ئایا پارتە کۆمۆنیستەکان فەلسەفەی مارکسیان کوشت؟.. نووسینی: زەکەریا نمر.. و. لە عەرەبیەوە: یاسین لەتیف

لەگەڵ تێپەڕبوونی ١٠٥ ساڵ بەسەر دامەزراندنیدا، چیتر پرسیارە ڕاستەقینەکە ئەوە نییە کە ئایا کۆمۆنیزم سەرکەوت یان شکستی هێنا؟ چونکە ئەمە پرسیارێکە زیاتر سەر بە لۆژیکی سەرکەوتن و شکستهێنانە نەک مەعریفە. بەڵکو ئەو پرسیارەی شایەنی وروژاندنە ئەوەیە کە چۆن چین توانی لە دەوڵەتێکی وێرانبوو بەهۆی جەنگ وهەژاری و برسیێتییەوە، بگۆڕێت بۆ یەکێک لە گەورەترین هێزە ئابوورییەکانی جیهان لەژێر سەرکردایەتی پارتێکدا کە ئاڵای کۆمۆنیزمی بەرز کردووەتەوە، لە کاتێکدا زۆرێک لە ئەزموونە کۆمۆنیستییەکانی تر کۆتاییان بە هەرەسهێنان هات، یان کاریگەرییە سیاسییەکانیان لەدەستدا، یان گۆڕان
بۆ پارتگەلێک کە زیاتر لەسەر شکۆمەندی ڕابردوو دەژین نەک دروستکردنی داهاتوو؟
ئەم پرسیارە نە بەدوای پیاهەڵدانی چیندا دەگەڕێت و نە بەدوای ئیدانەکردنی
کۆمۆنیزمدا، بەڵکو هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندییە ئاڵۆزەکەی نێوان فیکر و واقیع، نێوان ئایدۆلۆژیا و دەوڵەت، و نێوان دەق و مێژوو. مێژوو پاداشتی بیرۆکەکان ناداتەوە لەبەر ئەوەی جوانن، و سزایان نادات لەبەر ئەوەی ناشیرینن، بەڵکو تاقیكردنەوەیان بۆ دەكات لەسەر توانای گونجانیان لەگەڵ واقیع و بەرهەمهێنانی دامەزراوەی کارامە.
دەوترێت چین سەرکەوت چونکە کۆمۆنیزمی بە شێوەیەکی دروست جێبەجێ کرد، لە کاتێکدا ئەوانی تر شکستیان هێنا چونکە خراپ جێبەجێیان کرد. بەڵام ئەم وەڵامە خۆی ڕەنگدانەوەی عەقڵییەتێکی ئایدۆلۆژییە؛ چونکە لە بنەڕەتەوە وای دادەنێت کە تیۆرییەکە بێ کەموکوڕییە و هەڵەکە تەنها لە مرۆڤەکاندایە. لێرەوە کێشەکە دەست پێدەکات، چونکە
ئەو فیکرەی عاجزە لە لێپرسینەوە لە خۆی، لە ئامرازێک بۆ تێگەیشتن لە واقیعەوە
دەگۆڕێت بۆ ئامرازێک بۆ پاساوهێنانەوە بۆ واقیع. فەلسەفە لە گومانەوە دەست پێدەکات، بەڵام ئایدۆلۆژیا لە دڵنیاییەوە. فەلسەفە دەپرسێت: بۆچی؟ چۆن؟ ئایا دەکرێت ئێمە هەڵە بین؟ بەڵام ئایدۆلۆژیا دەپرسێت: چۆن بیسەلمێنین ئەوەی باوەڕمان پێیەتی ڕاستە؟ بۆیە جیاوازی نێوان فەیلەسوف و تێکۆشەرێکی ئایدۆلۆژی لە زیرەکیدا نییە، بەڵکو لە هەڵوێستیاندایە بەرانبەر بە ڕاستی. فەیلەسوف بەدوایدا دەگەڕێت، بەڵام ئایدۆلۆژی وا دەزانێت خاوەنیەتی. هەموو ئایدۆلۆژیایەک دژبە یەکییەکی مەترسیداری تێدایە. سەرەتا وەک هەوڵێک بۆ ڕاڤەکردنی جیهان دەست پێدەکات، پاشان بە هەوڵدان بۆملکەچکردنی جیهان بۆ ڕاڤەکەی خۆی کۆتایی دێت.کاتێک ئەوە ڕوودەدات، واقیع دەبێتە تۆمەتبار نەک تیۆرییەکە. ئەگەر ئابووری شکستی هێنا، دەوترێت گەل لە پرەنسیپەکان تێنەگەیشتووە. ئەگەر دەوڵەت هەرەسی
هێنا، دەوترێت پیلانگێڕی دەرەکی هۆکارەکەیە. ئەگەر خەڵک ڕاپەڕین، دەوترێت قوربانی پڕوپاگەندەن. بەڵام پێداچوونەوە بە خودی بیرۆکەکە، وەک حەرامکراوێک دەمێنێتەوە. مارکس لە سەدەی نۆزدەهەمدا ڕەخنەیەکی ڕیشەیی لە سەرمایەداری گرت و ئامرازی شیکاریی وای پێشکەش کرد کە تا ئێستاش لە ئابووری و کۆمەڵناسی و سیاسەتدا کاریگەرن. بەڵام مارکس دەستوورێکی ئەبەدی بۆ دەوڵەتان نەنووسی، و بانگەشەی ئەوەی نەکرد کە دەقەکانی کۆتایی مێژوون. پڕۆژەکەی ئەو لە بنەڕەتدا ڕەخنەیی بوو، هەوڵی دەدا واقیع ڕاڤە بکات و شیکاری بکات. بەڵام زۆرێک لە پارتە کۆمۆنیستەکان ئەم پڕۆژەیەیان گۆڕی بۆ سیستەمێکی داخراو؛ مارکسیزم لەمیتۆدێکی ڕەخنەییەوە بوو بە عەقیدەیەکی سیاسی، و لە ئامرازێکی گۆڕانکارییەوە بوو بە دەقگەلێک کە هەموو شتێک ڕاڤە دەکەن و ڕێگە بە کەس نادەن ڕاڤەیان بکات.مارکس خۆی شۆڕشگێڕ بوو دژی بنەماچەسپاوەکان، لە کاتێکدا لای هەندێک لەشوێنکەوتووانی بوو بە بنەمایەکی چەسپاو کە بۆت نییە لێی نزیک بیتەوە. ئەو پیاوەی داوای ڕەخنەگرتنی لە کۆمەڵگا دەکرد، لای هەندێکیان بوو بە کەسێک کە لە سەرووی ڕەخنەوەیە. بەم شێوەیە فەلسەفە گۆڕا بۆ ئۆرسۆدۆکسییەکی سیاسی، بیرکردنەوە گۆڕا بۆدووبارەکردنەوە، و داهێنانیش گۆڕا بۆ لەبەرکردنی دەقەکان. پۆپەر ئاگاداری کردینەوە لە مەترسی ئەو تیۆریانەی بانگەشەی خاوەندارێتی یاساکانی
مێژوو دەکەن، چونکە ئەوەی پێی وایە داهاتوو دەزانێت، ڕەنگە هەر هۆکارێک بۆ گەیشتن پێی ڕەوا بکات. کاتێک پارتێک قەناعەتی وایە نوێنەرایەتی حەتمییەتی مێژوو دەکات، بۆی ئاسان دەبێت کە ئۆپۆزسیۆن پەراوێز بخات، چاکسازی دوابخات و ستەمکاری بەناوی ئامانجە
گەورەکەوە پاساو بدات. بەڵام هەڵەیەکی گەورە دەبێت ئەگەر ئەزموونی چین وەک بەڵگەی سەرکەوتنی کۆمۆنیزم وەک
تیۆری دابنێین. چین بە دیلی جێبەجێکردنی حەرفی مارکسیزمی کلاسیک نەمایەوە، بەڵکو جارێکی تر ڕاڤەی کردەوە بە شێوەیەک کە لەگەڵ مێژوو، کولتوور و پێکهاتە ئابوورییەکەیدا بگونجێت. ئابووری بازاڕی قبوڵ کرد، هانی وەبەرهێنانی تایبەتی دا، سوودی لە جیهانگیری وەرگرت، و گرەوی لەسەر پەروەردە و توێژینەوەی زانستی و
تەکنەلۆژیا کرد، و شەرعییەتی پارتەکەی بەستەوە بە توانای باشکردنی ئاستی بژێوی وبەدیهێنانی گەشەپێدان. لێرەدا پرسیارێکی ڕەوا سەرهەڵدەدات: ئایا کۆمۆنیزم لە چین
سەرکەوت، یان پراگماتیزم (کردارگەرایی) بەسەر چەقبەستوویی ئایدۆلۆژیدا سەرکەوت؟ ئەزموونی چین دەری دەخات کە دەوڵەت لەسەر دروشم ناژی، بەڵکو لەسەر توانای فێربوون دەژی. چین زۆرجار سیاسەتە ئابوورییەکانی گۆڕی کاتێک بۆی دەرکەوت هەندێک بژاردە چیتر گونجاو نین. پاشەکشە لە سیاسەتێکی دیاریکراوی بە خیانەت لە عەقیدە دانەنا، بەڵکو وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ پێداویستییەکانی واقیع سەیری کرد. ئەم نەرمییە ڕەنگە یەکێک
بێت لە گرنگترین هۆکارەکانی سەرکەوتنی.
زۆرێک لە پارتە کۆمۆنیستەکان پێداگرییان دەکرد لەسەر ئەوەی دڵسۆزی دەق بن زیاتر لە دڵسۆزییان بۆ کۆمەڵگا. خەریکی بەرگریکردن بوون لە پاکژیی بیرۆکەکە، لە کاتێکدا دەوڵەت دادەرزا، ئابووری لاواز دەبوو، پەروەردە پاشەکشەی دەکرد و گەنجە لێهاتووەکان کۆچیان دەکرد. کۆنگرە حزبییەکان گۆڕان بۆ گۆڕەپانی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی هەمان گوتار، نەک پێداچوونەوە بە سیاسەتەکان یان ڕەخنەگرتن لە هەڵەکان. لە زۆرێک لە ئەزموونە ئەفریقی و عەرەبییەکاندا، کێشەکە تەنها لە مارکسیزمدا نەبوو،
بەڵکو لەو ژینگەیەشدا بوو کە پارتەکان تێیدا کاریان دەکرد. لە ناو دەوڵەتە
لاوازەکاندا گەورە بوون، کە بەدەست دابەشبوونی خێڵەکی و تائیفی و لاوازی
دامەزراوەکان و قەیرانی ناسنامەوە دەیانناڵاند. لە ژینگەیەکی ئاوادا، زەحمەتە هەر پڕۆژەیەکی سیاسی سەرکەوتوو بێت ئەگەر پێش بونیادنانی ئایدۆلۆژیا، دەست بە
بونیادنانی دەوڵەت نەکات. بەڵام خستنە ئەستۆی بەرپرسیارێتی تەنها بۆ ژینگە، جۆرێکی ترە لە ڕاکردن لە ڕەخنە؛ چونکە ژینگەی سەخت قەدەرێک نییە ڕێگری لە سەرکەوتن بکات، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکە بۆ لێهاتوویی سەرکردایەتی. چین خۆشی لە بارودۆخێکی نموونەییدا دەستی پێ نەکرد، بەڵکو لە ناو جەنگی ناوخۆیی و داگیرکاری و هەژارییەکی فراوانەوە هاتە دەرێ. بۆیە جیاوازییەکە تەنها بە بارودۆخەکان ڕاڤە ناکرێت، بەڵکو بە شێوازی بەڕێوەبردنی ئەو بارودۆخانەشە. گرامشی درکی بەوە کردبوو کە دەسەڵات تەنها کۆنترۆڵکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت نییە، بەڵکو بونیادنانی کولتوور و مەعریفە وهۆشیارییە. بۆیە هەر پارتێک پشتگوێی پەروەردە، زانکۆ، توێژینەوەی زانستی و بەرهەمهێنانی کولتووری بدات، شەڕەکەی دەدۆڕێنێت تەنانەت ئەگەر دەسەڵاتی سیاسیشی بەدەستەوە بێت. هەروەک چۆن ڕوونی کردەوە کە دامەزراوە پەروەردەیی و میدیایی و کولتوورییەکان ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕن لە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی بیرۆکەکاندا، ئەمەش وادەکات بونیادنانی مرۆڤ گرنگتر بێت لە
بونیادنانی تەنها ڕێکخستن. قەیرانی ڕاستەقینە تەنها قەیرانی چەپ نییە، نە قەیرانی ڕاستڕەو، نە لیبرالیزم یان
ناسیۆنالیزم یان ئیسلامی سیاسی. بەڵکو قەیرانی خودی “عەقڵی ئایدۆلۆژی”یە؛ ئەو
عەقڵەی وا دەزانێت یەک کتێب دەتوانێت ڕاڤەی کۆمەڵگایەکی گۆڕاو بکات، و تیۆرییەک کە لە چوارچێوەیەکی مێژوویی دیاریکراودا لەدایکبووە، بۆ هەموو کات و شوێنێک دەست دەدات بەبێ پێداچوونەوە. ئایدۆلۆژیا کاتێک دەبێتە عەقیدەیەکی داخراو، لە فێربوون پەککەوتە دەبێت. کاتێکیش لە فێربوون پەککەوتە بوو، ناتوانێت سەرکردایەتی دەوڵەت بکات، چونکە دەوڵەت بە “دڵنیایی” بەڕێوە ناچێت، بەڵکو بە پێداچوونەوەی بەردەوام، داننان بە
هەڵەکان، سوودوەرگرتن لە ئەزموون و توانای گۆڕینی سیاسەتەکان بەڕێوە دەچێت.
نەتەوەکان لەبەر ئەوە هەڵناستنەوە چونکە باشترین تیۆرییان هەیە، بەڵکو لەبەر ئەوەی
باشترین دامەزراوەیان هەیە.دامەزراوەکانیش بە دڵسۆزی فیکری بونیاد نانرێن، بەڵکو بە کارامەیی، سەروەری یاسا، لێپرسینەوە و بەڕێوەبردنی ژیرانە و وەبەرهێنان لە مرۆڤدا بونیاد دەنرێن. بەڵام ئەو پارتەی سەرکەوتنی خۆی بە ژمارەی ئەو دروشمانە دەپێوێت کە بەرزیان دەکاتەوە، نەک بە ژمارەی ئەو قوتابخانانەی دەیانبینێت، یان ئەو نەخۆشخانانەی پەرەیان پێ دەدات، یان ئەو هەلی کارانەی دەیڕەخسێنێت، ئەوا لەگەڵ کاتدا دەگۆڕێت بۆ دامەزراوەیەکی پڕوپاگەندەیی زیاتر وەک لە دامەزراوەیەکی سیاسی. گرنگترین وانەیەک کە چین پێشکەشی دەکات، چ کۆک بین لەگەڵیدا یان نا، ئەوەیە کە بیرۆکەکان شەرعییەتی خۆیان لە جوانییە تیۆرییەکەیانەوە وەرناگرن، بەڵکو لە ئەنجامە کردەییەکانیانەوە وەری دەگرن. سیاسەت تاقیکردنەوەی لەبەرکردنی دەقەکان نییە، بەڵکو هونەری بەڕێوەبردنی واقیعە. واقیعیش دان بە ئایدۆلۆژیاکاندا نانێت، بەڵکو دان بەو کەسەدا دەنێت کە لە تێگەیشتن و مامەڵەکردن لەگەڵیدا سەرکەوتوو دەبێت. گەورەترین هەڵە کە نوخبە سیاسییەکان تێی بکەون، ئەوەیە کە وا بزانن سەرکەوتنی چین ڕەچەتەیەکی ئامادەکراوە و دەکرێت بۆ هەر وڵاتێک بگوازرێتەوە. هەر کۆمەڵگایەک مێژوو،
کولتوور، پێکهاتەی ئابووری و دامەزراوەی تایبەت بە خۆی هەیە. بۆیە چاوپۆشی و
لاساییکردنەوەی حەرفی چین، ڕەنگە شکستی نوێ بێت، ڕێک وەک چۆن لاساییکردنەوەی یەکێتی سۆڤیەت لە زۆرێک لە ئەزموونەکاندا شکستی هێنا. ئەوەی داواکراوە کۆپیکردنی ئەزموونەکان نییە، بەڵکو تێگەیشتن لە مەرجەکانی سەرکەوتنیان و خستنە ژێر ڕەخنەوەیە.
ڕەنگە نهێنی چین ئەوە نەبووبێت کە تیۆرییەکی تەواوی دۆزیوەتەوە، بەڵکو ئەوە بووە کە تیۆرییەکەی نەکردووەتە زیندانێک کە ڕێگری لێ بکات لە فێربوون. ڕەنگە هۆکاری شکستی ئەزموونەکانی تریش ئەوە نەبووبێت کە تیۆری هەڵەیان هەبووە، بەڵکو ئەوە بووە کە وەک ڕاستییەکی کۆتایی و بێ پێداچوونەوە مامەڵەیان لەگەڵ تیۆرییەکەدا کردووە. شارستانیەتەکان بە عەقیدەی چەقبەستوو دروست نابن، بەڵکو بەو عەقڵانەی دەوێرن پێداچوونەوە بە خۆیاندا بکەن. نەتەوەکان لەبەر ئەوە ناڕووخێن چونکە هەڵەیان کردووە، بەڵکو لەبەر ئەوەی پێداگرییان کردووە لە گۆڕینی هەڵە بۆ عەقیدە، گۆڕینی عەقیدە بۆ قەدەر، و گۆڕینی قەدەر بۆ چارەنووسێک کە بۆت نییە بیر لە گۆڕینی بکەیتەوە. ڕاستی نە موڵکی پارتێکە، نە فەیلەسوفێک و نە دەوڵەتێک. ڕاستی پڕۆژەیەکی مرۆیی کراوەیە، بە ڕەخنە زیاتر بەرەو پێش دەچێت وەک لە دڵنیایی، و بە پرسیار زیاتر وەک لە دروشم. ئەمەش، ڕەنگە، گەورەترین دژبەیەک بێت کە مێژووی هەموو ئایدۆلۆژیاکان دەری دەخەن.

نووسینی: زەکەریا نمر




ترەمپ لە چ کۆمۆنیزمێک دەترسێ!.. ئاسۆ کەمال

ترەمپ لە کۆبونەوەیەکی لایەنگرەکانیدا ترسی خۆی لە جۆرێک لە کۆمۆنیزم لە ئەمریکادا نیشان دا کە داوای خانو و ژیانی باشتر بۆ خەڵک دەکەن. وتی ئەگەر من بمەوێ ئەم بەڵینانە بە خەڵک بفرۆشم گەورەترین کۆمۆنیست دەبم، بەڵام ئەمانە ئەمریکا وێران و هەژار دەکا.
ئەم ترسە لە بزوتنەوەی دیموکرات سۆشیالیستەکانی ئەمریکایە کە مەمدانیان کردە پارێزگاری نیۆرک و چەند ئەندام پەرلەمان و پارێزگاری تریان لە شارە گەورەکانی ئەمریکا بەدەست هێناوە. ئەوەی بورژوازیەکی وەک ترەمپ و حکومەتی کۆماریەکان لێی دەترسن ئەو بزوتنەوەیەیە کە لە چینی کرێکار و کەم دەرامەتی ئەمریکاوە دەستی پێکردوە و بەردەوام لە باری سیاسی و ڕێکخراوەیی و جەماوەریەوە گەشەدەکا و لە دەنگدانەکان و هەڵبژاردنەکانیشدا پشتی کۆماریەکان دەشکێنێ.
ترەمپ بەشێکی سەرکەوتنەکانی بە هەڵخەڵەتاندنی چینی کرێکار بەدەست هێناوە بەوەی کار و ئابوری لە ناوخۆی ئەمریکا بەهێزدەکا، بەڵام ئەمڕۆ بە پیچەوانەوە لەسایەی سیاسەت و شەڕەکانی ترەمپەوە گرانی و بێکاری زیاتری ڕوبەڕوی کرێکاران بوەتەوە. لە کاتێکدا تەنیا ترەمپ خۆی لە یەکەم ساڵی سەرۆکایەتیەکەیدا یەک ملیار دۆلار تەنیا لە بازاڕی پارەی دیجیتاڵ قازانجی کردوە و باقی هاوڕێ ملیاردێرەکانی تری خۆی کردۆتە خاوەن ترلیۆن دۆلار و سامانی ئەم ئۆلیگاریشیە پارەدارەی بە هیچ درۆیەک بۆ ناشاردرێتەوە. لەسایەی ئیدارەی ترەمپدا سامانی ١٪ سەرمایەدارەکان بوەتە ٣١.٧ وە ئەو بەشەی بەرهەمی ناوخۆیی گشتی ئەمریکا کە لە شێوەی کرێ و قەرەبووکردنەوە بۆ کرێکاران تەرخانکراوە، بۆ نزمترین ئاست لە مێژووی ٧٥ ساڵیدا دابەزیوە.، کە سەرجەمی نیوەی خوارەوەی دانیشتووانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خاوەنی ٢.٥٪ی سامانی ئەمریکان .*١ ئەمە بەشێوە ئابوری پیتی K ناسراوە، واتە فڕینی ئاستی دەوڵەمەندبونی سەرمایەدارەکان و کەوتنە نشێوی کرێی کرێکاران.
هەربۆیە کرێکاران و چینە کەمدەرامەتەکان بە بینینی ئەم ڕاستیانە لە ترەمپ و حزبەکەی دوور دەکەونەوە و ڕوو دەکەنە خەباتی ڕادیکاڵ دژی سیاسەتەکانی حزبە دەسەڵاتدارەکانی ئەمریکا.
ئەم خەباتەی کرێکاران دژی کەڵەکەی سەرمایەی بێ شوماری چینی سەرمایەدار و دژی هەژارترکردنی کرێکارانە. ترەمپ ترساوە کە داوای خاونوو و خۆراک و موچەی زیاتر ئەم بەهەشتەی ترەمپ و میلیاردێر و خاوەن ترلیۆن دۆلارەکان وێران دەکا و هەربۆیە تارمایی کۆمۆنیزمی تیا دەبینێ. کۆمۆنیزمێک کە لە خەباتی سەر جادە و کارگە و شوێنە گشتیەکانەوە دەستی پێکردوە و گیانی کردۆتەوە بەبەری یەکیتیە کرێکاریەکان و بزوتنەوەی سیاسی ناو جەماوەری کرێکاران، لە نمونەی دیموکرات سۆشیالیستەکانی ئەمریکا.
ئەمڕۆ ئەم بزوتنەوە جەماوەریە سیاسیە نوێ یەی لە ئەمریکا گەشەدەکا بۆ بەدەستهێنانی مافە سەرەیاییەکانی وەک خانو و کرێ و تەندروستی و پەنابەری لەمەیداندایە، بەڵام مەترسی کۆمۆنیزم بۆسەر دەسەڵاتی ڕەهای بورژوازی ئۆلیگارشی ئەمریکا لەم هێز نمایشکردنە ملیۆنیەیدا و لە هەر سەرکەوتنێکی بچوکدا نیشان دەدا. ئەمە کۆمۆنیزمێکی نوێی زیندوە کە لە خوارەوە بە شێوەیەکی جەماوەری گەشەدەکا و خاوەن پەیامێکی ڕۆشنە کە ئەم سیستەمە چەوسێنەرانەی سەرمایەداری قبوڵ ناکا.

ئاسۆ کەمال

https://www.cnbc.com/2026/01/30/wealth-inequality-k-shaped-economy-united-states-consumer-spending-trump.html




چی بۆ ئێوە و چی بۆ ئێمە؟.. نەوزاد بەندی

فڕۆکەی تایبەت بە سەدان ملیۆن دۆلار بۆ ئێوەی خەباتگێڕ و ماندوو نەناس، کەناری و کۆتریش بۆ ئێمەی پێشمەرگەی سادە و ساکار و بێ ناوونیشان .. کۆشک و تەلاری بەرزایی و سەر گرد و شاخەکان بۆ ئێوەی کاریزما و بیریاری مەکیاڤیلیزم، خانووی بێ تاپۆ و زیادەڕەوی خوار و خێچی ناو چەم و دۆڵ و نشێوەکانیش بۆ ئێمە.. گوند و شاری ئیتاڵیی و ئەڵمانیی و هۆڵندیی بۆ ئێوە، گەڕەکی شەهیدان و کوژراوان و کەمئەندامانیش با بۆ ئێمە بێ.. لاندکرۆزەر و لەگزسی دوا مۆدێل و درع بۆ ئێوە، ئوتومبیلی دەعمکردوو، سوکان محەوەری بێ تابلۆ و علوجی ووڵاتانیش بۆ ئێمە.. کوپەڵەی پڕ لیرەی زێڕ و زیوی ناو ڕەحمی خاک و مێژوو بۆ ئێوە، کنگر و وشتراڵوک و چاوبازە و کەرتەشیش بۆ ئێمە .. نەوت و گازی ژێر زەوی بۆ ئێوە، مینی چێنراو بە هەموو جۆرەکانییەوە بۆ ئێمە با قاچ و دەستمان بپەڕێنن.. زانکۆی کامبردج و ئەمەریکی و ئۆکسفۆرد بۆ ئێوە، حوجرە و قوتابخانە داڕوخاوەکانی مەحوی و مەولاناخالیدیش بۆ ئێمە..کچە جوانە سێکسییەکانی ناوخۆ و ئێران و شام و ڕۆم بۆ ئێوە بە حەرامیی، کچە ناشیرینە نەخۆشە کەمئەندامەکانیش بۆ ئێمە بە حەڵاڵیی .. سەعاتە گرانبەهاکانی ڕۆلێکس و پاتیک فلیب بە دەیان ملیۆن دۆلار بۆ مەچەکی شۆڕشگێڕ و ماندوونەناسی ئێوە، ئێمەیش بە گاز سەعات لە مەچەکی مناڵەکانمانا دروست ئەکەین و ڕازییان ئەکەین و ئەیانکەینە خاوەن سەعات، کە گەورەیش بووین سەعاتمان ناوێت، چونکە کرێکار سەعات لە دەست بکا پڕ ئەبێ لە ئاو و عەرەق و لم و چیمەنتۆ و ئەڕزێت و ئەشکێت.
بتڵە ویسکی و گرانتس بە دەیان هەزار دۆلار بۆ سەرگەرمکردنی ئێوەی ماندووی کوردناسی ماندوو نەناس، ئێمەیش بە چای دیژلەمەی خەست سەرمان گەرم ئەکەین.. کەناڵی سەتەلایت بە سەدان بێژەری جوانکیلە بە ملیۆنەها دۆلاری خەرجیی مانگانەوە بۆ ئێوە و مناڵەکانتان، ئێمە تەلەفزیۆن و ڕاگەیاندنمان ناوێت، چونکە بێجگە له خوا بڕوامان بە هیچ هەواڵ و کەناڵ و فڕ و فیشاڵێک نەماوە.. چاکەت و پانتۆڵ و بۆینباخی بڕاندی ئیتاڵیی بە سەدان هەزار دۆلار بۆ قەد و باڵای ماندووی ئێوە، ئێمەیش لە بازاڕی لەنگەکە پانتۆڵێکی کاوبۆی کۆن بە دوو هەزار دیناری تەبعی بریمەر ئەکڕین، کە ڕەنگە هی سەردەمی چاڕڵس بڕۆنسن بێ، عەیبی چییە ؟ ..ئێوە پێڵاوی زیگنا و بۆگاتی و کامێڵ و کارتەر لە پێبکەن بە هەزاران دۆلار، قەیناکا ئێمە پاتەی ئێرانیی و چینیی بە چوار هەزار دیناری تەبعی بریمەریی لە جادەی شێخەڵا وکاک ئەحمەدی شێخ ئەکڕین، قەیناکا با لەگەڵ هەر هەنگاوێکا جڕتێک لێبدەن.. بۆ جەژنی سەری ساڵ و جەژنەکانی تر، ئێوەی سەرکردەی ماندوونەناس بە فڕۆکەی تایبەت، لەگەڵ ماڵ و مناڵەکانتاندا بفەرموون بۆ نەمسا و سویسرا و لەندەن و پاریس و دبلن ، ئێمەیش ئەو ڕۆژانە ناچین بۆ ئیش و تا نیوەڕۆ ئەخەوین و ئیسراحەت ئەفەرمووین، عەسرەکەیشی مەنجەڵێک یاپراخ ئەخەینە ناو چارۆکەیەک و لەگەڵ ماڵ و مناڵدا ئەیبەین لە پارکی ئازادی و شانێدەر لە ژێر درەختێکی خەمگیندا، ئەیخۆین .. ئێوە عەتری گرانبەهای وا بدەن لە خۆتان، کچە مۆدێل و مێینە جوانەکانی چواردەورتان بخەنە سەر کەڵکەڵەی موسارەعە حوڕەی ناو حەلەبەی ژووری نوستنەکانتان، حەقی خۆتانە دوای ئەو هەموو کوردایەتییە، مەلەوانیی لە ئەستێڵکی لەش و لارە گۆشتنەکانا، خەمی ئێمەتان نەبێ، چونکە عەتر و عەرەقی شین و مۆری ناوچاومان ناگونجێن، پارەی عەترەکە ئەدەین بە نیڤیا و ڤازالین بۆ دەست و قاچە شەقار شەقار بووەکانمان، تاکو ئازاری کزانەوە و برژاونەوەکانیان مات بن و بتوانین شەو بنووین تاکو سبحەینێ زوو هەستین و بڕۆین بۆ ژوانی پاچ و خاکەناز و لم و چیمەنتۆی پڕۆژە زەبەلاحەکانتان ..مناڵەکانی ئێوە با لە قوتابخانەکانی ئەوروپا بخوێنن، بۆ ئەوەی هەم زمانە زیندووەکانی دنیا فێر بن و هەم فێری ئەتەکێت و هەڵس و کەوتی نۆبڵمان و مۆدێرن بن، پاشان دێنەوە و ئەبنە سەرۆک و سەرکردە و شت بەدەست دوای ئەوەی کە خوای گەورە ڕۆحی گرانبەهاتان لێ وەرئەگرێتەوە، بەڵام مناڵەکانی ئێمە هەتا ئیعدادی لە مەکتەبە سارد و سڕ بە زستان و گەرم و گوڕ بە بەهار و هاوینەکانا ئەخوێنن، هەتا ئەوەی مەکتەب تەرک ئەکەن و لە هەژاریدا شێت ئەبن یان بە قاچاخ بە خەیاڵی ژیانێکی جوان و شەرەفمەندانە، ڕوو دەکەنە ئەوروپا، لە ڕێگا بەشێکیان لەناو دەریاکاندا ئەخنکێن و بەشەکەی تریشیان لە زیندان و دارستان و کەمپە بێ ڕەحمەکانی ئەوروپادا، کەڕووی چاوەڕوانیی و لەش تێیان ئەدات، قەیناکا، خۆ ئەمانە لە داهاتوودا نابنە سەرۆک و سەرکردەمان، بوون و نەبوونیان وەکو یەک وایە، وەک بڵێی تۆبە ئەستەغفیروڵڵا، بە هەڵە هاتبنە دنیاوە و غەڵەتی مەتبەعیی بووبن، ئەگینا توخوا مەعقولە کەسێک بێتە ژیانەوە و هیچ ڕزق و ڕۆزی و دامەزراندن و هەلی ژیان و کارکردنێکی نەبێ؟
با ئێوەی ئازا.. ئێوەی دەبابە و فڕۆکە خۆری بەعس و تۆمارکەری داستان و ئەفسانەکانی شەڕی براکوژیی، ببنە خاوەنی دەیان و سەدان و هەزاران مۆڵ و بەنزینخانە و بازاڕ و تاوەری پەنجا شەست نهۆمیی، بە قەبارەی بەرزیی و بڵندیی دەیان هەزار گەنجی شەهیدی وون و گۆڕ وون و بێ سەر و شوێن، ئێمەیش بۆ خۆمان دوای سەعات دووی نیوەڕۆ کە ئێوە چوون بۆ ڕابواردن، ڕێگا بە ئێمە دەدرێ عەرەبانەی سەوزە و میوە و نەعلفرۆشتن بهێنینە گۆڕەپانەکانی کاک ئەحمەدی شێخ و شێخەڵڵا لە ماوەی دوو سەعاتدا، هەتا خۆر ئاوا ئەبێ، ڕێپێدراوین دوو سێ هەزار دیناری تەبعی بریمەریی پەیدا بکەین، لەناو دەنگە دەنگو قەڵەباڵغیی و شەڕ و شەڕەجنێودا چونکە هەزاران کەس لە هەموو چین و توێژە فلیقاوەکانی میللەتەوە ئەڕژێنە ئەو شوێنانەی کە دوو کیلۆی بە هەزارێکه یان سیانی بە دوو ..
مۆڵ و کارگە و تاوەرەکانی ئێوە لە باج بەخشراون، چونکە ئێوە سەرکردە و بەخشندە و نیشتمانپەروەریی دێرینن، بەڵام عەرەبانەکانی ئێمە لە فەرمانگەی باج و سەرانەدا، هەموویان ژمارە و دۆسیەی تایبەتیان بۆ کراوە و ئەبێ ساڵانە باج بدەین، ئێ ناحەقیان نییە ئێمە کوا سەرکردە و ڕێکخەری شەڕە گەورەکانی ناوخۆ و براکوژیی بووین، هەتا بمانبەخشن ؟
بۆ ئێوە ئەسپی گرانبەها و مەیدانی ئەسپسواریی و کچۆڵەی مەیتەری ناسکۆڵەی ئۆکرانیی و ئێرانیی، بۆ ڕاهێنانی مناڵۆچکەکانتان کە پێویستە ئەو سەرکردانەی داهاتوومان، فێری ئەسپسواریی و شاسواریی ببن، بۆ ئەوەی لە بۆنە جیهانییەکاندا گەر بڕگەی ئەسپسوارییان تێدا بێ، بە خۆدا نەشکێنەوە و ئاوزنگی لێدەن و بیهێننە جونبوش و چوار ناڵە، بەڵام ئێمە ئەسپ و مایین و چارەوێمان ناوێ، زیادمەسرەفییە و بەخی نیعمەتە، با خواگیان دەرگای ڕزق و ڕۆزیمان لێ دانەخات .. دەیان و سەدان دۆنم زەوی تایبەت و دوورە دەست، بۆ مەزاری مردووەکانی ئێوە، لەناو باخ و گوڵ و گوڵزار و بینای بەرز و مەڕمەڕی شاهانەدا، با لاشەی پیرۆز و ماندوو نەناس و پڕ خەبات و بەرخۆدانتان، ئارام و حەواوە بێ و دوای ئەو هەموو خۆنەویستییە، لەگەڵ پەرییەکانی ڕەحمەتدا، بێ قەید و شەرت و حەق و حیساب، بەرەو بەهەشت بڕۆن.. قەبرەکانی ئێمەیش بە یاڵێکەوە یان لە نشێوێکا، لە تەنیشت یەکدا، هەر یەکەی مەترێک زەمینی لار و وێر ، سەرمان ئەدا لە پەراسووی مردوویەکی شەڕی ناخۆ و .. کەللەی ڕاکردوویەکی سوپای بەعس، ئەچەقێ لە سەر شانمان، قاچمان ئەچێ بە چاوی پارتیزانێکی ناوشاردا، کە لە کۆلێژ ئاشکرا بوو، پێش پەنجا ساڵ بە دەسڕێژی گوللە شەهید کرا، هەمان کات نینۆکی ژنێکی کوژراو ئەچێ به گوێچکەمانا، کە پێش 45 ساڵ به تاوانی ناندان بە پێشمەرگە، لە زینداندا بە ئەشکەنجە گیانی سپارد، کەللە سەر ساوایەک کە لە سکی دایکیدا بەر دەسڕێژ کەوتبوو، ئەچەقێتە چەپرغەمان، کێشە نییە، هەر چۆنێ بێ شوێنی خۆمان ئەکەینەوە، خۆ ڕۆحمان تیا نییە ئازار بکێشین، خۆ پێویستمان بە موچە و دامەزراندن و تەرفیع و عەلاوە نەوت و غاز و برنج و ڕۆن و فێنککەرەوە نییە، کۆمەڵێ ئێسک و ماسولکە و پێست و نینۆکی بێگیانین، بەرە بەرە بەکتریا و مێرووی خاک ئەمانخۆن و ئەبڕێینەوە، قەیچێکا با لە نیو مەترا بە لاو نیو لێی ڕاکشێین، بەدانیشتنانەوە، یان بە پێوە، لە گۆڕی بە کۆمەڵدا، یان بە هەر جۆرێک بێ، ئێمە وەک ئێوە زۆر کۆڵمان بەو دنیا بێ شەرەفەوە هەڵنەگرتووە، ئەویش لەبەر ئەوەیە بۆگەنی لاشەمان، هاوشارییەکان بێزار نەکەن ئەگینا پێویستی بەو زەحمەتە نەدەکرد و هەروەک پاکەتێکی بەتاڵی پیتزا، فڕێتان داینایە ناو زبڵدانەکانەوە، خۆ ئازارمان پێ ناگات، ئێمە کە هەموو تەمەنمان ئازار و زوڵم و ئەشکەنجە و بێبەشکردن و زیندان و دەرکردن و دوورخستنەوە و بێداریی و بێزاریی و نادادیی بوو .. ئێمەی تاوانبار بە تاوانی ئەوەی کە لە خاکێکا لە دایک بووین، هەمووی بەش کرا بوو، هەمووی لوشکرابوو.. تۆبە، ئەستەغفیروڵڵا، تۆ بڵێی خوای گەورە ملیۆنان کوردی بە بێ ڕزق و ڕۆزی و کار و موچە و داهاتوو دروستکردبێ؟
ئێوەی ماندوونەناس و سەرکردە و شەهیدی زیندوو، مافی خۆتانە بڕۆن بۆ تیاترۆخانە و قومارخانەکانی مۆنتیکارلۆ و لاس فیگاس و ڕۆما، بە ملیۆنان دۆلار بدۆڕێنن بە دیار سەمای شاکیرا و سەماکارە جیهانییەکانەوە، مافی شەرعیی و شۆڕشگێڕیی خۆتانە، ئێوە کە لاویتان لە ئەوروپا و شام و شیراز بۆ نیشتمان بە هەدەر دا، ئێمەیش لە چایخانەی کرێکاران و قەرداران و پینەدۆزان و مچکۆ و شەعب و کەوفرۆشان، تاوڵە و ئەزنیف ئەکەین بە دیار مەقامێکی تۆزلێنیشتوی عەلی مەردانەوە ..
مافی خۆتانە خاک و ئاوی ووڵات پاوان بکەن و .. مناڵەکانتان ببنە خاوەن کۆمپانیای گەیاندن و وەستاندن و کەل و پەل و کارەبا و گومرک و ئەنتەرنێت و هەموو بازرگانییەکانی تر و ببنە ملیاردێر، بەڵام ئێمە نانی ئەو ڕۆژەمان هەبێ، بەسە، ئەگەر نەیشبێ هەر شایەنمانە، چونکە ئێمە کوا سەرکردە و ئەندازیاری شەڕ و ئاشوب و دووبەرەکیی و حیزبخیزبێنە و باڵباڵێنە بووین ؟ دنیا پێنج و دوو ڕۆژێکە، ملیاردێر بیت یان قەردار، کە ئەجەلت هات ئەتدەن لە دار.
مافی خۆتانە درۆکردن و پەیمانی هەوایی و فرمێسکی تیمساحیی.. مافی خۆتانە پاشەکەوتکردنی موچەی فەرمانبەران و وەستاندنی دامەزراندنی گەنجان و ..ڕاگرتنی پلە بەندی دامەزراوان و .. گرانکردنی نەوت و غاز و بەنزین و کارەبا و ئاو، ئێ ئێوە خۆتان سەرۆکی کوڕی سەرۆکی کوڕەزای سەرۆکن و خۆتان باش ئەزانن ئەم میللەتە سپڵە پێنەزانە بۆره پیاوە حەسودە چاوپیسە، چۆن دەرمان ئەکرێ.. ئێوە شارەزان لە چارەسەرکردنی دەرد بە دەرد ..لە شکاندنی بەرد به بەرد .. لە ڕەواندنەوەی خەم بە خەم .. لە نەهێشتنی کێشه بە کێشە ..لە دورینەوەی برین بە زام .. ئێوە خۆتان ئەندازیاری هەموو نەهامەتییەکن، سوورەی بەر لەشکری هەموو گیروگرفتێکن .. ئێوە نەبێ کێ هەیە بتوانێ ڕۆڵی برسێتیی و سواڵکردن بدات بە دەوڵەمەندترین میللەت ؟ ئێوە یەکەم داهێنەرن لە بواری پێنەدانی موچە بە فەرمانبەرانی دوڵەت .. ئێوە لە حاتەمی تەی، نانبدەتر و سەخیتەبیعەتترن، کاتێ نەوتی پەنجا ساڵ بە قەرزی چل ملیار دۆلار ئەگۆڕنەوە .. ئێوە گەورەترین دەرهێنەری فیلمی ترسناکن، کاتێ میللەتێکی شاهانە، ئەکەن بە میللەتی سواڵکردن و عەرەبانە ..کاتێ ڕۆڵگۆڕکێ دەکەن لە نێوان دز و پۆلیس .. سەربەرز و بێ شەرەف .. زانا و گەمژە .. تاوانبار و دادوەردا ..
ئێمە ئەو شتانە چوزانین؟ ئێمەی کە تۆبە ئەستەغفیروڵڵا لەوە ئەچێ بە هەڵە لە دنیادا ناونوس کرابین .

نەوزاد بەندی




ساڵیادی دامەزراندنی تیپی میوزیكی پاشای گەورە بەرز راگیرا.. كامەران حاجی ئەلیاس

بەبۆنەی (49) ساڵەی دامەزراندنی تیپی میوزیكی پاشای گەورە و ساڵیادی لە دایك بوونی مامۆستای هونەر مەند (زرار محمەد مستەفا ) لە شاری ڕواندز، لە هۆڵی رۆشنبیری و هونەری ڕواندز بەئامادەبوونی بەرپرسانی حكومی وحزبی وجەماوەرێكی زۆر ڕێوڕەسمێكی شایستە بەڕێوە چوو، چەندین چالاكی بەم بۆنەیەوە ،پێشكەش كران سەرەتای رێوڕەسمەكە بە وتەی قائمامیەتی رواندز دەستی پێكرد،دوای پەیڤی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەستی خوێندرایەوە .ئەنجا وتاری تۆڕی میدیایی ڕووداو خوێنداریەوە، وەپەیڤی تیپی میوزیكی پاشای گەورە پێشكەش كرا، پاشان میوزیكی (یاد و وەفا) لە دانان و دابەشكردنی هونەرمەند چەتۆ نەورۆز پێشكەش كرا. دوایی كۆڕاڵی (رابەر) ،دانان و دابەشكردنی ئامانج غازی پێشكەش كرا، گۆرانی (كۆچەری ) لە لایەن هونەرمەند وەلی دۆسكی پێشكەش بە ئامادەبووان كرا.
مۆنۆدرامای (تۆ لەكوێ) لە ئامادەكردن و نواندنی كامەران حاجی ئەلیاس پێشكەش كرا.
نمایش كردنی بەڵگە فیلمی (ئاوازی خەرەند) كە بەرهەمی تۆڕی میدیایی رووداو بوو پێشكەش كرا.
پەیڤی بنەماڵە پێشكەش كرا.
ئەوەی جێگەی باسە رێوڕەسمەكە لە لایەن تۆڕی میدیایی رووداو بە هەماهەنگی تیپی میوزیكی پاشای گەورە بەرێوەچوو.
لە كۆتاییدا دانانی تاجەگوڵی وەفا بۆ سەرگڵكۆی زرار مستەفا، رێوڕەسمەكە كۆتایی هات.
شایانی باسە لە 1977/7/1، لە سەر دەستی مامۆستای هونەرمەند (زرار محەمەد مستەفا) تیپی مۆسیقای پاشای گەورە دامەزرا، بەداخەوە لە دوای لە نیو سەدە خزمەتكردن بە بواری هونەر و شانۆ و مۆسیقا، لە 7ی 12 ی 2021 دا هونەرمەند زرار محەمەد مستەفا، دڵە گەورەكەی لە لێدان كەوت لە گۆڕستانی گەردەگەرد لە شاری ڕواندز بەخاك سپێردرا هەزاران سڵاو چەپكە گوڵ پێشكەش بە رۆحی دوورد بۆ گیانی پاكی.

كامەران حاجی ئەلیاس




پاراستنی خەونی دوا ڕۆژی چرۆکان.. ستار ئەحمەد

دونیای مناڵان، دونیایەکی پاک، بێگەرد و پڕ لە بێتاوانییە؛ ئەوان تەنها نەوەی داهاتوو نین، بەڵکو کۆڵەکەی سەرەکی و بنچینەی هەر کۆمەڵگەیەکەن کە دەیەوێت بەرەو پێشەوە بچێت. پێگەیاندنی منداڵان، وەبەرهێنانە لە دواڕۆژی نەتەوەیەکدا، چونکە نیشتمانی ڕاستەقینە لەسەر شانی ئەوان بونیاد دەنرێت. هەر نیشتمانێک بیەوێت پێشبینی داهاتووی خۆی بکات، دەبێت سەیری دۆخی ئێستای منداڵەکانی بکات، چونکە ئەو تۆوەی ئەمڕۆ لە مێشک و دەروونی ئەواندا دەیچێنین، دەبێتە ئەو بەرهەمەی کە سبەی کۆمەڵگەکەمان دەیچنێتەوە. کاتێک منداڵ لە ژینگەیەکی تەندروست، پڕ لە خۆشەویستی، پەروەردەیەکی دروست و هۆشیارییەکی بەرزدا گەورە دەبێت، بێگومان لە داڕۆژدا دەبێتە سەرکردە، داهێنەر، و هاوڵاتییەکی بەرهەمهێن کە نیشتمان بەرەو ئاوەدانی و لوتکەی ژیار دەبات. منداڵانی ئەمڕۆ نەخشەی داهاتووی ئێمە دەکێشن؛ ئەگەر بمانەوێت بزانین بیست یان سی ساڵی تر لە چ ئاستێکی زانستی, وێژەیی، ڕامیاری و کۆمەڵایەتیدا دەبین، تەنها بە سەرنجدان لە دۆخی منداڵانی ئێستامان دەتوانین وەڵامەکە ببینینەوە. پاراستن و خزمەتکردنی منداڵ لە هەموو بوارەکاندا، گەورەترین و پیرۆزترین دەسکەوتە کە نەتەوەیەک بۆ مانەوەی خۆی ئەنجامی بدات، چونکە پشتگوێخستنی ئەوان، بەواتای تێکدانی ڕەوتی مێژوو و دواڕۆژی نیشتمان دێت.
منداڵ تەنها پێویستی بە خۆراک و پۆشاک و پێداویستی مادی نییە، بەڵکوو لەوە زیاتر پێویستی بە خۆراکی گیانیی، هزری و دەروونی هەیە کە ئەمەش تەنها لە ڕێگەی گرنگیدان بە سەرجەم بوارەکان، بەتایبەتی وێژە و هونەرەوە دابین دەبێت. ئەم دوو بوارە ئامرازی بنەڕەتین بۆ بونیادنانی کەسایەتی منداڵ، چونکە خەیاڵی فراوان دەکەن، بەهرەکانی دەردەخەن و بەها مرۆییەکانی تێدا دەچەسپێنن. بۆ تێرکردنی ئەم لایەنانە، پێویستە ژینگەیەکی لەبار بفرێندرێت کە تێیدا نووسینی وێژەیی تایبەت بە منداڵان گەشە بکات؛ جۆرە چیرۆک و هەڵبەستێک بخرێنە بەردەستیان کە لەگەڵ ئاستە جیاوازەکانی تەمەنیاندا بگونجێت، دوور بێت لە توندوتیژی و هاندەر بێت بۆ بیرکردنەوەی داهێنەرانە. هەروەها پێویستە شانۆ و سینەمای منداڵان ببنە بەشێک لە کلتووری ڕۆژانە و هۆڵەکان کارا بکرێنەوە تا لە ڕێگەی نواندنەوە پەیامە ئاکاری و پەروەردەییەکان وەربگرن، لەپاڵ ئەمانەشدا لە ناوەندەکانی خوێندن و دەرەوەیدا گرنگی بە وانەکانی شێوەکاری، موزیک و سرود بدرێن بۆ دۆزینەوە و پێگەیاندنی بەهرەکانیان. بەڵام کاتێک سەیری دۆخی کلتووری و پەروەردەیی ئێستا دەکەین، جیاوازییەکی زۆر ترسناک دەبینین لە نێوان ئەوەی کە هەیە و ئەوەی کە دەبوو هەبێت. ئەگەرچی لە ڕابردوودا و تا ئێستاش، هەندێک هەوڵی تاکەکەسی یان دەرکردنی چەند گۆڤارێکی کەم و خولی هاوینەی سنووردار هەبوون کە جێگەی دەستخۆشین، بەڵام ئەم هەوڵانە زۆر لەوە کەمترن کە بتوانن پێداویستی سەرجەم منداڵانی نیشتمان پڕ بکەنەوە. ڕاستیە تاڵەکە ئەوەیە کە دونیای منداڵان لە گشت بوارەکاندا، بەتایبەتی لە لایەنی وێژەیی و هونەریدا، هەتا بڵێی فەرامۆش کراون؛ زۆربەی ئەو پەڕتووک و بەرنامانەی منداڵ دەیانبینێت، وەرگێڕدراوی کلتوورەکانی ترن و زۆرجار لەگەڵ ناسنامەی ئێمەدا ناگونجێن. لە زۆربەی شار و شارۆچکەکاندا، یەک هۆڵی سینەما یان شانۆی تایبەت بە منداڵان نییە، و وانەکانی هونەر و وەرزش لە قوتابخانەکاندا کراونەتە وانەی لاوەکی، ئەمە جگە لە نەبوونی پشتگیری دارایی بۆ نووسەران و داهێنەرانی ئەم بوارە، کە وایکردووە تەواو سارد ببنەوە.
لەم سەردەمەی ئێستاماندا، ئەم فەرامۆشکردنە گەورەیە دونیای جوانی منداڵانی خستووەتە ژێر هەڕەشەیەکی بێدەنگەوە، کە یەکێک لە سەرەکیترین سەرچاوەکانی، کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و بەتایبەتی کەناڵەکانی منداڵان و سۆشیاڵ میدیایە. کەمتەرخەمی و بێباکی لەم کەناڵانەدا گەیشتووەتە ئاستێک کە بەرژەوەندی مادی و پڕوپاگەندە و زیادکردنی بینەر لەپێش هەموو بەها پەروەردەییەکانەوەیە. ئەم کەناڵانە لە جیاتی ئەوەی ببنە هۆکارێک بۆ گەشەپێدانی لایەنی هزری، زمانەوانی و ڕەوشتی، بوونەتە سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی کلتووری نامۆ، زمانێکی شێواوی دوور لە ڕێزمانی دروست، و جووڵەی خێرا و بێ واتا کە مێشکی منداڵ تەمەڵ دەکات و خەیاڵدانی دەکوژێت. زۆرێک لەو کارتۆن و بەرنامانەی پێشکەش دەکرێن، وانەن بۆ شەڕەنگێزی و یاخیبوونیان ، کاتێکی زۆریان بەفیڕۆ دەبەن و لە یارییە ڕاستییەکان و تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتی دایاندەبڕن، کە ئەمەش لە داهاتوودا نەوەیەکی گۆشەگیر، بێتوانا لە پەیوەندیگرتن، و خاوەن دەروونێکی ناسەقامگیر بەرهەم دەهێنێت.
لەم نێوەندەشدا، ناتوانرێت چاو لە ئاست بێدەنگی و کەمتەرخەمی دامودەزگاکانی دەسەڵات دابخرێت، چونکە، وەک بەرپرسی یەکەم لە پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و کلتووری، لە ئاست پاراستنی دونیای منداڵاندا بێ چاوو گوێن. هیچ چاودێرییەکی توند و یاسایەکی تۆکمە نییە بۆ فیلتەرکردنی ئەو ناوەڕۆکە مەترسیدارانەی پێشکەشی منداڵان دەکرێن، و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان نەیانتوانیوە بەرنامەیەکی نیشتمانی دابڕێژن بۆ دروستکردنی میدیایەکی جێگرەوەی تەندروست کە کلتوور و زمانی دایک و بەها مرۆییەکان بپارێزێت. سستی دەسەڵات لە جێبەجێکردنی یاساکانی مافی منداڵ، نەبوونی پشتگیری دارایی و چاودێری بەسەر ئەو بازرگانییەی بە مێشکی منداڵانەوە دەکرێت، لەپاڵ دابین نەکردنی ناوەندی ڕۆشنبیری، پەڕتووکخانەی تایبەت، و پارک و شوێنی یاری شیاو، وایکردووە منداڵان چەکەرە نەکەن و هیچ ڕێگایەکی تریان نەبێت جگە لە پەنابردن بۆ شاشە بێبەزەییەکان. دواجار، دەبێت بزانین کە پشتگوێخستنی منداڵان و ڕادەستکردنی مێشکیان بە کەناڵە بازرگانییە بێباکەکان، و بێدەنگی دەسەڵات لە ئاست ئەم کارەساتە، تاوانێکە کە باجەکەی لە داهاتوودا زۆر مەترسیدار دەبێت؛ ئەگەر ئەمڕۆ نەوەیەکی تێکشکاو و بێناسنامە پەروەردە ببێت، سبەی ناتوانین داوای کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو و نیشتمانێکی ئاوەدان بکەین، بۆیە پاراستنی دونیای مناڵان ئەرکێکی هەرەوەزی و نیشتمانییە و پێویستی بە وشیاریەکی خێرا هەیە لەلایەن خێزان، میدیا و لە سەرووی هەمووشیانەوە حوکمەتەوە.

ستار ئەحمەد




یەک حوکمڕانی و دوو ڕوواڵەت؛ هاوکێشەی تاڵانکاری و ڕاکردن لە بەرپرسیارێتی.. رێبوار ياسين فەتاح

حوکمرانی لە هەرێمی کوردستان مێژوویەکی درێژی لە تەمومژ و دژبەیەک کایەی سیاسی هەیە، بەڵام کابینەی نۆیەم تاقیکردنەوەیەکی بێوێنە بوو لە بێباکی و چەواشەکاریی سیاسی، کە تێیدا هەردوو حزبی دەسەڵاتدار (پارتی و یەکێتی) لێهاتوویی خۆیان لە دابەشکردنی دەستکەوتەکان و ڕاکردن لە بەرپرسیارێتی نیشاندا. مۆدێلی “شەریکایەتی لە بەشینەوەی سامان و ئۆپۆزسیۆن بوون لە کاتی تەنگانەدا” بووەتە گەورەترین پەتایەک، کە متمانەی هاووڵاتی بە دامەزراوەکانی دەوڵەت بە تەواوی وێران کردووە. شەقامی چەوساوەی کوردستان چیتر ناچێتە ژێر باری ئەم یارییە دووفۆرمییە، و کاتی ئەوە هاتووە ڕووبەرووی ئەم ڕاستییە تاڵە ببینەوە.

پارتێک کە خۆی بە خاوەنی ڕەها دەزانێت و یەکێتییەک کە لە ناو ماڵەکەدا ڕەخنە دەگرێت

سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لەم کابینەیەدا لەسەر بنەمای قۆرخکاریی بڕیاری سیاسی و ئابووری داڕێژراوە. ئەوان هەمیشە وای نیشان دەدەن کە جومگەکانی دەسەڵات تەنها لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندا دەتوانێت بەڕێوە بچێت، و کاتێکیش حکومەت تووشی بنبەست یان قەیرانی دارایی دەبێت، پەنجەی تۆمەت بۆ لایەنەکانی تر یان دەستوەردانی دەرەکی ڕادەکێشن. ئەم دیدگا سەرەڕۆییە شەریکەکانی تری حکومەتی کردووەتە پاشکۆ، و پرۆسەی حوکمرانی لە دامەزراوەییەوە گۆڕی بۆ حزبیی-خێزانی.

لە لایەکی تری هاوکێشەکەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جۆرە نمایشێکی سیاسی پێشکەش دەکات کە تەنها دەکرێت ناوی بنرێت “شۆکی هۆشیاریی درەنگوەخت”. ناکرێت بۆ ماوەی چەندین ساڵ وەزیرەکانت لە بەرزترین پۆستی وەزاری، دارایی و ئەمنیدا بن، تەواوی ئیمتیازات و بودجەی زۆربەی زۆری جومگەکانی زۆنی سەوز ببەیت، بەڵام کاتێک شەقام دەکوڵێت و کاتی هەڵبژاردن دێت، یەکسەر خەبەر بێتەوە و بڵێیت: “ئەم کابینەیە شکستخواردوو و ماوە بەسەرچووە!”

ئەم گوتارەی یەکێتی پێچەوانەی سەرەتاییترین بنەماکانی لۆژیک و زانستی سیاسییە. ئەگەر کابینەکە بەسەرچووە، ئەی شەرعیەتی وەزیرەکانی تۆ لە کوێوە دێت؟ ئەگەر کابینەکە شکستخواردووە، واتا وەزیرەکانی تۆش بەشێکن لەو شکستە گەورەیە. ئەم ستراتیژییەتە تەنها هەوڵێکی هەرزانە بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەو داڕمانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەی کە بەسەر هەرێمدا هاتووە.

سێ جومگەی تاڵانکاری: نەوت، مووچە، و خاڵە سنوورییەکان

ئەم دووفۆرمییە مێدیایە ناتوانێت ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرانە بشارێتەوە کە هەردوو حزب پێکەوە بەرپرسیارن لە سێ گەورەترین قەیرانی ژیانی خەڵک:

دۆسیەی نەوت و داهات: پارتی بە سیاسەتی سەربەخۆی ئابووری و گرێبەستە نادیارەکانی، دۆسیەی نەوتی گەیاندە بنبەست، تا دواجار بەغدا دەستی بەسەردا گرت. لە بەرامبەردا، یەکێتی نەک هەر تەنها هاوبەش بوو، بەڵکو داهاتە ناوخۆییەکانی زۆنی سەوزی وەک خەزێنەیەکی تایبەتی حزب بەکارهێنا و ڕادەستی گەنجینەی گشتی نەکرد.

قەیرانی مووچە و بژێوی: فەرمانبەران و هاووڵاتیان کراونەتە بارمتەی ململانێی سیاسی نێوان هەولێر و بەغدا. لە کاتێکدا خەڵک لە بێمووچەییدا دەناڵێنێت، نە پارتی و نە یەکێتی ئامادە نین چاکسازی ڕاستەقینە لە لیستی ناوی “بندیوارەکان” و خانەنشینە حزبییەکانی خۆیاندا بکەن، کە بودجەی گشتییان هاڵۆشیوە.

قاچاخچییەتی و خاڵە سنوورییەکان: دەروازە سنوورییەکانی هەرێم لە حاجی ئۆمەران و ئیبراهیم خەلیلەوە تا پەروێزخان و باشماخ، لە جیاتی ئەوەی ببنە سەرچاوەی بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری، بوونەتە مۆڵگەی دەوڵەمەندبوونی کۆمپانیا سێبەرەکانی هەردوو خێزانی دەسەڵاتدار. قاچاخچییەتی ڕێکخراو و سەرانەستاندن لە بازرگانان، داهاتی گشتی کردووەتە پشکی حزبی.

کاتی ڕاپەڕینی هۆشیاریی شەقامە

ئەم شەڕە مێدیایە توندە و ئەم هێرشە دوولایەنەیەی نێوان پارتی و یەکێتی تەنها شانۆگەرییەکی داڕێژراوە بۆ ڕاکێشانی سۆزی دەنگدەران لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا. پارتی دەیەوێت خۆی وەک پارێزەری تاکە و قەوارەی هەرێم نیشان بدات، و یەکێتیش دەیەوێت وەک دەنگی ناڕەزایەتیی زۆنی سەوز خۆی بسەپێنێتەوە.

ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە: کاتێک کۆبوونەوە داخراوەکان دەستپێدەکەن و کاتی دابەشکردنی پۆست و پشکی کۆمپانیا حزبییەکان دێت، ناکۆکییەکان نامێنن و هەردوولا دەبنەوە بە یەک جەستە. شەقامی ناڕازی و هێزە ئۆپۆزسیۆنە ڕاستەقینەکان دەبێت ئەم هۆشیارییە بڵاو بکەنەوە کە چاکسازی بەم دەسەڵاتە پشکپشکێنەیە ناکرێت؛ ئەوەی هەیە تەنها ململانێیە لەسەر مانەوە لە دەسەڵات و پاراستنی ئیمپراتۆرییەتە داراییەکانیان لەسەر حسابی بژێوی، مووچە و داهاتووی هاووڵاتیانی کوردستان. چیتر کاتی بێدەنگی نییە؛ دەبێت ئەم “بانێکە و دوو هەوایە” لە ڕەگەوە هەڵبکێشرێت.

ريبوار ياسين فەتاح




ئازادی بۆ یاسر ئەحمەدی نەژاد!

کرێکاری زیندانیکراوی کۆمپانیای نەوت لە ئێران!

بە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیەوە پەیوەستبن بۆ ئازادکردنی ” یاسر ئەحمەدی نەژاد “هەڵسوڕاوێکی کرێکاری کۆمپانیای نەوت لە ئێران کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە زیندانیکراوە.

رۆژی شەممە ١١ی ٧ی ٢٠٢٦

کاتژمێر ١٢ بۆ ١ی پاشنیوەڕۆ

بەردەم باڵیۆزخانەی ئێران:

Iranian Embassy 16 Princes Gate, SW7 1PT

Tube Station: South Kensington or Knightsbridge

رێکخستنی بەریتانیای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان