بۆچی درامای پێستی شێر بوو بە وەرچەرخان لە درامادا؟.. حەیدەر عەبدولڕەحمان
چوار ساڵە زنجیرەی (پێستی شێر)لە دەرهێنانی ( جەمشید مەحموودی) بەرهەم هێنراوە، یەكەم ئەڵقەی لە مانگی ئەیلوولی 2022 نمایش كر، لەگەڵ خۆیدا شەپۆلێكی گەورەی گفتوگۆی لەناو میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا هێنایە كایەوە، كە تا ئێستاش بەردەوامی هەیە.
ناونیشانی دراماكە لەگۆرانییەكی زۆر بەناوبانگی هونەرمەند ئیبی (Ebi) بەناوی (پوست شیر) وەرگیراوە، لە تێكستی ئەو گۆرانییەدا هاتووە: دڵم وەك پێستی شێرە، بەڵام لە كاتی بینینی تۆدا دەبێتە پەڕەی گوڵ.
ئەمە ڕێك وەسفی نەعیمی باوك دەكات، وەك پیاوێكی زبرو بەهێز، وەك پێستی شێر ڕەق و بەرگەگرە بەرامبەر دوژمنانی، بەڵام ناسكتر لە پەرٍەی گوڵ بەرانبەر ساحلی كچی .
چیرۆكی (پێستی شێر) باس لە تراژیدیایەكی قووڵی ڕابردوویەكی پڕ لەهەڵە و ئێستایەكی پڕ لە تۆڵەدا دەكات.
چیرۆكەكە بەئازادبوونی نەعیم (هادی حیجازی فەر) لە زیندان دەست پێدەكات، دوای ئەوەی ١٥ ساڵی تەمەنی لە زینداندا بەسەر برد.
نەعیم تەنها ئاوتی ئەوەبوو ، ڕۆژێ لە رَۆژان بە(ساحل) ی كچە تاقانەكەی بگاتەوە، بەڵام هێندە لەكاتی گەڕانەوەیان لە گەشتێكیاندا تێنەپەڕیبوو ، كاتێ لەلایەن گروپێكی نەناسراوەوە هێرش كرایە سەر ئۆتۆمبێلەكەیان و نەعیم بێهۆش دەكرێت و ساحل دەڕفێندرێت.
دوای ماوەیەكی كورت، تەرمێكی سووتاو دەدۆزرێتەوە، گوایە تەرمی ساحلە. ئیدی لێرەوە جیهانی نەعیم دادەڕمێت.
نەعیم ناتوانێ قەناعەت بە خۆی بێنێ ساحل مردبێت، یان بەو شێوەیە بكوژرێت، بۆیە نەعیم بە یارمەتی( ڕەزا پەروانە) ی هاوڕێ ی ، دەكەونە گەڕان بەدوای بكوژەكاندا.
لەهەمان كاتدا، ئەفسەرێكی پۆلیس بەناوی موشكات (شەهاب حوسەینی) كە خۆی پێشتر كچەكەی بە شێوەیەكی توندوتیژ كوژراوە، دۆسیەكە دەگرێتە دەست.
لە ناوەڕاستی زنجیرەكەدا، سوپڕایزێكی گەورە ڕوودەدات، كاتێ ئاشكرا دەبێت ساحل نەمردووە! بەڵكو ڕفێندراوە و لە شوێنێكی شاراوە بەند كراوە. دەركەوت كە ئەو تەرمەی دۆزرایەوە پلانێكی داڕێژراو بوو بۆ ئەوەی نەعیم دەست و پێی بشكێ و لە ساحلی كچی بێ ئومێد بێت.
لەم نێوەندەدا، لەیلا (ژیلا شاهی) وەك هاوسەری ڕەزا پەروانە، دەورێكی مرۆیی گرنگ دەگێڕێت. كاتێ دەبینێت چۆن ڕەزای مێردی ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە بۆ یارمەتیدانی نەعیمی هاوڕێی، (لەیلا) لەو زنجیرەیەدا سیمبولی ئەو ئارامی و قوربانییە بوو، كە لەجیهانە پڕ لەخوێن و تۆڵەكەی نەعیمدا مابووەوە، ئەو ژنە نموونەیەكی لە خۆشەویستی بەرامبەر بە مێردەكەی نیشاندا، كە لە خۆشەویستی نەعیم بۆ ساحل كەمتر نەبێت .
ئەم سیناریۆیە وای لە بینەر كرد، كە تا كۆتا ئەڵقە نەزانێت (سەرۆكی باندەكە) كێیە، چونكە بینەر بە گشتی گومانی لەسەر هەموو كاراكتەرەكان دروست كردبوو.
جیاوازی ئەم درامایە لەوەش دابوو، پۆلیس تەنها بەدوای بكوژەكەدا ناگەڕێت، بەڵكو (نەعیم) و (ڕەزا پەروانە)ی هاوڕێ ی، بە شێوازێكی شەخسی و لە دەرەوەی یاسا، دەكەونە شوێن تاوانبارەكان، ئەمەش ململانێیەكی تری لە ریتمی دراماكە دروست كردبوو.
(جمشید مەحمودی) كە دەرهێنەرێكی بە ڕەچەڵەك ئەفغانی نیشتەجێی ئێرانە، پێشتریش لە سینەمادا سەركەوتنی گەورەی هەبووە. لەم زنجیرەیەدا چەند تەكنیكێكی بەكارهێناوە:
ڕیتمی خێرا و سوپرایز، هەر ئەڵقەیەك بەگرێیەكی نوێ كۆتایی دێت.
دەرهێنەر توانیویەتی بینەر بەجۆرێك ڕابگرێت كە نەتوانێت پێشبینی ڕووداوی داهاتوو بكات.
بەكارهێنانی فلاش باگەكان تەنها بۆ پڕكردنەوەی كات نییە، بەڵكو بۆ ناساندنی سایكۆلۆژیای كاراكتەرەكانە.
بەتایبەت پەیوەندی نەعیم و كچەكەی كە وادەكات بینەر زیاتر هاوسۆزییان بێت.
ستایلی وێنەگرتنەكە مایلە بۆ ڕەنگی سارد و تاریك، كە گوزارشت لەو خەم و تووڕەییە بكات،كە بەسەر شار و كاراكتەرەكاندا زاڵە.
ئەم زنجیرەیە بەچەند خاڵێك لەدراماكانی تری ئێران جیا دەبێتەوە:
شكاندنی قاڵبی پۆلیسی كلاسیك، لە زۆربەی دراماكانی پێشتر، پۆلیس هەمیشە كارەكتەرێكی بێ كەم و كوڕی بووە، بەڵام لێرەدا (موشكات) ك ئەفسەرە پۆلیسەكە كە (شەهاب حوسەینی) ڕۆڵی دەگێڕێت) خۆی مرۆڤێكی شكاوە، كێشەی خێزانی و دەروونی هەیە، و هەندێك جار یاساكان دەبەزێنێت بۆ گەیشتن بەئەنجام.
نواندنی (هادی حیجاز فەر ـ نەعیم) و پانتەها بەهرام ، بەتایبەت شەهاب حوسەینی، ئاستی دراماكەیان بۆ ئاستی سینەمایی بەرز كردووەتەوە.
لەم درامایەدا دەردەكەوبَت ، هیچ شتێك بە ڕێكەوت نییە، لە پۆشاكەوە تا موزیكەكەی (بامداد ئەفشار) كە فشارێكی دەروونی بەردەوام لەسەر بینەر دروست دەكەن.
دراماكە بەبێ پەردە پەنجە دەخاتە سەر لایەنە تاریكەكانی كۆمەڵگە، جیهانی تاوانكاران و ئەو پەیوەندییە مرۆییە قووڵانەی كە لە ناو جەرگەی ئازاردا دروست دەبن.
بە كورتی: پێستی شێر ستانداردێكی نوێی بۆ درامای تەلەفزیۆنی لە ناوچەكەدا دانا و سەلماندی كە دەكرێت چیرۆكێكی پۆلیسی سادە بگۆڕدرێت بۆ تراژیدیایەكی مرۆیی قووڵ.
حەیدەر عەبدولڕەحمان
ڕاستکردنەوەی مێژوویی- خوێنی قەرەوەیس!- نووسینی بەختیار مام حەمید (لالە بەختیار)
داستانی نەمریی قەرەوەیس ئاڵیبەگی، ئەو پیاوەی کە ئیشی زۆر کراوە بۆ شاردنەوەی ئازایی و لێهاتووییەکەی.
دەروویەکی تر بۆ دۆزینەوەی ڕەچەڵەکی دوو زاتی گەورە.
سەرەتا، گێڕانەوەی باسەکە بە کورتی و سەرپێیی.
لە تەمومژی مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێوی کورددا، هەندێک ناوی درەوشاوە هەن کە وەک تاشەبەردی بنچینەیی ناسنامەی نەتەوەیەک دەردەکەون.
هەرچەندە داگیرکەران هەوڵی تەواوەتییان داوە بۆ گومکردن و شاردنەوەی ئەم مێژووە پڕ لە پەندانەی ناوخۆی هۆزەکانی نەتەوەی کورد، یەکێک لەو ناوانە، قەرەوەیس ئاڵیوەیی(ئاڵیبەگیی)ە. ئەو کوڕی مستەفا بەگ کوڕی وەیس کوڕی عەلی بەگی جافە، کە هەمان عێل بەگی جافی ناودار و پێشبینیکاری مەزنی کوردە.
واتە قەرەوەیس پێشینەیەکی ڕەسەن و مەعریفییانەی ناو جیهانبینیی پێشبینیکارانەی کوردی هەیە.
قەرەوەیس لە ناوەڕاستی سەدەی حەڤدەهەمدا، نەک هەر وەک گەورە پیاو و دەمسپی، بەڵکو وەک پێشەنگ و ڕابەری عەشیرەتی ئاڵیبەگی، سێبەری شکۆ و چاونەترسیی خۆی بەسەر گەرمیان و کوێستانی کوردستانی جافداریی ئەو سەردەمەدا کێشابوو، بێگومان بە هاوکاریی برا و ئامۆزاکانی و تەواوی هۆزی جاف و هۆزەکانیتر.
جەنگاوەرێک لە دەوری دوازدە ئەستێرە
قەرەوەیس تەنها سەرکردەیەکی خێڵەکی نەبوو، بەڵکو نیشانەی ڕەسەنایەتی و بەرەکەتی نەوەداریی بوو.
مێژوو بە شانازییەوە باس لە دوازدە کوڕی ئەم پیاوە دەکات، کە هەریەکەیان وەک تیشکێکی بەهێزی ناو جاف و کوردەکان لە ناوچەکەدا دەدرەوشانەوە: (مەولان، حسێن، شاوەیس، شاسوار، محەمەد، مامک، قارەمان، کەریم، بارام، زۆراو و سان ئەحمەد و ناوێکیان دیار نیە).
لە تەک ئەم کوڕە چاونەترسانەدا، کۆمەڵێکی زۆر لە کچانی شێرهێرش و سوپایەک لە برایانی وەک (خدروەیس، خوادە، عەلیوەس، میروەیس، ئاغاوەیس، پیروەیس، شاوەیس، باوەیس_مام فایەقی مامە قادر ئەیوت: مراوەیس، مەلاوەیس، کاکەوەیسیشیان هەبووە) و چەندانی تر پشت و پەنای بوون. ئەم کۆمەڵە سوارچاکە، قەرەوەیسیان کردبووە هێزێکی لێهاتوو کە هیچ داگیرکەرێک نەیدەوێرا بە چاوی کەمەوە سەیری سنووری قەڵەمڕەوی ئەوان بکا.
یاخیبوون لە ستەمی عوسمانی و ململانێی باج
لەو سەردەمەدا کە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بە ملهوڕی و بەناوی (باج و پاکژوپاوەن) خەریکی تاڵانکردنی ڕەنجی دەستی کورد بوو، قەرەوەیس وەک قەڵایەکی بەرز لەبەردەمیاندا وەستا. ئەو بە دەنگێکی پڕ لە بڕواوە دەیگوت:
«ئێمە لێرە بە ئارەقەی نێوچەوانمان ژیان دەسازێنین و بە خوێنیشمان خاک دەپارێزین؛ چۆن دەبێت سەرانە بدەین بەوانەی تەنها زمانی توندوتیژی دەزانن؟» مەبەستی داگیرکەری دەرەکیی و خیانەتکارانی ناوخۆیی بووە.
قەرەوەیس وەک پیاوێکی ملنەدەر و خەرجنەدەر ناسرا؛ ئەو نەک هەر خۆی، بەڵکو هەموو عەشیرەتی ئاڵیبەگیی و تەنانەت هاوپەیمانەکانی ئاڵیبەگیی لە دژی ملهوڕی عوسمانییەکان بە شێوەیەکی سەرەتایی ڕاپەڕاند. ئەم یاخیبوونە و پاراستنی سەربەخۆیی سنوورەکان، عوسمانییەکانی تووشی شۆک کرد و کینەیەکی قووڵی لە دڵیاندا چاند کە بووە هۆکاری دانانی پیلان بۆ کوشتن و سڕینەوەی ناوی قەرەوەیس.
ئەو ڕۆژەی بوو بە پەند: “ڕۆژی کوشتنی قەرە”
دواجار داگیرکەران کە نەیاندەتوانی لە مەیدانی جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆدا ئەم شێرە پاشەکشە پێ بکەن، پەنایان برد بۆ پیلانی ڕەش. لە ساتێکی کتوپڕدا بە هاوکاریی دەستی خیانەتی ناوخۆیی، قەرەوەیسیان شەهید کرد. ئەو ڕۆژەی ئەم پیاوە مەزنە کەوت و کورا، وەک حەشر بووە. بەهۆی زۆریی کوڕ و کچ و برا و برازاکانی، شین و گریان و هاوکات شمشێرکێشانی تۆڵەکردنەوەکە هێندە گەورە و هەژێنەر بوو، کە دەنگدانەوەکەی هەموو کوردستانی( باشوور)ی بەتایبەت ناو جافەکان گرتەوە و دانە دانە تۆڵەیان لە خیانەتکارانی ناوخۆیی و دەرەکیی ئەکردەوە بە جۆرێک کە زۆربەی مانگەکان دانەیەکیان لە بەشدارانی پیلانەکە ئەکوشت و ببوون بە بەڵایەکی گەورە بۆ گیانی فەرمانبەردارانی عوسمانیی لەو سەردەمەدا، واتە تۆڵەسەندنەوەی خوێنی قەرەوەیس زۆری خایاندووە و زۆر کەس لەو پێناوەدا تەمێ کراوە.
لەو کاتەوە تا ئێستا، لە زمانی کوردییدا بووە بە پەندێکی نەمر؛ کاتێک هەرایەکی گەورە و هاتوهاوارێکی بێ سەروبەر هەبێت، دەگوترێت:
«بوو بەو ڕۆژەی وا قەرەوەیسی تێدا کوژرا!»
«یەژی ئەو ڕۆژەیە وا قەرە کوژیا!»
هەروەها ئەگەر کارێک یان دوژمنایەتییەک زۆر درێژە بکێشێت، دەگوترێت: «بوو بە خوێنی قەرە، هەر نابڕێتەوە!»
ئەوترێت دوای کوشتنی بەناهەقی قەرەوەیس، براکانی قەرەوەیس و کوڕەکانی، بە کۆی دەنگ مامەیان (خدروەیس) کە پیاوێکی بەهەیبەت و ئاقڵمەند بووە، ئەکەنە براگەورەی تیرەکەیان.
ڕەگ و ڕیشەی زانست و ئەدەب.
هەرچەندە عوسمانییەکان ویستیان بە کوشتنی قەرەوەیس ڕەگی ئەم خێزانە هەڵبکەنن و ناو و مێژووی قەرەوەیش یاخی بسڕنەوە، بەڵام خوێنی ئەو لە نەوەکانیدا بوو بە تیشکی زانست و عیرفان و جیهانی ئیسلامی و کوردیی ڕۆشن کردەوە. قەرەوەیس باپیرە گەورەی دوو لە مەزنترین ستوونەکانی مێژووی کوردە:
حەزرەتی مەولانا خالیدی نەقشبەندی: (خالیدی ئەحمەدی حسێنی قەرەوەیس)، کە نەوەی “حسێن”ی کوڕی قەرەوەیسە و جیهانی ئیسلامی بە زانست و عیرفانی ئەو گۆڕا و سەرحەڵقەی یەکێک لە تەریقەتە گەورەکانی سۆفیگەرییە کە نەقشبەندییە.
حەزرەتی نالی: (خدری ئەحمەدی شاوەیسی قەرەوەیس)، کە نەوەی “شاوەیس”ی کوڕی قەرەوەیسە و بوو بە سوڵتانی شیعری کلاسیکی کوردی و یەکێک بوو لەو کەسانەی کە گرنگیی زۆری بە زمانی کوردیی دا لە شیعر و وێژەدا.
پاراستنی مێژووی زارەکی و گێڕەرەوەکان.
ئەم زانیارییە وردانە و ئەم داستانە پڕ لە سەروەرییە، ئەمانەتێکی مێژووییە کە لە ڕێگەی مێژووی زارەکیی نەوەکانی ئەم بنەماڵەیەوە پارێزراوە. ئەم گێڕانەوەیە لە زاری پیاوە دڵسۆز و مێژووزانەکانی ناوچەکەوە وەرگیراوە، کە بریتین لە:
حاجی حەمەغەریب مەولانی، ئەبوبەکری عومەری فەقێ عەلی، فایەقی مامە قادر، ڕەحیمی قادر قازی، عومەری کاکەوڵای کاکەسەن و حاجی عەبدوڕەحمانی مام ڕەوف.
ئەم پیاوانە بە ئەمانەتەوە ئەم مێژووەیان لە فەوتان پاراستووە و گواستوویانەتەوە بۆ نەوەکانی دوای خۆیان، تا نیشانی بدەن کە کینەی کۆنی عوسمانییەکان و ئاوارەکردنی ئاڵیبەگییەکان بۆ موسڵ و تەلەعفەر و گۆڕین و دزینی مێژوویان، هەمووی باجی ئەو ئازایەتی و سەرنەنەواندنەی قەرەوەیسی یاخیی و خەرجنەدەر بووە.
خوێندنەوەیەکی سادەی ئەم باسە:
لێرەدا بە خێرایی و سادەیی تیشک دەخەمە سەر ئەو لایەنانەی کە لە دەقە مێژووییەکان و گێڕانەوە زارەکییەکاندا وەک “کۆڵەکەی هێزی قەرەوەیس” دەبینرێن:
١. پێگەی جوگرافی و ستراتیژی (قەڵەمڕەوی جافداریی جاران، گەرمیان و کوێستان)
قەرەوەیس لە سەردەمێکدا دەژیا کە ململانێی نێوان ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەفەوی لەسەر خاکی کوردستان لە لووتکەدا بوو. ناوچەی نیشتەجێبوونی ئەو (گەرمیان و کوێستانی جافایەتی) ناوچەیەکی سنووریی هەستیار بوو، تاڕادەیەک ناوچەی شەڕی عوسمانی و سەفەوی بوو، قورسبوو کە بتوانیت لەو سنوورانەدا سەربەستیی خۆت هەم وەکو تاک و هەم وەکو هۆز و هەم نەتەوەیش بپارێزی.
سەربەخۆیی نێوان دوو جەمسەر: قەرەوەیس توانیبووی جۆرێک لە “خۆبەڕێوەبەریی ڕەها” دروست بکات کە نەچێتە ژێر باری هیچ کام لەو دوو ئیمپراتۆریەتە. ئەمەش وای کردبوو ناوچەکەی ببێتە پەناگەیەک بۆ ئەو کوردانەی لە ستەمی باج و عەسکەرتارییەتی عوسمانی ڕایان دەکرد، بەڵام بە شێوەیەکی نافەرمیی و نیمچەڕاگەیەندراو.
٢. فەلسەفەی “خەرجنەدەر” و ئابووریی سەربەخۆ.
وشەی “خەرجنەدەر” یان ملنەدەر کە بۆ قەرەوەیس و نەوەکانی و هەندێجار بۆ تیرەکەی بەکاردێت، تەنها وەسفێکی ڕەوشتیی و کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو ستراتیژێکی ئابوورییە و پرسێکی سیاسیی ناڕاستەخۆیشە.
لەو سەردەمەدا عوسمانییەکان سیستەمێکی باجی توندیان هەبوو بە ناوی “تیمار و زەعامەت”. قەرەوەیس پێی وابووە کە خاکی کوردستان هی کوردە و ئەو ناوچانە بەتایبەت بۆ هۆزە کۆچەرییەکانن، بەرهەمەکەشی تەنها بۆ خەڵکەکەی خۆیەتی.
ئەم ڕەتکردنەوەی باجە، لە ڕوانگەی عوسمانییەکانەوە وەک “خیانەتی گەورە” و دژایەتییکردنی فەرمانی خەلافەت ئەبینرا، بەڵام لە ڕوانگەی قەرەوەیس و هۆزەکەیەوە وەک “پاراستنی نامووس و ڕەنج” چاوی لێئەکرا. هەر ئەمەش بوو ڕق و کینەی دەسەڵاتی ناوەندیی لێ بەرز کردەوە.
٣. سوپای خێزانی و “دوازدە ئەستێرەکە”
باسکردنی دوازدە کوڕی قەرەوەیس (مەولان، حسێن، شاوەیس و…تاد) تەنها بۆ ژماردنی نەوەکانی نییە، بەڵکو نیشانەی دابەشبوونی دەسەڵات و یەکێتیی نێوان نەوەکانە.
هەر یەک لەم کوڕانە لە ناوچەیەکدا وەک جێگری باوکیان و سەرکردەی مەیدانی کاریان کردووە. ئەمە وای کردبوو کە “ئاڵیبەگی” تەنها ناوێک نەبێت، بەڵکو ببێتە دامەزراوەیەکی سەربازی و کۆمەڵایەتی کە بە ئاسانی هەڵنەوەشێتەوە، ئەمەیش سەری ئەکێشا بۆ شتگەلی دیکەی سەبارەت بە کورد و خاک و سنوور و بابەتی باج و ئابووری……
کوژرانی قەرەوەیس بە پیلان نەک لە جەنگدا، دەیسەلمێنێت کە عوسمانییەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم “سوپا خێزانییە” جۆرێک دەستەوەستان بوون و بە مەترسییشیان زانیوە.
٤. “ڕۆژی کوشتنی قەرە”؛ چرکەساتی گۆڕینی مێژووی پیش و پاش خۆی و ناونان.
کاتێک ئەگوترێت ئەم ڕووداوە بووە بە پەند، مانای وایە کارەساتەکە هێندە گەورە بووە کە چوارچێوەی خێڵێک یان هۆزێک(ی نمونەی ئاڵیبەگی و جاف)ی تێپەڕاندووە و گشتیی بووەتۆ.
هەرای قەرەوەیس،
دوای شەهیدکردنی، کوڕ و برا و برازاکان، خوشکەزا و کچەزاکانی “نیمچەقیامەت”ێکیان بەرپا کردووە. ئەوان نەک هەر تۆڵەیان کردەوە، بەڵکو ناوچەکەیان بۆ عوسمانییەکان کردە دۆزەخ و ئەمەیش دیسان لە مێژوودا گوم کراوە بە مەبەست.
تۆڵەی درێژخایەن: ئەوەی کە دەگوترێت “بوو بە خوێنی قەرە، هەر نابڕێتەوە”، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئاڵیبەگییەکان بۆ چەندین دەیە بەردەوام بوون لە لێدانی بنکە و فەرمانبەرانی عوسمانی. ئەم پشێوییە وای کرد دەوڵەتی عوسمانی پەنا بباتە بەر سیاسەتی “ڕاگواستنی زۆرەملێ” و نەوەکانی ئەم بنەماڵەیە بۆ ناوچە دوورەکانی وەک موسڵ و تەلەعفەر دوور بخاتەوە و تێکەڵاوی تورکمان و عارەبی ئەو ناوچانەیان بکات بۆ ئەوەی ڕەگیان لە ناوچەی خۆیان ببڕێ و پەرتەوازەیان بکا.
٥. جێنشینی مەعریفی (لە شمشێرەوە بۆ قەڵەم)
ئەمە سەیریترین و جوانترین بەشی داستانەکەیە، بەتایبەت بۆ کەسانێک کە گەرەکیان بێ لوتکەی شکان و لوتکەی سەرفرازیی بزانن. عوسمانییەکان ویستیان بە ئاوارەکردن و کوشتن، نەوەی قەرەوەیس و براکانی و تەنانەت بنئامۆزاکانی کۆتایی پێ بهێنن و بیانسڕنەوە، بەڵام:
خوێنی “حسێن”ی کوڕی قەرەوەیس، دوای دوو نەوە گەیشتە مەولانا خالیدی نەقشبەندی. ئەو کەسەی کە لە ڕێگەی “تەریقەت”ەوە توانی هەژموونی دەوڵەتی عوسمانی لە ڕووی مەعنەوییەوە لە ناوچەکەدا کەم بکاتەوە و کورد بکاتە خاوەن بڕیاری ئاینیی و هەندێجار سیاسیی خۆی.
مەولانا نەک سنووری هۆز، بەڵکو سنووری نەتەوە و ناوچەیشی بڕی و گەیشتە هەزاران دڵ و هەزاران ماڵ و وەڵات.
خوێنی “شاوەیس”ی کوڕی قەرەوەیس، گەیشتە حەزرەتی نالی. نالی زمانی کوردیی (شێوەزاری جافی/ سۆرانی) کردە زمانێکی ئەدەبیی هێندە بەهێز کە بەرگەی هەموو شێواندنێکی زمانی تورکی و فارسی و بگرە عارەبییش بگرێ.
واتە ئەگەرچی قەرەوەیس پشووی نەدا لە پاڵ بەری ڕەنجەکەیدا، بەڵام نەوە و بەرهەمی قەرەوەیس ئاڵیبەگی، بووە هۆکارێکی گەورەی خرمەتی کورد و کوردستان و بەرهەمەکەی بۆ هەمووان بوو، پێشکەشیان بێ و شایەنیانە.
پوختەی خاڵە هەرە گرنگەکان:
ناسنامە: قەرەوەیس سمبوولی “کوردی ڕەسەن و جافی سەرکەش و یاخی”ە کە نەبووەتە پاشکۆی هیچ دەسەڵاتێکی دەرەکی و خیانەتی ناوەخۆیی.
بەرگری: داستانەکە نیشان دەدات کە بەرگریی کورد مێژوویەکی کۆنی هەیە و تەنها پەیوەست نییە بە سەدەی بیستەمەوە.
تۆڵەی مەعریفی: نەوەکانی قەرەوەیس (حەزرەتی مەولانا و حەزرەتی نالی) گەورەترین تۆڵەیان لە عوسمانییەکان کردەوە؛ بەوەی کە سەلماندیان کورد نەک هەر لە شەڕدا، بەڵکو لە زانست و ئەدەب و مەعریفەیشدا ئازا و پێشەنگ و سەردەستە.
ئەمانەتی زارەکی: ئەم مێژووە بە خوێنی دڵ و بە گێڕانەوەی سنگ بە سنگ پارێزراوە، کە ئەمە خۆی جۆرێکە لە خەباتی کولتووری و پێویستە بە هێواشی و وردبوونەوە و ساخکردنەوە، بکرێتە بەشێک لە مێژووی دروستی کورد و هۆزەکان.
ڕۆمانی (لە ژووانی كۆڤیدەكان) و چەند سەرنجێك.. سەدیق سەعید ڕواندزی
هیچ ژانرێكی ئەدەبی وەكو ڕۆمان، پێویستی بە وردەكاریی لە چنینی ڕوداوەكان و گێڕانەوە و وەسف نییە. بە جۆرێك كە ڕۆمان، بە هونەری گێڕانەوە و وردەكارییەكان دەناسرێت. بە بڕوای من، ڕۆماننووس وەك ئەو ئەندازیارەیە، كە نەخشەی كارێكی ئەندازەیی ڕێك دادەڕێژێت و ئەگەر بچووكترین لایەنی ئەو نەخشە و ئەندازەسازییە لە بەرچاو نەگرێت، ئەوا ڕەنگە كارێكی هونەری سەركەوتوو، نەخشەیەكی هونەرییانەی جوان دەرنەچێت. ڕۆمانیش بە هەمان شێوە، ئەگەر ڕۆماننووس لە گێڕانەوەی ڕووداوەكان و وەسف و نیشاندان و ناساندنی كارەكتەرەكان، بەو شێوەیە ورد نەبێت، بێگومان دەكەوێتە هەڵەی وەها كە خۆشی دركی پێ ناكات. لە میانەی ئەزموونی خۆم وەك خوێنەرێك و لە پەراوێزی خوێنەوەی ڕۆمانەوە، گەیشتوومەتە ئەو بڕوایەی، كە زۆربەی هەرە زۆری ڕۆماننووسەكانی ئێمە، لەو وردكارییە شارەزا نیین و دەكەونە هەڵەوە. بە جۆرێك وەسفی شتێك دەكەن، كەچی لە درێژەی ئەو وەسفەدا، بێ ئەوەی هەستی پێ بكەن، دەكەونە هاودژییەوە. ڕۆماننووسەكانی ئێمە، زۆر جار( وەسف) كە توخمێكی سەرەكی و بنەڕەتی ژانری چیڕۆك و ڕۆمانە، وەك پێكهاتەیەكی هونەری و یەك وێنەیی دەبینن و ناچنە نێو ئەو وردەكارییەی كە دەبێ لە نێو ئەو وەسفەدا هەبێت. بۆ نموونە: تۆ كە باسی وەرزی زستان دەكەیت، دەبێ ئەوەت لە خەیاڵ بێت، كە بەفر و باران و ڕەهێڵەش لە زستان هەن. كە باسی هەڵەی میكانیكی فڕۆكەیەك دەكەیت كە بە ئاسمانەوەیە و دەفڕێت، دەبێ باسی ئەوەش بكەیت، كە سەرنشینانی لە چ دۆخێكی ترس و دڵەڕاوكێ و مەترسی ژیان دان لەو كاتەدا. ئەم جۆرە لە وەسفكردن زۆر گرنگە لە ژانری ڕۆمان و چیڕۆكدا. چونكە بە هۆیەوە، گێڕانەوەی ڕووداوەكان مەودایەكی تر وەردەگرن و لە پەراوێزیشیەوە، خوێنەر وردتر دەچێتە نێو بینای هونەری ڕۆمانەكەوە. ڕۆمانی لە ژووانی كۆڤیدەكاندا، چیڕۆكی ژیانی كەسێك بە ناوی ( هیجران ) دەگێڕێتەوە، هیجران دوای ئەوەی باوكی دەمرێت، بە تەنها خۆی و ئینجانەی دایكی دەمێننەوە، بۆیە بژێوی ژیانی وەك كوڕی ماڵ، دەكەوێتە ئەستۆ و لای بەرگدرووێك كارێك دەدۆزێتەوە و دەبێتە بەردەستی و ژیان و گوزەرانێكی ئاسایی دەباتە سەر. دواتر كە دایكی دەمرێت، وەك زۆربەی خەڵكی دیكە، كە هەمیشە دەیانەوێت ببنە فەرمانبەر و ژیانی گوند و كستوكاڵ و ئاژەڵداریی جێبێڵن، ئەویش هەوڵێكی زۆر دەدات لە فەرمانگەیەكی حكومەت بكرێتە فەرمانبەر، بەڵام سەركەوتوو نابێت و ئیدی نائومێدانە، بیر لە هەندەران دەكاتەوە و لە ڕێگەی قاچاغەوە و بە هۆی ئەو پارەیەی بە شاگردی دەستی كەوتووە، هاوكات كاری دەستگێڕیش، ئیدی دەچێتە ئەستەنبۆڵ و لەوێش دەكەوێتە نێو تۆڕی قاچاغچییەكان و سەرەنجام لە ڕێگەی چوونی بۆ ئەوروپا، لە دەریای ئیجە دەگیرێت و دیپۆرت دەكرێتەوە. بە سنوورداركردنەوەشی، جگە لەوەی ئەو سەرمایەی هەیبووە لە دەست دەدات، هاوكات دەكەوێتە دۆخێكی دەروونی ئاڵۆزەوە و بە ڕەشبینی و نائومێدی ژیان دەگوزەرێنێت و ئەو سەردەمەش، ڕۆژگاری ڤایرۆسی كۆرۆنایە، ئیدی خۆی كەرەنتینە دەكات. هیجران، خوشكێكی هەیە بە ناوی قومری، بەڵام ئەو لەگەڵ دوو منداڵ و سەنگەری هاوسەری، لە گوندێكی سەر سنوور دەژین و ژیانییان بە كشتوكاڵ كردن و باغدارییەوە دەبەنە سەر. ئەوان زۆر تكا دەكەن، كە هیجران دوای بەر لە ڕۆیشتنی، بچێتە لای ئەوان و كۆچ نەكات بۆ هەندەران، بەڵام ئەو بڕیاری خۆی داوە. سەرەنجام هیجران دوای گەڕانەوەی، بە هۆی بوردومانی فرۆكەكانی دوژمنەوە لە سەر سنوور كە ماڵی خوشكەكەشی لە یەكێك لە گوندەكانی سەر سنوورە، ساكاری خوشكەزای دەمرێت و ماڵی خوشكەكەشی وێران دەبێت، بەڵام دواجار هەموویان بڕیار دەدەن ژیانێكی نوێ دەست پێ بكەنەوە و بەرەنگاری دوژمن ببنەوە، بەو جۆرەش كۆتایی بە ڕووداوەكانی ڕۆمانەكە دێت. بێگومان یەكێك لە خەوشە دیارەكانی ئەو ئەو ڕۆمانە، هاوشێوەی هەموو ڕۆمانەكانی دیكەی كوردی، ئەو درێژدادڕیەیە، كە ڕۆماننووس بە مەبەستی درێژكردنەوەی ڕۆمانەكەی لە ڕووی لاپەڕەوە، پەنای وەبەر بردووە. ئەم درێژكردنەوەیەی ڕووداوەكان، زیانی گەورەی لە بینای هونەری ڕۆمانەكە و گێرانەوە و كارەكتەر و ڕووداوەكان داوە، بە جۆرێك كە لە ڕووی بابەتی و هونەرییەوە، هەڵەی تێ بكەوێت. بۆ نموونە: كاتێ هیجران لە توركیا دیپۆرتی كوردستان دەكرێتەوە، تا شەش مانگ هەواڵی قومری خوشكی و سەنگەری زاوای نازانێت، ئەمە لە كاتێكدا سەردەمەكە، سەردەمی مۆبایل و تۆڕی پەیوەندییەو لە هەمووش دیارتر، دەزانێت ماڵی خوشكەكەی لە كوێیە. ئەمە نەگونجاوە. ئەگەر پاساوی ڕۆماننووس ئەوە بێت، كە مۆبایلەكەی پێشتر كەوتۆتە نێو دەریا و ژمارەكانی ون كردووە، دیسانەوە نەگونجاوترە، چونكە بڕوا ناكەم كەس هەبێت ژمارەی خوشكەكەی نەزانێت، ئەمە لەلایەك لە لایەكی دیكەوە، لە ماوەی ئەو شەش مانگەی كە دێتەوە كوردستان، قومری خوشكیشی هیچ هەواڵێكی ناپرسێت، كە ئەمەش دیسانەوە نەگونجاوە، بەو جۆرە هیجران لە ڕێی فەرهادی هاوڕێیەوە، سۆراغی ماڵی خوشكەكەی دەكات و دەچێتە سەر سنوور و كاتێ بە وانیش شاد دەبێتەوە، دەبینێت كە ساكاری خوشكەزای، كە تەمەنی هەر چەند مانگێك بووە بە هۆی بوردومانەكانەوە شەهید بووە. ئەم درێژدادڕیە، وایكردووە ڕۆمانەكە لە زۆر شوێن، بەرەو ڕاپۆرتێكی سیاسی بچێت و بینای هونەری لە ڕۆمان نەچێت وەك لاپەڕەكانی ( 215 تاكو 245 ) یاخود جۆرێك لە وێنەی كۆمیدی و كاریكاتێری وەربگرێت، كە هیچ هزر و لۆژیكێك لە ڕۆماندا وەریناگرێت. وەك ئەوەی لە لاپەڕە( 183 ) دا، باس لەوە دەكات كە وێنەی ساكاری مەلۆتكەیان، بە مۆنتاژو فۆتۆشۆپ، كردووە بە كۆمەڵێ چەكدار، كە لای ماڵی قومری بوونیان هەبوو ە و پاساوی بۆرردومانەكەش ئەمەیە. ئەم وەسفە نا هونەریی و نائستاتیكییانە، بە داخەوە دەرەنجامی درێژداڕی ڕۆمانەكەیە. ڕۆمانەكە، ناوی لە ژووانی كۆڤیدەكانە، بەو مانایەی دەبێ ڕەنگدانەوەی سەردەمی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ئەو هەڵومەرجە كۆمەڵایەتییەی ژیانی مرۆڤەكان بێت، كەچی ڕۆماننووس نەیتوانیوە لە گێڕانەوە و گوزارشتكردن لەو ڕۆژگارە سەركەوتوو بێت، چونكە كە ڕۆمانەكە دەخوێنینەوە، لە كەمترین شوێن و گێڕانەوەدا باسی كۆرۆنا و ئەم ڤایرۆسە دەكات. بێگومان ئێمە دەزانین مەبەستی لە كۆڤیدەكان هەر تەنها ڤایرۆسی كۆرۆنا نییە، بەڵكو مەبەستی نەیارانی كوردیشە وەك توركیا و ئێران كە هاوشێوەی ڤایرۆسێكن بۆ ئێمە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت ڕۆماننووسێك پلوتی سەرەكی ڕۆمانەكەی لە بیر بكات و بە ڕووداو و گێرانەوەی لاوەكی سەر قاڵ بێت. لە ڕووی تیمەی ڕۆمانەكەشەوە، گەر سەرنج بدەین دەبینین هیجرانی پاڵەوانی ڕۆمانەكە، وێرای ئەوەی دوو كار دەكات و بژێوی تا ڕادەیەك باشە، كەچی بیر لە چوونە دەرەوە دەكاتەوە و بۆ ئەمەش نەبوونی بە فەرمانبەر لە فەرمانگەیەكی حكومی دەكاتە پاساو. لێرەدا ڕۆماننووس بێ ئەوەی هەستی پێ بكات، ڕەوایەتی دەداتە كۆچكردن و ئەو تێگەیشتنە لە ڕێی ڕۆمانەكەی لای گەنجان دروست دەكات، كە هەر كەسێك دانەمەزراو نەبووە فەرمانبەری حكومەت، با كۆچ بۆ دەرەوە بكات.
چەند هەڵەیەك لە ڕۆمانەكە:_
لە میانەی گێڕانەوەی ڕووداوەكان و درێژكردنەوەی پلوتی ڕۆمانەكە، ڕۆماننووس لە گەلێك شوێنی ڕۆمانەكەی كەوتۆتە هەڵەوە وەك:_
- لا 10 نووسیویەتی:( وەك دەرچوویەكی ئامادەیی) لێرەدا دیارە كە هیجران دەرچووی ئاماەییە وەك قۆناغی خوێندن، كەچی لە لاپەڕەی دواتر دەنووسێت:( هیچ كارم بە كەسێك نییە، كارنامەی ئەكادیمی خۆم هەیە) ئەمەش هەڵەیە، چونكە ئەوی دەرچووی ئامادەیی بێت، كارنامەی ئەكادیمی نییە.
- لا 11 نووسیویەتی:_( ئەژدیهای سێ سەرت بۆ لغاو بكا ) یەكەم كەس ناتوانێت ئەژدیها كە ئەفسانەیە لغاو بكات، دووەم: ئەژدیهای هەفت سەرە نەك سێ سەر.
- لا 17 نووسیویەتی:_( خانییەكی قیت و قۆز ) ئەگەر بەو وەسفە بێت، ئەو خانیانەی قیت نینە، نابێ جوان و ڕازاوە بن.
- لا 44 نووسیویەتی:_( وەك نەریتێكی تازە باو) نازانم ئەگەر نەریت بووە، چۆن تازە باوە و بە پێچەوانەوەش !
- لا 56 نووسیویەتی:_( ژیانی مێشەكی نەكوشتووە، مریشكێكی لە ئاو نەكردووە ) ئەوەی دەكوژرێت مێشەكەیە نەك ژیان، هاوكات ئەوەشی كە لە ئاو ناكرێت مێروولەیە نەك مریشك ! ئەم جۆرە وەسفانە، لە وەسفی ڕۆماننووسێك ناچن، زەلیل و كانگەی بەڵای نووسیبێت، كە دوو لە دیارترن ڕۆمانی نێو مێژووی ڕۆمانی كوردین.
- لا 76 نووسیویەتی:_( بۆ ماوەیەكی سنووردار ) لێرەدا، ڕۆماننووس سنوورداری بۆ كات بە كار هێناوە، كە لە بنەڕەتدا بۆ شوێن بەكار دێت و بۆ زەمەن، كاتێكی دیاریكراو بەكار دێت.
- لا 137 نووسیویەتی:_( ئەو چوار دیوارە كەڕ و ڵاڵە )، دیواری كەڕ وڵاڵ لە كوێ بوو؟ چ پێویست دەكات بە وەسفێكی ناقووڵای لەو شێوەیە، لە كەسیەتی و دەروونی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان بدەین؟ من كەو ڕستەیەم خوێندەوە، دەست بەجێ خوشكە كەڕوڵاڵەكەی خۆم كە تەمەنی چڵ ساڵە هاتە بەرچاو. ئەو ئەگەرچی زمانی نییە و نابیستە، بەڵام بەقەد سەد كەس ژیر و شارەزا و بە مێشكە، یادەوەرییەكی هێندە دەوڵەمەندو زیندووی هەیە، كە لەتەمەنی شەش ساڵییەوە شتی بیر ماوە. من هیچ كێشەیەكی تێگەیشتنم لەگەڵی نییە، چیم بوێت و چی بوێت، بە زمانی ئاماژە لە یەكتری دەگەیەنین.
- لا 138 نووسیویەتی:_( لە ئەزەل و ئەبەدەوە خوێنمان پڕە لە ڤایرۆسی كۆڤیدەكانەوە) من نازانم ڤایرۆسێك كە سێ ساڵ لە مەو بەر لە جیهاندا دۆزرایەوە، ئەزەل و ئەبەدی لە كوێ بوو؟ گەر مەبەستیشی لە دوژمنانی كورد بێت، ئیدی ناكرێت بە كۆرۆنا بیانچوێنێت لە ڕووی مێژووییەوە، چونكە پەتای مێژوویی تر، هەزاران ساڵ بەر لە كۆرۆنا بوونی هەبووە.
- لا 159 نووسیویەتی:_( جارەهای جار كەسانی دەست و زمانپاك لە جیاتی گوناحبارانەوە بوونەتە دۆزەخنشینی دنیا و قیامەتەوە ) ئەگەر بە پێی ئەو بۆچوونەی نووسەر بێت، ئەوا دەبێ بەس دۆزەخ هەبێت بەهەشت نا، چونكە كەسانی بە زمان و پاكیش لە قیامەتدا هەر دەبنە دۆزەخنشین، ئیدی بەهەشتمان بۆ چییە؟ ڕۆماننووس بێ ئەوەی هەستی پێ بكات، لەو گوزارشتكردنە كەوتۆتە هەڵەوە !
- لا 188 نووسیویەتی:_( ڕەشماڵێكی ڕەشكۆڵە) ڕەشماڵ خۆی ڕەشە، ڕەشكۆڵەی ناوێت !
- لا 224 نووسیویەتی:_ ( بۆچوونەكانی خۆم هەموار دەكەمەوە ) نازانم بۆچوون چۆن هەموار دەكرێتەوە؟!
زمان:_
یەكێك لە دیارترین هەڵەكانی زمان و ڕێنووس لە ڕۆمانەكەدا، كە بەدرێژایی ڕۆمانەكە دووبارە دەبێتەوە ئەوەیە، كە ڕۆماننووس جیاوازی لە نێوان ( و ) وەك ئامرازی لێكدەرو( و )ی بونیادی وشە نەكردووە، بە جۆرێك ( و) لێكدراوی نێوان دوو وشە و ڕستە، بۆتە بەشێك لە وشەكان، كە ئەمەش لە ڕووی ڕێزمانییەوە هەڵەیەكی زەق و جێگەی سەرنجە بۆ ڕۆماننووسێك، كە تەمەنێكی لەگەڵ ڕۆمان بردۆتە سەر. ئەم شێوازە لە نووسین، وایكردووە زمانی ڕۆمانەكە زۆرنامۆ و نا ڕێزمانی بێت، كە پێ ناچێت هەمووی هەر هەڵەی چاپ بێت . بۆ نموونە با سەرنج لەم وشانە بدەین:_( دڵۆپدلۆَپ، خولیدەخواردەوە، گلیو گازاندە، كەسنەناسو بێداكوباب، ئاسایو، گەنیو، بەختەوەریو، بۆیدەركەوت، تووڕەییو، بێگوناحو، حیزبو، لە یەكترنزیكدەكەوتینەوە، كەسو، پووشوپەڵاشو، فرمێسكڕشتنو، شارەزاییو، ماڵو سامان ) ئەمانەو سەدان وشەی تر، كە لە ڕووی ڕێزمانییەوە بە هەڵە نووسراون و زمانی ڕۆمانەكەیان تێكداوە. دواجار دەڵێم ژووانی كۆڤیدەكان، بە داخەوە لە نووسینی ئەزموونی ڕۆماننووسێك ناچێت، كە تەمەنێكی لەگەڵ ڕۆمان بردۆتە سەروو ئەو ڕۆمانە، لە ڕووی نووسینەوە، سەد فرسەخ لە دواوەی ڕۆمانی كانگەی بەڵا و زەلیلن، كە ئێستاش لە چێژ و جوانی خۆیان نەكەوتوون.
- پەراوێز: لە ژووانی كۆڤیدەكاندا، ڕۆمان، نووسینی: حسام بەرزنجی، ساڵی چاپ 2020_
*ئەم بابەتە لە هزرو هونەری ڕۆژنامەی خەبات بڵاوكراوەتەوە.