کوشتنی ژنێک بەر لە 8ی مارس.. جوتیار مەلا رەئوف

کە هەواڵەکە گەیشت و بڵاوکرایەوە، شاری بەغدا هێشتا تاریک بوو، هەواڵی کوشتنی ژنێک بوو، تەنها ژنێک.. ئەو نە ژەنەڕاڵ، نە سوپاسالار، نە وەزیر، نە پەرلەمانتار، نە کەسایەتیەکی ناو دەسەڵات بوو، ئەو تەنها ژنێک بوو لە ناو جەرگەی کۆنەپەرستیدا قسەی کردبوو، ژنێک کە ڕەتیکردبووەوە بێدەنگ بێت، ژنێک کە باوەڕی وابوو ئازادی نابێت ئیمتیازێک بێت، بەڵکو دەبێت بنەما بێت بۆ ژیانی مرۆڤەکان بە یەکسانی.
ڕەنگە بەو زووانەش، یان چەند ڕۆژیتر ناوی ئەو، لە ناو میدیاو هەواڵەکاندا نەمێنێت، چونکە لە وڵاتێکدا کە بەهۆی جەهل و شەڕ و تەقینەوەی ڕۆکێتوو و قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانەوە هەژاوە، کوشتنی ژنان بە خێرایی دەبێتە تەنها ئامارێکی دیکە لە ئاماری توندوتیژیدا.
چەندە بە ئازارە کە کەمێک بەر لە 8ی مارس، لە کاتێکدا ڕێکخراو و حیزبوو دامودەزگا و میدیاکان ئامادەکاری دەکەن، وتار لەسەر مافەکانی ژنان ئامادە دەکەن و سیاسەتمەداران و پیاوانی دەوڵەتوو پەرلەمانتار پەیامی ساڵانەی خۆیان لە رووی زمانەوانی و ئەدەبیەوە بە بێ هیچ گۆرانکاریەک دادەڕێژنەوە، لە شوێنێک، لە گۆشەیەکی تاریکی شاری بەغدا ژنێک دەنێژرێت کە تاکە (تاوانەکەی) تەحەدای جەهل و کۆنەپەرستی و نەزمی پیاوسالاری و دەستەڵاتی مەزهەبگەرا بووە، چەندە خەمێکی قوڵە بۆ ئەو مرۆڤانەی کە لە خەمی کەرامەتی ئینسانی و هاوتایی دان، کە تا دێت لە ناو کۆمەڵگای عێراقیدا نەریتە پیاوسالاری و مەزهەبگەراکان بەهێزدەکرێن و وەکوو یاسا دادەڕیژرێن و بەردەوامیان پیدەدرێت، لەلایەن دەسەڵات و مەرجەعە ئایینییەکانەوە شەرعیەت وەردەگرن و لەلایەن گروپە سیاسییەکانی ناو دەستەڵاتەوە دەپاریزرێن، لە ناو ئەو پێکهاتەیەدا جەستەی مێینە وەکوو خاکێک دەبیندرێت کە دەبێت چاودێری و کۆنترۆڵ بکرێت، لە ڕێگەی ئەخلاقەوە، لە ڕێگەی خێزانەوە، لە ڕێگەی ئایین و هەندێکجاریش لە ڕێگەی توندوتیژی ئاشکرادا.
لە ناو رایەڵە جیاوازەکانی کۆمەڵگای عێراقیدا ئەو جۆری کۆنترۆڵە بە تایبەتی بووەتە دیاردەیەکی زۆر دڕندانە و نا ئینسانی، دوای دەیان ساڵ لە شەڕ وماڵوێرانی و هەڵوەشاندنەوەی ستراکچەری سیاسی، سیستەمێکی سیاسی دەستی بەسەردا گرتووە کە حزبە ئایینییەکان و پێکهاتەکانی دەسەڵاتێکی کۆنەپەرست کاریگەرییەکی بەرچاویان لە ناویدا هەیە، زۆرێک لەو هێزانە بەناوی جیاجیای
ئایین، ئەخلاق، یان ناسنامەی نەتەوەییەوە قسە دەکەن و بەردەوام سیاسەتەکانیان نوێنەرایەتی گەڕانەوە بۆ نۆرمەکانی پیاوسالاری و کۆنەپەرستیەکی پێناسەنەکراو دەکەن، ئەوەی کە ئەوان چاورێی دەکەن تەنها ئەوەیە کە ژنان هەڵگری شەرەفی کۆمەڵگا بن، چاوەڕوان دەکەن کە ژنان ئەخلاقی میللەت و نەتەوە بەرجەستە بکەن، چاوەڕوان دەکەن کاتێک پیاوان باسی سیاسەت دەکەن ژنان بێدەنگوو دەمبەستراو بن، وە ئەگەر بێدەنگیش نەبن، نرخەکەی دەتوانێت ئەوەبێت کە دەیبینین.
کوشتنی چالاکوانانی ژن هەرگیز تەنیا تاوانێکی تاکەکەسی نییە، پەیامێکی ڕوونە، پەیامێک بۆ هەموو ئەو ژنانەی کە بوێرن و دەنگیان لە بەرامبەر ئەو جەهل و نەزمە پیاو سالاریە دینیەدا بەرز دەکەنەوە.
یەکێک لەو دەنگە هەرە بەرزو گرنگانە لە ناو ئەو تیکۆشانەدا، چالاکوانی داکۆکیکاری مافی ژنان (یەنار محەمەد)بوو، ئەو ساڵانێکی زۆر دژی کوشتنی شەرەف و توندوتیژی پیاوسالاری و دەسەڵاتی سیاسی حزبە ئایینییە کۆنەپەرستەکان لە عێراقدا خەباتی کرد و تێکۆشا، (یەنار محمد) چەندین رێکخراوی بۆ پاراستنی ژنان دامەزراند، پەناگەی نهێنی بۆ ئەو ژنانە دروستکرد کە لە کوشتنی شەرەف هەڵدێن و دەنگی بەرزی بەو کەسانە بەخشی کە ساڵانێک بوو بە بێدەنگی لە سێبەردا دەمانەوە، بۆ زۆرێک لەو ژنانەی کە ژیانیان لە ژێرهەڕەشەدابوو، ئەو پەناگانە وەکوو تاکە شوێنی سەلامەت بۆیان چانسی مانەوەیان بوو.
یەنار محمد چەندین جار هەڕەشەی کوشتن و ناوزڕاندنی لێ کرابوو، بە دوژمنی ئایین و نەریتوو کۆمەڵگا ناوزەد کرابوو، هێزە سیاسییە کۆنەپەرستەکان هەوڵی بێبەهاکردنیان بە تێکۆشان و کارەکانی دەدا، چونکە ئەو حەقیقەتێکی سادەی بەیان دەکردوو قسەی لە بارەوە دە کرد، ئەویش ئەوەبوو کە چەوساندنەوەی ژنان رێکەوتوو چارەنووسێکی فەرهەنگی نییە، بەڵکو سیستەمێکی سیاسیی و کۆمەلایەتیی و مەزهەبییە، سیستەمێک کە لایەنە سیاسیەکان بە بەهێزی بەرگری لێدەکەن و بەکاری دەهێنن، سیستەمێک کە لەلایەن پێکهاتە خێزانییە پیاوسالارو مەزهەبیەکانەوە لە ناو کۆمەڵگەی عێراقی بە خراپترین شێوە بەرهەم هێنراوەتەوە.
کوشتنی یەنار محمد لە بەغدا چەند ڕۆژێک بەر لە 8ی مارس، ئەوە نیشان دەدات کە قسەکردن لەسەر مافی ژن لە ناو ئەو کۆمەڵگایەو لەبەرامبەر ئەو دەستەڵاتە پیاوسالارو مەزهەبیەدا چەندە بە سەرپێی و بە ڕاستەقینەیی دەبێت بمێنێتەوە.




بەهای مرۆڤ لە شیعرە کوردییەکانی مەحوی شاعیردا!.. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

یەکێک لەو شاعیرە عاریفانەی کە دەقە شیعرییەکانی زۆرترین لایان لێکراوەتەوە و تا ئاستێکی باش سەرنجی توێژەران و خوێنەرانی کوردیان بەلای خۆیاندا ڕاکێشاوە، مەحوی شاعیرە. مەحوی کە سەرەتا بەنازناوی(مەشوی) دەینووسی، شاعیرێکە بەتامی تەسەوف و عیرفان. ئەو شاعیرێکی تەریقەتی نەقشبەندییە و قاڵبووەوەی نێو دنیابینی تەسەوف و ئاینی ئیسلامە و سەر بە ڕێبازی (ئەشعەری)یە و شارەزایی لە زمانەکانی تورکی و عەرەبی و فارسی هەبووە. جیهانبینی مەحوی؛ جیهانبینییەکە تەژی لە خوداپەرستی. هەر لێرەوەش مەحوی لە دەقە شیعرەکانیدا ڕووی لەهەر بابەت و باسێک کردبێت، لەژێر چەتری ئەم جیهانبینییەدا بەسەری کردووەتەوە و ئاوڕی لێ داوەتەوە. مەحوی شاعیر زۆرجار وشەی حەزرەت وەک پێشگرێک لەلایەن توێژەران و خوێنەرانی شیعرەکانی لەبەردەم ناوەکەیدا دائەنرێت و هەندێکجارییش لەلایەن نێوەندی ئەدەبی کوردی پیرۆز دەکرێت و بە (زات) ناو دەهێنرێت و وەک فەیلەسووف وێنا دەکرێت. شیعرەکانی مەحوی تێگەیشتنیان ئاسان نییە چونکە زۆربەی جار پەنای بردۆتە بەر ژیربێژی و جیناس (ڕەگەزدۆزی) و قسەی نەستەق و کینایە. ئەم شاعیرە لەسەردەمێکدا ژیاوە کە کوردستان لەژێر دەسەڵاتی سیاسی خەلافەتی عوسمانیدا بووە. مەحوی لەژێر سێبەری ئەو خەلافەتە گەندەڵ و دژە دیموکراسییەی عوسمانییەوە کە بچووکترین مافی میللەتانی ژێر دەسەڵات و قەڵەمڕەوییەکەی لەبەر چاو نەگرتووە و لەوەش واوەتر هەر دەنگێک کە دژ بە خەلافەتی عوسمانی بەرزکرابێتەوە، بێڕەحمانە سەرکوت و خەڵتانی خوێنی کردووە. لەسەرەتای سەدەی نۆزدە؛ واقیعی ئابووری و کۆمەڵایەتی کوردستانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی، دەرەبەگایەتی بووە و (دەوڵەتی عوسمانی سوود و قازانجی لە مانەوە و درێژەپێدانی پەیوەندی بەرهەم‌هێنانی دەرەبەگایەتیدا دیوەتەوە.)(١)ژێرخانی ئابووریش لەئاستێکی لاوازدا بووە. بەرهەمهێنانی سەرەکی لەو قۆناغەدا دانەوێڵە و کشتوکاڵ بووە و ئەمەجگە لە بوونی هەندێ پیشەی دەستیی و خۆماڵی بچووک لەچەشنی سەڕاجی و مسگەری و دارتاشی و تەونکاری و ئاسنگەری و عەلافی و چەخماخچی و ناڵبەندی و.تاد. دانیشتوانی ئەوسەردەمەی کوردستان ڕێژەیەکی ئێجگار زۆریان نەخوێندەوار بوونە و بڕوای زاڵ لەو قۆناغە، بڕوای چینی دەرەبەگەکان بووە و لەڕووی ئاینیشەوە ئیسلام و خواپەرستی تەواوی کۆمەڵگەی داپۆشیبوو، ئەمە جگە لە بوونی ئاینزاکانی تری وەک مەسیحی و جوولەکە و زەردەشتی و یەزیدی کە کەمترین ماف و ئازادییان پێڕەوا بینرابوو. بەلای مەحوییەوە هەرکەس ڕەخنە لە ئاینی ئیسلام بگرێت، جگە لەوەی پێیوایە ڕەخنەکانی درۆن، لەهەمانکاتیشدا ڕەخنەگر سەگ و بەراز و مولحیدە.
بە تەکذیبی کەسی وا ، ناکەسێ جورئەت بکا (لاشک)
سەگی هارە ، بەرازە، مولحیدە، بووجەهلە، شەیتانە.(٢)
ئەم هەموو سووکایەتییە( ناکەس، سەگی هار، بەراز، مولحید، بووجەهل، شەیتان) بە ڕەخنەگرێکی غەیرە موسوڵمان یان هەر ڕەخنەیەک لە بیروباوەڕی ئیسلام، نیشانەی پرسیار لەسەر ئاستی هوشیاری مەحوی عاریف و سۆفی دادەنێت. لەلایەکی تریشەوە چەمکی بەهای ئینسان لەدیدی شاعیرەوە بەندە بە قبوڵکردنی ئاینی ئیسلامەوە. لەم سۆنگەیەوە دەبینین ئایدیای دەقە شیعرییەکانی مەحوی و تێڕوانینەکانی لەبازنەی ئەو دۆخە سیاسی و ئابوورییەی ئەوسای کوردستان خولاوەتەوە، لەکاتێکدا شاعیر چووەتە دەرەوەی کوردستان و سەردانی وڵاتی سعودییەی کردووە بۆ حەج کردن و هەروەها سەردانی شاری قوستەنتینە و بیلادی (ڕۆم)یشی کردووە. شاری قوستەنتینە لەو سەردەمە ناوەندێکی ئاینی و زانستی و کلتووری بووە و بەرکەوتنی هەبووە لەگەڵ ئاڵوگۆڕە زانستی و کلتووری و ئابوورییەکانی ئەوروپا. واتە بەرکەوتنی هەبووە لەگەڵ دەرئەنجامەکانی ڕینێسانسی ئەوروپا. کاتێکیش مەحوی شاعیر چۆتە ئەوێ ئەو بەرکەوتنەی نەبینوە یان تێڕوانینە ئاینییەکەی ڕێگر بووە لە بینینی ئەو بەرکەوتنە. چونکە شاعیر لەبری ئەوەی لە هەوڵی فراوانترکردنەوەی مەعریفە و ئاسۆی بیرکردنەوەی خۆی بێت، چووەتە دیوانی سوڵتان عەبدولحەمید و وەک پەیڕەوکەرێکی تەریقەت کەوتۆتە ستایشی خەلیفەی خوێنڕێژ و سەرکوتگەر،ئەویش لەپێناو بڕێک پارە یان وەک محەمەدی مەلا کەریم دەڵێت (مەعاشێک بەناوی خزمەتکردنی هەژاران) ی (٣) بۆ بڕدراوەتەوە.
شەخصێکی ساحێب ئەحواڵ پرسی کە ئەی ئەفلاطون
یۆنانییانی قەومت بۆچی بە دەردی سەگ چوون.(٤)
شاعیر بێئاگا نەبووە لە جیهانی فەلسەفەی یۆنان، ئەوەتا ئەفلاتوون وەک فەیلەسوفێکی کلاسیکی یۆنان، کە کاریگەرییەکەی بەسەر دنیای فکر و فەلسەفە کە تا ئەمڕۆش درێژبووەتەوە، دەکەوێتە بەر تیری سووکایەتی و بێڕێزی ئەم شاعیرە متەسەوفەی ئیسلام. ئەمە هەر بێڕێزی نییە بە ئەفلاتوون بەتەنها، بەڵکوو بێڕێزییە بە دنیای بەها و فکر و فەلسەفە. هەروەها لە دنیای شیعری مەحوی لێبووردەیی و ئاشتی و پێکەوەژیانی تێدا بەدی ناکرێت و لەڕوانگە و جیهانبینی شاعیرەوە، ماف بەهیچ میللەت و کەسێک بەڕەوا نابینرێت کە ملکەچی شمشێری ئیسلام و خەلافەتی خوێنمژی عوسمانیی نەبێت. بەهای مرۆڤ لای مەحوی لە ئیلتزامە ئاینییەکەوە شوناس وەردەگرێت. لەم گۆشەنیگایەوە شوبهاندنی گەلی یۆنانی خەباتگێڕ بە سەگ کە دژ بە خەلافەتی عوسمانی و کە لەپێناو ئازادی ژیان دەجەنگان، دووجار سووکایەتی تێدایە. جارێک بێڕێزی کردنە بە خەباتگێڕانی یۆنان لەپێناو ئازادی. جارێکیتریش بێڕێزی کردنە بە سەگ، کە ئاژەڵێکی بەسووک تەماشاکراو و حیساب بۆنەکراوە لە کلتووری ئیسلامدا. لەکاتێکدا هەموو دەزانین لەمێژووی مرۆڤایەتیدا سەگ ئاژەڵێکی بەوەفا و هاوڕێیەکی دێرینی مرۆڤە. جگە لەمەش لای شاعیر پەیڕەوکەرانی ئایینی غەیرە ئایینی ئیسلام (جوولەکە بەنموونە) ناشیرین و ناپەسندن. هۆیەکەش ئەوەیە کە مەحوی جگە لە پەیڕەوکەرانی ئاینی ئیسلام، کەس بە مرۆڤ نازانێت.
ڕیشێکی پان و ، تووکی بناگوێ درێژ و لوول
صۆفی لە دینی لادە بە دیمەن لە جوو دەکا.(٥)
جوو لای شاعیر دیمەنی قەبیحە و ئەمەش سووکایەتییە بە جووەکان و ئاینەکەیان. جگە لەمەش سنووری سووکایەتیکردنی مەحوی فراوانتر دەبێتەوە و هەر بە ئاینی جوولەکە ناوەستێت و پەل دەهاوێت بۆ خودی خۆشی و سووکایەتی بە خۆی دەکات و خۆی بە سەگ دەشوبهێنێت.
دەخیلی ئەو سەگی بەر قاپییەم جارێ بە یەگجاری
سەرئەفرازم بکە ، فەرموو، سەگی بەر دەرکی خۆمانە
وەکو (جامی) دەڵێ ، دەم وشک هەڵاتوو من سەگێکی گەڕ
جگەر تینووم و دەخوازم نمێ لەو بەحری ئیحسانە.(٦)
چاویلکەی تێڕوانینەکانی مەحوی شاعیر بۆ بەهای ئینسانەکانی کۆمەڵگەی سەردەمی خۆی، چاویلکەیەک بووە بارگاوی بە ئایین و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی سیستەمی دەرەبەگایەتی. شیعرەکانی مەحوی کە لەڕاستیدا ڕووبەند (واجیهە)ی بەرژەوەندی چینایەتی دەرەبەگایەتی و سیاسەتی خەلافەتی عوسمانین، بایی گەردێک دڵ ئێشانی بۆ خەلافەتەکەی عوسمانی و خەلیفە و دەست و پێوەندەکەی تێدا نییە، کەچی دژ بە نەیارانی خەلیفە درێغی نەکردووە لە سووکایەتی و تا توانیویەتی بێبەهای کردوون. مەحوی گێچەڵ بە پەیڕەوکەرانی ئاینی فیرعەونەکانیش دەکات کە نزیک بە دوو هەزار ساڵ بەر لە پەیدابوونی ئیسلام ژیاون.
چوو ئەو فیرعەونە حیزە بۆ جەهەننم، قوڕ بەسەر هامان
دەبێ ئەسبابی زووتر چوونە خزمەت ئەو بدا سامان
لەوانە و هەم لە ئەمثالی ئەوانە یاڕەبی هەر ئان
جەهەنم پڕ بکەن، جەننەت تەهیی بێ بۆ موسوڵمانان. (٧)
هەجووکردنی فیرعەونی میسر بە (حیز) و قوور بەسەربوونی (هامان)ی وەزیری فیرعەون، ئاستی دواکەوتوویی مەحوی نیشان دەدات.(٨) لێرەدا شاعیر بەگژ فیرعەوندا چووە کە لەسەردەمی ئەو فیرعەونانە سەرسوڕهێنەرترین داهێنانیان لەبواری پزیشکی و بنیادنانی هەڕەمەکاندا کردووە و شارستانییەتی مرۆڤایەتیان بە توانا پزیشکی و زانستییەکانیان سەراسیمە کردووە و تا ئێستاش نە تەکنەلۆژیای نوێ و نە ژیری دەستکردیش نەیانتوانیوە بۆ ئەو توانا زانستییەی فیرعەونەکان، شیکارێکی زانستی قەناعەتکەر بدەن بەدەستەوە. ئەوە ڕاستە هەم فیرعەونەکان ستەمکار و چەوسێنەر بوونە و هەمیش هەجوو لە شیعردا هەمیشە بوونی هەبووە، بەڵام ئەمانە بیانووی قەناعەتپێکەر نین تا مەحوی دەست ئاوەڵا بێت بۆ هێرش کردنە سەر مێژوویەک و شارستانییەتێک کە کورد و ئیسلام بەم واقیعەی ئێستایانەوە تا ئەبەد پێی ناگەن!
لەبواری کۆمەڵایەتیشدا مەحوی ڕووی لە پیاوانی کۆمەڵگەی کوردییە و بەدەگمەن ئاوڕی لە ژن داوەتەوە. کە ئاوڕیش دەداتەوە جگە لە بێبەهاکردنی ژن؛ شتێکی تر ناڵێت. ژن لای مەحوی کائینێکی سووک و بە کەم تەماشا کراوە.
هەی لە ژن کەمتر! موعەططەل بۆچی؟ نەی ژەن! لێدە نەی
ساقیا!ساقی شکێ، بەس ڕابوەستە، بێنە مەی.
ئەو قوڕومساغە دەڵێن پیری موغانە پێی بڵێن
پیری ئاخر شەڕ! دەری مەیخانە تاکەی دادەخەی؟! (٩)
محەمەدی مەلا کەریم زۆر هەوڵیداوە ئەم لەکە کۆنەپەرستییە لەنێوچەوانی شیعری مەحوی پاک بکاتەوە و ئەم شوورەییەی مەحوی بشارێتەوە، وەلێ نەیتوانیوە. محەمەدی مەلاکەریم لە شەرحی ئەم چوارینەیەدا دەڵێت( لەم بەیتەدا (ژن) بووە بە قوربانی دروستکردنی وشەئاراییەک بۆ هاوسەنگ کردنی لەگەڵ وشەی (نەی ژەن)دا، لەکەی کۆنەپەرستانەی ژن بە سووک زانینیشی هەر لەپێناوی ئەو وشە ئاراییەدا نووساوە بەناوچاوی ئەم چوار خشتەکییەکی مەحوییەوە.) (١٠) . لەم شەرحە کورتەدا محەمەدی مەلا کەریم دوو بیانوو دەهێنێتەوە تا مەحوی لەم کارەساتی کۆنەپەرستییە ڕزگار بکات. یەکەمیان: وشەئارایی و هاوسەنگکردن. دووەمیان: کورتکردنەوەی لە تەنها چوارخشتەکییەک. محەمەدی مەلا کەریم دەیەوێت فێڵ لە خوێنەران بکات و ئەوە بە خوێنەر بڵێت کە شاعیر لە ڕاستیدا کۆنەپەرست نییە و تەنها لەپێناو شیعر و هاوسەنگی وشە لەم چوارخشتەکییەدا ئەم گەمەیەی بە وشەکان کردووە. بەڕای من؛ محەمەدی مەلا کەریم کەخۆی پاشخانێکی مەعریفی پێشکەوتووخوازیی هەبوو، نەدەبوو خۆی بخستایە بەردەم ئەم ئیحراجییەی خوێنەران. بەڵام ئەم بیانووەی محەمەدی مەلا کەریم هێند بڕ ناکات تا خودی مەحوی ئەفسانەی ئەم بیانووە بەتاڵ دەکاتەوە.
منم وەک ئەو ضەعیفە، ئەم قەصیدە، ئەو گلە دەزوە
ئەمن کڕیاری ماهی ( لا مکان)، ئەو ماهی کەنعانە.(١١)
لەم دێڕەی سەرەوەدا محەمەدی مەلا کەریم و مەلا عەبدولکەریمی مودەریس هەردووکیان لە شەرحی وشەی (ضعیفە) نووسویانە (ئافرەتی بێدەسەڵات). من ڕووی ڕەخنەم لە بنچینەدا لەوان نییە ئەوەندەی ڕووی ڕەخنەم لە مەحوی شاعیرە کە ژن لای ئەو زەعیف و بێدەسەڵاتە. ئەوە ڕاستە کۆمەڵگەی کوردەواری لەو سەردەمەدا ئاوا تەماشای ژنیان کردووە، بەڵام مەحوی وەک خوێندەوارێکی سەردەمەکەی تێڕوانینی بۆ بەهای ژن هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ تێڕوانینی کەسێکی نەخوێندەوار.
شێخێ هەمەوەندێکی دەدا پەند و نەصیحەت
ئەو قوڕبەسەرەی دابووە بەر فەحش و فەضیحەت
خۆش هاتە جواب و وتی، تۆ حەقتە فەقەط من
قوططاعی طەریقم، نەکو قوططاعی طەریقەت (١٢)
مەحوی لەم چوارینەیەدا دوو پلار دەهاوێت. یەکەمیان ڕوو بە شێخە و وەکو قوططاعی طەریقەت یان جەردەی تەریقەت وێنای دەکات. دووەمیشیان ڕوو بە هۆزی هەمەوەندە. کاتێک وەکو قوططاعی طەریق یان ڕێگر دەیان ناسێنێت، شاعیر ئەم سیفەتەی بەسەر هەموو هۆزی هەمەوەنددا گشتاندووە. واتە هەمەوەندییەکانی کردووە بە ڕێگر و جەردە. ئەم گشتاندنە، بێبەها نیشاندانی هەمەوەندییەکانە.
ڕەشێ، بۆ کوشتنی، یەک ڕوورەشی بەدەستەوە بوو
بەدزیەوە وتی: فتوادە، ڕوخصەتم فەرموو
وتم: کە دەرئەکەوێ زوو کە ئەم غەزاکەرە تۆی
بەدەستی سەوز و سپی بوونەوەی جەماڵی ڕوو (١٣)
ئەم شیعرەی شاعیر هەر تەنها نمایشی ئاستی بەلاغە و توانای شیعریی مەحوی نییە، بەڵکو نمایشی فەتوایە دژ بە کوشتنی کەسێک کە بەلای مەحوییەوە ڕووڕەشە. ئەم فەتوایە دژ بە کەسێکە گەر بکوژرێت دەستی بکوژەکە(غەزاکەرەکە) سەوز و ڕووشی سپی دەبێت. سەرچاوەی فەتواکەی شاعیر شەریعەتی ئایینە و تاوانبار دیار نییە کە تاوانی چییە. لێرە نە دادگا و نە گەواهی و نە بەڵگە و نە سەلماندن لەئارادانین. ئەوەی هەیە کەسێک لەلایەن مەحوییەوە فەتوای تیرۆرکردنی دەردەچێت. ئەم دیمەنە هەمان دیمەنی تیرۆرکردنی (جەماڵ عیرفان و فەرەج فۆدە و عەبدولخالق مەعروف و ناهض حتر و طاهر جاووت و فەرهاد فەرەج و ..تاد)مان دێنێتەوە یاد. مەحوی بایی گەردیلەیەک هەستی ئینسانیی تێدا نابزوێت و بچووکترین حیساب بۆ بەهای مرۆیی ناکات، بەڵکو لەبری ئەوە تیرۆری جەستەیی وەک چەکێک لەبەرانبەر نەیارەکانی ئاینەکەی بەدەستەوە دەگرێت.
مەحوی دژایەتی هەندێک مەلا و شێخ و واعیزیشی کردووە، ئەویش لەبەرئەوەی بەپێی پێویست ڕێی ئایینان نەگرتووە، بەڵام هەرگیز دژایەتی دەسەڵاتی سیاسی و خەلافەتی نەکردووە. شاعیر بە ستایشکردنی دەسەڵات، هەم دەستگیرۆیی کراوە و هەمیش خانەقای لە شاری سلێمانی بەناوی (خانەقای مەحوی) بۆ کراوەتەوە. ئەم نزیکایەتییەی مەحوی بۆ دەسەڵاتی خەلافەتی عوسمانی و بەیعەتدانی بە خەلیفە، نیشاندانی بێدەنگی و ڕازیبوونە بە سیاسەتەکانی دەسەڵاتی ستەمکاری عوسمانی و ئەو تاوانانەی کە دەرهەق بە مرۆڤایەتی ئەنجامی داوە. جگە لەمانەش ئینسان لای شاعیر هەر بۆ ئیتاعەی دەسەڵات و خواپەرستی دروستکراوە، بۆیە ئەو ئینسانە دروست نییە دڵخۆش و شاد بێت و پێبکەنێت، بەڵکو دەبێت بگری تا ڕەحمی خوای پێدەگات. شاعیر هێندە وشکپەرست و هۆگری گریان بووە، پێکەنینی بە مرۆڤ ڕەوا نەبینیوە. بێگومان ئەم داوایەی شاعیر پێچەوانەی سروشتی مرۆڤە.
لەگەڵ فەریاد و گریە حاضرە فەریادڕەسی (مەحوی)
(لیبکوا) ڕێ دەدا پیری تەریقەت طیفلی ساوا بێ.(١٤)
لەشیکردنەوەی بەهای مرۆڤ لای مەحوی، بچووکترین خاڵی پرشنگدار نابینین کە وەک فریادڕەسێک بتوانێت فریای شاعیر بکەوێت و لەدەرەوەی پۆلینبەندی (کۆنەپەرستی)، پۆلینی بکات. ئەم کۆنەپەرستییەی مەحوی هێندە تۆخە کە محەمەدی مەلا کەریم لە چەند جێگایەکی دیوانی مەحوی ناچار بووە و ڕووی ڕەخنە لە شاعیر بکات و ئەو ڕاستییە بدرکێنێت.(١٥)
سەرەنجام مەحوی شاعیر؛ پشتیوانی سیستەمی دەرەبەگایەتی و خەلافەتی عوسمانی بووە و بیرکردنەوەی نێو شیعرە کوردییەکانی (١٦) چەند فرسەخ دوورن لە بەها و ئەندێشەی ئینسانیی. هەربۆیە جگە لە سووکایەتی بە خۆی وەک ئینسان، دژایەتی میللەتان و کارەکتەرەکانی نێو مێژووی مرۆڤایەتی و تەنانەت ئاژەڵەکانیشی کردووە و بە شان و باڵی سوڵتان عەبدولحەمیدی خوێنمژی عوسمانی و حەمەعەلی شای قاجاری هەڵدەداوە. شاعیر (هەستێکی قەدەرییانەی پاشکەوتووش لە بیریدا بەدی دەکرێ کە ئینکاری هەموو هۆیەک دەکا لە ژیاندا و ئینسان دەکا بە پۆشەیەک بەدەم بای قەدەرەوە. ئەمە جگە لەوەی زۆرێک وشەی قاموسی وای بەکارهێناوە لە جیهانی ئەدەبی فارسی نەک ئەمڕۆ؛ بەڵکو لە سەردەمی مەحوی خۆشیدا بە وشەی مردوو و لەکارکەوتوو دادەنرێن. هەروەها شیعرە فارسییەکانی هەر دووبارەکردنەوەی شیعرە کوردییەکانی خۆین.)(١٧) مەحوی ئینسانەکانی دەرەوەی بازنەی باوەڕی ئیسلام بە بێبەها بینیوە. ژن لای ئەم شاعیرە کلاسیکە متەسەوفە کە ئەدەبی کوردی شانازی پێوە دەکات، بێبەها و بەسووک تەماشاکراوە و هەروەها شاعیر چەکی فەتوای بەکار‌هێناوە و ڕێگەی داوە لەژێر سێبەری فەتواکەی کردەی تیرۆر ئەنجام بدرێت. بۆیە لەبەر ئەم هۆکارانە مەحوی شاعیر هەڵگری بیروباوەڕی کۆنەپەرستانەیە و پیرۆزکردنی ئەم شاعیرە و شیعرەکانی، پیرۆزکردنی کۆنەپەرستییە و بەهای مرۆڤ لە جیهانبینی ئەم شاعیرە کلاسیکییە متەسەوفەی کورد، لەئاستێکی زۆر لەخوارە!.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦

—————————————————————————–
سەرچاوە و پەراوێزەکان :
(١)کەمال مەزهەر ئەحمەد، چینی کرێکاری عێراق دروستبوون و سەرەتای بزووتنەوەکەی، وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە فوئاد مەجید میسری، لەبڵاوکراوەکانی ناوەندی کۆمۆن، چاپی دووەم، ٢٠١٩، لاپەڕە ٩.
(٢)و (٣) و (٤) و (٥) و (٦) و (٧) محەمەدی مەلا کەریم، مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، دیوانی مەحوی، بڵاوکەرەوەی کوردستان بە هاوبەشی کتێبخانەی ڕێنما، چاپی دووەم، ٢٠٠٣، لاپەڕەکانی ٤٤٧ و شەش و ٢٤٥ و ٢٥ و ٤٥٧ و ٣٤٧.
(٨)هەجوو لە شیعری کلاسیکی کوردی، وەک باقی شیعری کلاسیکی میللەتانی تر ڕێگە پێدراوە و شەقڵێکی شیعرییە و قسەیەک لەو بارەوە نییە. بەڵام کاتێک هەجووکە دەگۆڕێت بۆ سووکایەتی و بێبەهاکردنی ئینسان لە هەناوی ڕابردوویەکی دوور ( چەند هەزار ساڵ بەر لە نووسینی دەقەکە) ئەوکات ئەو شەقڵە شیعرییە مانای سەردەمییانەی خۆی لەدەست دەدات و دەگۆڕێت بۆ ڕق و کینەی بێمانا.
(٩)و (١٠) و (١١) و (١٢) و (١٣) و (١٤) محەمەدی مەلا کەریم، مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، دیوانی مەحوی، بڵاوکەرەوەی کوردستان بە هاوبەشی کتێبخانەی ڕێنما، چاپی دووەم، ٢٠٠٣، لاپەڕەکانی ٣٥٨ و ٣٥٨ و ٤٥٥ و ٣٣ و٥٧٠ و ٢٩٦.
(١٥) لێرەدا خوێنەر دەتوانێت بگەرێتەوە بۆ دیوانی مەحوی بەتایبەتی لاپەڕەکانی بیست و شەش و بیست و حەوت. محەمەدی مەلا کەریم ڕاشکاوانە ڕەخنە لە شاعیر دەگرێت بەوەی کە تێنەگەیشتووە و نەیتوانیوە دوژمنی ڕاستەقینەی گەلەکەی و هۆی کڵۆڵی و پاشکەوتوویی کۆمەڵ و ڕزیوی و گەندەڵیی سیستێمی کۆمەڵایەتی بناسێتەوە.
(١٦) ئەم لێکۆڵینەوەیە تایبەتە بە شیعرە کوردییەکانی مەحوی، بەهیچ شێوەیەک لای لە شیعرە عەرەبی و فارسییەکانی مەحوی نەکردۆتەوە.
(١٧)محەمەدی مەلا کەریم، مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، دیوانی مەحوی، بڵاوکەرەوەی کوردستان بە هاوبەشی کتێبخانەی ڕێنما، چاپی دووەم، ٢٠٠٣، لاپەڕە سی و یەک.
.




کتێب\ ئەدۆنیس- شوناسی تەواونەکراو.. وەرگێڕانی: نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




بۆچی بە تەنیا جێت هێشتین ؟!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

 

بەرەو پاییزی تەمەن دەچم و لە هەموو كاتێك زیاتر، هەست بە مردن و نزیكیم لە مردن دەكەم، كەچی خەیاڵ و بیرەوەریم، هەر لە ڕابردوودایە و وەك ئەوەی هەر كوڕە خوێن گەرم و عاشقی شیعر و كتێب و دڵدارێكی دڵشكاوی ئەو كات بم. هێشتا خەیاڵم هەر لای ئەو سەرەتایانەیە، كە (ڕێژنە و پشكۆكان دەگەشێنەوە)م خوێندنەوە و هەرگیزا و هەرگیز ئەو دێڕە شیعرەم لە بیر ناچێت، كە دەڵێت:_( حزب چاوەكانتی ڕاهێنا لە سوژنەكان نەترسی). بۆ من و هاوڕێكانم، چەند ساڵێكی كەم بەر لە ڕاپەڕین و ساڵانی سەرەتای دوای ڕاپەڕینیش، ساڵانی هەرە جوانی تەمەنی گەنجی و شادبوونمان بە ئازادی و ڕاپەڕینی كوردستان بوو. لەو ڕێگەیەشەوە هەمیشە شیعر و ئەدەب و كتێبمان دەخوێندەوە. لەو كاتەوە ئەو دوو كۆمەڵە شیعرەی ڕەفیق سابیرم خوێندنەوە و ئیدی لەو ساتەوە ئەم شاعیرە، بۆتە شاعیری دڵخوازی من و بەردەوام شیعرەكانی دەخوێنمەوە. ئەم شاعیرە، یەكێكە لەو شاعیرانەی هەرگیز تەمەن و پیربوونی نەدەناسی بەڵكو چەند چەند بەرەو پیری دەچوو، ئەوەندە ڕوح و زمانی جوانتر دەردەكەوتن و كاتێ شیعرە ڕۆمانسییەكانی دەخوێنینەوە، وەك ئەوەی لە بەردەم شیعری شاعیرێك بین، لە هەڕەتی شیعر نووسین بێت ! بێگومان هەرئەم هەستەشە ئەم شاعیرەی بە وزە و تین و تاوی شیعری دەهێشتتەوە. ڕەفیق سابیر، شاعیری مرۆڤبوون و مرۆڤایەتییە، لای ئەو، مرۆڤ پێ شوناسی نەتەوەیی، سیاسی و ئایدۆلۆژی، مرۆڤە و لەو سۆنگەیەوە وێرای ئەو شیعرە نەتەوەیی و شۆڕشگێڕیی و بەرگرییانەی لە پێنا و چەپ، خەباتی چینایەتی، نەتەوایەتی و ئازادی و گەلی كورد نووسیویەتی، كەچی شاعیرێكە سنووری كوردستان دەبڕێت و بە ناو هێنانی، ئێمە نەك قەلادزێ، بگرە كوردستانیشمان نایێتە بەرچاو، چونكە لە ڕێگەی شیعرەوە شوناسێكی مرۆیی و جیهانی وەردەگرێت. شیعری ڕەفیق سابیر، سیحرێكی گەورەی زمانی تێدایە و بە جۆرێك خوێنەر كێش دەكات كە بیری دەچێتەوە هەیە، بەڵكو خۆی دەبێتە شیعر و لە نێو بۆن و بەرامەی وشە جوانەكان ون دەبێت. شیعری ڕەفیق سابیر، لەو شووشە ڕوون و تەنكە دەچێت كە لە جوانی و بریسكانەوەی دا، ئەودیوی تێدا دەبینرێت. وشەكان وەك ماسییە بچكۆڵە و ڕەنگاو ڕەنگەكان لە نێو زماندا دێن و دەچن و تا لێیان وردبینەوە، هێمنتر و تا زیاتر سەرنجیان بدەین جوانتر دەردەكەون. لە كۆی ئەزموونی ئەم شاعیرەدا، وێنەیەكی شیعریی نییە ئاڵۆز و لێڵ بێت، هەمیشە سادەوە ڕەوانن، بەڵام تەژی لە شیعرییەت و جوانی و چێژ، بە تایبەتیش لە ئەویننامە و ئەو شیعرانەی فۆڕمێكی هایكویان هەیە. ئەم شاعیرە، گەرچی لە دوا ساڵەانی ژیانیدا، بە جۆرێك لە پەشیمانی، ڕەخنە و بە هەڵەداچوون دەڕوانێتە ئەو خەباتە چەپ وچینایەتی و شۆڕشگێڕییەی لە پێناو ئازدای مرۆڤەكان و گەلەكەی كردی، كە ئەمەش بۆ هەموو ئەوانەی هاوسەنگەر، خوێنەری شیعر و جوانی ئەم شاعیرە بوونە كە خۆشم یەكێكم لەوان، مایەی دڵگرانی و ڕەخنەبووە، وەلێ لەگەڵ ئەمەشدا، ڕەفیق سابیر هەر شاعیری زمان و جوانی، ڕوح و مرۆڤبوونە و هیچ كاتێك مرۆڤ ناتوانێت لە بەرانبەر شیعرەكانیدا سەراسیمە و دەستەمۆ و كەیلی جوانی و ڕامانی ڕوحیانە نەبێت. ئەم شاعیرە تەمەنی هەڵدەكشا، بەڵام لە نێو سەوزەڵانی شیعردا چرۆكانی تازە شكۆفەیان دەكرد و دەكرانەوە، بۆیە كاتێ شیعرەكانی دەخوێنینەوە، هەست ناكەین شیعری شاعیرێكن، كە تەمەن، ڕۆژانی سەختی ژیانی سیاسی و پێشمەرگایەتی و ئاوارەیی و كارەساتە نەتەوەییەكانی بینیبێت، چونكە لای ئەو هەمیشە ژیان بە هیواوە جوانە و دەشێت لە نێو جەرگەی تاریكییەكی گەورەدا تروسكایەك هەر هەبێت، كە ئاماژەی ڕۆشنایی بگەیەنێت، بۆیە تەنانەت لە قەسیدە بە ناوبانگەكەشیدا، كە بۆتە پەساپۆرتی نەمری ئەم شاعیرە، هەڵەبجە وەك سیمبولی نا ئومێدی، مەرگ و كۆتایی هاتنی ژیان نیشان نادات، بەڵكو چەند منداڵێكی لاسار بێت، لە كۆتاییدا مانگ هەر دەكاتە دیلانێ و بە هەمووان دەڵێت، من هێشتا ماوم و دەژیم و هەناسە دەدەم و دیلانی َ دەكەم و كوا مەرگ دەتوانێت هەڵەبجە بسڕێتەوە؟ بە داخەوە مەرگ دێت لە نێو تاسە و خەمی سەختی غوربەتی و دوورە وڵاتیدا، لە تەنهایی و بێ كەسیدا، ئەو لە ئێمە دا ئەبڕێت و بە تەنها جێمان دەهیڵێت، بەڵام كوا شیعر مردووە؟ ئەوەی دەمرێت شاعیرە شیعر نا ! ڕەفیق سابیر، لە نێو دوو توێی لاپەڕەكانی مێژووی نەتەوەیی ئێمەدا، لە نێو زنار و بەردەڵان و ژێر داری شاخەكانی ئەم كوردستانەدا، لە نێوكوچە و كۆڵانە تەنگەكانی قەڵادزێدا، لە نێوچڕە دووكەڵی بۆمبارانی هەڵەبجەی شەهید و لە نێو بیرەوەری پێشمەرگەیەك و شەهیدێكدا، لە شارە سارد و سەهۆڵبەندان و بێ ڕوحەكانی ئەوپەڕی نیشتماندا، هەر ماوەو نامرێت. ئەو بە بەژنێكی زراڤ ئاساوە، لە سەر شنروێ و دەڕوانێتە سورێن و بە دەم ژیانەوە پێ دەكەنێت و هەڵەبجە و شەهیدەكانی لە نێو بیرەوەری هەمووماندا، بە نەمری دەهێڵێتەوە . ئەو دەڕوات و لاوكی بریندار و دڵ بە خەم بۆ ئێمە جێدێڵَت، تا بۆ هەمیشە لە دوای مەرگی بیڵێینەوە. ئەو دەمرێت، بەڵام وەرزی سەهۆڵبەندان و ئەویننامە و ڕێژنە و سێوەخانێ هەردەمێننەوە، ئاخر كوا شیعر دەمرێت ؟!

*ئەم بابەتە لە ئەدەب و هونەری كوردستانی نوێ ژمارە ( 1411) لە 5/3/2026 بڵاوكراوەتەوە.




کارەساتەکان لە ئایندەی ئێراندا.. عوسمانی حاجی مارف

کۆماری ئیسلامی ئێران، لەگەڵ ئەوەی بەهۆی هێرشە چڕەکانی ئاسمانی و تیرۆرکردنی خامنەیی و کوشتنی زیاتر لە پەنجا فەرماندەی باڵای دیکە، ئاستێک لە لاوازی پێوە دیارە، هاوکات سەرکردەکانی ئێران دوای ئەو ڕوداوانە بە چواردەوری خۆیاندا موشەک دەهاوێژن. جگە لەوەش چەند شوێنێکی مەدەنی لەلایەن ئەمریکاو ئیسرائیلەوە کرانە ئامانج و لە ئەنجامدا سەدان هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا، کە بەشێکی زۆریان منداڵ بوون. لەهەمانکاتدا تاران هێرشی موشەکی و سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەرەو ئیسرائیل ڕەوانەکرد، هەروەها بەرژەوەندیەکانی ئەمریکای لە چەند وڵاتێکی ناوچەکە کردە ئامانج.
ئەوەی دەیبینین هێشتا ئێران بەردەوامە لە شەڕ، تەنانەت ڕەتیکردۆتەوە دانوستان لەسەر ئاگربەست بکات. ئاشکرایە کە جەنگ جگە لە کەشوهەوای مەترسیدار، دیاردەیەکی زۆر ناجێگیرە، لە هەموو ساتێکدا ڕەنگەکانی دەگۆڕێت، کۆنتڕۆڵکردنی قورسە و هەرگیز لەسەر یەک فۆڕم جێگیر نابێت، هەموو جارێک دەوڵەتەکان بە متمانەیەکی شیکاریەوە دەچنە ناو شەڕەکەوە، کە بڕیاردەران دڵنیان لەوەی کاتەکە کورت دەبێت و تێچوونەکەی بەڕێوەدەچێت و دەرئەنجامەکانیش کۆنترۆڵ دەکرێن، ئەوە ڕاستە کە شەڕ درێژکراوەی سیاسەتێکی دیاریکراوە، بەڵام درێژکراوەیەکی میکانیکی سیاسەت نییە، بەڵکو بوارێکە کە ڕێکەوت لەخۆی دەگرێت، ئیرادەکان بەریەکدەکەون و گریمانە سەرەتاییەکان بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەرەوە دەڕوخێن، شەڕ هەموو ساتێک ڕەنگی دەگۆڕێت، کاتێک شەڕەکە دەست پێدەکات هەرگیز لە دەرکەوتنی سەرەتایی خۆی ناچێت و کێشەکانی بەهەر حساباتێکی پێشترەوە، لە ڕێڕەوی شەڕەکەدا دەردەکەون.
کاتێک لەشکرکێشی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا هاتە ئاراوە، لە پێشبینی ئیدارەی جۆرج بوشدا کە ڕوخاندنی ڕژێمەکەی (سەدام حوسێن) بە مانای کۆتایی هاتنی شەڕەکە دێت و بۆشایی سیاسی بە ئەندازیاری دامەزراوە نوێیەکان بە خێرایی پڕ بکرێتەوە. جارێکی تریش حیساباتی هەڵەی پلاندانەرانی ئەمریکی ئەو ڕاستیەی سەلماند، کە دەروازەی لافاوەکانی توندوتیژی مەدەنی کرایەوە و لەشکرکێشی تاکتیکی گۆڕا بۆ تاڵاوێکی ستراتیژی درێژخایەن لە عێراقدا، کەتائێستاش خەڵکی عێراق باجەکەی ئەدەن.
لەوەش گرنگتر ئاماجی ئەمریکا لە شەڕی کەنداوی یەکەمدا، وەک تاکە جەمسەرێک بۆ باڵادەسەتی بەسەر جیهاندا، نەک سەرکەوتو نەبو، دواتر جەمسەرەکانی تر وەک ڕکابەرانێکی زلهێزی دنیا دۆخی جیهانیان لەبەرامبەر باڵادەستی ئەمریکادا سنوردارکرد، هەر بۆیە شەڕی کەنداوی دووەم جیاواز بو لەگەڵ شەڕی کەنداوی یەکەم.
تیرۆرکردنی عەلی خامنەیی، وەک ئەوەی ئیسرائیل و واشنتۆن پێشبینیان کردبوو، کە پێیانوابو دوای لەناوبردنی خامەنەیی ئێران هەرەس دێنێت، بەڵام نەک ئەم تیرۆرە نەبۆتە هۆی ڕووخانی ڕێژیمی ئێران، بەڵکو ئێران بەردەوام بوو لە خۆڕاگری خۆی. ئەم دەرئەنجامە بووە هۆی ئەوەی زلهێزەکانی ڕۆژئاوا و ئیسرائیل سیاسەتێکی “زۆرترین فشار” پەیڕەو بکەن، کە لە هەمانکاتدا بکەونە گیانی خەڵکی مەدەنی و ژێرخانی کۆمەڵگە بکەنە ئامانج، بەو بڕواو مەبەستەی کە ترس و دڵەڕاوکێ بەڵکو ڕاپەڕینێکی ناوخۆیی دەستپێدەکات!.
ئەم هەنگاوە شڵەژاوی ئەمریکاو ئیسرائیل نیشانیاندا ئامانجە سیاسیەکانی خۆیان بەدی ناهێنێت، ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێبدەین، گەلی ئێران لەگەڵ ئەوەی بەدوای سەرنگونی کۆماری ئیسلامیەوەن، بەڵام لەگەڵ ئەم شەڕەدا نین و خواست و ئیرادەی ئەوان نیە، لەهەمانکاتدا دەستێوەردانی دەرەکیش ڕەتدەکەنەوە، بە ڕۆشنی جیاوازی لە نێوان ناڕەزایەتی خۆیان لە ڕژێم و هاوکاری لەگەڵ زلهێزە دەرەکیەکان دەکەن، ئەمەش پێگە و خۆڕاگری ڕژێم سەرەڕای گوشارەکان ڕوون دەکاتەوە.
هەڵبەتە هەوڵەکان بۆ ئیستغلالکردنی تووڕەیی گشتی و پەرەپێدانی هێرشەکان بۆ سەر خەڵکی مەدەنی مەحکوم بەشکستە، پەنابردن بۆتیرۆرکردنی سەرکردەکان بۆ پەلەکردن لە ڕووخانیان لە دۆسیەی ئێراندا، ئاشکرایە سەرکەوتوو نەبووە.
بە شێوەیەکی نائاسایی، ئێرانیەکان توشی سەرسوڕمان بوون بەهۆی هەڵمەتێکی بۆردومانی ئیسرائیل-ئەمریکیەوە کە دەیان شوێنی مەدەنی و تەندروستی و پەروەردەییان کردە ئامانج، تەنها دوو ڕۆژ دوای دەستپێکردنی شەڕەکە بۆ سەر ئێران. سەرەڕای بەیاننامە فەرمیەکانی ئێران کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە تەنیا ئامانجە سەربازیەکان دەکەنە ئامانج، جا ئەمەریکایی بێت یان ئیسرائیلی لە ناوچەکەدا، پەنایان بردە بەر بۆردومانکردنی قوتابخانەکان، نەخۆشخانەکان، گۆڕەپانە گشتیەکان، ماڵەکان و باڵەخانەکان، لە ئەنجامدا سەدان کەس گیانیان لەدەستدا و هەزاران کەسیش برینداربون لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا.
مەودای هێرشە ئاسمانیەکان بەشێوەیەکی بەرچاو فراوانتر بوو، دەیان شار و شارۆچکەی ئێرانی گرتەوە، زیاتر لە ١٣٠ شار و گوند لە ڕۆژانی یەکەمی شەڕدا بۆردومان کراون و لە ئەنجامدا سەدان کەسی مەدەنی کوژراون و بریندار بوون، ئەمە جگە لە زیانی بەرفراوان بە ناوچەی نیشتەجێبون و وێران بونی دامەزراوە خزمەتگوزاریەکان.
کارەساتترین ئاماری ئەو هێرشانە لە کەرتی پەروەردە بووە، وەزارەتی پەروەردەی ئێران کوژرانی ١٧٠ خوێندکار و مامۆستای لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانیە بەردەوامەکانی ڕاگەیاند. کوشندەترین هێرش، قوتابخانەیەکی سەرەتایی کچانی شاری مینابی سەر بە پارێزگای هورمزگانیان کردە ئامانج و بەهۆیەوە ١٦٥ کەس کوژران و ٩٦ کەسی دیکەش برینداربوون کە زۆربەیان منداڵ و خوێندکار بون. وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکان کە لە میدیاکانی ئێراندا بڵاوبوونەتەوە، دەریدەخەن دەیان کەس لە دەوری بەشێکی داڕماوی بیناکان کۆبوونەتەوە و لەناو داروبەردا بەدوای قوربانیەکاندا دەگەڕێن، لەکاتێکدا دوکەڵ لە ناو وێرانەی ساختمانەکانەوە دەهاتە دەرەوە، دوابەدوای ئەم هێرشانە، وەزارەتی پەروەردەی ئێران ڕاگرتنی دەوامی تا کۆتایی ساڵی خوێندن ڕاگەیاند.
واشنتۆن و ئیسرائیل هەوڵیانداوە سەرکردایەتی باڵای ئێران هەڵبوەشێننەوە و دامەزراوەکانی کۆنترۆڵکردنی ناوخۆیی ئێران لاواز بکەن. دوای تیرۆرکردنی خامنەیی، تەرکیزەکان گۆڕدرا بۆ ئامێری ئاسایشی ناوخۆ و کە لە بنەڕەتدا ئامانجی هێرشەکان بۆ ملکەچکردنی کۆماری ئیسلامی یان گۆڕینی ڕژێمی ئێران بووە.
گومانی تێدا نییە ئەمە شەڕێکە بۆ گۆڕینی ڕژێم، بەدوای هیچ کۆمەڵە ئامانجێکی تەسک و ئاسانەوە نین، پێدەچێت ئەمریکا و ئیسرائیل پلانێکی کردەیی دوای ململانێکانیان یان دوای شەرەکەیان نیە، لە کۆتاییدا رژێم و وڵاتی ئێران وێران دەکەن و بەجێی دەهێڵن، هەندێک پلانی دوای ڕووداوەکانمان دیوە، وەک لە عێراق و ئەفغانستان، بە کارەسات کۆتاییان هات، پێشبینی دەکرێت کە ئێرانیش بێ کارەسات تێنەپەرێت، کارەساتێک تەواو جیاواز و زیاتر لە کارەساتەکانی ئەفغانستان و عێراق و سوریا و فەلەستین دەبێت.
هەموو ئەو لایەنانەی دەیانەوێت بەشداری لەم شەڕەدا بکەن و لایەنگری لە هەر لایەنێکی شەڕەکە بکەن، بەهەر نیازو مەبەستێکەوە ئەم کارە ئەنجام بدەن، دەبنە بەشێکی هاوبەشی تاوانباری ئەو کارەساتانەی کە ئاکامی ئەم شەڕە ژیانی خەڵکی ئێران و ناوچەکە دەکاتە قوربانی و سوتەمەنی.
ئەو لایەن و هێزانەی لە کوردستانی ئێران، لەم هەلومەرجەدا بۆ خزمەت بەسیاسەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەبنە بەشێک لە بەرەی هێرشی بەشی پێشەوەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ ناو ئێران، تێوەگلانی خەڵکی کوردستانە لەشەڕێکەوە، کە ئاکامەکەی دەیانکاتە هاوبەشی وێرانکاریەکان و کوشتنی بە کۆمەڵ، بەشداریانە لە بەرامبەر ئایندەیەکی نادیاربۆ ئێران.
ئەم شەڕە یەکێکە لە بەڵا هەرە گەورەکانی سەدەی بیستویەک و کاریگەریەکانی لەسەر تەواوی ناوچەکە دەبێت، کەشوهەوای پانتایی ئاگرێکی گەورەیان هەڵگیرساندوە، کە کوژانەوی ئاسان نابێت و درێژخایان دەبێت، بۆیە دەبێت ئەم شەڕە دەستبەجێ و بەبێ هیچ مەرجێک بوەستێنرێت.




لە نێو جەنگێكی ئاسمانیدا یادی راپەڕین دەكەینەوە.. سەلام عومەر

35 ساڵ بەسەر راپەڕینی گەلانی عیراقدا تێپەڕی، هەمووساڵێك خەڵكی كوردستان یادی راپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 دەكەنەوە، كە بۆ یەكەمین جاربوو بەشی هەرە زۆری خاكی كوردستان، لەژێردەسەڵاتی دكتاتۆریی و ستەمكاریی حزبی بەعس رزگاركرا، بەكەركوكی كوردستانیشەوە.
ئەمڕۆش لە بارودۆخێكدا ئەو یادە دەكەینەوە كە ناوچەكەمان لەنێو جەنگێكی ئاسمانی مەترسیدار خەریكی كوڵانە و دەبێت هەموو لایەنەكان بە گرنگیەوە دەست بۆ جوڵە سیاسیەكان ببەن و بەتایبەتیش رۆژئاوای نیشتمانەكەمان توانی خۆی لە مەترسیدارترین پلانی نێودەوڵەتی قوتار كات و پێگەی خۆی لە سوریا بپارێزێت و ئێستاش رۆژهەڵاتی نیشتمان كەوتۆتە نێو ئەو جەنگەی ئایندەی روون نیە و پێویستی نیشتمانیە جوڵە سیاسیەكان بە ئەزموونەوە بێت و نەكەونە ژێر هەژموونی ئەو زلهێزانەی تەنیا بەدوای بەرژەوەندیەكانی خۆیانەوەن و خاكی ئێمە وەك تاقیگەیەك بەكار دەهێنن و دواتر بە جەنگاوەرێكی ئازا ناومان بهێنن.
گەڕانەوە بۆ ئەزموونی راپەڕینی باشوور بە پێكهێنانی بەرەی كوردستانی و لێخۆشبوون لە تاوانباران و یەكدەستی و هەڵوێستی خەڵك و پێشمەرگە تا دوای راپەڕین كە بەعس بەشێوەیەكی زۆر دڕندانە راپەڕینی شارەكانی خوارووی عێراقی دامركاندەوەو تەنانەت تائاستی كۆمەڵكوژی و دواتریش لەكوردستان كۆڕەوی ملیۆنی بەدوای خۆیدا هێنا، زۆر گرنگە، بەڵام ئەم زەنگەو سەركەوتنی گەلی كوردستان، لە راپەڕینی بەهاری 1991 بە رووی رژێمی فاشیی بەعسدا، لەسەرئاستی ناخۆو هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی دەنگدانەوەی ئەرێنی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، كە هەتا ئێستاش لە ژێر ئەم چەترەدا ئارامی دەچندرێتەوە، ئەمە جگە لەوەی ئاكام و تەقینەوەی گڕكانی رق و قینەی پەنگخواردووی دژ بەتەواوی تاوانەكانی بەعس بوو، كەبەرامبەر گەلی كورد بە هەموو شێوازەكانی ئەنفال و كیمیاباران و كۆمەڵكوژی و گرتن و لەسێدارەدان و راگواستن لەماوەی دەسەڵاتی خۆیدا ئەنجامیدابوو.
ئێستا 35 ساڵە راپەڕین ئەنجام دراوە، كوردستان و عێراق بەچەندین وێستگەی جیاجیا تێپەڕین، جەنگی بەربەریانەی داعش هاوكێشە نێو دەوڵەتی و ناوخۆییەكانی خستۆتبووە ناو ئەگەرەكانی كەوتن و مەترسی بۆ سەر تەواوی ناوچەكە درووست كردبوو، بەتایبەتیش كە ئەم رێكخراوە تیرۆرستییە دژی هەموو بەها مرۆیی و پرنسیبە دیموكراتییەكانی مرۆڤایەتی بوو، ئەوكات بە جۆرێك خۆی ناساند كە دەتوانێ ئیرادەی خۆی بەسەر تەواوی ناوچەكە بسەپێنێ، بۆیە كۆمەڵگای نێو دەوڵەتی هاتنە سەر هێڵ و هاوپەیمانییەتی بەرفراوانیان دژی ئەم رێكخراوە راگەیاند و بەهاوكاری پێشمەرگە ئەم رێكخراوەیان تەفروتونا كرد، ئەگەرچی هەتاوەكو ئێستا لە عێراقدا ململانێی مەزهەبی و دینی و تائیفی و بەرژەوەندی خوازانەی تەسكی سیاسی بوونی هەیەو مەترسیەكانی داعش هەن و بیركردنەوەی دەسەڵاتیش هەمان ئەو مەترسیانەن كە داعش هەڵیڕشت، هەروا لەهەمووشی كاریگەرتر ئەو گەمارۆ ئابووریەی كە ناوەند خستویەتیە سەر هەرێمی كوردستان و بڕینی بەشە بوودجەو دەستی و دەستی پێكردنی موچە كە قوتی هاوڵاتیانەو وەك كارتی فشار بەكاری دەهێنێ، ئەوەی كە جێگەی تێڕامانە دەسەڵاتی خۆماڵیش رۆژ لە دوای رۆژ پاساوی زیاتر دەداتە دەست حكومەتی عێراق بۆ گەمارۆی ئابووری زیاتر و گچكە كردنەوەی زیاتری هەرێمی كوردستان بەجۆرێك كێشە سەرەكیەكانی نێوان هەرێم و ناوەند كە ناوچە كێشە لەسەرەكانن لەم ناوەدا هەر لەبیر چوونەتەوە، هەروا هەر سەرۆك وەزیران و بەرپرسێكی دارایی كەدێتە سەر دەسەڵات هەمان نەهج و بەرنامە جێبەجێ دەكات كە ئامانج تێیدا بچوككردنەوەی دەسەڵاتەكانی هەرێمە، ئێمەش لەنێو خۆدا وەك پێویست نین و خۆمان ئامادە ناكەین بۆ بەرپەرجدانەوەی ئەو پلانانەو رەچاوی ئەو بارە قورسەی هاوڵاتیان ناكەین كە كەوتۆتە سەر شانیان و هەمیشە مشووری ئەو كۆمپانیانە دەخۆن كە هی خۆیانەو قوتی هاوڵاتیان و فەرمانبەرانیان خستۆتە دەستی عێراق و ئەویش بە ئارەزووی خۆی گەمەی پێدەكات.
بەداخەوە گەندەڵی و ناعەدالەتی بەردەوام بەرەو لوتكە لە هەڵكشاندایە، ئەو هۆكارانەی ئابووری هەرێمی بەرەو داتەپین برد دەسەڵاتی خۆماڵی خۆمان بوو كاتێك بەشبەشێنەی حزبی خرایە پێش ئابووری سەربەخۆ و داهاتەكانی هەرێمیش خرانە باغەڵی ئەو كۆمپانیایانەی سەر بەخۆیانن، بەجۆرێك تەواوی داهاتی دەرهێنانی نەوت كە بە پێداویستی ناوخۆ ناودەبرێت، دیار نیەو دەچێتە نێو قاسەی حزبەكانەوەو هەروا داهاتی پڕۆژەی رووناكی كە ئێستا لە جێبەجێ كردندایە كەس نازانێ چی بەسەر دێ و خەڵكی بەم پرۆژەیە دەڵێن پڕۆژەی تاریكی و رووتاندنەوە، ئەوەندە نا تەواوی باج و خەراجەكانی ناوخۆ شەفاف نیەو ئەوانیش كەوتوونە دەست چەند بەرپرسێكی حزبی، هەموو ئەوانە لە سەردەمێكدایە كە دەبوو خاوەن ئەزموون وانە لە هەڵەكان وەرگرێ و كەچی تادێ باغەڵی هاوڵاتی بەتاڵتر دەكرێ، بۆیە كاتێك یادی راپەڕین دەكرێتەوە هەن پەشیمانن و نەوەی نوێش هەندێكیان دەڵێن وەك خۆی لێبكەنەوە.
خۆ وڵاتە هەرێمایەتییەكانیش بە جۆرێك لەنێو بۆشاییە سیاسیەكانی ئەم نیشتمانە هاتوونە ناوێ دوورنییە تا چەندین ساڵی دی كاریگەریەكانی خۆی جێبهێڵێ چونكە ئەوان هێندەی بەدووی بەرژەوەندییە سیاسی و مەزهەبی و ئابووریەكانی خۆیانەوەن هێندە خەمی عیراق و بارودۆخە ئاڵۆزەكەیان نییە، بۆیە بیركردنەوەی دەسەڵاتیش تادێ بەرەو داڕووخان و لەبەریەكهەڵوەشاندنەوەو پەرتبوون دەڕوا، بۆیە لەم یادەدا یەكڕیزی هێزە كوردییەكان كە ئێستا لە بەرامبەر پلانەكانی بچووك كردنەوەداین باشترین وەڵام دەبێت بۆ دووژمنانی هەرێمەكەمان، بەردەوام بوونی ئەم یەك ریزییە پێداویستییەكی زۆر گرنگەو دەبێت دەسەڵات و لایەنە سیاسیەكان دەستی پێوە بگرن و هەوڵدەن هیچ لایەنێكی سیاسی فەرامۆش نەكەن و بەچاوی حزبییەوە لە روداوەكان و دەسكەوتەكانی بەرهەم هاتوو نەڕوانن كە بە تێكۆشا ن و خوێنی شەهیدانی رۆڵەی ئەم نیشتمانە بەرهەم هاتوون، هەروەك راپەڕین تەواوی چین و توێژەكانی كۆمەڵگا هەڵیان گیرساندو ئیستاش ئەركی سەرەكی دەسەڵاتە دەسكەوتەكانی راپەڕین بخاتە خزمەتی ئەم توێژەوە.
هەرگیز لەم ساتە دژوارەدا كە هەرێمەكەمان كەوتۆتە نێوان جەنگێكی مەترسیدارەوە ناكرێ ململانێ حزبیەكان هێندە قوڵ بن پێكهێنانی حكومەت دوا بخەن و موچە هەر لە مەترسیدا بێت و لەئاست ئەو بارودۆخە ترسناكەدا تەنیا تەماشاكەر بین و جوڵە دیبلۆماسیەكانمان سنووری هەرێم نەبڕێ و گوێش لەوانە نەگیردرێت كە خاوەن ئەزموونێكی دەوڵەمەندی سیاسین.

سەلام عومەر




حوکمەت.. نەوزاد بەندی

پێدرۆ سانشێزی سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا بەم جۆرە پێناسەی حوکمەت ئەکات : ( میکانیزمێکە بۆ خۆشکردن و باشکردنی ژیان و گوزرانی خەڵک، نەک قورسکردن و ئاڵۆزکردنی ژیان و گوزەرانیان )
بە ڕاستی ئەم پێناسەیە چەندێک سادەیه، ئەوەندە قوڵە و .. هیچ بوارێکی بۆ دەرباز بوون و بیانوو هێنانەوەی حوکمەتە گەندەڵەکان نەهێشتۆتەوە.. کاری حوکمەتی دیاری کردووە، بریتییە لە ئاسانکردنی کێشەکانی میللەت و باشکردنی ژیانیان و بەختەوەرکردنیان .. ئەمەیە ئیشی حوکمەت.
کەواتە هەر حوکمەتێک نەتوانێت گوزەران و ژیانی هاووڵاتییەکانی باش و باشتر بکات، حوکمەت نییە.. ئیتر داگیرکەرە، وەکیل یان بریکاری داگیرکەره، چەتەیە، مافیایه، گەمژە و نەخوێندەوار و نەزانە بە کار و پۆستەکەی، یان هەر شتێکی ترە، بەڵام حوکمەت نییە.
ئەگەر بەو پێناسەیەی بەڕێز سانشێز، شەن و کەوێکی چەند حوکمەتێکی دوور و نزیک بکەین، بۆمان دەرئەکەوێ کێ حوکمەتە و ..کێ مافیا و دز و جەردە و گەمژەیە ..
بۆ نمونە حوکمەتێکی وەک حوکمەتی دکتۆر مەهاتیر محەمەدی مالیزیا و.. نیڵسۆن ماندێلای باشووری ئەفەریقا و ..پۆڵ کاگامی وڵاتی ڕوانداو .. لی كوان یو ی سەنگاپور، تەماشا ئەکەین ئەو چوار حوکمەتە، توانییان لە ماوەیەکی کورتدا، ووڵاتەکانیان لە کێشەکانی گەندەڵیی و ئابوریی و پەروەردە وجەنگی ناوخۆ ڕزگار بکەن و.. هاووڵاتییەکانیان بکەن بە هاوڵاتی بەختەوەر و شارستانیی مۆدێرن.. چونکە ئەو چوار پیاوە بە ڕاستی حوکمەتی نیشتمانیی بوون، بەرجەستەی پێناسەکەی بەڕێز سانشێزیان کرد، ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییەکانیان باش کرد و دووریان خستنەوە له هەموو دەستێوەردانە دەرەکییەکانی داگیرکەران..به دووریان گرتن له نەزانیی و بێکاریی و جەنگی ناوخۆ و بێ بەرنامەیی .. سیستمێکی مۆدێرن و پتەویان بۆ دانان، بەو جۆرە داهاتوویەکی پرشنگداریان بۆ فەراهەم کردن، ئەمە لە کاتێکدایە هیچ یەکێک لەو چوار وڵاتە خاوەنی نەوت و غاز و سامانی نەتەوایەتیی بەهێز نین، بەڵام خاوەنی حوکمەتی ڕاستگۆ و بەهێزن بۆیە ئەمڕۆ له لوتکەی میللەتە دەوڵەمەند و تەکنەلۆژیی و پێشکەوتووەکانی جیهاندان.
بە پێچەوانەی بەشی یەکەمی ئەو پێناسەیەی سانشێز بۆ حوکمەت، سێ حوکمەتی ئێران و عێراق و هەرێمی کوردستان، بە هەموو جۆرێک ئاسایش و ژیان و داهاتووی هاووڵاتییەکانیان وێران کردووە.. سێکستەرەکانی ئیدارە و زانست و ئەدەب و هونەر تێیاندا ڕۆژ بە ڕۆژ هەڵئەوەشێتەوە.. دیاردەی بێ مافیی و بێ کاریی و نەخوێندەواریی و سەرهەڵگرتن و کێشەی کومەڵایەتیی هەتا بێ قوڵتر و ئاڵۆزتر و زیاتر ئەبن.. زیادکردنی باج و سەرانە و گرانکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان له کارەبا و ئاو و نەوت و بەنزین، ڕۆژ بە ڕۆژ دیاردەی دزیی و تاوان و مافیاگەریی و گەندەڵیی و قوتدانی دام و دەزگا حوکومییەکان لەلایەن کەرتی حیزبیی و بنەماڵەیی و مەزهەبییەوە، زیاتر و زیاتر ئەبێ..پەرە پێدان بە حیزبایەتیی و مەزهەبگەرایی و بنەماڵەگەرایی و لەت لەتکردنی پێکهاتەکانی کۆمەڵگا..دەوڵەمەندبوونی لەناکاوی خزم و دۆست و هاوئاوازەکانیان و ..فەقیرکەوتنی لەناکاوی چین و توێژە بێلایەن و ئۆپۆزیسیۆنەکان.
لەگەڵ ئەوەی ئەو سێ حوکمەتە خاوەنی نەوت و گازی سروشتیی و هەموو هۆکارکانی دەوڵەمەندیی و خۆشگوزەرانین، کەچی زۆرینەی هاووڵاتیەکانیان لە خوار هێڵی هەژارییەوەن و سواڵکردن تێیاندا بووە بە دیاردەیەکی زۆر ئاشکرا و ..تەنانەت هەندێ جار حوکمەتەکانیش پەنا بۆ سواڵکردن ئەبەن، له ڕێی ڕیکلامی هەڵخەڵەتێنەر و فریودەرەوە.
کار گەیشتۆتەوە پوکانەوەی هەموو مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ لەو سێ دەسەڵاتەدا وەکو مافی موچە وەرگرتن لە 30 ڕۆژدا و .. مافی پلە بەرزکردنەوە بە پێی هەڵکشانی ساڵەکانی خزمەت و ..مافی دامەزراندن و ..مافی کارکردن و.. مافی هەبوونی پارچەزەوییەک یان شوقەیەک بۆ ژیانکردن.. لە بەرامبەردا هەڵتۆقینی کۆمەڵێک ملیاردێر و ملیۆنێر، کە نەک هەرشایانی ئەو سەروەت و سامانە نین، تەنانەت شایانی یەک پارووە نانی ئەو نیشتمانە و یەک قوم ئاوی ڕووبارەکانی و یەک نەفەس هەوای ئاسمانەکەی نین.




گوناهم چی بوو؟.. شاعیر گمنام.. وەرگێڕانی لە فارسییەوە شەهلا نوری

گوناهم چی بوو، وا شەیدای نیگای خومارت بووم
وا وێڵ و وێران، مات و حەیرانی ڕێگات بووم

گوناهم چی بوو لە فەنای بێ‌دەنگی و تەنیایی
زاهیدی گۆشەی میحرابی لێوانت بووم

ئاخر ئەی ئەستێرەی گەشی داوێنی ئاسمان
گوناهم چی بوو کە نێوزڕانی زەمانت بووم

هاتی و بێ‌پەروا لەسەر گڵێمی
دڵم نیشتی
منیش بە نازی ڕووی شەنگت فیدای دڵی نازت بووم

ئەی ئەوەی بە جۆش و تینی جوانی خۆتەوە مەستی،
پیاڵەیەک بنۆشە ساقی مەستی شەڕابت بووم

هاتی و تاوێ نیشتی، وەکوو تۆفان ڕۆیشتی
هیچ تەماشات نەکرد کە هێندە نیگەرانت بووم

ڕۆیشتی و بێ‌ئاگا بووی لە دڵی شێت و زارم
نەتڕوانی چەندە کز و پەشێو و پەرێشانت بووم

ئەی کە لە حاڵی دڵی شەیدا ئاوا بێ‌خەبەری
بە خەبەر بە، منی پەرێشان، هەر چاو لە ڕێگات بووم

وەرگێڕانی لە فارسییەوە شەهلا نوری
شاعیر گمنام
غەزەل گوناهم چی بوو