دادگاییكردنی ئەدەب یان باجی بوێریی و نەریت شكاندن؟.. سەدیق سەعید ڕواندزی

دادگاییكردنی ئەدەب، كتێبێكە باس لە پرۆسەی دادگاییكردنی سێ لە دیارترین نووسەری فەرەنسی و جیهانی، لە پەراوێزی نووسینی كتێبی جیاواز و تایبەت دەكات، كە ئەوانیش ( فلوبیر ) بە هۆی ڕۆمانی ( مەدام بۆڤاری ) و شاعیری دیار ( بۆدلێر) بە هۆی دیوانە شیعری ( گوڵەكانی خراپە ) و هەروەها نێوانی ( ڤێرلین و ڕامبۆ ) كە ئەمەیان كێشەیەكی تایبەتی و كەسی و كۆمەڵایەتییە و پەیوەندی بە نووسینەوە نییە. هەریەك لە شاكارەكانی مەدام بۆڤاری و گوڵەكانی خراپە، بە پاساویی تێكدانی ئادابی گشتی كۆمەڵگە، ڕەوایەتیدان بە سێكسی ئازاد، خیانەتی هاوسەرگیریی و شكاندنی ئەو نەریتە ئایینی و كلتوورییە پیرۆزانەی لەو سەردەمەدا باوبوون، دادگایی دەكرێن. بێگومان ئەم بەرهەمانە، پێچەوانەی ئەقلیەت و بیركردنەوەی باوی ئەو كات و گوتاری نووسنی ئەو سەردەم بوونە، بۆیە لە ئاستی جەماوەریی، میللی و كۆمەڵایەتی، ئایینی، وەرناگیرێن و وەك هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر خێزان، پەروەردە، تاك و كۆمەڵگە دەبینرێن و لەو نێوەندەشدا، نووسەرەكانیان و ئەو دەزگا و چاپەمەنیانەشی كە ڕێگەیان بە بڵاوكردنەوەی ئەو بەرهەمانە داوە، دادگایی دەكرێن، كە لە ڕاستیدا دادگایی ئەدەب و وشە نییە، بەڵكو دادگایی هزری ئازاد، سەربەستی نووسین و یاخیبوون و جیاوازكەوتنەوەیە، لە وڵاتێك و كیشوەرێكدا كە هەمیشە وەك ئایكۆنی پێشكەوتن و ڕێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ و داهێنانی ئەدەبی و ژیاری بینراوە. ڕۆمانی مەدام بۆڤاری، باسی ژنێك دەكات بە ناوی ئیما، ئەم ژنە، مێردێكی پزیشكی هەیە و لە نێو ڕۆتینییەكی كوشندەی ژیان دەژیت، هاوسەرەكەی بە هۆی ئەوەی بە پیشە پزیشكە و پزیشكەكانیش ئەرك و كاریان وەها دەخوازێت كە بەردەوام لە نێو نەخۆش و ژینگەیەكی دوور لە سۆز و خۆشەویستی بژین و كاتەكانی ژیانیان لە نەخۆشخانە و نۆرینەگەكان بە سەر بەرن، ئیدی ئەم واقیعە كۆمەڵایەتییە، ئەم ژینگە دەروونی و خێزانییە، كاریگەریەتییەكی ڕوحی گەورەی لێ دەكات و سەرەنجام وەك تۆڵە كردنەوەیەك لە هاوسەرەكەی، كتێبی ڕۆمانسی دەخوێنێتەوە و دەست بە ناپاكی هاوسەری دەكات و پەیوەندی یەك بەدوای یەك لەگەڵ سێ پیاوی جیاواز، لە كات و ساتی جیادا دەبەستێت. بەو ئومێدەی ئەوان لەو دۆخە دەروونییە ڕزگاری بكەن، كەچی سەرەنجام ئەوانیش دوای تێركردنی ئارەزووە سێكسیەكانیان جێی دێڵن. بەمەش ئەوەندەی تر ئێما، هەست بە نائومێدی و دابڕان و گۆشەگیری دەكات و داوای هاوكاری لە هەردوو خۆشەویستەكەی لیۆن و رۆدلۆف دەكات، بەڵام ئەوانیش گوێی پێ نادەن. ئێما، بەو ئامانجەی لەو ژیانە بێ مانا و ڕۆتینییەی هاوسەرەكەی دەربچێت، پەنا وەبەر ناپاكی هاوسەری دەبات و وا هەست دەكات ئەزموونێكی دیكەی جیاواز تاقی دەكاتەوە، كەچی لەو ئەزموونەش بەرهەمان ڕۆتینی ژیان دەكەوێت تا سەرەنجام خۆی دەكوژێت. یەكێك لەو پیاوانەی پزیشكە و هاوسەرێكی بچووكی هەیە، فلۆبێر تۆمەتبار دەكات بەوەی كە مەبەست لەو ژن و مێردە ئەوانن، بۆیە سكاڵای لە سەر تۆمار دەكات. هاوكات خەڵكەكەش فلۆبێر تۆمەتبار دەكەن بە نووسینی ڕۆمانێك كە ڕەوایەتی بە ناپاكی هاوسەری و برە و بە سێكسی ئازاد دەدات و ئادابی گشتی و پیرۆزییەكانی كەنیسە دەشكێنێت. بەم تۆمەتە دادگایی دەكرێت، بەڵام ئەو جەخت لەوە دەكاتەوە كە كارەكتەرەكان و ڕووداوەكانی نێو ڕۆمانەكەش، خەیاڵیین و پەیوەندییان بە واقیعەوە نییە. دوای چەند دانیشتنێكی دادگا، سەرەنجام دادگا بڕیاری داخستنی ئەو كەیسە دەدات و ڕەتی دەكاتەوە ڕۆمانەكە دژ بە ئاكاری گشتی بێت. دادگاییكردنی دووەمیان، لە پەراوێزی بڵاوبوونەوەی گوڵەكانی خراپەی بۆدلێری شاعیرە. تۆمەتی ئەم شاعیرە بە هەمان شێوە ئەوەیە، كە گوایا لە چەند كۆپڵە شیعرێكی قەسیدەكەیدا، بێ ڕتووش باس لە ئەندامانی جەستەی ژن دەكات و دیمەنی پۆڕنۆیی پیشان دەدات، كە ئەمەشیان دیسانەوە ڕەوایەتیدانە بە كردار و پەیوەندی سێكسی ناڕەوا لە دەرەوەی خێزان، كە مەترسیە بۆ سەر كۆمەڵگە و ئاكارە گشتی و كۆمەڵایەتییەكان دەشكێنێت. ئەم دادگایە، بە پێ بژاردنی سێ سەد فرانك، سزای بۆدلێر دەدات و قەدەغەی ئەو كۆپڵە و دێڕە شیعرییانەش دەكات كە پەیوەندییان بە وێنە و دیمەنی سێكسی و پۆڕنۆییەوە هەیە. بێگومان بەشێكی سەرەكی لە تۆمەتباركردن و سزا و دادگاییكردنی ئەم دوو شاكارە، پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە ئەقڵی باوی لاهووتی و ئایینییەوە هەیە، چونكە ئەو كات كلێسا ڕۆڵێكی سەرەكی و بنەڕەتی لە ژیانی كۆمەڵگەی ئەوروپی بە گشتی و فەڕەنساش بە تایبەتی دەبینی. بابەتی سێیەم، پەیوەندی بە كێشەی نێوان هەردوو شاعیری دیاری فەرەنسی و جیهانی ( ڕامبۆ و ڤێرلین ) وە هەیە. ئەم دوو شاعیرە، بە جۆرێك مووتووی یەكتری ببوون و بە یەكەوە دەژیان، تا ئەو ڕادەیەی گومانی خراپی ئەخڵاقیان لێ بكرێت و بە چاوێكی كەم سەیریان بكرێت. ڤیرلین، خێزان و منداڵێكی هەیە، خێزانەكەی نیگەران دەبێت لەوەی كە هاوسەرەكەی شەوان نایەتەوە و ئەو پەیوەندییە سۆزداریی و ڕوحیە قووڵەی لەگەڵ ڕامبۆ هەیە، بۆی لە دادگا بە فەرمی داوای جیابوونەوە لە هاوسەرەكەی دەكات. هاوكات لەگەڵ ئەم كێشە خێزانییەدا، ڕامبۆش بڕیار دەدات بگەڕێتەوە پاریس و جێی بێڵێت، ئیدی لە ژێر فشاری دەروونی و دۆخی ئاڵۆزی ڕوحی و هزریدا، ڤێرلین گوللەیەك لە ژوورەكەی بە ڕامبۆوە دەنێت، بەڵام تەنها زامدار دەبێ و دواتریش كەیسەكەیان وەك كێشەیەك دەچێتە دادگا و ڕامبۆش دەست لە كەیسەكە هەڵدەگریت و دەی بوورێت، بەمەش دادگاییەكە كۆتایی دێت. ناوەڕۆكی ئەم كتێبە، هەر تەنها باسكردن نییە لە قەدەغەی نووسین و بەرهەمی ئەدەبی، بەڵكو دیوێكی شاراوەی ئەم كتێبە جوانە ئەوەمان پێ دەڵێت، كە سەدە و نیوێك لەمەو بەر، لە ئەوروپا و فەڕەنسای لانكەی ئەدەب و هونەر و پێشكەوتن، خەڵكی چۆن بیری كردۆتەوە؟ چۆن ڕوانینێكی ئایینی و لاهووتی و دواكەوتوویان هەبووە و بە پاساوی شكاندنی نەریت و پیرۆزییەكان دژی هزری ئازاد و بوێری نووسین و نووسەران وەستاونەتەوە. ئەم كتێبە، گوزارشت لە سەردەمێكی دواكەوتووی هزریی و پەروەردەیی و كولتووری فەڕەنسیییەكان دەكات، كە بە پاساوی دەستگرتن بە ئایین، نۆرم و ترادیسیۆنەكان، دژی هزری ئازاد وەستاونەتەوە و نووسەرانیان دادگایی كردووە. ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە كە لە ئەوروپاش سەردەمێكی زۆر نییە هزری ئازاد و نووسین و كرانەوە و پێشكەوتن هاتوونەتە ئاراوە. دواجار دەستخۆشانە لە وەرگێڕی كتێبەكە دكتۆر ( نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد ) دەكەم، كە بە زمانێك ئەو كتێبەی وەرگێڕاوە، هەست ناكەی وەرگێڕان بێت، بەڵكو كورداندویەتی، ئەمە وێرای ئەوەی كە كتێبەكە خۆی ناوەڕۆكێكی پڕ بەهای هەیەو شایەنی خوێندنەوەیە .

*پەراوێز: دادگاییكردنی ئەدەب، وەرگێڕان و ئامادەكردنی: نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد، بڵاوكراوەی غەزەلنووس _2019.

*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە (4100) لە 1/ 7 /2024 بڵاوكراوەتەوە.




ئاستی هاوسەنگی شەڕی ئەمریکا و ئێران.. عوسمان حاجی مارف

ڕووداوەکانی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، زیاتر شەڕێکی پەرتبون بوو تائەوەی شەڕێکی چارەنوسساز بێت، تەلئەبیب هەر لەسەرەتاوە قوماری لەسەر ڕوخانی ڕژێم کرد، کە بە ئامانجگرتنی سەرکردەکانی دەستی پێکرد، دیارترینیان عەلی خامنەییە. ترامپ و ناتانیاهۆ بانگەوازی گەلی ئێرانیان کرد کە هەنگاو بنێن و خۆپیشاندان بکەن بۆ ڕوخانی کۆماری ئیسلامی، بەڵام واقیع چاوەڕوانیەکانی پێچەوانە کردەوە، سوپای پاسداران کۆمەڵکوژی جەماوەری ناڕازی و خۆپێشاندەرانی کرد، هەروەها تاران سەرەڕای ئەوەی کەوتە بەر گورزی لێدانی گەورەی هێزی ئاسمانی، بەڵام توانی خۆڕاگری خۆی نیشان بدات.
سەبارەت بە ئەمریکا و ئیسرائیل، بڕیاریان بوو شەڕێکی خێرا و سنووردار و کورتماوە ئەنجام بدەن، بەڵام بەخێرایی پەرەی سەند و بوو بە ڕوبەڕوبونەوەیەکی هەمەلایەنە و فرەبەرەیی، بڵێسەی ئەم شەڕە لوبنان و خەلیج و عێراق و کوردستانی گرتەوە، هەڕەشەی تێکدانی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی بێوێنە دروستکرد، ئیدارەی ئەمریکا سەرەتا گرەوی لەسەر سیناریۆی گۆڕانی خێرای ڕژێم دەکرد، بەڵام دواتر بۆ ئەمریکا و ترەمپ دەرکەوت، کە ڕێگای تاران بەو شێوەیە سادە و ئاسان نیە کە لە ژوری ئۆپەراسیۆنەکاندا پلانی بۆ داڕێژرابوو.
سەرەتا لێدانەکان بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی پێشوەختە، بە نەهێشتنی ڕەهبەری و سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی، وەک ئەمریکا دەستنیشانی دەکرد، بۆ پەکخستنی سیستەمی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردنی ئێران بوو، بەڵام پێکهاتەی دامەزراوەیی ڕێژیمی ئێران توانایەکی خێرای نیشاندا بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەو نەخشەیە، ئەو ماوە کورتەی ئەمریکا و ئیسرائیل پێشبینیان دەکرد، ئێرانی گۆڕی بۆ شەڕێک کە چل ڕۆژ درێژەی کێشا، هەروەها دیمان لێدانە ئاسمانیەکان بۆ فشاری زیاتر ناوچە مەدەنیەکانیشیان کردە ئامانج.
ستراتیژی ئێران، پشتی بە فراوانکردنی شەڕەکە بەشێوەی ئاسۆیی بەست، هێرشەکان لەڕووی جوگرافیەوە درێژبوونەوە و چواردە وڵاتی دراوسێی کردە ئامانج، بە بیانوی بە ئامانجگرتنی بنکە ئەمریکیەکانی بەشداربوو لە هێرشەکەدا، بەهەمەچەشنکردنی سروشتی ئامانجەکان بۆئەوەی ژێرخانی گرنگ لەخۆبگرێت، پانتایی شەڕەکەی بەربڵاوکردەوە، بەجیا لەوەی ستراتیژی خۆڕاگری پیادەکرد، لە هەمانکاتدا ئەو بەربڵاویە ئەمریکا و ئیسرائیلی خستە بەردەم واقعێکی سەرسامبونەوە و چونیەتی بنبەستبونیان لە هەوڵی ناچاری بۆ وەستانی شەڕەکە، دۆخەکە لە ئامادەیی بۆ ڕوخانی کۆماری ئیسلامیەوە گۆڕدرا بۆ ئامادەیی لەسەر ڕێکەوتن و کۆتاییهێنان بەشەڕەکە.
ئیسرائیل هەر لە سەرەتاوە هیچ نهێنیەکی لە ئامانجەکان و هەنگاوە عەمەلیەکانی، بۆ شەڕەکە نەشاردەوە، بە باوەڕێکی بێدوودڵیەوە، ئۆپەراسیۆنەکانی بەستەوە بە نەهێشتنی هەڕەشەی کۆماری ئیسلامی و لە ناوبردنی بەرنامەی ئەتۆمی و سیستەمی موشەکی بالیستیکی و لێدان لە بنکە سەربازیەکان، لەهەمانکاتدا ئیسرائیل لەناوخۆیدا شایەتی کۆچی دەیان هەزار کەسی بوو، لە هەمانکاتدا خۆی لەبەرامبەر بەرزترین ڕێژەی ئاوارەبوون بۆ پەناگەکان لە نێوان تۆپباران و دزەکردنی بەردەوامی درۆنەکانی ئێراندا دییەوە، ئەمە جگە لەوەی کە هەفتانە بەرەوڕوی زیانی ئابووری بە نزیکەی سێ ملیار دەبوەوە.
کێشەی گۆڕانی هاوسەنگی سەرەکی شەڕەکە لە گەرووی هورمزدا سەریهەڵدا، کە لە خاڵێکی فشاری لاوەکیەوە گۆڕا بۆ ناوەندی ڕاستەقینەی قەیرانێک لەبەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیلدا، بەجیا لە خۆراگری تاران لە بەرامبەر لێدانە چرەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، لە هەمانکاتدا داخستن و تێکدانی گەرووەکەش قەیرانێکی پشێوی جیهانی وزەی لێکەوتەوە، کە ڕۆیشتنی نەوت بۆ ئاستێکی پەراوێزخراو دابەزی و بەرهەمی ناوچەکەش بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکرد، ئەم واقیعە بووە هۆی ئەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە چڕی سەرنج بخەنە سەر لەناوبردنی تواناکانی ڕێگری ئێران و لەناوبردنی بەشێکی بەرچاو لە بنکەی پیشەسازی بەرگری و شوێنەکانی هەڵدانی موشەکەکانی ئێران ڕاگەیەندرا. تاران تۆڕە هاوپەیمانیەکانی لە ناوچەکەدا لەچوارچێوەی بەرەیەکی ستراتیژی یەکگرتوودا چالاک کرد، بۆ بڵاوەپێکردنی سەرچاوەکانی نەیارەکانی و بەردەوامکردنی دۆخێکی نادڵنیایی درێژخایەن لە ناوچەکەدا.
ئەوەی شایانی باسە ئەو کاتەی ئێران بڕیاری کردنەوەی هورمزیدا، ترەمپی گەڕانەوە بۆئەوەی دان بەوەدا بنێت کە ئێران وڵاتێکی بەهێزە و پەیوەندیەکی باشی لەگەڵ ئەمریکا هەیە، ئەمەش گۆڕانکاریەکی بەرچاوبوو لە گوتاری سیاسیدا، ئەم ئاڵوگۆڕە تا ئەو جێگایەی ستایشی ڕۆڵی تارانی کرد لە کردنەوەی گەرووی هورمز، تەنانەت پێزانینی خۆی بۆ تاران بەوجۆرە دەربڕی کە بە کردنەوەی “گەرووی ئێران” وەسفی کرد، ئەمەش لە ڕوانگەی ئەمریکاوە وەک داننان بە هاوسەنگی نوێی هێز دەردەکەوێت، بەڵام دوای داخستنەوەی هورمز ترامپ گەرایەوە بۆ هەرەشەکانی.
بەم شێوەیە دەتوانم بڵێم تاران سەرەڕای گرانی شەڕەکە بەسەریەوە، لە کێشەی هورمزدا دەستکەوتێکی ستراتیژی و جیۆپۆلەتیکی بەدەستهێناوە، بەپێچەوانەی دابەزینی هەوڵەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل بۆ تەسلیم بونی ئێران، ئەمەش حیساباتی ئیسرائیل و دەوڵەتانی کەنداوی سەرلێشێواو کردووە.
پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە ئەم ڕوبەڕوبونەوەیە، شەڕێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو شەڕێک بوو لەنێو ئاڵۆزیەکاندا، کە تێیدا هەر لایەنێک سەرنجی لەسەر شکاندنی ئیرادەی ئەوی دیکە بوو، نەک سەرکەوتنێکی سەربازی ڕاستەوخۆ بەدەستبهێنن، هەروەها سیاسەتێکی وێرانکارو دارمانی یەکتر بوو. لە سەرەتای شەڕەکەدا، حیساباتی ئیسرائیل لەسەر ئەو گریمانەیە بوو، کە بە ئامانج گرتنی سەرکردایەتی ئێران دەبێتە هۆی داڕمانی خێرای ناوخۆیی و ڕوخانی کۆماری ئیسلامی، بەڵام ئێران ئەو لێدانانەی هەڵمژی و بە خێرایی خۆی ڕێکخستەوە و سوودی لە مێژووی دوور و درێژی بەڕێوەبردنی ململانێ ناهاوسەنگەکانی وەرگرت.
ئەمەش بەشێوەیەکی بەرفراوان ڕوون بووەوە، سەرەڕای ئەو لێدانە توندانەی کە هەزاران شوێنی ناو ئێرانیان کردە ئامانج، وێرانکاری و قوربانی زۆری لێکەوتەوە، وەک چاوەڕوانیان دەکرد تاران نەک نەڕووخا، بەڵکو سەرپێچی هەموو پێشبینیەکانی کرد و پشتڕاستی کردەوە، کە گرەوەکان لەسەر داڕمانی خێرا زۆر دوورە لە واقیعەوە، لەهەماکاتدا ترەمپ خۆی بینیەوە کە بە هەموو پێوەرێک ڕوبەڕوی هاوکێشەیەکی زۆر ئاڵۆزتر بۆتەوە، جگە لەوەش، هەڵگیرسانەوەی شەڕی ئیسرائیل و حزبوڵلا، بەشێک بوو لەم هاوسەنگیە ناوچەییە فراوانترە، کە لۆژیکی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی بەهێزتر کرد.
لەگەڵ گەیشتن بە دۆخە چەقبەستووەکان و چل رۆژ خایاندنی شەڕەکە لەو ئاڵۆزیەدا، بەناچاری ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی ڕاگەیاندرا، بەڵام بە خێرایی بە هێرشی توندی ئاسمانی پێشێلکرا، هەرەوها ئاراستەکەش گۆڕدارا بۆ مێزی دانوستان، کە واشنتۆن بە مەرجی توندەوە هاتە ناوەوە، بەداوای کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هورمز و دەستەبەرکردنی ڕێگا بازرگانیەکان، داڕشتنی ڕێکەوتنێکی نوێی ئەتۆمی کە پیتاندنی یۆرانیۆم قەدەغە دەکات، لە بەرامبەردا تاران وەها لە دانوستانەکە نزیک بووەوە، مەرجەکانی تەسلیمبونی بە تەواویی ڕەتکردەوەو وەهای نیشاندا ئەو شەڕە پەرتبوونەی کە بەڕێوەبراوە، پێویستە ئەمریکا ناچارکات پاشەکشە بکات.
یەکێک لە دەرەنجامە هەرە بەرچاوەکانی ئەم شەڕە، نەخشە و سیاسەتی ئێران بو بە تێوەگلانی دەوڵەتانی کەنداو بۆ ناو شەڕەکە، ئەو وڵاتانەش کە خاوەنی توانای سەربازی بەرفراوان و هەزاران فڕۆکەی جەنگی بون، دەستوەرنەدانیان هەڵبژارد وە تۆڵە نەکەنەوە!.
ئاکامی ئەم شەڕە تا ئێستا لە ڕووی سەربازیەوە ئەوەی نیشاندا سەرکەوتنی یەکلاکەرەوە نییە و ئەمریکا ئەو زلهێزە نیە بتوانێت لە شەڕەکاندا بە سەرکەوتویی دەرکەوێت، لە ڕووی سیاسیەوە ئێران لەم شەڕەدا خۆی لە داڕمان و ڕوخانی ڕژێمەکەی پاراست، وەک یاریزانێکی سەرکەوتو خۆی جێگیر کردەوە، لە ڕووی ستراتیژیەوە پێگەی بەهێزی ناوچەیی خۆی پاراست و دەرگای دانوستانەکانی فراوانتر کرد.
سەبارەت بە ئیسرائیل، خۆی بینیەوە کە ڕووبەڕووی واقیعێکی زۆر ئاڵۆزتر بۆتەوە لەوەی پێشبینی دەکرد، ئەوەی کە بتوانێت قەڵایەکی گەورەبێت و جەمسەرێکی سەرەکی بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وەک خەوێک مایەوە.
لەم چوارچێوەیەدا براوە ئەو لایەنە دەبێت، بەرامبەرەکانی ناچار دەکات پێداچونەوە بە ستراتیژی هەڵگیرسانی شەڕ و نەخشە سیاسیەکانیدا بکات.
بەگشتی ئەم واقیعە تائێستا لە دۆخی شەڕو ناسەقامگیری بەردەوامدایە، ئەمڕۆ هەموو جیهان لەسەر گەورەترین بەرمیلە باروت وەستاوە، کە خەریکە دەتەقێتەوە و چاوەڕێی ئەوەن کە ڕۆژ و کاتژمێرەکانی داهاتوو چی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئاخۆ وێرانکاریەکی تر بەرەوروودەبینەوە؟، بۆیە وەستانی بێمەرجی ئەم شەڕە، گرنگترین خواستی بزوتنەوەی دژی شەڕە، وەستان و کۆتایی شەڕ سەرکەوتنێکە بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان.

عوسمان حاجی مارف




ئێمە دڵمان لەسەر جوانی داخستووە.. داستان بەرزان

ڕووناکییەکی پەنهان لە چاوانتدا بوو
کە شوێنی کەوتبووم
من چیتر هیچ ڕووناکییەک نابینم.

بوونت شەپۆلی دەریایەکی بێئارام بوو
کە خۆشەویستیم تێیدا دەبینی
من چیتر هیچ ئارامییەکم بۆ گرنگ نییە.

لەگەڵ بزەی تۆدا خونچەکان دەبوون بە گوڵ
ئەی چەند چێژم لە پشکتوونی گوڵەکان دەبینی
من کە چیتر هیچ گوڵێک پەی پێ نابەم.

تۆ شیعرێکی زیندووبوویت
چاوەکانت وشەکانی بوون
من کە چیتر شیعر و
چاوانی تۆم ناوێن.

نامەوێن هەرچی لە تۆدا بوون.

سوورایی گوڵی هەنار
لەسەر لێوەکانت
کاتێک دەستت نایە گەردنی ئەڤین.

ڕەشایی شەوێکی ئەنووستەچاو
لە چاوەکانتدا
ئەو دەمەی تیری تیژی تژی ژانت لە کەوانی بێمانایی ترازاند.

دابڕام لە سووایی گوڵی هەنار
لە لێوەکانت
لە ڕەشایی شەوێکی ئەنگوستەچاو
لە چاوانت
ئەوکاتەی تیر گەیشتە سنگم و
ناکۆتا زامداری کرد دڵەی بە تین.

بۆ دوایین جار بیرم لێکردیتەوە
دەمزانی بیرکردنەوەیە لە مەحاڵ
بەڵام هەر بیرم لێکردیتەوە
تاکو لێم کردیتەوە نوخنە
جەنگەکان تەواو دەبن
تۆ دڵت بە خونچەکان خۆش بێت
ئاگرەکان خامۆش دەبن
تۆ دڵت بە درەوشانەوەی ئەستێرەکان بکرێتەوە
دووکەڵەکان دەڕەوێنەوە و بەری چاومان ڕوون
کابووسەکان
شپرزەییەکان
ژانە بە سوێکان
هەموو تێدەپەڕن
تۆ ئاگات لە دڵت بێت
لە خونچە و
لە درەوشانەوە نەکەوێت
ئاگات لە دڵ بێت نەکەوێت!

مرۆڤ پێویستی بە کەسێکە بۆی بگەڕێتەوە
وەک ماڵ
مرۆڤ پێویستی بە ماڵێکە بۆی بچێتەوە
وەک کەس
ئێمە دەمانتوانی دووانەیەکی جوان بین
کەسانێک ئەمەیان دەبینی
بەڵام ئێمە دڵمان لەسەر جوانی داخست
بۆ هەمیشە لە دڵماندا پشگوێمانخست
گوێبگرە لە دەنگی لێدانی دڵ
لێدانی جوانییە ترپەکانی
فەرامۆشی بکە
جوانی گوناە
جوانی نەفرەتی
دەرگای لێمەکەرەوە
لە بیرت نەچێت ئێمە بۆ هەمیشە
دڵمان لەسەر جوانی داخستووە.

تۆ بارانی
ئەو دەمانەی من زەوییەکی وشکهەڵهاتووم
تۆ کانیاوی
ئەو دەمانەی پڕ بە گەرووی ژیان تینووم
حەز ناکەم بڕۆیت
تۆ لێرە بە ئەی باران
ئەی کانیاوی ناو دڵ لێرە بە
دەست بە ئارامییتەوە بگرە
بە جوانی هەمیشەییتەوە
لە ناومدا خۆت بنێژە.




گرنگـییەکانی خەیـاڵ لە گەشەکـردنی منـداڵان.. رەزا شـوان

خەیـاڵ یان ئەنـدێـشە، گەورەتـرین سامانی مـرۆڤە. کـلـیلی داهـێنانەکانە. هەمـوو ئەو داهێنان و پـێـشکـەوتـن و شارستانی و شـتە سەیـر و سـەمەرە تەکـنەلـۆژیـانەی، کە مـرۆڤ دروستیانیکـردوون. هـەمـوو ئەو گـۆڕانکارییـانەش کە لە بـوارەکانی ژیـانـدا هاتـوونەتەدی. لە سایەی خەیاڵی مرۆڤـدا هاتـوونەتەدی. راستیە بەرجەستەبووەکانی ئەمڕۆمـان، خەیـاڵ و خەونەکانی دوێـنێـمانن. خەیـاڵ و خەونەکانی ئەمـڕۆشـمان، لە سبەینێدا دەبن بە راستی و دێنەدی. خەیاڵ رەگەزێکی سەرەکییە لە هەموو داهێنانێکی هـونـەری و زانستیدا. خەیـاڵ ئەو هـێزە ئەفـسووناوییە، کە مرۆڤی خستە سەر مانگ، لە سـاڵانـێکی نـزیکـی داهـاتـووشـدا، دەیخـاتە سـەر گـڕەهـەسـارە “مـەریـخ”. خەیـاڵ دەمانباتە هەر شوێـنێک کە بمانـەوێـت. نە بازگـەی لێ هـەیە و نە پاسـپۆرتی دەوێـت.

(تـایـلـۆر) دەڵـێـت:”ئـەوە هـێزی خـەیـاڵە، کـە کـارەبـای ئـەم شـارەی بەدیهـێـناوە”.

خەیاڵ چالاکـییەکی ئەقـڵـییە، بریتییە لە تـوانای دروستکردن و کۆنترۆڵکردنی وێنـە و سیناریۆ و بیرۆکەی دەروونی. یان دووبارە دروستکردنەوەی وێنە لە مێشکدا بۆ ئەو شـتانەی لە جیهـانی راستەقـینە و لـۆژیکـیدا بوونیان نییە. خەیاڵ جیهـانێکی فـانتازی دروست دەکات. خەیاڵ هـانی مـرۆڤ دەدات بۆ هـێنانەدیی خەون و ئامانجـەکانیان، لە میانەی خەیاڵکردن و هەستکردن بە خۆشیی هـێنانەدییان. ئەمـەش هـانیان دەدات بۆ کۆششکـردن و کارکردن بۆ ئەوەی بیانکەن بە راستی. زۆر جار خەیاڵ پەیوەستە بە داهـێـنان و توانـای بینینی جیهـان، لـە روانـگەیەکی نـوێ و پەرەپێـدانی داهـێنەرانە. خەیاڵ بەردی بناغەی داهـێنان و دۆزینەوەی چارەسەرکردنی کـێشەکانمانە. زاخاوی هـزر و خولـیا و ئارەزووەکانـمان دەدات، بۆ گۆڕانکارییەکی راستەقـینە لە جیهانـدا. خەیـاڵ پیـویستـیەکە لە پێویـستـییە گـرنگەکانی مـرۆڤ، لە هـەر تەمـەنـێکـدا بێـت.
(ئەلـبـێرت ئەنـیـشـتایـن) دەڵـێـت:”خەیـاڵ گـرنگـترە لـە زانـیـن. زانـیـن سـنووردارە، بەڵام خەیـاڵ هـەمـوو جـیهـان دەگـرێتـەوە. هـانی پێـشکەوتـن دەدات و بەشـداری لە گەشـەکـردنـدا دەکـات”.
خەیاڵی منـداڵان، بـریتییە لە توانـای منـداڵان بـۆ پێکهـێـنانی وێنـە و بیـرۆکە، کە لە راستیدا بوونیـان نییە. منـداڵان بە خەیـاڵ جیهـانێکی ناوازەی نمـوونەیی تایبـەت بە خۆیـان بنیـات دەنـێن. گەورەکان دەتـوانـن بە ئاسانی جیـاوازی لـە نێـوان راسـتی و خەیـاڵـدا بـکەن. بـەڵام زۆرجـار منـداڵانی بچـووک، خـەیـاڵ و راسـتی تـێکەڵ دەکـەن.
بە خەیـاڵ دارستانێکی جـوان دروسـت دەکـەن، پـڕە لە ئاژەڵی منـداڵـدۆسـت. دەتـوانـن لەگەڵ منداڵانـدا قـسە بکەن. یان دەبینین منداڵێک دەچـێتە ناو سندوقێکی کارتـۆنەوە و بە کەشتییەکی ئاسمانی دەزانێت، بە خەیاڵ گەشتی ئاسمان دەکات و دەچێتە سەر مانگ و هەسارەکان. ئەمـانە هەمـوویان لە جیهـانی خەیاڵـیی منـداڵانـدا ئاسایی و سـروشتین.
خەیاڵ تـوخمێکی چارەنووسسازە لە گەشەکردنی منداڵان. دەرگای جیهانێک لە زانستی و فـێربـوون گەشەکـردن و کارامـەیی و ئەگـەرە بێـسنوورەکـانیان لـێـدەکـاتەوە. ژیـانی منـداڵان بە خەیـاڵ دەستـپـێدەکات. دواتـر وردە وردە دەچـنە نـاو جیهـانی راسـتەقـینەی سەخـتەوە. جیـاوازی لە نیوان راسـتی و خەیـاڵـدا دەکـەن. لووتکەی خەیـاڵی منـداڵان، لە تەمـەنی سـێ تا شـەش ساڵـییە، واتـە قـۆنـاغی پـێـش قـوتـابخـانەی بنەڕەتـیـیە.
خەیـاڵ لە ئەمـڕۆ لە داهـاتـوودا، رۆڵێکی گرنگی لە ژیانی منـداڵان هـەیە. منـداڵان لە رێگەی خەیـاڵەوە، بەسەر بەربەسـتەکـانی کـات و شـوێـن و ئەسـتەمـدا، بـازدەدەن و سـنووری هـێزەکانی خۆیان تێـدەپەڕێـنن و دەستیان بۆ ئەو شتانە درێـژدەکـەن کە لە راسـتیـدا ناتـوانـن بەدەستـیان بهـێـنن. جیهـانێکی ئەفـسووناوی ناوازە و فـانتـازی و دڵخـوازی ناراستی دروسـت دەکـەن.
(س. ج. مبلـیرانـت) دەڵـێت:”واز لە منـداڵەکانتان بهـێـنن، با باڵـەکانیان تاقـیـبکەنەوە، لەوانەیە نەبـن بە هـەڵـۆ، بەڵام ئـەوە بـەو مانەیە نیـیە، کە نابێـت بە ئـازادی بفـڕن”.
خەیاڵ زۆر لەوە زیاتـرە، کە ئامرازێکی یارییەکی خەیاڵی “یارییەکی درامـی” منـداڵان بێـت، یان زینـدەخـەونێک بێـت. بەڵکو خەیـاڵ رەگەزێکی سەرەکی و ئـەو بناغـەیەیە، کە منـداڵان، تێگەیشتـنی خۆیان لەسەری بنیات دەنێن. پەرە بە گەشەکردنی زانستی و هـزری و سـۆزداری و کۆمـەڵایەتی منـداڵان دەدات. خەیـاڵ خۆدەرخستن و کـنجکاوی منـداڵان دەورووژێنێـت و چـرای داهـێـنان هـەڵـدەکـات.

گرنگـییەکانی خەیـاڵ لە گەشەکـردنی منـداڵان:
پەرەپێـدانی خەیاڵی منـداڵان، لە ساڵانی پێکهـێـنانیـدا، گـرنگـییەکی زۆریـان لە ڕووی هـزری و کۆمەڵایەتییەوە هـەیە. زۆر بە کورتی و بە چـڕی چەند سوودێکی سەرەکی خەیـاڵ، لە گەشـەکـردنی منـداڵان دەخـەینـەڕوو:
١ـ خەیـاڵ رۆڵـێکی گرنگی لە گەشەکـردن و بەرزکـردنەوەی زانستـیی منـداڵان هـەیە.
ئاسةتی زیـرەکی و هـۆشـیاری منـداڵان و کـارامـەییە جیـاوازەکـانیـان بەرزتـر دەکـات.
٢ـ خەیـاڵ متـمانە بەخـۆبـوون و گـەشـبینی و هـیوا و دەروون ئاسـوودەیی بە منـداڵان دەبەخـشێت. دەیانخاتە سەر ئەو باوەڕەی کە شتێک نییە ناوی ئەستەم بێت. لە میانەی خەیاڵکردن لە ژیـانی داهـاتوویەکی باشـتردا، لە سایەی ئیـرادە و بـڕیارێکی تۆکـمەدا، لە سایەی کوشش و کار و تاقـیکردنەوەدا، هەموو خەون و هـیواکانی مرۆڤ دێنەدی.
٣ـ خەیـاڵ پـەرە بـە تـوانی زمـانی زارەکـی و نـووسـراوی منـداڵان دەدات. منـداڵان لە کاتی یارییە خەیاڵـییە دراماییەکانیان. زۆر گـفـتوگۆ لەگەڵ یەکتریـدا دەکەن. یان لەبەر خۆیـانەوە قـسە لەگەڵ بابەتەکانی یارییەکـانیان دەکـەن. وشـەی نـوێ بەکاردەهـێـنن و وشەسازییان فـراوانـتر دەکـەن، پێکهـاتەی رستەکانیان باشتر دەبـن. توانای داڕشتنی رستەی ئاڵـۆزیان دەبێت. ئەمەش توانای زمـانیان بەهـێزتـر و بەرزتـر دەکات. توانای گـوزارشتکـردنی باشـتریان لـە بیـرۆکەکـانیـان دەبێـت. تـوانای پەیـوەنـدیکـردنیـشیان باشـتر دەبـێـت.
٤ـ منـداڵان لە رێگەی خەیاڵەوە، فـێری ئەوە دەبن کە چۆن پشـت بە تواناکانی خۆیان ببـەسـتن، لە چارەسـەرکـردنی ئـەو ئاسـتەنگی و کـێـشانەی رووبـەڕوویـان دەبنـەوە.
٥ـ خەیـاڵ ئـەو بناغـەیەیە، کە داهـێنانی لەسەر بنیات دەنرێـت. خەیـاڵ هـانی منـداڵان دەدات بـۆ داهـێنان و بـۆ گـۆڕینی جیهـانی دەوروبـەریـان. خەیـاڵ ئەگـەری بـێـسنوور دەکـاتەوە، هـانی منـداڵان دەدات بـۆ گـەڕان بـە دوای بیـرۆکە و چەمکە نـوێیـەکـانـدا. هەروەهـا دەرفـەت بـۆ کارلـێککـردن و بۆ دەربـڕین دەڕەخـسێنێت، ڕێگەیان پێـدەدات پـەرە بە دیـدگا ناوازەکـانیان بـدەن.
٦ـ خەیاڵ پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی منداڵان بەهـێزدەکات، فێری نۆرمەکانی کۆمەڵایەتی دەبـن. دەبنە کەسانێکی زیاتر سۆزدار و میهـربان. باشتریش لە کەسانی تر تێـدەگەن. فـێری پەیـوەنـدیی هـاوڕێـتی و هـاوکـاری دەبـن.
٧ـ هـونەر و وێـژە، دوو ئامـرازی بەهـێزن بـۆ هانـدانی خەیاڵی منـداڵان. خوێندنەوەی پەرتووک و وێنەکـێشان و مـوزیک، دەتـوانن هەست و بیرکردنەوەی نوێ لە منداڵاندا بـورووژێـنن. پێویستە هـانی منداڵان بـدرێن بۆ بەشداریکردن لە چالاکـییە هـونەری و وێـژەییـەکانـدا. رێگەیـان پێبـدرێـت بە شـێوەیەکی داهـێـنەرانە بـیرۆکەکانیان دەربـڕن.
٨ـ هـيچ شـتێک لە خەیـاڵـێکی تەنـدروسـت گـرنگـتر نیـیە، بـۆ گەشـەکـردنی منـداڵان. ئازادیی ئەوەیان هـەیە، کە جیهانێکی دڵخـواز لە مێـشکـیاندا دروستبکەن. لە سایەی هـێزی خەیـاڵـدا، دەتـوانـن ببـن کەسـانـێکی تـر. فـێری سـەربەخـۆیی دەبـن.
٩ـ خەیـاڵ بەشـداری سـەرەکـیـیە، لە بنیاتنـایی کەسـایـەتی هـاوسـەنـگی منـداڵان.
١٠ـ خەیـاڵ کاردانـەوەی ئەرێـنـیی لەسـەر تەنـدروسـتی دەروونی منـداڵان هـەیە.
١١ـ خەیـاڵ پەرە بە تواناکانی بیـرکردنەوەی ڕەخـنەیی دەدات. سەکـۆیەک بۆ منـداڵان دابین دەکات، بۆ پراکـتیزەکردنی بیرکردنەوەی ڕەخـنەیی، لە ڕێگەی بەشداریکـردن لە سیناریۆی گریمانەیی و چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی داهێنەرانە. لە ڕێگەی تاقـیکردنەوە و هـەڵەکـردنەوە، منـداڵان دەتـوانـن کـێشە ئاڵـۆزەکانیان چارەسـەربکەن بەبـێ ئـەوەی دەرئەنجـامی نەرێـنییان لـێـبکەوێتـەوە.
١٢ـ زۆرجار یاریی خەیاڵی بریتییە (یاریی درامـایی) لە ڕۆڵگێڕان. ڕێگە بە منـداڵان دەدات کارەکـتەری جیـاواز وەربگـرن و پـەرە بـە هـاوسـۆزی بـدەن. ئـەم چـالاکـیـیانە یارمەتیدەرن بۆ پەرەپێدانی هـۆشیاری سۆزداری منـداڵان، بۆ خۆیان و کەسانی دیکە.
١٣ـ نوانـدنی جەستەیی و سـیناریـۆی خەیـاڵی، وەک یاریکـردنی “مـاڵە باجـێـنە” یان یاریی “گـورگ و شـوان و مـەڕەکـانی”… هـتـد. ئـەم یـارییـە خەیـاڵـیـیە جەستەییـانە، یارمەتیـدەرن بـۆ پـەرەپێـدان و بەرزکـردنەوەی تـوانـا جـوڵـەییەکـانی منـداڵان.
١٤ـ پەرەپێـدانی خەیاڵی منـداڵان، یارمـەتی بیرکـردنەوەی داهـێنەرانە دەدات. منـداڵان دەتـوانن بیرۆکەی نـوێ بخەنە ژیانیانەوە و جـیهـانی دڵخـوازی خۆیان دروست بکەن. بەشداری لە گەشەکـردنی توانا دەروونییەکان و فـراوانکردنی ئاسۆی هـزرییان بکەن. یارمەتییان دەدات بۆ گوزارشتکـردن و بۆ تێگەیـشتن لە هەستەکانی ناوەوەی خۆیـان.
١٥ـ خەیـاڵ بەشێکی گرنگە لە تەندروستیی دەروونی منداڵان. هـێمنی و ئاسوودەییان پێـدەبەخـشێـت، یارمەتیی منـداڵان دەدات، بـۆ زاڵـبوون بەسـەر دوودڵی و دڵـتەنـگی و سـتـرێـسی و بـێـزاریـدا.
بێگومان وێـژەی منـداڵان، دەروازەیەکە بـۆ جیهـانە بێـسنوورەکانی خەیـاڵی منـداڵان.
بـە سـەدان چـیرۆکی ئەفـسانەیی خەیـاڵـئامـێزی کلاسـیکی و مـۆدێـرن هـەن، کە بە تایبـەتی بـۆ منـداڵان نـووسـراون. کە پەیـامی پـەروەردەییـان لەخـۆگـرتــوون.
ئامـاژە بـەوەش دەدەیـن، کە لەژێـر کاریـگەریی چەنـدیـن هـۆکـاردا، گـرنگی و رۆڵی خەیـاڵ لە گەشـەکـردنی منـداڵان، لـە منـداڵـێکەوە بـۆ منـداڵـێکی تر جیـاوازی هـەیە. وەک: تەمـەن و ژیـنگە و هـانـدان و ئەزمـوونە کەسیـیەکان و کارلـێککـردن لەگەڵ کەسانی دیـکەدا.

دوبـەی: ٢٠٢٦




کەرکووک لە سەردەمە جیاوازەکاندا.. ستار ئەحمەد

کەرکووک وەک یەکێک لە دێرینترین مەڵبەندەکانی نیشتەجێبوون لە جیهاندا، مێژووەکەی پەیوەستە بە ڕەگ و ڕیشەی نەتەوە ڕەسەنەکانی ئەم خاکە و زنجیرە چیاکانی زاگرۆس، ئەم شارە تەنیا جێگایەکی جوگرافی نییە، بەڵکو گەواھیدەرێکی زیندووی شارستانییەتە دێرینەکانی مرۆڤایەتییە کە لە باوەشی نیشتمانی کورداندا چەکەرەیان کردووە. ئەگەر بە وردی لە لاپەڕەکانی مێژوو بڕوانین، دەبینین پێکھاتە و ناونانی ئەم شارە لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هۆزە نیشتەجێیانەی کە لە بناری چیا سەرکەشەکانەوە هاتوونەتە خوارێ و بنچینەی ژیانیان لەم ناوچەیەدا داناوە، هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە، ئەم مەڵبەندە بە دەستی هۆرییەکان، کە یەکێکن لە باوانە هەرە دێرینەکانی گەلی کورد، ئاوەدان کراوەتەوە و ئەوان بوون کە بنەڕەتی قەڵا بەرزەکەیان دانا، ئەو قەڵایەی کە تا ئەمڕۆش وەک ناسنامەیەکی نەتەوەیی و مێژوویی لە جەرگەی شارەکەدا ڕاوەستاوە و بەرەنگاری هەموو گۆڕانکارییەکان بووەتەوە.
لە قۆناخێکی تری گرنگی مێژووییدا، گەلانی گۆتی کە ئەوانیش بەشێکی دانەبڕاون لە مێژووی زاگرۆس، توانییان کۆتایی بە دەسەڵاتە داگیرکەرەکانی ئەو سەردەمە بهێنن و سەرتاسەری ناوچەکە بگرنە دەست و بۆ ماوەی زیاتر لە سەدەیەک حوکمڕانییەکی بەهێزیان کرد و ئەم شارەیان وەک پایتەختی دەسەڵاتی خۆیان هەڵبژارد، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە شارەکە لەسەر دەستی مرۆڤی زاگرۆسی بنەڕەتی بۆ داڕێژراوە و هەموو بەردێکی ناو ئەو قەڵایە گوزارشت لە ڕەسەنایەتی ئەو نەتەوەیە دەکات. تەنانەت دەربارەی ناوی شارەکەش، گێڕانەوە مێژووییەکان و یادەوەرییەکانی ناو خەڵک جەخت لەوە دەکەنەوە کە کاتێک وەستا و کرێکارە لێهاتووەکانی کورد خەریکی بونیادنانی قەڵا مەزنەکە بوون، شارەزا و گەڕیدە بیانییەکان لەو سەردەمانەدا کاتێک تەماشای ئەم تەلاری و قایمکارییەیان کردووە، سەرسامی خۆیان بەوە دەربڕیوە کە ئەمە کارێکی تەواو و بێ کەموکوڕییە و پێیان گوتووە “کارێکی کۆک”، هەر لەم دەستەواژەیەوە کە ئاماژەیە بۆ ڕێکوپێکیی کارەکە، ناوی شارەکە بەرە بەرە بووەتە ئەو ناوەی کە ئەمڕۆ پێی دەناسین، کە ئەمە دەیسەلمێنێت ناسنامەی شارەکە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە ڕەنج و ماندووبوونی مرۆڤی کوردەوە.
لە لایەکی ترەوە، بۆچوونێکی تری زۆر بەهێز کە لە ڕووی زانستی و جوگرافییەوە لەگەڵ سروشتی ناوچەکەدا دەگونجێت، ناوی “گڕکۆک”ـە، ئەم ناوە کە لە دوو وشەی کوردی پێکهاتووە، ئاماژەیە بۆ ئەو گڕە هەمیشەییەی لە ئەنجامی گاز و نەوتەوە لە ناخی ئەم خاکەدا دەردەچێت و بە ئاگرە بێکوژانەوەکە ناسراوە، ئەم گڕە کە هەزاران ساڵە لە دەوروبەری شارەکە دەبینرێت، ناسنامەیەکی سروشتییە کە تەنیا بە زمانی دانیشتووانە ڕەسەنەکەی واتە کوردە زاگرۆسییەکان ناونراوە و گۆڕانی بۆ “کەرکووک” تەنیا گۆڕانێکی دەنگییە، دەنا بنەچەکەی هەر وەک خۆی بە کوردی ماوەتەوە. هەرچەندە لە سەردەمە جیاوازەکاندا و بەهۆی هێرشی هێزە دەرەکییەکانی وەک ئەکەدی و ئاشوورییەکانەوە هەوڵ دراوە ناوی شارەکە بۆ زمان و فەرهەنگی ئەوان بگۆڕدرێت، بەڵام واتای ناوەکان لەو زمانانەشدا هەر ئاماژەن بۆ “شوێنێکی تەواو” یان “کارێکی ڕێکوپێک”، کە ئەمەش دانپێدانانی ناڕاستەوخۆی داگیرکەرانە بەو کارە مەزنەی کوردەکان لە ئاوەدانکردنەوەی شارەکەدا ئەنجامیان داوە.
سەلماندنی کوردستانی بوونی کەرکووک پێویستی بە تێڕامانە لە شێوازی ژیان و ئەو شوێنەوارانەی تەمەنیان دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر، چونکە هەموو ئەو هۆز و گەلانەی لەم شارەدا دەسەڵاتدار بوون و ئاوەدانیان کردووەتەوە، ڕەگ و ڕیشەیان دەچێتەوە سەر یەک سەرچاوە کە مرۆڤی نیشتەجێی چیا و دەشتەکانی کوردستانە. کەرکووک وەک دڵێک وایە کە خوێن بۆ هەموو جەستەی نیشتمان دەنێرێت و لە مێژوودا هەمیشە سەنگەری بەرگری بووە، ئەو شارەی لەسەر دەستی هۆری و گۆتییەکان بینا کرا، نابێت تەنیا وەک شوێنێکی جوگرافی تەماشا بکرێت، بەڵکو دەبێت وەک ڕوحی نەتەوەیی کورد سەیر بخەمڵێنرێت، چونکە مێژوو سەلماندوویەتی کە ناوی شارەکە و خاکی شارەکە و قەڵاکەی، هەموویان پێکەوە باس لە چیرۆکێک دەکەن کە تەنیا بە زمانی ئەو نەتەوەیە دەخوێندرێتەوە ،کە هەزاران ساڵە لێرە خاوەندارێتی لە ژیان دەکات. کەرکووک هەمیشە بە کوردستانی دەمێنێتەوە، چونکە ڕاستییەکان لەناو خاکی ئەم شارەدا بە قووڵی چێندراون و هیچ هێزێک ناتوانێت ئەو ناسنامە زاگرۆسییە لە ڕەگی ئەم شارە جیا بکاتەوە، وەک چۆن ئاگری گڕکۆک هەرگیز خامۆش نابێت، مێژووی کوردستانیبوونی ئەم شارەش هەر بە گەشی دەمێنێتەوە.

ستار ئەحمەد




پێکەوە نەژیان.. نەوزاد بەندی

ــ

هەڵبەت هەموو دیاردەیەک ئۆپۆزیتێکی هەیە، وەک شەڕ و ئاشتی ..پێکەوەژیانیش، پێکەوەنەژیان دژەکەیەتی ..
بەڵام ئەوەی لای خۆمان ئەگوزەرێ، تێکەڵاوبوونی هەردوو زاراوەکەیە، وەک چۆن لە هەندێ لە کۆڵانە میللیەکانماندا ئاوی خواردنەوە و ئاوی قورس تێکەڵاوبوون، واتا ئێمە پێکەوە ئەژین بۆ ئەوەی پێکەوە نەژین..ئەمەیش بەڕاستی لەسەر وەستان و لێکدانەوەی ئەوێت، تۆ بتەوێ لەگەڵ کەسێکدا بژیت بۆ ئەوەی لەگەڵیدا نەژیت ..سەیر دەکەیت دراوسێتە، هاتووە لە تەنیشتتا خانووی دروستکردووە، کەچی تۆ بڵێی سیر ئەو ئەڵێ پیاز.. نەک هەر سڵاوت لێ ناکا، تەنانەت بە جەژنیشدا نایەتە ماڵەکەت، لەگەڵ ئەوەی کە بە بێ تۆ هەست بە ترس و دابڕان ئەکا، لەگەڵ ئەوەیشدا دژایەتیت ئەکات ..زۆربەی خێزانەکان، دایک و باوکێکی دژ بە یەک و ناتەبا بەڕێوەی ئەبەن، ئەم دووانە هاوسەرگیرییان کردووە، بۆ ئەوەی دژایەتیی یەکتری بکەن، دوای ئەوەی دایکەکە نەیهێشتووە شەمەنەفەرەکە بەجێی بێڵێ و بە چەمەلەغەکەیدا خۆی هەڵواسیوە و بای بای بۆ تابۆی قەیرە بوون کردووە، دوای ئەوەی باوکەکە خوا حافیزیی لە بەدمەستبوون و یانەی شەوانە و بەدخویی کردووە و بووە به خاوەن ژن و ماڵ، لەم خانە تازەیەدا کە خێزانە، دوو کەس بڕیاریان داوە پێکەوە بژین بۆ ئەوەی دژایەتیی یەکتر بکەن، ڕێک وەک تۆم و جێری ، ئەگەر یەکێک لەو دوو بەرەی شەڕ و ناتەباییە دوور بخەیتەوە، هیچ لایەکیان ڕازی نابێ، چونکە تازە ئەوان جەنگاوەرن و بە بێ ناتەبایی و پێکەوە نەژیان ناتوانن بژین..
هەندێ جار، لەو خێزانانەدا کە شەست ساڵە دوو هاوسەر بەردەوام شەڕ دەکەن و کومەڵێ جەنگاوەری کەمئەندام و نەخۆشیان پێشکەش بە کۆمەڵگا کردووە، لەگەڵ ئەوەیشدا کە ویستومە پیاوەکە ببەم بۆ گەشتێک، ژنەکە ڕازی نەبووە و بە توندیی ڕێگریی لێکردووم، چونکە ئەوان بۆ ماوەی شەست ساڵ لە شەڕدان، تازە ئەو پێکەوەژیانە پڕ لە ئاژاوەیە، ناتوانن بۆ ماوەی چەند سەعاتێکیش واز لێ بێنن..واتا ئێمە ئەو میللەتەین پێکەوە ئەژین بۆ ئەوەی پێکەوە نەژین، هاوڕێیەتی یەکتری ئەکەین بۆ ئەوەی ژیان لە یەکتری بشێوێنین.. عاشقی یەکتر ئەبین بۆ ئەوەی ناخی یەکتری بکەین بە کەلاوەی نائومێدیی و ڕەشبینیی و دابڕان.. ئەبینە میوانی یەکتر، بۆ ئەوەی دنیایەک خەم و ئێرەیی و دژایەتیی و ژەهر لەگەڵ یەکتردا بگۆڕینەوە ..یەکتری ئەخوێنینەوە بۆ ئەوەی یەکتری بسڕینەوە و یەکتری ببەین بە قوڕدا..ئەچینە کۆڕ و کۆنسێرت و پێشانگای یەکترەوە بۆ ئەوەی بە ڕەخنەی کوشندە یان بێدەنگیی و پشتگوێخستنێکی کوشندە یەکتری وێران بکەین.
ئێمە پێکەوەین بۆ ئەوەی هیچ لایەکمان نەخەڵەتابین بیر لە بەختەوەریی بکەینەوە ..لەگەڵ یەکتردا ئەژین، بۆ ئەوەی به ووردیی چاودێریی یەکتری بکەین و نەهێڵین هیچ لایەکمان بچوکترین سەرکەوتن بە دەست بێنین، نەهێڵین هیچ گۆڕانکارییەک لەهیچ لایەکماندا دروست بێ، ئێمە پێکەوەین، پێکەوە بوونی سیخوڕ و قوربانییەک ..پێکەوەژیانی پۆلیسێک و زیندانییەک ..ئەو ڕۆڵانەیش بەردەوام ئەگۆڕێن، واتا لە چرکەیەکا تۆ پۆلیسیت و من زیندانیی، دوای ئەوە من ئەبمە پۆلیس و تۆ ئەبیتە زیندانیی.. واتا هەر هەوڵێکی ئازادیی من، یەکسەر تۆ ئەکاتە پۆلیس و ئەو هەوڵەم قەڵاچۆ ئەکەیت..کاتێکیش بیری ئازادیی لە تۆدا خەریکە چەکەرە بکات، من ئەبمە بارچاوەش و بە پۆستاڵەکانم ئەو چەکەرەیە لەناو ئەبەم ..
بڕوانە بۆ دوو حیزبی وەک یەکێتی و پارتیی لە شەست حەفتا ساڵی ڕابوردوودا، ئەوەی خراپە بە یەکتریان کردووە، لە شەڕی براکوژیی، لە شەڕی ڕاگەیاندن، لە جنێو، لە بوختان، لە ملشکاندنی یەکتری، له شکاتکردنی ڕاستەوخۆ لە یەکتری و تۆمەتبارکردنی یەکتری بە دزینی چەکی ئەمەریکیی لەبەردەم تڕەمپ و کۆشکی سپیدا، لەگەڵ ئەوەیشدا یەکێتی و پارتیی شەشت حەفتا ساڵە هاوڕێ و دڵخواز و تەواو کەری یەکترین.. ئەم دوو پارتە پێکەوە ئەژین بۆ ئەوەی پێکەوە نەژین.. ئەمەیش زۆر خراپتر ئەکەوێتەوە، چونکە دوو هاوسەری پێکەوە ژیاوی پێکەوە نەژیاو، یەک خێزان نائارام و سەرگەردان ئەکات، بەڵام دوو حیزبی فەرمانڕەوای هاوبەشی دژ بەیەک، کۆمەڵگایەکی حەوت هەشت ملیۆنیی توشی نائارامیی و سەرلێشێوان دەکەن ..
ئەم پێکەوە ژیانە ترسناکە، کارێک دەکات ڕۆژ بە ڕۆژ دژایەتییەکە قورستر بێ، لە هەمان کاتدا پێکەوە ژیانەکەیش بەهێزتر بێ، واتا کاتێ یەکێکیان خەریکە لەناو ئەچێ، ئەوەی تریان بوژانەوەی بۆ دەکات، بۆ ئەوەی بەهێز بێتەوەو ببێتەوە بەو هاوبەشەی کە بتوانێ ئەرکی پێکەوە ژیان و پێکەوە نەژیانەکە دووبارە هەڵبگرێتەوە..
لێرەدا ئیتر گرنگ نییە میللەتێک سەرگەردان و شێت و بێ داهاتوو ئەبێ ..گرنگ نییە شەقامەکان پڕ بن لە دواکەوتن و ئاڵودەبوون و سەرهەڵگرتن و نامۆبوون و هەژاریی و نەخوێندەواریی..
گرنگ ئەوەیە ئەو دووانە لەگەڵ ئەو هەموو شەڕ و ڕق و بوختان و غەیبەت و سوکایەتییەی کە بە درێژایی شەست حەفتا ساڵ بە یەکتری دەکەن، پێکەوە بژین .. چونکە ئەوە هەمان عەقڵیەتی دوو پزیشکی کوردە ..دوو نوسەری کوردە ..دوو بازرگانی کوردە..دوو وەرزشکاری کوردە، کە بە بێ یەکتری هەڵناکەن و ..هەتا سەر ئێسقانیش ڕقیان لە یەکترە و بە خوێنی سەری یەکتری تینوون..
یەکێتی و پارتیش هەر کوردن و .. بێ ئینسافییە گەر داوایان لێبکەین ببن بە یەک و ..یەک گوتار و یەک پەیڕەوی ناوخۆ و یەک هێز و میدیایان هەبێ، چونکە بە لەبەرچاوگرتنی کورد
لە بچووکترین ئاستەوە کە دوو مناڵی باخچەیەکی ساوایانن و بە نوکی چنگاڵ ڕومەتی یەکتریی خوێناویی ئەکەن، هەتا ئەگاتە دوو سەرکردە کە یەکێکیان هێزی بەعس دێنێتە سەر ئەوی تریان و ئەوەی تریشیان هێزی پاسدار دێنێتە سەری ئەمەی تریان، باسکردن لە برایەتیی و تەبایی ئەچێتە خانەی سوکایەتیی پێکردنەوە..وەک ئەوە وایە داوا لە ئاسن بکەیت گوڵ بگرێت ..
لێرەدا ئیتر بە بێ ئاگاداری خۆمان، یاسایەکی فیزیا جێبەجێ دەکەین، ئەویش باس لە دوو هێزی یەکسان دەکات چەند بەهێز بن، ئەگەر ئاڕاستەیان پێچەوانە بێ، ئەنجامەکەی ئەبێ به سفر ..
ئەم پێکەوە ژیانە دژەی لای خۆمان، یان ئەم پێکەوە نەژیانە نزیکەی خۆمان، وایکردووە هەموو کایەکانمان سفر بێتەوە..سیاسەت، ئابووریی، کۆمەڵایەتیی، سەربازیی، یاسا، دەستوور، زانست، هونەر، ئەدەب ، ئایین….
لە هەموو کایەکانماندا مایەپوچ بووین، چونکە پێکەوە ژیانێکی دژبەیەک پیادە دەکەین، لەو ئاژاوە گشتگیرەدا، لە نێوان دوو پیاوی ئایندا، هەتا دوو شاعیر ..دوو پزیشک ..دوو سیاسیی و دوو بازرگان، پێکدادان و یەکتر سفرکردنەوەیەکی ترسناک لە ئارادایە.. ئەوەیش هەندێک بە سیاسەتی ئینگڵیز لێکی دەدەنەوە..هەیشە ئەڵێ مریشک خۆی خۆڵ نەکا بەسەر خۆیدا هیچ کەسێ ناتوانێ خۆڵ بکات بەسەریدا.. هەندێ کەسیش لەو باوەڕەدان میللەتی کورد بە هۆی یاخی بوون و کەللە ڕەقیی و جوگرافیا و داگیرکارە هەمەچەشنەکانی چوار دەوریی و کەم ئاوەزیی و خۆش باوەڕیی خۆیەوە، ئەم بوونەوەرە سەیرەی لێ پەیدا بووە.




کێ سەفاحەکانی ناوخۆ دادگایی دەکات؟.. نووسینی: هێمن عەلی

هەواڵی دادگاییکردنی “عەجاج ئەلتکریتی”، قەساب و سەفاحەکەی زیندانی نوگرە سەلمان، برینە قووڵەکانی مێژوویەکی تاڵی بۆ کورد کولاندەوە. بەڵێ، ڕاستە؛ ئەو تاوانبارە، دوژمنێکی دڕندەی بێ‌بەزەیی بوو کە دەستی بە خوێنی هەزاران ڕۆڵەی بێتاوانی ئەم نەتەوەیە سوورە. چەسپاندنی یاسا و دادگاییکردنی ئەم جەلادە، کەمترین دڵنەواییە بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان. بەڵام، کاتێک چەپڵە بۆ دادگاییکردنی دوژمنێکی بێگانە لێ دەدەین، پرسیارێک وەک زللەیەک بە ڕووی ویژدانی نەتەوەییماندا دەتەقێتەوە: ئەی سەفاحەکانی ناوماڵی خۆمان چی؟!

سەفاحەکانی شەڕی ناوخۆ
بۆچی تەرازووی دادپەروەری تەنیا بۆ دوژمنە دەرەکییەکان کار دەکات، بەڵام لە ئاست تاوانبارانی ناوخۆدا کوێر و لاڵە؟ ئەی ئەو تاوانبارانەی شەڕی ناوخۆ بۆ دادگایی ناکرێن؟ ئەوانەی بە ناوی “کوردایەتی”یەوە، بە هەزاران گەنجی ئەم نیشتمانەیان بە کوشت دا و دەیان هەزار دایکی کوردیان جەرگبڕ کرد. ئایا خوێنی ئەو گەنجانەی بە دەستی برای خۆیان ڕژا، کەمترە لە خوێنی قوربانیانی نوگرە سەلمان؟ بکوژی شەڕی ناوخۆ، هەر بکوژە، ئیتر چ جیاوازییەکی هەیە بە جلی کوردییەوە فیشەکی تەقاندبێت یان بە جلی سوپای بەعسەوە؟
جاش و موستەشارەکان: سەفاحەکانی خاوەن ئیمتیاز
ترسناکترین گاڵتەجاڕیی مێژوو و گەورەترین سووکایەتی بە خوێنی شەهیدان لەم نیشتمانەدا ئەوەیە؛ “عەجاج ئەلتکریتی”ی بێگانە بە تاوانی ئەنفال بخرێتە قەفەسی دادگاوە، بەڵام ئەو جاش و موستەشارە کوردانەی بوونە چاوی ڕێنوێنیکەری دەبابەکانی بەعس و مەرگیان هێنایە ناو جەرگەی گوندەکانمان، لەوپەڕی ئازادیدا بژین! ئەوانەی ماڵ و خاکیان ڕادەستی ئاگر و پۆستاڵی دوژمن کرد و بە دەستی خۆیان پەتی سێدارەیان خستە ملی براکانیانەوە، ئەمڕۆ لەبری زیندان، لەسەر تەختی کۆشک و تەلارەکان دانیشتوون و بە پارەی دزراوی ئەم گەلە، وەک “پاڵەوان” بەسەر سەرمانەوە نمایش دەکرێن. لەم نیشتمانەدا، خیانەتەکانیان نەک هەر نەچووە ناو پەڕاوی لێکۆڵینەوەی هیچ دادگایەک، بەڵکو لەژێر عەبای دەسەڵاتدا، ناپاکیەکانیان تواوەتەوە و کراوەتە مێدالیای شکۆ بە سنگیانەوە!

برسیکردنی گەل: جۆرێکی تری ئەنفال
تاوان تەنیا ڕشتنی خوێن و ئەشکەنجەی جەستەیی نییە؛ برسی کردنی گەلێک و دزینی نانی منداڵەکانی، جۆرێکی تری ئەنفالە. پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: کێ دادگایی ئەو کەسانە دەکات کە نەوت و سامانی گشتییان کردە میراتی بنەماڵەیی؟ ئایا دزینی سامانی میللەت و بڕینی مووچەی هاوڵاتییان، تاوانێک نییە شایەنی دادگاییکردن بێت؟ ئەو دەسەڵاتەی قووتی میللەت دەبات، لە ڕووی مۆڕاڵییەوە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەو سەفاحەدا نییە کە گیانی میللەت دەبات.

سەفاحی بێگانە لە زیندان، سەفاحی ناوخۆ لەسەر کورسی
ناکرێت جەلادێکی عەرەب لە زیندان بێت و دادگایی بکرێت، بەڵام سەفاحێکی کورد لە لوتکەی کورسییەکەیدا بێت و چەپڵەی بۆ لێ بدرێت. تا ئەو ڕۆژەی بکوژانی شەڕی ناوخۆ، جاشە ئەنفالچییەکان، و دزەکانی سامانی نیشتمان نەبرێنە بەردەم دادگایەکی سەربەخۆ، داواکردنی دادپەروەری تەنیا دروشمێکی درۆینەیە.
ئەگەر تەرازووی دادپەروەری تەنیا بۆ دوژمن هەڵبسەنگێت، ئەوە ناوی دادپەروەری نییە؛ ناوی تۆڵەیە. چونکە نەتەوەیەک کە سەفاحەکانی خۆی لەبیر دەکات، مێژوو هەرگیز لەبیری ناکات و دووبارە هەمان خوێن بەسەر لاپەڕەکانیدا دەڕژێنێت.

نووسینی: هێمن عەلی




گەندەڵیی ڤایرۆسی دەسەڵاتە.. ستار ئەحمەد

کاتێک دەسەڵات لە ئەرکە ڕەسەنەکەی لادەدات و لە جیاتی نیشتمان، دەبێتە چەترێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە تەسکەکانی خێڵ و بنەماڵە، ئیتر پرۆسەیەک دەست پێدەکات کە دەکرێت ناوی بنێین سڕینەوەی شوناس.
گەندەڵی تەنیا دیاردەیەکی ئابووری نییە کە پەیوەندی بە دزینی چەند ملیۆنێکەوە هەبێت، بەڵکو ڤایرۆسێکی ڕامیاریی کوشندەیە کە سەرەتا لە مۆخی دەسەڵاتەوە دەست پێدەکات و پاشان جەستەی ئاکاریی و کۆمەڵایەتیی نەتەوەکان دادەرزێنێت. مێژوو فێری کردووین کە ئەم ڤایرۆسە هەمیشە لە ناو تاریکیی کۆشکەکان و لە پەراوێزی بێدەنگیی گشتیدا گەشە دەکات، بەڵام بۆ ئەوەی وەک پەتایەکی درێژخایەن بمێنێتەوە، پێویستی بە دوو بەرگریکەری ساختە هەیە: پینەکردنی مێژوو و دروستکردنی تۆقێنەری هزری.
ئەگەر لاپەڕە کۆنەکانی مێژوو هەڵدەینەوە، دەبینین زۆر سەرکردە بوونە وانەیەکی تاڵ؛ کاتێک خەزێنەی گشتی وەک موڵکی تایبەت مامەڵەی پێوە کرا، ئیتر ڤایرۆسەکە گەیشتە نەمانی متمانەی نێوان میرو شوێنکەوتوانی و لەناوی برد. هەر ئەو کاتەی بەرژەوەندیی تایبەت کەوتە پێش بەرژەوەندیی گشتی، کۆڵەکەی ئەو دەسەڵاتە ڕووخا. لێرەدا گەندەڵی تەنیا دزینی نانی خەڵک نییە، بەڵکو تێکدانی بنەما ڕەوشتیەکانە کە مرۆڤایەتی و شکۆی لەسەر وەستاوە.
بۆ ئەوەی جەستەیەکی تووشبوو بە ڤایرۆسی گەندەڵی بتوانێت لەسەر پێ بوەستێت، ناچارە جۆرێک لە ترساندن بەرهەم بهێنێت. ئەم تۆقاندنە تەنیا بە کوشتن و زیندان نییە، بەڵکو جۆرێکە لە داگیرکردنی هۆش. کاتێک مرۆڤ فێر دەکرێت کە تەنانەت ئارەزووە سروشتییەکانی و پاکوخاوێنییە جەستەییەکانی پێوەری باوەڕ بن، ئیتر نەسرەوتنێکی دەروونی بۆ دروست دەبێت کە ڕێگەی لێدەگرێت بیر لە مافە سیاسی و ئازادییەکانی بکاتەوە. تۆقاندن و گەندەڵی دوو ڕووی یەک دراون؛ یەکەمیان وەک بەرگرییەکی دەستکرد
بۆ پاراستنی دووەمیان بەکاردێت.
لە کۆمەڵگەیەکدا کە ئەم ڤایرۆسە تێیدا ڕەگ دادەکوتێت، مرۆڤ دەکرێتە دوو بەشەوە: نێرینەیەک کە دەبێت یان خوێنڕێژ بێت یان نۆکەرێکی تۆقیو، و مێینەیەک کە تەنیا وەک ئامرازێکی خزمەت و چێژ وێنا دەکرێت. ئەم دابەشکارییە جێندەرییە و سڕینەوەی ڕۆڵی ژن، ڕێک لە خزمەتی ئەو دەسەڵاتە نێرینە ڕەهادایە کە دەیەوێت هەموو جومگەکانی ژیان کۆنترۆڵ بکات. تەنانەت دروشمە تەلارسازی و مێژووینەکانیش دەبنە پۆشاکێکی ساختە بۆ داپۆشینی جەستە داڕزیوەکەی دەسەڵات، بەڵام ئەمە تەنیا پینەکردنێکی کاتییە و نابێتە جلی پیرۆزی.
سڕینەوەی ڕاستەقینە ئەو کاتە ڕوودەدات کە دەسەڵاتدار چیتر ناتوانێت بەدرۆو هەڕەشە ڕاستییەکان بشارێتەوە. کاتێک خەزێنەکان بەتاڵ دەبن و تەنیا وێرانە و قەرز بۆ نەوەکان جێدەهێڵن، ئیتر هیچ شوێنەوارێک ناتوانێت ڕەوایی بۆ لاشەیەکی گەنیو بگەڕێنێتەوە. گەندەڵی مۆرانەیەکە مێژووی هەر دەسەڵاتێک بگرێتەوە، داری بەرخودان دەژاکێنێ . ئازادیی ڕاستەقینە لەو ساتەوە لەدایک دەبێت کە مرۆڤەکان تێدەگەن متمانە و باوەر لە ناخدایە و بە چاوپۆشین لە ئاستی ستەم و تاڵانی لەبار دەچێت.
ئاشکرایە، دەسەڵاتێکی گەندەڵ وەک هەر جەستەیەک کە ڤایرۆسێکی کوشندە لێی دابێت، ئەنجامی لەناوچوونە.
فەوتانی ئەم جۆرە دەسەڵاتانە یاسایەکی نەگۆڕە؛ چونکە مێژوو تەنیا ناوی ئەوانە بە نەمری دەهێڵێتەوە کە خزمەتی مرۆڤایەتییان کردووە، نەک ئەوانەی نەوەکانیان لە ناو گەرداوی گەندەڵیدا زیندەبەچاڵ کردووە. ئازادی ڕاستەقینە وەک خۆر دەدرەوشێتەوە، چونکە ویستی گەلان بۆ دادپەروەری هێزێکی نەبڕاوەیە و هیچ مشەخۆرێکی دەسەڵاتدار ناتوانێت ڕێگەی لێبگرێت.




کوڕە کەڕ و لاڵ.. نەوزاد بەندی

کوڕە گەورەکەم، حاڵەتی ئۆتیزمی هەیە، هەر ئیشێکی ماڵمان هەبێ، ئەڵێ بابه کوڕە کەڕ و لاڵ بانگ بکە..!
ئەڵێم کوڕم! نابێ پێی بڵێی کوڕە کەڕ و لاڵ،.. عەیبە ..پێی ناخۆشە..
ئەڵێ :ئەی خۆ گوێی لێ نییە، ئیتر چۆن پێی ناخۆشە..؟
ئەڵێم : ئەگەر گوێیشی لێ نەبێ، ئەبێ ڕێزی لێبگرین..پێی بڵێ وەستای سەتەلایت و کارەبا ..
لە ڕاستیدا هۆکاری هۆگربوونی کوڕەکەم بەو وەستای سەتەلایت و کارەبایە، ڕێز و هێمنیی و ڕەوشتی بەرزێتی .. پێشتر کە وەستایەکمان بانگ ئەکرد، پێش خۆمان دەردەپەڕییە ژوورەوە، بە پێڵاوەوە،فەرش و دار و بەری پیس ئەکرد، دانەیەکمان لێ وون بوو، لە موساعید مەتبەخ دۆزیمانەوە، ئەیووت بزانم ئەمڕۆ بە نیازن چی بخۆن .. دانەیەکی تریان خۆی کردبوو بە ژووری کوڕەکەما، ئەیووت ئەم پلەیستەیشنەی تۆ زۆر خاوە، ڤێرژنەکەی بگۆڕە !
بەلام کوڕە کەڕ و لاڵ وەک ئەوان نەبوو، بە ڕێزەوە لەبەر دەرگا ڕائەوەستا، هەتا خۆمان پێش ئەکەوتین و ڕێگامان نیشان ئەدا، پێڵاوەکانی لە دەرەوە دادەنا و سەری دادەخست و بە ڕێز و حورمەتەوە هەنگاوی دەنا ..
هیچ گلەیی و گازندەیەکی نەبوو، بە هێمنیی کارەکەی جێبەجێ دەکرد..لێی نەدەکردیت بە کۆڵی شێر، منەتی دنیای بەسەردا نەدەکردیت، کە ئەمووت ئەو قاعیدەی گڵۆپە، یان ئەو ئێڵ ئێن بییە کۆن بووە، بۆچی نایگۆڕیت ؟ ..لەگەڵ ئەوەی کە بیگۆڕیایه قازانجێ خۆی تیا بوو، بەڵام بە ئاماژە ئەیووت پێویست ناکا، هیچ عەیبی نییە . .ئەوە لە کاتێکدا وەستاکانی تر بێ پرسی خۆت قاعیدەی گڵۆپ و ئێڵ ئێن بی بۆ ئەگۆڕیت و پارەیەکی زۆری لەسەر حیساب ئەکردیت.
ئەم کوڕە کەڕ و لاڵە، دوای ئەوەی ئیشێکی تاقەتپڕوکێنی لە کارەبا و سینی سەتەلایتەکەدا ئەکرد، نرخێکی زۆر کەمی داوا دەکرد .. ئەمووت کەمە .. بە ئاماژە ئەیووت نا نا.. من تەنها حەقی خۆم وەرئەگرم لەوە زیاتر حەرامە ..
کاتێ داوەتم ئەکرد بۆ نانی نیوەڕۆ، قبوڵی نەدەکرد و به زمانی ئاماژە تێی دەگەیاندم کە ناتوانێ و کاری هەیه ..لە کاتێکدا دڵنیا بووم هیچ کارێکی نەبوو، دڵنیا بووم زۆریش برسی بوو، بەڵام حەزی نەدەکرد ئەرکێکی زیاترم لەسەر دروست بکا و پارەی زیاترم پێ خەرج بکات.
کوڕە ئۆتیزمەکەم، لە کاتی تێکچوونی گەرمکەر و گیزەر و هەموو ئامێرێکی تری ماڵەکەماندا، یەکسەر ئەیووت باوکە، بڕۆ کوڕه کەڕ و لاڵ بانگ بکە با بۆمان چاک بکاتەوە ..
ئەمووت کوڕم، ئەو وەستای کارەبا و سەتەلایتە، لە گەرمکەر و گیزەر و ئامێرەکانی تر نازانێت ..
ئیتر هەم کوڕە ئۆتیزمەکەم و هەم خۆیشم زۆر ئاڵودەی ڕەوشتی بەرز و پیشەگەریی و شارستانیی کوڕە کەڕ و لاڵ بوو بووین ..چی وای لەم کوڕە کردووە لە ئەلفەوە تاکو یاء لە ئێمە جودا بێ؟ چی وای لێکردووە چاو و ڕاو و دزی و درۆ و فێڵ و ساختەچێتیی نەزانێ ؟ چی وای لێکردووە دەستی دەستیت پێ نەکا و مێشکێت لێ نەگا بە گامێشێک و پارەی زیادەت لێ وەرنەگرێت ؟ چۆن ئەم کوڕە دوور کەوتۆتەوە لە شەڕ و مۆڕە و سوکایەتیی و بێ ڕێزیی و پۆزلێدان و کاتکوشتنی موشتەرییەکانی ؟ چۆن لەناو ئەم میللەتەدایە و هیچ شتێکی لەم میلەتە ناچێ ؟ بۆچی فزوڵییەت و چاو و ڕاو و سیخوڕیی و چاوحیزیی و هەموو سیفەتە ناشیرینەکانی تیا نییە؟ بۆچی لە ژێر پەردەی دین و ناسیاویی و متمانەدا، هیچ جۆره شمشێر و خەنجەرێکی حەشار نەداوە بیدات لە قوربانییەکانی ؟
وەڵامەکەی زۆر ئاسانە ..
چونکە ئەم کوڕه کەڕ و لاڵە.. هیچ جنێو و فێڵ و فڕ و داو و تەڵە و فاک و فیکێکی خەڵکەکە نەچووە بە گوێچکەیدا .. هیچ زوڵم و ناپیاویی و نامەردیی و ناکەس بەچەییەکی نەبیستووە و نەچۆتە ناو هەست و هۆشیی و لاپەڕەی ویژدانی پیس نەبووە .. وانەکانی دزیی و دەستبڕین و کاتکوشتن و سوکایەتیی و بێ متمانەیی و تێرنەخواردن و چاوچنۆکیی و حیزفرسەتیی وەرنەگرتووە .. کۆرسەکانی خۆخۆریی و براکوژیی و کێبڕکێی ناشەریفانە و حیزبایەتیی و بنەماڵەیی و تیرەگەریی و لووتبەرزیی وەرنەگرتووە .. زانکۆ و پەیمانگاکانی خۆپەرستیی و فشکەریی و پۆزلێدان و کافریی و مونافیقیی و خۆ دەوڵەمەنکردنی خێرا و زۆڵێتییدا نەخوێندووە..
هەر بۆیە خۆم و کوڕە ئۆتیزمەکەم، عاشقی ڕەفتار و هەڵس و کەوت و ڕەوشتی کوڕە کەڕ و لاڵەکە بوو بووین ..
بە جۆرێک هەردووکمان حەزمان ئەکرد ئێمەیش کەڕ و لاڵ بووینایه بۆ ئەوەی وەکو ئەو بە جوانیی و پاکیی و متمانە و پیشەگەریی بماینایەتەوە ..
لە کۆتاییدا چارەسەری دۆخی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی کوردم دۆزییەوە .. بەڵێ .. پێویستە کار بەدەستانی کورد ، کەڕ و لاڵ بکرێن و لەبەردەم ئەو وەستایەدا بکرێن به شاگرد بۆ ئەوەی فێری ئەدەب و وەفا و پاکیی و چاکیی و خۆنەویستیی و پیشەگەریی ببن .. پێویستە لەسەرەوە بۆ خوارەوە، سەرۆکی حوکمەت و وەزیرەکان و سەرۆک حیزبەکان و بەڕێوەبەره گشتییەکان هەتا بچوکترین کاربەدەست و خاوان پیشەو بازرگانی ئەم کۆمەڵگایه، کەڕ و لاڵ بکرێن و .. کۆرسێک لەلای کوڕە کەڕ و لاڵ بخوێنن.. کۆرسێک لەسەر چۆنێتیی گەڕانەوە بۆ مرۆڤایەتیی و پێکەوە ژیان و وازهێنان لە لوتبەرزیی و خوێنمژین و گیرفانبڕینی یەکتریی ..کۆرسێک لەسەر ڕێزگرتن و بە هەند وەرگرتنی بار و دۆخی هەژاران و نەدارانی کۆمەڵگا .. کۆرسێک لەسەر ئەوەی ئەوەندەی کارەکانمان مافمان هەبێ و .. سامان و داهاتی گشتی لەسەر خۆمان و ماڵ و مناڵمان تاپۆ نەکەین ..
ئای چەند پێویستمان بەوەیه کوڕە کەڕ و لاڵ یەک بە یەکمان هەڵوەشێنێ و .. بۆگەناوی ناخمان ڕابدا و .. کەڵبە ناشیرینەکانمان لێبکاتەوە و.. دڕکی ڕق و ئێرەیی و خۆخۆریی و چڵێسیی دڵ و دەروونمان بژار بکات و .. بمانکات بە کەسانێکی نۆرماڵی وەکو خۆی ..