بۆچی ڕانکی زانکۆکانی کوردستان لەپاشەکشێدان؟.. د.حیکمەت نامیق

زانکۆ تا ئەو جێگەیە پڕبایەخە کاری توێژینەوەو سەربەخۆیی بێت، کە دەڵێم سەربەخۆیی واتە دووربێت لە دەستتێوەردانی حیزبی و سیاسەتکردن و عەقڵیەتی بازرگانی و کاری بزنس و نمایشکردن. زانکۆ لەهەموو شوێنێکدا کاری بەرەوپێشبردنی زانست وئەکادیمایە لەپاڵ ئەمەش ئەرکی مامۆستاو قوتابیانە هەوڵبدەن ڕۆڵی ڕۆشنبیر و گۆڕینی کۆمەڵگا بدەن لەقۆناغێکی مێژوویی پاسیف بەرەو قۆناغێکی گەشەکردووی هۆشیار. لێرەوە ئەزموونی زانکۆ ئەرکی بەتەنیا ئەکادیمیاو دیسپلین و وەرگرتنی بڕوانامەی ڕووت نییە بەئەندازەی ئەوەی داهێنان و کرانەوە و ئازادی و گۆڕانکارییە لەهەموو ڕووەکانی ژیانی مرۆڤدا. پرسیار ئەوەیە چەندین زانکۆ لەکوردستانداهەن، کەچی کۆمەڵگاو مێنتاڵیتی کۆمەڵگا هەروەک خۆیەتی نە زانایەک نە داهێنانێکی تازەی زانستی ڕووی نەداوە لەهەردوو کایەی زانستە پەتی و مرۆڤایەتییەکاندا، هەروەها کۆمەڵگا بازی نەداوە بەهۆی ئەنجامگیرییەکانی زانکۆ لەقۆناغێکی ڕاگوزەرییەوە بۆ قۆناغێکی پێشکەوتوو.
ئەوەی لەزانکۆکانی کوردستاندا دەگوزەرێن تەنیا نمایشێکی بەتاڵە، چونکە کار لەسەر ئەو بنچینانەی کە دەبنە هۆی گەشەکردن و پێگەیاندنی قوتابیان و مامۆستایان ناکەن. هەروەها لێرە ئیدارەدانی زانکۆکان لەسەر لێهاتوویی و کارامەیی و توانستی کەسەکان نییە بەپێچەوانەوە لەسەر بنەمای حیزبی و سیاسەت و کوتلەو کوتلەکارییە. هەروەها زانکۆ حکومی و ئەهلییەکان هاندەری مادی مامۆستا نین تاوەکوو توێژینەوە بکەن، بەڵکو چەندین ساڵە زانکۆکان تووشی قەیرانی مادیی قووڵ بوون خاوەن سەربەخۆیی دارایی نین تاوەکوو مامۆستا توێژینەوە لە گۆڤارە پێشکەوتووەکان بڵاو بکاتەوە. کاتێ زانکۆ سەربەخۆیی ئابووری نەبوو چاوەڕێی چی لە داهێنانی ئەکادیمستەکان دەکەن، هەرچەندە قەیرانی دارایی گشتگیرە تەواوی سێکتەرەکانی کۆمەڵی گرتۆتەوە، بەڵام زانکۆ دامەزراوەیەکی یەکجار گرنگە بۆ داهێنان و دۆزینەوەو کەشفکردن و پێشبینیکردنی دیاردەکان. ئەرکی ئەکادیمستەکان کارکردنە لەسەر پێگەیاندنی قوتابی و بڵاوکردنەوەی توێژینەوەو چەندین ئەرکی تر، بەڵام کاتێ مافی ئەکادیمستەکان فەراهەم نەبوو ئەوا ئەرکیان بەرەو سستی وناچالاکی هەنگاو دەنێت. هەروەها زۆرێک لە بەرپرسەکانی زانکۆ و کۆلێژەکان لەسەر بنەمای ئەکادیمی و توانستی زانستی دانەنراون، بەڵکو وەک ئاماژەمان بۆکرد لەسەر بنەمای ئینتیمای حیزبی و ئینتیمای سیاسی و کوتلەو گرووپە بەرژەوەندخوازەکان دیاریکراون ئەوەش هۆکارە بۆ پاشەکشەی ئاستی زانستی زانکۆکان. خاڵێکی دیکە پەیوەندی بەهەژموونی بازرگانی و بزنسسەوە هەیە، بەتایبەتی لەنێو زانکۆ ئەهلییەکاندا ئەمەش گەورەترین لێدانە لە ئەکادیمیا، چونکە ئەم جۆرە سەرمایەدارییە بڕوانامە دەکاتە وەرەقەیەکی بێ کەڵک و ئاستی زانستی دادەبەزێنێت بۆ دامەزراوەیەکی سەرمایەداری تەماعکارو مەکینەی وەبەرهێنان وبەرخۆری و دابەشکردنی بڕوانامە. لێرەوە ئەرکی زانکۆ دەگۆڕێت لە دەزگایەکی مەعریفی بەرهەمێنانەوە بۆ دامەزراوەیەکی بەرخۆری مادی ڕووت. بۆئەوەی زانکۆ گەشە بکات کۆمەڵگا بەرەو پێشەوە ببات دەبێ داماڵرێی لە دەستێوەردانی حیزبی و کاری بزنس و بازرگانی، هەروەها بەرزکردنەوەی کواڵێتی و ڕانکی زانکۆکان پێویستە گرنگی زیاتر بە کەسانی ئەکادیمست بدرێت لەسەربنەمای خودی زانست و لێهاتوویی و کارامەیی کەسەکە نەوەک شتی تر. لەگەڵ سەربەخۆیی دارایی و فەراهەم کردنی هەموو پێداویستییە مادیی و فیزیکییەکان، هەروەها ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار لەڕووی باڵەخانەو کەمپسەکان. دەبێ ئەزموونی زانکۆ بۆ قوتابی بکرێتە ئەزموونی فێربوون و داهێنان و دروستکردنی پرسیاری قووڵی زانستی.

د.حیکمەت نامیق




گرۆتێسک، ئەبسورد، شانۆی پۆڵەندی و سلاڤۆمیر مرۆزێک-١-.. زاهیر عەبەڕەش

سلاڤۆمیر مرۆزێک (١) یەکێکە لە گرنگترین نووسەرانی پۆڵەندای نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم. لە پۆڵەندای زێدی خۆی و لە وڵاتانی دیکەی جیهاندا ڕێزی لێدەگیرێت. ناوبانگی جیهانی بەدەستهێناوە، یەکێکیش لە هۆکاری بڵاوبوونەوەی ناوی مرۆژک لە دونیای ئەدەب و شانۆد و وەک نووسرێکی ئەبسورد ڕەخنەگری شانۆی ئینگلیزی مارتن ئێسلین بوو Martin Esslin (٢)، کە مرۆزێک لە شانۆنامەنووسانی ئەبسوردا ڕیزبەند دەکات، لە کتێبەکەیدا بە هەمان ناو (شانۆی ئەبسورد)، کە لە ساڵی ١٩٦١دا بڵاوکرایەوە.
لە وڵاتانی بلۆکی ڕۆژهەڵاتدا، مرۆزێک زۆرجار وەک نووسەرێکی ناڕازی و دژە ڕێژیم ناوزەد کرا، لە کاتێکدا لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا لە نێو نووسەرانی شانۆی بێمانادا جێگیر بووە، ئەو لە ناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا حزبی شیوعی بەجێدەهێڵێت، ئایدۆلۆژیاکەی ڕەتدەکاتەوە، هەڵوێستی ڕەخنەیی خۆی پیادەدەکات و لەڕێگەی نووسینی چیرۆکی تەنزئامێز و گاڵەجاڕانە و نووسینی ستوونی ڕۆژنامەوانی، ئەو جگە لەوەی کە نووسەرێکی دیاری دەقی شانۆ و چیرۆک بوو، هاوتەریب ڕۆژنامەنووسێکی دیار بوو بەر لەوەی دەقی شانۆ بنووسێت، ئەو ئەزموونی ڕۆژنامەوانی خۆی بە گرنگییەکی یەکجار زۆر دەزانێت بۆ ڕەوتی زیاتری کارەکانی، چونکێ بەشێکی زۆری دەقەکانی دواتر لەسەر بنەمای گاڵتەجاڕی، پارۆدۆکسی و گرۆتێسک نووسیووە. کۆمەڵێک چیرۆکی ناوازەی هەیەکە شێوازی کۆمێدییای ڕەش ساتیری بەکارهێناوە.
یەکێک لەو نموونانە کە بڵاوی کردۆتەوە بە ناوی SLON سۆلۆن بە زمانی پۆلۆنی بەواتای فیل، یەکێک لە چیرۆکە درێژەکانی ناوی فیلە کە لەساڵی ١٩٥٧ بڵاوکرایەوە، لە چیرۆکەکەدا، بەڕێوەبەری باخچەی ئاژەڵان بۆ ئەوەی پارە کەمتر خەرج بکات، قازانجێکی زۆر بکات فیلێکی ڕاستەقینە ناکڕێت، بەڵکو فیلێکی هەواپڕ ( لاستیکەو لە شێوەی فیلی ڕاستەقینە ) دادەنێت.
ئەمە هێمای ئەو سیستەمانەیە کە بە درۆ و ڕووکار کار دەکەن، مرۆژێک بە شێوەی ڕەمزی ڕەخنە لە سیستەمی کۆمۆنیستی ئەو کاتە دەگرێت. ئەو سیستەمەی کە زۆرجار ڕووکار و پروپاگەندەی گەورە دروست دەکات، بەڵام ناوەڕۆک بەتاڵە. فیلە هەواییەکە تەنها ئاژەڵێک نییە، بەڵکو ڕەمزێکە. کاتێک فیلە ڕەشەبا دەیبات دەفڕێت، منداڵان باوەڕیان بە هەموو شتێک لادەچێت. ئەمە هێمای ئەوەیە کە کاتێک درۆ ئاشکرا دەبێت، متمانەی خەڵک تێکدەچێت. پەیامی چیرۆکەکە ئەوەیە کە دەڵێت: ئەگەر کۆمەڵگا لەسەر درۆ و ساختەکاری بنیات بنرێت، ئەوا فشەڵ دەبێت وڕۆژێک دادێت کە هەموو شتێک داڕمێت.
دەستپێکی مرۆژک وەک شانۆکار:
دەستپێکی کاری چالاکی شانۆیی مرۆزێک لەگەڵ گروپی شانۆیی خوێندکارانی “بیم بۆم Bim-Bom” بوو لە شاری گدانسک. هەروەها یەکەم نووسینی دەقی شانۆیش بە ناوی پۆلیس بوو ( (The Policemen بوو کە لە ساڵی ١٩٥٨ نمایشکر. لە پاشاندا بەردەوامی بە نووسینی دەقی شانۆیی دەدات، بەڵام دوای نووسینی دەقی تانگۆ و نمایشکردنی لە ناوەڕاستی شەستەکاندا دەنگدانەوەیەکی زۆری دەبێت لە سەرانسەری جیهاندا، یان لانیکەم لەسەر ئاستی ئەوروپی ناسرا. لەم ماوەیەدا دەبێتە شانۆنامەنووسێکی پێشەنگی پۆڵەندی، شانۆنامەی تانگۆ خاڵی وەرچەرخان لە کارەکانی مرۆزێکدا دیاری دەکات، هاوکاتیشە لەگەڵ بەجێهێستنی زێدی خۆی، سەرەتا ئیتالیا، مەسیک و پاشان لە فەرەنسا نیشتەجێ دەبێت.
هەروەها شانۆ نامەی تانگۆ یەکەم شانۆنامەی درێژی مرۆزێکە، کە گۆڕانکارییەکی بابەتیی و تایبەتی بەرەو بابەتگەلێکی گشتگیرتر دەبات، کە زیاتر بۆ بینەرێکی ئەوروپی ڕۆژئاوا قبوڵکراوە، بە کەمتر ئاماژەی بۆ کێشەکانی واقیعی پۆڵەندی بوو.
ڕەخنەگری کرواتی میرنا سندیچیچ سابلیۆ(٣)، کە شارەزایە لە ئەدەبی بەراوردکاری، قۆناغی مرۆژک دەکات بە دووبەشەوە، قۆناغی پێش کۆچکردنی مرۆژک و دوای کۆچکردنی بۆ وڵاتانی دەرەوە،. ئەو دەڵێت، دوای بەجێهێشتنی پۆڵەندا لە شیعریەتی ئەبسوردیسم دووردەکەوێتەوە، بەڵام کاتێک دەچێتە ئەوروپای ڕۆژئاوا. ڕەوایەتی دانانی دەقە شانۆییەکانی سلاڤۆمیر مرۆزێک لەناو کۆنتێکستی شانۆی ئەبسوردا دەخرێتە ژێر ڕوناکییەوە، شەنو کەوی بابەتەکانی دەکرێت، هەندێک پرسیار دەخەرێنە ڕوو کە ئایا چۆن دەقە درامیەکانی مرۆژک جیاوازە لە دەقەکانی بێکێت و ئیۆنێسکۆ، چەندیش خاڵی هاوبەشیان هەیە. ئیدی دوایی پێ لەسەر ئەوە دادەگیرێت کە کارەکانی مرۆزێک بە نەریتی درامای گرۆتێسکی نێوان جەنگەکانی پۆڵەندییەوە دەبەسترێتەوە و لە ڕێگەی شیکردنەوەی دەقە درامیەکانیەوە، دەرکەوتنی ئەبسورد و گرۆتێسکەکان و پەیوەندییەکانیان، لە چوارچێوەی کارەکانی مرۆزێکدا لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دەکرێت.

شانۆی دوای جەنگی جیهانی لە پۆڵەندا و پێشوازیکردن لە ساموێل بێکێت:

شانۆی پۆڵەندی نەریتێکی بەهێزی ناوازەی هەیە، ڕەگ و ڕیشەی لە سەردەمی ڕۆمانسیدا هەیە. لە ماوەی نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی کارەکانی جێرزی گرۆتۆڤسکی و تادێوس کانتۆرەوە بوو بە یەکێک لە شانۆ پێشەنگەکانی جیهان.
ساڵی ١٩٥٦ یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی وەرچەرخان لە کولتوری پۆڵەندا، چونکێ کۆتایی هاتنی پرۆسەی داماڵینی ستالینیزمە، کە ساڵانێک ڕیالیزمی سۆسیالیستی و ژدانۆڤ(٤) زاڵبوون بەسەر بەرهەمە هونەریەکاندا. وردە وردە کۆنترۆڵی حکومەت بەسەر هونەری جۆراوجۆر و ئەدەبدا دا لاواز دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی چەندین بەرهەمی فیلم و شانۆی ناوازە، کە ژدانۆڤ و ڕیالیزمی سۆسیالیستی خەریکە کاریگەری خۆیان لەدەست دەدەن و فەزای بۆ شێوازی نوێی دەربڕین دەکرێتەوە. پۆڵەندا خەریکە بەڕووی ڕۆژئاوادا دەکرێتەوە، بە بەرهەمی درامی و شانۆی هاوچەرخی وڵاتانی دیکە ئاشنا دەبێت، لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە نەریتی درامای ئاڤانگاردی خۆی لە نێوان جەنگەکانی پۆلۆنیادا دەناسێت. کە مرۆزێک خۆی بە درێژە پێدەری ئەدەبی دوای جەنگ دەزانێت .
دوای جەنگی جیهانی دووەم، بەرهەمەکانی ستانیسلاڤ ئیگناسی ویتکیڤیچ، ویتۆڵد گۆمبرۆڤیچ و برۆنۆ شوڵتز(٥) بڵاودەکرێنەوە و نمایش دەکرێن، ئەمەش شاهیدی بەهێزی نەریتی ئەدەبی نێوان جەنگەکانی پۆڵەندییە.
هەروەها شانۆکانی پۆڵەندی دەست دەکەن بە نمایشکردنی بەرهەمی مۆدێرن و نووسینی نووسەرانی بەناوبانگی ئینگلیز-ئەمریکی، وەک جۆن ئۆزبۆرن و تێنسی ویلیامز و ئارسەرەرمیلەر و فریدریش دورێمات، هاوشان گۆڤاری دیالۆگ ڕۆڵێکی گرنگی لە مێژووی شانۆ و درامای دوای جەنگی پۆڵەندا هەبوو. دیالۆگ لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٥٦ دەستی بە بڵاوکردنەوە کرد، بە پلەی یەکەم بەهۆی ئادەم تارن کە ماوەیەکی زۆرسەرنووسەری گۆڤارەکە بوو. مەبەستی تارن ئەوە بوو کە چۆنێتی نمایشەکان بەرزبکاتەوە و بینەری پۆڵەندا ئاشنا بکات بە بەرهەمهێنانی درامای هاوچەرخ، کاریگەری لەسەر شانۆنامەنووس و ڕەخنەگران هەبێت. گۆڤارەکە جگە لە دەقی ڕەخنەیی، لە هەر ژمارەیەکدا شانۆنامەیەکی پۆڵەندی و یەک شانۆنامەی بیانی بڵاوکردەوە. لە ژمارەی یەکەمدا وەرگێڕانی بەشێک لە شانۆنامەی لە چاوەڕوانی گۆدۆی بێکێت بڵاوکرایەوە(٦). ئادەم تارن شارەزایەکی باشی هەبوو لە ئەدەبیاتی فەرەنسی و شانۆی ئەبسورد، ئەوەش بووە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاری شانۆیی لە پۆڵەندا. بەهۆی ئەو باردو دۆخە داگیرکاریە ئەدەب، شانۆی ئەبسورد ڕەواجێکی زۆری دەبێت. هەندێک گروپ پەیدا دەبن کە بەرهەمەکانی شانۆنووسانی ئەبسورد بەرهەم دەهێنن. گۆڤاری دیالۆگ هەموو بەرهەمەکانی بێکێت و چەندین وتاری لەسەر شانۆی ئەبسوردی وەرگێرایە سەر زمانی پۆلۆنی و بڵاوی کردەوە، سەرەڕای دابڕانی پۆڵەندا لە جیهانی ڕۆژئاوا، بوونی بێکێت لە پۆڵەندا زیاتر لە بەرچاو بوو. جگە لە پۆڵەندا، شانۆنامەکانی ساموێل بێکێت بەگشتی تا ساڵی 1989 لە وڵاتی هەنگاریاو یوگسلاڤیا و لە هیچ وڵاتێکی بلۆکی ڕۆژهەڵات نمایش نەکرا.
لە سەردەمی یەکێتی سۆڤیەت و باڵادەستی کۆمۆنیستەکان ڕەخنەیەکی لە ڕادەبەدەر فەرمی، توند و بەربڵاو لەسەر لە ئەبسوردیەت و شانۆنامەکانی بێکێت هەبوو، دەوڵەت هەندێ ڕەخنەگرانی شانۆ و ئەدەبی سەربە خۆیان هەبوو، کە پێیان دەوت ڕەخنەگری فەرمی ئەم کەسانە تێستەکانی بێکت و تەوژمی نووسەرانی هاوچەریی ڕەخنە دەکرد. ئەوانیش وەک نیشانەی دابەزین و جیهانی سەرمایەداری ڕۆژئاوا لێکیان دەدایەوە.نەک هەر لە وڵاتانی بلۆکی ڕۆژهەڵات بەڵکو لە ناو کوردستان و دەوڵەتانی عەرەبییش بەهۆی ئەندامانی پارتە چەپ و کۆمۆنیستەکان هەڵگری ئەم خیتابە بوون، لە لای پارتە کۆمۆنیستەکان هێرشێک بوو بۆ سەر سەرمایەداری، نەک لێدانەوە فەلسەفیەکەی. لە پۆڵەندا نمایشی چاوەڕوانی گۆدۆ هەر لە مانگی یەکی ساڵی ١٩٥٧ لە شانۆی( تیاتر وسپۆلچێسنی ) نمایشکرا، تەنها ساڵێک دوای یەکەم نمایشی هەمان دەق لە لەندەن و دبلن و چوار ساڵ دوای یەکەم نمایشی پاریس. یەکەم نمایشی شانۆی چاوەڕوانی گۆدۆت لاپەڕەیەکی نوێی لە شانۆی دوای ستالینی پۆڵەندا کردەوە، هەروەها شانۆنامە گرنگەکانی دیکەی بێکێت زۆر بە زوویی دوای نمایشکردنی یەکەمی فەرەنسی یان ئینگلیزی لەسەر شانۆکانی پۆڵەندا نمایشکران وەک (کۆتایی گەمەکە لە ساڵی ١٩٥٧ و دوا شریتی کراپت لە ساڵی ١٩٥٩).
هەروەها گۆڤاری دیالۆگ، خوێنەرەکانی خۆی بە وەرگێرانی بەرهەمی نووسەرانی دیکەی شانۆی ئەبسورد ئاشنا کرد وەک ئارسەر ئادامۆڤ، یوجین ئیۆنێسکۆ، ماکس فریش و ئێدوارد ئەلبی ، کە ئەوانیش کاریگەرییەکی بەرچاویان لە ناسین و پێکهاتنی شانۆی ئەبسورد لە هەبوو، هەروەها دەقە شانۆیەکانی شانۆنامەنووسانی پێشەنگی پۆڵەندی، وەکو سلاڤۆمیر مرۆزێکبڵاو کرایەوە.
نمایشی شانۆیی ئەبسورد لە پۆڵەندا دەنگدانەوەیەکی بەهێزی هەبوو، لەنێو شتەکانی تردا گۆڕانکاری جوانیناسی لەناو خودی نمایشەکاندا درووست بوو، لەگەڵ دوورکەوتنەوە لە ڕیالیزمی دەروونی لە نواندندا.
شانۆی ئەبسورد لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا:

شانۆی ئەبسورد، شانۆی نوێ، شانۆی گاڵتەجاڕی، دژە شانۆ و شانۆی ئاڤانگارد(٧) ئەو زاراوانەن کە زۆرترین جار پەیوەستن دەقی نووسەرانی شانۆ، بەتایبەتی فەرەنسی، لە ساڵانی پەنجا و شەستەکاندا، وەک دەقە درامیەکانی ساموێل بێکێت، یوجین ئیۆنێسکۆ، ئارسەر ئادامۆڤ و ئەوانی دیکە. ئەم نووسەرانەش پەیوەندییان پێوە بە هەمان شێوە پەیوەندیان بە شانۆی، ئەبسورد و گرۆتێسک و شانۆی ئاڤانگاردەوە هەیە (وەک ژان تاردیۆ، جان جینێت، ڕۆبەرت پینگێت، بۆریس ڤیان، هارۆڵد پینتەر و هتد) ئەم ناوانە ئەڵقەیەکی یەکجار گرنگن لە مێژووی ئەدەبیاتی سەدەی بیستەمدا.
ئەم نووسەرانە شێوازی دامەزراوەکانی پێشتر بۆ داڕشتنی دەقی درامیان ڕەتکردەوە و کاریگەرییەکی یەکلاکەرەوەیان لەسەر پەرەسەندنی نووسینی درامادا لە نیوەی دووەمی سەدە ڕابووردودا هەبوو. ئەم نوسەرانە لە ساڵانی سەرەتای ژیانیاندا پێشوازییەکی باشیان لێ نەکرا، نە لەلایەن ڕەخنەگرانەوە و نە لەلایەن بینەرەوە، بەڵام ئەمە لە ناوەراستی سەدەی بیستەم بەدواوە واتە لە دوای ساڵەکانی ١٩٥٠ ندا گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەسەردا هات. دوای چەند ساڵێکی کە بەسەر کۆتایی جەنگی دووەمی جیهان تیشکیان خرایە سەر و خوێندنەوەیان بۆکرا. دوای بڵاوبوونەوەی ناوبانگی زیاتری ساموێل بێکێت و یوجین ئیۆنێسکۆ، چەندان نووسەری تر هەوڵیاندا کۆپی بێکت و ئێۆنیسکۆ بکەنەوە و جێگا پییان هەڵبگرن، بەرهەمی ئەوان و چەندان نووسەی شانۆی ئەبسورد لە لایەن ڕەخنەگران و توێژەرەوان لە ژێر چەند بڕگەیەکدا پۆڵین کران، کە جیاواز بێت لە نووسەرانی پێش خۆیان، بە تایبەتی تر لە کۆتاییەکانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو و سەرەتای سالانی شەستەکان ڕەخنەگرانی وڵاتانی جیاواز دەستیان کرد بە تێبینیکردنی لێکچوون لە کارەکانیاندا، پەیوەستکردنیان بە نەریتێکی دیاریکراو، نووسین لەسەرئەو شێوازە دەنگێکی جیاواز بوون، بە شێوەکی دیار تاکگەرایی لە بەرهەمەکانیاندا هەبوون، وەک بەشێک لە گروپێکی ئەدەبی دیاریکراو.
زاراوەی شانۆی ئەبسورد لەلایەن ڕەخنەگری ئینگلیزی بەناو بانگ مارتن ئێسلین لە سەرەتای شەستەکاندا داڕێژراو و ئاماژەی پێکرا، لە شوێنێکی ترد بە درێژی دێمەوە سەر کتێبە گرنگەکەی بە ناوی شانۆی ئەبسورد The Theatre of the Absurd . ئێسلین کۆمەڵێک شانۆنامەنووسی دوای جەنگ کۆدەکاتەوە و بەیەکەوە دەیانبەستێتەوە ناویان دەنێت ئەبسوردیزمیەکانی دوای جەنگ، هەرچەندە هەموویان یەک قوتابخانە یان بزووتنەوەیەکی ئەدەبی پێک ناهێنن و کارەکانیان تەواو لەیەکترجیاوازە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە هەریەکەیان ڕەگ و ڕیشە و ڕێبازی داهێنەرانەی خۆیان هەیە. هەریەکەیان دیدگای تایبەتی خۆیان بەرامبەر بە بیهودەیی ئەبسورد و تاکگەرایی هەیە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەندێک لێکچون لە کارەکانیاندا هەیە. مارتن ئێسلین ڕۆڵێکی سەرەکی لە ناسین و پێشوازیکردن لە بێکێت، ئیۆنێسکۆ و شانۆنامەنووسانی دیکە بینی، کە لە کتێبی شانۆی ئەبسوردا ئاماژەیان پێدەکات. تەنها ئیسلین نەبوو لە گەورەبوون و تیشکخستنە سەر ناوبانگیان، بەڵام ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە ناساندنی بێکێت و ئیۆنێسکۆ، ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لەو پرۆسەیەدا و پشکی شێری بەردەکەوێت.
ئێسلین هەندێک تایبەتمەندی هاوبەش لە بەرهەمی شانۆنامەنووسانی دوای جەنگدا دەناسێتەوە، هەرچەندە بە ڕوونی جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەوان گروپ و قوتابخانە نین، و ناوێکیان پێدەبەخشێت کە تا ئەمڕۆش بەردەوام بووە، سەرەڕای ڕەخنە و مشتومڕێکی زۆر، و کە زۆربەی کات پەیوەستە بەو شانۆنامەنووسانەی کە ئاماژەی پێدەکات.
مارتن ئێسلین، ئەم نووسەرانە بە نوێنەری شانۆی ئەبسورد دەزانێت وەك ( بێکێت، ئیۆنێسکۆ، کە هەندێک لە ڕەخنەگران دەیگەڕێننەوە بۆ شانۆنووسانی فەرەنسی، بەڵام دوای ئەوان هەندێک شانۆنووسانی تر پەیوەست بەم چەمکەوە دەکرێت وەک، ئادامۆڤ، جینێت، پینتەر، تاردیۆ، ڤیان، بوزاتی، دی پێدرۆل، ئاراباڵ، فریش، هیلدێشایمەر، گراس، ڕۆبەرت پینگێت، سیمپسۆن، ئەلبی، گێلبەر، کۆپیت، هاڤێل، ڕۆژێلیڤیچ و سلاڤۆمیر مرۆزێک ) (٨) ئەڵقەیەکی زۆر گرنگن لە مێژووی ئەدەبیاتی سەدەی بیستەم
لە دەقە درامیەکان و شانۆنامەنووسانی ئەبسورد چەندین لێکچوون هەیە: دەقەکانیان ڕەنگدانەوەی سەرقاڵی بنەڕەتی و کەشوهەوای ڕۆحی قۆناغی دوای جەنگە، جیهان وەک شوێنێکی تێنەگەیشتوو و نامۆ وێنا دەکەن، کات و شوێنی کردارەکە بە وردی پێناسە نەکراوە، کارەکتەرەکان زۆرجار کەسایەتییان نییە، لە بوکەڵە دەچن، زۆرجار تەنانەت ناوی خۆیان نییە، و بێهێواییان هەیە دیالۆگەکان کە لە دەستەواژەی و دەربڕینی یەک فۆرمی، دووبارە بوو و یەک شێوەییە. ئەو دەقانەی کە ئەو نووسەرانە نووسیویانەوە پێهەڵگرانیان بەردەوامن، پێیان دەوترێت antidramer دژە دراما، چونکە بنەما سەرەکییەکانی دراماتۆرگی ئەرستۆ ڕەتدەکەنەوە. ڕوداو و دیمەنەکان (پڵۆتەکە) لە سەرەتاوە تا لوتکە بۆ چارەسەرکردن گەشە ناکات، بەڵام لە ڕووی لۆژیکییەوە ڕووداوە بێ پاڵنەرە پڕ لە دژایەتییەکان ڕیزبەندی دەکرێن، یان بارودۆخی ئیستاتیکی دەخاتە ڕوو کە جەخت لەسەر بێمانایی بارودۆخی مرۆڤ دەکەنەوە.نووسەرانی شانۆی ئەبسورد لەیەکتر جیاوازن، مامەڵە لەگەڵ بابەت وتەوەری جیاوازدادەکەن ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانرێت هەندێک لێکچوون لە کارەکانیاندا بەدی بکرێت. ئەم نووسەرانە ڕۆڵێکی سەرەکییان لە پەرەپێدانی درامای مۆدێرن بیننوە، دەربڕینی شانۆییان نوێکردەوە و جەختیان لەسەر گرنگی زمانی شانۆیی کردووە، زەمینەیان بۆ شانۆنووسانی دوای خۆیان خۆشکردووە کە ئیلهامیان بەخشیون.
بێمانایی، بێهێوایی و گرۆتێسک لە ژمارەیەکی زۆر لە دەقە درامیەکانی سەدەی بیستەمدا دەردەکەون، کە زۆربەیان ئەو نەریتە ئەدەبییانە ڕەتدەکەنەوە کە تا ئەو کاتە باو بوون. بەڵام ناکرێت هەموویان بە نوێنەری شانۆی ئەبسورد هەژمار بکرێن. ڕەخنەگران بۆچوونی جیاوازیان دەربڕیوە پرسیاریان کردووە لە بەرامبەر ناوهێنانی ژمارەیەکی زۆر بە شانۆ نووسانی ئەبسورد لەلایەن ئێسلینەوە لەناو ئەم ژانرەدا. جین جینێت دیارترین نموونەیە، بەڵام ناوهێنای سیمپسۆن و ئەلبی و ستۆپارد(٩) لە شانۆی ئەبسورد جێگەی مشتومڕە.
جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان شانۆنووسانی ڕێبازی ئەبسورد هەیە. زۆرێک لە نووسەرانی دوای جەنگ باس بابەتەکانی وەک دڵەڕاوکێ، لەدەستدانی ناسنامە و باوەڕ، دڕندەیی، ناعەقڵانییەتی جیهان، پەنا بۆ گرۆتێسک یان کۆمیک یاخود وتنی نیو ڕستە ، دەربڕینێک، قسەیەک (فراسێک) وەک ئامرازی دەربڕین و تەحەدای دراما تۆرگی و ڕێکەوتننامەکانی و نووسینی درامای نەریتی دەکەن.
بۆیە ئەو تایبەتمەندییەی کە پێشتر باسمان کرد لە بەشێکی زۆری درامای سەدەی بیستەمدا لە بەراوردکردنی ژمارەیەکی زۆری شانۆنامەنووسانی تایبەت لە ئەدەبیاتی نەتەوەیی جیاوازدا لەلایەن ئێسلینەوە پۆڵێن کردنیان بە نووسەرانی شانۆی ئەبسورد ڕەنگە ڕەوا نەبێت. بەرچاوترین بەرهەمەکانی شانۆی ئەبسورد لە فەرەنسا و ئەمریکا نووسراون. شانۆنامەنووسانی فەرەنسی و ئەمریکی هەمان تەکنیک بەکاردەهێنن، بەڵام پاڵنەر و جیهانبینییان جیاوازە. شانۆنامەنووسە ئەمریکییەکان، وەک ئەلبی یان کۆپیت، باوەڕیان بەوە نییە کە ژیان بەڕاستی بێمانایە، ئەم تایبەتمەندییە تەنیا بۆ کۆمەڵگا دەگەڕێننەوە، پێیان وایە دەتوانێت بگۆڕێت. دەقە درامیەکانیان زیاتر ئەخلاقی و ڕوونکردنەوە و گەشبینین، لە کاتێکدا شانۆنامەنووسانی فەرەنسی (٩) زیاتر خۆیان لە وێناکردنی بارودۆخی مرۆڤدا سنووردار دەکەن و گۆڕانکاری ڕیشەیی و ئەگەرەکانی گۆڕانکاری ڕیشەیی پێشنیاز ناکەن.
لە کۆتایی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا، لە وڵاتانی ئەوروپای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵات، ئەو دەقانەی نووسران و نمایش کران، کە ڕەخنەگران لە نێویاندا مارتن ئێسلین، لە شانۆی ئەبسوردا پۆلێنین کرد. ئەوەش وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا دوای مردنی ستالین بوو، کە بەشێوەیەکی زۆر کەم و ڕێژەیی ئازادی هەبوو لە پؤلەندا، دەرکەوتنی شانۆی ئەبسورد لە پۆڵۆنیا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٥٦، و کۆتایی هاتنی لە ساڵی ١٩٦٥ بە تایبەتی ئەو ساڵەی کە نمایشی شانۆیی تانگۆی مرۆژێک پێشكەش کرا.
دزەکردنی پێکردنی ئەبسوردیزم بۆ ناو دەقە ئەدەبییەکان لە سەردەمی باڵادەستی ڕیالیزمی سۆسیالیستیدا ڕێگری لێکرا، چونکە لەگەڵ ئایدۆلۆژیای باوی دەسەڵاتداردا نەدەگونجا. ڕەخنەگرانی نوێنەرایەتی ئایدۆلۆژیای فەرمی کە سەر بە دەسەڵات بوون، هێرشیان دەکردە سەر شانۆی ئەبسورد و ئیدانەیان دەکرد بە خراپ و ڕەشبین باسیان دەکرد،
ئەوان بە بەرهەمێکی وێرانکەری ڕۆژئاوای سەرمایەدارییان سەیر دەکرد، کە بانگەشە بۆ ئەوە دەکات کە وەڵامی پرسیارە سەرەکییەکانی بوونگەرایی بوونی نییە، ئەمەش لەگەڵ ئەو ئایدۆلۆژیای کۆمۆنیستیدا یەک نەدەهاتەوە کە بانگەشە بۆ گەشبینی دەکات و ئیدیعای ئەوە دەکات کە مرۆڤ توانای گۆڕینی هەموو شتێکی هەیە. ڕیالیزمی سۆسیالیستی بانگەشە بۆ گەڕاندنەوەی سیستەمێکی بەهاکان دەکات کە لە سەردەمی شەڕدا کە لە بنەڕەتدا تێکچووە، هەر بۆیە هەڵسەنگاندنە نەرێنییەکانی کارەکانی بێکێت و ئیۆنێسکۆ لەلایەن ڕەخنەگرانی مارکسیستەوە جێگەی تێگەیشتنە، بە بڕوای ئەوان درامای ئەبسوردی ڕۆژئاوا و بینەرانی وڵاتانی بلۆکی ڕۆژهەڵات هیچ خاڵێکی هاوبەشیان نییە.
سەرەڕای ئەوەش، ئەبسوردیەت و ئیرۆنیەت، گاڵتەجاڕی و گرۆتێسک لە تایبەتمەندیەکانی شانۆی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتن لە سەردەمی تۆتالیتاریزمدا، ئەدەب لە سەرووی هەموو شتێکەوە ڕەنگدانەوەی ئەو واقیعە بێمانا، ئبسورد و شێواوە بوو کە پەیوەندییەکی نزیکی بە ڕەخنەگرتنی سیستەمی سیاسیی هەبووە و هەیە، لێرەدا دەتوانین بڵێن شانۆ فەزایەکە بۆ بنکۆڵکردنی ئەو سیستەمە.
لە دەقە شانۆییەکانی نووسەرانی پۆلۆنیا، واقیعیێکی بێمانا لە دەقە ئەبسوردیەکاندا ڕەنگ دەداتەوە و گرۆتێسکیش وەک ئامرازێکی دەربڕین بەکاردەهێنن. زۆرجار لە لایەن هەندێک کەسەوە زاراوەی “ئەبسورد ” و ” گرۆتێسک” (١٠) بە شێوەیەکی هاوواتا بەکارهێنراوە، بەڵام نا، جیاوازیان هەیە و لەگەڵیشیدا پەیوەندییەکی زۆر نزیکیان لەگەڵ یەکدا هەیە، لە قۆناغی دوای جەنگدا تا وای لێهات هەندێک بە شانۆی ئەبسوردیان دەگوت شانۆی گرۆتێسک. لەڕاستیدا ئەبسورد بە پلەی یەکەم پەیوەندی بە ناوەڕۆکەوە هەیە و لە ئاستی ناوەرۆکدا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، لەکاتێکدا گرۆتێسکیش ئامرازێکە بۆ پێکهاتن، بە واتای ئامرازی شێوازو پێکهاتنەکەیە ـ ستایلێکە. ئەبسوردیسزم میتافیزیکییە نەک دیاردەیەکی جوانیناسی، هەر بۆیە ناتوانرێت بە دەربڕین و پێکهاتە و شێوازێک هەژمار بکرێت. گرۆتێسک و ئەبسورد، مەرج نییە پەیوەندییان بە یەکەوە هەبێت، هەروەها مەرج نییە ئەبسورد تەنیا فۆڕمی گرۆتێسک وەربگرێت. چونکێ نووسەرانی ئەبسورد جەخت لەسەر هەستی نامۆبوون و هەڕەشەی مرۆڤ لە جیهاندا دەکەن، هەر بۆیە بەشێکی گرنگی درامای مۆدرێن و هاوچەرخە.
دوای جەنگی جیهانی دووەم، زۆرێک لە نووسەران دەستیان کرد بە نووسین بە شێوازی نوێ بۆ دەربڕینی، لە بەشێکی گەورەی دەقە گرنگەکانی درامای مۆدێرن و هاوچەرخ لە ساڵەکانی ١٩٤٥ تا ١٩٦٥ گرۆتێسک بەکار دەهێنن. ئەبسورد و گرۆتێسک بەرهەمی هەمان ئاسۆی ڕۆحین و لە کاتێکدا سەرهەڵدەدەن و گەشە دەکەن کە سیستەم، نۆرم و بەها پەسەندکراوەکانی گشتی لە داڕماندایە.
شانۆی ئەبسورد لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات لە فۆرم و شێوازدا جیاوازە لە ئەوروپای ڕۆژئاوا، چونکێ لەم دوو ناوچەیەد هەست و ڕەگ و ڕیشەی بێمانای و ئەبسوردی لەیەکتر جیاوازە، لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات بێمانایی بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیان، ڕۆژانە خەڵکەکەی بە بێمانای ئابوڵقە درابوون، لەگەڵ بێمانای و بێهیوایدا دەژیان. بۆیە شانۆنامە ئەبسوردیەکانی پۆڵەندی، چیکۆسلۆڤاکیا و دەوڵەتانی ئەوروپای خۆرهەڵات کە لە لایەن سۆڤیەتەوە یان نازیتەوە داگیرکردبوون لە هاوتا ڕۆژئاواییەکانیان واقیعبینترن. شانۆنامەنووسانی جیهانی ڕۆژئاوا پرسیار لەبارەی ژیان، مردن، جەوهەری بوونی مرۆڤ، تەنیایی، ئازار و نەبوونی پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان دەوروژێنن، شانۆنامەنووسانی ڕۆژهەڵات بە پلەی یەکەم ڕەخنە شێواندنی ستالینیانەی مارکسیزم دەگرێت، کە وێنەی تاکەکان پیشان دەدات کە لە سیستەمێکی کۆمەڵایەتی نالەباردا گیریان خواردووە. شانۆنامە ئەبسوردیەکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات لە چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی جیاوازدا نووسراون و تەنیا پرسە میتافیزیکییەکان پاڵنەر نین. کۆنتێکست ــ پەیوەندی کۆمەڵایەتی چارەنووسی تاک دیاری دەکات، بە شێوەیەکی زیندووتر و واقیعیتر تیشک دەخرێتە سەری زیاترلە بەرهەمەکانی ساموێل بێکێت یان یوجین ئیۆنێسکۆ. لە هەردوو ئەوروپای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، لەدەستدانی تاکایەتی و بچووکبوونەوەی مرۆڤ بۆ تەنها ئامێر یان بوکەڵەیەک کێشەیەکی ڕاستەقینەیە.
لە ڕۆژئاوادا دەرئەنجامی کۆمەڵگەی بەکاربەری سەرمایەداری و کولتوری جەماوەرییە، لە کاتێکدا لە ڕۆژهەڵات بە کاریگەری لاوەکی ڕژێمە تۆتالیتارییەکان بەسەربازکردن، یەکپۆشکردن و یەک ڕەنگی زۆرەملێی مرۆڤەکانە. بێ شک جیاوازییەکی بەرچاو لە پێشوازیكردن لە هەمان دەقە دراماتیکییەکان لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا دەبێت
بینەرانی بلۆکی ڕۆژهەڵات تەنانەت واتاو پەیای پەیامی سیاسییان لە شانۆنامەکانی ڕۆژئاوادا دەدۆزیەوە، ئەگەر هیچ پەیامێکی سیاسیانەشی نەبووبێت، لە کاتێکدا بینەرانی ئەوروپای ڕۆژئاوا بە ئامادەییەوە شانۆنامەکانی نووسەرانی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتیان قبوڵ دەکرد و ئاماژە سیاسییەکان پشتگوێ دەخست و پەیامی گشتگیریان سەبارەت بە بوونی مرۆڤ لە دەقەکاندا دۆزیەوە.

بەواتا:
لە ئەوروپای ڕۆژهەڵاتدا، پۆڵۆنیا وەک نموونە زۆرجار وەک ڕەخنەی سیاسی دەخوێندرانەوە
لە ئەوروپای ئەوروپای ڕۆژئاواشدا، زیاتر بە فەلسەفەی ژیان و مرۆڤ دەخوێندرانەوە
ئێسلین دەڵێت، شانۆنامەی چاوەڕوانی گۆدۆی ساموێل بێکێت وەک درامایەکی سیاسی لە پۆڵەندا خوێندرایەوە، هەروەها شانۆنامەی ئاهەنگی سلاڤۆمیر مرۆزێک لە ڕۆژئاوا بە تۆنێکی بوونگەراییدا خوێندرایەوە، ئیسلین ئاگادارمان دەکاتەوە لەوەی شانۆنامەکانی یۆجین ئیۆنێسکۆ کە بە شێوەیەکی ڕیشەیی هەر جۆرە پەیوەندیەک و وابەستەبوونێک بە سیاسەتێک و ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو ڕەتدەکاتەوە، بەڵام بۆتە مۆدێلێک بۆ شانۆی سیاسی لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات، هەرچەندە ئەم دەقانە بە ڕاشکاوی ڕەخنە لە سیاسەت ناگرن.
لە پاریس و نیویۆرک دەقەکانی بێکێت و ئیۆنێسکۆ بە هەمان شێوەی خۆیان دەخوێندرێنەوە بەڵام چۆن دەخوێندرێنەوە؟ ، لە کاتێکدا لە وارشۆ و بەرلینی ڕۆژهەڵات دەبنە نووسەری سیاسی. ئەو دەقە درامیە شانۆییانەی کە پێشتر ئاماژەمان پێدا، چەندین هەڵگری واتاو مانایان هەیە و کەوتوونەتە ژێر خوێندنەوە و لێکدانەوە جیاوازەکانەوە. لەپشت پرسیارەکانی سروشتی سیاسییەوە، پرسیاری گەردوونیی شاراوە سەبارەت بە سروشتی مرۆڤ هەیە، لێرەوە شانۆ ئەبسوردەکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپای لەیەک ناچن و جیاوازن، بەڵام خاڵی هاوبەشیشیان هەیە.

درێژەی هەیە..

پەراوێزەکانی بەشی یەکەم:
(١) سلاڤۆمیر مرۆزێک، لە ٢٩ی حوزەیرانی ١٩٣٠ لە شاری بۆرزچین لە نزیک شاری کراکۆڤ لە پۆڵەندا لەدایک بووە، لە ١٥ی ئابی ٢٠١٣ لە شاری نیس لە فەرەنسا کۆچی دوایی کرد. نووسەر، تەلارساز، شانۆنامەنووس و کارتۆنیستێکی پۆڵەندی بووە. مرۆزێک بۆ یەکەمجار وەک کارتۆنیستێکی تەنزئامێز لە گۆڤارەکاندا لە گۆڤاری Dziennik Polski ناسرا. چەندین کورتە چیرۆک و شانۆنامەی تەنزئامێزی نووسیوە. وەک نووسەرێکی شانۆی ئەبسورد دادەنرێت. لە پۆڵەندا بە یەکێک لە گەورەترین شانۆنامەنووسانی سەدەی بیستەم دادەنرێت، لەگەڵ ویتۆڵد گۆمبرۆڤیچ و تادێوس ڕۆزێڤیچ.
مرۆزێک لە گەنجیدا کۆمۆنیستێکی سەرسەخت بوو. لەو گۆڤار ڕۆژنامەنەدا کری کردووە، کە پەیڕەوی هێڵ و فکری کۆمۆنیستی دادەڕشت. لە بیرەوەریەکانیدا لەبارەی قەناعەتی ئایدیۆلۆژی گەنجی خۆیەوە نووسیویەتی: “کاتێک تەمەنم بیست ساڵ بوو، ئامادەبووم هەر بەدیلێکی ئایدیۆلۆژی لە باوەش بگرم بەبێ ئەوەی زۆر لە نزیکەوە لێی بکۆڵمەوە، بە مەرجێک شۆڕشگێڕانە بێت، وردە وردە هەڵوێستی گۆڕا، نووسین بەرەو ئەو ئاڕاستەیەی برد کە بوو بە دژایەتیکەرێکی سەرسەختی ڕژێمی کۆمۆنستی. لە ساڵی ١٩٥٠ یەکەم کورتە چیرۆکی خۆی نووسی و لە ساڵی ١٩٥٣ یەکەم کۆمەڵە چیرۆکی بە ناوی فیل بڵاوکرایەوە. وەرگێڕدرا بۆ چەندین زمان لەوانە بۆ زمانی کوردی لە لایەن نووسەر خەبات عارفەوە وەرگێردراوە. یەکەم شانۆنامەی بە ناوی پۆلیس لە ساڵی ١٩٥٨ بڵاوکرایەوە و پێشکەشکرا.
سلاڤۆمیر مرۆزێک بە ئارەزووی خۆی پۆڵەندا بەجێدەهێڵێت. لە ساڵی ١٩٦٣ دەچێتە ئیتالیا و دواتر مەکسیک دواجار لە فەرەنسا دەژی. ئەمە بەو مانایە نییە کە لە ژیانی کولتووری پۆڵەندا ئامادە نییە. دەقەکانی لە گۆڤارەکانی پۆڵەندا بەردەوامن لە چاپکردن، شانۆنامەکانی بەردەوامن لە نمایشکردن، ئەمەش وایکردووە تاڕادەیەک ئاگاداربێت. مرۆزێک یەکێک نییە لە نووسەرانی کۆچبەری ئەوروپای ڕۆژهەڵات، وەک ڕووسەکان و چیکەکان بە تایبەتی، کە بە تەواوی ڕێگرییان لێکرا لە کارکردن لە وڵاتی زێدی خۆیان. مرۆزێک بەشێک نەبوو لە کۆمەڵگەی کۆچبەرانی پۆڵەندی و نووسەرێکی ناڕازی، بەڵکو تەنیا نووسەرێکی پۆڵەندی بوو کە لە دەرەوەی وڵات دەژیا. زیاتر لە سی ساڵ خۆبەخشانە لە دەرەوەی چوارچێوەی کولتووری نەتەوەیی خۆی ژیاوە. لە کاتی کۆچکردنیدا بە ئازادی سەفەری کردووە و سەردانی پۆڵەندای کردووە. نمایشکردنی دەقەکانی تەنها لە نێوان ساڵانی ١٩٦٨ بۆ ١٩٧٣ قەدەغەکرا، دوای ئەوەی مرۆزێک لە ڕۆژنامەی ڕۆژانەی فەرەنسی لۆمۆندیدا ئیدانەی داگیرکردنی چیکۆسلۆڤاکیا کرد. حەوەش بووە هۆی هەم سەفەری بۆ پۆلۆنیاو هەم بڵاوکردنەوەی نووسینەکانی سانسۆر کراو پیشوازی لێنەکرا، بەڵام لە ساڵانی نەوەدەکاندا مرۆزێک جارێکی دیکە بوو بە یەکێک لە کەسایەتییە ناوەندییەکانی ژیانی کولتووری پۆڵەندا.
(٢) مارتین ئێسلین (١٩١٨-٢٠٠٢) لە شاری بودابێست لەدایک بووە و لە نەمسا خوێندوویەتی. لە زانکۆی ڤیەنا فەلسەفە و ئینگلیزی خوێندووە ساڵی ١٩٣٨ نەمسای بەجێهێشت و لە ساڵی ١٩٤٠ وەک پەخشکەر و نووسەرو بەرهەم هێنەر لە بی بی سی BBC دەستی بە کارکردن کرد، لە ساڵی ١٩٦٣ بووە بەرپرسی درامای ڕادیۆیی لە بی بی سی، ئەو پۆستەی تا خانەنشین بوونی لە ساڵی ١٩٧٧ بەڕێوەی بردووە، پرۆفیسۆروانەبێژ بووە لە زانکۆی ستانفۆرد لە کالیفۆرنیا، لێکۆڵینەوەی لەسەر دراما/ شانۆ کردووە. یەکێکە لە کاریگەرترین ڕەخنەگر و شانۆناسەکانی جیهان، توێژەرێکی بەناوبانگ بوو بە داهێنانی زاراوەی شانۆی ئەبسورد و بە کتێبە بەناوبانگەکەی شانۆی ئەبسورد (The Theatre of the Absurd )
(٣) میرنا سندیچیچ سابلیۆ Mirna Sindičić Sabljo ئەکادیمیستێکی کرواتییە و لێکۆڵەرە لە ئەدەبیاتی فەرەنسی و دکتۆرای هەیە لە ئەدەبی بەراوردکاری مامۆستایە لە زانکۆی زەگریب، وەرگێر لە زمانی فەرنسی، چەندان کتێبی بەراوردکاری هەیە لە نێوان ئەدەبی فەرەنسی و ئەدەبیاتی ئەوروپای خۆرهەڵات.
(٤) ( ڕیالیزمی سۆسیالیستی و ژدانۆڤ ) ئەم دوو ڕیبازە لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات زۆر باو بوو. سۆسیال ڕیالیزم، بریتی بوو لە ڕێبازێکی ئەدەبی و هونەری کە لەسەردەمی یەکێتی سۆڤیەتی کۆمۆنستی بە فەرمی کرا، کە ئەم ڕێبازە ئامانجی ئەوە بوو کە هونەر و ئەدەب پشتیوانی لە ئایدیۆلۆژیای سۆسیالیستی بکەن و چینی کرێکار بە هێمای قارەمان پیشان بدرێت و کۆمەڵگا بە شێوەیەکی ئەرێنی و شۆڕشگێڕ پیشان بدرێت ڕەخنەی توند لە سیستەم قەدەغە بێت، بە مانایەکی تر، هونەر دەبووە ئامرازێک بۆ پرۆپاگەندا.
ــ ژدانۆڤ، لە ناوی ژدانۆڤی دۆکتڕینا هاتووە، کە لە ساڵی لە 1940 ـەکاندا دامەزرا، ژدانۆڤ سیاسەتمەدارێکی سۆڤیەتی بوو کە بەرپرسیار بوو لە سیاسەتی کەلتوری لە سەر دەمی ستالیندا، کە پێویستی دەکرد هەموو هونەر و ئەدەب پشتیوانی لە ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیستی بکات. ژدانۆڤ باوەڕی وابوو کە، هونەر تەنها دوو جۆرە، سۆسیالیستی یان دژ بە گەل، نووسەر و هونەرمەند دەبێت خزمەتی حیزب بکات، ئەدەبی بورژوازی یان فۆرمالیستی دەبێت قەدەغە بکرێت. ئەم دوو دەزگایە بووە هۆی سانسۆر و فشار لەسەر زۆر نووسەر و هونەرمەند لە پۆڵەندا و وڵاتانی دیکەی بلۆکی ڕۆژهەڵات
(٥) ــ ستانیسلاڤ ئیگناسی ویتکیڤیچ، ١٨٨٥ ــ ١٩٣٩ شانۆنووس، ڕۆماننووس و وێنەکێش بوو. پێشەنگی شانۆی ئەبسورد و ڕووناکبیر لە پۆڵەند. لە شانۆکانیدا دۆخە سەیر و فەلسەفییەکان بەکار دەهێنێت. ڕەخنەی لە کۆمەڵگای مۆدێرن و لەناوچوونی تاکایەتی دەکرد.
ــ ویتۆڵد گۆمبرۆڤیچ، ١٩٠٤ ــ ١٩٦٩یەکێک لە گرنگترین نووسەرانی پۆڵەند لە سەدەی بیستەمەو بە شێوەیەکی ئیرۆنی تەوس، گاڵتەجاڕانە و فەلسەفی دەنووسێت. زۆرجار دژی فۆرمی فەرمی و سیستەمی کۆمەڵایەتی بوو.
ــ برۆنۆ شوڵتز ١٨٩٢ ــ ١٩٤٢ نووسەر و وێنەکێشی یهودی-پۆڵەندی، نووسینی شاعیرانە و خەیاڵی هەبوو، جیهانێکی خەیاڵی و مێتافۆری زۆر لە وێنەکانی و لە نووسینەکانیدا هەبوو. لە کاتی داگیرکردنی نازی لە پۆڵەند کوژرا.
ئەم سێ کەسە هەموویان لە ڕێگەی شێوە و نوێکاری هونەرییەوە ڕەخنەیان لە کۆمەڵگا و سیاسەت دەکرد، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بنەمای ئەدەبی ئەبسورد لە پۆڵەند دامەزراند، کاریگەرییان لە نووسەرانی دواتر هەبوو وەک مرۆژێک.
(٦) شانۆنامەی چاوەڕوانی گۆدۆ نووسینی نوسەری ئێرلەندی ساموێل بێکێت ـە بە یەکێک لە گرنگترین بەرهەمەکانی بێکت و شانۆی ئەبسورد دادەنرێت، ئەم دەقە باسی دوو پیاودا دەکات بە ناوەکانی (ڤلادیمێر وئیستراگۆن)، کە لە ژێر دارێکدا دانیشتوون و چاوەڕێی کەسێک دەکەن بەناوی گۆدۆ، کێشەکە لەوەدایە کە گۆدۆ هەرگیز نایەت، ناشزانن کە گۆدۆ کێێە؟ پاشان منداڵێک دێت دەڵێت گۆدۆ نایەت ئەمرۆ، ، ڕۆژ و مانگ و ساڵ تێدەپەڕێت، ئەوان ئەوان هەر لە چاوەڕوانیدا دەمێێنەوە. ڕێگەی چاوەڕوانییەکەیانەوە، بێکێت پرسیارەکان سەبارەت بە مانای ژیان، هیوا و بوونی مرۆڤ دەکۆڵێتەوە. بەڵام دەسەڵاتدارانی لە ڕێگەی دەزگای ژدانۆڤ ئەو دیدەیان بڵاو کردەوە کە بنواڕن، ئەدەبی ئەبسورد و سەرمایەداری چەند بێکەڵکە، پێیان دەوت ئەدەبی بۆرجوازی، ئەم جۆرە ئەدەبە موراڵی خەڵک تێکدەدات، بێگوومان دەسەڵاتی کۆمۆنیستی ڕەخنەگر و نووسەرانی خۆیان خستەگەر بۆ هێرش کردنە سەر ئەم ئەوژمی نووسینە.
(٧) زاراوەی شانۆی ئاڤانگارد بۆ یەکەم جار لەلایەن لیۆنار سی Pronko Leonard C بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن ڕەخنەی ئەدەبی فەرەنسییەوە لە ساڵی ١٩٦٢لە کتێبی Avant-Garde: The Experimental Theater in France بەکاردەهێنرێت: ئەو چەمکەی “avant-garde” بە واتای پێشڕەوی و نوێخواز لە هونەر، بە تایبەتی لە شانۆدا بەکارهێنرا بۆ کارانەی کە شێوازی کلاسیکی شانۆیان تێک شکاند و ڕێبازێکی نوێیان درووست کرد
(٨) ئەم ناوانە هەموویان نووسەر و هونەرمەندانی ناسراوی سەدەی ٢٠ ـن، زۆربەیان پەیوەندیان بە شانۆ و ئەدەبی ئەبسوردیزم (Absurdism) هەیە:
ــ ژان تاریدۆ (١٩٠٣ ـ ١٩٩٥ ) ، هونەرمەند، مۆسیک ژەن، شاعیر و نووسەری فەرەنسی بوو. بە شانۆ و دەقە کورتەکانی ناسراوە کە زمان و واتا بە شێوەیەکی پووچگەرایانە لێک دەداتەوە. تایبەتمەندییەکانی نووسینی ، یاری کردن بە زمان و وشەکان، درووستکردنی دۆخی سەیر و بە شێوەیەکی کۆمیدی، گەڕان بە دوای مانای قووڵ لە ناو گفتوگۆی ڕۆژانەدا، کارکردن لەسەر شێوازی دەنگ و موزیک لە دەقدا.
ــ جان جینێت، نووسەر و شانۆنووسی فەرەنسی بوو، باس لە بابەتەکانی وەک تاوان، ناسنامە و دەسەڵات دەکات. ژیانی سەخت و پڕ لە کێشەی هەبوو (لە منداڵیدا بەخێوکرابوو و ماوەیەک لە زیندان بوو)، ئەم ئەزموونانە کاریگەریی زۆریان لەسەر نووسینەکانی هەبوو. تایبەتمەندییەکانی نووسین، باسکردنی بابەتەکانی تاوان، زیندان، ناسنامە و دەسەڵات، بەکارهێنانی زمانێکی شیعری و هێماکار.
ــ ڕۆبەرت پینگێت، نووسەر و شانۆنووسی فەرەنسی/سوێسری بوو. کارەکانی پەیوەندیان بە ئەدەبی ئەبسوردی و ڕێبازە نوێیەکانی ڕۆماننووسین هەبوو. گرنگی بە زمان، بیرکردنەوە و شێوازی گێڕانەوە دا. تایبەتمەندییەکانی نووسینی گێڕانەوەی ناڕاستەوخۆ و هەست بە نادڵنیایی کارکردن لەسەر بابەتەکانی بیرکردنەوە، بێ‌واتایی و تەنیایی.
ــ بۆریس ڤیان، نووسەر، شاعیر و میوزیسیانی فەرەنسی بوو. بە شێوازی سەیری و ڕەخنەگرایانەی خۆی ناسراوە. یەکێک بوو لە نووسەرانی ناسراوی ئەدەبی نوێی فەرەنسی دوای جەنگی دووەمی جیهانی، کارەکانی تێکەڵێکن لە سەیری، خەیاڵی، ڕەخنەی کۆمەڵایەتی و شێوازی پووچگەرایی.
ــ هارۆڵد پینتەر، شانۆنووسی بەریتانی بوو. یەکێکە لە گرنگترین نووسەرانی شانۆی ئەبسورد، و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات (2005). تایبەتمەندیەکەی بەکارهێنانی خامۆشی و بێدەنگی لە گفتوگۆ و دیالۆگدا، درووستکردنی هەستێکی ترس و ناڕوونی. کتێبێکی بچووک لەسەر ئەم نووسەرە بە زمانی کوردی هەیە
(٩) سیمپسۆن، شانۆنووسێکی بەریتانی بوو کە بە کۆمیدیی پووچگەرایانە و دیالۆگی بێ‌مانا ناسراوە، تایبەتمەندیەکەی، یاری کردن بە زمان، خوڵقاندنی دۆخی بێلۆژیکی شێوازێکی وهێمن و ساردی کۆمیدی، ڕەخنە لە ژیانی ڕۆژانە و سیستەمی کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی پووچگەرایان دەگرێت، سیمپسۆن بە یەکێک لە دەنگە سەربەخۆکانی شانۆی ئەبسوردی لە بەریتانیا دادەنرێت.
ــ ئێدوارد ئەلبی، شانۆنووسێکی ئەمریکی بوو کە یەکێکە لە گرنگترین نووسەرانی شانۆی ئەمریکا لە سەدەی 20. بەکارهێنانی دیالۆگی توند و ڕاستەوخۆ، شیکردنەوەی پەیوەندیی، لە بارەی خێزان.، تەنیایی، ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستی. ئەلبی سێ جار خەڵاتی Pulitzerی بۆ شانۆ وەرگرتووە.
ـــ ستۆپارد، شانۆنووسێکی بەریتانی لە چیک لە دایکبووە، کە بە شانۆی فکری وبەکارهێنانی و تێکەڵکردنی فەلسەفە، زانست و کۆمیدیی زیرەکانە لەگەڵ دیالۆگی خێرا لە بابەتی ناسنامە دەناسرا، زمانی نووسین و گەمە کردن بە وشە شێوازێکی تایبەتی ئەو بوو
(٩) پێیان دەوترێت “فەرەنسی” چونکە شانۆنامەکانیان بە زمانی فەرەنسی دەنووسن. بەمەرجێ ساموێل بێکێت ئێرلەندییە، یوجین ئیۆنێسکۆ ڕۆمانییە، فێرناندۆ ئاراباڵ ئیسپانییە و ئارسەر ئادامۆڤ ڕووسی-ئەرمەنییە.
(١٠) گرۆتێسک (Grotesque) واتە شێوازێکی هونەری یان ئەدەبی کە تێیدا شتان بە شێوەیەکی سەیر، دژوار، ترسناک یان خەندەهێنەر پیشان دەدرێن بە جۆرێک کە تێکەڵەی جوانی و ناشیرینی، ڕاستی و خەیاڵ، یان ترس و گاڵتەکردبن. تێکەڵکردنی شتانێکی دژبەیەک وەک خەندە و ترس.
جێفری هارفام Geoffrey Harpham لە باسکردنی گروتێسک ڕوونکردنەوەیەکی گرنگ دەدات. بە پێی ئەو، گروتێسک شێوەیەکە لەو کاتەدا دروست دەبێت کاتێک دوو شتی ناتەواو یان نەگونجاو بە یەکەوە کۆدەبنەوە و هەستێکی سەیر، ناڕەحەتی یان تێکچوونی ئاسایی دروست دەکەن.
لە پێناسەکەی ئەودا، گروتێسک ئەوە نییە تەنها شتێکی خەندەهێنەر یان ترسناک بێت، بەڵکو ئەو کاتەیە کە سنووری نێوان شتەکان تێکدەچێت (وەک مرۆڤ و ئاژەڵ، جوانی و ناشیرینی، ڕاستی و خەیاڵ)، بینەر یان خوێنەر هەست بە سەرسوڕمان و ناڕوونی دەکات. هەر بۆیە لە ئەدەبی مۆدێرن و درامای ئەبسوردا گروتێسک بەکاردێت بۆ پیشاندانی دۆخی نامۆیی و تێکچوونی بەها و نۆرمەکان.
گرۆتێسک دەتوانێت بابەتێکی مێتافۆری بێت بۆ سەرلێشێواوی، ئاژاوە، شێتی، لەدەستدانی دیدگا، داڕمانی کۆمەڵایەتی، هەڵوەشانەوە، یان دڵەڕاوکێ بەکاربهێنرێت. پێشمەرجی بنەڕەتی گرۆتێسک ئەوەیە کە یاساکانی سیستەمەکە تێکچووە؛ هەر لەبەر ئەم هۆکارە کاریگەرییەکەی لە قۆناغی هەڵچوون یان قەیرانەکاندا لە بەهێزترین ئاستیدایە، کاتێک بیروباوەڕە کۆنەکانی سیستەمی کۆن مەترسییان لەسەرە یان دەڕووخێن.
ـــ نووسەر حەمەسەعید حەسەن لە نووسینێکدا بە نێوی کۆمیدیای ڕەش بەم جۆرە پێنسەی گرۆتێسک دەکات ” گرۆتێسک که‌ یه‌کێکه‌ له‌و ته‌کنیکانه‌ی له‌ کۆمێدیای ڕه‌شدا وه‌گه‌ڕ ده‌خرێت، لادانێکه‌ له‌ نه‌ریتی زاڵ و گه‌ڕانه‌ به‌ دوای شێوازی نوێی ده‌ربڕیندا. گرۆتێسک (که‌ چه‌ندان مانا ده‌به‌خشێت، له‌وانه‌: سه‌یر، ناشیرین، نه‌گونجاو، ناخۆش و قێزه‌ون،) شێوه‌ده‌ربڕینێکی هێنده‌ سه‌رسووڕهێنه‌‌، وه‌رگر دووچاری حه‌په‌سان ده‌کات. گرۆتێسکه‌ری گه‌ڕانه‌ به‌ دوای جوانیدا، به‌ڵام له‌ جێیه‌کدا که‌ ناشیرینی زاڵه‌، یان لێڵکردنی ئاوه‌ ڕوونه‌کانه‌،‌ له‌ پێناوی مه‌به‌ستێکی گه‌شدا. له‌ گرۆتێسکه‌ریدا هه‌م دژبه‌یه‌کی هه‌یه‌ و هه‌میش بابه‌ته‌که‌ لێکدانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ هه‌ڵده‌گرێت. له‌ به‌رهه‌می برێخت، کافکا، جۆناتان سویفت، ئه‌دگار ئالان پۆ و یۆنسکۆدا که‌م و زۆر ڕووبه‌ڕووی گرۆتێسک ده‌بینه‌وه‌. له‌ (جانه‌وه‌ره‌کانی دۆکتۆر فرانکنشتاین) و (زه‌نگلێده‌ره‌که‌ی نۆتردام) و (جوانی و جانه‌وه‌ر) دا، ته‌کنیکی ماسکی گرۆتێسک به‌کار هێنراوه‌.




شەڕەکە ڕادەوەستێت، هەموو دۆڕا و هەموو براوەن؛ چۆن؟.. شێرکۆ کرمانج

ئەم شەو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، وتارێک بۆ نەتەوەی ئەمریکا دەدات، بە ئەگەری زۆرەوە دوای بەکارهێنانی کۆمەڵێک وشە و زاراوەی سەریروسەمەرە و بازاڕیی، وەك: ئێرانمان تەفروتونا کرد؛ ئێران چی دیکە هەڕەشە نییە بۆ سەر ئەمریکا و ئیسرائیل؛ ڕژێمی ئێرانمان گۆڕی، ئێستا ئێران سەرکردایەتییەکی نوێی هەیە؛ ئێران پێویستی بە دەیان ساڵە بۆ ڕاستبوونەوە، هتد، ئینجا داوا دەکات کە شەڕەکە ڕاوەستێت. بەڵام دەشکرێت کە قسە لەسەر قووڵبوونەوەی شەڕەکە بکات، کە من بە ئەگەرێکی کەمی دەبینم. پێشبینیکردن هەر بۆ خۆی شتێکی زەحمەتە، هەر چۆنێک بێت، لەم بابەتە هەوڵدەدەم قسە لەسەر ئەوە بکەم کە بۆچی ئەگەر ئێستا شەڕ ڕاوەستێ، هەموو لایەنەکانی شەڕەکە هەم براوە هەم دۆڕاون.

ئەمریکا براوەیەکی دۆڕاو
ئەم قسانەی ترەمپ ڕاستیان تێدایە بەڵام هاوکات پاساون بۆ شەڕ ڕاگرتن. فیعلەن ئێران بێهزتر بووە، ڕوخساری ڕژێمەکە گۆڕاوە و ئەگەری هەیە ڕەفتاریشی بگۆڕێت، هیچ نەبێت لەبەرئەوەی بەشێکی زۆر لە توندڕەوەکان کوژران و ئەوانەی ماونەتەوە دەزانن ئەگەر ڕەفتاریان نەگۆڕن لەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە زەحمەتە بژین، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئێران هەموو دەرودراوسێکانی کردە دوژمن.
بۆیە دەتوانین بڵێین ئەمریکا براوەیە، چونکە گۆڕینی ڕژێم لە ڕۆژی یەکەمەوە سیاسەتی ئەمریکا نەبوو. توانای ئەتۆمی ئێران لاوازتربووە و توانا موشەکییەکانی زۆر کشاوەتەوە دواوە. پڕۆکسییەکانی ئێرانیش گورزیان پێکەوتووە، هاوکات، نابێت ئەوە لەبیر بکەین کە پڕۆکسییەکان هیچ کاتێک هەڕەشەی ڕاستەوخۆ نەبوون بۆ سەر ئەمریکا.
بۆ یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەش، لەوانەیە ئەمریکا ئەوە بۆ گفتوگۆکانی دوای ڕاوەستانی شەڕ دوابخات. بە ئەگەری زۆرەوە لەسەر هاوکێشەیەک پێک دێن لەگەڵ ئێرانییەکان کە ئێران نەتوانێت بۆ بۆمبی ئەتۆمی بەکاری بهێنێت، بەڵام بتوانێت بۆ بەرهەمهێنانی وزە بەکاری بێنێت.
ئەمریکا دۆڕاوە، چونکە لە شەڕەدا شکۆ و پێگەی ئەمریکا لە زۆر ڕووەوە شکا یان زەرەری گەورەی بەرکەوت:
یەکەم، هەر ئەوەی کە ڕژێمی ئێران نەڕووخا، ئەگەر پۆلەسی ئەمریکاش نەبوو بێت، ئەوە بێتوانایی ئەمریکا نیشان دەدات.
دووەم، ئەمریکا بێ هاوپەیمانترین وڵاتە لە دنیای ئێستا، ئێرانی لێ دەرچێت. ئەمریکا بۆ ئەم شەڕەی دۆست و هاوپەیمانە هەر نزیکەکەی لە دنیا، بەریتانیا، نەک هەر نەیتوانی لەخۆی نزیک بکاتەوە بەڵکو درزێکی وای دروست کرد کە بۆ چەندین ساڵی دیکە ناکرێت پەیوەندییەکانیان وەک خۆی لێ بێتەوە.
سێیەم، ئەمریکا کە کۆڵەگەی هەر سەرەکی “ناتۆ”یە خەریکە هەڵدەوەشێتەوە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ترەمپ وەک سەدام حوسێن مامەڵە لەگەڵ ئەندامانی ناتۆ دەکات، “اذا قال صدام قال العراق” (ئەگەر سەدام بڕیاریدا، واتە عێراق بڕیاریدا). وڵاتانی ئەوروپا ئیستێکیان بە ترەمپ کرد و هەموو بەسەریەکەوە (لانی کەم سێ زلهێزەکە: ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەریتانیا) گوتیان “ئەوە شەڕی ئێمە نییە”، نەپرسمان پێ کراوە نە ناقەیەکمان لەو شەڕەدا دەست دەکەوێت.
چوارەم، ئەمریکا نەک هەر ئەوروپییەکانی لەخۆی زوویر کرد بەڵکو وڵاتانی ئاسیاشی نیگەران کرد. ژاپۆن و کۆریای باشوور و هیند و ئوسترالیا، لانی کەم لە چەند ساڵی ڕابردوو، ببوون بە هاوپەیمانێکی نزیکی ئەمریکا لە دژی چین، بەڵام لەم شەڕەدا، تەنانەت ئوسترالیاش وەک جاران بەهانای ئەمریکاوە نەهات.

ئیسرائیل براوە بە تامی دۆڕاو
ئیسرئیل لەم شەڕەدا لەوانەیە تاکە دەوڵەت بێت کە لە هەمووان زیاتر قازانجی کردووە و دەکات. ئیسرائیل سەرکەوتووە چونکە:
یەکەم، لێدانی ئێران بە بۆمبێکیش بێت بۆ ئیسرائیل هەر سەرکەوتنە چ جای ئەوەی هاوشانی ئەمریکا ئەوە زیاتر لە مانگێکە بە هەزاران تۆن بۆمبیان بەسەر ئێرانەوە باراندووە.
دووەم، ئیسرائیل شکۆی دوژمنە هەرە سەرسەختەکەی شکاند. ڕۆژانە سەدان فڕۆکەی ئیسرائیل بەسەر ئێرانەوە تەڕاتێنێ دەکەن. فڕۆکەکان ڕۆژانە پەیامی باڵادەستی ئیسرائیل‌ بە ئێرانییەکان دەدەن، لە هەمان کاتدا بە هەموو وڵاتانی دیکەی ئیسلامی و عەرەبیشیان دەگوت کە خۆ دەبینن، ئەوەی پێیەوە دانازن چۆن “لەژێر پێی ئێمەدا” دەلەرزێت. دروستکردنی ترس لە دڵی ئەوانی دیکە هەمیشە ستراتیجێکی سەرەکیی ئیسرائیلییەکان بووە لە مامەڵە کردن لەگەڵ ئەوانی دیکەدا.
سێیەم، ئیسرائیل، بە کەمترین خەسارەت لەو شەڕەدا دەرچووە، لانی کەم بە بەراورد بەو وڵاتانەی کە ڕاستەوخۆ لە شەڕەکەدا گلاون. ئیسرائیل چەندبارە سەلماندییەوە کە لە بوارەکانی تەکنۆلۆجیای شەڕ و چەک یەکەمی بێڕکابەرە، ئەمەش بازەڕەکانی کۆمپانیا ئیسرائیلییەکان بۆ چەندین دەیەی دیکە گەرم دەکات.
چوارەم، ئیسرائیل لەم شەڕەدا دووبارە سەلمانییەوە کە ئەوەی لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا کردی لە کوشتنی ئەو هەموو سەرکردە ئێرانییە لە چەند ڕۆژی یەکەمی شەڕەکەدا ڕێککەوت نەبوو بەڵکو پلانێکی تۆکمە و ڕێکخراو بوو. هاوکات نیشانەی ئەوەیە کە ئیسرائیل نەک هەر لە تەکنۆلۆجیای شەڕ و چەک یەکەمی بێڕکابەرە بەڵکو لە سیخوڕی و لە چوونە ناو سیستەمی وڵاتانی نەیارانی. ئەمەش سەرکەوتنێکی دیکەی ئیسرائیلە چونکە ترس و دڵەڕاوکێی خستۆتە دڵی هەموو دەرودراوسێکانی، ستراتیجێک لە ستراتیجەکانی هەڕەشەی ئیسرائیلییەکان.
هەر چۆنێک بێت، بردنەوەکەی ئیسرائیل بەتامی دۆڕاو دەبێت چونکە ڕاستە کە ڕووخاندنی ڕژێم پۆلەسی بەیانکراوی نەبوو بەڵام لە گەڕی ئەمجارەی شەڕ هەموو هەوڵیان بۆ ئەوە بوو کە ڕژێم بڕوخێ، ئێران دابەش و لەرزۆک بێت. پێناچێت ئەم ئامانجەی ئێسرائیل، لانی کەم لەگەڵ ڕاوەستانی شەڕەکە لەم ڕۆژانەدا، بێتە دی. بۆیە ئەگەر لە درێژمەوداش ڕژێمی ئێران بڕوخێت، ئەوە لەم لەحزەیە ئەگەر ئیسرائیل براوەش بێت بە تامی دۆڕاوە.

ئێران دۆڕاوی براوە
ئێران ٤٧ ساڵە شەڕ بە ئیسرائیل دەفرۆشێت، وەک لە نووسینی دیکەدا ئاماژەم پێ کرد، ئێران ٤٧ ساڵە منداڵ و گەنج و پیر و ژن و پیاو بۆ شەڕ لە دژی ئیسرائیل ساز و ئامادە دەکات و دروشمی “مەرگ بەر ئەمریکا و مەرگ بەر ئیسرائیل” بە گوێ دنیادا دەدات. بەئاشکراش باس لە سڕینەوەی ئیسرائیل لەسەر گۆی زەوی دەکات. ئەم شەڕە و شەڕی ١٢ ڕۆژە هیچی نەسەلماندبێت فشۆڵی ئەم دروشمە چل ساڵییەی ئێرانی سەلماندووە. بێجگە لەمە، ئێران لەم شەڕە دۆڕاوە، چونکە:
یەکەم، زۆرترین زەرەری گیانی و ماددی کردووە. زۆرترین سەرکردە، لەنێویاندا، ڕابەری جمهوری ئیسلامی، ئایەتوڵا خامەنەیی، کوژراوە. ژێرخانی سەربازیی و پیشەسازی چەک و ئەمنی خاپوور کراون.
دووەم، ئێران شکۆی شکاوە بەوەی کە نەک هەر نەیتوانی ڕابەرەکانی بپارێزێت تەنانەت نەیتوانی ئەوانەش بپارێزێت کە بەرپرسیارەتی پاراستنی ڕابەر و سەرکردایەتی ئێرانیان لە ئەستۆ گرتبوو. کوژرانی چەندین وەزیری بەرگری، چەند سەرکردەی سوپای پاسداران، چەند وەزیری ئیتیلاعات، هتد، نیشانەی هیچ نەبن نیشانەی بێشکۆبوونی ئێرانن.
سێیەم، ئێران هەموو دراوسێکانی خۆی، کە خۆی بە پارێزەریان دەخستەڕوو، کردە دوژمنێکی وجودی. وڵاتانی کەنداو، بەتایبەتی سعودیە و قەتەر و عومان، نەک هەر خۆیان وەک دوژمنی ئێران نەدەزانی بەڵکو لەم چەند ساڵەی دوای وەک دۆستێک تەماشایان دەکرد، بەڕادەیەک کە چەندین مانگ دوا لێدانی ئێرانیان دواخست. ڕاستە ئیمارات هەمیشە بەرانبەر بە ئێران توند بوو، بەڵام بە درێژایی ساڵانی گەمارۆی سەر ئێران، ئیمارات دەرچەی ئێران بوو بۆ دەربازبوون لە گەمارۆکان، هەم بە مسۆگەرکردنی ئەو کەلوپەلانی کە قەدەغەبوون هەم بە گەیاندنی پارە بۆ ناو ئێران. پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی کەنداو زۆر زەحمەتە بگەڕێتەوە پێش قۆناغی شەڕ.
سەرەڕای هەموو ئەمانە و چەندینی دیکەش، ئەگەر ئەم شەڕە ڕاوەستێت و ئێران نەڕووخێت ئەوە سەرکەوتنێکی ئێجگار گەورەیە بۆ ئێران، لانی کەم لە کورتمەودا دا. ئێران شەڕی مان و نەمانی دەکرد، بۆیە تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە بە هەر بارێک بێت، مادام ڕژێم لەسەر پێی خۆی ماوەتەوە ئەوە براوەیە.
دیارە، دەرچوونی ئێران لەم شەڕە، گرفت و کێشە ئابووری و داراییەکانی سەد بارتەقا زیاد دەکات، ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایی جەماوەری لە چەند ساڵی داهاتوودا، ئەگەر نەڵێم چەند مانگی دیکە، دێنێتە گۆڕێ. ئێران هێندە ماندوو بووە کە دەربازبوون لە گەڕێکی دیکەی ناڕەزایی زۆر کەمە. بەڵام بۆ ئەمڕۆ، ئێران دۆڕاوێکی براوەیە، مادام نەڕووخاوە.

وڵاتانی کەنداو، نە براوە نە دۆڕاو
وڵاتانی کەنداو بەگشتی حەزیان لێ نەبوو بچنە شەڕ لەگەڵ ئێران چ پێش شەڕ چ ئێستا. ئەوان حەزیان لێ بوو ئێران گورزێک بخوات و لاواز بکرێت بەڕادەیەک کە چیدیکە هەڕەشە نەبێت لەسەریان. ئیماراتی لێ دەرچێت پێم وانییە ئەوانی دیکە حەزیان لە داڕمانی ڕژێم بووبێت. کاتێکیش شەڕەکە ڕوویدا و ڕووی مووشەک و درۆنەکانی ئێران هێندی ڕووی لەوان بوو هێندە ڕووی لە ئیسرائیل نەبوو، ئەوە وای کرد هەموویان پێیان باشتر بێت کە ڕژێم گورزی کوشندەتری لێ بدرێت، بەڵام بەدەستی خۆیان نا بەڵکو بە دڵی ئەوان.
وڵاتانی کەنداو براوەن لەوەی کە بۆیان دەرکەوت کە توانای بەرگرییان زۆر لەوە زیاترە کە تەنانەت بەخۆشیان وێنایان دەکرد. ئەوان پێیان وابوو، کە دوای چەند مووشەکێک وڵاتەکانیان لەوانەیە تووشی شەلەل بێت و خەڵک بە هەزاران وڵاتەکانیان بەجێ بهێڵێت. بەڵام وەک چۆن زۆر سەرکەوتووانە ڕووبەڕووی کۆڕۆنا بوونەوە، لەم شەڕەشدا زۆر کەس و لایەنیان سەرسووڕهێن کرد.
وڵاتانی کەنداو، بەتایبەتی ئیمارات و سعودیە، پێشتر ئامادەکاریی ئەوەیان کردبوو کە ئەگەر گەرووی هورمز بگیرێت دەبێت چ بکەن، بۆیە هەردوو وڵات، بۆڕی ستراتیجیان بۆ کەنارەکانی دیکە ڕاکێشابوو، ئیمارات بۆ فوجەیرا لەسەر دەریای عومان، سعودیە بۆ یەنبوع لەسەر دەریای سوور. ئەم بیرکردنەوە ستراتیجییە نیشانەی هیچ نەبێت نیشانەی ئەوەیە کە وڵاتانی کەنداو ساڵانێکە پێگەیشتوون و ستراتیجیانە بیردەکەنەوە.
بێجگە لەمە، ئەوەی کە ئەرکی سەر وڵاتانی کەنداوی سووک کرد وەبەرهێنانە گەورەکانی ئەو وڵاتانە، لەگەڵ کۆمپانیاکانیان، لە وڵاتانی دیکە بوو. هەر یەک لە قەتەر و ئیمارات سەدان ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان لە دەرەوەی وڵات کردووە، ئەمەش بەرگرییکردنی بەستنی گەرووی هورمزی لەسەر کەم کردنەوە.
بۆ وڵاتانی کەنداو، ئەم شەڕە ئەزموونێکی نوێ بوو چونکە ئەوە یەکەمجار بوو کە هەموویان بەسەریەکەوە بەر هەڕەشەیەکی دەرکی ڕاستەخۆ بکەون. شەڕی کوەیت کاریگەریی ڕاستەخۆی تەنیا لەسەر ئەو وڵاتە بوو، نەک ئەوانی دیکە.
بۆیە، بۆ وڵاتانی کەنداو، ڕاستە کە زەرەرێکی ماددی زۆریان لەم شەڕە کردوو، خەرجی بەرگرییان نەک هەر ئێستا بۆ دواڕۆژیش زیادی کرد و زیاد دەکات، بەڵام یەک دنیا وانەی لێ فێربوون.

کورد، نە براوە نە دۆڕاو
لە ڕۆژانی سەرەتای شەڕ ترەمپ لە ڕێگەی چەند تەلەفۆنێکەوە بۆ سەرکردە کوردەکان، خەریک بوو کە کورد لەم شەڕەدا بگلێنێ. خۆشبەختانە، یان بەدبەختانە، هەر خۆی زوو پەشیمان بووە. ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی کە کورد ڕاستەوخۆ، نە کوردانی ڕۆژهەڵات، نە کوردانی باشوور، تێکەڵ بە شەڕەکە نەبن.
دیارە شەڕ، لێدانی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان، هەمیشە هەلی بۆ کورد ڕەخساندووە کە لە پەراوێزی شەڕ و گەمە جیۆپۆلەتیکییەکاندا هەندێک هەل بقۆزنەوە، ئەمجارە لەبەر دوو هۆکار ئەم هەلە نەقۆستراوە، یان نەڕەخسا. یەکەم، کوردانی ڕۆژهەڵات زۆر ساز و ئامادە نەبوون. دووەم، ترەمپ و ئەمریکا هیچی ئەوەیان لێ هەڵنەدەهێنجرا کە ببێتە مایەی جووڵەی کورد.
هەرچۆنێک بێت، جووڵە نەکردنی کورد، بووە مایەی ئەوەی کە نە قازانج بکات نە زەرە.

شێرکۆ کرمانج




“کۆنگرەی ئازادی ئێران” کۆمیدیایەک لە مێژوو!.. کامل احمد

ڕۆژی شەممە ٢٨ ی مارسی ٢٠٢٦ کۆنگرەیەک لە لەندەن بۆ ئەو مۆزاییکەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی سازکرا. ئەم کۆنگرەیە لە پێش هاتوهاوارەکانی ڕووخاندنی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی یان گۆڕینی کۆماری ئیسلامی و ڕتووشکردنی یەوە دێت لەسەر دەستی ئەمریکا و ئیسرائیل و شەڕی زیاتر لە یەک مانگیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا. ئەم کۆنگرەی ئازادی ئێرانە لە لەندەن دەبەسترێت هاوشێوەی ئەو کۆنگرەیەی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی کە لە ١٤ و ١٥ ی دەیسێمبەری ٢٠٠٢ لە هەمان لەندەن دا بەسترا و خۆیان ئامادەدەکرد بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات دوای لاوازبوون یان ڕووخانی ڕژێمی بەعس. ئەم دوو کۆنگرەیە و لێکچوونەکانی زۆرن کە گرنگترینیان ئەوەیە کە هەردووکیان لە لەندەن بەڕێوە چوون، هەردووکیان هەرچی ئەحزابی بورژوازی نەتەوەپەرست و شۆڤێنی وگەجەروگوجەری کۆمەڵگا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی هەیە تیایدا کۆبوونەتەوە.
خاڵێکی ڕیشەیی کە ئەم کۆنگرەیە لەوەی عێراق جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە ئەو کات دەستپێشکەرییەکە ئەمریکی بوو وە هەموو ئەوروپاشی بە دوای خۆیدا کێش کردبوو بە بەریاتنیاشەوە، بەڵام ئەم دەستپێشکەرییەیان بەریتانی یە و بەشێکە لە سیاسەتی بەریتانیا بۆ ئەوەی لە ئاییندەی ئێراندا و لە هەر ئاڵوگۆڕێک کە ئەگەر ئەمریکا توانی بەدەستیبهێنێت جێگایەکی هەبێت. کەواتە جیاوازییەکی بنەڕەتی تر ئەو لێکترازان و لێکدابڕانەی ئەمریکا و ئەوەروپایە کە چەندین ساڵە دەستیپێکردووە و قڵشتی نێوانیان تا دێت گەورەتر دەبێت، ئەگەر چی هێشتا نەگەیشتوون بە جیابوونەوەی هێجگاری. کەواتە بەریتانیا دەیەوێت کارێک بکات کە دەست بەتاڵ دەرنەچێت لە ئەگەری ڕووخانی کۆماری ئیسلامیدا و لە ڕێگای ئەم دەستەجاتە نەتەوەپەرست و تائیفییانەوە.
شیڕە و نەعرەتەی ئەحزابی بەشداربوو بۆ فرە نەتەوەیی و فرە کەلتووری و فرە دینی و فرە زمانی و فرە ڕەهەندی هیچی تر نەبوو جگە لەوەی کە دەیانوویست مۆدێلێکی هاوشێوەی عێراق بێننە دەرەوە کە هەموویان لە دزینی سەروەت و سامانی کۆمەڵگادا بەشداربن و هەرکەس بە پێی قوورسی خۆی. ئەوان زیندووکردنەوەی ئەم دابوونەریتە کۆنەپەرستانەیە و بردنە پێشەوەی ئەم جۆرە لە سیاسەت بە فرەکلتووری و بە بەشداری هەمووان لە کایەی سیاسیدا بە خەڵک دەفڕۆشن. پرسیارەکە ئەوەیە کام بەشداری لە کایەی سیاسی کۆمەڵگادا لە کاتێکدا برسیانی کۆمەڵگا برسیتر دەکرێن و دەوڵەمەند و سەرمایەدارەکانیشی دەوڵەمەندتردەبن و تەنها ڕەنگ و ڕەواڵیان دەگۆڕدرێت. باسەکە باسی گواستنەوەی دەسەڵات و دەرهێنانی نییە لە چنگی کۆمەڵێک سەرمایەداری عەمامە بەسەر وڕادەستکرنی بە کۆمەڵێکی فرە ڕەهەند و نەتەوە و دین و تائیفە وەک کۆنگەری ئازادی لەندەن و بەشداربووانی بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڵکو باسی بورژوازی و سیستەمەکەیەتی بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنیانەوە. بەشداربووانی کۆنگەری لەندەن و دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێران دوو دیوی هەمان دراون و هەردوولایان سەر بە سەرمایەن و خوێنی هەژاران و برسییەکان دەمژن. باسی سەرەکی ئەم کۆنگرەیە لەتووپەتکردنی کۆمەڵگای ئێران بوو لە ژێر ناوی دین و نەتەوە و سکولاریزم و مافی کەمایەتییەکان و ….. ئەوەی بەشداربووانی ئەم کۆنگەرەیە جێگای باس و خواسیان نەبوو باشترکردنی ژیانی خەڵک و بەرزکردنەوەی ئاستی گووزەرانیان بوو. ئەوان تەنانەت باسێکیان نەبوو لەسەر ئەوەی کە چۆن بەردەگرن بە هەرزانفڕۆشکردنی گاز و نەوت و کارەبای ئەو وڵاتە و چۆن بەردەگرن بە چوونە سەرەوەی نرخی وزە لەو وڵاتەدا کە ئێستا بە شێوەیەکی زۆر هەرزان فەراهەم کراوە. بە کورتییەکەی ئەوان بێجگە لە پەیامی وێرانکردن و داڕمانێکی زیاتری کۆمەڵگا شتێکیان لە هەگبەکەیاندا بۆ بنیاتنانەوە و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگا پێ نەبوو. ئەمە پەیامی درووست و تەواوی ئەوانە و ناتوانرێت شتێکی لەمە زیاتر نە لە هێز و ئەحزابی بەشداربووی ناو کۆنگرەکە و نە کۆنگرەی لەم چەشنەش چاوەڕوان بکرێت.
تۆ سەیری ئەم مۆزاییەکە بکەن، لە کۆمۆنیزمە قەومییەکەی جەنابی تەقوایی و حزبەکەیەوە تا دەگات بە گرووپی “دەوڵەت بۆ ئێران”، تا حزبی دیموکراتی ئازەرباینجانی و ئێرانییە کۆمارییەکان و سەڵتەنەت تەڵەبەکان و تا دەگات بە حزبی هاوپشتی دیموکراتی ئەحواز و تا نوێنەرانی ئەحزابی بەلوچ و عەرەب و کورد و ئەوانی دیکەی تێیدایە. هەر لە ئێستاوە نەعرەتەی فیدڕالێ و جیابوونەوە و بەشبەشکردنی ئێران لێدەدرێت و دەیانەوێت کۆمەڵگای ئێران بەسەر هەموو ئەو نەتەوە و زمانە جۆراوجۆرانەدا بەشبکەن بۆ پچڕینی بەشی خۆیان لە دەسەڵات و سەرمایەگوزاری.
ئەم کۆنگرانە دەیانەوێت دیموکراتییەک کە هەم دەسەڵاتدارنی ئەمریکا خۆیان شەقیانتێهەڵداوەو بەسەرچووەو بەدەردیان ناخوات، بۆ ئێران بهێنن بەسەر پشتی تانک و فڕۆکە و پاپۆڕە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ بردنی کۆمەڵگا بۆ ئاستی پێکدادانی نەتەوەیی و ئیتنیکی لە ژێر ناوی ئازادیدا. ئەگەرچی کۆنگرەی ئەمجارەشیان لە لەندەن بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەم جارە ئەوروپا خۆی خوێنی لێدەچۆڕیت و لەت لەتە و یەکدەنگ نییە و ئەمریکاو ئیسرائیل دەیانەوێت بە تەنها ئەم کارە بکەن، بەڵام ئەوانیش لە هەوڵی زامنکردنی بەشی خۆیانن لە ئایندەدا لە ڕێگای ئەم جۆرە کۆنگرانەوە.
ئەوەی لە کۆنگرەکەدا دەگوزەرا ڕیک ئەو دەستەواژەیەیە کە دەڵێت “هەر کەس بۆ لەیلاکەی خۆی دەگری” هەموویان کۆدەنگ بوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت ئەو کۆمەڵگا ملیۆنییە پارچە پارچە بکرێت و هەویەتی بەلوچی و فارس و عەرەب و کورد و سوننی و شیعی و هەموو ئەوانی تر زیندووبکرێتەوە. ئەم بەڕێزانە بە دڵنیاییەوە نە کوێرن و نە بیریان چووە چ نەهامەتییەک بەسەر خەڵکی عێرقدا هاتووە و چۆن دوای سێ دەیە کۆمەڵگا لە ناو هەمان زەلکاوی بەشبوونی ئیتنی و نەتەوەیی و گوێ لە مشتی هێزە دەرەکییەکاندا دەناڵێنێت و چۆن سەدان و هەزاران ملیاردێر و کۆمپانیا هەڵتۆقیون بۆ سەرمایەگوزاری و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی کۆمەڵگا و هێشتنەوەی خەڵک لە برسێتیدا. بەڵام ئەوان بەرژەوەندییەکانیان لەوە گەورەترە کە ئەمە ببین. ئەوان هێزی بورژوازی کۆمەڵگان و دەیانەوێت بەشێک بن لەو سەرمایەگوزارییە. حەتمەن ئەوان ئەمە وەک دەستکەوتیش باس لێ دەکەن و دەیانەوێت ئەم تەجروبە تاڵەی عێراق بەسەر سەری خەڵکی ئێراندا بسەپێنن و کۆمەڵگایەکی ٩٠ ملیۆنی ئەوەندەی تر نووقمی کۆنەپەرستی و هەڵاواردن و برسێتی بکەن.
ئەم جڕوجانەوەرانە دەیانەوێت لەسەر حسابی ماڵوێرانی خەڵکی ئێران و برسێتی و لەناوچوونیان بگەنە ترۆپکی دەسەڵات. ئەگەر ئەم سیناریۆیە لە لایەن پڕۆلیتاریای ئیرانەوە بەری پێنەگیرێت و نەخرێتە زبڵدانی مێژووەوە ئەوا چارەنووسی ئێران دەبێتە عێراقێکی تر و ئەفغانستانێکی تر و سوریایەکی تر. ئەوەی کە ئەمریکا بە ئاشکرا و بێ پەردە هەمیشە باسی دەکات ئەوەیە کە ئەو بۆی گرنگ نییە کێ ئیران دەبات بەڕێوە، ئایا توندڕەوتر یان میانڕەوتر دێتە سەر عەرشی دەسەڵات گرنگ نییە، بەڵکو گرنگ سەرمایگوزاری خۆی و چاڵەنەوتەکان و ڕێگا ئاوییەکانە.
لە بەرێکی تری ئەم ڕووداوانە و لە هەمان ڕۆژی ٢٨ مانگ دا ئێمە شاهیدی خۆپیشاندانی دەیان ملیۆنی خەڵکی ئەمریکا بووین دژ بە ترەمپ و سیاسەتە شەڕخوازانەکانی و دژی هەژاری و گرانی و بۆ وەستانی شەڕ، لە کاتێکدا ئەم بەڕێزانە بە پلان و سیاسەتی بەریتانیا و خۆرئاوا خەریکی گڵاوترین پلانی خۆیان بوون بۆ وێرانکردنی کۆمەڵگای ئێران. ئەگەرچی ئەم هاتنە مەیدانانەش هەر چەند گەورەبن ناتوانێت بە جێگایەک بگات مەگەر پڕۆلیتاریا بتوانێت دژ بە بورژوازی ناوخۆی خۆی چ لە ئەمریکا و چ لە وڵاتانی دیکەدا بێتە مەیدان و ڕاپەڕێت و بەرهەم هێنان ڕابگرێت و پێچی کۆمپانیاکان دابخات و ڕیزی خۆی لە ئەحزابە بورژوازییەکان بە هەموو ڕەنگەکیانەوە جیابکاتەوە.
پڕۆلیتاریای ئێران ئەگەر لەبەرامبەر ئەم سیاسەتەدا نەیەتە مەیدان و پشت بە هاوخەباتی و هاوڕیزی پڕۆلیتاری جیهان نەبەستێت بۆ وەلانانی ئەم جۆرە گۆڕانکارییە ئەوە کۆمەڵگای ئێران نووقمی خوێن دەبێت و ئەوەی کە لەعێراق ڕوویداوەو ڕوودەدات هیج نابێت لە چاویدا و دەبێت بڵێین هەزار ڕەحمەت لە کفن دز.
باسی ئەوان باسی مەدەنییەت و سکولاریزم و مافی مرۆڤ و مافی نەتەوەکان و کەمە نەتەوەییەکانە وەک بانگەشەی بۆ دەکەن، لە بەرامبەر باسی ئیسلامی سیاسی و دەسەڵاتی ئیسلامیی دا. ئەمانە هەمووی ئاڵا و درووشمی بورژوازییە، وێڕای ئەوەی باویشیان نەماوە، و دەیانەوێت لە سایەیدا خەڵک وڕ و بێ ئاگا بکەن. باسە بنەڕەتییەکە باسی نەبەردێکی چینایەتییە کە هیچ یەکێک لەو درووشمە بورژوازییانە نەک هیچ لە نەهامەتیەکانی پڕۆلیتاریای ئێران کەم ناکاتەوە، بەڵکو قڵشتەکانی نێوانی فراوانتر و گەورەتر دەکات و یەکڕیزییەکەی بە هۆی ئەم سیاسەتانەوە زەربە دەخوات. بۆیە تەنها ڕێگایەک ڕووخاندن و وەلانانی هەموو ئەمانەیە بە ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتەوە و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی یەکسانە لە ڕێگای ئەو هاوپشتییە چینایەتییەی هەر ئێستا بە شێوازێکی سەرەتایی لە مەیداندایە.

کامل احمد
1ی نیسانی 2026




فیدراسیۆنی هۆزایەتی.. بەختیار مام حەمید(لالە بەختیار)

(مکایەڵی: مۆدێلێکی باڵای هاوپەیمانیی هۆزایەتی لە مێژووی جافدا) بە نموونە.

لە مێژووی کۆنی نەتەوەی کورد(و نەتەوەکانی تریش)دا، “هۆز” تەنها یەکەیەکی خوێنی و ڕەچەڵەکیی نەبووە، بەڵکو لە پاڵ نزیکایەتیی خوێنیی و پشتاوپشتدا دەزگایەکی سیاسی و سەربازی بووە بۆ پاراستنی بوونی نەتەوەیی و ئابووری ئەو کۆمەڵە خەڵکەی کە ئەندامی هەمان هۆز بوون. فیدراسیۆنی مکایەڵی یەکێکە لە نموونە هەرە دیارەکانی ئەم جۆرە یەکگرتنانە، کە توانیویەتی چەندین عەشیرەتی گەورە و خاوەن مێژوو لەژێر چەترێکی مەعنەوی و کۆمەڵایەتیدا کۆبکاتەوە، کە بۆ سەردەمی خۆی وەرچەرخانێکی مەزن و هەنگاوێکی ئازایانەی عەشیرەت و تیرە پێکهێنەرەکانی بووە.

١. ڕیشەی ناونان و پیرۆزیی چەترەکە
ئەم فیدراسیۆنە ناوی خۆی لە کەسایەتیی ناودار و پیرۆزی ناو مێژووی جاف، حەزرەتی پیر مکایەڵی جاف (پیر میکائیل شەش پەنجە، شەش ئەنگوست) وەرگرتووە.
هەڵبژاردنی ئەم ناوە تەنها لایەنێکی مێژوویی نەبووە، بەڵکو:
مانایەکی ڕوحی: پیر میکائیل لای هەموو عەشیرەتەکان وەک ڕابەرێکی ڕوحی و باوکێکی مەعنەوی ناسراوە.
خاڵی کۆکەرەوە: ناوەکە وای کردووە عەشیرەتە جیاوازەکان (تەنانەت ئەوانەشی لە ڕووی خوێنەوە دوورن) هەست بە جۆرێک لە “برایەتیی ئایینی و مێژوویی” بکەن.

٢. پێکهاتەی عەشیرەتەکانی ناو فیدراسیۆنەکە
وەک ئاماژەی پێکرا، ئەم فیدراسیۆنە تەنها یەک تیرە نییە، بەڵکو کۆمەڵێک عەشیرەتی خاوەن قورسایین کە گرنگترینیان ئەمانەن:
ئاڵیبەگی: عەشیرەتێکی جەنگاوەر و خاوەن دەسەڵات لە ناوچەکەدا.
شوانکارە: کە مێژوویەکی دێرینیان لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستاندا هەیە.
ڕەشوبۆری: یەکێک لە پایە گرنگەکانی ئەم هاوپەیمانییە.
حەمەعەلی وەیسی: خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی و جوگرافیی تایبەت بە خۆیان بوون.
میرەیی: بە هەمان شێوە خاوەنی جەنگاوەری ئازا و کەسایەتیی نەفسبەرز و لێهاتوو بوون.
تیرەکانیتر: بێگومان ئەوانیش تایبەتمەندیی زۆریان هەبووە بۆیە جێیان گرتووە لەو فیدراسیۆنەدا.

٣. بنەماکانی دروستبوونی فیدراسیۆنەکە
ئەم یەکگرتنە لەسەر سێ بنەمای سەرەکی داڕژاوە:
بەرگریی هاوبەش: بۆ پاراستنی ناوچەکانیان لە هێرشی دەرەکی و پاراستنی سنووری لەوەڕگاکان.
پەیوەندیی ئابووری: بەهۆی ئەوەی زۆربەی ئەم هۆزانە کۆچەری یان نیوە کۆچەری بوون، ڕێڕەوی کۆچ و زستانە و هاوینە پێویستی بە جۆرێک لە “دەستووری ناوخۆیی نەنووسراو” هەبووە بۆ ڕێگریکردن لە کێشە و پێکدادان و گرژی.
پێگەی سیاسی: لە بەرانبەر دەسەڵاتە ناوچەییەکان (وەک میرنشینەکان یان دەوڵەتانی دراوسێ و تەنانەت بەرانبەر عەشیرەتەکانیتری ناو هۆزی جاف)، ئەم فیدراسیۆنە وەک یەکەیەکی گەورە و بەهێز مامەڵەی کردووە، نەک وەک چەند تاقمێکی بچووک.

٤. گرنگیی مێژوویی
فیدراسیۆنی مکایەڵی سەلماندی کە کورد لە کۆندا خاوەنی جۆرێک لە “دیموکراسیی سەرەتایی هۆزایەتی” بووە.
ئەوەی کە عەشیرەتەکان توانیویانە لەژێر یەک ناو و یەک ئاڵای مەعنەویدا کۆببنەوە بێ ئەوەی ناسنامەی تایبەتی خۆیان لەدەست بدەن، نیشانەی تێگەیشتنی قووڵیان بووە بۆ چەمکی “یەکێتی لە فرەییدا”.

یەکێتی تۆکمەی نێوان عەشیرەتەکانی ناو فیدراسیۆنەکە وای کردووە کە هەندێ جار کەسایەتییە گەورەکانی ناو عەشیرەتەکان بە پاشگری مکایەڵی بانگ بکرێن و بناسرێن.
بۆ نموونە: نالی ئاڵیبەگی/مکایەڵی، مەولانا خالیدی ئاڵیبەگی/مکایەڵی.
ئەمەیش خوێندنەوەی زۆر ورد و تێرتەسەلی گەرەکە و پێویستە بێلایەنانە لەسەری بکۆڵینەوە.

تێبینی: فیدراسیۆنی مکایەڵی تەنها بەشێک نییە لە مێژووی جاف، بەڵکو ناسنامەیەکی زیندووی ناوچەیەکی بەرفراوانی کوردستانە کە تا ئەمڕۆش شوێنەوارە کۆمەڵایەتییەکانی هەر ماوە و هێشتایش ئەو عەشیرەتانە نزیکایەتییەکی پتەویان هەیە و جۆرێک لە خزمایەتیی ڕیشەییان هەیە.

هەڵسەنگاندێکی سەرەتایی:

١. تێپەڕاندنی “خوێن” بۆ “بەرژەوەندی”

خاڵە هەرە درەوشاوەکەی ئەم بابەتە لەوەدایە کە دەری دەخات فیدراسیۆن (فیدراسیۆنی مکایەڵی، بە نموونە) لەسەر بنەمای “گرێبەستی کۆمەڵایەتی” دروست بووە نەک تەنها “ڕەچەڵەک”.

لە زانستی کۆمەڵناسیدا، ئەمە پێی دەوترێت گواستنەوە لە “کۆمەڵگەی داخراو” بۆ “کۆمەڵگەی هاوپەیمان”.

کۆکردنەوەی عەشیرەتە جیاوازەکانی وەک (ئاڵیبەگی، شوانکارە، ڕەشوبۆری، میرەیی، حەمەعەلی وەیسی و…) نیشانەی ئەوەیە کە عەقڵییەتی سیاسیی ئەو کاتە گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە “یەکێتی لە پێناو مانەوە” گرنگترە لە خۆپەرستیی هۆزایەتیی تەسک و بێکەڵک.

٢. پیرۆزیی مەعنەوی وەک “کۆڵەکەی یەکێتی”

پیر میکائیل تەنها ناو نییە، بەڵکو “چەترێکی پیرۆزە” بۆ ڕێکخستنی جیاوازییەکان.
هەم وەک پیرێکی ئاینیی و هەم وەک کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتیی ناو جافداری.

لە مێژوودا، کاتێک عەشیرەتەکان لە ڕووی سیاسییەوە کێبڕکێیان کردووە، پێویستیان بە ناوێکی “بێلایەن و پیرۆز” بووە کە کەس نەتوانێت ڕەتی بکاتەوە.

پیر میکائیلی شەش پەنجە لێرەدا دەبێتە “خاڵی هاوسەنگی”؛ واتە هیچ عەشیرەتێک ناتوانێت بڵێت من لەوانی تر گەورەترم، چونکە هەموان لەژێر ناوی “پیر”دا یەکسانن و هاوڕایشن لەسەر ناونانی فیدراسیۆنەکە بەناوی ئەو کەسایەتیە گەورەی جاف و کوردەوە.

٣. فیدراسیۆنی مکایەڵی وەک “دەزگایەکی بەڕێوەبردن”

ئەگەر سەیری ئەو سێ بنەمایە بکەین (بەرگری، ئابووری، سیاسی)، دەبینین ئەم فیدراسیۆنە وەک سیستمێکی بەڕێوەبردن کاری کردووە:

لە ڕووی سەربازییەوە: سیستمی “پاسەوانیی سنوور و لەوەڕگا”یان هەبووە، ئەگەرچی فەرمی و ئاشکرا نەبووە.
بەڵام تەواوی عەشیرەت و تیرەکان بە چەکدار/جەنگاوەر، لەم کۆسووڕەدا بەشداربووگن.

لە ڕووی یاساییەوە: ئەو “دەستوورە ڕانەگەیەندراوە”ی باسمان کرد، هەمان ئەو عورف و عاداتە بووە کە کێشە نێوخۆییەکانی پێ چارەسەر کراوە، سەرەتا لە نێوان ئەندامانی فیدراسیۆنەکە و دواتر لە نێو تەواوی عەشیرەت و هۆزەکاندا.

لە ڕووی دیپلۆماسییەوە: ئەم فیدراسیۆنە کاتێک لەگەڵ میرنشینی بابان یان ئەردەڵان یان عوسمانییەکان یان هەر لایەنێکی ر قسەی کردووە، وەک “هێزێکی یەکگرتووی نیمچەهاوخوێن” مامەڵەی کردووە.

٤. ڕەهەندی جوگرافی و ستراتیژی

ئەم عەشیرەتانەی ناویان هاتووە، لە ناوچەگەلێکی ستراتیژیدا بوون کە هەمیشە جێگەی چاوچنۆکیی هێزە دەرەکییەکان بووە. دروستکردنی ئەم فیدراسیۆنە جۆرێک بووە لە “دیواری پاراستن” بۆ هێشتنەوەی خاکی کوردستان و ڕێگریکردن لە پەرتەوازەبوونی هێزی مرۆیی لایەنیەکەم لە ناو جافەکاندا.

٥. کەسایەتییەکان.

عەلی بەگی جاف و قەرەوەیس ئاڵیبەگی و مەولانا خالید و حەزرەتی نالی.
ئەمانە نموونەی کەسایەتیی گەورەی کورد و جاف و ئاڵیبەگین،
سەرەتا ئاڵیبەگین، دواتر موڵکی فیدراسیۆنەکەن، پاشان موڵکی جاف و کوردن بەبێ جیاوازی.
هەندێ جار تۆکمەیی ئەم فیدراسیۆنە وای کردووە کە ئەم کەسایەتییانە جیا نەکرێنەوە لە ڕووی خوێنەوە.
ئەمە پێویستی بە هەڵوەستە و قسەی زیاتر و وردترە.

کورتەی خوێندنەوەکە:

ئەم بابەتە پێمان دەڵێت کە “فیدراسیۆنی مکایەڵی” نموونەیەکی سەرکەوتووی “ڕێکخراوەیی” بووە لە مێژووی جاف و کورددا. نیشانەی ئەوەیە کە باپیرانی ئێمە تێگەیشتنی وردیان بۆ “ئاسایشی نەتەوەیی” هەبووە و توانیویانە لە ڕێگەی ئایین، مێژوو و بەرژەوەندیی هاوبەشەوە، ناسنامەیەکی گەورەتر دروست بکەن کە تێیدا هەمووان هەست بە پارێزراوی بکەن.
ئەم جۆرە لێکۆڵینەوانە زۆر گرنگن بۆ ئەوەی نەوەی نوێ بزانێت کە مێژووی ئێمە تەنها شەڕ و ململانێ نەبووە، بەڵکو مێژووی “داڕشتنی سیستەم و هاوپەیمانیی ژیرانە” بووە.

هەزار ڕەحمەت لە ڕۆحی حەزرەتی پیرمکایەڵی شەش پەنجە و حەزرەتی عەلی بەگی جاف و باوەلێ قەرەوەیس و حەزرەتی مەولانا خالید و حەزرەتی نالی.




مەراسیمی یادکردنەوەی رابەری بزووتنەوەی ژنان یەنار محەمەد لە شاری تۆرۆنتۆ




سرووتی هه‌ڵوه‌ریین.. سیروان بابه‌عه‌لی

منی ڕێبوار،
منی سه‌ره‌ڕۆی دوور له‌ شار،
له‌نێو خه‌ره‌ندی لای دێتان،
هی خۆم نه‌بێت، سیمای هه‌مووتانم ده‌دیی،
گوێم له‌ ده‌نگی هه‌مووتان بوو؛
که‌ تۆ ڕۆیشتی ‌و خۆت له‌ گونده‌که‌ ته‌را کرد،
ئیدی من نه‌ که‌سی دیم دیی ‌و
نه‌ هه‌ستم به‌ که‌سی دی کرد…
منی ڕێبوار،
منێکی هه‌ڵهاتوو له‌ شار،
هاوارم به‌ دووتدا وێڵ کرد؛
که‌چیی هاوار،
ته‌نگه‌تاویی کردییه‌ مار و
له‌نێو کونی گوێچکه‌یه‌کی ده‌خه‌ڵدا، په‌پکه‌ی خوارد؛
بیستنم نارد خۆی مات بدات،
گه‌ر هاوارێک، نا.. سرپەیەک، له‌ تۆوه‌ بێت، داڵده‌ی بدات؛
بیستنی بێ نه‌وا و نامۆ، بیستنی له‌وێ هه‌ڵتووتاو،
بووه‌ قوربانی قه‌پاڵی زارێکی پاشتر هه‌ڵدووراو…
منی ڕێبوار،
منی جاڕز له‌ ژاری شار،
ڕێی دارستانم گرته‌به‌ر؛
له‌وێش نه‌بوویت،
دارستان بێ به‌رامه‌ بوو،
هیچ شتێکت له‌وێ نه‌بوو؛
دیاربوو دوور بوویت،
چونکه‌ له‌وێ،
له‌نێو بازنه‌ی هه‌ستمدا،
تینی شه‌به‌نگت لای نه‌دا…
منی تاوگیر، منی ڕێبوار،
منی تووڕه‌ له‌ گوند و شار،
چوومه‌ سه‌ر ترۆپکی دره‌خت،
دوندی چیام کرده‌ مه‌به‌ست؛
هه‌ردوو دییده‌م، بوونه‌ دوو‌ باڵ بۆ بینایی ‌و
به‌ره‌و لوتکه به‌ڕێم کردن،
تا له‌وێوه‌ سۆراخێکی تۆم بۆ بکه‌ن،
په‌ی به‌ په‌یامێکت ببه‌ن؛
به‌ڵام جه‌خار،
به‌رله‌وه‌ی سۆراخت بکه‌ن،
دوو گلێنه‌م،
له‌ترسی داڵه‌که‌رخۆره‌،
پەیام به‌کۆڵ،
هه‌ر به‌ دیار چاوی شاخه‌وه‌،
گلۆربوونه‌وه‌ به‌ره‌و دۆڵ…
ئیدی ئێستا منی ڕێبوار، منی بیمار،
به‌خۆم نه‌بێت، زه‌نام به‌ هیچ که‌سێك ناگات؛
هی خۆم نه‌بێت، ده‌نگی هیچ که‌سێك نابیستم؛
بیناییشم، سه‌ری بێ چاوی خۆم نه‌بێت، سه‌ر نابینێت…
منی ڕێبوار،
منی سه‌ربزێو و تاراو،
نه‌فره‌تکردوو له‌ شاخ، له‌ گوند، له‌ شار،
هه‌ر خه‌ریکی چنگه‌کڕێم؛
ڕه‌هێڵ ده‌بم، ئێسکم ده‌شکێت،
که‌چیی هێشتا،
لێناگه‌ڕێم، جرج پاشماوه‌که‌م به‌رێت؛
هێشتا له‌ توانامدا ماوه‌،
گه‌ر تیرۆژێکت گه‌یشته‌ لام،
تێرتێر له‌نێو سنگی بنێم؛
هێشتا له‌ توانامدا ماوه‌،
له‌ زۆزانی خه‌یاڵمدا،
بتکه‌مه‌ گوڵی‌ مێخه‌ك ‌و
ته‌نها به‌ بۆن بۆت بگه‌ڕێم!

سیروان بابه‌عه‌لی




ئەحمەد ئەلشەرع لە سەردانەکەی لە لەندەن دا رووبەڕووی ناڕەزایەتی توندبوویەوە

لە دوای سەردانەکانی ئەحمەد شەرعی تاوانبار بۆ بەرلین، رۆژی ٣١ی ئازاری ٢٠٢٦، ئەحمەد ئەلشەرع بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە لەندەن. حکومەتی بەریتانیا فەرشی سووری بۆ پێشوازی لەو تاوانبارە داخست. لە هەمان کاتدا، لە داونینگ ستریت پێشوازی فەرمی لێکرا، بەڵام لە دەرەوە خۆپیشاندەران لە چەتەم هاوس ـ پەیمانگای شاهانەی کاروباری نێودەوڵەتی ـ چاوەڕوانیان دەکرد تا دەنگی ئەو پێکهاتانە بەرزبکەنەوە کە لە سوریادا زیانیان بەرکەوتووە و سەرکوتی ئازادییانەیان لەلایەن رژیمی تیرۆریستی ئەحمەد الشرع سنوردار کراوە.
خۆپیشاندەران بە دروشم و بانگەوازەکانیان دژی سەردانەکە خستەڕوو:
• جولانی تیرۆریست، تیرۆریست جولانی
• جولانی داعش
• نابێت بەریتانیا پێشوازی لە ئەحمەد الشرع بکات
• نابێت چەتەم هاوس پێشوازی لە ئەحمەد الشرع بکات

  • خۆپیشاندەران دەڵێن ئەحمەد الشرع و دەسەڵاتەکەی مافەکانی ئازادییە کەسی و مەدەنیەکان سنوردار دەکەن و ژنان و منداڵان بە ئامانج دەگرن و سەرکوت و کوشتار ئەنجامدەدەن.
    لە کاتی خۆپیشاندانەکەدا چەندین وێنە و دروشمی دژی تیرۆریزم و دژی سەردانەکە بەرز راگیرا. هەروەها چەند کەسێکی هەلپەرستیش بۆ پشتیوانی لە سەردانەکە لە شوێنەکە بوون، بەڵام بەهۆی توندوتیژی ناڕەزایەتی خۆپیشاندەرانەوە پۆلیس و هێزی تایبەتی ناچار بوون ژمارەیەکی زۆر پۆلیسیان هێنا بۆ پاراستنی ئەحمەد الشرع. ئەو توندوتیژیە هێزەکان ناچار کرد کۆبوونەوەکە دوا بخەن و ئەحمەد الشرع بە شێوەیەکی تایبەتی لەڕێگەی شوێنی ئاگرکەتنەوەوە بگوازرێتە ناوەوە بۆ پاراستن لە مەترسی نارەزایەتی گشتی.
    حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان رێکخراوی دەرەوە، لە دوای گەیشتنی زانیاریەکان سەبارەت بە گەشتی ئەحمەد الشرع بۆ بەرلین و پاشان بۆ لەندەن، پێشەوەخت ئامادەکارییان کرد بە مەبەستی ریسواکردنی ئەم سەردانە. ئامانج ئەوەبوو کە لە ئاستی ئەوروپا، میدیاکان و خەڵکی ئازادیخواز و مرۆڤدوست دەنگیان بەرز بکەنەوە بۆ داوای هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکەی ئەحمەد الشرع بۆ بەرلین و لەندەن.
    هاوکات حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بانگەوازی کرد بۆ هەموو خەڵکی ئازادیخواز و مرۆڤدوستی بەرلین و لەندەن کە دەنگیان بەرز بکەنەوە دژی ئەم سەردانە و دژی سیاسەتی حکومەتی ئەڵمانیا و بەریتانیا بۆ پێشوازی لەم تاوانبارە.
    هاوڕێیان و دۆستانێکی رێکخستنی بەریتانیای حزبی کۆمۆنیستی کرێكاریی کوردستان ئامادەی ئەم خۆپیشاندانە ناڕەزایەتیە بوون و بەیانی رێکخراوی دەرەوە بەدژی ئەم سەردانە کە بەزمانەکانی کوردی، عەرەبی، ئێنگلیزی و ئەڵمانی راگەیەنرابوو، لەم خۆپیشاندانەدا بڵاوکرایەوە.
  • رێکخستنی بەریتانیای حزبی کۆمۆنیستی کرێكاریی کوردستان
    ٣١ی٣ی ٢٠٢٦



شەرم.. شیعری سەردار جاف

شەرم بە قەد داڵانی تەريک کردنەوە هەڵواسراوە
بەرگەی ئەو بارانە ناگرم
جەستەم لە تەڕبووندا
هيشک هيشک هەڵگەڕاوە
پەڕەکانی باڵی ڕەهام
يەک يەک هەڵدەوەرێن
زمانی کوکوختييەکە لێم تێ ناگا
کۆتر عەوداڵی سەربانەکەمانە
خەنجەرێکن هەموو دەمە ئێوارانێک
بەردەرگای خەمەکان دەگرێ
لە تەک بولێڵی
هەموو دوا عەسرانێکی ژوورەکەم
بۆنی زەردە
بە تەمتومانی تاريکیدا هەڵدەزنێ
زەردەيەکی تاريک
مينا داڵێ
دەنووکی لە کەلی ژێی ئاوەزم گيرکردووە
هێشتان
لەوديو کوخی پەنجەرەکەوە
بۆنی دەشتاييە چۆڵەکە دێ
هێشتان
ئەشک بە سەر ڕوومەتەکانەوە ديارن
لەو ديو دەرگای ژووری تەنياييمەوە
جێ پەنجە بە دارە ڕووتەکەوە دەبينم
ژووانە يادگەکان
بۆنی گەمەی شەوانی لێ دێ
خەون بۆتە مۆتەکەيەک و
هەراسانيمی جويوەتەوە
نيگای کاڵ بوونەوە نابينم

سەردار جاف
ئەڵمانيا




ڕاگەیەندراوێک لە فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان، دیاسپۆراوە

لەم ڕۆژانەدا دۆخێکی هەستيار بە ناوچەکەدا تێدەپەڕێت، هەڵبەتە نيشتيمان خانە و ماڵی ئەبەدييەتی هەر تاکێکی ئێمەيە، چەند لێی دوور بين هێشتا لە ناوجەرگەیدا گوزەر دەکەين، مرۆڤبوونی ئێمە بە سەرکەوتنی کوردستانەوە پەيوەستە، هێشتان لە گەڵ ئەو ڕەنگاڵەييەی کوردستاندا رۆحمان لە دۆراندۆری پەرژين و تخوبەکانييەوە هەڵواسراوە، جوانی ئێمە و خاکمان بە پاراستن و سەرکەوتنی ئەو هەرێمەوەيە کە نەيار و ڕەقيبان لە چوارلاوە کەڵبەی رک و کينەيان لێگير کردووە، پێشمەرگەيش ئەو بەورە چنگ بە گڕ و هەڵؤئاسايانەيە کە هەموو لايەکمان شانازی پێوە بکەين، ئێمەی نووسەرانی تاراوگەنشين نەک ڕۆح و دڵمان لە گەڵ پێشمەرگە و سيمبول و کوردستاندايە بەڵکوو گيانفيدایی بست بە بستی خاکی نيشتيمانمانين، لێرەوە زۆر بە توندی ئەو شاڵاوە دڕندانە و هەمەجيتيانەی پەلاماردانی کوردستان سەرکۆنە دەکەين کە تەواوی سنووری ياسایی و مرۆیی و دراوسێتی بەزاندووە، کار گەيشتۆتە سەر ئەوەی پەلاماری سيمبولی نەتەوەييمان لە سەرۆکايەتی هەرێمی کوردستان بدەن، ئەم کردەوە چەپەڵانە شەرمەزار و سەرکۆنە دەکەين،
دوژمنانمان زۆر بێ باکانە دەيانەوێت کوردستان لەم زەلکاوی شەڕە نەگريسە بئاڵێن، وەک خۆيان چۆن تێوەگلاون، ئەميش دەرخەری غيابی عەقڵانييەتە لای ئەوان و، حەکيمانە بيرکردنەوەی سەرکردايەتی کوردستانە کە چۆن نەتەوەکەمان لەم بەڵايە دەپارێزن…
سەرکەوتن بۆ ئيرادەی ئاشتيخوازانەی کوردستان و گەلە کۆڵنەدەرەکەی
ڕوو ڕەشی بۆ دوژمنە دڵ ڕەش و قين لە دڵان، کە چاوی بە نيشتيمانی کوردان هەڵنايەت
بژی کورد بژی کوردستان

فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان – دیاسپۆرا
٢٩⁄٣⁄٢٠٢٦