ئێستێتیکی فریدریش شیلەر-4- کاوە جەلال

(بەشی چوارەم)

„ڕەخنەی هێزی بڕیار“ یەکەم نووسینی کانتە کە شیلەر دەیخوێنێتەوە و هۆشی سەبارەت بە پرسیارەکانی ئێستێتیک دەوروژێنێت، پاشان دوو ڕەخنەکەی دیکەی ئەو دەخوێنێتەوە (10). وەلێ کاتێک کانت جوانی تەنیا لە ڕوانگەی سەبژێکتی وەرگرەوە دیاری دەکات، ئەوا شیلەر لە یەکەم” نامەی کالیاس”دا ڕایدەگەیەنێت کە ئەو چەسپاندنی تێگەیەکی ئۆبژێکتیڤیانەی جوانێتی (هونەر) بە مەزنترین ئەرکی خۆی دادەنێت (11)، کەواتە کرۆکی “بابەتی جوان” بەهەند وەردەگرێت بەو مەبەستە کە گۆڕان بە ئێستێتیکێکی وەرگرتن (ڕێسێپسیۆن) بدات، جا گەرچی ئەو لەم پەیوەندییەدا هزرینی خۆی بەزۆری لە ئێستێتیکی بەرهەمهێنانەوە (پرۆدوکسیۆنەوە) بەرجەستە دەکات. ئەوجا شیلەر لە نووسینی „ناسکی و شکۆ“دا کە کارێکی ڕێبەرییە بۆ نووسینی „لەبارەی پەروەردەی ئێستێتیکیی مرۆڤ“، هەوڵ دەدات ئاوەز و ئارەزوو بخاتە پەیوەندییەکی هارمۆنییەوە، کەواتە لەدژی کانت هەڵوێست وەردەگرێت کە ئارەزووی خستبووە ژێر ڕکێفی ئاوەزەوە. بە تێڕوانینی شیلەر ئەم کارەی کانت “نامرۆڤدۆستانە”یە. ئەوە کە شیلەر لێی دەهزرێت، “مرۆڤی جوان”ە وەک سەرئەنجامی هارمۆنیی نێوان ئاوەز و ئارەزوو. بەمەش پرسی جوانێتی لای شیلەر لە ئێستێتیکەوە دەپەڕێتەوە بۆ نێو ئەخلاقناسی (ئێتیک).

-2-3 بناغەڕشتنی تێگەی جوانێتی لای شیلەر لە “نامەکانی کالیاس”دا

شیلەر بە پێچەوانەی کانتەوە بە پێویستی دەزانێت کە «چۆنێتیی ئۆبژێکتیڤییانەی بابەتە بە جوان دانراوەکان لێبتوێژرێتەوە … »، جا گەرچی ئەو لە موحازەرەیەکدا پێش „نامەکانی کالیاس“ ئاماژە بۆ ئەوە دەدات کە ئەو لە هەوڵێكی بەو چەشنەدا بە ئەنجامێکی ڕۆشن ناگات (12). ئەو لەم هەوڵەیدا، هاوشێوەی کانت، ڕێگەی ترانسسێندێنتال دەگرێتە بەر، واتا دەیەوێت لە سروشتی ئاوەزەوە تەواو ئاپریۆریانە بەبێ ئەزموون بناغەی جوانێتی بڕێژرێت، کە ئیدی بەدووی ئەوەدا ئەزموون بیڕاستێنێت. کەواتە شیلەر گەواهیی ئەزموون بۆ هەڵهێنجانی جوانێتی بە پێویست دادەنێت(13).
بێگومان جوانێتی سەر بە کایەی ئاوەزی تیۆریانەی پەتی نییە، چونکە ئاوەزی تیۆریانە تەنیا بە پرسی مەئریفەوە خەریکە. پرسیاری جوانێتی شیلەر دەخاتە بەردەم پرسیاری „ویست“ و ئەو بنەڕەتانە کە ویست دیاری دەکەن، لێرەشدا „ڕەخنەی ئاوەزی پراکتیکی“ی کانت بۆی دەبێت بە زەمینەیەک تا لەسەری هزرینی ئێستێتیکییانەی خۆی ئاوەڵا بکات، وەلێ ئەو هاوکات نووسینەکەی کانت دەخاتە ژێر ڕەخنەوە. وەک لە سەرەوە بینیمان، کانتی فەیلەسوفی تیۆریانە تەنیا لە توانستی گشتیی مەئریفەی مرۆڤەوە خۆی بە پرسیاری جوانێتییەوە خەریک دەکات و دەگات بەو تێڕوانینە کە مرۆڤ هیچ شیمانەیەکی نییە بڕیار بەسەر جوانێتیدا بدات. سەبژێکت تەنیا چێژ لە فۆرمی ئۆبژێکتی جوان دەبینێت، وەلێ نازانێت بۆچی ئۆبژێکت جوانە. شیلەری هونەرمەند بە پێچەوانەوە، کەواتە هۆنەرە بنیاتنەرەکەی جوانێتی، لە هەوڵە فەلسەفەییەکەیدا گرنگی بەوە دەدات کە داخۆ جوانێتی «چی» بێت و چۆن سەرهەڵبدات، لێرەشدا ئەو بە تێگەکانی کانت کار دەکات، وەک: جیاوازیکردنی ئاوەز و توانستی دەرکگیری، نەزەر و تێگە، ئاوەزی پەتی و پراکتیکی، ئۆتۆنۆمی و هێتەرۆنۆمی و هتد.
کرداری ئەخلاقی لای کانت هەمیشە پابەندی فرمانە کە وەک “گەرەک” ئاڕاستەی هەر کردارێک دەکرێت، کە بێگومان لەبەرئەوەی کردارەکان ئەخلاقین، ئەوا دەرهاویشتەی ویستی ئەمپیری (واتا ئارەزوو، هەوەس) نین، بەڵکو دەرهاویشتەی ویستی پەتین. ئەوە فۆرمی ئاوەزە کە ئازادانە کردارە ئەخلاقییەکان (ئەنجامەکان) دیاری دەکات. شیلەر ئەم بنەڕەتەی ئەخلاقناسییەکەی کانت بەسەر کایەی ئێستێتیکیدا بەکاردەبات: جوانی (ئەنجام) دیاردەی ئۆبژێکتێکە پابەند بە فۆرمی ئاوەزی پراکتیکییەوە، یان پابەند بە فۆرمی ویستی پەتییەوە کە بۆ ئەو سینۆنیومی ئاوەزی پراکتیکییە. بێگومان لێرەدا تێڕوانینێکی بنەڕەتییانەی هزرینی ترانسسێندێنتال لەگۆڕێیە کە تەنیا ئۆبژێکتی هۆشەکی (نا-پسیکۆیی) بە ئازاد دادەنێت نەک ئەو نێوەرۆکانە (شئورانە) کە بەڕێی دەرکەوەرەکانەوە دێنەئاراوە.
ئاوەزی پراکتیکی لای کانت بنەڕەتی ئازادیی ڕەهایە (ئەبسۆلوتە). کەواتە ئۆبژێکت وەک دەرهاویشتەی ئاوەزی پراکتیکی لای شیلەر ئەو واتایە دەگەیەنێت کە ئۆبژێکت ئازادە. ئاخر ئاوەزی پەتیی پراکتیکی ڕێسادانەرانە (بە شێوەی ڕێگولاتیڤ) سنوور بۆ کارایی هەر توخمێکی ئۆبژێکت دادەنێت، بەم ڕێیەشەوە «ویستێك» بە ئۆبژێکت دەدات تا بە هێزی دیاریکردنی خودی خۆی، واتا بە شێوەی ئۆتۆنۆم (Selbstbestimmung) بێتەگۆڕی. وەلێ ئێمە لێرە پەیوەندییەکی لەیەک-چوونمان هەیە: لەبەرئەوەی ئۆبژێکتی جوان دیاریکەری خۆیەتی، ئەوا ئۆبژێکت لە ئازادییە ڕەهاکەی ئاوەزی پراکتیکی دەچێت. لەم ڕوانگەیەوە ئازادیی ئۆبژێکت بۆ هێنانەئارای خودی خۆی ڕیال نییە هاوشێوەی مرۆڤ کە لە ئاوەزی پەتیی پراکتیکییەوە کردار دەنوێنێت و بەو ڕێیەوە دەبێت بە ئەخلاقمەند، بەڵکو شیلەر بۆ هاتنەئارای جوانی فۆرمولە بەناوبانگەکەی خۆی بەکاردەهێنێت: جوانی «ئازادییە لە دیاردەدا». کەواتە ئۆبژێکت (ی هونەری) ئەوها دیاردەدات، یان „ئەوها دەنوێنێت هەروەک“ ئۆتۆنۆم بێت: „هەروەک“ بە ویستی خۆی، وەلێ بەبێ هیچ مەبەستێک، یاسای ئاوەزییانەی بە خۆی دابێت، نەک بە کاریگەریی دەرەکی (هێتەرۆنۆم) هاتبێتە ئاراوە. لەم ڕوانگەیەوە ئۆبژێکت تەنیا ئازادی «دادەڕێژێت»، بەمەش ئازادی تەنیا دەرکەوتە (Schein)ی ئێستێتیکییە وەک فریودان. ئاخر ئۆبژێکت «وای پێشان دەدات» هەروەک ئازاد و هاوکات بێمەبەست بێت، هەروەک ئەو خۆی فۆرمە خۆییەکەی هێنابێتەگۆڕێ.
بێگومان لێرەدا پرسیار لەبارەی رۆڵی کەرەسە (ماتەریال، نێوەرۆک) سەرهەڵدەدات، چونکە خویابوونی هۆشەکییانەی جوانی هەردەم لەنێو کەرەسەیەکدا خۆی پێشانی وەرگر (ڕێسیپیەنت) دەدات. وەلێ لەبەرئەوەی شیلەر جوانی بە ئاوەزی پراکتیکییەوە گرێ دەدات، ئەوا لێرەدا پەیوەندییەکی فۆرمالی (شێوەکیی) چێکردووە تا پرسی نێوەرۆک نەیەتە گۆڕێ: جوانی پەیوەند نییە بەوەوە کە داخۆ “چی” (نێوەرۆک، کەرەسە) دابڕێژرێت، بەڵکو داخۆ “چۆن” داڕشتنەکە ئەنجام بدرێت، لێرەشدا جوانێتی، وەک ئازادی لە دیاردەدا، تەنیا فۆرمێکی دەرکی (مەحسوس)ی گونجاوە بە ئاوەز بەبێ ئەوەی زەبرمەندانە هێنرابێتەگۆڕێ. لەم پەیوەندییەدا لێڕوانەر هیچ گرنگییەک بە نێوەرۆک نادات. ئێمە دەبێت لەم جێیەدا جیاوازی لە نێوان سێ تێگەدا بکەین: کەرەسە، کامیلێتی و جوانی. سەرەتا ئاشکرایە کە ئۆبژێکتی هونەری کەرەسەی فۆرمێنراوە، فۆرماندنیش بۆ شیلەر کامیلکردنی کەرەسەیە و تەنیا کاتێک لەگۆڕێ دەبێت گەر بونیادەکەی (ستروکتورەکەی)، بە واتایەکی دی: گەر زەروورە نێوەکییەکەی بەڕوونی بناسرێت. کامیلکردن پرۆسەیەکی تەکنیکیی ڕاسیۆنالە (ڕێکخستن، پڕۆپۆرسیۆن، ڕوونیی داڕشتن)، وەلێ جوانی ئازادییە لە دیاردەدا. ئەوجا کاتێک کامیلێتی فۆرمی کەرەسەیە، ئەوا جوانی بە پێچەوانەوە فۆرمی ئەم فۆرمەیە، فۆرمی کامیلێتییەکەیە و لەنێو خودی ئۆبژێکتەوە هارمۆنیانە بەنێویدا دیاری داوە، نەک لە دەرەوە خرابێتە نێوییەوە. هونەری ئۆتۆنۆم لە ویستی خۆیەوە یاسا بە خۆی دەدات و بەزەرووری بونیادی خۆی دەهێتەگۆڕێ. لەم ڕوانگەیەوە شیلەر هونەر وەک میمێزیسی (لاسایی) سروشت ڕەتدەکاتەوە. هونەر نە لەژێر ڕکێفی زەروورەکانی جیهانی بەرجەستەدایە و نە دەستوێژە بۆ مەبەستی دەرەکی (بۆ نموونە فێرکردنی مرۆڤ)، بەڵکو بوونەوەرێکی ئازادی داخراوە. شیلەر تەنیا ئەم جۆرەی هونەر بە جوان دادەنێت، ئەویش چونکە ئازادانە خۆی پێشانی وەرگر دەدات نەک بەرەو ڕووی هوروژم بهێنێت، وەرگریش وەک ئۆتۆنۆم دەرکی دەکات. بێگومان وەرگر بەڕێی دەرکەوەرەکانییەوە جوانێتییەکەی ئەوی بەدڵە، وەلێ ئەو لە ئاوەزەوە ڕێز لە فۆرمەکەی دەنێت. ئۆبژێکتی هونەری لێرەدا هارمۆنیانە و ڕێکخراو دیاردەدات، ئەوە هاوشێوەی بابەتێک کە بۆ مەبەستێکی دیاریکراو سازێنراوە. کەواتە گەرچی هونەر بێمەبەستە، هاوکات مەبەستێتییەکی لە خۆ گرتووە، ئەمەش بەواتای: گەرچی ئەم هونەرە بەدەرە لە هەر سوودێکی پراکتیکی، لە هەر مەبەستێکی بەکارهێنان، وەلێ دەتوانێت وەرگر بۆ ئازادیی ئەخلاقی بوروژێنێت: دەرفەتی بۆ بڕەخسێنێت لە ئازادییە (ئەخلاقیە)کەی سەبژێکتی هونەرمەند بڕوانێت و بەسەر ئەو ڕێ ناڕاستەوخۆیەدا دەرکی ئۆبژێکتی بەردەم خۆی وەک جوان بکات. مەسەلەکە لای شیلەر تەنیا «وێکچوون نییە بە ئازادی»، بەڵکو ئەو (هەروەها بەسەر تێگەی دەرکەوتەدا) «بینینی ناخەکی»یانەی پەیوەندییەک دەهێنێتە نێوانەوە کە دەکەوێتە پشتەوەی ئۆبژێکتە ڕیالەکە، وەلێ ئەوە کە لێڕوانەر لەنێو خۆیدا ئاشکرای دەکات، «یاسای ئازادی»یە، یان یاسای ئاکار ی ئێتیکییە (14). بێگومان کاری هونەری ناتوانێت ئەم ئازادییە دەرببڕێت، چونکە هەرگیز ئازادی دیار نادات. ئاخر بەگوێرەی هزرینی ترانسسێندێنتالی کانت لە „ڕەخنەی ئاوەزی پەتی“دا ئازادی هیچی دیکە نییە جگە لە ئیدێیەک – ئیدێیەکی ئاوەز.
پرسیارێکی کرۆکی لەم پەیوەندییەدا ئەوەیە کە هەموو ئۆبژێکتێک پابەندی ڕێسایە، لێرەشدا ئاشکرایە کە ڕێسا دەرەکییە (هێتەرۆنۆمە)، بۆیە هەردەم وەک زەبر لە ئۆبژێکت کارا دەبێت و بەم ڕێیەشەوە ئۆتۆنۆمیی ئۆبژێکت ناهێڵێت. ئەمە هەروەها جوانێتی یان کاری هونەری دەگرێتەوە، چونکە لە جیهانی دەرکیدایە، لەم جیهانەشدا هیچ شتێک بەتەواوی ئازاد نییە. کەواتە شیلەر بە داواکارییەکەی بۆ سەربەخۆیی ئۆبژێکتی هونەری لە مەبەست و ڕێسا خۆی بە دژبێژییەوە دەئاڵێنێت و دەبێت چارەسەری بکات.
وەک بینیمان، ئازادی و خوددیاریکردنی نێوەکی (ئۆتۆنۆمی) بۆ شیلەر هاوواتان. ئەوجا گەر هەموو ئۆبژێکتێک پابەندی ڕێسا بێت، ئەوا دەبێت خوددیاریکردنی ئۆبژێکتی هونەری بەگوێرەی رێساگەلی ئەوتۆ ڕووبدات کە ئەو خۆی دایاندەنێت نەک لە دەرەوە بەسەریدا بسەپێنرێن. کەواتە دەبێت فۆرم، ئازادی لە دیاردەدا، ئاماژە بۆ ڕێسا بدات. شیلەر لەم پەیوەندییەدا لە « هونەرێتی »ی فۆرم دەدوێت کە لای ئەو واژەیەکی دیکەیە بۆ «تەکنیک »(15). بێگومان تەکنیک مەرجێکی سەرەکیی جوانێتی نییە، بەڵکو دەستوێژی داڕشتنە، یان فۆرماندنە، وەک ئەوەش دووەم مەرجە دوای مەرجە بنەڕەتییەکەی جوانێتی کە ئازادییە لە دیاردەدا. ئێمە گەرەکە لەم پەیوەندییەدا ڕەچاوی سێ تێگە بکەین: ئازادی، سروشت، تەکنیک. سروشت بۆ شیلەر سینۆنیومی ئازادییە، ئەوجا ئەو لەم پەیوەندییەدا تێگەی سروشت دەهێنێتە نێوانەوە، چونکە ئێمە بەم تێگەیە یەکسەر لە شتێک دەهزرێین کە بەڕێی خۆیەوە، سەربەخۆ، لەگۆڕێیە و ڕێسا بە خۆی دەدات، یان گۆڕان بە فۆرمی تایبەتی خۆی دەدات (بۆ نموونە گەشەی درەختێک)، وەلێ سروشت هاوکات ئاماژەیەک بۆ کایەی دەرکی (مەحسوس) لە خۆ دەگرێت. ئەمە هەروەها چواندنی بۆ جوانێتی هەیە کە ئەمیش هەروەها لە جیهانی دەرکیدایە، ئەمەش بەواتای: تێگەی سروشت هەروەها لەنێو جیهانی دەرکیدا ئاماژە بۆ کایەی ئازادی دەدات. وەلێ تەکنیک بە پێچەوانەوە “مەرجێکی زەروورییە بۆ پێشبینیکردنی ئازادی لە لایەن ئێمەوە”، بەمەش جوانی دەبێت بە سروشت (ئازادی) لە تەکنیکدا (16). شیلەر دەیەوێت بەم تێڕوانینە ببێژێت، کە دەبێت جوانێتی، کاری هونەری، بە چەشنێک بسازێنرێت کە ئیدی ئازادانە لەنێو خۆیەوە، کەواتە وەک سروشت، کاریگەری بنوێنێت، ئەوە کاتێک تەکنیک بە پێچەوانەوە تەنیا فۆرماندنی ڕێسامەندە، کەواتە لە دەرەوە بە کاری مرۆڤ سەرهەڵدەدات (هێتەرۆنۆمە)، وەلێ گەرەکە کاریگەریی ڕێساکان لە تەکنیکدا بە چەشنێک بێت کە ئۆبژێکت لە سەرئەنجامدا وەک دەستکرد نەنوێنێت، یان وەرگر بە چەشنێک دەرکی ئۆبژێکت نەکات هەروەک بە زەبری دەرەکی هێنرابێتە گۆڕێ، بە پێچەوانەوە، گەرچی ئۆبژێکت بە کاری مرۆڤ سازێنراوە، وەلێ گەرەکە وەرگر وەک بەرهەمێکی سروشت دەرکی بکات. بەمەش تەکنیک، کە دەستوێژە بۆ داڕشتنی ئازادی (سروشت)، دەرفەت بۆ وەرگر دەڕەخسێنێت هەست بە ئازادی بکات.
شیلەر ئەم پرسەی سروشت و تەکنیک بە نموونەی کەسێک ڕووندەکاتەوە کە دەیەوێت لە قەدی درەختێک فیگورێکی بازنەیی بسازێنێت. فیگورەکە هەروەها نموونەیەکە بۆ جوانی وەک ئازادی لە دیاردەدا. سەرەتا سروشتی بازنە ئەو کەسە ناچار دەکات تەواو خولگەیی قەدی درەختەکە ببڕێتەوە، چونکە تەنیا بەو شێوەیە مەبەستەکەی بەدیدەهێنێت. لەم ڕەوشەدا تەکنیک، فۆرماندنی خولگەیی، لە دەرەوە دێتە نێو شتەکەوە، بۆیە تەکنیک هەردەم بەڕێکەوتە، چونکە لە بابەتێکەوە بۆ بابەتێکی دی دەگۆڕرێت. ئەوجا گەر لێڕوانەر لەم فیگورەدا کە گەرەکە بازنەیی بێت، بەزۆریی دەرکی کەرەسە (ماتەریال) یان کاریگەرییە دەرەکییەکە بکات، ئەوا دەبینێت کە تەختەکە بە زەبر (بە مشار یان خەڕات) خراوەتە نێو ئەو فۆرمە بازنەییەوە. ئێمە لێرەدا هێتەرۆنۆمیمان هەیە. وەلێ گەر ئەو کەسە فیگورە بازنەییەکە هێندە کامیل (پێرفێکت) بسازێنێت کە ئیدی لێڕوانەر کاریگەرییە دەرەکییەکەی لەبیربچێتەوە، ئەوسا فیگورە بازنەییەکە، سەرباری هێتەرۆنۆمی، ئەوها دەنوێنێت هەروەک لەنێو خودی خۆیەوە ئەوها بێت. فۆرمەکە زۆرلێکراو نانوێنێت، بەڵکو ئەوها دەنوێنێت هەروەک سروشتی خودی ئۆبژێکت خولگەیێتییەکەی ئەوی پێکهێنابێت (17). ئەم ئۆبژێکتە بۆ شیلەر جوانە، چونکە گەرچی فۆرمەکە هاوکات خوددیاریکەر (ئۆتۆنۆم) و دەرەکییانە دیاریکراوە (هێتەرۆنۆمە)، وەلێ لێڕوانەر هەست بە زەبرە تەکنیکییەکە (هێتەرۆنۆمی) ناکات.
پرسی ئۆتۆنۆمی و هێتەرۆنۆمی نەک تەنیا هەموو جۆرەکانی هونەر دەگرێتەوە، بەڵکو هەروەها بابەتە پێویستەکانی (مەبەستمەندەکانی) بەکارهێنانیش. ئێمە گەرەکە لێرەدا نموونەکانی دیکەی شیلەر چە لە بابەتە پێویستەکانی ژیان و چە لە هونەرەکانەوە وەربگرین.
لە خانوودا (یان تەلارسازیدا) هەردەم ئۆتۆنۆمی و هێتەرۆنۆمی لەگۆڕێن. خانوو بەتایبەتی بابەتێکی بەکارهێنانە و یاسای فیزیکی (ستاتیک)، هەروەها پێداویستییە مرۆڤییەکان (پاراستن، گوزەران) سنووریان بۆ ئاوەڵابوونی داناوە. گەر پاژەکانی خانوو تێکڕا پابەندی ئیدێ و مەبەستی سەرجەمەکە بن، کەواتە ئیدێی خانووەکە بەتەواوی فۆرمەکەی دیاری بکات، ئەوسا ئەم خانووە کامیلە، وەلێ جوانە، گەر لێڕوانەر ناچار نەبێت ئیدێی خانووەکە وەک دەستوێژی ڕوانین لە فۆرمەکەی وەربگرێت، بەڵکو ئەو فۆرمە خۆخواستانە و بەبێ مەبەست لەنێو ئەو خۆیەوە سەرهەڵبدات، کە ئیدی لێڕوانەر مەبەستەکەی لەبیربچێتەوە و دەرکی فۆرمەکەی بکات وەک گوزارشتی ئازادی. ئەم خانووە بۆ شیلەر جوانە و لە کاری هونەری نزیک دەکەوێتەوە. وەلێ هەرگیز ناشێت خانوو کاری هونەریی تەواو ئازاد بێت، کەواتە هەرگیز بە ئیدیالێکی جوانی ناگات، چونکە لە خانوودا هەردەم پەنجەرە، دەرگە، داڵان، ئاگردان، پیلکانە، ژووری تایبەت و هتد لەگۆڕێن و تێکڕا یەکدی سەغڵەت دەکەن، نەک هەریەکەیان ئازادانە سنووری خۆی دیاری بکات. کەواتە هەردەم هێتەرۆنۆمی بەگوێرەی هەر مەبەستێکی تایبەتی بەسەریدا سەروەرە و ڕێنادات فۆرمەکەی خۆخواستانە دیاربدات، هاوکات هێتەرۆنۆمییەکە بەسانایی دەرک دەکرێت (18). لەم ڕوانگەیەوە تەلارسازی بۆ شیلەر بەدەرە لە “گەمەی ئێستێتیکی”، واتا لە فۆرماندنی بێمەبەست. بێگومان شیلەر لە „پەروەردەی ئێستێتیکیی مرۆڤ“دا ئاماژە بۆ پەرستگەی کلاسیکیی گریکی دەدات کە بە تێڕوانینی ئەو بینایەکی جوانە، چونکە پەرستگەکە ئەوها دیارنادات هەروەک پاژەکانی بەزۆر لەیەکدرابن، بەڵکو ئەوها دەنوێنێت هەروەک یاساکەی لەنێو ئەو خۆیدا بێت، یان هەروەک ئەو “لەنێو خودی خۆیەوە” ئاوەڵا بووبێت و سەرجەمێکی هارمۆنییانەی پێکهێنابێت. لەم پەرستگەیەدا پایەکان کە بە مەبەستی هەڵگرتن دانراون، کاراییان لە پشت فۆرمەکەوە دیارنامێنێت. بینای پەرستگەکە وەک ئافراندنێکی ئازاد دیاردەدات نەک وەک بەرهەمێکی زەبرلێکراو.
هەروەها گۆزە ئامرازی بەکارهێنانە و ئیدێیەک بۆ سازاندنی پێویستە، هاوکات ئەو دەسکانە کە لێوەی دەردەچن، ئیدێی تایبەت بە خۆیان هەیە. گۆزەیەک کە جوان فۆرمێنراوە (بۆ نموونە گوڵدانی ئەنتیکە)، فۆرمەکەی ئەوها دەنوێنێت هەروەک لە زەروورەی نێوەکییانەی خۆیەوە هاتبێتەئاراوە، هەروەک گۆڕانە نێوەکییەکانی خۆخواستانە بەگوێرەی یاسای نێوەکی ڕوویاندابێت، بۆ نموونە دەسکەکانی تەواو ئاسایی (زەبرلێنەکراو) و خۆخواستانە لێوەی دەرچووبن، کە ئیدی کاتێک مرۆڤ لێی دەڕوانێت، تایبەتمەندییەکەی ئەوی لەبیردەچێتەوە. ئەم گۆزەیە بۆ شیلەر هاوشێوەی گەمەی ئازادی سروشتە، بۆیە بە تێڕوانینی ئەو گۆزەیەکی جوانە. وەلێ گەر ورگی گۆزەکە کتوپڕ بۆ ملێکی باریک تەسک ببێتەوە، ئەوا ئەم گۆڕانە لەناکاوەی ئاڕاستەکە سەرجەم دەرکەوتەی خۆخواستن تێکدەشکێنێت و ئۆتۆنۆمیی دیاردەش نامێنێت؛ یان هەروەها گەر هەردوو دەسکەکەی کە تایبەتن بە گرتن و هەڵگرتنی ئەو، بە گۆشەی وەستاو لێوەی دەرچووبن، ئەوا گۆزەکە جوان نییە، چونکە فۆرمی گۆشەیی بە بابەتێکی گردەییەوە زەبرمەند دەنوێنێت. لێرەدا مەبەستی بەکارهێنان سەروەریی بەسەر سازاندنی گۆزەکەدا وەرگرتووە و گۆڕانی ئاڕاستەکان پێچەوانەی ئاڕاستەی خۆخواستانەن، بۆیە ئەم گۆزەیە بە دیدی شیلەر جوان نییە (19).
سنووردانانی پاژەکان بۆ خۆ و بەمەش دەرفەتدان بەوە کە سەرجەمی بەرهەمەکە کاریگەریی خۆی بنوێنێت، بەتایبەتی لە هونەرەکاندا ئاشکرا دەبێت، وەک پەیکەر و وێنەی دیمەن لە شێوەسازیدا، کۆمپۆزیسیۆنی (هۆنینەوەی) موزیک یان هۆنینەوەی هەڵبەست.
بۆ ئەوەی هەڵبەست جوان بێت، دەبێت خودی هەر دێڕێک درێژی و کورتی، بزووتن و ئارامگە بە خۆی بدات، دەبێت هەر وشە و ڕستەیەک لە زەروورەی نێوەکییەوە چێبووبن، نابێت هیچ وشەیەک یان هیچ دێڕێک یەکێکی دیکەیان بەهەند وەربگرێت، بەڵکو تەنیا بۆ خاتری خۆی لەو جێیەدا بێت و سەرەڕای ئەوە پێکرا بە چەشنێک کۆبووبێتنەوە هەروەک گفتی ژوانیان بە یەک دابێت (20)
ئاشکرایە پەیکەر ئیدێیەکی هەیە کە بۆ نموونە لە بەردێکی مەڕمەڕدا دیاردەهێنرێت. وەلێ دەبێت ئەو پەیکەرە ئەوها بنوێنێت هەروەک لەنێو خۆیەوە ئازادانە فۆرمی خۆی سازاندبێت. گەر هەر جووڵەیەکی نێو پەیکەرەکە دەرهاویشتەی ئیدێکە نەبێت، بەڵکو بۆ سروشتی کەرەسە (بەردەکە) بگەڕێتەوە، ئەوا کارە هونەرییەکە سەرنەگرتووە. ئاخر بەردی سروشتیی مەڕمەڕ پتەو و ڕەقە، ئەم تایبەتمەندییەش دەبێت لە سروشتی گۆشتدا کە نەرم و ناسکە، بەتەواوی نەمێنێت و بە هیچ شێوەیەک نەهێنرێتەوە یادی لێڕوانەر (21).
دیمەنێک جوان داڕێژراوە، گەر سەرجەمی ئەو دیمەنە لە ئازادیی تاکە پاژەکانەوە هاتبێتە گۆڕێ. لەو دیمەنەدا دەبێت هەر پاژێک پەیوەند بێت بە سەرجەمەوە و سەرەڕای ئەوە تەنیا لەژێر ڕکێفی یاسای خۆیدا بێت، کەواتە پەیڕەویی ویستی ئازادی خۆی بکات. بێگومان لە دیمەندا پاژەکان بەناچاری بەریەک دەکەون، بۆیە دەشێت بەو ڕێیەوە زیان بە سەرجەم بگەیەنرێت. بۆ نموونە: چیا دەیەوێت سێبەر بخاتەوە و ڕەنگە سێبەرەکە بکەوێتە سەر شوێنێک کە گەرەکە ڕوناک بێت. مرۆڤ و ئاژەڵ و هەور دەیانەوێت ببزوێن. ڕوبار لە ئاڕاستەی خۆیدا یاسای کەنار قبووڵ ناکات، بەڵکو شوێن ویستی خۆی دەکەوێت. هەر یەکەیان خاوەنی ویستی خۆیەتی. وەلێ گەر هەر پاژێک لە ئازادیی نێوەکیانەیەوە ئەو سنوورە دابنێت کە پاژێکی دی بۆ دەربڕینی ویستی خۆی پێویستی پێیەتی، ئیدی هارمۆنیی سەرجەم دێتە گۆڕێ. بۆ نموونە دەشێت درەختێک لە پێشخاندا پاژێکی جوان لە پاشخاندا دابپۆشێت، کەواتە زەبر لەدژی ئەو پاژە بنوێنێت. لێرەدا هونەرمەندی شارەزا ئەو لکەی درەختەکە کە دەشێت پاژەکەی پاشخان بشارێتەوە، لە کێشی خودی لکەکەوە دەنیشێنێت، کە ئیدی بەو ڕێیەوە خۆخواستانە شوێن بۆ شێمای پاشەوە دەکاتەوە (22)
لەم ڕوانگەیەوە ئێمە تەنیا لە هونەردا جوانیی فۆرممان هەیە. بێگومان ئاشکرایە، ئەمەشمان لە سەرەوە بە نموونەی شێوەسازی دیمەنەکە بینی، جوانیی فۆرم لە کەسی سازێنەری فۆرم، هونەرمەند، جیانابێتەوە. شیلەر لەم پەیوەندییەدا جەخت لە نائیفێتی (das Naive) دەکات کە بە دیدی ئەو جوانە، چونکە لە نائیفێتیدا سروشت مافی خۆی بەسەر گەڕەلاوژێ و خۆدەرخستنی کەسەکیدا دەسەپێنێت. تەنیا گەر سروشت (ژێنی: بلیمەت) داڕێژەری ئازادی بێت، ئیدی جوانێتیی هونەر دێتە گۆڕێ. بێگومان نەشیاوە داڕشتن بەبێ “کەرەسە” ڕووبدات. شیلەر پەیوەند بە کەرەسەوە جەخت لە داڕشتنی ئازادانەی ڕاستی دەکات. ئێمە لێرەدا یەکسەر دەکەوینە بەردەم جیاوازیی نێوان هونەرمەند و هونەرمەندی مەزن: شیلەر کەسێک ناو دەنێت هونەرمەند کە پابەندی داڕشتنی ئازادانەی ڕاستییە، وەلێ هونەرمەندی مەزن هەردووکیان، ئازادی و ڕاستی، یەکدەخات. بەرهەمێکی سروشتی جوانە گەر گونجاو بە یاسای هونەر ئازادانە دیار بدات، ئەوجا بەرهەمێکی هونەری جوانە گەر ئازادانە بەرهەمێکی سروشتی “دابڕێژێت”. لەم ڕوانگەیەوە جوانێتیی هونەر خودی سروشت نییە، بەڵکو داڕشتنی ئافرێنەرانەی سروشتە لە میدیەمێکدا، وەلێ ئەوە لەنێو خودی هونەرمەندەوە، نەک وێنەدانەوەی سروشت بێت وەک لە ناتورالیزمدا. شیلەر بە واژەی “داڕشتن” جەخت لە ئۆتۆنۆمیی هونەر و ئازادی دەکات کە پێشترییان لە نێوەرۆک هەیە. هونەرمەند گەرەکە “پەرە بە سروشت بدات” نەک کتومت لاسایی ئەو بکاتەوە، بەوەش کردەکێتییەکی ئیدیال بهێنێتەگۆڕێ: مۆتیڤەکانی جوانتر و کامیلتر لە هەبوونی ڕیالیان دابڕێژێت.
ئێمە دەبێت پەیوەند بە جیاوازیکردنی هونەرمەندانەوە لای شیلەر ڕەچاوی سێ تێگە بکەین: ئۆبژێکتیڤێتی، سەبژێکتیڤێتی، کەرەسە. هونەرمەند مەزنە گەر داڕشتنەکەی ئۆبژێکتیڤی بێت، واتا خودی بابەتەکەمان پێشان بدات؛ هونەرمەند مامناوەندییە گەر داڕشتنەکەی سەبژێکتیڤی بێت، واتا خودی خۆی پێشان بدات؛ هونەرمەند ناباشە گەر تەنیا کەرەسە پێشان بدات، واتا گەر سروشتی میدیەمەکە و ئاستەنگەکانی هونەرمەند سەروەربن بەسەر داڕشتنەکەیدا. شیلەر ئەم جیاوازیکردنە بە نموونەی نواندنی سێ ئەکتەر لە شانۆییەکی هاملێتدا ڕووندەکاتەوە:

1- کاتێک ئێکهۆف رۆڵی هاملێت دەنوێنێت، لێرەدا پەیوەندیی کەسێتی بە ڕۆڵ-ەکەیەوە هاوشێوەی پەیوەندیی کەرەسەیە بە فۆرمەوە، یان لەش بە ئیدێوە. ئێکهۆف کەرەسەیە و هەر خۆی بلیمەتییەکەی هاملێت دەفۆرمێنێت، ئەوجا لەبەر ئەوەی کەسی ئێکهۆفی ئەکتەر بەتەواوی لە کەسی هونەرییانەی هاملێتدا لەناودەچێت، هەروەها لەبەر ئەوەی تەنیا فۆرم، واتا کارەکتەری هاملێت، هەستپێدەکرێت نەک کەرەسە (واتا کەسی ئەکتەرە ڕیالەکە)، کەواتە لە ئەودا تەنیا فۆرم (هاملێت) هەیە، ئەوا ئێکهۆف رۆڵەکەی جوان دەنوێنێت، چونکە داڕشتنەکەی ئۆبژێکتیڤییە و هیچی سەبژێکتیڤیی پێتێکەڵ نەبووە.
2- کاتێک خاتوو ئالبرێشت رۆڵی ئۆفیلیا دەنوێنێت، لەوێدا نە سروشتی کەرەسە (کەسی خانمە ئەکتەرەکە) و نە سروشتی داڕێژراوەکە (کەسی ئۆفیلیا) دەبینرێت، بەڵکو تەنیا ئیدێیەکی ئارەزوومەندانەی خانمە ئەکتەرەکە دەبینرێت. ئەو بنەڕەتێکی سەبژێکتیڤی بە خۆی دەدات تاکو پێشبینیی ژان و شێتی و ئابڕووی نەجیبانە بکات بەبێ ئەوەی لەوە بهزرێت کە داخۆ ئۆبژێکتیڤێتی بەم پێشبینییە بدرێت یان نەدرێت. کەواتە خاتوو ئالبرێشت تەنیا مانییر (شێوەی ڕەفتاری کەسەکی) ی هەیە، وەلێ ستایلی نییە کە شیلەر پێناسەی دەکات وەک «باڵاترین سەربەخۆیی داڕشتن لە سەرجەم دەستوێژە سەبژێکتیڤی و ئۆبژێتیڤی-بەڕێکەوتەکانی داڕشتن.» (23)
3- کاتێک بریوکل رۆڵی پاشایەک دەنوێنێت، لێرەدا سروشتی میدیەمەکە بەسەر فۆرمدا (رۆڵی پاشادا) سەروەرە، چونکە ئەکتەرەکە (کەرەسە) لە هەموو بزووتنێکدا قێزەوەن و نەشارەزا نیگا دەکات. ئەو ناتوانێت کەرەسە (لەشی ئەکتەر) بەگوێرەی ئیدێیەک بفۆرمێنێت. کەواتە داڕشتنەکەی پەرێشانە، چونکە سروشتی کەرەسە و ئاستەنگە سەبژێکتڤییەکانی خودی هونەرمەندەکە ئاشکرا دەکات (24).
لەم ڕوانگەیەوە پێشمەرجی جوانێتیی داڕشتن لای شیلەر ئەوەیە کە هونەرمەند بە ڕاستی و پەتی و تەواوەتی لە سەرجەم ئۆبژێکتیڤێتیی بابەتەکەی تێبگات، ئەوجا ئۆبژێکتەکەی (لەپێشخۆدانراوەکەی) وەک فۆرمی پەتی پێشبینی بکات و دایبڕێژێت. هونەرمەند ئەمەی پێبەدیدەهێنرێت گەر دەرفەت نەدات سروشتی میدیەمەکە کە تێیدا ئۆبژێکتەکە دادەڕێژرێت، دەرەکییانە کاریگەری لەسەر ئەم ئۆبژێکتەی هۆشی بنوێنێت.

3-3 کێشەی جوانێتی وەک دیاردانی ئازادی

شیلەر لە „نامەکانی کالیاس“دا هەوڵ دەدات لە تێگەی ئازادییەوە ئۆبژێکتیڤییانە بناغەی جوانێتی بڕێژێت، وەلێ ئەو خۆی درەنگتر دەگات بەو تێڕوانینە کە جوانێتی تەنیا هەستی پێدەکرێت نەک بناسرێت، واتا بابەتی مەئریفە نییە، بۆیە «دەرئەنجاماندنی جوانی لە پرنسیپگەلی ئاپریۆرییەوە گومانهەڵگرە» (25). کەواتە ناشێت جوانێتی لە یەک گۆشەنیگاوە ساغبکرێتەوە.
پرسیارێکی کرۆکی لەم پەیوەندییەدا ڕوودەکاتە جوانی وەک ئازادی لە دیاردەدا. لێرەدا دژبێژییەکی لۆژیکی لەگۆڕێیە، چونکە لەم ڕستەیەدا دوو تێگە پێکەوە گرێدەدرێن کە بە تێڕوانینی کانت، تەنانەت بە تێڕوانینی خودی شیلەر، پێکەوە ناگونجێن: ئازادی (ئۆتۆنۆمی) تێگەیەکی ئەخلاقییە تەنیا لە کایەی هۆشەکیدا (نادەرکیدا)، وەلێ دیاردە لەژێر ڕکێفی یاساکانی سروشتدایە، کەواتە کایەی نائازادییە. کانت جیاوازی لە نێوان دوو جیهاندا دەکات: جیهانی دیاردەکان (فێنۆمێنەکان) کە ئێمە بە دەرکەوەرەکانمان شئوریان پێدەکەین، ئەوجا جیهانی “شتەکان لە خۆدا” (نومێنا) کە کایەی تەواو هۆشەکییە و بە دەرکەوەرەکانی مرۆڤ دەرک ناکرێت. ئازادی سەر بە جیهانی نومێنایە، کەواتە پرسە لە کایەی هۆشەکیدا و هەرگیز لە جیهانی دەرکیدا دیارنادات – ئاخر لەم جیهانەدا هەموو شتێک لەژێر ڕکێفی یاسای هۆئەنجامیدایە. بێگومان مرۆڤ سەر بە هەردوو جیهانەکەیە: ئەو وەک خاوەنی ڕەمەک و ئارەزوو و هەست بەشێکە لە سروشت، ئەو هەروەها سەر بە جیهانی هۆشەکییە، لەم ڕووەشەوە ویستی ئەو ئازادە: ئەو خۆی دەتوانێت لە دەرەوەی هۆئەنجامی (کاوساڵێتی)ی سروشت زنجیرەیەک هۆئەنجامی بەربخات (بۆ نموونە کانت لەسەر کورسییەکەی دانیشتووە، وەلێ کتوپڕ هەڵدەستێت و بەو ڕێیەوە زنجیرەیەک هۆئەنجامی بەردەخات). بە پێچەوانەشەوە ناشێت دیاردە کە پابەندی زەروورەیە، هاوکات بەتەواوەتی (ئەبسۆلوت) ئازاد بێت. شیلەر لێرەدا دژبێژییەکە دەبینێت، ئەوجا هەوڵ دەدات بە تێگەی “هەروەک-ئەوهایی” چارەسەری بکات: گەر ئێمە وای دابنێین کە جوانی ئازادییە لە دیاردەدا، ئەوا بەم تێڕوانینە تەنیا دەبێژین: شتێک جوانە گەر ئەوها بنوێنێت (دیاربدات) هەروەک دیاریکەری خودی خۆی بێت (ئۆتۆنۆمی)، جا گەرچی ئەو شتە لە جیهانی فیزیکیدا بە شێوەی هێتەرۆنۆم دیاریکراوە. شیلەر لێرەدا ئۆبژێکتیڤێتی بە تێگەی جوانی دەدات بەبێ ئەوەی لایەنی سەبژێکتیڤی، واتا لێڕوانەر، بەهەند وەربگرێت. وەلێ لە تێزی جوانی وەک ئازادی لە دیاردەدا دژبێژییەکی لۆژیکی لەگۆڕێیە، چونکە هەرئەوەندەی ئازادی دیاربدات، ئیدی ئەو ئازادی نییە، ئاخر ئازادی ئێستا لەم ڕەوشەدا دەکەوێتە ژێر ڕکێفی یاسا هۆئەنجامییەکانی سروشتەوە، بەوەش سەربەخۆییە ترانسسێندێنتالەکەی نامێنێت. گەر جوانی دیاردانی ئازادی بێت، ئەوسا جوانێتی لە سروشتدا هەر لە سەرەتاوە ئازادانە بەگوێرەی یاسا خۆییە نێوەکییەکانی لەگۆڕێ دەبێت، ئەوە هاوشێوەی بوونەوەرە ئۆرگانییەکان کە لەنێو خۆیانەوە دیاردەدەن: ڕووەکێک گوڵ دەگرێت و دەگەشێتەوە.
وەلێ ئێمە پێویستە پەیوەند بە “نامەکانی کالیاس”ەوە (1793) ئاماژە بۆ ئەوە بدەین، کە ئەم نووسینە تەنیا پرۆژەیەکی شیلەر بوو و بە چەند نامەیەک خستییە بەردەم گۆتفرید کوێرنەر، بەبێ ئەوەی پرۆژەکە لەم کایە “پریڤات”ە (تایبەتە) بچێتە دەرەوە، واتا شیلەر مەبەستمەندانە بەرەو تەواوکردنی بەرێت و ئەوجا بڵاوی بکاتەوە. نەخێر، نووسینەکە ساڵی 1847 بڵاوکرایەوە، کەواتە ماوەیەکی زۆر دوای مردنی شیلەر.
چەند هۆیەک بۆ ئەوە لەگۆڕێن کە بۆچی شیلەر نەیتوانی پرۆژەکەی ئەنجام بدات. ئەو لە سەرەتاوە گومانی لە خودی پرۆژەکەی هەبوو، لەم پەیوەندییەشدا هزرینی فەلسەفەیی خۆی لە جوانێتی ورد و دروست و ساغکراوە بنیاتنەنا، بە پێچەوانەوە کانت بە ڕادەیەک بۆی بوو بە ئالەنگاری، کە ئیدی ئەو بە گۆتەی خۆی زۆر جار لەنێو کانتدا بزر بووبوو. ئەوجا شیلەر ماوەیەکی کورت دوای „نامەکانی کالیاس“ ڕوو لە ئێستێتیکی پەتی وەردەگێڕێت و تێڕوانینەکانی، کە لەو نامانەدا هاتبوونە ئاراوە، بە پەرەپێدراوی لە کارێکی دیکەدا تەواوکراوتر و ڕۆشنتر دەردەخات: „پەروەردەی ئێستێتیکیی مرۆڤ“(1795). ئێمە هەروەها پێویستە هەر لەم پەیوەندییەدا ئاماژە بۆ نەخۆشییەکەی شیلەر بدەین: ئەو ساڵی 1793، کەواتە ساڵی دانانی پرۆژەی “نامەکانی کالیاس”، بەسەختی نەخۆش کەوت، ئەوەش سنووری بۆ کارەکانی دانا.
سەرباری ئەوە تیۆرییە ئێستێتیکییەکەی شیلەر لە چەند ڕوویەکەوە لە مێژووی ئێستێتیکی ئەڵمانیدا بەواتایە. ئەم تیۆرییە یەکێکە لە هەوڵە هەرە سەرەتاییەکانی ئێستێتیکی ئۆتۆنۆمی کە بە “ڕەخنەی هێزی بڕیار”ی کانت (1790) دەستپێدەکات. ئامانجی ئەم ئێستێتیکە ڕزگارکردنی هونەر بوو لە کاریگەرییە دەرەکییەکان (ئایین، سیاسەت، نمایشی نێو کۆشکەکان) و چەسپاندنی وەک کایەیەکی سەربەخۆی پابەند بە یاسای خۆییەوە: هونەر گەرەکە ئۆتۆنۆم بێت، واتا بەند بێت بە لۆژیکی خۆیی و ڕێسا نێوەکییە ئێستێتیکییەکانەوە، نەک پابەند بێت بەو ڕێنومایانەوە کە دەرەکیانە بۆ داڕشتنی هونەری دەچەسپێنرێن. هونەر خۆی دەبێت بە مەبەست نەک دەستوێژ بێت بۆ مەبەست (فێرکردنی مۆرالیی خەڵک)، بەمەش تێزی مەبەستێتیی بێمەبەست هونەر لە ژیانی ڕۆژانە دادەبڕێت، وەلێ هاوکات وەک گوزارشتی ئازادی دەرفەت بۆ لێڕوانینێکی دابڕێنراو لە زەبرە ئابووری و سیاسییەکان دەڕەخسێنێت. ئاخر داواکاری بۆ ئۆتۆنۆمیی هونەر بەشێکە لە پرۆژەی ئازادی (ئێمانسیپاسیۆن)ی بۆرژوازی. ئێستا هونەر دەبێت بە شوێنگەی کشانەوە بۆ ئیدیالەکانی ئازادی و سەبژێکتیڤێتی، بۆ ڕزگاری لە پابەندییە فۆیدالییەکان، هەروەها لە جڤاکی ستاندییانە دامەزراو و دەسەڵاتی ئەبسۆلوتیستی. ئێستا هونەری ئۆتۆنۆم دەتوانێت لەم جیهانەی نائازادیدا “ڕاومێکی ئازادی” ئاوەڵا بکات و دەرفەت بۆ مرۆڤ بڕەخسێنێت بە ئاگایی ئازادییەکەی خۆی بگات. شیلەر لێرەدا ئیدێی ئازادی (ئەخلاق) و جوانی (ئێستێتیک) پێکەوە گرێ دەدات.
ماویەتی

پەراوێزەکان..

(10) Hauck, Florian: Schillers Denkbilder. Die Kunst in den ästhetischen Schriften. S. 60.
(11) Schiller, Friedrich. Kallias oder über die Schönheit. S. 394. Briefe an Gottfried Körner.
(12) Hauck, Florian a.a.O., S. 77.
(13) Schiller, Friedrich, a.a.O., S. 394.
(14) Hauck, Florian a.a.O., S. 83.
(15) Schiller, Friedrich, a.a.O., S. 411.
(16) Ebenda, S. 411.
(17) Ebenda, S. 415.
(18) Ebenda, S. 420.
(19) بڕوانە:
Ebenda, S. 420.
(20) Ebenda, S. 423.
(21) Ebenda, S. 429.
(22) Ebenda, S. 422.
(23) Ebenda, S. 429.
(24) Ebenda, S. 429 f.
(25) Schiller: Nachschrift. HA V. S. 1040. Siehe Hauck, Florian, a.a.O., S. 77.

سەرچاوەکان
سەرچاوەی سەرەکی:

  • Schiller, Friedrich. Kallias oder über die Schönheit. Briefe an Gottfried Körner. Zeno.org. سەرچاوەی لاوەکی:
  • Hauck, Folrian: Schillers Denkbilder. Die Kunst in den ästhetischen Schriften. Würzburg 2017.
  • Mein, Georg: Die Konzeption des Schönen. Bielefeld 2000.
  • Robert, Jörg: Schein und Erscheinung. In: Friedrich Schiller. Der unterschätzte Theoretiker. Hrsg. Von Georg Bollenberg und Lothar Ehrlich. Köln Weimar Wien 2007.



کۆجیتۆی دەق” لەڕۆمانی کوردی هاوچەرخدا.. نوسینی: جەمال نووری

بەنموونە:
{تابووتی پەیمانی خودا}ی سەلاح جەلال

کۆجیتۆ ئەو بەردی بناغەیەیە کە دێکارت فەلسەفە و زانستی نوێی لەسەر بونیاد نا؛ واتە مرۆڤ وەک بونەوەرێکی “هۆشیار” چەقی جیهانە.چەمکی کۆجیتۆ (Cogito) یەکێکە لە بەناوبانگترین و بنەڕەتیترین دەستەواژە فەلسەفییەکان لە مێژووی نوێدا. ئەم وشەیە لە دەستەواژە لاتینییەکەی ڕێنێ دێکارت (René Descartes)، فەیلەسوفی فەڕەنسی، وەرگیراوە کە دەڵێت::) بیردەکەمەوە، کەواتە هەم).دێکارت دەیویست بگاتە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر کە هیچ گومانێکی تێدا نەبێت. ئەو دەستی کرد بە “گومانی میتۆدی”؛ واتە گومانی لە هەموو شتێک کرد (هەستەکان، جیهانی دەرەوە، تەنانەت ماتماتیکیش)، بەڵام گەیشتە ئەو ئەنجامەی:• تەنانەت ئەگەر هەموو شتێکیش خەڵەتێنەر بێت، کردەی گومانکردنەکە خۆی ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە. یان پێی وایە گومانکردن جۆرێکە لە بیرکردنەوە.کۆجیتۆ بووە خاڵی وەرچەرخان لە فەلسەفەی ڕۆژئاوادا لەبەر ئەم هۆکارانە:
*سەلماندنی بوونی مرۆڤ: مرۆڤ لە ڕێگەی عەقڵ و هۆشیاریی خۆیەوە دەیسەلمێنێت کە هەیە، نەک لە ڕێگەی شتە دەرەکییەکانەوە
.• سەروەریی عەقڵ: ئەم چەمکە عەقڵی کردە بنەمای زانیاری و ناسین.

  • جیایی نێوان عەقڵ و جەستە: دێکارت پێی وابوو کە “من”ـی بیرکەرەوە جیاوازە لە جەستەی ماددی. ئەوەی لە( تابووتی پەیمانی خودای )ی سەلاح جەلال دا بەرجەستە بووە ئەویش ئەوەیە وێرای بیرکردنەوەی نووسەر وەلێ ئەو تەنها بەمە رازی نابێ کە بەتەنها لەرێگای بیرکردنەوە وجودی بسەلمێنێ بەلکو ئەو لەم رۆمانەیدا کۆی کەینوونەوی بوون بەگەردوونیشەوە دەخاتە ژیر دنیای رامان و گریمانەی بیرکردنەوەی کۆجیتۆیی خۆیەوە ،وەک ئاشکرایە لامان هه‌موو ده‌قێك، ئه‌گه‌ر هیچ خوێنه‌رێكی نه‌بێت، له‌ ساتی نووسیندا خوێنه‌ر ده‌كاته‌ گریمانه‌. له‌ بنچینه‌دا نووسینی ده‌ق به‌بێ گریمانه‌كردنی خوێنه‌ر مه‌حاڵه‌. به‌م مانایه‌، ده‌ق به‌بێ خوێنه‌ر بوونی نییه‌.واتە ئەو تەنها لەرێگای نووسینەوە نەهاتەوە کەینوونەی بوونی خۆی دووپات بکاتەوە بەلکو ئەو لەیەک کاتدا بۆ بوونی وجودیانەی خۆی و لەهەمان کاتیشدا بۆ دۆزینەوەی هاوڕێیەکیش دەگەرێ کەلەرێی دەقەوە بیدۆزێتەوە واتە خوێنه‌ر هه‌مان ئەو «هاوڕێ»یه‌یە كه‌ گوتاری نووسه‌ر ده‌خوێنێته‌وه‌. كه‌واته‌، هه‌موو ده‌قێك پێشوه‌خت بۆ یه‌ك هاوڕێ ده‌نووسرێت، و «هاوڕێیه‌تی» ده‌كاته‌ گریمانه‌؛ و چونكه‌ نووسه‌ر له‌ ساتی نووسینی ده‌قدا نازانێت خوێنه‌ره‌كه‌ی كێیه‌، دوژمنه‌ یا دۆست، فه‌زیله‌تمه‌نده‌ یا شه‌ڕانگێز، خواپه‌رسته‌ یا ئاته‌ئیست، ڕه‌شپێسته‌ یا سپی پێست و هتد، هاوڕێیه‌تیی ئه‌و له‌گه‌ڵ خوێنه‌ره‌كه‌ی، هاوڕێیه‌تییه‌كی ڕاسته‌قینه‌ و فه‌زیله‌تمه‌نده‌. نووسه‌ری هه‌ر ده‌ق، هه‌ر ڕۆمان و شیعرێك، ته‌نانه‌ت ده‌قی زانستیش، به‌ ده‌ربڕینی دێریدا، بانگه‌وازی «ئه‌ی هاوڕێیانی من» ده‌كاته‌ پێشگریمانه‌، و ده‌قه‌كه‌ی به‌م بانگه‌وازه‌ ده‌ست پێ ده‌كات. له‌ ڕاستیدا، نووسه‌ر له‌ هه‌ر ڕستەیه‌كی ده‌قدا، هاوڕێیه‌تی بۆ خوێنه‌ره‌كانی پێشنیار ده‌كات. به‌ڵام، به‌ باوه‌ڕی دێریدا، هاوڕێیه‌تیی خوێنه‌ر له‌سه‌ر «سوودمه‌ندی» وه‌ستاوه‌. به‌م پێیه‌، ئه‌گه‌ر نووسین بانگهێشتكردن بێت بۆ هاوڕێیه‌تی، كه‌واته‌ ده‌ق به‌رهه‌می شكستی چاوه‌ڕوانیی نووسه‌ره‌ له‌ دۆزینه‌وه‌ی هاوڕێیه‌كی ڕاسته‌قینه‌ له‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌دا. له‌ ڕاستیدا، هه‌ر ده‌قێك له‌ ناوه‌وه‌ی یه‌ك شكسته‌وه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات؛ شكستی مرۆڤ له‌دۆزینه‌وه‌ی هاوڕێی ڕاسته‌قینه‌، له‌ئه‌زموونی ترسناكی شكست له‌ساتی له‌ده‌ستدانی هاوڕێدا. ئه‌م شكسته‌یه‌، نووسه‌ر ڕووه‌و نووسین ده‌بات. هاوڕێیه‌تی ئه‌گه‌رێكه‌ ‌ مرۆڤ له‌ ده‌ستی خۆی ڕزگار ده‌كات، له‌ده‌ست بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌رباره‌ی مه‌رگ و نه‌بوون، له‌ده‌ست هه‌ستپه‌رتیی ئه‌و ده‌رباره‌ی بوون. به‌م مانایه‌، ئازاری له‌ده‌ستدانی هاوڕێ، ئازاری له‌ده‌ستدانی «ئه‌ویتر»ێكه‌ ‌ ئێمه‌ ڕزگار ده‌كات له‌خۆمان. هاوڕێیه‌تی خودی ژیانكردنه‌؛ و له‌ده‌ستدانی هاوڕێ، بیرهێنه‌ره‌وه‌ی له‌ده‌ستدانی ژیان و گه‌یشتنی مه‌رگه‌. وه‌ك بلانشۆ ده‌ڵێت: «سوپاس بۆ مه‌رگ، ده‌توانێت هاوڕێیه‌تی ڕابگه‌یێنێت. وه‌ك بڵێی ئه‌گه‌ری هاوڕێیه‌تی پاش غیاب و مه‌رگی هاوڕێ دێته‌ دی. ئازاری له‌ده‌ستدانی هاوڕێ ئه‌گه‌ره‌كانی هاوڕێیه‌تی ده‌كاته‌وه‌. هاوڕێیه‌تی هاوكات هه‌ڵگری دووری و نزیكی، حزوور و غیاب، جیایی و پێكه‌وه‌بوون، و قسه‌كردن و بێده‌نگییه‌. به‌ر له‌ جیایی و له‌ده‌ستدانی هاوڕێ، دابڕان ده‌ستی پێكردووه‌؛ دابڕانێك ‌ به‌ڕێڕه‌وی قووڵبوونه‌وه‌ی هاوڕێیه‌تیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت. حزووری كه‌سێك به‌رده‌وام ده‌بێت ڕووبه‌ڕووی له‌ده‌ستدانی ببینه‌وه‌. ئه‌گه‌ر، مانا و ده‌ركه‌وتنی هاوڕێیه‌تی هه‌رگیز به‌دی نایێت، مه‌گه‌ر ئه‌مه‌ی ‌ مرۆڤ ڕووبه‌ڕووی دەبێتەوە، وه‌ك دێریدا ده‌ڵێت، «پرسیارێكی برینتێكه‌ر»، «پرسیارێك ده‌رباره‌ی برین» ببێته‌وه‌. دێریدا ده‌ڵێت: «هیچ هاوڕێیه‌تییه‌ك به‌بێ ئه‌گه‌ری برین بوونی نییه‌.»** هه‌موو هاوڕێیه‌تییه‌ك كۆمه‌ڵێك زه‌خم و برینی شاراوه‌یه‌.زمانی نوسینی سەڵاح جەلال زمانێک نیە هەر کەسێک بۆ کاتکوشتن بیەوێ دەستبداتە کتێبێکی وەک ژەمە خواردنێ بیخوێنێتەوەو دواتر فڕێی بداتە ئەولاوە ،بەپێچەوانەوە گەر بتەوێ لە سەلاح جەلال بگەی ئەوا وەک وەرزشەوانێک پێویستی بە ئیحما هەیە پێش ئەوەی بچێتە ناو یاریگاوە تاوەکو گیان و ماسولکەکانی تووشی وەستان و تەمەزق نەبێ ،بەهەمان شێوەش خوێنەر بۆئەوەی بەشێوەیەکی تەندرووست لە سەلاح جەلال تێبگات دەبێ خاوەن پاشخانێکی فکریی و مەعریفی و میتۆلۆژیاو زانستی گەردوونناسی و زانستی میتافیزیک و ئەفسانەو شارستانیەتی کۆن و هاوچەرخی هەبێ ئەوکات دەتوانی لەنێو دەریای زمان و هزری نوسینی سەلاح جەلالدا مەلەی خۆی بکات
    سەلاح جەلال ) وەک نوسەرێکی جدی لەڕێگای کەشفکردنی مرۆڤەوە لەو برسە ئاڵۆزو داخراوانە دەدات ئێستاشی لەسەر بێ ، هەموو ئەو ژانەرانەی مرۆڤ کاریی لەسەر کردووە وەک میتۆلۆژیاو ئەفسانەو زانستی فینۆمینۆلۆژیاو جیهانی میتافیزیک نەیانتوانیوە تەواوی کۆدەکانی فەلسەفەی مەرگ و
    ژیان بکەنەوە ، کە سەلاح جەلال لە ڕۆمانی تابووتی پەیمانی خودا دا زۆر بەجوانی کاری لەسەر کردووەو توانیویەتی ئەو گرێ داخراوەیەی مەرگ بکاتەوە کە فەلسەفەکانی دنیای مرۆڤایەتی
    لە تەمتومان و مەدو جەزردان.
    پرسیارەکانی نێو ئەم ڕۆمانە لەسەر بوون و فەلسەفەی مەرگ و زانستەکان دەمانخەنە ناو شەپۆلەکانی جیهانەوە. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی لە دوای خوێندنەوەی ئەم رۆمانە، جیهان بینینێکی جیاواز و خوێندنەوەی تایبەتمان هەیە بۆ ڕووداوەکان بەگشتی.
    لەبەر ئەوەی نووسەر چەند پرسێکی مرۆیی و سیاسی دەوروژێنێت و کاری لەسەر دەکات.خاڵێکی تر لەوەی وایکردووە ڕۆمانێکی قورس بێت بۆ خوێنەر ئەوەیە ئەم ڕۆمانە زیاد لەکاراکتەرێکی سەرەکی هەیە واتە نوسەر پشتی نەبەستوە بە گێرانەوە (سەرد)کۆی چیرۆکەکەی لەرێگای کاراکتەرێکەوە بگێرێتەوە بۆ خوێنەرەکانی، بەڵکو وا لە خوێنەر بکات خۆی بەشداری لەناو دەقەکەدا بکات و خۆی بەکاراکتەرێکی جدی ناو رۆمانەکەی بزانێ.
    سەڵاح جەلال وەک نوسەرێکی جدی کار لەسەر فکرو مەعریفە دەکات، واتە لەڕێگای ڕامانەوە لە میتۆدە فکریەکان لەدەرگای فەلسەفە دەدات و دەچێتە ناو هزرو ئەندێشەی بیرو نوسین .
    خوێنەر کاتێک بیەوێ لە بیرو ئەندێشەو نوسینەکانی سەلاح جەلال بگات وەک هەر نوسەرێکی تری کورد یا رۆماننوسێکی ئەمڕۆ ،ئەوا خوێنەر دەکەوێتە هەڵەیەکی دیالکتکەوە ،چون سەڵاح جەلال لەم سەردەمەی خۆیدا لەناو نوسەرانی کورددا تاقانەیە ،ئەو نوسەرە دەستەبژێرانەی وەک سەلاح جەلال لەم قۆناغه ی ئێستادا بوونیان هەیە وخاوەن کەینوونەی نوسین و بیرو هزرێکی تایبەتمەندی خۆیانن لە پەنجەکانی دەست تێناپەڕن
    لەبەرئەوەی سەڵاح جەلال ئیش لەناو کۆجیتۆی خۆیدا دەکات وەک نوسەرو رەخنەگرێکی ئەقڵانی.وهاوسەنگی و چەسپاوی مەرگ لەنێو پێکهاتە و هێڵی گێڕانەوە و گۆڕانکاری ستونی لەهێڵی ئەم ڕۆمانەدا لەناو کات و شوێندا، گوتاری بەیەکدا چڕژانی دەقیان ئافراندووە لەنێوان زەمەنەکاندا پاشان هەڵبژاردنی کارەکتەرێک ڕوبەڕو کار لەسەر مەرگ بکات، یان دەبێت بکوژێت یان دەکوژرێت، لەناو ئاڵۆزی مەرگێکدا نەپرس دەکات نەکەس دەیناسێت ئەمە ئەو فەلسەفەی مەرگەیە لەسەرەتای گەردونەوە بۆتە دەرئەنجامی هەموو بونەوەرێکی زیندوو ، گەرچی ژیان، تەکنەلۆجیا و ئەلیکتڕۆن لەم رۆمانەدا هەنگاوی گەورە دەنێت، مەرگ وەک نهێنێیەکی ئاڵۆز، وەک مەتەڵێکی ئاڵۆز بەبێ چارەسەر دەمێنێتەوە، بەڵکو کۆمەڵێک هالە و خەیاڵات-ی پەیوەست بە جۆرێک لە ئەنتۆلۆجیای فیکری لەنێو گەڕان لەدوای دوانەی مەرگ و ژیاندا.
    لەگەڵ ئەوەشدا نووسەر خۆی نەبەستوەتەوە بەکارەکتەرێکەوە، قورسیشە رۆڵی کاراکتەر دیاری بکرێت زۆر شێوەی نامۆی هێناوە وەک کاراکتەری تەکنەلۆژی و بایەلۆژی و ئاسایی و نیوە مرۆو نیوە بونەوەر و جندۆکەو شەیاتینی . ئەمە لەلای من زۆر جوانتر بوو. لەبەر ئەوەی ئەو شێوازە تەقلیدیە بشکێنین لەئەدەبی جیهاندا هەیە و تەنیا یەک کەس کارەکتەری سەرەکی چیرۆکەکەبێت. دەکرێت ئەم ڕۆمانە بکرێت بە دەروازەیەک بۆ تازەگەری لە ڕۆماندا، لەبەر ئەوەی نووسەر وەک ئەوانی تر خۆی بە چەند بابەتێکەوە نەلکاندووە. بەتایبەت لەڕووی کارەکتەرەوە، ئەمەش خۆی لەخۆیدا بوێریە.
    “سەلاح جەلال “گرێ کوێرەیەی مەرگ لەچرکەساتی مەرگی هابیل بەدەستی قابیل ئاوەلا دەکات و ئازایانە وەک کەسێکی سەرکێش دەست دەبات تەرازووی گەردوون وبەدیدگایەکی نوێوە سەنگ و پێوانەی مرۆڤەکان دادەرێژێتەوە بەو مەرجەی مرۆڤ خۆی بیەوێ بگەڕێ بەدوایی هەڵوەشانەوەی هاوکێشەی گەردوون یا دیزاینکردنەوەی مرۆڤ لەناو ئەو بوونەوەرانەی لەگەردووندا هەلدەسوڕێنرێت. بەتایبەت لە جیهانی ئەمڕۆی تەکنەلۆژیاو ژیری دەستکرددا هۆشمەندی مرۆڤەکان پەراوێز دەخات و جوڵەو ئاراستەکردنی مرۆڤەکان لەقاڵب دەدات.
    نوسەری ڕۆمانەکە وەک مرۆڤێکی بەئاگا بەهەموو ئەو دیوارو
    تەنانەی فەزادا رەتدەبێ بۆ چنگ کەوتنی ئەو وەڵامانەی بەدرێژایی میژووی مرۆڤایەتی بڤە بووە بۆ مرۆڤەکان .وەک لەناو هەموو دەقە ئاینە ئاسمانیەکان ڕوون نەکراونەتەوەو گەڕان بەدواشیدا لەخانەی تەکفیردا بینراوەتەوە کۆتایەکانی بەمەرگ هاتوە ، ئالێرەوەیە نووسەر دەست بۆ مەرگ دەبات تا لەقوڵایی و تێگەیشتنی مەعریفیەوە شیکارو سەلماندن بۆ مەرگ بکات، لە ئەزەلەوە بۆ شاردنەوەی توانستەکانی مرۆڤ هاتۆتە بوون .
    ته‌نانه‌ت ده‌توانین بڵێین هه‌ستی خوێندنه‌وه‌، هه‌وڵێكی ناوه‌كییه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی هاوڕێ؛ هاوڕێی نووسه‌رێك، به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانێت خوێنه‌ره‌كه‌ی كێیه‌، له‌گه‌ڵ خوێنه‌ردا هاوڕێیه‌تی ده‌كات* هەرلەبەر ئەمەشە نووسەر خۆی نەبەستوەتەوە بەکارەکتەرێکەوەو لەناو رۆمانەکەیدا بەڵکو لەلای گرانە رۆڵی کاراکتەر دیاری بکرێت، چونکە پێیوایە*کەسایەتیەکانی ناو رۆمانەکەیدا لەیەک کەسایەتی و کاراکتەرێکدا وێنا ناکرێت، بەڵکو پێویستی بەچەندین کاراکتەری جۆراو جۆر هەیە بۆ تەوزیفکردنی رۆلی کاراکتەرەکانی وەک کاراکتەری تەکنەلۆژی و بایەلۆژی و ئاسایی و نیوە مرۆف نیوە بونەوەر و تەنانەت جنۆکەو شەیاتینی بەدیدەکرێت، بەمەش رەوتێکی تری بۆ فرەدەنگی لەرۆماندا هێنایە کایەوە، ئەمەش لەم رۆمانەدا بەخاڵێکی جیاکەرەوەی ئەم ڕۆمانە دادەنرێت لە رۆمانەکانی تر لەم سالانەی دوایدا نوسراون .بەشێک لە خوێنەر و رەخنەگرانی دیکارت، لە هەناوی لێکدانەوەی بیرۆکەکانی دیکارتدا جەخت لەوە دەکەنەوە، ئەم بیرمەندە، پێچەوانەی تەوژمی ئاینیی کریستیانەکان بیریکردووەتەوە، باوەڕی دیکارت، باوەڕێکی جیاوازی ئاینییە و بەرامبەر بە بوون و چییەتی خودا، جیاواز بیریکردووەتەوە و جیاوازییەکانی پێچەوانەی تەوژم بوون.گەر فکرو ئایدیای سەلاح جەلالیش بخوێنینەوە بەروونی لەرۆمانی تابووتی پەیمانی خودا دا تێدەگەین کە سەلاح جەلالیش بەدواخودایەکدا دەگەرێ کەلەرێگای هەستە بالاکانی و ئەرک و ئیدراکی عەقڵیەوە بیدۆزێتەوە.
    بۆ ئەوەی لەئەندێشەو فیکرو مەعریفەی بیرو ئایدیای (سەلاح جەلال )تێبگەین لەرێگای رۆمانەکانیەوە، ئەوا دەبێت خوێنەر پاشخانێکی فیکری و مەعریفی خۆی هەبێ تاوەکو لە دنیاو فەزای نوسینی (سەلاح جەلال) تێبگات بەتایبەتی بۆ تێگەیشتن لە ڕۆمانی (تابوتی پەیمانی خودا) سانا نییە ئەوەی بەر ئەم رۆمانە دەکەوێت بەتەواوی هەزمی ڕۆمانەکە بکات و بگاتە ئەوەی بزانێت نوسەری ئەم ڕۆمانە بەدوای چیدا وێڵەو دەیەوێت لەڕێگای کام وەلامی پرسێکی کەینونی و فەلەکی و بونیەوییەوە ئەو پرسیارە بوروژێنێت هەتاوەکو ئیستاشیلەسەر بێت مرۆڤایەتی نەیتوانیوە وەڵامی ئەو پرسیارە ی نوسەر (سەلاح جەلال )بداتەوە ، دەربارەی گەردوون و بوون و ڤەلسەفەی مەرگ و ڕۆژی قیامەت و نوێبوونەوە
    . لەم فەزایەی ئێستاماندا بۆئەوەی بەتەواوی لەزمان و ئایدیای نوسەر تێبگەین بۆ نوسینی ئەم رۆمانەی دەبێت خوێنەر ئاگایی هەبێت لەسەر چونێتی و چەندێتی ئەم کەونەو هەسارەکان و ئەو یاسایەی بەشێوەیەکی تەکافوئی ئەم فەزایەی لێهاتوەتە بوون واتە دەبێ مەعریفەی فەلەکی و جوڵەو سوڕانەوە و کات و شوێن زانستی گۆشە و هێڵکاریی و ماتماتیک تێبگەین، پاشان زانیاریمان هەبێت لەسەر زانستی میتۆلۆژیاو ئەفسانەو ڕۆڵی ئایینە ئاسمانییەکان لەسەر هزری مرۆڤ هەموو ئەمانە دەبنە زەخیرەیەکی دەوڵەمەند بۆ تێگەیشتنمان لە ڕۆمانی تابووتی پەیمانی خوداو فیکرو مەعریفەی پشتی ئەم ڕۆمانە تێبگەین.
    سەلاح جەلال لەم ڕۆمانەیدا دەیەوێت پێمان بڵێت بەهۆی ئەم هەموو کێشمەکێش و ململانێ خوێناویانەی بەناوی دینەوە ئەنجام دراوە هیچ کام لەو کەسانەی شوێن کەوتەی ئاینە کان بوون. بەڕاستی بەدوای خودادا نەگەراون ،بۆیە نوسەر دەیەوێت بڵێت مرۆڤایەتی هەتا ئێستا بەدوای خودادا نەگەراوە ، خۆ ئەگەر بیەوێت بەدوای خودادا بگەڕێت دەبێت بێتەوە سەر (زەردەشت و ئاهورام) کە مرۆڤ لەوێدا لەهەموو بوون و کەینونەی خۆی تێدەگات کە کتلەیەکە لەوگەردو گەردیلە هەوایی و خۆڵی و ئاگری و ئاوەوە هاتۆتە بوون.
    ڕۆمانی تابووتی پەیمانی خوددا کەلە مێژە بەشەریەت وێڵە بەدوای ئەو تابووتەدا کە پەیمانی خودای تێدایە. بەتایبەت جولەکەکان بەجدی وێڵن بەدوای ئەم تابووتەدا، وە تەنانەت ئاینزاکانی تریش دەستیان بەسوچێکی ئەم تابووتەوە گرتوە تەنها کورد نەبێت کەوەک کۆلارەیەک بەدەوری تابووتەکەوەیە
    کۆلارەیەکە لەوێدا بەڵام خۆشبەختن دەستیان بە تابووتەکەوە نیە و توشی تاعوونی دەسەڵات و هێز و شەڕ نەبوون لەبەر ئەوەی ئەو تابووتە تەنیا تاعوون بڵاو دەکاتەوە،
    سەلاح جەلال لەمیانەی ئەم ڕۆمانەدا ئەوە ئاشکرا دەکات کۆمەڵگای مرۆڤایەتی توشی کێشەیەکی گەرە بۆتەوە بەدەستی خۆی بۆتە هۆی بێ دەسەلاتکردنی خودی مرۆڤ. بەهۆی ئەو زیرەکی دەستکردەوە رۆبۆتەکان هەیانە و جێگای مرۆڤ دەگرنەوە بە جورێک ئیتر شتێک نامێنێتەوە بۆ مرۆڤ خۆی تیا بدۆزێتەوە ، تەنیا ئەو مرۆڤە پاک و میهرەبانانە نەبێ دوورن لەرق و کینەو پیسییەوە ،درووست بوونی مرۆڤێکی واش کاتێک دەبێت دنیا زۆر شەڕ و ناخۆش بێت و ئەو مرۆڤە لەو ناخۆشیەوە هیوا و بڕیاری راست و جوان بدات و خۆی رووناکی بدۆزێتەوە و کامڵ بێت
    .لەرۆمانەکەدا.کە کۆمەڵی سەر هەسارەکەو کۆمەڵی بڕۆفیسۆر ئۆراپلاند چاودێری دەکەن و بەدوای ئەو رۆحە پاکەوەن بەدوای ئەو فۆتۆناتەوەن درووست ببێت بەو ئومێدەوەن مرۆڤێکی وا درووست ببێت .
    ئەوەی مایەی گرنگی پێدانە نوسەر لەم رۆمانەدا بەجوانی ڕۆڵی کورو خاک و نیشتمانەکەشی وێناکردوە و پێمان دەڵێت:-کورد هەرگیز نابێتەوە بەکۆلارە چونکە ئەو رەحمەی کە چوارپارچەی کوردستانە و مرۆڤی لێ زاوە.،رەحمێکە مرۆڤێکی جوان و پاک و رۆح بەرز دەهێنێتە ژیانەوە زۆر یەکتر قبوڵکردنی تیایە و فرە رەنگەو مرۆڤایەتی تیایدا پاک ئەبێتەوە
    لە کۆتاییدا هەروەک چۆن ديكارت كَرنكَى فه لسه فه دە خاتە روو،
    یەکەمیان چواندێتییە به جاو، كه جوّن جاو به بينينى شته كان يارمه تى تيكَه شتنى مروّق دهدات،
    مه عريفه ی فەلسەفیش به ههمان شيّوه له روشنكردنه وەی عەقڵی مروّقدا يارمه تيدەرە هەرەوکڤسەلاح جەلال لەرێگای میتۆدی عەقڵەوە پێمان دەلێ ئەگەر ئەو مه عريفه يه لەسەر بنه ماى دروست بينا نه كريّت، ناتوانيّت مروّڤ به ئه نجامێکی دروست ویەکلا کەرەوە بگەیەنێت.

سوودم لەسەرچاوانە وەرگرتووە
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
١- کات و بوون دیکارت
٢-.بنەماکانی. فەلسەفە




شەڕێک لە گێژاوی یەکلایی نەبونەوەدا.. عوسمانی حاجی مارف

هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بۆ سەر ئێران لە ٢٨ی شوبات دەستیپێکرد، کە عەلی خامنەییان کردە ئامانج، پاشان فراوانتر بوەوە و زۆربەی ناوچەکانی ئێرانی گرتەوە. سەرەتا بە تیرۆرکردنی سەرکردەکانی ئێران دەستی پێکرد، هاوکات بۆردمانی بنکە سەربازیەکان و وێرانکردنی ژێرخانی ئابوری، دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەی مووشەکی بالیستیک، بنکەی هەڵدانی مووشەک، ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی لەخۆگرت، ئەو هێرشە ئاسمانیانەی کە تاران و شارە گەورەکانی وەک ئەسفەهان، قوم و کرماشانیان کردە ئامانج، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ئاسایی نەبوو، بەڵکو گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی بوو لە ڕێساکانی شەڕکردندا، کە لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ساردەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بەڕێوەبردووە.
سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک بەسەر شەڕەکەدا، ڕێژیمی ئێران توانایەکی بەرچاوی بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ڕەوتی شەڕەکەدا نیشانداوە، دۆخەکەیان گۆڕی بۆ شەڕێکی درێژخایەن و کاتێکی نادیار، هەوڵەکانی نێوەندگیری و دانوسان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە سنووردار ماوەتەوە، شەڕەکە بە خێرایی پەرەیسەندووەو بەردەوامە، هێشتا هەنگاوێکی جدی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکە دەرناکەوێت.
شەڕەکە بە هێرشی ئاسمانی توند دەستی پێکرد بە ئامانجی لاوازکردنی خێرای تواناکانی ئێران و ڕژێمەکەی، بەڵام دوای گەیشتنی شەڕەکە بە لوبنان و دەوڵەتانی کەنداو تا داخستنی گەروی هورمز، بە خێرایی گۆڕا بۆ ڕوبەڕوبونەوەیەکی تاڕادەیەک کراوەی ناوچەیی، دواتر لە هێرشە سەربازییە تەرکیزکراوەکانەوە بۆ سەر ئێران گۆڕدرا بۆ ململانێیەکی کراوە و فرە بەرەیی، ئەمەش وایکرد ئاڵۆزتر بێت و کەمتر ئەگەری چارەسەرکردنی پێوە دیار بێت.
ئامانجەکانی شەڕ بە درێژایی ڕێڕەوی خۆی بەردەوام لە گۆڕاندا بووە، لە سەرەتادا گرنگیدان بە گۆرانی ڕێژیمی ئێران، پاشان چارەسەرکردنی پرسی ئەتۆمی، ئینجا قۆناغەکانی دواتر جەخت بو لەسەر نەهێشتنی هەڕەشەی مووشەکی ئێران و هەڵوەشاندنەوەی بریکارەکانی ناوچەی ئێرانی بەخۆیەوە بینی، پاشان هەوڵ بۆکردنەوەی گەروی هورمز، گەمەی شەڕەکەی بردە ئاستێکیتر بۆ فشار لەسەر ئەمریکا. سەرەڕای ئەم گۆڕانکاریە و فرەیی ئامانجەکان، ناتوانرێت بگوترێ کە تا ئێستا هیچ کام لەو ئامانجانە بەدی هاتوون، شەڕەکە زیانێکی بەرچاوی بە ئێران گەیاندووە، بەڵام ئەم ئەنجامانە ناگاتە گۆڕانکاریەکی ستراتیژی یەکلایکەرەوە.
هێشتا گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی لە هاوسەنگی هێز، یان سروشتی دیمەنی ناوچەییدا بە شێوەیەک نەهێناوەتە ئاراوە کە شەڕەکە ئامانجە سەرەکیەکانی خۆی بەدەستهێنابێت. ئەوەی تا ئێستا بەدەست هاتووە، لاوازبوون و لەدەستدانی بەشێک لە تواناکانی ئێرانە بەبێ ئەوەی بە پەکخستن و ڕادەستبون بگات ، لە کاتێکدا پرسی ئەتۆمیش بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە!.
شەڕەکە هەر بەرەو هەڵکشان دەچێت، لەکاتێکدا واشنتۆن و تەلئەبیب هەوڵدەدەن مەرجی تەسلیمبون بەسەر ئێراندا بسەپێنن، بەڵام خوازیاری بۆ ئاگربەست و مەرجەکانی ئێران، ترامپی بنبەست و سەرسامکردووە. ئاماژەکانی پەرەسەندنی شەرەکە بە بەهێزی ماونەتەوە، بەتایبەتی لەگەڵ بەردەوامبوونی هێرشەکان و فراوانبوونی مەودای گرژییەکان. بەڵام فشارە ئابووریە نێودەوڵەتیەکان و ترسی شەڕی ناوچەیی دەتوانن لایەنەکان بەرەو کەمکردنەوەی قۆناغ بە قۆناغ پاڵ بنێن.
ترەمپ بە چاوەڕوانی و ئامانجی بەرزەوە شەڕەکەی دەستپێکرد، بەڵام ڕوونی نەکردەوە کە چۆن ئەو ئامانجانە بەدەست دەهێنێت، واپێدەچیت کە ترەمپ پشتی بە باڵادەستی ئاسمانی هێزەکانی و ئەو لێدانانە بەستبوو کە ئاراستەی ئێرانیان دەکرد. زانراوە کە پێوەرەکانی سەرکەوتن لە شەڕەکاندا تەنیا لە کاریگەری لێدانەکان نییە، کۆماری ئیسلامی بە هێزی ئاسمانی ناکەوێت، بەو پێیەی ئامانجەکانی ئەمریکا تا ئێستا بەدی نەهاتووە، بە تایبەت کە ئومێدێکی گەورە بۆ گەیشتنیان هەبوو، کاتێک خامەنەیی و سەرکردایەتی سەربازی، ئەمنی و سیاسی لە ڕۆژەکانی ئەوەڵدا کوژران، بەڵام کاریگەری لەسەر ڕادەستبونی ئێران بۆ واشنتۆن، یان گۆڕانی دەسەڵات نەبو، ئەمەش وایکرد، شەڕەکە لەسەر ئەمریکا و ئیسرائیل قورسترکات.
کەواتە، تەڵەی ئێران توانای ڕاکێشانی ئەمریکایە بۆ ناو شەڕێکی تێچووی زۆر و درێژماوەیە، کە کۆتایی پێهێنانی بۆ ئەمریکا سەختە و خراپ لەسەری دەکەوێت، ترەمپ پێش جەنگ هۆشداری لە فەرماندەی باڵای سەربازی ئەمریکا وەرگرتووە، کە ڕەنگە ئێران بە پەکخستنی هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزەوە تۆڵە بکاتەوە. بەڵام ترامپ گریمانەی ئەوەی کردبو کە ڕژێمی ئێران پێش ئەوەی بتوانێت گەروی هورمز داخات دەڕووخێت!.
کۆتایهێنان بە شەڕ لە دوای فراوانبونی قورستر بووە، بە تایبەت کە ئێران شەڕێکی ناهاوسەنگ بەڕێوە دەبات کە حیساباتی ئەمریکای تێکداوە، هاوشێوەی ئەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان و ڤێتنام ڕووبەڕووی بووەوە.
شەڕەکە بووەتە بارگرانیەکی سیاسی و ئابووری و مۆراڵی لەسەر ئەمریکا و ترەمپ، پێدەچێت ئێستا کەمترین تێچوی بژاردە ئەوە بێت کە ترەمپ گەر بۆی بگونجێت بە خێرایی “سەرکەوتن” ڕابگەیەنێت و کۆتایی بە ململانێکان بهێنێت!. دەنا ئەو گۆڕانکاریە بنەڕەتیەی لە ئامانجی ستراتیژی هێرش بۆ سەر ئێران ڕوویداوە، کاریگەری لە مەوقعیەتی ئەمریکا لە ئاستی جیهان و ناوخۆی ئەمریکادا بە نەرێنی دەشکێتەوە بەسەریدا.
پێشهاتە سەربازیەکان بە خێرایی کاریگەریان لەسەر بازاڕەکانی جیهانی و نرخی وزە هەیە، ئەمەش ئەو حاڵەتە دەهێنێتە پێشەوە، کە ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پرسێکی ناوچەیی نییە، بەڵکو توخمێکی بنەڕەتییە بۆ سەقامگیری ئابووری نێودەوڵەتی. داخستنی گەرووی هورمز بە تەنیا بەسە بۆ ئەوەی شۆکی ئابووری جیهانی لێبکەوێتەوە.
هەڵبەتە ململانێی بەردەوامی ئەمریکا و ئێران، ڕەنگدانەوەی ململانێیەکی فراوانترە لەسەر بەئەنجام گەیاندنی شێوازیک بۆ نەزمی جیهانی داهاتوو و سنووری بەکارهێنانی هێز لە پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان و ململانێی زلهێزەکانی دنیای سەرمایەداری، کە لە ئێستادا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردۆتە گۆڕەپانێک بۆ ڕێکخستنەوەی هاوسەنگی هێزی جیهانی، کە ماڵوێرانی قوربانیەکی زۆر دەبێتە بەشی دانیشتوانی ئێران و ناوچەکە کە دژی ئەم شەڕەن.
ئەوەی گرنگە سەرنجی لەسەر بدەین، بە هیچ جۆرێک ئەم شەڕە نەک سودی بۆکرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش نیە و نابێت، بەڵکو بەڵایەکی گەورەیە بۆ سەر ژیان و گوزەران و ئاسایش و بێئیرادەکردنیان، بۆیە پێویستمان بە بە‌هیزکردنی بزوتنەوەی دژی شەڕە لەتەواوی جیهاندا و بەرزگردنەوەی خواستی بێ مەرج و دەستبەجێێ شەڕە.

عوسمانی حاجی مارف




کتێب\ نیولیبراڵیزم و ئەدەبی پرۆلیتاریی کوردی.. نووسینی: عەبدوڵا سڵێمان ( مەشخەڵ )

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبەکەن..




مۆتەکەی بەردەکان.. کوردستان مید

دە ڕۆژ تێپەڕیوە و ئێستا لە موسڵم، ئەو شارەی پێشتر خەونم پێوە دەبینی بۆ خوێندنی ئەندازیاری ڕووی تێ بکەم. ئێستا لێرەم، بەڵام وەک خوێندکار نا، وەک دیل…
چاوم بڕیبووە دیوارە خۆڵەمێشییەکانی هۆڵەکە؛ ئەو دیوارانەی بە خوێن ناویان لەسەر نووسرابوو یانیش بە بەردی تیژ نەخشیان لەسەر هەڵکۆڵدرابوو. پەنجەکانم کردبووە ناو گوێیەکانم؛ دەمویست قیژە و هاواری ژن و منداڵەکانی هۆڵەکە پەردەی گوێم نەتەقێنێت.
بەڵام لەپڕ هەموومان ڕاچڵەکین؛ دەنگی ئاسنە ڕەق و ژەنگاوییەکانی دەرگای هۆڵەکە هەموومانی بێدەنگ کرد. ژنانی حیسبە و پیاوە چەکدارەکانی داعش، وەک شوانێک کە مێگەل ڕاو بنێت، ئێمەیان برد بۆ گۆڕەپانێک تا ببینین چۆن سزای “خودا” بەسەر تاوانبارێکدا جێبەجێ دەکەن.
گەیشتینە گۆڕەپانەکە؛ بۆنی خوێنێکی سارد و تەپوتۆزی بیابان ئەو ناوەی تەنی بوو. لە ناوەڕاستدا ئافرەتێک هەبوو قوماشێکی ڕەشی درێژی پۆشی بوو، بەڵام قوماشە ڕەشەکە لە چەندین شوێنەوە سوور ببوو؛ ئەو ژنە بۆ دەستێک دەگەڕا کە ڕوخساری خۆی پێ بشارێتەوە لەو چاوە تیژ و بێبەزەییانەی کە لێیان دەڕوانی، چونکە دەستە لەرزۆکەکانی خۆی هیچی تر توانای جووڵەیان نەمابوو. بە شێوەیەک هەناسەی دەدا وەک بڵێی لە شەنگالەوە بۆ موسڵ بە پێ ڕای کردبێت. گەرمیی خۆری موسڵ جەستەی کردبوو بە هەورێکی بەهار، ئارەقەی لەشی تێکەڵی خوێنە سوورەکەی جەستەی بووبوو.
گوێم پڕ بوو لە هاواری تیژ و ڕەقی چەکدارەکان کاتێک دەیانوت:
— بەردی تێبگرن! ئەمە بێڕەوشتە! بەردی تێبگرن و یارمەتی بدەن تا لە تاوانەکەی پاک ببێتەوە!
هەموو ئەوانەی لەوێ بوون، بە دەم هاواری “الله اکبر”ەوە دەستیان دەبرد بۆ بەردە سارد و ڕەقەکانی بەردەمیان؛ ئەو بەردانەی چیتر پیرۆزی سروشت نەبوون، ئێستا ببوون بە چەکێکی دەستی خوێنڕێژەکان، بە هەموو هێزیانەوە دەیانهاویشت وەک ئەوەی بیانەوێت دڕندەیەکی کێوی لە جووڵە بخەن.
ساردییەک هەموو گیانی داگرتم. هەستم دەکرد قاچەکانم هیچی تر هێزی ئەوەیان تیا نەماوە بە پێوە ڕامبگرن. لەو چرکەساتەدا وێنەی “دوعا” هاتەوە خەیاڵم؛ ئەم دژبەیەکبوونە مێشکمی دەخوارد:
— خوایە، مەگەر هەر ئەمان نەبوون دەیانگوت ئێمە بۆ تۆڵەی دوعا هاتووین بۆ شەنگال؟ مەگەر باسی بێبەزەیی ئێزدییەکانیان نەدەکرد بەرامبەر ئەو کچەی کە هەمان چارەنووسی ئەم ئافرەتەی بەردەممی هەبوو؟ ئەی چۆن ئێستا خۆیان هەمان کار ئەنجام دەدەن؟
دەنگی دایکم لە ناو مێشکمدا دەزرینگایەوە کە ڕۆژانێک پێی دەوتم:
— کچم، پیاو هەمیشە بەدوای بیانوویەک دەگەڕێت تا بەردێک لە ئافرەت بگرێت؛ جارێک بە ناوی ئایین، جارێک بە ناوی شەرەف.
هاوارەکان گوێیەکانمیان ئازار دەدا، بەڵام بینینی ئەو کارەی کە هیچ ئەهریمەنێک نەیدەتوانی بیکات زیاتر ئازاری دەدام. پیاوە گەورەکان دەنگیان وەک بڵندگۆی مەزارگەیەکی ئایینی ئەو ناوەی پڕ کردبوو، بەردەکان لە هەموو لایەکەوە دەفڕین و جەستە لەرزیوەکەی ئافرەتەکەیان وردوخاش دەکرد و منیش لە ژێر نیقابە ڕەشەکەمدا، تەنیا دەمویست چاوەکانم دابخەم و چیتر ئەم جیهانە نەبینم.
کاتێک هاتینەوە ناو هۆڵە داخراوەکە، ترس وەک تەمێکی ڕەش هەموو گیانی داگرتبووم. سەرم خستبووە ناو ئەژنۆم و جەستەم هەڵدەلەرزی. دەستەکانم بە هێزێکی زۆرەوە دەکێشا بەسەرمدا، بەڵام هێشتا نەمدەتوانی دیمەنی ئەو بەردانە لە ناو مێشکمدا بسڕمەوە. هیچ شتێکم نەخواردبوو بەڵام تامی تۆز و خۆڵ تا ناو قوڕگم ڕۆشتبوو.
کاتێک شەو داهات، لە ژێر باری خەم و شەکەتی، خەو چاوەکانی فریوودام.
لە خەومدا چاوەکانم بە دیمەنی دوعا کرایەوە؛ کراسێکی سپی پۆشی بوو، وەک گەوهەر دەدرەوشایەوە. دوو باڵی سپیی گەورەی وەک فریشتە لەسەر شانی بوون. هیچ شوێنەوارێکی بەرد و خوێنی پێوە نەمابوو. بە هەنگاوی هێواش لێم نزیک بووەوە، دەستەکانی گرتم و بە چرپەیەک پرسیاری لێ کردم:
— لە بەرد دەترسی؟
سەیری چاوەکانیم کرد و لێوەکانم دەلەرزین، وتم:
— نا… من لە خوێن دەترسم!
دوعا زەردەخەنەیەکی تاڵی کرد و بە دەنگێکی هێمن کە وەک کزەبای شەنگال وابوو، وتی:
— ئازیزم، ئافرەت بەردەوام خوێن دەبینێت، تەنانەت ئەگەر هیچ بەردێکیشی بەرنەکەوێت!
ئەمڕۆ چواردە ساڵم؛ لە جیاتی فوو لە مۆمەکانی کێکەکەم بکەم، فوو لە هەموو ئەو هیوایانە دەکەم کە لە نێوان زیندانە تاکە کەسییەکەمدا دەکوژانەوە. پرسیارەکان وەک مشەخۆرێک مێشکیان دەخواردم:
— کێ دەسەڵاتداری جیهانە؟ نازانم کێ دەسەڵاتی بەدەستە، بەڵام لە تیڤی هەمیشە پیاوی پیرم دەبینی لەسەر کورسی گرانبەها دانیشتبوون، بە بڕوابەخۆبوونەوە قسەیان دەکرد. مامەپیرەکەی دوکانداری گەڕەکی خۆمانم بیر دەهاتەوە، کاتێک دەڕۆشتمە ناو ئەو دوکانە بچووک و تەنگەی کە وای لە مامەپیرە کردبوو وابزانێ خاوەنی هەموو سەرمایەی دنیایە. هەرجارێک داوای قردێلەی نوێم لێ بکردایە بۆم بهێنێت، سەری دەهێنایە پێش و دەیووت:
— دەڵێیت چی؟
دەنگم بەرز دەکردەوە و دەمووت:
— قردێلەی مۆر ناهێنیت؟
سەری ڕائەوەشاند و دەیووت:
— تێناگەم ڕۆڵە، بۆم بنووسە.
کە بە قەڵەمێکی سەر مێزەکە لەسەر کاغەزێکی بچووک بۆم دەنووسی، چاویلکەکەی دەکردە چاوی، چاوەکانی زەق دەکردەوە و پاشان دەیووت:
— دەستوخەتت زۆر بچووکە ڕۆڵە، من چاوم کزە، بۆم بخوێنەرەوە…!
کاتێک بە دەنگێکی زۆر بەرز هاوارم دەکرد و لێم تێدەگەیشت بیری دەچۆوە بۆم بهێنێ… یەک مانگ بە بەردەوامی پێم دەوت بۆ ئەوەی قردێلەی مۆرم بۆ بهێنێ تا کەزیەکانم ببەستم پێی، هەر دەیووت:
— ڕۆڵە من زەهایمەرمە، زوو شتم بیر دەچێتەوە، سبەی بیرم بهێنەوە.
باشە ئەم پیرەپیاوە دەسەڵاتدارانەی جیهانیش گوێیان لەو هەموو هاوارەی ئێمە نییە؟ گوێیان گران بووە و کەڕ بوون وەک مامەپیرە؟ یان دیواری کۆشکەکانیان ئەوەندە بەرز و ئەستوورە هاواری ئێمە ناگات پێیان؟ بۆچی ئەو هەموو ستەمە نابینن، چاویان کزە؟ لەوانەیە ئەوانیش پارەیان پێ نەبێ چاویلکەکەیان بگۆڕن وەک مامەپیرە! تۆ بڵێی ئەوانیش تووشی زەهایمەر بووبن کاتێک هەواڵی ئێمە دەبیستن بیریان بچێتەوە؟ یانیش لەوانەیە ئەوان لە زمانی ئێمە تێنەگەن. ئەها… لەوانەیە هەرگیز نەچووبن بۆ خولی فێربوونی زمان، یانیش ڕۆشتوون بەڵام ئەوان تەنیا زمانی ستەمکارەکان دەخوێنن!
من خەونم بەوەوە دەبینی گەشتی پاریس بکەم، یان بڕۆم بۆ ئەستەمبوڵ، یانیش لەوانەیە بچم بۆ ڕیاز. بیرمە کاتێک دایکم سەرقاڵی کار دەبوو، بە دزییەوە لە تیڤییەکە دەمکردە سەر کەناڵێکی ئیسلامی و سەیری مەککەم دەکرد. ئەو شوێنە پڕ پڕە لە خەڵک؛ وابزانم مەککە وەک لالشی ئێمە وابوو لای موسوڵمانەکان پیرۆز بوو. چەن سەرنجڕاکێشە خەڵک لە هەموو شوێنێکی جیهانەوە دێن و لە یەک شوێن کۆ دەبنەوە بۆ سروودی ئایینی! سروودێک کە تامەزرۆی بیستنی بووم؛ بە تێکڕا هەموویان وەک لایلایە هاواریان دەکرد:
— الله اکبر.. الله اکبر…
بەڵام ئێستا ئەو “الله اکبر”ەی دەیبیستم جیاوازە لە سروودەکانی مەککە؛ ئەم “الله و اکبر”انە لە زەنگی سارین دەچوون، لە زەنگی سووری ئاگادارکردنەوەی جەنگ دەچوون… ئەم دەنگانە هیچی تر ئاوازێک نەبوون شەیدای بیستنی بم، ئێستا دەنگێکن کە لێیان دەترسم.
باوەڕ ناکەم کە دەبینم خەڵک لە فەڕەنسا و ڕووسیا و سعودیە و تورکیا و تەواوی جیهانەوە هاتبوون بۆ شەنگال! من هەرگیز نەم دەزانی ئەوانیش بەو ئەندازەیە حەزیان لە بینینی شەنگالە! یانی ئەوان بەو ڕادەیە تامەزۆری ئەو شارۆچکە بچووکەی شەنگال بوون کە دەیانویست بیبەن بۆ خۆیان؟ باشە شەنگال کەی لە پاریس و لەندەن و ڕیاز و مۆسکۆ جوانترە؟ ئەوان ئەو هەموو شارە درەوشاوە و ڕەنگاوڕەنگ و گەورانەیان جێهێشتووە بۆ تەپوتۆز و خۆڵی شەنگال؟
من هەرگیز نەمویستووە شاری ئەوان ببەم بۆخۆم، یان باوکیان بکوژم، یان منداڵەکانیان بکەم بە خزمەتکار و دەستەکانیان زبر بکەم بە شۆردنی جلەکانم، یان چێشتیان پێ لێ بنێم… تەنیا حەزم کردووە لە نزیکەوە سەردانیان بکەم، ئەگەر حەزیان کرد گۆرانییەکی فۆلکلۆری لەگەڵ منداڵەکانیان بڵێم، لەوانەیە وێنەیەک لەگەڵ گوڵەکانی باخچەکانیان بگرم، یانیش گوێ لە کەمانچەی سەر شەقامەکانیان بگرم. هەرگیز نەمویستووە مەککە نوقمی دوکەڵ و بۆنی بارووت و فیشەک بکەم. نا.. نا.. بە پێچەوانەوە چێژم دەبینی لە سەیرکردنی. تۆ بڵێی ئێستا ئەوان دەستیان گەیشتبێ بە لالش و چێژ لە سەیرکردنی ببینن؟!
چاوم چووە سەر نینۆکەکانم؛ لە شووشەیەکی شکاوی بێڕەنگ دەچوون. پڕ بە دڵ حەزم دەکرد ڕەنگیان بکەم بە سوور.. بەڵام بۆچی سوور؟ نا نا سوور نا… بەشی پێویست ڕەنگی سوورم بینیوە، ئەم ماوەیە هەموو چواردەورم ڕەنگی سوورە، هەر لەو کاتەوەی داعشە بکوژەکە دەستە گەورەکانی، کە بە خوێنی باوکم سوور بوو، بە کراسە سپییەکەم سڕی، ئیتر هیچ ئارەزوویەکم بۆ ڕەنگی سوور نەما. دەمتوانی لەگەڵ ڕەنگی ڕەش بگونجێمەوە، بەڵام سوور نا.
با نینۆکەکانم ڕەنگیان سەوز بوایە، وەک ڕەنگی گژوگیاکانی شەنگال.
باشە بۆ ئەوان ئەوەندە عاشقی ڕەنگی ڕەشن؟ ڕۆژێکیان ناڕەزاییم دەربڕی و بە دایکم وت:
— من عەزی ڕەش لەبەر ناکەم، حەزم لێی نییە!
دایکم بە بێ ئومێدییەوە سەیری چاوەکانی کردم و وتی:
— بۆچی تۆ ڕەگەزپەرستی؟ ڕەشیش ڕەنگێکە وەک سپی، سوور، مۆر؛ بۆچی ڕقت لێیەتی؟
دەستەکانی دایکم گوشی و ماچم کردن، بە دەنگێکی پڕ پەشیمانی وتم:
— دایکە گیان، من ڕقم لە ڕەنگی ڕەش نییە! ئەوەتا پرچەکانم ڕەشن، خۆشیشم دەوێن!
من دەمەوێت هەموو ڕەنگەکان ببینم بەڵام ئەوان ڕقیان لە ڕەنگەکانە؛ وەک بڵێیت هەرچی ئاشقانی ڕەنگی ڕەش هەیە لێرە کۆبوونەتەوە! من حەزم لێبوو نینۆکەکانم سەوز بن، پرچم ڕەش بێ، قردێلەکەم مۆر بێ، بەڵام خۆ ئەوان ڕێگەم پێ نادەن. ئەوان وەک دایکم نین یارمەتیم بدەن لە بۆیەکردنی نینۆکەکانم؛ ئەگەر داوای شتی وایان لێ بکەم دارکاریم دەکەن، لەوانەشە وەک ئەو کچە داماوەی گۆڕەپانەکە بە بیانووی بەزاندنی سنووری خوا کۆمەڵێک پیاوی ماسولکە گەورە و باڵابەرز کۆبکەنەوە، جنێوم پێ بدەن و بەردە گەورە و بچووکەکانی گۆڕەپانەکەم تێبگرن.
بۆنی ژوورەکە توانای هەناسەدانی نەهێشتووم، کەڕووی ژوورەکە هەناسەمی بە جۆرێک گرتووە خەریکە دەخنکێم! هەرگیز لە ناو بۆنی وا ناخۆش نەژیاوم. ئەو هەموو بۆنەم هەبوو کاتێک لە شەنگال بووم؛ بۆنی نێرگز، گوڵەباخ، مێخەک و چنور… باشە ئەمانە بۆنی ئەم بۆگەنە ناکەن؟ من هەست دەکەم ئەمانە بە تەواوی هەستەکانیان لەدەست داوە؛ لەوانەیە هەموویان پێویستیان بەوە بێت سەردانی پزیشک بکەن، یان بێن بۆ بەشی چەپی لالش و لەوێ لە ئەشکەوتە بچووکەکەدا خۆیان لە ئاوە پیرۆزەکەی کانی سپی هەڵکێشن بۆ ئەوەی لەشیان لەم بۆگەنییە خاوێن ببێتەوە.
ئەم بێدەنگییە ژوورەکەی قووت داوە؛ تاکە شت گوێم لێیە دەنگی پۆستاڵی پاسەوانەکەیە، جار جاریش قسە ڕەق و ناخۆشەکانی. باشە ئەم پیاوە قەت گوێ لە میوزیک ناگرێت؟ یان تیڤی و ئینتەرنێتی نییە؟ باشە چۆن شەوان خەوی لێ دەکەوێت بەبێ میوزیک؟ بیرمە جارێک چووین بۆ ئەشکەوتێک لەگەڵ باوکم؛ لەوێ لانی کەم دەنگی دڵۆپەی ئاو و ویزەی با و جریوەی چۆلەکە دەهات. تەنانەت ئەشکەوتەکە لەم ژوورە بچووک و تەنگەی من خۆشتر بوو.
یانی دەبێت تەواوی مانگی نیسان لەم ژوورەدا بەسەر ببەم؟ ئەمساڵ جەژنی چوارشەمەی سوور ناکەم؟ بیرم هاتەوە… کاتێک لەگەڵ پوورزاکەم یاری هێلکەشکێنمان دەکرد جەژنی ساڵی پار. هێلکەکانمان ڕەنگ دەکرد؛ من هێلکەکانی خۆم دەکرد بە مۆر و سەوز، ئەویش دەیکرد بە سوور و شین. من هەمیشە حەزم دەکرد براوە بم؛ فێڵم لێ دەکرد، هێلکەکەی خۆم کونێکی بچووکم تێکرد و ناوەکەم پڕ کرد لە قیر بۆ ئەوەی نەشکێت. کاتێک سەری هێلکەکانمان گرت بە دەستمانەوە، ڕووی تێکردم و بە پەرۆشییەوە وتی:
— ئەمساڵ من دەیبەمەوە و تەواوی ئەمساڵ بەختی باشم بۆ دێت.
زەردەخەنەیەکم کرد و وتم:
— نەخێر، وەک هەموو جارەکانی پێشتر خۆم دەیبەمەوە.
کاتێک سەری هێلکەکانمان بە توندی کێشا بەیەکدا، هێلکەکەی ئەو شکا؛ ڕوخساری گرژ کرد بەڵام ئامادە نەبوو خۆی بە دەستەوە بدات. هێلکەیەکی تری هێنا ئەوەشی شکا؛ بەردەوام بوو تا دە هێلکەی شکا، پاشان دەنگی بەرز کردەوە و وتی:
— تۆ فێڵم لێ دەکەیت، با سەیری هێلکەکەت بکەم…
من نەمدەتوانی پێکەنینەکەم ڕابگرم و ڕازی نەبووم هێلکەکەی خۆمی پێ بدەم و ڕام کرد. ئەویش بە دوامدا ڕای دەکرد و هاواری دەکرد:
— ئەی فێڵباز! باش بزانە بە فێڵکردن بەختی باش بەدەست ناهێنیت…
تۆ بڵێیت هی ئەو فێڵە بووبێت وا ئێستا ناتوانم جەژن بکەمەوە؟ باشە ئێستا چ فێڵێک بەکار بێنم بۆ ئەوەی لەم زیندانە ڕزگارم بێت؟
باشە خۆ ساڵی پار ڕۆیشتم بۆ ناو ژووری پیرۆزی “شێخ ئادی” لە لالش؛ لەوێ لە چواردەوری ستوونە گەورەکان گرێی یەکێکم کردەوە و دەستەکانم بەرز کردەوە و سەرم دانەواند و بە دەنگێکی هێواش نزام کرد و وتم:
— خوایە، چۆن من ئەم گرێیەم کردەوە، تۆش گرێی ژیانی ئەم کەسە بکەرەوە؛ ناخۆشی و خەمی لێ دووربخەرەوە.
پاشان پەڕۆیەکی خۆمم لە پەڕۆکانی چواردەوری ستوونەکە پێچا. تۆ بڵێی کەس گرێی پەڕۆکەی منی نەکردبێتەوە؟ ئاخر من ئاواتم خواست بێم بۆ موسڵ! بەڵام بەم شێوەیە نا!
ئەمڕۆ پانزە ڕۆژە لەم زیندانەم؛ تەواوی ڕۆژەکان دووبارە بوون، هیچ تیشکێکی خۆر بە ڕێکەوتیش بە دیوارە تاریکەکانی ژوورەکە نەدەکەوت. وادیارە بڕینی تیشکی خۆر بەس نەبوو، نەمدەتوانی شەوانە سەیری ڕووناکی و تیشکی مانگ و ئەستێرەکانیش بکەم! بیرم لەو کاتانە دەکردەوە باوکم ناچار دەکرد بچین لەسەربان بخەوین؛ جێگە خەوەکەی بۆ هەڵدەگرتم و لەسەربانەکە لە تەنیشت خۆیەوە بۆی دادەنام، تا درەنگ نەمدەهێشت بخەوێت. ئەستێرەیەکم پێ دیاری دەکرد و لەوێوە ئەستێرەکانم دەژمارد.
شەوێک باوکم لە ئاسمان دوو ئەستێرەی نیشان دام کە لە تەواوی ئەستێرەکانی ئاسمان گەشتر و گەورەتر بوون؛ بە دەنگێکی پڕ جۆش و خرۆش وتی:
— کچەکەم، ئەوانە لەیل و مەجنونن.
چاوم بڕیە ناو چاوەکانی باوکم و پرسیم:
— بۆچی ناویان لەیل و مەجنونە؟
باوکم نیگاکانی لە نێوان ئەستێرەکانی ئاسمان نوقم بووبوو، وتی:
— چونکە وەک ئەشقی مەجنون وایە بۆ لەیلا، لە دوورەوە بۆی دەسووتێت… کچەکەم، پێشینانی ئێمە دەڵێن ساڵی یەک جار ئەو دوو ئەستێرەیە لەیەک نزیک دەبنەوە لە مانگی ئاب؛ ئەگەر ئەوکاتە ئاگاداربیت و بیبینی، هەر نزایەک بکەیت گیرا دەبێت…
ئێستا دەمەوێ بگەڕێمەوە بۆ ئەوکاتە و تەواوی شەوەکانی مانگی ئاب دابنیشم بەدیار ئاسمانەوە تا ئەو ئەستێرانە ببینم و نزام بکردایە یەزدان شەنگالی بپاراستایە و هەرگیز ئەم ڕۆژانەم نەبینیایە.
لە ناو تاشەبەردەکاندا بە پێی پەتی ڕادەکەم. بەردەکان وەک خوێنمژێک دەیانەوێت خوێنی جەستەم بمژن. ئارەقەی مانگی شەش بەسەر جەستەمدا هاتبووە خوارەوە، تێکەڵی خوێنی ئەو برینانەی جەستەم بووبوو کە بەردە تیژەکان زامداریان کردبوو. تاریکی وەک سێبەری پەڵە هەورێکی ڕەش وردە وردە چواردەورمی داگیر دەکرد.
دەنگێک وەک بروسکە دوام کەوتووە و بانگم دەکات:
— کەزی… کەزی… کەزییییی
لەپڕ چاوەکانم کرانەوە؛ هەستم دەکرد چواردەورم ئۆکسجینی تیانییە. کچە کۆبانێییەکە (دیلان) لە تەنیشتم دانیشتبوو، پەرداخێک ئاوی بە دەستەوە گرتبوو، بە هەناسەبڕکێوە وتی:
— بۆخاتری الله تۆ ماویت؟ بۆچی خەبەرت نابێتەوە چیت بەسەر هاتووە؟ ئاوەکەی کە بە ڕوخسارمدا کردبوو، دڵۆپ دڵۆپ بە ڕوخسارمدا دەهاتە خوارەوە. جەستەم وەک چڵەدارێکی لاوازی بەر ڕەشەبا دەلەرزایەوە.
کەمێک خۆم کۆکردەوە پاشان وتم:
— دووبارە مۆتەکەم بینی. هەمان خەو؛ زیندانەکەی دە ساڵ پێش ئێستا دەیوویست دووبارە بۆ خۆیم ڕابکێشێت.
دیلان چاوەکانی تێبڕیم کە وەک دوو مۆمی کز دەدرەوشانەوە، دەستەکانمی گوشی و وتی:
— ئەو ڕابردووە تێپەڕێنە؛ ئێمە ئێستا ئازادین، لەسەر چیاکان بۆ مافی خۆمان دەجەنگین.
بە هێواشی بەردێکی بچووکی سەر چیاکەم هەڵگرت و دەمکێشا بە بەردێکی گەورەدا، بە دەنگێکی کز پێم وت:
— باشە تۆ بۆ لە دەرەوەی وڵات گەڕایتەوە؟
دیلان کەمێک بێدەنگ بوو، پاشان وتی:
— ئەوان پێیان خۆش نییە لەسەر خاکەکەیان بژین؛ دەی لەسەر حەقیشن، منیش بم پێم خۆش نییە ئەو هەموو کۆچبەرە ڕوو بکاتە وڵاتەکەم و داگیری بکات.
سەرم بەرز کردەوە و چاوم بڕیە چاوەکانی و وتم:
— داگیرکردن؟! ئەوان لە هەموو دنیاوە هاتبوون بۆ داگیرکردنی خاکی ئێمە! بە کۆچ نا، بە تۆپ و تانک و فیشەک. تەنیا نیشتمان نا، کەسوکاریشیان لێ دزین! نیشتمانی خۆمان لێ دەسەنن بە شەڕ و ناشیانەوێ بە ئاشتیش لەسەر خاکی ئەوان بژین؟
دیلان ڕوخساری خۆی گرژ کرد و بە دەنگێکی گڕ وتی:
— تۆ بۆ نەڕۆیشتی؟ کاتێک من ڕۆیشتم بۆچی تۆ مایتەوە و بوویت بە گەریلا؟ سەرم داخست و بێدەنگ بووم…
ئەمڕۆ دووبارە خەیاڵەکانم دەیانفڕاندم بەرەو شەنگال؛ بەرەو ئەو ڕۆژەیان بردم کە لە ناو ژوورەکەم دانیشتبووم و دایکم قژی شانە دەکردم. سەیری چاوەکانی دایکمم دەکرد لە ئاوێنەکەدا و ئەو پرسیارەی کە زۆر لە مێشکمدا هاتووچۆی دەکرد وەک فیشەک کەوتە سەر زمانم و پێم وت:
— دایکە، کە گەورە بووم دەتوانم ببم بە گەریلا؟
دایکم بە سەرسامییەوە سەیری کردم، شانەکەی لە قژمدا ڕاگرت و وتی:
— وسبە چەتیو! گەریلای چی؟ دەتەوێ ئابڕوومان ببەیت!
بە دەنگێکی لەرزۆکەوە وتم:
— بۆچی؟ ئەی ئەوان پارێزگاری لە شەرەفی ئێمە و نیشتمان ناکەن؟
دایکم برۆکانی بەرز کردەوە و بە دەنگێکی پڕ ناڕەزایەتییەوە وتی:
— شەرەف؟ لێرە شەرەفی تۆ لە نێوان قاچەکانتە. چەکداری ئیشی ئافرەت نییە، ئیشی پیاوە بەهێزەکانە!
من هەر ئەو ڕۆژە زانیم ئەگەر ببم بە گەریلا، یەکەم پلار و یەکەم بەرد کە تێم دەگیرێت لە لایەن دوژمنەوە نییە، لە لایەن ئەو پیاوانەوەیە کە هەوڵی پاراستنی شەرەفیان دەدەم. بەڵام هێشتا ئەمڕۆ بەو دەستانەی کە پێشتر قردێلەی مۆرم لە پرچەکانم دەئاڵاند، بەو دەستانەی کە ڕوخساری خۆمم پێ دەشاردەوە لە پیاوە گەورەکان، ئەمڕۆ چەکێکی قورسم خستووەتە ناوی، بەڵام قورسایی چەکەکە زۆر سووکترە لە باری دیلێتی. ئەمڕۆ دووبارە بۆنی نێرگزم لێ نایەت؛ بۆنی بارووت و تەرم و خوێن و دوکەڵی جەنگ دەوریان گرتووم، بەڵام تەواوی ئەم بۆنانەم لا خۆشترە لە بۆنی کەڕووی ناو زیندانەکان.
شەوانە دەتوانم بەدیار ئەستێرەکانەوە نەخشەی ئەو ئازادییە بۆ دیلەکان بکێشم کە خەونبینینیش پێیەوە لێیان قەدەغە کراوە، هیچی تر دەستەوەستان دانانیشم و خەون بە ئازادییەوە نابینم، ئەمڕۆ ئیتر بۆ ئەو خەونە دەجەنگم، دەمەوێ ئیتر ئەو شەرەفە بپارێزم کە تەواوی پیاوە گەورەکانی جیهان نەیانتوانی بیپارێزن. ئەمڕۆ تەنیا بۆ خۆم نا، بۆ لالش نا، بۆ شەنگال نا، بۆ کوردستان نا؛ ئەمڕۆ بۆ تەواوی ئەو شەرەفانە دەجەنگم کە خوێنڕێژەکان لە ژێر ناوی جیاجیاوە دەیانخستە ژێر پۆستاڵەکانیانەوە. ئەمڕۆ پێم وانییە هیچ شتێک لەوە پیرۆزتر بێت کە مرۆڤ بۆ شکۆی خۆی بجەنگێت.
نامەوێ هیچی تر لە ژێر بەزەیی ئەو پیاوە بەهێزانەدا بە دیلی بمێنمەوە؛ ئەو پیاوانەی ڕۆژانێک ڕادەستی چارەنووسیان کردم. ئەو پیاوانەی کە هێزیان کردووەتە خوای خۆیان و دەیپەرستن، بۆیان گرنگ نییە ئەگەر لە پشت ئەو هێزەوە ئەهریمەنێکیش هەبێت. ئەمڕۆ ئەگەر تەنانەت هەموو وردە بەردەکانی تەواوی شاخەکانی جیهانم تێبگرن، ناتوانن لەوە پەشیمانم بکەنەوە کە ئەمڕۆ من گەریلام.




لە نێوان خۆشەویستی و خوێن، هەناسەیەک لە سێبەری مردندا!.. نووسینی: رەوا حەمەجان

لە هەر کۆمەڵگایەکدا یاسا سەروەر نەبوو دابوونەریتی خێڵ و عەشیرەت کۆمەڵگا بەڕێوەدەبەن، توندوتیژی خێزانی و کۆمەڵایەتی تێیدا بڵاو دەبێتەوە، تاک و کۆمەڵ لەبەری پەنابردن بۆ یاسا خۆیان دەبن بە دادوەر و یاسا دەردەکەن بۆ کێشە و گرفتەکانیان.
لە کۆمەڵگای باشوری کوردستان بە هووی نەبوونی یاسا سەروەری و دەس باڵایی خێڵ و عەشیرەت، بە بەردەوامی گوێبیستی هەواڵی شەڕو کێشەی کۆمەڵایەتی و هەرەشەی کوشتن و تەنانەت کوشتنیش دەبینەوە، لە هەمووی خراپتر ئەوەیە کە پەنابردن بۆ چارەسەری کێشە و ناکۆکیەکان لە دەرەوەی یاسا هەر ئەوە نیە کەسی توومەتبار تووشی کێشە بوبێت بەڵکو زۆر جار کەسانی بێتاوان توومەتبار دەکرێن و دەکەونە ناو چەقی کێشە و گرفتەکانەوە، بەبێ ئەوەی هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەقینەیان بە بنەڕەتی کێشەکەوە هەبێت.
لە خوارەوە چیرۆکێکی راستەقینەتان بۆ دەگێڕمەوە سەبارەت بە تاوانبارکردنی بەناحەق و بڕیاردان لە سەر چارەنووسی خەڵک بەبێ دادگا و بەبێ بوونی بەڵگە.
چیرۆکێک بە هێواشی دەست پێدەکات، بەڵام بە دەنگی هاوار کۆتایی دێت، چیرۆکی ئاکۆ یەکێکە لەو چیرۆکانەی کە مرۆڤ دەحەپەسێت لەوەی بەبێ هیچ تاوانێک ژیانی بە تەواوەتی دەکەوێتە مەترسیەوە و دەبێت لە نێوان مردن و کۆچدا یەکێکیان ‌هەڵبژێرێت.
لە ساڵی (١٩٩٨)، لە گوندی رەبەندە لە رۆژهەڵاتی کوردستان (ئێران)، منداڵێک لە دایک دەبێت ناوی لێ دەنرێت ئاکۆ، منداڵێک بە دڵێکی پاکەوە بە چاوی پڕ لە هیواوە لە دایک دەبێت، بەڵام نازانێت داهاتوو چی بۆ هەڵگرتووە.
لە تەمەنی 6 ساڵیدا، لەگەڵ خێزانەکەی بەرەو باشوری کوردستان (عێراق) کۆچ دەکەن.
ئەو کاتەی تەمەنی ئاکۆ دەبێت بە (١٠) ساڵ، بە یەک چرکە، هەموو شتێکی ژیانی سەرەوژێردەبێتەوە، کاتێک دایك و باوكی لە رووداوی هاتووچۆدا گیان لەدەست دەدەن، ئیتر بەم شێوەیە بێبەش دەبێت لە خۆشەویستی دایک و باوک وژیانی منداڵی.

ماڵی پووری بوو بە شوێنی ژیانی نوێی، لە گەڵ منداڵەکانی پووری ژیانی دەکرد، یەکێک لە منداڵەکانی پووری بەناوی ( هە) هەرزوو بوو بە نزیکترین هاوڕێی و هەمیشە پێکەوە بوون.
بەم شێوەیە ژیانیانکرد تا گەورەبوون، (هە) کەوتە داوی خۆشەویستی لە گەل ژنێک بەناوی( ن) کە ژنێکی هاوسەرداربوو چەند منداڵێکی هەبوو، خۆشەویستییەکی قەدەغەکراو درووست بوو لە نێوان (هە،ن) کە لە سێبەری ترسدا دەگوزەرا.
ئاکۆ، هاوڕێی کوڕەکانی (ن) بوو زۆرجار سەردانی ماڵی (ن) دەکرد، بە بێ هەڵبژاردن، دەبێتە نێوانگێر لە نێوان(هە، ن) نامە و قسەی لە نێوانیاندا دەگواستەوە، بێ ئەوەی بزانێت ئەم کارە رەنگە ژیانی بگۆڕێت.
ساڵی 2014، پەیوەندی نێوان(هە،ن) ئاشکرا دەبێت،(هە،ن) رووبەرووی لێدان و سوکایەتی وتەنانەت هەوڵی کوشتنیش دەبنەوە هەر ئەمەش نە بەڵکو لە ناوەڕاستی ساڵی 2015، ئاکۆ دەگیرێت لەلایەن (ف)ی هاوسەری (ن) و برایەکی (ن) بە توندی لێی دەدەن، ئازاری دەدەن، هەوڵ دەدەن بە زۆر دان بەوەدا بنێت کە هاوکار و نێوەندگیری نێوان(هە،ن) کردووە.
پاش ماوەیەک (ن) منداڵێکی کوڕی دەبێت ، بەڵام ئەم منداڵە هەڵگری نهێنییەکی قورس دەبێت.
(ف)ی هاوسەری (ن) گومان دەکات کە ئەم منداڵە هی ئەو بێت داوادەکات کە پشکنینی (دی ئێن ئەی) بۆ بکەن، لە پشکنین دەردەکەوێت کە منداڵەکە لە (ف) نیە بەڵکو منداڵی (هە)ە، بەم شێوەیە هیچ چارەیەک نەمایەوە بۆ(هە،ن) و تەنانەت ئاکۆیش جگە لە هەڵاتن، بە دڵێکی شکاو و جەستەیەکی ئازاردراو دوای گەشتێکی سەخت، دەگەنە وڵاتی بەریتانیا.
بەڵام هەندێک شت هەرگیز لە بیر ناچن. هاوارەکان، ئازارەکان و ئەو شەوانەی کە نزیک بوو ببێتە کۆتاییان.
ئاکۆ، دوای ساڵانێک لە ترس و ئازار و بێدەنگی، گەیشتە ئەو شوێنەی کە هیچ ڕێگایەکی تر نەما، نە یاسا هەبوو بۆ پاراستنی، نە کۆمەڵگەیەک کە بتوانێت پەنای بۆبەرێت. لە کاتێکدا کە بێتاوانییەکەی دەبوو بە تاوانێک بەرامبەر ئەوانەی دەیانویست بیکوژن، ناچار بوو هەڵبژاردن بکات، مانەوە لەگەڵ مەترسیی مردن، یان کۆچکردن بۆ نەزانراو. ئەو کۆچی هەڵبژارد، بەڵام کۆچ هەمیشە مانای رزگاربوون نییە، زۆرجار تەنها گواستنەوەی ئازارە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر.
ئەم چیرۆکە کۆتایی نییە
چونکە ئاکۆ تەنها یەک ناو نییە، بەڵکو نموونەی هەزاران کەسە کە بەبێ تاوان دەکەونە ناو کێشەکان و ناچار دەبن لە نێوان مردن و کۆچدا هەڵبژاردن بکەن.
لە کۆتاییدا ئەو پرسیارە هێشتا بەبێ وەڵام ماوەتەوە
کاتێک بێتاوانی نابێتە پاراستن، یاسا بێدەنگە و کۆمەڵگەش تەنها تەماشاکارە.
کێ دەتوانێت ژیانی مرۆڤ بپارێزێت؟

نووسینی: رەوا حەمەجان