شەڕ بەردەوامەو پێشبینی کۆتایی هاتنی شەڕیش پەیوەستە بە بەدیهاتنی ئامانجەکانی شەڕ!.. حەسەن ڕازانی

بە دەیان ساڵە شەڕ بەردەوامەو نەوەستاوە. لە شوێنێک وەک تاکتیک شەڕ ڕاگیراوەو لە شوێنێکی تر وەک تاکتیک و بەرژەوەندی دەستپێکراوەتەوە. ئامانجیش لەو شەڕانە یەک ئامانجە، کە کورتیەکەی بریتیە لە فراوانخوازیی لە رووی هەژموونی ئابوورییەوە، بەرژەوەندی ئابووریی و کەڵەکە کردنی سەرمایەو پاراستن و وەدەستهێنانی بازاڕی سەرمایەگوزاریە بۆ سیستەمی سەرمایە!
بەهانەکان لە وینەی دێموکراسیی و سەربەخۆیی و ئایین و مەزەب و ڕەگەزو ڕەنگ و …هتد تەنها بەهانەو تاکتیکی گەییشتنن بەو ئامانجە سەرەکیە بۆ ئیدامە پێدانی سیستەمی سەرماداریی جیهانیی! جا ئەگەر بابەتی ڕۆژهەڵاتیی و ڕۆژئاوایی و بەرامبەرکێی ئایین و کەلتوورەکان دەهێنرێتە بەرباس، دڵنیا بن کە هیچ نیە بێجگە لە پێشبڕکێی نێوان کۆمپانیا زەبەلاحەکانی سەرمایەداریی جیهانیی لە نێوخۆیاندا بۆ هەڵلووشینی یەکتر! شەڕ شەڕی نێوان کۆمپانیاکانی بەرهەم هێنانە نەک شەڕی نەتەوەکان و کەلتوورەکان و ئاین و مەزب و ڕەگەزەکان. بە سەرکەوتنی کۆمپانیایەکی سەرمایەداریی بەسەر کۆمپانیایەکی تری سەرمایەدارییدا، جا با شوێن و ئایین و مەزەب و نەتەوەو ڕەگەزیشیان جیاواز بێت، هیچ لە ژیانی خەڵکی بەشمەینەت ناگۆڕێت!
شەڕی نێوان ئەمریکاو ئیسڕائیل لەگەڵ ئێران دەچێتە نێو هەمان چوارچێوەوە کە لەسەرەوە باسمان کرد. ئەو شەڕە ئەمرۆ دەستی پێنەکردووە بەڵک و بە ناڕاستەوخۆیی پێش هێرشی حەماس، وەک پرۆکسی ڕاستەوخۆی ئێران، بۆ سەر ئیسڕائیل و بە ڕاستەوخۆییش لە ئۆکتۆبەری ٧ی ٢٠٢٣ وە دەست پێدەکات کە حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.
هەر لە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، من لە زنجیرە نووسینێکمدا لە ژێر ناوی “شەڕ بەردەوامەو بەردەوامیش دەبی تاکو ئامانجەکانی شەڕ دەهێنرێنەدی!” بە ڕوونی ئەو کات گوتوومە کە شەڕ بەردەوام دەبێ تاکو ئامانجەکەی ناتۆ بە سەرکردایەتی ئەمریکا بە تەواوی دەهێنرێتە دی، کە بریتیە لە کۆتایی پێهینانی دەستی چین و ڕوسیا لە ناوچەکەدا بە پلەی یەکەم و بە پلەی دووەمیش بریتیە لە دابینکردنی ئاساییشی دەوڵەتی عیبڕی ئیسرائیل کە وەک بەرەی پێشەوەی ناتۆیە لە ناوچەکەدا!
جا لەو پێناوەدا کێ سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت ئەوە شتێکی ترە. بەڵام ئێران بەربەستی سەرەکیی بەدیهاتنی ئەو ئامانجەی ناتۆ بوو. ئێران هەم هەڕەشە بوو بۆ سەر ئیسڕائیل و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکاو هەمیش پرۆکسیەکی ڕاستەوخۆو بەهێزی چین و ڕوسیایە لە ناوچەکەدا!
جا بۆ ئەوەی ئێران بکرێتە ئامانج دەبوایە لە پێشدا پرۆکسیەکانی ئێران لە وێنەی حەماس و حوسیەکان و بەشار ئەسەدو حیزب اللەی لوبنانی و حیزبەکانی دیوی عێڕاق کە سەر بە ئێرانن کۆتاییان پیبهێنرێت، ئینجا ڕووبکەنە ئێران بۆ ئەوەی بە ئاسانیی کارەکەیان بۆ مەیسەر ببێت. چونکە بێ کۆتایی هاتنی پڕۆکسیەکانی چین و ڕوسیا لە ناوچەکەدا، کە ئێران لە پێشەوەی ئەو پڕۆکسیانەدایە، ناتوانرێت کۆتایی بە دەستی چین و ڕوسیا بهێنرێت لە ناوچەکەدا، هەروەها بێ کۆتایی هینان بە پڕۆکسیەکانی ئێرانیش لە ناوچەکەدا ناتوانرێت دەست بۆ ئێران ببرێت. چونکە ئێران ئاسان نیەو بە ئاسانیی ناتوانرێت لە ناو ببرێت!. تکایە بگەرێنەوە بۆ نووسینەکانی پێشووم لەوبارەوە کە من چۆن لەوبارەوە پێشبینیم کردووە!
ئێستا ئێمە نابێ فۆکەس بخەینە سەر ئەوەی کە ئەمریکا ڕیسوا بووە یان نا، ئەوروپا لەگەڵیدایە یان نا، چونکە ئەمریکاو ناتۆ لە ڕیسوابوون ناترسن لە پێناو گەییشتن بە ئامانجە ئابووریەکانیان. زووربەی دەوڵەتەکانی ناتۆش ئەگەر بە ئاشکراش لە گەڵ ئەمریکا نەبن، ئەوا بە دڵنیاییەوە لە ژێرەوە لە گەڵ ئەمریکاو ئامانجەکانی ئەمریکادان لە ناوچەکەدا! جا بۆیە لێرەدا دەبێ بڵێین کە ئایا ناوچەکە و ژێرخانی ناوچەکە وێران بووە یان نا؟ ئایا خەڵکی ناوچەکە ئێستا نەگەییشتۆتە لێواری ئەوەی کە بە سیستەم و فەرمانڕەوایی شەیتانیش ڕازی ببێت و بەس بۆ ئەوەی شەڕ کۆتایی بێت و لە دیکتاتۆرێک ڕزگارییان ببیت بۆ ئەوەی دیکتاتۆرێکی تر بێت؟ ئایا چەند سیستەمی سیاسیی و سەربازیی ماون لە ناوچەکەدا کە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە گەل ئەمریکاو ئیسرائیلدا نەبن؟ ئایا لە کوێداو کەنگێ دەوڵەتێکی جیهانی عاڕەبی و ئیسلامی توانیویەتی لە دژایەتی کردنی ناتۆو ئەمریاکدا سەرکەوتن بەدەست بێنێت؟
ئەو شەڕانەش کە ئەمریکا سەپاندوونی لە سەرتاسەری جیهاندا، بەشی زۆری تێچووەکەیان لە سەر شانی سیستەمە سیاسیی و سەربازیەکانی ناوچەکەیەو ئەمەش ڕاستەوخۆ بە زیانی خەڵکی ناوچەکە شکاوەتەوە!
دەسەڵاتی سیاسیی و سەربازی ئێستای ئاخوندەکان لە پێشنیارەکەی خومەینی لایداوە کە دەیگوت ” پاراستنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نوێژو ڕۆژوو واجبترە” ئێران ناتوانێت بۆ هەتا هەتایێ دژی ئەمریکاو ئیسڕائیل بێت. ئێران بەو موکورییەی خۆی لە سەر دوژمنایەتی ئیسڕائیل و ئەمریکا سەری خۆی و کۆماری ئیسلامی دەخوات. ئێران دەیتوانی شەڕ دەستپینەکات و واز لە کۆتایی هینان بە ئیسڕائیل بهێنێت کە دیارە هەرگیز ناتوانێت ئەو ئامانجەی بهێنێتەدی! سەدام و قەزافی و جمال عەبدولناسر هەمان قسەی ئێرانیان دەکردو ئەوەش چارەنووسەکەیان بوو کە هەموومان دەیزانین.
ئەو سیستەمانەی جیهانی عاڕەبی و ئیسلامی تەنها بۆ خەڵکی خۆیان ئازان و تەواوی هێزی سەربازیی و پۆلیسیی هەیانە لەبۆ سەرکوتی خەڵکی خۆیان لەناوەوەدا بەکاردێنن! بەڵام کە دێتە سەر شەڕ لە گەڵ ناتۆو ئەمریکا، ئەوە مێژوەکەیان لە دوێنی و لە ئەمڕۆدا دیارە کە چیان بەسەرخۆیان و میللەتەکەیاندا هیناوە!
ئیسرائیل بە کرداریی لە نێو جەرگەی شەڕی مان و نەماندایە، هەردووک جیهانی عاڕەبیی و ئیسلامیی هەرشەی لەناوبردن و سڕینەوەی ئیسڕائیل لە سەر نەخشە دەکەن و دەورەیان داوە! جیهانی عاڕەبیی بە پشتیوانی جیهانی ئیسلامیی چەندین جار شەڕی لە گەڵ ئیسڕائیل دەستپێکردووەو ئەنجامەکەش دۆڕانی جیهانی عاڕەبیی بووە! کە دۆڕاویشە هەمیشە بە سەرکەوتوو خۆی نیشان داوە. ئەمەش کێشەیەکی دەروونیی گەورەیە لە نێو سیاسەتمەدارانی جیهانی عاڕەبیی و ئیسلامییدا!
جا من وای دەبینم، کە ئێران تەنها دوو چارەی لەبەردەمدایە بۆ مانەوەی کۆماری ئیسلامی ئەویش: یەکەم وازهینانیەتی لە شیعاری لەناوبردنی ئیسرائیل و وازهینانیەتی لە دژایەتی کردنی ئەمریکاو ئیسرائیل و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا! ئەگەر وا نەکا دەبێ خۆی بۆ چارەی دووەم ئامادە بکات کە ئەویش بریتییە لە مامەڵەو هەڵوێستی ئەمریکاو ئیسڕئیلە لەبەرامبەر ئێران دا! بۆیە من وای دەبینم کە دەبێ ئیران خۆی بۆ شەڕی درێژخایەن، گەرم یان سارد، لەگەڵ ئەمریکاو ئیسرائیل ئامادە بکا ت، ئەوەش هەموومان دەیزانین کە ئێران و سیستەمی ئاخوندەکان بەرەو چ هەڵدێرێک دەبات!

دەربارەی پێشبینیکردنی کۆتایی شەڕیش من پێم وایە کە هەموو ئەوانەی کە پێیان وایە شیکردنەوەی تەواوو ڕەهایان هەیە، پلان و سیاسەتی سیاسەتمەدارانی گەورەی جیهانی دەردەخەن یان خۆیان وا نیشان دەدەن کە وەکو شەڕە کەوچکیان کردبێت لە کاتی نان خواردندا لە گەڵ سیاسەتمەدارەکانی ناتۆو ئەمریکاو چین و ڕوسیادا کە وا خۆ دەردەخەن هەموو شتیکیان لێدەزانن ، من پێم وایە هیچ نیە بێجگە لە ڕای تایبەتی خۆیان. ئەو بۆچوون و تێڕوانینەی منیش دەچێتە نێو هەمان چوارچێوەی ڕاو تێڕوانینی تایبەتەوە! چونکە من پیم وایە لە سیاسەتدا ڕوونیی و ئاشکرایی بە تەواوی بوونی نیەو نابێ بە جۆرێکیش بێت کە خێرا بزانرێت چۆن هەنگاو دەنرێت! من پێم وایە لە سیاسەتدا ڕا گۆرین و پەشیمانبوونەوە کاریکی نۆڕماڵە! لەو نێوەدا پاراستنی بەرژەوەندیە کەسیی و سیاسیی و نەتەوەیی و ڕەگەزیی و ئابووریی و ئایینیی و مەزەبیەکانیش کاریکی نۆڕماڵەو هەموو ئەوانەش ڕۆڵیان هەیە لە جێگیربوون و نەبوونی ڕای سیاسیی لە شەڕو ئاشتیدا. بۆیە نابێ چاوەڕێ بین بۆ پێشبینیکردنی تەواوەتی لە سیاسەتی سیاسەتمەداراندا!
کەواتە: شەڕ بەردەوام بووەو بەردەوامیش دەبێ تاکو ئامانجەکانی شەڕ بەدەست دەهێنرین. جا با لە شوێنێک شەڕ بوەستێ بەڵام لە شوێنێکی تر دەست پێدەکاتەوە!

!




خوێندنەوەیەک بۆ شیعری ترۆپکی نامۆیی چنار عەلی.. ستار ئەحمەد

Message Body
ترۆپکی نامۆیی.. لە دورگەی شوناسدا

ئەمڕۆ بۆ خۆم گریام
وەک ئەوەی مرۆڤ نەبم
زەمەن چەند بێڕەحمە
من و دڵ
هیچ باش نین ،
هەست بەجۆرێک لێمان داماڵراوە
ناچینەوە سەری دێڕ
هەر دێڕێک دەگرم دەئاڵۆزێ
بووم بەکەسێک بەهیچ شێوەیەک خۆم ناناسم .!
ئیستا حاڵی بووم ، دونیا چییە .!
هەرگیز نەمدەویست من گریان
پێناسە بکەم
بەڵام خەم وایلێکردم ،
مافی نیشتەجێ بونیشی بدەمێ
لە شاری دڵدا
دەمویست بەو جۆرە بژیم
کە ڕۆح دەیەوێ
بەڵام کات ڕەنگی شێوە و
قەبارەی کەموڵەی ژیانی دیاریکرد
ئاهـ پەشیمانی ئێمە بۆ ئەو شتانەیە
کە گرەومان لەسەریدەکرد
کەوایە دڵ مەشکێنە کە تۆ جوانترین شتی
لەم گەردوونەدا
ئای خاک بەسەر ئەوانەی ماسکی خۆشەویستی ساختە دەپۆشن و
بەبێ خەم سەر دەخەنە سەرسەرین .!

چنار عەلی

ئەم تێکستەی شاعیر (چنار عەلی) گەشتێکی پڕ لە ناسۆر و گەڕانێکی قووڵە بۆ ناو کەنارە تەنهاکانی ڕۆحی مرۆڤ، ئەو مرۆڤەی لەبەردەم گەردەلوولی زەمەن و گۆڕانکارییە کتوپڕەکانی ژیاندا، هەست بە نامۆییەکی کوشندە دەکات. شاعیر بە وێنەیەکی کاریگەر و هەژێنەر دەست پێدەکات و دەڵێت “وەک ئەوەی مرۆڤ نەبم”، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئازار و ژانەکە هێندە گەورەیە، لە سنوور و توانای بەرگەی مرۆیی بەدەرە. لێرەدا مرۆڤ لەبەردەم ئاوێنەی ژیاندا وێنەی ڕاستەقینەی خۆی لێ وندەبێت و دەگاتە ئاستێکی وا کە دەڵێت “بووم بەکەسێک بەهیچ شێوەیەک خۆم ناناسم”، ئەمەش لوتکەی قەیرانی ناسنامەیە، کە تێیدا مرۆڤ لە ناوەوەی خۆیدا دەبێتە نامۆ و لە دورگەیەکی تەنهاییدا جێدەمێنێت، وەک بڵێی زەمەن هەموو پردەکانی پەیوەندیی لەگەڵ خودی ڕاستەقینەی خۆیدا ڕووخاندبێت.
زەمەن لەم دەقەدا وەک هێزێکی سەرکوتکەر و بێبەزەیی دەردەکەوێت، هێزێک کە بە ئارەزووی خۆی ڕەنگ و قەبارەی ژیانی مرۆڤ دیاری دەکات و دەبێتە ڕێگرێکی پتەو لەبەردەم خولیا و ئارەزووەکانی ڕۆحدا. کاتێک شاعیر دەڵێت “ناچینەوە سەری دێڕ”، وێنەیەکی هونەریی جوان و پڕ مانا بۆ خوێنەر دەکێشێت لەسەر پچڕانی زنجیرەی ژیان و تێکچوونی هاوسەنگی؛ وەک ئەوەی مرۆڤ هەرچەندە هەوڵی ڕێکخستنەوەی سەرتاپای ژیان بدات، ئاڵۆزییەکان وەک کێڵگەیەکی مینڕێژکراو ڕێگەی پێنادەن بگەڕێتەوە سەر ڕێڕەوە ئاساییەکەی خۆی. لێرەدا خەم و گریان چیتر میوانێکی کاتی و تێپەڕ نین، بەڵکو شاعیر لە وێنەیەکی شیعری ناوازەدا، مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی لە شاری دڵدا پێبەخشیوون، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ژان بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە هەموو چرکەساتەکانی تەمەنیدا.
شاعیر لەم تێکستەدا بە پەژارەیەکی زۆرەوە باس لەو گرەوانە دەکات ،کە لە ژیاندا دۆڕاندوونی، ئەو شتانەی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان هیوای گەورەی لەسەر هەڵچنیبوون، بەڵام ئێستا تەنها پەشیمانییان لێماوەتەوە. ئەم پۆزش و پەشیمانییە تەنها بۆ ڕابردوو نییە، بەڵکو بۆ ئەو ڕۆژانەشە ،کە مرۆڤ تێیدا نەیتوانیوە بەو جۆرە بژی کە ڕۆحی داوای دەکرد. لە کۆتایی تێکستەکەدا، بابەتەکە لە خەمی تایبەتییەوە دەگۆڕێت بۆ ڕەخنەیەکی توندی کۆمەڵایەتی و ئاکاریی. شاعیر بە زمانێکی ڕەوان پەردە لەسەر ڕووی ئەو کەسانە لادەبات کە بە دەمامکی خۆشەویستیی ساختەوە دەژین و بە بێباکی و بێ هیچ خەمێکی ویژدانی سەر دەخەنە سەر سەرین.
لێرەدا جیاوازییەکی ڕوون و دژبەیەک دەبینرێت لە نێوان پاکیی دڵ و پیسیی دەمامکەکان. شاعیر جەخت دەکاتەوە کە دڵ جوانترین و پیرۆزترین شتی ناو ئەم گەردوونە پان و بەرینەیە، بەڵام هەر ئەم پاکی و ڕاستگۆییەشە کە دەبێتە قوربانیی زەمەن و مرۆڤە دووڕوو و ساختەکارەکان. ئەم نووسینە هاوارێکی کپ و ناڵەیەکی پڕ لە سوێیە لە قووڵایی تەنیاییەوە، کە تێیدا پەشیمانی، کات، و گەڕان بەدوای شوناسی ڕاستەقینەدا دەبنە تەوەری سەرەکیی گوتارەکە. شاعیر بەم دەقە پێمان دەڵێت کە ژیان لە سایەی دەمامکەکاندا جۆرێکە لە مردنی هێدی، و تەنها ئەوانەی خاوەن دڵێکی ڕاستەقینەن دەتوانن مانا قووڵەکانی ئازار و گریان وەک نیشتەجێیەکی هەمیشەیی لە ناوەوەی خۆیاندا قبووڵ بکەن.




كڵپەی عیشق.. سەلام عومەر

من ناوم كڵپەیە، نۆبەرەی خێزانێكم نەخوشكم هەیە و نەبرا، لە نێو تۆفانی گڕدا بەربوومەوە و بەئاوی روبار بسمیلیان كردم، بەبەردێكی تیژ ناوكیان بڕیم و بەدەسماڵی مامانێك مەلۆتكە كرام، كاتێك گوێیەكانم كرانەوە گوللە دەباری، دوكەڵ یەكەم دیمەنی بینینم بوو، خۆ بۆنی باڕووتیش ئەو هەستە بوو ساوایمی ئاودا، باوكم لەم بۆردوومانەدا شەهید بوو، سەبری دایكیشم بەتەنێ مایەوەو بەكولەمەرگی بەخێوی كردم، لەنێو جەنگێكی دەستەویەخەدا و بەبێ مامان لەدایك بووم، كەچی كەسێك نەیگوت بەپەرجوو هاتە بوون.
+++++++
چەقۆیەكانی دایە سەبری من تیژم دەكردنەوە، كەس هێندەی من لە بەرد هاویشتندا دەستی راست نەبوو، هێندەی داربیەكان ببڕمەوەو بیانكەمە تیروكەوان، لەلایەن خاوەن رەزەكانەوە دەیان شولكم وێكەوت.
چۆلەكەكانی گەڕەكمان هیچیان نەدەهاتنە سەر درەختەكانی ئێمە، ئاخر بەدارلاستیق تەپەم لێهەڵدەستاندن و هەڵیشمنەدەگرتنەوە، شەوانە لە دەرگای هەموو جیرانەكانم دەدا و رامدەكرد، بۆیە لە گەڕەكی ئێمە شەوانە كەس دەرگای نەدەكردەوە، دەیانزانی منداڵێكی چەتوونە و پێیان رادەبوێرێ، چونكە بەتەنێ بووم و برام نەبوو، بۆیە دەبوو خۆم لەسەر خۆم بكەمەوەو نەهێڵم كەس لێمبدا، بابم نەبوو تا ئامۆژگاریم بكا، خزمەكانیش شتاقیان خۆیان تێنەگەیاندین، بۆیە هەر لە منداڵیەوە پشتم بەخۆم بەست و شەڕم بەداروبەرد دەفرۆشت، هەموو هاوتەمەنەكانم دەیانویست ببنە برادەرم، هەتا لێیان نەدەم، وشەی هەتیو لە كۆڵانەكەمان نەما، یەك كەسیش نەیدەوێرا پێم بڵێ هەتیو، ئاخر هەموو بابیان هەبوو ئەمن نەبێ، ئێواران بابەكان دەهاتنەوە و منداڵەكان بەدوایاندا دەچوونە ژوورێ، من نەبێ تا دایكم لەكار نەگەڕابایەوە نەمدەوێرا بچمەوە، بۆیە بوومە سەرسەری و هەمیشە چەقۆ لە بەرپشتم و دارلاستیكیش وەك ملوانكە لە ملمدا بوو، ناو چەكمەجەكەی مدیری قوتابخانەمان پڕ بوو لە چەقۆ و كەلابەرد و بۆكسخەنجەری من، بۆیە هەمیشە لە ماڵەوە بووم، دایكم نانی بۆ ماڵان دەكرد و منیش لە كۆڵانان شەڕەشەقم دەكرد، تا تەمەنی لاویەتی ئاوا بەڕێمكرد و كەس بەهەتیویم غەمی نەدەخوارد و كەسیش بە ئازایەتیم پێی نەدەگوتم خولەپیزە، وەلێ بە دایەگیانیان دەگوت سەبەی نانكەر.
+++++++
ئێستا لەنامۆیدام و خەریكە سوێمبێتەوە بۆ شارەكەم، ئەو شارەی هەموو تەمەنم لەناویدا بە سەرسەریەتی بەڕێكرد، حەزدەكەم بچمەوە نێو رەزەكان و وەبەر شولكانم دەن، مامۆستا بڵێ دەستت بكەوەو دە داری مزر بخۆم، چۆلەكەكان لەترسی من هەڵفڕن و دایكیشم بڵێ كوڕم بەسە بەهۆی تۆوە لە گەڕەك دەرماندەكەن.
ئێستا خۆم و خۆشەویستەكەم لە نامۆیداین، ئەو بوو منی لە هەموو كەتنەكانی تەمەنم دوورخستەوەو كردمی بە مرۆیەكی عاشق، ئەوبوو نەرم نەرمی كردمەوەو كردمی بە لاوێكی خاوێن، چەقۆیەكانی پێفڕێدام و قەڵەمی پێهەڵگرتمەوە، فێرە نامەی دڵداری كردم، پرچە ئاڵۆزەكانی پێشانە كردم و دواتر منی ناردە ناو كار و بۆ یەكەمجار فێرە كاسبی كردم، نەیهێشت چیدی دەست لە دایكم پانكەمەوەو بەزۆریش پارە لە هاوڕێكانم بستێنم، هات و وەك پەپولە لەناوەندی دڵم نیشتەوە و بەجۆرێك ئارامی كردمەوە وەك ئەوەی قەت دڵی كەسم ئازار نەدابێ، ئەوەندەنا كاتێك ماڵباتەكەی چەند جارێك بەمنیان گوتبوو ناتدەین بەو هەتیوەشەللاتییە، بەبێ دوودڵی قۆڵی لە قۆڵینام و لەوشارەی فێرە شەڕانگێزی و خۆشەویستی بووم دوور دوور كەوتینەوە، ئیدی بۆیانگێڕامەوە كە خەڵكی گوتوویانە كڵپە قەت نابێتە پیاو چونكە كچی خەڵكی هەڵگرتووە،
وەلێ نەیانگوت مەجنوونە و بەدووی لەیل كەوتووە.
+++++++
ریشم سپی بووە، هەموو شەوێك گوێ لە هەواڵەكان دەگرم، ئەو هەواڵە ناخۆشانەی لە وڵات و نێو شارەكەم روودەدەن، دەیان چیرۆكی سەیر دەگێڕنەوە و یەك كەسیش ئاگای لەو نامۆییەی من نییە كە خەریكە بەڕاستی كڵپە لەخۆم هەڵدەستێنم و لەتاو دووری دایكم وێران بووم، شەو نییە نەبیستم و نەبیستمەوە كە لەنیشتمانەكەم چی روودەدات:، كەچی كەس باسی بزر بوونی دوو شەیدا ناكەن:
خۆ شەپۆلەكانی روبار هەزارانی وەك ئاڤێستایان لولدا، لەنێو دۆزەخی قوڵایدا هەناسەیان لێبڕین و دەنگیان لێ سوتاندن، ئاخر لەنێو ئیجەدا بەگروپ لاوەكان جێدەمان و لافاو چەندان گوند و شاری بەخەڵكەكەیەوە راماڵی، كەچی كەسیان بەقەت ئاڤێستا نەبوونە چیرۆكەكانی بەرئاگردان، نەچوونە پانتایی شاشەكان.
كێ هەیە ناوی شیرین ببیستێ و فەرهاد نەناسێ؟ خۆ هەموو عاشقانی دنیا لەكورەی عیشقدا هەڵقرچاون، لەنێو پۆلوەكانی خۆشەویستیدا برژاون، بوونەتە خۆڵەمێش و لەگەڵ بادا پەرت بوون، كەچی هیچیان وەكو شیرین و فەرهاد نەبوونە ئەفسانە.
چما كەس هەیە لەكاتی دوعا كردندا دوعای ئەنجن ئەنجن كراوی بیرنەیاتەوە؟ خۆ هەزارانی وەك ئەو لە نێو ئایدیۆلۆژیای دیندا بەردباران كران و هەلابەهەلا بوون، خرانە نێو چاڵەكانەوە و بۆ هەتاهەتایە بزركران، كەچی كەسیان وەك كیژە ئێزیدیەكە نەچووە نێو لاپەڕە و هەواڵەكانی دنیاوە.
+++++
ئێستا من لەنێو حیكایەتەكانی عیشقێكی نامۆدا پەپولەیەكم و با هەڵیگرتووم، جارێك لەنێو دۆزەخی ئاودا بزرم دەكا و هەندێ كەڕەتیش هەڵمدەداتە نێو كورەكەی فەرهاد و سوورم دەكاتەوە.
با بۆ منی پەپولە بۆتە گەردەلول و لەنێو فڕكەی بەردەكان دا بەخوێنی دوعاوە گیر دەبم، ئیدی بۆ هەتاهەتایە لەنێو ئەم خوێنە كوڵاوەدا دەڕزێم و دەبمە پەڵوو.
با هەڵیداومە نێو وڵاتێك جگە لە خۆشەویستەكەم كە ئێستاش مامۆستامە، كەس نازانێ چ كڵپەیەك لەنێو دڵی كڵپەدایە؟ دەمەوێ گەشتێك بۆ شارەكەم بكەم، كەچی دەڵێن هەموو چەقۆكانی منداڵیت لەنێو جەستەدا دەچەقێنین، دەڵێن ئەوێ دەبێتە دۆزەخ بۆت و بەزیندوویی دەتسوتێنین، دنیا گۆڕانكاری بەخۆیەوەدی كەچی چیرۆكی رەدووكەوتنەكەی ئێمە وەك خۆیەتی و كەس نەیگوت ئەوانە ئەسمەر و مامەرن؟
+++++++
منی كڵپە بەنێو ئەفسانەكانی عیشقدا هاتووم، بۆیە هەندێجار پێمدەڵێن قەقنەس و زۆر جاریش بڵێسە، لە هەموو وێستگەكانی خۆشەویستیدا قاپێك پشكۆم خواردۆتەوە و لە تەواوی هێلانەكانی دڵداریدا تەنیا لێفەی گڕیان پێداداوم، لرفە لرفی دارستانەكان و قوڵپەقوڵپی گڕكانەكانم، كەچی نەچوومە نێو حیكایەتەكانی بەر ئاگردان و نەوەك فەرهاد ناویان هەڵگرتم، بۆنچڕوكی عیشقی من بەهەموو دەلاقەكاندا رۆیشت و لە تەواوی دیوەكانی ئەم زەمینە نیشتەوە، كەچی نەخستیانمە نێو فۆلكلۆرەوە و نەكەسێك سوتانی منی وەكو شوكوڵڵای بابان خوێندەوە.
گڕ تۆپەڵ تۆپەڵ لەنێو دڵێكی سارددا لرفەیاندێ، خوێنێكی كوڵاو دەڕژێتە نێو دەمارەكان و كەللەسەریان كردوومە فەرهەنگێك لە وشەی ئاگرین و جەستەم لە هەموو لایەكەوە پڕوشكی لێدەبێتەوە و كەچی كەس وەك محەمەد بوعەزیزی تونس باسی نەكردم.
+++++++++

خۆم كڵپەم و ئاگری خۆشەویستیش لە خوێنمدا قوڵپدەدا، بەو هەموو گەرمیەی خۆمەوە لە نامۆیدا خۆشەویستەكەم باوەشم لێدەدا و ناسوتێ، بەبیرم نایات گریابم، كەچی لێرە سیمای هەموو كەسەكانم كە تەنیا دایكمە دێتە بەرچاوم و ئازارم دەدا، ئاوێك لە چاومەوە دەڕژێ ئێوە پێی دەڵێن فرمێسك، لەلای من جۆگەو روباری شارەكەمن دەچۆڕێنە نێو هەنیەم و چیرۆكی بێخەتایم بۆ گەردوون دەگێڕنەوە، هەرچەند سیمای ترسی منداڵەكانی كۆڵان دێتە بەرچاوم ئەو ئاوە دەڕژێ و لەگەڵ خۆی دەمباتەوە شارەكەم، شارێكی دوور دوور، وەلێ لەنێو خەیاڵمدا هێندە نزیكە هەرچاوداخەم لەوێم، شارێك لەناویدا بوومە سەرسەری و دواتر عاشق، عاشقی كچێك وەك پەرجوو منی كردە مرۆ و كەچی كەس پێی نەگوتین شێخ فەرخ و خاتوون ئەستی؟
+++++++
لەنێو فرۆكەخانەیەكی وڵاتی غەریبی، من و هاوژینەكەم، ببوورن مامۆستا بێكەسەكەم، كە كەس وەكو من و ئەو بێكەس نییە، چاوەڕێی نیشتمانین، بەدیار گەیشتنی فرۆكەیەك دایكمی هەڵگرتوە و ئیدی هەردووكمان تەنیا ئەو دایكە و ئەو نیشتمانەمان هەیە، دەچینە باوەشی و تا مردن نان لەبەردەمی دادەنێین و هەرگیز نایەڵین جارێكی دی پێی بڵێن: سەبەی نانكەر.
2025




کۆشی ئاسمان.. ‌ سمکۆ ئەحمەد ڕەشید

1
بە بیرمدێت لە نێوان ژیان و مردن
فاریزەیەک هەبوو
2
گوێم لە دەنگی شکانی
پشتی زەوییە
ئاخر قورسە تەنیایی من
3
دڵۆپێک ئاوی پاکم
ئەوەی لە درزی زەوی دەترسێت
من نیم
4
شانت نا،
ئەوەی دەبێت باران بیناسێت
دڵە
5
بەناو قوڵپی پێکەنیندا هات
دەستی گەیشتە نەرمایی ڕۆحم
ئاگرێکی چڵکن.
6
بە یاخەی شەقامەکانەوە،
مەدالیای شەرمەزارین
تەرمی پشیلەکان!
7
لەناو تەمومژی مەنفا
پێکەوە ون بووین
من و نیشتمان.
8
هێشتا ڕووخساری خۆڵ دەناسمەوە
هێشتا ئاسمانم چۆڵ نییە
کەواتە من هەم
9
کە ئاوڕم لە تەنیایی خۆم دایەوە
بوو بە کۆمیدیا
فیلمە تراژیدییەکە.
10
ئەوەی لە کەلێنی پەنجەکانمدا
دەدرەوشێتەوە
هەتاوی خۆمە
11
بازنەی بەتاڵ،
پڕە لە خۆڵەمێشی خەون ـ
پریاسکەی مرۆڤ.
12
باران بێهوودە دەبارێ
( بەخوێن ئاو نەدرێ بەر ناگرێ
داری ئازادی )!
13
لە باخچەکە
بۆ پیتێک لە گوڵی ڕووخسارت گەڕام
لە ڕەشەبا تووڕەتر
خۆی بە نەرمایی دڵمدا کێشا
نائومێدی!
14
خاڵێک دانێن
ئەم سەفەری بێدەنگییە
تاریکترە لە تاریکی
15
لەسەر شانی تاریکییەوە هەڵدێران،
هەر دەنکێکیان
کەوتە قوڵایی خەرەندێ
خەونەکانمان!
16
دابەشی تەنیایی بکەیت،
هەزار مردن و کەسرێک دەردەچێت
ژیــان .
17
دەڵێی ساردیی
لە تەنیایی من خواستووە
زستان.
18
بۆ شوێنپێی کۆترەکان دەگەڕێم
ڕۆژگارێک
نێولەپی دڵم هێلانەیان بوو
19
ئەستێرەکەی سەر شانم کشا
سەری کەوتە نێو کۆشی ئاسمان
باوکم
20
حەز دەکەم بە ژیان بڵێم، سوپاس
وەک ئەوەی
شەوێکم هەبێت سپی بێت
وەک ئەوەی
ڕۆژێکم هەبێت ڕەش نەبێت




مامۆسـتایان دینەمـۆی پەروەردە و فـێرکـردنن.. رەزا شـوان

هەر لە کۆنەوە، بە چاوێکی رێـزەوە لە مامۆسـتایانیان روانیـون. چونکە بە درێـژایی سەردەمەکانی مێژوو، مامۆستایان خاوەنی پەیامێکی پیرۆز و گرنگ و چارەنووسساز بـوونە. هـەر ئەم پەیامەشە کە رێـز و پیـرۆزی و شکـۆمـەنـدیی و پـێگەیەکی بەرزی کۆمەڵایەتیی بە مامۆستایان بەخـشیوە.
میـری شاعـیرانی عەرەب ( ئەحـمەد شەوقی ) ـ کە بە رەچەڵەک کوردە ـ لە سـتایش و گەورەیی مامۆستادا دەڵێت:”هەسـتە بـۆ مامۆستا شکـۆدارییە … هـێـندەی نەمابـوو کە مامۆستا ببێت بە پەیامبەر”. مەبەستی ئێمە مامۆستایانی کوردە. کە چـرایەکی هەمیشە داگـیرساوی گەشـن. تـیـشکی گـەشی زانـست و زانیـاری، بە نـەوەی نـوێی ئەمـڕۆمـان دەبەخشن. خۆرێکی تیشک زێڕینن رێگا بۆ کەسانی تر رووناک دەکەنەوە. مامۆستایان گـۆڵی گەش و بۆنخـۆشی هەمیشە بەهـارن، بە گـوڵاوی بـۆن و بەرامە خۆشی زانیاری مەستمان دەکەن. مامۆستایان هـەنگ ئاسایی لە جوانترین گوڵـزاری گوڵ هەمەڕەنگـدا، شـیلـەی هـەڵاڵـەی زانـست و زانیـاری هـەمـەچـەشـنە دەمـژن و هـەنگـویـنی زانـست و زانیارییان لێ دروست دەکەن و پـێشکەشی رۆڵەکانی گەلەکەمـانی دەکـەن. مامۆسـتایان گـرنگـتریـن کـۆڵەکەن لە کـۆڵـەکەکـانی، بنـیاتـنانی تاکی سـوودبەخـش و کـۆمەڵگایەکی بەخـتەوەردا. مامۆسـتایـانی کوردمـان، گـرنگـترین کارتـێکەرن، لە ژیـانی ئەمـڕۆ و لە داهـاتـووی گەلەکەمانـدا. بەبـێ مامـۆسـتایـان، کوردسـتان دەبـێـت بە تاریـکـسـتان.
مامۆستایان پـێـشمەرگەی جەنگاوەرن، خـۆڕاگـر و کـۆڵـنەدەری گـۆڕەپانی جەنگـن، کە بە چـکی بـڕوا و دڵسۆزی، بە چەکی زانـست و زانیاری، شـەڕی نەزانـین و دواکەوتـن دەکەن. هەمیشە لەم شەڕەیاندا بـراوەن و سەرکەتوون. مامۆستایان رابەرن، پێشەنگن، پێـشڕەون، بەخـشنـدەن. مامۆسـتایـان، دایکـن، باوکـن، خـوشکـن، بـران، دڵسـۆزتـریـن هـاوڕێـن. مامۆستایان چـێنەری تـۆوی شادی و ئاشتی و بەختەوەرین. هەردەم گەشبین و هیوابەخشن. مامۆستایان دۆژمنی نەزانین و دواکەوتنن. هەڵگری ئاڵای گەشەکردن و پێشکەوتنن. هاندەری گۆڕانکاری و داهـێنانن. بۆیە چارەنووس و داهاتووی گەلەکەمان لە دەستی مامۆستایانی کوردمان دایە. چونکە ئەو قوتابیانەی کە مامۆستایان بە راستی و بە دروستی پەروەردە و رێـنمایی و ئاراسـتەیان دەکەن و بە جـوانی فـێریان دەکەن و رایـانـدەهـێـنن. هـەر ئـەم قـوتـابیـیانەن، دەبـن بە سـەرکـردە و رابـەر و پـێـشەوا و بە کاربەدەست و بە سـیاسەتـمەدار . هـەمـوو کاروبارێـی کوردستانـمان بەڕێـوە دەبـەن.
خـزمەت و چـالاکی مامۆسـتایان، تەنها لە ناو پـۆل و قـوتـابخـانەدا نیـیە. مامۆسـتایـان رۆڵێکی گـرنگیان لە گەشەکردن و پێشکەوتنی کۆمەڵدا هـەیە. مامۆستایان جـۆکەرن و لە هەمـوو بوارەکانی تێکـۆشان و ژیانـدا، رۆڵی بەرچاویان هـەیە. ئـەوە مامۆسـتایانن کە ئەلـفـوبـێی کوردایەتی و کوردستانپەروەری فـێری قـوتابـییەکانیان دەکـەن. فـێریـان دەکـەن کە کوردستانیان خۆشـبوێـت و پارێـزگـاری لـێبکەن. فـێری خوشک و بـرایی و تەبایی و یەکێتی و یەکـڕیـزییان دەکەن. فـێری هـەرەوەزی و هـاوکارییان دەکەن. ئەوە مامۆستایانن، بە چەمکی ئـازادی و دیمـوکـراتی و یەکسانی قـوتـابییەکانیان رادەهـێنن.
ئەگەر شارستانییەتی نـوێ، بە دانا و زانا و داهـێنەران و کەڵەناودارانییەوە دەنازێـت. دەبێـت رۆڵی مامـۆستایان فـەرامـۆش نەکـەن. ئـەو راسـتیـیە لەبەرچـاوبگـرن، کە ئەم داهـێنەر و ناودارانە، قـەرزاری مامۆستایانـن، قـوتابیانی مامۆستایان بـوون. ئەوانـیان فـێرکـردن و هـانیـانـدان بـۆ داهـێـنان و بـۆ دۆزیـنـەوە. ئـەوان بە جـوانی پـەروەردە و رێـنماییان کـردن. ئەوان هـۆشیانیـان بە زانیـاری زاخـاودان و هـیوایـان پێ بەخـشـین.
لە داهاتـووشدا، هەر داهـێنان و پێشکەوتن و گەشەکردنێک بێنە ئاراوە، پشکی شێری شانازی، بـۆ دڵسۆزی و خۆبەخـشین و رۆڵ و مانـدووبـوونی مامۆستایان دەگەڕێتەوە.
چی بڵێین و چی بنووسین. گەر بەنرخترین خەڵاتیش بە مامۆستایان ببەخـشین. هـاوتای رۆڵی پیرۆز و ماندووبوون و دڵسۆزی مامۆستایان ناکەنەوە. هەر هەموومان قەرزاری چاکە و ماندووبـوونی مامۆستایانین. بێگـومان بنیاتنانی مـرۆڤی دروست و هـاوسەنگ، زۆر گـرانـترە لە دروستکـردن و بنیاتنانی کـۆشک و تەلار و ئاپـارتـمانی باڵابـەرز.
مامۆستایان (ئافـرەت ـ یا ـ پیـاو) دینەمـۆی پـرۆسەی پەروەردە و فـێرکردنـن. رۆڵـێکی بنەڕەتییان لە دروستکردنی پەروەردەیی و دەروونی منداڵانـدا هەیە. رۆڵی مامۆسـتایان تەنها فـێرکردن نیە. فـێرکردن بەبێ پەروەردەیەکی دروست، ناتوانین بە فـێرکردن ناوی بەریـن. سـوودی فـێرکـردن چـییە؟ ئەگەر قـوتابی تەنها بخـوێنێتەوە و بنووسێت. بەڵام نابەڵەد بێت و کەموکوڕییەکی زۆری لە بەهـاکان و لە رەوشتە بەرزە کۆمەڵایەتییەکاندا هـەبێـت. ئەگـەر وا پـێـبـگات، ئاکـامـەکەی لە ئەسـتۆی مامـۆسـتایـانی بێ ئەزمـوون و نابەڵـەدن لە ئامانجـەکانی پەروەردە و فـێرکـردن.

قـوتـابیـان لـە زۆربـەی رەفـتار و هـەڵـس و کـەوتـەکـانـیانـدا، چـاولـێکـەرن و چـاو لـە مامۆستاکانیان دەکەن. بۆیـە پێویـستە مامۆسـتایان هـەردەم، پێـشەنگ و سەرمەشـق و نمـوونەی باشبن بـۆ قـوتابییەکانیان. پێویـستە مامۆسـتایان وەک منـداڵەکانی خـۆیان یا وەک خوشـک و بـراکانی خۆیـان، قـوتـابییەکانیان بـلاوێـنن و بـە دروسـتی رەفـتاریـان لەگـەڵـیانـدا بـکەن. پـردێـکی خـۆشـەویـستی و رێـزگـرتـن پـێکەوەیـان بـبەستـێـت.

دوبـەی: ٢٠٢٦




یەکەمین کتێبی پەیامی شیعری پێشەوا کاکەیی، بە بۆنەی ڕۆژی شیعرەوە، لە چاپ دەرچوو

کەڵکەڵەی پەیامی شیعری… لە چاپ دەرچوو

کەڵکەڵەی پەیامی شیعری، پێنج پەیامی شیعری دوورودرێژە لە ساڵڕۆژی شیعردا خراونەتە ڕوو. لە دیزاینی ئیبراهیم ساڵح و هەڵەچن و ڕێنووسی وشیار عەلییە و لە ناوەندی چاپەمەنی و ڕۆشنبیریی کارۆ چاپ دەکرێت.

ئەم پەیام و گوتارانەی لە ڕۆژی شیعردا خستوومنەتە ڕوو، بۆ ئەوەیە کە دیوی پشتەوەی ببینین و شیعر بەرەو ئەوە نەچێت خاوەندار بکاتە بێخاوەن و بێخاوەن بکاتە خاوەندار. ئەم کۆمەڵە پەیام و گوتارە شیعرییانە بۆ ئەوەیە شیعر لە ڕوانین و گوتراو دوور بخاتەوە و شاعیر بەرەو ڕۆچوون بڕوات، شیعر بینراوێکی چرکەساتی نەبێت لە چاوترووکانێکدا لە بار بچێت. ڕاستە باس لە پەیدابوونی شێوەیەک و چەندان شێوەی تری شیعری دەکرێت، بەڵام مەترسییەکان ئەوەیە کە لە سایەی ئەم شێوانەوە سێبەرەکانیان لە ڕۆح دوور دەکەونەوە، بۆیە ناکرێت بڵێین شیعر نەکەوتووەته‌ ناو قەیرانەوە، بەڵکوو بە برینێکی زۆریشەوە دەڕوات و ڕۆحی تێکشکاوی خۆیشی دەبینێت.
شیعری ئایيندە بە تەنیا ڕەهەندێکی کاتی نییە، بەڵکوو بە شێوەیەکی نوێ و ڕێچکەیەکی نوێی درووستکردنی شیعرەوە لە چەند لایەکەوە سەر دەردەهێنێتەوە کە پێکهاتەی شیعر لە (شێوە و زمان،) (ڕۆح و زەمان) و (بیر و خەیاڵ) دەترازێت بۆ پرسیاری قورمیشکراو بەوانەوە، کە ئەمەیش مەترسییەکەى لەوەدایە گوتراوەکان دەکوترێنەوە و ناناسرێنەوە. خاوەندارەکان بێخاوەن دەکرێن و ئامێرەکان زمانێکی ساختەیان پێ دەدرێت. فرەکولتوور بەرەو تاکڕەهەندی و کولتوورێکی چەقبەستوو دەڕوات. ئەوەی لە داهاتوودا مەترسییەکان دێنە گۆڕێ، دەیان شێوەی شیعر دێتە درووستبوون، بەڵام بە ڕۆحێکی بزر و عەقڵێکی هەڵبزڕکاوەوە، بە بیرێکی تێکترنجاو و هونەرێکی ڕەنگکراوەوە. بۆ ئەوەی لە داهاتووی شیعردا وەک عەقڵێکی شیعری لە دایک بیت و نەبیتە شاعیرێکی ئامێرگەڕی زیرەکيی دەستکرد، خۆت بناسە و خۆت بخوێنەوە، شیعر بخوێنەوە، گوتاری شیعری و ڕەخنەی شیعری و تیۆريی شیعری بخوێنەوە، ئەوسا ئه‌گەر لە غەمی شیعردا بیت، دەزانیت کە زیرەکيی دەستکرد ناتکاتە شاعیرێکی هۆشیار، بەڵکوو دەتکاتە ئامێرێکی ڕێکخراو بە زمانی تۆ و عەقڵی خۆیەکی کۆکراوە.

کەڵکەڵەی پەیامی شیعری
پێشەوا کاکەیی پەیامی شیعری
ناوەندی چاپەمەنی و ڕۆشنبیریی کارۆ