ئێستێتیکی فریدریش شیلەر.. 7- کاوە جەلال

بەشی حەوتەم

2-5 ستاتۆی ئێستێتیکی

سروشت وەک یەکەم ئافرێنەری مرۆڤ هەر لە سەرەتاوە ئاوەزی بەو داوە، کەواتە ئاوەزمەندە، وەلێ ئەو بە زمانی شیلەر جارێ مرۆڤی ئاوەز نییە. ئەو تەنیا بە پەروەردەی ئێستێتیکی بەم ڕەوشە دەگەیەنرێت و لە ناخیدا ئازادیی ئاکاری دێتەگۆڕێ. ئێمە دەبێت لێرەدا ڕەچاوی لایەنێکی کرۆکی بکەین: شیلەر وەک هزرڤانێکی مۆدێرن بناغەی پەروەردەی ئێستێتیکی دەڕێژێت، ئەمەش بەواتای، ئەو „دەرچەی سفر“ بۆ ئەو پەروەردەیە دەچەسپێنێت.
بێگومان دەرچەی سفر واتای „هیچ“ (نابوون) ناگەیەنێت، بەڵکو بێمەبەستی و ئازادیی تەواوەتیی مرۆڤە کە نە لە ڕووی دەرکی و نە لە ڕووی ئاوەزییەوە پابەندی ڕێنومای ئەمپیرییە، یان پابەندی ڕەمەک و رۆڵی جڤاکییە. دەرچەی سفر تەنیا ستاتۆی گەمەیە کە شیلەر ناوی دەنێت „میزاجی ئێستێتیکی“. لەم ستاتۆیەدا مرۆڤ سەرجەمیانە بە میزاجی ناوبراو دەتەنرێت، ئەو ئێستا تەنیا گەمەڤانێکی شادیبینە لە دەرکەوتەی ئێستێتیکی (نەک لۆژیکی)، بەوەش ئێستا لای ئەو جیهانێکی دیکەی گەمە و دەرکەوتە بەخامۆشی لەنێو جەرگەی جیهانی ترسناکی هێزەکان و جیهانی پیرۆزی یاساکانەوە ئاوەڵا دەبێت. ئێستا لەنێو مرۆڤی لێڵنەبوودا کە لە کۆتی سەرجەم زەبری فیزیکی و ئەخلاقی بەردراوە، مرۆڤایەتی دیاردەدات. ئاخر میزاج لە ڕووی مەئریفەوە نە گرنگیدانی هەیە و نە بەرهەم دەخاتەوە، چونکە جوانی هەرگیز سەرئەنجامێکی دیاریکراو بە زەین و ویست نادات، هەروەها هیچ مەبەستێکی هزری و ئەخلاقی بەجێناگەیەنێت.
گەرچی جوانی جیانەبۆوە پابەندی شعورە، وەلێ مرۆڤ ناتوانێت تەنیا بە شعور پێشبینیی جوانی بکات، بەڵکو ئەو دەبێت بۆ ئەو مەبەستە فێری هزرین ببێت تا لە هەستی پەتیی ژیانەوە بە هەستی جوانی بگات. کاتێک مرۆڤ وەک وەرگر (ڕێسیپیەنت) لە ستاتۆی ئێستێتیکیدا موئایەشەی جوانێتی دەکات، ئیدی بەو ڕێیەوە ئازادیی ناخەکییانەی خۆی دەناسێت، ئێستا سەربەخۆیی ئاوەز (یان کەس) لەنێو کایەی توانستی دەرکگیریی ئەوی گەمەڤاندا ئاوەڵا دەبێت و هاوکات سنوور بۆ شعورکردنی دادەنێت. ئێستا ئەوە „کەس“ە کە گەمەی دیاردەکان دیاری دەکات، ئەمەشی بۆ دەلوێت، چونکە کەس پرنسیپی ئازادە لە مرۆڤدا. مرۆڤ بەم ڕێیەوە دەسەڵات لە سروشت دەسەنێت. وەلێ ئێستا چیدی ئاوەزی نێوەکی ئەبستراکت نییە و فەرمان بەسەر توانستی دەرکگیریی دەرەکیدا بدات، بەڵکو بەرجەستانە (بەکۆنکرێت) ئەزموون دەکرێت، بۆیە ئاوەز و توانستی دەرکگیری چوونەتە ڕەوشی هارمۆنییەوە و مرۆڤ هاوکات ئازادییە ناخەکییەکەی دەردەخات: دەیکات بە دیاردە، ئەوجا شایەتمان دەهێنێت کە ئەو خۆی دەخاتە ژێر ڕکێفی ئەو یاسایەوە کە هەموو دیاردەکان دەگرێتەوە. کەواتە گەرچی ئێستا سروشت (دیاردە) پابەندی ئەوە، وەلێ لەو کاتەشدا کە سروشت لە خزمەتی ئەو خۆیدایە، هێشتا هەر وەک سروشت دەیهێڵێتەوە نەک ئەرکە بنەڕەتییەکەی بشێوێنێت، بە پێچەوانەوە تەنیا بەگوێرەی ئەو ئەرکەی مامەڵەی لەتەکدا دەکات. ئاخر لە ستاتۆی ئێستێتیکیدا هەردوو ڕەمەکی کەرەسە و فۆرمی ئەو یەکخراون، ئەوەش هەر خودی سروشتە کە لە سەرەتاوە ئازادیی پێداوە بۆ ئەوەی بتوانێت وەک یەکێتییەکی لەشەکی-دەروونی ئۆتۆنۆم بێت. لێرەوەیە کە شیلەر جوانی ناودەنێت دووەمین ئافرێنەری مرۆڤ و بۆ یەکەم جار لای ئەو مرۆڤایەتی دەشێنێت، ئەوجا سروشت هەر ئەو خۆی ڕادەسپێرێت کە ویستی ئازادی خۆی بکات بە کردەکی، کەواتە شیمانەی بێسنووری بۆ خودڕیالیزەکردن هەیە. بێگومان لێرەدا بۆ ئەو هەروەها پرسیاری ڕاستی وەڵام دراوەتەوە، چونکە ڕاستی لەنێو جوانیدایە.
بێگومان ئەو کارە بە هونەرێک ناکرێت کە لە ئەزموونی دەرکییەوە دەردەچێت. وەک لە سەرەوە بینیمان، شیلەر لە کاری هونەریی ڕاستینەدا هیچ رۆڵێک بە نێوەرۆک نادات، بەڵکو تەنیا بە فۆرم، چونکە نێوەرۆک کە ماتەریەلە، دەرکەوەرەکان دەهەنگێوێت و دەیانوروژێنێت، کەواتە بە یەک ئاڕاستەدا مرۆڤ دەبات، بەو ڕێیەشەوە ئەو پابەندی سروشت دەمێنێتەوە، وەلێ فۆرم، یان جوانیی کاری هونەری، بە پێچەوانەوە سەرجەمێتیی مرۆڤ دەگرێت، کەواتە جودا لەتەک توانستی دەرکگیری یان ئاوەزی ئەودا نائاخڤێت، بەڵکو هەردووکیان دەخاتە ڕەوشی هاوسەنگییەوە، بەوەش لە پابەندیی ماتەریەل بەریدەدات و پۆتێنسیالی ئەو دیاردەهێنێت، ئەوە بە شێوەیەک کە بەسەر سروشتی خۆیدا هەڵیدەزنێنێت و دەیفۆرمێنێت: دەیکات بە کەسێتییەکی سەرجەمییانەی ئازاد. بۆ نموونە نێوەرۆک لە درامایەکدا هێزە مرۆڤییەکانی وەرگر دەوروژێنێت: کوشتنی دەسەڵاتدارێکی زۆردار دەبێت بە وروژێنەری هەستی ئەخلاقیانەی ئەو بۆ چاکە و خراپە، یان دراماکە لە جێیەکدا شادیهێن و لە یەکێکی دیکەدا خەمبزوێنە، توڕەکەر یان دڵنەواییکەرە، وەلێ فۆرمی دراماکە (شەنگیی زمان، ڕیتم و هاوسەنگیی دراماتورژییانە) خودی ئەو درامایە دەکات بە ڕوداوێک کە سەرجەمێتیی مرۆڤ: ئاوەز و سۆزەکانی پێکڕا دەهەنگێوێت. گەرچی مەرگی مرۆڤ لە کەتواردا ڕاچڵەکین و پەژارە دەخاتەوە، وەلێ کاری هونەریی مەزن ئەو ڕوداوە وەک خۆی وەرناگرێت، بەڵکو کەرەسە خاوەکە بە فۆرمی تەواوکراو (پڕۆپۆڕسیۆن، سیممەتری / چوونیەکی، میانەی ئێستێتیکی) هەڵدەگرێت، یان بە زمانی شیلەر: نایهێڵێت، بۆیە وەرگر لە داڕشتنی مەرگدا تەنیا بە ڕوداوەکە ناهەنگێورێت، بەڵکو هاوکات هەست بە شادییەکی گشتگیری ئێستێتیکی و هەڵزنانی هۆشەکی دەکات. ئەمەیە ستاتۆی „سفر“ کە تێیدا شعوری وەرگر یەکانگیرە بە هزرینی. ڕوانین لە بەرهەمێکی بەو چەشنە (دراما، تابلۆ و پەیکەر و هتد) بۆ خۆی ڕەوشێکە کە تێیدا هیچ ڕەمەکێک وەرگر بەم یان بەو ئاڕاستەیەدا ڕاناکێشێت. ستاتۆکە تەواو بۆشە، مرۆڤیش بەردراوە لە ئاستەنگ و زەروورە و دەتوانێت خۆی بەوە بکات کە ئەو خۆی دەیەوێت. ئەو ئێستا لە دەستپێکی ئافراندنێکی دووەمیندایە (دوای یەکەمین ئافراندنەکەی سروشت). شیلەر بەجەختی دەبێژێت، کاتێک مرۆڤ هەست بە جوانیی کارێکی هونەری دەکات، ئیدی بەو ڕێیەوە لە ئیدیالی مرۆڤایەتی نزیکدەکەوێتەوە، چونکە ئێستا ویستی ئەو دەبێت بە تاکە دەسەڵات. ئێستا مرۆڤ هەرئەوەندەی پێویستە کە ئەو خۆی „بییەوێت ئەخلاقی بێت“، ئەوەشی بۆ دەلوێت، چونکە ئەو لە ستاتۆی سفردایە. کەواتە گەرچی ستاتۆی ئێستێتیکی لە ئەخلاقەوە نایەت، سەرەڕای ئەوە بەبەرهەمترین ستاتۆیە بۆ مەئریفە و ئەخلاق.
وەلێ شیلەر لەم پەیوەندییەدا مەرجێک دادەنێت: تەقەلادان بۆ دەرکەوتەی جوان پێویستی بە توانستی زۆرتری ئەبستراکسیۆنە، پتر ئازادیی دڵ، پتر وزەی ویست، تێکڕا پتر لەوە کە مرۆڤ لە ژیانی ڕۆژانەی کەتواریدا پێویستی پێیەتی. ئاخر مەئریفەی ئازادی کە بۆ شیلەر هاوواتایە بە تێگەی جوانی، پێشمەرجە بۆ چێبوونی تێڕوانینێکی تەواوەتیی مرۆڤیانە لەنێو ئێمەدا. بەدووی ئەم مەئریفە خۆییەی مرۆڤدا نامۆبوونی ئەو کۆتایی پێدێت. ئاخر کاتێک لە گەمەدا هەردوو ڕەمەکی کەرەسە و فۆرم تێکهەڵکێش دەبن، ئیدی بەو ڕێیەوە شێوەی ژیندار (زیندوو) دێتەگۆڕێ و مرۆڤ چە لە ڕووی ئەخلاقی و چە لە ڕووی لەشەکییەوە دەچێتە ڕەوشی ئازادییەوە. ئێستا هەردوو زەبری دەرکەوەرەکان و ئاوەز بزر بوون، مرۆڤیش بە ڕێز و ئارەزووی خۆییەوە لە ئازادیدا گەمە دەکات، واتا: هاومرۆڤانی خۆشدەوێت. لەم ڕوانگەیەوە ڕێزی مرۆڤ بۆ یەکەم جار لەنێو مرۆڤی دەرکی-ئاوەزکارادا سەرهەڵدەدات، ئەوە بێگومان وەک „مەبەست لە خۆدا“ („فەرمانی زەرووری“یەکەی کانت)، ئەویش کاتێک ئێمە بەڕێزەوە مرۆڤێکی دی وەک مەبەست نەک دەستوێژ بەهەند وەردەگرین.

6 – دەوڵەتی ئێستێتیکییانەی ئاوەز

شیلەر لە دیاریکردنی دەرکەوتەی جوانەوە گۆڕان بە دەوڵەتی ئێستێتیکی دەدات (نامەی 27). بێگومان دەرکەوتەی جوان هیچ کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر ئەخلاق نییە، بەڵکو مەئریفەی جوانی مرۆڤ دەبزوێنێت خۆی لە سروشت ئازاد بکات، بەو ڕێیەشەوە توانستی هزرین لە ئەودا دەبزوێت و دەبێت بە „کەس“ێکی بناس. ئێستا ئیدی، دوای ئەوەی خۆگەرایی سروشتییانەی لەکاردەکەوێت، ئاسوودەیی هەمووان دەناسێنێت. لەم ڕوانگەیەوە مرۆڤ لە ژیانی سروشتییەوە بەسەر ستاتۆی ئێستێتیکیدا دەبێت بە مرۆڤی ئاوەزکارا، کە ئیدی دەتوانێت ژیانێکی ئەخلاقی بژێنێت. ئەمە بۆ شیلەر تاکە پێشمەرجە بۆ سەرهەڵدانی جڤاکی مەدەنی (سیڤیل).

ئێمە گەرەکە بۆ پتر نزیکبوونەوە لەم گۆڕانە لە سێ جۆری دەوڵەت لای شیلەر بڕوانین: دەوڵەتی دینامیکییانەی ماف، دەوڵەتی ئەخلاقییانەی فرمان (واجب)، ئەوجا دەوڵەتی ئێستێتیکی.
مرۆڤان لە ستاتۆی سروشتیدا وەک هێز بە یەکدی دەگەن و سنوور بۆ کاریگەریی یەکدی دادەنێن. ئاخر تەنیا زەبری فیزیکی، یاسا سروشتییەکان و ئاسایشی خۆیی دەستوێژن بۆ پاراستنی لێرەبوونی خۆیان. لەنێو ئەم ڕەوشەی خۆگەرایی و خۆسەپاندنەوە، کەواتە لەسەر زەمینەی زەبری فیزیکی و ماف و فرمان، دەوڵەتی دینامیکییانەی ماف بەناچاری دادەمەزرێنرێت بەو مەبەستە کە جڵەوی سروشت (هەوەس و ئارەزووە دەرکییەکان) بگرێت و بەو ڕێیەوە هێشتنەوەی جڤاک مسۆگەر بکات. لێرەدا یاساکان نەک نێوەکییانە، بەڵکو تەنیا دەرەکییانە کرداری هەوەسمەندی مرۆڤ و مەترسییەکان لە سنووردا ڕادەگرن تا ئاشتی و ئاسایش لە جڤاکدا بچەسپێنن. لەم ڕوانگەیەوە ناکۆکیی نێوان ڕەمەک و ئاوەز هێشتا هەر لەنێو هەر تاکە مرۆڤێکدا بەردەوامە. وەلێ مرۆڤ لای شیلەر لە کرۆکییەوە ئەخلاقییانە جۆردراوە جا گەرچی ئەو جارێ مرۆڤی ئەخلاقی نییە. لەبەر ئەم هۆیە دەوڵەتی دینامیکییانەی ماف بەس نییە بۆ ئەو. گەرچی ئەو لەنێو ئەو دەوڵەتەدا دێتە ژیانەوە، سەرباری ئەوە خواستی بۆ شتی باڵاتر هەیە.
لە دەوڵەتی ئەخلاقییانەی فرمانەکاندا مرۆڤان بەرەو ڕووی سەروەریی یاسا دەکرێنەوە کە ویستیان لەژێر ڕکێفی ویستی سەرجەمدا ڕادەگرێت تا بەو ڕێیەوە ئەخلاقییانە جڤاک بسەپێنێت. ئاوەزی نێوەکی و فرمان (واجب) پرنسیپی ئەم دەوڵەتەن. وەلێ ئێستا مرۆڤ سروشتی دەرکی و ئارەزووەکانی بۆ خاتری فرمانی توندوتۆڵ دەچەپێنێت. ئەو بێگومان هێندە ئاسان ئەم ڕەوشە قبووڵ ناکات. ئاخر سەرەتا ئەوە جیهانی هەوەس و ئارەزووەکانە (سروشتە) کە تێیدا یاسای ئاکار سەرهەڵدەدات و ڕێساکانی کردار دەسەپێنێت، لێرەشدا ئاشکرایە یاساکان یەکسەر بەر فیزداریی دەرکیانەی مرۆڤ دەکەون، تەنانەت خاتری دەشکێنن و ئێشی پێدەگەیەنن، چونکە ئەوی دەرکی ڕێساکان بە زەبری دەرەکی دادەنێت و دەچێتە بەرەنگارییەوە لەدژیان. بۆ ئەوەی مرۆڤ دەنگی ئاوەز ببیستێت و لە ڕاستینەی خۆیدا بیناسێتەوە، ماوەیەکی درێژخایەن پێویست دەبێت. ئێستا ئیدی مرۆڤی دەرکی دەگات بەو مەئریفەیە کە یاسای ئاکار لە ڕاستیدا ڕزگارکەرێتی، چونکە سنوور بۆ حەز و ئارەزووە دەرکییەکانی دادەنێت، هاوکات ئێستا بۆی ڕووندەبێتەوە کە سەرجەمی ماف و یاساکان تەنیا ماف و یاسای پۆزەتیڤن، واتا دانراوی مرۆڤیین، وەلێ ئەو جارێ نازانێت کە یاسای ئەبەدی و بەگشتی چواندوو هەیە.
بە پێچەوانەی هەردوو جۆری دەوڵەتی ناوبراوەوە بنەڕەتەکانی دەوڵەتی ئێستێتیکی بریتین لە ئازادی، هارمۆنی و هونەر. شیلەر بۆ ئەم گۆڕانە ستاتۆی ئێستێتیکی وەک بنەڕەت وەردەگرێت، ئەمەش هێندە ئاڵۆز و پڕئەرک نییە وەک هەنگاونانی مرۆڤ لە ستاتۆی سروشتییەوە (ژیانی پەتییەوە) ڕووەو ستاتۆی ئێستێتیکی (فۆرم)، چونکە ئێستا لە ستاتۆی ئێستێتیکیدا تەنیا ئازادی هەیە و دەرفەت بۆ مرۆڤ دەڕەخسێنێت بە گەمە، بە کرداری هاوئاهەنگی ئاوەز و توانستی دەرکگیری، ڕووەو ستاتۆی دەوڵەتی ڕاستینەی ئاوەز هەنگاو بنێت. کاتێک سەرەتا لە ستاتۆی سروشتیدا پێداویستییەکان مرۆڤ بۆ بنیاتنانی جڤاک ناچار دەکەن، هەروەها کاتێک لە ستاتۆی دەوڵەتی ئەخلاقیانەی فرمانەکاندا ئاوەز بنەمای پێکڤەیی بۆ مرۆڤان دەچەسپێنێت، ئەوا جوانی بە پێچەوانەوە کارەکتەرێکی خۆشهاوەڵ بەوان دەدات. ئێستا ئیدی چە بڕیاردان و چە کردارەکانی مرۆڤی ئێستێتیکییانە میزاجپێدراو چواندنی گشتییان دەبێت، ئەویش چونکە ئێستا چیدی شعور رۆڵی دیاریکەر لە کایەی ڕاستی و ئەخلاقدا وەرناگرێت، بە پێچەوانەوە لەم دۆخەدا تەنیا „فۆرم“ هەیە و تەنیا „ڕەمەکی گەمە“ کارایە. شیلەر ئەم ڕەوشە ناو دەنێت بەختیاری. بە تێروانینی ئەو لە هەر گەلێکدا هۆش و چێژ هەبن، لەوێ دەرکەوتەی سەرڕاست و ئۆتۆنۆم لەگۆڕێن، ئێستا بۆ یەکەم جار لەنێو گەلێکی بەو چەشنەدا ژیانی ڕاستینەی ئیدیال بەرکەماڵە، لەوێ ئابڕوو لە سەرووی سامانەوەیە، هزر لە سەرووی چێژەوەیە، خەونی نەمری بەسەر لێرەبووندا باڵادەستە. لەنێو ئەم گەلەدا تەنیا „دەنگی گشتی“ ترسێنەرە.
لە ستاتۆی دەوڵەتی ئێستێتیکیدا چێژ هارمۆنی دەهێنێتە نێو جڤاکەوە، ئەویش چونکە سەرەتا هارمۆنیی لەنێو مرۆڤدا سازاندووە: لای ئەو توانستی دەرکگیری و ئاوەز سازاو بە یەک کاران، کەواتە مرۆڤ هەمەکییە (تۆتالە). ئێستا هاووڵاتییان لەم جۆرەی دەوڵەتدا تەنیا وەک „شێوە“ بۆ یەکدی دیاردەدەن، بۆیە ئەوان بۆ یەکدی هیچی دیکە نین جگە لە ئۆبژێکتی گەمەی ئازاد. لەوێ هیچ هاو-گەمەڤانێک لەم گەمە جڤاکییەدا دەستوێژی هیچ مەبەستێکی ئەوانیدی نییە، بەڵکو تەنیا „لە ڕاستینەی خۆیدا“ مەبەستە. لەم دەوڵەتە ئێستێتیکییەدا نا-پابەندی، سەربەخۆیی، کردەکییانە لەگۆڕێیە، بەدیهاتنیشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەقیقەتە کە ئێستا کرداری مرۆڤ لە مامەڵە جڤاکییەکاندا ئازادە لە هەر بەرژەوەندییەکی خۆویستانە. کەواتە ئاوەڵابوونی جوان جڤاک یەکدەخات، چونکە لایەنی هاوبەشی هەمووانە. دەوڵەتی ئێستێتیکی جڤاک دەکات بە کردەکی، چونکە ویستی سەرجەم بەڕێی سروشتی تاکەکەسەوە کارا دەکات. بۆیە شیلەر جەخت دەکات: گەر چێژ سەروەر بێت و جیهانی دەرکەوتەی جوان تەشەنە بسێنێت، ئیدی هیچ سەروەرییەکی تاکەکەسی، هیچ زوڵمێک، قبووڵ ناکرێت. لێرە تەنیا ئازادی پێشمەرجی ئازادییە. ئەم پێشمەرجە بۆ شیلەر دەستوورە بنەڕەتییەکەی دەوڵەتی ئێستێتیکییە. بێگومان دەبێت دەوڵەت هەمان پەیوەندیی بە تاکە مرۆڤانەوە هەبێت وەک چۆن ئەوان لەنێو خۆیاندا هەیانە، دەوڵەت دەبێت لەنێو دڵی هاووڵاتیدا نوێنەری „مرۆڤی ئیدیال“ بێت، دەبێت ڕێزی تاکەکەس بگرێت، بەمەش ئیدی دەوڵەت دەبێت بە فۆرمی ئۆبژێکتیڤییانەی یاسادانانێکی ناخەکی. ئێستا ئەخلاق کاریگەری لەسەر چواندنی گشتیی یاسا ئاکارییەکان دەنوێنێت، وەلێ بەبێ ئەوەی سروشتی تاکەکەس بشێوێنێت یان نەخوازە لەکاربخات.
بێگومان شیلەر بەئاگایە لەوە کە لە جڤاکی سەردەمدا کۆسپی گەورە لە بەردەم ئەو ئیدیالەیدا زیتدەبنەوە. بە تێڕوانینی ئەو کێشەیەکی کرۆکیانەی مرۆڤانی مۆدێرن ئەوەیە کە ئەوان بەدەرن لە „سێنسیبیلیتێ“ (دەرککردنی ورد و ڕۆشنی هەر ڕەوشێکی نێوەکی و دەرەکی)، کەواتە ئەوان درشتن، بۆیە ناتوانن هێندە ئاسان هەنگاو بنێنە نێو ئازادیی ئاکاری و دەوڵەتی ئاوەزەوە. لەم ڕوانگەیەوە دەستووری دەوڵەتی ئێستێتیکی کە فەرمان دەدات „بەڕێی ئازادییەوە ئازادی“ بە مرۆڤان بدرێت، هێندە ئاسان و خێرا ناهێنرێتە دی، بەڵکو، وەک شیلەر دەبێژێت، پێدەچێت پرۆسەی سەرهەڵدانی ئەو دەوڵەتە پتر لە سەد ساڵ بخایەنێت، بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت سەرەتا „شۆڕشێکی هەمەکی لەنێو سەرجەم شێوازی شعورکردنی مرۆڤدا هەڵبگیرسێنرێت“ تاکو ببێت بە ئێستێتیکی. ئەوە نامۆبوونی مرۆڤە لە خۆی و ئەرکە جڤاکییەکانی کە وا دەکات پەروەردەی ئیستێکی پێویست بێت. تەنیا دوای ئەوەی مرۆڤ فێردەبێت بە چاوان بچێژێت، ئەوجا بینین بۆ ئەو بەهایەکی سەربەخۆ وەربگرێت، ئیدی ئەو ئێستێتیکییانە ئازادە و ڕەمەکی گەمەش ئاوەڵابووە، کە ئیدی ئەو پەسنی دەرکەوتە دەکات.
بێگومان هەڵگیرساندنی شۆڕشی هەمەکی لەنێو سەرجەم شێوازی شعورکردنی مرۆڤدا هاوکات ئەو واتایە دەگەیەنێت کە شیلەر نواندنی زەبری شۆڕشگێڕانە بۆ نەهێشتنی دەوڵەتی ناچارەکی ڕەتدەکاتەوە. بۆ ئەوەی لە دەوڵەتی ناچارەکییەوە دەوڵەتی ئێستێتیکی دابمەزرێنرێت، هەنگاوێکی نێوانی، یان ستاتۆیەکی ڕاگوزەر، پێویستە: بەئاگاهاتنی گەل لەو هەقیقەتە کە ئەو خۆی لەکەرامەتخراوە. لەم ڕوانگەیەوە دەبێت دەوڵەت بەردەوامی بە کارایی خۆی بدات و هەر لەو ڕەوتەدا دۆخگۆڕییەکان لەسەرخۆ ڕووبدەن، ئەوەش سەردەگرێت گەر دەوڵەت ئەرکی پێگەیاندنی هارمۆنی لە نێوان ڕەمەکەکاندا وەربگرێت. وەلێ گەرەکە هەر لەم پەیوەندییەدا ئاماژە بۆ هەڵوێستێکی بنەڕەتییانەی شیلەر بدەین: بە تێڕوانینی ئەو ناشێت وەرگۆڕینی هەڵوێستی هۆشەکی ببێت بە بنەڕەت بۆ وەرگۆڕینی پەیوەندییە سیاسییەکان، بەڵکو شۆڕشی هەمەکی کە لە شێوازی شعورکردنی مرۆڤدا هەڵدەگیرسێنرێت، ئامانجێکی بنەڕەتیی هەیە: „چاکسازیی کارەکتەری مرۆڤ“. گەرەکە لێرەوە هەوڵ بۆ چاکسازیی ژیانی سیاسی و دەوڵەتی بدرێت. ئەوە هونەری جوانە وەک بەرهەمی گەمە کە ئەو ئەرکە لەئەستۆدەگرێت. بێگومان گەمە وەک توانست لە هەموو مرۆڤێکدا لەگۆڕێیە، وەلێ تەنیا پەروەردەی ئێستێتیکی ئەم توانستە لە مرۆڤدا پێدەگەیەنێت بەو ئامانجە کە „بە واتای وشە بیکات بە مرۆڤ“ – لە وەحشییەتی بخات، یان لە گوێرایەڵیی کوێرانەی ئاوەز (ی ئەبستراکت) و یاسای پۆزەتیڤ. دوای ئەوەی مرۆڤ لە ستاتۆی ئێستێتیکیدا بەڕێی گەمەوە ئازاد دەبێت، ئیدی هەنگاودەنێتە نێو ستاتۆی ئاکارەوە و تێیدا بەتەواوی لە یاسای دەرەکیانەی دەوڵەت و ڕەمەکی کوێر ئازاد دەبێت. ئێستا دەوڵەتی ڕاستینە و هومانی ئاوەز هاتۆتە گۆڕێ، ئێستا مرۆڤان لە هارمۆنیی ناخەکیدان و بە ویستی ئازادی خۆیان ئەخلاقیانە کردار دەنوێنن.
وەلێ شیلەر گومانی هەیە کە هەرگیز ئیدیالی دەوڵەتی ئێستێتیکی لە کەتواردا شیاوی ڕیالیزەکردن بێت. ئاخر هەرگیز لە هیچکوێی جیهانی کردەکیدا دەوڵەتی دەرکەوتەی جوان لەگۆڕێ نەبووە، تەنانەت خودی کاری هونەری تەنیا تا ڕادەی شیان لە ئیدیالی پەتیی ئێستێتیکی نزیک دەکەوێتەوە، کە بێگومان نزیکبوونەوەی هەمیشە و تەنیا بەندە بە میزاجی هونەرمەندەوە. سەرباری ئەوە دەوڵەتی ئێستێتیکی بەگوێرەی پێداویستی لە هەموو دەروونێکی ناسکدا هەیە، یان لە „کۆماری ئیدیال“دا هەیە، وەلێ ئەم دەوڵەتە لە جڤاکی سەردەمدا دەشێت لەنێو هەندێک نێوەندی دەستەبژێردا (ئێلیتدا) لەگۆڕێ بێت، چونکە لەم جۆرە نێوەندانەدا هیچ کەس بێهۆشانە لاسایی ئاکارە نامۆکان ناکاتەوە، بەڵکو لەوێ تەنیا سروشتی جوانی خۆیی ڕەفتار دەئاژوێت، هەروەها لەو نێوەندانەدا مرۆڤ بە سادەیەتییەکی دلێر و بێزیانییەکی ئارام بەنێو ئاڵۆزترین پەیوەندیدا ڕەت دەبێت بەبێ ئەوەی ئازادیی کەسانی دی بچەوسێنێتەوە تەنیا بۆ خاتری ئەوەی ئازادیی خۆی بسەپێنێت.

7- واتای شیلەر لە سەردەمدا

    

ماویەتی..




شەر و دبلۆماسی لە سیاسەتی ئەمریکادا.. عوسمانی حاجی مارف

شەری چل رۆژەی واشنتۆن و تەلئەبیب، لە بەرامبەر تاراندا، کەمبونەوەی کاریگەری نەخشەی بەکارهێنانی ئەو ئامرازە سەربازیانە بوو کە ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانویست بە کورتماوە و دەستبەجێ بگەنە ئامانجە سیاسی و سەربازیەکانیان، ئەمەش بەکارهێنانی خاڵە گوشارە گرنگەکان لەلایەن ئێرانەوە بۆ نموونە داخستنی گەرووی هورمز و هەڕەشەکانی بۆ پەکخستنی کەشتیوانی لە گەرووی بابولەمەندەب هاوکێشەکەی تەواو گۆری، دۆخەکەی زیاتر ئاڵۆزتر کرد و زیانی ئابوری زیاتری لێکەوتەوە، تا ئەو ئاستەی توانی دۆخی شەرەکە بە بەرەژەوەندی ئێران بشکێتەوە.
شەڕەکە هاوکێشەی خۆپارێزی لایەنەکانی نیشاندا، دیمان لایەنەکان پشتیان بە ئاڵوگۆڕی لێدانێکی حیسابکراو بەست بۆ ئەوەی نەکەونە ناو شەڕێکی تەواوەوە. ئەم شێوازە ڕەنگدانەوەی گۆڕانکاریە لە نێوان لایەنی شەڕکەرەکاندا، کە بەڕێوەبردنی پەرەسەندنیان هەڵبژاردووە نەک سەرکەوتنێکی سەربازی یەکلاکەرەوە. لە شەڕی ناهاوسەنگدا، ئامانجی ستراتیژی، بە تایبەت بۆ ئەو لایەنەی توانای سەربازی و ئابووری کەمتری هەیە، لە سەرکەوتنەوە دەگۆڕێت بۆ ڕێگریکردن لە شکست، لە تەسلیمبوونەوە بۆ بەرگری.
ئێران پشتی بە تۆڕی هاوپەیمانە ناوچەیەکانی خۆی بەستبو بۆ بەئامانجگرتنی بەرژەوەندیە ئابوریەکان، جا چ لە ڕێگەی هێرشی مووشەکی یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یان بە هەڕەشەکردن لە ڕێڕەوی ئاو. ئەم تاکتیکە ڕوبەڕووبونەوەکەی گۆڕیوە بۆ شەڕێکی درێژخایەن کە کۆتاییکەی نادیارە وهێڵەکانی نێوان ئامانجە سەربازی و ئابوری و سیاسییەکانی کاڵ کردبووەوە و هەر ڕێگایەک بۆ دەرئەنجامێکی یەکلاکەرەوە مەحاڵ کردووە.
ئەو یاداشتنامەیەی کە لەم دواییانەدا ڕاگەیەندرا و نزیکبونەوەی لایەنەکانی لە رێکەوتن خستەروو، نیشانەی کۆتاییهاتنی ململانێکان نییە، بەڵکو نوێنەرایەتی گواستنەوەیەک دەکات بۆ قۆناغێکی نوێ، کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی بارگژیەکانی هاتوچۆی دەریایی و ئابووری و سەربازییە لەسەر هەموو لایەنەکان بە دابینکردنی بوار بۆ مانۆڕی دیپلۆماسی. جگە لەوەش، لەلایەکی ترەوە شەڕەکە دەریخستووە کە یەکگرتنی بەرژەوەندیەکان لە نێوان زلهێزەکاندا وەک پارێزبەندیەک دەمێنێتەوە لە بەرامبەر ئاگرێکی تەواو لە ناوچەیەکی گرنگی ستراتیژی جیهانیدا، کە رۆژهەڵاتی ناوەراستە و زلهێزەکان رکابەری تێدادەکەن.
ئەتوانین بڵێین سەرکەوتن و شکست بە مانای ئاسایی لەم شەڕەدا پێناسە ناکرێت. لایەنەکان دەستکەوتی تاکتیکی سنورداریان بەدەستهێناوە، بەگوێرەی ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی شەڕەکە، لەکاتێکدا ئامانجە ستراتیژیە سەرەکیەکان بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە. بۆ نموونە ئەمریکا و ئیسرائیل سەرکەوتوو نەبون لە سنووردارکردنی یەکلاکەرەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و ئێرانیش نەیتوانیوە بە زۆر دیدگای باڵادەستی ناوچەیی خۆی بسەپێنێت.
ئەم شەڕە ئەو وانەیەی نیشاندا، کە شەڕەکانی ئەم سەردەمە چیتر بە واقیعی مەیدانی سەربازی پێوانە ناکرێن، بەڵکو بە توانای بەڕێوەبردنی ململانێکان و کەمکردنەوەی زیانەکان دەپێورێت، ئەمەش ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە، دەسەڵاتی سەربازی بە تەنها بەس نییە بۆ داڕشتنی چارەسەری سیاسی لە ناوچەیەکدا کە بەرژەوەندی و مەترسیی بەیەکەوە گرێدراو بێت.
لەکاتێکدا ململانێی ئەمریکا و ئێران چووە قۆناغێکی زۆر هەستیارەوە، هەردوولا بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی ڕوبەڕوبونەوەیەکی گەورە بون و چەند هەفتەیەک بەردەوام بون، دوای شەڕێکی دڕندانەی ئاسمانی و دەریایی و سەربازیی، داخستنی گەرووی هورمز و سەپاندنی گەمارۆی بەرامبەری لەخۆگرتبوو، واقیعێکی سیاسی نوێی خستەروو، کە کێ قسەی کۆتایی و سەپاندنی مەرجە ستراتیژییەکانی لە دەستدایە.؟
لەپشت پەردەی ئەم دۆخەوە، کەلێنێکی قووڵ لەنێوان هەردوولادا ئەگەری هەیە. ئەمریکا پێداگری لەسەر ڕێکەوتنێکی توند دەکات، کە هەوڵ دەدات بە راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەیەکی درێژخایەن کە ئەگەری هەیە بگاتە بیست ساڵ بۆ لابردنی کۆگا پیتێنراوەکانی لە وڵاتەکەدا، وەک پێشمەرجێک بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکە، تا خواستی ئەتۆمی ئێران سنووردار بکات. بەڵام تاران ماوەیەکی کاتی دیار دەکات و کۆنترۆڵکردنی ئاسان نیە، ئێران تواناکانی دابینکردنی پیتاندن و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیی خۆی بەو سەروەت و سامانە دەزانێت کە لە ڕێگەی خۆڕاگری خۆیەوە لەسەر زەوی دەستەبەری کردووە و لە بەرامبەر بەڵێنی زارەکی یان هەڵگرتنی بەشێکی گەمارۆی دەریایی دەستبەرداریان نابێت.
دیپلۆماسی ئەمریکی بەهۆی خواستی سەرکردایەتی لە واشنتۆن بۆ پڕۆژەکردنی وێنەیەکی دەسەڵاتی سەرسەخت و بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی سیاسی تایبەت، تا لە دەستکەوتەکانی ئیدارەکانی پێشوو زیاتر تێدەپەڕێت، ئەم سەرکەوتنە بە نیشاندانی ئەوەی کە فشاری ئابووری و سەربازی توندی تارانی ناچار کرد ئیمتیاز بدات و بەشێکی گەرووی هورمز بەڕووی کەشتیوانی نێودەوڵەتی و هاتوچۆی دەریاییدا بکاتەوە.
لەبەرامبەردا هەڵوێستی ئێران لەسەر لێکدانەوەیەکی جیاواز دامەزراوە، دەڵێت کەناڵە کراوەکانی پەیوەندی و هەوڵە بەردەوامەکانی نێوەندگیری ناوچەیی بەرهەمدار نەدەبوو، یان بەقازانجی ئێران نەدەبو ئەگەر لایەنی بەرامبەر سەرکەوتنێکی سەربازی یەکلاکەرەوەی بەدەستبهێنایە، جگە لەوەش ئێران ڕووبەڕووی ئەو واقیعە بووەتەوە کە ئابووری جیهانی چیتر ناتوانێت بەرگەی تێچووی لەڕادەبەدەری گیرانی ڕێڕەوی هورمز و بەرزبونەوەی نرخی وزە بگرێت. ئەمەش داخستنی گەرووەکەی گۆڕیوە بۆ کارتێکی فشاری زۆر کاریگەر، کەخەرجی واشنتۆن و هاوپەیمانە ناوچەیەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە.
لەکاتێکدا یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئەمریکا و ئێران هەنگاوێکی گرنگە بۆ پێشگرتن لە چوونەناو شەڕێکی ناوچەیی، بەڵام هێشتا وەک ڕێکەوتنێکی کاتیی و ئاڵۆز دەمێنێتەوە. ڕوبەڕوبونەوەی ئەم دواییەی نێوان ئێران لە لایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی دیکەوە، نوێنەرایەتی ساتێکی سەرەکی دەکات کە تەعبیرە لەو گۆڕانکاریانەی سروشتی ململانێی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا هێناویەتییە ئاراوە. ئەم ڕوبەڕوبونەوەیە تەنیا پێکدادانێکی سەربازی ئاسایی نەبوو، بەڵکو بەرجەستەکردنی واقیعێکی ستراتیژی نوێ بوو کە ڕەهەندە ئەمنی و ئابووری و جیۆپۆلیتیکییەکان تێیدا تێکەڵ دەبن.
ئەم شەڕە دەریخست کە تێچووی شەڕ لە ژینگەیەکی ناوچەیی زۆر ئاڵۆزدا زۆر زیاترە لە دەستکەوتە ئەگەریەکانی هەر لایەنێکیان، بۆیە ئێران هەوڵیدا پیادەی ئەوەبکات، هاوکێشەی هاوسەنگی خۆی لەو روبەروبونەوەیەدا فراوانتر و بەربڵاوتر بکات، مەودای خۆی دابەشکرد بە کەڵک وەرگرتن لە دەوڵەتە عەرەبیەکانی کەنداو وەک گۆڕەپانێکی جیۆپۆلەتیکی و ئابووری پەیوەست بە تێوەگلانیان بە جەنگەوەکەوە، ئەمەش سیمایەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی بە ململانێکان بەخشی، وایکرد کە چارەسەری سەربازی ڕاستەوخۆ ببێتە بژاردەیەکی مەترسیدار و دەرئەنجامەکانی نادیار بێت.
ئەوەی رۆشنە ئەمریکا وەک سەرمایەیەکی ستراتیژیی گرنگ لە ناوچەکەدا سەیری ئیسرائیلی کردووە. بەڵام ئەمڕۆ ئەم گریمانەیە لەبەردەم لێکۆڵینەوەیەکی تری سەربازی و سیاسیدایە! نەزمی نێودەوڵەتی ئێستا لە گۆڕانکاری خێرادایە، دەیان ساڵە هاوبەشی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل، باری ئەمنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان لە قاڵب داوە، ئەوەی کاتی خۆی وەک هەڵمەتێک بۆ هەژموونی سەربازیی ڕەها دەستیان پێکرد، بە تێپەڕبوونی کات گۆڕاوە بۆ بەرگری سیاسی و مانەوە.
ڕاگەیاندنە سەرەتاییەکانی واشنتۆن و تەلئەبیب بەڵێنی گۆڕینی تەواوەتی هاوسەنگی هێزی ناوچەیییان دابو، بەڵام واقیع پاشەکشەی تیژی لەو مەبەستانەیان نیشاندا. ئێستا چوارچێوەی ئاشتی سەریهەڵداوە، کە لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە لە ئیسلام ئاباد دەکرێت، واقیعێکی جیۆپۆلەتیکی وەهای ئاشکرا کرد کە زلهێزەکان ناتوانن واقیعە سەختەکانی ئابووری جیهانی پشتگوێ بخەن. ئەم ڕێکخستی ستراتیژییە کاریگەری قووڵی لەسەر ناوچەکە هەیە، بەدواداچوونی بێوچانی دۆناڵد ترەمپە بۆ دەرچوونێکی دیپلۆماسی ڕاستەوخۆ، هەموو ئەو کاریگەرییە سیاسییە دەکاتە قوربانی کە بنیامین ناتانیاهۆ دروستی کردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ دابەزینی ئاستی هاوسەنگی ململانێی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا.
لەسەرەتای ململانێکاندا، قسەکانی کۆشکی سپی یەکلاکەرەوە و ڕەها بوو، داڕێژەرانی سیاسەتی ئەمریکا داوای تەسلیمبوونی تەواوەتی تارانیان کرد، بە ئاشکرا باسیان لە سەپاندنی گۆڕانی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی تەواوی تۆڕەکانی بەرگری ناوچەیی دەکرد، ئەمەش هەڵەی وەهمی ئاسۆیەکی بەخشی بە بەشێکی زۆری ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی و خۆیان ئامادەدەکرد بۆ دۆرانی ئێران و روخانی کۆماری ئیسلامی لەم شەرەدا.
بەڵام ئامێری دەوڵەتی ئێران نەڕووخا، لەبری ئەوە، ئیدارەی واشنتۆن خۆی لە نقوم بونی شەڕێکدا تێوەگلانووە، کە کۆتایەکی ڕوونی لە بەرچاودا نەبوو، ئەمەش لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی کۆنگرێسدا فشارێکی زۆری ناوخۆیی بو لەسەر سەرۆکایەتی ئەمریکا، خەڵکی ئەمریکا ئیتر تاقەتی ئەوەیان نەمابوو کە بودجەی هەڵمەتێکی سەربازی دیکەی درێژخایەن لە ڕۆژئاوای ئاسیادا دابین بکەن. لە ئەنجامدا کۆشکی سپی بە شێوەیەکی سیستماتیکی داواکارییەکانی دابەزاند، پێداگری پێشوو لەسەر گۆڕینی ڕژێم بە دانوستانی پراگماتیک جێگەی گرتەوە، واشنتۆن ئامادە بوو گەرەنتی تایبەت سەبارەت بە کۆگاکردنی یۆرانیۆم و ئاسایشی دەریایی قبوڵ بکات، ئەمەش پاشەکشەیەکی بەرچاوە لە ئاواتەکانی جیۆپۆلەتیکی ئەمریکا، لە هەمانکاتدا گورزێکی گەورەبو بۆ ئەو ئومیدەی ئۆپۆزیسیونی کۆماری ئیسلامی چاوەروانی دەکرد.
بزوێنەری سەرەکی ئەم پاشەکشە دیپلۆماسییە گۆڕانکاری لە ئایدۆلۆژیای سیاسیدا نییە، بەڵکو واقیعی توندی جوگرافیای دەریاییە. داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە چەکێکی ئابووری بوو کە هێزە سەربازییە تەکنەلۆژییە بەرزەکان نەیانتوانی بێلایەنی بکەن، ئەم گەمارۆیە بە شێوەیەکی کاریگەر لەسەدا ٢٠ی دابینکردنی نەوتی خاو لە جیهانی ڕاگرت و لەسەدا ٣٠ی بازرگانی نێودەوڵەتی بە پێوانەی کیمیایی پەکخست.
کاردانەوەی ئابووری دەستبەجێ و توند بوو، نرخی بەنزینی ناوخۆیی لە ئەمریکا بەرزبووەوە و فشارەکانی هەڵاوسانیش دەستی کرد بە هەڕەشەکردن لە سەقامگیری دارایی ڕۆژئاوا، هەڵمەتی ئاسمانی ئەمریکا ملیارەها دۆلاری خەرج کرد لە هەوڵی پاراستنی ڕێڕەوی ئاوەکە، بەڵام سیستەمی بەرگری دەریایی پێشکەوتوو نەیتوانی بەسەر تۆپۆگرافیای بنەڕەتی کەنداودا زاڵ بێت، کەناراوەکانی باکووری شاخاوی ئێران پاراستنی پێکهاتەیی بۆ جبەخانەی مووشەکی ناهاوسەنگەکەی دابین کرد، سوپای ئەمریکا درکی بەوە کرد کە کردنەوەی ڕێڕەوی کەشتیوانی بە زۆر پێویستی بە شەڕێکی زەمینی بەرفراوان دەبێت، لە بەرامبەر هەڵبژاردنی نێوان داڕمانی ئابووری لە ناوخۆ و لەشکرکێشییەکی زەمینی درێژخایەن لە دەرەوەی وڵات، واشنتۆن دیپلۆماسی هەڵبژارد، ئەولەویەتەکان لە بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی سەربازی یەکلاکەرەوە گۆڕا بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕەکانی وزەی جیهانی. ئەم بڕیارە تیشک دەخاتە سەر وانەیەکی چارەنووسساز، کە جوگرافیا وەک تەکنەلۆژیای باڵادەست لە شەڕی ئەم سەردەمەدا دەمێنێتەوە و پلاندانەرانی سەربازی ئێستا دەبێ پشتبەستنیان تەنها بە هێزی ئاسمانی هەڵسەنگێننەوە.
ئەولەویەتەکانی جیهانی ئەمریکا بە ناچاری و لە دنیای واقعدا لە گۆڕاندان، واشنتۆن دەبێت هەڵاوسانی ناوخۆیی بەڕێوەببات و دابینکردنی وزە مسۆگەر بکات و سەرنجی ستراتیژی درێژخایەنی خۆی لەسەر بەرزبوونەوەی چین چڕبکاتەوە. ململانێ درێژخایەنەکەی ڕۆژئاوای ئاسیا خەریکە سەرچاوە بەنرخەکانی ئەمریکا دەڕژێنێت و واشنتۆن لە هاوپەیمانە ئەوروپیەکانی دابڕێت.
لەکاتێکدا واشنتۆن کەمکردنەوەی پەرەسەندنی ناوچەیی بە شتێکی بنەڕەتی بۆ سەقامگیری ئابووری جیهانی دەزانێت، تەلئەبیب هەر چوارچێوەیەکی ئاشتی پێشوەختە وەک شکستێکی لە بونی خۆیدا دەیبینێت.
کاتێک ترامپ وەک دۆڕاوێک بەڵگەنامەی سەرکەوتن واژۆ دەکات، چوارچێوەى ئێستا “شەرعیەتى نێودەوڵەتى و هەرێمى” بە تاران دەبەخشێت وەک یاریزانێکى سەرەکى لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

عوسمانی حاجی مارف




شیعر\ یەکبوون.. نەوزاد مدحەت (گۆران عەبدوڵڵا)

نە یەک ئاسمان هەیە،
نە یەک زەوی بۆ هەمووان
ئەوەی هەیە دووە دوو
شەقامی زێڕ و شەقامی بەرد
دوو جیهانی لە ناو یەک، بەڵام نا یەک.

بازاڕ زۆر پڕترە لەوەی ئارەزومانە
لەگەڵ ڕیزی درێژی قاپی بەتاڵ.
هەندێک خوان پڕن لە نانی زیادە،
هەندێکی تر نازانن چۆن تێر دەبن.

ئەوەتا سێبەری کۆشکی بانکەکان
بۆتە سێبەری پەناگەی بێ ماڵەکان.
ئەوە نەبێ، زەوی نەبێت یان دارو بەرد
ئەوەی هەیە نادادییە.

کاتێک جەنگ چیرۆکە درۆینەکانی دەهۆنێتەوە
بۆ دزینی سەرەوتی زیاتر
مووشەکەکان بە ئاسماندا دەفڕن،
منداڵان فێر دەبن ئەوەی هەیە
لایەلایەی خەوننییە،
بەڵکو ویزەی گوللـەن،

ڕۆژ بە ڕۆژ کەلێنەکە گەورەتر دەبێت،
دۆڵێکە دەوڵەمەندی هەڵیکەندووە
یەکبوون نەبێت بە هیچ پڕنابێتەوە
منداڵێک،
میراتی تەختی پادشایی دەست دەکەوێت،
یەکێکی تر،
پشتی دەشکێت بۆ پاروویەک.

دیواری شووشە و پۆڵا دەچنین،
وا خۆمان دەنوێنین کە نابینین و هەست ناکەین
بە سێبەری زۆریمان
لەسەر ئەوانەی خەونەکانمان کاڵدەکەنەوە
ئەوانەی بە تەکنیکی جۆراوجۆر
فڕێمان دەدەنە کەناری بێهێزییەوە.

بەڵام هێشتا هیوا لە شەودا دەچرپێنێت،
کە دەتوانین ئەم هەڵانە ڕاست بکەینەوە.
هەموو دەستە ڕەنگاوڕەنگەکانمان
دەتوانن ئەم دۆڵە هەڵکەندراوانە پڕبکەنەوە
ئەم خاکە ببێتەوە خاکی هەمووان

ئەگەر تەنها بزانیین ئێمە کێین
لە ڕووخساری ئەوانی تردا
ئاوێنەی هاوبەشی خۆمان ببینین
شەڕبکەین بۆ بەشکردنێکی یەکسان.

ئەمەی دەیڵێم نە خەونەو نە خەیاڵ
ئەمە خەونێکی خەوتووە
لەناو هێزی یەکبونماندا.

٢٠٢٦
تۆرۆنتۆ

* لە ژمارە ٤١ی بانێژەی ئەدەب و هونەری رۆژنامەی رەوت بڵاوبۆتەوە لاپەڕە ٨٥.




پیاو بۆچی ڕاست نەڵێ ؟.. نەوزاد بەندی

وەڵاهی بمکوژە و گوێم لە ووشەی پیتزا نەبێ، هەرچی پیتزا و فینگەر و ماکدۆناڵد و ستاربۆکس و کنتاکی دنیایه بە قوربانی یەک پاروو ناوساجیی و ناوەشکێنە بن.. لەو ئاسمانەوە هەڵمدەره خوارەوە و پێم مەڵێ های، هەرچی های و هاو و وای و هەلاوی دنیا هەیە ئەکەم بە قوربانی ( مانوو نەبی) یەکی ئەو شارەزوورەی لای خۆمان .. هەرچی ئاوی جام و دەبە و فلتەری ئەو جیهانە سەر لێشێواوە هەیە، ئەیکەم بە خزمەتکاری قومێ ئاوی مەرکانەیەک کە لە ژێر سێبەری دارتوویەک یان شۆڕەبییەکدا لەسەر سێپایەک هەڵتروشکاوە .. بمکوژە و پێم مەڵێ دێلیڤەری .. هەڵمواسە و پێم مەڵێ لە تیکتۆک و ماسنجەر و وەتس ئەپ و ڤایبەرەوە پەیوەندی بکە ..هەرچی ئایفۆن و تۆڕی کۆمەڵایەتیی و ئیمەیڵ و نوکە و جوکە هەیە بە قوربانی هۆرەیەک بن کە لەم شاخەوە بۆ ئەو شاخ یەکترمان پێ بانگ ئەکرد.. هەرچی دێلیڤەرییە بە خزمەتکاریی ئەو چارۆکە و تێشووە بن کە سەلکێ پیاز و سەلکێ تەماتە و نۆردووە نانێکی تیا بوو..ڕووی بابی ئەوە ڕەش بێ فاست سود و چێشتخانە و نانەواخانە و دەرمانخانەی بیست و چوار سەعاتیی هێنایە ئەم ووڵاتەوە .. ئاخر بیست و چوار سەعات چێشت و نان و دەرمانم بۆچیە؟ مانگای مالوانم یان ئاشە مەکینە؟ .. هەرچی دەرمانخانەیە بە قوربانی ئەو بتڵە عەرەقی نەعنا و شوشە دەرمانی سوور و ئیسپرتۆیە بن کە لە هەموو ماڵێکا هەبوون و ئیشی پەنجا پزیشکیی هەناویی و شکاویی و جەڕاحی بۆ ئەکردین..
نەفرەت لەوەی سەتەلایت و هەزاران کەناڵیی بەردوامی بۆ دامەزراندین، کە پیاو نازانێ سەیری چی بکا و گوێ لە کێ بگرێ و لە چی وورد بێتەوە.. هەموویان بە قوربانی ئەو تاکە کەناڵەی جاران بن، کە سەعات شەشی ئێوارە بە سڵاوی کۆماری و قورئان و ئەفلام کارتۆن دەستی پێ دەکرد و .. تۆزێ بەرنامەی تورکمانیی و تۆزێ بەرنامەی کوردی و تۆزێ بەرنامەی و فیلمی شەوی پەخش ئەکرد، سەعات یانزەی شەو کۆتایی بەرنامەکان و خوا حافیزیی و سڵاوی کۆماریی بوو، ئیتر خەڵکەکە هەمووی لێی ئەخەوتن..نەفرەت لە هەزار جۆر ئوتومبیل و مواسەفات و کامێرای پێش و پاش و هەستیاریی ئەملا و لا وڕادار و ئۆتۆپارک و تەحدید سورعە و هایبرید و کارەبایی کە زەوی و ئاسمانییان تەنیوە و دەست بۆ لوتت ببەیت، سێ چوارێکی ئەمەریکیی و یابانیی و چینیی و ئەڵمانیی دێن بە دەستتەوە، هەموویان بە قوربانی ئەو عەرەبانە دوو ئەسپییە بن، کە لەگەڵ ئەوەی ئەیانگەیاندیتە جێ دنیایەک جوانیی و خەون و شیعریان تێدا دروست ئەکردیت..دوای ئەوە بە قوربانی ئەو ئامانە میرییانە بن، کە هەموومانی کۆ ئەکردەوە و بە بێ زحمەت، ئەیانگەیاندینە شوێنکار و بازاڕەکان.. هەرچی یاری ئەلیکترۆنیی و پۆپچی و پلەیستەیشن و ئێکس بۆکس هەیه، بەقوربانی فڕیوە و هەڵماتێن و ڕەسم ڕەسمێن و دەست بە دیوار و کۆلارە و مار و پەیژەکەی جاران بن .. هەرچی گڵۆپی لید و سورەیا و چلچرای کۆنترۆڵ هەیە، بە خزمەتکاری ئەو گڵۆپە زەردە سەد واتییانە بن، کە لەبەردەرگای هەموو ماڵێک دانەیەک هەبوو، شەوان دادەگیرسان و بەردەرگایان بۆ دەکردیت بە ڕۆژی نیوەڕۆ .. بمکوژە و ناوی نێت فلێکس و ئۆئۆتی و تیڤی بۆکس و سینەمای ئۆنلاینم لەلا مەبە، هەموویان بە قوربانی سینەمای ڕەشید و سیروان و دڵشاد بن، کە بە سەد فلس ئەیانبریده ناو جیهانی هونەر و عەشق و شەڕ و ئاشتیەوە.. هەرچی کۆکا کۆلا و تایگەر و کۆڵد کۆفی و لە شوشەکراوەکانی تر هەیە، لە دەوری شەربەتەکەی مام زۆراب گەڕێن، کە لەگەڵ قومی یەکەمدا هەموو گیانت ئەبوو بە ڕەزی ترێ ..
میزاجم تێک مەدە، باسی شاورمە و فەلافل و هەمبەرگرم بۆ مەکە، هەموویان ئەکەم بە نۆکەری ئەو قاورمە فرۆشەی لەبەردەم مەکتەب، دوای دەرسی پێنجەم، چاوەڕێی دەکردین، لەتێ نانی سارد، سەرە کەوچکێ قاورمەی نۆکی پێدا دەهێنا و چەند چڵە کەوەرێکی جنراوی پێدا دەکرد، تامێکی وەک تامی خواردنەکانی بەهەشتی هەبوو ..هەرچی نەستەلە و سنیکەرز و پۆپ کێک و جەلیی هەیە، قوربانی حەلاوە تەیب و پەشمەک و شروب و عەمبەروەرێتێک بن، کە خۆمان دروستمان ئەکردن ..هەرچی ساردەمەنیی و دۆندرمەی تورک و فارس و عەجەم هەیە لە دەوری چلورە وئاسکیمۆی ئەرخەوان گەڕێن، کە تەنها بۆن و تامەکەیان هەموو ساردەمەنییەکانی جیهان ئەژیان..
کۆشک و ڤێلا و شوقەی ئاسمان و لامینات و دەرگای قاسە و دەلاقەی دەبڵ جام و گەراجی دفن و ئەسترۆپۆڵ و کارەبای تیشکی خۆر و ئەسانسۆر و بالکۆن و ڤی یوی تەواوی شار و سپلیتی ناوەندیی، بە قوربانی ئەو دوو هۆدە و هەیوانە بن، کە ئەیانڕوانی بەسەر حەوشەیەکی ناوەڕاستدا و سنەوبەرێک و مێو و هەنجێرێک وەک سێ پاسەوانی هەتاو و تۆز و خۆڵ ، پارێزگارییان لێ دەرکردن و دایکم ئێواران ئاوڕشێنێکی دەکردن و کومبارێکی دادەخست، تەرمۆزەی ئاو و سفرە و سەماوەر و کەرەستەکانی نانی ئێوارە و شەو چەرەی لەسەر ڕیز دەکردن.. هەرچی بۆیلەر و گیزەر و ئارامکۆ و ساونایه، قوربانی ئەو تونی حەمامە بن کە بە چۆڕێک نەوت یان دوو کۆتەرە دار، حەمامەکەیان بۆ گەرم ئەکردین و بە خۆڕایی دە دوانزە کەس خۆیان لێ دەشوشت .. هەرچی جلی مارکەی پۆڵۆ و لاکۆست و ئەدیداس و نایک هەیە ببن بە قوربانی ئەو تاک شەڕواڵەی کە بۆیان دەدورین، هەم لەناو ئاودا ئەبوو بە چووپی هەوا و هەم کە خۆمان حەوا ئەدا حوکمی پەڕەشوتێکی هەبوو، نە بن ڕانمان بە گەرما سوور ئەبۆوە و ئەسووتایەوە و.. نە عەیب نەبێ کە دادەنیشتین پشت و فەقەرات و گێڕ و مەکینەمان دەردەکەوتن و فیتەیان ئەهات ..
هەرچی زیکە و گمە و فڕەی بەفرگر و ساردکەرەوە و فێنککەرەوە و سپلیت و پانکە و پاڵێوەری هەوا و ساحیبە و فلتەری ئاوە، ئەیانکەم بە قوربانی خانووەکانی جاران کە دەنگی هیچ ئامێرێکی تیا نەبوو، بێجگە لە جریوەی چۆلەکە و گمەی کۆتر و زیکەی زیکزیکە و قوقەی کەڵەشێر و گارەی مریشک و چرپەی یار و شڵپەی ماچ.
هەرچی نەخۆشخانەی مناڵبوون و پسپۆڕی مناڵبون و کۆرپەی بلوریی جیهان هەیە، ئەیانکەم به قوربانی باجی خانمی مامان، مامانی هەموو ژنانی گەڕەک بوو بە بێ ئەوەی مناڵێک قاچی دەرهاتبێ، ئۆتیزم بێ، داون، یان ئێسکە نەرمە و ملسوڕاو و تالاسیمیا و نەخۆشی شەکرە بێ ..
هەرچی پێڵاوی بۆگاتی و ڕایکەر و کامێڵ و زیگنا هەیە، لە دەوری ئەو پاتە لاستیکە بگەڕێن کە هەمووان بە بێ جیاوازیی لە پێمان دەکرد، هەم غەواسەی ناو ئاو و هەم مڵەی ناو قوڕ و هەم شێری ناو بێشە و حوشتری سەحرا بوو، هەم سەلمێنەری یەکسانیی کۆمەڵایەتیی هەموو مناڵانی گەڕەک بوو.
هەرچی گەشتی تورکیا و ئێران و مالیزیا و یۆنانە، قوربانی کارێزی وەستا شەریف و داربەڕووەکان و سەرچنار بن، کە لە کەشێکی ئارام و هێمندا، لەناو شنەی شەماڵ و خشەی گەڵا و قوڵپەی ئاودا، جوانترین ساتەکانی حەوانەوەی دەروون و جەستەیان بە خۆڕایی پێشکەش ئەکردین، بە بێ ئۆفەر و ڤیزە و چێک پۆینت و فڕۆکە و شەونخونی نیوە شەو و خەرجکردنی سەفتە دۆلار کە تایبەتە بە دەولەمەند و سیاسەتمەداران بەڵام لە داربەڕووەکان و کارێزی وەستا شەریف و سەرچناردا، هاتن بۆ هەمووان بوو.
هەرچی مۆڵ و سۆپەر مارکێت و مینی مارکێتە بە قوربانی دوکانەکەی غەنی و نەوبەهار بن، کە هەموو کاڵایەکی ڕۆژانەیان بە بێ ڕیکلام و فێڵ و هەڵخەڵەتاندن لەلا دەست دەکەوت ..
هەرچی پەرلەمان و حوکمەت و پەرلەمانتار و وتەبێژی حیزب و ئەندامی سەرکردایەتیی و کادیر و چەکدارە بە قوربانی مفەوەزێکی ئەمنی عەرەب یان جاشێکی کوردی جاران بن، هیچ نەبێ بینینی ئەو مفەوەزە عەرەبە یان ئەو جاشە کوردە هەستی تۆڵەکردنەوە و ڕقی پیرۆزی لا دروست ئەکردیت، هستی ئەوەی کە خەبات بکەیت و شۆڕش بگێڕیت و ئەو داگیرکەر و خۆفرۆشانە لەناو ببەیت و حوکمەتی کوردیی نیشتمانیی سەربەخۆ پێک بێنیت .. بەڵام ئێستا فەرموو ئەوە حوکمەتی کوردی و هەزار و یەک جۆر وەزیر و پەرلەمانتار و خزم و خوێش و یار و یاوەرەکانیان، هەموویان کوردن و ملیاردێرن و VIP ین، هەموو کوردستانیان هەڕاج و تاپۆ کردووە لەسەر خۆیان و یەک دینار له بانکی حوکمەتی کوردیدا نییە.. هیچ ئۆمێدێکیشت نییە، چونکە لە کورد نزیکتر کێیە حوکمت بکا؟ ئەی خۆت هەڵتنەبژاردوون لە هەڵبژاردنی سەرتاسەری ووڵاتدا؟ ئەی ئیتر بە تەمای چیت ؟ ئەرێ خەڵکینە لە کورد کوردتر هەیە پەنای بۆ ببەین و دەنگی پێ بدەین ؟ لە کورد کوردتر لە کوێ دەست ئەکەوێ بچین بۆ لای و مشورێکمان بخوا؟ لە کورد، کوردتر هەر کوردە، به دەسەڵات ۆ موعارەزە و چەپ و ڕاست و ئوسوڵیی و لیبڕاڵییەوە تاقیمان کردنەوە هەموویان یەک بابەتن بە یەک ڕیتم ڕیکلام بۆ برنجی مەحمود و یەکەکانی داونتاون و قەیوان دەکەن ..
.. بەو جۆرە هەزار خۆزگەمان بە جاران کە خەونمان بەوەوە ئەبینی ڕۆژێ لە ڕۆژان ئەمنە سوورەکە بڕوخێنین و زیندانەکانی بەعس بشکێنین و .. بیرە نەوتەکانی کوردستان لە چنگاڵی بەعس دەربێنین .. هەزار خۆزگەمان بە جاران کە خەونمان بەوەوە ئەبینی ڕۆژێ لە ڕۆژان شەڕواڵ لە پێیەک ئەبێتە وەزیر و .. جامانە لەسەرێک ئەبێتە سەرۆک وەزیران .. سروودێکی کوردی ئەبێتە سروودی نیشتمانیی ..
ئەی ئێستا ئیتر کە تەڕ و وشک، دەسەڵاتی کورد بردی و خواردی و دۆڕاندی و دیزەبەدەرخۆنەی کرد، فەرموو ئیتر دڵ بە چی خۆش بکەین ؟ له کورد، کوردتر لە کوێ بێنین؟ لە مامۆستا مامۆستاتر لە کوێ بێنین مناڵەکانمانی تەسلیم بکەین پەروەردەیان بکات؟ لە پێشمەرگە، پێشمەرگە تر لە کوێ بێنین و سەر و ماڵمانی بە ئەمانە ت لەلا دابنێین ؟ ئاخر لە ئاڵای کوردستان، ئاڵای کوردستانتر هەیە لە ژێر سێبەر و سایەیدا، کوردستانی پاوانکراو و دابەشکراو و هەڵلوشراومان بۆ ڕزگار بکاتەوە؟ پێم بڵێ ئەمنێ جاشێ لە کوێ بێنین، هیچ نەبێ هیوای تەفروتوناکردنی بەعس و داگیرکەرانمان بۆ بگەڕێنێتەوە ؟ بێگانەیەکی داگیرکەری غەیرە کورد لە کوێ بێنین، هیچ نەبێ داخ و پەژارەی دڵمان بە تفێک دەربکەین، کە بیکەینە سەر و فەساڵی، لە چوارچێوەی وێنەیەکدا کە بە زۆرە ملێ لە هەموو ماڵێک هەڵواسرابوو ؟
ئیلاهی، ئەوەتا بۆ 35 ساڵە خۆمان حوکمی خۆمان ئەکەین و .. وار و وێخی کوردستانمان لە گرێژەنە دەرکرد، ڕوو بکەینە کوێ، ئیلاهی ؟ لەوە باشتر چییە بۆمان بکەی کە 35 ساڵە خۆمان حوکمی خۆمان ئەکەین، کەچی ئەوەتا لە بنبەستێکداین هەزار ڕەحمەتمان بۆ بندەستێکەی داگیرکەرانە کە هەر هیچ نەبێ هەستی شۆڕش و بەرگری و بەگژاچوونەوەمان بۆ ئەگەڕێنێتەوە، ئیلاهی ؟!




سێ کتێبی چاپکراوی د. نەجمەدین کەریم

هەرسێ کتێبەکە لە چاپخانەی دێرین چاپکراون و لە شارۆچکەی سۆران بەردەستن

. کتێبی لە (دەروازەی فەلسەفەدا )و (مێژووی فەلسەفە) باس لە دیسپلین و مێژووی هزری فەلسەفی دەکەن.
سێیەمیان ( سیاسەت و دۆزی کورد) سەبارەت بە سیاسەت و هزڕی سیاسی ، پاشان باسکردنێکی مێژوویی ، سیاسی و هزرییە دەربارەی دۆزی کورد . هەر سێ کتێبەکە چاپی یەکەمن.