سەرمایەگوزاری جەنگەکان لە ژێر سێبەری مۆڕاڵ وبەهاکاندا.. جوتیار مەلا ڕەئوف

ئەگەر وردبینانەتر ئەو شەڕە شی بکەینەوە، ناتوانین ئاسان هێزە بزوێنەرە ماددییەکانی پشتگوێ بخەین، تەنها باس لە ئاسایش، بەرگری و تۆڵەسەندنەوە، یان ڕێگری ناوچەیی بکەین وەک ئەوەی ئەمانە تەنیا بنەما بن، بۆ ئێمە ڕاستگۆیی بە واتای ئەوە دێت کە بە ئاشکرا بڵێین ئەو شەڕە نەک تەنیا پاڵنەرە ئایدیۆلۆژیەکانی دەسەڵات و سیاسەت، بەڵکو بەرژەوەندییە ئابووریەکان بنەما هەرە سەرەکیەکانن لەو جەنگەدا، ئەو جەنگە تەنیا پێکدادانی چەند دەوڵەتیک نییە، بەڵکو دەرفەتێکی بازرگانی گەورەشە بۆ ئەو کەسانەی کە قازانج لە بازاڕی چەک و قەیرانی وزە و نائەمنی و باری نائاسایی دەکەن.
بۆیە کاتێک سەیری شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران دەکەین، هیچ ناکۆکییەکی ئەخلاقی لە نێوان چاکە و خراپەدا نابینین، هیچ لایەنێک نابینین بە ناوی مۆڕاڵی مرۆڤایەتییەوە بە شێوەیەکی باوەڕپێکراو مامەڵە بکات، بەڵکو پێکهاتەی ئەو دەسەڵاتانە دەبینین کە لە ڕووی سیاسییەوە پاساو بۆ توندوتیژییەکانیان دەهێننەوە، لە کاتێکدا لە پاشخانە واقیعیەکەدا بازاڕەکان کاردانەوەیان دەبێت و بەرهەمهێنانی چەکوو تەکنەلۆژیای سەربازی و نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە و گرێبەستی نوێ واژۆ دەکرێن، لە ناوەڕاستی پەرەسەندنی شەڕەکەدا، ئەمریکا ڕەزامەندی لەسەر فرۆشتنی چەک بە سێ وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بەهای زیاتر لە 16.5 ملیار دۆلار پەسەند کردووە، لە هەمان کاتدا کۆشکی سپی داوا لە بەڵێندەرانی بواری بەرگری وئاسایش دەکات کە بەرهەمهێنان خێراتر بکەن و بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ڕەنگە پێویستییەکانی پنتاگۆن بۆ ئەو جەنگە بە بڕی ٥٠ ملیار دۆلاری دیکە زیاد بکەن.
ڕێک لێرەوەیە کە نامۆڕاڵیەتی سیاسی ئەو شەڕە دەردەکەوێت، شەڕێک کە بە ملیارەها دۆلار گرێبەستی تێدا پەسەند بکرێت و بازنەکانی بەرهەمهێنانی چەکی تێدا فراوان بکرێن و بناغەکانی نوێی کۆنتراکتی چەکی تێدا دابڕژرێن، شەڕێک نییە کە بتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە ئامانجێکی مۆڕاڵی و ئینسانی هەیە و لە پێناو ژیان و گوزەرانی کۆمەڵگا چەوساوەو ژێردەستەکاندایە، هەرکەسێک بانگەشەی ئەوە بکات کە ئەو جەنگە پەیوەندی بە پاراستن، سەقامگیری و دیموکراسی و بە بەرگرییەوە هەیە، دەبێت بپرسرێت بۆچی لە ناوەڕاست وگەرمەی ئەو کارەساتەدا، کۆمپانیا پیشەسازیە سەربازیەکان بەردەوامن لە گەشەکردن، (ئاژانسی ڕۆیتەرز ئەوەی بڵاویکردەوە، کە کۆمپانیای (ئێلبیت سیستێمز) کە گەورەترین بەڵێندەری بەرگری ئیسرائیلە، پێشبینی دەکات دوای ساڵانی جەنگی غەززە خواست لەسەری زیاتر ببێت، کە ئێستاش بەهۆی شەڕی دژی ئێرانەوە داهاتی کۆمپانیاکە لە ساڵی ٢٠٢٥دا بۆ ٧.٩ ملیار دۆلار بەرزبووەوە، و پشکەکانی لە ساڵی ٢٠٢٦دا زیاتر لە ٥١% زیادیکردووە)، کە ئەوەش ئەو خاڵەیە کە مرۆڤ چیتر ناتوانێت باسی تەنها لۆژیکی ئەمنی و خۆپارێزی و بەرگری بکات، کاتێک شەڕەکان، گەشەکردن بۆ کۆمپانیاکانی چەکو بازاڕەکانیان، بۆ دەوڵەتان دەرفەتی نوێی وەبەرهێنان و بازاڕی نوێی فرۆشتنیان بۆ دابین دەکات، ئەوا دەبێت بوێربین کە بڵێین ئەوەی کە هەیە، شەڕی کەڵەکەکردنی سەرمایەیەو هیچیتر.
هەر بە پێی سەرچاوەکەی ڕۆیتەرز، لە کۆتایی مانگی شوباتەوە، شەڕەکە بازاڕەکانی وزەی جیهانی هەژاندووە، گەرووی هورمز نزیک بووە لە وەستان، هەروەها نرخی نەوتی لە هەندێک کاتدا بۆ سەرووی 100 دۆلار و تەنانەت هەندێکجاریش بە 119 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزکردووەتەوە، بۆیە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە زیاتر لە 400 ملیۆن بەرمیل لە یەدەگی فریاگوزاری خستۆتە بازاڕەوە .
ئەوە بۆ ئیمە لە ڕووی سیاسییەوە مانای چییە؟ بەو مانایەیە کە ئەو شەڕە راستەوخۆ هێندراوەتە ناو ژیانی خەڵکەوەو وەرگێڕدراوە بۆ رەوشی ئابوورییەکی کارەساتبار، بۆ زۆرینەی خەڵک ئەوە بە واتای بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان، گرانبوونی وزەو کاڵاکان، دابینکاری و خزمەتگوزاری ونادیاری و دابەزینی دڵنیایە کۆمەڵایەتیەکان، بەڵام بۆ هەندێک کۆمپانیاو فیگورەکانی جەنگ بە واتای زیادکردنی نرخەکان، قازانجی بازرگانی نوێ و گەشەسەندنی ستراتیژی ئابوری دێت، ئەوەش ئەوەمان پێدەڵێت کە شەڕەکان هەرگیز تەنها بلۆکو هاوپەیمانیەتیەکان بەرهەم ناهێنن، بەڵکو براوە و دۆڕاویش لە ئابووریدا بەرهەم دەهێنن و براوەکانیش بە دەگمەن لە ناوچەو شارو هەرێمە وێرانبووەکاندا دەبینرێن.
بۆیە کاتێک باس لە (بازرگانانی ئەو جەنگە)دەکەین، مەبەستمان تەنیا کۆمپانیاکانی چەک نییە، مەبەستمان تەواوی تۆڕی نوخبە سیاسییەکان و ئامێرە ئەمنی و سەربازیەکان و بەرژەوەندییەکانی وزە و بازاڕە داراییەکان و پیشەسازییە ستراتیژییەکانە کە لە نادڵنیایی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا قازانج و وەبەرهێنان دەکەن، ئەو جەنگە ڕیڕەوەکانی دابینکردنی لە خۆراکەوە تا گشت پێداویستیە سەرەتایی وسەرەکیەکانی ژیانی پەکخستووە و متمانەپێکراویی ڕێگا بازرگانییە سەرەکییەکانی خستۆتە ژێر پرسیارەوە و کۆمپانیاکانی لە سەرانسەری جیهاندا خستووەتە ژێر فشارەوە، لە هەمان کاتدا کۆمپانیاکانی بواری سەربازی و ئەمنی خەریکی هەڵسەنگاندنی بەرهەمهێنان و دەرفەتەکانیانن لە ژینگەی نوێی جیۆپۆلەتیکیدا، بە واتایەکی تر شەڕ خەریکە ژیان وێران دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەولەویەتەکان بۆ سەرمایە و بەرهەمهێنانی تەکنەلۆژیای مەرگ ڕێکدەخاتەوە، ئەوەش فەزیحەیەکی مۆڕاڵی زۆر بەرچاوە.
بۆیە ئەوە کارێکی زۆر قرسە بتوانین ئەو جەنگە تەنها لە ڕووی سیاسیەوە وێنا بکەین، وەک ئەوەی کە هێز و لایەنە بەشدراربوەکانی ئەو جەنگە لە بنەڕەتدا ئامانجێکی ئەخلاقییان هەبێت، چونکە لە بنەڕەتدا ئەو شەڕە بۆ پاراستنی ژیانی مرۆڤەکان نییە، بەڵکو ڕێکخستنەوەی پێکهاتەی دەسەڵاتی زلهێزەکانە، بەرگریکردن نییە لە مرۆڤایەتی و دیموکراسی، بەڵکو بەرگریکردنە لە بوارەکانی کاریگەری توانای سەربازی و پاراستنی کۆریدۆرە ستراتیژییەکان و بەرژەوەندییە ئابوورییەکان. زمانی مۆڕاڵ زۆرجار تەنیا خزمەت بەوە دەکات کە بڕیارە سیاسییەکان مرۆڤانەتر دەرکەون لەوەی کە لە ڕاستیدا هەن، ڕێک ئەوە شتێکە کە کۆمەڵگاکانی ئێمە لەو ناوچەیە تووڕە وبێزار دەکات، چونکە کاتێک شەڕ بە ناوی بەهاکانەوە دەکرێت، لە کاتێکدا دینامیکی ڕاستەقینەکەی بە شێوەیەکی دانەبڕاو پەیوەستە بە چەککردنەوە و سیاسەتی وزە و لۆژیکی بازاڕی جیۆپۆلەتیکییەوە، کەواتە لە هیچ شوێنک لە ناو دوکەڵی خنکێنەری ئەو جەنگەدا مؤراڵ جێگای نابێتەوە، بەڵکو مۆراڵ دەگۆڕدرێت بۆ ئامرازسازی ودەبێت بە پەیامێکی هەڵخەڵەتێنەرانە.
لەوەش زیاتر کە بۆ ئێمە جێگای دڵتەنگیە ، کاریگەرییە درێژخایەنەکانی ئەو جەنگەیە لەسەر کۆمەڵگاکانی ئێمە، چونکە ئەو جۆرە جەنگانە بە ئاگربەست کۆتاییان نایەت، بەڵکوو ئەوان خۆیان بەردەوامی پیدەدەن لە ناو دامەزراوەکان، لە ناو کولتوری سیاسی، لە زمان و لە هەستیاری مۆڕاڵی بۆ نەوەکانی داهاتوومان، کۆمەڵگایەک کە بەردەوام فێردەکرێت کە توندوتیژی دەتوانێت شتێکی (پێویست) بێت، وردە وردە هەستیاری خۆی بەرامبەر بە نادادپەروەری کۆمەڵایەتی لەدەست دەدات، دەستەڵاتوو سیستەمێکی سیاسی کە بۆردومانکردن و وێرانکردن بە سەقامگیری دەزانێت، خەڵک ڕادەهێنێت لەسەر ئەوەی کە توندئاژۆی و دەمارگیری بەشیکە لە بەرهەمی عەقڵی تەندروست، ئابوورییەک کە لەسەر بەڕێوەبردنی هەمیشەیی قەیرانەکان گەشە دەکات، خەڵک بە نائارامی و باری نائاسایی و کێبڕکێ لەسەر سەرچاوە کەمبەردەستەکان ڕادەهێنێت.
من پێم وایە کە قووڵترین وێرانکاری ئەو شەڕە ڕێک لێرەدایە، نەک هەر وێرانی ژێرخان و ئابوری بەجێدەهێڵێت، بەڵکو جیناتێکی سیاسی شێواویش بەجێدەهێڵێت، ئەو منداڵانەی کە بە وێنەی شەڕی هەمیشەیی گەورە دەبن، فێر دەبن کە توندوتیژی بەشێکە لە دیمەنی سیاسی، ئەو گەنجانەی تەنها قەیران و سزا و مووشەک و تۆڵەسەندنەوە دەبینن، باوەڕیان بە بیرۆکەی دادپەروەری و دیالۆگ لەدەست دەدەن، ئەو خێزانانەی کە لەگەڵ سەختی باری ژیان و بەرزبوونەوەی نرخ و نائەمنی و دڕندەیی کۆمەڵایەتیدا دەژین، زیاترگەشە دەکەن بۆ دیدگای پاوانخوازی و ناسیۆنالیزم و کۆنەپەرستی ئایینی و تامەزرۆیی بۆ ڕێکخستنی ڕەقوکینەی سیستماتیک، بۆیە شەڕێکی لەو شێوەیە نەک هەر ژیانی ئەمڕۆ لەناو دەبات، بەڵکو وێرانکارییە سیاسییەکانی سبەینێش دەست پێوەدەگرێتوو بەخێویان دەکات.
هەر بۆیە بەس نییە بۆ ئێمە هەڵسەنگاندنی ئەو شەڕە لە ڕووی سەربازی و سیاسی و یان دیپلۆماسییەوە لەبەرچاو بگرین، بەڵکو دەبێت لە ڕووی مۆڕاڵیشەوە هەڵسەنگاندنێکی ژیاریانەی بۆ بکەین، دەبێت ئێمە وای ببینین کە لە ڕوانگەی مۆڕاڵیشەوە نیشانەی شکستی قووڵی سیاسییە، نەک لەبەر ئەوەی تەنها لایەنێک تاوانبارە و لایەنەکەی تر بێتاوان، بەڵکو لەبەر ئەوەی تەواوی پێکهاتە دەسەڵاتییەکە کە ئەو جەنگە بەردەوامی پێدەدات، لۆژیکێک جێگیر دەکات کە ژیانی مرۆڤ دەکاتە کاڵایەک بۆ دانوستان. هەندێکیان ئاسایش ودیموکراسی وخۆشگوزەرانی دەفرۆشن، هەندێکی تر بەرخۆدان وبەرگری و هەندێکی تریش ڕێگری و هەندێکی تر سەقامگیری، بەڵام لە کۆتاییدا یەک ڕاستی دەمێنێتەوە، ئەویش ئەوەیە کە مرۆڤەکان دەمرن، کولتورەکان وێران دەکرێن و پێکهاتەی هێزەکانیش قازانج دەکەن.
ئەوەی کە بۆ ئێمە گرنگە نابێت باوەڕ بە ڕیتۆریکی مۆڕاڵی سەرکردەکانی جەنگ بکەین، هەر کەسێک ئامانجی ئەخلاقی ئینسانی ڕاستەقینەی هەبێت، گرێبەستی بازرگانی چەک بە ملیارەها دۆلاری پەسەندو واژۆ ناکات، هەرکەسێک بەڕاستی ئارەزووی سەقامگیری کۆمەڵگاو مرۆڤ لەلای سەنتەر بێت، قەیرانەکان دروست ناکات کە تێچووی تەواوی بخاتە سەر ئەستۆی کۆمەڵگاکان و ژیانی خەڵک، هەرکەسێک بەڕاستی ئارەزووی ئاشتی و دیالۆگی هەبێت، بە شێوەیەک ڕەفتار ناکات کە بۆ هەمیشە چەک و نەوت و ئامێرە سەربازی و ئابووریەکان ترس لە ناو دڵی کۆمەڵگادا بەهێز بکەن.
بۆیە ئەو شەڕە بۆ ئێمە تەنیا کارەساتێکی ناوچەیی و مرۆیی نییە، بەڵکو وێنەیەکیشمان پیدەدات لە چۆنیەتی کارکردنی سیستەم و دەسەڵاتی سەرمایەداری مۆدێرن، کە نەک تەنها دەکوژێت و دەسوتێنێت، بەڵکو لە پەناشیەوە قازانج و سەرمایەش کەڵەکە دەکات، وە تا ئەو کاتەی ئێمە بە ئاشکرا دان بەو پەیوەندییەدا نەنێین، بەردەوام دەبین لە بینینی جەنگەکان وەکوو پێویستییەکی مرۆیی بۆ کۆمەڵگاکانمان.




دوعاکانی یەخەم لەبەر بارانی واقیع شۆرانەوە؛.. پاڤێڵ ساڵح

لەو ڕۆژەوەی فێربووم ناونیشانی خۆم وەک
ناسنامەیەکی ساختە فڕێ بدەم
بووم بە کۆڵبەرێکی هەمیشەیی لە بیابانی ئەم ژیانەدا.
جانتاکەم پڕە لەو پرسیارە قورسانەی
کە هیچ کەس نەبوو وەڵامیان بداتەوە.

بارەکەم زۆر قورسە
نەک لەبەر ئەوەی شتێکم پێیە
بەڵکو لەبەر ئەوەی «هیچ»
کێشی لە هەموو گەردوون زیاترە.

تا نەترسم
دایکم دوعایەکی لە یەخەی کراسەکەم بەست
بەڵام کاتێک گەیشتمە ناو جەنگی شەقامەکان
دوعاکان لەبەر بارانی واقیع شۆرانەوە
لەوێ فێربووم کە لەم سەردەمەدا
«خودا» تەنها مانا بوو لەسەر زمان
بەڵام «نان» بوو بەو چەقۆیە تیژەی کە هەموو ڕۆژێک لە گەروومان دەدرێت.

من ئەو مرۆڤەم کە لە شکستەکانی خۆی دروست بووە
پەیکەرێکم لە نائومێدی و تۆزی سەر شەقامەکان.
سەد و یەک خەونم هەبوو
وەک پەپوولەی کێوی لە ناو سەرمدا دەفڕین
بەڵام ئەم شارە، ئەم جەنجاڵستانە بێدەنگە،
تەنها یەک زمانی هەیە: «کڕین و فرۆشتن».

یەکەم خەونم هەراج کرد بۆ کڕینی کاتژمێرێک
نەک بۆ ئەوەی بزانم کات چەندە
بەڵکو تەنیا بۆ ئەوەی بزانم کەی ئەم تەمەنە کۆتایی دێت.
دووەم خەونم دا بە پارەی کارەبا
تا شەوان سێبەری تەنیایی خۆم
لەسەر دیوارەکە ببینم
تا کار گەیشتە ئەوەی
کۆتا خەونم بکەمە قوربانیی سەقفێک
کە هەرگیز نەبوو بە «ماڵ» و
هەر وەک «خانوو» مایەوە.

لەم مەزادخانەیەدا
تەنانەت دڵەکانمان بوون بە «مۆدێلی کۆن».
من سەیری ناو چاوی هاوڕێکانم دەکەم
کەچی تەنها «نرخ»ـیان تێدا دەخوێنمەوە.
ئێمە چیتر یەکترمان خۆشناوێت
بەڵکو تەنها یەکتر «بەکاردەهێنین»
بۆ پڕکردنەوەی ئەو کونە ڕەشەی کە جیهان
لە ناوەڕاستی سنگی هەمووماندا هەڵیکۆڵیوە.

ئەو کەسەی پێم وابوو نیشتمانمە
ئەویش لە سوچێکی ئەم شارەدا،
خەریکی گۆڕینەوەی سۆز بوو بۆ ساتێک «دڵنیایی».
لێرە عیشق، مۆمێک نییە ڕێگە ڕۆشن بکاتەوە
بەڵکو تەنها شقارتەیەکی تەڕە، کە بۆنە سووتاوەکەی بۆ ئێمە ماوەتەوە.
ئێمە هەموومان بووین بە کڕیاری برینەکانی یەکتر، بەڵام کەس ئامادە نییە بەهای «ساڕێژبوون» بدات.

ئێستا سەیری خۆم دەکەم؛
گیرفانەکانم دڕاون، نەک تەنیا لەبەر هەژاری
بەڵکو لەبەر ئەوەی «مانا» زۆر قورس بوو و تێیاندا نەدەوەستا.
مرۆڤ کاتێک هەموو خەونەکانی دەفرۆشێت
دەبێت بە ئاوێنەیەکی سارد
کە تەنها خەڵکی تێدا دەبینرێت و
هیچی تری لێ زیاد نایە.
شار وەک جەلادێکی دەستکێش سپی
بە هێمنی پێستمان دەماڵێت و
ناومان دەنێت «پێشکەوتن».
من ئێستا تەنها لە «گرێبەستە شکاوەکان» و
«بەڵێنە ژەهراوییەکان» دروست بووم.

ئێمە لێرەین
لەسەر شۆستە ساردەکانی ئەم جیهانە
نەک وەک ڕێبوار
بەڵکو وەک کاڵایەکی بەسەرچوو.
هەموومان خەریکی گەورەترین خیانەتین:
گۆڕینەوەی «ڕۆحمان» تەنها لەپێناو کەمێک «مانەوە». مانەوە لەناو ژیانێکدا، کە خۆی لە ئەسڵدا
تەنها مەزادخانەیەکی گەورەیە بۆ فرۆشتنی مرۆڤ بە مرۆڤ.




ئەڤینی گشتی.. شیعر / ئەحمەد شاملو.. لە فارسییەوە / شوان عەباس بەدری

ئەسرین نهێنییەکە
زەردەخۆ نهێنییەکە
ئەڤین نهێنییەکە
ئەسرینی ئەو شەوە زەردەخۆی ئەڤینم بوو
چیرۆک نیم تا باسم بکەیت
سروود نیم تا بمخوێنی
دەنگ نیم تا گوێت لێم بێت
یان شتێکی وا کە بیبینیت
یان شتێکی وا
کە بیزانیت
من ژانی هاوبەشم بانگم بکە
درەخت لەگەڵ دارستان قسە دەکات
گیا لەگەڵ بیابان
ئەستێرە لەگەڵ کاکێشان و
منیش لەگەڵ تۆ قسە دەکەم
ناوتم پێ بڵێ
دەستت بخەرە ناو دەستم
دەردەدڵم لەگەڵ بکە
دڵتم پێ بسپێرە
من بنەچەکانی تۆم دۆزیوەتەوە
بە لێوەکانت بۆ هەموو لێوەکان قسەم کردووە و
دەستەکانیشت ئاشنای دەستەکانمن
من لە خەڵوەتی دڵدا بۆ خاتری زیندووەکان
لەگەڵ تۆدا گریاوم و
لە گۆڕستانی تاریکیشدا جوانترین سرودەکانم
لەگەڵ تۆدا وتۆتەوە
چونکە مردووەکانی ئەمساڵ
عاشقترینی زیندووەکان بوون !
دەست بخەرە دەستمەوە
دەستەکانی تۆ ئاشنای دەستەکانی منن
ئەی درەنگ وەدەست هاتوو قسە لەگەڵ تۆدا دەکەم
هەر وەک هەور کە لەگەڵ تۆفان
هەروەک گیا کە لەگەڵ بیابان
هەروەک باران لەگەڵ دەریا
هەر وەک مەل لەگەڵ بەهار
هەروەک درەخت کە لەگەڵ دارستان
قسە دەکات
چونکە من
بنەچەکانی تۆم دۆزیوەتەوە
چونکە دەنگی من ئاشنای دەنگی تۆیە.

شوان عەباس بەدری




پرۆژەیەکی نوێی گەلەری ئارام و د. ئازاد حەمە