بۆرژوازە خۆکوژەکان – لە پەراوێزی جەنگی ئەمەریکا و ئێران.. ئەکرەم سەعید

بۆرژوازە دڕندکان لە سەردەمی ئێمەدا وەک داعشیەکان خۆکوژن، و بۆ گەیشتن بە ئامانجە پوچەکانیان بۆمبیان لە خۆیان بەستووەو ئامادەن خۆیان و جیهان بتەقێنەوەو خاپوری بکەن؛ جەنگ لە(ئۆکراینا، غەززە، سودان، و جەنگی ئەمەریکا و ئێران لەم ڕۆژانەدا لە کەنداوی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست)نموونەی جەنگی بۆرژوازە خۆکوژەکانە. جەنگی نێوان ئەمەریکا و ئێران نموونەیەکە لە جەنگی دڕندەکانی سەردەمی مۆدێرن، یانی کوشتنی خەڵکی مەدەنی لە جەنگەکانی دەوڵەتە دڕندەکانی سەرمایەداریدا نە هەڵەیە و نە زیانی لابەلا، بەڵکە ئامرازێکە بەئامانجی ئیفلیج پێکردنی هێزی دوژمن. بۆیە تیۆری”پێنج ئەڵقە”ی عەقید(جۆن واردن)بە دیارترین تیۆری سەردەمی مۆدێرن دادەنرێت. ئەم تیۆریەی جەنگی دڕندەکان لەلایەن عەقید”جۆن واردن”داڕێژراوە، و لە پلاندانان بۆ ئۆپەراسیۆنی زریانی بیابان(۱۹۹۱)بەکارهێنراوە. تیۆرەکە لەسەر بەئامانجکردنی”ئیفلیج”پێکردنی دوژمن دامەزراوە نەک لەناوبردنی سوپاکەی”، یانی ئامانج ئیفلیج پێکردنی ژێرخانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردن(کارەبا، پەیوەندییەکان، گواستنەوە)یە. هەرچەندە تیۆرەکە بە ڕاشکاوی کوشتنی خەڵکی مەدەنی ناکاتە ئامانجی ڕاستەوخۆ، بەڵام لە کردەوە سەربازییەکاندا بە عەمەلی(موشەک گرتنە باڵەخانەێک و کوشتنی منداڵان و خەڵکی مەدەنی لەبری موشەک گرتنە زرێپۆش پەیڕەو دەکرێ). هەروەها بۆردومانی ژێرخانی کۆمەڵگە لە وزە و کارەبا و ئاو(کە خزمەت بە هەردوو سەربازی و دانیشتوانی مەدەنی دەکات)دەبێتە هۆی ئازاری توندی خەڵکی مەدەنی و لەدەستدانی خزمەتگوزارییە جەوهەریەکان، بەمەش فشار دەخرێتە سەر سەرکردایەتی سیاسی ئەو وڵاتە.
ئەم وتارە شیکاری وردی جەنگی نێوان ئەمەریکا و ئێران نییە و هەواڵەکانی ڕۆژانەی ئەو جەنگە ناچێتە ناو باسەکانییەوە، بەڵکە بە گشتی باسە لە دوو تیۆری جەنگ و هەندێ سەرنج لە جەنگەکانی سەردەمی ئێمە *.
جەنگ و وەهمی تیۆرەکان
[وەهم دروستکردنی دونیاێکە لە خەیاڵدا کە لەڕاستیدا بوونی نییە].

تیۆری ململانێی شارستانیەتەکان
هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە(۲٦.۱۱.۲۰۲٤)دا گووتی:”هیچ کات هێندە لە پێکدادانی شارستانیەتەکان نزیک نەبووینەتەوە”. ئەم ساختەچییە خۆی و حیزبەکەی بە موسڵمان دەزانێ لەکاتێکدا وڵاتەکەی ئەندامی پەیمانی ناتۆیە، و تورکیا هاوکاری ئەمەریکاو ئیسرائیلی کردووە دژی سوریا، میسر و ئێران، و تورکیا زیاد لە سەد ساڵە کوردەکانی ناوچەکە کۆکوژی دەکات کە ئایینی ئەو خەڵکە ئیسلامە، و کەچی باسی ململانێی شارستانیەتەکان دەکات؛ بەڕاستی مەهزەلەیە.
“ململانێی شارستانیەتەکان”، ئەو تیۆرییەی کە”ساموێل هەنتینگتۆن”لەسەرەتای نەوەدەکاندا بڵاویکردەوە، پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە کاتێک ڕووبەڕووبوونەوەی ئایدیۆلۆژیی نێوان کۆمۆنیزم و سەرمایەداری کۆتایی هات، ململانێی نێودەوڵەتی لە نێوان ئەو وڵاتانەدا سەرهەڵدەدەن کە ناسنامەی کولتووری و ئایینی جیاوازیان هەیە، و”بەریەککەوتنی شارستانیەتەکان”زاڵ دەبێت بەسەر سیاسەتی جیهانیدا. بۆ هەندێ کەس هێرشەکانی قاعیدەو شەڕەکانی ئەفغانستان و عێراق ئەم بۆچوونە پشتڕاست دەکەنەوە. بەڵام وەک ئێستا دەزانین ئەوەی ڕوویداوە ئەوەیە کە ململانێکان زیاتر لەناو شارستانیەتەکاندا بووە نەک لە نێوانیاندا. تیرۆریستە ئیسلامییە خواپەرستەکان زۆر زیاتر لە هەموو کەسێک خەڵکی مەدەنی موسڵمانی بێتاوانیان کوشتووە، وە شەڕەکانی نێوان شیعە و سوننە بەردەوامە و زۆرینەی قوربانیانی موسڵمانانی لێدەکەوێتەوە، ئەمڕۆکە هێزەکانی(ئەبو مەحەمەد جۆلانی)بە کۆمەکی وڵاتی سعودییە و ئەمەریکا خۆیان ئامادەکردووە کۆکوژی شیعەکانی لوبنان بکەن، وەک چۆن کۆکوژی عەلەویەکانی سوریایان کرد، و هەروەها ئێران کۆمەکی ئەرمینیا دەکات کە مەسیحین و دژی ئازەربایجانە کە شیعەن،، هتد. جەنگی ئێستای نێوان غەرب و ڕووسیا لە ئۆکراینا هەردوو لاکەی ئایینی مەسیحی تێیدا زاڵە، ململانێی تایوان و چین کێشەکە کەلتوور و ئایین نییە، بەڵکە جەنگی هەژموونی ئابووری و سیاسی و سەربازی نێوان بلۆکی چین و بلۆکی ئەمەریکایە. کەواتە تیۆری ململانێی شارستانییەکان بۆ فریودانە و شایستەی ئەوەیە کە فرێبدرێتە ناو زبڵدانی مێژووەوە.

تیۆری ململانێی چینایەتی
لە تیۆری مارکسیدا(هێزە بەرهەمهێنەرەکان و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان)هێزی چالاکن کە ڕووداوە مێژووییەکان و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان دروستدەکەن. هێزە بەرهەمهێنەرەکان، لەوانەش تەکنەلۆجیا و پرۆسەی کار، ئەو دینامۆیەن کە گەشەسەندنی کۆمەڵگا دەباتە پێشەوە، لە کاتێکدا پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان(پێکهاتە چینایەتییەکانی کۆمەڵایەتی)بنەمای بزووتنەوە سیاسییەکان و ئەحزابەکانە کە فکرو بەرنامەی کارکردنیان هەوڵدانە سامان چۆن دابەشبکرێت و دەسەڵات چۆن ڕێکبخرێت. گۆڕانکاری کۆمەڵگە لەئەنجامی ململانێی چینایەتی ئەم هێزانەدا، بەتایبەتی لەڕێگەی ململانێی چینی چەوساوەو چینی چەوسێنەر، وەک فاکتۆری سەرەکی گۆڕانکاری مێژووی کۆمەڵایەتی، لەلایەن مێژوونووسانی بۆرژوازی فەرەنسی و کۆمۆنیستە سەرەتاییەکان و مارکس، سەیر دەکرێت. ئایا تاچەند ئەم تیۆرە ڕووداوەکانی مێژوو بە دروستی شرۆڤە دەکات؟.
بێگومان ڕۆڵی(گەشەی هێزەکانی بەرهەمهێنان و ململانێی چینایەتی)لە کۆمەڵگەدا چەندەها فاکت و ڕووداوی مێژوویی پشتڕاستی دەکاتەوە، بەڵام ئەوە تاکە فاکتۆری گۆڕانی کۆمەڵگەکان نییە لە مێژوودا، چونکە گۆڕانی کۆمەڵگە و مێژوو لە سەردەمە دێرنەکان و نوێشدا(ململانێی نێوان خاوەن دەسەڵات و هێزەکان)ڕۆڵی گرنگیان بینیوە، بەڵکو زۆربەی کات ململانێی خاوەن دەسەڵات و هێزەکان کە هەموویان سەر بە چینی چەوسێنەرن، ئەوە بۆتە فاکتۆری گۆڕان و ڕووداوی لە مێژوودا دروست کردووە، نەک ململانێی نێوان(چینی چەوساوە و چینی چەوسێنەر). بە ماناێکی دی؛ هێزی چالاک ئەو هێزانەن کە کاریگەرییان لەسەر دروستکردنی ڕووداوەکان هەیە، جا چ لە ڕێگەی کردارەوە بێت یان کاردانەوەی چ ناوەکی یان دەرەکی؛ واتە زۆر کات ململانێی ئەو هێزانە ڕاستەوخۆ دەبنە هۆی یان کاریگەرییان لەسەر دۆخی یان گۆڕانی ڕژێمەکان هەیە، هەرەس بە دەسەڵات و دەوڵەتەکان دەهێنن. کەواتە ململانێی هێزەکانی خاوەن دەسەڵات بزوێنەری ڕووداوەکانن، دەبنە هۆی ڕوودان یان گۆڕینی ڕێڕەوەکەیان. بۆ بەڵگە زۆر دوور نەڕۆین تەماشی ڕووداوەکان بکەین لەساڵانی جەنگی جیهانی یەکەم تا ئێستا و پرسیار لە خۆمان بکەین: ئایا لەتەک ئەوەش کە چینی چەوساوە(بەشێوەێکی بابەتی چینی کرێکاران هەبوون و هەندێ جار خۆپیشاندانیان کردووەو هۆشیارانە هەندێ جار ڕاپەڕینیان کردووە)، بەڵام ئایا چ ململانێک و چ هێزێک ڕووداوەکان و گۆڕانەکانی دروستکردووە؟.
با سەرنج لەمڕۆ بدەین: کە ئەمریکا زلهێزێکی باڵادەستە و چین هێزێکی هەڵکشاوە، ئایا کێبڕکێی نێوان ئەو دوو هێزە نییە لە گشت مەیدانەکان و لەئاستی جیهانیدا کە ڕووداوەکان دروست دەکات؟. جەنگی نێوان: ڕووسیا و ناتۆ لە ئۆکراینا، ئیسرائیل و ئێران،، هتد. ئایا ململانێی هێزەکان و جەنگەکانیان کە ڕووداو دروستدەکەن لەکام جۆری ململانێی چینەکانە؟. بێگومان ململانێی چینە خاوەن دەسەڵاتە چەوسێنەرەکانن، نەک ململانێی نێوان چینی چەوساوە و چینی چەوسێنەر؛ بە ماناێکی دی بەزۆری ئەوە ململانێی نێوان خودی چینی بۆرژوازی خاوەن دەسەڵاتە کە ڕووداو دروست دەکات لە مێژووی سەردەمی نوێدا، هەر بەهەمان شێوە کە ململانێی نێوان ئیمپراتۆرییەتەکانی سەردەمی(میسری کۆن، مێزۆپۆتامیا، ساسانیەکان و ڕۆم، مەملەکەتەکانی وڵاتی هیند و چین)ڕووداویان دروستدەکرد.
هۆکاری ئەم دیاردانە لە مێژوودا چییە؟ یانی هۆکاری ڕۆڵی مەزنی فاکتۆری ململانێی چینە خاوەن دەسەڵاتە چەوسێنەرەکانن چییە؟.
لەم سەردەمەدا بەهۆی(لاوازی سۆسیالیستەکان، ئەزموونی خراپی دامەزراندنی بەناو دەوڵەت و کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی، خامۆشی چینی کرێکاران،، هتد)، ململانێی چیانیەتی بەمان مارکسییەکەی(واتە ململانێی نێوان چینی چەوساوە/ پرۆلیتاریا و چینی چەوسێنەر/ بۆرژوازی)زۆر لاوازبووەو کاریگەری لە دروستکردنی ڕووداوەکان کەم بۆتەوە، هەتا ئێستاش بەڵگە نییە کە ناڕەزایەتی چینی کرێکاران ڕۆڵی هەبووبێ لە ڕێگری لە هەڵگیرساندنی جەنگ یان ڕاگرتنی؛ بۆ نموونە(جەنگی ئۆکراینا، جەنگ لەسەر غەززە، جەنگی ئەم دواییەی نێوان ئەمەریکا و ئێران).
مارکس لە وەسفی ڕۆڵی وەهم لە مێژوودا لەپێشەکییەکەی ساڵی ١٨٦٩ی چاپی دووەمی کتێبی(هەژدەی برۆمێری لویی بۆناپارت)دا ئاماژەی بەوە کردووە کە مێژوو بە تەواوی بە داینامیکی چینایەتی دیاری ناکرێت، ئەوە بەهۆی یەک شت”ڕۆڵی هەست و وەهمەکانی مرۆڤەکان”، چونکە مرۆڤەکان”لەڕێگەی نەریت و پەروەردەکردنەوە”کە دەگوازرێنەوە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەێکی دی، وادەکات لە ئەنجامدا مرۆڤەکان”ڕەنگە خەیاڵ بکەن کە پاڵنەرە ڕاستەقینەکان و خاڵی دەستپێکی چالاکییەکانی پێکدەهێنن- مارکس”، بەڵام لەڕاستیدا زۆرینەی کارو بیری مرۆڤەکان بەرهەمی هەلومەرج و وەهمەکانن.

ئەنجامەکانی دوای جەنگ
لە مێژووی کۆن و نوێدا ئیمپراتۆرییەتە مەزنەکان بەهۆی قەیرانی ئابووری و ناکۆکی ناوخۆی و جەنگی دەرەکییەوە کۆتاییان هاتووە. پۆسێدۆنیۆس (١٣٥ پێش زایین – ٥١ پێش زایین) مێژوونووس و فەیلەسوفی یۆنانی کۆن دەیگوت: (لە ساتەوەختی لەنێوبردنی تەحەدای کارتاجیەکان بۆ دەسەڵاتی ڕۆما، فەزیلەتەکانی ڕۆما پێشێلکراوە.). فەزیلەتەکانی ڕۆما وا پێناسە دەکرا کە بریتییە لە شارستانیەت، و گوایە پێچەوانەی بەربەریسمی جەرمەنەکانە، کە هەمەجی بوون لە کوشتاری خەڵکیدا. بەڵام کاتێ ڕۆما قەرتاجەی سووتان، و دڕندانە کۆکوژی خەڵکەکەی کرد، ئیدی تەواوی بەهاکانی ڕۆما پێشێلکرا، وە دەرکەوت کە ڕۆما لە جەرمەنەکان و قەرتاجیەکان بەربەریترە.
ئەمریکا ساڵانێکە پرۆپاگاندەی بەهاکانی شارستانییەتی غەرب دەکات:(ئازادی، یەکسانی، برایەتی و ئاشتی) کە دروشمەکانی شۆڕشی فەرەنسی ساڵی ١٧٨٩–١٧٩٩یە، وە پروپاگاندەی ئەوەی دەکرد کە مافی مرۆڤ دەپارێزێ، بەڵام ئەمڕۆکە لە هەڵوێستیدا بەرامبەر پەلاماری ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و جەنگی ئەمەریکا و ئێران، تەواوی بەهاکانی خۆی پوچەڵ دەکاتەوە. ئیدی ئەمریکا بەهاکانی خۆی دۆڕاندووە، لێرەوە هەتا ئەگەر ئەمەریکا شەڕەکەی دژی ئێران و هاوپەیمانەکانی بەرێتەوە، بەڵام جەنگەکەی لە بەرامبەر ڕووسیا و چین دەدۆڕێنێ. چونکە سبەینێ دوای جەنگ، هەتا ئەگەر ئەمەریکا براوە بێ، بەهۆی ئەوەی کە خاوەنی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی سەربازییە، چۆن دەتوانێ باس لە ڕوسیا بکات تاوانی جەنگی کردووە لە ئۆکراینا؟! یان چۆن دەتوانێ ڕەخنە لە چین بگرێ کە موسڵمانانی ئیگۆر دەچەوسێنێتەوە؟! لەکاتێکدا ئەمەریکا خۆی و ئیسرائیل هەزارەها خەڵکی مەدەنی و منداڵیان لە غەززەو ئێران و ناوچکەدا کۆکوژی کردووە!. بۆ چینی کرێکاران و خەڵکی هەژاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەگەر براوە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بن، یان براوە ئێران و هاوپەیمانەکانی بن، هیچ جیاوازییان نییە، و چارەنووس هەر بەشمەینەتییە، چونکە هەردوو لایەنەکەی جەنگەکە دوو مەعەسکەری سەرمایەداری دڕندەیە.

سۆسیالیستەکان و جەنگ
لە ژیانی مارکسدا جەنگی جیهانی ڕووینەداوە، بۆیە مارکس تیۆرێک یان مەفهومێکی تایبەتی بۆ جەنگ دانەڕشتووە، بەڵام میتودێک کە بەکاری هێناوە لەشیکاری بۆ هۆکارەکانی جەنگی ئەمەریکای باکوور دژی ئەمریکای باشوور، دروست بووە. ئەنگلس لە کتێبی(ئەنتی دوهرینگ)دا باسی ڕۆڵی تندوتیژی کردووە لە مێژوودا، بەڵام مارکس و ئەنگلس بڕوایان بەوە نەبووە کە جەنگ ڕێگایەکە بۆ گۆڕینی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵگای سەرمایەداری، بەڵکە دروشمیان ئەوە بووە کە”چینی کرێکارانی جیهان یەکگرن”، و بە پێویستیان زانیووە کە پەیڕەو لە پرەنسیپی هاوپشتی نێونەتەوەیی کرێکاران بکەن.
دەشێ ساتەکانی جەنگ دوژوارترین و خراپترین کات بێت بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی سۆسیالیستی، چونکە کۆمەڵگای سۆسیالیسم نە دابەشکردنی هەژارییە، و نەگونجاوە لەسەر وێرانەێک دامەزرێ. ئەم دەربڕینە دروستە بەڵام مەرج نییە بۆ هەموو جەنگەکان دووبارەی بکەینەوە، بەڵکە هەلومەرجی مێژوویی ساتی جەنگی دەوڵەتە سەرمایەدارییەکان، بڕیاردەرە کە چ هەنگاوێک دروستە بنرێ، نەک بڕگەێکی دەقێک.
سۆسیالیستەکان تا پێش جەنگی جیهانی یەکەم، دروشمیان ئاشتی و دژی عەسکەرتاری دەوڵەتی سەرمایەداری و جەنگ بووە، چونکە جەنگ دەبێتە هۆکاری برسیەتی، بێکاری، کاولکاری، و کۆکوژی کرێکاران و خەڵکی مەدەنی. لەکاتی جەنگی جیهانی یەکەم، نێونەتەوەیی دووەم نەیتوانی هەڵوێستێکی یەکگرتوو دژی جەنگی ئیمپریالیستی دەوڵەتە سەرمایەدارەکان، وەربگرێ. لە بەرامبەر ئەم دیمەنەدا، ڕۆزا و لینین بە دەنگی بەرز دژی جەنگ بوون. لۆکسمبۆرگ بە ڕوونی نیشانی دا کە چۆن میلیتاریزم بڕبڕەی پشتی دەوڵەتە، و ڕای وا بوو کە دەبێ دروشمی“جەنگ دژی جەنگ“ببێتە دروشمی بنەڕەتی سیاسەتی چینی کرێکاران. لەو کاتەوە ئامانجی سەرەکی پرۆلیتاریا بوو بە“بەرەنگاربوونەوەی ئیمپریالیزم و هەڵوێستی دژی جەنگ“. ئەم دروشم و هەڵوێستانەی”ڕۆزا و لینین”ئەگەر چی دروست و شۆڕشگێڕانە بوو، بەڵام ئەفسووس لە عەمەلدا نەتوانرا دژی جەنگی جیهانی یەکەم لەلایەن سۆسیالیستەکانی ئەو سەردەمە پەیڕەوی لێ بکرێ، و بەهۆی هەڵوێست بەرامبەر جەنگی جیهانی یەکەم دووبەرەکی و لێکترازان لەنێو ڕیزەکانی سۆسیالیستەکان دروست بوو.
ڕاکەی”ئیتیان بالیبار”دروستە کە نووسیبووی:(شەڕ بۆ مارکسیزم بەتەواوی چەمک نییە، بەڵام بە دڵنیاییەوە کێشەیەکە. لە کاتێکدا مارکسیزم نەیتوانی چەمکێکی شەڕ دابهێنێت، بەڵام دەیتوانی دووبارە دروستی بکاتەوە، ئەگەر بڵێین: واتە پرسی شەڕ بخاتە ناو کێشەدارەکەی خۆیەوە، و ڕەخنەیەکی مارکسیستی لە شەڕ، یان تیۆرێکی ڕەخنەیی لە شەڕ و بارودۆخ و پرۆسەکانی جەنگ، بە ناوەڕۆکێکی تەواو ڕەسەن بەرهەم بهێنێ. بە جۆرێک دەتوانرێت ئەمە وەک جۆرێک لە تاقیکردنەوە بۆ توانای مارکسیزم بۆ جێگیرکردنی خۆی وەک گوتارێکی سەربەخۆی ڕاستەقینە بسەلمێنرێ. بیری مارکسیستی دەوڵەمەندیێکی شیکاری هەیە سەبارەت بە شەڕ بە گشتی، و جۆرە تایبەتەکانی شەڕ. بەڵام شتێکی نائاسایی ڕوویدا: کێشەی شەڕ لەبری ئەوەی یارمەتیدەر بێت بۆ پتەوکردنی یەکگرتوویی مارکسیزمەکان، لەبری ئەوە کاریگەرییەکی قووڵی وێرانکەری بەرهەمهێنا ،،،.)- مارکسیزم و جەنگ/ ئیتیان بالیبار.
ئەمڕۆکە لە کاتی جەنگ لەسەر غەززە، هەندێ لە کۆمۆنیستەکان لە بەیاننامە و وتارەکانیاندا، هەڵوێستەکەی لینین و ڕۆزا دووبارە دەکەنەوە: باڵێکی کۆمۆنیستی بڕوای وایە کە دەبێ جەنگی غەززە بکرێ بە جەنگی چینایەتی دژی ئیمپریالیسمی ئەمەریکا، بەمە فرسەتی شۆڕشی سۆسیالیستی زیاد دەبێ؛ یانی ئەم هاوڕێیانە گرنگی بە کۆنەپەرستی پرۆژەی حەماس و هاوپەیمانەکانی نادەن، بەڵکو قورسایی خۆیان خستۆتە سەر دژایەتی ئیسرائیل و ئەمەریکا، واتە یەک تاک چاون، وە بڕوایان وایە لەتەک حەماس دژی ئەمەریکا، زەمینەی جەنگی چینایەتی خۆش دەبێ!. باڵێکی دی کۆمۆنیستەکان ڕای وایە کە ئەم جەنگە بکرێ بە فرسەتی بەرپاکردنی شۆڕش بەسەر دوژمنی ناخۆیی(یانی گۆڕینی جەنگ بۆ شۆڕش بۆ نموونە لە ئێراندا). بەڕای من ئەم هاوڕێیانە گەرچی هەڵوێستی ئینسانیان دژی جەنگی ئیسرائیل و ئەمەریکا، دروستە و جێگای دەستخۆشییە، بەڵام بانگەوازو دروشمەکانیان تەواو خەیاڵییە، و بیرکردنەوەیان دوورە لە بەرژەوەندی چینی کرێکاران. چونکە ئەو بلۆکەی بەرامبەری ئەمەریکایە، بلۆکێکی دڕندەو کۆنەپەرستی سەرمایەدارییە؛ واتە ئەمە جەنگی دوو بلۆکی سەرمایەداری دڕندەن، ئیدی چۆن جەنگی حەماس و ئێران لەتەک ئیسرائیل و ئەمەریکا دەبێ بە زەمینەسازکردن بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی سۆسیالیستی؟!. ئەمە خۆشخەیاڵییەکەی لینینە دەربارەی شۆڕشی گەلانی چەوساوە دژی ئیمپریالیسم بەشێوەێکی کاریکاتێری. وە لە سەردەمی ئێمەدا، پرسەکانی وەک فەڵەستینیەکان یان کوردەکان، دەمێکە بۆتە مەیدانی کێشمەکێشی بۆرژوازە کۆنەپەرستەکانی لۆکاڵی و جیهانی، ئیدی هیچ بزووتنەوەێکی گەلانی چەوساوەو ژێردەست نەماوە کە پێشکەتووخواز بێ، و دەمێکە ئەوە کەشف بووە کە جەنگی بۆرژوازی گەلانی ژێردەست دژی دەوڵەتی سەردەست، ناکرێ بە موتەحالفی چینی کرێکاران، و سەربەخۆیی(فەڵەستین و کوردستان)بەسەرکردایەتی بۆرژوازییە ناسیۆنالیستەکان بێ یان ئیسلامییەکان، نابێتە بەردەباز بەرەو سۆسیالیسم؛ ئەوە تەنها ئەستۆرەیە. وە فرسەت هێنان لەکاتی جەنگ بۆ بەرپاکردنی شۆڕش لە ئێران یان ئێراقدا؛ ئەقڵی موغامری کەمایەتێکی نێو فەزای مەجازییە، چونکە لەئێستادا هیزێکی سۆسیالیستی نییە بتوانێ ئەوە بکات، وە شۆڕش لەئێستادا لەو وڵاتانەدا، دەچێتە خزمەت بەرەکەی دییەوە. بۆ سۆسیالیستەکان بەتایبەتی ئەوە گرنگە کە سیاسەتی سەربەخۆی چینی کرێکاران دژی دەوڵەتەکانی سەرمایەداری بپارێزن، وە بەتایبەتی لەم پرسەدا:”دژی جەنگ”بن، و هۆشیاربن نەکەونە ناو سەنگەری ئەمریکا یان ئێران.
وه‌حشه‌كانی مۆدێرنه‌
پۆتین سه‌گه‌كه‌ی له‌ منداڵێكی سوری
خۆشتر ده‌وێ.
پۆتین خوێن ده‌ڕێژێ و
یاری به‌ سه‌گه‌كه‌ی ده‌كا.
لای پۆتین ڕژانی خوێن و
یاری سه‌گ لێك ده‌چن.
تره‌مپیش جارێك گوتبووی:
سه‌دام گاڵته‌یه‌كی كیمیاوییانه‌ی
له‌گه‌ڵ هه‌ڵه‌بجه‌ كردبوو،
بۆ وا لێیان كردبووه‌
هه‌ڵڵا و هه‌را؟…
ئه‌رێ خه‌ڵكینه‌، ئه‌مانه‌ مرۆڤن؟
یان وه‌حشه‌كانی سه‌رمایه‌ و مۆدێرنه‌؟
به‌ختیار محه‌مه‌د

فەلسەفە لەزمەنی داڕماندا
ساتێک بۆ پاشەوە و ساتێک بۆ پێشەوە

سەردەمەکەی ئێمە بەوە دەناسرێتەوە کە بۆرژوازەکان سامان بەخێرایی کەڵەکە دەکەن و کرێکاران و زۆربەی خەڵکیش زیاتر هەژار دەکەن. ئەوەی جێی سەرسوڕمانە بۆرژوازە دەسەڵاتدارەکان توانیویانە زۆربەی هەر ئەو خەڵکەی کە هەژاریان کردووە فریو بدەن، و بیانکەنە لایەنگرانی ئەحزاب و بیروباوەڕە کۆنەپەرستەکانی خۆیان. لەخوێندنەوەی دەقەکانی”سۆسیالیستەکان و مارکس”کە پێداگریان دەکرد لەسەر(ڕۆڵی هۆشیاری/ ئەقڵانییەت)، بەتایبەتی شرۆڤەی مارکس بۆ کۆمەڵگەی سەرمایەداری، ڕایان وا بوو کە چینی کرێکاران؛ ئەم چینە نوێیە نابێت ڕێگە بدات بکەوێتە تەڵەکانی هۆشی موزەیەف/ ساختە/ ئیدۆلۆژیاکانی دەسەڵات؛ یانی بەجۆرێک نابێت ڕێگە بەخۆی بدات بە بەرتیلێکی گەورە یان بچووک(ئیسڵاحات)ئارام بکرێتەوە، یان نابێت لە بێزاری و بێهێزی بچێت ملکەچی دەسەڵاتی بۆرژوازی بێ، وەک چۆن زۆرێک لە چینەکانی مێژووی پێشوو(کۆیلەکان و جوتیاران ملکەچی دەسەڵات و بیروباوەڕی خاوەن کۆیلەکان و دەرەبەگەکان بوون)، و پرۆلیتاریا نابێت ڕێبدات گەوجبکرێ بە بیروباوەڕی ئایینی سیاسی و ڕەگەزپەرستی.
بەڵام ئایا ئەمڕۆکە بەشێکی زۆری چینی کرێکاران و خەڵکی هەژار بەدوی(داعش، ڕەگەزپەرستەکان، ئەحزابی هیندۆسیەکان، مەسیحی سیاسی، ڕاستڕەوی توندڕەو،، فکری بنەماڵە و هۆزەوە) نین؟!. ئایا ئەمڕۆکە بەشێکی پرۆلیتاریا لە(ئەمەریکا، ئەوروپا،، و کوردستان،، هتد)کە بژێوییان سەختە و بێکارن، بەدوی سیاسەت و بیروباوەڕی بۆرژوازییەوە نین؟. بۆرژوازی توانیویەتی بە سیاسەت و ئیدۆلۆژیا لە ڕێگەی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ لە میدیا و سۆسیال میدیا، پرۆلیتاریا نەک تەنها لە هۆشیاری چینایەتی دووربخاتەوە، بەڵکە ویژدان و هەست و میهرەبانی ئینسانی نەھێڵێ و بیکاتە دڕندە(بۆرژوازەکان جیهان لەسەر شێوەی خۆیان دروست دەکەن – مارکس/ مانیفێستی کۆمۆنیست).
ئەگەر سەرنج بدەین چەمکی وەک(مرۆڤی نامۆ، مرۆڤی مەسخ، مرۆڤی زۆمبی، مرۆڤی گرگن، مرۆڤی فریودراو، مرۆڤی گەمژەکراو)لە ئەدەبیاتی سۆسیالیستیدا بەکارهێنراوە بۆ وەسفی حاڵەتی ئەو بەشە فریودراوەی خەڵک، کە لەم سەردەمدا بەناشیترین شێوە لە کردەوەکانی ڕەگەزپەرستەکانی ڕۆژئاواو شوێن کەوتووەکانی ئەحزابی ئایینی سیاسی لە: سوریا، سودان، یەمەن، عێراق، هیندستان،، هتد، دەی بینین. ئەمڕۆکە ململانێی چینایەتی لە هەلومەرجێکی زۆر نالەباردایە و فەلسەفەی سۆسیالیستی ساڵانێکە لە پاشەکشەدایە. لەڕاستیدا ئەمە سەدەیەکە بۆ ناعەقڵانییەتی بۆرژوازی؛ بۆیە کەسانی سۆسیالیست و چەپی وەک ئێمە و بڕێک لە خەڵکی مەدەنی و سکولار وا هەست دەکەن کە ئێمە دواهەمین نەوەی سەردەمێک بووین بەسەرچووە، و ئەو سەردەمە هەروا ئاسان ناگەڕێتەوە.
چۆن گەیشتینە ئێرە؟ بۆچ بیروباوەڕ و هەلومەرجی کۆمەڵگە هێندە پاشەکشەی پێکراوە؟. ململانێی بیروباوەڕ هاوشێوەی شەڕ سیجالە؛ بۆ پێشەوەو بۆ پاشەوەی تێدایە، واتە فەلسەفە لە ململانێدایە و وەرچەرخان دەکات، شەڕێکە و سەرکەوتن و شکستی بەدوایەکتری تێدایە؛ یانی هەر فەلسەفەیەو لە سەردەمێکدا سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت و لە سەردەمێکی دیکەدا شکستی پێدەهێنرێت.
لە سەردەمی دەرەبەگایەتیدا فەلسەفەی کۆنسەرڤاتیڤ و چەمکەکانی شەرەف، داب و نەریەت، و دڵسۆزی بۆ هۆز و خێزان زاڵ بوون، لە سەردەمی سەرمایەداریدا بەتایبەتی لە سەرتایدا و تا ساڵانی ۱۹۹۰ فەلسەفەی لیبڕالی و چەمکەکانی تاکەکەس، ئازادی و یەکسانی سیاسی و یاسایی باو بوو، بەڵام ئەمڕۆکە بە زۆری بۆرژوازی دەمانگەڕێنێتەوە بۆ کەلتووری شەرەف و دڵسۆزی بۆ: دەسەڵات، نیشتمان، ئایین، ڕەگەز، هۆز و بنەماڵە. ئەما سۆسیالیستەکان خەبات دەکەن بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەێک کە ئازادی و یەکسانی بە ناوەڕۆکی هەردووک سیاسی و ئابووری تێیدا زاڵ بێ.
ساڵەکانی ۱۸۰۰- ۱۹۸۰ بەوە دەناسرێتەوە کە ململانێی نێوان فەلسەفەی لیبڕالیسم و سۆسیالیسم باڵی بەسەر جیهاندا کێشابوو، بەڵام لەتەک سەرهەڵدانی قۆناغی ئیمپریالیسم، بە هەوڵی بیرمەندانی وەک(نیتشە، کارڵ شمیت، هایدگەر، لیۆ شتراوس، ساموێل هینتینگتۆن،، هتد)فەلسەفەی کۆنسەرڤاتیڤ پشتی ڕاستکردووەو مەیدانی داگیر دەکرد، و هێدی هێدی بەهاتنی(ماگرێت تاتچەر و ڕێگان)بۆ سەر حوکم، فەلسەفەی کۆنسەرڤاتیڤ و سیاسەتەکانی لە دونیادا زاڵ دەبوون، تا ئەنجامەکەی وای لێهات ئەمڕۆکە هەردووک فەلسەفەی(لیبڕالیسم و سۆسیالیسم)پاشەکشەیان کردووەو لاواز بوون، بەڵام بیروباوەڕی کۆنسەرڤاتیڤ لەوپەڕی بەجەماوەر بووندایەو لاێکی دونیا کۆنەپەرست و دڕندەیە. ئایا دونیا وەرچەرخانێکی فەلسەفی و سیاسی نوێ بەخۆیەوە دەبینێ؟ ئایا ئێمە فەلسەفەی سۆسیالیستی دەبینین جارێکی دی دونیا بە(ئازادی و یەکسانی ئینسانەکان)ڕووناک بکاتەوە؟. بەڕای من بەڵێ ئەوە ئەگەرێکە و بەندوبەستراوە بەوەی کە ئینسانە ئازاد و یەکسانخوازەکان تا چەند:

  • واقیعیانە لە دونیای ئەمڕۆکە تێگەیشتوون و چ کارێک دەکەن بۆ گۆڕینی، چونکە دەبێ لە دونیای ئەمڕۆکە دروست تێبگەین تا بتوانین بیگۆڕین.
    *سۆسیالیستەکان(دۆست و دوژمن)؛ کە بنەمای هەموو فەلسەفەێکی سیاسییە، چۆن و بە چ پێوەرێک دیاری دەکەن.
    * تاچەند سۆسیالیستەکان لەگورپچییەتی(سیکتاریسم)خۆیان بەدوور دەگرن و هەوڵی کاری هاوبەش دەدەن.

پەراوێز:

  • بۆ خوێندنەوەی ڕای نووسەر لەسەر هۆکارەکانی جەنگی ئەمەریکا و ئێران دەتوانن ئەم وتارانە بخوێنەوە:
    ۱/(سەرمایەداری: قەیران و بەربەریسم – ئەکرەم سەعید) – لە کتێبی”تێگەیشتنێک لە شۆڕشی سۆشیالیستی“.
    ۲/ (جەنگ و فریودان) – ئەکرەم سەعید.
    ۳/ (جەنگی دڕندەکان بەرەو کوێ دەچێ؟) – ئاسۆ کەمال – ئەکرەم سەعید.



ئێستێتیکی فریدریش شیلەر.. 3 .. کاوە جەلال

(بەشی سێیەم)

-3شیلەر و کانت
-1-3 فەلسەفەی ترانسسێندێنتالی کانت لە سێ ڕەخنەکەیدا

کانت لە یەکەم ڕەخنەکەیدا بە ناونیشانی «ڕەخنەی ئاوەزی پەتی » (1781) خۆی بە سنوورەکانی ئاوەزەوە بۆ شیمانەی مەئریفە خەریک دەکات، کەواتە ئاوەز لەم ڕەخنەیەدا تەنیا وەک ئاوەزی تیۆرییانە لەژێر پرسیاردایە: “ئایا من دەتوانم چی بزانم؟”. ئێمە لێرەدا بەر کارایی زەین و ئاوەز دەکەوین. یەکەمیان توانستی مەئریفەیە، کە نێوەرۆکەکانی شئور بە تێگە و کاتێگۆرییەکانی ڕێکدەخات و ئەزموون دەشێنێت. زەین ناتوانێت لە سنوورەکانی توانستی دەرکگیری تێبپەڕێت. وەلێ ئاوەز توانستێکی سەرینەییە و بەگوێرەی سروشتی دەکەوێتە پرسیار لەبارەی مەئریفەکانی زەین، چونکە تەقەلا بۆ پرنسیپ و یەکانە دەدات، بەوەش سنووری ئەزموون دەبەزێنێت، کە ئیدی بەو ڕێیەوە خۆی بە دژبێژییەوە دەئاڵێنێت: ئاوەزی پەتی هەوڵ دەدات بە تێز هەبوونی خودا، نەمریی دەروون و ئازادی بسەلمێنێت، وەلێ هەر ئەو خۆی بە ئەنتیتێز دەیسەلمێنێت کە هەرسێکیان نەشیاون (6). لەم ڕوانگەیەوە خودا و دەروون و ئازادی شیاوی زانین نین. ئێمە پەیوەند بە ئازادییەوە دەکەوینە بەردەم پرسیاری ئەخلاق (مۆرال) کە کانت بەتایبەتی لە «ڕەخنەی ئاوەزی پراکتیکی »دا (1788) خۆی پێوە خەریک دەکات (7).
ئێمە بێگومان پەیوەند بە ئاوەزی پراکتیکیشەوە هەر ئاوەزی پەتیمان هەیە، وەلێ ئێستا نەک وەک ئاوەزی تیۆرییانە (ئایا من دەتوانم چی بزانم؟)، بەڵکو ئێستا ئاوەز پەیوەند بە کردارەوە لەژێر ڕەخنەدایە: “ئایا چۆن گەرەکە من کردار بنوێنم؟”
کانت پەیوەند بە کرداری مرۆڤەوە چە دێتەرمینیزم (حەتمییەت) و چە دیاریکردنی پێشیانیی خودایی ڕەتدەکاتەوە. بە تێڕوانینی ئەو مرۆڤ خۆی بڕیار (قەرار) دەدات کە ئەوها یان بە جۆرێکی دی کردار بنوێنێت. ئێمە لێرەدا بەر تێگەی ویست (ئیرادە) دەکەوین. وەلێ ویست لای کانت یەکانە نییە، بەڵکو دوو پاڵهێزی هەیە: یەکێکیان لە ئارەزووی سەبژێکتەوە بۆ خاتری بەرژەوەندییەکانی دەنوێنرێت و ئاپۆستەریۆرییە (پاشدەرکییە) – ئاخر ئارەزوو هەوەسمەندە و بەندە بە ڕەوشە پسیکۆییەکانی مرۆڤەوە کە لەژێر کاریگەریی دەرەکیدان؛ ئەو پرنسیپانە کە سەبژێکت لەم ڕەوشەدا وەک بنەڕەتی کردارەکانی دایاندەنێت، تەنیا ڕێسان (ماکسیمن) و چواندنیان بۆ ویستی ئەو خۆی هەیە نەک بۆ سەرجەم مرۆڤان. ئەویدیکەیان لە کارایی ئاوەزی پەتیی پراکتیکییەوە دەنوێنرێت پابەند بەو پرنسیپانەوە (ئەکسیۆمانەوە) کە ئاوەز ئاپریۆریانە (پێشدەرکییانە) وەک بنەڕەت لە خۆی گرتوون، کەواتە پرنسیپەکان سەربەخۆن لە هەستی حەز و ناحەز یان لە ئارەزووەکان، ئەوجا لەبەرئەوەی ئاپریۆریانە لە خودی زەینەوە سەرهەڵدەدەن، کەواتە دەرئەنجامگیری نین لە ئەزموونەوە، ئەوا یاسای ئۆبژێکتیڤین و چواندنیان بۆ هەر بوونەوەرێکی ئاوەزمەند (کەواتە سەرجەم مرۆڤان) هەیە نەک تەنیا بۆ تاکە سەبژێکتێک.
ئێمە بێگومان پەیوەند بە شیمانەی ویستەوە کە دەشێت لە لایەک پابەندی ئارەزوو و لە لایەکی دیکەوە پابەندی ئاوەز بێت، دەکەوینە بەردەم پرسی ئازادی. کانت جەخت دەکات، لەبەر ئەوەی دەرکەوەرەکان لەژێر ڕکێفی هۆئەنجامیی سروشتی پسیکۆییانەی مرۆڤدان، ئەوا لەم ڕەوشەدا ویست بەردەدرێت بۆ هەوەسی دەرکی و ڕێکەوتی نەناسراو، بۆیە لەنێو دەرکەوەرەکاندا ئازادی لەگۆڕێ نییە و نابێت. لەم ڕوانگەیەوە، دیاریکردنی ئازادی لە هۆئەنجامیی سروشتەوە دیاریکردنێکی نێوەرۆکییە (ماتەریالە) و ناتوانێت تیۆرییەکی ئازادی بنیاتبنێت، چونکە لەم جۆرە دیاریکردنەی ئازادییەوە هێتەرۆنۆمی (دیاریکردنی دەرەکی) دێتە ئاراوە، واتا ئارەزووە بەرجەستەکان ویست دیاری دەکەن، ئەمەش دەبێت بە ئاستەنگ لە بەردەم ئازادیدا وەک ئۆتۆنۆمی (خوددیاریکردن، یاسادان بە خودی خۆ). بەم پێیە کانت بە پێچەوانەی دیاریکردنی نێوەرۆکییەوە، دیاریکردنی شێوەکییانەی (فۆرمالی) ئازادی وەردەگرێت. لەم ڕەوشەدا تەنیا ئاوەزی پەتیی پراکتیکی ویست بۆ کردار تەرخان دەکات.
کانت ڕەخنەییانە لە ویستی سەبژێکتیڤی نزیکدەکەوێتەوە، ئەوجا کاتێک ئەو دێتەرمینیزم و دیاریکردنی پێشیانیی خودایی ڕەتدەکاتەوە، کەواتە خودی مرۆڤ وەک بنەڕەتی بڕیار (قەرار) دادەنێت، ئەوا هاوکات بەوە دەبێژێت، کە سەبژێکت دەتوانێت لە کرداردا “بییەوێت” ڕێساکانی ببن بە پرنسیپ و وەک یاسای گشتگیر چواندنی ئۆبژێکتیڤییان بۆ هەرکەس هەبێت. ئاخر ئێستا لەم ڕەوشەدا فۆرمی یاسادانێکی گشتی لەگۆڕێیە و هەر خودی ئەم فۆرمە ویست دیاری دەکات، بەو ڕێیەشەوە ئێستا ویست “ئازاد”ە (ئۆتۆنۆمە)، وەلێ ئازادییەک کە پابەندی “فرمان”ە (واجیبە): مرۆڤ یاسا بۆ خۆی دادەنێت و هاوکات خۆی دەخاتە ژێر ڕکێفییەوە. ئێمە لێرەدا دەگەین بە فۆرمولە بەناوبانگەی کانت بەناوی “فەرمانی زەرووری” (das kategorische Imperativ) کە یاسایەکی ئەخلاقییە بە چواندنی بێمەرجەوە بۆ سەرجەم بوونەوەرانی ئاوەزمەند (مرۆڤان):
«تۆ ئەوها کردار بنوێنە کە ماکسیمی (ڕێسای) ویستت هەردەم هاوکات بشێت چواندنی هەبێت وەک پرنسیپی یاسادانانێکی گشتی. »(8)
کەواتە کانت سەبژێکت بەرەو ڕووی گەرەک (soll) دەکاتەوە: ئەو گەرەکە هەردەم ئەوها کردار بنوێنێت، کە ئیدی ڕێساکانی بۆ نواندنی کردار هەردەم وەک پرنسیپی (ئەکسیۆمی) یاسادانانێکی گشتی چواندنیان هەبێت. ئەم گەرەکە بەزەرووری، ئاپریۆریانە، چواندنی بۆ هەرکەس هەیە: هەرگیز نابێت هیچکەس نە خودی خۆی و نە کەسێکی دیکە وەک “دەستوێژ”ی کردار دابنێت، بەڵکو هەردەم وەک “مەبەست”. تەنیا لەم پرنسیپەوە کردارەکانی مرۆڤ دەبن بە ئەخلاقی. کانت ئەمە ناو دەنێت “فاکتومی ئاوەز”، ئەمەش بەواتای: لە هەر بوونەوەرێکی ئاوەزمەنددا ئاگایی ڕاستەوخۆی یاسای ئەخلاقی (فەرمانی زەرووری) لەگۆڕێیە، ئاگاییەکەش ڕاستەوخۆیە، چونکە ئاپریۆریانە یاسای ئەخلاقیی خۆیمان بەسەردا دەسەپێنێت بەبێ ئەوەی پێویست بێت لە ئەزموونەوە دەربئەنجامێنرێت.
ئەوجا کانت لە ڕەخنەی سێیەمدا، «ڕەخنەی هێزی بڕیار » (1790) گۆڕان بە ئێستێتیکەکەی دەدات. چە زەین و نەزەر (بەگوێرەی «ڕەخنەی ئاوەزی پەتی»)، هەروەها چە ئاوەز و توانستی ئارەزووکردن (بەگوێرەی «ڕەخنەی ئاوەزی پراکتیکی»)، پەیوەستن بە ئۆبژێکتەوە، وەلێ هێزی بڕیار پەیوەستە بە سەبژێکتەوە. ئاخر بڕیاری چێژ لای کانت ئێستێتیکییە، ئەمەش لای ئەو بەواتای، لە بڕیاری “ئەمە جوانە”دا پێشبینییەک لەگۆڕێیە کە نەک بە جوانێتییەوە، بەڵکو بە خودی سەبژێکتەوە پەیوەستە؛ بڕیارەکە تەنیا ئەو واتایە دەگەیەنێت کە ئێمە حەزمان لەو بابەتەیە. کانت هەروەها لەبریی حەز لە بەدڵبوون (Wohlgefallen) دەوێت، کە هەستی سەبژێکتیڤییانەی خۆمانە و بڕیاری “ئەمە جوانە” دیاری دەکات.
لە هێزی بڕیاردا گەمەیەکی هارمۆنییانەی ئازاد لە نێوان هێزی وێناندن (فۆرمخستنەوە) و زەیندا (تێگەدا) ڕوودەدات، ئەوجا کاتێک دەبێژین، بڕیاری چێژ پەیوەستە بە سەبژێکتەوە، ئەوا هاوکات بەوە دەبێژین کە لەو گەمە ئازادەی هێزی بڕیاردا هیچ مەبەستێک لەگۆڕێ نییە: هەبوونی ئۆبژێکت، یان کاری هونەری، هیچ بایەخێکی بۆ بڕیاری چێژ نییە. بڕیاردەر ئارەزووی بۆ ئۆبژێکت نییە و هەوڵ بدات ببێت بە خاوەنی یان بەکاری بهێنێت، ئەو هەروەها مەبەستی ئەخلاقیی ئاڕاستە ناکات. ئەو لە بڕیاری “ئەمە جوانە”دا نازانێت بۆچی بابەتەکە جوانە، بەڵکو تەنیا وەک جوان هەستی پێدەکات: ئەو تەنیا چێژ لە فۆرمەکەی دەبینێت. کانت ئەمە ناودەنێت “مەبەستێتیی بێمەبەست” کە تەواو شێوەکییە (فۆرمالە): گەرچی جوانێتی وەک مەبەستێتی دەرکدەکرێت، وەلێ ئەوە دەرککردنی نێوەرۆکی جوانێتی نییە، بەڵکو ئەوە بونیادی شێوەکییانەی (ڕێکخراوی، پرۆپۆرسیۆن) جوانێتییە کە ئەو دەرفەتەمان بۆ دەڕەخسێنێت. ئەوجا گەرچی بڕیاری “ئەمە جوانە” بەندە بە هەستی سەبژێکتیڤییەوە، وەلێ بڕیاردەر چاوەڕوانە کە “ئەوانیدیکە”ش لەتەک بڕیارەکەیدا یەکبگرنەوە، چونکە “گەمە ئازادەکە”ی نێوان هێزی وێناندن و زەین نێوکۆییە بە سەرجەم مرۆڤان. بە شێوەیەکی دی ببێژین، پێشمەرجی بڕیاری چێژ ئەوەیە کە هەموو هێزەکانی مەئریفە لای تێکڕای مرۆڤان وەک یەک کاران (9).
کاتێک کانت جوانێتی (هونەر) لە گۆشەنیگای سەبژێکتی لێڕوانەرەوە دیاری دەکات، ئەوا شیلەر بە پێچەوانەوە کرۆکی “بابەتی جوان” بەهەند وەردەگرێت، کەواتە جوانێتی دەباتە نێو کاری هونەرییەوە و هەوڵ دەدات هونەر وەک ئۆتۆنۆم بچەسپێنێت: وەک خوددیاریکەر، وەک ویستمەند. شیلەر لە یەکەم نامەی کالیاسدا (25.01.1793) دەبێژێت، کە ئەو چەسپاندنی تێگەیەکی ئۆبژێکتیڤیانەی جوانێتی (هونەر) بە مەزنترین ئەرکی خۆی دادەنێت، بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکەش “ڕەخنەی ئاوەزی پراکتیکی”ی کانت وەک بنەڕەت وەردەگرێت. بێگومان ئەو هاوکات گومانی لەوەش هەیە کە داخۆ هەوڵەکەی سەربگرێت.

(ماویەتی)..

پەراوێز..

(6) بۆ پتر نزیککەوتنەوە لە “ڕەخنەی ئاوەزی پەتی”ی کانت بڕوانە: ئیمانوێل کانت. پێشگۆتن بۆ هەر مێتافیزیکێک کە بشێت لە ئایندەدا ببێت بە زانست. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە. کتێبخانەی کوردستانپۆست، کوردڕاوم، دەنگەکان. هەروەها بڕوانە “پاشگۆتن”ی وەرگێڕ.
(7) لەم نووسینەدا “ڕەخنەی ئاوەزی پراکتیکی”ی کانت زۆر بەپوختی تەنیا پابەند بە نووسینەکەوە داڕێژراوە تا فۆرمەکەی تێکنەچێت. داڕشتنێکی ڕێبەریانەی فراوانتری ئەو ڕەخنەیە لە کارێکی دیکەدا ئەنجامدراوە کە سەربەخۆ بڵاودەکرێتەوە. داڕشتنەکەی ئێرە پوختەی ئەو کارە پوختەی دیکەیە.
(8) Kant. Ausgewählte Schriften. Die Grundlagen des kritischen Denkens. Hrsg. von Gerhard Stenzel. Bearbeitung und Einleitung: Walter Del-Negro. Bertelsmann Lesering. 1958. S. 308.
(9) بۆ پتر نزیککەوتنەوە لە “ڕەخنەی هێزی بڕیار”ی کانت بڕوانە: ئانێماری گێتمان-زیفەرت. ڕێبەرییەک بۆ ئێستێتیک. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە. سلێمانی 2009. کوردیپێدیا.




بۆچی ئەمریکا لە ئێران دەدات؟.. حەسەن ڕازانی

بەهانەکان وەک کە باسیان لێوە دەکەن:
ئێران چەکی ئەتۆمیی هەیە یان درووستی دەکات، یان یورانیوم دەپیتینێ و بۆچەکی ئەتۆمیی ئامادەی دەکات!
ئێران سەرچاوەی تیرۆریزمە!
بەڵام:
ئایا ئەوە ئێران بوو بزووتنەوەی تاڵیبانی لە ئەفغانستان درووست کرد؟
ئایا ئەوە ئێران بوو داعشی درووستکردو بەریدایە گیانی خەڵکی سوریاو ئێراق؟
ئایا ئەوە ئێران بوو کە گروپە تیرۆریستە ئیسلامیە سوننە تونڕەوەکانی لە نێو سوریادا درووستکردن و بە چەکی قورس تەیاری کردن و ناوی لێنان بەرەی ئۆپۆسزیۆن و گوایە لە دژی رژێمەکەی ئەسەد دەجەنگان بەڵام کاری تریان پێدەسپێررا؟
ئایا ئەوە ئێرانە کە لە هەرچوار لای دنیاوە بۆ جیهاد لە دژی خەڵکی ئێراق و سوریا تیرۆریستی تێڕا دێنە ناو سوریاو ئێراقەوە؟
ئایا چیچانیی و ئوغوریەکانی چین لە ئێرانەوە دێنە ناو سوریاو ئێراق یان لە تورکیای ئەندامی ناتۆوە؟
ئایا ئەبو محمد جۆلانی،
گەورە تیرۆریستی جیهانی،
بە پاڵپشتی ئێرانیی،
بووە سەرۆکی سوریاو گەلانی؟

دوێنێ چل ملیۆنتان دەدا،
لەبۆ سەری جۆلانی،
ئێستاس ڕاناوەستن،
لە سەناو پێدا هەڵدانی!
چەندین نموونەی تر هەن و چەندین گرووپی تیرۆریستی تر هەن کە بە هەر چوار لای دنیادا بڵاوکراونەتەوەو بەردراونەتە گیانی خەڵکی سیڤیل و هەر هەمووشیان ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی ئەمریکا سەرچاوەی بژێویی و پڕچەک کردنی ئەو گرووپانەن نەک ئێران!
ئەمریکا خۆی بۆ خۆی، خۆی کردۆتە پۆلیسی جیهان نەک ئێران!
من بەرگریی لە ئێران ناکەم و پێشم وایە و بە بەڵگەش سەلماوە کە سیستەمی ئاخوندیی سیستەمێکی دژە ئینسانیی و بە ڕژیمی پەت و سێدارەش ناسراوە. بە زەبری سەرکوت و سێدارەو برسیکردن بە دەیان ساڵە خۆی سەپاندووە!
بەڵام ئەمریکا لە ئێران نادات چونکە ئێران لە گەڵ کورد خەراپە، یان لە گەڵ گەلانی ئێران خەراپە، یان چونکە سیستەمی ئاخوندەکان سیستەمێکی دێموکراسی و ئینسانیی نیە، یان لە بەر ئەوەی سیستەمی ئێران سیستەمێکی عیلمانی نیە، بەڵک و ئەمریکا لە ئێران دەدات چونکا بە کورتی و کرمانجی ئێران ناچێتە ژێرباری داخوازیەکانی ئەمریکا!
ئەم بۆچوونەی من دیسان ڕاستە بۆ ڕژێمەکانی سوریاو ئێراق و یەمەن و سۆدان و میسرو لیبیاو تونس و تەواوی ئەو دەوڵەتانەی کە لە بەناو بەهاری عارەبیدا سەرەونگوون کران و ناتۆ بە سەرپەرشتی ئەمریکا هەریەکەی بەهانەیەکی لێدۆزینەوە. من پێم وایە ئەگەر ئەو دەوڵەتانەی بەهاری عارەبیی وەک پێویست ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لە ئەدایان ڕازی بوانایە هەرگیز ڕۆژیان نەدەگەیی بە ئەمڕۆ!
بۆ نموونە ئەمریکاو هاوپەیمان و هاوئاوازەکانی سەدامیان نەڕوخاند چونکە سەدام لە گەڵ کوردو گەلی ئێراق خەراپ بوو، یان سەدام چەکی کۆمەڵکوژی هەبوو، یان کیمیاوی بەکار هێنا لە دژی کوردان،. بەڵکو لە سەر شتیتر سەدامیان ڕوخاند کە دوروو نزیک پەیوەندی نەبوو بەوهۆیانەی کە لە ڕاگەیاندنەکانەوە باسیان لێوەدەکردن!
هۆیەکانیش تەنها بەهانە بوون و هیجی تر! بەهانە بوون بۆ ئەوەی هەم خەڵکی ئەو وڵاتە ڕەکێش بکەنە ناو سوپاکەی خۆیان و هەمیش شەرعیەتێکی نێو دەوڵەتی، کە هەر خۆشیان بەرپرسی ئەو شەرعیەتەن، بدەنە هێرش و پەلامارو وێرانکاریەکانیان.
من دیسان دەیڵێمەوە هەموو ئەو ڕژێمانەی کە لە بەهاری عارەبییدا ڕووخێنران و ئەوانەی کە ئێستا لەسەر کارن، هیچیان دووروو نزیک پەیوەندییان بە خەڵکەوە نیەو هەموویان دژە خەڵکن یان دیکتاتۆر بوون یان ئێستا دیکتاتۆرن!
بەڵام میژوو سەلماندوویەتی ناتۆ بە سەرپرشتی ئەمریکا دژی دیکتاتۆریەت نیە لە جیهانی عارەبیی و ئیسلامییدا، بەڵک و دژی ئەو سیستەمەیە کە لە گەڵ ئەمریکا نەبێت.
تۆ لەگەڵ ئەمریکا بە ئیتر کوڕی باشیت و عەیبت نیە ئەگینا تۆ تیرۆریستیت!
تکایە بە وردی دیقەت لە ناوچەکەو رژێمەکانی ناوچەکە بدەن بۆتان دەردەکەوێت کە ئەم قسەیەی من ڕاستە!
تێبینی: تکایە ناوەڕۆکی ئەو بابەتەی منه وا لێکمەدەنەوە کە من پێم ناخۆشە ڕژێمی ئێران بڕتووخێت، یان من دژی سەربەخۆیی کوردم. بەڵکو ئەوەیە کە من نامەوێت ڕژێمێکی دیکتاتۆر بڕوخێنرێت و یەکێکیتر لە خۆی خەراپتر بهێنرێت! من دژی شەڕو وێرانییم کە مەبەستی تەنها وێرانیی و شەڕە لە بەرژەوەندی بازرگانانی شەڕ یا لە بەرژەوەندی جیهانی سەرمایەو کۆمپانیاکانی چەک و شەڕە!

حەسەن ڕازانی




بەهانەیەك هەر دەدۆزینەوە.. سەدیق سەعید ڕواندزی

          

(بە بۆنەی مەرگی ڕەفیق سابیرەوە)

_ 1_
ئەگەر ڕۆژێك لە ڕۆژان بە یەك بگەینەوە
ئاخۆ بەهانەیەك بدۆزینەوە بۆ ئاخافتن
یان دەرفەتێك بۆ لێ بوردن؟

(بەهانەیەك هەر دەدۆزینەوە، بەڵام دەرفەت نەماوە بۆ لێ بوردن، شاعیر لێرەدا وەسفی بە یەك گەیشتنەوەی دووعاشقی دابڕاو دەكات، كە چۆن كاتێ بە یەكتری دەگەنەوە، ناتوانن ببەیڤن، چونكە عشق زمانی نییە و بە زمان وەسف ناكرێت، چۆن دەتوانین دوو مرۆڤ، لە نێو یەك ڕوح و جەستەدا، لە یەك مرۆڤدا بناسینەوە؟!)
2

ئەو تەرمانەی وەك زەردە گەڵای پاییزان
بە ژاكاوی گوێی ڕووباروو
وەرز و شەقام و بنار و
بەر بەیانیان تەنیوە
( شاعیر وێنەیەكی بە كۆمەڵی ئەو قوربانییانە نیشان دەدات، كە بە دەستی ڕژێمی فاشی بەغدا، كیمیا بارانكران و تەرمەكانییان لە بن هەردوو ڕۆخ چەم و دەم كانیاوەكان، وەك گەڵای كەوتووی پاییزان بە كۆمەڵ كەوتوون، كە هێمایە بۆ ڕۆژی كارەساتەكە، بەڵام ئەو هەموو خەم و مردنە، شاعیر وەك كوردێك نائومێد ناكەن، دەستەوەستان و نایڕوخێنن، چونكە ئەو دەزانێت لە پێناو نەتەوەدا، دەبێ قوربانی گەورە بدرێت)
3

سینگم دەبێتە گۆڕەپان
قۆڵەكانم
دەبن بە تەنگە دەربەندێك
بۆ لەشكری داگیركەران

(واتا لە پەراوێزی ئەو كارەساتەوە شاعیر نائومێد نابێت، بۆیە گەرسەرنج لە كۆی شیعرەكە بدەین، دەبینین ئێمە وێرای هەستی هاوسۆزیی و مرۆیی گەورە بۆ قوربانییان، لە ئاستی نەتەوەیی و مرۆییدا، بەڵام هەست بە شكست، نائومێدیی و ڕووخان ناكەین، بەڵكو شاعیر بە هیواوە، لە نێو تەرمی مردووان، دار و پەردووی ڕووخاوی شارەكە، بۆنی كیمیایی و خیزە خیزی هەناسەی قوربانییەكانەوە، بەردەوامی بە ژیان، بوون و مانەوە دەدات و ئەو پەیامە ئاراستەی داگیر كەران و بەعسی فاشی دەكات، كە هەڵەبجە هێشتا هەر بە پێوە وەستاوە و دەوەستێت، دەژیت و هەناسە دەدات، ڕووی بە ناو مرۆڤایەتی و هەڵوێستی وڵاتان لەو ساتدا شەرمەزار و ڕیسوا دەكات، كە بە دیار سوتماككردن و بۆنی كیمیایی هەڵەبجە، بێ دەنگ و بێ هەڵوێست دەبن.

4

هێشتا ساوابووم
بەدەست و پەنجەی فریشتەییانەت
بۆ ڕێی ئازادی و
شەوی ڕەنجدەران دات دەگیرساندم.
( ناپلیۆن دەڵێت: گەورەترین قوتابخانە بۆ مرۆڤ دایكە، شاعیر لەو شیعرەدا كە بۆ مەرگی دایكی نووسیویەتی،دایك وەك سەرچاوەی ئازادی و پەروەردەكردنی منداڵ بۆ خاك و ئازادی و نیشتمان و ڕەنجدەران نیشان دەدات، بۆیە گەر دایك هوشیار بێتەوە، گەلێك هوشیار دەبێتەوە)
5

لە تۆوە فێربووم دوندەكان بكەم بە نەسیمی گیانم
وەك ئەسپی هەتاو لە ئاسۆوە بێم
كام شەپۆڵ قووچە نەگاتە شانم
لە تۆوە فێربووم بەرزەفر بفڕم.. بەرز بڕوانم
دایە بمبووەرە… خودایە بمبوەرە

(هیچ هەست و پاداشتێك نییە، مرۆڤ لە بەرانبەر شەونخونی و ماندووەتی دایكی بینوێنێت، بۆیە شاعیر وێرای ئەو هەموو وەسف و سمبولە جۆراوجۆرانەی بۆ دایك كردوویەتی، دواجار بە جۆرێك لە دڵتەنگی و پەشیمانییەوە داوای لێ بوردن سەرەتا لەدایكی، دواتر لە خودا دەكات. دەبێ چی وای لە شاعیر كردبێت، بە دایكی بڵێت بمبورە؟ تۆ بڵێی قەدەری دابڕانی ئەو هەموو ساڵانەی نەبێت لەو؟ كە لە ژیانی پێشمەرگایەتی، خەبات و تێكۆشان، دواتر ئاوارەیی، كە بە هۆیەوە نەیتوانی تێر لە ئامێزی دایكی بسرەوێت؟ شاعیر لە شاخ دەبێت كە دایكی دەمرێت، بۆیە تا زەمەنێكی درێژ بەو هەواڵە نازانێت، تا لە ڕێگەی خوشكێكییەوە هەواڵەكەی پێ دەگات. شاعیر وەك مردووێك دایكی نابینێت، چونكە هەرگیز داوای بەخشین لە كەسێك ناكرێت كە مرد بێت، بۆیە لە ڕوانگەی شاعیر، دایكان لەوە مەزنترن مردن زەفەریان پێ بەرێت )

6

بەرەو لات دێم
یان بمكوژە..یان هەرەس بەم مەرگە بێنە

( هەمیشە جاوەڕوانی و دابڕان، لە مەرگ پڕ ئازارتر و بە سوێترن، چونكە مەرگ كۆتایی بە هەموو شتێك دێنێت، بەڵام دابڕان، مرۆڤ لە چاوەڕوانیدا دێڵێتەوە، چاوەڕوانیش مەرگێكی هێواشە. ئەوە نییە مرۆڤەكان، دوای ساڵانێكی كورت وكەم، لە دابڕانی ئازیزانییان، لە چاوەڕوانی هاتنەوەیان دەمرن وخەونەكەیان دەبەنە ژێر گڵ ؟!)

7
ئاسمانێكی شین و خنجیلانەم هەبوو
داگیركەران بەسەرسەرمیاندا ڕووخاند
بەەَم كاتێك هاتن پێستەكەم بگۆڕن
دەم و چاوم بشێوێنن
بەفرو بروسكەم كردە بەر
وڵاتەكەم نایە كۆڵ و ڕێگای تفەنگم گرتەبەر
( تۆ هەمیشە وڵاتەكەت لە كۆڵ بووە، لە كۆڵانە تەنگ و جوانەكانی قەلادزێوە، لە بناری مامەندەی سەركەشەوە، بۆ نێو بێشەڵانەكانی كوردستان و دارستانەكانی بولگاریا و زەوییە ڕووتەنەكانی ئەفغانستان و دواتریش ئەو پەڕی سەهۆڵبەندان ! تۆ هەمیشە بەو نیشتمانەتەوە دەنازی و شانازیت پێوە دەكرد، دڵنیام دواجاریش لەگەڵ خۆت دەیبەیتە نێو گۆڕ و وەك مام هەژار وتەنی بە كوردی وەڵامی پڕسیارەكانی نێو گۆڕت دەدەیتەوە)

8

بەجێمان دیڵی
لوتكە و وەرزەكان دادەگیرسێنی
لە نێو گیانما لا فاو دەچێنی
(ئەوان شەهید دەبن و خوێنی خۆیان دەبەخشنە نیشتمان و ئازادی كوردستان و دواجاریش، چرایەك بۆ وەرزە تاریكەكانی تۆ و هەموومان دادەگیرسێنن و لە نێو گیانمان دەبنە لافاو، ئەمجارەیان تۆ مردیت، ئیدی كێ لوتكە و وەرزەكان دابگیرسێنێ، دە پێم بڵێ كێ؟)
9

هەر تەنیا یەكتری شك دەبەین
پێكەوە وڵاتێك لەخەون … ماڵێك لە ڕووناكی
داهاتوو لە ئەڤین چێ دەكەین

(خەونی ئەم وڵاتە هەر بەردەوام دەبێت، تۆ دەمری، بەڵام خەونەكانت زیندوون. ڕۆژگارێك دێت، ماڵ بە ماڵی ئەم وڵاتە بە چرای سەربەخۆیی دادەگیرسێ و ماڵەكانمان تەژی دەبن لە ئەڤین، تۆ مردی و ئەو ڕۆژگارە نابینیت، بەڵام لە نێو خەونە زیندووەكانی نێو گۆڕیشدا، هەر بە ئاواتەوە بە كە ئەو ماڵە و ئەو ئەڤینە هەر چێ دەكرێن)
ماڵئاوا ئەی ئەو شاعیرەی بۆ هەمیشە وەك لاوكی هەڵەبجە لە نێو مێژوو، ویژدان و دڵ و دەروونی ئێمە و دایكانی ئەم نیشتمانە بریندارە، هەر بە زیندووی دەمێنیتەوە. ئاخر كوا شیعر دەمرێت؟ خەون دەمرێت؟ هیوا دەمرێت؟ كوردایەتی و سەربەخۆبوون دەمرێت؟

*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە (4500) لە 4/3/2026 بڵاوكراوەتەوە.

سەرنج: ئەم نووسینە بەشێكە لە پڕۆژەی كتێبێك بە ناوی (وێنە و وێناكردن) كە خوێنەوەمان بۆ كۆپڵەیەك شیعری ڕەفیق سابیر كردووە پاشان كۆمێنتێكمان لە بارەوە نووسیوە، بە داخەوە مەرگ مەودای نەدا كتێبەكە لە داهاتوودا ببینێت.




كتێبێك لە بارەی ڕووماڵی هەواڵ چاپ و بڵاو دەكرێتەوە

      

وا بریارە لە ساڵیادی دەرچوونی یەكەم ڕۆژنامەی كوردی لە بیست و دووی نیسان، كتێبێكی دیكەی (سەدیق سەعید ڕواندزی) بە ناوی ( هەواڵ و ڕووماڵی هەواڵ) چاپ و بڵاوبكرێتەوە. ناوەڕۆكی ئەم كتێبە، چەند سەرنجێكی ڕەخنەییە لە بارەی ڕووماڵی هەواڵ لە میدیاكان و جیاكردنەوەی هەواڵ لە نا هەواڵ و هەروەها زمانی داڕشتن و بایەخ و پێگەی هەواڵ لەو سەردەمەدا. نووسەر لە كتێبەكەیدا باس لەوە دەكات كە ئایا دەكرێ هەموو ڕووداوێك بكرێتە هەواڵ ؟ هەواڵ چییە؟ چۆن هەواڵ جیا دەكەینەوە لەو ڕووداوانەی بەهای هەواڵیان نییە؟ هەروەها باس لە شوناسی ڕۆژنامەنووس دەكات، بەو مانایەی دەكرێ بە هەموو مایك بە دەستێك بگوترێت ڕۆژنامەنووس؟ ڕۆژنامەنووس چۆنە و تایبەتمەندییەكانی چین؟ ئەمانە و چەند بابەتێكی دیكە. شایەنی ئاماژەكردنە بەرگی كتێبەكە لەلایەن شێوەكار و دیزاینەر مامۆستا (هێڕش مەغدید باشە) كراوە و كتێبەكە خوا یار بێت، بە بۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری كوردی بڵاو دەكرێتەوە.




چـیرۆک بۆ منداڵان .. پـردی هـەرەوەزی.. نووسینی: رەزا شـوان

گـونـدەکەی ئـێـمە لە سەد مـاڵ زیاتر بـوو، قـوتابخـانەیەکی دە پـۆلی تێـدا بـوو. بەڵام گـونـدەکەی ئەوبەرمـان، نـزیکەی سی مـاڵ بـوون. قـوتابخـانەی تێـدا نەبـوو، هـەژدە قـوتابییان هەبـوو. هـەشـتیان کـچ بـوون. رۆژانـە نزیکەی نیـوکاتـژمـێر بەپێ دەهـاتن بـۆ قـوتابخانەکەی گونـدەکەی ئێمە. لەنێـوان هەردوو گونـدەکەمانـدا، چەمێک هەبـوو، حەوت مەتـر پان بوو، ئاوی ناو چەمەکە دەگەیـشـتـە ئەژنـۆ. دەبوایـە ئەو قـوتابـییانە، لە هـاتـن و لە گەڕانەوەیانـدا، پـێـڵاوەکـانیـان دابکەنـدایـە و باش خـۆیان هەڵـبکردایە، بۆ ئەوەی لە پەڕینـەوەدا تەڕنەبـن. منداڵە گەورەکان لە پەڕینەوەدا منداڵانی لە خۆیان بچـووکـتریـان دەکـردنە کـۆڵـیان و دەیـانبـەڕانـدنـەوە. زۆر جـار پـێـیان لەسـەر بـەردە لـووسەکانی ژێـر ئاوەکەدا هـەڵـدەخـلـیسکان و دەکەوتنـە نـاو ئاوەکەوە، جـلەکـانیان و پەرتـووکەکـانیـان تەڕدەبـوون. جـلـوبـەرگـمان بـۆیـان دەهـێـنا. ئەگـەر بـارانـێکی زۆر بباریبـایە، چەمکە پـڕی ئاو دەبوو. قـوتابییەکانی گوندەکەی ئەوبەرمان، نەیاندەتـوانی بێـن بـۆ قـوتابخـانە.

رۆژێکی بەهـار، یەکـێک لە کچـەکان لە پەڕینەوەدا، کەوتبـووە ناو ئاوی چەمەکەوە. هـەمـوو جـلـەکـانی و پـەرتـووکـەکـانی تـەڕبـبـوون. لەسـەرمـا دەلـەرزی. دوو کـچی پۆلەکەمان بردیان و جلوبەرگی وشکیان لەبەریکرد. ئەو دیمەنە زۆر دڵتەنگی کـردم.
ئەو شەوە بیـرم لەوە دەکردەوە، کە چـۆنە تا ئێستا خەڵکی ئەم دو گوندە، پـردێکـیان لەسـەر چـەمـەکـەدا دروسـت نەکـردوە؟ تـۆ بـڵـێی بـە پێـویـستـیان نـەزانـیـبـێـت؟!
بـیرۆکەی پـرۆژەی دروسـتکـردنی پـردێـک لەسـەر چەمـەکەدا، خەیـاڵـمی داگـیرکـرد. پرۆژەکەم بۆ بەڕێوەبەر و مامۆستایانی قوتابخانەکەمان باسکرد. زۆریان پێخۆشبوو.

رۆژی دواتر بانگی ژنان و پیاوانی هـەردوو گوندەکە کران. لە هۆڵی قوتابخانەکەماندا، باسی پـرۆژەی دروستکـردنی پـردێـک، بە دار و بە چـیمـەنتـۆ لەسەر چەمەکەدا کـرا. خەڵکی هـەردوو گـونـدەکە زۆر پێیـان خـۆشـبوو. هـەر ماڵێک بەپـێی توانـای، بـڕێک پـارەیـان بـۆ جـێـبەجـێکـردنی دروسـتکـردنی پـردەکە دا. پـارەیـەکی بـاش کـۆبـووەوە.
زیاتر لە بیست لاویش ئامادەبـوون، خۆبەخشانە کار لە دروستکردنی پـردەکەدا بکەن.
نەخـشەی پـردەکە کـێشرا. دار و چیمەنتـۆ و تەخـتە و بـزمار و کەرەستەی پێـویستیان بۆ کڕی. دەست بە کارکردن کرا. لە ماوەی کەمتر مانگێک، پـردێکی جـوان و قایـمیان دروسـتکـرد. بـەرزیی سـێ مـەتـر و پـانی سێ مـەتـر و درێـژییـەکەی دە مـەتـر بـوو.
بـە زۆریـنـەی دەنـگەکـان، ناومـان لـێـنا ” پـردی هـەرەوەزی “.

رۆژی کردنەوەی پـردەکە خـۆشـتریـن رۆژی هـەردوو گونـدەکـە بـوو. بەم بـۆنەیەوە ئاهـەنگـێکی خۆش سازکـرا، ئـێمەی قـوتابیانـیش لە سەرەتای ئاهـەنگەکەدا، پێکەوە سـروودی “خـوایە وەتـەن ئاواکەی” مـان چـڕی. گـۆرانـیـمان وت و تـێر هـەڵپەڕیین.
کردنەوەی پـردەکە، هـاتوچـۆ و پەیوەنـدی و خۆشـەویستییەکی زیـاتری خـستە نیـوان خەڵکی هـەردوو گـونـدەکەوە. قـوتابیـیەکانی گـونـدەکەی ئەوبەرمان پاسکـیلـیان کڕی. لە جیـاتی نیـوکاتـژمـێر، بە پـاسکـیـل بە دە خـولـەک دەگـەیـشـتـنە قـوتـابخـانە.
قوتابخانەکەشمان لە ئاهەنگێکی تایبەتیدا، قەڵغـانی رێـزلێنانی (پـردی هـەروەزی) ی،
بە مـن و بە ئـەو لاوە خـۆبەخـشانـە پـێـشکەش کـرد.
گەورەبووم، لە زانکۆ وەرگیرام، لە کۆلێژی ئەندازیاریدا، بەشی ئەندازیاریی شارستانیم تەواوکرد. لە پارێزگادا دامەزرام. بوم بە بەڕێوەبەری رێگاوبان و پرد. لە یەکەم ساڵدا، پـرۆژەی قـیـرتـاوکـردنی رێـگـای پـێـنج گـونـد و دروسـتکـردنی دوو پــردم، بـە واژۆی پارێـزگاری پارێـزگاکەمان، خستە بواری جـێبەجێکـردنەوە. یەکێک لەو گونـدانە رێگای گـونـدەکەی خـۆمـان و دروستکردنی پـردێکی درێـژ و پان و قـایـم، بە چـیـمەنـتـۆ و بە شـیـش و بـە شـێـلـمان لەسـەر چەمـەکەدا، لە شـوێـنی پـردە داریـنـە کـۆنـەکەی نیـوان گوندەکەی ئێمە و گونـدەکەی ئەوبەرمـان. هـەر خـۆشـم سـەرپەرشـتـیی قـیرتاوکـردنی رێگای گـونـدەکەمان و دروستکـردنی پـردەکەم کرد. پـردەکە تەواوبـوو. بـە هـۆی ئەو پـردە تـازەیـەوە، هـەردوو گـونــدەکـە، بـوون بـە گـونــدێـک. لـە ئـێـسـتادا بـوونـە بـە شـارۆچکەیەکی جـوان و قـەشـەنـگ.

دوبـەی: ٢٠٢٥




بانگەوازی ڕەحمان حوسێن زادە سه رۆکی دەفتەری سیاسی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حیکمەتیست

خه لکی خەباتگێڕ، ئازادیخوازان!

با لە دەوری دەستپێشخەری کاریگەر لە دژی شەڕ و موسیبه ته کانی و دژی کۆماری ئیسلامی یەکبگرین.

با نیهاد و کومیته کانی هاوکاری و واحده کانی گاردی ئازادی ڕێکبخەین بۆ بەرگریکردن لە ژیان و ئاسایشی کۆمەڵگا.

ئەو شەڕەی کە بە پلانی هاوبەشی فاشیستەکانی حوکمڕانی ئەمریکا و ئیسرائیل و بە فەرمانی ڕاستەوخۆی ترەمپ دەستی پێکردووە، بە تەواوی تاوانکارانه یە. بەپێچەوانەی پڕوپاگەندەی ئۆپۆزسیۆنی هه ره ڕاستڕەوی ئێران، وەک ڕەزا پەهلەوی، سەرۆکه کانی حکومەتی ئەمریکا بە ئاشکرا دەڵێن ئامانجی ئەم شەڕە هیچ پەیوەندییەکی بە بەڵێنی بەناو “دیموکراسی”پروپوچه که یانەوە نییە. بە وتەی خۆیان، ئیدیعای “دەستێوەردانی مرۆیی” بە کردەوە پووچەڵ ڕاگەیەندراوە. ئەم شەڕە ماڵوێرانکەرە، گورزێ قورس لە کۆماری ئیسلامی دەدات، به لام هاوکات گورزی قورسیش له پەیکەری ژیان و ئاسایشی خەڵک لە کۆمەڵگادا دەدڕێێت. بە ڕوونی دژی خەباتی ڕاستەقینەی خه لک و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییە. ئەم شەڕە سەپێندراوە تا ئێستا نائەمنی و زیانی مرۆیی بەربڵاوی لە نێو دانیشتوانی مەدەنی ئێران و ئیسرائیلدا لێکەوتووەتەوە. کارەساتی کۆمەڵکوژیی قوتابیانی میناب تەنیا یەک نموونەیە.

ئەم شەڕە دژە ئینسانییه لە دەرەوەی ویستی ئێمە ڕوویداوە. بەردەوامبوونی هەموو ڕۆژێک ئازار و مەینەتی زیاد دەکات. لەم هەلومەرجە سەختەدا، هاوسۆزی و هاوکاریی جه ماوه ر لە بەرگریکردن لە بناغەکانی ژیان و دەستەبەرکردنی ئاسایشی کۆمەڵگا ئەرکێکی گرنگی دانیشتووانه. لەم ڕووەوە، و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی بارودۆخ و شەڕی ئێستا، داوا لە خەڵک دەکەین یەکگرتوو و به هاوکاری و دروستکردنی هیزی دەسەڵاتی بەرگریکردن لە خۆ و پشت به ستوو به ئیرادەی ڕاستەوخۆی جەماوەر، لە دەوری ئەم کارانه ی خوارەوە یه کبگرین.

١ – هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە ئامانجە نامرۆڤەکانی ئەم شەڕە وێرانکەرە.

پێویستە بە یەک دەنگ و هاوئاهەنگ ئامانجە کانی نامرۆڤانە و دژە خه لکی ئەم شەڕە ئاشکرا بکرێت.بانگه وازی راگرتنی ده ست به جیی شه ربه رز که ینه وه. ئیدیعای بێمانای “دەستێوەردانی مرۆیی” لەلایەن حکومەتە تاوانکاره کانی ئیسرائیل و ئەمریکا و ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەو و میدیای بەکرێگیراوەوە دەبێت ئاشکرا بکرێن. جگە لەوەش، با پڕوپاگەندەی خورافەی ناسیۆنالیستی کۆماری ئیسلامی و “بەرەی موقاوه مه ت” بە ناوی “بەرگری لە “گەل و نیشتمان و سیستەم” ئاشکرا بکەین. با بە توندی ڕایبگەیەنین کە ئێمەی خەڵکی ئێران دژی پلانە کۆنەپەرستانەکانی “به سوریاییکردن و عێراقیکردنی” ئێرانین. ئێمە دژی سەپاندنی سیناریۆی ڕەش و پلانە بێماناکانی “ڕژێمی چنجی” ئەوانین. با ڕایبگەیەنین کە “دروست کردنی رابه ری فه شه ل و به دیلی ساختە و ڕاستڕەو” ره ت ده که ینه وه. با ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەوی کۆنەپەرستانەی لایەنگری ئامریکا و ڕۆژئاوایی و پاشایەتیخوازی زیاتر گۆشەگیر بکەین. با ڕایبگەیەنین کە پلانەکانی لە سەرەوەی خەڵکەوە مەحکوم بە شکستن و ئیرادەی هۆشیار و ڕێکخراوەی ئێمە، کرێکاران و جه ماوه ر، چارەنووسی کۆمەڵگا دیاری دەکات.

٢- دروستکردنی نیهاد و دامەزراوەی هاوکاری لە شار و گەڕەک و شوێنی کار

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی له گه ل بەڵا سەپێنراوەکانی شەڕ، پێویستمان بە هێزێکی یەکگرتوو و ڕێکخراوە. بۆ یارمەتیدانی یەکتر با نیهاد و کومیته و دامەزراوەی هاوکاری لە هەموو گەڕەک و شار و شوێنی کاردا ڕێکبخەین. بە پشتبەستن بە نیهاد و کومیته کانی هاوکاری جەماوەری، پێویستە پێداویستییەکانی ڕۆژانە بۆ خەڵکی گەڕەک و شارەکە دابین بکەین، بەتایبەتی لە ناوچە جەنگاویەکان. پێشوازیکردن لە پەنابەرانی جەنگ. نیشتەجێکردنیان . دڵنیابوون لە چارەسەری برینداران .

٣- دامەزراندنی واحیده کانی گاردی ئازادی بۆ گەرەنتیکردنی ئاسایشی خەڵک

لە هەلومەرجی شەڕی وێرانکەردا، تەشەنەکردنی نائەمنی لە کۆمەڵگا، لە شار، گەڕەک، شوێنی نیشتەجێبوون، هەرێم، و لە سەرانسەری وڵاتدا دیاردەیەکی وێرانکەر و تێکدەرە. هێزی نیزامی و سەرکوتگەری خودی کۆماری ئیسلامی، سەرچاوە نائەمنییەتی. بوونی هێزی چەکداری بزووتنەوە بۆرژوازییە نابەرپرسەکان و هەروەها میلیشیاکانی باندەکانی سیناریۆی تاریک و دژە خه لکی، مەترسییەکی جددی لەسەر نەزمی سروشتی کۆمەڵگا دروست دەکەن. بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی خەڵک پێویستە بە شێوەیەکی داهێنەرانە واحیده کانی گاردی ئازادی لە گەڕەک و شار و شوێنی نیشتەجێبوون و هەر ناوچەیەک لە شوێنی پێویست دامەزرێنین. گەنجانی تیکوشه رو جه سوز دەتوانن پایەی بەهێزی واحیده کانی گاردی ئازادی خه لک بن.

٤- ئامادەیی بۆ وەرگرتنی ئیدارەی کاروبارەکان و کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە

بەرفراوانبوونی ئەم شەڕە و زیانی زیاتری بە نیزامی ئیسلامی پێدەچێت ببێتە هۆی لەدەستدانی کۆنترۆڵی کۆماری ئیسلامی و هێزە نیزامی و ئیدارییەکانی بەسەر ئەو دۆخەدا. بۆشایی ئیدارەدانی کاروبار و دەسەڵات ڕەنگە بە فیعلی لە ناوچە و شارەکاندا سەرهەڵبدات. دەبێت لە ئێستاوه چارەسەرێک بۆ دۆخێکی وا بدۆزرێتەوە. لە هەلومەرجێکی وادا نابێ ڕێگە بدرێت چوارچێوەی بەڕێوەبردنی کاروبارەکان و ڕۆتینی سروشتی ژیانی خەڵک لە شار و گەڕەک و ناوچەکەدا تیک بچیت. پێویستە ئۆرگانەکانی نوینه رایه تی ئیرادەی خه لک بە ده خاله تی ڕاستەوخۆی خه لک ڕێکبخەین. لەم جۆرە هەلومەرجەدا، ڕێکخستنی شوراکان و دامەزراندنی حوکمی شورایی کارێکی بەپەلە و پێویستە. دەستبەسەرداگرتنی دۆخەکە و ڕێکخستنی نوینه رایه تی ئیرادەی جه ماوه ر لە لایەن شورا چەکدارەکانەوە هەنگاوێکی گرنگ و چارەنووسسازە بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئیدارەی کۆمەڵگا بە دەستی خەڵک خۆی و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی حوکمی شورایی.

بژی نیهاد و کومیته کانی هاوکاری جه ماوه ر
بژی گاردی ئازادی
نا بۆ شەڕی کۆنەپەرستانە، نا بۆ کۆماری ئیسلامی
بژی حوکمی شورایی
بژی جمهوری سۆسیالیستی

ئازاری ١٤٠٤ – ئازاری ٢٠٢٦




بۆمباکانی ئەمریکا و ماروپەیژەکەی ئیسرائیل و ئێران.. شوان عەباس بەدری

مەعقولە من لێرەوە ئەزانم خامنەیی لەئەگەری تیرۆرکردنی لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لاریجانی وەک جێگرەوەی یەکەمی خۆی دیاریکردبوو و هەروەها لە ئەگەری کوژرانی فەرماندە سەربازییەکانی رژێمەکەی بۆ هەر فەرماندەیەک سێ تا چوار جێگرەوەی دەستنیشانکردبوو و هەروەها بە ئاشکرا رایگەیاندبوو، گەر هێرشمان بکەنەوە سەر ئەوا یەک وڵاتی ناوچەکە و بەتایبەتیش وڵاتانی کەنداو سەقامگیری بەخۆیانەوە نابینن، ئەمە جگە لەوەی سیستمی سیاسی و سەربازی و بەرێوەبردنی ئێران سیستمێکی جاڵجاڵۆکەیی ئاڵۆزە و هەروا بە ئاسانی لەبەر یەک هەڵناوەشێتەوە کەچی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەو شتانە نەزانن!
هەرچەندە جەنگەکەی ئەمجارە زیاتر لە جەنگی یارییە ئەلیکترۆنییەکانی پلەیستەیشن دەچێت و دیارە کە نە ئەمریکا و نە ئیسرائیل بە تەواوی هێزی وێرانکەری خۆیان دژ بە ئێران بەکار نەهێناوە و زۆربەی خەڵک پێی وایە ئەمریکا و ئیسرائیل لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران شکستیان هێناوە بەڵام هەروەک لە نووسینەکانی پێشوومدا ئاماژەم پێداوە گەر بەوردی لە جەنگەکە و رووداوەکان و پێشهاتەکانی جەنگەکە بڕوانین ئەوا دەبینین بە پێچەوانەوە هەر سێ وڵاتی بە جەنگ هاتوو واتە ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران رێک ئامانجەکانیان پێکاوە و لەلایەکەوە وڵاتانی کەنداو زیاتر دەستەمۆی ئەمریکای فریادڕەس و پارێزەریان بوون و لەلایەکیشەوە ئیسرائیل وڵاتانی ناوچەکەی تێگەیاند گەر ڕێکەوتنی لەگەڵ نەکەن و تاجی بەرێوەبردنی ناوچەکەی نەکەنە سەر ئەوا چارەنووسی ئێران چاوەڕێیان دەکات کە بێگومان ئەو وڵاتانە بەرگەی دوو مووشەک و فرۆکەیەکی سەربازی ئیسرائیلی ناگرن و هەروەها ئێرانیش بۆ وڵاتانی ناوچەکە و جیهانی سەلماند کە پاروویەکی هەروا ئاسان نییە و بە سانایی قووت نادرێت و بێگومان لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگەکە ئێرانێکی هەژدیها ئاسای بریندار دەبینین کە لە یەک کاتدا هەم خەریکی سارێژکردنی برینەکانی دەبێت و هەم دەبێت بە دێوەزمەیەک بۆ وڵاتانی کەنداو !
لێرەشدا پرسیارێک لەناو مێشکماندا درووست دەبێت کە ئاخۆ دواجار لە نێوان بۆمباکانی ئەمریکا و ماروپەیژەکەی ئیسرائیل و ئێران پێگەی وڵاتانی کەنداو دەکەوێتە کوێوە؟
پرسیارێکە و وەڵامەکەی بۆ خوێنەر بە جێ دەهێڵم .