هەولێر؛ مەملەکەتێك لە شکۆ.. شیعری وریا مەعروف

هەولێر…
تۆ ئەو دەستنووسە دێرینەی
کە مێژوو بە پەنجەکانی “نوور” نووسیویەتییەوە؛
هەر لاپەڕەیەکت، بۆنێکی لێ دێ:
بۆنی بارانی سەر بەردی “قەڵا”،
بۆنی نانی گەرمی ناو دەستی دایک،
بۆنی هەناسەیەک کە ماندوێتیی هەزار ساڵە
لە ڕۆحی مرۆڤ ڕادەماڵێ.

قەڵاکەت…
کەشتییەکی سەرکەشە لە دەریای کاتدا،
کە لێی دەڕوانی،
هەراوھۆریای بازاڕ و چرپەی مێژوو دەبنە یەک؛
کات دەوەستێ…
ڕۆح وەک کۆترێکی سپی
لەسەر شانی دیوارەکانت دەنیشێتەوە و
تاسەی ئارامیی دەشکێنێ.

منارەکەت…
پەنجەیەکی ڕاست و بڵندە،
ڕووەو ئاسمان، شایەتی لەسەر “مانەوە” دەدات؛
بروسکەیەکە لە خشتی سوور،
کە سەدان ساڵە بە تەنیا،
بەرەنگاری با و تۆفانی کات دەبێتەوە.
دەشتە پان و بەرینەکەت…
باوەشی کراوەی زەوییە بۆ خۆر،
لەوێندەرێ، گەنم و خوێن دەبنە یەک؛
هەر تەمومژێکی سەر “دەشتی هەولێر”،
هەناسەی ئەسپسوارەکانە
کە بەرەو لوتکەی نەمری غار دەدەن.

تۆ تەنیا خاک نیت،
تۆ کیشوەرێکی لە کەرامەت،
تۆ مەملەکەتێکی پڕ لە “هاواری مێژوو”یت؛
کە تێیدا مرۆڤ
لە بەرزیی شکۆتدا دەلەرزێ،
چونکە هەناوت،
هەمیشە بۆنی گەڕانەوە و لێدانی دڵی “نیشتمان”ی لێ دێ.

وریا مەعروف




پەیامی نوێی ئۆجەلان لە ئیمرالییەوە.. کاوە جەلال

دەمەوێت بە هەڤاڵانمان و هەموو کوردان ڕابگەیەنم کە بەندە وازی لە هەر کردارێکی سیاسی هێناوە. کاری من تەواو بوو. لە هزری فەیلەسوفی ئەمەریکی بوکچینەوە تیۆرییەکی بەڕێوەبەریی خۆسەریم داناوە، هەروەها توێژینەوەی دیکەشم ئەنجام داوە، بەوەش کاری من تا ڕادەیەک تەواو بووە. ئەز دەخوازم گەلەکەمان بزانێت، ئەز لەو کەسانە نیم کە تەنانەت بە پیریش، کاتێک بە لۆکە ئاو بە دەمیانەوە دەکرێت، هێشتا هەر واز لە سیاسەت ناهێنن، ئەویش چونکە نازانن بەدووی ئەوەدا چی بکەن. وەلێ ئەز دەزانم چی بکەم: ئیستا بۆ خۆم دەخوێنمەوە، هەندێک جار دەنووسم، بەزۆریش خەریکی باخسازیم، بەوەش چێژ دەبینم لە چاندن و بینینی گەشانەوەی گوڵەکان، ڕادەمێنم لە سیسبوونیان، بەبڕێک خەمبارییەوە.
بەم پەیامە نوێیەم هەڵوێستی خۆم بەرانبەر هەموو هەڤاڵانمان ڕادەگەیەنم:
هەموو ئەو کەسانە کە دەشیڕێنن “ژیان بەبێ سەرۆک نابێت”، سووکن، لومپۆنن، پریمیتیڤن، چونکە نازانن ژیانی خۆیان چە بەهایەکی هەیە و چۆن دەبێت وەک کەسانی بەتوانا بۆ گۆڕینی ژیانی جڤاکی تێبکۆشن. ئەمانە نابێت لە تەڤگەردا کەمترین رۆڵی چالاکوانیان پێ بدرێت، نابێت تەنانەت سڵاویان لێ بکرێت، ئەوە بەشکم بە خۆیاندا بچنەوە و کەمێک لە لومپۆنێتیی خۆیان بهزرێن. ئاخر تەڤگەر و لومپۆن کوجا مەرحەبا؟
ئەو کەسانە کە لەنێو تەڤگەرماندا چالاکن و دەنووسن “سەرۆک دەفەرموێت”، “فەرموویەتی کە …”، هەموویان لە کزۆڵەیی دەروونی خۆرهەڵاتییانەوە خۆیان ڕادەگەیەنن، بۆیە تا ئەمڕۆ نەیانتوانیوە تێبگەن کە ئەوان ئایینییانە جیهان دەبینن و لە داماوییانەوە دەیانەوێت پێغەمبەرێک دابتاشن و بیپەرستن. ئەز، وەک مرۆڤ، وەک دیلێکی شۆڕشگێڕ و ژینخواز، وەک کەسێکی جیهانی، کەرامەتم زۆر لەوە بڵندترە کە کەسانی داماو و دەروونتلیساوە بمکەن بە دەستوێژی ئارەزووە نزمەکانی خۆیان. ئەز وەک شۆڕشگێڕ ژیاوم و دەمەوێت وەک شۆڕشگێڕ جیهان جێبهێڵم. شۆڕشگێڕ، لای ئێمە، لە بوونەوەرێکی جڤاکییەوە کە خۆرهەڵاتی-ئیسلامییانە و کەمالیستییانە سۆسیالیزەکراوە (بەکەسکراوە)، مێتۆدیانە خۆی دروستکردووە، کەواتە ڕەخنەییانە لەو کەسە خۆرهەڵاتییەوە سەریهەڵداوە، بەوەش ئەو چیدی ناتوانێت لەسەر ڕێگەی باب و باپیرانی بڕوات. بێگومان ئەو هەرگیز بە بێڕێزی لێیان ناڕوانێت، بەڵکو بەزۆریی ڕەخنەییانە، جا گەرچی ئەو وەک مرۆڤ نەتوانێت دەستبەرداری گلەیی بێت لێیان، بەڵێ هەندێک جار بە بەزەیی و هەندێک جاری دیکە بە توڕەیی لێیان بڕوانێت. ئاخر وەک گۆتم، ئەویش مرۆڤە.
بەتایبەتی تکا لە هەڤاڵانم دەکەم، هیچ حیکایەتێک بە ناوی منەوە نەهۆننەوە. بەسە درۆکردن. درۆ شورەییە بۆ مرۆڤ، بەتایبەتی بۆ شۆڕشگێڕان کە خوازیاری گۆڕینی پەیوەندییە جڤاکییەکانی مرۆڤانن. ئێمە بەرخۆدێرین، کەواتە بەڕێوەین بۆ گۆڕینی جیهانەکەمان کە تەنراوە بە ستەم، شکاندنی کەرامەتی مرۆڤیی، رواڵەتگەری، سەرشۆڕی بۆ ماددە، خزمەتکاریی بێگانان. ئەم هەموو گەلە کە زمان و کولتوور و ئیدیۆلۆژیی نەتەوەییان بەسەرماندا دەسەپێنن و تەنانەت ژیانی شایستە بە مرۆڤمان پێ ڕەوا نابینن! وەلێ ئێمەی ژینخواز کییناوی نین، بوغزن نین، بەڵکو وەک شۆڕشگێڕ دەمانەوێت ئەوانیش بگۆڕین. تیۆرییەکەمان بۆ ئەوانیشە. ئەوان گەرەکە تێبگەن کە نابێت مرۆڤ مرۆڤانی دی بچەوسێنێتەوە، بە هەر شێوەیەک: بە زمان، توانجی “تورکی کێوی”، “نەوەی سلێمان” و چەندین گوزارشتی دیکەی پریمیتیڤ کە هەمووی لە دەروونی درۆزن و تەماعکارییانەوە هۆنراونەتەوە. ئاخر داماون. بەڵێ، زۆردار لە چەوساوەکان داماوترە، چونکە دەشێت چەوساوە لە ڕەوشی خۆی تێبگات و هەوڵ بۆ گۆڕینی بدات، وەلێ چەوسێنەر بە درۆی رواڵەتی و گۆڕینی مێژووی گەلێک، بە دزینی “قاوە” بەناوبانگەکەی و ناونانی بە “قاوەی تورکی”، بە نووسینەوەی مێژووی کورد و دانانی وشەی “تورک” لەجێی ناوی خاوەنەکەی، دەبێتەوە بە چەوسێنەری خودی خۆی کە هەردەم پڕترس و نابەختیار لێرەبوونی سەرزەمینییانەی ڕادەگرێت. لە چەوسێنەر خۆچەوسێنەرتر نەبووە و نابێت.
هەر لێرەوە بە هەڤاڵانی هزرڤانمان دەبێژم ڕەخنەییانە کار لە نووسینە تیۆرییەکانمدا بکەنەوە. ئاخر ئەز لە هۆشسامیمەوە بۆ فەیلەسوفی مەزنی ئەمەریکی بوکچین کارم لە تیۆرییەکەیدا کرد و لێرەشدا دەبێت بزانین، کە هۆشسامی دەشێت بەر بە دیدی فرەلایەنی ئۆبژێکتڤی لە تیۆرییە ئۆریجیناڵەکە بگرێت، کە ئیدی مرۆڤ نەتوانێت ڕەخنەییانە بیخوێنێتەوە. ئەوەشتان لەیاد نەچێت، ئەز وەک دابراو لە هەر پەیوەندییەکی سۆسیال و سیاسی ئەو مەزنەم خوێندەوە. بۆیە گەرەکە هەڤاڵان لە پراکسیسدا بەگوێرەی پێویستییەکانی سیاسەتی ڕیال پێیدا بچنەوە، گۆڕانی پێبدەن، هەروەها کرداری سیاسییان پەیوەند بە پرسە نەتەوەییەکانی کوردەوە لەتەک ڕەوشی سیاسەتی جیهانیدا بگونجێنن. ئێمە بەم هەڵوێستە لە بەناو مارکسیستە سوننەتییەکان جیادەبینەوە کە هەر خەریکی دانەوەی تێڕوانینەکانی لێنین و ستالین و ماو بوون، یان مارکس، بەبێ ئەوەی بزانن مارکس مێتۆدە و ئەوانیش دەبێت هاوشێوەی مارکس و ئێنگلس مانیفێستۆی خۆیان بنووسن. ئێ منیش هەر لەم گۆشەنیگا مۆدێرنەوە مانیفێستۆی خۆمم نووسی. ئێستا باوەڕ دەکەم هەڤاڵانمان ڕوونتر جیاوازیی من لە پاشپاتکەرەوانی خۆرهەڵاتی-ئیسلامی ببینن.
بەڵی ئەز لە زیندان گفتوگۆم لەتەکدا دەکرێت، پێشنیارگەل دەخرێنە بەردەمم، ئەز ژی هەندێک جار هەڵوێستی خۆم دەردەبڕم، یان وەڵامیان دەدەمەوە کە کاری من تەواو بووە و چیدی خۆم لە سیاسەت هەڵناقورتێنم. بێگومان پێم گۆتوون:
گەر هەڵوێستتان لە من دەوێت، فەرموو لە زیندان بەرم بدەن تا بڕۆم بۆ قەندیل، لەوێ لەتەک هەڤاڵانمدا دانوستانی پرسە سیاسییەکانی نێو تورکیا دەکەین. وەلێ لە ئێستاوە ئەوەشتان بەڕاشکاوی پێڕادەگەیەنم کە من لەوێش تەنیا هەڵوێستی جیهانبینییانەی خۆم دەردەبڕم نەک سیاسی. ئەز تەنیا تیۆریارم و هیچی دی. ئەمە مایەی شادمانیمە. ئەز ئازادم، بەوەش سەربڵندم. ئاخر بەڕێزان تێبگەن، دانانی تیۆرییەکی ئازادیخواز هاوکات خۆڕزگارکردنە لە موئانات، ئەزموونکردنی ئازادییە – ئەوپەڕی قووڵ لە ناخی خۆدا. هەرگیز تیۆرییەکی ئازادیخواز دانانرێت گەر کەس پێشتر ناخەکییانە ئەزموونی بێدادی و چەوسانەوەی پیاوسالاری، کولتووری و نەتەوەیی نەکردبێت، لە هەمووی وردنەبووبێتەوە، لە ناخەوە بەسەریاندا ڕاستنەبووبێتەوە و ئەوجا نەیگۆتبێت:
“نابێت چەوسانەوە هەبێت”.
{ڕاگەیەنراوە لە زاری کەسێکەوە بە ناوی کاوە جەلال}




سەختیەکانی پێکهێنانی حکومەتی عێراق.. عوسمانی حاجی مارف

بەدوای هەڵبژاردنی عێراق، کێشەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە پێکهێنانی حکومەتدا، پێیناوەتە هەستیارترین تاقیکردنەوەی سیاسی، تائێستا لەسەر سەرۆک وەزیران و پێکهێنانی حکومەت بە ئەنجامێک نەگەیشتون.
دوای ڕاگەیاندنی لەناکاوی کاندیدکردنی نوری مالکی، بۆ پۆستی سەرۆکایەتی حکومەت، کە بە زۆرینەی دەنگ پەسەندکرا، بڕیاری ئەم هەڵبژاردنەی مالکی تەنیا هەڵبژاردنی کاندیدێک نەبوو، دیمان بەخێرایی پەرەی سەند و بوو بە قەیرانێکی ئاڵۆز، هەماهەنگی شیعەکانی خستە بەرامبەر فشارە ئاشکراکانی ئەمریکا، کە دژی کاندیدکردنی مالکی بوو، ئەمەش پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی عێراقی گۆڕیوە بۆ گۆڕەپانێکی کراوەی ململانێی ناوچەیی.
لایەنە شیعەکان خۆیان لەبەردەم دووڕیانێکی ئەوپەڕی ئاڵۆزدا بینیەوە، ئەویش لەلایەک پاراستنی یەکگرتوویی ماڵی لایەنە شیعەکانە، لەلایەکی ترەوە بەرگرتنە بەخلیسکاندنی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسی و ئابووری لە بەرامبەر واشنتۆندا.ترەمپ کاندیدکردنی مالکی بە سیاسەتێکی شێتانە پێناسەکرد، هەروەها هەڕەشەی کشانەوەی هاوکاریەکانی ئەمریکای بۆ عێراق ڕاگەیاند، چەندین هەڕەشە و پەیامی ئەمریکی ئەوەیان دەگەیاند کە بەدژی پێکهێنانی حکومەتێکن سەرۆکەکەی مالکی بێت.
دوابەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، سودانی زۆرترین کورسی بەدەستهێنا و خۆی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی کاندید کردەوە. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕکابەریە توندەی نێوان سودانی و مالکی، دۆخەکە بۆ سودانی ئاڵۆزتربو، بۆیە سودانی ڕێبازی سیاسی خۆی لە دەرەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی لەبەرامبەر مالکیدا دەستپێکرد.
لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی نەیانتوانی ئەو چەقبەستویەی نێوان مالکی و سودانی چارەسەر بکەن، لەهەمانکاتدا هەموو کاندیدەکانی دیکە ڕەتکرانەوە، بەمەش ڕکابەری بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرەک وەزیران تەنها لەنێوان مالکی و سودانیدا مایەوە، بەمشێوەیە سودانی بۆی دەرکەوت کە لە دۆخێکی سەختدایە و پێویستی بە چارەسەرە، بەناچاری سودانی بۆ دەربازبوون لەم دۆخە سەختە، پێی باشبوو لە کاندیدبونی خۆی بکشێتەوە و پشتگیری لە کاندیدکردنەکەی مالکی بکات، بەڵام قەیس خەزعەلی، عەمار حەکیم، حەیدەر عەبادی و موحسین مەندەلاوی دژی کاندیدکردنی نووری مالکی بوون، دوای ئەوەی کاندیدبونی مالکی ڕەتدەکرایەوە، جارێکی تر سودانی کاندیکرایەوە.
مالکی پشتیوانی هێزەکانی دیکەی چوارچێوەی هەماهەنگی مسۆگەر کردبوو، دیارترینیان ڕێکخراوی بەدر بوو بەسەرۆکایەتی هادی عامری هاوپەیمانێکی نزیکی ئێران لەگەڵ ژمارەیەک کوتلەی چەکداری شیعە کە تاران پشتیوانی لێدەکردن. بەڵام لەمیانی کۆبونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا بۆ دەنگدان لەسەر کاندیدکردنی مالکی بۆ پێکهێنانی حکومەت، پەیامێک لە ئەمریکاوە گەیشت، لە پەیامەکەدا هۆشداری دراوە بەسەرکردەکانی چوارچێوە، لە سەر کاندیدکردنی مالکی و بە ڕوونی ڕەتکردنەوەی ئەم کاندیدکردنە لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە خراوەتەڕوو. پەیامەکەی ئەمریکا چەند خولەکێک پێش تەواوبوونی دەنگدان لەسەر کاندیدکردنی نوری مالکی گەیشتۆتە کۆبونەوەکە، کاتێک پەیامەکە لە کۆبوونەوەکەدا خوێندراوەتەوە، مالکی تووڕە بووە و پەیامەکەی ڕەتکردۆتەوە، پێداگری لەسەر تەواوکردنی کۆبوونەوەکە و پشتگوێخستنی پەیامە ئەمریکیەکەی کردووە، لەهەمانکاتدا ترەمپ ڕایگەیاند کە ئیدارەی ئەمریکی کاندیدکردنی مالکی ڕەتدەکاتەوە، ئەمەش یەکەمجارە کە ئیدارەیەکی ئەمریکا بە ئاشکراو ڕاستەوخۆ دەستوەردان بکات لە پێکهێنانی حکومەت لە عێراقدا.
لەنێوان ڕەتکردنەوەی ئەمریکا و پشتیوانی ئێران، مالکی و لایەنگرانی لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا، خۆیان بە کاندیدبونی مالکیەوە چەسپاند و هەر هەوڵێکیان بۆ کشانەوە ڕەتکردەوە. دوای پێداگری مالکی و چەند لایەنێکی چوارچێوە بۆ کاندیدکردنی مالکی، پەیامێکی ئەمریکی لەڕێگەی باڵیۆزخانەکەیەوە لە بەغدا گەیاندرایە سەرکردەکانی چوارچێوە، کە تیایدا واشنتۆن بڕیاریداوە ڕێگری لە مالکی بکات لە دەستبەکاربونی لە حکومەتی داهاتودا. لە پەیامەکەدا ئەوەش ڕاگەیەنرابوو، ئەگەر چوارچێوە بەردەوام بێت لە بڕیارەکەی بۆ کاندیدکردنی مالکی، ئەمریکا لە مانگی ئازاری ٢٠٢٦ەوە سزا بەسەر کۆمپانیای نەوتی عێراقی سۆمۆ و بانکی ناوەندی عێراق و وەزارەتی نەوت و هەروەها کەسایەتیە سیاسیەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەسەپێنێت. دوای ئەم پەیامه چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبونەوه، هەوڵیاندا مالکی ڕازی بکەن خۆی له کاندیدکردن بکشێنێتەوه و عێراق له قەیرانی ئابووری وێرانکەر بپارێزێت، به ڵام مالکی ڕازی نه بووه.
بەگشتی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە، تەنانەت ئەوانەش کە دژایەتی کاندیدبونی مالکیان دەکرد، نەیاندەویست لەبەردەم دەنگدەرەکانیان و هێزە سیاسیەکانی تر واتە لایەنەکانی سونە و کورد لاواز دەربکەون، خۆیان لە دۆخێکی سەختدا بینیەوە، ناچاربون لەنێوان تاران و واشنتۆندا یەکێکیان هەڵبژێرن. بەم جۆرە لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کەوتنە ناو قەیران و ناو بیرێکی قووڵەوە، ئەگەر پێداگری لەسەر بەردەوامبون لە کاندیدبونی مالکی بکەن، مەترسی ئەوە دەکەن پەیوەندی نێوان بەغدا و واشنتۆن لە پشتیوانی و هاوسەنگییەوە بگۆڕن بۆ دوژمنایەتیەکی ڕاشکاوانە. ئەمەش دەتوانێت کاردانەوەی جددی هەبێت، وەک سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر نەوتی عێراق و سەرچاوەکانی دۆلاری ئەمریکی و ڕێگریکردن لە هاوکاری سەربازی و هەواڵگری نێوان هەردوو وڵات. پاشان عێراق دەبێتە بەشێک لەنێو ململانێی سەربازی ئەگەری شەڕی نێوان تاران و واشنتۆن.
لەلایەکی ترەوە ئەگەر سەرکردەکانی چوارچێوە پابەندبن بە ڕەتکردنەوەی ئەمریکا لەسەر کاندیدکردنی مالکی، سەرەڕای پشتیوانی ئێران لە مالکی، وەک ئەوە وایە کە بە ئاشکرا نیازی خۆیان بۆ پەیوەستبوون بە کەمپی ئەمریکی لە دژی ئێران ڕاگەیەنن، ئەمەش کاردانەوەی جددی هەیە، کوتلە چەکدارەکانی عێراقی هاوپەیمانی تاران بێدەنگ نابن و کار بۆ زیاتر ناسەقامگیرکردنی عێراق دەکەن، وەک سزایەک لەبەرامبەر تەسلیمبونی چوارچێوەی هەماهەنگی بە فشارەکانی ئەمریکا.
ئەو بنبەستەی ئێستا کە هەڕەشەی تێکدانی سەقامگیری عێراق و تێکدانی یەکگرتوویی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە و قەیرانی پێکهێنانی حکومەت دەکات، سەرکردەکانی چوارچێوە بیر لە چارەسەرێک دەکەنەوە، بۆ دەربازبونیان لەم دۆخە سەختە بە کەمترین زیان. لەنێوان لایەکانی چوارچیوە زیاتر قسە لەسەر دواخستنی کشانەوەی مالکی کراوە تا ئەوکاتەی وادەی یاسایی سەرۆك وەزیران تەاو دەبێت، پاشان هەنگاونان بۆ چارەسەرێک کە بریتی بێت لە پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی ڕاگوزەر بە سەرۆکایەتی سودانی، دواجاریش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ پەرلەمانی عێراق بکەن.
هەروەها سەرکردەکانی چوارچێوە پێیانوایە باشترە پێکهێنانی حکومەت ڕاگرن تا ئەوکاتەی دانوستانەکانی ئێستای نێوان تاران و واشنتۆن بە هەر ئەنجامێک دەگات، ئەمە بە باشترین چارەسەر دەزانن بۆ دەرچونیان لەو قەیران و چەقبەستبونەی ئێستایان! لەهەمانکاتدا پێکهێنانی حکومەتی هەرێمیش لە هەمان بازنەو قەیران و کێشەکانی پێکهێنانی حکومەتی بەغدادا، چاوەڕوان دەکات، چارەنوسیان پەیوەستە بە دۆخی سیاسی عێراق و ململانێی ئەمریکا و ئێرانەوە.
هەڵبەتە لە ڕۆژانی داهاتوودا هاوکاتی کێشەکان و ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران، بەدڵنیایەوە مالکی ناتوانێت پۆستی سەرەک وەزیران بەدەستبهێنێت. دۆخەکە بەجۆرێک سەخت دەردەکەوێت کە مەسەلەکە چیتر تەنها پەیوەندی بە کەسایەتی مالکی و پێشینەی سیاسیەوە نییە، بەڵکو دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە لەو واوەتر و پێجیدە ترە تائەوەی بتوانرێت مەسەلەی سەرەک وەزیرو حکومەتی عێراق یەکلایی کرێتەوە، بۆیە پێویستە تەواوی هێزو لایەنە شیعەکان و هاوپەیمانەکانیان لە دەسەڵاتدا، واتە هێزەکانی ئیسلامی سیاسی سونە و ناسیۆنالیستە کوردەکان و ئۆپۆزیسیۆنەکانیان کۆتایی بە دەوریان لە دەسەڵاتی سیاسیدا بهێنرێت. لەهەمانکاتدا پێشئەوەی عێراق ببێتە قوربانی مانۆڕەکانی نێوان تاران و واشنتۆن و خولقاندنی کارەساتی گەورە، پێشوەخت پێوستە خەڵکی عێراق و کوردستان بەتەنگ ئەمنیەت و ژیانی خۆیانەوە بن، هیچ ئومێدێکیان بەو هێزو لایەنە سیاسیانە نەبێت، کە دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا لەسەر بنەمای تائیفی و ئیسلامی و قەومی دادەمەزرێنن. ئەو جۆرە دەسەڵاتانە بەبێ هێزی میلیشیاو و دزی و جەردەیی و تاڵانی و کۆکردنەوە دەسکەوتەکانی جەنگ، ناتوانن خۆیان بپارێزن.
لەم دۆخەدا زۆر گرنگە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان لە عێراق و کوردستان زیاتر لەهەوڵی ئامادەکاری و فراونبون و رێکخراوبونەوە بن لە مەیداندبن و خۆیان لە کاریگەریەکانی جەنگ و کارەساتەکانی بپارێزن.

عوسمانی حاجی مارف




هێرش بۆ سەر ئێران پڕۆژە یاساکەی دەخاتە بەردەم حکومەتی نەتانیاهۆ.. شورش عزیز سورمێ

حکومەتی نەتانیاهۆ ئاهەنگ دەگێڕێت بۆ سەرکەوتنە سەربازییەکانی و نانی بەیانی بە تیرۆرکردنی خۆڕاگەیاندنی عەلی خامنەیی و چەند بەرپرسێکی باڵای ئێران لە تاران دەگێڕێت. ئیفی دێفرین، وتەبێژی سوپای ئێران لە وتارێکدا کە لە تەلەفزیۆنی ئیسرائیل پەخشکرا، ڕایگەیاند: لەم ئۆپەراسیۆنەدا نزیکەی نیوەی کۆگای مووشەکیی ڕێژیمی ئێرانمان لەناوبرد و ڕێگریمان لە بەرهەمهێنانی لانیکەم ١٥٠٠ مووشەکی زیادە کرد. ماوەیەکی کەم پێش ئەوە ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئێران پێشبینی کردبوو کە هێرشەکان بۆ سەر ئێران “هەرکاتێک پێویست بێت بەردەوام دەبن” و “پێش گەیشتن بە ئامانجەکان” ناوەستن. ئیتر ئامانجی ئیسرائیل ڕاگرتنی تەماحە ئەتۆمییەکانی تاران نییە (کە هەمیشە باسی بەکارهێنانی مەدەنیی کردووە نەک سەربازی) و بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستیک. ئەولەویەتەکانی “گۆڕینی ڕژێم”ە.
سەرۆک وەزیرانی ئێران ناتانیاهۆ- کە ئەمڕۆ بە زمانی فارسی و بە کەڵک وەرگرتن لە ئای ئای قسەی بۆ ئێرانییەکان کرد- پێی وایە بە بۆردومانکردنی نەک تەنیا شوێنە سەربازییەکان بەڵکو ناوەندی شاری تاران و فڕۆکەخانە و مۆڵەکانی بازرگانی و کوشتنی خەڵکی سڤیل، گەلی ئێران هەڵدەستن و کۆماری ئیسلامی دەڕوخێنن و دواجاریش سوپاسی ئیسرائیل و ئەمریکا دەکەن. سەرکردایەتی سیاسی و سەربازی لە پشتیەوەیە. ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل ئەمڕۆ لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە کە لە میانەی دیدارێکی نێوان وەزیر کاتز و سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل عیال زەمیر، سەرکردەکانی سوپا و بەرپرسانی بەرگری، هەڵسەنگاندنی بۆ کراوە کە کوشتنی خامنەیی “نوێنەرایەتی وەرچەرخانێکی یەکلاکەرەوە دەکات”. کاتز وتی: هیوادارین ئەم چالاکییە (بۆردومانەکە) ببێتە هۆی ئەو ئەنجامەی کە ئێمە ئاواتەخوازین: گەلی ئێران سەرکەوتوو بێت لە لابردنی ئەم ڕژێمە بۆ خۆیان، بۆ ئێمە و بۆ هەموو جیهان.
ئەم هەڵسەنگاندنە تەنیا بەشێکی هاوبەشی چەند شرۆڤەکارێکی ئیسرائیلییە: ڕۆیشتنی خامنەیی، تا گوماناویتر ڕوونی بکەنەوە، لە ڕوانگەی ڕەمزی و میدیاییەوە گرنگە، بەڵام نابێتە هۆی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی کە لە هەموو ئاستێکدا بە باشی ڕێکخراوە و ملیۆنان هاووڵاتیی ئێرانی لە لای خۆیەوە هەیە، نەک تەنیا سپای پاسداران و میلیشیای بەسیج.
ئەو هەڵسەنگاندنەی ئیسرائیل کە ئێران لەسەر ئەژنۆیە، لە ڕووی سەربازییەوە لەگەڵ واقیعی شەوی ڕابردوو و چەند کاتژمێری ڕابردوودا بەریەککەوتنی هەیە، کە هێرشەکانی دژ بە ئیسرائیل و لە سەرانسەری ناوچەی کەنداودا بەخۆیەوە بینیوە، کە سوپای ئێران بەردەوام هێرش دەکاتە سەر بنکە و دامەزراوە سەربازییەکانی ئەمریکا، لە کوردستانی عێراقەوە تا عومان. زۆرترین ئامانجی وڵات بەحرەینە کە شوێنی بەلەمی پێنجەمی ئەمریکایە. لە ئیسرائیل و قودس بەردەوام ئاگادارکەرەوەی زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدەدرێت بەهۆی ئەو مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە لە تارانەوە هەڵدەدرێن. سوپای پاسدارانی ئێران ستراتیژێک جێبەجێ دەکات کە دانیشتووانی ئیسرائیل لەژێر فشاری بەردەوامدا دەهێڵێتەوە و لە هەمان کاتدا بەرگری ئاسمانی وڵاتەکە تێوەگلاون. هەر سی خولەک جارێک یەک مووشەک یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەڵدەدات و ئیسرائیلییەکان ناچار دەکات لە پەناگەدا بمێننەوە و هێزە چەکدارەکان چەندین ڕێگری بۆ یەک ئامانج بەکاربهێنن. تاران پێشبینی دەکات ئەمە بە خێرایی کۆگاکانی تەقەمەنی و موشەکی ڕێگریکەرەکانی تەواو بکات. ئەمە کێشەیەکی کۆنکرێتییە کە هەندێک لە ژەنەڕاڵەکانی ئەمریکا لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپدا چارەسەریان کردووە.
هەروەها ئەو هێرشەی سەرلەبەیانی دوێنێ دەستیپێکرد، دەستیکردووە بە گیان لەدەستدانی خەڵکی ئیسرائیل. پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لانیکەم هەشت هاوڵاتی ئیسرائیلی بەهۆی مووشەکێکەوە کە بەیت شەمێش کەوتە خوارەوە، کوژران. لە ئەنجامی ئەو کاریگەرییەدا 20 کەسی دیکە برینداربوون و باری تەندروستی دوو کەسیان سەختە. شەوی ڕابردوو، ژنێک لە تەلئەبیب کوژرا، هەروەها بە مووشەکێک کوژرا. چل باڵەخانە زیانیان بەرکەوتووە یان وێران بوون، ٢٠٠ کەسیش چۆڵکراون. ئەو شوێنانەی لێیان کەوتووە هەمیشە ئاشکرا ناکرێن، چونکە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل کارەساتی میدیایییان بەسەر ئەنجامی هێرشەکانی ئێراندا سەپاندووە. سوپای عێراق هۆشداری دایە ڕای گشتی و ڕۆژنامەنووسانی ناوخۆیی و بیانی لە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی قوربانییەکان یان ئاشکراکردنی شوێنی ئەو شوێنانەی کە بە ئامانج گیراون.

شورش عزیز سورمێ




شەڕی ئەمریکا لە ئێران بەرەو کوێ دەچێ؟.. ئاسۆ کەمال

دوو حکومەتی ئەمریکا و ئێران هاوشێوەن لەوەی کە بەبێ شەڕ و نائارامی لەم دەورەیەدا ناتوانن درێژە بە دۆخی مانەوەیان ئێستایان بدەن، ئەمریکا وەک زل هێزی جیهانی یان کۆماری ئیسلامی وەک هێزێکی ناوچەیی. هەربۆیە ئەم ململانێیە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ بەشێوەی ناڕاستەوخۆ، لەگەڵ نوێنەرەکانی ئێران، تا ئەمڕۆ کە جەنگێکی ڕاستەوخۆیە بەردەوامە. ئەم شەڕە تا گۆڕینی ئەم هێز هاوسەنگیە و تەسلیم بوونی لایەکیان درێژەی پێدەدرێ.
ئەمریکا پاش شکست پێهێنانی “بەرەی مقاوەمەت”ی ئێران لە غەزە و لوبنان و سوریا، بە هاوبەشی ئیسرائیل و هاوکاری سعودیە وڵاتانی خەلیج، ستراتیژی کردنە دەرەوەی ئێرانی وەک هێزێکی ناوچەیی گرتۆتەبەر و ئەمەش لە پێناو یەکلاکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە وەک بازاڕی سەرچاوەی وزە و ناوچەی نفوزی سەربازی بۆ ئەمریکا لەبەرامبەر چین و ڕوسیادا.
ترامپ وەک نوێنەری ئیمپریالیستی ئەمریکا نەزمی نوێی باڵادەستی ئەمریکای بەسەر جیهاندا لەڕێگەی هێزی سەربازیەوە دەسەپێنێ و هەر حکومەتێکی وەک ئێران کە مل بەداواکانی نەدا، وەک لابردنی بەرنامەی ئەتۆمی و موشەکی بالیستی ئەوا بە زەبری هێز و شەڕ ئەم خواستەی دەسەپێنێ. هەرچۆن لە فەنزویلا و کیشوەری ئەمریکا ئەم بەرنامەیە پیادە دەکا.
کۆماری ئیسلامی بەبێ چەکی ئەتۆمی و بەبێ موشەکی بالیستی دەبێتە ئەو حکومەتی ژێر دەستی ئەمریکا و ئەمەش لەگەڵ بنەمای ئیدیۆلۆژی و بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی ئەم کۆمارە ئیسلامیەدا نایەتەوە کە لەسەر بنەمای هێزی سەربازی حکومەتی سوپای پاسداران لە زیاتر لە چوار دەیەدا بنیات نراوە. ئەم دەزگا دەوڵەتیە ئیسلامیە سەربازیە لە سایەی نەوت و دەستێوەردانی ناوچەیی و سەرکوتی ناوخۆییەوە دەتوانێ خۆی ڕابگرێ و کوژرانی ژمارەیەک لە سەرانی کۆماری ئیسلامی ، کە جێگای خۆشحاڵی خەڵکی ئازادیخوازی ئێران و ناوچەکەیە، وە گەمارۆی ئابوری و لێدان لە نوێنەرەکانی لە عێراق و لوبنان و غەزە و یەمەن ناتوانن شکستی پێ بێنن و تەنیا دەتوانن لاوازی بکەن.
هەربۆیە ئەمریکا بۆ گۆڕینی ئەم ڕژێمە دەبێ ئەم بنەمایانەی کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا بگۆڕێت. ترامپ هێزی ئەم گۆڕینەشی لەناوەوەی ئەم ڕژێمە ئیسلامیە دەست ناکەوێ و لەدەرەوەی ڕژێمیش و لە نێو ئۆپۆزسیۆنی بورژوازی ئێراندا ئەم بەدیلەی بۆ پەیدا ناکرێ. هەربۆیە ئایندەی شەڕێکی درێژخایەنتری لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا دەبێ بۆ یەکلاکردنەوەی لە ڕێگەی هێزی سەربازیەوە و ئەمەش تێوەگلانی سەربازی سەرزەمینی بەدوای خۆیدا دێنێ کە کۆماری ئیسلامی دەیەوێ لەڕێگەی شەڕی درێژخایەن و ماندوکردن و بارگرانی ئابوریەوە پارێزگاری لەمانەوەی خۆی بکا.

کوژران و ماڵوێرانی ملیۆنەها خەڵکی کرێکار و هەژاری ئێران لەم شەڕی دوو هێزە کۆنەپەرستە بورژوازیەدا کارەساتێکی مرۆڤانەیە کە دەبێ بە بەرزکردنەوەی دەنگی ناڕەزایەتی لە ئێران و جیهاندا دژ بەهەر دوو بەرەی کۆنەپەرستی ئەمریکا – ئیسرائیل و ئێران بەری پێ بگیرێ.
ناڕەزایەتیە بەردەوامەکانی خەڵکی کرێکار و ئازادیخوازی ئێران و کوردستان کە لەم چوار دەیەدا قوربانی دەستی ئەم ڕژێمە ئیسلامیە تاوانکار و تیرۆریستە بوون، تەنیا فاکتەری ئومێدە بۆ گۆڕینی ئەم ڕژێمە و بەرگرتن بە هاتنەسەرکاری بەدیلێکی تری شاهانە یان سەربازی و کۆنەپەرستانەی تری بورژوازی لە ئێراندا. لەهەر فرسەتێکی لاوازبون و شکستی سەربازی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەتوانێ سود وەرگرێت بۆ نیشاندانی هێزی سەربەخۆی خۆی و بونە بەدیلی ئەم دۆخە دژوارە.

ئاسۆ کەمال




چـیرۆک لە چارەسەری کـێشە دەروونییەکانی منـداڵان.. رەزا شـوان

چـیرۆکی منـداڵان، فـۆرمێکی هـونـەرییـە، لە فـۆرمەکانی ئـەدەبی منـداڵان. چەمکـێکی گـشتگیرە، بەربەستەکانی زمان تێدەپەڕێنێت و بە ئاسانی لەگەڵ کولتوورە جیاوازەکاندا دەگـونجـێت. چـیرۆک تەنهـا ئامـرازێـک نـیـیە بـۆ خـۆشی و چـێژوەرگـرتـن و بـۆ کات بەسەربـردنی منـداڵان. بەڵکـو چـیرۆک بە درێـژایی مێـژوو، ئامـرازێکی پـەروەردەیی بەهـێز بـووە. کاریگەرییەکی بەهـێز و قـووڵی لەسەر ژیانی ئەمـڕۆ و داهـاتـووی هەر منداڵـێک هـەیە. ئامـرازێـکی گـرنـگە بـۆ پەرەپـێـدانی تـوانـا جـۆراوجـۆرە دەروونی و جەسـتەییـەکانی منـداڵان. هـۆیـەکە بـۆ رۆشـنبیریکـردنیان. کاریگەریی راسـتەوخـۆی لەسەر گەشەکـردنی دەروونی و خەیـاڵی و سـۆزداریی منـداڵان هـەیە.

چیرۆکی منداڵان وەک میتۆدێکی ناڕاستەوخۆ، رۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە دابینکردنی چـوارچێوەیەکی پـەروەردەیی و لە پەروەردەکـردنی خـۆتـێگەیـشـتـن و خـۆکـارایی و ئەزمـوونی تەنیـایی منـداڵان و مێـرمنـداڵان هـەیە. چـیرۆک زاخـاوی بـیـر و هـۆش و هـزریان دەدات. هاندەر و یارمەتیدەریانە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانیاری و زانستی گشتی و بۆ پەرەپێدانی خەیاڵ و داهـێـنان و بۆ پەروەردەکردنی رەفتارە کۆمەڵایەتییە جـوان و ئەرێـنیـیەکـانیـان.
پەروەردەکاران و دەروونناسان کـۆکـن لەسەر ئـەوەی، کە چـیرۆک هـۆیـەکی گـرنگە بۆ گەیـانـدنی ئـەو پەیـامە پەروەردەییانەی، کە دەمـانەوێـت بـە منـداڵانیان بگەیەنـین.
لە ئەمـڕۆدا ئێـمە لە جیهـانێکـدا دەژیـن، پـڕە لە داهـێـنان و لە گـڕانـکاریی ریـشەیی. بە تایبەت لەگەڵ بڵاوبـوونەوەی سۆشیال میـدیا و پـلاتـفـۆرم و مەکـۆ و تەکـنەلـۆژیا. بەکارهـێنانی ئـەم ئامـرازانە، کاریگەریی ئەرێـنی و نەرێـنییان لەسەر منـداڵان هـەیە. منـداڵان زیاتر لە جاران، رووبەڕووی ئاستەنگی و بەرۆکگـیری و کـێشەی دەروونی دەبنەوە. لەوانەش: دڵـتەنگی، دڵەڕاوکی، خەمـۆکی، تـووڕەیی، سـترێـسی، تا دەگاتە فـشارەکانی قـوتابخانە و ژیانی کۆمەڵایەتی و بێتوانایی لە پەیوەنـدیکردنی هـاوڕێـتی. چـیرۆکەکانی منداڵان، ئامرازێکی بەهـێزن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە دەروونییانە.
بۆ بەخـشیـنی هـیوا و گەشـبینی و ئاسـوودەیی و پارێـزبەنـدیی دەروونی بە مـنداڵان. ئەمەش متمانە بەخۆبوونیان پێدەبەخـشێت، کە خۆبەدەستەوە نەدەن. بتـوانن خۆیان لەگەڵیانـدا بگونجـێنن و رێگەی نـوێ بۆ دۆزینـەوەی رووبەڕووبوونەوەی کـێشە و ئاسـتەنگـییەکـانیان بـدۆزنـەوە.
بۆ نـمـوونە: کە منـداڵـێک دووچـاری دڵـەڕاوکی و ســترێـسی و وەسـواسی دەبـێـت. ئەگەر چـیرۆکـێکی لەسەر کارەکـتەرێکی هـاوشـێوەی خـۆی، بۆ بخـوێنـدرێتـەوە یان بۆی بگێڕدرێتەوە، کە بەسەر ئەو کێـشە دەروونییانەدا سەردەکەوێت. دەتوانێت چاو لـەو ئەکـتەرە خـۆڕاگـر و کـۆڵـنەدەرە بـکات. پـشـت بـە تـوانـای خـۆی ببـەستـێـت و هەستەکانی خۆی دیاری بکات و رووبـەڕووی کـێـشە و بەرهەڵـستییەکانی ببـێتەوە.
بێگـومان تەنـدروستی منـداڵان، کاریگەرییەکی راستەوخـۆی لەسەر کوالـیتی ژیانیان هـەیە. گەر منـداڵـێک تەنـدروسـتی دەروونی بـاش بـێـت، لە ئەنجـامی چـالاکـییەکانی رۆژانەیدا، رووبەڕووی هـیچ کـێشەیەک نابێتەوە. بە ئاسوودەیی ژیان بەسەردەبات.
تەنـدروسـتی دەروونی منـداڵان بـەو مانایـەیە، کە منـداڵان دەگـەنە قـۆنـاغـێک کە لە رووی سـۆزداری و گەشەکـردنـەوە، بە شێوەیەکی سـەربەخـۆ توانای بەدەستهـێنانی لـێهـاتـوویی کـۆمـەڵایـەتـیـیان دەبـێـت. ئـەو منـداڵانـە تـوانـای ئـەوەیـان دەبـێـت، کـە رووبـەڕووی ئەو بەرۆکگـیری و بەرهـەڵـستیانە ببنەوە، کە رووبـەڕوویان دەبنەوە.
تەندروستی دەروونی منداڵان، واتە چـێژوەرگـرتن لە دۆخی سەقـامگیری و ئاسوودەیی و هـەستکـردن بە ئاسایـش و تـوانـای پەیـوەنـدیکـردن بـە شـێوەیەکی کاریـگەر لەگـەڵ کەسانی دیکەدا. ئەمـەش لە رێگەی دروستکـردنی متـمانە بەخـۆبـوون و رێـزگـرتن لە لە یەکترەوە بەدەست دێت. جگە لە دابـینکردنی ژینگەیەکی خـێزانی هانـدەر و پاڵپشت.
چـیرۆکی منـداڵان بەوە ناسـراوە، کە کاریـگەرییەکی گـرنگی لەسـەر دەروونی منـداڵان هـەیە. بـەو پـێـیەی کـە چـیـرۆک بەشـدارە، لـە پـەرەپـێـدانی ئەنـدێـشەی منـداڵان و لە بەرزکردنەوەی توانـای هـزری و سـۆزدارییەکانیان. چـیرۆک یارمەتیی منـداڵان دەدات بۆ رزگاربـوونیان لە دڵـەڕاوکی و سـترێـسی و خـەمـۆکی و تـوڕەیی و گـۆشـەگـیـری و شـەڕانگـێـزی و مـووبـەکـردن و نـێـرگـزی و لە کەمخـەوی و بـێـزاری و بێ هـیـوایی.
چـارەسەری کـێـشە دەروونییەکانی منـداڵان، بە خـوێنـدنەوە یان گـێڕانەوەی چـیرۆک بۆ ئەو منـداڵانەی کە دووچاری گـرفـتی دەروونی بـوونە. یەکـێکە لە شـێوازە چارەسەرییە سـتراتیـژییە مـۆدێـرنەکان. ئامـرازێـکە یارمـەتیی ئـەو منـداڵە دووچاربـووە دەروونیانە دەدات. بۆ گۆڕینی شـێوازی بیـرکردنەوە و هـەست و ئەزمـوونە ئـازار بەخـشەکـانیـان. بۆ بینینی خۆیان لە پێگەی جیاوازدا و لە چەند گۆشەیەکەوە سەیری کێشەکانیان بکەن. بەمـەش ئـاسـوودەیی و ئـارامی دەروونی بەدەســت دەهـێـنـن و یـارمـەتیـان دەدات، بـۆ رزگاربـوون لـە فـشار و لە دڵـەڕاوکی و خـەمـۆکی و شەرمنی و لە تـرس و لـە کـێـشە دەروونی و سـۆزداری و کـۆمەڵایـەتییەکـانیان.

چـیرۆکی چارەسەر، یارمەتیی منداڵان دەدات بۆ بەرزکردنەوەی: توانای پەیوەندیکردن، پەرەپێـدانی ئەنـدێـشە و داهـێنان، باشـترکردنی سەرنجەکـانیان، وریـایی و هـشیارییـان، ئاسانکردنی فـێربوون و شارەزابـوونیان لە کەرامەیی کۆمـەڵایەتی. هەرەها شێوازێکە، یارمەتـیی منـداڵان دەدات، کە بە شـێوازێـکی کاریگەرتـر رووبـەڕووی کـێـشەکانیان و ئـەو بەرۆکگـیرییانە ببـنەوە کە دێنـە رێيـان. چـارەسـەری بنیاتـنەریان بـۆ بـدۆزنەوە.
بـۆ نمـوونـە، لـەوانـەیە منـداڵـێک هـەسـت بـە تـووڕەیی و گـرژی و دڵـتەنـگی بـکات، نەتوانێـت بە شێوازێکی کاریگەر دەریببڕێـت. دەکرێـت بە گێڕانەوەی یان خوێندنەوەی چـیرۆکـێکی مەبەستـدار دەربارەی کارەکـتەرێکی خەیـاڵی، کە هـەسـتێکی هـاوشـێوەی هەیە، ئەم چیرۆکە یارمەتیی منداڵەکە دەدات کە هەستەکانی بناسێتەوە و باسیان بکات.
بە کورتی چـیرۆکی چارەسەر یان (بـیـبلـۆتیـرابیا) شێوازێکە، کە چـیرۆک و نەزیـلە و حـیکایـەتی مەبـەستدار و گونجـاو، بۆ یارمـەتـیـدانی منـداڵان بۆ رووبەڕووبوونەوە و چـاکـبوونەوە، لە کـێـشە و گـرێ دەروونی و کـۆمـەڵایـەتـییەکانیـان بەکاردەهـێـنرێـت.
ئـەو چـیرۆکانەی کە دەربارەی، ئازایـەتی و خـۆڕاگـری و کـۆڵـنەدان و سـەرکەوتـن و گەشبینی و هـیوان، دەتـوانـن ئیـلهـامبەخـشبن بۆ منـداڵان و بۆ پەروەردەکـردنی خاڵە بەهـێزەکانیان، دەبنە هـاندەریان بۆ خایـاڵکـردن و داهـێنان و بۆ دۆزینەوەی شێوازی نـوێ، بـۆ رووبـەڕووبـوونەوە و زاڵـبـوون بەسـەر کـێـشە دەروونـییەکـانیان.
دکـتۆر (مـۆریـس رینـیک) لە پەنجـاکان و شەستەکانی سـەدەی بیـستەوە، چـیرۆکی چـارسـەری، بـۆ چـارەسـەرکـردنی کـێـشە دەروونیـیەکـانی منـداڵان بەکـارهـێـناوە و تەکـنیکەکـانی هـونەری گـێڕانـەوەی چـیرۆکی پـێـشکەش کـردووە.

دوبـەی: ٢٠٢٦