دژبەرەکانی زمانی کوردی-2- .. فەرەیدوون سامان

بەشی دووەم..

زمان بە یەکێک لە پایە گرنگەکانی ناسنامەی نەتەوەیی دادەنرێت. بۆیە بە هێرشکردنە سەر زمانی کوردی، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هێرش کردنە سەر خودی شوناسی نەتەوەیی، ئەمەش لە ڕەچاوکردنی سیاسییەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەو سنوورە سیاسیانەی کە کوردستانیان دابەش کردووە بەسەر چوار وڵاتدا، ئەم سنوورانە بەهۆی هەلومەرجی مێژوویی و کۆلۆنیالیزمەوە سەپێندراون، پەیوەندی زمانەوانی و کارلێکی ڕاستەوخۆی نێوان کورد لە پارچە جیاجیاکانی کوردستان سنووردار کردووە، ئەمە هۆکارێکی بنەڕەتییە بۆ نەتوانینی کورد لە زاڵبوون بەسەر هەموو زارەکانیدا. هەر جۆرە هەوڵدانێک بۆ گۆڕینی پڕۆژەیەکی پەروەردەیی وەک ئامرازێک بۆ دووبارە نووسینەوەی مێژوو و هەڵوەشاندنەوەی زمانی کوردی، کە لەسەر بنەمای ڕاستگۆیی لەگەڵ مێژووی نەتەوەکەماندا بنیات نراون، نەک لەسەر داهێنانی ناوی نوێ بۆ خزمەتکردنی ئەجێندا سیاسییە کاتییەکان، لە ئەنجامدا خزمەت بە ئەجیندای داگیرکەرانی کوردستان دەکەن، بۆ نموونە: ماوەیەکە باس لە زمانی ئێزیدی و خوێندن بە زمانی ئێزیدی دەکرێت، لە ڕاستیدا کەس ناڕەزایەتی نییە بەرامبەر بە کردنەوەی قوتابخانە یان دامەزراوەیەکی پەروەردەیی، بۆ خوشک و برا ئێزیدییەکانمان، بەڵکو ئەمە بە زەروورەتێکی کەلتوری و نەتەوەییشی دەزانم، بەڵام گوتنی ئەوەی کە “یەکەم قوتابخانەی زمانی ئێزیدی” کرایەوە، بە ڕای من ئەوەندەی دەستکەوت نییە، بەڵکو ساختەکردنی مێژووی نەتەوەکەمانە، چونکە ئێزیدی ئایینێکی دێرینی کوردستانە، زمانەکەشیان سەر بە زاری کرمانجییە، واتە زمانێکی سەربەخۆ نییە، بەپێی ئەوەی لە توێژینەوە زمانەوانیدا ناسراوە، سەبارەت بە زمانی زۆرینەی ئێزیدییەکان بە درێژایی مێژوو، هەر زمانی کوردی-زاری کرمانجی بووە، کە تێیدا میراتی ئایینی و کولتووری ئێزیدییەکان نەوە لە دوای نەوە پارێزراوە، جا ئەگەر زمانێکی سەربەخۆی ئێزیدی هەبووبێت، کەواتە کتێبە مێژووییەکانیان لە کوێن و کوا یاسا زمانەوانییەکانی؟ لە کوێ میراتی نووسراوەکەی کە بە درێژایی سەدەکان درێژ بووەتەوە، بۆچی دەقە ئایینی و میراتی زارەکی ئێزیدی بە زاری کرمانجی پارێزراون؟
لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، بە هاندانی پارتی ناسیۆنالیستی دەسەڵاتدار لە ئەرمەنستان، بەشێک لە کوردانی ئێزیدی لەناکاو ئەو بیرۆکەیەیان پەرەپێدا، کە گەلێکی سەربەخۆن و هیچ پەیوەندییەکیان بە کوردەوە نییە، تەنانەت کوردیان بە دوژمنی سەرسەختی ئێزیدییەکان دەزانی و کوردستانیان بە تابو دەزانی، باشووری کوردستانیان بە “باکوری عێراق” و باکووری کوردستانیان بە “ڕۆژئاوای ئەرمینیا” ناودەبرد، ئەم بیرۆکەیە لەلایەن ناسیۆنالیستە ئەرمەنییەکان و بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمانی ئەرمەنستان و هەندێک نووسەر و ئەکادیمی ئەرمەنستانەوە پشتیوانی لێکرا. ڕۆژانە پەخشی ڕادیۆیی ٣٠ خولەکی تایبەت بە سووکایەتی کردن بە کورد و کوردستانیان پێدەدرا و جەختیان لەوە دەکردەوە کە ئێزیدییەکان گەلێکی سەربەخۆن و کوردنین، کورد دوژمنی هەردوو گەلی ئێزیدی و ئەرمەنە. تەنانەت ئەوەندەش ڕۆیشتن کە بانگەشەی ئەوە بکەن کە زمانی کوردی نییە، تەنیا زمانێکی ئێزیدییە.
لە ساڵی١٩٨٩ بەشی ئاماری ئەرمەنستان ڕایگەیاند کە ئێزیدییەکان گەلێکی جیاوازن لە کورد و هیچ پەیوەندییەکیان بە نەتەوەی کوردەوە نییە. پەرلەمانی ئەرمەنستانیش دانی بە زمانی ئێزیدیدا نا و دەستی کرد بە چاپکردنی کتێبی خوێندن بە زمانی ئێزیدی و بە شێوەیەکی موجیزە، زمانی کوردی بوو بە زمانی ئێزیدی. ئەو کوردە ئێزیدییانەی دژایەتی ئەو بێماناییانەیان دەکرد، کەوتنە بەر هێرشی جەستەیی. لەوانەش ئەکادیمیستەکان شاکر خدۆ و کارلین چاچان و ئەوانی تر لەلایەن ئەم گروپەوە لێیاندرا بەهۆی ئەوەی ڕایانگەیاند “ئێمە کوردی ئێزیدین “.تەنانەت هێرشیان کردە سەر کەسایەتییە ئایینییە ئێزیدییەکان و میر تەحسینیان بە خائین ناساند، بەهۆی پێداگری لەسەر کورد بوونی ئێزیدییەکان، ئەم ئێزیدییە نوێیانە پاڵپشتی سەرکردایەتی سیاسی ئەرمەنیان هەیە. بۆ نموونە کاتێک پترۆسیان سەرۆک کۆماری ئەرمینیا بۆ بەشداری کردن لە پرسەی تورگوت ئۆزال سەردانی تورکیای کرد، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، “لە ئەرمینیا کورد نییە؛ ئێزیدی هەیە، ئەوانیش کورد نین”.
ئەوەی گرنگە لە سەرەتاوە جەخت لەوە بکەینەوە کە ئەم جۆرە پرسە زمانەوانییانە پێویستیان بە خوێندنەوەیەکی بابەتییانە هەیە، نەک سۆزدارانە و دوور لە سادەکردنەوە یان حوکمدانی نادادپەروەرانە، چونکە زمان لە جەوهەرەکەیدا، دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی ئاڵۆزە، کە مێژوو و کولتوور و سیاسەت تێکەڵ دەکات و ئەمەش وای کردووە ئەم باسە لە ڕادەبەدەر گرنگ بێت، بەتایبەت کاتێک باس لە ناسنامەی پێکهاتەیەکی کۆمەڵگەی کوردستان و سیستەمی زمانەوانییان دەکرێت.
دیاردەی ناساندنی پرسی ئێزیدییەکان وەک نەتەوە و ناساندنی زارەکەیان وەک زمان(زمانی ئێزیکی)، جگەلە پیلانێکی قێزەونی ناحەزانی نەتەوەکەمان، پرسێکی تازەش نییە و ساڵانێکی زۆرە لەلایەت ناسیۆنالیستی تورک و عەرەب و ئەرمەنەوە کاری بۆ دەکرێت.
بەشێوەیەکی گشتی گەلان لە کاتی دامەزراندنی دەوڵەتەکانیاندا بەربڵاوترین زارەکانیان لەبەرچاو دەگرن، وەک زمانی ستاندارد وەریاندەگرن، کە دواتر بە زمانی فەرمی دەوڵەت دەناسرێن، بەڵام ئەم شێوەزارانە، لە جەوهەردا بەشێک لە سیستەمی فراوانتری زارە لەناو یەک زماندا دەمێننەوە، نەک بە تەواوی بوونێکی جیاواز، ئەم شێوازە لە زۆربەی ئەزموونە زمانەوانییەکان لە سەرانسەری دنیادا دووبارە دەبنەوە، ئەمەش پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەوەی لە دۆزی زمانی کوردیدا ڕوودەدات، هەڵاوێر نییە، بەڵکو یاسایەکی گشتییە کە بۆ هەموو گەلان کاری پێدەکرێت.
بێگومان ئەگەر کورد دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی دامەزراندبا، لە نموونەی گەلانی دیکەی جیهان و بەرفراوانترین زاری خۆی هەڵدەبژارد، وەک زمانی ستاندارد، هەڵبەتە دوای پاککردنەوەی له وشەو زاراوە بیانییەکان، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەو زەخیرە بەرفراوانەی وشەسازیی ڕەسەنی کوردی کە لە فەرهەنگە کوردییەکاندا دەبینرێن. پاشان ئەم زارە لە دامەزراوە دەوڵەتییەکان، قوتابخانەکان، زانکۆکان و لە بەڵگەنامەکردنی بەرهەمە هزرییەکانیاندا بەکاردەهێنرێن. دواتر پێیان دەڵێن زمانی فەرمی، هەروەک چۆن گەلانی دیکەی ناوچەکە و جیهان کردوویانە.
ئەمە ڕێڕەوی سروشتی و لۆژیکییە بۆ وەرگرتنی یەکێک لە زارەکانی وەک زمانی ستاندارد و فەرمی خۆی، گەلان بە زۆری لە کاتی بنیاتنانی دەوڵەتە مۆدێرنەکانیاندا دەیکەن، کە پێویستیان بە زمانێکی یەکگرتوو هەیە بۆ ئیدارە و پەروەردەو فێرکردن، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ئەوان بە زمانێکی نوێ هاتوون کە ئەوانەی بە زاری دیکە قسەیان دەکرد نەیاندەتوانی لێی تێبگەن. ئەمەش بەو واتایەیە کە ئەگەر ئێمە مامەڵە لەگەڵ بەربڵاوترین شێوەزاری کوردی بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە گەلی کورد خاوەنی هەموو توخمێکی پێویستە بۆ ئەوەی زمانێکی کوردی ستانداردی هەبێت، کە بتوانێت هەموو کورد یەکبخات و وەک زمانی هاوبەشی خۆی خزمەت بکات. ئەو بەربەستەی لە ئێستادا ڕێگری لە کورد دەکات بۆ گەیشتن بەم کارە سیاسییە، نەک زمانەوانی، زمانی کوردی زمانێکی بەهێز و دەوڵەمەندە و چەندان زار و شێوەزاری هەیە.
ئاشکرایە کە هێزی هەر زمانێک تەنیا بە ژمارەی ئاخێوەرەکانی ناپێورێت، بەڵکو بە توانای بەرهەمهێنانی مەعریفە و پانایی وشەسازییەکەی و هەمەجۆریی پێکهاتە ناوخۆییەکەی، جگە لە توانای گونجاندنی لەگەڵ زانستە مۆدێرنەکاندا، زمانی کوردی دەوڵەمەندە بە وشەسازی، نەرم و نیان و خاوەنی میکانیزمی دروستکردنی وشەی نوێ، کە لە خودی جەوهەر و ڕۆحی زمانەکەوە وەرگیراوە، وەک زمانێکی ئەگلۆتیناتیڤ پۆلێن دەکرێت، وەک زمانی ئینگلیزی، فەرەنسی، ئەڵمانی و ئەوانی تر، واتە زۆرجار دوو وشە کۆ دەکرێنەوە و وشەیەکی نوێ بە مانایەکی نوێ پێکدەهێنن. زمانی کوردی خاوەنی ئەم توانایەیە کە هاوسەنگ بێت لەگەڵ زاراوەی مۆدێرنی ڕۆژئاوایی کە بۆ وەسفکردنی داهێنان و دۆزینەوەکان بەکاردێت.
جیاوازی شێوەزارەکان دیاردەیەکی سروشتییە و کاریگەری لەسەر یەکگرتوویی زمان و یەکیتی نەتەوەیی نییە، ئەگەر جیاوازی زۆر لە وشەسازی لە نێوان ناوچەیەکی تردا بدۆزینەوە، ئەمە بەو مانایە نییە کە کورد لە ناوچەیەکدا بە زمانێکی جیاواز قسە دەکەن، جیاوازە لەو زمانەی کە کورد لە ناوچەیەکی دیکەدا قسەی پێدەکات، ئەم جۆرە ئارگیومێنتە یان دەرەنجامە لە ڕادەبەدەر بێمانایە و یان لە نەزانییەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەو کەسە لە جیاوازیی نێوان زمانێک و زارێک تێناگات، یان لە هەوڵێکی بە مەبەست بۆ تێکدانی خودی زمانی کوردی و گومان خستنە سەر بوونی زمانی کوردی. جیاوازییە بەرچاوەکانی بەکارهێنانی وشەسازیی دیارکراو لە ناوچەیەکی کوردییەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە، دەرخەری دەوڵەمەندی و فرەچەشنی زمانی کوردییە، هەر ناوچەیەک خاوەنی وشەسازی تایبەتی خۆیەتی، جیای دەکاتەوە لە دانیشتوانی ناوچە کوردنشینەکانی دیکە، لەگەڵ ئەوەشدا لە چوارچێوەی یەک زماندا دەمێنێتەوە و لە زمانی ڕەسەنی کوردییەوە لک و پۆپ دەکات. زمان سەرچاوەیە، زارەکانیش لک و پۆپن.
ئەم فرەچەشنییە لە شێوەزارەکاندا، لە واقیعدا، لاوازی نییە، بەڵکو هێزێکە بۆ زمانەکەمان، چونکە ڕەنگدانەوەی زیندوویی و دەوڵەمەندی و فرەچەشنی زمانە، توانای بەرگەگرتنی لە سەرانسەری جوگرافیایەکی فراوان و لە ژێر بارودۆخی سیاسیی جیاواز و ئاڵۆزدا. بۆیە بۆمان دەردەکەوێت کە وشەسازیی کوردی بەسەر هەموو ناوچەکانی کوردستاندا دابەش بووە، ئەگەر لە یەک ناوچەدا قەتیس بوایە، بەشێکی زۆری دەوڵەمەندی خۆی لەدەست دەدا و بەشێکی زۆری بە تێپەڕبوونی کات نەدەما. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە نەیاندەتوانی هەموو وشەسازییەکانی ناو فەرهەنگی کوردی بەکاربهێنن؛ بەڵکو شێوازێکی تایبەتی وشەیان هەڵدەبژارد و ئەوانی دیکەیان بەجێدەهێشت، کە دواتر لەگەڵ بەسەرچوونی کاتدا کاڵ دەبووەوە و نەدەما.
دابەشبوونی جوگرافی و هەروەها دابەشبوونی کتێبخانەی زمانەوانی بەرفراوانی کوردی لە سەرانسەری هەموو ناوچەکانی کوردستاندا، بەشداری کردووە لە پاراستنی ئەم میراتە زمانەوانییە دەوڵەمەند و بەرفراوانە. سەرەڕای ئەو سیاسەت و شەڕە تایبەتانەی کە زمانی کوردییان کردە ئامانج، ئەو قۆناغانەی کە بەکارهێنانی قەدەغەکرابوو و سەرەڕای هەڵمەتەکانی شێواندن و ئینکاری، هەر وەک زمانێکی زیندوو و بەهێز دەمێنێتەوە، ئەمە خۆی لە خۆیدا بەڵگەیە لەسەر توانای مانەوە و بەرگەگرتن و ئەوەی کە زمانێکە بەرگەی لەناوچوون دەگرێ. تەنانەت ئەو کەسانەش بە شڵەژانی دەروونی و دوور لە میتۆدێکی زانستی ڕەخنە لە هەوڵی زمانناسانی کورد دەگرن، هەوڵەکانیان دەچێتە خانەی خزمەت بە ئەجیندای داگیرکەرانی نەتەوەکەمان.

فەرەیدوون سامان




ڕاڤەیتر4: پەیڤی سوپاس لە کۆمەڵگەی ئێمە لە پاشەکشەدایە!.. ئازاد حەمە

4-

گووتنی سوپاس ئەرکێکی ڕەوشتییە

سوپاس و ناسوپاس دیوی زۆریان هەیە. پەیڤی سوپاس کردەیەکە لە بیرکردنەوە. کاتێک دەڵێیت: سوپاستدەکەم کەواتە تۆ بیردەکەیتەوە. تەنانەت گووتنی سوپاس لە زۆر زماندا هاومانای نرخاندن و دانپێدانانە. بەواتایەکی دی، سوپاس کردەیەکە لە پێزانین و هەڵسەنگاندن؛ خودی سوپاسگوزارییش کۆتایهێنانە بە گازندە و گلەییکردن. هەرچی ناسوپاسە، ئەویش هەر بەرهەمی بیرکردنەوەیە، لێ بیرکردنەوەیەکی نێگەتیڤ.
سەرباری هەموو ئەو لێکۆڵینەوە و باس و خواسانەی لە زمانە جیاکاندا لەبارەی سوپاسگوزارییەوە کراون هێشتا سوپاسگوزارییGratefulness/Thankfulness کەمترینی لەسەر نوسراوە. هەرچیش لەمبارەیەوە بە کۆمەڵگەی نوێی کوردیەوە تایبەتە ئەوەیە، ھیچکات هێندەی ئەمڕۆ سوپاسگوزاریی لە کۆمەڵگەی ئێمە بێبەها و ئاوا بارخوار نەبووە. ئەمەش لەڕووی ئاکارییەوە ئاماژەیە لەسەر بەدبەختییەکی کۆمەڵایەتیی، کە گووتنی سوپاس لە کولتووری تازەی کورد ڕووی لەکزی بنێت!
کۆمەڵگەی تازەی کوردی پێویستە لەوە حاڵیبێت، کە گووتنی سوپاس قەرزێکە، دەکرێت بە گووتنی سوپاسێک بدرێتەوە؛دەربازبوونیشە لە شتێک، کە قەرزارییەکی ڕەوشتییە، تایبەتیشە بە باشەیەک، کە لەگەڵمانداکراوە. گووتنی سوپاس زۆرێک شت دەگۆڕێت، هەستێک لەویتردا دروستدەکات تا لەسەر باشەکردنەکانی بەردەوامبێت. سوپاس سوپاسی دی بەدوای خۆیدا دێنێت، لەگەڵکاتیشا سوپاسکردن وادەکات پەیڤی سوپاس ببێتە بەرپرسیاریەتیی.
باشە کەی دەڵێین سوپاس؟ سوپاس کات و شوێنی گووتنی هەیە؟ ئەی ڕەچەڵەکی وشەی سوپاس چیە؟ سودی گووتنی چییە؟ یان سوپاس بۆ چ شتێک دەگووترێت؟ کێ سوپاسی کێ دەکات یان کێ یەکەم کەس سوپاسەکە دەکات؟
بۆوەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە لەوێوەدەستپێدەکەین، کە مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، زمانیش، کە بەشێکە لە کردە کۆمەڵایەتییەکان پێکهێنەری ئاخاوتن، گوزارە و دەربڕینەکانیەتی. سوپاسیش لەناو سێستەمی زمانەوانییدا لەو راستییەوە سەرچاوە دەگرێت، کە ئێمەی مرۆڤ پێزانینمان بۆ کردە و کارەکانی خۆمان و ئەویتر هەیە. واتە گووتنی سوپاس دەرئەنجامە.
بەپێی ئەوە بێت لای سەرەوە هێمایبۆکرا، لەمیانەی مرۆڤبوونەوە درک بە گووتنی سوپاسدەکەین. تەنانەت لەناو سوپاسگوزاریدا جوانیناسییەکیش بوونی هەیە. بەواتایەکی دی، سوپاسگوزاریی ھەستیشە. بۆنموونە سوپاسکردنی خودی خۆت. ئەم جۆرە لە سوپاس سوپاسێکی ناوەکیی خودییە. سوپاسکردنی خودی خۆت بەو مانایەدێت،کە هەیت، چالاکیت و خەمۆک نیت. ئەم جۆرە لە سوپاسگوزاریی وزە بەخشە، ناهێلێت پەرت و ماندوو بیت.
سوپاس، کە دەگووترێت دەبێت بەجۆرە گۆیەکەوە بگووترێت، کە هەست بە باشی گووتنەکەی بکرێت، واتە مەرجە سوپاس بە گۆکردنێکی دلێرانەوە،نەک بە غرورەوە، بگووترێت. هاوکات پێویستە سوپاسکردن بە جۆرێک بگووترێت، کە ئەویتر هەست بە نیەتپاکی گووتنەکەی بکات.
لە هەریەک لە زمانەکان گووتنی سوپاس مێژوویەکی خۆی هەیە، بۆ ئەوەی پێناسەی وشەی سوپاسیش بکەم دەڵێم: سوپاس وشەیەکی سۆزاوییە؛ کردەیەکی ئەقڵی مرۆڤە بەرامبەر بە باشەیەک، خودی باشەش لێرە وشەیەکی رەوشتییە. کەواتە بۆدەبێت گووتنی سوپاس هەبێت؟ گووتنی سوپاس گووتنی شتێکە، بەرامبەرێکە، گووتنە بەرامبەر بەوەی کراوە/دراوە/وەرگیراوە. گووتنی سوپاس گووتنە بۆ چاوەرێنەکراوێک، کە هاتووە/کراوە. کەوابێت سوپاس کردەیەکی بێ بەرامبەر نییە؛ بەرامبەر بە هیچ، بە بۆشایی بوونی نییە.
گووتنی سوپاس دیاردەیەکی کولتوورییە یان پەروەردەیی؟ بێگومان، سوپاسگوزاربوون جگەلە دیوی کولتووریی و ئاینیی دیوی پەروەردەییشی هەیە. پەروەردە لەناو کولتووردا سوپاس بەرجەستەدەکات.
گومانیناوێت، پەیوەندییەکی بەهێز و هەمیشەیی لەنێوان گووتنی سوپاس و پەروەردەدا هەیە. پەیوەندی گووتنی سوپاس بە پەروەردەوە پەیوەندیەکی کۆنە. لە پەروەردەدا ئاکاری باش جێگای باسە. پەروەردە ڕاقییەکان لەگەڵ سوپاسدا دەستلەملانن؛ واشیان لە گووتنی سوپاسکردووە ببێت بە بەشێک لە ئەتەکێت. هاوکات لە زۆر پەروەردەدا (کولتووردا) گووتنی سوپاس گەرم وگوڕی کۆمەڵایەتیی دروستدەکات.
گەر بچینە ناو زمانە جیاکانەوە(روسی،فەرەنسی،عەرەبی،ئینگلیزی، ئیتالی و فارسی…هتد) دەبینین لەڕووی زمانەوانیەوە وشەی سوپاس مێژوویەکی ئێتمۆلۆژی(ڕیشەی وشەسازی) خۆی هەیە، کە سوپاس لەوێڕا هەمیشە ئاماژە بووە، چووشەتە خانەی سەرسوڕمانەوە. بۆیە قسەی من لەسەر سوپاس قسە نییە لەسەر خودی سوپاس و بەس، یان سوپاس وەک ئەوەی یۆنسکۆ رۆژێکی بۆداناوە(چوارشەم،September 21). سوپاس ڕۆژی نییە، لە گشت کاتەکانا ئامادەیە، سوپاس بەردەوامە، چەند کەسیی و خودییە چەندین ئەوەندە دەستەجەمعییە. سوپاس سوپاسیشە لەکاتی خۆیدا. ئەڵبەتە سوپاسی درەنگوەختیش هەیە.
گوتنی سوپاس تەنھا لە ڕاستگۆیی و ئاکاربەرزییەوە سەرچاوە ناگرێت، لەو وزە خۆییە مرۆڤدۆستیەشەوە سەرچاوەدەگرێت لە هەندێک تاکدا دایە. بۆنموونە، ئەوەی، کە تەندروستیت، دەبێت ئەمە هەستی سوپاسگوزاریت لادروستکات؛ هەستی ئەوەت لادروستدەکات تۆ باشیت، لەوە گرنگتر کەسی سوپاسگوزار کەسێکی گەشبینە، گەشبینترە لەوانیتر، چونکە ناسوپاسگوزار هەردەم کەسێکی توڕە و ماندوو و ڕەشبینە، هەرچی کەسی سوپاسگوزارە هەست سادە و هێمنە، ئارام و نەرمتر رەفتاردەکات.
ڕاهاتن لەسەر گووتنی سوپاس لە شوێنی کار و لەناو خێزان زۆرجار فۆرمی زمانەوانی جۆراوجۆر وەردەگرێت(سوپاس، زۆر سوپاس، سوپاستدەکەم، سوپاسگوزارم، دەستخۆش، بژیت و …). هەر لەو بارەیەوە زۆرێک لە توێژەران پێیانوایە سوپاسگوزاریی دروستکەری هەستێکی پۆزەتیڤە لای تاکەکان؛ لای ئەوەی سوپاسدەدات و لای ئەوەش وەریدەگرێت، ئەم هەستە واشدەکات سوپاس ببێتە بەشێک لە چارەسەرکردنی کێشە خودییەکانی تاک.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




سلێمان قاسمیانی(کاکە) دەنگی شیعری شۆڕشگێرانە لە گەرووی تێکۆشانی چینایەتیدا.. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

سلێمان قاسمیانی(کاکە)؛ یەکێکە لە دەنگە شیعرییە سۆشیالیستەکان کە لە جەرگەی شۆڕشی ئێراندا هاتە مەیدانی خەباتی چینایەتی لە کوردستان. کاکە بە چەک و وشە لە سەنگەردابوو. بەچەک وەک بازووی پۆڵایینی چینی کرێکار، پێشمەرگەیەکی کۆڵنەدەری کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بوو و بە وشەش وەک شاعیر و نووسەری چینایەتی و بەرگریکەرێکی سەرسەخت و ماندوونەناسێکی بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکار هەڵسوڕاو بوو. کاکە هەر بەتەنها شاعیر نەبوو، بەڵکو ڕۆژنامەنووسێکی چالاک و لەهەمان کاتیشدا چالاکوانێک بووە دژ بە ستەم و توندوتیژی سەر ژنان و منداڵان. (کاکە)ی شاعیر بەبڕوایەکی قووڵ بە مارکسیزم چاکی لێدەکات بە لادا و دەکەوێتە هەنگاونان بۆ سەرکەوتن بەسەر پەیژەکانی خەبات. کاکە وەک شاعیرێک لە هەنگاوە سەرەتاییەکانییەوە لە هەوڵی بەرجەستەکردنەوەی شیعری پرۆلیتاری بووە لە کوردستان.
سلێمان قاسمیانی(کاکە) وەک شاعیر
کاتێک ڕاپەڕینی جەماوەری ١٩٧٩ دژی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئێران سەریهەڵدا، ئەودەم کاکەی شاعیر تەمەنی بیست ساڵان بوو. هەر ئەو ڕۆژانە وەک شاعیرێکی گەنج بە نووسین و خویندنەوەی شیعری شۆڕشگێڕانەش بەشداری ئەو ڕاپەڕین و خەباتە دەکات. کاکە لەجەرگەی ئەو خەباتەدا قاڵ دەبێتەوە و ئاسۆی نووسینی ڕووناکتر و شێلگیرانەتر دەردەکەوێت. تا سەرەنجام لەسەر ڕەوتی ئەدەبی کرێکاریی دەگیرسێتەوە. ئیتر لەو ڕۆژەوە تا ئێستا کاکەی شاعیر بەردەوام شیعر و نووسینەکانی لەبەرژەوەندی چینایەتی کارگەراندا نووسیوە و دەنووسێت.
هە‌رچی ڕۆژە
لە كارگە‌ی پۆڵا تاوێنا
خوێن دە‌کە‌مە ڕە‌گی پۆڵا و
نانێك، دوو نان دە‌بە‌مە‌وە‌!
گیان دە‌بە‌خشم
بە ماشین و بە كە‌رە‌سە و كارگە‌کان و
زە‌ڕڕە زە‌ڕڕە دە‌توێمە‌وە‌
مە‌رگ بۆ خۆم دە‌نێمە‌وە‌!
بزە و تروسکە‌ و ئاسایش‌
حە‌ز و هێز و تین و توانم
دە‌بە‌م، دە‌یکە‌مە ناوجە‌رگی
بێبە‌زە‌یی و بزە‌ی پارە و…
دە‌رگای گریە و ڕە‌نج و مە‌ینە‌ت
لە خۆم و گشت کە‌سوكارم دە‌کە‌مە‌وە‌! (١)

سلێمان قاسمیانی(کاکە) گەرچی زوو کوردستانی جێهێشت و چووە وڵاتی سوید، هەر لەپەیوەندیدا بوو لەگەڵ کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە و خەباتی چینایەتی لە کوردستان. ئەو لە سویدیش بە شیعر لەسەر ڕێچکەی شیعری کرێکاریی بەردەوام بوو.

من کۆڵبەرم، ژینە بارم
ژینی مناڵ، کەس و کارم
چی بازگەیە، چەمە، کێوە
دەبڕم، دیسانیش نەدارم
نانم لە زارئەژدیهاداس
داری دارایە نەیارم
ئەستێرەی ئاسمان دەزانن
بۆ پشوویەک بێقەرارم.(٢)

ئیتلزامی چینایەتی شیعر لای کاکە، ئیلتزامە بە خەبات لەپێناو ئامانجە بەرزەکانی ئینسان. ئەمەش شوناسی شیعریی و ئاوێنەی ناسینەوەی پەیامی چینایەتی ئەدەبە لای کاکە و هەموو ئەو ئەدیبانەی کە لەو گۆشەنیگایەوە دەڕواننە ئەدەبی کرێکاریی.

سلێمان قاسمیانی (کاکە) وەک ڕۆژنامەنووس
سلێمان قاسمیانی(کاکە) جگە لە نووسینی شیعر، لەبواری ڕۆژنامەگەریدا ڕۆڵی بەرچاوی گێڕاوە. کاکە سەرنووسەری گۆڤاری هانا(خوولی یەکەم) لە ١٩٩٥ تا ٢٠٠٣ لەئەستۆ دەگرێت. گۆڤاری هانا هەر تەنها گۆڤارێک نەبوو، بەڵکو پرۆژەیەکی مەعریفی چینایەتی بوو. جگە لە دەرکردنی گۆڤارەکە، کتێبیشی بۆ نووسەران چاپ دەکرد. خوولی دووەمی گۆڤاری هانا لە ٢٠١٦ وە دەست پێدەکات و هەشت ژمارەی گۆڤاری هانا دەرچووە. (٣)کاکە جگە لە گۆڤاری هانا و چاپکردنی کتێب، سایتی گۆڤاری هانا بەڕێوە دەبات و لەهەمان کاتیشدا ناوەندی هونەر و ئەدەبی کرێکاریی هاناش بەڕێوە دەبات.(٤) لە وڵاتی سویدیش کاکە بۆ ماوەی ١٢ ساڵ سەرنووسەری گۆڤاری (مناڵان بەر لە هەموو شتێک) بە زمانی سویدی بووە.(٥)

سلێمان قاسمیانی(کاکە) و شیعری منداڵان

کاکەی شاعیر لەبواری نووسینی شیعری منداڵاندا هەوڵی خۆی داوە. نامیلکەی (ئاو و هەتاو) کە ١٠ شیعری منداڵان لەخۆ دەگرێت، هەوڵێکی شاعیرە بۆ بەشداریکردن لەو جیهانە بێگەردەی منداڵان.

پێستی مرۆڤ سوور بێ یان ڕەش
سپی یان زەرد تار بێ یان گەش
ئینسان هەر ئینسانە گیانە
ناگۆڕی بەهۆی ڕەنگی لەش

بەیەک چاو دەڕوانێتە خەڵک
ئینسانی ئازاد و دڵپاک
دڵی لیدەدا بۆ گشت کەس
شادی گشتی دەوێ نە تاک.(٦)

شاعیر پێچەوانەی زۆربەی ئەو شاعیرانەی شیعر بۆ منداڵان دەنووسن، بە دیدگایەکی پێشکەوتووخوازانەوە بنەما پەروەردەییەکانی شیعر بە سادەترین شێوە و بە زمانێکی جوان دەیخاتە بەرچاو منداڵانی چاوگەش.
ئەنجام
لەکۆتاییدا سلێمان قاسمیانی(کاکە)ی شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەنووسی پێشکەوتووخواز(*)، لە هەنگاوە سەرەتاییەکانی ژیانیدا و لەڕێگەی شیعرەوە بەشداری ڕاپەڕینی جەماوەری ساڵی ١٩٧٩ ی ئێران دەبێت و دواتر لەڕیزەکانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا بە وشە و چەک خەبات دەکات دژ بە ستەم و نایەکسانی کۆمەڵگە. دوای گەیشتنیشی بە ئەوروپا هەر بەردەوام دەبێت و چەندین کتێب بەزمانەکانی کوردی و فارسی و سویدی بەچاپ دەگەێنێت. گۆڤاری هانا بە دوو خوولی جیاواز دەردەکات و دەبێتە سەرنووسەر. سایتی گۆڤاری هانا بەڕێوە دەبات و ناوەندی هونەر و ئەدەبی کرێکاریی هانا دادەزرێنێت و بۆ ماوەی زیاتر لە دەیەیەک سەرنووسەری گۆڤارێکی منداڵان بە زمانی سویدی لەئەستۆ دەگریت.

(*)سلێمان قاسمیانی (کاکە) ی شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەنووس لە ساڵی ١٩٥٩ ی زایینی لە شاری سەردەشت، لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێش لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی هەر لەو شارە تەواو کرد و دوو ساڵ لە دانشسەرای ڕاهێنانی مامۆستای قۆتابخانەی سەرەتایی لە شاری “نەغەدە” دەرسی خوێند و دوایی وەکوو مامۆستای سەرەتایی لە دێهاتەکانی سەردەشت دەستی بە کار کرد. لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی جەماوەری ١٩٧٩ دژی دەسەلاتی پاشایەتی، کاکەش چووە ناو کۆڕی ڕاپەرینەوە و بە نووسین و خویندنەوەی شیعری شۆرشگێرانەش بەشداری خەباتەکە بوو. دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی، چالاکی ئەدەبی و کۆمەلایەتی کاکە بۆ ئازادی و بەرابەری پەرەی سەند و چووە ناو ریزەکانی پێشمەرگەی کۆمەڵەوە. لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٤ەوە کاکە لە سوید دەژی. ساڵی ١٩٩٥ خوێندنی باڵای کۆمەڵناسی لە سوید تەواو کرد و لەو کاتەوە لە مەیدانی پێشگیری و کۆتایی هێنان بە توندوتیژی نامووسی، کاری کردووە. ساڵی ٢٠٠٦ خەڵاتی “رێکخراوی بیرەوەری فادیمە”ی لە سوید پێشکەش کرا بۆ ڕێزگرتن لە چالاکی بەربڵاوی لە کۆمەڵگای سویدی دژ بە کولتووری نامووسپەرستانە و ژنکوژی. هەر لە سەرەتای لاوێتیدا دەستی بە نووسینی شیعر کرد.لە نێو ڕیزی پێشمەرگەی کۆمەڵەدا زۆرێک لە شیعرەکانی دەم بە دەم دەخوێنرانەوە و وەکوو سروود دەوترانەوە. یەکەم سروودی ڕەسمی کۆمەڵە بە نێوی “پێشمەرگەی کرێکارانین” لە شیعرەکانی کاکەیە. تا ئێستا ١١ کۆمەڵە شیعر بە کوردی، چوار بە فارسی و سێ دانە بە زمانی سویدی لێ بڵاوکراوەتەوە. بێجگە لەوانە بە زمانی سویدی هەشت کتێبی لە سەر بابەتی کۆمەڵایەتی جۆراوجۆر وەکوو مافی مناڵان، ئازادی تاک و ئازادی سیاسی، مەسەلەی دین و توندوتیژی، راسیسزم و نسبییەتی کولتووری بڵاوکردۆتەوە. سەرجەم بەرهەمی چاپکراوی کاکە ٢٩ کتێبە.سلێمان قاسمیانی وەک سەرنووسەری گۆڤاری ئەدەبی و کلتووری “هانا” کە خولی یەکەمی لە ساڵانی ١٩٩٥-٢٠٠٣ دەرچوو. هەروەها خولی دووەمی گۆڤاری هانا لە ٢٠١٦ ەوە دەستی پێکردەوە و هەشت ژمارەی لێدەرچووە و ئێستا لە بڵاوبوونەوە وەستاوە. جگە لەمانەشسلێمان قاسمیانی(کاکە) ماوەی ١٢ ساڵ سەرنووسەری گۆڤاری “مناڵان بەر لە هەموو شتێک” بە زمانی سویدی بووە.(٧)

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
سەرەتای نیسانی ٢٠٢٦

—————————–

پەراوێز و سەرچاوەکان:
(١)سلێمان قاسمیانی(کاکە)، تۆفان، شیعر، چاپخانەی هانا، سوید، چاپی دووەم، ١٩٩٥، لاپەڕەکانی ٧ و ٨.
(٢)عەبدوڵا سلێمان(مەشخەڵ)، ئەنتۆلۆجیای شیعری کرێکاریی کوردی، لەبڵاوکراوەکانی ناوەندی هونەر و ئەدەبی کرێکاریی هانا، چاپی یەکەم، ٢٠٢١، لاپەڕەکانی ٣٤٤ و ٣٤٥. جێی ئاماژەیە لەم کۆپڵەیەدا نیوە دێرێک شاعیر بەخۆی دەستکاری کردووە و من نیوە دێڕە دەستکاریکراوەکەی شاعیرم داناوە.
(٣)دوا ژمارەی خووڵی دووەمی گۆڤاری هانا ژمارە ٨ ی ساڵی ٢٠٢٣.
(٤)ناوەندی هونەر و ئەدەبی کرێکاری هانا لەواقیعدا لە دوو شاعیر و ئەدیبی کرێکاریی پێکهات ئەوانیش سلێمان قاسمیانی(کاکە) و عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) بوون. شایانی باسە ئەم ناوەندە لەچەندین بۆنە هەڵویست و ناڕەزایەتی سیاسی چینایەتی خۆی دژ بە پێشێلکارییەکانی ئازادی لە کوردستان دەربڕیوە.
(٥)گۆڤاری(مناڵان بەر لە هەموو شتێک) گۆڤارێکی تایبەت بە منداڵان بوو و بەزمانی سویدی دەردەچوو، ژمارەی یەک لەساڵی ٢٠٠٣ هاتە دەر و دواژمارەش لە ساڵی ٢٠١٢ بڵاو بۆوە.
(٦)سلێمان قاسمیانی(کاکە)، ئاو و هەتاو، شیعر بۆ منداڵان، ئینتشاراتی هانا، سوید، چاپی یەکەم، ١٩٩٥، لاپەڕە ١٩ و ٢٠.
(٧)عەبدوڵا سلێمان(مەشخەڵ)، ئەنتۆلۆجیای شیعری کرێکاریی کوردی،لەبڵاوکراوەکانی ناوەندی هونەر و ئەدەبی کرێکاریی هانا، چاپی یەکەم، ٢٠٢١، لاپەڕەکانی ٣٣١ و ٣٣٢.




قەحبەخانە.. نەوزاد بەندی

ئەمڕۆ، لەگەڵ تێک و پێکدانی کۆمەڵگاکاندا، زاراوەکانیش گۆڕاون ..بۆ نمونە جاران بە کەسێکت بووتایه بلیمەت، جنێوێکی گەورەت پێدا بوو، نەیئەزانی چۆن حەقت لێبکاتەوە، ئەمڕۆ بەهەر کەسێک بڵێیت بلیمەت، زۆری پێخۆشە و نازانێ چۆن پاداشتت بداتەوە..
جاران کەسێک شەوێکی درەنگ لە دەرەوە بووایه پێیان ئەوت سەرخۆش یان شەوکوت، وەک بەدمەست و دز ئاماژەیان بۆ دەکرد، ئەمڕۆ خەڵک هەتا بەرەبەیان بە شەقامەکاندا دێن و ئەچن، لوتکەی ڕۆشنبیریی و شارستانییە، ئەگەر سەعات دووی شەو لە کافیتریایەک نێرگەلە بکێشیت ..جاران گەورەترین تاوان ئەوە بوو واز لە خوێندن بێنیت، ئەمڕۆ نەخوێندەواریی گەورەترین پلە وپایەیە و ..ئەگەر لێی بزانیت ئەتگەیەنێتە گەورەترین پلە وپۆستی ووڵات، بە جۆرێک سەد پڕۆفیسۆری زەمانە ساز ماستاوت بۆ دەکەن و بە قەد و باڵاتا هەڵدەدەن، جاران نیشتمانپەروەریی ئەوە بوو پێشمەرگە یان ڕێکخستنەکانی ناوشار بیت و ..ئەمن و تەواری ڕاو بکەیت و بۆ دۆزەخیان بنێریت، ئەمڕۆ نیشتمانپەروەریی ئەوەیە نیشتمان تاڵان و پاوان بکەیت و ملیاردێربیت و هەوڵ بدەیت بگەیتە تریلیۆن .. بێ کۆتا کۆمپانیا و مۆڵ و ڤێلات هەبێ و هەر کەسێ زیاترت پێ بدات، نیشتمان بەو بفرۆشیت .. جاران باوکایەتیی ئەوە بوو کتێب و فکر و ڕەوشتە بەرزەکانی و کولتور و ئاین بخەیتە مێشکی مناڵەکانتەوە، ئێستا باوکایەتیی ئەوەیە ئایفۆن و پیتزای بۆ دابین بکەیت..
قەحبەخانەیش وەک زاراوەکانی تر، گۆڕانکاریی ڕیشەیی بەسەردا هاتووە..
ئەمڕۆ قەحبەخانە ئەوەیە لە خەستەخانە حوکومییەکاندا هیچ دەرمان و پێداویسییەکی پزیشکیی و فەحسێک نەبێ، کەچی لە نەخۆشخانە ئەهلییە حیزبییەکاندا هەموو جۆرە دەرمان و پێداویستییەکی پزیشکیی و هەموو جۆرە فەحسێک، بەردەست بێ ..
قەحبەخانە ئەوەیه لە نەخۆشخانەی میرییدا نەشتەرگەریی بۆ نەخۆش بکرێ بە پارەیەکی زۆر و ناوی لێ بنرێت، سیمی پریڤەیت، واتا نیمچە بازرگانیی .. بە بینا و خەستەخانەی حوکمەت، بە کەرەستە و ئاو و کارەبای حوکمەت، بە کارمەند و فەرمانبەرانی حوکمەت، نەشتەرگەریی بە نرخی بازرگانیی بۆ نەخۆش ئەنجام بدرێ و پارەکەی تەنها بۆ حیزبی باڵادەست و پزیشکەکان بێت.
قەحبەخانە ئەوەیە زانکۆی حکومیی، وەک بینا و جادە و بان و هۆڵ و خزمەتگوزاریی، وەک ئەشکەوت وابێت، هی سەردەمی حوکمی پاشایەتیی و ئەحمەد حەسەن ئەلبەکر بن، بەڵام زانکۆ حیزبییە بەناو پریڤەیتەکان، تازەترین دیزاینی بینا و جادە و باخ و خزمەتگوزاریی تێدا بێ ..
قەحبەخانە خانە ئەوەیە لە زانکۆ حکومییەکاندا، نزیکەی پەنجا دۆلار لە هەر خوێندکارێک وەربگریت کاتێ دێتە زانکۆوە، لە کاتێکدا سەدام حسێن بە خەویش بیری لەم جۆرە سەرانەیە نەکردبۆوە، بە پێچەوانەوە، مانگانە بێ منەت بیست دیناری بۆ خوێندکار خەرج دەکرد کە بەرامبەر بە حەفتا دۆلاری ئەمڕۆ بوو.
قەحبەخانە ئەوەیە کاتێ خوێندکارێک ئەڕوات بۆ زانکۆکەی داوای فۆتۆکۆپییەکی بڕوانامە هەناسەساردەکەی دەکات، پێی بڵێن بێنە پەنجا هەزار دینار، بە بێ ئەوەی نە دامەزرابێت و نە دینارێک سودی لەو هەموو خوێندنە وەرگرتبێت.
قەحبەخانە ئەوەیە نمرە بە خوێندکار بفرۆشیتەوە و لە کولێژێکەوە بڕوات بۆ کۆلێژێکی بەرزتر به ناوی سیستمی پاڕالێل، لە بەرامبەر نرخێکی خەیاڵییدا، بۆ نمونە 0.2 ی نمرەیەک بە 42 ملیۆن دینار بۆ هەموو ساڵەکانی کۆلێژ ..
قەحبەخانە ئەوەیە باخ و شەقام و پرد و ئاو و هەوای پڕۆژە نیشەجێبوونە حیزبییەکان وەک شەقام و پرد و باخەکانی سویسرا وابن، بەڵام گەڕەکە هەژار نشینەکانی شار، بە دەردی بێ ئاویی و چاڵ و چۆڵیی شەقام و بێ خزمەتگوزارییەوە بناڵێنن ..
قەحبەخانە ئەوەیە پێشمەرگەیەکی دێرین لە برساندا و لە بێ گوزەرانییدا، خۆی بکوژێت..
قەحبەخانە ئەوەیە تاوانبارێکی جەنگ و خۆفرۆشێکی دێرین، لە پلە و پۆست و کۆشک و ڤێلایەکی شاهانەدا ڕابوێرێت.
قەحبەخانە ئەوەیە ئیشی تێدا ناڕوات، ئیمزای بەڕێوەبەرێک کە لە پیاسەیە، وەک کۆشکەکەی کافکا هەموو ژیانت خەسار بکات.. بچووکترین مامەڵەی فەرمانگەیەک، لە دین وەرتبگێڕێ و مێشکت بسوتێنێ.
قەحبەخانەی سەردەمێ نوێ، کتێب و خاوەن فکری سەربەخۆ، تێیدا بێکەس و بێ پاڵپشت و هەژارن، ئەبنە جێگای پێکەنین و قەشمەریی، هیچ کەسێ نایانخوێنێتەوە و جارجاریش وەک سەگی بەرەڵڵا چەند دانەیەکیان لێ ئەکوژن ..
قەحبەخانە ئەوەیە بە تەلەفۆنێک کورسییەکی ماستەر و دکتۆرا بدرێتە جەلادێک یان کوڕە جەلادێک .. بە تەلەفۆنێک، بڕوانامەیەک بە دێلیڤەریی بگەیەنرێتە دەستی نەخوێندەوارێک..کورسییەکانی خوێندنی باڵا، وەک لەعابە و پەشمەک بەسەر کوڕه بەرپرس و دۆستەکانیاندا دابەشبکرێ.
قەحبەخانە ئەوەیە لە پڕێکا چەند گەوادێکی تێدا ببنە ملیاردێر.. لە پڕێکا پڕ بێ لە کۆشک و تاوەری هەور بڕ .. لە چاوتروکانێکا، سواڵکەرێک، جامبازێک، ببێتە خاوەن پڕۆژەی ستراتیجیی و بە قات و بۆینباخێکەوە، بە دەم و قەپۆزێکی کە نەخوێندەواریی پڕ لە گەمژەیی و کاڵفامیی، نهێنییەکانی بزنسمانی سەرکەوتوو، دەرخواردی خەڵکەکەی بدات .
قەحبەخانە ئەوەیە هۆڵی جیم و مەلەوانگە و شوێنی نێرگەلەکێشانەکانی، فلات بن یان بە مەسعەد بۆی بچیت، کەچی فەرمانگەی خانەنشینیی، بە بیست سی قادرمەی تاقەتپڕوکێن بۆی بچیت، کە ئەبێ ئەو هەموو پیر و پەککەوتەیە سی چل پێپلیکانە ببڕن ..چۆن ئەیبڕن؟ نازانم، کێشەی خۆیانە.. نەیبڕن مامەڵەکانیان جێ به جێ ناکرێت و ئەبێ لە برساندا بمرن.
قەحبەخانە ئەوەیە قومارخانە و تیاترۆخانەکانی بە تازەترین دیزاین دروستکرابن، کەچی بانکی کەمئەندامەکانی لەناو چاڵێکدا بێ، بەناو گرد و کەندڕا بۆی شۆڕبیتەوە و ..بڕژێیتە ناو چەمێکی قوڕاویی، لەبەردەم پەنجەرەیەکی ژەنگاویدا ڕابوەستیت، لەبەر سەرمای زستان و گەرمای هاویندا، پەنجە مۆرت پێ بکەن و.. بتنێرن بۆ ژوورێکی تر، دیسان بچیتە سەرەوە، بۆ تەسدیق و تەدقیق و تەحدیق و کەشف، بزانن تۆیت ئەم سەد و پەنجا هەزارە وەردەگریت، یان هاوشێوەکەتە ..
قەحبەخانە ئەوەیە کۆمەڵگاکەی کراوە بە هەزار بەشەوە .. دەوڵەمەند و بازرگان و جەردەکان، هەر لە دایەنگاوە، بە پریڤەیت و بە پارە ئەخوێنن، بۆ ئەوەی پۆز بەسەر هەژاراندا لێ بدەن کە ناتوانن بچنە دایەنگاوە .. دوای ئەوە باخچە و هەموو قۆناغەکانی خوێندن، تایبەت و جیاوازە بۆ ئەوان ..زانکۆ و خوێندنگا بازرگانییەکانیان بەناوی وڵاتانی ئەوروپیی و ئەمەریکییەوەن، کە تێکڕایان تایبەتن بەوانەی ئەزانن چۆن نیشتمان بدۆشن و بیفرۆشن و پارەی خەیاڵیی لێ هەڵهێنجن.. لە قەحبەخانەدا هیچ زانکۆ و پڕۆژەیەکی نیشتەجێ و مۆڵێک فەرمانڕەوا قارەمانەکان بەناوی شەهیدەوە ناو نانرێن، لە قەحبەخانەدا ئەو پڕۆژە و تاوەر و زانکۆ و مۆڵانە بە ناوی ناسکی ئەوروپیی و ئەمەریکیی ناو دەنرێن.. لە قەحبەخانەدا، گەڕەک و کلینیکە میللییە هەژارنشینەکان بەناوی شەهیدەکانەوە ناودەنرێن، ئەو کلینیکانەی هەژارانی تێدا بە پارەیەکی مامناوەند دەستخەڕۆ دەکرێن.. بۆ ئەوەی شەرم لەناوی شەهیدەکان بکەن و بەڕەی ژێرخۆیان بفرۆشن بۆ کڕینی دەرمان و دەرزییە بێ سودەکان، چونکە لەو جۆرە شوێنانەدا پزیشکی زیرەک و بەتوانا نییە.. نەخۆشخانە گەورەکانی خۆیان و شارە پزیشکییەکانیان وەک موگناتیز هەرچی پزیشکی زیرەکە ڕایدەکێشێت، واتا نەخۆشی هەژار بۆی نییە پزیشکی شارەزا بیبینێت.
لە قەحبەخانەدا خەبات و شەهید بوون بۆ هەژارانە و .. بەر و بومی وڵاتیش بۆ ئەوانەیە کە لە دەرەوەی ووڵات چاوەڕێن شۆڕش سەربکەوێ و پۆل پۆل بێنەوە سەر حازریی..
لە قەحبەخانەدا قەت قەت بازرگانێکی زەمانە ساز و سیاسییەک لە سەرەی سەمونخانەدا نابینیت..چونکە ئەوان سەرەی سەمونیان وەک دەستکەوتێک بۆ میللەت فەراهەم کردووە و پێیان شەرمە لەو دەسکەوتەدا بەشدار بن..شۆڕش و خەباتەکەی ئەوان نەبوونایە چۆن تۆ ئەتتوانی ئەمڕۆ بەو پەڕی ئازادییەوە لەسەرەی سەموندا ڕابوەستیت؟؟
هەروەها لە بازاڕە میللییەکاندا، لە سەرەی پارەدانی کارەبا و ئاو و غاز و گاز و بەنزین و نەوتدا نایانبینیت، چونکە ئەوانە هەمووی دەسکەوتن بۆ میللەت، ئەوان خۆیان لە نیعمەتی پارەدانی کارەبا و ئاو و نەوت و بەنزین و غاز و گاز بێ بەش کردووە، ناچارن تەنها پارە وەربگرن، ئەویش دوای ئەوەی ئەکرێنە گونیه و بە ووردیی، بە ئاسۆیی و ستوونییش حیسابی کۆتاییان بۆ کراوە.
هەروەها ئەوان لە قەڵەباڵغیی ناو فەرمانگەکانی باج و خانوو بەرە و کارتی نیشتمانیی و پاسپۆرت و هات و چۆدا نابینرێن، چونکە ئەو جۆرە کەرنەڤاڵە جەماوەرییانە تایبەتن بە هاووڵاتیی سەربەرز و سەرکەش و . ئەمانی سەرکردەی لێ مەحروم کراوە..ئەو کۆبوونەوە جەماوەرییانەی فەرمانگەکانی هاتوچۆ و باج و گومرک و خانوو بەرە، تایبەتە بە هاووڵاتیان..ئەمان تەنها و تەنها ئەو گونییە پارانە وەردەگرن، کە میللەت بەو پەڕیی ئازادییەوە دەیداتە بەشی ژمێریارییەکان، ئەوانەی حیساباتی نیهائیی ئاسۆیی و ستوونییان بۆ کراوە.
قەحبەخانە ئەوەیە لە هەموو ڕوویەکەوە، ژیان لەو خەڵکە بکەیت بە دۆزەخ کەچی کاتی هەڵبژاردن، زۆرینەی ئەو خەڵکە دەنگت پێ بدەن..
قەحبەخانە لە فەرهەنگی ئەمڕۆدا، ئەوەیە مامۆستایەک بە 42 ساڵ خزمەت بەو حاڵە دوو هۆدە و هەیوانێکی خۆی پێکەوە نابێت، دیوارەکانی بە چاوەزار داپۆشیبێ، نەک چاوی پیس کاری لێ بکات و لە دەستی بچێ و بکەوێتە سەرجادە، کەچی مناڵ و تواڵ و گێڵفرێندی بەرپرسەکان بە ملیۆن و ملیار قسە بکەن و بە فەردە دۆلار لە ژێر پێڵاوەکانیاندا بێ.
قەحبەخانە ئەو ووڵاتەیە، کە سیاسییە عەلمانییەکانی لەسەر ڕەقەم و مۆدێل کیژۆڵەیان لە ناوەوە ودەرەوەی وڵات بۆ دابین بکرێ بۆ ڕازاندنەوەی مێز و پێخەف و شەوە سوورەکانیان، هەرچی ئوسوڵییە دەستڕۆیشتووەکانیشیانە، دووان و سیان و چوار ژن لە خۆیان مارە ببڕن، لەو لایشەوە سەدان هەزار گەنج، لە لوتکەی حەز و پیاوەتیدا، نەک پارەی ژنهێنانیان پێ نییە، بەڵکو تەنانەت پارەی شاورمە و چایەکیان لە بەڕکدا نییە .
قەحبەخانەی مۆدێرن ئەوەیە خۆت و کەس و کار و خزم و دۆست و ئەحبابەکانت، ـVIPبن و وەک دەڵێن شەق لە پارە هەڵبدەن، ئیتر بۆت گرنگ نییە کۆمەڵگا نیوەی بووە بە سواڵکەر و نیوەکەی تری توشی هەزار نەخۆشیی دەروونیی بوون.
قەحبەخانە ئەوەیە دار و بەردت پڕ کردبێ لە ووشەی دیموکراسیی و سۆسیال دیموکراسی و شورا و سوێند بە خوا و گەل بخۆیت، کەچی بە حوکمی پشتا و پشت کار بکەیت.
قەحبەخانەی نوێ ئەوەیە دانیشتووانەکەی تەنها خواردن و زاوزێ ئەنجام بدەن، کەس حەقی نەبێ بەسەر کەسەوە و ..لە گەدە بەرەو خواریان مافی چالاکیی هەبێ.. زانست و هونەر و ئەدەب و داهێنان و بەرهەمهێنان بە ناخی زەویدا چووبن..هیوا و ئاواتی تێدا نەبێ، داهاتووی نەبێ، ژیان تیایدا تەنها ئەو چرکەیە بێ، هەموویشیان بەئەتایست و کۆمۆنیستەکانیشیانەوە، بڵێن ئیشەڵا خوا چاکی ئەکا، لە دەستی عەبدا نەماوە..
قەحبەخانەی سەدەی بیست و یەک، ئەوەیە تۆ ڕۆشنبیر و بیرمەندی سەربەخۆ و دژە دەسەڵات و ڕیفۆرمخواز و ڕادیکاڵ بیت، کەچی لە ژێرەوە بە پلەی ڕائید و عەقید و موقەدەم لەلایەن دەسەڵاتەوە خانەنشین کرابیت، موچەیەکی چەوری حەرام وەربگریت بە بێ ئەوەی لە ژیانتا کاسکێت یان بێریی سەربازیت کردبێتە سەر..
قەحبەخانە ئەوەیە نوێنەرانی گەل بە ملیۆنەها دۆلار و بە سەدان کیلۆ ئاڵتون بدزن و لە ژێر زەمین و شوێنی هەزەلیدا بیشارنەوە، کەچی بەشێکی زۆر لەو گەلەی دەنگیان پێداون، سواڵکەری ترافیکلایت بن و هەندێکیان لە خۆڵە عەمەلەکاندا بۆ بژێوی ڕۆژانەیان بگەڕێن.
لە قەحبەخانەی نوێدا، باج لە عەرەبانچی و دەستگێڕ وەردەگیرێت، کەچی ملیاردێرەکان باج نادەن.. چونکە ملیاردێرەکان باج وەرئەگرن، چۆن ئەبێ باج بدەن؟ چونکە لەیاساکانی فیزیادا هاتووە، تەنەکان یان ئەبێ وەرگر بن یان ئەبێ بدەن، ئێ ئەو مێگاــ بازرگانە سیاسییانە تەنە وەرگرەکانن، چۆن ئەبێ بدەن؟ خاک و خەڵک تەنە بدەرەکانن ..ئەوان ئەدەن و ئەمان وەرئەگرن.
لە قەحبەخانەی مۆدێرندا، هیچ جۆرە مافێک دەست ناکەوێ، بەڵام هەموو جۆرە ساختە و داتاشینی یاسا و داگیرکردن و زوڵم و زۆرێک دەست ئەکەوێت، هەموو ئەوانەیش بە درۆ و فێڵ داپۆشراون، بەو جۆرە دزترین کەس، وەک مەردترین کەس دەردەکەوێت .. پیاوکوژترین بێ شەرەفترین شەڕواڵپیسترین کەس، ئیداریی و یاسا دانەر و پەروەردەکارە..واتا قەحبەخانەی نوێ گەورەترین شانۆیە و شارەزاترین ئەکتەرەکان ڕۆڵی تیدا ئەگێڕن، بە جۆرێک ملیاردێرەکانی ڕۆڵی سواڵکەر ئەبینن، شەو و ڕۆژ سواڵە سەنت و فلس ئەکەن و بێزارت ئەکەن، وات لێدەکەن نانێکت پێ بێ، بیاندەیتێ..ئیتر تەماشا ئەکەیت گەورەترین بیریار، نەخوێندەوارە و ڕێنوس نازانێ، گەورەترین سەرکردەی دڕ و چاونەترس، لە حەوزی شیردا خۆی ئەشوا و ..لە کاتی شەڕەکاندا، لە نێوان دوو کیلو گۆشتی سپی و پڕ لە سلیکۆن و بۆتۆکسدا، ئەگەوزێت و ئەتلێتەوە و خەبات ئەکات.
ئیتر بەو جۆرە هاوڕێیان، قەحبەخانەی سەردەمی جیهانگیریی، ئەوەندە پێناس و ڕوونکردنەوە هەڵدەگرێت، کە بە چەندەها کتێب ناتوانیت حەقی خۆی بدەیتێ و بە تێر و تەسەلیی لەسەری بدوێیت..
ئەوەندە هەیە لە قەحبەخانەی نوێدا، پاک و خاوێنیی نییە و ..شەقامەکان یەکپارچە خۆڵ و خاشاک و پاشماوەی جگەرە و شتی ترە، چونکە خەڵکەکەی بە دوای چێژدا ئەگەڕێن و عەقڵیان ئیش ناکا هەتا پارێزگاریی لە پاک و خاوێنیی بکەن..ئەوانەیشی کە کرێکاری شارەوانین، موچەیەکی ئەوەنده کەم وەرئەگرن، تاقەت و توانای پاککردنەوە و هەڵگرتنەوەی پاشماوەی ملێگەلێکی ملیۆنەها کەسییان نییە ..ئیتر بەو جۆرە بۆگەن لە هەموو کونج و گۆشەیەکی هەڵدەستێ ..ڕوو لە هەر شوێنێکی بکەیت، پەشیمان ئەبیتەوە، چونکە توشی شەڕ یان سوکایەتیی و جنێو و پاڵپاڵێن و ژاوە ژاو ئەبیت..
لە قەحبەخانەدا، خواردن و دەرمان و پێداویستییەکانی ڕۆژانەی دەنگدەر ئێکسپایەر و بێ کوالێتین، بەڵام خواردن و دەرمان و پێداویستییەکانی ڕۆژانەی دەنگپێدراو، هەمووی هاوردەی تایبەتیین یان ئیستیراد خاسی ئەوروپا و ووڵاتانی ترن تەنانەت مەشروب و جگەرەکانیان تایبەت و سپێشەڵن.
لە قەحبەخانەدا درۆ عەیب نییە
لە قەحبەخانەدا خیانەت شانازییە
لە قەحبەخانەدا فێڵ و فڕ زیرەکییە
لە قەحبەخانەدا هەموو شتە چارەنوسساز و نیشتمانییەکان ئەفرۆشرێن و بە نرخێکی گونجاو دەست دەکەون وەکو پرسیاری تاقیکردنەوەکانی بەکلۆریی و کۆدی شکاندنی هاردوێرەکان و کتێبەکان و .. نوشتەی ڕێکخستن و تێکدان و ملشکاندن و ..موچەخۆری بندیوار و هەر شتێک کە شەیتانیش پەی پێ نەبردووە.
لە قەحبەخانەدا دین هۆکارێکە بۆ گەیشتن بە کورسی و پارە و ژن و لە تەڕ خواردن و لە وشک نوستن.
ئەوانەی لە قەحبەخانەدا ئەژین، لوتبەرز و گەمژە و بێ هونەرن
لە قەحبەخانەدا خەڵکەکە زۆربڵێن، لە پڕۆفیسۆرێکەوە هەتا دەرگاوانێک، لە قسەکردن تێر ناخۆن، هەر بۆیە هەزاران جار گوێمان لە شەڕی نێوان دوو پڕۆفیسۆر بووە لە کەناڵێکی ڕاگەیاندندا، بە هۆی ئەوەی یەکێکیان مافی ئەوەی تریانی خواردووە لە کاتی قسە کردندا، چونکە کورت و کرمانجیی پێتان بڵێم لە قەحبەخانەدا زۆرینەیان بە عەرەقی زمانیان ئەژین، هەتا درێژ دادڕتر و بێ شەرمتر و بێ شەرەفتر و ڕووقایمتر و درۆزنتر بیت، دەوڵەمەندتر و ناسراوتر و بەڕێزتر و پڕۆفیشناڵتریت و کەناڵە بەناوبانگەکانی قەحبەحانەکە شەڕت لەسەر دەکەن و ملیۆنان دۆلار ئەخەنە ئاخوڕەکەتەوە بۆ ئەوەی عەزێت بفەرموون لەو کەناڵەدا ئیش بکەیت، چونکە بینەرانی قەحبەخانە حەزیان لە قسەکەری بێ شەرم و بێ حەیایە کاتێک بێ پەردە باس لە کاری سێکسیی و لێدان و هەڵگرتن و داگرتن دەکات لە هەواڵەکاندا.. بەوجۆرە بینەر و هەوادارێکی زۆر لە دەوری ئەو کەناڵە و ئەو قسە قۆڕانە کۆدەبنەوە و هۆگر و ئاڵودەی دەبن و دەبێتە کەناڵێکی بێ ڕکابەر.
لە قەحبەخانەدا زۆر زەحمەتە حەقدەست و کرێ و موچەی خۆت وەربگریت، ئەبێ بیکەی بە شەڕ و مانگرتن و ڕێپێوان و فەرتەنە یان ئەبێ سەبرێکی گەورەت هەبێ و چاوەڕوان بکەیت، خۆ ئەگەر حەقدەست و کرێ و موچەیان خواردیت، ئەبێ بە لاتەوە ئاسایی بێ، چونکە پیاو لە قەحبەخانەدا بژی، هەرچی نەهامەتیی هەیە دێتە ڕێگای.
لە قەحبەخانەدا وەعد و بەڵێن نییە.
لە قەحبەخانەدا هیچ شتێ گەرەنتی نییە.
لە قەحبەخانەدا دادگا نییە، هەیشبێ بۆ شەرعیەتدانە بە نادادیی..
قەحبەخانەی مۆدێرن پڕ پڕە لە وێنە و پەیکەری گەورە ..پڕە لە مۆنۆمێنت و مەزاری گەورە و گرانی چۆڵ و هۆڵ، کە ملیۆنەها دۆلاریان بۆ تەخسیس کراوە ..
قەحبەخانە پڕپڕە لە سروود و دروشم و ئارم و لۆگۆ و ڕێکخراو و ئەو جۆرە چالاکییانەی کە هەموویان جۆرێکن لە بازرگانیی و پارووی چەور گلاندن.
قەحبەخانە پڕ پڕە لە سیخوڕ و خەت مایل و عەمیل و نهێنگر و دووزمان و بوختانچیی و ڕاپۆرتنووس و چاودێر و چاڵ و تەپکە و داو و فاقە.
قەحبەخانە پڕ پڕە لە زیندانی فەرمیی و نهێنیی.. پڕە لە زیندانی کەسیی و گشتی و تاکەکەسیی و بەکۆمەڵ.
قەحبەخانە جۆرەها هێزی چەکداریی تێدایه، هەر جۆرێکیان تایبەتن بە کەسێک..ئەم هێزانە بە هۆی ئەوەی کە نزیکن لە کەسە باڵاکانەوە، هەندێکیان زۆر گرنگ و دەستڕۆیشتوون، تەنانەت شا بە سەپان ناگرن.
لە قەحبەخانەی نوێدا، خەڵکەکە هەموویان لاساییکەرەوەن، چونکە هیچ داهێنانێکیان تێدا نییە، هەر بۆیە هەموویان سەیری یەکتری ئەکەن و لاسایی یەکتری ئەکەنەوە، قسە و ستایڵ و سمێڵ و ڕیش و شتی یەکتری ئەدزن و ئەیکەنە هی خۆیان .. نزیکەی هەموویان نەشتەرگەریی جونکاریی لوت و لێو و سمتیان کردووە، نزیکەی هەموویان قژیان چاندۆتەوە.. ددانیان کردووە بە برغو، حەزیان لە ئوتومبیلی درعە، شیعر و چیرۆک و ووتار و تابلۆی شێوەکاریی یەکتریی ئەدزن و بەناوی خۆیانەوە بڵاویان ئەکەنەوە..ئیتر یەکێکیان بایەکی لێ بێتەوە، ئەوانی تر هەموو ئەکەونە پاڵەپەستۆ و زەخت لە خۆکردن، هەتا ڕەفیق کەم نەبن.
قەحبەخانە ئەوەیە کە هەموو کاڵاکانت هاوردە بن.. ئەگەر سنوورەکان بگیرێن، هەموویان لە برساندا بمرن .. نان و ئاو و جل و دەرمان و مەسینە و تەڵەی مشکگرتن و سوژنی لێفەدروو و هەموو شتێک هاوردە بکەن.
یەکێک لە نیشانەکانی ئاخر زەمان و قەحبەخانەی نوێ ئەوەیە، ئەگەر لەسەر زەریایەک نەوت و گاز و ئاڵتون و سامانی سروشتیش بن، هێشتا هەر قەرزارن.. هێشتا هەر ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، برنج و ئارد و دۆشاو و زەیت و لەتکە نۆکیان بەسەردا دابەش بکات، ساڵانە سێ چوار مانگی ئەو شتانەیشیان نەدەنێ، بەسەر یەکەوە بیدەنە کوڕە بەرپرسێ بۆ ئەوەی بیکا بە پڕۆژەیەک بۆ خۆی یان بیداتە کۆمەڵێ ئوتومبیلی تایبەتی بڕاندی جیهانیی.
لە قەحبەخانەدا، برسیترین چین و توێژ، چین و توێژی بازرگانە زەبەلاحە سیاسیە ملیاردێرەکانن.. زۆر برسین، تەنانەت ئەگەر قەراغە نانی کەڕوو لێداویشیان بدەیتێ، لێت وەرئەگرن و ئەیهاڕن و ئەیکەنە ئارد و بۆ سبەینێ بە خۆتی ئەفرۆشنەوە.
لە قەحبەخانەدا خەڵک زۆر بێزار و خەمبار و خەمۆکیی و بێ حەوسەڵەن، چونکە نیوەی لەشیان لەکار خراوە، لە گەدەوە بەرەو سەریان ئیش ناکات.. بێ گومان مرۆڤی ئیفلیج بە هیچ شتێ دڵی خۆش نابێ، هەرچەندە زۆرینەیان لە لایەن بەشە ڕێپێدراوەکەی لەشیانەوە، کە لە گەدە بەرەو خوارە، بەردەوام لە کار و چالاکیی حەڵاڵخواردن و حەڵاڵکردن، یان حەرامخواردن و حەرامکردندان، بەڵام مادام گەدە و بەرەو ژووریان سڕ کراوە، هەست بە ئاسوودەیی ڕەها ناکەن و .. ئەو زیادە ڕەوییەیش لە کار و چالاکیی لە گەدە بەرەوخواردا، حەتمەن کێشەی سووربوونەوە و برینی گەدە و پڕۆستات و لە دەستدانی پیاوەتیی لێوە سەرچاوە ئەگرێ، هەر بۆیە گەر دیقەت بدەیت دەرمانخانەکانی قەحبەخانەکانی سەردەمی نوێ، ئەگەر بڕوخێن بەسەر دەرمانەکانی گەدە و پڕۆستات و هینەکانی ترا ئەڕوخێن.
لە قەحبەخانەی مۆدێرندا، نوکتە و قسەی خۆش گرنگییەکی زۆریان پێدراوە، یان ئەتوانین بڵێین یەکپارچە قسە و باسەکانیان، نوکتە و پێکەنینی تێکەڵاوە وەک چۆن سەرچاوە ئاوییەکانی خواردنەوەیان، زێرابیان تێکەڵاو بووە .. بەو جۆرە سیاسیی و دەستڕۆیشتووەکانیان بەردەوام پێدەکەنن و نوکتە ئەکەن، لە گەرمەی شەڕە ناوخۆییەکانیاندا، کە بۆ دانوستان دادەنیشن، یەکڕاست پێدەکەنن و قاقای وا لێدەدەن، وەک ئەوەی لە فیلمێکی کۆمیدیدا دانیشتبن وایە، بەو جۆرە خەڵکە سەر بە قوڕە کوڕ کوژراوە ماڵوێرانەکەیش، کە سەیری ئەو دەستڕۆیشتووانە دەکەن، ئەمانیش ناچارن پێبکەنن، چونکە ڕاست نییە گەر گەورەکان پێکەنین، بچووکەکان خەمبار و دڕدۆنگ بن .. داوای مافە زەوتکراوەکانت بکە، دەستڕۆیشتووەکان نوکتەیەکت بۆ ئەکەن و قاقا پێدەکەنن، ئیتر تۆیش ناچاریت پێ بکەنیت، بەو شێوەیە مافە زەوتکراوەکەت ئەبێ بە ژێر پێی پێکەنین و نوکتەکانیانەوە .. بەو جۆرە قەساب نوکتە ئەکات ..مامۆستای ئایینی ئەوانەی قورئانیان لەبەرە، نوکتە ئەکەن و قاقا پێ ئەکەنن ..شیوعیی، مولحید، سەلەفیی، سۆفیی، عەلمانیی، مناڵ، پیر ، شێت، نوکتە ئەکەن و پێدەکەنن.. تەنانەت لەسەر قەبران لەکاتی ناشتنی مردوودا، لە ڕیزەکانی پشتەوە، لە کاتی تەڵقیندا، جەماعەتێ نوکتە بۆ یەکتری ئەگێڕنەوە و پێدەکەنن ..
ئەمەیش حاڵەیش پەل بۆ بە دۆکیومێنتکردنی نوکتە و پێکەنین ئەکێشێ و ..هەندێک نوسەر ئەیکەنە نامیلکە ..تەنانەت هەندێ لە عەللامە ئاینییەکانیان بە سەرا خۆی ئەخاتە ناو گۆماوەکە و چەندین بەرگ یان موجەلەد نوکتە و قسەی قۆڕ ئەنووسن و .. دەیان جار چاپ دەکرێنەوە و بە خێرایی لە بازاڕدا نامێنن، ئیتر لە هەزار ساڵ پێش ئێستادا چ نوکتە و قسەیەکی قۆڕ کرابێ، نووسراوەتەوە، زۆرینەی نوکتە و قسەخۆشەکانی قەحبەخانە مۆدێرنەکان، ئەندامی زاوزێ و سەرجێگاکردن و ئەو شتانەیان تێدایە لەگەڵ توێژێک لە کەلەپور و نەتەوایەتیی وەک موقەبیلات، پێیدا ئەپرژێنرێن بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو بە شانازیی و سەربەرزییەوە ئەو جۆرە شتانە بخوێننەوە و ڕەوانی بکەن و بۆ یەکتری بیانگێڕنەوە.
عەبدوڵڵا پەشێو دەڵێت :

خوێڕین ئەوانەی پێم دەڵێن:
دان و مێروو برای یەکن
خوێڕین ئەوانەی پێم دەڵێن:
خوێن و زەروو برای یەکن
خوێڕین ئەوانەی پێم دەڵێن:
ماسی و چەنگاڵ
مشک و جەواڵ
دەست و چزوو برای یەکن
قەحبەن ئەوانەی پێم دەڵێن
پەت و گەردن
گوێزان و موو برای یەکن




گەلەری ئارام\ سیمنارێک بۆ د. ئازاد حەمە.. روانگەی هزرڤانان بۆ ئەدەب

شەممە ٤\٧\٢٠٢٦
کاتژمێر ٧ی ئێوارە