فەلسەفەی دوای مرۆڤ.. د. حمدي سيد محمد محمود.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا كردوویە بە كوردی

(گۆڕانکارییەکانی خود لە سەردەمی بوونەوەرە بەهێزکراوەکان)

پۆست هیومانیزم (Post humanism) ئاماژە بە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە تێگەیشتن لە مرۆڤایەتیدا دەكات؛ چونكە لە پاش (فەلسەفەی دوای مرۆڤ) چیتر مرۆڤ وەک ناوەندی گەردوون یان بوونێكی باڵا نامێنێتەوە، بەڵکە دەبێتە خاڵی گواستنەوە بەرەو پارادایمێكی نوێیی بوون، ((واتە بوونەوەرە بەهێزکراوەکان)) ئیتر مرۆڤ لە پارادایمە تایبەتمەندییە بایۆلۆژی و ئۆنتۆلۆژییەكان تێدەپەڕێنێت کە لە دەمێكەوە مرۆڤایەتییان پێناسە کردووە؛ بەو مانایەش فەلسەفەی (دوای مرۆڤ) وەک کاردانەوەیەک لە دژی مرۆڤگەرایی (Humanism) کلاسیک سەریهەڵداوە، کە مرۆڤایەتی بە تەوەری مەعریفە و بەها و مانا دادەنا؛ لە ڕوانگەی هیومانیزمی کلاسیکییەوە مرۆڤ وەك هێزی فیکری ڕۆشنگەری ئەوروپی لەڕێگای عەقڵ و زانستەوە توانی کۆنترۆڵی سروشت و زەمینەسازی بكات؛ بەڵام ئەمڕۆ فەلسەفەی پۆست هیومانیزم هەر تەنیا ئەم بنەمایانە ڕەت ناکاتەوە، بەڵکە لە ژێر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە تەكنۆلۆژی و ژینگەیی و دیجیتاڵی و میتافیزیکییانەی کە ئێستا کاریگەرییان لەسەر چۆنیەتی جێگیربوونی مرۆڤایەتی لە جیهاندا هەیە، ((واتە لەڕێگای بە تەكنۆلۆژیا، ئەلگۆریتم، یان ئامرازە دیجیتاڵییەکان)) فۆرمێكی دیكە بۆ تەواوی مرۆڤایەتی دادەڕێژێتەوە.
لە ناخی ئەو فەلسەفەیەدا پرسیارێکی سەرەکی هەیە، ئەویش ئەوەیە: ئایا کاتێک چەمکە تەقلیدییەکەی (مرۆڤایەتی) کاڵ دەبێتەوە و سنوورەکانی نێوان مرۆڤ و ئامێر و ئاژەڵ، یان بوونەوەرە دەستکردەکان، تەنانەت ژینگە دیجیتاڵییەکان دەسڕدرێنەوە، چی لە بەهای مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە؟ هەڵبەتە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی ئەو فەلسەفەیە، هەڵوەشاندنەوەی دووبەرەکیی سەختی نێوان مرۆڤ و غەیرە مرۆڤە، کە لە ئەفلاتونەوە تا دیکارت بەسەر فەلسەفەکانی ڕۆژئاوادا زاڵ بووە…
فەلسەفەی دوای مرۆڤ، داوای تێپەڕاندنی ئەو دابەشبوونانە، مۆدیلی فرەیی بۆ (عەقڵ و بوون) پێشنیار كرد، کە مرۆڤایەتی لەڕووی عەقڵانییەت یان ئەخلاقەوە وەک تاکە بوونێك سەیر نەکرێ، بەڵکە وەک گرێیەک لە ناو تۆڕێکی فراوانی پەیوەندییە ژینگەیی و تەكنۆلۆژی و گەردوونییەکاندا ببنرێت! لەم چوارچێوەیەدا، فەلسەفەی دوای مرۆڤ (پۆست هومانیزم) یەكانگیر لەگەڵ ڕەوتی ئۆنتۆلۆژیای فرەیی و تیۆری نیوکۆمەڵایەتی، ڕەخنە لە ئەنترۆپۆسین- ((هێزی مرۆڤ وەك هێزی سەرەکی گۆڕان لەسەر زەوی)) دەگرێ و پرسیارکردن لە بارەی سنوورە ئەخلاقی و سیاسییەکانی پۆلێنکردنی بوونەوەرەکاندا بەرز دەكاتەوە؛ كەواتە مەبەست لە (فەلسەفەی دوای مرۆڤ) ئینکاركردنی بەهای مرۆڤ نییە، بەڵکە مەبەست لێی کردنەوەی دەرگایە بۆ فۆرمێكی دیكەی ژیان و بیرکردنەوە و بوونێكی جیاواز کە ڕەنگە لەگەڵ ستانداردە تەقلیدییەکانی مرۆڤدا نەگونجێت.
لە ڕوانگەی تەكنۆلۆژیاوە، پێشکەوتنە خێراكانی زیرەکی دەستکرد، ئەندازیاری بۆماوەیی، ڕۆبۆت، نانۆتەكنۆلۆژیا و تەواوی تەكنۆلۆژیاکانی واقیعی درێژکراوە یارمەتی خەیاڵ و بیرکردنەوەی (فەلسەفەی دوای مرۆڤ) دەدات، بۆ ئەوەی بیر لە قۆناغێکی نوێی بوونی مرۆڤ بكاتەوە! لێرەدا تەكنۆلۆژیا نەک تەنها وەک ئامرازێک، بەڵکو وەک درێژکراوەی مرۆڤایەتی دەبینرێت، وەک بکەرێک دەبینرێت، کە توانای دووبارە داڕشتنەوەی سروشتی مرۆڤ و ئاسۆی پەرەسەندنی مرۆڤی هەیە؛ چەمکەکانی ((سایبۆرگ- مرۆڤێک تێکەڵ لە جەستە و تەکنۆلۆژیا)) مرۆڤ وەك بوونەوەرێکی تێکەڵاو لە نێوان مرۆڤ و ئامێردا- كە زیرەکی ئەو مۆدیلە لە مرۆڤ لەسەرووی مرۆڤدایە، ئەو مرۆڤەی سەرووی زیرەكی ئاماژەیە بە تواناگەلێك کە تەواوی توانا بایۆلۆژی یان مەعریفییە سروشتییەکان تێدەپەڕێنێت، نەك هەر هێندە بەڵكە هەتا دێ ئەو ڕەوتە بەهۆی گۆڕینی ناسنامەی مرۆڤ بۆ بنیاتێکی دیجیتاڵی زیاتر گەورە دەبێت، ئەو ڕەوتە دەتوانێت لە سەرانسەری میدیای نوێدا قسەی لەبارەوە بكرێ و دەستکاری بکرێت و بگوازرێتەوە، ئەوەش پرسیاری بێ وێنە سەبارەت بە جەستە، ناسنامە، ئازادی و مردن و نەمری دەوروژێنێت.
كەواتە فەلسەفەی دوای مرۆڤ تەنها گوتارێک نییە بۆ ستایشکردنی تەكنۆلۆژیا- ((بەڵكە هەوڵ دەدات بەشێوەیەکی ڕەخنەیی لە پەیوەندییەكانی مرۆڤ، تەكنۆلۆژیا، و جیهان، بكۆڵێتەوە))- ڕەخنەیەکی قووڵە، لەو دەسەڵات و کۆنترۆڵكردن و نایەکسانییەی كە ئەو گۆڕانکارییە تەكنۆلۆژییەكان بەرهەمییان هێناوە…
هەندێک لە فەیلەسوفان هۆشداری لە مەترسی گۆڕینی مرۆڤ بۆ (بەرهەمی) تەكنۆلۆژیا دەدەن، یان تێکدانی بەهاکانی دادپەروەری و کەرامەتی مرۆڤ و بە کاڵاکردنی مرۆڤ یان جیاکردنەوەیان لە ڕەگ و ڕیشەی کۆمەڵایەتی و سروشتی خۆی… هەموو ئەو نیگەرانیانە لەگەڵ مشتومڕەکانی ژینگەیی سەبارەت بە باڵادەستی تەكنۆلۆژیا و داهاتووی زەوی و زێدەبەكاربردنەكان یەکدەگرنەوە؛ بیرمەندانی (فەلسەفەی دوای مرۆڤ) داوا دەکەن گۆڕانکارییە بایۆپۆلیتیکەكان، مرۆڤایەتی تێکەڵ بە تۆڕی ژیان بکاتەوە، نەک بیخاتە دەرەوە.
لە لایەکی دیکەوە فەلسەفەی دوای مرۆڤ ئەگەرێکی نوێ بۆ تێگەیشتن لە ئەخلاق و هۆشیاری پێشکەش دەکات، نەک لە ڕوانگەی باڵادەستی مرۆڤەوە، بەڵکە لە ڕوانگەی بەشداریكردنی ئەویتری جیاواز و بەهای ئەویتری جیاوازەوە- جا چ ((ئەویتری جیاواز)) ئامێرێکی هۆشیار بێت، ئاژەڵێکی زیرەک بێت، یان تەنانەت ژینگەیەکی سروشتی (هەستیار- سێنسەر)… ئەو بەرفراوانبوونەی کایەی ئەخلاقی بە تەواوی نكۆڵی لە پۆلە جێگیرەکان دەکات، وەك چۆن مۆدێلێکی دیكەی بەرپرسیارێتی پێشنیار دەکات کە سنوورە ئۆنتۆلۆژییەکانی نێوان خود و ئەویتر تێدەپەڕێنێت؛ بەم شێوەیە (فەلسەفەی دوای مرۆڤایەتی) دەبێتە بانگەوازێک بۆ پێناسەکردنەوەی بوون و دەسەڵات و مانا، نەک تەنها لە ڕوانگەی تێپەڕاندنی مرۆڤایەتییەوە، بەڵکە لە ڕوانگەی دووبارە خەیاڵکردن بە شێوەیەکی زێدەخاكیی و زێدەپەیوەندی و بەشداریکردنی لەگەڵ فرەیی بووندا.
ئەوڕۆ گرنگی ئەو فەلسەفەیە تەنها لە ڕەهەندە تیۆرییەکەیدا نابینرێت، بەڵکە گرنگی لەوەدایە کە ئامرازە زیرەكەكان، بیرکردنەوەی مرۆڤ بۆ تێگەیشتن لە ئاستەنگ و چالاکییەکانی جیهانی هاوچەرخ فرەوان دەكات- بۆ ئەوەش هەر لە زیرەکی دەستکردەوە بیگرە تا گۆڕانی کەشوهەوا- لە چوارچێوەیەکی نوێی ئۆنتۆلۆژی و ئەخلاقیدا، وامان لێدەکات بیر لەوە بکەینەوە کە مرۆڤبوون ((لەگەڵ فرەیی بوون)) یان لە جیهانێکدا کە چیتر بە تەنیا نین واتای چییە؛ لە جیهانێکدا کە لەگەڵ بوونەوەرە نوێیەکاندا هاوبەشین- ئەو بوونەوەرانەی كە هەندێكیان دەستكردی خۆمانن و هەندێکی دیکەیان لە پێش ئێمەوە (لە مێژووی گەردوون)دا بوونیان هەبووە! لێرەوە لەبەردەم ئەو هەموو گۆڕانکاریانەدا پڕۆژە کلاسیکییەكانی مرۆڤ هەرەس دێنێ! بەمجۆرە فەلسەفەی دوای مرۆڤ ئاسۆیەکی فەلسەفی پڕ لە نكۆڵی و پڕ لە دەرفەت دەخاتە سەر پشت و ناچارمان دەکات بیر لە سروشتی مرۆڤ و سنووری زانین و ئەخلاقی داهاتوو بکەینەوە.

سەرچاوە:
فلسفة ما بعد الإنسان: تحولات الذات في عصر الكائنات المعززة- د. حمدي سيد محمد محمود
الحوار المتمدن- www.ahewar.org – Jul 24, 202.

ڕوونكردنەوەكانی وەرگێڕ:
-جووت كەوانەكان زێتر بۆ ڕوونكردنەوەن.
-(بوونەوەرە بەهێزکراوەکان- الكائنات المعززة) واتە ئەو بوونەوەرانەی کە توانای سروشتیان بە تەكنۆلۆژیا، ئەلگۆریتم، یان ئامرازە دیجیتاڵییەکان زیاد دەکرێ، لەو حاڵەتەدا مرۆڤ تەنها وەك بوونەوەرێکی سروشتی نامێنێت، بەڵکە دەبێتە بوونەوەرێکی هاوبەشی مرۆڤ و تەكنۆلۆژیا.
-(ئەنتڕۆپۆسین) ناوی ئەو قۆناغەیە کە زانایان پێیان وایە ئەوە مرۆڤە هێزی سەرەکی گۆڕان لەسەر زەوی؛ بەڵام ڕەخنە لە ئەنترۆپۆسین لە كۆمەڵێ پرسیاردا خۆی دەبینێتەوە: ئایا مرۆڤەكان هەمووان بەرپرسیارن؟ یان سیستەمێکی دیاریکراو؟ ئایا مرۆڤ دەبێت ناوەندی بیرکردنەوە بێت؟ یان دەبێت جیهان بە شێوەیەکی گشتییتر ببینرێت؟!.

  • چەمکی (بایۆپۆلیتیکی) پەیوەندی بە بیرۆکەکانی فۆکۆ لە سەدەی 18 و 19 ـدا لەبارەی دەسەڵات و گۆڕانكارییەكانی دەسەڵاتەوە هەیە… لێرەدا چەمکی بایۆپۆلیتیکی واتە بەڕێوەبردنی ژیان: گۆڕان لە سیاسەتی سزادانەوە بۆ سیاسەتێک کە ژیان و جەستەی مرۆڤ بە شێوەیەکی زانستی و سیستەمی بەڕێوە دەبات.



“”مه‌رگ چاوی شینە خه‌ڵكی ئەڵمانیایە””.. ئازاد حەمە

دەربڕینی””مه‌رگ چاوی شینە خه‌ڵكی ئەڵمانیایە”” بێچووی ئەو دەربڕینە شیعرییەی پۆل سێلانە کە بەمجۆرەیە:””مه‌رگ وەستایەکە خه‌ڵكی ئەڵمانیایە””. گوزارەی””مه‌رگ وەستایەکە خه‌ڵكی ئەڵمانیایە”” گوزارەیەکی هۆنراوەی Todesfuge ی سێلانە، کە نوێنەرایەتی مەرگ دەکات. ئەڵبەتە مەرگێک، کە بەچاوانی خۆت بیبینیت، کە بەدەست چاوشینە ئەڵمانییەکانەوە (نازییەکان) چیی بەسەردێت. مەرگهێنەرەکە بۆ سێلان ئەڵمانییە و چاویشی شین شینە. ئەم لەگەڵ ئەم چاوشینە وەستایە لە کوشتن دیرۆکێکی بریناویی هەیە.
هۆنراوەی ناوبراو هۆنراوەیەکی ئەڵمانی زمانە، بە پڕ قوڵترین و بەرچاوترین هۆنراوەی پۆل سێلان دەناسرێت. لێرەوە سێلان دەستکاری زمانی شیعری ئەڵمانی/رۆژئاوایی پاش جەنگیی کرد. زمانی شیعریی پێش قەتڵوعامی جوولەکەکان(هۆلۆکۆست) و زمانی شیعریی پاش قەتڵوعامەکە دوو ناسنامەی شیعریی جودایان هەیە.
ئەم کۆپلە شیعرییە و باقی هۆنراوەکانی تری سێلان برینی لێدەتکێ. بۆیە گەر بمانەوێ لە پەیوەندی نێوان برین و شیعر تێبگەین باشترە بچینە برینستان، بۆ لای هۆنراوە برینئامێزەکانی پۆل سێلان، ئەو شاعیرە ئەڵمانینووسە هاوچەرخەی، کە هۆنراوەکانی، بۆ بیریارانی ڕۆژئاوا (بادیۆ، دێریدا، بلانشۆ، گادامێر و….) بەهەق ئازارپرژێنبوونە. بۆ زۆربەی فەیلەسوفانیش پۆل سێلان “”بە شیعرە چڕ و ڕاڤەئامێزەکانی ناسراوە، کە زۆرجار بەدواداچوون بۆ بابەتەکانی زەبر و زەنگ و یادەوەری و پاشهاتەکانی هۆلۆکۆستی کردووە””.
تاڵیی ئەم دێڕە هۆنراوەیەی سێلان(“تانگۆی مەرگ”)لەوەدایە کە لە سەردەمی نازییەکان، لە زۆربەی کەمپەکانی ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدان، بەندکراوەکان ناچارکراون موزیک بژەنن لە کاتێکدا هەندێکی تر گۆڕ هەڵدەکەنن. ئەم دۆخە مۆسیقای مەرگاویی لەگەڵ خۆی دێنێت؛ مۆسیقاکە بەدەم مەرگەوە دەژەنرێت و ڕیتمی ئەو ژینگە مەرگاوییە لەخۆیدا بەرجەستەدەکات نازییەکان ئوستازەکەین(ماستەر master)، کە بنەما شیعرییەکەی ئەم گوزارەیە یاخییانە و بێکۆتایە. بێکۆتایبوون لە گەرووی سێلان بە هەق بێکۆتایە و توخمی ئازارچەشتنەکەیەتی. گەرووی وی جێی یاریی مەجازی تیانابێتەوە و تاپێشیکرابێت لەناو شیعرا ژیانی دۆزیوەتەوە و ڕەش ڕەشیش ڕوانیویەتە شتەکان. ناڕوونی لە شیعرەکانی سێلان، بەم گوزارەیەشەوە(مه‌رگ وەستایەکە خه‌ڵكی ئەڵمانیایە)، جوانییەکی بە شیعرەکان بەخشیوە کە خۆیانن، بەرهەمی گەروویەکی ڕاستەقینەی تەنگەتاو و بیمارن. دۆزەخی هۆلۆکۆست بۆ سێلان شیعرهێنەربووە، منداڵدانی راستگۆیی بووە لە شیعرا.
لەم گوزارە سێلانیەدا کە””مه‌رگ وەستایەکە خه‌ڵكی ئەڵمانیایە””،ئەوەش تێدەگەین چاوشین، کە ئەڵمانییە داهێنان لە مەرگی ئەوی تری جوولەکەدا دەکات. ئەم دێڕە شیعرییە لە دەقەکەدا چوارجار دووبارەدەبێتەوە. بەواتایەکی دیکە،ئەو چاو شینەی خه‌ڵكی ئەڵمانیایە، بۆ سێلان، لە مەرگ بەرپرسیارە؛ مەرگ بەسەر بەندکراوەکانا وەک نان دابەشدەکات.
لە هۆنراوەی ناوبراودا، دوانەیی زمان/هزر، شیعر/ هزر کاری خۆی بەهێمنییەکی ڕەشهەڵگەڕاو دەکات. هەر ئەو پێکەوەجووتبوونەشە کە دواتر وادەکات زمان/هزر، شیعر/هزر لای سێلان ئەو شێوازە شیعرییە پڕپڕ ڕەشاییانە وەرگرێت، کە ئاقاری شیعریی پاش هۆلۆکۆستی گۆڕی. ئەمە وایکرد سێلان بە ڕوانگە شیعرییە ئازاراوییەکانی ئەو تێگەیشتنە بۆ شیعر لە مێشکیی فەلسەفیی بیریارانی رۆژئاوایی بسڕێتەوە کە گوایە پاش هۆلۆکۆست شیعر ئاوابووە:”دوای ئاوشڤیتز Auschwitz ناتوانرێت شیعر هەبێت”،گوتنە ناسراوەکەی ئادۆرنۆیە، بیرمەندە دیارەکەی قوتابخانەی فرانکفۆرت،کە رۆژئاواییەکانی تا ساڵانێ ماتکرد. باشە بۆ واگوترا؟چونکە بیرمەندانی رۆژئاوا پێیانوابوو مێتافۆری شیعریی ناکارێت ئەو کوشتار و مەینەتیانە بگوازێتەوە ملیۆنەها لە ئۆردوگاکانی نازیەکان ڕووبەڕوویی ببوونەوە. کەچی وانەبوو، سێلان توانی بە هۆنراوە وەرچەرخێنەرە ڕاڤەئاساکانی بکەوێتەوێزەی زمانی شیعریی پاش هۆلۆکۆست. هۆنراوەی Todesfugeی سێلان و هۆنراوەکانی دواتریشی شایەتحاڵی ئەو وەرچەرخانە شیعریەن، کە قاسەی نهێنی بەختەوەرییە ڕەشەکان واڵادەکات؛ ئەو بەختەوەریانەی دوور ڕۆشتن و ئیدی نەگەڕانەوە. کەواتە هۆنراوەکانی سێلان بەڵگەن لەسەر هاتنی “چاخی شیعر”ی پاش مەحاڵبوون.
سەرئەنجام ئەوەش دەڵێین کە یاری زارەکیی لە شیعری نوێی کوردیمان دەبێت بگۆڕدرێت. چونکە ئێمەش هۆلۆکۆست و چاو قاوەیی و چاو ڕەشیی خۆمانمان هەیە و برینستانی پاش ئەو هۆلۆکۆستەش تا چەندین سەدە لە ویژدانمانا دەنگدەداتەوە. بۆئەوەی ئەم ویژدانە ڕاچڵەکاندنی شیعریی/ جوانکاریی/ زمانەوانیی دروستکات پێموایە، شیعری هەنووکەی کوردی پێویستی بەوەیە خۆی بخاتە بەردەم چارەنووسی نادیاریی زمانەوە و هاوکێشەی زمان/هزر و شیعر/هزر باڵ بکێشێت بەسەر ئەو چارەنووسەدا. ئەگەر شیعری تازەمان ئەوەی پێنەکرێت ئەوا بەتەنها دەمێنێتەوە لە دوورگەی یاریی بە وشە؛ دوورگەیەک بۆ ئەوانە داڵدەیە کە لەسەر شیعری هزرهەژار دەژین؛ کە ئەوەش ڕاچڵەکان لە وێنە و جوانیسازیدا دروستناکا. ئیدی ئەمەش وادەکات شیعر پەکیبکەوێت، لەگەڵ کاتیشا وامانلێدێت بێ شیعرییمان پێوەدیاربێت.
دڵشكاوانە دەڵێم: لە سەرووی هەمووشیانەوە، لە وەها ڕۆژگارێكدا، کە تاسەر ئێسک تاکی کورد لێوانلێوە لە گشت جۆرەکانی گرفت ناکرێ شیعر بە مێتافۆری سادە و بێتام خۆیپەروەردەکا، ڕۆچێتە ناو شتی بینراو و باسکراوەوە؛ دەقی شیعریی بێئاگا بشعرێنرێت و داواشمانلێکات بیخوێنینەوە/ گوێیلێگرین. ئێمە هەروەک پۆل سێلان خەڵکی برینستانین، بەم شیعرە ساکار و سەرپێیانە ساڕێژنابین؛ لە وشەسازییەکانی ئەم شیعرەدا هیوایەک بۆ خۆتیمارکردن لە بەدبەختییە بووناوییەکانمان نابینینەوە.
بۆ زۆرتر ڕوونکردنەوەی ئەوەی لای سەرەوە گوترا، لێرەدا بە پەژارەییەوە دەڵێم: هەوادارانی شیعری کوردی لە کەمبوونەوەیەکی زۆردان، نەک لەبەر گۆڕانکارییە بووناوییەکانی ژێرسایەی تەکنەلۆژیای زانیاریی بەڵکو لەبەر بێ سەلیقەیی و ناروناکبیریی زۆرێک لە دەقە شیعرییەکان. لەڕاستیدا واپێویستیدەکرد دەقە شیعرییەکان، لەبەر جۆراوجۆربوونی قەیرانە کەسییەکانی تاکی کورد کار لەسەر گەڕانەوەی لەبیرکراو و ونبووەکان بکا کەچی سەرقاڵە بە یاری بە وێنەی شیعریی بێ چێژ و ناپێویستەوە. بۆئەوەی ئەمە نەکرێت شاعیری نوێی ئێستامان پێویستی بە بیرتیژی و قوڵبیرکردنەوەیە. جا ئەمە ئێستا شیاوە؟
سەرنج:
ئەم گوزارە شیعرییە دێڕێکی هۆنراوەی Todesfuge ی شاعیری فەرەنسی پۆل سێلان Paul Celan ە ، کە بەمجۆرەیە: “”مه‌رگ وەستایەکە خه‌ڵكی ئەڵمانیایە””.
Death is a master from Germany
der Tod ist ein Meister aus Deutschland
هۆنراوەی Todesfuge لە دوو وشە پێکدێت، Tod واتە مەرگ و Fuge. لە زۆربەی زمانەکان وشەی fuge هەروەک دەقە ئەلمانییەکە وەک خۆی دانراوە و تەنها وشەی مەرگ وەرگێڕدراوە. سێلان بەڕەچەڵەک رۆمانیەکی جوولەکەی ئەڵمانی زمان بووە، وشەی fuge ڕۆمانییە، لە زمانی رۆمانی بە (هەڵاتن) دێت، وەکیتر بە وشەی (ئاواز)یش دێت. شایانی باسە، سێلان هۆنراوەکەی بە ئەڵمانی لە 1945 دا نووسیوە و ناوی Todesfugeی لێناوە، دواتر هاوڕێیەکی بەناوی Petre Solomon وەریگێڕاوەتە سەر زمانی رۆمانی و ناویناوە “”تانگۆی مەرگ”” و لە 2 ی ئایاری 1947 لە گۆڤارێکی رۆمانی بڵاوکراوەتەوە .دواتر سێلان لە 1948 دا بە زمانی ئەڵمانی و بە هەمان ناوە ئەڵمانیەکە Todesfuge بڵاویکردوەتەوە.
لەبەر جوولەکەبوون خێزانی سێلان لە دەمی نازیەکان دەکەونە ئۆردوگا زۆرەملێکان و پاش ماوەیەک باوکی دەمرێ و دواتر دایکی بەدەستڕێژی گوولە لەلایەن نازییەکانەوە دەکوژرێت. دوایئەوەی ئۆردوگاکە دەکەوێتە دەستی لەشکری سووری سۆڤیەتی جارانەوە سێلان دەربازی دەبێت و لەگەڵ کات بەرەو پاریس دەڕوا بۆ ژیانکردن و کاری نووسین. برینی ئەو ڕۆژانە لەگەڵ سێلان دەژی تا لە 21 ی نیسانی 1970 ، کە لەسەر پردی میرابۆ Mirabeau خۆی هەڵدەداتە ناو دەریای سێن Seine لە پاریس و کۆتای بە برینەکانی دێنێ.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




ئێوارە یادێک لە بێرن لە ژێر ناوی: شۆڕشی یەنار محەمەد بەردەوامە..




دابڕانی واشنتن و کۆتایی دەسەڵاتی ڕەها: خوێندنەوەیەک بۆ شەڕی ئێران.. نووسینی: توانا محەمەد نوری

نزیکەی ٢٢ ڕۆژ بەسەر دەستپێکردنی جەنگێکی گەورە لە نێوان بەرەی ئەمریکا-ئیسرائیل و وڵاتی ئێراندا تێدەپەڕێت. لەم ٢٢ ڕۆژەدا، ئەوەی جیهانی تووشی سەرسوڕمان کردووە تەنها گەورەیی هێرشە مووشەکییەکان و قەبارەی وێرانکارییەکان نییە، بەڵکو گۆشەگیرییەکی بێوێنەی واشنتن و تەلئەبیبە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. بۆ یەکەمجار لە مێژووی نوێدا، ئەمریکا خۆی لەناو جەنگێکی گەورەی ناوچەییدا دەبینێتەوە بەبێ ئەوەی هاوپەیمانە کۆنەکانی ئامادەبن پشتگیری لێ بکەن. ئەمەش وەک نیشانەیەکی ڕوون بۆ گۆڕانکارییەکی گەورە لە هاوسەنگی هێزی جیهاندا سەیر دەکرێت.

کاتێک سەیری ڕابردوو دەکەین، جیاوازییەکە زۆر دیارە؛ بۆ نموونە لە جەنگی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا، زیاتر لە ٤٠ وڵات وەک هاوپەیمان بەشدار بوون، بەڵام لەم جەنگەدا ئەمریکا تەنانەت نەیتوانیوە پشتگیریی سیاسی وڵاتانی ناو ناتۆش بەدەستبهێنێت. بەپێی ڕاپۆرتە دیپلۆماسییەکان، زیاتر لە ٧٥٪ی هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ئەمریکا، لەوانەش بەریتانیا، فەڕەنسا و یابان، بە ڕاشکاوی داواکارییەکانی واشنتنیان ڕەتکردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە نابنە بەشێک لەم ململانێیە. ئەم وڵاتانە پێیان وایە کە بەرژەوەندییەکانی ئەوان لە ئارامی و دیپلۆماسیدایە، نەک لە جەنگێکی خوێناویدا کە کۆتاییەکەی دیار نییە.

ئەم پاشەکشەیەی جیهان تەنها لە ترسی مووشەک و لێدانە سەربازییەکان نییە، بەڵکو ترسی زیانێکی گەورەی ئابووری جیهانی لەپشتە. تەنها لەم ٢٢ ڕۆژەی جەنگدا، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە ڕێژەی ٣٠٪ بەرزبووەتەوە و هۆشداری دەدرێت کە ئەگەر جەنگەکە بەردەوام بێت، نرخەکەی بگاتە سەروو ١٥٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. وڵاتانی ئەوروپا کە هێشتا بەدەست کاریگەرییە قورسەکانی جەنگی ئۆکرانیاوە دەناڵێنن، ئامادە نین جارێکی تر ئابووری و بژێوی خەڵکەکەیان بخەنە مەترسییەوە تەنها بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی ئیسرائیل و داواکارییەکانی واشنتن. بەتایبەتی کاتێک دەزانن گەرووی هورمز، کە نزیکەی ٢٠٪ی نەوتی جیهانی تێدا دەگوازرێتەوە، ئێستا لەژێر هەڕەشەی ڕاستەوخۆدایە.

ئەم دۆخە نوێیەی کە هاتووەتە ئاراوە، دانپێدانانێکی فەرمییە بەوەی کە سەردەمی “جیهانی یەک جەمسەری” کۆتایی هاتووە. ئەگەر جاران بڕیارێکی کۆشکی سپی بەس بوایە بۆ ئەوەی سوپاکانی جیهان بکەونە ڕێ، ئێستا واقیعی “جیهانی فرەجەمسەر” خۆی بەسەر هەموواندا سەپاندووە. هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان ئێستا زیاتر گوێ بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەگرن نەک فەرمانەکانی ئەمریکا. ئەمەش وای کردووە واشنتن لەم ٢٢ ڕۆژەی جەنگدا وەک دوورگەیەکی دابڕاو و بێدۆست لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا دەربکەوێت.

لە ڕووی داراییەوە، تێچووی سەربازیی ئەم جەنگە بۆ ئەمریکا زۆر لەوە زیاترە کە چاوەڕوان دەکرا. خەمڵاندنە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سوپای ئەمریکا ڕۆژانە نزیکەی ١ ملیار دۆلار تێچووی هەیە لەم جەنگەدا بۆ جووڵەی پاپۆڕە جەنگییەکان و سیستەمەکانی بەرگری. ئەم خەرجییە خەیاڵییە لە کاتێکدایە کە قەرزە گشتییەکانی ئەمریکا گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار و ٣٩ تریلیۆن دۆلاریان تێپەڕاندووە. بەبێ پشتگیریی هاوپەیمانەکان، بەردەوامبوون لەم خەرجییە گەورانە نەک هەر زیان بە سوپا دەگەیەنێت، بەڵکو دەبێتە هۆی داڕمانی ناوخۆیی و توڕەیی زیاتری هاووڵاتیانی ئەمریکی کە نایانەوێت پارەکانیان لە جەنگێکی بێهودەدا خەرج بکرێت.

ئەمریکا و ئیسرائیل بە بیرکردنەوەی سەدەی ڕابردوو چوونە ناو ئەم جەنگەوە؛ ئەو سەردەمەی کە پێیان وابوو هێزی سەربازی و تەکنەلۆژیا دەتوانێت هەموو شتێک یەکلا بکاتەوە. بەڵام جیهانی ساڵی ٢٠٢٦ جیاوازە؛ ئێستا هێزی نەرم، پەیوەندییە ئابوورییەکان و هاوسەنگییە نوێیەکان لەگەڵ هێزەکانی وەک چین و ڕووسیا، ڕێگرن لەوەی ئەمریکا بتوانێت وەک جاران ڕۆڵی “پۆلیسی جیهان” بگێڕێت. مانەوەی ئەمریکا بە تەنیا لەم مەیدانەدا، گەورەترین شکستی دیپلۆماسی و سیاسییە لە مێژووی هاوچەرخی ئەو وڵاتەدا.

پەیامی ئەم ٢٢ ڕۆژەی جەنگ زۆر ڕوونە؛ کاتی ئەوە هاتووە واشنتن لەو خەوە خەبەری ببێتەوە کە وا دەزانێت جیهان هێشتا لەژێر فەرمانی ئەودایە. هاوپەیمانە نزیکەکانی ئەمریکا بەم هەڵوێستەیان پێیان وت کە ئامادە نین وڵات و ئابوورییەکانیان وێران بکەن تەنها بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی وڵاتێک کە ڕێز لە هاوسەنگییە جیهانییەکان ناگرێت. ئەم جەنگە سەلماندی کە دەسەڵاتی ئەمریکا درزێکی گەورەی تێکەوتووە، درزێک کە بە هیچ چەکێکی پێشکەوتوو پڕ ناکرێتەوە.

لە کۆتاییدا، ئەگەر ئەمریکا بە زوویی ئەم واقیعە نوێیەی جیهان قبوڵ نەکات، ئەوا ئەم ململانێیە تەنها نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناگۆڕێت، بەڵکو دەبێتە خاڵی کۆتایی بۆ دەسەڵاتی جیهانی ئەمریکا. مێژوو وانەیەکی گرنگی پێداوین: ئیمپراتۆریەتەکان ئەو کاتە دەڕوخێن کە پەیوەندییان لەگەڵ واقیعی سەردەمەکەیان دەپچڕێت. ئێستا واشنتن لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسسازدایە: یان دەبێت قبوڵی بکات کە جیهان بەرەو فرەجەمسەری دەچێت، یان دەبێت چاوەڕێی داڕمانێکی یەکجاری بێت لەژێر قورسایی ئەو جەنگانەی کە تەنها خۆی و ئیسرائیل تێیدا ماونەتەوە.

٢٢/٣/٢٠٢٦
نووسینی: توانا محەمەد نوری




گه وهه رو خوشكه كانی لەمەملەكەتی خیانەتكاراندا.. حەیدەر عەبدولرەحمان

ڕابووردووی ئەزموونەكانی دەرهێنەر (كارۆخ ئیبراهیم ) دوای دەست هەڵگرتنی لەشانۆو ڕووتێكردنە كتووپڕەكەی بۆ كاری دەرهێنانی تەلەفزیۆنی، سەركێشیەكی سەخت بوو، چونكە( كارۆخ پاشخانێكی ئەوتۆی نەبوو، لەگەڵ هونەری دەرهێنانی درامای تەلەفزیۆنی وەك پیشە، بە تایبەت لە كاتێكدا ئەو ڕوو تێكردنەی بۆ دراما، لە ئەزموونی بچووكەوە نەبوو بۆ گەورە، وەك دەرهێنەرە بە ئەزموونەكان ، لەكورتە فیلم دەست پێ‌ بكات بۆ فیلم، بەڵكو زۆر بەخێرایی لە شانۆوە بازی دایە زنجیرەی دوورو درێژی تەلەفزیۆنی وەك ( دوا شەو ) كە بۆ ئەو دەرهێنەرە، سەرەتایەكی قورس بوو، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەنجامە ئەرێنی و نەرێنیەكانی، هێشتا هەر دەست بەرداری خەونەكانی نەبوو، هەر سووڕ بوو لەسەر بەرهەمهێنانی زنجیرەی تەلەفزیۆنی.
ئەو لەو چەند ساڵە كورتەی دواییدا، بە پراكتیكی خزایە نێو ئەزموونەكەو بەشی شێری بەركەوت لەدەرفەتی كار كردن، لەنێو دەرهێنەرەكانی دراما، كە تا ئێستا كۆی ئەو بەرهەمانە خۆی لەزێتر لەچوار زنجیرەی تەلەفزیۆنی و فیلمێك دەدا، كە بریتین لە:
.زنجیرە درامای ـ دوا شەو
.زنجیرە درامای ـ چوار دیوار
زنجیرە درامای هەشت دیوار.
زنجیرە درامای ـ گەوهەرو خوشكەكانی
ئینجا لەچاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیشدا دەڵێ ‌خۆمان بۆ پرۆژەیەكی گەورە ئامادە كردووە، جگە لەفیلمێك بەناوی (پەڕە سێلكە)
بۆیە بەرهەمهێنانی چوار زنجیرەی تەلەفزیۆنی، لەماوەی چوار ساڵدا، وەك چوار دەرفەتی لەبار، بۆ گەنجێكی كەم ئەزموون، لە بواری دەرهێنانی درامای تەلەفزیۆنی، لە هەلومەرجێكی ئابووری تەنگە تاوو پڕلە ئاستەنگدا، ڕەنگە چانسێكی باش بێت بۆ ئەوەی، لەو چوار بەرهەمە لە نهێنی پیشەكەو دۆزینەوەی كۆدەكانی گۆڕِانكاری تێ‌ بگات، لە هەمان كاتدا هەوڵی ئەوە بدات كە هەم ببێت بە دەرهێنەر هەم بە بەرهەم هێنەرو كۆ كەرەوەی ئەو توانایانەی دەبن بە یاریدە دەر بۆ رزگار بوون لەو چەق بەستنەی لە بەرهەمەكانی پێشووی ڕوو بە ڕووی دەبوونەوە
بێ‌ شك بۆچوونی جیاواز هەیە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی، ئاخۆ (كارۆخ ئیبراهیم) وەك پێویست سوودی لەو چوار دەرفەتە وەرگرتووە؟ یان مافی كەسانی تری بۆ خۆی قۆرخ كردووە؟
توانیوویەتی ئیزافەیەك بخاتە سەر درامای كوردی؟ یان لە حاڵەتێكی چەق بەستوو بە دەوری بازنەیەكی داخراودا خولی خواردۆتەوە؟
ڕەنگە وەڵامی ئەو پرسیارانە تەنیا لای من نەبێت، بەڵكو ئەوە بینەرە وەڵامی ڕاستەقینەی لایە، چونكە هەموو ئەو بەرهەمانە لەپێناو ئەودا دروست كراون، هەر ئەویش مافی قەبوڵ كردن، یان ڕەتكردنەوەیانی هەیە.
بەگشتی پێم وایە كارۆخ دوای تێپەڕاندنی هەموو ئەو وێستگانە، گەیشتۆتە ئەو ئەنجامە كە دەبێت سەر لە نوێ‌ پێداچوونەوە بە ستایل و بونیاتی درامی بەرهەمەكانی خۆی بكات، بە تایبەت لەكاتێكا كە توانای دەستەبەر كردنی بەرهەم هێنان و سپۆنسەری هەیە، كە هه ردووكیان سەرچاوەی بنەڕەتی دروست بوون و چارەنووسی بەرهەمیان لە دەستە، ئەگەر دەرهێنەر دوور لە گەندەڵی پلان و بەرنامە ڕێژی بۆ بكات و ئەنجامی كۆتایی بەرهەمەكەی بكاتە ئامانجی سەرەكی ، دەتوانێ‌ زامنی سەركەوتنی خۆی بكاو متمانە بەبینەر ببەخشێ‌ .
لە زنجیرە درامای (گەوهەرو خوشكەكانی) كە ناوەكەی لەسەر ریتمی فیلمی ئێرانی ( برایانی لەیلا)ی دەرهێنەر سەعید ڕۆستایی نزیكە، كارۆخ ئیبراهیمیش گوتارو ئامانجی دراماكەی خستۆتە چوارچیوەی چیرۆكێكی ڕیالیزمی كۆمەڵایەتی خێزانی، كە بتوانێ‌ تەوەرەكانی لەسەر بنەمای كۆمەڵێ‌ دیاردەی زەقی سەردەمیانەی كۆمەڵایەتی وەك خیانەتكاری نێو هاوسەران، تریاك خواردن لەنێو كچان و قوتابیان، زیندوو بوونەوەی دیاردەی جادوگەریەتی و سیحر لە كۆمەڵگادا، میرات و لێك ترازانی كۆمەڵگاو دڵ ڕەقیەكانی، چەتەگەریەتی و پەیدا بوونی مافیا.
هەموو ئەو دیاردە كۆن و نوێیانە بوونەتە لق و پۆپ و پەراوێزی گرێ‌ ی سەرەكی ئەو پرسیارەی لە سەرەتا تا كۆتایی بینەر ناچار دەكات واز لەسیحری دراماكە نەهێنی ئەویش ئەوەیە: كێ فوئادی زەڕەنگری كوشت؟
بەڵام سینارێۆكە تەنیا هێڵێكی درامی نیە، چەند هێڵێكی دیكەی لاوەكی تێدایە، كە كە هەر یەك لەو تەوەرە لاوەكیانە، بە فۆرمێك بە یەكەوە گرێ‌ دراون ، هەر یەكەو چیرۆكێك بن و ریتم و كاریگەری تایبەتی خۆیان هەبێت ، بۆ بەرز كردنەوەی ریتمی دراماكە، لەوانە
تەوەری گەوهەرو خانێ‌ ی دایكی و كانی و پەری خوشكی
تەوەری حازم و شەونمی ژنى
تەوەری سەفوەت ئەربیللی و سوڵحیە خانی دایكی
تەوەری قەدریەو عوبێدو عەدنان و كەمال
تەوەری نەقیب زریان و ئاسایش
بەرهەمەكە ئەگەر پاكتاوێكی بۆ بكەیت و هەندێ دیمەنی لێ بقرتێنی، ڕەنگدانەوەیەكی واقعی كۆمەڵگای مۆدێرنی ئەمڕۆی كوردە، بەچەمكە ئەرێنی و نەرێنیەكانی، یان بەتاڵ و شیرینیەوە، پێت خۆش بێت یا ناخۆش، ناتوانی خۆت لەو هەقیقەتە گێل كەیت كە ئەوەی دەیبینی دروست كراوی كارۆخ نیە، بەڵكو دەرهاوێشتەی ئەو سەردەمەیە كە كۆمەڵگا بەرەو هەڵدێرێكی ترسناك دەبات
ئەگەر دەتەوێت ڕاستگۆ بیت و دراماكە ڕەنگدانەوەیەكی ڕاستگۆ و بێ ڕتووشی ئەم كۆمەڵگایە بێت، ئەگەر جاران ئەو دیمەنانە تەنیا لەسەر حیسابی كۆمەڵگای توركی و ئەوروپی تۆمار دەكران، ئێستا كۆمەڵگای كوردیش كۆمەڵگای مەلائیكەتەكان نین لەو هەموو دیاردە قێزەوەنانەی سەردەم بەدەر بێت، ئەمە واقعێكی تاڵ و نەخوازراوە، بەڵام سەپێندراوە
بەڵام ..ڕەنگە ئەوەی وەك وەزیفەی دراما دەخرێتە ڕوو، ئەوە نیە تۆ ئەو مافە بەخۆت بدەیت وەك دەرهێنەر ئەو واقیعە تاڵە، بە هەموو ناشیرینیەكانی خۆیەوە ، وەك خۆی بە بینەر بفرۆشێت و پێی بڵێ‌ ی فەرموو ئەوە واقیعی تۆیە و تۆ ئاگات لەخۆت نیە ئەوەتا لەو واقیعەدا دەژیت، ئەگەر وا بكەیت تۆ دراما پێشكەش ناكەیت، بەڵكو حیكایەتی بن دیوارو قسەی چایخانەكانم بۆ دەگێڕیتەوە ، ناتوانیت دراما بكەیتە هێزێك بۆ كارتێكردن لە عەقلیەتی كۆمەڵگاو ترسان لە گەشەسەندن و پەرەسەندنی ئاگرە ترسناكەكانی
ناتوانێت دراما وا لێ‌ بكەیت بینەر لەقوڵایی بیرە تاریكەكاندا ڕووناكی ببینێ‌، لە دامێنی فرمێسكەكاندا زەردەخەنە ببارێنێ‌، چونكە تۆ وەك بینەر تا ئەو مەرگە ساتانە بەچاوی خۆت نەبینی، بە ئاگا نایەیتەوە لەوەی لەنیشتمانەكەت، لە دەورو بەرو لەناو ماڵەكەت ڕوو دەدەن
لە درامادا نە لەژێر كاریگەری خیتابی ئایینی، نەسیاسی ، نە بە نەسیحەتی رێكخراوەكانی ژنان ، تەنانەت بە نەسیحەتی باوكێكی جەرگ سوتاوی وەك عوبێدیش ناتوانیت لەژێر كاریگەری تەوژمە ترسناكەكانی سەردەم دەربازت بێت .
مەگەر دەرهێنەرێك نەبێت، دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت بێتە ناو ماڵەكەت، بەكەرەسەو ئامرازە سیحراویەكانی، بەوێنە، بەنواندن، بەموزیك ، بەدیالۆگ، كار لەمێشكت بكاو لەناو ئازارەكاندا چێژت پێ‌ ببەخشێت، فەلسەفەیەكت بۆ بگێڕێتەوە، نەتوانی بە ئاسانی لە بیری كەیت
سه پاندنی شێوه زار
ناكرێ درامایەكی كوردی كە بە حیساب بۆ هەموو نەتەوە بەرهەم هاتووە ، بخرێتە چوارچیوەی سنوورێكی جوگرافی دیاری كراو
كاتێ‌ چ ناشیرینی ئەخلاقی و ئەمنی و نایاسایی هەیە، بخەیتە ناودرامایەك و بە تەنیا بەسەر شارێكی وەك هەولێری بسەپێنی، ئامانجێك نادۆزیتەوە ببێتە پاساو بۆ مەعقولیەتی ئەو سەپاندنە جوگرافیە نا بەجێیە.
دەرهێنەر ناتوانێت خۆی لەو ئاڵۆزییە بەدەر بگرێ كە ئامانج تەنیا هەولێرە ، بە بەڵگەی ئەوەی تەواوی شێوەزاری دراماكەی كردووە بە هەولێری، تەنانەت ڕێگەی نەداوە تەنیا یەك ئەكتەریش بە سلێمانی، یان بادینانی قسە بكات .
وەك ئەوەی دەرهێنەر بڵێت ئەوە هەولێریەكانن مەملەكەتەكەیان پڕ كردووە لەخیانەتكاری و تاوان.
چونكە دیارە شوناسی كەسەكان بەزمان و دیالیكتی زمانیان دەناسرێنەوە..
ئەم سنوور دانانە لەكاتێكدایە كە هەمیشە هەولێرییەكان بانگەشەی ئەوە دەكەن، كە هەولێر شاری فرە نەتەوەیی و فرە ئایینی و فرە مەزهەبیە، ئەدی خێرە پێت ستەمە كوردێكی دیكەی شارێكی كوردستان بە ئازادی خۆی بەزمانی مەملەكەتەكەی خۆی قسە بكات؟
كاریگەری سەپاندنی یەك شێوەزاری لەسەر ئەكتەر :
من تەنیا ئەو پرسیارە لە كارۆخی دەرهێنەر دەكەم، كاتی ئیبراهیم حەكیمی باوكی، یا زاهیر عەبدوڵڵای ڕەحمەتی و عەلی ئەحمەد لە بەرهەمە درامیەكانی سلێمانی نواندنیان ده كرد و به سلێمانیانە قسەیان دەكرد، یان بە هەولێری؟
نەخێر هەمە جۆری شێوە زارەكان ( هەولێری ، سلێمانی، باهدینانی، گەرمیانی، دەولًەمەندی زمانەكە نیشان دەدات .
كاتێك هەموو ئەكتەرەكان ناچار دەكرێن بەیەك شێوەی دیاری كراو قسە بكەن، كۆمەڵێ‌ كێشە بۆ ئەكتەر دروست دەكەن:
نواندن لاواز دەكەن، چونكە بیریان لەسەر خوێندنەوەی وشەكانە نەك ئەداو نواندن .
ئەكتەر هەست بە نامۆیی دەقەكەو نا پاراوی زمان دەكات ، ئەمەش گرفتێك بۆ ئەكتەر دەنێتەوە.
پەرتەوازە بوونی بینەر
كاتێك درامایەك چەندین هێڵی جیاواز و نموونەی زۆری خیانەت، وەك خیانەتی شەونم لە حازم ، خیانەتی ئەژین لە فوئاد، خیانەتی دكتۆر فەرید لەژنەكەی، خیانەتی عوبێد لەخانێ ی خوشكی، كاتێك لە غەفڵەتدا بەشداری ئەو قەدریەی ژنی پەنجەمۆری خانووەكەی پێكرد.
خیانەتی ڕەشۆ لەكەمالی هاوڕ ێ‌ ی، كاتێك ملیۆنێك دینار بەسیحر بازەكە دەبەخشێ‌، بۆ ئەوەی تەلەفون بۆ حازم بكاو شوێنی شاردنەوەی كەمالی هاوڕێ‌ ی پێ‌ بڵێ‌ كە هەموو زێرو پارەكانی لێ‌ دزیوە.
خیانەتی دەوەن لەكەمال و ڕەشۆ ..
بە كورتی هەموو تۆڕە دراماییەكانی بەیەك هێڵ لێك بەستۆتەوە، كە هێلی خیانەتكاری كۆمەڵگایێكی ناشیرینە، ئەگەری هەیە بینەر تووشی جۆرێك لەسڕبوونی هەست و دەماغ بكات، كاتێك هەموو كارەكتەرەكان خیانەتكار بن.
لەو ململانێی ڕاستەقینە ون دەبێت و بینەر نازانێت كێ هەیە نوێنەرایەتی بەهاكان بكات.
ئەمە وادەكات خیانەت وەك كارێكی ئاسایی دەركەوێ‌ ، نەك وەك تاوانێكی گەورە یان كێشەیەكی دەروونی و كۆمەڵایەتی.
ئەگەر یەك هێڵی سەرەكی هەبێت كە بەقووڵی بچێتە ناو وردەكارییەكان و هۆكارە دەروونییەكان، زۆر كاریگەرتر دەبێت ، ئیشتیاقت بۆ بەدوا داچوونی ڕووداوەكان بەجۆشتر دەبێت ، مەعریفەت بۆ ناسینی كاراكتەرەكان زۆرتر دەبێت .
هەروا زۆركردنی نموونەكانی خیانەت لەیەك درامادا، هەندێك جار دەبێتە هۆی تێكدانی وێنەی كۆمەڵگا ، تۆ لەبری ئەوەی چارەسەری كێشەیەك بكەیت، بینەر وا ڕا دێنی وا هەست بكات كە ئەمە دیاردەیەكی گشتگیرو ئاساییه .
درامای سەركەوتوو ئەوەیە كە پێویستی بەزۆر كردنی نموونەكان نەبێت بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵك ڕابكێشێت، بەڵكو كوالێتی نووسین و قووڵیی ململانێكانن بینەر بەدوای خۆیاندا راده كیشن، بۆیه یەك نموونەی زیندوو زۆر بەهێزترە لە دە نموونەی سەرپێیی مردوو.
دیالۆگ
جێی تێڕامانە كە ڕەگەزی دیالۆگ لە سینارێۆكەدا، ڕەگەزێكی ئەكتیفەو سیناریۆ نووس خۆی لە دیالۆگی درێژدادڕ دوورخستۆتەوە، مەودای گەیاندنی گوتاری دراماكەی كورت كردۆتەوە.
بینەر هەست دەكات لەهەندێ‌ دیمەندا دیالۆگ دەبێتە ئامرازێك بۆ دەربڕینی حاڵەتە سایكۆلۆژیەكان و وروژاندنی ناخی بینەر، لەوانە لە پرسەی دایكی گەوهەرو كوشتنی فوئادو موخاتەبەی عوبێد لەسەر گۆڕی خوشکەکەی و زۆر دیمەنی تر، دیالۆگ بەفۆرمێكی پەخشانی هەست بزوێن، تێكەڵ بەئاوازێكی حەزین دەبێت و ئەتمۆسفیرێكی دەروونی كاریگەر بۆ بینەر دەخولقێنن، لەهەمان كاتدا دەبنە ئامرازێك بۆ ناساندنی بیرو ئاستی فیكری كاراكتەرەكان.
ئەم فۆرمە نوێیەی داڕشتنی دیالۆگ ، دیاردەیەكی دیكەی گۆڕانكارییەكانی دەرهێنەرە لەو بەرهەمەدا لە بەر ئەو هۆیانە:
1.خۆ پاراستنە لە درێژە دادڕی كە زۆر جاران ڕیتم و چێژی دراما دەكوژێ‌ .
2.توانای ئەكتەر بەهێزتر دەكات بۆ ئەداو نواندن .

  1. ریتمێك بۆ دیالۆگ دروست دەكات،كە یاریدەر بێت بۆ ئەدای ئەكتەرو بەرز كردنەوەی تواناكانی.
    بەڵام لایەنی نەرێنی دیالۆگ لە دراماكەدا بەكارهێنانی وشەی نەشیاو یان جنێو لە چەند دیمەنێكی دراماكەدا دەبیندرێت، وەك دیمەنەكانی (حازم) دوای ئاشكرا بوونی خیانەت كاری ژنەكەی، هەروا دیمەنی فوئادی زەڕەنگر لە كاتی ڕاونانی ژنەكەی لە بازاڕدا..
    ئەم دیمەنانە پەیوەندییان بەزمانەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بەهونەرو كۆمەڵناسی و پرسە ئەخلاقیەكانەوە هەیە.
    هەندێ دەرهێنەر و نووسەر پێیان وایە ئەم قسە نەشیاوانە بۆ دەرخستنی ڕاستگۆیی ژیانی ڕۆژانەی خەڵكە و دەبێت زمانی كارەكتەرەكان وەك خۆی بێت، خەڵك لە سەر شەقام یان لە كاتی تووڕەییدا قسە دەكە ناكرێت چەتەیەك یان بكوژێك بەزمانێكی ئەدەبی و گوڵاو ڕشتن قسە بكات.
    بەڵام چونكە دراما دەچێتە هەموو ماڵێكەوە بەكارهێنانی جنێو دەبێتە هۆی ئەوەی نەوەكانمان فێری جوێندان بن و پرسی جوێن دانی بەلاوە دەبێتە شتێكی ئاسایی .
    بەتایبەت لای مێرد منداڵان و منداڵان كە زوو دەكەونە ژێر كاریگەریی كارەكتەرە بەهێزەكان.
    بۆیە زۆرێك لە ڕەخنەگران پێیان وایە پەنابردن بۆ جنێو، نیشانەی لاوازیی دەقە.
    چونكە دیارە نووسەری بەتوانا دەتوانێت لەڕێگەی دەربڕینی دەموچاو، هەڵوێست و دیالۆگی بەهێزده تونی قسەی خۆی بگەیەنێت، بێ ئەوەی پێویستی بەوشەی نەشیاو بێت بۆ نیشاندانی تووڕەیی.
    هەروا كاتێ‌ بینەر جوێنی بازاڕی لە كاراكتەرێك دەبینێ‌ كە پێی موعجەبە یان خۆشی دەوێ‌، كە سلووكی دەبینێ‌ لە پێش چاوی دەكەوێ‌ و بە كەسێكی نا شارستانی حیسابی بۆ دەكات .
    كوشتنی كاراکتەرێکیش لە دیدی بینەرێك كە چەندین خەونی لەسەر هەڵچنیووە، بە نەرێنی لەسەر دراماكەو لایەنی پەروەردەیی دراماكە هەڵدەكەوێتەوە.
    ئەوەتا زۆرێك لە بینەران ئەو دیمەنانەی جوێن دانیان لا قەبوڵ نیە و دەیكەن بە خاڵێكی ناشیرین بەسەر دراماكەوە.

    وێنە گرتن
    كۆڵەگەی ڕاستەقینەی درامای ( گەوهەرو خوشكەكانی ) لە سەر وێنگرتنی دراماكە وەستاوە، كە بە كامێرای سینەمایی دەرهێنەرو وێنەگری ناسراو ( ئەلیاس سەفدەر) ی گیراوە..
    (سەفدەری) جگە لە وێنەگری، دەرهێنەری چەندین فیلمە، وەك ( هەزارتوو ،پەناگە، دیوارەكان ، كۆتایی ڕێگا )
    ئەوەی دیقەتی لەلایەنی وێنەگرتنی درامای گەوهەرو خوشكەكانی دابیت، هەست بە ستاتیكاو وەزیفەی ڕاستەقینەی كامێرا دەكات، لە بەرجەستە كردنی دیمەنەكان.
    ئەو تەنها وەك تەكنیكارێك سەیری كامێرا ناكات، بەڵكو وەك ئامرازێك بۆ گەیاندنی هەست و فیكرو ستاتیكای وێنە.
    خاوەن ستایلێكی تایبەتە لە بەكارهێنانی ڕەنگەكاندا، لە زۆر دیمەنی دراماكە ئەو تایبەتمەندییەی (سەفدەری ) دەبینین، بەتایبەت لە بەكارهێنانی ڕِووناكی و دابەش كردنی، ڕەنگ زۆر جار ڕەنگە ساردەكان یان ڕەنگە كزەكان بەكار دەهێنێت بۆ نیشاندانی كەشە ڕیالیستی و كۆمەڵایەتییەكان.
    ڕەنگه لای ئەو تەنها بۆ جوانی نییە، بەڵكو بەشێكە بە ئامانجی نیشاندانی ئەتمۆسفیری ڕووداەكان ، یا دەربڕینی دیوی ناوەوەی ئەكتەرو بەرجەستە كردنی حاڵەتە دەروونیەكان بێت ، هەر بۆ نموونە تەماشای دابەش كردنی ڕووناكی بكە لەو ساتەی سێ‌ خوشكەكە، لە گۆڕستان لەژێر چەترەكەدان .
    لە زۆر دیمەندا لەجیاتی بەكارهێنانی جووڵەی زۆر و بێزاركەر، ئەو پەنا بۆ جووڵەی هێواش و جێگیر دەبات، ئەمەش دەرفەتێك بە بینەر دەدات كە لە دەربڕینی دەموچاوی ئەكتەرەكان و وردەكارییەكانی ناو دیمەنەكە ورد بێتەوە. .
    یان ئەگەر دیقەتتات دابی وێنەگر چۆن كار لەسەر یاری كردن بەسێبەرەكان دەكات و دەزانێت چۆن بەشێكی دەموچاوی كارەكتەرەكە لە تاریكیدا بهێڵێتەوە بۆ ئەوەی لایەنە نادیارەكان و نهێنییەكانی ناو چیرۆكەكە بەوێنە نیشان بدات.
    بە گشتی ئەو وێنەی فۆتۆگرافی و دیدی دەرهێنان تێكەل َ دەكات ، بۆ ئەوەی لە تابلۆیەك بچێت و هەموو توخمەكانی (ڕووناكی، ڕەنگ، گۆشە) لە خزمەت مانایەكی قووڵدا بێت.

    موزیك:
    لایەنێكی دیكەی ئەكتیفی دراماكە موزیكە ، كە بە كارامەیی دەست و پەنجەو خەیاڵی داهێنەرانی شیاو كەمال، بەرجەستەی ریتمی دراماكەو ڕووداوو حاڵەتە سایكۆلۆژیەكانی كردووە.
    بۆیە موزیكی دراما لەو بەرهەمەدا تەنیا پشت بینیەكی دراماكە نیە ، بەڵكو كاراكتەرێكی دیكەی ناو چیرۆكەكەیە.
    زۆر جاران موزیك ئەوە دەڵێ‌ كە دیالۆگ و وێنە ناتوانن بیڵێت ، بۆیە كاریگەرییە نادیارەكانی رۆَڵێكی كاریگەریان بینیووە، لە بەرەو پێش بردنی دراماكەو ڕاگرتنی هاوسەنگی دەروونی بینەر.
    شیاو كەمال ـ بۆ یەكەم جارە لە درامایەكی كوردی دا ببینم، بەڵام زۆر سەركەوتوو بوو لەو ئەزموونەی دا.
    درامای كوردی ئێستا لە بواری دروست كردنی موزیكی زیندوو زێتر لە جاران كە بە ناچاری موزیكی ئامادە كراویان بۆ دادەنا، ئێستا بە زیندوویی، دیمەنە دیمەن و گرتە بەگرتە هاوشان لەگەڵ دیالۆگدا دەڕوات، بۆتێر كردن و دروست كردنی ریتم .




پەروەردەی مۆدێرن لە نێوان لێبوردەیی و بێسەروبەریدا.. وریا مەعروف

پرۆسەی پەروەردە لە سەردەمی نوێدا چیتر تەنها گواستنەوەی زانیاری یان سەپاندنی دیسپلینێکی توند نییە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ جۆرێک لە هونەری مامەڵەکردن لەگەڵ “خودی” مرۆڤدا، کە تێیدا سنووری نێوان ئازادییەکی بونیادنەر و پاشاگەردانییەکی وێرانکەر بە تەمومژاوی ماوەتەوە.
لە جیهانی پڕ لە گۆڕانکاریی ئەمڕۆماندا، چەمکی پەروەردە بەرەو قۆناغێکی نوێی مێژوویی هەنگاو دەنێت کە تێیدا هەموو بنەما کلاسیکییەکانی ڕابردوو خراونەتە ژێر پرسیارەوە. لێرەوەیە کە چەمکی لێبوردەیی وەک کۆڵەگەیەکی سەرەکیی مۆدێرنە دەردەکەوێت و هەوڵ دەدات ژینگەیەکی ئارام بۆ گەشەی دەروونیی نەوەی نوێ بڕەخسێنێت. بەڵام ئەم گۆڕانە لە پارادایمی پەروەردەییدا، لەگەڵ خۆیدا ئاڵنگارییەكی گەورەی هێناوەتە ئاراوە کە بریتییە لە ونبوونی سنووری ناسک لە نێوان ڕێزگرتن لە ئازادییەکانی تاک و کەوتنە ناو زۆنگاوی بێسەروبەرییەوە.
لێبوردەیی لە جەوهەری خۆیدا بەهایەکی باڵایە و ئامانجی دروستکردنی مرۆڤێکی متمانەبەخۆ و کراوەیە کە بتوانێت بەبێ ترس لە سزادان، توانستە شاراوەکانی خۆی دەربخات. بەڵام کاتێک ئەم چەمکە لە ناوەرۆکە فەلسەفییەکەی خاڵی دەکرێتەوە و دەبێتە پاساوێک بۆ دەستبەرداربوون لە ئەرکی ڕێبەری، لێرەوەیە کە مەترسییەکان دەست پێ دەکەن. زۆرجار لەناو سیستمە پەروەردەییەکان و ژینگەی خێزانیدا، وا تێگەیشتن دروست دەبێت کە لێبوردەیی واتە جێهێشتنی منداڵ بەبێ چوارچێوە و ڕێسا، ئەمەش جۆرێکە لە پاشەکشەی پەروەردەیی کە زیانەکەی کەمتر نییە لە توندوتیژیی کلاسیک.
کێشەی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە پەروەردەی مۆدێرن زۆرجار فێری نەکردووین چۆن مامەڵە لەگەڵ ئازادیدا بکەین، هەر بۆیە لێبوردەیی وەک تەمبەڵی و بێسەروبەری وەک ئازادی لێکدەدرێتەوە. بێسەروبەری کاتێک سەرهەڵدەدات کە لێبوردەیی دەگۆڕێت بۆ جۆرێک لە بێباکی، کە تێیدا تاک فێری بەرپرسیارێتی نابێت و وا تێدەگات کە ئازادی واتە کردنی هەر کارێک بەبێ گوێدانە ئەنجامەکانی. ئەم جۆرە لە گەورەکردنی نەوەکان، مرۆڤێکی لاواز و بێ ‌ئیرادە بەرهەم دەهێنێت کە لەبەردەم بچووکترین بەربەستەکانی ژیاندا هەرەس دەهێنێت، چونکە لە ژینگەیەکدا گەورە نەبووە کە تێیدا سنوورەکانی “ماف” و “ئەرک” بە ڕوونی دیاریکراو بن.
پەروەردەی ڕاستەقینە و هاوسەنگ ئەو سیستمەیە کە بتوانێت مۆدێلێکی “دەسەڵاتی میهرەبان” بونیاد بنێت. بەو مانایەی کە ژینگەیەک بخولقێنێت تێیدا یاسا و پرەنسیپەکان نەک وەک ئامرازی سەرکوت، بەڵکو وەک ڕێگەیەک بۆ پاراستنی ئاسایشی دەروونیی تاک و کۆمەڵگە سەیر بکرێن. تەنها لەم ڕێگەیەوە دەتوانین مرۆڤێکی “ئازاد بەڵام پابەند” بەرهەم بهێنین کە هەم ڕێز لە خودی خۆی بگرێت و هەمیش ئەرکە کۆمەڵایەتییەکانی فەرامۆش نەکات. ئازادی بێ بەرپرسیارێتی تەنها سەرابێکە و تاک بەرەو تەنهایی و سەرگەردانی دەبات، لە کاتێکدا لێبوردەیی لەگەڵ یاسا و ڕێكخستندا، دەبێتە هۆی گەشەیەکی تەندروست.
کلیلی سەرکەوتن لە پەروەردەی مۆدێرندا لەوەدایە کە بزانین ئازادیی بێ یاسا دەبێتە پشێوی، و یاسای بێ ئازادیش دەبێتە ستەمکاری و کوشتنی داهێنان. لێبوردەیی ڕاستەقینە دەبێت ئامرازێک بێت بۆ بونیادنانی کەسایەتییەکی بەهێز و بەپرسیار کە بزانێت کەی و لە کوێدا سنوورەکانی خۆی و ئەوانی تر دەست پێ دەکات. تەنها لە ڕێگەی ئەم هاوسەنگییە وردەوە دەتوانین نەوەیەک پێبگەیەنین کە هەم خاوەن هزری ئازاد بێت و هەمیش خاوەن ئیرادەیەکی پۆڵایین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ژیان بەبێ ئەوەی بکەوێتە ناو داوی بێسەروبەرییەوە.




ژیانێکی دیزاینکرا و لەو نیشتیمانەی تەنها مەرگی تێدا قەدەغەیە.. پاڤێڵ ساڵح

لێرە لەم پارچە زەوییەدا کە ناوی نیشتمانە ئێمە کێشەمان لەگەڵ “نەبوون” نییە، کێشەی گەورەی ئێمە لەگەڵ “بوون”دایە. ئێمە تووشی نەفرەتێکی ئەبەدی بووین ,سزادراوین بە ژیان ئەمە ئەو ژیانە نییە کە مرۆڤ بە ئیرادەی خۆی دەیشکێنێت و وەک دیارییەکی گەردوونی وەری دەگرێت
بەڵک و ژیانێکی ئەندازیاریکراوە قەفەزێکی بایۆلۆژییە کە ملئەستوورەکان دیواریان بۆ نەکێشاوە، بەڵکو بە ئۆکسجین و کارەبا و نانێکی ژەهراوی بە هیوا سنووریان بۆ کێشاوە.

هەمیشە دەڵێن: “ئێمە هەموومان لە یەک کەشتیین”، بەڵام ئەمە درۆ گەورەکەیە ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە ئێمە و ئەوان لە یەک کەشتییدا نین، بەڵکو ئێمە کەشتییەکەین و ئەوان سەرنشینە زۆردارەکانن، ئێمە ئەو تەختە و بزمارە ئازارچێژانەین کە لەژێر جەستەی قورسی ئەواندا لەناو ئاوی سوێردا دەپرزێین، تا ئەوان بەسەر پشتی ئێمەوە سەیری ئاسۆ بکەن و چێژ لە شەپۆلەکان وەربگرن. ئەوان نایەڵن ئەم کەشتییە نوقم بێت نەک لەبەر خۆشەویستی بۆ ئێمە، بەڵکو چونکە دەزانن بەبێ تەختەکانی جەستەی ئێمە ئەوان چرکەیەک لەسەر ئاوەکە نامێننەوە.

مردنی ئێمە مەرگی چێژەکانی ئەوانە بۆیە نایەڵن بمرین تەنها ئەوەندە ئۆکسجینمان دەدەنێ کە بتوانین وەک ژێرخانێکی زیندوو بۆ ملئەستووریی ئەوان بمێنینەوە. ئەمە سادیستیترین جۆری دەسەڵاتە هێشتنەوەی مرۆڤ لەسەر لێواری مەرگ، بێ ئەوەی ڕێگەی پێ بدەیت تێپەڕێت تاوەکو بتوانن بۆ ماوەیەکی درێژتر سوود لە ئێشەکانی وەربگرن.

سی ساڵ لەمەوبەر تاریکییەکە شکۆیەکی تێدابوو ئەگەر کارەبا نەبوو، چونکە نیشتمان لە گەمارۆ و شەڕدا بوو بەڵام ئەمڕۆ؟ ئەمڕۆ تاریکی تەکنیکێکی ئەشکەنجەیە کە لەلایەن “سەخیفەکانی” چواردەوری دەسەڵاتەوە نەخشەسازیی بۆ کراوە. کاتێک ڕۆژانە کارەبا دەبڕن ئەوە تەنها کێشەی وزە نییە ئەوە پەیامێکی فیکرییە ئێمە خودای کات و ڕووناکیی ئێوەین، ئێوە تەنها سێبەرن و سێبەریش مافی ڕووناکیی نییە.

ملئەستوورەکان و پیاوە قاڵبووەکانی ناو دەسەڵات وایان کردووە نیشتمان ببێتە زیندانێکی گەورە کەس هاوار ناکات، چونکە ئەوان توانیویانە “خەونەکانمان” هێندەی مۆلیدەیەک بچووک بکەنەوە. کاتێک مرۆڤ تەنها خەمی ئەوەی بوو چۆن لەم دۆزەخەدا بمێنێتەوە چیتر کاتی بۆ بیرکردنەوە لە “ئازادی” نامێنێت.

ترسناکترین بەشی ئەم تراژیدیایە ئەوەیە کە ئێمە گەیشتووینەتە قۆناغی سڕبوون کاتێک هاوار نامێنێت، واتە جەلاد سەرکەوتوو بووە لەوەی مانا لە ناوەوەی قوربانییەکەیدا بکوژێت ئێمە ئێستا لە ناوەندی تاقیکردنەوەیەکی گەورەداین تاقیکردنەوەی ئەوەی کە تا چەند مرۆڤ دەتوانێت تەنها بە ئۆکسجین بژی بێ ئەوەی ببێتە مرۆڤ.

ملئەستوورەکان هەموو شتێکیان بۆ دیزاین کردووین تەنها یەک شت نەبێت ئەوان ناتوانن مانا بەو ژیانە بدەن کە لێیان زەوت کردووین ئێمە وەک ئەو پاترییانەمان لێهاتووە کە وزەیان تێدا نەماوە، بەڵام جەلاد هێشتا لێمان دەدات تا چرکەیەکی تر کار بکەین.

خوێنەری ئازیز، کاتێک دەبینیت کەس هاوار ناکات وا مەزانە خەڵک ڕازین تەنها ئەوەیە کە مردوو پێویستی بە هاوار نییە. ملئەستوورەکان وڵاتێکیان دروست کردووە کە تێیدا تەنها یەک جۆر ژیان ڕێگەپێدراوە ئەو ژیانەی کە تێیدا ئێمە بمرین بەڵام جەستەمان هێشتا هەناسە بدات تا ئەوان تێرببن.

ئەو ملئەستوورانەی نیشتمانیان کردووە بە تاقیگەیەکی بایۆلۆژی تەنها جەستەی ئێمەیان داگیر نەکردووە، بەڵکو چاوەڕوانی یان کردووە بە ئامرازێکی ئەشکەنجە ئێمە لە نیشتمانێکدا دەژین کە تێیدا چاوەڕێی هەموو شتێکین و هیچ شتێکیش ڕوو نادات چاوەڕێی کارەبا، چاوەڕێی مووچە، چاوەڕێی باران، و لە کۆتاییدا چاوەڕێی مەرگێک کە ئەوان مۆڵەتی هاتنی نادەن، ئەم چاوەڕوانییە کوشندەیە جۆرێکە لە پەلوپۆکردنی عەقڵ چونکە مرۆڤێک کە تەواوی وزەی مێشکی لە چاوەڕوانیی سەرەتاییترین پێویستیدا بەکاربهێنێت چیتر کاتی نابێت بیر لە کەرامەت بکاتەوە ئەوان دەیانەوێت ئێمە تەنها دەستگایەکی هەناسەدەربین، کە پارە بۆ بانکەکانی ئەوان و هێز بۆ کورسییەکانی ئەوان بەرهەم بهێنین.

ئەمڕۆنیشتیمان بووەتە شانۆیەکی گەورە کە تێیدا “سەخیفەکان” دەرهێنەرن ئەوانەی پێشتر لە پەراوێزی مێژوودا بوون، ئێستا بوونەتە پاسەوانی ڕووناکی و تاریکی ئەوان بە پێکەنینە ساردەکانیانەوە پێمان دەڵێن کە ژیان لێرە تەنها مانەوەیە لە ژیان نەک ژین، جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان ئەوەی بژیت و ئەوەی نەمریت ئەوەی ئێمە دەیکەین تەنها نەمردنە ئێمە وەک ئەو درەختە دەستکردانەمان لێهاتووە کە لە باخچە گشتییەکاندا چێندراون نە گەشە دەکەین، نە گەڵا دەوەرێنین تەنها بۆ ئەوە دانراوین کە دیمەنی دەسەڵاتی ئەوان بە جوانی بمێنێتەوە.

ترسناکییەکە لەوەدایە کە زمانیشیان لێ دزیوین. کاتێک وشەکانمان لە مانا خاڵی دەبنەوە کاتێک دەڵێین “نیشتمان” و مەبەستمان “زیندانە” کاتێک دەڵێین “ئاییندە” و مەبەستمان “تاریکییە”ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە جەلادەکە تەنانەت ناوەوەی سەریشی کۆنتڕۆڵ کردووین.

ملئەستوورەکان دەیانەوێت بگەینە ئەو باوەڕەی کە ئەم دۆزەخە تاکە بەهەشتی بەردەستە ئەوان وایان کردووە مەرگ ببێتە خەونێکی دەستنەکەوتوو، چونکە مەرگی ئێمە یانی پەککەوتنی ئەو ئامێرە گەورەیەی کە چەوریی جەستەی ئەوانی پێ چەور دەکرێت.

ئێمە ئەوەندە فێری نەمردن بووین، کە چیتر نازانین چۆن بژین ، ملئەستوورەکان بردیانەوە چونکە ئەوان تەنها نیشتمانیان داگیر نەکرد بەڵکو مەرگیان لێ دزین و ژیانێکیان پێ فرۆشتینەوە کە کڕینی گەورەترین خۆکوشتن بوو.




ئایا ئەم شەڕە کۆتایی دێت؟.. عوسمانی حاجی مارف

بەردەوامی شەڕی ناوچەکە بە ئاشکرا ئەوە دەسەلمێنێت، کە چیتر پابەند نییە بە هیچ کام لە یاسا نێودەوڵەتیەکان و هێڵە سورەکانی تێپەراندووە، ململانێکان تەواو چۆتە قۆناغێکی مەترسیدارترەوە، بە واتای فراوانکردنی بازنەی ڕوبەڕوبونەوەکان، بەرەو ئەگەری نوقمکردنی ناوچەکەیە بۆ ناو سوڕێکی کراوەی چەنگێکی فراوانی ناوچەیی.
نایەکسانی هاوسەنگی هێزەکان لە ئارادایە، پێشکەوتنە ئاسمانی و تەکنەلۆژیەکان بە شێوەیەکی کاریگەر، جیاوازیان لەبەرامبەر هێزی سەر زەوی لە بەرژەوەندی ئیسرائیل و ئەمریکادا نیشانداوە، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا تائێستا سەرکەوتنی لایەنێک لەم جەنگەدا دەرنەکەوتووە، هەرەوەها کۆتایی جەنگەکەش کاتێکی دیاریکراوی نیە.
مەسەلەیەک کە لەم ناهاوسەنگیەدا جێگای سەرنجە، ئێران هەوڵئەدات، لە رێگەی چۆنیەتی بەرگری لەخۆی، خەریکە بە خۆراگری لە بەرامبەر هێرشە ئاسمانیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا چەندە زەرەمەندیش بێت ڕاوەستاوبێت، تا بەم رێگەیە، سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.
هەرچەندە ئێران ناتوانێت بەوەی کە موشەکەکانی دەگەنە ئامانجەکانی ناو ئیسرائیل، بە لێدانی دامەزراوەی ئابووری، سەربازی، یان مەدەنیەکان، سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، هەروەها بەو مانایە نییە کە پێگەی ئێران لەسەر زەوی ڕێگەی پێدەدات مەرجەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بسەپێنێت.
سێ هەفتەی تەواو لە بۆردومان و وێرانکاری، هێرشە ئاسمانیەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا فراوانتر بون، سەدان ئامانجی لە ناوخۆی ئێراندا گرتۆتەوە، ئەمەش گەورەترین هەڵمەتی ئاسمانی ئیسرائیلە بۆ سەر تاران لە دوای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیەوە، لە بەرامبەردا ئێران درێغی نەکردووە لە هەڵدانی موشەکی هایپەرسۆنیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەرەو ئیسرائیل، هاوکات حزبولڵا بە هێرشی چڕوپڕی موشەکی، بەرەیەکی لە لوبنان کردۆتەوە و ڕوبەڕوبونەوەکەشی گۆڕیوە بۆ ململانێیەکی تەواو ناوچەیی. لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە ئێران بە ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆ لەبەرامبەر ئیسرائیل و ئەمریکا نەوەستاوە، بەڵکو هەوڵی داوە تەواوی ناوچەکە بکێشێتە شەڕێکی ئاشکراوە، بۆ بە ئامانجگرتنی وڵاتانی کەنداو و لێدانی دامەزراوە نەوتیەکانیان، لە سعودیە و ئیمارات و قەتەر تا داخستنی گەروی هورمز، بووەتە هۆی دابەزینی ٩٠%ی هاتوچۆی دەریایی، ئەمەش پەیامێکی ڕوونە بۆ ڕوبەڕوبونەوە و بەبارمتەگرتنی ئابووری جیهانی.
لە ناو جەرگەی ئەم سیناریۆ جەنجاڵەی جەنگدا، پرسیارێک دێتە ئاراوە، کەی و چۆن ئەم شەڕە کۆتایی دێت؟ کە تائێستا لەم بارەیەوە پرسیارێکی ڕۆشن نابیستین، ئەمەش لەو شوێنەوەیە کە لەسەر بنەمای ئاڵۆزی و فرە ڕەهەندی دۆخی شەڕەکە ناتوانرێت وەڵامێکی یەکلایی کەرەوە پێشبینی بکرێت، بۆیە لە پەیوەند بە چەند ئەگەرێکەوە دەکرێت قەسەی لەسەر بکرێت.
هەردوولای شەڕەکە بەردەوامن لە ئاڵوگۆڕی شەڕی ئاسمانی، هەریەکەیان هەوڵی ماندوکردنی ئەوی دیکە دەدات لە ڕووی سەربازی و ئابوورییەوە. ئێران وەک عەقیدەیەک مانەوە و خۆرادەست نەکردن بە سەرکەوتن ئەژمار دەکات، واتە تەنیا درێژەدان بە دەسەڵاتەکەی، سەرەڕای لێدانی چرو زیان وخەسارەتەکانی، خۆی بە براوە دەزانێت، وەک هەمان نمونەی عەقیدەیی حەماس و حزبوڵڵا کە ساڵانێکە پەیڕەوی دەکەن، بەڵام ئەم ڕێگایە بە واتای خەسارەتێکی زۆری بێکۆتایی لە سەرچاوە مرۆیی و ئابووریەکان و وێران بون کارەساتێکی گەورەیە، کە بەڕاستی ڕێگایەکی ترسناکە، ئێرانیش تاکەی دەتوانێت خۆی لەبەرامبەریدا بگرێت!.
ئەگەرێکی تر ئەوەیە ئەگەر شەڕەکە لەوەی ئێستای فراوانتر بێتەوە، ڕاستەوخۆ وڵاتانی دیکەش ناچار دەکرێن بەشداربن، یان ئەگەر وڵاتانی تر وەک تورکیا یان ڕووسیا لە ڕێگەی پشتیوانی ناڕاستەوخۆوە دەستوەردان بکەن لەم شەڕەدا، ئەوا ناوچەکە دەتوانێت خۆی بخزێنێتە ناو ڕوبەڕوبونەوەیەکی هەمەلایەنە، کە کۆنترۆڵکردنی ئەستەم دەبێت، ئەگەری هەیە هاوسەنگی هێز لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دابڕێژنەوە، لەم حاڵەتەشدا ناتوانرێت ئێران بە ئاسانی هێوەر بکرێتەوە.
هەروەها ئەو ئەگەرەش هەیە لە ناچاریا شەڕەکە بەشێوەیەکی کاتی ڕاوەستێنن لە ڕێگەی نێوەندگیری نێودەوڵەتیەوە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی لێدوانەکانی ئەم دواییەی ترامپ بەدوور نازانرێت، بەو جۆرەی ڕایگەیاند گوایە ئێران بەتەواوی دۆڕاوە و دەیەوێت ڕێکەوتنێک بکرێت. بەڵام جەختیشیکردەوە کە هێرشەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبن و “هێشتا قورسترین لێدانەکانیش ماوە”. لەلایەکی ترەوە ئێران ڕەتیکردەوە تا ئەو کاتەی لێدانەکان بەردەوام بن ئاگربەست قەبوڵ بکات. ئەوەی شایانی باسە ڕەنگە نەتەوە یەکگرتووەکان یان زلهێزەکانی وەک چین و ڕووسیا پاڵ بە کەمکردنەوەی پەرەسەندنی شەڕەکەوە بنێن، بەڵام سەختی بەدەستهێنانی چارەسەری یەکلایی کەرەوە، دەشێ پێکدادانەکان لەگەڵ یەکەم پێشێلکاری یان وروژاندندا سەرلەنوێ هەڵگیرسێنەوە.
خاڵێکی تر داڕمانی ناوخۆی ئێرانە، کە لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی فشارە سەربازی و ئابووریەکان، ئەگەری تەقینەوەیەکی ناوخۆیی دۆخەکە بشڵەقێنێت، بەڵام پرخوێناوی مەترسیدار دەبێت، چونکە ئێران دەخاتە ناو گێژاوێکی تر لە پێکهێنانی چەند ئەگەرێکی تر بەتایبەتی شەڕی ناوخۆ.
لە نێوان ئەو ئەگەرانەدا، لە کۆتاییدا هەرکامیان زاڵ بێت و کاریگەری هەر گۆرانێک لەسەردۆخەکە دانێت، بەڵام مەترسی لەسەر ڕاگرتنی کەشتیوانی جیهانی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە جدیترین و هەستیارترینیانە، ئێران بە شێوەیەکی کاریگەر هاتوچۆی کەشتیەکانی وەستاندووە، ئەمەش وایکردووە کۆمپانیا گەورەکانی کەشتیوانی ترانزێتی کەشتیەکانیان ڕابگرن، بۆیە لەم بارەیەوە ترەمپ ناچاربووە بە زویی بەڵێنی کردنەوەی هاتوچۆی گەرووەکە بدات، بۆیە ئەگەری فراوان بونەوەی شەڕەکە، ئەو ئاقارە بەخۆیەوە دەگرێت، کە ‌هێزی زەمینی لە جەزیرەکانی گەروی هورمز دابەزێنن، بەتایبەتی لە قەشم و خار، تا شەڕەکە دەچێتە ئاستێکی باڵاتر لە گەورەبونەوەی، هەر بەم رێگایەش، واپێدچیت ئەمریکا هەوڵبدات هەژمونی سەربازی بەسەر تەواوی کەنداوەکەدا هەبێت، واتە ئەم ئەگەرە دۆخەکە دەخاتە ناو شەڕێکی زەمینیەوە و دیارنەبونی کاتێکی زیاتر دەخاتە بەردەم کۆتایی شەڕەکە.
ئەمریکا بە جێگیرکردنی کەشتیەکی هێرشبەر بە ٢٥٠٠ سەربازەوە، ئامادەیی سەربازی خۆی بەهێزتر دەکات، ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشە بەرفراوانەکانی، ئێرانیش بە مووشەکی نوێ وەڵام ئەداتەوە، ئەوەی زیاتر دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات، نەبوونی هیچ ڕونکردنەوەیەکە سەبارەت بە ئامانجە کۆتاییەکانی جەنگ لە لایەنی ئەمریکاوە، ئایا ئەمریکا بە گەیشتن بە ئامانجی سترتیژای تاکرەوی بە باڵادەستی بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تەنیا تێکدانی توانا سەربازیەکانی ئێرانە؟، یان گۆڕینی ڕژێم و دامەزراندنی حکومەتێکە، کە زیاتر هاوتەریب بێت لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا؟، ئەم ناڕۆشنیە و ئەگەرەکان وا دەکات پێشبینی ئەوە نەکرێت کە شەڕەکە کەی و چۆن کۆتایی دێت، لەهەر حاڵەتێکێدا ناسەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بەردەوام دەبێت.
ئەم شەڕە بەهەر ئاکامێک لە کۆتایدا کێ براوە و کێ دۆڕاو دەبێت، لە ئەنجامدا یەک کارەسات ئاشکرادەکات، خەڵکی مەدەنی دەبێتە قوربانی و باجی ئەو ململانێیە ئەدەن، کە هیچ پەیوەنیەکیان پێوە نیە و هەڵبژاردەی ئەوان نیە، لە ئەنجامدا ژیانیان دەخوات و ماڵیان وێران دەکات.

عوسمانی حاجی مارف




جەنگ ململانێی نێوان موقەدەسەکان نیە، بەڵکو سەرمایەکانە!.. سامان کەریم

لە پێگەی “درەو”دا بەرێز مەریوان وریا قانع وتارێکی نوسیووە بە نێوی”جەنگ و موقەدەس و ناعەقڵانیەتی دینیی/ ٢٢ی مارس ٢٠٢٦” بڵاوبۆتەوە.

خوێنەر لەم وتارەدا تێناگات کە هۆی بەرپابوونی ئەم جەنگە چیە؟ لەمبارەوە تێکەڵەیەک دەبینین. بەڵام بە کورتی هۆی جەنگەکە مانەوەی باڵادەستی ئابورییە بۆ ئەمریکا، رێگرتنە لەو باڵادەستیە بۆ وڵاتی چین. ئەوە مەسەلەی سەرەکی و بناغەیی جەنگەکەیە. جەنگەکە بۆ وڵاتی چین بە وەکاڵەتە- ئێرانە- و ڕوسیای لە پشتە، ئەمریکا ڕاستەوخۆ بەشدارە و کۆماندۆی جەنگەو ئیسرائیل بەشدارە لە گەڵیدا. هیچ جەنگێک لە مێژوودا لە پێناوی موقەدسەکاندا نەکراوە، پێش موقەدەسەکانیش جەنگە زۆر بووە، هەر عەشیرەتو قەبیلەیەک لە پێناو بەرژوەندی ئابوری و داگیرکردنی زەویدا پەنای بۆ جەنگ بردووە.
بناغەی جەنگ ئابورییە، ئەوەی ئەمرۆش ترامب بۆماوەی ٥ رۆژ هێرشی بۆسەر ژێرخانی ئابوریو وزە ڕاگەیاند، رۆشندیارە ئابوریە. جەنگەکە بەشێکە لە جەنگی جیهانی وەک جەنگ لە ئۆکراین، جەنگێکە لە ناوچەیەکی گەورەو پڕ وزەو سەرمایە وەک بەرەیەکی جەنگی جیهانی. جەنگی جیهانی لە نێوان چینو ئەمریکادا لە مێژە دەستیپێکردوەو لە ئێستادا توندتربۆتەوە، مەگەر پەلاماری فینزویلا بەرەیەکی بچوکتر نەبوو لەو جەنگە. ئێران بە هۆی موقەدسەوە لەماوەی ٢٤رۆژی ڕابوردوودا خۆیڕانەگرتووە یان ڕادەستنەبوون، وەک مەریوان دەنوسێت:” لەم دۆخەدا تەسلیمنەبوونی ئێران پەیوەندیی بە ئازایەتیی و بە پێداگرتنەوە لەسەر کۆمەڵێک پرنسیپی عەقڵانیی و ئینسانییەوە نییە، بۆ نموونە پرنسیپی بەگژاجوونەوەی ئیمپریالیزم، …….، تەسلیمنەبوونیان پەیوەندیی بەو راستییە سادەیەوە هەیە کە ئەو حوکمرانانە جگە لە خۆیان هیچ کەس و هێز و دید و بۆجوونێکی تر بە شایانی حوکمڕانیکردنی وڵاتەکە نازانن….ئەم جۆرە لە دەسەڵاتدارێتی بەردەوام رەهەندێکی پیرۆز بە حوکمرانییکردنەکەیان دەبەخشن. پێ لەسەر ئەو دادەگرن کە حوکمڕانیکردنیان پەیوەندیی بە خودا و ئاسمان و دین و موقەدەسەوە هەیە. ئەمەش مافی ئەوەیان پێدەبەخشێت، بە هەر نرخێک بووە، لە دەسەڵاتدا بمێننەوە”. بەهۆی موقەدەسەوە خۆی” تەسلیمنەکردووە” بەڵکو بەهۆی ئەوەی ئیران وەکو ئیسرائیلو ئەمریکا پشتی بەستووە بە تەکنەلۆجیای تازەی ڕۆکێتەکان، زیرەکی دەستکرد، درۆنەکان، هێڵەژمارەییەکان-احداثیات- تەکنۆلۆژیای هەواڵگریی … نەک باوڕەی موقەدەسی دەسەڵاتەکەی، پشتی بەستووە بە تەکنۆلۆژیای تازەی جەنگی و کۆمەکی بێدرێغی چینو ڕوسیا. بێ چینو ڕوسیا ئێران بەرگەی یەک هەفتەی نەدەگرت. بەرژەوەندی سەرمایە وەک سستەمێکی جیهانی بەتەواوی جیهانیە، سەرمایەی نەتەوەییو لۆکەڵی و ناوچەیش مانایەکی نیە، سنورەکان و سەروەری مانای خۆیانیان لە دەستداوە. سەرمایەی ئیرانی تا ئێستا بە پلەی یەکم پەیوەستە بەسەرمایەی چینو روسەوە. سەرمایەی کەنداویەکان زیاتر پەیوەستە بە ئەمریکاوە، بەم شێوەیە.
لە ڕاستیدا مەریوان ناڕەحەتە و دەیەوێ ئێران خۆی تەسلیمبکات، بەڵام باسێک لە جەنگەکە ناکات باسێک لە هێرشی ئیسرائیلو ئەمریکا ناکات؟!!!تەنانەت باسێک لە کۆمەڵکوژی منداڵەکانی ئێران ناکات. ئەو دەیەوێت ئێران دەسەڵاتی “موقەدەسی” خۆی ڕادەستبکات جا چارەنوسی ٩٠ ملیۆن هاوڵاتی چیبەسەردێت کۆسپی ئەو نیە، بەلام دەیەوێت لەو سیناریۆ تاریکەدا، بزوتنەوەی کوردایەتی شتێکی دەستبکەوێت، بەڵکو ویژادنی باوەردارانی مافی مرۆڤ هەناسەیەکی کوردایەتی هەلمژن. نەک هەرئەوەندە بەڵکو دەنوسێت:”پاراستن و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی کورد لەگەڵ ئەمریکا و تەنانەت لەگە ئیسرائیلدا، ستراتیژیەتێکی سیاسییە قابیلی پەرەپێدانێکی پراگماتیانەیە، لە دۆخێکدا سەرجەمی وڵاتانی ناوچەکە دژ بە کوردن”( وتاری:نابێت کوردستان بکرێت بە زۆنی جەنگ/٩ی ئازار). کاک مەریوان کارەکانی ئەمریکاو ئیسرائیلی لە گەڵ کوردەکان بیر چۆتەوە، ڕیکەوتنی جەزائیر بەڵام ئەوە قەیدی نیە ٥١ساڵە، ٣١ی ئاب ٣٠ساڵە، ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ئەوە ٩ساڵە، بەڵام ئەی کاری ئەمریکاو ئیسرائیل بە دژی کوردەکانی سوریا تەنها جەند مانگێکە، خۆ ئەوە ناکرێت بیربچێتەوە، تەنانەت دەسەڵاتدارانی کورد ئەوەیان لەبیر بوو، بەڵام ڕۆشنبیرانی کورد لە مێژوو تەنها دەقەکان تیگەیشتوون لە بارێکدا مێژوو دژ بە دەقەکان ملدەنێت. بەڵامنە دەقی موقەدسو نە ناسیونالیزمو نە دیموکراتیزمو نە دیکتاتۆریزم نابنە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکان، بەڵکو سەرمایەیە، ئەگەرچی مێژووی سەرجەم جەنگەکان لەماوەی زیاترلە ٢٥٠٠ساڵی ڕابوردوودا لە ژێر ئەو دروشمانەدا پیادەکراون. لە کۆتاییدا ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئیران نەک وەک دەسەلاتێکی موقەدەس بەڵکو وەک هەر سستەمێکی سەرمایەداری هیواو ئامانجی پڕۆلیتاریاو برسیەکانی ئێرانوو ناوچەکەو جیهنایشە، ئەو هیوایە لە ڕێگەی شۆرشی خۆیانەوە مەیسەر دەبێت نەک ئەمریکاوە، کاری پرۆلیتاریای ئیران ئەوەیە کە حسابی خۆی لەگەل دەسەڵاتی بورژوایی ئیران یەکلا بکاتەوە.

٢٣ی مارس ٢٠٢٦/سامان کەریم




ئەوەی لەبارەی جەنگەوە نەتبیستووە لە ڕۆمانی فڕینی پردەكان دەیزانیت


جەنگی كۆتایی جیهان و سەرەتایەك بۆ كۆتاییەكی نوێ لە ڕۆمانی فڕینی پردەكانی دڵشاد كاوانی

22/3/2026
بۆ توێژەران و نووسەران و ئەوانەی كە دەیانەوێت بگەنە ڕاستیی ڕووداوەكانی جەنگی كۆتایی جیهان، با بچن ڕۆمانی فڕینی پردەكان بخوێننەوە.
لێدانی ئەم شەوی شارەكانی بیابانی نەقەبی ئیسرائیل بە تەواوی پێشبیینەكانی ڕۆمانی فڕینی پردەكانی پشتڕاستكردەوە. بەڵام جیگەی داخە ڕۆمانەكە كوردییە و نووسەرەكەشی كوردە و كوردیش هیچ بایەخ بە بەرهەمی خۆمالی نادات، گەرنا تەواوی ئەو ڕووداوانەی ئێستە ڕوودەدات لە ساڵی (2021) لە ڕۆمانی فڕێنی پردەكان باس كراوە. ڕۆمانەكە براوەی پێشبڕكێی ڕۆمانە لە ڕێكخراوی ڤیم فاوندەیشن، لەساڵی 2023 لە چاپخانەی پاندا لە سلێمانی چاپكراوە.
ئەمەی خوارەوە كورتەیەكە لەباسی ڕوودواوەكانی دوێنێ شەو كە سەرەتایەكە بۆ گۆڕانكارییەكی گەورەتر.
لە ڕۆمانی فڕینی پردەكان لاپەڕە (181) و لە بەشی دیداری مروارییەكان دا هاتووە:
(ئەمە ئەو شتەیە کە من لێی دەترسام، تکایە بیر لە ڕووخانی دیوارەکانی عەتەبەکان نەکەیتەوە. ئەم دیوارانە لەسەر دەستی داروین باوکی مرۆڤایەتی بوناید نراوون، هێمای مانەوەی ژیانکردنن، بە ڕووخانی دیوارەکان ژیان تێک دەچێت، نیشتمانی بیابانی نەقەب دادەڕمێت. منیش قڕوقەپیم لێ کرد.)
لە ڕۆمانی فڕینی پردەكان لاپەڕە (340) لە بەشی ڕابەرایەتی زەینەفۆنی قارۆك دا هاتووە:
(لە حەقخانە هێز و سوپاكەم یەكخستەوە، مروو و گەوهەرەكانم دەرهێنا و كتیبی قیناتم بەدەستەوە گرت، بە دەنگیكی دلێر بە موریدان و پەیڕەوكانی حەقەكانم گوت: من چاوەڕوانكراوی سێیەمی ڕابەرایەتیم، ئەمەش نیشانە و بەڵگەكانی ڕابەرایەتیم بە دەستمەوەیە، ئەوەی دەیەوێت لە ژێر سایەی قیناتەوەبێت و باوەڕم پێدەهێنێت. ئەوەی كەنایەوێت با لە نووكەوە ڕیزەكانی ئەهلی حەق جێبهێڵێت، وەك گاوڕ و هەڵگەڕاوەكان بنێژرێت. بەمە هەر هەموو حەقەكان بە شین و فیغانەوە كەوتنە سەر ئەژنۆ و متمانەیان پێبەخشیم، بە درووشمی یان مەرگ یان سەركەوتن، كەوتنە دوام و بەرەو بیابانی نەقەب ڕێمانگرتەبەر.
ئێمە گەیشتین بە بیابانی نەقەب و دوای شەڕێكی خوێناوی سیلۆنی پیرمان بە دیل گرت، بەهادوورمان وەك بارمتەیەك لەگەڵ خۆمان هێنایەوە. ویستمان لە ئەگەری مانەوەی زیمنهۆڤدا، گیانی بەهادوور وەك فشار بۆ وازهێنانی بەكاربێنین. گەر ئاپۆپیش سەركەوت، دووبارە بەهادوور بۆ پەرتەوازی ڕیزەكانی هێزە چەكدارەكانی دەوری ئاپۆپی سەرزێڕین بەكاربێنین.)
لە لاپەڕە (173) و بەشی دیوارەکانی تەپوتۆزدا هاتووە:
(ئەو کاتەی پێم نایە بیابانی نەقەب بیبینم هەزاران دیواری گەندەپەست و تەپوتۆز لە بیابانی ڕۆحەوە بۆ و نیوەگرد و گردۆڵکە و لوتکە و جەستەی چیا و چۆڵ و بەرزایان هەڵدەکشان، بۆ ناخی دۆڵ و بێشەڵان، پێ دەشت و نزماییان لێژدەبوونەوە. مرۆڤ لەوەتەی هەیە بۆ مانەوەی خۆی لێرە لە بیابانی ژیانگەدا دیوار دروست دەکات. بۆ کێشانی سنووری نیشتمان، بەرد و خۆڵ و گەردیلە و ڕۆح و ناخ و ئەندێشە، تێکەڵ بە هەم دەکات و کەرستەی ئەفراندنی دیوارەکانی بوونی لێ چێ دەکات. دیوارەکان هەمەجۆرن، دیواری دەمارگیری و توند و تیژی، دیواری نەژاد و ڕەگەز، دیواری نەتەوە و تیرە و هۆز، دیواری ئایین و باوەڕ و دیواری جیاکاری و گۆشەگیری. لانی کەم ئەرکی من ئەوەیە دیوارەکان بڕووخێنم، گەرنا دیوارێک بۆخۆم دروست دەکەم، خۆم لە هەموو دیوارەکانی دیکە دادەبڕێنم.)
لە لاپەڕە (193) و بەشی نۆساڵان دا هاتووە:
(منم بەهادوور کوڕی تاجەددینی بەقالئوڕۆح، پەتنێ و بەبێ سوبحلئەزەل نۆساڵ و نۆ مانگ، نۆ ڕۆژ و نۆ خولەک و نۆ چرکە لە شاری دێرینی بیابانی نەقەب بە تەنها مامەوە.)
لە لاپەڕە (307) و بەشی یاداشتی چوارەم دا هاتووە:
(ولۆ سیراجەددین دەستی لەپەتی دەسەڵاتدارییەتی بەردەبێت و بێ هیوا دەبێت، جارێكی دیكە ناتوانێت بچیتەوە دەرباری شاهەنشایی، جڵەوەی دەسەڵات بگرێتەوە مست. هەر بۆیە پلانی سیاسی خۆی دەگۆڕیت و ناو و ناونیشانی وەك دەسەڵاتدارێك دەگۆڕێت، بۆ حەكیم ڕابەرێكی ئایینی. بەناوی سیلۆن بەنهێنی و لە دوورترین شوێنی بیابانی نەقەب دەگیرسێتەوە، سەرپەرشتی بەرهەڵستییەكان و یاخی بوونەكان دەكات. بۆ تۆڵە سەندنەوە لە ئایین و دەسەڵات، ئایینێكی تازە ڕادەگەیێنێت و مەبەستە شاراوەكانی لەژێر پەردەی ئەم ئایینە، بەناوی حەقەكان بەجێ دەهێنێت. برازاكانیشی دەكاتە قۆچی قوربانی بۆ درەوەشانەوە و بڵاوەكردنەوەی ئایینەكەی.)
ئەمە تەنیا چەند دەقێك و بەشێكی بچووكی ناو ڕۆمانەكە بوون، لە تەواوی ڕۆمانەكە بە وردی باسی شەڕ و كوشتن و پێكدادانەكانی هەرێمی لە ناوچەكە دەكات. وەلێ كورد پێویستی بە تووێژەری ئەدەبیی و شیكاریكردنی دەق هەیە، كە بێت و بە وردی كار لەسەر ڕۆمانەكە بكات.




عەلاوی هەڵقووڵاوی ناخ و هزری تاکی عیراقە.. شوان عەباس بەدری

ئەم منداڵەی لە وێنەکەدا دەرکەوتووە ناوی عەلاویە، ئەم عەلاویە خواگرتووە لە رۆژی جەژندا بەمەبەستی بەسەربردنی کاتێکی خۆش لەگەڵ هاورێکانی دەچێتە سەیرانگای زەورا لە بەغدا و سەردانی باخچەی ئاژەڵان دەکات و دەچنە لای قەفەسی پڵنگەکان بەڵام لەپڕ ئەم مردوو مراوە سیاجی یەکەمی قەفەسی پڵنگەکان دەبڕێت و لە سیاجی دووەمدا پڵنگێک  قاچی دەگرێت و عەلاوی خواگرتووش بەس فریای هاوارکردن دەکەوێت و خەڵک فریای دەکەوێت، ئەوەی سەیرە لەجیاتی ئەوەی خەڵک بە کلکە ماسیحە و تالیبەر و شۆکی کارەبایی لە عەلاوی بدەن کە لەخۆیەوە ئاسایشی پڵنگەکانی تێکداوە و سنووری ماڵەکەیانی بەزاندووە کەچی بەرببوونە گیانی پڵنگە داماوەکە بۆ رزگارکردنی عەلاوی کرماوی و هاواریان  دەکرد پڵنگەکە هار بووە و پەلاماری عەلاوی داوە!!!

لەدوای روداوەکەو گەیاندنی عەلاوی بۆ خەستەخانە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر ئەو مردوومراوە بە دەنگێکی لەرزۆکی شۆک ئاسا و پڕ لەترس وتی: کە سیاجی یەکەمم بڕی بەنیاز بووم سیاجی دووەمیش ببڕم بەڵام پڵنگەکە پەلاماری دام!

واتە گلەیی ئەکرد کە پڵنگەکە نەیهێشتووە تەواو بچێتە ناو قەفەسەکەیانەوە و دوای ئەوەش پەنجەی سەرکەوتنی بەرز کردەوە !

دەگێرنەوە کاتی خۆی کابرایەک لەسەر دارێک دەکەوێتە خوارەوەو دەستی دەشکێت و دەیبەن بۆ دکتۆر، دکتۆرەکە لێی دەپرسێت: دەستت چۆن شکاوە؟

ئەویش وەڵام دەداتەوە: لەسەر دار کەوتمە خوارەوە.

دکتۆرەکە لێی دەپرسێت: بۆ داربرین سەرکەوتیته سەر دارەکە یان بۆ هەڵپاچینی؟

وەڵام دەداتەوە: بۆخۆشی.

دکتۆرەکەش بێ یەک و دوو لەجیاتی لەگەچ گرتنی دەستی حەپی کرمی بۆ ئەنووسێ و پێی ئەڵێت : گەر کرمت نەبێت لەخۆتەوە سەرناکەویتە سەر دەرەخت.

ئەم بەسەرهاتەش تەواو پڕبە پێستی عەلاوی و هاوشێوەکانی ئەو مردوومراوەیە و حەقە لەجیاتی دەرمان و تیمارکردن حەپی کرمی بۆ بنووسن.

لە لایەکی ترەوە گەر رووداوەکە وەک خۆی شەن و کەو بکەین ئەوا تێدەگەین ئەوەی کە دەبێت چارەسەری نەخۆشی هاری وەربگرێت عەلاوی خواگرتووە نەک پڵنگەکە بەڵکوو بە پێچەوانەوە ئەو ئاژەڵە رزگارکەری گیانی ئەو هەتیوە کرماوییە بزێوەیە!

جا لەهەمووی خۆشتر ئەم عەلاوییە ئیتر تا دنیادنیایە کە ناوی پڵنگ ببیستێت خۆی پیس ئەکات لە ترسا بەڵام لە خەستەخانە رێک بەتانییەکی پڵنگیان داوە بە سەریا و دکتۆر و پەرەستار و کەس و کار و فەراش و پاسەوان و چایچی خەستەخانەکە هیچ حسابێکیان بۆ لایەنی دەروونی و سایکۆلۆژی ئەو مردوومراوە نەکردووە(( هەربۆیە من لە نووسینێکما هەر لە فاوەوە تا کۆتا خاڵی سنووری وڵاتەکە بە کوردستانیشەوە، عیراقم بە ستەیجێکی شانۆیی گەورەی کۆمیدیای ڕەش شووبهاندووە. ))

هەروەها نابێت ئەوەش لەیاد بکەین کە وەڵامەکانی عەلاوی هەڵقووڵاوی ناخی تاک بە تاکی عیراقییەکانەو عەڵاویش هەروەک هەموو تاکێکی عیراق بە سیاسی و هاووڵاتی ئاساییەوە دان بە هەڵەی خۆیدا نانێت و بەردەوام بەرامبەر خەتابار دەکات، ئیتر گرنگ نییە ئەو بەرامبەرە مرۆڤ بێت یان ئاژەڵ یان گیانلەبەری تر یان بەردەڵان و شاخ و بیابان گرنگ ئەوەیە بەرامبەر خەتابارەو تەواو.

ئێستا بە ڕای ئێوه لە نێوان عەلاوی مردوومراو و پڵنگەکە حەقە کامیان پەنجەی سەرکەوتن بەرزبکەنەوە؟!