گفتوگۆیەکی شانۆیی لەگەڵ نیهاد جامی-بەشی یەکەم

1-

رەنگە میتۆدی ئەم گفتوگۆیە لەگەڵ هەر گفتوگۆیەکیتر جیاواز بێت، هەڵبەت هەمیشە بەدوای شێوازو زمانی جیاواز گەڕاوین بۆ قسەکردن لە شانۆدا، لەرێگەی توێژینەوەو وتار و شانۆنامە و گفتوگۆ، بەڵام ئەوەی لەو گفتوگۆیەدا پشتی پێدەبەستین ، میتۆدی هەڵوەشاندەوەگەرایی ژاک دێرێدایە، بەهەمان میکانیزمی ئەو کار دەکەین ئەو فەیلەسوفە کتێبێکی هەیە بەناوی “شوێنگەکان” لەو کتێبەدا دیدی فەیلەسوفەکان دێنێت و دەیکاتە پرسیار ئاراستەی خۆی دەکات، ئەو میکانیزمە بۆ ئێمە دەروازەی چوونە ناو ئەو گفتوگۆییە، لەماوەی دە ساڵی ڕابردوو ئاشنابوون بە تەک شانۆی خۆرئاوایی و کارکردن تیایدا، فێربوونی زمانی جیاوازی وەک پۆڵەندی و فەڕەنسی وایکرد دەستمان بەسەر کتێب و سەرچاوە ئۆرگیناڵەکان بگات،  تێگەیشتین هەڵەی چەند زۆر هەیە، پێویستیان بە راستکردنەوەیە، بۆیە لەم گفتوگۆیە وەڵام بە هەموو پرسیارو دەنگە دەنگ و جنێوو هاتو هاواری شانۆکارانەک دەدەینەوە، جگە لەوەی زۆر زانیاری بە خراپ گەیشتوون ڕاستیان دەکەینەوە.

* با لەسەرەتای کاری شانۆییتان دەست پێبکەین، چۆن هاتنە ناو شانۆ؟ تۆ لەم سەرەتایەی خۆت ڕازیت؟ ئارەزوو بوو یان مەعریفە؟ تۆ لەگەڵ یەکەم کارت وەک دەرهێنەر خەلاتی باشترین دەرهێنەرت لەفێستڤاڵی شانۆ وەرگرت، دەتوانم بڵێم هەر لەسەرەتاوە بوویتە شانۆکارێکی دڵخۆش و هەموو دەرگاکان بەڕووت کرانەوە؟ 

  • رەنگە هەمیشە سەرەتا تەنیا چوونە ناو ماڵێکی گەورە بێت، ژوورەکانیت نەدیووە، دەبێت بیپشکنی تا بزانیت پێویستیەکانی چین و دەبێت تۆ چی بکەیت لەناو ئەو ماڵەدا، هەر لەسەرەتاوە من و ئەو نەوەیەی دوای راپەرین کەس گوێی لێ نەدەگرتین، دەمانویست یاخی بین، هاتین جەنگمان بەرپا کرد لەگەڵ نەوەی پێش خۆمان، نەوەی پێش ئێمە، ئەو نەوەیەی بریتی بوون لەکۆمەڵێک دەرهێنەری ریالیستی، کە بۆ هەمیشە دەبێت شانازیان پێوە بکەین، ئەوان بریتی بوون لە «تەڵعەت سامان،فەرهاد شەریف، تەحسین شەعبان، عوسمان چێوار، ئەحمەد سالار» هاتین نووسیمان وتمان هیچتان نەکردووە ، ئێمە هاتووین شانۆ بنیات بنێین، بەڵام لەڕاستیدا ئێمە هێندەی قسەمان دەکرد، ئەوان زیاتر دەرگاکانیان توندتر بەروومان دادەخست، شەری ناوخۆ بوو، نەوەی پێشوو خۆی بەدوورگرت لەشانۆ، ئەوە دەرفەتەکەی بۆ ئێمەی قۆستەوە، لەو فێستڤالە شانۆییەی وەزارەتی رۆشنبیریی من خەڵاتی باشترین دەرهێنەرم وەرگرت، ئەوە سەرەتایەکە بۆ نائومێدی، بەرپرسیاریەتێکت دەبێت، بۆ دوای ئەوە چی دەکەیت، چاویان لەوەیە بزانن کارەکانت بەرەو کوێ دەڕوات، من هیچ کاتێک لەشانۆدا شانۆکارێکی دڵخۆش نەبووم، ئێستا لەشانۆدا لەهەموو کاتێک خەمگینترم، بەلام هیچ کاتێک هێندە ڕوناکیم نەبینیووە وەک ئەوەی لەشانۆی پۆڵەندی بینیم، لەوێ زانیم هەڵەو خەوشەکان چین، هەر بەڕاست ئێمە خەریکی چی بووین؟ تازەگەریەک کە باسمان دەکرد، ئەو کاتەی ئێمە باسمان لەو تازەگەریە دەکرد، لە خۆرئاوا ببوو بە میرات و کەلەپووری تازەگەری، ئەو ناوانەی باسمان دەکردن، کە ئێستاش لەکوردستان هەر باسیان دەکرێت، پەیوەندی نەبوو بە تازەگەری شانۆیی، هێندەی پرۆژەی دژە شانۆ بوو، دەرهێنەرانێک بەدوای فۆڕمێکیتر دەگەڕێن، کە دژی تەواوی بنەماکانی شانۆیە، بە بڕوای ئێمە یەکەم برین بەر جەستەی شانۆی ئێمە دەکەوێت لەرێگەی تازەگەریەوەیە، چونکە تازەگەریەک کە سەرهەڵدەدات لەشانۆی ئێمەدا زادەی ساتەوەختێکی ترسناکی ئەنفال و هەڵەبجەیە، کەس هێندەی بەعس بەم تازەگەریە دلخۆش نیە، بۆیە دەرگای ڕۆژنامەکان دەکاتە سەر پشت تا بەویستی خۆی شانۆکاری کورد باس لەشانۆیەکی ئەزموونگەری و تازەگەر بکات، چونکە لەبنەرەتدا شانۆیەک بوو بیرکردنەوەی شانۆیی بە بیانووی فۆڕمی باڵاو شانۆی جیهانی، مرۆڤی کوردی دوور دەکردەوە لەکێشە کولتوریی و نەتەوەییەکانی، لەساتەوەختی ئەنفالدا تۆ بێیت زمانی کوردی و جل و بەرگی کوردیی و دیمەنی ماڵی کوردیی بگۆڕیت بە جولەو سەما و مۆم و قوماش و گوریس، جگە لە بەعس کێ سەرکەوتووە لەوە؟ ئێمە نەوەیەکمان هەیە هێشتا خەون بەو شانۆیە دەبینێت، بەدوای ڕاپەرین من یەکێک بووم لەو شانۆکارانە و کارم دەکرد دەمنووسی و ڕەخنەم دەگرت، بەڵام لەپڕ سەیرمان کرد تەنیا شانۆکارانی هاوڕێمان لەهۆڵەکە ماون، ئیدی بینەرمان نەبینی، ئێمە تۆمەتمان دەبەخشیەوە، گوایە بینەر هۆشیاری لاوازەو لەو شاکارە فەلسەفیانە تێناگات، نەوەی من پێویستە پۆزشی هەبێت لەوەی بووە بکوژی شانۆ، بەڵام جگە لەمن کەس ئەو بوێریەی نیە، وا نەزانیت ئەوە لەخۆبایی بوونە، نەخێر ئەو پەری بەرپرسیاریەتی ئەخلاقیە بەرامبەر شانۆ، من هاولاتیەکی شانۆییم، ئەو دەستەواژەیەم لە شانۆکار هادی ئەلمەهدی وەرگرتووە، هەڵبەت زۆرتان نازانن بەر لەمن هادی وای ووت، بەڵێ ئەو هەر بەڕاستی هاولاتی شانۆ بوو، وەک چۆن کە دەستی دەدایە کاری تەلەفزیۆن دەتزانی خەریکی خیانەتکردنە لەنیشتمانەکەی کە شانۆیە، بۆیە ئەوەم تەنیا وەک ئەمانەت باسکرد، دێمەوە سەر قسەکانی خۆم، دەبێت لەبەرامبەر نیشتمانەکەمدا شانۆ ڕاستگۆ بم، لەهەڵەو خیانەتەکاندا تاوانەکانم بگرمە ئەستۆی خۆم، هەر کەسێک وای نەکرد، نەک هاوڵاتی نیە، بەڵکو بێگانەیە هاتۆتە ماڵێک کە ماڵی ئەو نیە، بۆیە لەم گفتوگۆیەدا زۆرم بەلاوە مەبەستە بەگژ مەعریفەی باوی تیۆرە شانۆییەکان بچینەوە، ئەو تیۆرانەی خۆر ئاوا وەک میراتێکی شانۆیی سەیری دەکات، کەچی هێشتا لای ئێمە و شانۆکارانی عەرەب دیدێکی پیرۆزگەرا و ڕەهایان هەیە لەبیرکردنەوەی شانۆییدا، ئەوە هەوڵێک نیە بۆ خۆ گەورە بینین، هێندەی قسەکردنە لە ئێستا کە تێی دەگەین، بەگژداچوونەیە بە تیۆر، نەک بۆ ڕەتکردنەوەی، هێندەی دیدی ڕەخنەییە بۆ تیۆر، لەوەی چۆن سەر لەنوێ بتوانین لەهەڵوەشاندنەوەی سێنتەری گوتاری تیۆر، بونیادەکانی بنووسینەوە، ئەوەی جێگەی گومانی من نیە ئەوەیە، شانۆکارانێک کە تائێستا تیۆرەکان وەک پیرۆز دەبینن، ئەو گفتوگۆیە وەک گوناهێک لەبەرامبەر تیۆر سەیر دەکەن، رۆژگارێک بۆ ئێمەش هەمان شت بوو، ئەو تیۆریستانە دواهەمین پلەی باڵای شانۆ بوون، بەڵام کاتێک لەناوەندگەرێتی شانۆی خۆرئاوادا دەبینیت، ئەوەی بۆ ئێمەی شانۆکاری کورد پلەی باڵای شانۆیە، بۆ ئەوی شانۆکاری ئەو کولتورە خۆر ئاواییە وەکو میراتێکی تازەگەری سەیر دەکرێت، نەک خودی تازەگەری بێت، ئەوەش خوڵقاندنی چەمکی جیاوازی نێوان منی کورد و ئەویتری خورئاواییە. رەنگە هەوڵێکی وا پێویستی بە بوێریەکی زۆر بێت، تا ئاستی ئەوەی گفتوگۆکە لەم رۆژگارەدا بەهای خۆی نیشان نەدات، بەڵام بەپێی تێگەیشتنی رۆژگار ناچار وەک هەوڵێکی خاکەڕایی دەبینرێت، کە پرۆژەیتر بەدوای خۆیدا دێنێت، دەمەوێت لەڕێگەی پرسیارەکانی دواتر لەسەر تەواوی ئەو پرسانە قسە بکەم، کە شانۆی لەکۆمەلگای کوردیدا کووشت، وەک سەرەتا ئاماژەمان بۆ کرد دەمانەوێت لەڕوانگەی هەڵوەشاندنەوەگەرایی و چەمکەکانی وەکو سێنتەر و بونیاد و زمان و جیاوازی بە مانا دێرێداییەکەی کار دەکەین، دەیگوازینەوە ناو تێگەیشتنەکانی مانا تیۆریەکان، لەساتی هەلوەشاندنەوەی تیۆرو چۆنیەتی نووسینەوەی بونیاد، ئەوەش ڕزگار بوونە لەسێنتەر و گەڕانەوەیە بۆ بونیاد بەر لەبوونە گوتار، ئەوەی بۆ ئەو میتۆدە ڕوونە خۆشبەختانە بونیاد وەک گوتار سێنتەری نیە و لەدەرەوەی سێنتەرە.
  • * شانۆی ئەزموونگەری کوردیی شانۆیەک نەبوو کە بینەری کوردیی بە شانۆی باڵا ناساند؟
  •  ئەو پرسیارە لەبنەرەتدا خراپ نیە، بەڵام ستراتیژی شانۆ چیە؟ ئایا ئێمە پێویستمان بەوە بوو شانۆکەمان گوزارشت لەشانۆی باڵا بکات، شانۆیەک بێت ڕابکات لەکێشەکانی مرۆڤی کوردیی؟ هەر بەڕاست ئەوە خۆ فریوودانی ئێمە نەبووە لەرابردوو ویستومانە وای بخەینە ڕوو لەڕێی تێکستە جیهانیەکان و لابردنی بەشێکی زۆری دیالۆگەکان و گۆڕینی بە وێنە گوایە لەم رێگایەوە باسی برینی کوردیی دەکەین؟ مەگەر تەنیا لەزهنی دەرهێنەردا وێنەی وا بوونی هەبێت، سەرەنجام بینەران نمایشێک دەبینن گوزارشت لەو ناکات، بۆیە ئەو دۆستانەمان پێویستە ئەوە قبوڵ بکەن، کێشەی شانۆی کوردی خودی شانۆی ئەزموونگەری خۆیەتی، ئەزموونگەری بکە دەرەوە بزانە شانۆی کوردیی کێشەی هەیە؟ دواتر بەڕاست ئێستا ساتی ئەوەیە لە خۆمان بپرسین: سەرچاوە تیۆریەکانی ئەو شانۆ ئەزموونگەریە چی بوو؟ لەکوێوە هاتبوو؟ لەچی ئەزموونی دەکرد؟ هیوادارم سەلیقەتان هەبێت و ئارامگر بن، تا وەڵام بەو پرسیارانە دەدەینەوە، دیارە سەرچاوە تیۆریەکانی شانۆی ئەزموونگەری کوردیی خودی دنیا ئەزمونکاریەکەی شانۆکارانی خۆرئاوا نەبوو، بەڵکو لەناو شانۆی وێنەیی عێراقیەوە دێرێک یان ناوی دەرهێنەرێکی خۆرئاوایی دێت، لەڕووی خوێندنەوەی بایۆگرافیەوە، گەر بڕوانین دامەزرێنەری ئەو شانۆیە شانۆکارێکە کە عەرەبەکان بە داهێنەر ناوی دەبەن، منیش سەرەتای ژیانی شانۆییم تەواو وامدەزانی شانۆ لەسەر دەستی ئەو شانۆکارەیە ، ئەویش سەلاح قەسەبە، بۆیە کتێب و سیناریۆو دێری ناو وتارێکی نیە نەمخوێندبێتەوە، بەڵام با ستایشکار نەبین با بێین بە دیدێکی ڕەخنەییەوە لێی بڕوانین، دەزانم دەتەوێت بلێی بۆ ستایشکار نەبین؟ بێزار بووین لەوەی ستایشی بکەین، تەنانەت من کارم لەسیناریۆیەکی شانۆیشیدا کردووە، بۆیە دەمەوێت ئیتر بە دیدێکیتر لێی بڕوانین، ئەو کارەکتەرە کە رۆڵەی شەرعی بەعسە، شانۆ لەکێشەکان دەردەکات و دەیگۆرێت بۆ ناو فۆڕمی سوریالیزم، هەر کاتێک ئەدەب و هونەر باسی لەکێشەی کۆمەلگا نەکردو فۆڕمی خولقاند دەسەڵاتە فاشیەکان کێشەیان نیە لەگەڵیدا، ئەوانەی ئەو شانۆ ئەزموونگەریە دێننەوە کوردستان، ئەوانەن کە خوێندکاری ئەون لە بەغدا، دۆست و هاوڕێ و ئازیزەکانمان، گومانمان لەتواناو خەونبینی شانۆییان نیە و هەمووشیانمان خۆش ئەوێت، بەڵام پرسەکە زۆر لە خۆشەویستی گرنگترە، کەواتە سەرچاوە تیۆریەکانی شانۆی ئەزموونگەری کوردیی.. شانۆی وێنەیی عێراقیە، ئەزموونکردن نیە بەقەد ئەوەی لابردنی بەشێکی دیاری تێکست و گۆڕینیەتی بە وێنە و بەکۆمەڵێک دەلاتی ناتەباوە، کەشێکی سوریالیانە بەرهەم دێنێت، ئەوە شانۆی عێراقی دلخۆش دەکات، مرۆڤی کوردی لەکێشە سەرەکیەکانی دوور دەکاتەوەو شانۆکەش دەکات بە پەراوێزی شانۆی عێراقی، ئەی شانۆکە لەچی ئەزموونی کردووە؟ ئایا ئەزموونی شانۆی خۆرئاوایی بوو؟ کە وتمان شانۆی وێنەی عێراقی بوو، بەلام ئەوان باسیان لە ئارتۆ و گرۆتۆڤسکی دەکرد، ئێمە لەدرێژی ئەو گفتوگۆیەدا دڵنیام دەگەڕێینەوە سەر ئەو باسە لە ئاستی تیۆری تیۆریستەکانی خۆرئاوایی قسە دەکەین، چونکە زۆرجار دەبیستمەوە گوایە بەم دواییانە من وتومە گرۆتۆڤسکی لەشانۆدا گرنگ نیە، بەداخەوە مرۆڤگەلێک کە وەک ئەو بیرت نەکردەوە کە نەیتوانی بخوێنێتەوە کە دەستی نەگەیشت بە کتێب و سەرچاوەی ئۆرگینالی، چی بکات تا بیسەلمێنێت کە وەک تۆیە؟ هەر دەبێت تۆمەتت بۆ بتاشێت، من پیاوێکی باوەڕداری خوداییم و لەحەزرەتی مەسیح فێری بووم دەبێت بیانبەخشین لەگوناهەکانیان، بەڵام لەهەمان کاتدا لەسەر من پێویستە هەڵەو نەزانیەکانیان بۆ راست بکەمەوەو بەردەمیان ڕوناک بکەمەوە، لەو تاریکیەی تیایدان ڕوناکی بۆ چاوەکانیان بگەڕێنمەوە، دواتر دێینە سەر گرۆتۆڤسکی و ئارتۆ، با لە باسەکە زۆر دوور نەکەوینەوە، شانۆی ئەزموونگەری کوردیی تەنانەت شانۆ خۆرئاواییەکەشی وەک خۆی وەرنەگرت، بۆ نمونە دوو نمایشیان بەناوی شانۆی ژوور بەرهەم هێناوە، سەرەتا کە دەچیە سەر سەرچاوە تیۆریەکانیان بۆ ئەم شانۆیە، فریوی دەستی کتێبێکی عەرەبین کە بەدوو لاپەرە باسی ئەو شانۆیە دەکات، ڕەنگە ئەمرۆ ئەو زانیاریانە لە ویکیپیدا زۆر زیاتر هەبێت، ئەوە گرفتەکە نیە، گرفتەکە لەوێ دەست پێ دەکات بەهۆی ئەوەی بە شانۆکە ووتراوە ژوور، ئەو دۆستانە واتێگەیشتوون دەبێت لە ژوور نمایش بکرێت، بۆیە شانۆکەیان بردۆتە ژوور، کاتی خۆی منیش ئەو هەڵەیەم کردو نمایشێکم لە کەرکوک لەژووردا نمایشکرد، منیش واتێگەیشتبووم، لەکاتێکدا شانۆی ژوور بەواتای شانۆی بچووک لە فۆڕمی ژوور، بۆ ئەوەی وێنەی ئەو شانۆیە رێک ببینیت، ئێمە دوو شانۆیی وامان لەکوردستان هەیە، هۆلی بەرێوبەرێتی شانۆی هەولێر و هۆلی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی، بەوانە دەووترێت شانۆی ژوور، نەک نمایش بەرینە ناو ژوور، کەواتە هەر لەناو نان و میتۆدەوە هەلە هەیە و دەبێت ڕاست بکرێتەوە، جگە لەوە ئەزموونگەری ئەوە نیە کە نمایش لەهۆلی شانۆ بێنیتە دەرەوە، بەلکو ئەزموونکردن بەواتای ئیشکردنەوە لەسەر تەکنیک و تیۆر لەناو دەقی شانۆیی وەک لای برێخت و بیکیت و یۆنسکۆ دەیبینین، بەلام لای شانۆکاری کورد ئەزموونگەری واتە هاتنە دەرەوە لەهۆلی شانۆ، ئەوەش لەشانۆوە دەگۆرێت بۆ پێرفۆرمانس و یا ئەوەی پێی دەلێن شانۆی دوای دراما، بە کورتی تیپی شانۆی ئەزموونگەری کوردی هەشتاکان و تیپی شانۆی ئەزموونگەری کەرکوک کە من سەرۆک و دەرهێنەری بوومە و کارم بە کۆمەلێک گەنج تیایدا کردووە، هیچیان شانۆی ئەزموونگەری نین، بەلکو کاری پێرفۆڕمانسین و لەرۆژگاری خۆیدا کەسمان پێمان نەزانیووە، ئیدی کاتی ئەوەیە ئێستا هەلەکانمان بدۆزینەوەو باسیان بکەین.

-ترس دەکەوێتە کوێوە لە هەڵوەشاندنەوەی سەنتەر بۆ گوتاری تازەگەری و شانۆی ئەزموونگەریدا؟ ئایا بونیادەکان لەو ڕووبەرەدا ونکردنی شوناس نیە ؟

* لەچی دەترسیت؟ لەوەی مێژووی ساختەکاریمان ئاشکرا دەبێت و دەبینە دژە مێژوو؟ من ترسم لەوە نیە، بۆیە دەبێت ئەو سێنتەرە هەلبوەشێندرێتەوە، هەڵوەشاندنەوەی سێنتەری تازەگەری کوردیی، قسەکردنە لەئاستی تیۆریی ئەو سێنتەرە، چی تازەگەری بەرهەمهێنا ؟ لەکوێوە هات؟ پەیوەندی نێوان تازەگەری و کولتور چیە؟ تازەگەری کوردیی زادەی دۆخێکی شانۆیی نەبوو، هاوکات بوو لەگەڵ تەوژمێکی شانۆی عێراقی لەساتەوەختێکدا بەعس دەگات بە وێنەی باڵای تۆقێنەر، سەرکەوتنی جەنگی هەشت ساڵەی لەگەل ئێران و وێرانکردنی دێهاتەکانی کوردستان و شۆڕشی کوردی بەناچاری دەرواتە ئەودیوی سنوور، ئەوەش وا دەکات بەعس هەستی سەرکەوتنی بگاتە لوتکەو عێراقی سەددام عێراقێکی بەعسی بێت، شاعیرێکی وەک نزار قەبانی دێت دەکەوێتە ستایش و دەلێت «بەخۆشەویستەکەم بلێن لەبەغدا، باببێت بە بەغدایی” دواتر بە شیعری شمشێر جۆرێک لەپاشگەزبونەوە دەخاتە ڕوو، ژنە شاعیری کوێتی سوعاد سەباح شیعرێک دەنوسێت بەناوی «خودەی سەربازێکی عێراقیم پێ بدە هەزار شیعرت ئەدەمێ” ساڵ ناسوڕێتەوە ئەو سەربازە وڵاتەکەی داگیر دەکات، قەبانی و سەباح لەماوەی ساڵێکدا لەڕێی شیعرەوە پاشگەزبونەوەی خۆیان نیشان دەدەن، شانۆکاری کورد دوای چڵ ساڵ هێشتا ستایشی دۆخێک دەکات کە بەدژی کولتور بوو، لەو ساڵانەدا بەعس دامەزراوەکان کۆنترۆل دەکات و ئۆرگانە چالاکەکان پەک دەخات، ئەوەش دەرفەتێکی گرنگە بۆ کۆمەلگایەکی بەعسی تازەگەر، چونکە تازەگەری و فاشیزم لەناو یەک مندالدان دێنە بوون، ستالین و هیتلەر و سەددام دەخولقێنن، نازیزم و بەعسیزم دێنێتە بوون، لەسایەیدا هیرۆشیما و هەلەبجە دەبن بە دوو شوێن وەک ئاماژەی درندەی فاشیزم لەتازەگەریدا ، هۆلۆکۆست و ئەنفال دێنێتە بوون، لێرەدا فاشیزم دامەزراوە ئایدیۆلۆژیەکانی وەک سەربازیەکانی گەشە پێ دەدات تا هەموو شتێک بەدەوری خۆی بسوڕێتەوە، تازەگەری بیانویەکی ترسناکی هەیە بۆ لەکارکەوتنی کولتور، سیماکانی بوون دەسڕێتەوە، شانۆی ئەزموونگەری وەک فۆڕمێکی تازەگەری دێتە ناو ژیانی شانۆییمان، خەون بینین بە شانۆیەکی باڵا لەبنەرەتدا کوشتنی خەونی شانۆیەکی کوردیە، بەڵام کۆمیدیاکە لەوێوە دەست پێدەکات کاتێک لەژێر دروشمی «بەرەو دامەزراندنی شانۆی کوردی» دەیان وتار لەبارەی شانۆی ئەزموونگەری کوردی دەنوسرێت، تا ئەو شوێنەی بێئاگایی زاڵە دۆخەکە سرووشتیە، بەلام کاتێک بەئاگایان بێنیتەوەو سووربن لەسەر هەمان دنیابین، لەوێوە تراژیدیا ئەخلاقیەکانی لەدایک دەبێت، چونکە ئەو تازەگەریە لە ڕوالەتدا خەونێکی شانۆییە، بەلام لە جەوهەردا لەشوێنێکەوە دێت کە دەزگا ئایدیۆلۆژیەکانی بەعسە بۆ لەکارکەوتنی کولتور لەکۆمەلگادا، بۆیە سیماو خەسلەتە کوردیەکان وەک سونەتگەرایەکی کۆن لەشانۆدا سەیر دەکرێت و هەندێک ئاماژەی سوریالی دوبارە دەبنەوە، وەک ئەوەی لەوتارە ئەرشیفی و کتێبە کۆکراوەی وتارەکانی ئەم شانۆیە لەلایان شانۆکارێکەوە نوسراوەو باس لەکارەکانی خۆیان دەکات، نیگەران دەبێت کە ئێمە کاری ئەوانمان نەدیوە چۆن قسەیان لەسەر دەکەین، با سەرنجێک بنووسم، کتێب و ئەرشیف بۆ ناسین و گەرانەوەی ئەو رۆژگارەیە دەنا بۆچی کتێبی لەبارەوە دەنووسن، تۆ کە نمایشەکانی راینهارت و بێرگمانت نەدیوە چۆن کتێب لەبارەیان دەنووسیت، مەگەر تەنیا بۆ سەرچاوەکان نەگەرێیتەوە، بۆیە با بچینەوە سەر قسەکانی خۆمان ، ئەو شانۆیە لە بەغداوە دێت ، تازەگەریەکە دابران لەگەل کولتور دەخولقێنێت،  هەموومان شاگەشکە دەکات، کاتێک حەقیقەتی جیاواز دەبینین، لەڕاستیەکان تێدەگەین، دەیانەوێت بەسەر ئەو مێژووەدا باز بدەین و کوێرانە ئەوەی دەمانەوێت بیخەینە ڕوو نەیبینین، دەنا توڕە دەبن و دەتوانن سوکایەتیمان پێبکەن، دەتوانیت بەدژی ڕوانینەکانمان بیت، بەڵام تۆمەت بەخشینەوەو گومانکردن و فەتوادان ئەخلاقێکە هێشتا بەردەوامی هەیە لەناو مۆرالێکی بەعسیانە، هەندێک لەمنالکارەکانیش کە هێشتا فێری عەرەبیەکی باشیش نەبوونە دەکەونە فیکەو چەپڵە لێدان، بە باوەری من بۆ قسەکردن لەشانۆیەک پێویستە زمانی ئەو شانۆیە بزانیت و کولتورەکەی بناسیت، ناکرێت تۆ یەک کتێبی ئارتۆ بخوێنیتەوەو دوو کتێبی لەسەر بنووسیت، ئەی کتێب و روانینەکانی تری، جا واز لەوەش بێنە نە کولتوری فەرەنسی و نە زمانی فەرەنسی بزانیت هەر ئەو مۆنتاژ و کۆلاژە عەرەبیە لەکتێبەکەت بەرهەم دێت، تا ئێستا باس لەجەستەی ئەکتەر دەکەین لای گرۆتۆڤسکی ، بەلام تۆ کە کۆمەلگای پۆلەندی نەناسیت، کە زمانی پۆلەندی نەزانیت، ناتوانیت بە وەرگێرانی کتێبێکی گرۆتۆڤسکی بناسیت، دواتر دێینە سەر قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی شانۆیی گرۆتۆڤسکی، کە لای کورد هەر هەمووی وەک یەک سەیر دەکرێت، بەلام کاتێک شانۆ لابۆریەکەی دروست دەکات، مەبەستی لەوەیە چۆن دوای سوتاندنی جەستەی مرۆڤی پۆلەندی بەدەستی نازیەکان، شانۆ دەتوانێت ئەو جەستەیە بنیات بنێتەوە، واتە جەستە دەکەوێتە نێوان پەیوەندیەکی  فەرهەنگی و کولتوری، فەرهەنگیەکەی شانۆیە و کولتوریەکەی ژیانی مرۆڤی پۆلەندیە، بۆیە گرۆتۆڤسکی خۆی ناو دەبات بە ئەنترۆپۆلۆگێکی شانۆیی، نەک دەرهێنەرێکی شانۆیی، کتێبی شانۆی هەژار لەو سالەی دەکرێت بە عەرەبی و تەواوی شانۆی عەرەبی گەشکە دەیانگرێت بەوەی گەورەترین سەرچاوەیان بۆ تازەگەری بەدەست گەیشت، رێک هاوتای ئەو سالەیە کە گرۆتۆڤسکی رۆیشتووە بۆ ئیتالیا و پانزە سال پێش ئەو ڕووداوە کۆتایی بە شانۆ لابۆریەکەی هێناوە، کە ئێمە وەک شانۆی هەژار دەیناسین، هەڵوەشاندنەوەی ئەو سەنتەرە وا دەکات بونیادەکان سەر لەنوێ ڕێکبخەینەوە، وێنە جیاوازەکانی کاری شانۆیی و کتێبەکان وەک بونیادی سەربەخۆ بناسین، بونیاد بەهۆی ئەوەی سەنتەری نیە، بۆیە لەبەردەم بونیاددا دەبێت بزانین کە ئێمە قسە لەدەق وەک بونیاد دەکەین، ئەو شوناسە لەدەست دەدەین کە بە شانۆی ئەزموونگەری کوردی ناسیمان، بەواتایەکی تر شانۆیەک بوو وەک پرۆژەیەکی تەواو سەیری دەکەین، تەواو بەو مانا فەلسەفیەی کۆتایی هاتن، بۆیە شانۆی ئەزموونگەری کۆتاییەکە دەبێت قسە لەخەوشەکانی بکەین، بەبێ نیازخراپی وەک بەشێک لەکارەکتەرەکانی ئەو رۆژگارە تێی گەیشتوون.

*ئەگەر هۆلۆکۆست دەرگایەک بکاتەوە بۆ گرۆتۆڤسکی تا جەستە ببێت بە زمانی سەرەکی شانۆ و گرنگیەکەی دەربکەوێت، ئاخۆ ئێمە بۆ ئەنفال بۆچی ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ گرۆتۆڤسکی؟

  • کێشەی ئێمە ئەوەیە هەمیشە لەدیاردەو گرفتەکانی فۆڕمە ڕواڵەتیەکەی وەردەگرین، بەبێ ئەوەی بزانین لەجەوهەردا ئەوانە وێکچوون، ئێمە وتمان نازیزم و بەعسیزم لەمندالدانی تازەگەری هاتونەتە بوون، هۆلۆکۆست و ئەنفال بەرهەم دێنن، بەڵام ئایا ئەو خوێندنەوە ئەنترۆپۆلۆژیە شانۆییەی بۆ جەستەی مرۆڤی پۆلەندی قبوڵکراوە، دەگوازرێتەوە بۆ ناو جەستەی مرۆڤی کوردیی؟ پرسیارە گرنگەکە لێرەدایە، ئێمە ناتوانین روانینێکی ئامادەکراو بگوازینەوە ناو کولتورێکیتر ، دەکرێت سوودیان لێ ببینین، بەڵام نەک بیگوازینەوە ناو شانۆیەکیتر، ئەوانەی لەو بوارەدا لەشانۆی ئێمەدا دەنووسن یاخود ئەوانەی کاری پراکتیکی دەکەن بە ڕوانینی خۆیان پێیان وایە لەتەک میتۆد کار دەکەن، بێئاگایانە ڕەهەندە کولتوریەکە بەهەند وەرناگرن، بۆیە هەمان دەرەنجامی ئەوان بەرهەم دێننەوە، ئێمە بۆ ئەوەی هاوشێوەی هۆلۆکۆست بمانەوێت ئەنفال لەناو نمایشی شانۆیی بخوێنینەوە، جەستەی کوردی چۆن لەناو شانۆ بنیات دەنێینەوە، مانای وا نیە بێین گرۆتۆڤسکی بگوازینەوە، بەڵکو پێویستە تێگەیشتنی گرۆتۆڤسکی بکەین بە دەروازە بۆ خوێندنەوەی جەستەی کوردیی، دەتوانین وەک ئەو کاری لابۆری و پشکنین ئەنجام بدەین، لەسەر بنەمای ئەنترۆپۆلۆژیانە بۆ جەستەی مرۆڤی کوردیی، کارێک گەڕان بێت بەناو ئەنفالدا، لەکۆتاییدا ئەوەی پێی دەگەین دەرەنجامی خوێندنەوەی ئێمەیە بۆ ئەنفال، جەستەی کوردیە کە چۆن لەناو شانۆ بونیاتی کەسێتی مرۆڤی کوردی وێنا دەکاتەوە، پەیوەندی یادەوەری ئەو مرۆڤە بە ژیانەوە، چۆن لم دێت ساتەوەختێک دەوەستێنێت، دابڕان دەخاتە ناو دوو زەمەنی ژیانی ئێمە، زەمەنی پێش ئەنفال و زەمەنی دوای ئەنفال، شانۆکار دەتوانێت ئیش لەسەر ئەوە بکات، ئەوە تەنیا گریمانەیەکە، کە هیچ پەیوەندی بە هۆلۆکۆستەوە نیە، وەک چۆن دیدی گرۆتۆڤسکی دابڕاوە لەتێگەیشتنی کولتوریمان، قسەکە لەوێیە ناکرێت ئەزموونێکی خۆرئاوایی کە خوێندنەوەی کۆمەلگاکەی خۆیەتی دەرەنجامەکانی بگوازیتەوە ناو شانۆی کۆمەڵگایەکیتر، بەلام دەتوانیت سوودمەند بیت لێی و دەرگا بەڕووی خۆت بکەیتەوە، ڕەنگە پرسیارەکە لەوەدا بێت مەرجە تەنیا لەرێی جەستەوە ئەوە بنیات بنرێت؟ هەلبەت دیدی جیاواز و گەڕان و پشکنینەکان توانای ئەوەیان هەیە فۆڕمیتر ببەخشن، گرفتی ئێمە ئەوەیە یان لەشانۆیەکی سونەتی کار دەکەین یان ئەزموونگەرین، لەم سالانەی رابردوو دەرهێنەری هاوچەرخی پۆڵەندی یان کلاتا نمایشێکی شانۆیی پێشکەش کرد بەناوی «ترانسفێرت» کە باسی لە هۆلۆکۆست دەکرد، تەنانەت سێ ڕزگار بووی هۆلۆکۆستی هێنابوو، جەستە ئامادەبوونێکی ئەوتۆی نەبوو، ژنێک و دوو پیاو چیرۆکی ئەو ڕۆژگارەیان دەگێڕایەوە، دەرهێنەر شێوازی گێڕانەوەو جولەی ئەوان دەست نیشان دەکات، ڕەنگە گەر نمایشەکە لەشانۆی کوردیی نیشان بدرێت بە کارێکی سونەتگەرای خراپ ناو بەرین، بەلام ئەو نمایشە کاریگەریەکی گرنگی وەدەست هێنا لەنێوەندی رەخنەی شانۆیی و بینەراندا، نمونەیەکە هیچ پەیوەندیەکی بە گرۆتۆڤسکیەوە نیە، نەک هەر ئەوە بەڵکو هەر بیریشی لێ ناکاتەوە، ئەو دەیەوێت دیدی خۆی وەک دەرهێنەرێک لەئەمڕۆدا بۆ تراژیدیای نەتەوەکەی بخاتە ڕوو، هەڵبەت گرۆتۆڤسکی بۆ ئەنستویتەکەی خۆی و گروپە پێرفۆرمانسیەکانی وەکو شانۆی زار و پیسن کۆزلا گرنگی تایبەتیان هەیە، بەڵام بە گشتی وەک میراتێکی تازەگەری سەیر دەکرێت، کە لە ئەمڕۆدا نوێنەرایەتی تازەگەری ناکات، تەنیا بۆ کوردو عەرەب نوێنەرایەتی تازەگەری دەکات. لەوانەیە دوای سی ساڵی تر لەرێی وتارێکی عەرەبەکانەوە شانۆکاری کورد یان کلاتا بناسێت ئەوسا بکەوێتە ستایشکردنی، بەڵام هەرگیز ناتوانێت لەئێستادا باوەر بەوە بێنێت کە ئێستای خۆی چیە و چۆن پێویستی بەقۆناغێک نیە کە بە ئەزموونگەری ناسراوە، لێتانی ناشارمەوە، بەداخەوە شانۆکارانێکی کورد کە لەخۆرئاوا دەژین رۆلێکی خراپیان بینیووە لە فریودانی نەوە نوێیەکانی شانۆ وایان تێگەیاندوون هێشتا ئەو ناوانە کاریگەری گرنگیان لەنەخشەی شانۆی جیهانی هەیە، لێتانی ناشارمەوە زۆرینەش ئەو قسانەیان پێخۆشە، چونکە ناچار بەوە نابن بەدوای زانیاریتر بگەرێن، هەر ئەو سەرچاوانەو هەندێکی تری عەرەبی و فارسیت دەست بکەوێت، بڕوا بەخۆت دێنێت تۆ تازەترین سەرچاوەکانت بەدەستەوەیە، کاتێک ڕاچەنینی بۆ درووست دەکەیت، خۆشەویست نیت و هەموو ڕقیان لێتە، چونکە کەس نایەوێت دان بڕان درووست بکات و تێبگات تازەگەریەکەی ناسیوومانە کۆن بووەو جگە لە ئێمەو ئەوانی دەوروبەرمان بۆ کەسیتر گرنگ نین، لەڕۆژانی ڕابردوو وتارێکی شانۆکارێکی ئازیزم خوێندەوە، گلەیی لەنێوەندی ئەزموونگەری ئەوە بووە کە کامەران ڕەئوف ئەزموونکار بووەو کەچی نمایشەکانی بە شانۆی ئەزموونگەری نەناسراوە، بەدلنیاییەوە بەو دۆستە ئازیزەم دەلێم کە کامەران رەئوف هەرگیز ئەزموونکار نەبووە، دەبێت دلخۆش بین بەوەی ئێمە دەرهێنەرێکی وەک ئەومان هەیە کە تەواو لە ستانسلاڤسکی تێگەیشتووە، من کاتی خۆی لەوتارە پۆلەندیەکەشمدا کە لەچوارچێوەی وانەی خوێندن بوو، لەخوێندنگای دراماتۆرگی شانۆی زیگمۆند هۆبنەر باسم لەشانۆگەری شالیری کامەران کرد وەک دیدێکی واقعی دەروونی ستانسلاڤسکی، مامۆستاکەمان کە دراماتۆرگێکی دیاری شانۆی پۆلەندیە بەناوی ئارتور پاوڤێک، دلخۆش بوو بەوەی کورد شانۆکارێکی لەم شێوەی هەبێت و بەگرنگ بینی، هەڵبەت ئەوە ناکرێت چاوپۆشی لەخەوشی نمایشەکانی کامەران رەئوف بکەین، بۆ من کە خراپترین دیدێک کەپەیرەوی کردووە تێکەڵکردنی چەند دەقێکی شانۆییە، ئەوەش لەژێر کاریگەری هەندێک تێگەیشتنی عەرەبی کە بەناوی خوێندنەوە و مانای نوێ ئەویشی گرتۆتەوە، بەڵام سەرەنجام ئەو باشترین نمونەی دەرهێنەرێکی کوردە کە لەستانسلاڤسکی گەیشتووە.   
  • * قۆناغ و ئاستە جیاوازە شانۆییەکانی گرۆتۆڤسکی چین؟ بۆچی پێتان وایە گرۆتۆڤسکی چەند وێنەیەکی جیاوازی هەیە؟ ئایا شانۆی گرۆتۆڤسکی شانۆی هەژار نیە؟
  •       دەی ئەوە گومانی هەمووانە، بەڵام نەزانینێک هەیە خەوشی تیا نیە، گرنگیشە لەئێستادا دەست نیشانی بکەین و وێنەکانی گرۆتۆڤسکی لەشانۆدا لەیەکتری جیا بکەینەوە، چونکە تا ئێستا لە کتێبە عەرەبیەکان باسی ئەو جیاکاریە نەکراوە، ئەوەی ئەوانیش باسیان نەکردبێت، شانۆی ئێمە لێی نەزانیووەو خۆی لێ بێدەنگ کردووە، ناکرێت ئێمە ئاستە جیاوازەکان و قۆناغەکانی نەناسین و بەم ڕادەیەش ئەو بە ڕزگاری شانۆ بزانین، گرۆتۆڤسکی گرنگیەکی مەزنی هەیە لەنەخشەی کاری پێرفۆڕمانسیدا، هەروەها لەکردەی ئامادەکردنی ئەکتەر، پرۆژە شانۆییەکەی بەدرێژایی کات لەم دوو تێگەیشتنەوە تایبەتن، بەڵام ئەمڕۆ هەرگیز گرۆتۆڤسکی نوێنەرایەتی تازەگەری ناکات، بەقەد ئەوەی کولتورێکی شانۆیی خولقاندووە، کە وەک میراتێکی تازەگەری دەیبینین، نەک ئێمە تەنانەت بۆ خودی شانۆی پۆلەندی، ئەگەرچی تا ئێستاش گروپە پێرفۆرمانسەکان ئەو بەرابەری خۆیان دەزانن، چونکە چەند چەمکێکی جیاوازی هێنایە ئاراو جیاواز لەتێگەیشتنی باوی شانۆیی، بەڵام با هەناسەمان درێژ بێت و بتوانین ئاست و قۆناغەکانی لەیەکتری جیا بکەینەوە. سەرەتای کارکردنی وەک لە کتێبی ئیلهام و ئیحا بەغشەکانم لەشانۆدا کە کتێبیەکە لە دوو بەرگ پێکهاتووە، باس لەشانۆ لابۆریەکەی دەکات کە دواتر لۆدڤیک فلادزین کە بەرێوبەری شانبۆکەیەتی شانۆکەی ناو دەبات بە شانۆی هەژار، ئەو دەستەواژەیە دەبێتە جێی سەرنجی گرۆتۆڤسکی و هاوڕا دەبێت لەسەر ناونانی شانۆ لابۆریەکەی بەم ناوە،. شانۆی هەژار بۆ خۆی لەنێوان ساڵانی ١٩٥٨-بۆ ١٩٦٩ بە سێ قۆناغی کارکردن تێپەڕیووە، تەمەنی شانۆکە یانزە ساڵە،  قۆناغی یەکەمی کارکردنی لەوێدا گرۆتۆڤسکی لاو دەناسین، دەرهێنەرێکی لەنێوان ساڵانی ١٩٥٨-١٩٦٠ دەست بە دەرهێنانی شانۆیی دەکات، گەنجێکی بیست ساڵە یەکەم کاری خۆی لەگەڵ کۆمەلێک خوێندکارێک وەک کارێکی ئارەزومەندانە بۆ لابۆرەکەی نمایش دەکات، نمایشەکە  بەناوی «شەیتان کردیە ژن»، هەر لەو سالەدا شانۆگەری «خوای باران» نمایش دەکات، سالی دواتر کار دەکات لەتەک شانۆنامەی «ئورفیۆس» ی ژان کۆکتۆ، لەو کتێبەدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوە یەکەم نمایشی تیپەکەی بوو، سەرباری ویستویەتی دوو کارەکەی پێشووی هەر بە درێژەی کاری لابۆرەکەی سەیر بکات، بەلام زیاتر لەگەل کۆمەلێک گەنجی خوێندکار پێشوو کاری کردووە، بەڵام ئێمە ناتوانین لەبنەرەتدا ئەوە بە مێژووی شانۆی هەژار سەیر بکەین، چونکە پرۆژەیەکی بەردەوام نەبووە، وەک ئەوانەی لەبارەی شانۆکەی قسە دەکەن، جەخت لەوە دەکەنەوە، ئەوە مێژووی راستەقینەی ئەو شانۆیە نیە بەقەد ئەوەی سەرەتای کاکردنیەتی لەشانۆدا، دیدێکی تەواوی نیە، هەر بۆیە لەکتێبەکەیدا باس لەو کاریگەریەی ستانسلاڤسکی دەکات کە هێشتا لەو قۆناغەدا نەیتوانیوە بەیەکجاری دەستبەرداری بێت، سالی ١٩٦٠ بە دوو نمایش ئەو قۆناغەی ژیانی شانۆیی تەواو دەبێت، لە دووشاری جیاواز کار دەکات، سەرەتا شانۆگەری «قابیل» ی بایرۆن پێشکەش دەکات، دواتر  ڕوو دەکاتە شاری بۆزنان بۆ ئەوەی شانۆگەری «فاوست» ی گۆتە نمایش بکات و کارەکە لەوێ نمایش دەکات، بەو پێیەی ئەو شارە لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە دەرگای بۆ گروپە جیاوازەکان کردەوە کە بەشداری لەتازەکردنەوەی شانۆی پۆلەندی بکەن، تا ئێرە سینۆگرافیا لەشانۆکەیدا بوونی هەیە، بەڵام قۆناغی دووەمدا کە لە ١٩٦٠-١٩٦٤ درێژ دەبێتەوە، لێرەدا دەستبەرداری سینۆگرافیا دەبێت و بایەخێکی تایبەت بە جەستەی ئەکتەر دەدات، ئەو کارانەی نمایشی دەکات بریتین لە پێنج نمایش، سەرەتا بە شانۆگەری «شاکۆنتالا» دەست پێدەکات، کە لەتێکستێکی کۆنی هیندیەکانەوە وەرگیراوە، سال دواتر بۆ یەکەمجار کار دەکات لەتەک شانۆنامەیەکی پۆلەندی ئەویش شانۆگەری  «ئێوارەی باوان» کە لە نوسینی ئادەم میچێکیڤیچ، ئەو نوسەرە بەبەردی بناغەی ئەدەبی پۆلەندی دادەنرێت ، داستان و شیعر و شانۆنامەی نووسیوە، زمانێکی قوڕسی هەیە، کە لەاێستادا ئەو زمانە پۆلەندیە گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە، بەڵام لەڕۆشنبیریی پۆلەندی ئەدەبی میچێکیڤیچ وەک بنەچەکەی ئەدەبی پۆلەندی سەیر دەکەن، لەم شانۆگەریەدا گرۆتۆڤسکی کارێک دەکات کە پێشتر ئەنجامی نەداوە، ئەویش کارکردنی راستەوخۆی نێوان ئەکتەرو بینەرانە، لێرەدا گرۆتۆڤسکی لەڕێی ئەم نمایشەوە خالێک دەدۆزێتەوە، کە بەجۆرێک لە جۆرەکان وەک لابردنی دیواری چوارەمە، بۆیە لەچەندین نمایشی تری ئەم قۆناغە تیایدا بەردەوام دەبێت، کاتێک لەنمایشی «کۆردیان» رووداوەکان لەنەخۆشخانەیەکی دەروونی ڕوو دەدەن، بینەران وەک دانیشتووی ناو خانەوادەی نەخۆشەکان دەردەکەون، خالێکی گرنگ پێویستە وەک تێبینی سەیری بکەین، لەم قۆناغەدا پەلە ناکات، ساڵی یەک نمایش بەرهەم دێنێت، بۆیە لەسالی ١٩٦٣ ئەمجارە دەقەکەی کریستۆڤەر مارلۆ دەخاتە سەر شانۆ بەناوی «مێژووی مەرگەساتاوی دکتۆر فاوست»، لەناو نوسینە رەخنەییەکان ڕەخنەگران جەخت لەو پەیوەندیەی نێوان ئەکتەرەکان و بینەران دەکەنەوە، کاتێک لەماڵەکەی فاوستدا مێزێکی گەورەو فراوانی نانخواردن دانراوەو بینەران وەک میوان سەر مێزەکە بانگهێشت لکراون ، سالی دواتریش شانۆگەری هاملێت نمایش دەکات لەژێر ناوی «توێژینەوەیەک لەبارەی هاملێتەوە» ، ئەوەیان دوا نمایشی قۆناغی دووەمە، کە لەم قۆناغەدا دوو خال بە گرنگی لە ئەزموونەکەیدا دەردەکەوێت، بایەخدانی سەرەکی بە جەستەی ئەکتەرو ئەویدیش لابردنی دیواری چوارەمی شانۆیە، لەقۆناغی سێ یەم و کۆتایی شانۆی هەژار بریتیە لەکارکردن لەتەک کلاسیکی ئەدەبی، یەکەم کاری ئەم قۆناغە «ئەکرۆپۆلیس» بوو ، دەقی شانۆنووسی کلاسیکی پۆلەندی ستانیسواڤ ڤیسپیانیسکیە. ڕووداوەکانی لە گرتوخانەیەکی دەستگیرکراوان ڕوو دەدات، لەماوەی پێنج ساڵدا بەچەندین ئیزافەو لابردنەوەو لەچەندین نمایشی جیاواز ئەم شانۆگەریە پێشکەش دەکات، هەروەها یەکێک لەکارە دیارەکانی شانۆگەری «شازادەی هەڵکشاوە» یەکەمجار ئەم شانۆگەریەی لە سالی ١٩٦٥ نمایش کردووە لە دەقی کالدێرۆن وەرگیراوە، بڕوام وایە ئەوە تاکە دەقێکی شانۆیەتی کە کاری تیا کردووەو کراوە بە عەرەبی لەپال هەندێک راهێنانەکانی ئەویش لە سالی ١٩٨٠ لە گۆڤاری «الحیاة المسرحية» ی سوری بلاو کراوەتەوە، لەسالی ١٩٦٩ گرۆتۆڤسکی دواهەمین نمایشی خۆی لەشانۆی هەژار وەک دەرهێنەر پێشکەش دەکات کە کارێکی ئێکستاسیسە بەناوی «کۆتایی جیهان لەگەڵ وێنەکاندا» ، کە بەبڕوای توێژەرانی شانۆی هەژار ئەوە دواهەمین کاری شانۆی هەژارە، ئەگەرچی ئێمە بۆ خۆمان بەم دواییە لە ئەنستیتوی ئەرشیفی گرۆتۆڤسکی لەشاری فرۆتسواڤی پۆلەندی هەندێک دۆکیۆمێنتمان بینی، کە سالی ١٩٧٠ شانۆگەری «شازادەی هەڵکشاو» وەک کۆتایی شانۆی هەژار بۆ ئەوەی ئەوروپا دەستکەوتەکەیان لەم شانۆیە ببینێت نمایشەکەیان بردۆتە چەندین ولاتی ئەوروپی لەوانە؛ ئەلمانیا و فەرەنسا و سویسرا و چەند ولاتێکی تریش، ئیدی لەوێوە بەرهەمی نوێیان نامێنێت، ئەگەرچی تیپەکەی تا سالی ١٩٨٠ بەردەوام دەبێت و کارەکانی پێشوو نمایش دەکاتەوە، لە سالی ١٩٨٦ گرۆتۆڤسکی دەرواتە ئیتالیا و لەوێ خەریکی کاری پێرفۆرمانسی دەبێت و دواتر باسی دەکەین،  لەپاڵ هەندێک روانینین بۆ شانۆکەی. گرۆتۆڤسکی بۆ خۆی لەشانۆ لابۆریەکەی دەسبەرداری پرۆژەی گەڕان و پشکنین دەبێت، ئەوەش تەواو پێچەوانەی ئەو ڕوانینە عەرەبییە بۆ شانۆکەی و کە شانۆکارانی کوردیش دوبارەی دەکەنەوە گوایە شانۆی ئەزموونگەری سنوری نیەو بێکۆتاییە، کامل بوونی سێ قۆناغەکەی شانۆی هەژار دەریدەخات ئەم شانۆیە سنوری هەیە و لەناو کلاسیکی ئەدەبیات کۆتایی بەخۆی دێنێت و ئەوەی دەمێنێتەوە توێژینەوەو گەڕانەوەیە بەناو دۆکیۆمێنت و زانیاریەکان، بەلام با ئەوەمان لەیاد نەچێت سەرباری بلاوکردنەوەی راهێنا و دەقێکی ئامادەکراوی گرۆتۆڤسکی لە ١٩٨٠ بە زمانی عەرەبی، سالی ١٩٨٥ بۆ ١٩٨٦ یەکەمجارە کتێبی «شانۆی هەژار» دەکرێت بە عەرەبی رێک لەو کاتەی گرۆتۆڤسکی خەریکی پێرفۆڕمانسە، هەڵبەت وەرگێڕانە عەرەبیەکەی ئەو کتێبە لەبەراوردکردنی بە پۆلەندیەکە تێدەگەیت هیچ چەمک و زاراوەیەک نیە بە هەڵە وەرنەگێردرابێت، کە دیارە تا ئێستا کتێبەکە نەکراوە بە کوردیش ، بەلام شانۆکاران کردویانە بە زەمینەی شانۆی ئەزموونگەری و تازەگەری.
  • ئێستا ئێمە باسمان لە نمایشەکانی ئەم شانۆیە کردو قۆناغەکانیمان دەست نیشان کرد، کەواتە دەتوانین ئاست و قۆناغ و دەستکەوتەکانی لەچیدا ببینین؟ چی کرد ؟ کاریگەریەکانی چی بوون؟ چی لەپێش خۆی گۆڕی؟
  • ئێمە پێویستمان بە هەڵوەشاندنەوەی سێنتەرە لەشانۆی هەژاردا، بە مانەوەی سێنتەر، وەک شانۆی ئەزموونگەری کوردیی تەنیا دەبێت ستایش بکەین، ستایشکردن لەڕووی ئەکادیمیەوە هیچمان پێ نابەخشێت، پرۆژە ڕەخنەییەکەمان پێویستی بە تێگەیشتنە، بەڵام ئەگەر ئێمە سێنتەرمان هەڵوەشاندەوە مانای وا نیە بڕوامان بە گرۆتۆڤسکی نیە و ڕەتیدەکەینەوە؟ ئەوە پرسیارێکە ستایشکارانەی سێنتەر دەیانەوێت وەک گومان لەپڕۆژەی ڕەخنەیی بیخەنە ڕوو، دەنا لەبنەرەتدا هەڵوەشاندنەوە لێرەدا مەبەستمان گەڕانەوەیە بۆ ناو بنەچەکەی تازەگەری و ئەو پایەی ئێمە ویستومانە دروستی بکەین، بۆ ئەوەش با قسەیەکی دێرێدا خۆی بێنینەوە لەبارەی سێنتەرەوە ئەو دەنووسێت «ئێمە دەتوانین بەبێ سێنتەر بمێنینەوە، من وای دەبینم کە سێنتەر وەزیفەیە و نەک بوون بێ یان واقیع» کەواتە کاتێک ئێمە سێنتەرمان نامێنێت، مانای وایە بونیادەکان سەربەخۆ دەبن و لێرەدا ئیشکردنی ئێمە لەگەل بونیاد ئاسانتر دەتوانین تێیبگەین، با زۆر دوورنەکەوینە، شانۆ لابۆریەکەی کە لۆدڤیک فلازین سەرەتا ناوی نا شانۆی هەژار، ئەو شانۆیە چۆن هات ئەدەب لەشانۆ بکاتە دەرەوە، کتێبێک هەیە بەناوی «دواهەمین دەیە وهونەری شانۆی پۆڵەندی» قسەکردنە لەسەر کۆمەلێک شانۆکاری پۆڵەندی کۆتایی هەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی بیستەم لەشانۆی پۆلەندیدا، کتێبەکە سالی ١٩٩١ چاپکراوە، پرۆژەیەکی ئەرشیفیە بۆ گەڕانەوە بەناو کۆی سەرچاوە شانۆییەکان و لەلایان باربارا ئۆستێرلۆف و  ئەگنێشکا کۆشێر ئامادەکراوە، لەشوێنێکی کتێبەکەدا باس لە پەیوەندی ئەدەب و دەسەلاتی دەرهێنەر دەکات، بەوەی بەدوای مایەرهۆڵد و ئارتۆ و گریک و بروک ، لەلای گرۆتۆڤسکی و کانتور ئیدی متمانە بە ئەدەب نامێنێت لەشانۆدا، کەواتە لەسۆنگەی ئەو کتێبەوە دەنووسین گرۆتۆڤسکی تەواوی ئەو روانینەی پێش خۆی کۆدەکاتەوەو لەناو شانۆ لابۆریەکەی ڕێکی دەخاتەوە، بەدوای ئەزموونکردنی لەتەک چەندین دەقی شانۆیی و کلاسیکیەکانی ئەدەبی شانۆ، کۆتاییەک بۆ شانۆی هەژار دەست نیشان دەکات، درکی ئەو نهێنیە دەکات، ئەوە ڕایدەکێشێت بەرەو ڕووبەری سەربەخۆی کاری هونەری کە لەنمایشی شانۆیی جیا بێتەوە، بۆیە لەسالی ١٩٨٦ دەروات بەرەو ئیتاڵیا و سەنتەرێکی تایبەتی توێژینەوە لەبارەی هونەری پێرفۆرمانس دادەمەزرێنێت و نمایش دەگۆڕێت بۆ رزگاربوونی مرۆڤ و بەرزکردنەوەی ئاستی رۆحی مرۆڤ، ئەوەشی ناونا «هونەر وەک پێرفۆڕمانس» لە زمانی عەرەبیدا بە ئامراز ناوبردراوە، بۆیە هەندێک شانۆکاری کوردیش وەک ئامراز ناوی دەبەن، لەم سالانەی دوایی و رێک لە سالی٢٠٢٠ کاتاژینا ڤۆژنیاک کتێبێکی لە زمانی ئیتالیەوە کرد بە پۆلەندی, کە بریتیە لەکۆمەلێک توێژینەوەو گفتوگۆ لەگەل گرۆتۆڤسکی و نووسین لەبارەی پێرفۆرمانسەکانیدا، کتێبەکە بەناوی «گریمانەی سێیەم»، شتێک نیە لەو کتێبە خودی گرۆتۆڤسکی بەناوی شانۆی هەژار بگەرێتەوە سەری، بەلکو تەواو باس لەسالانی ١٩٨٦ تاوەکو ١٩٩٩ و ساتی مردنیەتی، چونکە ئەو قۆناغە لەژیانی شانۆی گرۆتۆڤسکی تەواو جیاوازە، هەر لە پێرفۆڕمانسەوە ئەو وەک شانۆکارێکی جیهانی دەردەکەوێت، ئەویش بەهۆی گوتاری رەخنەی شانۆی ئیتالی کە وەک قەشەی شانۆ ناوی دەبەن و هەندێکیش ناوزەدی دەکەن بە مامۆستای ڕۆحی، ئەو ڕوانینانەی لەشانۆی کوردیی و عەرەبی دراوە بە شانۆی هەژاری گرۆتۆڤسکی، لەڕاستیدا زادەی پێرفۆرمانسە نەک شانۆی هەژار، ئێمە لەو کتێبانەو بەتایبەت لەکتێبەکەی زبگنیڤ ئوشینیسکی وێنە ڕاستەقینەکەی گرۆتۆڤسکی دەناسین، ئەو کتێبە گفتوگۆیەکی درێژە لەگەڵ گرۆتۆڤسکی سەرباری دەیان دۆکیۆمێنت و بەلگەی وێنەیی و نوسراو لەبارەی کارەکانیەوە، تێکەڵکردنی شانۆی هەژار و پێرفۆرمانس هەلەیەکی هێندە کوشندەیە تەنیا زادەی نەخوێندەواری و نەبوونی سەرچاوەیە، وەرگرتنی ناوی گرۆتۆڤسکی و سەپاندنی کارەکانیەتی بەسەر یەک فۆڕم، کاتێک دێیت ئەو جیاکاریە نیشان دەدەیت، مناڵەکان دەکەونە تۆمەت بەخشین، بەوەی ئێمە مەبەستمان بووە لە گرنگی ڕۆڵی ئەو کەم بکەینەوە، لەڕاستیدا پرسی گرۆتۆڤسکی لەشانۆی ئێمەدا پرسێکی گرنگە، قسەکردنیش لەبارەیەوە هەموو دۆستە ئەزموونکارەکانمان زوویر دەکات، بە بروای من شانۆکارێکی کورد هەبێت زۆر بە ئاگایانەوە ئاشنای پێرفۆرمانس بێت شەماڵ عومەرە، لەرابردووشدا هەمووتان دەزانن من لەبارەی روانینەکانیان نووسیوومە ، بایەخم بە هەوال و چالاکیەکانیان داوە، کاتێک گۆڤاری شانۆکارم لەکەرکوک دەردەکرد، ژمارەیەکم تایبەت کرد بەوان و دواتریش هەرچی وتارێک لەبارەیانەوە هەبوو لەکتێبێکدا چاپمکرد، بەلام بەرپرسیاریەتی لەشانۆدا گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، کاتێک بینیم روانین و چەمکەکانی لابۆری شانۆی لالش لەبنەرەتدا بەرەنجامی بیرکردنەوەی شانۆیی ئەوان نیە و بەڵکو لە گرۆتۆڤسکی وەرگیراون، وەک چۆن موتوربە کراون بە دیدی شێوەکاریانەی تادووش کانتور، ئەوەم دوانزە ساڵ پێش ئێستا لە ئیمێلکدا پێ ووتن، ئەوە بوو بێدەنگیان لێکردو پەیوەندیی هاورێیەتی مان کۆتایی هات، بەڵام بۆ من کە هاولاتیەکی شانۆم، پەیوەندی هاورێیەتی کاتێک لەدەست دەدەم، دەزانم بەرەنجامی راستگۆییمە، گەر وەک مرۆڤ نیگەرانیش بم، ناچارم قبوڵی بکەم، چونکە ناتوانم ناپاکی لەخودی شانۆ بکەم، کە هەموو ژیانم پێبەخشییوە، بۆیە ئەو چەمکانەی ئەوان بەکاری دێنن و لەهەندێک وتارەکانیان ئاماژەی بۆ دەکەن وەرگیراوی گرۆتۆڤسکین، بەلام ئەوە هیچ لەگرنگی ئەوان کەمناکاتەوە وەک گرۆپێکی پێرفۆرمانس، بە تایبەت لەئیشکردنەوەیان لەسەر دەنگدا.        
  • تیۆرەکان تا چەند سوود بە شانۆی ئێمە دەگەیەنن؟ ئایا گومانێک هەیە لەتیۆر؟

    • * بەتەنیا وابەستەی گومان نیە، هێندەی ئێمە زۆربەی ڕوانینەکانمان تێکەڵکردووە، ئەوەی لەفۆڕمی تازەگەری هاتە ناو شانۆی ئێمە، تیۆری لەشانۆ کردەوە، دنیا بۆ نواندن لەسەر پایەی ستانسلاڤسکی وەستاوە، بەلام ستانسلاڤسکی بوو بە شانۆیەکی کۆن، وەک شەرمێکی لێهات، لەشوێنی ئەودا هەندێک ناویتر جێگایان گرتەوە، لەوانە ئارتۆ و گرۆتۆڤسکی و بروک و گۆردن گریک و باربا، بەبروای من ئەو پێنج ناوە کە شانۆی ئێمەیان لەرێی عەرەبەکانەوە داگیرکردووە، پێویستە ئێستا زۆر زانستیانە بەدژی ئەو داگیرکاریە بووەستینەوە، بۆیە من لێرەدا هەوڵ دەدەم ئەو کارە بکەم، بەڵام سەرەتا با باس لە هاتنی ئەوان بکەین کە چۆن هاتن، بۆچی هاتن؟ ئەو نزیکیە کولتوریی و تیۆریەی ئەوان چی بوو لەکۆمەڵگای کوردیی؟ تا بتوانین بە ئاسانی لەشانۆی ئێمەدا پێگەیەکی پتەویان هەبێت؟ چۆن ئەوانمان هەر هەمووی لە کۆلاژێکدا خستە ناو وێنەیەکەوەو ناومان نا شانۆی ئەزموونگەری، لەڕاستیدا من ساڵانێکی زۆری تەمەنم لەئاستی کاری شانۆییم بەم شانۆیە بەخشیووە، لەئێستاشدا ئەوە لای هەمووتان ڕوونە، بەڵام با بیرمان نەچێت، ئەوەی لەکوردستان ناومانناوە شانۆی ئەزموونگەری نەبوو، بەڵکو پڕۆژەی دژە شانۆ بوو، بەداخەوە من لەوێ دواهەمین نەوەی ئەو ئەزموونگەریە بووم کە ڕۆڵێکی خراپمان بینی بۆ کوشتنی شانۆ، ئەو شانۆیە ئەزموونی نەدەکرد، هێندەی شانۆی دەگۆڕیە سەر وێنەی جولاو ، گرفتی سەرەکی لەگەل دیالۆگ هەبوو، بێ ئاگا لەوەی شانۆ خودی دیالۆگ دروستی دەکات، با بڕوانین دیالۆگ هەر لەشانۆی گریکەوە یەکەم پایەکانی شانۆی تیا دادەمەزرێنێت، ئێمە هاتین ڕەتمان دەکردەوە، چونکە بەبانگەشە ساختەکاریەکانی عەرەب و عێراقی فریومان خوارد، دەنا دیالۆگ گرنگیەکەی هێندە زۆرە تاوەکو فەیلەسوفێکی وەک ئەفلاتون دەیکات بە زمانی ناو کتێبە فەلسەفیەکانی، لەسەردەمی ڕۆشنگەریدا فەیلەسوفە فەڕەنسیەکانی وەکو رۆسۆ و دیدرۆ دیدە فەلسەفیەکانیان لەڕێی دیالۆگی شانۆیی و شانۆنامە دەنووسنەوە، تەنانەت سارتەرو کامۆ ئەوانیش وا دەکەن، ئەو گرنگی و بایەخەی ژیل دولوز دەیدات بە شانۆنامەکانی بیکیت، بەڵام ئێمە دژە دیالۆگین، چونکە شانۆی وێنەی عێراقی لەهەشتاکان بەلوتکەی تازەگەری شانۆیی تێدەگەین، کە لەبنەرەتدا پرۆژەیەکی بەعسیزمە بۆ کوشتنی فیکر و بیرکردنەوە، هەمیشە لەسەر دەستی فاشیستەکان فۆڕمێک دەخولقێت بۆ دووربوون لە بیرکردنەوە، ئێمە نا ئاگایانە یان بەمەبەست ئەو کارە بکەین، سەرەنجام تیۆر لەشانۆ دەکەینە دەرەوەو پشت بەپڕۆژەی دژە شانۆ دەبەستین، ئەوەش لەسەر ئەو بنەمایەی شانۆ دەتوانێت گۆڕانکاری لەکۆمەلگادا بخولقێنێت، وەک ئەوەی گەیشتین بە نهێنیە گرنگەکەی شانۆ، وتەیەکی پیتەر بروک لەبەرگی کتێبی شانۆی هەژار نووسرایەوە بەوەی کە دەلێت گرۆتۆڤسکی دانسقەیە چونکە بەدوای ستانسلافسکی کەس وەک ئەو توێژینەوەی لەبارەی ئەکتەر نەکردووە، ئیدی ئەو ووتەیە بەس بوو ڕەوایەتی بدەین بە گرۆتۆڤسکی و دەستبەرداری ستانسلاڤسکی بین وەک سەرچاوە راستەقینەکە، ئیدی هەموو ئەوانەی وەک گرۆتۆڤسکی دەڕواننە رۆلی جەستە گرنگی تایبەتی خۆیان هەبوو، شانۆکارێک کتێبێک دەنووسێت لەبارەی ئارتۆ هەموومان شاگەشکە بووین، بەمدواییە هەمان کتێبی دانا رەووف هەندێک دەستکاری و زیادەکاری تیا کردو سەر لەنوێ چاپی کردەوە. سێنتەری بیرکردنەوە لەو کتێبەدا چیە؟ کۆکردنەوەی کۆمەلێک سەرچاوەی و کۆلاژکردنیەتی لەناو کتێبێکدا، ئێمە ناگەین بە دەرەنجامێک ، ئەوەش کێشەیەکی کتێبەکەیە، وەسفێکی پەخشانی زاڵە، وەک چۆن ئەو وەسفە بەسەر زۆربەی کتێبەکانیەوە دەبینین، باس لە ئارتۆ دەکات، کەچی لەبەشی پراکتیکی کتبەکەی سەرچاوەی شانۆی وێنەیی و ڕوانینەکانی سەلاح قەسەبە، هەندێک دەستەواژەی تیایە مرۆڤ فرمانی وا دەرناکات، گوایە کتێبەکەی ئارتۆ شانۆ و هاوشانۆ ئەمرۆ لەخۆرئاوا وەک ئینجیلی شانۆکار سەیر دەکرێت، با ئەو دەستەواژەیە راست بکەینەوە، ئەو کتێبەی ئارتۆ کتێبێکی تیۆریی نیە، چونکە ئارتۆ هەرگیز تیۆریستی شانۆیی نەبوو، ئەوە تەنیا لەعەرەبەکانەوە وەرمانگرت، ئارتۆ شاعیرێکی دادایی و ئەکتەرێک بوو، ئەو کتێبەشی وەسفێکی شیعریە لەستایشی شانۆدا، دواتر بەتایبەت باس لەکۆبەرهەمی ئارتۆ دەکەین، کە لە یەک بەرگدا کۆ بەرهەمی کۆکراوەتەوە، ئێمە لەناو ئەو کتێبە کوردیە لەبارەی ئارتۆ تا دەخوێنینەوە، رووبەروی لێدوانی هەڵچوون ئامێز دەبینەوە، توێژینەوەی زانستی زادەی بیرکردنەوەو پشکنین و گەڕانە، تۆ دێیت باس لەوە دەکەیت شانۆی ئارتۆ مەبەستی لەتوندوتیژیی نیە، لەکاتێکدا تێکستە شانۆییەکانی ئارتۆ پریەتی لەوێنەی توندوتیژیی باوکێک پەلاماری مەمکی بوکەکەی دەدات، ئایا ئەوە توندوتیژیە یان رۆمانسیەتە وەک لەشانۆنامەی ئال سینی ئارتۆ دەیبینین، یاخود لەدواهەمین کاری کە مۆنۆدرامایەک دەبێت، هەروەها لەنمایشێکی تریدا کە لەیوتیوب دانراوە، لەهەردوو سوچی شانۆ دوو بلندگۆی گەورە دادەنێت و تیایدا مۆسیقایەک لەشێوەی هۆرنی ئۆتۆمۆبیلی بارهەڵگر پەخش دەکات، ئەوە توندوتیژی نیە بەچی ناوی دەبەیت، لەبنەرەتدا ئێمە شانۆکارانێکمان هەیە فریوو خواردوی دەستی عەرەبەکانن، هەرچی لەبارەی چەمکی پاکژبونەوە وەک گرنگیەک باسی دەکەن، هیچ شتێکی نوێی تیا نیە، چونکە لەپاکژبونەوەی گریکی وەرگیراوە، تۆ یان لەهونەری دراما تێناگەیت، یا ئەوەتە ئاگادار نیت، ئێمە کاتێک بونیادەکانی کتێبێک بەمشێوەیە لەسەنتەرەوە هەڵوەشێنینەوە ڕووبەرووی دوو ئاست دەبینەوە، بونیاد لێرەدا زادەی بیرکردنەوە نیە هێندەی وەرگیراوی ناو تێگەیشتنی عەرەبەکانە، بەبێ بوونی تێگەیشتن و گەڕان وبینین، چی ئەوان دەینوسن و وێنەیەکی فانتازی دەبەخشن، ئەوانەی ئێمەش پشتی پێ دەبەستن و لۆژیکەکانی خۆیانی پێ پتەو دەکەن، گەر بونیاد لەو جۆرە کتێبانەدا بەم شێوە بکەوێتەوە، لێرەدا چەمکێکی هەڵوەشاندنەوەگەرایی بەکار دێنینەوە ئەویش دەنگە، دەنگ بریتیە لەکۆی ئەو دۆخە نەستیانەی تێیدا دەژین و نابن بە زمان و هەر لەناو ئاخاوتن دەمێننەوە، ئەوەش دەنگ ناگۆرێت بۆ زمان لەناو نووسین، بەڵکو وەک ساتی بەر لەنووسین بەرهەم دێتەوە، بەڵام دڵنیام خودی نووسەر خۆی لەو تێگەیشتنە تێناگات، دەنا بە کتێبێکی ئارتۆی نەدەخوێبدەوەو دوو کتێبی لەسەر دەنوسی، چونکە بەو کتێبەی ناتوانیت بەتەواوی ئارتۆ بناسیت، هەلبەت ئەو کتێبە کوردیە تاکە خەوشێک نیە، ئێمە تەنیا وەک نمونەیەک هێنامانەوە، کام کتێبی شانۆیی ئێمە پڕی نیە لەو کەموکوڕیانە، د. فازل جاف کۆمەلێک کتێبی شانۆیی نووسیوە هەندێکیان وەک کتێبی ئەو برادەرەی پێشوو لەراپۆرتی رۆژنامەوانی رۆژنامەنووس دەچن، وەک کتێبەکەی لەبارەی شانۆی سویدی ، هەڵبەت کتێبیشی هەیە دەبێت بەگرنگ باسی بکرێت، کتێبەکەی فازل جاف لەبارەی فیزیای جەستە کتێبێبێکی گرنگە،  هەروەها کتێبەکەی لەبارەی دەرهێنانی شانۆیی کە پێویستە هەموو دەرهێنەرێکی گەنج بیخوێنێتەوە، گرنگیەکەشی لەدیدی زانستی شانۆیی و پەیرەوکردنی نوسینی زانستیە و دوورە لەهەڵچوون و خولقاندنەوەی دەنگ لەناو نووسین.   

  • من دەمویست زیاتر بێینە سەر ئارتۆ، بەلام هەڵیدەگرین بۆ پرسیاری دواتر، چونکە تۆ گومانت هەیە لەبنەچەکەی تازەگەری شانۆیی، ئەوەت وتت «لەبنەرەتدا پرۆژەیەکی بەعسیزمە بۆ کوشتنی فیکر و بیرکردنەوە، هەمیشە لەسەر دەستی فاشیستەکان فۆڕمێک دەخولقێت بۆ دووربوون لە بیرکردنەوە، ئێمە نا ئاگایانە یان بەمەبەست ئەو کارە بکەین» ئەوە بۆ خۆی جۆرێک گومان دەخولقێنێت، ئایا مەبەستە بلێی تازەگەری کوردیی بەرهەمی بەعسە؟
  • سەیرکە بۆ ئەوەی ووردبین بین، پێویستە شتەکان نەشێوێنین، من ئاماژەم بۆ ئەوە کرد، ئاخۆ بەمەبەستە یان نا ئاگایانەیە، بۆیە دەسێت نائاگایانە بێت، تەنیا خەمی گەڕان بووبێت بەناو فۆڕمی تازەگەری شانۆیی، بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا بۆ هەندێک بەمەبەست بووە، کە ئەمڕۆ هێندە ڕووقایمن دەیانەوێت ئەو فاشی بوونەیان بۆ بگۆڕینە سەر شۆڕشگێریەتی، بۆیە دەتوانین ناویان بەرین بە پاڵەوانی کولتوریی لەسەردەمی فاشیزمدا، تۆ سەیرکە رەنگە لەژیاندا مرۆڤگەلێکی زۆر نەبن بتوانن بوێری ئەوەیان هەبێت کارەکتەرێکی دژ بۆ خۆیان درووست بکەن، کە تەواو جیاواز بێت لەشوناسی کەسێتی ئەوان، بەلام کاتێک مرۆڤەکان پاساو بۆ کەسێتی خۆیان دێننەوە، ئەو ساتە مرۆڤ ناچار دەبێت، سەیری ئەو بوێریە بکات، چۆن بە کۆتایی سیستمە فاشیەکان، مرۆڤەکانی ناو ئەو سیستمە دەتوانن پاساو بۆ خەوشەکانی خۆیان بێننەوە، سەیر نیە ئەوانەی دەڕۆنە ناو سیستمی کۆنترۆڵکراوی فاشیزم، بە روخانی فاشیزم، کاری کولتوریی خۆیان وەک دژە فاشیزم ناو بەرن، ئەوان ئەو مرۆڤە دەگمەنانەن لەیاریەکانی فاشیزمەوە فێری گەمە ترسناکەکە بوونە، تەنانەت هێندە ڕوو قایمانە سەیری ئارگۆمێنتەکانیش دەکەن، ئامادەکاریەکی باش بۆ درۆیەک دەکەن کە لەسەردەمی فاشیزم فێری بوون، بەوەی بەلگەکان دروستکراون و ئێمە دژی سیستمی فاشیزم جەنگاوین. هەر کاتێک گوێمان لەو دەنگە بوو نابێت سەرمان بسوورمێت، چونکە چاوەروانی چی دەکەیت لەمرۆڤگەلێکی فاشی کە ڕۆژگارێک ئەدەب و هونەری وەک ئۆرگانێکی فاشیزمی ڕەمزیی بینیووە و کاری تیا کردووە بۆ خزمەتی فاشیزم، ئەو کاتەی روانینەکانمان گشتگیر دەبنەوە، هۆکارەکەی ئەوەیە ئێمە قسە لە تاکە مرۆڤێک ناکەین، بەڵکو لەکۆی ئەخلاقی گروپێکی فاشی دەکەین، بەلام کاتی خوێندەوە، گەر خەیاڵت بۆ کەسێکی دەست نیشانکراو ڕۆیشت، تۆ لەکردەی خوێندنەوەدا هەڵەت نەکردووە، بۆ خۆت ئەو مرۆڤەت دۆزیوەتەوە، کە لەوانەیە هەمان کات دۆستێکت خەیاڵی بۆ یەکێکی تر بڕوات، چونکە ئەو جۆرە مرۆڤانە هەمیشە دەیانەوێت فریوومان بدەن، ئەوان خوازیاری ئەوەن لەگەڵ سەردەمە نوێیەکاندا حیکایەتێکمان بۆ بگێڕنەوە کە ئەوان بەشێک نەبوون لەناو ئەو سیستمە، بەڵکو بەدژی ئەو سیستمە کاریان کردووە، درۆکردن وەک جۆرێک لە حیکایەتی ئەوانی لێهاتووە، ئەو هەستەی لەناو زماندا بوونی هەیە ناتوانێت لەخەیاڵی ناو تێکستدا ئەو بوونەی خۆی لەناو ئەدەبدا بنووسێتەوە کە چۆن خوازیاری ئەوەیە سیماکانی کارەکتەری خۆی بگۆڕێت، بۆیە وەک نوسینی بیۆگرافی یادداشتی ژیانی خۆی دەکات، بەوەی فاشیزم بەدوایەوە بووە، بەلام ئەو کۆڵی نەداوەو هەمیشە لەڕێی نووسین و کاری هونەری دژی فاشیزم بووە، بەلام هەر بەڕاست درۆیەک لەشوێنی خەیاڵ دەنووسرێتەوە، ئاخۆ ماوە زەمەنیەکەی تا چەندە درێژ دەبێتەوە؟ ئاخۆ رۆژگارێکی تر نایەتە بوون کە درۆ وخەیاڵ لەیەکتر جیا بکرێنەوە، ئاخۆ حیکایەتەکانی فاشیزم، دەتوانێت هەمیشە بەناو شادەمارەکانی ژیانی ئێمەدا بچێتە خوارەوە؟ کاتێک بیر لەو پرسیارانە دەکەمەوە، دەبینم کە چۆن مناڵە ساویلکەکان، نەوەیەک کە لەماناکانی فاشیزم تێنەگەیشتووە، چۆن دێن بڕوا بەو حیکایەتانە دەکەن و دەتوانن خۆیان فریوو بدەن و بخەڵەتێن و ستایشیان بکەن، بەڵام ئەو دۆخە پەیوەستە بە کەمئەزموونی نەوەیەکەوە، کە نە ئەم نەوەیە تا سەر بڕوای پێ دەکات، نە فاشیەکانی ناو سیستمی فاشیزم دەتوانن بۆ هەمیشە لەڕێی درۆکردنەوە خۆیان لە فاشیزم پاک بکەنەوە، مرۆڤ بۆ ئەوەی خۆی لە فاشیزم پاک بکاتەوە، پێویستی بەوە نیە درۆ بکات، درێژە بەفریودانی ئەوانیتر بکات، ئەوان بەر لەئێمە دەزانن پاکبونەوەیەک بوونی نیە، بەڵام دەتوانن درۆ نەکەن، کە ئەوان بەشێک بوونە لەناو ئەو سیستمە، نەک بەرهەڵستکاری سیستم بوونە، چونکە دەردەکەوێت بەدوای ڕووخانی فاشیزمیش ئەوان هێشتا درێژە بە فاشی بونی خۆیان دەدەن، هێندە بێ چاووڕون دەتوانن هەڕەشە بکەن بەوەی ئەوان لەتوانایاندایە بمانخەنە بەردەم دادگا کە چۆن سوکایەتی بەو شۆڕشگێرانە دەکرێت، گرفتەکە ئەوەیە فاشیەکان هێشتا نەیانزانیوە سیستمە فاشیەکەیان کۆتایی هاتووە، بۆیە هەموو گۆڕانکاریەکیش هەر بەدرێژ بوونەوە بۆ سیستمە فاشیەکەیان دەگەڕێننەوە، بەڵام، بە موتوربەکردنی ڕۆحی شۆڕشگێریەتی بەوەی کارەکتەرێکی درۆیانەیان بەخۆیان بەخشیووە کە مێژووی ئەوان مێژووی دژایەتی فاشیزم بووە، لەکاتێکدا بە کەوتنی دەمامکەکانیان دەردەکەوێت ئێمە لەبەردەم چ فاشیزمێکی ڕەمزی ترسناکدابووینە کە تا ئەمڕۆش دەیانەوێت وەک پاڵەوان و شۆڕشگێر بیانناسین، پاڵەوانی کولتوریی لەسەردەمی فاشیزمدا ترسناکترین مۆدیلی پاڵەوانە، چونکە هەموو کارەکانی بەدژایەتی کولتور وەک وێناکردنەوە و دامەزراندنەوەی کولتور ناو دەبات، ئێمە چونکە یادەوەریمان کوێرە ناتوانین ئەو کارەکتەرانەی سەردەمی فاشیزم وەک خۆیان بناسین، لەکاتێکدا پێویستیەکی زۆرمان بەوەیە بۆ لەدایکبونی ئەدەبێک کە سیمای ڕاستەقینەی پاڵەوانی کولتوریی سەردەمی فاشیزم بخاتە ڕوو، هەر نەبێت چیتر ڕوویان نەبێت لەئێستادا خۆیان وەک دژە فاشیزم وێنا بکەن.   
  • باستان لەئارتۆ کرد، ئایا ئارتۆ و کتێبەکەی لەئێستادا وەک ئینجیلی شانۆکاران لەخۆرئاوا سەیر ناکرێت؟

    • ئەو دەستەواژەیە کوردییە، ئارتۆ شاعیرێکی دادایی گرنگ بوو، وەسفی شیعریی بۆ شانۆ نووسی، بەڵام ئەوەی ئەو نووسی تیۆر نەبوو، ستایشی شیعریی بوو بۆ شانۆ، رۆژگارێکی زۆر ئێمە فریوومان خوارد بەدەست سەرچاوە عەرەبیەکان و هەندێک شانۆکاری کوردەوە، کە ئەویان وەک نمونەی باڵا وڕزگارکاری شانۆ ناو دەبرد، تۆ گەر کۆ بەرهەمی ئارتۆ نەخوێنیتەوە، ناتوانیت ئەو هەموو فرمانە دەربکەیت، کاتێک باس لەکتێبەکەی ئارتۆ دەکەن، دەزانم مەبەستان لەکتێبی «شانۆ و هاوشانۆیە» وەک ئەوەی ئەو تەنیا ئەو کتێبەی نووسی بێت، من لێرەدا هەول دەدەم کەمێک لەبارەیەوە بووەستم بەگەڕانەوە بۆ کتێبی کۆ بەرهەمی بەزمانی فەرەنسی، کە سالی ٢٠٠٤ دەزگای گالیمار لە پاریس بە قەبارەی ١٧٨٨ لاپەرە چاپکردووە، کە کۆی نووسینی ئارتۆ و هەموو ئەو نووسینانەی لەبارەیەوە نووسراوە، سەرباری گۆرینەوەی نامەکانی، رەنگە لەرووبەری ئەو گفتوگۆیە نەتوانین باس لەکۆبەرهەمەکەی ئەو بکەین، بەلام دەتوانین پانۆرامایەکی خێرا بەکارەکانی ببەخشین، ئارتۆ وەک لەنامەکانی بۆ شاعیری فەرەنسی ژاک پریڤێر دەردەکەوێت، ئەو سەرەتا وەک شاعیرێکی سوریالیستی دەردەکەوێت، دیدی روونی ئەو لەناو نامەکانیدا و دواتریش لەناو تێکستە شیعریەکانیدا وێنەی مرۆڤێکی یاخی و بیمار نیشان دەدات، ئەو وێنەیە پەیوەندی ئارتۆیە بە زمانەوە، بۆیە بۆ شانۆش خەونی بە شانۆیەکی جیاواز دەبینی، شانۆیەک بەدوای گەشتەکانی بڕوای وابوو پێویستە شانۆ بگەرێتەوە بۆ خۆرهەڵات، چونکە سەرچاوە سەرەکیەکە لەوێدایە، لەشانۆیەکدا زمانی جەستە تیایدا بالا دەست بێت، سەیر ئەوەیە ئەو داوا دەکات شانۆی خۆرئاوایی بگەڕێتەوە بۆ خۆرهەڵات، بەلام تۆی خۆرهەڵاتی تازەگەری لەشانۆدا بە شانۆی خۆرئاوایی دەزانیت و خەون بە شانۆی خۆرئاوایی دەبینیت، ئەوە دوو فاقیەکە لەگەڵ تێگەیشتنی کوردیی بۆ خودی ئارتۆ خۆی، ئاڕتۆ وێنەیەکی شیزۆفرینیای زمانە، ناتوانێت وێنای زمانە نەستیەکەی بکات و لەناو هەستەکانی وەک مرۆڤێکی خۆرئاوایی دەمێنێتەوە، لەکۆی دەقە شانۆییەکانی دەینووسێت، بە دەگمەن دیمەنەکان لەناو دیالۆگدا نەماون، با زۆر ڕوونتر بدوێم، ئەو شانۆنامانەی دەینوسێت دیالۆگ پێکی دێنێت، ئیدی زمانی جەستە لەکوێدایە، مەگەر لەچەند کورتە دیمەنێکدا ویستبی بانتۆمایم بنووسێتەوە، دەنا فەرموو سەیری هەموو ئەو کورتە شانۆنامەی بکە تا بزانیت، ئەوەی شانۆی ئارتۆ بنیات دەنێت جەستە نیە.. بەلکو دیالۆگە، دەتوانین بگەرێینەوە بۆ شانۆنامەکانی ئارتۆ خۆی وەکو «سامورای یان درامای هەستەکان» بۆچی ناتوانێت ئەوانە لەڕێی جەستەوە بنیات بنێت و دیالۆگ بۆ کارەکتەر دەنووسێت؟ بەڵام شانۆکاری کوردو عەرەب کە باس لە ئارتۆ بکەن دەبێت بجولێنەوە و دیالۆگ بوونی نەبێت، لێرەدا بۆ شانۆکاران نا کە کتێبە شانۆییەکان هەر ئەوانەن کە ئەوان فێری بوون، بەڵام بۆ ئەوانەی کە خولیای فەلسەفەن، ڕەنگە پرسیارەکە ئەوەبێت: بۆچی فەلسەفەی فەرەنسی لەکۆتایی سەدەی بیستەمدا هەڵوەستەی کرد لەسەر دیدی ئارتۆ بۆ شانۆ؟ ئەو پرسیارە رۆژگارێکی زۆر بەخۆیەوە خەریکی کردووم، تەنانەت لەهەردوو کتێبەکەمدا «پلەی سفری شانۆ» و «فەلسەفەی شانۆ.. شانۆی فەلسەفی» لەسەری وەستاوم و توێژینەوەم لەبارەی کردووە، بەڵام لەئێستادا گەیشتووم بەو دەرەنجامەی گرنگی ئارتۆ لەلای دێرێداو فۆکۆ و کریستیڤا وابەستەی ئەو دیدە ڕەمزیەی زمانە بۆ شانۆ، ئارتۆ پێشنیاری زمانێک دەکات کە لە ئەفسوون دەچێت، وەسفێکی شیعری بەرجەستە دەکات، بەلام ئەو ستایشی شیعریە بۆ شانۆ نە خۆی و نە ئەوانی دوای ئەویش ناتوانن بەرجەستەی بکەن، چونکە لەناو شیعردا دەمێنێتەوە، ئەو مرۆڤێکی بیمار بوو، بیمار بەدوور لەمانا سایکۆلۆژیەکەی، بەڵکو بیماری کولتوری بوو، بەڵام خاڵیش نەبوو لەمانا دەروونیەکەی، بەتایبەت لەو نامانەی کە هەرگیز کەسانی وەک بیکاسۆ وەڵامیان نەدایەوە، بۆیە ئەوەش وا دەکات توندوتیژیەک ببێت بەو زمانەی ئارتۆ لەناو شانۆنامەکانی لەرووی کرداری کارەکتەرەوە، هەروەها لەو نمایشانەی دەیانخاتە سەر شانۆ، بۆیە هیچ دەستەواژەیەک لەو دێرە عەرەبی وکوردیە پێکەنیناویتر نیە کاتێک دەووترێت «شانۆی ئارتۆ مەبەستی توندو تیژیی جەستەیی نەبوو» لێرەدا ڕووبەرووی پرسیارێک دەبینەوە بۆ تێگەیشتن لەئارتۆ، بگەرێینەوە ناو شانۆنامە و نامەکان و وتار و بەیاننامەکانی ئارتۆ ؟ یاخود بچینەوە سەر کتێبە عەرەبیەکانی نوسەرانی وەک سەمیر سەرحان و سەعد ئەردەش؟ چونکە لێرەدا ڕووبەرووی دوو دنیای تەواو جیاواز دەبینەوە، روانینە شیعریەکانی ئارتۆ وەک تیۆر دەبینرێت، نە خۆی و نە دوای خۆی لەشانۆدا دەرناکەوێت، ئەگەر ئەو ئەفسوونێک لەخودی شانۆی خۆرهەڵاتی دەبینێت، ئەو ئەفسوونە چیە شانۆی خۆرهەڵاتی خۆی دەداتەوە دەست خۆرئاوا؟ ئەو پێویستیە کولتوریە بۆ خۆرئاوا وەک ئارتۆ دەلێت ووشە خنکاندنی، ئەی تۆی خۆرهەلاتی بۆ دەبێت شاگەشکە بیت بە شانۆی خۆرئاوایی؟ سەرچاوە تیۆریەکان چین؟ ئایا هێندە بەسە کتێبی شانۆو هاوشانۆ بە عەرەبی بخوێنیتەوەو گروپی بۆ دروست بکەیت و بێیت دوو کتێبی لەبارەوە بنووسیت؟ ئەو وەرگێرانە عەرەبیە بەشێوەیەکە ئەوانەی زۆر لەئێمە باشتر ئەو زمانە دەزانن، با ئەوان بێن قسە بکەن کە ئاخۆ ئەو کتێبە وەرگێرانە عەرەبیەکەی هێندە ڕوونە تا تێی بگەیت؟ هەڵبەت من لەرێی خوێندنی قورئان لە مزگەوتەوە فێری زمانی عەرەبی بوومە، بۆیە بەلاتەوە سەیر نەبێت هەرگیز لەوەرگێرانە عەرەبیەکەی کتێبەکەی ئارتۆ تێ نەگەیشتم، تا بەم دواییە بەفەرەنسی خوێندمەوە، پێشتریش بە پۆلەندی خوێندبوومەوە، گرفتەکان کەسی نین هیچ رقێک بوونی نیە، ئەوەی لەپشت راستیەوەیە تەنیا رۆشنایی خستنە سەر هەڵەکانی رابردووە، راستکردنەوەی خەوشێکە کە ئێمە کوێرانە بیستمان و بەرجەستەمان کردو ئەزموونگەریی ئارتۆ لێمان بوو بە ئەفسانەی شانۆی بالا.        




ڕاڤەیتر3: من خۆمم.. ئازاد حەمە

3

خۆبوون وەرچەرخانی چاوەڕواننەکراو دروستدەکات

لەساتەوەختی ئیستادا و لە کۆمەڵگە هاوچەرخەکاندا خۆبوون(بوون بە خۆ)کەوتووەتە ناو قەیرانێکی بووناویی دژوارەوە. ئاوا گوتنێک، بە واتای زەبوونکردن و بێهێزکردنی من، خودی خۆبوون، نایەت، بەقەد ئەوەی واتای خۆبوون تەقەلایەکە بۆ بینینی من(خۆبوون) لە زیاد لە گۆشەیەكەوە و، وەکیتر، ئاوڕدانەوەش لە گوزارەی “من تۆ نییم”، دروستکەری تێگەیشتنە لەسەر خۆبەدیهێنان و پەنجەخستنەسەر گرنگیی منایەتی گشت منێک.
گومانمان لەوە نییە، ڕوانگەگۆڕین سەبارەت بە منی گشت منێک، یان چۆنیەتی دروستبوونی پرۆسەی خۆبوون ئاسان نییە، بەڵام پێویستمان بەوەیە، ئەوەش بزانیین،کە (منبوون) و (تۆبوون) دوو جۆرن لە منایەتی؛ دوو جۆرن لە خۆبوون. ئەڵبەتە، هیچ خۆبوونێک بوونی نییە تا منێک ئەم خۆبوونە لەخۆیدا بەرجەستەنەکات. لێرەدا ئەوەش هەر جێگای باسە،کە (من خۆم نابم) تا منێک بوونی نەبێت. سەرباریئەوە، (من خۆمنابم) تا لە ووردەکارییەکانی فێرکارییە ڕەوشتییەکان حاڵینەبم، کە ئەوانەش””ئەرکەکانمن بەرامبەر بە خودی خۆم،بەرامبەر بە ئەویتر، بەرامبەر بە خودا””.
تەماشاکردنە کڵۆڵ و بێ پێگە هزرییەکان (خۆبوون) وەک بابەتێکی چڕوپڕی فەلسەفیی مامەڵەناکەن. لەبەرئەوە گۆشەنیگا لەسەر خۆبوون، ئەوەی، کە من خۆمم و ئەویتر نییم، یان تۆنییم، زۆرە، لێ پوخت و پاراوترین گۆشەنیگا لەوبارانەوە هەردەم فەلسەفییەکانە. (خۆبوون)،کە بابەتێکی قووڵی فەلسەفییە،ئەوەمان پێدەڵێت، کە دامان، بەبێ بیرکردنەوە، لەبەردەم (من)؛ مەبەست منی مرۆڤ، نامانگەیێنێتە هیچ کوێ. بۆیە، بۆئەوەی منێک هەبێت پێویستمان بە گومانە.
ڕاناوی (من)بۆ هەرکەسێک گوزارشتە لەوەی بیرکردنەوە لە(من)بیرکردنەوەیە لە کەسێک کە هەیە؛ ئەو بیرکردنەوەیە ئەو منە دەباتەناو دڵی خۆبوونەوە. واتە تا(من) بۆ خودیخۆ نەبێتە جێیباس هەرگیز گومان و ڕاچڵەکین لە منی کەسەکاندا سەوزنابێت. چونکە(بەخۆبوون) بوونە بە کەس، کەس وەک منێک، وەک مرۆڤێکی سەربەخۆ. لە هەمانکاتدا، قسەی مرۆڤەکان لەسەر منی خۆیان مژدەیە لەسەر دروستبوونی ناسنامەی کەسیی. لێ منێکی شکستخواردوو هەردەم منێکی بێ من و بێ ناسنامەیە. منی وا لەوەش حاڵی نییە، کە نییە.
سەراپای بابەتی(خۆبوون)ڕۆنیشتنە لەسەر چۆن منی خۆمان بدۆزینەوە؛ چۆن وابکەین بوونی خۆمان بەهەدەر نەدەین. لەو سۆنگەشەوە ئەوەش دەڵێین، کە(من خۆمم) واتە (منی من)لەناو خۆمدا ناسنامەی خۆی هەیە.
لەسەر بناغەی ئەوەی لای سەرەوە گووترا دەپرسین:باشە منی مرۆڤ تراویلکەیە(سەرابە)؟پێکۆڵیکردن (پێداگرییکردن )لەسەر من پاڵنەرە بۆ نزیکبوونەوە لە خود؟ بێگومان قسەکردن لەسەر (من)، یان گشت منێک، ناسنامە و هەبوونێکی خۆی هەیە و پرسێکی گرنگیی فەلسەفیشە.
زۆرجار پێویستمان بەوەیە دەرگیریی(گرفتاریی)خودی خۆمانبین.کە ئەمە ڕووبدا، کەواتە ئێمە منی خۆمان دۆزیوەتەوە. دۆزینەوەی (من) وەکیتر دۆزینەوەی خودی خۆیە. لێرەدا سەمەرە ئەوەیە، کە(من) ئامادە نەبێت دەرفەت بۆ هەبوونی ئەم منە برەخسێنێت. جاری وایە ئەوەندەی منەکان منی خۆیان پەراوێزدەکەن ئەویتر ئەوەناکات.
ئەو دەمەی (من خۆمنییم) ئیتر منێکی تر لە دەرەوەی منی خۆم بوونی نییە، کە دروستکەری ناسنامەی بوونی من بێت. زۆرجاریش فشارە کۆمەڵایەتییەکان مرۆڤەکان لە خۆبوون دەخات. بۆیە ڕۆچوونە نێو باسی(من خۆمم)دیوی دووەمی خۆبوون و خۆناسییە. خۆناسیی و منناسیی بەرەو ئەو شوێنەمان دەبات پێیدەڵێن سروشتی مرۆڤ.
سەرباریئەوە، خۆبوون واتە بوون بە خۆ(خودی خۆناسیی). کاتێک مرۆڤ دەگاتە ئەو ئاستەی خۆیبێت، پتر لە ڕابردوو،یان زۆرتر لەو کاتانەی خودیخۆی لا مەبەست نەبووە لە خودی خۆی نزیکدەبێتەوە. بەم جۆرە بێت خۆبوون وا لە منی هەر یەکێکمان دەکات ببینە هاوڕێی خۆمان.
بۆ بیریارێکی وەک نیتچە چەمکی (بوونبەخۆ) واتە بوون بەو کەسەی کە هەیت. گەر خۆبوون، یان منایەتی منێک لەسەر ئەم ئایدیایە کاربکات کەواتە کەسی ناوبراو پێویستە بەپێچەوانەی ڕێسا کۆمەڵایەتیەکان، یان نەرێتە باوەکان و ئاکاری سەپێنراو ڕەفتاربکات. خۆبوون بۆ بەختەوەرییش مانادارە. ئەوەتا ئێپکتیتۆس Epictetus،بیریاری دیاری رۆمانییەکان پێوابوو””سەرچاوەی بەختەوەری لەناوخۆی مرۆڤدادایە نەک لە شتە دەرەکییەکان””.
(خۆبوون)گەڕانەوەیە بۆ خودی خۆت. ئەمەش وادەکات منی خۆت ببینیت؛ جیاشیکەیتەوە لە منی ئەویتر. کاتێک خۆتدەبیت، خۆتت لا پەسەند دەبێت. ئەوەش هەر شایانی باسە، کە(خۆت بە)، ڕه‌گوڕیشاڵی خۆبوونە. ئەمە ئافراندنە، هیواشە لەبەردەم مندا تا هەبێت. هاوکات منبوون کۆڵەکەی کەسێتی تێروتەسەلە. ئەمە بەو واتایەش دێت، کە (خۆت بە) دەکارێت ببێتە کارکردەی زۆرێک دیوی ئەرێنی لە مندا.
ئەوەش با بگووترێت، کە چەند ئێستامان هاوکارمانە خۆمانبیین؟ژیانی تازەی مرۆڤەکان لەزۆر ڕووەوە لەبار نییە بۆ بوونە خۆمان. ئەم ژیانە تازەیە دابڕاوماندەکات لە ڕاستیی بوونی خۆمان. ئێستامان جۆرێکی تر لە نامۆبوون بەرهەمدێنێت، کە بەبەراوورد بە ژیانی پێشوو تایبەتمەندی خۆی هەیە.
لە کۆتاییدا هێما بۆ ئەو لایەنەش دەکەین، کە مخابن منەکانی کۆمەڵگەی ئێمە گرفتخوڵقێن و لێوڕێژن لە بێئاگایی لە خودی خۆیان. منی کۆمەڵگەی ئێمە منێکی پەژارە و پەرتە؛ منێکە هەردەم کۆچەر و ڕەوەندە. دەمێکە ئەم جۆرە منە لە نیگایدا حەسرەت و گەڕۆکی تیاپەنهانە. دەتوانین بڵێین منی ئێمە لە هەنووکەدا یەکانگیر و تۆکمە نییە و بەدگومانانەش لە بوونی خۆی دەڕوانێت. بەهەڵکەوت نەبێت، منەکانی ئێمە سەرقاڵی خودی خۆی نابێت. لەوە سەیروسەمەرەتر، منی ئێمە بە ئەویترەوە گرتوویەتی. واتە، بۆ منی ناوبراو(من)ی خۆی جێیباس نییە؛ ئەوە منی ئەوی دیکەیە کە چاویلکەکەی لەسەرە. بۆیە(منی ئێمەی کورد) لە هەمبەر خودی خۆیدا زۆر کرچوکاڵ و بۆشە.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




دەسەڵات و دەوڵەت و چین: دوو بەرەی سەرەکی خەباتی ئەنارکییەکانە.. زاهیر باهیر

ئێمەی ئەنارکستی کوردزمان زۆر جار لەگەڵ مارکسیستەکاندا بەرکەوتنمان دەبێت. ئەوان ئەنارکستەکان تۆمەتبار دەکەن کە کێشەی سەرەکی ئەم سیستەمە بە پرسی سەرەکی دەوڵەتەوە دەبەستنەوە و بایاخیان بۆ پرسی ئابووری و ململانێی چینایەتی نییە.
ئەم تۆمەتە کە ئێمە ڕووبەرووی دەبینەوە نوێ نییە. ئەنارکستەکان هەر لە کۆنەوە لە لایەن زۆرێك لە مارکسیستەکانەوە ئەم تۆمەتەیان دراوەتە پاڵ. بێ گومان ئەمەش تاکە تۆمەتێك نەبووە بەڵکو تۆمەتی باوەڕنەبوون بە ڕێکخستن و گێرەشێوێنی و گرتنەبەری توندوو تیژی و زۆر تۆمەتی دیکە کە هیچ کام لەم تۆمەتانە دروست نین و تا ئێستاش بێ بەڵگە ماونەتەوە.
بۆ ئەوەی بچمە ناو باسەکەوە پێویستمان بەوەیە کە بنەماکانی ئەنارکیزم و مارکسیزم لەم بارەوە بپشکنین، ئەو کاتەش لە وەڵامی پرسیارەکاند یاخود ئەرگویمێنتەکاندا بە قووڵبوونەوە لەو مەسەلەیە دەکرێت تەواوی بنەمای هەردوو بیرۆکەکە بکەوێتە ڕوو، ئیدی خوێنەر خۆی دەتوانێت حوکم بدات و ڕەنگە پرسیارگەلێکی زۆریشی لا دروست ببێت.
مارکسیستەکان باوەڕیان بە بوونی دەوڵەت هەیە بە پاساوی بوونی چینەکان، ئەم پاساوەش بڕوای ئەوەیان پێدەدات کە ناتوانرێت پێش هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگەی چینایەتی دەوڵەت هەڵبوەشێنرێتەوە. بەڵام بنەماکانی ئەنارکیزم پێداگری بە تەنها لەسەر پرسی دژایەتی دەسەڵات و دەوڵەت و ناوەندگەرایی و ڕێکخستنی هیرراشی ناکات، بەڵکو پرسی ئابووریی و ململانێی چینایەتی و ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتیش لە خۆی دەگرێت.

بەڕای من دەبێت قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە زۆر بە وردی و بە بەڵگەوە بێت تاکو غەدرێك و بەکەمگرتنێك لە ئەنارکیزم و بنەماکانی و بزوتنەوەی ئەنارکستی، نەکرێت.
ئاشکرایە مارکسیستەکان بە گشتی پێداگریی لەسەر دەسەڵاتی سیاسی لە لایەن کرێکارانەوە دەکەن و بوونی دەوڵەتی کرێکاریی یاخود “دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا” بە شێوەیەکی کاتیی بۆ ئەوان زەروورە. لای ئەوان بوونی ئەو دەوڵەتە ڕێگایەکە یا ئامرازێکە بۆ تێپەڕکردنی قۆناخی سۆشیالیزم بەرەو کۆمۆنیزم . واتە داڕمانی سەرمایەداری و لابەلاکردنەوەی جیاوازی چینایەتی، بە تێپەڕینی ئەم قۆناخە ڕوودەدات کە وردە وردە دەوڵەت لەبەرچاو وندەبێت و کۆمەڵگە پێدەنێتە قۆناخی کۆمۆنیزمەوە.
پێداگرتنی ئەنارکستەکان لە دژایەتی دەوڵەت و دەسەڵاتدا ڕاستییەکی نکوڵی لێنەکراوە. ئەمەش هۆکاری بوونی بیانووە لای مارکسیستەکان تاکو ئەو تۆمەتە بخەنە پاڵ ئەنارکستەکان، گوایە ئەنارکستەکان ئایدیالستین نەك واقیعیی. ئەوان هەموو تێکۆشانی ئەنارکستەکان لە چوراچێوەی دژە دەسەڵات و دژ بە دەوڵەتدا دەبینن، نەك ململانێی چینایەتی و تەواوی پرنسپڵەکانی دیکەی ئەنارکیزم کە بزوتنەوەی ئەنارکستی بە درێژایی مێژوی، خەباتی بۆ کردووە.
خاڵێکی گرنگی تێڕوانینی مارکسیستەکان بۆ کێشەی چیانیەتی و کاتێك باس لەم ململانێیەش دەکەن قسەی ئەوان لەسەر بە تەنها ململانێی نێوانی کرێکاران و سەرمایەدارانە، یاخود کار و سەرمایە و ئەمەش زۆرجار لە بازنەی کرێکارانی پیشەسازیدا بەندکراوە. هاوکاتیش بناخەی هەموو ڕووداوەکانی مێژووش بۆ ئەو ململانێە دەگێڕنەوە. تەنانەت مێژوی ململانێی بەشەرییەت بە پلەی یەکەم بۆ مێژوی کێشەی نێوانی چینەکان دەگێڕنەوە، پرسی هیرراشی/ پلەبەندی کە بەردی بناخەی دروستبوونی چینەکانە فەرامۆش دەکەن وەکو ئەوەی مێژووی ململانێ لە مێژوی چینەکانەوە دەستی پێکردبێت. لای ئەوان بەلابەلاکردنەوەی پرسە چیانیەتییەکە، پرسی هیرراشی/ پلەبەندیش میکانیکیانە، ئۆتۆماتیکی نامێنێت و حەل دەبێت .

ئەو تێڕوانینەی ئەوان، نکوڵی کردنە لەو راستییە کە مێژوی ململانێی نێو کۆمەڵگەکان هەمو وەخت لە نێوانی چەوساوان و چەوسێنەراندا نەبووە، بەڵکو مێژوی بەیەکادان و شەڕە گەورەکان زیاتر لە نێوانی خودی چەوسێنەران و دەسەڵاتداران ودەوڵەتەکاندا بووە. هەموو جەنگەکانیش جەنگی دەسەڵات بوون نەك جەنگی چینایەتی، کێشەکانی نێو کۆمەڵگە، کێشە چینایەتییەکان وەکو تاکتیکێك بۆ ستراتیجییەتی بەدەستهێنانی جۆری جیاوازی دەسەڵات بەکارهێنراوە وەکو دەسەڵاتی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتیی … تد. بە واتایەکی دیکە مێژوی ململانێیکان هەر بە تەنها لە نێوانی کار و سەرمایەدا نەبووە، بەڵکو لە نێوانی خودی زاڵمان و دەسەڵاتداران و تیرە و هۆز و دەوڵەتاندا بووە. ئەم جەنگانەش بە هەزاران ساڵ پێش سەرهەڵدانی چینی کرێکاری پیشەسازی یاخود کرێکارانی هەندێك بەشی تر بوونیان هەبووە .
وەکو پێشتر وتم، مارکسیستەکان لە تۆمەتەکانیاندا کە دەیدەنە پاڵ ئەنارکستەکان نە کاتی خۆی بەڵگەیەکیان هەبووە و نە ئێستاش. زۆربەی ئاراستە یا نەریتە ئەناکستەکان نەك هەر بە قووڵی قسەیان لەسەر خەبات و ململانێی چینایەتی کردووە، بەڵکو زۆر چالاکانەش بەشدارییان کردووە وەکو ئەنارکۆ-سەندیکالیزم، ئەنارکیزمی کۆمەڵگەرایی، ئەنارکیست کۆمۆنیست. لەمەش زیاتر خودی بیرمەندانی ئەنارکستی وەك باکۆنین، کرۆپتیکن، مالاتێستا، گۆڵدمان و بێرکمان بەو پەڕی توانا و هێزی خۆیانەوە پشتیوانی بزوتنەوەی کرێکارانیان کردووە.
ئەنارکستەکان لە وەڵامی مارکسیستەکاندا سەبارەت بە دەسەڵات و دەوڵەت و دەوڵەتی کاتیی وتویانە و دەڵین ئەوەی لای ئەوان ناوی دەوڵەتی شۆڕشگێڕی لێنراوە لەناوناچێت، بەڵکو چینێکی نوێی حوکمڕانان دروست دەکاتەوە. دروستی ئەم قسەیەش بە عەمەلی و فیعلی لە دەوڵەتی بەلشەفی و هەموو دەوڵەتە کۆمۆنیست و بەناو سۆشیالیستەکاندا سەلمێنرا، هەر ئاواش سەبارەت بە خولقاندنی چینێك یا تۆێژاڵێکی نوێی دەوڵەتداران و لە پرسی ناوەندگەرایی و تێشکانی بزوتنەوەی کرێکارانیشەوە ئەوە سەلمێنرا. مێژوو سەلماندی کە دەوڵەتە سۆسیالیستییە ناوەندگەراییەکان بوونەتە دەسەلاتی بیرۆکراسی تاکڕەو لەبری دروستکەری کۆمەڵگەیەك کە کرێکاران تێیدا ئازاد بن.
ئەنارکیستەکان پێیان وایە خودی پلەبەندیی خۆی مەترسیدارە و دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندی زاڵبوو بەرهەم دەهێنێتەوە. ڕزگاریی دەبێت لە ڕێگەی ڕێکخراوە جەماوەرییە ئاسۆییەکان و فیدراسیۆن و سەندیکا شۆڕشگێڕ و کۆموونە دیموکراسییە ڕاستەوخۆکانەوە ڕووبدات نەك لە ڕێگەی “دەوڵەتێکی شۆڕشگێڕی کاتییەوە.”
لێرەدا دوو خاڵی گرنگ هەیە :

یەك: ئەنارکستەکان دەزانن کە هیچ جۆرە گریمانێک نییە بۆ بوونی ئازادی تاك و کۆمۆنێتیەکان و کۆمەڵگەکان و یەکسانی ئابووری و دادوەری کۆمەڵایەتی لە هیچ قۆناخ و لە نێو هیچ جۆرە کۆمەڵیکدا ئەوەندەی دەسەڵات هەبێت ئیتر شێوەی دەسەڵات و ناوەرۆکەکەی هەرچی بێت. مێژو بە سەدان بەڵگەی لەم بارەوە نیشان داوە. کەواتە بوونی دەسەڵات ئەو پایەیە کە تەواوی نەبوونی ئازادیی و مەحرومی نایەکسانی ئابووری و نادادپەروەری کۆمەڵایەتی و زوڵم و زۆر لەسەری ڕاوەستاوە. لە بارێکی ئاوادا هەتا پایە سەرەکییەکە نەڕوخێت ئەوانی دیکە هەرەس ناهێنن .

دوو: ئەو گۆڕانکاریانەی کە دەکرێت و دەبێت بکرێن وەکو گۆرانکاری کۆمەڵایەتی، جەماوەریی، دەبێت ڕەگووڕیشەیی بێت لەم بارەدا دەبێت لە بنەوە و لە نێوەندی هەموو توێژاڵە کۆمەڵایەتییەکان دەستی بۆ ببرێت نەك لە سەرەوە. ئەم بابەتەش لای ئەنارکستەکان ڕوونە و دەزانن چۆن مامەڵەی دەکەن. هەرچی مارکسیستەکانە دەیانەوێت ئەو پرسانەی کە لە سەرەوە ناوم هێنان لە ڕێگەی دەوڵەتی وەك دیکتاتۆرێتی یاخود دەوڵەتی کرێکاری و پڕۆلیتارییەوە چارەسەر بکەن. بە حسابی ئەوان کرێکاران لە دابینکردنی دەوڵەتدا دەبێتە خاوەنی ئیدارە، خاوەنی هێز و یاسا ئەو کاتە سەراپای کێشەکان حەلکردنیان زۆر ئاسانە.
مێژوو نیشانی داوە لەوەتەی دەسەڵات دروست بووە کە دواتریش لە دەسەڵاتی دەوڵەتدا خۆی تۆکمە کردووە تا ئێستاش هیچ کاتێك دەسەڵاتێك، حکومەتێك نەبووە لە بری حەلکردنی کێشەکان زەقتر و تۆختری نەکردبێتەوە، لە سای ئەو دەوڵەتەدا هەمیشە خەڵکانێك هەبوون ئەگەر کەمایەتیش بووبن لەو مافانە بێ بەش و سەرکوت کراو بوون، زوڵمیان لێکراوە.
کەواتە بەرنامە و پلانی مارکسیستەکان و بنەماکانی مارکسیزم نەك هەر ناتوانێت پرسی ناکۆکی چینایەتی لابەلا بکاتەوە بەڵکو ئەو دەسەڵاتەشی کە دەیگرێتە دەست بەرەو توندوتیژی و دیکتاتۆرییەت دەبات، ئەمە چ جای ئەوەی بەرەو پوکانەوەی بەرێت و بگاتە دوا مەنزڵ کە کۆمۆنیزمە.

دوو پرسیار لێرەدا لەبارەی شێوازی ئابووری و شێوازی دەسەڵات دێنە پێشەوە کە کامیان چەقی کێشەی چینایەتین؟ ئایا دەسەڵاتگرتنە دەست بە پلەی یەکەم دێت و لەوێوە کێشە ئابوورییەکە و ململانێی چینایەتی لابەلا دەبێتەوە یاخود لە ڕێگەی نەهێڵانی دەسەڵات و دەوڵەت لە شانی ململانێی چیانیەتیەوە؟

بەڕای من ئەم دوو پرسییارە تەواکەری یەکدین، بێ کێشەی چینایەتی نایەکسانی ئابووری ڕوونادات. هەر ئاواش پرس و نایەکسانی ئابووریش لەسەر پایەی دەسەڵات وەستاوە، ئەوە نایەکسانییە کە دەسەڵاتی دروست کردووە ، ئەوەش دەسەڵاتە کە نایەکسانی دروست کردوە و دەیپارێزێت و بەردەوامیی پێدەدات. زۆر بە جوانی لە وێنەیەکی هەرەمیدا دەتوانین ئەمە ببینین. لەو وێنەیەدا دەتوانین بڵێین بنچینەی دەسەڵات لە بنی هەرەمەکەوەیە و ئابوری و پرسی ئابووری بە هەموو گرفتەکانییەوە لە لوتکەی هەرەمەکەدایە. ئا لەم بارەدا چەندێك لوتکەی هەرەمەکە بشکێنرێت، مادام بنچینە و دیوار و پایەکانی هەرەمەکە بە پێوەن هیچ درز و شکستێکی نەهێناوە ئەوە دواتر دەتوانرێت هەمان شتی لەسەر دروست بکرێتەوە بەڵام رەنگە لە شێوەیەکی دیکەدا بکرێت، چونکە پرسە چینایەتی و کێشە ئابوورییەکە هەر لەوێن و ئەوەی کە گۆرراوە جۆری دەسەڵاتەکەیە بۆ دیکتاتۆرییەت، دیمۆکراتییەت، لیراڵ، نیو-لیبراڵ، دەسەڵات و دەوڵەتی کرێکاری، پرولیتاریی .
وەکو وتم ئەم دوو پرسە تەواوکەری یەکترین بەهیچ شێوەیەك ناتوانرێت نەك هەر لە یەکیان دابڕیت بەڵکو چارەسەریشیان بێ یەك هەرگیز لابەلانابنەوە. ئەمەش خەباتی دوولایەنەی بەسەر ئەنارکستەکاندا سەپاندووە، واتە خەباتی دژە دەسەڵات و دەوڵەت و خەباتی چیانیەتی کە هەردووکیان لە شانی یەکدییەوە دەڕۆن بەڵام ئەوەش ڕاستییە کە هەتا دەسەڵات هەبێت پرسە ئابوورییەکە وەکو خۆی بە کێشەیی دەمێنیتەوە .
ئەم دوو لایەنەی خەبات لای ئەنارکستەکان هەردوکیان چەقی کێشەکانن. گەر کێشەی دەوڵەت و دەسەڵات چارەسەر نەکرێت ئەوە کێشەی ئابووری وەکو خۆی دەمێنێتەوە کە کێشەی ئابووریش وەکو خۆی مایەوە ئەوە کێشەی چینایەتیش وەکو خۆی دەمێنیتەوە، کە کێشەی چینایەتیش وەکو کێشە مایەوە، بە دڵنیاییەوە لەوێدا ڕاناوەستێت و کێشەکان گەورەتر دەبن و شەبەقی نێوانی چینەکان و کەلێنەکان فراونتر دەبن وەکو لەئێستادا بە باشی دەیانبینین.

دەسەڵات و دەوڵەت ئەو پایە گەورەیە کە سیستەمەکەی لەسەر ڕاگیراوە، سیستەمەکەش ئەو دامەزراوەیە کە لە ڕێگەی دەوڵەتەوە دەپارێزرێت و گەشە دەکات و زیاتر ڕیشەی خۆی لەناو کۆمەڵگەدا دادەکوتێت. سەرمایەداری بە بێ بوونی دەوڵەت نە هێزی هەیە و نە دەسەڵات، ئەوە دەوڵەتە کە ئەو هێزەی دەداتێ کە بەردەوام بەهێزتر بێت لە ڕێگەی یاسا و پۆلیس و سووپا و تۆڕی سیخوڕی و میدیا و دادگە و دامەزراوەکانی خوێندن و پەروەردەوە و پارێزگاری لێدەکات.
گەر دەوڵەت و هێز و یاساکانی نەبن هەرگیز هیچ کۆمپانیایەك، هیچ کارگە و دامەزاراوەیەکی سەرمایەداری ناتوانێت لە بەرانبەر مانگرتن و دەستبەسەراگرتن لە لایەن کرێکاران و بەکارهێنەرانییەوە بۆ ماوەیەکی زۆر کورتیش دەوام بکات. ئەوە یاسا و هێز و هەژموون و کۆنترۆڵی دەوڵەت و دەسەڵاتە کە ڕێگە نادات گۆڕانکاری ڕووبدات، سنور بۆ چالاکی و ئازادییەکان دادەنێت و دژ بە یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەوەستێتەوە .
لە کۆتاییدا دەبێت ئەوە بڵێم گەر چی ئەنارکستەکان و مارکسیستەکان لەگەڵ چەمکی کۆمەڵگەی ناچیانیەتی، سۆشیالیستی یەکدەگرنەوە بەڵام چەقی جیاوازی و ناکۆکییەکانیان لە هەنگاوی یەکەم بۆ بەدیهێنانی ئەو کۆمەڵگەیە دروست دەبێت. لێرەدا دەبینین جیاوازییەکی گەورەیان هەیە کە لای یەکێکیان کێشەکە بە بەردەوامی دەمێنێتەوە و گەورە دەبێت و لای ئەوی دیکەیان لە ڕیشەوە حەل دەبێت. لای مارکسیستەکان خەباتی چینایەتی پێویستی بە دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی دەوڵەت هەیە، لای ئەنارکستەکانیش دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی دەوڵەت ستەمێکی نوێ دروست دەکات و خیانەت لە شۆڕش دەکات.

زاهیر باهیر
حوزەیرانی 2026




تاوانبارە بێدەنگەکان؛ کاتێک شاشەکان دەبنە چەکی توندوتیژی.. سارا ئازاد محمد

لە سەردەمی کلاسیکدا، تاوان دیاردەیەکی فیزیکی و ڕووبەڕوبوونەوەیەکی جەستەیی بوو، کە تێیدا تاوانبار بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی پێویستی بە ئامادەیی ماددی و هێزی بازوو هەبوو. بەڵام لە گواستنەوەی بەرەو سەردەمی مۆدێرنیتە و باڵادەستیی فەزای دیجیتاڵی، سروشتی توندوتیژی گۆڕانکارییەکی ڕیشەییی بەسەردا هاتووە؛ مرۆڤی لادەر چیتر پێویستی بە ماسک و چەکی ماددی نییە، بەڵکو لە پشت ڕووناکی شاشەکانەوە، جۆرێکی نوێ لە مەترسیی مۆدێرن بەرهەم دەهێنێت کە دەکرێت پێی بوترێت “تاوانی بێدەنگ”.
شاشە بچووکەکانی بەردەستمان، لە ئامرازێکی پەیوەندییەوە کە بڕیار بوو جیهان لێک نزیک بکەنەوە، گۆڕاون بۆ چەکێکی کوشندە و ترسناک کاتێک دەکەونە دەست کەسانی لادەر. ئەم تەکنەلۆژیایە لە یەک کاتدا دوو ئەرکی دژبەیەک و لێکدابڕاو دەبینێت؛ لە لایەکەوە دەبێتە قەڵغانێکی گریمانەیی بۆ شاردنەوەی ناسنامە و ڕوخساری ڕاستەقینەی تاوانبار، لە لایەکی تریشەوە دەبێتە سەکۆیەک بۆ ئاڕاستەکردنی توندوتیژیی دەروونی. ئەم گۆڕانە وای کردووە کە تاوانبار بە بێدەنگی و بەبێ بینینی ئازاری ڕاستەقینەی قوربانییەکە، قورسترین زیانی دەروونی، کۆمەڵایەتی و مرۆیی بە ژیانی ئەوانەی تر بگەیەنێت.
لە ناو جەرگەی ئەم گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییەدا، دیاردەی هەڕەشەکردن و شێواندنی ناسنامەی ئافرەتان وەک یەکێک لە قێزەونترین جۆرەکانی توندوتیژیی نوێ سەریهەڵداوە. تاوانبار بە هێزی بەرنامە پێشکەوتووەکانی ژیریی دەستکرد، تەنیا لە ڕێگەی وێنەیەکی ئاسایی دەموچاوەوە، فۆرمێکی ساختەی ڕووت یان ڤیدیۆیی وا بەرهەم دەهێنێت کە جیاکردنەوەی لە ڕاستی ئەستەمە. ئامانجی سەرەکیی ئەم کردەوەیە ناوزڕاندن و تێکشکاندنی پێگەی دەروونی و کۆمەڵایەتیی ئافرەتە لە ناو فەزای خێزان و کاردا. تاوانبارانی ئەم سەردەمە بە چاکی لە دەروونناسیی کۆمەڵگە و پێکهاتە کەلتوورییەکان تێدەگەن؛ ئەوان دەزانن کە چەمکی “شەرەف” و “پێگەی کۆمەڵایەتی” چەندە هەستیارن، بۆیە ئەم بەرهەمە ساختانە وەک بارمتەیەک بۆ دەستکەوتی دارایی، شکاندنی کەڕامەت و سەپاندنی هەژموونی خۆیان بەکاردەهێنن.
مەترسیی ڕاستەقینەی ئەم دیاردەیە تەنیا لە خودی کردەوەی تاوانبارەکەدا کورت نابێتەوە، بەڵکو لە کاردانەوەی پاشکەوتووانەی کۆمەڵگەشدا ڕەنگدەداتەوە. کاتێک کۆمەڵگە لە جیاتی سزادانی هێرشبەرەکە و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی، پەنجەی لۆمە ئاڕاستەی قوربانییەکە دەکات، بە نائاگایی (یان ئاگادارانە) دەبێتە هاوکاری سەرەکیی تاوانبارەکە. ئەم جۆرە لە ڕەفتار و مامەڵە بەرانبەر قوربانی، دەبێتە هۆی ئەوەی کە زۆرێک لە ئافرەتان پەنا ببەنە بەر بێدەنگییەکی بکوژ؛ بێدەنگییەک کە نەک هەر کێشەکە چارەسەر ناکات، بەڵکو دەبێتە گونجاوترین ژینگە بۆ گەشەکردن و بەردەوامیی تاوانەکە.
بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی ئەم توندوتیژییە سیستماتیکە، پێویستە یەکەم چەک کە “ترس و گۆشەگیرییە” لە دەستی تاوانبارەکە دابماڵرێت، چونکە هێزی تاوانباری پشت شاشە تەنیا لە بێدەنگیی قوربانییەکەوە سەرچاوە دەگرێت. کاتێک متمانەی خێزانی و هۆشیاریی تەکنەلۆژی دەبنە پاڵپشت و قوربانی دڵنیا دەبێتەوە کە خێزانەکەی لە سروشتی تەڵەکە و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا تێدەگەن، قەڵغانی ساختەی تاوانبارەکە دادەڕمێت. لێرەوە، ڕۆڵی دامەزراوە فەرمییەکانی وەک “بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەڕەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان” دێتە پێشەوە؛ ئەم دامەزراوانە پێویستە بە پەیڕەکردنی “نهێنیپارێزیی ڕەها” و دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ سکاڵا، متمانەی قوربانییەکان بەدەستبهێننەوە و یاسا وەک ڕووناکییەک بەسەر تاریکیی ئەم تاوانەدا بڵاو بکەنەوە.
پاراستنی فەزای دیجیتاڵی چیتر دابڕاو نییە لە پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، بەڵکو بەشێکی بنەڕەتییە لێی. گۆڕینی ڕوانگەی کەلتووری بەرامبەر بە قوربانیانی تاوانی ئەلیکتڕۆنی، هۆشیارکردنەوەی خێزان و توندکردنی یاساکانی سزادانی دیجیتاڵی، تاکە ڕێگەن بۆ گۆڕینی شاشەکان لە ئامرازی توندوتیژییەوە بۆ هۆکاری پێشکەوتن. مرۆییبوونی ئێمە لە جیهانی هاوچەرخدا لەوەدا کورت دەبێتەوە کە نەهێڵین هیچ مرۆڤێک لە پشت شاشەکانەوە ببێتە نێچیر و ڕێگا نەدەین بێدەنگی ببێتە چەترێک بۆ پاراستنی کەسە زاڵم و بێ ویژدانەکان.

سارا ئازاد محمد
ماستەر لە كۆمەڵناسی تاوان




چین بەڵگەنامەیەكی فەرمی و گشتگیر بڵاودەكاتەوە و دەقەكەشی وەردەگێڕدرێتە سەر زمانی كوردی

نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی دەوڵەتی كۆماری گەلی چین، بەڵگەنامەیەكی فەرمی و گشتگیری (نیازنامە / ڕاپۆرتی سپی) لەژێر ناونیشانی “حوكمرانیی جیهانیی دادپەروەرانەتر و یەكسانتر؛ بنەماكان، پێشنیارەكان و هەنگاوەكانی چین (حوزەیرانی ٢٠٢٦)” بڵاوكردەوە. ئەم بەڵگەنامە ستراتیژییە تیشك دەخاتە سەر دیدگای فەرمی پەكین بۆ چاكسازی لە سیستەمی نێودەوڵەتی و چەسپاندنی بنەماكانی فرەجەمسەری لە جیهاندا،هاوكات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی نێودەوڵەتیی ئەم بەڵگەنامەیەمدا، تەواوی ناوەڕۆكی ئەم كتێبە فەرمییە لەلایەن “هەڵۆ حەسەن”ەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی كوردی، بە ئامانجی ئاشناكردنی خوێنەر و توێژەرانی كورد بە پڕۆژە و تێڕوانینە جیۆپۆلەتیكییەكانی چین لە ناوچەكە و جیهاندا. ناوەڕۆكی بەڵگەنامە فەرمییەكە چییە؟.
ئەم بەڵگەنامە گشتگیرە نێودەوڵەتییە لە سێ تەوەری سەرەكیدا كورت دەبێتەوە:
بنەماكان: تێڕوانینەكانی چین بۆ بنیاتنانی حوكمرانییەكی جیهانی كە لەسەر بنەمای دادپەروەری، هاوسەنگی و ڕێزگرتنی هاوبەش بێت.
پێشنیارەكان: پێشكەشكردنی دەستپێشخەریی كرداری بۆ چارەسەركردنی قەیرانە ئابووری و گەشەپێدانییەكان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
هەنگاوەكان: ئەو كارنامە، پڕۆژە و هەوڵە دیپلۆماسییانەی كە پەكین بۆ پاڵپشتیكردنی وڵاتانی گەشەسەندوو و هێزەكانی باشووری جیهانی -گرتوویەتیە بەر.
گرنگی وەرگێڕانی ئەم بەڵگەنامە فەرمییە بۆ زمانی كوردی لەوەدایە كە دەبێتە سەرچاوەیەكی یەكەمین، ڕاستەوخۆ و باوەڕپێكراو بۆ ناوەندەكانی توێژینەوە، زانكۆكان و خولیایانی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە هەرێمی كوردستان. ئەم بەرهەمە یارمەتیدەر دەبێت تا خوێنەری كورد بە قووڵی لە داینامیكی نوێی هێزە جیهانییەكان و ڕۆڵی ستراتیژیی پەكین لە داڕشتنەوەی داهاتووی حوكمرانیی جیهانیدا تێبگات.




نێرنەیی!.. رەسوڵ بەختیار

لەکورتە ڤیدیۆیەکدا هەموومان بینیمان چۆن نێرینەیەکى تاڵیبان بەقامچى لە ئافرەتێک دەدا, بەو بیانووەى بەئۆنڵاین وانەى بە قوتابییانى کچ گوتۆتەوە, دیمەنەکە ناخهەژێنە, بەڵام لەکۆمەڵگەى دواکەوتوو زۆر ئاساییە, ئەو جۆرە دیمەنانە هەمان دیمەنى دوعاى کچە ئێزیدیەکە, کاتێک بەبلۆک و شەق و پێلەقە سزایان دەدا, تا گیانى دەرچوو, هەموو ئەمانە کیشە کەڵەکەبووەکانە,لەناکاوێکدا دەتەقێتەوە و سەدایەکى گەورە بەدواى خۆیدا دەهێنێ, وەنەبێ هیچ چارەسەرێک بۆ ئەو جۆرە بابەتانە دۆزرابێتەوە, زۆرێک بۆ خۆشى سەیرى ئەو دیمانە دەکەن, هەیانە دڵى بەو دیمەنانە خۆش دەبێ کەسى قوربانى بەناپاک لەقەڵەم دەدەن, دەڵین کەى شارى ئێمە ئەو جۆرە کەسانەى تیادا بووە, کەچى ئەوەى لەبیر چووە بەکۆستەر و بەپاس بەیەکەوە دەچوونە شارەکانى دیکەى عێراق بۆ بەتاڵکردنەوەى هەوەسى خۆیان.
هەموو ئەمانە کاریگەرى درێژخایەنى دەبێ لەسەر دەروونى تاکەکانى کۆمەڵگە, سەیر نییە مامۆستایەکى ئاینى لەزانکۆدا کارێکى نەشیاو بەرانبەر بە قوتابییەکانى بکات, چونکە ئەو ئافرەتەى بەقامچى لەگۆڕەپانێکدا لێیدەدرا, بەرهەمى دەستى خۆیەتى ئێستا هەڵیدەگرێتەوە, ئەى دایکان پەروەردەى منداڵەکانیان ناکەن, دیارە تەنیا نان و شیریان پێداون و هیچ ئامۆژگارى و رێنوێنیەکیان نەداوە بەمنداڵەکانیان ئینجا چ نێر بێ یان مێ, لە پەروەردەى کۆمەڵگە و ئاین گەڕێن, لەهەمووى گرنگتر پەروەردەى دایکە, ئەو نیرانەى بەقامچى لە ئافرەت دەدەن دیارە لەلایەن دایکیانەوە پەروەردە نەکراون.
دایک هەموو شتێکمان فێر دەکات هەر لەتوندوتیژییەوە تا میهرەبانى, چ کارەساتێکە بەبلۆک لەکچیکى هەرزەکار بدەى دیارە دایکان کوڕەکانیان وا پەروەردە کردووە لەبەرامبەر هەموو رێیەک وا وەڵام بدەنەوە, نێرێکى مامۆستاى زانکۆ ئاساییە وا جرت و فرت بکات و وەڵام بداتەوە و لەهەموو شتێک خۆى بێبەرى بکات و دەشڵێ هەمووتان دەدەمە دادگە, ئەوە سیستەمى وڵاتە وەڵامى هەموو شتێک دەداتەوە, هەتا خراپترین پەیڕەو و پرۆگرامى حزبەکانیش ئەمجۆرە تاوانانە قبووڵ ناکەن, کۆمەڵگەى کوردى سەدا نەودى دژ بە ئایین نییە, بەڵکو داکۆکى لێدەکات, چۆن لێدەگەڕێن کارێکى وا نەشیاو وەک بەرزەبانان لێی دەرچێ, ئێمە هەموومان تاوانبارین کاتێک چاوپۆشى لەمجۆرە کارانە دەکەین, تکایە مەیکەنە دەستکەوتى حزبى, بەڵکو با بەدونیا بڵێین دادگە بڕیار لەسەر قوربانى و تۆمەتباران دەدا.
کێشەى ئێمە پەروەردەیە, کەس لەبابەتەکە دەرناچێ, تاوانەکە لەسەر شانى هەمووانە, ناکرێ لەبەرانبەر بەو تاوانانە خۆمان لێى بەدوور بگرین, سەنگى مەحەکیش دادگەیە, دەکرێ هەمووان لەبەردەم یاسادا ملکەچ بین, واتە بۆ هەژار و نەدار و خواپێداو و دەسەڵاتدار وەک یەک بێت, هەر چاوپۆشییەک لەم و لەو کارەساتى زیاتر بەدواى خۆیدا دەهێنێ, لەبەیانیکدا هەڵدەستین گێژەن هەموو لایەکى بردووە, ئەم نووسینە دژ بەکەس نییە, تەنیا ئاگادارکردنەوەیە لەرۆڵى یاسا, گرنگ نییە خۆمان بەکۆمەڵگەى دیکە بەراورد بکەین, بەڵکو گرنگەکە لەوەدایە چۆن یاسا و رێساکانى ئەم وڵاتە لەسەر هەمووان جێبەجێ دەکرێ و هەمووان بەئاسوودەیى لەشەقام و شوێنە گشتییەکان ئاسوودە بین, هەموو لایەک جەخت لەوە بکەنەوە, ئەو نێرانەى خۆیان بەپاڵەوانى گۆڕەپانەکە دەزانن رادەیەکیان بەپێى یاسا بۆ دابندرێ.




لە کۆمێنتی پڕ لە سۆزەوە بۆ داهاتی دارایی: پابلۆ کورد چۆن مۆدێلی بازرگانی گۆڕی؟.. کارزان عزیز عبدالراحمن

لە بەشی یەکەمدا باسمان لەوە کرد کە پابلۆ کورد چۆن وەک دیاردەیەک دەرکەوت، بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە: ئەم “سەرنجە” چۆن دەبێتە “سەرمایە”؟ لە ئابووریی دیجیتاڵیدا، سەرنجی بینەر (Attention Economy) دراوی سەرەکییە. پابلۆ کورد تەنها کات بەسەر نابات، بەڵکو ئەو خاوەنی مۆدێلێکی نوێی بازرگانییە کە لەسەر بنەمای بەشداریی ڕاستەوخۆ (Gift & Interaction) بنیات نراوە.
گۆڕینی سۆز بۆ داهات:
سیستەمی دیارییەکانی تیکتۆک (Gifts) لە ڵایڤەکاندا، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە پەیوەندیی نێوان هونەرمەند و هەوادار. لە ڕابردوودا بینەر تەنها کڕیاری بەرهەمێک بوو، بەڵام لێرەدا بینەر دەبێتە “بەشداربوو” لە دروستکردنی داهاتی کارەکتەرەکەدا. پابلۆ کورد بە فێربوونی وردەکارییەکانی ئەم سەکۆیە، توانیویەتی ئەم پەیوەندییە سۆزدارییە بکاتە سەرچاوەی داهات.

شکاندنی دیواری نێوان ژیانی تایبەت و گشتی:
ئەوەی پابلۆ کورد جیا دەکاتەوە، تێکەڵکردنی ژیانی ڕۆژانەیەتی لەگەڵ نمایشکردن. ئەو دەزانێت چۆن “تایبەتمەندی” خۆی وەک بەرهەمێک بەکاربهێنێت. ئەمە جۆرێکە لە “شفافیەتی دەستکرد”؛ بینەر هەست دەکات هەموو شتێک دەزانێت، لەکاتێکدا ئەوە تەنها ئەو بەشەیە کە کارەکتەرەکە دەیەوێت نیشانی بدات. ئەمەش فێڵێکی زیرەکانەی میدیاییە بۆ هێشتنەوەی جەماوەر بە پابەندبوو.
متمانەی دیجیتاڵی و کاریگەریی بازرگانی:

کاتێک کارەکتەرێک دەبێتە “ئینفلوێنسەر”، متمانەی هەوادارانی بۆ ئەو دەبێتە گرنگترین ئامرازی مارکێتینگ. براندەکان ئیتر نایانەوێت تەنها ڕیکلامی کلاسیکی بکەن، بەڵکو دەیانەوێت لە ڕێگەی کەسایەتییەکەوە قسە بۆ گەنجان بکەن کە وەک خۆیان بیر دەکاتەوە. پابلۆ کورد نموونەی ئەو کەسەیە کە بووەتە پردی پەیوەندی نێوان بەرهەمەکان و کۆمەڵگەی گەنجان، بەبێ ئەوەی هەست بە “بازرگانیبوونی” ڕیکلامەکە بکرێت.

داهاتووی دیاردەکە و کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکان

(پاش پابلۆ کورد؛ بەرەو کام ئاڕاستە؟ لێکەوتە کۆمەڵایەتییەکانی ناوبانگی خێرا)

لە کۆتایی ئەم زنجیرەیەدا، پێویستە لەسەر لایەنە قوڵتر و بەردەوامەکانی ئەم دیاردەیە بوەستین. ئایا پابلۆ کورد تەنها سەرەتایەکی نوێیە بۆ نەوەیەک کە دەیانەوێت بە خێرایی ناوبانگ بەدەستبهێنن؟
ململانێی نەوەکان و گۆڕانی بەهاکان:
ئەم جۆرە ناوبانگە ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییە لە بەها کلتورییەکانی کۆمەڵگەی کوردی. کاتێک گەنجان پابلۆ کورد وەک “پاڵەوان” یان “کەسایەتی کاریگەر” دەبینن، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە پێوەرەکانی سەرکەوتن گۆڕاون. چیتر بڕوانامەی ئەکادیمی یان خزمەتی درێژخایەن مەرج نییە بۆ ناوبانگ، بەڵکو “دەرکەوتن و خێرایی” جێگەی گرتووەتەوە.
مەترسییەکانی “ناوبانگی خێرا”:
دیاردەیەک کە بە خێرایی دروست دەبێت، بە هەمان خێرایی دەتوانێت کاڵ ببێتەوە. پابلۆ کورد لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە؛ چۆن دەتوانێت لە “تڕێندێکی کاتی” ببێتە “دیاردەیەکی بەردەوام”؟ مێژووی میدیا پڕە لەو کەسانەی کە بۆ ساتێک درەوشاونەتەوە و دواتر ون بوون. بەردەوامبوون پێویستی بە نوێگەریی بەردەوام هەیە
ئامۆژگارییەک بۆ نەوەی داهاتوو:
پابلۆ کورد دەبێتە وانەیەک بۆ گەنجانی داهاتوو کە دەیانەوێت هەمان ڕێگا بگرن. ئایا تەنها نمایش بەسە؟ یان دەبێت ناوەڕۆکێکیش هەبێت؟ داهاتووی میدیا لە کوردستاندا ڕوو لە دیجیتاڵبوونی تەواوەتییە. میدیای کلاسیکی (تەلەفزیۆن) ناچارە خۆی لەگەڵ ئەم جۆرە کارەکتەرانەدا بگونجێنێت، چونکە ئەوانن خاوەنی “ئامادەبوونی ڕاستەقینە” لە نێو شەقامی دیجیتاڵیدا.

کۆتایی گشتی:
پابلۆ کورد تەنها گەنجێک نییە لە تیکتۆک، بەڵکو ئاوێنەی گۆڕانکارییەکی قوڵی کۆمەڵایەتییە لە کوردستاندا. ئەو سەلماندی کە دەنگ و ڕەنگی گەنجان چیتر لەلایەن دەزگاکانەوە کۆنتڕۆڵ ناکرێت. بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە: دوای ئەوەی ئەم شەپۆلە تێپەڕی، چی لە دوای خۆی جێدەهێڵێت؟ ئایا پابلۆ کورد دەتوانێت وەک کەسایەتییەکی کاریگەر بمێنێتەوە، یان تەنها یادەوەرییەکی دیجیتاڵی دەبێت؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە کات وەڵامی دەداتەوە.

کێشەی “بازاڕی بچووک” و “کۆمپانیا کلاسیکییەکان”

کێشەی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە کۆمپانیا گەورەکانی کوردستان هێشتا بە عەقڵییەتی کلاسیکی ڕیکلام دەکەن. ئەوان زیاتر متمانەیان بە ڕیکلامی تەلەفزیۆنی یان ڕیکلامی تەقلیدی هەیە.

بۆشایی متمانە:** کۆمپانیاکان دەترسن لەوەی ناوی براندەکەیان بەو کەسایەتییانەوە ببەستنەوە کە “تڕێندن”، چونکە ترسیان هەیە لە ناوبانگی خێرا و کاردانەوەی نەرێنی کۆمەڵایەتی.

نەبوونی “ئەجێنسی” (Agency) ی پسپۆڕ:
لە کوردستان ئەجێنسییەکی پڕۆفیشناڵ نییە کە توانای ئەم جۆرە کەسانە وەربگێڕێتە سەر “زمانی بازرگانی” بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان قەناعەتیان پێ بێنن.

گۆڕینی “سیناریۆ” بۆ “بەرژەوەندی ئابووری”
ئەگەر ئەو کەسە توانای سیناریۆ و دەرهێنانی هەیە، نابێت چاوەڕێی سپۆنسەر بێت، بەڵکو دەبێت خۆی “مۆدێلی بازرگانی” بۆ دروست بکات:
بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی تایبەت (Branded Content):** لەبری ئەوەی چاوەڕێی سپۆنسەر بکات، دەتوانێت سیناریۆکانی خۆی بەجۆرێک دابڕێژێت کە یەکێک لە خزمەتگوزارییە ناوخۆییەکان (وەک خواردن، جلوبەرگ، یان تەکنەلۆژیا) بە ناڕاستەوخۆ تێیدا ڕەنگ بداتەوە.
سەربەخۆیی دارایی لە ڕێگەی “کۆمەڵگە”: لە جیاتی سپۆنسەری گەورە، دەتوانێت پشت بە سیستەمی (Subscription) یان فرۆشتنی بەرهەمی تایبەت بە براندی خۆی ببەستێت. کاتێک خاوەنی هەوادارێکی زۆریت، چیتر پێویستت بە کۆمپانیای دەرەکی نییە، بەڵکو دەتوانیت خۆت بیت بە کۆمپانیا.
پردی نێوان “هونەر” و “بازرگانی”
ئەو کەسەی سیناریۆ و دەرهێنانی دەزانێت، دەبێت ئەم هەنگاوانە بنێت بۆ ئەوەی سپۆنسەر بەلای خۆیدا ڕابکێشێت:

  1. داتاکان: پێشکەشکردنی داتای ڕاستەقینە بە کۆمپانیاکان (کێ سەیری دەکات؟ تەمەنیان چەندە؟ کوێ دەژین؟). کۆمپانیا بە ژمارە قەناعەت دەکات نەک بە بینینی ڤیدیۆ.
  2. خۆبەراوردکردن: دەبێت دیزاینی بازرگانیی خۆی بگۆڕێت. پێویستە نیشان بدات کە سیناریۆکانی دەتوانێت فرۆشتنی براندێک زیاد بکات.
  3. **تیم: ** ئەگەر خۆی دەرهێنەرە، پێویستی بە “بەڕێوەبەرێکی بازرگانی” (Manager) هەیە کە تەنها کاری ڕاکێشانی سپۆنسەر و بەبازاڕکردنی بێت.
    ئایا پێتوایە پابلۆ کورد یان هاوشێوەکانی، دەتوانن لە قۆناغی “کەسایەتی سۆشیاڵ میدیا” تێپەڕن و ببن بە “خاوەن کار” (Entrepreneur)؟

کێشەی “بۆشایی پیشەیی”: بۆچی بەهرەی سیناریۆ بەتەنیا بەس نییە؟

لە جیهانی ئەمڕۆدا، بەهرەی هونەری (Artistic Talent) تەنها ٥٠٪ی هاوکێشەکەیە، ٥٠٪ەکەی تری بەڕێوەبردن و بازاڕسازییە (Management & Marketing). پابلۆ کورد یان هەر کەسێکی تر کە سیناریۆی فیلمی هەیە، ڕووبەڕووی چەند بەربەستێک دەبێتەوە:
کەمیی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ناوەڕۆک (Production Houses):**
بەداخەوە، لە کوردستان کەمتر دەزگایەک هەیە کە کار بۆ “دۆزینەوەی بەهرە” بکات. زۆربەی سپۆنسەرەکان تەنها بەدوای “ناوبانگی ئامادە” دەگەڕێن (واتە ئەوانەی ناوبانگیان هەیە، نەک ئەوانەی بەهرەیان هەیە). ئەمە وادەکات ئەو کەسانەی سیناریۆی بەهێزیان هەیە، نەتوانن بچنە ناو سیستەمەکەوە.
نەبوونی “پردی پەیوەندی” (The Missing Link):
کێشەی پابلۆ کورد یان هاوشێوەکانی ئەوە نییە کە “کەس نییە دەستی بگرێت”، کێشەکە ئەوەیە “زمانی گفتوگۆ” لە نێوان خاوەن بەهرە و خاوەن سەرمایەدا جیاوازە.
خاوەن بەهرە** بە زمانی “دابێنین، سیناریۆ، هونەر” قسە دەکات.
خاوەن سەرمایە (سپۆنسەر)** بە زمانی “قازانج، ژمارەی بینەر، ڕیکلام، فرۆشتن” قسە دەکات.
تا ئەو کاتەی کەسێک نەبێت ئەم دوو زمانە یەک بخات، سپۆنسەر ناتوانێت بڕوا بەوە بکات کە خەرجکردنی پارە لەسەر سیناریۆیەک، داهات بۆ ئەو دەگەڕێنێتەوە.
متمانەکردن بە پڕۆژەی گەورە:
سپۆنسەرەکان لە کوردستان زۆر کات لە پڕۆژەی هونەری دەترسن، چونکە تێچووی فیلم یان زنجیرە بەرزە و قازانجی خێرای نییە. ئەوان پێیان باشە پارە لە “ڕیکلامی خێرا” خەرج بکەن نەک لە “بەرھەمی هونەری درێژخایەن”.

چۆن دەست بە گیرانی “پابلۆ کورد” دەکرێت؟ (چارەسەری پراکتیکی)

ئەگەر ئەو کەسە سیناریۆی فیلمی هەیە و بەتوانایە، نابێت چاوەڕێی ئەوە بێت کۆمپانیایەک وەک “خێرخوازی” دەستی بگرێت. دەبێت بەم شێوەیە کار بکات:
کورتە فیلمی وێب (Web Series):
لەجیاتی چاوەڕێی بودجەی زەبەلاح بۆ فیلم، با بە پارەیەکی کەم و کوالێتییەکی بەرز لەسەر تیکتۆک یان یوتیوب دەست بە بەرهەمهێنانی کورتە فیلم بکات. کاتێک بەرهەمەکە بینرا، سپۆنسەر خۆی دێتە پێش.
پێشکەشکردنی “پلانی بازرگانی” (Business Pitch):
کاتێک دەچێت بۆ لای سپۆنسەر، نەڵێت “سیناریۆم هەیە”، با بڵێت “ئەم سیناریۆیە وادەکات براندەکەت بگاتە ٥٠٠ هەزار گەنج”.
بەرهەمهێنانی هاوبەش (Co-Production):
ئەگەر سپۆنسەرێک نابینێت، دەتوانێت لەگەڵ کەسانی تر (وەک وێنەگر یان مۆنتاژکار) بەشداربن و پڕۆژەکە بە هاوبەشی دروست بکەن.
**ئایا پێتوایە لە کوردستاندا ژینگەیەک هەیە کە دەرهێنەر و سیناریۆنووسێکی لاو بتوانێت بەبێ بوونی “واستە” یان “ناسیاوی”، تەنها بە پشت بەستن بە بەهرەی خۆی بێتە پێشەوە؟

خاڵی کۆتایی: لە نێوان “سیمای دیجیتاڵی” و “بەهرەی ڕاستەقینە”
لەکۆتاییدا، پابلۆ کورد تەنها ناوی گەنجێک نییە لەسەر شاشەی مۆبایلەکان، بەڵکو سیمبوڵێکە بۆ گۆڕانکارییەکی گەورە لە جیهانی میدیا و بەهرە لە کوردستاندا. ئەو دەریخست کە “سەردەمی دەرفەتە چاوەڕوانکراوەکان” کۆتایی هاتووە و ئێستا “سەردەمی دەرکەوتنی تاکەکەسییە”.
سەبارەت بەو بەربەستەی کە باسی کرد، واتە
(بوونی بەهرەی سیناریۆ و دەرهێنان لە بەرامبەر نەبوونی سپۆنسەر و دەستگیرۆیی)، ئەوە وانەیەکی گەورەیە بۆ نەوەی نوێ:
دەستگیرۆیی لە دەرگای خەڵکەوە نایەت، بەڵکو لە دەرگای “ئەنجام”ەوە دێت: سپۆنسەرەکان لە کوێوە بێن؟ لەو شوێنەوە دێن کە بینەر هەیە. کاتێک بەهرەیەکت هەیە، مەرج نییە چاوەڕێی کۆمپانیای گەورە بکەیت؛ بەڵکو دەبێت بە دروستکردنی ناوەڕۆکی بەهێز، خۆت ببی بەو پردە بۆ ئەوەی بازرگانەکان ناچار بن بیر لە هاوکاریت بکەنەوە.
سیناریۆ بەبێ پلاتفۆرم تەنها نووسینە: بەهرەی پابلۆ کورد و هاوشێوەکانی لە سیناریۆدا، کاتێک دەبێتە “سەرمایە” کە لەگەڵ دیجیتاڵکردنی تەواوەتی یەکبگرێت. بازاڕی ئەمڕۆ چیتر چاوەڕێی پاڵەوانێکی بێدەنگ ناکات، بەڵکو بەدوای ئەو کەسەدا دەگەڕێت کە دەزانێت چۆن چیرۆکەکەی دەفرۆشێت.
دەرەنجامی کۆتایی:

پابلۆ کورد(paplo kurd) دەبێت بزانێت کە “ناوبانگی خێرا” خاڵی دەستپێکە، نەک خاڵی کۆتایی. ئەگەر بتوانێت ئەو توانایەی لە سیناریۆ و دەرهێناندا هەیەتی، لە ناو ئەو شێوازە نوێیەی میدیا تێکەڵ بکات، ئەوا لە “تڕێندێکی کاتی”ـیەوە دەبێت بە “دەرهێنەرێکی خاوەن براند”.
ئێمە لەبەردەم قۆناغێکداین کە بەهرە بەتەنیا بەس نییە، بەڵکو “بەهرەی بەبازاڕکراو” کلیلی سەرکەوتنە. کۆتایی ئەم چیرۆکە لای پابلۆ کوردە؛ ئایا ئەو وەک کارەکتەرێک دەمێنێتەوە، یان وەک بەرهەمهێنەرێکی داهێنەر خۆی دەسەلمێنێت؟ کات وەڵامی ئەمە دەداتەوە.

کارزان عزیز عبدالراحمن




وڕێنەی باڵادەستی و کلتوری مشەخۆری.. ستار ئەحمەد

مێژووی مرۆڤایەتی هەمیشە گۆڕەپانی ململانێی نێوان دوو تێڕوانینی دژبەیەک بووە؛ تێڕوانینێک کە بوونی مرۆڤ وەک هێزێکی داهێنەر، بونیاتنەر و بەرهەمهێنەر دەبینێت، و تێڕوانینێکی تر کە دەیەوێت بە ناوی پیرۆزی، خودا ناسی یان هەڵبژاردنی ئاسمانییەوە، کۆمەڵێک مرۆڤ بکاتە بارگرانی و مشەخۆر بەسەر کۆمەڵگاکانی ترەوە. ئەو دیدگا شێواوەی کە دەڵێت: “ئێمە بۆ کارکردن و داهێنان دروست نەکراوین، بەڵکو جیهان دەبێت خزمەتمان بکات”، نەک هەر تێنەگەیشتنێکی قووڵە لە فەلسەفەی بوون، بەڵکو ڕاگەیاندنی جەنگێکی بێدەنگیشە دژی شکۆ و ئابڕووی مرۆڤایەتی و سووکایەتی کردنە بەو ئاوەزەی کە مرۆڤی پێ لە بوونەوەرەکانی تر جیاکراوەتەوە. ئەم جۆرە تێڕوانینە نەزۆکانە دەیەوێت چەمکی پیرۆزی دابڕێنێت لە ناوەڕۆکە ڕەوشتییەکەی و بیکا بە ئامرازێک بۆ پاساودانی تەمەڵی، لە کاتێکدا مێژووی شارستانیەت سەلماندوویەتی کە هیچ نەتەوە و بیروباوەڕێک بە بێدەنگی و ڕاکشان لەژێر سێبەری خەیاڵدا نەگەیشتووەتە کەناری مانەوە.
ئەو خوایەی کە جیاوازیی زمان, ڕەنگ، فەرهەنگ و وشیاری مرۆڤەکانی کردووە بە نیشانەیەک لە بەڵگەکانی گەردوونەکەی، هەرگیز مرۆڤایەتی دابەش نەکردووە بۆ دوو جەمسەری هەمیشەیی کە تیایدا کۆمەڵێک بە ناوی باڵادەستیەوە، فەرمانڕەوایی بکەن و کۆمەڵێکی تر وەک کۆیلەکان داهێنەر و ماندووبن بۆ خزمەتی ئەوانی تر. جیاوازیی نێوان گەلان و نەتەوەکان، بەڵگەی دەوڵەمەندیی ژیان و جۆراو جۆریی کایەکانی داهێنانە، نەک پاساوێک بۆ چەوساندنەوە و خۆسەپاندن. تاقە پێوەری ڕەها، بێ چەندوچوون و دادپەروەرانەی گەردوون بۆ بەرز نرخاندنی هەر تاک یان کۆمەڵگەیەک، تەنها لەم هاوکێشەیەدا کورت دەبێتەوە کە دەفەرمێت: (پشتبەستن بە خوداپارێزی، بەسوودترین کار و کرداری ئێوەیە). لێرەوە دەردەکەوێت کە پارێزگاری و نزیکبوونەوە بە واتای ڕاستی، لە بنچینەی خۆیدا پەیوەستە بە ئاوەدانکردنەوە، داهێنان و پێشکەشکردنی چاکە بە هەمووان، نەک خەوتن لە ژێر سێبەری تەمەڵی و دەستەوەستانیدا، چونکە خوداپارێزیی ڕاستەقینە لە نێو کایەی کرداردا دەژیت نەک لە نێو گۆشەگیریی و دابڕان لە بارو دۆخەکان.
جێگەی سەرنج و پێکەنینە، تاقمێک بێ بەرهەم، کە تەنانەت ناتوانن دەرزییەکیش دابهێنن یان هەتوانێک بۆ سووک کردنی ئازاری نەخۆشییەکانیان بدۆزنەوە، لەبەرھەمی هۆش، زانست و داهێنانەکانی گەلانی تر دەخۆن، سوود لە تەکنەلۆژیا و دەسکەوتە شارستانییەکانیان دەبینن، کەچی لە هەمان کاتدا بانگەشەی چاکە، ڕێنمایی و باڵادەستیان بەسەردا دەکەن و خۆیان بە جێگرەوەی ماف و ئەوانی تر بە هیچ دەزانن. ئەمە لوتکەی داڕمانی ئاکاری و هزرییە کە تێیدا مرۆڤی مشەخۆر شانازی بە دەستکەوتی ئەو دەستە ماندووانەوە بکات کە شەونخونیان کێشاوە بۆ ڕووناک کردنەوەی تاریکییەکانی جیهان. ئەم جۆرە بیرکردنەوە کۆنەپەرستانەیە مێژووی ڕێبازی یاسا و ڕەوشتی شێواندووە و ڕێگەی پێدراوە ببێتە بارگرانی بەسەر شانی مرۆڤەکانی دیکەوە….؟
کاتێک بیروباوەڕێک تاکی خۆی فێر دەکات کە ئەو لەوانی تر چاکترە تەنها لەبەر ئەوەی سەر بە ئاراستەیەکی دیاریکراوە، بەبێ ئەوەی یەک دڵۆپ ئارەقەی پێشکەوتن بڕێژێت، ئەوا ئەو بیروباوەڕە دەبێتە کارگەی بەرهەمهێنانی توندو تیژی، داگیرکاری و ڕق ، بەرامبەر بە هەرچی گەشەو نوێبوونەوە هەیە لە جیهاندا.
مەترسیی گەورە لێرەوە دەستپێدەکات؛ کاتێک مرۆڤەکان چەمکە باڵاکان تێکەڵ بە حەزە نەخۆشەکانی خۆیان دەکەن، هەر کەسێک یان تاقمێک وا بزانێت ناسینی ڕێگەی ڕاست مۆڵەتنامە و ڕێپێدانە بۆ تەمەڵی، و گڵۆپی سەوزە بۆ ڕشتنی خوێن، تاڵانکردنی ماڵ و زەوتکردنی ئابڕووی ئەوانیتر، ئەوا لە بنچینەی ڕەسەنی مرۆڤایەتی و ئایین تێنەگەیشتووە. ناسینی ڕێگەی ڕاست دەبێت مرۆڤ بەرەو هۆشیاری, دادپەروەری، و پاراستنی مافی گشت پێکهاتەکان ببات، نەک بەرەو دڕندەیی و قۆرخکردنی دەستکەوتی گەلانی تر بە ناوی پیرۆزییەوە. ئەو ئایین یان بیرەی، کە ئەنجامە کردارییەکەی لە سەر زەوی نەبێتە ڕەوشتێکی بەرز، دادپەروەری و لێبوردەیی، و ئەو ئایین پەروەرییەی کە بەرهەمەکەی کارێک نەبێت شکۆ و بەهای مرۆڤ بپارێزێت، باوەڕێکی پووچە، بێ ناوەڕۆک و مەترسیدارە. ئەم جۆرە تێڕوانینە نەزۆکانە، نەک هەر نابنە هۆکاری سەرخستنی چاکە، بەڵکوو گەورەترین بارگرانی و شەرمەزارین بەسەر کایەی هزری و مرۆییەوە و مرۆڤایەتی لە نێو زەلکاوی نەزانیندا دەخنکێنن.
شارستانیەتی ئەمڕۆ، لەسەر شانی ئەوانە بونیات نراوە کە شەونخونیان کردووە بۆ دۆزینەوەی هەتوانێک، داهێنانی ئامێرێک یان نوسینی دەقێکی فەلسەفی کە ژیانی مرۆڤ ئاسانتر و ڕووناکتر بکات، نەک ئەوانەی مێژوویان پڕکردووە لە دروشمی بۆگەن و هاواری زەندیقرکردنی داهێنەرەکان. نەتەوە و هێزە زیندووەکان بە کار و بەرهەمەکانیان دەناسرێنەوە، بەو شوێن پەنجەیەی کە لە سەر زەویدا جێیدەهێڵن بۆ خزمەتی ژیان، نەک بەو وتارە مشەخۆرییەی کە دەیەوێت ماندووبوونی ئەوانی تر بکاتە موڵکی خۆی. کاتی ئەوە هاتووە کۆمەڵگە لەم خەوە ترسناکە و لەم وڕێنە مێژووییە بەئاگا بێتەوە و تێبگات کە کار پێوەری سەرەکیی بوونە، و هەر بیرۆکەیەک، بە هەر ناوێکەوە بێت، ئەگەر سووکایەتی بە ماندووبوونی مرۆڤ و بەرهەمی ئاوەز بکات، شایەنی ئەوەیە فڕێ بدرێتە ناو زبڵدانی مێژووەوە و وەک پەڵەیەکی ڕەش لەسەر ویژدانی مرۆڤایەتی سەیر بکرێت. بوونی ڕاستەقینە لە داهێنان و پاراستنی شکۆدایە، و هەر وتارێک لە دەرەوەی ئەمە بێت، تەنها کاردانەوەیەکی سووتێنەرە لە بیابانێکی چۆڵدا.