سەردەمی پڕوپوچی و تێروانینێک.. 

جوتیار مەلا رەئوف

لەو ماوەیەدا دەرفەتم بۆ ڕەخسا کتێبی (سەردەمی پڕوپووچی) مێدیۆکراسی کە لە نوسینی (د.ئالان دۆنۆ)یە و لە وەرگێرانی بەڕێز (د.رزگار ئاغا) یە بۆ سەر زمانی کوردی و چاپکردنی دەزگای رۆشنبیری جمال عیرفانە، بخوێنمەوەو باشترو بە زمانێکی پاراو لە بیرۆکەکانی ئەو نووسەرە تێبگەم.
لەگەڵ دەستپێکردنی خوێندنەوەی کتێبەکە، هەر زوو تێگەیشتم کە کتێبەکە تەنها شیکارییەکی سیاسی سادە نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەیەکی قووڵترە لەسەر کارکردنی کۆمەڵگا لیبڕاڵ و مۆدێرنەکان.
لە کاتی خوێندنەوەدا، زیاتر هەستم دەکرد کە پێشتر زۆرێک لەو دیاردانەی کە لە ژیانی ڕۆژانەی خۆمانەوە ڕودەدەن و باس دەکرێن دەناسمەوە، بەبێ ئەوەی پێشتر توانیبێتم ئەوەندە بە ڕوونی هەستیان پێبکەم، ئارگومێنتەکانی (دۆنۆ) یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی باشتر لە هەندێک پێکهاتە لە سیاسەت و ئابووری و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان تێبگەین، هەندێک دیدگای سەرنج راکێشم دەستکەوت لە ناو بیرۆکەکاندا کە بۆمن تازە بوون، بەتایبەتی کە زۆرجار سیستەمی کۆمەڵایەتی مەرج نییە باشترین بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە پەروەردە بکات، بەڵکو زیاتر تەقەلایە بۆ سەقامگیری لە نێوان چینی سەرەوە و خوارەوە لە ڕێگای چینی مامناوەندەوە کە بە (وردەبۆرژوا) ش ناوزەد دەکرێت.
خوێندنەوەی ئەو کتێبە چانسی ئەوەمان بۆ دەڕەخسێنێ، لە ڕوانگەیەکی نوێوە سەیری هەندێک لە پێشکەوتنەکانی سەردەم بکەین، ڕوانگەیەکی شیکاریانەمان بۆ پەیوەندی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگا و تاک پێشکەش دەکاتوو هانمان دەدات بیر لەو بەها و میکانیزمانە بکەینەوە کە دامەزراوەکانی ئێستامان لە قاڵب دەدەن.
کاتێک بیر لە بیرۆکەی (سەردەمی پڕوپووچی) دەکەینەوە، وەک تەعریفێکی گونجاو بۆ زۆرێک لە داینامیکی کۆمەڵگە هاوچەرخەکان دێتە بەرچاو، هەرچەندە ئەو دەستەواژەیە تاکوو ئێستا وەک چەمکێکی تیۆری فەرمی بەکارناهێنرێت، بەڵام بە باشی لەگەڵ ئەو ڕەخنەیەدا دەگونجێت کە (ئالان دۆنۆ) لە کتێبی (مێدیۆکراسی ) ناوەندگیردا دایڕشتووە، بە بۆچوونی من (دیدگای سەردەمی پڕوپووچی)باس لە قۆناغێکی مێژوویی دەکات کە تێیدا خۆنمایشکردن و وێنە و پێگە هێمادارەکان بە بەراورد بە ماددە، لێهاتوویی، یان قووڵایی فیکری تا دێت بەهادارتر و گرنگتر دەبێت.
ئەوەندەی کە من لەو بیرۆکەیە تیگەیشتم، (پروپووچی) لەو چوارچێوەیەدا تەنیا سیفەتێکی کارەکتەری و تاکەکەسی نییە، بەڵکو دیاردەیەکی ستراکتورییە، کە لەلایەن دامەزراوەکانی کۆمەڵگاو دەوڵەت و چاوەڕوانییە کولتووریی و بەها کۆمەڵایەتیەکانەوە دروست دەبێت و بەهێز دەکرێت، کۆمەڵگا مۆدێرنەکان ئاراستەیەکی بەرزیان بەرەو بینین و ناسینەوە هەیە، سەرکەوتن نەک تەنها بەوە پێوانە دەکرێت کە کەسێک لە ڕاستیدا چی بەدەست دەهێنێت، بەڵکو بەوەوە دەپێورێت کە ئەو دەستکەوتە چەندە بە شێوەیەکی قەناعەتبەخش پێشکەش دەکرێت، لە سیاسەت و بازرگانی و تەنانەت ئەکادیمیاشدا زۆرجار پێدەچێت توانای نمایشکردنی وێنەیەک بەقەد کوالیتی خودی بیرۆکەکان گرنگ بێت.
ئەو پەرەسەندنە خەریکە شێوازی کارکردنی دەسەڵاتیش دەگۆڕێت، ئیتر دەسەڵات تەنها لەسەر بنەمای دەسەڵات یان کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکان نییە، تادێت زیاتر پەیوەست دەبێت بە توانای دروستکردن و پاراستنی وێنەیەکی دیاریکراو، سیاسەتمەدار و بەڕێوەبەر و کەسایەتییە گشتیەکان نەک هەر خاوەن بڕیار، بەڵکو دەبێت بەردەوام شەرعیەتی خۆیان نمایش بکەن و بسەلمێنن، پەیوەندی و بە براندکردنی ستراتیژی و بوونی میدیا خەریکە دەبنە ئامرازی ناوەندی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری.
لە پێکهاتەیەکی ئاوادا، (پڕوپوچی) دەبێتە ستراتیژییەکی عەقڵانی، تاکەکان هەر زوو فێر دەبن کە سەرکەوتن زۆرجار پەیوەستە بە چۆنیەتی پێشکەشکردنی خودەوە، تۆڕەکان و بە براندکردنی کەسیی و سەرمایەی هێماکان(ڕەمزەکان) گرنگییان زیاتر دەبێت، تاک بە جۆرێک دەبێتە پڕۆژەیەک کە دەبێت بەردەوام باشتر بکرێت و بخرێتە بازاڕەوە، بە بڕوای من ئەو داینامیکە وا لە مرۆڤەکان دەکات کە بەشێکی زۆر لە وزەی خۆیان بۆ بنیاتنانی وێنەیەکی خۆبەخشی زۆرەملێ تەرخان بکەن لەبری ئەوەی سەرنجیان لەسەر پەرەپێدانی زانست، لێهاتوویی، یان بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بێت.
دەرئەنجامە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو گەشەسەندنە ئاڵۆزن، لە لایەکەوە کولتوری بینینی باو (بەرچاوگەرایی) وا لە زۆر کەس دەکات کە دەنگیان بە ئاشکرا بەرزبکەنەوە و لە ئامرازو فۆڕمە نوێکانی پەیوەندیکردن کەڵک وەربگرن، لە لایەکی دیکەوە دەتوانێت ڕووکەشیەتێک پەروەردە بکات کە تێیدا ناوەڕۆک لە کورسی هەرە پشتەوە جێگە بگرێت بۆ ئەوەی باڵانسگیری پێکبێت لە کۆمەڵگادا کاتێک سەرنجدان لە ڕوکەش دەبێتە گرنگترین سەرچاوە، ئەوانەی دەتوانن بە تایبەتی دیار یان سەرنجڕاکێش دەرکەون زۆرجار سەردەکەون و دەبن بە پاڵەوان، نەوەکوو ئەوانەی کە قەناعەتبەخشترین ئارگیومێنتیان هەیە بۆ ئاڵوگۆڕ لە ناو کۆمەڵگادا.
تێگەیشتنی من بۆ ئەو بیرۆکەیە (سەردەمی پڕوپوچی) ئەوەیە کە لۆژیکی چینی مامناوەند بەهێزتر دەکات، کاتێک دامەزراوەکان سەقامگیری بە نرخترین شت دەزانن و لە هەمان کاتیشدا کولتووری خۆپێشکەشکردن دەبێتە ئەقلیەتێکی باڵادەست، ژینگەیەک سەرهەڵدەدات کە ئەکتەری چینە مامناوەندەکان بەڵام لە ڕووی ستراتیژییەوە زیرەکەکان دەتوانن بە تایبەتی سەرکەوتووتر بن، لێرەدا تەنیا لێهاتوویی بەس نییە؛ گرنگ ئەوەیە کە چەندە باشو کاریگەر خۆی پێشکەش دەکات و چەندە باش لە ناو ئەو دیدگایەدا فۆڕم دەگرێت، ئەوەش بۆشایی لە نێوان کوالیتی ڕاستەقینە و ناسینی کۆمەڵایەتیدا دروست دەکات.
لە هەمان کاتیشدا ئەو گەشەکردنە کاریگەری لەسەر چەمکی خودی تاکیش هەیە، مرۆڤەکان هەوڵی ئەوە دەدەن کە خۆیان ببینن لە چاوی کەسانی ترەوە، ناسینەوە و بەرچاوگەرایی و پێگە دەبنە پۆلێنە سینتڕاڵەکانی تێگەیشتن لە خود، بۆیە تاک بەردەوام لە نێوان دوو ئاستدا دەجووڵێت، خودی ڕاستەقینە و ئەو وێنەیەی کە لەبەردەم گشتیدا بۆ خۆی بەرهەمی دەهێنێت، چونکە بووە بە نۆرماتیڤ (پێوەر) ێکی بە ئەقڵکراو، ئەو گرژیی و ململانێیە دەتوانێت ببێتە هۆی هەستکردن بە چاودێریکردنی بەردەوامی خود، کە تێیدا (ئایدێنتیتێت) ناسنامە تادێت دەبێتە شتێکی ئەنجامدەر.
من پێموایە بیرۆکەی (سەردەمی پڕوپوچی ) پرسیارێکی بنەڕەتی زۆر قوڵ دەوروژێنێت، ئەویش ئەوەیە ئایا چ جۆرە کۆمەڵگایەک سەرهەڵدەدات کە ناسین و فەهم زیاتر پشت بە بینین(بەرچاوگەرایی) دەبەستێت نەک بە ماددە؟ ئەگەر سەرکەوتن زیاتر بە دیاردە هێمادارەکان دیاری بکرێت، ئەوا مەترسی ئەوە هەیە کە دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان ئەرکە سەرەتاییەکانیان لەدەست بدەن، سیاسەت دەتوانێت زیاتر ببێتە قۆناغێک، ئابووری زیاتر ببێتە کێبڕکێیەک بۆ ناوبانگو بە‌هێزبوونی پێگە کۆمەڵایەتیەکان، زانین وزانست زیاتر ببێتە سەرچاوەیەک کە بە شێوەیەکی ستراتیژی بۆ دەستەبەرکردنی پێگەکان خرابێتەگەڕ و جێگیرکرابێت.
لێرەدا دەرەنجامێکمان دەستدەکەوێت، ئەویش ئەوەیە کە (سەردەمی پڕوپوچی) نەک هەر ڕەخنەیەکی ئەخلاقی، بەڵکو شیکاریەکە بۆ پەیوەندیەکانی دەسەڵاتی مۆدێرنێتە و نیولیبڕالیزم، ئەوە نیشان دەدات کە بەها کولتوورییەکان و پێکهاتە دامەزراوەییەکان و ستراتیژە تاکەکەسییەکان چەندە لە گەڵ یەکتر ئاوێتەو تێکەڵ بوون، کاتێک پڕوپووچی دەبێتە بنەمایەکی پێکهاتەیی کۆمەڵگا، نەک هەر ڕەفتاری تاکەکان دەگۆڕێت، بەڵکو لۆژیکی ئەو سیستەمەش دەگۆڕێت کە لە سایەیدا گوزەران دەکەین و دەژین.
بۆیە گرنگە بە شێوەیەکی مۆڕاڵی و ڕەخنەگرانە بیر لەو داینامیکانە بکەینەوە و بپرسین ئایا کۆمەڵگایەک کە بە توندی و ڕادیکاڵانە لەسەر بنەمای خۆپێشکەشکردن دامەزراوە، دەتوانێت لە درێژخایەندا بوار بۆ تێڕوانین و بەرپرسیارێتی و فێربوون و پەروەردەی بەکۆمەڵی ڕاستەقینە و یەکسان بەجێبهێڵێت؟.



جوتیار مەلا رەئوف




ئەمریکا هێرش دەکاتەوە؟!.. عوسمان حاجی مارف

ئەمریکا و ئێران لە یەکەم دانیشتنی ئیسلام ئابادا، نەگەیشتنە ڕێکەوتن لەسەر چارەسەری بەردەوامی ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمەش ئاسۆی ئاگربەستی دوو هەفتەیی زیاتر لێڵکرد، میدیاکانی دەوڵەتی ئێران پێشتر باسیان لەوە کردبوو کە خاڵە سەرەکیەکانی ناکۆکی، بریتین لە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و تێپەڕین بە گەرووی هورمز و وەستانی شەڕی ئیسرائیل و حزبولڵا.
شکستی دانوستانەکان چاوەڕوانکراو بوو، بەوپێیەی ئاسان نییە لە خولێکی کورتی دانوستاندا چارەسەری پرسە دڕکاویەکانی ململانێی دەیان ساڵە بکرێت، بەتایبەتی کە هەردوولا بە لۆژیکی “سەرکەوتوو” لە شەڕەکەدا مامەڵە دەکەن، واتە کاتێک لایەنی سەرکەوتو دیاری ناکرێت، هەر لایەنێک دەیەوێت مەرجی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕە بسەپێنێت، ئاشکرایە کە بەزوویی ناگاتە ئەنجام.
چۆنیەتی سەرنەکەوتنی دانوستانەکە، جێگەی سەرسوڕمان نەبوو، هەر لەسەرەتاوە بەڕێوەبردنەکە بە ئەنقەست بوە ململانێیەکی درێژخایەن تا بەکراوەیی بمێنێتەوە و وردتر ڕێکبخرێت، لەکاتی پێویستدا قسەی لەسەر بکەنەوە، لەڕاستیدا هیچ لایەنێک مەبەستی نەبوە فایلەکە بەو شێوەیەی کە لە وتارەکاندا ڕایانگەیاندوە دابخەن.
دەکرێ بڵێین، ئەو چەقبەستووەی ئێستا لەدانوستانەکاندا پێشهاتووە، ئەگەری سێ سیناریۆ دەخاتە ڕوو:
یەکەمیان گەڕانەوەیە بۆ شەڕ، کە ئیدارەی ئەمریکا و ترەمپ لە چەندین بۆنەدا ئاماژەیان پێکردووە، یان وەک هەڕەشەیەک بۆ دانوستانەکان بەکاریان هێناوە، ئێرانێش لەو بارەیەوە هیچ دودڵیەکی نیشان نەداوە و ڕایگەیاندووە ئامادەیە بۆ شەڕ.
دووەمیان، وەستانی یەکلایەنە بۆ شەڕ لە لایەن ئەمریکاوە، دوای ئەوەی زیانێکی بەرچاوی بە توانا سەربازیەکانی ئێران گەیاندوە وە بە ئامانجگرتنی ژمارەیەکی بەرچاوی سەرکردەکانی، بەڵام ئێران خۆی ڕادەستی ئامانجەکانی ئەمریکا نەکرد، لەهەمانکاتدا ئێرانیش ئەوە دەبینێت کە وەستانی شەڕ بەقازانجی دەبێت، هەربۆیە لەخۆئامادەکردنان بۆ خولی دووەمی دانوستانەکان، تاڕادەیەکیش هەندێجار نەرمیەک بۆ ڕێکەوتن پێشبینی دەکرێت.
سیناریۆی سێیەم، گەڕانەوەیە بۆ سەر مێزی دانوستان و بەکارهێنانی ئەوکاتەی کە لە ئاگربەستەکەدا ماوە، ئێستاش ئەوە دەبینرێت کە جگە لە ئامادەیی دوبارەی ئەمریکا و ئێران بۆ دانوستانەکان، لە هەمانکاتدا ئیسرائیلش لەگەڵ لوبنان چونەتە دانوستانەوە.
بەڵام لەنێو ئەو سیناریۆیانەدا، پێموایە مەیلی ئەمریکا بەجیا لەوەی بە مەرجەکانی ئێران بۆ ڕێکەوتن، لەسەر وەستانی شەڕ ڕازی نیە، بەڵام پێدەچێت بیانەوێت ڕێڕەوی دوخەکە لە ئاگربەستی کاتیەوە، بە شێنەیی بگۆڕن بۆ وەستانی شەڕ، بەمانایەک بەبێ ئەوەی دانوستانی تر دەکرێت یان نا، ئەگەری ئەوە هەیە لەباری عەمەلیەوە هەوڵبدەن پێداگری لەسەر هەڵنەگیرسانەوەی شەڕبکەن، کە دۆخەکە لە ئارامیەکی درێژماوەتردا ڕاگیرێت، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە بەکارهێنانی هەر توانایەکی سەربازی ئاسمانی بێوێنە، کە لەم شەڕەدا لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە نمایشکرا، بەڵام نەیانتوانی ئێران ملکەچ کەن، بۆ بەدەستهێانی ئامانجەکانیان لە “ئێران و ناوچەکە و لە جیهاندا”.
لەلایەکی تریشەوە دوای کۆکردنەوەی هێزێکی سەربازی زەمینی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، بۆ هێرشی زەمینی بۆ سەر ئێران، ناتوانێت پێشبینی مسۆگەرکردنی سەرکەوتن بە ئاسانی و لە کورتماوەدا بکات، جگە لەوەش ئەگەری ڕوبەڕوبونەوەی خەسارەتی هێزی سەربازی ئەمریکا دەبێت، کە دانیشتوانی ئەمریکا قەبوڵی ناکەن، واتە گەڕانەوە بۆ شەڕ نەک ناتوانێت سەرکەوتن بۆ ئەمریکا دەستەبەرکات، بەڵکو ئەگەری ئەوە هەیە لەبەرامبەر شکستێکی گەورەتردا خۆی ببینێتەوە.
ئەوەی شایانی باسە، دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستپێکردنی دانوستانەکانی ١١ی ئەپرێل، ترەمپ پێداگری لەسەر ئەوە کرد، کە ئەمریکا پێشتر بە کوشتنی سەرکردەکانی ئێران، وە لەناوبردنی ژێرخانی سەرەکی سەربازی و وێرانکردنی شارەکانی سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، هەروەها جەختی لەسەر ئەوەکردەوە، گەر بگەنە ڕێکەوتن یان ڕێک نەکەوتن، هیچ جیاوازیەکی نیە و ئەمریکا هەر سەرکەوتووە، واپێدەچێت ئەمەش بیانویەکی تربێت بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە، بەبێ ئەوەی بچنە ناو دانوستانێکی ترەوە.
لەهەمانکاتدا دوای ٢١ کاتژمێر وتووێژ لە ئیسلام ئاباد، ڤانس جێگری ترەمپ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە گەیشتن بە ڕێکەوتن هێشتا مومکین نییە، بەڵام ئایا شەڕ دەکەنەوە؟، لەم دانیشتن و دانوستانەدا، ئەم پرسیارە بێوەڵامە! لەهەمانکاتدا دەرگای دانوستان دانەخرا.
هەڵبەتە گومانی تیا نیە، ئێران بە کۆنتڕۆڵکردن و داخستنی گەرووی هورمز فشاری ئابووری خستە سەر جیهان، ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، هەروەها گوشارە سیاسیەکانی لە سەر ترامپ گەورەتر کرد، لەهەمان کاتدا داخستنی ئەم گەرووە بە شێوەیەک هاوسەنگی شەڕەکەی بە قازنجی ئێران گۆڕی، وەک ئەوەی زۆر کەس بە گاڵتەجاریەوە دەیانوت، پێشتر گەرووی هورمز کراوە و ئازادبوو، بەڵام ئێستا ئامانجی ئەمریکا بۆتە ئازادکردنی گەرووی هورمز!.
چۆنیەتی ئەم ململانێیەی دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، لەئاستێکدایە هەر یەک لە لایەنەکان ئەوەیان پێوەدیارە، توانای بەردەوامی شەڕەکەیان نییە، بەتایبەتی بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل دوای چل ڕۆژ لە سەپاندنی هێزی ئاسمانی و وێرانکاری، ڕێگای بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان بەتایبەتی بۆ باڵادەستی بەسەر ناوچەکەدا نەک بەدی نەهات، بەڵکو لەهەمانکاتدا ئەزمونی سەرنەکەوتنیان، پەیوەندی لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان بە وڵاتانی عەرەبی و خەلیجیشەوە بێمتمانە و لاوازکردووە.
لە هەمانکاتدا گەر شەڕەکە دوبارەبێتەوە، وێرانکەرترو کارەساتبارتر دەبێت، دۆخی نائارامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا فروانتر و هەمەلایەنەتر دەکات، زەحمەتە ئەمریکا و ترامپ ڕیسکێکی لەو چەشنە بکەن، هەربۆیە دەبینین زیاتر باس لە ئامادەیی بۆ دانوستان دەکرێت.
ئاگربەستی نێوان واشنتۆن و تاران، دوای نزیکەی چل ڕۆژ لە لێدانی وێرانکەر لە ئێران، کوشتنی هێماکانی ڕژێمەکە لەسەرویانەوە هێمای ڕەهبەری، لە خامێنەییەوە بۆ خوارەوە، لەژێر ڕۆشنایی چارەنووسی نادیاری موجتەبا میراتگری تەختی خامێنەیی، ناتوانرێت وەک پێشەکیەک بۆ ڕێکەوتنی هەمیشەیی ئاشتی بخوێنرێتەوە، واتە لەهەر حاڵەتێکدا بەردەوامی بەدۆخێکی ناسەقامگیر و نائارام ئەدەن.
لەگەڵ هەمو ئەمانەشدا، هیچ لایەنێکیان نایانەوێت بەو مەرجانە کۆتایی بەشەڕەکە بهێنێت کە لایەنەکەی دیکە داوای دەکات، واشنتۆن نایەوێت فایلەکە دابخات چونکە کاریگەری گرنگ لەدەست دەدات، تارانیش ڕادەستبون قەبوڵ ناکات چونکە ئەو پێگەیەی لەژێر ئاگردا دروستی کردبوو لەدەستی دەدا، لە نێوان ئەم دووانەدا ناوچەکە وەک گۆڕەپانێکی کراوە بۆ ململانێی هەمیشەیی دەمێنێتەوەو بەڕێوەدەبرێت، لەم نێوەشدا دەورو دەخالەتی روسیا و چین بەشێکی سەرەکی ململانێکەن.
بۆ ئامادەیی بە خولی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، بە پلانێکی سێ لاپەڕەیی بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بەردەوامە، کە یەکێک لە مەرجە پێشنیار کراوەکان، بریتیە لە ئازادکردنی نزیکەی ٢٠ ملیار دۆلار، لە سامانی بلۆککراوی ئێران، لە بەرامبەر دەستبەرداربونی تاران لە کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو، بەڵام ترەمپ ئەم زانیاریانەی ڕەتکردۆتەوە و ڕایگەیاند، کە تاران کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی بەبێ هیچ شتێک ڕادەست دەکات، لە هەمانکاتدا عراقچی ڕایگەیاند، هاوپێچ لەگەڵ ئاگربەستی لوبنان، گەرووی هورمز بەتەواوی بەڕووی هەموو کەشتیە بازرگانیەکاندا بۆ ماوەی ئاگربەستەکە بەتەواوەتی کراوەیە، بەڵام دواتر جارێکی تر ئێران دایخستەوە، هەرچەندە ترامپ ماوەی وەستانی شەرەکەی درێژکردەوە، بەلام چارەنوسی دانوستانی خولی دووەم تا ئێستا نادیارە.
ئیدارەی ترەمپ ئاگربەستەکەی قبوڵ کردوە، یان وردتر بڵێین، بەپەرۆشەوە بەدوایدا دەگەڕێ، بۆ ئەوەی خۆی لەو بنبەست و تەنگانەیە بپارێزێت کە خۆیی و نەخشە و سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دروستیان کردووە. لە ڕووی لۆژیکیەوە هەرلایەنێک سەرکەوتنێکی ڕاستەقینەی لە شەڕێکدا بەدەست هێنابێت، پەلە ناکات لە کۆتایهێنانی، هەروەها پاش نائومێدبونی ترامپ لە کاریگەری درۆ و هەڕەشە پوچەکانی، کە وایکردووە ببێتە مایەی گاڵتەجاڕی و سووکایەتی، دەبینین سواڵ دەکات بۆ دانوستان و ڕێکەوتن.
میدیاکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و ڕۆژئاوا زیاتر لە میدیا ئێرانیەکان باس لە شکست و پاشەکشە و نائومێدیەکانی واشنتۆن و تەلئەبیب دەکەن، جگە لە میدیاکان جەماوەری ئەمریکا تادێت ناڕازیبون لە سیاسەتەکانی ترەمپ دەردەبڕن، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو فشارە ئابوریەی کە بەهۆی شەڕەکەوە دروست بووە، هەروەها گرتنی ڕەخنەی توند لە ترەمپ چیتر تەنها لە نەیارانی دیموکراتەکانیدا سنووردار نییە، بەڵکو تەنانەت ئەندامانی پارتی کۆماریەکانی خۆیشی دەگرێتەوە. ئێستا باس لە ئەگەری لێپێچینەوە لە پۆستەکەی بە شێوەیەکی بەرفراوان لەناو بازنەکانی سیاسی ئەمریکادا دەسوڕێتەوە. هاوکات ناتانیاهۆ بەردەوامە لە خۆدزینەوە لە دادگایکردنەکەی بە تۆمەتی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، لەگەڵ ئاماژەدان بە خراپبونی بارودۆخی ئەمنی.
کاردانەوەی شەڕی چل ڕۆژە هەر بەوانەوە ناوەستێت، ئەگەری ئەوە هەیە ترامپ و ناتانیاهو بخاتە خوارەوە، لە هەمانکاتدا نەخشەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە پەیوەند بە ململانێی لە بەرامبەر زلهێزەکانی دنیادا، پێویستیان بە پێداچونەوە دەبێت.
بەگشتی دۆخی ململانێکان ئەوە نیشان ئەدەن، کە ئاگربەست لە لێواری وەستانی جەنگدایە، لە هەمانکاتدا ئەگەری دوبارەبونەوەی شەڕیش چاوەڕونکراوە، ئەوەی لەم نێوەدا گرنگە، وەستان و کۆتایی شەڕەکەیە، بەردەوامی شەڕەکە هەر ئایندەیەک وەک دەستکەوت یان زیان بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران پێشبهێنێت، هیچ پەیوەندیەکی بە دانیشتوانی ئێران و ناوچەکەوە نیە، جگە لە خولقاندنی کارەسات و وێرانکاری و ماڵوێرانی زیاتر، بۆیە دژایەتیکردنی ئەم شەڕە و خواستی وەستانی ئەم شەڕە بەبێ مەرج و چونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، دروشمی سەرەکی بزوتنەی دژی شەڕە لە جیهاندا.




ئەتەكێتی سازدان و بەرێوەبەردنی فیستیڤاڵ فیستیڤاڵی شانۆ بە نموونە.. كامەران حاجی ئەلیاس

بە شێوەیەكی گشتی سازدانی هەر فیستیڤاڵێكی هونەری بێت یاخود ئەدەبی، هۆكاری سەرەكی لە ئەنجام دانی فیستڤاڵ دەگەڕێتەوە بۆ دەست نیانیشانكردن و پێناسەكردنی كۆمەڵگای شوێنەكە جگە لەوەی دیاردەیەكی رۆشنبیری و هونەرییە لە هەمان كاتدا چەندین بیرۆكە و روانگە و داهێنانی نوێ لە خۆدەگرێت سازدانی هەر جۆرە فیستڤاڵێكیش لە گەیاندنی پەیامەكەی دا كاریگەری خۆی دەبێت جوڵەیەكی ئەدەبی و هونەری لەو وڵاتەدا دورست دەبێت .
سازدانی فیستیڤاڵ لە هەر بوارێكی هونەری، ئەدەبی، كلتوری.. روداوێكی سادەو ئاسان نیە تەنیا بۆنەیەكی ئاهەنگی بێبەها نیە یان بۆنەیەكی كۆمەڵایەتی نیە بەڵكو كاریگەری رۆشنبیری و مێژووی خۆی هەیە، پرۆسەیەكی هونەری و نیشتمانیە بۆ ئەو وڵاتەی كە فیستیڤاڵی لێ سازدەكرێت لە هەمان كاتدا یەكێكە لەو چەكە جیهانیانەی كە دەتواندرێت رۆشنبیری لە جیهاندا بڵاوبكاتەوە كۆكردنەوەی رۆشنبیران و هونەرمەندان لەهەموو لایەك دەبێتە هۆی ئاڵگۆركردنی ئەزموونی یەكتری لە هەموو بوارەكان دەبێتە هۆی راكێشانی گەشتیاران بۆ وڵاتەكە.
بۆ سەركەوتنی هەر فیستڤاڵێك لە هەر بوارێكدا بێت ئامانج لە سازكردنی خاڵێكی سەرەكییە، بۆیەپێویستی بە كەسانی شاراز و پسپۆر و لێهاتوو هەیە بە جۆرێك ئەو كەسانە لەسەر بنەمای زانستی، پرۆتۆكۆڵی، بە چەند هەنگاوێك ئەركەكانیان ئەنجام بدەن یەكەم هەنگاویش وەكو لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا بریتیە لە (ئامانج) واتە دەبێ چەند ئامانجێك هەبێت لەسازدانی فیستیڤاڵ ئەنجا دیاركردنی بودجەیەكی شایستە پێویستە بۆ بەرێوەبەردنی فیستیڤاڵەكەیە پاشان دیاركردنی شوێن و كاتی فیستیڤاڵ بەجۆرێك بێت كە بە وردی خوێندوەی بۆ بكرێت هەر لە دەستنیشان كردنی كاتی چالاكی وەكو شەو رۆژ وەرز و پشووەكان كە كاریگەری پۆزەتیفی لەسەر فیستیڤاڵەكە هەبێت دوایی و ئەو گروپ و تیپانەی كە بانگێشت دەكرێن لەسەر چ بنەمایەك دەستنیشان دەكرێن لە هەمان كاتدا ئەو كەسانەی كە وەكو میوان بانگێشتی فیستیڤاڵ دەكرێن، بۆ ئەمەش دەبێت لە سەربنەمای چەند پێوەرێك بێت كە لە خزمەتی فیستڤاڵەكەدا بن نەوەك لەسەر بنەمای پەیوەندی كەسی و بەرژەوەندی بێت،كە بەداخەوە زۆر لەو فیستیڤاڵانەی لای خۆمان سازدەكرێن لەسەر ئەو بنەماییەن.
ناونیشانی فیستیڤاڵ زۆرێك لە فیستیڤاڵەكان ناونیشانی جیهانی یاخود نێودەوڵەتی لە خۆدەگرن بێ ئەوەی مەرجی نێودەوڵەتی لە نێو فیستیڤاڵەكە بوونی هەبێت بۆ ئەمە چەندین مەرج هەن بۆ ئەوەی ناونیشانی نێودەوڵەتی لە فیستڤاڵەكان بنرێت وەكو بەشدار بوونی چەندین كاركتەری جیهانی و تیپی هونەری جیهانی وەنمایشەكانی بۆ یەكەمینجار لە فیستیڤاڵەكە نمایش كرابن لەهەمان كات دا بەشێكی زۆر لە ئاژانسەكانی جیهانی هەواڵ و راپۆرت لەسەر فیستیڤاڵەكان بڵاوبكەنەوە ئەنجا فیستیڤاڵی ئەدەبی بێت یاخود هونەری (سینەما،موزیك وگۆرانی ،شانۆ، شێوەكاری) بێت.
لێرەدا ئەوەی من دەمەوێت تیشكی بخەمە سەر سازدانی فیستیڤاڵەكانی شانۆییەكەلەهەرێمی كوردستان دا ساز دراون یان ئەوانەی سازدە دەكرێن وەكو سەرەتا سازدانی فیستیڤاڵەكانی شانۆ بەگرنگی دەزانم بۆ پێشڤەچوونی جوڵەی شانۆ لە كوردستان چونكە لە رێگەی فیستیڤاڵ و نمایشەكان شانۆكاری كوردی سوود لە ئەزموونی شانۆكارانی دەرەوەی وەردەگرن ،وە بەپێچەوانەش دەتواندرێت ئاستی شانۆی كوردیش پیشانی شانۆكارانی دەرەوەی كوردستان بدەین چ لە توانستی ئەكتەری كورد یان لە رووی دەرهێنان یاخود سینۆگرۆفیا بێت یاخود تێكستی كوردی چونكە من لە وباوەڕەدام كە ئێمە چەندین نووسەری شانۆیی بە توانامان هەن.. لە هەمان كات دا فیستیڤاڵ بۆ بینەرانیش زۆر گرنگە بەوپێییەی بینەر هاوكێشەیەك و لایەنێكی گرنگی سەركەوتنی فیستیڤاڵەكانە.
لە فیستیڤاڵەكان دا جگە لە نمایشە شانۆییەكان چەندین ۆرك شۆپ و كۆرو سیمناری رەخنەیی ئەنجام دەدەرێت وە چەندین كتێب و گۆڤار و بڵاوكراوە تایبەت بە شانۆ چاپ و بڵاودەكرێنەوە. جیاوازی نمایشی شانۆ لەگەڵ هونەرەكاتی جگە لەوەی زۆرێك لە هونەرەكان و رەگەزی ئەدەبی لە خۆ دەگرێت لە هەمان كاتدا لەرێگەی ئەكتەرەوە راستەوخۆ تێكەڵ بە بینەران دەبێت هەر لەبەر ئەو گرنگییەی ئەم هونەرەوە نووسەری دیاری جیهانی ولیلیام جۆن شكسپیردەڵێت “ژیان بریتییە لە شانۆییەكی گەورە هەموو ژن و پیاوەكانیش ئەكتەرن لەسەر ئەم شانۆییە” .
بوونی لیژنەی دادوەری لە هەموو فیستیڤاڵێك خاڵێكی گرنگە بۆ سەركەوتنی فیستیڤاڵ لەبەرئەوە دەبێت، ئەندامانی لیژنەكە كەسانی پسپۆری شانۆیی بن خاوەن ئەزموون بن بەباشی دەزانم هەموو نەوەكانیش لە نێو لیژنەكەدا بوونیان هەبێت لە هەمووی گرنگتریش دەبێت لیژنەكەش زۆر راستگۆیانە كارەكانیان ئەنجام بدەن ویژدانی خۆیان ئاسوودە بكەن نەكەونە ژێركاریگەری هیچ هونەرمەندێك یاخود لایەنەیەك دەبێ لە ناولیژنەكە چەندین پسپۆری هەمەچەشن بن بوونیان هەبێت وەكو پسپۆرەكانی دەرهێنان، نواندن ،ڕەخنەگر،سینۆگرافیا ،ئیستاتیكا..وە لەسەر چەند پێوەرێكی ئەكادیمی براوەكان دەست نیشان بكەن دوور بن لەهەموو سۆز و هاورێیەتی لە هەمووی گرنگتر دەفەرت نەدان بەوەی هیچ لایەنێك و كەسێك دەست بخانە ناو كارەكانیان بۆئەوەی راستگۆی خۆیان بپارێزن خەڵاتەكان بە دادوەری دابەشی سەر براوەكان بكرێت.. راسپاردەو پێشنیازاكان خاڵێكی تری فیستیڤاڵە كە دەبێت لیژنەی دادوەری لەكۆتایی فیستیڤاڵ پێشكەش بە سەرۆكی فیستیڤاڵ و لیژنەی سەرەكی فیستیڤاڵ بكەن بەمەبەستی پێشڤەچوونی خوولەكانی داهاتووی فیستیڤاڵ .گومانی تێدانییە لەكۆتایی هەر فیستیڤاڵێكدا گلەیی گازندە دورست دەبێت بەتایبەتی ئەوانەی خەڵات بەدەست ناهێنن ئەمەش كارێكی نۆرماڵە لە زۆربەی فیستیڤاڵەكان روودەدات.




چاکە.. نەوزاد بەندی

چاکە وشەیەکە لە هەموو فەرهەنگ و کولتوورەکانی کۆن و نوێدا، هەبووە و هەیە و ئەبێ.. ڕەنگە بڵێم ووشەیەکی هێندە فراوان و بە تان و پۆیە، سەرجەم ئایین و بیر و باوەڕەکان بە هی خۆیانی ئەزانن.
هیچ کەس و ئایدیا و کۆمەڵێک نییە خۆی بە چاک و چاکەکار نەزانێت، پیاو کوژەکان پێش کوژراوەکان، دیکتاتۆرەکان پێش دیموکراسخوازەکان، بێباوەڕەکان پێش باوەڕدارەکان، ڕەگەز پەرستەکان پێش هەمووان، خۆیان بە چاکەکار ئەزانن و هەرچی تاوانێک ئەنجامی دەدەن بە کاری چاک و چاکە لە قەڵەمی دەدەن.
ئینجا با بزانین چاکە، وەک ووشە و پێناسەیەک چییە؟ ئاخۆ هی هەموومانە یان نا..
چاکە لە پێناسە زۆر سادەکەیدا ئەوە تۆ خراپە نەکەیت..وەک چۆن باشترین پێوەر بۆ مرۆڤێک کە نەچێتە زۆنی دڕندەکانەوە، ئەوەیە زوڵم نەکات..
واتا وەک هەنگاوی یەکەم بۆ ئەوەی چاک بیت، پێویست ناکات چاکە بکەیت، بەڵام هەوڵ بدە خراپە نەکەیت..دراوسێی منیت، پێویست ناکات دیارییم بۆ بێنیت، بەڵام تەنەکەی خۆڵەکەت لەبەردەم ماڵی مندا دامەنێ.. پێویست ناکات چاک و چۆنییەکی گەرم و دوور و درێژم لەگەڵدا بکەیت، بەڵام پێویستە نیوەی ئوتومبیلەکەت لەبەردەگاکەی مندا نەبێت، چونکە منیش وەک تۆ ئوتومبیلم هەیە.. پێویست ناکات پێم بڵێی ئەی گەلی قارەمان، بەڵام پێویستە داهاتی ووڵاتەکەم نەدزیت بۆ خۆت.
پێویست ناکا باسی زیرەکیی و مەردایەتیی کەسێک بکەیت، بەڵام پێویستە کە لە خاڵێکدا یەکتان نەگرتەوە نەکەویتە هەوڵی ناشیرینکردنی..
واتا هەنگاوی یەکەم بۆ ئەوەی چاک بیت، ئەوەیە کە خراپ نەبیت. یەکەم هەوڵی چاکەکردن ئەوەیە کە واز لە خراپەکردن بێنیت..
ئێستا زۆرینە دەڵێن ئێمە خراپەکار نین، چاکەیەکیش لە تواناماندا بووبێ کردوومانە.. لە ڕاستیدا ئەو قسەیە خۆی لە خۆیدا خراپەکارییە، واتا من بێم بەردەوام پێناسەیەکی ئەرێنیی خۆم بکەم و خراپەکاریی لە خۆم دوور بخەمەوە، ئەوە خۆی لە خۆیدا خراپەکارییە.. چونکە مرۆڤ کاتێ ئەڵێ من خراپەکار نیم، کەواتە خراپەکانی ناو کۆمەڵگاکەی ئەخاتە سەر شانی ئەوانی تر، بە بێ ئەوەی خۆیشی هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەوانی تردا هەبێ، گەر وا نەبووایە هەڵبەت لە کۆمەڵگایەکی تردا لە دایک ئەبوو یان سەری خۆی هەڵئەگرت بۆ کۆمەڵگایەکی دادپەروەر . . ئەوە جۆرێکە لە نێرگزیی.. کۆمەڵگای نێرگزیی ئەو کۆمەڵگایەیە کە تاکەکانی خاوەن کەسایەتییەکی لەخۆڕازیی و عاشق بەخۆیانن، بەو جۆرە خراپەکاریی وەک تۆپی بالە، بۆ یەکتریی هەڵدەدەن و هیچیان خۆی ناکا بە خاوەنی. کۆمەڵگای کوردییش کۆمەڵگایەکی هەتا سەر ئێسقان نێرگزییە، دەسەڵات خۆی ئەکا بە چاکەکارێکی بێ وێنە و پێشمەرگە و مەرجەع و پارێزگار ی سەر و ماڵی خەڵک و هەموو خراپەکان وەک تۆپ هەڵدەدا بۆ جەماوەر، جەماوەریش دەست دەکات بە ڕەخنە و جنێو و تانە و تەشەر لە دەسەڵات و بە دز و جەردە و هۆکاری هەموو نەهامەتییەکانی دادەنێ و ..خراپەکان وەک تۆپ هەڵدەداتەوە بۆ ناو گۆڕەپانی دەسەڵات.
کاتێ ڕژێمی بەعس لە کوردستان کش مەلیکی لێکرا، دام و دەزگاکانی حوکمەت تاڵان کران، ئەم تاڵانکردنە کە خراپەکاریی و تاوانێکی قێزەونە، تا ئێستایش واتا دوای 35 ساڵ لە ئەنجامدانی، نازانین کێ ئەنجامی داوە؟ هەر کەسێک ئەیداتە پاڵ کەسێکی تر، هەر تیرە و هۆز و بنەماڵە و حیزبێ ئەیداتە پاڵ تیرە و هۆز و بنەماڵە و حیزبەکانی تر .. ڕێک وەک جاشایەتییەکە وایه، لەگەڵ هەبوونی دەیان هەزار چەکداری خۆفرۆش کە ناویان لێ نرابوو جاش، ئەمڕۆ یەک دانەیشیان دیار نین و نازانین ئەو جاشانە کێ بوون و چییان لێ بەسەرهات؟ ئاسمان هەڵیلوشین یان چوون بە ناخی زەمیندا..
ئەو نمونانە بۆ سەلماندنی ئەو یەکەم هەنگاوە بوو، کە لە ڕێگای چاکەدا پێویستە بینێین، ئەویش نەکردنی خراپەیە.. هەڵبەت پێش ئەم یەکەم هەنگاوە، لەسەر هەموومانە واز لە جوانکاریی و ئارایشتکردنی خۆمان بێنین ، واتا پێویستە سەرەتا ددان بەوەدا بنێین پێشتر چاک نەبووین، ئەگینا خراپە هەموو کۆمەڵگای نوقوم نەدەکرد، واتا جێگای پێکەنینە گەر لەناو قوڕاوێکدا خەڵکێک هەبن بڵێن ئێمە قوڕاویی نین..
به ڕاستی من قاقا پێدەکەنم بەو جەردە ملیاردێرەی لە جیاتی واز لە دزیی و مافیاگەرێتیی بێنێ و ملیارەکانی کە دزیوێتی بیگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، ئەچێ بۆ عەمرە و تۆپێک خام لە خۆیەوە ئەپێچێ و لەلای بەردەڕەشەکەوە وێنەکانی بڵاو دەکاتەوە، ئەمە وەک ئەوە وایه خواردنێکی بۆگەن لە جیاتی ئەوەی بیخەینە ناو تەنەکەی خۆڵەوە، بیخەنە ناو مایکرۆوەیڤێکی تازەوە ..
بە ڕاستی من پێکەنینم بەو چەکدارانە دێت کە باسی پیاوەتیی و مەردایەتیی و شۆڕشگێڕیی و وەفاداریی خۆیان ئەکەن، چونکە ئەگەر ئەو قسانەیش ڕاست بن، ئەبێ خۆیان نەیکەن، هەروەها هاوڕێ و نانخۆرەکانیشیان نەیکەن، ئەبێ خەڵکێکی بێلایەن ئەو پێناسانەیان بۆ بکەن..چونکە یەکێک لە گەورەترین خراپەکانی مرۆڤ ئەوەیە باسی چاکەی خۆی ئەکات..
من سەرم ئەسوڕمێ لەو کاربەدەست و هونەرمەند و نوسەر و کەسایەتییانەی کە بەو ڕۆژگارە لەسەر سکرین و ناو کتێب و ڕۆژنامەکاندا دەردەکەون و باسی گرنگیی و ماندوونەناسیی و فرە بەرهەمیی و داهێنانە گەورەکان و ئازایەتیی و ئەشکەنجەکانی خۆیان دەکەن لە پێناوی گەلی کوردا، له کاتێکدا ئەمڕۆ گەلی کورد ئەوەندە بێ داهاتوو، بێ ئێستایە، ئەوەندە دەستەوسان و بێ بەرنامە و بێ خاوەنە، وەک هەویرێک وایە هەر میللەتێک بیەوێ، ئەیکاتە سەر ساج و شتێکی بۆ خۆی لێ دروست ئەکا..وەک کەلاوەیەک وایە هەر کەسێ بیەوێ چەک و تەقەمەنیی و میزی خۆی لێ فڕێ دەدات.
بە ڕاستی عەیبەیەکی گەورەیە، خراپەیەکی گەورەیە و هەمان کاتیش تاوانێکی گەورەیە، لە کۆمەڵگایەکدا کە نوقوم بووە لە گەندەڵیی و دزیی و وێرانکاریی و پاوانخوازیی و لەبار بردنی هەموو کایه مرۆڤایەتییەکاندا، خەڵکێک ئەوەندە بێ شەرم و حەیا بن، بێن و لە میدیاکانەوە باس لە سەرکردایەتیی و پیاوەتیی و زیرەکیی و خەباتگێڕیی و قوربانیدانی خۆیان بکەن و خۆیان با بدەن و چاوەڕوانی چەپڵە و ستایش بن لە خەڵکێکی هەناسە سارد و مایەپوچەوە.
واتا لێرەدا یەکەم هەنگاوی چاکە خوازیی ئەوەیە بێدەنگ بین.. وەک چۆن کە لە بەردەم تەرمێکدا ڕادەوەستین، هەمووان بێدەنگ ئەبین..چونکە باشترین خزمەت بەو دۆخە، بێدەنگبوونە..
ئێوەیش ئەی دۆنکیشۆتە زیانەخرۆ گەمژە و بێ هونەر و خوپەرست و ملیاردێرەکان، باشترین خزمەت و چاکەیەک لەسەر تەرمی کوردستان بیکەن، ئەوەیە بێدەنگ بن..

نەوزاد بەندی




هەولێر قەڵای خۆڕاگریی کوردی زاگرۆسە.. ستار ئەحمەد

شاری هەولێر، کە وەک یەکێک لە دێرینترین مەڵبەندەکانی نیشتەجێبوونی بەردەوام لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دەناسرێت، تەنیا ڕووبەرێکی جوگرافی نییە، بەڵکو پەڕتووکێکی کراوەی شارستانییەتە کە تەمەنی بۆ زیاتر لە شەش هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. ئەم شارە کە لەسەر نەخشەی مێژوو بە ناوەکانی “ئۆربێلوم”، “ئەربائیلۆ” و “ئەربێلا” تۆمار کراوە، پێگەیەکی ستراتیژی و ڕۆحیی وای هەبووە کە بووەتە جێی تەماحی ئیمپراتۆریەتە گەورەکانی وەک سۆمەری، ئەکەدی، ئاشووری، بابلی، ماد، یۆنانی و ئیسلامی. توێژینەوە شوێنەوارییەکان و پشکنینەکانی ئەم دواییەی قەڵای هەولێر و دەوروبەری، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کە ئەم شوێنە نەک هەر مەڵبەندێکی ئیداری، بەڵکو ناوەندێکی گرنگی ئایینی و فەلەکناسی بووە لە میزۆپۆتامیادا. ڕەگی ناوی شارەکە بۆ سەردەمی سۆمەرییەکان و ناوی “ئۆربێلوم” دەگەڕێتەوە، کە زۆر پێش دەرکەوتنی ئیمپراتۆریەتی ئاشووری بوونی هەبووە، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە شارەکە بنچینەیەکی دێرینتری هەیە و گەلانی ڕەسەنی ناوچەکە وەک “هۆرییەکان” و “لۆلۆییەکان” کە بە باپیرە گەورەی کورد دادەنرێن، داهێنەری ئەم مەڵبەندە بوون.
لە سەردەمی دەسەڵاتی ئاشوورییەکاندا، هەولێر پیرۆزییەکی تایبەتی هەبوو، چونکە پەرستگای سەرەکیی “ئەشتاری هەولێر” لێرە بووە، کە خوداوەندی سەرکەوتن و جەنگ بووە و پاشا ئاشوورییەکان بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی و مژدەی سەرکەوتن لە جەنگەکاندا، ڕوویان لەم شارە کردووە. لێرەدا دەبێت ئاماژە بەوە بکرێت کە هەرچەندە ئاشوورییەکان ناوەکەیان بۆ “ئەربا-ئیلۆ” (واتە چوار خوداوەند) گۆڕی، بەڵام ناسنامەی دانیشتووان و جوگرافیای ناوچەکە هەر بەستراوەتەوە بە گەلانی زاگرۆس‌ نشینەوە کە خاوەنی ڕەسەنی خاکەکە بوون. قەڵای هەولێر کە لەسەر گردێکی دەستکرد بە بەرزیی نزیکەی ٣٠ مەتر دروست بووە، دەرەنجامی کەڵەکەبوونی چەندین چینی شارستانییەتی جیاوازە کە بەسەر یەکدا نیشتوون، بە جۆرێک هەر چینێکی مێژوویی وەک ڕەهەندێکی کاتیی جیاواز لە قووڵایی زەویدا ماوەتەوە. ئەم شارە لە سەردەمی یۆنانییەکاندا بەهۆی جەنگی “گاۆگامێلا”وە ناوبانگێکی جیهانیی پەیدا کرد، کاتێک ئەسکەندەری مەقەدۆنی لە ساڵی ٣٣١ی پێش زاییندا توانی شکستی گەورە بە دارای سێیەم، پاشای هەخامەنشییەکان بهێنێت، کە ئەمەش وەرچەرخانێکی گەورە بوو لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەو پێکهاتە فیزیکییەی قەڵاکە و دابەشبوونی دەروازەکانی، واتایەکی سیمبولی قووڵ دەبەخشن؛ هەندێک لە لێکۆڵەران وای دەبینن کە شێوەی قەڵاکە و تێپەڕین بەناو دەروازەی خۆرهەڵات (ڕوو بە خۆر و ژیان) و دەرچوون لە دەروازەی خۆرئاوا، گوزارشتە لە پرۆسەی پاکبوونەوەی ڕۆحی و نوێبوونەوەی مرۆڤ، وەک ئەوەی گەشتێک بێت بەناو منداڵدانی مێژوودا بۆ لەدایکبوونێکی نوێ. ئەم چەمکە ڕۆحییە وایکردووە هەولێر بۆ هەزاران ساڵ وەک “ڕووگە” و ناوەندێکی پیرۆز بۆ گەلانی میزۆپۆتامیا و زاگرۆس بمێنێتەوە. دواتر لە سەردەمی حوکمڕانیی ئیسلامیدا، هەولێر گەشەیەکی بێوێنەی بەخۆیەوە بینی، بە تایبەت لە سەردەمی میرنشینی ئەتابەگی و لە ژێر سایەی فەرمانڕەوایی سوڵتان موزەفەردین گۆکبەری، کە شارەکەی کردە مەڵبەندێکی زانستی، وێژەیی و مرۆیی. لەو سەردەمەدا منارەی چۆلی و چەندین قوتابخانە و نەخۆشخانە دروست کران کە نیشانەی پێشکەوتنی تەلارسازی و هزریی ئەو کاتەی شارەکە بوون.
بە درێژایی سەدەکان، هەولێر توانیویەتی ناسنامە کەلتوورییەکەی خۆی بپارێزێت و ببێتە ناوەندێکی بەیەک گەیشتنی زمان و ئایینە جیاوازەکان. پێگەی جوگرافیی شارەکە لە نێوان هەردوو زێی گەورە و بچووک و هەڵکەوتنی لەسەر ڕێگای بازرگانیی کاروانەکان، وایلێکردووە هەمیشە وەک جەمسەرێکی ئابووریی بەهێز بمێنێتەوە. قەڵاکە بەو سێ گەڕەکە دێرینەی خۆی (تەکیە، تۆپخانە و سەرا) و ئەو خانوو و کۆڵانە تێکئاڵاوانەی کە گوزارشت لە هونەری نیشتەجێبوونی مرۆیی دەکەن، بووەتە میراتێکی جیهانی و لە لایەن ڕێکخراوی یونسکۆوە وەک شوێنەوارێکی گرنگ ناسێنراوە. لێکۆڵینەوە لە مێژووی هەولێر تەنیا گەڕان نییە بەدوای ڕابردوودا، بەڵکو تێگەیشتنە لە چۆنیەتی خۆڕاگریی مرۆڤ و شارستانییەت لە بەردەم گۆڕانکارییە توندەکانی مێژوودا. مێژووی ئەم شارە مێژوویەکە لە ململانێی مانەوە و داهێنان، کە تێیدا ڕەگەزە ڕەسەنە کوردییەکان وەک پارێزەری سەرەکیی ئەم خاکە، توانیویانە ناسنامەی “هەولێر” لە چوارچێوەی زمان و کەلتووری خۆیاندا بە زیندوویی بهێڵنەوە. ئەمڕۆ هەولێر بەو هەموو پاشخانە دەوڵەمەندەوە، تەنیا پایتەختێکی ڕامیاری نییە، بەڵکو هێمای بەردەوامی و ژیانەوەی نەتەوەیەک و شارستانییەتێکە کە ڕەگەکەی لە قووڵایی مێژوودا چەقیوە و چاویشی لە ئاسۆیەکی گەش و نوێخوازییە.




پارتی؛ لە خەونی خەلیجییەوە بۆ “پیاوە نەخۆشەکە”ی کوردستان.. نووسینی: هێمن عەلی

خەونی گەورەی پارتی، و بەتایبەت مەسعود بارزانی، ئەوە بوو هەرێمی کوردستان بکاتە کۆپییەکی میرنشینەکانی خەلیج. نەخشەکە ڕوون بوو: دابەشکردنی جومگەکانی حوکمڕانی بەسەر خێزانەکەیدا؛ خۆی وەک مەرجەع، نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم، مەسرور بارزانی وەک سەرۆکی حکومەت، و دەزگا ئەمنییەکانیش بۆ کوڕەکانی تری بنەماڵە. بەڵام ئەمڕۆ، ئەم مۆدێلە لەبری ئەو خەونە، تووشی ئیفلاسێکی سیاسی و ئابووری بووە. ڕێک هاوشێوەی قۆناغی کۆتایی دەوڵەتی عوسمانی، پارتیش بووەتە “پیاوە نەخۆشەکە”ی کوردستان و لە سێ بەرەوە ڕووبەڕووی داڕمان بووەتەوە:

یەکەم: هەرەسی سەروەریی ئابووری (گۆشەگیربوون لە بەغدا)
سەردەمی “سازانی پشت پەردە” کۆتایی هاتووە. بەغدای تازە بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، کۆتایی بە وەهمی ئابووریی سەربەخۆ هێنا. دوای ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم و بڕیارەکانی پەیوەست بە “تەوتین”کردنی مووچە لە بانکە فیدراڵییەکاندا، پارتی کۆنتڕۆڵی بەسەر شادەماری داهاتدا لەدەست داوە و بۆ بچووکترین خەرجی، بەتەواوی کەوتووەتە ژێر ڕەحمی ناوەند.

دووەم: سەرکوتکردن وەک جێگرەوەی شەرعییەت (قەیرانی بادینان)
کاتێک دەسەڵات لە ڕووی ئابوورییەوە شکست دەهێنێت، زۆرجار پەنا بۆ ئامرازە ئەمنییەکان و زیندان دەبات. مامەڵەکردن لەگەڵ چالاکوانان و بەردەوامبوونی بەندکردنی شێروان شێروانی، هاوکات لەگەڵ چاودێریکردنی وردی ئەمنییانەی هاووڵاتیان، وێنەیەکی سیستەمە سەرکوتکارە کلاسیکییەکانی دروست کردووە. ڕاپۆرتەکانی Amnesty International و Human Rights Watch کە دادگاکانی هەرێم بە “نادادپەروەر” ناو دەبەن، درزێکی قووڵی لە شەرعییەتی ناوخۆیی و دەرەکیدا دروست کردووە.

سێیەم: فشاری یاسایی ئەمریکا و پرسی “کارتە سپییەکە”
پارێزبەندییە نێودەوڵەتییەکە خەریکە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت. بەپێی ئەو سکاڵا یاساییانەی لە دادگاکانی ئەمریکا (وەک دادگای ویلایەتی دێلاوێر) تۆمارکراون دژی بەرپرسانی باڵای وەک مەسرور بارزانی، مەنسور بارزانی و وەیسی بارزانی، هەرچەندە کەیسەکان تا ئێستا لە قۆناغی سەلماندنی کۆتاییدا نین، بەڵام پەیامەکە ڕوونە. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە چاوپۆشیکردنی سیاسیی واشنتۆن لەسەر پێشێلکاری و گەندەڵی چیتر وەک جاران ئاسان نییە و کەس لەسەروو لێپرسینەوەی یاساییەوە نابێت.

دەرئەنجامێکی چاوەڕوانکراو

پارتی لە نێوان چەپۆکی یاسایی بەغدا، لێپرسینەوەکانی دادگاکانی ئەمریکا و تووڕەیی خەڵکی ناوخۆدا گەمارۆ دراوە. ئەو مۆدێلە خێزانییەی دەیویست وڵات وەک میرنشینێکی خەلیجی لێ بکات و دەسەڵات بەسەر بنەماڵەکەیدا دابەش بکات، ئێستا ڕووبەڕووی ڕاستییەکی تاڵ بووەتەوە. مێژوو سەلماندوویەتی؛ هەر دەسەڵاتێک ئابوورییەکەی بدۆڕێنێت، پشتگیریی دەرەکی لەدەست بدات و تەنیا بە زەبری زیندان بمێنێتەوە، زوو یان درەنگ، ڕێک وەک چۆن عوسمانییەکان بە دەردی “پیاوە نەخۆشەکە” لەناوچوون، ئەمیش مەترسیی ئەوەی لەسەرە بەرەو هەمان چارەنووسی مێژوویی بەڕێ بکەوێت