زمان، پەیام و ئەخلاق لە میدیای کوردیی باشووری کوردستاندا.. ئەمجەد شاکەلی

میدیا، دەستەواژەیەکە بۆ کۆی ئەو کەناڵانەی زانیاری و هەواڵ و پەیام و سەرگەرمی(کات بەسەربردن) بۆ خوێنەر و بیسەر و بینەرێکی بەرفراوان بڵاودەکەنەوە، وەک ڕۆژنامە و تیڤی و و ڕادیۆ و ماڵپەڕی ئینتەرنێت وتۆڕەکۆمەڵایەتییەکان. میدیا، لەو سیستمە سیاسییانەی جیهاندا کە بە دیموکراتی پیناسە دەکرێن، دوای دەسەڵاتی یەکەم”حوکوومەت” و دەسەڵاتی دووەم “پەرلەمان” وەک “دەسەڵاتی سێیەم” دەژمێردرێت. میدیا زۆر بە وردی چاودێری دەسەڵات و ئەو کەسانەی لە دەسەڵاتدان دەکات، وەها کارێکیش یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی دیموکراتی. دەستەواژەی میدیا هەردوو میدیای گشتی نەریتی و سۆشیال میدیای دیجیتاڵیش دەگرێتەوە.
کاتێک باس لە بار یا حاڵی زمانی کوردی لە میدیای کوردیدا دەکەین ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە حاڵی زمانی میدیای کوردی بە شێوەیەکی گشتی بەدەر نییە لە ڕەوشێکی زمانی کوردی تێدایە و پێیدا تێدەپەڕێت. زمانی کوردی بەگشتی و بەتایبەتیش لە باشووری کوردستان له‌ قه‌یران و کێشه‌یه‌کدایه‌، هه‌رگیز به‌ درێژایی مێژوو، قه‌یران و کێشه‌ی وای به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌دیوه‌. زمانی کوردی تا دێت خراپتر ده‌بێت و تا دێت خراپ و خراپتر به‌ کار ده‌برێت و ئه‌تک ده‌کرێت و تا دێت به‌ره‌و له‌تبوون و داڕووخان ده‌ڕوات. ئه‌مڕۆ، خه‌ڵکێکی فرە به‌ ناوی زمانناسی و شاره‌زایی و پسپۆری و خوێندووییه‌وه‌، زمانی کوردی لەتلەت دەکەن و لەبەینی دەبەن. ئه‌مڕۆ، سه‌رباری ئه‌و ئازادییه‌ی کورد به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌یبینێت و سه‌رباری ئه‌و هه‌موو میدیا و ده‌سگەی ڕاگه‌یاندن و پاره‌ و ده‌سه‌ڵاته‌ی کورد هه‌یه‌تی (مه‌به‌ست باشووری کوردستانه‌) و سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو ته‌کنیک و پێشکه‌وتنه‌، له‌ بواری ڕاگه‌یاندن و گه‌یاندن و په‌خش و چاپه‌مه‌نییه‌ی، ده‌ستی کورد پێی ڕا ده‌گات، زمانی کوردی دادەکشێت.
میدیا، ئەگەر بە دروستی بەکار بهێنرێت، هۆکارێکە بۆ بەهێزکردن، پاراستن و پێشکەوتنی زمان و دەتوانێت ڕۆڵی زمان لە دەربڕین و دروستکردنی پێناسەی نەتەوەییدا بەهێزتر بکات. لە‌ مێژووی هە‌موو نە‌تە‌وە‌کاندا، میدیا ڕۆلی کاریگە‌ری هە‌بووە‌ بۆ چێکردنی پێناسە‌ی نە‌تە‌وە‌یی. دەگوترێت: “نەتەوەسازیی بێچووی چاپە‌مە‌نی بووە”. وەک ئەوەی بۆ نە‌تە‌وە‌ مۆدێرنە‌کانی ئەوروپا دەگوترێت.
ئەگەر لەپێشدا هەستێکی نەتەوەیی بووبێت، پتر لە نێو بڕێکی کەمی خوێندەوار، شاعیر و سیاسەتکاردا بووە. ئێستا میدیای بینراو بە تایبەت تە‌لە‌ڤیزیۆن و میدیای بیستراو و ڕۆژنامە و گۆڤار لە‌ نێو هەموو توێژ و چینەکانی کۆمەڵی کوردەواریدا، پەخش دەبن، بەڵام ئەو گوتارانەی دەبوو کار بۆ نەتەوەسازی بکەن، ئە‌وانە دەنگ و ڕە‌نگی حیزب و گرۆ و دەستەیان پێوە دیارە و ئیدیۆلۆگێنراون، چون حیزب خاوە‌نی ئەو میدیایانەن، هەر بەوەیش زمانە کوردییەکە خراوەتە خزمەتی ئیدیۆلۆگیاوە. دیارە زمانیش بۆ حیزب هێندە گرنگ نییە!
لە ھەرێمی کوردستان، لە ماوەی سیوچوار ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتی کورددا، ھیچ ھەوڵێک نەدراوە بۆ یەکخستن و بەرجەستەکردنی زمانی ڕەسمی دەوڵەت. یا زمانێکی یەکگرتوو کە لە نووسین وداڕشتن، وەک یەک زمانی ھاوبەشی کورد بەلایەنی کەمەوە لە باشووری کوردستان پێڕۆ بکرێت. بێگومان لە نەبوونی زمانێکی ھاوبەشیشدا، شێوە جیاوازەکانی شێوەزار و ڕێنووس و نووسین دەبنە دیاردە. لەو ڕوانگەیەوە دەبینین زمانی داڕشتن و نووسین لە ڕاگەیاندنەکان و بڵاوکراوەکاندا، زمانێکی یەک جۆر و یەک شێوە نییە. بەڵکە ھەریەکە شێوەیەکی ڕێنووس پێڕۆ دەکات. تەنانەت زۆرجار ڕێنووسی یەک وشە بە گەلێ شێوە دەنووسن.
زمانی میدیای كوردی هێندە خراپە هینی ئەوە نییە ئێرەیی پێ ببرێت، چون هێندەی واژەی بیانی بە تایبەت ئینگلیزی تێکەوتووە تا دێت زمانی كوردی گچکەتر دەبێتەوە. سەدان وشەی بیانی و داتاشراو و ناساز و نادروست و سەدان وشه‌ی ئینگلیزی ترێنجێنراونەتە نێو زمانی کوردییەوە و ڕۆژانە نەک تەنێ لە میدیادا بەڵکە لە کۆڵانیشدا و لە لایەن خەڵکی بێسەوادیشەوە بەکار دەبرێن. ئەوەی لەمەڕ زمانی کوردییەوە لە میدیای کوردیدا دەگوترێت و دەگوزەرێت ناشێت تەنێ لە ڕووی زمانەوانی و زاراوەسازی و ڕیشەناسی و ڕێزمان و ڕێنووسەوە بخوێندرێتەوە، بەڵکە مامەڵە و بەرخورد و ئەخلاق و شێوازی هەڵسوکەوت و تێڕوانین و دواندن مەرجێکی سەرەکییە بۆ کاری میدیایی. ئەخلاقیش لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بریتییە لە کۆمەڵێک بەها و بنەما کە ڕێنمایی بڵاوکردنەوەی زانیاری و هەڵسوکەوت لەگەڵ جەماوەردا دەکات، واتە: بەکارهێنانی وشە و وێنە وەک ئامرازێکی دروستکردن و بنیاتنان، نە وەک ئامرازێکی وێرانکردن. چون میدیا دەچێتە نێو خەڵکەوە، هەموو جۆر و چین و پێشە و ڕەگەز و تەمەن و پیکهاتەکانی جڤاکی کوردییەوە. میدیا دەچێتە هەموو ماڵێکەوە و دەچێتە بەر دید و بەر گوێی گەورە، گچکە، مێ و نێری کوردەوە، کە هەر یەکێک لەوانە خاوەنی ئاستێکی تێگەیشتنی جیاوازە لە یەکێکی دی. هەر لەبەر ئەوانە شێوازی بەکاربردنی زمان، ئاراستەی وتار، خوێندنەوەی دەروونیی وەرگر، خوێنەر، بیسەر، بینەر هەموو ئەوانە مەرجگەلێکن بۆ کاری میدیایی.
دەشێت لە چەند نموونەیەکدا هەندێک تێبینی لەمەڕ ئەو باسە و لە ڕووی بنەما ئەخلاقییەکانی میدیاییەوە وشێوازی بەرخوردی میدیای کوردی لەگەڵ وەرگر، خوێنەر، بیسەر، و بینەردا پێشان بدرێن:
یەک
لە حەفتەنامەی (هەولێر)ی ژماره 1204ی ڕۆژی سێشەممەی 6ی دیسەمبەری2011دا، کە لە هەولێر دەردەچێت لە لاپەڕەی فەرهەنگدا دوو هەواڵ لەمەڕ تەندروستی مامۆستایان نەوزاد ڕەفعەت و زاهیر ڕۆژبەیانی کە هەردوویان نەخۆش بوون بڵاو کرابوونەوە. ئەو دووانە دوو نووسەر و شاعیری ناسراوی کوردستان بوون. مامۆستا ڕەفعەت شاعیرێکی دیار و ناسراوی هەولێر بوو و مامۆستا ڕۆژبەیانییش، نووسەرێکی ناسراوی شاری کەرکووک بوو و لە هەولێر دەژیا. بە چەند دێڕێک باسی تەندروستی مامۆستا ڕۆژبەیانی کرابوو و وێنەیەکی مامۆستایش لەگەڵ هەواڵەکەدا دانرابوو. وێنەکە هینی ئەو کاتە بوو کە مامۆستا گەلێک نەخۆشە و گۆڕانێکی زۆر بەسەر شێوە و سیما و ڕوخساریدا هاتبوو. هەر کە وێنەکەم بینی دەسبەجێ چەند دێڕێکم وەک ڕەخنە لە پەخشکردنی ئەو وێنەیە بە ئیمەیڵ بۆ سەرنووسەری هەولێر مامۆستا جەواد قادر نووسی و باسی ئەوەم کرد کە نەدەبوو ئەو وێنەیەی مامۆستا ڕۆژبەیانی کە نەخۆشە دابنێن و ئەگەر هەر بڕیارە وێنەکەی دانرابا، دەبوو وێنەیەکی کۆنتری دانێن، چون ئەوە کارێکی جوان نەبوو و ناخۆش و ناپەسەند و کاریگەر بوو بۆ هەموو دۆستانی مامۆستا ڕۆژبەیانی و ماڵبات و خانەوادەکەیان.
دوو:
له‌ گوتارێکیدا به‌ ناوی”خاک و جه‌سته‌ لای جه‌نگیز ئه‌یتماتۆف و سه‌میر نه‌قاش، له‌ هه‌ردوو رومانی(رۆژه‌که‌ له‌ سه‌ده‌یه‌ک درێژتر ده‌بێته‌وه‌) و (شلۆمۆ کورده‌ و من و رۆژگار)دا”، که‌ له‌ دوو به‌شدا، وه‌ک ڕانانێک بۆ دوو کتێبی تازه‌په‌خشکراوی نووسه‌ر و چیرۆکنووس مامۆستا جه‌لیل کاکه‌وه‌یس، بڵاو بووه‌ته‌وه، ‌مامۆستا نه‌جات نوری، نووسه‌ری گوتاره‌که‌، ده‌نووسێت:”له‌م دێڕانه‌ی سه‌ره‌تادا ده‌بێت قه‌دری هه‌وڵه‌ دیاره‌کانی برای ئازیزمان(جه‌لیل کاکه‌وه‌یس)ی چیرۆکنوس بگرم که‌ به‌و ته‌مه‌نه‌وه‌ هێشتا عه‌شقی ئه‌و بۆ ئه‌ده‌ب و نووسین پیرۆزی ماوه‌و به‌رده‌وام به‌و عه‌شقه‌وه‌ خزمه‌ت به‌ خوێنه‌رانی کورد ده‌کات. هێشتا ده‌یه‌وێت ئه‌ده‌ب ببێته‌ سه‌رچاوه‌ی ژیانمان و له‌ناو هه‌مو تاریکاییه‌کاندا روناکیه‌کمان پێ ببه‌خشێت. هێشتا ده‌ست ده‌بات بۆ وه‌رگێڕانی ئه‌و ده‌قه‌ باشانه‌ که‌ خوێنه‌ری ئێمه‌ ده‌ستی پێیان نه‌گه‌یشتووه‌…” . تۆ له‌م نووسینه‌دا تێبینی ئه‌م ڕسته‌ و وشانه‌ بکه‌”..که‌ به‌و ته‌مه‌نه‌وه‌ هێشتا عه‌شقی بۆ ئه‌ده‌ب و نووسین پیرۆزی ماوه‌…” و “..هێشتا ده‌یه‌وێت…” و “هێشتا ده‌ست ده‌بات بۆ وه‌رگێڕانی…”.، وا باسی مامۆستا کاکه‌وه‌یس ده‌کات، وه‌ک بڵێی خودانه‌خواسته‌ و دوور له‌ گیانی مامۆستا کاکه‌وه‌یس، مامۆستا کاکه‌ویس:
“له‌ نێو ماڵێکی بێ ژن دا
له‌ بن لێفێکی چڵکن دا
له‌ سه‌ر ته‌ختێکی ڕه‌ق و ته‌ق
سه‌رتاپای شه‌ڵاڵی ئاره‌ق
پیر و که‌نه‌فت و که‌له‌لا
هه‌موو له‌شی هه‌لا هه‌لا
پشتی ڕه‌ق و باسکی ته‌زیو
پێێ نه‌ده‌کرا ئه‌م دیو ئه‌و دیو
کز و گۆد و سڕ و بێ ناز
پێچی ده‌دا وه‌ک مارانگاز” ، که‌وتووه‌ و بێهێز و لاواز، به‌ حاڵ نووزه‌ی لێوه‌ دێ و هه‌ناسه‌ ده‌دات. به‌و جۆره‌ باسکردنی مامۆستا کاکه‌وه‌یس و نیشاندانی وه‌ک پیرێکی په‌ککه‌وته‌، ئه‌گه‌ر به‌لای مامۆستا نه‌جات نووریشه‌وه‌ بۆ پێشاندانی وزه‌ و توانست و خواست و کۆششی مامۆستا کاکه‌وه‌یس بێت، هێشتا کورت ده‌هێنێ و له‌ ڕووی ده‌روونی و سایکۆلۆگییه‌وه‌، ئه‌گه‌ر نه‌یشێباته‌وه‌ سه‌ر خۆی و وه‌هایش پێشان بدات، که‌ گرنگ نییه‌ و بێخه‌مه‌ له‌و ڕووه‌وه‌، کار ده‌کاته‌ سه‌ر مرۆڤ (کاکه‌وه‌یس). مامۆستا جه‌لیل کاکه‌وه‌یس، هه‌موو چه‌ند مانگێکه‌، له‌ ته‌مه‌نی 63 ساڵیدا وه‌ک مامۆستا خانه‌نشین کراوه‌، ئیدی که‌ی هینی ئه‌وه‌یه‌ پێی بگوترێ:”به‌و ته‌مه‌نه‌وه‌ هێشتا….”، خۆ ده‌یان خه‌ڵکی 75-80 ساڵان و هه‌ورازتریش ئه‌مڕۆ فه‌رمانڕه‌وای وەڵاته‌که‌ی مامۆستا کاکه‌وه‌یسن و بڕیار به‌سه‌ر ژیانی میلیۆنان کاکه‌وه‌یسدا ده‌ده‌ن و که‌سیش پێیان ناڵێ پیر!

سێ:
پێم وایە هەموو بینەر و بیسەر و خوێنەرێکی کورد، کە پتر بە هۆی میدیای بینراو و بیستراو و تۆڕەکۆمەڵاتییەکانەوە ئاگاداری هەواڵ و ڕووداو و چالاکی و ناچالاکی و بوارەکانی دیکەی ڕەوتی ژیان دەبن لە کوردستان و دەرێی کوردستان، لەم جۆرە دیمەن و گوتارانە گەلێ جار دەبێنن و دەژنەفن و دەخوێننەوە: خێزانێک یا چەند خێزانێک بەهۆی ڕووداوێکی هاتوچوونی ئۆتۆمبیلەوە ئیدی پێکدادان بێت یا وەرگەڕان یا بەهۆی شەڕی نێوان دوو ماڵەوە یا دوو تیرەوە یا بەهۆی لافاو یا ئاگرکەوتنەوەوە یا بەربوونەوە لە باڵاخانە و تەلار و هەورازێک یا بەهۆی تەقە و بۆمب و مینەوە یا بەهۆی هەڵاتنەوە بۆ هەندەران و لە ئاوی زەریادا خنکان یا هەر ڕووداوێکی دیکەی لەو جۆرانە بێت، کەسێک یا چەند کەسێکیان تێدا دەچن، دەبینیت میدیاکاران وەک داڵ لەو ماڵانەی یا لەو کەسانەی کچیان، کوڕیان، باوکیان، دایکیان، خوشکیان، برایان، ژنیان، مێردیان، منداڵیان، کەسێکیان یا چەند کەسێکیان تێدا چوونە و گیانیان لەدەست داوە یا زیانی گەورە بە لەش و ماڵیان کەوتووە، لەبەردەم ماڵەکەدا، لەنێو ماڵەکەدا، لە گۆڕستان و لە کاتی ناشتنی خۆشەویستەکانیاندا، کاتێک گەرمەشین و شەپۆڕ و واوەیلایانە و لە سنگ و ڕوومەتی خۆیان دەدەن، ڕێک لەو کاتەدا میدیاکاران بە خۆ و کامیرا و مایکێکەوە گەرماوگەرم خڕ دەبنەوە و دەچنە بەردەم کەسی کۆسکەوتوو و لێقەوماو و نوقمبووی خەم و گریان و وەڕس لە گیانی خۆ و دەست بە پرسیار دەکەن لێی لەمەڕ ئەوەی چ هەستێکی هەیە کە کەسەکەی بەو جۆرە گیانی لەدەست داوە و دەیەوێت چی بڵێت و ئیدی لەو جۆرە پرسیارە ناپەسەند و نابەجێیانە، بێ ڕەچاوکردنی ڕەوشی پەشێوی ئەو مرۆڤە و بێ بیرکردنەوە لە باری ئاڵۆزی دەروونی ئەو! وەها کارێکی میدیاکار دەیکات نازانم بۆ خۆی دەیخاتە چ خانەیەکەوە، بەڵام ئەوە دەزانم کە دوورە لە هەموو بنەمایەکی ئەخلاقی و ئەتیکێتی کاری میدیایی.
چوار:
مامۆستایەکی شاعیر لە دیدارێکی تەلەڤزیۆنیدا باس لە گوندێکی گەرمیان دەکات، کە داربەڕوویەکی تێدا شین بووە، ڕێک بەم جۆرە دەیگێڕێتەوە:”لە گوندی ناساڵح لە پشت کفری، گوندێک هەیە پێی دەڵێن ناساڵح، لە پشت کفری بەڵێ، داربەڕوویەک هەبوو، هاوڕێکانم لەبواری میندا کاریان دەکرد، پێیان سەیر بوو لە دیالە لەو شوێنە عەرەب نشینە، لەم شوێنە داربەڕوو چی دەکات، دوای ئەوەی بۆ پاککردنەوەی لوغمەکان هەڵیان کۆڵی، بینییان خێزانێکی کوردە ئەنفال کراون، یەکێک لەو منداڵانە کە شەرواڵێکی مۆری لەبەر بووە، لەناو گیرفانەکەی بەڕوو هەبووە، دوای ئەوەی لە چاڵیان ناون ناشتوویانن، ئەو بەڕووەی گیرفانی ئەو منداڵە شەرواڵ مۆرە 11 ساڵییە، وردە وردە گەورە دەبێت و دەبێتە داربەڕوو..”. تا ئێرە فەرموودەی ئەو مامۆستایەیە. بەڵام با بڕێک وردبینەوە لەو قسانە بزانین چەندی ڕاستە و چی لێ هەڵدەکڕێنین:

  1. گوندی ناساڵح لەنێوان سەرقەڵا و کفریدایە و سەربە شارۆکەی کفرییە. کفری، شارۆکەیەکی کۆنی مێژووییە و هەمیشە سەربە ئوستانی کەرکووک بووە، لێ پاش لەتوپەتکردنی کەرکووک لە ساڵی 1975دا، کفری لە کەرکووک دابڕێنرا و لە 6 نۆڤەمبەری 1975دا بە کردەیی بە ئوستانی دیالەوە لکێنرا، بەڵام فەرمانی کۆماریی ئەو گۆڕینە بە شێوەیەکی ڕەسمی بە ژمارە 41 لە ڕۆژنامەی وەقائیعی عیراقی(الوقائع العراقیة)ی ژمارە 2513، لە 8ی فێریوەری 1976دا بڵاوکرایەوە و بڕیار درا:

  • ئوستانێک بە ناوی ئوستانی سەلاحەددین دامەزێنرێت و نێوەندەکەی شاری تکریت بێت.
  • شارۆکەی خورماتوو بخرێتە سەر ئوستانی سەلاحەددین.
  • شارۆکەی کفری و تەواوی شارەدییەکانی بخرێنە سەر ئوستانی دیالە .

  1. بەوەی کە گوندی ناساڵح ئێستا سەر بە ئوستانی دیالەیە، نە عەرەبنشینە و نە هەرگیزیش عەرەبنشین بووە و ئوستانی دیالەیش ئەگەر کاکی شاعیر بڕێک شارەزای جیۆگرافیا و مێژوو بووایە دەیزانی ئەگەر تەواوی ئوستانی دیالە بکەیت بە دوو لەتەوە لەتێکی خاکی کوردستانە و کوردنشینە، خانەقی، جەلەولا، قزڕەوات، مەنەلی، شارەبان و… وەک نموونە. ئێستا ئیدی بە تۆبزی کفریشی بە قەرەتەپە و جەبارە و سەرقەڵاوە خراوەنەتە سەر. باسکردنی ناساڵح و کفری و قەرەتەپە و سەرقەڵا وەک دیالە و باسکردنی خورماتوو وەک سەلاحەددین (تکریت) و باسکردنی مەخموور وەک مووسڵ (نینوی) لەلایەن هەر تاکێکی کوردەوە لە هەر پلە و پایە و چین و ئاست و بیرکردنەوە و بەرگێکدا بێت، چاوپۆشینە لە واقیعیکی سەپێنراو و دداننانە بە قانوونێکی نادروست و ناڕەوا کە لە پەنا و سایەیدا گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان و عەرەباندن پیادە دەکرێت! کورد دەبوو بۆ خۆی، بە تایبەت فەرهەنگییانی، هەرگیز تووتی ئاسا، جۆر و شێوازی ناوهێنانی دەڤەرەکانی کوردستانی وەک دەسەڵاتدارانی بەغدای بەکار نەبردایە و دەستەواژەکانی ئەوانی لە میدیادا نەگوتبایەوە کە ئەوە “أضعف الإیمان”ەکەیە!
  2. هەرگیز خەڵکی ئەنفالکراو نەگوێزراونەوە بۆ ناساڵح و کفری و هەرگیز لەوێ نەنێژراون و تاکە یەک گۆڕی ئەنفالکراوێک لەو دەڤەرەدا نییە. ئەوانەی ئەنفالکراون براون بۆ تۆپزاوای لای کەرکووک و لەوێیشەوە بۆ بێاوانەکانی نۆگرەسەلمان و سەماوە.
  3. وەک چۆن دارخورما لە هەورامان یا چیای گارە ناڕوێت، داربەڕوویش هەرگیز لەو دەشتی گەرمێنەدا نەڕوواوە، نازانم ئەگەر ئێستا بە هۆی تەکنۆلۆگیا و ئامرازی نوێوە وەها کارێک ببێتە ڕاستییەک! ئەو هاوڕێیانەی مینهەڵگر، ڕەنگە خەڵکە ئەفەندییەکان بووبێتن، ئەوانەی لەسەر ئەسکەمیل دادەنیشن و لە پشتی مێزەوەن، دەنا کارگەرەکان کە خەڵکە گیانفیداکارەکانن و ئەوانن تووشی زیان دەبن و لاقیان، قۆڵیان و دەستەکانیان دەپەڕێت، چاوانیان لە دەست دەدەن و ژیانیان لەدەست دەدەن، ئەوان دەزانن داربەڕوو لە گەرمیان نابێت و ئەنفالکراویش نەگواستراونەوە بۆ ناساڵح!
  4. گوندی ناساڵح سنوور نییە ، ئەگەر جارجار جەنگی تێدا بووبێت ناکاتە ئەوەی مەیدانی جەنگ بووبێت، ئیدی ئەم مین و مینهەڵگرتنەوە و مینناسی و مینبازی و مینیزم و مینیست و مینهەڵگرانە تەنێ خەیاڵێکی مۆری، وەک شەرواڵی کوڕە 11 ساڵەییە شەرواڵ لەپێیە خەیاڵییەکەی نێو گۆڕە خەیاڵییەکە و ناوکە خورما خەیاڵییەکەی نێو گیرفانی و داربەڕووە خەیاڵییەکەی شاعیرێکە دوای ڕامانێکی قووڵ و داچۆڕانێک بە نێو خۆدا. پێناسەکردنی ناساڵح وەک دەڤەرێکی عەرەبنشین و ئەو خەیاڵە مۆرەی شاعیرەکە، وەنەبێ تەنێ لە سنووری زمانی کوردیدا باس کرابێت و مابێتەوە، بەڵکە کراوە بە زمانی فارسییش و لە ئینستاگرام(Instagam)یشدا بڵاو کراوەتەوە. . ماوەیەک دوای دیتنی ئەو دوو ڤیدیۆیەی مامۆستای شاعیر، ڤیدیۆیەکی دیکەیم دیت لەوێدا پێمان دەڵێت، ئەوەی لەمەڕ داربەڕوو و منداڵە شەرواڵ مۆرەکە و ناساڵحەوە گوتوویەتی تەنێ خەیاڵە و خەیاڵێکی شاعیرانە و هیچی تر ! ئەوەی بۆ من سەیرە ئەو هەر جەخت لە عەرەبنشینیی ناساڵح و عەرەبایەتی ئەو دەڤەرە دەکاتەوە، کە ئەوە دەکاتە شەوارە پێ کردنی لاوانی کورد و ناشارەزایانی جیۆگرافیای کوردستان و ئەوانەیشی بە زمانی فارسی دەپەیڤن، چون بۆ ئەوانیش ئەو داهێنانە مەزنەی مامۆستای شاعیر کراوەتە فارسی!
    پێنج:
    لە تەواوی میدیای باشووری کوردستاندا و لەلایەن ئەوانەی دەنووسن و قسە دەکەن و دەبیسرێن، بە خەڵکە بەرپرس و سیاسەتکار و فەرهەنگییان و خەڵکە گشتییەکەیشەوە، وشەی “هەرێم” جێی بە وشەی کوردستان یا باشووری کوردستان لەق کردووە و بووە بە جێگرەوەی ئەو دوو وشە و دەستەواژەیە. کە دەگوترێت هەرێم یا تەنانەت هەرێمی کوردستانیش، دەکاتە ئەوەی تەواوی ئوستانی کەرکووک و نیوەی ئوستانی دیالە و نیوەی ئوستانی نەینەوا(مووسڵ) دەسڕدرێنەوە. ئەم وشەی هەرێمە ڕیک وەک “ناوچەی ئۆتۆنۆمی/منطقة الحکم الذاتي”یەکەی عیراقی سەردەمی بەعسە و لە واقیعیشدا هەر ئەوەیە کە بەعس بە کوردی ڕەوا دەبینی. وشەی هەرێم بە قرتاندنی وشەی کوردستانەکەی، لەسەر زمانی دەسەڵاتدارانی بەغدا و عەرەب و بڕێک خەڵکی ناکوردەوە گەلێک شیرینە و هەردەم دەگوترێتەوە و دەنووسرێت و بەکاردەبرێت و دەدرێت بە گوێی کورددا تا گەیشتووەتە ڕادەیەک سیاسەتکارانی کورد و میدیای کوردی و کوردستانی، وەک تووتی لاسایی “هەرێم لەزارخۆشەکان” دەکەنەوە و ڕۆژانە بێ وشەی کوردستان هەزار پاتەی دەکەنەوە. خەڵکە ئاساییەکەی کوردستانیش بەگوێرەی تیۆری خەڵک (مرۆڤەکان) لەسەر ئایینی پادشاکانیانن “الناس علی دین ملوکهم” هەر ئەوەی میدیاکان و حیزبەکان و سەردارانیان دەیڵێنەوە، ئەوانیش ڕێک بەو جۆرە بەو ئاوازە دەخوێنن. دەسەڵاتی بەغدا و ناکوردان کە دەڵێن هەرێم، واتە: “کوردینە ئێوە تەنێ ئەو سێ قوتە شارە: دهۆک، هەولێر و سلێمانی هینی ئێوەیە و بۆتان هەیە پێی بڵێن هەرێمی کوردستان و لەوە بەولاوە یەک دانە سەنتیمیتر خاکتان نییە و نابێت باسی بکەن”. ئەوان کە دەیشڵێن هەرێم، واتە: “ئێوە وەک هەرێم بەشێکن لە عیراق و هیچی تر و ئەگەر لە باشترین حاڵدا بیر لە جیابوونەوەیش بکەن لە عیراق، ئەوە تەنێ سێ قوتە شارەکانتان هەن و هیچ دی”. تەواوی ئەو دیدەی بەغدا لە میدیای کوردیدا برەوێ پێ دەدرێت و مێشکی خەڵکی پێ دەشۆردێتەوە.
    شەش:
    دەستەواژەگەلێکی بێفەڕ و دزێو و ناحەزی وەک: ناوچە جێناکۆکەکان، ناوچەکانی 140، ناوچە دابڕاوەکان، ناوچە دابڕێنراوەکان، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، لە میدیای کوردی و لە لایەن سیاسەتکارانی کورد و خەڵکی کوردەوە هەمیشە دەگوترێنەوە. ڕاستە هێز بڕیاری توانستی داگیرکردن و ڕزگارکردن و دەسەڵات گرتنە دەست و گێڕانەوەی خاکی زەوتکراو و ماڵ و سامانی دزراو و مافی خوراو دەدات، بەڵام مێژوو ئەوەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە ئەو دەڤەرانەی میدیای کوردی و حیزب و دەسەڵاتەکەی کوردستان، بە 140 و جێناکۆک ناوی دەبەن، بێجگە لە کوردستان و خاکی کوردستان شتێکی دیکە نین!. ئەوەی میدیای کوردی و دەسەڵاتی کوردستان کە بە مادەی 140 ناوی دەبەن، تەواوی ئەم دەڤەرانەی باشووری کوردستان دەگرنەوە:

  • ئوستانی کەرکووک: تەواوی شاری کەرکووک و سەرجەم قەزا و ناحیەکانی دەگرێتەوە.
  • ئوستانی نەینەوا: قەزاکانی شنگال، حەمدانیە، شێخان، مەخموور، زوممار، تلکێف و ناحیەکانی بەعشیقە، قەحتانیە و رەبیعە دەگرێتەوە.
  • ئوستانی دیالە: قەزای خانەقین و ناحیەکانی: جەلەولا، قزڕەوات(سەعدیە)، مەیدان، قۆرەتوو، قەزای شارەبان و ناحیەکانی، قەزای بەلەدروز و ناحیەی مەندەلی و قەرەتەپە و کفری دەگرێتەوە.
  • ئوستانی سەڵاحەددین(تکریت): خورماتوو، ئامرلی، سلێمان بەگ ، کە سەربە کەرکووک بوون و ئێستا سەر بە سەلاحەددینن دەگرێتەوە.
  • ئوستانی واسیت(کووت): زرواتییە و قەزای بەدرە و ناحیەی جەسسان دەگرێتەوە.
  • لە هەرێمی کوردستانیش: چەمچەماڵ، ئاکرێ، فایدە، کفری و کەلار دەگرێتەوە.
    ئەوان، میدیای کوردی و دەسەڵاتی کوردستان، وەک بنێشتەخۆشە وشە و دەستەواژە بێفەڕەکانی جێناکۆک و 140 دەجوونەوە و بەکاری دەهێنن و دەیڵێنەوە، لە کاتێکدا کورد دەبوو لەبری ئەو دەستەواژانە ڕێک و ڕەوان بیگوتبا: ناوچە داگیرکراوەکان، لێ کورد نەیوێراوە و نایشوێرێت جاڕی داگیرکراویی ئەو بەشەی کوردستان بدات، کە لە هەرێمە قوتەکە زیاتر و بەرینترە. نزیکەی سەد ساڵە و بە تایبەتیش شەست ساڵێکە عەرەب دادەبارێنرێن و دادەبارنە کەرکووکەوە و کوردی خاوەنماڵ دەردەکرێن و عەرەب دەبنە خاوەنماڵ، ئێستایشی لەگەڵدا بێت، کورد ناتوانێت بێژێت ئەو عەرەبانەی هێنراونە و هاتوونەتە کەرکووک داگیرکەرن. کورد، بە میدیا و بە سیاسەتکارییەوە بە گوتنەوەی جێناکۆک و 140 کوردستانیبوونی تەواوی ئەو دەڤەرانە، کە لە 16ی ئوکتۆبەری 2017 بە دواوە ڕادەستی عیراق کران و ئەوانەیشی پێشتر عیراق دەستی بەسەردا گرتبوون و بەدرێژایی مێژوو کوردستان بوونە و کورد بە خاکی خۆی زانیوە، دەخاتە گومانەوە، چون مرۆڤ، ئەگەر نانیشتمانی و هێڕ و گەمژە نەبێت بە ماڵی خۆی ناڵێت جێناکۆک و ڕاپرسیی لەسەر کوردستانیبوونی خاکی خۆی ناکات! میدیای کورد، یادگەی مرۆڤی کورد، بە تایبەت نەوەیەک کە دوای 2003 پەیدا بوون، گێژ و بەنگ دەکات و دەسڕێتەوە. بەو هەموو ماڵوێرانییەی گەلی فلستین لە 1948ەوە بە دەست ئیسرائیلەوە تووشی هاتوون، تا هەنووکەیش فلستینییەک نییە بە فلستین نەڵێت: خاکی داگیرکراو یا فلستینی داگیرکراو “الأراضي المحتلة /فلسطین المحتلة”و بە ئیسرائیلیش نەڵێت: داگیرکەر”إسرائیل المحتلة/الکیان المحتل” یا دەوڵەتی عیبری”الدولة العبریة”! ئەو دەستەواژە دزێوانەی 140 و..لە پاش ڕووخانی ڕێژیمی بەعس و سەددام حوسەینەوە لە 2003دا هاتە گۆڕێ، لێ هەر لە 1991ەوە کە ئیدی دەڤەری نەفڕین ساز کرا، کورد تەنێ لەو دەڤەرەدا چەقی و ئیدی چ بە کردەوە و بە بیرکردنەوە نەیتوانی لەو بازنەی نەفڕینەکە بێتە دەرێ. ئەو دید و بەرخوردانە لە میدیای کوردیدا هەمیشە زەق دەکرێنەوە و مێشکی مرۆڤی کوردی پێ کول و نائاگا و کەم وزە دەکەن. هەر ئەوەی میدیای کوردی لەگەڵ کەرکووک و مووسڵ و دیالە و سەلاحەددین و واستدا دەیکات لەوە خراپتر لەهەمبەر کوردانی دەرێی باشووری کوردستان (کوردانی فەیلی) دانیشتووانی بەغدادا دەکات. جاران لە عیراقدا ئەگەر بتگوتبا کام شار لە عیراقدا گەورەترین شاری کوردانە یا کوردنشینە، دەگوترا شاری بەغدا. شاری بەغدا نشیمەنی کوردانی فەیلی بوو و یەک میلیۆن و پتر کوردی تێدا دەژیان. کوردانی فەیلی هەمیشە بڕبڕەی پشتی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان بوون چ لە ڕووی هێزی مرۆیی و چ لە ڕووی ئابوورییەوە. ئەوان لە سەنگەری پێشەوەی خەبات و بەرخوداندا بوون. ئەوان گەورەترین و ڕێکوپێکترین و دڵسۆزترین و بوێرترین و ئازاترین و ڕاستگۆترین کورد بوون کە لەنێو داگیرکەرانی خاکی کوردستاندا دەژیان و ئامادەیی تەواویان بۆ هەموو چالاکییەک و شێوازەکانی خەبات هەبوو. ئەو کوردەیلە کە چەندین سەدە بوو نیشتەجێی بەغدا بوون و تێیدا ژیابوون، بە بیانووی ئێرانیەتییەوە وەک بنەچە، ڕێژیمی بەعس دەستی بەسەر تەواوی سامان و ماڵ و هەموو شتێکیاندا گرت و بە پێ خاوسێ وەدەریانی نا بۆ ئێران و پتر لە سی هەزار لە کوڕە گەنجەکانیانی خستنە زیندانەوە و دواتر یەک دانەیشیان لێیان نەهێشتەوە و هەموویانی لەبەین برد. وەها نەهامەتی و کارەسات و قڕان و بنبڕکردن و ستەمێک، لە میدیای کوردیدا چ گرنگییەکی پێ دراوە؟ کەی باس کراوە؟ کەی بەدواداچوونێ بۆ بزربووان و بۆ کێشەکانیان کراوە؟ ئێستایش لە هەرێمە قوتەی لەمەڕ خۆمان، کوردانی فەیلی نەک وەک خاوەن ماڵ، وەک میوانیش ناژمێردرێن و خەڵکی کوردی سی قوتە شار، هێندەی شارەزاییان لە ئیستەنبوول و دوبەی و عەممان و بەسرە و شام و تاران و لبنان و خەڵکی ئەو دەڤارانەدا هەیە، لە سایەی میدیای کوردی و شێوازی بەرخوردی، یەک لە سەدی ئەوە شارەزایی و زانیارییان، لەمەڕ کوردانی فەیلییەوە نییە!
    حەفت:
    نووسین و گوتنەوە و دەربڕینی ناوی هەندێک شوێن و دەڤەری کوردستان بە جۆرێکی نادروست لە میدیای کوردیدا دەبنە هۆی سڕینەوەی مێژوو و پەخش کردنەوەی هەڵە. “خورماتوو” و “دووبز” و ” ڕانیە ” و ” کەڵەکی یاسین ئاغا، کەڵەک یا ئەسکی کەڵەک ” و “جەلەولا” و “کلکەی کۆزەکوڵ یا کۆزەکوڵ”ی کوردستان دەکرێن بە “دووز” و “دبس” و “ڕاپەڕین” و “خەبات” و “گوڵاڵە” و “ڕزگاری” و…هەموو ئەوانە وەک گۆڕینی “کەرکووک”بوو بۆ “تأمیم” لە سەردەمی بەعسدا، وەها کارێک هۆکارە بۆ کاڵکردنەوە و لەبیرچوونەوەی مێژوو! لە میدیای کوردیدا فرە جار کە باسی دێیەک یا چەند دێیەک دەکەن لە دەوروبەری کەرکووک یا مەنەلی و خانەقی و.. دەڵێن دانیشتووانەکەی کوردن یا چوار دێی کوردنشینن لای خورماتوو، وەک بڵێی لە خاکێکی عەرەبستان، تورکستان، ڕووسستان، هیندوستان و…چوار دێی کوردنشین هەن. ئەم ئاواییانەی خانەقی، مەنەلی، کەرکووک ئەگەر کوردنشینیش نەبن و ئەگەر تەواوی ئەو خاکە عەرەبنشینیش بێت خاکەکەی لە ڕووی مێژووییەوە کوردستانە و تەواوی یا زۆرینەی خەڵکەکەی کوردن، میدیای کوردی و حیزب و دەسەڵات و مرۆڤی کورد هەرگیز بیر لەوە ناکەنەوە کە بە هەڵە بەکاربردنی وشە و دەستەواژە و چەمک لە زمانی میدیادا، جێی خۆی دەگرێت و دەبێتە هۆکاری چاندنی تۆوی ناڕوونی و وەبەرهێنانی مرۆڤی چەواشەکراو و ناڕوون.
    هەشت:
    لە دەسپێکی ناساندنی عیراق لە لایەن بریتانیاوە وەک دەوڵەت لە 1921دا، چەندین جار بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیایی، گۆڕین لە کارگێڕی و خاکی باشووری کوردستاندا کراوە. تەواوی ئەو گۆڕینانە حوکوومەتی عیراق بۆ دەستکاریکردن و بچووککردنەوەی باشووری کوردستان، بەتایبەت لەو ناوچە و دەڤەرانەی کەمینەیەکی ناکورد(تورکمان، مەسیحی، تاکوتەرا عەرەب)ی تێدان. ئەو دەڤەرانەی وەها گۆڕینێکیان تێدا کراوە، ئوستانگەلی کرکووک، مووسڵ و دیالەن. مووسڵ، لە 27ی ئایاری 1969دا قەزای دهۆکی لێ دابڕێنرا و کرا بە ئوستان بە بیانووی ئەوەی دهۆک شارۆکەیەکی کوردە، لە کاتێکدا ئێستایشی لەگەڵ بێت بەشە زۆرە کوردەکەی ئوستانی مووسڵ هێشتا بە قەزا و ناحیە و گوندەوە سەر بە ئوستانی مووسڵە و مووسڵیش وەک مێژوو بە گوتەی مامۆستا جەرجیس فەتحوڵڵا”هەرگیز شارێکی عەرەبی نەبووە”. کەرکووکیش چەندین جار گۆڕانی گەلێک کاریگەری تێدا کراوە بە دژی کوردستانیبوون و کوردیبوونی شارەکە. بە فەرمانێکی کۆماریی ژمارە 137 لە 28ی فێبریوەری 1970دا، گوندی کەلاری سەر بە ناحیەی شێروانەی سەربە قەزای کفری و ئوستانی کەرکووک، کرا بە قەزا. بەڵام ئەم قەزای کەلارە لەگەڵ قەزای چەمچەماڵی سەر بە ئوستانی کەرکووک بە فەرمانی کۆماریی ژمارە 608 لە 6ی نۆڤەمبەری 1975دا بە خۆیان و ناحیەکانیانەوە لە ئوستانی کەرکووک دابڕێنران و بە ئوستانی سلێمانییەوە لکێنران. هەردوو قەزای کفری و قەزای خورماتوو، لە ئوستانی کەرکووک دابڕێنران و یەکەمیان بە دیالەوە لکێنرا و دووەمیان بە سەلاحەددین(تکریت)ەوە. تەواوی ئەوانە بۆ تێکدانی نەخشەی کوردستان و عەرەباندنی باشووری کوردستان کراون. بەشێکیان بە ئاگاداری کوردیش کراوە و بەشێکی دیکەیان بە تۆبزی. کورد، نە ئەو دەمەی ئەو کارانە کراون و نە ئێستایش نووزەی لێوە نەهاتووە و نایەت. سەرباری هەموو گاڵتەجاڕییەک، ساڵانە کورد، شایی و دەهۆڵکوتان و زوڕنالێدان و شایلۆغان دەکات بە بۆنەی بە قەزابوونی کەلار و بە ئوستانبوونی دهۆک و پیرۆزبایی لەیەکدی دەکەن. تەواوی ئەو شایی و دەهۆڵکوتان و زوڕنالێدان و شایلۆغان و بەزمە بە هۆی میدیاوە گەرم دەکرێت و زەوینەی بۆ خۆش دەکرێت و ئامادەکاریی و تەدارەکی بۆ ڕێک دەخرێت و دنیایەک پارەوپووڵی بۆ خەرج دەکرێت. بێ ئەوەی میدیا باسی ئەوە بکات، وەها گٶڕانێک کە کراوە، بۆ لەتوپەتکردنی کەرکووک و مووسڵ بووە و بۆ تاساندنی کەرکووک بووە و بۆ سڕینەوەی کوردستانیبوونی کەرکووک بووە، کە نەدەبوو و نابێت جەژن و شایی لەو ڕۆژەدا بکرێت. ئەوەی میدیا دەیکات کارێکی ناپەسەندە و لەبیربردنەوەی مێژووە و گەوجاندنی جەماوەری کوردی ئەم سەردەمەیە. لەبری شایی، میدیای کوردی دەبوو کەرکووک و مووسڵ و خورماتوو و خانەقی و جەلەولا و شارەبان و مەنەلی و بەدرە و جەسسان و زرواتییە، لە هزری مرۆڤی کورددا بچێنێت و زیندوو بکاتەوە و بچەسپێنێت و بچەقێنێت و هەمیشە بیانخاتە بەرباس.
    نۆ:
    میدیای کوردی ئەگەر کەمۆکەیەک جیاوازییان لەگەڵ یەکدیدا هەبێت بە گشتی لە زۆربەی هێڵە گشتییەکانیاندا یەک دەگرنەوە و هاوبەشییان پترە لە جیاوازییەکانیان. دوو هەژموونی زاڵ ئاراستە و ڕەنگڕێژی دەکەن، هەژموونی حیزب و دەسەڵات و هەژموونی سەرمایەداری و بازاڕ لە شێوە نیولیبرالیزمەکەدا، کە هەردوویان تەواوکەری یەکدین و کار لەسەر ورووژاندن و خڕکردنەوەی خوێنەر و بینەر و بیسەر و گۆڕێنی مێشکی مرۆڤی کورد دەکەن بە ئاراستەی خۆشەویستکردنی حیزب و کەرتی تایبەت و سەرمایەداری و نیولیبرالیزمێکی سەقەت و شێوێنراو، چون باشووری کوردستان بە دەسەڵات و سیاسەت و سیاسەتکار و حیزب و بەشێک لە جڤاکەکەیشییەوە لە ڕووی دید و ئاسۆی بیرکردنەوەدا هێشتا لە قۆناخی دیوەخان و تەکیە و هۆز و خێڵ و کوێخا و عەشیرەتبازیدان. جڤاکی کوردستان هێشتا سەر بە فەرهەنگی فیۆدالی و خێڵەکییە کەچی خۆی بەستووەتەوە بە سەرمایەدارییەوە، کە دەبوو لە کوردستان ناوی (خێڵمایەداری) لێ نرابا و باس لە دیموکراتی دەکات، کە دەبوو لە کوردستان ناوی (ماڵباتوکراتی) لێ نرابا. دیموکراتی بۆ جڤاک و خەڵک و وەڵاتێک پیادە دەکرێت و دەگونجێت و دەچەسپێت، هیچ جیاوازییەک لەنێوان تاکێک و تاکێکی تردا و هاووڵاتییەک و هاووڵاتییەکی دیکەدا نەبێت و مرۆڤ وەک خۆی پێناسە بکرێت و بەرخوردی لەگەڵدا بکرێت، نەک وەک بنەچە و ماڵبات و هۆز و.. لە باشووری کوردستان هەر 1991 بە دواوە کە ئیدی حیزبگەلی چیا بوون بە دەسەڵاتی شار، یەکێک لە کارە هەرەپێشەنەکانیان زیندووکردنەوەی دیوەخان و هۆز و خێڵ و عێل و عەشیرەت و تیرە و تایفە و بەرەباب و ماڵبات بوو. دیوەخانانەیان بۆ ڕیشچەرموو و دەمڕاست و کوێخا و سەرانیان بڕییەوە و بەردەوام پێشوازییان لێ دەکردن و گرنگییەکی لە قەبارەی خۆیان زیتریان پێ دەدان. یەکێک لە سەرانی ئەو زلحیزبانەی کوردستان کە هەموو ژیانی، خۆی وەک خوێندەوار و چەپ و..داوەتە ناسین و خەڵکی کوردیش هەر بەو چاوە لێیان نۆڕیوە، تەنیا لە ماوەی27 ڕۆژدا لەنێوان 19/08/2024 – 12/11/2024، بە ناوی پێشوازیی لە خزمانی فڵان و فیسار، هۆز و خێڵگەلی: جاف، گه‌رگه‌ری، سوورچی، میراوده‌لی، مه‌نگوڕ، غه‌واره‌، گۆران، هه‌رکی، ته‌رخانی، نه‌ورۆڵی، گه‌ڵاڵی و..نوێنه‌ری ئایینه‌کانی: ئێزدی، کاکه‌یی، شه‌به‌ک، کلدان، ئاشووری، سریان، سوننه‌ی عه‌ره‌ب، شیعه‌ی عه‌ره‌ب و..نوێنه‌ری تورکمان و..نوێنه‌ری هۆز و خێڵی عه‌ره‌ب و کەسایەتی فڵانە دەڤەر و هەموو ئەوانەی بینیوە و لەگەڵیان جڤیوە و دنیای بۆ کردوونەتە ماستی مەیو و بەهاری بۆ هێناونەتە چۆکان و بەڵێنی ڕەنگاڵەی پێ داون . ئەم هۆزگەرایی و خێڵبازییە میدیای کوردی وەک نموونەیش کوردستانی نوێ گرنگییەکی یەکجار زۆری پێ دەدات و زەقی دەکاتەوە. سەرباری ئەوە ساڵانە فیستیڤاڵی خێڵ و هۆز دەکرێت و بە هەزاران خەڵک خڕ دەبنەوە و دەبێت بە شایلۆغان و پڕڕەنگردنەوە و دەمەزەردکردنەوەی هەستی هۆزگەرایی و خۆنواندن و شانازیکردن بە خێڵ و عێل و بنەماڵەوە. هۆز و عەشیرەت لەم ڕۆژگارەدا هەر بەوەوە ناوەستن کە میدیای ئەم و ئەو باسیان بکات و چالاکییە خێلەکییەکانیان پێشان بدا، ئیدی لە شاییدا بێت یا شین، بەڵکە بۆخۆیشیان کەناڵی تیڤی و بنکەی میدیایی و وتەبێژ و بارەگا و تەنانەت هێزی چەکداریشیان هەن. تەواوی ئەو گرنگیدانە بەو دیاردەی زەقکردنەوەی هۆز و خێڵگەراییە زەوینەخۆشکردنە بۆ سەرلێشێوان و بزربوون و هاندانە بۆ هەڵاتن لە بوون بە نەتەوە و نەتەوەسازی و نزیکبوونەوە لە شارستانیەتی، کە میدیای کوردی نۆرەیەکی گەلێ خراپ لەو پرسەدا دەلیزێت.
    بەشی هەرە زۆری میدیای کوردی کار بۆ حیزب و بەرژەوەندییەکانی حیزب دەکەن و لەنێو بازنەی حیزبدا دەجووڵێنەوە و وەک زمانی حیزب دەپەیڤن و دەهزرێن و حیزب دەیانژێنێت. لە زۆر کاتیشدا میدیا دەبێتە ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانی گوتاری دەسەڵات(حیزب) و بیرۆکەی تایبەت بە سیستمی سیاسی و لە قاڵبدانی ڕاستییەکان بە شێوەیەکی تایبەت لە جوارچێوەیەکی دیاریکراودا. حیزبی ئەم سەردەمەی کوردستانیش بوونەتە بەشێک لە سیستم و دەسگەی سەرمایەداری. سیاسەت بوارێکی سەرەکییە لە باسوخواسەکانیاندا و سیاسەتیش لە میدیای کوردیدا سیاسەتی حیزبە و پڕانیی میدیای کوردستانیش میدیایەکی حیزبییە بە هەردوو دیوەکەیدا، حیزبی دەسەڵات و حیزبی دەرێی دەسەڵات و حیزبگەلێک پێیەکیان لە دەسەڵاتدایە و پێیەکەی دیکەیشیان لە دەرێی دەسەڵاتە. حیزبگەلی دەڕێی دەسەڵات و ئەوانی دیکەی “نێو جۆگە..”یش هەرگیز نەیانتوانیوە خاوەنی خۆیان بن و لە دەسەڵات دابڕێن، بە سەدان داو بە دەسەڵاتەوە گرێ دراون! گەلێک خویایە میدیا یەکێکە لە گرنگترین دامەزراوە جڤاکییەکان، کە نۆرەیەکی سەرەکی هەیە لە سازکردنی بیروڕا و ئاراستەکردنی گوتوبێژ و گوتاری گشتیدا. بەڵام کاتێک زۆرینەی دامەزراوە میدیاییەکان پێوەندی ڕاستەوخۆیان بە حیزبە سیاسییەکانەوە هەیە، ئیدی سەربەخۆیی میدیا سنووردار دەبێت و دەبێتە هۆی ئاراستەکردنی هەواڵ بۆ بەرژەوەندی سیاسی (حیزب). ئامانجی میدیا تەنیا گواستنەوەی هەواڵ نییە، بەڵکە دروستکردنی بیرۆکە و چوارچێوەی تێگەیشتنە، چاودێری دەسەڵاتە، دژ بە گەندەڵی بوونە، ڕوونکردنەوە و هۆشیارکردنەوە و بەرزکردنەوەی ئاگایی کۆمەڵە لە ڕووی سیاسی و جڤاکییەوە، بەڵام کە سەربەخۆیش نەبێت دەبێتە ئامرازێک بۆ پرۆپاگەندەی سیاسی. گەلێ جار باس لە میدیای حوکوومەتی یا سەربەخۆ دەکرێت، لێ میدیای حوکوومەتیش هەر حیزب ئاراستەی دەکات و ئەوەیشی ناوی سەربەخۆی لە خۆ ناوە، بۆ خۆی وەها بانگەشەیەک دەکات دەنا ئەویش هەم لەم بەرە و هەم لەو بەر، “..نێو جۆگەئاسا” لە گەلێ لا دەخوات. چون سیستمی سیاسی لە هەرێم زۆرجار دووجەمسەرییە(پارتی، یەکیەتی)، ئەمە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر میدیا هەیە و میدیا دەبێتە بەشێک لە ملمڵانێی سیاسی، بەوەیش سەربەخۆیی لەدەست دەدات و تاڕادەیەک میدیای نیشتیمانیی بێلایەن کەمتر وەدی دەکرێت. سیاسەت و باسی سیاسەت، لە 1991ەوە لە تەواوی میدیای کوردیدا، هیچ کاتێک لەسەر بناخە و بنەمای هزر نەکراوە و ناکرێت. هێڵی هاوبەشی هەموویان گلەیی و گازندەیە و دزێوکردنی یەکدی و مێژوو و فەرهەنگ و جڤاکی کوردە. ئەو دوو هەژموونەی حیزب و سەرمایەداری(نیولیبرالیزم) تەواوکەری یەکدین. میدیای کوردی بە پەرەپێدان و برەودان بە ڕیکلام و پەسندانی کەرتی تایبەت و بەها لیبرالییەکان و بە زانین و نەزانینەوە کار بۆ نایەکسانی دەکات لە جڤاکی کوردستاندا.
    دە:
    ڕێکلام، خراپترین جۆری ڕیکلام، نانیشتمانی و نانەتەوەیی و ناکوردستانیترین ڕیکلام (بەتایبەت لە تەلیڤزیۆنەکانەوە)، هەمیشە میوانێکی خوێنتاڵ و تووکتاڵ و قەڵبی بەردەوامی ماڵانن. ڕێکلام بۆ کاڵا و بەرهەمی دەرەکیی(بە تایبەت تورکیایی) دەکرێت و بەرهەمی دەرەکیی وەک بێ ڕکابەر و نایاب وەسف دەکرێن و پەسن دەدرێن، لەبەرامبەریشدا بەرهەمی ناوخۆیی کوردستان و پێشخستنیان پشتگوێ دەخرێت و وەک پێویست بەتەنگ پێشخستن و برەوپێدانییەوە نین. ڕیکلام بۆ زانستگە و خوێندنگە و کۆمپانیا و بازاڕ و پۆشاک و خۆراک و هەموو شتێکی بیانی و ناکوردستانیی دەکرێت. ڕێکلامی تورکیایی بە زمانی تورکی تەنێ دۆبلاژ دەکرێت و ئیدی ناوەڕۆکەکەی بۆ میدیای کوردی گرنگ نییە چی دەگەیەنن و چی پەخش دەکەنەوە. تەنانەت ڕێکلام بە زمانی عەرەبی، میدیای کوردی هەر بە عەرەبی بڵاوی دەکاتەوە. ڕۆن و شیر و دۆشاوی تەماتە و چای و قاوە و برنج و سەدان شت و کاڵای دیکەی ئاڵتوونسا و مەحموود و جیهان و.. دەدرێنە دەرخواردی مێشک و چاوی مرۆڤی کورد. تەواوی ئەو کاڵا و شتانەیش هینی وەڵاتگەلێکن ددان بە بوونی کورددا وەک نەتەوەیەک نانین! میدیای کوردی بە تایبەت بینراو و ڕیکلام، دوو ڕووی یەک دراون. ئابووری بازاڕی ئازاد و سەرمایەداری، کە کوردستانیش خۆی پێدا هەڵواسیوە، ژیان دەکاتە ڕیکلامسازی و بە کاڵاکردن و بە بازاڕکردن. وەها سیستمێک، هەرچەندە بۆ خۆی بانگەشەی فرەیی دەکات، لە ڕێگەی میدیاوە مرۆڤ دەکاتە خاوەنی یەک چێژ و یەک بیرکردنەوە و تەنانەت یەک جۆرە شێوە و ڕوخسار. ئەوەی بازاڕی ئازاد و سەرمایەداری بۆ مرۆڤایەتی هێناوە و بەتایبەتیش بۆ کوردستان، بێجگە لە قەلەمووناندنی مرۆڤ هیچی دیکە نییە و هەمووان بە فیکەیەک دەست دەکەن بە “قوڵ قوڵ قوڵ”، مرۆڤ دەکرێت بە کۆیلەی بازاڕ و کاڵا. کوردستان ئەمڕۆ، بووە بە خواردنگە، هۆتێل، خانوو و ئەپارتمان، ئارایشگە، پێشانگای ئۆتۆمبیل، مۆڵ، سیتی، زانستگە و خوێندنگە و فێرگەی بیانی و بەزمان و فەرهەنگی بیانی، هەموو ئەوانەیش سەرمایەداریی لە پشتییەوەیە و حیزب ئامرازە بۆ جێبەجێ کردنی و میدیایش شەوارە بە خەڵک، بە مرۆڤەکان دەکات و دەیانکاتە ڕەدووکەوتووی بازاڕ و مەستی کڕین و بەرخۆریی. سەرمایەداری، کە لەسەر بنجی بەکاربردنی چینایەتی و جڤاکی ڕوواوە، مرۆڤ لە مرۆڤیەتی دادەماڵێت و دەیگۆڕێت بۆ ماددە و وەک هەموو کاڵایەک دەیئافرێنێت و دەیخاتە بازاڕەوە و کڕێن و فرۆشتنی پێ دەکات و دەیکاتە سەرچاوەی قازانج و سامان و هێز تا ئەو ئاستەی مرۆڤ دەگەیەنێتە حاڵەتی نامۆبوون (بە عەرەبی: الإغتراب، بە فارسی: بیگانگی، بە ئینگلیزی: (Alienation)، لە ڕۆح و ئاگایی و ویست و بوونی ئەخلاقی وەک لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بە سەدان جۆر دەردەکەوێت و دەبینرێت، نامۆبوونێک مارکس لە سەدەی نۆزدەیەمدا باسی کردووە.
    میدیای کوردی هێندەی کار لەسەر هێنانی فەرهەنگی بیانی دەکات و برەو بە زمانی بیانی بەتایبەت ئینگلیزی دەدات، کە ئەو کارەیش هەر بازاڕ بە کاڵاکردنی فەرهەنگە، کاری لەسەر برەودان بە زمان و فەرهەنگی کوردی نەکردووە، ئەگەریش بە کوردی دەنووسرێت و دەگوترێت و دەبینرێت، لێ بە کوردییەکی ئەتککراو دەگاتە تۆ و من. گرنگییەکی زۆر بە هەندێ نەریتی ناکوردی وەک هاللۆیین، بلاک فرایدەی، ڤالانتاین، سەری ساڵی زایینی و.. دەدرێن و ڕیکلامی زۆریان بۆ دەکرێن، هەموو ئەوانە بەرهەمی سەرمایەداری و لاساییکردنەوەی ئەوروپا و ئەمەریکا و فەرهەنگی خۆراوایین و چ پێوەندێکیان بە کوردستانەوە نییە و هەرگیز نەیشبووە.
    یانزدە:
    سەرگەرمی، کە بوارێکی کۆمەڵایەتییە و دەکرێت لە چوارچێوەی تەنز و ساتیردا، وەک بوارێک بۆ کراوەیی و دڵفراوانی و چیژبەخشین و شادی و وەک ڕەخنەیەکی کاریگەر لە سیاسەت و جڤاک و ئابووری و دەسەڵات و..بەکارببرێت لێ لە میدیای کوردیدا ئەو سەرگەرمییە پتر کار بۆ فەرهەنگێکی تێکشکاو و ئامانجێکی سیاسی دیاریکراو دەکات، کە بە ڕێگە و شێوازی جیاواز کۆمەڵ بەرەو هەڵدێر دەبەن. فەرهەنگ، فەرهەنگی ڕاستەقینە کەمترین بوارێکە گرنگیی پێ دەدرێت. زۆرینەی کەناڵەکانی میدیای کوردی لایەنی فەرهەنگییان کەنار خستووە، هەمووی بووە بە سیاسەت و بازاڕ، وای لێ ھاتووە تێکڕای میللەت بووە بە “سیاسی” و “چاودێری سیاسی” و “شارەزای سیاسی”، کە لە ڕاستیدا هەموو بێجگە لە “دابەزیوی ئوتێلی سیاسەت..”.بە قەولی مامۆستا مەسعوود موحەممەد، شتێکی دیکە نین.
    دوانزدە:
    لە میدیای کوردیدا چەند دیاردەیەکی زەق لەمەڕ شێوازی دەربڕینەوە دەبێنرێن وەک نموونە: بەکارهێنانی وشەی توند و هەڵچووناوی، دروستکردنی دژایەتی و دووجەمسەری، بەکارهێنانی دەستەواژەی سیاسی بۆ هێرشکردنە سەر بەرانبەر یا ئەوەی لە بەرەیەکی دیکەدایە، هەموو ئەمانە دەبنە هۆی پتر لێکترازان و دابەشبوونی جڤاک. دەشێ ئەو دیاردانە وەک زمانی هەڵچوون و سۆزدار ناو ببرێن. ئەڵبەت لە میدیای حیزبیدا، هەواڵ بە شێوەیەکی هەڵبژێردراو پێشان دەدرێت، واتە ئەوەی بە قازانجی حیزبە و بەشێک لە ڕاستییەکان دەشاردرێنەوە و سەرچاوەی تاکلایەنە بەکاردەبرێت، ئەمانەیش دەکەونە خانەی زمانی پرۆپاگەندەوە. بێگومان پەخشکردنی زانیاری هەڵە لە میدیادا، کاریگەریی خراپی نەک تەنێ بەسەر زمان بەڵکە بەسەر مێژوو، جیۆگرافیا، جڤاک، نیشتمان، خاک و هزری مرۆڤی کوردەوە دەبێت. لە میدیادا سیاسی درۆ دەکات، دووڕوویی دەبێتە ڕیگەیەک بۆ مشەخۆری، بازرگان و سەرمایەدار وەک فریادڕەس پێشان دەدرێن، بێ ئەوەی کەس بڵێ وانییە! هەست دەکەیت نیشتمانیش نوقمی بێ سەوادییە!
    سێیانزدە:
    لە ڕووی زمانی میدیاوە، زمانە کوردییەکەی، واتە؛ ڕێنووس و زاراوەسازی و ڕێزمان و ئەوانەوە، زۆر بە ئاشکرا دەبینرێت میدیا کێشەی زمانی پوختە و ستانداردی هەیە و جیاوازییەکی لە بەرچاو لە شێوازی نووسیندا هەیە و ڕێزمانێکی میدیایی یەکگرتوویش نییە، وای لێ ھاتووە ھەر کەناڵە و بەکەیفی خۆی نەک بە پێی دەستوور و ڕێسای زمان، وشە و زاراوە دادەتاشێت و دەیترنجێنێتە نێو زمانە کوردییەکەوە! دیارە ئەوەی پێوەندی بە زمانەوانییەوەیە لە میدیادا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پاشاگەردانییەی لە زمانی کوردیدا هەیە. میدیا وەک شمشێر (ذولفقار) کەی ئیمام عەلی، دوو دەمە، لەکاتێکدا هۆکارێکە بۆ دروستکردنی زمانێکی یەکگرتوو بۆ نەتەوەیەک، بە دیوەکەی تریشیدا هۆکارێکە بۆ لێکترازانی زمانەکە بۆ چەند زار و بنزاری جیاواز. لە میدیای کوردیدا هەر کەسە بە زارە لۆکاڵییەکەی خۆی دەنووسێت و دەدوێت و لۆکاڵیانە هزر و ئاوەزی دەخاتە بەرچاو و گوێی خوێنەران و بینەران و بیسەران. ئەم جۆرە هزرینەش لە چوارچێوەی ناوچەگەڕێتی زێتر تێناپەڕێت. تێپی لاتینی، وەک زڕباوکێکی دزێو هێنراوەتە نێو هەموو پەلێکی میدیاوە. لە میدیای کوردیدا، بە بیانووی ڕاگەیشتن بە پێشکەوتنی عەقڵ و هزر و هەموو بوارەکانی ژیانی سەردەم و کەموکورتییەکی کە لە زمانی کوردیدا یا لە جڤاکی کوردستاندا هەیە، کار لەسەر ئینگلیزییاندنی زمانی کوردی دەکرێت! کورد عاشقی فەرهەنگی بیانییە و ئەوەی خۆی پێ هیچە ئەو دیدەیش میدیا دروستی دەکات. وشەی کوردی بێ بیرکردنەوە لە ڕیشەی وشەکە و کورد چۆنی بەکار بردووە دەگۆڕدرێت بۆ شتێکی دیکەی ناکوردی، وەک نموونە: کورد دەڵێ: چای بخۆوە، ڤەخۆ، بخۆرەوە، کەچی دەنووسن “چــای بخــۆ، چای دەخۆی، چا دەخۆی”. کورد جاران بۆ کات و بۆ ئەو ئامێرەی کاتەکە دەژمێرێت دەیگوت “سەعات” دواتر وشەی”کاتژژمێر” پەیدا بوو کە بە واتای ئامێری ژماردنی کات دێت، کەچی ئێستا سەعات و کاتژمێر کراون بە”کاژێر” ئەمە ڕێک وەک ئەوە وایە تۆ بە “خەرمان، دەرمان، سێبەر، شارەبان و..” بڵێی”خەرما، دەرما، سێبە، شارەبا و..”. وشەگەلی “چای دەخۆی” و “کاژێر” ڕۆژانە سەدان گلەت دەدرێن بە گوێی مرۆڤی کورددا بە تایبەت زارۆک، کە مێشکی بە جۆرێک دەشۆردرێتەوە پێی وایە ئیدی ئەوانە ڕاستن چون میدیا وا دەنووسێت و وا دەپەیڤێت!
    کۆڵۆنیالیزمی فەرهەنگیی نەتەوە سەردەستەکانی دەوروبەرمان، ئەوانەی کوردستانیان داگیر کردووە، دەسکاریی هەموو بوونی کوردیان کردووە و هێندەیان کار لەسەر تواندنەوەی کورد لەنێو فەرهەنگیی خۆیاندا کردووە بە بێ تەقاندنی یەک فیشەک مێشکی نەتەوەیەک دەسڕنەوە. کورد تووشی لە خۆ نامۆبوون کراوە، نامۆبوونی زمانیی، فەرهەنگی و..زانستگە تایبەتییە بیانییەکان، خوێندنگە ناحوکوومەتییەکان، ئیدی ئەمەریکایی، ئینگلیزی، تورکی، فرانسایی، لبنانی و دەیانی تر..هەموو ئامرازی لەبەرچاون و جەخت لەسەر ئەو گۆڕینە دەکەنەوە. ئەڵبەت بنەمای تەواوی ئەوەی ڕوو دەدات، دەگەڕێتەوە بۆ سەرمایەداری و نیولیرالیزم، کە مرۆڤێک بەرهەم دەهێنن، هانی دەدەن بۆ ئەوەی هەمێشە بە دوای گەیشتن بە تراویلکەی بەختەوەریدا هەڕا بکات، کە سەرمایەداری بەڵێنی وەدەستهێنانی پێ دەدات، بەختەوەرییەک کە نییە و تەنێ خەیاڵە. تەواوی سیستمی سەرمایەداری و ئەوەی سەرمایەداری دەیکات و ئەو لەخۆنامووبوونەی کورد تووشی دەبێت، میدیای کوردی زۆر بە شانازییەوە لە کوردستان، لەکن کورد، لاوان و نەوەی نوێ بەتایبەت، بە ئارایشتکراوی و ڕازاندنەوە و جوانکاری و پیرۆزکردنەوە خۆشەویستی دەکات و تەواوی هەستەکانیان و مێشکیانی لێ تژی دەکات.
    کورد بە گشتی و ڕووناکبیران و فەرهەنگییانی کورد و میدیای کوردی بە تایبەت، دەبوو تەماشایەکی نەتەوەگەلی دیکە، دەر و دراوسێ و خەڵکی دیکە بکەن بۆ ئەوەی بزانن خەڵکی دی چۆن بیر لە زمانی خۆیان دەکەنەوە! وەک نموونە دەشێ تەماشایەکی ئەم دوو مرۆڤە بکەین:
    مالیک حەدداد (مالك حداد (1927 – 1978) شاعیر و ڕۆماننووسی جەزائیری. ئەو عاشقی زمانی عەرەبی بوو و داخ و حەسرەتی ئەوەی هەبوو کە بە عەرەبی نەیدەنووسی. پاش سەربەخۆیی جەزائیر سوێندی خوارد، ئیدی بێجگە لە زمانی عەرەبی بە زمانێکی دیکە نەنووسێت. حەدداد خاوەنی ئەو دەربڕینە بەناوێیەیە: “زمانی فرانسی تاراوگەی منە”. ئەو لە دەسپێکی ڕۆمانی ئاسکێکت پێ دەبەخشم(سأهبك غزالة)ەکەیدا دەنووسێت:”زمانی فرانسی بەربەستێکە لە نێوان من و نیشتمانەکەمدا، توندتر و بەهێزتر لە بەربەستی زەریای ناوەڕاست و من ناتوانم هەستەکانم بە عەرەبی دەربڕم، فرانسی بووە بە تاراوگەم.” پێش مردنی مالیک حەدداد بە ماوەیەکی کەم، عەبدوڵڵا ئەلرکێبی(عبداللە الرکیبي/ 1928-2011) نووسەر و ڕەخنەگر و مامۆستای زانستگە و سیاسیی و لە ساڵانی 1970دا سەرۆکی یەکیەتیی نووسەرانی جەزائیر، لەپێش خانەی یەکیەتیی نووسەرانی جەزائیردا تووشی حەدداد دەبێت، حەدداد منداڵێکی گچکەی لەگەڵدایە و منداڵەکە بە زمانێکی ڕەوانی عەرەبی قسە دەکات. ئەلڕکێبی لە حەدداد دەپرسێت ئەو منداڵە کێیە! حەددادیش دەڵێت:” ئەمە تۆڵەکردنەوەی منە لە زمانی فرانسی، ئەمە کوڕمە”. ئەو وتەیەی حەدداد دەربڕینی دوورکەوتنەوەیەکی قووڵە لە ناخیدا. دوورکەوتنەوەیەکی زمانەوانی پێش ئەوەی جیۆگرافیایی بێت. ئەو باس لە ملانێیەکی ناوخۆیی دەکات لە نێوان زمانێکدا فێربووە بیری پێ بکاتەوە و بنووسێت و زمانێک کە پێویست بووە ماڵی یەکەمی بێت. زەریا دەبێتە مەودایەک دەتوانرێت ببڕدرێت، بەڵام زمان دەبێتە دیوارێک لە ناو خۆیدا نیشتەجێ دەبێت. ئەو کە ناتوانێت بە عەرەبی هەستەکانی دەربرێت ئازارێکی دوو هێندە پێشان دەدات؛ چون ئەو نەتوانینە تەنیا نەتوانینی ئاخافتن نییە، بەڵکە نەتوانینێکە تەواوی پێوەند و ڕایەڵەکان لەخۆ دەگرێت. زمان تەنیا ئامرازی قسەکردن نییە، بەڵکە بیرەوەری و ناسنامە و منداڵییە. کاتێک توانستی دەربڕینت بە زمانی دایکیت لێ دەسێندرێت، هەست دەکەیت بەشێک لە تۆ لێت سەندراوە و لە تۆدا نەماوە. ئەو دەربڕینەی”فرانسی تاراوگەمە”، وشە و دەربڕینێکە چڕ و ئازاراوی. تاراوگە بۆ خۆی جیۆگرافیایەکە، شوێنێکە، بەڵام ئەو کردوویەتی بە زمان، وەک ئەوەی لە ناو وشەکاندا دەژێت، لێ ئەو وشانە تەواو هاوشێوەی ئەو نین یان بە شێوەیەک هاوشێوەین هەمیشە وەبیری دەخەنەوە کە دوورە.
    نووسەری کینیایی نگووگی وا سيۆنگۆ (Ngũgĩ wa Thiong’o/ 1938-2025)، کە لە ساڵی 1978دا لە زیندانێکی کینیادا بوو، بەڵێنی دا ئیدی هەرگیز بە زمانی ئینگلیزی”زمانی دەسەڵات” کە بریتانیای داگیرکەر بە تۆبزی سەپاندبووی بەسەر وەڵاتەکەیدا نەنووسێت، بەڵکە بە زمانی کیکوویوو (گیکوویوو) بنووسێت، کە زمانی دایکییەتی. ئەو بڕیارەی بژاردەیەکی ناوازە بوو و هەرگیز لێی پەشیمان نەبووەوە و بەوەیش بوو بە نووسەرێکی مەزن لە مێژووی ئەدەبی ئەفریقاییدا.
    هەڵوێستێک ئەو دوو ڕووناکبیرە مەزنە مالیک حەددادی عەرەب و نگووگی وا سيۆنگۆی کینیایی لەهەمبەر زمانانی فرانسی و ئینگلیزی نواندوویانە، خۆداماڵینە لە هەژموونی کۆڵۆنیالیستانەی ئەو دوو زمانە و بەرخودانێکی ڕاستەوخۆی فەرهەنگییە دژ بە هەژموونی زمانەوانیی داگیرکەران. میدیای کوردی لە باشووری کوردستان و بە پاڵپشتی دەسەڵات و کەرتی تایبەت و سەرمایەدار و غەرب زەدە و تورک زەدە و کۆمەڵێک زەدەی دیکەیش نەک هەر خۆ لە قەرەی باسکردنی هەژموونی زمان و فەرهەنگی بیانی بە سەر کورددا نادەن، ڕێک بە پێچەوانەوە هاندەرن بۆ ئەو هەژموونە و کاریگەریی لەسەر جڤاکی کورد و فەرهەنگ و زمانی کوردی!
    هەرچەندە میدیاکاران بژاردەی خەڵک نین، بەڵام میدیا کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ، بەهێز و قووڵی لە ژیانی جڤاکیدا هەیە. میدیا و میدیاکاران دەچنە نێو ورد و درشتی مرۆڤ و هۆش و ئاوەزی خەڵک داگیر دەکەن. میدیا، هێز و هەژموونی ئەوەی هەیە دید و جیهانبینی و ئاگایی مرۆڤ ئاراستە بکات، بگۆڕێت و بەرەو ئەو جێیەی ببات بۆ خۆی گەرەکێتی، ئیدی خاس یا خراو. دەتوانێت ئاگایی و وریایی و زرنگی و بەرینبینی و میهرەبانی و زانیاریی سوودبەخش بە مرۆڤ ببەخشێت یا بیگەوجێنێت و هێڕی بکات و فریوی بدات، وازی بە مێشک و هزری بکات.

    ئەپریلی 2025

پەراوێزەکان:

١- برای هێژا کاک جەواد،
سڵاوی گەرم و ڕێزی زۆرم، هیوادارام لەشساغ و کەیفساز و بەختەوەر بن.
مەبەست له نووسینی ئەم نامەیه بۆ ئێوەی بەڕێز، ئاگادارکردنەوەتانه له بابەتێک، که له ڕۆژنامەکەتاندا بڵاوتان کردووەتەوه، من پێم وایه دەبوو به جۆرێکی دیکه بووایه. له هەولێری ژماره 1204ی ڕۆژی سێشەممەی 06/12/2011 دا و له لاپەڕه 15ی فەرهەنگدا، دوو هەواڵتان لەبارەی مامۆستایان زاهیر ڕۆژبەیانی و نەوزاد ڕەفعەتەوه بڵاو کردووەتەوه، که هەردوویان نەخۆشن و هیوای چاکبوونەوەیان بۆ دەخوازن. منیش زۆرم پێ ناخۆشه که ناساغن و پڕبەدڵ هیوای چاکبوونەوەیان بۆ دەخوازم. من تا ئێره هیچ گلەییەکم نییه و لەمەڕ هەواڵەکەی کاک نەوزاد ڕەفعەتەوه، هیچ قسەیەکم نییه، بەڵام ئەوەی من پێم ناخۆشه ئەوەیه، که لەگەڵ هەواڵەکەی کاک زاهیر ڕۆژبەیانیدا، وێنەیەکی ئێستای و بەو شێوەیه و بەو باری ناساغییەوه بڵاو بکەنەوه، که نەدەبوو کرابا. من ئەوەم پێ کارێکی جوان نییه و پێشم وایه هیچ پێویست به دانانی ئەو وێنەیه نەبوو، بەڵکه دەکرا، ئەگەر هەر وێنەیش دادەنرا، وێنەیەکی کۆنتری کاتی ساغیی مامۆستا ڕۆژبەیانی دانێن. دانانی ئەو وێنەیەی مامۆستا ڕۆژبەیانی، بێجگه لەوەی له ڕووی دەروونی و هەستەوه، گەلێک مامۆستا ڕۆژبەیانی بۆ خۆی بریندار دەکات، کاریگەرییەکی نیگەتیڤیش دەکاته سەر هەستی خوێنەرانی ڕۆژنامەکه و بەتایبەت کەسانێک، که مامۆستا زاهیر ڕۆژبەیانی دەناسن.
دیاره ئێوه وەک سەرنووسەری ڕۆژنامەکه دەبوو بیرتان لەوه کردبایەوه و دەشبوو ئەو هاوڕێیەی بەرپرسی لاپەڕەی فەرهەنگ وەها شتێکی وەبیردا هاتبا و بەسەریدا یا بەسەرتاندا تێپەڕ نەبووایه.
هەمیشه بەختەوەر و سەرکەوتوو بن براتان ئەمجەد شاکەلی
٢- ره‌خنه‌ی چاودێر، ژماره‌(285)، 24/10/2011. ڕێنووسی نووسینه‌که‌ی مامۆستا (نه‌جات نووری)م، هه‌رچه‌نده‌ پێ هه‌ڵه‌یه‌، به‌ڵام وه‌ک خۆی گواستوومه‌ته‌وه‌.
٣- به‌شێکه‌ له‌ پارچه‌ شیعرێکی مامۆستا هیمنی موکریانی له‌ ژێر ناوی “بناری هه‌ڵگورد”دا، من ته‌نێ جێناو(پاشگر)ه‌ تاکه‌ که‌سه‌ یه‌که‌مه‌کانم گۆڕیوه‌ بۆ جێناو(پاشگری)ی تاکی که‌سی سێیه‌م بۆ گونجاندن له‌گه‌ڵ مامۆستا جه‌لیل کاکه‌وه‌یسدا. دیوانی هێمن موکریانی، پێشه‌کی و پێداچوونه‌وه‌: س. چ. هێرش، چاپی یه‌که‌م، کتێبفرۆشی ئه‌رزان، سوێد 2003،، ل 254.
٤- شاکەلی، ئەمجەد، پیری بە تەمەن نییە! بنۆڕە: https://amjad-shakely.blogspot.com/2011/
٥- ە https://www.tiktok.com/@cheguevara540/video/7335953426695654689
https://www.tiktok.com/@.baibun/video/7474149393680076040?_r=1&_t=ZS-8u9ETv0xN5k : هەرەوەها بنۆڕە
٦- نشرت جريدة الوقائع العراقية في العدد 2513 في 8 شباط 1976 – صدر المرسوم الجمهوري تحت الرقم 41 في شباط 1976 وتقرر ما يلي :- 1. استحداث محافظة صلاح الدين يكون مركزها مدينة تكريت. 2. إلحاق قضاء طوزخورماتو إلى محافظة صلاح الدين. 3. إلحاق قضاء كفري والنواحي التابعة لها إلى محافظة ديالى.
٧- مێژووی کوردستان و جاران کورد بۆ خۆیشی، حەمرین و زرواتییە (الزرباطیة) و عەلی غەربی(علێ الغربي) و عەلی شەرقی (علي الشرقی)یان بە سنووری باشووری کوردستان دادەنا، ئێستا کەلار و ناساڵح و قوشتەپە و چەمچەماڵ و،،بوون بە سنوور!
٨- https://www.instagram.com/reel/DRZ8EbaCJv4/?igsh=dmYwNmJsMDRhMzB5
٩- https://www.tiktok.com/@rudawradio/video/7577330492832238904?_r=1&_t=ZN-91lEz0i88HP
١٠- https://amjad-shakely.blogspot.com/search?updated-max=2004-12-06T14:22:00-08:00&max-results=7 بنۆڕە: شاکەلی، ئەمجەد، هۆزگه‌رایی وه‌ک به‌شێکی سه‌ره‌کی بنه‌مای ئایدیۆلۆژیی حیزب.
هەروەها بنۆڕە ژمارەکانی 3450-3523ی (کوردستانی نوێ)ی نێوان19/08/2024 – 12/11/ 2024




ئاراستەی شەڕی ئەمریکا و ئێران و ڕەهەندەکانی!.. عوسمانی حاجی مارف

بەدرێژایی هێرشە ئاسمانیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، توانیویانە زیانی گەورەی بەرچاو بە ئێران بگەیەنن و ژێرخانی ئابوری وێران بکەن، هەروەها توانیان زۆرینەی کەسایەتیە سیاسی و سەربازیە پلە باڵاکان تیرۆربکەن، کۆگای مووشەک و توانای بەرهەمهێنانی ئێرانیان کەمکردۆتەوە و چەندین کەشتی جەنگیان لەناوبردووە. لەئێستادا، تاران بەردەوام تۆڵەی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێرشی مووشەکی ئاراستەکراو، بۆ سەر ئیسرائیل و دامەزراوە سەربازیەکانی ئەمریکا، لە ناوچەکە و وڵاتانی کەنداودا کردۆتەوە.
ئەوەی بەرچاوە، دوای مانگێک زیاتر لە دەستپێکردنی هێرشە سەربازیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، پاش چەند هەفتەیەک لە هێرشەکانی ئێران و خۆڕاگریان، ئاسۆیەکی سەرکەوتنی خێرا و یەکلاکەرەوە، بۆ کۆتایی جەنگەکە کاڵ بووەتەوە و دیاردەیەکی تەواو ئاڵۆزی نیشانداوە.
ئاراستەی دەرچوون لەم شەڕە، بەڕێگەی دیپلۆماسی و دانوسان، لە نزیک ماوەدا تاریک دەردەکەوێت، چونکە واشنتۆن و تاران کەوتونەتە بەر ئەو گێژاوەی کە دەبێت فشارێکی زیاتر بخەنە سەر یەکتر، بەتایبەی ئەمریکا و ئیسرائیل، پێویستیان بەوەیە پتەوتر کاربکەن لەسەر هەڵمەتی سەربازی زیاتر و بەردەوامی و ئامادەسازی بۆهێزی زەمینی، تا تەواو لەسەر لایەنی بەرامبەر کاریگەری ڕادەستبون دروست دەکەن، بۆئەوەی پاساو بۆ ئامانج و نەخشە سیاسیەکانیان لە ناوچەکە بەرجەستە بکەنەوە، بەتایبەتی ئێران دوای داخستنی گەروی هورمز، ڕێڕەوی شەڕەکەی لەبەرامبەر ئەمریکادا خستە دۆخێکی تازەی ئاڵۆزترەوە. بۆیە ترامپ ناچارە کە لەئێستادا، بیر لە جێگیرکردنی هێزی زەمینی بکاتەوە بۆ دەستبەسەراگرتنی دوورگەکانی ئێران، بۆئەوەی تاران ناچار بکات گەرووی هورمز بکاتەوە!، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا ئەمریکا ئەم کارەی بۆ دەکرێت؟.
شایانی باسە دەسەڵاتی ئاسمانی، دەتوانێت تواناکان تێکبدات و لاوازی بکات و ژێرخانی ئابوری بشێوێنێت، بەڵام ناکرێ وەک هێرشی زەمینی و داگیرکاری، کاریگەری یەکلاکەرەوەی هەبێت بۆکۆتایی شەڕەکە، دەبینین تائێستا شەڕی ئاسمانی لە ناوخۆی ئێراندا بێتوانایە لە سەپاندنی مەرجەکانی ئەمریکا بەسەر ئێراندا، بۆیە کاتێک ئەم شەڕی ئاسمانیە، ئەمریکای لە بنبەستێکدا ڕاگرتووە لەبەدەستهێنانی ئامانجەکانی و ڕاگەیاندنی سەرکەوتن، بەناچاری پێویستی بە هێزی زەمینی دەبێت، کاتێک ئەم ئاستەنگیە لە چەقبەستبوندایە و تەنها بەهێزی ئاسمانی تێپەڕێندراوە، سروشتی بنەڕەتی ململانێکان دەگۆڕێت بۆ ئاستێکی تر لەبەردەوامی شەڕەکە، بۆیە شەڕی زەمینی ئەگەرێکی دوور نیە!، بەڵام دۆخەکە وەها دەردەکەوێت، هێزی زەمینیش سەرکەوتنی ئەمریکا مسۆگەر ناکات.
بەجیا لەوەش لە ماوەی ڕابردوودا، گفتوگۆ سەبارەت بە ئەگەری شکاندنی بنبەستی دیپلۆماسی و دەستپێکردنی دانوستانەکان ڕوویداوە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازیە بەرفراوانەکانی نێوان هەڵوێستەکانی واشنتۆن و تاران، ئاماژەیە بۆئەوەی ئایندەی شەڕەکە دیار نابێت، پێدەچێت پەرەسەندنی زیاتر بەخۆیەوە بگرێت. بۆ ئەمریکا ئەم پەرەسەندنە، دەتوانێت بریتی بێت لە جێگیرکردنی هێزەکانی لەسەر خاکی ئێران، یان بۆ ئێرانیش ڕێگریکردنە لە بەردەوامی بەکارهێنانی گەرووی هورمز و ئامادەیی بۆ بەڕەنگاربونەوەی هێزی زەمینی ئەمریکا!، واتە لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا شەڕەکە دەچێتە قۆناغێکی تەواو مەترسیدارترەوە.
پێموایە واشنتۆن سەرکەوتنە سەربازیە سەرەتاییەکانی، لەڕێگەی هێزی ئاسمانیەوە، بە هەڵە لێکدایەوە، ڕاستە ئێران خامەنەیی و فەرماندە سەربازیەکانی و ژێرخانی ئەتۆمی و سەروەت و سامانی بەرگریی و ژێرخانی ئابوری لەدەستدا، بەڵام پرسیارە چارەنووسسازەکە ئەوە نەبوو کە ئایا دەکرێت زیان بە ئێران بگەیەنێت، بەڵکو ئایا ئەو زیانانە، حکومەت ناچار دەکات خۆی ڕادەست بکات؟ کە تائێستا توانای خۆڕاگری ڕژێمی ئێران حاڵەتێکی لەوچەشنەی نیشان نەداوە و بەردەوامن لە خۆڕاگری.
لەهەمانکاتدا ئەگەر دامەزراوە سەربازیەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوبەڕوی فشارێکی بەردەوام ببنەوە، ئەوا تێچوی پاراستنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە، ناردنی هێزی زەمینی بۆ ناو ئێران، مەترسی سیاسی و سەربازی بەرچاوی هەڵگرتووە و دەشێت ببێتە هۆی پەرەسەندنی بێوێنەی ململانێکان. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، بەرپرسانی ئەمریکا، تائێستا لەباری عەمەلیەوە هەستیارن بەرامبەر هەر نیازێک بۆ بڵاوەپێکردنی هێزی زەمینی، یان دەربارەی چۆنیەتی داڕشتنی نەخشەی هێرشبردن، ئەوەی زیاتر دەنگۆی لەسەرە، هەوڵە بۆ داگیرکردنی جەزیرەکانی ناو کەنداو، کە دوو نیاز لە خۆ دەگرێت؛ یەکەم: بۆ دەست بەسەراگرتنی نەوتی جەزیرەی خارک، دووەم: بۆ کردنەوەی گەروی هورمز، ئاشکرایە کە ئەم هەوڵە ماوەی شەڕەکە درێژتر دەکاتەوە.
لەکاتێکدا شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران بەردەوامە، تا ئەگەر بگات بە شەڕی زەمینی، ئاکامی کۆتایی ئەم ململانێیە هێشتا هەر نادیارە، لە نێوان لێدوانە سەرەتاییەکانی ترامپ، کە تیایدا بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە هیچ نیازی گۆڕینی ڕژێمی ئێرانی نییە، ڕاگەیاندنەکانی ئەم دواییەی کە هاوتەریبن لەگەڵ هەڵوێستی ئیسرائیل بۆ تێکدان، یان تەنانەت گۆڕینی ڕژێم، وا دیارە ئیدارەی ئەمریکا ستراتیژێکی ڕوونی نییە، نەک تەنها بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، بەڵکو بۆ بەرقەرارگرتنی ئاشتی لە ناوچەکەدا. پێدەچێت ئەم سەرلێشێواویە، لە قۆناغی داهاتوودا توندوتیژی و ناسەقامگیری زیاتری لێبکەوێتەوە.
ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠٠٣دا شەڕی ئاسمانی و زەمینی، لە دژی عێراق دەستیپێکرد، بە بیانووی ئەوەی کە خاوەنی چەکی کۆمەڵکوژیە، ئەمەش ئیدیعایەکە دواتر سەلمێندرا کە درۆیە، هەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراق و پارتی بەعس، بوە هۆی بۆشاییەکی بەرچاوی سیاسی و ئەمنی، کە تا ئەمڕۆش عێراق بەدەستیەوە دەناڵێنێت. بە واتایەکی تر، لاوازبوون یان گۆڕینی ڕژێمەکان بەبێ پلانی ڕون، بۆئەوەی چی لە دوای ئەوەوە دادەمەزرێت، گومانی تیانیە کە دەبێتە هۆی ئاژاوەو گێژاوی سیاسی وکۆمەڵایەتی و قەیرانی ئابوری، کە بنەما کۆمەڵایەتیەکان لێک دەترازێنێت، لەهەمانکاتدا فرسەت ئەدات، بە پێکهێنانی هێزی میلشیایی و مافیایی و تاڵانچێتی.
ئێران نەک ڤەنزوێلا نییە، ناکرێت بە نمونەی عێراقیش وێنا بکرێت، چونکە سیستەمێکە لەسەر بنەمای سوپای پاسداران و دامەزراوەی ئایینی، بە پتەوی و توندوتۆڵی دامەزرێنراوە، سیستەمێکە کە بە قوڵی لەناو بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی ئێراندا چەسپاوە، تەنیا بە ئامانجگرتنی سەرکردایەتیەکەی ناگۆڕدرێت. دەبینین سەرەڕای تیرۆرکردنی زۆرینەی سەرکردایەتیەکەی، بەڵام ڕژێم لە دەسەڵاتدا ماوەتەوە و بەردەوامی بەشەڕەکە ئەدات.
ئێران پێویستی بەوەنیە لەم شەڕدا، بە هێرشی سەربازی سەرکەوتنێکی یەکلایکەرەوە بەسەر سوپای ئەمریکادا بەدەستبهێنێت، کە کارێکی لەوچەشنەی بۆناکرێت، بەڵام پێویستی بەوەیە بە خۆڕاگری و بەردەوامیدان بە شەڕەکە، ئەمریکا و ئیسرائیل بخاتە دۆخێکی چەقبەستوەوە و بەو ئاکامەیان بگەیەنێت، کە بە بنبەستی حەتمی ڕوبەڕوببنەوە، کە سەرەتاکانی ئەم دۆخە چەقبەستوە و دەرگیربونیان، لەئێستاوە بە ڕوخساری ئەمریکاو ئیسرائیلەوە دەردەکەوێت.
پێشبینی دەکرێت کە هەڕەشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل، بەتایبەتی هەڕەشەی ترامپ بەوەی ئێران دەگەڕێنێتەوە بۆ چاخی بەردین، پەرەپێدانی ڕوبەڕوبونەوەکانیان لەبەرامبەر ئێراندا، بۆ هەڵمەتێکی هەمەلایەنەی لەناوبردن، کە ژێرخانی ئابووری و ئیمکاناتە گرنگەکان دەکەنە ئامانج، ئاراستەکەیان پاڵنانی وێرانکاری تەواوی ئێرانە بۆ لێواری داڕمان. هەروەها کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەکردوە، ئەگەر ڕێکەوتنێک نەکرێت، بە توندی لە هەر یەکێک لە وێستگەکانی کارەبا ئەدەن.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل کاتز، هەڕەشەیەکی توندی ئاراستەی ئێران کرد و سوێندی خوارد، ئەگەر هێرشە مووشەکیەکان کە ناخی ئیسرائیل دەکەنە ئامانج بەردەوام بن، تارانی پایتەخت بۆردومان بکات. تەلئەبیب فشار دەخاتە سەر ترامپ، بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی “کورت و بەهێز” پێش هەر دانوستانێک لەگەڵ ئێراندا.
سەرەڕای ئەو هاوبەشیە سیاسی و ئابووریانەی، کە ئێران وەک هاوپەیمانیەک بە هەردوو وڵاتی ڕووسیا و چینەوە دەبەستێتەوە، بەڵام نەبوونی ئەوان لە پێشکەشکردنی پشتیوانی سەربازی ڕاستەوخۆ، لەنێوان ئەو پەرەسەندنەی جەنگی ئێستادا، دوورکەوتنەوەیانە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەبەرامبەر ئەمریکادا، درێژنەکردنەوەی ململانێکانە بۆ جەنگی جیهانی.
ئێران گۆشەگیر بووە و شەڕێک دەکات بۆ مانەوەی خۆی، چین و ڕووسیای هاوپەیمانی هێرشەکانی سەر ئێرانیان شەرمەزار و سەرکۆنە کردووە، خوازیاری کۆتاییهێنانن بە شەڕ و پێکدادانەکان، بەڵام خۆیان لە پشتیوانیە سەربازیە بەرچاوەکان بەدوور گرتووە. جگە لەوەش پێدەچێت هەردوو روسیا و چین، لە ڕوی ستراتیژەوە سودیان لەوەدا هەبێت، کە ئەمریکا زیاتر بە سەرقاڵی شەڕەکەوە بمێنێتەوە، بەم شێوەیەش ستراتیژی ئەمریکا، بۆ هەوڵی باڵادەستی بەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەبەرامبەر شکستی گەورەدا خۆی ببینێتەوە.




ئەسغەر فەرهادی: ئۆسكار خەونێك بوو بۆ من و سەروەریەك بۆ وڵاتەكەم.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

هەر بۆ زانین ئەكتەری ناسراوی سینەمای ئێرانی ( ئەسغەر فەرهادی) خاوەنی دوو خەڵاتی ئۆسكارە لە رۆَژهەڵاتی ناوەڕاست .
ئەو بەیەكێك لە گەورەترین و كاریگەرترین دەرهێنەر و سیناریۆنووسانی سەدەی ٢١ دادەنرێت، نەك تەنها لەئێران، بەڵكو لەسەر ئاستی هەموو جیهانیش.
بەوە ناسراوە كە دەتوانێت چیرۆكی سادەی مرۆیی وەربگرێت و بیكاتە درامایەكی ئاڵۆزی دەروونی و ئەخلاقی، كە بینەر تووشی شۆك بوون بكات.
ئەسغەر فەرهادی لە ساڵی ١٩٧٢ لە شاری (خومەینی شەهر) لە پارێزگای ئەسفەهان لەدایكبووە. هەر لەگەنجییەوە خولیای سینەمای هەبووە و دەستی كردووە بەدروستكردنی كورتە فیلمی ٨ ملیمەتری.
خوێندنی لە بەشی شانۆ لە زانكۆی تاران تەواو كردووە، دواتر ماستەری لە دەرهێنانی شانۆ بەدەست هێناوە.
پێش ئەوەی بچێتە نێو جیهانی سینەما، بۆ ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێرانیش كاری كردووە و سیناریۆی بۆ زنجیرە دراماكان نووسیوە.
فەرهادی بە فۆرمێكی تایبەت دەناسرێتەوە كە پێی دەوترێت (ڕیالیزمی كۆمەڵایەتی)
لە فیلمەكانیدا كاراكتەری (باش) یان (خراپ) ی ڕەها بوونی نییەو بینەر دەخاتە بەردەم دووڕِیانێكی ئەخلاقی كە نازانیت كێ تاوانبارە ، زۆربەی چیرۆكەكانیشی باس لە ژیانی چینی ناوەندی ئێران دەكەن.
زۆرجاران فیلمەكانی بە شێوەیەك تەواو دەبن كە بینەر خۆی بڕِیار لەسەر چارەنووسی كاراكتەرەكان بدات.
فەرهادی بەرهەمێكی زۆری هەیە لەوانە :.سەمایەك لە تۆزدا ٢٠٠٣ یەكەم فیلمی درێژی بوو كە چەندین خەڵاتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی پێ‌ بردەوە.
شاری جوان ٢٠٠٤
چوارشەممە سوورە ٢٠٠٦
دەربارەی ئێلی ٢٠٠٩
جیابوونەوەی نادر لە سیمین – ٢٠١١: بە یەكێك لە باشترین فیلمەكانی مێژووی سینەما دادەنرێت.
باس لە جیابوونەوەی ژن و مێردێك و كێشەیەك دەكات كە لەگەڵ پیاوێكی ئایینی و خێزانەكەیدا بۆیان دروست دەبێت.
ڕابردوو ٢٠١٣
فرۆشیار ٢٠١٦) چیرۆكی ژن و مێردێكی ئەكتەری شانۆ دەكات ، كە ڕووداوێكی نەخوازراو ژیانیان دەگۆڕێت.
هەمووان دەزانن ٢٠١٨)
پاڵەوان ٢٠٢١
فەرهادی خەڵاتی ئۆسكار (٢٠١٢) وەك ی باشترین فیلمی بیانی بۆ جیابوونەوەی نادر لە سیمین. بە دەست هێنا .(ئەمە ش یەكەم ئۆسكار بوو بۆ سینەمای ئێران.
هەروا خەڵاتی ئۆسكار (٢٠١٧)ی وەك باشترین فیلمی بیانی بۆ فیلمی (فرۆشیار) بە دەست هێنا. فەرهادی لەو ساڵەدا ئامادەی مەراسیمەكە نەبوو وەك ناڕەزایەتییەك بەرامبەر بڕیارێكی دۆناڵد ترەمپ بۆ قەدەغەكردنی هاتنی هاوڵاتیانی چەند وڵاتێكی ئیسلامی بۆ ئەمریكا.
هەروا فەرهادی چەند خەڵاتێكی گەورەی تری بەدەست هێناوە لەوانە :
خەڵاتی گۆڵدن (گڵۆب بۆ فیلمی) بۆ فیلمی جیابوونەوە
خەڵاتی (ورچی زێڕینی) ی فێستیڤاڵی بەرلین: بۆ فیلمی جیا بوونەوە
خەڵاتی باشترین دەرهێنەر (ورچی زیوینی بەرلین) بۆ فیلمی (دەربارەی ئێلی).
خەڵاتی گەورەی دەستەی دادوەران لە فێستیڤاڵی كان بۆ فیل می “پاڵەوان ٢٠٢١.
خەڵاتی باشترین سیناریۆ لە فێستیڤاڵی كان: بۆ فیلمی (فرۆشیار)
خەڵاتی (سیزاری فەرەنسی) بۆ فیلمی (جیابوونەوە)
ئەسغەر فەرهادی دەربارەی ئەو خەڵاتانە دەڵێت :
بردنەوەی ئۆسكار تەنها وەرگرتنی خەڵاتێكی سینەمایی نەبوو بۆ من ، بەڵكو دەرفەتێك بوو، بۆ ئەوەی دەنگ و كولتووری دەوڵەمەندی وڵاتەكەم بگەیەنمە جیهان، كە زۆرجاران لەژێر تەمومژی سیاسیی ون دەبێت..
خەڵاتەكان لە لایەكەوە شانازییەكی گەورە بوون بۆ من وەك سینەماكارێك، لە لایەكی ترەوە، هەستم دەكرد بەرپرسیارێتییەكی گەورەتریان بۆ زێدە كردم بەرامبەر هونەری گەلەكەم .
كاتێك لەسەر سەكۆكە وەستابووم، وەرگرتنی خەڵاتەكە ، بیرم لە فیلمەكە نەدەكردەوە، بەڵكو بیرم لەو خەڵكە دەكردەوە كە ئەوان ئێستا لە جیاتی من شانازییەكەیان بەر دەكەوێ‌ ، وڵاتەكەی من لە نێو وڵاتە بەشداربووەكانی ئەو فیستیڤاڵە نێو دوڵەتیە ، چەند بەسەرفیرازی ناوی دێ‌ و چەپڵەی بۆ لێ‌ دەدرێ‌ ، ئیدی چ بەختەوەریەك هەیە لەو لەحزەیەدا شان لە شانی ئەو بەختەوەریە بدا.
بۆیە ئۆسكار چەند ئەوەندەی خەونێكی چاوەڕوان نەكراو بوو بۆ من ، سەروەریەكی گەورەش بوو بۆ وڵاتەكەم .




گوڵدانێک لە سەمفۆنیای ناساخیدا.. ستار ئەحمەد

ئەدەبیات هەمیشە ئاوێنەی شکاوی خەونە، بەڵام کاتێک واقیعەکە خۆی دەبێتە “نەخۆشخانەیەکی گەورە”، ئیدی شیعر ئەرکە تەقلیدییەکەی خۆی جێدەهێڵێت و دەبێتە پزیشکی برینەکان. ئەم دەقانەی شاعیر “ڕۆژ هەڵەبجەیی” کە لە نێو کایەی کتێبی (نیشتەجێی نیشتمانێکم نەخۆشخانەیە) وەرگیراون، تەنها کۆمەڵە وێنەیەکی فەنتازی نین، بەڵکو گەشتێکی کلینیکی و فەلسەفین بە ناو جەستەی نیشتمانێکدا کە تێیدا مەرگ و ژیان، جوانی و نەخۆشی، بە شێوەیەکی تراژیدی ئاوێتە بوون.

ئینجانەیەک تای لێهات؛
گوڵ دەچێتەوە سەر خێڵی تابووت !

چیمەنێک قاچی لوول بووە؛
گۆرەوی چۆتە پرسەی ئاو !

ئاو دەپژمێ جۆگەلە پێڵاو؛
دەکاتە پێی ڕووبار !

هەنار نەزیفی بەربووە؛
چەقۆ چۆتە خولی سەربڕین !

دەرگا یاخی بووە؛
کلیل چۆتە گیرفانی (با)!

َتاریکی قاچی چەقی؛
مۆمێک کەوتە شنەشن !

ئاوێنە درزی برد ؛
قریوەی کچێک ئاڵۆزکا بە گریان!

ڕۆژ هەڵەبجەیی

ئەم دێڕانە هی کتێبی چاپکراوی( نیشتەجێی نیشتمانێکم نەخۆشخانە) یە.

لەم دەقانەدا، شاعیر پەنا دەباتە بەر جۆرێک لە “سوریالیزمی ئازار”. کاتێک نیشتمان دەبێتە نەخۆشخانە، ئیدی چەمکی “تەندروستی” لە توخمەکانی سروشتدا دەسڕێتەوە. لێرەدا زمانی پزیشکی و زمانی شیعری یەکدەگرن بۆ نیشاندانی قەیرانی بوون؛ “تای ئینجانە” و “نەزیفی هەنار” تەنها وێنەی جوانکاری نین، بەڵکو گوزارشتن لە گەیشتنی ژەهری ناساخی بە ناوەکیترین خانەکانی ژیان. شاعیر لێرەدا تەنها وەسفکەر نییە، بەڵکو توێکارێکی وردە کە نیشانەکانی داڕمان لە وردترین شتەکاندا دەبینێتەوە، بە جۆرێک کە مەرگ وەک میوانێکی هەمیشەیی لە ناو ئینجانەکاندا نیشتەجێ دەبێت.
لە ڕووی فەلسەفەی وێنەوە، ئەم دەقانە لەسەر بنەمای “دووبارە بونیادنانەوەی ئەرکی سروشت” کار دەکەن. ئاو کە لە فەرهەنگی مرۆڤایەتیدا هێمای پاککردنەوە و بەردەوامییە، لێرەدا شاعیر فەرمانێکی نوێی پێ دەبەخشێت و وەک نەخۆشێک “دەپژمێ”. چیمەن کە دەبێت ڕاخەرێکی ئارام بێت بۆ ماندوێتییەکان، لێرەدا وەک پەککەوتەیەک “قاچی لوول دەبێت”. ئەم بونیادنانەوەیە بۆ فەرمانی توخمەکان، ئاماژەیەکی قووڵە بۆ ئەوەی کە لە نیشتمانێکی ئاوادا، سروشتیش بەرگەی ئەو هەموو خەمە ناگرێت و لەگەڵ مرۆڤدا دوچاری پەککەوتەیی دەبێت. شاعیر بە وردی نیشانی دەدات کە ئەم سەمفۆنیای ناساخییە تەنها لە یەک شوێندا نییە، بەڵکو هەموو گەردوون دەگرێتەوە.
خاڵی هەرە درەوشاوەی ئەم تابلۆیە، “یاخیبوونی کەرەستەکانە” لە بەکارهێنەرانیان. کاتێک دەرگا یاخی دەبێت و کلیل دەچێتە “گیرفانی با”، مرۆڤ لەبەردەم بنبەستێکی مەعریفیدا ڕادەوەستێت. کلیل لای “با” واتە ونبوونی کلیل و نادیاریی چارەنووس و بێئومێدی لە کرانەوەی هیچ دەروازەیەک. هەروەها وێنەی “نەزیفی هەنار” و “چەقۆ لە خولی سەربڕین”، بەستنەوەیەکی پڕ لێزانینە لە نێوان جوانی و توندوتیژییەدا؛ هەنار کە هێمای پڕی و ژیانە، لێرەدا لەبەردەم چەقۆیەکدایە کە پیشەکەی تەنها سەربڕین و تێکشکاندنی جوانییە.
لە کۆتاییدا، ئەم دەقانە توانیویانە ئازار لە چوارچێوەی کەسیی مرۆڤ دەربهێنن و ببنە “ژانێکی گەردوونی”. تێیدا تەنانەت ئاوێنەکانیش وەک شاهیدحاڵێکی بێدەنگ، بەرگەی بینینی ئەو هەموو خەونە شکاوە ناگرن و درز دەبەن. “قریوەی کچێک” کە دەبوو مۆسیقای هیوا بێت، لێرەدا لە ناو گریانی ئاوێنەدا ون دەبێت. “ڕۆژ هەڵەبجەیی” لەم تابلۆیانەدا، نیشتمانێکمان بۆ وێنا دەکات کە تێیدا مۆمەکان لەبری ڕووناکی، “شنەشن” و گریان دەبەخشنەوە، ئەمەش لوتکەی ئەو بێئومێدییە گەورەیەیە کە تەنها شیعر دەتوانێت بەم زمانە چڕ و پڕ لە ڕەهەندە مانیفێستی بکات.




دەیەوێت ببیت بە یەکێك لەوان.. فەریق دووئاوانی

لە کۆمەڵگا دواکەتووەکاندا نەزانیی سەردەستەیە، چونکە تژی لە کۆت و بەندی نەفامانەیە؛ هەر لە دواکەوتنی هزرییەوە بیگرە تا توندوتویژیی و ستەم بە ناوی دادپەروەرییەوە، ئەمە وا دەکات زۆرینە چاولێکەر بن و ئەمەش هۆکارێکە بۆئەوەی سەرهەڵدانی بیری داهێنەرانە زۆر ئەستەم و مەحاڵ بێت، چونکە ئەم کارە بە کۆت لە قەڵەم دەدرێت و زۆرینە دەبنە ڕێگر لە گۆڕانکاریی و هەنگاونان بەرەو پێشەوە، ئیدی مرۆڤ لەو کۆمەڵگانەدا لە سەر هێڵی ڕاستی ئادەمیزادبوون لادەدات و دووڕوویی تەشەنە دەکات، لە بری ئەوەی کەسەکە بە هزرو ئەزموونی خۆی بڕیاربدات و ببینێت و هەڵبسەنگێنێت بە دیدی دەستە جەمع دەپێوێت و دەڕوانێت، تاك لە دۆخێکی بێهیوایی هەڵەشەییدا دەژی و جارانێک شەڕەنگێز دەردەچێت، بە هۆی دڵەراوكێی سەخت و نەبوونی ژیرمەندییەوە، لێرەوە ئەقڵییەتی مێگەل سەر هەڵدەدات و زاڵ دەبێت، واتا هەموو بە یەك چەشن بیر دەکەنەوە. زۆر جاریش ئاراستەکەیان هەڵەیە.
چیخەف لە وتەیەکی ناوداردا دەڵێت: لە کۆمەڵگا پاشکەوتووەکاندا هەزارەها دەبەنگ هەن بەرانبەر هۆشمەندێك، و هەزار وتەی بێکەڵک هەن لە بەرانبەر وتەیەکی سەنگیندا.
هەروەها عەلی وەردیش دەڵێت: مرۆڤ کاتێك بە دوای ڕێزی کۆمەڵگادا بگەڕێت، ئەوا هەوڵ دەدات ببێتە ئەوەی کە
کۆمەڵگا ڕێزی لێدەگرێت، بۆ نموونە گەر کۆمەڵگایەك ڕێز لە دز بگرن ، ئەوا ئەویش ئەبێت بە یەکێک لەوان.
لەم پێشەکییەوە دێمە سەر ناوەڕۆکی نووسینەکەم و ئەم هەلە دەقۆزمەوە تا نامەیەك ئاراستەی نووسیاری هێژا سەدیق رەواندوزی بکەم و پێی بڵێم تۆ شێت نیت، ئەگەر شێتیش بیت ئەوا لە دیدی شێتەوە تۆ شێتیت ئەگینا لە ڕوانگەی مرۆڤی ڕۆشنبیرەوە ، تۆ خامە بەدەستێکی دەڤەری رەواندوزی کە هێندەی لە تواناتدا بێت دەتەوێت خزمەتی پەیڤی کوردی و زمان و ئەدەب و داهێنانی میللەتەکەت بکەیت، ئیتر منی خوێنەر (وەکو خۆتان نووسیوتانە) چ کارمان بە ژیانی تاکەکەسی داوە؟ من و خوێنەر تەماشای بەرهەمەکانت دەکەین، نەك چۆن دەژیت، ئەمەش ئەوپەڕی جوانی هزرو تێڕوانینە کە ڕووبەری ئازادی و تایبەتمەندییەکانی کەسانی تر پێشێکل نەکەین و خۆمان هەڵنەقورتێنین لە شتانێکدا کە دوورو نزیک کاری ئێمە نییە و پەیوەندی پێمانەوە نییە.
بۆ نموونە گەر لە حاڵەتەکانی هەرەس هێنانی خیزان بکۆڵینەوە دەزانین کە چەندان هەزار هاوسەرگیریی لەسەر بنەمایەکی هەڵە دامەزراون و ئاکامەکەی پەشیمانی هەمشەیی دەبێت، یان ئایا ئەوانەی وەچە دەخەنەوە بیر لە پەروەردەکردن و داهاتوویان دەکەنەوە، ئایا وەکو بەرپرسیارییەتی ئەو هەنگاوە دەنێن یان هەر بۆ خۆشی؟ ئایا ئەم نەوەیە بۆچی وا لە پەروەردەدا دەست دەرچوون؟ ڕۆڵی باوان چییە لەم ئاقارەدا؟ ئایا ئەوەی هاوسەرگیریی کردووە شەریفەو ئەوەی نەیکردووە ناشەریفە؟….دەیان پرسیارگەلی دی ڕێ بە تاکەکەکانی کۆمـەڵگا دەدات چاوێك بخشێننەوە بەو دابونەرێت و خووە کۆمەڵایەتییەی کە بێ هیچ بنەمایەك دەستی بۆ دەبردرێت و بڕیاری دەربارەوە دەدرێت.
لێرەوە دەردەکەوێت؛ وێڕای ئەوەی چەندان لە ناوداران تا مردن بۆیان نەلوا هاوسەرگیریی بکەن و کە شاکارەکانیان دەخوێنینەوە هەرگیز ئەو پرسیارانەمان لا دروست نابێت کە گوایا هاوسەرگیریی کردووە یان نا؟. مرۆڤی دانا دەزانێت کە یەك ژیان لەم سەر زەویە ئەزموون دەکات و هەوڵدەدات ساتەکانی کە گەوهەری دانسقەن بە هەدەر نەدات، چونکە گەر گوزەشت هەرگیز ناگەڕێتەوە دواوە، کەواتە هۆشمەند بڕیارێکی هەڵە نادات کە دوایی کاڵەك بە ئەژنۆی بشکێنێت. ئەمە هەرگیز پێوەر نییە لە هەڵسەنگاندنی کەسایەتی و بەرهەمەکانی مرۆڤدا. بە تایبەتیتر کە لەم زەمانەدا ژیان و بوارەکانی و ئاڵۆز بوون و هەروەها کەسایەتی مرۆڤەکانیش بەرەو کاڵبوونەوەیەکی سامناك چووە، کە بێگومان هەموو کایەکانی ژیان کاریگەرییان لەسەر یەکتری هەیە، هەر لە سیستەمی بەڕێوەبردنەوە، تا ڕادەی فەراهەمهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و تاکو خستنەڕووی هەلی کاری یەکسان و ڕەچاوکردنی مافەکانی مرۆڤ.
بگرە ئەو کاتە مرۆڤ زیانمەند دەبێت کە ئازادی بیرکردنەوەو هەڵبژاردن لەدەست بدات و خۆی تەسلیمی دابی هەڵەی کۆمەڵگا بکات، چرای ئاوەزی خۆی بکوژێنێتەوەو دوای نەفامێک بکەوێت و چەپڵەی بۆ لێبدات.
کاک ڕەواندوزی دەزانم دەروونت پڕ کەیلەو واقتان وڕ دەمێنیت لە ئاکاری نەزانینی کۆمەڵگا کە لە مرۆڤ تێنەگەن، بەڵام سوقرات هەرگیز دەسبەرداری بۆچوونی دروست نەبوو و ژەهری هەڵبژارد لە بەرانبەر ژیانێکی کۆیلایەتی پر لە دووڕوویی، حەللاج تا ئەشکەنجە نەگەشتە سەر زوبانی هەر داکۆکی لەسەر جوانی ئەو حەقە شاردراوەیەی ناخی دەکردەوە و لە ئاکامدا مردنەکەشی بووە سیمبوڵ و دەسبەرداری خۆی و قەناعەکانی نەبوو.
بەڵی لە زۆر ژینگەی دواکەوتوودا وتەزایەك دەگوترێت کە هیچ جێی بایەخ نین و شایستەی ئەوەنین بەو پێوانانە بپێوین، وەك ئەوەی دەگوترێت: گەر لەگەڵ من نەبیت، ئەوا دژی منیت. یان دەگوترێت ئەوەی ژنی نەبێت خەریکی بەدڕەوشتییە…هەتاد…بەڵام ئەمانە هەر قسەی ئەوانەیە کە ژیان هەر لە ورگ و زەکەردا دەبیننەوەو هیچ بوارێکیان بە خۆیان نەداوە کە بەرفراوانی ئەم دنیا ڕازاوەو هەمەڕەنگە ببینن و چەشەی لێ ببینن، بێجگە لەو دوو شەهوەتە ئاژەڵییە، کەواتە پیرۆزیان بێت ئەو بۆچوونانە و بەرهەمی ئەو ژیانە وێرانەیەی ئەوانە لە ناخ و دەرەوەیاندا پێوەی دەناڵێنن و لای خۆیان زۆر پەسەندە. ئەمە مانای ئەوە نییە قسە لەسەر هاوسەرگیریی بکەین لەو رووەی کە باشە یان خراپ، بەڵام مرۆڤەکان دۆخیان هاوچوون نییە.
هەمیشەش هەر وابووە؛ لەناو قەومی بەسیتا قەدری سەنعەتکار ، وەکو وێنەی مانگ وایە لەناو گۆمێکی لیخندا، هەر کەسێکیش لە دیدگای خۆیەوە دەڕوانێتە لە کەسانی تر، مەگەر نالی و حاجی قادرو مەولانا خالید لە نامۆییدا سەریان نەنایەوە؟ ئەی زانا نوورسی و عەزیز گەردی بۆچ تەنیا سەریان نایەوە؟
لێرە وە دەبێت بگەترێت: ئیتر چ هیوایەك بخوازرێت و چاوەڕوانییەک بکرێت لە چەپڵەلیدانی کەسانی دەبەنگ ، تەنانەت گەر بەلایاندا بڕۆی ئەوا پیشکی ئاگرت بەر دەکەوێت، گەر تەماشاشیان بکەیت ئەوا نەهامەتی تیشکی چاویان کار لەسەر دڵت دەکات.




گەڵا هەڵپڕوکاوەکان ئەبووژێنەوە.. عارف کوردە

گوڵە ژاکاوەکانی،
ژێر پێی کوێرەوەری ئەبووژێنمەوە
ڕووح ئەکەمەوە بەجستەیاندا
ئەتوانم بەناو تووڕەیی،
هەورە برووسکەدا تێپەڕم
بەڕەنگی پەلکەزێڕینە
فوو لەڕوخسارە پەڕیوەکان بکەم
ڕەنگی مردوویان،
لەسەر لائەبەم
لەگەڵ غەمەکانما بێدار ئەبمەوە
یەک..یەک ئەیاننێژم
پێکەنینە تۆراوەکان،
ئاشت ئەکەمەوە
پەنجە ڕچیوەکان گەرم ئەکەمەوە
پەرچوو ئەخوڵقێنم
گەڵا وشکەکان سەوز ئەکەمەوە
ڕێگا دابڕاوەکان ئەخەمەوە سەریەک
لەدوندی شادیدا
ڕۆژە ڕەشەکان سپی ئەکەمەوە
تارمایی مەرگ ئەڕەوێنمەوە
قۆڵ ئەکەم بەقۆڵی گۆڤەندا
ئەچمەوە ماڵی دیلانێ
تاهەتایە لەیەکتر دەئاڵێینەوە
لەنێو کاولاشدا، خشتئەبڕم
لەماڵی بێ هیوایی..هیوا ئەچێنم
لەژێر ڕەهێڵەی درۆندا..!
چرا دەئەگیرسێنم
لێناگەڕێم باڕەش..،
گوڵەکان هەڵپڕوکێنێ
با، گڵوپەکان نەکوژێنەوە
شار لەتاریکیدا.. ئەمرێ
ئەستێرە چاوی هەڵئەگڵۆفێ
ئاسمان شینایی لەدەست ئەدا
کراسێکی خۆڵەمێشی ئەپۆشێ
زەڕنەقووتەکان،
لەقوڕەلیتەدا نوقم ئەبن
لەشەوەتارەکاندا
بەدوای کاروانکوژەیا ڕاناکەم
زستان زەندەقی لەبەهار چووە
ڕێواس، درزەکاتە سنگی بەفرەوە
مێلاقەو نێرگز،
بەسەمفۆنیای تاڤگەو
هاژەی چەمەوە ئەگەڕێنەوە
مەرکانەکانیان،
دەرماڵن لەئاوی نەمری




مێزی قومار.. شوان عەباس بەدری

هاوڕێ بڕوانە
لەم قوربانگەیە چەند بێ نرخە گیان
هاوڕێ بڕوانە
ئێمەی هەژار چۆن بووین بە قوربانی ویستی سەرکردەکان
بڕوانە
لە سەر مێزی قومار چۆن یاری بە ژینمان ئەکەن
بڕوانە
چۆن پێئەکەنن و چۆن بە کووشتمان ئەدەن
هاوڕێ بڕوانە
کەشتی سەرکەوتنی ئەوان
چۆن لەناو خوێناوی ئێمە کەوتۆتە ڕێ
بڕوانە
سەرکردە چۆن لە خوێنی ڕژاوی ئێمە
چێژ ئەبینێ و پێئەکەنێ !

سلێمانی / پاییزی 2004