ئێستێتیکی فریدریش شیلەر-5- کاوە جەلال


(بەشی پێنجەم)

4- دەروونی جوان وەک یەکانەی ئاوەز و توانستی دەرکگیری

شیلەر لە “نامەکانی کالیاس“دا هەوڵ دەدات ئۆبژێکتیڤییانە بناغەی جوانێتی بڕێژێت؛ ئەو جوانی ناودەنێت ئازادی لە دیاردەدا. چەند مانگێک دوای ئەوە، لە مانگی پێنج و شەشی ساڵی 1793دا، لێکۆڵینەوەکەی بە ناونیشانی „ناسکی و شکۆ“ دەنووسێت کە دەبێت بە کارێکی ڕێبەری بۆ نووسینی “پەروەردەی ئێستێتیکیی مرۆڤ”. شیلەری ئیدیالیست لە هەردوو نووسینی ناوبراودا ئیدیالی خۆی بۆ دەروونی جوان (یان مرۆڤی جوان) بەرجەستە دەکات کە بە یەکێتیی هارمۆنیانەی ئاوەز و توانستی دەرکگیری سەرهەڵدەدات. بێگومان ئەم هەڵوێستە هزرییەی شیلەر هاوکات ڕەخنەی جڤاکی مۆدێرن لە خۆدەگرێت کە جیاکردنەوەی سروشت و ئاوەز، چەوسانەوە، نامۆبوون و بەپسپۆرکردن مۆرکیان پێداوە. ئێمە لێرەدا لای شیلەر هەڵوێستە بنەڕەتییەکەی ئیدیالیزمی ئەڵمانی دەبینین کە لە هزردا جڤاکی سەردەم تێکدەشکێنێت و ئەوجا جڤاکێکی ئازاد لە ئیدێدا بنیات دەنێت.
بە تێڕوانینی شیلەر مرۆڤی سەردەم لە خۆی نامۆبووە، چونکە نە دەتوانێت مرۆڤێتی خۆی پێبگەیەنێت و نە هەستی بۆ ئەرکە گشتییەکانی نێو دەوڵەت هەیە، بە پێچەوانەوە لە جڤاکی سەردەمدا مادەگەری و بێدادی سەروەرن. لەم جڤاکەدا چینەکانی سەرەوە فیزدار و لەخۆباییبوو دەیدەنە بەر، هاوکات بەسووکی لە چینەکانی خوارەوە دەڕوانن، وەلێ ئەمان بەزەبر ئەو شتانەیان لێدەسێنن کە لێیان بێبەشکراون. ئەمە بەڕوونی لە شۆڕشی فەڕەنسیدا ڕووی دا، ئەویش کاتێک چینەکانی خوارەوەی جڤاک دەستیان کرد بە خوێنڕشتن تا ئەو شتە خوازراوانە بەدەستبهێنن کە چینەکانی سەرەوە بە شایستەی ئەوانیان نەدەزانی. وەلێ ئەم شۆڕشە لە سەرئەنجامدا تەنیا شێواویی بێیاسا و نائاسایشی لەتەک خۆیدا هێنا، بەڵێ بە زمانی شیلەر تەنانەت “بەوەحشیبوونی پەتی”ی لێکەوتەوە.

ئەزموونی شۆڕشی فەڕەنسی شیلەر دەبزوێنێت ئاوەزی ئەبستراکت و ڕاسیۆنالیزمی یەکلایەنەی ڕۆشناییەکان بخاتە ژێر ڕەخنەوە. بێگومان شیلەر دژی ڕۆشنایی و کارایی ئاوەز نییە، بەڵکو ئەمیش، وەک هزرڤانێکی سەر بە قۆناغی کۆتایی ڕۆشناییەکان، جەخت لە ئیدیالەکانی ئاوەز و ئازادی دەکات. وەلێ بە تێڕوانینی شیلەر پرۆژەی ئاوەزییانە کە ئەبستراکتە، ناتوانێت جڤاک بەرەو دەوڵەتی ئاوەز بەرێت، بە پێچەوانەوە شکست دەهێنێت، چونکە سەرجەم لایەنی پسیکۆ-فیزیکیی مرۆڤ، یان بە زمانی شیلەر: “سروشتی دەرکی”ی مرۆڤ، دەخاتە ژێر ڕکێفی ئاوەزەوە. ئاخر جڤاکی سەردەم زۆر تایبەت هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی مرۆڤان بکات بە پسپۆر لە هەر بوارێکی تایبەتیدا، وەلێ ئەوان ئێستا بەهۆی سەروەریی ئاوەزەوە بەسەر هەست و سۆزەکانیاندا نامۆ دەبن لە هەمەکێتیی لێرەبوونی خۆیان. بەڵێ مرۆڤان، سەرباری ڕۆشناییدان بە زەین و لابردنی پەردە لەسەر نهێنییەکان و خورافیات، هێشتا هەر “بەڕبەڕ”ن.
ئێمە هەر لەم پەیوەندییەدا هەروەها ڕەخنەی شیلەر لە کانت دەبینین. بە تێڕوانینی کانتی ڕۆشنگەرا مرۆڤ لە لایەک بوونەوەرێکی فیزیکی و بیۆلۆژییە (گۆشت و خوێن)، لە لایەکی دی خاوەنی ئاوەزە کە هێزی پێدەدات “بەرگە”ی سۆزەکانی هیوا و ناسۆر و هتد بگرێت. کەواتە کانت ڕەمەک (غەریزە) و ئارەزوو و هەست دەخاتە ژێر ڕکێفی ئاوەزەوە. شیلەر ئەم هەڵوێستەی کانت بە کارێکی نامرۆڤخوازانە دادەنێت و دەبێژێت: «ئەوە باش نییە بۆ مرۆڤ کە زۆر متمانە بە دەنگی ڕەمەک نەکات و بەردەوام لە بەردەم پرنسیپی ئەخلاقدا گوێی لێبگرێت. مرۆڤ گەرەکە ڕێزی بگرێت، متمانەی پێبکات. هەردوو پرنسیپەکە گەرەکە لەنێو ئەودا (مرۆڤدا) پێکەوە بگونجێنرێن. » (27)
کەواتە شیلەر بە پێویستی دەزانێت ڕەمەک و سۆزەکانی مرۆڤ وەک لای کانت نەچەوسێنرێنەوە، بەڵکو وەک هەقیقەتێکی سروشتییانەی مرۆڤی بەهەند وەربگیرێن و کاریان تێدا بکرێت بە ئاڕاستەی بەدیهێنانی باڵاترین ئیدیال: ئازادی – ئاخر، وەک ئەو دەبێژێت: “… دەبێت ڕێگەکە بەسەر دڵدا بەرەو سەر بکرێتەوە.”(28)

1-4 مرۆڤدیدیی شیلەر

شیلەر مرۆڤدیدییەکی دوالیستیی هەیە: مرۆڤ لە سروشتەوە دوو ڕەمەکی هەیە کە بریتین لە کەرەسە و فۆرم. وەلێ ئێمە گەرەکە لە دوو تێگەی دیکەی شیلەرەوە کە تایبەتمەندیی مرۆڤین، ڕووبکەینە ئەم دوو ڕەمەکە: “کەس” (“بنیاتنەر”) و “ستاتۆ” (“بگۆڕ”). بەگوێرەی تێگەیشتنی شیلەر، بوونی کەس لە خۆدا دراوە، کەواتە کەس بنەڕەتی خودی خۆیەتی (29) نەک لە شتێکی دیکەوە سەرهەڵبدات، هەروەها نەگۆڕە، یان بە واژەیەکی دی: سرەوتووە. لای شیلەر ئاوەزی ئۆتۆنۆم لە کەسدا بەرجەستە دەبێت، یان خودی کەس ئاماژەیەک بۆ ئاوەز لە خۆ دەگرێت. لێرەوەیە کە مرۆڤ ئیدێی ئازادیی هەیە. وەلێ مرۆڤ هەروەها تایبەتمەندیی “ستاتۆ”ی هەیە کە وەک کەس سرەوتوو نییە، بەڵکو ئەم سەرهەڵدەدات، بۆیە هەردەم لە گۆڕاندایە. لەم ڕوانگەیەوە مرۆڤ کەسە کە خۆی لە ستاتۆیەکی تایبەتیدا دەبینێتەوە.
کەواتە کەس و ستاتۆ جیاوازن لە یەکدی، هەروەها هیچ کامیان لە ئەویدیکەیانەوە نایەتەگۆڕێ. ئاخر گەر کەس بەند بێت بە ستاتۆوە، ئەوسا سرەوتوو نابێت، بەڵکو دەگۆڕرێت، هەروەها ئەوسا ستاتۆ دەسرەوێت. «نەک لەبەر ئەوەی دەهزرێین، دەمانەوێت و شئور دەکەین، ئیدی ئێمە هەین. نەک لەبەرئەوەی ئێمە هەین، ئیدی ئێمە دەهزرێین، دەمانەوێت و شئور دەکەین. ئێمە هەین لەبەرئەوەی هەین. ئێمە شئور دەکەین، دەهزرێین و دەمانەوێت، چونکە لە دەرەوەی ئێمە شتێکی دیکە هەیە » (30). هەردوو ڕەمەکی ناوبراوی مرۆڤ، کەرەسە و فۆرم، لە پەیوەندیدان بەم دوو تایبەتمەندییە مرۆڤییەوە.
ڕەمەکی کەرەسە لە سروشتی پسیکۆفیزیکیی مرۆڤەوە کارا دەبێت و دەیکات بە وەرگری کاریگەرییە دەرەکییەکانی جیهان. ئامانجی ئەم ڕەمەکە سەروەریی مرۆڤە بەسەر سروشتدا بۆ ئەوەی خۆی لە زەبری زەروورە سروشتییەکان بپارێزێت، بۆیە گۆڕان دەسەپێنێت و بەوەش مرۆڤ لە کات-دا ڕادەگرێت، چونکە پێویستی بە بەدیهاتنی کاتە. کاتی بەدیهاتوو بۆ شیلەر بریتییە لە “شئور” (31) کە لای مرۆڤ پابەند بە ڕەمەکی کەرەسەوە دێتەگۆڕێ. ئێستا کات بە شئور نێوەرۆکی وەرگرتووە. کاتێک مرۆڤ شئور بە ساتی ئامادە دەکات، ئیدی سەرجەم تایبەتمەندییەکانی بەند دەبن بەم تاکە جۆرەی لێرەبوونەوە. ئەم مرۆڤە بۆ شیلەر وەحشییە، چونکە سۆزەکانی بەسەر ئەودا سەروەرن، هەروەها چونکە تەنیا ڕێزی سروشت دەگرێت و بە بێڕێزی لە هەر یاسایەکی ئەخلاقی دەڕوانێت. بەکورتی: مرۆڤ پابەندی پێداویستییە ڕەمەکی و سۆزەکییەکانێتی و تەنیا بەگوێرەی ئەوان کردار دەنوێنێت.
ڕەمەکی فۆرم بە پێچەوانەوە بەشە ئاوەزییەکەی مرۆڤە. گەرچی مرۆڤ لەژێر کاریگەریی دەرەکیدایە و شئور و سۆزەکانی بەردەوام گۆڕانیان بەسەردا دێت، وەلێ ڕەمەکی فۆرم دەرفەتی پێدەدات کە ئازادیی نێوەکییانەی خۆی، واتا یەکانە (ئیدێنتیتێ) و بنەڕەتی ئەخلاقییانەی، بپارێزێت. ئەم ڕەمەکە کە پابەندی سروشتی ئاوەزمەندانەی مرۆڤە، «داوای ڕاستی و ماف دەکات» (32) کە دوو بەهای ئۆبژێکتیڤی و ڕەها (ئەبسۆلوت) و سەربەخۆن لە هەر تێڕوانینێکی کەسەکی و ڕەوشێکی جڤاکی. ڕەمەکی فۆرم یەکلایەنە، کەواتە بەبێ ڕەچاوکردنی ستاتۆی (لێرەبوونی فیزیکییانەی) مرۆڤ، خودی ئەو بۆ پەیڕەوکردنی نۆرم و ڕێسا، هەروەها بۆ دانانی یاسا، دەبزوێنێت، ئەمەش تەنیا بەو ئامانجە کە «هارمۆنی بهێنێتە نێو جوودایی دیاردانی ئەوەوە و سەرباری هەموو گۆڕانێکی ستاتۆ کەس-ی ئەو بسەپێنێت» (33). ڕەمەکی فۆرم، وەک یەکانە، هەرگیز ناکەوێتە ناتەباییەوە لەتەک خۆیدا، بۆیە «هەر بڕیارێک بۆ ئێستاکانێ بدات، هاوشێوەی بڕیارە هەمیشەییەکانێتی» (34)، کەواتە، هێگلیانە بدوێین، کاتێتی (گۆڕان) هەڵدەگرێت، واتا چە نایهێڵێت و چە هاوکات بە هەڵگرتن دەیپارێزێت: کاتێک ئەو یەکانە و ڕاستی و مافی ڕەها دەسەپێنێت، ئیدی کاتێتی نامێنێت، وەلێ هاوکات بە هەڵگرتنی کاتێتی سەرجەم ڕیزی کات لە خۆیدا یەکدەخات و دەیپارێزێت. ڕەمەکی فۆرم دەیەوێت ڕاستی و ماف هەمیشە و بێمەرج چواندیان هەبێت. بۆ نموونە هەست دەتوانێت شتێک لەم ساتەدا بۆ مرۆڤێک بە ڕاست دابنێت، لە ساتێکی دیکەدا هەر بۆ خودی ئەو بە ناڕاستی دابنێت. وەلێ گەر ئاوەز بڕیار (حوکم) بدات: “ئەمە ڕاستە”، لێرەدا بڕیارەکەی هەمیشەییە و هەر لە خودی کەس-ی هەرگیز نەگۆڕەوە چواندنی پێدەدرێت.
لەم ڕوانگەیەوە دەشێت هەردوو ڕەمەکی ناوبراو، یان ستاتۆ و کەس، ڕۆبچنە نێو پەیوەندیی ناتەباوە، ئەمەش بە تێروانینی شیلەر پڕکێشەیە، «چونکە هەردووکیان تێگەی نێویەکین» (35) و هیچ کامیان ناتوانێت بەبێ ئەویدیکەیان پێناسەی خۆی بکات. شیلەر لێرەدا کانتیانە ئەرگومێنت دەهێنێتەوە.
کرۆکی تیۆریی مەئریفەکەی کانت دەبێژێت: ئێمە دوو توانستی بنەڕەتیی مەئریفەمان هەیە کە بریتین لە شئور و زەین. هەردووکیان چاویلکەی ئێمەن ڕووەو جیهان لە خۆدا (نومێنا). ئێمە بە دەرکەوەر، کەواتە بە بینین، بیستن، بۆنکردن، چێژتن و گرتن، شئور بە شتە دەرەکییەکانی جیهان دەکەین. کانت ئەمە ناودەنێت “توانستی دەرکگیری”. وەلێ نە توانستی دەرکگیری بەبێ زەین و نە زەین بەبێ توانستی دەرکگیری هەڵدەکات. بیرۆکەکانی ئێمە (کە لە زەینەوە دێن) بەبێ نێوەرۆک (کە لە توانستی دەرکگیرییەوە دێت) “بۆش”ن، هەروەها نەزەرمان (کە لە توانستی دەرکگیرییەوە دێت) بەبێ تێگە (کە لە زەینەوە دێت) “کوێر”ە. کانت لێرەدا مەبەستی لەوەیە، کە لەم شیمانانەی دەرککردندا جیهان بۆ ئێمە دیار دەدات، ئەوە بێگومان بەپەرشی، ئەوجا زەین بەسپۆنتان (بە چالاکیی خۆیی) شئورەکان لەژێر تێگەدا ڕێکدەخات (36).
هەروەها شیلەر پەیوەند بە هەردوو ڕەمەکی ناوبراوەوە دەبێژێت: مرۆڤ بەڕێی ڕەمەکی کەرەسەوە شئور و هەست و سۆزی هەیە، کەواتە جیهانی پێدراوە، وەلێ ڕەمەکی فۆرم لای ئەو توانستی ڕێکخستنی شئورەکان و دانانی یاسایە. لەم ڕوانگەیەوە هەرئەوەندەی ڕەمەکی کەرەسە سەروەری بسەنێت، ئیدی هەست و سۆزە دەرکییەکان جیهانی کەس ناهێڵن، وەلێ ئێستا بەم ڕێیەوە چیدی مرۆڤ پێناگات، چونکە ئەو لەم ڕەوشەدا تەنیا شئوری (نێوەرۆکی کاتی) شێواوە بەبێ هیچ مەغزایەک، بەڵێ ئێستا هەست و سۆزەکانی کە بە لێشاوی بێفۆرم سەرهەڵدەدەن و دەنیشنەوە، تایبەتی دەکەن بە ژیانێکی ئاژەڵیانە بەبێ هیچ شوناسێک (ئیدێنتیتێیەک). کەواتە ڕەمەکی کەرەسە وەک سەروەر کوێرە. ئەم بوونەوەرە بۆ شیلەر سەبژێکت نییە، بەڵکو وەحشییە و بەچەقیوی لە شوێنی خۆیدا ژیانی ئاژەڵیانەی ساتار دەکات. ئاخر، بەگوێرەی تێڕوانینی شیلەر سەبارەت بە پەیوەندیی نێویەکییانەی ستاتۆ و کەس، «هەرئەوەندەی مرۆڤ تەنیا نێوەرۆکی کات بێت، ئەو چیدی نییە، بەمەش ئەو هیچ نێوەرۆکێکی نییە»، ئەویش چونکە بە نەهێشتنی کەس-ی ئەو هەروەها ستاتۆکەشی نەهێڵراوە. ئەوجا بە پێچەوانەوە گەر ڕەمەکی فۆرم سەروەری بەسەر ڕەمەکی کەرەسەدا بسەنێت، «واتا گەر هێزی هزر پێش شئورکردن بێتەئاراوە و کەس خۆی بنێتە ژێر جیهان»، ئیدی ئاوەز (ڕەمەکی فۆرم، هێزی هزر) هیچ نێوەرکێکی شئوری لە بەردەمدا نابێت بۆ ئەوەی یاساکانی خۆی بەسەریدا بەکاربەرێت، بۆیە ئیدی ڕەمەکی فۆرم بۆشە و «… چیدی کەس هێزی سەربەخۆ و سەبژێکت نییە»، بەڵکو ئێستا بوونەوەرێکی تەواو ئاوەزییە بەبێ کەرەسە(37). ئەم بوونەوەرە بۆ شیلەر مرۆڤ نییە، بەڵکو تەنیا ئیدێیەکی ئەبستراکتە. بەمەش ئێستا کە ڕەمەکی فۆرم سەروەریی وەرگرتووە، بوون بێڕادە فراوان دەبێت، ئێستا ئاستەنگەکان نامێنن و مرۆڤیش، وەک یەکانەیەکی ئیدێ، سەرجەم جیهانی دیاردەکان لەژێر خۆیدا یەکدەخات (38) – ئاخر تا چەند ئاوەز ئازادتر ببێت، مرۆڤیش هێندە زۆر لە جیهان تێدەگات و ئەوەندەش زۆر لە دەرەوەی خۆی فۆرم دەسازێنێت (39). ئێستا ڕاسیۆنالێتی بەتەواوی سەروەرە. بۆ شیلەر ئەم بوونەوەرە بەڕبەڕە.
لەبەرئەوەی کەس و ستاتۆ بە تێڕوانینی شیلەر تێگەی نێویەکین، ئەوا یەکدییان پێویستە و دەبێت نێویەکییانە سنوور بۆ یەکدی دابنێن: ڕەمەکی فۆرم گەرەکە ڕێ لە ڕەمەکی کەرەسە بگرێت کە خۆی بە لێشاو نەسەپێنێت، بەڵکو وەک شئوری ئەوتۆ لەگۆڕێ بێت کە ئاگامەندانە دەرککراوە و بەئامانجگیراوە، هەروەها گەرەکە ڕەمەکی کەرەسە بەرهەڵستی لەدژی ڕەمەکی فۆرم بنوێنێت، تا ئیدی ئاوەز هیچی دیکە نەبێت جگە لە هێزی ڕێکخەر. کەواتە پێویستە لە نێوانیاندا هارمۆنی بهێنرێتە گۆڕێ. ئەوە ئێستێتیکە کە دەتوانێت وەک نێوەندیار سنووریان بۆ دابنێت و بییانخاتە ڕەوشی هارمۆنییەوە. لێرەدا دەگەین بە ڕەمەکێکی سێیەم کە تێیدا هەردوو ڕەمەکی ناوبراو هەڵگیراون: گەمە. وەلێ ئێمە گەرەکە پێش ئەوە خۆمان بە ئەنترۆپۆلۆژییەکەی شیلەرەوە خەریک بکەین.

2-4 ئەنترۆپۆلۆژیی شیلەر

ئێمە گەرەکە بۆ تێگەیشتنی ڕوونتر لە ئەنترۆپۆلۆژییەکەی شیلەر سەرەتا ڕووبکەینە پەیوەندی و جیاوازی لە نێوان ئەو و ڕوسۆدا.
شیلەر بەهایەکی بەرزی بۆ ڕوسۆ دادەنا، وەلێ هەڵوێستی ڕۆمانتیکییانەی ئەوی سەبارەت بە مرۆڤی سروشتی ڕەت دەکردەوە. ئەوجا کاتێک ئەنترۆپۆلۆژیی ڕوسۆ مێژوویی-فەلسەفەییە، واتا گۆڕانی مێژووییانەی مرۆڤ لە ستاتۆی سروشتییەوە بەرەو ژیاریی گەندەڵ دادەڕێژێت، ئەوا شیلەر بە مێتۆدی ترانسسێندێنتال لە شیمانە جیاوازەکانی پێکەوەژیانی مرۆڤان دەهزرێت و لە مرۆڤدیدییەکەی خۆیەوە کە لەسەرەوە پێشانمان دا، گۆڕان بە ئەنترۆپۆلۆژییەکی ئێستێتیکی دەدات.
ڕوسۆ مرۆڤی ستاتۆی سروشتیی سەرەتا وەک یەکانە وەردەگرێت و هەڵیدەزنێنێت بۆ ئاستی نموونەی باڵا (ئیدیال): ناوی دەنێت “وەحشیی چاک” لە واتای بێگوناهیدا. ئەم مرۆڤە هەر لە سەرەتاوە کە تازە لەنێو سروشتەوە دەپەڕیوە، خۆی خۆشدەوێت و بەو ڕێیەشەوە خۆی دەپارێزێت و لە ژیاندا دەهێڵێتەوە، وەلێ سروشت هەروەها هەستی بەزەیی بەو داوە کە سنوور بۆ خۆخۆشویستن دادەنێت و نایەڵێت کاریگەرییەکی نێگەتیڤی لەسەر هاومرۆڤانی هەبێت، کەواتە ئەمیان دەبێت بە پارێزەری ڕەگەز. وەلێ مرۆڤی سروشتی لە ڕەوتی بەکۆمەڵایەتیبووندا دەشکێت (دادەبەشێت): لە خۆی نامۆ دەبێت و پاشان بە سەرهەڵدانی خاوەنداریی تایبەتی گەندەڵ دەبێت: ئێستا خۆویستی جێی خۆخۆشویستن و بەزەیی دەگرێتەوە. ڕوسۆ لێرەوە داوا دەکات پشتبکرێتە ژیاریی گەندەڵی سەردەم و مرۆڤان بە “پەروەردەی سروشتی” بگەڕێنرێنەوە بۆ ستاتۆی بێگوناهی و سادەیەتی.
وەلێ مرۆڤ لای شیلەر، وەک لە سەرەوە پەیوەند بە مرۆڤدیدیی ئەوەوە بینیمان، لە ستاتۆی سروشتییەوە بوونەوەرێکی جووتەنییە: لە دوو ڕەمەکی کەرەسە و فۆرم پێکدێت، لێرەشەوە ئیدی سروشت لە دوو ڕووەوە کاریگەری لەسەر ئەو دەنوێنێت: سەرەتا خودی سروشت ڕێبەری مرۆڤی سروشتییە، چونکە ئەو لەم ستاتۆیەدا ناتوانێت لە “خۆ”یەوە کردار بنوێنێت و چارەنوسی دیاری بکات، بەڵکو سروشت کرداری بۆ دەنوێنێت، واتا سەرەتا دەرکەوەرەکانی کاران و دەرفەتی ژیان و گوزەرانی بۆ دەڕەخسێنن. وەلێ سروشت هاوکات تەنیا هێزی فیزیکی نییە و وەک سەروەر کاریگەری لەسەر مرۆڤان بنوێنێت، بەڵکو هەر خودی سروشت مرۆڤ دەبزوێنێت کە بەڕێی دەرکەوەرەکانییەوە (چاو و گوێ) بەسەر ئەو ڕەوشەدا بەرزبێتەوە – ئاخر سروشت نەک تەنیا کەرەسەی خاو، بەڵکو هەروەها “دەرکەوتە” (Schein)ی دەخاتە بەردەم، بەم ڕێیەشەوە پردێک بەرەو ئاوەز و ئازادی ڕادەکێشێت. شیلەر چاو و گوێ ناودەنێت دوو دەرکەوەرە “نایاب”ەکەی مرۆڤ کە کەرەسە بۆ فۆرم وەردەگۆڕن. ئەو بابەتە کە چاو دەیبینێت، فۆرمێکە کە مرۆڤ خۆی دروستی دەکات. شیلەر ئەمە ناودەنێت “دەرکەوتەی ئێستێتیکی” کە دەرفەت بۆ مرۆڤ دەڕەخسێنێت بەبێ حەز، کەواتە ناڕەمەکییانە، بە شتەکان بگات. ئەمە یەکەم هەنگاوە بەرەو ئازادی. کەواتە مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی دەرکیی پەتی، لە سروشتی ئێستێتیکییەوە بە ئەزموونکردنی جوانێتی، هێدی هێدی دەگۆڕرێت ڕووەو بوونەوەرێکی ئەخلاقی (40). لەم ڕوانگەیەوە مرۆڤ لای شیلەر، بە پێچەوانەی ڕوسۆوە، هەر لە سەرەتاوە „خۆڕسکانە“ وەک بوونەوەری سروشتی، یان وەک „بوونەوەری مرۆڤی“، پۆتێنسیالی بۆ ئاوەز و ئازادی هەیە. لێرەوە شیلەر وەک ڕوسۆ بەرەو پاش ناگەرێتەوە بۆ سەردەمی سادەیەتی و بێگوناهی، بەڵکو بە پێویستی دەزانێت مرۆڤی سەردەم بە هونەر و پەروەردەی ئێستێتیکی چاکبکرێت، تا ئیدی لە سەرئەنجامدا یەکانەیەک لە سروشتە جووتەنییەکەی ئەو بهێنرێتە گۆڕێ: هارمۆنیی ئاوەز و توانستی دەرکگیری.
بێگومان هەروەها شیلەر جەخت دەکات کە مرۆڤی سروشتی لە پێناوی خۆهێشتنەوەیدا بێدار دەبێتەوە: ئەو بەناچاری لەنێو زەروورەی کوێری سروشتەوە بەئاگادێت و دەگات بە مەئریفەی خۆی وەک مرۆڤ. ئەوە ئازادیی سروشتییە کە دەرفەت بۆ مرۆڤ دەڕەخسێنێت ئازادانە کردارە ناچارەکییەکان کە ئەو جرپنانە لە سروشتەوە یەکسەر دەیاننوێنێت، بکات بە بژاردەی ئازاد، هاوکات لە زەروورەی سروشتییەوە زەروورەی ئەخلاقی بهێنێتەگۆڕێ. ئێستا پێداویستییەکانی مرۆڤ لەم پرۆسەیەی بێداربوونەوەیدا هەنگاوی پێدەنێنە نێو ستاتۆیەکەوە، کەواتە ناچاری دەکەن بۆ ستاتۆیەک نەک ئەو خۆی ئازادانە بڕیاری بۆ بدات: دەوڵەت (دامەزراوە، ڕێکخراوی جڤاکی). ئەمە بۆ شیلەر دەوڵەتی ناچارەکییە و تێیدا مرۆڤان هێشتا هەر پابەندی سروشتن، چونکە ئەوان ناچارن دەوڵەت بەگوێرەی یاسای سروشتی دابمەزرێنن. شیلەر ئەم فۆرمەی دەوڵەت وەک تەواو گونجاو بە مرۆڤی بێداربۆوەی سروشتی دادەنێت، ئەویش چونکە ئەو مرۆڤە هێشتا هەر بوونەوەرێکی تەواو دەرکییە (پسیکۆ-فیزیکییە) و لە پێناوی خۆهێشتنەوەیدا دەوڵەتێک بەگوێرەی ڕەمەک و حەزە دەرکییەکانی دادەمەزرێنێت. کەواتە مرۆڤ بە زەبر وەڵامی زەبرە سروشتییەکان دەداتەوە: بنیاتنانی حوکمدارییەکی زەبرمەند.
ئێمە لای شیلەر هاوکات فۆرمێکی دیکەی دەوڵەتی ناچارەکیمان هەیە کە تێیدا ئاوەز سەروەرە. لەم فۆرمەی دەوڵەتدا زەبری نێوەکییانەی ئاوەز دەخرێتە جێی زەبری دەرەکییانەی سروشت، واتا دەوڵەتی ئەخلاقی پابەند بە یاسای ئاکارەوە دادەمەزرێنرێت. کەواتە نەک هێزی سروشتی کە پاڵهێزی دەوڵەتی سروشتیی ناچارەکییە، بەڵکو یاسا بنەڕەتی دامەزراندنی دەوڵەتی ئەخلاقە. لەم پەیوەندییە دەوڵەتییەی ئێستادا هێزە ڕاسیۆنالەکان سەروەرن، ئێستا “ویستی ئازاد ڕادەکێشرێتە نێو جیهانی هۆکارەکانەوە کە تێیدا هەموو شتەکان بە زەروورەی توند (…) پێکەوەگرێدراون” (41).
شیلەر لەم پەیوەندییەدا جیاوازی لە نێوان دوو جۆری مرۆڤاندا دەکات تاکو لێرەوە جۆرێکی دیکەی مرۆڤ دیاربهێنێت کە ناوی دەنێت “مرۆڤی ئیدیال”. مرۆڤ وەحشییە گەر بەگوێرەی سروشتی خۆی کردار بنوێنێت و هیچ پرنسیپێکی نەبێت، کەواتە تەنیا هەوڵ بۆ ستارکردنی حەز و ئارەزووەکانی خۆی بدات. مرۆڤ بەڕبەڕە گەر پابەند بە ئاوەزەوە بەگوێرەی یاسا بژی، وەلێ گرنگی بە سروشتی خۆی نەدات. بە پێچەوانەی هەردووکیانەوە مرۆڤێک ئیدیالە کە هارمۆنییانە پێگەیەنراوە؛ ئەم مرۆڤە دەتوانێت یەکێتی لە نێوان ئاوەز و هەست و سۆزەکانیدا بهێنێتەگۆڕێ. ئەمەش بەواتای: کەسێتییەکی بەم چەشنە نەک تەنیا پابەندی پرنسیپە ئاوەزییەکانە، بەڵکو هاوکات دەستبەرداری سروشتێتی نابێت، ئەوجا وەک پابەندی ئاوەز دەتوانێت جڵەوی ناسەقامگیری و بگۆڕییەکەی ئەو سروشتە بگرێت.
بە تێڕوانینی شیلەر هەموو تاکە مرۆڤێک لە سروشتەوە مرۆڤێکی ئیدیالی لە خۆیدا هەڵگرتووە. مرۆڤان گەرەکە “بە یەکانەی نەگۆڕی” ئەم مرۆڤە ئیدیالە بگونجێنرێن. بێگومان گونجاندن بۆ شیلەر ئەوە نییە کە مرۆڤی ئیدیال بەسەر مرۆڤی ئەمپیریدا (پسیکۆ-فیزیکیدا) بسەپێنرێت. کردەوەیەکی بەم شێوەیە هیچی دیکە نییە جگە لە چەوساندنەوەی هەست و سۆزەکانی مرۆڤان. بە تێڕوانینی شیلەر دەوڵەتی ڕێپرێسیڤ (چەپێنەر، سەرکوتکەر) هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی جڵەوی مرۆڤان و پەیوەندییەکان بگرێت، وەلێ بەو ڕێیەوە تەنیا مرۆڤان دەشێوێنێت. هەروەها مەبەستی شیلەر لە گونجاندنی مرۆڤانی کەتوار بە مرۆڤی ئیدیال ئەوە نییە کە دەوڵەتی ئەخلاق شۆڕشگێڕانە هەڵبووەشێنرێتەوە و گفتی دەوڵەتێکی تیۆرییانەی ئاوەز بە مرۆڤان بدرێت. ئاخر شۆڕش بە دیدی ئەو تەنیا شێواوی و نائاسایش دەخاتەوە. بە پێچەوانەوە، دەبێت دەرفەت بدرێت کە جڤاکی سەردەم درێژە بە کارایی خۆی بدات و نەخرێتە مەترسییەوە. شیلەر دەوڵەت بە سەئاتێک دەچوێنێت کە سەئاتچی لەکاتی کارکردنی خودی سەئاتەکەدا، سووڕی بەکرەکانیدا، خۆی پێوە خەریک دەکات – چاکی دەکات. وەلێ پرۆسەی چاککردن ئاڕاستەیەک ڕووەو دەوڵەتی ئیدیال وەردەگرێت. لە دەوڵەتی ئەخلاق یان قانوندا دەلاقەیەک لەگۆڕێیە لەنێوان خواست و داواکانی مرۆڤان و ئەو ڕێنومایانەدا کە دەوڵەت دەیانسەپێنێت، بە واتایەکی دی: لە نێوان هەمەجۆرێتیی تاکەکەسی و یەکێتیی دەوڵەتیدا. بە پێچەوانەوە لە دەوڵەتی ئیدیالدا هەر تاکە مرۆڤێک نوێنەری ڕەگەزی خۆیەتی: ویستی دەوڵەت هاوکات ویستی خۆیی هەر هاووڵاتییەکە.

5- گەمە وەک بنیاتنەری ئازادی
ماویەتی..

پەراوێز
27) Schiller, Friedrich: Über Anmut und Würde. S. 468. (Zeno.org).
28) Schiller, Friedrich: Über die ästhetische Erziehung des Menschen. 8.Brief. S. 22. (Zeno.org).
(29) Schiller, Friedrich: Über Anmut und Würde. S. 444.
(30) Schiller, Friedrich: Über die ästhetische Erziehung des Menschen. 11. Brief. S. 30.
(31) Ebenda, 12. Brief. S. 22.
(32) Ebenda, 12. Brief. S. 34.
(33) Ebenda, 12. Brief. S. 33.
(34) Ebenda, 12. Brief. S. 33.
(35) Ebenda, 13. Brief, S. 36.
(36) بڕوانە: ئیمانوێل کانت. پێشگۆتن بۆ هه‌ر مێتافیزیکێک که‌ بشێت له‌ ئاینده‌دا ببێت به‌ زانست. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە. پاشگۆتنی وەرگێر. لا 62.
(37) Schiller, Friedrich: Über die ästhetische Erziehung des Menschen. 13. Brief. S. 36.
(38) Ebenda, 12. Brief, S. 34.
(39) Ebenda, 13. Brief, S. 36.
(40) بڕوانە هەردوو نامەی 26 و 27 لە:
Ebenda, S. 75-79.
(41) Ebenda, 4. Brief, S. 6.

سەرچاوەکان:

  • Schiller, Friedrich: Über Anmut und Würde. Sämtliche Werke, Band 5, München 1962. (Zeno.org).
  • Schiller, Friedrich: Über die ästhetische Erziehung des Menschen. Sämtliche Werke, Band 5, München 1962. (Zeno.org).
    -ئیمانوێل کانت. پێشگۆتن بۆ هه‌ر مێتافیزیکێک که‌ بشێت له‌ ئاینده‌دا ببێت به‌ زانست. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە. پاشگۆتنی وەرگێر. کتێبخانەی هەریەک لە: دەنگەکان، کوردڕاوم، کوردستانپۆست. -5 گەمە وەک بنیاتنەری ئازادی
    ماویەتی



لە نێوان “پاوەندێک گۆشت” و “دوگمەی ڕەزامەندی”: ئایا ددانی یاسا گۆڕاوە؟.. حەمید کورەچی

لە ساڵی ١٦٠٥دا، “شایلۆک” لە دادگای ڤینیسیا بە چەقۆکەیەوە وەستابوو، داوای “پاوەندێک لە گۆشتی مرۆڤ”ی دەکرد وەک وەفایەک بۆ ئەو گرێبەستەی کە بازرگان “ئەنتۆنیۆ” بە ویستی خۆی واژۆی کردبوو. ئەمڕۆ، لە ساڵی ٢٠٢٦دا، هەموومان لەبەردەم شاشەکانماندا وەستاوین و بە ساردییەوە کلیک لەسەر دوگمەی “لەسەر مەرج و ڕێساکان ڕازیم” دەکەین، بۆ ئەوەی مافگەلێک بدەین بە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا و دارایی کە ڕەنگە لە چەقۆکەی شایلۆک کەمتر دڕندە نەبن، بەڵام بە زمانێکی یاسایی شیکتر پێچراونەتەوە.
کاتی ئەوە هاتووە دووبارە سەیری شێوازی وانەگوتنەوەی شانۆگەری “بازرگانی ڤینیسیا” بکەینەوە و لەو گێڕانەوە سوننەتییە تێپەڕین کە وەک چیرۆکێکی سەرکەوتنی چاکە بەسەر خراپەدا نیشانی دەدات. پێویستە ئەمڕۆ وەک وۆرک شۆپێکی پراکتیکی سەیری بکەین کە ڕوونی دەکاتەوە چۆن یاسا دەتوانێت ببێتە ئامرازێک بۆ تیرۆرکردنی قوربانی بە شێوازێکی دەمامکدراو و لەژێر پەردەی شەرعییەتە ڕواڵەتییەکەیەوە.
دەست هەڵبگرن لە لۆمەکردنی “شایلۆک”. ئەو سوودخۆرە دەرکراوەی ناو کۆڵانەکانی ڤینیسیا، تەنها ئاماتۆرێکی سەرەتایی بوو بە بەراورد لەگەڵ “دڕندەکانی گرێبەست” کە ئەمڕۆ لەناو هەوربڕەکانەوە ژیانمان بەڕێوە دەبەن. لە شانۆگەرییەکەی شکسپیردا، ململانێکە خوێناوی و ڕوون بوو، بەڵام ئەمڕۆ چەوسانەوە بەرگی “بەزەیی” پۆشیوە و جانتایەکی پارێزەری لوکسی بەدەستەوەیە. یاساش – وەک هەمیشە – بەزەیی بە گەوجەکاندا نایەتەوە، بەڵکو مۆڵەت دەداتە فێڵبازەکان بۆ ئەوەی پێستیان بە شێوەیەکی یاسایی دابماڵن.
ئەوەی “پۆورشیا” لە دادگای ڤینیسیادا ئەنجامی دا، بەرجەستەکردنی دادپەروەری نەبوو وەک ئەوەی وێنا دەکرێت، بەڵکو جۆرێک بوو لە تیرۆری یاسایی نەرم و شاراوە، کە دەنگدانەوەکەیمان لە واقیعی هاوچەرخماندا دەبینینەوە؛ ئەو شوێنەی یاساکان بە خوێنێکی ساردەوە بەکاردێن بۆ ناچارکردنی تاکە سادەکان تا واژۆی گرێبەستە ئەلیکترۆنییە درێژ و ئاڵۆزەکان بکەن، پاشان یەکەم هەڵە یان دواکەوتن دەقۆزرێتەوە بۆ هەڵمژینی بەشێکی گەورە لە ژیان و شکۆیان.
ئەو ئازارە ڕاستەقینەیەی ئەم شانۆگەرییە دەری دەخات، تەنها لە وێنەی “شایلۆک” وەک جێبەجێکارێکی توندی سەختترین جۆری تۆڵەسەندنەوەدا نییە، بەڵکو لەو دووڕووییەدا کورت دەبێتەوە کە دەوری ئەو کۆمەڵگەیەی داوە کە چەپڵە بۆ سەرکەوتنەکەی پۆورشیا لێ دەدەن و چاو لە ئاکامە نەرێنییەکانی گوتارەکەی دەپۆشن. “پۆورشیا” تەنها بەرجەستەکردنێکی پێشوەختەی نموونەی “پارێزەری کۆمپانیاکانە”؛ ئەو پیشەگەرەی کە هونەری قایلکردن بە لای ڕاستدا دەزانێت بە بەکارهێنانی زمانێک کە پڕە لە بەزەیی و میهرەبانی، لە کاتێکدا بە لای چەپدا کار لەسەر یاری کردن بە کەلێنە یاساییەکان دەکات بۆ وەشاندنی گورزی کەمەرشکێن.
ئێمە ئێستا لە جیهانێکداین کە هێشتا نموونەی پۆورشیا تێیدا پیرۆز دەکرێت؛ جیهانێک کە ڕێگە بە دەسەڵات و پارە دەدات ئیمتیازی دووبارە ئاراستەکردنەوەی وشەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان و ڕزگارکردنی هاوبەشەکانیان هەبێت، لە کاتێکدا یاسا دەگۆڕێت بۆ ئامرازێکی سەرکوتکردن بۆ ئەوانەی سەر بەم بازنەی ئیمتیازاتە نین.
ئەمە تەنها چیرۆکێکی کۆن نییە کە لاپەڕەکانی ئەدەب دەیگێڕنەوە، بەڵکو ڕەنگدانەوەیەکی زیندووی ئەو واقیعەیە کە پێوەی دەناڵێنین کاتێک یاسا دەبێتە چەکێک دژی چینە لاوازەکان، و بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە کەسی و بژاردەکان (نوخبە) لەژێر پەردەی شەرعییەت و دادپەروەریدا بەکاردێت. دەبێت واز لە پیرۆزکردنی پۆورشیا وەک پاڵەوان بهێنین و قووڵتر سەیری چینەکانی ئەم دووڕووییە کۆمەڵایەتی و یاساییە بکەین کە هێشتا شانۆگەرییەکەی شکسپیر بە ڕەوانبێژییەک دەری دەخات کە لەگەڵ سەردەمی ئێمەشدا دەگونجێت.
هاوڕێیان، دەستەواژە بەناوبانگەکەی “یاسا ناتوانێت پارێزگاری لە گەوجەکان بکات” تەنها بەرجەستەکردنێکی ئاشکرای بێشەرمی مرۆڤە؛ ئەو دەستەواژەیەی کە لە ناخیدا دانپێدانانێکی ناڕاستەوخۆی تێدایە کە “یاسا لە کرداردا، نەک لە گفتاردا، بۆ ئەوە دانراوە کە پارێزگاری لە فێڵبازەکان بکات بەرامبەر ئەوانەی ژیرییان کەمترە”. ئەمەش وامان لێ دەکات بپرسین: ئایا جیاوازییەکی جەوهەری هەیە لە نێوان چەمکی موجەڕەدی “پاوەندێک گۆشت” – کە چەقی یەکێک لە خەمناکترین هەڵوێستەکانی ئەدەبی شکسپیر بوو – و ئەو سوودە بانکییە مەحاڵانەی کە مووچەی ڕەنجدەران بێ بەزەیی دەخۆن؟ یان لە نێوان ئەو چەقۆ تیژەی جاران گۆشتی دەبڕی و ئەو ئەلگۆریتمە چاودێرییە نوێیانەی کە تایبەتمەندییەکانمان لە ڕۆژی ڕووناکدا دەدزن، لە بەرامبەر وەهمی ئەپڵیکەیشنە بێبەرامبەرەکاندا؟
تاکە ڕاستییەک کە خۆی دەسەپێنێت ئەوەیە کە ئێمە شایەتی سەردەمێکی نوێی سەرکوتکردنین؛ کە تێیدا ئامرازەکان گۆڕاون، “ئەلگۆریتمە ساردەکان” جێگەی “چەقۆی هەڵکێشراویان” گرتووەتەوە، بەڵام ئەنجامەکە هەر یەکە: قوربانییەک کە لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە خوێنی لێ دەچۆڕێت.
لەو چوارچێوەیەدا، وادیارە ئێمە لە سەردەمێکی سەیردا دەژین کە نەوەیەک پەروەردە دەکەین پێیان وابێت زیرەکی بریتییە لە توانای ڕاوکردنی “کەلێنەکان” لەبری بونیادنانی پایەکانی “دادپەروەری”. هەموومان بە پلەی جیاواز بووینەتە وەک ئەنتۆنیۆ؛ ئەو سەرکێشە سادانەی کە واژۆیان لەسەر کاغەزێکی سپی کردووە کە کۆنترۆڵی تەواو دەداتە کۆمپانیا چاوچنۆکەکان، کە نەک هەر مەیخانە و مەیەکەیان هەیە، بەڵکو دادوەر و جەلادەکەش هیی ئەوانن.
ئەمە واقیعێکی تاڵە، چونکە شایلۆک جاران کەیسەکەی دۆڕاند چونکە جوولەکە بوو لە کۆمەڵگەیەکدا کە دەمارگیری مەسیحی هەبوو. بەڵام ئەمڕۆ، تاک مافەکانی لەدەست دەدات چونکە مرۆڤێکە لەناو کۆمەڵگەیەکی دیجیتاڵیدا دەژی کە تینووی داتا و کۆدەکانە؛ کۆمەڵگەیەکی وشک کە دان بە هیچدا نانێت جگە لە هێما موجەڕەدەکان و ژمارە ڕەقەکان.
با چیتر بە بریقەی جەلادەکان و وێنە دەستکردەکانیان هەڵنەخەڵەتێین. پۆورشیا هەرگیز ئەو پیرۆزە نەبووە کە هەندێک کەس وێنایان کردووە، بەڵکو چەرخێکی هەمیشەیی بووە لە ماشێنی چەوسانەوە کە تەنها خزمەتی بەرژەوەندی بژاردە دەوڵەمەندەکان دەکات کە دەستیان بەسەر ساماندا گرتووە.
تۆش، هەرجارێک کە بێ وردبوونەوە کلیک لەسەر بژاردەی “هاوڕام” دەکەیت، دەرگایەک بەرەو جیهانێکی ئارام و پڕ لە خزمەتگوزاری ناکەیتەوە وەک ئەوەی بۆت وێنا کراوە، بەڵکو بە ویستی خۆت دەچیتە ناو مەیدانی چەوسانەوەیەکی سیستماتیک لەژێر ناوی یاسا چەواشەکارەکاندا.
ئەم ڕەزامەندییە تەنها دەروازەیەکە بۆ چوونە ناو “سەربڕخانەیەکی یاسایی”، کە تێیدا دادپەروەری چەمکێکی ڕێژەییە و بەزەیی بووەتە تەنها دروشمێکی بازاڕکردنی بێ ناوەرۆک. تەنها ئەو دەقە چڕ و وردەی کە هەرگیز خۆت ماندوو نەکردووە بە خوێندنەوەی، چەقۆ شاراوەکەی تێدایە؛ ئەو چەقۆیەی بە ئەنقەست وا دروست کراوە کە لەبەرچاوت نەبێت و نەیخوێنیتەوە، لە کاتێکدا دروستکەرانی، یاری بێدەسەڵاتکردنی تۆ بە شارەزایی و توندیی ئەو دەقە بەڕێوە دەبەن.

حەمید کورەچی (Hamid Koorachi)
١٥-٠١-٢٠٢٥
مالمۆ




جەستەی غەزاڵ لەنێوان درۆنی جەنگ و دۆگمای ئایندا؛ کایەی پزیشکی وەک سەنگەر.. کارزان عزیز عبدالراحمن

پێشەکی
ئەگەر کەرتی تەندروستی لە جیهانی مۆدێرندا وەک پیرۆزترین کایەی مرۆیی سەیر بکرێت، ئەوا لە کوردستاندا ئەم کایەیە بووەتە یەکێک لە قێزەونترین مەیدانەکانی چەوساندنەوە و بازرگانی بە ژیانی خەڵکەوە. ئەو کارەساتەی دەرهەق بە غەزاڵی پێشمەرگە کرا، تەنها هەڵەیەکی کارگێڕی نەبوو، بەڵکو پەردەی لەسەر ڕووی ڕاستەقینەی سیستەمێک لادا کە تێیدا لایەنی مرۆیی لەنێوان دوو بەرداشی مەترسیداردا ورد دەکرێت: چەتەیی گیرفان‌بڕین و ڕقی ئایدۆلۆژی.
بایۆپۆلەتیک و “ژیانی ڕووت”
لێرەدا پێویستە ئاماژە بە چەمکی (Bare Life) یان “ژیانی ڕووت” بکەین کە فەیلەسوف (جۆرجیۆ ئەگامبێن) وەک تیۆرییەکی سیاسی باسی دەکات. غەزاڵ لە ساتەوەختی برینداربوونی و ڕەتکردنەوەی لە لایەن نەخۆشخانەوە، لە “هاووڵاتییەکی خاوەن ماف”ەوە گۆڕدرا بۆ جەستەیەک کە هیچ یاسایەک نایپارێزێت. کاتێک نەخۆشخانە دەبێتە بڕیاردەر لەسەر ئەوەی کێ بژیت و کێ بمرێت لەسەر بنەمای ئینتیما و ئایدۆلۆژیا، ئیتر ئێمە لەبەردەم دامەزراوەیەکی تەندروستیدا نین، بەڵکو لەبەردەم دادگایەکی سۆڤێرانەی سیاسی و ئایدۆلۆژیداین کە “سزای لەسێدارەدان” بەسەر بریندارەکاندا دەسەپێنێت.
هاوپەیمانیی سەرمایەداریی چەتە و ئیسلامی سیاسی
نەخۆشخانە ئەهلییەکانی کوردستان، کە زۆربەیان لەژێر سێبەری حزب و کۆمپانیا زەبەلاحەکانەوە بەڕێوە دەبرێن، ئیتر لە ناوەندی چارەسەری دەرچوون و بوون بە مۆڵی بازرگانی. لێرەدا مرۆڤ وەک نەخۆش سەیر ناکرێت، بەڵکو وەک “کڕیار” مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. هەر لە ساتەوەختی چوونە ژوورەوە، لۆژیکی پزیشکی جێگەی خۆی بۆ لۆژیکی ژمێریاری چۆڵ دەکات.
ئەوەی لە نەخۆشخانەی (بەخشین) بەرامبەر بە غەزاڵ کرا، سەلماندی کە چەتەیی ئابوری تەنها لایەنێکی کێشەکە نییە، بەڵکو لایەنە مەترسیدارەکە ئەوەیە کە ئەم ناوەندانە خەریکن دەبنە “سەنگەری ئایدۆلۆژی”. کاتێک نەخۆشخانەیەک لەسەر بنەمای ئایینی بڕیار لەسەر وەرگرتنی بریندارێک دەدات، سوێندی پزیشکی (Hippocratic Oath) دەگۆڕێت بۆ سوێندی تاوانکاری و تۆڵەکردنەوەی سیاسی.
تیرۆری دووفاقە: درۆن و دۆگما
غەزاڵ دووجار بووە قوربانی؛ جارێک جەستەی بە ئاگر و ئاسنی درۆنەکان خوێناوی کرا، و جارێکی تریش بە بایکۆتی مرۆیی و پزیشکی لەناو شاردا تیرۆر کرا. وەرنەگرتنی کچە پێشمەرگەیەک تەنها لەبەر ناسنامە فکرییەکەی، جەریمەیەکی ڕێکخراوە. ئەمە ئەو پۆینتەیە کە تێیدا “ئیسلامی سیاسی” و “سەرمایەداریی چەتە” یەکدەگرن هەتا هەر دەنگێکی ئازاد کە لەدەرەوەی زۆنی پیرۆزییەکانی ئەوان بێت، ڕەوانەی گۆڕستانی بکەن. وەرنەگرتنی غەزاڵ، بەردەوامیی هەمان ئەو درۆنە بوو کە جەستەی پێکا؛ یەکەمیان بۆ تێکشکاندنی جەستە و دووەمیان بۆ کوشتنی ئومێدی ئازادی.
ئەنجامگیری
ئەم فاجیعەیە دەبێت ببێتە زەنگێکی مەترسی بۆ ویژدانی گشتی. بێدەنگی لەسەر ئەم ڕەفتارە فاشیستییانەی کەرتی تەندروستی، ڕێگەخۆشکردنە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هەر یەکێک لە ئێمە لەسەر بیروڕاکانمان لەبەردەم دەرگای نەخۆشخانەکاندا جێبهێڵرێین. پێویستە کایەی پزیشکی لە هەژموونی حزب و ئایین دابماڵرێت، ئەگەرنا “مرۆڤ” لەم وڵاتەدا تەنها دەبێتە ژمارەیەکی بێبایەخ لە دەفتەری ژمێریاریی کۆمپانیاکان و گیرفانی دۆگماکاندا.

کارزان عزیز عبدالراحمن / خوێندکاری زانکۆ




کوردستان؛ نیشتمانی پاشکۆکانە.. ستار ئەحمەد

نیشتمان کاتێک دەبێتە ئارامگەیەکی ڕاستەقینە، کە هەموو ڕۆڵەکانی تێیدا هەست بە ئارامی و بەهرەمەندی بکەن، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لەم بارو دۆخەدا دەبینرێت، جۆرێکە لە دابەشبوونی نایەکسان کە تێیدا خاکی پیرۆزی کوردستان بووەتە لانکەی خۆشگوزەرانی بۆ ژمارەیەکی دیاریکراو و ئەوانی تر تەنیا لە دوورەوە سەیری ئەو شاگوزەرانییە دەکەن. ئەم نایەکسانییە تەنیا لە ڕووی داراییەوە نییە، بەڵکو هەموو جومگە هەستیارەکانی ژیانی گرتووەتەوە و وایکردووە زۆرینەی خەڵک هەست بکەن لە ماڵ و خاکی خۆیاندا بوونەتە مێوان یان کەسانی نامۆ.
ئەگەر لە ڕووی دارایی و ئابوورییەوە سەیری بارودۆخەکە بکەین، دەبینین سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی، کە دەبوو ببێتە هەوێنی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو تاکێکی کورد، ئێستا لە چوارچێوەیەکی بەرتەسکدا قەتیس ماوە. لە کاتێکدا دەستەیەکی کەم خەریکی کۆکردنەوەی سەرمایەی بێشوومارن، زۆرینەی کۆمەڵگە لە خەمی دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی وەک خۆراک، نیشتەجێبوون و چارەسەری پزیشکیدان. ئەم دابەشبوونە چینایەتییە دیوارێکی گەورەی لە نێوان هاوڵاتییاندا دروست کردووە، بە جۆرێک کە چەند کەسێک خاوەنی هەموو شتێکن و ئەوانی تر، خاوەنی هیچ نین جگە لە ماندوێتی و بێهیوایی.
کاتێک باس لە قووڵایی نادادی دەکەین، هیچ بوارێک وەک بواری وێژە و ڕۆشنبیری ئەو برینە بە سوێیە نیشان نادات. ئەدەب کە دەبوو ویژدانی زیندووی نەتەوە و ئاوێنەی ڕاستگۆیی بێت، ئێستا لە نێوان بەرداشی بەرژەوەندیی حیزبی و پەراوێزخستنی بەهرەمەنداندا دەهاڕدرێت . ئەمڕۆ لە کوردستاندا دەبینین نووسەر و ئەدیب و شاعیرە ڕاستەقینەکان، ئەوانەی تەمەنی خۆیان لە نێو لاپەڕەی کتێب و خەمی نەتەوەدا بەسەر بردووە، لە نێو تەلبەندی نادادیدا کۆت کراون و کەس ناپرسێت بژێوییان چۆنە و ژیانیان بە چ سەختیەک دەگوزەرێت.
زۆرن ئەو نووسەرە پاک و کوردپەروەرانەی کە خاوەنی بڕوانامەی باڵا و بەرهەمی دەگمەنن، بەڵام لەبەر ئەوەی نەیانویستووە پێنووسەکانیان بدەنە دەست خواستی حیزب، یان ناتوانن ببنە پیاهەڵدەری دەسەڵات، ئێستا لە گۆشەی ماڵەکانیاندا نیشتەجێن و تەنانەت لە سەرەتاییترین مافی ژیان، کە بژێوییەکی شایستەیە بێبەش کراون. ئەم مرۆڤە گەورانە کە سەرمایەی شکۆی ئەم خاکەن، لە لایەن دەسەڵاتەوە وەک نامۆ سەیر دەکرێن، تەنیا لەبەر ئەوەی سەربەخۆیی هزریی خۆیان پاراستووە و نەیانکردووەتە ڕێکاری سامان کۆکردنەوە ، کە بۆ بەرژەوەندیی تەسکی ڕامیاریی چۆک دابدەن.
لە بەرانبەردا، دیاردەیەکی مەترسیدار سەری هەڵداوە، ئەویش پێشخستنی کەسانی نەخوێنەوار و بێبەهرەیە تەنیا لەبەر ئەوەی پاشکۆی حیزبەکانن. دەبینین کەسانێک کە نەک هەر شارەزاییان لە ئەدەب و نووسیندا نییە، بەڵکو بێگانەن لەگەڵ خوێندنەوە و زانیاری، تەنیا بەهۆی پاشکۆیەتییان بۆ لایەنێکی دیاریکراو، کراونەتە خاوەن پلەی باڵای ڕۆشنبیری و لە چەندین شوێنەوە خزمەت دەکرێن و بودجەی گەورەیان بۆ تەرخان دەکرێت. ئەمە نەک هەر سوکایەتییە بە زانست و وێژە، بەڵکو تێکدانی ڕەوشتی کۆمەڵایەتی و سیاسییە، چونکە کاتێک نەزان دەبێتە بڕیاردەر و زاناش دەخرێتە پەراوێزەوە، ئەوا کۆمەڵگە بەرەو تاریکییەکی قووڵ هەنگاو دەنێت.
ئەم نادادییە لە بواری ڕۆشنبیریدا دەبێتە هۆی ئەوەی کە نەوەی نوێ متمانەی بە زانست و داهێنان نەمێنێت. کاتێک گەنجێک دەبینێت نووسەرێکی گەورە و خاوەن بڕوانامە لە هەژاریدا دەژی و کەسێکی بێبڕوانامە و ماستاوچی لە سایەی لایەنێکدا لە ناو ناز و کامەرانیدایە، ئیتر مەیلی بۆ فێربوون و پاکی نامێنێت. نادادی لێرەدا دەبێتە خەنجەرێک و لە جەستەی کولتووری نەتەوە دەدرێت؛ چونکە نووسەری ڕاستەقینە کە مێژووی نەتەوە دەنووسێتەوە و زمان دەپارێزێت، ئەگەر دەستی نەگیرێت و ڕێزی لێنەگیرێت، ئەوا ناسنامەی نەتەوەیی بەرەو ونبوون دەچێت.
ئەو دیوارە ئەستوورەی لە نێوان دەستەیەکی سوودمەند و زۆرینەیەکی بێبەش دروست کراوە، لە بواری ئەدەبدا هۆکارێکی کارەساتهێنەرە. حیزبیبوونی بواری ڕۆشنبیری وای کردووە کە بەهرە و توانستی مرۆیی ببێتە قوربانیی پاشکۆیەتی سیاسی. نووسەرە کوردپەروەرەکە، کە خەمی گەورەی ئازادی و دادپەروەرییە، نەک هەر پۆست و پایەی پێنادەن، بەڵکو بە هەموو شێوەیەک ڕێگری لێدەکەن کە دەنگی بگاتە خەڵک. ئەمە ژینگەیەکی ژەهراوی دروست دەکات کە تێیدا ڕاستگۆیی دەبێتە تاوان و درۆکردن و دوڕوویی دەبێتە کلیلی سەرکەوتن.
بۆیە، کوردستانێک کە تەنیا بۆ پاشکۆکان و نەخوێنەوارە دەسەڵاتدارەکان بێت، ناتوانێت ببێتە نیشتمانی داهێنان. نیشتمان کاتێک گەشە دەکات کە پێنووسی ئەدیبە پاکەکان ئازاد بێت و بژێوی ژیانیان پارێزراو بێت، نەک ئەوەی لە ژێر باری گرانی بێبەشیدا پشتیان بچەمێتەوە. هەر نەتەوەیەک ڕێز لە زانا و ئەدیبەکانی نەگرێت و نەخوێنەوارەکان بکاتە پێشەنگ، ئەوا چارەنووسی هەر شکست و پاشەکشە دەبێت لە کاروانی شارستانییەتدا. کاتی ئەوە هاتووە ئەم کۆتە نادادپەروەرە تێکبشکێنرێت و نیشتمان بگەڕێتەوە بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانی، بۆ ئەوانەی بە خوێن و پێنووس و ماندووبوون پاراستوویانە، نەک بۆ ئەوانەی تەنیا بۆ سوودی تایبەتی خۆیان بەکاری دەهێنن.

ستار ئەحمەد




خواردن لە جەژنەکاندا؛ چۆن نەتەوەکان ناسنامەی خۆیان پاراستووە؟.. نووسینی: هێمن عەلی

خواردن هەرگیز تەنیا پێداویستییەکی بایۆلۆژی نەبووە، بەڵکوو زمانێکی بێدەنگ و پاراوە کە مرۆڤەکان بۆ دەربڕینی گەرموگوڕیی خێزان و پاراستنی نەریتە دێرینەکان بەکاریدەهێنن. لە سەرتاسەری جیهاندا، بۆنەکان تەنیا بە ڕێوڕەسمەکان ناناسرێنەوە؛ بەڵکوو خواردن بەشێکی سەرەکیی ئەو نەریتانەیە و هەر نەتەوەیەک لە ڕێگەی ژەمە تایبەتییەکانیەوە، مێژوو و کلتووری خۆی بۆ نەوەکانی داهاتوو دەگوازێتەوە. بەم جۆرە، هەر ڕێوڕەسمێک تامی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام پێش ئەوەی ژەمەکان دەست پێ بکەن، ڕەنگ و دەنگەکان وەک مژدەدەرێکی ڕاستەقینە، هاتنی وەرزە جەژنییەکان ڕادەگەیەنن.

ڕەنگەکان؛ ئەو مژدەیەی پێش بۆنەکان دەگات

لە ئەوروپادا، جەژنەکان زۆر پێش کاتی خۆیان دەبنە میوانی ماڵەکان. چەند هەفتەیەک بەر لە هاتنی کریسمس (Joulu)، شارەکانی فینلەندا بە ڕووناکیی تیشکدەر (Jouluvalot) دەڕازێنرێنەوە. یەکێک لە دیمەنە سەرنجڕاکێشەکان، دەرکەوتنی “تۆنتو”کانە؛ ئەو بوونەوەرە ئەفسانەییە کورتەبنانەی بە کڵاوە سوورەکانیانەوە مژدەی خۆشی دەبەخشنەوە.

لە وەرزە جیاوازەکاندا، بازاڕەکان دەبنە ئاوێنەی کلتوور؛ لە گۆشتی برژاوی “کینکو” بۆ زستان، تا دەگاتە شیرینیی قاوەیی “مامی” (Mämmi) و هێلکە ڕەنگاوڕەنگەکان بۆ بەهار، هەموویان ئامادەکاریین بۆ پێشوازی لە میوانێکی ئازیز.

سروشت لەسەر مێزی فینلەندییەکان
فینلەندییەکان پەیوەندییەکی قووڵیان لەگەڵ گۆڕانی وەرزەکاندا هەیە:

ڤاپپو (Vappu یەکی ئەیار): لەم یادەدا خەڵک بە کڵاوی سپی و خواردنەوەی “سیما” و شیرینیی “مونکی” پێشوازی لە توانەوەی بەفر دەکەن.

یوهانوس (Juhannus جەژنی ناوەڕاستی هاوین): لە درێژترین ڕۆژی ساڵدا، ئاگری مەزن دەکەنەوە و لە کەنار دەریاچەکان خەریکی برژاندنی سۆسج دەبن.

یۆلو (Joulu کریسمەس): کاتێک شار بە گۆرانییە نەریتییەکان پڕ دەبێت، ژەمی سەرەکی بریتییە لە گۆشتی برژاو و جۆرەها خواردنی ناو فڕن (Laatikot).

ئەوروپا: لە بۆنی زەنجەفیلەوە تا ترێی بەخت

ئەڵمانیا بە بازاڕە ئەفسانەییەکانی کریسمس ناسراوە کە بۆنی کێکی زەنجەفیل تێیاندا باڵادەستە. لە ئیسپانیا، خواردنی ١٢ دەنکە ترێ لەگەڵ لێدانی زەنگی کاتژمێری سەری ساڵ بووەتە نەریت بۆ هێنانی بەخت. سویسرییەکانیش لە دەوری مەنجەڵێک پەنیری تواوە (Fondue) کۆدەبنەوە، لە کاتێکدا هەنگارییەکان بە “دۆڵمەی کەلەرم” جەژنەکانیان دەڕازێننەوە؛ خواردنێک کە لێکچوونێکی سەرسوڕهێنەری لەگەڵ یاپراخی کوردەواریدا هەیە.

کوردستان: دەنگی زیرەک و تامی بەیانیانی جەژن

لە کوردستانیش، ڕێوڕەسمەکان بەبێ دەنگ و ئاواز هەرگیز تەواو نابن. کاتێک نەورۆز نزیک دەبێتەوە، پێش ئەوەی چیاکان بە ئاگر سوور بپۆشرێن، دەنگی نەمری حەسەن زیرەک بە گۆرانیی “نەورۆز” لە هەموو ماڵێکدا دەنگ دەداتەوە.

نەورۆز بەبێ یاپراخ تامێکی نییە؛ یاپراخ لێرەدا تەنیا ژەمێک نییە، بەڵکوو هێمایە بۆ بوژانەوەی سروشت. لە جەژنە ئایینییەکانیشدا، خواردنی برنج و شلە (بەتایبەت فاسۆلیا یان قەیسی) لە بەیانیی زوودا، بەرەکەت و جۆش و خرۆشێکی جیاواز بەو ڕۆژە دەبەخشێت.

“بۆ من، هەر کاتێک دەنگی حەسەن زیرەک و بۆنی شلەی قەیسیی بەیانیانی جەژن تێکەڵ دەبن، کات بۆ چەند چرکەیەک ڕادەوەستێت و دەگەڕێمەوە بۆ ناو ئامێزی یادگارییەکانی گەڕەکی ئیسکان و سەیداوەی پیرە هەولێر.”

زمانێکی هاوبەش

ڕاستە گۆرانییەکانی فینلەندا، بۆنی زەنجەفیلی ئەڵمانیا و ئاوازەکەی حەسەن زیرەک لە کوردستان جیاوازن، بەڵام پەیامەکەیان یەکە. خواردن و نەریتەکان ئەو زمانە جیهانییەن کە مرۆڤەکان، لە هەر شوێنێکی ئەم زەوییە بن، بەیەک دەگەیەنن و سنوورەکان دەبەزێنن.

فەرهەنگی وشەکان:

مونکی (Munkki): دۆناتی فینلەندی، لە ناو ڕۆن سوور دەکرێتەوە و بە شەکر دادەپۆشرێت.

کینکو (Kinkku): گۆشتی ڕانی برژاوی بەراز؛ ژەمی سەرەکیی کریسمسە لە فینلەندا.

سیما (Sima): خواردنەوەیەکی لیمۆیی گازداری فرێش، تایبەتە بە جەژنی ڤاپپو (یەکی ئەیار).

مامی (Mämmi): شیرینییەکی قاوەیی لە ئاردی جۆ، هێمای جەژنی قیامەیە لە فینلەندا.




گرنگـییەکانی سـەروا لە هـۆنـراوە بـۆ منـداڵان.. رەزا شـوان

سەروا لە زمانی ئینگـلیزیدا (رایمە) و لە عەرەبیدا (قافـیە) لە زمانی کوردیدا، بێجگە لە سـەروا چەنـد ناوێـکی تـری هـەیە، وەک: بەشاوەنـد، بەشاڤـەنـد، پاشبەنـد، پاکـۆڵ، دواخـشـت، لەنـگەر. لە ئـێـستادا نووسـەرانی کوردمـان، هـەردوو وشـەی (سـەروا) و (قـافـیە) بەکـاردەهـێنن. شایەنی باسە بۆ یەکەم جار مامۆستا (عـەلادیـن سـەجـادی) لە پەرتووکی (ئەدەبی کوردی و لێکۆڵینەوە لە ئەدەبی کوردی ـ ١٩٦٧) وشەی سەروای لە بـریتیی وشەی قـافـیەی عـەرەبی بەکارهـێناوە. سەروا وشەیەکی رەسەنی کوردییە.
سەروا یەکـێکە لە رەگەزە سەرەکی و گـرنگەکانی بنەڕەتی، لە پێکهـاتەی هـونراوە دا. لە دوای کـێـش، دووەم رەگـەزی هـۆنـراوەیە. تـۆنـێکی مـوزیـکی نایـاب بـە هـۆنـراوە دەبـەخـشـێـت. رۆڵـێکی گـرنگی لە جـوانی و لە مـوزیکی وشەکانی هـۆنـراوەدا هـەیە. سەروا یەکـێکە لە لایەنە چـێژبەخـشەکانی هـۆنـراوە.
سـەروا بە درێـژایی هـەزاران سـاڵ، لە مـێژووی مـرۆڤـایەتیدا، رۆڵـیکی سەرەکـیی لە وێـژەدا هـەبـووە. سەرەتاتـریـن نمـوونەی ناسـراو، دەقـێکی چـینییە، کە لە دە سەدەی پێـش زایـنی نووسـراوە. سـەروا لە کـولـتوورە جیـاوازەکـانـدا، رۆڵی جـیاوازی هـەیە.
گەلی کوردمـان لە کـۆنەوە گـرنگـییەکی زۆری بە سـەروای هـۆنـراوە و گـۆرانی داوە، بە لایەنێکی بنەڕەتی کوالـیتی هـۆنـراوەی زانیـوە. چونکە بەشـدارە لە بەهـێزکـردن و شیرنکردنی هەستی هاوبەستەبوون لە نێوان دێڕەکاندا. سەرواش تەنیا لە هـۆنـراوەی کوردیدا نییە، بەڵکو دیاردەیەکی زمانی جیهانییە. رەگ و ریشەی لە لایـلایە و گۆرانی 
و بەیـت و هـۆنـراوەی زارەکـیی هـەمـوو گەلانـدا هـەیە.
پـێناسەی سـەروا:
سەروا ئامـرازێکی باوی وێـژەییـە. کە تایبەتمەندە بە دووبارەبوونەوەی هەمان دەنگ یان هاوشێوە، لە دوو وشە یان زیاتردا، لە کۆتایی نیوەدێڕەکانی هـۆنراوە یان گۆرانیدا. بە مەرجـێک کە ئـەو دەنـگانە بەشـێکـبن لە وشـەکـان و واتـای سەربەخـۆیان نەبێـت.
دێـڕە هـۆنراوە: لە دوو نیوەدێڕ پێکدێت. بە زۆری هەمان دەنگی هەردوو نیوە دێڕەکە سـەروای دێـڕەکە پـێک دەهـێـنن. مـەرج نیـیە، دێـڕەکـانی تـری هـۆنـراوەکـە، هـەمـان سەروایـان هـەبێـت.
بۆ نموونە کۆپـلەی یەکەم، لە هـۆنراوەی (بەفـر بارین ـ لەتیـف هەڵمەت) بۆ منداڵان:
ئـای لــەم بەفـــــرەی بـاریـــوە
زەوی یــەک پـارچـــــە زیـــوە 
نـە بــەرد دیـــارە نـە درەخــت
نە هـەورازی بەرز و سەخــت 
هـەمـــووی لـە بەفـــــرا کـــپـە 
بـێ ســــــــــروەیـە بــێ چـــپـە
سەروا ئەو رەگەزەیە لە رووی موزیکییەوە، دێڕەکانی هـۆنراوە و گۆرانی بە یەکەوە دەبەستێتەوە. ریتـمێکی رێکوپێک و ئاسان بە هـۆنراوەکە دەبەخـشێـێت، بۆ تێگەیشتن و لەبەرکـردنی. سـەرواش تەنیا دووبـارەکـردنەوەی دەنـگ نیـیە، بەڵکو سـیسـتەمێکی دەنگی وردە، کە ریـتـمێکی مـوزیکی نـاوازە بـە هـۆنـراوە دەبـەخـشێـت و بەشـدارە لە یەکگـرتـوویی جوانـیناسی و هـونـەردا.
تێگەیشتن لە سـەروا، تەنیا لە خوێنـدکارانی وێـژەدا سنووردار نییە. بەڵکو ئەزموونی هەمـوو خـوێنـەر و هـۆنراوەنـووسێک دەوڵەمەنـد دەکات. دەرگایەک بۆ تێگەیشتنێکی قووڵتر لە پێکهاتەی هـۆنـراوەی کلاسیکی و هـاوچەرخی کوردی دەکاتەوە. لە کاتێکدا وێنـەی هـۆنـراوە بـە درێـژایی سەردەمـەکـان دەگـۆڕێـت، بـەڵام سـەروا وەک هـێـمای داهـێنان و لیهـاتـوویی لە پیـشەی هـۆنـراوەییـدا دەمـێـنێـتەوە.
گرنگـییەکانی سەروا لە هـۆنـراوە بـۆ منـداڵان:
منداڵان بە سروشتی و بە زگماکی خولیای هـۆنراوە و ریتمن. پەیوەنـدیی منداڵان لەگەڵ هـۆنراوەدا، لە سکی دایکییانەوە دەست پێـدەکات، کاتێک کە ئاشنای لێدانی دڵی دایکیان دەبـن. منـداڵانی کـورپـە لەنـاو لانـکەوە، گـوێیـان بە ئـاوازی ناسکی لایـلایە و لـوری و گـورگـانە شـەوێ و گـۆرانـیـیەکـانی دایـکانیـان دەزریـنگـێـنەوە.
رۆڵــەم لایــلایـە کـۆرپـــەم لایـە لای
جگەرگۆشەکەم کۆرپـەکەم لایـە لای
رۆڵــە خـەوت بێ خـەوی نــازت بێ
سەحرا و سەرزەوی پایە نــازت بێ
دوو دێـڕی تـری لایـلایە:
لاوە لاوەکــەم ئــەرای تـۆ ئـوێــشــم
دیــان مــرواری کـاکــۆڵ ئـورێــشــم
لاوە لاوەکــەم کـوڕەکـــەم بـخـــەفـێ
هەر دەردێ دیری لە خوەم بـكــەفـێ
ئەو سەروایانەی کە لە هـۆنـراوە و گـۆرانی بۆ منـداڵان بەکاردەهـێنرێن، بەپێی زمـان و کولتوور و نەریتی هـۆنـراوەیی هـەر گەلـێک جیاوازیان هەیە. بە زۆری سەرواکانی هـۆنراوەکان بۆ منـداڵان، سادەن و ئاسانن. بۆ بیرهـێناوە و سەرنجـڕاکـێشانی منـداڵان. بە ئاسانییش لەبەریان دەکەن. ئاوازدانەرانیش دەتـوانن بە ئاسانی ئاوازیان بۆ دابنـین.
زۆر بە کـورتی چەنـد سـوودێـکی سـەروا، لە هـۆنـراوە بـۆ منـداڵان دەخەینـەڕوو:
١ـ سـەروا لە هـۆنـراوە بـۆ منـداڵان، تەنیا بـۆ چـێژ وەرگـرتـن نییە. بەڵکـو یارمـەتیی منـداڵان دەدات، کە پەرە بە تـواناکانی زمـانییان بـدەن. لە رێـگەی روونکردنەوەی کە چـۆن دەنگەکان پێـکەوە کـاردەکەن.
٢ـ سەروا بیـرەوەریی منـداڵان باشتر دەکات. ئەمەش وا دەکات وشە و دەستەواژەکان بە ئاسانی بێـتەوە یادیان و لە ئاخـاوتنی رۆژانەیانـدا بەکـاریان بهـێنن.
٣ـ ئەو منداڵانەی کە سەروا پراکتیزە دەکەن، زۆر جار توانای خوێندنەوە و نووسینیان باشتر دەکـەن. چونکە فـێردەبـن کە چـۆن دەنگەکان لە زمـانـدا، بەیەکـەوە ببەستـنەوە.
٤ـ منـداڵان فـێری ئـەوەش دەبـن، کـە هـۆنـراوە یارمـەتیـیان دەدات بـۆ ئـەوەی بـزانـن هـۆنراوە فۆرمێکە، لە سایەی سەرواوە هەموو کەسێک دەتوانێت چێژی لێوەربگرێت.
٥ـ سەروا بە تایبەتمەندییە خۆشەکانی و موزیکییەوە، سەرنجی منداڵان رادەکێشێت و هـانیان دەدات بـۆ بەشـداریکـردن لە چـالاکـییە وێـژەیی و هـونـەرییـەکان.
٦ـ کاتێک کە منـداڵان گـوێیان لە وشەی دەنگی هـاوشێوە دەبێـت، ئاگاداری بنەماڵەی وشەکان و لێکچوونە فـۆنێتیکییەکان دەبن. ئەم تێگەیشتنە بە هـۆشیاری فـۆنـۆلـۆژی ناسراوە، کارامەییەکی بنەڕەتیی پێـش خوێنـدنەوەیە. منـداڵان بە ناسینەوەی شێوازی سەروا، لە پێکهاتەی وشەکان تێدەگەن. ئەمەش ئاسانکاری بۆ کـۆنترۆڵکـردنی وشە نامـۆکان دەکـات. کاتێک کە بە شـێوەیەکی سەربەخـۆ دەخـوێننەوە.
٧ـ ئـەم پـرۆسە فـێربـوونە، لە رێگەی دەنگ و دووبارەکـردنەوە، یارمەتیی منـداڵان دەدات، بە شـێوەیەکی سـروشـتی وشەسازییان فـراوانـتر بـکەن.
٨ـ سـەروا ئامـرازێکی فـێرکاریی بەسـوودە، یارمـەتیی منـداڵان دەدات، کە دەنگەکان 
لە رسـتەدا بناسـنەوە. ئەمـەش یارمەتـیـدەرە بـۆ ئـەوەی دواتـر فـێری فـۆنـیک ببـن.
نووسینی هـۆنـراوەی سـەرواداری سـووک و ئاسـان و گونجـاو، بەپـێی قـۆناغـەکانی منـداڵی بۆ منـداڵان، لەلایـەن هـۆنـراوەنووسانەوە، کـارێکی ئاسان نییە، پێویـستی بە شارەزایی و بە هـونەری هەڵـبژاردنی سـەروا و دەنگەکان هـەیە. ناشبێـت. ناوەرۆک بکـریت بە قـوربـانیی سـەروا.
سەروای یەکگـرتـوو، کە هەنـدێ جار لە شێوەی کۆپـلەی چواردێڕی و پێنج دێـڕی و شەش دێڕی و حەوت دێڕی یان زیاتر نووسراون، کە سەروای هەر کـۆپلەیەک یەکە 
و لە لە کۆپـلەکانی تـر جیـاوازە. هەنـدێ جار دێـڕێک لە هەمـوو کۆپـلەکاندا دووبارە دەبێـتەوە. ئەمەش چـێژێکی مـوزیـکی خۆشـتر بـە منـداڵان دەبەخـشێـت.
بە زۆریش کێش و سەروا پێکەوە دێن. کـێش لە پێشەوەی سەروادا دێت، وەک دوو رەگەزی هـۆنـراوەی تەواکەری یەکترین، بەڵکو ریتـم و موزیکیش لەگەڵیاندا دێت و دەبنە چـوار رەگـەزی ئەفـسوونـاویی تەواوکـەری هـۆنـراوەی منـداڵان.
باسی جـۆرەکـانی سـەروا لە هـۆنـراوەی منداڵان، بۆ نووسینێکی تـرمان دوادەخەم.
هـۆنـراوەی ئازاد بـۆ منـداڵان، کە لە کـێش و سـەروا لایان داوە. منـداڵان چـێژێکی ئەوتـۆیان لـێنابـینن، وەک ئەو چـێژەی کـە لـه‌ هـۆنـراوەی کـێـشدار و سـه‌روادار و مـیوزیکـدار و ئاوازداردا وەری دەگرن. دەڵـێن: هـۆنراوەی ئازاد بۆ منـداڵان، وەک مـێـزی بێ تـۆڕی یاریی تـێـنسی ســه‌ر مێـز وایـه‌. 

ناڵێین، هـۆنراوەی ئازادی جـوانمان بۆ منداڵان نییە، بەڵام زۆر کەمن. لە ئەزمـوونی دوو سێ هـۆنـراوەنووس زیـاتر نییە، ئەوانیش جاروبار هـۆنراوەی ئازاد بۆ منـداڵان دەنووسن. لەوانەش (ڵەتیـف هەڵـمەت) کۆمەڵێک هـۆنـراوەیەکی ئـازادی جـوانی بـۆ منـداڵان نووسـیوە و سـەرکەوتـووە تێـیانـدا. هـەنـدێ هـۆنـراوەش، کـە لەژێـر نـاوی هـۆنراوەی ئازاد بۆ منـداڵان نووسراون، لە راستیدا هـیچ چـیژێکی هـۆنراوەییان تێدا نییە. بـریتین لە پەخـشانی نیوچـە هـونەریی سـادە، نەک هـۆنـراوە ئازاد بـۆ منـداڵان. هـۆنـراوەی ئازادیـش، مـەرج و پێـوەری خـۆی هـەیە. ئـەم بابـەتە بـۆ رەخـنەگـرانی شارەزایـانی بـواری هـۆنـراوەی ئـازاد بـۆ منـداڵان، بەجـێـدەهـێـڵـین.
دوبـەی: ٢٠٢٦