دیمەنی کۆمەڵگە: هونەر، وەرزش، سێکس و میدیا.. فەردا چەتین.. وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا

ئازادی؛ پایەی هۆشمەندی و هۆشیاری مرۆڤە بەرووی کۆیلەتی و دوورخستنەوە لە کۆمەڵگە و سروشت، هەروەها تەنگەبەرکردنەوەی ژیان. ئەم هۆشیاریەش دەکرێت بەدەستبێت لە رێی زانیارییەوە.
ئەنتۆنیۆ گرامشی،( زانیاری لە لایەن هیچ کەسێکەوە مۆنۆپۆڵ نەکراوە هەروەها هەموو کەسێک توانای بیرکردنەوەی هەیە. فەلسەفە دەستەیەکی تایبەتمەند نییە، یان خوێندنەوەیەکی زهنی نییە تایبەت بە فەیلەسوفەکان. هەموو بەشەرییەت فەیلەسوفن. هەروەها دەڵێ: لەو کاتەی مرۆڤەکان هۆشیار دەبنەوەو بە ناوی خۆیانەوە قسەدەکەن و هەڵسوکەوت دەکەن، نوێنەرایەتی میکانیزمی هێز بزردەبێت.)
پۆڵ میشێڵ فۆکۆ بەکەم سەیری ئەو باوەڕەی گرامشی دەکات سەبارەت بە رۆڵی تاک لەکۆمەڵگەدا. بەبڕوای ئەو، خەڵک پێویستی بەوەنییە کەسانێک فێریبکات بۆ ئەوەی راستییەکان بزانن. کۆمەڵگە هەموو شتێک بە روونی دەبینێت وە دەتوانێت ئاکامەکانی شیبکاتەوە. بەهەرحاڵ، دەسەڵاتێک هەیە رێگری دەکات و زانیارێکان بە قازانجی خۆی بەکار دێنێت.
گرامشی و فۆکۆ ئەوەمان پێدەڵێن، هەموو کەسێک توانای لێکجیاکردنەوەی چاکە و خراپە وبینینی راستێکانیان هەیە، ئەگەر چەواشەکارییەک نەخوڵقێنرێت بۆ رێگرتن لە بینینی راستێکان. ئۆجەلان رێبەری خەڵکی کورد ئەوەی روونکردۆتەوە کە هۆشمەندی گەشەناکات تاکو کۆمەڵگە گەشە نەکات، چونکە دەسەڵاتداران لە کۆنەوە بۆ ئێستا پیادەی ئایدیۆلۆژی بە کۆیلە بوونیان کردووە.
“ لە کۆمەڵگەی سۆمەری، نهۆمی سەرەوەی زیگۆرات (Ziggurat ( دانراوە بۆ خودای هۆشمەندی. نهۆمی ناوەڕاست بۆ ئەو ئایندارانەی کاروباری سیاسیان بەڕێوەدەبرد. نهۆمی خوارەوەش سازکرابوو بۆ پیشەوەران و جوتیاران کە لە هەموو بوارەکانی بەرهەمهێناندا کاریان دەکرد. ئەو مۆدێلە لە کۆنەوە بۆ ئێستا لە رووی ناوەرۆکەوە گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە، تەنها ئاست و قەبارەکەی گەورەتر بووە.”
بیرمەندە چەپە سۆشیالیستەکان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە دەسەڵاتدارێتی رەهایی ئەمڕۆ لەلایەن “ خودا نهێنییەکانەوە” بەڕێوە دەبرێت. چونکە باوەڕی سەرمایەداری کە هەڵگری مۆرکی زانستی مۆدێرنە لە رێی ئازادکردنی بازارو جیهانگیرییەوە رەوایەتی بە باڵا دەستی خۆیداوە بەسەر کۆمەڵگە و سروشتدا بەشێوەیەکی جیهانی.
جیهانگیری وەک یەک سیستمی جیهانی یەکسان و دادپەروەر نمایشدەکرێت، قودسییەتێک بە دونیای مۆدێرنەو کاپیتالیزم دەدرێت کە خاڵییە لە هەموو نەرێنییەکی مێژوویی و ئایدیۆلۆژی و گوناهی سیاسی.
جیهانگیری و جیهان وەک لادێیەک گفتوگۆی پێش خەوتنە، وێنەیەکی خەیاڵی لە مێشکماندا درووست دەکات کە هەموان تیایدا یەکسانن، هەموان براوەن، هەموان دڵخۆشن. لەگەڵ ئەوەشدا جیهانگیری ناوی سیستمێکە دەوڵەمەندەکان و هەژارەکان ئارەزوویانە دەستیان بە هەمان شت بگات، بەڵام تەنها دەوڵەمەندەکان لە توانایاندایە دەستیان بەوە بگات کە دەیانەوێت.
لەسەرێکەوە دەڵێن جیهان بۆتە لادێیەک، لەسەرێکی ترەوە ملیارەها دۆلار خەرجی بۆمبی ئەتۆمی دەکەن بۆ پاراستنی سنورەکانی ناو ئەو لادێیە. لەسەرێکەوە بە ئامار باس لەوە دەکەن کە چۆن کیسە نایلۆنی بازاڕەکان بۆتە مایەی پیسبونی ژینگە و بۆتە مایەی هەڕەشە لەسەر جیهان، لەدەستەکەی ترەوە وێستگە ئەتۆمێکان دەکەنەوەو دارستانەکان لەناو دەبەن.
لەگەڵ هەموو ئەمانەی کە ڕوودەدا، ملیۆنەها لە خەڵکی هەژار لە وڵاتانی جۆراوجۆرەوە بە پەرۆشەوە گوێبیستی ئەو هەواڵە دەبن کە ناسا ئەستێرەیەکی تری دۆزیوەتە کە بۆ ژیان گونجاوە وەک ئەلتەرناتیڤێک دەتوانرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا گەشتی بۆبکرێت.
لە ئاکامدا کەمینەیەک لە خەڵک کە مۆنۆپۆڵی سەروەت و سامانیان کردووە و وایانکردووە ئەم جیهانە بەکەڵکی ژیان نەیەت، هەوڵدەدەن خۆیان بدزنەوە لەو بەرپرسیارێتییەی شەڕو کوشتار و قەیرانی ئابوری و ڕوتاندنەوەی سروشت و بە شێوەیەکی گشتی لۆمەی کۆمەڵگە بکەن بە هەژاران و چەوساوەکانەوە.
ئەگەر خەڵک تێنەگەن لەوەی کە ڕوودەدات، ئەگەر رازیبون بەوەی کە دەسەڵات دەیانداتێ، پێویستیان بە گۆڕینی دەسەڵات نابێت. لەم کاتەدا تەنها ( ئازادی هەڵبژاردنیان) هەیە لەنێوان ئەو پێدانانەی دەسەڵات دەیخاتە پێشیان. گیدنس -Giddens- دەڵێ: ( هیچ هەڵبژاردەیەکمان نییە هەڵبژاردننەبێت) چونکە ئەوەی لەگەڵیدا بەرەو ڕووین ( کۆمەڵێک لە هەڵبژاردەی ئاڵۆزە).
سەرمایەداری پێویستی نوێ و جۆراوجۆری فەراهەم کردووە بۆ بەکارهێنان. داهێنانی پێویستی نوێ واتە دینامیکیەت و نوێبونەوەی سەرمایەداری. لێرەوە ئاوێزانی فیکرو پێویستییەکانی خەڵک دەبن. لەم خاڵەوە هەموو ئەم بوارانە تێکەڵاوی گەمەکە دەبن، تەلەفزیۆن، رۆژنامە، گۆڤار، ئیعلانات، سینەما، سێکس، بەشی مۆدە، کۆمەڵناس، دونیای خواردن، کەلتور و هونەر.
گرنگیدان بە پرۆسەی “ بەسەرمایەداریکردنی زانست، هێز و بەنامۆکردن لە کۆمەڵگەدا” ئۆجەلان رەگی ئەم لەبەریەکهەڵوەشانەوەیەی کۆمەڵگە و گەشەکردنی، بە مۆنۆپۆلکردنی زانست دەگەڕێنێتەوە بۆ هەمان پرۆسە.
“ئەوەی لە ئەمڕۆدا بۆتە جێگەی گفتوگۆ هەژمونی کۆمپانیا زەبەلاحە جیهانییە مۆنۆپۆلکەرەکانن کە توانیویانە گەورەترین هەڵکشان بە سەرمایەداری بدەن لە رووی مێژوییەوە، ئەمە پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە لەبەریەک هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگەوە هەیە. بەبێ پەرش و بڵاوکردنی کۆمەڵگە ناتوانرێت قازانجێکی بەمشێوەیە کەڵەکەبکرێت، بەبێ هیچ ئامرازێکی بەرهەمهێنان.” ناوەندی چارەسەری کێشە زانستێکان وەک مەزارگەیەک گۆڕاوە بۆ ناوەندی خوڵقێنەری کێشە، نامۆبون و هەژمونی ئایدیۆلۆژی.

کێشەو و قەیرانی زانکۆکان و ناوەندە ئەکادیمێکان رەگی لەناو ئەو دۆخەدایە. بۆیە دەسەڵاتداران، سەرکوتگەران، تەڵەکچێکان، ئەوانەی سەیری کۆمەڵگە دەکەن وەک سەرچاوەیەک بۆ چەوسانەوە، گرنگترین ئەرک و حیکمەتێک لە زهنیاندابێت وەک یەکمین کار بیرکردنەوەیانە لە کۆمەڵگە لەوەی چۆن بتوانن مۆنۆپۆڵی هۆشمەندی بکەن، ئەمە بەو مانایەی پەرستگە دەبێتە ئەرکی سەرەکی. پەرستگە دوو رۆڵ دەبینێت.
یەکەم، کۆنترۆڵی هۆشمەندی ئەرکێکی بنەڕەتییە بۆ زاڵبوون.
دووەم، زۆر گونجاو و لەبارە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمەڵگە و ئەو ڕوانگەیەی بەلایەوە بەهادارە.
هیچ کێشەیەک لە دووبارە بونەوە نییە: ئەگەر توانیت ئایکۆنەکانی نەتەوە، ئاین، سێکسیزم، وەرزش و هونەر بگۆڕی، ئەو کاتە دەتوانی کۆمەڵگە بەهەر ئاراستەیەکدا بتەوێت ببەی. دەستبەسەرداگرتنی هۆشمەندی بنەڕەتیترینە بۆ گەشەکردن، وادەکات کۆمەڵگە لەمڕۆدا کراوەتربێت بەڕووی سەرمایەی دراوی جهانیدا لەهەر سەردەمێکی تر.”
ئایا کۆمەڵگە و خەڵکانی سادە ئەم ناکۆکییە گەورەیە و ئەم زوڵمە زۆرە دەبینن؟
بەداخەوە، نا، چونکە رێپێدراونیین.
Arundhati Roy دەڵێ، خەڵک بە چاو بڕیار دەدەن.
خەڵک فێرکراوە هەژاری نەبینێت. چاویلکە لە چاو دەکەن بۆ رێگرتن لە بینینی چەوسانەوەو زوڵم و هەڵاواردنی جنسی و وێرانکردنی سروشت. بۆیە هەموو ناکۆکێکان وەلا دەنێن.
ئەوانەی مۆنۆپۆڵی زانیاری دەکەن لەڕێی بە دیلکردنی عەقڵمانەوە دێنە ناو ئەو زمانەی کە رۆژانە بەکاری دەهێنین؛ زمانێکی نوێ درووستدەکەن کە رێ بە تاڵانی و کوشتار و کوشتنی بە کۆمەڵ دەدات لە رێی هەڵاواردنی سێکسی و خاوەندارێتی تاکگەراییەوە.
سیستمی جیهانگیری وەک سیستمێک کە هەمووان تێیدا یەکسانین نیشان دەدرێت وە هەموو کەس تیایدا دەتوانێت براوەبێت. جیهانگیری و بەجیهانیکردن لە بری ئیمپریالیزم و ئیستعمار بەکار دەبرێت. لە جیاتی سەرمایەداری پێیان باشە بوترێت بازاڕی ئازاد. سەرمایەداری مانایەک دەبەخشێت واتە خاوەن سەرمایەو چەوسانەوە، بەڵام ئازادی وشەیەکی باشترە، بازاڕی ئازادیش ئازادی دێنێت.

ئەوانەی کۆمەڵ کوژی دەکەن و ئەوانەی بێدەنگی هەڵدەبژێرن لە بەرانبەر ئەم تاوانە و هەوڵدەدەن بە وشە پەردەپۆشی بکەن. لە جیاتی جەنۆساید وشەیەکی رەونەقدار بەکار دەهێنن (پاکتاوی رەگەزی).
پاساو بۆ داگیرکاری وڵاتانی تر دێننەوە بە درۆی ( شەڕ لە دژی تیرۆر).
ئەم کڵیشەیەیان وا ناساندووە ( پێویستی بێ کۆتایە، سامانیش دیاریکراو) وەریانگێڕا بۆسەر هەموو زمانەکانی دونیا،. بەهەر حاڵ پێچەوانەکەی راستە. پێویستی دیاریکراوە و سامانیش بەشی هەموو جیهان دەکات.
بەدەر لە زمان و بابەت هەمیشە و لە هەموو بۆنەیەکدا ئەم دەستەواژەیە بەکار دەهێنن ( ئەوە کێشەی خۆتە). ئەم دەستە واژەیە هەموو کەس لە دژی یەکتر بەکاری دێنێت. ئەمە دەربڕینێکی ئەبەدی سیستمی سەرمایەدارییە لە بەرانبەر هاوکاری کۆمەڵایەتیدا. بەڵام چی روودەدا کاتێک کەسانێک لەبەرانبەر ئەم بارو دۆخە نا مرۆڤانەیەی سیستمی سەرمایەداریدا دەوەستێتەوە؟
سەرەتا، رەوانە دەکرێن بۆ چارەسەر، خۆ چارەسەرکەریش باس لە چارەسەری شۆڕشگێڕانە ناکات. بەلای ئەوانەوە کێشەکە لە بارو دۆخەکەو گوزەرانیاندا نییە، بەڵام لەم سیستمەدا ئەو کەسەی نەیەوێت تێیدا بژێت و لەگەڵیدا بسازێت بە نەخۆش لەقەڵەم دەدرێت.
سەرەکیترین و بەرایترین کارێک کە دەکرێت ئەنجام بدرێت لە دایەنگە و قوتابخانە سەرەتایەکاندا فێرکردنی راهاتنە. مناڵان رادەهێنرێن بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ سەرکوت و چەوسانەوە لە سیستەمی سەرمایەداریدا. ئەو مناڵانەی جۆرێک پەیوەندیدارن بە سەربەخۆبوونەوەو پرسیار دەورژێنن لەبەرانبەر ئەو سیستمە، ئەوانە بە ناسەرکەوتوو لەقەڵەم دەدرێن، ئەو منداڵانەی تر کەدەبن بەکاڵای ئەو سیستمە بەسەرکەوتوو لەقەڵەم دەدرێن.
جۆرج ئۆروێڵ (George Orwell) لە کتێبەکەیدا بە ناونیشانی١٩٨٤ کە لە ١٩٤٩ نووسیویەتی: ئەوان لێمان دەگەڕێن بێئاگا و بێ زانیاریبین لەسەر ئەم بارودۆخە ترسناکە. ئەڵدۆس هۆکسڵی ( Aldous Huxley) لە ١٩٣٢ لە کتێبەکەیدا The Brave New World لەو کەسانە دەترسێ کە بایی ئەوە زانیارییان کەڵەکە کردبێت بۆ ئەوەی خەڵک بە ئاراستەی پاسفیست و خۆپەرستیدا بەرن.
لە رۆمانی١٩٨٤ ی جۆرج ئۆروێڵ ( خەڵک لە ژێر هەڕەشەی برسێتیدا کۆنترۆڵ کراوە. هەروەها لە رۆمانی (دونیایەکی نوێی ئازا ی ئەڵدۆس هۆکسڵی) لە فەوزادا رایاندەگرن، نوقمی خۆشییەکی بێلەزەت دەکرێن…
ئیدواردۆ گالیانۆ ( Eduardo Galeano) دەڵێ: ( بەفیرۆدان، خۆنمایشکردن و دڵڕەقی نابنە مایەی هەڵچونی ناوخۆیی، کارێکی سەیرە، هەموو شتێک تەنانەت رۆح دەکرێت کاری کڕین و فرۆشتنی پێوە بکرێت یان بەکرێ بدرێت و بەکار بهێنرێت… ئێمە هەموو بەشێکین لەم پرۆگرامە شوناس جۆراو جۆرە و سەتەلایتە جیهانیە. هەموو شتێکی ئەم گەردوونە تەفسیر کراوە بۆ ناوەندی هێز، تەفسیر کراوە بۆ سیستمێکی جیهانی لە درۆ). ئۆروێڵ و هۆکسڵی پشتڕاستی دەکەنەوە.
کەواتە، چیبکرێت لەبەرانبەر ئەم دۆخە رەشبینییە؟ چیدەکەیت؟
ئاوڕنەدانەوە لەوەی چ وانەیەک لە قوتابخانە و زانکۆکاندا دەخوێنرێت، هەواڵی رۆژنامەو بەرنامە تەلفزیۆنێکان و ئەندازیارە کۆمەڵایەتییەکان، لەوە تێبگەن کە ئەم سەرچاوە هەواڵیانە بێلایەن نین. پرسیارکردن و چالاککردنی هێزی خۆمان نیوەی چارەسەرەکەیە.
ناڕازیبوون ورەتکردنەوە، جوڵان بەشوێنخۆیدا دەهێنێت، چونکە کارکردن باشترین کارێکە بە ئاراستەی ئازادی خەڵکدا. ناڕەزایەتی، رەتکردنەوە و پرسیارکردن بەواتای ئەوە دێت تاک و کۆمەڵگە لە جیاتی ئەوان بیردەکەنەوەو خۆیان دەبنە سەرچاوەی زانیاری بۆ خۆیان. بەرهەمی زانیاری لە ڕێی ئەم هۆشیاریەوە دەبێتە مایەی تێکۆشان دژ بە دەسەڵات. ئەم هێزە لەم رێیەوە گەشەدەکات و سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت بەرانبەر ئەو هێزەی کە پێیوایە هێزێکە قابیلی تێکشکان نییە.

———————————

فەردا چەتین (Ferda Çetin)
دەرچووی کۆلێژی مافە لە زانکۆی ئیستانبوڵ. وەک رۆژنامەوان کاریکردووە لە هەتەنامەی Yeni Ülke هەروەها رۆژنامەی Özgür Gündem و Özgür Ülke ئەمانە هەموو لە تورکیا بڵاودەبنەوە، هەروەها Özgür Politika کەلە ئەوروپا بڵاودەبێتەوە. لەم کەناڵە تەلەفزیۆنانەش کاریکردووە، Med TV, Medya TV, Roj TV, Sterk TV and Med Nuçe TV. ئەندامی یەکێتی نووسەرانی فەرەنسا SNJو فیدراسیۆنی رۆژنامەوانی نێونەتەوەیی IFJ.

سەرچاوە:
Challenging Capitalist Modernity III
Documentation of the 2017 Conference
P55-59




كاریگه‌ریی ژینگه‌ له‌ سه‌ر زمانی دایك.. فێنک تەڵعەت


له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی ئابووری و ته‌كنه‌لۆجیا، كۆمه‌ڵگه‌كان به‌گشتی زیاتر به‌ڕووی یه‌كتردا كراونه‌ته‌وه‌. ئه‌گه‌ر له‌ كۆندا بازرگانی و دیپلۆماسیی هۆكاری سه‌ره‌كیی پێوه‌ندیی نێوان وڵاتان بوون و زیاتر چینه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان لێی سوودمه‌ند ده‌بوون، ئه‌وا له‌م سه‌رده‌مه‌دا گه‌شتوگوزار و تێكه‌ڵاوبوونی نه‌ته‌وه‌كان بووه‌ته‌ دیارده‌یه‌كی ئاسایی. ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵك، به‌تایبه‌تی گه‌نجان، وڵاتی خۆیان جێبهێڵن و ڕوو له‌ هه‌نده‌ران بكه‌ن.

چه‌ند هۆكارێك له‌ پشت ئه‌م كۆچكردنه‌وه‌ هه‌ن، وه‌ك: ناسه‌قامگیریی ئابووری و سیاسی، بێكاری، كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، گه‌ڕان به‌دوای ژیانێكی باشتر و هه‌لی خوێندن. بێگومان ژینگه‌ نوێیه‌كه‌ كۆمه‌ڵێك ئاسته‌نگ بۆ كۆچبه‌ران دروست ده‌كات، ناچاریان ده‌كات بۆ ڕاپه‌ڕاندنی كاروباری ڕۆژانه‌یان، زمانی دووه‌م (زمانی وڵاتی خانه‌خوێ) زیاتر به‌كار بهێنن.

به‌ تێپه‌ڕبوونی كات، منداڵانی كۆچبه‌ران زیاتر تووشی داخورانی زمانی دایك ده‌بنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی به‌كارنه‌هێنانی به‌رده‌وامی زمانه‌كه‌ و هه‌ندێك جاریش به‌هۆی هاوسه‌رگیریكردن له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی جیاواز. ورده‌ ورده‌ وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌ ڕه‌سه‌نه‌كان له‌ بیر ده‌چنه‌وه‌ و نه‌وه‌ له‌ دوای نه‌وه‌، زمانی دایك ده‌كه‌وێته‌ ژێر مه‌ترسییه‌وه‌. ئه‌گه‌ر ڕێگریی له‌م دیارده‌یه‌ نه‌كرێت، ئه‌گه‌ری له‌ناوچوونی زمانه‌كه‌ كاره‌ساتێكی چاوه‌ڕوانكراو ده‌بێت.

ئه‌م پرسه‌ ته‌نیا تایبه‌ت نییه‌ به‌ كورد، به‌ڵكو كێشه‌یه‌كی جیهانییه‌ و به‌شێكی زۆری زمانه‌كانی دنیا ڕووبه‌ڕووی هه‌مان مه‌ترسی بوونه‌ته‌وه‌. زمانی كوردیش هه‌رچه‌نده‌ یه‌كێكه‌ له‌ زمانه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند و دێرینه‌كان، به‌ڵام چ له‌ ناوخۆ و چ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، له‌ هه‌ردوو ئاستی نووسین و قسه‌كردندا ڕووبه‌ڕووی داخوران بووه‌ته‌وه‌.

یه‌كێك له‌ هۆكاره‌ ناوخۆییه‌كان، سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی په‌روه‌رده‌یی و گرنگیدانی زیاد له‌ پێویست به‌ زمانی بیانییه‌. هه‌ندێك خێزان و ناوه‌ندی په‌روه‌رده‌یی (به‌تایبه‌ت ناحكوومییه‌كان)، منداڵ له‌ ته‌مه‌نێكی زۆر بچووكه‌وه‌ ده‌خه‌نه‌ به‌ر خوێندنی زمانی بیانی، ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌ی به‌ ته‌واوی شاره‌زای زمانی دایكی خۆیان ببن.

ئه‌م كاره‌ وایكردووه‌ كه‌ خۆشه‌ویستیی منداڵان بۆ زمان و نیشتمانه‌كه‌یان كه‌م ببێته‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ توێژینه‌وه‌ زانستییه‌كان سه‌لماندوویانه‌، باشترین ته‌مه‌ن بۆ فێربوونی زمانی دووه‌م، ته‌مه‌نی (٩-١٠) ساڵییه‌، واته‌ دوای ئه‌وه‌ی منداڵ به‌ته‌واوی له‌ زمانی دایكیدا قاڵ ده‌بێته‌وه‌. ده‌رئه‌نجامی ئه‌م سیاسه‌ته‌ په‌روه‌رده‌ییه‌ ناته‌ندروسته‌، به‌ڕوونی ده‌بینرێت، ئێسته‌ له‌ ناو منداڵاندا توانای ده‌ربڕینیان به‌ زمانی كوردی لاوازه‌. بێگومان خێزانه‌كانیش، به‌تایبه‌تی دایكان، پشكی شێریان له‌م به‌رپرسیارێتییه‌دا به‌رده‌كه‌وێت.

پێشنیاز بۆ چاره‌سه‌ر:
بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داخورانی زمانی دایك، پێویسته‌ كار له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه‌ بكرێت:
١. چاكسازی له‌ سیستمی په‌روه‌رده‌: پێداچوونه‌وه‌ به‌ پرۆگرام و شێوازی وانه‌گوتنه‌وه‌ و ڕه‌چاوكردنی ته‌مه‌نی گونجاوی منداڵ بۆ فێربوونی زمانه‌كان.

٢. پێڕه‌وكردنی پرۆگرامی نیشتمانی: گرنگیدان به‌ وانه‌ی نیشتمانی و مێژوو و ئه‌ده‌بی كوردی له‌ هه‌موو قۆناغه‌كانی خوێندندا.

١. په‌ره‌پێدانی زمانی ستانداردی نه‌ته‌وه‌یی: كاركردن بۆ زمانێكی ستانداردی یه‌كگرتوو كه‌ له‌ سامان و وشه‌ی هه‌موو زاراوه‌كان (سۆرانی، كورمانجی، هه‌ورامی، كه‌ڵهوڕی، زازاكی و…) سوود وه‌ربگرێت و له‌ ناوه‌نده‌ فه‌رمی و په‌روه‌رده‌ییه‌كاندا به‌كار بهێنرێت.

٢. ڕۆڵی خێزان: پێویسته‌ گفتوگۆی ناو ماڵ، به‌تایبه‌ت له‌ خێزانه‌ كۆچبه‌ره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات، به‌ زمانی كوردی بێت بۆ ئه‌وه‌ی منداڵان له‌ زمانه‌كه‌یان دانه‌بڕێن.

٣. ڕێكخستنی چالاكیی كولتووری: ئه‌نجامدانی كۆڕ، كۆبوونه‌وه‌ و چالاكیی نه‌ته‌وه‌یی و كولتووری به‌رده‌وام بۆ كوردانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات.

٤. بووژاندنه‌وه‌ی ژیانی ئه‌ده‌بی: ناوه‌نده‌كانی خوێندن و ڕۆشنبیری ده‌توانن مانگانه‌ كۆڕی ئه‌ده‌بی و شیعری كوردی ساز بكه‌ن بۆ هاندانی خوێندكاران.

٧. پته‌وكردنی پێوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان: هاندانی تێكه‌ڵاوی و پێوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری له‌ نێوان ناوچه‌ جیاوازه‌كانی كوردستاندا، بۆ دروستكردنی نه‌وه‌یه‌كی یه‌كگرتوو و نیشتمانپه‌روه‌ر.

تێبینی:
وشه‌ی داخوران ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌و قۆناغه‌ی كه‌ زمان تێیدا به‌ره‌و لاوازی و پووكانه‌وه‌ ده‌چێت، ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، قۆناغی دواتر له‌ناوچوونی ته‌واوه‌تییه‌.

فێنک تەڵعەت




كورد لە نێوان مانەوەو خۆییبووندا.. سەدیق سەعید ڕواندزی

میكانیزمی بەرگریی و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكان لە سەر بوون و ژیاندا، ویستێكی خۆرسكانە و فیزیكییانەی هەموو بوونەوەرێكە، بە ئامانجی بەرگریی لە خۆكردن و مانەوەی لە ژیاندا. ئەم ویستە، لە دۆخی مەترسیی و هەڕەشەدا لە هەموو كاتێك زیاتر كارایە، چونكە كاردانەوەی ئەو هەڕەشەیە، كە مەبەستیەتی كۆتایی بە بوون بێنێت. لەو سۆنگەیەوە كورد وەك نەتەوەیەك بە ئێستاشەوە، هەمیشە لە ژێر هەڕەشەی نەمان و سڕینەوە و توانەوە دایە، بۆیە بەرگریكردن تاكە بژاردەی داكۆكیكردن بووە لەو مانەوەیە و پارێزگاری لە ناسنامەی نەتەوەیی. ئەمە زۆرجار بە گوتاری مانەوە ناو دەبرێت، كە گوزارشت لە مانەوە وەك نەتەوە دەكات. ئەم گوتارە گەلێك جار لای نووسەران و بەشێكی سیاسییەكان، دەكرێتە ڕەخنەیەكی سیاسی و ئاراستەی كورد خۆی دەكرێتەوە، كە بۆچی ئەم نەتەوەیە هەر تەنها لە چوارچێوەی ئەم گوتارەدا ماوەتەوە و هەوڵی خۆییبوون و سەلماندنی خۆی نەداوە، وەك ئەوەی بەختیار عەلی لە كتێبی گوتاری مانەوە و مەسعود باباییش لە نووسینێكی دا، كە لە ڕۆژنامەی كوردستانی نوێ بڵاویكردۆتەوە باسی دەكەن. بێگومان لە دۆخێكدا، كە نەتەوەیەك تەنها بواری ئەوەی هەیە، بەرگریی لە خۆی بكات و گەر ئەو بەرگرییە نەمێنێت، دەسڕدرێتە وە ولە نێو دەچێت، چۆن دەتوانێت خۆی بێت و بیسەلمێنێت كە خۆییانە بوونی هەیە؟ كاتێ نەتەوە دەكەوێتە بەردەم نەمان، بژاردەی سەرەكی تەنها لەو بەرگریەدایە كە نەتەوە دەپارێزێت، ئیدی هەموو بوارەكانی دیكەی ژیان لە پەراوێز دەبن. لەو سۆنگەیەوە كە كورد وەك نەتەوەیەك، هەمیشە لە نێو گوتاری مانەوەدایە، ئەوا زەبرە مێژوویی و سیاسی و جیۆپۆلەتیكیەكە، ئەو فاكتەیان سەپاندوو، نەك ئەوەی كورد هەر بۆ خۆی خەونی سیاسی گەورەتری لەوە نەبێت، كە بوونی خۆی بسەلمێنێت و خۆیی بێت. ئەم واقیعە، وەك ئەوە وایە، جەلادێك داوا لە زیندانییەك بكات لە نێو زینداندا، بوونی ئازادانەی خۆی و سەربەستییەكەی بسەلمێنێت، لە كاتێكدا هەموو پانتایی ژیانی ئەو لەو چوار دیوارە سەپێنراوەدایە كە زیندانییەكە تیایدایە. بۆیە ئەوانەی ڕەخنە لە كورد دەگرن كە هەر لە هەوڵی مانەوەدایە، ئەوا بڕوام وایە هێشتا ماویانە لە واقیعی كۆمەڵایەتی و سیاسی كۆمەڵگەكەی خۆیان بگەن، كە لە چ بارودۆخێكدایە. ئێمە لە جوگرافیایەك دەژین، تەنراو بە دوژمنان، وڵاتێكی دابەشكراوین و لە ڕۆژهەڵاتێك داین، كە هەمیشە شوێنی شەڕ و ئاژاوە و ململانێ بووە، بۆیە ئەوەی كورد توانیویەتی بیكات، تەنها پارێزگاریكردن بووە لە خۆی كە ئەمەش گەورەترین شانازیی مێژوویی و سیاسییە، چونكە هەر ئەو گوتارەیە كوردی وەك نەتەوەیەك هێشتۆتەوەو ئەوانەی ئەم گوتارە، بە گوتاری قەتیس بوون لە نێو خۆدا و خۆیینەبوون و خۆ نەسەلماندن لێك دەدەنەوە، پاساویی ئەو ڕەخنەیان زۆرجار بەراوردكردنی نەتەوەی ئێمەیە، بە نەتەوەكانی دیكەی دنیا، كە ئەمەش لێكدانەوەیەكی زۆر نالۆژیكی و نا سیاسیە، چونكە كاتێ ئەڵمانییەك خۆی سەلماندووە و توانیویەتی خۆی بێت، ئەوا هیچ مەترسییەكی نەمانی نەبووە، گریمان ئەگەر لە جەنگێكیشدا بەر هەڕەشەیەكی لەو شێوەیە كەوتبێت، ئەوا وەك مێژوو كۆتایی هاتووە، بەڵام كێ دەتوانێت گرەنتی ئەوە بكات، كورد بەیانی چی لێ نەیەت؟ ئێمە هەموومان چەند ساڵێك بوو، لە دۆخێكی ئاسایی و كۆمەڵایەتی و سیاسیی جێگیر و ئاشتەوایی دەژیاین، كەچی لە پڕ هێزێكی تاریك پەرست و دواكەوتووی ئیسلامی وەك داعش دەركەوت و شەڕێكی گەورەی بێ ئامانجی بە سەر ئێمەدا سەپاند و گەر بەرگرییەكانی پێشمەرگە و قوربانیدانەكانی نەبووایە، ئێستا كوردستان سەدەیەك دەگەڕایەوە دواوە، كەواتا چۆن نەتەوەیەك دەتوانێت خۆی بێت، یان بوونی سیاسییانەی خۆی بسەلمێنێت، گەر سەروەریی، دەوڵەتێكی بەهێز، ئاسایشێكی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری جێگیری نەبێت؟ لەم دۆخانەدا، كورد دەتوانێت هەر ئەوە بكات كە لە گوتاری مانەودا بەرجەستە دەبێت، ئەوانەشی ڕەخنە دەگرن كە كورد ناتوانێت خۆی بسەلمێنێت، دیارە لە تێڕوانینی خۆیانەوە واقیعەكە دەبینن، نەك ئەوەی كە هەیە!لە ڕاستیشدا، ڕۆشنبیری كورد كاتێ ناتوانێ هێزی گۆڕانكارییەكان بێت، ئەوا لە بەر ئەوەیە یان لە دوای كۆمەڵگەكەیەتی، یان سەد فرسەخ لە پێشەوەیەتی، لە كاتێكدا دەبێ لە نێو جەرگەی واقیعەكە و هاوتەریب لەگەڵ كۆمەڵگەكەی بڕوات، تا بە وردی درك بە خەوشە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان بكات و بزانێت كەمو كورتی و خەوشەكان لە كوێن، نەك بە ئەقڵێكی خۆرئاوایانە بڕوانێتە نەتەوەیەك كە ئێستا لە هەموو كات زیاتر، باجی ململانێ و شەڕێك دەدات، كە هیچ پەیوەندییەكی بە ئەوەوە نییە.

*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی كوردستانی نوێ ژمارە( 9659) لە 18/5/2026 بڵاوكراوەتەوە.




چەقەبەستوویی سیاسی و خێڵگەرایی.. سەلام عومەر

كاتێك بەرژەوەندیی حزبی خەونی هەموان دەخاتە مەترسیەوە، خێڵەكان زیندوو دەبنەوە و میلیشیاش چەكەكانی پاك دەكاتەوە، ئەوە چەقینی یاسایە لەنێو قوڕی دەسەڵاتێكدا كە بەنەقیزەش دەرچوونی ئەستەم دەبێت، لێرەدا رەشماڵەكانی دەسەڵات شەماڵێك دەتوانێ‌ لوولی دبدا.
هەرێمی كوردستان لەوەتەی هەیە هەر بەقۆناغێكی مێژوویی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، كە كەمتر مێژووی هاوچەرخی كوردی بەقەت ئەمڕۆ تێبینی حەزی تاكەكان و فراوانی بنەماڵەكانی كردووە، ئەو دەستكەوتە نیشتمانی و دەستوورییانەی كە بە خوێنی هەزاران شەهید و قوربانیی بێشوماری گەلەكەمان هاتنەدی، دواجار نەك هەر نەیانتوانی ببنە سەكۆیەك بۆ ئارامی و خۆشگوزەرانی، بەڵكو ئەمڕۆ لە بەردەم مەترسییەكی ڕاستەقینەی ناوخۆیی و دەرەكیدان، پاڵنەری سەرەكی ئەم مەترسییەش، چەقینی پەرلەمان و پێداگریی خێڵەكیانەیە لەسەر دەسەڵات و پشتبەستنی دوو حزبی باڵادەستە بە ستراتیژی سڕكردنی دۆخەكە لەپێناوی بەرژەوەندییە كۆنەكانیاندا.
پەرلەمان كە دەبێت ڕەنگدانەوەی ئیرادەی گەل و جێگەی یەكلاكردنەوەی قەیرانە نیشتمانییەكان بێت، بەهۆی ململانێی دوو بنەماڵەی سەرەكییەوە تووشی ئیفلیجی و چەقین بووە. ئەم چەقینە تەنها كێشەیەكی یاسایی یان كارگێڕی نییە، بەڵكو ڕەنگدانەوەی عەقڵییەتێكی خێڵەكی و عەشایەریی سیاسییە كە تێیدا باڵادەستی و قۆرخكاریی هێز لەپێش هاوڵاتیبوون و دامەزراوەییەوە دادەنرێت.
ئەم دوو حزبە كاتێك ناتوانن لەسەر دابەشكردنی كورسی دەسەڵات ڕێكبكەون، پرۆسەی پێكهێنانی كابینەكانی حكومەت دوا دەخەن و دامەزراوە دەستوورییەكان پەكدەخەن، یان دەیكەنە منەت و بەبێبەرامبەر بە هاوڵاتیانی دەفرۆشنەوە، هاوكێشەكە ڕوونە: پشكی زیاتر لە هەرێمێكی پارچەكراو و لاوازدا، لای ئەوان هێشتا بەنرخترە لە هێشتنەوەی هەرێمێكی بەهێز و یەكگرتوو، ئاكامی ئەم جۆرە بیركردنەوەیەش، ڕیشەكێشكردنی هێواشی ئەو خەونە مەزنانەیە كە گەلەكەمان دەیان ساڵە چاوەڕوانی دەكات.
ئەوانەی ئەمڕۆ لەپێناوی دەسەڵاتی زیاتردا كۆسپ دەخەنە بەردەم یەكڕیزی، تێناگەن كە لە كاتی هەر داڕمانێكی قەوارەكەدا، خۆیان دەبنە نیشانە و یەكەم گوللەی هەرێمایەتی بەر جەستەی ئەوان دەكەوێت، چونكە هێزە ناوچەییەكان ڕێز لە لایەنی لاواز و پارچەبوو ناگرن و هەمیشە بەنێو درزەكاندا دێن و هەوڵی فراوانكردنی دەدەن، وەك ئەو پلانە ژەهراویانەی هەڵیدەدەنە سەر مێزەكانی هەردوولاو ئەوانیش دژی یەكتری نۆشی دەكەن.
ڕۆژانە لە میدیاكان و لێدوانی بەرپرسانی ئەم دوو لایەنەدا، شایەتی شەڕە دەنووك و قسە نەقیزە ئاساییەكانین، قسەگەلێك كە تەنها بۆ برینداركردنی یەكتری و ڕاكێشانی سۆزی كاتیی سەرشەقام بەكاردێن، پرسیارە جەوهەرییەكە لێرەدایە، ئەگەر ئەو وزە و كاتەی بەم جۆرە دژایەتییە بەفیڕۆ دەدرێت، بخرایەتە خزمەت گفتوگۆیەكی كراوە و نیشتمانی، ئایا دۆخەكە بەم ئاستە دەگەیشت؟
ئاخر تاكڕەوی لە بڕیاردا هەمیشە شكست دەهێنێت، پێویستە حزبە باڵادەستەكان گوێ لە هێزە سیاسییەكانی دەرەوەی خۆیان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و نوخبەی ڕۆشنبیر بگرن، پۆشاكی خێڵ و بنەماڵە لەخۆیان بكەنەوە و چاو لە رابردوو بكەن تا ئایندەیەكی گەش بۆ هاوڵاتیان بدۆزنەوە ئەوكات گفتوگۆی نەرم لەپێناوی هاوڵاتیاندا رێگەی دەرباز بوونیان دەبێت و دەبێت ئامانجی كۆتایی ڕێككەوتنەكان دابینكردنی بژێوی و خۆشگوزەرانی و پاراستنی كەرامەتی هاوڵاتیان بێت، ئەوكات زمانە زبر و تیژەكان دەگۆڕێن بۆ زمانی لێكتێگەیشتن.
كاتێك نیەتەكان بەرەو خزمەتی گشتی و نیشتمانی وەربچەرخێن، گەورەترین كێشە سیاسییەكان كە ئێستا وەك كێوی سەهۆڵین دەبینرێن، تائاستی بیرچوونەوە بچووك دەبنەوە، جیاوازیی بیروڕا لە سیستمی دیموكراسیدا دیاردەیەكی تەندروستە، بە مەرجێك نەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ماڵی كوردی لەبەردەم باهۆزە دەرەكییەكاندا، ئەو باهۆزانەی لە سنوورەكانەوە دێن و خەریكە تاوڵی خێڵەكان و دیوەخانی بنەماڵەكان لوولدات.

كاتی ئەوە هاتووە پاشەكشە بە عەقڵییەتی خێڵگەرایی سیاسی بكرێت و بنەمای هاوڵاتیبوون و پاراستنی خوێنی شەهیدان بكرێتە پێوەری سەرەكی تەنها لەو كاتەدا دەتوانین دڵنیابین كە گوللەی نەیاران ناگاتە جەستەی ئەم قەوارەیە و مێژووش بە شانازییەوە باسی ئەم قۆناغە دەكات.




گەلەری ئارام\ ئالان بادیۆ و چاخی شاعیران .. کۆڕی د.ئازاد حەمە




کۆچەرییەکانی ناو شاخوێن.. مستەفا جەلال

ڕۆحم ئاوازی کۆچەرییەکانی بۆ ئاشنایە؛
بە سازی بێ وەتەر و
شمشاڵی بێ کون
ئازار بڵاو دەکەنەوە.

قافڵەکان لە ناو سییەکانمدا خەریکی کێشانی نەخشەی کۆچن،
جەستەی منیان وەک خاکێکی بێخاوەن دۆزیوەتەوە؛
بۆنی سووتانی ئەو ڕێگایانەیان لێ دێت کە هەرگیز نەیانبڕی،
بۆنی ئەو هیوایەیان لێ دێت کە هێشتا مێژوو ناوی نەناون.

شمشاڵەکان، تەقینەوەی ئەو هاوارانەن کە لە گەرووی زیندانییەکاندا خنکاون،
بۆ ئەوەی بێدەنگی تەنیا جۆرێکی تری قیژە بێت
بەڵام بە ئەلفوبێی کلس و خۆڵ.

لەمە بەدواوە بیابانێکم لە ناو کیسەیەکی نایلۆندا.
کۆچەرییەکان لە ناو دەمارەکانمدا خێوەتیان هەڵداوە و
بە بزماری ژەنگگرتووی یادەوەری،
دڵم لە قووڵایی ئەم زەوییە نامۆیەدا دەچەقێنن.

بۆیە سازی بێ وەتەر دەژەنن؛
دەزانن..
کە ڕێگەکان هەمیشە بەرەو “هیچ” دەچن،
چونکە تەنیا ئەو “نەژەنراوانە” ڕاستین،
تەنیا ئەو برینانە پیرۆزن کە شوێنەواری چەقۆیان پێوە نییە.
خۆزگە دەبوومە ئەو تۆزەی کە لە ژێر پێی “گوێدرێژەکانیاندا” دەبێت بە ونبوون،
نەک ئەم هەموو ئاگاییەی کە وەک بەرد لە گەروومدا جێ ماوە.
من نەوەی ئەو سێبەرانەم کە خۆر نەیدەویستن،
ئاوازی ئەو کۆچەرییانەم کە تەنانەت خاکیش ڕقی لێیانە.




لە یادگەی مندا.. شیعری: هەنگاو ئەسکەندەر

سەرینم قوڵەو یادگەم پێدەشت
مەگەر سەرەتا وشەکە نەبوو؟
ئەی گوناهی دەرکراوم
جێم مەهێڵە
مۆری غەریبی لە سێوەکەم مەدە
داستانی زین و مەمێکی تر لە ملم گرێ مەدە
نە بایەک، نە ووردە لمی ژێر پەرستگایەک
بەسەر نزای چاوی سپیمەوە هاژەی نەکرد
تەوژمێک لە هەوەسی خودام نۆشکردووە
وەک خۆی شەوەکانی ڕووتە و بێ خەون هەناسە دەدا
لارسام، تینووی هەتاوە
درز کەوتۆتە ڕوومەتم
شێوەی لە کۆتا هەنسکت دەکا
سەیرانم نشێوەو خەمم سپیندار
ڕوحم دەڕژێ و تۆش هەواری خاڵی