زمان لە بنیاتنانەوەی ناسنامەی نەتەوەدا.. فەرەیدوون سامان*

زمان هەر بەتەنێ ئامرازێکی پەیوەندی کردن نییە؛ بەڵکو قەڵای مانەوەی نەتەوەیە، کاتێکیش زمانێک لاواز دەبێت، پەیوەندییە کولتووری و مێژووییەکانی نەتەوەکەش لاواز دەبن و دەڕووخێن.
بە درێژایی مێژوو زمانی کوردی مەیدانی شەڕ بووە بۆ مانەوە و ناسنامە نەتەوەییەکەی، زمانی کوردی هەردەم بەهێزترین و کاریگەرترین چەک بووە لە دژی سڕینەوەی ناسنامەکەی، بۆ ئێمەی کورد کە مێژوویەکی دوورودرێژی ستەممان لەسەر دەستی داگیرکەران چەشتووە، پاراستنی زمانەکەمان ئەرکێکی پیرۆزی نەتەوەییە. بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ شاهیدی دەبین، جۆرێکە لە هەڕەشەی ناوخۆیی کە لە مەترسی دەرەکی کەمتر نییە، بۆ نموونە فێربوونی زمانە بیانییەکان و پشتگوێخستنی زمانی کوردی لە دامەزراوە حکومییەکانی وەک پەروەردە و فێرکردن و یاسایی و بازرگانی و گەشتیارییەکاندا.
بێگومان زانینی زمانە بیانییەکان وەک(عەرەبی، فارسی، تورکی، ئینگلیزی…تد) بۆ تێگەیشتن و بەڕێوەبردنی ژیانی ڕۆژانە گرنگە، بەڵام کارەساتەکە لەوەدایە کە ئەم زمانانە ببنە جێگرەوەی زمانی دایک، کاتێک منداڵی کورد لە باکووری کوردستان ناچار دەبن بە زمانی تورکی قسە بکەن، یان لە ڕۆژاوا بە عەرەبی بئاخفن، لە ڕۆژهەڵاتدا بە فارسی و وشەی بێگانە تێکەڵ بە زمانەکەیان بکەن، ئەم دیاردەی ئاخاوتن بە زمانە بیانییەکان نیشانەی “پێشکەوتن” نییە، بەڵکو نیشانەی گرێی دەروونی خۆبەکەمزانین و ڕادەستبوونی کولتوورییە.
تەنانەت ئەو دەزگە چاپەمەنی و ئەو نووسەرانەی، ئەوانەی ڕێساکانی ڕێنووسی کوردی پشتگوێ دەخەن! بەکارهێنانی پیتی لاتینی یان ئینگلیزی بۆ نووسینی کوردی بەکار دێنن، لە هەوڵێکدا بۆ دەرکەوتنی “مۆدێرن” کە هەڵەیەکی گەورەیە. چونکە هەر میللەتێک ڕێز لە ئەلفوبێ و سیستەمی نووسینەکەی خۆی نەگرێت، مێژووەکەی بۆ نەوەکانی داهاتوو دەشێوێنێت. نووسین بە کوردی ناسنامەی ئێمەیە. هەنووکە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیش هاتۆتە پێش، کە مەترسی تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی ژن و ژنخوازییە لەگەڵ کچان و ژنانی نەتەوەی سەردەست، ڕەنگە کەسانێک هەبن ئێستا موزایەدەم لەسەر بکەن و بڵێن ئەم نووسەرە ڕەگەزپەرستەو دژی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە، بەڵام مێژووی ئێمە سەلماندوویەتی کە داگیرکەران تەنیا خاکی ئێمەیان داگیرنەکردووە، بەڵکو هەوڵیانداوە لە ڕێگەی ئاسمیلەکردنی کۆمەڵایەتییەوە هەستی نەتەوەییشمان لەناو ببەن. کاتێک تاکی کورد هاوبەشی ژیان لە لەگەڵ خانمێکی نەتەوەیەکی دیکە هەڵدەبژێرێت، کە مێژوویەکی تاریکی لەگەڵ کورددا هەیە، نەوەیەک لە نێوان دوو کولتووری جیاوازدا لەدایک دەبێت و پەروەردە دەبن لەو نێوانەدا زۆرجار زمانی کوردی دەبێتە قوربانی.
تاکی کورد دەبێ بگەڕێتەوە بۆ ڕەگ و ڕیشەی خۆی. دەبێ زمانی کوردی زاڵ بێت لە ماڵەوە، لە ناو بازاڕدا، لە قوتابخانەکاندا. لە فەرمانگە حکوومییەکان قسەی پێ بکرێت، تەنانەت لەناو پاینەختی عیراق و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقیش دلێرانە قسەی پێ بکرێت، خیانەت تەنیا لە هەڵگرتنی چەک لە دژی نیشتمان سنووردار نییە؛ بەڵکو کوشتنی زمان و کولتوری کوردی گەورەترین خیانەتە، شانبەشانی تێکۆشانمان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان- کە ئازادی کورد و کوردستان-ە نابێ لە پاراستنی زمانەکەمان کەمتەرخەم بکەین و بیکەینە چەکی بەردەوامی خۆمان لە بەرەکانی شەڕدا.
بۆ نموونە زمانی کوردی-زاری کرمانجی وەک تاکە ئامرازی دەقە ئایینیەکان (قەوال) لە کتێبی پیرۆزی ئێزیدییەکان بە زیندووی دەمێنێتەوە، لەگەڵ وار و مەزارگە و گوندەکان، بوونەتە ناسنامەی بوون بەرامبەر بە هەوڵەکانی سڕینەوەی کولتوورییاندا. هەرچەند بە درێژایی سەدان ساڵ فەرمان و کۆمەڵکوژی گۆڕانکارییەکی پێکهاتەیی لە ناسنامەی ئێزیدییەکاندا هێنایە ئاراوە، لە دۆخی گۆشەگیریی خۆسەپێنراوەوە بۆ دۆخی داکۆکیکردنی جیهانی بۆ مافەکان گواسترایەوە، بەڵام چیا ڕۆڵی ناوەندی خۆی وەک هێمای مانەوە و پەناگەی هەمیشەیی وەرگرتەوە، هەرچەند هەبن حاشا لە کوردبوونی ئێزەدییەکان بکەن، بەڵام زمانەکەیان، داوونەریتیان، گۆرانی و مۆسیقایان، جلە بەرگیان،ئەدەب و هونەرەکەیانتەنانەت گۆڕستانەکانیشیان باشترین بەڵگەو وەڵامن بۆ ئەو کەسانەی کە نایانەوێ تێ بگەن ئێزیدی بوون واتە کورد بوون. ئێزیدیخان بە کەلەپوورە ئایینی و وێژەو هونەرە رەسەنەکەی سەروەری شوناس بەسەر ئەو خاکەدا دووپات دەکاتەوە کە بکوژان و تاوانکاران هەرچەند هەوڵیانداوە بیگۆڕن بۆ فەزای سەردەم. بەڵام دواجار لەعاست کێوی مەزنی شنگال کەپوویان شکاوە..
هەر بۆیەش زمانی کوردی بۆ مرۆڤی ئێزیدی بە هەموو توانا و خولیا و تێگەیشتنەکانییەوە، گەورەترین بەڵگەی گەورەیی و هێزی سرووشتە، کەی مرۆڤ بە توانای هزرین و بیرکردنەوەدا، توانایەکی گەورەی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی هزر و بیری نوێ، لە ئەنجامدا هەموو گەشەسەندنی مرۆڤ لە سەرەتای دروستبوونی یەکەمەوە(مرۆڤی پێش مێژوو)دێتە ئاراوە، ئەو گەشەسەندنە هزرییەی کە ئەم پێشکەوتنە زانستی و تەکنەلۆژی و وێژەیی و کۆمەڵایەتییەی بەرهەمهێناوە، تەنیا بەشێکی کەمی بەرهەمی هزری مرۆڤی بیرکەرەوە پێکدەهێنێت، بەو پێیەی گوزارشت لە ناتەواوی ئاوەز دەکات لە بەرهەمهێنانی هزری داهێنەرانە و بەرهەمدار لە خودی مرۆڤەوە لە سەردەمی ئێستایدا نەک داهاتوو، بە ناچاری ئەو ئاوەزانە سەرهەڵدەدەن کە توانای پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی زانست و زانیاری نوێیان زیاترە، باوەڕ و ئایینی ئێزیدی ئایینێکی ڕەسەن و دێرینی کۆمەڵگەی کوردستانە، کە هەزاران ساڵە خەڵکانێکی باوەردار بە خودای یەکتا پەیڕەوی لێدەکەن، کەچی هەندێک لە مرۆڤکوژەکان بەناوی خوداوە هێشتا هەڵمەتی دڕندانە دژی هەموو بیرکردنەوەیەک ئەنجام دەدەن، کە جیاوازە لەوان بەردەوامن لە دەرکردنی فەتوا بۆ ڕاگەیاندنی لادان و بیرکردنەوە بە کافرکردن…
لەکاتێکدا ئێزیدییەکان تاکە پێکهاتەی کۆمەڵگەی کوردستانن بە درێژایی مێژوو لە ڕێی پیرۆزی ئایینەکەیان زمانی کوردییان پاراستووە، هەر لە ڕێی ئایینەکەشیان پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان لە ژیانی خێزانداری و هاوژینی پاراستووە، بۆیە من پێشنیار دەکەم لە پەرلەمانی داهاتوودا بڕیارێک دەربکرێت بە پاراستنی سەلامەتی زمانی کوردی و هاوکات ئەکادیمیایەکی تایبەتیش دابمەزرێت بە ناوی ئەکادیمیای زمانی کوردی، کە ئیش و کارەکانی تایبەت بێت بە زمانی کوردی لە کایە جیاوازەکانی پەروەردەو فێرکردن و ڕایەڵەکانی ڕاگەیاندن و زار و بنزارە کوردییەکان.

*فەرەیدوون سامان
سەرنووسەری گۆڤاری زمان و زار.




كۆ شیعری (ئەو هەنگاوانەی بێ هاوێشتن هاتنە بوون) ی عەلی شێخانی.. ئاكۆ عەبدوڵڵا

لەو رۆژانە بەتیراژی 500 دانە چاپی یەكەمی كۆ شیعری (ئەو هەنگاوانەی بێ هاوێشتن هاتنە بوون) ی عەلی شێخانی شاعیر لەچاپخانەی (زاكرۆس)ی شاری مهاباد بڵاوكراوە و كەوتە بەر دیدی خوێنەران. ئەو بەرهەمە لەبڵاوكراوەكانی (دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی موكریانی) یە. شاعیر لەپێشەكییەكی كورت و پوخت بەو جۆرەی پەسنی بەرهەمەكەی كردووە : (كۆی شیعرەكانی ناو ئەم كتێبە 400 شیعرن، هەر یەكەیان سەربەخۆن و پەیوەندییان بە شیعری پێش یان پاشی خۆیان نییە…. ئەمەو زۆربەیان زۆر كورتن، زادەی زیاتر لە سی ساڵ نووسینمن…..بە ئەندازەیەك لەگەڵ ئەو كتێبە پشوودرێژ بوومە، جگە لە هۆنینەوەی شیعرەكان و پاراستن و هێشتنەوەیان بۆ ماوەیەكی زۆر بە شێوەی دەستنووس و دەستخەتی شڕمەوە، هەر تایپ و هەڵەچنكردن و پێداچوونەوەیان نزیك بە هەزار رۆژی خایاندووە بەبێ پەلەكردن لێیان…….. باوەڕبەخۆبوون بەردەوامیت لە هەوڵدان پێ دەدات، ئەگەر ئەو باوەڕبەخۆبوونە و ئەو بەخششەی لە سۆنگەیدا كە خوێ لە سەركەوتن دەبینێتەوە نەمبا، دەمێك بوو لەناو ئەو پووچگەرایییەی باڵی بەسەر سەرجەم چین و توێژ و ئاستەكاندا كێشاوە و ناشیرینترینیان، داننەنان بە جوانییەكانی یەكدی، دەستەوەستان دەبوونم و كۆڵم دەدا…).
جێگای ئاماژە بۆ كردنە هیچ كام لەو 400 شیعرە ناونیشانی تایبەت بەخۆیان نییە، شیعرەكان بە ژمارە ریزبەندكراون. كەواتە ناوی بەرهەمەكە لەناونیشانی هیچ شیعرێكی وەرنەگیراوە.




شیعر باران نییە، بەڵکوو تەمە.. فەریق عوسمان

کاروان عومەر کاکە سوور لە وتاری (تێپەڕاندنی خود و واقیعی باو لە ڕێی وێنەی شیعرییەوە)(١) ئاوەها دەنووسێت: ” شیعر باران نییە، بەڵکوو تەمە، کە یەکەمیان لە دڵۆپە ئاوی گەورەی قورس پێک دێت و دەکەوێتە خوارێ، بەڵام دووەمیان پێکهاتەیەکی جیاوازی هەیە، دڵۆپەکانی وردن و کێشیان سووکە، بۆیە بە هەڵواسراوی دەمێننەوە. ناگەنە خاڵی کۆتایی و بە شێوازێك دەڕەونەوە، کە ناکرێت بە ڕوونی بیانبینیت. نە سەر بە ئاسمانن و نە سەر بە زەوییش، بەڵکوو خۆیان لە بۆشاییدا شوێنی تایبەتی خۆیان پێکهێناوە. لەگەڵ ئەوەیشدا شیعر تەمێکی جیاوازە و لە خەوندا ڕوو دەدات. ناهێڵێت ئاڕاستەکەی دیاری بکەیت، بەڵکوو کۆمەڵێک ئاڕاستەی هەن و هەمیشە دەتوانیت لێکیان بدەیتەوە. تەمی شیعر بۆ ئەوە دەڕەوێتەوە، تا دیسان و بە شێوازی دی پێكبێتەوە، کە ڕەوینەوە و پێکهێنانەوە دەبنە یەك کردەی بەردەوام و بە دۆخی جیاوازجیاوازدا تێدەپەڕێت”.
ئەو وتارە کە لە ٧٢٠٩ وشە پێکهاتووە، بەشێوەیەکی ورد لایەنە جۆراوجۆرەکانی شیعری هاوچەرخی کوردی دوای (ڕاپەڕین) تاووتوێ دەکات، کە چەند هێڵێکی گشتی و سیمای ئەو نەوەیە دەخاتە ڕوو، وەك دەستپێشخەرییەك بۆ هەوڵێکی نایاب و ناوازەی تری نووسین کە لێکۆڵینەوەیە لەسەر ژمارەیەکی زۆری شاعیرانی ئەو نەوەیە، کە لە داهاتوودا دەکەونە بەر دیدی خوێنەران.
لە لایەکی ترەوە وتارێکی سەرپێیی دەربارەی ئەم هەوڵە لە لایەن (ئارام کۆشکی)(٢) لە رۆژنامەی هەولێری ژمارەی ١٥/٣/٢٠٢٦ نووسراوە، کە تەنیا لە ٥٦٨ وشە پێکهاتووەو بێ ئەوەی وتوێژی هیچ لە بیروبۆچوونەکانی کاروان کاکە سوور بکات دەربارەی شیعر، هێڵێکی ڕەش بەسەر ئەو وتارەدا دەهێنێت و بگرە بڕیاری پێشوەختە بەسەر ئەو هەوڵ ڕەخنەییەدا دەدات و تاوانباری دەکات بە درێژدادڕی بێ مانایی و کۆکردنەوەی شاعیران لە دەوری خۆی.
جا بۆ ئەوەی هەردوو بۆچوونەکە لە دیدێکی بێلایەنەی زانستیەوە لێك بدەینەوە و چەند نموونەیەك لە وتارەکان بهێنینەوە، با بەم پێشەکییە دەست پێ بکەین، تا بەرچاوڕوونی پێشکەشی تازە خوێنەران بکەین، چونکە دڵنیام خوێنەرانی شارەزا خۆیان سەرپشكن و ڕاستییەکان لایان ڕوونە.
لای ئێمە بە حوكمی درێژبوونەوەی دۆخی شپرزەیی بەڕێوەبردن، زۆر لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیان ڕووبەرووی ساختەکردن بوونەتەوە، دیارە ئەمەش مۆرکی لەسەر زۆربەی سێکتەرو تەنانەت عەقڵییەت و مامەڵەی مرۆڤەکان و زانکۆ و میدیا…. جێهێشتووە، بۆ نموونە لامان سەیر نییە لە وڵاتێکدا بەرپرسی نامۆڕاڵ کە دەرمانی ئێکسپایەرو ساختە هاوردە دەکات و بەسەر نەخۆشی داماودا ساغی دەکاتەوە لە ڕێی پزیشکی بێویژدانەوە، کەس لیپرسینەوەی لەگەڵدا نەکات و ئەو بێدەنگییەش ببێتە زیاتر هاندانی ئەم کارە وێرانکەرانە.
هەر بە هەمان شێوەش، لە سیستەمی گەندەڵدا، زۆر لە ڕۆشنبیری تەزویرو ساختە سەرهەڵدەدەن و دەبنە تەواوکاری چوارچێوەی ئەو سیستەمە تۆتالیتاریایەی کە هیچ شتێك تیایدا ماناکەی لە شوێنی خۆیدا نەماوە، پێناسەی ئەو جۆرەش لە بەناو خامەبەدەست و ڕۆشنبیر؛ بەو کەسە دەگوترێ کە کەوتۆتە داوی دەستە جەمعەوەو لافوگەزافی ڕوناکبیرێتی و شارەزایی و مەعریفە لێدەدات و هیچی ئەوتۆیان لە باردا نییەو لە هیچ بوارێکی فەرهەنگیدا شارەزاییەکی تەواویان نییە، ڕۆڵیان وەکو بازرگانییەك بەکاردێنن بۆ دەسخستنی بەرژەوەندی تاکەکەسی، ژمارەیان زۆرەو پشتیوانی دەکرێن لەلایەنی سێکتەری زاڵەوەو هەر ئەوانیش بە داخەوە زاڵ بوون بەسەر گۆڕەپانی وێژەو هونەرو چاپەمەنیدا، دوور لە ئاگایی و هۆش ڕاکانیان فڕێ دەدەن، ڕاکانیان زۆرجار دوور لە راستییەو پشت بە هیچ بنەمایەکی زانستی و ئەکادیمی نابەستێت، چونکە هەمیشە بە چەواشەکاری هەڵدەستن، لە کۆتاییشدا هاوتەریبییەك دەبینرێت لە گوتاری ئەوان و دەسەڵاتەکاندا، وتەکانیان بێ بنەماو دوور لە ڕاستییە، چونکە لە ئاوی لێڵدا مەلە دەکەن، بەم شێوەیەش دەبنە هۆکاری داپۆشینی راستی و بەلاڕیدابردنی خوێنەرانی سادەبین، هەندێكجار بە هۆی ڕۆڵی نهێنییانەوەیە لە دەزگاکاندا دەبنە هەڵگری بۆچوونی هەمان لایەنی سیاسی مەبەست و ناڕاستەوخۆ بەرەنجامی کارەکانیان بەو ئاقارەدا دەشكێتەوە، ژێربەژێر کار بۆ ئەملاوئەولا دەکەن و ئەوانیش لە بەرامبەردا پشتیوانیان دەکەن لە کردنەوەی ناوەندی بە ناو ڕۆشنبیری و دەزگای چاپ و پرۆژە وەهمییەکانیاندا، ئەو جۆرە لە ڕۆشنبیری ساختە سەرێکیان هەیەو هەزار سەودا، سەریان لە چەندان کونەوە دەردەچێت، هەر لە پێناوی دەرکەوتندا ئامادەن قوربانی بە هەموو پیرۆزیەکان بدەن.
ناموێت بچمە سەر ڕۆڵی ئەو ڕۆژنامەیەی کە ئەو خامەبەدەستە بە ناوی (ئارام کۆشکی)تیایدا زوو زوو دەنووسێت و بڵاودەکاتەوە، ئەوە بەسە بڵێین کە بەپێی زانیاریەکانی وڵات_میدیا، ڕۆژنامەی هەولێر وەك دەزگایەکی ڕۆژنامەوانی هەواڵگری کاردەکەن.(٣)هەر بەڵگەشمان بۆ ئەم وتەیە ئەوەیە کە حیزبی سپۆنسەر ڕۆژنامەیەکی تری هەیە کە زمانحاڵی حیزبەکەیەتی و خۆی ناخاتە ئەو ئاستی گوتارە نزمانەی لەوێدا دەنووسرێن و بڵاودەکرێنەوەولە لایەن دەزگایەکی هەواڵگرییەوە بەڕێوە دەبرێت.
پێش ئەوەی پوختەی ڕاکانی کاروان کاکە سوور لە وتارەکەیدا بخەمە ڕوو، بزانین ئارام کۆشکی چۆن دەربارەی دەنووسێت و ئایا کە بە وڕێنەو درێژە دادڕیی لە قەڵەمی دەدات و دەڵێت هیچی نەگوتەوە وایە یان کێشەکە لە نزمی ئاستی تێگەشتنی ئارام و ڕق و کەم تواناییدایە؟ چونکە رەخنەگرتنیش تواناو لێهاتوویی و شارەزایی گەرەکە و گەر کەسێك سەلیقەی شیعری نەبێت و لێی تێنەگات چۆن دەتوانێت دەربارەی بنووسێت، بۆیە بەهرە بۆ ڕەخنەگریش خاڵێکی بنەڕەتییە. دەکرێت بپرسین: ئایا ئەو رەفزکردنەوە بێ بنەمایەی ئارام کۆشکی دەریدەبڕێت لە ئیرەیی و بێتوانایی خۆیدایە کە هەرگیز نەیتوانیوە هیچ ڕەخنەیەکی موعتەبەرو پرۆفیشناڵ بنووسێت؟ بەوەی ئێستاش ئەدەب وەك سیاسەت تەماشا دەکات و بۆیە بە ڕادیکاڵ ناوی ڕەخنەکانی خۆی دەبات، یان ئەویش وەك دیارە گا بە گونان دەناسێتەوەو ئەوشیعرەی دروشمی زەقی تێدا بێت لای ئەو گرنگەو هەمیشە سەروبنی زمانی شێرکۆ بێکەس و بەختیار عەلی ن، تا خۆی بە هەستی دەستەجەمعدا هەڵبواسێت و نەکەوێتەخوارو لەو لێشاوە پۆپۆلیزمی و جەماوەرییە دانەبڕێت، کە لە ڕاستیدا نەك ڕۆژنامەنووسیش ئەو ڕا نێگەتیڤ و نازانستیانەی نییە، بەڵکو خوێنەرێکی خراپیش ئەو بۆچوونانەی لە خوێندنەوەی نووسینەکەی کارواندا لا دروست نابێت.
ڕاکانی ئارام سەبارەت ئەو وتارەی کاروان لەم خاڵانەدا کۆ دەبێتەوە:
١- نەسیحەتنامەیەکە بۆ ئەو (شاعیران)ـە.
٢. (بێگومان بەشێکی زۆری ئەوانەی لەو لیستەدان شاعیر نین، بۆیە من شاعیران خستە نێو کەوانەوە.)
٣- دەشێ بپرسین ئەم نووسەرە ئەوروپانشینە ئامانجی چییە لە نووسینی نەسیحەتنامەیەکی لەم چەشنە بۆ ئەو لێشاوە بەناوشاعیرە، ئایا ئامانجی ئەدەبی و فیکریی هەیە و لەپێناو دۆخی شیعردایە، یان دەیەوێت گەمەیەك بکات و خۆی بەو لێشاوە شاعیرە بناسێنێت؟
٤- یەکەم سەرنج پاش خوێندنەوەی وتارەکە بۆم دروست بوو ئەوەبوو، کە وتارەکەی لەپێناو شیعر و تیۆری شیعرییدا نەنووسیوە، چونکە وتارەکە جگە لە لێشاوێك وشەی ڕیزکراو هیچ مانایەك بەرهەم ناهێنن.
٥- ئامانجێکی سەرەکی لەم وڕێنەنامەیە ئەوەیە، کە خۆی بەلێشاوێك لە بەناوشاعیری نوێ بناسێنێت و بڵێ ئەوە منم ئێوە دەخوێنمەوە و ئێوەش ئەرك بکێشن بمخوێنەوە و بەرگریشم لێبکەن، چونکە شەیداییەکی زۆری بۆدانپێدانان و گرووپگەرایی هەیە و ئامادەیی تێدایە بە سەعاتان بدوێ بەبێ ئەوەی هیچ بڵێ!
٦- هێندەی من لەم نووسەرە درێژنووسە ئەوروپانشینە تێگەیشتووم ئەو ئامانجی لە دیالۆگ سەپاندنی ڕا و زاڵکردنی هەیمەنەی خۆیەتی بەسەر ئەویتردا، نەك دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش لەگەڵ بەرامبەردا، یان ئامانجی فراوانکردنی پێڕی خۆیەتی دژ بە نەیارەکانی، کە ئەمەش جگە لە عەقڵیەتی خێڵگەرایی سەدەکانی ناوەڕاست هیچی دیکەمان بەبیر ناهێنێتەوە.
٧- لانیکەم دە ساڵ لەمەوبەر چرای داهێنانی ئەم نووسەرە کوژاوەتەوە و ئێستا دەیەوێت ئامادەیی خۆی لەڕێی لێشاوێك لە نووسینی وتار و ڕۆمانەوە بسەلمێنێت، هەر چۆن لە “ئیستیقالەنامەکەیدا” دەیویست سەرنجی هەمووان بۆی خۆی ڕاکێشێت.


هەروەها پوختەی نووسینەکەی کاروانیش لەم خاڵانەدا کورت دەکەینەوەو بەراوردکردنی هەردوو بۆچوونەکە بۆ خوێنەرانی شەیدای ئیستاتیك و داهێنان جێ دەهێڵین و بزانن ئاستی ئەو دوو چوونە لە کوێی زەمین و ئاسمانی شیعردایەو ئەوجا خوێنەر دەبێت هەڵوێست بنوێنێت دەربارەی نووسەری ساختەو هەر دەبێت بایکۆت بکرێن تا چی دی جوانییەکانی ئەدەب ناشرین نەکرێن و نەوەیەکی خوار بەو بیروبۆچوونە سەقەتانە دروست نەبێت.

  • کاروان هەندێک خاڵی گرنگ و جەوهەریی دەربارەی شیعری ئەو نەوەیەو توخمەکانی پێکهاتەی شیعر ئاوها دەنووسێت، کە کارێکی زۆر گرنگەو ماندووبوونێکی زۆری لە پشتەو هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم:
    ١- شیعری نوێی ئەم نەوەیە ڕووبەڕووی ئەو حەپەسانە دەبێتەوە. ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەکە ڕەواندنەوەی ئەو حەپەسانە نییە، بەڵکوو دەیەوێت قووڵتری بکاتەوە. (ژان لۆک نانسی)ی فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزی فرانسی لە کتێبی (بەرگریی شیعردا) پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە شیعر خەسڵەتی نەگەتیڤانەی هەیە، بگرە پێی وایە هەر خۆی نەگەتیڤە، چونکێ خاوەنی هێزی ڕەتکردنەوەیە و ناهێڵێت بگاتە مانا، کە هەر شتێکی وەک ڕێگە، ڕێڕەو و هی دیکە بە لاوە دەنێت، بۆیە مێژووی شیعر مێژووی ڕەتکردنەوەی بەردەوامە لەوەی بە هەر ژانرێکی ترەوە پێوەست بکرێت. شیعر دەگاتە قەراغی مانا، نەوەک مانا خۆی.
    ٢- بەگشتی شاعیرانی نەوەی ڕاپەڕین بایەخێکی گەورە بە خود دەدەن، بەو مانایەی خود دەکرێتە چەق و هەموو شتەکانی بە دەوردا دەخولێنەوە، ئەگەر شیعری ئەم نەوەیە وەک هیی نەوەی ڕاپەڕین هێندەی بایەخ پێ نادرێت، ئەوە بەشێکی پێوەندیی بەوەوە هەیە، کە لە ئاماژە پێکهاتووە و ڕەخنەی میلـلی لە ئاست خوێندنەوەیدا دەستەوستانە.
    ٣- توخمی ڕازاندنەوە لە شیعری ئەم نەوەیەدا گوم دەبێت و مێتافۆر شوێنی دەگرێتەوە، کە ئەو توخمە لە بەردەم ڕاڤە جیاوازەکاندا کراوەیە. لای نەوەی ڕاپەڕین دەق ڕووبەرێکی سنووردارە و هی نووسەرە، کە لە ڕێی زمانێکی ڕوونەوە خوێنەر بانگهێشتی ئەو شوێنە دەکرێت، بۆیە لەو چوارچێوەیەدا ماناکان وەردەگرێت، بەڵام لەم نەوە نوێیەدا دەق نەک ڕووبەرێکی بێلایەنە، بەڵکوو لە ڕێی دایەڵۆگەوە پێک دەهێنرێت، کە ئەو دایەڵۆگە هەم لەگەڵ شاعیر، هەم لەگەڵ دەق و هەم لەگەڵ خوێنەریشە، بگرە دایەڵۆگ هەرسێکیان لە ڕووبەرێکی نافیزیکی دا پێک دەگەیەنێت.
    ٤- هیچ سەردەمێکی ترمان نییە هێندەی سەردەمی نەوەی ڕاپەڕین تێیدا نووسەران بە گشتی هەوڵی بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی جەماوەریان دابێت، بۆیە سنووری زمانی ڕۆژانە و هی نووسین سڕاوەتەوە، بەو مانایەی نووسین نەک هەر هەوڵی بەرهەمهێنانی جیاوازیی نەداوە، وەک ئەوەی (دێریدا) پێی لەسەر دادەگرێت، بەڵکوو ویستوویەتی ئەو جیاوازییانەیش نەهێڵێت، کە بە سروشتی خۆیان هەن و پێوەندییان بە خەسڵەتی کردەی نووسینەوە هەیە.
    ٥- گەشەکردنی هەر دەنگێکی ئەم نەوەیە پێوەستە بە هێزی دایەڵۆگەوە. دایەلۆگ خوێندنەوەیە، وەک چۆن ڕوانین و ڕاڤەیشە. کردەی سووتاندنی هۆشیاری و داڕشتنەوەیەتی لە ئاستێکی تردا، پشکنینی خود و هەموو ئەوانەیشە، کە پێکیان هێناوە، بۆیە هاوکات تێپەڕاندنی ئاستی تێگەیشتنی باوی کۆمەڵگەیە.
    ٦- لە شاعیرانی نەوەی ڕاپەڕینەوە هەیە، دروستتر ئەو هەرەمەی هەڵچنراوە و لووتکەکەی بە شاعیرێک دراوە، تا ئەوانەی دی بخرێنە بنکەکەیەوە، وای کردووە دەنگی نوێ ڕێی دەرکەوتنی لێ بگیرێت، یان لە چاکترین حاڵدا بخرێتە پەراوێزەوە. ئەو هەرەمە دەوری بە ڕەخنەگری میلـلی تەنراوە و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی بۆ خراونەتە گەڕ، بۆ ئەوەی بەرگری لە مانەوەی شێوازەکەی بکرێت، دەستیان بەسەر چاپ و بڵاوکردنەوەدا گرتوون، کە بە ئاسانی بەرهەمیان دەخەنە بازاڕەوە، لە کاتێکدا شاعیرانی ئەم نەوەیە بەوەدا خاوەنی ئەو سەرمایە کۆمەڵایەتی و سیمبۆڵییە نین، ئەوە بە زەحمەت دەنگیان دەگاتە خوێنەر.

سەرچاوەکان:
wllatmedia.com/2023/04/8417/١-
hawlerweb.net/adab/2026/03/133426/٢-
jineftin.krd/2026/02/14/٣- تێپەڕاندنی-خود-و-واقیعی-باو-لە-ڕێی-وێنە




کۆمێنتێک یان یاساکانی شۆڕشگێڕیی.. نەوزاد بەندی

میللەتەکەمان بە لاڕێدا براوە و .دۆستی لێ بووەتە دوژمن و ..دوژمنی لێ بووەتە دۆست..کەسی وامان هەیه بۆ تاقە دۆلارێک دنیا و ئاخیرەتی خۆی دۆڕاندووە.. تەماشای میللەتێک ئەکەیت لەبەردەم خۆیدا زوڵمێکی زۆر هەیه، کەچی چەکی بۆ ناکەنە شان و مافی خوراو ودزراوی خۆیان ناسەننەوە، بەڵام بە بێ نەخشەدان و خۆڕێکخستن و ڕاهێنان، سەدان کیلۆمەتر ئەبڕن تا بە گژ زوڵمێکی دوورە وڵاتدا بچنەوە ..ئاخر تۆ قژی خۆتت پێ شەتڵ نەکرێ، قژی ئەوانی ترت چۆن پێ شەتڵ ئەکرێتەوە ؟..
ئیتر ئەم دۆخە سەیرەیش، مرۆڤگەلێکی سەیری دروست کردووە، بۆ نمونە پەیجی فەرمی دز و مافیا دەسەڵاتدارەکانی هەرێم بچوکترین کۆمێنتی ڕەخنە و گلەییان تێدا نییە و هەمووی سوپاس و نزای تەمەندرێژیی و دەستخۆشییە، کەچی پەیجی پڕۆفیسۆر و نوسەر و هونەرمەند و بیریارەکانمان پڕ پڕن لە کۆمێنتی جنێو و سوکایەتیی و قسەی ناشیرینی وا کە هەر کورد و مرۆڤ و زمان و نوسینیشت لەبەرچاو ئەکەوێ..ئەمە پێناسەی ترسنۆکیی و خۆپەرستییە، کاتێک دەستخۆشیی لە دزێکی بە حیمایه دەوره دراو ئەکەیت، هەمان کات پڕۆفیسۆرێکی پاک و بێگەرد بەر تانە و تەشەر و جنێو دەدەیت. دۆخێکی دووفاقی وا لە زانستی دەروونزانیدا بریتیە لە پێڕشتن، واتا هێرشێک کە ناوێریت بیکەیتە سەر زاڵمێک، ئەچیت ئەیکەیتە سەر بێتاوانێک و بەوی دەڕێژیت، هەمان کات ئێرەیی وات لێدەکات دەستخۆشییەک لە نوسەرو پڕۆفیسۆرێک نەکەیت، بچیت ئەو دەستخۆشییە لە زاڵمێک بکەیت!! واتا بە کەر نەوێریت و بۆ کورتان شێر بیت.
بەڵام ..
لێرەدا ئەڵێم؛ بەڵام .. دکتۆرێکی شارەزا لە زانستی فیقهیی و شەرعیی لەم دۆخە هەستیارەدا کە خەڵک لەسەر سۆزی نەتەوایەتیی جۆشدراوە، نەدەبوو لێکدانەوەی شەرعیی و فیقهیی بۆ شەڕێکی به نەتەوایەتیکراو بکات، چونکە لەو دۆخەدا هەستی نەتەوایەتیی بەسەر هەمووهەستەکانی تردا زاڵە، تەنانەت بەسەر بەڵگەنەویستەکانیشدا زاڵە.. هەر بۆیە شەرعییەتێک هەیە پێی ئەوترێ شەرعییەتی شۆڕشگێڕیی، ئەوەیان یاسا و داب و نەریتی تایبەت بەخۆی هەیە، تیایدا ئەگەر هەست بکەیت شۆڕشێکی فەیکە و بە لاڕێدا براوە و زەبری کاریگەری بە دواوەیە له گەل و میللەت، نابێ بەشداریی بکەیت، لە هەمان کاتدا نابێ ڕەخنەیشی لێ بگریت .. لەوجۆرە بار و دۆخانەدا قورئان ئامۆژگاریی ئەوەمان دەکات کە پێویستە قسەیەکی خێر بکەین یان بێدەنگ بین (( فلیقل خیرا او لیصمت)) خەڵک جۆشدراوە و ..ڕاست و چەپی خۆی نابینێ و ئەیەوێ تۆڵەی مافە خوراوەکانی ساڵەهای ساڵی بکاتەوە، وەک بڵێی هەلێکی بۆ هەڵکەوتووە بڕوات مافی موچە خوراوەکانی و سامانی میللەت دزران و بێکارکردنی ڕۆڵەکانی و بێئومێدبوونی هەتا سەر ئێسقانی، لە ژێر تایتڵێکی تردا بکاتەوە، لێرەدا ئەو ئاگاداری هیچ ڕاستی و یاسایەکی تر نییە و نایشیەوێت ئاگاداریان بێ، تەنانەت نازانێ ئەو شارەی کە ئەچێ شەڕی بۆ ئەکا، کەوتۆتە کوێوە و زمانیان چۆنە و مێژوویان چۆنە، یەک ووشەیشی دەربارەیان نەخوێندۆتەوە، کەچی ئامادەیە بە کراس و پانتۆڵێکەوە بە بێ ئازوقە و پارە و پێخەف، لەم کەشە ساردەدا، بەناو بەفر و شاخ و پێدەشتەکاندا بە پیادە بڕوا، به بێ چەک و فیشەک، یەکسەر بۆ شەڕکردن!! ( لە ڕاستیدا ئەوەی کە دەبوو لە شارەکەی خۆیدا بیکات و ڕاپەڕێت و داوای مافە زەوتکراو و دزراوەکانی لە دەسەڵاتێکی زاڵم بکات، نەیکردووە و .. به ناڕاستەوخۆ و لە ڕێی نەستە پەنگخواردووەکانییەوە، ئەیەوێ لە شار و وڵاتێکی دووردا ئەنجامی بدات ) بە بێ ئەوەی هیچ حیسابێکی بۆ ئەو شەڕە کردبێ..به بێ ئەوەی لە هیچ چەکێ بزانێ ..به بێ هیچ بنەمایەکی لۆژیکیی، تەنها شتێک کە پاڵ بەوەوە دەنێ، مافی خوراوی ساڵەهای ساڵی خۆیەتیی ئەیەوێ لەو دەرچەی ڕۆژئاوایەوە، بیڕێژێ و حەقی خۆی بکاتەوە ..ئەمەیش ئەو گەمەیەیه کە تۆم باراک نێردەی ئەمەریکا لە پێناویدا هاتووە و جەختی لەسەر دەکاتەوە و ..چێژی لێدەبینێ.. چونکە یەک کەس زیاتر بمرێ یان گێل بکرێ ئەو بەرمیلێ نەوت زیاتر ئەباتەوە لەگەڵ خۆی بۆ ئەمەریکا ..
هەر بۆیە بێدەنگبوونی زانا و دانا لەو دۆخەدا، زۆر باشترە له قسەکردنی شەرعیی و زانستیی و لۆژیکیی ..وەک چۆن لە کاتی ئاگر کەوتنەوەی گەورەدا، ئاو ناتوانێ ئیشی خۆی بکات ..یاسای دووانەی دژ به یەکی ئاو و ئاگر تێک دەچێت و ئەبێ پەنا بۆ ئاگرکوژێنەوەیەکی تر ببەین .. ئا بەو جۆرە .

نەوزاد بەندی