دژبەرەکانی زمانی کوردی.. فەرەیدوون سامان

تێبینی: ئەم توێژینەوەیە ڕاستەوخۆ لە سەنتەری کۆمەڵایەتی کۆییانی شاری سلێمانی لە ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ١٦/٦/٢٠٢٦ پێشکەشکرا.
دەتوانین ئاماژە بە دوو هۆکاری سەرەکی دژبەرەکانی زمانی کوردی بکەین، یەکەمیان هۆکارەکانی دەرەوە کە بریتین لە هۆکاری سرووستی- جوگرافی، هۆکاری سیاسی و ئایدۆلۆلۆژی، هەروەها هۆکارە یاسایی و دەستوورییەکان، کە کاریگەرییان لەسەر گۆڕانکاری دیمۆگرافی و جینۆسایدی کەلتووری ناسنامەو زمانی کوردیدا هەبووە.
هۆکارە ناوخۆییەکانیش بریتین لە نەبوونی یەکێتی نەتەوەیی و هەبوونی فرە زار و فرە پێکهاتەی کۆمەڵگەی کوردستان و هەروەها دژەگوتاری ئایینی و مەزهەبی، خەمساردی دەزگە کولتوورییەکانی حکومەت و نزمی ئاستی زانستی بەشە کوردییەکانی زانکۆیەکانی هەرێمی کوردستان.
بە ڕای زمانناسی کوردی سۆڤیەتی جاران (زارا یوسوبۆڤ ئەلینۆڤا) زمانی کوردی لەسەر بنەمای ئیتنیکی لە دوو زاری سەرەکی(کورمانجی و گۆران) پێکهاتووە، واتە کرمانجی ژوورو و کرمانجی ژێری بە بنزارەکانیانەوە، زاری گۆران(زازاکی- ھەورامی، بە بنزارەکانی شەبەک و باجەلان و زەنگنە..تد)، بەڵام بە ڕای زانایەکی کوردی فەیلی وەک د.ئیسماعیل قەمەندار کە ئەندامی ئەکادیمیای زانستی فرەنسایە، نووسەری کتێبی(زارە کوردییەکانی خوارین- اللهجات الکوردیە الجنوبیە)ە، ئەو زارەکانی(لەک و لوڕ و کەڵھور و گەرووسی..تد)، بە کۆمەڵەی سێیەمی زارە کوردییەکان دەناسێنێت، مخابن ئەو زارە ڕەسەنە کوردییانە لە بەشەکانی کوردستاندا، سەبارەت بە زۆر ھۆکاری ئایدۆلۆژی و سیاسی کە پێشتر ئاماژەم پێکردوون، دووچاری نکۆڵی لێکردن و هەڵمەتی جینۆسایدی کەلتووری ھاتوون، ئەویش لە ڕێی قەدەغەکردنی قسەپێکردن و نەخوێندنی لە بوارەیلی پەروەردە و فێرکردندا، لەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بەسەردا بەشکراوە، ساڵانەش بوودجەیەکی قەبەیان بە پلان و بەرنامەڕێژی کردنی ئاسمیلەکردنی ئەو زارە کوردییانە تەرخان کردووە، تەنانەت چەندان نووسەر و زمانناسی ئەکادیمی لە خودی ئەو خەڵکانەیان ھانداوە بۆ ئەوەی توێژینەوەو کتیبەکانیان لەسەر جیاوازی و سەربەخۆیی ئەو زارانە بە چاپ بگەیەنن و بانگەشەی ئەوەش بکەن کە زارەکانیان زمانی سەربەخۆن و کوردی نین.
کاتێک کۆمەڵگەیەک پێدەزانێ ‌زمانەکەی لە مەترسی لەناوچووندایە، دەتوانێ تێکۆشانەکانی بەدەر لە ئایدۆژیای سیاسی و حیزبایەتی و ناوچەگەرێنی بکاتە یەک و ھەنگاوی ئەوتۆ ھەڵبێنێت کە بە ڕاستی بکرێ زمانەکەی ببۆژێنێتەوە، بۆ سەرکەوتن لەو کارەشدا ھەڵبەت ھەموو خەباتێک دەبێ بە ئاوایەکی نەتەوەپەروەرانە دروست بکرێ، واتە تاک و کۆی کۆمەڵگەکە خۆی دەبێت ویستی ڕزگارکردنی زمانەکەی ھەبێت، واتە ئەو کولتوورەی کە پارچەیەک پێویستی بەوە ھەیە کە ڕێزی زمانەکەی خۆی بگرێت، ئەو کارەش دەرفەت و دەرەتانی مادی و مەعنەوی و میدیایی پێویستە، دیارە پێویستی بە ھەبوونی زمانناسانیش ھەیە، کە بە ئەرکی سەرەتایی گردەوەکۆیی و بە بەڵگەیی کردنی زمانانەوە خەریک بن.
د.فوئاد حەمە خورشید لە پێشەکی کتێبی(زمان و زارە کوردییەکان)یدا دەڵێت: لەم سەردەمەدا زمانی کوردی لە نێو باھۆزی بە جیھانیبوون و سەدەی مردنی زمانەکان و باڵادەستی زمانی ئینگلیزیدا، بە ڕێرەوێکی سەخت و پڕ لە کەند و ھەڵەت تێدەپەڕێت. ئەم زمانە بە درێژایی مێژوو ھەر بە زیندوویی ماوەتەوە، ئەمە ھەر چەندە لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا لە لایەن دەوڵەتە ناسیۆنالیستەکانی تورکیا و ئێران و عیراق و سووریاوە زۆر بە توندی نکۆلی لێ کراوە و بە زۆر شێواز ھەوڵی لەناوبردنی دراوە، مەگەر تەنھا لە بەشێکی کوردستاندا کە باشووری کوردستانە، دوای خەباتێکی بێوچان و قوربانییەکی زۆر، ئازادیی بەکارھێنانی بۆ ڕەخساو ھەتا ڕادەیەکی بەرچاویش گەشەی کردووە.
لە کوردستاندا کە پتر لە سی و چوار ساڵە خاوەنی حکومەت و دەیان دەزگەی توێژنەوەو ناوەندی کەلتوورین، تا ئێستا وەکو پێویست بە شێوەیەکی زانستی توێژینەوە لەسەر ئەم زارە کوردییانە نەکراوە، کە گەنجینەیەکی دەوڵەمەندی ئەدەبی زارەکییش لە نێو زارەکاندا ھەیە و بە میتۆدێکی زانستی کۆنەکراوەتەوە، ئەمڕۆ ئەم گەنجینە ئەدەبییە لەبەردەم مەترسی لەناوچووندایە، ئەمە لە کاتێکدا ئێمە لە سەردەمی کۆکردنەوەی زانیاریداین و تەکنەلۆجیایەکی پێشکەوتووی تۆمارکردن و نەخشەسازیمان لەبەردەستدایە، کەچی تا ئێستا ئەتڵەسی زارەکانمان نییەو ناشزانین ژمارەی ئاخێوەری زارەکانیشمان چەندن، نەک ھەر زارەکان، بەڵکو ھەتا ئێستا نازانین لەسەر نەخشە جوگرافیای زمانی کوردی لە کوێوە ھەتا کوێ درێژ دەبێتەوە، ھەندێک توێژەری کورد بە کاریگەری ھەندێک لە ڕۆژھەڵاتناس و کوردناسە ئەوروپییەکان گومان لە ناسنامەی کوردبوونی زمان و ناسنامەی لوڕ و لەک و زازا و ھەورامییەکان دەکەن، چاوەڕێ دەکەن ئەوان بە ئێمە بڵێن ئەم زارە کوردییە و ئەو شێوەزارە کوردی نییە، ئەوان بە ئێمە بڵێن کە زمانی کوردی چەندان زاری ھەیە، ئەوسا ئێمەش بە خۆشحاڵییەوە بڵێین ئەدی ئەوە نییە ئەوروپییەکان دەڵێن ئەوانە کوردن، کەواتە ئەوانە زاری کوردیین، ئیدی کاتی ئەوە ھاتووە کە ئێمە بە خۆمان لە زارەکانی کوردی بکۆڵینەوە و لەسەر بنەڕەتی مێژووی گەشەکردنی زمانی کوردی و بنەماکانی زمانەوانی نوێ ناسنامەیان دیار بکەین، ھەروەھا دابەشکردنێکی سەردەمییانە بۆ زارەکان بکەین و نەخشەی ورد و زانستییانەیان بۆ بکێشین.
ئایا زمانی کوردی ھێشتا لە سنووری مان و نەمان ‌دایە؟
ئەمڕۆ زمانی کوردی ئەو سنوورەی بەرەو پانتاییەکانی ژیانی ھەمیشەیی بەزاندووە و مەترسییە سەرەکییەکانی سەر ئەم زمانە لە سەردەمی گلۆباڵ و تەکنەلۆژیای زانیاریدا کامانەن، چۆن دەتوانین زمانی کوردی لەم مەترسییانە دوور بخەینەوە و ھاوکاتیش بەرە و گەشەکردن و بەخشینی توانای ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ تایبەتمەندییە نوێیەکانی سەردەمی ببەین و لە باری فورم و ناوەڕۆکەوە دەوڵەمەندتری بکەین، چۆن دەتوانین بارودۆخ و توانستەکانی ئەم زمانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ زانست و دیاردە مودێرنەکاندا فراوانتر بکەین، بێ گومان چ زمان بە خانەی ھەستیی بزانین یان بە ئامرازی پێوەندیی نێوان مرۆڤەکان، چ بە دیاردەیەکی مێژوویی دابنێین یان وەکوو سیستەمێک لە نیشانەکان بیبینین و بە شێوەیەکی ھەنووکەیی سەیری بکەین، ناتوانین خۆمان لەم ڕاستییە بشارینەوە کە زمان و هزری مرۆڤ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ گرێدراوی یەکترن، بە واتایەکی‌ دیکە زمان ئامرازی هزرکردنە و هزریش بنەمای زمانە.

زمانی کوردی و گوتاری ناسیۆنالیزم
هزری نەتەوەیی، کۆڵەکەی سەرەکی ڕزگارکردنی ئەم زمانەیە، کە لە ژێر پەنجە نەگریسەکانی سڕینەوەی کولتووریی ئەو دەسەڵاتە پاوانخوازانەی کە سەردەمانێک خەونیان بە درووستکردنی یەک نەتەوە و یەکزمان دەبینی. بەڵام ئێستاکە بە ئاشکرا و بە تەواوی پەیکەری ئەم ئاواتە نامرۆڤانەیان ڕووخاوە، ئەم حکومەتانە بە ناچاری ئاراستەی سیاسەتەکەیان گۆڕیوە بۆ سیاسەتی برایەتی ڕواڵەتیی و ڕازی کردنی ڕووکەشییانە، پێیان خۆش بێت یان نا، ئێستە زمانی کوردی یەکێکە لەو زمانە زیندووانەی کە تەنانەت لە غیابی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردیشدا ڕووبەرێکی سیاسی و کولتووریی بەرین و بەرفراوانی ھەیە.
ئەوەی لێرەدا جێگەی نیگەرانییە ئەوەیە کە دەرکەوتە ئایدیۆلۆژیکەکەی گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی، ھێشتا قەناعەتی بەم وەرچەرخانە مێژووییە نەھێناوە و ھەر لە ڕەھەندی دووانەی مەرگ و ژیانەوە مێزەی زمانی کوردی دەکات، بەم پێیەش تا ڕادەیەکی زۆر ئەگەر و دۆخەکانی گەشەی زانستیی لێوەر‌گرتۆتەوە و ڕێگەی بۆ ھەر چەشنە دەستێوەردانێکی نازانستیی خۆش کردووە؛ ئەو دەستێوەردانانەی کە بە دروشمی ڕەسەنایەتی و پاراستن و دەوڵەمەندکردنی زمان و کتێبخانەی کوردی پاساو دەدرێن، بە گشتیی دوو گرووپ خاوەندارێتی ئەم دەستیێوەردانە ئایدیۆلۆژیک و نازانستییە دەکەن:
یەکەم- ئەوانەی تا ئێستەش ئاگاداری ئەم ڕاستییە نین و بە شێوازەکانی ڕابردوو ھێشتا ھەر پاراستنی زمان بە ئەرکی خۆیان دەزانن.
دووەم- ئەوانەی بە تەواوی ئاگادارن، بەڵام ئەم دۆخەیان پێخۆشترە و شکۆی دەستکرد و نانی خۆ ھەڵواسین بەم زمانەدا بە ئاسانی ڕادەستی پرۆسەی بە پسپۆڕیی بوون و زانستیی کردنەوەی زمانی کوردی ناکەن، بە داخەوە نموونەیان کەم نییە ئەوانەی کە هەرچەند توانستی وەزیفی و داراییان قۆرخکردووە، ھێشتا گرفتی سەرەکییان لە نووسینی کوردیدا ھەیە، کتێبی فێرکاریی زمانی کوردی بڵاودەکەنەوە.
بە ئایدیۆلۆژیی کردن یەکێکە لەو مەترسییانەی دەتوانێت پێوەندیی ڕاستەوخۆی نێوان زمان و هزر تووشی دابڕان بکات، ئایدیۆلۆژی وەکوو دەزگەیەکی هزریی سیاسیی پێشتر داڕێژراو و بە پیرۆزکراو، ئاراستەی گەشەی زانستیی زمان دەگۆڕێت و سیستەمێکی چەقبەستوو لە نیشانەکان بەرھەم دەھێنێت، کە دەروازەکانی زمان لەسەر گەشەکردن و نوێبوونەوە دادەخات، لە ساتەوەختێکدا بە دووپات بوونەوەی دروشمگەلی وەکوو “ھەرچی بێت ھەر کوردی بێت” زمان دەبێتە بەستێنی تەراتێنی ناشارەزایی و لە ئەنجامدا دەقی لاواز و نەزۆک بەرھەم دەھێنێت. بۆ نموونە دوای ڕاپەڕین و لە ژێر کاریگەریی ململانێی سیاسیی و ئابووریی و فەرھەنگیی نێوان حیزبەکانی باشووری کوردستاندا کە بوو بە ھۆی ھەڵتۆقانی دەیان زانکۆی ئەهلی و بەخشینی سەدان بڕوانامەی باڵاو دامەزراندنی دەیان مامۆستای زانکۆی بێ بەهرە و بوونی چەندان دەزگە و ڕێکخراو بۆ زمان و کەلتووری کوردی، دیاردەی وەرگێڕانێکی بە لێشاو ھەموو ڕووبەری زمان و هزری داگیر کرد، کە بە داخەوە لە غیابی میکانیزمی زانستیی و چاودێریی پێویستدا تا ئێستەش بەردەوامە و خراپترین شێوە تەنیوەتەوە. ڕاستییەکی تاڵ کە بووەتە ھۆی زمان‌بێزیی بەشێکی بەرچاو لە خوێنەران و ھۆگرانی زمانی کوردی.

                                    (بەشی دووەم)

هەر جۆرە هەوڵدانێک بۆ گۆڕینی پڕۆژەیەکی پەروەردەیی وەک ئامرازێک بۆ دووبارە نووسینەوەی مێژوو و هەڵوەشاندنەوەی زمانی کوردی، کە لەسەر ڕاستگۆیی لەگەڵ مێژووی نەتەوەکەماندا بنیات نراون، نەک لەسەر داهێنانی ناوی نوێ بۆ خزمەتکردنی ئەجێندا سیاسییە کاتییەکان، کە خزمەت بە ئەجیندای داگیرکەرانی کوردستان دەکەن، بۆ نموونە ماوەیەکە باس لە زمانی ئیزیدی و خوێندن بە زمانی ئیزیدی دەکرێت، لە ڕاستیدا کەس ناڕەزایەتی نییە بەرامبەر بە کردنەوەی قوتابخانە یان دامەزراوەیەکی پەروەردەیی، بۆ خوشک و برا ئێزیدییەکانمان، بەڵکو ئەمە بە زەروورەتێکی کەلتوری و نەتەوەییشی دەزانم، بەڵام گوتنی ئەوەی کە “یەکەم قوتابخانەی زمانی ئێزیدی” کرایەوە، بە ڕای من ئەوەندەی دەستکەوت نییە، بەڵکو ساختەکردنی مێژووی نەتەوەکەمانە، چونکە ئێزیدی ئایینێکی کۆنی کوردستانە، زمانەکەشیان سەر بە زاری کورمانجییە، واتە زمانێکی سەربەخۆ نییە، بەپێی ئەوەی لە توێژینەوە زمانەوانیدا ناسراوە، سەبارەت بە زمانی زۆرینەی ئێزیدییەکان بە درێژایی مێژوو، هەر زمانی کوردی-زاری کرمانجی بووە، کە تێیدا میراتی ئایینی و کولتووری ئێزیدی نەوە لە دوای نەوە پارێزراوە، جا ئەگەر زمانێکی سەربەخۆی ئێزیدی هەبووبێت، کەواتە کتێبە مێژووییەکانیان لە کوێن؟ کوا یاسا زمانەوانییەکانی؟ لە کوێ میراتی نووسراوەکەی کە بە درێژایی سەدەکان درێژ بووەتەوە، بۆچی دەقە ئایینی و میراتی زارەکی ئێزیدی بە زاری کرمانجی پارێزراو بوون؟ ئێزیدییە نوێیەکان، لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، لە ئەرمەنستان، بەشێک لە کوردانی ئێزیدی لەناکاو و موجیزەیی ئەو بیرۆکەیەیان پەرەپێدا، کە گەلێکی سەربەخۆن و هیچ پەیوەندییەکیان بە کوردەوە نییە، تەنانەت کوردیان بە دوژمنی سەرسەختی ئێزیدییەکان دەزانی و کوردستانیان بە تابو دەزانی. باشووری کوردستانیان بە “باکوری عێراق” و بەشی باکووری کوردستانیان بە “ڕۆژئاوای ئەرمینیا” ناوبرد، ئەم بیرۆکەیە لەلایەن ناسیۆنالیستە ئەرمەنییەکان و بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمانی ئەرمەنستان و هەندێک نووسەر و ئەکادیمی ئەرمەنستانەوە پشتیوانی لێکرا. ڕۆژانە پەخشی ڕادیۆیی ٣٠ خولەکی تایبەت بە سووکایەتی کردن بە کورد و کوردستانیان پێدەدرا و جەختیان لەوە دەکردەوە کە ئێزیدییەکان گەلێکی سەربەخۆن و کوردنین و کورد دوژمنی هەردوو گەلی ئێزیدی و ئەرمەنستانە. تەنانەت ئەوەندەش ڕۆیشتن کە بانگەشەی ئەوە بکەن کە زمانی کوردی نییە، تەنیا زمانێکی ئێزیدییە.

  • لە ساڵی١٩٨٩ بەشی ئاماری ئەرمەنستان ڕایگەیاند کە ئێزیدییەکان گەلێکی جیاوازن لە کورد و هیچ پەیوەندییەکیان بە کوردەوە نییە. پەرلەمانی ئەرمەنستانیش دانی بە زمانی ئێزیدیدا نا و دەستی کرد بە چاپکردنی کتێبی خوێندن بە زمانی ئێزیدی و بە شێوەیەکی موجیزە، زمانی کوردی بوو بە زمانی ئێزیدی. ئەو ئێزیدییانەی دژایەتی ئەو بێماناییانەیان دەکرد، کەوتنە بەر هێرشی جەستەیی. ئەکادیمیستەکان شاکر خدۆ و کارلین چاچان و ئەوانی تر لەلایەن ئەم گروپەوە لێیاندرا بەهۆی ئەوەی ڕایانگەیاند “ئێمەی کوردی ئێزیدین “.تەنانەت هێرشیان کردە سەر کەسایەتییە ئایینییە ئێزیدییەکان و میر تەحسینیان بە خائین ناوزەدکرد، بەهۆی پێداگری لەسەر کورد بوونی ئێزیدییەکان دەکرد، ئەم ئێزیدییە نوێیانە پاڵپشتی سەرکردایەتی سیاسی ئەرمەنیان هەیە. بۆ نموونە کاتێک پترۆسیان سەرۆک کۆماری ئەرمینیا بۆ بەشداری کردن لە پرسەی تورگوت ئۆزال سەردانی تورکیای کرد، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، “لە ئەرمینیا کورد نییە؛ ئێزیدی هەیە، ئەوانیش کورد نین”.
    ئەوەی گرنگە لە سەرەتاوە جەخت لەوە بکەینەوە کە ئەم جۆرە پرسە زمانەوانییانە پێویستیان بە خوێندنەوەیەکی بابەتییانە هەیە، نەک سۆزدارانە و دوور لە سادەکردنەوە یان حوکمدانی نادادپەروەرانە، چونکە زمان لە جەوهەرەکەیدا، دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی ئاڵۆزە، کە مێژوو و کولتوور و سیاسەت تێکەڵ دەکات و ئەمەش وای کردووە ئەم باسە لە ڕادەبەدەر گرنگ بێت، بە تایبەت کاتێک باس لە ناسنامەی پێکهاتەیەکی کۆمەڵگەی کوردستان و سیستەمی زمانەوانییان دەکرێت.
    بۆیە دیاردەی ناساندنی پرسی ئێزیدییەکان وەک نەتەوە و ناساندنی زارەکەیان وەک زمان(زمانی ئێزیکی)، جگەلە پیلانێکی قێزەونی ناحەزانی نەتەوەکەمان، پرسێکی تازەش نییە و ساڵانێکی زۆرە لەلایەت ناسیۆنالیستی ئەرمەن و تورک و عەرەبەوە کاری بۆ دەکرێت.
    بەشێوەیەکی گشتی گەلان لە کاتی دامەزراندنی دەوڵەتەکانیاندا بەربڵاوترین زارەکانیان لەبەرچاو دەگرن، وەک زمانی ستاندارد وەریاندەگرن، کە دواتر بە زمانی فەرمی دەوڵەت دەناسرێن، بەڵام ئەم شێوەزارانە، لە جەوهەردا، بەشێک لە سیستەمی فراوانتری زارە لەناو یەک زماندا دەمێننەوە، نەک بە تەواوی بوونێکی جیاواز، ئەم شێوازە لە زۆربەی ئەزموونە زمانەوانییەکان لە سەرانسەری جیهاندا دووبارە دەبنەوە، ئەمەش پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەوەی لە دۆزی زمانی کوردیدا ڕوودەدات، هەڵاوێر نییە، بەڵکو یاسایەکی گشتییە کە بۆ هەموو گەلان کاری پێدەکرێت.
    ئەگەر ئەمڕۆ گەلی کوردیش دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی دامەزراندبا، لە نموونەی گەلانی دیکەی جیهان و بەرفراوانترین زاری خۆی هەڵدەبژارد، وەک زمانی ستاندارد، هەڵبەتە دوای پاککردنەوەی له وشهو زاراوە بیانییەکان، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەو زەخیرە بەرفراوانەی وشەسازیی ڕەسەنی کوردی کە لە فەرهەنگە کوردییەکاندا دەبینرێن. پاشان ئەم زارە لە دامەزراوە دەوڵەتییەکان، قوتابخانەکان، زانکۆکان و لە بەڵگەنامەکردنی بەرهەمە هزرییەکانیاندا بەکاردەهێنرێن. دواتر پێیان دەڵێن زمانی فەرمی کوردی، هەروەک چۆن گەلانی دیکەی ناوچەکە و جیهان کردوویانە.
    ئەمە ڕێڕەوی سروشتی و لۆژیکییە بۆ وەرگرتنی یەکێک لە زارەکانی وەک زمانی ستاندارد و فەرمی خۆی، گەلان بە زۆری لە کاتی بنیاتنانی دەوڵەتە مۆدێرنەکانیاندا دەیکەن، کە پێویستیان بە زمانێکی ستانداردی یەکگرتوو هەیە بۆ ئیدارە و پەروەردەو فێرکردن، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ئەوان بە زمانێکی نوێ هاتوون کە ئەوانەی بە زاری دیکە قسەیان دەکرد نەیاندەتوانی لێی تێبگەن. ئەمەش بەو واتایەیە کە ئەگەر ئێمە مامەڵە لەگەڵ بەربڵاوترین شێوەزاری کوردی بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە گەلی کورد خاوەنی هەموو توخمێکی پێویستە بۆ ئەوەی زمانێکی کوردی ستانداردی هەبێت، کە بتوانێت هەموو کورد یەکبخات و وەک زمانی هاوبەشی خۆی خزمەت بکات. ئەو بەربەستەی لە ئێستادا ڕێگری لە کورد دەکات بۆ گەیشتن بەم کارە سیاسییە نەک زمانەوانی، زمانی کوردی زمانێکی بەهێز و دەوڵەمەندە و چەندان زار و شێوەزار و وشەسازی هەیە.
    ئاشکرایە کە هێزی هەر زمانێک تەنیا بە ژمارەی ئاخێوەرەکانی ناپێورێت، بەڵکو بە توانای بەرهەمهێنانی مەعریفە و پانایی وشەسازییەکەی و هەمەجۆریی پێکهاتە ناوخۆییەکەی، جگە لە توانای گونجاندنی لەگەڵ زانستە مۆدێرنەکاندا، زمانی کوردی دەوڵەمەندە بە وشەسازی، نەرم و نیان و خاوەنی میکانیزمی دروستکردنی وشەی نوێ، کە لە خودی جەوهەر و ڕۆحی زمانەکەوە وەرگیراوە، وەک زمانێکی ئەگلۆتیناتیڤ پۆلێن دەکرێت، وەک زمانی ئینگلیزی، فەرەنسی، ئەڵمانی و ئەوانی تر، واتە زۆرجار دوو وشە کۆدەکرێنەوە و وشەیەکی نوێ بە مانایەکی نوێ پێکدەهێنن. زمانی کوردی خاوەنی ئەم توانایەیە کە هاوسەنگ بێت لەگەڵ زاراوەی مۆدێرنی ڕۆژئاوایی کە بۆ وەسفکردنی داهێنان و دۆزینەوەکان بەکاردێت.
    زمان بە یەکێک لە پایە گرنگەکانی ناسنامەی نەتەوەیی دادەنرێت. بۆیە بە هێرشکردنە سەر زمانی کوردی، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هێرش دەکەنە سەر خودی شوناسی نەتەوەیی و ئەمەش لە ڕەچاوکردنی سیاسییەوە سەرچاوە دەگرێت. بەربەستی بابەتیی تریش هەن کە ڕێگرن لەوەی کورد شارەزا بێت لە هەموو ئەو وشە زمانەوانییانەی کە لە سەرانسەری کوردستاندا قسەی پێدەکرێن. گرنگترینیان ئەو سنوورە سیاسیانەیە کە کوردستانیان دابەش کردووە بەسەر چوار وڵاتدا، ئەم سنوورانە بەهۆی هەلومەرجی مێژوویی و کۆلۆنیالیزمەوە سەپێندراون، پەیوەندی زمانەوانی و کارلێکی ڕاستەوخۆی نێوان کورد لە پارچە جیاجیاکانی کوردستان سنووردار کردووە، ئەمە فاکتەرێکی بنەڕەتییە بۆ نەتوانینی کورد لە زاڵبوون بەسەر هەموو زارە کوردییەکاندا، جیاوازی شێوەزاری دیاردەیەکی سروشتییە و کاریگەری لەسەر یەکگرتوویی زمان و یەکیتی نەتەوەیی نییە.
    ئەگەر جیاوازی زۆر لە وشەسازی لە نێوان ناوچەیەکی تردا بدۆزینەوە، ئەمە بەو مانایە نییە کە کورد لە ناوچەیەکدا بە زمانێکی جیاواز قسە دەکەن، جیاوازە لەو زمانەی کە کورد لە ناوچەیەکی دیکەدا قسەی پێدەکات، ئەم جۆرە ئارگیومێنتە یان دەرەنجامە لە ڕادەبەدەر بێمانایە و یان لە نەزانییەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەو کەسە لە جیاوازیی نێوان زمانێک و زارێک تێناگات یان لە هەوڵێکی بە مەبەست بۆ تێکدانی خودی زمانی کوردی و گومان خستنە سەر بوونی زمانی کوردی. بەڵام جیاوازییە بەرچاوەکانی بەکارهێنانی وشەسازیی دیارکراو لە ناوچەیەکی کوردییەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە، دەرخەری دەوڵەمەندی و فرەچەشنی زمانی کوردییە، هەر ناوچەیەک خاوەنی وشەسازی تایبەتی خۆیەتی، جیای دەکاتەوە لە دانیشتوانی ناوچە کوردنشینەکانی دیکە، لەگەڵ ئەوەشدا لە چوارچێوەی یەک زماندا دەمێنێتەوە و لە زمانی ڕەسەنی کوردییەوە لک و پۆپ دەکات. زمان سەرچاوەیە، زاراوەش لک و پۆپن. ئەم فرەچەشنییە لە شێوەزارەکاندا، لە واقیعدا، لاوازی نییە، بەڵکو هێزێکە بۆ زمانەکەمان، چونکە ڕەنگدانەوەی زیندوویی و دەوڵەمەندی و فرەچەشنی زمانە، توانای بەرگەگرتنی لە سەرانسەری جوگرافیایەکی فراوان و لە ژێر بارودۆخی سیاسیی جیاواز و ئاڵۆزدا. بۆیە بۆمان دەردەکەوێت کە وشەسازیی کوردی بەسەر هەموو ناوچەکانی کوردستاندا دابەش بووە، ئەگەر لە یەک ناوچەدا قەتیس بوایە، بەشێکی زۆری دەوڵەمەندی خۆی لەدەست دەدا و بەشێکی زۆری بە تێپەڕبوونی کات نەدەما. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە نەیاندەتوانی هەموو وشەسازییەکانی ناو فەرهەنگی کوردی بەکاربهێنن؛ بەڵکو شێوازێکی تایبەتی وشەیان هەڵدەبژارد و ئەوانی دیکەیان بەجێدەهێشت، کە دواتر لەگەڵ کاتدا کاڵ دەبووەوە و نەدەما، دابەشبوونی جوگرافی و هەروەها دابەشبوونی کتێبخانەی زمانەوانی بەرفراوانی کوردی لە سەرانسەری هەموو ناوچەکانی کوردستاندا، بەشداری کردووە لە پاراستنی ئەم میراتە زمانەوانییە دەوڵەمەند و بەرفراوانە. سەرەڕای ئەو شەڕ و سیاسەتانەی کە زمانی کوردییان کردە ئامانج، و ئەو قۆناغانەی کە بەکارهێنانی قەدەغەکرابوو و سەرەڕای هەڵمەتەکانی شێواندن و ئینکاری، هەر وەک زمانێکی زیندوو و بەهێز دەمێنێتەوە، ئەمە خۆی لە خۆیدا بەڵگەیە لەسەر توانای مانەوە و بەرگەگرتن و ئەوەی کە زمانێکە بەرگەی لەناوچوون دەگرێ.
    زمانی کوردی خاوەنی دەوڵەمەندی و فرەچەشنییەکە کە وای لێدەکات بتوانێت زمانێکی یەکگرتوو پێکبهێنێت، بە مەرجێک مەرجە مێژوویی و سیاسییە گونجاوەکان جێبەجێ بکرێت، هەروەک چۆن لەگەڵ زمانەکانی دیکەی جیهاندا ڕوویداوە، جگە لەوەش جیاوازییە شیوەزارییەکانی ناو خۆی، یەکێتییەکەی نکۆڵی ناکات، بەڵکو زیندوویی و وشەسازی دەوڵەمەند و قووڵی مێژووییەکەی دووپات دەکەنەوە.



شەڕی ئەمریکاو ئیسرائیل لە گەڵ ئێران!.. حەسەن ڕازانی

ئەمریکاو ئیسرائیل ئەو شەڕەیان لەسەرچی لەگەڵ ئێران دەست پێکرد؟
شەڕ ئامانجی هەیە. کەواتە ئایا ئامانجەکانی ئەو شەرە هاتوونەتەدی؟
ئایا شەڕەکە بە تەواوی کۆتایی هاتووە؟

ململانێی سیاسیی و سەربازیی لە نێوان ئەمریکاو ئێراندا شتێکی تازە نیەو مێژوویەکی هەیە. کاتێکیش کە ڕێبازی سیاسیی و دیبلۆماسیی شکەست دەهێنێت و ئامانجەکانی بە تەواویی بەدەست ناهێنێت، ئیتر ڕێبازی شەڕو توندو تیژیی دەگیرێتەبەر!
لەو ململانێیەدا ئیسرائیل وەک بەرەی پێشەوەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەردەکەوێت نەک تەنها وەکو پرۆکسیەکی ئەمریکاو بەس! مێژووی سیاسی و سەربازیی ئەمریکا بریتییە لە هەوڵی مانەوەی وەکو تاکەجەمسەری جیهان و تا ڕاددەیەکیش تاکو ئەم دواییانەش ئەمریکا توانیویەتی لەو هەوڵەیدا سەرکەوتوو بێ!
ئەمریکا زۆر دەمێکە وەک تاکە جەمسەری بەهێزی جیهان مامەڵە لە گەڵ دەوڵەتاندا دەکات بە تایبەتی لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەمەوە!
ئێستا جیهان لە ڕووی سیاسیی و سەربازییەوە گۆرانی بەسەردا هاتووە. لە بەرامبەر ئەمریکادا هێزی زۆر کاریگەری تر سەری هەڵداوە بۆ نموونە چین کە بۆتە مۆتەکە بەسەر دڵی کۆمپانیا زەبەلاحە سەرمایەدارییەکانی ئەمریکاوە! چین لە ڕووی ئابووری وسەربازیی و تەکنەلۆژیاوە توانیویەتی بە ئاشکرایی ترس بخاتە ناو هەناوی سیاسەتمەدارە تاک جەمسەر ویستەکانی ئەمەریکاوە!
ئێستا کێشەی سەرەکی نێوان ئەمریکاو ئیسرائیل لە گەڵ ئێران، لە بنەڕەتدا ململانێیەکی جیۆپۆلەتیکیی و ئایدۆلۆژیی قووڵە کە بە زەقی لە دوای ١٩٧٩وە کە کۆماری ئیسلامی دامەزرا سەریهەڵداوە. ئەمریکا دەیەوێت بەرژەوەندییەکانی خۆی و بەرژەوەندی و سەقامگیریی هاوپەیمانەکانیشی، کە ئیسرائیل بە پلەی یەکەم دێت، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بپارێزێت.
ئێران لەو نێوەدا ڕێگرێکی گەورەیە لەبەردەم ئەمریکاو ئیسرائیلدا. چونکە ئێستا چین و ڕووسیا بە تایبەتی چین لە ڕووی ئابووریی و سەرمایەو بازارو تەکنەلۆژیاوە خەریکە تەنگ بە ئەمریکا هەڵبچنێت.
ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە پڕە لە سەرچاوەی سرووشتیی بەتابەتی نەوت و گازی شل، کە چین زۆری پێویستن و ئەمریکاش ئاگای لەمە هەیە و دەیەوێت ڕێگریی بۆ چین درووست بکات، بەڵام لەو نێوەدا ئێران ڕێگرە. ئێرانیش لەبەرامبەردا زۆر بە ئاشکرایی دژی هەژموونی ئەمریکایە و هەوڵدەدات نفوزی خۆی لە ناوچەکەدا فراوان بکاتو وەک تاکە جەمسەریش لە ناوچەکەدا دەربکەوێت!
بەهانە سەرەکیەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل کە شەڕیان لەگەڵ ئێراندا دەستپێکردووە هەندێکیان کە بە ئاشکرا باسیان لێوە دەکەن بریتین لە:
ئێران بەرنامەی ئەتۆمی هەیەو چەکی ئەتۆمیی درووست دەکاو لە دژی بەرژەوەندیی و دۆستەکانی ئەمریکا، کە مەبەستی بە پلەی یەکەم لە ئیسرائیلە، بە کار دێنێت!
ئێران بەرنامەی مووشەکی بالیستیکی هەیەو پەرەی پێدەدات و مووشەکی بالیستیکی درووستکردوون و ئەمەش هەڕەشەیە بۆ سەر ئەمریکاو ئیسرائیل و بەرژەوەندیەکانیان لە ناوچەکەدا! بە تایبەتی ئیسرائیل ترسی زۆری لە ئێران هەیە.
ئیران بە ئاشکرایی شیعاری مەرگ بۆ ئەمریکای بەرزکردۆتەوە.
ئێران ئەمریکا بە شەیتانی گەورە ناودەبات و هەر بەوپێەش مامەڵە لەگەڵ ئەمریکاو بەرژەوەندیەکانی ئەمریکاو دۆستەکانی ئەمریکا بە تایبەتی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا دەکات!
ئەمریکا دەڵێت کە ئێران دەست وەردەداتە نێو کاروباری دەوڵەتەکانی ناوچەکەو لە دژی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل لە ڕووی سەربازیی و سیاسیی و ئابووریەوە هەنگاوی کرداریی ناوە!
ئێران، بە قسەی ئەمریکاو ئیسرائیل، پاڵپشتیی لە تیرۆرو پشگیریی لە گرروپە تیرۆریستەکان دەکات و گرووپی تیرۆریستیش لە دژی دۆستەکانی ئەمریکا بە تایبەتی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا درووست دەکات کە ئیسرائیل دەمێکە بەدەست ئەو گرووپانەوە گیری خواردووە!
ئێران نیازی سڕینەوەی ئیسرائیلی هەیە بە تەواوی دیارە لە ڕیگەی ئەو گرووپ و تاقمانەوە کە ئەمریکاو ئیسرائیل بە تیرۆریستیان ناودەبەن.
بۆیە کێشەی ئەمریکاو ئیسرائیل لە گەڵ ئێران نابێت تەنها وەک کێشەیەکی ئابووری یان سیاسیی ئاسایی چاوی لێبکرێت، بەڵکو ئەو کێشەیە ململانێیە لەسەر دەسەڵات و بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان لە ناوچەیەکی هەستیاری وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا!

ئەمریکاو ئیسڕائیل وا بۆدووجار دەچێت کە شەڕیان بەشێوەیەکی بەرفراوان لە ڕووی دەریایی و ئاسمانییەوە لە دژی ئێران دەست پێکردووە بە مەبەستی ڕووخاندن یان لابردنی ئەو هەڕەشانەی کە بە هۆی ئێرانەوە دەکرێنە سەر ئەمریکاو ئیسرائیل و بەرژەوەندیەکانیان لە ناوچەکەدا. کە لەو نێوەدا هەندێک لە دەوڵەتەکانی کەنداویش وەک دۆست و پرۆکسی ئەمریکاو ئیسرائیل ناویان دەهینرێت کە ترسیان لە ئێران هەیە!
ئەمریکاو ئیسرائیل لەو شەڕەدا توانییان لە ڕووی سەربازیی و ئابووریەوە زەرەرو زیانێکی زۆر بە ئێران بگەێنن. بۆ نموونە :
هێزی ئاسمانیی و دەریایی ئێرانیان بە تەواوی لە کارخستووە،
توانییان ڕیزی یەکەم و دووەم و سێهەم و تەنانەت چوارەمی فەرماندە هەرێ باڵاکانی هێزی سەربازیی ئێران بکوژن،
توانییان زووربەی هەرێ زۆری زانا ئەتۆمیەکانی ئێران بکوژن،
توانییان بەرنامە ئەتۆمیی و مووشەکیەکەی ئێران لە کاربخەن یان وێران بکەن، توانییان ژێرخانی سەرربازیی و تەکنیکی و تەکنەلۆژیای ئێران لە ناوبەرن یان لەکاری بخەن،
توانییان سەرکردەکانی حەماس و حیزباللە و هەندێکیش لە فەرماندەکانی حوسییەکان بکوژن.
توانییان حەماس لە ناوبەرن و حیزب اللەش بەتەواویی لاواز بکەن.
توانییان گەمارۆی ئابووریی لەسەر ئێران زیاتر بکەن و نەوت و بەرهەمەکانی نەوتیش هەم هاوردەو هەم بردنەدەرەوە لە ئێران ببرن،
توانییان زەرەرو زیانی داخستنی گەرووی هۆرمز، کە ئیران دەڵێت لە ژێر دەسەڵاستی خۆیدایە، بەسەر ئێراندا زیاتر بشکێننەوەو داخستنی ئەو گەرووە لە لایەن ئیرانەوە چەندە زیانی بۆ ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی هەیە ئەوەندەش داخستنەکەی بۆ ئێران خودی خۆی زەرەری هەیە،
توانییان بەشار ئەسەد لابەرن و جۆلانی کە داردەستی خۆیانە بهێننە شوێنی.
زۆر شتی تریش کە ئەمریکاو ئیسرائیل لەدژی ئێران کردیان و هێشتاش بەردەوامن بە تایبەتی ئیسرائیل وەستانی نیە .

بەڵام ئێران هێشتا وەک سیستەم و وەک حکومەت و وەک دەوڵەت و وەک هێزی سەربازیی لە ناوخۆ بۆ ڕاگرتنی بارودۆخی ناوەوەی ئیران نەڕووخاوەو هەروا خۆی قایم دەکاتەوە!
ئیران هێشتا وەک ئەمریکا مەرج دادەنێت و لە مەرجە سەرەکیەکانی خۆی واز ناهێنێت! بۆ نموونە گەرووی هوۆرمز دەبێ لە ژێر دەستی ئێراندا بێت،
بەرنامەی ئەتۆمی و بالیستیکی هەر درێژە پێدەدات،
هاوکاری پرۆکسیەکانی لە ناوچەکەدا بە تایبەتی حیزباللەی لوبنان درێژە پێدەدات و هاوکارییان دەکات.
هێشتا ئێران هەڕەشە دەکاتو زیرەکانە دانووستانەکان بەڕێوەدەبات و ڕیکەوتن لە پێناوی ڕیکەوتندا ئەنجامدەدات و مەبەستی سەرەکیشی ڕیکەوتن نیە بەڵک و کات بەدەست هێنانە! کە ئەمەیان ئەمریکا بە قازانجی نیە!
ئێران تاکو ئێستاش هیچ بەڵێنێکی بە ڕاستی نەداوە کە بەرنامە ئەتۆمیەکەی لە ناودەبات و مووشەکی بالیستیکی ناوێت و هاوکاری پرۆکسیەکانی ناکات و گەرووی هۆرمز وازلێدێنێت.
ئێران زۆر بە ناڕوونیی دەچێتە ناو دانووستانەکان و ئاشکرا نیە چی دەکات و چی دەبن سەریەوەیە!
ئێستا ئێران ئامانجی سەرەکی ئەوەیە کە داواکەی خومەینی جێبەجی بکات کە دەیگوت “پاراستنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نوێژو رۆژوو فەرزترە!”

بۆیە شەڕ کۆتایی پێنەهاتووە چونکە ئەو ئامانجانەی کە شەریان لە پیناویدا هەڵگیرساندووە هێشتا بە تەواوی بۆ هەردووک لایەنی شەڕەکە نەهاتوونەتەدی، بە تایبەتی بۆ ئەمریکاو ئیسرائیل و بە تایبەتیتریش بۆ حکومەتە ڕاستڕەوەکەی ئیسرائیل .

ئیسرائیل پێی وایە ئەو لە دەرەوەی ئەو رێکەوتنەدایە!
ناتانیاهۆ،سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل،لە ٢٢ی حوزەیران لە کۆبوونەوەیەکی گشتی دا بە ئاشکرا گوتی: ئەگەر ئەمریکا لە شوێنی ئیمە بایە هەمان کاری ئێمەی دەکرد لە دژی حیزب اللە. بۆیە ئیمە بەردەوام دەبین لە پاراستنی ئاساییشی ئیسڕائیل و خەڵکی خۆمان و ریگە نادەین لە هیج شوێنێکەوە هەڕەشە بکرێتە سەر ئاسایشی ئیسرائیل و خەڵکی ئێمە.
ڕۆژی ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ ڕۆژنامەی ئیندیپێندەنتی بەریتانیا سووربوونی ئیسرائیلی لە بەردەوامیدان بە شەڕ لە گەڵ حیزباللەدا دووبارەکردەوەو هەروەها بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل، سوپاو هێزی سەربازیی ئیسرائیل لە شوینەکانی خۆی لە ناو لوبنان و فەلەستیندا ناکشێتەوە!.
بۆیە بە بڕوای من چاوەکان لە سەر ئەوەن کە شەڕەکە کۆتایی نەهاتووە . من پێم وایە شەڕەکە کاتێک کۆتایی دێت کە ئێران بەتەواوی ملکەچی داخوازیەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل ببیت.. ئەگەر ئێران وا نەکات ئەوا بێ سێودوو دەبێ یان چاوەڕیی شەڕ بکات لەگەڵ ئەمریکاو ئیسرائیل، جا پێی بکرێت یان پێی نەکرێت ئەوە شتێکی ترە، یاخود دەبێ ئێران چاوەڕێی ڕێگایەکی تر بکات کە ئەمریکاو ئیسرائیل دەیگرنە بەر بۆ ڕوخاندنی یەکجارەکی دەسەڵای کۆماری ئیسلامیی لە ئێران!

ئەوەتە ئەمڕۆ ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦سەرۆکی تازەی موسادی ئیسرائیل دەلێت:” دەبێ لە ڕێگەیەکی تر بگەڕێین بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران” واتە شەڕ کۆتایی نەهاتووەو نەهێشتنی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەر مێزی شەڕانگێزیی سیاسەتمەدارانی سەربازیی و سیاسیی ئیسرائیل و و ئەمریکادایە.
ئەوەی کە جێی تێڕامانیشە ئەوەیە کە هێشتا خەڵکی ئێران زۆر باوەڕیان بە ئەمریکاو ئیسرائیل نیەو دەزانن کە هەر ئەمریکاو ڕۆژئاوابوون کە ئەو سیستەمیان بەسەر خەڵکی ئێراندا سەپاند!
هەروەها خەڵکی ئێران دەزانن کە ئەمریکاو ئیسرائیل لەبەر خاتری خەڵکی ئێران نیە کە شەڕ بە دژی کۆماری ئاخوندەکان دەکەن، بەڵکو لەبەر بەرژەوەندی خۆیانەو بەرژەوەندی ئەوان و خەڵکی ئێرانیش دوو شتی زۆر لیک جیان.

مێژووی ناوچەکەش ئەوە نیشان دەدات و هەر ئەوەش دووپات دەکاتەوە کە ئەگەر هەر هێزو دەوڵەت و گرووپێک لەگەڵ ئیسرائیل ناکۆکی درووست بکات و ناتەبا بێت، دەبێ باش بزانێت کە جێگەی خۆی لێژدەکات و ناتوانێت دەوام بکات! جا درەنگ بێت یان زوو!.




(ئەو شاعیرانەی چیرۆك دەنووسن) و تەنگوچەڵەمەی ڕەخنە و لێکۆڵینەوە*.. سەڵاح شوان

لێشاوی ئەدەبی نوێمان وا بۆ دەساڵ دەچێت بەرپابووە, تاکو ئێستایش کەفوکوڵی, ئەگەر لە زیادییشدا نەبێت، بەرەو نیشتنەوەیش نەچووە، ئەمەیش بێگومان سەرەڕای ئەوەی دەورێكی ئێجگار گەورەی لە پەرەسەندنی ئەدەبەکەماندا هەبووە و هەیە، بەڵام هەرگیزیش لە لایەنی بێسوود و بگرە تا زیانبەخشیش خاڵی نییە.
یەكێك لەو لایەنە زیانبەخشانەی ئەم لێشاوەیش نیمچە دیاردەیەکە جاروبار بەئاستەم و هەندێك جاری تریش زۆر بە زەق و ناهەموار دەردەکەوێت, لەو ئاوماڵکە دەچێت کە بەدەم ئاوێكی خوڕەوە هاتووبێت و هەندێك جار ئەوەندە پووش و پەڵاشی بێڕەگ و ڕیشە لە خۆی کۆبکاتەوە، کە مەترسیی ئەوەی لێبکرێت ئەو ئاوە خوڕە بپەنگێنێتەوە و لە ئاوەڕۆگەکەی خۆی دەری بکات و بەلایەکدا بیبات زیانی لە قازانجی زیاتر بێت، بۆیە پێویستی بە پاککردنەوە دەبێت. ئەم نیمچە دیاردەیەیش جۆرە نووسینێکە جاروبار بە ناوی (ڕەخنە) و هەندێك جاری کەمتریش بە ناوی(لێکۆڵینەوە)وە بەرچاو دەکەون.
ئەمجۆرە نووسینە ئەگەرچیش ڕووی کردووەتە مەیدانی ئەدەب، بەڵام حەقیقەتەکەی ئەدەب نییە و لە ناچارییە. چونکە ئەدەب ئەوەندە بەربڵاوە، دەکرێت بە بیانووی “ناوەڕۆك”ـــەوە ئەو جۆرە نووسینانە وا پیشان بدرێن کە دەربارەی ئەدەبن. زیاتریش لەبەر ئەوەی ئەدەبی هەندێك نەتەوەی تر لەبەر هۆی جیا لەمەی ئێستای ئێمە شتی وەهایان بە خۆیانەوە دیوە، بەڵام گشت ئەو ڕێیانەیش هەر بۆ بانە دەچن و هەر لە یەك قۆڵیشەوە ڕووی تێدەکەن، کە ئەویش ئەرکی ڕۆژانەی ئەدەب و ئاڕاستەکردنێتی بۆ خزمەتی ئەو فیکرەی ئەوان بانگی بۆ هەڵدەدەن. تەنانەت لە هەندێك شوێن و کاتیشدا ئەم بۆچوونانە وایان لە ئەدەب ویستووە ببێت بە سوخرەکێشێكی بێدەسەڵات و کەرەستەیەکی بێگیانی پڕۆپاگەندە، بەمەیش ئەدەبی هەندێك لەو نەتەوانەی تووشی ئەم دەردە هاتوون، وایان لێهاتووە بە چەندین قۆناغ لە پلەکەی پێشوویان دوابکەون. ئەدیبە ڕەسەنەکانیشیان تووشی بارێكی دوو سەرەی ناهەموار بوونە, یان مۆری ناپاکیی پێوەنان و پاراستنی داهێنانەکانیان و یانیش سەرشۆڕکردن بۆ (توانەوە) و نووسین بە پێی پێوانە و کێشانە بەزۆر سەپێنراوەکان. کە ئەمیشیان بەلای زوربەیانەوە ئەوەندە گرانبووە پێیان نەچووەتەسەر و زیاتریش هەر بە خۆ لەناوبردن لەو دەردە ڕزگاریان بووە.(١)
بۆیە ئەم دیاردەیەی لای خۆمان شتێكی سەیر و دەگمەن نییە، بەڵام دڵنیام ئەم کردەوەیە لەگەڵ ئەدەبەکەی ئێمەدا ناگاتە ئەم ڕادەیە، چونکە ئاووهەوای وڵاتەکەمان بۆ ڕەگداکوتانی گشت ڕووەکێك دەستنادات، بە تایبەتیش ئەگەر دڕکوداڵێك بێت بەدەم بایەکی ناوەختەی لە دوورەوە هاتووەوە هاتووبێت.
بێگومان من لێرەدا مەبەستم نییە و نایشکرێت گشت لایەنێكی وەها دیاردەیەك ڕوونبکەمەوە و چاریشی بۆ دابنێم، چونکە ئەمە کاری تەنیا کەسێك و تەنیا نووسینێكی وەك ئەمەی من نییە و کاروانی ئەدەبەکەمان بە ڕەسەنایەتیی خۆی دەتوانێت – زوو یان درەنگ – چارەسەری بکات. بۆیە من هەر تەنیا گۆشەیەك دەگرم و ئەوەندەی لە بارمدا هەبێت ڕوونی دەکەمەوە.
*ئاشکراترین مۆرکی ئەم دیاردەیە مەسەلەی فیکرە لە ئەدەبدا، کە بێگومان مەسەلەیەکی بێبایەخ و کەم نییە، بەڵام بێگومانیشە کە دەوترێت فیکر لە ئەدەبدا، پەیوەندیی ئەم دوو لقەی ڕۆشنبیریی تاڕادەیەك دەستنیشان دەبێت، کە ئەویش مەسەلەی فیکرە وەکو بەشێك لەو کەرەستانەی ئەدەب بۆ زیاتر خۆ بەهێزکردن بەکاری دەهێنێت..ئەمە ڕێك وەکو ئەوەیش وایە بوترێت: کۆمەڵایەتی لە ئەدەبدا و دەروونناسیی لە ئەدەبدا و ئایین لە ئەدەبدا و فۆلکلۆر لە ئەدەبدا و..هتد. واتە گشتەکە ئەدەبە و ئەوانی تر بەش و لقە بەشن..باوەڕیش ناکەم پێویست بکات بڵێین لق و بەش هەرگیز ناشێت لەم مەسەلانەدا جێگای گشتەکە بگرنەوە بەبێئەوەی گشتەکە بشێوێت، یان ببێت بە بەشێکی تر..بۆ نموونە با بڵێین: ئەگەر هاتوو دەروونناسیی لە ئەدەبدا بوو بە گشت شتێكی ئەدەبەکە، ئیتر ئەدەبەکە لە ئەدەبیی دەکەوێت، ئینجا نووسینەکە با کێش و قافییە، یان مەنەلۆج و دیالۆجیشی تیا بێت..ئەمە دەربارەی کۆمەڵایەتیی و زانست و فیکر و گشت لقەکانی تریش لە ئەدەبدا هەر وەهایە، واتە ئەگەر ئەدەب ته‌نیا وەکو فیکر، یان هەر یەکێك لە بەش و لقەکانی تری سەیرکرا نرخە ئەدەبییەکەی نامێنیت و لە ئەدەبایەتیی دەکەوێت و نایش بێت بەوانەیش. هەروەهایش ناشێت پێودانگەکانی ئەدەب بەسەر یەکێك لەوانەدا بسەپێنین، با بۆ ڕوونکردنەوەی مەبەستەکانی خۆی پەنایشی بردووبێتە بەر ئەدەب..بۆ نموونە”فرۆید” لەگەڵ ئەوەیشدا زۆر لە تیۆرەکانی لە ڕێگای ئەدەبەوە ساغکردووتەوە، بەڵام نووسینەکانی هەرگیز نەبوونە بە ئەدەب و هەر بە دروونناسیی ماونەتەوە. یان”زەردەشت وای وت”ی”نیتشێ”ی فەیلەسووف ئەگەرچیش لە شێوەی چیرۆك یان ڕۆماندا داڕێژراوە، بەڵام هەرگیز لەسەر ئەدەب دانەنراوە و ئەگەر وەکو ئەدەب سەیر بکرێت لە بەرهەمی ئەدیبێکی تازە پێگەیشتوو زیاتر نابێت.
ئەمانە بەدیهییاتن و هەر بۆ بیرخستنەوە و سوود وەرگرتن لەم نووسینەدا دەیانخەینە پێش چاو. ئەگینا باوەڕناکەم کەس هەبێت ئەوەندە خۆی گێل بکات داوا لە بولبول بکات فەردە گەنمی بۆ هەڵبگرێت و دەنگخۆشییشی لە گوێدرێژ بوێت!
*پەیوەندیی نێوان ئەدەب و فیکر پەیوەندییەکی – زیاتر لە گشت شتەکانی تر – پڕکێشەبووە و هەر لە سەرەتاوە بگرەوبەردەی زۆری لەسەر کراوە و دەکرێت. چونکە مەسەلەکە کێشەی نێوان دوو لای بەهێز و قووڵ و فراوانی ڕۆشنبیرییە و هەر لایەیش شۆڕەسواری خۆی هەبووە داکۆکیی لەسەر بکات و هەوڵبدات ئەو لایەکەی تر بۆ سوودی خۆی دەستەبەر بکات. بەتایبەتیش لەبەر ئەوەی هەردوو زیاتر هەر یەك کەرەستە بۆ بەدیهێنانی مەبەستەکانیان بەکاردەهێنن، کە ئەویش زمانە.
بەڵام لەبەر ئەوەی ئەدەب هونەرە و هونەریش لە ڕووی کاتەوە زۆر پێش فیکر و فەلسەفە کەوتووە و فراوانتر و قووڵتریش ڕەگی لە ناخی مرۆڤایەتییدا داکوتاوە، بۆیە فیکر و فەلسەفە بۆ چەسپاندنی چەمکەکانی خۆی پەنای بردووەتە بەر ئەدەب و هەر کە ئەدەب بە هانای نەهاتووبێت و لە قاڵبەکانی فراوانتر بووبێت و پەلوپۆی بڵاوتر هاویشتووبێت، فیکر ویستوویەتی بە جۆرێك ئاڕاستەی بکات بشێت ببێت بە کەرەستەیەك بۆ چەمکەکانی.
لێرەیشەوە کێشەیەك سەریهەڵداوە کە زیاتر کێشەی نێوان دەستەمۆکەر و دەستەمۆنەبوو بووە. تەنانەت ئەم کێشەیە لەلای هەندێك لە خاوەن بیران و فەیلەسووفە وشکەکان بووە بە هۆی پێکدادان و ساردەجەنگ. بۆیە دووهەزار ساڵ زیاترە”ئەفلاتوون”ی فەیلەسووف هیچ چارێكی نەماوە لەوە زیاتر کە شاعیران لە کۆمارە داتاشراوە هەرگیز بەدینەهاتووەکەی دووربخاتەوە و وەرزشەوانەکانی لەوان پێ پەسەندتر بێت. نەك ته‌نیا لەبەر ئەوەی وەرزشەوانەکان لە شاعیران بە پیل و بازوو و بەکارترن، بەڵكو لەبەر ئەوەیش شاعیران بیر و هۆشی خەڵكیش والێدەکەن بە یاسا و ڕێژیمی کۆمارەکەی دانەکەون..”چیخۆف”یش وەکو ئەدیبێكی داهێنەری مەزن لەم بگرەو بەردەیەدا بەشداریی کردووە و دەڵێت:”فیکر بدەرە لاوە..چ سوودێكی هەیە؟! ئێمە پێویستە لەسەرمان ڕاستگۆیانە و دڵسۆزانە دەربارەی ئەو شتانە بنووسین کە دەیانبینین و هەستیان پێدەکەین”(٢) ئەم وتەیە بە دەمی پاڵەوانی بەرهەمێكەوە نەوتراوە تا بڵێین مەرج نییە ڕای نووسەرەکە خۆی وابێت، بەڵكو لە گفتوگۆیەکدا دەربارەی ناوەڕۆکی چیرۆك وای وتووە. ئاشکرایشە “چیخۆف” ئەدەب بە زادەیەکی ڕەسەنی ژیان دەزانێت و لە کاروباری ئەقڵیی ڕووت جودای دەکاتەوە. بەڵام هەر بە بۆچوونە هونەرییەکەی خۆی لێكیشیان دانابڕێت و خاوەن بیر و فەیلەسووفان لە دنیاکەی خۆی دەرناکات، چونکە دەزانێت ژیان لەوە فراوانترە لە جێگای یەك لا زیاتری تیا نەبێتەوە. ئەمەیش جیاوازیی نێوان بۆچوونی بەربڵاوی پەلکەڕەنگینەئاسای ئەدەب و بۆچوونی وشکی لە قاڵب دراوی فەلسەفەیە، بۆیە دەڵێت:”من چونکە دەژیم و بیردەکەمەوە و لە کێشە و ئەندێشەدام، دیارە گشت ئەو شتانە لە نووسینەکاندا ڕەنگدەدەنەوە، ئیتر ئەگەر نووسەرێكی بەهرەمەندبم چ پێویستییەکم بە وشەی(فیکرە) و (نموونە)هەیە؟خۆ من نە مامۆستا و نە شێخ و نە پیاوی پڕۆپاگەندەنیم. من ڕاستگۆیانە وێنەی ژیان دەکێشم”(٣) ..ئینجا ئەگەر بزانین هەردوو وشەی”فیکرە” و “نموونە”وشەی “ناوەڕۆك”ی ئێستا دەگرێتەوە، بە تەواوی مەبەستەکەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە.
بەلای منەوە گشت ئەدیبێكی ڕەسەن ئەگەر وایشی نەوتووبێت، بە ئەدەبەکەی هەر ئەمەی چەسپاندووە، چونکە وەکو چۆن هیچ ئەدیبێك فیکرێكی دانەڕشتووە، ئەوهایش هیچ فیکرێك ئەدیبێكی ڕەسەنی دروست نەکردووە. بەڵام ئەمە هەرگیز ئەوە ناگەیەنێت ئەدیبە ڕەسەنەکان سەر بە هیچ فیکرێك نەبن و کەم تا زۆر تەعبیر لەو فیکرەیش نەکەن کە باوەڕیان پێیەتی. ئەگەرچیش زۆرجار هەبووە ئەدیبێك سەر بە فیکرێك بووە و بە ئەدەبەکەیشی شتێكی تری دەربڕیووە، باشترین نموونەی ئەمەیش”بەلزاك”ی سەر بە مەلیك و دارودەستەکەیەتی ، کە بە ئەدەبەکەیشی ڕوونترین شێوەی کێشەی نێوان ڕەنجدەران و چەوسێنەرانی کێشاوە…(٤) “یەسینین”یش دەربارەی خۆی بەدەم گۆڕهەڵکەنێکەوە دەڵێت:
لە ژیانیدا کەم بەدمەستیی نەکردووە
بەڵام هەرگیز نەیتوانیووە
پێنج لاپەڕە
لە”سەرمایە”بخوێنێتەوە.(٥)
ئینجا ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە ئەوەیە هەندێك لەو نووسەرانەی ئەو جۆرە بە ناو ڕەخنە و لێکۆڵینەوانە لای خۆمان دەنووسن بە خۆیان بزانن و نەزانن لە دانیشتوانی کۆمارێكی وەك ئەوەی”ئەفلاتوون”ن و دەیانەوێت ئەو ئەدەبەی لە قاڵبەکانیان زیاتر پەلوپۆی هاویشتووبێت و لەگەڵ ڕێژیم و پەیڕەوەکانیاندا نەگونجێت، کۆمار بەدەر و ڕیسوای بکەن جا بە هەر شێوەیەك و بە هەر نرخێك بێت.
*خاڵێكی تری گرنگیش لەم دیاردەیەدا مەسەلەی ناوی”ڕەخنە”و”لێکۆڵینەوە”یە و ئاشکرایشە ئەم دوو وشەیە لە ئەدەبەوە هەڵقوڵاون و بەشێکن لێی، ڕەخنەگرانیش هەمیشە بەوە ڕێزی خۆیان لە دڵی ئەدیبان و خەڵکیشدا چەسپاندووە کە شارەزایەکی تەواوی ئەدەبی زمانەکەی خۆیان و پاشانیش گشت ئەدەبی جیهانیی بوونە و بە تەواوی سەریان لە هونەرەکانی ئەدەب و وردەکارییەکانی بەرهەمی ئەدەبی دەرچووە، ئینجا سەرەڕای ئەمەیش ڕۆشنبیرێكی هوشیاری گشت کۆڕەکانی تری ڕۆشنبیریی بوونە. ئەوەی لە هەندێك لەو ڕەخنە و لێکۆڵینەوانەدا دەبینرێت کە من لێرەدا مەبەستمن، ئەوەیە هەرە چاکەکانیان باسی گشت شتێكی تیایە ته‌نیا ئەدەب نەبێت! خۆ ئەگەر بڵێین پەنا دەبرێتەبەر گشت ئەو شتانە بۆ تیشك خستنە سەر ئەدەبەکە، وەهایش نییە. بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەدەبەکە ته‌نیا کەرەستەیەکی بە سوخرە گیراوە بۆ ئەو مەبەستانەی تر، جا ڕەوابن یان ناڕەوا.
بەڵام هەندێكی تری – وەکو لەم نموونەیەی دەیخەینە پێش چاو-لە چەند کلیشە و وتەیەکی سواو زیاتر، کە وەکو قەوانی شکاو دووبارە دەبێتەوە، هیچی تری تیا نییە. ئەمەیش دیاردەیەکە کۆمەڵێك هۆی جیاجیای هەیە، لە سەرووی هەمووشیانەوە ئەوەیە”نان بۆ نانەوا و گۆشت بۆ قەساب”لەم سەردەمە جەنجاڵ و زۆر لایەنەدا کە زیاتر پێویستی بە خۆتەرخانکردن هەیە، باوی نەماوە و هەندێك لە قەسابەکان لەبەر هەر هۆیەك بێت بە خۆیان و کێردەکانیانەوە ڕوویان کردووەتە تەنووربانە سپییەکەی ئەدەبەکەمان و بە شێوەی پێشووی خۆیان ڕەفتار لەگەڵ نانی ئەدەبەکەماندا دەکەن.


دوای ئەم پێشەکییە گشتیی و ئێجگار کورتە, حەزدەکەم چەند خاڵێك دەربارەی ئەم نووسینەی خۆم بخەمە پێش چاو:
١ـــــ بە شێوەیەکی گشتیی بەرپەرچەکانم بە پێی ڕیزی نووسینەکەی نووسەر دەبێت، جا لەبەر ئەوەی ئەو هیچ مەنهەج و هێڵ و گونجاندنێکی بەکارنەهێناوە، بۆیە ئەمەی منیش ته‌نیا بریتییە لە چەند خاڵێكی جیاجیای لێرە و لەوێ.
٢ـــــ شیکردنەوەی ئەو چیرۆکانەی نووسەر باسی کردوون و خۆدان لە لایەنە هونەرییەکانیان زۆر بە کورتی و بە شێوەیەکی گشتییە و هەر ته‌نیا بۆ دەرخستنی ڕاستی و ناڕاستی و ڕوونکردنەوەیە.
٣ـــــ بە پێی توانا هەوڵم داوە بۆچوونەکانی خۆم بە وتە و نموونەی گەورە ئەدیبانی دنیا پاڵپشت بکەم، بۆ ئەوەی نەوترێت منیش قسە لە گیرفانی خۆمەوە دەردەهێنم و بە پێی بۆچوونی نەشارەزایانەی خۆم شتەکان لێك دەدەمەوە.
٤ـــــ دواییش ئەم گفتوگۆیە خاڵ بە خاڵ و هەنگاو بە هەنگاوی نووسینەکەی نەگرتووەتەوە، بەڵكو زیاتر شتە سەرەکیی و زەقەکانی گرتووەتەوە.


ئینجا با بە نموونەیەکی بچووکی لەو جۆرە ڕەخنانەدا بچینەوە کە ئەویش نووسینێکی”حەمەسەعید حەسەن”ــــە بە ناونیشانی “ئەو شاعیرانەی چیرۆك دەنووسن”(٦)
*بەر لە گشت شتێك ئەوەندەی من ئاگام لێبێت ئەم ناونیشانە پڕۆژەیەکی چیرۆکنووس “ڕەئووف حەسەن” بوو، لە کاتی خۆیدا هەندێك سەرنجیشی دەربارەی ئەم پڕۆژەیە بۆ من و چەند هاوڕێیەکی تریش باسکردووە..بەڵام هەرگیز سەرنجەکانی ئەو لەم نووسینە نەدەچوون.
*”حەمەسەعید”پاش سەرەتایەکی کورت دێتە سەر”کۆمەڵێ لەو چیرۆکانەی لەدوای ١٩٧٠وە بڵاوکراونەتەوە و نووسەرەکانیان شاعیرن”.(٧) یەکەم کەسیش “دڵشاد محەمەد ئەمین”ی شاعیر و چیرۆکنووسی هەڵبژاردووە و هەر خۆیشی دەڵێت:”دڵشاد شاعیرە، بەڵام چیرۆکنووسێكی بە تواناشە”. کەوابوو “دڵشاد”لەو شاعیرانە نییە کە جاروبار چیرۆکیش دەنووسن، بەڵكو سەرەڕای شاعیرێتییەکەی چیرۆکنووسیشە و بە پێچەوانەی ئەوانی تریشەوە دوو کۆمەڵە چیرۆکیشی بە ناونیشانەکانی”بە پەنجەکانم دەتبینم”و”دێر یاسین”ـــەوە لەچاپ داوە، ئەمە لەکاتێکدا هەندێك لە چیرۆکنووسەکانیشمان ئەمەیان نییە. بەمەیش لەوانی تر جودا دەبێتەوە و ناکەوێتە ژێر ناونیشانی نووسینەکەوە.
*نووسەر یەکەم چیرۆکیش”بووکەخان”ی هەڵبژاردووە، کە “محێدین زەنگنە”یش لە ژمارە”٤٥”ی گۆڤاری “ڕۆشنبیری نوێ”دا کورتە ڕەخنەیەکی بە زمانی عەرەبی لەسەر ئەم چیرۆکە نووسیوە لەگەڵ چوار چیرۆکی تردا، کە لە ژمارەی پێشووی ئەو گۆڤارەدا کرابوون بە عەرەبی و بڵاوکرابوونەوە.(٨) “حەمەسەعید”ئەگەرچی هەر ئەو شتانەی “محێدین زەنگنە”ی بە سەروگوێ شکاوی، یان بە ئاوەژووکراوی وتووەتەوە کەچی هیچ پەنجەیەکی بۆ ئەو نووسینە درێژنەکردووە!
*ئاشکرایشە ئەوەی “محێدین زەنگنە”ناوی”چەند سەرنجێکی خێرا”ی لێناوە زۆر وردتر و قووڵتر و تەنانەت بە قەوارەیش لەمەی ئەم زیاترە کە ناوی”لێكۆڵینەوە”ی لێناوە!
*جگە لەمانەیش”حەمەسەعید”ئەو چیرۆکە وەکو چیرۆکێكی پەروەردەیی لە قەڵەم دەدات، بەمەیش گیانی چیرۆکەکە-کە دراماییەکەیەتی-لە ناخەوە دەردەهێنێت، ئەمە بەلای خۆیەوە پێیاهەڵداوە!
*”حەمەسەعید”ڕای وایەکە”یەکێ لە مەرجەکانی چیرۆکی سەرکەوتوو ئەوەیە تا ماوەیەکی دوورودرێژ لە یادی خوێنەر ناچێتەوە”..بێگومان ئەمەیش لایەنی کارتێکردن و تام و لەزەت و دەروون ورووژاندنەکەی هونەر دەگرێتەوە، کەچی هەر خۆیشی دەمێك نییە بەوە تانە لە “سامی شۆڕش”دەگرێت کە وتوویەتی:”شیعر لەززەتێكە لە سەرووی هەموو لەززەتەکانەوە”.(٩) قەیدی چییە. شتێكی چاکە و چیرۆك و گشت هونەرەکانی تریش ئەم لایەنە بەدی بهێنن، بەڵام ئەمە هەرگیز مەرجی چیرۆکی سەرکەوتوو نییە و دەشێت چیرۆکی وا هەبێت کە دەستت دایێ تا تەواوی نەکەیت وازی لێنەهێنیت و کەچی نە چیرۆکی چاك و نە سەرکەوتوویش بێت. جگە لەوەی ئەم مەسەلەیە پەیوەندیی بە کۆمەڵێك لایەنی هونەریی و فیکریی و دەروونیی و ڕۆشنبیریی و کۆمەڵایەتیی و..شتی ترەوە هەیە و بەلای هەر کەسەوە بە جۆرێكە. بۆ نموونە چیرۆکە پۆلیسییەکانی”ئەگاسا کریستی”لەو چیرۆکانەن کە ڕەشە خوێنەر هەر ئەوەندەی دەستی دایێ تا تەواوی نەکات وازی لێناهێنێت و لە بەرهەمی تێکڕا گشت گەورە ئەدیبانی ئەم جیهانەیش لەناو زوربەی خوێندەواراندا بڵاوترن. چیرۆك و ڕۆمانەکانی”فرانسوا ساگان”یش لە فەرەنسادا لە گشت ئەوانی تر زیاتر دەخوێنرێنەوە. ڕۆمانی”باوکی ڕۆحیی”ی”ماریۆ پووزۆ”یش تا ئێستا زۆرترین دانەی لێ چاپکراوە و فرۆشراوە و ڕەنگە هەرگیزیش لە بیری هیچ خوێنەرێك نەچێتەوە، بەڵام ئەمانە لەگەڵ ئەوەیشدا هیچ نرخێكی ئەوتۆی نە ئەدەبیی و نە هونەریی و نە فیکریی و نە هیچی تریان نییە. بە پێچەوانەیشەوە زۆر لە شاکارە جیهانییەکان هەن بە کەم کەس دەخوێنرێنەوە، وەکو ڕۆمانی”گەڕان لە کاتە ونبووەکە”ی”مارسیل پڕوست”و ڕۆمان و زۆربەی چیرۆکەکانی “جێمس جۆیس”و چیرۆك و ڕۆمانەکانی”ئالان ڕۆب-گرێ”و..زۆری تریش. ئەمە سەرەڕای ئەوەی هەر لە بنەڕەتدا کەم کورتە چیرۆك هەیە بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ لە بیری خوێنەردا بمێنێتەوە، چونکە کورتە چیرۆك وەکو چەشن خۆی ئەو توانایەی زۆر کەمە و ئەم قسەیە تۆزێك زیاتر بۆ ڕۆمان دەستدەدات.
نووسەر بۆ نموونەی ئەم قسەیەی”کوێرەوەری”(١٠)دەهێنێتەوە..ئەوی ڕاستی بێت من بۆ ئەم نووسینە بەو چیرۆکەدا چوومەوە، بەڵام کەس سوێندی لەسەرم نییە، تا تەواوم کرد چوار پێنج جار لاپەڕەکانیم هەڵدەدایەوە بۆ ئەوەی بزانم چەندی ماوە تەواو بێت. من ناڵێم ئەو چیرۆکە لە کاتی خۆیدا پڕ بە پێستی سەردەمەکەی نەبووە، بەڵام ئێستا”ته‌نیا چمکێکە لە مێژوو، مەگەر بایەخی سەرەکی چیرۆکەکە لەمەدابێ. دەنا ئەو واقیعە ئێستا نموونەی نەماوە و ئەگەر مابێتیش شێوەیەکی زۆر جیاوازی وەرگرتووە و تەواو گۆڕاوە”(١١)ئەم وتەیەی “حوسێن عارف”لێرەیشدا پڕ بە پێستێتی. دەربارەی ئەو جۆرە شێوەیەیش، “محێدین زەنگنە”دەربارەی چیرۆکی “خازێ”(١٢)، کە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ”کوێرەوەری”دا نییە، دەڵێت:”..نموونەیەکی دواکەوتووی نووسینە.. ته‌نیا ئەو مێژووەی هەڵیگرتووە، ئەگەر بە هانای بێت، وای لێداکات ناوی چیرۆکی لێبنرێت..چونکە سەر بەو سەردەمەیە کە هێشتا سنووری نێوان چیرۆك وەکو هونەر و چیرۆك وەکو وتارێكی ئینشایی(اصلاحي)ڕوون نەبوو بووەوە”.(١٣) بەمەیشدا دەردەکەوێت”حەمەسەعید”بە چێژ و بە بۆچوونیش لەگەڵ ئەو هەنگاوە پێشکەوتووانەی ئەمڕۆی هونەری چیرۆکنووسین و بگرە ژیانی پێشکەوتوویشدا نییە، بۆیە هیچ نموونەیەکی نوێ، یان نەمری نەهێناوەتەوە. هێنانەوەی ئەم نموونەیەیش دیارە پەنجە درێژ کردنێکە بۆ نووسینی چیرۆکی وەها، کە”..لە ئاستی تەکنیکی تازەدا ئەو بایەخەی نەماوە و بەکارهێنانی لە ئێستادا جۆرێكە لە دواکەوتن لە کاروان”.(١٤)
*”حەمەسەعید”لەمسەر تا ئەوسەری نووسینەکەیدا ئەوەندەی پێی بکرێت خۆی لە لایەنە هونەرییەکانی چیرۆکەکان پاراستووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا کە بە چەند قسەیەك ئەم چیرۆك بە سەرکەوتوو ئەوی تر بە سەرنەکەوتوو لە قەڵەم دەدات، بە بێئەوەی بە هیچ بەڵگەیەك ئەو ڕایانەی بچەسپێنێت، یان ئەو سەرکەوتن و نەکەوتنە دەربخات..دەڵێم لەگەڵ ئەوەیشدا-وەکو لەمەودوا ڕوونی دەکەینەوە-لە زوربەی بۆچوونەکانیدا بە هەڵەدا چووە.
بۆ نموونە دەربارەی چیرۆکی”محازەرەیەك دەربارەی کورتە چیرۆك و سۆ وەت”(١٥) دەڵێت:”..ئەو شێوە تەکنیکەشی دڵشاد فیکری چیرۆکەکەی پێ دەربڕیووە شێوەیەکی تازەی تایبەتە بە دڵشاد و..هتد”. کامە شێوە تەکنیك؟ سیمای ئەو شێوەیە چییە؟ کامانەن ئەو بناغە تەکنیکییانەی كاك”دڵشاد”چیرۆکەکەی پێ دەربڕیووە؟ تازەیی و تایبەتییەکەی لە چی و لە کوێدایە؟..هتد. نووسەر خۆی لە هیچ یەكێك لەم پرسیارانە نەداوە. بۆ نموونەی بە هەڵەدا چوونەکانیشی، سەرەڕای ئەوەی دەربارەی درامییەتە بە پەروەردەیی کراوەکەی چیرۆکی “بووکەخان”وتمان، لێرەیشدا کە بە”..سۆ وەت”دا زیاتر لە”بووکەخان”هەڵدەدات، هەر بە هەڵەداچووە و ڕایەکەی بە پێچەوانەوەیە! چونکە”..سۆ وەت”جگە لەوەی هەمووی بە”دیاڵۆگ”داڕێژراوە، ته‌نیا چەند دێڕێکی سەرەتاکەی و کۆتاییەکەی نەبێت، سەرەتاکەیشی تووشی ڕیپۆرتاژکاریی هاتووە، بەوەی باسی هونەری کورتە چیرۆك دەکات، ئینجا با چیرۆکەکە بە دەمی مامۆستایەکەوە بێت و جێگایش ژووری موحازەرەی کۆڵیجێك بێت. “دڵشاد”خۆیشی هەستی بەمە کردووە و لە ناونیشانەکەیدا ئیشارەتی داوەتێ کە نووسیویەتی:”محازەرەیەك دەربارەی کورتە چیرۆك و…”بەڵام”بووکەخان”:”بینایەکی هونەریی کۆکی هەیە..چونکە هۆ ئەنجامی لێدەبێتەوە و..ئەنجامیش دەبێتەوە بە هۆ بۆ ئەوەی ئەنجامێکی تری لێببێتەوە، بەمجۆرە حیکایەتی چیرۆکەکە لە چوارچێوەی پەیوەندییەکی پەرەسەندنانەی جەدەلییانەدا بە ڕێچکە درامییە توند و تیژەکەیدا دەڕوات..تا دەگاتە ئەنجامەکەی..”.(١٦)


*نووسەر هەرچەند خۆی لە قەرەی لێکۆڵینەوە و ڕەخنەی ئەدەبیی نەداوە و زیاتر پەنای بردووەتە بەر ئەو قسانەی کە هەر بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن و کاری ڕۆژانەی ئاڕاستەکراو دەست دەدەن، نەك بۆ ئەدەبێكی نەمر و بە پێز..بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا کارەکەی بۆ نەچووەتە سەر و لە هەر شوێنێکدا زانیبێتی ڕاستیی بەرهەمەکان لەگەڵ بڕیارە پێشوەخت دراوەکانی خۆیدا ناگونجێن، دەستی کردووە بە بۆهەڵبەستن-وەك لێرەدا و دواییش ڕوونی دەکەینەوە-، دیارە ئەمەیش بە مەبەستی زڕاندنی ناوی هەندێك لەو ئەدیبانەیە.
*نووسەر دەربارەی چیرۆکی”کڵاوقووچ”(١٧)ی “شێرکۆ بێکەس”ئاوەها دەست پێدەکات:”ئافرەتێكی قەیرە کە (ڕێزپەڕیی!)هەیە و بۆ دامرکاندنەوەی ئاڵۆشەکەی پەنا دەباتە بەر پشیلەیش..هتد”. من لێرەدا داوا لە خوێنەران دەکەم بگەڕێنەوە سەر ئەو چیرۆکە و جارێك و دوان و دەیش بیخوێننەوە و بزانن ئەم قسەیە ڕاستە، یان وەك وتمان بۆهەڵبەستنە. بۆ ئەوەی خۆیان بڕیار لەسەر نیازی نووسەر بدەن لەم قسەیەی.
نازانم”باجی ئامە”ی قوربانیی دواکەوتن و نەخۆشیی ئاوڵە دەبێت چ(ڕێزپەڕیی)یەكی هەبێت ئەگەر حەز بکات وەکو گشت ئافرەتانی ئەم دنیایە شووبکات و ببێت بە دایك و دەورە سروشتییەکەی خۆی لە ژیاندا بگێڕێت؟خۆ ئەگەر بایەخدانەکەیەتی بە پشیلەکە، کە بۆ پڕکردنەوەی بێ منداڵییەکەیەتی، ئەوە ئاشکرایە هەرگیز وەکو سەگەکەی چیرۆکی”ماسیییەکی تازە”ی چیرۆکنووس”جەلیل ئەلقەیسیی”بۆ کاری سێكسیی بەکاری نەهێناوە.(١٨) بەڵکو وەکو منداڵی خۆی ڕەفتاری لەگەڵدا دەکات و هەر لەو خۆشەویستییە دایکایەتییەیشەوە هەندێك جار نوقوڕچیشی لێدەگرێت، وەکو چۆن دایك زۆرجار لەگەڵ ماچکردندا گازیش لە منداڵەکەی دەگرێت، کە ئەمەیش شارەزاییەکی تەواوی بارە دەروونییەکەی ئەو ئافرەتە شەعبییەیە. خۆ ئەگەر ئەو ڕستەیەیش بە (ڕێزپەڕ)دادەنێت کە دەڵێت: “..کە دائەنیشت پشیلەکە ئەچووە سەر ڕانی مت ئەبوو، ئەویش هێواش..هێواش دەستی بە پشت و کلکە قاوەیییەکەیدا ئەهێنا، پشیلەکە کلکی ڕەپ ئەکرد، ئینجا هەڵی ئەگێڕایەوە و ئەیخستە سەر پشتی..”هتد. ئەوا دیسانەوە ئەگەر بە هەڵەداچوون نەبێت، بۆهەڵبەستنە، چونکە گشت کەسێك پشیلە دەخاتە سەر ڕانی خۆی و دەست بە پشتیدا دەهێنێت، پشیلەیش کە دەست بە پشتیدا هێنرا هەر کلکی وا لێدەکات، جا ناوبردنی ئەم کارە بە”ڕێزپەڕیی”لەوە زیاتر نییە کە”چەپاندنی سێكسیی”زۆرجار وا لە ئادەمیزاد دەکات شتەکان بە جۆرێك لێكبداتەوە کە لەگەڵ خەیاڵە نائاسایییەکەی خۆیدا بگونجێت و ڕاستییەکە بە بارێكی تردا دەخات. تەنانەت لەزەت وەرگرتنەکەی”باجی ئامە”لەوەی منداڵەکەی پاڵەوانی چیرۆکەکە دەستی دەخستە سەر مەمکە”وەك لفکە شامییەکانی”هەر لە ئارەزووی دایکایەتییەکەوەیە، چونکە هیچ منداڵێکی نەبووە مەمکی بمژێت، خۆ ئەگەر وا نەبوایە بە جۆرێكی تر بەکاری دەهێنا.
بەم گفتوگۆیە دەمەوێت ڕاستی و ناڕاستی ئەو قسەیە دەربخەم، ئەگینا خۆدان لەم بابەتانە هیچ نەنگیی و ناشیاوییەکی تیا نییە و بە دەگمەن لە ئەدیبانی دنیا هەن جۆرێك لەو گیروگرفتە ئادەمیزادانانەیان نەکردووبێت بە بابەتی چەند بەرهەمێكیان، مەگەر ئەدیبانی وڵاتە دواکەوتووەکان، کە دەیانەوێت زۆر شت هەر لە ژێر پەردەی ئەستووردا بکرێت و کەس نەیخاتە پێش چاوان بۆ چارەکردن، یان هەر هیچ نەبێت بۆ وەرگرتنی وەکو تاقی کردنەوەیەکی نەرێنیی.
ئەگەر ئەدەب هیچ پەیوەندییەکی بە ژیانەوە هەبێت و بە چاوی”چیخۆف”و زوربەی گەورە ئەدیبان سەیری بکەین، کە دەربڕینێكی ڕاستگۆیانە و دڵسۆزانەی ژیان بێت، بێگومان وایش پێویست دەکات هەردوو دیوەکەی ژیان بگرێتەوە، چاك و خراپ، چاك بۆ پەیڕەوکردن و خراپیش بۆ چارەسەرکردن، یان خۆ لێلادان، بێگومان کۆمەڵگای ئێمەیش لە دنیادا تاك نییە و هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو لوتکەی پێشکەوتنەی کە هەموو “سوپەرمان”و بێ کەموکووڕی بین، بۆیە زۆر ئاسایییە ئەو کەموکووڕییانەمان لە ئەدەبەکەشماندا ڕەنگبداتەوە، چونکە ئەرکی ئەدیب ئەوە نییە”مامۆستا، یان شێخ، یان پڕۆپاگەندەچی”بێت و هەرگیزیش ئەدیبی دڵسۆز و بەرچاو ڕوون وەکو”وشترمەل”ی پێناکرێت، بۆیە گەورە ئەدیبانی دنیا تا ئێستا زیاتر لە پیشاندانی لایەنە نەرێنییەکاندا سەرکەوتوون وەك لە لایەنە ئەرێنییەکان. چونکە ژیان لە چاو ئەو دنیایەوە کە هونەرمەند دەیەوێت زیاتر نەرێنییە و هەرگیز بەو تۆزە ئەرێنییانە ڕازی نابێت. “جۆرج لۆکاچ”ی خاوەن بیر و ڕەخنەگر ئەم مەسەلەیە دەخاتە چوارچێوەی چینایەتییەوە و لە کۆمەڵگای بۆرژوازییدا حەز لە پاڵەوانی ئەرێنیی کردن بە بەشێك لە ئایدیۆلۆژیای بۆرژوازیی دادەنێت، کە دەڵێت:”ئەم مەیلە لە مەیلەکانی ئایدیۆلۆژیای بۆرژوازیی زۆر ڕوونتر لە مەسەلەی پاڵەوانی ئەرێنیی دەردەکەوێت”.(١٩)ئەم مەیلەیش بۆیە لە کۆمەڵگایەکی بۆرژوازییدا وەهایە چونکە: “دەستنیشانکردنی ئەو ناکۆکییانەی هیچ چارێکیان لە کۆمەڵگای بۆرژوازییدا بۆ نییە، گشت داوای پاڵەوانی ئەرێنیی کردنێك لە کەسە سەرکەوتووەکان لە گەروودا دەخنکێنێت”.(٢٠)جا نازانم مەسەلەکە بەلای”حەمە سەعید”ــەوە چۆن کەوتووەتەوە، کە ئاوەها بەکارهێنانی پاڵەوانی نەرێنیی لە بەرهەمەکانماندا تاوانبار دەکات؟!! بە هەرحاڵ..ئێمەیش لەگەڵ”گۆگۆل”دا دەڵێین:”هیچ غەمێکمان نییە ئەگەر پاڵەوانەکانمان بە دڵی خەڵکی نەبن”(٢١) چونکە ناتوانین بۆ زەوق و ئارەزووی هیچ کەسێك بە کاغەزی زەرد و سوور بیانڕازێنینەوە، ئەوە وتمان ڕووکەشەکانیشیانمان پێڕازایەوە، ئەی چی لە ناخیان بکەین؟! خۆ ناخ لە قاڵب نادرێت!
*چیرۆکی”کڵاوقووچ”سەرەڕای ئەوەی وەکو گشت چیرۆکێكی خۆڕسکی تر، پێشوەخت وەکو قاڵبێكی وشك بۆ دەربڕینی فیکرێك، یان دروشمێك دانەنراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا خاڵی نییە لە کۆمەڵێك مەبەستی کۆمەڵایەتیی و خۆماڵێتیی و دەروونیی و شتی تر. ئەم چیرۆکە زیاتر وێنەکێشانی هەندێك لایەنی جوان و دووهەند لایەنی ناهەمواری ئەوسای گەڕەکێكی هەژاری شارێكی کوردستانە، کە”سلێمانی”یە و بە زمانێکی ساکاری گونجاو لەگەڵ ڕادەی تێگەیشتنی وەها منداڵێکدا، کە ئەگەر زیاتری لێداوابکرێت لەگەڵ(لۆژیك)ی چیرۆکەکەدا ناگونجێت، چونکە بەرهەمی ئەدەبیی لۆژیکی خۆی دەبێت لە خۆیەوە هەڵبهێنجرێت و ناشێت قاڵبێكی بەسەردا بسەپێنرێت هیچ پەیوەندییەکی پێوەی نەبێت.
بەڵام شێوەی گشتیی چیرۆکەکە بە تەوژمی هۆش و بە تایبەتیش بە مۆنۆلۆژی ناوەوەی ڕاستەوخۆ(٢٢)و بە دوو مۆنتاژی گەورەی زەمانیی کە یەکێکیان لەمڕۆوە بۆ ڕابوردووە و ئەوی تریشیان بە پێچەوانەوە، لەگەڵ کۆمەڵێك مۆنتاژی لێك نزیکدا داڕێژراوە..کەچی”حەمەسەعید”لای وایە “لەسەر شێوەی ڕیپۆرتاژ نووسراوە”، ئینجا نازانم چاوی بە سەرەتای چیرۆکەکە نەکەوتووە کە دەڵێت:”نازانم چۆن ڕێم کەوتەوە ئەو پیرە گەڕەکەی خوارووی شار..”تا دەڵێت:”..لاشەی نوقم بووی بیرەوەرییەکەم وردە وردە کەوتەوە سەر ئاو..”ئەمەیش گشت خوێنەرێكی ئاساییش دەزانێت گەڕانەوەیە بۆ دواوە و زیندووکردنەوەی هەندێك”بیرەوەری”یە. بیرەوەرییش شتی ناخە و ناخیش بە ڕیپۆرتاژکاریی هیچی لێدەرناکەوێت و ڕێك بە پێچەوانەی ئەم چیرۆکەوەیە. جا بۆیە دەڵێم ڕەنگ بێت “حەمەسەعید”ڕیپۆرتاژکاریی لە شێوەی هونەری شەپۆلی هۆش جودا نەکاتەوە و نەزانێت ئەمیان ڕێبازێكی گەورەی ئەدەبە و ئەویان کەموکووڕییەکە و هیچ پەیوەندییەکی بە ئەدەبەوە نییە و نە گەڕانەوە بۆ دواوە و نە چوونە ناخی پاڵەوانەکەوە و نە دەربڕینی هەست و نەستیانی تیا نییە، کە گشت ئەمانەیش هەموو خوێنەرێکی ئاسایی بە ئاسانی لە”کڵاوقووچ”دا هەستی پێدەکات..جا نازانم”حەمەسەعید”چۆن هەستی پێنەکردووە!؟خۆ بەکارهێنانی هەندێك شتی واقیعیش وەك”قاوەخانەی سەرچیمەن”هەرگیز چیرۆکەکە ناخاتە چوارچێوەی ڕیپۆرتاژکارییەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە بتەویی و باوەڕێکی زیاتر بۆ چیرۆکەکە دەستەبەر دەکات، بە دەگمەن چیرۆك و ڕۆمانیش هەیە هیچ ناو و ڕووداوێكی واقیعی تیا نەبێت، هیچیشیان بەوە نەبوونە بە ڕیپۆرتاژ..من وای بۆ دەچم ئەگەر”حەمەسەعید”پێشوەخت بڕیاری لەسەر ئەم چیرۆکە نەدایە، جا لەبەر هەر هۆیەك بێت، ئەگەر ڕاستیی شێوەکەیشی نەزانیایە، هەر هیچ نەبوایە بە واقیعی و کوردەواری لە قەڵەمی دەدا نەك ڕیپۆرتاژکاریی؟!…

  • کۆتایی چیرۆکەکەیش بە هیچ جۆرێك وەها نەکەوتووەتەوە وەکو ئەو دەڵێت، چونکە بەکارهێنانی ژمارەیەك کە لە واقیعدا نەبێت بە هیچ جۆرێك چیرۆکەکە لە ڕیالیزمیی ناخات، خۆ “شێرکۆ بێکەس”ڕیپۆرتاژی نەنووسیوە تا گشت شتەکان بەبێ هیچ دەستکارییەك باس بکات، بە تایبەتی ئەگەر لە شوێنێكدا بۆ زیاتر شتێك خستنە سەر چیرۆکەکە پێویست بکات وەکو لەم چیرۆکەدا وایە و لەلایەن چیرۆکنووسەوە ئیشارەتێكی زیرەکانەیە بۆ ئەو سەردەمەی پاڵەوانەکە بە فلاشباك بۆی گەڕاوەتەوە. ئیتر نازانم ڕەمزی چی؟! و ڕووداوی گەورەی مێژوویی چی؟!و بوون و نەبوونی ئەو ژمارەیە لە”بەڕێوبەرێتی گواستنەوە و هاتوچۆ”ی سلێمانیدای چی؟!..وادیارە “حەمەسەعید”ئەم خاڵەی لەگەڵ”غەفڵەت”دا لە لا تێکەڵبووە، کە ئاسمان و ڕێسمانیشیان نێوانە..ئیتر لەم بۆچوونە هەڵەیەیشەوە کۆمەڵێك ئەگەری ناشیاوی ڕیزکردووە، کە پێویست بە باسکردن ناکەن چونکە بناغەکەیان هەڵەیە. پاشان دەڵێت:”کۆتایی هێنانیش بە ژیانی پاڵەوانەکە بەو جۆرە ناماقووڵە..”، ئەوەی ڕاستی بێت لە یەکەم خوێندنەوەدا منیش ئەم کۆتایییەم زۆر بە دڵ نەبوو، نەك لەبەر ئەوەی بە”ناماقووڵ”م دەزانی، بەڵکو لەبەر ئەوەی وامدەزانی لە پڕێکدا هاتووە و هیچ ڕێخۆشکردنێك لە چیرۆکەکەدا بۆ ئەو کۆتایییە نییە، بەڵام هەر کە تۆزێك لێی وردبوومەوە دڵنیابووم کە ئەوە ته‌نیا کۆتایییەکی شیاوە بۆ “باجی ئامە”-نەك پاڵەوانەکە، چونکە منداڵەکە پاڵەوانە-و بۆ چیرۆکەکەیش. بۆ”باجی ئامە”، چونکە لە چیرۆکەکەدا ڕێی بۆ خۆشکراوە کە هەر خۆی دەڵێت، “-شل بوونی چی..دنیا پێنج و دوو ڕۆژێكە، گەنجین با بێ دڵیی خۆمان نەکەین”. چیرۆکەکەیش خۆ هەر دەبوو کۆتایی بێت، هەواڵی نەمانی”باجی ئامە”یش باشترین لەنگەرە بۆ چیرۆکەکە، ئەمە جگە لەوەی شتێكی سەیر دەبێت بە نووسەر بڵێین چیرۆکەکەت وا لێمەکە و وا لێبکە! چونکە ئەگەر وەها بە فیتەر و دارتاشیش بڵێیت شاربەدەرت دەکات. بۆ بەرهەمی ئەدەبییش پێویستە بەڵگە بۆ نیشانەی گونجاویی و نەگونجاویی لایەنێك لە دەقەکە خۆیەوە هەڵبهێنجرێت، لێرەدا ئەگەر پەنا ببەینە بەر واقیعیش هەر ئەو ئەنجامە زۆر نزیکە لە ڕوودانەوە و هەرگیز نەك ناماقووڵ نییە، بەڵکو زۆر ئاسایییە ئافرەتێكی ئەوسا، کە ئێستا بێگومان پیرێژنێكی پەککەوتەی بێکەس و هەژارە، بیەوێت لە جادەیەکەوە بپەڕێتەوە و یەكێك لەو ئۆتۆمبێلە بە پەلە و گوێنەدەرانە بیکەن بە ژێرەوە..جا ئەگەر ئەمە ناماقووڵ بێت دەبێت بە هەندێك شتی تر چی بڵێین کە ڕۆژانە لە ژیانماندا ڕوودەدەن؟!
    *سەیریش ئەوەیە”حەمەسەعید”بە دەنگێك کە تادێت زیاتر هەڵدەچێت دەڵێت:”تەنیا مەبەست ختووکەدانی عاتیفەی خەڵکیییە”، لە کاتێكدا “شێرکۆ بێكەس”هیچ جۆرە سۆزێكی دەربارەی ئەو سەرئەنجامە دەرنەبڕیوە و مەسەلەی سۆزەکەی بە تەواوی داوەتە دەستی خوێنەران خۆیان. ئەمە لە کاتێكدا دەربارەی هەندێك لەو چیرۆکانەی لە فیلمە هیندیی و میسرییە فرمێسك سواڵکەرەکان دەچن هیچ شتێكی وەها ناڵێت و بگرە بە دڵیشین! لەم “بانێکە و دوو هەوایە”یش سەیرتر ئەوەیە ئەگەر لە ڕووی”ختووکەدانی عاتیفەی جەماوەر”ەوە بەراوردێكی هەر ئەم نووسینەی”حەمەسەعید”خۆی لەگەڵ ئەو چیرۆکەدا بکەین..
    *لە هەموو ئەمانەیش سەیرتر ئەوەیە کە دەڵێت:”بە لابردنی دوا پەرەگرافیش نەك هەر کەلێن ناکەوێتە چیرۆکەکەوە، بەڵكو چیرۆکەکە لە کەناری ڕاستەقینەی خۆیدا ئارام دەگرێ”، نازانم بە چ ئەقڵێك دەشێت ئادەمیزادێك لە ساڵێ ١٩٧٨دا-کە ساڵی نووسینی چیرۆکەکەیە-لە شوێنێکدا هەندێك ڕووداوی ساڵی١٩٤٨ی بیر بکەوێتەوە و چەند دەقیقەیەك بە خەیاڵ و بە هونەری چیرۆك بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی منداڵیی خۆی و ئیتر هەر بە منداڵیی بمێنێتەوە و مێژوویش”٣٠”ساڵی ڕەبەق بگەڕێنێتە دواوە! ئەگەر ناماقووڵ لە دنیادا هەبێت هەر ئەمەیە.
    *خاڵێكی تریش لەو سەیرانە ئەوەیە نووسەر دوای ئەوەی چیرۆکەکە بە ڕیپۆرتاژکاریی گوناهبار دەکات، هەر دوای نیو لاپەڕە بەرپەرچی خۆی دەداتەوە و دەڵێت:”..گێڕانەوەی چیرۆکەکە لە شێوەی نوێدایە..”! بەڵام لێرەیشدا خۆی ئاسایی نە جۆری نوێیەکە دەردەخات و نەیش دەیسەلمێنێت ئایا ئەم قسەیەی دوایی ڕاستە، یان ئەوی پێشووی؟!

*لە چیرۆکی”ئەو شەوانەی بۆت ئەگریم و ئەو ڕۆژانەی لە بیرم ناچیتەوە”(٢٣)ی “عەبدوڵڵا عەباس”دا، نووسەر لەبەر هەر هۆیەك بێت کرۆك(تێمە)ی چیرۆکەکە پشتگوێ دەخات و بە هەندێك لەیەنی لاوەکییەوە دەنووسێت، بۆ ئەوەی ئەو قسانە دووبارە بکاتەوە کە ئەوەندە وتراونەتەوە بێتام بوونە، بۆیە بە پێویستی نازانم لەسەری ڕابوەستم و ته‌نیا ئەوەندە دەڵێم کە هەرگیز مەرج نییە تیۆرەکان بۆ گشت سەردەم و لە گشت شوێنێكدا لەگەڵ واقیعدا بگونجێن.
*دواییش نازانم”حەمەسەعید”بۆ لە پڕێکدا لە “عەبدوڵڵا عەباس”دەبێت بە”کاسۆلیکیی”و باوەڕ بە ژن و مێردایەتیی هەتا هەتایی دەهێنێت، ئەگەر ئەو پەیوەندییە سەرنەکەوتوویش بێت؟! ئەوەندەی من بیزانم لە مانیفێستەکەدا بە پێچەوانەوەیە..لێرەیشدا دەڵێم ئەگەر ئەم چیرۆکە هی “عەبدوڵڵا عەباس”نەبوایە و نووسەر هەوەسی هەبوایە دەیتوانی وا لێكیبداتەوە کە هەوڵێکە بۆ گۆڕینی واقیعیکی تاڵ و ڕزگاربوون لە کۆت و پێوەندێك کە پاڵەوانەکە هەوڵی پچڕاندنی دەدات..
پاشان نووسەر حەماسەتێكی تەواو دەیگرێت و نەبرەی وتارەکەی تەواو بەرز دەکاتەوە و دەڵێت:”لێرەدا ڕوودەکەمە ئەوانەی کە وا تێدەگەن ڕاستگۆیی لەوەدایە کە چیرۆکنووس، یا شاعیر بەرهەمەکانی ئاوێنەی ڕاستەقینەی هەڵسوکەوت و تەنگوچەڵەمە و ئاوات و خواستی کەسیییانەی خۆی بن کە ئەمە ئەوپەڕی (نێرگزیییەتە). یان لە چاکترین حاڵەتدا دەربڕینێكی فۆتۆگرافییانەیە لە واقیعێکی مەییو”..پێش ئەوەی ڕاستیی ئەم قسەیە ڕوون بکەینەوە، حەزدەکەم لەسەر وشەی”فۆتۆگرافی”ڕابوەستین، بۆ ئەوەی بزانین ئەم نووسەرە چەند لە سەرەتا و بناغەکانی نەك چیرۆك و لێكۆڵینەوە و ڕەخنە، بەڵکو زانیاریی گشتیی دەزانێت؟..وشەی”فۆتۆگرافی” وێنەی ئاسایی سەر کاغەز دەگرێتەوە، کە لە ئەدەبیشدا شتێك بە فۆتۆگرافییانە لە قەڵەم دەدرێت، وا دەگەیەنێت ئەو بەرهەمە وەك وێنەیەکی ئاسایی کە بە کامیرە گیرابێت وایە، واتە نە جووڵە و بزوان و نە شیکردنەوەی ناخی پاڵەوانەکان و نە هەست و سۆزیان و نە هیچ شتێكی تری وەهای تیا نییە، بەڵكو بریتییە لەوەی بە چاو دەیبینیت و دەیخەیتە سەر کاغەز..کەچی ئەم ڕێك بە پێچەوانەوە، ئەو وشەیەی بۆ شتە زۆر ورد و تایبەتییەکانی ناخی پاڵەوانەکان بەکارهێناوە! بە ڕاستی کامیرایەکی سەر سووڕهێنەر و داهێنانێكی تەکنۆڵۆژیی مەزنە ئەوەی بتوانێت وێنەی”تەنگوچەڵەمە و ئاوات و خواست”و ئەمجۆرە شتانەی ناخ بخاتە سەر کاغەزی وێنەی فۆتۆگرافی؟!
ئەمە هیچ، با بێینەوە سەر مەبەستەکە، کە بە توندوتیژییەکەیدا دیارە تاوانبارکردنە، با وشەکان لە جێی خۆیشیاندا نەبن. من پێش ئەوەی خۆم هیچ بڵێم شاکارە هەرە مەزنەکانی ئەم دنیایە بە نموونە بۆ پووچکردنەوەی ئەو قسەیە دەهێنمەوە، وەکو”پیرە و دەریا”و گشت بەرهەمەکانی”هەمەنگوای”(٢٤) و “یۆلیسیس”ی”جێمس جۆیس”(٢٥)و “گەڕان لە کاتە ونبووەکە”ی”مارسیل پڕوست”(٢٦) و زۆر تا کەمی سەرتاپای بەرهەمەکانی “دیستۆیڤیسکی”و”لیۆ تۆڵستۆی”و”شەکسپیر”(٢٧) و زوربەی شاکارە ئەدەبییەکانی گەورە ئەدیبانی دنیا، کە بە ئاشکرا ڕەنگدانەوەی ژیانی نووسەرەکانیانی پێوە دیارە و ئەوەیش ڕای گەورە ڕەخنەگران و لێکۆڵەرەوانی دنیایە، کەسێك مەبەستی بێت زۆر بە ئاسانی دەگەڕێتەوە سەریان، وەك لە پەراوێزەکاندا دیارییم کردوون..ئینجا ئەدیب و خوێنەری کورد نازانێت بە کلکی کەڵەشێرەکە باوەڕ بکات، یان بە قسەکەی مەلای مەزبوورە؟! هەر کەسە و ئارەزووی خۆیەتی. بەڵام من باوەڕناکەم ئەدیبی ڕەسەن ئەگەر لە تاقیکردنەوەیەکدا قاڵ نەبووبێت و بە تەواوی ئاگاداری گشت لایەنێكی ئەو بابەتە نەبێت کە لەسەری دەنووسێت و گشت خۆشیی و ناخۆشییەکی ئەو بارەی نەچەشتووبێت، باوەڕ ناکەم بتوانێت بەرهەمێكی ڕاستگۆ و پوخت بهێنێتە بەرهەم. دارتاش و بەرگدروو و ئەوانی تر دەتوانن بە پێی کەتەلۆگ و پێوانە و کێشانە چیت بوێت بۆتی دروست بکەن، بەڵام ئەدەب هێشتا ئەوەندە بازاڕی نەبووە وەهای لێبێت و ئەدیبی ڕاستگۆ و دڵسۆزیش بەر لە گشت کەسێك بۆ خۆی دەنووسێت و داهێنانی ئەدەبییش کارێكی تەواو تاقەکەسییە(٢٨) و هەرگیزیش بە خوێندنەوەی چەند سیپارەیەك وەدەست نایەت. بەڵام ئەوەیش هەیە پێویستە ئەو تاقیکردنەوە و هەست و نەستە خودییانە-نەك شەخسییانە-پێزێكی ئەوتۆیان بدرێتێ تا ببن بە شتێكی گشتیی، ئەگەرچی زوربەیشیان هەر خۆیان لە خۆیاندا گشتییشن.(٢٩) مەگەر یادگارنامە و نامە تایبەتییەکان نەبێت، کە ئەوانیش زۆرجار لە سنووری تایبەتی دەردەچن و دەبن بە شتێكی بە کەڵك بۆ گشت کەسێك، وەکو یادگارنامەکانی”پاپلۆ نیرۆدا”و”کازانتزاکی”و نامە تایبەتییەکانی”کافکا”و”سەیاب”و زۆر و زۆری تر..
لە شیعریشدا داوا لە نووسەر دەکەم با شیعرەکانی”گۆران”ی نەمری خۆمان و”یەسینین”ی ڕووسیی و هەر کەسێكی تر کە ئەو لەم دنیایەدا هەڵیدەبژێرێت بخوێنێتەوە، بۆ ئەوەی بە چاوی خۆی ببینێت جوانترین و ڕاستگۆترین و کاریگەرترین پارچە شیعر هەر ئەوانەن کە”ئاوێنەی ڕاستەقینەی هەڵسوکەوت و تەنگوچەڵەمە و ئاوات و خواستی”خودیی شاعیرەکەن و ئەو قسە زۆر باوەڕ بە خۆیەی ئەو پووچ دەکەنەوە، کە نازانم لە کوێوەی هێناوە و..ئەگەر بێئاگایی نەبێت لە ئەدەب لە چییەوە پێی گەیشتووە؟!


*”حەمەسەعید”دەربارەی چیرۆکی”چاوەڕوانی”(٣٠)ی منیش دەڵێت:”..بە (مەنەلۆژی)ناڕاستەوخۆ دەست پێدەکات”، ئاشکرایە کە”مەنەلۆژی ناڕاستەوخۆ وا لە خوێنەر دەکات بەردەوام هەست بە نووسەر بکات”(٣١)، واتە پاڵەوانەکە خۆی نادوێت، بەڵكو نووسەرەکە خوێنەر دەباتە زەینی پاڵەوانەکەوە و هەست و بیر و لێکدانەوەکانی بۆی دەردەخات، بە پێچەوانەی چیرۆکەکەی منەوە کە لە یەکەم وشەوە تا دوا وشە بە مەنەلۆژی ناوەوەی ڕاستەوخۆی تەواو نووسراوە، واتە نووسەر خۆی پاڵەوانە و لە ڕێگای ئەویشەوە خوێنەر ڕاستەوخۆ بە چاوی پاڵەوانەکە دەبینێت و بە مێشکی ئەو بیردەکاتەوە و لە ناو زەینی ئەودایە(٣٢)، واتە خوێنەر خۆی دەبێت بە پاڵەوانەکە، ڕاستەوخۆیییەکەیشی لەمەدایە، سەرەڕای چەند وردە بناغەیەکی تری ئەم تەکنیکە کە کات و شوێن و کەسانی ناوەوەی پێدەگۆڕدرێت(٣٣). خۆ ئەگەر نووسەر ئەو قسەیەی دەربارەی”کڵاوقووچ”، یان”ڕەشەڕاو” بکردایە، دەوترا لێی تێکچووە و تا ڕادەیەك چاوی لێدەپۆشرا، بەڵام بۆ ئەم چیرۆکە..هیچ بیانوویەکی بۆ نییە نەشارەزایی نەبێت..خۆ نایشکرێت منیش وەکو ئەو بڵێم”عەرزی عەزەڵاتە”، چونکە هەر گۆشتیشی پێوە نییە!
*پاشان دەڵێت:”پاڵەوانی چیرۆکەکە مرۆڤێكی بێزار و بێئومێدە، لە جێیەکی دیاری کراودا ڕاوەستاوە و چاوەڕێیە (قاپی)(ڕەحمەتی) بۆ بخرێتە سەرپشت..”گشت ئەو شتانەی دەربارەی پاڵەوانی نەرێنیی و ئەرێنیی و وازهێنانی نووسەر لە کرۆکی چیرۆکەکە و بە هەندێك لایەنی لاوەکییەوە نووسان و ئەو شتانەی تری دەربارەی هەندێك لایەنی”کڵاوقووچ”و چیرۆکەکانی “عەبدوڵڵا عەباس”وتم لێرەیشدا هەر وان و پێویست بە دووبارەکردنەوە ناکەن. بۆ نموونە”حەمەسەعید”دەڵێت:”..ڕاوەستاوە..”، منیش دەڵێم تۆ بڵێیت چیرۆکەکەی خوێندبێتەوە؟! ئەگینا چ خوێنەرێك-نەك لێكۆڵەرەوەیەك-هەیە نەزانێت ئەمە”دانیشتن”دەگەیەنێت”ئا ئێرەی وت. ئەو پەنایە باشە، ڕووبارەکە و دیمەنی خۆرنشین لەو دیو جامەکەوە. سەر دەنێم بە سەرییەوە و..هتد”؟ باشە باوکم ئەوە وتمان ئەم ڕستەیە لەوە ئاڵۆزترە”حەمەسەعید”بتوانێت لێکیبداتەوە..خۆ ئەو”مۆتیف”واتە ڕەسمەی لە ژێر ناونیشانی چیرۆکەکە چاپکراوە ئاشکرایە. بەهەرحاڵ، ئەمە بایەخێكی ئەوتۆی نییە لەوە زیاتر کە دەردەکەوێت ئەو چەند لەو بەرهەمانە وردبووەتەوە، ئینجا نووسینەکەی نووسیوە و چەند هەست بە لێپرسینەوە بەرامبەر بەو شتانە دەکات کە وتوویەتی، پووچگەرایی هەرگیز نەگەیشتووەتە ئەم ڕادەیەی گوێنەدان! هەر بۆیەیش هیچ سەیر نییە بۆ ئەو بە ژووانێكی دڵداریی بڵێت(قاپی)(ڕەحمەت)، ئەگەر هەر زانیبێتی کرۆکی چیرۆکەکە چاوەڕوانی کردنێكی دڵدارێكە! چونکە ئەو لەبەر سەرقاڵیی بە شتی ترەوە ماوەی دڵداریی کردنی نەبووە و بەلایەوە شتێكی ناهەموارە ئادەمیزادێك دڵداریی بکات، یان هەر لە چیرۆکێکدا باسی ژووانێكی دڵداریی بکات، چونکە ئەم کارە خزمەتی لایەنە فیکرییەکەی ناکات!
*ئینجا نازانم پیاو لە کاتی چاوەڕوانی کردنی دڵدارەکەیدا کە لەسەر ژووانێك لە گەڵیدا ڕێك کەوتووبێت دەبێت چ ڕۆڵێكی هەبێت، یان نەبێت، کە ئەو دەڵێت:”..بە بێ ئەوەی هیچ ڕۆڵێكی هەبێت”، بە تایبەتی ئەگەر چیرۆکەکە هەوڵدانێك بێت بۆ دەربڕینی ئەو تاقیکردنەوەیە بە گشت پەژارە و نیگەرانییەکییەوە.. تۆ بڵێیت”حەمەسەعید” داوا لەو ئاشقە بەدبەختە بکات بۆ ئەوەی”ڕۆڵی هەبێت”دەست بداتە چەکێك و بچێت دڵدارەکەی بە زۆر بەکێش بکات و هەر بە زۆری چەك گشت ڕاز و نیازێكی دڵە پەرۆشەکەی بۆ باس بکات؟!
*”حەمەسەعید”دەڵێت:”کەسێ باوەڕی بە توانای مرۆڤ هەبێت دەگاتە ئەو قەناعەتەی کە مرۆڤ دەتوانێت هەموو کۆسپەکانی بەردەمی تەخت بکات و ئەم دامودەزگایە بڕووخێنێ کە دەیکاتە بورغویەك لە ئامێرێكدا”بەڵام “جۆرج لۆکاچ”لە هەمان ڕوانگەوە دەڵێت:”خەڵکی هەموو یاریی دەستی هێزە کۆمەڵایەتییە-ئابوورییەکانن و ویست و بگرە نیازە ڕەوشت بەرزەکانیشیان هیچ کارێكی ئەوتۆ ناکاتە سەر چارەنووسیان”(٣٤). منیش لەگەڵ “هەمەنگوای”دا دەڵێم:”دەشێت ئادەمیزاد تێك بشکێت، بەڵام هەرگیز نابەزێت”. ئەمە وتەی ئەدیبێكە کەم تاقیکردنەوەی جیهانیی و تایبەتی هەبووە لە ژیانیدا خۆی تێنەهاویشتووبێت و ئەوی تریشیان وتەی خاوەنبیرێكی پێشکەوتنخوازی بەناوبانگ و لێكۆڵەرەوەیەکی سەرکەوتووە و ئەوەیش قسەی یەکێكە لەو ڕەخنە و لێكۆڵینەوە نووسانەی بوونە بە تووشی ئەدەبەکەمانەوە! جیاوازیی نێوان سەرنجی یەکلایی و ڕووکار و سەرنجی فیکریی مولتەزیم و سەرنجی قووڵ و گشتگیرانەی مرۆڤانەیش لە نێوان ئەم سێ وتەیەدا زۆر ئاشکرایە. ئینجا نازانم پێویست دەکات بڵێم ئەو قسەیەی نووسەر لەو جۆرە قسە زیاد لە پێویست خۆش باوەڕانەیە کە زیاتر بەلای گێلۆکەییدا دەدات و بۆ فریودانی ساویلکەکان دەست دەدات نەك بۆ ئەدیبێك، یان مرۆڤێك هەردوو دیوەکەی ژیان ببینێت.
*پاشان دەڵێت:”(فیکری)چیرۆکەکە لەوەدا کۆدەبێتەوە کە سەڵاح پێمان دەڵێت: هەموو ڕۆژ و مانگ و ساڵەکان وەك جەوهەر لە یەك دەچن..”باوەڕتان بێت کە ئەمەم خوێندەوە خێرا بە چیرۆکەکەدا چوومەوە، وتم نەوەکو لە چاپکردندا وەها ڕستەیەکی نووسینێكی تری تێکەوتووبێت! بەڵام دوایی بۆم دەرکەوت ئەمەیش یەکێكە لەو بۆ هەڵبەستنانەی کە چەند جارێك لەو نووسینەدا دووبارە بووەتەوە، مەبەستەکەیش ئاشکرایە بۆ ئەوەیە ئەوەی لە دواییدا وتوویەتی بیڵێت، ئەگینا وەك ڕوونمان کردەوە مەبەستی چیرۆکەکە ئاشکرایە و وشەی (فیکر)یش هەرگیز بۆ ئەم چیرۆکە دەست نادات، وەکو بۆ زۆربەی هەرە زۆری بەرهەمی ئەدەبیی و هونەریی ئەم دنیایە دەست نادات(٣٥)، ئەمەیشیان هەر ڕوونکردنەوە.
*دوایی بە هەوایەکی تر لەسەر هەمان ئاواز دەڵێت:”سەڵاح لەم چیرۆکەیدا تازەترین تەکنیکی بەکارهێناوە، بەڵام تازەگەریی و نوێکردنەوە و داهێنان ئەوە نییە تەنیا شێوە بگرێتەوە، بەڵكو بە پلەی یەکەم ناوەڕۆك دەگرێتەوە، بۆیە تازەگەریی و نوێکردنەوە تەعبیرکردنە لە فیکری پێشکەوتووخوازترین هێزی ئەم سەردەمە”. منیش لەگەڵ تێکڕای هونەرمەندانی ئەم دنیایەدا دەڵێم:”تازەگەریی و نوێکردنەوە”بە پلەی یەکەم و دووەم و سەدەمیش هەر پەیوەندیی بە تەکنیك و هونەری بەرهەمەوە هەیە(٣٦)، جا ناوەڕۆك بەلای ئەم، یان ئەوەوە چاك بێت، یان خراپ. بە پێچەوانەیشەوە هیچ ناوەڕۆكێكی بەرز نەك هەر نووسەر ناکات بە تازەگەر و نوێخواز و داهێنەر، بەڵكو نووسینیش ناکات بە بەرهەمی ئەدەبیی، یان هونەریی، چونکە دەشێت نووسەرێك بە وتارێك باشترین ناوەڕۆك و بەرزترین فیکر دەرببڕێت و نووسینەکەیشی هەرگیز نەك”تازەگەریی و نوێکردنەوە و داهێنان”نەبێت، بەڵکو ئەدەبیش نەبێت، بە پێچەوانەی ئەمەیشەوە دەشێت بەرهەمێك ناوەڕۆکێكی زۆر ئاسایی، یان بێكەڵك، بگرە تا خراپیشی هەبێت و کەچی بەرهەمەکەی تازەگەریی و نوێکردنەوە و داهێنانیش بێت..نموونەی بابەتی یەکەم گشت مرۆڤپەروەرە(نائەدیبەکان)ی دنیا دەگرێتەوە، هەر لە پێغەمبەرانەوە تا بە فەیلەسووف و سیاسیی و گشت ئەوانی تر دەگات، کە بە وتە و بە نووسین خزمەتی مرۆڤایەتییان کردووە، بەڵام هەرگیز نەبوونە بە ئەدیبیش تا بە تازەگەر و نوێکەرەوە و داهێنەری ئەدەبییان دابنێین. بۆ نموونەی”تازەگەریی و نوێکردنەوە و داهێنان”بە ناوەڕۆکی ئاسایی، پێش گشت کەسێك”گۆران”ی نەمر دەهێنمەوە، کە ناوەڕۆکی زۆر لە شیعرەکانی جوانیی ئافرەت و سروشتە و شیعر لەوەتەی هەیە بەکاریان دەهێنێت، کەچی”گۆران”ئەوپەڕی داهێنان و نوێکردنەوە و تازە- گەرییشی تیا بەدیهێناوە، بگرە”گۆران”زیاتر بە ناوەڕۆکە ئاسایییەکان نوێیی و داهێنانی وەدەست هێناوە وەك لە شیعرە بە ناوەڕۆك بەناوبانگەکانی..”هیگل”ی فەیلەسووف لەم بارەیەوە دەڵێت:”کاری هونەریی بریتییە لە لایەنە تەکنیکییە ڕووتەکەی”(٣٧). ئەگەر وا نەبێت چۆن ناوەڕۆکێکی بێكەڵكی وەك ئەوەی تابلۆی”ئافرەتانی ئەفینیۆن”ی هونەرمەند”پابلۆ پیکاسۆ”دەبێت بە”شۆڕشێکی ڕەسەن”لە هونەری نیگارکێشاندا؟!(٣٨) خۆ “ناوەڕۆکەکەی بریتییە لە پیشانگای بەر دەرگای سۆزانی خانەیەك”(٣٩)کە وێنەی چەند ئافرەتێكی ڕووتی ناشیرینن. تازەگەریی و نوێکردنەوە و داهێنان لەم تابلۆیەدا ته‌نیا لە تەکنیکەکەیدایە کە”پیکاسۆ”بۆ یەکەمجار سەرکەوتووانە شێوەی کیووبیزمیی بەکارهێناوە. ئیتر نازانم پێویست بە نموونەی تر دەکات بۆ ئەوەی بیسەلمێنین کە داهێنان بە پلەی یەکەم و ئینجایش نوێکردنەوە لەوەدایە: چۆنی دەڵێیت، نەك چی دەڵێیت؟! لایەکی تری ئەم مەسەلەیەیش ئەوەیە بەرهەمی تر زۆرن بە بێ نوێکردنەوە و تازەگەریییەکی ئەوتۆ جێگای شایستەی خۆیانیان لە دڵی خوێنەران و ڕەخنەگران و لێكۆڵەرەوانیشدا کردووەتەوە، بەڵام بە نوێکردنەوە لە قەڵەم نەدراون، ڕۆمانی “زۆربای یۆنانی”ی”نیکۆس کازانتزاکی”و”دایك”ی”مەکسیم گۆرگی”و زۆری تریش هەن لەم نموونەیەن.
دیسانەوە دەڵێم:نازانم”حەمەسەعید”ئەو قسەیەی لە کوێوە هێناوە؟ ئەگەر هی خۆیەتی بە چی دەیسەلمێنێت و ئەو نموونانەی هێنامانەوە چییان لێدەکات؟!سەرەڕای ئەمانەیش نازانم ئەو”فیکری پێشکەوتووخوازترین هێزی ئەم سەردەمە..”بەلای ئەوەوە کام قۆڵەیانە؟ و کامیان تەواو و کامیان مامناوەندیی و کامیان لە لێواری پێشکەوتنخوازییدایە؟! دواییش کێ ئەم پلەی پێشکەوتنخوازییانە دەستنیشان دەکات؟!بە هەرحاڵ، من چاوەڕێی وەڵامی ئەم پرسیارانە ناکەم، بەڵام دەڵێم هەق و ڕاستیی پێویستی بە هەرا هەرا نییە و دڵسۆزییش بە کردەوەیە نەك بە سینگ دەرپەڕاندنی سەر کاغەز..
*لە کۆتایی ئەو بڕگەیەیشدا نووسەر دێتە سەر ئەوەی دەڵێت:”..دوا سەرنجم دەربارەی ئەم چیرۆکە ئەوەیە: وەك چۆن هەوڵ دەدرێ بۆ خاوێن ڕاگرتنی دەوروبەری مرۆڤ و هەموو خێرخوازێك دژی پیسکردنی دەوروبەری مرۆڤە، ئەم جۆرە ئەدەبەش دەوری هەیە لە پیسکردنی بیری مرۆڤدا و دژایەتی کردنی ئەرکی سەرشانی هەموو خێرخوازێكە (١٣)”. هەر کەسێك ئەمە بخوێنێتەوە و بە پێی ژمارەی پەراوێزەکە کە(١٣)یە سەیری پەراوێزەکان بکات کە نووسراوە”پێشەکیی ڕۆمانی-کاتێ نەهەنگەکان کۆچ دەکەن-ی-یۆری ڕايتخيۆ-گۆڤاری ئەقلامی-ژمارە ٩ی ساڵی ١٩٨٠”، هەر کەسێك سەرنجی ئەمە بدات وا دەزانێت لە دوو خاڵەکە”:”ی دوای وشەی”ئەوەیە”وە ئەم وتەیە هی ئەو ڕۆماننووسەیە.. کەچی وایش نییە و هەرگیز ئەو ئەدیبە بەو زمانی”پیس”ـــە نەدواوە…!ڕاستە ئەو باسی “پاراستنی پاکیی سەرچاوەکانی ئاوی سازگار و جەنگەڵ و دارستانەکان و تا باڵندە و ئاژەڵە-دەگمەنەکان-دەکات”، بەڵام ئاشکرایە”یۆری ڕایتخیۆ”بناغەی پاراستنی دەوروبەر دەزانێت چییە و چۆن بە پاراستنی هاوسەنگیی سروشت بەدی دێت، نەك بە لەناوبردنی جۆرێك و زۆرکردنی جۆرێكی تر-وەك ئەم وای لێكردووە-چونکە زانستی دەوروبەر پاراستن-هەر بۆ نموونە دەڵێم-دەڵێت:ئەگەر لە ناوچەیەکدا ئاژەڵە گۆشتخۆرەکانت قڕکرد، ئاژەڵە گیا و گۆڵ خۆرەکان زۆردەبن و کاردەکەنە سەر سەوزایی زەویی و لە دواییدا ناوچەکە دەڕووتێتەوە و ئاژەڵە گیا خۆرەکانیش لەناودەچن. چونکە سروشت بە درێژایی هەزاران ساڵەی تەمەنی جۆرە هاوسەنگییەکی بۆ خۆی دروستکردووە و گشت دەستکارییەکی لەلایەن ئادەمیزادەوە دەبێت بە هۆی سەنگەلابوون و لە دواییشدا هەرەس هێنانی و قاتوقڕیی..ئەم مەسەلەیە لایەنێكی تریشی هەیە، ئەویش لەوتاندنی هەوا و ئاوە بە دووکەڵی کارگەکان و دەرمانە کیمیاوییەکانی لەناوبردنی مێرووی زیانبەخش بە کشتوکاڵ و تەندروستیی، ڕاوەستان لە ڕووی ئەم لایەنەیش وا دەگەیەنێت کارگەکان دابخرێن و لێگەڕێن کوللـە و مێرووی تر وەك جاران کشتوکاڵ بخۆن. ئەمەیش دەبێت بە هۆی گێڕانەوەی مێژوو بۆ دواوە و دواکەوتنی پیشەسازیی و کشتوکاڵ و زیاتر برسیی کردنی کرێكاران و جوتیاران.. بە هەرحاڵ ئەم مەسەلەی پاراستنی دەوروبەرە زۆر لەمە زیاتری دەوێت و منیش داوای لێبوردن لە خوێنەران دەکەم کە هەندێك لە مەسەلەی ئەدەبەکە دوورم خستنەوە، بەڵام مەبەستم ڕوونکردنەوەی نەزانیی و بە هەڵەدا بردن و چەواشەیی زانیارییەکانی نووسەرە. “یۆری ڕایتخیۆ”ئەم مەسەلە سروشتییە زۆر شارەزایانە و بە زمانێكی ناسك و”شاعیرانە”دەباتە سەر ئەدەب و دەڵێت:”بەڵام ئادەمیزاد ژیانی ناوەوەیشی هەیە، کە ژیانە ڕووحیی و فیکریی و هونەریییەکەیەتی”(٤٠)، واتە جگە لە بەرژەوەندییە ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و ئەوەکانی تر، ئادەمیزاد ئەو لایەنە ناوەوەیییانەیشی هەیە و بایەخدانی یەکلایی بە دیوی دەرەوەی ئادەمیزاد ئەو لایەنانە”لە دنیای تازەدا تووشی لەوتان و ڕووتانەوە و شێواندنی ئەنقەست دەکات..”بۆ نموونەی ئەمەیش”ئەدەبی توندو تیژیی و ڕقەبەرایەتیی و ڕەگەزپەرستیی”لە وڵاتە ڕۆژئاوایییەکاندا دەهێنێتەوە. ئەم بۆچوونەیش هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ مەبەستی بەرهەمەکانی”ئەلبێر کامۆ”و “ساموێڵ بێكیت”و ئەو دوای پێشەڕەوەکاندا نییە(٤١)، کە لێرەدا “حەمەسەعید”دەیەوێت چیرۆکەکەی من بداتە پاڵیان و لەو ڕێگایەیشەوە بەوپەڕی”توندوتیژیی و ڕقەبەرایەتییەوە”-کە”یۆری ڕایتخیۆ”نەفرەتی لێدەکات، هەر بە دەمی ئەوەوە-ئەدەبی دژ بە شارستانیی ڕووکەش و ئادەمیزاد بە بورغوکەر بە زمانی”پیس”باس دەکات..نازانم تۆ بڵێیت ئەم داوا لەو نووسەرانە بکات لەناو ئەو زەلکاو و ناهەمواریی و لەوتاویییەوە ئەدەبێكی پڕ لە گوڵ و گوڵزار و شێنەیی بهێننە بەرهەم و چاو لە ئاستی ئەو ژیانە نامرۆڤایەتییە بچووقێنن و هەر بە خەیاڵ بڵێن: ئۆخەی دنیا چەند خۆش و ڕەنگینە! یان مێروولە هەر پێی خۆشە بچێت بەگژ قوللـەی قافدا؟!


*”ئەرستۆ”ی فەیلەسووف دووهەزار ساڵ زیاترە وتوویە:”تا زۆرتر بزانم، زیاتر بۆم دەردەکەوێت کە کەمتر دەزانم “.”حەمەسەعید”یش دیوەکەی تری ئەم وتەیە دەچەسپێنێت، کە ئەویش لە خۆ ڕازیبوون و خەڵکی بە هیچ نەزانە، بۆیە وەکو بەرپەرچدانەوەیەکی وتە چڕوپڕ بە پێستەکەی “حوسێن عارف”دەربارەی چیرۆکی “ڕەشەڕاو” (٤٢)ی “سەلام محەمەد”کە وتوویە:”شێوەی موناجات و مۆنۆلۆژە ناوخۆکە لە دەربڕینی مانا و مەبەستدا یاریدەی زۆر داوە..”(٤٣)، ئەم بە نیمچە دڵنیاییییەکەوە دەڵێت:”من پێموایە چیرۆکەکەی سەلام شتێكی تەقلیدییە، بەڵام بە شێوەیەکی نوێ نووسیویەتی، بۆیە نوێترین تەکنیك ئەو باسە تەقلیدییە ناکاتە کارێكی ئەدەبیی سەرکەوتوو”، بەر لەوەی لەم قسەیە وردبینەوە، بابزانین وشەکانی چەند لە جێی خۆیاندان: جارێ نووسەر بە “پێموایە”قسە دەکات، واتە زۆر دڵنیا نییە و هەر بە قیروسیا وتوویەتی. لێكۆڵینەوە بناغە و بنچینەی زۆی هەیە و ناشێت وەکو مەتەڵ هەڵهێنان بنووسرێت، بەڵام بە هەرحاڵ لە سەرەتاوە دەزانین نووسینەکە لێکۆڵینەوە نییە و با ئەمەیش بچێتە پاڵ ئەوەکانی تر. جگە لەمەیش وشەی”تەقلیدیی”وەکو وشەی”فۆتۆگرافی”بە جۆرێك بەکار هێنراوە کە هەرگیز وا ناگەیەنێت. خۆ ئەگەر بە”تەقلیدیی”مەبەستی بابەتی چیرۆکەکە بێت، ئەوە بێگومان هەڵەیە و هیچ بابەتێك نییە”تەقلیدیی”بێت ئەگەر دەربڕینەکەی سەرکەوتووبێت، ئەگەر وا نەبێت چی لە دڵداریی و بە جوانیی ئافرەت و سروشتدا شیعر وتن و لاواندنەوە تەقلیدیی تر هەیە، کە”گۆران”بەرزترین شیعریشی پێ وتوون. ئەمەیش ئەوەندە ئاشکرایە پێویست بە نموونە هێنانەوە ناکات. خۆ ئەگەر مەبەستیشی شێوەی ئەو چیرۆکەیە، ئەوە هەر هەڵەیە، چونکە”تەقلیدیی”واتە لاسایی کردنەوەی ئەو شێوانەی ئەوەندە بەکارهێنراون گیانیان تیا نەماوە..ئەمە لە چیرۆکدا ئەو شێوەیە دەگرێتەوە کە مەرجە باوەکانی چیرۆك پەیڕەو دەکات. وەك سێ قۆناغەکەی سەرەتا و لوتکە و کۆتایی. سەرەڕای ڕووداو و پاڵەوان و کات و شوێنێکی دیار و چەند وردە شتێكی تر. جا نازانم تۆ بڵێیت چیرۆکی”ڕەشەڕاو”وەها بێت؟!..نەخێر. بگرە هەر لە شێوە کەم ناسراوەکانی چیرۆکە و ئەگەر “حوسێن عارف”سەرنجی بۆ”شێوەی موناجات”(٤٤)-کە لقە تەکنیکێکی زۆر تایبەتی و تەسکی شەپۆلی هۆشە(٤٥)-ڕانەکێشایە، ڕەنگ بوایە نەك هەر بە تەقلیدیی دانەنرایە، بەڵكو لەسەر چیرۆکی ئاساییش حیساب نەکرایە.. ئەگەرچیش”د.شۆ”ڕای وایە هەر نووسینێك شیعر نەبێت چیرۆکە.
*”حەمەسەعید”کە دەڵێت:”بە شێوەیەکی نوێ نووسیویەتی”، لەگەڵ ئەوەیشدا ئەم قسەیە زۆر گشتییە و کەم بەرهەمی ئەمڕۆ ناگرێتەوە و لەگەڵ ئەوەیشدا خۆی واتەنی”ماڵی بێ دانە”، بەڵام بۆ نەگبەتی ئەم چیرۆکە ناگرێتەوە! چونکە شێوەی”موناجات”ڕەگێکە لەو ڕەگانەی تەوژمی هۆش لەسەری ڕواوە. تەنانەت شاعیری مەزنمان”ئەحمەدی خانی”ش نۆسەدساڵ بەر لە ئێستا لە کۆتایی”مەم و زین”ـــەکەیدا بەکاری هێناوە و هەر بە هەمان زمانی کەسی دووەم-واتە صیغەی مخاطبە-وەك چۆن “سەلام محەمەد”لەگەڵ خۆیدا دەدوێت، “خانی”ش ئاوەها لەگەڵ قەڵەمەکەیدا-کە هەر خۆیەتی-دواوە و وتوویە:
ئەی ڕاکیبی واقیعی پیادە
وەی عاشقی صەفحەی دەسادە..هتد
*ئەم شێوەیە زیاتر ناخ و نیگەرانیییەکانی پاڵەوان-نووسەری پێدەردەبڕدرێت و”ولیەم فۆکنەر”ڕووداوی ڕۆمانی “لەو کاتەدا کە بە گیانەڵایی ڕادەکشێم”ی بەم شێوەیە داڕشتووە، “ڤێرجینیا ووڵف”یش ڕۆمانی “شەپۆلەکان”ی هەر بەم شێوەیە نووسیوە. “سەلام محەمەد”یش توانیویەتی بەم شێوە هونەرییە سەودایی شاعیرێکمان بۆ دەرببڕێت کە بە درێژایی ڕۆژێك لە پلەیەکی شاعیرانەی هەستونەستدا دەژێت و لە بیرکردنەوە زیاتر هیچ کارێكی تری نییە و دیارە قوتابییەکی ڕۆشنبیرە و یەکەم ڕۆژی پشوودان گەڕاوەتەوە بۆ دێیەکەی خۆیان..ئەم پاڵەوانە لەو ڕۆژەدا وا هەست دەکات زۆر لە”فۆتیس”ی پاڵەوانی”مەسیح سەرلەنوێ لە چوارمێخە دەدرێتەوە”ی”نیکۆس کازانتزاکی”یەوە نزیکە و هەندێك ناوی تریشی بە مێشکدا دێت کە ئەوانیش هەریەکە و لە لایەکەوە لەم پاڵەوانەوە نزیکن، بەمەیش نووسەر تیشکێكی زۆری بەو چەند ناوە خستووەتە سەر ناخی پاڵەوانەکەی. ئیتر نازانم”عەرزی عەزەڵات”و کێشەی نێوان هەژاران و چەوسێنەران و ئەم بابەتە قسانەی “حەمەسەعید”دەربارەی ئەم چیرۆکە نووسیویەتی چی پەیوەندییەکی بە کرۆك و مەبەستی ئەم چیرۆکەوە هەیە؟! ئەمەیە پێی دەوترێت: “گوڵ بە پەیین لێکدەداتەوە”(٤٦). ئەو ڕستەیەی ئەو دەستەویەخەی بووە و بە ئامان و زەمان لێی نابێتەوە، ته‌نیا ئیشارەتێكە بۆ نەریتێکی کوردەواری و دیارە ئەو گۆشت و برنجە بە بۆنەی گەڕانەوەی پاڵەوانەکەوە لێنراوە و ئاشکرایە حاڵی ئەمانیش لە حاڵی ماڵی”پوورە مەنیج”هیچ باشتر نییە، ئەگینا بەلای ماڵێکەوە ئەوە خواردنی ئاسایییان بێت هەرگیز ئەوەندە بە بایەخەوە سەیر ناکرێت تا ناوی ببرێت و دراوسێی پێ بیربکەوێتەوە و بەشیانی لێبدرێت. جا لەبەر ئەوەی نەك ئەم چیرۆکە، بەڵکو هەرچی ئەدەب و هونەری دنیا هەیە تاقە منداڵێكی لە برسێتیی پێ ڕزگار ناکرێت(٤٧)..بۆیە بە پێویستی نازانم لەمە زیاتر لەسەری بڕۆم.


*”حەمەسەعید”دەربارەی چیرۆکەکەی “موحسین ئاوارە”دەڵێت:”من هەرچەندە لەگەڵ ئەوانەدا ڕێکناکەوم کە لە هەڵسەنگاندنی هەموو کۆمەڵە چیرۆکێكدا یەکە یەکە چیرۆکەکان کورت دەکەنەوە و..هتد”، جارێ ئەو کارە لە ڕەخنە و لێكۆڵینەوەدا کورت کردنەوەی پێناوترێت، بەڵكو گێڕانەوەی حیکایەتی چیرۆکەکەیە بە کورتی، لەگەڵ شیکردنەوە و ڕوونکردنەوەی هەندێك لایەنی سەرەکی لە چیرۆکەکەدا بۆ دەرخستنی کرۆکەکەی. کورت کردنەوە ته‌نیا بۆ ڕۆمانە درێژەکان دەبێت، کە ئەویش زیاتر کارێكی بازرگانییە، بەڵام کورتە چیرۆك خۆی کورتە ئیتر چۆن کورت دەکرێتەوە(٤٨)؟!جگە لەمەیش وەنەبێت ئەمە بە کارێكی شێواندنی بەرهەمەکە دابنێت، بەڵكو بە کارێكی ئاسان و”ماڵی بێ دانە”ی لە قەڵەم دەدات، کەچی گەورە ڕەخنەگران بە خۆیاندا ڕانابینن ئەم کارە بکەن، چونکە دەزانن بەرهەمەکە ئەوەیە کە بەو شێوەیە دەربڕاوە و هیچ داڕشتنەوە و گێڕانەوەیەکی چیرۆکەکە نابێت بەو بەرهەمە خۆی، چونکە چیرۆك حیکایەت نییە تا هەر کەسێك بە ئارەزووی خۆی بیگێڕێتەوە. ئەم سەرنجەیش بۆیە بە پێچەوانەی ڕای گشت گەورە ڕەخنەگرانەوەیە چونکە لە یەکێكەوەیە شتە هەرە باو و گشتییەکانی ڕەخنەیشی پەیڕەو نەکردووە..دیارە بێگومان دیاردەیەکی نوێیە لە ڕەخنە و لێكۆڵینەوەدا تا ئەو ڕادەیەی هیچ پەیوەندییەکی پێیانەوە نەماوە! وەکو ڕوونیشمان کردەوە نووسەر بە درێژایی نووسینەکەی یەك خاڵی نەگرتووە”ماڵی بێ دانە”نەبێت و کەچی لە هیچیشیاندا بۆی نەهاتووە، بەڵام کە هەندێك لەو چیرۆکانە باس ناکات، یان لەبەر ئەوەیە ئەوەندە لێیان وردنەبووەتەوە تا بزانێت چی دەڵێن، وەك لە”کڵاوقووچ”و”چاوەڕوانیی”و “ڕەشەڕاو”دا دەرکەوت وەهایە، ئەمەیش چونکە ئەو پێشوەخت بڕیاری خۆی داوە چی دەربارەیان بنووسێت و ئیتر هەقی بەسەر ڕاستیی و ناڕاستییەوە نەبووە..یانیش-ئەگەر زۆر نیازپاك بین-دەبێت بڵێین نەیتوانیوە لێیان تێبگات، لەم حاڵەتەیشدا نەدەبوو لەسەریانی بنووسیبایە. خۆ ئەگەر ئەم دوو ئەگەرەیش نەبێت، ئەوە خراپتر، چونکە دیارە دەزانێت چیرۆکەکان چییان دەربڕیوە و گێڕانەوەیان چەندیش بشێوێنرێت هەر سەرنجێكی وەها بە خوێنەر دەدات کە ڕاستیی و ناڕاستیی قسەکانی ئەویان بۆ دەربکەوێت!


*”حەمەسەعید”کە دەڵێت:”..مەبەستی نووسینەکە لە چوارچێوەی ڕاژەی ئەدەبی ڕەسەنی کوردی نەچۆتە دەرەوە و هێرش بردنی ناڕەوای بۆ سەر هیچ شاعیرێ نەکردۆتە دروشم”، خۆی زۆر چاك زانیویەتی کە ئەو پاکانەیە زۆر پێویستە و گشت کەسێك تێدەگات مەبەستی ئەو نووسینەی ئەو ڕێك بەو شتانە گوناهبار دەکرێت کە دەیەوێت هەروا بەو قسەیە لە خۆی بتەکێنێت، ئەگینا چ پێویستی بە وتنی ئەوە دەکرد؟! چونکە ئەگەر وەها نەبوایە ئەو هەموو ئاوەژوو کردن و بۆهەڵبەستنەی بۆچی بوو؟! ئەمە جگە لەوەی ئەگەر ئەو چیرۆکانەی من و :”شێرکۆ بێکەس”و” “سەلام محەمەد”وەهابوون. خۆ هەر یەکە و چەند چیرۆکێكی تری بڵاوکراوەمان هەیە..بەڵام دڵنیام ئەوانیشی بە دەردی چیرۆکەکانی “عەبدوڵڵا عەباس”هەر بە یەك گوناهـ تاوانبار دەکرد، کە وابوو مەسەلە خاوەنی چیرۆکەکانە و هەلێكی ساکارە بۆ ناو زڕاندنیان، کە وەکو دەریش کەوت بەسەر خۆیدا کەوتەوە. چونکە ئەم دیکتاتۆرییەتەی هەر وا بە ئارەزوو ئەم پاداشت دەکات و ئەوی تر لەناودەبات، ئەگەر لە گشت کۆڕێکیشدا جێگای ببێتەوە، لە کۆماری ئەدەبدا جێگای نابێتەوە.

———————————————

سەرچاوە و پەراوێزەکان
١-بۆ نموونە لەم ڕووەوە بڕوانە: گۆڤاری “الثقافة الاجنبية”ژمارە”٢”١٩٨١، “ر‌أیان في باسترناك”.ل”٦٦”.
-“مایکۆڤسکی”کە شاعیرێكی”فیووچەریستیی”بوو لە تەمەنی”٣٧”ساڵیدا خۆی کوشت، بەر لەوە وتوویە: “پاپۆڕی خۆشەویستیی خۆی لەسەر تاشەبەردەکانی ژیانی ڕۆژانەدا تێكشکاند”.
-خاتو”تسڤێتایێڤا”پاش ماوەیەكی دوورودرێژ لە دوورخستنەوە گەڕایەوە، لە ئەنجامی تووشبوونی بە کۆمەڵێك کارەساتەوە لە سەرەتای جەنگدا خۆی کوشت.
-“یاشفیلی”شاعیرێكی جۆرجییە، لە”٤٢”ساڵیدا خۆی کوشت.
-“ڤادیێیف”پەسەندترین شاعیر بوو بەلای”ستالین”و”ژدانۆف”ـــەوە، پاش ئەوەی لەلایەن هاوڕێ نووسەرەکانییەوە لە سەردەمی”توانەوە”دا تووشی ڕەخنەی توندوتیژ بوو، لە ساڵی ١٩٥٦دا خۆی کوشت.
-“بۆریس پاستەرناك”شاعیر و ڕۆماننووسە، دوای بڵاوکردنەوەی ڕۆمانی”دکتۆر ژیڤاگۆ”-کە خەڵاتی “نۆبڵ”ی وەرگرت-ویسترا دووربخرێتەوە، دوای مردنی مۆری لەعنەتی لەسەر هەڵگیردرا.
-“یەسینین”لە کۆمەڵە شیعری”کۆمەڵێك شیعری هەڵبژاردە”ی وەرگێڕانی”حەسەب ئەلشێخ جەعفەر”دا دەڵێت: “من وەك شاعیرێكی ڕۆمانتیکی ناتوانم بە کاروانی شیعری شۆڕشگێڕیدا بگەم”ل”٢٣”، چونکە “کەشتییەکە حاڵی ئێجگار بەربادە”. پاشانیش خۆی کوشتووە.
٢-گۆڤاری”الأقلام”ژمارە”٩”، حوزەیرانی ١٩٨٠،ل”٧٣”.
٣-سەرچاوەی پێشوو.
٤-“دراسات في الواقعية الاوروبية”، “جورج لوکاتش”وەرگێڕانی”أمير اسکندر”، بەشی یەکەم، ل”٤٣-٦٩”.
٥-“یسینین، قصائد مختارة” وەرگێڕانی “حسب الشيخ جعفر”، ل “١٢٣”.
٦-گۆڤاری “بەیان”، ژمارە”٦٩”، شوباتی ١٩٨١، ل “٣٧”.
٧-سەرچاوەی پێشوو. لێرە بەدواوە پەنجە بۆ ئەم سەرچاوەیە درێژ ناکەین چونکە ئاشکرایە.
٨-گۆڤاری”ڕۆشنبیری نوێ”، ژمارە “٤٥”، تشرینی دووەمی ١٩٧٥، بەشە عەرەبییەکەی، ل”١١”، “انطباعات سريعة عن قصص العدد الماضي”.
٩-گۆڤاری”نووسەری کورد”، ژمارە”٥”، خولی دووەم، تشرینی دووەمی ١٩٨٠، “شیعر لە نێوان لەززەت و هەڵوێستا”، “حەمەسەعید حەسەن”، ل”١٣٢”.
١٠-کۆمەڵە چیرۆکی”کوێرەوەری”،”بلە”، ل”٧٥”.
١١-گۆڤاری”بەیان”، ژمارە”٤٢”، “چیرۆکەکانی ژمارەی پێشووم خوێندەوە””حوسێن عارف”، ل”٤٢”.
١٢-کۆمەڵە چیرۆکی”کوێرەوەری”، ل”٤٧”.
١٣-بڕوانە پەراوێزی ژمارە”٨”.
١٤- بڕوانە پەراوێزی ژمارە”١١”.
١٥-کۆمەڵە چیرۆکی”بە پەنجەکانم دەتبینم””دڵشاد محەمەد ئەمین”، ل”٥٣”.
١٦- بڕوانە پەراوێزی ژمارە”٨”.
١٧-گۆڤاری”ڕۆشنبیری نوێ”ژمارە”٧١”، تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمی ١٩٧٨، ل”١١”.
١٨-کۆمەڵە چیرۆکی”زليخة..البعد يقترب”،”جليل القيسي”، ل”٤٥”.
١٩-“الرواية کملحمة بورجوازية”،”جورج لوکاش”وەرگێڕانی”جورج طرابيشي”، ل”١٣”.
٢٠-سەرچاوەی پێشوو، ل”٧٢”.
٢١-سەرچاوەی پێشوو، ل”٧٣”.
٢٢-“تيار الوعي في الرواية الحديثة”،”روبرت همفري”، وەرگێڕانی”دکتور محمود الربيعي”، ل”٤٤”.
٢٣-گۆڤاری”بەیان”ژمارە”٤٤”ی تشرینی یەکەمی ١٩٧٧، ل”٥٨”.
٢٤-گۆڤاری”الآداب الأجنبية”ژمارەی چوارەم، ساڵی پێنجەم، نیسانی١٩٧٩”هل کان همنغواي بطل رواياته ؟!”، ل”٤٦”، “فیلیپ يۆنگ”دەربارەی”پیرە و دەریا”لە ل”٥٩”دا دەڵێت:”دەشێت ئەو ڕۆمانە وەکو چیرۆکێکی ڕەمزیش بخوێنرێتەوە، کە سەرتاپا وێنەی کەسێتیی نووسەرەکەیەتی..”. شایانی باسیشە “زادوق ئادەم”ئەم لێکۆڵینەوەیەی کردووە بە کوردی و لە “هاوکاری”ژمارە”٥٨٦”و”٥٨٧”دا بڵاوی کردووەتەوە.
٢٥-“موسوعة جیمس جویس”،”د.طه محمود طه”لە ل”٣٧٣”دا دەڵێت:”باوکەکە لێرەدا ڕەمزی ئەو هونەرمەندەیە(شەکسپیر، یان جۆیس)کە خۆی دەخاتە ناو کارە هونەرییەکانییەوە..”.
٢٦-“مارسیل بروست و التخلص من الزمن”وەرگێڕانی”نجيب المانع”، خاتو”جێرمین برێ”لە ل”١٨”دا دەڵێت:”ڕۆمانی(گەڕان لە کاتە ونبووەکە) زۆر توندوتۆڵ بە ژیانی نووسەرەکەیەوە بەستراوەتەوە تا ڕادەیەك گشت ئەو ڕووداوانەی باسی دەکات لەو ڕووداوە واقیعییانەوە هاتوون کە لە ژیانی (پڕوست) خۆیدا ڕوویان داوە”.
٢٧-بڕوانە پەراوێزی ژمارە”٢٥”.
٢٨-“نحو رواية جديدة”، “ئالان ڕۆب گرێ” وەرگێڕانی”مصطفى ابراهيم مصطفى”. نووسەر لە ل”٢٦”دا دەڵێت:”مەوزووعییەت بە واتا باوەکەی، واتە ناخودییەکی ببڕای ببڕ لە سەرنجداندا شتێكی خەیاڵییە”.
٢٩-“جماليات المکان”،”جاستون باشلار”وەرگێڕانی”غالب هلسا”،”هۆسرل”ی فەیلەسووف لە ل”١١”ی ئەو کتێبەدا دەڵێت:”مەوزووع نییە بە بێ خود”.
٣٠-گۆڤاری”ڕۆشنبیری نوێ”، ژمارە”٦٤”ی ١٩٧٨، ل”٢٥”.
٣١-“تيار الوعي في الرواية الحديثة”ل”٤٩”.
٣٢-سەرچاوەی پێشوو، ل”٤٦”و”٤٩”.
٣٣-بۆ زیاتر زانین بڕوانە سەرچاوەی پێشوو، بەشی دووەم”جۆرەکانی تەکنیك”ل”٤٢-٨٥”.
٣٤-“الرواية کملحمة بورجوازية”، ل”٦٠”.
٣٥-أشکال الرواية الحديثة”،”فردريك ج. هوفمان”لە “ألدوس هیکسلي و رواية الافکار”ل”٢٥٢”ی ئەو کتێبەدا دەڵێت:”عەیبی سەرەکیی لە ڕۆمانی فیکردا لەوەدایە کە پێویستە لەسەرت دەربارەی خەڵكێك بنووسیت بیروباوەڕی ئەوتۆیان هەبێت دەری ببڕن. ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێت گشت خەڵكی لابدەیت و ته‌نیا یەك کەس لە هەزاردا لە خێزانی مرۆڤایەتی بگریت”. لە ل”٢٦٣”یشدا دەڵێت:”کاتێك وتارنووس هەوڵدەدات گیانێك بکات بە بەر بیروڕاکانیدا، ڕۆمانی فیکر سەر هەڵدەدات”.
٣٦-“کاکە مەم بۆتانی” دە ساڵ بەر لە ئێستا ئەمەی لە گفتوگۆیەکدا لە ڕۆژنامەی”هاوکاری”دا وتووە، بەڵام داخەکەم ئەو ژمارەیەم لەبەر دەستدا نەبوو تا ژمارە و مێژووەکەی دابنێم.
٣٧-“المدخل الى علم الجمال”، وەرگێڕانی”جورج طرابيشي”، ل”٦٤”.
٣٨-“واقعية بلا ضفاف”، “روجيه غارودي”وەرگێڕانی”حليم طوسون”ل “١٠٥-١٣٥”.
٣٩-سەرچاوەی پێشوو، ل”٣٥”.
٤٠-گۆڤاری”الاقلام” ژمارە”٩”ی ساڵی ١٩٨٠، پێشەکی ڕۆمانی”عندما تغادر الحيتان”، ل”١١٢”.
٤١-بۆ نموونە بڕوانە شانۆگەریی”سوء تفاهم”و”چاوەڕوانیکردنی گۆدۆ”.
٤٢-گۆڤاری”بەیان” ژمارە”٤٠-٤١” ئازاری ١٩٧٧، ل”٦٦”.
٤٣-بڕوانە پەراوێزی ژمارە”١١”.
٤٤-“تيار الوعي في الرواية الحديثة”، “روبرت همفري” لە ل”٥٨”دا دەڵێت:”موناجاتی دەروون”یان ڕازو نیاز لەگەڵ خۆدا-ئەگەر بشێت وەهای ناوبنێین-“تێکەڵ کردنێكی سەرکەوتووانەیە لە شەپۆلی هۆش و لە کرداری دەرەوە”. لە ل”٥٦”یشدا دەڵێت:”ئەم تەکنیکە ناوەوەی زەین و کارە زەینییەکانی پاڵەوانەکە ڕاستەوخۆ لە پاڵەوانەوە بۆ خوێنەران دەردەبڕێت، بەڵام بە جۆرێك کە وەها دانرابێت جەماوەرێكی بێدەنگ هەیە”،” مەبەستیشی گەیاندنی هەست و نەست و بیرە پەیوەندەکانە بە داڕشتنە هونەرییەکە و کردارە هونەرییەکەوە”.
٤٥-“چوار جۆرە تەکنیکی سەرەکی هەیە لە شەپۆلی هۆشدا بەکاردەهێنرێن ئەوانەیش: مەنەلۆژی ناوەوەی ڕاستەوخۆ و مەنەلۆژی ناوەوەی ناڕاستەوخۆ و وەسف لە ڕێگای زانیاریگەلێکی ئێجگار زۆرەوە و ڕازونیاز لەگەڵ خۆدا”..سەرچاوەی پێشوو، ل”٤٢”.
٤٦-“جماليات المکان”، “جاستون باشلار”، ل”٣١”.
٤٧-“قضايا الرواية الحديثة”، “جان ريکاردو” وەرگێڕانی”صياح الجهم”، ل”١٨ و ١٩”.
٤٨-“عشر روايات خالدة”، “سومرست موم”، پێشەکییەکەی، ل”١٣”.

*سەرچاوە: گۆڤاری بەیان، ژمارە(٧٢)، ١٩٨١. ل: ٢٠-٣٩.




هەموو ڕۆژێك لە ژووانی كتێبدا.. سەدیق سەعید ڕواندزی

                                      
                                                                                  

هەفت ساڵ زیاترە، سەیری هیچ كام لە تیڤی و كەناڵە ئاسمانییەكان ناكەم و گەیشتوومەتە ئەو بڕوایەی، مەعریفە تەنێ لە نێو كتێب و دنیای خوێنەوەدایە، بۆیە سێ لە سەر چواری ژیانی ڕۆژانەم، بە كتێب و خوێندنەوە بە سەر دەبەم و هیچ كات ئامادەنیم گوێ لە گفتوگۆی بە ناو ڕووناكبیرێك لە كەناڵێكی ئاسمانی بگرم، كە ڕۆژێك گۆڕانە، ڕۆژی دواتر نەوەی نوێ، ڕۆژی سێیەم پەسنی ئیبسلامییەكان دەدا یاخود بە دەنگی بەرز ڕەخنە لە حكومەت دەگرێت و بڕوای وایە گەندەڵە، كەچی خۆی بە پلەی عەقید مووچەی حانەنشینی سەربازیی لە حكومەتە گەندەڵە وەردەگرێت ! ئامادە نیم كاتەكەم بۆ هونەرمەندێكی نەناسراوی كورد، كە لە دە كەس نۆ كەس نایناسن تەرخان بكەم، كە لە ترسی ژنەكەی وازی لە گۆرانی گوتن هێناوە، یان گوێ بدەمە گفتوگۆی بە ناو بیرمەندێك، كە بڕوای وایە ژنەكەی دەست و پێیەتی و هەموو شتێكیەتی لە ژیان، ئەی ئەوانەی بە نموونە وەك من ژنیان نییە؟ دەبێ ناتەواو بن و مرۆڤ نەبن؟ ئەم جۆرە بەرنامە و گفتوگۆ بێ مانایانەی كەناڵەكان، شایەنی ئەوە نین ڕۆشنبیر كاتی خۆیانی پێ بە هەدەر بدات. من بە سرووشت شەوان زۆر زوو دەنووم، هەندێكجار كاتژمێر هەشت بە تایبەتیش زستانان، ئەمە دەستووری خەوی ژیانی منە لە هەر چوار وەرزەكەدا، كە هیچ كام لە تۆڕە كۆمەڵایەتی و چات و فەیسبووك و ئەم جۆرە پەیوەندییانەشم نییە تاكو تا بەرەبەیان لە سەر هێڵ بم، بۆیە زوو دەنووم بە یانیانیش كاتژمێر پێنچ لە خەو هەڵدەستم. دوای هەستانم، دەچمە ژوورەكەم و یەك بە یەك تۆزی سەر كتێبەكانی نێو كتێبخانەكەم دەتەكێنم و پاشان دەست بە خوێندنەوە دەكەم، تا ئەو كاتەی برسی دەبم و ئینجا چایەك ئامادە دەكەم و نان دەخۆم، بێ ئەوەی دایكم و خوشكەكەم لە خەو بكەم . تەنانەت گەر دەوامی قوتابخانەشم هەبێت و دەڵێم بۆچی ئەوان لە خەو بكەم لە كاتێكدا خۆم بە ئاگام؟ مەگەر ژن خزمەتكاری پیاوە؟ ئیدی ئەمە بەرنامەی ڕۆژانەی ژیانی منە و هەر كتێبێك نۆرەی هاتبێت دەیخوێنمەوە و هەندێ جاریش لە سەر داخوازی نووسەران و هاوڕێیان، ڕێزبەندییەكە دەگۆڕم چونكە لوتف دەنوێنن كە كتێبەكەیان زوو بخوێنمەوە و گەر سەرنجێكم هەبێت، بۆیانی بنووسم. لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا، دووكتێبی دكتۆر (كەمال میراودەلی)م خوێندنەوە بە ناوەكانی:( فەلسەفەی ئەز و ئەریكۆلۆژی فۆكۆ) ئەم دوو كتێبە، بە زمانێكی كوردییانەی یەكجار جوان و ڕەوان نووسراون و هەوڵێكی سەركەوتووانەی بە كوردیكردن و كورداندنی فەلسەفەن و ئاماژەیەكی گرنگن بەوەی كە زمانی كوردی لەو زمانانەیە، دەتوانێت لە فەلسەفە بدوێت . لە نێوەندی ئەدەبی كوردیا، گەلێك نووسەر و هەوڵی ناساندنی كاری فەلسەفیانە هەن و دەبینرێن، بەڵام بەدەگمەن ئەو كارانە، لە ڕووی بابەتی و زمانییەوە دەتوانن فەلسەفە لە خوێنەری كورد كە تەنها زمانی كوردی دەزانێت بگەیەنن، بۆیە ئەم دوو كتێبە، بە زمانێكی جوان و ڕەوان، بابەتەكانی خود و ڕەهەندە فەلسەفییەكانی فۆكۆ باس دەكات و دوای تەواوبوونیان، هەست دەكەی زانیارییەكی زۆرت لە بارەی بە نموونە فۆكۆ، دەست كەوتووە، پێچەوانەی ئەوانەی سەدان لاپەڕەی لە سەر دەنووسن، بێ ئەوەی دواجار تێمان بگەیەنن فۆكۆ كێیە و كارەكانی چین؟ بۆیە ئەوەی لە كتێبەوە دەست دەكەوێت، مەحاڵە لە بەرنامەی پێشكەشكارێكی نەخوێندەوار و دەستت بكەوێت، كە لە خولەكێكدا دەیان جار لە بێ مەعریفەی زمانی وشەی (باشە باشە) بەكار دێنێت! كەواتا تا كتێب هەبێت، من چۆن ئامادە گوێ لە بەرنامەی نێرێك بگرم، كە سنگی ژنان بە شووتی و لیمۆ دەچوێنێت ! چۆن گوێ لە پێشكەشكارێكی سەر ڕووتی هەواَلەكانی كەناڵێك دەگرم، كە مووچەكەی دە بارتەقای مووچەی منە، كە سی ساڵە مامۆستام. ئەو كەناڵ و تیڤییانەی بە پارەی نەوت و داهاتی ئەو میللەتە پەخش دەكرێن، نەك هەر نابێ سەیر بكرێن، بەڵكو دەبێ بایكۆتیش بكرێن. كۆمەڵگەی ئێمە، خراپ ئاڵوودەی شاشە بە هەموو جۆرەكانییەوە بووە، شاشەش جۆرە خوێنەرێكی ڕاگوزە ر و تێپەڕو بیرنەكەرەوە دروست دەكات، بۆیە هوشیار نابێتەوە. بە كولتوریكردنی خوێندنەوە، هەنگاوەكانی هوشیاربوونەوەی كۆمەڵگە، مەعریفەی ڕاستەقینە لە نێو كتێب دایە، نەك بەرنامە بێ ماناكانی تیڤییەكان، كە فۆكسیان هەر لە سەر كەباب و زەڵاتە و كوڵیچە و شیرینی و پرسیاری كەسی بێ مانایە !

ڕواندز




خەبـات لە پـێـناوی ئازادیـدا.. رەزا شـوان

لە سەرهـەڵـدانی مـرۆڤـەوە، بـە درێـژایی مێـژوو، ئـازادی گـرنگـتریـن و پێویـستـریـن پێویستی هەر مرۆڤێکە بەبێ جیاوازی. یەکێکە لە گەورەترین بەها مرۆییەکان. مرۆڤ بە ئازادی لەدایک دەبێـت. ئازادی مافـێکی زگـماکی و رەوایە. هەرگـیز ناکرێـت سازش لەسەر ئازادیـمان بکەیـن و دەستی لـێهەڵـبگرین. چونکە ژیان بەبێ ئازادی، هیچ چـێژ و خـۆشییەکی نییە. بێگـومان نهـێنی بەخـتەوەری ئـازادییە، نهـێنی ئـازادیـش ئـازاییە.
ئازادی بـریتییە لە توانای بڕیاردان بە ئـازادی یان هەڵـبژاردنی ئەو ئەو شێوە ژیـانەی کە خۆمان دەمانەوێـت بەبێ سانسۆر و بەبێ بەربەست. هـەر شتـێک لەوە کەمتربێت، شـێوەیەکە لە شـێوەکانی کۆیـلایەتی. بـەڵام ئـازادیی رەهـا و بێ سـنوور نیـیە، تا ئـەو سـنوورە ئازادیـن، کە پـێـشێـلی ئازادیی کەسانی تـر نەکەیـن.
(نێـلسۆن ماندێلا) دەڵـێت:”ئازادیت تەنها رزگاربـوونت نییە لە کۆت و پێوەنـد. بەڵکو بـە شـێوەیەک بـژیـت، کە رێـز لە ئـازادیی ئەوانی تر بگـرێـت و بـەرز رایـبگـریـت”.
ئازادی دیارییەک نییە کە بدرێت، بەڵکـو مافـێک دەبێـت وەربگـیرێـت. نرخی ئازادیش گـرانە. ئەوەی کە ئازادی بـوێت پێوێـستە باجی ئازادی بـدات. ئازادی کڵاورۆژنەیەکی کـراوەیە، کە لـە رێـگەیەوە تـیـشکی خـۆر دەڕژێـتە سـەر رۆح و شکـۆداری مـرۆڤ.
مـێژوو پـڕە لە کاتە سەختەکان و لە خەبات و گیانبەخـشین لە پێناوی ئازادی بەرامبەر بە ستەمکاری و سەرکوتکـردن و چەوسانەوە. هەرگـیز چاوەڕوانی ئەوە ناکرێـت، کە ستەمکار و سەرکوتکار ئازادیی بە ستەملێکـراون ببەخـش. دەبێت خۆیان وەریبگـرن.
ئـەوەی ئـێـمە لـەم نـووسیـنەمـانـدا مەبەسـتـمانە، خەبـاتە لـە پـێـناوی ئـازادی گـەل و نیشتـمان. ئازادیی گەلی قارەمانی کوردمان و کوردستانی نیشـتـمانی خۆشەویستـمانە.
خەبـاتـیش لە پێـناوی ئـازادی و رزگـاری و مـافی چـارەی خۆنـسیـن، مافـێکی رەوای هەموو گەلانی ماف زەوتکراو و نیشتمان داگیراوە. کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە فـەرمی دانی بـەم مافـەدا نـاوە. بـۆ رزگاربـوون و بۆ بەدەستهـێنانی مـافـەکانیان.
بـزووتنەوەی رزگاریخواز و خەبات لە دژی سەرکوتکردن و چەوسانەوە، لە هەزاران ساڵاوە سەری هەڵداوە و تا ئەمڕۆش درێژەی هەیە. رەگی ستەمکاری بۆ شارستانییە کۆنەکان دەگەڕێـتەوە. بۆ نـموونە، لە سەردەمی ئیـمـپراتـۆرییەتی رۆمـانییدا، چەنـدین راپـەڕیـن لە دژی حـوکمـڕانی سـتەمکاری، لە لایـەن کـویـلەکـانـەوە بەرپـاکـران، بۆ رزگاربـوونیان لە کۆت و کۆیـلایەتی و لە چەوسانەوە و بۆ بەدەستهـێنانی ئازادییان.
گەلی کوردمان، زۆرتـرین سـتەم و چەوسانەوەی بە دەستی داگـیرکەرانی کوردستان چـێژتووە. بەڵام هەرگیز نەچەمیـوەتەوە و دەستی لە خەبات و لە راپەڕین و شۆڕش هەڵنەگرتووە. تا ئەمـڕۆش سەرسەختانە درێـژە بە خەبات دەدەین بـۆ بەدەستهـێنانی ئازادی و مافـە رەواکانـمان. لەم پێـناوەشـدا، گیانبەخـشـین و باجـێکی زۆرمـان داوە. بەڵام ئێمەی کورد گەلێکی قارەمان و نەبەردین، کوڵنەدەر و خۆڕاگرین. هـیچ کاتێک
لە گیانبازی نەترساوین و ناترسێين. هـيچ کاتێکیش شەڕانی و شەڕخواز نەبووینە و نین، هـەمیشە ئاشتیخواز بووینە و ئاشتیخـوازین. شۆڕشـە چەکـدارییەکانیشـمان بـۆ بەرگـری لە مانـەوەمـان و لە ناسـنامەی نەتـەوەیـیـمان و لە کوردستانی نیـشـتـمانی پیـرۆزمان بـووە. نەیـارانی کورد پێـش دۆسـتەکانـمـان، دان بەم راستییانەدا دەنـێن.
لە ئەمڕۆدا کە ژمارەی کورد لە کوردستان و لە دەروەی کوردستاندا، زیاتر لە (٧٥) مـلیـۆن کوردە. گەورەتـریـن گەلـین لە جیهـانـدا، کە تا ئـێـستا نەبـوویـنە بە خـاوەنی دەوڵەتی کوردستانی سەربەخـۆ. ئەمە خەون و خەیـاڵ نییە، بەڵکو هـیوا و خواستی هـەمـوو کوردێکی دڵـسۆز و کورد و کوردستان پەروەرێـكە. کە زووبێـت یا درەنگ، دەوڵەتی کوردستان ببینین. ئەمەش مەتـرسی نییە بۆ سەر ئاسایـشی هـیچ نەتەوە و دەوڵەتـێکی هـاوسێی کوردسـتان، کـە بـە نـاڕەوا کـوردفـۆبیـایان دروسـتکـردوون و کـردوویـانە بـە بیانـوویەکی بێ بنەمـا، بـۆ دژایەتیکـردنی گەلی کوردمان. دەوڵـەتی کوردسـتان، لەسـەر خـاکی کـوردسـتان دروسـت دەبـێـت. سـۆز و خـۆشـەویـستی و هـاوبەستەبـوونمان بۆ کوردستان، ئەو هەست و ئەوینـە پاک و بـێگەردەیە، کە لە ناخی دڵماندا روواوە. هـيچ هـێزێک ناتوانێـت لەدڵماندا دەریبکات. کوردستان بووە گروپی خوێـنمان. هـیچ بەختەوەرییەک، لە ئازادیی کوردستان بەلامانەوە گرنگتر و شـیرینتر نـییە. یان بـە سەربـەرزی دەژیـن، یان لە پـێـناوی کوردستانـدا دەمـریـن. دروشـمی کـرداریـشـمان “کـوردسـتان یان نەمـان”ە. دەڵـێـن، ئـازادی لـە لـوولەی تفەنگـدا هەڵـدێت. بەڵام پێنووس و تفـەنگ، یەک لوولە و یەک ئامانجـنیان هـەیە.
(ئەفـلاتـوون) دەڵێت:” هـيچ خۆشەویـستییەک، ناگاتە خۆشەویـستیی نیـشـتمان”.
لە ئەمڕۆدا شێوازەکانی خەبات و تێکۆشان و بەرگری زۆرن. خەبات تەنیا لە کایەی چەکداری و سیاسیدا سنووردار و قورخکراو نییە. جگە لە بزووتنەوەی چەکداری و سیاسی، خەباتی کولتووریش زۆر پێویستە. نووسەرانی پێنووس بەدەستی دڵسۆز و بوێـر، مامۆستایانی پەروەردەکاری کوردستان پەروەر، هـونەرمەنـدانی وێنەکـێش و موزیکـژەنان و سروودچـڕانی دلێر، لەگەڵ پێشمەرگەی گیانبەخشدا، شان بە شان و دەست لەناو دەسـت، لە سەنگەری کوردایەتی و کوردستان پەروەریـدا، بەرگری لە کوردستان دەکەن و درێژە بە خەبات دەدەن. دەکرێت هـۆنراویەک، سروودێک، یان تابلۆیەکی وێنە، چیرۆکێک، کاریکاتێرێکی تەنـزئامێزی سیاسی، لە فـیشەکـێک زیاتر، نەیارانی کورد و کوردستان بپێکـن و بیانهـەژینـن. مەبەستـم ئەوەیە کە هەریەکەمان، بە شێوەیەک لە شێوەکان و لە سەنگەرێک لە سەنگەرەکانی کوردایەتی و کوردستان پـەروەریـدا، دەتـوانـین درێـژە بـە خـەبـات بـدەیـن، لـە پـێـناوی رزگـاری و ئـازادی و سەربەخۆیی کوردستان دا. ئەمەش پیرۆزتـریـن و لەپێشتریـن، ئەرکی هەر کوردێکی دڵسۆز و کوردستان پەروەرە. راستە ژیان خۆشە و رۆح شیرینە، بەڵام کوردستان لە رۆح و ژیانمان بەنرخـتر و شیرینترە. بە هەزاران رۆڵەی ئـازا و دڵسۆزی و کورد و کوردستان پەروەرمان، گـیانی خۆیـان بە کوردستان بەخـشـین. چـونکە ئـازادی بەبێ گیانبەخـشـین نایەتەدی. سـۆز و خۆشەویستیمان بۆ کوردستان، لە سەرووی هەموو خۆشەویستییەکـمانەوەیە. خۆشەویستییەکی زگماکـییە و لەگـەڵ لە دایک بوونـمان بە سروشتی لە ناخی دەروونمانـدا دەڕوێـت.
کوردسـتان گـەر تـۆ نـەبی، تەیـرێـکـم بەبـێ ئاسـمان
بـە نـاوی تـۆی پــیـرۆز سـەربـڵــنـدم لەنـاو جـیــهـان
(بۆمارشە) دەڵـێت:”جـوانە کە مـرۆڤ لە پێـناوی نـیـشـتمانەکەیەیـدا بمـرێـت، بەڵام لـەوە جـوانـتر، ئـەوەیە کە لە پـێـناوی ئـەم نیـشـتـمانەدا بـژیـت”

کوردستان ناسنامەمانە، جـوگرافـیا و مێـژوومانە. رابـردوو و ئەمـڕۆ و داهاتـوومانە. کوردستان دایکی دلـۆڤـان و شیرینی هـەمـوومـانە. نیـشـتمانی شـیریـن و پیرۆزمـانە. هـەمـوومان پـێـشمەرگەی کوردستانین. ئەمەش تەنیا دروشـم نییە، بەڵکو بە کـردارە راستەقـینەکانمان، گوزارشـتمان لە خۆشەویستی و هـاوبەستەبـوونمان بـۆ کوردستان کـردووە و دەکەیـن.
لە ئەمـڕۆدا، لە جیهانێکی جەنجاڵ و ئاڵـۆزی پـڕ لە ئاژاوە و توندوتیژی و شەڕ و لە سەردەمی جیهـانگیری و هـەژموونیـدا دەژیـن. بمانەوێ و نەمانەوێـت، پریشکی ئەم شەڕانە کوردستانی ئێمەشی گـرتـووەتەوە. بـۆ ئێـمەی کـورد باشتریـن چـەک، چەکی رۆحی خۆڕاگـری و درێـژەدانـمانە بە خەبـاتی نەتەوەیـیـمان لە پـێناوی سـەروەری و شکۆداری کوردستان. بە لوژيکێکی زانستی و هاوسەنگی، و بە سیاسەتێکی ژیرانە، مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخە زۆر هـەستیار و چارەنـووسازەدا بکەیـن. بەرژەوەنـدیی باڵای گەلەکەمان لە سەرووی هەمـوو بەرژەونـدییەکەوە بێت. لە ئەمـڕۆدا لە هەموو کاتێک زیاتـر، پێـویـستـیمان بە ئاشـتەوایی و یەکـریـزی و یەکـدەنگی و یەک وتـاری سـیاسی هـەیە. پێـویـستـییەکی زیاتـرمان بە داڕشـتـنی پلانـێکی تـۆکـمە و ستاتـیژیی نەتـەوەیی و بە نەخـشەڕێگایەکی بەرنامـەداڕێـژراوی دوورخـایەن هـەیە. پێـویـستە بەڵـەد بـین و بە وردبیـنیـیەوە ئەمـڕۆ بخـوێـنـینەوە و بە وردبیـنیـترەوە، پـێـشـبـینی گۆڕانکارییە خێراکان و گریمانە و ئەگرەکانی داهاتوو بکەین. دەبێت بە وردیش ناخ
لە نیـاز و لە پیـلانە گـڵاوەکانی نەیـارانی کورد و کوردستان تـێبگەیـن و ئاشکـرایان بکەین. کە بە گەلەکۆمەیی دژایەتیمان دەکەن بۆ ئەوەی مافەکانمان بەدەستنەهـێنین.
خەبـات لە پێناوی ئـازادی و دادپـەروەری و یەکـسانی و هـاومافـی دا، پـرۆسـەیەکی بەردەوامە و وەستانی نییە. بەپێی هەلـومەرجەکان و داخوازییەکان، چەنـدیـن شێوە وەردەگـرێـت. خەبـات قـوتابخـانەیەکە، کـە تێـیـدا تێکـۆشـەران فـێـری تـێکـۆشـان و بنەمـاکانی دیالـۆگ و گـوێگـرتـن و نیـشـتـمان پـەروەری و دڵسـۆزی و بەخـشـین و فـێری هـونەری دیپـلـۆمـاتی دەبـن.
دوبـەی: ٢٠٢٦




هەندێ شتی سەیر.. نەوزاد بەندی

ــ یەکەم ــ

جاران، لە ئەوروپای کۆندا، گۆڕەپانی ڕۆمانیی هەبووە کە ئێمە ناومان لێناوە شانۆی ڕۆمانیی و لە پارکی هەواری شاردا، بیناکۆپیمان کردووە .. لەو گۆڕەپانانەی ڕۆماندا، دوو کۆیلەی بەهێزی ڕەشپێست بە شەڕ دەدران و ..بینەرێکی زۆر تەماشایان دەکردن و قوماریان لەسەر دەکردن، لە پێشی بینەراندا، پاشا و ژنی پاشا و کچی پاشا و کاربەدەستە باڵاکان ئامادە دەبوون..
شەڕی ئەو دوو جەنگاوەرە بە مردن کۆتایی دەهات یان ئەگەیشتنە سنوورەکانی مردن..
ئەگەر ئەمڕۆ تەماشای وەرزشەکان و بە تایبەت وەرزشی فتبۆڵی جیهانیی بکەین، هەست ئەکەین ساڵ به ساڵ، ڕەشپێستەکان جێگای سپی پێستی هەڵبژاردەی ووڵاتان و یانە ئەوروپییە بەناوبانگەکان ئەگرنەوە، تەماشا ئەکەین هەڵبژاردەی فتبۆڵی ووڵاتانی ئەوروپا، زۆرینەیان ڕەشپێستی ئەفەریقیی و ئەمەریکای لاتینیین .. یانەکانیش بە هەمان شێوە ..
ئایا ئەم دۆخە درێژکراوەی شەڕە کوشندەکانی ڕۆمانی کۆن نییە؟ هەتا بێ تەماشاکەران زیاد ئەکەن و قومارکردن لەسەر ئەنجامی یارییەکان گەورەتر ئەبن .. بازرگانیکردن بەم یارییانەوە زیاتر دەبێت و دەگاتە تریلیۆنەها دۆلار، لە بەرامبەردا ڕۆژ بە ڕۆژ یاریزانی ڕەشپێست دێنە مەیدانەکانەوە .. هەتا ڕادەی مردن خۆیان ماندوو دەکەن، بۆ ئەوەی نرخەکانیان لە یانە بەناوبانگەکانی ئەوروپادا بەرزتر بێتەوە .. وەک کۆیلەکانی جاران، کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکەن، ئەو پارەیەی کە دەیاندەنێ زۆر زۆر کەمترە لەو پارەیەی کە بە ڕیکلام و تکت و تۆڕی میدیایی پێیان پەیدا دەکەن.. لەوەیش ناخۆشتر، کاتێ بە هۆی پێکدادان و بریندار بوون و هەڵکشانی تەمەنیانەوە، ئاستی هێز و توانایان دادەبەزێت، پەڕاوێز و بەرەڵڵا دەکرێن، بۆیە زۆرینەیان لە دوای ئەوە ئاڵودەی مادە هۆشبەرەکان ئەبن.. ئەبنە بنێشتە خۆشەی دەمی جەماوەر و کەناڵە وەرزشییەکان .. هەموومان ڕۆناڵدینۆمان بینی، کە چۆن بە هۆکاریی کەسیی، لە یانەکان دوور خرایەوە و پاشان بە کەیسی تاوانکاریی ڕووبەڕووی دادگاکان کرایەوە ..یان حاتەم بن عەرەفە بە هۆی سەربەخۆیی و نەتەوە و ئایینەکەیەوە، پەڕاوێز دەخرێت لە کاتێکدا ئاستی هونەریی لە لیۆنێل میسی بەرزتر بوو ..
وەک چۆن مناڵ لە دایک دوور دەخرێتەوە، ئاوا بە کڕین و فرۆشتن لە یانەیەکەوە بۆ یانەیەک، بە گریان و فیغانەوە دوور دەخرێنەوە..
ئایا ئەمەی لە مەیدانی فتبوڵدا ئەگوزەرێ، فێرژنی تازەی شەڕی خوێناوی ڕەپێستەکانی مەیدانی ڕۆمانیی کۆن نییە؟

ــ دووەم ــ

یەکێک لە نەریتەکانی کۆڵۆنیالیزمی جیهانیی، سەرقاڵکردنی کۆمەڵگا قوربانییەکانێتی بە کێشە و بابەتی لاوەکییەوە بۆ ئەوەی کێشەی نەتەوایەتیی و ئابوریی نیشتمانیی و زانست و کولتووریی میللییان لە بیر بچێتەوە ..هەتا زۆرترین کات و قۆناغ، بە ژێر چەپۆکیی بمێننەوە ..بێ گومان ئەم سیستمە ستەمکارە، لە ڕێگای سیمبوڵ و کاراکتەرە ناودارەکانی کۆمەڵگاکانەوە، ئەم سەرقاڵکردنەی کۆمەڵگاکان بە ئەنجام دەگەیەنن، ئەو سیمبوڵانەی کە فرانتز فانون لە کتێبی ئەشکەنجەدەرانی زەویدا بە بۆژوازییەکانی نیشتمانیی پێیناسەی کردوون.
بۆ نمونە لای خۆمان، کەسمان ناپرسین بۆچی کاتێ حیزبە بۆرژوا نیشتمانییەکان هاتنە سەر حازریی، دوای ئەوەی ئەمەریکا و هاوئاوازەکانی سیستمی بەعسیان لە عێراق و کوردستاندا پێچایەوە .. ناپرسین بۆچی ئەم سیستمە بۆرژوا نیشتمانییە عەشایەرییانە، هەزاران پاسی حکومیی گواستنەوەی هاووڵاتیانیان تاڵان و بڕۆ و سەرنگون کرد ..مەسڵەحەی گواستنەوەی هاووڵاتیان، کە دەزگایەکی حوکومیی بوو، هەڵوەشێنرایەوە و فەرمانگە و گۆڕەپانە فراوانەکانیان داگیرکران و چوونە بەرژەوەندیی حیزبە نیشتمانییە بۆرژواکانەوە..
ئەمە بۆچی ؟ بۆچی پاس و ئامانەی حوکومیی لە ڕیشەوە هەڵبکەنرێت لە کاتێکدا ڕووکارێکی شارستانییە و هاووڵاتیان ئەگوێزێتەوە لە نێوان گەڕەکەکاندا؟ ئەمە چ تاوان و هەڵەیەکی تێدایه وا بەو جۆرە لە ڕەگ و ڕیشە هەڵکێشران ؟
لە ڕاستیدا سیاسەتی نوێی کۆڵۆنیالیستەکان وەک ئایفۆن وایە، ئەو ئامێرە بچووکەی کە ئیشی زیاتر لە بیست ئامێری گەورەت بۆ ئەکات، بە هەمان شێوە سیاسەتی نوێیان یەک ڕەهەند نییە و فرە ڕەهەندە ..
نەهێشتنی پاس و ئامانەی گواستنەوەی هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستاندا، لەبەر ئەم هۆکارانە بوو :
١ / سەرقاڵکردنی زۆرینەی هاووڵاتیان بە مۆڵەتی شۆفێریی و کڕینی ئوتومبیلی تایبەت و .. وەستان لە سەرەی بەنزین و ..تازەکردنەوەی ساڵانە و ..باج و .. کامێرای تیژڕەویی ..هەوڵدان بۆ دابینکردنی پارک و کڕینی ڕۆن و تایە و.. گۆڕینی بە مۆدێلێکی تازەتر و ..مامەڵەی گۆڕین و ..قەڵەباڵغیی دادنوس و فەرمانگە ی هات و چۆ و عەریزە نوس ..
بەو شێوەیە زۆرینەی هاووڵاتیان سەرقاڵ دەبن بە ئوتومبیلێکەوە، کە ئەگەر توشی ڕوداوی هات و چۆ نەبێ و کەمئەندام نەبێ، لە باشترین حاڵەتا ئەبێ بەردەوام سەرقاڵیی نوێکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی بێت ..ئیتر هاووڵاتییەک دروست ئەبێ کە ئاگای لە سامانی نەتەوایەتیی و ڕیفۆرمیی سیاسیی و پرسی داگیرکردنی ووڵات نامێنێ، چونکە ئەو ئامێرێکی گەیاندنی تایبەتی توش بووە کە بەردەوام داوای ڕۆن و بەنزین و نۆژەنکردنەوەی لێ دەکات..چونکە ئەو خۆی ئەبێتە مەسڵەحەی گواستنەوە، واتا بە هۆی ئامێرێکی گەیاندنەوە، کەسەکانیش ئەبنە ڕۆبۆت و ئامێری خەمگین و سەرقاڵ و بێ ئینتیما و خەواڵوو ماندوو ..
٢/ ناردنی ئوتومبیلی لەکارکەوتوو، پیاکێشراو و بێ کوالێتیی بۆ ئەو ووڵاتانە و کردنیان بە گۆڕستانی ئوتومبیلە بێ متمانە و کۆن و تێکشکاو و بڕراوەکانیان.
٣ / هەڵمژینی بەشێکی زۆر لە داهاتی هاووڵاتیان لە ڕێی هەناردەکردنی جۆرەها مۆدێل و جۆری ئوتومبیل لە هەموو کۆمپانیاکانی جیهانەوە بە بێ گوێدانە ڕێژەی تەندروستی ئوتومبیل ..بە بێ گوێدانە ئاستی ڕێگا و بان و پرد لە وڵاتەکەدا .. لە لایەک بۆرژوای ناوخۆ، لە ڕێی فرۆشتنی تابلۆ و داهاتی گومرگ بە ملیارەها دۆلار قازانج دەکات، لە لایەکی تریش کۆمپانیا بێگانەکانی ئوتومبیلیش بە ملیارەها دۆلار قازانج دەکەن، ئیتر کێشەی ئەوان نییە شەقامەکانی شارەکان سیخناخ بن لە جۆرەها ئوتومبیلی بێ کوالێتیی و ..ووڵات ببێتە گەراجێکی گەورەی ئوتومبیل ..گرنگ نییە بەلایانەوە ساڵانە هەزاران کەس بە ڕووداوی هات و چۆ بمرن و کەمئەندام بن.. گرنگ نییە کۆمەڵگا هەموویان ببنە شۆفێر
گرنگ نییە هەوا بە دوکەڵ و کانزا قورسەکان پیس بن و ڕێژەی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و نەخۆشییە درێژ خایەنەکان زور بن.. یان تەنانەت ئەو دیاردەی نەخۆشخستنەی کۆمەڵگایش دەکرێتە بزنسێکی چەور و ..بە ملیارەها دۆلار دەرمان هاوردە دەکرێت و ساغ دەکرێتەوە ..
٥/فرۆشتنی بەنزین و پێداویستیەکانی ئوتومبیل، کە ئەویش گەورەترین بازرگانییە بە تایبەت لە ووڵاتێکی نەوتیی وەک لای خۆماندا، نەوت لە ژێر زەوی دەربێنە و بیفرۆشە بە ملیۆنەها ئوتومبیل کە شەو و ڕۆژ لە کار و سوڕانەوەدان.
٦/ دانانی جۆرەها باج و سەرانە و لێبڕینی سەیر، کە (کۆمەڵگای شۆفێر) ی پێ ناچار دەکرێت هەموو جۆرە ڕەزامەندیی و ملکەچییەک نیشان بدات، چونکە ئەو ئیدی شۆفێرە و ڕۆژانە بە بێ شۆفێریی ژیانی ئەوەستێت و ناتوانێ بەردەوام بێ، ئەمەیش باشترین ئەنجامێکە دەستی کۆمپانیا کۆڵۆنیالیستەکان کەوتبێ، کۆمەڵگای شۆفێر و ئاڵودەی ناو ئوتومبیلەکان، ڕێک وەک ئەو منداڵانەی بە لەعابە ڕەنگا و ڕەنگەکان سەرقاڵ ئەکرێن، ترسی شۆڕش و ڕیفۆرم و ڕێپێوانی ناڕەزاییان لێ ناکرێ.
ئەمڕۆ مامۆستای ئاینیی و پاقلە فرۆش و پزیشک و پڕۆفیسۆری زانکۆ و جوتیار و دانساز و هەموو چین و توێژەکان، شۆفێرن .. ئەمڕۆ هەموو هاووڵاتییەک ئەبێ لە تەمەنی هەژدە ساڵیدا مۆڵەتی لێخۆڕینی ئوتومبیل
لە باخەڵیدا بێ ئەگینا وەک بێ دەست و قاچ و کەمئەندام تەماشا ئەکرێت..
لە کاتێکدا چل ساڵ پێش ئێستا ، لە کۆڵانێکدا یەک ئوتومبیلی تایبەت هەبوو، ئەویش هی بازرگانێکی ناودار بوو..هەوا پاک و ڕووداوی هات و چۆ دەگمەن بوو..بە شەقامەکانیشدا ئامانەی حوکومیی ئەهاتن و ئەچوون، هاووڵاتیانیان ئەگواستەوە ..وەک هەر ووڵاتێکی تر کە هەست ئەکەیت وەزارەتی پلاندانی تێدایە و ..ناهێڵێ ڕوخساری شارستانێتیی بشێوێت.

ــ سێیەم ــ

ئێستا دیاردەیەکی شارستانیی جوان لە پارکەکاندا هەست پێدەکەم، گەنج و پیر، پیاو و ژن، به بەیانیان یان بە عەسراندا، بە
بە کالە و جلی وەرزشییەوە، ڕێڕۆیشتن ئەکەن، بە هێواشیی یان بە خێرایی، تیایشیاندایە بە ڕاکردن ڕێگاکان ئەبڕن..
منیش لەگەڵ هاوڕێیەکمدا، تاریک و ڕوونی ڕۆژانی سێشەممە و هەینی ئەچینە سەر شاخی گۆیژە .. زۆربەی عەسرانیش لە پارکی ئازادی یەک دوو سەعات ڕێڕۆیشتن ئەکەین..
هەمان کات زۆربەی عەسر، لوتمان بە لوتی کابرایەکدا ئەتەقێ، کە خاوەن موەلیدەی گەڕەکێکی نزیک پارکی ئازادییە و .. لەوەتەی ئەیناسین، ڕانک و چۆغەیەکی چوار فەسڵی ڕەشی دێز و جامانەیەکی قوتی بەستووە و ..ئێواران کە لە پارک دێینەوە، لوتمان بە لوتیدا ئەتەقێ و سڵاوێک ئەکا و ئێمەیش سڵاوەکەی بۆ ئەسێنینەوە .. ئەو ئەچێ بۆ مزگەوت بۆ نوێژی مەغریب و ئێمەیش یان ئەچین یان نوێژەکەمان ئەبەینەوە بۆ ماڵەوە لەبەر ئەوەی نەوەکو بۆنی عەرەقێک کە لە وەرزشدا کردبوومانەوە، نوێژخوێنان بێزار بکات..
هاتنی گەرمای لە پڕ، وای کرد جلی وەرزشی تەنک و کالەی تۆڕ و چاویلکەی دژەخۆر و کاسکێت بپۆشین، لەو حاڵەدا، کابرای چۆغە و ڕانک دێزی جامانە قوتم بینی، من ماندوو، ئەو تێر خەو، تەماشایەکی کردم ، ووتم با من ئەمجارە سڵاوێکی لێبکەم.. سڵاوەکەی سەندمەوە و لەگەڵیدا ووتی : خوا بێ حورمەتت نەکات !!
لە ڕێگا زۆر بیرم کردەوە، لەم ڕستەیەی کە یەکەمجارە گوێم لێ بێ و ..لەوەیش سەیرتر لەگەڵ سڵاودا، هەر نەووتراوە ..
باشە ئەم کابرایه بۆچی وای ووت؟؟ لەبەر ئەوەی من تەمەنێکم هەیە و جل و بەرگی وەرزشی و کالە و ڕەنگی کراوەم پۆشیوە؟ لەبەر ئەوەی کاسکێت و کاتژمێری تایمەری سمارتم لە مەچەکدایە ؟ خۆیشی ساڵەهای ساڵ ئەم چۆغە و ڕانکە ڕەشه دێزە و ئەو جامانە قوتەی بەستووە و .. چەندێ گۆڕانکاریی لە سیستمیی فەرمانڕەواییدا ئەستەمە، گۆڕانکاریش لەو پێستی گایەدا، دە ئەوەندە زەحمەتە ؟
وادیاره ئەم کابرایە تراکسودێک و کالەیەک و کاسکێتێک بە بێ حورمەتیی تێگەیشتووە یاخود بە کەرەستەکانی بێحورمەتیی تێگەیشتووە، بۆیه ئەڵێت خوا بێ حورمەتت نەکات ..
باشە ئێوە بوونایه چیتان پێ دەووت؟ وەک من پێتان ئەووت سوپاس یان بێدەنگ ئەبوون یان ڕێگاتان لێ دەگرت و پێتان ئەووت مەقسەدت چییە لەو قسە قۆڕە ؟ لە چی شتێ بۆن و تامی بێحورمەتیت کرد وا دۆعای بۆ دەکەیت ؟
هەر کامێکیان بکەیت، هەر هەڵەیە، چونکە بە هەر گۆشەیەک لە زۆنگاوێک بدەیت تەنها خۆت پیس ئەبیت..
ئەوەندە هەیە زۆر پەشیمان بووم کە چەندین ساڵە من سڵاو لە تەنەکەی خۆڵێک ئەکەم، کە سیخناخە لە مشەخۆر و دەرد و نەخۆشیی دەروونیی ..سیخناخە لە بەکتریا و ڤایرۆس و دەرد و بەڵای ناگەهان ..
بڕیارمان دا ئیتر بۆ هەتاهەتایه نە بەو ڕێگایەدا بڕۆین و نە لەو مزگەوتەیش نوێژ بکەین .




پیرە هەڵۆ.. نەوشیروان ئازاد

لێم ببورە و …..پیـــــرە هەڵـــــۆ
تۆ نەتوانی
لەشەوانی ئەنگوستە چاو ..
تولە ڕێیەک بەدی بکەی…
چۆنە…باسی ،
بەخشندەیی …
مانگ و ئەستێرەم بۆدەکەی ..
٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭
لێم ببور .. پـیرە هەڵۆ…
پێم مەڵێ بۆ…؟
لەوەتەی هەم ،
من تەتەری ..شەوانی تار و بێ نورم
من ڕێبواری …
شەوانی سەختی دەیجورم
زۆر دەترسم …جەردەیەک بێ و
باسی ، جوانی و باسی عەشق و
باسی دڵی خۆیم بۆبکا…
ئەزانی بۆ…؟
ئاخر چونکە ..مارانگازی
دەستی دز …. و
دەستی چەتەو
دستی جەردەی ..شەوە ڕێگام
من لەسۆزی ئەوینداری ..
شوڤارەکان هیچ تێ ناگەم ..
چون دەزانم …
چاوی تیژی هیچ بەکرێ..
چەن شارەزاو
چەن لێزان بێ
کاکە (مەم ) ێ … بۆ ماڵی (زین)
ناباتەوە…
باش دەزانم …
گوڵ کە….. وەری ..
بەهاریش بێت..
نایەتەوە …

          نەوشیروان ئازاد 
                سلێمانی

20/21.9. 2017