گەورەیان بووە بۆ بەهێزکردنی ئەو ئاڕاستەیە، کە تا ئێستا کۆمۆنیزم گیرۆدەیە بەدەستیانەوە.
چەپ: هێزێکی گەورەو فراوانی جیهانی
بزوتنەوەی چەپ، دەبێتە هێزێکی گەورەی سیاسی، بەسەدان ئەحزابو ڕێکخراوەو دەزگاو سەندیکاو یەکێتیکرێکاری لۆکەڵیو جیهانی جیاواز و بە دیدیجیاوازەوە پێکدەهێنن، بەتایبەت دوای شۆرشی ئۆکتۆبەر وسەرکەوتنی حزبی بەلشەفیو پێکهێنانی ئینتەرناسیوناڵیسێ لەلایەن لینینەوە. لەدوای سەرکەوتنی شۆرشو پێکهێنانی حکومەتی بەلشەفیەکان، کۆمەڵێک ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتی گەورە کرا بە قازانجی پڕۆلیتاریاو هەژارەکانی یەکێتیسۆڤیەت، لە هەمانکاتدا لە 15نوفمبر 1917 ڕاگەیاندنی مافی چارەیخۆنوسین لە ڕوسیادا ڕاگەیەنرا و دوای دوومانگ ڕاگەیاندنی ١٤خاڵەی ویلسۆن سەرۆکیئەوکاتی ئەمریکا لە 8يناير1918بڵاوکرایەوە، خالێکی مافی چارەیخۆنوسینبوو. پاراستنی ئەو بزووتنەوانەی کە خواستی جیابونەوەو پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەییان هەبوو لە یەککاتدا بووە سیاسەتی یەکێتیسۆڤیەتو ئەمریکا، پاشان لە سالێ ١٩١٩، دوای پێکهێنانی “کۆمێنترن” ئەمداوایە پایەیەک دەبێت لە سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیسۆڤیەت. سیاسەتی ئەمریکیوسۆڤێتی ڕووی لە ئامانجێکبوو، کەمکردنەوەی نفوزو پێگەی وڵاتانی سەرمایەداری داگیرکەری ئەوسەردەمە کە زۆربەی وڵاتانی گۆیزەویان داگیرکردبوو. خواستی چارەیخۆنوسین لەئاستی جیهاندا بەتایبەت دوای جەنگی جیهانیدووەم، وەک پێداویستیەکی دەستبەجێی سەرمایەو لابردنی بەربەستەکانی بەردەم گەشەو فراوانبوونەوەو زاڵبونی تەواوی بەسەر گۆیزەویدا، بوو بەبزوتنەوەیەکی فراوانی جیهانی. پێشکەوتنخوازیو ئازادیخوازی بووە میلوانکەی ملی بزووتنەوەی ” بورژوایی نیشتمانی!!” و ناونران” بزوتنەوە ڕزگاریخوازەکان”. بەمپێیە وەک ڕادیکالترین باڵی چەپیبورژوایی مۆری خۆیان لە مێژوودا، لە هەمانکاتیشدا بەشێک لەم هێزە نەتەوەییانە کە لە پێناو ” سەرمایەی نیشتمانیدا” دەجەنگان لەوەش زیاتر مۆری کۆمۆنیستیان هەڵواسی بە ئاڵاو دروشمەکانیانەوە.
ڕیفۆرمە ئابورییەکانی یەکێتی سوڤیەت بە ڕابەری لینین، ئەگەرچی لەو سەردەمەدا وەک دەستکەوتێکی گەورە بۆ پڕۆلیتاریای سۆڤیەت دەبینرا، بەڵام پڕۆلیتاریای داماڵی لە ئامانجو هیوایەک کە بووی بە ئایندەی شۆرشەکەی، لە جیاتی ئامانجێک کە پڕۆلیتاریا بووی لە پێکهێنانی بەڕێوەبەری هەرەوەزیو کۆمۆنی، دەوڵەتێکی سەنتڕالی بەهێزی ڕاگەیاند کە پێشهەر ئامانجێک ڕادەستکردنی پڕۆلیتاریا بوو بە بورژوایی لە ڕێگەی ڕیفۆرمی ئابوریەوە. دوایجەنگی جیهانی دووەمو دووبارە دابەشکردنەوەی جیهان، ئەم ئاڕاستەیە دەبێتە ئاڕاستەیەکی جیهانی. وڵاتانی “نیشتمانی!” وەک قارچک بەناوی نەتەوە یان کۆمۆنیزمو سۆشیالیزمی جیاوازەوە سەردەردەهێنن لە ئاسیاوە تا ئەفریکاو ئەمریکای باشور. سۆشیالدیموکراتەکان لە ئەوروپا کورسیەکانی پەرلەمان داگیر دەکەنو دەوڵەتی خۆشگوزەران پێکدەهێنن، یەکێتیە کرێکارییەکان دەبنە پایەی ئەم هێزە بورژواییە چەپو ڕیفۆرمیستانە. ڕیفۆرمی دەوڵەتی ناسیونالیست جێگای کۆمۆنیزم دەگرێتەوە لە ئاستی ڕایگشتی جیهانی و سەنتەرەکانی خوێندنو پەروەردەو لێکۆلینەوە فکریو سیاسیەکاندا، کە تائێستا پڕۆلیتاریا بەدەستیەوە دەناڵێنێ. ئەم” کۆمۆنیزمە!!”و ئەمجۆرە لە بەڕێوەبردنی سەرمایە(چەپ) لە ساڵی ١٩٩٠ دادەڕمێتو بەرگەی ململانێی بازاڕ ناگرێت، لە گەڵیدا باڵی چەپی بورژوایی پایەی ئابوری مانەوەی خۆی لە دەستدەدات.
ئاوابوونی چەپ پایەکەی ئابورییە!
ئەنتۆنی گیدنز دەڵی: “گلۆبالیزم دەستەواژەی ڕاست و چەپی بەتاڵکردووە”. بێگومان سەرمایەداری هەمیشە گلۆباڵبووە، بەڵام ئەم نوسەرە خاوەنی ڕێگایسێهەمە واتە لە نێوان ڕاستو چەپی بورژوایدا( بەقەولی ئەوان لە نێوان سۆشیالیزم و سەرمایەداریدا)نێوەندگیریدەکەن. لیبرالیزمینوێ چەمکی ئابوریسیاسیە، چڕبوونەوەو سەنترەلکردنو کەڵەکەی فراوانی سەرمایە، بەهۆی گەشەو پێشکەوتنی هێزەکانی بەرهەمهێنانەوە، پایەی ئەو ئاڵوگۆڕانەیە. لیبرالیزمینوێ هەر کۆنەکەیە، بەڵام لە هەلومەرجی مێژووی جیاوازدا پیادە دەکرێت. هەلومەرجێک کەتیایدا بناغەی ئابوری هێزە‌ بەرهەمهێنەرەکان ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی بەسەردا هاتووە، لە جیهانێکەوە کە پیشەسازی کلاسیک نیشەجێی بازاڕە ناوخۆیەکانبوو، لە هەر ڕشتەیەکی پیشەسازی وەک: کانزاو ئامێرو میتاڵەکانو و نەوتوگازو ئۆتۆمبێلسازیو جلوبەرگوچنینو ئامێرەکانی نێوماڵدا…دەیان هەزار کرێکار کاریانتێدادەکرد و لە یەکێتیە کرێکاریەکانو دەوڵەتێکی خۆشگوزەران –بەجیا لە دابەشبوونی بورژواییانەی دیکتاتۆریو دیموکراسی- بەهرەمەندبوون، بۆ جیهانێکی تەواو تازە لە کاری ڕۆبۆتو هۆشمەندیدەستکردو گەشەی لە ڕادەبەدەری ‌هێزەکان بەرهەمهێنان تا ئاستی ئەوەی باسلەوەدەکرێت کە سەرمایە پێویستی بە هێزیکاری پڕۆلیتاریا نەماوە !!. ئەمە بناغەی سەرەکی نەمانی یان ئاوابوونی بورژوایی چەپە لە ململانێی کۆمەڵگادا. ئەمریکا ڕابەری سەرمایەداری جیهانی تەنانەت چاوەڕێی پێگەیشتنی ئەو شۆرشە زانستیەی نەکرد، بەڵكو بە هاوشانی ئەو پێشکەوتنەو لە ماوەی ٣٦ ساڵی ڕابووردوودا، هەنگاوی گەورەی گرتە بەربۆ جێخستنی ئەلگۆی لیبرالیخۆی لە ئاستیجیهاندا وەک: پریڤایتکردن-بەتایبەتیکردن-، نەهێشتنی دەوڵەتی خۆشگوزەران، ئازادکردنی بازاڕیکار، ئازادکردنی نرخی دراوەکان، دورکەوتنەوە لە یەکێتیە کرێکارییەکان، فرۆشتنی تەواوی موڵکی گشتی بە سەرمایەدارانی تایبەت(کارگەکان، زەویەکان و سامانەکانی ژێر زەوی، دەزگا خزمەتگوزاریەکان، زیندانەکانو پۆلیسو سوپای تایبەت…) ئەم هەنگاوانە لەدەورووبەری ساڵی ١٩٨٠وە دەستپێدەکاو ئێستا بەکۆتایی خۆیگەیشتووە. پایەی کۆمەڵایەتی هەموو چەپی دونیا سەرمایەداری دەوڵەتبوو، ئەوەی ئەوروپا ناوی دەوڵەتی خۆشگوزەرانبوو بە کۆمەڵێک ئیمتیازاتی سیاسیو دیموکراسیەوە، ئەوەی ڕۆژهەڵات دەوڵەتی سەنتراڵبوون-دیکتاتۆر!!- لە ناسیونالیزمی عەرەب-سۆشیالیزمی عەرەب- وە بگرە تا چەپی لاتینی و ئاسیایی.
بەپراتیک دەرهێنانی ئەم سیاسەتە ئابورییەی ئەمریکا بە ئابلوقەی ئابوری و جەنگە گەورەکانو تیرۆری مۆدێرنو شۆرشی پرتەقاڵیو بەهاریعەرەبیو ڕژێم چەینجەکان پیادەکران. بەمپێیە چەپ پایەئابوریەکەی لەدەستدا. وەکناو ماوە، نمونەی سوشیال دیموکراسی ئەوروپا بەڵام لە ڕاستەکان ڕاسترنو وبەرنامەی ئەوان جێبەجێدەکەن. دواین هەوڵی ڕادیکاڵترین چەپ (پارتی هاوپەیمانی چەپی ڕادیکاڵی یۆنانی “سیریزا”)ساڵی ٢٠١٥ بوو لە یۆنان کە پاشبردنەوەی بە شکستێکی گەورە دەسەڵاتەکەیان کۆتایهات. ئەوەی جێرمی کۆربن لە بەریتانیا “حزبەکەت” ی پێکهێنا لە نۆڤمبەری ٢٠٢٥دا، ئەگەر لە دەنگدانیش بیباتەوە!!، بڵقێکی تەقیووە. چەپە کوردەکانی پەیەدە و هەسەدە، پێشئەوەی تامی ڕووخانی ڕژێمی پێشووی سوریا بکەن هەموو بەرنامەی بەڕیوەبەری خۆسەریو ناوچەیەکی زۆریان لەدەستدا، جگە لە پەیڕەوی حکومەتی جۆلانی و ئۆتۆنۆمیویەکی بەرتەسک نەبێت، هیچیدیکەیان پێنەبڕاوە. سەدەها نوسەریچەپ پێماندەڵێن چەپ مردووە، بەڵام ئەلتەرناتیڤێک نادەنبەدەستەوە، نوسەرێکی هیندی دەنوسێت:”لەڕاستیدا چەپ وەک قەوارەیەکی رێکخراو و دامەزراوەیەکی ڕۆشنبیری و سیاسی، مردووە.”( Yogendra Yadav )بەڵام دوایی بەچەندین ڕێگای بێبناغە دەگەڕینەوە بۆی.
بورژواییچەپ بناغەکەی داڕوخاوەو پایەی ئابوری نەماوە، ژیانئاوایکردووە لە ململانێکانی کۆمەڵگا.ئەم هەلومەرجە دەروازەیەکی ڕۆشنترو ئەرێنیتری ئاوەڵاکردووە بۆ بزوتنەوەی پڕۆلیتاریا وەک ‌هێزێکی ڕێکخراوو یەکگرتوو؛ کۆمۆنیزم.
لە کۆتایدا: کۆمۆنیزم بزوتنەوەی ڕێکخراوو یەکگرتووی چینی پڕۆلیتاریایە. ئامانجی کۆمۆنیزم کۆمەڵگایەکی سۆشیالستییە. کۆمۆنیزم ناتوانێت لۆکەڵی دابمەزرێت، بەڵکو جیهانیە، ئەوە ئەزموونی مێژووە. کۆمۆنیزمو چەپ دووبزوتنەوەی چینایەتی تەواو جیاوازن. لێرەدا باسەکە باسی دوو چینی کۆمەڵایەتیە نەک وردەکارییەکانی خەباتی ڕۆژانە. پڕۆلیتاریا بەردەوام هەنگاو دەنێت بۆ دابینکردنی هەلومەرجەکانی یەکگرتووبوونی خۆی، بۆ کۆمۆنیزم. چەپ مردووە، بەڵام خەباتی چینایەتی بەهێزێکی جیهانی گەورەوە بەردەوامە، ئەوە مەیدانی کۆمۆنیزمە.

سامان کەریم/ ١٥ی فێبریوەری ٢٠٢٥




خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی عەشقی ناکام.. نووسینی: شێنێ مشیر

ڕۆمانی (عەشقی ناکام) لەنووسینی (ئارام ڕەزایی)ە، لەلایەن (زریان محمود)ەوە لەزمانی فارسییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، کە بەزمانێکی سادە و وردو و بێ گرێ کاری وەرگێڕانی بۆ کردووە و لە دوو توێی (408) لاپەڕەدا و ساڵی (2020)، لەلایەن چاپخانەی (چوارچرا)ەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
جۆری ڕۆمان: ڕۆمانسی، تراژیدییە و شوێنی ڕووداوەکان وڵاتی (ئێران)ە.

زمان: زمانی ڕۆمانەکە سادەیە و لەکاتی خوێندنەوە خوێنەر لێی بێزار نابێت، و بەو وەرگێڕانە تایبەتەی بۆی کراوە چێژی خوێندنەوەی زیاترکردووە.

دیالۆگ: ئەم ڕۆمانە سەرەڕای بوونی چەندین دیالۆگ لەنێوان کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکە، بەڵام بەهێزترین دیالۆگەکان لەنێوان کارەکتەرە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکەدایە، ئەوانیش (سوگەند، مهران، بابەک)ن.
عەشق هاوشێوەی بلیتی بەخت وایە، ئەگەر بەخت یاوەرمان بێت ژمارەی سەر بلیتەکەمان هەمان ژمارەی ئەو هەفتەیە بێت و ببینە براوە ئەوا تەواوی ژیانمان دەگۆڕێت، بەڵام ئەگەر بەپێچەوانەوە بێت ژیانمان چی لێ دێت؟
کاتێک عاشق دەبین ئەو کەسەی خۆشمان دەوێت هەمان ئەو هەستەمان پێ دەبەخشێتەوە کە تامەزرۆین؟
لێرەوە خوێندنەوەی ڕۆمانی (عەشقی ناکام)، وەڵامی پرسیارەکانمان دەداتەوە. لەگەڵ خوێندنەوەی ڕۆمانەکە هاوشێوەی کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە کە کچێکی (فزولە)، هەمان هەست بە ئێمەش دەبەخشێت کە دەمانەوێت زوو لەڕووداوەکان تێبگەین. بەتامەزرۆییەوە لاپەڕەکان هەڵدەدەینەوە تا بزانین چارەنووس بەرەو کوێمان دەبات.
(سوگەند)، کچە خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆیە، لەخێزانێکدا دەژی کە بەردەوام گلەی لێیان هەیە. هەست دەکات بوونی لەم خێزانەدا گرنگ نییە و ئاواتەخوازە بەتەنیا ژیان بگوزەرێنێت، بەداخەوە سوگەند بێ ئاگایە لەوەی ئەو دەنگە دەنگ و کۆبوونەوانەی خێزان لەسەر یەک سفرەی نانخواردن ئاواتی زۆر کەسە کە بەهەر هۆکارێک بێت خێزانەکانیان لەدەستداوە.
هاتنی نامەیەک بەهەڵە لەدرەنگانی شەودا تەواوی دنیای سوگەند دەگۆڕێت، ئایا ئەم گۆڕانکارییە خۆشبەختی بۆ دەهێنێت یان خەم و ئازارەکانی زیاتر دەکات؟.
بەهۆی ئارەزووی زۆری بۆ زانینی شتەکان وای لێدەکات وەڵامی کورتە نامەکە بداتەوە و سەرەتا وادەزانێت هاوڕێکانی خۆیەتی و دەیانەوێت بێزاری بکەن، چونکە خۆشی کاری وای کردووە لەگەڵ هاوڕێکانیدا. بەردەوام وەڵامدانەوەی نامەکان وای لێدەکات زیاتر حەزبکات ئەم کەسە نەناسراوەی ژیانی بناسێت.
کاتێک بەئاگا دێتەوە عاشقی ئەم کەسە نەناسراوە بووە بەبێ ئەوەی ڕوخساریشی بینیبێت، ناتوانێت بۆ ساتێک بەبێ ئەم کەسە بژی.
لێرەوە ڕۆڵی گرنگی خێزانمان بۆ دەردەکەوێت لەژیانی منداڵەکاندا، زۆرجار سەرقاڵی ژیان وا لەدایک و باوکان دەکات کە کاتیان نەبێت بۆ ئەوەی کەمێک سۆز و خۆشەویستی ببەخشنە منداڵەکانیان، زۆربەی دایک و باوکان دەڵێن منداڵەکانمان لەهیچیان کەم نییە، بەڵام بێئاگان لەوەی ئەو بۆشاییەی لەدەروونی ئەواندا دروستبووە بەهۆی بێ نازی، پاڵیان پێوە دەنێت کە بکەونە هەڵەوە و ئەو خۆشەویستییە لەڕەگەزی بەرامبەریان وەربگرن. هەڵسوکەوتی توندی باوک وا لە منداڵ دەکات کە هەست بکات لەناو خێزاندا پەراوێزخراوە.
سوگەند دەڵێت: (لەماڵی ئێمەدا قسە هەر قسەی باوکمە، بڵێ بخەوە دەبێ بخەوین و بڵێ دانیشە دەبێ دانیشین و بڵێ بمرە دەبێ بمرین، بەکورتی نابێ کەس قسە لەقسەیدا بکات. ئەگەر کەسێک قسەبکات دەبێتە گەردەلوول، باوکم توڕە دەبێت و هەموو ماڵەکە دەدات بەیەکداو کەس لەم گەردەلوولە پارێزراو نابێت. کاتێک بریسکی ئاگر هەموومانی سوتاند ئەوکاتە باوکم بەخۆیدا دێتەوەو تێدەگات کە لەوانەیە قسەی ئەو کەسەش ڕاست بووبێ. بەکورتی هەریەکێک لەئێمە کاتێک بەتەنهایە خاوەنی قسە و کەسایەتی خۆیەتی بەڵام کاتێک کە پێکەوە کۆدەبینەوە هەموومان لاڵ دەبین و ناتوانین قسەبکەین).
ئەمانە هەموو هۆکارن کە سوگەند عاشقی مهران دەبێت، و ئیتر ڕازی دڵی خۆی لای عەشقەکەی دەکات، بەبێ ئەوەی بزانێ کە ڕووخساری چۆنە. سوگەند خۆی کچێکی نائومێدە لەژیان، بەڵام دەیەوێت ژیان لای مهران جوان بکات هانی دەدات کەواز لەخەمۆکی بهێنێت و بیر لەو شتە جوانانە بکاتەوە کە دەکرێت لەداهاتوودا ڕووبدەن. کاتێک گوێبیستی چیرۆکی خەماوی مهران دەبێت کە خێزانەکەی لەدەستداوە و هەموو خەونێکی ئەوەیە بمرێت و لەو دنیا بگاتەوە بەخێزانەکەی، سوگەند تێدەگات کە خێزانەکەشی ئەوەندە خراپنین کە ئەم لێیان دەڕوانێت، بۆی ڕوون دەبێتەوە ڕازی نەبوونی دایک و باوکی بەهەندێک لەداواکارییەکانی بەسوودی خۆیەتی و باوەشی گەرمی خێزانە لەکاتی ڕووداوە سەختەکاندا ئارامت دەکەنەوە و پشتت لێناکەن.




راگه یاندنی حزبی کۆمۆنیستی کارگەری ئێران – حیکمەتیست سەبارەت بە مەرگی هاوڕێمان خاتوو سەفه ری

سیمبولی نیو سەدە خەبات، دایکی ئازیزو هاوڕێمان خاتوو سەفه ری بەجێی هێشتین!
لە ١١ی فابریوەری ٢٠٢٦، خاتوو سەفه ری، کۆمۆنیستێکی پەیگیر، سیمبولی نیو سەدە خەبات لە دژی ڕژێمەکانی سەرمایە لە پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی، ئەندام‌و کادری بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی کارگەری و حزبی حیکمەتیست، لە شاری ئۆسلۆی وڵاتی نۆروێژ بۆ هەمیشە بە جێی هێشتین.
مێژووی ئێران و کوردستان بە تایبەت لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ەوە مێژوویەکی پڕ لە خەباتی کەسانی دیارە. ئەو کەسانەی کە لەسەر بنەمای ئیرادەو پێگەی چینایەتی‌و کۆمەڵایەتی خۆیان ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبووە لەم پێشهاتانەدا. هاورێ (خاتوو سەفه ری) کە بە سۆزەوە لە پەیوەندییە ڕۆژانەکاندا بە “دایە خانم” یان “سەی زادە” ناومان دەبرد، یەکێکە لەو کەسایەتییە دڵسۆزە کۆمۆنیستیانە.
هاوڕێ سەفه ری ساڵی ١٩٢٤ لە گوندی باینچۆ لە نزیک شاری سنە لە دایکبووە. ساڵانێک پێش شۆڕشی ١٩٧٩ ڕوویان لە شاری سنە کردووە. لەم شارە زیندوو و چالاکەدا ئاشنای تێکۆشەرانی کۆمۆنیست و چەپ بووە. پێش شۆڕشی ١٩٧٩، ماڵەکەی لەگەڵ هاوسەر و منداڵەکانی، بە ڕۆڵی سەرەکیی “دایە خانم”، شوێنی کۆبوونەوە و گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی سیاسی بیروڕا بووە بۆ ئەو کەسانەی کە لە سەردەمی شۆڕشی ١٩٧٩دا بەرپرسی کۆمەڵە ی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بوون لە شاری سنە.
لەگەڵ دەسپێکی ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانی ساڵه کانی ١٩٧٨- ١٩٧٩ لە شاری سنە، بەو ئاڵوگۆڕە شۆڕشگێڕانەیەوە پەیوەست بوو. پاشان لەگەڵ درێژەی خەبات و دەستپێکردنی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی، ماڵەکەی بوو بە پەناگەیەک بۆ شۆڕشگێڕانی کۆمۆنیست و تێکۆشەرانی کۆمەڵە بۆ شاردنەوە و پاراستنی ئاسایشیان لە دەزگا سەرکوتگەرەکان.

لە ماوەی شەڕی سێ مانگی یەکەمی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٩٧٩، بە ورە و دەستپێشخەریی شۆڕشگێڕانەی خۆی و بە هاوکاری کۆمەڵێک بنەماڵەی دیکە، دەستی بەسەر خانووی حکومی سەر بە یانەی ئەفسەرانی پۆلیس لە ناوچەی تاز ئاوا لە شاری سنە گرت و بۆ ماوەی دوو ساڵ داگیریان کرد.
لە قۆناغی پڕ ئال ۆگۆری خەبات لە شاری سنە، تێکۆشەری خەباتی شۆڕشگێڕانە بوو. ناوبراو لە ڕێپێوانی مەزنی خەڵکی سنە بەرەو مەریوان و بۆ پشتیوانی لە کۆچی مێژوویی خەڵکی مەریوان لە ناڕەزایی بە هێرشی ڕێژیمی ئیسلامی تازە دامەزراو بەشداری کرد. لە ماوەی شەڕی ٢٤ ڕۆژە ی شاری سنە دا ئامادە نەبوو شار بەجێ بهێڵێت و بووە یەکێک لەو کەسانەی کە پشتی جەبهەیەکی بەهێزیان بۆ پشتیوانی لە خەباتکاران و پێشمەرگە ڕێکخست.
دوای گرتنی شاری سنە و شارەکانی دیکەی کوردستان لەلایەن ڕژیمی ستەمکاری کۆماری ئیسلامی، دایە سەی زادە لە بەشی نهێنی ڕێکخراوی کۆمەڵە درێژەی بە چالاکییەکانی خۆی دا. لەگەڵ یەکە سەربازییەکانی دەوروبەری شار و پاشان بە شێوەیەکی ڕێکوپێکتر لە بەشی نهێنی ڕێکخراوی کۆمەڵەدا وەک “پەیک” نامە و نوسراوه ی ئەو ڕێکخراوەی دەگەیاندە تێکۆشەرانی شار لە شارەکانی کوردستان، تاران و شارەکانی دیکەی دەرەوەی کوردستان. پەیوەندییەکی بەهێزی نێوان ڕێکخستنی نهێنی و ڕێکخستنی ئاشکرای کۆمەڵە بوو. لە میانەی ئەو چالاکییانەدا لە ناوچەی سنووریی “قاسمە ڕەش” لە سنووری سەردەشت لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و ئەشکەنجە دراوە و ماوەیەکی کورتیشی لە زینداندا بەسەر بردووە.
دواجار لە ساڵی ١٩٨٤ ناچار کرا لەگەڵ هاوسەرەکەی وڵات بەجێ بهێڵێت و پەیوەندی بە ڕێکخراوی ئاشکرای کۆمەڵەوە بکات و پەیوەست بێتەوە بە ڕۆڵەکانیەوە ناسر و شەوبۆ. دایه خانمی خەباتکارو هاوسەڕەکەی له یەکێک له کەمپەکانی ناوەندی کۆمەڵه له ناوچەیەک به ناوی “شینکاوێ” وەک بەڕێوبەری کارگێڕی فرۆشگای ڕێکخراو که بۆ دابینکردنی پێداویستی ڕۆژانەی هاوڕییان دامەزرابوو، بە دڵسۆزی و دیسپلین‌و وردبینیەوە کاریان کرد. هاوڕییان‌و پێشمەرگەی ئەو قۆناغە یادگاری شیرینیان هەیە لە پەیوەندییە دڵسۆزیەکان و هەوڵی ئەو دوو کەسە خۆنەویستە.

لە کاتی شەڕی سەپێنراوی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە دژی کۆمەڵە، بۆ کۆمەک کردن خۆی دەگەیەنێتە ناوچەی شلێرو شوێنی هێزە سەربازیەکانی کۆمەڵە. لەکاتی سەفەرو چالاکییەکانی لە ناوچە سنوورییەکان، لەلایەن حزبی دیموکراتی کوردستانەوە دەگیرێت و زیندانی دەکرێت‌و دوو جاردەکەوێتە بەر لێدان و ئازاردان.
دایه خانم پێش هاتنی بۆ ئەوروپا، له کوردستانی عێراق وەک هەمیشه له تەنیشت کەمپه سەربازییەکانی کۆمەڵە جێگیرو چالاک بوو. دیسان ماڵەکەیان لە شارۆچکەی کارێزە و شاری ڕانیە کە هەردووکیان دەکەونە پارێزگای سلێمانی، بۆ ماوەی چەند ساڵێک شوێنی چالاکیی پەیوەندی‌و سەردانی پێشمەرگەو بنەماڵەکانیان بوو کە لە ناو ئێرانەوە دەهاتن. هەروەها شوێنی پشوودان بوو بۆ خەباتکاران‌و پێشمەرگەی ئەو سەردەمە. لە ساڵی ١٩٩٢ لەگەڵ ناسر مورادی کوڕەکەی‌و خێزانەکەی ئه و ڕوویان لە نەرویج کردووە. لەوێش پەیگیرانە درێژەی بە چالاکیی خەباتکارانەو کۆمۆنیستی خۆی دا. لە ساڵی ١٩٩٨ەوە لەگەڵ حزبی کۆمۆنیستی کارگەری ئێران و پاشان حزبی حیکمەتیست درێژەی بە چالاکییەکانی دا. ئامادەیی پڕ جۆش‌و خرۆشی سەی زاده له چالاکی و کردەوەو ڕێو ڕه سمەکانی ٨ی مارس و ڕۆژی جیهانی کارگەر، له کۆنگره و کۆبوونەوەکانی حزبی حیکمەتیستدا، هەمیشه ئیلهامبەخش بوو بۆ تێکۆشانەکانمان. بە داخەوە بەهۆی ساڵمەندی‌و نەخۆشییەوه له ساڵی ٢٠١٩ەوە له ئامادەبوونی کارای ئەو له کۆنگره و کۆبوونەوەو چالاکییەکان بێبەش بووین. بەڵام پەیوەندی پتەوی ئەو لەگەڵ بزووتنەوەو حزبەکەمان بەردەوام بووە.
دایک و هاوڕێی ئازیزمان خاتوو سەفه ری کەسایەتییەکی لەبیرنەکراو لە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و کارگەری و حزبی حیکمەتیست، ئیتر بۆ هەتا چاوی لێک نا. بەڵام ئەو چەندین وانەو ئەزموونی بە نرخ و پابەندبوون‌و هەوڵی کۆمۆنیستی بۆ بەجێهێشتووین. پرسەو سەرەخۆشی لە دڵەوە بۆ کۆمۆنیستەکان و خەڵکی ئازادیخواز، بۆ ڕیزەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی کارگەری‌و حزبی حیکمەتیست و بەتایبەتی بۆ ئازیزانی هاوڕییانمان شەوبۆ و ناسر مورادی و ملیکە عزەتی، و بۆ نەوەکانی نینا‌و مۆناو ڕۆزا و کەسوکاری دیکەیان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دەردەبڕین.

ئێمە بە درێژەدان بە ڕێگاکەی ڕێز لە یادی هاوڕێ سەفه ری دەگرین

حزبی کۆمۆنیستی کارگەری ئێران – حیکمەتیست
ڕێبەندانی ١٤٠٤ – شوباتی ٢٠٢٦




چیخەف: ماڵئاوا من دەمرم!.. حه يدەر عەبدولڕەحمان

 

لەهاوینی ساڵی 1904دا، كاتێ‌ نەخۆشی وەرەم تەنگی بە (چێخەف) هەڵچنی، بەناچاری ڕووی لەهاوینە هەواری (بادن ڤایلەِووی ) ئەڵمانیا كرد بۆ چارەسەری.
شەوی 2ی گەلاوێژ، شەوێكی هێمنی پێش زریان بوو، كاتێ‌ (چيخەف) لە نیوەشەودا بەئاگا هات، لە تاو ئازارەكانی داوای پزیشكی كرد بیبینێ‌ .
كاتێك پزیشكەكە گەیشت، ئەو لە دۆخێكی ناجێگیر دابوو، بە هەناسە ساردی، داوای بوتڵێك شامپانياى كرد..
ئەم داوایە بۆ كەسێك كە هیچ هیوایەكی نەمێنێ‌ بۆ چاك بوونەوە، داوایەكی ڕەوا بوو، بۆ ئەوەی دوا حەسرەتی خۆی، بەر لەماڵئاوایی كردن بەدی بێنێ‌ .
(چیخەف) كە دەمێك بوو دكتۆر شامپانیا خوردنەوەی لێ‌ قەدەغە كردبوو، بەحەسرەتەوە پەرداخەكەی گرتە دەست و ڕووی كردە (ئۆڵگا)ی هاوسەری و بە ئەڵمانی پێی وت : ماڵئاوا ئازیزەكەم، من دەمرم .
( ئۆڵگا) بە دەنگێكی شكاو: یزیشكەكە وتی تایەكەت دادەبەزێ… تەنها كەمێك بخەوە.
چيخەف (بە كزە بزەیەك): بەڵێ‌ پزیشكەكان هەر وا دەڵێن..
ئۆڵگا: ( بە پاڕانەوە ) نا تكایە وا مەڵێ‌، خۆ تۆ هەمیشە بەهێز بوویت ..
هێشتا زۆر شتت ماوە بینووسیت.
چيخەف: (بۆ ساتێك بێدەنگ دەبێت، سەیری بنمیچەكە دەكات)
سەیرە ئۆڵگا… هەموو ژیانم خەریكی نووسین بووم دەربارەی مردنی كەسانی تر،
كەچی فێر نەبووم چۆن مردنی خۆم بنووسمەوە.
ئۆڵگا (فرمێسك دەڕێژێت)
چیخەف: من ماندووبووم لە ئازار كَێشان …بەڵام ناترسم.
ترسی ڕاستەقینە ئەوەیە كە مرۆڤەكان ئەوە لەبیر بكەن چۆن بە بەزەییەوە سەیری یەكدی بكەن.
(كۆكەیەكی توند دەكات. ئۆڵگا سەری دەگرێت)
ئۆڵگا: پێم بڵێ دوای تۆ من بێ تۆ چیم پێ‌ دەكرێ‌ ؟
چيخه ف (بە دەنگێكی زۆر كز) بۆ خۆت بژی…
وای دا بنێ‌ من هێشتا لە ڕیزی یەكەمی شانۆكەوە تەماشات دەكەم.
(كەمێك بێدەنگ دەبێت، بە زەحمەت چاوەكانی دەكاتەوە)
ئۆڵگا… دەزانی تەنها لە چی پەشیمانم؟
ئۆڵگا: (بەدەم فرمێسك ڕشتنەوە ) لە چی؟
چيخەف: كە نەمتوانی وەك پێویست ئەوە بگەینمە خەڵك كە ده بوا بیگەیەنم .
(هەناسەیەكی قووڵ هەڵدەكێشێت، گوشار دەخاتە سەر دەستی ئۆڵگا)
چيخەف: ئەگەر شتێكت نووسی، دەربارەی مرۆڤ بنووسە، نەك دەربارەی پاڵەوانێتی.
مرۆڤی ئاسایی، گەورەترین تراژیدیای ئەم جیهانەیە.
(بزەیەكی زۆر كز دەكات)
(چاوەكانی هێدی هێدی دادەخرێن. دەستی شل دەبێتەوە. بێدەنگییەكی درێژخایەن.
(ئۆڵگا) هەر بە دەستیەوە دەمێنێتەوە، پاشان نێوچەوانی دەخاتە سەر سنگی.
ئؤلكا ـ بؤ (جيخه ف) هه ر تەنها هاوسەرێكی ئاسایی نەبوو، بەڵكو ئەكتەرێكی لێهاتووی ناو چیرۆك و شانۆنامەكانی چێخەف بوو لەسەر تەختەی شانۆ.
كاتێ‌ ساڵی 1901 هاوسەرگیرییان كرد، زۆربەی كاتەكانیان بە جیا بەسەر دەبرد.
ئەو كات چیخەف لە (یاڵتا) بوو، بەهۆی نەخۆشییەكەی، هەمیشە پێویستی بە كەشوهەوای گەرم هەبوو، ئۆڵگاش لە(مۆسكۆ) دەمایەوەو بۆ پرۆڤە كردنی كارە شانۆییەكانی.
ئەم دوورییە، میراتێكی سەرسوڕهێنەری لەنامە گۆڕینەوە بەجێهێشت و زیاتر لە 800 نامە، كە پڕ بوون لە خۆشەویستی، گازندەی ناسك و گاڵتەی تایبەتی نێوانیان بوو.
ئەگەرچی هەندێك كەس (ئۆڵگا) یان تۆمەتبار دەكرد بەوەی چیخەفی لە كاتی نەخۆشیدا بەتەنیا جێهێشتووە، بەڵام (چیخەف) خۆی هانی دەدا شانۆ جێ‌ نەهێڵێ‌ ، چونكە هەرگیز ئاواتی ئەوەی نەدەخواست ئەوە ببینێ‌ كە ئەكتەرێكی لێهاتووی وەك (ئولگا) بەهۆی ئەوەوە، ئەو بەهرە جوانەی ژاكاو بێت .




ئێستێتیکی فریدریش شیلەر-1-     کاوە جەلال

                                                                                      

                           “گەر کەسێک بوێریی بۆ ئازادی نەبێت، بیرۆکەکانی ئازاد نین”
(بەشی یەکەم)
-1 کەس و سەردەم

ئەڵمانیای سەدەی هەژدەم قەوارەیەکی سەرجەمییانەی سیاسی نەبوو، بەڵکو بەسەر 300 میرنشین و شانشیندا دابەشیبوو، لێرەشدا هەر یەکەی ئەو دەوڵەتانە سنوور و سوپای تایبەت، پۆلیس و فەرمانبەری خۆی هەبوو، هەروەها لەسەر سنوورەکانی گومرگی پەڕینەوەی بازرگانیی وەردەگرت. گەورەترین دەوڵەتی نێو وڵاتی ئەڵمانەکان پرۆیسن بوو وەک دەوڵەتێکی میلیتاریستیی تەواو ڕێکخراو، لەم ڕووە سەربازییەشەوە سێیەم دەوڵەتی ئەوروپا بوو، جگە لەوە فۆرمی حوکمدارییەکەی بریتی نەبوو لە دەسەڵاتی کۆشک، بەڵکو ئەبسۆلوتیزم (دەسەڵاتداریی کەسی سەربەخۆ لە یاسا) بوو، بێگومان ئەبسۆلوتیزمی ڕۆشناییپێدراو. بە هەر حاڵ، وشەی “دۆیچ” تەنیا پەیوەندیی بە زمانەوە هەبوو نەک ناوێک بێت بۆ هاووڵاتیی دەوڵەتێک، جگە لەوە لە کۆتایی ئەو سەدەیەدا ناوی “دۆیچلاند” (وڵاتی دۆیچەکان) سەریهەڵدا.
جڤاکی ئەڵمانیی سەدەی هەژدەیەم، یان ئەوروپی بەگشتی، لە چەرخی نێڤینەوە زۆر کەم گۆڕانی بەسەردا هاتبوو. جڤاک هیرارشییانە و بەگوێرەی ستاند بیناکرابوو، بە شێوەیەکی دی ببێژین، پێگەی کەس تێیدا لە زایینەوە بەڕێی ڕەچەڵەکەوە دیاری دەکرا و زۆر بەدەگمەن دەشیا کەسێک لە ستاندی خۆیەوە هەڵبچێت بۆ ستاندی سەرووی خۆی. بێگومان ئاگایی ستاندییانە هاوکات لەنێو دانیشتوانیشدا سەروەر بوو. لەم هیرارشییەدا شا نێوەندیاری ویستی خودا بوو لەسەر زەمین؛ لە ستاندی سەرەوەدا ئەڕیستۆکراتی و پیاوانی ئایین دەسەڵاتیان دەنواند؛ ستاندی ناوەڕاست تایبەت بوو بە بۆرژوازی، لەژێر ئەویشەوە کشتیاران (ئەوجا درەنگتر کرێکاران) دەهاتن. بەشی ژێرەوەی هیرارشییەکە لەو کەسانە پێکهاتبوو کە سەر بە هیچ ستاندێک نەبوون، واتا: بێستاندەکان.
شارنشینان وەک توێژی سۆسیال لە کۆتایی چەرخی نێڤیندا بە گۆڕانی بازرگانی و ژیانی شارییانە سەریانهەڵدا. لەو کاتە بەدوواوە شارنشینان بەردەوام پتر پەرەیان دەسەند و بەهێزتر دەبوون، هەروەها بە خەباتی تایبەتی جیاکراوە لە ئەڕیستۆکراتی و کشتیاران، ئازادییە بۆرژواییەکانی خۆیان “سەند”.
سەدەی هەژدەیەم زۆر گرنگ بوو بۆ گەشەی بۆرژوازیی ئەڵمانی. لەم سەردەمەدا ئەرکە جیاوازە بەڕێوەبەرییەکان، بەمەش هەروەها پێداویستی بۆ فەرمانبەرانی پسپۆر کە شارەزای یاسا، ئابووری، بازرگانی و دارایی بوونایە، پەرەیان سەند، وەلێ لەم ڕەوشەدا ڕەچەڵەک هێندە بەواتا نەبوو، بەڵکو شارەزایی و توانست. بەم شێوەیە لە نیوەی دووەمی سەدەی هەژدەیەمدا لە ئەڵمانیا توێژێکی بەگزادەیی-بۆرژوازیی پەروەردەیی (واتا پێگەیشتوو بە خوێندن) سەریهەڵدا و شارەزایانی پیشە جیاوازەکانی لە خۆ گرتبوو: پزیشک، فەرمانبەر، مامۆستا، قەشە، دادوەر و پرۆفیسۆر و هتد.
بۆرژوازیی پەروەردەیی (یان ئینتەلێکتوێلان) و خاوەن فابریکەکان ئەرکی گەورەی دەوڵەتی و جڤاکییان لە ئەستۆ دەگرت، بەمەش بۆرژوازی چووە هاڤرکێوە لەدژی ئەڕیستۆکراتی. بێگومان تیۆریی نوێی جڤاکی، یان “ئیدێی جڤاکی مەدەنی”، رۆڵێکی بەرچاوی لە گەشەی ئەو بۆرژوازییەدا گێڕا کە لە ڕەوتی سەردەمی ڕۆشناییەکاندا گەشەی سەند و پێشبینییەکانی دێمۆکراتی، مافەکانی مرۆڤ، دەوڵەتی یاسا و لیبەرالیزمی پێکەوە گرێ دا. بۆرژوازی رۆڵێکی کرۆکیی لەوەدا گێرا کە فیۆدالیزم و ئەبسۆلوتیزم وەربگۆڕرێن ڕووەو ئیکۆنۆمی و جڤاک. ئەمە بریتییە لە قۆناغی سەرەتای سەرمایەگەری.
سەدەی هەژدەیەم هەروەها ناودەنرێت سەدەی بزاوتی ڕۆشناییەکان کە فەیلەسوفی ئینگلیزی جۆن لۆک بە بابەگەورەی دادەنرێت و لە ئینگلاندەوە تەنییەوە بۆ نێو وڵاتانی دیکەی ئەوروپا. ئەدگاری تایبەتی بزاوتی ڕۆشناییەکان ڕووکردنە مرۆڤ بوو وەک بوونەوەرێکی جڤاکییانەی بەرپرسیار، ئەمەش بەواتای: ئێستا چواندنی ڕەها نادرێت بە پێوەرە گشتگیرە ئۆبژێکتیڤییەکان کە گۆیا دەرهاویشتەی ویستی خودایەکی یاسادانەرن، بەڵکو خودی مرۆڤ وەک دەرچەی هزرین دادەنرێت، لێرەشدا گۆڕان بە “ئیدێیەکی خودا” دەدرێت کە ناودەنرێت “دایزم” و لە سەدەی هەژدەیەمدا وەک فۆرمێکی بڵاوی ئایینی گەشە دەسێنێت. کاتێک لە ئایینی کریستیانیدا خودا کەسێتییەکی سەربەخۆیە و ڕاستەوخۆ دەست دەنێتە نێو ڕوداوەکانی جیهانەوە، ئەوا لە ڕۆشناییەکاندا دەگۆترێت، خودا تەنیا جیهانی هاوشێوەی سەئاتێک قوڕمیش کردووە، ئیدی جیهان لەوە بەدواوە سەربەخۆ لەو بۆ خۆی دەبزوێت. ئەم خودایە بۆی نییە دەستبنێتە نێو ڕەوتی ڕوداوەکانی جیهانەوە. لێرە مرۆڤ پێوەر و سەروەرە.
سەرەڕای ئەوە کارایی بزاوتەکە لە هەر یەکەی وڵاتانی ئینگلاند و فەڕەنسا و ئەڵمانیا جیاواز خۆی نواند. بزاوتی ڕۆشنایی لە ئینگلاند دوای شۆڕشی ئینگلیزی سەریهەڵدا؛ لەوێ بزاوتەکە بوو بە فاکتەرێکی سەقامگیرکەری بۆرژوازی و پەیوەندییەکانی سەرمایەگەری، وەلێ لە فەڕەنسا بزاوتی ڕۆشنایی پێش شۆڕشی فەڕەنسی تەنییەوە و بوو بە یەکێک لە فاکتەرەکانی هەڵگیرساندنی شۆڕش، بە پێچەوانەشەوە مۆرکی ڕۆشنایی لە ئەڵمانیا بەگشتی باوەڕ بوو بە هێزی ئازادکەری ئاوەز، یان باوەڕ بوو بەوە کە مرۆڤ لەتوانایدایە ئاوەز و فەزیلە یەکبخات و بەختیاری لەسەر زەمین بکات بە کەتوارێکی جڤاکی. هەروەک کانت دەبێژێت: پێشمەرجی ڕزگاربوون لە بێتوانایی خۆخەتابار ئەوەیە کە تاکەکەس لەنێو خۆیەوە ئامادەباشیی سەربەخۆی بۆ هزرین هەبێت، وەلێ هاوکات بیروڕاکانی خۆی لە نێوەندی گشتیدا ڕابگەیەنێت و تواناکانی بۆ ئاڵوگۆڕی بۆچوون و تێڕوانین پێبگەیەنێت. لێرەدا کانت بەڕوونی هەموو سنوورێکی نێوان چین و ستاند دەبەزێنێت. بەڵێ، سەرەتا “بیورگەر / بۆرژوا” سەربەخۆ لە ستاند و چین گشتگیرانە پێناسە دەکرێت. بیورگەری ڕۆشناییپێدراو گەرەک بوو مرۆڤێکی “ئاکاری” بێت کە هاوکات چالاکانە بەدیبهێنێت و بۆ ئاسوودەیی گشتی هەڵوێست وەربگرێت.
یۆهان کریستۆف فریدریش شیلەر لەم سەردەم و پەیوەندییە پڕناکۆکییانەدا 10.11.1759 لە مارباخ ی سەر ڕوباری نێکار هاتە جیهانەوە، لە خوێندنی سەرەتاییەوە بەر پەیوەندییە سەختە جڤاکییەکان و ڕێسای چەسپێنراوی فێرکاری کەوت، وەلێ ئەویش تا ڕادەی شیان لێیان یاخی بوو، خۆی گونجاند، و لە کۆتاییشدا هەڵزنێنراو بۆ ئاستی ستاندی بەگزادەیی، واتا بە پێبەخشینی نازناوی “فۆن” بوو بە “فریدریش فۆن شیلەر”.
باوکی فریدریش ئەفسەر و پزیشکی تیمارکەری برین بوو، دایکی کچی مەیخانەچییەک بوو. فریدریش لەنێو شەش زارۆکدا تاکە کوڕی خانەوادەکەی بوو، بۆیە باوک و دایکی بڕیاریان دا دەرفەتی پێگەیاندنی فێرگەیی بۆ بڕەخسێنن، بۆ ئەو مەبەستەش ساڵی 1766 ناردیان بۆ “لاتاینشولە” (فێرگەی لاتینی) لە لودڤیگسبورگ. ئەم جۆرە فێرگانە ناودەنران لاتینی، چونکە زۆرینەی وانەکان بەو زمانە بوو و فێرخوازانیان بۆ دیراسەی زانستگەیی پێدەگەیاند. شیلەر تا ساڵی 1773 لەوێ فێرخواز بوو، وەلێ هەر لەم قۆناغە سەرەتاییەی فێربووندا سۆزی خۆی بۆ نووسینی دراما ئاشکرا کرد و بڕیاری دا ئەو سۆزەی بژێنێت. ئەو وەک فێرخواز دوو شانۆنامەی بە ناونیشانی “ئابزالۆن” و “دی کریستن” (“کریستیانییەکان”) نووسی.
بێگومان هەڵبژاردنی ڕێگەی خۆیی بۆ کارێکی پسپۆری هێندە ئاسان نەبوو، چونکە میرەکان خۆیان لە ناوچەکانیاندا بڕیاریان بۆ ئایندەی ژێردەستەکانیان دەدا. هەر بەم شێوەیە کارل ئۆیگن کە هێرتسۆگ (میر-ژەنەرال) ی ڤیورتەمبێرگ بوو، بڕیاری دا کە شیلەر دەبێت لە زانستگە یاسا بخوێنێت، بۆ ئەم مەبەستەش نێررا بۆ “کارلسشولە” (فێرگەی کارل) لە شتوتگارت. وەلێ ئەوە بەدڵی شیلەر نەبوو، چونکە کارلسشولە ئەکادیمییەکی لەشکریی بوو بە ڕێسای چەسپێنراوەوە. هەرچۆنێک بوو شیلەر توانیی بەشەکەی بۆ پزیشکی بگۆڕێت و ساڵی 1780 تەواوی کرد، بێگومان بەبێ ئەوەی ڕێی پێبدرێت بە خواستی خۆی کاری پزیشکی بکات، بەڵکو بەناچاری بوو بە “مێدیکوس ی ڕێگیمێنت” (پزیشکی سوپا لە لەشکرێکی دیاریکراودا). شیلەر نەیدەتوانی بەو موچەیە کە وەک پزیشکی سوپا وەریدەگرت، گوزەرانی دابین بکات، هاوکات ڕێی پێنەدەدرا وەک پزیشک چارەسەری نەخۆشییەکانی خەڵکی سیڤیل لە دەرەوەی سوپادا بکات. بەڵێ، هێرتسۆگ نەک تەنیا ڕێی پێنەدا نۆڕینگەی پزیشکی بکاتەوە، بەڵکو بە فەرمانی ئەو تەنانەت بۆی نەبوو پۆشاکی سیڤیل بپۆشێت، ئەمەش بۆ شیلەر نەشیاوی قبووڵکردن بوو، بۆیە بەردەوام بیری لەوە دەکردەوە لە خزمەتی سوپا هەڵبێت.
شیلەر لە ماوەی فێربوونی زانستگەییدا هۆشسام بوو بە ئەدەبی “شتورم ئوند درانگ / Sturm und Drang” (هێرش و پاڵنان) کە ئاڕاستەیەکی ئەدەبیی ڕۆشناییدەر بوو، کەواتە ڕەخنەیی بوو بەرانبەر پەیوەندییە جڤاکییەکان و هزرینی سەروەر، یان بەرانبەر دەسەڵاتە لەشکرییەکان، بۆیە شیلەر ناچار بوو بەنهێنی کاربکات. ئەو لەم دەمەدا، ساڵی 1777، دەستیدایە نووسینی درامای “دی ڕۆیبەر” (“جەردەکان”) کە ساڵی 1781 تەواوی کرد و چاپی یەکەمی لەژێر ناوی خوازراودا بڵاوکردەوە. دراماکە ساڵی 1782 لە مانهایم نمایشکرا، وەلێ شیلەر پێش دەستپێکردنی نمایشەکە ناچار بوو چەند جارێک شوێنی کارکردنی جێبهێڵێت و بڕوات بۆ مانهایم، بەو هۆیەشەوە هێرتسۆگ سزای گرتنی بەسەردا سەپاند، تەنانەت نووسینی لێ یاساغ کرد. “جەردەکان” بەهۆی تەزووی شۆڕشگێڕانەیەوە هۆشسامیی لە نێوەندی ئەدەبدۆستاندا خستەوە، ئەوەش بەوەدا خویا بوو کە تیاتەردۆستان لە مانهایم بە هوروژم ڕۆیشتن بۆ ڕوانین لە شانۆییەکە.
بۆ شیلەر ڕوون بوو کە دەبێت لە خزمەتی سوپا هەڵبێت. ئێوارەیەک بە ناوی “دۆکتۆر ڕیتەر”، پێکەوە لەتەک ئاندریاس شترایشەری هەڤاڵیدا، ئاهەنگێکی هێرتسۆگیان بە هەل زانی و لە شتوتگارت هەڵاتن. شیلەر لەم کاتە بەدوواوە سەربازی هەڵاتوو بوو. ئەو سەرەتا ڕۆیشت بۆ مانهایم، لەوێشەوە خۆی گەیاندە تیورینگن. بێگومان کارل ئۆیگن زۆر هەوڵی دا “سەربازە-هەڵبەستڤانەکەی” تەسلیم بکرێتەوە، وەلێ هەوڵەکانی سەریان نەگرت.
شیلەر لە تیورینگن وەک پەنابەر درێژەی بە نووسین دا: سەرەتا بە نووسینی “کابالە ئوند لییبە” (کابال و خۆشەویستی)، پاشان پرۆژەی “دۆن کارلۆس”ی ئامادە کرد. ئەو ساڵی 1783 گەڕایەوە بۆ مانهایم و لەوێ وەک نووسەری شانۆنامە لە “ناتسیۆنالتیاتەر” (“تیاتەری نەتەوەیی”) دامەزرا، وەلێ دوای ئەوەی تیاتەری ناوبراو گرێبەستەکەی بۆ نوێ نەکردەوە، گواستییەوە بۆ لایپتسیگ. لەوێ کریستیان گۆتفرید کوێرنەری نووسەر زۆر پشتیوانیی شیلەری کرد و دەرفەتی بۆ ڕەخساند لەسەر نووسین بەردەوام بێت بەبێ ئەوەی خەمی دانەوەی قەرزەکانی بخوات. لەم کاتەدا هەڵبەستە بەناوبانگەکەی بە ناونیشانی “ئۆدەیەک / هەڵبەستێک بۆ شادمانی” سەریهەڵدا، کە پاشان لودڤیگ فۆن بێتهۆفن خستییە فۆرمی دەنگەوە، ئەمڕۆش مێلۆدییەکە بووە بە سرودی یەکێتیی ئەوروپا.
ساڵی 1787 شیلەر سەردانی شاری ڤایماری کرد و لەوێ چەند نووسەر و هزرڤانی ناسی، وەک: یۆهان گۆتفرید هێردەر و کریستۆف مارتین ڤیلاند، کە دوو هزرڤانی کاریگەری ڕۆشناییەکان بوون و درەنگتر پێکەوە لەتەک گوێتە و شیلەردا “کلاسیک ی ڤایمار”یان خستەوە.
شیلەر بەهۆی کارکردنی بەردەوامییەوە لە مێژوودا ساڵی 1789 لە زانستگەی یێنا بوو بە پرۆفیسۆری مێژوو، وەلێ موچەکەی هێندە زۆر نەبوو کە بتوانێت قەرزەکانی بداتەوە. ساڵێک دوای ئەوە لەتەک شارلۆتە فۆن لێنگەفێلددا چووە پەیوەندیی هاوژینییەوە. وەلێ ئەو بەردەوام پتر تووشی نەخۆشیی سەخت دەبوو. ساڵی 1793 یەکەم زارۆکی هاتە جیهانەوە.
شیلەر ساڵی 1793 پێکەوە لەتەک یۆهان فریدریش کۆتایندا کە بەچاپگەیەنەر و پەخشکەری کتیب بوو، هەنگاوی نا بۆ بەگەڕخستنی پرۆژەیەکی تەواو نوێ: گۆڤارێکی مانگانە کە پاشان گەلێک نووسەر و فەیلەسوف بەشدارییان تێدا کرد، ناسراوترینیشیان یۆهان ڤۆلفگانگ فۆن گوێتە بوو. دەستپێکی پەیوەندیی هەڤاڵێتیی شیلەر لەتەک گوێتەدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1794. وەلێ کاتێک گوێتە لەو دەمەدا ناسراوترین نووسەری ئەڵمانیا بوو، شیلەر بە پێچەوانەوە تازە ناوبانگی دەردەکرد، بۆیە سەرەتا پەیوەندیی ئەم دوو نووسەرە بە هاڤرکێ تەنرابوو پێش ئەوەی هەڤاڵێتییەکی قووڵ لە نێوانیاندا بێتەگۆڕێ.
گوێتە و شیلەر دوو سەرە مەزنەکەی “کلاسیکی ڤایمار”ن کە لە 1786 تا 1832 دەخایەنێت. ئەدەب یان هونەرێکی کلاسیکی هەردەم دابێکی ئەدەبی یان هونەریی نەمری ڕابوردوو، کەواتە هێشتا هەنووکەیی، دەکات بە نموونەی ئافراندنی خۆیی، ئەمەش پەیوەند بە کلاسیکی ڤایمارەوە بەواتای، نووسەران فۆرمی هونەریانەی ئەنتیکەیان بە ڕێسا ڕوونە فۆرمالەکانییەوە وەک نموونەی کارکردنی خۆیی دانابوو. ئەوجا ناوی ڤایمار دەگەڕێتەوە بۆ شوێنی سەرهەڵدانی ئاڕاستە ئەدەبییەکە، چونکە یەکەمین نووسەرانی لەو شارە نیشتەجێ بوون.
شیلەر لایەنگر و پێهۆشسامی لە هەموو ئەوروپادا هەبوو. شازادەی دێنەمارک دیارییەکی گەورەی دارایی پێبەخشی، بەمەش دەرفەتی بۆ ڕەخسا سەرلەنوێ دەست بە نووسین بکاتەوە بەبێ ئەوەی خەمی گوزەران بەرۆکی گرتبێت. ئەوجا شۆڕشگێڕانی فەڕەنسا ڕێزێکی مەزنتریان لێنا: ساڵی 1793 بوو بە هاووڵاتیی شەرەفی کۆماری فەڕەنسی. ئاخر شیلەر لە درامای “جەردەکان”دا ئەدگارێکی پۆزەتیڤی بە ڕوداوی شۆڕش دابوو، بەڵێ لە هەمان مەغزای شۆڕشی فەڕەنسیدا هەڵوێستی خۆی بۆ یاخیبوون ڕاگەیاندبوو، تەنانەت بە پەرۆشەوە پێشوازیی لەو شۆڕشە کرد، وەلێ (ئا لێرەدا دێینە نێو جەرگەی وەرچەرخانی شیلەرەوە ڕووەو ئێستێتیک کە لە خوارەوە تەواو ڕووندەبێتەوە) دوای ئەوەی شۆڕش لەژێر دەسەڵاتی ژاکۆبییەکاندا گەیشت بە دەسەڵاتی تێرۆر، ئیدی شیلەر پشتی تێکرد. ئەو تەنانەت 8ی یێنایەری 1793 لە نامەیەکدا بۆ کوێرنەری هەڤاڵی دەنووسێت کە کوشتنی لودڤیشی شازدەیەم لە لایەن تاوانبارانەوە بە ڕادەیەک قێزیان هێناوەتەوە کە ئیدی بۆ ماوەی چواردە ڕۆژ نەیتوانیوە هیچ ڕۆژنامەیەکی فەڕەنسی بخوێنێتەوە.
قۆناغیکی نوێی کارکردنی شیلەر خەریکبوونییەتی بە فەلسەفەی کانتەوە، بەدووی ئەوەشدا دەست دەداتە نووسینی کارە فەلسەفەییەکانی. کانت وەک “مافی بەرهەڵستی” لەدژی سەروەریی دەوڵەت تەنیا ڕێی بە “ئازادیی قەڵەم” دابوو، نەک زەبری فیزیکی یان چەکداری، کە بە هەمان شێوە هەڵوێستی شیلەر بوو. کارە فەلسەفەییەکانی شیلەر لەم قۆناغەدا بریتین لە: “کالیاس یان لەبارەی جوانی” (1793) کە گۆڕینەوەی بیروڕان بە نامە لە نێوان شیلەر و کوێرنەردا، وەلێ ئەم پرۆژەیە بەهۆی نەبوونی کاتەوە تەواونەکراو مایەوە. ئەم نووسینە سەرئەنجامی خەریکبوونی شیلەرە بە تێگەی جوانییەوە لای کانت. وەلێ کاتێک کانت دەیویست ڕوونی بکاتەوە کە مرۆڤ پابەند بە چە مەرجگەلێکەوە دەرکی جوانێتی دەکات، لێرەشدا هەوڵی دا بڕیارێکی بەگشتی چواندووی چێژ بناسێتەوە، ئەوا شیلەر بە پێچەوانەوە خۆی بە پێکهاتەی جوانێتییەوە خەریک کرد، واتا مەبەستی ئەوە بوو کە پرنسیپێکی ئۆبژێکتیڤی بۆ بڕیاری چێژ بدۆزێتەوە. ئەم نووسینە، هەروەها نووسینەکانی “لەبارەی ناسکی و شکۆ” (1793)، “لەبارەی مەزنێتی” (1793)، “لەبارەی پەروەردەی ئێستێتیکیی مرۆڤ” (1795)، سەر بە ئیدیالیزمی ئەڵمانین وەک ئاڕاستەیەکی هزری کە جەخت لە ئیدێی ئازادی دەکات. لەم ڕوانگەیەوە تەنیا کاتێک مرۆڤ دەتوانێت لە ئازادی وەک ئیدێ تێبگات و پێی بگات، گەر لە سنووری کەتواری جڤاکی و دەوڵەتی تێبپەڕێت، چونکە ئەم کەتوارە کە ڕەوشێکی بەرجەستەیە، ئیدێی ئازادی دەشێوێنێت.
شیلەر لە دوایەمین ساڵانی ژیانیدا ڕزگاری بوو لە خەمی دارایی، وەلێ بەردەوام بەسەختی نەخۆش دەکەوت. بێگومان ئەو لەم ساڵانەشدا زۆر بەبەرهەم بوو. یەکەم ژمارەی گۆڤارە مانگانەکەی بە ناوی “دی هۆرن” (Die Horen) ساڵی 1795 بڵاوکرایەوە و هەر لەو سەرەتایەوە ناسراوترین نووسەرانی سەردەمەکەی هاوکاری بوون، لەوانە: فریدریش هوێلدەرلین، هێردەر، هەردوو برا ڤیلهێلم و ئالێکساندەر فۆن هومبۆلت، فیشتە، ئاوگوست ڤیلهێلم شلێگل، هەروەها یۆهان هاینریش فۆس.
هەروەها یەکەم ژمارەی گۆڤارە ئەدەبییەکەی بە ناوی “موزنئالماناخ” (Musenalmanach) ساڵی 1796 دەرچوو و بڵاوکردنەوەی تا ساڵی 1800 ی خایاند. لەم گۆڤارەشدا گوێتە، هەروەها هەڵبەستڤانان هێردەر، هوێلدەرلین، ئاوگوست ڤیلهێلم شلێگل و تییک کاریان کرد.
لە ساڵانی ئایندەدا، تا 1804، شیلەر چەند کارێکی بەواتای تەواو کرد، لەوانە دراماکانی “ماریا ستوارت” (1800) و “پاکیزەکەی ئۆرلیۆن” (1801)، هەروەها کارەکانی “بووکی مێسینا” (1803) و “ڤیلهێلم تێل” (1804).
فریدریش شیلەر 16ی نۆڤەمبەری 1802 لەقەبی “فۆن”ی پێدرا و هەڵزنێنرا بۆ ئاستی ستاندی ئەڕیستۆکراتی. ئەو لە ئێستا بەدوواوە خۆی ناو دەنا فریدریش فۆن شیلەر. ئەو 09.05.1805 جیهانی بەجێهێشت و لە گۆڕستانی زانکت یاکۆبسکیرشە لە ڤایمار نێژرا.

—————————
(تێبینیی نووسەر: لەتەک بڵاوبوونەوەی دوا بەشی نووسینەکەدا سەرچاوەکان دادەنرێن).




ده بێ چ بکرێت؟.. ناسر بابامیری

پێشه کی:

گۆرانکاریه بنچینه یه مێژوویه کان که هه ڵس و که وته کانی پێشووتری ژێر و ژوور کردوه، هێندێکیان ئه وه نده ده وره ی زایمانه که یان دوور و درێژ بووه، چه ند سه ده زه مانێکی فره توولانی ناێته به رچاو، که له ناخی هه ڵس و که وتی ئابووری و کۆمه ڵایه تی نیزامی پێشوودا گه راێک(وه چێک) شکڵ بگرێت تا له پرۆسه ێکی گه لێک پر ئه زمه و خوێناوی چینێکی نوێ بێته بوون، و چینی ده سه ڵاتداری ئابووری پێشووتر له گۆڕ بنێت! نیزامی کۆیله داری تا فێئوداڵیته و نیهایه ت هه ڵس و که و تی سه رمایه داری که له هه ناوی ئه م نیزامانه دا له دایک بوو. هه ر ئه م نیزامه یش خۆی هه ڵگری گه رای چینێکی تر بوو که له ره وتی به رە و پێشچووندا، ئوردووی کاری له به رابه ری ئوردووی سه رمایه وه ک ته نیا گۆڕ هه ڵکه ن میژوویی پێکهێنا. سه رمایه داری قۆناخی سه ره تای خۆیی به کۆتایی هاتنی ده وره ی مانۆفاکتۆره کان له جه رگه ی وڵاتانی رۆژئاوا به خولقاندن و داهێنان و دۆزینه وه ی ماشینی بوخار، و رێگای ئاسن و شه مه نه فه ر، …چینی پرولیتاریای پیشه یی هێنایه سه ر شانۆی ئابووری سیاسی جیهان. چینێک که چه رخی ئابووری سیاسی وه ک سووژه یکی چالاکی مێژوویی بۆ گۆرانی بنچینه یی ئه م هه ڵسه و که وته سه رمایه دارانه ی له هه موو گۆشه و کناری جیهانی بۆ به رانبه رکێ له گه ڵ ئوردووی سه رمایه به هێزی کاری ئه و ده سوورا. هه لس و که وتێ که ئوردووی کاری له به شه جیاجیاکانی به رهه مهێنان له شوێنی بچووک هه تا کارخانه ی زۆر گه وره شان به شانی یه کتر ریز کرد تا هه ڵس و که وتێک دروست بێت و له هه ناوی ئه م هه ڵس و که وته دا چینی کرێکار به شێوه ێکی ئاشتی هه ڵنه گر بچێته شه ر ی سه رمایه وه!

هه ڵبه ت چینی کرێکار ئیتر کرێکار به و مانای سه ره تاکانی سه رهه ڵدانی سه رمایه داری و قۆناخی مانۆفاکتۆر نییه. واته چینێک که ساڵانیکی دوور و درێژ هه ر کامه له به شه جۆرواجۆره کان له وانه کارگای ئاسنگه ری، رستن و چنین، کووزه گه ری و کشت و کاڵ و وه رزێری…و هێتد سه رقاڵی کار بوون، و خه ریک بوون قوناخه سه ره تایه کانی که ڵه که بوونی سه رمایه داریه ن تێده په راند، به ڵکوو ئیتر کرێکاران له ئاستی به رینی کۆمه ڵایه تیدا و له هه ڵس و که وتی گه لێک زاڵمانه ی شوێنی کار، شان به شانی یه کتر له کارگا و کارخانه کان که پێنج که س تا ده که س و سه دان و هه زاران که سی سه رقاڵی کارن. و هه ڵس و که وت چیتر ته نیا یاسا و رێسای دیاریکراو نییه، که بورژوازی و خاوه نکار به سه ریاندا زاڵی کردووه، و کرێکار له هه ڵس و که وتی”کاری هه رزان و کرێکار بێده نگ” شه و و رۆژ ده کاته وه، به ڵکووئه و هه لس و که وته ی ئوردوی سه رمایه و کویله ی حه قده ست ئوردووی کاریشی خولقاند! کرێکار له هه ناوی ئه م هه ڵس و که وته ی کار و سه رمایه دا و خولقاندنی «ئه رزشی ئیزافه» دا به وه ده گات، مان و نه مانی سه رمایه پێوه ندی راسته وخویی به کار و «زیده بایه» و که ڵه که بوونی سه رمایه وه هه یه. زانست و پراتیکی کۆمۆنیستی و کرێکاری ئه و بیرۆکه و گومانه پووچه ی له قاودا و نه فی کرد گۆیا ئه و بورژوازی خاوه نی ئامرازه کانی به رهه مهێنانه چه رخی ئابووری و ژیانی مرۆڤایه تی ده سوورینێت، به پێچه وانه به بێ چینی کرێکار، بورژوازی ته نانه ت بۆ حه وتووێک ناتوانێ ژیانی ئه نگه ڵی خوێشی دابین بکات!

هه ر چه نده ئه م ره وته مێژوویه له هه موو شوێنه کانی رۆژئاواش به شێوه ێکی یه کسان هه ڵس و که وته کانی پێشوو ئاڵ و گۆڕ تیدا پێک نه هات و ژێر و ژوور نه بوو. بۆ وێنه له بریتانیا زیاتر ئاڵ و گۆره که پیشه یی بوو، و له فه رانسه زیاتر سیاسی بوو، و له ئامریکا تێکه ڵاوێک له هه ر دوو بوو واته ئاڵ و گۆری ئابووری و سیاسی، به ڵام هێشتا چینی کرێکار به و مانایا که دواتر له نیوه ی دووهه می سه ده ی هه ژده دا ناسرا بوو، بۆ به رانبه رکی له گه ك ئوردووی سه رمایه له واقعدا وه ک سووژه ی چالاک و هوشیاری مێژوویی بو ئاڵ و گۆری بنچینه یی له ساحه که دا ئاماده و ته یا ر نه بوو.
شۆرشه کانی بورژوازی له ئامریکا و بریتانیا و هه روەها شۆرشی گه وره ی فه رانسه له ساڵه کانی 1789-1799 بوونه پێش زه مینه بو شۆرشه کانی سالی 1848 و به شوێن ئه ودا مه زنترین دیارده ی دوونیای سه رده م واته «کۆمۆنی پاریس» که سه رتاسه ری جیهانی ته کاندا و چه ند ده یه دواتریش بۆ یه که مجار له مێژووی چینایه تی و سیاسی دا شۆرشی ئۆکتوبری 1917 رووسیه پرۆلیتاریای گه یانده لووتکه ی سه رکه وتن. بزووتنه وه ی کرێکاری و کۆمۆنیستی پاش شکستی شۆرشی ئۆکتوبر له رووسیه تا به ئه مرو سه باری ئه وه ی دژی ئوردووی سه رمایه سه نه گه ر به سه نگه ر خه بات و شه ری کردووه، و به رپا کردنی کۆمۆنیزم له ده ورانی کۆمون و شۆرشی ئوکتوبریش زیاتر هه ل و مه رج و زمینه کان بو ده سته به ر کردن و سه رخستنی شۆرشی کرێکاری تێدا فه راهمه، به لام هه ر ئه و گه رایشه “رێفۆرمیستیه” که له ئینترناسیونال دووهه م واته 1889 دا ده ستی باڵای په یدا کرد و گه ورترین زه ربه ی له بزووتنه وه ی کۆمۆنیستی و کرێکاری دا، به ڵام به هۆی شکۆی شۆرشی کرێکاری رووسیه وه توانی له ژێر ئه و نسکۆ گه وره یه خۆی رزگارکات و له سه ر هه موو جیهان کاریگه ری گه وره دابنێت!
به ڵام چه ند ساڵ زیاتری نه خایاند، شۆرشی کرێکاری رووسیه له و ئه رک و به رپرسایه تی میژوویه ی کۆمۆنیست خستبوویه ئه ستۆی دوورکه وته وه و گه شه پێدانی پیشه سازی له رووسیه به جێگای ئه رکه کانی شۆرشی کرێکار و سه قامگیر کردنی کۆمۆنیزم باو کرا، و دیسانه وه بوارکان بۆ گه شه و به هێز بوونی گه رایش و مه یله رێفۆرمیستیه کان و ناسیونالیزمی مه زنخوازی رووسیه له ناو بزووتنه وه ی کۆمۆنیستی و کرێکاری زیاتر کرایه و به هێز بوو و بورژوازی جیهانی و ئه و دوڵه تانه ی له شکست پێهێنانی شۆرش ده ستیانبوو به گشتی هۆکار بوون که رکوود و شکستێکی گه وره یان به سه ر بزووتنه وه ی کۆمۆنیستی و کرێکاری نه تنها له رووسیه به لکوو له شوێنه کانی تری دونیاشدا دا سه پاند. رکوود و نووشه ستێک که بووه هۆی ئه وه تا به ئێستا جیهان چیتر شاهیدی گۆران و شۆرش گه لێک وه ها شکۆداری میژووی تر له جنسی «کۆمۆنی پاریس » و « شۆرشی ئۆکتوبری 1917» رووسیه نه بێت.
***

بۆ ئه وه ی که زیاتر سه رنج بخرێته سه ر «ده بئ چ بکرێت؟» و نووسراوه که زۆرتر دوور و درێژ نه بێت، که متر باسی هه ڵچوون و داچوونی خه باتی بزووتنه وه ی کۆمۆنیستی و کرێکاری به دژی رژیم سه رمایه داری کراوه و ته نیا بابه ته هه ر سه ره کیه کان ورووژاوه و خراوه ته به ر لێکدانه وه. ده یه ی سه ره تایی شۆرشی 57 ده وره ێک بوو که کۆمه ڵگا وه ک بورکانێک ته قیه وه و جۆش و خروشێکی شۆرشگێرانه ی به رفراوانی لێکه وته وه، که ش و هه وای شۆرشگێرانه باڵی به سه ر هه موو کۆمه ڵگادا کێشابوو و هێشتا رژیم سه رمایه داری ئاخوندی نه یتوانی بوو سه قامیگیری سیاسی ده سته به ر کات، چین و تۆیژه کانی کۆمه ڵگا بۆ به ره نگار بوونه وه له گه ڵ ئه م رژیم کۆنه په ره سته له هه موو ئازموونه کانی به ره نگاری و خه بات له دژی رژیمی په هله ویش که ڵکی وه رده گرت و هێزی خۆی ئه زموون ده کرد تا بتوانێت بناخه ی ژیانێکی ئازاد و یه کسان و شیوای مروڤی ئه ورۆ دامه زرێنێت.

نزیک به نیو سه ده له م ده وره تێپه ربوو، هه ر ده یه ێکی ئه م ده وره یه گه لێک ئازموونی به کرده وه و شه ری سه نگه ر به سه نگه ر، نووسراوه و لێکدانه وه ی قوولی نه زه ری و وتاری رادیویی و دواتر “تی وی” و پلاتفۆرمی تر بوونی هه بوو وه ک کانگاێکی زانستی چینایه تی و سیاسی تا له سه ر هه لچوون و داچوونی دوخه جیاجیاکان ئه و چه ند ده یه، و کوسپ و له مپه ره کانی سه ر ریگای بزووتنه وه کۆمۆنیستی و کرێکاری پشتی پێ به ستبوو.

له راستیدا کۆمه ڵگای ئێران به گشتی و چینی کرێکار و بزووتنه وه ی کۆمۆنیستی به تایبه ت له باری ئاگایی و وشیاری چینایه تی و سیاسیه وە یه کێک له و کۆمه ڵگایانه یه، که له باری تێئوری کۆمۆنیستی و شۆرشگێرانه و وریایی سیاسیه وە که می نه بووه و نییه، ئه وه ی که سه رباری هه موو که ند و له نده ئاسته م و دژواره کانی سه ر رێگایی یه کێک له کۆمه ڵگا هه ره زیندوو و پڕ جووله کانی نه ته نیا ناوچه که به ڵکوو جیهانه که ساڵانه به چه ند هه زار مانگرتن و ناره زایه تی گه وره و بچووک تێدا به رێوه ده چێت خۆی له خۆیدا سه لمێنه ری ئه م راستییه.

به تایبه ت له م دوایین ده یه دا نزیک به هه ر دوو ساڵ جارێک ئاخێز گه لێکی جه ماوه ری له سه دان شاری گه وره و بچووک له ناره زیایه تی سه باره ت به نا له باری بار و دۆخی ژیان و گوزه رانیان دژ به بێکاری، گرانی، ئاوسانی ئابووری و سه رکوتی سیاسی به دژی رژیم له ئاردا بووه، و هه رجاره درندانه تر له جاری پێشوو له گه ڵ سه رکوت و قه تل و عام رووبه رووبووه. به تایبه ت له ئاخێزی 1404 دا دیتمان کاتێک جه ماوره ێکی به رین له نزیک به دوو سه د شاری گه وره و بچووک له شوێنه جیاجیاکانی ئیلێران و هه روه ها بنه ماله کرێکاریه کانیش هاوشانی ئه وان رژانه سه ر شه قام، و گۆرپانه کانی شاره کانیان گرت و کاتێک چینی کرێکاریش وه ک چینێکی شۆرشگیر له روژانی دواتردا له هێندێک شۆێن به م نارە زایه تیه په یوە ست بوون و ده ستیاندایه خوپیشاندان و مانگرتن له شوینه جۆرواجۆره کان، ئیتر رژیم به ته واوای ته نگی پی هه ڵچنرا. ترس و خۆف له وه یکه جڵه وه ی ئه م ناره زایه تیه میلیونیه بکه وێته ده ستی کرێکاران و ئه وان مانگرتنی سه راسه ری ریکبخه ن، رژیمی گه یانده ئه م ده رنجامه له و په ری ده سته وه ستانی و داماویدا رایله کانی پێوه ندی خه ڵک له وانه ئینترنیت و ته له فوون….له سه راسه ری وڵااتدا ببڕێت و له بێده نگی و دوور له چاوی جیهان هۆلۆکاستێک له سه راسه ری ئێراندا وه رێبخات که مێژووی سه رده م جنایه تی وه های به خویه وه نه دیتبێت.

دیسان ئه م پرسیاره دایمیه دێته ئاراوه، چینی کرێکار سه رباری ناره زایه تیه کان و مانگرتنی پرش و بڵاو، هه زینه گه لێکی قوورس که له م چه ند ده یه دا له به رابه ر رژیمدا به سه ریدا سه پاوه، ئایا هۆی نائاماده یه که ی چیه که وه ک چینێکی شۆرشگێر و رێبه ر و سازمانده ر ناێته مه یدانه وه؟ ئاخرسه ر چینی کرێکار کێ و چۆن ئه و زه رفیه تانه له خۆیدا په روه رده ده کات بو هاتنه مه یدانی هه مه لایه نه که به شیوێکی که م هزینه تر له ئێستا بتوانێ یه کجار بۆ هه میشه ئه م رژیمه ئه نگه ڵه ی سه رمایه داری به چۆکدا بێنێت و له گۆری بنێت.

بزووتنه وه ی کرێکاری له ئێران به ر له وه ی له رێگای کۆسپ و له مپه ره «زه ینیه» کانه وه که رژیم به گه لێک ساز و به رگ و ئامرازی جۆرواجۆر و کاری ئیدئۆلۆژیک و سیاسی که ده یهێنێته سه ر رێی زه ربه بخوات، له رێگای کۆسپ و له مپه ره «عه ینی» کان له وانه دام و ده زگاکانی سه رکوت و داپڵۆسین و به خوێن کێشانی بزووتنه وه ی کۆمۆنیستی و کرێکاری، لێدانی حزب و ریلێکخراوه و تشکیلات و رێکخراوه ی سه ربه خۆی کرێکاری و له هه موو گرینگتر هێرشی بیرحمانه کردنه سه ر شۆرا کرێکاریه کان بوو که له شوێنی کار و ژیان پێکهاتبوون. هه ڵکوتانه سه ر و راماڵین و پاکتاو کردنی شۆراکان له لایه ن ده وله تی سه رکوتگه ره وه تا لێدانی بزوتنه وه ی کرێکاری و کۆمۆنیسته کان که به ردی بناخه ی ئه م شۆرایانه یان دانا، هه موو بۆ ئه وە بوو رێگریان بکات تا نه توانن ئیختیاراتی ده سه لاتی سیاسی خویان به ده سته وه بگرن.

واته ئوردوی کار و کۆمۆنیسته کان له کوشتاری به رینی ده یه ی په نجا و به تایبه ت ده یه شه ستی هه تاوی که ده یان هه زار و بگره زیاتر ئینسانی کۆمۆنیست و ئازادیخواز و به رابه ریخواز به شێوه ێکی سیستماتیک قه تڵ عام و تیره باران کران، زه ربه ێکی گه لێک قورسی خوارد. باشتر وایه بگوتری ئه مه حه زه فه فیزیکیانه کۆسپ و له مپه رێکی گه وره بوو له سه ر رێگای بزووتنه وه ی کرێکاری و کۆمۆنیستی که به شێوه ی بیلقوه جێگه و پێگه ی به هێزیان بوو به کرده وه ی ده ربهێنن. سه رباری ئه وه یکه ئه م بزووتنه وانه هیچکات له خه بات نه کشانه وه به لام خه باتی و راسانه کانیان زیاتر به ره نگاری بوو و له باشترین حاڵه تدا له ئاستی داخوازیه سه ره تایه کاندا قه تیس مایه وه.
رژیمی سه رکوتگه ری کۆماری ئیسلامی هه ر له سه ره تاکانی هاتنه سه رکار، ته نانه به بێ “یاسای کار!” نووسراوه ی دژه کرێکاری، به کۆمه ڵێک کۆسپ و له مپه ری «عه ینی» و به کرده وه چووه سۆراغی ئۆردووی کار، واته به سه رکوت، به رپێ گرتنی رێکخراوه ی سه ربه خۆی کرێکاری، مه منووع کردنی مانگرتنی سه رتاسه ری و هه ر چه شنه به رێکخراوه و چاڵاکی حیزبی تا فه رمان ده رکردنی جیهاد به دژی سنگه ره کانی شۆرش، و هه روه ها به خوێن کێشانیان، تا لێدانی دوو بزووتنه وه ی کرێکاری و کۆمۆنیستی خاوه ن پێگه ی به هێز بۆ ئه وە ی بتوانێت کونترۆڵ و سه رکوتی ده وڵه تی له ده ستدا بێت. ئه م سه رکوت و کوشتارانه، ته نیا به شێوه پولیسی و ئه منی.. نه بوو به ڵکوو هاوکات شوێنی کار و ژیانی کرێکاران و چینه ژێر ده ستکه کانی تریشی گه لێک پاوانخوازانه کردبووه مه یدان رمبازێنی میلیتاریستی خۆی.
هه ر له سه ره تاکانی هاتنه سه ر کاری رژیمی سه رمایه داری ئاخوندی، هه ل و مه رجه کان کار بۆ کرێکارانی دایمی له به شه سه ره کیه کانی به رهه م هێنان به زۆری هێنده دژوار و تاقه ت پروکێن بوو که به شێکی به رین له کرێکارانی دایمی و پێشره و که وتنه به ر شاڵاوی سه رکوت و ته نانه ت ئێعدام و یا خود له ژێر زه خت و گوشاردا وازیان له کار له به شی پیشه سازی هێنا. واته به شێکی هه ره زوری ئه م کرێکارانه خرانه په راوێزه وه، به واتاێک یان بێکار بوون، یان چوونه که رتی تایبه ت و کارگابچووک و بێ ناو نیشانه کان. دیاره له که رتی تایبه تیش دۆخه که له که رتی ده وڵه تی باشتر نه بوو!

نه بوونی بیمه ی بێکاری، نه بوونی ئه منیه تی شوغڵی، نه بوونی لانی که م حه قده ستی سه روه خت، که ده وڵه ت و خاوه نکاران هه ر کامه به شێوه ێک خۆی له دابین کردنی ده دزێته وه، هه تا حه ده ستی زۆر که م و گوشاری ره وانی ده رکران و هێتد ئه و کۆسپانه بوون که وه ک سێبه ر به سه ر سه ری کرێکاراندا ده خولانه وه.
ده مه وێت بڵێم: چینی کرێکار له هه ر دوو که رتی ده وڵه تی و تایبه ت له گه ڵ گه لێک کۆسپ و له مپه ری ئابووری بنچینه یی و سیاسی جۆرواجۆر رووبه رووبوون تا هه ڵس و که وتی ی «کاری هه رزان و کریکاری بێده نگ» یان به سه ردا زاڵ که ن. به تایبه ت له م هه ڵس و که وته دا کرێکارانی دایمی چیتر ئه و سووژه گشتی (به کۆیه) نیین که بیلقوه مه ترسیه کی گه وره ن له سه ر ئوردووی سه رمایه، به ڵکوو به شێوه ێک له شێوه کان شکڵی ئه توومیزه و ناجێگیری به خۆ گرتووه!
ئیتر چوار ده یه یه ئوردووی کار بووه ته ئوردووی کرێکارانی زیاتر قه راردادی کاتی، په یمانکار و دواتر “چه کی سپی ئیمزا” و ئه م ره وته به زور له ئێراندا هه مه گیر بووه. ئه مه ته نیا گورانێکی ره وڵه تی ماف یا ئابووری نییه، به ڵکوو ئه مه شکاندنی بربره ی پشتی یه کگرتنی کرێکارانه وه ک چینێکی به رین له به رهه م هێناندا. کرێکار کاتێک که هه ر سێ مانگ، یان شه ش مانگ، یان ته نانه ت بێ قه رارداد کار ده کات، به دشواری ده توانێ له شوێنی کار له گه ل هاوچینه کانی پێوه ندی ئورگانیک و چر و پر درووست کات که بگاته ئه و ئاسته رێکخراوی سه ربه خۆ و خاوه ن ئێختیار بۆ به ره و رووبوون له گه ڵ ئوردوی سه رمایه لێبکه وێته وه.
یان ته نانه ت «مه جمه عی گشتی» که بنه ما و فه لسه فه ی هه بوونی لابردنی کۆسپ و له مپه ره یاسایی و حوقوقیه کانه به ڵام بۆ کرێکاران وه ک کارێکی پر مه ترسی لیهاتووه، هه رچه ند رێگاێکی تر بوونی نییه و ده بێ دره نگ یا ن زوو نه له یه ک شوێن به ڵکوو له هه موو شوێنه کانی کاری گه وره و بچووک «مه جمه عی گشتی» وه ک سلولی بنه ره تی شۆرا ببێته به شێک له سیستمی زیندووی راگرتنی خه باتی چینی کرێکار و ته نانه ت کۆمه ڵگاش له به رابه ر ئوردووی سه رمایه دا.
چینی کرێکار دره نگ یان زوو مه حکوومه به وه بچێت به ره و پیری پێکهێنانی «مه جامعی گشتی» له هه موو به شه کانی به رهه م هێنان و ته نات خزمه تگوزاری و ته نات سه رجه م کۆمه ڵگا! به دڵنیایی «مه جمه عی گشتی» ئه گه ر له شوێنێک به ته نیا پێک بێت و ته نیا بکه وێت وه ک ئه و ئه زموونه ی له «حه وت ته په» شکڵی گرت و به ره و ئه وه ده چوو په ره بستێنی به ڵام رژیم به خێرایی به ر له وه پل بهاوێته به شه کانی تری به رهه م هێنان به رێگای جۆراوجۆر هه وڵی به شکست کێشانی دا و توانی له نیهایه تدا به ر به په ره ساندنی بگرێت و ته نانه ت ناره زایه تی و مانگرتنه کانیشی به گرتن و ئه شکه نجه و ئازار پرش و بلاو کاته وه و نه هێڵێت «مه جمه عی گشتی» کاریگه ری و ده وری تایبه تی خۆی ببینێت و په ره بستێنی.
کاتێک ئه م کۆسپه «عه ینی” یانه به کرده وه ده رهاتن، و هێزی مادی ئوردووی کار له به رابه ر ئوردووی سه رمایه(ده وڵه ت و خاوه نکار) لاواز و لاوازتر بوو، ئینجا کاتی ئه وه یه باس له هۆکاره کانی پاشه کشه و له مپه ره «زه ین»یه کان بکریت. بار و دۆخێک که تێیدا ته نانه ت ئیراده ی خه باتیش به هاسانی ناتوانێت کرده وه ی گشتی کاریگه ر پێکبهێنێت.

هه ر له سه رو به ندی ده یه ی شه ستی هه تاویدا رژیم بو تێک شکاندنی هێزی ئوردووی کار “شۆرای ئیسلامی کار!” و دواتر “خانه ی کاریگه ر” ی دروست کرد، تا له سه ره وی چینی کرێکار سوونه ته دواکه وتوانه و دژه کرێکاریه کانی خۆی له شوێنی کار به زه به ر و زه نگی ماشینی سه رکوتی ده وله تی وه گه ر بخات!

و له درێژه ی ئه م هه وڵه کونه په ره ستانه دا و بۆ زیاتر چه سپاندنی ساڵی 1360 ” یاسای کار” یش وه ک نووسخه ێکی زۆر کۆنه په ره ستانه و دژه کرێکاری هاته ئاراوه. ئه ویش نه وه ک خاڵی ده ستپێک، به ڵکوو وه ک مۆرکی ته ئید و چه سپاندنی یاسا و حوقوقی هه ر ئه و دواکه توویه که به هه زینه ی گه لێک قورس به چینی کرێکار ته حمیل ببوو. به ڵام دیسان هێزی چینی کرێکار سه باری پرش و بڵاوی و نه بوونی رێکخراوی سه ربه خۆی خۆی، له شوێنی کار و ژیانی بو ده سته به رکردنی مافه سه ره تایه کانی له به رابه ر ئودووی سه رمایه دا له خه باتی به رده وامدا بوو.
به ڵام رژیم به داسه پاندنی کۆسپه و له مپه ره «عه ینی» کانیش وازی نه هێنا. چونکه ده یزانی کۆسپه «عه ینی» یه کان ئه ر له ئاستی «زه ین» یشدا ته سبیت نه بن، جێگیر و سه قاگیر نابن. بۆیه به م پێیه کۆسپه «زه ین»یه کان وه ک ته واوکه ریش زیاتر له جاران په ره ده ستێنن.

جیاوازی گه لی ئیدئۆلۆژیکی، ناسیونالیستی، مه زهه بی، نژادی و جنسی و گه لێک دە سته به ندی تر به رنامه بۆ دارێژراو ده وروژێندرێت و زیاتر و زیاتر باوه شێن ده کرێت. رژیم هه وڵده دات، سه ره کیترین کێشه و ئه زمه کان و (ته زاده) دژبه ره کانی کار و سه رمایه که باڵی ره شی به سه ر هه ڵس و که وتی ئوردووی سه رمایه و کاردا کێشاوه به شێوه ێک له شێوه کان لاوه کی نیشان بدات، به جێگای ئه و ئه و ته زادانه کێشه ی ناوخۆیی ئوردوگا بوروژێنێت و خاوی کرێکارانی پێ ببه ستێت. به واتاێکی تر کرێکاران به جێگای بایه خدان به هاوچاره نووسی، خۆیان له م ئوردودا وه ک دوژمن یه کتر ببیننه وه. به ڵام کرێکاران جگه له ئه زموونی پر بایه خی خه بات له گه ڵ رژیم پێشووی په هله وی و هه روه ها ئه و ده سکه وتانه له ساڵه کانی خه بات له دژی رژیمی ئاخوندی و هه ر وه ها پشت به ستن به سه رچاوه ی ده وڵه مه ندی«مارکسیزمی شۆرشگێر» که ساله کانی سه ره تای شۆرش بده ستی هێنا بوو، و ده رس وه رگرتن له ئه زموونی زیندووی ته حه زوب به گه شتی (که له و چه ند ساله پاش شورشی ئیران به ده ستهاتبوو و به خێرایی له گه ڵ هێرشی به ربڵاو و و ه حشیانه ی رژیم رووبه روو ببوو) به راده ێک له زانستی سیاسی و چینایه تی گه یشتبوو که نه که وێته ناو داوی فریوده رانه و سیستماتیکی رژیم و هه وڵه کانی ئوردووی سه رمایه له م بواره دا توانی به زۆری پووچه ڵ کاته وه و زیاتر له وه نه توانی هه زینه یان پێ ته حمیل بکات.
سه رباری داسه پاندنی وه ها هه ڵس و که وتێکی زاڵمانه به سه ر ئوردووی کاردا، دیسان رژیم نه یتوانیوه به ته واوی رێگر بێت له سه ر رێگای پێکهێنانی سه ندیکاکان، «کومه یته ی په یگیری» و «کومه یته هه ماهه نگی»…بۆڤداکۆکی له ماف و به رژ ه وه ندی کرێکاران. به ڵام به هۆی ئه و هه ڵس و که وته دواکه وتوانه یه ی شوێنی کار و یاساگه لی دژی کرێکاری که به تایبه ت به سه ر سه ری کرێکارانی دائیمیه وه هه یه، هه ل و مه رجێکی خولقاندووه که به شی هه ره زۆری ئه م کرێکارانه واته زیاتر له 80% یان به ره و ریزی کرێکارانی «قه راردادی کاتی» و «په یمانکاری» و «چه کی سپی ئیمزا» پال پێوه نراون و به رده وام ئه م هێزی کاره به رینه، رێژه که ی له گۆراندایه و به له سه ر کار ده رکردن و نه قڵ کردنیان له م شوێن بۆ ئه و شوێن له هه وڵی پرش و بڵاو کردنیدان.

واته ئه گه ر سه ندیکاێک بیهه وێت به هیمه ت و ئیبتکاری پێشره وانی کرێکاری له شوێنی کار پێک بێت، تا سه ندیکا بیهه وێت پێوه ندیه ئورگانیکه کانی چر و پڕ کاته وه له گه ڵ سه رجه م کرێکاران و ئاماده یی گشتیان بۆ رووبه رووبوونه وه له گه ل یاسای دژه کرێکاری و ده رکردن و جێگۆرکێی کرێکاران تێدا سازبکات، به ده یان و سه دان به هانه له وانه ته واو بوون قه ردادی کاری و شتی تری له م چه شنه له لایه ن ده وله ت و خاوه نکارانه وه ده که ونه ژیر زه خت و گوشار و راو و دوونان! به واتاێکی تر ناهێڵن سه ندیکا ئه و جۆره ی شیاوه پێوه ندێکی چڕ و پڕ له گه ڵ کرێکاراندا پێک بهێنێت و توانایی به کرده وه ده رهێنانی ویست و داخوایه کانیان هه بێت و هێز بدات به خه باتی کرێکاران و هه وڵه کانی سه ندیکا زۆرتر له چوارچێوه ی راگه یاندندا قه تیس ده مێنێته وه.

هه ر وه ک چۆن «کومه یته کان، ئه نجوومه نه سه ربه خۆکان»ی جیا له ده وڵه تیش هه ر له دۆخێکی وه ک سه ندیکادا به سه رده به ن. به ڵام تا ئه و جێگه ی بۆ «مه جامعی گشتی» ده گه رێته وه، فه لسه فه ی بوونی به ته واوه تی جیاوازه له سه ندیکا و نیقابه کرێکاریه کان. «مه جمعی گشتی» هه ڵگری گه لێک تایبه تمه ندیه، یه کێک له وانه ئه وه یه چاوه رێی وه رگرتنی ئیجازه له هیچ شوێنێکی ده وڵه تی و خاوه نکاران نامێنێته وه، به پێچه وانه هه موو ئه و یاسا و رێسا پڕ و پووچانه ی له سه رێگای دانراوه لاده دا تا هێزی واقعی کرێکاران به کرده وه له گۆرپانی کار و خه باتدا وە گه ڕ خات. نیشانی بدات که ئه و هێزه ده توانێت نه چێته ژێرباری ئه و زه خت و گوشارانه و ئه و کۆسپانه ی ویستوویانه و ده یانهه وێت به سه ریاندا بسه پێنن.

ئێستا باسی سه ره کی ئه وه یه، کاتێک رژیم له لاێک به شێوێکی بنچینه ی هه ڵس و که وتێکی ته واوه ن دژه کرێکاری به زۆری ماشینی سه رکووت به سه ر شوێنی کار دا سه پاندووه و له لاێکی تریشه وه به یاسای دواکه وتووانه هه ل و مه رجێکی خولقاندوه که کرێکاران به ردوام له شوێنه کانی کار جێ گۆرکیان پێ بکرێت و به کرده وه ئیمکانی ئه وه یان لی بسه ندرێته وه رێکخراوه ی سه ربه خۆ ساز بکه ن بۆ رووبه روو بوونی خه باتکارانه له دژی ئوردووی سه رمایه و چیتر ئاوا هه زینه قورس نه دات، دیسان له گه ڵ ئه و پرسیاره هه میشه یه رووبه روو ده بین، «ده بێ چ بکرێت؟».

هه ر وه ک پێشووتر باس کرا، هه بوونی سه ندیکا و نقابه ی کرێکاری له هه ناوی ئه م بازاری کار و یاسای جه نگه له دا که رژیم زاڵی کردووه نیشان ده دا ئامرازێکی کارساز نییه، و تا به ئێستا سه رباری ئه و هه زینه قورسه ی که کرێکاران بو پێکهێنانی ئه م رێکخراوه سه ربه خۆیانه داویانه، له گه ل ده سکه وته کانیان به راوه رد ناکرێ و زیاتر له ئاستی راگه یاندراو و ئاگاگه ریدا ماوه ته وه، و نه یتوانیوه له نێوان رێبه ران و پێشره وانی کرێکاری و به ده نه ی ئه م چینه به رینه دا پێوه ندێکی توند و تۆڵی ئورگانیک دروست بکات. ئه گه ر نه ڵێم ئه م جوره پێوه ندیه ته واوه ن بوونی نییه ده کرێ بگوترێ هێنده لاوازه و ناکارایه که کاردانه وه ێکی ئه وتویان له سه ر ریکخستنه کان نییه، هه ر به هوی ناکار بوونی ئه م ئامرازه زۆر زوو له لایه ن هێزه ئه منیه کانی ده وڵه ته وه شناسایی و ده ستبه سه ر و حه زف ده کرێن بێ ئه وه ی به ده نه ی ئه و چینه به رینه به و هۆکارانه ی باس کران، بتوانی هه وڵێک جدی و لێبراوانه بو ئازادیان بدات!
بهێلن با مه به سته که م به باس کردن له سه ر موعه لیمه کان وه ک به شێک له چینی کرێکار روونتر بکه مه وه. موعه لیم خۆی به شێک له چینی کرێکاره که گه رایش و مه یلی بورژوازی زور به رنامه و ئامانجدار هه وڵده دا له نێو کۆمه ڵگا و ته نانه ت له نێو کرێکارنیشدا ئه و بۆچوونه جێ بخات که موعه لیم چونکه هێزی “ناموه لیده” و گه رایشی دژی سه رمایه داری نییه، ئه م به شه له چینی کرێکاری “مو ه لد” به ته واوی داببرێت و له نێوانیاندا که لێن و دیوار ساز بکات.
له راستیدا ئه و یه کێک له ئامرازه کانی بورژوازی بو ئه وه له نێوان کرێکارانی فکری و جه سته یی وه ک چینێکی واحدی یه کگرتوو به ئاوه ژوو کردنه وه ی دوکتورینی«کرێکاری موه لد و ناموه لد» که لێن و ناکۆکی بخاته نێو چینی کرێکار که ته نیا موعه لیمانیش نین به ڵکو ریزی میلیونی هه مو کرێکارانی به شه جیاجیاکان له خزمه تگوازریش له خو ده گریلێت و به م بیانوه ده یانهه وێت رێگری بکه ن له یه کگرتووی و هاوپشتی سه رتاسه ری ئه م چینه به رینه ی کۆمه ڵگا.
ئه گه ر سه رنجتان دابێت، رژیم به پشت به ستن به م ستراتژیه، که متر له به شه کانی تری چینی کرێکار، شوێنی کاری موعه لمه کانی خستووته ژێر باری قورسی ئه و گوشار و گورانه بنچینه ییه ی جێگۆرکێ پێکردن و و قه راردادی کاتیه وه. واته مه درسه کان ئه و به شه له شوێنی کارن که که متر له گه ڵ ساختاری کاری شوێنه کانی تری کار رووبه روون و زیاتریان به شێوه ی دائیمی و په یمانی له و پیشه یه دا دامه زراون. هه ڵبه ت رێژیکی به رچاو له و موعلمانه ی که به شێوه ی«حق التدریسی» یا له که رتی تایبه تیش کار ده که ن له گه ڵ هه ل و مه رجی گه لێک دژوارتری کار و ژیان به به راوه رد له گه ل موعلمانی دائیمی رووبه روون.
به هۆی ئه وه ی رێژه ی موعه لم به قه راردادی کاتی و «حق التدریسی» به گشتی له کۆمه ڵگای ئێراندا له رێژه ی موعه لمی دایمی و په یمانکاری زۆر که متره، سه رباری ئه وه ی ئه وانیش له گه ڵ هه ره شه و زه خت و گوشاریی رژیم به ره وروون، به ڵام به و هویانه ی باسکرا که متر مه ترسی جێگۆرکیان له سه ره و توانیویانه جێگه و پێگه ێکی تا راده ێک چه سپاوتر له شوێنی کار بۆ خۆیان له ئاستی ناوچه یی و سه راسه ری دا ده ستبه ر که ن.
هه ر به هۆی بوونی ئه م هه ڵس و که وته له شوێنی کاری موعلمدا، ئه و ئامرازه ده فه تێکی باشی بو فه راهه م کرددون تا بتوانن «شۆرای هاوئاهه نگی رێکخروه کانی سنفی موعه لمان» ساز بکه ن، و سه رباری کۆسپه کانی سه رێگایان، هه نگاوی گشتی و به کۆ بۆ به کرده وه ده رهێنانی هه وڵه کانیان له ئاستی سه راسه ریشدا هه ڵبگرن.

خاڵی به هێزی ئه م به شه له چینی کرێکار بۆ ئه و ده گه رێته وه، سه رباری هه ر که م و کورێک و ره خنه ێک که ده کرێت رووبه رووی بکرێته وه، توانیویه تی تا رادێکی زۆر پێوه ندێکی ئورگانیکی سه رتاسه ری له نێوان شۆرا و به ده نه دا ساز بکات و هه ر به م پێیه ش له دۆخه جیاجیاکاندا له زه رفه یه تێکی باشدا توانیویه بانگه شه کانی بۆ مانگرتنی سه راسه ری مه علمه کان وڵام بگرێت. هه ر وه ک چۆن له یه ک ده یه ی پێشوودا چه ندین جار چ له ئاستی ناوچه یی و چ سه راسه ریدا چه ند مانگرتنی شکۆداری رێکسختووه. هه ر چه ند هه موو جارێک له گه ڵ شه پولێکی به رینی سه رکوت و راو دوونان و گرتن و ده سبه سه ر کردنی وه حشیانه ی رژیم به ره و روو بووه. ئیمکانێک بۆ به ریکخراو بوون و ئیبرازی وجوود، که به شه کانی به تایبه ت پیشه سازی و نه وت و پاڵایشگا و شوێنه سه ره کیه کانی تری به رهه هێنان، هه ر له سه رتای هاتنه سه ر کاری رژیم، به شێوه یلێکی ساختاری و به رنامه بۆ دارێژراو چ له که رتی ده وڵه تی و چ که رتی تایبه ت لێی مه حرووم کران.

به ڵام با لێره دا بگه رینه وه بو وڵامی پرسیاری«ده بێ چ بکرێت!». چاره ی کار ته نیا و ته نیا له وه دایه ده ست به کار بین بۆ پێکهێنانی «مه جمه عی گشتی». هه ڵبه ت مه جمه ع” نه وه ک رووداوێک، به ڵکوو وه ک رەوتێکی دایمی که له شوێنی کار وه گه ر خرا بێت. گه وره ترین هه ڵه ئه وه یه «مه جمه عی گشتی» له بازنه ێکی داخراوی و ه ک کۆبونه وه ێکی راگه ێندراو به کات و شوێنی دیاری کراو قه تیس بکرێت. «مه جمه عی گشتی» ده بێ درێژه ی ره وتی ئاسایی کار و ژیانی روژانه بێت. به ماناێکی تر له کاتی پشوودان، وه چانی کورت له کاتی کاردا، یا ته نانه ت له کاتی به رده وامی بوون له کار که کرێکاران شان به شانی یه کتر سه رقاڵی کارن.

ده مهه وێ بڵێم، کاتێ بریاری گشتی و به کۆ ده بێت به به شێک له ریتم و ئاهه نگی به رهه م هێنان، لیره دایه که چیتر ده وڵه ت له گه ڵ« شوێنێکی دیارکراو بۆ هێرش کردن» به ره وروو نییه، به ڵکوو له گه ڵ هه ل و مه رجێکی بێ پسانه و دایمی له به هه م هێنانی گشتیدا رووبه رووه. مه رجی سه ره کی ده بێت په ره پێدانی «مه جمه عی گشتی» بیلێت، نه ک به شێوە ته مه رکوزگه رایی، چونکه دایم سه رکوتی ده وڵه تی له شوینی ته مه ر کوزه وه ده ستی پیلێکردووه. واته رێگا چاره چینی کرێکا«پرولیتاریا» بۆ خه بات و رووربه روو بوون له گه ڵ ئه م ساختاره دوگم و داخراوه که رژیمی به سه ریدا سه پاندوون، و بۆ ئه وه ی ئه م خه باته بو خۆیان که م هه زینه و بۆ رژیم پر هه زینه که ن، ته نیا و ته نیا له رێگای پێکهێنانی «مه جمه عی گشتی» و په ره پێدانیه به رفراوانی له ئاستی سه راسه ریدا مسۆگه ر ده بێت.

به جێگای ئه وه ی له شوێنێک یه ک «مه جمه عی گشتی» گه وره ی ناوه ندی دروست بێت، دروسته که ی ئه وه یه، هاوکات له ده یان و سه دان و هه زاران شوێنی جیاجیا ده یان و سه دان و به هه زاران «مه جمه عی گشتی» له واحد و که رته کانی شه وانه رۆژی شوێنه کانی کار و ژیان دروست بکرێت. هه کام له م «مه جمه عه گشتی»یانه ورد و درشت ئیختیاری بریاردانی هه بێت، نه ته نیا راگه یاندن، یان ئاڵ و گۆر کردنی بیر و را یان ته نیا ئه رکه کانی کورت بکرێته وه بۆ ئاگایی دان و راگه یاندنی وشک و بێ کرده وه. هاوئاهنگی هه بێت، ئه ویش نه ک له سه ره وه، به ڵکو له رێگای نوێنه رانێک که به رده وام ئاڵ و گۆر ده کرێن له رێگای هه ڵبژاردن له «مه جمه عی گشتی» دا.
«مه جمه عی گشتی» شکڵی، ئولوگوی کلاسیکی شۆرایی یه که چینی کرێکار له به رابه ر ئوردووی سه رمایه دا به هێز ده کات، «مه جمه ع گشتی، له گه لێک رووه وه جیاوازه له رێکخراوه کانی وه ک سه ندیکا و نقابه کرێکاریه کان. «مه جمه عی گشتی» رێک به هۆی ئه وه ی پێوه ندێکی ئورگانیکی سه راسه ری به رین له نێو چینی کرێکار و ته نانه ت توێژه کانی تری کۆمه ڵگایش وه گه ر ده خات، خه بات و رووبه رووبوونه وه له گه ڵ ئوردووی سه رمایه که م هه زینه تر و ته نانه ت بریار بۆ مانگرتنی سه راسه ریش ده توانی به شێوه ێکی که م هه زینه به کرده وه ده ر بهێنێت. و هه ر به م پێیه به ره نگاری رژیم تێک بشکێنێت و فه له جی کات. یان تایبه تمه ندێکی تری «مه جمه عی گشتی» له وه دایه به رده وام بوونی هه یه و کرێکاران وه ک ئامرازێکی گشتی دایم له به رده ستیاندایه، هاوکات چون له جه مع هێز وه رده گرێت و نوێنه ره کانی به خێرای له حاڵی گوراندان به م پێیه ش، شناسایی کردنی نوێنه رانی بو هێزه ئه منی و میلیتاریستیه کان زۆر پر هه زینه و ته نانه ت نا مسۆگه ر ده کات.

هه موو له م حه قیقه تاڵه ته ئاگادارین، رژیمی ئێران به ره والی دایمی به شناسایی کردنی رێبه ران و پێشره وانی کرێکاری سه رکوت ده ست پێده کات. هه به م پێیه، «مه جامعی گشتی» نابێت نێوی فه رمی، هه یئه تی ره ئیسه ی دایم، یا وته بێژی دایمی هه بێت. نوێنه ران ته نیا هه ڵگری بریاری «مه جمه عی گشتی» ن، نابێ به هیچ شێوه ێک و له هیچ هه ل و مه رجێکی کاریدا، کارێک بکه ن به هاسانی شناسایی و حه زف بکرێن. له واقعدا شه فاف بوون و ئاشکرا کار کردن ده بێت له ئاستی ویست و داخوازی و بریاره گشتیه کاندا بێت نه ک له ئاستی تاکه که سیدا.
ده وڵه ت له ماوه ی ئه و چه ند ده یه دا به هۆی نه بوونی «مه جامعی گشتی» توانیوه تی به زۆر ملی ده سه ڵاداریه تی سه ره رۆیانه خۆیی به رێته پێش . واته ته واوی زۆر خۆی وە گه ر خستووە نه هێڵێت ئوردوی کار رێکخراوی سه ربه خۆ که توانایی به کرده وه ده رهێنانی بریاره کانی هه بێت به ده سته وه بگرێت. هه ر بۆیه له م هه ڵس و که وته کاریه دا به داسه پاندنی یاسای دژه کرێکاری توانیویه چینی کرێکار په رته وازه بکات و پێوه ندی ئورگانیکی له به شه جیاجیاکان نیشانه بگرێت و ئیمکانی سه ر هه ڵدانیان لی بستێنێ.
شکڵ و شێوه کان تا ناوه رۆکی خه بات و گه ڵاله کردنی ویست و داخوازیه کان ده بێت به جۆرێک خۆ ده رخات، که له کارگای پینج که سی و ده که سی بگره تا کارخانه ی سه دان و هه زاران که سی هه موو تێیدا هاو به رژه وند ببینن. بو وێنه بانگهه شه بۆ ئه م بریارانه وه گه ر بخرێت:
یه که م، حه قده ستی راسته قینه ی سه رتر له هێڵی هه ژاری، دووهه م، هه ڵوه شانه وه ی قه راردادی کاتی و کونترۆڵی گشتی به سه ر ئه منیه ت و سه عاته کانی کارد!. بانگه شه بۆ ئه م خاڵه مادیه هاوبه شانه، به ردی بناغه ی هاوئاهه نگی سه رتاسه ریه، که به تایبه ت به هه ل و مه رج و ئیمکاناتی ئه م سه رده مه ده کرێ به کرده وه ده ربێت نه ک ته نیا به بانگه شه ی سه ر کاغه ز که هیچ زامنێکی ئیجرایی نییه. «مه جمه عی گشتی» ده توانێ خه بات به ئاستی ویست و داخوازیه کان قه تیس نه کات و ته نانه ت هه نگاو هه ڵگرێ بۆ مانگرتنی سه راسه ری و له ویش سه رتر چه رخه ی به رهه م هێنان راگرێت و ئۆردوی سه رمایه فه له ج و به چۆکدا بێنێت. «مه جمه عی گشتی» که هه مه لایه نه په ره بستێنێ ده توانێت وه ک سولول و عونسوری شۆرا بوار بۆ پیداویستیه کانی دروست بوونی شۆرا و ته نانه ت بوار بۆ حیزبی کرێکاری به هێز و حیزبی کۆمۆنیستی له ئاستی سه راسه ریدا له پاش به چوکدا هێنانی رژیم به رادێکی زۆر بخولقێنێت که هه ر دوو وه ک نانی شه و بۆ چون به ره و گرتنی ده سه لاتی سیاسی و تێکشکاندنی ماشینی سه رکوتی ده وڵه تی و به سه رکه وتن گه یاندنی شۆرشی کریلێکاری حه یاتییه!
تایبه تمندێکی تری به رچاوی «مه جامعی گشتی» هاوکات بوون له به کرده ووه ده رهێنانه، نه ئیلزامه ن هاومه کانی. هاوئاهه نگی واقعی له رێگای کاتبه ندی هاوبه شی کرده وه کان به دست دێت، له وه چان گرتنه هاوکاته کانی چه رخی به رهه م هێنان تا که م کردنه وه هاوئاهه نگی خێرایی کار تا سه رپێچی کردنی به کۆ له ئیزافه کاری…له مه ودای دیارکراودا. ئه م چه شنه کرده وانه، جالبی له وە دایه پێویستی به کۆبوونه وه ی فیزیکی نییه، کاریگه ری سه رتاسه ریان هه یه، و تازه ئیمکانی سه رکوت کردنیشان بۆ ده وله ت زۆر زۆر که مه.
«مه جمه عی گشتی» به شێوێک شوێنی گرێدانی ژیانی ده ره وه ی شوێنی کاریشه به «مه جمه ع» ه وه، واته «مه جامع گشتی» ته نیا له چواردیواری شوێنی کاردا قه تیس نییه، که ده وڵه ت به هاسانی بتوانێت خه فه ی بکات. «مه جمه عی گشتی» پێوه ندی به رده وامی هه یه له گه ڵ بنه ماڵه کان، له گه ڵ بێکاران، گره که کرێکاریه کان، خانه نشینه کان، و ته نات مه نتقی «مه جمه عی گشتی» ده بێ په ل بهاوێته زانکۆکان، قوتابخانه کان، نه خۆشخانه، گه ره کی شار و دیهاته کان و ته نانه ت بۆ وڵاتانی تریش په ره بدرێت. له وها که ش و هه وێکدا سه رکوتی مه جامع به واتای په ره ساندنی قه یرانی کۆمه ڵایه تی و سیاسی یه بۆ ده ڵه تی نه نگینی سه رمایه داری و هه زینه که ی بۆ گه لیلێک قورس و ته نانه ت نامومکین ده کات.

«مه جمه عی گشتی» ده بێ هێڵه سووره کان زۆر به دروستی ره چاو بکات، له وانه سه ربه خۆیی به ته واو مانا له ده وڵه ت، دامه زراوه ی فه رمی و ئۆپۆزسیونی بورژوازی، چونکه هه ر چه شنه ناونووسی فه رمی، نوێنه رایه تی یاسایی، یا «به فه رمی ناسیاوی» رێک ئه و که لێنه یه که رێگا ده کاته وه بۆ سه رکوت. «مه جمه عی گتی» کاتێک ناتوانرێ سه رکوت بکرێ که له هه موو شوێنێک بوونی هه بێت، نه ته نیا له یه ک شوێن، نه به شێوه ی کاتی به ڵکوو وریا و ئاگا به ویسته مادیه هاوبه شه کان، نه ک وه ک ئامرازی گوشار به ڵکوو له جێگه و پێگه ی چینایه تی خۆیه وه و وه ک ته نیا سووژه ی مێژوویی بۆ گۆرانی بنه ره تی ئه م هه ڵس و که و ته سه رمایه دارانه بێته مه یدان، و ئاسۆی «مه جامعی گشتی» ده بێ گرێ بدات به لیلێدان و نه فی چه وسانه وه و ده سه ڵاتی سه رمایه داریه وه.
کۆسپه عه ینیه کان، ئیمکانی یه کگرتووی تێک ده شکێنێ، و کۆسپه زه ێنیه کان، ئه م شکسته ئاساسی، و ته نانه ت چاره هه ڵنه گر و ته نانه ت “ره وا” به ئه ژمار ده هێنێت.
له وه ها هه ل و مه رجێکدا، رێکخراو ئه گه ریش دروست بێت، زۆر جاران وە ک ته جروبه نیشانی داوە کارگه ری ئه وتۆی نییه و بێ گیانه، نه ک له رووی که م ئاگابوون و زانستی چینایه تی و لاوازی ئیراده ی کرێکاران، به ڵکو به هۆی تێکشکاندنی هاوکاتی به ستێنی مادی«عه ینی» و ئاسۆی «زه ینی» خه باته وه.
ئه م چه رخه یه، خۆی له خۆیدا ئاڵقه ێکی نوقسان له ده سه ڵات دروس ده کات که تێیدا هه ر جۆره لاوازێکی عه ینی، لاوازیلێکی زێهنی ته شدید ده کات و هه ر پرش و بڵاوێکی زێهنی، زاڵ بوونی “عه ین” ێک مسوگه ر تر ده کات. لووتکه ی ئه م رەوته، هێنانی یاسای له هه رووێکه وه دواکه توانه ی(وه ک یاسای کاری 1369 رژیمی ئێران) ه، که گۆرانی بنچینه یی کار ره واج ده دات و به ره نگاری له به رابه یدا نایاسایی یان ناموومکین ده هێنتته به رچاو. زاڵ بوون به سه ر ئوردوی کار له ده ورانی معاسردا، پروژه ێکی گه لێک ئالۆز و تێکچرماوه که هاوکات هه م «عه ین» و هه روه ها «زێهن» ی چینی کرێکاری کردووته نیشانه بۆ گه یشتن به ئامانجه چه په له کانی. تێگه یشتن له م هه ژمونیه دوو جه مسه ره مه رجی سه ره تایه بۆ گه كاله کردنی هه ر ستراتیژیکی ئازادیبه خشی واقعبین و کاریگه ر. ته نیا به ده رک و تێگه یشتنی دیالکتیکی له م هه مزیستیه ناپیروزه ی نێوان «ساختار و ئیدئۆلۆژی» یه ده توانرێ هیوا به شکست پێهێنانی ئه و ئالقه نوقسانه ی جیاکاری و دووبه ره کایه تی بهێنرێت و «ئێمه» گشتی ببووژێته وه، که له باری مێژوویه وه «ماتۆری به حه رکه ت ده رهێنانی ئاڵ و گۆری شۆرشگێرانه یه.
سه رمایه داری جیهانی و له سه روی هه موویانه وه ولاتانی وه ک ئامریکا، بریتانیا، فه رانسه و ئاڵمان پاش شۆرشی سالی 57 توانیان له رێگای “گه ڵاله ی گوادالوپه وه” رژیمی ده ستپه روه رده ی خۆیان به رێبه ری جه لاد خومه ینی سوار شه پولی شۆرش بکه ن و به ته واوی موساده ره ی بکه ن. ئێستا نزیک به پێنج ده یه ی چینی کرێکاری ئێران و خه ڵکی ژێرده ست و سته م لێکراو له لایه ن ئه م رژیمه وه بێ به زیانه ده چه وسێته وه که سه رمایه داری جیهانیش تێدا هاوبه رژه ونده. سه رمایه داری له شۆرشه کانی پێشوو، به تایبه ت له کۆمۆنی پاریس و شۆرش کرێکاری ئۆکتوبری 1917 ی رووسیه ئه م ده رسه فێر بووه، چینی کرێکار ته نیا له گۆرپانی هه ڵس و که وتی شوێنی کار نابێت شکست بدات، به ڵکوو ده بێت له رێگاکانی تریشه وه له وانه گه شه پێدانی مه یلی ریفۆرمیستی و پر و بال پێدانی سه ندیکا و نقابه ی کرێکاری فه رمی زه رد، ته نانه ت داکۆکی له پێکهێنانی رێکخراوه ی سه ربه خۆ و حیزبی کرێکاری رێفورمیستی بۆ شکست و هه رس پێهێنانی خه باتی ئوردووی کار که ڵک وەرگرێت. به واتایکی تر ئاسۆی چه پی «هه مه با هه می» و گوتاری “دیموکراسی بورژوازی و مافی مروف” ئامرازێکه کارایه، ئه و ده وره یه له وڵاتانی جوراواجوردا، چینی کرێکارێ پێی له خه باتی چینایه تی و ئاسۆی ئینترناسیونالیستی و کومونیستی دوور دە خاته وە. تا به جێگای ئاسۆی شکست خواردووی سه رمایه وه ک دوورنما نیشان بدات !
وڵاتانی رۆژئاوا و جه مسه ره کانی تری سه رمایه داری ناوچه که ش ده بینن رژیمی سه رمایه داری ئێران، له ماوه ی ئه و چه ند ده یه دا، وه ک رژیمێک که به رژه وه ندی سه رمایه داری جیهانی ده پاریزێ و پاسداری ده کات، ته نانه ت ئه گه ر به قیمه تی هولوکاستی کومه ڵگای ئێرانیش بووبێت له به جێ هێنانی ئه رکی خولۆی له به رابه ر ئوردووی سه رمایه به مسقال کۆتا نه هاتووه، و نه ته نیا پێوه ندی ئورگانیکی بزوتنه وه ی کرێکای ئێرانی له ناوخۆ مه حرووم کردووه، به ڵکوو پێوه ندی ئورگانیکی ئه وانی له گه ل هاوچینه کانی له ئاستی جیهانیشدا به ته واوی لاواز کرده وه و ته نیا به داکۆکی له فزی و به یانیه پشتیوانی و ئاکسیونه کان قه تیس کراوه.

هه ڵبه ت لیره دا دەمهه وێت، له جیاوازێکی سه ره کی که پرولیتاریای وڵاتانی رۆژئاوا له گه ڵ پرولیتاریای ئێرانی ژێر ده سه ڵاتی رژیمی سه رمایه داری ئاخووندی هه یه تی باسێکی کورت بکه م. له وڵاتانی رۆژئاوا پرولیتاریا ئازادێکی نه سبی هه یه و له مافی رێکخراوه ی سه ربه خۆیش له وانه سه ندیکا و نقابه ی کرێکاری و حزبی کرێکاری و کۆمۆنیستیش به هره مه نده، هه ڵبه ت ئه م حاڵه ته ش بۆ ئه وه ناگرێته وه که گۆیا سه رمایه داری له م گوشه ی جیهان به هۆی بیری ئازدایخوازیه وه وه ها هه لێکی ره خساندووه یان لایه نگری مافی به شه ریه ته، نه به دڵنیایی وا نیه، به ڵکوو ئه م رادە له ئازاد بوون و که ش و هه وا نسبیه ش به رهه می چه ندین ده یه یان باشتر بڵێین چه ند سه ده خه باتی کرێکاران و کۆمۆنیسته کان و به ره ی ئازادیخوازی و به رابه ری ته له به که له پێناویدا هه زینه گه لێک قورسیان داوه، تا به ئێره گه یشتوو!
به ڵام هه ر ئه م ده سکه وتانه ش زۆر جار هه وڵ دراوه و ده درێت دیسان ره وت بکرێ و یان له دژی خۆمان به کار بهێنن. ئه مه له حاڵێکدایه که له ئێران ئه م ئازادیه نسبی و ماوفانه نه ته نیا له چینی کرێکار به ڵکوو له زۆرینه ی به رینی کۆمه ڵانی خه ڵکی ئێران به ته واوی زه وتکراوه.
به ڵام ئه گه ر ته سه وری ئه وه تان کردووه ئه م ئازادیه نسبیه ی کرێکاران و مافی رێکخراوی سه ربه خۆ له ده وڵه ت و پێکهێنانی ئه حزابی کرێکاری و کۆمۆنیستی له وڵاتانی سه رمایه داری رۆژئاوا هاوسه نگی هێزێ به قازانجی ئوردووگای کار گۆریوه، تووشی هه ڵه ێکی زۆر قورس بوون. له وڵانانی رۆژئاوا ئه م سه ندیکا و نقابه کرێکاری و ئه حزابی کرێکاری و کۆمۆنیستیه، راسته به شێوه ێکی ئازادانه رێگای دروست کردنیان ده درێتی و ته نانه له ئاستی میلیونیشدا ده توانن ئه ندام وه بگرن، به ڵام زۆربه ی هه ره زۆریان له به یانی واقعدا به رژه وه ندی چینی کرێکار نه ته نیا نوئنه رایه تی ناکه ن به ڵکوو ته نیا و ته نیا ئامرازێکن بۆ سات و سه ودا و به تایبه ت راوێژکارە کانیان زیاتر دەڵالن له نێوان ده وڵه ت و خاوه نکاران نه ک نوێنه ر، هه ر به م پێیه ئه رکی سه رە کیان دوور خستنه وە کرێکارانه له ئامانجه سه ره کیاکانیان و هیچی تر.
بۆ وێنه حزبی کرێکاری بریتانیا یه کێک له ئه حزابی خاوه ن پێشینه کۆنی کرێکاری ئه و وڵاته یه و به چه ند میلیون ئه ندامی هه یه. یان ئیتحادیه(نیقابه) و سه ندیکاکانیش به هه مان شێوه. به ڵام زۆرینه یان نه ته نیا به رژه وندی راسته قینه چینی کرێکار(پرولیتاریا)ی بریتانیا نوێنه رایه تی ناکه ن به ڵکوو خۆیان بوونه ئامرازێکی زۆر کاریگه ر تا پرولیتاریا له به رانبه ر سه رمایه داریدا عه قیم بکه ن.
هه ره وه ک چۆن چه ند ده یه به ر له ئێستا مارگارت تاچر(له دامه زرێنه ران و داهێنه رانی یاسایی دژه کرێکاری، که هه ر به م بوونه وه به خاتوونی ئاهه نین ناوبانگی ده رکرد) له وڵام به پرسیاری وتووێژێکی تایبه ت له سه ر حزبی کرێکاری بریتانیا که لێده پرسن:«ئێوه بۆچی مه یدانتان بۆ گه شه کردنی حزبی کرێکاری بریتانیا ئاواڵا کردوه؟» له وڵامدا “خانمی تاچر” زۆر راشکاوانه ده لێ:«ئه م حیزبه هه ر ئه و به ڵای که من ده مهه ویست به سه ر چینی کرێکاری بریتانیای بهێنم رێک خه رێکه ئه و کاره ده کات، که وایه زۆر روونه که من رێگری له گه شه کردنی ناکه م.»(نه قل به مانا)
یان نقابه کرێکاریه کانی ئاڵمان له وانه «دویچه گروکشافت بۆند» و «وێردی» و «د.گ.ب» که هه ر کام زیاتر له شه ش هه زار ئه ندامیان هه یه، به ڵام چالاکیه کانی ئه و چه ند ده یه یان زیاتر پێداگری بووه له سه ر سێ مێحوه ر. یه که م وتوێژ و دانووستان له سه ر زیاتر کردنی حه قده ستی 1% تا 5% ی له گه ل ده وڵه ت و خاوه نکار، ئه وه ی به “سی جانبه گه رایی” له جیهاندا ده ناسرێت. دووهه م که م کردنه وه ی سه عاتی کار له حه وتووی 40 سه عات بۆ که متر له 40 سه عات کار، ئه ویش تا به ئێستا ئاکامێکی ئه وتۆی نه ته نیا نه بووه به ڵکوو به تازه ی باسێکی گه لێک داخ له نێو مه جلس و شوێنه کانی تری ده وڵه تی له لایه ن باڵی راسته و مه یانه ره و رێکه وتووه که خوازیاری ئه وه ن سه عاتی کاری حه وتوانه له به شێک له ناوه ند و شوێنه کانی به رهه م هێنانی بکرێته 48 سه عات. سێهه م ته مه نی خانه نشینی له 67 سال دابه زێته 65 سال.
ده مهه وێت بڵێم، ئه م نقابه و سه ندیکایانه زۆربه یان له راستید ئوردوی کاریان به قازانجی ئوردوی سه رمایه به هزینه ێکی زۆر که م بێده ست و عه قیم کردووه. به واتاێکی تر ئه م نقابه و سه ندیکایانه بۆ به شێکی زۆر له “ریبه ران”ی ئه م رێکخراوانه بوونه ته بونگایی سات و سه ودای ئابووری گه وره، که هه ر کامه یان له به رانبه ر داسه پاندنی رێفورمیزم به سه ر چینی کرێکار و دوور خستنه وه ی له خه باتی شۆرشگێرانه و لێبراوانه دا، رێژه ێک له سه هامی ساڵانه ی ده وڵه ت و خاوه نکار ده چێته گیرفانی.

چینی کرێکاری ئاڵمان، که هه موو چه رخه ی به رهه م هێنان به هێزی کاری ئه و ده سوورێت، و به به رهه می کاری ئه م چینه ده توانرێ، هه مووئیمکاناتی رفاهی و نه عه ماتی ژیانی شیاوی ئینسانی ئه ورو نه ته نیا بۆ دانیشتوان و شارومه ندانی وڵاتی ئاڵمان، به ڵکوو بۆ دوو تا سێ به رابه ری رێژه ی شارومه ندانی ئه م وڵاته دابین بکات، به ڵام به پێچه وانه ئێمه شاهدی بێکاری، گرانی، ئاوسانی ئابووری و ده رکردنی کرێکاران له ئاستیلێکی زۆر به رزداین که له مێژووی ده یان ساڵه ی ئه م وڵاته دا که م وێنه یه. هۆکاری ئه وه ی بوۆ له وه ها هه ل و مه رجێکی دژوارداین زۆر روونه.
ده وڵه تی سه رمایه داری ئالمان و ده وڵاتانی تری رۆژئاواش، له هه موو ئامرازە کان و رێگاکان بۆ که م کردنه وە ی حه قده ست و وەر گرتنه وە ی ئه و مافانه ی پێشوتر به دە ست هاتووه که ڵک وەر دە گرن تا سه رمایه زۆرتر که له که که ن و «ئه رزشی ئیزافه»(زیده بایی) زیاتر به چنگ بێنن. بورژوازی روژئاوایش له م سه ری دونیا شیره ی گیانی پرولیتاریا ده کێشێت تا هه زینه ی میلیتاریزم و شه ری نیابه تی ناتۆ له مه یدانی نیزامی و هه روەها له مه یدانی ململانێی ته کنیک و فنون و پێشبرکێی ته سلیحاتی دابین بکات و رکه به رانی جیهانی خۆی پێ له مه یدان به ده رکات. و له و سه ری دونیایش زل هێزه جیهانیه کانی تری سه رمایه داری به چه وساندنه وه ی بی ره حمانه له بازاری”کاری هه رزان و کرێکاری خامۆش” به سدووری سه رمایه بۆ گوشه و که ناری جیهان له هه وڵدان تا هێژمونی خۆیان به سه ر رکه برانیاندا بسپێنن و له م ێیناوه دا هه ر دوو دۆزخێکی راسته قینه یان بۆ به شه ر یه ت له سه ر گۆی زه وی خولقاندووه. سه رمایه داری ته نیا له ئاکامی چه وساندنه وه ی چینی کرێکار که «ئه رزشی ئیزافه» بده ست ده هێنێی، زه خت و گوشار ناخاته سه ر ئه م چینه به رینه، به ڵکوو دواتریش له رێگای کرێ خانوو، کاره با، ئاو، نان، هه زینه کانی تری ژیانیش، شتێک بۆ کرێکاران ناهێڵێته وه، جگه له وه ی ده بێ دیسان وزه ێکی هه بێت بۆ ئه وه ی هه ر رۆژ ئاماده بێت وە ک رۆژانی پێشووتر هێزی کاری هه رزان فروش کات. ئوردوی کار به کورتی ژیانی شیاوی ئینسانی ئه ورو له راستیدا لێی بووه به خه وه ن و خه یالێک که هیچ کات پێی ناگات!
کاتێک له لایک دوڵه ت به زۆری سه رکوتی ماشینی ده وڵه تی به سه ر به شێکی به رین له ئامرازه کانی به رهه م هێنان و هه ست و نیستی چینی کرێکاردا ده ستی راگرتوو و هه موو دام و ده زگا پان و به رین و دوور و درێژه کانیشی سه فیان به ستووه تا ئه و داهاته که مه ش که کرێکار وه چنگی که وتوو لێی بستێنن، و له لاێکی تریشه وه خاوه نکاریش به شه که یتری ئامرازه کانی قۆرغ کردووه، و له و له هه ر دوو کاره ساتبارتر گه رایشاتێک له نێو هه ر ئه م چینه دا ده بێته “کوێخا و ئاغا باڵا سه ر و ده مراست” له وانه نیقابه کان و سه ندیکا و حیزب گه لێک که ته نیا ناوی کرێکار و کۆمۆنیزمیان له سه ره، تا به نوێنه رایه تی ئه م چینه خه باتی چینایه تی و سیاسی ئه م ئوردوه ی کار له به رژه وه ندی ئوردوی سه رمایه و خۆش خزمه تی به چینی سه رمایه داری کونترۆڵ و عه قیم بکه ن و ئه م چینه چیتر توانایی خه باتی شۆرشگێرانه و رووبه رووبوونه وه ی دژی سه رمایه داری بۆ نه مێنێت.
واته ئیتر ئه م چینه نه ته نیا ناتوانێ له ماف و داخوازیه کانی به رحه قی خۆی به مانای واقعی دیفاع بکات، به ڵکوو به جۆرێک رێفورمیزم و ئاڵ و گۆری گه لێک شێنه ی له شوێنی کار و ژیان له به رابه رئوردوی سه رمایه و ده لالانیدا سازش ده کات. کاتیک ئه م چینه له نێوخۆی ئاڵماندا له به رابه ر ته عه روزی ئوردوی سه رمایه دا ده چێته قاوخی دفاعیه وه، روونه به فه رسه نگ له ئه رک و رساله تی ئینترناسیونالیستی خۆی دوور ده که وێته وه. و هه ر به م پێیه هه ست به به پرسایه تی له به رانبه ر هێرشی ئوردوی سه رمایه بۆ سه ر هاونه وعانی خۆیی و په ره پێدانی میلیتاریزم که هه زینه که ی له به رهه می هێزی کاری خولۆیی و هاوچینه کانی ده رکێشاره وه، ته نیا بۆ ئه و ه ی رووی خوێی سوور راگرێ تا ئاستی هاوپشتی له فزی یا به یانیه ی وشک و بێ کرده وه داده به زێت. ئه مه له حالێکدایه که پرولیتاریا ته نیا هێزی به واقع شۆرشگێره له هه ر ولاتێک دا که ئه گه ر نه که وتبێته داوی رێفورمیزم و ته سلیم ته له بی و سازشه وه، توانایی ئه وه ی هه یه به راگرتنی به هه م هێنان تا راده ێکی زۆر به ر به م ته وه حوش و به ربه ریته ی ئه ورۆ جیهانی ته نیوه ته وه بگرێت.

پرولتیاریای له رۆژئاوا ئه گه ر به هاوکاری نیقابه و سه ندیکا و حزبه رێفۆرمیست و راسته کان کۆنتروڵی نه کاوتبایه ده ستی ده وڵه ت؛ ئه گه ر به ئوردوی چه ن سه د میلیونی خۆیی پشت ئه ستوور بایه؛ ئه گه ر هه ر له یه که مین رۆژه کانی دە نگۆی شه ر و میلیتاریزمی دواکه وتوانه ی روسیه و ئوکراین به داکۆکی وڵاتانی روژئاوا و ناتۆ هه وڵی چالاکانه ی وه گه رخستبا، واته راگرتنی به رهه م هێنان له جومگه ئابووریه کان و …هه ڵبه ت نه ته نیا به شێوه ی سه مبولیک ئه و گوێره ی له ئیتالیا و ئیسپانیا له هێندیک ناوه ندی دروست کردنی “چه ک و چۆڵ” و کشتیرانی و فرۆکه وانی ….به شێک له پرولیتاریا ده ستیان له کار کێشایه وه(دیاره ئه و هه نگاوه ش له شوێنی خۆیدا گه لێک به نرخ بوو و ده بوو زیاتر په ره بدرێت تا کاریگه ری زیاتری دانابا) به ڵکوو ئه گه ر به شێوه هاوئاهه نگ و هاوکات چه رخی ئابووریان راگرتبا به دڵنیایی ئه و شه ر و میلیتاریزمه یان ئاوا به هاسانی به سه ر دونیادا بۆ دانه ده سه پا.
وه هه روه ها ئه م ئیقدامه سه باره ت به شه ر و میلیتاریزمه کانی پێشووتر و دواتر له ئوکراینش عه ین شت ده یتوانی رووبدات که به داخه وه سه ری نه گرت. به ڵام پرولیتاریای نه ته نیا ئوروپا به ڵکوو شوێنه کانی تریش له وانه ئامریکا به هۆی ئه وه ی له ئه رکی ئینترناسیونالیستی خۆیان دوور که وتوونه وه و ئیختیاری بریاردانیان له رێگای ئه و ئه حزاب و سه ندیکا و نیقابانه وه، لێ سه ندراوه ته ور ئه وانیش به هه مان شێوه خۆیان له ئاستی کارە ساته کانی ئه م میلیتاریزمه بێ وە زیفه کرد

پرولیتاریای جیهان بو ئه وه ی بتوانێت وه ک سووژه ی چالاک و ئاگای مێژوویی به گۆرانی بنه ره تی ئه م هه ڵس و که وته هه لته کێنێ، رێگه ێکی تری نییه جگه له وه ی بگریلێته وه سه ر جێگه و پێگه ی راسته قینه ی خه باتی چینایه تی و شۆرشگێرانه ی خۆی چ له ئاستی ناوخۆیدا چ ناوچه یی و چ جیهانی.
پرولیتاریا چ له ئاستی ناۆخویدا چ ناوچه یی چ جیهانی مه حکوومه به وه ی که له ژێر باری هژمونی گه رایشاتی رێفۆرمیستی که زیاتر له رێگای نیقابه کریکاری و سندیکاکانه وه و له ژێر ناوی نوێنه رایه تی چینی کرێکار ئه م ئاسۆیان به سه ر ئه م ئوردودا سه پاندووه به ته واوی خۆ ده رباز کات و ته نیا و ته نیا پشت ببه ستیت به هێزی له بن نه هاتووی مه جامعی گشتی و شۆراکان.
له هه ناوی ئه م هه ل و مه رجه ناۆخۆیی، ناوچه یی، و جیهانیه دایه، که رژیمی ئێران توانیوه یه تی نزیک به پێنج ده یه، ژیان و کاری زۆرینه ی کۆمه ڵانه ی خه ڵک به بارمته بگرێت. و ئێستا که ته نیا له فازی یه که م دا، هولوکاستێک به مانای راسته قینه ی وشه کراوه که له مێژووی جیهانی سه ردە مدا وێنه ی نییه، کوشتاری خه ڵکێک که له به رابه ر بێکاری، گرانی، ئاوسانی ئابووری، و هه ژاری و ئێختناقی سیاسی ناره زایه تی دربریوه. هێشتا شۆکی فازی یه که م بهبته واوی کۆتایی نه هاتووه، کابووسی ئه وه ی که فازی دووهه م که کوشتار کردنی ده سبه سه رکراونه وێده چێت له فاز یه که م که متر هه ولناک نه بێت و رێژه ی به ردە وام روو له زیاد بوونه. قه تل و عام و ئێعدام کراوان له بێده نگێدا خۆ له سنووری سه د هه زار که س نزیک ده کاته وه.
له وه ها بار و دۆخێکدا چه پ و راستی بورژوازی له ناۆخۆی ئێران و له ده ره وه ش هیوایان له سه ر قه ول و به ڵینه شه رؽه نگێزانه کانی ده زگاکانی پروپاگانده ده وڵه تانی رۆژئاوا هه ڵچنیوه، و رێگا چاره ی ئازاد بوون له ده ستی رژیم له هێرش نیزامی بۆ سه ر ئیران ده بینن و هه ر بۆیه به م که مپه په یوه ست بوون.
بۆیه له م روانگه وه ئێمه لانی که م له م چه ند ده یه دا دوو ده وره ی زۆر ره ش له ئێختناق که کێشاویته شوێنێک هولوکاست له دژی کومه ڵگا رێبکه وێت له هه ناوی خه بات و به ربه ره کانی له گه ڵ رژیممان ئه زموون کردووه. به تایبه ت ئێستا که پاش چه ند ئاخێزی جه ماوه ری قه تل و عامێک له م ئه بعاد به رین و هه ولناکه مان ئه زموون کردووه، و جگه له وه ش سێبه ری شه ری ئیرتجاعی به ره ی مێحوه رموقاومتی و به ره ی پرۆ روژئاوایی له سه ری کۆمه ڵگا ده خولێته، ئێمه رێگاێکی ترمان له به رده م نییه جگه له وه ی پشت به هێزی یه کگرتوو و شۆرشگێرانه که بربره ی پشتی ئه م خه باته چینی کرێکاره ببه ستین و مه ترسیه کانی هه ر دوو به ره پووچه ڵ که ینه وه.
با گه لێک راشکاوانه ئه وه ش بڵێم، راست و چه پی بورژوازی ته نانه ت کاتێک فوو به شه یپوری ده ستێوه ردانی نیزامی رۆژئاوا شدا ده کات، به شوێن رێگا نه جاتی خه ڵک له ژێر چنگی ده سه ڵاتدارانی رژیمه وه نییه، به ڵکوو به شویلێن ئه وه ویه له هه ر رێگاێکه وه بی ئه گه ر به قیمه تی ئوکرانیزه کردنی ئێرانیش بێت ئه وان وه ک سیاله شکری ئامریکا و هاوپه یمانانی له داهاتووی گۆرانکاریه کان له ئێراندا به شێکیان بدرێتێ.

راست و چه پی بورژوازی له چه پی ناسیونالیستیه وه بگره تا دێموکرات، کۆماریخواز، تا شاهوڵاهی، سه لته نتی، تا موجاهدین خه لق و قه ومگه را هه ر هه موو از له رۆژه کانی به ر له شه ڕی دواکه وتوانه ی 12 رۆژه ی ئیسرائیل و ئێرانیش که مپینی پشتیوانی له ده ستێوه ردانی نیزامی ئامریکا و ئیسرائیلیان رێکخست، و ته نانه ت سه باره ت به فه نئاوری و تکنیکی موشه کی ئامریکا که خاڵ ده پێکی به یانیه و وتاریان «دوجین دوجین» ده دایه ده رێ. ته نانه ت به م ئاسته له پروپاگانده بۆ شه ری دواکه وتوانه ش نه وه ستان و وتیان:« به ڵێ، وایه شه ر شه ره ئیتر! و بۆ گه یشتن به ئازادی کۆمه ڵگا بتانهه وێت و نه تانهه وێت ده بێ خه ڵکێک بکوژرێت و به ها بدرێت». له لاێکی تر یشه وە به ره ی میحوره مقاومه تی خوێنی بو “مام مه یهه ن” به جۆش هاتبوو، و له زاویه دژی ئیمپریالیزمی «خومه ینی جه لاده وه» حازر بوو ئه گه ر هێرشی نیزامی بکرێته سه ر رژیم، له ژێر ناوی دژیه تی له گه ڵ ئیمپریالیزم وه ک حیزبی تووده و ئه کسه ریه تیه کان له به ره ی مێحوه ری مقاومه ت دا بجنگێن!
به ڵام دیتمان شه ڕ بۆ رژیمی نگریسی ئێران وه ک “به ره که تێکی ئاسمانی” لێهات تا له پشت شیعاری پووچی هه میشه یی ” ئه منیه میللی له مه ترسیدایه” خۆی حه شار بدات، و هه ر به م بیانووه به سه ت قاتی جاران ماشینی کوشتاری ده وڵه تی ته یارتر بکات تا بێ ره حمانه تر له جاران هێرش بکاته سه ر مانگرتن و ناره زایه تی کریکاران و خه ڵکی زه حمه تکێشی وه گیان هاتووه له شوێنی کار و له شه قام، له دانشگاکان و مه دره سه کان … سه رکوت و پاشه کشه یان پی بکات.
ئێستاکه ش له پاش ئه م هولوکاستی دوو رۆژه که هێشتا ئه و سه ری جنایه ته کانی ناروونه، و هه ر رۆژه ریژه ی قه تل و عامه کان به ئیعدام کردنی رۆژانه زیاتر و زیاتر ده بێت، سه ر له نوێ وڵاتانی رۆژئاوا و راست و چه پی بورژوازی ئێران وه خۆ که وتوون تا به پروپاگانده ی شه ر زه خته کان له سه ر رژیم بۆ ته سلیم بوون و هاتنه پای دانووستانی مل کچانه که ترامپ به «سات و سه ودای گه وره» ناوی ده بات زیاتر و زیاتر بکات.
یان له نیهایه تدا بگه نه ئه و چرکه ساته ی که رژیم زیاتر له لایه نه که یتر، ئاره زووی ده کات و چاوریه تی، واته ده ستێوه ردانی نیزامی ئامریکا و هاوپه یمانانی.

ئه وه ی ده بێ زۆر هوشیاری بین ئه وه یه، کۆمه ڵگای ئێران له مه ودای نزیک به نیو سه ده که له ئه ساره تی نگریسی ئه م رژیمدا بووه به ڵام به رده وام سه رباری رکوود و نوشه سته کانی ته نیا و ته نیا پشتی به خه بات و هێزی به رینی خۆی بۆ ئاڵ و گۆر به ستووه و تا به ئێره گه یشتووه هه زینه گه لێک قورسیشی داوه، ئێستاش سه رباری ئه و هولوکاست بیره حمانه له ژێر باری قورس و گرانی ئه م شۆک و کابوسه ش خۆ ده رباز ده کات و ئاسۆی ئازادی و رزگاری گرێ ده ده ن به میکانیزمی خه باتکارانه خویانه وه نه به رێگای ده ستێوه ردانی نیزامی ده ره کی زلهێزه جیهانیه کان له ژێر ناوی” ده ستێوه ردانی مروڤ دۆستانه!”
کۆمه ڵگای ئێران به گشتی و چینی کریکار و خه ڵکی زه حمه تکێش و ژێرده سته به تایبه ت، له پاش ئه م هولوکاسته که گیانی ده یان هه زار که س له ئازیزانی لێ گرتن و سه دان هه زار که س بریندار و ده سبه سه رکراوه، ئێستا ئیتر کاتی هاتووه، تازه ئه گه ر دره نگ نه بێت، و ئێرانیش نه کیشنه ناوی شه ڕێکی له چه شنی ئوکراین، جیلێگای خۆیه تی هه موو زه رفیه تی خه باتکارانه و شۆرشگێرانه ی خۆی وه گه ر خات، تا دوارۆژی پشت سه رنانی ئه م شۆک و بوهته بکاته روژی ده سبه کار بوون بو پێکهێنانی «مه جامعی گشتی» له سه راسه ری شاره کان و ته نانه ت گونده کان. چینی کرێکاری ئێران بۆ ئه وه ی له قلافه تی رێبه ر و رێکخه ری کۆمه ڵگادا بێته مه یدان، مه حکوومه به وه ی «مه جمه عی گشتی» له شوێنی کار و ژیان له سه رتاسه ری ئێران وه رێبخات.

—————————–

پ.ن: « ده بێ چ بکرێت؟» له رۆژی 30 یانوای 2026 به زمانی فارسی له ژێر ناوی«چه باید کرد؟» نووسراوه و پاش نزیک به دوو حه وتوو له بڵاو بوونه وه ی له سایته کان، ئه ورۆ وه رگێرانی بۆ سه ر زمانی کوردیش ئاماده بووه تا بکه وێته به ر دیده ی خوێنه ران.
12.02.2026




زەخمی (فایەق بێکەس) و (بەندی) لە هەمبەر کەوڵەکۆن.. لەتیف بێوار

دەمێکە شاری پڕشۆری مەحەببەت مات و خامۆشـــــــــە
بە قانوونی تەجەننون شۆڕشێ ئینشا نەکەم چ بکەم؟
مەحوی ١٨٣٠- ١٩٠٦

کاتێک ستەم دەبێتە یاسا، ئەوا یاخی بوون دەبێتە ئەرك، مەحوی ئاسا بە قانونی تەجەنون لازمی شۆڕشێکە، نەك وەك ئەوەی ئەوان کردیان، بە چوونە گوندێکەوەو ڕووخاندنی پردێک و تەقاندنی چەند گولـلەیەک و پاشتر سەگی هاریان بەردەدایە خەڵكی سڤیل و ڕەنجبەری ناوچەکان، گوللـە تۆپی پاسداریان دەگەیاندە چاڵە نەوتەکان و لەلاوە سەرجەم گوندەکان دەدرانە بەر شەپۆلی سوتاندن و کاولکردن، لە حەسمی جەنگی کەنداوی یەک و گرتنەوەی فاو لە دوای دوو ساڵ جەنگی سەخت، لەملاوە هەڵەبجەیان وەکو هێلکەیەکی پاکراو بە خاك و خەڵکەوەو هەر بە ناوی شۆڕشەوە دایە دەستی جمهوری سێدارەو بوونە هۆکاری کیمیاباران و شەهیدکردنی زیاد لە ٥ هەزار پەپوولە، ئەڵقەو مستیلەو بازن و پەنجەو گوێ بڕدراوەکانی کەنیزەکەکانی ئەوێ شاهیدن. وای ڕەفیقان چەند کەساس و بێدەرەتان و گەمژەین!
مستەفا سەلیمی، زیندانیی سیاسیی کورد، پاش ئەوەی لە 27ی ئاداری 2020 لەگەڵ دەیان زیندانی تر لە گرتووخانەی سەقز هەڵات، ڕووی لە هەرێمی کوردستان کرد بە ئومێدی هەڵمژینی هەوای ئازادی. هەر زوو لە نزیک پێنجوێن دەستگیرکرا و لەلایەن کۆیلەکانەوە ڕادەستی کۆماری سێدارە کرایەوە، دواجار لە بەرەبەیانی 11ی نیسانی 2020 لە زیندانی سەقز لەسێدارە درا. ئەگەر ئەمە لوتکەی خیانەتی مەزن نەبێت ئەی دەبێت چی بێت؟
ئەو گەنجەی هێشتا برنجە سوورەکە لە گەدەیدا هەرس نەبوو بوو لە شەڕی کەوە دۆڕاوەکاندا، بە دەستڕێژی گوللـەی ڕاوچییە نالەبارەکانی ژێر چادری شۆڕش چاوەکانی بە دوو دڵۆپ ئەسرینی ناکامیی لێکنا و برنجە سوورەکان هەڵڕژان و بوونە خۆراکی چۆلەکە و شینەشاهۆکان، ڕاستە ویژدان لە دوای تاوانی کوشتنی یەکەمەوە ئیدی دەبێت بە پارچە بەردێکی ڕەق و تەق، ئیدی کوشتنی بە کۆمەڵ کەی ئادەمیزادی وا ڕادەچڵەکێنێت؟ ئاوها لەو ساتەدا کە جەنڕاڵە دۆڕاوەکان(شێرەکانی ناوخۆو چەقەڵە گەڕەکانی دەرەوە) لاوەکەیان دەبرد بۆ گۆڕەپانی لەنیوبردن، لە دڵی خۆیدا هەر ئەم دێڕەی دەگوتەوە:
بریا کورد نەبووایەم یاران، ملکەچترین مەخلوقه ئەو..!
بەچی ئەچێ لەو زێرابە ، گەر زۆرترین تەمەنت بوو ؟
ئەو ژنەی بێتاوان ڕایدەکردو عەباکەشی لەناو حەشاماتەکدا لە دوای دەخشا، بە تاوانی خیانەت پەپولەی گیانی هەڵفڕی، بەڵام لە ڕاستیدا هەر بۆ ئەوەی نهێنی سمبێڵبابڕی مەنسول ئاشکرا نەبێت، ئای چ تاوانێکی مەزنە و هەموو بێدەنگ بوون لە حەنایدا! ئێستاش هەژارەکانی بەر قاپی عەلی بۆسکانی دەست لەسەر سنگ ڕاوەستاون لە سەرەدا، تا قووتێك سکی برسییان تێر بکات، نازانن ئیدی ئەویش بەر سزای شۆڕش کەوت و چیدی ناگەڕێتەوە، تەور بە دەستەکانی جەستەی برینداری کوردایەتی دەیانویست بە تەور شکۆی کێوە ڕەش وردو خاش بکەن پێش ئەوەی خۆیان ببنە پەندی زەمانە! ئەی ئەو چوار کۆمنیستەی بێدەنگ لەبارەگای خۆیاندا دانیشتبوون؟ بە ڕۆژی ڕووناك و نامەردانە لە ناوەندی شاری خامۆشدا وەکو داستانەکانی قەرناقێ و پشتئاشان و هەکاری و…. نامەردانە خەڵتانی خوێنکران؟ ئەمانە بوون دەسکەوتی کوردایەتی! ئێستاش یەکەم دڵۆپە خوێنی ناو دەمی بەکر عەلی لەم نووسینە دەتكێ کە لە پشت باخی گشتییەوە بووە نێرگزەجاڕو تا شیعرو کورد مابێت مۆری ڕسوایی دەنێت بە نێو چاوی هەموو ئەوانەی بە پێڵاوی لاستیکەوە هاتنەوەو نەوەکانیان کە سەیریان کرد وەها میللەت لە ماوەی ٢ ڕۆژداو بە پشگیری بڕیاری دژە فڕینی زۆنی ٣٣-٣٦ ی هاوپەیمانەکان، کۆشکی ستەمی بەعسی ڕووخان و مەلەفە زۆرو زەبەندەکانی مەنسوولە ناپاکەکان لە لایەن میللەتەوە دەستی بەسەردا گیراو دواتر زۆربەی لە لایەن پێڵاو لاستیک لەپێکانەوە کۆ کرانەوەو سوتێنران، ئەوانەی خەباتکارە ئازاو دڵسافەکانی شاخیان هاندەدا بچنە ناو شارەکان بۆ چالاکی ئەنجامدان و لەولاشەوە ڕژێمیان لێ ئاگادار دەکردنەوەو زۆر بە خێرایی دەپێکران و کۆچیان کرد، وەکو سرووەی بەهار تێپەڕین و کەس باسی نەکردن، ئەمڕۆش میراتگرەکانیان پارەی میللەت بە ناوی خوێنی ئەوانەوە دەخۆن، سەیری ئەم هەموو پارادۆکسانە بکەن ڕەفیقان و سەری لێدەربکەن! لە مێژووی چ عیللەتێکدا بووە قەساب و قوربانی هەر یەك بن؟ گورگ و پەز هەر یەك بن؟
ئەمڕۆ ئەوەی لەسەر کورسی دۆلار دانیشتووەو لە راپەڕینیشدا هەوڵی کۆکردنەوەی ٥٠ هەزار دیناری سویسری دەداو تا بچێتەوە ئێران، هەرگیز بیریان بۆ ئەم سەڵتەنەتە نە دەچوو، ئەوە مەسینەهەڵگرەکان بوون تەقدیسیان کردن. ئێستاش تێر نابن و هەر دەدزن خۆیان بۆ ڕۆژێك هەڵگرتووە تیایدا وەکو ئەسەد دەست و دایەرەکەیان جێبهێڵن و بە فڕۆکە سامان و فەردە دۆلارەکانیان لەگەڵ خۆ ببەن بۆ لای ماڵ و سامانە دزراوەکان لەو وڵاتانەی کە دورگەکانیان پێکڕیون. ڕەنگە ئەمەش هەر خەونێکی شاعیرانە بێت مادام وا هەریەکە دەستی بە كڵاوەقووچەکەی خۆیەوە گرتووە تا با نەیبات!
کورد ئەبەد ناگاتە مەقسەد ، نۆکەری بێگانەیە
دوو دڵن ، پیسن لەگەڵ یەک ، بۆیە وا بێ لانەیە
میللەتێکن ، بۆ نەمانی یەکتر هەر هەوڵدەدەن
داخەکەم ! ورد و درشتی شێت و شەیدای عانەیە
فایەق بێکەس ١٩٤٨-١٩٠٥
بێکەسی باوك نەك کوڕ! زیاد لە ٨٠ ساڵ پێش ئێستا وای فەرمووەو هێشتا هەر هەڵمی تازەی لێ هەڵدەستێ و ئەو مەرەکەبە سوورەی ئەم قەسیدەیەی پێ نووسراوە هێشتا هەر تەڕەو بریقەی دێت، غاندی دەبێژێت: گەورەیی نەتەوەکان بەوەدا دەردەکەوێت کە چۆن مامەڵە لەگەڵ لاوازەکانیاندا دەکەن. بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ بەر شەق دەدرێت و توورەکەی لەسەر دەنرێت هەر ئەو برسییە بێلانەیەیە کە دوێنێ ماڵەکەی لە گوندە دوورە دەستەکاندا دیوەخانی ئەو سمبێڵ بابڕانە بوو!
مارتن لۆسەر کینگیش دەبێژێت: ستەم ڕووداوێکی دابراو نییە، بەڵکو پەتایەکی کوشندەیە، کاتێك بێ لەمپەر ڕێی پێدەدرێت بە تەشەنەکردن ، بەهای بێدەنگبوونمان: لە دەستدانی مرۆڤایەتی و تێکدانی قیبلەنوومای ویژدانمان دەبێت، هەروەها بەو بێدەنگییە خیانەت لە هەموو قوربانییانی ڕێی دادپەروەیش دەکەین.
هەر وابووە گەورەم! گەورە ئاو دەڕێژێت و بچووك پێی تێدەنێت، ئەمڕۆ ئەوان دارن و میللەتیش سێبەرەکەیانە، مەگەر ئەوانەی شێلگیرانە دەجەنگن لەو زەلکاوەدا تا خۆیان نەدۆڕێنن، ئەگینا سرووشتی کۆی ناخەکان هێند سەقەت بووە، بە هەر وڵاتێکی ئەم سەر زەمینەدا پەرت دەبن لە کردەوە خواروخێچ و عاجبایەتیەکانیان مۆری ئەوانی لەسەرەو لە دووورەو دەیانناسیتەوە کە ئەمە بەرهەمی ٣٥ ساڵ گەندەڵدارییە لە هەرێمێکی بێ ناسنامەدا، بە هەموو جۆرە تازەو کۆن و ئاشکراو شاردراوەکانییەوەو هەر ئەمانەشن گۆشکراوی تەبع و پەروەردەی قوتابخانەی ئەو جووت بنەماڵەیە!
کاتێك بە زریپۆشەوە چواردەوری گردەکە دراو بە مەتریلۆز لێیدەدرا، هەر هەمان سیناریۆی زریپۆشەکانی گردەکەی سەرچنار بوو، ئەویش هەر هەمان چیرۆکەکانی پشتئاشان بوو دەگێڕدرانەوەو خۆیان دووبارە دەکردەوە.. کوا خوێنی ژیلوانەکان ئەی باوکی هەژاران؟ کوا تاپۆی گردەکە ئەی سەرقافڵەی دڵڕەقی و کورد کوشتن؟ هەروایە؛ ئەو مێژووەی ئەمڕۆ سەراوقووچ دەنووسرێتەوە لە ژێر سایەی هێزەکانی هاوشێوەی دژەتیرۆری توورەکە بەدەست، سبەی دەبێتە تۆماری ڕەشی مێژووی مرۆڤایەتی و نەوەیەکی هوشیاری تازە چرۆکردوو سزای مێژوو دەدا بەسەر ئەوانەی بوونە هۆی قوربانیدان بە هەڵەبجەو خەڵکەکەی و پاشان ئازادکردنی فڕۆکەوانی ئەنجامدەری ئەو تاوانەش وەکو بەرزەکی بانان! ئەمەیە خەباتی عەیارە ٢٤ی کوردایەتی، نەخێر ئیوە تێناگەن ئەمەیە سیاسەتی حەکیمانەی خاوەن پاتە لاستیکەکان کە ئێستا لە ڕیزی ملیاردێرەکانی جیهاندان!
هۆزی کورد تاکەی بە غەفڵەت، تا بەکەی مەستن لە خەو
تا بەکەی خۆخواردن و دوژمن بە یەک، وەک هۆزی کەو
ڕۆژی ڕووناکت لەبەر چی تاریکە وەکو نیوە شــەو
گاهێ چاوەڕوانی ئەم بی و تاوێ خزمەتکاری ئەو
ئەی وەتەن تۆڵەت بە ئەستۆی فیتنە و دووزوانمە

  • ١٨٩٨١٩٦٥ قانیع
    لە ئاماری ڕێكخراوە نافەرمیەکاندا هاتووە لە ژێر سایەی حوکمی تاریکستانی ٣٥ ساڵی هەرێمی تۆقاندن و خیانەتداو لە دوو زۆنی دوو بنەماڵەدا، هەر یانزە هاوڵاتی هەرێم سیخووڕێکیان بەر دەکەوێت، ئێستاش لە ژێر بناغەی بیینای زیندانە نوێکانی ئەشکەنجەدانی ئازادیخوازاندا تەرمی دەستڕێژلێکراوانی جەنگی ناوخۆ بێناز چاوەروانی دەستێکن دەریان بێننەوەو بە دەستووری کوردەواری کفن و دفن بکرێن و بنێژرێن، نەك گۆڕ بزر ببن، نازانن ئێستاش لەسەر سنگیان هاوارو ناڵەی ئەشکەنجە دیتە گوێ! باڵەخانەی گەورەی زیندان کردنی ئازادیی بنیات دەنرێت.. ئای.. لەو هەموو بڕیارە قەرەقۆشیانەی بە خولەکێك بە ناوی دادگای شۆڕشەوە دەدران و لە چاو تروکانێکدا وەکو بەختی کوردان، چاوی ئەو پاکنەژادانە پێڵوەکانی لێکدەنرا، کە لە شەوە نووتەکەکان و لە ئاقارە چۆڵەکاندا فڕێ دەدران و کەس خۆی نەدەکرد بە خاوەنیان، ئێستاش سەردەشت لە کەلاوەیەکی مووسڵەوە دەنگی دێتە گوێ و دەڵێت کێ نوقتەیەك بۆ ئەو ڕستەیە دادەنێت کە پێڕانەگەشتم تەواوی بکەم؟ بچنەوە سەری دێرو ئەم سەرگوزشتە سەقەتەمان بنووسنەوە، گەورەم ئەمڕۆ هەر بچووکەو پێ دەخاتە ناو ئەو ئاوەی بۆیان ڕژێنراوەو لەو زێرابەیان خواردووەتەوە کە لە چڵکاوی خیانەت و خوێنی ئاڵی بە ناحەق ڕژاوی گەنجانی بێتاوانی وەکو تۆو ویدات و کاوە تێکەڵ بووە، ئەوەش ئەمڕۆ لە ژێر ئەو کەپرە پڕ دوکەڵ و ئاهو نزولەیەدا جوزەلە بۆ ئەو قوڕباقانە لێدەدات و موچەی قەڵەمفرۆشیی هەڵدەقوڕێنێت و خۆشی بە داهێنەر دەزانێت، سەد جار ئەو چاوە تووشی شەوکێوێریی بێت کە بەرهەمی ئەوانە دەخوێنیتەوەو چەپڵەیان بۆ لێدەدات.
    … بڕوا بکە گەندەڵ وتی وەرنەدەرێ ، دەنا ، قورسە
    بەرخۆدان ناکەی ئەگەر تۆ، گەندەخۆریی مەتعەمت بوو
    کوردایەتیی قسەیش نییە ، بایەکە جار جار لێدەدرێ ..
    شوکری خوا بکە تاراوگە وەکو ماڵی ئەڕقەمت بوو …
    بەڵی ئەو هێلکە و ڕۆنە بۆگەنەو ئەو کییویە بڵە ڕزیوە هەموومانی توشی ئینتەلا کرد، هەمووانی تووشی مردنی لە ناکاو کرد، لە جیاتی خوێن.. میکرۆب بە شادەمارەکانماندا هاتوچۆ دەکات، نەخۆشەکان لە جیاتی دەرمان ژەهرخوارد دەبن، ساغەکان کە بەلای گۆڕستانەکاندا دەڕۆن بە دروشمی سەر کێلەکان مەست دەبن، نازانن سەرگوزشتەی نووستووەکانی ژێرخاك چییە؟ شەقامەکان دەبنە زوڵفی شەوێکی کپ کە چاوەڕوانی تەقینەوەیەك دەکەن، کە هەرگیز نایەت، هەرگیز ڕوونادات، وردەوردە نادانەکان زیاتر بەرگی کوردایەتی دەکەنە بەری تاوانەکانیان، مۆنۆمێنتی ئەنفالەکانیش دەکەنە شەرعیدان بە کردەوەکانیان، ملیارو پاڵاس و دەستەوتاقمەکانیان دەکەنە پاداشتی ئارەق ڕشتنی خەباتی کاولکاریی، لێرەدایە داناکان بوێرانە ئەم کەوڵەکۆنە وەلادەنێن و پیرۆزی ئەوانی دەکەن، ئەوانن کە هەموو بۆنە نیشتیمانییە کون و نوێکان لەسەر خۆیان تاپۆ دەکەن، ئەوانن کە ئەرزو ئاو و هەواو خەڵك و خاكی ئەو کاولستانە بە تاپۆی خۆیان دەزانن، ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر ئازادیەکان بەرتەسكتر دەبنەوەو دەچنەوەیەك، ئیدی چۆن بوێریی نەبێت؟ حاشا لە بوونێکی ساختەی خۆم نەکەم وەك بەندێکی دیوەخانی قاقای ناجۆری کوردایەتی، کە هەر بە قرخەقرخی ڕشانەوەی دەردەدارێکی سیل دەکات، کاتێك سەراپا بوونی سیس دەبێت وەکو دار بەڕوویەکی سووتاوی ڕووتەڵەی ژێر تۆپ بارانی شۆڕش.. چیدی توانای دەربڕینی نامێنێت و ڕۆژ دوای ڕۆژ پووچ و لاوازو سیس و سیستر دەبێت، تا ئاکام بەسەرخۆیدا دەنوشتێتەوەو وەکو قاڵبێك سەهۆڵی لێڵ دەتوێتەوەو خاکیش لەخۆی ناگرێت و دەینێرێت بۆ ناو مەنهۆڵی زێرابەکان.
    چەقەڵ دەک خەجاڵەت بی کە وا ئەم عالەمەت فەوتان
    لەبەر نەفعی خسووسی خۆت سەراسەر عالەمت خنکان
    ئەگەر بڕوا دەستی (بەندی) بەسەرتا سەرزلی ملپان
    ئەبێ ســمێڵت لەبن ببڕێ و ببیتە عیبرەتـــی دەوران
    عەداوەتی من لەگەڵ تــــــۆ، ڕقی ساڵانی پێشـــــینـمە
    *



(ژیان كورتە) مرۆڤ دوژمنی ڕاستییە، نەك درۆكان.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

مەرگەسات لە کورتی ژیاندا نییە، بەڵکە لە پرۆسیسەنەكردنی هونەری پێكەوەژیان و هاوگونجاندایە؛ هونەری پێكەوەژیان و هاوگونجان لە جیاوازی، پێش یەكسانییدایە؛ لە دووبارەبوونەوە، بەبێ هاوشێوەیی؛ لە بەردەوامی گۆڕان و سەیرورە و لە بیركردنەوە لەنێو ژیاندا، لە هونەری دژایەتی نوێنەرایەتیكردندایە… گرنگ ئەوە نییە كە گوتەزای ژیان كورتە بۆ (سێنێكا) و ژیان كورتە هونەر درێژە بۆ(هیپۆكرات) یان ڕەگ و ڕیشەی ئەو بیرۆكەیە لە فەلسەفەی كۆندا بدۆزینەوە… گرنگ ئەوەیە كە هیچ شتێک لە دەرەوەی مرۆڤدا نییە، لە دەرەوەی پرۆسیسەكردنی هونەری پێكەوەژیان و هاوگونجاندا نییە. مرۆڤ هەمان ئەو بوونەیە کە هەموو شتێک لەناویدایە، بەڵام تێگەیشتن بەپێی پێویستییەکانە نەک شکاندنیان؛ ژیان كورتە، بەڵام جوانی مانای قووڵی هەیە!
ژیان هەموو بوونە، بەشێکە لە ئاشكرایی خۆمان، هەستی پڕ سۆزی مرۆڤانەیە لە بوون بە بوون. ناشێ بەبێ مرۆڤ ژیان هەبێت، ژیان جوولەی جوانی و پڕۆسەی خۆبوونەوەی مرۆڤە. ژیان كورتە ساتەوەختێكی هونەرییە، ڕەگەتۆڕ (ڕیزۆم)ە هەوڵ دەدات (مرۆڤی ئارەزوو) بۆ ئەزموونکردنی بەرزترین ئاستی تاسەكردن بەرێت؛ هەموو شتێك شی بکاتەوە: چێژ، کار، بەكاربردن، پەیوەندییەکان، هونەر، تەنانەت ئازار و ناخۆشی…
ئێمە کاتێک ئارەزوو دەکەین، ئارەزووی شتانێک ناکەین هەمانن، بەڵكە ئارەزووی شتێک دەکەین کە نیمانە! لێرەدا چركەساتی تاسەی ژیان كورتە، ڕەگەتۆڕێكی پەرش و بڵاوە و بەپێچەوانەی درەخت پنتێکی دیارییکراوی نییە، بەو مانایە نییە كە مرۆڤ بە بوون قایلە یان قایل نییە؛ بەڵکە هەوڵ دەدات تاسەی ئەگەری كراوەی ژیان چڕ بکاتەوە، واتە دیاری نەكردنی ئەزموونەکان و بەرزکردنەوەی چڕیی ئەگەرە جیاوازەكان، تاوەکو ژیان بۆ هەستکردن بە جوانی ژیان بێ! لێرەوە پرسیار ئەوەیە ئایا پەیوەندی ڕەگەتۆڕی (دۆلۆزی و فیلێکس گواتاری) سەرچاوەی ئازارە یان چارە؟! دۆلۆز لە گفتوگۆ لەگەڵ ئارنو ڤیللانی دەڵێت: من بێز لە هەموو گلەیی و گازاندەیەک لە ژیان دەکەمەوە، بێز لە هەموو کلتوورێکی تراژیدی، واتە بێز لە هەموو دەروونپەرێشییەک دەکەمەوە.

بەشانۆکردنی ناتەواویی
وەك چۆن مرۆڤی دیجیتاڵی چەمکی (چڕکردنەوە)ی ژیان (زێدەژیان) و (ئەرێنی) وەك پڕۆژەیەک لە کاتدا دروست دەکاتەوە؛ مرۆڤی ئارەزووش ئەگەرەكانی خۆبوون و داهێنان و كرانەوە لە جیاوازی، پێش یەكسانی دروست دەکاتەوە. ئەگەر پێ لە ڕەسەنایەتیی چەمکی ئەگەرە جیاوازەكان سەبارەت بە مرۆڤی ئارەزوو و مرۆڤی دیجیتاڵی بنێین، یاخود پێی لێ نەنێین، ناچارین ددان بەوەدا بنێین كە هەمیشە ئەگەرە جیاوازەكانی تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی و ئەگەرە جیاوازەكانی خۆبوون و داهێنان، كۆمەڵێ ئەگەری پەیوەست و كراوەن؛ ئەوەش یەکەمین ڕاستیی بەڵگەنەویستە، ڕاستییەک کە کاریگەریی دڵنیایی (کۆجیتۆی درەخت)ی دیکارتی بەرانبەر (ڕەگەتۆڕی دۆلۆزی و گواتاری) پووچەڵدەکاتەوە و جەوهەری مرۆڤی بوێری دیجیتاڵی و مرۆڤی سەركێشی داهێنەر، لە دابڕانە مەعریفییە جیاوازەکانی (ئامرازی کات و ترێند/ كردەی كات و داهێنان)ەوە دەدۆزێنەوە؛ بەو مانایەش هێشتنەوەی ئارەزووەكان، دەرکەوتنی ئارەزووەكان چیدیكە تەنها لەڕێگای بەشانۆکردنیان لەشێوەی خەون یاخود خەیاڵ یاخود ئەفسانە و … هتددا نییە، بەڵكە ساتەوەختێكی سەركێشانەی سەیرورەی داهێنان و بوێرانەی دووبارەکردنەوەی ترێندی تەكنۆلۆژیایە، دەتوانرێت سەیرورەی داهێنان و دووبارەکردنەوەی ترێندی دیجیتاڵی لە هونەری جوانییدا گوزارشتیان لێبکرێت!
چیدی ئارەزووە چەپێنراوەكان، لە خەونی فرۆیدی بەدی ناهێنرێت؛ بەو مانایەش هەر لە فرۆیدەوە تا لاکان (کە تیۆرییەکی تایبەتمەندی داڕشت) تا میلانی کلاین… كە تێکڕایی بەشدارییەکانیان پەیوەستە بە چەمکی ئارەزووەوە، لە تامەزرۆییەک بۆ دەستلەملانێی تاریکیی لەگەڵ جەستەی دایکدا زیاتر نین، زیاتریش نابینن… بڕوانە كتێبی: ئارەزوو و فەلسەفە- سەرەتایەک بۆ خوێندنەوەی دۆلۆز و گواتاری- نووسینی: محەمەد ئایت حەننا، وەرگێڕانی: سامان عەلی، پێداچوونەوەی: شوان ئەحمەد… لێرەوە دۆلۆز دەڵێ جێی خۆیەتی ئەوە وەبیربهێنینەوە کە دۆزینەوەی نەست لای فرۆید، پەیوەندییەکی تووندوتۆڵی بە پرسی شانۆ و پرسی بوونی سەکۆکەی ترەوە هەبووە، ئەو سەکۆیەی کە دەروونشیکاریی ئەرکی پەیبردن بە ڕاز و نهێنییەکانی و دەرخستنی ئەوەی کە لە سەری دەستنیشان دەبێت، لە ئەستۆی خۆی گرت. وەك چۆن لە تەكنۆلۆژیا و دووبارەکردنەوە ترێندی دیجیتاڵدا دەشێ بڵێین ئەرکی پەیبردن بە خێراترین و زۆرترین زانیاری ئەرێنی و جوانی و نەرمی هەستبزوێن… جگە لە زۆرترین بڵاوبوونەوە هیچیتر نیین.
داهێنان و سەیرورە، ئەو نەستەی دۆلۆز و گواتاری دایانڕشتووە، (بوون بە) و نەستێکی بەرهەمهێنە… دووبارە سەبارەت بە ئەگەرە جیاواز و كراوەكانی ژیان كورتە و هونەر درێژە، كـتێبە بەناوبانگەكەی (تريستان غارسيا -الحياة المكثفة- ترجمة: صلاح بن عياد) ڕۆناكی دەخاتە سەر بەشێك لەو چەمكانەی كە تێیدا ژیان دەبێتە پێشبڕکێیەکی خێرا بەرەو ئەزموون و هەست و سۆزی زێتر و زێتر و ئەگەری دیكەی كراوە و جیاواز، بەڵام پێش یەكسانی و دووبارەبوونەوەی هاوشێوە (كۆپیكردنەوە) و زانیاری كۆكراوە و كۆگاكراو…
لەو كتێبەدا تریستان گارسیا (چڕکردنەوە) بە ئارەزووی بەهێزتر و پڕترکردنی ئەزموون پێناسە دەکات، چونكە ئامانج تەنها ژیانکردن نییە، بەڵكە زێدەژیانە، ژیانێکی جوانتر، دووبارەبوونەوە بەبێ هاوشێوەیی… هەموو ئەو چەمكانە بیركردنەوەی مرۆڤ لە گەڕان بەدوای واتادا بۆ گەڕان بەدوای چڕییدا دەگۆڕێت! بۆیە ئەمڕۆ مرۆڤی مۆدێرن سەركێش و بوێرانەتر ئایدیاكانی خۆی لەبارەی زێدەییەكان و بەكاربردن و ئەرێنی و… لەبارەی خەمی کات و جوانی و ئەزموون و نەرێنی دەردەبڕێت.
كەواتە ژیان كورتە، پەیوەندی بە خێراتربوونی کاتی گۆڕانكارییەكانی سەردەمەوە هەیە: تەكنۆلۆژیا، ڕاگەیاندن، و شێوازەکانی بەکاربردن و زێدەییەكان… هەموو ئەوانە ژیانێکی خێرا بەسەر مرۆڤدا دەسەپێنن و پاڵی پێوە دەنێن بۆ ئەزموونکردنی زۆرترین ژمارەی ساتەکان. بەم شێوەیە ژیان دەبێتە کۆکردنەوەی ئەزموونە سەركێشەکانی هونەری جوانی داهێنان و کۆکردنەوەی خێرای بوێرییەكانی هونەری جوانی هاشتاگ و ترێند… لەوەی بونیادێکی یەکگرتوو بێت بۆ ناسنامە. بە كورتی ژیان دەبێتە کۆکردنەوەی زێدەییەكان… هەمیشە مرۆڤ دوژمنی ڕاستییە نەك درۆكان! ژیان كورتە، ناچارنیین لە درۆكاندا بمرن؛ كات كورتە، پێویستە بە هۆشیارییەوە بژیین.

شتێكـ كە نەمكوژی بەهێزترم دەكات. (نیچە)
نەست ماشێنی ئارەزووە، ماشێنێکە لەڕێگای دروستکردنی بڕێک ڕێکخستن و ڕیزبەندیی دیاریکراو لەگەڵ هەندێک ماشێنی تردا ئارەزوو بەرهەمدەهێنێت (ڕەنگە من و ئەندامەكانی جەستەی من لە پشتەوە بە نهێنی ڕێك بكەوین.) كەواتە ئەگەرەكان بەرمەبنای میتۆدێکی جیاواز دادەمەزرێن کە میتۆدی (نەخشە)یە، لەنێوان نەخشە و ڕەگەتۆڕدا، بڕێک پەیوەندیی دۆستانە هەن، چونکە نەخشە هەموو نموونە یاخود شێوەیەکی ئامادە ڕەتدەكاتەوە کە کۆپی دەکرێت و بە چەشنێکی ناکۆتا بەرهەمدەهێنێتەوە. ڕەنگە پەیوەندی دۆستانەی نەخشە و ڕەگەتۆڕ هەمان دۆستایەتیی بێت کە (کۆپی) و (درەخت) پێکەوە کۆدەکاتەوە. ئەمەش لەو ڕووەوە کە هەمیشە (کۆپی) وەك (درەخت) بۆ یەک ڕەگمان دەگەڕێنێتەوە، ئەو شیزۆشیكارییە دۆلۆزییە وشەکانی: هەماهەنگکردن، ڕێکخستن، ڕەگەتۆڕ، نەخشە، جۆگەی دەربازبوون… تەنها وەك شییان و توانای واتا و بۆشایی نیشان نادەن؛ بەڵكە وەك كۆمەڵێ ئەگەری جیاواز و كراوە نیشانیان دەدەن كە دەشێ هەر کەسە بە بونیادی تایبەتی خۆی پڕیبکاتەوە.
(شتێكـ كە نەمكوژی بەهێزترم دەكات) ئەو چڕکردنەوەیە، ئەو دژایەتی نوێنەرایەتیكردنە هەستێکی ئازادی و کرانەوە بە مرۆڤ دەبەخشێت، بەڵام وابەستەییەکی شاراوەش دروست دەکات: تاک هەمیشە داوای لێ دەکرێت کە بە شێوەیەکی (زێتر) بژی، وەک ئەوەی ئارامی و هێواشی بەهاکانیان لەدەست دابێت. لێرەدا ناکۆکییەک دەردەکەوێت: زێدەئازادی دەگۆڕێت بۆ گوشارێکی قورس، ئەو گوشارەی كە نیچە لەبارەیانەوە دەڵێ مایەی ناسینی خودن. بە مانایەكی دیكە ئەگەرچی چەمکی (شیزۆشیکاریی دۆلۆزی) بە گەرمی پێشوازیی لە ئەزموونی شیزۆفرینی دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گوزارشت لە خواستێکی ئانارشیستانەی هاوشێوەی ئەو خواستانە ناکات کە بانگەشە و داوای شکاندنی هەموو ڕێساکان و چوونە ئامێزی ئەزموونی دێوانەیین.
كەواتە بۆ ئەوەی مرۆڤ بە زیندوویی بمێنیتەوە زێدەییەكان و فشار گرنگە… فرۆید و برۆیەر بۆ چارەسەری نەخۆشەكانیان هەوڵی ئەوەیاندەدا كە فشاری سەر نەخۆشەكان لەڕێگای (خەوتنی موگناتیسی) یان (بەقسەهێنانی ئازاد) كەم بكەنەوە. بەڵام نیچە بۆ بەردەوامی گۆڕان و سەیرورە پێچەوانەكەی بەرجەستە كرد؛ سەیرورەی داهێنان بە زێدەییەكان ناپێورێت، بە گۆڕانی فشارەكانەوە بەندە.

چڕکردنەوەی هەستەکان
زێدەییەكان، فشارەكان فەرمانڕەوایی مرۆڤ دەكەن، یان پیری شێتی دەكات؟! لەگەڵ هەموو ئەوانەدا لە كۆتاییدا مرۆڤ عەشقی حەز و ئارەزووەكانی خۆیەتی، حەز و ئارەزووییەك کە بەدەستی نەهێناوە، بۆیە بیر لە زێدەییەكان، چڕکردنەوەی هەستەکان و فشارەكان، بیر لە زێدەخۆشەویستیی بۆ ئازار دەكاتەوە، بیر لە هاوڕێیەتی ڤیساگۆرسی دەكاتەوە، چونكە عەشقی حەز و ئارەزووە بەدینەهاتووەكانی خۆیەتی، بەدوای هارمۆنییەتی ژیانەوەیە.
بیر لە هاوڕێیەتی ڤیساگۆرسی لە یەكبوونی ڕۆح و هاوسەنگی و هاوبەشبوون دەكاتەوە، یان پەیوەندییەکی چڕ و كراوە و جیاواز، هاوسەنگی ئارەزووەكانی، هاوسەنگی بەختیاری و ئازادی، پیری و زێدەژیان، هاوسەنگی ڕابردوو- زەمەنێ كە نابێ لێی دوور بین و زەمەنێك كە لە ئازیزترین كەسەكانی خۆمان ڕادەكەین… هەموو ئەوانە دەشێ دۆزینەوەی بوارێک بێ لە لۆژیکێكی كراوە، لۆژیكی چڕکردنەوەی هەستەكان، لۆژیكی دژایەتی نوێنەرایەتیكردن، هەست و سۆزە مرۆییە سەرەکییەکان: هاوژیانی و یەكتر قبووڵكردن و جیاوازی و خۆشەویستی… چڕكردنەوەی هەستەكان چیتر تەنها پەیوەندییە سنووردارەكان نین، بەڵکە تاقیکردنەوەی ئەگەرە كراوەكانی ژیان لووتکەی جوانی ژیانە. ژیان كورتە، هەمیشە مرۆڤ لە سەركێشی و بوێرییەكی بەردەوامدا دەهێڵێتەوە، چونکە ناتوانێت لە دەرەوەی ماشێنەکانی ئارەزوو/ ماشێنە بەرهەمهێنەکان بە درەختی دیكارتی و ڕەگەتۆڕی دۆلۆزی و گواتاری و بنبەستبوونی میتافیزیكی یان ساویلكەیی قایل بین.
کەواتە ژیان داهێنانی جوانییە، چیدیكە نە مرۆڤ و نە سروشت ماوە؛ بەڵكە تەنها ڕەوتێک ماوە یەکێکیان لەناو ئەویتریاندا جوانی بەرهەمدەهێنێتەوە و ماشێنەکانیان ئاوێتە دەکات. لە ڕاستیدا ژیان تەنها وەکو ڕەوتێکی بەرهەمهێنان واتە: بەرهەمهێنان/دابەشکردن/بەکاربردن دەگوزەرێت. تریستان گارسیا لە كتێبەكەیدا (ژیانی چڕ: خەمی مرۆڤی مۆدێرن) پرسیارێکی بوونیی قووڵ دەوروژێنێت: ئایا مرۆڤ دەتوانێت لەم خەمە ڕزگاری بێت بەبێ ئەوەی هەست بە بەتاڵی و تەنیایی بکات؟!
ژیان كورتە، ڕستەیەكی چڕە لە هونەرەكەی هیپۆكراتدا زێدەییەكان دەگرێ. دیارترین تایبەتمەندییەکانی مرۆڤی مۆدێرن هونەری جوانیی و جوانی هونەرییە. بەو مانایەی كە خەمی چڕکردنەوەی بوون و ئەزموونکردنی داهێنان بەرزترین ئاستی ژیان دەنەخشێنێت؛ وەك چۆن ناکۆکییەکی سەرەکی دەوروژێنێت: زێدەییەكان، بەكاربردن، ئەرێنی و ژیانی بێ حەسانەوە… ژیان كورتە، ڕێگا بۆ پرسیارکردنی هونەری جۆراوجۆر دەخاتەڕوو، لەوانەش: ئایا مرۆڤ دەتوانێت هاوسەنگییەک لەنێوان دەوڵەمەندیی ئەزموون و ئارامیی بووندا بدۆزێتەوە؟.

هەولێر 23/1/2026
عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا




شانۆی ژوور.. زاهیر عەبەڕەش

بە گوێرەی ئینسکلۆپێدیای نیشتیمانی، شانۆی ژوور chamber play بریتیە لە شانۆیەکی بچووک، کەشانۆی تێدا نمایش بکرێت، شانۆییەکە لە ئەکتەری کەم پێک هاتووە و هەروەها بینەرێکی کەم بەشداری بینینی نمایشەکە دەکەن. دیکۆرێکی زۆر کەمی هەیە، ئەم جۆرە شانۆیە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە سوید و ئەڵمانیا پەیدابوو.
بە کورتی ئەمە بە واتایی، ژمارەی ئەکتەرەکان کەمن کە ڕۆڵ دەبینن/ هەڵبژارنی شوێنێکی بچوک بۆ نمایش یان چالاکیەکە هونەرییەکە/ هیچ دیکۆر و سینۆگرافیایەک و تەکنیکێکی زۆر بەکار نایەت/ فۆکەس لە سەر دەق و پەیوەدنی بینەرو ئەکتەرە/ لەسەر بناغەی دیالۆگ و هەست و سۆزە جیاوەزەکان بنیات نراوە.
لەم پێناسەیەدا بۆمان دەردەکەوێت کە شانۆی ژووە دیقەتی قوڵی لەسەر مرۆڤە، مرۆڤ لە ناوەندایە، نەک دەنگ، ڕووناکی و کاریگەرییە سەرنج ڕاکێشەکانی سەر تەختەی شانۆ.
ئینسایکلۆپیدیای ئازادیش بەم شێوەیە پێناسەی شانۆ ژوور دەکات : شانۆی ژوور، شێوازێکە بۆ گونجاندنی بەرهەمە ئەدەبییەکان لەگەڵ شانۆ بە بەکارهێنانی زۆرترین ڕێژەی دەقی ڕەسەنی بەرهەمەکە و لەو شوێنە بچوکەی بۆی پێشنیارکراوە.
زاراوەی شانۆی ژوور لە ڕووی مێژووییەوە لە میتافۆری مۆسیقای ژوورەوە هاتووە کە تیایدا ئەنسەمبڵێکی بچووک لە ژوورێکدا پرۆڤەیان دەکرد، پەیوەندیەکەی هاودەمی و ئەزموونێکی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ یەکتر هەبوو ، هەندێک جاریش نمایشی بچوکیان دەکرد، ئەم جۆرە هاودەمی و نزیکیە لە موسیقاوە گواسترایەوە بۆ شانۆ بۆ ئەوەی نزیکایەتییەکی هاوشێوە لە نێوان ئەکتەرەکان و بینەردا دروست بکات.
لە هەندێ وەسفی پێناسەی تردا ئینگلیزەکان بۆ خۆیان کردویانە ، دەڵێن شانۆی ژوور ڕێگایەکە بۆ گونجاندنی بەرهەمە ئەدەبییەکان لەگەڵ شانۆدا. بە شێوەیەکی تر شیاکاری بۆبکەین واتە بەشێکی زۆری دەقە ڕەسەنەکەی نووسەر ماوەتەوە کە نووسیوێتی. واتای ژمارەیەکی کەمی ئەکتەر و نزیکی لە بینەر ئەبێتە هۆی کە ئەکتەر یان گێرەرەوە دەبێتە بەشێک لە ڕووداوەکان ( پلۆت). ئەگەر بە شێوەیەکی تر شیاکاری بۆ ئەم پێناسەیە بکەین واتە بەشێکی زۆری دەقە ڕەسەنەکە نووسراوەکەی نووسەر ماوەتەوە. کاتێکیش تەرکیز لەسەر دەق و پەیوەندیەکانە، ئەکتەریش لە بینەر نزیک دەبێتەوە و هاودەمییەک دروست دەبێت، لەم حاڵەتەدایە دیالۆگەکان و هەست و سۆزە جۆراوجۆرەکان دەبنە ناوەند. ئینتیما کردارێکی چڕ و سەرنجە قوڵەکەیەتی.
ئەم فۆرمە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا سەریهەڵدا، بە کاریگەرییەکانی دیداکتیکی شانۆ و تیۆری هونەرە نمایشییەکان، کە گێڕانەوە دەبێتە بەشێک لە نمایشی شانۆیی. لە هەندێک وڵات بە نموونە ئەمریکا لە پراکتیکدا زاراوەی شانۆی ژوور وەک مۆدێلێکی فێستیڤاڵ/ بەرهەمهێنان بۆ نمایشکردنی دەقە کلاسیکییەکان بە شێوەیەکی کەسی و هاودەمی و ئینتیمی و بینەری بەشدار بەکاردەهێنن، بە گرنگیدان بە چیرۆک گێرانەوە لە نزیک بینەرەوە، نەک کاریگەرییە گەورەکانی شانۆ دەوڵەتیە گەورەکان.


مینیمالیسم (Minimalist)

لە مێژووی ئەدەبیات و هونەر، زۆر شێواز و ڕەنگ و میتۆدی جیا هەن کە هەریەکەیان هەوڵی خۆیان هەیە بۆ تێگەیشتن و پیشاندانی مرۆڤ و جیهان. یەکێک لە ئەو شێوازانەی کە لە سەدەی بیستەوە زۆر گرنگی پێدرا، مینیمالیسمە، ئەم شێوازە بە شێوەیەکی دیار لە ئەدەبیات و شانۆدا دەرکەوت، مینامالیزم هەوڵ دەدات بە کەمترین توخم، قووڵترین واتا بگەیەنێت. مینیمالیسم تەنها فۆرمێکی ڕوکەش نییە، بەڵکو شێوازێکی بیرکردنەوە و بینینی جیهانە و ڕێگایەکە بۆ تێگەیشتن لە دۆخی مرۆڤ لە سنورێکی دیاریکرا و نزیکایەتی و هاودەمیدا. لێرەدا دەتوانین بڵێین:مینیمالیستی واتا ساده‌کردنەوە تا سنووری پێویست، بە شێوەیەک کە هەموو شتێکی زیاد، ڕازاندنەوەی زۆر، یان وردەکاری ناپێویست لابدرێت.

مینیمالیسم لە ئەدەبیاتدا:
ئێمە نەک تەنها شانۆی مینیمالیزم یان مینیمالیزمان لە شانۆدا هەیە، بەڵکو مینیمالیزم لە ئەدەبیاتیشدا هەیە کە بریتییە لە شێوازی نووسینێک کە تێیدا نووسەر هەوڵ بدات، کەمترین وشە بەکاربهێنێت، بۆ گەیاندنی قووڵترین واتا. خاسیەتەکانیشی بریتیە لە، بەکارهێنانی ڕستەی کورت و ڕاستەوخۆ، وەسف و ڕازاندنەوە بەشێویەکی زۆر کەم هەبێت، نەوتنەوەی وردەکاری زۆر، خوێنەر خۆی واتاکان تەواو دەکات، نووسەر هەموو شتێک ڕوون ناکاتەوە بەڵکو بەشێک لە واتا بەجێدەهێڵرێت بۆ خوێنەر. زۆر جار لە ئەدبیاتی مینیمالیزم هەندێک شتی کەم دەوترێت بەڵام هەستەکان زۆر قوڵن.

پەیوەندیی مینیمالیسم بە شانۆی ژوور (Kammarteater)
ئەگەر لە پێناسەی شانۆی ژووردا پێ لەوە دابگیرێت کە ژینگەیەکی پێشنیارکراوی مینیمالیستی Minimalist هەبێت ئەی مینیمالیزم چییە؟ لە کورترین پێناسەیدا مەبەست: تەرکیزکردنە لەسەر ئەوەی کە بەها بۆ ژیان زیاد دەکات و لابردنی ئەوەی تر. لە مانا گشتی و گەورەکەی شانۆدا دەتوانینن بەم شێوەیە ڕیز بەندی بکەین. کاتێک دەڵێین شانۆی مینیمالیستی، مینیمالیسم لە ئەدەبیات و شانۆدا شێوازێکە بۆ گوتنی زۆر شت بە کەمترین توخم. شانۆی ژوور خۆی لە بنەڕەتدا مینیمالیستییە، لەبەر ئەوەی کە شانۆی ژوور:
ــ شوێنی نیشاندانی بچووکە.

  • هەموو وشەیەک بە ڕوونی دەبیسترێت
  • هەموو زۆرگوتنێک زۆر زوو بەدیار دەکەوێت
    *هەموو قسەیەکی ناپێویست کاریگەری دروست دەکات
    ــ ژمارەی ئەکتەرەکان کەمن.
    ــ دیکۆر زۆر کەم و سنووردارە.
    ــ نێوانی ئەکتەرو بینەر زۆر نزیکە.
    *بینەر هەمووی وردەکاری دەنگ ، هەناسە هەموو ئێفێکتێک دەبیستێت
    لەبەر ئەمە، شانۆی ژوور پێویستی بە:
    ــ کرداری قوڵ هەیە
    ــ هەست و سۆز
    ــ زمانێکی چڕ و مانا دار
    ــ بێدەنگی لە نێوان دیالۆژەکاندا، بێدەنگی دەبێت بە بەشێک لە نمایشەکە.
    ــ لە مینیمالیستیەکەی شانۆی ژووردا هەموو جوڵەیەک مانادارە.
    لە شانۆنامەکانی ستریندبێرگ کە تایبەتە بە شانۆی ژوور، توێژینەوەیەکی دەروون شیکاریە لە نمایشەکانیدا.
    لای تادیۆس ڕۆزڤێچی پۆلۆنی پیشاندانی هەستەکانی دوای جەنگە.(١)
    مینیمالیسم لێرەدا دەبێت بە ئامرازێک بۆتوێژینەوەی دەروونی کاراکتەر وپیشاندانی پارچە تیکشکێنراوەکانی مرۆڤ.
    ــ بەکارهێنانی کەمترین توخم.
    ــ سادەیی لە شێوە، زمان.
    ــ گرنگی دان بە ناوەڕۆک نەک ڕازاندنەوەی دیکۆر و سینۆگرافیا و جل و بەرگ
    ــ ژمارەی ئەکتەرکان کەمە.
    ــ دیکۆر زۆر سادەیە (هەندێجار تەنها کورسیەکە)
    ــ زمان کورت و ڕاستەوخۆیە.
    ــ بێدەنگی و وەستان (صمت) گرنگن.
    ــ سەرنج لەسەر دۆخی دەروونی و بیرکردنەوەی کاراکتەرە.
    ــ هەموو شتێک بۆ ئەوەیە بینەر بیر بکاتەوە، نە بۆ سەرسامکردنی چاو

شانۆی ئەبسورد:
شانۆی ئەبسورد وەڵامدانەوەیەک بو بۆ سیستەمی بەها فیکری و جوانیناسییەکان و کە لە دوای دەرئەنجامە کارەساتبارەکانی دوو جەنگی جیهانی لە ئەوروپای ڕۆژئاوادا، لە پاڵیدا چەمکی شانۆی ژوور وەک شۆڕشێک و هەوڵێکی نوێ و ڕژد (جددی) بوو بۆ گۆڕین و پەرەپێدانی چەمکی نەریتی شانۆ. کە دەکرێت بڵێن لە سەدەی بیستەمدا زیاتر ئەم چەمک و زاروەیە سەریهەڵدا. شانۆی ئەبسورد بزووتنەوەیەکی دراماتیکیی و ژانرێکی شانۆیی دوای جەنگی جیهانی دووەهەمە کە لە ساڵانی (چلەکان- شەستەکان) کە لە ڕێگەی دیمەن و گرێی نالۆژیکی و دیالۆگی بێمانا و کارەکتەرەکانی گیریخواردوو لە بارودۆخی بێهودەیدا، بێمانایی و ئاژاوەگێڕییەکانی بوونی مرۆڤ نیشان دەدات، ژانرێکی شانۆییە کە بەدواداچوون بۆ بوونگەرایی و بارودۆخی مرۆڤ دەکات. لەو بیرۆکە و بیر و باوەڕە دەکۆڵێتەوە، کە ژیان یان ئامانج بۆ خۆی مانایەکی سروشتی نییە. زۆر جار بەرەوپێشچونی دیمەنەکان و کارەکتەرەکان شوێن و ئاراستە واقعییەکان ڕەتدەکاتەوە. هەندێک جاریش لەو شوێنە کۆتایی دێت کە دەستی پێکردووە. ئەمیان بێکت لە شانۆیی بەدەم چاوەڕوانی گۆدۆوە ئاماژەی پێ دەدات. جەخت لەسەر بێهودەییەکەی دەکاتەوە، هەندێک جار وشەی کلێشە و دووبارە بەکار دەهێنێت کە ئاماژەیە بۆ شوێن و سوڕانەوەیان لە نائومێدی.
لە شانۆی ئابسورددا، زۆرجار بەستراوەتەوە بە بیرۆکەکانی بوونگەراییەوە، بەتایبەتی لە بەرهەمەکانی ئەلبێرت کامۆدا. ئەم فۆرمەی شانۆ، ژیان وەک بێمانا و نالۆژیکی و دووبارەبوو نیشان دەدات. لەبەر ئەوە ڕووداوەکان چارەسەری ڕوونیان نییە. کارەکتەرەکان ناتوانن بە تەواوی لە یەکتری تێبگەن. زمان توانا و ئەرکی خۆی لەدەست دەدات بۆ دروستکردنی پەیوەندی ڕاستەقینە.

شانۆنامەنووسانی وەک ساموێل بێکێت، یوجین ئیۆنێسکۆ و جان جینێت بە نوێنەری ناوەندی ئەم نەریتە شانۆییە دادەنرێت.
ئەبسورد تیشک دەخاتە سەر تێکچوننی پەیوەندیەکان، کە ئەم خاڵەیان مرۆژک زۆر جەختی لەسەر دەکاتەوە لە تێکستەکانیدا. یەکێک لەتەوەرە گرنگەکان تەوەری بوونە، کە سەرنج دەخاتە سەر گۆشەگیری و بێهودەیی و ململانێ بۆ دۆزینەوەی مانا. ئەم تەوژمە کاریگەری لەسەر شانۆی ئەزموونی هەبووە. نووسەرانی سەرەتای ئەم تەوژمە پیش ئەوە نووسەرێکی شانۆیی یان ئەدەبی بن، فەیلەسوف بوون. شانۆش کورترین و باشترین ڕێگا بوو بۆ گوزارشت کردن لە خەیاڵ و فکر و ئەندێشەکانیان، کە وای لە بینەرانی کرد کە واقیع و هونەری نەریتی بخەنە ژێر پرسیارەوە، کە بەدواداچوون بۆ بوونگەرایی و بارودۆخی مرۆڤ دەکات
مینیمالیسم و ئابسوردیسم.
هەرچەندە مینیمالیسم و ئابسوردیسم هەردووکیان لە سەدەی بیستەمدا بڵاوبوونەوە، بەڵام بیرۆکە و ئامانجیان جیاوازە.
مینیمالیسم هەوڵ دەدات مانا بسەلمێنێت، بەڵام بەکەمترین شێوە، لە دیالۆگ و دوورکەوتنەوە لە وەسف، دوورکەوتنەوە لە زیادە ڕەوی. لەبەرامبەردا ئابسوردیسم جیهان و ژیان وەک شتێکی بێمانا، بێ‌ لۆژیک پێشان دەدات.
و ڕووداوەکان دووبارە دەبنەوە بەبێ گۆڕان. هەندێك جاریش زۆر قسە کردن بۆ پیشاندانی بێ مانایەتی ژیانە. جووڵە و کردار لە شانۆی ئەبسورددا زۆر جار دووبارە دەبنەوە و ئەنجامیان نییە. بێدەنگی، وەک توخمێکی مینیمالیستی دەبێت بە بەشێکی گرنگ لە شانۆکەدا. لە مینیمالیزم و ئەبسوردیسمدا بێدەنگی ئەو شتانە دەڵێت کە زمان ناتوانێت بیڵێت.
دیکۆر هەم لە شانۆی ئەبسورددا هەم لە مینیمالیزمدا زۆر سادەیە. بۆ نموونە لە فەزای شانۆکەدا، شتەکان کەم دەبێتەوە، بۆنموونە پیشاندانی دارێک یان کورسییەک ئەوە جیهانێکی بێ‌کات و بێ شوێن پیشان دەدات. ئەم مینیمالیسمە یارمەتیدەرە بۆ گواستنەوەی سەرنجی بینەر بۆ ناو هەست و بیرکردنەوە.
زمانیش لە شانۆی ئەبسورددا بە شێوەی مینیمالیستی بەکاردێت، گفتوگۆکان، کورتن و زۆرجاردووبارە دەبنەوە و واتای ئاشکرایان نییە، ناتوانن پەیوەندییەکی ڕاستەقینە دروست بکەن. لە شانۆیی بەدەم چاوەڕوانی گۆدۆی بێکتەوە، زمان دەبێت بە نیشانەی شکستی پەیوەندیی مرۆڤ. لێرەدا، مینیمالیسمی زمان واتا کەم‌ قسە نییە بۆ مانا، بەڵکو قسەی کەم ‌مانایە بۆ نیشاندانی بێمانایی.
هەرچەندە، ئەبسوردیزم و مینیمالیزم هەردووکیان نزیکایەتیکەی زۆریان هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا جیاوازییەکی تەواو ڕوونیشیان هەیە، چونکێ، مینیمالیزیزم پەیوەندی بەوەوە هەیە چۆن دەنووسرێت، چۆن کار دەکرێت، دەتوانین بڵێین شێوازە.
بەڵام ئەبسوردیزم پەیوەندی بەوەوە هەیە کە چێ دەوترێت واتە، ناوەڕۆک و فەلسەفەیە. ئەو پەیوەندییە تووند و تۆڵەی ئەبسورد و مینامالیزم کە پێکەوە گرێیان دەداتەوە ئەوەیە کە شانۆییەکی ئەبسورد ئەوەیە کە زۆر جار شانۆی ئەبسورد بە شێوازی مینیمالیستی نووسراوە. شێوازی نووسین مینیمالیستیە. بەڵام هەموو مینیمالیسمێک ئەبسورد نییە، و هەموو ئەبسوردێکیش پێویست ناکات مینیمالیستی بێت.

دەرئەنجام: شانۆی ژوور پێویستی بە زمانێکی کەم، قووڵیی دەروونی، و هەست وبێدەنگی هەیە، چونکە دراماکە لەسەر ڕازاندنەوەی ڕوکاری دەرەوە دانامەزرێت، بەڵکو لەسەر ژیانی ناوخۆی مرۆڤ و نزیکبوونی توندی نێوان ئەکتەر و بینەر دادەمەزرێت. مینیمالیسم شێوازێکە کە مرۆڤ ناچار دەکات بۆ وردبینی، بۆ گوێگرتن لە بێدەنگی و بۆ تێگەیشتن لە شتانی نەنوسراو و نەوتراو.
(١) تادێوس ڕۆزێڤیچ Tadeusz Różewicz (9211 ــ 2014) یەکێک بوو لە بەناوبانگترین شانۆنامەنووسانی سەدەی بیستەمی پۆڵەندا، بە زمانی مینیمالیستی، ئەدەبی بوونگەرایی دوای جەنگ ناسراوە، ئەزموونەکانی شەڕیش کاریگەرییان لەسەر تەواوی نووسینەکانی هەبووە. ئەو پێی وابوو زمان دوای جەنگ زیانێکی زۆری پێگەیشتووە و چیتر ناتوانێت هەڵگری ئایدیالی گەورە بێت
(٢) ئەوگوست ستریندبێرگ August Strindberg (1849–1912) لە سوید لەدایک بووە، یەکێکە لە گرنگترین و کاریگەرترین شانۆنووسانی ئەورووپای سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەم. یەکێک لەو نووسەرانەیە کە بەردەوام شێوازی نووسینی خۆی دەگۆڕی، لە شاڵی ١٩٠٧ چوار تێکستی بۆ شانۆی ژوور نووسی لە ساڵانی ١٩٠٧ تا ١٩١٠ . پرسی مرۆڤ، پەیوەندی ژن و پیاوکێشە دەروونیاکان لە بەرهەمەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە.

زاهیر عەبەڕەش




کورتەچیرۆک: تەڕەخەون.. نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

لە کونجی ژوورە تاریکەکەوە، لەتەنیشت دایکە ماندووەکەی پاڵ کەوتبوو. ئەوە سێ چوار شەوە خەو بە چاوانیدا گوزەر ناکات! لەوەتەی هاوەڵەکەی بە تەقینەوەی ئەو قەمەرەیە، لەپێش چاوەکانی خۆی هەلا هەلا بووە، ئەم بەستەزمانە نە بە شەوان خەوی هەیە، نە بە ڕۆژان. لەم ڕۆژەوە، هەر قەمەرەیەک، هەر تەنێکی نامۆ، ترسێکە، مۆتەکەیەکە، هەترەش چوونێکە!
خۆ هەر نەیدەوێرا چاوانی خۆی پێوەبدات. هەر کە خەو خۆی دەگەیاندە بەر چاوانی، شەقێک، نوقرچێک، گازێکی لە خۆی دەگرت. ئاخر چۆن بخەوێت، هەر دوێنێ ئێوارە، کە لە فێرگەکە دەگەڕایەوە، سەرنجی دابوو قەمەرەیەک لەبەردەم دەرگایان ڕایگرتبوو! چۆن ئارام ببێت، ڕەنگە ئەم قەمەرەیەش وەک ئەوەی ئەم ڕۆژە، ئێستا نا ئێستا گرمە بکات و بتەقێتەوە.
لەوەتەی ئەم داعشانە هاتوونەتەوە ئەم ناوە و سەنگەریان لە دەوروبەری شاردا لێداوە، هەر قەمەرەیە و دەتەقێتەوە، هەر تەنەکەیە و گرمەی دێت و بە ئاسمانان دەکەوێت. ڕۆژ نییە منداڵێک، بەستەزمانێک، ڕێبوارێک لە خوتوخۆڕایی هەپڕوون بە هەپڕوون نەبێت.
دەم نا دەمێک سەری لەژێر لێفەکە دەردەهێنا، تا دڵنیا ببێتەوە کە دایکی هێشتا لەپاڵیەتی و ژوورەکەی بەجێ نەهێشتووە، یەکە بە یەکە هەناسەکانی خۆی دەژمارد و وەکوو دێوانە چاولەڕێی یەکەم پڕشنگی هەتاو بوو. ئای بۆ ئەو کاتەی خۆر بە تاقی ئاسمانەوەیە و ئەمیش لەم بەندییەی ڕزگاری دەبێت، بەندیی دەستی ترسی خۆیەتی، بەندیی دڵەڕاوکێیی و مۆتەکەکانییەتی.
خۆ ئەم سەرماوسۆڵە، ئەم زستانە شوومە، ئەوەندەی تر بارەکەی خراپ کردووە! هەر چرکەیەک تێدەپەڕێت، ئەوەندەی تر تەنگاو دەبێت، دوو هێندەی تریش میزڵدانی پڕ دەبێت! بەڵام چۆن خۆی بگەیەنێتە ئاودەستەکە، لە بەدبەختیان، ئاودەستەکە لە حەسارەکەی پێشەوەیە، ڕێک لەپێش ئەو دیوارەی کە قەمەرە شوومەکەی لەپشت ڕاوەستاوە.
بریا هەر ئەو قەمەرە بووایە، ئاودەستەکە پەنجا و سێ هەنگاوی ڕێک لە ژووری نووستنەکەیەوە دوورە، هیچ گومانی نییە، دوێنێ چوار جاران هەنگاوەکانی خۆی ژماردبوو، ئاخر چۆن بەم تاریکییە ئەو پەنجا و سێ هەنگاوە بنێت! هەر یەکێک لە ئەستێرەکان، دەکرێت ساچمەی تەقینەوەیەک، سووتماکی تۆپ و هاوەنێک بێت! ڕەنگە پردی سیڕاتیش ئاوا تژی نەبێت بە مەرگ!
جریوەی چۆلەکەکەی نێو کاتژمێرەکە سەرنجی ئەوی بۆ لای خۆی ڕاکێشا! یەک، دوو، سێ جاران جریواندی! سێ جاران! دەبێت کات سێی شەو بێت! هێشتا دوو کاژێر و بیست و حەوت خولەکی تر ماوە بۆ یەکەم پڕشنگ، هێشتا دوو کاژێر و بیست و حەوت خولەک ماوە تا دووبارە خۆر بە ڕووزەردی هەڵبێت و بکەوێتە کێوان! ئای بۆ ئەو کاتەی خۆر هەڵدەهات، ئای بۆ ئەو کاتەی ئەم دێوەزمەیەی ئەم شەوەش ڕەت دەبێت!
هەر شەوێکی مردنێکە، هەر خشپەیەک سێدارەیەک! ئای ئەگەر ئەمجارەش خۆری لێ هەڵدەهات، یەکپێ بەرەو ئاودەستەکە بازی دەدا و میزڵدانی خۆی خاڵیی دەکردەوە! ئێ بۆ، بۆ دەبێت هەموو شەوان، بە هەمان شێوە، بە هەمان ترس و لەرزەوە، تامەزرۆی بەیانی بێت!؟ ئای شەو، ئای تاریکی چەندە ترسناکی، چەندە قێزەونی!
چاوانی ماندوو ببوون، تا دەهات خەو زیاتری بۆ دەهێنا. هەر چەندی بەرگریی بکردبووایە، بێهوودە بوو، ئیتر توانای نەمابوو بەرگە بگرێت، خەو تا دەهات بە سەریدا زاڵتر دەبوو. بەر چاوانی بەرەبەرە تاریکتر دەبوو، ئاسمانیش وەنەوشەییتر. خۆی لەنێو ڕووبارێک دۆزییەوە، دایکی لەپشتەوە هاواری دەکرد: «کوڕم، دەوەرەوە، لەم ڕووبارە وەرە دەرەوە، با نانەکە بخۆین!»
لە تاو ئازاری قونجیلکەی دایکی ئاگا بووەوە و لەخەو هەستا! دایکی سەیرێکی کرد و بەتووڕەییەکەوە گوتی: «توخوا کوڕەکەم لەوەی گەورتر دەبیت؟ دیسان ئەم کوندە میزە چییە کردووتە!»




کلاسیکۆی کڵاش و عەگاڵ.. نەوزاد بەندی

موچەخۆر بوو به تۆپ و دوو تیپ کەوتنە گیــــــــــانی ،
تیپی کڵاش و تیپی ….عەگاڵ ڕەشی قـــــــــــــەترانی
ناوبژیوانیش ئێران، تورکــــــــیا لەگەڵ ئەمریــــــــــــکا،
سەد جار یاری تەواو بوو ، کۆتایی پێ نەهــــــــــــــــانی
کڵاشی ماوە بەسەرچوو، عەگاڵی پیس‌و چڵکــــــــــــــن،
لێمان بوون بە ڕۆناڵدۆ و میسی و پیدرۆ و کاڤـــــــــانی
شەقی عەگاڵ بە هەرحــــــاڵ، پەنارتی و ڕقی کۆن بوو،
بەس کڵاشی خۆماڵیی، چۆن بەو جــــــــۆره ئەیتوانی ؟
کڵاشی چی، هەر شەقێ،دوو مانگ موچەی لوش ئەکرد
وای لێهاتبوو عەگاڵ شۆکبوو بە تێهــــــــــــــــــــــەڵدانی
پێی سەیر بوو عــــەگاڵ بەسەر، لە شـــــارەزایی کڵاش ،
تەنانەت ئەبو عــــــــــەدای وەک ئەو لێی نەئـــــــــەزانی
هەربۆیە ناوبژیوان عومری درێژ کــــــــــــــــــــــــردنەوە،
ووتی قەت واز مەهێنن، شەقاوەی نیشــــــــــــــتمانیی
ووتی ئێوە بۆ ئێمە لە سەدام زۆر باشــــــــــــــــــــــترن،
ئەوەی کە نەیکرد، کردتان، کڵاش زۆر یاریــــــــــــــزانی




تاكەی قەیران؟.. سامان خدر

ڕۆژ بەڕۆژ قەیرانەكان، لەم وڵاتە بەرەو زیاتر دەڕۆن .
قەیران هەمو كونج و قوژبنێكی ئەم وڵاتەی داگیر كردووە.
ئایا ئەم قەیرانانەتاكەی بەردەوام دەبن؟
تاكەی خەلڵك بەخۆی دادەچێتەوەو هەرتەماشاكەر نابێت؟
چونكە هەتا ئێستا لەدوای ئەم هەموو ساڵە لەم قەیرانە یەك بەدوای یەكانە، خەلك تەنها تەمەشاكەرەو هەڵوێستی زۆر جدی و جێی باسی نیە.
بەتایبەتی لەم قەیرانەی ئەوم دوایە بەناوی پڕۆژەی ڕوناكی، كەوا دەسهەڵاتدانی كوردستان ،دروستیان كردووە ، بۆ دۆشین و بڕینی بەركی هاوڵاتیانی كوردستان. بەڵام بەداخەوە هاوڵاتیان هەڵوێستێكی گشت گیریان نیە دژی ئەم دەسهەڵاتە بەداخەوە.
هەربۆیە دەسهەڵاتدارانی كوردستانیش ،بێ باكن و گوێی بەهیچ شتێك نادەنو،هەروەها ڕێگایانیش بۆ خۆش بووە لەدروست كردنی، هەرقەیران و كێشەیەك بۆهاوڵاتیان،
بۆیە دەپرسم تاكەی ئەم قەیرانانە بەردەوام دەبن لەم وڵاتە؟
من پێم وایە هەتاوەك و هاوڵاتیانی كوردستان بەجدی هەڵوێست وەڵ نەگرن و خەم لەحاڵی خۆیان نەخۆن، بەشێوەیێكی زۆر توند هەڵوێست دژی ئەم دەسهەڵاتە وەڵ نەگرن، قەیرانەكان بەردەوام دەبن و هەروەها قەیرانی زۆر زیاتر و سەخت ترد دروست دەبێت.




کاتێک جەستە دەبێتە کاڵا: توندوتیژیی سیمبولی دژی ژنان لە ژێر دەسەڵاتی سەرمایەداریدا.. بەیان ساڵح

• پێشەکی
لە کاتی خوێندنەوەی کتێبی “شەهرزاد بەرەو ڕۆژئاوا” (1) فاتمە مەرنیسی خۆمم بینی کە لە لاپەڕە 231 دا ڕووبەڕووی چەمکێکی قووڵ و بیرکردنەوە بوومەوە: چەمکی توندوتیژی سیمبولی کە کۆمەڵناسی فەڕەنسی پیەر بۆردیو لە کتێبی “زاڵبوونی پیاوسالارنە” پێشکەشی کردووە (2). ئەم چەمکە بۆ ماوەیەکی درێژ سەرنجی ڕاکێشام، چونکە شێوە شاراوەکانی کۆنتڕۆڵ و چەوساندنەوە دەردەخات کە پشت بە هێزی فیزیکی ڕاستەوخۆ نابەستن، بەڵکو لە ڕێگەی سیمبول و کەلتوور و گوتاری زاڵ لە کۆمەڵگادا کار دەکەن.
ئەوەی زیاتر حەزی منی بۆ ئەم چەمکە زیاد کرد تێبینیکردنم بوو لەسەر یەکتربڕێکێکی ڕوون لە نێوان ئەوەی بۆردیو پێشکەشی دەکات و تێزەکەی نووسەری فێمینیستی ئەمریکی ناعومی وۆڵف لە کتێبەکەی “ئەفسانەی جوانی” (3) پێشکەشی کرد، بەتایبەتی کە لە لاپەڕە 230 ی کتێبەکەی فاتیمە مێرنیسی دەردەکەوێت. بۆم دەرکەوت کە هەردووکیان بوردیو و ناعومی باسی میکانیزمێکی هاوبەش دەکەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ژنان، تەنانەت ئەگەر دەرکەوتەکان و دەقەکانیش جیاواز بن.
بۆردیو ئەو بیرۆکەیە دەخاتەڕوو کە توندوتیژی هەمیشە ماددی و بینراو نییە. توندوتیژی لە ڕێگەی کەلتوور، بەها و پەروەردەوە ئەنجام دەدرێت، وا لە زاڵەکان دەکات زاڵبوونیان قبوڵ بکەن و بەبێ ئاگایی بەرهەمی بهێننەوە. لە لایەکی ترەوە، وۆڵف دەریدەخات کە چۆن ستانداردەکانی جوانی بەسەر ژناندا دەسەپێنرێن تەنها ئارەزووی کەسیی نین، بەڵکو ئامرازێکی دیکتاتۆرییە کە بۆ تەمبێکردنی ژنان و کۆنتڕۆڵکردنی جەستە و ژیانیان بەکاردەهێنرێت.
ئەم یەکتربڕی نێوان دوو بۆچوونە دەمانگەیەنێتە تێگەیشتنێکی قوڵتر کە چۆن زاڵبوونی پیاوانە لە چوارچێوەی سیستەمی سەرمایەداریدا کاردەکات، کە جەستەی ژن دەگۆڕێت بۆ شوێنێکی وەبەرهێنانی ئابووری و کۆنتڕۆڵی سیمبولی لە یەک کاتدا. لەبەر ئەوە گرنگی لێکۆڵینەوە لەم بابەتە و تێگەیشتن لە میکانیزمە ئاڵۆزەکانی.

• یەکەم: توندوتیژی سیمبولی و زاڵبوونی پیاوسالارنە
پیەر بۆردیو باوەڕی وایە کە توندوتیژی تەنها بە شێوە ماددییە ڕاستەوخۆکانی سنووردار نییە. لەوانەیە شێوازێکی نەبینراو وەربگرێت کە لە ڕێگەی سیمبولەکان، ماناکان و کەلتوورەکانەوە ڕاهێنان دەکرێت، کە ئەو پێی دەڵێت توندوتیژیی سیمبولی. ئەم توندوتیژییە بە نەرمی و هەستپێنەکراو دەناسرێتەوە، چونکە لە ڕێگەی زمان، پەروەردە، ئایین، میدیا و دابونەریتی کۆمەڵایەتیەوە ئەنجام دەدرێت، بەبێ پەنابردن بۆ زۆرەملێ جەستەیی.
مەترسییەکەی لەوەدایە کە زۆرجار لەلایەن ئەو کەسانەوە قبوڵ دەکرێت کە ڕووبەڕووی دەبنەوە، چونکە ئەوان بە سروشتی یان ئاشکرا دەیبینن. توندوتیژی سیمبولی بە سەپاندنی شێوازێکی دیاریکراوی بیرکردنەوە و هەڵسەنگاندن کار دەکات کە پەیوەندییە نایەکسانەکان ڕەوا دەردەکەون، دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانەوەی زاڵبوونی کۆمەڵایەتی بەبێ هۆشیارییەکی ئاشکرا.
لەم چوارچێوەیەدا، بۆردیو چەمکی زاڵبوونی پیاوسالارنە وەک مۆدێلێکی ڕوونی توندوتیژیی سیمبولی پەرە پێدەدات. زاڵبوونی پیاوسالارنە تەنها لەسەر بنەمای کۆنترۆڵی ماددی پیاوان بەسەر ژناندا نییە، بەڵکو بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی پێکهاتەی سیمبولی و کەلتوورییەوە دامەزراوە کە وا لە سەروەری پیاوان دەکات سروشتی و ڕەوا دەربکەوێت.
لە منداڵییەوە تاکەکان نوێنەرایەتی عەقڵی و ڕۆڵی کۆمەڵایەتی بەدەست دەهێنن کە دابەشبوونێکی دووانەیی لە نێوان نێر و مێ بەرهەم دەهێنن، کە تێیدا نێرینە پەیوەندی بە هێز، عەقڵ و سەرکردایەتییەوە هەیە، لە کاتێکدا مێینە پەیوەندی بە لاوازی، هەست و ژێردەستەیی هەیە. ئەم سیستەمە تەنها لەلایەن پیاوانەوە نەسەپێنراوە. ژنان هەروەها بەشداری دەکەن لە زاوزێی لە ڕێگەی ئەوەی کە بۆردیو پێی دەڵێت هابیتۆس، واتە سیستەمی سروشتی دەروونی و جەستەیی کە ڕەگی لە ئەزموونی کۆمەڵایەتیدا هەیە.
بەم شێوەیە، زاڵبوونی پیاوسالارنە دەبێتە سیستەمێکی کۆمەڵایەتی کە لە نائاگایی کۆمەڵدا جێگیر دەبێت، ڕۆژانە لە ڕێگەی کردارە ئاساییەکان و گوتاری زاڵەوە بەرهەم دەهێنێتەوە، بەبێ ئەوەی پێویست بە توندوتیژی ڕاستەوخۆ بکات. بۆردیو جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەڵوەشاندنەوەی ئەم جۆرە زاڵبوونە پێویستی بە هۆشیارییەکی ڕەخنەگرانە هەیە لەو پێکهاتە ڕەمزیانەی کە پاڵپشتی دەکەن، چونکە بەرهەڵستکاری تەنها بە گۆڕینی یاسا یان هەلومەرجی ماددی بەدەست ناهێنرێت، بەڵکو بە گۆڕینی شێوازی بیرکردنەوە و پۆلێنکردنیش کە نایەکسانی قبوڵ دەکات و بەردەوام دەکات.

• دووەم: زاڵبوونی نێرینە لە چوارچێوەی سیستەمی سەرمایەداریدا
بۆردیو لە کتێبەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە زاڵبوونی پیاوسالارنە بابەتێکی سروشتی یان بایۆلۆجی نییە، بەڵکو سیستەمێکی کۆمەڵایەتی و کەلتوورییە کە لە ڕێگەی توندوتیژیی سیمبولییەوە بەرهەم دەهێنرێتەوە، واتە لە ڕێگەی شێوەی ناڕاستەوخۆ و نەبینراوی کۆنتڕۆڵ کە لە ڕێگەی زمان، دابونەریت، پەروەردە و دامەزراوە کۆمەڵایەتیەکانەوە ئەنجام دەدرێت، تا ئەو کاتەی زاڵبوونی پیاو بەسەر ژناندا سروشتی و قبوڵکراو دەردەکەوێت.
لە چوارچێوەی سیستەمی سەرمایەداریدا، ئەم زاڵبوونە ئامرازێک پێکدەهێنێت بۆ پاراستنی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری دیاریکراو، چونکە ڕۆڵی ژنان لە مێژوودا سنووردار بووە بۆ بواری ناوماڵ و چاودێری خێزان، کە هێزی کاری هەرزان بۆ پیاوان لە بازاڕدا دابین دەکات و بەردەوامی دابەشکردنی نایەکسانی کار مسۆگەر دەکات.
سیستەمی سەرمایەداری پشت دەبەستێت بە شەرعیەتدان بە سیمبول و بەهاکان، و زاڵبوونی پیاوسالارنە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی جیاکردنەوەی ڕۆڵی ژن و پیاو سروشتی دەربکەوێت، کە پیاوان وەک بەرهەمهێنەری بەهێز وێنا دەکرێن و ژنان وەک بەخێوکەر و چاودێری ماڵ وێنا دەکرێن. ئەم جیاکردنەوەیە ئاسانکاری بۆ چەوساندنەوەی هێزی کار دەکات و بەردەوامی سیستەمی ئابووری و کۆمەڵایەتی مسۆگەر دەکات بەبێ پەنابردن بۆ هێزی راستەوخۆ.
زاڵبوونی پیاوسالاری هەروەها پەیوەستە بەوەی کە بۆردیو پێی دەڵێت سەرمایەی سیمبولی کە دەگۆڕێت بۆ جۆرێک لە کۆنتڕۆڵی ئابووری و کۆمەڵایەتی ناڕاستەوخۆ، وەک بێبەشکردنی ژنان لە دەرفەتی کار، کەمکردنەوەی مووچەکانیان یان ناچارکردنیان بۆ ڕۆڵی خێزانی بێ مووچە.
بە کورتی، دەتوانین بڵێین توندوتیژیی سیمبولی پیاوسالارنە یەکێکە لە کۆڵەکەکانی شەرعییەتی کۆمەڵایەتی سەرمایەداری، چونکە نایەکسانی جێندەریی سروشتی دەردەکەوێت و دابەشکردنی بەردەوامی سەرچاوە و دەسەڵات بە شێوەیەک مسۆگەر دەکات کە خزمەت بە سیستەمی ئێستا بکات.

• سێیەم: ئەفسانەی جوانی وەک جۆرێک لە توندوتیژیی سیمبولی
لە کتێبی “ئەفسانەی جوانی”، نائۆمی وۆڵف چەمکی توندوتیژی سیمبولی وەک شێوازێکی ناڕاستەوخۆی چەوساندنەوە دەخاتە ڕوو کە بەسەر ژناندا دەسەپێنرێت لە ڕێگەی پێوەرەکانی جوانی کەلتووری، نەک لە ڕێگەی هێزی جەستەیی یان یاسای ئاشکراوە. ئەم توندوتیژییە بە بێدەنگی بەڕێوە دەچێت، بەڵام کاریگەرییەکەی قوڵە، چونکە وا لە ژنان دەکات کە بەبێ ئاگایی خۆیان ملکەچ بکەن.
وۆڵف دەبینێت کە ئەفسانەی جوانی تەنها ئارەزووی جوانی نییە، بەڵکو سیستەمێکی دەسەڵاتدارە کە بە بەهێزی لەگەڵ پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ئابووری ژنان سەریهەڵداوە. هەرچەندە ژنان ماف و دەرفەتی فراوانتر بەدەست دەهێنن، ئەوەندە سنوورداریان بەسەردا دەسەپێنرا لە ڕێگەی ستانداردی جوانی توند و مەحاڵ.
توندوتیژی سیمبولی لێرەدا دەردەکەوێت لە سەپاندنی مۆدێلێکی دياريكراو بۆ جەستەی مێینەیە: جەستەیەکی گەنج و باریک، بێ کەموکوڕی، بەردەستە بۆ بەکاربردنی بینراو. ئەم توندوتیژییە لە ڕێگەی میدیا، ڕیکلام، پیشەسازی فاشیۆن و وتاری پزیشکییەوە بەڕێوە دەچێت، کە تیایدا جوانی وەک بەهایەکی ئەخلاقی و مەرجێک بۆ سەرکەوتن، خۆشەویستی و قبووڵکردنی کۆمەڵایەتی نیشان دەدرێت.
بەم شێوەیە، جەستە دەگۆڕێت بۆ پرۆژەیەکی هەمیشەیی چاودێری و ڕاستکردنەوە، و ئافرەت دەگۆڕێت بۆ ڕەخنەگرێکی سەرسەختی خۆی. لەوەش مەترسیدارتر، ئەم ژێردەستەییە وا دەرناکەوێت کە لە دەرەوە بسەپێنرێت، بەڵکو وەک هەڵبژاردنێکی شەخسی و ئارەزووی تاکەکەسی دەژیت.
وۆڵف ڕوونی دەکاتەوە کە توندوتیژی سیمبولی ژنان تەنها لە ڕووی جەستەییەوە لەناونابات، بەڵکو لە ڕووی دەروونی و مەعریفیشەوە، چونکە وزەیان بەتاڵ دەکاتەوە، متمانە بەخۆبوونیان لاواز دەکات، کێبڕکێ و دوژمنایەتی لە نێوانیاندا دەچێنێت و دووریان دەخاتەوە لە کرداری سیاسی و داهێنەرانە. سەرقاڵبوونی بەردەوام بە ڕواڵەت دەبێتە ئامرازێک بۆ دوورخستنەوەیان لە دەسەڵاتی ڕاستەقینە.
لە کۆتاییدا، چەمکی توندوتیژی سیمبولی لە “ئەفسانەی جوانی” ئەوە دەردەخات کە چۆن کولتوور دەتوانێ ببێتە جیهانێکی چەوساندنەوەی نەرم بەڵام زۆر کاریگەر، وە چۆن جوانی وەک چەکێکی نادیار بەکاردەهێنرێت بۆ تەمبێکردنی ژنان و هێشتنەوەی ناهاوسەنگیی هێز، بەبێ ئەوەی پێویست بە توندوتیژی ئاشکرا یان زۆرەملێ ڕاستەوخۆ بکات.

• چوارەم: توندوتیژی سیمبولی وەک ئامرازێکی سەرمایەداری: جەستەی نێوان زاڵبوون و قازانج
توندوتیژی دژی ژنان هەمیشە بە لێدان یان زۆرەملێ ڕاستەوخۆ ئەنجام نادرێت. زۆرجار فۆرمێکی بێدەنگ و نادیار وەردەگرێت، دزە دەکات لە ڕێگەی گفتوگۆ، وێنە و ستانداردەکانەوە، وەک سەلیقەی گشتی یان هەڵبژاردنی تاکەکەسی پێشکەش دەکرێت. ئەم توندوتیژییە یەکێکە لە ئامرازە بنچینەییەکانی سیستەمی سەرمایەداری لە ژێردەستەکردنی ژنان و کۆنترۆڵکردنی جەستەیان.
لە ژێر سەرمایەداریدا، جەستەی ژن کەم دەکرێتەوە بۆ بەهای ئاڵوگۆڕ و دووبارە وەک کاڵایەک پێناسە دەکرێتەوە کە دەتوانرێت بازاڕ بکرێت، بگۆڕدرێت و بەکار بهێنرێت. وەک جەستەیەکی زیندوو سەیر ناکرێت کە ئەزموون، یادەوەری و ئازار هەڵدەگرێت، بەڵکو وەک ڕووکەشێکی بینراو سەیر دەکرێت کە بۆ بەدەستهێنانی قازانج وەبەرهێنان کراوە.
زاڵبوونی نێرینە ئەرکی ئاسایی کردنی ئەم کەمکردنەوەیە لە ئەستۆ دەگرێت بە گۆڕینی تێڕوانینی نێرینە بۆ ستانداردێکی گشتی جوانی، کە بەهای ژنان و پێگەی کۆمەڵایەتی پێ دەپێورێت.

• پێنجەم: پیشەسازی کەلتووری و سەپاندنی تاکە مۆدێلی جوانکاری
پیشەسازی کەلتووری تاکە مۆدێلێکی جوانکاری دەسەپێنێت، توندوتیژ لە تایبەتیەکەیدا، نوێنەرایەتی دەکرێت بە جەستەیەکی گەنج و باريك و بێ کەموکوڕی و بابەتی بابەتکردن، یان دەموچاوەکان کە نەشتەرگەری جوانکاری دەکرێن وەک بەرزکردنەوە، پڕکردنەوە، گەورەکردنی لێو، گۆڕینی لووت، تا ئەو کاتەی تایبەتمەندییە سروشتییەکان نامێنن و دەرکەوتنەکە نزیکتر دەبێتەوە لە بووکەشووشە.
هەروەها هانی جەستەی نەخشێنراو دەدات لە ڕێگەی لابردني چەوری، گەورەکردنی مەمک لە ڕێگەی سیلیکۆن یان گەورەکردنی سمت، و ئەوانی تر. ئەم مۆدێلە بە هێز ناسەپێنرێت، بەڵکو لە ڕێگەی دووبارەکردنەوە، فریودان و هەڕەشەی سیمبولی دەسەپێنرێت.
ژنان لە تەمەنێکی منداڵییەوە فێر دەبن کە جەستەیان کەموکورتی هەیە و دەبێت بەردەوام چاکی بکەنەوە، نەک بۆ خۆیان، بەڵکو بۆ قبوڵکردن، خۆشەویستی و دياربون لە ناو كؤمەلگادا.

• شەشەم: نەشتەرگەری جوانکاری وەک توندوتیژییەکی سیمبولی
نەشتەرگەری جوانکاری لێرەدا وەک یەکێک لە دیارترین شێوەکانی توندوتیژیی سیمبولی دەردەکەوێت. ئەوان کردارێکی بێلایەن و هەڵبژاردنی تاکەکەسی بێتاوان نین، بەڵکو ئەنجامی فشارێکی پێکهاتەیی قووڵن کە جەستەی مێینە دەکاتە پرۆژەیەکی هەمیشەیی بۆ گۆڕانکاری و ڕاستکردنەوە. ئەم ڕێوشوێنانە لە گفتووگۆی باودا وەک ئامرازێک بۆ باشترکردنی خود و بەرزکردنەوەی متمانە پێشکەش دەکرێن، بەڵام لە ڕاستیدا وەڵامێکە بۆ ستانداردە سەپێنراوەکانی دەرەکی، کە ژنان دەگۆڕن بۆ بوونەوەرێک لە گەڕانی هەمیشەیی بۆ کامڵبوونی مەحاڵ.
ژنان نەشتەرگەری گرانبەها، ئازاربەخش و مەترسیدار ئەنجام دەدەن، هەوڵ دەدەن لە مۆدێلێکی جوانکاری دەستکرد نزیک ببنەوە کە بە ڕاستی بەدەست ناهێنرێت. ژنان دەچنە ناو گۆڕاوێکی بێ کۆتایەوە: گؤريني سيماو دەموچاو، پڕکەرەوەی لێو، نەشتەرگەری لووت، گەورەکردنی مەمک، چەوری لابردن و نەشتەرگەری دیکە کە مەترسی تەندروستی و ئاڵۆزی مەترسیداریان هەیە.
پارادۆکسی تراژیدی ئەوەیە کە ئازار وەک وەبەرهێنانێک لە داهاتوو نیشان دەدرێت، و شێواندن پێی دەوترێت چاکسازی و جوانکاری. ژنان بەرگەی ئازاری جەستەیی و دەروونی دەگرن، پارەی زۆر دەدەن و تەندروستی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە، هەموویان لە پێناو گەیشتن بە وێنەیەکی نمونەیی کە پیشەسازی جوانکاری و میدیا سەپاندويانە. کاتێک ئەنجامە خوازراوەکە بەدەست نایەت، یان کاتێک کەموکوڕییەکی نوێ دەردەکەوێت، سووڕەکە دووبارە دەست پێدەکاتەوە، لە بازنەیەکی خراپی بەدواداچوونی خەیاڵی کامڵی.

• حەوتەم: دوورکەوتنەوە لە خواردن، نەشتەرگەری جوانکاری و مەترسییەکانی تەندروستی
خۆدوورخستنەوە لە خواردن و برسێتی خۆ، وەک حاڵەتەکانی کەمخۆراکی دەمارگیری، شێوازێکی تری توندوتیژی سیمبولییە کە ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی گەنج ڕووبەڕووی دەبنەوە، بەتایبەتی لە کاتی هەرزەکاریدا.
هەندێکیان تووشی نەخۆشی دەروونی سەخت دەبن کە چاکبوونەوەیان سەختە و ئاڵۆزی تەندروستی مەترسیداری لێدەکەوێتەوە، سەرەڕای مەترسییەکانی نەشتەرگەری جوانکاری و دەرزی سیلیکۆن کە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە مەترسیدارەکانی وەک شێرپەنجەی مەمک زیاد دەکات. بەهەمان شێوە، بەکارهێنانی نینۆکی دەستکردیش بازرگانییەکی قازانج بەخشە، بەڵام دوایین ڕاپۆرتی تەندروستی لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو ماددانەی لە دروستکردنی ئەم نینۆکانەدا بەکاردەهێنرێن لەوانەیە مەترسییەکی گەورە لەسەر تەندروستی نینۆک دروست بکەن.

• هەشتەم: تێچوونی جەستەیی و دەروونی
ئەم ڕێگایە تێچوونێکی جەستەیی و دەروونی بەرز و فرە ڕەهەندی هەڵدەگرێت. لەسەر ئاستی جەستەیی، جەستەکان دەبینین کە بێهۆش دەکرێن، بڕین و دەرزی لێدەدەن، بەرگەی ئازار و خوێنبەربوون و زام دەگرن و ڕووبەڕووی مەترسی ئاڵۆزی پزیشکی و تێکچوونی ئەگەری دەبنەوە. لە ئاستی سایکۆلۆژیدا، ڕۆحەکان دەبینین کە بەهۆی دڵەڕاوکێی بەردەوام و ناڕەزایی هەمیشەیی لە خود، و هەستێکی درێژخایەنی کەموکوڕی بێ گوێدانە پلەی گۆڕان. لەوە مەترسیدارتر ئەوەیە کە هۆشیاری خۆی شێوە دەگۆڕێت تاوەکو ملکەچی وەک توانا ئاسایی دەکرێتەوە، و چەوساندنەوە وەک هەڵبژاردنی ئازاد.
ژنان نەک تەنها ناچار دەبن جەستەی خۆیان بگۆڕن و بەرگەی ئازار و مەترسی بگرن، بەڵکو گوتارێکی تەواو پەیڕەو بکەن کە ئەم توندوتیژییە بە ناوی ئازادی تاکەکەسی و هەڵبژاردنی تاکەکەسییەوە پاساو و شەرعییەت دەدات. ئەوان دەڵێن “من ئەمە بۆ خۆم هەڵدەبژێرم”، “ئەمە وام لێدەکات هەست بە متمانە بەخۆبوونم بکەم،” هەموو دەستەواژەکان کە لە ڕواڵەتدا ئازادکەر دەردەکەون. بەڵام پارادۆکسەکە ئەوەیە کە مەرجەکانی ئەم ئازادی بانگەشەکراوە لە ناخی ژنەوە بەرهەم ناهێنرێن، بەڵکو لە چوارچێوەی لۆژیکی بازاڕی سەرمایەداری کە پێویستی بە بەکاربردنی بەردەوامە، و لە چوارچێوەی دەسەڵاتی نێرینە کە ستانداردەکانی بەها و جوانی دیاری دەکات، بەرهەم دەهێنرێن.

• نۆیەم: سەرمایەداری و فرۆشتنی ڕق لە خود: قەبارەی بازاڕی ئابووری
سەرمایەداری تەنها جوانی نافرۆشێت، بەڵکو ڕق لە خۆی دەفرۆشێت. هەرچەندە ژنان زیاتر هەست بە کەموکورتی بکەن، بازاڕەکانی جوانکاری، فاشیۆن و دەرمانی جوانکاری زیاتر گەشە دەکەن. بەم شێوەیە، جەستەی ئافرەت دەگۆڕێت بۆ شوێنێکی وشککردنی ئابووری هەمیشەیی، کە قازانجی لێوە دەردەهێنرێت بە قووڵکردنەوەی نامۆبوونی بە خود.
خەمڵاندنە ئابوورییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە قەبارەی بازاڕی جوانکاری ساڵانەی جیهان گەیشتووەتە نزیکەی 336-470 ملیار دۆلار لە ساڵی 2024 (4)، بازاڕی ڕێجیم و دەرمانی دابەزاندنی کێش لە دەوروبەری 190-300 ملیار دۆلار بووە (5)، لە کاتێکدا پیشەسازی نەشتەرگەری جوانکاری گەیشتووەتە نزیکەی 56-85 ملیار دۆلار (6)، پێشبینی دەکرێت ئەم ژمارەیە لە داهاتوودا بەرز ببێتەوە.
ئەم ژمارە زەبەلاحانە قەبارەی وەبەرهێنانی سەرمایەداری لە جەستەی ئافرەتدا دەردەخەن و ئەوە دووپات دەکەنەوە کە کاڵاکردنی جەستەی ئافرەت تەنها دیاردەیەکی کەلتووری نییە، بەڵکو پیشەسازییەکی ئابووری زەبەلاحە کە ساڵانە ملیارەها دۆلار بەرهەم دەهێنێت. سیستەمی سەرمایەداری نایەکسانی جێندەر دەگۆڕێت بۆ دەرفەتێک بۆ قازانج و وەبەرهێنان دەکات لە بەردەوامی دڵەڕاوکێ و کەموکوڕی لە نێو ژناندا بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوامی سووڕی بەکارهێنان.

• دەیەم: دەرئەنجام
لەم شیکردنەوەیەدا دەردەکەوێت کە توندوتیژیی سیمبولی دژ بە ژنان لە سیستەمی سەرمایەداریدا توندوتیژییەکی کاتی یان ڕێکەوت نییە، بەڵکو پێکهاتەیەکی سیستماتیکی ڕەگی لە کرۆکی سیستەمی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا هەیە.
لە چوارچێوەی سەرمایەداریدا، ئەم توندوتیژییە سیمبولییە دەگۆڕێت بۆ ئامرازێکی ئابووری کاریگەر، کە جەستەی ئافرەت کورت دەکرێتەوە بۆ کاڵایەک کە دەتوانرێت بازاڕی بۆ بکرێت و گۆڕانکاری تێدا بکرێت. ستانداردی جوانی سەپێنراو تەنها ئارەزووی جوانی نییە، بەڵکو میکانیزمی کۆنتڕۆڵکردنە کە وزەی دەروونی و ماددی ژنان بەتاڵ دەکات و دووریان دەخاتەوە لە پێگەی دەسەڵات و کرداری سیاسی.
ئامارە ئابوورییە گەورەکانی پیشەسازی جوانکاری، خۆراک و نەشتەرگەری جوانکاری قەبارەی وەبەرهێنانی سەرمایەداری بۆ بەردەوامی ئەم سیستەمە دەردەخەن. ژنان نەک تەنها دەکەونە ژێر فشاری کەلتووری و سیمبولی، بەڵکو دەگۆڕدرێن بۆ بازاڕێکی بەکاربەری هەمیشەیی و ملیارەها دۆلار بۆ پیشەسازیەکان بەرهەم دەهێنن کە دەژین و گەشە دەکەن بە قووڵکردنەوەی هەستی ناتەواویی و نامۆبوون بة جەستەیان.
بەرەنگاربوونەوەی ئەم توندوتیژیە سیمبولییە پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەی ڕەخنەگرانە هەیە لە پێکهاتە کەلتووری و سیمبولییەکان کە پشتگیری دەکەن. گۆڕینی یاساکان یان باشترکردنی بارودۆخی ئابووری بەس نییە. مەگەر شێوازی بیرکردنەوە و پۆلێنکردن کە نایەکسانی قبوڵ دەکات بگۆڕێت، سیستەمەکە بەردەوام دەبێت لە بەرهەمهێنانەوەی خۆی. ئەوەی پێویستە هۆشیارییەکی بەکۆمەڵە کە جوانی واقیعێکی جێگیر نییە، بەڵکو بیرۆکەیەکی کۆمەڵایەتیە کە دەکەوێتە ژێر گۆڕانەوە، و جەستە کاڵا نییە.
لە کۆتاییدا، ئازادی ژنان لە توندوتیژی سیمبولی تەنها بە مانای ڕەتکردنەوەی پێوەرەکانی جوانی سەپێنراو نییە، بەڵکو بە مانای دووبارە پێناسەکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ جەستە، بەدەستهێنانەوەی کۆنتڕۆڵی مانا و بەها، و بنیاتنانی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری کە لەسەر بنەمای چەوساندنەوە و وشککردنی جەستەی ژنان نییە، بەڵکو لەسەر داننان بە تەواوی مرۆڤایەتی و مافی بوونیان لە دەرەوەی لۆژیکی بازاڕ و دەسەڵاتی پیاوانە.

• پەراوێز و سەرچاوەکان
(1) فاتیمە مەرنیسی (1940 – 2015)
فاتیمە مەرنیسی بیرمەند و توێژەرێکی دیاری مەغریبی بوو لە بوارەکانی کۆمەڵناسی و کێشەکانی ژنان و خوێندنی ئیسلامی. ئەو لە ساڵی 1940 لە شاری فاس لە مەغریب لەدایک بووە و لە ساڵی 2015 کۆچی دوایی کردووە. کارەکانی تیشکی خستە سەر پێگەی ژنان لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکان، بەتایبەتی مافەکانی ژنان و ئازادییە تاکەکەسییەکان. لە بەناوبانگترین کتێبەکانی “ژنان و ئیسلام”، “پەردە و نوخبەی پیاو” و “شەهرزاد بەرەو ڕۆژئاوا دەڕوات”. هەروەها بە داکۆکیکردن لە تواناسازی ژنان و ڕەخنەی کۆمەڵایەتی لە زاڵبوونی پیاوسالاري لە کەلتووری عەرەبی و ئیسلامیدا ناسراوە.
بۆ زانیاری زیاتر: https://en.wikipedia.org/wiki/Fatema_Mernissi
پوختەی کتێبی “شەهرزاد بەرەو ڕۆژئاوا دەڕوات” لەلایەن فاتیمە مەرنیسی
کتێبەکە باس لە وێنەی ژنانی عەرەب دەکات کە لە کەسایەتی شەهرزاد وەک ئەوەی لە خەیاڵی ڕۆژئاوادا دەردەکەوێت و وێنەی ژنان لە کەلتووری عەرەبیدا بەراورد دەکات لەگەڵ وێنەی ئەوان لە کەلتووری ڕۆژئاوادا. فاتیمە مەرنیسی ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن ڕۆژئاوا ژنانی ڕۆژهەڵات بە وێنەیەکی هەستیاری و ملکەچ سنووردار دەکات، لە کاتێکدا کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوا لە بەرامبەردا کۆتوبەندی جیاواز بەسەر ژناندا دەسەپێنن، بەتایبەتی لە ڕێگەی جەستە و میدیاوە. ئامانجی کتێبەکە هەڵوەشاندنەوەی کڵێشەی هاوبەشە و بەرگری لە ژنان وەک مێشکی چالاک نەک تەنها جەستە.
(2) پیەر بۆردیو (1930 – 2002)
پیەر بۆردیو کۆمەڵناس و فەیلەسوفی فەڕەنسی بوو کە لە ساڵی 1930 لەدایک بووە و لە ساڵی 2002 کۆچی دوایی کردووە. ئەو بە خوێندنەکانی لەسەر دەسەڵات و چینە کۆمەڵایەتیەکان و کەلتوور ناسراو بوو. ئەو چەمکە بنچینەییەکانی وەک بوارە کۆمەڵایەتیەکان و سەرمایەی سیمبولی و کەلتووری ناساند بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی دابەشکردنی دەسەڵات و جیاکاری لەناو کۆمەڵگادا. ئەو تیشکی خستە سەر کاریگەری پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکان و خووی کەلتووری لەسەر دەرفەتەکانی تاکەکان. ئەو بە یەکێک لە دیارترین بیرمەندەکان دادەنرێت لە ڕەخنەی کۆمەڵگای مۆدێرن و کۆمەڵناسی ڕەخنەگر.
بۆ زانیاری زیاتر: https://en.wikipedia.org/wiki/Pierre_Bourdieu

پوختەیەکی کورتی ” زالبوني پیاوسالاري” لەلایەن پیەر بۆردیو
لەم کتێبەدا، پیەر بۆردیو ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن پیاوسالاري لە کۆمەڵگاکاندا نەک تەنها لە ڕێگەی یاسا و دامەزراوەکانەوە، بەڵکو لە ڕێگەی کەلتوور، نەریت، زمان و پەروەردەشەوە بەرهەم دەهێنرێت. ئەو نیشانی دەدات کە ژن و پیاو بەشداری دەکەن لە دامەزراندنی ئەم سیستەمە، زۆرجار بە نائاگایی، لە ڕێگەی ئەوەی پێی دەگوترێت توندوتیژی سیمبولی، کە تێیدا زاڵبوون وەک سروشتی قبوڵ دەکرێت. ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئازادی ژنان پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتە کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکان هەیە کە جیاوازی ڕەگەزی ئاشکرا دەکەن.

(3) ناۆمی وۆڵف (1962 – )
ئەو بیرمەند و نووسەر و چالاکوانی فێمینیستی ئەمریکییە کە لە ساڵی 1962 لەدایک بووە. ئەو بە شیکردنەوەی کێشەکانی ژنان، جێندەر و کەلتووری بەناوبانگ بوو. ئەو لە ڕێگەی کتێبی “ئەفسانەی جوانی” کە لە ساڵی 1990 بڵاوکرایەوە، ناوبانگێکی زۆری پەیدا کرد، کە باس لەوە دەکات چۆن ستانداردەکانی جوانی وەک ئامرازێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ژنان و سنووردارکردنی دەرفەتەکانیان بەکاردەهێنرێن. کارەکانی تیشکی خستە سەر بەهێزکردنی ژنان و بەرگری کردن لە کڵێشەی جەستە و مێینەیی لە میدیا و کەلتووردا.
بۆ زانیاری زیاتر: https://en.wikipedia.org/wiki/Naomi_Wolf

پوختەیەکی “ئەفسانەی جوانی” لەلایەن ناۆمی وۆڵف
لەم کتێبەدا ناعومی وۆڵف ڕوونی دەکاتەوە کە ستانداردەکانی جوانی بەسەر ژناندا سەپێنراون بێتاوان نین، بەڵکو وەک ئامرازێکی نوێ بەکاردەهێنرێن بۆ کۆنتڕۆڵکردنیان دوای ئەوەی مافە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکانیان بەدەست هێناوە. ئەو نیشانی دەدات کە چۆن جەستەی ئافرەت لە ڕێگەی میدیا و ڕیکلامەکان و پیشەسازی فاشیۆنەوە بەکاردەهێنرێت بۆ دروستکردنی هەستێکی هەمیشەیی کەمتەرخەمی، کە ئازادی ژنان سنووردار دەکات و لە دەسەڵات و سەربەخۆیی دووریان دەخاتەوە. ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە جوانی واقیعێکی جێگیر نییە، بەڵکو بیرۆکەیەکی کۆمەڵایەتییە کە خزمەت بە سیستەمی کۆنتڕۆڵ دەکات.
(4) بازاڕی جیهانی جوانکاری
• Fortune Business Insights (2024). “قەبارەی بازاڕی جوانکاری، پشک و ڕاپۆرتی ئاراستەکان، 2034”. بەهای بازار: 335.95 ملیار دۆلار لە 2024. https://www.fortunebusinessinsights.com/cosmetics-market-102614
• توێژینەوەی بازاڕ (2024). “شیکردنەوەی بازاڕی جوانکاری جیهانی 2025-2032”. بەهای بازار: 467.63 ملیار دۆلار لە 2024. https://www.maximizemarketresearch.com/market-report/global-cosmetics-market/72541/
(5) بازاڕی خۆراکی جیهانی و دابەزاندنی کێش
• توێژینەوەی شارەزای بازاڕ (2024). “دابەزاندنی کێش و بەڕێوەبردنی کێش گەشەی بازاڕی ڕێجیمی | 2034”. بەهای بازار: 190.35 ملیار دۆلار لە 2024. https://www.expertmarketresearch.com/reports/weight-loss-and-weight-management-diet-market
• گروپی IMARC (2024). “قەبارەی بازاڕی دابەزاندنی کێش، پشک، شیکردنەوەی گەشە 2033”. بەهای بازار: 296.8 ملیار دۆلار لە 2024. https://www.imarcgroup.com/weight-loss-market
(6) بازاڕی جیهانی نەشتەرگەری جوانکاری
• توێژینەوەی گراند ڤیو (2024). “بازاڕی نەشتەرگەری جوانکاری و نەشتەرگەری | ڕاپۆرتی پیشەسازی 2033”. بەهای بازار: 83.07 ملیار دۆلار لە 2024. https://www.grandviewresearch.com/industry-analysis/cosmetic-surgery-procedure-market
• توێژینەوەی پێشینە (2025). “قەبارەی بازاڕی نەشتەرگەری جوانکاری تا ساڵی 2034 دەگاتە 160.47 ملیار دۆلار”. بەهای بازار: 85.83 ملیار دۆلار لە 2025. https://www.precedenceresearch.com/cosmetic-surgery-market




بەربەریسمی مۆدێرن.. ئەکرەم سەعید


خوێندنەوەێک بۆ بەڵگەنامەکانی“جێفری ئپستین”

“پسپۆرانی بێ ڕۆح و کات بەسەربەرانی بێ دڵ” – ماکس وێبەر.

تێوەگلانی نوخبەی خاوەن سامان و دەسەڵات لە دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان، نیشانەێکی ئەو ڕاستییەیە کە ئێمە لەژێر حوکمی بەربەریسمی مۆدێرندا ژیان بەسەر دەبەین، چونکە دەستدرێژی بۆ منداڵان، نەریەتی مرۆڤە دڕندەکانی سەردەمی کۆنە و ئەمڕۆکە لە سایەی سیستەمی سەرمایەداریدا بەردەوامی هەیە.
🔺بۆچی نوخبە سیستەمی سەرمایەداری لە سکانداڵ ڕزگاریان دەبێت، و بۆچی لێپرسینەوە لەتەکیان لە دادگاکانی سیستەمەکەی خۆیاندا تەنها شانۆگەرییەکە و ناتوانێ پێکهاتەی سیستەمەکە بگۆڕێ، وە بۆچی لە کۆمەڵگای سەرمایەداری مۆدێرندا بە بەردەوام دوای ئەم سکەنداڵە ڕەوشتی و سیاسییانەدا کۆمەڵگە پاشەکشە دەکات و دەسەڵاتی نوخبە بەهێزتر دەبێت. کۆمەڵگای سەرمایەداری مۆدێرن وا گریمانە دەکات کە هەرکەسێ لادان لە یاسا و کاری تابو/ کاری قەدەغەکراو/ سکەنداڵ بکات دەچێتە بەردەم دادگا و لێپرسینەوەی لەتەک دەکرێ سزا دەدرێ. بۆیە خەڵکی وا تێدەگەێنرێن لە بەرامبەر دادگادا کاتێک سکانداڵ سەرهەڵدەدات، جیاوازی نییە لە نێوان(نوخبەی پوڵ و سیاسەت لەتەک هاوڵاتێکی سادە)، بەمە هەموو وەک یەک لێپرسینەوەیان لەتەک دەکرێ و دواجار نوخبەی دەسەڵاتداران دەکەونە بەر مەترسی لێپرسینەوەو سزادان. بەڵام ئەمڕکە ئێمە دەبینین کەهەموو(سەرۆک و ملیاردێرو شازادەکان) کەناویان لە دۆسیەی ئیپشتاین هاتووەو بەشداری تاوانەکانن، ئێستا هەوڵدەدەن ناوی خۆیان پاک بکەنەوەو تاوانەکە لەملی خۆیان داماڵن و بیکەنە خەتای خەڵکی تر. لەڕاستیدا مامەلەی وەزارەتی دادی ئەمەریکا لەتەک سکەنداڵەکانی دوورگەی ئیپستین پووچی ئەم بڕوا و گریمانەیە دەردەخات.
🔺(بەرهەمهێنەری هۆلیوود باری جۆزێفسۆن ئیمەیڵێکی بۆ ئیپشتاین ناردووە و تێیدا هاتووە:زۆر بیرم لەو پرسیارە کردۆتەوە کە تۆ لە“بیل گەیتست”کرد سەبارەت بەوەی چۆن ڕزگارمان بێت لە هەموو هەژارەکان.)-
بەشێکی بەڵگەنامەکان پڕۆژەی دوژمنایەتی چینایەتییە: ئیپشتاین و هاوشێوەکانی بیردەکەنەوە کە چۆن هەژاران لەنێوبەرن. بیرکردنەوەی خاوەن سامانەکان بۆ لە نێوبردنی هەژاران لە مێژوودا نوێ نییە. لە پەیمانی کۆمەڵایەتی جان جاک ڕۆسدا(خەڵکی ئیلتزام بە یاساکانەوە دەکەن و دەوڵەت دەیانپارێزێ) بەڵام لەم سەردەمەدا سەرمایەداری لە پەیمانەکە یاخی بووە، و لەبری پاراستنی ژیان و کەرامەتی مرۆڤەکان بەبرسی کردن و کۆکوژی لەناویان دەبات، ئیدی یاسا و دادپەروەری و دەزگاکانی دەوڵەت تەنها چینی خاوەن دەسەڵات دەپارێزێ و مافی خەڵکی لە ژیان و کەرامەت پێشێل دەکات .
🔺ئێمە لەم دورگەیەدا تەنها دیمەنی نوخبەێکی بەدڕەوشت نابینین کە دڕندەن و بەس؛ بەڵکە تایبەتمەندی سیستەمی سەرمایەداری دەبینین کە لەم خولەدا(دڕندەیی و گەندەڵی، چەتەگەری و مافیایی، بەدڕەوشتی و بەزاندنی هەموو هێلە سوورەکان تا پلەی جەنگی فەوتانی مرۆڤەکان و سروشت، بۆتە ڕێگا چارەی مانەوەی وجودی خۆی). لەخوێندنەوەی مێژووی سەرمایەداری بۆمان دەردەکەوێت کە گەندەڵی و بەدڕەوشتی نوخبەی دەسەڵاتدارانی سیستەمی ئابووری و سیاسی و فەزیحەتەکانیان، بە دەگمەن سیستەمی دەسەڵاتی لاوازکردووە، بەڵکو زۆرجار زیاتر سەقامگیریان دەکات. سکەنداڵەکانی نوخبە توڕەیی کاتی خەڵکی و ناڕەزایەتی ڕواڵەتی بۆ لێپرسینەوە دروست دەکات، بەڵام دامەزراوە سیاسییەکان شۆکەکەی خەڵکی هێمن دەکەنەوەو خۆیان دەپارێزن، بێگومان هەندێ تاکەکەس دەکرێنە قوربانی، بەبێ گۆڕانکاری ڕیشەیی لە سیستەمەکەدا. بەکارهێنانی سکانداڵەکان و توێژینەوەی کەیسەکان سوودی لێوەردەگیرێ بۆ کێشمەکشی نێوان باڵەکانی دەسەڵاتداران، بۆیە خەڵکی کە بڕوایان وایە بە(کەیسی گەندەڵی و بەدڕەوشتی نوخبەی دەسەڵاتداران)دەتوانرێ چاکسازی بکرێ، زۆرجار ئەم هیوایە شکست دەهێنێ، چونکە تەنها توڕەیی لە بێئەخلاقی دەسەڵاتداران کە خۆیان نوێنەری سیستەمێکی چەوسێنەرو بەدڕەوشت و نادادپەروەرن، بە بێ شۆڕش بۆ گۆڕانی ئابووری و سیاسی سیستەمەکە، لە دواجاردا ئەو توڕەییە بەبێ ئەنجام هێدی هێدی هێمن دەبێتەوە.
🔺گومان دەکرێ کە ئیپستین دەستێکی شاراوەی ڕێکخراوی هەوڵگیرییە لە تاریکیدا کە(کاری نائەخلاقی بە نوخبە دەکات و دواتر وەک کارتی گوشار بەکاری دەهێنن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بڕیارەکانی دەسەڵاتداران، و گرێبەستی ئابووری و سیاسی نایاسایی و نادەستوری بەو نوخبەیە دەکەن)؛ ئەمە تەنها عادەتێکی ئاسایی دەسەڵاتداران نییە کە لە مێژوودا چەندەها جار نموونەیمان بینیووە*، بەڵکە ئەمە دیاردەێکی ترسناکی دەسەڵاتدارانە لە خولی تایبەتی سەرمایەداری کە پێی دەڵێین”سەرمایەداریی دڕندە یان بەربەریسم/ سەرمایەداریی لە خولی پایزدا/ سەرمایەداریی درەنگ”.
🔺دەوڵەت و ئەحزابەکان چۆن خۆیان لە بەربەڕیسمی“جێفری ئپستین” بەدوور دەگرن
هەموو لاێک بەجۆرێک هەوڵ دەدات بیسەلمێنێ کە ئەوان لەو بەربەریسمەی نێو“دوورگەکەی ئپستین”ەوە دوورن:

  • گوتاری ئیسلامی سیاسی دەربارەی دوورگەکەی ئیپستین ڕای وایە کە(ئەمە تەنها ڕەفتاری تاکەکەسی نییە، بەڵکو بیری ئیلحادی لە پشتە، و شوکر بۆ نیعمەتی خودا کە ئێمە موسڵمانین و دوورین لەو بەدڕەوشتیە). بەڵام ئەم بەڕێزانە ئەوەیان بیردەچێ کە(لاقەی کیژانی خوار تەمەنی ۱٥ ساڵ، لێدان و ئازردان و کوشتنی ژنان)کەلتوری هەموو ئایینەکانە بە ئیسلامیشەوە. ئەوەی لە دورگەێک دڕندە مۆدێرنەکانی خاوەن پۆل و دەسەڵات بە نهێنی کردیان، ئایینەکان بەناوی شەرع و وەسیەتەکانی خودا بۆ پیاوانی بە ئاشکرا حەڵاڵی دەکات.
  • “ئەلێکسەندەر دۆگین”ڕای وایە بە دۆسیەی ئیپستین ئیدی ڕۆژئاوا ئیمزای لەسەر مەرگی خۆی کردووە. ئەو بەڕێزە لەوە حاڵی نابێ کە ئەم بەڕبەریسمە مۆدێرنە پەیوەندی بە جوگرافیاێکی دیاریکراو یان مۆدێلێکی کەلتوور و دەوڵەتی سەرمایەدارییەوە نییە، بەڵکە هاوشێوەی دورگەی“جێفری ئپستین” لەهەموو وڵاتانی جیهاندا هەیە.
  • ڕای ناسیۆنالیستی کوردی:(جێی دڵخۆشییە، هیچ كوردێك ناوی لە دۆسیەی ئیپستیدا نییە). بۆ ئەم بیرتەسکانە من هیچ تەعلیقێکم نییە.
    🔺لەشفرۆشی ئیلاهی و پیدۆفیلیای سەرمایەداری – 1 /
    لەشفرۆشی و پیدۆفیلیای ئیلاهی(سۆزانی پەرستگاکان یان سۆزانی پیرۆز – لە زۆر جێکای هیندستان پێیان دەگووتن: خزمەتکارانی خودا، کە بەزۆری کیژی تەمەن نۆ ساڵ تا پازدە ساڵ بوون)، دیاردەێکی کۆنی کۆمەڵگە دێرینەکانی(میسری کۆن، میزوپۆتامیا، یۆنانی کۆن، هیندستان و چین)ە. ئەم دیاردەیە کە لەکۆندا ئایین پەردەپۆش و شەرعیەتی پێ دەدا، ئەمڕۆکە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری جیهانیدا لە زۆربەی کۆمەڵگەکان گەرچی نایاسایین، بەڵام بە کردەوە بوونی هەیە و دەکرێ، لە هەندێ کۆمەڵگەش لە سایەی دەسەڵاتی کۆنەپەرستی ئایینی شەرعیەتی پێ دەدرێ و بێ شەرمانە بەناوی ئایینەوە مومارەسە دەکرێ – وەک (لە ئێران هاوسەرگیری کاتی”زەواجی موتعە” کە لەشفرۆشییەکی ئیسلامیانەیە، وە لە ئێراق تەمەنی هاوسەرگیری بۆ کچانی ١٥ساڵ کە هێشتا منداڵە، لە هەمواری یاسای باری کەسی پێشنیارکراوە). شوێنکەوتوانی زۆرێک لە ئایینەکان لە هیندستان وەک شارستانیەتەکانی تر چەندین خوداوەند دەپەرستن وەک بەشێک لە کولتوورەکەیان. ئەم خوداوەندانە زیاتر لەلایەن کۆمەڵێک کەسەوە دەپەرسترێن کە لە شوێنێکدا کۆدەبنەوە بە دروستکردنی شوێنی نیشتەجێبوون وەک پەرستگا، مەزارگە لە ژێر هەر دارێک یان لە سەرووی هەر سەکۆیەکەوە کە سەقفی هەبێت یان بێ سەقف. ئەم کەسانە خوداوەند بە پارێزەری خۆیان یان گوندەکە دەزانن لە نەخۆشی و یارمەتیان دەدات لە خۆشگوزەرانی. هەندێک جار دایک و باوکێک بڕیار دەدەن کە منداڵەکەیان دوای لەدایکبوونی ئەگەر ئەو کۆرپەیە مێ بێت، ئەوە وەک لەشفرۆشێکی ئیلاهی پێشکەش بە یێلامما بکەن. کاتێک کچێک دوای چەندین ڕێوڕەسمی ئایینی تەرخان دەکرێت بۆ مەزارگەی یەڵەما، دەنێردرێتە لای پیاوێک کە لە مەزارگەی پەرستگاکە چاوەڕێی دەکات بۆ جووت بوون. پێدەچێت لەو ڕۆژەوە ئەو خێزانەی کە کچەکەیان بە دیاری بەخشیوە بە خوداوەندەکە، چاوەڕێی بەدەستهێنانی نیعمەتی خوداوەندەکە و خۆشگوزەرانی بن.). سەرچاوە:- پەرستنی یەلامما و لەشفرۆشی ئیلاهی: پێشینەی مێژوویی و کولتووری/ ئارون جاگاناتان ڤی. ئاڕ زانای توێژینەوە، بەشی سانسکریت ساهیتیا، سری سانکاراچاریا زانکۆی سانسکریت، کالادی، کیرالا، هیندستان.
    لەوتارێکدا بۆ ڕۆژنامەی نیویۆرک تریبیون، لە ٨ی ئابی ١٨٥٣، مارکس ئینگلیزەکانی بەوە تۆمەتبار کردبوو کە قازانج لە(لەشفرۆشی)ی دەکەن، مارکس نووسی بووی: ”ئایا ئەوان بۆ ئەوەی پارە لەو زیارەتکارانە پەیدا بکەن کە دەچنە پەرستگاکانی ئۆریسا و بەنگال، دەستیان بە بازرگانی لەشفرۆشی نەکردووە کە لە “پەرستگای جەگەرنۆت” ئەنجامدەدرا؟”.
    لەڕاستیدا ئەوەی(لەشفرۆشی و پیدۆفیلیا)ی لە کۆمەڵگەکاندا، لە دەمێ ساڵەوەیە کردووە بە دیاردە، خواستی قازانجی سەرمایە و زاڵکردنی کەلتووری کۆنەپەرستی سەرکوتی ئینسانەکانە، چونکە گەر تەماشای دونیا بکەین، بنەمای ئەو دیاردەیە لە هەندێ لە وڵاتاندا بە ڕووکەش پەیوەندی بە ئایین و پیاوانی ئایینیەوە هەیە، بەڵام لە پانتایێکی جیهاندا ئەوە بزنسی تۆڕێکی گەورەی کۆمپانیاکانی کازینۆ و بارو ڕێکخراوە مافیاکانە، کە بەشێکی سەرمایەی جیهانی ئەمڕۆکەن.
    وەکاتێ داعش ئافره‌ته‌کانی وه‌ک کۆیله‌ی سێکس له‌ بازاڕی”نخاسه‌”بۆ فرۆشتن نمایش ده‌کرد، و پیاوه‌ شه‌هوانییه‌کان به ‌پاره‌ ده‌یانکڕین، دیمه‌نێکی هێنده‌ وه‌حشی و نائینسانی بوو مرۆڤی په‌ست و تووڕه‌ ده‌کرد. هه‌ڵبه‌ته‌ ئایینی ئیسلام هه‌م له ‌توراسیداو هه‌م له ‌مێژوویدا، گه‌لێ دیمه‌نی ناشرینی وای تیادایه‌. دیاره‌ هه‌ر ئایینی ئیسلام وا نییه‌، به‌ڵکه‌ زۆرێک له ‌ئایینه‌کان هاوشێوه‌ن. له‌م کاته‌داو به‌حیساب به‌رامبه‌ر و دژی ئه‌م دیمه‌نه‌ ناشیرینه‌ وه‌حشیانه‌ی داعش، چه‌ند وه‌حشێکی دی هاتبوونه‌ مه‌یدان:”برجوازه‌ مۆدێرنه‌کان، لیبڕاله‌کان، سیکۆلاریسته‌کان و بڕێک له ‌چه‌په‌کان”و چه‌ند ده‌وڵه‌تی وه‌ک”ئێران، سعودیه‌، تورکیا، ئه‌مه‌ریکا، روسیا و سوریا..هتد”، ده‌یان ویست به ‌خه‌ڵکی بسه‌لمێنن که ‌ئه‌و دیمه‌نه‌ ناشرین و وه‌حشیانه‌ی ده‌یانبینن، به‌رهه‌می سیسته‌می سه‌رمایه‌داری نییه‌، به‌ڵکه‌ به‌رهه‌می خوێندنه‌وه‌ی به‌ هه‌ڵه‌ی چه‌ند ده‌قی ئایینێکه‌، به‌رهه‌می نه‌ریه‌تی کۆنی ئایینێکه‌ که چه‌ند گۆمڕاکه‌رو سه‌رلێشێواوێک ده‌یانه‌وه‌ێ زیندووی بکه‌نه‌وه‌ له‌م دونیا جوانه‌ی ئێمه‌دا. ئه‌م ده‌ستەیه‌‌ درۆی گه‌وره‌یان بۆ خه‌ڵکی ده‌کردو ده‌یان گوت: شارستانی دونیای سه‌رمایه‌داری ناگونجێ له‌ته‌ک دیمه‌نی ناشرین و وه‌حشی له‌و شێوه‌یه‌دا، و ئه‌م دیمه‌نانه‌ سه‌ر به‌ ئێستا نین،‌ به‌ڵکه‌ له‌ مۆزه‌خانه‌ی کۆنی که‌لتوری ئیسلامه‌وه‌ خواستراوه‌. به‌ڵام ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م دیمه‌نانه‌و له‌وه‌ش وه‌حشیتر ڕوویداوه‌و ڕۆژانه‌ ڕووده‌دات، و ئه‌م دونیای سه‌رمایه‌داریه‌ دڕنده‌یه‌ پڕیه‌تی له ‌دیمه‌ن و سه‌رگوزشته‌ی به ‌تاک و کۆی فرۆشتنی منداڵ و ژنان، و بازاڕی کۆیله‌کان گه‌رمه‌ له‌ به‌شێکی ئه‌م سه‌ر زه‌مینه‌ی که‌ ئه‌و به‌ڕێزانه‌ لێیان کردووین به ‌شامی شه‌ریف. هه‌ڵبه‌ته‌ وه‌ک چۆن کرده‌وه‌کانی داعش جێگای نه‌فره‌ته‌ هه‌روه‌هاش ئه‌و بازرگانی سێکس و کۆیلایه‌تییه‌ به ‌ژن و منداڵ ده‌کرێ جێگای نه‌فره‌ته‌، و ئه‌مانه‌ به‌شێکن له ‌دیارده‌کانی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری، و پایه‌کانی سه‌رمایه‌داری”پێویستی بازار و قازانج”مرۆڤ و جه‌سته‌ی ده‌کاته‌ کاڵاێک بۆ کرین و فرۆشتن، و بازار و قازانج دیمه‌نی له‌وه‌ وه‌حشیتری به‌رهه‌م هێناوه‌. ساڵی ۲۰۱۳ “ده‌زگای مافی ئوسترالیا “ڕاپۆرتێکی بڵاوکرده‌وه‌ که‌ له ‌ئێستادا نزیکه‌ی ۳۰ ملیۆن کۆیله‌ هه‌یه‌ له ‌جیهاندا که‌ به ‌زۆری له ‌ئاسیا و ئه‌فه‌ریقا دان. ساڵی ۲۰۱٤ ڕاپۆرتی “ڕێکخراوی ووک فری”بۆ مافه‌کان پیشانیدا که‌ ۳٦ ملیۆن کۆیله‌ هه‌یه‌ له‌ ۱٦۷ وڵاتدا. گه‌ر که‌سێکیش به‌ ڕاپۆرته‌کانی ڕێکخراوه‌ مه‌ده‌نی و یاساییه‌کانی ئه‌مه‌ریکادا بچێته‌وه‌ له‌ دوای ڕمانی یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت، ده‌بینێ لایه‌ک له ‌ئافره‌تانی ئه‌و وڵاتانه‌، مافیاکان بردیانن بۆ ئه‌مه‌ریکاو وه‌ک کۆیله‌ی سێکس کڕین و فرۆشتنیان پێوه‌ ده‌کردن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ده‌نگوباسی ڕێکخراوه‌کانی تاوان له ‌ئه‌وروپا و ئاسیا و ئه‌مه‌ریکا به‌لاشه‌ی منداڵ و ژنانه‌وه. له‌به‌رئه‌وه‌ محامیه‌کانی برجوازی زۆر گه‌مژه‌ن‌، چونکی هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی خه‌ڵکی ته‌ماشای ئینترنێت بکەن و به ‌دوای زانیاریدا بگه‌ڕێن، ئه‌وه‌ عه‌یب و عاری سه‌رمایه‌داری هێنده‌ که‌شفه‌ به ‌درۆی ئه‌وان داناپۆشرێ؛ داعش به‌رهه‌می سه‌رمایه‌دارییه‌ و ئه‌و کوڕه‌ له‌و باوکه‌یه‌. ڕاپۆرتێکی ئه‌مه‌ریکا لە ساڵی ۲۰۱۲ ده‌ڵێت ساڵانه‌ بایی ۱٥۰ ملیار دۆلار بازرگانی به‌ کۆیله‌ی سێکس ده‌کرێت، یانی له‌ بازاڕی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی زیاترە، وه‌ لادێک له‌ ناوه‌ڕاستی مه‌کسیک که‌ ناوی”تينينسينغ”ە، له‌ هه‌رێمی “تلاكسالا”یە، ئەوێ پایتەختی کۆیله‌ی سکێکسی جیهانە‌.

——————————————————————————————

  • لە ڕۆمانی(سەدو بیست ڕۆژ لە سۆدۆم)- (١٧٨٥)ی مارکیز دی ساددا، خاوەندارانی سامان، پیاوانی کەنیسە، دەسەڵاتی دادوەری و ئەرستۆکراسی، بۆ ماوەی چوار مانگ لە قەڵایەکی دابڕاودا کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بە دڕندەترین شێوە دەستدرێژی بکەنە سەر قوربانییە گەنجەکان”کوڕ و کچ”. ئەوان بە بێباکییەکی تەواوەوە بەرەوڕووی ئازارەکانی ئەم قوربانیانە دەبنەوە: ئەشکەنجەدان بۆ خۆی ئامانجێکە؛ ئەم ئەشکەنجەدانە تەنها چێژ نییە کە خزمەت بە تێرکردنی ئارەزووی دڕندەکان دەکات و بەس، بەڵکو خزمەت بە مەزنکردنی هۆشی ئەوانیش دەکات؛ زیاترمتمانەیان بەخۆیان دەبێ کە ئێمەی دەوڵەمەندو دەسەڵاتداران دەتوانین لە فەزای بێ یاسادا بەدڵی خۆمان چیمان بوێت دەتوانین بیکەن. – مارکسی لاو: فیتیشیزم و سێکس و ئایین – پیاچوونەوەێک بە “دەفتەرەکانی بۆن” / لەلایەن: کان کانگال.

ئەکرەم سەعید

———————————-

  • سەرچاوەکان:
    1/ پاشخانی کولتووری و ئایینی خوێنمژگەرایی سێکسی لە چینی کۆن – پاوڵ ڕ. گۆڵدین
    توێژینەوە لەسەر تەکنیکە سێکسییە ماکرۆبایۆتیکییەکانی چینی کۆن لە ژینگەی کولتووری و ئایینی کۆن، تیشک دەخاتە سەر ئەو ساتانەی کە بە ڕێنماییە نهێنییەکانی ژووری نووستنی”یەشت” ناسراوە. توێژینەوە کە ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن دایکی ڕۆحی ڕۆژئاوا(هێزێکی ئایینی چینی دێرینە)کە لە بنەڕەتدا مرۆڤێکی ئاسایی وەک هەر کەسێکی دیکە بووە، هێزی زۆرێک لە کوڕانی گەنجی بە جووتبوون لەگەڵیان بۆ خۆی بردووە، و لەوێدا خۆی گۆڕی بۆ خوداوەندێکی بەناوبانگ. هەرچەندە زۆرێک لە لێکۆڵینەوەکانی پێشووی سێکسییەتی چینی تیشکیان خستۆتە سەر ئەم جۆرە شێوازانە (مێژوونووس R.H. van Gulik یەکەم کەس بووە کە بە “خوێنمژگەرایی سێکسێ” ناوی بردووە)، بەڵام بە دەگمەن پرسیار کراوە کە بۆچی کەسانی ڕوناکبیر و دانای ڕابردوو بە جددی وەریانگرتووە. لێکۆڵینەوەکە پیشانی دەدات کە خاوەن سامان و دەسەڵات لە کۆندا بڕوایاین بەوە هێناوە کە ئەم جووتبوونە سێکسییە لەتەک لاوان تەندروست و تەمەن درێژیان دەکات.
  • The Cultural and Religious Background of Sexual Vampirism in Ancient China – Paul R.Goldin
  • Yellamma Cult and Divine Prostitution: Its Historical
    and Cultural Background
    Arun Jaganathan V.R
    2/ Yellamma Cult and Divine Prostitution: Its Historical and Cultural Background / Arun Jaganathan V.R Research Scholar, Dept. of Sanskrit Sahithya, Sree Sankaracharya University of Sanskrit, Kalady, Kerala, India.
    3/ Young Marx on Fetishism, Sexuality, and Religion / Revisiting the Bonn Notebooks /by Kaan Kangal.
  • پەیوەندی نێوان”بازرگانی و ئایین و سێکسوالیتە” لە بەڵگەنامەی مێژوویی بۆتیگەردا سەبارەت بە ئایینەکان-یش سەرچاوەیەکی تیۆری مارکسە لە ژێر کاریگەری دی برۆسدا. ڕستەیەک کە مارکس نووسیویەتیەوە باس لە “کچانی گادیتانی” دەکات کە لە سەردەمی شانشینی ڕۆمدا لە ئیسپانیا وەک ژنە لەشفرۆش کاریان کردووە. مارکس کاتێک ئەم ناوە لە بۆتیگەرەوە وەرگرتووە، دەبێ بیری لە بەشێکی پێشوو کردبێتەوە کە بۆتیگەر تێبینییەکی لەسەر ڕێنمایی ئەسکەندەری مەکدۆنی کردبوو بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی “پەرستگای بێلۆس” لە بابل، کە شوێنێکی ناسراوە بۆ لەشفرۆشی پیرۆز. هەروەها مارکس لیستی نموونەکانی لەشفرۆشی پیرۆزی بۆتیگەری لە جوگرافیاکانی دیکەوە لەبەرچاو گرتووە. بۆ نموونە مارکس وێناکردنی هیرۆدولۆی لەلایەن بۆتیگەرەوە وەرگرتووە، کە کۆیلەی پەرستگاکان بوون و لە ناوچەی پۆنتۆس لە نزیک دەریای ڕەش و لە کاپادۆکیای ناوەڕاستی ئەنادۆڵ خزمەتیان بە “خودای گەورەی سروشتی ئاسیا” کردووە. لە دەفتەرەکانیدا مارکسدا دەنووسێت(هیرۆدولۆیەکان بەشداربوون لە[لەشفرۆشی] و “بازرگانی سۆزانی پیرۆز”دا).
    4/ Marxism for Whores / by Magpie Corvid | August 1, 2015
    5/ The most shameful practice:Temple prostitution in the ancient Greek world Strong, Rebecca Anne. University of California, Los Angeles ProQuest Dissertations & Theses, 1997.



خۆپیشاندانی ئیخوانەکان لە شاری هەولێر.. ئەیوب ئەحمەد قادر

ئاشکرایە خۆپیشاندان مافێکی سەرەتایی هەموو چین و توێژێکە، لەو ڕێگایەوە هەموو ئەوانە دەتوانن گوزارشت لە بیرکردنەوە و تێڕوانینی خۆیان بکەن. بەڵام کاتێک گرووپێک، دەستەیەکی ئایدیۆلۆژی بۆ مەرامێکی ئایدیۆلۆژی خۆپیشاندان دەکەن، بێگومان گوتارێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژی لە پشتیەوەیە. ئیخوانەکان چەند ڕۆژێک پێش ئێستا خۆپیشاندانێکیان لەناو شاری هەولێر دژ بە خەڵکی نەتەوەیی ئەنجامدا بە بیانووی ئەوەی لە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی باشووری کوردستان بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ڕۆژئاڤای کوردستان سوکایەتی بە پێغەمبەری ئیسلام کراوە. کچێک لەناو خۆپیشاندانەکان بۆ پشتیوانی ڕۆژئاڤا شیعرێکی سەبری بۆتانی دەخوێنێتەوە، حەز دەکەم لێرەدا داینێم:
ئەڤ هزار و چارسەد سالە
ل وەلاتێ من ئەنفالە
سەر و مال و ناموسا من
ل دژمنێ من حەلالە
ئەڤان مسلمانێن قەشمەر
ئیسلام ل من کرن خەنجەر
ب ئایەتا ئەنفالا رەش
موهەمەد ژی کرن هیتلەر
ئەگەر بە پێوەری عەرەبەکان بۆ شیعر لەم دەقە شیعرە بڕوانین، ئەوا دەزانین سەبری بۆتانی دەیەوێت پێمان بڵێت دەوڵەتە داگیرکەرەکانی وەک عوسمانی و سەفەوی و عەرەبەکان بەناوی ئیسلامەوە سەدان ساڵە ئێمە دەکوژن و لەناومان دەبەن. کوردە ئیخوانەکان لە شارەکانی کوردستان بە هۆی ئەوەی ڕووی ڕاستەقینە و دژنەتەوەییان بەرانبەر نەتەوە و خەڵکی کوردستان دەرکەوت، نەیانزانی چۆن ئەم شکستەی خۆیان بشارنەوە دێن بەناوی ئەوەی سوکایەتی بە پێغەمبەری ئیسلام کراوە خۆپیشاندان دەکەن. لە کاتێکدا ئەوەی تۆزێک شارەزای ئەدەب و شیعر بێت دەزانێت، کە شیعرەکە بۆ داگیرکەران نووسراوە. دەبینین شاعیر لێرەدا دەڵێت: ئیسلام ل من کردن خەنجەر. واتە ئیسلام ئایینێکی باشە و جوانە، بەڵام بە هۆی ئەوەی داگیرکەرە عەرەبەکان، تورکەکان و فارسەکان ئەم ئیسلامەیان بۆ مەرامی خۆیان بەکارهێناوە و خۆیان وەک نوێنەری خودا هەژمار دەکەن و بەو بیانووە نەتەوەی دیکە ئەنفال دەکەن. من لێرەدا دەپرسم، گەلۆ سەدام حوسێن بەناوی ئایەتی ئەنفالەوە سەدان هەزار کوردی زیندەبەچاڵ نەکرد؟ من دەپرسم داعش بەناوی ئایەتی قورئانەوە هەزاران کچیان نەکردە کەنیزەک؟ هەزاران گەنج و لاوی کوردیان سەرنەبڕی؟ ئیخوانەکان زۆرباش لەوە گەیشتن ئەم کچە کوردە ڕووی ڕاستەقینەی ئەوانی هەڵماڵی، چونکە ئەم کچە تۆزێک دەسکاری شیعرەکەیشی کردبوو. بۆ نموونە نیوەدێڕی: ئەڤان مسلمانێن قەشمەری کردبوو بە وان دیکتاتۆرێن قەشمەر، بەڵکوو نەتەوەی کورد لە ئامانج و گوتاری ئەو ئیخوانانە هوشیار بێتەوە، کە ئیخوانەکان و ئیسلامی سیاسی بەناوی چییەوە دەیەوێت ئەوان بکوژێت.
واتە ئەم خۆپیشاندانەی ئیخوانەکان هەوڵێک بوو بۆ داپۆشینی ڕووی ڕەشیان، چونکە ئەوان یەکەمین گرووپی سیاسین، کە ئایین بەکاردەهێنن، وەک ئەحمەد شەرع، وەک ئەردۆغان، وەک خامەنەیی و ئەو هەموو گرووپ و حیزبە ئیسلامیانە. ئەوان ئاینی ئیسلام بۆ مەرامی سیاسی و گەیشتن بە دەسەڵات بەکاردێنن. ئەگەرناو هەر ئەو خەڵکانەی گوایە خۆپیشاندان دژ بە سوکایەتی بە پێغەمبەری ئیسلام ئەنجام دەدەن، دەبوایە خۆپیشاندان دژی دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع ئەنجام بدەن، کە سەدان کوردی ڕۆژئاڤایان کوشت، لە کاتێکدا خودا ئەو کەسانەی بە کورد خەڵقکردووە، زمانی پێداون، ئەوان دروستکراوی خودان. ئەوان بە ناحەق و بەبێ هیچ هۆکارێک دەکوژران و دەکوژرێن، تەنیا بە بیانووی ئەوەی کوردن، لە کاتێکدا خودا لە قورئاندا دەفەرموێت: هەر کەسێک، کەسێکی تر بە ناحەق بکوژێت وەک ئەوەیە هەموو خەڵکی کوشتبێت. بۆیەیش زۆر پێویستە وەک نووسەر حەمەسەعید حەسەن دەڵێت: ئەوان بخرێنە لیستی تیرۆرەوە چونکە بەرگری لە تیرۆر دەکەن. هەر بە ڕاستی وایە لە وڵاتی میسر، کە لانکە و شوێنی پەیدابوونی ئیخوانەکانە، ئەوان ئیخوانیان قەدەغە کردووە و لە لیستی تیرۆردان.
ئەم ڕووداوەی خۆپیشاندانی ئیخوان و کلکەکانیان لە ئیسلامییەکانی تر دژ بەو کچۆڵە نازدارەی شیعرەکەی سەبری بۆتانی دەخوێنێتەوە، ڕووداوێکی ترم بیر دەخاتەوە، کە لە ساڵی ٢٠٠٩- ٢٠١٠ کاتێک فەرهاد پیرباڵ و ستافی گۆڤاری وێران، لە ژمارە شەشدا مەلەفێکیان لەبارەی ئەدەبی ئیرۆتیک بڵاوکردەوە. هەر لەو ژمارەیەدا بیرمە شاعیر زانا خەلیل شیعرێکی لەبارەی کۆچی گەنجان بۆ ئەوروپا نووسیبوو، لەوێدا وەک میتافۆڕ سوودی لەناوی پێغەمبەرەکان وەرگرتبوو بۆ ئەوەی ئازار و مەینەتی گەنجانی کورد دەرببڕێت. بۆ نموونە دەریای ئیجەی و بەلەمەکانی پەڕینەوەی بە کەشتییەکەی نوح چواندبوو. ئەو کاتیش یەکگرتووی ئیسلامی و چەند مەلایەک شکاتیان لە فەرهاد پیرباڵ و ستافی گۆڤاری وێران کرد، بەناوی ئەوەی سوکایەتییان بە پێغەمبەران کردووە. ئەم شکایەتە بۆ ئەو کات هەڵایەکی گەورەی دروست کرد، ڕۆشنبیران و نووسەران بەیاننامەی پشتگیریان بۆ گۆڤاری وێران دەرکرد. ئەو کاتیش یەکگرتووە ئیخوانەکان لە شیعر و ئەدەب بە هەڵە تیگەیشتن، بەبێ ئەوەی بزانن ئەدەب میتافۆڕە، لە ئەدەبدا یەک شیکردنەوە و ڕاڤە دروست نییە، بەڵکو ئاساییە چەندین شیکردنەوە بۆ دەق بکرێت. سەیر دەکەین ئەم کچۆڵەیە زۆر باشتر لە کوردە ئیخوانەکان لە شیعر تێگەیشتووە و دەزانێ چی دەڵێت، بەڵام ئەوان وەک هەمیشە لە ڕوانگەیەکی تەسکی ئایدیۆلۆژییەوە سەیری شتەکان دەکەن.




بەڵگەنامەکان: لە ئپستینەوە تا ویکیلیکس، پەنەما و پاندۆرا یەک ناوەرۆک و چەند روخسار!.. نوری بەشیر

ئەگەر ئاوڕێکی خێرا لە هەلومەرجی ڕوودان و ئاشکراکردنی بەڵگەنامەکانی “ئپستین” بدەینەوە، دەرگا بە ڕووی ئەو ڕاستییەدا دەکاتەوە کە لە سیستەمی جیهانیی ئەمڕۆدا، ئەگەر قووڵتر بڕوانین و تەنیا سەیری ڕووکەش و چاوی میدیاکانی ئەمڕۆو لە فەزای زاڵی چینی دەسەڵاتی ئەمڕۆ دەرچین، دەتوانین ڕاستییەکانی پشت ئەم دۆکۆمێنتانە بناسینەوە کە دەرخەری چ راستی و چ واقعیەتیەکە، لەبەرئەوەی تا ئێستا ئەوانەی دەوترێت و وتراوە لەسەر بەڵگەنامەکان چ ئەمەی ئپستین تا ئەوانەی پێشترو ئەوانەی رۆژانە روودەدەن، دەرخەری ناوەرۆکی راستیەکان و خودی بەڵگەنامەکانیش نین. ئەم ڕووداوەی کە ئەمڕۆ هەواڵەکانی جیهانی داگرتووە، درێژکراوەو ناوەرۆکی هەمان زنجیرە کارەساتێکن کە هێزو سامان و تواناو کەسایەتی گەورەی حکومەتی لەپشتەوەیە، ناوەرۆکی هەموو ئەو بەڵگەنامەی وەک “ویکیلیکس، پەنەما و پاندۆرا” و رووداوە جیهانیەکانی رۆژانە کە خاڵی هاوبەشی تێدایە ئەو راستیە دەخاتەڕوو و دەکرێت جارێکی کە بەکورتیش بێت ئاماژەیان پێبکەین.
با بەخێراییەک خوێنەران بگێڕینەوە بۆ زنجیرە مەلەفێک یان بەڵگەنامەیەک کە بە دەیان ملیۆن لاپەڕەی لێبڵاوبۆتەوەو کەوتۆتە بەردەم کۆمەڵگای بەشەری و ئەو بەڵگانەی پێشوو چیان لێهات، کە تاوانباران هەمان دەسەڵاتداران و سەرمایەدارانن، لەژیر سایەی دەسەڵاتدارێتی ئەواندا ئایا ٦ ملیۆن بەڵگەنامەی ئیپستینیش بە هەمان دەردی ئەوان ناڕوات؟.
• ویکیلیکس: لە ساڵەکانی ٢٠١٠ – ٢٠١١ دا بەسەدان هەزار مەلەفی سەربازی و دیپلۆماسیی نهێنیی ئەمریکا و وڵاتانی تری سەرمایەداری ئاشکرا کرد، لە پێشێلکاری و کوشتار.
• بەڵگەنامەکانی پەنەما: لە ساڵی ٢٠١٦ دا نزیکەی ١١.٥ ملیۆن بەڵگەی لەسەر دزی، تاڵانکاری و پێشێلکردنی یاسا لەلایەن سەرانی حزبە بۆرژوازییەکان و دەوڵەتە سەرمایەدارییەکانەوە بڵاوکردەوە.
• بەڵگەنامەکانی پاندۆرا: لە ساڵی ٢٠٢١دانزیکەی ١٢ ملیۆن فایلی لەسەر سامانی هەزاران ملیۆنێر و ملیاردێر و سەرانی حزب و دەوڵەتەکان و بازرگانەکان ئاشکرا کرد؛ ئەوانەی کە سەروەت و سامانی کۆمەڵگەیان بەتاڵان بردووەتە دەرەوەی وڵات، لە کاتێکدا %٩٩ی کۆمەڵگە لە ژیانێکی مەمرەومەژیدا دەژین.
ئەم بەڵگەنامانە دەریانخست چۆن ئەم دەسەڵاتدارانە بە ناوی “کۆمەک بۆ خەڵک” پارە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەردەگرن، بەڵام بۆ کڕینی کۆمپانیا، خانووبەرە و کێڵگەی تایبەت بۆ خۆیان و خێزانەکانیانی خەرجی دەکەن.
بە ملیۆن لە بەڵگەنامەکانی رووداوەکانی تری جیهان کە لەم دەیەیەی ئەخیردا کە رۆژانە روویانداوە لە کۆمەڵكوژی و بازرگانی بەژنان و ئاوارەیی و لە سێدارەدان کە لەلایەن؛ جمهوری ئیسلامی ئێران، داعش، بۆکۆحەرام، شەبابی سۆماڵ، حکومەتی ئیسرائیل، سوریاو تورکیاوە ئەنجامدراوە، میدیاکان حکومەتان و سەرمایەدارانی جیهان لە پشتیانەوە بوون، وە بێدەگەیان لێکردوون.
بەڵگەنامەکانی ئپستین (٦ ملیۆن بەڵگە کە تا ئێستا ٣ ملیۆنی خراوەتە ڕوو)، پاش دەستگیرکردنی “جێفری ئپستین” لە ساڵی ٢٠١٩ دا بۆ دووەم جار، بۆ ماوەی چەند ساڵێک لەژێر دەستی (FBI) و وەزارەتی دادی ئەمریکادا بە نهێنی مانەوە تاوەکو لە جەنیوەری ٢٠٢٦ بڵاوکرانەوە. دەتوانرێت بوترێت تەنیا %٢٥ی بڵاوکراوەتەوە، ئەویش بەشێوەیەک کە زیان بە سەرۆک و سەرمایەدارە گەورەکان نەگەیەنێت. مردنی تەمومژاویی ئێپستین لە زینداندا، زیاتر گومانی ئەوەی دروست کرد کە مەبەست لە شاردنەوەی ناوی ئەو کەسایەتییە باڵادەستانەیە کە تێوەگڵاون و هەروەها بەرنامەیەک کە ئەم سەرۆکی وڵات و سەرمایەدارو دەسەڵاتی شاهانە هەیانبووە ونبکرێت، هەروەها ونکردنی کەیس و ئاسەواری ئەو هەزاران ژن و منداڵانەی براونەتە ئەوێ و چارەنوسیان، وە گەلێک بەرنامەو سیاسەتی شاراوە لە پشتیەوەیەتی بشارننەوە.
میدیاکانی بۆرژوازی هەوڵدەدەن ئیپستین وەک تەنیا “شەیتانێکی تاک” و بازرگانێکی منداڵان نیشان بدەن، بەڵام خاڵی هاوبەشی هەموو ئەم بەڵگەنامانە (ویکیلیکس، پەنەما، پاندۆرا و ئپستین و ئەوانی تریش) شتێکی تریش دەخاتەروو: ئەویش بێدەنگی و شاردنەوەی تاوانی گەورەی وایە کە هیچ جێگایەکی بۆ مرۆڤایەتی سەدەی ٢١ نەهێشتۆتەوە، بۆ مانەوەی سیستەمەکە بە ئاڵوگۆڕی شکڵی. ئایا بەڵگەنامەکانی کۆمەڵکوژی کەمن لەسەر: فەلەستین، سودان، یەمەن، ئێران، عێراق، ئۆکرانیا، رۆژانەی چەوسانەوەی کرێکاران و کاری منداڵان، ئاوارەیی و برسێتی کە هەموویان لەژێر سایەی ئەم سەرۆک و حکومەتانەدا ڕوودەدەن.
هەموو ئەم تاوانانە؛ لە بازرگانی بە مرۆڤەوەو بە منداڵانەوە، تا کۆمەڵكوژی و برسێتی و جەنگ و ئاوارەیی و تا تاڵانکاری، لە چوارچێوەی سیستەمێکدا کە سیستەمێکی چینایەتی سەرمایەداریەی ئەم سەردەمەیە کە راسیزم و فاشیزمی قەومی و دینی بەڕێوەی دەبات، کە هەمووسەروەت و سامانی کۆمەڵگا تا دادگاکانیشیان لەدەستدایە، واتە ئەو کەمایەتیە دژی ئینسانیە، لەبەرامبەر لە ٪٩٩ی کۆمەڵگا راوەستاون و برسێتی و کوشتار و بێحورمەتی بە مرۆڤ دەکەن، هەر هەمان ئەو سەرمایەدارو سەرۆکانەن کە بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە و بڕیاردەدەن. هەر ئەو دادگایەی لە لە ٢٠٠٨ ڕێگەی بۆ ئپستین خۆش کرد و رێگای نیشاندا تا لە سزا ڕزگاری بێت، تا ٢٠١٩ ئەو هەموو کارەساتە مرۆییە دژی ژنان و منداڵان ئەنجامبدەن، هەر ئەو دادگایانە بوو لە کەیسەکانی ویکیلیکسدا لەجیاتی سزادانی تاوانبارانی جەنگ و کوشتاری خەڵكی مەدەنی لە عێراق و ئەفغانستان، “جولیان ئاسانج”ی سزادا، ئەمەیە روخسارو ماهیەتی سیستەمی بەڕێوەبردن و دەسەڵاتی دنیای ئەمڕۆ، کە رووداوەکانی رۆژانە ناخی هەموو مرۆڤێکی ئینساندۆست و ئازادیخواز ئازار دەدات.
هەموو ئەو بەڵگەنامانەو ناوەرۆک و راستیەکانی پشتی واقیەتی کۆمەڵگای چینایەتی ئەمڕۆی جیهانە، کە سیستەمی سەرمایەداری تێیدا دەسەڵاتدارە، کۆمەڵگای جیهانی لە نێوان دوو ڕێگەدا راگرتووە: یان دەبێت مل بدات بۆ ئەم فەوزا و فاشیزمەی دەسەڵاتدارانی لە چەشنی؛ ترەمپ، پۆتین، خامنەئی و ئۆردگان، ناتانیاهۆ و هاوشێوەکانیان)، یان دەبێت ڕێگایەکی تر بگرێتەبەر؛ ئەویش خۆرزگارکردن لەهەموو خۆشخەیاڵیەک بە سیستەمی چەوسێنەرو دژی ئینسانی ئەمڕۆ و دەستبردن بۆ خۆڕێکخراوکردن و گۆڕینی ئەم سیستەمە سەرمایەدارییە دژی مرۆییە بۆ دنیایەکی ئازاد، یەکسان و خۆشگوزەران بۆ هەمووان، دوور لە کۆمەڵکوژی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، ئەویش سیستەم و کۆمەڵگای ئینسانی سۆشیالیزمە.
تێبینی: سەبارەت بە بەڵگەنامەکانی: ویکیلیکس، پەنەما و پاندۆراو داعش دەتوانن لەم لینکەی خوارەوە، کە پێشتر بڵاومکردوونەتەوە، کە بابەتەکانی تێدایە بۆ ئاشنابوونی زیاتری بگەڕێنەوە بۆی.

https://dengekan.info/archives/21261

https://dengekan.info/archives/author/nuribashir




کێ دەبێتە سەرۆک وەزیرانی عێراق؟.. عوسمانی حاجی مارف

بەردەوامی ڕکابەری نێوان مالکی و سودانی بووە هۆی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی سیناریۆی حکومەتێکی کۆدەنگی لاواز، هەوڵەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی زیاتر لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکان دەچێت، نەک چارەسەرکردنی قەیرانەکان.
هاوپەیمانی سیاسی شیعە لە دەورانێکی خراپدا نوقم بوون، تا ماوەیەکی زۆر نەیانتوانی لەسەر کاندیدێکی کۆدەنگی بۆ سەرۆکوەزیران ڕێکبکەون، ئەم دۆخە ڕەنگدانەوەی ئەو دابەشبونە قووڵانەیە، لەناو ئەو هاوپەیمانیەدا کە لەڕووی دەستوریەوە ئەرکیان سەرکردایەتیکردنی پێکهێنانی حکومەتە، دوای چەند هەفتەیەک لە پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان، ناکۆکی ناوخۆییان هەڕەشەی درێژکردنەوەی بۆشایی حکومەتی دەکرد.
ئەو چەقبەستنەیان بەجیا لە کێشە ناوخۆییەکانی نێو لایەنەکانی چوارچێوەی هەمامەنگی، بەپلەی یەکەم، لەسەر ڕکابەریە توندەکەی نێوان سودانی و مالکیە، کە مالکی کاریگەریەکی بەرچاوی لەناو هاوپەیمانیەکەدا هەیە، ململانێکان زیاتر شەڕی دەسەڵات و دیدگا جیاوازەکانە سەبارەت بە پێکهاتنی حکومەت، کە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ کوتلە چەکدارەکان و ڕۆڵی ناوچەیی عێراق لەخۆدەگرێت.
پێشتریش لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥دا، چوارچێوەی هەماهەنگی خۆی وەک گەورەترین بلۆکی پەرلەمانی ڕاگەیاند، کە بەپێی لێکدانەوەکانی دادگای باڵای فیدراڵی بۆ دەستووری عێراق، مافی پێکهێنانی حکومەتی داهاتویان هەیە، بەڵام سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر کاندیدێکی نوێ بۆ سەرۆک وەزیران ماوەیەکی زۆریان تێپەراند تا ڕێکەوتن.
لەکاتێکدا سەرکردەکانی چوارچێوە، هەوڵی چارەسەرکردنی ناکۆکیە ناوخۆییەکان و کۆنتڕۆڵکردنی ڕکابەری نێوان مالکی و سودانی ئەدەن، هەموو ئەو ناوانەی دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان خرانەڕوو، مانۆڕێک بوو بۆ کڕینی کاتێکی زیاتر، بەڵام لە واقعدا کێبڕکێ لەسەر ئەو پۆستە تەنها لە نێوان سودانی و مالکیدا سنووردارکراوە.
هۆکاری سەرەکی ئەو بنبەستە سیاسیانە، بەهۆی ڕکابەری نێوان سودانی و مالکیەوە بەردەوامی هەیە، کە هەردوکیان بڕیاریان داوە بە هەر شێوەیەک بۆیان سەربگرێت پۆستی سەرۆک وەزیران وەربگرنەوە، هەریەکەیان لایەنگری خۆیان هەیە و لە لایەن هەندێک لایەنەوە ڕووبەڕووی دژایەتی دەبنەوە.
مالکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، کاریگەریەکی بەرچاوی لە دیمەنی سیاسی عێراقدا هەیە، حاشا هەڵنەگرە مالکی وەک یاریزانێکی سەرەکی، لە زۆر بابەتی ناو هاوپەیمانی سیاسی شیعەدا دەمێنێتەوە، پێگەیەکی تایبەتیشی لە ناو لایەن و هێزە شیعەکاندا هەیە.
هەرچەندە مالکی، بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی داهاتوو کاندید کراوە و لە چوارچێوەی هاوپەیمانیەکەدا کۆمەڵێک لایەنگری هەیە، بەڵام لەهەمانکاتدا دژایەتیەکی بەرچاویشی هەیە، وەک قەیس خەزعەلی و هەندێک سەرکردە و کوتلە چەکدارەکانی دیکەی شیعە لەخۆدەگرێت.
کەسانێک هەن لە چوارچێوەی هەماهەنگی ناڕەحەتن بە کاریگەری مالکی، هەروەها ناڕەزایەتی دەردەبڕن لە کۆنترۆڵکردنی مالکی بەسەر زۆر شتدا، ئەوان نایانەوێت ئەو پۆستەی پێبدەن، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەزمونی پێشینەی کە سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە، کە پڕە لە هەڵەی گەورە.
کاریگەری مالکی لە تۆڕی بەهێزی پەیوەندیەکانی لەگەڵ دامەزراوە ئەمنی و سیاسیە کاریگەرەکانی ناو حکومەتدا سەرچاوە دەگرێت، هەروەها پەیوەندیە بەرفراوانەکانی لەناو دەسەڵاتی دادوەری عێراقدا، بەتایبەتی پەیوەندیە نزیکەکانی لەگەڵ فایق زیدانی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، هەروەها بنکەیەکی تاڕادەیەک فراوانی پشتیوانی لەنێوان شیعە توندرەوە کۆنەپەرستەکان لە بەغدا و باشوور هەیە، هەروەها بەهرەمەندە لە پەیوەندی نێوان گروپە هۆزیەکان و هەندێک لە کوتلە چەکدارەکانی وەک لیواکانی سەید شوهەدا.
مالکی تاوانبار دەکرێت بەوەی کە دەوری هەبووە لە گەورەکردنی گرژی و شەڕی تائیفی نێوان سوننە و شیعە، وڵاتەکەی لە دۆخێکی گەندەڵی بەربڵاو و نەبوونی خزمەتگوزاری گشتی و بێکاریدا بەجێهێشتووە.
مالکی بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی سەرۆکایەتی حکوومەتی داهاتووی دەکات، پێیوایە مافی خۆیەتی لەم پۆستەدا بەردەوام بێت تا ئەوکاتەی کۆتایی بە ژیانی سیاسی خۆی دەهێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا دەزانێت گەڕانەوە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بەبێ ڕەزامەندی هەردوو واشنتۆن و تاران کارێکی قورسە.
مالکی لەم دواییانەدا هەوڵی ناردنی پەیامی ناڕاستەوخۆ و نهێنی بۆ واشنتۆن داوە، بۆئەوەی ئیدارەی ترەمپ قەناعەت پێبکات کە ئەگەر ئەو پۆستەی پێبدرێت، دەتوانێت پرسی چەکداماڵینی گروپە چەکدارەکانی عێراق چارەسەر بکات.!
ئەوەی شایانی باسە بەگشتی واشنتۆن ڕەزامەندی لەسەر ئەوە نیە مالکی ببێتە سەرۆک وەزیرانی عێراق، چونکە دەزانێت دڵسۆزی سەرەتایی ئەو لەگەڵ ئێراندایە و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی کوتلە چەکدارەکانی عێراق نیە و ئامادە نیە ئەو کارە ئەنجام بدات، بۆیە لەهەمانکاتدا ئێرانیش لەم دۆخەی ئێستادا، دودڵی هەیە لەسەر ئەوەی کە پاڵپشتی پێویست بکات، بەوەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران بە مالکی بدرێت یان نا.
ئەگەر مالکی فرسەتی بەدەستهێنانی ئەو پۆستەی نەبێت، هەوڵ ئەدا رێگە لە سودانی بگرێت، تانەتوانێت پاڵپشتی هەندێک فراکسیۆن لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا بەدەست بهێنێت، تەنانەت ئەگەر مالکی ئەو پۆستەی وەرنەگرێت، هیچ کاندیدێکی تر پەسەند ناکات، گەر پەیوەندی بە خۆی و یەکێک لە لایەنگرانیەوە نەبێت، بۆئەوەی پاپەندبونیان بەخۆیەوە لە حکومەتی داهاتوودا مسۆگەر بکات.
دوایین کۆبونەوەی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، کە لە کۆتایی مانگی کانونی دووەمی ٢٠٢٥دا لە ماڵی هادی عامری بەڕێوەچوو، هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی نەبووە لە بڕیاردان لەسەر کاندیدێک بۆ سەرۆکوەزیران، بەهۆی داواکاریە زۆرەکانی گروپە چەکدارەکانەوە، کە نزیکەی ٨٠ کورسی پەرلەمانیان مسۆگەر کردووە، بەدوای کۆنترۆڵکردنی چەند پێگەیەکی هەستیاری ئەمنی و وەزارەتێکی سەرەکیدا، دۆخی کارەکان ئاڵۆزتر بون، گروپە چەکدارەکان سەرەڕای فشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق، پێداگرن لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانێک دەکەن کە پشتیوانیان لێبکات.
دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی، وەها پێشبینی دەکرا هاوپەیمانی لە ئایندەیەکی نزیکدا توانای چارەسەرکردنی کێشەی سەرۆکوەزیرانیان نەبێت و کێشەکان لەناو هاوپەیمانیدا خراپتر دەبن، هەموو هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە تا ئەوکاتەی بڕیار لەسەر کاندیدبونی مالکی بڕانەوە، بە جۆرێک بەبنبەست گەیشتبون، بۆیە سیناریۆی گەیشتن بە کاندیدێکی کۆدەنگی بەدوور دەزانرا، لە کۆتایدا هەرچەندە لەسەر مالکی ڕێکەوتن، بەڵام مانای ئەوە نیە یەکەم: پێکهێنانی حکومەت بە ئاسانی تێپەریت. دووەم: گەر حکومەتێش پێک بێت دەورانێکی پڕ بە کێشەو ناسەقامگیری بەرەو ڕوو دەبن. پێشبینی ئەوەی ئایا مالکی دەتوانێت ئەم دۆخە بەسەلامەتی تێپەرێنێت؟، پێشبینیەکی قورسە.
هەڵبەتە کاریگەری دۆخی ئێستای ناڕەزایەتیەکانی ئێران و بارگژی لە ناوچەکەدا و لاوازی پێگەی ڕەوتی شیعە، گومانی تیا نیە کە سایە دەکاتە سەر هێز و لایەنە شیعەکانی عێراق لەمانەوەی کێشەکانی نێوانیان، ئەو دۆخی بارگرژیە کاریگەری جدی لە سەر بەڕێوەبردنی حکومەتی بەغدا دادەنێت، کە بە ناچاری دەکەوێتە بەر هەڕەشەی زیاتری بنبەستێک، کە ڕێکەوتنی تەواوی لایەنەکان، دوای بڕیاردانیش لەسەر مالکی بۆ پێدانی پۆستی سەرەک وەزیران، کارێکی سەخت دەبێت، لە پیکهێنانی حکومەتێکی یەکدەست، کە چەندین ساڵە نمونەی ئەزمونێکی تەواو نەرێنی و پڕگێژاویان نیشانداوە.
هەرچەندە لە دواجاردا، چوارچێوەی هەماهەنگی رێکەوتن لەسەر کاندیدبونی مالکی بۆ سەرۆكوەزیران، بەڵام مانای کۆتاییهێنان بە کێشەکانی نێوانیان نیە و تارمایی ئایندەکی ناڕۆشن لەسەر دۆخی عێراق و پێکهێنانی حکومەت سایە دەکات! بەتایبەتی لە ئێستادا کە ترەمپ هەڕەشە دەکات لەسەر بونی مالکی بە سەرۆک وەزیران، هەر ئەم هەرەشیە ناکۆکی خستۆتە نێوان لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، بۆیە جارێكی تر پێداچونەوە بە کاندیدبونی مالکیدا دەکەن، پێکهێنانی حکومەتی ئێستای عێراق لە چاوەڕوانی دیاریکردن و یەکلاییبونەوەی سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆماردا گیری کردووە!.




ڕزگاری لە ژێر سایەی پیرۆزیدا.. ستار ئەحمەد

ئەمڕۆ کە دەبینین تاکی کورد لە ناو بازنەیەکی تەمومژاویدا گیریان خواردووە، کە تێیدا ئایین وەک چەکێک دژی نەتەوە بەکاردێت، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ڕەگ و ڕیشەی ئەم کێشەیە و بە چاوێکی کراوە سەیری ئەو برینە بکەین ،کە دڵی نیشتمانپەروەرانی شەق کردووە. مێژوو پێمان دەڵێت .. گەورەترین مەترسی بۆ سەر هەر نەتەوەیەک، تەنیا چەکی دوژمن نییە، بەڵکو تێکچوونی هۆشیاریی ئەو نەتەوەیەیە بەرانبەر بە پیرۆزییەکانی خۆی. کاتێک ئایین، کە دەبێت سەرچاوەی ئازادی و دادپەروەری بێت، دەکرێتە ئامرازێک بۆ ئەوەی کورد تەسلیمی داگیرکەر بێت، لێرەدا گەورەترین خیانەت بەرانبەر بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدرێت.
داگیرکەرانی کوردستان لە هەموو سەردەمەکاندا تێگەیشتوون، کە ناتوانن تەنیا بە هێزی سەربازی کورد لەناو ببەن، بۆیە پەنایان بردوەتە بەر داگیرکاریی مێشک. ئەوان ئایینیان کردوەتە بەرگێک بۆ شاردنەوەی ڕوخساری ڕاستەقینەی خۆیان. بە ناوی برایەتی و یەکێتی، زمانی کوردییان بڕی، خاکیان سووتاند و ناسنامەی گەنجی کوردیان شێواند. گەورەترین ئازار ئەوەیە کە دەبینین گەنجێکی کورد، لە ژێر کاریگەریی ئەو بیرە هاوردانەدا، وای لێدێت، کە نیشتمانپەروەری وەک تاوان ببێنێت. ئەمە ئەو لوتکەی داڕمانەیە، کە داگیرکەر مەبەستیەتی؛ واتە دروستکردنی کۆیلەیەکی وا کە بە جەستە کورد بێت، بەڵام بە مێشک و ڕۆح لە خزمەت ئەجێندای دوژمناندا بێت.
بەڵام ئەگەر سەیری مێژووی ڕاستەقینەی خۆمان بکەین، دەبینین پێشەنگە گەورەکانی کورد، هەرگیز ئایینیان لە نەتەوە جیانەکردوەتەوە. ئەوان تێگەیشتبوون کە بێ نیشتمان، ئیمانیش بێ پەنا دەبێت. شێخ سەعیدی پیران کاتێک بەرەو سێدارە دەچوو، نەیگوت من تەنیا بۆ مەزهەب یان بۆ ئایین دەمرم، بەڵکو سەلماندی کە تێکۆشان بۆ ڕزگاریی نەتەوە، گەورەترین جیهادە. ئەو دەیگوت کە زوڵمی داگیرکەر لەگەڵ هیچ باوەڕێکی ڕاستەقینەدا ناگونجێت. هەروەها ، چەندین زانای ئایینی بەناوبانگی کورد، لە پێناو پاراستنی خاکی کوردستان و چەسپاندنی مافی نەتەوەیی گیانیان بەخت کرد، ئەوان پێمان دەڵێن، کە مرۆڤی بڕوادار ئەو کەسەیە کە پێش هەموو شتێک ڕێگری لە ستەمکار بکات و نەتەوەکەی لە ژێر چەپۆکی بێگانە ڕزگار بکات.
زمانی کوردی، کە ناسنامەی بوونی ئێمەیە، لە ناو ئەم ململانێیەدا وەک سەنگەری کۆتایی دەردەکەوێت. کاتێک داگیرکەر دەیەوێت بە ناوی پیرۆزییەوە زمانت لێ زەوت بکات، ئەو تەنیا وشەکانت لێ ناستێنێت، بەڵکو پەیوەندیت لەگەڵ ڕابردوو و داهاتووت دەپچڕێنێت. زمان تەنیا ئامرازی ئاخاوتن نییە، بەڵکو ئەو شکۆتە، بیری نەتەوەیی تێدا دەپارێزرێت. بێگانە دەیەوێت بەو زمانە خواپەرستی بکەیت کە خۆی پێی دەدوێت، تا لە کۆتاییدا وەک ئەو بیر بکەیتەوە و وەک ئەو بژیت. بەڵام گەورەترین خزمەت کە تاکی کورد بە ئایینەکەی بکات، ئەوەیە کە بە زمانی دایکی خۆی ستایشی ئازادی بکات و واتا ڕاستەقینەکانی دادپەروەری لە ناو کولتووری خۆیدا بژێنێتەوە.
ئەمڕۆ ئەرکی ڕۆژنامەنووسان، نووسەران و ڕۆشنبیرانی کوردە، کە ئەم ڕاستییە ڕوون بکەنەوە: ئایینێک کە فێرت بکات زمانت بسڕیتەوە، ئایین نییە، بەڵکو سیاسەتی داگیرکەرییە. ئایینێک کە بڵێت خاکی کوردستان پیرۆز نییە بەڵام خاکی داگیرکەر پیرۆزە، ئەوە تەنیا دەمامکێکە بۆ ڕاوکردنی ویستی تۆ. ئێمە پێویستمان بە شۆڕشێکی هزری هەیە؛ شۆڕشێک کە تێیدا تاکی کورد بزانێت کە پاراستنی نیشتمان و زمان، گەورەترین ئەرکی سەرشانیەتی. نابێت ڕێگە بدەین چیتر پیرۆزییەکانمان بکرێنە پردێک بۆ تێپەڕبوونی تانک و بیرورای دوژمن.
کورد کاتێک دەگاتە شکۆ، کە بزانێت خودا ئەو نەتەوەیەی بە ئازادی خوڵقاندووە و هیچ هێزێک بۆی نییە بە ناوی ئایینەوە ئەو ئازادییەی لێ زەوت بکات. دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو ئایینە کوردانەیەی کە تێیدا کوردایەتی و دینداری وەک دوو دڵ لە یەک جەستەدا لێیان دەدا. تەنیا ئەو کاتە دڵی نەتەوە ئارام دەبێتەوە و برینەکان ساڕێژ دەبن. با هەموو لایەک بزانن، کوردێک ، نیشتمانی خۆی خۆش نەوێت و خزمەتی نەتەوەکەی نەکات، نە دەتوانێت خزمەت بە ئایین بکات و نە دەتوانێت ببێتە مرۆڤێکی سەرفراز لە مێژوودا. ئێمە لێرە دەمێنینەوە، بە زمانێکی کوردی، بە ناسنامەیەکی کوردی و بە باوەڕێکی پتەو کە نیشتمان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی بێگانەوە دادەنێت.
کەرامەتی نەتەوە لەوەدایە کە ڕێگە نەدات پیرۆزییەکانی ببنە کەرەستەی دەستی ئەو کەسانەی کە تەنیا مەبەستیان کۆیلایەتییە. ئێمە وەک گەلی کورد، خاوەنی مێژوویەکی دەوڵەمەندین کە تێیدا باوەڕ و ئازادی هەمیشە پێکەوە بوون. هەر کاتێک ئەم دووانە لە یەک جیا کرانەوە، کورد بووەتە نێچیرێکی ئاسان. بۆیە پاراستنی زمانی کوردی و خاکی کوردستان، نەک تەنیا ئەرکێکی نەتەوەییە، بەڵکو پارێزگارییە لەو جوانییەی کە خودا لە نێو ئەم میللەتەدا چاندوویەتی. هەر هەنگاوێک بەرەو ئازادی و سەربەخۆیی، هەنگاوێکە بەرەو جێبەجێکردنی پەیامی ڕاستەقینەی خوداو مرۆڤایەتی.
با چیتر ڕێگە نەدەین پیرۆزییەکانمان بکرێنە داردەستی ئەوانەی کە لە ناوەوە هەوڵی ڕووخاندنی قەڵای نەتەوەکەمان دەدەن. کاتی ئەوە هاتووە کە کورد بە دەنگێکی بەرز بڵێت: ئایینی من ڕێگای ئازادییە، نەک کۆت و زنجیری کۆیلایەتی. ئەو کەسەی لە ژێر ناوی خودادا خزمەتی داگیرکەر دەکات، بێگومان نە خودا دەناسێت و نە مێژوو بەزەیی پێدا دێتەوە. ئێمە خاوەنی خاکێکین کە بە خوێنی شەهیدان ئاودراوە، و خاوەنی زمانێکین کە مێژووی چەند هەزار ساڵەی ئێمەی تێدا پارێزراوە؛ کەواتە با ئەم سامانە مەعنەوییە بکەینە بناغەیەک بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی گەش کە تێیدا کورد وەک نەتەوەیەکی خاوەن ئیرادە لە ڕیزی گەلانی جیهاندا بوەستێت.
ئەمە دوا بانگەوازە بۆ هەموو ئەو دڵانەی کە بۆ نیشتمان لێدەدەن: وریای ئەو دەنگە بیگانانە بن ،کە دەیانەوێت لە ناو ماڵی خۆتاندا نامۆتان بکەن. کوردستان تەنیا خاک نییە، بەڵکو شکۆ و ناسنامە و داهاتووی ئێمەیە. پاراستنی ئەم خاکە، گەورەترین عیبادەت و بەرزترین پلەی مرۆڤایەتییە. با هەموومان پێکەوە، بە یەک دەنگ و بە یەک بڕواوە، بەرەو ئاسۆی ڕزگاری هەنگاو بنێین و چیتر ڕێگە نەدەین کەس بە ناوی ئاسمانەوە، زەویمان لێ داگیر بکات.

ستار ئەحمەد




لە یادی رۆژی جـیهـانیی زمـانی دایـک.. رەزا شـوان

هەموو ساڵێک لە رۆژی (٢١/ شوبات) بە بۆنەی (رۆژی جیهـانیی زمانی دایک) ەوە، لە سەرانسەری جیهاندا ئاهەنگ دەگێڕێت و چالاکی وێژەیی و رۆشنبیریی سازدەکرێن. رێکخراوی پەروەردە و زانیاری و کولتووری (یۆنسکـۆ) لە (٣٠) یەمین کۆنگرەی دا، لە (١٧/ تشرینی دووەم/ ١٩٩٩) دا، (رۆژی جیهـانی زمانی دایکی) راگەیـاند. دوایـش لەلایـەن کۆمەڵـەی گـشتی نەتـەوە یەکگـرتـووەکانەوە، بە فـەرمی ناسێـندرا.
ئەم رۆژەش بـۆ خۆپێـشاندانە ناڕەزاییەکانی خوێنداکارانی زانکۆی دەکا، لە بەنگلادیش دەگەڕێتـەوە، لە دژی سـیاسەتی یەکـزمـانی کە لە لایـەن پـاکـسـتانەوە سـەپێـنـدرا. لـەم خۆپێشانـدانانەدا (١١) کەس کە (٥) یان خوێندکار بوون، بە دەستی هـێزە ئەمنییەکانی پاکـستان شـەهـید کـران. پاکـستان بە ناچـاری دانی بە زمـانی بەنـگالـیـدا نا. ئـەم رۆژە بیرهـێنانەوە ئەو شەهیدانەی بەنگلادیشە. هەر بە دەستپێـشخەری و داوای بەنگلادیش بڕیاری رۆژی جیهانیی زمانی دایک درا . ئەم رۆژە لە بەنگلادیش پشووی نیشتمانییە.
یەکەم ئاهەنگی سەرتاسەریی جیهـان بۆ رۆژی زمانی دایک. لە (٢١/ شوبات/٢٠٠٠) لەژێـر دروشـمی “بـەرەوپـێـشـبردنی ئـاشـتی و فـرەزمـانی لە سـەرتـاسەری جـیهـان و پاراستنی هـەمـوو زمـانە دایـکـییەکـان” بەڕێـوەچـوو.
ئەمساڵ رۆژی جیهـانیی زمانی دایک، دەکەوێتە رۆژی شەممە (٢١/ شوبات/٢٠٢٦). دوای بـیست و شەش ساڵ لە دەستـپێکـردنی ئـەم بـزووتنەوە جیهـانییە، هـەوڵەکان بۆ پارستنی هەموو زمانە جیاوازەکان و وەک هـێمای گرنگی ناسنامە و میرات بۆ هەموو کولـتووەکان و وەک پـردی پەیـوەنـدی نێـوان کـۆمەڵـەکـان بەردەوامـن. بەرزڕاگـرتـنی رۆژی زمانی دایک، رێـزلـێـنانـێکە بۆ یەکـێک لە گرنگـترین پـێکهاتە کولـتوورییەکانی کۆمەڵگاکان. لـەم رۆژەدا، تـیـشک دەخـرێـتە سـەر گرنـگی فـرەچەشنەیی زمانەوانی و کولـتووری و پەرەپـێـدانی لـێبـووردن و رێـزگـرتن لە یەکـتری.
ئامانج لە یادکردنەوەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک، بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیارییە بەرانبەر بە فـرەزمـانی و فـرەکولتوورییە لە جیهاندا. هـانـدەری فـێرکردن و فـێربوونی زمـانی دایـک و زمـانە جیـاوازەکـانە. ئامـانجی پێـشخـستنی هەمەجـۆرەیی و پـاراستنی مێژووی کولـتوورە جیـاوازەکانە. جەختکـردنەوەیە لەسـەر گرنگی پەروەردەی زمـانی دایـک. پەروەردەی زمـانی دایـکی، دەتـوانێـت یارمـەتیـدەربێـت، بـۆ بەرزکـردنەوەی کـوالـیـتی خـوێنـدن و زیـاتـر سـەرکەوتـنی منـداڵان لە بـواری خـوێنـدنـدا.
بێگـومان یادکـردنەوەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک، بۆ ئێمەی کوردیش گرنگییەکی زۆری هـەیە. تا ئەمـڕۆش نەیـارانی کورد و کوردستان، دەستیان لە دژایەتی کـردنی زمـان و کـولـتوور و مـیژووی کـورد هـەڵـنەگـرتـوون.
زمـان چـیـیە؟
زمـان گـرنگـتریـن کـۆڵەکەیە، لە کـۆڵـەکەکـانی نەتـەوە. ناسـنامـە و شکـۆی نەتـەوەیـە. ناسنامە و شوناسی هەر مـرۆڤـێکە لە هەر شـوێـنێکی جیهـانـدا بـژی. زمـان یەکـێکە لە لە گرنگترین داهـێنانەکانی ئەقـڵی مـرۆف. ئامرازێکی ناوازەی بێهـاوتایە، کە دەتـوانێـت میـرات و داب و نەریـت و کولتووری گەلانی سەر زەوی بـپـارێـزێـت. زمـان شادەمـاری نەتەوەیە. فاکـتەرێکی سەرەکی و گـرنگە بۆ پێناسەکـردنی هـەر نەتەوەیەک. سامانێکی کـولـتووریـیـە و هـەڵـگـر و پارێـزەری هـەزاران داب و نـەریـت و بەهــا و ئـەزمـوونی سەردەمـە جیـاوازەکانە. رۆڵی لە ژیـانی هەمـوو نەتەوەیەکـدا هـەیە. زمـان ئامـرازێـکە بـۆ لەیەکـتری تێگەیـشتن و پەیـوەنـدیکردن و گەیانـدنی پەیامـەکان لە نێـوان رۆڵەکانی نەتـەوەدا. زمـان هـۆکارێکی سەرەکـییە، بـۆ گوزارشتکـردنـمان لە بـیر و هـزر و سـۆز و لە هـەسـتەکانمـان. زمـان سیستەمـێکی هـێما و رێـساکـانە، بـۆ گەیـانـدنی زانیـاری و پەیـوەنـدی نێـوان مـرۆڤەکان بەکاردەهـێنرێت. ئـەم سیستەمە، هـێـما (هـێمـا، نیشانە) و رێساکان (رێـزمان، رستەسازی، وشەسازی) لەخۆدەگرێت. کە مـرۆڤەکان بۆ ئاڵوگۆڕی زانـیـاری بەکـاریـان دەهـێـنن. زمـان دەتـوانـێـت بـە زارەکی یـان بـە نـووسـراو بـێـت. بێگومان پێش سەرهەڵـدانی زمـان، مـرۆڤ بە زمانی ئامـاژە لە یەکـترین تێـدەگەیشتن. داهـێنانی زمـانی نـووسـراو بـۆ (٥٠٠٠) سـاڵ لەمـەوەبـەر دەگـەڕێتـەوە. کـە لەلایـەن سۆمـەرییـەکان داهـێـنرا ـ سـۆمەرییـەکـانیـش بە رەچـەڵـەک کـوردن.

شارەزایـان بە گـشتی، زمـان بە یەکـێک لە گـرنگـترین هـێما کـولتـوورییەکانی نەتـەوە جیـاوازەکان دەزانـن.
(د. ویـکـتۆر بـۆشـە) دەڵـێـت:”زمـان و ئـەدەب، هـۆی سـەرەکـیی ژیـان و مـانـەوەی هـەر نەتـەوەیـەکـن”.
(فـریـدریک هـۆڵـدریـن) دەڵـێـت:”زمـان دوا شـتە کـە بـمـێـنـێـت، بۆ ئـەو کەسـەی کە نـیـشـتـمانی داگـیرکـراوە”.
زمانـزانەکان پێناسەیەکی زۆریان بۆ زمـان کـردوون، کە لە زۆر رووەوە هـاوشێوەن.
(بـێـرنـارد بـلـۆخ) دەڵـێت:”زمـان بـریـتـییە لە کـۆمەڵـێک هـێمای فـۆنـێـتیکی گونجـاو کـە بـۆ پەیـوەنـدیکـردن لە نێـوان کـۆمـەڵە کـۆمـەڵایـەتـییەکـان بەکـاردەهـێـنرێـت”.
(هـێنری سویـت) دەڵێت:”زمان بریتییە لە ئامرازێک بۆ گوزارشتکردن لە بیرۆکەکان، لە رێگەی دەنگی ئاخاوتنەوە. کە لە وشەکان پـێکهـاتووە و رسـتە پـێکـدەهـێنن. ئـەم رسـتانە گوزارشـت لە بیـرۆکەکـانی ناخـی مـرۆڤ دەکـەن”.
بەپێی ئاماری یـۆنسکـۆ، لە ئێستادا (٨٣٢٤) زمـان لە جیهـانـدا، قـسەیان پێدەکـرێـت. کە نـزیکەی (٧٠٠٠) هـەزر زمـانیان هـێـشتا بەکـاردەهـێنرێـن. تەنیا (١٤٠٠) زمـان لـەو زمـانـانە، بـە شـێـوەیـەکی یـاسـایی دانـپـێـدانـراون. نـزیـکەی (٣٠٠٠) زمـانیـش مەتـرسی لەنـاوچـوونیـان لەسـەرە. جـێی نیگەرانیـیە کە بە گـوێـرەی ئامـاری نەتـەوە یەکگرتووەکان، هەر دوو هەفـتە جارێک، زمانێک لەسەر ئاستی جیهاندا لەناودەچێت. بە هـۆی جـیهـانگـیری و زاڵـبوونی زمـانی ئـینگـلـیزییەوە، لە ساڵی (١٩٥٠) ەوە، تا ئەمـڕۆ، نـزیـکەی (٢٠٠) زمـان لـە جیهـانـدا لەنـاوچـوونـە.
لە جیهـانـدا (١٠٠) زمـانی زینـدوو، زۆرتـریـن خەڵک قـسەیـان پێـدەکەن، لە فـەزای دیجیتاڵیدا بوونیان هەیە. بەپێی ئینسیکـلۆپیدیای نیشتمانی سویـدی بۆ ساڵی (٢٠٠٧)، زمانی کوردی، یەکـێکە لە زمانە زینـدووەوەکان و لە ریـزبەنـدی (٥٨) تەمین زمـانی جیهـانە. (٧٥) مـلیـۆن کورد لە کوردسـتان و لە جیهـانـدا قـسەی پـێـدەکـەن. شایـەنی شانازی و باسیشە، کە لە دوای زمانی فـنلەنـدی و کۆرییەوە، زمانی کوردی سێیەمین دەوڵەمەنتـریـن زمـانە لـە جیهـانـدا.
لە جیهـانی مـۆدێـرنی ئەمـڕۆدا، بـە هـۆی شـۆڕشی تەکـنەلـۆژیـا و داهـێـنانی نـوێ و پـێـشکـەوتـنی و تـەکـنـیکی ئـامـێرە ئـەلـیکـترۆنـیـیەکـان و ژیـریی دەسـتکـردەوە، کە کاریـگەرییـەکی راسـتەوخـۆیـان لەسـەر زمـان هـەیە و گەیانـدوویانە بە ئاستـێکی تر. دەتوانرێت بقـۆزرێنەوە و کەڵکیان لێوەربگیرێت و بخرێنە خزمەتی گەشەپێدانی زمان.
زمـانی دایـک چـیـیە؟
زمـانی دایک یان (زمـانی یەکـەم، زمـانی زگـماک، زمـانی نەتـەوەیی) ئەو زمانەیە، کە مـرۆڤ لە منـداڵـییەوە، لە دایـک و باوک و خـێزان و لە خـزمـانیـیەوە فـێری دەبێـت و قـسەی پێـدەکات. کە سەرەتـا بە گـڕوگـاڵ دەستپێـدەکات. زمانی دایک، زمـانی لایـلایە و گۆرانی و هـەڵپەڕانـدن و سـۆز و ئـاوازی شـیرینی دایکانەیە. کە هەتـا لە ژیـاندا بیـن، زایـڵەی ئـەو زمـانە رەسـەن و شـیرینـەی دایـک، هـەوێـنی چـێژ و بیـرکـردنـەوەمـانە.
زۆر جـار دایکان، ئەوان یەکـەم وشـەکانی خـۆیـان فـێـری جگەرگـۆشـەکانیـان دەکـەن. هـەر بـۆیـە زۆرێـک لە کولـتوورەکـان، زمـانی یەکـەم، بە “زمـانی دایـک” نـاودەبـەن.
فـەرهـەنگی کـۆلـینـز، بـەم شـێوەیە پـێناسەی زمـانی دایـک دەکـات:”ئـەو زمـانەیە کە منـداڵ لە منـداڵـیدا، لە دایـک و بـاوکـییەوە فـێری دەبێـت”.

زمانی دایک دەلاقەیەکە، لەو روانگەیەوە مرۆڤ لەگەڵ جیهان و سروشت و کۆمەڵگادا پەیـوەنـدی سازدەکات. زمـانی دایک، تەنیا ئامـرازێکی پەیـوەنـدی نییە، بەڵکو بەشێکی دانـەبـڕاوی ژیـانمـانە، ناسـنامـەی نـیـشـتـمـانی و کولـتووری نەتـەوەیی و میـراتـیـمانە.
زمانی دایک روڵێکی چارەنووسساز دەگێڕێت، لە یەکگرتنی کۆمەڵایەتی و لە هاودەنگی نیـشـتـمانیـدا. مێـژووی هـەر گەلـێک بـە زۆری بە زمـانی دایکی، بە نـووسراو یان بە زارەکی پارێـزراوە. زمـانی دایکمان، یارمەتیـدەرەمـانە، بۆ گۆاستنەوەی ئەو ئامانجانە بـۆ نـەوەکـانی داهـاتـوومـان.
هـانـدانی بەکارهـێـنانی زمـانی دایـک، لە فـەزای ئەلـیکـترۆنیـدا، لە سـۆشـیال میـدیـا و مـاڵـپەڕەکـان و لە پـلاتـفـۆرمـە دیـجـیـتاڵـیەکانی تـردا. زمـانی دایـک ر پـێشـتر دەخات.
زمـانی دایـک، رۆلـێکی گـرنگ و بنەڕەتی و تایبـەتیی لە ژیانی منـداڵانـدا هـەیە. یەکەم زمانە کە منـداڵان فـێری دەبـن و بەکاری دەهـێـنن، بۆ بیرکردنەوە و گـوزارشتکـردن لە لـە هـزر و هـەسـت و لـە خـەون و خـواسـتەکـانیـان و پەیـوەنـدیکـردن لەگـەڵ جـیهـانی دەووبەریاندا. ئەم زمانە رەگ و ریشەی لە مێژوو و کولتوور و شارستانی ئێمەدا هەیە. وەک پـردێـک کـاردەکـات، کە نەوەکـان بە یەکـەوە دەبەسـتـێـتەوە.
بەبێ جیاوازی، هەر منداڵێک مافی ئەوەی هـەیە، کە بە زمانی دایکی (زمـانی زگـماكی) فـێربێـت و بخـوێنێـت و بنووسێـت. ئەمـە مـافـێکی رەوا و یاسـایی دانپـێدانـراوە. زمـانی دایک، ئـەو زمـانەیـە کە بەشـێکە لە ناسنامەی کەسـێـتی و کـۆمـەڵایەتی و کـولـتووریی منـداڵان. زمانی دایک ئەو زمانەیە کە منـداڵان لە هەموو زمانێکی تر، باشتر دەیـزانن و زیـاتر تـوانایان بە سەریـدا دەشكێ. دەتـوانن باشـتر و شیرینتریش گـوزارشت لە هـزر و ئەنـدێشە و خەون و خواست وبیرۆکەکانی خـۆیان بکەن. فـێربوون و خوێندن بە زمانی دایک گاریگەری لە بەهـێزکردنی ناسنامەی نەتەوەیی هەیە. کەواتە ئامانج لە فێربوونی زمانی زگماکی کوردیمان پاراستنی ناسنامەی نەتەوەییمان و بەهـێزکردن و شیرینکردنی دڵسۆزی و سۆز و خۆشەویستی و هـاوبەستەبوونە بۆ کورد و بۆ کوردستانی نیشـتمانی پـیـرۆزمـان. ئەمـەش نـە تـاوانە و نە مەتـرسـیـشە بـۆ سـەر ئـۆقـرە و ئـاسـایـشی هـیچ نەتەوەیەکی تـر. مـافی زمـانی دایـک، لە یاسا نێـودەوڵـەتییەکانـدا چەسـپـێـنراوە:
لە مـادەی (٢) ی جاڕنـامەی گەردوونی مافـەکانی مـرۆڤ:”نابێت هـیچ کەسێک لەسەر بنـەمـای زمـانـەکەی جیـاکـاری بـکـرێـت”.
لە مـادەی (٣٠) لە رێـکەوتـنـنامـەی مـافـەکـانی منـداڵان:”منـداڵانی سـەر بـە کەمـینە زمـانییەکـان، مـافی بەکـارهـێنانی زمـانی دایکی خۆیـان هـەیە و دەوڵەتانیـش پابـەنـدن بـە پاراسـتـنی ئـەو مـافـە”.
مامـۆسـتا (زارا محـەمـەدی) تێکـۆشـەر و چـالاکـوانی کـۆمـەڵایـەتی و داکـۆکـیکەرێکی سەرسەخـت لە زمـانی کـوردی (ئێـران پێـنج ساڵ لەسـەر فـێرکـردنی زمـانی کوردی بە کـۆمەڵێ لە منـداڵانی کوەرد، بەنـدیـان کـرد)، دەڵـێـت:”زمـانی دایکی ئێـمە، یەکـێکە لە مافـە هـەرە بنـەڕەتـییەکـانـمان، کـە دەست بـەرداری نابیـن. کـۆمەڵەکەمـان پـێـشەنگی هـەوڵەکانی ئـێمە بووە بۆ هـێنانەدیی ئەو مافـە. هـیوادارم چالاکـییەکانمان بەشـداربـن، لـە تـێکـشکـانـدنی ئـەو دوژمـنـەی، کـە دژایـەتی ئـەم مـافـانـە دەکـات”.
(نـیلسـۆن مـانـدێـلا) ش دەڵـێـت:”ئـەگـەر بـە زمـانـێک قـسە لەگـەڵ پیـاوێکـدا بکەیـت، کـە تـێی دەگـات، ئـەو قـسەیـە دەگـاتـە سـەری. بـەڵام ئـەگـەر بـە زمـانی خـۆی قـسەی لەگـەڵ بـکەیـت، قـسەکە دەگـات بـە دڵـی”.
گرنگـییەکانی زمـانی دایـک بـۆ منـداڵان:
خـوێـنـدن و نـووسـیـن فـێربـوونی زمـانی دایـک، یـەکـێکە لـە بنـەمـاتـریـن مـافـەکـانی رۆڵـەکـانی هـەر نەتـەوەیـەک. زۆر بە کـورتی بـاس لە چـەنـد گـرنـگـییەکی خـوێنـدنی منـداڵان بە زمـانی دایـك دەکـەیـن:

١ـ توێـژینەوەکان دەریـانـخستووە کە ئەو خـوێنکارانەی بە زمـانی دایکی دەخـوێننەوە، باشـتر تـوانای تـێگەیـشتنیان لە چـەمکەکان هـەیە. لە خوێنـدنیـشدا سـەرکەوتـووتـرن.
٢ـ خوێنـدن بە زمـانی دایک، یارمەتیی منـداڵان دەدات، کە مێـشکـیان کـراوەبێـت و لە بەهـای نەتـەوەیی و مـرۆیی دایـکان و باوکـان و خـێزانەکـانیان تـێـبگـەن.
٣ـ زمانی دایک هانی منداڵان دەدات کە زیاتر پەرە بە بیرکردنەوەی رەخنەگرانە بدەن.
٤ـ زمـانی دایـک، ئامـرازێـکی سەرەکـییە لە پـرۆسەی فـێرکـردن و پەروەردکـردن دا.
کاتێک منداڵان بە زمانی دایکی فـێردەبـن، تـوانای ئەوەیان دەبێـت، ئەوەی فێری دەبن بە ئەزمـوونەکانی خـۆیانەوە بیانبەستنەوە. فـێربـوونەکانیان بەرزتـردەکەنەوە و زیاتر کاریگەرتـر دەبـن.
٥ـ فـێربوون بە زمانی دایک، متمانە بەخـۆبـوونی منـداڵان بەرز دەکـاتەوە. بەو پێیەی هـەسـت بە ئاسوودەیی دەکەن و بە ئـازادیی تـوانای دەربـڕینیان هـەیە. ئەم هەستەیان بە ئـازادی و ئاسـوودەیی زمـانەوانی، هـانـدەری بیـرکـردنەوەی داهـێنەرانـەیە.
٦ـ زمـانی دایـک بەشـدارە، لە بەهـێزکـردنی پەیـوەنـدیی خێـزان و کـۆمـەڵایـەتیـدا.
٧ـ لە رێگەی زمانەوە، دەتوانـرێت ئاستی ژیـری و زیـرەکیی منـداڵان پێـوانە بکـرێـت.
٨ ـ ئەگەر منداڵان بە باشی فێری زمانی دایک ببن، دەتوانن باشتریش فـێری زمانەکانی دیکە ببـن. لەبـەر رۆشـنایی ئـەم راسـتـییەیە، وڵاتـانی سـویـد و نەرویـج، ئەو مافەیـان بە منـداڵانی بیـانی، بە منـداڵانی کوردیـشەوە داوە، کە لە قـوتـابخـانە بنەڕەتـییەکانیاندا، هـەفـتەی دوو کـاتـژمـێر بە زمـانی دایـکـیان بخـوێـنن. ئەگـەر دایـک و بـاوکـیان داوای مامۆستای زمانی دایکیان بۆ بکەن. (نووسەر) مـن سـێ ساڵ لە چەنـد قـوتابخـانەیەک لە پارێـزگای هـۆرەلانـد ـ لە نەرویـج، مامۆستای زمانی دایک (زمانی کـوردی) بـووم.
دەتوانـن چەنـد زمـانێکی تـر فـێربـن، بەڵام هەرگـیز زمانی دایکی خۆتان لەبیر مەکەن. ئەرکی هەموو کوردێکە، کە زمانی دایکی خۆی کوردی بپارێـزێت و بەرەوپێشی ببات.
زمـانی کـوردی:
زیـادە رۆیی ناکەیـن، کـە دەڵـێین زمـانی کوردی کـۆنـتریـن زمـانە لە هـەمـوو جیهـانـدا. چونکە کوردستان لانکەی یەکەمین و رەسەنـترین شارستانییە لە جیهـانـدا، شوێنەوارە کـوێـرەوە نەبـووەکان و بەڵگە مێـژووییەکان و توێـژینەوە بێ لایـەنەکان، گـەواهی ئەم راستییە حاشا هـەڵـنەگـرتنـەن و بەڵگەی سـەلـمـێـنـدراون.
مێژوونووسی ناسراوی تورک، پرۆفـیسۆر (جەلال شەنگـۆر) دەڵـێـت:” زمـانی کوردی دایـکی هـەمـوو زمـانەکانە”. دەشـڵـێت:”زمـانی کـوردی کـۆنـترین زمـانی جیهـانە”.
زمـانی کوردی زمانی نەتەوەیی ئـێمەی کوردە، زمانی بوونمـانە لە ئەمـڕۆدا و زامنی ئاینـدەمـانە. زمـانی ژیـان و مانەوەمـانە. سەرەڕای قەدەغـەکردنی خوێندن و نووسین بە زمـانی کوردی و دژایەتیکـردنی و هـەوڵـدان بۆ کـاڵکـردنەوەی لە بەشـێکی زۆری کوردستاندا، بەڵام زمانی کوردی خۆڕاگـرە و لە پـێشکەوتـن دایە. لە ئەمـڕۆدا زمـانی کوردی یەکێکە لە زمانە زیندووەکانی جیهان و سێیەمین دەوڵەمەنترین زمانی جیهانە. لە ریـزبەنـدیی زمـانەکانیشـدا، زۆر لە پـێشەوەی زمانی تورکی و زمانی فـارسی دایە.
پەرەپێـدان و پـێشخستـنی زمـانی شـیرینی کوردیـمـان، ئەرکـێکی پێویـست و پیـرۆزی نەتـەوەیی و نیـشـتمانی و مـۆراڵی و زانـستییە. فـاکـتەرێکی بنچـینەییە، بۆ پاراستـنی ناسـنامـەی نەتـەوەییـمان. گـەلی کوردمـان تا ئێـستا، بەرخـودانی و گـیانبەخـشیـنێکی زۆری لـە پـێـناوی پاراستـنی زمـانی کوردیمـان داوە و دەدات. هـەوڵـەکـانی نەیـارانی کوردی بۆ ناشیرینکردن و کاڵکـردنەوە و لاوازکردنی زمانی کوردی، شکـستپێهـناون.
زۆر گرنگ و چارەنـووسسازە، کە منـداڵانی کورمـان، بە باشی زمانی دایک (کوردی) بە زارەکی و بە نووسین فـێربن. بە بنچینەی بیرکـردنەوەی هـۆشی منداڵان دادەنرێت. دایکان و باوکانی کورد، لەم ئەرەکە نەتەوەییە پیـرۆزەدا، رۆڵـێکی سەرەکـییان هـەیە.
بـۆ بەرزکـردنەوەی هـۆشـیاری گـشتی، لە گـرنـگی پاراسـتـنی زمـانی کوردیـمان و بـۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشە و بەرۆکگیرییانەی رێگەی زمانی کوردی پێویستە:
١ـ فـێری منـداڵان و مـێرمنـداڵان و لاوانی کوردمان بکەیـن و هـانیان بدەین، سەرەڕای خوێنـدن بە زمـانی کوردی، لە ژیـانی رۆژانەیانـدا، لە قـسەکـردن و گـفتوگـۆی زارەکی و نـووسـیـندا، زمـانی پـەتی کـوردی بەکـاربهـێـنن.
٢ـ پێویـستە میـراتی زمـانی کوریـمان، بپارێـزیـن و تـۆمـاربکـرێـن، لەوانـەش وێـژەی کوردی: هـۆنـراوە، پەنـدە کوردییـەکـان، چـیرۆک و نەزیـلەکـان، فـۆلکـلۆر، گـۆرانی، مەتـەڵ و تـوخـمە کـولتـوورییـەکانی دیـکە. کە بە زمـانی کـوردی دەربـڕدراون.
٣ـ پێویستە بە زمانی کوردی، ناوەڕۆکی رۆشنبری بەرهەمبهێنین، وەک دروستکـرنی ناوڕۆکی: وێژەیی، هونەری، زانستی، پەروەردەیی، لەوانە: پەرتووک، فـیلم، موزیک، پودکاست، بەرنامەی تەلەڤـزیۆنی، سیمیناری وێـژەیی، کۆرسی زمـانی کوردی،.. هـتد.
٤ـ خـۆزگـەی ئـەوەش دەخـوازم، کـە ئـێـمەی کوردیـش، بـبـین بـە خـاوەنی (زمـانی ستانـداردی یەکگـرتـووه کـوردی) زمـانی خـوێنـدنەوە و نـووسـینی کوردیـمان یەک شێواز بـوایە. رێنووسی کوریشمان یەک بـوایە. ئەمەش خـۆزگە و ئـاواتی هـەمـوو کـوردیکە. رۆژێـک لە رۆژان دەبـێـت بێـتەدی.
کوردسـتان بـە لانـکەی سـەرهـەڵـدانی زمـانـەکـانی “هـيـنـدۆئـەوروپـی” دانـراوە.
لە بارەی زمانی کوردییەوە، پـرۆفـیسۆری ئەڵـمانی (مەکنـزی) دەڵـێت:”هـەر لەیـەکـەم سـەرنجـدا، مـرۆڤ هـەست بـەوە دەکـات، کە زمـانی مـادی و زمـانی کـوردی هـەریەک زمـانـن. مـاد یـانی هـەر هەمـان مەزنـتریـن نەتـەوەی ناوچـەکـەیە، کـە ئـێـستا بە نـاوی کـوردەوە درێـژەی بـە ژیـان داوە”.
(فـلادیـمـێر مـینۆرسکی) هـەمـان رای هـەیە، دەڵـێـت:”مـن دڵـنـیام کـە رەگ و ریـشەی زمـانی کـوری لـە زمـانی مـادی دایـە”.
لە کـۆتـاییـدا لە رۆژی جیهـانیی زمـانی دایک، جـوانتریـن پیـروزبـایی لە گەلانی هەموو زمـانە جیاوازەکان دەکـەم، بە تایبەتیـش گـەلی زمـان شـیریـن و قـارەمـان و خـۆڕاگـری کوردمـان. کـورد و زمـانی کـوردی و کـولـتووری کـوردی، نـامـرن و هـەر دەمـێـنن.

(*) بۆ ئـەم نووسینەم سوودم لە چەنـدیـن ماڵـپەڕی ئینگلیزی و عـەرەبی وەرگـرتـووە.

دوبـەی: ٢٠٢٦




خالید مەشعەل سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە دەرەوە دژایەتی کوردو پرسی کورد دەکات!.. حەسەن ڕازانی

کاتێک کە سیاسەت و بەرژەوەندیی کەسیی و تووندڕەویی لە نەتەوەپەرستییدا لە هەستی مڕۆڤایەتیی داتدەماڵێت! (خالد مەشعەل بە نموونە)

ىۆچی سیاسییەکان و دەوڵەتانی جیهانی عاڕەبیی و ئیسلامیی دژایەتی کورد ەکەن؟ ئایا لە ڕوانگەی سیاسییەکان و ئینتەلێنجنسیاو ئینتەڵێکچووەڵ یان ڕۆشبیری کوردەوە ئەو دژایەتی کردنە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟
ڕاستییەک: “بە بێ کورد نەدەتوانرا یان گەلێک سەخت دەبوو کە حکومەتەکەی سەدام بڕوخێنرێت، بەڵام کورد وەک پێویست نەیتوانی مەرجە نەتەوەییەکانی خۆی بسەپێنێت. بە بێ کورد نەدەتوانرا حکومەتەکەی بەشار ئەسەد بڕوخێنرێت بەڵام کورد دیسان نەیتوانی کارتی هێزو بوون و جێگەو ڕیگەی خۆی بەکاربهێنێت و مەرجەکانی خۆی بسەپێنێت. “
“ئێستاش نۆرەی لەناوبردن و ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئاخووندەکانی ئێرانەو بەڕێوەیە. جا ئەم کارە بۆ بەرەی هێرشبەر یان زۆر سەختە یان بە بێ کورد هەر ناکرێت و ناتوانرێت ئەنجام بدرێت! بەڵام دیسان کورد هیچ پڕۆژەیەکی نەتەوەییانەی دیار نیە لە رووی سیاسیی و سەربازییەوە. ئەوەی هەیە تەنها شەقامە.”
“ئێستا ئەگەر بێت و کورد لیرەشدا نەتوانێت بوونی خۆی بسەپێنێت و نەتوانێت مەرجە نەتەوەییەکانی خۆی بسەپێنێت، من پیم وایە لانی کەم بۆ دەیان ساڵی تر کێشەو پرسی کورد دەگەڕێتەوە دواوە. سیاسەتی بە سەنتەرو ناوەندیی کردنەوەی حکومەتەکانی سوریاو عێڕاق بەڕێوەیەو لە بەرژەوەندی نەتەوەیی عاڕەبەکاندا ئەم کارە ئەنجام دەدرێت. کورد دیسان نابێت هەر بەدوا بکەوێت و یاخود تەنها وەک شەڕکەریکی ئازا ناوی بهێنرێت و دیسان خۆی بکاتە قوربانیی لەبۆ بەرژەوەندی دەرەکیی.”
ئەو شتانەی کە لەلای هەموومان ئاشکرایە:

  • سیاسییەکانی کورد، لە ئەوپەڕی چەپەوە تا ئەو پەڕی ڕاست، بە دینیی و نادینیییەوە، هیچ یەکێکییان، جا با لە گەڵ کێشەی فەلەستینیش نەبووبێت، بەشی ئەوەندە هەستی مڕۆڤایەتیی تێدا هەبووە کە دژی کێشەو مافی خەڵکی فەلەستین نە بە قسەو نە بە کردار نەوەستاوە. لەبەرامبەردا سیاسییەکانی فەلەستین لە وێنەی خالد مەشعەل دژی هەموو ماف و سەربەخۆبوونێکی گەلی کوردن.
  • نەتەوەی کورد بە ژمارە لە سەرووی دە ئەوەندەی خەڵکی فەلەستینە، کورد خاکی داگیرکراوەو لەبەردەم لەناوچووندایە بەدەستی دەوڵتانی برا موسڵمانەکانی کوردەوە. مێژووی دوێنێ و ئەوڕۆش نیشان دەدا کە دەوڵەتەکانی جیهانی عاڕەبیی و ئیسلامیی، کە زۆرینەیان هەمان ڕای (خالد مەشعەل)یان هەیە لە بەرامبەر نەتەوەی کوردو پرسی کوردا، ئەو دژایەتیی و ڕق و کینەیە لە کورد لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟
  • کورد نەتەوەیەو بە ژمارە دە ئەوەندەی فەلەستینیەکانە. خاوەنی خاک و مێژووە بەڵام دەوڵەتەکانی برا موسڵمانەکانی کورد بە زەبری هێزو بە فێڵ و بە درۆ خاک و مێژوو و هێزی مرۆیی کوردیان داگیرکردووە. کورد یەک دەوڵەتی نیە لە جیهاندا. فەلەستینیەکان عاڕەبن و دەیان دەوڵەتی عاڕەبییان هەیە. جیهانی عاڕەبیی و ئیسلامیی لە پشتی فەلەستینیەکانە بەڵام هیچ کام لەو دوو جیهانە لە گەڵ نەتەوەی کورد تەباو هاوکار نین.
  • عاڕەبەکان بۆ خۆیان پێیان ڕەوایە کە دەیان دەوڵەتی بچووکیان هەبێ بەڵام کورد کە بە قەدەر چەندین دەوڵەتانی عارەبەکانە لەکەنداو کە وەک پاسەوانی بیرە نەوتەکان رۆڵیان پێدراوە، بەڵام پییان ڕەوا نیەکورد دەوڵەتێکی هەبێ یان وەک نەتەوە بوونی هەبێ.
  • کورد تۆمەتبار دەکەن کە لە گەڵ ئیسڕائیل دایە کەچی زۆرینەی دەوڵەتانی جیهانی عاڕەبیی و ئیسلامیی بە ئاشکراو بە نهینی لەگەل ئیسڕائیلدان. بۆچی پەیوەندی لەگەڵ ئیسڕائیل بۆخۆیانی بەڕەوا دەزانن بەڵام بۆ کورد وەک هێڵی سوورو بڤە وایە؟
  • سەردەمی پێش ئەبو محمد جۆلانی، گەورە تیرۆریستی جیهانیی، سوریا یەک پارچەبوو، دژی ئیسرائیل بوو، جۆلان و بەرزاییەکانی جۆلان و خوارووی دیمەشق و ناوچەی قەنێطرەی نەدەدا بە ئیسرائیل، ئەدی بۆچی خالد مەشعەل جیهادیەکانی دەنارد تاکو لەگەڵ جۆلانیەکان لە دژی حکەومەتی سوریا جیهاد بکەن؟
  • لە هیچ شاریکی کوردوستاندا و لە هیچ ناوچەیەکی کورد نشیندا، شایی و خۆشیی ئەنجام نادرێت کاتێک کە ئیسڕائیل خەڵکی فەلەستین دەکوژێت، بەڵام بۆچی خالد مەشعەلەکان هانی خەڵکی فەلەستین بە گشتی و دانیشتوانی شاری غەزە بە تایبەتی دەدەن کە شایی و خۆشی دەرببڕن کاتێک کە سوپای تورک یان جیهادیەکانی ئەبومحمد جۆلانی قەتڵ و عامی خەڵکی کورد دەکەن؟ ئەم ڕق و کینەیەی سیاسییەکانی خەڵکی فەلەستین لەبۆ کورد لە کوێوە هاتووە؟
  • سپڵەیی و نمەک کوێریی جیهانی عاڕەبیی و ئیسلامی بە گشتیی و خەڵکی فەلەستین بە ڕابەرایەتی خالد مەشعەلەکان بە تایبەتی لەبەرامبەر ئەو هەموو قوربانییەی کە کورد داویەتی لە پێناو ئیسلام و نەتەوەی عاڕەبدا گەییشتۆتە ترۆپکەی سپڵەیی. کورد بە نووسەرەکانییەوە ، بە زانا موسڵمانەکانییەوە، بە شاعیرەکانیەوە، بە سیاسییەکانیەوە، بە ئادۆلۆجییەت چەڕەو و ڕاستڕەوییەوە هەمیشە دۆستایەتیی جیهانیی عاڕەبیی و ئیسلامیی کردووە کە چی لەبەرامبەردا کورد بەدەست دەوڵەتەکانی جیهانی عەڕەبیی و ئیسلامییەوە هەوڵی لەناوبردنی دراوە!
  • زۆرینەی خەڵکی کوردوستان موسڵمانە، زۆرینەی خەڵکی کوردوستان زۆر لە خواترس و لە خوا نزیکترن لە دەوڵەتانی نێو جیهانی عەڕەبیی و ئیسلامیی، کەچی هەمیشە کورد تۆمەتبار دەکەن بە کافرو مولحیدو دژە ئیسلام. هەندێک لە مێژوو نووسەکانیشیان واوەتر دەڕۆن و دەڵێن کورد نەوەی جندو شەیتانە. هەر بۆیەش هەمیشە خوینی کوردیان حەڵال کردووەو کچ و ژنیان بە سەبایەو کەنێزەک بردووەو خاک و ئاوییان لێ داگیرکردووەو ئەنفالیشیان کردوە. واتە ئایینی ئیسلام وەک چەکێک لە دژی کورد بەکار هاتووە لە لایەن دەوڵەتانی نێو جیهانی عەڕەبیی و ئیسلامیی. ئەم دژایەتیی کردنەی کورد لە لایەن جیهانی عاڕەبیی و ئیسلامییەوە لە کوێوەوە سەرچاوەی گرتووە؟
  • کورد بۆتە قوربانیی لە نێوان دوو بەرەدا. بەرەی یەکەم: بەرەی رۆژهەڵاتیی بە گشتیی و عەرەبیی و ئیسلامیی بە تایبەتی. بەرەی دووەم بریتییە لە بەرەی ئیسڕائیل و ڕۆژئاوا. بەرەی ئیسڕائیل و ڕۆژئاوا کورد بەکاردێنن و بەرژەوەندییان لەوەدایە ناوچەکە بەوشێوەیە بێت کە هەیە. بەرەی ڕۆژهەڵات و جیهانی عەڕەبیی و ئیسلامییش بەرەیەکی نەتەوەپەرستیی دژە ئینسانییەو باوەری تەنها بە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی خۆی هەیەو کورد بە هەڕەشە دادەنێت بۆسەر جیهانی ئیسلامیی. جیهانی ئیسلامییش لە لایەن جیهانی عاڕەبییەوە کۆنتڕۆڵ کراوە. بەرەی ڕۆژئاواش هەر ئەوەی گەرەکە.
  • بەرەی ڕۆژئاواو ئیسڕائیل نایانەوێت ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێجگە لە ئیسڕائیل خۆی دەوڵت و سیستەمی دێموکڕاسی تێدا درووست ببێت. ئەوان دەیانەوێت هەمیشە سیستەمی دیکتاتۆریی و داعش ئاسایی تێدا بێت. بۆ ئەوان ئاهوا باشەو ئاهوا خێرو بێری ناوچەکە دەخۆن.
  • سیاسییەکانی عاڕەب بە چەپ و بە ڕاستییەوە بە دینیی و نادینییەوە خەڵکی عاڕەبیان وا ڕاهێناوە کە ئەگەر هات و خۆیان بە لاواز بینییەوە ئەوا شیعاری “گەلی موسڵمان” امة اسلامیة بەرز دەکەنەوەو ئەگەریش خۆیان بە بەهێز بینی ئەوا شیعاری “نەتەوەی عەڕەب یەکەو خاوەنی پەیامێکی نەمرە” بامة عربیة واحدة ذات رساکة خالدة بەرز دەکەنەوە.
    بۆیە ئیتر کاتی ئەوەیەو زۆریش درەنگە کە کورد بە گشتی دەبێ سەرەتا بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆی لەبەرچاوبێت نەک و ڕازی بێت کە لە پەراوێزدا بهێڵرێتەوە!
    هەروەها دەبێ کورد وەڵامی ئەو پرسیارەش بداتەوە کە :

ىۆچی سیاسییەکان و دەوڵەتانی جیهانی عاڕەبیی و ئیسلامیی دژایەتی کورد ەکەن؟ ئایا لە ڕوانگەی سیاسییەکان و ئینتەلێنجنسیاو ئینتەڵێکچووەڵ یان ڕۆشبیری کوردەوە ئەو دژایەتی کردنە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟

حەسەن ڕازانی




ژاوەژاوی ستراسبۆرگ و ئاماژەکان بۆ رۆژئاڤا؟.. جوتیار مەلا رەئوف

باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا جارێکی دیکە لە ستراسبۆرگ بابەتێکی گەرمی گفتوگۆ بوو، لە هۆڵی پەرلەمانی ئەوروپادا، زۆر زاراوەی بیستراوو دووبارەبۆوەوە و ئاشنا بە گویچکەکانمان بەکارهێنران، مافی مرۆڤ، پاراستنی کەمینەکان، بەشداری سیاسی، بەرپرسیارێتی دیموکراسی لەو ووشە ودەستەواژە باوانە بوون، دۆخی ناوچە زۆرینە کوردییەکان بە هەستیار پیناسە کرا و ڕۆڵی کورد لە شەڕی (دەوڵەتی دڕندەی ئیسلامی داعش) بە ڕاشکاوی گفتۆگۆکراو دانیان پێدانا، مشتومڕێک کە پڕ بوو لە تۆن و رەنگێکی ئەخلاقی ڕوون و لە هەمان کاتدا، مشتومڕێک بوو کە سنووری کاریگەریی دیدگای ئەوروپیەکانی تا ئاستێک ئاشکرا کرد.
چەندین پەرلەمانتار لە وتارەکانیاندا بەبیریان هێنایەوە کە هێزە کوردییەکان بەشدارییەکی بەرچاویان لە کۆنتڕۆڵکردنی هێزو و پێکهاتە جیهادییەکانی سوریا کردووە، ئەوان دەیانگوت ئەم بەشدارییە نەک هەر لە ڕووی ناوچەییەوە گرنگە بەڵکو ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەوروپاشی بەهێزتر کردووە. لەو واقیعە مێژووییەوە، چەند پەرلەمانتارێک بە ئاستێکی بەرزی خیتابی پێشنیاری ئەویان کرد، کە ئێستا دەبێت بەرپرسیارێتییەکی نوێ سەرهەڵبدات لە ناو سیاسەتی ئەوروپا بۆ ئەو ناوچەیەو بۆ کورد بە تایبەتی، بەڵام بە داخەوە بەرپرسیارێتی نوێی سیاسی لە گوتاری پەرلەمانەوە ناگۆڕێت بۆ کردارو بەرپرسیارەتی نوێی ستراتیژی.
پەرلەمانی ئەوروپا بەڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە مەترسییەکان پێشبینیکراو و دانپێدانراون، بۆشایی دەسەڵات لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەتوانێت ناسەقامگیرییەکی نوێ دروست بکات و توندڕەوی جیهادی ئیسلامی پەرەپێبدات و قەیرانە مرۆییەکان زیاتر بکات، سەرەڕای ئەوەش، مرۆڤ هەستی بەوە دەکرد کە مشتومڕەکە لە نێوان پەرلەمانتارەکاندا لە ئاست و لە چوارچێوەی بانگەوازە سیاسییەکاندا قەتیسماوە، هیچ دەستپێشخەرییەکی کۆنکرێتی و ئامرازێکی نوێی سیاسەتی ئەمنی لەو کۆبونەوەیەدا ڕانەگەیەندرا، ستراسبۆرگ چاوەڕوانییەکانی داڕشت، بەڵام بۆ ئێمەی کوردو خەڵکی ڕۆژئاڤا هیچ میکانیزمێکی جێبەجێکردنی نەخستە ڕوو.
سیگناڵە سیاسیەکان بۆ خۆسەری کورد پڕ بوون لە دووفاقیەت، لە لایەک شەرعیەتی سیاسی (ئەحمد شرع) ناخرێتە ژێر پرسیارەوە و ڕۆڵ و دەستەڵاتەکەی وەک فاکتەری سەقامگیری تەعریف دەکرێتوو دانپێدانراوە، لە لایەکی تریش پەرلەمانی ئەوروپا دژایەتی سەرکوت دەکات و داوای پاراستنی کوردەکان و کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان دەکات،ئەرێ هەر بەڕاست ئەو سیاسەتوو هەڵویستە بە چ تەرازویەک دەپێورێت؟
لە لایەکی دیکەشەوە وا دەردەکەوێت کە پشتیوانی رۆژئاڤا لە ڕووی ئەمنی و پێکهاتەییەوە سنووردار دەمێنێتەوە،
چونکە پەرلەمانی ئەوروپا دەسەڵاتی جێبەجێکاری سیاسەتی دەرەوەی نییە و وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بە شێوەیەکی نەریتی بە وریاییەوە مامەڵە دەکەن کاتێک باس لە پابەندبوونە ئەمنییەکان دەکرێت بە شیوەیەکی ڕاستەوخۆ لە سوریا.
بۆ کورد لە ڕووی فەهمی مرۆیی و مۆڕاڵیەوە تێگەیشتنی ئەو دیدگایە قورسە، بەڵام لە ڕووی پاشخانی مێژوویەوە زۆر ئاسانە، جونکە ئێمە بە درێژایی ژیانی سیاسیمان لە ژێر ئەنوای بەڵین و پایمانە درۆیەنەکانەوە داڵدە دەدرێین تا ئەو کاتەی ‌زلهێزەکان لەبەرامبەر دەسکەوتێکدا سەودامان پێدەکەن.
ژاوەژاوە سیاسیەکە لە ستراسبۆرگ وەکوو فەزایەکی ڕەخنەگرانە بەرامبەر دەستەڵاتی شەرع و دەوڵەتی عەرەبی سوریا دەرکەوتوو لەوانەیە بمێنێتەوە، بەڵام ناتوانێت ببێت بە هیوایەکی بەهێز، یان ئارگومێنتێکی دانپیدانراو و پابەندکەر، ستراسبۆرگ دەیەوێت روداوەکانی سوریا وەکوو چیرۆکێکی غەمگین بگێڕیتەوە، بەڵام نایەوێت وەکوو فاکتێکی واقیعی و سیاسی بیخوێنێتەوە، هەرچەندە بۆ ئەوانیش زۆر ڕۆشنە کە سیاسەتەکانی شرع و حکومەتوو هێزە جیهادیە چەکدارەکانی بە دنەدان و پاڵپشتی دەوڵەتی تورک وەکوو بەربەستێک بۆچارەسەری سیاسی بەردەوام ببن بە گرفت لە بەردەم ئارامی ئەو ناوچەیەو ئومێدی سیاسی رۆژئاڤادا.
پەیامی ستراسبۆرگ ئەوەمان پیدەڵێت، کە ئەوروپیەکان بە ئاشکراو ڕوون وڕەوانی جەخت لەسەر یەکپارچەیی خاکی سوریا دەکنەوە، ئەوان بە دوای چارەسەری سیاسی لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی یەکگرتووو سەقامگیردا دەگەڕێن، نەک بە ئاراستەی پارچەپارچەبوونی دەوڵەتو دابەشکردنی دەستەڵات، بەو قسەیە، ئەوروپا ئاماژە بەوە دەکات کە لامەرکەزییەت شتێکە کە لە ئیستای سوریادا شوێنێکی نییە بۆ بیرلێکردنەوە.
مشتومڕو ژاوەژاوەکەی ستراسبۆرگ تیشک دەخاتە سەر گرژییەکی بنەڕەتی لە سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتی ئەوروپادا، لە کاتێکدا ئەوان ئامادەییان بۆ مەترسیە جیۆپۆلەتیکیەکان لە و ناوچەیە سنووردارە، بەلام لە هەمان کاتیشدا یەکێتی ئەوروپا سەقامگیری دەوێت، دەیەوێت ڕێگری لە شەپۆلی نوێی کۆچ بکات و دەیەوێت رێگە لە کاریگەریەکانی پەرەسەندنی ناوچەیی بگرێتوو لەخۆی دووربخاتەوە کە ئەوەش پێیدەگوترێت سیاسەتی وریایی وهێڵی سنوردار.
لە روی کۆنتێکستی سیاسیەوە ئایا ئەم دانیشتنەی ستراسبۆرگ گرنگ بوو؟
دەکرێت وەڵامەکەی لە لایەک بەڵێ بێت، چونکە ئەوە نیشان دەدات کە ئەو پرسە مەبەست پرسی رۆژئاڤا لە کارنامەی ئەوروپادا تا ئاستێک هەیە، وە دەکرێت نەخێریش بێت، چونکە هاوسەنگی هێز لەسەرئەرزی واقیع ناگۆڕێت.
من پێم وایە ژاوەژاوەکەی پەرلەمانی ئەوروپا ئاماژەیەک بوو زیاتر بۆ هاودەنگی لە پرەنسیپ و بەها مرۆیەکان. بەڵام تەنیا لە ناو چوارچێوەیەکی مۆراڵیدا، نەوەکوو رەهەندێکی سیاسی لە داهاتووی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و رۆژئاڤادا.
ڕێک لێرەدایە بۆمان دەردەکەوێت کە واقیعی سیاسەتی کوردی لە بۆشایەکی زۆر گەورەدایە لە نێوان پڕەنسیپی سیاسی و مرۆییدا لە ناو جیهانی زلهێزو دیدگای وڵاتە بەرژەوەندخوازەکاندا.

جوتیار مەلا رەئوف

.




پەیوەندی نێوان نووسەر و کۆمەڵگە.. ستار ئەحمەد

پەیوەندی نێوان نووسەر و کۆمەڵگە، پەیوەندییەکی زۆر ئاڵۆز و دوانەییە، کە لەسەر بنەمای کاریگەری و کارلێکی دوولایەنە بنیات نراوە. نووسەر ویژدانی زیندووی کۆمەڵە، چوون ئاوێنەیەک و گۆڕانکاریەک دەردەکەوێت، لەکاتێکدا کۆمەڵ، سەرچاوەی ئیلهام و بابەتی نووسینەکان و لە هەمان کاتدا ئامانجی سەرەکی نووسینەکانە. نووسەر بەرهەمەکانی دەکاتە ئاوێنەیەک، کە واقیع و ڕاستییە تاڵ و شیرینەکانی کۆمەڵگەی تێدا دەردەکەوێت. کێشە کۆمەڵایەتییەکان، ئازارە دەروونییەکان، خواست و خەونەکان، هەموو دەبنە بابەتی سەرەکی نووسین. نووسەران بە نووسینەکانیان، مێژوو و کولتوور و داب و نەریت، لە فەوتان دەپارێزن و دەیگوازنەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو. یەکێک لە ئەرکە هەرە گرنگەکانی نووسەر، بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری تاکەکانی کۆمەڵە، نووسەر پرسیار دروست دەکات، تیشک دەخاتە سەر گۆشە تاریکەکان و تاک دەخاتە بیرکردنەوە. زۆرجار نووسەر وەک ڕەخنەگرێکی بوێر دەردەکەوێت و ڕووبەڕووی ستەم، گەندەڵی، دواکەوتوویی هزری و نەریتە زیانبەخشەکان دەبێتەوە. نووسەر دەبێتە دەنگی ئەو کەسانەی بێدەنگ کراون.
لە ڕووی ڕامیارییەوە، نووسەر هەمیشە لە هێڵی پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم و نادادییە. مێژوو نیشانی داوین کە قەڵەم زۆرجار لە شمشێر کاریگەرتتر بووە لە هەژاندنی تەختی دەسەڵاتی سەرەڕۆدا. نووسەر وەک چاوێکی بێدار، چاودێری هەڵسوکەوتە سیاسییەکان دەکات و ڕێگری دەکات لەوەی ڕاستییەکان لە لایەن خاوەن هێزەکانەوە بشێوێندرێن. کاتێک سیاسەت دەبێتە هۆی دابەشکردنی کۆمەڵ و دروستکردنی چینایەتی، نووسەر بە دیدێکی نیشتمانی و مرۆیی، هەوڵی یەکخستنەوەی پارچە دابڕاوەکان دەدات. نووسەر بەرپرسیارە لە پاراستنی ئازادیی ڕادەربڕین، چونکە بێدەنگبوونی نووسەر واتای مردنی ڕامیاری و کۆمەڵایەتی ئەو گەلەیە. ئەو بە وشیارکردنەوەی جەماوەر، وا دەکات تاکی کۆمەڵ مافەکانی خۆی بناسێت و چیتر وەک پاشکۆی هێزە سیاسییەکان نەمێنێتەوە، بەڵکو ببێتە خاوەن بڕیار و دیدێکی سەربەخۆ.
لە لایەنە دەروونییەکەشەوە، نووسەر وەک پزیشکێکی ڕۆحی وایە بۆ کۆمەڵگە. ئەو دەچێتە ناو قووڵایی ناخی تاکەکان و ئەو ترس و دڵەڕاوکێ و گرێ دەروونییانە دەدۆزێتەوە کە کۆمەڵگە بە گشتی پێیانەوە دەناڵێنێت. نووسەر بە گێڕانەوەی چیرۆکی ئازارەکان، جۆرێک لە هاوسەنگی دەروونی بۆ خوێنەر دەگەڕێنێتەوە؛ کاتێک مرۆڤێک دەقێک دەخوێنێتەوە و هەست دەکات ئازارەکانی هاوبەشن، چیتر هەست بە تەنیایی ناکات. ئەم کارلێکە دەروونییە دەبێتە هۆی پاککردنەوەی ناخی مرۆڤەکان لە کینە و ڕق و بەرەو لێبوردەیی و خۆشەویستییان دەبات. نووسەر لە ڕێگەی کارەکتەرەکانی ناو نووسینەکانی، پەردە لەسەر ئەو هەستە شاراوانە لادەدات ،کە مرۆڤەکان لەبەر شەرم یان ترسی کۆمەڵایەتی ناتوانن دەری ببڕن، بەمەش دەبێتە مایەی ئارامی و تێگەیشتنی قووڵتر لە خودی مرۆڤ.
کۆمەڵ بە هەموو چین و توێژەکانیەوە، بە ئەزموون و کارەسات و سەرکەوتنەکانی، بەردەوام سەرچاوەیەکی بێکۆتای بەهرەیە
بۆ نووسەر. زۆرجار پێداویستییەکانی کۆمەڵ، وەک گەشەی زمانی، یان وەڵامدانەوەی قەیرانەکان، ئاراستەی نووسین و بابەتی سەرەکی نووسەر دیاری دەکەن. پەیوەندییەکە.. پەیوەندییەکی پێویست و لەیەک دانەبڕاوە. نووسەر ناتوانێت لە دەرەوەی چوارچێوەی کۆمەڵگەکەی کارێکی کاریگەر بەرهەم بهێنێت، و کۆمەڵگەش پێویستی بە نووسەر هەیە بۆ ئەوەی بزانێت کێیە، چی دەیجوڵێنێت و چۆن دەتوانێت بەرەو پێش بچێت. نووسەر بە قەڵەمەکەی ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە داڕشتنی هزری کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی هزر و کولتووردا، بەڵام بۆ ئەوەی کاریگەری هەبێت، پێویستە کۆمەڵیش خوێنەر و وەڵامدەرەوەی نووسینەکانی بێت.
لە ڕووی مێژوویی و فەلسەفییەوە، نووسین وەک ئامرازێکی مانەوە تەماشا دەکرێت. کۆمەڵگە دەمرێت، ئەگەر چیرۆکەکانی خۆی نەگێڕێتەوە، و نووسەریش دەمرێت ئەگەر نەبێتە بەشێک لە خەمی خەڵک. ئەم پێکەوە گرێدانە وایکردووە، کە ئەدەبیات و نووسین لە لوتکەی هەرەمە شارستانییەکاندا بن. نووسەر دەبێت ئامادەی قوربانیدان بێت، چونکە ڕێگای ڕاستی و ڕەخنە هەمیشە پڕە لە بەربەست. ئەو دەبێت لە نێوان بەرژەوەندییە کاتییەکانی خۆی و بەرژەوەندییە گشتییەکانی کۆمەڵگە، هەمیشە دووەمیان هەڵبژێرێت تا بتوانێت نازناوی ویژدانی گەل بۆ خۆی بپارێزێت.
لە کۆتاییدا، نووسەر و کۆمەڵگە دوو جەستەن لە یەک ڕۆحدا. یەکتری تەواو دەکەن و بەبێ یەکتر مانیان نییە. نووسەر بە قەڵەمەکەی زامنی ئەوە دەکات کە کۆمەڵگە بەرەو دواکەوتوویی و فەوتان نەچێت، و کۆمەڵگەش بە پاڵپشتی و خوێندنەوەی، هێز بە قەڵەمی نووسەر دەبەخشێت بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە خوڵقاندنی جوانی و گۆڕانکاری. ئەم پەیوەندییە هەتا مرۆڤایەتی بمێنێت هەر بە زیندوویی دەمێنێتەوە، چونکە مرۆڤ هەمیشە تینووی گێڕانەوە و تێگەیشتن و گۆڕانە.

ستار ئەحمەد




ــ ئەی حاریس ئەگەر دەوڵەت و جاهـ و حەشەمت بوو ــ٭.. نەوزاد بەندی

( نالی لەم ساڵدا زیندوو بووایەتەوە و .. تەماشای سێ چوار مانگ بێ موچەیی و ئەم هەموو زوڵم و زۆرەی بکردایه، یەک مەرکانە شەرابی ئەنا بەسەرییەوە و ئەیووت ) :

ئەی موفلیس، ئەگەر تۆ جاران مەعاشی موحتەرەمت بوو ..
ئەمڕۆ به تەنها ملکەچیی و کۆیلایەتیی مەرهەمت بوو ..
ئەوە چ بوو دات بە با ئاڵای هێلکە و ڕۆن ؟
سێ موچەت خوراوە، سەگباب، بۆ سوریا دەمەدەمت بوو ..
گەمژەی وام نەدیوە، لە کوێ ، ئەحمەقی وا هەیە یاران ؟
داوای زۆرت بۆ خەڵک ئەکرد ، خۆیشت کەمترین کەمت بوو ..
ئەم هەموو زوڵمەت چۆن هەڵگرت ، بە گیرفانی دڕاوەوە
جاران خۆ بە زوڵمێکی ئەو ئەبو عەدای ، پەرکەمت بوو ..؟!
چت کەم بوو لەو زەمانەدا؟ وا شەوان ئەتکرد بە تەقە ؟
ئەی ئێستا چیت هەیە حیزە، مەیلی سواڵ و سەلەمت بوو ؟
بریا کورد نەبووایەم یاران، ملکەچترین مەخلوقه ئەو..
بەچی ئەچێ لەو زێرابە ، گەر زۆرترین تەمەنت بوو ؟!

بڕوا بکە گەندەڵ وتی وەرنەدەرێ، دەنا ، قورسە ..
بەرخۆدان ناکەی ئەگەر تۆ ، گەندەخۆریی مەتعەمت بوو

کوردایەتیی قسەیش نییە ، بایەکە جار جار لێدەدرێ ..
شوکری خوا بکە کە تاراوگە وەکو ماڵی ئەڕقەمت ٭٭ بوو..
لێره بوویتایە ئەبوویتە پەندی زەمانە وەک ئێمە ..
بەردەوام لەعنەت و دژوێن ، زیکر و ویردی سەر دەمت بوو
هەرچی قەومیەت و دینیشە،
کە هەبوون یان نازڵ کران،
بۆ خۆشی ئیسانە ، نەک وا
بەس بۆ ملکەچیی زەمت بوو ..

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
٭ ناوی شیعرێکی نالییە، سالمیش پێنج خشتەکییەکی لەسەر بینا کردووە .

٭٭ ئەرقەم : مەبەست ماڵی ئەڕقەمی کوڕی ئەڕقەمە کە پێشەنگی بڕوادارانی ئایینی ئیسلام وەک داڵدەیەک لە ماڵی ئەودا کۆدەبوونەوە و به نهێنی .




دوورگەی ئێپشتاین، وەک هێمایەک بۆشکستی مۆڕاڵی سیستەمێک.. جوتیار مەلا ڕەئوف

کاتێک لەسەر دۆسیەی جێفری ئیپشتاین دەنووسین، تەنها لەسەر تاوانبارێکی هەوەسبازی سێکسی سزادراو قسە ناکەین. دەبێت لەسەر دەسەڵات قسە بکەین، سەبارەت بە پارە، سەبارەت بە سیستەمێک کە نایەکسانییەکی زۆر بەرهەم دەهێنێت و بەمجۆرە پەرە بە وەرینی مۆڕاڵی ئینسانی دەدات، بۆیە تەنها پێویستمان بە دیدگایەک نییە، بەڵکو بە ڕەهەندێکی سیاسی قوڵ و گشتگیرتر، پێویستە بەرلە هەرشتێک پرسیاری ئەوە بکەین کە ئەم کەیسە چی لەبارەی بنەما ئەخلاقییەکانمانەوە ئاشکرا دەکات، کام ڕاستییانە لە پشتییەوە سەردەردێنوو خۆیان دەردەخەن.
ناوی ئێپشتاین بە شێوەیەکی دانەبڕاو پەیوەستە بە دوورگەیەکەوە کە پێی دەگوترێت (سەینت جەیمسی بچووک) لە دوورگەکانی ڤێرجینی ئەمریکا، . ئەو دوورگەیە تەنها وەکوو بەشێک لە دیاردە جوانەکانی سروشت نیشانی ئێمە نەدرا، بەڵکو بوو بە هێما بۆ تاوانێک کە سیستەمێک لە پشتیەوە وەستاوە، لە فەزایەکی جیاواز و تایبەت، لە دەرەوەی هەموو بەها و بنەما ئەخلاقیەکان ژیان و کاتی تێدا بەسەربردراوە، ئیپشتاین سەرمایەدارو بازرگانێکی ئەمریکی بوو کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ بازنەکانی دەستەڵاتوو پارەدارو کەسە کاریگەرەکان لە بواری سیاسەت و بازرگانی و ئەکادیمیدا هەبوو، ئیپشتاین لە ساڵی ٢٠٠٨دا لە ویلایەتی فلۆریدا دانی بە تاوانێک نابوو کە داوای لە منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی کردووە بۆ تێکەڵکردنیان بە بازرگانی لەشفرۆشی، ئەو گرێبەستەی کە لەو کاتەدا لەگەڵ داواکاری گشتی کردبووی، لە ژێرناوی (مامەڵەی داوای لێبوردن) لە ئەنجامدا تاوانکار سزایەکی نائاسایی نەرمی بەسەردا سەپێندراو بەو هۆیەشەوە ڕەخنەیەکی زۆر و بەرفراوانی لە سیستەمی دادوەری ئەمریکادا لێکەوتەوە.
لە ساڵی ٢٠١٩دا جارێکی دیکە ئیپشتاین بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە تۆمەتبار کرا. دوای ماوەیەکی کەم لە دەستگیرکردنی، لە نیویۆرک لە زینداندا گیانی لەدەستدا، مردنەکەی بە شێوەیەکی فەرمی بە خۆکوژی ناسیندرا، بەڵام بووە هۆی گفتوگۆیەکی جیهانی سەبارەت بە شکستی دەزگا ئەمنییەکان و بەرپرسیارێتی دامەزراوە یاسایەکان، گومانێکی زۆر و هەروەها فەزاحەتی بنەڕەتی و زۆر جددی لە مامەڵەکردن لەگەڵ دەسەڵات و سامان و جێبەجێکردنی یاسادا ئاشکرا کرد.
لە راستیدا ئەوەی کە ئێستا ئەو تاوانە بێزەوەرە(دورگەی سەینت جەیمسی بچووک) بۆتە رۆژەڤی میدیا جیهانیەکان، تەنها وەکوو دۆسیەیەکی تاوانکاری تجرید نابیندرێت، بەڵکو پڕیەتی لە نیشانە و گومانی سیاسی بەرچاو لە پەیوەست بە دەستەڵاتوو سیستەمو کۆمەڵگا، نموونەی نەزمێک دەهێنێتەوە بەرچاومان کە دەسەڵاتی سەرمایەو ئابووری دەتوانێت چ کاریگەریەکی کۆمەڵایەتی و یاسایی لە ڕایەڵەکانیدا دروست بکات. من لە ڕوانگەیەکی سیاسی جیاوازەوە سەیری ئەو کەیسە دەکەم، چونکە ئەو کەیسە هێڵەکانی فەزیحەی مۆڕاڵی سیستەمێک ئاشکرا دەکات کە بانگەشەی درۆینەی گەرەنتیکردنی یەکسانی مرۆڤەکان لەبەردەم یاساوکۆمەڵگادا دەکات.
ئەوەی بە تایبەتی جێگەی نیگەرانی و تێڕامانە، تەنها خودی تاوانەکە نییە، بەڵکو هەموو ئەو زەمەنەیە کە لە ژێرسایەی ئەو سیستەمەدا ئەو تاوانە نامرۆڤانەیە خرایە ژێر سایەی لێبوردەیی کۆمەڵایەتییەوە، ئیپشتاین بە ئاشکرا لە تۆڕی پەیوەندی دەستەبژێرە سیاسیەکاندا بەرخوردو هەڵسوکەوتی دەکرد، پێشوازی گەرمی لێدەکراو بەشداری لە بۆنە و ئاهەنگە شاهانەیەکان و بۆنە سیاسیەکان دەکرد، پەیوەندی لەگەڵ کەسایەتییە دیارەکاندا دەچاند و چێژوو سودێکی سایکۆپاتیانەی لە ڕادەبەدەری لەو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیانە دەبینی. لێرەدا پرسیارێک کە لە زیهنماندا دروست دەبێت، کە چۆن مرۆڤێکی سایکۆپات بەم جۆرە پاشخانەوە بۆ ماوەی ئەوهەموو ساڵە دەتوانێت بەشێک بێت لەودەستەبژێرە باڵا سیاسیە و بەو بێدەنگی و چاوپۆشیەوە بمێنێتەوە؟
لێرەوە لە شوێنپەنجەکانی ئەو تاوانەوە دەردەکەوێت کە سیستەمی سەرمایەداری لە فۆڕمە ڕاستەقینەکەی خۆیدا چ نایەکسانییەکی گەورە بەرهەم دەهێنێت، لەوە تێدەگەین کە سامان تەنها سەرمایەی ئابووری نییە، بەڵکو سەرمایەی کۆمەڵایەتی و سیاسیشە، ئەوانەی خاوەنی ملیارەها دۆلارن، دەستیان بە باشترین پارێزەر و پەیوەندییە کاریگەرەکان و پەیوەندییە گشتییە ستراتیژییەکانیش دەگات، کە ئەوەش دەبێتە مایەی ناهاوسەنگیەکی مۆڕاڵی لە سیستەمی دادوەریدا.
لێرەوە دەبینین سەرمایەداری پاداشتی سەرکەوتن و کەڵەکەکردنی سامان بە چ جۆرێک دەداتەوە بە خاوەن هێزە ئابوریەکان، پێمان دەڵێت کە ئەوە پرەنسیپە راستەقینەکەی ئەو سیستەمەیە. کاتێک ئەو شەرمەزاریانە کاریگەریی دەکەنەسەر کارکردنی دامەزراوە دیموکراسیەکان، بۆمان دەردەکەوێت کە ئازادی رەهای ئابووری دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر یەکسانی لە ناو کۆمەڵگاو لە بەردەم یاساو نۆرمەکانیدا.
ئەوەی لە ناو بۆگەناوی ئەو سیستەمەدا جیگای نیگەرانییە، ئاساییکردنەوەو بە کۆمەڵایەتیکردنی حەجمی سامانە وەک نیشانەی بەرزی کوالیتی مرۆڤەکان، زۆرجار سامان هاوتا دەکرێت لەگەڵ پاکی، لێهاتوویی، زیرەکی، یان باڵادەستی مۆڕاڵی. ئەو معیارو تێڕوانینە پەرە بە دروستبوونی دیدگایەکی کوێر دەدات لە ناو کۆمەڵگاداو کار بۆ بەهێزکردنی دەکات،بە هەمان شێوەش حەجمی قوربانیەکان بچووک دەکاتەوە، یان هەستی گومان لە بەرامبەر قوربانییەکان زیاد دەکات تا ئەو کاتەی تاوەنەکان پەردەپۆشدەکرێن و ووندەکرێن لە چاوی یاساو کۆمەڵگادا، نزیکترین نمونەش ئەو فەزاحەتە قێزەونەی دورگەکەی ئیپشتاینه.
دورگەکەی ئێپشتاین دەکرێت باشترین نمونەی تاقیکردنەوەی ئەخلاقی بێت بۆ بەهاکانی دیموکراسیەتی نیولیبڕالیزم، ئەو کەیسە پێمان دەڵێت کە سامان چەندە کاریگەری هەیە بەسەر کەمکردنەوەی هێزی یاسا و دادوەری و دەزگا ئەمنیەکان لە ناو ئەو سیستەمەدا، ئەگەر یەکسانی لەبەردەم یاسادا بنەمایەکی سەرەکی بێت، چۆن دەکرێت پشت بە باڵانسی بانکی و توانا مادیەکانی مرۆڤ ببەستێت.
ئەوەی کە بە تەنیا بەرپسیارە لەبەرامبەر ئەو هەموو تاوانە قێزەونانەی مرۆڤ، خودی سیستەمە، چونکە سیستەمێک بەوشیوەیە ڕێگە بە چڕبوونەوەی دەسەڵاتی سەرمایە بدات و پلەبەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەسەر یەکپارچەیی مۆڕاڵیدا ئەولەویەت پێبدات، هەلومەرجێک دروست دەکات کە چاودێریکردن لە ژێریدا شکست دەهێنێت، لە کۆمەڵگەیەکی کۆمەڵایەتی-مۆڕاڵیدا، کەرامەتی مرۆڤ لە پێش دەسکەوتوو سەرکەوتنە ئابوریەکاندایە، بەڵام لە سیستەمی سەرمایەداری و بە تایبەت لە فۆرمە نیولیبڕاڵەکەیدا ئەدای سەرمایە لە یەکپارچەیی ئەخلاقی بەهادارترە، سەرمایەداری تەنیا بازاڕەکان لە قاڵب نادات، بەڵکو بەهاکانی مرۆڤیش لە قاڵب دەدات، کاتێک لۆژیکی بازاڕ هەموو شتێک دەگرێتەوە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیش دەبنە ئامراز.
قسەکردن یان نوسین لەسەر ئەوتاوانە بۆ ئەوە نییە تەنها وەڵامێکی ئاسانمان دەست بکەوێت. بەڵکو دەبێت لە پێناو یەک ئامنجدا بێت، ئەویش ئەوەیە کە بروای تەوامان بەوە هەبێت بە ئاشکرا باسی دەسەڵات وهێزی پارە و بەرپرسیارێتی ئەخلاقی بکەین. کەیسی (دورگەکەی ئێپشتاین) بابەتێکی زۆر تاریکە. بەڵام دەرفەتێکە بۆ ڕەخنەگرتن و پیداچونەوە بە نۆرمو باهاکانی سیستەمێک کە مرۆڤ لە وێنە ڕاستەقینەکەی خۆیدا هیچ بەهایەکی نییە. ئەگەرئەو تاوانە تەنیا وەکوو ئابڕووچونێک ببینین، ئەوا وانە ڕاستەقینەکەی بەها ئەخلاقی و مرۆیەکان لەدەست دەدەین. هەرلەو دیدگایەشەوە پێویستە لەوە تێبگەین کە دیموکراسیەت چەندە پێویستی بە پشکنین و باڵانسگیری هەیە، بە تایبەت لەو شوێنانەی کە سەرمایە دەسەڵات دروستدەکاتوو بەهای مرۆڤی لەسەر بنایاد دەنێت.

جوتیار ملا ڕئوف




ماستەر و دکتۆرانامەکانى بوارى ئەدەبى کوردى لە تیلەچاوێکى ڕەخنەییدا-4- .. هەڵمەت بایز

بەشى چوارەم
ئیشکالیاتى تیۆرى و بۆشایی مەعریفى

لە خوێندنەوەى ئەدەبیات و توێژینەوەى ئەدەبدا، بەپاساوى ئەکادیمبوون وەک دەمڕاستى خوێندنەوە و توێژینەوەى ئەدەبی یان ئەوپەڕى سەرڕاستى و دەرخەرى حەقیقەت نییە، لەهەمانکاتدا بە پاساوى چوارچێوەبەندى ئەکادیمى و ئاستلاوازى ئەکادیمییەکان واتاى ڕەتکردنەوەى ئەکادیمیا نییە. جۆرێک لە بەریەکەوتنى ئەو جۆرە تێگەیشتنە، پەیوەندى بە ئیشکالیاتى مێـتۆدى و بۆشایی مەعریفییەوە هەیە، بە واتایەکى دیکە بەشێک لە مشتومڕى ناو گۆڕەپانى توێژنەوەى ئەدەبی کوردى مێتۆد بووە بە پاساوى بۆشایی مەعریفى، بۆشایی مەعریفیش بووە بە وەلانانى پاساوى مێتۆدى و تیۆرى ئەدەبییەوە.
پێویستە ڕاشکاوبین بەرلەوەى ئەکادیمیا کۆمەکى ئارەزووخوازان و فێرخوازانى زانکۆ بکات، پێویستە کایەى مەعریفى و خوێندنەوە وەک پێشمەرجى خوێندن و توێژینەوەى ئەدەبی ئامادەییان هەبێـت. بەشێک لە ئەرکە درێژمەوداکانى ئەدەبیاتناسى بە هەموو لقەکانى و بە کۆى ئەو ژانر و ڕەوت و قوتابخانە و تیۆرییە ڕەخنەییەکانەوە، تۆڕێکى یەک تەواوکەری و پێکهاتەیین، ولانان و حەزپێکردنى بەشێکیان بەسەر ئەوانیتریاندا لە دەرەوەى ئەو تێگەیشتنە دان. دیوێکى دیکەى مەوداى ئەدەبیات دەچێتەوە ناو کۆى کایەکانى هزرى و فەلسەفى پەیوەست بەو کۆپەیوەندییەى درێژکراوەى قۆناغەکان و دۆخى کۆمەڵایەتى و کەلتوورى و مێژووى و دەروونییەوە. ئەدەبیات لەناو ئەزموونە کەسییەکان و کۆپەیوەندییە کۆمەڵایەتى و کەلتوورى و فرە مەعریفەییەوە بگرە، تا دەگاتە ئەوەى لە دۆخێکى نامەئلوف و تێکشکاندنى زمان و نەبوونى شوناسێکى دیاریکراوى دەلالى، لە چاوەڕوانى خوێنەرێکى ئاسایدا زەحمەتە بتوانرێت بەو هەموو کەلێنانەوە، کەشفى گوتارى ئەدەبی لە ڕێى خوێندنەوەى چەند چەمکێکى ئەدەبی و گێڕانەوە و تیۆرە ئەدەبییەکانەوە بکرێت، چونکە ئەو زمینەسازییە وەک پێشمەرجى بیرکردنەوەى ڕەخنەیی و مەعریفى شۆڕبوونەوەیە بەناو دیوە شاراوەکانى دەق و دەلالەتە تیۆرى و ڕەخنەییەکانى دەقەوە.
ئەوەى جێى پرسیار و ڕەتکردنەوە و نرخاندنى هەوڵە ئەکادیمییەکانە بەشێکیان پەیوەندى بەو ئاستلاوازییە بەراییەوە هەیە، کە ناکرێت فێرخواز بەپشتبەستن بە فەزاى ناو زانکۆ وەک ئەوەى لە سێ بەشەکانى پێشتر تیشکمان خستەسەرى، دەبێت ئەو ئامادەییەى بۆ دروست بووبێت و ئەگەر لە دەرەوەى هەوڵەکانى خۆیدا خۆماندوکردنێکى پێویست و خولیایەکى پێویستى نەبووبێت و ئەستەمە بتوانێت خۆى لەقەرەى خوێندنەوە و توێژینەوەى ئەدەبی بدات. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەى بەشێک لە ئەکادیمیادا توشى ڕەخنەوە توانج دەبێتەوە، خودیى خوێندنى ئەکادیمییا نییە، ئەوەندەى پەیوەندى بەتوێژەران و خوێندکاران و هەوڵەکانیانەوە هەیە.
ئەگەرچى چوارچێوەبەندنى ئەکادیمی بەتایبەتى بۆ ئەدەبیات هەر لە زووەوە لە سەدەى نۆزدە وەک توێژینەوەى زانستە مرۆییەکان بووە جێى پرسیار، وەلێ تا ئێستاش ئەکادیمیا نەچۆتە ناو پێویستى ڕەتکردنەوەوە، لەبەرامبەر هەر دوو تێگەیشتندا ڕەوتى ئەکادیمى و ڕەوتى دەرەوەى ئەکادیمیا چ لە خوێندنەوە و چ لە نووسینى ئەدەبی شوێنپەنجەیان هەیە، ئەوەى جیایان دەکاتەوە سروشتى ئاڵۆزى و تایبەتمەندیى ئەدەبی و ڕیشاڵە بەرفراوەنەکانى مەعریفەى ناو ئەدەب و ڕایەڵەى زانستە مرۆییەکانى دیکەى ناو ئەدەبیاتە، بەمەش کردەى خوێندنەوە توێژینەوەى ئەدەبی سەخت دەکات، لەناو کڵێشەیی ئەکادیمیدا دەبێتە جێى پرسیار و هەناسەکورتى توێژینەوە لە بۆشاییە مەعریفییەوە دێتەکایەوە، کە پێویستە ڕەخنەگر و توێژەرى بوارى ئەدەبی لە باریدا هەبێت و تا ئەکادیمیاش کۆمەکییان بکات.
لە ئێستادا گرنگە و جێى پرسیارە لەسەر مێژوو و ڕەوت و دۆخ و گەشە و چەقبەستووى سەرخانى ڕۆشنبیرى کوردى لە ماوەى چل ساڵى ڕابردوو بەبەرهەمى هەزاران توێژینەوەى ئەدەبی کوردى کاریگەرییەکەى ئەوتۆى لە فیکرى ڕەخنەیی و ئاست و گەشە و گۆڕانى ئەدەبیاتى کوردى بەدی نەهاتووە. ئەکادیمیا نەیتوانیوە مێژووى ئەدەبیاتى خۆى بەدیدێکى دیکەى دەرەوەى شێوازى باو بنووسێتەوە و ڕۆڵى وەرگر و خوێنەر لە تێگەیشتنى مێژووى ئەدەبیاتى کوردیدا بەدی بێت، کە لە توێژینەوەى مێژووى ئەدەبی ئێستادا زۆر گرنگە، بەتایبەتى لە توێژینەوەى ئەدەبی بەراوردکارى، هەوڵەکانى کاریگەرى ئەدەبیاتى کوردى لەناو ئەدەبیاتى دیکەدا وەک ئەدەبێکى لاسایکەرەوە و پاشکۆ وێناکراوە، ئەو هەوڵانەى ناو توێژینەوەى بەراوردکارى لەئاستێکى سادەى خستنەڕوو و بەراوردکردن و بەرامبەرکردنى فۆرم و چەند دیوێکى دەلالین، نەیانتوانیوە لە ئاستى ئێستاتیکى و بەریەکەوتنى کەلتوورەکان قوڵبێتەوە و تێگەیشتن و ئاستێکى باشتر بە ئەدەبیاتى کوردى بدات. وەک کایەکى کەلتوورى و ناسنامەیی هاوئاستى دیکەى گەلان بڕوات. هەرچى تیۆرى ئەدەبیشە لەبارى تێدامانێکى کلاسیکییانە خەریکى ڕاڤەى چەند مێتۆدێکى کلاسیکى و چەند چەمکێکى تیۆرین، لەنا هزراندن و پێگەى مەعریفى زانکۆیدا هیچ کایەکى ئەوتۆى تیۆرى بۆ خوێندنەوەى خۆماڵییانەى دەق و توێژینەوەى ئەدەبی نەبووە بەسەرچاوە. لە بارى ئێستاتیکى ئەدەبیش وەک دیوێکى گرنگى ئەدەبی زۆر کەم و کورتبینە. بەهۆى ئەو کەلێن و نائامادەیی و خوێندنەوە و هەناسەکورتى لە توێژینەوەى زانکۆکاندا، ئاڕاستەى زۆرترین توێژینەوەکان بەدیوى ڕەخنەى ئەدەبیدا کەوتووە، هەڵەبەتە ئەو ئاڕاستەیە زیاتر وەک کارئاسانی و دەسەڵات بەسەرداشکان و چاولێکەرى دەکرێتە ئامانج لەزۆربەى کاتدا لەچوارچێوەى پاڕادایمێکى تیۆریى ڕەخنەیی یان لەبەکرابردنێکى بنەماییانەى وەسفى بەدەر لە قووڵى ئاستى مەعریفى و پاشخانى ڕۆشنبیرى هیچ گوتارێکى ڕەخنەیی بەدوا خۆیدا ناهێنێت.
زۆرجار بەسەرداهاتنەوەى توێژەرانى کوردناسی و ڕەخنەگرانى دەرەوەى ئەکادیمى کوردى باشتر وردتر لەپاناى بیربۆچوونەکانیاندا ڕوانینێکى باشترییان بۆ مێژووى ئەدەبی و ڕەخنەى ئەدەبی کوردى هەبووە، دواتر ڕێگەیان بۆ دووبارە هەڵدانەوەى لاپەڕەکانى ئەدەبیاتى کوردى خۆش کردووە. یان بەدوێکى نەرێنى دواى توێژینەوە و خوێندنەوەکانى بەرى توێژینەوە ئەکادیمییەکان بۆتە هەمان ڕێچکەى دووبارەى پێشوترى خۆى، بەمەش هەم دیسان نەیتوانیوە لەو شێوازە باوە دەربچێت، کە وەک پارادیمى ڕۆشنبیرى ئەدەبیاتناسى و ڕەخنەى مۆدە باوبووە. بۆیە ئەو پرۆسەى بەسەرداهاتنەوە ئاگایی زیاتر وردترى دەوێ، لە هەردووبارى ئەرێنى و نەرێنى مامەڵەیەکى هۆشیارانەى پێویستە. بۆ کەشفى ئەو گوتارە زاڵەى وەک بۆشایی مەعریفى و ئاستلاوازییەکانى هزرى لە خوێندنەوەى ئەدەبیاتدا لە ئێستادا پێویستیمان بە توێژیینەوەى ڕەخنەى ڕەخنە و دیدێکى وردبینانەترى ڕەخنەیی هەیە، بەتایبەتى ئەو ئەدەبیاتەى کە ئێستا وەک گۆڕەپانى مەعریفى و کەلتوورى هەیە، زۆرجار بەو چاوەڕوانییەى هەیەتى دۆخێکى گەڵاڵەکراوی چەقبەستووى هەیە، دەرفەتى تەکان و گەشەی ئەدەبیاتیش لە ڕێى توێژینەوەى زانکۆ و خوێندنەوەکانەوە لێیەوە بەرهەم نەهاتووە، بەواتایەکى دیکە ئەکادیمیا لە پەیوەندییەکانى لە دایکبوون و گەشەى ئەدەبیات و خوێندنەوە لاوازە. بەو تێگەیشتنەشەوە ڕێڕەوى گەشەى ئەدەبیاتى کوردى بە لاوازى و ناهاوڕەوتى گەشەى ئەدەبیاتى دیکەى جیهانى ڕێناکات، بۆیە بەشێوەیەکى گشتى زیاتر هەوڵە ئەکادیمیییەکان لەچوارچێوەیەکى کڵێشەسازى و توێژەرێکى مەکینەى و جوینەوەى زمان و دووبارەکردنەوەى شێوازن، یان بەمۆدەبوونى دۆخى ئەدەبی و چەمک زاراوەیەکى ئەدەبی وەک ئامانجى بڕوانامە بووەـ تا ئاواکردنەوەى ئەدەبیات وەک کایەکى مەعریفى و کەلتوورى، هەر ئەم بۆشاییەش وایکردووە میراتى لاوازى مەعریفى، وەک ناسنامەی ئێستا و ڕابردووى توێژینەوەى ئەکادیمیی دەربکەوێت.
یەکێک لەو هەڵوەستانەى پێویستە وەک دیدێکى ڕەخنەیی ڕەچاو بکرێت، ناهاوسەنگى و نابەرابەرى خوێندنەوەى ئەکادیمیى زانکۆکان و دەرەوەى زانکۆکانە. بۆ نمونە لەناو کایەى ئەکادیمیدا بەتایبەتى لە کارپێکردن و بەکاربردنى بەشێکى گرنگى تیۆرییەکانى ئێستاى خوێندنەوە و بۆ ئەدەبیات و تێکستى ئەدەبی لە زانکۆکانى کوردستان ئامادەییان هەیە وەلێ ئەوەى جێى پرسیار و سەرنجى ڕەخنەییە، لەبارى گشتیدا بەکاربردنى مێتۆد و تیۆرییەکان و پارادیمى تۆرییەکان هەڵگرى ئیشکالیەتە، لەسەروی هەموویانەوە تیۆرییە بەکارهاتووەکان بەربنەماى مۆدیەکى نوێخوازى و هەوڵى جیاوازبوونن، ئەوە تێگەیشتنە گرنگە و پێویستیشە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە بەدیدێکى ڕەخنەییەوە چاوبەسەر ئەو هەوڵانەدا بخشێندرێتەوە، لە لایەک هەوڵەکانى توێژینەوە بە پێى پارادیمى پۆزەتیڤیزمە، زۆرکەم دەبینینى پارادایمى تەفسیرى یان ڕەخنەیی لە توێژینەوەکاندا ئامادەییان هەبێت، بەتایبەتى لە دۆخى ئێستادا ئەدەبیاتى کوردى زیاتر پارادایمى تەفسیرى و ڕەخنەیی دەخوازێت. ئەو شێوە پارادایمە پۆزەتیڤیزمە زۆرتر مۆدەیەکى باوى پێشترى یەک بەدواى یەکدا هاتووى فۆرمگرتووى بێ ماندووبوونە، زۆرتر لە ئاستى هەڵڕژانى زانیارییە نەک لێکدانەوە و تەفسیرکردن و بینینى ڕەخنەییانە، بەمەش زۆرجار هاوئاستى توانستەکانى ئەکادیمیی ئێستایە، بە ئاگایی و بێئاگایی وابەستەى ئەو جۆرە فۆرمگرتنە پارادایمانەن، کە کلاسیکین و وەسفین، یان خوێندنەوەى هەر چەمکێکى کۆمەڵایەتى و کەلتوورى لەناو توێژینەوەى ئەدەبی خوێندنەوەیەکى وەسفییانە فرە گۆشەییە، یان بەپێى چەند پێناسەیەکى بەرتەسک و هەندێک بنەماى ئاسایی توێژەرانى دیکە، دوور لە هەر بەشێک لەو پارادایمە ڕەخنەییانەى پاشبونیادگەرى بەدەر لە تیۆرییەک یان چەند تیۆرییەک، بێ ئەنجامیگیرییەک وەک تێز یان کەشفکردنى گوتارێکى ڕەخنەیی و خوێندنەوەیی ئامادەیی هەبێت.
بوارى ئەدەبیاتناسى هاوڕەوتى دەرکەوتن و پەرەسەندن و توێژینەوەکانى دیکەى زانستە مرۆییەکانە. بەواتایەکى دیکە ئەدەبیات بەپێى گۆڕانى قۆناغەکانى ڕۆشنگەرى و مۆدێڕنیتە و پۆستمۆدێڕن، وەک بزاوت و کاریگەرى هزرى ئامادەیی ناو کایەى گۆڕانکارییەکان بووە هەمیشە هاوئاهەنگبووە لەگەڵ گۆڕان و گەشە و دەرکەوتە تیۆرییەکانى دیکەى ناو کایەى زانستە مرۆییەکانى ناو قۆناغە مێژوووییەکانەوە، بۆیە لە بارى تێگەیشتن لە گەشە و گۆڕانى ئەدەبی پەیوەندییەکى دیالێکتیکییانەى ناو کایەى ئەدەبی پرسێکى حەتمییە، بەدیوێکى دیکە تێگەیشتن لە هەر دۆخ و تایبەتمەندییەکى قۆناغەکان و تێگەیشتنە تیۆرییەکانى دواى سەدەى نۆزدەم بۆ کۆمەڵگا و مرۆڤ، کەم تا زۆر هەموو ئەو گەشە و گۆڕانانە دەبنە بەشێک لە هاوکێشەى دەرکەوتە و لێکەوتەى ئەدەبیاتناسی وەک کۆپەیوەندی (سیاق)یەک لەگەڵ ڕەوتى گۆڕانگارییەکانى ناو قۆناغەکانى گەشەى تیۆرى و خوێندنەوەى جۆراوجۆر و بزاوى هزرى دەخوێندرێتەوە. هەر بەهۆى ئەو تایبەتمەندییەشەوە ئەدەبیاتناسی بۆ کۆى فێرخوزانکێک دەست نادات کە لەناو ئەو کۆپەیوەندییەدا لە ئەدەبیاتناسی حاڵى نەبێت، چونکە کۆى تیۆرییەکانى ناو توێژینەوەى ئەدەبی لەو پەیوەندییە ورد و ئاڵۆز و مشتومڕهەڵرانەوە سەرچاوەى گرتووە، کە هەریەکەیان لە گۆشەیەک و ئەزموونێکى هزرى و ملمالانێ و فرە تیۆری و ڕوانینەوە لە دایک دەبن، بۆیە کۆى ئەو پاشخانەش دەبێتەوە ئەرکى توێژەر لە ڕێبەدینەبوونى ئەو ئاگاییانە ئاستى تێوژینەوە و خوێندنەوە لاواز دەبێت.
لەناو توێژینەوە ماستەرنامە و دکتۆرانامەکاندا ڕێگایەکى ئاسان هەیە لە دەرەوەى هەموو دینابینى و قوڵایی مێتۆد و تیۆرى، زیاتر زاراوەیەکى ئەدەبی یان ڕەخنەى یان شێوازى یان دۆخێکى گۆڕانکارى لە نوێخوازى ئەدەبی یان بوارێکى نیشتماپەروەرى و دڵدارى و دەروونى و کۆمەڵایەتى و سیاسی و یان بنیاتەکانى گێڕانەوەناسی…هتد بەردەوام لەناو یەک شێواز و یەک جۆر زمانى نووسیندا خۆیان دووپات دەکەنەوە. بەهۆى خۆنەبەستنەوە بەهیچ تیۆرییەک یان پارادایمێکەوە، ئەو مۆدە باوە و ئامادەییەکى مەعریفى ئەوتۆى ناوێت. توێژەر لەچوارچێوەیەکى دیارکراودا دەخولێتەوە، بەڵام ئەوەى جیاواز و جێى پرسیارى زۆرترە لە توێژینەوەى ئەدەبیاتناسی کوردیدا بەکاربردن و ئامادەیی مێـتۆد و تیۆرى تازەى ئەدەبییە. توێژەر لەلایەک لە هەلومەرجى گوێزانەوەى تیۆر لە کۆپەیوەندى مەعریفى و هەلومەرجى دەرکەوتنى تیۆرییەکە شارەزا نییە، بۆیەشە کاتێک تیۆر وەک ئامراز بەکاردێت لە ئامانجى خوێندنەوەکە دوور دەکەوێتەوە، لەلایەکى دیکەشەوە زۆربەى تیۆرە بەکارهاتووەکانى ناو توێژنەوەى ئەدەبیاتى کوردى وەک باسمان کرد پاردایم و تیۆرییەکە بزرە. بۆ نمونە کاتێک لە لەناسنامە دەکرێت، لەناو ناسنامەدا چوارچێوەى ئەو پارادیمەى ڕوون و دیار نییە لە ڕوانگەى پۆستکۆلۆنیالیزمە یان فێمینیزمە یان کەلتوورى و ئاینیییە، بۆیە لە زۆربەى باردا بەکاربردنى هەر چەمکێکى کۆمەڵایەتى و مرۆیی و کەلتوورى پێویستە ئەو چوارچێوە تێگەیشتنە ڕوون بێت، بۆئەوەى لە هەموو لایەک و گۆشەیەکى پاشاگەردانى لەچوارچێوەى پێناسەکانەوە بەناوى مێتۆدى وەسفى شکارى وەک قاوغێکى ئامادە هەموو شتێک نەئاخرێتە ناو توێژینەوەکەوە. بەدەر لەوە توێژینەوەکان سروشتێکى ئینشائی وەردەگرن، نەک خوێندنەوە، ئەوەیان سەرکیترین گرفتى ئێستاى توێژینەوەى ئەدەبیاتناسی کوردییە و نەیتوانیوە بەشێویەکى بەرچاو ئەو تێگەیشتنە تێپەڕێنێت، واتە لە ڕێى ژماردن و خاڵ و پێناسەوە بەشێوەیەکى وەسفى لەژێر کاریگەرى ئەو بنەما تیۆرییانەى کۆپی دەکرێن و دەقە ئەدەبیەکانیش لەگەڵیان دەگونجێنن، وەک ئەوەى تۆ پێوانەیەکت هەبێت، بەدواى قیاسەکەى بگەڕێى بەبەریدا بکەیت، بەبێ ئەوەى هیچ ڕاڤەیەکى ئەوتۆ یان گوتارێکى پشتى تێکستکە بۆ ئێمە کەشف بێت. هەر بەهۆى ئەو نائاگایی و فرەمەعریفییەى کە پێویستە توێژەرى ئەکادیمى هەیبێت، زۆرجار خوێندنەوەى ڕەخنەیی و توێژینەوەى ئەدەبیاتناسی لە دەرەوەى ئەکادیمیا بەبێ مێتۆدى توێژینەوەى ئەدەبی زۆر کاریگەرترە، لە بەکاربردنى مێتۆدێکى مێتۆدۆلۆژى ئەدەبی ناو زانکۆ، یان بەواتایەکى دیکە ڕووبەرى مەعریفى زاڵتر و کاریگەرترە لەناو خوێندنەوە توێژینەوەى ئەدەبیدا، لەبەرامبەر ئەوەشدا مێتۆد و تیۆر لەناو ئەکادیمیا بۆتە بۆتەیەکى ئامادەکراوى ئەو بۆشاییە مەعریفییانەى کە لاى خوێندکاران و مامۆستایانى زانکۆدا هەیە.

هەڵمەت بایز
مامۆستا لە بەشى کوردى/ فاکەڵتیی ئاداب/ زانکۆى سۆران ٢٥/١/٢٠٢٥




تۆم باراک و پیادەکردنی سیاسەتی تورکیا لە سوریا.. شاخەوان قادر شۆڕش

تورکیا بەهەموو شێوەیەک دژی ئازادی کوردانە ئەگەر لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا بێت، چونکە ڕاستەوخۆ وەکو مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیای دەبینێت. سەبارەت بە کوردەکانی سوریا بە تووندی دژی هەر جۆرە مافێکی ڕامیاریی یا مافی خۆبەڕێوەبەریی کوردەکانە، بۆیە لە ڕۆژی یەکەمی سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی و ڕاپەڕین لە دژی ڕژێمی ئەسەددا لە ساڵی ٢٠١١دا تورکیا ئەوەی چەندبارە کردۆتەوە، کەوا ڕێگەنادەن مافی ئۆتۆنۆمی بدرێتە کوردەکان یا جۆرێک لە مافی ڕامیاریی وەرگرن یا تەنانەت لە دەستوری داهاتوودا ناوی کورد بنووسرێت و دان بە بوونیان بندرێت. بەمجۆرە تورکیا دەڵێت دەبێ سەروەریی سوریا بپارێزرێت، پارچەنەکرێت، نەبێتە فیدرالی، حکومەت سەنترال بێت و هێزی چەکداریی سەر بە گروپە ئەتنیەکان نەمێنن. تورکیا هەمیشە پێیوابووە هەسەدە یا یەپەگە رێکخراوی تیرۆریستین و سەر بە پەکەکەن، دەبێ چەکەکانیان دابنێن و بچنە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتی ناوەند، ناوچەکەش بخرێتەوە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتی ناوەند. تورکیا هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوە بووە ئەم هەرێمەی ڕۆژئاڤا نەبێتە جۆرێک لە خۆبەڕێوەبەریی کوردان، بۆیە شێلگیرانە کاری بۆ لەناوبردنی ڕۆژئاڤا کردووە. لە ساڵی ٢٠١٨دا بەهۆی بوونی بەرژەوەندی هاوبەش و نزیکایەتی لە نێوان ئەردۆگان و سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپدا، ئەردۆگان دەرفەتی ئەوەی پێدرا هێرش بکاتە سەر کوردەکان، شاری عەفرین و کۆمەڵێ ناوچەی دیکە داگیربکات. ئەوسا کرێگرتە ئیسلامیەکانی دژ بە کوردەکان بەکارهێنا. تاوانی بە زۆر دەرپەڕاندن و نەهێشتنی کوردەکان لە زێدی باوباپیرانیاندا ئەنجام دران. بەڵام بەهۆی بوونی هەندێ لە دۆستانی کورد کە نزیک بوون لە ترامپ، هێرشەکە وەستێندرا و خۆبەڕیوەبەریی کوردەکان مایەوە. دوای هێنانی حەمە جۆلانی بۆ حوکم، ئەردۆگان دووبارە لەلایەن ترامپی برادەریەوە ئۆکەی بۆ کرا و ئەمجارە لە ڕێگەی جۆلانی و سوپای تیرۆریستانی سوریاوە لەژێر ناوی یەکخستنی سوریادا، هەوڵی تەواوکردنی ئەم ئەمانجەی دا کە لە ساڵی ٢٠١٨دا نەیتوانی تەواوی بکات.
ئەگەر سەرنج بدەینە لێدوانەکانی تۆم باراک نوێنەری ئەمەریکا لە سوریا، سەیر دەکەین وەکو ئەوە وایە ئەو کەسە ئەردۆگانە و لە بەرگی تۆم باراکدایە دەئاخڤی و تێگەیشتنی ڕەگەزپەرستانەی خۆی سەبارەت بە کوردەکان و چۆنیەتی خۆدانەدەستیان دەخستە ڕوو. وەکو ئەردۆگان پێی وابوو هەسەدە و یەپەگە بەشێکن لە پەکەکە، وەکو ئەردۆگان پێی وابوو دەبێ هەسەدە چەکەکانیان دابنێن و ملکەچی حکومەتی ناوەند بن، دەیگوت خۆسەری ڕۆژئاواڤا لە سوریای داهاتوودا جێگەی نابێتەوە، بەمجۆرە دەبێ هەموو ناوچەکان بخرێنەوە ژێردەستی سوریا. باراک لە سەرکوتکردن و کۆمەڵکوژیی عەلەوەیەکاندا چاوپۆشیکرد، لە هێرش بۆ سەر دروزەکان چاوپۆشی کرد، لە هێرشی سوپای چەتەکانی سوریا بۆ سەر کوردەکان، ئەو وەکو نوێنەری ئەردۆگان سەرپەرشتی تاوانکارییەکانی کرد و بە کوردەکانی گوت “چەکەکانتان دابنێن و ملکەچی سوریا بن و هیچ مافێک وەرناگرن.” وەکو ئەردۆگان لە مافی هاوڵاتیبوون بەولاوە هیچ مافێک کە پەیوەندی بە کەمینەی کوردەوە هەبێت قبووڵ نەدەکرد. وەکو ئەوەی خێر بە کورد بکات دەیگوت کوردەکان مافی قسەکردنیان بە زمانی کوردی هەیە و دەتوانن ئاهەنگی نەورۆز بگێڕن. بەڵام ئاخافتن بە زمانی کوردی ماف نییە تاکو بە سیاسی بکرێت و وەکو ماف بە کورد بفرۆشرێت، بەڵکو ئەوە زمانی دایکی کوردەکانە و مافی سروشتی خۆیانە بە زمانی خۆیان بدوێن. بەکورتی ئەوەی لە تورکیا بەسەر کوردەکاندا سەپێندراوە تۆم باراکیش کاری بۆ سەپاندنی هەمان پۆلیتیکی چەوسێنەرانە دەکرد.
کوردەکانی سوریا کە لەژێر سەرپەرشتی SDF دان، زیاتر لە دە هەزار کەسیان لە شەڕی دژ بە داعش کردە قوربانی و ئەوان هێزی سەرەکی ناوچەکە بوون کە دەولەی ئیسلامی “داعش”یان شکاند و گیراوەکانیان لە لای خۆیاندا زیندانی کرد. لە کاتێکدا زۆر لە وڵاتانی ڕۆژئاوا ئامادەنەبوون هاوڵاتیەکانی خۆیان لە زیندانەکاندا ببەنەوە و لەوێ بیاندەنە دادگا و بیانخەنە زیندان. لەکاتێکدا کە ڕێکخراوی داعش تەنها هەڕەشە نەبوو بۆ هەرێمەکە بەڵکو بۆ هەموو ڕۆژئاوا و ئەمەریکاش هەڕەشە بوو.
کوردەکان لە رۆژئاڤادا کە لە خاکی خۆیاندا دەژین و گەلێکی کراوە و ئازادیخوازن، خەبات بۆ پاراستنی سەروەری خۆیان و خوگرافیای خۆیان دەکەن و دەیانەوێ وەکو گەلانی دیکە ئازاد بن. دەیانەوێ لانی کەم لە هەرێمی خۆیاندا خۆیان بەڕێوەببەن و ئەو ئازادیەی بەدەستیان هێناوە نەخرێتە ژێر پێی حوکمی شەریعە. ئەمەریکا لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو ئارامی و سەقامگیریەن بوون کە دەسەڵاتی کوردی لە ڕۆژئاڤادا دروستیان کردبوو، کەمینەکانی وەکو ئێزدی و کرستیان و ئەوانی دی بە ئارامی لەوێ دەژیان. بەڵام بە سیاسەتی فێڵبازابەی ئەردۆگان هەڵخەڵەتان و ئەوا هەموو ناوچەکە ڕادەستی سوپای ئیسلامی سوریا دەکەن. سوپایەک کە پێکهاتووە لە کۆمەڵێ گروپی ئیسلامی دەرەکی تاوانبار لە کۆمەڵکوژیی و تاوانکاریی. ترامپ کە بانگاشەی ئەوە دەکات ٨ جەنگی ڕاگرتووە و تەنها بیر لە ئاشتی دەکاتەوە، لای ئاسایی بوو چەتە ئیسلامیەکان بێن و کوردەکان کۆمەڵکوژ بکەن و لە خاکی خۆیاندا دەریانپەڕێنن. چ داڕمانێکی مۆڕاڵە بەو شێوەیە لەگەڵ نەتەوە و هێزێکی هاوپەیمان بجووڵێیتەوە و ڕێگە بە دروستبوونی دەسەڵاتێکی ئیسلامی ڕەگەزپەرستی هاوشێوەی داعش بدەیت، هەڕەشە لەسەر هەرێمەکە و هەموو جیهان دروست بکەیتەوە!؟
سەرەڕای هەموو ئەوانە تۆم باراک داوای لە کوردەکان کرد شەڕ لە دژی حەشدی شەعبیدا بکەن، وەکو ئەوەی هەسەدە هێزێکی بەکرێگیراو بن و بۆ پارە بجەنگن. پازدە ساڵە کوردەکان بانگاشەی سیستەمی سۆسیالیستی کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەکەن و نموونەیەکی تایبەتی کرانەوە و پێکەوژیانیان پیادەکردووە، هاواری ئازادی دەکەن و خۆیان بەڕێوە دەبەن. بەڵام هەموو ئەوانە لای تۆم باراک و بەڕێوەبەریی ئێستای ئەمەریکا نرخی پولێکیان نەبوو و گرنگ نەبوون، لای ئەوان گەورە تیرۆریستێکی وەکو محمەد جۆلانی و گروپە تیرۆریستە ئیسلامیەکانی وەکو نوسرە و شام و قاعیدە و داعش گرنگتربوون، ئەوانەی کە سەری خەڵکیان بڕیووە، ژنیان وەکو سەبایا بردووە و فرۆشتوویانن و کۆمەڵکوژییان کردووە، ئەوانە لای ئەمەریکا گرنگتربوون. ئەوانەن دەتوانن سیاسەتی بێمۆڕاڵانەی ترامپ لە کوشتوبڕ جێبجێبکەن و کۆنراکتە بازرگانیەکانی بۆ مسۆگەر بکەن.
خۆشبەختانە هەڵمەتی لەناوبردنی کوردان، بە هەوڵ و کۆششی دۆستانی کورد و یەکگرتوویی سەرتاسەری کوردان وەستێندرا و کوردی ڕۆژئاڤا لە کۆمەڵکوژیی ڕزگارکران، ئەردۆگان و جۆلانی بە ئاوات نەگەیشتن، کورد لە ڕۆژئاڤا توانی هەندێ مافی گرنگ بەدەستبهێنێت و پێگەیەکی بنچینەیی خۆبەڕێوەبەریی بمێنێتەوە. ئەوە هەنگاوێکی ئەرێنیە بۆ ڕۆژئاڤا لە کاتێکدا لەژێڕ سایەی حوکمی جۆلانیدا چاوەڕوان دەکرێ لە سوریادا ڕەگەزپەرستی و حوکمی شەریعەی ئیسلامی سوننە لە داهاتوودا زاڵبێت و بچەسپێندرێت.

شاخەوان قادر شۆڕش
٣١/١/٢٠٢٦




مەرگی هیچ نووسەرێك كتێبخانەی كوردی هەتیوناكات!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

هەڵبەتە مردن، یەكێكە لەو چارەنووسە حەتمییانەی ڕووبەڕووی هەموو بوونەوەرێك دەبێتەوە، وەك ئەوەی پەروەردیگاریش لە قورئانی پیرۆزدا جەخت لەوە دەكاتەوە كەدەبێ هەموو نەفسێك بمرێت، بۆیە تا هاوكێشەی ژیان مابێت، مردنیش هەر دەبێت و ئیدی جیاوازی لە مردن بە مانا چارەنووسییەكەی لە نێوان مرۆڤەكاندا نییە و زۆر جار دەگوترێت، تاكە شتێكە دادپەروەری تێدا بێت. بێگومان نووسەران و ئەدیبانیش، وەك هەر مرۆڤێك دەبی بمرن و جیاوازی لە مردن دا نییە، ئەمە بەو مانایە نا، كە مەرگی نووسەرێكی دیار و كەسێكی ئاسایی وەك یەكبێت، بەڵكو بەو مانایەی ئیدی مردن چارەنووسی هەردووكییانە وئەمە یاساو سرووشتی ژیانە. لەو سۆنگەیەوە، چەند ڕۆژێك لەمەو بەر، بە داخەوە یەك دوو نووسەر و شاعیری گەنج بە هۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایان كردوو مەرگی ئەوان بۆ ئێمە، لە تێڕوانینێكی مرۆییانە و هاوسۆزانەدا، وەك مەرگی هەر مرۆڤێك مایەی نیگەرانییە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج و ڕەخنەیە و هاوكات بۆچوونێكی نالۆژیكیشە ئەوەیە، كە كەسانێك مەرگی ئەم نووسەرە گەنجانە، بە هەتیوكەوتنی كتێبخانەی كوردی لێك بدەنەوە، كە ئەمە یەكجار هەڵەیە و جگە لە سازش و ڕووپامایی هیچیتر نییە، چونكە كتێبخانەی كوردی هەر دەمێنێتەوە و مەرگی هیچ نووسەرێك هەتیوی ناكات. گەر كتێبخانەی كوردی، بە مەرگی خانی، مەحوی، حاجی قادر، دیلان و شێركۆ بێكەس و دڵدار هەتیو نەبووبێت، ئایا بە مەرگی شاعیرێكی ئاسایی گەنجی دوای ڕاپەڕین هەتیو دەكەوێت؟ گەر كتێبخانەی كوردی بە مردنی ( تۆفیق وەهبی، عەلائەدین سجادی، گۆران، كەمال مەزهەر و مارف خەزنەدار و دڵشاد مەریوانی ) و چەندان نووسەری دیكە، هەتیو نەكەوتبێت، ئایا مەرگی نووسەرێكی ئاسایی گەنجی دوای ڕاپەڕین هەتیوی دەكات؟ بێگومان نەخێر، من و سەدان نووسەری دیكەش دەمرین، وەلێ كتێبخانە و زمان و فەرهەنگی كوردی هەر دەمێنێتەوە. گەر مەرگی شاعیرێكی پێشرەو و نەتەوەیی و نیشتمانی وەك شێركۆ بێكەس، كە مێژووی برینداری ئێمەی لە شیعردا هەڵگَرتووە، كتێبخانەی كوردی هەتیو نەكات، ئایا مەرگی شاعیرێكی گەنجی سادە نووسی دوای ڕاپەڕین هەتیوی دەكات؟ ئەم جۆرە بۆچوونانە، زێدەگۆیین و پاساوەكەیان هەر شتێك بێت، بۆ نموونە وەك هاوڕێیەتی، هەڵەن و ناكرێ كەسانێك مردنی نووسەرێك بە نەمانی كتێبخانەی كوردی بزانن، كە ڕەنگە لە بەرانبەر نووسینەكانی چەندان پاداشتی ماددی وەرگرتبێت، لە كاتێكدا هەزاران ساڵە مێژوو، فەرهەنگ و كتێبخانەی كوردی وێرای مەرگی نووسەران و هەموو هەوڵێكیش لەلایەن دوژمنانەوە بۆ سڕینەوەیان هەر بە نەمری ماونەتەوە و ئەو كاروانە بەردەوامە و ناوەستێت.

ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی كوردستانی نوێ ژمارە ( 9588) لە 27/1/2026 بڵاوكراوەتەوە.




ئێران لە ژێر چەتری نەخشەکانی ئەمریکادا.. عوسمانی حاجی مارف

دورخستنەوەی عەلی خامنەیی لەدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، بۆ ترەمپ خاڵێکی وەرچەرخان دەبێت لە بردنە پێشەوەی سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەلای ترەمپەوە خامەنەیی پیاوێکی بەهێزە و چەقۆی ڕژێمە، بۆیە دوورخستنەوەی، جا لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسیەوە بێت یان هێرشێکی سەربازی، دەتوانێت ڕێگە زیاتر خۆش بکات بۆ دانوستان لەگەڵ حکومەتی ئێراندا.
لە لایەکی دیکەوە، هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەتوانێ ڕژیمی ئێران بخاتە ناو قەیرانێکی درێژخایەنی یەک لە دوای یەک، یان پشێوی ململانێیەکی ناوخۆیی دەسەڵات لە نێوان کوتلە ڕکابەرەکانی ناو سوپای پاسداران بخولقێنێت، دەرفەتێکیش بۆ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ناو دەسەڵات دەرەخسێنێت بۆ فراوانکردنی نفوزی خۆیان، ئەمەش پەیامێکی ڕونە بۆ ئەوانەی پشتیوانی خامەنەیی دەکەن، بەمەش ڕێگری لە بەردەوامبونی پشتیوانیان دەگرێت.
لە هەمان کاتدا، واشنتۆن بیر لە توندکردنەوەی جێبەجێکردنی سزاکان دەکاتەوە لە ڕێگەی لادانی کەشتیە نەوت هەڵگرەکان، یان بە ئامانجگرتنی چەند تێرمیناڵێکی هەناردەکردنی نەوت بەدرێژایی کەنارەکانی باشووری ئێران، کە دەتوانێت داهاتی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە.
دانوستانە پێشبینیکراوەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران تەنها لە چوارچێوەی تەقلیدی پرسی ئەتۆمیدا نابێت، بە ڵکو دەست دەخاتە سەر خودی پێکهاتەی ڕژێمی ئێران و ئاراستە ستراتیژیەکەی لە ناوچەکە و جیهاندا، ترەمپ ئەم پرۆسەیە بە دەرفەتێک دەزانێت بۆ جێبەجێکردنی گۆڕانکاریەکی قوڵی سیاسی لەناو ڕژێمی ئێراندا.
لە پشتی ئەم یاریەوە سیاسەتی ڕەچاوکردنی نێودەوڵەتی بەرفراوانتر دەبزوێ، دیارترینیان هەوڵەکانی واشنتۆنە بۆ کەمکردنەوەی نفوزی چین لە ناوخۆی ئێراندا، ئەمەش دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران دەکاتە بەشێک لە ململانێیەکی جیۆپۆلەتیکی فراوانتر.
ئەو ڕێڕەوی دانوستانەی کە ئێستا لە نێوان ئەمریکا و ئێران ئامادە دەکرێت، تەنیا بە فایلە ئەتۆمیەکە، بەرنامەی مووشەکی بالیستیک، یان تۆڕی کاریگەری ناوچەیی تاران سنووردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ باسکردنی گۆڕانکاریە قووڵترەکان کە کاریگەرییان لەسەر خودی پێکهاتەی ڕێژیمی ئێران و هاوسەنگی هێز لەناو دامەزراوەکانیدا و ئاراستەی ستراتیجیەکەی لە ناوچەکە و جیهاندا هەیە.
ترەمپ، لەسەر بنەمای ئەو قەناعەتە مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکات، کە کێشەی بنەڕەتی لەگەڵ ئێراندا تەنیا تەکنیکی یان سەربازی نییە، بەڵکو سیاسی و پێکهاتەی سستمەکەیەتی، ئەمەش سیاسەتی ڕێبازی گۆڕانکاری لە ناوەوەی ئێران ڕوون دەکاتەوە.
ئەم ڕێبازە ئەمریکیە بە ئاشکرا لەلایەن ترەمپەوە دەربڕا، کاتێک گوتی “ئێران پێویستی بە گۆڕینی سەرکردایەتیەکەی هەیە”، بە ئاماژەدان بە گۆڕانکاری لە ڕێڕەوی حوکمڕانی و سروشتی بڕیاردان لە ناو ڕژێمدا، بەبێ ئەوەی مەرج بێت ئاماژە بە ڕووخانی سەربازی بکات، لەبەرامبەردا تاران ئاگادارە کە واشنتۆن هەوڵدەدات هاوکێشەیەکی فشار بسەپێنێت لە رێگەی ئابڵوقەی سەربازی و دانوستانەوە.
سەرکردایەتی ئێران لە ئاست هەر دانوستانێک کە لە ژێر هەڕەشەی کردەی سەربازیدا ئەنجام ئەدرێت، لە ڕادەبەدەر هەستیار و دودڵن، ترسی ئەوەیان هەیە لە ئاکامدا دانوستانەکان ببنە بەرگێک بۆ کردەوەی سەربازی، یان ئامرازێک بۆ وەستان و زیاتر قەیراناویکردنی دۆخی ناوخۆ، بۆیە تاران دانوستانەکان وەک پرۆسەیەکی تەکنیکی تەماشا ناکات، بەڵکو وەک تاقیکردنەوەی ئایندەی مانەوەی خۆی بۆی دەڕوانێت.
ئەتوانین بڵێین، ئێران دانوستانی لەگەڵ ئەمریکا وەک تاقیکردنەوەی پاراستنی مانەوەی خۆی مامەڵە دەکات، نەک ڕێکەوتنێک بۆ هەڵگرتنی سزاکان یان ڕێگریکردن لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی.
واشنتۆن گرژیەکان زیاتر دەکات بۆ ئەوەی ئێران ناچار بە ملکەچی گەورەتر بکات، هەروەها تاران، ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات بەوەی کە کاردەکات بۆ پاڵنانی ئەمریکا بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی.
سەبارەت بەئایندەی پەیوەندیەکانی ڕژێمی ئێران لەگەڵ ئەمریکا، مشتومڕێکی نێوخۆیی بێوێنه لەنێو ڕابەرانی کۆماری ئیسلامیدا قسەی لەسەر دەکرێت، هەندێک پێیان وایە ئێران ناتوانێت بەرگەی شەڕێکی دیکە بگرێت و جەخت لەسەر دانوستانی هەمەلایەنە دەکەن کە بابەتی جۆراوجۆر لەخۆ بگرێت، لەوانە بەرنامەی ئەتۆمی، مووشەک، کاریگەریی ناوچەیی و تەنانەت دووبارە دابەشکردنەوەی دەسەڵات لەناو ڕژێمدا.
بەشێکی تریان پێداگری لەسەر سنووردارکردنی دانوستانەکان، تەنها لە سەر پرسی ئەتۆمی دەکەن، لە بەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆ ئابووریەکان، هەروەها ڕەتیدەکەنەوە چارەسەری ئەو پرسانەی دیکە بکەن کە تاران بە هێڵی سووری دەزانێت.
بەشێکی توندڕەو، هەر جۆرە دانوستانێکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتۆن ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن هەر ئیمتیازێک دەبێتە هۆی زنجیرەیەک ئیمتیازات کە دواجار ڕژێم لە ناوەوە لاواز دەکات.
بەڵام بەگشتی بۆچونی باو لەناو بازنەکانی بڕیاردان مەیلیان بەرەو دوورکەوتنەوە لە شەڕ دەڕوات، لەگەڵ ئەوەی ڕۆڵی عەلی لاریجانی زیاتر بەرچاو دەکەوێت لە بەڕێوەبردنی ئەو پرسەدا، لە چوارچێوەی ڕێبازێکدایە، کەهەوڵبدەن لەسەر بنەمای سازشکردن لەسەر هەندێک بنەمای بنەڕەتی بێت بۆ پاراستنی ڕژێم.
دانوستانەکان تەنها لە پرسی ئەتۆمیدا سنووردار نین، چونکە واشنتۆن پێداگری لەسەر چارەسەرکردنی فایلی مووشەکی بالیستیەکە دەکات، لە نێوان پێگەی ئەمەریکا و ئێرانیشدا تورکیا هەوڵدەدات ڕۆڵی نێوەندگیری بگێڕێت بە گەڕان بەدوای فۆرمولەیەکدا کە گەرەنتی ئەوە بکرێت کە بەکارهێنانی مووشەک سنووردار بکرێت، لە بەرامبەردا ئەمەریکا گەرەنتی ئەوە بکات کە ئێران نەکرێتە ئامانج!.
هەروەها دانوستانەکان باس لە پرسە هەستیارەکانی ناوچەکە دەکات، دیارترینیان غەززە، لوبنان و عێراق و یەمەن، لە چوارچێوەی هەماهەنگی نێوان ئەمریکا، تورکیا، قەتەر و سعودیە، ئەم هەماهەنگیە ئامانجی چەسپاندنی ئاگربەستە لە غەززە و گفتوگۆکردن لەسەر ئایندەی چەکەکانی حەماس، کە دەکرێت کاریگەری لەسەر لوبنان هەبێت سەبارەت بە چەکەکانی حزبولڵا، لە بەرامبەردا گەرەنتی ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل و دەستپێکردنی پرۆسەیەکی سیاسی ناوخۆیی بدرێت.
جگە لەوەش پێشبینی دەکرێت هەر ڕێکەوتنێکی نێوان ئەمریکا و ئێران کاریگەری لەسەر عێراق هەبێت بە پاڵنانی بەرەو یەکلایکردنەوەی سیاسی، سەبارەت بە سەرۆک وەزیران و پێکهێنانی حکومەت و ئایندەی هێزەکانی نزیک لە تاران.
مەسەلەیەک کە زۆر گرنگە بۆ واشنتۆن لە پرۆسەی دانوستان لەگەڵ تاران، بەستراوەتەوە بە کۆمەڵێک مەرجی ئاشکرانەکراوی پەیوەست بە پەیوەندی ئێران لەگەڵ چین، بەبێ ئەوەی وەک خاڵی دانوستانی ڕاستەوخۆ یان نووسراو خراتەبێتە ڕوو. ئیدارەی ئەمریکا ئەم پرسە وەک بەشێک لە دیدگای ستراتیژی فراوانتری خۆی بۆ بەڕەنگاربونەوەی کاریگەریەکانی چین، بەتایبەتی لە کەرتی وزە و ڕێڕەوی بازرگانیدا مامەڵەی لەگەڵ دەکات.
ئەم مەسەلەیە تیشک دەخاتە سەر سنووردارکردنی پشتبەستنی چین بە نەوتی ئێران و کۆنترۆڵکردنی هەناردەی وزەی ئێران بۆ پەکین بە نرخێکی ئیمتیاز لە دەرەوەی چوارچێوە ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان، بەمەش ڕێگری لە ئێران دەکرێت کە ببێتە سەرچاوەیەکی وزەی هاوتەریب لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئەمریکا.
هەروەها واشنتۆن هەوڵدەدات ڕێگری بکات لە چەسپاندنی هاوبەشیەکی ستراتیژی درێژخایەنی نێوان تاران و پەکین، لە ڕوانگەی ئەمریکاوە ئەم شەریکایەتیە چەترێکی ئابووری و سیاسی بۆ ئێران دابین دەکات کە لە سزاکانی ڕۆژئاوا دەیپارێزێت.
ئەمەریکا ئامانجی ئەوەیە، وردە وردە ئێران لەپەیوەند بە ڕۆژئاواوە، بخاتەوە ناو سیستەمی ئابووری جیهانیەوە، هەروەها تێکەڵبونی بە سیستەمی چینی کەم بکاتەوە، ئەمەش توانای پەکین سنووردار دەکات بۆ بەکارهێنانی ئێران وەک سەکۆیەک بۆ کاریگەری ستراتیجی لە کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەروەها هاوسەنگی وزە و هاوسەنگی بازرگانی ناوچەکە لە چوارچێوەی نفوزی ئەمریکادا ڕێکبخاتەوە.
ئەم دانوستانانە پەیوەستن بە دیدگای نەخشەی سیاسی فراوانتری ئەمریکا بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا، هەوڵدەدات ئێران بخاتە ناو ڕێڕەوێ سنوردانکردنی لەگەڵ چیندا، تا ڕۆڵی زیاتر بە ئەمریکا بدرێت لە کۆنترۆڵکردنی ڕۆیشتنی وزە و گاز، لەوانەش چۆنیەتی هەناردەکردنی غازی ئێران بۆ بازاڕەکانی ئاسیا.
لەم چوارچێوەیەدا، ترەمپ کار لەسەر بنیاتنانی چوارچێوەیەکی نوێی ناوچەیی دەکات کە لەسەر بنەمای لێکنزیکبوونەوەی سیاسی، ئەمنی و ئابووری بێت و ئەم ڕێگایە بە فراوانکردنی ڕێککەوتنەکان لەگەڵ ئیسرائیل دەبەستێتەوە، بەمەش گۆڕانکاری لە ڕێکخستنە تەقلیدیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکات.
لە کۆتایدا دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران وەک پرۆسەیەکی تەکنیکی تەنها بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئەتۆمی بەڕێوەناچێت، پرۆسەیەکی سیاسی هەمەلایەنەیە بە ئامانجی ڕێکخستنەوەی پێگەی ئێرانە لە ناوچەکە و جیهاندا، هێنانەدی گۆڕانکاریە لە چوارچێوەی پێکهاتە سیاسیەکەیدا، بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە شەڕ لە لایەک و سەپاندنی هاوسەنگی نوێ لە لایەکی دیکە.
هەڵبەتە ئەگەری پارچە بەبونی هێزی سەربازی ئێران هۆکارێکی چارەنوسساز دەبێت لە هەر جۆرە گواستنەوەیەک یان گۆڕینی ڕژێم لە ئێراندا، بەڵام زەحمەتە پێکهاتەی ناو سەرکردایەتی سوپای پاسداران لە دژی خامنەیی کار بکەن، چونکە ئەم پێکهاتەیە نزیکەی لەسەدا ٢٠ی دانیشتووانن کە عەقیدەیی و دڵسۆزترین لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی پێکدەهێنن.
بێجگە لە نزیکەی لەسەدا ٨٠ی ئەو ئێرانیانەی کۆماری ئیسلامیان ناوێت، بە دڵنیاییەوە نایانەوێت لەلایەن هێزێکی سەربازیی وڵاتێکی ترەوە حوکمڕانی بکرێن، یان بەگشتی بەشێکی زۆرینە لە دانیشتوانی ئێران، ئەوە ڕەت دەکەنەوە،هەرهێزکی چەکداری دور لە دەورو ئیرادە و خواست و ئومێدی دانیشتوان دەسەڵات بگرنە دەست.
خەڵکی ئیڕان ئێستا بە جیا لە سیناریۆی دانوسانەکان، لە چوارچێوەی دۆخی شەڕێکی مەترسیداردا ڕۆژانیان بەسەر دەبەن، لە چاوەڕوانی ڕودانی گەورەترین کارەساتدان، کە ئایا شەڕ دەقەومێت و وڵاتەکایان وێران دەبێت، یان بەری پێدەگیرێت، پرسیارێکە، مان و نەمانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر نەخشەکانی ئەمریکا وەڵام دەداتەوە، نەک دانوستانەکان.




جگەره و قوربانیدان و ئایین.. نەوزاد بەندی

ڕەنگبێ زۆرینە له ووتاری تاک ڕەهەندیی بێزار بووبن، کابرا دادەنیشێ دوو سێ لاپەڕە لەسەر یەک تەوەر ئەنوسێ، بۆ نمونە موچەی هەیڤی یان وەرزی یانزه و دوانزە و یەک ، ئەگەری موشەکبارانکردنی ئێران، یان جیڤری ئیپستاین .
ئەمەیش وا لە خوێنەر ئەکا تەنگەنەفەس بێ، وەک ئەوە وایە لەسەر سفرەیەک دانیشتبیت، تەنها ساوەری لەسەر بێ، نە پەرداخێ ماستاو ، نە شۆربایەک ..نە پڕ دەفرێ زەڵاتە .. هەڵبەت لەگەڵ ئەوەی کە تامی لێ نابینیت، لە قوڕگیشت ئەگیرێ و ئەبێ بەرەو تەرمۆزەی ئاوەکە وەک فیشەک تێیتەقێنیت.
هەر بۆیە لێرەدا ووتارێکی جیاواز ئەنوسین ..
هاوڕێکانم لێم ئەپرسن بۆچی جگەرەکەت وازلێهێناوە؟ ئایا وەک جارەکانی ترە و دەست پێدەکەیتەوە ؟؟
لە ڕاستیدا بڕوا ناکەم ئەمجارە بگەڕێمەوە سەر جگەرە کێشان، واتا لە پێناسەکەی جۆرج بێرنارد شۆ بۆ جگەرە دەردەچم کە دەیووت : ( وازهێنان لە جگەرە زۆر ئاسانە، سەدان جار وازم له جگەرە هێناوە ! )
چۆن ؟ یان بۆچی جارێکی تر توخنی جگەرە ناکەومەوە ؟
بە هۆی تیکتۆکەوە !!
بەڵێ، بە هۆی تیکتۆکەوە بوو ( ئەرێ ئەزانن کە ئەنوسیت تیکتۆک ئەگەر زۆر شارەزا نەبیت وشەی تر دەردەچێت چونکە تێکەڵ و پێکەڵییەکی تێدایە، وەک تیتکۆک، تکیتۆک، تۆکتیک …؟)
من کەیفم بە سەعاتی سمارت نایەت، بەڵام شەوێکیان به ڕێکەوت چومە تیکتۆک، گەنجێکی هەولێریی بەناوی حەمە پێیان ئەوت عەمە، کەل و پەلی ئەوروپی ئەفرۆشت، سەعاتێکی سمارتی هەشتا دۆلاریی بە بیست هەزار دانا، پێم هەرزان بوو، نوسیم بیست و بۆ من دەرچوو ..دوای من چەندین گلەیی لە کاکە حەمە کرا، گوایا ئەوان پێش من نرخیان نووسیوە، بەڵام کاکە حەمە وتی : بە خودای مام بەندی یەکەم کەس نوسیتی بیست.
سەعاتی سمارت گەیشت و کردمە مەچەکم و تەماشای پێکهاتەکانیم کرد، لەو کاتەدا پێکهاتەی Oxygyne rate کەوتە پێش چاوم واتا ڕێژەی ئۆکسجین لەناو خوێندا، کلیکم لەسەرکرد بزانم ئۆکسجینم چەندە، هەمان کات جگەرەیەکم بە دەستەوە بوو، قومێکم لێ دا، ئەزانن ڕێژەی ئۆکسجینی خوێنم چەندی خوێندەوە ؟؟ 83 % واتا لەکاتێ هەڵمژینی دوکەڵی جگەرەدا بەلایەنی کەمەوە پانزە پله ئۆکسجینی ناو خوێن دادەبەزێت.. ڕێژەی هەشتا و سێ ی ئۆکسجین لە کاتی کۆرۆنا و لە هەموو نەخۆشییەکی تردا، یەکسەر داخڵی نەخۆشخانەی چاودێریی وورد ICU ئەکرێت..کاتێ دوکەڵەکەم لە سییەکانم دەرهێنایەوە و هەناسەی قوڵم دا، بەرە بەرە ڕێژەی ئۆکسجینم بەرز بۆوە هەتا گەیشتەوە بە ڕێژەی ئاسایی خۆی کە 98% بوو.
لێرەدا بۆم دەرکەوت جگەرە کێشان یارییەکی زۆر ترسناکە، بریتیە لە هەوڵی یەکبینەی خۆ خنکاندن و .. گەڕانەوە لەو هەوڵە ..بریتییە لە دابەزاندنی کت و پڕی ئۆکسجینی خوێن، دوای ئەوە هەناسەدان و گەڕانەوە بۆ ئاستی ئاسایی ئۆکسجین.. لەو دابەزین و بەرزبوونەوەیەدا جۆرە چێژێک دروست ئەبێ، وەک چۆن لە شاریی یارێکان، هەندێ یاری ترسناک هەیە، هەندێ کەس چێژی لێ دەبینن، جگەرە کێشانیش بەو شێوەیەیە، بەڵام جگەرە کێشان لە هەموو یارییەکانی مەرگ ترسناکترە، چونکە بە دەر لە دابەزاندنی ڕێژەی ئۆکسجین کە ڕەنگە لە هەندێ کەسدا نەگەڕێتەوە بۆ ڕێژەی ئاسایی و توشی خوێن مەیینی مێشک ببێ، دیسان زیانی زۆر زیاتری هەیە، وەک بێبەشبوونی ژمارەیەکی زۆری خڕۆکە سوورەکان لە ئۆکسجین بە هۆی پڕ بوونی سییەکان لە دوکەڵ و داپۆشرانی دیواری سیکڵدانۆچکەکانی بە قەترانی دوکەڵ، ئەمەیش وا دەکا نیوەی خوێن مردوو بێت ..چونکە خوێن کاتێ ئۆکسی هیمۆگڵۆبین نییە و دیئۆکسی هیمۆگڵۆبینە، واتا هەڵگری ئۆکسجین نییە و هەڵگری دووەم ئۆکسیدی کاربۆنە، بە خوێنێکی مردوو ئەژمار ئەکرێت.. ڕوونتر بدوێین، هیمۆگڵۆبینی ناو خڕۆکەی سوور، گەردیلەیەک یان زیاتری دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی لە خانەکانی لەش هەڵگرتووە کە گازێکی ژەهراوییە و ئەبێ بیبات بۆ سییەکان و فڕێی بدات و سییەکانیش لە ڕێی هەناسەدانەوە دەریکەنە دەرەوە .. کەچی ئەم هیمۆگڵۆبینە دێتە سییەکان، تەماشا ئەکا بە هۆی دوکەڵ و قەترانەوە، ناتوانێ دووەم ئۆکسیدی کاربۆنەکە فڕێ بدات و .. ئۆکسجینێک بار بکات و بیگەڕێنێتەوە بۆ خانەکانی لەش، هەر بۆیە بە دووەم ئۆکسیدی کاربۆنەکەوە دێتەوە.. واتا کرداری گازگۆڕکێ ئەنجام نادرێت.. هەر بۆیە پێستە ناسکەکانی لێو و ژێر چاو و پوکی مرۆڤی جگەرەکێش ڕەنگیان بەرەو شینبوون و ڕەشبوونەوە ئەچێ، چونکە ئەو جێگا تەنکانە وەک سکرینێک ڕێژەی ئوکسجینی خوێنمان پیشان دەدەن، هەتا خوێن پڕ ئۆکسجین بێت، سوور و ئاڵ دەردەکەون.. هەتا کەم ئۆکسجین و پڕ دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بن، شین و ڕەش هەڵدەگەڕێن .. هەڵبەت شین بوونەوە نیشانەی مردنە .. جا ئیتر کەیفی خۆتانە.
ئینجا با واز لە جگەرە بێنین و بچینە سەر قوربانیدان ..قوربانیدان بەرزترین سیفەتی مرۆڤەکانە، تیایدا خوپەرستیی کۆتایی دێت و خۆنەویستیی جێگای ئەگرێتەوە.
هەر بۆیە ئەو کەسانەی کە قوربانییان بە ژیانی خۆیان داوە، ناویان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بە پیتی زێڕ نووسراوەتەوە .. بەڵام قوربانیدان و خۆکوژیی و خۆفەوتاندن سنورێکی تەنک له نێوانیاندایە و ناکرێت تێکەڵاویان بکەین..
قوربانیدەر خاوەنی هیوا وئامانجێکی گەورەیه، لەو پێناوەدا خۆی ئەکاتە قوربانیی، بۆ نمونە پێشمەرگەیەک ئامانجێکی گەورەی هەیە وەک ڕزگارکردنی خاک و نەتەوە و ڕازیکردنی خوا و خەڵک، ئەم ئامانجە گەورانە وای لێدەکەن به شانازییەوە بجەنگێ و قوربانی بە سەر و ماڵ و خۆشییەکانی ژیان بدات.
بەڵام خۆکوژیی و خۆ فەوتاندن، کاردانەوەی بێهیوایی و بێ ئامانجییە، ڕاکردنە لە خەبات و لە خەڵک و لە ئەرکی سەرشان و هەوڵ و چاکسازیی..
کاتێک ژنێک بێ ئومێد و بێ ئامانج بە دیار هاوسەرێکی قورماچیی و بەدمەست و بێ ئیشەوە هەموو تەمەنی خەسار ئەکات، ئەوە قوربانیدان نییە، ئەوە خۆکوژیی و خۆفەوتاندنە..کاتێ باوکێک هەموو تەمەن و سامانی لە گەورەکردنی چەند مناڵێکی تەمەڵ و بێ هەڵوێست و ملهوڕدا خەرج دەکات، ئەو پیاوە قوربایی نەداوە، بەڵکو زوڵمی لە خۆی کردووە و بە بێ سوود، خۆی وێرانکردووە ..میللەتێک بە دیار دەسەڵاتێکی نەخوێندەواری گەندەڵ و مافیا و ترسنۆک و بێهەڵوێست و خۆپەرستەوە ساڵەهای ساڵ دانیشێت، بە تەمای سندوقی هەڵبژاردن و چاکسازیی و پاکسازیی بێ ڕزگاری بکەن، ئەو میللەتە قوربانی نەداوە، ئەو میللەتە خۆی کوشتووە، خۆی تەفر وتونا کردووە، دنیا و قیامەتی خۆی وێرانکردووە.
هەر پێشمەرگەیەک، هەر باوکێک ، هەر دایکێک، هەر میللەتێک، هەر کەسێک لە پێناوێکدا خۆی بەخت بکات، ئەبێ ئامانجێکی گەورە ی لەو پێناوەدا هەبێ، ئەگینا کارەکەی ئەبێتە ملکەچیی و کۆیلایەتیی و خۆفرۆشیی و خۆخەڵەتاندن و گەمژەیی و خۆکوژیی و هەرچی سیفەتی ناشیرینە ..بە هیچ جۆرێک ناچێتە ناو خانەی قوربانیدانەوە..
دواجار با باسێکی خێرای ئایین بکەین.. ووڵ دێورانت لە کتێبە دوور و درێژە دانسقەکەیدا، کتێبی (چیرۆکی شارستانیی)، دەڵێت : ( لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هیچ شارستانییەک نابینین به بێ ئایین بووبێت.. هەر شارستانییەک پەرستگا و بیر و باوەڕێکی بۆ خۆی بنیاتناوە )
لێرەوە ئەپرسین ئاخۆ ئایین چۆن ئەو ئامادە بوونە ئەزەلییەی لەگەڵ مرۆڤدا هەبووە؟ چی دەداتە مرۆڤ و چی لێ وەرئەگرێت؟
لە ڕاستیدا ئایین بریتییە لە هەوڵدان بۆ دەستبەردار بوونی مرۆڤ لە خۆپەرستیی .. ئامانجی سەرەکیی لە خواپەرستیدا ئەوەیە کە مرۆڤ واز لە خۆپەرستیی بێنێت..ڕێژەی بیرو باوەڕی ئاینیی هەرکەسێک ڕاستەوانە ئەگونجێت لەگەڵ ڕێژەی وازهێنانی له خۆپەرستیی؛ هەتا مرۆڤی خۆنەویستتربێ، ئاییندارترە، هەتا مرۆڤ خوپەرستتر بێ، بێ ئایینتر یان دووڕووترە.
کاتێ خوا داوامان لێ دەکات زۆر بیر لەخوا بکەینەوە و تەسبیحات بکەین و نوێژ بکەین و بە ڕۆژوو بین، بۆ ئەوەیە کە زۆر بیر لە خۆمان نەکەینەوە و بە حەز و ئارەزووە تایبەتیەکانماندا ڕۆنەچین و نەبینە بوونەوەرێکی دڕندە..
ئایین چاوی مرۆڤەکان ئەکاتەوە بۆ ئەوەی ڕاستی شتەکان ببینێت و ..خەیاڵ فریوی نەدەن و لە ڕێگای ڕاست لاینەدەن ..
نمونەی ئاییندار و بێ ئایین، وەک شۆفێرێکی ووریا و شۆفێرێکی سەرخۆش و خەیاڵ وایه.. ڕەنگە یەکەمیان ئازار بچێژێ بەوەی کە ئەبێ بە ووردیی تەماشای ڕێگاکە بکات و ئاگاداری ستێرن و سکلێتەرەکانی وەستان و خێراییەکان بێ، بەڵام دواجار بە سەلامەتیی ڕێگاکە ئەبڕێ ..بەڵام کەسی سەرخۆش و خەیاڵ، لە ڕوکەشدا ئیسراحەتە و لە خەیاڵی خۆشدایه و ئەرکی چاودێریی ڕێگا و خێرایی و شۆفێریی ناکێشێ، بەڵام ئەوە هەتا نزیکترین پێچ و لۆفەی ڕێگا بڕ ئەکات، ئیتر لە ڕێ لادان و وەرگەڕان و ماڵوێرانیی لێ ئەکەوێتەوە ..
ئایین مرۆڤ وا لێ ئەکا خۆنەویست بێ، عیسا خەڵکی زیندوو ئەکردەوە، کەچی خۆی زیندوو نەکردەوە..موسا کە بە منداڵیی فڕێدرایه ناو ئاوی نیل، ڕازی نەبوو هیچ کەسێ بخاتە ناو ڕووبارەوە .. موحەمەد بنەماڵەگەریی و خۆپەرستی ڕەتکردەوە و دژی بنەماڵە خوانەناسەکەی خۆی کەوتە شەڕ، بە پێچەوانەی موسوڵمانی ئەمڕۆ، خۆی ئیسلامییە و براکەی بێدینە کەچی هێندەی هەموو دنیایش خۆشی ئەوێت و موو بە نێوەندیاندا ناڕوات؛ ئەمە دیینداریی نییە، دووڕویییە.
ئایین داوا ئەکات زاڵمەکان واز له زوڵم بێنن یان لەناو بچن بۆ ئەوەی مرۆڤەکان بە مافە زەوتکراوەکانیان شاد بنەوە .. ئایین دەسەڵاتدارە زاڵمەکانی ڕۆم و فارس و عەرەبی لەناو برد بۆ ئەوەی ئەو گەلانە ئازاد بژین و بە مرۆڤایەتیی شادببنەوە.
ئەمڕۆ کە چەندەها تاوان ئەدەنە پاڵ ئایین، بۆ تێکەڵکردنی وەرەقەکان و لێڵکردنی گۆمەکەیە .. ئایین بۆ کوشتنی هیچ کەسێک نەهاتووە بێجگە لە کوشتنی دەسەڵاتدارە زاڵمە خوێنڕێژە دیکتاتۆرەکانی جیهان.. ئایین نەهاتووە بۆ ڕوخاندنی ماڵی هیچ کەسێک بێجگە له ڕوخاندنی تاج و تەخت و کۆشکی دیکتاتۆرە زاڵمە خۆپەرستە گەندەڵ و ملیاردێرەکانی جیهان ..هەر بۆیە دەسەڵاتدارە داگیرکەرە دیکتاتۆرەکان، دەستە و تاقمی دینداری شێوێنراو دروست دەکەن و تاوانی جەنگیان پێ ئەنجام دەدەن هەتاکو وای لە خەڵک تێبەگەیەنن کە ئایین بۆ قەتڵ و عامکردنی خەڵکە، لە کاتێکدا ئامانجی ئایین تەنها و تەنها قەتڵ و عامکردنی دیتاتۆرە زاڵمە گەندەڵەکانی جیهانە، بۆ گەڕانەوەی مافە زەوتکراوەکانی خەڵک.
هەر بۆیە کاتێ ووڵ دیورانت ئەڵێ هیچ شارستانییەکی بێ دین نەبووە، بێ ئاگاداریی خۆی مەبەستی لەوەیش بووە هەر شارستانییەکی بێ دینیش سەری هەڵدابێ، ڕوخاوە..نەگەیشتۆتە ئەوەی وەک شارستانیی پۆڵێن بکرێت .. چونکە مرۆڤ و نەتەوەکان پێویستیان بە هۆکارێکە بەردەوام بیریان بێنێتەوە، واز لە خۆپەرستیی بێنن، تاکو نەبنە دڕندە و جانەوەر ..هەتا بمێننەوە و لەناو نەچن .. سەیرێکی چواردەوری خۆیشتان بکەن، مرۆڤە بێ ئایینەکان چەند تەمەنیان کورتە و بە دەست چەند نەخۆشییەوە گرفتارن..کەچی مرۆڤه ئاییندارەکان وەک شارستانییە ئاییندارەکان، تا ڕادەیەکی باش ماونەتەوە و نەخۆشییەکانیان کوشندە نین.




چەند سەرنجێک لەسەر تاوانەکانی دوورگەی جیفری ئێپستین.. حەسەن ڕازانی

  • ئەم تاوانە کارێکی قێزەون و تاوانیکی دژە ئینسانییە!
  • بە بڕوای من تاوانباری سەرەکی جێفری ئێپستین نیە بەڵک و ئەو دەسەڵات و سیستەمەیە کە جێفری لە ژێر سایەیدا ئەو دوورگەیو شوێنەی بەڕێوەبردووە. بۆیە دەبێ سەرەتا سیستەمە یاسایی و حوکمڕانیەکە سەرکۆنە بکرێت ئینجا جێفری ئیپستین
  • تاوانبارەکان کە لە تاوانەکانی دوورگەی ئێپستینەوە تێوەگلاون، جا کەم یان زۆر ، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، زۆرن و فرە ڕەگەزو فرە نەتەوەو فرە پیشەو فرە ئایدۆلۆجیی و فرە ڕەنگ و فرە کەلتوورو فرە ئایین و فرە شوێنی جوگرافیایی جیاوازیشن. بۆیە بە گشتاندنی تاوانەکەو لکاندنی بە لایەکەوە کارێکی نا لۆجیک و نادرووستە.
    -درووست نییە ئەو تاوانە دژە ئینسانییە تەنها بدرێتە پاڵ ئایدۆلۆجیەتێک، شوێنێک، کەلتوورێک، ئایینیک یان ڕەگەزو نەتەوەێک. چونکە زۆر نزیکە لەو شێوە تاوانانە لە زۆر شوێنی تریش بوونیان هەبی بەڵام جارێ ڕاگەناندنەکان پێی نازانن، یان دەزانن و ناوێرن هیچ بڵێن.
    -میژوو لەو جۆرە کارانەی تۆمارکردووە بە تایبەتی لە کاتی جەنگ و داگیرکاریەکاندا.
  • سەردەمی کۆیلایەتی و سەردەمەکانی مامەڵەو کڕین و فرۆشتن بە ئینسانەوە ئەو جۆرە تاوانانەی زۆر تێدایە. ئێستا بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئەندامەکانی لەشی ئینسان و مامەڵە بە ئینسانەوە برەوی زۆری هەیە. لە هەندیک وەڵات و لە لایەن هەندێک گرووپی مامەڵە بە ئینسانەوە ئەنجام دەدرێت.
  • لە نێو سیستەمێکی، خێڵەکییدا، دەوڵەتیی و عیلمانیدا، لیبڕالییدا، کۆمۆنیستیی و چەپدا، هەروەها لە نێو سیستەمیکی تەواو ئایینیشدا ناتوانرێت بە تەواویی بەر بە تاوان و تاوانی دژە ئینسانیی بگیرێت. تاوان ئەنجام دەدرێت بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەو جۆرە سیستەمە سزای تاوانبار بدات! بەڵگە هەیە کە لە هەندێک سیستەمی حوکمڕاییدا زۆر بە دەگمەن تاوانبار سزا دەدرێت!
  • درووست نیە لایەنی ئایینی و خودایی بێت تاوانەکانی نێو دوورگەی ئیپستین وەک پڕوپاگەندە بۆ پاکیی و بێتاوانی خۆی بەکاربێنێت.. پەیدابوونی تاوانباریک ناکاتە ئەوەی تاوانی تاوانبارەکەی پێشخۆی بشواتەوە.
  • لە نێو هەرسێک ئایینە ئیبراهیمیی و ئاسمانیەکەدا ئینسان تاوانی ئەنجامداوە کە ڕەنگە زۆریش بە قەبارە گەورەترو لە ڕووی ئینسانیشەوە دژە ئینسانیی تر بووبێت لەوەی دوورگەی ئێپستین. لە هەردووک باردا تاوانەکە ئینسان ئەنجامیداون بەڵام لە دوورگەی ئێپستیندا ئینسانەکە خۆی لەوەکالەتی خۆیەوە تاوانەکەی ئەنجامداوەو لەوەیتریاندا تاوانەکە بە ناوی خواو فەرمانی خواوە ئەنجام دراوە. تکایە مێژووی هەرسێک ئایینەکەی ئیبڕاهیمی کە بریتیین لە مەسیحیەت و یەهودیەت و ئیسلام تەماشا بکەن. کارەکانی داعش بە نموونە. یان کەنێزە زۆرەکانی حەرەمسەراکانی سەردەمی خەلافەتی عوسمانی و سەردەمی فتوحاتی ئیسلامیی بۆ باکوری ئەفریقاو هێنان و بە سەبایەبردنی دەیان هەزار کچی ئەمازیغیی بۆ شام. مێژوو چەندین نموونەی لەو جۆرەی بۆ تۆمارکردووین!
تێبینی: کاری گرنگ و دەستبەجێ و ئینسانیی بۆ هەر کەس و لایەن و شوێن و ئایدۆلۆجیی و کەلتوورو ئایینێک ئەوەیە کە ئەو تاوانانە سەرکۆنە بکات و داوای دەستبەجێ سزادانی تاوانباران بکات، نەکو بێت تاوانەکە بە کەلتوور بکات یان بە یاسایی بکات یان بیشەرعێنرێت! ئەو تاوانانە تاوانی دژە ئینسانین و دەبێ هەر کەسێک باوەڕی بەوە هەبی کە ئینسانەو باوەڕی بە ئینسانییەت هەبێ، دەبێ دژی ئەو تاوانانە بێتە قسەو بشهێتە مەیدان.

حەسەن ڕازانی




سوپاس رۆژئاڤا..پانێڵێک لەگەلەری ئاری بۆ: د. ئازاد حەمە، م هاوژین مەلا ئەمین، م عەزیز رەئوف




تۆم باراک و ڕێکخستنەوەی جیۆپۆلەتیکی سوریاو باجەکەی.. جوتیار

ڕۆڵی تۆم باراک لە ڕێکخستنەوەی ئێستای سوریادا پێویستی بە خوێندنەوەیەکی وردی سیاسی بە شێوەیەکی ڕەخنەیانە هەیە، نەک وەکوو تەنها کاراکتەرێکی سیاسی کە نوێنەرایەتی سیاسەتی دەرەوی ئەمریکای سەردەمی ترامپ دەکات، بەڵکو وەک دەنگوو هێزێکی کاریگەر کە ئاراستەیەکی کۆنەپەرستانەی جیهادی ئیسلامی- سیاسی دیاریکراوی لەو ناوچەیە شەرعیەت پێدا پێداگری لێدەکات.
لای من گرفتەکە لەو شوێنەوە دەست پێدەکات کە کورد لە رۆژئاڤا تەنها وەک ئامرازێکی کاتی مامەڵەی لەگدا کرا، یەپەگە و کوردانی رۆژئاڤا بۆ ساڵانێکی زۆر بە هاوبەشێکی جێی متمانە لە شەڕی دژ بە دەوڵەتی دڕندەی ئیسلامی( داعش) دادەنران، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی سوودێکی زۆری لە تواناو بەشداریکردنیان وەرگرت، هەزاران شەڕڤانی کورد گیانیان لەدەستدا، لە هەمان کاتدا مۆدێلێکی سیاسی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا سەریهەڵدا کە لەسەر بنەمای (نا ناوەندی) و بەشداری ژنان و حوکمڕانی هاوبەشی نەتەوەیی دامەزرا. ئەو مۆدێلە بە شیوەیەکی گشتی ستراکچەرێکی سیاسی تەواوی نەبوو، بەڵام هەوڵێک بوو بۆ دروستکردنی نەزمێکی ئالتەرناتیڤ لە دوای وێرانیەکانی شەڕی ناوخۆ لە سوریادا.
کاتێک دەستەواژەی (یەکگرتن) لە چوارچێوەی ئاڵۆگۆڕە سیاسیە نوێکاندا لە سەردەمی ئەحمەد شەرعدا بەکاردەهێنرێت، پرسیارە چارەنووسسازەکە بۆ ئێمە ئەوەیە، کێ مەرجەکانی ئەم یەکگرتنە دیاری دەکات؟ وە بەرژەوەندی کێ لە بە هێزی ناوەنددایە؟ (تۆم باراک) چەندین جار لە لێدوانە گشتییەکاندا باسی لەوە کردووە کە ڕۆڵی هێزە کوردییەکان لە ڕووی مێژووییەوە هاتۆتە دی و ئێستا لاپەڕەیەکی نوێ دەستی پێکردووە، دەربڕینو هەڵبژاردنی ئەو لێدوانانە خۆی لە خۆیدا ئەسڵی کێشەکەن، بە تێڕوانینی من ئەو جۆری خیتابە ئەوە دەگەیەنێت کە خواستەکانی کورد بۆ ئیمە لە شەڕدا کارا بوون، بەڵام بە پیچەوانەشەوە، لە ئاشتیدا بۆ ئێمە نا کاران.
ئەو هەڵوێستە، هەڵوێستێکی ئەوپەڕی دووفاقی و نا مۆڕاڵی نەرێنییە، (تۆم باراک) نوێنەرایەتی ڕێبازێکی کۆنسێرڤاتیڤانەی سیاسی دەکات کە سەقامگیری دەوڵەتێکی سێنتراڵ لە دیدگای خۆیدا پێویستی بە قوربانی چارەنوسی نەتەوەیەکە، ئەو لە ڕوانگەیەکەوە قسە دەکات کە یەکێتی دەوڵەت و ڕێکخستنەوەی جیۆپۆلەتیکی لە پێشینەی هەموو شتێکدا بێت، لە ڕوانگەی ئەوەوە ڕەنگە ئەوە یەکگرتوویی بێت، بەڵام لە ڕوانگەی زۆربەی زۆری خەڵکی کورد مانای ئەوەیە دەستکەوتە سیاسییەکانی ڕۆژئاڤا لە قاڵب دەدرێن ومینیماڵ دەکرێنەوە، کاتێک کارەکتەرە سیاسیە کاریگەرەکانی ئەمریکا بە ئاشکرا ئاماژە بەوە دەکەن کە پڕۆژەکانی (خۆسەری) پشتیوانی درێژخایەنیان نییە، ئەوە بە شێوەیەکی راستەوخۆ وکاریگەر پێگەی دیالۆگو نوێنەرایەتی دانوستانکاری لایەنی کوردی لە بەرامبەر هێزی ناوەند لاواز دەکات.
ئەو بابەتە بۆ هەموومان جیگای پرسیارو گومانە، یاخود ئەوە چ پەیامێکی بۆ ئیمەی کورد تێدایە؟ ساڵانێک وەک هاوبەشێکی گرینگوو ستراتیژی لە شەڕی داعشدا ناسێندرابیت، کەچی ئێستا بڕیاربێت بە ناچاری و لە ژێر فشاری هێزە نێودەوڵەتیەکان بتخەنە ناو مۆدێلێکی دەوڵەتی ناوەندییەوە کە لە ڕووی مێژووییەوە هیچ بوارێکی بۆ بوونی کورد لە سوریادا فەراهەم و پێشکەش نەکردووە، کاتێک دەنگە ناڕازییە نێودەوڵەتییەکان بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە لەو ئاڵوگۆڕە خێراو کتووپڕە ناکۆڵنەوە، لە دەرەنجامدا وەک پێویستیەکی پراگماتیک دەیخەنە ڕوو، چونکە ئەوان پییان وایە ئەوە دەستکاری ئەو نەخشە سیاسیەیە کە ئەوان لە زیهنی خۆیاندا بنیادیان ناوەو کاریگەری خراپو نێگەتیڤ دەخاتە سەر ستراتیژیەکانیان.
نزیکیی (تۆم باراک) لە ناوەندەکانی دەسەڵات لە واشنتۆن و لە ئەکتەرە هەرێمایەتیەکان، قورسایی بە لێدوان ودەربڕینەکانی ئەو دەبەخشێت، تەنانەت ئەگەر بەتەنیاش نەتوانێت بڕیار لەسەرئاڵوگۆڕەکانی سوریا بدات، بەشداری دەکات لە داڕشتنی پلان و ستراتیژیەکی سیاسی کە رۆژئاڤاو کورد وەک فاکتێکی کاتی سەیر دەکات نەک وەک پێکهاتەیەکی هەمیشەیی نەزمێکی داهاتوو بۆ سوریا. بە بڕوای من ڕێک لێرەوە ڕۆڵی نەرێنی ئەو (تۆم باراک)دەردەکەوێت، نەک وەکوو نەیارێکی ڕاستەوخۆ، بەڵکو وەک هاککەرێکی سیاسی هێڵێکی سور بەسەر نەخشەی سیاسی خۆسەریدا دەهێنێت لە ڕۆژئاڤا و هاکی دەکات.
من ئەوە زۆر بە مەترسیدار دەزانم کاتێک یەکگرتنێک پەیامەکەی دەبێتە بێدەسەڵاتی و ناچارکردنی کورد، ئەگەر هێزە ئەمنی و شەڕکەرەکانی کورد بەبێ پاراستنی تایبەتمەندیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان لەڕووی دامەزراوەییەوە بخرێنە ناو پێکهاتەکانی دەوڵەتی ناوەندەوە، ئەو کات خۆبەڕێوەبەری ناوکی راستەقینەی سیاسی خۆی لەدەست دەدات. ئەگەر ئەنجومەنە ناوخۆییەکان ناچار بن دەستبەرداری دەسەڵاتەکان بن بەبێ ئەوەی گەرەنتی پابەندکەر وەربگرن، تێکەڵبونەکە بە خێرای و بە شێوەیەکی کاریگەرئاراستەکە دەگۆڕێت بۆ ناوەندگەرایی، هەرکەسێک بەبێ داڕشتنی مەرجی ڕوون، بە شێوەیەکی ڕیتۆریکی پشتگیری لەو پرۆسەیە بکات، بەرپرسیارێتی لێکەوتە میژوویەکانی لە ئەستۆ دەگرێت، جا هەر کەس و لایەنێک بێت.
من قەناعەتم وایە کە ئاشتییەکی بەردەوام لە سوریادا تەنیا کاتێک مومکین دەبێت کە خۆسەری ناوچەیی بە جددی وەربگیرێت، خۆبەڕێوەبەریی کورد تەنیا بنیاتنانی سەربازی نییە، بەڵکو دەربڕین و هەڵوێستێکی سیاسی بەکۆمەڵە، هەرکەسێک ئەو هەڵوێستە ڕێژەیی بکاتەوە لە بەرژەوەندی بەڵێنی کورتخایەنی سەقامگیری ناوەندو سوریایەکی یەکرتوودا، ئەگەری ململانێ چاوەڕوانکراوەکەی داهاتوو کە ئەگەری سەرهەلدانی زۆر نزیکە، بە کەم دەزانێت.

لەو چوارچێوەیەدا پێویستە بە شێوەیەکی توندو سەرکۆنەکراو رۆڵی (تۆم باراک) لەو فەزا سیاسیەدا هەڵبسەنگێندرێت، هێڵی سیاسی ئەو، بە ڕونی هێمای گۆڕانکارییە لە پشتیوانی لەسەر بنەمای هاوبەشییەوە بۆ عەقلیەتێکی ئامرازیی بەرامبەر بە کورد، وە هەر گۆڕانکاریەکیش بەو ئاراستەیەدا دەبیتە کێشەیەکی گەورەو گرێیەکی نەکراوە بۆ ئایندەی ئەو هاوبەشیە.
پرسیارە چارەنووسسازەکە ئەوەیە، ئایا هەر بەڕاستی دەوڵەتی ناوەندی سوریا پەرە بە نەزمێک دەدات کە لە ڕووی دامەزراوەییەوە دان بە فرەچەشنییە جۆراوجۆرەکاندا بنێت، کە من ئەوە بە شتێکی نزیک لە مەحال دەبینم، یان یەکێتی و یەگرتوویی لە ڕێگەی دادوەری و یەکسانکردنەوە دەسەپێنرێت؟ کە ئەوەش بۆ دەوڵەتێکی دینی ونەتەوەیی یاخود جیهادی عەقیدەیی هەرگیز چاوەروان ناکریت، ئەگەر ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان بە ڕوونی پشتیوانی و بانگەشە بۆ گەرەنتی پێکهاتەیی نەکەن لە سوریادا، ئەوا یەکگرتن و تیکەڵبوون بە خێرایی دەبێتە شەقامێکی یەکسەرەو لە کۆتایسدا داخراو. وە دواتر پرۆژەی سیاسی خۆسەری ڕۆژئاڤا مەترسی نەمانی نەک لەڕێگەی شەڕی ئاشکراوە، بەڵکو لەڕێگەی سیاسەتی پەراوێزخستنی لەسەرخۆ و قۆناغ بە قۆناغەوە دەبێتە واقیعێکی فەرزکراو.

جوتیار




دیلیڤەری؛ كارئاسانی یان تەمبەڵی؟.. وریا مەعروف

تەنها پێنج ساڵ لەمەوبەر، ئەگەر لە نیوەشەودا پێویستت بە دەرمانێک، ژەمە خۆراکێک یان سادەترین پێداویستی ناوماڵ بوایە، دەبوو سویچی ئۆتۆمبێلەکەت هەڵبگریت یان ڕوو لە شەقام بکەیت. بەڵام ئەمڕۆ، شۆڕشی ئەپڵیکەیشنەکان و سەرهەڵدانی سوپایەکی گەورە لە ماتۆڕسکیل و ئۆتۆمبێلی گەیاندن، چۆنیەتی ژیانی لە شارەکانی کوردستان گۆڕیوە. ئێستا بە چەند کلیکێک لەسەر شاشەی مۆبایلەکەت، جیهان لەبەردەم دەرگای ماڵەکەت ئامادەیە. بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە لێرەدا ئەوەیە: ئایا ئەمە ئاسانکارییەکی تەکنەلۆژییە بۆ کڕینی کات، یان تەڵەیەکی نوێیە بۆ نوقمبوونی کۆمەڵگە لەناو “ئابووریی تەمبەڵی”دا؟
لەم سەردەمەدا ئەپڵیکەیشنەکانی گەیاندن (Delivery) وەک ڕزگارکەرێک دەردەکەون. لە سەردەمێکدا کە شێوازی ژیان خێرا بووە و کات بووەتە گرانبەهاترین سەرمایە، ئەم خزمەتگوزارییانە هەناسەیەک بۆ مرۆڤی سەرقاڵ دەگەڕێننەوە. بۆ دایکێکی فەرمانبەر یان باوکێکی ماندوو کە دوای دەوامی درێژ دەگەڕێنەوە، گەیاندنی پێداویستییەکان بۆ ماڵەوە تەنها کڕینی کەلوپەل نییە، بەڵکو کڕینەوەی ئەو کاتەیە کە دەکرێت لەگەڵ منداڵەکانیان یان بۆ پشوویەکی پێویست بەکاریبهێنن.
جگە لەوەش، ناتوانرێت نکۆڵی لە ڕۆڵی ئەم کەرتە بکرێت لە ڕەخساندنی هەزاران هەلی کار بۆ گەنجان و بوژانەوەی بازاڕە بچووکەکان. بەڵام کاتێک باس لە گەشەی ئەم کەرتە دەکەین، نابێت تەنها وەک ئاسانکارییەکی تەکنەلۆژی بیبینین، بەڵکو ئێمە لەبەردەم گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی کۆمەڵایەتیداین کە خەریکە پێناسەی ئێمە بۆ “پەیوەندی”، “شوێن” و “ئارامگرتن” دەگۆڕێت.
کاتێک بە وردی لە دیوەکەی تری ئەم مۆدێلە دەڕوانین، زاراوەی “ئابووریی تەمبەڵی” خۆی دەردەخات. ئەمە ئەو کاتەیە کە مرۆڤ ئامادە نییە بۆ کڕینی “شەربەتێك” یان “نانی ژەمێك” کە تەنها پێنج خولەک بە پیادەڕەوی لێیەوە دوورە، پەنا بۆ دیلیڤەری دەبات. لێرەدا ئێمە کات ناکڕین، بەڵکو خەریکی بونیادنانی جەستەیەکی تەمبەڵ و مێشکێکی دەستەمۆین.
ئەم دیاردەیە لێکەوتەی تەندروستی و کۆمەڵایەتی مەترسیداری هەیە. بازاڕکردن لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەمیشە پڕۆسەیەکی کۆمەڵایەتی و ئاڵوگۆڕی مرۆیی بووە؛ بینینی خەڵک، گفتوگۆ لەگەڵ فرۆشیار و گۆڕینەوەی سڵاو. بەڵام ئێستا، ئەم ئەپڵیکەیشنانە مرۆڤیان بەرەو “تەنیاییەکی دیجیتاڵی” بردووە. پەیوەندییەکان کورتکراونەتەوە بۆ پەیوەندییەکی سارد لە نێوان “بەکارهێنەر و شاشە”. ئەم گۆشەگیرییە نوێیە وای کردووە ماڵ لە “شوێنی حەوانەوە”وە بگۆڕێت بۆ “ناوەندی هەموو چالاکییەکان” (کار، کڕین، خواردن)، ئەمەش کەلتووری گەڕان و پیادەڕەوی بەرەو لەناوچوون دەبات و دەبێتە هۆی “دابڕانی کۆمەڵایەتی”
خاڵی یەکلاکەرەوە لەوەدایە: ئەو کاتەی “دیلیڤەری” بۆمان دەگەڕێنێتەوە، چۆن تێدەپەڕێنین؟ ئەگەر كاتەی بۆمان دەگەڕێتەوە بۆ خوێندنەوەی پەرتووکێک یان گفتوگۆیەکی خێزانی بێت، ئەوا تەکنەلۆژیا لە خزمەتماندایە. بەڵام واقیعەکە پێمان دەڵێت کە زۆربەی بەکارهێنەران ئەو کاتە “خەڵاتکراوە” هەر لەناو سۆشیاڵ میدیا و ڤیدیۆ بێماناکاندا بەفیڕۆ دەدەن. لێرەدا پارە دەدەین بۆ ئەوەی تەمبەڵتر بین، نەک بەرهەمهێنەرتر.
ئەم خێراییە لایەنی ئارامگرتن و تێفکرین لە مرۆڤدا لەناودەبات؛ ئێمە بووینەتە نەوەیەک کە هەموو شتێکمان “ئێستا و دەستبەجێ” دەوێت. کاتێک هەموو پێویستییەکانمان تەنها بە یەک کلیک کورت دەکەینەوە، تەنها ماندووبوون لە جەستەمان دوور ناخەینەوە، بەڵکو بە بێدەنگی خەریکین ئەو هەستانەش لەناو دەبەین کە تەنها لە “هەوڵدان” و بەرکەوتنی ڕاستەقینە لەگەڵ شەقام و بازاڕدا دروست دەبن.
ئەپڵیکەیشنەکانی گەیاندن دەکرێت هۆكارێك بن بۆ ڕێکخستنی ژیانێکی مۆدێرن، یان ببنە هۆی دروستکردنی نەوەیەک کە توانای ئارامگرتنی نییە و لەناو چواردیواردا زیندانی کراوە. تەکنەلۆژیا کاتێک پیرۆزە کە بمانکاتە مرۆڤێکی ئازادتر، نەک ئامێرێکی بێ جووڵە.
پێش ئەوەی جارێکی تر پەنجە بنێیت بە بژاردەی “داواکردن” ساتێک ڕابمێنە و لە خۆت بپرسە: ئایا بەڕاستی کاتم نییە، یان تەمبەڵی مێشکمە کە دەیهەوێت لە ژیانی ڕاستەقینە ڕابکات؟ ڕەنگە ئەوەی پێویستت بێت تەنها ژەمە خواردنێک نەبێت، بەڵکو کەمێک پیادەڕەوی، بینینی ڕووی خەڵک و هەڵمژینی هەوایەکی ئازاد بێت. چونکە ژیان لە دەرەوەی پەنجەرەی ئەپڵیکەیشنەکانەوە، زۆر جوانتر و ڕاستەقینەترە.

وریا مەعروف




ڕۆشنبیری ئێمە! ڕۆشنبیری ئەوان.. عەبدولڕەحمان فەرهادی

هەفتەی ڕابردوو، بە چەند دێڕێک باسم لەوە کرد کە هەندێ کەس لەنێو ناوەندە ڕەوشەنبیرییەکەی ئێمەدا هەڵتۆقیون، با تا ئێستایش خێوی چەند کتێبێک بن، بەڵام هەر هیچیان نەنووسیوە و خوێنەرم دەوێ بزانێ چییان وەشاندووە و لە مەرام و مەبەست و نووسینیان تێبگات، ڕۆژ هەتا ئێوارە خەریکی ڕیکلامن بۆ نووسینەکانیان، کە دەشهێنە سەر شاشە و شانۆی بۆنەکان و دانیشتنی کەسانی بوارە کولتوورییەکە، زۆر بوێرانە بە قسە و لاباسی بێ ناوەڕۆک هێڕت دەکەن، درێلیان پێیە و دارکونکەرەن، لەولایشەوە خۆیان پێ ڕەوشەنبیری پۆلی نایابە. ئەمە لە نەخۆشیی دەروونی بترازێ، هیچ پێناسەیەکی لۆجیکی ناگرێتە خۆ.
لە دنیادا، نووسەرتان ناسیوە تێینەگەی چیی نووسیوە؟ چما لێکدانی تەرجەمەی سەقەتی ئەم پەرەگرافی کتێبێک و ئەو بەشی کتێبێکی تر، بە ناونیشانی گەورەوە کە بە کتێب چاپی دەکەن! جگە لە کاتوەکوژی، چی لە ئاوەزی خوێنەر دەجمێنێت؟ ئەرێ ئەم ڕەوشتانە دەمانکەنە نووسەر و ڕەوشەنبیر؟ مەگەر لەنێو ئێمەی کورد، دەنا کوا لە دنیادا شتی وا هەس؟ جا سەیر و سۆبەتەکە لەوەدایە ئەو نووسەرمەندە دەستەپاچە و دەروون نائارامانە، خۆیان بە (ڕەوشەنبیر) دەپێناسێنن! خۆ ئەگەر خوێنەرێک، پرسیار لە دێڕێکی نووسینەکانیان لێ بکات، پێی دەڵێن: «جارێ ماوتە، لە داهاتوو تێدەگەیت کە من چیم نووسیوە و من کێم و چ بیرمەند و فەیلەسووفێکم.»

لێرەدا مەبەستمە بڵێم: نووسەر و کەسایەتیی داهێنەر و ڕەوشەنبیری ڕاستینە و زاناکانیش، بە گومانەوە دەڕواننە خۆیان و شاکارەکانیان، تا بەرهەمێکیان دەوەشێنن هەر لە گومان و نیگەرانیدا دەمێننەوە، قەت ستایش و وەسپی فشامێزانەی خۆیان ناکەن.
با لێرەدا نموونەی هەندێ لەو فەیلەسووف و داهێنەرانە، بەرانبەر خۆ بە ڕەوشەنبیرزانینیان بخەمە بەرچاوی خوێنەرە هۆشمەندە خۆشەویستەکانم:

دووبارە دەیڵێمەوە:« لە فەیلەسووفی جیهانی، چۆمسکی دەپرسن:
خۆت بە ڕەوشەنبیر دەزانیی؟
ئەویش بەرسڤ دەداتەوە:
ئەوە ئێوەن بڕیار دەدەن ئاخۆ من چیم!
کەچی لەناو ئێمە، هەرزە نووسەری فیڕنەگولەی گزگلی وامان هەیە، فێری دوو تێرمی بیانی بووە و ماناکەیشیان بە سەقەتی لێکدەداتەوە، ئێستا نەک هەر خۆی بە ڕەوشەنبیر دەزانێت، بەڵکە باس لە ئەزموونی ڕەوشەنبیریی خۆی دەکات.

لە نەجیب مەحفووز دەپرسن:
-خۆت بە ڕەوشەنبیر دادەنێی؟
-من نووسەرێکی حیکایەتوەگێڕم، وشەی ڕەوشەنبیر لەمن مەزنترە.

بێرتراند ڕەسڵ دەڵێ:
هەڵوێستی بەردەوامی من «گومان»ە، هەموو یەقینێک مەترسیدارە.

ئێدوارد سەعید:
ڕەوشەنبیر کەسێکی نیگەران و نائارامە، ئەوە دەڵێ کە کەس نەیگوتووە، ئەوەی منیش گوتوومە نازانم چۆنە!

گوینتەر گراس دەڵێ:
من وا لەخۆم گەيشتووم کە خويندەوارم، ئيتر نازانم خەڵک هاوڕامن يا نا!

کەس لەو ناوە گەورانەی بواری ڕەوشەنبیری و زانین، ڕاستەوخۆ ناڵێن ئێمە ڕەوشەنبیرین!
ڕەوشەنبیری بەرپرسیارێتییە نەک بانگەشەی بۆش و بەناوبانگی.

هەموو ئەوانەی کە خۆیان لەو ناسناوە دەدزنەوە، ئەوانەن کە ڕەوشەنبیری ڕاستینەن و بەخشس و شاکارەکانیشیان هەموو دنیای گرتووەتەوە. ئەوان کەسی خاکەڕا و سادەن و لەوە گەورەترن بفشەفشێنن.




جەستەی کورد لە قەسابخانەی شاسوڵتانەکانا.. ستار ئەحمەد

لەو کاتەوەی ئایین کراوەتە پاساوی دەسەڵات، کورد وەک قوربانییەکی هەمیشەیی لەسەر مێزی قوماری میر و سوڵتانەکان ماوەتەوە. ئەمڕۆ چیتر تەنها سوڵتانی ئەنکەرە ، نییە کە یاری بە چارەنووسی ئێمە دەکات، بەڵکو هاوکێشەکە زۆر لەوە گەورەترە. لە کاتێکدا ئەمیری سعودیە و پاشای مەغریب وەک نوێنەری پیرۆزییەکان و پارێزەری بەها ئایینییەکان خۆیان نیشان دەدەن، لە پشت پەردەوە و لە کۆڕ و کۆبوونەوە تاریکەکانی جیهاندا، هاوبەشی ئەو سیستەمە بازرگانییەن، کە مرۆڤ تێیدا تەنها کاڵایە. ئەو هاوپەیمانییە نەنووسراوەی لە نێوان سوڵتانی نوێ و میرەکانی ناوچەکەدا هەیە، تەنها بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی سیاسی نییە، بەڵکو بۆ شاردنەوەی ئەو قەسابخانە مرۆییانەیە کە تێیدا منداڵانی کورد و بێدەرەتانانی ناوچەکە دەکرێنە دیاری بۆ خاوەن دەسەڵاتە نێودەوڵەتییەکان.
بەڵام ئەوەی ئەم تاوانە دەباتە ئاستێکی دڕندانەتر، ئەو ڕاستییە شاراوەیەیە، کە لە پشت ونبوونی منداڵەکانەوەیە. باس لەوە دەکرێت کە ئەمە تەنها ڕفاندنێکی سادە نییە، بەڵکو جۆرێکە لە ڕێو ڕەسمی ئایینی و پزیشکیی گڵاو کە تێیدا خوێنی منداڵە بێتاوانەکان دەکرێتە قوربانی. زانیارییە بنکۆڵکارییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەو دەسەڵاتدارانە بۆ مانەوەیان لە لوتکەی گەنجی و هێزدا، پەنا دەبەنە بەر بەکارهێنانی مادەیەک، کە لە خوێنی منداڵی ترساو و بێتاواندا دروست دەبێت. ئەمە ئەو قەسابخانە ڕاستەقینەیەیە کە شاسوڵتانەکان بۆ نەوەی کورد و گەلانی بندەست سازیان کردووە؛ ئەوان خوێنی منداڵانی ئێمە دەخۆنەوە تا خۆیان پیر نەبن.
ئەردۆغان و دۆستەکانی کە خۆیان وەک سەرۆکی موسڵمانان، نیشان دەدەن . تەنانەت پەردەی کەعبەیان بۆ ئەو دوورگە بەدناوانە ناردووە، کە مەڵبەندی ئەم جۆرە تاوانانەن، گەورەترین بازرگانیان بە جەستەی منداڵی کوردەوە کردووە. ئەوان دروشمی کوشتن لە پێناوی خوادا بەکار دەهێنن، بۆ ئەوەی خەڵکی پێ بێدەنگ بکەن، لە کاتێکدا ڕاستییەکە ئەوەیە ، ئەوان منداڵەکانمان لە پێناوی شەهوەت و تەمەنی درێژی خۆیاندا دەکوژن. ئەمە ئەو دووڕووییە گەورەیەیە کە ئایین دەکاتە پەردەیەک بۆ شاردنەوەی تاوانە هەرە قێزەونەکان.
لەم نێوەندەدا، بێدەنگیی وڵاتانی بەناو موسڵمان، جێگای تێڕامان نییە، بەڵکو بەڵگەی هاوبەشییە لە تاواندا. ئەو وڵاتانەی بۆ کێشە لاوەکییەکان دنیا دەهەژێنن، کاتێک دەگاتە خوێنی منداڵی کورد و بازرگانیکردن بە جەستەیان، دەبنە کەڕ و کوێر و لاڵ. ئەوان جیهانی ئیسلامیان کردووەتە حەوشەی پشتەوەی هێزە تاریکەکانی جیهان و منداڵانی ئێمەش وەک باج دەدەنە دەست “شەیتان” بۆ ئەوەی کورسییەکانیان پارێزراو بێت. ئەمە لوتکەی خیانەتە کە بە ناوی خواوە، خوێنی بێتاوانان بکرێتە شەرابی گەنجێتی بۆ جەلادەکان.
کورد دەبێت لەوە تێبگات ئەمە درێژەپێدەری هەمان ئەو سیاسەتە کۆنەیە، کە دەیەوێت کورد تەنها وەک نۆکەرێکی گوێڕایەڵ بمێنێتەوە. ئەگەر جاران بە ناوی تێکۆشانی ئایینییەوە کوردیان دەکوشت، ئێستا بە ناوی بازرگانی و سیاسەتەوە منداڵەکانی دەفرۆشن و دەیانکەنە قوربانی بۆ ڕازیبوونی هێزە گەورەکان. ئەو دەستەی قورئان بەرز دەکاتەوە و بە ناوی پیرۆزییەکانەوە قسە دەکات، هەمان ئەو دەستەیە کە واژۆ لەسەر تێکشکاندنی نەوەکانی کورد دەکات. کاتی ئەوە هاتووە ئەم پەردە ڕەشە لەسەر ڕووی ڕاستەقینەی سوڵتانە نوێیەکان لاببرێت و جیهان بزانێت کە لە پشت ئەم دروشمە ئایینییانەوە، چ بازاڕێکی خوێناوی بۆ فرۆشتنی مرۆڤ و تێکدانی شکۆی نەتەوەیەکی ڕەسەن بەڕێوە دەچێت.

ستار ئەحمەد




بزووتنەوەی چەپ و رووداوەكانی دوای راپەڕینی بەهاری ساڵی ۱۹۹۱.. يووسف ئه حمه د مه نتك

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن..




کتێب\ وڵاتپارێزێکی قەڵای هەولێر.. د. ئەنوەر دڵسۆز

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن…




لە بیابانێکی قەڵەباڵغا.. شیعری نەوزاد بەندی

دوای زیاتر لە نەوە و پێنج ڕۆژ،
بە تەمان کەی پەنجەمۆری
خەرجکردنی
موچەی فەرمانبەران بکەن؟
لە مانگ و وەرزیش ترازا ..
ناڵێم ئیمزا ..
چونکە ئێوە ،
زۆر نەخوێنەوارن بە کورد،
ناڵێم ئیمزا ..

٭ ٭ ٭

لە فڕۆکە بۆ فڕۆکە
پێشوازی لەم و لەو ئەکەی ؟
فەرشی سوور بۆ خۆت ڕائەخەی ؟
لە پشت چەند پیتێکی گەورەی
ئینگڵیزییەوە ، ووتار ئەدەی ؟
ئەی بۆ ناچی لەسەر خوانی
کەمئەندامێ ئیستێک بکەی ؟
لە دیوارە شێدارەکەی
لە ژێر وێنەی
باوکی بۆ ئێوە کوژراوی،
نوسراوە : وا وەرزێ ڕۆیشت و
سەد و پەنجا هەزارەکەم
هەر نادیارە ..
شەرم ناکەی ؟
ووتار ئەدەی ؟
لەناو ملیاران دۆلاری ناشەرعیدا،
بۆگەنت لێ دێ، ترشاوی ..
هێندە دەستیان پیا هێناوی،
هێندە موچەی
کەمئەندامیان تیا خەرجکردووی ،
کەس نازانێ لە چی ئەچی ..
ئەی ئەندازیاری ملکچەیی ..
ئەی پزیشکی کوردایەتیی ، ئەڵێی مردووی ..

٭ ٭ ٭
لەو سەری شەقامی پیریی ،
ئەتبینم ،بەس
تازە دوای چی ؟
تەمەن تەواو ،
توایەوە ..
تازە دەرمان و دەوای چی ؟

٭ ٭ ٭

هەندێ جۆری دوور کەوتنەوە ،
چاو شارکێیە ..
بۆ زیاتر دۆزینەوەیه نەک لە دەستدان ..
هەندێکی تری ، وون بوونە ..
دابڕانە ، تا سەر ئێسقان ..
هەردووکیشیان گۆڕانکاریین..
گۆڕانکاریی باج ی ئەوێ ..
ئەو میللەتانەی ناتوانن باج بدەن.. باج..
هەتا ماون، کەوتوونەتە
ژێرپێی یەک جۆر تەخت و تاراج
وەک ئاژەڵ نان و ئاو ئەخۆن
لەگەڵ پەڕین ..
لەگەڵ بۆڕه و
لەگەڵ قۆڕە و
گیڤە و زەڕین ..
ئەیشڵێن بەڵکو ڕزگارمان کا
ڕەبونا ، ڕەبو لعالەمین ..

٭ ٭ ٭

بارانی داهاتوو ، ناچمە دەرێ ،
سەرخۆشیی له گوڵ و درەخت ناکەم،
کاتێ گەڵایان هەڵوەرێ ..
هیچ نییە ، پەڵە هەورێکە
دێت و دەڕوا ..
هەروەکو تۆ ..
وەکو زانکۆ ..
ناهێڵم دەست
بۆ زەنگی شیعرێکم بەرێ ..
چاک ئەزانم
گەر بروسکە و تۆف و لافاو
سەرتاسەری بسوتێنێ و
بخنکێنێ و
بفەوتێنێ ..
هێشتایش تیایا پەیا نابێ
تاقە یەک پیاو ..

٭ ٭ ٭
دیسان هەڵیانکێشانەوە له دروشمی
ڕەنگا و ڕەنگاڵەی ڕۆژئاڤا ؟
دیسان هەڵیانپەڕاندنەوە ؟
دیسان هەڵیانتڕاندنەوە ؟
ئەی کوا دروشمی شەکاوەی
مانگی یانزە و
مافی دوانزه و
مانگی یەک و
مافی سەدان هەزار لاوی
خاوەن بڕوانامەی بێ ئیش ؟
بۆ چی ڕۆیشتن ،
وا داتان نا
قژ و
برۆ و
سمێڵ و
ڕیش ؟

٭ ٭ ٭

باران لە کوێی ؟
بەفریش تاوێ دانیشت و ڕۆی ..
کۆچ لە پڕا خێمەی هەڵدا ..
تا تەواو ڕیشی سپی بوو ..
جانتاکانی دا به تیکتۆک و
دەستی دوو ..
پاسپۆرتی ئێکسپایەر بوو ..
ئیتر ئەبێ
هەر لێرە بمێنینەوە ..
بەڵکو مژدەی موچەیەک
لە دەم و چاوی
سەرۆکا بخوێنینەوە ..

٭ ٭ ٭

هەندێ جاریش،
لەناکاو بیرت ئەکەم و
بە هەر چوار لادا ئەگەڕێم
شوێن پێیەکت نادۆزمەوە ..
نە ژمارەکەت ..
نە ناوی قوتابخانەکەت ..
نە میوە فرۆشی دارۆغا ،
ئەیانووت هەندێ سێ شەممان،
عەسرێکی درەنگ لەوێ بوو ..
هیچم پێ نادۆزرێتەوە،
تەنها ئەوەندە ئەزانم
کرۆلایەکی مارۆنیی
مۆدێل دوو هەزار و بیست و دوو
یان یەکت پێ بوو ..




دورگەی ئیپستین و هێما ماسۆنییەکان و چەند پێشبینی دیکە لە ڕۆمانی بەڕێگاوەی دڵشاد کاوانی.. سه‌روه‌ر حمدامین

ڕۆمانی بەڕێگاوەی دڵشاد کاوانی ڕۆمانێکی سادیستی مازۆخیزمییە لە ساڵی ٢٠٢٠ چاپ و بڵاو بۆتەوە و چاپی دووەمی لە جل و نۆ کتێب ساڵی ٢٠٢٣ وڵاتی سوێد بڵاو بۆتەوە کە تێیدا کوشتن و چیژبینی لە خوێن و دەستدرێژی لە ترۆپکی ڕۆمانەکەدایە.
ئەم ڕۆمانە کوردییە زۆر پێشبینی گەورەی جیهانیی تێدایە، بەتایبەتی لە بارەی ئایندەی ڕۆژاوا و رێکخراوە ماسۆنییەکان و پێکدادانەکانی هەردوو شارستانییەتەکانی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات و شەڕی نێوانیان، کە هێزێکی شاراوە جیهان بەڕێوە دەبات و و باسی چەندین ڕێکخراوی ماسۆنیی وەک خاچی خوار و بازنەیی و مانگ و ئەستیرە وەک هێما بۆ خاچپەرستیی و ئیسلامیی و پێکدادانی دەزگە سیخووڕییەکان لە ناوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەکات کە لەنێوان ئۆدیبی مەزن، کە سەر بەئایینی جووە و عەفلەق سەر ئایینی کرسیتیان ئەلیکتڕای زەردەشتیی و شێمرازی موسڵمان ڕوودەدەن. لە لاپەڕە (٢٦١)ی بەشی جێژی خوێن دەنووسێت: عەفلەق لە من گەنجتر بوو، بە تواناتر و كاراتر توانی زاڵبێ، بەسەر چەتەكان، بەسەر ناوچەكە بەسەر ئۆدیب و بەسەر ئەستێرەی بازنەیی، هەموو گروپەكانی تری خستە ژێر ڕكێفی خۆی، هەموویانی كۆكردەوە و گشتمانی لە نێو خۆیدا تواندەوە، ئانو بانی نی سەركردەی ((ڕۆخی مانگ و ئەستێرە)) و ئەلیكترا ڕابەری ((خاچی خوار)) هەمووی یەكخستنەوە. شكستمان بە ئەستێرەی بازنەیی هێنا، ئێمە ڕاپەڕینمان كرد و پادشایەتیمان تێكشكاند. نمونەی ئەو شەڕەی نێوان گروپەکان لەڕۆژئاڤای کوردستان بینمان چۆن ئەو ڕێکخراوە شاراوەیە گروپەکانی پێکدادان و شەڕی مەزهەبی و طائیفی لەو ناوەدا بەرپاکرد.

لە ڕۆمانەکەدا چوار کەس ڕابەرایەتی دوررگەکە دەکەن، ئەلکتڕای زەردەشتیی و ئۆدیبی مەزن، کە سەر بەئایینی جووە و عەفلەق سەر ئایینی کرسیتیانە، شێمراز سەر بە ئایینی ئیسلامە. هەرچورایان دەکەونە داوی سیخووڕی مەزن کە ئەویش میخۆ جووە. دەشێ ئەمەش بە جێفری ئیپستین بناسرێت کە جێفری ئیپستین (بە ئینگلیزی: Jeffrey Epstein) بازرگان و ملیاردێرێکی ئەمریکی بوو لە ٢٠ی کانووی دووەمی ١٩٥٣ لە شاری بروکلینی ئەمریکا لەدایکبووەدەستی بە کاری دارایی کردووە لە بانکی وەبەرھێنان بێر ستێرنز، دواتر کۆمپانیای تایبەتی خۆی بەناوی J. Epstein & Co. ئەو بە پەیوەندییە بەرفراوانەکانی لەگەڵ کۆمەڵێک کەسایەتی دیار لە بازنەی دارایی و سیاسی و کولتووریدا ناسرابوو. خاوەنی دوورگەی لە ٦ی تەممووزی ٢٠١٩، ئیپستین جارێکی دیکە بە تۆمەتی فیدراڵی بە بازرگانیکردن بە منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی لە ویلایەتی فلۆریدا و نیوویۆرک دەستگیرکرایەوە. لە ١٠ی ئابی ٢٠١٩ بە مردوویی لە ژوورەکەی خۆیدا دۆزرایەوە، لە ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەریشدا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە مردنەکەی لە ئەنجامی خۆکوشتن بووە بە ھەڵواسین، سەرەڕای ناڕەزایەتی پارێزەرەکەی و بڵاوبوونەوەی گومانی گشتی سەبارەت بە بارودۆخی مردنەکەی، کە بووە ھۆی بڵاوبوونەوەی چەندین تیۆری پیلانگێڕی. بەھۆی گیانلەدەستدانییەوە، لە ٢٩ی ئابی ٢٠١٩ سەرجەم تۆمەتە تاوانکارییەکانی لەسەر ھەڵوەشایەوە.
بەهەمان شێوە سیخووری مەزنی ڕۆمانی بەرێگاوە لە کۆتاییدا خۆی دەکوژێت و کۆمەڵێک نهێنی و نووسراو لە دوای خۆی جێدەهێڵێت. کە لە بەشی کۆتایی و لە لاپەڕە ٢٩٩ دەنووسێت: دەنگی تەقەی دەمانچەیەك لە ژوورەكەی بەرامبەرم هات، منیش بە چوختییەوە خۆم خزاندە نێو ژوورە بچووكەكە، لەوێ‌ تەرمی سیخوڕی گەورە بە دەمامك و جلی ڕەشەوە كەوت بوو، كاتێ‌ چوومە سەری بە دەمانچەی دەستی گوللەیەكی لەسەری خۆیدا بوو، ئەو خۆی كوشت. لەبن دەستیدا دۆسییەكی ئەستوور و كتێبی ڕەش پێبوو، سەرم بەرزكردەوە ماسكەكەی سەرم هەرماڵی سەیر لەوەدا بوو ئەو پیاوە میخۆی جوو بوو، دەزانن میخۆ كێ بوو؟ دواتر بۆم دەركەوت ئەو هەمان خاوەكێشی ئاڵتەیی و گەورە مافیای بەندیخانە و ناوچەی سوڕەش بوو، هەروەها باوكی مێناز و نوژداری خاوەن بیرۆكەی دامەزرێنەی هەرێمی نێرگزانە.
هەروەها لەبارەی وردەکاریی زانیارەییە دزە پێکراوەکانی ناوچەی سووڕەش و کارە قیزەوەنەکان و بۆ دەرەوەی دنیای دەروە لە هەمان لاپەڕە دەنووسێت: منیش دۆسییەكەم بەهێمنی لە بن دەستیەوە دەرهێنا و لەگەڵ كتێبە ڕەشەكە هەڵم گرت و چوومەوە لای بێزەواڵ، بەداخەوەم بۆ بێزۆی هاوڕێم سەیرم كرد نووزەی لەبەر بڕابوو، بێزۆ سیاناو هەر لەوێ‌ گیانی بەرزی سپارد، دوایین شكانی دەنگی تەقە، یاری بە چارەنووسی نهێنییەكان و گەمەی كۆدەكانی كودەتا، لە كۆشك بۆ بەرژەوەندی شێمراز كۆتایی هات، شێمراز بە سانایی توانی دەست بەسەر كۆشك دابگرێ، لە جەنگی نێو كۆشكدا بەسەر چەتەكانی ئەستێرەی بازنەیی زاڵ بوو. چەتەكانی كوشتن و خوێن دوایین سەربازیان لە نێو كۆشك بە كوشتن دا، عەفلەق و كوڕە كەڕولاڵەكەی كوژران.
دواتر بە هەمان چەشنی کە بە مردنی جێفری ئیپستین ئاشکاربوونی نهینییەکانی ڕۆماننووس دەڵێ: منیش دۆسییەكەم بەهێمنی لە بن دەستیەوە دەرهێنا و لەگەڵ كتێبە ڕەشەكە هەڵم گرت. واتا تەنانەت بە خۆ کوشتن و یان مردنیشی نهێنییەکان و دۆسییەکان کە بەناوی کتێبی ڕەش ناوی بردووە دەکەوێتە دەستی نارسیس و ئاشکرا دەبێت.
زۆر وردەکاری دیکە لەناو ڕۆمانەکەدا هەن کە جێگەی هەڵوێستە لەسەر کردنن و دەتوانین بڵێین ڕۆماننووس لە ئەنجامی قووڵببونەوە و خوێندەوەی بۆ ڕەهەندە فەلسەفییەکان بەتایبەتیی لەبارەی دادایزمیی و پووچگەرایی بەو ئاکامانە گەیشتووە کە ئایندەی جیهان پێی دەگات و ئەو حەوت ساڵ پێش ئاشکرابوونی تاوانکارییەکانی دوورگەکەی ئەمریکا پێی گەیشتووە. بۆیە لە بەشی (١٧) هێرشی سوپا بۆ هەرێمی ئەشكەوت و چیایان… و لە لاپەڕە ٢٦٧ ی ڕۆمانەکە وردەکارییەکان بەمجۆرە دەخاتە ڕوو: سیخوڕی مەزن سەبارەت بەو گروپە و سەرهەڵدانی وای باس كرد كە كەسێكی بە ئەزموون لە كوشتن و لەناوبردن بونیادی ناوە، ئەوانە ساڵانێك لە نێو شار و لە ناوچەویەكی دیاری كراودا، لە نێو شاری فومەن ئەوانە مافیا و دەستەیەكی ڕەشی یاخیبوو بوون. ئەوانە برا و هاوخەباتی ئێمە بوون، بەر لە خەبات و شۆڕش بەیەكەوە لە ناوچەی سوڕەش دزیمان و تاڵانیمان دەكرد و ئاژاوەمان دەنایەوە، بازرگانیمان بە مادەی هۆشبەر و بە مرۆڤەوە دەكرد، سەری خەڵكمان دەبڕی، دەستدرێژیمان دەكردە سەر ژنان و سنگمان لە پیاوان دەبڕی، ئەم تاوانە لە ڕۆژئاوڤای کوردستانیش بینی کاتێک کە چەندین تاوان لەلایەن هێزەکانی سوریا کردیان بەرامبەرشەڕڤانان،بەڵام نێوان ئێمە و ئەوان درزی تێكەوت، پێكهەڵخشاین و لە یەكمان گیر كرد، ئەندامانی یەكترمان دەكوشت.

لەم ڕۆمانە و لە بەشی جێژی خوێن دڵشاد کاوانی باسی هەرێمێكی دابرڕاو و دورگەیەکی سەربەخۆ دەکات کە شارێکی دابڕاوە بەناوی ناوچەی سووڕەش. کە واتای ناوی لە ڕەنگی سووری خوێن کوشت وکوشتاری ماسۆنییەت و تاریکایی و ڕەشی دادایزمییەوە هاتووە. کە تێدا دەسترێژیی دەکرێتە سەر ژن و منداڵ و گەرەوە و بچووک. ئەم ناوچەیە لەلای کەسێکێ جوولەکە بەناوی سیخووڕی باڵا کە ناوی بە خاوەکێش و میخۆ جوو هاتووە بە نهێنی بەڕێوە دەبرێت.
سەبارەت بە باند و دەستەکە کە لە ڕۆمانی بەڕێگاوە خواردنی گوشتی مردوو و دەست و قاچ و بازوو و خوێن فڕکردن لەوێ ڕەوایە و ئولفەتیان پێوە گرتووە. لەهەمان بەش و لە لاپەڕە (٢٨٠) لەسەر زاری ئۆدیب بەم پەڕەگرافە دەچێتە ناو وردەکاریی ڕوودەوەکان و دەنووسێت:

هەر كاتێ‌ ئاژیری لێ دەدا و چرا ڕۆنییەكان دەكوژاندەوە و دواتر پێیان دەكردنەوە، دەبوایە بچین بۆ هۆڵی مەرگ ئەو هۆڵەی جێگای مەراسیمی پەرستش بوو، لەوێ‌ كورسییەكی تەنیا داندرا بوو، لە بەرزاییەك ئۆدیب وەك شا دادەنیشت دەبوایە ئێمە و سەرجەم ئەندامانی گروپەكە لەو مەڕاسیمە بەشداربین. سەرەتا قوربانییەكیان دەهێنا لە بەردەم ئۆدیب بە ئازار دەیانكوشت، كوشتنەكان جیاواز بوون قوربانییەكانیش جۆراو جۆر بوون. هەموو ڕەگەز و تەمەنێكی تێدا بوو، ژن، منداڵ، پیر، گەنج، پەككەوتە، شێت، عاقڵ، گەورە و بچووك، كۆك و پۆشتە و ڕووت و ڕەجاڵ. جۆری كوشتنەكەشیان بە دڵی سەرۆك بوو، هەندێك بە تەور و پاچە دەقڵیشان، هەندێكیان بە دەرزی هەموو گیانیان كون كون دەكردن. تا خوێن لە ئەعەزای لە شیانەوە فیچقەی دەكرد، بەشێكیان بە چەقۆ و سەربڕین و بە خاكەناس و بە تەور و چەقۆ و چەتاڵ، یا خود بە مقەست هەموو گیانیان لەت لەت دەكردن، یان ئەوەتا تیزاب خۆریان دەكردن هەموو گیانیان دەتلایەوە، یا ئەوتە مسی سووركراوەیان دەكردنە گەروو، ئەو مردنانەی كە هیچ جەلاد و پیاوكوژێك بە خەیاڵشیان نایێ‌. هەندێ‌ جار بە دەكەس زیاتر دەكەوتنە گیانی كەسێك بە مووس و كەتەر تا هەموو گیانی دەبوو بە خوێن و گۆشتیان دادەماڵی، یان ئەوەتا پێنە ورگانێیان پێ دەكردن تا دەمردن.

هەروەتر لە ڕۆمانەکەدا هاتووە:
ڕاماڵینی پێست بە زیندوویی چاوان و نینۆكیان دەركێشان، دەم و لێو كەپو و گوێ‌ بڕین، ڕۆژێك پیاوێكیان هێنا زۆر گریا و پاڕایەوە، لموزی لە پێڵاوی سەرۆك دەخشاند، دەگریا شین و شەپۆڕی دەكرد، نووزایەوە: سەرۆك دەستم بە دامێنت من خاوەنی نۆ منداڵم بەزەییتان بە من یان بە منداڵەكانم دابێتەوە. سەیرم كرد سەرۆك ئۆدیب چاوی پربوو لە فرمێسك، قورماندی: ئەوا من لە كوشتنت چاوپۆشیم كرد و شانسێكت پێ دەدەم. فەرمانیدا: مەیكوژن تەنیا خوترە تەپەی بكەن. نە من و نە قوربانییەكە نەماندەزانی خوترە تەپە چییە؟ بەڵام مێناز یەكەم كوشتن بوو سەری بخاتە لاوە بە چاوی خۆم بینیم پانتۆڵی كابرای داماویان هێنایە خوارەوە گەڵ و گونیان خستە سەر كۆتكێك و بە هەموو هورووژمییەوە كابرای جەلادی قۆڵ و باسك ئەستوور، كوتكێكی سەر ئاسنی بەرز كردەوە كێشای بە گونی كابرا، لە بڕی ئەو قەلەندەرە من ژانە سکم گرت، ئەو بەستەزمانە هاواری لێ هەڵسا دەیقیڕاند، وەك گا دەیبۆڕاند، چوار دەستە بردیانە دەرەوە، باوەڕناكەم هەڵی مانەوەی لە ژیانی بۆ ڕەخسابێ. من لێتان ناشارمەوە ئەو ماوەی لە نێو چەتەكانی ئەشكەوت و عاشقانی خوێن ئەوەندەم خوێن خواردەوە ڕۆنببووم، ئەوەندەم گۆشتی قۆڵ باسكی پیاو پشت و ڕان و مەمكی ئافرەت و سەر و پێی منداڵانم خوارد وەك گورگم لێهاتبوو.
تووشی نكرۆفیلیا و نكرۆفلوجیا و سادیستی ببووم، هیچ هەستێكی مرۆڤ بوونم نەما وەك وەحشی و دڕندە بووم، سەرەتا دەمویست مرۆڤ بم هیچێك لەو كارانە نەكەم كە ئەوان دەیانكرد، بەڵام هەر لە سەرەتاوە بینیم چەند كەسێكیان گرت بە زیندوویی چاوان گەز و قەپیان لێ دەگرتن، گوایە سیخوڕن چونكە لە گنخاوی خوێن و خواردنی گۆشتی مرۆڤ سڵەمینەتەوە. من بەتەواوی وەرس و بێزار ببووم، هەموو شەوێك ئەو شتانەی دەمخوارد دەمهێنایەوە لە هەر گۆشت خواردنێك دەچووم خۆم دەڕشاندەوە و هێڵنجم دەدا.
نووسەر هەرسێ ئەفسانەی (نارسیس و ئۆدیب، ئەلیکترا) ی لەڕۆمانەکەدا بە شێوازێک سەرنج ڕاکێش مەزراندۆتەوە کە تەنانەت پەیوەندی خوێنی لەنێوان کاراکتەری (نارسیس و ئۆدیب) دروست کردووە.
لایەنێکی تری ئەو ڕۆمانە سادستیە، کە سادیزم: لە دەروونزانی دا نەخۆشیەکە کەسەکان وا لێدەکات حەز بە ئازاردانی دەروونی ئەوانی تر بکەن، هەروەها لە نێو ڕۆمانکەدا باس لە چەند گروپێکی توندڕەو و تاوانکار دەکات، یەکێک لەو گروپانە هاوشێوەی گروپی توندڕەوی داعش ئەهاتنە بەرچاوم، کە جگە لە جیهاد و خوێنڕێژی هیچ ئامانجێکیان نەبوو، ئەو شەڕەی فەڵەستین و ئیسڕائیل، ئەو شەڕە و پێکدانانەی نێوان ئاینەکان و گروپەکانی بیر خستمەوە کە لە نێو ڕۆمانەکەدا یەکێک لە گروپە توندڕەوەکان کە هەڵگری فکری مانسۆنییەت بوون لە لایەن سێ سەرکردەوە ئەوانیش( تۆماس، ئۆدیب، مێخۆی جولەک) سەرکردایەتی دەکران،گروپێکی ئیسلامی تریان لەلایەن (نارسیس، شێمراز، بێزواڵ) سەرکردایەتی دەکران و هەوڵیان ئەدا بە تونێلەکان بگەن بە کۆشکی سەرکردایەتی و نهێنییەکان، ئەم گروپانە شەڕو ئاژاوە و کوشتارێکی زۆر دەنێنەوە و خوێنی چەندین بێ تاوان لەم نێوەندە دەڕێژن لەنێویاندا منداڵ و ژن وکەسانی بەتەمەن.
ئەوەی ڕۆمانی بە ڕێگاوەی خوێندبێتەوە ئەوە دەزانێت ئەم ڕۆمانە پڕە لە نهێنیی و کۆد و ڕەمزی سەرسووڕهێنەر، کە دەتوانین بڵێین تا ڕادەیەکی زۆر نووسەر پیشی ڕووداوەکان کەوتووە و ڕەنگە لە ئایندە شتی چاوەڕوانەکراوی دیکەمان پێ ئاشنا بکات تەنیا ئەوەی پێویستە دەبێت تووێژەران وردتر لەسەر دەق و ڕووداوەکانی نێو ئە ڕۆمانە بوەستن، گەر نووسەری ئەو ڕۆمانە کورد نەبوایە ئەوە لە دنیادا تەقینەوەیەکی گەورەتری بەدوای خۆیدا دەهێنا.

سەرچاوە:
دڵشاد کاوانی ڕۆمانی بەڕێگاوە چاپی ٢٠٢٠ چابخانەی جەنگەڵ تاران.
ڕۆمانى بەڕێگاوە وەک ڕۆمانى پێشبیناکار خوێندەوەیەک بۆ ڕۆمانی (بەڕێگاوە)ی دڵشاد کاوانی. ڕۆژنامەی هەولێر. بەرواری ٣٠/١/٢٠٢٤ سه‌روه‌ر حمدامین.




کتێب\ ڕەخنەی ڕۆشنبیری تیۆری و زاراوە.. د. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




ئافرەت لەبزوتنەوەی ڕزگاریخوازی هۆزی هەمەوەنددا.. نووسینی: محەمەد سۆران

دیارترین دیاردەی بزوتنەوەی هەمەوەند کە سەرنجی مێژوونووسان و سیاسەتمەدارانی بێگانە و بیانی ڕاکێشابێت ، ئەوەیە کە ئافرەت باڵادەستییەکی سەرەکی هەبوو لەم بزوتنەوەیەدا ئەم ڕاستیە لە دوو خاڵدا ڕوونی دەکەینەوە.
١- زۆر سەیر و سەمەرەیە ئەمڕۆ لەکوردستانی ڕزگارکراوی باشوور دەیان ڕێکخراو و سەنتەری ژنان و ئافرەتانی باڵادەست هەن ، کەچی نەم دی ڕۆژێک لەڕۆژان ڕۆڵی گرنگی ئافرەتی ئەم هۆزە بخەنە نێو پڕۆگرامی توێژینەوە و باسی لەسەر کرابێت ، نەک وەک پڕوپاگەندە بۆ ئەم هۆزە ، بەڵکو بۆ بەرز بوونەوە و زیادکردنی بەهای ڕۆڵی ئافرەتی کورد لەبزوتنەوەی کوردایەتی وەک میللەتانی دی کەوا مێژوویی بزوتنەوەی ئافرەتان دەبەستنەوە بەڕۆژانی مێژوو و چالاکییەکانیان لەژییانەوە و ژیانی گەلەکەیاندا.
٢- ئەگەر بەچاوی توێژینەوەیەکی زانستی و بەبێلایەنی لێکی بدەینەوە ، دەردەکەوێت لەمێژووی کۆمەڵایەتی کوردایەتیدا دەست نیشانی دەیان ئافرەتیان کردووە ، کەوا قورسایی خۆیان هەبووبێت ، بەڵام لەلایەنێکی ترەوە دەبینین بەئاشکراو وەک راستیەکی حاشاهەڵنەگر لەهیچ کام لەشۆڕشە نەبەزەکانی کورد لەسەرانسەری کوردستاندا هەر لەسەرەتاوە هەتا ئێستا ئەگەر بزوتنەوەی قارەمانانەکەی کوردی باکوری کوردستانی لێدەربکەین کە ئافرەت ڕۆڵێکی زۆر بەرچاوی هەیە. هیچ شۆڕشێکی ڕزگاریخوازی کورد وەک ئەوەی هەمەوەند ڕۆڵ و قورسایی ئافرەتی بەخۆیەوە نەبینیوە. ئەم بیر و ڕایە نووسەرانی بیانی زۆر دووپاتیدەکەنەوە.

مێجەرسۆن لە کتێبەکەیدا ڕوونی دەکاتەوە و دەڵێت : ئافرەتی هەمەوەند بەشداری شەڕی خۆپاراستنن ، چاکترین و بەهرەمەندترین چەکدارن ، سوارێکی شەڕکەری بێهاوتان.

هەروا جارێکیتر مێجەرسۆن بەمشێوەیە دووپاتیدەکاتەوە و دەڵێت : هەمەوەندەکان ئافرەتەکانیان لەجەنگدا لەگەڵ خۆیاندا بوون ؛ لەپشت گردەکان و بەردەکانەوە بوون.

وەک ئاشکرایە ئەمە بۆ دەنگی زەقی ئافرەتی کوردی هەمەوەند لەمەیدانی جەنگدا.
مەچەلەکێنەوە لەگوللەی جەندرمەی تورک هەرچەندە بناغەی دووەمی بزوتنەوەی کورد خۆی لەچوارچێوەی سیستەمی باج سەنین بوو ، ئەمەش بەجۆرێک بوو کە چەند مەرجێک جێبەجێدەکرا وەک :
بەهیچ جۆرێک ڕێگە بەئافرەت ناگرن هەرچەندە پارە و خشڵ و زێڕی زۆریشیان پێبێت. هەر لەسەر ئەم مەرجە دەیگڕنەوە کە جارێک کۆمەڵێک دەچنە خزمەت شێخ مەحمود ( شێخی نەمر ) بۆ سکاڵا دەڵێن : هەمەوەندەکان تاڵانیان کردین هەرچی پارە و زێڕ هەبوو لای فڵانە ژن بوو لێیان سەند ، شێخ مەحمودیش دەڵێت : بەگۆڕی کاک ئەحمەدی شێخ هەمەوەند نەیکردووە چونکە هەمەوەند خوورەوەشتیان ڕێگایان نادات ژن ڕووت بکەنەوە و لای هەر ژنێک خشڵ هەبێت پارێزراوە.
لەخاکی موسوڵمانان هەتا لەنێو شارانی تری کوردا بەدەگمەن هەرنەبوو لەسنوری خۆیان لادەدەن بەنیسبەت ئافرەت.
لەبواری ڕێزگرتنی پایەی بەرزی ئافرەت و جۆری مامەڵەی جەنگاوەرانی هەمەوەند لەگەڵ ئافرەت ، مامۆستای خوالێخۆشبوو تۆفێق وەهبیش ئەم راستییە دووپاتدەکاتەوە و دەڵێت : ومن اهم اخلاقهم عدم تعرضهم للنساء وقاطبة وان كان يحملن الذهب والجواهر ، وقد اشتهروا بنظافة الملبس.
واتا : لەڕەوەشتیان بەهیچ جۆرێک نابێت توخنی ئافرەت بکەون ئەگەر زێڕ و گەوهەریشیان پێبێت.

لەگەڵ ئەوەشدا دەبینین ڕۆڵی ئافرەتی هەمەوەند لەبەشداری جەنگ و شەڕدا زۆر ئاشکرایە ، بەجۆرێک بەشداری شەڕ بێت لەگەڵ برا جەنگاوەرەکان شان بەشان و یاخود دەستی یارمەتی و پشتگیری بووبێت. وەک دەیگێڕنەوە ورەی پۆڵاینیان بە بەرۆکی سوارەکاندا کردووە و بەدەنگی بەرزەوە ئەم هۆنراوەیان وتووەتەوە :
سواری ترتان بۆ هات
بە بەرگی پۆڵاوە
بەتیرئەی سعن مەل بەحەواوە.

ئەم راستییەی سەرەوە مامۆستا پیرەمێردی خوالێخۆشبوو زۆر بەجوانی دوپاتیدەکاتەوە لەم هۆنراوە نایابەدا :
ئەوسا کە جوامێر دەنگی دلێر بوو
تیپی هەمەوەند ژنیشیان شێر بوو.

جەهان خان کە بە جەهانە ڕەش ناسراو بووە ، یەکێک بووە لەو ژنانەی کە سەرکردایەتی سەت سواری هەمەوەندی کردووە. حاجی سەیاحیش لەنووسین و یادەوەرییەکانیدا باسی ڕۆیشتنی خۆی بۆ قەسری شیرین و ماڵی جوامێر دەکات. لەبارەی کچەکەیەوە دەڵێت : دخترش با صد سوار حاضر بجنگ ميشود.
واتا : کچەکەی جوامێر بە سەت سوارەوە ئامادەیە بۆ شەڕ.
جمال بابان لە باسێکدا ناوی سێ ژنی هەمەوەندی هێناوە ، ئاهوی کچی عەول قادری ڕێحانی سێتەبەسەر ، فەقێ پیرۆزەی خاڵە ، جەهان کچی جوامێر. ئەم ژنانە لەگوێ بڕینی یەک تابور جەندرمەی عوسمانیدا بەشدارییان کردووە ، پاشان ئەم تابورە ناونرا تابوری گوێ بڕاو.
خۆمیش لە دێڕە شیعرێکدا دەڵێم :
ژنیش وەک پیاو شۆڕش دەکات لە سنە و کرماشانەوە
هەمەوەندیش گشت هاتە دەنگ وتیان بەسە چەوسانەوە.

ئەو کۆمەڵە ژنە شۆڕشگێڕانەی کە لەسەرەتای بزوتنەوە هۆزی هەمەوەند بۆ بەرهەڵستی حکومەتی عوسمانی یاخود فارسی داگیرکەر ساڵی ١٧٨٧ هەر یەکێکیان سەرپەرشتیکەری کۆمەڵێک بوون لەژن و لەپیاو شان بەشانی تێکڕای جەنگاوەران. وەک :
١- لەپێشەنگی شەڕ بێ جیاوازی.
٢- ورە بەرزکردنەوەی شەڕکەران.
٣- گواستنەوەی بریندار و کوژراوەکان بوو لەپێشەنگی شەڕدا.

ئەمە بەشێکی بچووکە لەو قارەمانێتیانەی ئافرەتانی هۆزی هەمەوەند. ئەگەر توێژەران و مێژوو نووسان لێکۆڵینەوەی زیاتر بکەن بەڵگەنامەی زیاتر دەست دەکەوێت لەسەر خەباتی ئافرەت لەهۆزی هەمەوەنددا.

سەرچاوەکان :
١- کەریم ئاغای هەمەوەند ، هۆزی هەمەوەند و بزوتنەوەی ڕزگاریخوای کوردایەتی ، چاپی یەکەم ٢٠١٠ .

٢- سەرتیپ محەمەد ئەمین ، هەمەوەند لەسەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا ، چاپی یەکەم ٢٠٠٨ .

٣- جمال بابان ، گۆڤاری ڕۆشنبیری نوێ ، ئاوڕێک لەمێژووی هەمەوەند ، بەغداد ، ساڵی ١٩٨٧ . ژمارە ١١٤ .




هەموو ڕێگاكان دەچنەوە پەكین.. هەڵۆ حەسەن

لە سەرەتای ساڵی 2026ەوە،جیهان چووەتە قۆناغێكی نوێ لە نادڵنیایی و ڕكابەری ئابووری و گۆڕانی هاوپەیمانییەكان خێرایی ، یەكێك لە پێشهاتە سەرنجڕاكێشەكان لەم دیمەنە پەرەسەندووەدا گەشەسەندنی دیپلۆماسی چینە، بەتایبەتی لە كاتێكدا هاوپەیمانە تەقلیدییەكانی ئەمەریكا هەڵوێستە ستراتیژییەكانیان لەگۆراندایە بەرەو چین،لەم نێوەدا پەكین شایەتی شەپۆلێكی نائاسایی سەردانی دیپلۆماسی ئاست بەرزی وڵاتانی جیهان بوو كە ماوەیەكی زۆرە لەگەڵ ئەمریكادا هاوپەیمان بوون، لەوانە كۆریای باشوور، ئێرلەندا، كەنەدا، فینلاند و بەریتانیا. ئەم هەڵكشانە دیپلۆماسییە بە ڕێكەوت نەبوو. بەڵكو ڕەنگدانەوەی گەشەسەندنی نائارامی لەنێو هاوبەشەكانی ئەمەریكا بوو دوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ كۆشكی سپی و زیندووكردنەوەی كارنامەی “ئەمریكا یەكەم” – بەتایبەتی هەڕەشەی نوێبوونەوەی باجی بازرگانی، تەنانەت لە دژی هاوپەیمانە نزیكەكانی ئەمەریكاش،زۆرێك لە چاودێران سەرەتا پێشبینیان دەكرد كە سەرۆكایەتی دووەمی ترەمپ فشارە ئابووری و سیاسییەكان لەسەر چین چڕتر بكاتەوە. بەڵام پێشهاتەكانی ئەم دواییە دەرئەنجامی پێچەوانە پیشان دەدەن. لەبری گۆشەگیری، پەكین “سوڕانەوە بەرەو چین”ی نوێبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە كە بەدوای سەقامگیری و دەستڕاگەیشتن بە بازاڕ و پێشبینیكردنی ستراتیژیدا دەگەڕێن،ئەم گۆڕانكارییە بە ڕوونی لە ڕاپۆرتێكی ڕۆیتەرزدا ، بە ناونیشانی “ساڵێك دوای سەرۆكایەتی ترەمپ، سوڕانەوە بۆ چین‌”، لە ڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە لە كاتێكدا واشنتۆن ڕێوشوێنی بازرگانی تاكلایەنەی پەیڕەو كردووە، زۆرێك لە وڵاتان هەوڵەكانیان خێراتر كردووە بۆ هەمەچەشنكردن دوور لە وابەستەیی ئابووری كە سەنتەری ئەمەریكایە،لە ئەنجامدا چین نەك تەنها پەیوەندییەكانی لەگەڵ هاوبەشە بازرگانییە گەورەكان بەهێزتر كردووە بەڵكو زیادەیەكی بازرگانی تۆماركردووە، ئەمەش پێگەی خۆی وەك پایەیەكی ناوەندی ئابووری جیهانی بەهێزتر كردووە،توخمێكی سەرەكی پشت سەركەوتنی دیپلۆماسی چین لە یەكدەنگی سیاسەتەكانیدایە. بە پێچەوانەی ستراتیژییەكانی ڕۆژئاوا كە زۆرجار بەهۆی خولەكانی هەڵبژاردن و جەمسەرگیری سیاسی ناوخۆییەوە داڕێژراون، چین ئەولەویەتەكانی دیپلۆماسی درێژخایەنی پاراستووە – بەتایبەتی پەیوەندییەكانی لەگەڵ باشووری جیهان.
ئەم ڕێبازە جارێكی دیكە بە بڕیاری ساڵانەی وەزیری دەرەوەی چین نیشاندرا كە ئەفریقا بكاتە یەكەم شوێنی سەردانی دەرەوەی وڵات – نەریتێكی دیپلۆماسی كە هەڵگری هێمایەكی سیاسی بەهێزە.لە ڕێگەی وەبەرهێنانی ژێرخانی ئابووری و هاوبەشی بازرگانی و دارایی پەرەپێدان، چین پەیوەندییە ئابوورییەكانی لەگەڵ وڵاتانی ئابووری تازەپێگەیشتودا چەسپاندووە، ئەم پەیوەندیانە ڕۆڵێكی بەرچاویان هەبوو لە پشتگیریكردنی وڵاتەكە بۆ گەیشتن بە ئامانجی گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی 5%ی چین لە ساڵی 2025،لە سیستەمێكی نێودەوڵەتیدا كە تادێت پارچە پارچە دەبێت – كە بەهۆی شەڕ و سزاكان و بەرزبوونەوەی ناسیۆنالیزمی ئابوورییەوە – چین بەردەوامە لە جێگیركردنی خۆی وەك هێزێكی سەقامگیركەر بۆ گەشەی جیهانی. بۆ زۆرێك لە وڵاتان، پەیوەندی لەگەڵ پەكین چیتر بەهۆی ئایدۆلۆژیاوە بەڵكو بە پراگماتیزمەوە دەجووڵێتەوە،دەستڕاگەیشتن بە بازاڕی چین، بەشداریكردن لە زنجیرەكانی دابینكردنی جیهانی و هاوكاری لە چوارچێوەی فرەلایەنەدا بوونەتە پێكهاتەی سەرەكی پلاندانانی ئابووری نیشتمانی – بەتایبەتی بۆ ئەو دەوڵەتانەی كە بەدوای دەربازبووندا دەگەڕێن لە گێژاوی جیۆپۆلەتیكی،ئەو پێشهاتانەی لە سەرەتای ساڵی 2026دا بینران، جەخت لەسەر واقیعێكی فراوانتر دەكەنەوە: پەیوەندییەكانی دەسەڵاتی جیهانی چیتر بە پلەی یەكەم بە هاوپەیمانییە سەربازییەكان پێناسە ناكرێت، بەڵكو بە خۆڕاگری ئابووری، پێشبینیكردنی دیپلۆماسی و دیدگای ستراتیژی درێژخایەن پێناسە دەكرێن،مەرج نییە شوێنپێی دیپلۆماسی فراوانبوونی چین ئاماژە بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوە، بەڵكو گونجاندن بێت – پڕكردنەوەی بۆشاییە سیاسی و ئابوورییەكان كە بەهۆی نادڵنیایی لە شوێنەكانی دیكەدا دروستكراون. لەگەڵ بەردەوامبوونی پەرەسەندنی سیستەمی نێودەوڵەتی، پێدەچێت ڕۆڵی پەكین وەك بزوێنەری چالاكییە ئابوورییە جیهانییەكان بە شێوەیەكی بەردەوام بەهێزتر بێت.




خودا لە ڕۆحی پاکیزەیی دایکدا.. خوێندنەوەی دەق/ ستار ئەحمەد

دەقی شیعرەکە

ئەو خودایەی دایکم خۆشیدەویست
قوبادی جەلیزادە

ئەو خودایەی دایکم نوێژی بۆ دەکرد لە منداڵی ساوا دەچوو، ڕۆحی سپیتر لە بەفری یەکشەوە
هەموو سپێدەیەک سەبەتەیەک گوڵی هەڵدەڕشتە سەر بەرماڵەکەی دایکم
خۆری ڕاسپاردبوو زستانان سۆلەکەی بۆ گەرم بکاتەوە
هاوینان بە شنەی دەگوت گەردنی بۆ باوەشێن بکات
مانگی بۆ دەهێنا بەر پەنجەرە تا بە تریفە دەستنوێژ هەڵگرێت
کە تەسبیحەکەی دەپسا دەنک دەنک بۆی دەهۆنییەوە
ئەو خودایەی دایکم بۆی دەنوشتایەوە
لە قەراخی ڕووبار و لەنێو دارستانەکاندا بلوێری لێ دەدا
-موزیکژەن بوو
بە ئاسمان و دەریا و چیاکاندا، تابلۆ ڕەنگینکانی هەڵدەواسی
-شێوەکار بوو
لە نێو هێلانەی کۆترەکاندا گەنمی ئارامی ڕۆ دەکرد
کلێتەی لە بەفر دەچنی و دەینایە سەر سەری چیا
دەستی کانی دەگرت تا دەیگەیاندە بەرپێی درەختە تینووەکان
ئەو خودایەی دایکم لێی دەپاڕایەوە
هاونیشتمانی پەپوولە و
هاوزمانی گوڵ و
دۆستی خاڵخاڵۆکە بوو
ئەو خودایەی دایکم خۆشیدەویست
تۆقێنەر نەبوو
سەرقاڵ نەبوو بە هەڵایسانی ئاگری دۆزخ
شمشێری هەڵنەدەگرت

خوێندنەوەی دەق / ستار ئەحمەد

ئەم دەقەی قوبادی جەلیزادە، یەکێکە لە هەرە دەقە بێگەرد و قووڵەکانی ئەدەبی هاوچەرخی کوردی کە تێیدا شاعیر مانا باوەکانی پیرۆزی ڕادەماڵێت و لە جیاتی ئەوە، وێنەیەکی نوێ و ئینسانی بۆ چەمکی خوداوەند تاشێت. شاعیر لێرەدا دایک دەکاتە ناوەند و سەرچاوەی ناسینی ڕاستەقینە، چونکە دایک لای ئەو هێمای سۆزێکی بێبەرانبەرە، هەربۆیە ئەو خودایەی دایکیش دەیناسێت، ناتوانێت خودایەکی ترسناک و سزادەر بێت. ئەم هەڵبژاردنەی دایک، بۆ ئەوەیە کە پێمان بڵێت پەیوەندیی مرۆڤ و خودا دەبێت لە جۆری پەیوەندیی نێوان دایک و منداڵ بێت؛ پەیوەندییەک کە بنەماکەی بەزەیی و پاراستنە، نەک هەڕەشە و تۆقاندن. تێڕوانینی قووڵی ئەم دەقە لەوەدایە کە خودا لە چوارچێوەیەکی ئایینیی وشکەوە دەگۆڕێت بۆ هەستێکی ڕۆحیی بەردەوام کە لە ناو سروشت و جوانییەکاندا ئامادەیی هەیە. کاتێک شاعیر دەڵێت خودا لە منداڵی ساوا دەچێت، مەبەستی ئەوەیە کە جەوهەری بوون، بێتاوانی و بێگەردییەکی ڕەهایە. لێرەدا خودا وەک خزمەتکارێکی میهرەبان دەردەکەوێت کە پێڵاوی دایک گەرم دەکاتەوە و تەسبیحە پچڕاوەکەی بۆ دەهۆنێتەوە. ئەم وێنانە خودا لە پایە بەرز و دوورەدەستەکەی دادەبەزێنێتە ناو کایە سادەکانی ژیان، بەمەش پیرۆزی لە ناو سادەییدا دەدۆزرێتەوە و چیتر مرۆڤ لە خوداکەی ناترسێت، بەڵکو دەبێتە هاونشینی.
لەم گەشتە هونەرییەدا، خودا وەک شێوەکار و ئاوازژەن دەردەکەوێت. ئەمە گەورەترین مانای ژیاندۆستییە؛ چونکە هونەرمەند هەمیشە خەریکی خوڵقاندنی جوانییە، نەک وێرانکاری. ئاسمان و چیا تەنها تەن نین، بەڵکو تابلۆی ئەون، و شمشاڵژەنی ناو دارستانەکان خودی ئەوە. شاعیر لێرەدا خودایەکی ژینگەییمان پێ دەناسێنێت کە هاونیشتمانی پەپوولە و هاوزمانی گوڵە. ئەمە نیشانمان دەدات کە پەرستنی ڕاستەقینە لای شاعیر، لە ڕێگەی تێڕامان لە سروشت و پاراستنی جوانییەکانیەوە دەبێت؛ هەر لە گەیاندنی ئاو بە درەختێکی تینووەوە تا ڕۆکردنی گەنم لە هێلانەی کۆترێکدا. شاعیر لێرەدا خودا لە ناو جەرگەی سروشتدا دەبینێتەوە، بەڵام بە جۆرێک کە سروشت دەبێتە ئامرازێک بۆ دەربڕینی سۆزی خودایی. توخمەکانی سروشت وەک خۆر و با و مانگ، ئەرکیان خزمەتکردنی دایکە. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە لای جەلیزادە، هەموو گەردوون بۆ ئەوە خوڵقاوە کە مرۆڤ تێیدا هەست بە گەرمی و میهرەبانی بکات. سروشت لێرەدا زمانحاڵی خودایە بۆ دەربڕینی ئەوەی کە مرۆڤ تەنیا نییە.
جەلیزادە لەم ڕاگەیاندراوە مرۆییەدا، بە تەواوی ئەو خودایە ڕەت دەکاتەوە کە بە شمشێر و ئاگری دۆزەخەوە بناسرێت. ئەو مێژووی ترس ئاوەژوو دەکاتەوە و پێمان دەڵێت کە گەورەیی هێزی باڵا لە تۆقێنەر نەبووندایە. ئەم دەقە داڕشتنەوەی بەرنامەیەکی نوێیە لە نێوان مرۆڤ و پیرۆزیدا، کە تێیدا تەنیا جوانی و میهرەبانی دەبێتە پێوەری ڕاستی. شاعیر بەم کارەی نەک هەر ڕێچکەیەکی نوێی لە شیعری کوردیدا داهێنا، بەڵکو دەرگایەکی کردەوە کە تێیدا خودا هێندە بچووک دەبێتەوە لە ناو دەستی دایکدا جێی دەبێتەوە، و هێندەش گەورە دەبێتەوە کە هەموو گەردوون دەبێتە نیشانەیەک لە ئەوینەکەی. ئەم شێوازە نووسینە کاریگەرییەکی بنەڕەتی لەسەر نەوەی نوێی شاعیرانی کورد جێهێشتووە، نەک تەنیا لە ڕووی زمانەوە، بەڵکو لە گۆڕانکاریی بینین و تێڕوانین بۆ جیهان، کە تێیدا خودا چیتر تۆقێنەر نییە، بەڵکو دۆستێکی هەمیشەیی مرۆڤە و لە نێوان پەنجەکانی دایکدا نیشتەجێیە.




تێکچووی گێژاو.. کەنعان مەدحەت

با خۆیی لێ کردووم بە شوان
شەپۆل وێنەی پەز
لەبەر دەدا
شکم لێ نییە
تەنها تێکچووی گێژاو بووبێتم
وەیان هاژو وژی زەریا
چلۆن بە باعە باعی ڕانەمەڕ
تەشبی بکرێ و
بشچێتە سەر ؟

سەرتاسەری ئاڵۆزستان
بە نیازی ڕاستکردنەوە
سەروقنگ لە قاڵب
جێکراوە
پرس ئەوە نییە
کەی بەرهەمی کەڕوو گرتە
لەناو ببەن
ئەوانەی لێی دەنێن
ئەوانەی لێی
دەنێن
لێی ..




هاوارێک لەپێناو ژیان و شکاندنی بێدەنگی

بەیاننامەیەک بۆ ڕای گشتی و ویژدانی مرۆڤایەتی

لە کاتێکدا کە دیمەنە تراژیدییەکانی (باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا) و شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی (ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران)، لاپەڕەیەکی دیکەی خوێناوی لە مێژووی ناوچەکەدا دەکەنەوە؛ ئێمە وەک کۆمەڵێک ناوەند و ڕێکخراوی ڕۆشنبیری، ئەدەبی و هونەریی کورد لە تاراوگە، ناتوانین لە ئاست ئەم پێشێلکارییە زەقانەی مافی مرۆڤدا بێدەنگی هەڵبژێرین.
ئەوەی ئەمڕۆ ڕوو دەدات، تەنها ڕووداوی سیاسی نین، بەڵکو برینێکی قووڵن لە جەستەی مرۆڤایەتیدا. بەتایبەت ئەو فەتوا تاریکپەرستانەیەی لەلایەن (وەزارەتی ئەوقافی سووریا)ەوە دەرچووە، کە تێیدا ڕشتنی خوێنی کورد بە ڕەوا دەزانێت؛ ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ هاندانی دووبەرەکی و گەڕانەوە بۆ سەردەمی بە بەربەرییەتکردنی ئایین لە دژی نەتەوەیەک. هاوکات، ئەو دیمەنە تۆقێنەرانەی لە شارە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەبینرێن، ئەو سەرکوتکارییە بێ‌بەزەییانەی دەرهەق بە دەنگی ئازاد و خۆپیشاندەران دەکرێن، ویژدانی ئێمەی نووسەر و هونەرمەندی هەژاندووە.
قەڵەمەکانی ئێمە، ئەمڕۆ مەرەکەبیان لێ ناتکێت، بەڵکو خوێنی ئازار و برینەکانی گەلێکی بێ‌ پشت و پەنای لێ دەچۆڕێت. وشەکانمان بۆنی دووکەڵی کۆڕەو و ئاوارەیی و هەناسەی ساردی منداڵانی کوردیان لێ دێت. هاوارمان، دەنگدانەوەی زایەڵەی ئەو نەوە بێ‌دەرەتانانەیە کە لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، لەنێوان بەرداشی شەڕ و ستەمدا هاڕدراون.
ئەم پەیامەی ئێمە، بانگەوازێکی کراوە و بەپەلەیە بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بۆ ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکان و پارێزەرانی مافی مرۆڤ. ئێمە دەپرسین: ئێوە لە کوێن؟ ئایا چاوەکانتان نابینن و گوێیەکانتان نابیستن کە چۆن ژن و منداڵ و پیری کورد قڕ دەکرێن؟ ئەو ڕایەڵە باریکەی لەنێوان شەڕ و ئاشتی، لەنێوان کۆیلایەتی و ئازادیدا مابووەوە، خەریکە دەپچڕێت.
ئێمە داواکارین بە زووترین کات “پردێکی مرۆیی” دروست بکرێت. داوا لە هەموو لایەکی ئاشتیخواز و ئازادیخواز دەکەین، بە ویژدانەوە بێنە دەنگ و سنوورێک بۆ ئەم هەموو هەمەجییەت و وێرانکارییە دابنێن. بێدەنگی لە ئاست ئەم تاوانانەدا، بەشدارییە لە کوشتنی هەستی مرۆڤایەتی.
با پێکەوە کار بکەین بۆ سڕینەوەی دنیای تاریکی و شەڕ، بۆ گەڕاندنەوەی هیوا و ئاشتی.
بژی ئاشتی… بژی ئازادی… بەرقەرار بێت شکۆی مرۆڤ.
ناوەند و ڕێکخراوە واژۆکەرەکان:
١ – فيدراسينین نووسەرانی کوردستان – المهجر
٢ – ناوەندی پێنی کوردی ( Kurdish Pen )
٣ – يەکێتی نووسەرانی کورد – سويد
٤- گروپی هونەرمەندانی کورد لە سويد
٥ – ماڵی کورد لە ناوچەی تۆرينتۆی گەورە
٦- کۆمەڵەی رۆژئاوی کورد لە کەنەدا
٧ – ماڵی کورد لە کۆلۆمبيای بەريتانيا
٨ – مالی کورد لە کالجاری – کەنەدا
٩ – کۆنگرەی نيشتيمانی کوردی لە ئامريکای باکوور KNC
١٠ – Foundation Kurda Democratic Federation of Kenada
١١ – ماڵی کوردی ڕەوەندی کوردی
١٢ – Foundation Kurda Du Quebec
١٣ – ماڵی کورد لە Saskatchewan
١٤ – يەکێتی گشتی نووسەران و ڕۆژنامەنووسانی کورد لە سوريا . ئەڵمانيا
١٥ – نووسەرانی کورد سوريا لە ئەڵمانيا
١٦ – يەکێتی نووسەرانی کورد لە سوريا. ئەڵمانيا
١٧ – Gesellschaft fUr deutsch- kurdische Freundschaft e. v
١٨ – کۆمەڵێ نووسر و ڕۆژنامەنووسی کورد لە رووسيا و وڵاتانی قەوقاس…




بۆچی بلاک ڕۆک، جەی پی مۆرگان و گۆڵدمان لە کاتی شەڕی بازرگانی ترەمپدا 1.4 تریلۆن دۆلاریان گواستەوە بۆ چین؟

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: نەوزاد مدحەت ( گۆران عەبدوڵڵا)

لە ساڵانی ٢٠١٨ بۆ ٢٠٢٠، جەنگی بازرگانی ترەمپ لەگەڵ چین گەشتە ترۆپکی خۆی. دانانی باج لەسەر سەدان ملیار دۆلار کاڵای چینی. سەردێڕی میدیاکان هاواری راوەستانەوەیان دەکرد بەڕووی پێکینگ دا. هەردوو پارتەکە بە توندی وتاریان دەدا دەربارەی گەڕاندنەوەی کارەکان بۆ ناو ئەمریکا. هەموو دامەزراوە سیاسییەکان یەکگرتوو بوون لە وتنی: “ئێمە لە کۆتاییدا دەجەنگین دژی چین.” لە هەمان ئەو ساڵانەدا، بڵاک ڕۆک، جەی پی مۆرگان، گۆڵدمان ساکس، و باقی وال ستریت بە نهێنی ١.٤ تریلیۆن دۆلاریان گواستەوە بۆ بازاڕەکانی چین. نەک ١٠٥ ملیار، ١.٤ تریلیۆن کە ساڵی ٢٠٢٠ لە لووتکەی جەنگی بازرگانیدا بوون.

ئێستا، لەوانەیە پێت وابێت ئەمە هەڵەیەک بووە یان کاتێکی خراپ. لەوانەیە وال ستریت غافڵگیر بووبێت بە سیاسەتەکان، ڕاست یان هەڵە ئەمە پێشبینیکراوترین جووڵە بوو لە مێژووی دارایی نوێدا. چونکە شێوازێک هەیە، شێوازێک کە زیاتر لە ٣٠٠ ساڵە دووبارە دەبێتەوە. نەخشێک ئەوەندە جێی متمانەیە، ئەوەندە وردە لە ڕووی بیرکارییەوە کە کاتێک دەیبینیت، تەواوی چیرۆکی ئەوەی کە لە ئێستادا بەسەر دەسەڵاتی ئابووری ئەمریکادا دێت، وەک بلوری ڕوون دەبێتەوە.

ئێمە لە قۆناغی سێیەمداین لە چوار قۆناغ. سیستەمی دارایی جیهانی هەڕەمەکی و بێسەرەوبەرەنییە. بە شێوەیەکی میکانیکی بە چوار قۆناغ کار دەکات کە هەموو دراوێکی یەدەگی لە مێژووی تۆمارکراودا وێران کردووە.
قۆناغی یەکەم، ئلیتی دارایی مۆنۆپۆڵی چاپکردنی پارە دەکات لە ڕێگەی بانکی ناوەندییەوە.
قۆناغی دووەم، ئەم مۆنۆپۆلییە بەکار دەهێنن بۆ دانی قەرز بە دەوڵەت. هەموو شتێک باش دەردەکەوێت. ئابووری گەشە دەکات، ئیمپراتۆرییەت گەورە دەبێت. هەموو کەس پێی وایە کەئەمجارە لە کێشەکە گەشتوون کە چۆن چارەسەر دەکرێت.
قۆناغی سێیەم، سیستەمەکە زۆر درێژ دەبێتەوە. دراو دەست دەکات بە لەدەستدانی بەها. حکومەت کۆنتڕۆڵ لەدەستدەدات، درزەکان گەورەتر دەردەکەون.
قۆناغی چووارەم: ئەمە بەشێکی گرنگە، هەموو ئەو کەسانەی ئەم سیستەمەیان دامەزراند پارەکەیان دەگوازنەوە بۆ هێزێکی نوێی تازە گەشەکردوو پێش ئەوەی ڕووخانەکە ئاشکرا بێت بۆ هەموو کەس. دانیشتووانی وڵاتیش لەگەڵ کاغەزە بێنرخەکاندا لە ماڵەکانی خۆیاندا دەمێننەوە.

ئەمەمان لە بەریتانیا، ئەڵمانیا و ئەمریکا بینیوە دوای ١٩٧١ و ئێستاش وا ڕوو دەدات.
کاتێک وال ستریت پارە دەڕژێنێتە چین، لە هەمان کاتدا واشنتن شانۆی تووندبونەوە لەگەڵ پەکین نمایش دەکات.
کاتێک بەریتانیا لە جەنگدا بوو لەگەڵ فەڕەنسا، پارەی تەواو ببوو. پیاوێک بە ناوی ویلیام پاتەرسۆن- William Patterson- چارەسەرێکی زیرەکانە دەهێنێتە پێش. دروستکردنی بانکی ئینگلتەرا. ڕێککەوتنەکە وایە بانکەکە ١.٢ ملیۆن پاوەند قەرز دەداتە حکومەت بە ڕێژەی ٨٪ سوو. بەڵام زیرەکی ڕاستەقینەکە ئەوە نییە چۆن کار دەکات. حکومەت قەرز دروست دەکات. بانکەکە ئەو قەرزە دەگۆڕێت بۆ پارە کە لە ئابووریدا دەسوڕێتەوە و بەشداربووانی دەوڵەمەند لە بانکەکە، قازانجەکانیان کۆدەکەنەوە لەسەر هەموو دابینکردنی پارەی نەتەوەکە. قۆناغی یەکەم تەواو بوو.

لە ماوەی چوار ساڵدا، قەرزی نەتەوەیی بەریتانیا لە 1.2 ملیۆن بۆ 16 ملیۆن چووەسەر. تا ساڵی ١٨١٥، دوای داراییکردنی جەنگەکانی ناپۆلیۆن بە ڕێگەی چاپکردنی پارەی بەردەوام پشتگیریکراو بە قەرزی حکومەت، قەرزەکە دەگاتە 885 ملیۆن. قەرزدەرەکان نەک تەنها قازانجیان کرد، بەڵکو خاوەندارێتی لەحکومەتی بەریتانیش دەکەن.
قۆناغی دووەم دەست پێ دەکات، بەریتانیا دەستبەجێ گەورەترین هێزی دەریایی جیهان دروست دەکات، نیوەی جیهان کۆلۆنی دەکات. پاوەند دەبێتە دراوی یەدەگی جیهانی. بازرگانی نێودەوڵەتی بە پاوەندی بەریتانی کار دەکات. حکومەتە بیانییەکان پاوەند وەک یەدەگ دەگرن. هەموو شتێک وەک ئەوەیە ڕانەوەستێت. بەریتانیا لە لووتکەی جیهاندایە.

بەڵام ئەوەی زۆر کەس نەیزانن ئەوەیە کە لە نیوەی ١٨٠٠ەکان، درزەکان دەردەکەونەوە. بەرهەمهێنانی پیشەسازی بەریتانی لە لووتکەی خۆیدا دەست دەکات بە دابەزین بەرامبەر بە ئەڵمانیا و ئەمریکا. تێچووی پاراستنی ئیمپراتۆرییەتی جیهانی زۆر زیاتر بوو لەوەی بەریتانیا بتوانێت بیپارێزێت. قەرزەکان زیاتردەبن. لێرەدا شتەکان سەرنجڕاکێش دەبن. هەمان دامەزراوە داراییەکان کە سیستەمی بەریتانیایان دروست کردبوو دەست دەکەن بە گواستنەوەی پارەکانیان بۆ ئەمریکا. سەرمایەی بەریتانی دەڕژێتە بوارە جیاوزەکانی پیشەسازی ئەمریکاوە وەکوو: رێگەی ئاسنین، پۆڵا و چەندین پیشەسازی تر. ڕۆتشیلدەکان- Rothschilds- سەرمایەیەکی زۆر دەخەنە خزمەت گەشەکردنی پیشەسازی ئەمریکاوە. کاتێک بەریتانیا لە١٩٣١بە فەرمی واز لە ستانداردی زێڕ دەهێنێت، کاتێک پاوەند ڕووخا وەک دراوی یەدەگ، دروستکەرەکان پێشتر هەمان سیستەمیان لە نیویۆرک دروست کردبووەوە. پارەکەیان گواستبووەوە پێش ڕووخانەکە.
قۆناغی چوارەم بە تەواوی جێبەجێ کرا.

نمونەی دووەم
دوای جەنگی جیهانی یەکەم پەیمانی ڤێرسای ئەڵمانیای بە ١٣٢ ملیار مارکی زێڕ قەرزاربارکرد بە هێزی هاوپەیمانان. حکومەتی ڤایمار- Vhimar- ڕووبەڕووی دوو بژاردە دەبێتەوە. باجەکان بەرز بکاتەوە بۆ پارەدان یان پارە چاپ بکات. ئەوان چاپخانە هەڵدەبژێرن. بانکی ڕایخ، بانکی ناوەندی ئەڵمانیا، دەست دەکات بە دراویکردنی قەرزی حکومەت، پارەدانی کرێکارە مانگرتووەکان، داراییکردنی بەرنامە کۆمەڵایەتییەکان، پاراستنی هاوپەیمانی سیاسی. کاتێک فەڕەنسا و بەلجیکا لە کانوونی دووەمی ١٩٢٣ ناوچەی روهەر-RUHR-ی پیشەسازی داگیر دەکەن بۆ گرتنی خەڵوز و زۆرکردن بۆ پارەدان، وەڵامی ئەڵمانیا، پارەدان بوو بە کرێکارەکانی ڕووهەر بۆ مانگرتن. پارەدانیان بە پارەی چاپکراو. چاپکردنی پارە بە شێوەیەکی سەیر زیاد دەبێت.
ئایاری ١٩٢٣، 8.6 ملیار مارک. حوزەیران، 17 ملیار. ئاب، 669 ملیار. تشرینی دووەم 400 کوینتیلیۆن. تا تشرینی دووەمی ١٩٢٣، یەک دۆلاری ئەمریکی 4.2 تریلیۆن مارکی ئەڵمانی دەکڕێت. عەربانەیەک پارە رۆژنامەیەک ناکڕێت. کرێکارەکان بە کاتژمێر پارە وەردەگرن چونکە مووچەکەیان لە کۆتایی شیفتەکەیان بێنرخ دەبێت. نرخەکان لە ماوەی کاتژمێرەکانی کارکردندا سەردەکەون. چینی ناوەڕاست تەواو دەسڕدرێتەوە. پاشەکەوتەکان لە شەوێکدا دەبن بە هەڵم.

ڕودۆلف هاڤێنشتاین- Rudolph Havenstein -، سەرۆکی بانکی ڕایخ، بە ئەنقەست دراوی بیانی بە مارک دەکڕی بە هەر نرخێک بووایە بە بێ گوێدانە هەڵاوسان. حکومەتەکە دەیوت ئەمە پێویستە بۆ پارەدانی تاوانبارکردنەکان. ڕاوێژکارە بەریتانی و فەڕەنسییەکان دەیانووت ئەمە وێرانکردنێکی ئەنقەستییە بۆ دراو. تۆمارەکانی دواتر پشتڕاستیان کردەوە. هەڵاوسانی زۆر سوودبەخش بوو. . قەرزەکانی شەڕی ناوخۆی نەهێشت. چینی ناوەڕاستی سیاسی نەویستراوی وێران کرد. کاتێک قەیرانەکە بەلووتکەی خۆی گەیشت، کاتێک ئەڵمانیا مارکی کرێی- Rentenmark لە تشرینی دووەمی ١٩٢٣ داهێنا بۆ ڕاگرتنی ئەو داچۆڕانە دراوییە، چارەسەرەکە پێویستی بە قەرزەکانی ئەمریکی هەبوو.

پلانی داوەس- Dawes- لە ١٩٢٤ وال ستریتی هێنایە ئەڵمانیا بۆ ڕێکخستنەوەی هەموو شتێک. پارەی ئەمریکی لە کۆتایی ١٩٢٠ەکاندا ڕژایە ئەڵمانیاوە. بانکە ئەمریکی و کۆمپانیاکان پێشوازییەکی بێوێنەیان لێکرا. کاتێک دوواتر ئەو سیستەمە لە سەرەتای ١٩٣٠ەکان ڕووخا، کە مەرجەکانی دروست کرد بۆ هێنانە سەرکاری نازییەکان.
هەمان دامەزراوە داراییە ئەمریکییەکان پێشتر ئامادە بوون بۆ قۆناغی داهاتوو. هەمان شێواز، سەدەی جیاواز. بانکی ناوەندی قەرز دەدات بە حکومەت. سیستەم بە هەڵاوسان گەشە دەکات، بەهای دراو هاڕەدەکات، سەرمایەی بیانی لە قەیراندا ڕێک دەخاتەوە، پاشان دەرچوون پێش کارەساتی سیاسی.

نمونەی سێیەم، ئەوەی سیستەمی ئەمڕۆی دروست کرد. لە کۆنفرانسی برێتۆن وودز، نیو هامپشایر. نوێنەرانی ٤٤ نەتەوە سیستەمێکی نوێی پارەیی دروست دەکەن. دۆلاری ئەمریکی بە زێڕ پێوەر دەکرێت بە ٣٥ دۆلار بۆ ئۆنسێک. هەموو دراوی تر بە دۆلار پێوەر دەکرێت. بانکە ناوەندییە بیانییەکان دەتوانن دۆلارەکانیان بگۆڕنەوە بۆ زێڕی ڕاستەقینە بەو ڕێژە جێگیرە. دۆلار دەبێتە دراوی یەدەگی جیهانی پشتگیرکراو بە گەورەترین یەدەگی زێڕ لە مێژوودا لە فۆرت نۆکس- Fort Knox-. بۆ دوو دەیە، کار دەکات.
ئەوروپا و ژاپۆن دووبارە دروست دەبنەوە. دۆلار لە جیهاندا دەسوڕێتەوە. سەرکردایەتی ئابووری ئەمریکی تەواوە. بەڵام دوواتر ئەمریکا دەست دەکات بە بەکارهێنانی توانای چاپکردنی دراوی یەدەگ بۆ داراییکردنی جەنگی ڤێتنام. بەرنامەکانی کۆمەڵگەی گەورە، دروستکردنی سەربازی لە جەنگی سارد، هەمووی بە بێ بەرزکردنەوەی باجەکان. بانکی فیدراڵی دابینکردنی پارە گەشە دەکات. ڕێژەی سوو نزم دەمێنێتەوە. ئابووری بەردەوام گەشە دەکات. دۆلار دەڕژێتە بانکە ناوەندییە بیانییەکانەوە، ئەمریکا توانا بازرگانێکانی گەورەتر و گەورەتر دەکات.

تا ١٩٧١، زۆر زیاتر دۆلار لە سوڕدایە لەوەی ئەمریکا زێڕی هەیە بۆ پشتگیریکردنیان. فەڕەنسا دەبینێت چی ڕوو دەدات. لە سەردەمی سەرۆک شارل دۆگۆل- Charles de Gaul -، دەست دەکەن بە داواکردنی زێڕ بۆ دۆلارەکانیان. لە ئابی ١٩٧١، سەرۆک جۆرج پۆمپیدو- George Pompidou- کەشتی جەنگییەک دەنێرێت بۆ نیویۆرک بۆ کۆکردنەوەی زێڕی فەڕەنسی. سویسرا لە ٩ی ئاب سیستەمەکە جێدەهێڵێت. لە ١١ی ئاب، بەریتانیا داوای ٣ ملیار دۆلار زێڕ دەکات کە لە فۆرت نۆکس بگوازرێتەوە بۆ نیویۆرک. پۆڵ ڤۆلکەر- Paul Vulkar -، ئەو کاتە جێگری وەزیری گەنجینە دەبێت، دواتر وتی کاتێک بەریتانیا، ئەو وڵاتەی کە سیستەمەکەی لەگەڵ ئەمریکا دامەزراند و جەنگی کرد بۆ پاراستنی دراوەکەی خۆی، دەستی کرد بە بردنی زێڕ بۆ دۆلارەکان، هەموو کەس زانیتی کۆتایی هاتووە. تا ١٥ی ئاب، تەنها ١٠,٠٠٠ تۆن مەتریک زێڕ لە یەدەگەکانی ئەمریکادا مایەوە.
١٥ی ئابی ١٩٧١، شەوی یەکشەممە، نیکسۆن دێتەسەر تەلەفزیۆن و ڕادەگەیەنێت ئەمریکا بە شێوەیەکی کاتی گۆڕینەوەی دۆلار بۆ زێڕ ڕادەگرێت. پەنجەرەی زێڕ دادەخرێت. ئەو ڕێکارە کاتییە تا ئەمڕۆش بەردەوامە. سیستەمی برێتۆن وودز- Brettonwood- ڕووخا. تا ئازاری ١٩٧٣جیهان گواستییەوە بۆ بازاڕی نرخی ئاڵڵوگۆڕی گۆڕاو واتە بەهاکەی بەپێی دابینکردن و داواکاری بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی دیاری دەکرێت، دۆلار دەبێتە دراوی تەواو کاغەزی، هێزی پشتی هیچ نییە جگە لە بەڵێنی حکومەت و هێزی سەربازی ئەمریکی لە بازاڕەکانی نەوتی جیهانی.

لەو ڕۆژەوە، دۆلار زیاتر لە ٩٨٪ی نرخی لەدەست دا بەرامبەر زێڕ. لە ١٩٧١، زێڕ ٣٥ دۆلار بوو بۆ ئۆنسێک. ئەمڕۆ، زیاتر لە ٣,٠٠٠ دۆلارە. هەمان شێواز، درێژەدان بە سیستەم، لەدەستدانی دیسیپلینی پارەیی، بێنرخکردنی بەهای دراو.

ئێستا بەراوردی بکە بەم دۆخەی ئێستا ڕوو دەدات. ٦ی تەممووزی ٢٠١٨، ترەمپ یەکەم باجەکان دادەنێت لەسەر کاڵای چینی. ٣٤ ملیار دۆلار. جەنگی بازرگانی بە فەرمی دەست پێ دەکات. ئەمریکا لە کۆتاییدا ڕووبەڕووی چین دەبێتەوە، هاوسەنگی بازرگانی دەکاتەوە، بەرهەمهێنان دەگەڕێنێتەوە. هەردوو پارت پشتیوانی دەکەن. دامەزراوەکە یەکگرتووە. بەڵام ٦ی تەممووزی ٢٠١٨ بە هۆکارێکی تر گرنگە. تەنها یەک مانگ دوای ١ی حوزەیرانی ٢٠١٨، ئەو ڕۆژەی کە کۆمپانیای MSCI کە کۆنترۆڵی پێوەرەکانی وەبەرهێنانی جیهانی دەکات، بە فەرمی دەستیکردووە بە خستنەڕووی کۆمپانیای AShares ی چینی لە پێوەرەکانی بازاڕە تازەپێگەیشتوەکانیدا. بیر لەوە بکەرەوە کە ئەمە مانای چییە، کاتێک MSCI بازاڕێک لە پێوەرەکانیدا دەخاتە ڕوو، ئەو وەبەرهێنەرە دامەزراوەییانەی کە بەدواداچوون بۆ ئەو پێوەرانە دەکەن، دەبێت پارە بخەنە ناو ئەو بازاڕەوە.. سندووقەکانی خانەنشینی، سەرمایە سیادێکانی دەوڵەت، سەرمایە پێ بەخشکراوەکانی زانکۆکان، کۆمپانیاکانی بیمە، تریلیۆنەها دۆلار تەنها بەو رێڕەوەدا دەڕۆن. کێشی چین بە پێوەری بازاڕە نوێکانی MSCI لە نزیکەی سفرەوە گەیشتە ٤٣٪ تا تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠. لە هەمان ماوەی ٢٠١٨ بۆ ٢٠٢٠، وەبەرهێنانی خەزێنەی ئەمریکی لە چین گەیشتە ١.٤ تریلیۆن.
بڵاک ڕۆک کارەکانی چینی گەشە پێدا لەم ماوەیەدا. جەی پی مۆرگان پەسەندی وەرگرت بۆ خاوەندارێتی کاری زۆرتر لە چین. گۆڵدمان ساکس بەشی خۆی لە هاوبەشی چینی زیاد کرد. ئەمانە لە ئاکامی کاری هەڵەوە نین. ئەمانە هەمان دامەزراوەی دامەزراوەیین کە لە بەریتانیا، لە ئەڵمانیا، لە ئەمریکای دوای جەنگ کارایان کرد و ئێستا قۆناغی ٤ جێبەجێ دەکەن.

با بۆکسەکان بپشکنین. قەرزی نەتەوەیی ئەمریکا ٣٦ تریلیۆن، ڕێژەی قەرز بە GDP ٩٨٪. بیلانسی بانکی فیدراڵی لە ژێر ١ تریلیۆن بوو لە ٢٠٠٨. لە کۆڤید تەقێتەوە بۆ ٩ تریلیۆن. هێشتا زیاتر لە ٧ تریلیۆن ئەمڕۆ. هەمان میکانیزم وەک هەمیشە. بانکی ناوەندی قەرزی حکومەت دراو دەکات. حکومەت زۆر زیاتر خەرج دەکات لەوەی باجەکان دەتوانن دابینی بکەن. دابینکردنی دراو زۆر زیاتر گەشە دەکات لە توانای بەرهەمهێنەری ئابووری، دامەزراوە داراییەکان کە ئەم پرۆسەیە بەڕێوە دەبەن دەست دەکەن بە گواستنەوەی سەرمایە بۆ ناوەندی هێزی داهاتوو.

قۆناغی یەکەم، یەدەگی فیدراڵی لە ساڵی ١٩١٣ دامەزرا، قۆرخکاری لەسەر دروستکردنی پارە.
قۆناغی دووەم، دەیەها ساڵ دراویکردنی قەرز، داراییکردنی جەنگەکان و بەرنامە جیهانێکان. قۆناغی سێیەم، هەڵئاوسانی سیستەمی مالی بە ڕێژەی ٩٨٪ی لەکۆی بەرهەمی ناوخۆیی و شێوانی بەهای دراو.
قۆناغی چوارەم، دامەزراوە داراییەکان سەرمایە دەگوازنەوە بۆ چین لە کاتێکدا واشنگتۆن شانۆ دەکات.
ئێمە ئێستا لەم قۆناغەداین.

ئەم شێوازە گوێ بە هەڵبژاردنە سیاسییەکانت نادات. گوێ بەوە نادات کە باوەڕت بە ئەمریکییەتی نا ئاسایی هەیە یان نا. گوێ لە تەکنۆلۆژیا ڕزگارکردنمان یان تیۆری پارەیی نوێ یان هەر چوارچێوەیەکی زیرەکانەی تر نادات کە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم جارە جیاوازە دروست کراوە.
ئەم جارە جیاواز نییە، میکانیزمەکە ماتماتیکییە. کاتێک سیستەمێکی دارایی لەسەر دروستکردنی قەرز دامەزراوە، کاتێک ئەو دامەزراوەیەی پارە دروست دەکات جیاوازە، بەڵام پەیوەستە بە باج کۆکردنەوە. کاتێک سیستەمەکە گەشە دەکات لە دەرەوەی توانای بەرهەمهێنەر، دراو بێنرخ دەبێت. کاتێک دراوەکەی بێنرخ دەبێت دراوی یەدەگی جیهانییە، دروستکەرەکانی ئەو سیستەمە سەرمایەکەیان دەگوازنەوە پێش تەواوبوونی ڕووخانەکە.

ئەوەی کەسەکان لەدەستی دەدەن ئەوەیە کە جەنگی بازرگانی شانۆ بوو بۆ شکستهێنان دروست کرابوو، یان وردتر بڵێین بۆ ئەوە دروست کرابوو کە وەک ئەوە دەربکەوێت ئەمریکا بەرگە دەگرێت لە کاتێکدا یەکگرتنی دارایی ڕاستەقینە خێراتر دەبێت. ناتوانیت بە باجەکان جەنگ لەگەڵ چین بکەیت لە کاتێکدا گەورەترین دامەزراوە داراییەکانت پارە دەگوازنەوە بۆ بازاڕەکانی چین. ناتوانیت بەرهەمهێنان بگەڕێنیتەوە ماڵەوە لە کاتێکدا دابینکەرەکانی ئیندێکس کە دابەشکردنی سەرمایەی دامەزراوە کۆنتڕۆڵ دەکەن کێشی چین لە جانتا جیهانییەکان زیاد دەکەن.
ناتوانیت هەژموونی دۆلار بپارێزیت لەکاتێکدا کورتهێنانی تریلیۆن دۆلار بەڕێوەدەبەیت کە لەلایەن چاپکردنی پارەی بانکی ناوەندییەوە دارایی دەکرێت. دژایەتییەکە ڕووداوێک نییە. میکانیزمەکەیە. دانیشتوانی بەریتانیا لە ساڵی ١٨٨٠ تێنەگەیشتن کە پایتەختەکەیان خەریکی بنیاتنانی ئەمریکایە. دانیشتوانی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩٢٩ لەوە تێنەگەیشتن کە بانکە ئەمریکییەکان خولی هەڵاوسانی زۆریان ئاسان کردووە. ئێستا دانیشتوانی ئەمریکا لەوە تێناگەن کە وۆڵ ستریت ژێرخانی دارایی چین بنیات دەنێت لە کاتێکدا واشنتۆن بەرخۆدان ئەنجام دەدات. بەڵام شێوازەکە پێویستی بە تێگەیشتنی تۆ نییە. تەنها جێبەجێ دەکات.

کەواتە چی لەم زانیارانە دەکەیت؟ تێدەگەیت کە ماشێنەکە لە جوڵەی خۆیدایە. تێدەگەیت ئەو کاتەی ئەمە ئاشکرا دەبێت بۆ ڕای گشتی، هەموو پرۆسەکە جێگیربووە. تێدەگەیت کە سیستەمی ئێستا، دۆلار وەک دراوی یەدەگ، سەرکردایەتی دارایی ئەمریکی، ڕێککەوتنی دوای برێتۆن وودز، هەمیشەیی نییە. قۆناغی سێیەمە لە شێوازێکی چوار قۆناغی و قۆناغی چوارەم ئێستا جێبەجێ دەکرێت. خۆت بەپێی ئەوە ڕێک دەخەیت.
تێدەگەیت کە گرتنی سامان بە دراوی بێنرخ هەڵبژاردنێکە بۆ بەشداربوون لە میکانیزمی گواستنەوەکە. تێدەگەیت کە هەڵاوسان کاتی نییە، گواستنەوە نییە، ئەنجامی کەمی زنجیرەی دابینکردن نییە. ئەنجامی پێشبینیکراوی گەشەی پارەیی لە دەرەوەی گەشەی بەرهەمهێنەرە. تێدەگەیت کە کاتێک پێت دەڵێن نیگەران مەبە، ئەم جارە جیاوازە، ئەندازیاری دارایی نوێ چارەسەری کێشەکانی سیستەمەکانی پێشووی کردووە. یان نەزانن لە شێوازەکە یان هاوکارن لە جێبەجێکردنیدا. تێدەگەیت کە ٥ بۆ ١٠ ساڵی داهاتوو وەک ٣٠ ساڵی ڕابردوو نابێت. میکانیزمەکە خێرا دەبێت. قەرزەکان ناتوانرێت بدرێنەوە. دراو بەردەوام بێنرخ دەبێت. ئلیتی دارایی پێشتر ئامادەیە. پرسیارەکە ئەوەیە کاتێک شێوازەکە بە ڕوونی دەیبینیت و تێدەگەیت لە کاتی ڕاستەقینەی خۆیدا ئایا بڕیارە حەتمییەکە لەبەرچاو دەگریت.

ئەمە پێشبینی نییە، ناسینەوەی شێوازە. هەمان میکانیزم کە سەرمایەی بەریتانی گواستەوە بۆ ئەمریکا لە سەدەی ١٩، هەمان میکانیزم سەرمایەی ئەمریکی گواستەوە بۆ ئەڵمانیای ڤایمار پێش ڕووخان، هەمان میکانیزم سەرمایەی لە ئەمریکا گواستەوە کاتێک برێتۆن وودز شکستی هێنا ئێستا سەرمایە دەگوازێتەوە بۆ چین. لەئێستادا سیاسەتمەداران مشتومڕ لەسەر باجەکان دەکەن، لە کاتێکدا ناوەندەکانی گەڕان مشتومڕ لەسەر ستراتیژییەکانی کۆتاییهێنانی پەیوەندێکان دەکەن، لە کاتێکدا میدیا سەرقاڵی ئەگەری جەنگی بازرگانییە، وال ستریت پێشتر بڕیاری داوە ١.٤ تریلیۆن دۆلار بگوازێتەوە، شێوازەکە هەرگیز شکستی نەهێناوە لە تەواوکردنی خۆی، سێ چارەکی جێبەجێکردنەکەی تەواو کردووە.

ئەگەر دەتەوێت تێبگەیت لە داهاتوودا چی ڕوو دەدات، ئەگەر دەتەوێت بزانی چۆن قۆناغی کۆتایی ئەم شێوازە تەواو دەبێت، ئەگەر دەتەوێت ببینیت چۆن گواستنەوەکە لە سەرکردایەتی دارایی ئەمریکی بۆ چینی کۆتایی دێت، پێویستە تێبگەیت چۆن ماشێنەکە دروست کراوە. پێویستە ژێرخانی دامەزراوەیی ببینیت کە ئەم گواستنەوەیە ئاسان دەکات. پێویستە ناسینەوە بکەیت کە هەموو بەڵگە مێژووییەکان ئاماژە بۆ هەمان ئەنجام دەکەن. دانیشتووان دراوەکە دەگرن کاتێک نزیک دەبێتەوە لە سفر. لە کاتێکدا دروستکەرەکانی سیستەمەکە پێشتر سامانەکەیان گواستووەتەوە بۆ ناوەندی هێزی داهاتوو. ئەوە شێوازەکەیە، ئەوە میکانیزمەکەیە، ئەوە ئەوەیە کە ئێستا ڕوو دەدات لە کاتێکدا هەموو کەس سەیری شانۆی سیاسی دەکات و گواستنەوەی سیستەماتیکی سامان لە پشتەوە لەدەست دەدات.

سەرچاوە:
https://www.youtube.com/watch?v=cDg7oTNbGfg




ئەوەی بۆ ئایندەی سیاسی ڕۆژئاڤا گرینگە..!.. جوتیار

ئەوەی لە ڕۆژاڤا دەگوزەرێت، بە تەنها ململانێیەکی سەربازیی دابڕاو نییە، بەڵکو بەشێکە لە نەخشەیەکی سیاسیی گەورەتر، ئێمە باشمان لەبیرە کە ڕۆژاڤا و پڕۆژە سەربازی و سیاسیەکەی لە ساتی هەڵوەشانەوەی وڵاتێکدا سەریهەڵدا کە یەکێک بوو لە نمونە بەهێزەکانی ناوەندگەرایی دەوڵەتوو نەتەوەپەرستی لە ناوچەکەدا، لەگەڵ هاتنە ناوی سوریا بۆ شەڕی ناوخۆ، کورد و گروپە ئێتنیکە جیاوازەکانی تر خۆیان ڕێکخست بۆ پێکهاتەیەکی سیاسی ئۆتۆنۆم کە دواتر بە (ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا) ناسرا. ئەو پڕۆژەیە زیاتربوو لە تەنها ڕیکخستنێکی بەڕێوەبەری، بەڵکوو هەوڵێک بوو بۆ دروستکردنی مۆدێلێکی جیاوازی سیاسی لەو ناوچەیەدا، کە بە بروای من رێک ململانێکانیش لە دوای ئەو هەنگاوەوە ڕەگەکانیان قولتربوونەوە.
خاڵی چارەنووساز بۆ کوردانی ڕۆژئاڤا تەنها شەڕو و رووبەڕوبونەوەی سەربازی نییە، بەڵکو ڕوبەڕووبونەوەی دیدگاو بیرکردنەوەیەکیشە کە ئیدولۆژیای ئیسلامی داعشییە، ئیسلامی داعشی ئەو ئایدۆلۆژیا مەترسیدارەیە کە هەوڵدەدات کۆمەڵگا بەتەواوی ملکەچ بکات بۆ نۆرمەکانی ئیسلام و خەلافەتی ڕها. دەوڵەتی سوریای بەر لە جەنگوو لاوازبوون و روخانی ئەسەدەکان، دەوڵەتێکی مۆرک ئیسلامی نەبوو ، بەڵکو نمونەی بەهێزی شۆڤێنی نەتەوەیی عەرەبی بوو، دەوڵەتێکی مەرکەزی پاوانخوازو توتالیتاری بوو ، بەڵام لە ناو هاوکێشە تازەکاندا هەردوو مۆدێلی تۆتالیتاریزمی ئایینی و شۆڤێنیەتی نەتەوەیی تاکڕەو هاوتەریبن لە دەستەڵاتوو لە حکومڕانیدا، کە هەردووکیشیان خاوەنی یەک ئامانجی هاوبەشن ئەویش قەتیسکردنوو لە قاڵبدانی ئەزموونی کوردو ڕۆژئاڤایە.
من ڕۆژاڤا وەک ئەزمونێک دەبینم کە لە بەرامبەر چەند جەمسەرێکی ئاراستەکراوی فشاردا گیری خواردوە، ئیسلامیزم کە دەیەوێت فرەچەشنی و بەها مرۆیەکان بنبڕ بکات، وە هەروەها دەسەڵاتێکی سێنتڕاڵی بە عەقلێکی شۆڤێنیانەی عەرەبی، لە لایەکی تریش شۆڤێنیزمی تورک، کە هەموویان لە پەیوەست بە داهاتوی ڕۆژئاڤا خاوەنی یەک سیساسەتوو ستراتیژی هاوبەشن.
ئەوەش ئەوەمان پێدەڵیت کە ئایین و ناسیۆنالیزم وەکوو دوو ئامراز کۆکتێلکراون لە خزمەت باڵادەستی و پاوانخوازی و داگیرکاری سیاسیدا.
ئەوەی پێی دەگوترێت دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) ڕادیکاڵترین دەرکەوتنی ئەو ئاڵوگۆڕە سیاسیە بوو لەو سەردەمەدا کاتێک ئایینیان گۆڕی لە عەقیدەی تاکەوە بۆ عەقیدەی دەوڵەتوو دەستەڵاتداری ، لەوێدا بێبەهاکردنی مرۆڤوو سەرکوتو کوشتاری بە کۆمەڵ نەک تەنیا لە ڕووی سیاسییەوە بەڵکو لە ڕووی ئایینیشەوە ڕەوایەتی پێدراو کەمینەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک جینۆساید دەکران، گۆشەگیری و ژێردەستەییان لەسەر فەرز کرا، ژنان و کچان کران بە کۆیلە و کۆمەڵگا بەپێی بنەما دۆگماتیکە ئاینیەکان دووبارە داڕێژرایەوە.
ڕۆژاڤاو هەڵکەوتە جیۆپۆلیتیکەکەی بە وردی لە نێوان ئەو سیستەمە ستەمکاریانەدا هەڵکەوتووە کە بە بەردەوامی لە ژێر فشاری دەستەڵاتی ئەحمد شەرع و گروپە ئیسلامیە جیهادیەکانی ناو سوپای عەرەبی سوریا و پێکهاتە خێڵەکیەکانی ناوچەکەو ئەکتەرە ناوچەییەکانی دیکەدایە. ئەو هەڵکەوتە جیۆگرافیە ئاڵۆزە نائەمنییەکی هەمیشەیی دروست دەکات کە تێیدا ئەزموونە سیاسییەکان بەزەحمەت دەتوانن بە شێوەیەکی بەردەوام تێیدا گەشە بکەن.
هەرێمێک کە هەوڵی دامەزراندنی مۆدێلێکی سیاسی فرەیی و تاڕادەیەک مەدەنی دەدات، بە پێکهاتەگەلێک دەورە دراوە کە یان لە ڕووی عەقیدەیی/جیهادی ئایدیۆلۆژییەوە یان پاوانخوازانەی نەتەوەیی و فاشیستیەوە ڕێگری لێدەکرێتوو دژایەتی دەکرێت،
لە هەردوو حاڵەتەکەشدا دەستەڵاتی ڕۆژئاڤا دەکرێت ڕۆڵی خۆی وەک سوبێکتێکی سیاسی لە بەرامبەر ئامانجە درێژخایەنەکەی لەدەست بدات.
بۆ کورد لە ڕۆژاڤا، ئەوە ڕووبەڕووبونەوەیەکی دوو لایەنە دەخاتە ڕوو، دەبێت لە یەک کاتدا هەم بەرگری لە ئاسایش و بوونی سیاسی خۆیان لە بەرامبەر هەڕەشە سەربازییەکاندا وهەروەها لە بەهای مۆدێلە سیاسیەکەیان لەسەر بنەمای بیروباوەڕێکی سێکولار و مرۆیی بکەن، هەرچەندە ئەو تەحەدیانە لە ژینگەیەکی ئاوها ئاڵۆزی کۆمەڵایەتی و تەژی بە دیدگا سیاسیە تاریکە جیاوەزاکان ونەتەوەییە کۆنسەرڤاتیڤەکان، سەرچاوەیەکی بەردەوامی ململانێ دەبێت بۆیان.
ئەگەر سوریا بیەوێت سەقامگیرییەکی درێژخایەن بەدەستبهێنێت، دەبێت ڕێز لە ئیرادەوهەمەجۆری ئەو ستاتۆ سیاسیە و مۆدێلە خۆ بەڕێوەبەریەی کوردی رۆژئاڤا بگرێت، ئەگەرنا هەر قۆناغێکی ئارامی و بێدەنگکردنی چەکەکان تەنها وەک پشوویەک لە نێوان ململانێ نوێیەکاندا دەمێنێتەوە، سەقامگیری ڕاستەقینە لە سوریا تەنها کاتێک مومکین دەبێت کە فرەچەشنی نەک وەک مەترسییەک، بەڵکو وەک واقیعێک بناسرێتوو قبوڵ بکرێت.
بە درێژایی چەند ساڵی ڕابردودا لە ڕۆژئاڤا، لەناو شەڕ و وێرانکاریدا، فەزایەکی سیاسی سەریهەڵدا کە جیاوازە لە بەشێکی زۆری ئەو شتانەی کە دەیان ساڵە تایبەتمەندی ناوچەکە بووە. ئەو فەزایە کە لە ژێر ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕێکخراوە، سیستەمێکی تەواو جیگیر نییە لە ڕویی ئاسایشی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە ،چونکە لەژێر فشاری زۆری سەربازیدایە، بەدەست کێشەی ئابورییەوە دەناڵێنێت و گرژیی سیاسی ناوخۆیی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو لاوازیانە، ڕێبازێک لەوێ پەرەی سەندووە کە ئومێدێک پێشکەش بە زۆر کەس دەکات.
بۆیە من پێم وایە ئەو ئومێدە بۆ کورد نابێت لە ئایدۆلۆژیایەکی سیاسیدا قەتیس بکرێتوو بمێنێتەوە، بەڵکو سەرکەوتن وگەرەنتیکردنی لە ئەگەرێکدایە، ئەگەری ڕێکخستنی کۆمەڵگا لە ئاستی کۆمەڵایەتی و سیاسی ناوخۆییدا، نەک تەنها لە سەرەوە بە سیستمێکی سەربازی کۆنتڕۆڵکراوو ئاراستە کراو.
ئەزموونی حیزبی و دەوڵەتەکان دەریاخستووە کە ئەو پەرەسەندنە چەندە دەتوانێت ببێتە ئالوگۆڕێکی ڕادیکاڵ کاتێک ئایدۆلۆژیا دەبێتە ئارگومێنتێکی ڕەهاو دەسەڵاتی سیاسی تەواو بەدەستبهێنێت.
ئەوەی کە ئێمە لە رۆژئاڤادا دەیبینین، ژنان لە ئاستێکی باڵادا تێکەڵ بە ڕۆڵی سیاسی و سەربازی کراون و خراونەتە ناو پێکهاتە و یەکە ئیدارییە جیاوازەکانەوە، بەڵام فرە حیزبی و ئازادی میدیایی لەویدا هەستی پێناکرێت، ئەوە دیموکراسییەکی کامڵ و بەدیهاتوو نییە بۆ خواستی گەلێکی ژێردەستەی چەندەها ساڵی، بەڵام هەوڵێکە بۆ بنیادی پێکهاتە مەدەنیەکان و کۆمەڵگایەکی تا ئاستێک دیموکراسی، بە تایبەت لە ناوچەیەکدا کە بە درێژایی مێژووی خۆی لە نێوان کۆمەڵیک ئاراستەی فاشیستی نەتەوەیی و و توندڕەوی عەقیدەی و جیهادی ئاینیدا گیری خواردووە.
هەر لەبەر ئەوەشە کە مۆدێلی دەستەڵاتی سیاسی لە ڕۆژاڤادا گرنگییەکی سیاسی تایبەتی هەیە، نەک لەبەر ئەوەی بێ کەموکوڕییە، یاخود لەبەر ئەوەی هەموو کێشەکانی چارەسەر کردووە، بەڵکو لەبەرئەوەی لە قۆنا‌‌غی داهاتوودا هەوڵبدات لە ڕووی دامەزراوەییەوە یەکسانی سیاسی و وپارتیزیپاسیۆن (بەشداریپێکردن)ی زیاتر لە ناو هەموو کایە جیاوازو سیاسیەکاندا بۆ هەمووان فەراهەم بکاتوو و بەرپرسیارێتی دادوەریەکی کۆمەلایەتی و سیاسی ناوخۆیی بچەسپێنێت.
من پێم وایە چڕبوونەوەی دەسەڵات لە ناو هەژموونی ئایدیۆلۆژی و پڕۆژە و یەکینە سەربازیەکان لەسەر پێکهاتە مەدەنییەکان کاڵبکرێنەوەو پیویستە ئەو بابەتانە پشتگوێ نەخرێن. کۆمەڵگای مەدەنی تەنها کاتێک دەتوانێت بوونی هەبێت کە ڕێگە بە ڕەخنە بدات و شەفافیەت دادگەری بەهێز بکات و دەسەڵات بخاتە ژێر لێپرسینەوەوە، چونکە ئایندەی ئەم پڕۆژەیە پەیوەستە بەوەی کە ئایا سەرکەوتوو دەبێت لە بەهێزکردنی دامەزراوە مەدەنییەکان و ڕێگەدان بە فرەچەشنی سیاسی و بنیاتنانی سەقامگیری ئابووری و وە
بە هەمان شێوە توانای مامەڵە کردن لە نێوان بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکیەکاندا بەبێ ئەوەی چاوگەو بناغە کۆمەڵایەتیە – سیاسیەکەی خۆی لەدەست بدات.




ئیسلامی سیاسی وەک پڕۆژەی دژ بە نەتەوە.. ئەیوب ئەحمەد قادر

بە گەڕانەوە بۆ مێژوو و مێژووی ئیسلام لەناو کورد، ئەو وێنەیەمان دەست دەکەوێت، کە کورد دوای ئەوەی کراوە بە موسلمان وردە وردە هەوڵیداوە ئەم ئایینە لەگەڵ فەزای کولتووری و نەتەوەیی خۆی بگونجێنێت. ئەو باسانەی لەبارەی ئەوەی کورد نەیتوانیوە سوود لە ئایینی ئیسلام بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆی وەربگرێت، تا ڕادەیەک ڕاستی تێدایە، بەڵام لەوبارەیەشەوە بێخەم دانەنیشتووە. واتە کورد هەوڵیداوە بیروباوەڕ و کولتوور و ناسنامەی نەتەوەیی خۆی تێکەڵ بە ئایینی ئیسلام بکات و جۆرێک لە ئیسلامی میللییانە دروست بکات. واتە بە تێگەیشتنێکی خۆماڵیانە ئەرک و واجبەکانی ئایین جێبەجێ دەکات. بۆیەیش دەبینین لە زۆر قۆناغی مێژووییدا پیاوە نەتەوەییەکانمان ویستوویانە لە دەرگای ئایینەوە بچنە ژوورەوە و خەڵک هوشیار بکەنەوە. ۆربەی گوتاری مەلاکانیش لەم خولگەیەدا بوون و لە ئاستێكی باڵاتری دینی میللی پتر ڕەوتێكی سۆفیگەری و عیرفانی بووە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا. لەبەرئەوە لە قۆناغی پێش دەرکەوتنی خوێندنی ڕەسمی، زۆربەی هەرە زۆری سیاسی و شاعیر و کەسایەتییە خوێندەوارەکانی کورد دەرچووی ئەم حوجرانە بوون کە لە مزگەوت و تەکیە و خانەقاکان هەبوون. بۆیە میراتگری دیوە ڕەسمییەکەی ئەم جۆرە نوسخەی ئیسلام لە کوردستان پتر یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامە، لە دامەزراندنییەوە تاکو ئێستا سەرۆکەکانی دەرچووی ئەم حوجرانەن، بە دەگمەن تێکەڵاوی ئیسلامی تر نین. دەبینین شێخ سەعیدی پیران، سەید ڕەزا و شێخ ئەحمەدی بارزان و چەندان ناوداری دیکە جۆرێک لەم هەوڵەیان هەبووە.
لە دوای شکستی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بە گشتی جۆرێک لە ئیسلامی دروست دەبێت، دەبێتە ئیسلامییەکی حیزبی. ئەم جۆرە ئیسلامییە بە ئیسلامی سیاسی ناو دەبرێت. ئەم ئیسلامییە گوتارێکی تەواو ئایدیۆلۆژی و جیهادی هەیە. واتە لە پشت هەر حیزبێکی ئیسلامی، یان ئیسلامییەکی سیاسی، ئامانجێکی سیاسی دیاریکراو هەیە، دەیەوێت لە ڕێگەی ئایینی ئیسلامەوە بگاتە بە کورسی دەسەڵات و یەکەم هەنگاویشی کارکردنە لەبارەی دەروون و هەستی خەڵکی ئاسایی و سادە. ئەم گرووپ و حیزبانەیش لە ڕێگای کەناڵی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن، مزگەوتەکان و سۆشیالمیدیا و کۆی ئامرازەکانی تر دەیانەوێت گوتاری خۆیان بڵاو بکەنەوە. لێرەدا تاکە بەربەست لەبەردەم پڕۆژەی ئیسلامی سیاسی بریتییە لە پرسی نەتەوە. بۆیەیش دەبینین ئەوان لە بەرانبەر هەموو ئەو کارەساتانەی بەسەر هاونەتەوەکانیان لە پارچەکانی تری کوردستان دێت بێدەنگن، یان شەرمنانە قسە دەکەن. بەڵام بەرامبەر غەزە و میانمار و… شوێنەکانی تر هاوریان لێ هەڵدەستێت. ئامانج لەوەیش جوڵاندنی هەست و دەروونی خەڵکە لە ڕووی ئایینییەوە. دەبینین زۆرینەی کۆمەڵەکانی ئیسلامی سیاسی لە دەوری بیروباوەڕێکی ئایدۆلۆژی کۆدەبنەوە، کە سنووری نەتەوە دەبەزێنێت بە ئاڕاستەی نێونەتەوەیی لەسەر بنەمای باوەڕ بە ڕاستی سەرتاپاگیر و ڕەهای ئیسلام. لێرەوەیە کە کۆمەڵە ئیسلامییەکان شوناسی نەتەوەیی ڕەتدەکەنەوە و پێیان وایە بیری نەتەوەیی نامۆ و دژ بە ڕۆحی ئیسلامە، یەکێک لە ڕۆشنبیرەکانی ئەم ڕەوتە بەم شێوەیە پاساو بۆ ئەو هەڵوێستە دەهێنێتەوە “بیری نەتەوەیی کوردی ئەگەر چی دژ بە بیری نەتەوەیی عەرەبی و تورکی و فارسییە لە ئامانجدا، بەڵام هەر لەیەک سەرچاوەوە هەڵدەقوڵێت کە بیرێکی نا ئایینیی ڕۆژئاواییە و هەمان خەسڵەتی بیر و جووڵانەوە نەتەوەییەکانی عەرەب و تورکیا و فارسە. بۆیەیش بەرامبەر هێرشی هاوئایدیۆلۆژیاکانین لە گرووپە تیرۆرستییەکانی وەک ئەحمەد شەرع (جۆلانی) بێدەنگن. هەروەها بەردەوام کار لەبارەی ئەو موسلمانە نەتەوەییانە دەکەن، کە پشتگیری نەتەوەکەیانن، بە بیانووی ئەوەی ئەو پیاوە ئایینیە نەتەوەییانە لە ڕێبازی ئیسلام لایانداوە. بۆ نموونە بەردەوام هێرشێکی توند دەکرێتە سەر بەڕێز دکتۆر مورشید خەزنەوەی، گوایە تەوقە لەگەڵ پێشکەشکارێکی ئافرەت دەکات و ئەمە بە لادان لە شەریعەت دەزانن. بۆیەیش یەکێک لە سەرکردەکانی کۆمەڵی دادگەری هیوا دەخوازێت سیستەمێکی ئیسلامی ڕاستەقینە لە سوریا دامەزرێت، کە ڕوونە مەبەستی ئیسلامی سیاسییە، چونکە تاکە ئامانجی ئەوان گەیشتنە بە دەسەڵات، بۆ ئەم ئامانجەیش ئامادەن هەموو ڕێگایەک بگرنەبەر. وەک ئەوەی ئێستا بەرامبەر ڕۆژئاوای کوردستان دەیکەن، کە فەرمانێکە و ئامانجیان قڕکردنی نەتەوەیەکە، گوایە ئەوان لادەرن و دژی ئیسلام دەجوڵێنەوە، لە کاتێکدا هەر ئەم ئەحمەد شەرعە واژووری بۆ ئیسرائیل کردووە خاکی خۆی، لەپێناو دەسەڵات داوەتە ئیسرائیل. بۆیە دەبینین ئیسلامییە سیاسییەکان دژ بە هەر جوڵانەوەیەکی نەتەوەیین، دەبینین ئامادەن خۆپیشاندان بۆ غەزە و شوێنی دیکە بکەن، بەڵام ئامادە نین بۆ ئەو هێرش و کوشتوبڕەی بەرانبەر ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێت هەڵوێست وەرگرن و تەنانەت بەشداری لە خۆپیشاندانەکان بکەن. واتە ئیسلامی سیاسی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی پڕۆژەی نەتەوە و نەتەوەسازی لەبار ببات، بۆ ئەمەش تیرۆری فیکری و فیزیکی بەکار دەهێنێت، توندوتیژی دەکاتە تاکە ڕێگا. ئەحمەد شەرع وەک تیرۆرستێک ئامادەیە بۆ عرووبە و نەتەوەی عەرەب هەموو شتێک بکات، بەڵام ئامادە نییە دان بە مافەکانی گەلی کورد لە سوریادا بنێت. بەو هۆییەوە کە درگای فتوا و بریاردانی بۆ هەموو کەسێک کردۆتەوە، بە دەیان خوێندنەوە و رێبازی نوێی تێدا درووست بووە کە بێجگە لەوەی کە هیچکامیان یەکتریان قەبووڵ نیە تەنانەت دژی یەکترن.ب ۆ نموونە ئیخوانیزم لە ئیستادا دژی هێرشی ئیسرایلە بۆ سەر غەزە بەڵام سەلەفیزم بێدەنگ و بێخەیاڵە لە ئاست هەموو ڕووداوێک. ئەمە بۆ ڕووداوەکانی کوردستانیش هەر دروستە. کەواتە دەبێت هەموو تاکێکی کورد هوشیاربێتەوە، ئیسلامی سیاسی، پڕۆژەیەکە لەسەر بنەمای تیرۆر دامەزراوە و تاکە ئامانجیان لەناوبردنی پڕۆژەی نەتەوەسازییە.

ئەیوب ئەحمەد قادر




رۆڵی ژن لە ئاینی زەردەشتیدا، ڕۆژئاوا بە نموونە.. نووسینی: پشتیوان حەمە عەلی سابیر

ئاینی زەردەشتی یەکێکە لە کۆنترین فەلسەفە ئایینییەکانی مرۆڤایەتی، نەک تەنها لە ڕووی باوەرەوە، بەڵکو لە ڕووی بیرکردنەوەی کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤیشەوە. یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە دیارەکانی ئەم ئاینە، یەکسانی و ڕێزگرتنی ژن و پیاوە. لە زەردەشتیەتدا، ژن مرۆڤێکی تەواوە؛ خاوەن ماف، بەرپرسیاری و هەڵبژاردنە، نەک مرۆڤێکی لاواز یان پاشکۆی پیاو.

فەلسەفەی زەردەشتی لە بنەڕەتدا لەسەر بیری باش، وتەی باش و کردەوەی باش دامەزراوە، و ئەم بنەما رەوشتیانە بۆ هەموو مرۆڤێکە، بێ جیاوازی نێر و مێ. لە باوەڕی زەردەشتیدا، مرۆڤ خۆی بەرپرسیارە بەرامبەر ڕێگای ژیانی خۆی؛ ژن و پیاو هەردووکیان دەتوانن ڕێگای ڕووناکی یان تاریکی هەڵبژێرن. ئەم تێگەیشتنە یەکسانخوازە، بنەمایەکی گرنگ بووە بۆ دروستکردنی وێنەی ژنێکی ئازا، خاوەن بیر و خاوەن بڕیار.

ئەم بیرکردنەوەیە بۆ چەندین سەدە لە ناو کەلتووری کوردیدا ماوەتەوە. بۆیە ژنی کورد، لە مێژوودا، هەمیشە هاوشانی پیاو بووە، نەک تەنها لە ناو خێزاندا ، بەڵکو لە ناو کۆمەڵگا، فەرمانڕەوایەتی، کار، شەڕ و بەرگریشدا. ژن لە کۆمەڵگای کوردیدا تەنها دایک و هاوسەر نەبووە، بەڵکو پارێزەری شەرف، خاک و ناسنامەیش بووە.

ئەمە وای کردووە ژنانی کورد زۆر جیاواز بن بەراورد بە ژنانی تر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؛ بۆ نموونە لە زۆر کۆمەڵگادا ژن پاشکۆ بووە ، کەچی ژن لە ناو کۆمەڵگای کوردیدا ژن پێشەنگ و پێشەوایە. ئەم پێشەنگ و پێشەوایەتیە بە شێوەیەکی بەرچاو لە مێژووی خەباتی کورد دا دەبینرێت، کە ژنان شانبەشانی پیاوان خەباتیان کردووە دژ بە داگیرکەران، بەشداری گەورەیان هەبووە، کاری رێکخستن و چەکداریانکردووە ، شەهیدبوونە و زیندانیکراون و لە سێدارە دراون..

لە سەردەمی نوێدا، ڕۆژئاوای کوردستان بووە بەرهەمێکی ڕوونی ئەم میراتە مێژووییە. لە شەڕی دژ بە داعش، بە تایبەتی لە کۆبانێ، ژنانی شەڕڤان نەک تەنها بەشدار بوون، بەڵکو بوونە هێزی سەرەکی بەرگری. کاتێک شەرەڤانێکی ئازای ژن دەبینیت بە چەکێکەوە ئەم وێنەیە تەنها هێمای شەڕکەرێک نیە و بەس؛ بەڵکو ئەمە ئەوە دەردەخات کە فەلسەفەیەک بوونی هەیە کە ژن و پیاو بە یەکسان دەبینێت و بە بیروباوەڕی یەکسان پەروەردەکردووە بۆ بەرگری لە ژیان.

لە ئێستاشدا، لە کاتێکدا تیرۆرستانی سەربە محمد جۆلانی و گرووپە توندڕەوەکان هێرش دەکەنە سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و تاوانی جینۆساید ئەنجام دەدەن، ژنانی کورد دووبارە لە پێشەوەی شەڕدا وەستاون. ئەوان تەنها بەرگری لە خاک و خاڵک ناکەن، بەڵکو بەرگری لە فەلسەفەی ژیان، یەکسانی مرۆڤ و رێزی ژن دەکەن.

بەم شێوەیە، ڕۆڵی ژن لە ئاینی زەردەشتیدا تەنها بابەتێکی مێژوویی نییە؛ ڕاستییەکی زیندووە کە لە ڕۆژئاوا و لە ژیانی ژنی کورددا بەردەوامە. ژنی کورد، بە هۆی ئەم میراتە هزری و کەلتووریەوەیە ، نەک تەنها ژنێکی ئازادە، بەڵکو ژنێکی ئازایە؛ مرۆڤێک کە دەتوانێت ژیان دروست بکات، بەرگری بکات و مێژوو بنووسێتەوە.

نووسینی: پشتیوان حەمە عەلی سابیر




دەرهەق ئەم مەزڵەمستانە، هەتە شەوقی فەنەری دڵ.. لەتیف بێوار

نابەکاری وەکــوو ئەم جووتە لەعینە لێرە
نەبووە قەت ئەمە موددێکی مەدید و دێرە

شێخ ڕەزای تاڵەبانی

سەرتان سووڕ نەمێنێت ئەگەر لای هەندێك خەڵك: ئاشتی جەنگ بێت، کۆیلایەتی ئازادی و نەزانین هێز بێت.. هەرکاتێك ئەم بۆچوون و تەبعە ناجۆرەش پەرەی سەند، ئەوا دەبێت وەك فینگشتاین دەڵێت بڵێین: ئەوەی مرۆڤ ناتوانێت باسی بکات، با لێی بێدەنگ بێت.
هەر لەم دەلاقەیەوە کاکی شاعیرو نووسەر (بەندی) درکی بەو قەیرانە خەستە کردووە کە ئاستی ڕۆشنبیرێتی و میدیای لوشداوەو دەنووسێت:
“لە زۆربەی ڕاگەیاندنەکانی کوردیی ئەمڕۆدا، تەنها ئەو نوسینانەت بۆ هەیە بیاننووسیت کە کاکی سەرنووسەر بە دڵێتیی و زمانحاڵی حیزب و ئایدیۆلۆژیاکەیەتی، واتا ئەوە ڕۆژنامە نییە، بەڵکو دیوەخانی حیزبێکی بنەماڵەییە، یان هەڵپەڕکێییەکی خزمانە بە یەك ئاڕاستە و یەك ڕیتمە و .. ئەوەی وا نەبێ، ئەبێ دەست بەربدات”.
کەواتە هەر لە بنەڕەترین پرسیارەوە کە لەفەلسەفەی دەکەین بەوەی لەم گەردوونە مەزنەدا بۆچی شتانێك هەن لەبری هیچ؟ کە وەڵام دەمی گۆ ناکات بۆ بەرسڤ، تا ئەوەی لە یەکێك دەپرسیت نیوەڕۆ چیت خواردووە؟ هەموو ئەمانە بنەمای هۆشیاریی و تێگەیشتن و مەعریفییان هەیە کە لەسەریان بنیاتنراون، پەیوەست بە ئاستی خەمەکانی پرسیارکار.. ئەی ئایا ئەگەر کەسێك دوژمنی خۆی بێت چۆن چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرێت ببێتە هاوڕێیەکی سەرڕاستی ئەوانی تر؟ بە چەشنی ئەو باڵندەیەی کە هەر لە قەفەزدا ژیا بێت، چۆن لە مانای ئازادی و باڵگرتن و هەڵفرین تێدەگات؟ هەر شۆڕشێکیش لەسەر بنەمای مەوزوعی و دروست دانەکوترابێت، ئەوا میللەت لە ستەمەوە بۆ تاریکایی دەگوێزێتەوە، ئیدی وەك گوتراوە: نەهامەتییەکە لە ستەمی ستەمکاراندا ڕاناوەستێت، بەڵکو لە بێدەنگی هەق ویستاندا زیاتر جەرگبڕە.
جان جاك ڕۆسۆ ئاسا بە بینینی ئەو هەموو ستەمە، دەبێت دڵی خۆمان بە بوونی دۆزەخ بدەینەوە بۆ ستەمکاران.
ئەم هەڵویست و ئەزموونانە زۆریان دەربارە گوتراوەو نابێت لێرەدا زیاتر دووبارەیان بکەینەوە، جگە لە بەرکەوتنی ئەو ئاکامەی بۆناپارت کە دەڵێت:”ئەوەی خیانەت لە نیشتیمانەکەی دەکات و دەیفرۆشێت، وەك ئەو کەسە وایە پارەی باوکی بدزێت و بیدات بە خواردن بۆ دزان، ئیتر نە باوکی لێی خۆش دەبێت و نە دزەکان پاداشتی دەدەنەوە”.
ئەمانە ڕاستی مێژوویین وئەوەی بەسەر ئێمەدا هاتووە لە جۆرێکی جیاوازەو جگە لە ئێمە نەبێ، وەك خۆتان لە کۆپلەیەکدا نووسیوتانە کێ ئەزموونی کردووەو تەحەمولی کردووە؟
بە بێ نان و ئاو هەر نامرێ..
سێ چوار مانگ موچەی نەدەیتێ ،
بێ خەمە و دڵی گەرد ناگرێ..
زاریشی هەیە و ناقڕێ
باڵیشی هەیە و نافڕێ
کاکە بەندی! سەیر نەبێت بەلاتانەوە ئەگەر هەرماڵپەرێکت بەدەستەوە مابێت تیایدا بنووسیت، کە لە عەقڵییەتی حیزب و خێڵ و خێزان ڕزگاری بووبێت، مەگەر نازانیت ئێستا دەزگا ڕۆشنبیرییەکانی کورد کارمەندیی موچەخۆری دەوڵەتیی بەڕێوەیان دەبات، جا ئایا موچەکەی دەگۆڕێتەوە بە وتارێکی تۆ؟ لە کاتێکدا تۆ داوای هیچ پاداشتێکیش ناکەیت، کات و هەوڵ و ئەزموون و فەرهەنگی خۆت دەکەیتە قوربانی پاشەڕۆژی ئەو میللەتە و نەك نرخیشی نازانرێت بەڵکو دەرگایان لەسەر دادەخرێت، چونکە سیاسەتی بڵاوکردنەوە چووەتە ناو سیستەم و پرۆژەی دەسەڵاتەوەو بۆ وێنە بیست ساڵ پێش ئێستا ئازادی نووسین و ڕا دەربڕین و مافەکانی مرۆڤ باشتر بوون.
مەگەر هەمیشە هزرڤانە ڕاستەقینەکان بەو جۆرە نەبوون و هەقیقەت هیچ کەسێکی لەدەوریان نەهێشتبوو؟ بەڵام لەسەر ڕێ لایان نەداو خۆیان نەچەماندەوە بۆ ئەو تەوژمە تاریکەی هەموو زەبرو زەنگێکی بەکاردەهێنا لە پێناوی سەرکوتکردنی هەقیقەت و ڕاستی دا و گرتنی بەری خۆر بە بێژنگ
مەگەر نازانیت خوێنەرانێکی زۆری بێدەنگ هەن باش دەزانن، کە تۆ و ئەو کەسەی بابەتەکەی تۆی دەچێتە بەردەست تا بڵاوی بکاتەوە زەمین و ئاسمانتان بەینە، تۆ کە ئازادی و بێ بەرانبەر دەنووسیت، کێ دەڵێت تەنانەت لە لایەنی وێژە و ڕۆشنبیریشەوە ئەو دەگاتە ئاستی ئەفراندنی خامەکەی ئێوە؟ چ جای ئەوەی جورئە بکات بڵاوی بکاتەوە؟ تۆ سی و پێنج ساڵە دەناڵێنیت لە دەرەوەی زمەن و مێژوو و جیهان و یاسا، ئەوان دەڵێن: ئێمە نەبین ئێوە نابن، خۆیان کردووە بە لازم و مەلزومی گەلی کورد، زۆریش بدوێیت بە مەنیقی شۆڕش و قەیسەر کەلەپاچەت دەکەن، هەر خۆت لەسەر زاریانەوە ئاوها لە کۆپلەیەکدا دەنووسیت : –

ئێمە لە پشت وێنەی کتێبخانەکانەوە،
نەخوێندەواریی خۆمان ئەشارینەوە..
لە پشت تابلۆی ڤان کوخ و پیکاسۆوە ،
بێ هونەریی خۆمان ئەشارینەوە..
وەکو چۆن براکوژییمان لە پێشمەرگایەتیدا چاند..
وەک چۆن لەسەر پارەی گومرک ،
خوێنی هەزارانمان ڕژاند
*
ئێمە کۆمەڵکوژیی و کۆمەڵدزیی و کۆمەڵکۆیلەییمان،
لە پشت وشەیەکی سەقەتی
پڕ لە هەڵەی چاپ و لۆژیکی
دیموکراسیدا مات داوە..
*
ئێمه کوردکوژییمان لە پشت ناوی
کوردایەتیی و ئەی ڕەقیبا، حەشارداوە

بەداخەوە ئەمڕۆ نەك بوڕکانی خرۆشان و پەرۆشینی گەل و چینی ڕۆشنبیران بۆ دادو ڕاستی کپ بووەتەوە، نەك نووسین و خوێندەواری و هەقیقەت ڕەواجی نەماوە، نەك هێندە دەنووسرێت و کەس نایخوێنێتەوەو هەڵوێست وەرناگیرێت، بەڵکو ئەم هەقیقەتانە لای خۆشیان ڕوونە و ئەوان بە حوکمی پارەی قاچاخی خوێن و نەوتی تۆ سوپایەك لە کۆیلەو بندیوارو سیخووڕ دەلەوەڕێنن و پاشەڕۆژیان پێوە گرێداون، سوپایەك لە گزیرو چەقۆ وەشێنی دوور لە هەست و سۆزی مرۆڤایەتی و کوردایەتی، نازانن ئەم شەپۆلە لە کۆتاییدا هەمووان بەرەو خنکان دەبات، وەکو ئەو سەرنشینەی لە کەشتییەکدایەو جێگەکەی خۆی کون دەکات و دەڵێت ئەوە کاری ئێوە نیە من جێگای خۆم کون دەکەم. وردە وردەو ڕۆژ بە ڕۆژیش خەڵك زیاتر زیندانی دەکرێت لە ژینگەیەکی گەورەدا کە دارو دیواری بێ تام، بووەتە کامێرای سیخووڕی و لایەنە ڕەسمییەکانیش نازانن کێ سەیریان دەکات و سەنتەرەکەی لە کوێدایە؟ وەکو ئەوەی هەموو میللەت دوژمنیان بێت، بە بیانووی پاراستنی ئاسایس لە کاتێکدا ئەوە میللەتە ئاسایسی پاراستووە. خەڵك لە ئاپارتمانە بێ بەرنامە بڵندەکاندا دەخزێنرێن و وەکو جوجەڵە دەرگایان لەسەر کڵۆم دەدرێت، هەزاران خانەوادە موچەی خوێنی ڕۆڵە کوژراوەکانیان لە جەنگەکانی ناوخۆدا وەردەگرن و مانەوەی خۆیان بە مانەوەی ئەوانەوە گرێ دەدەن. ئەوەش کە نووزەیەکی لێوە دێت تا ئەوپەڕی سنوور تەنیا داکۆکی لە مووچەو مافە داراییەکانی خۆی دەکات، وەك ئەوەی ئەوە بنەڕەت بێت و شتەکانی تر لاوەکی بن، مەگەر ئەو مووچە پاشەکەوتکردنە هەر بەرەنجامێکی بۆگەنبوونی سەری ماسییەکە نییەو ئیدی سەرجەم لاشەکەش بە دوایدا بۆگەن دەبێت؟ ئەو کەڵەکە بەردە ڕۆژێك هەر دەڕمێت بەسەرمانداو تۆش کاکە بەندی و نموونەی تۆ سەربەرزن کە خامەکەتان نەفرۆشتووە، ویژدانت زیندوو و ئاسوودەیە، ئەگەر هەر بۆ خۆشت نووسیبێتت کۆڵت نەداوە، بەڵام دڵنیابە کۆمەڵێکی زۆر لە چینی فلیقاوە هەن بە دزییەوە بابەتەکانی تۆ دەخوێننەوەو وەکو موفەڕك هەڵیدەگرن و بزەی شادی دایاندەگرێت، دڵنیابە ئەم زەمەنەش دەبوورێت و دواجارهەلهەلەی مەخلوق دەگۆڕێت بۆ وەلوەلە لە دەوری نەعشی هەموو پۆپۆلیزمێکی ستەمکاردا، دڵنیابە دەسەڵات ناکەوێتە دەستی تۆو هاوبیرەکانت چونکە بڕوات بە ستەم نییە، مانەوەی سەر ئەو کورسیەش ئەوە دەخوازێت، چونکە ئەو ڕەشوڕووتەی قوربانیان بۆ دەدەیت دواجار دەڵێن: غەشیم بوو بۆ کێی کرد؟ تا هەڵوێست و تێگەشتنی زۆرینە ئاوها بمێنێتەوە هەر دەبێت بڵێین سەد رەحمەت لە کفن دزی پێشو،پێشینان جوانیان گوتووە: مەنجەڵ سەرقاپی خۆی دەدۆزێتەوە. کەواتە گۆڕانکاری ڕاستەقینە ئا لێرەوە سەرهەڵئەدات، لە ناخەکاندا، لە بیرو هزرو دڵەکاندا جێگیر دەبێت و ئاکام هیچ بومەلەرزەیەك نایلەقێنێت.
کۆتا وشە؛ سوپاسی هەڵوێستی ئێوە لێرەدا بەیان دەکەم و خوازیارین هەموو خامە بەدەست و بەهرەمەندەکان ئەو ڕێچکەیان بگرتبایەو سەرفرازی ناوی خۆیان لەو لیستە بێنازەدا تۆمار بکردایە، کە هەر دەمێنێتەوەو دواجار دەبێتە جێی ئاماژەو شانازی.. دەبێت دوای ٣٥ ساڵ لە پاشکەوتن چی بنووسیت؟ کە محەمەد ماغووت لە ٢٠ساڵی جەوردا هەڵبەستی (خەمباری لە تیشکی مانگ)دا دەنووسێت کە لە کۆپلەیەکیدا دەبێژێت:

بیست ساڵە ئێمە دەرگایەکی ئاسنین دەكوتین
باران بەسەر پۆشاك و مناڵەکانماندا دەبارێ
هەناسەسوار، ڕەنگ پەڕیو بە کۆکە ڕەشە
خەمگین وەکو ماڵئاوایی، زەرد وەکو سیل
ڕەشەبای دەشتودەری ماڵوێرانکەر
گریەو ناڵەمان دەگەیەنێ
بە کۆڵان و نانەواخانەو سیخووڕەکان
ئێمەش وەکو ئەسپی کێوی لەسەر لاپەڕەکانی مێژوو
دەگرین و هەر هەڵدەلەرزین




بیبلۆگرافیای بیست ژمارەی گۆڤاری زمان و زار

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




ڕوداوەکانی ئێران.. عوسمانی حاجی مارف

ئێران خۆی لە بەردەم شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتی گەرمدا بینیەوە، کە لە دڵی ئابوری ڕۆژانەوە دەستی پێکرد، ناڕەزایەتیەکان بەهۆی دابەزینی بەهای دراو و بەرزبونەوەی خێرای تێچووی بژێویەوە بووە، کە ژمارەیەکی پێوانەیی شکاندووە.
ناڕەزایەتیەکان لە 28ی کانونی یەکەمی 2025، لە دوو بازاڕی گەورەی ناوەڕاستی تاران دەستیپێکردووە، ئەوەش دوای ئەوەی نرخی تمەن بەرامبەر بە دۆلار بۆ نزمترین ئاستێکی پێوانەیی دابەزی، فشارەکانی هەڵاوسانی توندتر کردووە و نرخی کەلوپەلی سەرەکی بەرزبۆەتەوە، هەروەها بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین لە سەرەتای مانگی کانونی دووەمدا بەشداری کردووە لە قووڵبونەوەی ناڕەزایەتیەکاندا.
پزیشکیان ساڵی ڕابردوو، هۆشداریدا لەوەی کە ڕەنگە بەهۆی کەمی ئاوەوە تەواوی تاران چۆڵ بکرێت، چەند مانگێکە لە یەک کاتدا بۆ چەند کاتژمێرێک کارەبا دەبڕدرێت، کەمی غازی سروشتی- کە کێشەیەکی گەورەیە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا- دەسەڵاتدارانی ناچارکردووە وێستگە پیشەسازیەکان دابخەن کە بە غاز کاردەکەن و کرێی کرێکارانی کارگەکان کەمبکەنەوە، هەروەها بەکارهێنانی نەوت لەبری غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا، پیسبونی شارەکانی هێندە خراپ کردووە، کە زۆرێک لە خوێندنگاکان ناچاربوون زیاتر لە پەنجا ڕۆژ لە ساڵێکدا دابخرێن.
ئێران لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا تووشی گورزی قەیرانی ئابوری بەرفراوان هات، داڕمانی دراوی پێش ناڕەزایەتیەکان، تەنیا ئەو پەڕۆیە بوو کە پشتی حوشترەکەی شکاند، بۆیە توڕەیی و ناڕەزایەتیەکان بەردەوام دەبن، تەنانەت ئەگەر ئەمەی ئێستا بەهەر جۆرێک لە سەرکوت و دەخالەت دامرکێتەوە، حەتمیە کە لە ئایندەدا سەرهەڵەداتەوە، کۆماری ئیسلامی شایستەی خەڵکی ئێران نەبووە و نابێت.
بودجەی دارایی ساڵی ٢٠٢٦ کە پزیشکیان پێشنیاری کردبوو، تەنیا خوێی خستۆتە سەر برینەکانی خەڵکەوە، چونکە دوای سێ ساڵ لە زیادکردنی موچە لەکاتی داڕمانی دروای ئێران، داهاتی کرێکاران بەچەند قات کەمتر لە موچەی ساڵی ٢٠٢٣ شکایەوە، لە هەمانکاتدا ترس لە بەردەوامی ناڕەزایەتیەکان، پزیشکیانی ناچارکرد جارێکی دیکە نرخی بەنزین دابەزێنێت، بەڵام هێشتا کەمتر لە سەدا ٥ی ئەو نرخانەیە کە لە وڵاتانی دراوسێدا دەبینرێن. ئێران ئێستا ساڵانە ٦ ملیار دۆلار بۆ هاوردەکردنی بەنزین خەرج دەکات، دیارە ئەو پارەیە دەتوانێت لەبری ئەوە زۆر شت بکات بۆ باشترکردنی دۆخە ترسناکەکانی کارەبا و ئاو، هەڵبەتە پێشنیارەکانی حکومەت بۆ چاکسازی لە نرخەکانی ئاڵوگۆڕدا ناتوانێت باوەڕپێکراوبن، تەنها سودی بۆ کەسانێکی دیاریکراو دەبێت لە بازاڕدا، لە هەمان کاتدا کورتکردنەوەی ئەو سندوقەیان کە بڕیار بوو قەرەبوی ئێرانیە ئاساییەکان بکاتەوە بۆ تێچووی زیاتری کاڵاکان سەرکەوتونەبو، بۆیە سەیر نییە کە شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان، تەشنە بکات و فراوانتر بێت، ڕژێمێک نەتوانێت ئاو، کارەبا، هەوای پاک، سووتەمەنی، یان کرێی باوەڕپێکراو دابین بکات، ناتوانێت پێداگری لەسەر بانگەشەی لێهاتویی بکات.
کاتێک بژێوی ژیان دەڕوخێت، زۆرەملێ دەبێتە ئامڕازی سەرەکی مانەوەی ڕژێم، بەڵام ئێستا سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی ڕوبەڕوی واقیعێک دەبنەوە کە سەرکوتکردن چیتر توانای گەڕاندنەوەی سەقامگیری دۆخەکە و قەیرانی ئابوری نیە، ئەم کێشەیە هەر بەردەوام دەبێت تا ئەگەر ناڕەزایەتیەکانی ئێستاش کۆنتڕۆڵ بکرێن، کە بە جۆرێکی زۆر مەترسیداری کوشتاری بە کۆمەڵ ناڕەزایەتیەکانیان دامرکاندۆتەوە.
دروشمەکانی نێو ناڕەزایەتیەکان لە هەندێک بواردا فراوانتر بون، داواکاریە سیاسیەکانیشی لەخۆگرتووە، چونکە فشارە ئابووریەکان هاوکاتن لەگەڵ هەستکردن بە بێهیوایی، ئەگەری ئەوە هەبو ئاراستەی ناڕەزایەتیەکان بەرەو کۆتایی ڕژێم بروات.
سیستەمی ئاسایشی ناوخۆی ئێران کە لەنگەر گرتووە لە فەیلەقی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، یەکەکانی بەسیج، یەکەی پاسەوانی تایبەت کە بەشێکە لە فەرماندەیی پۆلیسی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەروەها ئامادەکرنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی عێراق بۆ کاتی پێویست، کە ڕاستەوخۆ لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە سەرپەرشتی و پشتیوانی دەکرێن.
تا ئێستا درزی گەورە لەناو ئامێری سەرکوت و زۆرەملێدا دەرنەکەوتووە، کارمەندانی پلە باڵاکانی IRGC و بەسیج هیچ دوودڵیەکیان نیشان نەدا لە تەقەکردن بۆ کوشتن، دوای ئەوەی عەلی خامنەیی فەرمانی سەرکوتکردنی خێرای دەرکرد، کە مەزەندەی کوشتارێکی بێ شومار دەکرێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر خاوبونەوەی ناڕەزایەتیاکان داناوە.
بەڵام ئەوە ڕۆشنە کە توندکردنەوەی سەرکوت لەدۆخێکی ناڕەزایەتی زۆر فراواندا نیشاندەری لاوازیە، لە کاتێکدا پەرەسەندنی ناڕەزایەتیەکان کۆماری ئیسلامی وەها ڕاتەکاند، ڕژێم هەستی بە ناچاری کرد کە تاکتیکی قوربانی بەکۆمەڵ بەکاربهێنێت، کە هێشتا ژمارەی کوژراوەکان ئامارێکی ڕۆشنی نیە، کە باس لە چەندین هەزار و دەهەزار دەکرێت.
لە هەمانکاتدا خزمەتگوزاری ئینتەرنێت و مۆبایل و تەنانەت تەلەفۆنی زەمینیشی کردۆتە ئامانج، کۆماری ئیسلامی مێژویەکی بێوێنەی کارەساتی قیزەونی کوشتاری بەکۆمەڵی دانیشتوانی ئێرانی تۆمارکرد.
ڕژێم توانیویەتی لە قەیرانەکانی پێشوودا ڕزگاری بێت، ئەم جارەش بەو دڕندەییەی پیادەی کرد، کاریگەری دانا لە کپکردنی ناڕەزایەتیەکان، بەڵام توڕەیی خەڵک لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی وەها قووڵتر بۆتەوە و قڵشتی دروست کردووە، کە هەر ناڕەزایەتیەکی دواتر، بەبێ گیانی تۆڵە سەندنەوەی توند لە ڕژێم تێناپەڕێت.
هەر بەهانەیەک دەیهێننەوە بۆ ئەو دڕەندەییەی بەرامبەر دانیشتوان کردیان، بە ناوی دەخالەتی ئەمریکا و ئیسرائیل و هەوڵدان بۆ هەڵگیرسانی جەنگێک، ناتوانن شەرعیەتی ناوخۆیی بگەڕێننەوە، یان داڕمانی ئابووری پێچەوانە بکەنەوە، هەروەها ناتوانن ئێران لە پارچەپارچەبون و ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ بپارێزن، دانیشتوانی ئێران لێیان خۆش نابن.
هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ، ئەو سیناریۆ کارەساتبارەیە کە دۆخی سیاسی ئێران دەباتە ئاستێکی باڵاتر لە ناجێگیری و گێژاوی سیاسی، لە هەمانکاتدا بەرزبونەوەی ئاستی بەشێک لەو لایەنانەی تیا هەڵدەکەوێت، کە دەیانەوێت بە هێزی چەک و شەڕی ناوخۆ ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان بە لاڕێدا بەرن، ئەو ئاراستەیە لەنێو خۆپێشاندەراندا بینرا، کە هەندێ لایەنی نابەرپرس بەژیانی خەڵک، ڕیزەکانی خەڵکی ناڕازیان بە چەک بارگاوی کرد.
گومانی تیا نیە کە هەڕەشەکانی ترەمپ و هێرشی ئاسمانی ئەمریکا و هاوپەیمانان و لێدان لە بنکەی سەربازی و شوێنە پێشەسازیەکانی ئێران، تا هەڵگیرسانی شەڕ بۆ ڕوخانی کۆماری ئیسلامی، بەناوی فریاکەوتنی خەڵکی ناڕازی، جگە لە تێکدانی ئامادەیی بەرفراونی ناڕەزایەتیەکان و وەلانانی خەڵکی ئێران لە دیاریکردنی چارەنوسی خۆیان، نەک هیچ ئاکامێکی ئەرێنی بە قازانجی ناڕەزایەتیەکان و ڕاپەڕین ناداتەوە، بەڵکو ئەمریکا دەیەوێت دەستتێوەردان بکات بۆ بەرژەوەندی دەور و دەخالەت و نفوزی کۆنەپەرستانەی خۆی لە ناوچەکەدا، لەهەمانکاتدا هەوڵئەدات ئێران لە پەیوەند بونی بە روسیا و چینەوە داببرێت.
هەر پەیوەندیەکی دیپلۆماسی ئەمریکا لەم دۆخەدا لەگەڵ تاران بەستنەوەی ئێرانە بۆ ملکەچ بونی بە نەخشەو سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، لە هەمانکاتدا هەوڵدان بۆ باڵادەستی ئیسرائیل بەسەر ناوچەکەدا، ئەو نەخشەو سیاسەتەیە، کە وەک بەشێک لە ئاراستەی ئەمریکا دەناسرێتەوە، تا قەڵایەک بۆ ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیر بکرێت، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە نیازی ئیسرائیل پاکتاوکردنی دەوری ئێرانە لە ناوچەکەدا تا کۆتایی هێنان بەکۆماری ئیسلامی.
گوشارەکانی ئیسرائیل بۆ سەر واشنتۆن چیتر نهێنی نین، بژاردەی ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران بۆ ئیسرائیل تا ئێستا لەسەر مێزە، کە ئامانج لێی نەک تەنیا تێکدانی توانا ئەتۆمیەکانە، بەڵکو تێکشکاندنی تاران و ترسی خۆخلیسکاندن بۆ شەڕێکی نوێ هەیە، ناتانیاهۆ، داوای لە ترەمپ کردووە شەڕێکی لەو شێوەیە دەستپێبکات.
ئەمریکا پێی باشە سیستمی سیاسی ئێران بگۆڕدرێت، بەڵام لە ڕێگایەکەوە کە دووربکەوێتەوە لە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی سەربازی، لە هەمان کاتدا دەیەوێت لایەنێک دەسەڵات لە تاران بەدەستەوەبگرێت، گوێ لەمستی خۆی بێت وبگونجێ لەگەڵ دروشمی “ئەمریکا یەکەم”ە.
بۆ نمونە هەوڵەکانی واشنتۆن بۆ تێکدانی ڕژێمی ئێران بەبێ ئەوەی تێوەگلێت لە شەڕێکی سەربازی، ترەمپ باجی لەسەدا ٢٥ی بەسەر ئەو وڵاتانەدا سەپاند کە بازرگانی لەگەڵ ئێران دەکەن، وەک ڕێگەیەک بۆ دەربازبون لە بژاردەی شەڕی سەرتاسەری.
لەلایەکی ترەوە دەوڵەتانی کەنداو هەوڵ دەدەن پشتیوانی لە دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بکەن، لە ترسی ئەوەی کە ڕوخانی حکومەتی ئێران ببێتە هۆی شەڕی ناوخۆ، ئەمەش دەتوانێت ئاسایشی تەواوی ناوچەکە زیاتر بخاتە مەترسیەوە، لە ئەزمونەکانی ڕابردوودا دەرکەوتووە کە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە و دانیشوانەکەیان تەواو فەرامۆش کردووە.
لەگەڵ چڕبونەوە و خەستبونەوەی ئەو بارگرژیە لە دۆخی ئێستای ئێراندا، پێم وایە ناڕەزایەتیەکانی ئێستای شەقامی ئێران، لانیکەم لە داهاتویەکی نزیکدا، توانای ڕووخاندنی ڕژێمیان نییە، بەجیا لە کپ بونەوەی ناڕەزایەتیەکان لە ئێستادا، لە هەمانکاتدا خۆپیشاندەران دیدێکی ڕونیان بۆ سیستەمی دەوڵەتی دوای کۆماری ئیسلامی نیشان نەداوە، جگە لەوەش ئەو گروپە ئۆپۆزسیۆنانەی کە واشنتۆن پشتیوانیان دەکات، ئەوانەی پەیوەستن بە میراتی شا، نەک لە پشتیوانیەکی بەربڵاوی جەماوەری بەهرەمەند نین، بەڵکو تۆمەتبارن بە خیانەت.
دیاردەیەک، کە ئاماژەیە بۆ لاوازی ڕژێمی ئێران، هەوڵی کردنەوەی کەناڵێکی دانوستانە لەگەڵ ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکانی ئەمریکا و ڕێگریکردن لە هێرشی سەربازی ئەمریکا، کە ڕژێمی ئێران ترسی هەیە لێدانەکانی ببێتە هۆی ڕووخانی ڕژێمەکەی.
کۆتایی هێنانی ڕژیمی ئێران، گەر لە ڕێگەی ئەم شەپۆلی ناڕەزایەتیانەشەوە ئەنجام نەدرا و دواتر گەر کۆماری ئیسلامی بیەوێت بە هاوکاری ئەمریکا بمێنێتەوە، دەبێت لە بنەڕەتدا پێکهاتەی خۆی بگۆڕێت، کە لانی کەم دەبێت کەسایەتیە سەرەکیەکانی کۆماری ئیسلامی دورخاتەوە.
ڕووخانی ڕژێمی ئێران بە مانای گۆڕانکاریەکی بەرفراوان لە ناوچەکەدا، کە پێچەوانەی ئەو ساتەیە کە کۆماری ئیسلامی دامەزرا. ڕۆیشتنی ئێران لە کایەی نفوزی ئەمریکا لە دوای ڕوخانی شا لە ساڵی١٩٧٩دا، نەخشەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەی کەنداوی عەرەبی گۆڕی، لە ئەنجامدا شەڕی درێژخایەن و جۆری نوێی ململانێی سیاسی لێکەوتەوە. ئەمەش لە ڕێگەی سیاسەتی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیەوە هەوڵی هەژمونی بوو بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام دۆخی ئێستا ئەوەی پێچەوانە کردووە کە دەبێتە سنوردارکردن و شکستی گەورە لە کۆتایی هێنان بە هەژمونی ئێران لە ناوچەکەدا، کە درندەیی و کۆنەپەرستی سیاسەتی دژی مرۆڤانەی ئەمریکاو ئیسرائیل جێگەی دەگرێتەوە، ئەو درندانەی تا ئێستا حزبەکانی کوردایەتی مایەیان لەسەر داناوە.

عوسمانی حاجی مارف




ڕەسوڵ حەمزاتۆڤ.. نووسینی حه يدەر عەبدولرەحمان

ڕەسوڵ حەمزاتۆڤ:
داغستانه بجووكه كه ى خؤم
نيشانى هه موو جيهان داوه

ڕەسووڵ حەمزاتۆڤ (١٩٢٣-٢٠٠٣)، ئەو دەنگە ئەفسووناوییەی چیاكانی داغستان و ویژدانی زیندووی ئەدەبیاتی ڕووسی، تەنها شاعیرێك نەبوو كە تەنیا وشەكان لەسەر كاغەز بنەخشێنێت.
بەڵكو ئەو خاوەنی خەیاڵێكی بەرفراوان بوو كە وایكرد بەرهەمەكانی (چ شیعر و چ پەخشان) سنوری كتێبەكان ببڕن و بچنە نێو جیهانی سینەماوە.
پەیوەندی (حەمزاتۆڤ) بە سینەماوە پەیوەندییەكی ڕووكەش نەبوو، بەڵكو پەیوەندییەك بوو لە نێوان (وشەی زیندوو) و (وێنەی جوڵاو).
سینەماكاران زوو دركیان بەوە كرد كە نووسینەكانی (حەمزاتۆڤ ) پڕن لە دیمەنی سینەمایی، پڕن لە ڕەنگ، دەنگ و هەستی مرۆڤایەتی.
كاتێك باسی فڕینی قوڵنگەكان، یان دیمەنی ژنێكی داغستانی، یان چیا سەختەكان دەكات، خوێنەر ڕاستەوخۆ وێنەیەكی جیاواز دەبینێت، كە پڕە لە دراما، ئەمەش كارئاسانی بۆ دەرهێنەران دەكرد.
نووسینی سیناریۆ:
(حەمزاتۆڤ) تەنها سەرچاوەی ئیلهام نەبوو، بەڵكو خۆی بەشداری لە نووسینی سیناریۆی هەندێك لە فیلمەكاندا كردووە، یان بەوردی سەرپەرشتی كردوون تاوەكو ڕۆحییەتی دەقە ڕەسەنەكە ون نەبێت.
گۆرانی فیلمەكان:
زۆرێك لە شیعرەكانی (حەمزاتۆڤ) كراونەتە گۆرانی و لە فیلمە جەنگی و سۆزدارییەكانی یەكێتی سۆڤیەتدا بەكارهاتوون، كە بەناوبانگترینیان گۆرانی (قوڵنگەكان ) ه.

(حەمزاتۆڤ ) كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر سینەمای سۆڤیەتی و ڕووسی هەبوو، لێرەدا گرنگترین ئەو فیلمانە دەخەینە ڕوو كە لە بەرهەمەكانی ئەوەوە وەرگیراون:

١. فیلمی ( كچە چیایی (Goryanka) ١٩٧٥
ئەم فیلمە لەسەر بنەمای قەسیدەی درێژی (حەمزاتۆڤ) بەهەمان ناو بەرهەم هێنراوە.
فیلمەكە باسی كچێكی گەنجی داغستانی دەكات بە ناوی (ئاسیات).
ئەم ( ئاسیات ) ە ڕووبەڕووی كۆمەڵێ‌ دابونەریتی كۆن دەبێتەوە و بە توندی ڕەتیان دەكاتەوە، دەیانەوێ‌ ناچاری بكەن شوو بە پیاوێك بكات كە خۆشی ناوێت و لە منداڵییەوە بۆی دیاری كراوە (نەریتی بەشوو دانی بێشكە).
(ئاسیات) ئازایانە گوندەكەی بەجێ دەهێڵێت و دەچێتە شار بۆ خوێندن، ئەمەش ململانێیەكی گەورە لەنێوان دابونەریتی كۆن و ژیانی مۆدێرن دروست دەكات.
یەكێكە لە گرنگترین ئەو فیلمانەی باسی مافی ژنان دەكات لەكۆمەڵگایەكی وەك داغستان.

فیلمی (ئەفسانەیەك بۆ خۆشەویستەكەم) – ١٩٨٧
ئەم فیلمە زیاتر لەسەر بنەمای ئەفسانە و شیعرە مێژووییەكانی (حەمزاتۆڤ) دروستكراوە و باس لە ئازایەتی پاڵەوانانی داغستان دەكات بەرامبەر داگیركەران و ستەمكاران.
بەڵگەفیلمی درامی (داغستانی من)
ئەمە فیلمێكی نوێیە و شێوازێكی دۆكیۆدراما (بەڵگە فیلمی درامی)ی هەیە.
فیلمەكە گەشتێكە بەنێو ژیان و بیرەوەرییەكانی ڕەسووڵ حەمزاتۆڤدا، تێیدا تێكەڵەیەك لە ژیانی منداڵی، فەلسەفەی ئەو بۆ نیشتمان و جوانییە سروشتییەكانی داغستان دەبینرێت.
دەقەكانی كتێبی (داغستانی من) وەك مۆنۆلۆژ لە سەرتاپای فیلمەكەدا دەبیسترێن.
گۆرانی و فیلمی (قوڵنگەكان)
(قوڵنگەكان) باس لەوە دەكات سەربازە كوژراوەكان نەچوونەتە ژێر خاك، بەڵكو بوونەتە قوڵنگی سپی و دەفڕن
‌ئەم تێكستە بووە هەوێنی چەندین فیلمی جەنگی ـ كاتێك لەلایەن (مارك بێرنس)ـەوە كرایە گۆرانی، بووە بەشێك لە ناسنامەی سینەمای جەنگی لە ڕووسیا و لە چەندین فیلمدا وەك مۆسیقای دەق بەكارهاتووە بۆ بەرجەستە كردنی ئازاری جەنگ.
دەرهێنەرە دیارەكان.
حەمزاتۆڤ لەگەڵ چەندین دەرهێنەری بەتوانای سۆڤیەتی كاری كردووە، كە توانیویانە ڕۆحی نووسینەكانی بگوازنەوە بۆ سەر شاشە، لەوانە:
١. ئیرینا پۆپلاڤسكایا
ئەم خانمە دەرهێنەرە ڕۆڵێكی سەرەكی هەبوو لە ناساندنی بەرهەمەكانی حەمزاتۆڤ بە سینەما. هەر ئەو بوو كە فیلمی (كچی چیایی)ی دەرهێنا.
پۆپلاڤسكایا زۆر بەوردی كاری لەسەر وردەكارییەكانی ژیانی داغستان كردبوو، بەجۆرێك حەمزاتۆڤ خۆی زۆر سەرسام بوو بە فیلمەكە.

  1. موراد ئیبراهیمبێكۆڤ:
    یەكێكە لەو دەرهێنەرانەی كە سیناریۆی بۆ بەرهەمەكانی (حەمزاتۆڤ ) نووسیوە و كاری دەرهێنانی بۆ كردووە، بەتایبەت لە فیلمە نوێیەكاندا كە هەوڵیان داوە لایەنە فەلسەفییەكەی حەمزاتۆڤ دەربخەن.
  2. تەنگیز ئەبولادزە
    دەرهێنەری گەورەی جۆرجیا ئەگەرچی ڕاستەوخۆ هەموو كارەكانی هی حەمزاتۆڤ نین، بەڵام شێوازی ڕیالیزمی سیحری لە فیلمەكانیدا زۆر نزیك بووە لەو كەشەی حەمزاتۆڤ لە كتێبی (داغستانی من) دا دروستی كردووە.
    بە گشتی ئەو فیلمانەی لە بەرهەمەكانی حەمز اتۆڤەوە دروست كراون، چەند تایبەتمەندییەكیان هەیە:
    دوورن لە دروشمی بریقەدار، نیشاندانی ژیانی خەڵكی سادە، شوانەكان، ژنانی چیا
    لە پشت هەر چیرۆكێك پەندو عیبرەتێك هەیە، پەیوەندی بە سروشتی چیاكان، هەڵۆكان، ئەسپەكان و ڕووبارەكان بەشێكن لەكارەكتەرەكانی فیلمەكان
    پەیوەندی ڕەسووڵ حەمزاتۆڤ و سینەما، پەیوەست بوو، بەجیهانیكردنی كولتووری داغستان.
    سینەما بووە هۆی ئەوەی ئەو داغستانە بچووكەی حەمزاتۆڤ هەمیشە باسی دەكرد، ببێتە جیهانێكی گەورە و هەموو مرۆڤایەتی بیبینێت.
    ئەو سەلماندی كە دەكرێت شیعر تەنها وشە نەبێت، بەڵكو ببێتە ڕووناكی و وێنە لەسەر پەردەی سینەماكاندا.



غەیب.. هۆنراوەی: ئامانج شێروانی

بەبیرم دێ،
کە منداڵ بووم
دایکم دەیگوت
هەر خودا بۆ خۆی دەزانێ
سبەی، دووەی
چی ڕوودەدا

بەبیرم دێ،
کە زارۆ بووم
مەلای مزگەفتی گەڕەکێ
دەیقیژاند و
پێی دەگوتین
هەر ئەو بەخۆی
کەسی تر نا
دەزانێتن کۆرپەلەی نێو
سکی دایکێ
چلۆن دەبێ
چاوا دەکا سەر و سەودا

لە فێرگەشا
مامۆستاکەم
پێی دەگوتم
جگە لە خۆی
کەسێکی تر پەی پێنابا
جارێکی تر
باران لەکێندەر دادەکا

ئێستاش گەورەم،
باش دەزانم،
نە دایکم ڕاستی دەکرد و
نە مەلاکەی گەڕەکی مە و
نە مامۆستا

ئێمە کوردین،
چاک دەزانین
نەک هەر سبەی
ساڵێکی تر
چی ڕوو دەدا

عارەبێکی پێپەتییە
تورکێکی ئالی عوسمانە
فارسێکی پەهلەوییە
یا داعشێکی جۆلانە

ئەمڕۆ و سبەی
ساڵێک دووان
یەک لەدوای یەک
دێنە سەرمان
ئەمیان لالش وێران دەکا
ئەویان سەرمان دەپەڕێنێ
ئەمیان کەزییەک قوت دەکا
ئەویان منداڵ لە گۆڕ دەنێ

هەر چی کوردە
ورد و درشت
دەزانێتن هەموو ڕۆژێ
لە ئاسمانی وەلاتێ مە
«لەجێی باران
خوێن دەبارێ»

نەک هەر زانا،
منداڵی کوردیش دەزانێ،
سکی هەموو دایکێکی کورد،
منداڵێکی بەشخوراو و
تامەزرۆی ئازادی
دێنێ