ئەنتی- شانۆ (پێویستیی بوونی مێژوویەك بۆ ڕەتكردنەوە).. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

شانۆ هونەرێکی زیندوو و ڕووبەڕووە، بۆیە کاریگەرییەکی خێرای لەسەر بیرکردنەوەی مرۆڤەکان هەیە؛ لێرەوە کاتێک باسی شانۆی ئەزموونگەری لەبەرانبەر شانۆی تەقلیدیدا دەکەین، لەڕاستیدا باسی شۆڕشێکی جیاواز دەکەین، دژ بەو یاسا و ڕێسایانەی کە بۆ زیاتر لە دوو هەزار ساڵ بەسەر جیهانی درامادا باڵادەست بووە.
كەواتە پێش هەموو شتێ شانۆ پێویستی بە بنەمایەكی پتەوی فیکری و مەعریفی هەیە! ئەو بنەما فیكری و مەعریفییە لە (شانۆی ئەزموونگەری كوردی)دا سەرەتاكانی دەركەوتبوو… بەڵام بۆچوونە ڕەخنەییەكەی (شانۆ دژی شانۆ- شانۆی کوردی بە نموونە) کە لە لایەن دەرهێنەر و ڕەخنەگر (حەمەسوار عەزیز) لە کۆڕی ٢١ی مەی ٢٠٢٦ بارەگای لقی یەکێتیی نووسەرانی کورد- هەولێر پێشکەش کرا؛ ئەوەندەی هاوارێک بوو: بۆ شانۆی (نەتەوەیی-نەریتگەری) و (بینەر وەك سەپۆرتەر)، قسەكردن نەبوو لە بنەما هونەرییەكانی شانۆی ئەزموونگەری كوردی… پرسیارەكە ئەوەیە: ئەگەر شانۆی (نەریتگەریی) کوردی بنەمایەکی فیکری و مەعریفی پتەوی نەبێ، چۆن قسە لە (ئەنتی شانۆ) بکەین؟!.

بۆ ئەوەی شانۆیەکی ڕاستەقینەمان هەبێت، دەبێت ئەو شانۆ باوەی ئێستا هەیە تێکبشکێنین.
(ئەنتۆنین ئارتۆ)

(1)
لە شانۆی تەقلیدیدا، ئەکتەرەکان وا ڕەفتار دەکەن کە بینەر بوونی نییە (دیوارێکی خەیاڵی هەیە لە نێوانیاندا)؛ شانۆی کلاسیکی، نەتەوەیی یان بازرگانی ئاوێنەیەکە تەنها ئەوەت پێشان دەدات کە دەتەوێت بیبینیت؛ بەڵام لە شانۆی ئەزموونگەریدا ئەم دیوارە دەڕوخێنرێت؛ ئەکتەرەکان ڕاستەوخۆ قسە لەگەڵ بینەر دەکەن، دێنە نێو هۆڵەکە، و زۆرجار بینەریش دەکەنە بەشێک لە نمایشەکە… بە مانایەكی دیكە لە شانۆی تەقلیدیدا هەستی پاڵەوانەکان لەڕێگای چیرۆک و سۆزەوە دەردەبڕێت! بەڵام (شانۆی ئەزموونگەری لە دەرەوەی ڕێسا کلاسییەکانی نووسین و نمایشكردنەوە، تاقیکردنەوەیەکی بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی شێوازی نوێی پەیوەندیكردن لەگەڵ بینەردا)… واتە بە ڕوخاندنی (دیواری چوارەم)ی شانۆی تەقڵیدی و ڕەتکردنەوەی گێڕانەوەی سۆزداری و هێلیی چیرۆکەکان، دەیەوێت لەڕێگای شۆککردن و تەکنیکی نوێوە، ڕاستی کۆمەڵایەتی و سیاسی بە ڕووتی نیشانی بینەر بدات تا ناچاری بکات بیر بکاتەوە و پرسیار و گومانی لا دروست بێت، نەک تەنها غەرقی گریان یان پێکەنین ببێت! بەو مانایە تێڕوانینە جیاوازەکانی (سامۆیل بێکێت، یۆنێسکۆ، برێشت، ئارتۆ… ) لەسەر جەستەی شانۆیەکی خاوەن دەسەڵات و مەعریفەی چەسپاو لەدایک دەبێت.
(2)
مرۆڤایەتی پێویستی بە گواستنەوەی واقیع نییە، كە لە ناویدا دەژی؛ دووبارە بەرهەمهێنانەوە داهێنان نییە، داهێنان کاتێک ڕوودەدات کە هونەرمەند دەڵێت: من واقیع دەبینم، بەڵام ڕازی نیم بەم شێوازەی کە هەیە؛ داهێنان هەنگاونانە بەرەو نادیار؛ داهێنەر واقیعێكی نوێ و شێوازێكی نوێ بەرهەم دەهێنێ؛ ئەگەر (بێکێت) بە جیاوازییەكانییەوە شانۆی گەیاندبێتە لووتکەی بێدەنگی و چاوەڕوانیی پووچگەریی، بەتەواوی نیگای نێرینە و چێژی بینینی كوشتبێ… (ئارتۆ) شانۆی بردبێتییە سەر لووتکەی هاوار و شۆککردنی دەمارەکان، یان بە مانایەكی دیكە هەوڵیدابێ بینەر لە کورسییەکەی دابماڵێت و ڕاستەوخۆ توشی شۆکی بکات… ئەوا دەرهێنەر و شانۆکارانی ئەزموونگەری و (ئەزموونگەری کوردی) لە دوای کارەساتە گەورەکانی وەک (کیمیاباران، ئەنفال و براكوژی)، شۆڕشێکی ڕاستەقینە و ئامانجێکی جیاوازی فیکرییان لە فۆرمی درامای کوردیدا بونیاد ناوە؛ ئەوان درکیان بەوە کرد کە زمانی باو و گێڕانەوەی ڕیالیزمی تەقڵیدی، پەکەکەوتەیە لەبەردەم قەبارەی ئەو شۆکە دەروونییەی بەسەر مرۆڤی کورددا هاتووە؛ بۆیە لەڕێگای شانۆی جەستە و شانۆی فەزا… دەیانویست کاتێک بینەر لە هۆڵەکە دێتە دەرەوە، وێنەی برینەکان وەک تاتۆ لەسەر جەستەی بمێنێتەوە، ئەمەش وەک هەوڵێکی فیکری و مەعریفی نوێخوازانە، شانۆی کوردی بەرز کردەوە.
شانۆی ئەزموونگەری کوردی، تەنها گۆڕینی نمایشکردنێكی جیاواز نەبوو، بەڵکە هەوڵێکی فیکری بوو، بۆ دەربازبوون لە (شانۆی نەتەوەیی-نەریتگەرا)؛ بەو مانایە شانۆی ئەزموونگەری بریتی بوو لە تێپەڕاندنی سنوورەکانی بینین و گێڕانەوەی باو… بەڵام ڕەنگە پرسیاری سەرەكی (حەمەسوار عەزیز) ئەوەبێ: ئایا شانۆی كوردی بە گشتی چی لێماوەتەوە؟! چونكە بە بڕوای ئەو کاتێک بەرەی ئەزموونگەری فۆرمە مۆدێرن و پۆست-مۆدێرنەکانی ئەورووپایان (کە لەسەر بنەمای پووچگەرایی، دابڕانی مرۆڤی ڕۆژئاوایی و شۆککردنی بینەر دروست ببوون) بۆ ناو کۆمەڵگای کوردی گواستەوە، هێشتا کوردی لە قۆناغی ڕزگاری نەتەوەیی و خێڵەکی و شانۆی ناتەواودا بوو؛ واتە ئەوان هاتن دابڕانێکی جیاوازی مەعریفییان لەگەڵ ڕەوتی (بیركردنەوە و شانۆی ناتەواوی كوردی) دروست كرد و لەوێوە بینەری کوردییان دووچاری سەرلێشێوان كرد! ئیتر بینەری كوردی كە بە چیڕۆكی ڕیالیزمی تەقڵیدی پەروەردەكرابوو، نەیدەتوانی لەو کۆد و هێما جەستەییە ئاڵۆزانە بگات، لە ئەنجامدا شانۆ- هۆڵەکانی چۆڵکرا و دیوارێک لە نێوان شانۆ و خەڵکدا دروستبوو.
(3)
بە بڕوای من (وەك بینەرێكی شانۆ) هەموو ئەو خوێندنەوە ڕەخنانەی كە لە دنیای (شانۆ بەگشتی) قسە لە ململانێی نێوان فۆرمە نەتەوەیی/ واقیعییەکان و ئەزموونگەراكان و شانۆی وێنەیی و شانۆی پاش دراما… دەكەن؛ پەرچەكردارن، بڕوایان بە داهێنان و جیاوازی نییە.
بە كورتی (شانۆی نەتەوەیی) لەسەر هاوسۆزیی ڕاستەوخۆی گشتی و بەرگری نەتەوەیی كار دەكات؛ بەڵام ئەگەر بیەوێت لە ئاستی جیهانیدا دەنگ بداتەوە و لە ئاستی ناوخۆشدا هۆشیارکەرەوە بێت، نابێت تەنها ببێتە نمایشێکی نەتەوەیی، بەڵكە دەبێت پرۆسەیەکی نەتەوەیی بەردەوام بێ: بۆ خۆدۆزینەوە! واتە كۆی ئەو نیگایانە تێبشکێنێت کە هەموو جارێک نەتەوە وەک ئۆبژەیەکی جوان دەخاتە بەرچاوی بینەر تاوەکو هەست بە خۆبەزلزانی یان خۆپارێزی بکات… (شانۆی واقیعی) وەک کاردانەوەیەک دژی ڕۆمانسیزم و کلاسیسیزمی باو، ئامانجی ئەوە بوو ژیانی ڕاستەقینەی مرۆڤەکان و کێشە کۆمەڵایەتییەكان… بخاتەڕوو؛ هەمیشە بۆ ڕاستی ئەمەکداربووە… (شانۆی ئەزموونگەری) خۆی لە یاخیبوون و شکاندنی قاڵبە باوەکان دەبینێتەوە و دژ بە تەواوی ڕێسا و یاسا چەسپاوەکانی شانۆی کلاسیک و ڕیالیستییە…
دەمەوێ بڵێم ئەگەر قسە لە تێز و ئەنتی تێز بكەین، لە شانۆی كوردیدا هەموو ئەو كێشە و بەدحاڵیبوونانە و قسە و باسی ململانێ و دژەكان و زێتریش… وەک تێز و ئەنتی تێز دەرناكەوێت، وەك هونەری داهێنان و قبووڵكردنی جیاوازی نییە… هەڵبەتە شانۆی نەتەوەیی- نەریتگەریی كوردی لە داهێنان و جیاوازی لەدایك نەبووە، لەسەر بنەمایەكی قووڵی ڕەخنەی زانستیی و عەقڵانییەتێکی نووسراو بونیاد نەنراوە… ئایا بەبێ بنەمایەکی مەعریفی، دەتوانرێت چەمكی «دژ» بونیاد بنرێت، كە نازانێت دژی چی دەوەستێتەوە؟! كەواتە نەخۆشییەكە پەیوەندی بە چەمكی ئەنتی شانۆوە نییە، ئەنتی شانۆ لە بنەڕەتدا پڕۆسەیەکی ڕەخنەیی و دیالێکتیکی جیاوازە، بەرانبەر سیستمێکی چەسپاو و پتەو.
(4)
هەموو «دژایەتییەک» پێویستی بە «ناسینی بەرانبەر» هەیە؛ بێکێت بۆ تێکشکاندنی کات و زمانی تەقلیدی پێویستی بە مەعریفەیەكی جیاوازی هونەری و هەرسكردنی شانۆیی پێش خۆی هەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستی بە دنیابینی سەردەم هەبوو! دژە-شانۆ تەنها هەڵوەشانەوە نییە، بەڵکو دامەزراندنەوەیە؛ ئەگەر شانۆیەك لەسەر بنەمای فیکری دانەمەزرابێت، ناتوانێت «دژە-شانۆ» بەرهەم بهێنێت.
(5)
لە سەردەمی ئێستادا، پاشەكشەی هونەر و هونەری شانۆیی زیاتر لە هەر کاتێکی تر لەنێوان دوو هێزی دژبەیەکدا دەژی: هێزی داهێنان و هێزی بازاڕی (بینەر وەك سەپۆرتەر)، نەك ئەنتی شانۆ!! داهێنان لە بنەڕەتدا هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی شێوازێکی نوێی بینین و هەستکردن و جیاوازی و ژیاندۆستی، داهێنان هەنگاونانە بەرەو نادیار؛ بەڵام زۆرجار بازاڕ- بینەر وەك سەپۆرتەر- هەوڵدەدات ئەو تەماشاكردنە ئیبداعییە بۆ کاڵا بگۆڕێت، بۆ شتێک کە بتوانێت هەمووان كۆ بكاتەوە و قابیلی قبووڵی چێژی هەمووان بێت و بڵاوبکرێتەوە و بەخێرایی بخوێندرێتەوە؛ واتە (جەماوەر-بینەر) حەز بەو دەق و شێوازە نمایشکارییانە دەکات کە پێشتر دەیانناسێت.
ئەمڕۆ پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا دەتوانین ناخی مرۆڤ لە (ئارامیی) و (بێزاری) دابماڵیین؟ زۆرێک لە مرۆڤەکان لەبەر ئەوەی ناتوانن لە ئارامییدا بن، پەنا دەبەنە بەر “هەراوهوریای دەرەکی” واتە ناتوانن لەبەرانبەردا بێزاری ناوەخۆیان بکەنە پرسیار، بەو مانایەی كە خودی پرسیاركردن “بێزاری” بۆ “مەعریفە” دەگۆڕێت!
بەمجۆرە کاتێک دەق، شانۆ، فیلم، یان تابلۆیەک خەریکی تێکدانی ئارامیی هونەری بینین و بیستن و ڕامان… دەبێ، ئەوا (حەزی بازاڕ)ی دەكەوێتە سەر و هەوڵی كۆپیكردن و بە بازاڕكردن و دووبارە سەپۆرتكردنی دەدات، چونكە بازاڕ زیاتر حەزی لە (شپڕزەییە) تا بتوانێت بە شێوەی جیاواز و بە خێرایی پارە بەدەست بهێنێ، بڕوای بە تێز و ئەنتی تێز نییە، نایەوێت پرسیار دروست بکات! لێرەوە (نرخی كڕین) شوێنی (پرسیاركردن) دەگرێتەوە؛ بەڵام ئایا ئاستی داهێنانی هونەریی و فیکری و ئەدەبی لە مامەڵكردنی بازاڕدا كورت دەكرێتەوە؟!
كەواتە کێشەکە ئەنتی شانۆ نییە، بەڵكە ئەوەیە كە هونەر نابێتە پردی نێوان ئارامیی و بێزاری، هەر زوو بە بازاڕ دەكرێ، واتە مامەڵەكردنی بازاڕی هونەرە جیدییەکانیش هەڵدەلوشێنێت و دەیانکات بە مۆدێلێکی دووبارەکراوە، ئەوەی سەرەتا وەک شۆک، نوێکاری یان شکاندنی باو و دابڕانێکی مەعریفی تەماشا دەكرا، دواتر لە بازاڕدا دەبێتە ستایلێک بۆ بەرهەمهێنانەوە و كۆپیكردن و و زڕەوێنە… زۆرێک لە شۆڕشە ئەدەبی و هونەرییەکان، لە سوریالیزمەوە تا پۆستمۆدێرنە، دوای ماوەیەک لەلایەن بازاڕەوە هەرسکراون و بوونەتە بەشێک لە سیستەمی فرۆشتن! واتە بازاڕ توانایەکی گەورەی هەیە، لەوەی نەك ئەرێنییەكان تەنانەت نەرێنییەکانیش بخاتە ناو ئابووریی خۆیەوە.
(6)
ئایا دەتوانین دژ بە ویستی بازاڕ و سەپۆرتكردن، بیر بكەینەوە و بەردەوامیش بین؟! یان دەبێ ملكەچی بینەر و جەماوەر بین و ئاستی زمان و شێوازی داهێنەرانە لەگەڵ داواکارییەكانی خوێنەر و بینەر و بازاڕی دامەزراوەکاندا بگونجێنین؟! هەڵبەتە ڕەزامەندیی بازاڕی هەمیشە دیالۆگی بەرهەمهێنەرانەی نێوان ئارامیی و بێزاری بە كۆپیكردنەوە دەسپێرێ، لەسەر ئەو بنەمایەی كە پرسیاركردن ئارامیی تێکدەدات.
كەواتە لەبەر ئەوەی دیالۆگی نێوان ئارامیی و بێزاری پێویستی بە بیرکردنەوە و ڕامانە، ئەوە وایکردووە زۆرێک لە بەرهەمە بازرگانییەکان بەر لەوەی هونەری ڕاستەقینە بن و هۆشیاریی بینەر بریندار بكەن، وێنەی بێهۆشکەری كۆپیكراو بن و بە شێوەیەكی كاتی گرژییەکانی ناوەوە بەتاڵ بکەنەوە؛ بەو مانایەش مەترسییە گەورەكە ئەوەیە کە ئارامیی ببێتە ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانی ڕەزامەندیی دەستبەجێ، نەك بێزاری و گومانكردن و بیركردنەوە.
وەك دەزانین کاری داهێنەرانە ئەو كاتە دەردەكەوێت کە بتوانێت ڕەزامەندیی كۆ و ئاشنایی تێپەڕێنێت؛ کاری داهێنەرانە پێویستی بە گواستنەوەی واقیع نییە، پێویستی بەوە نییە لەپێناو زەرورەتی كۆمەڵگا و سەپۆرتكردن، واقیع بۆ وێنەیەک بگۆڕێت کە تەنیا بۆ سەیرکردن و کڕین شیاوە؛ بەڵكە دەبێ شتێک بخاتە جیهانەوە کە پێشتر بوونی نەبووە؛ نەك بە گوێرەی یاسای فرۆشتن و بەکارهێنان کاربکات.
(7)
لە چەمکی ڕەزامەندیی بازاڕیدا زۆرجاران داهێنان پێش ئەوەی ببێتە ئەزموونێکی قووڵی هونەری، دەبێتە بابەتی ترێند و سەرنجڕاکێشان، لایک، بینین، هاوبەشیکردن و ئامار؛ هەموو ئەوانە بە هێواشی جێگای هەڵسەنگاندنی هونەری دەگرنەوە! ئەوەش وایکردووە هەندێک بەرهەم زیاتر لەوەی بۆ پرسیار و گومان و بیركردنەوە دروست بکرێن، بۆ خێراییی سەرنج دروست کرێن؛ بەڵام داهێنانی ڕاستەقینە لە دەرەوەی ویستی بازاڕ و سەپۆرتكردن سەرهەڵدەدات، چونکە داهێنان پێویستی بە بیركردنەوە و کات و ئارامیی و ئەزموونكارییە؛ لەکاتێکدا بازاڕ پێویستی بە خێرایی و بەردەوامیی بەرهەمهێنانەوە هەیە.
دواجار پەیوەندیی شانۆ و دژە شانۆ، وەك پەیوەندی داهێنانی هونەریی و بازاڕی سوودگەرایی، پەیوەندییەکی ئاڵۆز و دژبەیەکە؛ وەك چۆن بازاڕ دەتوانێت هۆکاری بڵاوکردنەوەی هونەر بێت، بەهەمان شێوە ئەنتی شانۆش دەتوانێت مامەڵەكردنی هونەریی و كۆپیكردنەوە بتەقێنێتەوە! دەشێ هونەری ڕاستەقینە لە ناو گەرمەی بازاڕیش دەستپێبکات و بینەر وەک هاوبەشی داهێنان، (هاوسەنگی نێوان ئارامیی و بێزاری) بپارێزێت.

هەولێر 22/5/2026




بینەر لەشانۆی كوردی دا.. حه يده ر عه بدولڕه حمان

هەركات باسی شانۆی كوردی بكەین، دەبێت بینەر وەك پارچەیەكی هەرە كاریگەرو زیندووی جەستەی شانۆ تەماشا بكەین و پرسیاری ئەوە لەخۆمان بكەین، ئاخۆ لەو هەلو مەرج و ئاستەنگە دژوارانەی شانۆی كوردی پێیدا تێدەپەڕێ‌، بینەر لەكوێ‌ ی هاوكێشە شانۆییەكە دایە؟
ئایا بینەر چ رۆڵێكی هەیە لەچارەسەركردنی ئەو كێشانەو تا ئێستا لەو ئاستە مەعریفی و هوشیارییە دایە كە بتواتێت چارەنووسی شانۆی كوردی لەئەستۆ بگرێ‌ و متمانەی پێ‌ بكرێ‌؟
خۆ دیارە بینەری ئێمە بەدرێژایی دیرۆكی شانۆی كوردی، هەمیشە تینووی شانۆ بووە، پێی وابووە شانۆ مینبەرێكی كاریگەرە بۆ هەڵبڕینی دەنگی ئازادی، وروژاندنی هەقیقەت، گوزارشت كردن لەئەشكەنجەو ئازارەكانی میللەت.
بۆیە هەركات دەرگای شانۆیان لەسەر داخستبێ‌، بە پەنجەرەكانەوە هاتۆتە ناو هۆڵی شانۆ، ئەگەر پەنجەرەكانیشیان داخستبێ‌، ئەوە دەرگاو پەنجەرەكانی لەبێخەوە دەرهێناوە، بۆ ئەوەی شانۆ ببینێ‌.
ئەمە لە زەمەنێكدا كە شانۆ دۆزێكی نەتەوەیی بوو، چەكێك بوو بۆ مقاوەمەت و خۆ راگری.
ئەو كات شانۆ لەشارو لەشاخ و لەقوتابخانەو لەدەشتودەر، لەهەر شوێنی بینەری لێ‌ بوایە، گوتاری خۆی دەگەیاند.
هەموو شتێ‌ لە تێكست و ئامانج و نواندندا كۆ دەبۆوە، بەڵام بینەرێكی پڕ لەتاسەت هەبوو بە جۆشەوە لەچاوەڕوانیت دابوو.
شانۆكارەكانیش لەو سەردەمەدا، بەهەمان حەماسی بینەر لەئێستا زێترو بە گەرم و گوڕترو رۆحیەتێكی نەتەوەیی و هونەرێكی بەكۆڵتر لەسەر شانۆ دەوەستان.
بەڵام لەگەڵ تێپەڕ بوونی زەمەن و دەرهاوێشتەكانی، بە پێی رۆژان وەزیفەی شانۆ لەجاران قورستر بوو، ئەركی بینەریش بۆ لەئامێز گرتنی شانۆ سەختتر بوو..
شانۆ لەهەموو سەردەمێكدا لەرەحمی ئەو سەردەمە لەدایك دەبێت كە تێیدا دەژیت، زادەی حاڵەتە سایكۆلۆژی و فسیۆلۆژی ئەو كۆمەڵگایەیە كە ناتوانێت ببێتە پارچەیەكی لێك دابڕاو.

شانۆو كۆمەڵگا لەدوو جەمسەرەوە بەیەك دەگەنەوە:
لەجەمسەری یەكەمیاندا: هەمیشە كۆمەڵگا مەدەنیەكان، ئەوانەی شارستانیەتێكی دێرین و كولتوورێكی زیندوویان هەیە، شانۆ لەپێشەوەی پێداویستیە بایەخدارەكانی ژیانی خۆیان دادەنێن، ئەوەندەی بوون و نەبونی نان و ئاو لەشانۆ دەڕوانن، بۆیە هەرگیز ناتوانن دەست بەرداری شانۆ بن.
بەشێكی زۆر لەژیانی خۆیان بۆ شانۆ تەرخان دەكەن، ئیدی شارەكانیان پڕ دەكەن لەهۆڵی شانۆیی، بۆ ئەوەی هەمیشە شانۆ لەو هۆڵانەدا جمەی بێ‌.
پەرە بەپەروەرەو دروست بوونی شانۆكار دەدەن و وڵاتیان پڕ دەكەن لە فێرگەو سەنتەرو ئەكادیمیای شانۆیی.
بۆیە هەرگیز هۆڵەكانیان بێ‌ نمایشی شانۆیی نابێت و بژاڤی شانۆییش لە جوڵە ناكەوێت.
لەجەمسەری دووەمدا: شانۆ وەزیفەی پێویستی خۆی بۆ پیشكەوتنی كۆمەڵگاو بەرزكردنەوەی ئاستی هوشیاریی و مەعریفی، بۆ هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگا بەرجەستە دەكات، لەو ناوەندەدا بینەری شانۆیی دەبێتە بینەرێكی خاوەن ئەزموون و شارەزا كە لەشانۆ بگاو وەرگرێكی هوشیار بێت لەپرۆسەی شانۆیی دا.
بەم شێوەیە، هەم كۆمەڵگا خزمەتێكی بایەخدار پێشكەش بەرەوشی شانۆ دەكات، هەم لە بەرامبەردا شانۆ رۆڵی خۆی دەبینێ‌ لەهوشیاركردنەوەی كۆمەڵگاو تێر كردنی هزرو خواستە رۆحیەكانی.

شانۆ چ بینەرێكی دەوێ‌؟
بینەر پارچەیەكی زیندووی رەگەزەكانی شانۆیە و هەموو پێكهاتەكانی شانۆ ئاراستەی بینەر دەكرێن، بۆ ئەوەی ئەویش بەرۆڵی خۆی هەوڵی ئەوە بدات بەهەموو توانا سایكۆلۆژی و فیزیكی و ئایدۆلۆژییەكانی خۆیەوە، توانای ئەوەی هەبێت، هەموو ئەو تەوژمانە وەربگرێت كە ئاراستەی دەكرێت، چونكە هیچ لەرەگەزەكانی دیكەی شانۆ نابنە ئەلتەرناتیف بۆ بینەرو شوێنی ئەو لەنمایشێكی شانۆیدا پڕ تاكەنەوە تەنها بینەر خۆی نەبێت .
لەقۆناغی دووەمی وەرگرتن دا، دەبێت وەرگر دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت، هەموو توانا مەعریفی و هونەری و زانستیەكانی خۆی بخاتە گەڕ، بۆ خوێندنەوەی ئەو هێماو ستاتیكاو دەلالات و پرسیارە نادیارانەی بەركەوتە لەگەڵ مێشك و هزری دا دروست دەكەن.
چۆن لەشانۆی نوێ‌ دا، شانۆ هەر تەنها زمانێكی نیە بۆ وەرگرتن، كە دەق بە تەنها سەرچاوەی وەرگرتن بێت و بینەر پشتی پێ‌ ببەستێت، ئێستا جەستەی ئەكتەرو تەكنیكی شانۆیی و سینۆگرافیاو ئەدای ئەكتەر، بینەر دەوروژیّنن و شوێنی دەق دەگرنەوە، هەم بۆ گەیاندنی پەیامی شانۆیی، هەم بۆ هەژاندنی بینەرو جولاندنی هەستەكانی، بۆ ئەوەی هەر كاتێ‌ پەردەی شانۆ دادرایەوە، كاریگەری و ئاسەواری ئەو رەگەزانە بەئاسانی لەسەر هەست و مێشك و دەروونیدا كاڵ نەبنەوەو تا دێر زەمانێك لە زەهن و ئەندێشەی دا خول بخۆنەوە.
كەواتە چەند ئەوەندەی دەرهێنەرو ئەكتەرو هونەركارەكانی دیكە هەر یەكەو ئەركی تایبەتی خۆیان لەسەر شانۆدا هەیە، بینەریش بەفۆرمێكی تر، بەڵام بەهەمان ئاست ئەركی هەیە بۆ تەواوكردنی پەیامی شانۆیی.

دەسەڵاتی بینەر دەسەڵاتێكی رەهایە:
لە بەر ئەوەی هەموو ئاراستەكان بەرەو رووی بینەرەو هەموو ئامانجەكانیش لەكۆتایی دا بۆ خزمەتی بینەرە، بۆیە بینەر یەكەم ماف و دوا مافی قسە كردنی هەیە، لەسەر هەر بەرهەمێكی شانۆیی، بەقەبوڵ كردنی یا ڕەتكردنەوەی، بۆ ئەمڕۆ، یان سبەینێ‌.
زۆر جاران كاتێ‌ هەندێ‌ لەدەرهێنەرو ئەكتەرەكان شكست دێنن، دەبن بەپارێزەری خۆیان و پاساو بۆ شكستەكانیان دەهێننەوە، كەچی ( سیزیف ئارنۆ ) ی گەورە رەخنەگری شانۆیی بەریتانی دەڵێت: دەرهێتەر تا دوا لەحزەی ژەنەرال پرۆڤە مافی قسەكردنی هەیە، بەڵام دوای ئەوە تەنها رەخنەگرو بینەرانن مافی هەڵسەنگاندنیان بۆ دەمێنێتەوە، تەنانەت راو بۆچوونی رەخنەگرەكانیش وەك بڕیاری بینەر رەها نیە، هەركاتێكیش بینەر بەرهەمێكی خستە سەبەتەی پەراوێزخستن، هیچ هێزێك نامێنێ‌ ئەو بەرهەمە، یا ئەو دەرهێنەرو ئەكتەرە بگەڕێنێتەوە سەر ئاستی شكۆمەندی خۆی بەر لەشكست.
بەڵام دەكرێ‌ لەپەراوێزی ئەودەسەڵاتە رەهایە بپرسین، ئەرێ‌ كامە بینەرە خاوەنی بڕیاری رەهایە؟
ئەو بینەرە سادەیەی كە پێوەری گشتی لای ئەو تەنیا كات بەسەر بردن و پێكەنینێكی كاتی رووكەشی بێ‌ مەغزایە و ئەهلی نواندنی پڕ لە تەهریج و شانۆی بازرگانیە؟
یان نوخبەیەكی پێگەیشتووی خاوەن دیدو ئایدیایەكی قوڵ و پڕ لەستاتیكا؟
بینەری كورد دابەشی هەردوو بەرە بووە، بۆ سەردەمانێك كە شانۆی بازرگانی باوبوو، كۆمەڵێ‌ موهەریج هۆڵی شانۆكانیان بەكەسانی سادەو پرۆپاگەندەی موزەییەف پڕ دەكردەوە، زەرەرو زیانێكی گەورەیان بە شانۆ گەیاندو ئەو هونەرە جوانەیان لە بەرچاوی بینەر ناشیرین كرد، بە شێوەیەك بینەری راستەقینە شەرم لەخۆی بكاتەوە، بۆ لەحزەیەك بوێری ئەوەی هەبێت لە هۆڵێكی ئاوادا ڕوونیشێ‌.
ئەو كات دەمانزانی ئەو دیاردە ناشیرینە كاتیەو زەمەن لەگەڵ خۆیدا رایدەماڵێ‌، هەر كات بەرهەمی (جاد) پەیدا بوو، ئەو موهەریجانە لەشەرمی بینەر خۆیان دەشارنەوەو لەبەرچاوان ون دەبن .
بەڵام ئەوەی لەو نێوانەدا ئاستەمە ئەوەیە، كە تۆ پێویستیت بە كاتە، بۆ گۆڕینی واقعێكی تاڵ و نەرێنی بۆ واقعێكی ئەرێنی.
بەتایبەت بۆ گەڕانەوەی شكۆی شانۆیەكی تێكشكاو لە ڕەگو ڕیشەوە، بۆ شانۆیەك كە لەئاست خۆزگەو ئاواتی بینەر دابێت.
ئەگەر چاو لەرابووردووییەكی نزیك بپۆشین و بڕوانینە هەنگاوەكانی ئەمڕۆمان بۆ بینەری شانۆی كوردی، ئەوە بەگشتی، وێڕای لەبەرچاوگرتنی هەموو كێشەو ئاریشەكانی شانۆی كوردی، گەشبینیەك دەمانگری و هەست بەو گۆڕانە بنەڕەتیە دەكەین لەجۆری بینەرو حەماسی بینەر بۆ شانۆ.
بەڵام لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییەی جۆری بینەر دەبێ‌ بپرسین ئەو هۆكارانە چین كە بوون بە سەرچاوە بۆ دروست بوونەوەی بینەرێكی هوشیار بەشانۆ؟

بێگومان فاكتەری زۆر هەن، دەبنە وەڵامی ئەو پرسیارە، لەوانە:
1.دەست بەكاربوونی كۆمەڵێ‌ دەرهێنەرو ئەكتەری ئەكادیمی بەتوانا، لەوانەی بەراستەقینە خەمخۆری ئایندەی شانۆی كوردین .
2.پشت بەستن بەداهاتی خۆیان بۆ بەرهەم هێنانی بەرهەمە شانۆییەكان, بێ‌ ئەوەی چاوەڕوانی بودجەو هاوكاری حكومەت بكەن، یا چاوەڕوانی قۆرخ كردنی دەرفەتێك بن بۆ گەندەڵی لەسەر حیسابی شانۆیەكی پەڕپووت و هەژار.
3.ئامادەكردنی ئەو بەرهەمانەی كە لەگەڵ خواست و ئارەزووی ئەمڕۆی بینەری كورد دەگونجێن و دەبنە گەرەنتی بۆ راكێشانی بینەر، بەتایبەت راكێشانی خێزان بۆ هۆڵەكانی شانۆ، ئەو خێزانانەی ساڵانێكی دوور بەحەسرتی ئاشنا بوونەوە بوون لەگەڵ شانۆدا.
4.سوود وەرگرتن لەتوانای ئەكتەری لێهاتوو، لەوانەی بینەر ئارەزووی نواندنیان دەكەن و توانای داهێنانیان هەیە لەشانۆدا.
هەندێ‌ نمایشی شانۆیی كە لەسەر ئەو بنچینانە بەرهەمی خۆیان پێشكەش كردووە، لەچەند لایەكەوە بە قازانجی شانۆی كوردی هەڵكەوتنەوە:
یەكەم: ئاستی شانۆی كوردییان بەشێوەیەك بەرز كردەوە، كە هەر دەرهێنەرێك بیەوێت بەرهەمێكی نوێ‌ ی شانۆیی پێشكەش بكات، دەبێت بەهەمان شێوە لەوە بگا كە بینەر چی لە شانۆ دەوێت ؟ هێزی راكێشانی بینەری بۆ هۆڵەكانی شانۆ هەبێت.
بەم شێوەیە دروست بوونی ركابەری لەسەر داهێنان لە نێوان دەرهێنەرەكاندا دەبێتە بنەمایەكی پتەو بۆ سەر لە نوێ‌ دروست بوونەوەو دەست پێ‌ كردنی قۆناغێكی نوێ‌ لەشانۆی كوردی دا. جوگرافیای شانۆیی
وەك لۆژیك بینەرو شانۆ دوو هاوكێشەی هاوتەریب و هاوبەشن لەگەڵ یەكتردا، هیچیان بەبێ‌ ئەوی تریان بوونیان نیە، ماهیەتی هەر یەكێكیان بەوی تریانەوە بەندە.
بەڵام ئەو هاوكێشەیە لەنیشتیمانی ئێمەدا هاوكێشەیەكی ناوازەیەو شانۆو بینەر نەخراونەتە ناو یەك بازنە.
رەنگە لەهەندێ‌ شوێنی جوگرافی وەك شاری هەولێرو دهۆك بینەر هەبێ‌ بەڵام شانۆ نەبێ‌، لەشارێكی وەك كەركووك و سلێمانی شانۆو بینەر هاوتەریبن، لەچەمچەمال و كەلارو دەربەندیخان و سۆران بینەر زۆرترە لەشانۆ..بەڵام هیچ لەو شارو شارۆچكانە وەك شاری هەولێر مەحروم نەكراون لە شانۆو بینەریان ئەوەندە پڕ لە تاسەو حەسرەت نین بۆ شانۆ، كە تێیدا نەك هەر تەنها بینەرانی ئەو شارە بەناچاری بۆ تینوویەتی شكانیان لەشانۆ ئەو شارو ئەو شار دەكەن و شانۆكارەكانیان دەستەپاچەو بێ‌ ئومێد بوون لەچوونە سەر شانۆ، وای لێهات ئەو شارە دێرینەی شانۆو هەواری تەڵعەت سامان و سەباح عەبدولڕەحمان وفەرهاد شەریف و فەتاح خەتاب و سەعدون یونس و دەیان كەڵە دەرهێنەرو سەدان ئەكتەری بەتوانا، ببنە خاوەنی كەلاوەیەكی شانۆیی، كە تەنها یادگاریەكانی تێدا بمینێتەوە.
كەچی لەنێو ئەو شەوەزەنگە شانۆییەشدا بینەری هەولێر بینەرێكی هەمیشە ئامادەیە بۆ لەئامێزگرتنی شانۆو ئەو بەرهەمانەی دەبنە میوانی هەولێر.
جێگەی ئەسەفە كە لایەنێك نیە خۆی بەبەرپرسیار بزانێ‌ بەرامبەر بەو مەرگەساتەی شانۆ لەو شارەدا، هەندێ‌ لە بەرپرسەكانی ئەو شارە خەمخۆری چاكسازی نین لەو بوارەدا، چونكە پێیان وایە شانۆ سەرچاوەیەكی بازرگانی نیە، ئەوانەش كە بەرپرسی شانۆن، هەست دەكەن شانۆ ئەو پاروە چەورەی جاران نەماوە، بۆیە بوون و نەبونی لای ئەوان وەك یەكە.
ئەوەی لەو نێوەندەدا زەرەرمەند بێت، ئەو بینەرانەن كە خەریكە تامی شانۆیان لەبیر دەچێتەوە، ئەو شانۆكارانەن كە وەك ئاسن ژەنگیان هەڵێنا.

حه يده ر عه بدولڕه حمان




سۆراغی نەبوونت لەکام بوونی دونیا بکەم ئەزیزم؟.. پاڤێڵ ساڵح

شار جانتایەکی کۆنی پڕ لە غەریبییە و
منیش ئەو سەرنشینە ماندووەی
کە لە دوا وێستگەی شەمەندەفەرەکە جێماوە

تۆ ڕۆیشتی و
ئەم شارە وەک قۆپچەیەکی ژەنگاوی لە یەخەی عومرم بویەوە

تۆ کتوپڕ ون بوویت،
وەک عەترێک کە لە باوەشێکدا دەپڕژێت و
ئیتر چاوەکان ناتوانن کۆی بکەنەوە

ئەزیزم…
سۆراغی نەبوونت لەکام بوونی ئەم دونیایە بکەم؟
لەکام پەنجەرەوە بڕوانم کە سێبەری تۆی پێدا نەهاتبێت؟

کۆڵانەکان پڕن لە ژاوەژاوی ڕێبواران،
بەڵام من هێشتا گوێم لە بێدەنگیی هەنگاوەکانی تۆیە،
ئەو دەنگە کپەی کە هەموو هاوارەکانی تری تێپەڕاندووە

ئەزیزم…
سۆراغی نەبوونت لە کام ئوتێلی پەڕپووتی ئەم دنیایە بکەم؟
لە کوێی ئەم مێژووە چڵکنەدا بگەڕێم بۆ دڵسۆزییەکەت؟
ئایا لەناو عارەبانەی جگەرە فرۆشەکاندایت،
یان لەناو گۆرانیی ئەو سەربازە غەمگینەی کە لە سەنگەرەکەیەوە
پێش ئەوەی گوللەیەک سنگی کون کات، ناوی ژنەکەی دەهێنێت؟

مرۆڤ کاتێک کەسێک لەدەست دەدات،
تەنیا یەک کەس لەدەست نادات،
بەڵکو تەواوی ئەو دونیایە لەدەست دەدات کە لە چاوی ئەوەوە دەیبینی

من ناچمە سەر گۆڕستانەکان و ناو تەمومژی چیاکان،
من لێرەم لە ناو دڵەڕاوکێی کاتژمێر چواری بەیانیدا،
لەو چرکەساتە چۆڵەی کە مێشک لە بیرکردنەوە دەوەستێت و
غیابی تۆ وەک لافاوێکی هێواش
خشت بە خشتی ڕۆحم دەڕوخێنێت

مەزنترین تەنیایی، نەمانی مرۆڤەکان نییە لە چواردەورت
بەڵکو نەمانی ئەو تاقە کەسەیە کە پێشتر تەواوی گەردوون بوو بۆت

من ناتوانم وەک پاڵەوانەکانی ناو شانۆگەرییەکان بگریم،
هاوارکردن، زمانی ئەو برینانەیە کە دیارن

بەڵام غەمی من، غەمێکی قورس و بێدەنگە
وەک مەرگی درەختێک لە ناوەڕاستی دارستانێکدا،
کە بێ ئەوەی کەس بزانێت لە ناوەوە زەرد دەبێت

پێم بڵێ لەکام کەناردا ڕاوەستاویت؟
لەکام ئاستی غەیبدا هێلانەت کردووە؟
تۆ بوویت بە نیشتمانێک کە لە هیچ نەخشەیەکدا نییە،
و منیش بووم بە کۆچبەرێک، کە پاسپۆرتەکەی تەنیا یەک ناوی تێدا نووسراوە:
ناوی تۆ

سۆراغی نەبوونت لەکام بوونی دونیا بکەم؟
کاتێک دونیا خۆی
لە دوای ڕۆیشتنی تۆوە،
بووە بە پەڕەیەکی سپی و بەتاڵ،
کە هیچ ڕستەیەکی تێدا ناخوێندرێتەوە

سۆراغی نەبوونت لەکام بوونی دونیا بکەم؟
کاتێک خودی ئەم دونیایە،
کۆمەڵێک تەلەفۆنی بێوەڵام و
نامەی شێدار و
کتێبی تۆزاوییە،
کە لەسەر ڕەفەی تەنیایی ئێمە بەجێماون.




وشەی کوردی لە نێوان تێکۆشان و خنکاندا.. ستار ئەحمەد

مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردی، تەنها مێژووی تۆمارکردنی ڕووداوەکان یان گواستنەوەی هەواڵە سادەکان نییە، بەڵکو ئەم مێژووە لە بنەڕەتدا گەشتێکی پڕ لە کۆسپ و تەگەرە و ململانێی هزرییە کە تێیدا وشە وەک چەکێک بۆ پاراستنی ناسنامە و زیندووکردنەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی بەکارهاتووە. کاتێک ئاوڕ لە لاپەڕەکانی یەکەمین ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکان دەدەینەوە، تێدەگەین کە لەپشت هەر دێڕێک و لەژێر هەر سەروتارێکدا، گیانێکی ماندوونەناس و بیرکەرەوە هەبووە کە هەموو ژیانی خۆی بۆ ئاراستەکردنی کۆمەڵگە بەخشیبوو. ڕۆژنامەگەریی کوردی لە سەرەتای سەرهەڵدانییەوە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا و دواتر لە گەشەسەندنی لە سەدەی بیستەمدا، نەیدەتوانی ببێتە ئەو بزوێنەرە گەورەیەی گۆڕانکاری، ئەگەر ئەو دەموچاوە دیار و پێشەنگانە نەبوونایە کە وەک ڕێنیشاندەر و خەمخۆر، بارگرانیی دەستپێکردن و بەردەوامییان گرتەئەستۆ. ئەم وتارە بە وردی دەچێتە ناو جیهانی ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارانە و تیشک دەخاتە سەر ئەو خەسڵەتە درەوشاوانەی کە مۆرکی تایبەتی خۆیان لەسەر ڕەوتی ڕۆژنامەگەری و ڕۆشنبیریی کوردی جێهێشتووە، بەبێئەوەی بابەتەکە دابەشی سەر چەند بەشێکی جیاواز بکەین، بەڵکو وەک یەک زنجیرەی هزریی یەکگرتوو گەشتەکەمان بەردەوام دەبێت.
لە سەرەتای ئەم ڕەوتەدا، ناتوانرێت باسی ڕۆژنامەگەریی کوردی بکرێت بەبێ ڕاوەستان لەسەر ناوی بنەماڵەی بەدرخانییەکان، بەتایبەتی میقداد مەدحەت بەدرخان کە بە دامەزرێنەری یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی دادەنرێت. کاتێک ئەو لە بیست و دووی نیسانی ساڵی هەزار و هەشت سەد و نەوەد و هەشتدا لە قاهیرە، یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستانی دەرکرد، لە ڕاستیدا تەنها بڵاوکراوەیەکی نەهێنایە کایەوە، بەڵکو شۆڕشێکی ڕۆشنبیری و نەتەوەیی بەرپاکرد. میقداد مەدحەت بەدرخان لە بارودۆخێکی یەکجار سەختدا، لە نامۆیی و دوور لە نیشتمان، بەهۆی ستەمی دەسەڵاتدارانەوە، کارێکی وایکرد کە نەتەوەیەک خاوەنی دەنگی خۆی بێت. ئەو دەموچاوە ماندوو نەناسە لە ڕێگەی کوردستانەوە پەیامی گرنگیدان بە زانست و خوێندن و یەکێتیی ڕیزەکانی گەلی بڵاودەکردەوە و بە زمانێکی سادە ڕووی دەکردە هاونیشتمانیانی بۆ ئەوەی لە خەوی بێئاگایی ئاگادار ببنەوە. دوای ئەو، براکەی عەبدولڕەحمان بەدرخان ئەرکی دەرکردنی ڕۆژنامەکەی گرتەئەستۆ و لە وڵاتانی جیاوازی ئەوروپا وەک جنێف و لەندەن بەردەوامیی پێدا، کە ئەمەش نیشانەی تێکۆشانی بێوچانی ئەو دەموچاوانە بوو کە نەیانهێشت چرای یەکەمین هەنگاو بکوژێتەوە و وایانکرد دەنگی کورد بگاتە ناوەندە جیهانییەکانی ئەو سەردەمە.
پاشان، لەگەڵ گۆڕانکارییە فەرمانڕواییەکانی سەرەتای سەدەی بیستەمدا، سەردەمێکی نوێ لە ڕۆژنامەگەریی نووسراوی کوردی دەستیپێکرد کە تێیدا گۆڤارەکان ڕۆڵێکی گەورەیان لە داڕشتنەوەی وێژە و زمانی کوردیی باڵادا بینی. لەم نێوەندەدا، جەلادەت عالی بەدرخان وەک سیمایەکی گەورە و مێژوویی لە ڕۆژنامەگەریی ڕۆژئاوای کوردستان و تاراوگەدا دەردەکەوێت، کە لە ڕێگەی گۆڤاری هاوار لە ساڵی هەزار و نۆسەد و سی و دوو لە شام، خزمەتێکی بێوێنەی بە زمانی کوردی کرد. جەلادەت بەدرخان تەنها سەرنووسەر نەبوو، بەڵکو زانایەکی زمانەوانی بوو کە توانی ڕێنووسی کوردی بە پیتی لاتینی دابهێنێت و لە ڕێگەی لاپەڕەکانی هاوارەوە بڵاویبکاتەوە. ئەو بە هاوکاریی دەموچاوە دیارەکانی تری وەک ڕەوشەن بەدرخان و کامەران بەدرخان و گۆران، گۆڤارەکەی کردە قوتابخانەیەک بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی نوێ لە نووسەر و شاعیران کە تا ئێستاش ئەدەبی کوردی قەرزاری ئەو بازدانە گەورەیەیە کە هاوار هێنایە کایەوە.
ئەگەر سەیری ناوچەکانی تری کوردستان بکەین، بەتایبەتی لە باشووری کوردستان و لە شاری سلێمانی، ناتوانین باسی ڕۆژنامەگەریی کوردی بکەین بەبێ هێنانە پێشەوەی ناوی پیرەمێرد، حاجی تۆفیق بەگ. پیرەمێردی شاعیر، نووسەر و ڕۆژنامەنووسێکی گەورە بوو کە دوای گەڕانەوەی لە ئەستەمبوڵ، ژیانی خۆی بەتەواوی بەخشی بە ڕۆژنامەگەری و ڕووناکبیری. ئەو لە ڕێگەی ڕۆژنامەی ژیان و دواتریش ڕۆژنامەی ژین، توانی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و وێژەیی لە ناوچەکەدا دروستبکات. پیرەمێرد بە تەنها خۆی وەک دەزگایەک کاری دەکرد؛ نەک تەنها دەینووسی و چاپی دەکرد، بەڵکو خۆی دابەشی دەکرد و لە هەمان کاتدا چاپخانەکەی دەپاراست. ئەو لە ڕێگەی وتارە کۆمەڵایەتی و ڕەخنەییەکانیەوە، لە هەوڵی چاکسازیی کۆمەڵایەتی بوو ، و هانی خەڵکی دەدا بۆ خوێندەواری و پشت بەستن بەخۆ، کە ئەمەش وایکرد ناوی پیرەمێرد و ڕۆژنامەی ژین ببنە دوو چەمکی لێک دانەبڕاو لە مێژووی زیندووی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا.
لەلایەکی ترەوە، لە ساڵانی چلەکانی سەدەی بیستەمدا و لە کۆماری کوردستان لە مەهاباد، ڕۆژنامەگەریی کوردی گەیشتە لوتکەی کارایی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆی. لەم قۆناخەدا، ناوی پێشەوا قازی محەمەد وەک ڕابەرێکی نیشتمانی و پاڵپشتێکی گەورەی ڕۆژنامەگەری دەردەکەوێت، کە لەژێر سێبەری دەسەڵاتی ئەودا ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردستان دەرچوون. لە تەنیشت ئەویشدا، شاعیرانی گەورەی وەک هەژار و هێمن دەبینرێت کە لاپەڕەکانی ئەو بڵاوکراوانەیان بە شیعر و وتاری نیشتمانی دەڕازاندەوە. ئەم دەمو چاوانە توانیان ڕۆژنامەگەری بکەنە ئامرازێکی فەرمی بۆ بنیاتنانی قەوارە و پەروەردەکردنی تاکی کورد بە بیرۆکەی ئازادی و سەربەخۆیی، و نیشانیاندا کە چۆن بڵاوکراوەکان دەتوانن ببنە بەشێکی سەرەکی لە کایەی فەرمانڕوایی و پێناسەی نەتەوەیی.
کاتێکیش باس لە گۆڤارە ئەدەبی و هزرییە قووڵەکان دەکەین، دەبێت ناوی مامۆستا عەلائەدین سەجادی بهێنین کە لە ڕێگەی گۆڤاری گەلاوێژەوە لە بەغدا لە نێوان ساڵانی هەزار و نۆسەد و سی و نۆ بۆ هەزار و نۆسەد و چل و نۆ، خزمەتێکی بێپایانی بە مێژوو، وێژە و ڕەخنەی کوردی کرد. عەلائەدین سەجادی لەگەڵ هاوڕێکانیدا وەک ئیبراهیم ئەحمەد، توانیان لە ڕێگەی گەلاوێژەوە سەکۆیەکی ئازاد بۆ بیرمەندان و نووسەرانی کورد لە هەموو پارچەکان دابین بکەن. سەجادی بە وردبینی و لێهاتوویی خۆی لە کۆکردنەوە و ساخکردنەوەی کەلەپووری کوردی، گۆڤارەکەی کردە سەرچاوەیەکی مێژوویی یەکجار گرنگ کە تا کۆتایی ڕۆژگار وەک بنەمایەکی سەرەکیی توێژینەوە زانستییەکان دەمێنێتەوە.
ئەم گەشتە درێژەی کێشا و لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، دەموچاوی تری وەک حوسێن حوزنی موکریانی دەرکەوتن، کە بە تەنها خۆی پێشەنگی هێنانی چاپخانە بوو بۆ کوردستان. موکریانی بە دەرکردنی گۆڤارەکانی وەک زاری کرمانجی لە ڕەواندز، نیشانیدا کە ئامێری چاپ و بڵاوکردنەوە چەندە گرنگە بۆ مانەوەی زمان. ئەو بە ماندووبوونێکی زۆر و چوونە ناو مەترسییە گەورەکانەوە، پیتەکانی چاپی کۆکردەوە و پەرتووک و گۆڤاری پێ بەرهەمهێنا، تا بیسەلمێنێت کە ڕۆژنامەگەری بەبێ قوربانیدانی جەستەیی و دارایی ناتوانێت ڕێگەی خۆی ببڕێت.
کەچی لە ئێستادا، کاتێک سەیری دۆخی ناوخۆیی و ڕاستەقینەی ڕاگەیاندنی کوردی دەکەین، لاپەڕە گەش و مێژووییەکەی ڕابردوو تووشی پاشەکشە و داڕمانێکی گەورە بووە؛ ڕۆژنامە و گۆڤارەکان کە ڕۆژانێک ئاوێنەی بیری ئازاد بوون، ئێستا بەتەواوی کراون بە موڵکی تایبەتی چەند دەموچاوێکی دیاریکراوی سەر بە دوو لایەنە سەرەکییەکە و بە شێوازێکی ناڕەوا قۆرخکراون. ئەمڕۆ دەزگا ڕۆشنبیری و زانستییەکان، لەبری ئەوەی ناوەندی پاراستنی بەها باڵاکانی نەتەوە و زمان بن، گۆڕدراون بۆ بارەگای حیزبی و دیوەخانی باپیریان، کە تێیدا تەنها پیاهەڵدان و بەرژەوەندییە تەسکەکان بڕیار لەسەر مانەوەی دێڕەکان دەدەن. ئەم سفرەچن و بەرژەوەندیخوازانە، بەدرژایی زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە، بە سیاسەتە چەوتەکانیان دەستیان ناوەتە بینەقای وشەی ڕەسەنی کوردی و ڕێگری دەکەن لەوەی کەسانی تری کوردپەروەر و خاوەن زانست، تەنانەت بە یەک وشەش بەشداری لە داڕشتنی هۆشیاریی کۆمەڵگەدا بکەن. نووسەران و ڕۆژنامەنووسە سەربەخۆ و بەهەڵوێستەکان کە ئامادە نین پێنووسەکانیان بفرۆشن، لەبەرانبەر ئەم قۆرخکارییە حیزبییەدا پەراوێز خراون و دەنگیان تاسێنراوە، چونکە دیوەخانی نوێی ڕاگەیاندن تەنها جێگەی ئەوانە دەبێتەوە کە لەسەر ئاوازی لایەنەکان دەنووسن.
کاتێک سەیری تەواوی ئەم کاروانە مێژووییە دەکەین، دەبینین کێشەی گەورەی ڕۆژنامەگەریی کوردی لە ئێستادا نەبوونی ئامراز یان چاپخانە نییە، بەڵکو دیلبوونی وشەیە لەژێر بەزەیی قۆرخکاریی حیزبیدا. میقداد مەدحەت بەدرخان، جەلادەت، پیرەمێرد، سەجادی، و موکریانی، خەباتیان بۆ ئەوە نەکرد کە ڕاگەیاندنی کوردی ببێتە پاشکۆی هێزە ڕامیارییەکان و بارەگای ناسیاوی ، بەڵکو ئامانجیان ئازادیی مرۆڤی کورد بوو. بۆیە بۆ گەڕانەوەی شکۆ بۆ خامەی کوردی، پێویستە وشە لەم داگیرکارییە چارەکە سەدەییەی هێزەکان ڕزگار بکرێت و جارێکی تر دەزگا ڕۆشنبیرییەکان بگەڕێنرێنەوە بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانیان کە نووسەرە نیشتمانپەروەر و بەهەڵوێستەکانن،هەتا ڕێگە نەدرێت مێژووی پڕ لە سەروەریی ڕۆژنامەگەریی کوردی لە نێو دیوەخانی لایەنەکاندا وندابێت.

ستار ئەحمەد




گەشتی8 یان چاوخشاندنێکی خێرا .. نەوزاد بەندی

١-

جاران، دوور لە ئێستا، داب و نەریتی بەسەرکردنەوەی نوسەرە لاوەکان ئەبینرا لەلایەن نووسەرە خاوەن ئەزمونەکانەوە.. نوسین و بابەتەکانیان هەڵدەسەنگاندن، بۆ نمونە لە گۆڤاری بەیان و ڕۆشنبیری نوێ و کاروان دا، چیرۆکنوسێکی بە توانا، چیرۆکە بڵاوکراوەکانی ژمارەی پێشووی هەڵدەسەگاند و دەستی دەخستە سەر خاڵە بەهێز و لاوازەکانی چیرۆکەکان.. یان شاعیرێکی بەتوانا شیعرە بڵاوکراوەکانی ژمارەیەکی گۆڤارەکەی لە ووتارێکی دوور و درێژدا، تاوتوو دەکرد، لێرەدا ئیتر نوسەرە لاوەکان هەستیان دەکرد مامۆستا و خەمخۆریان هەیە، ڕێزیان لێ نراوە و بێکەس نین .. براگەورەی ئەدەبییان هەیە هەڵیاندەسەنگێنێ و دەستگرۆییان دەکات ..
بە داخەوە! ئەو نووسەرە گەورە میهرەبانانە هەموویان کۆچی دواییان کرد و .. نووسەرانێک جێگایان گرتنەوە کە بێجگە لە قەد و باڵای ئەدەبیی و ڕۆشنبیریی خۆیان، هیچی تر نابینن ..واتا من زۆر وورد دەبمەوە لە کۆمێنتی بابەتە ئەدەبیی و ڕۆشنبیرییەکانی تەواوی پێگە ئەدەبیی و هونەرییەکان، هێشتا کۆمێنتێکی بۆ نمونە بەختیار عەلییم نەبینیوە بۆ چیرۆکنوسێکی لاو کە هەندێ ڕەخنە و ڕێنمایی هونەری چیرۆکنوسینی تێدا بێ.. هێشتا کۆمێنتێکی عەبدوڵا پەشێوم نەبینیوە بۆ تازە شاعیرێکی قەڵاو منارە، بڕێک دەستخۆشیی و چاو سوورکردنەوەی ئەدەبیی تێدا بێ بۆی. . ئەڵێم کۆمێنت، ناڵێم ووتار ..چونکە ئەوەیان مەحاڵی مەحاڵەکانە، کەسانێکی بەرز و باڵای وەک ئەوان، ووتاری دوور و درێژ لەسەر بوێژێکی لاوی نەناسراو بنووسن، سوکایەتییە بۆ ئەوان دابەزن بۆ ئەو ئاستە نزمانە.. ئەوان تازە لە ئاسمانە بەرزەکاندان و نایشیانەوێ ڕێگای ئەو ئاسمانە بەرزانە نیشانی ئەوانەی خوارەوە بدەن.
تەنانەت لە پێشبڕکێ و ڤیستڤاڵە ئەدەبیی و ڕۆشنبیرییەکانی ناوخۆدا، ئەو نووسەر و شاعیرە زەبەلاحانە پێیان سوکیی و نەنگییە بە دەقێک بەشداریی بکەن، لە کاتێکدا شاعیرێکی مەزنی وەکو نزار ئەلقەبانیی، لە هەموو ڤیستڤاڵە شیعرییەکانی مەربەددا، ئامادەیی هەبوو .. لەولایشەوە ڕۆشنبیره باڵاکانمان، هەوڵی مەرگ دەدەن تا ڤێستڤاڵێکی ڕۆشنگەریی ئەوروپی قبوڵیان بکات و تیایدا جوانترین و تازەترین بەرهەمیان پێشکەش ئەکەن .. شانازیی بەوەوە دەکەن لەگەڵ فڵان ڕۆشنبیریی ڕۆژئاوایی وێنەیان چرکاندووە.. لە فڵان پێشبڕکێیی ئەوروپیدا، خەڵاتیان بردۆتەوە، ئیتر ڕەوتی ڕۆشنبیری ناوخۆی کوردستانیان داوەتە دەست خوا.
دوێنێ، هەشتی حوزەیران، لە تاقیگەی نەخۆشخانە، بۆ ماوەی 12 سەعات ئێشکگر بووم، لەو کاتە دوور و درێژە، بە تەنیا، بە ڕێکەوت له لاپتۆکەمدا، بەرنامەی گەشتی8 ی هەردی سەلامیم بینی، بەڕاستی سەرنجی ڕاکێشام، چونکە من زۆر بینەری تی ڤی نیم .. وای لێکردم بۆ سێ چوار بەرنامەی گوێ ڕادێرم، ئیتر کەوتبوومە نێوان فەحسی نەخۆش و گەڕانەوە بۆ لاپتۆکەم، ڕێک وەک هەردی کە لە نێوان خواردن ئامادە کردن و پرسیارکردن له میوانەکەی، لە جموجوڵدایە..
لێرەدا بۆ زیندووڕاگرتنی بەرنامەی گەشتی 8 و ..بە هەمان ڕێگای نووسەرە بەرزە کۆچکردووەکانمان کە لە ووتاریکدا تاوتووی کۆمەڵێ شیعر و چیرۆکیان دەکرد، هەوڵ ئەدەم کۆمەڵێک ڕا و سەرنجی خۆم لەسەر سێ چوار بەرنامەی گەشتی 8 دەربڕم، بە هیوای ئەوەی ئەم نەریتە زیندوو بێتەوە و ..نوسەرانی تریش چاوبخشێنن بە بەرنامە و بەرهەم و ماندوو بوونی ئەوانی تردا، بۆ ئەوەی لە گۆشەی پەنهاندا پەڕاوێز نەخرێن و لە یاد نەچنەوە، وەک دەستخۆشیی و ماندوو نەبوون و ووزە بەخشێکیش بۆ ئەو نووسەر و پێشکەشکارانە، هەتا لە هەوڵ و داهێنانی نوێ بەردەوام بن، یان ئەگەر هەڵەیەکیان توش بووبێ، بە خۆیاندا بچنەوە.
سەرەتا هەست ئەکەم ئەم دیاردەی بانکگردنی میوانە بۆ ناو ئوتومبیلێکی گرانبەها و پیاسە پێکردنی، بووەتە دیاردەیەکی بڵاو و چەندین بەرنامە بەم شێوەیەیە، میوانی بەرنامە بانگدەکرێتە ناو ئوتومبیلێک و پرسیارەکانی لەناو ئوتومبیلەکەدا لێدەکرێت، دوای ئەوە بۆچی خواردن لە بەرنامەکەدا هەبێت؟ ئاشکرایە خواردن و بیرکردنەوە پێچەوانەی یەکترن ، ئەپرسم ئایا ئەمەیش هەر درێژکراوەی بەرنامە ڕەنگاوڕنگەکانی ناو ستۆدیۆ نییە، کە زیاتر لە کەناڵە تورکییەکانەوە وەرگیراون، لە لایەک شێف خواردن ئامادە دەکات و لە لایەک میوانی بەرنامە بەر ڕێژنەی پرسیار دراوە ؟
بە ڕای من دیاردەیەک یان ستایڵێک دوو بارە بێتەوە، چێژ لە دەست دەدات.. گۆڕینی تەکنیکی بەرنامە، زۆر ئاسانە و تەنها هەندێک بەهرە و بیر لێکردنەوەی ئەوێت، قەیچێکا با ڕۆشنبیرێک لە کتێبخانەیەکدا گفت و گۆی لەگەڵدا ساز بکرێ.. هونەرمەندێک له شانۆیەکدا .. خاوەنکارێک لە فرۆشگاکەیدا.. سیاسییەک لە تەنیشت کاروانی تەنکەرە نەوتەکاندا ..
یەکێک لە بەرنامەکانی گەشتی8، لە لەندەن و میوانداریی لەکاک ئەمیرحەسەن کردبوو، بە ڕاستی هونەرمەندێکی بەڕێز و سەرکەوتوو، ڕۆح سوک و قسە خۆش .. چێژێکی تایبەتی به بینەر و گوێگرەکانی بەخشی، بەڵام لە بۆچوونێکیدا توشی سەرسوڕمان بووم، کاتێ ووتی: ( من بڕوام بە هاوڕێیەتیی کوڕ و کچ نییە ! ) .. ئەمە هونەرمەندێکی ناسراوی دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکان، کە ساڵانێکیشە لە لەندەن ئەژی .. ئایا ئەم بۆچوونەی نابێتە هۆی تێکدانی باری سەرنجی هەوادارانی لەسەر پەیوەندییەکانیان؟ وا ناکات کەسانێک لێپرسینەوەی توند لەگەڵ کوڕ و کچەکانیاندا بکەن، پشت ئەستوور بە بۆچوونی هونەرمەندێک کە لە ئەوروپا ئەژی ؟ ئایا هاوڕێیەتیی چییە؟من سەدان هاوڕێی کچم لەکۆلێژ و فەرمانگا و تۆڕه کۆمەڵایەتییەکاندا هەیه.. هاوڕێن، لە خۆشیی و ناخۆشیدا هاوخەمیی بۆ یەکتری نیشان دەدەین و یەکتری بەسەر دەکەینەوە، ئیتر بۆچی ئەبێت بڕوات بە هاوڕێیەتیی کوڕ و کچ نەبێت؟ ئەی بچینە فەرمانگا چی بکەین؟ سڵاو لە فەرمانبەره کچەکان نەکەین و ..مردوویان لێ بمرێ، سەرخۆشییان لێنەکەین؟ یان ژوورەکان جیا بکەینەوە، ژووری ئینفیرادیی بۆ کچێک درست بکەین کە لەگەڵ دوو کوڕدا فەرمانبەرە؟ یان له زانکۆ .. یان لە هەموو شوێنێک..بە ڕاستی نابێت زاراوەی هاوڕێ و عاشق تێکەڵاو بکەین، هەموومان بمانەوێ یان نەمانەوێ، بە مامۆستا ئاینییەکانیشەوە، هاوڕێ و هاوخەمێکی زۆری ڕەگەزی بەرامبەرمان هەیە، چونکە مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە.. ئێ خۆ کۆمەڵ تەنها لە نێرینە پێک نەهاتووە.
پاشان کاک ئەمیر ئەڵێ خێزانەکەم ڕاستی کرد کە پێویستە خۆم له گۆرانیی وئاهەنگ دوور بخەمەوە چونکە لەگەڵ ئاستی کەسایەتیمدا ناگونجێ ..بەو جۆرە دوا گۆرانیم لەسەر دایک تۆمار کرد و ئیتر تەواو واز لە گۆرانی ووتن دێنم..!
ئەمە لوتکەی تێنەگەیشتنە لە هونەر .. لە ئەدەب .. لە ڕۆشنبیریی .. تۆ هونەرمەندی میللەتێکیت، خێزانەکەت بۆی نییە لە گۆرانی دوورت بخاتەوە .. من کە شیعر ئەنووسم، ناهێڵم خێزانم بیخوێنێتەوە و ڕای خۆی لەسەر بدات، چونکە من بۆ میللەتێک ئەنوسم، دوای ئەوەی کە شیعرەکەم بڵاو کردەوە، خێزانیشم ئەگەر حەزی لە خوێندنەوەی شیعر بێت، با بۆ خۆی بیخوێنێتەوە ..
چۆن ئەبێ هونەرێک کە تۆی گەیاندۆتە ئەو ئاستە، ئەمرۆ بە هاوشانی کەسایەتیی خۆتی نەزانیت، ئەی ئیتر بۆچی ڕازی ئەبیت وەک گۆرانیبێژێک چاوپێکەوتنت لەگەڵدا بکرێت؟ مادام بۆچوونت بەو شێوەیەی لێهاتووە، هەر لە سەرەتادا بە هەردی سەلامیت بووتایە، ببوورە! من جاران هونەرمەند بووم ، ئێستا هونەرمەند نیم و بە بڕیاری خۆم و خێزانەکەم هونەرمان وازلێهێنا، چونکە لەگەڵ ژیانی مندا ناگونجێت و ڕەتم کردۆتەوە ..
ئەبوو هەردی سەلامیی بیپرسیایه ئایا ئەو ناوبانگ و جەماوەرەیشی کە هەتە، ڕەتیان دەکەیتەوە لە کاتێکدا ئەو دووانە بەشێکن لە دەسکەوتەکانی گۆرانی ووتن کە بە تۆی بەخشیوە؟
لێرەدا بێئاگایی پێشکەشکار دەردەکەوێت لە چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخێکی سەیردا، من گۆرانیبێژم بەڵام گۆرانیبێژیی لەگەڵ پلە و ئاستی مندا ناگونجێ و ..قسەی هاوسەرم ڕاست بوو، بۆیە دوا گۆرانی بۆ دایک ئەڵێم و ئیتر تەواو ..
کەواتە بینەر یەکسەر هەست ئەکا ئەمە ئەمیر حەسەنی گۆرانبیبێژ نییە، ئەمە کەسێکی ترە کە ئەمیر حەسەنی گۆرانیبێژی کوشتووە.. کۆتایی پێ هێناوە..
ئینجا دوا گۆرانیت بۆچی بۆ دایک بێت؟ نابێ بۆ عەشقێک بێت؟ نەخێر نابێ ..چونکە ئەم گۆرانیانە، ئاواز و شیعرەکانی بە سانسۆری خێزانییدا تێدەپەڕن، ئەبێ بە جۆرێک بێ کە بە خەیاڵیش عەشق و خۆشەویستیی تێدا نەبێ، چونکە عەشق لەگەڵ پلە ومەقامی ئێمەی خاوەن ماڵ و مناڵدا ناگونجێت یان عەشق بە واقیع و خەیاڵەوە، بە شیعر و ئاواز و وتنەوە، تایبەتکراوە بە هاوسەری هونەرمەند..
بە ڕاستی ئەمە کارەساتە.. گۆرانیبێژم بینیوە کاتێ مناڵەکانی گەورە ئەبن، گۆرانی بۆ هاوسەرەکەی ئەڵێت ..کەسێکی ئازا و ووریا نییە پێی بڵێ : براکەم! ئەم درۆ گەورەیە چییە ئەیکەیت؟ ئەسڵەن شیعر و گۆرانی بۆ ئەو شتانەیه کە دەستمان نەکەوتوون و لە خەیاڵدانماندا ئەخولێنەوە و شەونخوونمان ئەکەن .. تۆ هاوسەرەکەت پەنجا ساڵە پێکەوەن، ڕۆژی سێ ژەم پێکەوە ئەخۆن و ..شەڕ و ئاشتیی نەماوە لەگەڵ یەکتریدا نەیکەن، ئیتر ئەم شیعرە چییە؟ ئەم ئیلهامە لە کوێوە هات ؟؟ خۆ وەک حەلاوەخانی خێزانی فایق بێکەس کۆچی دوایی نەکردووە تا بۆی بنووسیت :
حەلاو گیان ڕۆیشتی منت بەجێهێشت
ئەزانی دوای تۆ چەندم جەفا چێشت ؟

هەر بۆیه پێوستە هونەرمەند و ڕۆشنبیرەکانمان ئاگاداری ئەوە بن کە ئەوان پێش ئەوەی هاوسەری ژنێک بن، موڵکی میللەتێکن، ڕێنیشاندەر و خەو و خولیای میللەتێکن..ناکرێت هیچ سانسۆر و بازگە و پۆلیسێک لە نێوان هونەرەکەیان و میللەتەکەیاندا ڕاوەستێت .. محەمەد جەزا عەلی گۆرانی بێژ، کوڕی حاجی عەلی، کە ڕازی نەبوو کوڕەکەی گۆرانی بڵێت، لە پێناوی هونەرەکەیدا لە قسەی باوکی دەرچوو، چونکە باوکی یەک کەسە بەڵام هونەرەکەی یەک میللەتە.. نزار قەبانی لەسەر شیعری عەشق بەردەوام بوو، باکی نەبوو بەوەی بنەماڵەکەی حاشایان لێکرد ..سوهەیبی ڕۆمی لە پێناوی عەشقی خوا و پێغەمبەردا، وازی لە ئایین و نەتەوە و کۆشک و تەلارەکانی باوکی هێنا و دوای موحەمەد کەوت..فایق بێکەس بە بێ گوێدانە خێزان و مامۆستای گەڕەک، داکۆکیی لە مەی کردووە.
ئەوانە فیداکاریین کە خاوەنەکانیان بەرز و نەمر هێشتۆتەوە ..
یەکێک لە گەشتەکانی 8 لەگەڵ کاک ڕێبین هەردی دا بوو، لە ڕاستیدا ڕێبین هەردی هەر چۆنێک بێ، کەسێکی ناسراوە، هەم وەک کوڕی ئەحمەد هەردی، هەم وەک هەوڵدان و خوێندنەوە و بیرکردنەوەی خۆی.. هەم وەک هاوڕێکانیی و ڕەهەندییەکان، زیرەک لە هونەری ئاخاوتندا و .. لە چۆنێتیی کاردانەوەی خۆش و ناخۆش لە کاتی خۆیدا، بە جۆرێک تەنانەت نەیارەکانیشی لە گولێگرتنی بێزار نابن..من وەک خۆم، بەدەر لەوەی کە ڕەخنەم لە هەندێک لە زەمانە سازیی و خۆگونجاندن و دیبلۆماسییەتی خۆپەڕینەوەکانی هەیە، بەڵام دڵنیام لەوەی کە لە دیالۆگ و دیپلۆماسییەت و ڕۆشنبیریدا، پلە و پێگەیەکی بەرزی هەیە.
لەو گەشتەدا، دوو سێ سەرنجم هەبوو لەسەر دیالۆگەکەی ڕێبین هەردی، یەکەمیان ئەوەیە چەندەها جار و تەنانەت لەکاتێکدا ئەحمەد هەردی باوکی له نەخۆشخانە کەوتووە، لێی دەپرسێت : ( ئەو ست فاتیمەیەی شیعرت بۆ نوسیوە، کێ بوو؟ ) باوکیشی وەڵامێکی کەمەر شکێنی ئەداتەوە، پێی ئەڵێ : ( ئەزانیت تۆ زۆر کەریت! )
لە ڕاستیدا وەڵامەکەی ئەحمەد هەردی کە دەیان جار ئەو پرسیارەی لێکراوە و وەڵامی نەداوەتەوە، دواجار لەسەر قەرەوێڵەی خەستەخانە چەند بارە هەمان پرسیاری لێدەکرێتەوە، وەڵامێکی زۆر نیشانە پێک بووە .. وەڵامێکی لە ڕووکەشدا کۆمیدییە، بەڵام لە ناوەرۆکدا تراژیدییە .. جنێوێکی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی تۆزێک بیربکەنەوە، کە ئەم پیاوە کفری نەکردووە لەم کۆمەڵگا حەیا بەرەدا، یەک شیعری بۆ کچێک نوسیوە کە خێزانەکەی نەبووە ..ئەم کفرە گەورەیەی کە بە درێژایی ژیانی بە دوایەوە بوون و داوای کەفارەتی کفرەکەیان لێکردووە . تەنانەت له چەندین چاوپێکەتنی تیڤی و ڕادیۆدا، دیسان داوای ئەدرێس و ئیمەیڵ و ژمارەی خانوو و ناسنامەکانی !! ست فاتیمەیان لێکردووە، ئەویش ناچار وتوویەتی :
( قەت بە دڵ ڕەق باست ناکەم نایزڕێنم ناوەکەت)
ئێ خۆ ناتوانێ لەسەر تیڤیی پێیان بڵێ : ئەزانن ئێوە زۆر کەرن ؟..
بەڵام سوودی نییە .. لەگەڵ میللەتی قۆناغی ئەشکەوتا سوودی نییە .. لەگەڵ کۆمەڵگای مێگەلدا، سودی نییە ..کۆمەڵگای فزوڵیی، کۆمەڵگای بێ ئیش، کە عەقڵیان داچۆڕاوەتە ناو شەڕواڵەکانیانەوە ..کۆمەڵگایەک کە حەز ئەکات حەیای کچێک ببات و ئاشکرای بکات و تەپڵی بۆ لێبدات ..
وەک چۆن عەبدوڵا پەشێوێکی لوتکە!! ، تەهدیدی ئەو کچە ئەکا کە خۆشی ویستووە و ..چارەنووس وایکردوە ببێتە هاوسەری کەسێکی تر
، پێی ئەڵێ :
( لە دەستم دێ ئەڵقەی پەنجەت پێ فڕێ دەم
نامەی بەختت بسووتێنم،
لە دەستم دێ هەموو شتێک ئاشکرا کەم
کام شەوت گەش و ڕووناکە
ئەو شەوە فوو لە چرا کەم
لە دەستم دێ، بە دوو وشە دڵی زاوای ویستووت ڕەش کەم
لە خۆشاوی شەوی پەردەتان بێبەش کەم ) !!

واتا لە دەستی دێت پەیوەندییە تایبەتیی و سۆزدارییەکانی ئاشکرا بکات و ..شەو لە عەشقە کۆنەکەی بکات بە شەوی تار و دەیجور ..
ئەڵێ لە دەستم دێت، واتا ئەمە جۆرێکە لە نیشاندانی هێز و ماسولکە وتوانا.. لە دەستی دێت..شانازی بەوەوە ئەکات کە ئەتوانێت خێزانێک وێران بکات ئایا ئەمە نیشتنەوەی ئیلهامی شیعرییە یان درۆنی جەنگیی ؟
هەر بۆیە ڕێبین هەردی ئەکەوێتە هەڵەیەکی گەورەوە کاتێک ئەیەوێ دەستکاری داهێنان و سروش و شیعری باوکی بکات پێش ئەوەی بیەوێت بچێتە ژیانی سۆزداریی و تایبەتیی شاعیرێکی ناسک و ڕۆمانسیی میللەتێکی مێگەل و ڕەشۆکیی ..بۆیە ئەو شاعیرە ناچارە ڕەنگە بۆ یەکەمجار بە کەسێک بڵێ، ئەزانیت تۆ زۆر کەریت ..؟؟ .. هەڵەی گەورەی کردووە کاتێ شاعیرێکی گەورەی وەک باوکێک بینیوە و ویستوویەتی ئەدرێسی پەری شیعرەکانی لێ وەربگرێت..
کارەساتێکی گەورەیە بڕۆیت بە دوای ناوێکا بگەڕێیت کە لە شیعری شاعیرێکی گەورەدا هاتووە، بۆ ئەوەی ناوی ئافرەتێک بزڕێنیت، کە تاوانەکەی ئەوە بووە عەشقی باوکت بووە.. یان تەنانەت بە کوشتنی بدەیت لەلایەن کەس و کارە ڕەشۆکیی و تێڵا بە دەستەکانیەوە ..
ئەوەی جێی پێکەنینە، ڕۆشنبیرێکی وەک ڕێبین، لە سەرەتادا ئەڵێت ئێمە هەموومان ئەزانین ئەو ست فاتیمەیە کێیە ..ئەوان هەموویان .. واتا ئەوان هەموویان، بە بنەماڵە، کاتێکی زۆریان لە گەڕان بە دوای ئەو ست فاتیمە داماوە قوڕ بەسەرەدا بە هەدەر داوە و دۆزیویشیانەتەوە ..
ئەی ئافەرین .. هەموویان ئەزانن ست فاتیمە کێیە، ئەی باشە کاک ڕێبین کە زانیوتانە ست فاتیمە کێیە، بۆچی وازتان لە باوکتان نەهێناوە و تەنانەت لەسەر قەرەوێڵەی نەخۆشخانەیش دیسان پرسیارتان لێکردووە و ناچارتان کردووە پێتان بڵێ : ئەزانیت تۆ زۆر …… ؟
یان ویستووتانە به دەمی خۆی ددانی پیا بنێ؟ هەڵبەت زۆر ڕۆیشتنم لەسەر ئەم بابەتە، بە ڕەوا ئەزانم ، چونکە بە بەشێک لە داکوکیی ئازادیی ئەدەبیی ئەزانم ..
.. لە باسکردنی ژیانی کەسێکی ناسراودا نابێ بچوکترین هەڵە بکرێ، لەسەر فاریزەیەک لە نوسینێکی فریدریک نیچەدا، هەرایەکی گەورە دروست بوو، ئێستا چۆن لەسەر گەڕان بۆ دۆزینەوە و ئاشکرا کردن و ناوزڕاندنی ناسکترین چیرۆکی عەشقی شاعیرێکی ناو مێگەلستان، من چوار دێڕ نەنووسم ؟ چۆن داکۆکی لە شاعیرێک نەکەم کە خۆم ئینتیمام بۆ جیهانی شیعر هەیە؟

پاشان ڕێبین هەردی باس لە نەوشیروان موستەفا ئەکا .. وەسفێکی زۆری دەکات، خۆی بە لایەنگری گۆڕان و هاوڕێی نەوشیروان مستەفا ئەناسێنێ. دوای ئەوە وەسفێکی زۆری مام جەلالیش ئەکات ..
ئینجا ئەڵێت نەوشیروان موستەفا گەورەترین جەلالیی بووە، بە داخەوە کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ مام جەلالدا گەیشتە ئەو ئاستە !!
بە ڕاستی ئەو قسانەی کاک ڕێبین، کارەساتی گەورەی پەتپەتێنی فیکرییان لێ ئەکەوێتەوە..ئێ ئەو دوو کەسایەتییە لێک ترازاون، تەنانەت بە بۆچوونی خۆت نەوشیروان مستەفا نەهاتەوە بۆ سلێمانی هەتا شەڕی نێوان یەکێتی و گۆڕان ڕوو نەدات..تۆیش هاوڕێ و هاوبیری گۆڕان و نەوشیروان مستەفا بوویت، ئێستا چۆن ڕێ بە خۆت ئەدەیت خەفەت بۆ ئەوە بخۆیت کە نەوشیروان مستەفایەک کە گەورەترین جەلالیی بووە، بە داخەوە کە لە مام جەلال جیا بۆتەوە و گۆڕانی دامەزراندووە؟
جارێ وشەی جەلالیی و مەلایی، نابێ لەسەر زاری ڕۆشنبیر بگەڕێت، وشەیەکن کە لە دووریی سەدان فرسەخ ڕێوە بۆنی ناتەبایی و براکوژی و ئاوکردن بە ئاشی کۆن و جەهالەتیان لێ دێت..نازانم چۆن ڕۆشنبیرێک ڕێگا بە خۆی ئەدات وشەی جەلالیی یان مەلایی بدرکێنێ؟؟ نازانم ..ڕەنگە بۆ خۆ شیرینکردن بێ، وەک ئەوەی هەندێ ڕۆشنبیری سلێمانی بە ( وانێ ) قسەئەکەن، هاتمەوانێ، ڕۆشتمەوانێ، .. بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە لە سلێمانییە ڕەسەنەکانن !!
لەوەیش سەیرتر کاتێ ڕێبین هەردی ئەڵێت کاک نەوشیروان گەورەترین جەلالیی بووە .. لێرەدا ( گەورەترین جەلالیی ) وەک باشترین پلە و پێگە و پێوەر وایە لەلای .. واتا ئەی نەوشیروان مستەفا تۆ کە لەو پلە و پێگە باڵایەدا بوویت، چۆن وازت لێهێناو چوویت گۆڕانت دروستکرد؟ خۆ گەر بیووتایە گەورەترین سەرکردەی یەکێتیی یان کۆمەڵە بووە، نەمانئەتوانی ڕەخنە بگرین، بەڵام بە کەسکردنی حیزبێک، زیندوو کردنەوەی بە کەسکردنی حیزبەکەی بەرامبەرێتیی و ..گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی کۆن.. سڕینەوەی تەواوی پەیڕەوپڕۆگرامی کۆمەڵە و یەکێتیی و پارتیشە، ئەوەتا لێرە باشترین سەرکردەکان، گەورەترین جەلالین ..با ئەولایش گەورە مەلاییەکانیان باس بکەن..
ئەمە لە زاری پێشمەرگەیەکی نەخوێندەوارەوە بێت، ئاساییە، بەڵام ڕەهەندییەکی کە دەیان ووتاری لەسەر مۆدێرنیزم و
پۆست مۆدێرنیزم و سیکیولاریزم و دیموکراسیی نوسیوە، کار بە تێرمی جەلالیی و مەلایی بکات، ئەمە ماڵوێرانیی ئایدیۆلۆژیی ناودەنێم من، ئێوەیش ئارەزووی خۆتانە.
لە باسکردنی فاروق ڕەفیقدا، ئەڵێ: فاروق ڕەفیق هێرشی زۆری کردە سەرمان، ئێمە وەڵاممان نەدایەوە، هەتا کار گەیشتە ئەوەی ووتمان کاک بەختیار وەڵامێکی بدەرەوە ..!!ئیتر ئەویش بە کتێبێک وەڵامی دایەوە !
ئایا ڕەخنە، هێرشە ؟ ڕەنگە ڕەخنە لای کەسێکی نەخوێندەوار، هێرش بێ .. بەڵام ڕەخنە لای ڕەهەندییەکان کە خۆیان بە پۆست مۆدێرنیزمی ئەم میللەتە ئەزانن، ئەبێ وەک لێکچەرێکی زانستیی وەریبگرن، خۆی ڕەخنە لە بنچینەدا زانستێکە و لقێکە لە کۆلێژی ئەدەبیات ..هەر بۆیە ناوهێنانی ڕەخنە بە هێرش، وەک ئەوە وایە بە قەڵەم بڵێیت ئاڕپیجی ..
کاک بەختیار بە کتێبێک وەڵامی هێرشەکانی فاروق ڕەفیقی دایەوە، وەک ئەوەی بڵێی ئێمە بە فڕۆکەیەکی ئێف شانزه وەڵامی تیروکەوانەکانی فاروق ڕەفیقمان دایەوە ..
یان ئەوەی کە ئەڵێ من هەر وەڵامم نەدایەوە .. چۆن وەڵامی کەسێک نادەیتەوە باری سەرنجێکی هەیە لەسەرت یان لەسەر نوسینێکت؟ ئایا ئەمە لوتبەرزیی ڕۆشنبیرییە یان بێتاقەتیی ڕۆشنبیریی؟ من هەر تاقەتیشم نەبوو وەڵامی بدەمەوە، هەر نامەوێ وەڵامی بدەمەوە .. واتا وەک ئەوەی کەسێک پێت بڵێ کراسەکەت ڕیقنەیەکی پێوەیە..تۆ تاقەتت نەبێ وەڵامی بدەیتەوە، ئێ کابرا زەحمەتی کێشاوە، کە ئاگاداری کردوویتەتەوە، کراسەکەت پیس بووە، ئەبێ بە لایەنی کەمەوە بڵێی سوپاس . . یان پێی بڵێیت کاکە ئەوە ڕیقنە نییە، بڕاندی پۆڵۆیە یان لاکۆستە .. یان هەر وەڵامێک .. بەڵام هەر وەڵامی نەدەیتەوە، چی ئەگەیەنێت؟ زۆر شت ئەگەیەنێت کە ناتوانم لێرەدا باسی بکەم، پاشان کەسێک کە شایانی وەڵامدانەوە نەبووبێ و پشتگوێ خرابێت، بۆچی ئەچیتە پرسەکەی ؟ ئاخر کەسی بیریار وەک کەسی عەشایەر نییە، مردن چۆکی پێ دابدات و بەرەو مزگەوت و گۆڕستان هەڵیفڕێنێ.
گەشتێکی تری هەردی سەلامیی، لەگەڵ دکتۆر محەمەد خانیدا بوو، ئەو دکتۆرە کۆمەڵناسەی کە بە ووتە و لێکدانەوەکانی خەڵکێکی زۆری لێ کوبوونەتەوە و .. چێژێکی تایبەت لە هێمنیی و عەقڵ و لێکدانەوەکانی دەبینن، بە جۆرێک چارەسەری بۆ زۆربەی کێشە دەروونیی و کۆمەڵایەتییەکان پێیە، بە بێ زۆر لە خۆکردن و پەنا بردنە بەر زاراوەی لاتینیی و گریکیی، بە زمانێکی ڕەسەنیی کوردیی ئەدوێ..

٢-
لەم گەشتەی 8 دا، چەند سەرنجێکیشم لەسەر دکتۆر خانی هەبوو، ئەڵێ من زۆر داوای لێبوردن لە خەڵک ئەکەم ..بەڵام داوای لێبوردن کاردانەوەی هەڵەیەکە، وەک دەڵێن من کەمترین خەڵک بریندار ئەکەم، بۆ ئەوەی کەمترین داوای لێبوردن بکەم..کەواتە دکتۆر خانی تۆ لە ڕاستیدا ئەبێ زۆر تووڕە بیت، یان خەڵکێکی زۆر بریندار ئەکەیت وا زۆر داوای لێبوردن ئەکەیت، چونکە ناکرێت هەر لە خۆمانەوە داوای لێبوردن بکەین، هەتا هەڵەیەکمان بەرامبەر کەسێک نەکردبێت.
دکتۆر خانی ئەڵێت: من هاوسەرەکەم هەموو شتێکمە، نە باوکم ماوە نە دایک ، خوشک و برا هەموو دوور کەوتوونەتەوە، پێی دەڵێم گەر تۆ نەبوویتایە من چیم بکردایە ؟
لێرەدا ئەم کۆمەڵناس و دەروونناسە ئەکەوێتە دوو هەڵەی گەورەوە، هەڵەی یەکەمیان ئەوەیە، ئەوێکی زانا و دانا گەر هاوسەرێکی نەبووایە نەیدەزانی چی بکات، ئەی چەندەها گەنجی کوردی ئاوارەی کەمپەکان بێ دایک و باوک و خوشک و برا و هاوسەر چی بڵێن؟ کاتێ گوێ لە دکتۆر خانی دەگرن، ئەبێ توشی چ خەم و دەردێکی جودایی ببن، کاتێ دکتۆرێکی پایەبەرز بە بێ هاوسەر ماڵوێران ئەبێ، ئەی ئەوانی داماو چی بکەن؟ هەر لەناو گوێگرانی بەرنامەکەی گەشتی8 دا، چەندەها کەس هەن هاوسەریان مردووە، یان نەخۆشکەوتووە و لەناوجێدایه یان تەڵاقدان تەنیای خستوون، ئەبێ چ ئەشکەنجەیەکیان توش بێ کاتێ دکتۆرێکی بێ هاوسەر ڕایدەگەیەنێ کە بە بێ هاوسەر نازانێ چی بکات و نازانێ قوڕی کوێ بکا بە سەریدا ..
دووەمیش، ئەمەوێ بە کاک خانی بڵێم، هەرگیز مان و نەمان و هیوا و ئاواتەکانت مەبەستەرەوە بە کەسێکەوە، گەر وایش بێت، لەبەردەمیدا ئەو ڕاستییە ئاشکرا مەکە، بۆ ئەوەی شیرازەی خۆت لە دەستی خۆتا بێت و نەچێتە دەستی کەسێکی ترەوە، چونکە سروشتی مرۆڤ بە گشتی و مرۆڤی کورد بە تایبەتیی بەو جۆرەیە، کاتێ بزانێت بووەتە دوا چانس و دوا هیوا و دوا پشت و پەنای کەسێک، خۆی لەو کەسە دوور ئەخاتەوە، بە گشتی مرۆڤ حەز ئەکا هاوڕێی کەسێکی سەخت بێ نەک کەسێکی تەخت..کەس و کەژ پیتێکیان جیاوازە، بەڵام بەڕای من هەر یەک ووشە بوون و پیتێکیان کەوتۆتە خوارەوە و شکاوە..
دکتۆر خانی تەواوی قسەکانی ئامۆژگاریین، لە کاتێکدا ئاسانترین شت کە هەموو مرۆڤێک ئەتوانێت بیکات و هیچی تێ ناچێت، ئامۆژگاریکردنی ئەوانی ترە .. هەر زۆر خۆشە دانیشیت بەو خەڵکە بڵێیت بۆچی ئیشێک ناکەن؟ بۆچی زۆر ئەخەون ؟ ئەو خەڵکە چۆن دەوڵەمەند ئەبن، ئەی تۆ بۆ چوار مشقیی لێی دانیشتوویت؟
منیش ئامۆژگاریی خەڵکم زۆر کردووە، هەتا خۆم ئیشی دوای نیوەڕوانم لە دەست چوو، تەماشا ئەکەم زۆر زەحمەتە بچم ئیشی تر بکەم، یان ئیش هەر نییە بیکەم، ئەوسا سەرم کردە خەو، بە جۆرێ پەشیمان بووم لە هەموو ئەو ئامۆژگارییانەی کە جاران دەرخواردی گەنجە بێ ئیشەکانم ئەدا.. لەبەر ئەوە بە ڕاستی من حەزم ئەکرد گوێگرێکی زۆرتان نەبووایه، بەڵکو کۆمەڵێک گەنجم ببینیایە پڕۆژەیەک بەو شاخەوە بکەن بڵێن ئێمە تەلەبەی دکتۆر خانین ..کۆمەڵێ شۆڕشگێڕ بڵێن ئێمە خوێندکاری دکتۆر خانی بووین.. کۆمەڵێ لاو شەقامەکان پاک بکەنەوە و ڕێنمایی داب و نەریتی کوردیی بدەنە گەشتیارەکان و بڵێن ئێمە قوتابی دکتۆر خانین .. بەڵام کاتێ ئێمە تەنها قسە بۆ خەڵک بکەین و لە جیاتی خەباتگێڕ و خەڵکی تێکنۆکرات، خەڵکی گوێگر لە دەوری خۆمان کۆبکەینەوە، ئەوسا ئێمە میللەتێکی بێ زمان و بێ چاو و بێ دەسەلات دروست دەکەین، کە لە جیاتی ئەوان قسە ئەکەین، واتا میللەتێکی ئاڵودە بە قسەی خۆش و نەستەق و لێکدانەوەی ئاسان و چارەسەر بە ووشە.. میللەتێ کە چاوەڕوانە دکتۆر خانی و عەلی حەمە ساڵح و سۆران عومەر و دکتۆر غالب قسەی دڵیان بکا ..کە ئەوان قسەی دڵی میللەتیان کرد، ئیتر میللەت بە بێ دەنگیی ئەمێنێتەوە، چونکە ووتە بێژ و زمانحاڵی هەیە، پێویست ناکات میللەت قسە بکات و بیر بکاتەوە ..هەتا شەقام و باری ئابووریی و زانستی و سیاسیی بەرەو خراپتر بڕۆن، بزانن خەڵکێک هەن کە پێشرەوی میللەتن بە قسە و دروشم .. هەر بۆیە کاتێ دوو گەنج لە شوێنێکی گشتیدا میز ئەکەن بە دیوارێکدا، حەق نییە دوو گەنجەکە سزا بدرێن، حەقە مامۆستاکان لە سەرەتاییەوە هەتا زانکۆ سزا بدرێن، چۆن نەیانتوانیوە دوو گەنج وا لێبکەن وەک مرۆڤ میز بکەن نەک وەک گوێرەکە ..ئەبێ سیاسیی و تەواوی ڕەگەیاندنەکانیان سزا بدرێن، چۆن بەو ڕاگەیاندنە زەبەلاحانەوە نەیانتوانیوە ڕێگای ئاودەستخانە پیشانی دوو گەنج بدەن..لەبەر ئەوە بە لاتانەوە ئاسایی بێت کە ئەوروپییەک دێتە کوردستان سەیری هیچ کەسێک ناکات، چونکە هەست ناکات مرۆڤی تێدایە ، لەبەر ئەوەی جێگا دەست و شوێن پێ و بار و دۆخەکەی چوار دەوریی، هی مرۆڤ نین، یان لە باشترین حاڵەتدا هی مرۆڤی پێش شۆڕشی پیشەسازیی و ڕێنیسانسن..
لە ئەوروپا زانا و دانا و بیریارەکانیان، وەک تۆماس مۆر و دانتیی و ڤێرکیلی و بۆکاشیۆ و کۆپەرنیکوس و ..سەدانی تر، گەورەترین شوڕشی زانستی و ژیاریی و شارستانیی، بە خوێن و ژیانی خۆیان ئەنوسنەوە، ئەگینا تا ئەمڕۆیش شەقامەکانیان وەک شەقامەکانی ئێمه دەبوو .. ئەوان پێشڕەوی هەموو گۆڕانکاریی و شوڕشەکان بوون..خۆ تۆماس مۆر و سۆکرات ئەیانتوانی خۆشترین ژیان لەگەڵ پادشا نادادەکاندا بژین و خۆیان بە کوشتن نەگەیەنن، ئەی بۆچی خۆیان بە کوشتن گەیاند؟ لەبەر ئەوەی میللەتەکان تێ بگەن کە چیتر قبوڵی پادشای ناداد و یاسای دارستان نەکەن ..ئەوان نەبوونایه، سیستمی تێکنۆکرات چۆن لە ئەوروپا و ئەمەریکا پەیڕەو ئەکرا؟ چۆن ئۆبامایەکی بنەچە ئەفەریقیی ئەکرایە سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکان؟ ئەی بۆچی لای خۆمان سەرۆک لە فڵان تیرە و خێزان نەبێ، ئەگەر ئەبراهانم لەنکۆڵنیش بێ، لچی لێ نادات؟
ئێ ئەوان خاوەنی سۆکرات و تۆماس مۆر و دانتین کە فەیلەسوفی پێشمەرگە بوون، ئێمەیش خاوەنی فەیلەسوف گەرێکین، کە لە قسەکردندا هیچ کێشەیەکیان نییە، بەلام ئەگەر نیشتمانەکە لە نادادیدا نوقوم بێ، بچوکترین چارەسەر و کاردانەوە و هەڵوێستیان نابێ و ..تێکڕایشیان بە دەردی خوا ئەمرن.. بەڵام گلەییەکم لە هەردی سەلامیی هەبوو، لە کاتی سوور بوونەوەی قیمە و پیازەکەدا، نەیهێشت دکتۆر بە ئیسراحەت دوو پارووی چاک بخوات، نانەکە بەشێکی بە دەستییەوە و بەشەکەی تریشی لەسەر ئەژنۆی، نائومێد بووبوون.
دواجار کاک هەردی چووە کەرکوک بۆ لای کاک ئاسۆ ئەڵمانیی.. ئەو پیاوەیش وەک پێشمەرگەی دێرین و .. وەک خەڵکی کەرکوک و.. وەک یەکێک لە قوربانییەکانی ئیپیدایمی براکوژیی، کۆمەڵێک داخ و خەمی هەڵڕشت، کە وای لە بینەرانی کرد خۆشیان بوێت، هەستی خۆبەشتزانین و قسەی باق و بریقی نەبوو .. سادە و ساکار و خاکیی بوو ..بەڵام دوو سەرنجم لە بەرامبەری دروست بوو،
یەکەمیان : کاتێ باری تەندروستیی تێک دەچێت و .. چەوری جگەر یان ترایگلیسراید و ڕێژەی شەکری بەرز ئەبێتەوە، گوێ نادات بە خۆی، هەتا ئەم پرسە ئەگاتەوە لای پاڤڵ تاڵەبانیی، پێی دەڵێت : بڕۆ بۆ ئەوروپا چارەسەری خۆت بکە..
ئەمیش ئەڕوات بۆ نەمسا، بۆ سەنتەرێکی تایبەت بە هەرس و جگەر و لە ماوەی دوو هەفتەدا دوانزە کیلۆ دادەنێت و ..کە دێتەوە پزیشکەکانی ئێرە سەریان سوڕدەمێنێت، لێی ئەپرسن چیت کردووە وا هیچ دەردێکت تیا نەماوە ؟
لێرەدا لە کاک ئاسۆ ئەپرسم، باشە بۆچی هەتا کاک پاڤڵ نەیووت بڕۆ بۆ ئەوروپا، نەچوویت؟ بۆچی گرنگی بەخۆت نادەیت ؟ خۆ نە لە شاخین و نە لە شەڕداین و نە سنوورەکانیشمان گیراوە .. ئیتر چۆن ئەتوانیت بە نەخۆشی جگەر و پەنکریاسەوە لێی دانیشیت، هەتا پرسەکە ئەگاتە سەروو خۆت و ..پێت ئەڵێ ئەبێ بە زووترین کات بچیتە ئەوروپا چارەسەری خۆت بکەیت ؟
باشە، وا تۆ چوویتە ئەوروپا و چارەسەری خۆت کرد، ئەی ئەو خەڵکەی کە گوێیان لێگرتوویت، چۆن چارەسەری خۆیان بکەن؟ من کەسێک ئەناسم، کە جگەری به تەواوەتیی توشی فایبرۆسس بووە و ئەبێ جگەری بۆ بچێنن، لە کوردستان سێ دەفتەر دۆلاری تێدەچێ و لە هیندستان حەوت دەفتەر، ئێستا و لەم کاتە ناسکەدا چووە بۆ تاران، چونکە نە سێ دەفتەر شک ئەبات و نە حەوت دەفتەر ..؟
بە سیفەتی ئەوەی پێشمەرگەی دێرینیت و خۆت بە بەرپرسیاری ئەو میللەتە ئەزانیت، بۆیە ئەو پرسیارەت لێ دەکەم .. ئایا ووڵاتی خۆمان چارەسەری تێدا نییە، وا ئێوە یەکسەر ئەڕۆن بۆ ئەوروپا ؟ ئەنوەر و فاتیحی هاوڕێم شێرپەنجەیان بوو، بەرکەوتەی چەکی کیمیایی بوون ، خانۆکانیان فرۆشت و چوونە ئەستانبوڵ بە هیوای ڤیزەیەکی ئەوروپا، دەستیان نەکەوت و هەر لەوێ مردن و بوونە هاوگۆڕی نالی و حاجی قادری کۆیی ..
تۆ بۆچی باسی ئەو گەشتەت بۆ کردین بۆ نەخۆشییەکی ئاسان کە چارەسەرت لای پزیشکێکی وەک محسن ابوبکر هەبوو، ئەی ئێمە نەخۆشییە گرانەکانمان ببەین بۆ کوێ ؟
بریا باسی ئەو گەشتە ئاسانەت نەکردایە، کە لای ئێمە زۆر گرانە و هەزاران لاومان لەو ڕێیەدا خنکان.
دووەم سەرنجیشم ئەوەیە کاک ئاسۆ ئەڵێ ئەبێ جارێکی تر بچمەوە بۆ نەمسا، چێکی خۆم بکەمەوە، بەڵام لەبەر بارودۆخی نائارامیی بەغداد و ناوچەکە، دوام خستووە، چاوەڕێ دەکەم وەزعەکە ئارام بێتەوە، جا ئەڕۆمەوە بۆ نەمسا ..
لێرەدا ئەپرسم جاری یەکەم کە چوویت بۆ نەمسا، بارودۆخەکە ئارام بوو ؟ بڕوا ناکەم ئارام بووبێت.. چونکە من پەنجا ساڵ پێش ئێستام لەبیرە، هەرگیز بارودۆخی ئەم ناوچەیە ئارام نەبووە، هەر بۆیە دەست لە دەست و قەوەت لە خوا، بە زووترین کات تکتی فڕۆکە ببڕە و لە نەمسا چێکی تەندروستی خۆت بکەرەوە، دڵیشت هیچ نەکات، چونکە هەر کاتێ بە قەڵەم و کاغەزێکەوە بچیتە بارەگای هەموو حیزبە کوردییەکانەوە و غیابات بنوسیت، زۆربەیان غایبین و لە گەشتی خەلیج و تورکیا و ئەوروپا و ئەمەریکان، ڕەنگە تەنها ئێشکگرێک لە بارەگاکاندا ببینیت، کە وەک من سەرە ئێشکگرتنێتی و چاوەڕوانە گەشتیارێک بێتەوە و بارەگاکەی تەسلیم بکات و ئەویش بڕوات بۆ نۆرە گەشتی خۆی.




ئـاوی زیندوو نه‌گه‌یشتبووه‌ لووتكه‌كان.. شیعر \ نه‌ژاد عزیز سورمێ

مێژوو،
خوێـن و پێــكه‌نینی پـێدا دێ..
بـاران،
به‌ سه‌مای گه‌رده‌لوول ده‌چێ
كه‌زی تاڤـگان ڕاده‌كێشێ..
زیخ و چه‌وی كانی و جـۆگان،
له‌ گوێماندا گه‌وره‌ بوون..
خه‌باتی دره‌خت،
دژی ئاسمانی بـێده‌نگ به‌رده‌وامه‌..
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش
په‌لـكه‌گیا
تاك تاك
سه‌ریان له‌ ناو پووشدا
ده‌ردێـنن..
( مێـژوو..
خوێن و پێـكه‌نـین..
سه‌مای گه‌رده‌لوول..
خه‌باتی دره‌خت..)

هه‌میشه‌ به‌ نه‌خۆشیان بیـنیوین
‌ خه‌ریكه‌ ده‌مارمان
به‌ ده‌رمانی ئێــكسپایه‌ر
ده‌ردێـنن..
په‌نجه‌مان،
چاوی بێدارمان
هه‌ڵده‌گـڵووفێ..
ئه‌ستێره‌،
به‌ جل وبه‌رگی دڕاوه‌وه‌
ده‌رده‌كه‌ون
چیرۆكی (دونیای بێ شه‌ڕ) مان
بۆ ده‌گێڕنه‌وه‌..
( بـیـنـیـن..
ده‌مار..
ده‌رمانی ئێـكسپایه‌ر..
چاوی بێدار.. )

شه‌ڕ نه‌یهـێشت
زمانمان بێـته‌ گـۆ..
چـیا چه‌ند په‌نا بوو
نه‌فرین بوو..
كه‌س په‌یدا نه‌بوو بـڵێ :
پـاشا ڕووتـه‌.
( چیا..
شه‌ڕ..
نه‌فرین..
پاشای ڕووت.. )

هه‌ندێ جار
داگیرسانی ده‌نكه‌ شقارته‌كه‌ی ده‌ستم
ملپـێـچی بازنه‌ به‌ناوبانـگه‌كه‌م
به‌بیر دێنێـته‌وه
ئه‌وه‌ی له‌ دێری دێره‌وه‌‌
ده‌مباته‌ ئایینده‌یه‌ك
ته‌نیا له‌خۆی ده‌چێ..
( ده‌نكه‌ شقارته‌..
بازنه‌ی به‌ناوبانگ..
دێری دێر..
ئاییـنده‌.. )

كه‌ مه‌ستم
خۆم له‌ خه‌نه‌به‌ندانی مه‌رگ
ده‌بـینمه‌وه‌
له‌ هشیاریشمدا
چاو له‌و ڕه‌نگانه‌ ده‌گـێڕم
هێز ده‌ده‌نه‌ خۆر
سپێده‌ ڕوون ده‌كه‌نه‌وه‌.
سازی ژێی پساو
به‌ دیوار نا،
به‌ ناخم هه‌ڵپه‌سێردراوه‌
ئاوازه‌ له‌بیركراوه‌كانی،
ئاوازی نۆستالیژیای ناچاریـیه‌..
( خه‌نه‌به‌ندانی مه‌رگ..
هشیاری..
ساز..
نۆستالـیژیا.. )

كاژه‌كان
سه‌ره‌تاتكێ
له‌گه‌ڵ لووتكه‌دا ده‌كه‌ن
كاژه‌كان
چه‌تری گۆڕستانی
داگیركه‌رانن..
گیای هه‌ژار..
ڕۆخانه‌ی زیندانی..
شه‌وقی به‌فر..
پاڵـیان به‌ (با)ی نوستوو داوه‌..
خه‌ون،
به‌ كۆتوشه‌ڵوارێـكی پینه‌كراوه‌وه،‌
به‌ناو جه‌سته‌ی بنیساویاندا
دێ و ده‌چێ..
سه‌عات،
چیدی كات ناپـێوێ
مناڵان باڵداری
گه‌وره‌تر له‌ شه‌ڕ
له‌سه‌ر تۆز و غوباری
كه‌ڵه‌كه‌بووی دیواران
ده‌كێشن..
ته‌وژم،
خۆیان به‌ گێژه‌نا ئه‌ده‌ن..
گوڵی كه‌ناران،
بێ هه‌ست
بێ جووله‌
چروچیلكه‌یان به‌خۆیان
داداوه‌..
( سه‌ره‌تاتكێ..
چه‌تری گۆڕستان..
كۆتوشه‌ڵوار..
جه‌سته‌ی بنیساو.. )

ئاده‌می،
له‌وه‌ته‌ی له‌ ئاوی زیندوو دابڕاون
ئینسانیه‌تیان لێ
داماڵـڕاوه‌
له‌ نه‌شئه‌ی به‌تاڵـی
ئوتێـله‌ بێ ئه‌ستێره‌كان
ده‌ركه‌وتوونه‌ته‌وه‌..
له‌و ساوه‌
له‌گه‌ڵ یه‌كه‌مین چه‌خماخه‌دا
پـێـیان ده‌ڵـێـین:
ته‌نێ ئێواره‌ یا زه‌رده‌په‌ڕمان
بۆ ئازادكه‌ن
پـێده‌كه‌نن..
( ئیـنسانییه‌ت..
داماڵـین..
نه‌شئه‌ی به‌تاڵـی..
پێـكه‌نین.. )

نیشتمانی جه‌سته‌،
گه‌واڵه‌یه‌كی ناوه‌خت بوو
به‌سه‌ر بنمیچی سووتاومان..
ملیاره‌كانی به‌غدا،
كه‌ زلـهێزه‌ (مرۆڤدۆست)ـه‌ نه‌دیتـكه‌كان
بۆ نه‌هه‌نگانییان هه‌ڵـڕشت
لافاویان ڕاماڵـی
گـۆڕستانیان ئاوه‌دان كردنه‌وه‌
له‌و ساوه‌،
له‌وێ
له‌ كه‌ناره‌ ئاولـێـبـڕاوه‌كانی
دیجله‌ و فورات
باڵداری شووم
به‌ ئاسمانی ڕوانینمان
دێن و ده‌چن
تـۆی ڕووتـبوون،
له‌ كێـڵـگه‌ی پۆشته‌مان
ده‌چێـنن..
( نیشتمانی جه‌سته‌..
بنمیچی سووتاو..
باڵداری شووم..
تۆی ڕووتبوون.. )

ده‌بووایه‌
نوخشه‌ی لاسه‌نـگی
ڕه‌هایه‌تی لێ بده‌ین
ده‌بووایه‌
پـێشبینی په‌ژموورده‌یی
لق و چـڵی ده‌ره‌تان بكه‌ین
سه‌ربرده‌ سه‌یر و سه‌مه‌ره‌كانمان
له‌ كه‌لاوه‌ی
گونده‌‌ وێرانه‌كانمان
كه‌ ئاوی زیندوویان تـیا ون بوو
پاك كه‌ینه‌وه‌
ده‌بووایه‌ بزانـین
به‌ری نـزار،
به‌و هه‌موو سڕه‌ و شه‌خته‌به‌ندییه‌ی
بۆ ڕۆژێ گله‌یی
له‌ خۆر نه‌كرد ؟
هه‌ناسه‌مان،
پـڕ به‌ سییه‌كانمان نییه‌ ؟
( نوخشه‌..
ده‌ره‌تان..
كه‌لاوه‌..
به‌ری نـزار.. )

تا چاو تیشكـیان لێ ده‌بووه‌وه‌
ساده‌ بووین .. ساویلكه‌ نا
مامۆستایانی نهێـنی،
ڕۆژانه‌
یادداشتی
تـاو و سێبه‌ریان ده‌نووسییه‌وه‌..
بایی خۆمان بووین..
سنگمان قه‌ڵغانی خه‌ونه‌كانمان بوو
كه‌ هێشتا،
ئاودیوی سنوورانمان نه‌كردبوو
هێشتا پاشگری
مۆڵ و
كۆمه‌ڵی فابریقه‌ی بێ ناسنامه‌ی
پـێوه‌ نه‌كرابوو
له‌ درۆی سپیمان زیاتر نه‌ده‌زانی..
شه‌وان چه‌كمان
له‌ تریفه‌ی مانگ ده‌شارده‌وه‌..
به‌ بۆردوومانی دژمن و
ته‌قـقه‌ی خاییـنان
به‌یانیمان ده‌كرده‌وه‌
حیكایه‌تی
ده‌ست و په‌نجه‌ی شه‌قارمان
بۆ پێده‌شتی به‌فرینی كوێستانان
ده‌گێڕایه‌وه‌
هاتین
به‌ هه‌ڵپه‌ی ده‌ركه‌زایان
له‌ شاره‌ به‌ژاوه‌ژاوه‌كان
هه‌موویمان له‌ده‌ست دا
هاتـین
ئـاوی زیندوومان مراند
به‌ تـاوه‌وه‌
خۆمان له‌ بندیواری چه‌شه‌خوازان و
مه‌یدانی قسه‌فرۆشاندا دیته‌وه‌
هه‌وای سه‌رابێـك لێی داین
نه‌ له‌ خه‌و
نه‌ له‌ بێداری
به‌رمان نادا..
( مامۆستایانی نهێنی..
درۆی سپی..
ته‌قـقه‌ی خایینان..
مه‌یدانی قسه‌فرۆشان.. )

ئه‌و زه‌مینه‌ی
هه‌ر یه‌كه‌مان ناوێـكمان لێ نابوو
ئه‌و زه‌مینه‌ی پشتی ڕاست ده‌كردیـنه‌وه‌
ئه‌و زه‌مینه‌ی
دایكمان بوو ، باوكمان بوو
له‌ خه‌می ئێمه‌ پـیر بوو..
ڤیان و خۆشه‌ویستی
سه‌ریان هه‌ڵگرت
ئێستا له‌ هه‌نده‌ران
به‌ یادگاری و
بۆ یادگاری ئه‌و ده‌ژین ..
( پشت ڕاست كردنه‌وه‌..
سه‌رهه‌ڵـگرتن..
هه‌نده‌ران..
یـادگاری.. )

چوارگۆشه‌ سازگارتـر بوو
یان بۆشایی؟
سه‌فه‌ر فێنكـتر بوو
یا باوه‌ش؟
تاڵیشك شیرینتر بوو
یا ده‌سته‌پاچه‌یی؟
ساوی كاوبا هێمنتر بوو
یا جێوه‌ڕێـیی؟
لاڤایی ڕۆشنتر بوو
یا په‌نگاو؟
چه‌شه‌خوازی كۆمید‌یتر بوو
یا بێـنیازی؟
ئاوی زیندوو به‌ شه‌وقـتر بوو
یا بۆنی ڕه‌نگ؟
( بۆشایی..
سه‌فه‌ر..
كـاوبا..
بێـنیازی.. )

بڵێسه‌ به‌ دره‌ختان هه‌ڵده‌گه‌ڕێ
ئاوی زیندوو
به‌سه‌ر سنگی زه‌نوێران..
ڕێی هه‌وادارانی گوڵـپه‌ڕ،
داری عاشقكوژانی لێ شین بووه‌
بوونه‌وه‌ری ده‌مامكداری گیرفان زل
له‌ هه‌ر كونجێك خه‌ونێــك بـبـیـنن
سه‌ری گۆشاوگۆش ده‌بڕن..
( هه‌ڵگه‌ڕان..
سنگی زه‌نوێران..
ده‌مامكدار..
گۆشاو گۆش.. )

شه‌وڕه‌و بوو
پرسیارێك
ڕوئیای دایساندم
كه‌ڤاڵێك بوو
له‌و كه‌ڤاڵانه‌ی
له‌ پیشانگاكانمدا
زۆر جار نمایشیان ده‌كه‌م
ده‌نگه‌ نووساوه‌كانی ده‌رده‌بڕی
له‌ ناوه‌ڕاستی (هیچ)دا،
له‌ ڕقی (درۆن)ـه‌ كوێره‌كان
وێنه‌ی لامپاییه‌كی شكاو
خۆیان به‌ ته‌نته‌نه‌ی ئاسمان
شۆڕ ده‌كرده‌وه‌
دووكه‌ڵی سه‌رده‌می ئیفلیجیان
هه‌ڵده‌مژی
به‌ چاوی كراوه‌وه‌ ده‌نووستن
سه‌ریان به‌ (با) ڕووت ده‌بووه‌وه‌‌..
( شه‌وڕه‌و..
درۆن..
ته‌نته‌نه‌ی ئاسمان..
سه‌رده‌می ئیفلیج.. )

چیا له‌ با ده‌پرسن
كێ ڕێی نـێوانی
نه‌خشه‌ی ئاگر و
بێده‌نگی ئاوی زیندووی بـزر كرد؟
خانمی هاوار هاوار
له‌ كام قه‌سابخانه‌ هاتبوو‌
به‌و كراوه‌یی‌ و بـێباكییه‌
سه‌ر له‌ لاشه‌
جـیا ده‌كاته‌وه‌
كه‌ خواوه‌ند
ده‌ستووریان نه‌دایه‌ ( نینئه‌ننا )
له‌ دونیای ژێری ژێره‌وه‌ بـیكا؟
( نه‌خشه‌ی ئاگر..
خانمی هاوار هاوار..
قه‌سابخانه‌..
نینئه‌ننا.. )

سیمامان له‌ تووڕه‌یی هه‌ڵـێـنجراوه‌
خاك،
له‌ به‌ره‌به‌یانی مێژووه‌وه‌
كـێشمانه‌ی خۆی ئه‌دا
دره‌ختێـكی لێ نه‌بینرا
(بۆشایی)ـه‌ پڕه‌كان،
هه‌میشه‌
‌له‌(ببووره‌)یان زیاتر
بۆ نه‌مایه‌وه‌..
داهـۆڵه‌كان به‌ ئاوی مردوو
په‌ڕوبـاڵـیان ده‌ركرد
بـێستانه‌كانیان به‌ تاڵان دا
لووتكه‌ له‌ داخی
هه‌ناسه‌بڕكێی دارستانان
ده‌گرین
فرمێسكـیان
به‌ پانتۆڕی یاخه‌ ئوتوكراوه‌كان
دێـته‌ خوارێ
بوونمان،
به‌ تـۆز و گه‌ردی
خه‌تـایه‌ سه‌تـباره‌بووه‌كانمان
ئاڵووده‌یه‌..
ئاوی زیندوو
نه‌گه‌یشتبووه‌ لووتكه‌كان
بۆیه‌ نـابێ
به‌ مه‌رگی خۆمان بمرین
ئینجا بۆ ئه‌وه‌ی
بێ هـۆ نه‌مرین
ده‌چـیـنه‌ شه‌ڕ
دروشم،
به‌ مه‌ره‌كه‌بێـك ده‌نووسین
به‌ چه‌پڵه‌ی گه‌رم ڕه‌ش ده‌بێـته‌وه‌..
ئاوی زیندوو
نه‌گه‌یشتبـووه‌ لووتكه‌كان
بۆیه‌
‌له‌ پرسیاره‌ تێــكشكاوه‌كان
نه‌گه‌یشتین
گوڵه‌گه‌نم
بڕوایان به‌ هه‌ور نه‌ما.

                             نه‌ورۆزی 2026



بۆگەنیی کات.. شیعر \ مستەفا مۆحسین

هەستەکان لە قووڵایی گۆشتێکی ڕزیودا، بۆنی مێژوو دەگرن،
یادەوەرییەکان لە پەنای ئێسکەکاندا دەبنە خۆڵەمێش.
ڕاستییەکان، وەک تابووتێکی بێخاوەن، لەگەڵ ئاودا ڕێ دەکەن.
ورچە سپییەکانی بەستەڵەکی باکوور
خەوتن لێیان دەپاڕێتەوە،
بەڵام خەو، وەک حەبێکی ژەهراوی، لە قوڕگی ئاسماندا قەتیس ماوە.
چاوی کۆندەپۆکان لە ناو گیرفانی قاپوتێکی کۆندا،
بیرەوەریی دەڕشێننەوە.
خۆر، وەک پشکۆیەکی بێزار، لە ناو گوڵدانێکدا دەمرێت و
گوڵەکان بۆنی دووکەڵی ئەستێرەکان دەگرن.
هەورەکان، وەک پەڕۆیەکی چڵکن
تاڵیی دەبارێنن و
لە ناو جەستەی مرۆڤەکاندا، کارگەی بەرهەمهێنانی تەم دروست دەکەن.

لەو ڕووبارەوە، ئەو کەسەی کە قەت نەبینراوە،
چاوەکانی هاوشێوەی گەردوون کراوەن؛
“نەبوون” هەڵدەڕژێتە ناو زمانیەوە.
ئاوێنەکان خەریکە وێنەی ڕاستەقینە دەشارنەوە،
تا تێبگەین کە سێبەرەکان، بەر لە ئێمە خۆیان کوشتووە.
خەونە هاوبەشەکان،
هەموویان پڕۆژەیەکی خۆکوژین.
لەمە بەدواوە،
حەقیقەت وەک سەگێکی بریندار،
بە ناو کۆڵانە تاریکەکانی مێشک
بە دوای ئێسکێکدا دەگەڕێت،
که بۆنی “ئومێد”ی لێ نەیەت.