لێکەوتەکانی ئەم جەنگە لەسەر دۆخی خەڵک لەهەرێمی کوردستاندا!.. د. حیکمەت نامیق

ئەو جەنگەی کەوا بەرپابووە دیار نییە کەی کۆتایی پێدێت. ئەوەی کە زۆر جێگای تێڕامان وشۆکە بۆ خەڵک گرانبوونی نرخی سوتەمنی وخۆراک و کەلوپەل و شتومەکە دەسەڵاتیش نەبای دێ نەباران ئەو حکومەتەی کە دەمێکە لەخەمە قووڵەکانی خەڵک دوورکەوتۆتەوە. لێکەوتەو کاریگەرییەکانی شەڕ لەسەر کۆمەڵگای کوردی بەجۆرێکە هیچ کەسێک چارەسەرێکی ڕیشەیی نییە بۆ دۆخەکە.
کۆمەڵگا لە دۆخێکی ناخۆشی ئابوریی و سیاسی و سەربازیی و دەروونی دەژیت، بەتایبەتی لەکاتی کێشەو قەیرانەکاندا ئازاری مرۆڤەکان دەردەکەوێت. لەوەتەی ئەم شەڕەی ئەمریکاو ئێران دەستی پێکردووە میللەت ڕۆژانە لە چاوەڕوانی کوژانەوەی جەنگەکە ژیان بەڕێدەکەن. چونکە بەشی زۆری کۆمەڵگای کوردی لە دۆخێکی خراپی ئابوریدان شەڕەکەش دۆخە ئابوریی و کۆمەڵایەتییەکەی سەختترو قووڵتر کردۆتەوە، چونکە فشارە دەروونییەکان لەسەر تاک و گرووپە کۆمەڵایەتییە هەژارو پەراوێزخراوەکان زیاتر بوون. دەشێ بوترێت کەوا لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا ئازاردانی ڕۆژانەی مرۆڤەکان بوونەتە دیاردەیەکی دەروونی و کۆمەڵایەتی، بەمانایەکی دیکە لەم جۆرە کۆمەڵگایانەی کەوا هیچ سیستەم ودامەزراوەیەکی مەدەنی نییە تێیدا ئازارو چەپاندنی مرۆڤەکان بوونەتە کولتوور لەنەوەیەکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەگوازرێتەوە.لەسەروبەندی کێشمەکێش و شەڕەکاندا بازرگان و سەرمایەدارە تەماعکارەکان دۆخەکە دەقۆزنەوە بۆ گرانکردنی زیاتری نرخی کەل و پەل و سوتەمەنی و شتومەکەکان.
لەئێستادا کۆمەڵگای کوردی لەژێر بارێکی قورسی ئابوریدا دەگوزەرێ بەهۆی ئەم شەڕەی کەوا هیچ وادەیەکی نییە بۆ کۆتاییهاتن. ئێمە کۆمەڵگایەکی سەرمایەداری نین تاوەکو دەستەبەری تەندروستی وکۆمەڵایەتی و ئابوریی و سۆشیاڵمان هەبێت، بەڵکو کۆمەڵگایەکی ڕاگوزەرین لەقۆناغێکی کۆمەڵایەتی وئابوریی سادەی پێش مۆدێرنەداین بەدەست چەندین گرفت و کێشەی قووڵەوە دەناڵێنین لەهەموو ڕەهەندەکانەوە. ئاشکرایە شەڕ هەرچۆنێک بێت ئایدۆلۆژستەکان چۆن تەفسیری دەکەن، بەڵام هیچ شرۆڤەیەک بەئەندازەی ئەوە نییە ماڵوێرانی و قاتوقڕی و بەدبەختی و گرانی لەگەڵ خۆی دینێت بۆ کۆمەڵ و گرووپە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەتی شەڕ دەبێتە بەڵاو کێشە بۆ چینی هەژارو بەشخوراوان. هەرچەندە زۆر بەکەمی نەبێت ئەگینا هیچ شەڕێک بەدرێژایی مێژوو ئاشتی و خۆشگوزەرانی و خۆشبەختی لەگەڵ خۆی نەهێناوە بۆ کۆمەڵگا. پرسیار ئەوەیە لەئەگەری درێژەدانی ئەم شەڕە پلانی دەسەڵات چیە بۆ کۆمەڵگا؟ ئەگەر کوردستان تێوەبگلێت لەم شەڕەدا دیسان جێگرەوە چیە؟ تاکەی کۆمەڵگا بەرگەی ئەم گرانییە دەگرێ؟ هەموو ئەم پرسیارانە پێویستی بەوەڵامی ورد هەیە، چونکە وەک لەسەرەوە ئاماژەمان بۆکرد ڕێژەی هەژاری لەکوردستاندا لە لوتکەدایە بێکاری تەنگی بەگەنجان هەڵچنیوە، کەچی گرانی نرخی کەلوپەل وکاڵاکان و سوتەمەنیشی هاتە سەر. ئەگەرچی خۆ بەدوورگرتنی بڕیار بەدەستان ئەوپەڕی ئەقڵانییە، چونکە شەڕی پڕۆکسی هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی نابێت. پرسیارو تێبینی خەڵک دۆخی دارایی و ئابورییە نەوەک شتی تر. کەواتە گرانی بازاڕ کاریگەری نەرێنی زۆری کردۆتە سەر دۆخ و گوزەرانی خەڵک. لەهەموو دنیا کاتێ ئەزمە سەرهەڵدەدات حکومەت قسەو هەڵوێست و ئەلتەرناتیڤی دەبێت بۆ دۆخە سەختەکان، کەچی لێرە ڕۆژانە نرخی شتومەکەکان گران دەبن و بازرگانە چاوچنۆکەکان بەئاشکرا سوتەمەنییەکانی وەک غازو بەنزین و نەوت بەبازرگانی دەکەن. ئەم دۆخە وابەردەوام بێت نرخی سوتەمەنی وشتومەک و کاڵاکان بۆ چەند هێندە بەرزدەبنەوە. ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر ژیانی هاووڵاتیان. پێویستە خەمخۆران وبڕیار بەدەستان زوو بێنە دەنگ لەسەر بارگرانی خەڵک و گرانبوونی نرخی کاڵاوسوتەمەنییەکان بڕیارێک بدەن لایەنی کەم بارگرانی خەڵکی ماندووی کوردستان کەم بکەنەوە.




موجتەبا پیرزادە ئەو ئەكتەرەی بە نیگاكانی دەتكوژێ‌.. حەيدەر عەبدولرڕەحمان

زۆر ئەكتەری گەورەی وەك : شەهاب حوسەینی، هادی حیجازی نەفەر، عەلی ڕەزا كەمالی ، پانتیئا بەهرام ، مێهرداد سدیقیان ، پەردیس ئەحمەدیە ، ژیلا شاهی و چەندین ئەكتەری بلیمەتی تری درامای (پێستی شێر) لە پێشبڕكێ‌ دابوون ، كەچی (موجتەبا پیرزادە) لە دوا ساتەكاندا هات و بە بێدەنگییەكی ترسناك و نیگایەكی سارد، هەموو هاوسەنگییەكانی گۆڕی و بوو بەو پارچە تەواوكەرەی ڕیتمی دراماكەی گەیاندە لوتكەی سەركەوتن.
بەڵام كاراكتەری مەنسوور كێ بوو؟
كاراكتەرێكی سایكۆپات و ئاڵۆز بوو، كلیلی هەموو ئەو نەهامەتی و ڕووداوە تاڵانە بوون كە بەسەر (نەعیم و كچەكەی داهات، ئەگەرچی (مەنسوور) خۆشی لە ڕابردوودا ئازاری زۆری چەشتبوو، بەتایبەت لەلایەن دایكی و ئەو ژینگەیەی تێیدا گەورە بوو، كردی بەو كەسایەتیەی لە زمانی سۆزو بەزەیی شتێ‌ تێ‌ نەگا، جگە لە تۆڵە سەندنەوە نەبێت لەو ڕابووردووەی گەیاندیانە ئەو چارەنووسە ئاڵۆزە .
تایبەتمەندییە دیارەكانی مەنسوور ئەوە بوو، زۆر بە كپی و هێمنی قسەی دەكرد، تەنانەت كاتێك باسی كوشتن یان ئازاردانی دەكرد، دەنگی بەرز نەدەكردەوە، بەڵام ئەم هێمنییە لای بینەر ترسێكی زیاتر لە كوشتنی دروست دەكرد.
(پیرزادە) توانای ئەوەی هەبوو، تەنها بە نیگاكانی، هەستی ڕق، پەیامی كاراكتەرەكە بگەیەنێت، بێ ئەوەی ئەكشن یان جوڵەیەكی زۆر بەكار بێنێ‌، بەڵام ترس و لەرزێكی بێ‌ سنوور بخاتە دڵی بینەر. تۆنی دەنگی، ئەو شێوازە ساردەی لەقسەكردندا هەیبوو، وای كرد (مەنسوور) وەك مرۆڤێكی ڕۆبۆت ئاسا دەربكەوێت كە هیچ بەزەییەكی تێدا نەبێت.
ئەو تەنها بكوژێكی ئاسایی نەبوو، بەڵكو كاراكتەرێك بوو كە لە ڕووی دەروونییەوە شكابوو، ئەو ڕقەی بەرامبەر بە(نەعیم) هەیبوو، گواستنەوەی ئەو ڕقە ئەستوورە بوو كە لە ڕابردووی خۆی و خێزانەكەیەوە بۆی مابۆوە، هەمیشە وا هەستی دەكرد هەموو جیهان قەرزاری ئەوە، بۆیە بە ئازاردانی كەسانی بێتاوان، دەیویست جۆرێك لە دادپەروەریی سەیر بۆ خۆی دروست بكات.
(موجتەبا) توانی وێنای كەسێك بكات كە بینەر هەم لێی بترسێت، هەم بزانێت چی لە مێشكیدا دەگوزەرێت.
بۆیە زۆرێك لە ڕەخنەگران پێیان وایە كە مەنسوور لە (پێستی شێڕ) دا، یەكێكە لە باشترین و ترسناكترین خراپەكارەكانی مێژووی سینەما و درامای ئێرانی نیشان داوەو بەم ڕۆڵەش سەلماندی كە ئەكتەرێكی خاوەن توانایەكی بێ سنوورە.
ئەوەتا رەِخنەگری سینەمایی ( ئارەش خۆشخوو) دەلێت : مەنسوور كاراكتەرێكە هیچ سۆزو بەزەییەك لە چاوانی نابیندرێت.
(پیرزادە) زۆر ورد جەستەو دەنگی بەكار هێناوە، بۆ ئەوەی كەسایەتیەك نیشان بدات، كە نەخۆشی دەروونی هەیە، بەڵام لە هەمان كاتدا زۆر زیرەك و پلان دا ڕێژەرە، ئەو نەك هەر تەنها مەترسی بوو بۆ كاراكتەرەكانی دراماكە، بەڵكو بینەریشی تووشی دڵە ڕاوكێ‌ كرد.
(فەرهاد خالدی) نووسەرو رٍەخنەگریش دەڵێ‌ : هونەری موجتەبا ئەو ساردی و بێدەنگیەو نیگا سیحراویەكانی بوو، كە ببوو بە بەهێزترین ئامرازێكی نواندنی ئەو .
ئەگەرچی مەنسوور لە دوای نیوەی دراماكە دەركەوت ، بەڵام لە گەڵ دەركەوتنی مەنسوور هاوسەنگی دراماكە بە ئاراستەیەكی بڵندتر گۆڕا.
موجتەبا پیر زادە لە زنجیرە درامای (پێستی شێر) دا یەكێك لە سەرنجڕاكێشترین و ناوازەترین نواندنەكانی خۆی پێشكەش كرد. ڕۆڵی (مەنسوور) وەك كاراكتەرێكی نەرێنی، كاریگەرییەكی زۆری لەسەر بینەران هەبوو، بووە یەكێك لەو كاراكتەرانەی كە بۆ ماوەیەكی زۆر لە مێشكی خەڵكدا مایەوە.
مەنسوور كاراكتەرێكی سایكۆپات و ئاڵۆزە، ئەو كلیلی هەموو ئەو نەهامەتی و ڕووداوە تاڵانەیە كە بەسەر “(نەعیم ـ هادی حیجازەفەر) و (ساحڵ) ی كچی دا دێت.
خودی مەنسووریش لە ڕابردوودا ئازاری زۆری چەشتووە، بەتایبەت لە لایەن دایكی و ئەو ژینگەیەی تێیدا گەورە بووە، ئەمەش وای لێكردووە ببێتە كەسێكی بێبەزەیی و تینوو بەتۆڵە سەندنەوە.. موجتەبا پیرزادە، بە شێوەیەكی زۆر زیرەكانە ئەم ڕۆڵەی گێڕا، زۆر بەهێمنی و ترسناكی قسەی دەكرد، تەنانەت كاتێك باسی كوشتن یان ئازاردانی دەكرد، دەنگی بەرز نەدەكردەوە.
ئەم هێمنییە لای بینەر ترسێكی زیاتری دروست دەكرد. توانی تەنها بە نیگاكانی، هەستی ڕق و شێتیی كاراكتەرەكە بگەیەنێت ، بەبێ ئەوەی زۆر بجوڵێت، ترس بخاتە دڵی بینەرەوە.
موجتەبا رۆڵێكی بچووكی بینی لە چاو ئەكتەرە گەورەكانی تری دراماكە، بەڵام كاریگەرترین رۆڵ لە دراماكە.
لە دیمەنەكانی دوایی نەعیمی باوك و مەنسووری بكوژی ساحلی كچی، دوای هەموو ئەو گەڕان و هیلاكیەی بكوژی كچەكەی، لە زیندان بە یەك دەگەن، مەنسوور دەڵێ‌ : تۆ سابری عەزیزو برا گەورەمت لە باوەشما كوشت ( بە پێكەنین ) منیش ساحلی ئازیزتم لە باوەشتا كوشت، یەك بە یەكین ..تەواو؟ دەستت بێنە با تەوقە بكەین .
بەڵام نەعیم دەڵێ‌ : ساحل تۆ كوشتت، بەڵام بكوژی تۆ منم.
مەنسوور : ئەو قسەیە دووبارە نەكەیتەوە، ئەو عاشقی من بوو، كارێكی وات كرد، من لە بەرچاوی بكەوم، سوێندم خواردبوو، بەر لە كوشتنی پارچە پارچەت بكەم.
بە پێكەنینێكی ترسناك بە نەعیم دەڵێ‌ : عەزابم دای وا نیە؟
نەعیم بەهەستێكی ئاگرین ، بەڵام بە ئەعسابێكی سارد بە مەنسوور دەڵێ‌ : بەڵێ‌ عەزابت دام ؟ ئەی دەبێ‌ من ئێستا تۆڵەی تاوانەكەت لێ‌ بستێنمەوە.
پارچە پارچەت كردم مەنسوور، بەڵام ئەوەت لە یاد نەبوو، ئەگەر یەك لەو پارچانەش بمێنێتەوە، ئەوەندە ئەگەرێ‌ تا خوێنی مناڵەكەت لێ‌ وەر دەگرێتەوە.
ئیدی لە و زیندانەدا نەعیم بۆ دوا جار ڕقەكانی بە كوشتنی مەنسوور دادەمركێتەوە.
(موجتەبا پیرزادە) ئەكتەرێكی گەنجی ئێرانییە كە بەهۆی بەهرەكەی لە بەرجەستەكردنی ڕۆڵە ئاڵۆزەكاندا سەرنجی زۆری بۆ خۆی ڕاكێشاوە، بەتایبەتی لە ساڵانی دواییدا وەك یەكێك لە دەموچاوە دیار و بەتواناكانی سینەما و درامای ئێرانی دەركەوتووە.
گرنگترین كارەكانی:
لە ساڵی ١٩٨٥ لە تاران لەدایكبووە.
دەرچووی كۆلێژی هونەر و تەلارسازیی زانكۆی (ئازاد) ی ئیسلامییە لە بەشی نواندن.
هاوسەرگیری لەگەڵ خانمە ئەكتەر (فەرناز ڕەهنەما) كردووە، هاوسەرەكەی هاوپیشەی خۆیەتی لەبواری شانۆدا.
موجتەباـ دەستپێكی كارەكانی لەسەر تەختەی شانۆوە بوو، كە ئەمەش ڕێڕەوی باوی زۆربەی ئەكتەرە سەركەوتووەكانی ئێرانە.
بەشداری لە چەندین شانۆگەریدا كردووە، كە بوونە هۆی پەرەپێدانی بەهرەكەی پێش ئەوەی ڕوو لە شاشەی سینما و تەلەفزیۆن بكات.
فیلمی (فڕۆشیار ٢٠١٦ ڕۆڵێكی كورتی (كەسایەتی مەجید) لەم فیلمەدا گێڕا كە خەڵاتی ئۆسكاری بەدەستهێنا وە، لە دەرهێنانی (ئەسغەر فەرهادی) بوو.
ئەم بەشدارییە بووە دەروازەیەكی ڕاستەقینە بۆ چوونە نێو جیهانی پیشەگەرییەوە.
فیلمی (تۆمان) ٢٠٢٠
بە یەكێك لە گرنگترین ڕۆڵە سینماییەكانی دادەنرێت، كە تێیدا كاندید كرا بۆ خەڵاتی باشترین ئەكتەری پاڵپشت لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی فەجر.
فیلمی (شەش و نیو مەتر) ئەم فیلمە سەركەوتنێكی جیهانی بەدەستهێنا و باس لە كێشەی ماددە بێهۆشكەرەكان دەكات لە ئێران. كارە درامییەكان (بەرنامە و زنجیرەكان) ناوبانگی ڕاستەقینەی لەلای جەماوەر لە ڕێگەی تۆڕەكانی پەخشی ناوخۆیی و زنجیرە تەلەفزیۆنییەكانەوە بەدەستهێنا.
زنجیرەی (سایەبان): یەكەمین ڕۆڵی سەرەكی ئەو بوو لە تەلەفزیۆن، كە لە ڕێگەیەوە ناوبانگێكی زۆری لە ناوخۆی ئێراندا پەیدا كرد.
زنجیرەی (پێستی شێر) ڕۆڵی (مەنسوور) ی گێڕا، كاراكتەرێك بوو، مشتومڕێكی زۆری نایەوە و سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێنا. نواندنەكەی لەم زنجیرەیەدا بە قووڵیی دەروونی و توانای بەرجەستەكردنی كەسایەتییەكی تەمومژاوی و شێواو جیادەكرایەوە، ئەمەش وایكرد لە كاتی نمایشكردنی زنجیرەكەدا ببێتە یەكێك لەو ئەكتەرانەی زۆرترین باسیان لە میدیا هونەرییەكاندا دەكرێت.
(موجتەبا پیرزادە) كاندید كرا بۆ خەڵاتی (سیمرغی بلورین) وەك باشترین ئەكتەری پاڵپشت بۆ ڕۆڵی (عەزیز) لە فیلمی (تۆمان) لە ٣٨ەمین خەڵاتەكانی فێستیڤاڵی فەجر. ستایشی زۆری ڕەخنەگرانی بەدەستهێنا بەهۆی توانای كۆنترۆڵكردنی دەربڕینەكانی دەموچاو و بەكارهێنانی زمانی جەستە بە شێوەیەكی سروشتی و دوور لە ئەكتینی دەستكرد.
زۆرێك لە ڕەخنەگران پێیان وایە كە مەنسوور لە (پێستی شێڕ) دا، یەكێكە لە باشترین و ترسناكترین (خراپەكارەكان)ی مێژووی سینەما و درامای ئێران.
موجتەبا پیرزادە بەم ڕۆڵە سەلماندی كە ئەكتەرێكی خاوەن توانایەكی بێسنوورە. مەنسوور لوتكەی بەدكاری و تێكچوونی دەروونی بوو، موجتەبا پیرزادەش بە نواندنە “سارد و بێبەزەییەكەی ،توانی ئەم كاراكتەرە بكاتە كابوسێكی ڕاستەقینە بۆ كاراكتەرەكانی ناو دراماكە و ئەزموونێكی لەبیرنەكراو بۆ بینەران.

حەيدەر عەبدولرڕەحمان




چیرۆک\ دادگاییەک لەناو پیاڵەیەک چادا.. کوردستان مید

چاوم کەوتە سەر گۆڤارەکەی سەر مێزەکەی باوکم، وتەیەکی پابلۆ ئیسکۆبار لەسەر پەڕە کۆنەکەی گۆڤارەکە نوسرابوو (هەرچەندە دواتر زانیم ئەو وتەیە هی پابلۆ نەبووە) بەڵام بۆ من لەم ساتەدا ڕەهاییترین ڕاستی بوو:
‘کاتێک منداڵ بووم داوام لە خوا ئەکرد پاسکیلم پێ بدا، پێی نەدام. .منیش پاسکیلێکم دزی و داوام لە خوا کرد لێم خۆش بێت’
لەپڕ دەنگی دەرگا ئاسنەکە بەر گوێم کەوت و ڕایچڵەکاندم. . باوکم بوو وەک هەمیشە، بەپەلە دەرگاکەم کردەوە. .دەنگە تیژ و ناخۆشەکەی باوکم مێشکی کاس کردم، بە توڕەیی هاواری ئەکرد:
— ئەو دەرگایە بۆ ناکەیتەوە گەمژە ..سەعاتێکە لە دەرگا ئەدەم کوا دایکە بێ مێشکەکەت؟
بە دەنگێکی لەرزۆکەوە وتم:
— لەسەر گۆڕی خوشکە بچووکەکەمە لە گۆڕستانەکە.
دەرگاکەی داخست دەنگی داخستنی دەرگاکە لە زەنگی سارین ئەچوو، دەستی توند لە پرچم گیرکرد و ڕایکێشام بەرەو ژوورەوە:
— گۆڕستان ؟ ئەو شێتە کە هاتەوە وای لێ ئەکەم لە گۆڕستانەکە شوێنێکی تایبەتی پێ بدرێ.
ئەمویست خۆم ڕزگاربکەم لەژێر دەستی، بەڵام وادیار بوو لەوە بێهێزترم بتوانم دەستە زبر و گەورەکانی لە پرچەکانم بکەمەوە، فرمێسک بەسەر ڕوومەتەکانم هاتە خوارەوە و بە قوڕگێکی پڕەوە هاوارم کرد:
— باوکە تکایە وازم لێبێنە، ئازارم ئەدەیت.
دەستەکانی لێ کردەوە و پاڵی پێوەنام بەرەو دیوارەکە. . ئەوەنە بەتوندی بە دیوارە کۆنەکە کەوتم کە گوێم لە دەنگی ئێسکەکانم بوو..
چاوەکانی زەق کردەوە و بەدەنگێکی گڕ وتی:
— بڕۆ بە دوای ئەو بێ ئەقڵەدا و پێی بڵێ هەر ئێستا بێتەوە.
بەخێرایی و هەناسەبڕکێوە هەنگاوی خێرام ئەنا بەرەو گۆڕستانەکە، تەنیا چەن گەڕەکێک لێمان دوربوو کەچی قاچەکانم وا هەستی ئەکرد کیشوەرێک دوورە.، کاتێک گەیشتم بۆنی خۆڵ و گوڵەکانی سەر گۆڕەکان گۆڕستانەکەی تەنی بوو..لە دوورەوە دایکم بینی لەسەر گۆڕە بچووکەکە دانیشتبوو، ماچی کێلی قەبرەکەی ئەکرد و لەبەر خۆیەوە بە ورتە ئەیوت:
— ئازیزەکەم من لێرەم .. تۆ بەتەنیانیت مەترسە.
تاکە دەنگێک لەناو گۆڕستانەکە ئەهات چرپەکانی دایکم بوو، چوومە بەردەمی دایکم دەستم خستە سەر شانەکانی، سەری بەرز کردەوە و چاوە سورەکانی تێبڕیم، پێش ئەوەی هیچ وشەیەک بڵێم بە دەنگێکی خەمناک وتی:
— دووبارە هاواری کرد بەسەرتدا ؟ لێی دایت ؟
وشەکان لە قوڕگمدا گیربووبوو نەم ئەتوانی دەریان ببڕم. بە زەحمەت وتم:
— نەخێر لێی نەیام. . داوای تۆ ئەکات وتی باخێرا بێتەوە ..
دایکم بە هێمنی هەستایە سەر پێ، بە قۆڵی کراسە دڕاوەکەی کە بۆنی تۆزی گۆڕەکەی لێ ئەهات چاوەکانی سڕیم و ماچێکی سەری کردم و وتی:
— هەموو شتێک باشەبێت مەترسە، هەرچیەکی کرد تۆ بێدەنگ بمێنەوە.
بە هەنگاوی خێرا بەرەو ماڵەوە بەڕێ کەوتین، خوایە نەم ئەویست بگەین! ئەمویست ڕێگاکە زۆر درێژبێت تا قیامەت بەپێ ڕێبکەین، بەڵام زۆر خێراتر لەوەی چاوەڕێم ئەکرد گەیشتینە ماڵەوە..
باوکم وەک دڕندەیەکی کێوی کە چاوەڕێی نێچیرەکەی بکات لەناوەڕاستی دەرگا ئاسنەکە ڕاوەستابوو، چاوەکانی زەق کردبۆوە ڕوخساری گرژکردبوو، هەر کە دایکم هەنگاوی هێنا بۆ ناو دەرگاکە دەستی کردە ناو پرچەکانی و بەدوای خۆیدا ڕایکێشا قیژەکانی دایکم وەک فیشەک لە گۆێیەکانمەوە بەرەو مێشکم ئەڕۆشت، بەدەنگێکی بەرز هاواری ئەکرد:
— چی ئەکەیت لە گۆڕستان ؟ ئەوەنیە ئەم ماڵەت کردووە بە گۆڕستان ئەوەندە بەس نیە بۆت ؟ ئەم ماڵە بۆنی مردووی لێ یەت مردوو …. تۆ چیت ئەوێ پێم بڵێ ؟ ئەتەوێ تامردن لە گۆڕستان بژیت ؟
چاوەکانم گرت نەم ئەویست دیمەنی لێدانی دایکم ببینمەوە، قیژەکانی دایکم تەنیا گوێی ئازار نەئەدام. . دڵمی لەت لەت ئەکرد ..
دوای ئەوەی شەکەت بوو لە لێدانی دایکم. .بۆ ماوەیەک بێدەنگی باڵی بەسەر ماڵەکەدا کێشا، تەنیا دەنگی هەنسکی دایکم دەهات لە سووچێکی ژوورەکەدا…
باوکم لەسەر کورسییە دارەکەوە دانیشت، وەک ئەوەی هیچ نەبووبێت، چەرخەکەی لە گیرفانی دەرهێناو جگەرەیەکی داگیرساند، دوکەڵی جگەرەکە وردە وردە بۆنی خوێنە ساردەکەی دەموو لوتی دایکمی ون کرد …
باوکم ڕووی تێ کردم و بە زریکەیەکی ناخۆش وتی:
— هەستە ئەو چایە لێنێ گەمژە ، سەیری چی دەکەیت؟
بەپەلە ڕۆشتم بۆ مەتبەخەکە، دەستم بە زەحمەت توانای گرتنی قۆریە چایەکەی هەبوو، بەدیار چاکەوە ڕاوەستام بۆ ئەوەی بکوڵێت. . لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بۆنی کوڵانی چایەکە شتێکی تر لەناو مێشکی مندا ئەکوڵا. .
بۆ یەکەمجار بیرێکی ترسناک مێشکی داگیرکردم. . یەکەم بیرۆکە بوو کە ئەمویست بۆ یەکەمجار لە ژیانمدا ئەنجامی بدەم بێ دوودڵی.
بیرم لە قسەی دکتۆرەکە ئەکردەوە کاتێک پشکنینی بۆ باوکم کردبوو، پاشان لە ڕاڕەوە ساردەکەی نەخۆشخانەکە بە دوودڵیەوە پێی وتین:
— وادیارە جەڵدەی دڵ لێی داوە کۆمەڵێک شتم بۆ نوسیون ئەبێ دووربێ لە بەکارهێنانی. .پاشان دەستی خستە سەر کاغەزەکە و وتی: بەتایبەتیش ئەم حەبە.
بە هێمنی چایەکەم بۆ باوکم تێکرد و پاشان لەبەردەمی بە بێدەنگی بۆم دانا، شەو لەناو جێگە خەوەکەم تەنیا دوو شت لە مێشکما ئەخولایەوە ..حەبە قەدەغەکراوەکە و پاسکیلەکەی پابلۆ ئیسکۆبار.
سبەی دوای ئەوەی باوکم ڕۆشت بۆسەر کار بە هەنگاوی خێرا بەرەو سەیدەلیەی گەڕەکەکە ڕۆشتم. ..بۆنی دەرمان و دەنگی هاواری نەخۆشێک سەیدەلیەکەی پڕ کردبوو، دەستەکانم دەلەرزین کاتێک پارەکەم خستە سەر مێزەکە.
سەیدەلانییەکە بە گومانەوە سەیری کردم و وتی:
— بۆ کێیە؟
بە دەنگێکی نزم وتم:
— بۆ دایکم … جومگەکانی ئەئێشێت.
کاتێک سەیدەلانیەکە قتووەکەی دامێ، هەستم کرد قورسترین شتی جیهانم بەدەستەوەیە، هەستم ئەکرد ئێستا چارەنوسی خۆم و دایکم لەناو قووتوویەکی بچووکدایە.
کاتێک لە سەیدەلیەکە کەمێک دوور کەوتمەوە بە خێرایی وەک ڕەشەبا بەناو کۆڵانەکەدا ڕام ئەکرد، زوو زوو ئاوڕم ئەدایەوە بۆئەوەی دڵنیابم کە کەس چاودێریم ئەکات. .
بەزوویی گەیشتمەوە بەردەمی دەرگا ئاسنینەکەی ماڵەوە، پێش ئەوەی بڕۆم بەکراوەیی جێم هێشتبوو، بەهێواشی چوومە ژوورەوە
دایکم وەک هەمیشە لە سوچێکی ژوورەکە بەدیار جلە کۆنەکانی خوشکەبچووکەکەمەوە دانیشتبوو … بۆنی جلەکانی ئەکرد و هەنسکی هەڵئەکێشا .. تەنانەت سەرنجی ئەوەی نەدابوو کە چەن خولەکێک ڕۆشتبووم و پاشان گەڕابوومەوە.
چاوەڕێی گەڕانەوەی باوکم بووم .. دەمەو ئێوارە تەقەی دەرگاکە هات .. هەستم کرد خەریکە دڵم لە لێدان دەوەستێت، بەخێرایی ڕۆشتم و دەرگاکەم کردەوە، باوکم کیسەیەک چایی بەدەستەوەبوو بە ڕوویەکی گرژ و دەنگێکی گڕەوە وتی:
— بڕۆ چاییەک لێبنێ ماندووم.
بۆ ساتێک چاوم کەوتە سەر باوکم..خوایەگیان بڵێی ئەمەکۆتا چارەسەربێت بۆ ڕزگاربوونی ئێمە ؟
بەرەو مەتبەخەکە گەڕامەوە .. لە ڕاڕەوی تەنیشت مەتبەخەکە چاوم کەوتە سەر دایکم .. دەستەلەرزۆکەکانی، ڕوخسارە شێواو و پڕ برینەکەی دڵنیایی کردمەوە کە هیچ ڕێگەیەکی تر بۆ ڕزگاربوونی ئێمە نەماوە ..
قۆرییە چاییەکەم بەدەستێکی لەرزۆکەوە کردە سەر تەباخەکە. .هەستم ئەکرد دەستەکانم سڕبوون .. هەرچۆنێک بێت پیاڵە و قوتووە شەکرەکەم دەرهێنا، کاتێک ویستم چاییەکە تێبکەم هەستم ئەکرد دەستەکانم توانای گرتنی دەسکی قۆریەکەیان نیە ..
هەموو هێزی خۆم کۆکردەوە بۆئەوەی پیاڵەیەک چایی تێبکەم، بەهێواشی چاییەکەم کردە ناو پیاڵەکە پاشان زۆر بەهێواشی حەبەکەم لە گیرفانم دەرهێنا .. دەنکێک .. دووان .. سیان ..چوار. ..
کردمە ناو چاییە گەرمەکە و بە کەوچکەکە بەهێواشی تێکم دا ..
تەقە تەقی کەوچکی ناو پیاڵە چاییەکە لە هاوارەکانی باوکم زیاتر دڵمی ئەلەرزاند …، چاییەکە هیچی تر هەڵاویی هێمنکەرەوەیەکی نەبوو بۆنی هەڵاویی چاییەکە بۆنی ژەهر و مەرگی لێ ئەهات .. وردە ورە حەبەکان توانەوە و هیچ شوێنەوارێکی نەما .. چایەکە بوو بە چایەکی ڕەشی خەست کە وەک چارەنوسی ئێمەوابوو ..
پیاڵەکەم هەڵگرت و بەرەو ژوورەکەی باوکم کەوتمە ڕێ، باوکم بەدیار تیڤییەوە لەسەر کورسیەکە دانیشتبوو جگەرەیەکی بە دەستەوە بوو، پیاڵە چاییەکەم لەبەردەمی دانا و بێ ئەوەی سەیری بکەم بە هێمنی بەرەو مەتبەخەکە گەڕامەوە. کاتێک گەشتمە ناو مەتبەخەکە هەموو گیانم وەک چڵەدارێکی لاوازی ژێر ڕەشەبای پایز ئەلەرزی .. بیرکردنەوە لەوەی کە باوکم بە گۆڕانی تامیی چاییەکە بزانێت مێشکی ئەخواردم و دڵمی تا ئاستی مردن ئەلەرزاند..
لەپڕ گوێم لە دەنگی باوکم بوو بانگی ئەکردم بە دەنگێکی لەرزۆک و قوڕگێکی گیراو .. وەک پێشتر دەنگی تیژ نەبوو بەڵام زیاتر دڵی ئەلەرزاندم…
بەلەرزەوە هەنگاوم هەڵهێنا قاچەکانم ئەت وت لەناو قوڕی زستان چەقیوون .. چوومە ژوورەوە یەکەم شت چاوم چووە سەری پیاڵە چاییەکەبوو کە چەن قومێکی تیا مابوو. باوکم دەستی بەسنگییەوە گرتبوو چاوە زەقەکانی تێبڕیم .. ڕەنگی ڕوخساری وەک تارمایی سپی بووبوو ..
بە دەنگێکی نوساو بۆ کۆتا جار وتی:
— دڵم خەریکە ئەتەقێت ..
بێدەنگ ڕاوەستابووم سەیری ئەو جەستە گەورەیم ئەکرد .. ئەو دەستە زبرانەی کە هیچی تر هێزیان نەمابوو قژی دایکم ڕابکێشن.
لەوکاتەدا گەورەترین دەنگی ناو مێشکم ئەوەبوو : خوایە من ژیانی باوکم دزی بۆ ئەوەی ژیانی دایکمی پێ بکڕمەوە .. ئێستا داوات لێ ئەکەم لێم خۆشبیت .
باوکم دەستی بەسەر مێزەکەوە گرت بۆ ئەوەی هەڵبستێتەوە بەڵام قورسایی حەبەکە لەوە زیاتر بوو دڵی بەرگەی بگرێت، لەپڕ کەوت بەسەر مێزەکەدا و پیاڵە چاییەکە ڕژا .. ڕێک وەک ئەو خوێنەی کە ساڵانێک لە دەموو و لوتی دایکمەوە ئەیڕشت، ئیتر هەرگیز نەیتوانی هەستێتەوە. .
دایکم بە هەنگاوی هێواشەوە لە جەستە ساردەکەی باوکم نزیک بۆوە، بە دەستە لاوازەکانی لێدانی دڵی باوکمی پێوا. . پاشان چاوەکانی لە چاوەکانم بڕی و بە دەنگێکی خامۆش وتی:
— مردووە!
بێدەنگیەکی ترسناک ژوورەکەی گرتەوە، تەنیا دەنگی لێدانی دڵی خۆمم ئەبیست. . دایکم بەهێواشی لێم نزیک بۆوە و باوەشی پیاکردم بە قوڕگێکی پڕەوە وتی:
— ئازیزەکەم پێویستە لای خوشکەکەت بینێژین.
دوای مەراسیمی بەخاک سپاردنی باوکم هەستم بە ئارامیەکی سەیر ئەکرد، پێم وابوو ئیتر هیچ شتێک ناتوانێت دایکم ئازاربدات…
دوای تێپەڕبوونی چەند هەفتەیەک، ماڵەکەمان بێدەنگ بوو… ئەو بێدەنگییەی کە ساڵانێک خەونمان پێوە دەبینی، دایکم تاکە شتێک لە ژیانیا هەیبوو گۆڕستان بوو هیچی تر نەبوو..ئەو لەو جۆرە کەسانەبوو کە ئامادەبوو تا کۆتایی تەمەنی بە دیار یادگاریەکی کۆنەوە ڕابمێنێت. .هەرگیز ئارەزووی هیچ شتێکی تازەی نەئەکرد.
ساڵ هات و ڕۆشت. ..وردە وردە ئەو بێدەنگیە ئازاری ئەدام، حەزم لە دەنگ بوو لە جوڵە بوو، حەزم لە ژیان بوو… بەڵام هەرگیز گوێم لە هیچیان نەبوو ..
بۆنی ژیان کردن بەتەواوی ماڵی ئێمەی جێهێشتبوو ..
دەنگی تەقەتەقی کەوچکەکە لە ناو پیاڵە چایەکەدا، تاکە دەنگ بوو کە بێدەنگیی مەتبەخە مۆدێرنەکەی دەشکاند…بیست ساڵ تێپەڕیبوو بەسەر ئەو شەوەی کە دەستەکانم تێیدا دەلەرزین. . دوای مردنی باوکم ویستم لەو ماڵە بێدەنگ و بێ چرپە ڕابکەم بۆ ماڵێک کە ژیانی تیابێت. .بەڵام جگە لە دەنگی خۆم هەرگیز هیچ دەنگە دەنگێکم نەبیستەوە. .
لەپڕ دەنگی زەنگی ماڵەکە لێدرا. .
بانگی کوڕە چواردە ساڵەکەم کرد:
— باهۆز. .باهۆز.. ئەی هاوار ئەم کوڕە کەڕە ؟ بۆ هەرگیز بەیەکەم بانگ کردن وەڵام ناداتەوە! کەی فێر ئەبێت ئەوەنە یاری بە مێشکم نەکات.
بە دەنگێک کە گوێیەکانی خۆشمی ئازار ئەدا هاوارم کرد:
— بااااهۆۆۆۆز بۆ وەڵام نادەیتەوە حەیوان؟
کوڕەکەم بە هێواشی دەرگای ژوورەکەی کردەوە و سەیرێکی کردم و وتی:
— دەرگاکەم کردەوە باوکم بوو.
مێشکم خەریک بوو ئەتەقی توانای بەرگەگرتنم نەمابوو، لێم پرسی:
— بۆچی وەڵام نادەیتەوە کاتێک بانگت ئەکەم ؟
دەمووچاوی خۆی گرژکرد و وتی:
— چونکە سەرقاڵی کردنەوەی دەرگاکە بووم.
پاشان بە هەنگاوی خێرا مەتبەخەکەی بەجێهێشت و دەرگاکەی بە توندی داخست دوای خۆی.
دوای چەن خولەکێک هاوسەرەکەم هاتە ژوورەوە، ئەو هەمیشە بێدەنگبوو. . هیچ خزمایەتیەکی لەگەڵ دایکم نەبوو کەچی ڕێک لەوە ئەچوو کۆپی ئەوبێت. .ڕۆژانە تەنیا چەن پرسیارێکی سادەی ئەکرد ..وەک ئێستا کە بەهێواشی لێی پرسیم:
— بۆ ئێوارە چیمان هەیە ؟
دەمارەکانی مێشکم خەریک بوو ئەچڕان..ئەو ساردو سڕیەی زیاتر لە هەموو شتێکی دنیا ئازاری ئەدام…هەرگیز نەی ئەپرسی چیت ئەوێت ؟ چی بێزاری کردوویت؟ ئەتەوێ گوێت لێبگرم؟ یان هەوڵی نە ئەدا هەرگیز هیچ مناقەشەیەک بکات ..هەوڵی نە ئەدا قسەیەکی جیاواز بکات تەنانەت ئەگەر قسەکە جنێوێکیش بێت!
بە هەموو هێزم قاپەکانی سەر مێزەکەم فڕێ دایە سەر زەویەکە و هاوارم کرد:
— زەهری مارمان هەیە…
هاوسەرەکەم بێدەنگ بوو ئەو بێدەنگیە لە هەموو هاوارێک زیاتر ئازاری دڵمی ئەدا …پاشان بەهێواشی و بەدەستە لەرزۆکەکانی دەستی کرد بە کۆکردنەوەی شووشە شکاوەکانی سەر زەویەکە، لەو ساتەدا شووشەیەکی تیژ دەستی بڕی و خوێن بەسەر پەنجەکانیا ڕژا ..
ئەو کزی و بێ کاردانەوەییەی لە ناخەوە خەریک بوو ئەیخنکاندم. . بەتەواوی تاقەتی لێبڕی بووم. . کاتێک خوێنەکەم بینی دڵم لەرزی هەمان خوێنی سەر جەستەی دایکم بیر هاتەوە. ..بە پەرۆشەوە زۆر بەخێرایی دەستەکانیم گرت و ڕووم تێکرد :
— تۆ کوێریت ؟ نابینیت ئەوانە شووشەن؟! بۆچی تۆ ئەوەنە گەمژەیت!
تەنانەت بە یەک وشەش وەڵامی نەدامەوە ..بۆچی وەڵام ناداتەوە ؟ نە توڕە ئەبێت نە عاجز ئەبێت! باشە تۆ چ مرۆڤێکی خۆ مەیتی ناو گۆڕستان نیت؟! ئەم پیاوە زیاتر لە جەنازەیەکی بێدەنگ ئەچوو لەوەی لە مرۆڤێک بچێت.
ئەو ئیهمالیەی وەک ژەهر بەناو دەمارەکانمدا ئەگەڕا. ..هیچ شتێک نەبوو من نەم کردبێت تا ئەو پیاوە بهێنمە دەنگ. .بەڵام هەرگیز هیچ کاردانەوەیەکی نەبوو.
خوایە گیان هەرگیز تێنەئەگەشتم لەوەی بۆچی ئەو بێدەنگیەی پێشتر خەونم پێوە ئەبینی ئێستا لە هاوارکردن زیاتر ئازاری هەبوو ؟؟ بۆچی ئەو بێدەنگیە لە ناخەوە تێکی ئەشکاندم؟ حەزم ئەکرد قسەیەک بکات. . هاوارێک بکات. . کەمێک بجوڵێت. . ژیانی تیابێت.
بەڵام ئەو وەک هەموو کاتێکی تر بە بێدەنگی بەهەنگاوی قورس ژوورەکەی جێهێشت.
لەسەر کورسیەکە دانیشتبووم دەستەکانم بەسەرمەوە گرتبوو، ئەمویست بە دەستەکانم پەستان بخەمە سەر مێشکم .. ئەمویست لەو ئازارە ناوەکیە ڕزگاری بکەم. . بەڵام نەم ئەتوانی ئەو ئازارە وەک مشەخۆرێک مێشکمی ئەخوارد .. وەک نەخۆشیەکی درم بەتەواوی جەستەمدا بڵاو ئەبۆوە.
سبەی کاتێک لەسەر باڵکۆنەکە دانیشتبووم بەدیار ئاوابوونی خۆری مانگی ئابەوە. .لەپڕ دەنگی زەنگی دەرکاکە لێدرا و ئەو بێدەنگیەی شکاند. . هەستام و هەنگاوم نا بۆ ئەوەی دەرگاکە بکەمەوە .. کاتێک گەیشتمە بەردەمی دەرگاکە پیاوێکی کەمێک کوتەباڵام بینی، دەستی ئەهێنا بەناو ڕیشە سپیی و درێژەکەی .. چاویلکەیەکی گەورەی لە چاو بوو، جەستە بێهێز و لاوازەکەی بەسەر گۆچانێکدا چەماندۆبوە.
چاوم بڕیە ناو چاوە کزەکانی و وتم:
— فەرموو ؟ کێی بەڕێزت ؟
بە زەردەخەنەیەکی هێمنەوە و بە دەنگێکی نوساو وتی:
— وتیان ئێرە ماڵی کچی نەوزادە. . تۆ کچی ئەویت ؟
بە هێنانی ناوی باوکم بەبێ ویستی خۆم ڕوخسام گرژبوو، بەڵام هەوڵم دا بیشارمەوە و وتم:
— بەڵێ کچی ئەوم.
پیاوە پیرەکە وتی:
— من ئامۆزای باوکتم.
لەژووری میوانەکە لەسەر قەنەفەکان دانیشتین و بەخێرهاتێکی گەرمم کرد پاشان بە دەنگێکی هێمن و کەمێک بەرز هاوارم کرد:
— باهۆز. . ئازیزم چایەک لێبنێ میوانمان هەیە.
پیاوە پیرەکە دەستە لەرزۆکەکانی خستە سەر یەک و وتی:
— تازە لە ئەوروپا گەڕاومەتەوە ویستم سەرێک لە باوکت بدەم. . بەڵام پێیان وتم بە نەخۆشی دڵ بیست ساڵ پێش ئێستا مردووە.
هەناسەیەکی قوڵم هەڵکێشا و وتم:
— بەڵێ له ڕاستیا ئەو زۆر نەخۆش بوو. پێشتریش جەڵدەی دڵ لێی دابوو بۆیە بەرگەی نەگرت و جاری داهاتوو بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لێ کردین.
دوای ئەوەی باهۆز چاییەکانی هێنایە بەردەممان پیاوە پیرەکە ڕووی کردە باهۆز و وتی:
— دەست خۆش کوڕی گەنج ئەزیەتت کێشا
پاشان دەستی کرد بە تێکدانی پیاڵە چاییەکە و کەوچکەکەی بەهێواشی بەدەستەوە گرت و وتی:
— ئای بۆنی ئەم چاییە و ئەم کەوچکە زۆر شتم بیر ئەهێنێتەوە. . من و باوکت تەنیا ئامۆزا نەبووین ، ئێمە هاوڕێی گیانی بەگیانی یەکتربووین بە مناڵی.. ئەو داماوە هێشتا سوتانی کەوچکەکە بە سەر قاچیەوە دیار مابوو ؟
هەستم ئەکرد دنیا لەبەردەمم ئەخولێتەوە پرسیم:
— شوێنەواری کام کەوچک ؟
پیاوە پیرەکە بە چرپە ئاسایەک وتی:
— ئەو شوێنەوارەی لەسەرووی پەنجەکانی قاچیەوە بوو. . هەرگیز بۆی باس نەکردووی ؟
بە سەرسوڕمانەوە پرسیم:
— نەخێر .. ئەو هەرگیز باسی ڕابردوی نە ئەکرد.
پیاوە پیرەکە قومێکی لە چایەکە دا و وتی:
— نەوزاد… داماوە نەوزاد. دایکی (نەنکت) ژنێکی زۆر سەیر بوو. کاتێک نەوزاد مناڵ بوو، هەر کاتێک دەگریا نەنکت بێ ڕەحمانە لێی ئەدا. . هەمیشە ئەیوت بێدەنگ بە من حەزم لە ژاوە ژاو نیە ئەو ژاوە ژاوەت مێشکی تێک داوم ئەبێ ئەم ماڵە وەک گۆڕستان بێدەنگ بێت. .
پاشان بە دەستەلۆچەکانی پیاڵەکەی دانا و وتی:
— نەوزادی داماو هەمیشە بە جلی چڵکن و دڕاوەوە ئەهاتە دەرەوە ، مناڵەکان هەمیشە پێی پێئەکەنین و فیکەیی گاڵتەپێکردنیان بۆ لێ ئەدا.. ئەو ڕۆژە چووینەوە ماڵی ئێوە نەوزاد بە توڕەییەوە بە دایکی وت : تۆ بۆچی جلەکانم بۆ ناشۆریت ؟ بەڵام نەنکت ئەوەنەی لێدا تا هێزی تیا نەما دواتر کەوچێکی ناو پیاڵە چاییەکەی کردە سەر ئاگردانی ناو زۆپا دارەکە و پاشان خستیە سەرقاچەکانی باوکت. …ئای خوایە گیان قیژەی ئەو مناڵە بێتاوانە ئێستاش گوێیەکانم ئازار ئەدات کاتێک بیرم یەتەوە .
پیاوە پیرەکە کەوچکەکەی لە ناو پیاڵەکەدا هێنا و برد، دەنگە تەقەتەقەکەی وەک چەقۆ دەچوو بە مێشکمدا. لەناو خەیاڵەکانمدا سەیری پەنجەکانی قاچی باوکمم ئەکرد. . ئەو شوێنەوارە سووتاویەی کە پێم وابوو تەنیا کاری سوتفەیەک بووە. ..
پاشان پیاوە پیرەکە بەردەوام بوو:
— ئەو داماوە خۆ تاوانێکی نەبوو. . ڕقی لە بێدەنگی بوو. . ئەیویست کەمێک دەنگی ژیان لەناو ماڵەکەدا دروست بکات و گرنگی پێ بدرێت، بەڵام ئەگەر قسەی بکردایە دایکی لێی توڕە ئەبوو. . ئەگەریش داوای کارێکی لێ بکردایە تەنیا لێدانی ئەخوارد .
هەستم ئەکرد دڵم خەریکە لەناو قەفەزەی سنگم یەتە دەرەوە، بە دەنگێکی هێواش و هەناسەیەکی قورسەوە پرسیم:
— باشە نەنکم چۆن مرد ؟ باوکم هەرگیز باسی نەکردووە.
پیاوە پیرەکە دەستێکی بە ڕیشە درێژەکەیدا هێنا و وتی:
— کچەکەم. . ئێمە لە لادێ ئەژیاین ، ڕۆژێک باوکت بە هەناسەبڕکێوە ڕای کرد بۆلامان ، داماوە گیانی وەک چڵە دارێک ئەلەرزی و قسەی بۆ نەئەکرا. . پاشان وتی دایکم کەوتۆتە ناو کانیەکەوە کاتێک خەریکی جل شۆردن بووە و خنکاوە ، ئەو بێچارەیە تەنیا شانزە ساڵ بوو ئەوکاتە.
تاسانێک تەواوی جەستەمی داگرت، لە هەمان تەمەنی ئەوکاتەی باوکم بووم کاتێک حەبەکەم کردە ناو پیاڵە چایەکەی. . تەنیا شانزە ساڵ بووم. .. هەناسەم بۆ نە ئەدرا تەواوی جەستەم سڕبوو.
پیاوە پیرەکە گۆچانەکەی هەڵگرت و وتی:
— کچی خۆم تەنیا هاتم سەرێکت لێبدەم. . ماشاءالله تۆ چەن لە نەوزاد ئەچیت ! بەتەواوی هەموو شێوەت لەو ئەچێت . پاشان زەردەخەنەیەکی کرد و وتی ئەبێ من بڕۆم درەنگە.
دوای ئەوەی پیاوە پیرەکە ڕۆیشت، تەقەی دەرگاکە هەمان دەنگە ناخۆشەکەی دەرگائاسنەکەی جارانی بیر ئەهێنامەوە. ..بە بێدەنگی گەڕامەوە بۆ ژووری میوانەکە، پیاڵە چایەکەی بەردەمم بەدەستێکی لەرزۆکەوە هەڵگرت. . لە جیاتی وێنەی خۆم وێنەی باوکم تیا ئەبینی. . خوایە گیان دەستەکانم هیچی تر دەستی خۆم نین ئەوە دەستە زبرەکانی باوکمن. .هەستم ئەکرد ئەو چایە هەمان ڕووبارە کە نەنکمی تیا خنکا و دواتریش باوکم. ..بۆنی هەڵمی چاییەکە لە گازی خەردەل زیاتر جەستە و دڵی ئەسوتاندم ..
ئەو باوکەی چەن ساڵ پێش ئێستا پێم وابوو ناشتوومە ئێستا ڕوحی ئەو وەک هەمان مناڵە چڵکنەکەی جاران لەناو جەستەی مندا یاری ئەکرد… هاواری ئەکرد..ئەگیریا. . پێئەکەنی. . داوای دەنگی ژیانی ئەکرد ..خوایە گیان من ئێستا بووم بەو شتەی کە تەواوی تەمەنم ڕام ئەکرد لێی ؟
چاوەکانم بەدەستەکانم ئەسڕی ئەمویست دڵنیابمەوە لە وێنەی ناو پیاڵەکە ئەمویست خۆم ببینمەوە بەڵام ئەوەی ئەمبینی تەنیا وێنەی ئەو مناڵەبوو بە زەردەخەنەیەکەوە ڕووی تێ ئەکردم. ..ئەو مناڵەکەی کە کەوچکە چایەک ژیانی مناڵی لێ زەوت کرد و کەوچکە چایەک ژیانی لێ وەرگرتەوە…




لە جینۆسایدی کوردانی فەیلییەوە بۆ برینەکانی هەڵەبجە و ئازارەکانی ئەنفال.. شوان عەباس بەدری

ئەمرۆ ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی فەیلییە لەلایەن دەسەڵاتی بەعس و دارودەستەکەی سەدامەوە، هەرچەندە کووشت و کووشتار و راگواستنی کوردانی فەیلی و تەعریب کردنی ناوچەکانیان مێژوویەکی دێرێنی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عیراق بەڵام با وای دانێین کە وا 46 ساڵ بەسەر ئەو راگواستن و کۆمەڵکوژییەدا تێدەپەرێت کە بنەماڵەکەی ئێمەش چ لە دیوی باوک و چ لە دیوی دایک بێ بەش نەبووین لەو راگواستن و زوڵم و زۆردارییە و بەتۆمەتی کوردبوون و شیعەبوون و ئێرانی بوون و چەندتۆمەتێکی تر دەست بەسەر موڵک و ماڵ و خان و دووکان و بوون و نەبوونیان گیرا و هەر بە جلەکانی بەریان ئاودیوی ئێران کران و خاڵیشمیان لەنیوەی ڕێگە داگرت و ڕەوانەی ئەبوغریبیان کرد(( بەشەرتێک کە خاوەنی رەگەزنامەی عوسمانی بوون))، کە لە راستیدا هۆکاری سەرەکی ئەو راگواستن و کۆمەڵکووژییەی بەرامبەر کوردانی فەیلی کرا خۆی لە یارمەتیدانی دارایی شۆرشی کورد و داڵدەدانی خەباتگێرانی ئەو سەردەمەی کورد لە بەغداد و ناوچەکانی تر دەبینییەوە و ئەوانەی شارەزای مێژووی عیراق بن دەزانن هەتا ساڵی 1980 شارەگی ئابووری عیراق لەژێر دەستی کوردانی فەیلی بووە و کەسانی بە ویژدانیش باش دەزانن کە یارمەتییە دارایی و لۆجێستییەکانی شۆڕش و خەبات چۆن چۆنی و لە کوێوە و لەلایەن چ کەسانێکەوە بە نهێنی دابین دەکرا، بەهەرحاڵ ئەوە مێژوویەکە و لەبەر ئەو کەسانەی کە هیچ شانازییەکیان لە ناو مێژووی ئەو سەردەمە نییە و بگرە کەس و کارەکەشیان لەو سەردەمە یان جاش بوون و یان لە گرووپی من حەقم چییە بوون و یان لەدوای ئەنفالەکان تەسلیم بوونەوە و ملی هەندەرانیان گرتەبەر و لەدوای راپەرین و بەتایبەتیش لەدوای رووخاندنی دەسەڵاتی بەعس و سەدام و بە تایبەتیتریش لە دوای ساڵانی 2009 و 2010 لە غەفڵەتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی وەک قارچکی ژەهراوی لەناو هەدوو حزبە دەسەڵاتدارەکەی هەرێمی کوردستان هەڵتۆقین و ئێستا کولفی کولن و بەئارەزووی خۆیان و لە بەرژەوەندی خۆیان مێژوودەنووسنەوە و پیتەکانی ئەو مێژووە پرشنگدارەی خەباتگێڕانی راستەقینەی کوردیان بە ماجیکی ڕەش ڕەشکردۆتەوەو لەژێر لمی بیابانی درۆکانیان شاردوویانەتەوە دەبێت بڵێن: تیشکی رۆژ بە بێژنگ ناگیرێت و رەنگە بۆماوەی چەند ساڵێک درۆ و ساختەچێتی زاڵ بێت بەسەر راستی و مێژووی راستەقینەدا بەڵام دڵنیابن هەمیشە و لە هەموو شوێنێک کەسانێکی بەویژدان هەن کە مێژوو هەربەو جۆرەی کە بووە بنووسنەوە !
لەکۆتاییشدا پێویستە بڵێن: ئێمەی کوردانی فەیلی و هەڵەبجەییەکان و کەس و کاری سەربەزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەمێک ساڵە تاقەتی پەیام و تاجەگوڵینەکانی لێپرسراوان و بەردەستی لێپرسراوانمان نەماوە و لەوپەڕی بێ ئومێدیمان لەبەرامبەر خەمخۆری دەسەڵاتی حزبی و حکومەتی کوردی هاواردەکەین: هەرهیچ نەبێت مێژوومان وەک خۆی بنووسنەوە و تکایە مەهێڵن قارچکە هەڵتۆقیوە ژەهراوییەکانی ناو حزبەکانتان جارێکی تر ناو و مێژووی کوردانی فەیلی و هەڵەبجەییەکان و کەس و کاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بشێوێنن و خۆیان وەک پاڵەوانە خەمخۆرە بێ هاوتاکانی ناو مێژووی بەرخودان نمایش بکەن!
جینۆسایدی کوردانی فەیلی و برینەکانی هەڵەبجەو کیمیاوی بارانکردن و ئازارەکانی ئەنفال سێکۆچکەی مەزڵیوومییەتی کوردە و ئیتر ڕێگەمەدەن وەک ماستەرکارتێکی پڕ لە دۆلار و یۆرۆ و دینار لەلایەن هەندێک کەسەوە بەکار بهێنرێن!




یەکتایی.. ستار ئەحمەد

یەکتایی لە بنەڕەتدا نەک هەر دروشمێکی باوەڕیی نییە، بەڵکو گەورەترین و قووڵترین کەرەستەی ناسینی خودە لە ناو گەردوونێکی بێکۆتاییدا. یەکتایی ڕاستەقینە کاتێک دەست پێدەکات کە مرۆڤ دەگاتە ئەو ڕاستییەی کە هەموو بوون یەک سەرچاوەی ڕووناکییە و ئەو ڕووناکییەش لە هەموو شوێنێکدا ئامادەیە، بەڵام تەنها لەو ناخەدا دەدرەوشێتەوە کە لە پەڵەی خۆپەرستیی ڕەها پاک بووبێتەوە. گەورەترین کۆسپ لە بەردەم گەیشتن بەم یەکتاییە، ئەو دیوارە ئەستوورەیە کە مرۆڤ لە دەوری خۆی دروستی دەکات؛ دیوارێک کە ناوی ڕەتکردنەوەی ڕاستی و سوور بوونە لەسەر هەڵە. کاتێک مرۆڤ دەگاتە ئاستێک کە تەنها خۆی دەبینێت و بە هیچ ڕاستییەک لە دەرەوەی بازنەی بەرژەوەندییەکانی خۆی قایل نابێت، لە ڕاستیدا لەو یەکتاییە گەردوونییە دادەبڕێت و دەبێتە تەنێکی دابڕاو و تاریک لە ناو ڕووناکیدا. ئەم حاڵەتە، کە دەکرێت ناوی بنێین تەلبەندی وشیاری، وای لە مرۆڤ کردووە ،کە لە مێژوودا هەمیشە دژی جوانی و ڕاستی بوەستێتەوە، نەک لەبەر ئەوەی تێناگات، بەڵکو لەبەر ئەوەی قبوڵکردنی ڕاستی پێویستی بە جۆرێک لە میهرەبانی و دەستبەرداربوون لە خودی درۆینە هەیە.
لە پێکهاتەی ئەم فەلسەفەیەدا، مرۆڤبوون بەستراوەتەوە بە توانای پاشەکشە لە هەڵە. ژیان تاقیکردنەوەیەکی بەردەوامە بۆ دەرخستنی بونیادی ناخ؛ تەنێک کە یان دەدرەوشێتەوە یان ژەنگ هەڵدەهێنێت. پێویستە بزانین کە هەڵە پێویستییەکی مرۆییە بۆ گەیشتن بە مەزنی خودا؛ چونکە مرۆڤ هەتا چێژی تاڵیی هەڵە نەکات، نرخی شیرینیی ڕاستی نازانێت. ئەو کەسەی کە بانگەشەی بێهەڵەیی دەکات و وا دەزانێت گەیشتووەتە لوتکەی زانین، لە ڕاستیدا لە هەموو کەس زیاتر نوقمی نەزانی بووە، چونکە بێ‌هەڵەیی تەنها خەسڵەتی ئەو سەرچاوە ڕەهایەیە کە گەردوون بەڕێوە دەبات. مرۆڤی ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە لە ناو جەرگەی هەڵەکردنەوە، ڕێگەی ڕاستی دەدۆزێتەوە. لێرەدا پەشیمانی نیشانەی ئەقڵ و زانینە؛ چونکە پاشگەزبوونەوە ئەو دەرووە ورشەدارەیە کە مرۆڤ لە تاریکییەوە دەگەڕێنێتەوە بۆ ناو میهرەبانی. بە پێچەوانەوە، کەللەڕەقی نیشانەی نەزانی و چەقینە لە ناو تاریکیدا؛ کاتێک مرۆڤ دەگاتە ئەو ئاستەی کە نایەوێت دان بە کەمیی خۆیدا بنێت و هەموو شتێک ڕەتدەکاتەوە، لە ڕاستیدا لە ناو گەورەترین بێباوەڕیدا دەژی، کە متمانە نەبوونی ویژدانییە بەرامبەر بە ڕاستی.
ئەم جۆرە لە خۆپەرستی و کەللەڕەقییە، ژەهرێکە کە نەک هەر گیانی تاک، بەڵکو مێژووی میللەتانیشی لەناو بردووە. یەکتایی ڕاستەقینە واتە گەیشتن بەو ئاستەی کە مرۆڤ تێیدا هەست بە میهرەبانییەکی ڕەها دەکات بەرامبەر بە هەموو بوون. ئەم بەسۆزییە وا لە مرۆڤ دەکات کە تەنانەت لە ناو ئازاردا، نوور ببینێت. هەر بۆیە دەبینین ئەو کەسانەی کە خاوەن ناخی پاکن، هەمیشە ئامادەن ئازار بچێژن بەڵام ڕاستی نەشارنەوە. ئازار مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ تاقیکردنەوەی چاوگی ناواخن؛ ئایا ژان دەمانگۆڕێت بۆ بوونەوەرێکی ژەنگن و داخراو، یان دەمانکاتە سەرچاوەیەکی فراوانتر بۆ خۆشەویستی و قبوڵکردنی گەردوون…؟ یەکتایی گەڕانەوەیە بۆ لای ئەو ناوەندە بێدەنگەی ناو ڕۆحمان کە تێیدا هەموو جیاوازییەکان دەتوێنەوە و تەنها ڕاستی دەمێنێتەوە. هەر مرۆڤێک کە بتوانێت خۆویستیی و بەرژەوەندی تووڕ هەڵدا و بە دیدەیەکی پاکیژ سەیری چوارچێوەی بکات، ئەو کەسە گەیشتووەتە واتای ڕاستەقینەی یەکتایی. ڕەگەنیزی و بێبڕوایی ڕاستەقینە لەوەدایە: کە مرۆڤ ڕاستی دەبینێت و بەمەست دەیشارێتەوە، کاتێک ئازاری ئەویتر دەبینێت و پێی خۆشە، کاتێک هەڵە دەکات و لە جیاتی پەشیمانی، سوور دەبێت لەسەر کردارەکانی.
بەکورتی، یەکتایی تەنها یەک واتا دەبەخشێت: ئازادیی گیان لە کۆت و پەیوەستی خۆپەرستی، و کرانەوەی دڵ بە ڕووی ئەو ڕاستییە ڕەهایەی کە لە هەموو گەردیلەیەکی خاک ،هەناسەیەکی مرۆڤدا ئامادەیە. ئەوەی فێری بێگەردی ئەم تاقیگەیە بێت، گەیشتووەتە ئەو ڕاستییەی کە هەموو مێژوو و ئەزموونی مرۆڤایەتی پێکهێناوە.

ستار ئەحمەد