کلتووری بەکاربەر.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

 (كاتێك مەعریفە دەگۆڕێت)

بێگومان کاریگەرییە قووڵەکانی سیستمی تەكنۆلۆژیا و كۆمەڵگای بەکاربەر لەسەر عەقڵی تاک و نەوە هاوچەرخەکان، جگە لە فەرامۆشكردنی داهێنانی تاكە كەسی، شێوانی (ناسنامە)یشی لێدەكەوێتەوە! ئەگەر لەپشت فەرامۆشكردنی داهێنانی تاكە كەسی، ئاژاوەی زانیارییەكان وەستابێ، ئەوە بێ ناسنامەیی لەخێرایی پەیوەندیكردندا گیری خواردووە! لە سیستمی دیجیتاڵییدا ناسنامەی كلتووری، هاونیشتیمانیبوون، هاووڵاتیبوون هیچ مانایەکی بۆ نامێنتەوە و پێگەكانی خۆی لە نە گەیشتندا لە دەست دەدات.

 بەمجۆرە دەنگی مۆدێرن لەلایەك كۆی ماناكانی ژیانی کۆمەڵایەتی لەڕێگای دروستبوون و کارلێکی زانیارییە دیجیتاڵییەكاندا فەراهەم دەكات، بێ ئەوەی ئاوڕ لە خەیاڵی داهێنەرانەی تاكە كەسی بداتەوە، چونكە پێیوایە لە دەرەوەی مەعریفەی سەردەم، بوون و گۆڕان دەكەوێتە بۆشاییەوە؛ لەلایەكی دیكەوە پەیوەندییە مرۆییەكان لە شێوازی بێ هەست و سۆزی پەیوەندییە تەكنۆلۆژییەكاندا هەڵواسراوە، بێ ئەوەی ئاوڕ لە هەست و پەرۆشییە دەروونییەکانی تاك بداتەوە كە لەژێر ئەم هەلومەرجەدا دووچاری شێوانی تووند دەبنەوە.

 كەواتە نەوەی نوێ (دەنگی مۆدێرن، مەعریفەی سەردەم) جگە لە جیهانێکی گەورەی گەڕانی پڕ لە وێنەی خێرا و ناوەڕۆک بەتاڵ هیچی دیكە نابینێ؛ جیهانێكـ كە لە قووڵاییەكانی مرۆڤی سادە و پەرۆشی گەڕانەوە بۆ بیرەوەرییەكانی ناگات؛ جیهانێكـ كە دەكەوێتە دەرەوەی ماف و بەرپرسیاری یاسایی و بیركردنەوەی ڕەخنەیی و نەرێنییەوە؛ جیهانێکی سیخناخ بە ئاژاوەی زانیاری و پەیوەندییە بێ سۆزە هەنووکەییەکان…

پارەی زمان/ خەیاڵی زمان

چی لە بانک پاشەکەوت دەکەیت، کاتت بۆ دەگەڕێتەوە؟! زانیارییەكانی گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، یان ئەو کاتە خاوانەی لە ڕابردوودا بەسەرت بردوون… یان ئەو پەیوەندییە سارد و خێرایانەی كە وەكـ پارەی زمان بەكارت دەهێنێت؛ هەڵبەتە كۆی سیستمی پاشەكەوتكردن لەلایەك پەیوەندی بە گەڕان و گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکانی گواستنەوەی خێرایی (ڕێگاكانی سوودگەرایی و چێژبردنەوە) هەیە و لە زمانی کات و شوێندا دەردەكەوێت؛ لەلایەكی دیكە پەیوەندی بە (فەزای دەروونی و ئەزموونی تاکەكەسییەوە) هەیە و لە زمانی داهێناندا چەكەرە دەكات؛ بەڵام ئایا نهێنی زمان و بەهای داهێنان لە سندوقی پاشەكەوتدا جێی دەبێتەوە؟ هەڵبەتە… ئەگەر (کلیلی گونجاو) بدۆزینەوە، بەر لەوەی نهێنیەکان بە کاڵا بكرێن؛ بەڵام لە سەردەمی ئەمڕۆدا بەهای ئەو كاتە كەڵەكەبووانەی لە سندوقی پاشەکەوتكردندایە، کراوەتە پارەی زمان؛ لە سیستمی تەكنۆلۆژییدا پارەی زمان لە ئاژاوەی زانیارییەكان و خێراییدا كورت دەكرێتەوە.

پرسیار ئەوە نییە لە سەردەمی كۆمەڵگای تۆڕی (چەمكی ناسنامە، هاونیشتیمانی، هاووڵاتیبوون) هیچ مانایەکی نییە، چونكە کۆمەڵگای تۆڕی وەک ڕێكارێك بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگای زانیاری بەكاربراوە؛ لەو لاشەوە كۆمەڵگای تۆڕی بەهۆی گۆڕانکارییەكانی بواری پەیوەندییە خێراکان و كۆكردنەوەی زانیارییەوە چەمكی (جیهانگیری) لێكەوتۆتەوە و هەر لەوێشەوە چەمكی ناسنامە، هاونیشتیمانی، هاووڵاتی تێدەپەڕێنێت؛ بە مانایەكی دیكە ئەم تۆڕبەندییە لەبری ئەوەی هەستی ناسنامە و کۆمەڵگای زانیاری و خێرایی پەیوەندییەكان بەیەكەوە بگونجێنێ، بۆ سفری یەكەمیان كار دەكات و بۆ دووەمیان بەپێی بیركردنەوەی ژیان ڕێگایە، نەك كۆتایی، دەجوولێتەوە!! لەسەر ئەو بنەمایە دۆخی (دوای نەتەوەیی و دوای بەسفركردن) بووەتە پێویستییەکی بەپەلە بۆ سوودگەرایی و چێژبردنی بوون و گۆڕان؛ بەو مانایەی كە تەكنۆلۆژیا لە قازانجی کۆمەڵایەتی زۆرتریندایە، بۆیە هەموو کەسێک لە بازاڕی تەكنۆلۆژیادا بەدوای بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیدا دەگەڕێت.

كەواتە (جیهانگیری) كۆمەڵگای زانیارییەكان واتە تێپەڕاندنی هاونیشتیمانیبوون و هاووڵاتیبوون و ناسنامە و بەدیهێنانی دۆخی دوای نەتەوەیی؛ ئەمڕۆی تەكنۆلۆژیا هەموو ئەوانە لە هێنانەدی ژیانێکی بەختەوەرانەدا كۆدەكاتەوە؛ بەو مانایە لەباربردنی تاک بە هیچ شێوەیەک نوێ نییە، بەڵكە پڕۆژەیەكە لەدوای نەتەوەیی، لەدوای بە سفركردنی ئەزموون و مانا بەرهەمهاتووە؛ لێرەوە بۆ تێگەیشتن لە ژیانێکی بەختەوەر و دۆخی دوای نەتەوەیی و دوای بە سفركردنی ئەزموون و مانا، هەوڵدەدەم پەیوەندی نێوان (پارەی زمان) و (خەیاڵی زمان) ورد بكەمەوە.

 ئەگەر چاوێك بە پرۆسەی زمانی تاكە كەسی لە داهێنانی ئەدەبی و پارەی زمان لە ئێستای تەكنۆلۆژیادا بخشێنینەوە؛ دەبینین لە ئێستادا خۆشگوزەرانی تەنها لە پارەدا دەردەكەوێت، نەك لە داهێنانی ئەدەبی و هونەرییدا… بێگومان (پارەی زمان) لە تەكنۆلۆژیادا وەك بابەت مامەڵەی پێدەكرێ، بابەتێك كە دەتوانرێت ببینرێت یان ببیسترێت و دەستلێبدرێت؛ بەڵام زمانی تاكە كەسی بریتییە لەو جیهانەی كە (خەیاڵی زمان) دروستی دەكات؛ یەكەمیان زمان وەك سوود و چێژێكی ڕێگا خێراكان و ئامرازێكی ماددی دەبینێ و دووەم زمان وەك بەهایەكی مەعریفی و دروستكردنی مانای جیاواز هەڵدەگرێتەوە! پارەی زمان جەستەی زمانە، خەیاڵی زمان ڕۆحی زمانە… بەكورتی زمان لەهەر یەكێكیان بێ ئەویدیكە تەنها دەنگێكی بێ مانا یان خەیاڵێكی بێ چێژە!.  

كەواتە (سوود و چێژی ئەرێنی) ئامرازە تەكنۆلۆژییەكان و (مانا و چێژی نەرێنی) خەیاڵی مەعریفی وەكـ پەیوەندی نێوان کات و بەهایە؛ ئەگەرچی کاتە بابەتییەكان بە شت و کاڵا دەكرێن، بەڵام کارکردن لە کاتی خۆیدا بەها بەرهەم دەهێنێت!! لێرەوە پرسیاری چی لە بانک پاشەکەوت دەکەیت، کاتت بۆ دەگەڕێتەوە؟ دەبێتە چی لە كات پاشەكەوت دەكەیت، بەهات بۆ دەگەڕێنێتەوە؟

 مرۆڤ بۆ ئەوەی بگاتە ئەو کاتە تێکڕایەی كە ژیانێکی خۆش و بەختەوەر دەخاتەوە، پێویستە لە خودی کات بە مانا زانستی و فەلسەفییەكەی بگات؛ بەكورتی دەكرێ كات لە بانکی پاشەکەوتكردندا خاو بکرێتەوە، وەكـ چۆن دەتوانرێت بە بەکارهێنانی تەکنیکەکان خێراتر بکرێت و بگۆڕدرێت… بەڵام لەبیرت نەچێت مێشکی مرۆڤ هەر چەندە بەشێوەیەكی زانستی هۆڕمۆنی خۆشی (دۆپامین) دەردەدات، بەڵام بەشێوەیەكی فەلسەفی خۆشی لە مانا نابێتەوە؛ بەمجۆرە لەنێوان خۆشی كیمیاوی و خۆشی فەلسەفییدا مێشکی سەركەوتوو پێویستی بە گونجاندنی خاوبوونەوە و خێرابوونەوە هەیە.

 مێشک لە خاوبوونەوەدا ئامانجێك بەدەست دەهێنێ؛ لە خێرابووندا شتێكی نوێ فێر دەبێت؛ بەو مانایەش هەستكردن بە سەركەوتن تەنها لەڕووی زانستییەوە بە ئەنجام ناگات، خۆشیی بوونی (مانا)یشی پێویستە! بەدیوەكەی دیكە دەمەوێ بڵێم خۆشی كاتێك تەواو (كامل) دەبێت كە كیمیای مێشك و مانای ژیان یەك دەگرنەوە؛ لەو هەلومەرجەدا پرۆسەی خێرابوون و خاوبوونەوە پێویستی بە پێداچوونەوە و بیرکردنەوەی ڕەخنەی فەلسەفەیی و ڕێگای دروستبوونی تەكنۆلۆژیا هەیە؛ ئەگەر بیرکردنەوەی ڕەخنەی پێویستی یە گەڕانەوە (خاوبوونەوە) هەبێ، ئەوە ڕێگای دروستبوونی نوێ پێویستی بە داهاتوو (خێرایی) هەیە؛ بە مانایەكی دیكە چاوەڕوانی خۆشی پێویستی بە (خەیاڵێكی بەرفرەوان) و (لێهاتوویی تەكنۆلۆژی) هەیە، نەك زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانی (ئەمفیتامین) بۆ ئاسانتركردنی تەکنیکەکان.  

(بیل گەیتس) لە نامەیەکدا بۆ (تۆماس زایبێرک)ی زمانناس و نیشانەناس نووسیویەتی: شۆڕشی دیجیتاڵی بە تەواوی ئامرازگەلێکە بۆ ئاسانتركردنی مانای شتەکان. بڕوانە:www.tajrishcircle.org  (زمان، شتاب و خشونت- فرانکو براردی (بیفو) ترجمه‌ی سامی آل‌مهدی). لێرەدا بیل گەیتس کێشەكانی پەیوەندی نێوان تەكنۆلۆژیا و فەلسەفە، چێژ و بەها… زەق دەكاتەوە! بەو مانایەش سیستمی دیجیتاڵی بۆیە شتەکان ئاسان دەكات، تاكو خەڵكێكی زۆر بەدواییدا بێن؛ بەو مانایەش كۆمەڵگای بەکاربەر وەک پێویستییەکی بەپەلە بۆ سوود و چێژبردن و گۆڕینی مەعریفەی سەردەم خۆی نمایش دەكات؛ كۆمەڵگای بەکاربەر لە بنەڕەتدا شانۆیەكە بۆ ئاسانکردنی شتەکان و دیكتاتۆریەتی ئەرێنیبوونی زانستی… دەمەوێ بڵێم سیستمی تەكنۆلۆژیا خۆشی مانا لەبیر دەباتەوە و خۆشی زانستی لە جوولەی بەردەوامدا دەهێلێتەوە.

نەوەی دیجیتاڵی لەبری ئەوەی گوێڕایەڵی زمانی دایک بێت، لە ئامێرێکەوە گوێڕایەڵی وەردەگرێت؛ ئەو نەوەیە لێرەدایە، لێرە لە زێدەیی دیجیتاڵیدایە؛ بەكورتی ئەو نەوەیە پەیوەندییە پڕ لە کێشەکانی نێوان زمان و جەستە، زمان و ڕۆح، پەیوەندییە پڕ لە کێشەکانی نێوان (وشە- ئامراز) و (سۆز- خەیاڵ) بەردەوام بە سوود و چێژبردنی خێرا و ئاژاوەی زانیارییەكان پڕ دەكاتەوە؛ ئەگەرچی بەرە بەرە ئەو تەكنیكە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی هەستی خۆشیی قووڵ و درێژخایەن.

بەگشتی نەوەی دیجیتاڵی زمان لە جەستەی دایک و لە ڕۆحی دایكـ دادەبڕێت؛ بیر لەوە ناكاتەوە كە هەمیشە لە مێژووی مرۆڤایەتییدا زمان لە ترسی متمانەکردن بە جەستە و نیگەرانییەكانی جەستە لە جیهانێكی شپڕزەدا ژیاوە! پێویستە لە دۆخێکی وادا بۆ تێپەڕاندنی ئەو شپڕزەییە توانای بەستنەوەی زمان و ئارەزوو، جەستە و جەستە… لە جەستە و ڕۆح، لە زانست و فەلسەفەدا چالاک بکەینەوە؛ دەشێ لە دۆخی جەستە و جەستە بەشێوەیەكی تەكنیكی پەیوەندییەکان خێراتر بكرێن، بەڵام لە جەستە و ڕۆح هەمیشە شپڕزەیی مانا و خەیاڵی لێدەكەوێتەوە!.  

کاتی ئەلیکترۆنی/ فەزای دەروونی

نەوەی نوێی دیجیتاڵی نەوەی (ئەلفا) کە بە قسەی توێژەری کۆمەڵایەتی ئوسترالی (مارک مەکریندڵ) نەوەیەكە لە دوای ساڵی ٢٠١٠ تا ساڵی ٢٠٢٥ لەدایک دەبن؛ لە گەشەسەندنی تەکنۆلۆژییدا بەشدارن، لە هەمان کاتدا لە ژەنینی نیگەرانانەی چەمكی سفری مانادا دەژین! دوای ئەوەی تەواوی چیڕۆك و فانتازیا و یۆتۆپیاكان شکست و بێتوانایی خۆیان لە بەدیهێناندا سەلماند؛ نەوەی نوێ ملکەچی بەكاربردن و زێدەییەكان و شپڕزەیی بۆتەوە؛ ئەو نەوەیە دوور لە دنیای مانا، لەدنیای دیجیتاڵییدا دەژی؛ دنیایەك کە سنوورەکانی نێوان واقیعی و مەجازی قووت داوە.

بێگوماندیكتاتۆریەتی ئەرێنیبوونی زانستی و چەمكی بە سفركردنی مانا کۆمەڵێک نەخۆشی دەروونی و کۆمەڵایەتی لێكەوتۆتەوە؛ بەو مانایەش مرۆڤی ئێستا بە (خێرایی كات) و (سفر مانا) گەمارۆ دەدرێت؛ کاتی ئەلیکترۆنی بێ سنوور گەشە دەکات، بەڵام فەزای ماناش داخراو نییە! ئەگەرچی بێ سنووری زانیارییەكان، خێرایی پەیوەندییەكان لەگەڵ فەزای دەروونی نایەتەوە؛ ئەگەرچی لەمیانی كاتی ئەلیكترۆنییدا بوون لەگەڵ ئەویتر بێ بایەخ دەكەوێتەوە… کرێکارە مەعریفییەكان لە گۆڕەپانی زێدەییەكاندا بێ پسانەوە چەمكی سفر مانا دەژەنن و دەبنە هۆی سنوورداربوونی ئەو ژیانەی کە بۆ سەرنجدان و خۆشەویستی و چێژ و هاوسۆزی پێویستە.  

ئۆتیزم، ناڕێکی خوێندنەوە، سفر مانا، نیشانەکانی ترس و تێکچوونی سۆزداری کۆمەڵێک نەخۆشیین کە لە ئەنجامی خێرابوونی سووڕانەوەی زانیارییەکان و خێرایی پەیوەندییەكانەوە سەریان هەڵداوە؛ لە لایەکی دیکەوە چالاکییە دەروونییەکان لە ئێستادا دوای کەمبوونەوەی ئەو کاتەی کە لەبەردەستدایە بۆ بەخۆداچوونەوە و لەخۆوردبوونەوە و پشوودان؛ یان دوای کەمبوونەوەی فەزای دەروونی بە هۆی كاتی ئەلیكترۆنی و کەمبوونەوەی قووڵایی ئەزموون و یادەوەری، بە هۆی خێراییەوە… پاڵەپەستۆیەكی گەورەی بۆ مرۆڤی ئێستا دروست كردووە؛ كەواتە بنەمای نەخۆشییەكانی ئەمڕۆ شاردنەوە نییە، بەڵکە زۆر بینین و تەقینەوەی زیادەڕۆییە لە ئاژاوەی زانیارییەكان و ماندووبوونی هاندەرە دەمارییەکانی زانیاریی و خێرایی پەیوەندییە ئەلكترۆنییەكان.

فەیلەسوفی ئیتاڵی (فرانکۆ پیڤۆ بێراردی) لە كتێبی (معزوفة مقلقلة: السميورأسمالية وأمراض جيل ما بعد ألفا، ترجمة أحمد حسان- دار هن للنشر والتوزيع)دا دەڵێت: دنیای زانین و چێژ لەپێشکەوتندایە، بەڵام ئەو دنیایە لە دامرکاندنەوەی ئازار و ڕەشبینی و خەمۆکی كەم توانایە! دەیەوێت بڵێت كات لە سەردەمی ڕابردوودا هێلێكی ئاسۆیی و یەکدەنگی هەبوو، لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە سەقامگیری ژیان بەشێوەیەكی بەرفراوان دەهاتە پێشەوە؛ بەڵام لەگەڵ بەرەوپێشبردنی ئابووری بەردەوام و داڕشتنەوەی دووبارە و پشتبەستن بە خێرایی پەیوەندییەكان و بێ سنووری زانیارییەكان… ئیتر هێلی ئاسۆیی و ڕێگای دیاریکراو نەما و مرۆڤەکان لە فەزا دەروونی و پەیوەندییە قووڵە مرۆییەكان و سەقامگیریی و ئامانجە درێژخایەنەکان بێبەش بوون و مرۆڤی ئێستا لە ڕێگایە، نەك لە ئەنجام.

كەواتە ئەگەرچی مەعریفەی مرۆڤ، وەک پڕۆژە، لە خۆشیی ماناوە دەستی پێکرد؛ بەڵام لە ئێستادا ئەو مەعریفەیە، ئەو ئازادییە، لەژێر ڕۆشنایی خۆشیی و سوودی دیجیتاڵیدا هەوڵدەدا کۆتایی بە مانا بهێنێ و وەک ڕێگا، گەڕان، تاقیکردنەوە، شوێنی مانای بوونی مرۆڤ بگرێتەوە!! بۆیە چیتر مرۆڤەکان وەرناگرن و بە دیجیتاڵیبوون پێویستی بە ئامادەبوونی کەس نییە، پێویستی بە کڕینی کاتی ئەلیكترۆنییە؛ ئیتر سەردەمی کۆنترۆڵکردنی هەسارەکان بەسەرچوو، ئەمڕۆ بە تەواوی لە دەرەوەی ئەم سنوورە داین؛ کاتی ئەلیكترۆنی هیچ مانایەك بۆ ئازادی تاکەکان و فەزای دەروونی نەهێشتۆتەوە؛ ئەمڕۆ ترس و شپڕزەیی و دڵەڕاوکێی هەسارەیی فەزای دەروونی مرۆڤی داگیر كردووە.

تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی لەسەر بنەمای کاری ماددی و بەكاربردنی بازنەی زانیارییەكان و خێرایی پەیوەندییە ئەلیكترۆنییەكان وەستاوە، هەموو ئەوانە كۆمەڵە ڕێكارێكن کە چیتر ناتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێن یان دژایەتی بکرێن؛ تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی بووەتە سیستمێکی میکانیزمی تەکنۆ-ئابووری کە مرۆڤ ناتوانێت لێی دوور بکەوێتەوە؛ بەمجۆرە ژیان ڕێگایە، نەك كۆتایی، بەڵام ناچار كراوە لە هەلومەرجی وابەستەیی ڕەهادا و لەڕێگای سەرمایە تەكنۆلۆژییەكانەوە بجوولێتەوە؛ ئەوەش بەگشتی واتە گۆڕینی یاسا بە کۆد و بەردەستکردنی خاوەندارێتی بە کۆدکردن بۆ خاوەن پشکەکان؛ دواجار ئەو خاوەن پشکانە ئەلگۆریتمی کۆدکردن بۆ پاراستنی کۆنترۆڵی سەروەت و سامانەکانیان بەکاردەهێنن.

بەمجۆرە هاونیشتیمانی و هاووڵاتی ئەوانە نیین كە دانیشتوانی یەك نیشتیمانن، بەڵكە دانیشتوانی ئەو خاڵانەن كە تێیدا خاوەن پشکن؛ واتە لەو خاڵە دیاریكراوانەدا خاوەن پشک دەسەڵاتی ڕێژەییان دەبێت، دەسەڵاتێكـ كە لەگەڵ بەهای ئەو پشکانەی خاوەنیانن و بەهۆی کلیلی کۆدکراوەوە دەستیان پێدەگات؛ كەواتە سنووری یاسای وڵات خاوەن پشکەكان ناگرێتەوە؛ سەپاندنی یاسا بە مانای دانانی سنوور نییە لەلایەن دەەسەڵاتی وڵاتانەوە، بەڵكە دانانی سنوور بەهۆی پشكەكان و کلیلی کۆدکراوەوەیە.

هەولێر 25/2/2026




شەڕی هەنوکەی ئەمریکاو ئیسرائیڵ لە ئێران، ئەڵقەیەکی دیکەی زنجیرە شەڕەکانی سەپاندنی هەژموونی ئەمریکایە..1.. سابیر محەمەد

بەشی 1 :

ئامانجەکانی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئێران و ناوچەکە

یەکەم- گۆڕینی ئەولەویەتەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە جیهان و “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”، گرنگیدان بە لێدانی قۆرخکارییەکانی چین، هەروەها کاریگەریی ڕووسیا و هەڵلوشینی سەرمایەی جیهانیە .
سەرەتای ئەم ستراتیژیەتە نوێئەی ئەمریکا، بەو سیاسەتە ئابوورییەی سەپاندنی باجەکانەوە دەستی پێکرد، دواتر بە دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا و گۆڕینی ڕژێم لەوێ بۆ ڕێژیمێکی میانڕەو کە خزمەت بە ئەجێنداکانی ئەمریکا بکات.
دوای ئەوە گۆڕینی ستراتیژیەتی مانەوەی هێزەکانیان لە سوریاو ناوچەکەو، وهەوڵدان بۆ ئارایشپێدان و دنەدانی بزووتنەوە جیهادیەکان و ( میحوەری موقاوەمە) و ڕەوتە سیاسیە قەومیەکان لەوێ، دژ بە خودی خەڵکی چەوساوەی کورد و عەلەوی و دورزیەکان وە لە فەلەستین بە قازانجی ئەمریکاو ئیسڕائیل، وە وێرانکردن و قەڵاچۆپێکردنی خەڵکی چەوساوەو کوشتنی وەحشیانەی ژنان و منداڵان و ئاوارە کردن و برسیکردنیان لە فەلەستین و غەززە، کە یەکێکە لە مێژووە هەرە خوێناوی و وەحشیگەریەکانی سەرمایەداری و مرۆڤایەتئ کە لەو ناوچەیە دا نمایشکران، وە لە ئێستادا لە درێژەی ئەم سیاسەت و هەژموونە ئیمپریالیستیە پاوانخوازیەی ئەمریکاو ئیسرائیل و کۆمپانیا و ترێستە زەبەلاحەکانیان ، دەستکرا بە جەنگێکی مۆدێرنی پاوانکردنی هەرچی زیاتری قازانج، وە دەسەڵاتی جیۆپۆڵیتیکیانەی خۆیان، لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێکردووە.

به پێی ئه م ئه وله ویته نوێیانه ، ئه و شه ڕه ی که ئه مریکا و ئیسرائیل له بەرە یانی ڕۆژی شه ممه 28ی شوباتی ئه مساڵ لە ئێران هەڵگیرساند، کە خوی لە خۆیدا، وەک جوڵاندنی یەکێک لە پارچەکانی یاری شەتڕەنج وابوو، لەسەر بۆردەکە، بۆ خانەیەکی تر.
ئەم جووڵە سەربازیە بووە هۆی دەسپێکی ئەو تەقینەوەو بۆمبا بارانکردنە بەهێزو به ڕفراوانەی ، کە له تارانی پایته خت و شارەکانی تری ئێران بینران .

دیارە ئەو دانوساندن و گفتوگۆیانەی کە لە نێوان ئەمریکییەکان و ڕۆژئاوای ئیمپریالیست لەگەڵ ڕژێمی ئێرانیدا ئەنجام ئەدران، کە هەردوکیان بەشوێن قازانجی زیاترو هەژمونی زیاترەوە بوون، ئامانجێکی فریودەرانە و چەواشەکارانەی بۆڕژوا ئاساییەکانیان لە پشتبووە، چونکە لە بنەڕەتدا دەستپێکردنی جەنگەکە، هیچ پەیوەندیەکی بەو درۆ ودەلەسانەوە نەبووە، کە مێدیا بۆرژوازیەکانی جیهان و خودی ئیدارەی ئەمریکا بڵاویان ئەکردنەوە، بەڵکە پەیوەندیان بەو ستراتیژیەتە و سەپاندنی هەژمەنەوە هەبوە، کە بەشوێن قازانج و کەڵەکەی سەرمایەی زیاترەوە هەبوە .
هەروەک ( زبیگنیو برێزینسکی) لە کتێبە زۆر گرنگەکەیدا بە ناوی: ” بۆردی شەترەنجە گەورەکە: هەژموونی ئەمریکی و کاریگەرییە جیۆستراتیژییەکانی”،
لەسەر ئەو خاڵە گرنگە جەخت پێداگری ئەکاتەوە، کە ئەمریکا، ڕووبەڕووی ئەم پرسە گرنگانە ئەبێتەوە، ئەویش :
“بەڕێوەبردنی ململانێکان و پەیوەندییەکان لە ئەوروپا” وە ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، بە شێوەیەک کە بتوانێت ڕێگری بکات لە سەرهەڵدانی هەر زلهێزێکی ڕکابەر، کە ئەبێتە مەترسی و هەڕەشەکردن لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاو، یان سیستەمی خۆشگەزەرانی باو، کە لە ئەمریکادا هەیە ” (١).

هەروەها هەروەک ( جۆن پێرکینز) ئەڵێت:
” ..وەلێ ئەوە نازانن کە خزمەتکردنی بەرژەوەندیەکانمان بریتیە لە هۆکاری سەرەکی کە وامان لێدەکات، سەفارەتخانە لە گشت جیهاندا بکەینەوە. لە ماوەی نیوەی کۆتایی سەدەی بیستەمدا، ئەم بەرژەوەندیانە بە مانای ئەوەیە، کۆماری ئەمریکا دەبێت بە ئیمپراتۆریەکی جیهانی.” (٢)

دووەم- هەوڵ و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی، ئەم ستراتیژە بنەڕەتییە ئەمریکییە ڕەنگە ڕووبەڕووی تەحەددای سەخت بێتەوە کە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر ئەگۆڕدرێت وجیاوازە، وە پلانەکان مەرج نیە، هەمیشە بە گوێرەی حەزو ئارەزووی ئەوان بچێتە پێشەوە.
گۆڕینی ئەولەویەتەکانی ئەمریکا لە “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”، لە ئامادەبوونی ڕاستەوخۆی سەربازیەوە، کە پێشر لەسەر زەوی هەیانباوە بۆ بەڕێوەبردنی ململانێکان و ڕاگرتنی پەیوەندییەکان لە ڕێگەی بەکرێگیراوەکانیەوە، یان لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێزی ئاسمانیەوە، هەموو ئەم گۆڕانکاریانە لە ئەولەویات و ستراتیژیەت ، و ئەو خوێن ساردی و دڕەندەیی و بەدەربەدەست نەگرتن و بێباکیەیان بەرامبەر بە ژیانی جەماوەرێکی بەرین لە کوشتن و وێرانکاری، و ماڵوێرانی ، بەتایبەت کوشتنی و مناڵان وژنانی بێتاوان، وە داگیرکردن و سەپاندنی هەژموونی خۆیان بەسەر ئەو ناوچانانەدا، کە زیاتر چینە چەوساوەکانی ئەم ناوچانە لەلایەن ئەمریکاو ئیسڕائیڵ، ڕووی بەڕووی بوونەتەوە، و بەدەستیەوە ئەناڵێنن، هەروەها گۆڕینی ڕێچکەو ستراتیژیەتی سیاسی و ئابوری مانەوەی خۆیان، لەم ناوچانەدا پیادەکردوەو ئەیکەن، لە پێناو قازانج و بەرژەوەندیەکانی خۆیان و ئەجندە بەکرێگیاوەکانیان ، خۆی لە خۆیدا، خەسڵەت و سیفاتی قۆناغەکانی تێکشکان و پاشەکشەی کۆڵۆنیالیزمی بەریتانیا لە خۆ ئەگرن، ئەوانیش بەو ئاڕاستەیەدا ئەبات، بەلەبەرچاوگرتنی هەر گۆڕانکاریەک کە لە گەشەی سەرمایەداری جیهانیدا هاتۆتە پێش، وە ئاسۆی هاتنە ئاراوەی خەباتی چینایەتی لەبەرامبەر سیستەمی سەرمایەداریدا، داهاتووی ئەم هێزە ئیمپریالیستیانەو بەکرێگیراوەکانیان و دەوڵەتەکانیان، لەم ناوچانەدا خستۆتە بەردەم دوو ڕیانێک و ئەرکی کارکردن بۆ تێکشکانێکی سیستەمە ئابووری و سیاسی و فەرهەنگیەکانیان.

سێهەم- سەبارەت بە لێکدانەوەو تێڕوانینیەکانی بەرەی ( میحوەری موقاوەمەت)، کە بریتیە لە ئەو هێزە چەواشەکارو و ڕیفۆرمیستیەی بۆرژوا نیشتمانیانیانەی، کە داکۆکی لە بزووتنەوەی ( ڕزگاری نیشتمانیەی) ئەکەن، لەوانە چەپە ناسیۆنالیست، و لێبڕالەکان، وئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی هێزە جیهادیە ئیسلامیەکان، کە لە سەر بنەمای تیئۆری
( جیهانی سێیەم)، کار و چالاکی سیاسی و سەربازی خۆیان درێژە پێئەدەن.
ئەم هێزانە لە ڕوانگەی بەرژەوەندیە بەرتەسکەکانی ( بۆرژوازی نیشتمانیەوە) هەمیشە تێڕوانین و لێکدانەوەی ڕووکەشانەو، فریودەرانە، سەبارەت بە دژایەتی ئەمریکاو ئیسرائیڵ و ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا ڕەواج پێئەدەن، وە جەماوەری کرێکاران و چەوساوەکان، هان ئەدەن بۆ پەیوەستبوون ، بەم ئۆردوگایەو بە بزووتنەوە سیاسی و سەربازیەکانیانەوە، وە لەسەر ڕێچکەی باسەکانی دامەزرێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بە تایبەت خومەینی کە باس لە موقاوەمەت وڕزگاکردنی( گەلانی هەژارو موستەزعەفین) ئەکات.

ئەم تێڕوانین و بۆچوونانەی کە ئەم بەرەیە پڕوپاگەندەی بۆ ئەکەن، لە بنەڕەتدا ئامرازێکی فریودەرانەی کاریگەرن بۆ چەواشەکردنی کرێکاران و چەوساوەکان و پەردەپۆشکردن و حاشاکردنە لە خەباتی چینایەتی، وە ڕاپێچانی ئەوانە بۆ ژێر ئاڵای بزووتنەوەی ئۆپۆزیسیزیۆنی ناسیۆنالیستی، ولێبڕاڵی، جیهادیە ئیسلامیەکان، وە دوژمنایەتیکردنی بەرژەوەندی سیاسی و چینایەتی کۆمۆنیستی پڕۆلیتاریایە.

هەروەها لایەنگرانی بەرەی ( میحوەری موقاوەمەت)، پڕوپاگەندەی لەو چەشنە ئەکەن، کە ئەم شەڕەو هێنانی هێزێکی سەربازی گەورەی لەم چەشنە، تەنها بۆ دژایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران هێنراونەتە مەیدان” ، بەمجۆرە ئەیانەوێت ئەو چەواشەکاریە لە مێشکی جەماوەردا بسەپێنن، کە ئێران وەک زلهێزێکی ناوچەیی، و تەواوی بلۆکی ئیمپریالیزمی ڕۆژهەڵاتی، کە بریتین لە چین و ڕوسیاو کۆمەڵەی ( برێکس) ، وەک هێزێکی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕ لە قەڵەم بدەن، کە گوایە ئەوان دژ بە ( ئیمپریالیزمی ئەمریکان).
لە کاتێکدا کە ئیمپریالیزمی ئەمریکا، حاڵەتێکی جیاواز و دابڕاو نیە، لە سەرجەم سیستەمی سەرمایەداری جیهانی.
بەمجۆرە لەهەوڵی ئەوەدان کە فریوکارانە، خۆیان وتەواوی بلۆکی ئیمپریالیزمی ڕۆژهەڵات، بە حاڵەتێکی جودا و جیاواز لە سەرجەم سیستەمی سەرمایەداری جیهانی.
واتە نە خۆیان وەک کۆماری ئیسلامی ئێران، نە سەرجەم بلۆکی ڕۆژهەڵات، هیچ وابەستەیی و پەیوەندیەکیان بە بەسەرمایەداری جیهانی، بە خودی پڕۆسەی کەڵەکەی سەرمایەیەو، هەلومەرجی نەداری و بێکاری و شەڕو و چاوچنۆکی سەرمایەداریەوە نیە، کە تەواوی گۆی زەوی خستۆتە ژێر هەژموونی چاوچنۆکی و شەڕو ماڵوێرانی و کوشت و بڕو سەرکوتی ناڕەزایەتیە چینایەتیەکان، وە درێژەدان بە کۆنەپەرستی و ڕەگەزپەرستی و سەرکوتی مافە دیمۆکراکەکانی ژنان و چەوساکان و نەتەوەکان.

چوارەم – سەبارەت بە بەرەی (بلۆکی ئیمپریالیزمی ئەمریکاو ئیسڕائیل و ڕۆژئاوا)،
زۆربەی هەرە زۆری پارت و ڕێکخراو لایەنە ئۆپۆزیسیۆنە سیاسیەکان، ئامادەی بەکرێگیراوی و کارکردنیان ڕاگەیاندووە، لەپێناو سەرکەوتنی ستراتیژیەتی ئیمپریالیزمی ئەمریکاو ئیسڕائیڵ لەبەرامبەر وەرگرتنی ئیمتیازاتێکی کەم و بەرتەسکی ئەجیندای حیزبی خۆیان، وە خۆیان بە بەشێک لەم بلۆکە ئیمپریالیستیە ڕۆژئاوایە ئەژمارکردووە.

ئەم هێزانەش بریتین لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیانەی شاهەنشا و( سەڵتەنەت تەڵەبیەکان) ، و مجاهدین و هێزە چەپە ناسیۆنالیست و لێبڕاڵەکان ، ڕێکخراو حیزبە ناسیۆنالیستە کۆنەپەرستە کوردیەکان و(بەرەی یەکگرتووی حیزبەکانیان) و کە هەر هەموویان بە سووکە ئیمتیازاتێکی بەرتەسک، لە خۆشیا گەشگەیان گرتووەو، مەست بوون بە هێڕشەکانی ئەمریکاو ئیسڕائیل وهەڵگیرسانی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە.
وە ئامادەن سواری دەبابەو زرێپۆشەکانی ئەمریکاو ئیسڕائیل بن، وە پیادەی هەمان سیاسەت ئەکەن، کە پێشتر لە عێراقدا بینیمان، لە درێژەی شەڕی کەنداوی ساڵی ١٩٩١ دا، و داگیرکردبی عێراقدا، کە چۆن کاتی خۆی، حیزبە قەومیە چەکدارە کۆنەپەرستەکانی بەرەی کوردایەتی و ناسیۆنالیزمی کوردو، و عەرەب وە سەرانی حیزبە تائیفە ئاینیە شیعەکان ، لێبڕالە عیلمانیە سوننیەکان بوون بە سووری بەرلەشکری ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیان، وە ئەوانیان بە فریاد ڕەس و پاڵەوانی ڕزگاری جەماوەری عەرەب و کورد و کەمینەکانی تری عێراق، لە قەڵەم دا، ئەمانیش بەهەمان شێوە ئامادەیی خۆیان بۆ ئەم پاشکۆیی و بەکرێگیراویە دەربڕیوە.
بەم جۆرە ئەرکی سیاسی و چینایەتی بۆرژوازیانەی نیشتمانی خۆیان ، وەک پشتیوانیان لە سەرانی بۆرژوازی جیهانی، وە بوون بە ئامرازێکی سەرکوتگەری خەباتی چینایەتئ لە ناوچەکەدا، و لەباربردنی شۆڕشی جەماوەری چەوساوەکان لە سەرجەم عێراقدا ، وە خۆشحاڵبوونیان بەوەی کە وەک، زۆن و میلیشیای بەکرێگیراوانەی چەکداری، بتوانن ئیدارەی ناوچەیەک و زۆنێک بدەن، بۆ بردنە پێشەوەی سیاسەتەکانی ئەمریکاو ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا، و چین و ڕوسیاو و ئێران، لەو ناوچانەدا.

پێنجەم – ئامانجی سەرەکی ئەم شەڕەی ئەمریکاو و ئیسڕائیل، ڕوخاندنی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی نیە، لەو وڵاتە دا، بەڵکو ڕاهێنان و ئامادەکردنی گروپێکی بە دیسیپلینی میانڕەوە لەناو خودی سیاسەتمەندارانی جومهوری ئیسلامی، وە سپاردن و گۆڕینی دەسەڵاتەکە بۆ دەستی سوپائ پاسداران و ئۆلیگارشیەکی سەربازی، کە خزمەت بە بەرژەوەندییە ستراتیژییژیەکانی ئیمپریالیزمی ئەمریکاو ئەکات، و ببنە چاودێرو پاسەوانی بەرژەوەندیەکانی ئەوان لەو ناوچانە.
هەروەها بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆیان بەسەر ئەو ناوچانەو ئۆقیانوسی هیند، وە بۆ کێبڕکێ و کەڵەکەی هەرچی زیاتری سەرمایەی چین و چەق بەستنیەتی لە دەستی سەرمایەدران و ترێستە زەبەلاحەکانی ئەمەریکا، هەروەها بۆ ناچارکردنی ئەم وڵاتانەی ئیمپریالیزمی ڕۆژهەڵات، کە بچنە ژێر باری ئامانجە ئابووری و سیاسیەکانی ئەمریکاو ئیسڕائیل، وە ناچاریان بکات بە ڕێکەوتننامەیەک کە بە قازانجی ستراتیژیەتی خۆیان بێت.

شەشەم- هەر جوڵەیەکی سەربازی لە سەر بۆردی شەترەنجی ئیستراتیژیەکەی ئەمریکا، لەم ناوچانەو لە جیهاندا، هەمیشە لێکەوتەیەکئ خراپی لە کوشتن و ماڵوێرانی و داگیرکاری و بار گرانی و سەرکوتی چینە چەوساوەکانی لێکەوتۆتەوە.
ئەم شەڕە لە دڕندەیی وەحشیگەری بەربەریەتی خۆیدا بێهاوتایە، فۆرمێکی مۆدێرن لە جەنگی سەرمایەداری ئیمپریالیستانەدا کە منداڵان و ژنانی ستەملێکراوی چینە چەوساوەکان قوربانیانی یەکەمن، وە ئامانج لێیان سەرکوت و شێواندنی خەباتی چینایەتی و بەلاڕێدا بردنیەتی، شەڕێک کە مرۆڤایەتی پێشتر ئەم ئامانج ، ئەم جۆرە دڕندەییی و سەرکوتەی بە خۆیەوە نەبینیوە، چ لە باری قووڵی و بەرفراوانی چاوچنۆکی و بەنامۆکردنی مرۆڤەکان، چ لە باری نمایشی هێزێکی بەوشێوەیە، تەنانەت لە جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمیشدا، نەبینراوە.
ئاکام و دەرئەنجامە دڵتەزێنە خراپەکانی ئەم زنجیرە لە شەڕەکانی ئەم قۆناغەی سەرمایەداری ئییمپریالیستی، بەکوشتن و ئاواره بونی هەرچی زیاتری چینی کرێکار و ستەملێکراوانی هەژار لە جیهان و بەتایبەت لە شەڕی ئەم دواییەی فەلەستین و غەززە، کە برسییەتی و مردنی مناڵانی ساوا ژنانی چەوساوەو، و بەرزکردنەوەی نرخی کاڵا سەرەکییەکان، لەلەلایەن بۆرژوا -کۆمبرادۆرەکانی سەر بە ( میحوەری موقاوەمەتی ئیسلامی) و ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی میللی فەلەستینی، ئەمانە هەموویان دەرئەنجامی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە ئیمپریالیستیەن.
لەم نێوەشدا بۆرژوازی نەتەوەیی و میللی، هاو ئاهەنگی خۆی، بەو جۆرە نیشان ئەدات، کە هەرچی زیاتر، ئەم هەلومەرجە بقۆزێتەوەو، و گیرفانی چینی کرێکار و ستەملێکراو تاڵان دەکات بۆ کۆکردنەوەی هەرچی زیاتری قازانج و سەرمایەی گەورەتر.

حەوتەم- ئەوەی ڕاستی و دروستی ئەم قسانە ئەسەلمێنێت، ئەوەیە کە، جێگیرکردنی ئەم هێزە سەربازییە مەزنەو و کەشتییە جەنگییەکانییە بۆ ناوچەکە، بۆ هەمان ئامانجی ڕۆتینی شەڕە کۆنەکانی تر لە جیهاندا نیە، کە بۆ داگیرکاری و ڕوخاندنی ڕژێمەکان، و ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بێت.
هەروەها ئەوەی سەلماند کە پڕوپاگەندەو ڕاگەیەندنەکانی سەرۆکی ئەمریکا، هیچ ڕاستیەکیان تیادا نەبوو، کە گوایە ئەم شەڕە ڕەنگە چوار ڕۆژ ئەخایەنێت ، وە دواتر ماوەکە بوو بە چوار هەفتە ، تا ئێستاش تا ڕادەیەک هەر بەردەوامە، زیاتر بۆ فریودانی کرێکاران و چەوساوە ناڕازیەکانی ناو ئەمریکا بوون.
بەڵام ڕاستی داتاکانی سەر زەوی و دەرئەنجامەکانی ئەم شەڕەو و فراوان بوونی، ئەوەی دەرخست کە پانتایی ئەم شەڕە لەوە گەورەترە کە باسیان لێوە ئەکرد، بە دەستێوەردانەکانی لاوەکی چین و ڕووسیا لە لایەک، و ئوسترالیا، کەنەدا، فەرەنسا، بەریتانیا، و وڵاتانی تری ڕۆژئاوا لە لایەکی تر، هەروەها فراوانبوونی ئەم شەڕە بۆ وڵاتانی دراوسێ، تورکیا، سعودیە، عێراق، پاکستان، و هیندستان.
شەڕێک کە ئەمریکاو و ئیسرائیل، وەک نمایەندەی کارتێل و ترێستە مەزنەکانی جیهان بەرپایان کرد، لەبەرامبەر هەلومەرجێکدا وەستاونەتەوە، کە توانای درێژەدانیان بەم جۆرە شەڕانە هەیە، تا ئەو کاتەی کە هەلومەرجی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیە جەماوەری و گشتیەکان ئەگەنە ڕادەیەک، کە پڕۆلیتاریا بتوانێت ئەم شەڕە بگۆڕێت بە شەڕێکی چینایەتی دژ بە دەسەڵاتدارانی ناوخۆی وڵاتە، کە چیتر ئەم شەڕانە نەتوانن درێژە بە خۆیان بدەن، لە پێناوی قازانجی کەڵەکەی سەرمایە، یان بە واتایەکی تر تا ئاستی خاڵی وەرچەرخانی تای تەرازوی هێزە چیانیەتیەکان.
خودی پڕۆلیتاریای ئێران و چەوساوەکانی، لە بەرامبەر ئەرک و وەرچانێکی مەزنی مێژووییدا لەم جۆرەدا وەستاونەتەوە، کە خودی دەسەڵاتی بۆرژوا ئیسلامیەکان و دامودەزگاکانیان لەو ناوچەیەدا، بڕوخێنن و ببنە سەر قافڵەی شۆڕشە نوێ پڕۆلیتاریاکانی ئەم قۆناغەی ئیمپریالیزمی جیهانی.

5.3.2026
———————————
(1) زبیگنیو برێزینسکی، بۆردی گەورەی شەترەنج : هەژموونی ئەمریکی و کاریگەرییە جیۆستراتیژییەکانی، ل. 3
(2) دانپیادانانەکانی بکوژێکی ئابووری ؛ جۆن پێکینز

تێبینیەکی پێویست؛
ئەم وتارە نە زمانی عەرەبی لە 5.3.2026، لە ( الحوار المتمدن) دا بڵاوکراوەتەوە، بەڵام لەبەر گرنگی باسەکە لەناو ناوەندە سیاسیە ڕاست وچەپە بۆرژوازیەکاندا، بەدەسکاریەوە بە پێویستم زانی لە ئێستادا بە کوردی بڵاوی بکەمەوە.





تیـ..مڵەك یان سێبەری جەللاد.. عومەر حەسەنپوور

تیمڵەك یان سێبەری جەللاد یەکێکە لە و ڕۆمانە کوردییە هاوچەرخانەیە کە بە شێوەیەکی سەرکەوتوو فانتازیاو سۆسیۆ سایکۆلۆژی تێکەڵاوی بەسەرهات و ڕووداوە ڕامیارییەکان دەکات و مێژووی دوور تێکەڵی مێژووی نزیك دەکات، لە دووتووێی ٢١٦ لاپەڕەدا ڕەند محەمەد ڕۆمانەکەی بە پایان دەگەیەنێت، شیاوی باسە ئەمە دووەم ڕۆمانی نووسەرە دوای نۆڤێلتی (پەرداخێك ژەهری سپی) کە ساڵی ٢٠١٠ لە چاپدرا.
لەم ڕۆمانە نوێیەدا زەهراق و زەڤرۆن دوو کارەکتەری سەرەکین کە دەربڕین لە دو چینی تەواو جیاواز و ناکۆك دەکەن کە لە سەرەتاوە تا کۆتایی لە ململانێیەکی شاراوەدان و لە هەندێك باردا ساتەکانی هۆرۆرو تەلیسمیش موچڕکە دێنێت بە گیانی خوێنەردا کاتێك ڕادەی سامناکیی ئەو ململانێیە هەست پێ دەکات تژی لە ڕەمزو بڕگەی فەلسەفی، بۆیە باشتر وایە لەسەروو تەمەنی ١٨ ساڵەوە بیخوێنێتەوە.
ڕووداوەکانی ئەو ڕۆمانە وەك دیارە لە دوو بەشەکەی کۆریادا ڕوودەدەن، بەڵام هەندێکجار هێند نزیك دەبێتەوە لە خوێنەری کورد زوبان وا دەزانێت ئەوە خۆیەتی ڕۆڵ دەگێڕێت لە ناو ئەو ڕۆمانەدا.
ئەو نۆ پاژەی ڕۆمانەکەیان پێکهێناوە نۆ دیمەنی جیاوازن، بەڵام لە هەموویاندا بە چڕیی ئایدیای هیومانیزم درك پێ دەکرێت، لەهەمان کاتیشدا دەستی خوێنەر دەگرێت و پێی دەڵێت: {وریابە زۆرجار “جەلاد” لەناو خوددا نیشتەجێیە نەک لە دەرەوە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو ململانێ دەروونییەی تاکەکان لەگەڵ هەست و بیرکردنەوە نەرێنییەکانیاندا ڕووبەڕووی دەبنەوە.
ئەگەر وشیار نەبین ئەوا ئەو جەللادە کۆنترۆڵی ژیانمان دەکات}
وەك چۆن پزیشکە دەروونییەکە دوای وتوێژێکی گرنگ بە زەڤرۆن دەڵێت:
(تۆ ڕەنگە لە دنیای نەستدا رووبەڕووی زۆر بەرەنگاری و زەحمەتکێشی بوو بێتیتەوە، ئەمەش بە جۆرێك لە ناختا قووڵبووەتەوە کە هەستە چڕەکان بوونەتە کەتوار لای تۆ، بەڵام ڕەنگە لە ڕاستیدا داستانەکانی زەهراق هەر پاڵەوانییەك بن لە کارتۆن و لە ناو مێشکی تۆدا ڕۆڵ ببینێت).
ئەم ڕۆمانە زۆر ساتی هەڵچوون و موفاجەئەو بەرەنگاربوونەوەی تێدایە، دەکرێت بکرێتە فیلمێكی سینەمایی سەرکەوتوو و وەربگێڕدرێتە سەر زمانەکانی دی وەك نوێنەری ئەدەبێکی داهێنەرو پڕ بەخشین، ئەوەی زۆرجار لە دنیای واقیعدا ناگوترێت و دەکرێت بە ژێر لێوەوە، لێرەدا بە سیمبوڵ و فانتازیاو ئاماژەی هونەریی نووسراوەتەوەو نهێنی ژوورە تاریکەکان کەشف دەکات، ئەو کات مرۆڤ زیاتر وشیار دەبێتەوە کە لە ئاست هەقیقەتی گۆڕانکارییەکانی ژیاندا ئێمە چەند لاوازو لە پەراوێزداین.
لە جێیەکی ئەو ڕۆمانەدا و لەو شوێنەدا کە هەموو شتێك بە زەمەنەوە دەوەستێت، زەهراق دەبێتە عەزیایەك و ئەم وتوێژە لەگەڵ زەڤرۆن دا ساز دەکات:
(پێکەنێك بە هی مرۆڤ ناکات، بیری کەشە تاریکەکەی نەمابوو، بەڵکو دەنگێك بوو هەستەکانی بەند کرد بوو.
پێکەنینێکی پچڕپچڕی وشك، وەك ئەوەی لە گەروویەکەوە دەرچووبێت نەزانێت چۆن پێبکەنێت.
زەڤرۆن لە شوێنی خۆیدا وشك بوو بوو، لەگەڵ ئەمەشدا دەنگەکە زیاتر نزیك دەبووەوە.
جارێكی تر پێکەنینەکە دووبارە دەبێتەوە.
بەڵام ئەمجارە دەنگی هەناسەیەکی درێژی لەگەڵدا بوو وەك ئەوەی لەبن ئاوەوە دەربێت و گوتی:
“دواکەوتیت”
ئاوڕی دواوەی دایەوە، چاوێکی بینی وەك مرۆڤ تەماشای دەکرد و چاوەکەی تر ساردو سڕ دەردەکەوت وەك ئەوەی هی ئەم جیهانە نەبێت.
پێکەنینێك بە هێواشی دروست بوو وەك برینێك وردەوردە ساڕێژ ببێت و کەوتە دووان:
مرۆڤەکان هەمیشە دوا دەکەون و پاشتر داوای پۆزش و میهرەبانی دەکەن!
زەڤرۆن ویستی بگەڕێتەوە، بەڵام تا ناوقەدی لە ئاوەکەدا نوقم بوو بوو : “من نەهاتووم لەگەڵت بجەنگم” بەدەنگێکی لەرزۆک ئەمەی گوت و بێدەنگ بوو.
پێکەنینەکە بۆ ساتێك وەستاو بێدەنگی زاڵ بوو بەسەر دەوروبەردا، زەهراق هەنگاوێکی دی پێشکەوت و ئەمە بەس بوو بۆ ئەوەی زەڤرۆن هەست بە هاتنەوەیەکی جیهان بکات، وەك هاتنەوەیەکی سنگی مرۆڤی ڕەبوودار:
زەهراق: کەس نایەتە ئێرە گەر ئامادە نەبێت شتێك لە دەست بدات!
دواتر چرپەیەکی کرد: ئەی تۆ چی لەدەست دەدەی؟
هەموو شتێک لە جەستەی زەڤرۆندا هاواری دەکرد ڕابکە، بەڵام زەڤرۆن لە شوێنی خۆیدا چەسپابوو، هەناسەکانی پچڕ پچڕ دەردەهاتن و چاوی لەو بوونەوەرە بڕیبوو کە نەدەبوو ئەو لەوێدا بێت لەگەڵی).

عومەر حەسەنپوور




وردە وتار.. نەوزاد بەندی

( خواردن )

           

لە هەموو شوێنێکا خواردنەکەیان ئامادەیە، لە شاییدا ، لە پرسەدا، لە سەیراندا ، لە ماڵەوە، عەسران لە بازاڕ، له دائیرە.. تەنانەت لە ئاودەستخانەکاندا جگەرە و شروبی توسیفین ئەخۆنەوە..
لە ماڵ نان ئەخۆن، ئەڕۆنە دەرێ و یەکەم قسەیان بۆ هاوڕێکانیان ئەوەیە کە ئایا شتێ نەخۆین؟ ..ئەچنە پارک؛ با شتێ بخۆین.. لە پرسەدا خەڵکەکە ئەگرین و قوڕ ئەپێون، لە تەنیشتیاندا مەنجەڵی گەورە گەورە خواردن قوڵپە قوڵپ ئەکوڵێن، یان هەزار نەفەر کەبابی دێلیڤەریی ئەگاتە ناو پرسە و شین و فیغانەکە.
ئەو هەموو خۆڵ و خاشاکە هەمووی پاشماوەی خواردنەکانمانن، خۆ کەس گیتاری لێ بە جێ نامێنێ، یان بۆ نمونە بینیوتە کەسێک ڕۆمانێکی مارکیزی لە سەیران بیر چووبێ ؟
نییە .. هەمووی خواردن و پاشماوەی خواردن و پاشەڕۆی خواردنە.. برادەرم هەیە ئەڵێ لەبەر خواردن گەشت ئەکەم .. ئەمە لە کاتێکدایە خواردن هۆکاری سەرەکیی سەر ئێشە و بێتاقەتییە، کاتێ لە گەشت و سەیران، چوار پێنج شیش گۆشت بە نان و تەماتەبە ماستاوی کەللە تەزێنەوە .. بە حەوت هەشت چای خەستەوە ئاودیو ئەکات، ئیتر ئەو کەسە لە مرۆڤبوون دەردەچێ و ئەبێ بە عەلوەیەکی بچوک، ئەندامەکانی ناوەوەی ئەچنە حاڵەتی ئینزارەوە، چۆن ئەم شتە سەیرانە بگۆڕن بە پێکهاتە ووردەکان و چۆن هەڵیبمژن و لە کوێدا خەزنی بکەن لە کاتێکدا هەموو مەخزەنەکانی جگەر و ژێر پێست و ماسولکەکەکان پڕ بوون و جێگای یەک شتی زیادەیان تیا نەماوەتەوە ؟
لەو کاتەدا ئیتر ڕیخۆڵەکان بڕیارێکی سەربەخۆ دەردەکەن، لە مژین مان دەگرن و .. کیمۆسەکە هەڵدەدەن بۆ ڕیخۆڵە ئەستوورە، ئیتر پێچە حەیاتەکە دێتە وورگە ئاوساوەکان و ..ڕادەکەن ..بە هەر چوار لادا چاو ئەگێڕن، مزگەوتێ ..بن بەردێ ..هەیکەلێ شوێنێ بدۆزنەوە و پێش ئەوەی دەرپێکانیان پڕ بکەن لە سکچوون، لە شوێنێ نەجاتی بدەن ..
سەدا نەوەد و پێنجی گەشتیارانمان بە سکچوون کۆتایی به گەشتەکانیان دێنن، چونکە بێڵ ماوسەکانیان پڕ بووە و لێی ئەڕژێت ..
بەڵام ئەم قسانە سوودیان نییە، بڕوانە بازاڕ، خواردنگا و ئاودەستخانە و دەرمانخانە بوون بە سیمای هەرە دیاری شەقام و کوچە و کۆڵانەکان، مزگەوتەکانمان ئەوەندەی دەستیان تیا به ئاو ئەگەیەنرێ، چارەکە ئەوەندەیەک نوێژ و تاعەتیان تیا ناکرێ .. خواردنێکی زۆر ئەخۆن، ڕائەکەن بۆ ئاودەستخانەکان، کە ئەبینن سک ئێشە و سکچوون وێرانی کردوون، ڕوو ئەکەنە دەرمانخانە و پزیشک و تاقیگەکان ..
من واملێهاتووە وەک ئاودەستخانەی گەڕۆک ئەو خەڵکە ئەبینم.. خەڵکێک کە دەمی وەک مەکینەی قیمەکردن وایە و .. خواردن سەرەکیترین ئیشێتی و .. دۆزینەوەی ئاودەستخانە و پزیشک و دەرمانخانەیش لە ئامانجە سەرەکییەکانێتی ..
دکتۆر مەزن ئەڵێ شانزە ڕۆژ هیچ شتێکم نەخواردووە و زۆر ئاساییم .. من خۆم هەندێ جار سێ ڕۆژ لەسەر یەک هیچ خواردنێک ناخۆم ، بێجگە لە ئاو.

( ڤیو )

یەکەمجار ئەم ووشەیەم لە خزمێکم بیست هیچ بڕوانامەیەکی نییە و ..لە زمانیکی کوردی شەق و شڕ زیاتریش، هیچ زمانێ نازانێ ..ووتی ڤیوەکەی جوانە.. تێنەگەیشتم، ووتم مەبەستت چییە ؟
ووتی ڤیوی خانووەکەم ..
هەر تێنەگەیشتم..
ووتی کە ئەچیتە باڵکۆنەکەی، باخ و شاخ و ناوشار ئەبینیت ..!
ئێستا خەڵک بە شەرتی ڤیو، خانوو، شوقە و ڤێلاکانیان ئەکڕن، بۆیە کۆمپانیا زۆڵەکان، کەوتوونەتە بڕینەوەی شاخ و گرد و تەپۆڵکەکان و ..وەک هێلانەی حاجی لەقلەق، شوقەو ڤێڵای ڤیوجوان بە نرخی خەیاڵیی بەو خەڵکە ئەفرۆشن.. ئاخرمەعاشەکانیان زۆر جوانە، بۆیە یەکەی ڤیوی جوانیان ئەوێ..
ئیتر نازانم ئەم پەتایەیش کەی تێ ئەپەڕێنین ؟

( خۆشگوزەرانیی )

هیچ دەسەڵاتێکم لە دنیادا نەبینیوە و نەبیستووە و نەخوێندووەتەوە ئەوەندەی دەسەڵاتی کوردی ڕقی لە خۆشگوزەرانیی هاووڵاتییەکانی بێ و لێی بترسێ.. لەگەڵ هەر نەش ونمایەکی ئابووریی و گوزەرانیی خەڵکدا، یەکسەر باج و سەرانەکان زیاد ئەکەن و کارێک ئەکەن خەڵکەکە هەناسە سارد بێ .
بازرگانێک پڕۆژەیەکی بازرگانیی ڕابگەیەنێت، ئەبێ دەسەڵات بکات بە هاوبەشی خۆی، بۆ ئەوەی شەڕی پێ نەفرۆشێ، نیوە و زیاتری داهاتەکەی دەکاتە دەستی دەسەڵاتدارێکەوە، لەو دەیان و سەدان دەسەڵاتدارەی لە مەیدانەکەدا تەراتێنیانە.
جێی سەرسوڕمانە سەرکردەیەک بە ئەندامەکانی بڵێت ئاگاداری بازاڕبن، بازاڕتان لە دەست بچێ، هەموو شتێکتان لە دەست ئەچێ ..
ترسێکی زۆریان لە دەوڵەمەندبوون و خۆشگوزەرانیی خەڵکی هەیه، نابێ هیچ کەسێ لە دەوڵەمەندییدا شان بدات لە شانیان، ئەبێ هەمووان ئیشکەر و شاگرد و ژێر دەستەی خۆیان بن ..
ئەمە لە کاتێکدایە لە زۆربەی ووڵاتانی جیهاندا، هاووڵاتی هێندە دەوڵەمەند هەن، کە قەرز دەدەنە حوکمەت.. بۆ نمونە له ئەمەریکادا، ئیلۆن ماسک کە هاووڵاتییەکی ئاساییە و زۆرجار لەگەڵ دەسەڵاتی ووڵاتە یەکگرتووەکانیشدا توشی شەڕ و دەمە بۆڵە ئەبێ، دەوڵەمەندترین کەسە لە جیهاندابە بێ ئەوەی هیچ ترسێک لە دڵی دەسەڵاتی ئەو ووڵاتەدا دروست بکات ..
ترس لە دەوڵەمەند بوون و خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیان ئەچێتە خانەی نەخۆشیە دەروونییە قوڵەکانەوە و .. پێویستە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهان لێی ئاگادر بنەوە و ..توێژینەوە و نیشانەکانی و ڕێکارەکانی چارەسەرکردنی بۆ دیاری بکەن.

( کیلۆ مەتر سفر )

لەم کۆمەڵگا سواڵکەرەدا، کە ژیانێکی شاهانەی بە بێ ماندوو بوون و کارکردن ئەوێت، دیاردەی زۆر سەیر دروست دەبن کە پاشان لەلایەن دەسەڵات و بازرگانە چاوچنۆکەکانەوە ئەقۆرزێتەوە و ملیارەها دۆلاری لێ ئەچننەوە ..بێگومان پێناسەی سواڵکەر کەسێکە بە بێ بەرامبەر پارەی ئەوێت، ئەمەیش لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا بووە بە دیاردە و زاراوەی تری لێ پەیدا بووە وەک بندیوار و کاربەڕێکەر و ..هەموو ئەو پیشانەی هیچ کارێک ناکەن یان لە کارێک دەرکراون، کەچی هەر پارە و داهاتی ئەو کارە وەرئەگرن.
ئوتومبیلی کیلۆمەتر سفر، یەکێکە لەو خواستە بە کۆمەڵەی کۆمەڵگای کوردیی ئەمڕۆ، کە بە شانازییەوە، ئەڕۆن بە قەرز یان بە قیستی سوو، ئوومبیلێکی کیلۆمەتر سفر ئەکڕن .. بە لایانەوە کێشە نییە ئوتومبیلەکە تەپەدۆر و باغە دروستکرابن، گرنگ ئەوەیه کیلۆمەتر سفر بێ و دوو بەسمەی لەگەڵدا بێ..
ئەوەیش وا دەکات، دەسەڵات و بازرگانەکانی هاوڕێیان، پەیوەندی بە کۆمپانیاکانی ئوتومبیلی هەموو جیهانەوە بکەن، بۆ هاوردە کردنی خراپترین کوالێتی ئوتومبیلی کیلۆمەتر سفر، بۆ ئەوەی زۆرترین قازانجی لێ بکەن، هەم لە نرخەکەی، هەم لە فرۆشتنی تابلۆکەی، هەم لە مامەڵەی ساڵانەکەی، هەم لە مامەڵەی مۆڵەتی لێخوڕین، هەم لە سزاکانی خراپ پارککردن و تیژڕەویی، کە وای لێهاتووە لەناو بازاڕی میوەفرۆشانیش کامێرای تیژڕەویی دابنرێ..
هاوڕێیەکم پێی ووتم تۆ چۆن له ڕووت دێت ئۆتومبیلی مۆدێل کۆن لێ بخوڕیت؟
ووتم : وەڵا ڕاست ئەکەیت، زۆر شەرمەندەم هەست بە جۆرێک لە بێحەیایی ئەکەم کاتێ هیچ بەرهەمێکم نییە بێجگە لە میزکردن، کەچی ئوتومبیل لێ دەخوڕم کە سەدان ئەندازیار و کرێکاری بێگانە سەرقاڵبوون بە دروستکروونیەوە.

( ئاژەڵ )

ئاژەڵەکان بە بێ جیاوازیی، هەموویان گرنگییەکی زۆر بە بێچووەکانیان و هاوسەرەکانیان و هێلانەکانیان ئەدەن، خواردنیان بۆ دابین ئەکەن و بەرگرییان لێدەکەن..
کەواتە کاتێک تۆ خانوو دابین دەکەیت و ..هاوسەر و منداڵەکانتی تێدا نیشتەجێدەکەیت و .. کار و کاسپی دەکەیت و ..خواردن و پۆشاک و پێداویستییەکانیان بۆ دابین ئەکەیت، هەتا ئێرە تۆ ئاژەڵیت ..
ئەی چ کاتێ ئەبیت بە مرۆڤ ؟؟
ئەو کاتە ئەبیت بە مرۆڤ، کە هەوڵ بۆ دابینکردنی خانوو ، نان و پۆشاک بۆ کەسانێک و گیاندارانێک بدەیت، کە نایانناسیت و هیچ غەریزە و سوود گۆڕینەوەیەک پێیانەوە ناتبەستێتەوە ..
ئەو کاتە مرۆڤیت، کە بە بێ بەرامبەر، لە دەرەوەی خێزان و تیرە و بنەماڵە، خزمەت پێشکەش بکەیت..ئیتر ئەو خزمەتە بۆ مرۆڤێکی نەخۆش و هەژار بێ، یان بۆ هەر گیاندار و بوونەوەر و ڕووەکێک ..

(قسەی قۆڕ )

قسەی قۆڕە هەموو ساڵێک کە بەهارهات، خۆشی بۆ گوند و شار هات، لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە دەست بکەن بە ئامۆژگاریی و ڕێنمایی و تەنانەت پاڕانەوەیش لە گەشتیاران کە پاشەڕۆ و زبڵەکانیان لە دوای خۆیان بە جێنەهێڵن و سروشتی جوانی کورستان ( کە قەت جوان نەبووە ) پیس و پۆخڵ نەکەن .. قسەی قۆڕە ژینگەپارێزان و پیاوانی ئاینی لە بازگەکاندا ڕاوەستن و عەلاگەی خۆڵڕشتن بەسەر گەشتیارە بێ منەتەکاندا دابەش بکەن، بۆ ئەوەی له بیریان نەچێ، زبڵ و خاشاک و دایبێکانیان لە سروشتی پاکی کوردستان(کە قەت پاک نەبووە ) فڕێ بدەن.
مرۆڤ یەک جار ڕێنمایی پێ دەدرێت، کە بوو بە دوو جار، ئەوە ئاژەڵە و ئەبێ بە نەقیزە ڕاستی بکەیتەوە، وەک ئەدۆڵف هیتلەر ئەوەی کە خۆیان پێی ئەڵێن فۆهلەر، کاتێ پێیان ڕاگەیاند کە خەڵکەکە لەسەر هێڵی پەرینەوەی شەقامەکان ناپەڕنەوە، ووتی هەر شۆفێرێک لە دەرەوەی هێڵی پەڕینەوە، هەر کەسێک بشێلێت، لەلایەن دەوڵەتەوە خەڵات دەکرێت.

( ئاگاداریی ..ئاگاداریی )

بۆ کۆڕی پرسەیەک سەردانی شاری هەولێرم کرد، دوای چەندین مانگ هەر بۆ دڵنیایی تەماشایەکی سزای تیژڕەویی ئوتومبیلەکەم کرد، توشی سەرسوڕمان بووم کە ئەبینم له ڕێی هەولێر، لە ماوەی حەوت خولەکدا، سێ سزای تیژڕەویی حەفتا هەزار دینارییم بۆ نووسراوە، لە کاتژمێر 11:28هەتا 11:33 ..
کاتێ پرسیارم کرد، ووتیان لە هەولێر کامێرای پۆینت تو پۆینت، واتا دوو کامێرا و دوو سزا ..چەند کامێرا ڕیز بووبن، ئەوەندە سزات بۆ دەنووسن، بەڵام لە سلێمانی وا نییە، تەنها یەک کامێرا، تیژڕەوترین ساتت بۆ دەنوسێت.. هەروا مەودای تیژڕەی لە سلێمانی پێنج کلیۆمەترە، لە هەولێر دوو کیلۆمەترە.. واتا کە دەڵێت حەفتا بڕۆ ، لە دوای حەفتا و دوو کیلۆمەتر، حەفتا هەزارت بۆ دەنوسێت، بەڵام لە سلێمانی لە دوای حەفتا و پێنج بۆت دەنوسن.
بە ڕاستی دوای ئەوەی ملیۆنێک کارەبای پڕۆژەی ڕوناکیم بۆ هاتەوە، لەگەڵ دوو سەد و دەهەزارەدا، هیچ شکی ئەوەم لەلا نەما کە زۆنی زەرد سوعبەت و شت نازانن .. پۆینت تو پۆینتەکەیشیان کردووە بە مەڵتی پۆینت..
بە تەکسی سەفەری هەولێر بکەن، پەنجا قات قازانجتانە..ڕەحمەڵڵا والدێکوم.

( بێ بە دیل )

کۆمەڵگایەکی بێ بەدیلین، هیچ شتێکمان بەدیلی نییە، کابرا توشی نەخۆشی شەکرە بووە، دکتۆر پێی ئەڵێی نان و برنج و کاڵەک مەخۆ، ئەڵێ ئەی چی بخۆم؟ ..بەدیلی برنج و نان و کاڵەکی نییە، ناچار بەردەوام ئەبێ و وەسێتێکی بۆ ئەنوسێ و ئەڵێ خۆ هەموومان مردنێ قەرزارین .
یەکێتی و پارتی و ئۆپۆزیسیۆنیش بەدیلیان نییە، هەر بۆیە نزیکەی هەمان ڕێژەی دەنگدان دێنن، ئەگەر هەزار هەڵبژاردنیش بکرێ، هەر بەو جۆرە ئەمێننەوە، ئێ ئاخر بەدیلیان نییە.. گەنجەکان سوور ئەزانن ووڵاتی هات ونەهاتە و هی هاوسەرگیریی نییە، کەچی سەریان کردۆتە هاوسەرگیریی، ئێ بەدیلیان پێ نییە .. نە شێرکۆ بێکەس بەدیلی هەیه و ..نە فەرهاد پیرباڵ و ..نە کشمیش و قەیسی بەرەبەیانی جەژن، لوت و چاوت بگرە و هەڵی دە..نە بەختیار عەلی بەدیلی هەیە و ..نە سەرۆک حیزبەکان.. تەواو، نە سەقفی مەغریبیی بەدیلی هەیە و ..نە شۆفێریی و .. نە هیچ شتێ لەم ووڵاتەدا بەدیلی هەیە..خوێندنیش بەدیلی نییە، هەموو ئەڕۆنە ناو تونێلی خوێندن و جوانترین ساڵەکانی ژیانیان ئەفەوتێنن، عەشاماتێکی بێ موچە و بێ دامەزراندن و دەست سپی خوێندەوار پەیدا ئەبن، نازانن بە چ زمانێ دەسەڵاتێکی نەخوێندەوار تێبگەیەنن کە وەختە دڵیان بتەقێ و وەختە له پەشیمانیدا بە کۆمەڵ خۆیان بکوژن.
لەوەیش سەیرتر ئاهەنگی دەرچوونی زانکۆ و پەیمانگا بێ بەرهەم و بێ دامەزراندن و بێ ئومێدەکانیشمان بەدیلیان نییە، ئەبێ هەر خوێندکارێک سێ سەد / چوارسەد هەزار لە جل و بەرگ و ئارایشت و کێک و شیرینییدا خەرج بکات و ئاهەنگ بگێڕێ، ئاهەنگێکی خەمگین و پڕ لە ئازار و ماندوو بوون، ئیتر ئەو پارەیه ئەگەر قەرزیش بکات، ئەبێ ئامادەی بکات، ئاخر بەدیلی ئەو ئاهەنگە خەمگینە نییە، بۆیە هەمووان پێوەی پابەندن و ..ئامادەن قەرز و تەنانەت سواڵیشی بۆ بکەن.




براکوژی؛ دادگای مێژوو هێشتا کراوەیە.. هێمن عەلی

سی و دوو ساڵ پێش ئێستا، لە یەکی ئایاری ١٩٩٤دا، مێژووی کورد کەوتە ناو تاریکترین و قێزەونترین لاپەڕەکانی خۆیەوە. ئەو ڕۆژەی حیزبەکان بڕیاریاندا لە جیاتی بونیادنانی دەوڵەت و پاراستنی شکۆی تاکی کورد، نیشتمان بکەنە قوربانگای “کورسی” و لە جیاتی مژدەی ئازادی، گوللە بەسەر برایاندا ببارێنن. ئەمڕۆ کە یادی ئەو کارەساتە دەکەینەوە، تەنیا گێڕانەوەی یادەوەری نییە، بەڵکو ڕووبەڕووبوونەوەی بێشەرمییەکی سیاسییە کە تا ئێستاش بەردەوامە.

بازرگانیی بە جەرگی دایکانەوە
لەو ساڵانەدا کە خەڵکی ڕەشووڕووت لەژێر سێبەری فانۆسە کزەکاندا، نانی وشکیان بە فرمێسکی چاو تەڕ دەکرد، ڕادیۆکانی هەردوولا خەریکی پەمپکردنی ڕق و کینە بوون. مارشە سەربازییەکان نەک بۆ بەرگری لە خاک، بەڵکو بۆ هاندانی کوڕی هەژار بۆ کوشتنی برایەکی تری هەژار لێدەدران.

ئەو سەرکردانەی ئەمڕۆ لە کۆشکە مەرمرەکاندا وانەی “دیموکراسی”مان پێ دەڵێنەوە، هەمان ئەو کەسانەن کە فەرمانی “ڕەمی کردن”ی تاکی کوردیان دەدا. ئەوان بوون جەرگی هەزاران دایکیان سوتاند و شکۆی خێزان و ژنی کوردیان لە پێناو داهاتی خاڵە سنوورییەکاندا هەڕاج کرد. لەو چوار ساڵە نەفرەتییەدا (١٩٩٤-١٩٩٨)، هیچ پیرۆزییەک نەمایەوە کە نەیشکێنن؛ تەنانەت دەرگای ماڵەکەشیان بۆ سوپای بێگانە واڵا کرد تا بێن و براکانیان بۆ تێکبشکێنن.

بکوژانی دوێنێ؛ حەکیمەکانی ئەمڕۆ
ئەوەی ویژدان دەهەژێنێت، ئەوەیە کە دوای ئەو هەموو خوێنڕشتن و کاولکارییە، بکوژەکان لە “واشنتۆن” و “هەولێر” و “سلێمانی” پێکەوە دانیشتن، ماچی یەکتریان کرد و خاکی کوردستانیان وەک میراتی باوکیان لە نێوان خۆیاندا دابەش کرد. بێشەرمییەکەیان گەیشتە ئاستێک، وەک بڵێی هیچ نەیانکردبێت، ئەمڕۆ باس لە “مافی مرۆڤ” و “حوکمڕانیی ڕەشید” دەکەن. وا دەزانن بە ڕێککەوتنی سیاسی، خوێنی ئەو هەزاران گەنجە وشک دەبێتەوە؟ نا! هەر دڵۆپە خوێنێک کە ڕژا، وەک مۆتەکەیەک بەسەر خەوی کورسییەکانتانەوە دەمێنێتەوە.

کۆمەڵگای مەدەنی و ئەرکی دادگاییکردن
ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە کۆمەڵگای مەدەنی و ڕێکخراوە یاساییەکان لە قۆناغی “بێدەنگی” دەربچن. پێویستە ئەم دۆسیەیە ببرێتە دادگا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان. لێبوردنی سیاسیی نێوان حیزبەکان، مافی کەسیی قوربانییەکان نافەوتێنێت. دەبێت بکوژان و هەڵگیرسێنەرانی ئەو شەڕە، نەک وەک “سەرکردە”، بەڵکو وەک “تاوانباری جەنگ” مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. هیچ نیشتمانێک ئارامی بەخۆیەوە نابینێت تا ئەو کاتەی “سزادان” جێگەی “دەستخۆشی” دەگرێتەوە.

کۆتایی: پرسیارێک بۆ مێژوو
براکوژی تەنیا بیرەوەرییەکی سیاسی نییە؛ برینێکی کراوەیە لە جەستەی کوردستاندا. دادگای ڕاستەقینە، تەنیا هۆڵی دادوەرەکان نییە، بەڵکو ویژدانی ئەو میللەتەیە کە هێشتا ئازاری ئەو ساڵانەی لە بیر نەکردووە. مێژوو ڕەحم بە کەس ناکات و نەوەکانی داهاتوو هەمیشە ئەم پرسیارە لەو سەرکردایەتییە دەکەن:
«ئایا هیچ کورسییەک لەم دنیایەدا شایەنی ئەوە بوو، کە نیشتمانی لە پێناودا بکوژرێت؟»
دادگای مێژوو هێشتا کراوەیە، و حەقیقەت تەنیا چاوەڕێی کات دەکات بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی بدات.

هێمن عەلی